هاوڵاتی کەمێک پێش ئێستا بەهۆی تەقینەوەی مینێکی سەردەمی بەعس بە دوو هاوڵاتیدا لە نزیک کێڵگەی نەوتی جەوەل بۆر و لەسەر رێگای پشتێنەی کەرکوک یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوی دیکەیان بریندار بوو. فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێکی زەمینی لە ناوچەی جەبەل بوری پارێزگای کەرکوک هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا و منداڵەکەشی برینداربو. ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو مینە لە پاشماوەکانی سەردەمی رژێمی بەعسە و ئەو خێزانەی بەرکەوتون، بە مەبەستی گەشت و سەیران رویان لە ناوچەی جەبەل بور کردوە، ئەو منداڵەی برینداربوە تەمەنی 12 ساڵە هاوکات ئەو هاوڵاتییەی گیانی لەدەستداوە عەرەبە و لەدایکبووی 1980یە ئەوەشی خستووەتە روو، بە مەبەستی پێدانی چارەسەر کوڕەکەیان رەوانەی نەخۆشخانە کردووە و لە ئێستادا باری تەندروستی جێگیرە. ئەو شوێنەی بۆمبەکەی تێدا بووە، پێش رووخانی دەسەڵاتی بەعس، سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراق بوو وناوچەکە دەکەوێتە نێوان کەرکووک و قەرەهەنجیر و لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە ناحیەی لەیلانە. هاوکات بە گوێرەی دوایین ئامار، تا ئێستا بەهۆی مینەوە 34 هەزار کەس لە عێراق گیانیان لەدەستداوە یاخود برینداربون، تا ئێستاش دو هەزار کیلۆمەتر لە خاکی عێراقی مەترسی مینی لەسەرە و 20٪ی ئەو ناوچانە لە نزیک ژێرخانە ئابورییەکان یاخود گوند و ناوچە گەشتیارییەکانە.
هاولاتی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بڕی ٨٠٦ کیلۆگرام گۆشت لەناودەبات کە لە بەڕادێکدا بەناوی رەنجەوە لە بازاڕی سەعید تەها کۆیی بەستبووی و خاوەنەکەی بە گۆشتی فرێش دەیفرۆشت بە خواردنگە و لەفە فرۆشەکان. د. ژیار بەهادین، نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند "سەرەڕای ئەوەی کە بەڕادەکە مۆڵەتی نەبووە، لەکاتی سەردانی لیژنەکانمان دەرکەوتووە کە بڕێکی زۆر گۆشتی وردکراوی تێدایە و بەستوویەتی و سەرچاوەکەی ئاشکرا نییە، بەڵام دەکرێت بە قیمە و بە گۆشتی فرێش دەفرۆشرێت بە خواردنگە و لەفە فرۆشەکان". ئاماژەی بەوەشکرد "هەر گۆشتێک چووە حاڵەتی بەستنەوە ناکرێت بە فرێش بفرۆشرێت، هەربۆیە تەواوی گۆشتەکە بە هاوکاری ڤێتێرنەری سلێمانی لەناودەبرێت و رێکاری یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر". نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی داوای لە هاوڵاتییانیش کرد بەهیچ جۆرێک قیمەی ئامادەکراو نەکڕن، پێویستە بە ئامادەبوونی خۆیان گۆشتەکە بکرێت بە قیمە.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی شۆفێران لە بەربەستکردنی شەقامێک ئاگادار دەکاتەوە. ئەمڕۆ هەینی 8ی ئازاری 2024 بهڕێوهبهرایهتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی شۆفێران رایگەیاند "شهقامی بازنهیی مهلیك مهحمود له پردی سهرچنار به ئاراستهی بهنزینخانهی سارا بههۆی كاركردن له بهرزهپردی حهپسهخانی نهقیب بهربهستكراوه". هاتووچۆ سلێمابی ئاماژەی بەوەشکرد، شۆفێران دهتوانن شهقامی خزمهتگوزاری بهكاربهێنن.
هاوڵاتی بانکی رەشید وادەی کۆتاییهاتنی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی قەرز بڵاوکردەوە و هۆشداریش دەدات بە هاوڵاتییان. ئەمڕۆ هەینی ٨ی ئازاری ٢٠٢٤ بانکی رەشید لە عێراق رایگەیاند "ئەو کەسانە ئاگاداردەکەینەوە کە خاوەنی کارتی (نەخیل)ن و دەیانەوێت لە رێگەی بانکەوە پێشینە کەسی بەدەستبهێنن، ئێستا دەتوانن لە ڕێگەی بانکی ڕەشیدەوە داواکاری پێشکەش بکەن". ئەوەشخراوەتەڕوو "تەنها لە رۆژانی دەوامی فەرمیدا هاوڵاتییان دەتوانن داواکاریی پێشکەش بکەن، هەروەها پێویست بە ناوەندێک یان فەرمانگە دەرەکییەکان ناکات، بەڵکو هەر داواکارێکی قەرز دەتوانێت لە شوێنی کارەکەی یان شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە دەستی بە داواکارییەکە بگات". هەروەها بانکی رەشید هۆشداری داوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پەیجانەی کە دەیانەوێت فێڵ لە هاوڵاتییان بکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن پەیوەندییان بە بانکەکەوە هەیە.
هاوڵاتی شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت رۆژانی شەممە و یەکشەممە شەپۆلێکی باران بارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات رێژەی بارانبارینەکە مامناوەند دەبێت. شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند "شەپۆلێکی سەرتاسەری باران بارین بۆ رۆژانی شەممە و یەکشەممە 9 و 10ی 3ی 2024 هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە بە کاریگەری و بڕی جیاواز کاریگەری بە پلەی یەکەم لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەبێت و بە پلەی دووەم ناوچە نیمچە شاخاوییەکان بە پلەی سێیەم ناوچە گەرمەسێریەکان لە زۆرینەی ناوچەکان رێژە و بڕی بارانەکە مام ناوەند بۆ باشە دەبێت، جگە لە هەندێک ناوچە کە بڕی بارانەکە کەمە بە تایبەت سنووری کەلار و کفری و خانەقین و بەشێکی سنووری کەرکوک". دەشڵێت "لەم شەپۆلەدا ئەگەری بەفر بارین هەیە لە بەرزی 1500 مەتر بۆ سەرەوە لە ئاست رووی دەریاوە لەگەڵ رودانی هەورە بروسکە بۆ ناوچە جیاجیاکان و تەرزە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەندێک ناوچە". روونیشیکردەوە "پلەکانی گەرما بەڕێژەی دوو پلە دادەبەزن و خێرایی با هەندێک کات زیاد دەکات بە مام ناوەندی، هەروەها لە رۆژی دووشەممەوە بۆ ماوەیەکی کورت خایەن کەشوهەوا سەقامگیربوون بەخۆوە دەبینێت، بەڵام بۆ دواتر و بە تایبەت ناوەڕاستی مانگ بۆ سەرەوە ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی بەهێز و گشتگیر هەیە".
هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ لە گوندی دێوکێ لە شیلادزێ لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو. مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی ئامێدی تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ هەینی ٨ی ئازاری ٢٠٢٤ بەهۆی بۆردومانکردن تورکیا لە دەوروبەری گوندی دێوکێ، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو". ئاماژەی بەوەشکرد "برینادر و ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئامێدی کراون، ئەو کەسەی برینداربووە تەمەنی دەوروبەری ٤٠ ساڵ دەبێت و دۆخی تەندروستی باشە و ئەوەی پێویست بێت بۆی کراوە، ئەوانەشی کە گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵاندان". ئەو دوو کەسی لە بۆردوومانەکە گیانیان لەدەستداوە ناویان "ئاراس دێوکێ زێباری و سەعید موبارەک"ە.
هاوڵاتی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەکات عەبدوڵڵا حاجی محەمەد لە پۆستی وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم دووربخرێتەوە. بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی بۆ هاوڵاتی نێردراوە، مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە رۆژی 6-3-2024 گشتاندنی فەرمی ناردوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگۆرینی عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەئێستادا دوورخراوەتەوە ل ریزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان. هەر بەپێی ئەو زانیاریانەی بۆ هاوڵاتی نێردراوە، لە گشتاندنەکەدا پێشنیاری سێ کەس کراوە بۆ پۆستی بەوەکالەتی وەزیری شەهیدان لە پشکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کە بریتین لە "فاتیح رەئوف ئەحمەد، سادق محێدین، ئامانج جەمال محەمەد". هەروەها بەپێی ئەو زانیارییانەی کە هەیە ئامانج جەمال نزیکترین کەسە لەئێستادا لە سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان. ئەگەر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەو گشتاندنەی کە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاڕاستەی کردووە پەسەندی بکات ئەوا پۆستی وەزیری شەهیدان لە عەبدوڵڵا حاجی مەحمود وەردەگیرێتەوە. رۆژی ٥ی ئازاری ٢٠٢٣ سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا حاجی مەحمود لە حزبەکە.، بەپێی بڕیارەکە بێت دەبێت سەرجەم ماڵ و موڵکەکانی حزبیش بگەڕێنێتەوە، بەڵام عەبدوڵڵا حاجی مەحمود ئەو بڕیارە رەتدەکاتەوە و دەڵیت "لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆدا نییە".
هاوڵاتی چاوپێکەوتنێکی سودانی کە مانگێک لەمەوپێش تۆمارکراوە لەناو میدیاکانی هەرێمدا ئێوارەی ئەمڕۆ بە شێوەی جیاواز بڵاوکرایەوە و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. محەمەد شیاع سودانی له چاوپێكهوتنێكیدا كه مانگێك لهمهوبهر لهگهڵ كهناڵی ئهلحهدهسی سعودی ئهنجامیدا رایگهیاندبوو، "شتێك نیه بهناوی بڕینی مووچهی مووچهخۆرانی ههرێم، بهڵكو ئهوهی ههیه له دهستوور و یاسای بودجه رێژهی سهدا 12.67 له خهرجی گشتی وهردهگیرێت و دهدرێته ههرێم". سودانی له چاوپێكهوتنهكهی كه به دیاریكراوی له 7ی شوباتی 2024دا ئهنجامی دا، وتی: "له یاسای بودجهدا شتێك نییه بهناوی مووچه، ئهمه دهسهڵاتی دهستوورییه، دهسهڵاتی ههرێم ئهوهیه دوای جێبهجێكردنی ئهو پابهندیانهی بۆی دیاریكراوه له یاساكه، سهدا 12.67ی دهدهینێ، ئینجا خۆی بڕیار دهدات دهیدا به پرۆژه یان مووچه یان ههر شتێكی تر...". وتیشی: "پێموایه لاوازی له تێگهیشتنی دهسهڵاتهكانی ههرێم ههیه ". ئەم لێدوانەی سودانی لە بەشێک لە میدیاکاندا وەک چاوپێکەوتنێکی نوێ بڵاوکرایەوەو تیایدا باسلەوەکراوە کە سودانی دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵێییەو نایەوێت مووچەی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان بەڵآم هاوڵاتی بۆی دەرکەوتووە ئەو چاوپێکەوتنە پێش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەنجامدراوە و تۆمارکراوە. هاوکات نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی سودانی ڕایگەیاند، ئەو دیدارە ڕۆژی 7ی مانگی ڕابردوو تۆمارکراوە، واتە بەر لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق بووە و نوێ نییە. دوا بەدوای بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنەکەش ژمارەیەک پەرلەمانتاری پێشوو لەسەر بابەتەکە بڵاوکراوەیان هەبوو: ئهحمهدی حاجی رهشید پهرلهمانتاری پێشووی كۆمهڵی دادگهری كه ئهوكات ناوی كۆمهڵی ئیسلامی بوو، له پهرلهمانی عێراق له تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبووك نووسیویهتی: "له ماوهی 94ی دهستووری عێراق هاتووه كه (قرارات المحكمة الاتحادية العليا باتة وملزمة السلطات كافة) بڕیارهكانی دادگای باڵای فیدراڵی یهكلاكهرهوهن و تانهیان لێنادرێت". ئهو پهرلهمانتارهی پێشووی كۆمهڵ دهلێت: "وتهی بهڕێز سوودانی و غهیره سوودانی هیچ بههایهكی نییه لهبهرانبهر دادگای باڵادا". هەروەها عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان وێنەیەکی بڵاوکردۆتەوەو دەڵێت: ئەو دیدارەی سودانی کە دەڵێ ناتوانین موچە ڕاستەوخۆ بدەین، پێش بڕیاری دادگای فیدڕاڵیە.
هاوڵاتی گەنجێکی ئێزیدی کە نزیکەی 10ساڵ لەکەمپی شاریا دەژیا، دوای سێ رۆژلە بێسەرشوێنبوونی ، ئێوارەی ئەمرۆ تەرمەکەی لەناوخانووەیەکی تەواو نەکراو لە کۆمەڵگای سیبا شێخدر سەر بە شەنگال دۆزرایەوە. ناتق عەلو، لە ڕاگەیاندنی پۆلیسی شەنگال بە هاوڵاتی وت،"حەسەن عیدۆ کاری گواستنەوەی دەکرد لە نێوان پارێزگای دهۆک وشەنگال و بەپێچەوانەوه، دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ بێسەرشوێن بوون ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە". وتیشی ، " دوای بێسەروشوێنبونی لە لایەن خێزانەکەیەوە تەلەفونی بۆ کراوە و تەنها جارێک کەسێک تەلەفونەکەی هەڵگرتووە و بەبێ ئەوەی بڵێت کێیە و بۆ چی ئەو موبایلەی پێیە بە خێزانی کوژراوەکەی وتووە حەسەن لای خۆمانە بەڵآم دوای نیوەرۆی ئەمرۆ تەرمەکەی لە ناوخانوەیەکی تەواو نەکراودا لەکۆمەڵگای سیبا شێخدر سەر بەشەنگال دۆزراوەتەوە" ناتق عەلو باسی لەوەشکرد، تا ئێستا بکوژەکە نەدۆزراوەتەوەو هۆکاری کوشتنی ئەو هاوڵاتییە دیارنییە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. حەسەن عیدۆ، خەڵکی ناحیەی گرعوزێرە هەر لەدوای داعش و ئاوارەبوونی خەڵک لەکەمپی شاریا دەژیا و لە نێوان دهۆک و شەنگاڵ کاری گواستنەوەی هاوڵاتیان بووە.
هاوڵاتی چەند مانگێکە گفتوگۆکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست لە غەززە بە نێوەندگیری چەند وڵاتێک بەردەوامە لە قاهیرە ئەمڕۆ وەفدی حەماس کە بەشدار بوو لە گفتووگۆکاندا بەهۆی ڕازی نەبونی ئیسرائیل بە مەرجەکانی کۆبونەوەکانی جێهێشت. لە راگەیاندندراوی وەفدەکەی حەماسدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکان و هۆکاری ڕێکنەکەوتنیان هاتووە:" ئیسرائیلییەکان هەموو هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بێ ئەنجام هێشتەوە." حەماس داوای لە ئیسرائیل کردووە کۆتایی بە بە هێرشەکان بهێنرێت و داوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل وڕێگەدان بە فەلەستینییە ئاوارەکان بۆ گەڕانەوە بۆ خانووەکانی خۆیان کردووە بەڵام داواکارییەکانیان لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕەتکراوەتەوە. جێگەیباسە ئیسرائیل وەفدی بۆ گفتگووگۆکانی قاهیرە نەناردبوو و وتبووی سەرەتا دەیەوێت لیستی ئەو بارمتانەی بە دەست بگات کە هێشتا زیندوون. لە هەمانکاتدا حەماس ئەڵێت گفتگووگۆکان تا گەیشتن بە رێککەوتن بەردەوام ئەبن. هاوکات گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و راگرتنی جەنگ بەردەوامە بەتایبەت دوای ئەوەی کە نیشانەکانی قات و قڕی لە غەزە دەرکەوتووەو مەترسی ئەوە هەیە خەڵکی غەزە بە هۆی نەبونی خۆراک و ئاوی پاک و سەرچاوە سەرەکییەکانی ژیان بمرن. مەبەست لە کۆبونەوەکانی قاهیرە ئەوەیە کە وڵاتانی نێودەوڵەتی هیوادار بوون پێش دەستپێکی مانگی رەمەزان ئاگربەستی ٤٠ رۆژە رابگەیەنرێت، بەڵام تا ئێستا بێ ئەنجام بووە.
هاوڵآتی وتهبێژی بهڕێوهبهرایهتی پۆلیسی زاخۆ رایگهیاند، ئهمڕۆ تهرمی گهنجێكی تهمهن 22 ساڵ لهسنوری روباری هێزلی دۆزراوهتهوه، لهئێستاشدا تهرمهكهی له پزیشكی دادیه بۆ لێكۆڵینهوه ئەحمەد رەمەزان ، ووتەبێژی پولیسی زاخۆبە هاوڵاتی وت" دوای نیوەڕۆیی ئەمرۆ پێنج شەممە تەرمی گەنجێک بەناوی (ع، م، أ) لەروباری هیزلمان لە دهۆک دۆزرایەوە و ئەو گەنجە تەمنی ٢٢ ساڵە و خەڵکی زاخۆیە". وتیشی، "تهرمی ئهو گهنجه رهوانهی پزیشكی دادی دهۆك كراوه بهمهبهستی دیاریكردنی هۆكاری سهرهكی گیانلهدهستدانهكهی، هیچ ئاسهوارێكیش بهجهستهیهوه دیارنیه". ئاماژهی بهوهشكردوه، "لێكۆڵینهوه له كهیسهكه بهپێی بهندهكانی ماددهی 405 لهیاسای سزادانی عێراقی دهستپێكردوه".
کامەران ئەحمەد سلێمان نیکۆلای پاتروشێڤ بەبۆچوونە رادیکاڵەکانی ناسراوە، بەتایبەتی پشتگیریکردنی لەهەڵوەشاندنەوەی ئۆکرانیا، گومانی ئەوەی لێدەکرێت فەرمان و داڕێژەری تیرۆرکردنی یەڤگینی پریگۆژین بێت. ساڵانێکی زۆرە راوێژکاری پوتین و یەکێکە لەکارمەندە دڵسۆزەکانی. لەسێبەری کرێملیندا کاردەکات، بەپشوو درێژییەوە چاوەڕوانی کاتەکانی دەکات، لەئێستا لەڕۆڵی خۆی زۆر رازییە «ئەو پیاوەی بەگوێی پوتیندا چرپە دەکات». لەئێستادا نیکۆلای پاتروشێڤ سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی روسیایە، رۆڵێک کاریگەرییەکی بەرچاوی پێدەبەخشێت لەکرێملین. پەیوەندییەکەی لەگەڵ پوتین دەگەڕێتەوە بۆ هاوکارییەکانیان لەساڵی ١٩٩٨ لەناو حکومەتی بۆریس یێڵسین سەرۆکی ئەوکاتی روسیا. پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بوو کاتێک پوتین لەساڵی ٢٠٠٠ بوو بەسەرۆک و پاتروشێڤ وەک جێگری بەڕێوەبەری FSB کەدەزگای هەواڵگری رووسیا دەستنیشانکرا. هەردوو پیاوەکە رابردوویەکی هاوبەشیان هەیە وەک سیخوڕی کەی جی بی، هەرچەندە کەسایەتییان جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە. پاتروشێڤ بەدڵخۆش و سۆزدار وەسف دەکرێت، بەپێچەوانەی پوتین کەدوورەپەرێزە. تەنانەت هەندێک بە “شەیتانی سەر شانی پوتین” ناوی دەبەن. بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی و جیهانبینی پیلانگێڕییەکەی بووە هۆی ئەوەی پاتروشێڤ نازناوی « بازەکەی کرێملین»ی پێبدرێت. بەپێچەوانەی هەندێک لەئەندامانی نوخبەی رووسیا، پاتروشێڤ لەبنەماڵەیەکی سیاسی و گروپی دەسەڵاتدارەوە نەهاتووە. باوکی ئەفسەرێکی دەریایی و ئەندامی حزبی شیوعی بووە، بەزیرەکی و رێزگرتن لەژێردەستەکانی ناسراوە. پاتروشێڤ رەخنەگرێکی ماندوونەناس و توندی رۆژئاواوو ئەمریکایەو هاوپەیمانەکانی تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵی پاراستنی باڵادەستی جیهانی دەدەن. ئەو ململانێیەی ئۆکرانیا بەدەربڕینی ئەم ستراتیژە دەبینێت و دەڵێت سەرکردەکانی ئەمریکا هەوڵی لاوازکردنی رووسیا دەدەن. هەروەها ناتۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لەساڵی ٢٠٢٢ەوە هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکرانیا پشتگیری لەشەڕی بەوەکالەت لەدژی رووسیا کردووە. سەبارەت بەئۆکرانیا، پاتروشێڤ پاساو بۆ شەڕی رووسیا دەهێنێتەوە کەحکومەتی ئۆکرانیا بە “جنتا فاشیست” ناودەبات و تۆمەتباری دەکات بەبەکارهێنانی “تاوانبارانی نیونازی” بۆ ئۆپەراسیۆنی ناسەقامگیری. بانگەشە بۆ دابەشبوونی ئۆکرانیا دەکات بۆ چەند دەوڵەتێک. زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە پاتروشێڤ دەستی لە کوشتنی یەڤگینی پریگۆژیندا هەبێت و بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە دەستکەوتووە، گومانی ئەوەی لێدەکرێت ئەو رووداوەکەی رێکخستبێت کە بووەهۆی کوژرانی سەرۆکی گروپی ڤاگنەر. کرێملین خۆی رەتیدەکاتەوە هیچ تێوەگلانێکی هەبێت لەکەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی پریگۆژین و نۆ کەسی دیکە، هەروەها پشتگیری لەتیۆری داهێنراوی رووداوێک دەکات کە بەهۆی نارنجۆکێکەوە لەناو فڕۆکەکەدا روویداوە. سەرچاوە: (تاکتیک) لەگەڵ دەزگاکانی ڕۆژنامەوانی Aaron Hostutler, U.S
هاوڵاتی ئێران گشت ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باسییان لە کوژراو و بریندارێکی بێشومار دەکرد لە ئەنجامی تەقینەوەکەی پاڵاوگەی بەندەر عەباس. ئەمرۆ پێنجشەممە 7/3/2024 ئاژانسی هەواڵی "میهر" رایگەیاند ، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە پاڵاوگەی بەندەر عەباس ژمارەیەک کەس کوژراون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە کە هیشتا روون نییە، تەقینەوەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە یان روداوێکی ئاساییە . جێی ئاماژەیە کۆماری ئیسلامی ئێران چەند جارێک ئیسرائیل و ئەمەریکای بە ئەنجامدانی تەقینەوە لە ناو خاکی ئێراندا تۆمەتبار کردووە ، کە دیارترینیان تەقینەوەکەی شاری کرمان بوو لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ، بەڵام دواتر داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوەکانی لە ئەستۆ گرت.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لیژنەیەکی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکهێنا. جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند ''ئەنجومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دادوەر عەباس فەرحان حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ھەڵبژاردنی کۆمیسیۆن سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی کاروباری یاسایی و ھونەری و دارایی کۆمیسیۆنیش لە لیژنەکەدا ئەندامن". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەرکی لیژنەکە جێبەجێکردنی ھەموو ئەو رێکار و بڕیار و راسپاردانە دەبێت کە ئەنجومەنی کۆمیسیاران تایبەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەری دەکات". وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ھەموو حزبێک لەماوەیەکی دیاریکراودا دەبێت کۆنگرە ببەستێت و سەرکردایەتی نوێ ھەڵبژێرێت". بەپێی ئەوکاتەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری بەرنامەی "60 خولەک" ی کەناڵی راسیای یەکی دەوڵەتی و هەروەها بەرنامەی "کات وەڵام دەداتەوە" ی کەناڵی یەکی تەلەفزیۆنی روسیا، لە دوو بەرنامەی جیاوازدا جەند تەوەرێکیان لەبارەی ناتۆ و زیاد بوونی چالاکییە سەربازییەکانی لە ئەوروپا خستە بەر باس و گفتۆگۆ. "ئۆلیسیا لوسوا"ی یەکێک لە پێشکەشکارەکانی بەرنامەی "کات وەڵام دەداتەوە" لە سەرەتای بەرنامەکەدا هۆشداریدا کە "وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بە شێوەیەکی بەرچاو خۆیان بۆ جەنگ لەگەڵ روسیا ئامادە دەکەن". هەروەها ئەم پێشکەشکارە ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ماوەکانی پێشوودا وڵاتی ئەلبانیا بە مەبەستی پێشوازی کردن لە فرۆکە جەنگییەکانی ناتۆ یەکێک لە بنکە هەواییەکانی سەردەمی یەکێتی سۆڤێتی نۆژەن کردۆتەوە و هەرەوەها ئەوەشی خستە روو کە ناتۆ لە وڵآتانی نەرویج و سوید و فیلانددا لە ژێر ناوی "کاردانەوەی باکوور" دەستی کردووە بە مانۆرێکی سەربازی. هەروەها پێشکەشکارەکانی هەردوو بەرنامەی "60خولەک" و "کات وەڵام دەداتەوە، باسیان لە وتارێکی وەزارەتی بەرگری روسیا کردووە کە لە گۆڤاری "هزری سەربازی" بڵاوکراوەتەوە و تێیدا باس لە چەند سیناریۆیەکی جیاوازی پەیوەست بە ئەگەری هێرشی رۆژئاوا بۆ سەر روسیا کراوە. لەلایەن خۆیەوە "ئۆلیگا ئسکابیوا"ی پێشکەشکاری بەرنامەی "60 خۆلەک"، وتی: " دوژمن پێش ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵآتەکەمان، ئەوا چەند چالاکییەک ئەنجام دەدات و بە چری دەست دەکات بە چاودێری کردنی ناوچە سنوورییەکانمان". هەروەها ناوبراو ئەوەشی خستە روو ،" بە رێکەوت بێت یان نا ، تەنها یەک رۆژ بەر لە پێشکەشکردنی ئەم بەرنامەیە چەند زانیارییەکمان دەست کەوتووە کە فرۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە جۆری ئێف 35 لە ئاسمانی ئۆکرانیاوە ، بە فروانی و بە وردی خەریکی دەستنیشان کردنی بنکە دژە ئاسمانییەکانی روسیان ". لە وەڵامی پرسیارێکی بێشکەشکارەکەی بەرنامەی "60چرکە" دا " کە ئاخۆ لە وڵآتانی ئەسکەندافییەوە هیچ هەرەشەیەکمان لەسەرە؟" ڤلادیسلاو شوریگین"ی پسپۆری سەربازی وتی:" بێگومان ئەم هەرەشەیە زۆر جدییە، گەر لە رابردوودا بە درێژایی سنوورەکانی باکوور جگە لە نەرویج هیچ سنوورێکمان لەگەڵ ناتۆدا نەبووبێت ، ئەوا ئەمرۆ گشت سنوورەکانی باکووری روسیا بۆتە هاوسنووری ناتۆ". هەروەها ناوبراو لەبارەی ئەگەری کاردانەوەکانی روسیا وتی : " لە ئێستادا ئێمە سەرقاڵی دوبارە بنیات نانەوەی "ناوچەی سەربازی لینینگرادین" و کەشتیگەلی باکووریش وەک یەکەیەکی سەربەخۆی سەربازی لەو ناوچەیە جێگیر کراوە ، پێدەچێت کە گشت ئەمانە بەشێک بن لە سیستمی یەکگرتووی سەربازی روسیا ، جگە لەوەش روسیا خەریکی بنیاتنانی ناوەندێکی راهێنانی هێزە تایبەتەکانی باکوورە لە ناوچەی "نیژنوارتوفسک" . ئەم شارەزا سەربازییە ئەوەشی وت:"ئەمە جەنگێکە بۆ کۆنترۆڵ کردنی سەرزەمینەکانی باکوور، جەنگیکە بۆ باکوور و ئێمەش دەبێت بزانین کە بەڵێ لە ئێستادا جەمسەری باکوور بۆتە ناوچەیەکی زۆر هەستیار بۆ ئێمە ،ئێمە دەزانین کە لە داهاتوودا جەمسەری باکوور وەک ناوچەیەکی ستراتیژی رۆڵێکی زۆر کارا و گرنگی دەبێت ". لێکەوتەکانی ئاشکرابوونی فایلە دەنگییەکانی ئەڵمانیا لە هەردوو بارنامەکەدا باس لە لێکەوتەکانی ئاشکرابەننی فایلە دەنگییەکانی بەرپرسانی هێزی ئاسمانی ئەڵمانیا کرا کە باسییان لە ناردن و جێگیرکردنی مووشەکی مەودا درێژ کردبوو لە ئۆکرانیا . "سکابیوا" لە بەرنامەی 60 خۆلەکدا ئەوەی خستە روو کە لە ئێستادا "جۆن کربی" وتەبیژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا خۆی لە باسی ئەو فایلە دەدزێتەوە ،چونکە دەزانێت گەر بێتوو ناوەرۆکی فایلەکان پستراست بکاتەوە ئەوا لە بەرژەوەندی کرملین دەبێت و ئاشکرا دەبێت کە روسیا نە تەنها لەگەڵ ئۆکرانیا بەڵکو لەگەڵ هەموو هێزەکانی ناتۆ لە جەنگدایە. ئەم پێشکەشکارە ئەوەشی ووت :" دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەوان بێدەنگییان هەلبژاردووە ، وەک بڵەیت ئێمە تێناگەین ، رەنگە ئێمەیان بە گێل زانی بێت". هەر لە گفتۆگانی هەردوو بەرنامە رووسیەکە باس لە چۆنییەتی ئاشکرابوونی ئەو فایلە دەنگییانەش کرا و "سپیردون کیلینکاروف" ی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئۆکرانیا بە بێ خستنە رووی هیچ بەڵگەیەک رایگەیاند کە ئەم فایلانە لەلایەن ئەمەریکا و بەریتانیاوە دزەی کردووە. "کیلینکاروف" ئەوەشی خستە روو کە 12 ساڵ لەمەوبەر سیاسییە ئەوروپی و روسەکان پێکەوە باسیان لە ئەوروپایەکی یەکگرتوو دەکرد کە لە "لیشبۆن"ەوە تا "ڤلادیوستوک" درێژ دەبووەوە. ناوبراو ئەوەشی وت کە ، بە دیهێنانی ئەو سنوورە ئەوروپییە لە بەرژەوەندی هەموو وڵآتانی ئەوروپی و دانیشتوانەکەی دەبوو ، بەڵام لەبەر ئەوەی دروست کردنی ئەو سنوورە بەرفراوانە وەک پەتێکی سێدارە دەبوو بە گەردەنی ئەمریکاوە ، هەرلەبەر ئەوە یەکێک لە هۆکارەکان یان باشترە بڵێم هۆکارە سەرەکییەکەی گشت ئەم روداو و پیشهاتانەی کە لەناوچەکەدا دەیبینین ، دەگەرێتەوە بۆ ترسی ئەمریکا لە دروست کردنی ئەو ئەوروپا یەکگرتووە . هەرەوەها ناوبراو ئەوەشی وت:" بەڕاست چ کەسێک دەیەوێت دۆخەکە بەم جۆرە بێت؟ من تەواو باوەرم بەوە هەیە بە مەبەستی دوورخستنەوەی زیاتری مۆسکۆ و بەرلین لە یەک ، ئەم زانیاری و فایلە دەنگییانە لە لایەن ئەمەریکا و بەریتانیاوە دزەیان پێکراوە وئەمەش لە بەرژەوەندی ئەو دوو وڵآتەیە". ئەوەشی وت :" ئەو دوو وڵاتە هەموو کارێک دەکەن تا لە کۆتاییدا مۆسکۆ و بەرلین راستەوخۆ رووبەرووی یەکتر ببنەوە ، تەنانەت وێنا کردنی ئەوەی کە چەند سیخۆرێکی دولایەنە لە ناو سیستمی بریاردان و بەرێوەبردنی ئەوروپا جێگەی خۆیان کردۆتەوە و لە بەرژەوەندی ئەمەریکا و بەریتانیا کار دەکەن لەرز بە هەموو گیانمدا دێنێت ". دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ریکەوتی 24 ی شوباتی 2024 دا، ڤلادمیر پۆتین، سەرۆکی روسیا دەستپێکی چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئۆکرانیا راگەیاند و بەو جۆرە جەنگێکی ماڵوێرانکەر هەڵگیرسا و بەپێی سەرچاوە ئۆکرانی و رۆژئاواییەکانیش تائێستا نزیکەی 10 هەزار کەسی سڤیل و 200 هەزار سەربازی روسی و ئۆکرانی لە جەنگەکەدا کوژراون و کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییە ئۆکرانییەکان لەلایەک و لایەکی دیکەوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داناوە.
