هاوڵاتی بریارە ئەمرۆ یەکشەممە 10/3/2024، دەستەی دەستپاکی عێراق راپۆرتی ساڵانەی کاروچالاکییەکانی خۆی  لە ساڵی 2023دا بخاتە روو و بە پێی وتەی حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق چەندین دۆسییەی گرنگی گەندەڵی بەرپرسە گەورەکانی ناو حکومەت لەخۆدەگرێت. حەیدەر حەنون رۆژی هەینی رابردوو بە ئاژانسی هەواڵی "عێراقییە"ی راگەیاند "رۆژی یەکشەممە دەستەی دەستپاکی عێراق راپۆرتی ساڵانەی کاروچالاکییەکانی خۆی بۆ ساڵی 2023 دەخاتە روو و ئەو دۆسییانەش کە پەڕاوییان بۆ کراوەتەوەو لێکۆڵینەوەیەکی وردیان لەبارەوە ئەنجام دراوە چەندین کەسایەتی گەورە و ناسراو لە خۆ دەگرێت کە لە گەندەڵییەوە تێوە گلاون". سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد، دەستەکەی وەک دەستەکەیەکی فیدراڵی دەبێت چاودێری هەموو پاریزگاکانی عێراق بکات و بۆ ئەم مەبەستەش رەشنووسێکی رێکەوتنیان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوەو نابراو جەختیشی لەوە کردەوە کە ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان و فەرمانبەران ، هەموو بەرپرس و فەرمانبەرانی عێراق دەگرێتەوە نەک تەنها ناوچەیەکی دیاریکراو. ناوبراو داواشی لە دەستەی دەستپاکی هەرێم کرد کە یارمەتی دەستەی فیدراڵی عێراق بدەن لە دەستگیرکردنی کەسانی داوا کراو و بە دواداچوون بۆ سەروەت و سامانی بەرپرسانی هەرێم بکەن تا بەو جۆرە دەستەی فیدراڵی بتوانێت هاوشێوەی بەرپرسانی پارێزگاکانی عێراق  بە دواداچوونێکی ورد بۆ سەروەت و سامانەکانیان بکات چونکە کەس لە سەرووی یاساوە نییە. هەروەها لەبارەی کاری دەستەی دەستپاکی ناوبرا روونیکردەوە "دەستەی دەستپاکی تەنها فەرمانگەیەکی لێکۆڵینەوە نییە ، بەڵکو چەندین فەرمانگە و پسپۆری هەمەجۆر لەخۆدەگرێت کە بەرپرسن لە نەهێشتن و ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان هەر لە سەرەتای ئاشکراکردنی تا کۆتایی هە موو رێکارەکانی وەک لێپێچینەوە و مەلەفی لێکۆڵینەوە و بەرگرتن و ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان و شەفافییەت و هاوکاری راپۆرتە بنکۆڵکارییەکانی رۆژنامەکان". ناوبراو ئەوەشی روونکردەوە "لە ئێستادا هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆمان خستۆتە گەڕ بۆ بەرگرتن لە گەندەڵی و نەهێشتنی تاوانە داراییەکانی ناو فەرمانگەکانی دەوڵەت و بە فیرۆدانی موڵک و ماڵ و سامانی گشتی، لێپیچینەوەی تووندیش لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین کە لە گەندەڵییەوە تێوە گلاون و دۆسییەکانیان دوای تەواکردنی هەموو رێکارەکان و دەست خستنی هەموو بەڵگە پێویستەکان رەوانەی دادگا دەکەین".

هاوڵاتی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن گۆڕانکاری لە پرۆگرامی خوێندندا بکات. ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئازاری 2024 ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "ئەو گۆڕانکارییەی لە پرۆگرامی خوێندن دەکرێت بۆ گەشەسەندنی پرۆسەی خوێندن گرنگە". وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی پڕۆژەی گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن کە دوو ساڵ و نیوە دەستیپێکردووە، لە ساڵی نوێی خوێندندا گۆڕانکاری 100% لە چەند مادەیەکدا دەکات.

هاوڵاتی ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت ئەمڕۆ شەممە لەزاری بەرپرسێکی فەڕەنساوە ئاشکرایدەکات کە سەرۆکی فەڕەنسا هەڕەشەی ناردنی هێزبۆ ئۆکرانیا دەکات . رۆژنامەى لۆ ئیندیپێندێنت لە راپۆرتێکدا ئاشکرای كردووە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە میانى کۆبوونەوەى لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانى پەرلەمانى وڵاتەکەى و بەرپرسانى چەند حیزبێک، باسى لە ئەگەرى ناردنى هێزەکانى فەڕەنساى بۆ ئۆکرانیا کردووە. ئەو ڕۆژنامەیە لەزاری فابیان رۆسێل، نوێنەری حیزبی شیوعی فەڕەنسا رایگەیاندووە، سەرۆکى فەڕەنسا هەڵبژاردەکانی بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ ئۆکرانیا تاوتوێدەکات و لە ئەگەری چوونە ناوەوەی هێزەکانی ڕوسیا بۆ ناو  کیێڤ یاخود ئۆدێسا  ئۆکرانیا هێزى سەربازیى دەنێرنە ئەو وڵآتە. لە ئێستادا پرسى ناردنى هێزى سەربازیى وڵاتانى رۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا بەردەوام باسدەکرێت و بەشێکە لە گفتوگۆکانی ناتۆو وڵآتانی ڕۆژئاوا و رۆژى 26ى شوباتى 2024، لە کۆنفرانسێکدا لە پاریس باس لە ئەگەری ناردنى هێزی سەربازیى رۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا کرا، دواتریش ئیمانوێل ماکرۆن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "لە ئێستادا هیچ کۆدەنگییەک نییە لەسەر ناردنی هێز بۆ ئۆکرانیا بەڵام لە داهاتوودا هیچ ئەگەرێک رەتناکەنەوە". لە 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا دەستپێکرد، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو جەنگە 22 مانگییەدا، زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتی مەدەنی ئۆکرانی کوژراون.  بە مەزەندەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ئۆکرانی و لە بەرامبەریشدا، لانیکەم 120 هەزار سەربازی رووسی و چەکداری ڤاگنەری رووسی لە ئۆکراینا کوژراون.

هاوڵاتی دوای کوژرانی ئەفسەرێکی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدڕاڵییەکانی لە پارێزگای زیقار بەهۆی شەڕی دو بنەماڵە، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق چەند ئۆپەراسیۆنێکیان لە قەزای ئیسڵاح ئەنجامدا و 123 کەسیان دەستگیرکرد. عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی 8ی مانگی کانونی دوەم رائید حسێن رەزا ئەفسەری ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدڕاڵییەکان بەهۆی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەوە گیانیلەدەستدا لە قەزای ئیسڵاح سەر بە پارێزگای زیقار  چەند ئۆپەراسیۆنێکییان ئەنجامداوەو لە ئەنجامدا ١٢٣ کەس دەستگیرکراون. وتیشی ،قەزای ئیسڵاح سەر بە پارێزگای زیقارە و لەم دواییانەدا چەند ململانێ و ئاڵۆزییەک لە نێوان هۆز و بنەماڵەکانی ئەو ناوچەیە دروستبوە و لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکاندان و چەندین کەسیش دەستگیر کراوە. وەزیری ناوخۆی عێراق باسی لەوەشکرد کە لە ئۆپراسیۆنەکانیاندا توانیویانە دەستبگرن بەسەر  ژمارەیەکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی لەو ناوچەیەدا، جگەلەوەش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ تۆمەتبارەکان کردوە و بەدواداچونەکان بەردەوامە، سەرجەم تۆمەتبارەکانیش بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون. رۆژی 8ی مانگی کانونی دوەم/1، رائید حسێن رەزا ئەفسەری ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدڕاڵییەکان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی نێوان دو هۆزی قەزای ئیسڵاحی پارێزگای زیقار کوژرا.  

هاوڵاتی نوێنەری مانگرتووانی گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک لەسەر سکاڵای کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئێوارەی ئەمڕۆ لەکاتی تێپەڕبوونی بە بازگەیەکدا دەستگیرکرا. فەرھاد بایز عەبدولحەمید، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ چالاکوانه‌ ناڕازییه‌كانی گەڕەکی عەرەفەی کەرکوک لە کاتی گەڕانەوەی لە سلێمانییەوە بۆ ھەولێر، لەبازگەی چیمەن لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. بەشێک لە موڵکەکانی گەڕەکی عەرەفە لەڕێگەی دادگا و دوای سکاڵای کۆمپانیای نەوتی باکوور دەستی بەسەردا گیرا، بەوهۆیەوە دانیشتووانی گەڕەکەکە زیاتر لە دوو مانگە خێوەتیان هەڵداوە و مانگرتنیان راگەیاندووە.  ماوەیەک پێش ئێستا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ئەو خێزانە کوردانە لەلایەن دادگاوە دەرچووە کە نیشتەجێی خانووەکانی گەڕەکی عەرەفەن، بڕیارەکەش لەسەر سکاڵایەکی کۆمپانیای نەوتی باکور کراوە لە بەرامبەر دەرکردنی خێزانە کوردەکانی ئەو گەڕەکە و ئێوارەی ئەمڕۆش نوێنەری ئەو خێزانانە دەستگیرکرا. لە گەڕەکی عەرەفەی کەرکوک زیاتر لە ٢٥٠ خێزانی کورد دەژین و لەو ئاوارانەن لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە بۆ شارەکەیان گەڕاونەتەوە و لە سنوری ئەو گەڕەکەدا نیشتەجێبوون، کە وەزارەتی نەوتی عیراق بە موڵکی خۆی دەزانێت.  

هاوڵاتی حووسییەکانی یەمەن ئەمڕۆ شەممە ٩ی ئازار زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و بە یەکێک لە گەورەترین هێرشەکان ناویان برد لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر ئەو کەشتیانەی کە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەنەوە تێئەپەڕن. یەحیا سەریع، وتەبێژی حووسییەکان لەچاوپێکەوتنێکی  تەلەفیزیۆنیدا دەرباری ئەم هێرشانە وتی دوو هێرشی  مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە سەر کەشتییەکی ئەمریکی و پاپۆڕێکی ئەمریکی کە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا بوون.  وتیشی، لە چالاکی یەکەمدا لە کەنداوی عەدەن کەشتی ئەمریکی Propel Fortune کرایە ئامانجی چەند مووشەک و لە چالاکی دووهەمدا بە ٣٧ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کرایە سەر یەکێک لە پاپۆڕە جەنگیەکانی سوپای ئەمریکا لە دەریای سوور. سوپای ئەمریکاش لە راگەیاندنێکدا هێرشی حووسییەکانی پشتڕاستکردۆتەوەو وتوویەتی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی رۆژی شەممە ٩ی ئازار ١٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی حووسییەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن خستە خوارەوە. لە راگەیاندنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووە، ئەم فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە، هەڕەشەی جیدی بوون بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان. لەم راگەیاندنەدا هاتووە، دوای ئەوەی لە لایەن حووسییەکانەوە هێرشکرایە سەر کەشتییەکی بازرگانی کە ئاڵای ئەندۆنزیای لەسەر بوو، هێزەسەربازییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر دوو ترۆمبێل کە چەکی قورس و مووشەکی دژە کەشتیان لەسەر دامەزرابوو. جێگەیباسە رۆژی چوارشەممە ٦ی ئازار بە هۆی هێرشی حووسیەکانەوە بۆسەر کەشتییەکی بازرگانی ٣ کەس کوژران و چەند کەسیش برینداربوون. سوپای ئەمریکا رایگەیاند بە مووشەکی بالستیکی و لە یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئەم کەشتییە.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی لە پشتیوانی ئەمریکا گرت بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات و بە هۆکاری خراپی پەیوەندییەکانیانی دانا. وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ شاندێکی تورکیا گەیشتە پایتەختی ئەمریکا و لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبونەوە لەمبارەیەوە کەناڵی “TRT”ی تورکی ڕایگەیاند کە هەردوولا چەند پرسێکی هەڵپەسێردراوی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کردووە. دواتر فیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی تورکیای ڕاگەیاند، “پاڵپشتی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات، گەورەترین بەربەسته‌ لە بەردەم پەیوەندییەکانمان”. ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی نێوان ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات ”پێویستە بە زووترین کات بوەستێت”. کەناڵەکە بڵاویکردەوە، وەزیری تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا باسی له‌ “میکانیزمێک لە نێوان واشنتۆن و تورکیا كردووه‌ بۆ ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیادا”.  

هاوڵاتی بەهۆی شەڕێکی گەورە لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا ماوەی 15 خوڵەک رێگای نێوان ئامێدی و دهۆک داخرا. مێڤان ئامێدی، دانیشتووی قەزای ئامێدی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەمڕۆ شەممە دەوروبەری کاتژمێر 2:00ی پاشینوڕۆ بۆماوەی 15خولەک رێگەی نێوان ئامێدی و دهۆک داخرا، هۆکارەکەشی لەبەر شەڕی سەختی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا بوو،شەڕەکە لەناوچەی سەرگەلێ بووە و بەپێی زانیاریەکانم تا ئێستا بەردەوامە". هەروەها مێڤان ئامێدی وتیشی "لەئێستادا رێگاکە کراوەتەوە"، ئەوەشی روونکردەوە "هەرجارێک کەشوهەوا بگۆڕێت و باران و بەفر ببارێت ئەوا گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا دەبێتە شەڕیان".  

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنه‌ى دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا مووچه‌ى مانگى دووی فەرمانبەران ره‌وانه‌ى هه‌رێم ده‌كرێت. د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیای فەرمی یەکێتی راگەیاند "له‌م هه‌فته‌یه‌دا دارایی عێراق مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كات، لە ئێستاشدا لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم به‌ زمانی عه‌ره‌بی رەوانەی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق کراوە". ئاماژەی بەوەشکرد "به‌ وته‌ی ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق ده‌توانرێت له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌ژماری بانكی بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بكرێته‌وه‌، پێویسته‌ بۆ مووچه‌ی مانگی ئادار سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌ژماری بانكییان له‌ یه‌كێك له‌ بانكه‌ حكومییه‌كانی عیراق هه‌بێت، بۆ ئەو مەبەستەش دارایی عێراق سوود له‌ بایۆمه‌تری مووچه‌خۆران وه‌رده‌گرێت و بانكه‌ حكومییه‌كان به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵده‌ستن".

هاوڵاتی نوێنەری کارگەکانی غاز لە پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت ئەمساڵ قەیرانی غاز وەکو ساڵی رابردوو نییە، ئاماژە بەوەشدەکات غاز لە شاری سلێمانی کەمە، بەڵام رێگری لە دروستبوونی قەیران کراوە. کۆچەر تاهیر، نوێنەری کارگەکانی غاز لە پارێزگای سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەمساڵ قەیرانی غاز وەکو ساڵی رابردوو نییە و کەمترە، کەمیەتییەکی باش غاز هەیە و کاریگەری لەسەر هاوڵاتییان نەکردووە". ئاماژەی بەوەشکرد "غاز لە شاری سلێمانی کەمە، چونکە لە مانگی 11ی ساڵی رابردووەوە هەموو تانکەرێک بڕی تۆنێک بۆ تۆن و نیوێک غازی لێ کەمکراوەتەوە، چونکە جاران بڕی 240 تۆن غاز رۆژانە دەهات بۆ پارێزگای سلێمانی ئێستا بڕی 222 تۆن غاز دێت بۆ سلێمانی". کۆچەر تاهیر وتی "ئەمساڵ توانیمان زاڵبین بەسەر ئەو قەیرانەی ساڵی رابردوو رووی لە سنووری پارێزگای سلێمانی کرد بە قەزا و ناحیەکانیشەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان و لیژنەکانی قایقمامییەتی سلێمانی و ئاسایشی ئابووری، هەروەها کارگەکانی غازیش لەگەڵ لیژنەکان هاوبەشیان پێکرابوو بۆ دابەشکردنی غاز بەسەر کارگەکاندا کە ئەمە کاریگەری باشی هەبوو لەسەر ئەوەی رێگە نەدرێت قەیرانی ساڵی رابردوو دروستبێتەوە". روونیشیکردەوە "ئەگەر لەئێستادا هەموو تانکەرێک 21 تۆن غازی بارکردایە، ئەوا دڵنیای تەواومان دەدا و وەک وەرزی هاوین غاز بە کۆڵانەکاندا دەگەڕا، بەڵام تانکەرەکان تەنها 18 تۆن و نیو غاز باردەکەن". لەبارەی داخستنی چەند دوکانێکی ‌غاز فرۆشتن بەهۆی گرانفۆرشییەوە کۆچەر تاهیر باسی لەوەکرد "دەستخۆشی لە لیژنەکانی قایمقامییەت دەکەین کە رێگری دەکەن لە گرانفرۆشی غاز، هەروەها پڕکردنەوەی غاز لە بەنزینخانەکان یاسایی نییە، چونکە هەم نرخی بەرزە و هەمیش لە رووی سەلامەتییەوە گونجاو نییە و مەترسی دروستدەکات". 

هاوڵاتی بەرەی تورکمانی دوایین هەڵوێستیان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند. ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی لەبارەی کورسی پێکهاتەکان بڕیارێکی سیاسییە و بۆ مەبەستی سیاسیی بووە". وتیشی "ناتوانین بەهیچ شێوەیەک تانە لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بدەین و بڕیارەکانی ئەو دادگایە دەبێت جێبەجێ بکرێن، بۆیە دەمانەوێت بەڕێگەی سیاسی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین". ئاماژەی بەوەشکرد "داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین هەوڵی جدی بدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و گەڕانەوەی مافی پێکهاتەکان". لەبارەی ئەوکاتەی دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئایدن مەعروف وتی "ئێمە وەک بەرەی تورکمانی پێشوازی لەو وادەیە دەکەین کە دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 10ی حوزەیرانی 2024ە، هەروەها دەمانەوێت لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت". جەختیشی لەوەکردەوە، بەرەی تورکمانی بەشداری هەڵبژاردن دەکات و هەوڵیش دەدات پێکهاتەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.  

هاوڵاتی لایەنە سوننەکانی پەرلەمانی عێراق لە یاداشتێكدا کە ئاڕاستەی سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی کردووە کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دیاریدەکەن. هەریەک لە هاوپەیمانیى عەزم و حزبى سیادە و هاوپەیمانیى حەسمى نیشتمانى یاداشتێکیان ئاڕاستەى سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى کردووە و سالم عیساوى ئەندامى پەرلەمانى عێراقیان بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بەربژێر کردووە. یاداشتەکە لەلایەن سەرکردەى سێ حزبە سەرەکییەکەى سوننە هەریەک لە موسەننا سامەرائى و خەمیس خەنجەر و سابت عیساوى واژۆکراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیاریانداوە پەرلەمانتار سالم عیساوى بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بەربژێر بکەن و دەڵێن "ناوبراو تایبەتمەندییەکانى وەرگرتنى ئەو پۆستەى تێدایە". هەروەها لایەنە سوننەکان لەو یاداشتەدا داوادەکەن پەلە بکرێت لە دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2024 بەبڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەندامییەتی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق هەڵوەشێندرایەوە، لەوکاتەوە تاوکو ئێستا لایەنەکان نەیانتوانیوە سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان دیاریبکەن.

هاوڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی لە ڕۆژی ژنان هەشتی مارسدا بە شێوەیەکی فەرمی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە ڕایگەیاند کە ئێران بەرپرسە لەو تووندوتیژییە جەستەییەی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022 بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی‌. ئەمڕۆ هەینی 8ی ئاداری 2024 نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا هۆكاری گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستانی لە ئەیلولی 2022 ئاشكراكرد و ڕایگەیاند ژینا ئەمینی بەهۆی ئەشکەنجەو ئازارەوە لەلایەن ئێرانەوە گیانیلەدەستداوەو کوشتنی ئەو کچە کوردەی بە "تاوان دژ بە مافی مرۆڤ" ناوبرد. هەروەها ئەم راپۆرتە لێكۆڵینەوەكانی حكومەتی ئێرانی كە پێشتر لەوبارەوە كراون رەتكردووەتەوە و باسی لەوەکردووە کە  كە تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە گەیشتوون بەئەو ئەنجامەی كە بەكارهێنانی تووندوتیژی لە كاتی دەستبەسەركردنیدا، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی هەربۆیە داوای لێكۆڵینەوەی راست و دروستی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی كردووە. هاوکات  کۆمیتەی سەربەخۆی گەڕان بەدوای راستییەکان جەخت لە سەر ئەوە ئەکاتەوە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئیران دەکرێت وەک تاوان دژ بە مافی مرۆڤ لێک بدرێتەوە، بەتایبەت تاوانی وەک کوشتن، زیندانیکردن، ئەشکەنجە و دەستدرێژی و فۆڕمە جیاوازەکانی دەستدرێژی سێکسی، ئازار و ئەشکەنجەدان و بێ سەروشوێنکردن و ... کە بە شێوەی بەرچاو لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی ناڕازی و خۆپیشاندەران بەکاردەهێنرێت و دەڵێت ئەم ڕەفتارانە پێشێلکاری ئاشکرای مافی مرۆڤە، بەتایبەت دەربارەی ژنان و کچان لەو وڵاتە.

هاوڵاتی لیژنەى کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق پێشنیارى داخستنى دەروازە نا فەرمییەکانى هەرێمى کوردستانی بۆ سەرۆکایەتیى پەرلەمانی عێراق بەرزکردۆتەوە و رایگەیاندووە،22 دەروازەی نا فەرمی لە هەرێمی کوردستان هەن. فالح خەزعەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، 22 دەروازەی نا فەرمی لە هەرێمی کوردستان هەن کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند، پێویستە کۆتایی بەو دەروازانە بهێندرێت. وتیشی، بوونى ئەو دەروازانە مەترسى گەورەن بۆسەر بەرهەمى ناوخۆیی و دژى دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە. ئاماژەی بەوەشکردوە، سیستمی بە ئەلیکترۆنیکردن لە دەروازە سنورییەکان گرنگە و پێویستە بخرێتەسەر سەر وەزارەتی دارایی و حکومەتی عێراق، چونکە مەترسیی هەیە بۆ بەرهەمی ناوخۆیی و کەرتی پیشەسازی. ئەمەش لەکاتێکدایە،پێشتر دەستەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، لە 20 خاڵی سنووری  هەشت دەروازەی نافەرمی لە هەرێمی کوردستان هەن، چەند جارێک داوا کراوە، پێویستە حکومەتی عێراق رێکارەکانی بگرێتەبەر تاوەکو بگاتە چارەسەری کۆتایی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.  

هاوڵاتی بەهۆی بڕینی ئاو لە لایەن یونسێفەوە لە ١٥ ی شوباتەوە  بۆ کەمپی ئاوارەکانی عەفرین قەیرانی ئاو ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت و هۆشداری لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی دەدرێت  ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێکی خزمەتگوزاری لە کامپی ئاوارەکانی عەفرین، کە لەلایەن بەڕێوبەریی خۆسەرییەوە بەڕێوەدەبرێت لە گوندەواری باکووری حەڵەب رایگەیاند، قەیرانی ئاو رۆژانە خراپتر دەبێت، دوای ئەوەی یونیسێف ئەو ئاوەی بڕیووە، کە بۆ دانیشتوانی کامپەکان دابین دەکرا، ئەمەش لەکاتێکدایە هۆشدارییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا لەئارادایە. یونیسێف لە 15ی شوباتەوە ئاوی بڕیووە و چەند رۆژێک دواتر بەڕێوبەریی خۆسەریی راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە و وتی “بە بڕیارەکەی یونیسێف تووشی شۆک بوون” و داوای پاشگەزبوونەوەیان کردووە. مەحمود رەشید، هاوسەرۆکی دەسەڵاتی شارەوانی  عەفرین،  رایگەیاند، پاش ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی عەفرین لە دوای هێرشەکەی تورکیاوە، یونیسێف ئاوی بەسەر ئاوارەبووان لە کامپەکان و ناوچەی تل رەفعەت و گوندەکانی دەوروبەریدا دابەش دەکرد، بەڵام ساڵانە بڕەکەی کەمی کردووەتەوە. دوو ساڵ لەمەوبەر رێکخراوەکە ئاوی لەوە ئاوارانە بڕی، کە لە کامپەکاندا نەدەژیان و بڕی ئاوەکەی بۆ کامپەکانیش بۆ نیوە کەمکرانەوە و وتیشی: “سەرمان سوڕماوە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر هەموو ئاوی ناوچەکە بڕاوە، ئێمەش هۆکارەکەی نازانن، هەروەها هیچ زانیارییەک سەبارەت بە بڕیارەکەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە نەخراوەتەڕوو”.