هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەمە 21/2/2024 ، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان و هەروەها یەک بازنەیی و فرەبازنەیی پڕۆسەی هەڵبژاردن دا . لەبریارەکەی دادگادا هاتووە کە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە کەم دەکرێتەوە بۆ 100 کورسی بەمەش ئەو 11 کورسییەی کە تایبەت بوو بە پێکهاتەکان هەڵوەشاندەوە . هەروەها لە بریارێکی دیکەی دادگاکەدا هاتووە کە کۆمیسیۆنی عێراق شوێنی دەستەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەگرێتەوە . بریارێکی دیکەی دادگای فیدراڵی عیراق لە دانیشتنەکەی ئەمرۆیدا بریتی بوو لە فرە بازنەیی بوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بە جۆرێک کە لە چوار بازنە کەمتر نەبێت، هەروەک چۆن هەموو کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی بەشداری کردنی لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە . بە پێی زانیارییەکان پارێزگای هەولێر 34 کورسی و پارێزگای سلێمانی 38 کورسی و پارێزگای دهۆک 25 کورسی و پاریضگای هەڵەبجە 3 کورسی بۆ تەرخان کراوە. تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەی دادگای فیدراڵی عیراق تایبەت بوو بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق رایگهیاند، دهبێت وهزارهتی دارایی عیراق مانگانه پاره بۆ مووچهی ههرێمی كوردستان بنێرێت هاوشێوهی پارێزگاكانی دیكهی عیراق. هەروەها دادگاکە بڕیاری دا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق بخرێتە سەر بانکە فیدراڵییەکان، بەوەش مووچەی فەرمانبەران دەخرێتە سەر بەغدا. هاوکات دادگای فیدراڵی، هەرێمی کوردستانیشی پابەند کرد بەوەی سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکرێت . بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی حکومەتی عێراق و هەرێم پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی و تانەیان لی نادرێت
زریان فەرەیدوون نرخی گۆشتی سوور لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی مانگێکدا بەشێوەیەکی خێرا رووی لەبەرزبوونەوە کردووە، ئەوەش بەهۆی کەمی هاوردەکرنەوە. حکومەتیش داوا لەگۆشتفرۆشان دەکات نرخەکەی هەرزان بکەن لەکاتێکدا ئەوان دەڵێن ئەگەر بەقسەی حکومەت بکەن دەبێت بەزەرەر بیفرۆشنەوە چونکە هیچ هاوکارییەکیان ناکات. نرخی فەرمیی گۆشتی سوور لەنێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی شارو شارۆچکەکان جیاوازە، بۆ نموونە لەسلێمانی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 23 هەزار دینارە، لەهەولێر و دهۆک بە 22 هەزار دینارە، لە هەڵەبجە بە 18 هەزار دینارە. هەروەها کیلۆیەک گۆشتی مانگا لەسلێمانی بە 22 هەزار دینارە، لەهەولێرو دهۆک بە 18 هەزار دینارە، لەهەڵەبجە بە 16 هەزار دینارە. ئەکرەم رەزا ئاژەڵدار لەمەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دەڵێت، «بەهۆی هاوردەنەکردنی ئاژەڵ لەدەرەوە ژمارەیان لەمەیدانەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووەو ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی». نرخی کیلۆیەک ئاژەڵ بەزیندوویی نزیکەی دوو هەزار دینار بەرزبووەتەوە، ئاژەڵدارەکانی مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانیش دەڵێن ئاژەڵ کەمبووەتەوە بۆیە بەهاکەی گرانبووە. ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە بەهاوڵاتی وت، کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور نێودەوڵەتییە، هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەگەڕێتەوە. وتیشی، «بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ تەنها لەهەرێمدا نییە... بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، لەوڵاتانەوە بڕێکی کەمتر ئاژەڵ هاوردە دەکرێت، لەناوخۆش زیاتر دەکەوێت، هەربۆیە نرخەکەی بەرزبووەتەوە». بەپێی دوایین داتای دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لەساڵی 2022دا، توانراوە 55٪ی پێویستیی گۆشتی سوور لەناوخۆ دابینبکرێت، کەنزیکەی 75 هەزار تۆنە لەساڵێکدا، ئەوەی دیکە دەبێت هاوردەبکرێت. ئەو هاوردەیەش لەوڵاتانی جۆرجیا، ئەرمینیا، هەنگاریاو بەرازیل بەفەرمی هاوردە دەکرێت؛ هاوکات، لەچەند وڵاتێکی دیکە بە نافەرمی دەهێندرێت. سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کەڕێگری لەهەناردەکردنی ئاژەڵ دەکرێت، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی وت «ئێمە وڵاتێکی هەناردەکارنین، هاوردەکارین، چونکە بڕەکە لەپێداویستی ناوخۆ کەمترە، لاریمان نییە لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ بەشێوەیەکی یاسایی و هیچ رێگرییەک نییە». بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی گۆشتی سوور، قایمقامیەتی سلێمانی داوای لەگۆشتفرۆشەکان کردووە هەر کیلۆیەک گۆشت بە 22 بۆ 23 هەزار دینار بفرۆشن، بەڵام ئەوانیش بەمە رازی نین و لەئێستادا نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لەبازاڕدا گەیشتووەتە 25 هەزار دینار. ئاسۆ عومەر وتەبێژی گۆشتفرۆشانی هەرێمی کوردستانیش لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەلایەن قایمقامیەتی سلێمانییەوە داوایان لێکراوە گۆشت بەنرخی ٢٣ هەزار بفرۆشین تاکاتێکی نادیارو تا ئەوکاتەی لەهۆکاری گرانبوونی نرخەکەی لەمەیدانی ئاژەڵان دەکۆڵنەوە کە لەئێستادا نرخی هەر کیلۆیەک گۆشتی سور ١١ هەزار دینارە بۆ ئاژەڵە زیندووەکان. باسی لەوەشکرد کەئەو نرخەی بۆیان دیاریکراوە زۆر کەمەو هیچ قازانجێکی لێناکەن و گۆشتەکە ٢٤ هەزار دینار لەسەریان دەکەوێت و هاووڵاتیانیش نایکڕن. قایمقامیەتی سلێمانی بەهاوڵاتی وت کەئەو بابەتە پەیوەندی بەوانەوە نییەو پەیوەستە بەچاودێری بازرگانی سلێمانییەوە، هاوڵاتی پەیوەندی بەژووری بازرگانی سلێمانی و چاودێری بازرگانی سلێمانییەوە کرد بەڵام ئامادەنەبوون لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدەن. رۆژانە لەپارێزگای سلێمانی، 120 تۆن گۆشتی سوورو 80 تۆن گۆشتی سپی بەکاردەهێنرێت.
شوان عباس بەدری دوای زیاتر لەپێنج مانگ لەبایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن، بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی رایانگەیاند بەڵێنی چارەسەرکردنی داوکاریەکانیان لەلایەن حکومەتەوە دراوەو خۆپیشاندان هەڵدەپەسێرن بەڵام بەشێکی تریان دەڵێن بەردەوام دەبن بەشێوازی جۆراوجۆر. شەوی دووشەممە 19/2/2024 بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی هەڵەبجە لەدوای کۆبوونەوەیەکی ژمارەیەک لەمامۆستایان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مامۆستایانیان سەرپشک کرد لەگەڕانەوەیان بۆ ناوەندەکانی خوێندن یان بەردەوامیدان بەبایکۆت، بەڵام مامۆستایانی هەندێک لەقەزاکانی تر دەڵێن ئەوان سوورن لەسەر بایکۆت تابەڵێنەکان جێبەجێدەکرێن. مامۆستایانی ناڕازی پێنج داواکاری سەرەکییان هەیە کەدیارترینیان دامەزراندنی وانەبێژان و دەسپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە. هەروەها داوادەکەن چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو دیاری بکرێت لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا . هەروەها دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو بڕە پارانەی بەهەر ناوێکەوە لەمووچەکان بڕاون لەگەڵ دابەشکردنی مووچەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بانکە حکومییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق. لەگەڵ ئەوەی تائێستا هیچ داوایەکیان جێبەجێ نەکراوە، بەڵام هەندێک لەوانەی بایکۆتیان شکاندووە دەڵێن بەڵێنی زارەکییان لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، بەڵام ئەو بەڵێنانە هەمان ئەو بەڵێنانەن کەمانگی رابردوو وەزارەتی پەروەردە بەنووسراوێک بڵاویکردەوە بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی کارگێڕی و یاسایی تێدابێت، ئەوەش لەکاتی خۆیدا قەناعەتی بەمامۆستایان نەکرد بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن. لەگەڵ ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبوونەتەوە و دەڵێن لەئێستادا چالاکیەکانیان هەڵپەساردووە، بەڵام ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی دەڵێن ئەوان هیچ بڕیارێکی لەو جۆرەیان نەداوە. هادی حەمەڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی بەهاوڵاتی راگەیاند «بەشێک لەمامۆستایانی ناڕازیی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردو چەند بەڵێنێک بۆ چارەسەکردنی کێشەکان درا، بەڵام ئێمە هیچ بڕیارێکمان بۆ هەڵپەساردنی بایکۆت نەداوە». وتیشی «ئێمە چاودێری جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، باوەڕمان وایە دەبێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێبکرێن» . مامۆستا دانا نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند «ئەو بابەتەی کەوەزیر بڵاویکردبووەوە لەدەسەڵاتی وەزیردا نەبوو و زۆر لاستیکی بوو و مەجالی خۆدزینەوەی لەبەرپرسیارێتی زۆر تیا بوو، بەڵام ئەم بریارەی ئەمڕۆ ئەو بابەتانە هەڵناگرێت و پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایانی چەسپاندووە لەگەڵ دامەزراندنی وانەبێژان و جگە لەوەش بەڵێنی داوە دوای جێبەجێکردنی ئەو دوو خاڵەی باسمکرد قۆناغ بەقۆناغ و بەپێی پرەنسیبی خۆیان و بەپێی پلەبەندی خۆیان جێبەجێی سەرجەم داواکان بکەن، کەبریتین لەبابەتی مووچەو مووچە پاشەکەوتکراوەکان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران». سەبارەت بەوادەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارو پەیمانانەش مامۆستا دانا وتی «لەو کۆنووسەی کە لەبەردەستماندایە، کۆنووسەکە ئیشارەتی کردووە بەوەی راستەوخۆ لەگەڵ چاککردنی پرۆژە یاسای بودجەی عیراق، ئەوان یەکسەر دەستدەکەن بەجێبەجێکردنی و لەئێستادا کردوویانە بەبڕیار». وتیشی «بە دڵنییایەوە ئەگەر بێتو ئەو بڕیارانە جێبەجێ نەکرێت ئێمە لەشەقام دەبین و بۆ بایکۆت و هەموو جۆرە ناڕەزایەتییەکی تر دەستمان کراوەیە لەبەرامبەریان». هاوکات ئەم هەڵوێستەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە، ناڕەزایەتی بەشێک لەمامۆستایانی وانەبێژی دەڤەری راپەڕینی لێکەوتەوەو رایانگەیاند کە لەبەرئەوەی بەشدارنەبوون لەکۆبوونەوەکەی مامۆستایان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، بەردەوام دەبن لەبایکۆت. «ئێمە نە لەکۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی بەشداریمان کردووە، نە لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، بۆیە بەردەوامین لەبایکۆت» کارۆخ عبدوڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لەدەڤەری راپەڕین وای بەکەناڵەکانی راگەیاندن وت. کارۆخ عەبدوڵڵا راشیگەیاند، ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی مامۆستایانی دامەزراو (میلاک)ن و مامۆستای وانەبێژانیان تێدا نییە. وتیشی «مامۆستایانی دامەزراو چی بڕیارێک دەدەن بۆ خۆیان دەیدەن نەوەک ئێمە». لەلایەن خۆیەوە ئاسۆ کۆساری، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی لەئیدارەی راپەڕین لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئەو راگەیەندراوەی کەباس لەهەڵپەساردنی بایکۆت دەکات راست نییەو چاوەڕێی بڕیارەکانی داگای فیدراڵی عیراق دەکەین و دوای دەرچوونی بڕیارەکان، بڕیار لەبارەی بایکۆتەوە دەدەین. «بڕیاری شکاندنی بایکۆت دوورە لەخواستی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەرتاسەری ، بەتایبەتیش ئێمەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەڤەری راپەرین، ئێمە خۆمان بڕیاری خۆمان داوە کەدوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق، ئێمە خۆمان رای خۆمان دواجار لەسەر بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان دەردەبڕین» مامۆستا ئاسۆ کۆساری وادەڵێت. لەلایەن خۆیانەوە دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی پشدەریش شکاندنی بایکۆتیان بەتوندی رەتکردەوەو بڕیاری شکاندنی بایکۆتی مامۆستایانیان لەلایەن بەشێک لەبەڕێوبەرەکان بەبڕیارێکی بەپەلەپروزاوی و بێدەسکەوت و ئەنجام وەسفکردو رایانگەیاند، تەنها مامۆستایان خاوەنی راستەقینەی بایکۆتن و رۆژی چوارشەممە 21/2/2024 بە کردار وەڵامی ئەو بڕیارە دەدەنەوە. هەروەها هەریەک لەکفری و کۆیە هێشتا هەڵوێستی خۆیان لەمبارەیەوە یەکلایی نەکردووەتەوە. وا بڕیار بوو رۆژی یەکشەممەی رابردوو 18/2/2024 مامۆستایانی ناڕازی شارەزوورو هەڵەبجەو سەیدسادق و پێنجوێن بێنە دەباشان و شانبەشانی ژمارەیەک مامۆستای ناڕازی دیکەی دانیشتووی سلێمانی بەمەبەستی جێبەجێکردنی داواکانیان لەدەباشان خۆپیشاندانێک ئەنجامبدەن، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لەو بڕیارە ، لەڕوونکردنەوەیەکی بەپەلە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە و شارەزوورو سەیدسادق رایانگەیاند، بەهۆی ئەوەی هەردوو بەرپرسە باڵاکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەدەباشان نین، گردبوونەوەکەیان دواخستووە بۆ رۆژێکی دیکەو لەخۆپیشاندانەکانیان لەشارو شارۆچکەکانی خۆیان بەردەوام دەبن . هەر لەمبارەیەوە مامۆستا دانا نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بەهاوڵاتی راگەیاندبوو کە «ئێمە نابێت بەیەک شێواز خۆپیشاندان ئەنجامبدەین و هەموو رۆژێک لەبەردەم پەروەردە بۆ بەردەم دادگا بێت ئەمە گەرموگوڕی ناهێڵێت، بەڵکو دەبێت ئاڕاستەکان بگۆڕین». ئەم مامۆستایە ئەوەشی روونکردبووەوە کەهەنگاوی نوێیان هەیە بەجۆرێک گردبوونەوەکان بگوازنەوە بۆ ناو هەولێر لەگەڵ رۆیشتنیان بۆ خاڵە سنوورییەکانی هەرێم و بەربەستکردنی رێگەی ئەو خاڵە سنووریانەو داخستنی رێگەی هاتوچۆو رێگریی لەتانکەرەکانی نەوت. دانا عەبدول ئەوەشی بەهاوڵاتی راگەیاندبوو «دەمانەوێت خۆپیشاندانەکان بەرینە هەولێر لەڕێی دێگەڵەوە، ئەگەربێت و رێگەشمان لێبگیرێت ئەوا ئێمەش رێگەی دێگەڵە دەگرین بۆ ئەوەی هەرچی تەنکەری سەربەخۆیانە رێیان لێبگیرێت». هەروەها وتی «هەنگاوێکی دیکەشمان چوونمانە بۆ دەروازە سنوورییەکانی وەک (باشماخ و سەیرانبەن و کێلێ و پەروێزخان)و بەربەستکردنی رێگاکانە». ئەوەشی خستەڕوو کەهەنگاوێکی دیکەیان بریتیە لەمانگرتن لەخواردن، ئەگەر حکومەت وەڵامیان نەداتەوە. «ئەگەر نەگەینە ئەنجام تائێستا ٥٠ کەسێک ئامادەن، مان لەخواردن بگرن لەبەردەم (یو ئێن)دا، هەتا داواکارییەکانمان جێبەجێدەکرێت و ئامانجمانە ئەم کەیسە بکەینە کەیسێکی نێودەوڵەتی»، مامۆستا دانا وادەڵێت. مامۆستایانی ناڕازی پێنج داواکاری سەرەکییان هەیەو دەڵێن بایکۆت ناشکێت هەتاوەکو ئەو داوایانە جیبەجێ نەکرێت کەدیارترینیان دامەزراندنی وانەبێژان و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە. هەروەها داوادەکەن چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو دیاری بکرێت لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا . هەروەها دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو بڕە پارانەی بەهەر ناوێکەوە لەمووچەکان بڕاون لەگەڵ دابەشکردنی مووچەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بانکە حکومییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق. مامۆستا دانا گۆڕینی شێوازی ناڕەزایەتییەکان بە «بێهیوایی» نەزانیبوو و بەڵکو پێی وابوو هەنگاوەکەیان گۆڕینی شێوازی فشارەکانە بەڕێگەی جۆراوجۆر. وتیشی «لەڕاستیدا ئێمە نابێت بەردەوام بەیەک ریتم خۆپیشاندان بکەین، هەموو هەفتەیەک لەبەردەم پەروەردە بۆ بەردەم مەحکەمە بڕۆین، ئەم شێوازە ریتمە تەقلیدییە هەموو هەفتەیەک دووبارە دەبێتەوەو گەرموگوڕی نایەڵێت ، بەڕاستی دەبێت ئاراستەکان بگۆڕین «. لەبارەی سەردانکردنی مامۆستایان بۆ بەغداو ئەنجامەکەی ئەو مامۆستایە وتی «ئێمە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسان و لیژنەکانی یاسایی و دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق کردووەو هەموویان لەسەر هێڵن و بەڵێنیان پێداوین لەهەمواری بودجەدا بابەتەکان لەبەرژەوەندیی مامۆستایان بێت». لەبارەی سزادانی مامۆستایانەوە ئەو مامۆستا ناڕازییە وتی «لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەنها سزادانی مامۆستایان هەیەو ئەم بڕیارەش بەشێوەیەکی بێسەروبەرانە دراوە، چونکە لەسنووری هەڵەبجە نزیکەی چوار هەزار مامۆستا لەبایکۆتدایە، بۆچی تەنها ژمارەیەک مامۆستا دیاریکراوە و سزادەدرێن، تەنانەت مامۆستا سزادراوە کە لەمۆڵەتی دایکایەتی و خوێندندایە». هەر سەبارەت بەپرسی گردبوونەوەی مامۆستایان لەدەباشان مامۆستا عادل حەسەن کەمامۆستایەکی ناڕازییە لەلێدوانێکی پێشوویدا بەهاوڵاتی راگەیاندبوو، «بڕیاڕەکە لەلایەن ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەیدسادق و شارەزوورو پێنجوین و هەڵەبجە دراوەو ئێمە تەنها پشتیوانیمان کردوون». وتیشی «دۆخێکی نائومێدی زۆر درووست بووە لەهەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لەدەڤەری سلێمانی چونکە بەهۆی ئەو فشارانەی کەپەروەردەکان کردوویانەتە سەر مامۆستا، لەسلێمانیدا مامۆستایان بەویستی خۆیان بایکۆتیان نەشکاندووە، بەڵکو بایکۆتیان پێشکێنراوەو ئەم دوو شتەش زۆر جیاوازن لەیەکتری». هەرچەندە لەمانگی رابردوودا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەڕێی بەیاننامەیەکەوە داوای شکاندنی بایکۆت و گەڕانەوەی مامۆستایانی کرد بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام مامۆستایان وەڵامێکی تووندی بەیاننامەکەی یەکێتی نیشتمانییان دایەوەو رایانگەیاند هەتا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبن لەبایکۆت، بەڵام لەئێستادا ئەو بڕیارەیان هەڵپەساردووەو چاوەڕێی چاککردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق و جێبەجێکردنی ئەو پەیمانانەی حکومەت دەکەن کەپێیان دراوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ جاری دوانزەیەم دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەریمی کوردستان، و شایستە داراییەکانی موچەخۆران کۆدەبێتەوە. بە پێی ڕاگەیەندراوی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە کۆبونەوەکانی ئەمڕۆ چوارشەممەی ٢١ـی ٢ـی ٢٠٢٤ ئەمڕۆ دادگاکە سەبارەت بە سکاڵاکەی زیاد جەبار لەسەر سکاڵاکەی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان کۆدەبێتەوە. دانیشتنەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق، لەسەر دوو دۆسیەی تایبەت بەهەرێمى کوردستانە :سکاڵاى یەکەمى تایبەت بەهەرێمى کوردستان لەلایەن زیاد جەبار پەرلەمانتارى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە و لەسکاڵاکەدا تانە لەیاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان دراوە کە ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، مادەکانى 1 ، 9 ، 15 ، 22 ، 36 یاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان نادەستورین و سکاڵاکە لەسەر سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە. سکاڵاى دووەمى تایبەت بەهەرێمى کوردستان لەلایەن عەدالەت محەمەد و بوخارى جەمیل و حەیدەر محەمەد لەسەر هەردوو سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆمارکراوە و سکاڵا لەسەر ئەوەکراوە کە یاساى بودجەى عێراق جێبەجێنەکراوە و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى پارێزگاکانى ترى عێراق دابەشنەکراوە. پێستریش عیماد جهمیل بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرایكردوه، ئەگەر ئهمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کەیسی تانەدان لەیاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان یەکلابکاتەوە، ئهوا کۆمسیۆن ئامادەیی تێدایە لەناو مانگی شەشی ئەمساڵ وادەیەک دیاریی بکات بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لایهنه فهرمیهكانى ههرێمیش بهوه ڕازیى بونه.
هاوڵاتی پێنج ساڵ لەمەوبەر ڕوفاتی 172 ئەنفالکراوى کورد لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە باشورى عێراق دۆزرانەوە، ئەمڕۆ روفاتەکان گەڕێنرانەوە چەمچەماڵ و لە مۆنۆمێنتى ئەنفال بەخاک دەسپێردرێن. ڕوفاتی ئەو 172کەسەی لەبەغدادەوە هێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ کاتژمێر 10 پێش ئەوەی پشکنینی ناسینەوەی کەسوکارەکانیان دەربچێت بەخاک دەسپێرێن، دواتر کە کەسوکاری روفاتەکان دیاریکران ناسنامەی ئەنفالکراوەکان لەسەر گڵکۆکەیان دیاری دەکرێت. هاوکات پێنج رۆژ لە 17 مانگەوە تا 23ـی مانگ هەڵمەتى وەرگرتنى نموونەى خوێن لە کەسوکارى ئەنفالکراوان دەستیپێکردووە و تیمێکى پزیشکى بۆ ماوەى شەش رۆژە نموونەى خوێن لە کەسوکارى ئەنفالکراوان وەردەگرن و دواتر لەرێگەى پشکنینى دى ئێن ئەى، لەگەڵ رووفاتەکاندا بەراورد دەکرێت و رووفاتەکان دەناسرێنەوە. سێ هەزار و 400 کەسوکاری ئەنفالکراو پێویستە نموونەی خوێنیان لێ وەربگیرێت، هاوکات لە مانگی ئادار لە گەرمیانەوە دەست بە هەڵمەتەکە دەکەنەوە.
هاوڵاتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دەوروبەری گوندی کافیا سەر بەناحیەی دینارتە-یان بۆردوومانکرد، سەرچاوەیەکیش ئاشکرایکرد بەهۆی بۆردوومانکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە. ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤ گوندی کافیا لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە بۆردوومانکرا، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە چوار هاوڵاتی بەناوەکانی (بەشیر عومەر،عارف تەها، سادق تاهیر، عەبدوڵلا تاهیر) برینداربوون، بەپێی زانیارییەکان دووان لە بریندارەکان گیانیان لەدەستداوە. سەرچاوەیەکی تایبەت کە ناوەکەی لای هاوڵاتی پارێزراوە زانیارییەکانی پشت راستکردەوە و وتی "لەو چوار هاوڵاتییەی کە برینداربوون دووانیان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە گیانیان لەدەستداوە". ئاماژەی بەوەشکرد " ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی گوندی بامشمش کە نزیکە لە گوندی کافیا ئەو شوێنە بۆردوومانکراوە خۆیان ئامادەکردووە تابچنە شوێنی بۆردوومانکە و تەرمەکان بهێننەوە".
هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم لە ئەنجومەنی ئاسایش، ئەمەریکا پرۆژە یاسای راگرتنی خێرای شەڕی غەزەی ڤیتۆ کرد، هەرچەندە ١٣ وڵاتی ئەندام دەنگی پێداوە، بەڵام ئەمەریکا رێگەی نەدا پرۆژە یاساکە تێپەڕێت. لە ١٥ وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش ١٣ وڵات دەنگیان بە پرۆژە یاساکە داوە کە لەلایەن جەزائیرەوە پێشنیارکراوە، بەڵام بەریتانیا دەنگی بە پەسەندکراوەکە نەدا و ئەمەریکاش دژی ئەو پرۆژە یاسایە وەستاوەتەوە و بڕیارنامەکەی ڤیتۆ کردووە، ئەمەش سێیەمجارە ئەمەریکا پرۆژە یاسای ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئاگربەستی غەزە ڤیتۆ دەکات، هەروەها ئەمەریکا خۆی رەشنووسێکی دیکەی پێشنیارکردووە. لە رەشنووسی پرۆژە یاساکەی جەزیرەدا جەخت لەوەکرابووە کە هاوڵاتییانی فەلەستین نابێت ئاوارە بکرێن، هەروەها بارمتەکان ئازاد بکرێن و کۆتایی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بهێنرێت. ئەم رەشنووسە لە کاتێکدا ئامادەکرابوو کە ئیسرائیل باسی لە چوونەدەرەوەی هاوڵاتییانی مەدەنی کردبوو بەر لە هێرشی زەمینی بۆ رەفەح لە باشووری غەزە، لە ئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی کەرتی غەزە پەنایان بردووەتە شاری رەفەح لە باشووری غەزە. لە رەشنووسی پرۆژە یاساکەی جەزائیر، هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو ئیدانە نەکراوە، ئەمەش خاڵێکە کە چەندینجار لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە رەخنەی لەسەر گیراوە.
هاوڵاتی بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکان بە هەماهەنگی بەرێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئاسایش بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دوو کەسیان دەستگیرکرد. دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هێزەکانی ئاسایش دوای چاودێریکردن و بەدواداوچون بەبڕیاری دادوەری لێکۆلێنەوەی ئاسایش لە رۆژی ٢٠٢٤/٢/١٩ توانیان هەردوو تۆمەتبار کە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا هایلۆکس)ی بێ سەرەتا، بەشێوەی قاچاغ و بە تابلۆی سەربازی ساختە، بۆ مەبەستی گواستنەوەی حەوت هاوڵاتی بیانی بەکارهێنراوبوون دەستگیربکەن و دەستگیرکرا بەسەر (چەکێکی) بێ مۆڵەت و سەرجەم پاسپۆرتەکانی تۆمەتباران کەبەنایاسایی سنووریان بەزاندبوو". ئەوەشخراوەتەڕوو "لەئێستادا تۆمەتباران بە یاسای نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ژمارە ٢٨ی ساڵی ٢٠١٢ی هەرێمی کوردستان راگیراون".
هاوڵاتی تورکیا دەوروبەری گوندی کافیا لە سنووری ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ بۆردوومانکرد، گۆمان دەکرێت سێ هاوڵاتی لە شوێنی بۆردوومانەکە بێ سەروشوێن. سەربەست ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە هاوڵاتی وت "ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤ فڕۆکەکانی سوپای تورکیا دەوروبەری گوندی کافیا-یان بۆردوومان کردووە، سێ کەس لە شوێنی بۆردوومانەکە بوون و تائێستا بێ سەروشوێن، نازانرێت برینداربوون یاخۆد گیانیان لەدەستداوە". "لەبەرئەوەی شەبەکەی هێلەکانی پەیوەندیی لەو شوێنە نییە، بۆیە تائێستا هیچ شتێکی ورد و دروست پێمان نەگەیشتووه لەبارەی زیانەکانی بۆردوومانەکەوە" سەربەست سەبری وای وت.
هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد کێشەی کورتهێنان لە یاسای بودجە چارەسەر دەکەن. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "کێشەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەمواری بودجە چارەسەر دەکەین، هەروەها ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت". ئاماژەی بەوەشکرد "کێشەی کورتهێنان لە یاسای بودجە چارەسەر دەکەین، وەکو ئەنجومەنی وەزیران لە قۆناغی وردبینیکردنن بۆ پرۆژە یاسای بودجە و دواتر بە مەبەستی هەموارکردنەوە رەوانەی پەرلەمانی دەکەین". لەبارەی هێزەکانی هاوپەیمانان سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد "عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ رێککەوتنی لەگەڵدا کردووین، ئێستا پێویستمان بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان نەماوە، بەڵکو پێویستمان بە پەیوەندی دیپلۆماسی دوو قۆڵی هەیە لەگەڵ ئەم وڵاتانە، پێشتر لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەمەریکا و لیژنەی باڵای سەربازی لەگەڵیاندا باسی ئەو بابەتەمان کردووە".
هاوڵاتی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، وەک وەڵامدانەوە بۆ بە دز کردنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی حزبوڵڵای لوبنان بۆ باکووری ئیسرائیل، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کۆگای چەک و چۆڵی حزبوڵڵای لوبنانییان کردووەتە ئامانج. دانیەل هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رۆژی دووشەممە ١٩ی شوبات لە وتوێژێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی " ئێمە زانیمان فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی حزبوڵڵا دزەی کردووەتە خاکی ئیسرائیل و لە نزیک شاری تەبەرییە بینراو و توانیمان بیخەینە خوارەوە. لە وەڵامی ئەم کارەی حزبوڵڵادا، ئێمە کۆگای چەک و چۆڵ و تەقەمەنی حزبوڵڵامان لە ناوچەی سیدا لە لوبنان کردە ئامانج". رۆیتەرز لە زاری دانیشتوانی ناوچەکەوە رایگەیاندووە، لانیکەم دوو هێرشی ئاسمانی کراوەتە ناوچەکانی دەورووبەری شاری ئەلغازییە لە ٦٠ کیلۆمەتری سنووری ئیسرائیل و لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست. میدیاکانی لوبنان بڵاویان کردەوە کە ئەم هێرشانە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بووەو لە یەکێک لەم هێرشانەدا ترۆمبێلێک کراوەتە ئامانج. رۆیتەرز نووسیویەتی، ئەرتەشی ئیسرائیل لە وەڵامی هەواڵنێری رۆیتەرزدا دەربارەی بە ئامانج کردنی ئۆتۆمبێلەکەوە وتویەتی لە بابەتەکە دەکۆڵینەوە. لە کاتی دەستپێکی جەنگی غەزەوە ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە سنوورەکانەوە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر یەکتر. فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل زۆرجار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی حزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکان، بەڵام زۆر کەم روویداوە لە سنوورەکان دوور بکەونەوە. بە پێی ئەو ئامارانەی حزبوڵڵا بڵاویان کردووەتەوە، هەروەها بەپێی راپۆرتەکانی رۆیتەرز، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی ژێردەست حیزبوڵڵای لوبنان، تائێستا ١٧٠ چەکداری حزبوڵڵا و ٣٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. هەفتەی رابردوو بەهۆی هێرشەکانی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر باشووری لوبنان ١٠ هاوڵاتی مەدەنی و ژمارەیەک چەکداری حیزبوڵڵای لوبنان، لەوانە فەرماندەی یەکەی کۆماندۆی "رضوان" کوژران. حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە وەڵامی ئەم هێرشانەی ئیسرائیلدا وتی، ئیسرائیل بە خوین باجی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لوبنانی ئەداتەوە. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش هەڕەشەیکرد ئەگەر هەنگاوە دیپلۆماسییەکان بۆ دوورخستنەوەی میلیشیاکانی حزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکان بە ئەنجام نەگات، لوبنان باجێکی قورس ئەدات و ئەوان ناچار ئەبن بە زۆر حزبوڵڵا لە سنوورەکان دوور بخەنەوە.
هاوڵاتی هێزە ئەمنیەکانی کەرکوک لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە خۆرئاوای شارەکە دوو داواکراویان بە تۆمەتی "تیرۆر" دەستگیرکرد، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەنراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند کە توانیویانە دوو "تیرۆریست" لە قەزاكانی حەویجە و ریاز لە پارێزگای کەرکوک دەستگیر بکەن، کە بەپێی بڕگەکانی مادەی چواری یاسای دژە تیرۆر فهرمانی دهستگیركردنیان ههبووه. روونیکردۆتەوە کە دەستگیرکردنەکە "هەوڵێکی تەکنیکی و ئۆپەراسیۆنێکی جۆری پێشوەختە" بووە ، کە تێیدا چەند هیزێک بەشدارییان تێدا کردوە لەوانە؛ بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکوک و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک. هەر لە ڕاگەیەنراوەکەداهاتووە دوو تۆمەتبارەکە ڕەوانەی بهشی لێکۆڵینەوە کراون بۆ تەواوکردنی پهڕاوی لێکۆڵینەوەکانیان. قەزای حەویجە بە دووری نزیکەی ٦٥ کلم دەکەوێتە ڕۆژئاوای کەرکوکەوە، هەروەها ناحیەی ڕیازیش بە دووری ٥٢ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شارەکەوە.
هاوڵاتی بهرپرسی مهڵبهندی ههولێری پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایدهگهیهنێت، بهزهبری چهك و ههڕهشهكردن و بهفهرمانی عهبدوڵای حاجی مهحمود جێگری سهرۆكی حزبهكهی له بارهگای مهڵبهند دوریانخستۆتهوه و دەڵێت، زیاد لە ١٠ جار هەڕەشەملێکراوە. شکور خەیات بهرپرسی مهڵبهندی ههولێری پارتی سۆسیال دیموكرات له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامهنوسان رایگهیاند، "عهبدوڵا حاجی مهحمود جێگری سهرۆكی پارتی سۆسیال دیموكرات كۆمهڵێك كهسی لهگهڵدابوو 10 جار زیاتر ههڕهشهیان لێكردوم و دهنگهكانیشیان تۆماركراون، بهیانی ئهمڕۆش پاسهوانێكی عهبدوڵا حاجی مهحمود هات لهناو مهڵبهند بهزۆر دهریكردمه دهرهوه، جگه لهوهش ئهندامان و لایهنگران و جێگران و كارگێڕانی مهڵبهند ههڕهشهیان لێدهكرێت هاتوچۆی مهڵبهند نهكهن." دەشڵێت هەر کێشەیەک بۆ من و خانەوادەکەم دروستبێت،خوێنی من لە ئەستۆی عەبدوڵای حاجی مەحمود جێگری سهرۆك و، فارس رهحمان حاجی كارگێڕی مهكتهبی سیاسی، باهر فهقێ ساڵح ئهندامی مهكتهبی سیاسیه. لە وڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنوسانیشدا سەبارەت بەوەی کە بۆ لەناو مەڵبەندی حیزبەکەیدا کۆنگرەکەی ئەنجام نەداوە وتی، عەبدوڵای حاجی مەحمود ژمارەیەک پاسهوانی وهزارهتی شههیدانی هێناوەو لە ژورەوەن . وتیشی، "منیش لهبهر رۆحی خۆم نهمتوانیوه بچمه مهڵبهندهوه، بهڵام لهههمو بارێكدا سهرۆكی ئێمه محهمهد حاجی مهحموده و كهسی دیكهش به سهرۆك نازانین، ئهوانهشی لایانداوه له پهیڕهو و پرۆگرامی حزب دهردهكرێن". و ناكۆكییهكانی ناو پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەک ئاڵۆز بوووە سێ ڕۆژ لەمەو پێش گهیشته پێكدادانی سهربازی و له گوڵهخانه روبهڕوبونهوه رویداوه، دواتریش هێزێكی دهزگای ئاسایشی ههرێمی كوردستان رهوانهی گوڵهخانهكرا بۆ ئهوهی دۆخهكه ئاسایی بكاتهوه، روبهڕوبونهوه دوای ئهوه رویداوه كه لە سەرەتای ئەم مانگەوە گرژیی کەوتوەتە نێو حزبهكه بەتایبەتی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی یانەی وەرزشیی بەختیاری.
هاوڵاتی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان له مانگی ئایاردا ناكرێت و كۆمسیۆن مانگی حوزهیرانی بۆ ههڵژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمان پێشنیاز كردووه. ئهمڕۆ سێشهممه 20ی حوزهیرانی 2024، شاندێكی كۆمسیۆن و یونامی له عێراق لهگهڵ سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی وادهیهكی نوێ بۆ ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان. بە گوێرەی زانیارییەکان ئەگەر سبەینێ دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر هەمواری یاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان بدات ئەوا ئەوان لەنێوان 1/6 بۆ 10/6 ئامادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنن. لە رابردوودا چەند جارێک وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا، هەڵبژاردن نەکرا، هەرچەند تاوەکو ئێستا دادگای فیدراڵی 15 دانیشتنی لەسەر ئەو سکاڵایە دواخستووە، بەڵام بڕیاری نەداوە. ئەوەش ئاشکرا کراوە؛ پێدەچێت سبەینێ دادگاى فیدراڵى لە بڕیارەکەیدا لەبارەى یاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێم، بازنەکانى هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بکاتە چوار بازنە و کورسى پێکهاتەکانیش لە 11 کورسییەوە بۆ پێنج کورسى کەم دەکاتەوە. بەهۆى هەڵپەساردنى کارەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە، کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات.
هاوڵاتی چەند ڕۆژێکە نرخی گۆشتی سور لە بازاڕەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوەو بەڕێوبەری گومرگی هەرێمیش دەڵێت هۆکاری بەرزبونەوەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەگەڕێنێتەوە. ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە بە هاوڵاتی وت، کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور نێودەوڵەتییە، هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەگەڕێتەوە. وتیشی، " بەهۆی بەرزبونەوەی نرخەکەی لە وڵاتانەوە بڕێکی کەمتر ئاژەڵ هاوردە دەکرێت و بەهۆی بەرزی نرخەکەی لەسەر ناوخۆش زیاتر دەکەوێت هەربۆیە نرخەکەی بەرزبۆتەوە". سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە ڕێگری لە هەناردەکردنی ئاژەڵ دەکرێت، بەڕێوبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بە هاوڵآتی وت، "ئێمە وڵاتێکی هەناردەکارنین، هاوردەکارین، چونکە ڕێژەکە لە پێداویستی ناوخۆ کەمترە، لاریمان نییە لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ بەشێوەیەکی یاسایی و هیچ ڕێگرییەک نییە". ئەوەشی ڕونکردەوە کە ،"ئێستا ڕێژەی هاوردەکردن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ کەمی کردووە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەرزبونەوەی نرخەکەی". نرخی فەرمیی گۆشتی سوور لە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی شار و شارۆچکەکان جیاوازە. بۆ نموونە لە سلێمانی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 23 هەزار دینارە، لەهەولێر و دهۆک بە 22 هەزار دینارە، لە هەڵەبجە بە 18 هەزار دینارە بەڵام لەناو بازاڕەکاندا بە نرخی فەرمی نافرۆشرێت ولە ئێستادا لەناو بازاری سلێمانی بە ٢٤ بۆ ٢٥ هەزار دینار دەفرۆشرێت ئەمەش بارگرانی بۆ سەر هاوڵاتیان دروست کردووە. بەپێی دوایین داتای دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا، توانراوە 55٪ی پێویستیی گۆشتی سوور لە ناوخۆ دابینبکرێت، کە نزیکەی 75 هەزار تۆنە لە ساڵێکدا، ئەوەی دیکە دەبێت هاوردەبکرێت. ئەو هاوردەیەش لە وڵاتانی جۆرجیا، ئەرمینیا، هەنگاریا و بەرازیل بەفەرمی هاوردە دەکرێت؛ هاوکات، لە چەند وڵاتێکی دیکە بە نافەرمی دەهێندرێت.
