هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی نەبونی کارەبا و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لە هاویندا ماوەی خوێندن درێژ ناکەنەوە بەڵام  پڕۆگرامی خوێندنیان کەم کردۆتەوە دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ریگەیاند: پڕۆگرامی خوێندمان کەم کردۆتەوە و تەنیا بابەتە گرنگەکانمان دیاری کردووە، تاوەکو بخوێندرێن. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر بارودۆخی حکومەت لەرووی داراییەوە باش بێت، پلانیان هەیە لە هاویندا بەکردنەوەی خولی بێبەرامبەر قەرەبووی خوێندنی قۆناغە گرنگەکان بکەنەوە . بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە نزیکەی پێنج مانگە پڕۆسەی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی دواکەوتووە، پاش چەند بەڵێنێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەم مانگەدا بەشێکی زۆری مامۆستایان بایکۆتیان شکاند و گەڕانەوە هۆڵەکانی خوێندن. دڵشاد عومەر دەشڵێت، تاوەکو 30 مانگی پێنج دەوام لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت. 

هاوڵاتی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوێکی تورکی، لە گوندێکی ناحیەی شه‌ران لە گونده‌واری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان، شوێنی ئۆردوگایەکی نوێییان بۆ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان کردەوە، ئەمەش لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دووەم ئۆردوگای تورکیایە و لە هەمان گوندیشدا سێیەم ئۆردوگایه‌. ئاژانسی هەواڵی نۆرس پرێس لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕێکخراوی ئەوقافی ئاینی تورکی ئۆردوگایەکی نوێی لە نزیک گوندی كفرۆم لە ناحییه‌ی شه‌ران دروستکردوە جگە لە دانانی بەردی بناغەیه‌كیش بۆ ئۆردوگایەکی دیكه. ئەو ئاژانسە دەڵێت،  ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ توركیا له‌و ناوچانه‌ی داگیری كردووه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان، په‌له‌ ده‌كات له‌ دروستكردنی ئۆردوگای نیشتەجێبوون له‌سه‌ر خاكی هاوڵاتییانی كورد بۆ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە ئه‌و ئۆردوگایه‌ لە زیاتر لە 500 شوقە پێکدێت و ناوی" گوندی ده‌ستی هاوکاری نیشتەجێبوون”ه. شەش ساڵ بەسەر داگیرکردنی شاری عەفریندا تێدەپەڕێت، لە ١٨_٣_٢٠١٨ دەوڵەتی تورکیا دوای ٥٨ رۆژ شەڕکردن و ئاوارەبوونی بەهەزاران عەفرینی و بریندارکردن و کوشتنیان. دەستی بەسەر شارەکەدا گرت. عەفرین یەکێکە لەشارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای کانتۆنی فورات. زۆرترین دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کوردن و هەریەکە لەعەرەب و چەرکەس و پێکهاتەکانی دیکەی تێدا دەژین. ئاینەکانی موسڵمان و مەسیحی و عەلەوی تێدا جێی خۆیان دەگرن. بەپێی ئاماری دامەزراوەی مافی مرۆڤی کانتۆنی عەفرین  لەسەرەتای داگیرکاریەکانەوە بەنزیکەی ٣٠٠هەزار خەڵکی ئەم شارە ئاوارەی ناوچەکانی دەوروبەر بوون، بەپێی دوایین ئامارەکان رێژەی کورد لەئێستادا کەمبووەتەوە بۆ ٢٥٪ لەماوەی ساڵانی ٢٠١٨_٢٠٢٤. لەجێگەی ئەوان عەرەب و تورکمانەکانی «حمس و حەماو غوتێ» بەجێکراون. رێژەی هەریەکە لەعەرەب و تورکمان لەئێستادا بەنزیکەی ٧٠٪ بەرزبۆتەوە.

هاوڵاتی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوا له‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كه‌ن، بڕیار له‌سه‌ر دابه‌شكردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سێ موچه‌ نه‌دراوه‌كه‌ی مانگه‌كانی (تشرینی یه‌كه‌م/10، تشرینی دوه‌م/11، كانونی یه‌كه‌م/12)ی 2023ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم بدات. سۆران عومه‌ر له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "له‌گه‌ڵ 25 په‌رله‌مانتاری دیكه‌ داوای سێ موچه‌ نه‌دراوه‌كه‌ی ساڵی 2023ی فه‌رمانبه‌رانمان ئاراسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد". ده‌شڵێت، "خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕوانی له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵییه‌ له‌گه‌ڵ داهاتی ناوخۆی هه‌رێم بڕیاری پێدانی ئه‌و سێ موچه‌یان بۆ بدرێت". لە نوسراوەكەدا هاتووە، (لەبڕیاری دادگای فیدراڵی رۆژی (21/2/2024) لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی لەناوەڕۆكی بڕیارەكەدا كە خوێندییەوە دەڵێت ( ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو بە بڕگەكانی (أ، ب، ج، ‌و) لە بڕگەی دووەمی مادەی (12) لەیاسای بودجەی گشتی فیدراڵی، پێویستە خەڵكی كوردستان بێ بەش نەكرێت لە قوتی ڕۆژانەو سەرچاوەی بژێویی). لە بەشێكی دیكەی نوسراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە پاڵپشت بەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی كە مووچەی سێ مانگی مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێم ل ەساڵی 2023 نەدراوە، "داواكارین ئەو مووچە نەدراوانە بدرێتەوە بەخەڵكی كوردستان، بۆ هەرمانگێك (618 ملیار دینار لەگەڵ 320 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم ) مووچە نەدراوەكانی بەهەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێم پێ دەگەڕێنرێتەوە."  

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ( پێنتاگۆن) رایگەیاند دوا بە دوای هێرشی حووسییەکان بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ئەمڕۆ یەکشەممە بە پشتیوانی ٦ وڵاتی هاوپەیمان ١٨ خاڵیان لە یەمەن کردۆتە ئامانج کە سەر بە حووسییەکان بووە. پێنتاگۆن لە دەربارەی ئەم چالاکییە هاوبەشە رایگەیاندووە:" هێرش کراوەتە سەر ١٨ ئامانج لە ٨ شوێنی یەمەن، لەوانە دامەزراوەو کۆگای تەقەمەنی، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان، سیستەمی بەرگری ئاسمانی و هەروەها کۆپتەرێک کراوەتە ئامانج". ئەمە چوارەمجارە ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوبەشی بنکەو شوێنەکانی حووسیەکان ئەکەنە ئامانج دوای ئەوەی ئەم گرووپە دەستیکرد بە هێرشکردن بۆ سەر کەشتییە بازرگانیەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. لۆیید ئاوستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند :" ئۆسترالیا، بەحرین، کەنەدا، دانیمار و هۆڵەندا و نیوزیلەند پشتیوانیان لەم هێرشە هاوبەشەی بەریتانیا و ئەمریکا کردووە. هاوکات وڵاتە پشتیوانەکانی ئەم هێرشە لە راگەیاندنێکی هاوبەشدا رایانگەیاند:" ئامانجەکان زۆر ورد پێکراون، مەبەست لێیان لاوازکردنی تواناکانی حووسییەکانە بۆ ئەوەی نەتوانێت هێرش بکاتە سەر کەستییە بازرگانییەکان و گیانی کەشتیوانە بێ تاوانەکان نەخاتە مەترسییەوەو هەروەها کێشە بۆ بازرگانی دەریایی لەم ناوچەیە دروست نەکات. هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا یەکەمجار رۆژی ١٢ی کانوونی دووهەم هێرشی هاوبەشیان کردە سەر ٦٠ خاڵ لە ١٦ شوێن لە یەمەن و بنکە و دامەزراوەکانی سەر بە حووسییەکانیان کردە ئامانج. هەر لەم پەیوەندەدا کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلمەسیرە، کە لە لایەن حووسییەکانەوە بەڕێوە ئەبرێت، بەرەبەیانی یەکشەممە ٢٥ی شوبات رایگەیاند، هێزە ئەمریکی و بەریتانیاییەکان سەنعا، پێتەختی یەمەنیان کردۆتە ئامانج و هێرشیان کردۆتە سەری. خالد ئەلشایف، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی سەنعا رایگەیاند ، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر پێتەختی یەمەن. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سەنعا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Xنووسی:" کۆمەڵێک هێرش کراوەتە سەر سەنعای پێتەخت و فڕۆکەکان بە ئاسمانی شارەکەدا دەسووڕینەوە". کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلمەسیرە، رۆژی هەینی رایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا سێ هێرشی ئاسمانیان کردۆتە سەر ناوچەی "الصیف" لە پاریزگای "حدیدە"ی یەمەن. ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم) رۆژی شەممە ٢٤ی شوبات رایگەیاند پاپۆڕی " یوو ئێس ئێس میسۆن" مووشەکێکی بالستیکی دژە کەشتی حووسییەکانی لە کەنداوی عەدەن خستۆتە خوارەوە. سێنتکۆم ئەڵێت، کاتژمێر ٥ی دوانیوەڕۆ بە کاتی سەنعا، پاپۆڕی "یوو ئێس ئێس میسۆن" مووشەکێکی بالستیکی دژە کەشتی خستە خوارەوە کە لە لایەن حووسییەکانەوە بەرەو کەنداوی عەدەن هەڵدرابوو. بە پێی ئەم راپۆرتە، حووسییەکان ویستویانە کەشتی "تۆرم سوور" بکەنە ئامانج کە کەشتییەکی نەوتی- کیمیایی ئەمریکیەکانە. سێنتکۆم رایگەیاند توانراوە پێش ئەوەی مووشەکەکە ئامانجەکەی خۆی بپێکێت بخرێتە خوارەوەو زیان بە کەشتی نەوتهەڵگری تۆرم سوور نەگەیشتووە. دوای دەستپێکی جەنگی غەزە، حووسییەکان بە پشتیوانی لە فەلەستییەکان رایانگەیاندووە تا پاشەکشە کردنی ئیسرائیل و کۆتایی جەنگ، ئیزن نادەن هیچ کەشتییەکی بازرگانی ئیسرائیلی لە دەریاکاندا هاتووچۆ بکات. حسێن عیزی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حوسیەکانی یەمەن لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ڕۆیتەر لەبارەى داخستنى گەروى بابولمەندەب ڕایگەیاند،" ئەوەندە ھێز و توانامان ھەیە، کە بتوانین گەرووی بابولمەندەب بە یەکجاری دابخەین، بەڵام ئەو کارە ناکەین".  دەشڵێت، "بەڵام رێگە بە ھیچ کەشتییەک نادەین بە دەریای سور و کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبدا ھاتووچۆ بکات ئەگەر پەیوەندییان بە ھەر لایەن و کەسایەتییەکی ئیسرائیلییەوە ھەبێت." ئەوەشى خستووەتەڕوو،گەرووی بابولمەندەب  تائێستا کراوەیە و دانەخراوە، نیشانەی ئەوەیە حوسیەکان لەگەڵ بەردەوامی جموجۆڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندایە و نایەوێت کێشەی بۆ دروست بکات، ئەمەش سەرجەم تۆمەت و زانیارییە ناڕاستەکانی ئەمریکا و بەریتانیا رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن حوسیەکان دەیەوێت جموجۆڵی بازرگانی لە دریای سور پەکبخەن. حووسییەکان گرووپێکی میلیشای سەر بە کۆماری ئیسلامین و لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی سەربازی و ئابووری ئەکرێن.  

وەرگێڕانی: شوان عەباس بەدری دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ریکەوتی 24 ی شوباتی 2024  دا، ڤلادمیر پۆتین، سەرۆکی روسیا دەستپێکی چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئۆکرانیا راگەیاند و بەو جۆرە جەنگێکی ماڵوێرانکەر هەڵگیرسا و بەپێی سەرچاوە ئۆکرانی و رۆژئاواییەکانیش تائێستا نزیکەی 10 هەزار کەسی سڤیل و 200 هەزار سەربازی روسی و ئۆکرانی لە جەنگەکەدا کوژراون و کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییە ئۆکرانییەکان لەلایەک و لایەکی دیکەوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داناوە. بۆ تیشک خستنەسەر زیاتری جەنگەکەش گۆڤاری "لۆبس" لە راپۆرتێکیدا کە لەلایەن "رۆمان فیریر"ەوە نووسراوە ، 10 خاڵی یەکلاکەرەوەی ئەو جەنگ و ململانێیەی خستۆتە روو. 24 شوباتی 2022 .. دەستپیکی داگیرکارییەکە ڤلادمیر پۆتین، لە وتاریکی تەلەفزیۆنی لەناکاودا دەستپێکی چالاکییە سەربازییە تایبەتەکانی راگەیاند و دوابەدوای ئەوەش داگیرکاری روسیا بۆ ناوچەکانی ئۆکرانیا دەستی پیکرد و سەرۆکی روسیا لە جیاتی ناوهینانی "جەنگ" یا "ململانێی سەربازی" رایگەیاند مەبەست لە چالاکییە سەربازییەکانی روسیا بریتییە لە "چەک داماڵین" و "لەناوبردنی نازییەتە" لەو وڵآتە و  لە بەرەبەیاندا بوردومانی کییفی پایەیەختی ئۆکرانیا لەلایەن هێزە سەربازییەکانی روسیاوە دەستیپێکرد. 18 ئایار 2022 .. سوید و فیلەندا داوای ئەندامێتی لەناو ناتۆ دەکەن لەم بەروارەدا، هەردوو وڵاتە ئەسکەندنافییەکەی کیشوەری ئەوروپا بە بیانووی هێرشەکەی سەر ئۆکرانیا داوای ئەندامێتییان کرد لە ناتۆ و "یێنس ستولتنبرگ ی ئەمینداری گشتی ناتۆش وتی ،" ئەمە رۆژێکی زۆر گرنگە و داواکە لە ساتەوەختێکی زۆر هەستیاری سەر مەترسییەکانی  ئاسایشمان کراوە". ئەم داوایەی ئەو دوو وڵاتەش بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ بە کۆتایی بێ لایەنی سوید و فیلەندا ئەژمار دەکرێت کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوەو هەر لە ساڵی 1945 ەوە بێلایەنی خۆیان پاراستبوو. یەکی نیسانی 2022.. کۆمەڵکوژییەکەی بوتشا دوای دەستپیکی یەکەمین هێرشی پێچەوانەی سوپای ئۆکرانیا لە 25ی ئازاری 2022دا، سوپای ئەو وڵاتە لە یەکی نیسانیدا توانیان بچەنە ناو شارۆچکەی بوتشا ی باکووری رۆژئاوای کێفی پایەتەختی ئۆکرانیاوە و دوای دەست بەسەرداگرتنی ئەو شارۆچکەیەش بۆیان دەرکەوت سوپای روسیا لەو شارۆچکەیەدا کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە، بە جۆرێ زیاتر لە 400 تەرمییان لەسەر جادە و ناو کۆڵان و ماڵەکان و چەند گۆرێکی بە کۆمەڵ  ئەو شارۆچکەیە کۆکردەوە ، ئەم روداوەش بە توندی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەرکۆنە کرا و "ئەمانویل ماکرۆن"ی سەرۆکی فەرەنسا و "ئۆرسۆلا فون"ی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا کۆمەڵکوژییەکەیان بە "تاوانی جەنگ" وەسف کرد. 30 ئەیلولی 2022.. روسیا چوار ویلایەتی ئۆکرانی دەبەستیتەوە بە خۆیەوە لە میانەی ڤیستیڤاڵێکدا کە لەناو کرملین سازدرا، بە فەرمی سەرۆکی روسیا، ویلایەتەکانی "دۆنیستک و لوگانست و خیرسۆن و زابارۆجیا" ی بە بەشێک لە خاکی روسیا ناساند و رایگەیاند کە ئەم هەنگاوە لە دوای چەند راپرسییەک لەو ویلایەتانە هاتووە، بەڵام ئۆکرانیا ئەو راپرسیانەی بە نایاسایی وەسف کرد و کۆمەڵکەی نێودەوڵتیس دانی پیانەنا. بە پێی راپۆرتەکەی رۆژنامەکەش ئەم هەنگاوە ، هەنگاویکی رێخوشکەر بوو تا روسیا لە دژی هەر پەلامارێک بۆ سەر ئەو ناوچانە کە بوون بە بەشێک لە خاکی روسیا هەرەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات. 11 ی نۆڤەمبەری 2022.. کۆنترۆڵکردنەوەی  خیرسۆن لەدوای هێرشە پێچەوانەکەی سوپای ئۆکرانیا لە 29ی ئابی 2022، سوپای ئەو وڵاتە توانییان بچەنە ناو خیرسۆنەوە. بەپێی راپۆرتی گۆڤارەکەی "لۆبس" ئەم ناوچەیە بە تاکە ناوچەیەی هێزەکانی روسیا ئەژمار دەکرا کە دەکەوتە پشت رووباری "دنیبر" و بەرگری کردن لێی کاریکی سەخت بوو، ئەم هەنگاوەش بە سەرکەوتنیکی مەزن بۆ سوپای ئۆکرانیا ئەژمار دەکرا. 20ی ئایاری 2023.. فاگنەر کۆنترۆڵکردنی باخموت رادەگەیەنێت دوای چەندین مانگ لە پێشرەوییە خاوەکانی سوپای روسیا ، "یفگینی بریگوجین" ی فەرماندەی گروپی ڤاگنەری روسیا رایگەیاند کە هێزەکانیان بەتەواوی "باخموت"یان کۆنترۆڵ کردووە، بەم ئەم هەواڵە لەلایەن دەسەڵتدارانی ئۆکرانیاوە رەت کرایەوە و رایانگەیاند ، هێشتا ئەو شارە بەتەواوی لەلایەن روسیاوە کۆنترۆڵ نەکراوە و هیزەکانیان لە هەندێک ناوچە بەرگری دەکەن ، هەروەها ئەوەشیان راگەیاند ، کە بارودخەکە قەیراناوییە و جەنگێکی خویناوی لەو شارە دەگوزەرێت.  هەشتی حوزەیرانی 2023.. دەستپێکی هێرشی پێچەوانە لەم هێرشەدا "فولودیمیر زیلینسکی" سەرۆکی ئۆکرانیا ، بەمەبەستی گەیشتن بە دەریای "ئازوف" فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد  هێرش بکەنە سەر هێڵی بەرگری سوپای روسیا لە نێوان ناوچەکانی "زاباروجیا"و " دونیتسک" و بۆ ئەم مەبەستەش 35 هەزار سەبازی ئامادە کرد ، بەڵام هێرشەکە چ لەلایەن ڤلادمیر پۆتین ی سەرۆکی روسیا و چ لەلایەن خودی هەیئەی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیاوە بە هێرشێکی سەرنەکەوتوو وەسف کرا ، دوابە دوای ئەو هێرشەش "فالیری زالوجنی" فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا رایگەیاند،" توانای روسیا لە رووی چەک و جبەخانە و مووشەکەوە زۆر لە پێش توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیاوەیە و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو جیاوازییەش لە بەرژەوەندی خۆیدا بپارێزێت". 23و24 حوزەیران ی 2023.. یاخی بوونی ڤاگنەرەکان دوابەدوای ئەوەی "یفگینی بریگۆجین"ی فەرماندەی گروپی ڤاگنەرەکانی روسیا ، دەسەڵاتدارانی روسیای بە کووشتنی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی بە فەرمانی راستەوخۆی مۆسکۆ تۆمەتبار کرد ، ئەو گروپە دەستییان بە یاخی بوونێکی سەربازی لە دژی سوپا و دەسەڵاتدارەکانی کرملین کرد و بەرەو مۆسکۆی پایەتەختی روسیا دەستییان بە پێشرەوی کرد ، بەڵام دوابەدوای رێکەوتنی نێوان "ئەلکساندەر لۆکاشینکۆ"ی سەرۆکی بیلاروسیا و فەرماندەی هێزەکانی ڤاگنەر و دواتریش رێکەوتنیان لەگەڵ ڤلادمیربۆتین لە دووری 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆی پایەتەختەوە گیرسانەوە . لە 23 ئابی 2023شدا ، "یفیگینی بریگۆجین"ی فەرماندەی گروپی ڤاگنەر و " دیمیتری ئوتکین" ی شەریکی ،  لە روداوی تێکشکانی فرۆکەکەیدا کوژران و رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە 22ی سێپتەمبەری 2023دا بڵآویکردەوە کە رووداوەکە لە رێی بۆمبێک کە لە ژێر یەکێک لە باڵەکانی فرۆکەکە چێنرابوو روویداوە و ناوبراو تیرۆر کراوە. یەکی شوباتی 2024.. یارمەتییەکانی ئەوروپا وڵاتانی یەکێتی رێکەوتن کە بۆ ماوەی چوار ساڵ بە بڕی 50  ملیار یۆرۆ یارمەتی ئۆکرانیا بدەن ، "چارلز مایکل"ی بەرێوەبەری ئەنجومەنی ش رایگەیاند ، ئەم هەنگاوە زامنی یارمەتییەکانی یە بە شێوەیەکی بەردەوام و درێژخایەن بۆ ئۆکرانیا. 19ی شوباتی 2024..روسیا ئەفیدیفکا کۆنترۆل دەکات لەم بەروارەدا هێزەکانی روسیا توانیان شارۆچکەی ئەفیدیفکیا لە ناوچەی دۆنیتسک کۆنترۆڵ بکەن ، کە بە گەورەترین سەرکەوتنی هێزەکانی روسیا لە دوای کۆنترۆل کردنی باخموت ئەژمار دەکرێت ، ئۆکرانیاش لەم سەرکەوتنەی روسیا ، ئەمریکای بە خەتابار ناساند و ئۆباڵی ئەو شکستەی خستە ئەستۆی واشنتۆنەوە و سەرۆکی ئۆکرانیا رەخنەی تووندی لە کەمتەرخەمییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئۆکرانیادا گرت و دانی بەوەدانا کە دۆخەکە لە زۆربەی شەرگەکاندا قەیراناوی و مەترسیدارە.

هاوڵاتی حکومەتی عێراق بڕیاری دروستکردنی زانکۆی لە قەزای شنگال دەرکردووە و بەمنزیکانه دەست بە دروستکردنی دەکرێت.  حەسەن ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال بەشی عەرەبی به هاوڵاتی راگەیاند "بڕیاری دروستکردنی زانکۆی شنگال لەلایەن حکومەتی عێراق دەرچووە، ئەو شوێنەی هەڵبژێردراوە بۆدروستکردنی ناوی (ئادیکا)یە و دەکەوێتە سنووری ناحیەی سنون، 210 دۆنم زەوی دابینکراوە، بەمنزیکانە بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت". ئاماژەی بەوەشکرد "بودجەیەک بۆ پرۆژەکە دابینکراوە، بەڵام بە تەواوی نازانم بڕەکەی چەندە، ئەمه یەکەمجارە زانکۆیەک بۆ شنگال دروست بکرێت، بەدڵنیایەوە خوێندنکارانمان لەجیاتی بچنە موسڵ و شارەکانی دیکە هەر لە شنگال درێژە بە خوێندنی خۆیان دەدەن".  لەئێستادا ١٠٧ خوێندنگەی عەرەبی لە ناوەندی شنگال و دەوروبەری هەن، ژمارەی خوێندکارانیش نزیکەی ٣٠ هەزار خوێندکارە.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی نەبوونی پارەی نەختینەیی بۆ دابەشکردنی مووچە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند "ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە کە باس لە نەبوونی پارەی نەختینەیی دەکەن بۆ دابەشکردنی مووچە"، جەختیشی لەوەکردەوە "مووچەی فەرمانبەران و بیمەی کۆمەڵایەتی و مووچەی خانەنشینان بەبێ دواکەوتن دابین دەکەین". لە روونکردنەوەکەدا وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت "ئەو پلانەی چاکسازی دارایی و ئابووری کە حکومەت پەیڕەویکرد، بووە هۆی زیادبوونی بەرچاو لە گەشەی ئابووریدا، هەروەها سەرچاوەیەکی گرنگی بۆ دەوڵەت بەدەست هێنا لەڕێگەی زیادکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و دەستپێکردنەوەی ژمارەیەک کارگەی هەڵپەسێردراو، بەتایبەتی خۆراک و کارگەکانی بیناسازی، لەگەڵ زیادبوونی رێژەی بەرهەمهێنان لە چەند پڕۆژەیەکدا".

هاوڵاتی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەرلەبەیانی  ئەمرۆ یەکشەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی بوردوومانێکی ئاسمانی فرۆکە ئیسرائیلییەکان لە سەر سنووری سوریا – لوبنان دوو ئەندامی حزبوڵای لوبنانی کوژراون. روانگەکە ئەوەشی خستۆتە روو، کە هێرشەکە لە ناوچەیەکی نێوان پارێزگای حومس و ریفی دیمەشق لە نزیک سنووری سوریا و لوبنان بۆ سەر بارهەڵگرێک ئەنجامدراوە. بەڵام تا ئێستا نە ئاژانسە هەواڵییەکانی سوریا و نە حزبوڵای لوبنانی هیچ روونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە نەخستووەتە روو. دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە، سوپای ئیسرائیل لە رێگەی فرۆکە و فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە هێرشەکانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سوریا و بە تایبەتیش ناوچەکانی ریفی دیمەشق چڕ کردووەتەوە. لەلایەکی دیکەوە ئالۆزییەکانی سەر سنووری نێوان ئیسرائیل و باشووری لوبنانیش گەیشتۆتە لووتکە و  تا ئێستا تەنها لەناو خاکی سوریادا 14 ئەندام و چەکداری حزبوڵا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون.

هاوڵاتی بڕیارە رۆژى سێشەممە ئەنجومەنى وەزارەتی پەرەوەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە لەبارەی هەموارکردنەوەى ساڵنامەى خوێندن و کورتکردنەوەی پرۆگرامی  خوێندنى 12ى ئامادەیی. ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەی هەرێم لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "رۆژى سێشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٤ لە ئەنجومەنى وەزارەت گفتوگۆى چەند پرسێک دەکەن کە گرنگترینیان هەموارکردنەوەى ساڵنامەى خوێندنە لە ئەگەرى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە مانگى حوزەیران کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنى تاقیکردنەوەکانى 12ى ئامادەیی". وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد "هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کە بڕیارە رۆژى سێشەممە ئەنجام بدرێت، گفتوگۆ لەبارەی بابەتى کورتکردنەوەى پرۆگرامى خوێندنى 12ى ئامادەیی دەکرێت". ئەوەشی خستەڕوو "بەهۆى ئەوەى لە بەشێک لە ناوەندەکانى خوێندن، درەنگ دەست بە پرۆسەى خوێندن کراوە، پێدەچێت هەموارى پشووەکانى بەهار بکەن و کورتى بکەینەوە".

هاوڵاتی لەدوای بۆردوومانی ناوچەیەکی گەشتیاری قەزای زاخۆ لە ساڵی ٢٠٢٢ کە ژمارەیەک گەشتیاری عەرەب بوونە قوربانی حکومەتی عێراق بڕیاریداوە خاڵە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکات. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکانی عێراق و لەگەڵیشیدا خاڵە سنووریەکانی هەرێم هاوڵاتی بەدواداچوونی بۆ ئەم پرسە کرد و بەرپرسێکی باڵا لە پاسەوانی سنوور کە ناوەکەی لای هاوڵاتی پارێزراوە رایگەیاند "لەدوای بۆردوومانی ناوچەیەکی گەشتیاری قەزای زاخۆ لە ساڵی ٢٠٢٢ کە ژمارەیەک گەشتیاری عەرەب بوونە قوربانی، حکومەتی عێراق بڕیاریدا کە دەبێت هێزەکانی پاسەوانی سنوور بچنە خاڵە سنوورییەکان رێگە لە بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێران بگرن". ئاماژەی بەوەشکرد "ماوەی دوو ساڵە هەنگاوەکان بەردەوامن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە و بودجەی بۆ تەرخاندەکرێت بە تایبەت لە لیوای ٢١ی پاسەوانی سنوور لە پارێزگای هەڵەبجە کە لیوایەکی نوێیە کە دەستیانکردووە بە تەلبەنکردنی دەروازەکە بۆ قەدەغەکردنی هاتووچۆ و رێگریکردن لە بەزاندنی سنووری عێراق". ئەو بەرپرسە ئاشکراشیکرد "هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە سستن، هەروەها دوورخستنەوەی هێزەکانی ئێران و پەکەکە لەو سنوورانە کارێکی ئاسان نییە".    

هاوڵاتی ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا. ئاوات ئازاد، ئەندامی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بە هاوڵاتی راگەیاند "دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤ دواخرا". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "دانیشتنی دادگای فیدراڵی لە ١٧ی ئازار بۆ بڕیاردانی کۆتایی دەبێت لەسەر سکاڵای راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان". نزیکەی ١٠ ساڵە حکومەتى هەرێمى کوردستان پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى مەدەنى راگرتووە، هۆکارەکەى بۆ قەیرانى دارایی دەگەڕێنێتەوە، کە ئەوکات بەغدا بودجەى هەرێمى کوردستانى راگرت و تائێستاش کێشەکە چارەسەنەکراوە.

هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە. م. ئاوات ئازاد، ئەندامی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەران بە هاوڵاتی وت "بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠١٦وە بەشێوەیەکی نایاسایی کۆبێتەوە".  ئاماژەی بەوەشکرد "دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕازیی سکاڵاکەمان لەسەر سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی تۆمارکردووە، لە سکاڵاکەدا داوامان کردووە مووچەکانمان هاوتای مووچەخۆرانی شارەکانی دیکەی عێراق بکرێت و دابەشکردنەکەشی دوانەکەوێت".   ئەوەشی خستەڕوو "خۆشمان ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی دەبین، پێمان وایە لەو دانیشتنەدا دادگا بڕیاری کۆتایی بدات یان تەنیا یەک دوو رۆژێک دانیشتنەکە دوابخات و دواتر بڕیار بدات".

هاوڵاتی حوسیەکانی یەمەن ھەڕەشەی داخستنی یەکجاریی گەرووی بابولمەندەب دەدەن و دەڵێن رێگە بە ھیچ کەشتییەکی ئیسرائیلی نادەن لە دەریای سور ھاتووچۆ بکات. حسێن عیزی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حوسیەکانی یەمەن لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ڕۆیتەر لەبارەى داخستنى گەروى بابولمەندەب ڕایگەیاند،" ئەوەندە ھێز و توانامان ھەیە، کە بتوانین گەرووی بابولمەندەب بە یەکجاری دابخەین، بەڵام ئەو کارە ناکەین".  دەشڵێت، "بەڵام رێگە بە ھیچ کەشتییەک نادەین بە دەریای سور و کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبدا ھاتووچۆ بکات ئەگەر پەیوەندییان بە ھەر لایەن و کەسایەتییەکی ئیسرائیلییەوە ھەبێت." ئەوەشى خستووەتەڕوو،گەرووی بابولمەندەب  تائێستا کراوەیە و دانەخراوە، نیشانەی ئەوەیە حوسیەکان لەگەڵ بەردەوامی جموجۆڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندایە و نایەوێت کێشەی بۆ دروست بکات، ئەمەش سەرجەم تۆمەت و زانیارییە ناڕاستەکانی ئەمریکا و بەریتانیا رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن حوسیەکان دەیەوێت جموجۆڵی بازرگانی لە دریای سور پەکبخەن. لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە، دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن پشتیووانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریای سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج، ئەمەش وای كرد چەند وڵاتێك بە سەرۆكاییەتی ئەمریكا هاوپەیمانییەك دژی حووسییەكان لە دەریای سوور درووست بكەن، تا ئێستاش ئەو دوو لایەنە هێرش دەكەنە سەر یەكتر و مەترسی لە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دیكەش درووست بووە.

هاوڵاتی له‌ ئۆپراسیۆنێكی تایبه‌تی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق، دوو سه‌ركرده‌ی داعش لەدەرەوەی عێراق ده‌ستگیركران كه‌ به‌ "مەترسیدارترین سەرکردەی رێکخراوی داعش" داده‌نرێن. ئەمڕۆ شەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند:" بە چاودێری راستەوخۆی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و بە هەوڵی هەواڵگری کە چەند ساڵێکی خایان، هێزەکانی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی توانیان دوو لە مەترسیدارترین سەرکردەکانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات دەستگیربکەن، کە لە چەندین تاوانی قێزەون تێوەگلابوون. ئاماژە بەوەشکراوە، ئه‌و دوو چەتەیە له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی عێراق ده‌ستگیركراون و گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ببرێنه‌ به‌رده‌م دادگا و لێپرسینه‌وه‌یان لەگەڵ بکرێت. باس لەوەشکراوە، یەکێک لەوانە ناوى عیسام عه‌بد عه‌لی سه‌عیدانە و نازناوی (ئه‌بو زه‌ید)، كه‌ كاری رۆژنامه‌نوسی له‌ پارێزگای فه‌لوجه‌ بۆ داعش ئه‌نجامداوه‌، ده‌ستی له‌ سه‌ربڕینی هه‌ریه‌ك له‌ كازم ریكابی سه‌ربازی سوپای عێراق هه‌بوه‌. دەشڵێن، ئەو چەتەیە به‌رپرسیارە له‌ به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رجه‌م چالاكییه‌ میدیاییه‌كانی چەتەکانى داعش له‌ فه‌للوجه‌ له‌ دوای ساڵی ٢٠١٤، جگه‌ له‌وه‌ش بەشداربووە له ‌تۆماركردنی ڤیدیۆی كوشتن و كاره‌ دڕندانه‌كانی چەتەکانى داعش به‌تایبه‌ت تۆماركردنی ڤیدیۆی سه‌ربڕینی سه‌ربازانی سوپای عێراق مسته‌فا عه‌زراوی و سه‌میر موراد ده‌لۆی. راشیگەیاند، تیرۆرستی دووەم ناوی بەشیر عەب عەلی سوعەیدانە کە ناسراوە بە ئەبو ئەحمەدی پەیوەندییەکان، کە بە هەمان شێوە بەرپرسی هەموو کردەوە تیرۆرستییەکانی داعش بووە لە فەلوجە دوای ساڵی 2014، کە ئەرکی سەرەکی شکاندنی کۆدی پەیوەندییەکانی سەرکردایەتی رێکخراوەکە بووە.

هاوڵاتی شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بە مەبەستی وردبینیکردن لە خەرجی و داهاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی ڕابردوو گەیشتە هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ شەممە (24ـی شوباتی 2024) هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە بە میدیاى پارتى ،راگەیاند، شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و سبەی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی لە خەرجی و داهاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوو دەکەن. وابڕیارە شاندەکە لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەست بە وردبینی لە خەرجی و داهاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوو بکەن، کە ئەوەش لە چوارچێوەی  رێکارێکی هونەری یاسای بودجەی عێراقە کە سێ مانگ یان شەش مانگ جارێک وردبینی لە داهات و خەرجیەکان دەکەن. هونەر جەمال، باسی لەوەشکرد، بریارە شاندەکە سەردانی هەردوو  وەزارەتی دارایی و  سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.