هاوڵاتی حووسییەکانی یەمەن ئەمڕۆ شەممە ٩ی ئازار زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و بە یەکێک لە گەورەترین هێرشەکان ناویان برد لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر ئەو کەشتیانەی کە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەنەوە تێئەپەڕن. یەحیا سەریع، وتەبێژی حووسییەکان لەچاوپێکەوتنێکی  تەلەفیزیۆنیدا دەرباری ئەم هێرشانە وتی دوو هێرشی  مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە سەر کەشتییەکی ئەمریکی و پاپۆڕێکی ئەمریکی کە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا بوون.  وتیشی، لە چالاکی یەکەمدا لە کەنداوی عەدەن کەشتی ئەمریکی Propel Fortune کرایە ئامانجی چەند مووشەک و لە چالاکی دووهەمدا بە ٣٧ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کرایە سەر یەکێک لە پاپۆڕە جەنگیەکانی سوپای ئەمریکا لە دەریای سوور. سوپای ئەمریکاش لە راگەیاندنێکدا هێرشی حووسییەکانی پشتڕاستکردۆتەوەو وتوویەتی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی رۆژی شەممە ٩ی ئازار ١٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی حووسییەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن خستە خوارەوە. لە راگەیاندنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووە، ئەم فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە، هەڕەشەی جیدی بوون بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان. لەم راگەیاندنەدا هاتووە، دوای ئەوەی لە لایەن حووسییەکانەوە هێرشکرایە سەر کەشتییەکی بازرگانی کە ئاڵای ئەندۆنزیای لەسەر بوو، هێزەسەربازییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر دوو ترۆمبێل کە چەکی قورس و مووشەکی دژە کەشتیان لەسەر دامەزرابوو. جێگەیباسە رۆژی چوارشەممە ٦ی ئازار بە هۆی هێرشی حووسیەکانەوە بۆسەر کەشتییەکی بازرگانی ٣ کەس کوژران و چەند کەسیش برینداربوون. سوپای ئەمریکا رایگەیاند بە مووشەکی بالستیکی و لە یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئەم کەشتییە.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی لە پشتیوانی ئەمریکا گرت بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات و بە هۆکاری خراپی پەیوەندییەکانیانی دانا. وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ شاندێکی تورکیا گەیشتە پایتەختی ئەمریکا و لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبونەوە لەمبارەیەوە کەناڵی “TRT”ی تورکی ڕایگەیاند کە هەردوولا چەند پرسێکی هەڵپەسێردراوی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کردووە. دواتر فیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی تورکیای ڕاگەیاند، “پاڵپشتی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات، گەورەترین بەربەسته‌ لە بەردەم پەیوەندییەکانمان”. ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی نێوان ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات ”پێویستە بە زووترین کات بوەستێت”. کەناڵەکە بڵاویکردەوە، وەزیری تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا باسی له‌ “میکانیزمێک لە نێوان واشنتۆن و تورکیا كردووه‌ بۆ ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیادا”.  

هاوڵاتی بەهۆی شەڕێکی گەورە لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا ماوەی 15 خوڵەک رێگای نێوان ئامێدی و دهۆک داخرا. مێڤان ئامێدی، دانیشتووی قەزای ئامێدی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەمڕۆ شەممە دەوروبەری کاتژمێر 2:00ی پاشینوڕۆ بۆماوەی 15خولەک رێگەی نێوان ئامێدی و دهۆک داخرا، هۆکارەکەشی لەبەر شەڕی سەختی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا بوو،شەڕەکە لەناوچەی سەرگەلێ بووە و بەپێی زانیاریەکانم تا ئێستا بەردەوامە". هەروەها مێڤان ئامێدی وتیشی "لەئێستادا رێگاکە کراوەتەوە"، ئەوەشی روونکردەوە "هەرجارێک کەشوهەوا بگۆڕێت و باران و بەفر ببارێت ئەوا گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا دەبێتە شەڕیان".  

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنه‌ى دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا مووچه‌ى مانگى دووی فەرمانبەران ره‌وانه‌ى هه‌رێم ده‌كرێت. د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیای فەرمی یەکێتی راگەیاند "له‌م هه‌فته‌یه‌دا دارایی عێراق مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كات، لە ئێستاشدا لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم به‌ زمانی عه‌ره‌بی رەوانەی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق کراوە". ئاماژەی بەوەشکرد "به‌ وته‌ی ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق ده‌توانرێت له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌ژماری بانكی بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بكرێته‌وه‌، پێویسته‌ بۆ مووچه‌ی مانگی ئادار سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌ژماری بانكییان له‌ یه‌كێك له‌ بانكه‌ حكومییه‌كانی عیراق هه‌بێت، بۆ ئەو مەبەستەش دارایی عێراق سوود له‌ بایۆمه‌تری مووچه‌خۆران وه‌رده‌گرێت و بانكه‌ حكومییه‌كان به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵده‌ستن".

هاوڵاتی نوێنەری کارگەکانی غاز لە پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت ئەمساڵ قەیرانی غاز وەکو ساڵی رابردوو نییە، ئاماژە بەوەشدەکات غاز لە شاری سلێمانی کەمە، بەڵام رێگری لە دروستبوونی قەیران کراوە. کۆچەر تاهیر، نوێنەری کارگەکانی غاز لە پارێزگای سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەمساڵ قەیرانی غاز وەکو ساڵی رابردوو نییە و کەمترە، کەمیەتییەکی باش غاز هەیە و کاریگەری لەسەر هاوڵاتییان نەکردووە". ئاماژەی بەوەشکرد "غاز لە شاری سلێمانی کەمە، چونکە لە مانگی 11ی ساڵی رابردووەوە هەموو تانکەرێک بڕی تۆنێک بۆ تۆن و نیوێک غازی لێ کەمکراوەتەوە، چونکە جاران بڕی 240 تۆن غاز رۆژانە دەهات بۆ پارێزگای سلێمانی ئێستا بڕی 222 تۆن غاز دێت بۆ سلێمانی". کۆچەر تاهیر وتی "ئەمساڵ توانیمان زاڵبین بەسەر ئەو قەیرانەی ساڵی رابردوو رووی لە سنووری پارێزگای سلێمانی کرد بە قەزا و ناحیەکانیشەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان و لیژنەکانی قایقمامییەتی سلێمانی و ئاسایشی ئابووری، هەروەها کارگەکانی غازیش لەگەڵ لیژنەکان هاوبەشیان پێکرابوو بۆ دابەشکردنی غاز بەسەر کارگەکاندا کە ئەمە کاریگەری باشی هەبوو لەسەر ئەوەی رێگە نەدرێت قەیرانی ساڵی رابردوو دروستبێتەوە". روونیشیکردەوە "ئەگەر لەئێستادا هەموو تانکەرێک 21 تۆن غازی بارکردایە، ئەوا دڵنیای تەواومان دەدا و وەک وەرزی هاوین غاز بە کۆڵانەکاندا دەگەڕا، بەڵام تانکەرەکان تەنها 18 تۆن و نیو غاز باردەکەن". لەبارەی داخستنی چەند دوکانێکی ‌غاز فرۆشتن بەهۆی گرانفۆرشییەوە کۆچەر تاهیر باسی لەوەکرد "دەستخۆشی لە لیژنەکانی قایمقامییەت دەکەین کە رێگری دەکەن لە گرانفرۆشی غاز، هەروەها پڕکردنەوەی غاز لە بەنزینخانەکان یاسایی نییە، چونکە هەم نرخی بەرزە و هەمیش لە رووی سەلامەتییەوە گونجاو نییە و مەترسی دروستدەکات". 

هاوڵاتی بەرەی تورکمانی دوایین هەڵوێستیان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند. ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی لەبارەی کورسی پێکهاتەکان بڕیارێکی سیاسییە و بۆ مەبەستی سیاسیی بووە". وتیشی "ناتوانین بەهیچ شێوەیەک تانە لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بدەین و بڕیارەکانی ئەو دادگایە دەبێت جێبەجێ بکرێن، بۆیە دەمانەوێت بەڕێگەی سیاسی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین". ئاماژەی بەوەشکرد "داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین هەوڵی جدی بدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و گەڕانەوەی مافی پێکهاتەکان". لەبارەی ئەوکاتەی دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئایدن مەعروف وتی "ئێمە وەک بەرەی تورکمانی پێشوازی لەو وادەیە دەکەین کە دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 10ی حوزەیرانی 2024ە، هەروەها دەمانەوێت لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت". جەختیشی لەوەکردەوە، بەرەی تورکمانی بەشداری هەڵبژاردن دەکات و هەوڵیش دەدات پێکهاتەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.  

هاوڵاتی لایەنە سوننەکانی پەرلەمانی عێراق لە یاداشتێكدا کە ئاڕاستەی سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی کردووە کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دیاریدەکەن. هەریەک لە هاوپەیمانیى عەزم و حزبى سیادە و هاوپەیمانیى حەسمى نیشتمانى یاداشتێکیان ئاڕاستەى سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى کردووە و سالم عیساوى ئەندامى پەرلەمانى عێراقیان بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بەربژێر کردووە. یاداشتەکە لەلایەن سەرکردەى سێ حزبە سەرەکییەکەى سوننە هەریەک لە موسەننا سامەرائى و خەمیس خەنجەر و سابت عیساوى واژۆکراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیاریانداوە پەرلەمانتار سالم عیساوى بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بەربژێر بکەن و دەڵێن "ناوبراو تایبەتمەندییەکانى وەرگرتنى ئەو پۆستەى تێدایە". هەروەها لایەنە سوننەکان لەو یاداشتەدا داوادەکەن پەلە بکرێت لە دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2024 بەبڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەندامییەتی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق هەڵوەشێندرایەوە، لەوکاتەوە تاوکو ئێستا لایەنەکان نەیانتوانیوە سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان دیاریبکەن.

هاوڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی لە ڕۆژی ژنان هەشتی مارسدا بە شێوەیەکی فەرمی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە ڕایگەیاند کە ئێران بەرپرسە لەو تووندوتیژییە جەستەییەی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022 بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی‌. ئەمڕۆ هەینی 8ی ئاداری 2024 نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا هۆكاری گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستانی لە ئەیلولی 2022 ئاشكراكرد و ڕایگەیاند ژینا ئەمینی بەهۆی ئەشکەنجەو ئازارەوە لەلایەن ئێرانەوە گیانیلەدەستداوەو کوشتنی ئەو کچە کوردەی بە "تاوان دژ بە مافی مرۆڤ" ناوبرد. هەروەها ئەم راپۆرتە لێكۆڵینەوەكانی حكومەتی ئێرانی كە پێشتر لەوبارەوە كراون رەتكردووەتەوە و باسی لەوەکردووە کە  كە تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە گەیشتوون بەئەو ئەنجامەی كە بەكارهێنانی تووندوتیژی لە كاتی دەستبەسەركردنیدا، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی هەربۆیە داوای لێكۆڵینەوەی راست و دروستی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی كردووە. هاوکات  کۆمیتەی سەربەخۆی گەڕان بەدوای راستییەکان جەخت لە سەر ئەوە ئەکاتەوە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئیران دەکرێت وەک تاوان دژ بە مافی مرۆڤ لێک بدرێتەوە، بەتایبەت تاوانی وەک کوشتن، زیندانیکردن، ئەشکەنجە و دەستدرێژی و فۆڕمە جیاوازەکانی دەستدرێژی سێکسی، ئازار و ئەشکەنجەدان و بێ سەروشوێنکردن و ... کە بە شێوەی بەرچاو لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی ناڕازی و خۆپیشاندەران بەکاردەهێنرێت و دەڵێت ئەم ڕەفتارانە پێشێلکاری ئاشکرای مافی مرۆڤە، بەتایبەت دەربارەی ژنان و کچان لەو وڵاتە.

هاوڵاتی لیژنەى کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق پێشنیارى داخستنى دەروازە نا فەرمییەکانى هەرێمى کوردستانی بۆ سەرۆکایەتیى پەرلەمانی عێراق بەرزکردۆتەوە و رایگەیاندووە،22 دەروازەی نا فەرمی لە هەرێمی کوردستان هەن. فالح خەزعەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، 22 دەروازەی نا فەرمی لە هەرێمی کوردستان هەن کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند، پێویستە کۆتایی بەو دەروازانە بهێندرێت. وتیشی، بوونى ئەو دەروازانە مەترسى گەورەن بۆسەر بەرهەمى ناوخۆیی و دژى دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە. ئاماژەی بەوەشکردوە، سیستمی بە ئەلیکترۆنیکردن لە دەروازە سنورییەکان گرنگە و پێویستە بخرێتەسەر سەر وەزارەتی دارایی و حکومەتی عێراق، چونکە مەترسیی هەیە بۆ بەرهەمی ناوخۆیی و کەرتی پیشەسازی. ئەمەش لەکاتێکدایە،پێشتر دەستەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، لە 20 خاڵی سنووری  هەشت دەروازەی نافەرمی لە هەرێمی کوردستان هەن، چەند جارێک داوا کراوە، پێویستە حکومەتی عێراق رێکارەکانی بگرێتەبەر تاوەکو بگاتە چارەسەری کۆتایی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.  

هاوڵاتی بەهۆی بڕینی ئاو لە لایەن یونسێفەوە لە ١٥ ی شوباتەوە  بۆ کەمپی ئاوارەکانی عەفرین قەیرانی ئاو ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت و هۆشداری لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی دەدرێت  ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێکی خزمەتگوزاری لە کامپی ئاوارەکانی عەفرین، کە لەلایەن بەڕێوبەریی خۆسەرییەوە بەڕێوەدەبرێت لە گوندەواری باکووری حەڵەب رایگەیاند، قەیرانی ئاو رۆژانە خراپتر دەبێت، دوای ئەوەی یونیسێف ئەو ئاوەی بڕیووە، کە بۆ دانیشتوانی کامپەکان دابین دەکرا، ئەمەش لەکاتێکدایە هۆشدارییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا لەئارادایە. یونیسێف لە 15ی شوباتەوە ئاوی بڕیووە و چەند رۆژێک دواتر بەڕێوبەریی خۆسەریی راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە و وتی “بە بڕیارەکەی یونیسێف تووشی شۆک بوون” و داوای پاشگەزبوونەوەیان کردووە. مەحمود رەشید، هاوسەرۆکی دەسەڵاتی شارەوانی  عەفرین،  رایگەیاند، پاش ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی عەفرین لە دوای هێرشەکەی تورکیاوە، یونیسێف ئاوی بەسەر ئاوارەبووان لە کامپەکان و ناوچەی تل رەفعەت و گوندەکانی دەوروبەریدا دابەش دەکرد، بەڵام ساڵانە بڕەکەی کەمی کردووەتەوە. دوو ساڵ لەمەوبەر رێکخراوەکە ئاوی لەوە ئاوارانە بڕی، کە لە کامپەکاندا نەدەژیان و بڕی ئاوەکەی بۆ کامپەکانیش بۆ نیوە کەمکرانەوە و وتیشی: “سەرمان سوڕماوە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر هەموو ئاوی ناوچەکە بڕاوە، ئێمەش هۆکارەکەی نازانن، هەروەها هیچ زانیارییەک سەبارەت بە بڕیارەکەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە نەخراوەتەڕوو”.

هاوڵاتی دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی بەهۆی هێرشی تورکیاوە لە شیلادزێ دوو هاوڵاتی بوونە قوربانی کەجەکە لە بڵاوکراوەیەکدا لەگەڵ ئەوەی دژی هێرشەکە وەستایەوە پارتی دیموکراتی کوردستانی بە سیخوڕیکردن بۆ تورکیا تۆمەتبارکرد و ڕایگەیاند، "ئەم کۆمەڵکوژییەی کە ئەمڕۆ لە شێلادزێ رویدا، ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەنتالیایە". ئەمڕۆ هەینی هەشتی مارس کۆمیتەی پەیوەندییەکان کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە لە بڵاوکراوەیەکدا  ئاماژەبەوەدەکات کە ،"ئەم هێرش و تیرۆر و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی سیاسەت و زیهنییەتی جینوساید و کۆمەڵکوژییە کە زیاتر لە سەد ساڵە لە سەر گەلی کورد پەێڕەوی دەکات" و پارتی دیموکراتی کوردستان بە سیخوڕیکردن تۆمەتبار دەکات.  لە بڵاوکراوەکەدا کەجەکە داوا لە رۆشنبیران، هونەرمەندان، نووسەران، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، رۆژنامەنووسان دەکات  کە  لەم قۆناغەدا هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر ئەو هێرشانەو دەڵێت، "هەر هەڵوێستێک دەتوانێت گیانی هاوڵاتییەک بپاریزێت و هەر بێ هەلوێستی و بێدەنگییەکیش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی هاوڵاتی زیاتر ببنە قوربانی". هاوکات داواش لە حکومەتی عێراق و هەموو هیز و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان دەکات لە بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی تورکیا  هەڵوێست وەربگرن.   دەقی بڵاوکراوەکە:   بۆ رای گشتی   جارێکی دی بە هۆی بۆردوومانی سوپای فاشیست و داگیرکەری تورکیاوە ٢ هاوڵاتی باشوری کوردستان خەڵکی شێلادزێ بە ناوەکانی "سەعید موبارەک دێویکی" و " ئاراز فەرەج زێباری" شەهید بوون و هاوڵاتییەکی دیش بریندار بوو. هەروەها  مانگێک لەمەو پێش، دوو هاوڵاتی دی خەڵکی ئاکرێ بە ناوەکانی "عارف تەها" و "بەشیر عومەر عەلی" لە لایەن  سوپای داگیرکاری تورکیاوە شەهید کرابوون. لە ناو مانگێکدا ئەمە چوار هاوڵاتی دەڤەری بادینان لە لایەن تورکیاوە شەهید دەکرێن. لە هەمانکاتدا لە ناو ئەم مانگەدا چەند هاوڵاتی دیش  لە هەرێمی سۆران و سلێمانی بوونە قوربانی هێرش و تیرۆری دەوڵەتی فاشیستی تورکیا.   بێگومان ئەم هێرش و تیرۆر و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی سیاسەت و زیهنییەتی جینوساید و کۆمەڵکوژییە کە زیاتر لە سەد ساڵە لە سەر گەلی کورد پەێڕەوی دەکات و دەیەوێت هەبوون و ناسنامەی کورد لە سەر نەخشەی جیهان بسڕیتەوە. تورکیا بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەی خۆی پێویستی بە کوردی بەکرێگیراو و خۆفرۆش هەیە، کە ببێتە کەواسوری بەر سوپاکەی، سیخوڕی بۆ بکات و هەموو تاوانەکانی بۆ پەردەپۆش بکات.  بەداخەوە، دەسەڵاتی پەدەکە نەک هەر لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییانەدا هیچ هەڵوێستێکی نییە، بەڵکو هەم بە گوتاری سیاسی و هەم لە رێگەی چاپەمەنی و میدیای دەستەمۆ ئەم تاوانانەی تورکیا پەردەپۆش دەکات، پاکانەیان بۆ دەکات و رەوایەتییان پێدەدات و بەم شێوەیە گەورەترین خزمەت بە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دەکات. لە کاتێکدا کە دەستی دەسەڵاتی فاشیستی تورکیا بە خوێنی کورد سوورە و رۆڵەی کورد شەهید دەکرێن دەسەڵاتدارانی پەدەکە دەست لە ناو دەستی ئەردۆغان و هاکان فیدان لە کۆبوونەوە و دانۆستاندان. بێگومان ئەم کۆمەڵکوژییەی کە ئەمڕۆ لە شێلادزێ رویدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەنتالیایە کە تیایدا دەسەڵاتدارانی پەدەکە میوانی ئەردۆغان و هاکان فیدان بوون و بەڵێنی بەکرێگیراوی و خەیانەتیان پێیان دەدا. ئەگەر رەزامەندی و ئەرێ‌کردن و سیخوڕی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی نەبێت تورکیا هیچ کاتێک ناتوانێت ئاوا خەڵکی بیتاوان شەهید بکات. پەدەکە تەنیا سیاسەتی کوردی دابەش نەکردووە،  تەنیا بە خەندەق لێدان کوردستانی دابەش نەکردووە، بەڵکۆ بە هەڵوێست و سیاسەتی خۆی رەنگەکانیشی دابەش کردووە، رەنگی خۆێنی کوردیشی دابەش کردووە و دەیەوێت ئێش و ئازارەکانی کوردیش دابەش بکات. هەر بۆیە پێویستە هەموومان بڵێن کە ئێش و خەمی  شیلادزی و ئاکرێ و سلێمانی  ئێش و خەمی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەرە و یەک هەڵوێست بین. لێرەدا ئەرک دەکەوێتە سەر شانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەلگا، ژنان، گەنجان و هەروەها هەموو هیز و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان و عێراق کە لە بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوی و خەیانەتی پەدەکە هەڵوێست وەربگرن. بە تایبەت لەم قۆناخەدا هەلوێستی رۆشنبیران، هونەرمەندان، نووسەران، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، رۆژنامەنووسان و پێنووسە ئازادەکان زۆر گرنگ دەبێت. پێویستە ئەوە بزانین کە هەر هەڵوێستێک دەتوانێت گیانی هاوڵاتییەک بپاریزێت و هەر بێ هەلوێستی و بێدەنگییەکیش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی هاوڵاتی زیاتر ببنە قوربانی کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەردۆغان و تورکیا. هەروەها دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە پێویستە لەبەرامبەر تیرۆری هاوڵاتی کورد بێدەنگ نەبن و گیانی کورد و هەبوون و ئازادی و کیانی کورد نەکەنە قوربانی کردنەوەی رێگەی گەشەپێدان بۆ پیلانە گڵاوەکانی ئەردۆغان.   لە کۆتاییدا، ئەم کۆمەڵکوژییەی کە ئەمڕۆ لە شێلادزێ روویدا بە توندی شەرمەزار و ریسوا دەکەین و بەڵێین و پەیمان دەدەین کە بە پەرەدان بە تێکۆشان و بەرخودان تۆڵەی خوێنی شەهیدە سەربەرزەکانمان بکەینەوە. هەروەها پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی کوردستان و بەتایبەت گەلی خۆڕاگری شێلادزی و بنەماڵەی هێژای شەهیدان "سەعید موبارەک دێویکی" و " ئاراز فەرەج زێباری"دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەتان دەزانین. ئاواتەخوازین گیانی شەهیدەکانمان بە بەهەشتی بەرین شاد بێت و بە هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە و تەندروستی بۆ بریندارەکان.     لە گەڵ ریزدا کۆمیتەی پەیوەندییەکان کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە ٨ی ئاداری ٢٠٢٤

هاوڵاتی بنەماڵەی عوزێری رایانگەیاند، هیچ بنەماڵەیەک هێندەی عوزێری شەهیدی بۆ یەکێتی نەداوە، داوا لە بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەکەن بنەماڵەکە و کوێخا دێرین ئاشت بکەنەوە، چونکە لە هەڵبژاردن زیانیان پێدەگات و 30 هەزار دەنگ لەدەستدەدەن. ئەمڕۆ هەینی 8ی ئاداری 2024 بنەماڵە و عەشیرەتی عوزێرییەكان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هۆشدارییاندا لەوەی كە كراونەتە ئامانج و لە شکۆی بنەماڵەکەیان دراوە و داوا لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم  دەکەن، بنەماڵەی عوزێری ئاشت بکەنەوە و دەشڵین، "کوێخا دێرین تۆمەتی بۆ هەڵبەستراوە." لە کۆنگرەکەدا ئەو بنەماڵەیە ڕایانگەیاند، گەر ڕوداوەکان بەمشێوەیە بڕاوات یەکێتی ژمارەی دەنگەکانی بە رێژەی 30 هەزار دەنگ کەمدەکات، باسلەوەدەکەن کە  چەندین گەنج لە نێو بنەماڵەکەدان کە دوای ساڵێکی دیکە یان دو ساڵی دیکە دەتوانن دەنگ بدەن. ئاماژەبەوەشدەکەن کە چەندین حزبیدیکە چاوی لە دەنگەکانیانە هەربۆیە داوا لە یەکێتی دەکەن "دڵی بنەماڵەی عوزێری و کوێخا دێرین ئاشت بکەنەوە." رۆژی دووشەممە 12-02-2024 ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی "وەرگرتنی سەرانە" لە بازرگانان و بریندارکردنی بازرگانێک، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ "کوێخا دێرین عوزێری" دەرکراوە و 'دیوەخانی سەرقەڵای عوزێر'یش رووخێندرا. کوێخا دێرین عوزێری تۆمەتبارە بەوەی دوو کەسی ناردووەتە سەر بازرگانێک و برینداریان کردووە؛ ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، ئەو دوو کەسەیان دەستگیر کردوون و دانیان بە "تاوانەکەیاندا ناوە". ئەو سەرمایەدارەی داوای سەرانەی لێکراوە و کوێخا دێرینی پێ تۆمەتبار کراوە،  ناوی ئەحمەد کامیل فەقێیە. جێگەیباسە کوێخا دێرین خۆی تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە و لە دەستی هێزە ئەمنییەکان هەڵهاتووە لەگەڵ ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە لە دادگاوە و  ئاسایش دەڵێت هەر کەسێک داڵدەی  بدات، رووبەڕووی دادگەی دەکەنەوە.        

هاوڵاتی کەمێک پێش ئێستا بەهۆی تەقینەوەی مینێکی سەردەمی بەعس بە دوو هاوڵاتیدا لە نزیک کێڵگەی نەوتی جەوەل بۆر و لەسەر رێگای پشتێنەی کەرکوک  یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوی دیکەیان بریندار بوو. فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێکی زەمینی لە ناوچەی جەبەل بوری پارێزگای کەرکوک هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا و منداڵەکەشی برینداربو. ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو مینە لە پاشماوەکانی سەردەمی رژێمی بەعسە و ئەو خێزانەی بەرکەوتون، بە مەبەستی گەشت و سەیران رویان لە ناوچەی جەبەل بور کردوە، ئەو منداڵەی برینداربوە تەمەنی 12 ساڵە هاوکات  ئەو هاوڵاتییەی گیانی لەدەستداوە عەرەبە و لەدایکبووی 1980یە ئەوەشی خستووەتە روو، بە مەبەستی پێدانی چارەسەر کوڕەکەیان رەوانەی نەخۆشخانە کردووە و لە ئێستادا باری تەندروستی جێگیرە. ئەو شوێنەی بۆمبەکەی تێدا بووە، پێش رووخانی دەسەڵاتی بەعس، سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراق بوو وناوچەکە دەکەوێتە نێوان کەرکووک و قەرەهەنجیر و لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە ناحیەی لەیلانە.  هاوکات بە گوێرەی دوایین ئامار، تا ئێستا بەهۆی مینەوە 34 هەزار کەس لە عێراق گیانیان لەدەستداوە یاخود برینداربون، تا ئێستاش دو هەزار کیلۆمەتر لە خاکی عێراقی مەترسی مینی لەسەرە و 20٪ی ئەو ناوچانە لە نزیک ژێرخانە ئابورییەکان یاخود گوند و ناوچە گەشتیارییەکانە.      

هاولاتی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بڕی ٨٠٦ کیلۆگرام گۆشت لەناودەبات کە لە بەڕادێکدا بەناوی رەنجەوە لە بازاڕی سەعید تەها کۆیی بەستبووی و خاوەنەکەی بە گۆشتی فرێش دەیفرۆشت بە خواردنگە و لەفە فرۆشەکان. د. ژیار بەهادین، نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند "سەرەڕای ئەوەی کە بەڕادەکە مۆڵەتی نەبووە، لەکاتی سەردانی لیژنەکانمان دەرکەوتووە کە بڕێکی زۆر گۆشتی وردکراوی تێدایە و بەستوویەتی و سەرچاوەکەی ئاشکرا نییە، بەڵام دەکرێت بە قیمە و بە گۆشتی فرێش دەفرۆشرێت بە خواردنگە و لەفە فرۆشەکان". ئاماژەی بەوەشکرد "هەر گۆشتێک چووە حاڵەتی بەستنەوە ناکرێت بە فرێش بفرۆشرێت، هەربۆیە تەواوی گۆشتەکە بە هاوکاری ڤێتێرنەری سلێمانی لەناودەبرێت و رێکاری یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر". نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی داوای لە هاوڵاتییانیش کرد بەهیچ جۆرێک قیمەی ئامادەکراو نەکڕن، پێویستە بە ئامادەبوونی خۆیان گۆشتەکە بکرێت بە قیمە.

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی شۆفێران لە بەربەستکردنی شەقامێک ئاگادار دەکاتەوە. ئەمڕۆ هەینی 8ی ئازاری 2024 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی شۆفێران رایگەیاند "شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حمود له‌ پردی سه‌رچنار به‌ ئاراسته‌ی به‌نزینخانه‌ی سارا به‌هۆی كاركردن له‌ به‌رزه‌پردی حه‌پسه‌خانی نه‌قیب به‌ربه‌ستكراوه‌". هاتووچۆ سلێمابی ئاماژەی بەوەشکرد، شۆفێران ده‌توانن شه‌قامی خزمه‌تگوزاری به‌كاربهێنن.