هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە تایبەت بە کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و سەردانەکەی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا کۆدەبێتەوە. بەپێی خستەی کاری ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ چوارشەممە ئەو ئەنجومەنە لەسەر سێ تەواورەی سەرەکی کۆدەبنەوە و تەوەرەی یەکەم تایبەتە  ده‌بێت به‌خستنه‌ڕوی سه‌ردانی فه‌رمی شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی بۆ ئه‌مریكا و كۆبونه‌وه‌ و دیداره‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای كۆشكی سپی و كۆنگرێس و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و پنتاگۆن و وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا. لە تەوەرەی دووەمیشدا سەرۆکى دەستەى دەستپاکى راپۆرتێکى تایبەت بە جێبەجێکردنى (ستراتیژى نیشتیمانى روبەڕوبونەوەى گەندەڵى لە هەرێمى کوردستان-عێراق) کە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنەکەوە پەسەند کرابو دەخاتە ڕوو. لە تەوەرەی سێیەمی کۆبونەوەکەشدا ئەنچومەنی وەزیران تاوتویی پرسی مووچەی هەرێم و ڕێکارەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی دارایی تاوتوێدەکرێت. هاوکات چاوەڕێدەکرێت لە کۆبونەوەکەدا بڕیاری کۆتای سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدرێت لەوەی کە مووچە بە پێی ئەو ڕیزبەندییەی بەغدا ناردوێتی دابەشبکرێت کە بە وتەی وەزارەتی دارایی هەرێم بەشێکی زۆری مووچەخۆران بێبەشدەبن لە وەرگرتنی مووچە یانیش بە داهاتی ناوخۆ ئەو بڕە پارەیەی کەمی هەیە پڕدەکرێتەوە. بە گوتەی وەزارەتی دارایی هەرێم وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەنها بڕی ٥٦٠ ملیار و ٢١٧ ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنها ( ٥٩٪) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و بێ بەشکردنی ڕێژەی (٤١٪ ) ی مووچەخۆرانی هەرێم لە شایستەی مووچەکانیان، و تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەش کە بڕیاری تەمویلکردنی دراوە نەگەیشتۆتە دەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم. باسی لەوەشکردووە ئەم ڕێکارەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی وایکردووە کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات بە نزیکەی ( ٣٩٠ ) ملیار دینار دروست بێت  وگرفتی گەورەی دارایی دروستدەکات ودەبێتە هۆی بێ بەشکردنی بەشێکی زۆری مووچەخۆران ودروستکردنی فەرق وجیاوازی لە نێوان مووچەخۆران.    

هاوڵاتی سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق ئاشکرایکردووە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بەردەوامی دەبێت. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەکی باڵا لە حکومەتی عێراق رایگەیاندووە "دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەردەوامی دەبێت کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت". لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمەریکا و عێراق دەستییان بە گفتوگۆکردووە لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کە لە ساڵی 2014وە لەکاتی دروستبوونی شەڕی داعش بە مەبەستی هاوکاریکردن هاتنە عێراق. هەروەها لایەنە شیعەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای ئەوەدەکەن لە زووترین کاتدا هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق نەمێنن، بەڵام بە پێچەوانەوە لایە کوردییەکان و سوننەکان پێیان وایە بۆشایی ئەمنی دروست دەبێت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان. لە ئێستادا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق بوونیان هەیە، هەروەها  900 سەربازی ئەمەریکیش لە سوریا لە ئەرکێکی راوێژ و هاوکاریدان.

هاوڵاتی سۆران عومەر، ئەندامێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایدەکات کە بەبێ دامەزراندنی وانەبێژو خۆبەخش و سێ یەکەمەکان و بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکان و پلەبەرزکردنەوە پارەی مووچە زیادکراوە. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێک ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە "ئەو لیستانەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووە سەرجەمی مووچەکەیان تەمویل کراوە، تەنها ئەو لیستانەتان ناردووە، پاشان مووچە بەڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆوە دەدرێت، ئێوە لە مانگەکانی (١٠-١١-١٢) ی ساڵی ٢٠٢٣ مووچەتان نەداوە کوا داهاتی ناوخۆ کە مانگانە سەرو ٣٢٠ ملیارە، جگە لەوە ١٧/١٠/٢٠٢٣ کاتێک هاتن بۆ بەغدا لیستێکتان هێنابوو کۆی گشتی مووچەی هەرێم ٩١٣ ملیارو ٦٢٣ ملیۆن دینار بوو، ئێستا بەبێ دامەزراندنی وانەبێژو خۆبەخش و سێ یەکەمەکان و بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکان و پلەبەرزکردنەوە، چۆن مووچە گەشتووە بە ٩٤٩ ملیارو ٨١٣ ملیۆن دینار، واتە لەم ماوەدا ٣٦ ملیارو ١٩٠ ملیۆن موچە زیادی کردووە". دەشڵێت "سەیرە وەزارەتی دارایی باس لەداهاتی نەوتی و نانەوتی ناکات، کە بەپێی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەبێ ئەو داهاتانە ڕادەست بکرێ، بەتەنکەر نەوت دەفرۆشن کوا داهاتەکەی، جگە لەوە مانگانە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە وەردەگرن".    

هاوڵاتی بڕیارە جارێکی دیکە نوێنەری مامۆستایانی سەرجەم ئەو شار و شارۆچکەکان کە پێشتر بایکۆتیان کردبوو لە شاری سلێمانی کۆببنەوە و چەند پرسێک تاوتوێ بکەن. سەرچاوەیەکی تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند "بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 14ی ئازاری 2024 نوێنەری مامۆستایانی سەرجەم ئەو شار و شارۆچکانەی کە پێشتر بایکۆتیان کردبوو کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی سزای ئەو مامۆستایانەی کە لەکاتی بایکۆت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەوە سزادرابوون و چ رێگەیەک بگیرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکان".  ئەو سەرچاوەیە وتیشی "بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەدا کە نوێنەری مامۆستایانی شار و شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی لێدەبێت پرسی مووچە و خۆپیشاندانی مامۆستایان تاوتوێ بکرێت".  

هاوڵاتی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئازاری 2024 دادگای فیدراڵی عێراق رایگەیاند "دەبێت پەلە بکرێت لە بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، بە مەرجێک مووچەی ئەو فەرمانبەرانەش خەرج بکرێت کە ھێشتا مووچەکەیان بە ئەلیکترۆنی نەکراوە". دادگای فیدراڵی عێراق لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەشدەکات، ئەرکی سەرشانی حکومەتی ھەرێمە ھاوکاریی و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بکات. دەشڵێت "پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان و جێبەجێکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە". ئەم روونکردنەوەی دادگای فیدراڵی عێراق لەدوای روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دێت کە تیادا باسی لە نەناردنی مووچەی مانگی ئازاری ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرد لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێم سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەو پارەیەی لە عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێم بەشی تەواوی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناکات و بە بڕی 390 ملیار دینار کورتهێنانی دەبێت. ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی دارایی هەرێم  ڕونکردنەوەیەکی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەنها بڕی ٥٦٠ ملیار و ٢١٧ ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنها ( ٥٩٪) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و بێ بەشکردنی ڕێژەی (٤١٪ ) ی مووچەخۆرانی هەرێم لە شایستەی مووچەکانیان، و تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەش کە بڕیاری تەمویلکردنی دراوە نەگەیشتۆتە دەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم. سەبارەت بە دروستکردنی هەژماری بانکیش بۆ فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕونکردنەوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە کە "هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من لە مێژە دەستی کردووە بە پرۆسەی توطین لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندی عێراق و گفتوگۆکان لەم بارەیەوە بەردەوامن، و نابێت هیچ لەم ڕێکارانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ  ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە لەمووچەکانیان". دەقی روونکردنەوەکە: ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوی ژمارە (٢١٤٧/٤/٧ ) لەبەرواری ( ٢٠٢٤/٣/٥ ) داوای لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کردبوو بە تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤  بە بڕی ( ٩٤٩،٨١٣،١٤٦،١٧٠ ) دینار.  بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەنها بڕی ٥٦٠ ملیار و ٢١٧ ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنها ( ٥٩٪) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و بێ بەشکردنی ڕێژەی (٤١٪ ) ی مووچەخۆرانی هەرێم لە شایستەی مووچەکانیان، و تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەش کە بڕیاری تەمویلکردنی دراوە نەگەیشتۆتە دەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم.  ئەم ڕێکارەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی وایکردووە کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات بە نزیکەی ( ٣٩٠ ) ملیار دینار دروست بێت  وگرفتی گەورەی دارایی دروستدەکات ودەبێتە هۆی بێ بەشکردنی بەشێکی زۆری مووچەخۆران ودروستکردنی فەرق وجیاوازی لە نێوان مووچەخۆران.  جگە لە کەمی ئەو بڕە پارەیەی کە نێردراوە بۆ مانگی شوبات، بەپێی ئەو نوسراوانەی کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدرال دەریچواندوون، بۆ مووچەی مانگی ئاداری ٢٠٢٤ ، هیچ تەمویلێکی حکومەتی هەرێم ناکرێت ئەگەر مووچەی هەرێم (توطين) نەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من لە مێژە دەستی کردووە بە پرۆسەی توطین لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندی عێراق و گفتوگۆکان لەم بارەیەوە بەردەوامن، و نابێت هیچ لەم ڕێکارانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ  ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە لەمووچەکانیان کە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق لە ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە بکرێن.  لێرەوە وەکو وەزارەتی دارایی وئابووری  جەختدەکەینەوە لە نووسراوی سەرەوەمان بۆ خەرج کردنی تەواوی مووجەی هەرێم، ونابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان و داوا دەکەین وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بەمەرجی تەعجیزی ئەو مافە لە هەرێمی کوردستان زەووت نەکات و بۆ مووچەی مانگی ئازار هیچ کۆتو بەندێک بۆ تەمویلکردنی مووچەخۆران دانەڕێژن چونکە ئەمە مافی دەستوری و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە ونابێت تێکەڵی هیچ ناکۆکیەکی نێوان هەردوو حکومەت بکرێن. وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.                                                ٢٠٢٤/٣/١٢.    

هاوڵاتی کارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت: بڕانی کارەبای دوكانەكانی کاسۆ مۆڵ، پەیوەندی بە پێوەری کارەباکانیان و ئەو قەرزانەی لەسەریان كەڵەكە بوە و رادەستیان نەکردوە هەیە، هەر کاتێک چارەسەرکرا کارەباکانیان پێدەدرێتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، بەشێک لە کاسبکارانی کاسۆمۆڵ لەناو بازاڕی شاری سلێمانی دوای ئەوەی کارەبای مۆڵەکەیان لەسەر کوژێندرایەوە لەبەردەم مۆڵەکەدا گردبوونەوە و رایانگەیاند، سەباری ئەوەی کێشەکانیان بۆ چارەسەر نەکراوە، کارەبایان لێ کوژێندراوەتەوە. ئاماژەیان بەوەش کرد، لە رابردوودا ئەو کێشەیەیان نەبووە بەڵام لە ئێستاشدا مۆلیدەکانیان بە پاساوی ژینگە لەلایەن شارەوانی سلێمانییەوە لەسەر کوژێندراوەتەوە و ناهێڵن بەکاریبهێنن. دەشڵێن، "رۆژانە دەبێت ٥٠ هەزار دینار بدەین بە کرێ و ٢٠ بۆ ٤٠ هەزار دیناریش بدەین بە کارەبای پریپەید". ئەوەشیان خستە روو،داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەر بکەن ئەگەر بەوشێوەیە بڕوات ئەوا ناتوانن کارەکانیان ئەنجامبدەن و دەبێت مۆڵەکە دابخەن. کارەبای سلێمانیش لەم بارەیەوە  دەڵێت،   بەشێك لە كێشەی بڕانی كارەبای دوكانەكانی بازاڕی كاسۆ مۆڵ پەیوەندی بە پێوەری كارەبای ژمارەیەك دوكان و بەشێكی دیكەشی پەیوەندی بەبڕی ئەو قەرزە كەڵەكەبوەی ژمارەیەك لە دوكاندارەكانەوە هەیە كەتا ئێستا رادەستیان نەكردوە. سەبارەت بە گەڕاندنەوەی كارەبا بۆ بازاڕەکەش باسی لەوەکردووە، هەر کاتێک دوکاندارەکان بۆ دانەوەی قەرزەكانی سەریان سەردانی بەڕیوەبەرایەتی كارەبای سلێمانیان كرد، راستەوخۆ کارەبایان پێدەدرێتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی ١٥ـی حوزەیرانی ساڵی رابردوەوە کارەبای ئەو مۆڵەکراوەتە پریپەید و لەو ماوەیەشدا بەهۆی نەدانی قەرزەکانیانەوە چەندین کاسبکار کارەبای دوکانەکانیان لێ کوژێندراوەتەوە.  

هاوڵاتی نوێنەرانی 10 حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن. ئەمڕۆ سێشەممە، 12-03-2024، نوێنەرانی 10 حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، لە دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی، بڕیاریان داوە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن کە بڕیارە رۆژی 10-06-2024 ئەنجام بدرێت. نوێنه‌ری ئه‌و لایه‌نانه‌ی حزبه‌ توركمانه‌كان جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ "بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی عێراق ته‌واو ناده‌ستورین و هۆكاری سیاسیان له‌ پشته‌وه‌یه‌ و نه‌هێشتنی كۆتاكان له‌ په‌رله‌مان ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق كه‌ تیایاندا كورسی وه‌كو كۆتا بۆ پێكهانه‌كان ته‌رخانكراوه‌". هاوکات داواش لە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن "کار بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی بکەن سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان.  ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، "بڕیارمانداوه‌ به‌ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان تا ئه‌وكاته‌ سیستمی كۆتای پێكهاته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌". 21ی مانگی (شوبات/2)ی ئه‌مساڵ دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بڕیاریدا بەنه‌مانی 11 كورسی پێكهاته‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و کەمکردنەوەی 111 کورسی  بۆ 100 کورسی.  

هاوڵاتی دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان، ئەندامی دادگای فیدراڵیی عێراق لە پشکی پارتی ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  دەستی لە کارکێشایەوە و ڕایگەیاند، "نەمتوانی لە دادگای فیدراڵی بەرگری لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەم". ئەمڕۆ دووشەممە حاکمی کورد عەبدولڕەحمان سلێمان دوای ئەوەی لە دادگای فیدراڵی عێراق  دەستیلەکارکێشایەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەکو ناڕەزایەتییەک دەربڕین دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی لە دژی قەوارەی هەرێم و فەرمانبەرانی کوردستان دەستلەکاردەکێشمەوە. وتیشی، "هه‌میشه‌ هیوام وابوه‌ ببمه‌ نوێنه‌رێكی باش بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌رگریكارێكی باش له‌ سیستمی فیدڕاڵیه‌ت و به‌رگریكردن له‌مافه‌كانی هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراقدا، به‌ڵام دوای سێ ساڵ له‌ تێپه‌ڕبون له‌كاره‌كه‌م، كۆمه‌ڵێكی زۆر بڕیار ده‌ركران و به‌وهۆیه‌وه‌ ناتوانم به‌رده‌وام بم له‌كاره‌كانم له‌دادگا، چونكه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵمداوه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كان". ئەوەشیخستەڕوو،  "هه‌رێمی كوردستان تاكه‌ هه‌رێمێكی دانپێدانراوی سیسستمی فیدڕاڵی بوه‌، گه‌یشتومه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی له‌چوارچێوه‌ی كاره‌كانمدا وه‌كو دادوه‌ر هه‌ستم به‌ كۆمه‌ڵێك گه‌ڕانه‌وه‌ كرد بۆ سیستمی مه‌ركه‌زیه‌ت له‌بریاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی و سه‌نته‌ربون و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ پایته‌ختدا، ئه‌مه‌ش به‌پێی ده‌ستور نیه‌، به‌پێی ئه‌و ده‌ستوره‌ی عێراق هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان كه‌متر ده‌كرێنه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی سه‌نته‌ر زیاتر ده‌كرێت، له‌كاتێكدا دادگای فیدڕاڵی ئه‌ركی پاراستنی هاوسه‌نگیه‌ له‌نێوان ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كان و رێگه‌نادات هیچ لایه‌نێك ده‌ستدرێژی بكاته‌سه‌ر لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌".  بریارەکەی ئەو حاکمە کوردە دوای ئەوە هات دادگای فیدراڵی بڕیاریدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بنێردرێت لە بەغداوە بۆ هەرێم و داوای دروستکردنی هەژماری بانکی فەرمانبەران دەکات لە بانکەکانی عێراق هاوکات داوای ڕادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێم دەکات بۆ سەرفکردنی بەشەبودجەی هەرێم.

هاوڵاتی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردن و کورتهێنانی مووچە زانیاری نوێ دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوەشدەکات، شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات. رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند "سبه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی راگه‌یاندنی لیستی مووچه‌وه‌ ده‌كات". ئاماژەی بەوەشکرد "بڕیارە شاندێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کاتی سەردانەکە دیاری دەکرێت". رێباز حەملان وتیشی "حكومه‌تی فیدڕاڵی له‌ڕێگه‌ی چوار نامه‌ی مۆبایله‌وه‌ ئاگاداری كردوین كه‌ پاره‌ هاتووه‌ و بڕی ٥٦٠ ملیار دینار هاتووە، هەروەها عێراق مووچه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ناردووه‌". روونیشیکردەوە "تائێستا نزیكه‌ی ٣٦٠ ملیار دینار كورتهێنانمان هه‌یه‌ بۆ مووچه‌ی مانگی شوبات".

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەچڕی دەوروبەری گوندی سەرگەلێ سەر بەقەزای ئامێدی بۆردوومانکرد. هەیوار ستار، دانیشتووی گوندی سەرگەلێ یە تایبەت بە هاوڵاتی وت "کاتژمێر 6:30 خولەکی ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە 11ی ئازاری 2024 فرۆکەکانی تورکیا دەوروبەری گوندی سەرگەلێ یان بۆردوومانکرد، بۆردوومانەکە لەکاتی بەربانگ بووە، دەنگێکی زۆر بەهێزی هەبووە". هەروەها هەیوار ستار وتیشی "بۆردوومانەکە وەکو جارەکەی تر نزیکەی کێلومەترێک دوور بووە لە دانیشتووانی گوندی سەرگەلێ،زیانەکان دیارنین".

هاوڵاتی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێم، بە بڕی یەک ملیار دینار ئامێر و پێداویستیی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی بیارە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەرخان کراوە. د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، لە شاری هەڵەبجە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی راگەیاندووە "لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێم، بە بڕی یەک ملیار دینار ئامێر و پێداویستیی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی بیارە تەرخان کرا، هەروەها ١٣٠ کارمەندی تەندروستی بۆ دامەزرێنرا". ئاماژەی بەوەشکرد "جگە لەوە، کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین بە بڕی ٣٨٥ ملیۆن و سەنتەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی مەمک و هەرس و گەدە بە ٥٠٠ ملیۆن بەردەست کرا، جگە لە ئامبولانس و ئامێرە ستراتیژییە پزیشکییەکان و ئامێرەکانی دیکە، کە بە هەمووی ٧ ملیار دیناری تێدەچێت".

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی موعین سەلاح‌ وەرزی دوای تێپەڕکردنی ماوەی ٣٢ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێکرا. رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی ئازاری ٢٠٢٤ سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی موعین سەلاح‌ وەرزی، خەڵکی گوندی "حەوت چشمەی" شاری ئاودانان لە بەندیخانەی ئیلام جێبەجێکرا. شایەنی باسە کە، ئەو بەندکراوە دوای ٣٢ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست"ی براکەی دەستبەسەرکرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.  

هاوڵاتی موختارێکی عەشیرەتی زێباری لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ڕۆژدا چوار کەس لە عەشیرەتەکەیان بەهۆی هێرشی فرۆکەکانی تورکیاوە گیانیانلەدەستداوە.  موشیر خدر زێباری، موختارێکی عەشیرەتی زێباری ئەمڕۆ دووشەممە گرتەیەکی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە کە بۆ هاوڵاتی نێردراوە تیایدا داوای هەڵوێست دەکات بەرامبەر بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئاکرێ و دەوروبەری و دەڵێت، لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ڕۆژدا  لە سنوری ئاکرێ و ناحیەی شیلادزێ چوار کەس لە عەشیرەتەکەیان بە دەستی تورکیا شەهیدکراون. دەشڵێت، "سەرەڕای شەهیدبونی ئەو هاوڵاتییانە کە سەرجەمیان کوردن و خێزاندارن هیچ کەس و لایەنێک لەسەر کوشتنیان نەهاتۆتە دەنگ" بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەم موختارە؛  رۆژی 20 مانگی شوبات بەهۆی بۆردومانی فرۆکەکانی تورکیا لەگوندی کافیا سەر بەناحیەی دینارتە، دوو کەس لەعەشیرەتی زێباری بە ناوەکانی عارف تەها تەمەن 61 ساڵ،بەشیر عومەر عەلی تەمەن 68 ساڵ شەهید کراون. ڕۆژی 8 ی ئەم مانگە لەئەنجامی بۆردومانی تورکیا لەگوندی دێوکێ سەر بەناحیەی شیلادزێ ، دوو کەس لەعەشیرەتی زێباری بەناوەکانی  سەعید موبارەک تەمەن 41 ساڵ،ئاراز فەرج تەمەن 29 ساڵ شەهیدکراون. لە کۆتایشدا ئەو موختارە ڕایگەیاند،ئێمە ئومێدمان بە ڕیش سپی و پیاوانی عەشیرەتەکە ئەوەیە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بووەستننەوە و هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن و چالاکیی و ڕێپێوان ئەنجام بدەن.  

هاوڵاتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، ژنێكی گه‌نجی خه‌ڵكی ئورمیه‌ به‌ناوی زیبا سه‌یادی له‌لایه‌ن هاوسه‌ری پێشویه‌وه‌ كه‌ هاوكات ئامۆزایه‌تی له‌ یه‌كێك له‌ فێرگه‌كانی ئه‌و شاره‌دا به‌ چه‌ك كوژرا. رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو ئەمڕۆ دووشەممە له‌ڕاپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ژنێكی گه‌نج به‌ ناوی زیبا سه‌یادی ته‌مه‌ن 27 ساڵ له‌ ئورمیه‌ کوژرا. باسیلەوەشکردووە ، ئه‌و ژنه‌ ماوه‌ی ١٠ ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی كێشه‌ی خێزانییه‌وه‌، له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی، كه‌ هاوكات ئامۆزای خۆیه‌تی جیابووه‌ته‌وه‌.  سەبارەت بە شوێنی کوشتنی ئەو ژنە ئەو ڕێخراوە ئاماژەیبەوەکردووە، زیبا سه‌یادی له‌ فێرگه‌یه‌ك كه‌ تازه‌ تێیدا ناوی تۆماركردبو، له‌ شه‌قامی عه‌ماری ئورمیه‌، به‌ ده‌ستڕێژی گوللـه‌ له‌ به‌رچاوی فێرخوازه‌كانی ئه‌و فێرگه‌یه‌دا كوژرا. رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو ئاشكراشیكردوه‌، هاوسه‌ری پێشوی ئه‌و ژنه‌ به‌ ناوی جه‌لال سه‌یادی، دوای ڕودانی ئه‌و تاوانه‌ شوێنه‌كه‌ی جێهێشتوه‌ و ئێستا هه‌ڵاتووه‌.