عەمار عەزیز قەزای ئامێدی لەشەش ناحیە پێكهاتووەو ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 150 هەزار كەس دەبن، لەو سنورە 23 بنكەی تەندروستی هەیە لەگەڵ نەخۆشخانەی گشتی لەناوەندی ئامێدی، لەو 23 بنكەیە لە نۆ بنكە پزیشك هەیە ئەوانەی تر لەڕێگای پەرستارو كارمەندانی پزیشكی بەڕێوەدەبرێت لەسنوری قەزای ئامێدی هەر كەسێك ئازاری ددانی هەبێت بەناچارییەوە دەبێت سەردانی دهۆك و شارەكانی تر بكات چونكە لەتەواوی سنوری قەزاكە تەنها یەك پزیشكی ددان هەیە ئەویش لەسەنتەری ناحیەی دێرەلوك دەوام دەكات، هاوكات پزیشكی تایبەتمەند بەبواری دەرمانخانە نیە. مامۆستا هەیفا ئامێدی كە ماڵی لەسەنتەری شارە بەهاوڵاتی وت: كێشەی سەرەكیمان نەبوونی پزیشكی ددانە، هەركات كەددانمان ئازاری هەبێت بەبێ دوودڵی دەبێت سەردانی نۆرینگەیەكی تایبەت بكەین یاخود دەبێت سەردانی دهۆك بكەین، لەنەخۆشخانەی ئامێدی ژووری تایبەت بەپزیشكی ددان هەیە، بەڵام بێ پزیشكە، زیاتر لەساڵێكە ئەوە حاڵمانەو كەسیش نیە ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكات. هەروەها ناوبراو وتیشی من مامۆستام و هەموومان باش دەزانین كەدۆخی مامۆستا و فەرمانبەران لەچ ئاستێكدایە، سەڕەرای ئەمەش بۆ وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشییەكانی ددان ئینجا ئەگەر شۆردن و پاككردنەوە بێت یان دەرهێنان یاخود داگرتن «حەشووی ددان»بێت، بۆ هەموو ئەمانە یان دەبێت بچینە نۆرینگەیەكی تایبەت یاخود سەردانی دهۆك بكەین، لەنۆرینگەش بەلایەنی كەمی 30 بۆ 40 هەزار دینارت پێویستە، چ خوا قبوڵ دەكات لەهەموو قەزای ئامێدی یەك پزیشكی ددان هەبێت، باوەڕناكەم ئەمە لەهیچ شوێنێكی دونیا هەبێت». هەروەها «بۆ داگرتن واتە «حەشووی ددان» چەند جارێك سەردانی دهۆكم كردووە، هەرجارێك بەلایەنی كەم 100 هەزار دینارم پێویستە، نەك من بەڵكو ئەوە حاڵی هەموو دانیشتووانی ئامێدی-یە، لەنەخۆشخانەی ئامێدی ژووری پزیشكی ددان هەیە، بەڵام بەبێ پزیشكە، خەڵك هەیە هەژارە و پارەی نیە بچێتە نۆرینگە، پێویستە بەرپرسانی تەندروستی ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكەن تاكەی ئەوە حاڵمان بێت « هەیفا ئامێدی وای وت . بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی كەوتووە لە 2014وە پزیشكانی ددان دانەمەزراون، هەروەها ئەو پزیشكانەی خزمەتی خۆیان لەدەرەوەی شار تەواو كردووە گەڕاونەتەوە ناوەندی دهۆك، بۆیە بۆشایی لەئامێدی و چەند ناوچەیەكی تر دروستبووە. مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای ئامێدی بەهاوڵاتی وت: یەك پزیشكی ددانمان هەبوو لەنەخۆشخانەی ئامێدی، بەڵام بەهۆی وەرگرتنی موڵەتی دایكایەتی بەبێ پزیشكی ددانین، لەئێستادا لەسنوری قەزای ئامێدی تەنها یەك پزیشكی ددانمان هەیە ئەویش لەسەنتەری ناحیەی دێرەلوكە، بەنووسراوی فەرمی داوامان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك كردووە كەپزیشكی ددانمان بۆ بنێرن، بەڵام تائێستا نەیانناردووە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەزیاتر لە 10 ساڵە دامەزراندنی پزیشكی ددان راگیراوە بۆیە ئەم بۆشاییە دروستبووە». مەسعود بۆتی وتیشی: بۆ ئێمە زۆر ناخۆشە كاتێك كەسێك كەنەخۆشی ددانی هەبێت سەردانی نەخۆشخانە دەكات و بەدەست خاڵی دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوە لەدەستەڵاتی ئێمەدا نیە، چارەسەر لای بەڕێوەبرایەتی گشتی تەندروستی دهۆكەو دەبێت ئەوان بۆمان بنێرن». دكتور سەعید عەلی محەمەد، سەرۆكی لقی دهۆكی سەندیكای پزیشكانی ددان بەهاوڵاتی وت: 700 پزیشكی ددان لای ئێمە تۆماركراون، لەم ژمارەیە تەنها 120یان دامەزراون، ئەوانەی تر بەشێكیان بەخۆبەخشی دەوام دەكەن و بەشی زۆریان لەماڵ دانیشتوون، كۆمەڵێك پێشنیارمان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك و لایەنی پەیوەندیدار كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، لەوانە هاوكارییەكی مانگانە لەگەڵ دابینكردنی شوێنێك بۆ ئەو پزیشكانە كەدەچنە قەزاكان وەكو ئامێدی و ئاكرێ و شارەكانی تر یاخود بكرێنە گرێبەست، بەڵام هیچیان جێبەجێنەكراون». دكتور سەعید عەلی محەمەد دەشڵێت: ئەوەی لەسەر ملی ئێمەیە بەزیادیشەوە كردوومانە، هەر پزیشكێكی ددان كەدەربچێت دەبێت لەسەنتەری شار دوو ساڵ لەنەخۆشخانەیەكی حكومی بەخوبەخش دەوام بكات و ئەوانەی لەدەرەوەی شار ساڵێك خزمەت بكات ئینجا ئێمە موڵەتی پێدەدەین نۆرینگەیەك بكاتەوە یاخود لەشوێنێكی ئەهلی كاری پزیشكی بكات، دوای خزمەتكردنی كاری خۆیان ئێمە زیاتر ناتوانین پێیان بڵێین دەبێت هەر بەخۆبەخشی دەوام بكەن، پێویستە حكومەت شتێكیان بۆ بكات ئەوانیش دەڵێن لەئێستادا ناتوانین، بۆیە كێشەكە رۆژ بەڕۆژ گەورەتر دەبێت».
شەنای فاتیح لەشاری هەولێر دوو کارمەندی کۆمپانیایەکی عەقارات بەتۆمەتی بردنی نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاری هاووڵاتیان دەستگیرکراون و چارەنووسی موڵکی ئەو هاووڵاتیانەش نادیارە، سەرچاوەیەکیش لەکۆمپانیاکە ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستکردەوە کە لەسەر سکاڵای ئەوان ئەو دوو کارمەندە دەستگیرکراون و موڵک و مافی هیچ کەسێکیش نافەوتێت. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی لەشاری هەولێر نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاری ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ کەس چارەنووسی نادیارەو ئەو کەسانەش چارەنووسی پارەکانیان نادیارە بەسێ جۆر مامەڵەیان لەگەڵ لقێکی کۆمپانیایەکی خانووبەرە کەئەو لقە بریکاری فرۆشتنی پڕۆژەیەک بووە، هەروەها هەندێ هاووڵاتی موڵکیان پێ فرۆشتووەو پارەیان وەرنەگرتووە، هەندێکیشیان لەشێوەی وەبەرهێنانی هاوبەش پارەیان پێدراوە. هەروەها لەسەر ئەو کەیسە دوو کارمەندی کۆمپانیاکە دەستگیرکراون کە بەوتەی سەرچاوەیەک لەکۆمپانیاکە لەسەر سکاڵای ئەوان بووە. ئەو دوو کارمەندەی کۆمپانیا عەقارییە کەدەستگیرکراون لەئۆفیسی یەکێک لەگەورەترین کۆمپانیاکانی عەقاراتدا کاریان کردووەو پارەی نزیکەی ٨٠٠ کەسیان لەبەردەست بووە بۆ مامەڵەو کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، هەروەها زانیارییەکان دەڵێن، ئەوان مۆرو وەسڵی کۆمپانیاکەیان بەکارهێناوەو بەپارەکانیان موڵکیان کڕیوەو فرۆشتووەتەوە، هەروەها بەشێوەی سوو پارەکانیان وەرگرتووەو لەبەرامبەر وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەکدا بەڵێنی گێڕانەوەی زیاتریان بەخاوەنەکەی داوە. سەرچاوەیەک لەکۆمپانیاکە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ئەو ژمارانەی بڵاوکراونەتەوە کەباس لەبردنی چەند ملیۆن دۆلار دەکرێت، ئەوانە دوورن لەڕاستییەوەو ئێمە ئەوە رەتدەکەینەوە، ئێمە وەک کۆمپانیا خەریکی پێداچوونەوەی حساباتین بۆ ئەوەی بگەین بەئەنجامێکی وردو بزانین بڕە پارەکە چەندە. وتیشی: موڵک و پارەی هیچ کەسێک نافەوتێت و هەموو خاوەن مافەکان دەگەنەوە بەمافی خۆیان، بەڵام ئێمە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی حساباتی خۆمان دەکەین بۆ ئەوەی داتایەکی دروستمان لەبەردەستدا بێت بزانین بڕەکە چەندەو ئەو رووداوە چۆن چۆنییە. ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد کەئێمە وەک کۆمپانیا، سکاڵامان لەسەر ئەو دوو کارمەندە تۆمارکردووەو لەئێستادا دەستگیرکراون و راگیراون، «بێگومان ئەوان خیانەتیان کردووە لەئەمانەت و لۆگۆو ناوو مۆری کۆمپانیایان بەکارهێناوە بۆ هەندێ کاری دەرەوەی رێنماییەکانی کۆمپانیا». «لەدەرەوەی رێنماییەکانی کۆمپانیا هەندێک کارکراوە وەک بابەتی قیستی سەیارەو هێنانی شیش و پارەی نەقدو قیستات، ئاڵوگۆڕی دینارو دۆلار، بابەتی ڕیبا زۆر شتی دیکەش کە لەدەرەوەی کاروباری عەقاراتن، کە ئەمانەش بەبێ ئاگاداری کارگێڕی و بەڕێوبەری کۆمپانیا، سودیان لە ناو و لۆگۆی کۆمپانیا وەرگرتووەو مۆری کۆمپانیایان بەکارهێناوە بۆ ئەو کارانە» سەرچاوەکە وای وت. ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد کە ئەوان هاوکار دەبن لە یارمەتیدان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، بەڵام رایان وایە کە پێویستیان بە هەندێک کاتە تا پێداچوونەوەی حساباتیان تەواو دەبێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی دروستیان لەبەردەستدا بێت، وتیشی: « کاتێکی دیاریکراویش نییە بڵێین لەو ماوەیەدا حساباتەکانمان تەواودەکەین لەبەرئەوەی بابەتەکە کەمێک ئاڵوزە». سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە کەمتر لە ١٠٠ کەس مامەڵەیان هەبووە لەگەڵ ئەم لقەدا و سەرجەمیان فایلی خۆیان هەیە، ئێمە چێکی سەرجەم فایلەکان دەکەینەوەو پێداچوونەوەی بەسەرجەم حساباتەکاندا دەکەین چونکە ئەم بانەتە هی ماوەیەکی دیاریکراو نییە، هاوڵاتی هەیە سێ ساڵە مامەڵەی لەوێ کردووە ئێمە پێداچوونەوە بەسەرجەمیاندا دەکەین تا بزانین هەڵە لەکوێدایە. « لەهەندێک حساباتدا بۆمان دەرکەوتووە کە هەڵەی دیار لەژمارەی حساباتدا هەیە، ئێمە لێکۆڵینەوەیەکی ورد ئەنجام دەدەین تا ئەنجامەکانمان چارەسەربن بۆ کێشەی هەموو لایەک، چونکە ئێمە لەگەڵ چارەسەرداین و هاوکار و یارمەتیدەریش دەبین بۆ گەیشتن بەچارەسەری کێشەکە «. بەوتەی سەرچاوەکە ئەو دوو کارمەندەش لەسەر سکاڵای ئەوان دەستگیرکراون لەبەرئەوەی ناوو لۆگۆو مۆری کۆمپانیایان بەکارهێناوە. یەکێک لەزیانکەوتووەکان رایگەیاند: ئێمە کڕین وفرۆشتنمان ئەنجامداوە لەشاری هەولێرو پارەمان داوە بەو کۆمپایایەو ئەوانیش هەستاون بێ بەرپرسیارانە موڵکەکانی ئێمەیان فرۆشتووەو هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ ئێمە نەگەڕاندووەتەوە. وتیشی: ئێمە لەگەڵ کۆمپانیا کڕین و فرۆشتنمان ئەنجامداوەو موڵکمان لێکڕیوون و بەناومانەوە ناکرێت، زیاتر لەچەندەها ملیۆن دۆلار شوقە هەیە خەڵک کڕیویەتی و نەیانکردووە بەناوی خۆیانەوە لەسەر متمانەی ئەوان، ئەوانیش نەیانکردووە بەناوی خەڵکەوەو لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکان کێشەیان بۆ دروستبووەو خاوەن پڕۆژەکەش هیچ موڵکێک بەناوی خەڵکەوە ناکەن.
هاوڵاتی راگەیاندنەکانی سوریا بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤، چەند مووشەکێکی ئیسرائیلی، بینایەکی لە ناوچەی "کەفەر" لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کردووەتە ئامانج. راگەیاندنەکان باسیان لەوە کردووە لەم هێرشە مووشەکییەدا دوو کەس کوژراون، هەروەها رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا دەڵێت "بەپێی زانیارییەکانی ئەوان لەم هێرشەدا سێ کەس کوژراون". بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی سوریا چەند ناوەندێکی کولتووری سەر بە ئێران و خوێندگە و شوێنی نیشتەجێبوونی ئێرانییەکان لە گەڕەکی کەفەرە. ناوچەی کەفەری سووسە، ناوچەیەکی تاڕادیەکی زۆر پارێزراوە و رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا دەڵێت "لەم ناوچەیەدا هیچ تابلۆیەک ، بەڵام شوێنی مانەوە و هاتووچۆی کەسایەتییەکانی سەر بە هەواڵگری سووریا، حزبوڵڵای لوبنان و هەروەها سوپای پاسدارانە. ئاژانسی تەسنیم-ی سەر بە سوپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە، کە دوو هاوڵاتی مەدەنی سوریا بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. جێگەی ئاماژەیە لە سەرەتای مانگی شوباتەوە سوپای پاسداران بەشی زۆری هێزەکانی خۆی لە سوریا کشاندەوەو بڕیاروایە هێزەکانی سەر بە حزبوڵڵا جێگەی ئەوان بگرێتەوە. کۆماری ئیسلامی پاساوی کشانەوەی هێزەکانیان بۆ ئەوە گەراندووەتەوە کە نایانەوێت جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەبسێنێت.
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە بکەری سەرەکی رووداوی کوشتنی هاوڵاتییەکەی گەڕەکی گوڵانی پارێزگای هەڵەبجە بوو. لە راگەیەندراوێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، دوای لێکۆڵینەوەی وورد و کۆکردنەوەی بەڵگەکان، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیان بکەری سەرەکی ڕووداوی کوشتنی هاوڵاتییەکەی گەڕەکی (گوڵان)لە پارێزگای هەڵەبجە بەناوی (ی، ع، م) دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر ئەو چەکەی تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو". ئاماژە بەوەشکراوە "رووداوەکە لەشەوی ٢٠٢٤/١/٢٨ دوای ئەوەی هاوڵاتیەکی تەمەن (٨٥)ساڵ بەناوی ( ع ، أ ) دەستڕێژی گولەی لێکرا، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات، هێزەکانی ئاسایش لە ماوەی کەمتر لە (٤٨)کاتژمێر تۆمەتباری ڕووداوەکەیان دەستگیرکرد و دانی نا بەتاوانەکەیدا، بەهەڵە تەقەی لەم هاوڵاتییە کردووە و کێشەی لەگەڵ کەسێکی تردا هەبووە". ئەوەشخراوەتەڕوو "لەئێستادا بە مادەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە".
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای تورکیا بەرزاییەکانی گوندی گۆهەرزێ لە روژهەڵاتی چیای مەتین لە سنووری قەزای ئامێدی بۆردوومانکرد. رەڤەند گۆهەرزێ، دانیشتووی گوندی گوهەرزێ بە هاوڵاتی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ کاتژمێر ٤:٠٠ جارێکی دیکە سوپای تورکیا بەرزاییەکانی گوندی گوهەرزێ لە رۆژهەڵاتی چیای مەتین بۆردوومانکرد، زیانی بۆردوومانەکە نەزانراوە". بۆردوومانەکەی ئێوارەی ئەمرۆ لەکاتێکدایە کە دوێنێ لە گوندی کافیای سەر بە ناحیەی دینارتە بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو، هەروەها ئەمرۆ هێزێکی پاسەوانی سنوور لەگەلی باڵندا لە سنووری ناحیەی شیلادزێ جێگیربوون.
هاوڵاتی بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠١٦وە بەشێوەیەکی نایاسایی کۆبێتەوە. م. ئاوات ئازاد، ئەندامی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەران بە هاوڵاتی وت "بڕیارە رۆژی یەکشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠١٦وە بەشێوەیەکی نایاسایی کۆبێتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕازیی سکاڵاکەمان لەسەر سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی تۆمارکردووە، لە سکاڵاکەدا داوامان کردووە مووچەکانمان هاوتای مووچەخۆرانی شارەکانی دیکەی عێراق بکرێت و دابەشکردنەکەشی دوانەکەوێت". ئەوەشی خستەڕوو "خۆشمان ئامادەی کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممەی دادگای فیدراڵی دەبین، پێمان وایە لەو دانیشتنەدا دادگا بڕیاری کۆتایی بدات یان تەنیا یەک دوو رۆژێک دانیشتنەکە دوابخات و دواتر بڕیار بدات".
هاوڵاتی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای چڕە کەسوکاری ئەو خێزانەی کە پێشتر کەسێک یان لێی کۆژرا بوو هێرشیان کردە سەرماڵی تاوانبارەکان و دوو ماڵیان سووتاند، هاوکات هێزێکی زۆر لەدهۆکەوە گەیشتنە شوێنەکە ئەوەش بۆ کۆنتروڵکردنەوەی دۆخەکە. رۆژی ١١ی مانگە لەسەر رێگەی کەلەکچی بۆ چڕە-ی پارێزگای دهۆک، ئۆتۆمبیلێک درایە بەر دەستڕێژی گولـلە کوڕ و باوکێک لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا بوون و باوکەکە کوژرا، رووداوەکەش بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییە و لەسەر زەوی و زار. مەهران نێروەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک تایبەت بە هاوڵاتی وت "ئەم کێشەیە لەنێوان جوتیارەکان و خاوەن زەوییەکان دایە، رۆژی ١١ی ئەم مانگە کور و باوکێک بەتەقەی گولـلە برینداربوون دواتر باوکی کورەکە بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا، ئەمرۆ چوارشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ کەسوکاری لایەنی جوتیارەکان چوونەتە سەرماڵی لایەنی دووەم کە خاوەن زەوییەکان و دوو ماڵ یان سووتاندوە، لەسەر ئەم کێشەیە بۆماوەیەک رێگەی سەرەکی دهۆک و هەولێر داخرا دواتر رێگایەکە بەڕووی شوفێران دا کرایەوه". نێروەیی زیاتر وتی "هێشتا بە تەواوی کێشەی ئەو دوو بنەماڵەیە چارەسەر نەکراوە، بوویە روداوەکەی ئەمرۆ لێکەوتەوه، هێزێک لە دهۆکەوە گەیشتووەتە کۆمەڵگای چڕە بۆ کۆنتروڵکردنەوەکە دۆخەکە، بە هەموو شێوەیەک کارلەسەر ئەوە دەکەین دۆخەکە کونتروڵبکەین وکێشەکەیان لەبنەڕەتەوە چارەسەربکەین". کۆمەڵگای چڕە سەربەناحیەی قەسرۆکە لە سنووری قەزای شێخان دەکەوێتە سەر رێگای دهۆک - هەولێر.
سازگار ئەحمەد محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق «پارەی پێویست»ی تەرخاننەکردووە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، لەکاتێکدا پێش پێکهێنانی کابینەکەی نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر بەڵێنی کاراکردنەوەی ماددە پەکخراوەکەی دابوو بەکورد کەتایبەتە بەدیاریکردنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. بەپێی دەستووری عێراق کەساڵی ٢٠٠٥ پەسەندکرا، دەبوو ماددەی ١٤٠ بەسێ قۆناغ جێبەجێ بکرێت، کە ئەوانیش بریتین لەقۆناغی قەرەبووکردنەوە، راپرسی، سەرژمێری، بەڵام دوای ١٩ ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناغی یەکەمی جێبەجێکراوە بەهۆی پشتگوێخستنی لەلایەن حکومەتی عێراق و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە. محەمەد شیاع سودانی دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی حکومەتی عێراق لەساڵی ٢٠٢٢ لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی کاراکردەوە کە لەساڵی ٢٠١٤ پەکخرابوو بەهۆی شەڕی داعش و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە، بەڵام دوای نزیکەی ساڵێک دەستی کرد بەجێبەجێکردنی کارەکانی، بەرپرسانی کورد دەڵێن ئەو پارەیەی کە بۆ لیژنەکە جێبەجێکراوە لەلایەن حکومەتەوە وەکو پێویست نییە. فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی وت «ئەو هەنگاوانەی نراون بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ زۆر سەرەتایین، لەئاستی چاوەڕوانییەکانی ئێمەدا نەبوون، بەڵام ئەم لەم کابینەیەی حکومەتی عێراقدا بەراورد بەکابینەکانی پێشتر هەندێک هەنگاوی ناوە». ئەم کابینەیەی حکومەت کە دروستبوو رێککەوتن لەنێوان سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراقدا کرا کە ماددەکە کارابکرێتەوەو بوودجەیەکی بۆ تەرخانبکرێت، فەهمی بورهان وتی «ئەم دوو هەنگاوە ئەرێنین». ئەگەرچی لیژنەکە کاراکراوەتەوە، بەڵام هێشتا ماددەکە لە قۆناغی قەرەبووکردنەوەدا چەقیوە بەهۆی ئەوەی پارەیەکی کەمی بۆ تەرخانکراوە. حکومەتی عێراق ساڵانە تەنیا بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری تەرخانکردووە بۆ قۆناغی قەرەبووکردنەوە، نوێنەرانی کورد دەڵێن ئەو بودجەیە لە ئاستی پێویستدا نییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە بە جۆرێک چارەسەری کێشەی زەوی و زارو قەرەبوو، هەروەها گەڕانەوەی ئاوارەکان و عەرەبەکان بۆ زێدی خۆیان و ئەنجامدانی سەرژمێریکردن. فەهمی بورهان وتی «بەشێوەیەکی گشتی کار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ کراوە، بەڵام کارکردنەکان لەئاستی گەورەیی بابەتەکدا نەبوون، بەم پارەیە ناتوانرێت ئەو هەنگاوانە بنرێت». هەروەها وتی «یەکەم هەنگاو کە پێویستە بنرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ماددەی ١٤٠ هەبوونی جددیەتە لەبەغداوە، بەڵام ئەم جددیەتەی بەغدا نابینم، نیەتێک نییە بەئاڕاستەی جێبەجێکردنی ماددەکە، هەروەها ئەو ماددانەی دیکە کەپەیوەندییان بەهەرێمی کوردستانەوە هەیە حکومەتی عێراقی جددی نین لەجێبەجێکردنی و بیانوویان زۆرە». ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی هەیە پێی دەڵێت لیژنەی ماددەی ١٤٠، لەم لیژنەیەدا ئەندامی کورد هەیە، بەڵام فەهمی بورهان پێیوایە پرسی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ «گەورەترە» لەتوانای ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وتیشی «ئەم پرسە زیاتر پرۆسەیەکی سیاسییەو دەبێت سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بێنە سەرخەت بۆ جێبەجێکردنی». بەپێی ئاماری بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی ١٤٠ لەساڵی رابردوودا ٣٤١ خێزانی ئاوارەی کەرکوک چەکی قەرەبوویان بەبڕی ١٠ ملیۆن دینار وەرگرتووە، هەروەها لەساڵی ٢٠٢٤ تەنها ٥٦ چەکی قەرەبوو بەسەر ئاوارەکانی کەرکوک دابەشکراوە. هەروەها ٥٤٦ چەک لەساڵی ٢٠٢٣دا لەکەرکوک بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشکراوە، لەساڵی ٢٠٢٤یش تەنها ٨٠ چەک بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشکراوە. لەساڵی ٢٠٢٣دا لەخانەقین ٨١ خێزانی ئاوارەو ١٤١ عەرەبی هاوردە چەکی قەرەبوویان وەرگرتووە، هەروەها لەساڵی ٢٠٢٤ لەخانەقین تەنها چەک بەسەر ١٠٠ خێزانی ئاوارەدا دابەشکراوە». کۆی گشتی ئەو چەکانەی کە تائەمساڵ بەمەبەستی قەرەبووکردنەوە بەسەر خێزانە ئاوارەکان و عەرەبی هاوردەدا دابەشکراون لەکەرکوک و خانەقین و شنگال، بریتین لە ٤٢ هەزارو ٤٦ چەک کە بەسەر خێزانە ئاوارەکانی کەرکوک دابەشکراون و هەروەها بۆ عەرەبی هاوردەش لەکەرکوک ١٤ هەزار و ٢٢٨ چەک دابەشکراون. هەروەها لەخانەقین ١٠ هەزارو ٩٠٥ چەک دراوە بەخێزانە ئاوارەکان و دوو هەزارو ٧٧٦ چەکیش دراون بەعەرەبە هاوردەکان، هەروەها تائێستا لەقەزای شنگال ١٦ هەزارو ٩٦٦ چەک بەسەر خێزانە ئاوارەکاندا دابەشکراون. هەندێک لەعەرەبە هاوردەکان کەدەستیان بەسەر زەوی کشتوکاڵی کوردا گرتووە نایانەوێت بگەڕێنەوە بەوپێیەی پارەی گەڕانەوەیان بۆ خەرجنەکراوە، ئەگەرچی بڕیارێک لەساڵی ٢٠١٢ گرێبەستەکانی تەعریب تایبەت بەزەویە کشتوکاڵیەکان هەڵوەشاوەتەوە. کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی ١٤٠ بەهاوڵاتی راگەیاند «ئێمە داوامانکردووە قەرەبووی جوتیارانی هاوردە بکرێتەوە، تەنها بەشێک لەوانە ماوە کەقەرەبوو بکرێنەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەوانە قەرەبوو بکرێنەوەو دۆخەکە ئاسایی بێتەوەو دەست لەزەوییەکان هەڵبگرن». وتیشی «ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق هەنگاوی ناوە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، بەڵام هەنگاوەکان لەسەرخۆیەو ئێمە لەوە زیاتر پێویستمان بەبودجە هەیە، چونکە ئەو بودجەیەی بۆی دیاریکراوە کەمەو ئەمەش وادەکات جێبەجێکردنی ماددەکە زۆر بخایەنێت». روونیشکردەوە «بەهۆی ئەوەی کابینەکانی دیکەی حکومەتی عێراق لەساڵی ٢٠١٤وە لەشەڕی دژ بەداعشدا بوون هیچ پارەیەکیان بۆ ئێمە تەرخان نەکرد، ئەمەش وایکرد جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ زیاتر دوابکەوێت». لەدوای کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە لەڕۆژی ١٣ی ئابی ٢٠٢٣ یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەکە بەسەرۆکایەتی هادی عامری، سەرۆكی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەكە بەڕێوەچوو کەدوو ئەندامی کوردیشی تێدایە. دژوار فایەق، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلیژنەی ماددەی ١٤٠ وتی «بۆ ئەوەی بتوانین داواکارییەکانی خەڵکی ناوچە کێشەلەسەرەکان جێبەجێ بکەین و دانوستان لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەین، پێویستە لایەنە کوردییەکانی ئەو ناوچانە یەکگرتوو و یەکدەنگ بن». بەشێک لەبەرپرسانی کورد پێیانوایە، ژمارەیەک هێزو لایەنی عیراقی و ئەوانەی تاوەکو ئێستا دۆسییەی ماددەی ١٤٠یان بەڕێوەبردووە کەمتەرخەم بوون، چونکە جێبەجێکردنی ماددەکە لەقۆناغی قەرەبووکردنەوەدا چەقیوەو هەر ئەو لایەنانەو ئەوانەی بەڕێوەی دەبەن هۆکاری پەکخستنی ماددەکەن. دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت «لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەی ماددەی ١٤٠ کاراکراوەتەوە، هیوادارین ئەو لیژنەیە بتوانێت بەڕۆڵ و ئەرکی خۆی هەستێت و کۆتایی بەگرفت و کێشەکانی ناوچە جێناکۆکەکان بهێنێت». بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ئەو بڕە پارەیەی بۆ لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق تەرخانکراوە، بڕی 200 ملیار دینارە بۆ هەر ساڵێک، واتە بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ کەکۆی گشتیی دەکاتە ٦٠٠ ملیار دینار کەوەک بەرپرسان ئاماژەی پێدەکەن ئەو بڕە بودجەیە «کەمە» بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە. ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بریتین لەشاری كەركوك، مەخمور، قەزاکانی خانەقین، دوزخورماتوو، شنگال، ئەو گوندو ناحیانەی سەر بەو شارو قەزایانەن دەگرێتەوە، هۆكاری ناكۆكی لەسەر ئەم ناوچانە ئەوەیە كەدانیشتووانەكانیان كوردو عەرەب و توركمانن، هەر پێكهاتیەكیش لەوانە ئەو ناوچانە وەك ناوچەی خۆیان دەبینن، زۆرینەی كوردەكان دەیانەوێت ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و زۆرینەی عەرەب و توركمانەكانیش دەیانەوێت ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا بێت. دوابەدوای رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حسێن لەلایەن ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانییەوە لەساڵی ٢٠٠٣، عێراق دەستوورێکی نوێی نووسیەوە، یەکێک لەماددەکان ماددەی ١٤٠ بوو بۆ چارەسەركردنی پرسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەکان. بەپێی دەستووری عێراق کەساڵی ٢٠٠٥ بەزۆرینەی دەنگی خەڵکی عێراق پەسەند کرا، دەبووایە تاوەکو٣١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٧ ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرایە کە لەسێ قۆناغ پێکهاتبوو، ئەویش ئاساییکردنەوەو سەرژمێری و راپرسی لەكەركوك و ناوچەكانی دیکە كەناكۆكییان لەسەرە بۆ دیاریكردنی ویستی هاووڵاتییان، بەڵام دوای ١٩ ساڵ تەنها بەشێکی کەمی ماددەکە جێبەجێکراوە.
هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەمە 21/2/2024 ، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان و هەروەها یەک بازنەیی و فرەبازنەیی پڕۆسەی هەڵبژاردن دا . هاوڵاتی دەقی بریارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە: یەکەم/ نادەستووری بوونی دەستەواژەی 11 ی هاتوو لە مادەی یەکەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عیراق ی ژمارە یەک ی ساڵی 1992 ی هەمواکراو ، رستەکە بەم جۆرە دەخوێنرێتەوە : " پەرلەمانی کوردستان لە 100 ئەندام پێک دێت. دووەم/ نادەستووری بوونی رستەی ، " بە پێی رێساکانی یاسای برگەی چوار لە مادەی دووی یاسای کۆمسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە 11 ی ساڵی 2007 ، تا پێک هێنانی لیژنەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ریفراندۆم لە کوردستانی عیراق" هاتوو لە مادەی شەشیت دوبارەی یەکەم لە یاسای هەڵبژارتدنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عیراق ژمارە یەک بۆ ساڵی 1992 ی هەموار کراو ، یاساکە بەم جۆرە دەخوێنرێتەوە ؛" یەکەم کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جێگەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عیراق هاتوو لەم یاسایەدا دەگرێتەوە و سەرپەرشتی و بەرێوە چوونی هەڵبژاردنەکان دەکات و بەندی چواری مادەی شەشی سەبارە نادەستوورییە". سێیەم/ نادەستووری بوونی مادەی نۆی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عیراق ژمارە یەکی ساڵی 1992 ی هەموارکراو و بە کارهێنانی دەقی پێشووی لەکارخستوو بە پێی مادەی چوار لە هەمواری سێیەم ی ژمارە 47ی ساڵی 2004 و دەقەکە بەم جۆرە دەخوێنرێتەوە: " کوردستانی عیراق بۆ چەند بازنەیەکی هگەڵبژاردن دابەش دەکرێت ، بە مەرجێک لە چوار بازنە کەمتر نەبێت". چوارەم / نادەستووری بوونی مادەی سێیەم لە یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2013 ی یاسای هەموارکردنەوەی حەوتەم بۆ یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عیراق ژمارە یەک بۆ ساڵی 1992 ی هەموارکراو کە بەپێی مادەی 17 لە یاسای باسکراو لە کارخراوە و گەرانەوە بۆ بەگەرخستنەوەی مادەی باسکراو بەم جۆرە: " فەرمانگەی باری کەسێتی کارتی دەنگدان بۆ هەموو ئەو هاوڵاتییانەی کە تەمەنیان هەژدە ساڵە دابین دەکات، بە جۆرێک کە لەکاتی دەنگداندا کەسی دەنگدەر بناسرێتەوە . پێنجەم / نادەستووری بوونی دەستەواژەی (لەناوچەکانی کوردستانی عیراق) و رستەی ( نابێت ژمارەی کاندیدەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردن لە سێ کەس کەمتر بێت) ی هاتوو لە مادەی 22 لە یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عیراق بۆ ساڵی 1992 و دەبێت بەم جۆرە بخوێنرێتەوە : " هەموو کیانێکی سیاسی لە کوردستانی عیراق دەتوانێت لیستێکی تایبەت بە خۆی کە ناوی کاندیدەکانی لە خۆگرتبێت پێشکەش بکات و دەبێت لیستە پێشکەشکراوەکە لە لە ٪30 ی ژنان پێک هاتبێت و بە جۆرێک ناوی کاندیدەکان ریزکرابێت کە دڵنیایی لەو رێژەیەی بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بدات. شەشەم / نادەستووری بوونی مادەکانی "شەش" و "حەوت" و " برگەی یەک / یەک و دووی مادەی 36) و ( 36 ی دوبارە) و ( برگەی "٢" لە مادەی 56 ) و (58) لە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ژمارە (1) بۆ ساڵی 1992 ی هەموارکراو. حەوتەم / رەتکردنەوەی سکاڵای سکاڵاکاران لەبارەی مادەکانی دیکەی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ی عیراق ، ژمارە یەک ی ساڵی 1992ی هەموارکراو.
هاوڵاتی بهئاگاداریى و بهڕێكهوتن لهگهڵ عێراق، شهوى ڕابردوو هێزهكانى فهوجێكى سهر بهپاسهوانى سنورى عێراق، بهرهو سنورى پارێزگاى دهۆك و ناوچهیهكى سورى نێوان سوپاى توركیاو گهریلاكانى پهكهكه جوڵهیان پێكراوه. بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی لەسەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە هاوڵاتی وت" ئەمرۆ فەوجێکی پاسەوانی عێراق بەرەو ناحیەی شیلادزێ بەرێکەوتن ،فەوجەکە لەگەلی باڵندا جێگیر دەبێت، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ عێراقدا هێزەکانی تورکیا و گەریلا لەدەوروبەری گەلیەکە کشاونەتەوە." وتیشی" ئامانجی سەرەکی لەم هەماهەنگیە ئەوەیە دانیشتووانی دەوروبەری ئەو گەلیە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان و دەست بەژیانی ئاسایی بکەنەوه". بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر، هاوڵاتی پەیوەندی بە قایمقامی ئامێدی و بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ و دێرەلوک کرد بەڵام هیچیان وڵامیان نەدایەوە. ئەو ناوچەیەی هێزەکەی لێ جێگیرکراوە ناوی گەڵی باڵندایە، ئەو گەلییە پێی دەڵێن گەلی نێروە و رێکان و زیاتر ناوبانگە بەگەلی باڵندا دەکەوێتە سنوری ناحیەی شیلادزێ سەر بە قەزای ئامێدی، پێشتر هێزەکانی گەریلا و تورکیا لێی بوون بەڵام بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ عێراق هەردووکیان کشاونەتەوە . ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوى ڕابردوو بە چڕى بۆردوومانى چەند ناوچەیەکى سنوورى دهۆکى کرد و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگەى خانەنشین شەهیدبوون و یەکێکى دیکەش برینداربوون.
هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەمە 21/2/2024 ، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان و هەروەها یەک بازنەیی و فرەبازنەیی پڕۆسەی هەڵبژاردن دا . لەبریارەکەی دادگادا هاتووە کە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە کەم دەکرێتەوە بۆ 100 کورسی بەمەش ئەو 11 کورسییەی کە تایبەت بوو بە پێکهاتەکان هەڵوەشاندەوە . هەروەها لە بریارێکی دیکەی دادگاکەدا هاتووە کە کۆمیسیۆنی عێراق شوێنی دەستەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەگرێتەوە . بریارێکی دیکەی دادگای فیدراڵی عیراق لە دانیشتنەکەی ئەمرۆیدا بریتی بوو لە فرە بازنەیی بوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بە جۆرێک کە لە چوار بازنە کەمتر نەبێت، هەروەک چۆن هەموو کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی بەشداری کردنی لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە . بە پێی زانیارییەکان پارێزگای هەولێر 34 کورسی و پارێزگای سلێمانی 38 کورسی و پارێزگای دهۆک 25 کورسی و پاریضگای هەڵەبجە 3 کورسی بۆ تەرخان کراوە. تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەی دادگای فیدراڵی عیراق تایبەت بوو بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق رایگهیاند، دهبێت وهزارهتی دارایی عیراق مانگانه پاره بۆ مووچهی ههرێمی كوردستان بنێرێت هاوشێوهی پارێزگاكانی دیكهی عیراق. هەروەها دادگاکە بڕیاری دا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق بخرێتە سەر بانکە فیدراڵییەکان، بەوەش مووچەی فەرمانبەران دەخرێتە سەر بەغدا. هاوکات دادگای فیدراڵی، هەرێمی کوردستانیشی پابەند کرد بەوەی سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکرێت . بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی حکومەتی عێراق و هەرێم پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی و تانەیان لی نادرێت
زریان فەرەیدوون نرخی گۆشتی سوور لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی مانگێکدا بەشێوەیەکی خێرا رووی لەبەرزبوونەوە کردووە، ئەوەش بەهۆی کەمی هاوردەکرنەوە. حکومەتیش داوا لەگۆشتفرۆشان دەکات نرخەکەی هەرزان بکەن لەکاتێکدا ئەوان دەڵێن ئەگەر بەقسەی حکومەت بکەن دەبێت بەزەرەر بیفرۆشنەوە چونکە هیچ هاوکارییەکیان ناکات. نرخی فەرمیی گۆشتی سوور لەنێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی شارو شارۆچکەکان جیاوازە، بۆ نموونە لەسلێمانی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 23 هەزار دینارە، لەهەولێر و دهۆک بە 22 هەزار دینارە، لە هەڵەبجە بە 18 هەزار دینارە. هەروەها کیلۆیەک گۆشتی مانگا لەسلێمانی بە 22 هەزار دینارە، لەهەولێرو دهۆک بە 18 هەزار دینارە، لەهەڵەبجە بە 16 هەزار دینارە. ئەکرەم رەزا ئاژەڵدار لەمەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دەڵێت، «بەهۆی هاوردەنەکردنی ئاژەڵ لەدەرەوە ژمارەیان لەمەیدانەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووەو ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی». نرخی کیلۆیەک ئاژەڵ بەزیندوویی نزیکەی دوو هەزار دینار بەرزبووەتەوە، ئاژەڵدارەکانی مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانیش دەڵێن ئاژەڵ کەمبووەتەوە بۆیە بەهاکەی گرانبووە. ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە بەهاوڵاتی وت، کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور نێودەوڵەتییە، هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەگەڕێتەوە. وتیشی، «بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ تەنها لەهەرێمدا نییە... بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، لەوڵاتانەوە بڕێکی کەمتر ئاژەڵ هاوردە دەکرێت، لەناوخۆش زیاتر دەکەوێت، هەربۆیە نرخەکەی بەرزبووەتەوە». بەپێی دوایین داتای دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لەساڵی 2022دا، توانراوە 55٪ی پێویستیی گۆشتی سوور لەناوخۆ دابینبکرێت، کەنزیکەی 75 هەزار تۆنە لەساڵێکدا، ئەوەی دیکە دەبێت هاوردەبکرێت. ئەو هاوردەیەش لەوڵاتانی جۆرجیا، ئەرمینیا، هەنگاریاو بەرازیل بەفەرمی هاوردە دەکرێت؛ هاوکات، لەچەند وڵاتێکی دیکە بە نافەرمی دەهێندرێت. سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کەڕێگری لەهەناردەکردنی ئاژەڵ دەکرێت، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی وت «ئێمە وڵاتێکی هەناردەکارنین، هاوردەکارین، چونکە بڕەکە لەپێداویستی ناوخۆ کەمترە، لاریمان نییە لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ بەشێوەیەکی یاسایی و هیچ رێگرییەک نییە». بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی گۆشتی سوور، قایمقامیەتی سلێمانی داوای لەگۆشتفرۆشەکان کردووە هەر کیلۆیەک گۆشت بە 22 بۆ 23 هەزار دینار بفرۆشن، بەڵام ئەوانیش بەمە رازی نین و لەئێستادا نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لەبازاڕدا گەیشتووەتە 25 هەزار دینار. ئاسۆ عومەر وتەبێژی گۆشتفرۆشانی هەرێمی کوردستانیش لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەلایەن قایمقامیەتی سلێمانییەوە داوایان لێکراوە گۆشت بەنرخی ٢٣ هەزار بفرۆشین تاکاتێکی نادیارو تا ئەوکاتەی لەهۆکاری گرانبوونی نرخەکەی لەمەیدانی ئاژەڵان دەکۆڵنەوە کە لەئێستادا نرخی هەر کیلۆیەک گۆشتی سور ١١ هەزار دینارە بۆ ئاژەڵە زیندووەکان. باسی لەوەشکرد کەئەو نرخەی بۆیان دیاریکراوە زۆر کەمەو هیچ قازانجێکی لێناکەن و گۆشتەکە ٢٤ هەزار دینار لەسەریان دەکەوێت و هاووڵاتیانیش نایکڕن. قایمقامیەتی سلێمانی بەهاوڵاتی وت کەئەو بابەتە پەیوەندی بەوانەوە نییەو پەیوەستە بەچاودێری بازرگانی سلێمانییەوە، هاوڵاتی پەیوەندی بەژووری بازرگانی سلێمانی و چاودێری بازرگانی سلێمانییەوە کرد بەڵام ئامادەنەبوون لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدەن. رۆژانە لەپارێزگای سلێمانی، 120 تۆن گۆشتی سوورو 80 تۆن گۆشتی سپی بەکاردەهێنرێت.
شوان عباس بەدری دوای زیاتر لەپێنج مانگ لەبایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن، بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی رایانگەیاند بەڵێنی چارەسەرکردنی داوکاریەکانیان لەلایەن حکومەتەوە دراوەو خۆپیشاندان هەڵدەپەسێرن بەڵام بەشێکی تریان دەڵێن بەردەوام دەبن بەشێوازی جۆراوجۆر. شەوی دووشەممە 19/2/2024 بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی هەڵەبجە لەدوای کۆبوونەوەیەکی ژمارەیەک لەمامۆستایان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مامۆستایانیان سەرپشک کرد لەگەڕانەوەیان بۆ ناوەندەکانی خوێندن یان بەردەوامیدان بەبایکۆت، بەڵام مامۆستایانی هەندێک لەقەزاکانی تر دەڵێن ئەوان سوورن لەسەر بایکۆت تابەڵێنەکان جێبەجێدەکرێن. مامۆستایانی ناڕازی پێنج داواکاری سەرەکییان هەیە کەدیارترینیان دامەزراندنی وانەبێژان و دەسپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە. هەروەها داوادەکەن چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو دیاری بکرێت لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا . هەروەها دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو بڕە پارانەی بەهەر ناوێکەوە لەمووچەکان بڕاون لەگەڵ دابەشکردنی مووچەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بانکە حکومییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق. لەگەڵ ئەوەی تائێستا هیچ داوایەکیان جێبەجێ نەکراوە، بەڵام هەندێک لەوانەی بایکۆتیان شکاندووە دەڵێن بەڵێنی زارەکییان لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، بەڵام ئەو بەڵێنانە هەمان ئەو بەڵێنانەن کەمانگی رابردوو وەزارەتی پەروەردە بەنووسراوێک بڵاویکردەوە بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی کارگێڕی و یاسایی تێدابێت، ئەوەش لەکاتی خۆیدا قەناعەتی بەمامۆستایان نەکرد بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن. لەگەڵ ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبوونەتەوە و دەڵێن لەئێستادا چالاکیەکانیان هەڵپەساردووە، بەڵام ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی دەڵێن ئەوان هیچ بڕیارێکی لەو جۆرەیان نەداوە. هادی حەمەڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی بەهاوڵاتی راگەیاند «بەشێک لەمامۆستایانی ناڕازیی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردو چەند بەڵێنێک بۆ چارەسەکردنی کێشەکان درا، بەڵام ئێمە هیچ بڕیارێکمان بۆ هەڵپەساردنی بایکۆت نەداوە». وتیشی «ئێمە چاودێری جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، باوەڕمان وایە دەبێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێبکرێن» . مامۆستا دانا نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند «ئەو بابەتەی کەوەزیر بڵاویکردبووەوە لەدەسەڵاتی وەزیردا نەبوو و زۆر لاستیکی بوو و مەجالی خۆدزینەوەی لەبەرپرسیارێتی زۆر تیا بوو، بەڵام ئەم بریارەی ئەمڕۆ ئەو بابەتانە هەڵناگرێت و پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایانی چەسپاندووە لەگەڵ دامەزراندنی وانەبێژان و جگە لەوەش بەڵێنی داوە دوای جێبەجێکردنی ئەو دوو خاڵەی باسمکرد قۆناغ بەقۆناغ و بەپێی پرەنسیبی خۆیان و بەپێی پلەبەندی خۆیان جێبەجێی سەرجەم داواکان بکەن، کەبریتین لەبابەتی مووچەو مووچە پاشەکەوتکراوەکان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران». سەبارەت بەوادەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارو پەیمانانەش مامۆستا دانا وتی «لەو کۆنووسەی کە لەبەردەستماندایە، کۆنووسەکە ئیشارەتی کردووە بەوەی راستەوخۆ لەگەڵ چاککردنی پرۆژە یاسای بودجەی عیراق، ئەوان یەکسەر دەستدەکەن بەجێبەجێکردنی و لەئێستادا کردوویانە بەبڕیار». وتیشی «بە دڵنییایەوە ئەگەر بێتو ئەو بڕیارانە جێبەجێ نەکرێت ئێمە لەشەقام دەبین و بۆ بایکۆت و هەموو جۆرە ناڕەزایەتییەکی تر دەستمان کراوەیە لەبەرامبەریان». هاوکات ئەم هەڵوێستەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە، ناڕەزایەتی بەشێک لەمامۆستایانی وانەبێژی دەڤەری راپەڕینی لێکەوتەوەو رایانگەیاند کە لەبەرئەوەی بەشدارنەبوون لەکۆبوونەوەکەی مامۆستایان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، بەردەوام دەبن لەبایکۆت. «ئێمە نە لەکۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی بەشداریمان کردووە، نە لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، بۆیە بەردەوامین لەبایکۆت» کارۆخ عبدوڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لەدەڤەری راپەڕین وای بەکەناڵەکانی راگەیاندن وت. کارۆخ عەبدوڵڵا راشیگەیاند، ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی مامۆستایانی دامەزراو (میلاک)ن و مامۆستای وانەبێژانیان تێدا نییە. وتیشی «مامۆستایانی دامەزراو چی بڕیارێک دەدەن بۆ خۆیان دەیدەن نەوەک ئێمە». لەلایەن خۆیەوە ئاسۆ کۆساری، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی لەئیدارەی راپەڕین لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئەو راگەیەندراوەی کەباس لەهەڵپەساردنی بایکۆت دەکات راست نییەو چاوەڕێی بڕیارەکانی داگای فیدراڵی عیراق دەکەین و دوای دەرچوونی بڕیارەکان، بڕیار لەبارەی بایکۆتەوە دەدەین. «بڕیاری شکاندنی بایکۆت دوورە لەخواستی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەرتاسەری ، بەتایبەتیش ئێمەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەڤەری راپەرین، ئێمە خۆمان بڕیاری خۆمان داوە کەدوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق، ئێمە خۆمان رای خۆمان دواجار لەسەر بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان دەردەبڕین» مامۆستا ئاسۆ کۆساری وادەڵێت. لەلایەن خۆیانەوە دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی پشدەریش شکاندنی بایکۆتیان بەتوندی رەتکردەوەو بڕیاری شکاندنی بایکۆتی مامۆستایانیان لەلایەن بەشێک لەبەڕێوبەرەکان بەبڕیارێکی بەپەلەپروزاوی و بێدەسکەوت و ئەنجام وەسفکردو رایانگەیاند، تەنها مامۆستایان خاوەنی راستەقینەی بایکۆتن و رۆژی چوارشەممە 21/2/2024 بە کردار وەڵامی ئەو بڕیارە دەدەنەوە. هەروەها هەریەک لەکفری و کۆیە هێشتا هەڵوێستی خۆیان لەمبارەیەوە یەکلایی نەکردووەتەوە. وا بڕیار بوو رۆژی یەکشەممەی رابردوو 18/2/2024 مامۆستایانی ناڕازی شارەزوورو هەڵەبجەو سەیدسادق و پێنجوێن بێنە دەباشان و شانبەشانی ژمارەیەک مامۆستای ناڕازی دیکەی دانیشتووی سلێمانی بەمەبەستی جێبەجێکردنی داواکانیان لەدەباشان خۆپیشاندانێک ئەنجامبدەن، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لەو بڕیارە ، لەڕوونکردنەوەیەکی بەپەلە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە و شارەزوورو سەیدسادق رایانگەیاند، بەهۆی ئەوەی هەردوو بەرپرسە باڵاکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەدەباشان نین، گردبوونەوەکەیان دواخستووە بۆ رۆژێکی دیکەو لەخۆپیشاندانەکانیان لەشارو شارۆچکەکانی خۆیان بەردەوام دەبن . هەر لەمبارەیەوە مامۆستا دانا نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بەهاوڵاتی راگەیاندبوو کە «ئێمە نابێت بەیەک شێواز خۆپیشاندان ئەنجامبدەین و هەموو رۆژێک لەبەردەم پەروەردە بۆ بەردەم دادگا بێت ئەمە گەرموگوڕی ناهێڵێت، بەڵکو دەبێت ئاڕاستەکان بگۆڕین». ئەم مامۆستایە ئەوەشی روونکردبووەوە کەهەنگاوی نوێیان هەیە بەجۆرێک گردبوونەوەکان بگوازنەوە بۆ ناو هەولێر لەگەڵ رۆیشتنیان بۆ خاڵە سنوورییەکانی هەرێم و بەربەستکردنی رێگەی ئەو خاڵە سنووریانەو داخستنی رێگەی هاتوچۆو رێگریی لەتانکەرەکانی نەوت. دانا عەبدول ئەوەشی بەهاوڵاتی راگەیاندبوو «دەمانەوێت خۆپیشاندانەکان بەرینە هەولێر لەڕێی دێگەڵەوە، ئەگەربێت و رێگەشمان لێبگیرێت ئەوا ئێمەش رێگەی دێگەڵە دەگرین بۆ ئەوەی هەرچی تەنکەری سەربەخۆیانە رێیان لێبگیرێت». هەروەها وتی «هەنگاوێکی دیکەشمان چوونمانە بۆ دەروازە سنوورییەکانی وەک (باشماخ و سەیرانبەن و کێلێ و پەروێزخان)و بەربەستکردنی رێگاکانە». ئەوەشی خستەڕوو کەهەنگاوێکی دیکەیان بریتیە لەمانگرتن لەخواردن، ئەگەر حکومەت وەڵامیان نەداتەوە. «ئەگەر نەگەینە ئەنجام تائێستا ٥٠ کەسێک ئامادەن، مان لەخواردن بگرن لەبەردەم (یو ئێن)دا، هەتا داواکارییەکانمان جێبەجێدەکرێت و ئامانجمانە ئەم کەیسە بکەینە کەیسێکی نێودەوڵەتی»، مامۆستا دانا وادەڵێت. مامۆستایانی ناڕازی پێنج داواکاری سەرەکییان هەیەو دەڵێن بایکۆت ناشکێت هەتاوەکو ئەو داوایانە جیبەجێ نەکرێت کەدیارترینیان دامەزراندنی وانەبێژان و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە. هەروەها داوادەکەن چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو دیاری بکرێت لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا . هەروەها دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو بڕە پارانەی بەهەر ناوێکەوە لەمووچەکان بڕاون لەگەڵ دابەشکردنی مووچەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بانکە حکومییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق. مامۆستا دانا گۆڕینی شێوازی ناڕەزایەتییەکان بە «بێهیوایی» نەزانیبوو و بەڵکو پێی وابوو هەنگاوەکەیان گۆڕینی شێوازی فشارەکانە بەڕێگەی جۆراوجۆر. وتیشی «لەڕاستیدا ئێمە نابێت بەردەوام بەیەک ریتم خۆپیشاندان بکەین، هەموو هەفتەیەک لەبەردەم پەروەردە بۆ بەردەم مەحکەمە بڕۆین، ئەم شێوازە ریتمە تەقلیدییە هەموو هەفتەیەک دووبارە دەبێتەوەو گەرموگوڕی نایەڵێت ، بەڕاستی دەبێت ئاراستەکان بگۆڕین «. لەبارەی سەردانکردنی مامۆستایان بۆ بەغداو ئەنجامەکەی ئەو مامۆستایە وتی «ئێمە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسان و لیژنەکانی یاسایی و دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق کردووەو هەموویان لەسەر هێڵن و بەڵێنیان پێداوین لەهەمواری بودجەدا بابەتەکان لەبەرژەوەندیی مامۆستایان بێت». لەبارەی سزادانی مامۆستایانەوە ئەو مامۆستا ناڕازییە وتی «لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەنها سزادانی مامۆستایان هەیەو ئەم بڕیارەش بەشێوەیەکی بێسەروبەرانە دراوە، چونکە لەسنووری هەڵەبجە نزیکەی چوار هەزار مامۆستا لەبایکۆتدایە، بۆچی تەنها ژمارەیەک مامۆستا دیاریکراوە و سزادەدرێن، تەنانەت مامۆستا سزادراوە کە لەمۆڵەتی دایکایەتی و خوێندندایە». هەر سەبارەت بەپرسی گردبوونەوەی مامۆستایان لەدەباشان مامۆستا عادل حەسەن کەمامۆستایەکی ناڕازییە لەلێدوانێکی پێشوویدا بەهاوڵاتی راگەیاندبوو، «بڕیاڕەکە لەلایەن ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەیدسادق و شارەزوورو پێنجوین و هەڵەبجە دراوەو ئێمە تەنها پشتیوانیمان کردوون». وتیشی «دۆخێکی نائومێدی زۆر درووست بووە لەهەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لەدەڤەری سلێمانی چونکە بەهۆی ئەو فشارانەی کەپەروەردەکان کردوویانەتە سەر مامۆستا، لەسلێمانیدا مامۆستایان بەویستی خۆیان بایکۆتیان نەشکاندووە، بەڵکو بایکۆتیان پێشکێنراوەو ئەم دوو شتەش زۆر جیاوازن لەیەکتری». هەرچەندە لەمانگی رابردوودا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەڕێی بەیاننامەیەکەوە داوای شکاندنی بایکۆت و گەڕانەوەی مامۆستایانی کرد بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام مامۆستایان وەڵامێکی تووندی بەیاننامەکەی یەکێتی نیشتمانییان دایەوەو رایانگەیاند هەتا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبن لەبایکۆت، بەڵام لەئێستادا ئەو بڕیارەیان هەڵپەساردووەو چاوەڕێی چاککردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق و جێبەجێکردنی ئەو پەیمانانەی حکومەت دەکەن کەپێیان دراوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ جاری دوانزەیەم دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەریمی کوردستان، و شایستە داراییەکانی موچەخۆران کۆدەبێتەوە. بە پێی ڕاگەیەندراوی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە کۆبونەوەکانی ئەمڕۆ چوارشەممەی ٢١ـی ٢ـی ٢٠٢٤ ئەمڕۆ دادگاکە سەبارەت بە سکاڵاکەی زیاد جەبار لەسەر سکاڵاکەی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان کۆدەبێتەوە. دانیشتنەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق، لەسەر دوو دۆسیەی تایبەت بەهەرێمى کوردستانە :سکاڵاى یەکەمى تایبەت بەهەرێمى کوردستان لەلایەن زیاد جەبار پەرلەمانتارى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە و لەسکاڵاکەدا تانە لەیاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان دراوە کە ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، مادەکانى 1 ، 9 ، 15 ، 22 ، 36 یاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان نادەستورین و سکاڵاکە لەسەر سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە. سکاڵاى دووەمى تایبەت بەهەرێمى کوردستان لەلایەن عەدالەت محەمەد و بوخارى جەمیل و حەیدەر محەمەد لەسەر هەردوو سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆمارکراوە و سکاڵا لەسەر ئەوەکراوە کە یاساى بودجەى عێراق جێبەجێنەکراوە و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى پارێزگاکانى ترى عێراق دابەشنەکراوە. پێستریش عیماد جهمیل بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرایكردوه، ئەگەر ئهمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کەیسی تانەدان لەیاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان یەکلابکاتەوە، ئهوا کۆمسیۆن ئامادەیی تێدایە لەناو مانگی شەشی ئەمساڵ وادەیەک دیاریی بکات بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لایهنه فهرمیهكانى ههرێمیش بهوه ڕازیى بونه.
هاوڵاتی پێنج ساڵ لەمەوبەر ڕوفاتی 172 ئەنفالکراوى کورد لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە باشورى عێراق دۆزرانەوە، ئەمڕۆ روفاتەکان گەڕێنرانەوە چەمچەماڵ و لە مۆنۆمێنتى ئەنفال بەخاک دەسپێردرێن. ڕوفاتی ئەو 172کەسەی لەبەغدادەوە هێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ کاتژمێر 10 پێش ئەوەی پشکنینی ناسینەوەی کەسوکارەکانیان دەربچێت بەخاک دەسپێرێن، دواتر کە کەسوکاری روفاتەکان دیاریکران ناسنامەی ئەنفالکراوەکان لەسەر گڵکۆکەیان دیاری دەکرێت. هاوکات پێنج رۆژ لە 17 مانگەوە تا 23ـی مانگ هەڵمەتى وەرگرتنى نموونەى خوێن لە کەسوکارى ئەنفالکراوان دەستیپێکردووە و تیمێکى پزیشکى بۆ ماوەى شەش رۆژە نموونەى خوێن لە کەسوکارى ئەنفالکراوان وەردەگرن و دواتر لەرێگەى پشکنینى دى ئێن ئەى، لەگەڵ رووفاتەکاندا بەراورد دەکرێت و رووفاتەکان دەناسرێنەوە. سێ هەزار و 400 کەسوکاری ئەنفالکراو پێویستە نموونەی خوێنیان لێ وەربگیرێت، هاوکات لە مانگی ئادار لە گەرمیانەوە دەست بە هەڵمەتەکە دەکەنەوە.
