هاوڵآتی وتهبێژی بهڕێوهبهرایهتی پۆلیسی زاخۆ رایگهیاند، ئهمڕۆ تهرمی گهنجێكی تهمهن 22 ساڵ لهسنوری روباری هێزلی دۆزراوهتهوه، لهئێستاشدا تهرمهكهی له پزیشكی دادیه بۆ لێكۆڵینهوه ئەحمەد رەمەزان ، ووتەبێژی پولیسی زاخۆبە هاوڵاتی وت" دوای نیوەڕۆیی ئەمرۆ پێنج شەممە تەرمی گەنجێک بەناوی (ع، م، أ) لەروباری هیزلمان لە دهۆک دۆزرایەوە و ئەو گەنجە تەمنی ٢٢ ساڵە و خەڵکی زاخۆیە". وتیشی، "تهرمی ئهو گهنجه رهوانهی پزیشكی دادی دهۆك كراوه بهمهبهستی دیاریكردنی هۆكاری سهرهكی گیانلهدهستدانهكهی، هیچ ئاسهوارێكیش بهجهستهیهوه دیارنیه". ئاماژهی بهوهشكردوه، "لێكۆڵینهوه له كهیسهكه بهپێی بهندهكانی ماددهی 405 لهیاسای سزادانی عێراقی دهستپێكردوه".
کامەران ئەحمەد سلێمان نیکۆلای پاتروشێڤ بەبۆچوونە رادیکاڵەکانی ناسراوە، بەتایبەتی پشتگیریکردنی لەهەڵوەشاندنەوەی ئۆکرانیا، گومانی ئەوەی لێدەکرێت فەرمان و داڕێژەری تیرۆرکردنی یەڤگینی پریگۆژین بێت. ساڵانێکی زۆرە راوێژکاری پوتین و یەکێکە لەکارمەندە دڵسۆزەکانی. لەسێبەری کرێملیندا کاردەکات، بەپشوو درێژییەوە چاوەڕوانی کاتەکانی دەکات، لەئێستا لەڕۆڵی خۆی زۆر رازییە «ئەو پیاوەی بەگوێی پوتیندا چرپە دەکات». لەئێستادا نیکۆلای پاتروشێڤ سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی روسیایە، رۆڵێک کاریگەرییەکی بەرچاوی پێدەبەخشێت لەکرێملین. پەیوەندییەکەی لەگەڵ پوتین دەگەڕێتەوە بۆ هاوکارییەکانیان لەساڵی ١٩٩٨ لەناو حکومەتی بۆریس یێڵسین سەرۆکی ئەوکاتی روسیا. پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بوو کاتێک پوتین لەساڵی ٢٠٠٠ بوو بەسەرۆک و پاتروشێڤ وەک جێگری بەڕێوەبەری FSB کەدەزگای هەواڵگری رووسیا دەستنیشانکرا. هەردوو پیاوەکە رابردوویەکی هاوبەشیان هەیە وەک سیخوڕی کەی جی بی، هەرچەندە کەسایەتییان جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە. پاتروشێڤ بەدڵخۆش و سۆزدار وەسف دەکرێت، بەپێچەوانەی پوتین کەدوورەپەرێزە. تەنانەت هەندێک بە “شەیتانی سەر شانی پوتین” ناوی دەبەن. بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی و جیهانبینی پیلانگێڕییەکەی بووە هۆی ئەوەی پاتروشێڤ نازناوی « بازەکەی کرێملین»ی پێبدرێت. بەپێچەوانەی هەندێک لەئەندامانی نوخبەی رووسیا، پاتروشێڤ لەبنەماڵەیەکی سیاسی و گروپی دەسەڵاتدارەوە نەهاتووە. باوکی ئەفسەرێکی دەریایی و ئەندامی حزبی شیوعی بووە، بەزیرەکی و رێزگرتن لەژێردەستەکانی ناسراوە. پاتروشێڤ رەخنەگرێکی ماندوونەناس و توندی رۆژئاواوو ئەمریکایەو هاوپەیمانەکانی تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵی پاراستنی باڵادەستی جیهانی دەدەن. ئەو ململانێیەی ئۆکرانیا بەدەربڕینی ئەم ستراتیژە دەبینێت و دەڵێت سەرکردەکانی ئەمریکا هەوڵی لاوازکردنی رووسیا دەدەن. هەروەها ناتۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لەساڵی ٢٠٢٢ەوە هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکرانیا پشتگیری لەشەڕی بەوەکالەت لەدژی رووسیا کردووە. سەبارەت بەئۆکرانیا، پاتروشێڤ پاساو بۆ شەڕی رووسیا دەهێنێتەوە کەحکومەتی ئۆکرانیا بە “جنتا فاشیست” ناودەبات و تۆمەتباری دەکات بەبەکارهێنانی “تاوانبارانی نیونازی” بۆ ئۆپەراسیۆنی ناسەقامگیری. بانگەشە بۆ دابەشبوونی ئۆکرانیا دەکات بۆ چەند دەوڵەتێک. زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە پاتروشێڤ دەستی لە کوشتنی یەڤگینی پریگۆژیندا هەبێت و بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە دەستکەوتووە، گومانی ئەوەی لێدەکرێت ئەو رووداوەکەی رێکخستبێت کە بووەهۆی کوژرانی سەرۆکی گروپی ڤاگنەر. کرێملین خۆی رەتیدەکاتەوە هیچ تێوەگلانێکی هەبێت لەکەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی پریگۆژین و نۆ کەسی دیکە، هەروەها پشتگیری لەتیۆری داهێنراوی رووداوێک دەکات کە بەهۆی نارنجۆکێکەوە لەناو فڕۆکەکەدا روویداوە. سەرچاوە: (تاکتیک) لەگەڵ دەزگاکانی ڕۆژنامەوانی Aaron Hostutler, U.S
هاوڵاتی ئێران گشت ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باسییان لە کوژراو و بریندارێکی بێشومار دەکرد لە ئەنجامی تەقینەوەکەی پاڵاوگەی بەندەر عەباس. ئەمرۆ پێنجشەممە 7/3/2024 ئاژانسی هەواڵی "میهر" رایگەیاند ، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە پاڵاوگەی بەندەر عەباس ژمارەیەک کەس کوژراون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە کە هیشتا روون نییە، تەقینەوەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە یان روداوێکی ئاساییە . جێی ئاماژەیە کۆماری ئیسلامی ئێران چەند جارێک ئیسرائیل و ئەمەریکای بە ئەنجامدانی تەقینەوە لە ناو خاکی ئێراندا تۆمەتبار کردووە ، کە دیارترینیان تەقینەوەکەی شاری کرمان بوو لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ، بەڵام دواتر داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوەکانی لە ئەستۆ گرت.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لیژنەیەکی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکهێنا. جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند ''ئەنجومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دادوەر عەباس فەرحان حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ھەڵبژاردنی کۆمیسیۆن سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی کاروباری یاسایی و ھونەری و دارایی کۆمیسیۆنیش لە لیژنەکەدا ئەندامن". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەرکی لیژنەکە جێبەجێکردنی ھەموو ئەو رێکار و بڕیار و راسپاردانە دەبێت کە ئەنجومەنی کۆمیسیاران تایبەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەری دەکات". وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ھەموو حزبێک لەماوەیەکی دیاریکراودا دەبێت کۆنگرە ببەستێت و سەرکردایەتی نوێ ھەڵبژێرێت". بەپێی ئەوکاتەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری بەرنامەی "60 خولەک" ی کەناڵی راسیای یەکی دەوڵەتی و هەروەها بەرنامەی "کات وەڵام دەداتەوە" ی کەناڵی یەکی تەلەفزیۆنی روسیا، لە دوو بەرنامەی جیاوازدا جەند تەوەرێکیان لەبارەی ناتۆ و زیاد بوونی چالاکییە سەربازییەکانی لە ئەوروپا خستە بەر باس و گفتۆگۆ. "ئۆلیسیا لوسوا"ی یەکێک لە پێشکەشکارەکانی بەرنامەی "کات وەڵام دەداتەوە" لە سەرەتای بەرنامەکەدا هۆشداریدا کە "وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بە شێوەیەکی بەرچاو خۆیان بۆ جەنگ لەگەڵ روسیا ئامادە دەکەن". هەروەها ئەم پێشکەشکارە ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ماوەکانی پێشوودا وڵاتی ئەلبانیا بە مەبەستی پێشوازی کردن لە فرۆکە جەنگییەکانی ناتۆ یەکێک لە بنکە هەواییەکانی سەردەمی یەکێتی سۆڤێتی نۆژەن کردۆتەوە و هەرەوەها ئەوەشی خستە روو کە ناتۆ لە وڵآتانی نەرویج و سوید و فیلانددا لە ژێر ناوی "کاردانەوەی باکوور" دەستی کردووە بە مانۆرێکی سەربازی. هەروەها پێشکەشکارەکانی هەردوو بەرنامەی "60خولەک" و "کات وەڵام دەداتەوە، باسیان لە وتارێکی وەزارەتی بەرگری روسیا کردووە کە لە گۆڤاری "هزری سەربازی" بڵاوکراوەتەوە و تێیدا باس لە چەند سیناریۆیەکی جیاوازی پەیوەست بە ئەگەری هێرشی رۆژئاوا بۆ سەر روسیا کراوە. لەلایەن خۆیەوە "ئۆلیگا ئسکابیوا"ی پێشکەشکاری بەرنامەی "60 خۆلەک"، وتی: " دوژمن پێش ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵآتەکەمان، ئەوا چەند چالاکییەک ئەنجام دەدات و بە چری دەست دەکات بە چاودێری کردنی ناوچە سنوورییەکانمان". هەروەها ناوبراو ئەوەشی خستە روو ،" بە رێکەوت بێت یان نا ، تەنها یەک رۆژ بەر لە پێشکەشکردنی ئەم بەرنامەیە چەند زانیارییەکمان دەست کەوتووە کە فرۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە جۆری ئێف 35 لە ئاسمانی ئۆکرانیاوە ، بە فروانی و بە وردی خەریکی دەستنیشان کردنی بنکە دژە ئاسمانییەکانی روسیان ". لە وەڵامی پرسیارێکی بێشکەشکارەکەی بەرنامەی "60چرکە" دا " کە ئاخۆ لە وڵآتانی ئەسکەندافییەوە هیچ هەرەشەیەکمان لەسەرە؟" ڤلادیسلاو شوریگین"ی پسپۆری سەربازی وتی:" بێگومان ئەم هەرەشەیە زۆر جدییە، گەر لە رابردوودا بە درێژایی سنوورەکانی باکوور جگە لە نەرویج هیچ سنوورێکمان لەگەڵ ناتۆدا نەبووبێت ، ئەوا ئەمرۆ گشت سنوورەکانی باکووری روسیا بۆتە هاوسنووری ناتۆ". هەروەها ناوبراو لەبارەی ئەگەری کاردانەوەکانی روسیا وتی : " لە ئێستادا ئێمە سەرقاڵی دوبارە بنیات نانەوەی "ناوچەی سەربازی لینینگرادین" و کەشتیگەلی باکووریش وەک یەکەیەکی سەربەخۆی سەربازی لەو ناوچەیە جێگیر کراوە ، پێدەچێت کە گشت ئەمانە بەشێک بن لە سیستمی یەکگرتووی سەربازی روسیا ، جگە لەوەش روسیا خەریکی بنیاتنانی ناوەندێکی راهێنانی هێزە تایبەتەکانی باکوورە لە ناوچەی "نیژنوارتوفسک" . ئەم شارەزا سەربازییە ئەوەشی وت:"ئەمە جەنگێکە بۆ کۆنترۆڵ کردنی سەرزەمینەکانی باکوور، جەنگیکە بۆ باکوور و ئێمەش دەبێت بزانین کە بەڵێ لە ئێستادا جەمسەری باکوور بۆتە ناوچەیەکی زۆر هەستیار بۆ ئێمە ،ئێمە دەزانین کە لە داهاتوودا جەمسەری باکوور وەک ناوچەیەکی ستراتیژی رۆڵێکی زۆر کارا و گرنگی دەبێت ". لێکەوتەکانی ئاشکرابوونی فایلە دەنگییەکانی ئەڵمانیا لە هەردوو بارنامەکەدا باس لە لێکەوتەکانی ئاشکرابەننی فایلە دەنگییەکانی بەرپرسانی هێزی ئاسمانی ئەڵمانیا کرا کە باسییان لە ناردن و جێگیرکردنی مووشەکی مەودا درێژ کردبوو لە ئۆکرانیا . "سکابیوا" لە بەرنامەی 60 خۆلەکدا ئەوەی خستە روو کە لە ئێستادا "جۆن کربی" وتەبیژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا خۆی لە باسی ئەو فایلە دەدزێتەوە ،چونکە دەزانێت گەر بێتوو ناوەرۆکی فایلەکان پستراست بکاتەوە ئەوا لە بەرژەوەندی کرملین دەبێت و ئاشکرا دەبێت کە روسیا نە تەنها لەگەڵ ئۆکرانیا بەڵکو لەگەڵ هەموو هێزەکانی ناتۆ لە جەنگدایە. ئەم پێشکەشکارە ئەوەشی ووت :" دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەوان بێدەنگییان هەلبژاردووە ، وەک بڵەیت ئێمە تێناگەین ، رەنگە ئێمەیان بە گێل زانی بێت". هەر لە گفتۆگانی هەردوو بەرنامە رووسیەکە باس لە چۆنییەتی ئاشکرابوونی ئەو فایلە دەنگییانەش کرا و "سپیردون کیلینکاروف" ی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئۆکرانیا بە بێ خستنە رووی هیچ بەڵگەیەک رایگەیاند کە ئەم فایلانە لەلایەن ئەمەریکا و بەریتانیاوە دزەی کردووە. "کیلینکاروف" ئەوەشی خستە روو کە 12 ساڵ لەمەوبەر سیاسییە ئەوروپی و روسەکان پێکەوە باسیان لە ئەوروپایەکی یەکگرتوو دەکرد کە لە "لیشبۆن"ەوە تا "ڤلادیوستوک" درێژ دەبووەوە. ناوبراو ئەوەشی وت کە ، بە دیهێنانی ئەو سنوورە ئەوروپییە لە بەرژەوەندی هەموو وڵآتانی ئەوروپی و دانیشتوانەکەی دەبوو ، بەڵام لەبەر ئەوەی دروست کردنی ئەو سنوورە بەرفراوانە وەک پەتێکی سێدارە دەبوو بە گەردەنی ئەمریکاوە ، هەرلەبەر ئەوە یەکێک لە هۆکارەکان یان باشترە بڵێم هۆکارە سەرەکییەکەی گشت ئەم روداو و پیشهاتانەی کە لەناوچەکەدا دەیبینین ، دەگەرێتەوە بۆ ترسی ئەمریکا لە دروست کردنی ئەو ئەوروپا یەکگرتووە . هەرەوەها ناوبراو ئەوەشی وت:" بەڕاست چ کەسێک دەیەوێت دۆخەکە بەم جۆرە بێت؟ من تەواو باوەرم بەوە هەیە بە مەبەستی دوورخستنەوەی زیاتری مۆسکۆ و بەرلین لە یەک ، ئەم زانیاری و فایلە دەنگییانە لە لایەن ئەمەریکا و بەریتانیاوە دزەیان پێکراوە وئەمەش لە بەرژەوەندی ئەو دوو وڵآتەیە". ئەوەشی وت :" ئەو دوو وڵاتە هەموو کارێک دەکەن تا لە کۆتاییدا مۆسکۆ و بەرلین راستەوخۆ رووبەرووی یەکتر ببنەوە ، تەنانەت وێنا کردنی ئەوەی کە چەند سیخۆرێکی دولایەنە لە ناو سیستمی بریاردان و بەرێوەبردنی ئەوروپا جێگەی خۆیان کردۆتەوە و لە بەرژەوەندی ئەمەریکا و بەریتانیا کار دەکەن لەرز بە هەموو گیانمدا دێنێت ". دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ریکەوتی 24 ی شوباتی 2024 دا، ڤلادمیر پۆتین، سەرۆکی روسیا دەستپێکی چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئۆکرانیا راگەیاند و بەو جۆرە جەنگێکی ماڵوێرانکەر هەڵگیرسا و بەپێی سەرچاوە ئۆکرانی و رۆژئاواییەکانیش تائێستا نزیکەی 10 هەزار کەسی سڤیل و 200 هەزار سەربازی روسی و ئۆکرانی لە جەنگەکەدا کوژراون و کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییە ئۆکرانییەکان لەلایەک و لایەکی دیکەوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داناوە.
هاوڵاتی لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك و لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی چوارچراوە لە سلێمانی سێ تۆمەتبار دەستگیركران. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند "دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە لەلایەن چەند كەسێكەوە فێڵی لێكراوە و بڕی 13 ملیۆن دیناریان لێوەرگرتووە، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی چوارچرا لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا سێ تۆمەتبار دەستگیربكرێن كە یەكێك لەو تۆمەتبارانە چەندین فەرمانی گرتنی هەیە". ئاماژە بەوەکراوە "لەئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران (د،ع،ك لەدایكبووی 1983- ف،ع، ع لەدایكبووی 1975 - ر،ف،س لەدایكبووی 2001) بە بڕیاری دادوەر راگیراون و تۆمەتبار (د،ع،ك لەدایكبووی 1983 ) لە بنكەی پۆلیسی بەختیاری و بنكەی پۆلیسی ئازادی و بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان فەرمانی گرتنی هەیە".
هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا "سینتکوم" ، دوێنێ چوارشەممە لە سەر پەرەی فەرمی خۆی لەسەر پێگەی "ئێکس"رایگەیاند ، لە ئەنجامی هێرشێکی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن 3 کەس کوژراون و 4 کەسی دیکەش بریندار بوون. لە راگەیەندراوکەی "سینتکوم"دا هاتووە ،" رۆژی چوارشەممە بە مووشەکێکی بالیستی دژە کەشتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان هێرش کراوەتە سەر کەشتی "لیبریە"ی بربادۆس، دوای هێرشەکەش تاقمی کەشتییەکە رایانگەیاندووە 3 کەس لە ئەنجامی هێرشەکە کووژراون و 4 کەسی تریش بریندار بوون کە دۆخی 3 لە بریندارەکان سەختە، هەروەها کەشتییەکەش زیانێکی زۆری پێگەیشتووە". بە وتەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ، ئەمە پێنجمین مووشەکی بالیستییە کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ، لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بەرەو کەشتییەکانی ناو دەریای سوور هاویژراوە. لە لایەن خۆیانەوە وەزارەتی کرێکارە کۆچەرییەکانی فلیپین کوژرانی چەند دەریاوانێکی فلیپینی لە ئەنجامی ئەو هێرشە پشتراست کردەوە و رایگەیاند، "لە ئەنجامی هیرشێکدا لە دەریی سوور ، دوو دەریاوانی فلیپینی کوژراون و دوو دەریاوانی دیکەی فلیپینیش بە سەختی بریندار بوون". دوابەدوای هێرشەکەش حوسییەکان رایانگەیاند ، ئەو کەشتییەی بە ئامانجیان گرتووە ، کەشتییەکی ئەمریکییە و پابەندی ئاگادارکردنەوە و رێنووماییەکانی چەکدارەکانییان نەبووە ، هەربۆیە بە موشەک هێرشیان کردۆتە سەر و پێکاویانە. هەروەها حوسییەکان ئەوەشیان راگەیاند ، تا وستانی جەنگ لە کەرتی غەزە و هەڵگرتنی ئەو ئابلوقەیەی کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە خراوەتە سەر ئەو کەرتە بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان. لەلایەن خۆیەوە کەناڵی "سی ئێن ئێن" ی ئەمریکی بڵاویکردەوە ، لە ماوەکانی پێشوودا حوسییەکان زیاد لە 45 هێرشی جۆراوجۆریان بە مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان کردۆتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە ئەمریکی و رۆژئاواییەکانی ناو دەریای سوور . جێی ئاماژەیە حوسییەکانی یەمەن گروپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانن و بە بڕوای چاودێران و بەرپرسە سەربازییە ئەمریکی و رۆژئاواییەکان لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن و یارمەتی لۆجیستی و سەربازی دەدرێن و ئاراستە دەکرێن
هاوڵاتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی نوێترین ئاماری بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات لە ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران زیادیکردووە. بەپێی ئامارەکەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بێت، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ھەشت ھەزار و ٥٦٥ کۆچبەر لە رێگاکانی کۆچ لە سەرانسەری جیھاندا گیانیان لەدەستداوە. هەر بەپێی ئامارەکە، ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢، بە ڕێژەی ٢٠٪ زیادیکردووە. ھاوکات جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکاتەوە، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ رێگریکردن لە مردنی زیاتری کۆچبەران لە رێگاکانی کۆچدا، بەوپێیەی ئامارەکە بەرزترینە بەراورد بە ١٠ ساڵی رابردوو.
هاوڵاتی ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران رۆژی چوارشەممە 6ی ئازاری 2024 رایگەیاند، ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکادا گرتووە، ئەم کەشتییە نەوتهەڵگرە کە ناوی ADVANTAGE SWEE لە کەنداوەوە تێدەپەڕی. ئاژانسی تەسنیم بە ئاماژە بە گەمارۆکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی دژی کۆماری ئیسلامی باسی لەوەکردووە ئەم گەمارۆیانە بووە بەهۆی ئەوەی رێگری لە فرۆشی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشە پەپوولەییەکان (EB: Epidermolysis Bullosa) بگیردرێت لەلایەن کۆمپانیایەکی سویدییەوە و ئەمە بووە بەهۆی ئەوەی ئەو نەخۆشخانە لە باری جەستەیی و دەروونییەوە زیانی قورسیان پێ بگات. تەسنیم رایگەیاندووە، کەشتی ADVANTAGE SWEE بە بڕیاری دادگاییەک لە تاران دەستی بەسەردا گیراوە و نووسیویەتی "لەسەر سکاڵای نەخۆشە پەپوولەییەکان (EB: Epidermolysis Bullosa) دژی ئەمریکا لە دادگای مافی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە تاران، بڕیار دراوە دەست بە سەر ئەم کەشتییەدا بگیردرێت". تەسنیم هیچ زانیارییەکی زیاتری لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە. پێشتر هێزی دەریایی ئەمریکا رۆژی 27ی نیسانی 2023 رایگەیاند ئێران لە دەریای عومان دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ناوی ADVANTAGE SWEET"دا گرتووە کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەر بووە. هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاندبوو ئەم کەشتییە کاتێک دەستی بەسەردا گیراوە پەیامێکی ناردووە. هێزی دەریایی ئەمریکا هەروەها وتوویەتی ئەم کارەی ئێران دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە. هەروەها رۆژی 11ی کانوونی دووەمی 2024 ماڵپەڕی تەسنیم رایگەیاند "دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکیدا گرتووە".
هاوڵاتی قایمقامی هەولێر لە بارەی رووداوی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە ئاشکرایکرد هۆکاری ئاگرەکە هیچ سەرپێچییەکی یاسایی یان رێنمایی بەرگریی شارستانی و کێشەی کارەبا نەبووە. نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر و سەرۆکی ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە رووداوی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە کرد رایگەیاند "هۆکاری ئاگرەکە هیچ سەرپێچییەکی یاسایی یان رێنمایی بەرگریی شارستانی و کێشەی کارەبا نەبووە، ئەوەی روویداوە تەنیا کەمتەرخەمی کۆمەڵێک کەس بووە، ئهوهش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە". ئاماژەی بەوەکرد "بە بەڵگەوە بۆمان دەرکەوت کەسانێک ویستوویانە دوکانی نوێ دابنێن، رەفەیان داناوە و کۆسەرەیان بەکارهێناوە، ئاگری کۆسەرەکە تەشەنەی کردووە، ئهمهش له دوای سێ رۆژ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری راستەقینەی ئاگرەکە و دەستنیشانکردنی لایەنی کەمتەرخەم، دهركهوت". ئاماژەی بەوەشکرد 'له لێكۆڵینهوهكاندا لیژنەکە گەیشت بەو ئەنجامەی كه هیچ دەست و لایهنێك لە پشت رووداوەکەوە نەبووە و کەوتنەوەی ئاگرەکەش بە ئەنقەست نەبووە".
هاوڵاتی بڕیارە هەفتەی داهاتوو شایستە داراییەکانی مانگی 12ی ساڵی رابردووی مامۆستایانی وانەبێژان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بکرێتە چەک. عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند "هەفتەی داهاتوو شایستە داراییەکانی مانگی 12ی ساڵی2023 وانەبێژان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک دەکرێتە چەک و لەگەڵ هەبوونی سیولە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد "جارێ هیچ وادەیەک بۆ دابەشکردنی شایستە داراییەکانی مانگی 12ی وانەبێژان دیارنییە و هەرکاتێک سیولە هەبێت ئەوا کاتی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی وانەبێژان دیاریدەکرێت".
هاوڵاتی محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران دەربارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری وتی "بەو پەڕی وشیاری و راستگۆیانە دەنگم نەدا بۆ ئەوەی لەگەڵ کەس درۆ نەکەم". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمجارە بڕیارمدا ئەگەر ناتوانم کارێک بۆ خەڵک بکەم هاودەنگ و هاورێی لەشکری ناڕازییەکان بم" محەمەد خاتەمی لە کۆبوونەوە لەگەڵ راوێژکارەکانی خۆی رایگەیاند "بەپێی ئامارەکان زۆرینەی خەڵک لە دۆخەکە ناڕازین و هیوایەکیان بە داهاتوو نییە". هەروەها وتیشی "کاتێک دەڵێم خەڵک مەبەستم ئەو رێژە زۆرەی خەڵکە کە زیاتر لە ٥٠٪ حەشیمەتی ئێرانن و بەشداریان لە دوو هەڵبژاردنی پێشتردا کردووە و هەروەها چەند میلیۆن کەسێک کە بە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان و بە دەنگی سپی خۆیان ناڕەزایەتی خۆیان بە دۆخەکە دەربڕی، لەم هەڵبژاردنەشدا بینیمان ئەوانەی بەشداریان لە هەڵبژاردندا نەکردووە یان دەنگی سپیان داوە لە هەڵبژاردنی پێشتر زۆرتر بووە". ئاماژەی بەوەشدا، لە دۆخی نالەباری ئێستادا دەنگ نەدان جۆرێک دەنگدانە، لەم دۆخەشدا زۆرینەی زۆری خەڵک دەنگ نەدانیان هەڵبژارد. بەپێی ئامارە حکومییەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کە رۆژی ١ی ئازار بەڕێوە چوو کەمتر لە ٤١٪ خەڵک بەشداریان کردووە لە دەنگدان، هەرچەندە بیروڕای گشتی لایان وایە رێژەی بەشداریکردن زۆر لەوە کەمتر بووە، لە پارێزگای سنە بە پێی ئامارە حکومییەکان لە ٢٥٪ خەڵک بەشداریان لە دەنگدان کردووە، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان باس لەوەدەکەن ئەم رێژەیە کەمتر بووە لە ١٠٪.
هاوڵاتی ئەمڕۆ لە هێرشێکی ئەندامانی داعش لە باشووری بیابانی دێرەزۆر لە سوریا ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی و ئەندامانی بەرگری نیشتمانی بوونە قوربانی. روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی ئازاری ٢٠٢٤ رایگەیاند "لەکاتی کۆکردنەوەی دومەڵاندا لە باشووری بیابانی دێرەزۆر چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی، لە ئەنجامدا ژمارەیەک خەڵکی مەدەنی و ئەندامانی بەرگری نیشتمانی سوریا کوژران و برینداربوون". لە راگەیەندراوەکەی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هاتووە "لە هێرشەکەدا ١٨ کەس کوژراون و کە چواریان ئەندامی بەرگری نیشتمانی بوون، هەروەها ١٦ کەسی دیکەش برینداربوون". ئاماژە بەوەشکراوە "ئەو هاوڵاتییانە بە دۆشکە کراونەتە ئامانج، دواتر پێکدادانی توندوتیژ لە نێوان داعش و ئەندامانی بەرگریی نیشتمانی روویداوە، هەروەها لەو هێرشەدا ١٢ ئۆتۆمبێل سوتێندراون".
هاوڵاتی لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەززە هێرشی هێزە میلیشیاکانی سەر بەئێران لەعێراق و سووریا بۆ سەر بنکەو بارەگاو هێزەکانی ئەمریکا پەرەیسەند. بەپێی راگەیاندنی پێنتاگۆن زیاتر لە ٨٠ جار لەسووریا و عێراق هێرش کراوەتەسەر بنکەو هێزەکانیان. دوا بەدوای هێرشی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢ لەسنووری ئۆردن، ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر میلیشیا شیعەکان لەسووریا و عێراق توندتر کردەوە. جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا زمانی هەڕەشەی بەکارهێناو وتی لەشوێنی گونجاو و لەکاتی گونجاودا وەڵامی هێرشەکان ئەدەینەوە. بەشێکی زۆر لەسێناتۆرە کۆماریخوازو تەنانەت دیمۆکراتەکان رەخنەی توندیان لەبایدن گرت کەسیاسەتەکانی جۆبایدن بووە بەهۆی باڵادەستی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری پێشتری ئەمریکا هێرشی کردەسەر جۆبایدن و وتی لەسەردەمی سەرۆککۆماری ئەودا ئێرانییەکان زۆر بەترسەوە دەجووڵانەوەو تەنانەت وتی ئەو دەمەی قاسم سلێمانیمان کوشت، ئێرانییەکان ئاگاداریان کردینەوە ناچارن هێرشی مووشەکی بکەنە سەر بنکەکانمان و ئەو هێرشە بەئاگاداری خۆمان کراوەو بەشێوەیەک کراوە کەزیانی گیانی نەبێت و کەمترین زیانی ماددی ببێت. رەخنەی توندی سێناتۆرەکان و هەڕەشەکانی دەوڵەتی بایدن و هێرش بۆ سەر بنکەو کەسایەتییەکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بەعێراق لەلایەن ئەمریکاوە بوو بەهۆی راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر بنکەو هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سووریاو زیاتر لە یەک مانگە لەلایەن ئەم هێزانەوە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر بنکەو هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، کەچی لەماوەی یەک مانگ دوای دەستپێکی جەنگی غەززە و بەوتەی وتەبێژی پێنتاگۆن ٥٨ جار هێرش کرایەسەر هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سووریا کە ٢٧ جاریان لەعێراق و ٣١ جاریان لەسووریا بوو. هەموو نیشانەکان ئەوە دەخەنەڕوو میلیشیا شیعەکان لەعێراق و سووریا بەفەرمانی ئێران هێرشەکانی خۆیان راگرتووە. بەرپرسانی ئەمریکایی: میلیشاکانی سەر بەئێران هێرشەکانی خۆیان راگرتووە ڤیکتۆریا تیلۆر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران لەنووسینگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لەوەزارەتی دەرەوە، لەوتووێژ لەگەڵ کەناڵی «الحرە» رایگەیاندووە ئەمریکا لەچەند مانگی رابردوودا بەردەوام لەهەوڵدا بووە بۆ پاراستن و بەرگری لەهێزەکانی خۆی لەناوچەکەو تێکشکاندن وتێکدانی چالاکییەکانی گرووپەکانی سەر بەئێران لەعێراق و سووریاو هەروەها میلیشیا حووسییەکان لەیەمەن و بۆ ئەم مەبەستە بەردەوام بەوردی چالاکییەکانی ئەوانی لەبەرچاو بووەو هەوڵیداوە جووڵەکانیان تێک بشکێنێت. ئەم بەرپرسە هەروەها ئاماژەی بەوە داوە ئەمریکا زۆر نیگەرانی هێرشە بەردەوامەکانی هێزەکانی سەر بەئێرانە لەناوچەکە بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانیان. لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەزە میلیشیاکانی سەر بەئێران لەعێراق و سووریا هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر بنکەو هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە زیاتر کردووە و زیانی گیانی و ماددی زۆریان بە هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە گەیاندووە. رۆژی ٢٨ی کانوونی دووهەم، میلیشاکانی سەر بەئێران لەسووریا و عێراق، هێرشیان کردەسەر بنکەیەکی ئەمریکییەکان لەخاکی ئۆردن و هاوسنوور لەگەڵ سووریا بەناو « تاوەری ٢٢» و بەو هۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و ٤٠ کەسیتریش برینداربوون. لەوەڵامی هێرشەکانی میلیشاکانی سەر بەئێران بۆ سەر تاوەری ٢٢ لەئۆردن، سوپای ئەمریکا هێرشەکانی دژ بەگرووپەکانی سەر بەئێران لەوانە بنکەکانی هێزەکانی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی لەسووریا و عێراق زیاتر دەستپێکرد. ئێران دەستبەجێ ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی خۆی لەسووریا کشاندەوەو هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان لەبری ئەندامانی سوپای پاسداران کاروبارەکانیان گرتە دەست. گرووپی « کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق» رۆژی ٧ی شوبات رایگەیاند دوو کەس لەفەرماندە باڵاکانیان بەناوەکانی «وسام محمد صابر الساعدی» ناسراو بە « ئەبوو باقر» و هەروەها « ارکان العلیاوی» لە رۆژهەڵاتی بەغدا لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج و کوژراون. راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق ئەم بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوتووێژ لەگەڵ کەناڵی «الحرە» وتوویەتی:» ئێمە دەبینین لەچەند هەفتەی رابردوودا هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق راگیراوەو ئەمە بەدڵنیاییەوە پێشکەوتنێکی ئەرێنییە. هەڵبەت ئێمە هێشتا ئەوە دەبینین کە حووسییەکان بەردەوامن لەهێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانیییەکان لەدەریای سوورو ئاگادارین کەئێران بەردەوامە لەیارمەتیدانی حووسییەکان لەبارکردنی بەستێن بۆ حووسییەکان بەوەی بتوانن هێرش بکەنەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن». ڤیکتۆریا تیلۆر لەحاڵێکدا وەها بەئەرێنی باس لەڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر بنکەو هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق دەکات کە پێشتر میدیاکان باسیان لەوە کردبوو کە ئێران داوای لەگرووپە میلیشاکان کردووە کە دان بەخۆیاندا بنێن و خۆڕاگربن و هێرشەکانیان رابگرن. رۆژنامەی واشنگتۆن پۆست رۆژی ١٩ی شوبات لەزاری ژمارەیەک لەبەرپرسانی رۆژئاواییەوە بڵاویکردەوە، ئێران لەگەڵ ئەوەی دەخوازێت هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئێسرائیل لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام خۆی بەدوور دەگرێت لەوەی راستەوخۆ بچیتە جەنگەوەو داوای لەحزبوڵڵای لوبنان و گرووپە میلیشیاکانی تری سەر بەخۆی کردووە بەرامبەر بەهێزەکانی ئەمریکا دان بەخۆیاندا بنێن و هەوڵبدەن خۆیان بەدوور بگرن لەوەی هێرش بکەنەسەر بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە. واشنگتۆن پۆست بەئاماژە بەوەی کەمیلیشیاکانی سەر بەئێران لەعێراق و سووریا هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر بنکەو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکە راگرتووە لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە نووسیویەتی :» رەنگە ئێران بەوەی زانیبێت بەوەی کە مۆڵەت بدات بەهێزەکانی سەر بەخۆی هێرش بکەنەسەر هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکان لە ناوچەکە، بەرژەوەدنییەکانی پارێزراو نابن». بەرپرسێکی باڵای حزبوڵڵای لوبنان بەواشنگتۆن پۆستی راگەیاندووە ئێران نوێنەرێکی ناردووە بۆ لوبنان بۆ دیدار لەگەڵ حزبوڵڵا و پێی راگەیاندوون :» ئێمە نامانەوێت بیانوو بدرێت بەدەست بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە بەوەی جەنگێکی بەربڵاو دژی لوبنان یان هەر شوێنێکی تر هەڵبگیرسێت». بەرپرسێکی ئێرانی لەوتووێژ لەگەڵ واشنگتۆن پۆست وتوویەتی، لەئێستادا لەهەموو دونیا سەرنجەکان لەسەر جەنگی غەززە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبییە لەگەڵ ئیسرائیل، ئەگەر بەرەیەکی نوێ بکرێتەوە، ئەم دەستکەوتە لەناودەچێت. واشنگتۆن پۆست ئاماژەی بەوە داوە بەرپرسانی ئێرانی بەمیلیشیاکانی سەر بەخۆیان لەعێراق راگەیاندووە کە بەردەوامی هێرشەکانیان دەبێ بەهۆی تێکچوونی گفتوگۆکانی بەغدادو واشنگتۆن لەسەر چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە. واشنگتۆن پۆست لەزاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە نووسیویەتی:» ئێران پشتیوانی دەکات لەهەر گفتوگۆیەک کە دەرئەنجامەکەی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا بێت لەعێراق. کۆماری ئیسلامی هێزەکانی ئەمریکا وەک داگیرکەر دەبینێت و مانەوەیان لەعێراق دژ بەسەروەری گەلی عێراق دەبینێت». سەفەری قائانی بۆ بەغداد رۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠٢٤ رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئێرانی و عێراقییەوە رایگەیاند دوای سەفەری ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ بەغداد میلیشاکانی سەر بەئێران، هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا راگرتووە. بەوتەی رۆیتەرز، قائانی دەستبەجێ و دوای ئەوەی واشنگتۆن گرووپەکانی سەر بەکۆماری ئیسلامی بەبەرپرس زانی لەکوشتنی سێ سەربازی ئەمریکایی لەبنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، سەردانی بەغدادی کرد. رۆژی ٢٨ی کانوونی دووهەم لەلایەن هێزەکانی سەر بەئێرانەوە هێرش کرایەسەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، کەبنکەیەکی سەربازی ئەمریکییەکانە لەخاکی ئۆردۆن و بەو هۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و زیاتر لە ٤٠ سەرباز برینداربوون. رۆیتەرز باسی لەوە کردووە رۆژی ٢٩ی کانوونی دووهەم ئیسماعیل قائانی لەفڕۆکەخانەی بەغداد لەگەڵ ژمارەیەک لەفەرماندە باڵاکانی میلیشاکانی سەر بەئێران کۆبووەتەوەو ئاگاداری کردوونەتەوە بۆ ئەوەی هێرش نەکرێتەسەر فەرماندە باڵاکانیان یان دامەزراوەکانیان، یان تەنانەت راستەوخۆ هێرش نەکرێتە سەر ئێران، دەبێ هێرشەکانیان رابگرن و ماوەیەک دەرنەکەون. بەپێی ئەم راپۆرتە، سەرەتا تەنها گرووپێک رازی نەبووە بەداواکارییەکەی ئیسماعیل قائانی و زۆربەی گرووپەکان هەر لەیەکەم ساتەکاندا ملکەچی ئەم فەرمانە بوون. رۆژی ٣٠ کانوونی دووهەم « کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق» یەکێک لەو گرووپانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت رایگەیاند هێرشەکانی خۆی بۆ سەر دامەزراوەو بنکە ئەمریکییەکان راگرتووە. فەرماندەیەکی باڵای هەواڵگری عێراق بە رۆیتەرزی وتووە ئیسماعیل قائانی بەهۆی باری ئەمنی و ترس لەوەی نەکا شتێکی بەسەر بێت دەستبەجێ فڕۆکەخانەی بەغدادی جێهێشتووە. ئەم سەفەرەی فەرماندەی باڵای سوپای قودس بۆ بەغداد لەمیدیا عێراقییەکاندا باسی کرا، بەڵام باس لەوردەکارییەکانی نەکرا. رۆیتەرز لەزاری فەرماندەیەکی باڵای یەکێک لەگرووپە چەکدارە عێراقییەکانەوە نووسیویەتی :» ئەگەر قائانی راستەوخۆ ئامادەنەبوایە کەتائیبی حزبوڵڵا رازی نەدەبوو هێرشەکانی رابگرێت». لەم دیدارەدا قائانی بە ئاشکرا بەبەرپرسانی میلیشیا شیعەکانی راگەیاندووە کۆماری ئیسلامی لەئێستادا خوازیاری راگرتنی هێرشەکانە بۆ سەر هێزو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەو نایهەوێت بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ئەمریکا. ئێرانییەکان هەواڵەکەی رۆیتەرز بەدرۆ دەخەنەوە رۆژی ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ رۆژنامەی ئێران، رۆژنامەی فەرمی کۆماری ئیسلامی هەواڵی سەردانی کوتوپڕی قائانی بۆ بەغداد و دیدار لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی و گرووپە میلیشیاکانی بەدرۆخستەوەو رایگەیاند :» بەرەی بەرگری خۆی سەربەخۆیە لەبڕیارەکانی». رۆژنامەی ئێران ئەوەی بەدرۆ خستووەتەوە کە قائانی داوای لەهێزە میلیشیاکان کردبێت دەست رابگرن و هێرش نەکەنەسەر هێزو بنکەکانی ئەمریکا لەناوچەکە. ئەوەشی بەناڕاست زانی کە وەها سەفەرێک کرابێت. ماڵپەڕی تەسنیم سەر بەسوپای پاسداران لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەی رۆژنامەی ئێران، رایگەیاند قائانی و بەرپرسانی تری سوپای پاسداران هەرکات سەردانی عێراق بکرێن بەباشترین شێوە پێشوازیان لێدەکرێت و وەها سەفەرێک هەر نەبووە. تەسنیم تەنانەت باسی لەوە کردووە «بەرەی بەرگری» لەعێراق و سووریاو لوبنان و یەمەن و فەلەستین بەردەوامن لەهێرشەکانیان دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەناوچەکە و ئەوان سەربەخۆن لەبڕیارەکانیان. حووسییەکان سەرئێشە گەورەکەی رۆژئاوا لەگەڵ دەستپێکی جەنگی حەماس- ئیسرائیل لەکەرتی غەززە، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هێرشی کردەسەر غەزە، حووسییەکان بەنیشانەی بەرگری لەفەلەستین دەستیان کردووە بەهێرشکردن بۆ سەر ئەو کەشتییە بازرگانی و جەنگیانەی لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن لەهاتوچۆدان و ئاسایشی بازرگانی دەریاییان لەو ناوچەیە خستووەتە مەترسییەوە. حووسییەکان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، رۆژی ٢٢ی کانوونی یەکەم کۆشکی سپی رایگەیاند ئێران بەئاشکرا دەستی هەیە لەهێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن. تائێستا وڵاتانی رۆژئاوایی چەندین جار داوایان لەئێران کردووە بەر بە چالاکی حووسییەکان بگرێت لەناوچەیە. بەڵام حووسییەکان تا ئێستا بەردەوامن لەهێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و جەنگییەکان لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن بەشێوەیەک کە بازرگانی دەریایی لەو ناوچەیە زیاتر لە ٦٠٪ دابەزیوە. هەر لەم پەیوەندەدا ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی یەکشەممە ٣ی ئازاری ٢٠٢٤، لەسەر پەرەی فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی X رایگەیاند ، کەشتی «روبیمار»ی بەریتانی کە رۆژی ١٨ شوباتی ٢٠٢٤ لەدەریای سوور لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بەمووشەکێکی بالیستی بەئامانج گیرا بوو، ژێرئاو کەوتووە. هەر لەڕاگەیاندنەکەدا هاتووە کە، کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکە هەڵگری نزیکەی ٢١ هەزار تەن پەینی ئامۆنیۆم سۆلفات بووە کەئەمەش مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی لەدەریای سووردا دروستدەکات و مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی هەیەو ئەگەری هەیە کارەساتی ژینگەیی لێبکەوێتەوە. ئەمریکا و بەریتانیاو وڵاتانی هاوپەیمان تائێستا چەند جار هێرشیان کردووەتەسەر حووسییەکان لەیەمەن، بەڵام حووسییەکان سوورن لەسەر بەردەوامی هێرشەکانیان و رۆژی شەممە ٢ی ئازار فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حووسییەکان لەلایەن کەشتییەکی جەنگی ئیتالیاییەوە خرایە خوارەوە. ئاخۆ ئێران حووسیەکانیش کۆنتڕۆڵ ئەکات؟ وڵاتانی رۆژئاوایی بەتایبەت بەریتانیاو ئەمریکا تا ئێستا چەندین جار بەئاشکرا داوایان لەکۆماری ئیسلامی ئێران کردووە بەر بەهێرشی حووسییەکان بگرێت بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لەدەریای سوور. کۆماری ئیسلامی لەوەڵامدا بەردەوام ئاماژە بەوە دەکات حووسییەکان و بەرەی بەرگری بەگشتی سەربەخۆن لەبڕیاردانداو ئەوە تاران نییە بۆیان دیاری دەکات کە چی بکەن و ئەوان خۆیان دیاری دەکەن لەکوێ چی بکەن. بەپێچەوانەی بانگەشەی بەرپرسانی ئێرانی، رۆژی١٤ی شوباتی ٢٠٢٤ سوپای ئەمریکا رایگەیاند لەکۆتاییەکانی کانوونی دووهەمی ئەمساڵدا دەستیان بەسەر بارێک چەک و چۆڵدا و تەقەمەنیدا گرتووە کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ حووسییەکان دەنێردرا. هەروەها رۆژی ٧ی شوباتی ئەمساڵ ناوەندی هەواڵگری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند حووسیەکان بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی بوون بەهەڕەشە بۆ سەر بازرگانی جیهانی لەدەریای سوور. حووسییەکان کارتێکی باشن بەدەست ئێرانەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەهەڕەشەکان بۆ سەر بازرگانی جیهانی و هەوڵدان بۆ راگرتنی جەنگی غەززە. ئێران لەدوای جەنگی عێراق- ئێرانەوە لە ١٩٨٨ هەوڵیداوە جەنگ لەسنوورەکانی خۆی دوور بخاتەوە. هەموو دەمیش خۆی لەجەنگ ئەبوێرێت. حووسییەکان بە هۆی پێگە جوگرافیاییەکەیان کە زاڵن بەسەر دەریای سوورو کەنداوی عەدەندا هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر بازرگانی جیهانی لەم ناوچەیەو بەتایبەت لەگەرووی باب المندب کە بەردەوام هەڕەشەی داخستنی ئەم رێگا دەریاییە دەکەن. تائێستا ئێرانییەکانیش هاوشێوەی حووسییەکان زۆرجار باسی داخستنی گەرووی هۆرمۆز ئەکەن لەکەنداوو دەریای عومان. ئێران تا ئەوکاتەی بزانێت بەردەوامی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتی و بازرگانییە جیهانییەکان مەترسییەکی بۆ دروست ناکات، هاوکاری حووسییەکان ئەکات بۆ بەردەوامی هێرشەکانیان. بەڵام هەر کات بزانێت ئەم هێرشانە هەڕەشەن بۆ سەر دەسەڵات و بەرژەوەندییەکەی و راستەوخۆ هەڕەشەکە خۆیان دەگرێتەوە پشتیوانییەکانی رادەگرێت و فەرمان بە حووسییەکان دەکات بەوەی هێرشەکانیان رابگرن. وەک چۆن هێزەکانی لەسووریا کێشایەوەو لەعێراق فەرمانی بە هێزەکانی نزیک بە خۆی کردووە کە هێرشەکانیان رابگرن و لەهەمانکاتدا بەحزبوڵڵای لوبنانی راگەیاندووە نایانەوێت جەنگێکی گەورە رووبدات لەنێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیلدا.
شەنای فاتیح بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتی تورکیا بەبیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکەوە زیادیان کردووەو بەشێکی زۆری قوربانییەکانیش هاووڵاتیانی مەدەنین و بەپێی ئامارێکی رێکخراوی سی پی تی ساڵی ٢٠١٥ تائێستا بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە ١٥٢ هاووڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوەو ٢٢٨ هاووڵاتیش برینداربوون. سوپای تورکیا لەهەرێمی کوردستاندا چەند بنکەیەکی سەربازی جێگیرکردووەو لەساڵی ٢٠١٧وە تائێستا تەنها لەسنووری برادۆست نزیکەی ٢٠ بنكەی سەربازیی جێگیر كردووە. چاودێرێکی سیاسی: تێگەیشتنی توركیا دەرهەق بەنەتەوەی كوردو كوردستان، هێشتا لەقۆناغی تێروانین و ستراتیژیەتی دەوڵەتی عوسمانی تێپەڕی نەكردووە کەمال رەئوف، چاودێری سیاسی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: هۆكاری هێرش بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر كوردستان بەگشتی و باشور بەتایبەتی، پەیوەستە بەبونیادی بیركردنەوەو ستراتیژیەتی سیاسی دەوڵەتی توركیاوە، تێگەیشتنی توركیا دەرهەق بەنەتەوەی كوردو كوردستان، هێشتا لەقۆناغی تێڕوانین و ستراتیژیەتی دەوڵەتی عوسمانی تێپەڕی نەكردووە، هەربۆیە لەبەشێك لەتووێژینەوەو تەنانەت نەخشەكانیشیان كە وەك دراسات بەخوێندكارانیان دەخوێنرێت، ئەوان دانیان نەناوە بەو رێكەوتنانەی كەدوای دەوڵەتی عوسمانی دامەزراون، بۆیە لەو نەخشانەدا سنوری دەوڵەتی توركیا ناوچەكانی هەولێرو موسڵ وانیشان دەدرێن كە بەشێك بێت لەخاكی توركیا. وتیشی: توركیا بەهانەگەڵێكی زۆری هەیە بۆ ناوزڕاندنی خەبات و تێكۆشانی كوردو هەموو هەوڵەكانی بەو ئاراستەیە دەڕوات كەخەباتی هەموو ئەو پارتە كوردیانە تۆمەتبار بكات بەتیرۆر، ئەمە لەكاتێكدایە لەكاتی سەرهەڵدانی داعش، تا دوای شكستی ئەو هێزە، توركیا بەردەوام پێگەیەكی بەهێزی هێزەكانی داعش بووە لەڕووی سەربازی و زانیاری هەواڵگرییەوە، پشتیوانی هێزێكی وەك داعشیان كردووە، بۆیە ناتوانرێت ئەو بەهانەیەی كەبەردەوام بەكاریدەهێن بۆ مافدان بەخۆی بۆ پەلاماردانی كوردستان قەناعەتی بەكەس كردبێت. «لەچەند ساڵی رابردوو توركیا بەبۆردومان و هێرشەكانی، جگە لەوەی پارەو خەرجییەكی زۆر بەهەدەر دەدات، بەڵام نەیتوانیوە لای رای گشتی توركیاش ئەو بڕوایە دروست بكات كە بەم شێوازە دەتوانێت چارەسەری پرسی كورد بكات، بەپێچەوانەوە توركیا خراوەتە بازنەیەكی داخراوەوەو نەیتوانیوە ببێتە ئەندام لەیەكێتی ئەوروپاو وڵاتەكەی تووشی قەیرانێكی ئابوری سەخت كردووەو چووەتە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی كە قەرزدارترین وڵات بێت، لەڕووی سیاسیشەوە توركیا بەردەوام لە راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان، وەك شوێنێكی نائارام بۆ رۆژنامەنووسان و دەنگی جیاواز پۆلێن دەكرێت.» کەمال رەئوف وای وت. ئەو چاودێرە سیاسییە باسی لەوەشکرد کەتوركیا بەنیازی ئەوەیە لەڕێگەی گوشاری سیاسی و ئابورییەوە، بەتایبەت لەپرسی ئاودا، بۆ سەر دەوڵەتی عێراق، ئەو وڵاتە ناچار بكات، كەهاوكارو بەشداربن لەسیاسەتی جینۆسایدو قڕكردنی كوردان، توركیا ئێستا بوونی هێزەكانی پەكەكەی كردووەتە بەهانە، بەڵام لەوڵاتێكی وەك لیبیا كە لەجوگرافیایەكی تریشە، بنكەی سەربازی هەیە و دەخالەتكەرە، لەوڵاتانی ناوچەكە لەسوریا، قوبرس و تەنانەت لەهەندێك لەوڵاتانی ئەفریقی و میسرو فەلەستینیش، دەخالەتێكی راستەوخۆی هەیە، هەموو ئەوانە پێماندەڵێت توركیا بەچاوی تەماعكارانەی دەوڵەتی عوسمانییەوە دەڕوانێتە ئەو وڵاتانەو ناتوانێت، خاڵی دابڕان لەگەڵ ئەو مێژووە دابنێت. کەمال رەئوف باسی لەوەشکرد هەڕەشەكانی ئەم دواییانەی لەسەر ئاستی باڵای حكومی، هەروەها جوڵە دبلۆماسیەكانی لەسەر ئاستی ناوچەكە، پێماندەڵێت، توركیا بەنیازی هێرش و پەلاماردانێكی نوێیە بۆ سەر باشورو رۆژئاوا، پەیامەكانی رۆشنە، ئەوان دەیانەوێت لەناوچەكە بنكەی سەربازی چاودێری زیاتر دروست بكەن، ئەوان دەیانەوێت بەقوڵایەكی زۆر بێنە نزیك شارەكانی هەرێم، خۆ گەر بۆیان بكرێت، دەیانەوێت نزیك ببنەوە لەشاری سلێمانی بەتایبەت ناوچەی پشدەرو شارباژێر. «حكومەتی هەرێم بەداخەوە لەدۆخێكی خراپدایە، ئەم حكومەتە تەنها وەك قەبارەو ناو بڵێن حكومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە ئاراستەی بەشداربووانی ناو حكومەت جیاوازەو ئەو بەشەی پەیوەندی بەتوركیاو لەشكركێشیەوە هەیە، بەتەواوەتی تەعبیر لە رای پێكهێنەرو بەشداربووەكانی حكومەتەكە ناكات، ئەمە تەنها لەسەر پرسی لەشكركیشی توركیا وانییە، تەنانەت لەسەر پرسی كێشەكانی هەرێم و بەغدادو پەیوەندیەكانی هەرێم و ئیرانیش هەروایە، دابەشبوونێكی مەترسیدار هەیە و ئاراستەكان بەتەواوەتی لەیەكتر جیاوازن، بۆیە بۆ ئەم پرسەی هێرش و پەلاماردانەی توركیا كە تائێستا چەندین كەسی مەدەنی بونەتە قوربانی و چەندین گوندنشین زیانیان لێكەوتووە، حكومەت نەیتوانیوە داكۆكی لەهاووڵاتیە مەدەنیەكانی خۆشی بكات، نەیتوانیوە لەبەرامبەر بڕینەوەی دارستانە سروشتیەكان هەڵوێست وەربگرێت، بۆیە لەدۆخێكی ئاوادا ناتوانین چاوەڕێی ئەوەبكەن كەحكومەتی هەرێم بەم دۆخەیەوە بتوانێت یان بیەوێت هەڵویستی جددی لەبەرامبەر ئەم پێشێلكاری سەروەری خاك و دەستدرێژیانەی توركیا قسەیەكی جددی و هەڵویستی پێویستی هەبێت.» کەمال رەئوف وای وت. دوایین بۆردومانی تورکیا لەهەرێمی کوردستاندا لەیەکی ئاداری ٢٠٢٤ بوو لەقەزای کەلار بوو کەهێرشێكی درۆنی بوو بۆ سەر ماڵێک لەئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا، بەپێی زانیارییەکان ئەو ماڵە بارەگای تەڤگەری ئازادی بووە بەڵام بەفەرمی بەکاریان نەهێناوە. بەپێی ئامارێکی تیمی کوردستانی ڕیکخراوی CPT ئەمریکی کەتایبەت بۆ هاوڵاتی نێردراوە لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥وە کە لەو وادەیەدا تورکیا بۆ یەکەمجار درۆنی (بایرێکتەرتی بی توو)ی بەکارهێنا لەهەرێمی کوردستاندا، تائێستا ١٥٢ هاووڵاتی مەدەنی لەهەرێمی کوردستاندا بەهۆی بۆردومان و لەشکرکێشی سوپای تورکیاوە گیانیان لەدەستداوەو ٢٢٨ هاووڵاتیش برینداربوون. هەر بەپێی ئامارەکەی رێکخراوی سی پی تی تورکیا لەمانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧وە تائێستا ٦٤ بنکەو بارەگای سەربازی لەهەرێمی کوردستاندا دروستکردووەو سەرجەمیان لەڕێگەی تۆڕێکی رێگاوبانی سەربازییەوە پێکەوە بەستۆتەوە بەخاکی باکوری کوردستان و تورکیاوە، بۆ دروستکردنی ئەو بارەگاو بنکە سەربازیانە تورکیا دارستانێکی یەکجار زۆری بڕیوە بەجۆرێک لەساڵی ٢٠٢٢دا بۆ ماوەی نۆ مانگ هەر رۆژێک ٣٥٠بۆ ٤٠٠ تۆن داری سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بڕدراوەو نێردراوە بۆ پارێزگاکانی هەکاری و وان لەباکووری کوردستان و لەو دارانە کەلوپەلی ناوماڵ دروستکراوەو بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوەتەوەو بازاڕی پێ ساغکراوەتەوە. «لەساڵی ٢٠٠٧ەوە تائێستا یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەهەرێمی کوردستاندا بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە سوتاون و لەناوچوون و دوو هەزارو ٥٠٠ ئاژەڵی کێوی سوتاون و مرداربوونەتەوە» ئامارەکەی سی پی تی وادەڵێت.
