هاوڵاتی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، وەک وەڵامدانەوە بۆ بە دز کردنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی حزبوڵڵای لوبنان بۆ باکووری ئیسرائیل، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کۆگای چەک و چۆڵی حزبوڵڵای لوبنانییان کردووەتە ئامانج. دانیەل هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رۆژی دووشەممە ١٩ی شوبات لە وتوێژێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی " ئێمە زانیمان فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی حزبوڵڵا دزەی کردووەتە خاکی ئیسرائیل و لە نزیک شاری تەبەرییە بینراو و توانیمان بیخەینە خوارەوە. لە وەڵامی ئەم کارەی حزبوڵڵادا، ئێمە کۆگای چەک و چۆڵ و تەقەمەنی حزبوڵڵامان لە ناوچەی سیدا لە لوبنان کردە ئامانج". رۆیتەرز لە زاری دانیشتوانی ناوچەکەوە رایگەیاندووە، لانیکەم دوو هێرشی ئاسمانی کراوەتە ناوچەکانی دەورووبەری شاری ئەلغازییە لە ٦٠ کیلۆمەتری سنووری ئیسرائیل و لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست. میدیاکانی لوبنان بڵاویان کردەوە کە ئەم هێرشانە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بووەو لە یەکێک لەم هێرشانەدا ترۆمبێلێک کراوەتە ئامانج. رۆیتەرز نووسیویەتی، ئەرتەشی ئیسرائیل لە وەڵامی هەواڵنێری رۆیتەرزدا دەربارەی بە ئامانج کردنی ئۆتۆمبێلەکەوە وتویەتی لە بابەتەکە دەکۆڵینەوە. لە کاتی دەستپێکی جەنگی غەزەوە ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە سنوورەکانەوە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر یەکتر. فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل زۆرجار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی حزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکان، بەڵام زۆر کەم روویداوە لە سنوورەکان دوور بکەونەوە. بە پێی ئەو ئامارانەی حزبوڵڵا بڵاویان کردووەتەوە، هەروەها بەپێی راپۆرتەکانی رۆیتەرز، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی ژێردەست حیزبوڵڵای لوبنان، تائێستا ١٧٠ چەکداری حزبوڵڵا و ٣٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. هەفتەی رابردوو بەهۆی هێرشەکانی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر باشووری لوبنان ١٠ هاوڵاتی مەدەنی و ژمارەیەک چەکداری حیزبوڵڵای لوبنان، لەوانە فەرماندەی یەکەی کۆماندۆی "رضوان" کوژران. حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە وەڵامی ئەم هێرشانەی ئیسرائیلدا وتی، ئیسرائیل بە خوین باجی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لوبنانی ئەداتەوە. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش هەڕەشەیکرد ئەگەر هەنگاوە دیپلۆماسییەکان بۆ دوورخستنەوەی میلیشیاکانی حزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکان بە ئەنجام نەگات، لوبنان باجێکی قورس ئەدات و ئەوان ناچار ئەبن بە زۆر حزبوڵڵا لە سنوورەکان دوور بخەنەوە.  

هاوڵاتی هێزە ئەمنیەکانی کەرکوک لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە خۆرئاوای شارەکە دوو داواکراویان بە تۆمەتی "تیرۆر" دەستگیرکرد، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەنراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند کە توانیویانە دوو "تیرۆریست" لە قەزاكانی حەویجە و ریاز لە پارێزگای کەرکوک دەستگیر بکەن، کە بەپێی بڕگەکانی مادەی چواری یاسای دژە تیرۆر فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان هه‌بووه‌. روونیکردۆتەوە کە دەستگیرکردنەکە "هەوڵێکی تەکنیکی و ئۆپەراسیۆنێکی جۆری پێشوەختە" بووە ، کە تێیدا چەند هیزێک بەشدارییان تێدا کردوە لەوانە؛ بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکوک و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک. هەر لە ڕاگەیەنراوەکەداهاتووە دوو تۆمەتبارەکە ڕەوانەی به‌شی لێکۆڵینەوە کراون بۆ تەواوکردنی په‌ڕاوی لێکۆڵینەوەکانیان. قەزای حەویجە بە دووری نزیکەی ٦٥ کلم دەکەوێتە ڕۆژئاوای کەرکوکەوە، هەروەها ناحیەی ڕیازیش بە دووری ٥٢ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شارەکەوە.

هاوڵاتی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌زه‌بری چه‌ك و هه‌ڕه‌شه‌كردن و به‌فه‌رمانی عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمود جێگری سه‌رۆكی حزبه‌كه‌ی له‌ باره‌گای مه‌ڵبه‌ند دوریانخستۆته‌وه‌ و دەڵێت، زیاد لە ١٠ جار هەڕەشەملێکراوە. شکور خەیات به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری پارتی سۆسیال دیموكرات له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، "عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود جێگری سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكرات كۆمه‌ڵێك كه‌سی له‌گه‌ڵدابوو 10 جار زیاتر هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردوم و ده‌نگه‌كانیشیان تۆماركراون، به‌یانی ئه‌مڕۆش پاسه‌وانێكی عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود هات له‌ناو مه‌ڵبه‌ند به‌زۆر ده‌ریكردمه‌ ده‌ره‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌ندامان و لایه‌نگران و جێگران و كارگێڕانی مه‌ڵبه‌ند هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كرێت هاتوچۆی مه‌ڵبه‌ند نه‌كه‌ن." دەشڵێت هەر کێشەیەک بۆ من و خانەوادەکەم دروستبێت،خوێنی من لە ئەستۆی عەبدوڵای حاجی مەحمود جێگری سه‌رۆك و، فارس ره‌حمان حاجی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی، باهر فه‌قێ ساڵح ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیه‌. لە وڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنوسانیشدا سەبارەت بەوەی کە بۆ لەناو مەڵبەندی حیزبەکەیدا کۆنگرەکەی ئەنجام نەداوە وتی، عەبدوڵای حاجی مەحمود  ژمارەیەک  پاسه‌وانی وه‌زاره‌تی شه‌هیدانی هێناوەو لە ژورەوەن . وتیشی، "منیش له‌به‌ر رۆحی خۆم نه‌متوانیوه‌ بچمه‌ مه‌ڵبه‌نده‌وه‌، به‌ڵام له‌هه‌مو بارێكدا سه‌رۆكی ئێمه‌ محه‌مه‌د حاجی مه‌حموده‌ و كه‌سی دیكه‌ش به‌ سه‌رۆك نازانین، ئه‌وانه‌شی لایانداوه‌ له‌ په‌یڕه‌و و پرۆگرامی حزب ده‌رده‌كرێن". و ناكۆكییه‌كانی ناو پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەک ئاڵۆز بوووە سێ ڕۆژ لەمەو پێش گه‌یشته‌ پێكدادانی سه‌ربازی و له‌ گوڵه‌خانه‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ رویداوه‌، دواتریش هێزێكی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ی گوڵه‌خانه‌كرا بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ ئاسایی بكاته‌وه‌، روبه‌ڕوبونه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ رویداوه‌ كه‌ لە سەرەتای ئەم مانگەوە گرژیی کەوتوەتە نێو حزبه‌كه‌ بەتایبەتی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی یانەی وەرزشیی بەختیاری.    

هاوڵاتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ مانگی ئایاردا ناكرێت و كۆمسیۆن مانگی حوزه‌یرانی بۆ هه‌ڵژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان پێشنیاز كردووه‌. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ی حوزه‌یرانی 2024، شاندێكی كۆمسیۆن و یونامی له‌ عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی واده‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان. بە گوێرەی زانیارییەکان ئەگەر سبەینێ دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر هەمواری یاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان بدات ئەوا ئەوان لەنێوان 1/6 بۆ 10/6 ئامادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنن. لە رابردوودا چەند جارێک وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا، هەڵبژاردن نەکرا، هەرچەند تاوەکو ئێستا دادگای فیدراڵی 15 دانیشتنی لەسەر ئەو سکاڵایە دواخستووە، بەڵام بڕیاری نەداوە. ئەوەش ئاشکرا کراوە؛ پێدەچێت سبەینێ دادگاى فیدراڵى لە بڕیارەکەیدا لەبارەى یاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێم، بازنەکانى هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بکاتە چوار بازنە و کورسى پێکهاتەکانیش لە 11 کورسییەوە بۆ پێنج کورسى کەم دەکاتەوە. بەهۆى هەڵپەساردنى کارەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە، کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات.

هاوڵاتی چەند ڕۆژێکە نرخی گۆشتی سور لە بازاڕەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوەو بەڕێوبەری گومرگی هەرێمیش دەڵێت هۆکاری بەرزبونەوەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەگەڕێنێتەوە.   ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە بە هاوڵاتی وت، کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور نێودەوڵەتییە، هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەگەڕێتەوە.  وتیشی، " بەهۆی بەرزبونەوەی نرخەکەی لە وڵاتانەوە بڕێکی کەمتر ئاژەڵ هاوردە دەکرێت و بەهۆی بەرزی نرخەکەی لەسەر ناوخۆش زیاتر دەکەوێت هەربۆیە نرخەکەی بەرزبۆتەوە". سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە ڕێگری لە هەناردەکردنی  ئاژەڵ دەکرێت، بەڕێوبەری  گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بە هاوڵآتی وت، "ئێمە وڵاتێکی هەناردەکارنین، هاوردەکارین، چونکە ڕێژەکە لە پێداویستی ناوخۆ کەمترە، لاریمان نییە لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ بەشێوەیەکی یاسایی و هیچ ڕێگرییەک نییە". ئەوەشی ڕونکردەوە کە ،"ئێستا ڕێژەی هاوردەکردن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ کەمی کردووە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەرزبونەوەی نرخەکەی". نرخی فەرمیی گۆشتی سوور لە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی شار و شارۆچکەکان جیاوازە. بۆ نموونە لە سلێمانی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 23 هەزار دینارە، لەهەولێر و دهۆک بە 22 هەزار دینارە، لە هەڵەبجە بە 18 هەزار دینارە بەڵام لەناو بازاڕەکاندا بە نرخی فەرمی نافرۆشرێت  ولە ئێستادا لەناو بازاری سلێمانی بە ٢٤ بۆ ٢٥ هەزار دینار دەفرۆشرێت ئەمەش بارگرانی بۆ سەر هاوڵاتیان دروست کردووە. بەپێی دوایین داتای دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا، توانراوە 55٪ی پێویستیی گۆشتی سوور لە ناوخۆ دابینبکرێت، کە نزیکەی 75 هەزار تۆنە لە ساڵێکدا، ئەوەی دیکە دەبێت هاوردەبکرێت. ئەو هاوردەیەش لە وڵاتانی جۆرجیا، ئەرمینیا، هەنگاریا و بەرازیل بەفەرمی هاوردە دەکرێت؛ هاوکات، لە چەند وڵاتێکی دیکە بە نافەرمی دەهێندرێت.  

هاوڵاتی بە وتەی وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ  یونامی و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکەن ، سەرچاوەیەکیش لەناو کۆمسیۆنیش دەڵێت، "ئاگاداری هیچ کۆبونەوەیەک نین". جومانه‌ غه‌لای وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕایگه‌یاند، "بۆ دیاریكردنی كاتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و واده‌یه‌ى بۆ به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان داده‌نرێت، كۆتایی نییه‌و ڕه‌نگه‌ گۆڕانكاریی تێدابكرێت". سەرچاوەیەکیش لە کۆمسیۆنی عێراق لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت،"هیچ زانیارییەکی ڕەسمییان پێنەگەیشتووە لەبارەی ئەنجامدان یان نەدانی  کۆبوونەوەکە " دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بڕیاریدا ماوه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران بۆ 10 ڕۆژى دیكه‌ درێژبكرێته‌وه‌، كه‌ بڕیاربوو ئه‌مڕۆ 20ی شوبات كۆتایی پێبێت. بڕیاره‌كه‌ زیاتر ئه‌وانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌دایكبوی ساڵی 2006ن، بۆ ئه‌وانه‌شه‌ كه‌ له‌پێشودا كارتی بایۆمه‌تریان نوێ نه‌كردوه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی زیاتریان بۆ بڕه‌خسێت. وتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەئێستادا لەبەرئەوەی ھەنگاوی باش نراوە بۆ ھەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان، دەتوانن لە ماوەی چوار مانگدا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن. ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە بڕیارە سبەینێ جارێکی دیکە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کۆببێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات.

هاوڵاتی سزای سێدارەی بەندكراوێكی كوردی خەڵكی سەڵماس بەناوی ئیرەج پاكی كە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندی ئەردەبیل جێبەجێ كرا. بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ سزای سێدارەی بەندكراوێكی كورد بەناوی ئیرەج پاكی خەڵكی گوندی "ستوونڕەش"ی سەر بە شاری سەڵماس، لە بەندیخانەی ناوەندی ئەردەبیل جێبەجێ كرا. بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئیرەج پاكی شەش ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر كرابوو و لەلایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. هەتا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لە سێدارەدرانی ئەو بەندكراوە لە میدیا حكوومییەكان بەتایبەت میدیا نزیكەكان لە دادوەری ئێرانەوە بڵاونەكراوەتەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایدەگەیەنێت یەکەمین بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان لە سبەینێوە دابەشدەکرێت لە رێگەی بریکارەکانەوە. ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند "یەکەمین بەشەخۆراکی مانگانەی ئەمساڵ لە سبەیةی سێشەممەوە دابەشدەکرێت و کۆمپانیای گشتی بازرگانی مادە خۆراکییەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە تەواوکردووە و بڕی پێویستی خۆراکی لە کۆگاکاندا دانراوە". ئاماژە بەوەشکراوە "داوا لە هاوڵاتییان دەکەین سەردانی بریکارەکانی خۆراک بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە و لەکاتی بوونی ھەر سەرپێچیەکدا پەیوەندی بە وەزارەتەوە بکەن".  

هاوڵاتی دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، لە میدیاکان بەیاننامەیەک بەناوی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی بڵاوکرایەوە لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی مامۆستایان و هەڵپەساردنی بایکۆت، ئەندامێکی ئەنجومەنەکە رایگەیاند "ئێمە هیچ بڕیارێکی لەو جۆرەمان نەیاوە". هادی حەمە رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازیی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و چەند بەڵێنێک بۆ چارەسەکردنی کێشەکان درا، بەڵام ئێمە هیچ بڕیارێکمان بۆ هەڵپەساردنی بایکۆت نەداوە". ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە چاودێری جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، باوەڕمان وایە دەبێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکرێن". لەبارەی ئەو بەیاننامەی کە بڵاوکراوەتەوە بەناوی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی بۆ هەڵپەساردنی بایکۆت ناوبراو وتی "ئەو بەیاننامەیە فەیکە و هیچ بڕیارێکی وانەدراوە". دەقی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی کە لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە: پاش کۆبوونەوەی بەشێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت، ناوبراو هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاریدا پاش هەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی عێراق: ١-  پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان بەپێی ساڵانی خزمەت، بخرێتە بواری جێبەجێبەجێکردن. ٢-  بەگرێبەستکردنی وانەبێژان بە قۆناغبەندی. لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنیان دا، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دیکەی مامۆستایان؛ بەردەوام لەسەر خەت دەبن و هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ. ئێمەش وەک ئەنجومەنی سەرتاسەریی، لەژێر رۆشنایی ئەو بڕیار و بەڵێنانەی جێگری سەرۆکی حکومەت؛ وەک دەرفەتێکی تر بە دەسەڵات و نەفەوتانی ساڵێکی خوێندن، بڕیارماندا بە هەڵپەساردنی بایکۆت، لە ئەگەر جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانیش، بەگوڕوتینی نوێوە دێینەوە مەیدانەکە. لێرەوە جێی خۆیەتی؛ سوپاسی یەک بەیەکی مامۆستایانی خۆڕاگر و کۆڵنەدەر و تەواوی چینوتوێژەکان بکەین؛ کە جوامێرانە و ماندوونەناسانە بەتەنگ سەرخستنی ئەم خەباتە مەدەنییەوە بوون. ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی  

هاوڵاتی ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئێرانی و عێراقییەوە رایگەیاند، دوای هێرشی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ بەغدا میلیشاکانی سەر بە ئێران، هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا راگرتووە. بە وتەی رۆیتەرز، قائانی ماوەیەک دوای ئەوەی واشنتۆن گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە بەرپرس زانی لە کوشتنی سێ سەربازی ئەمەریکایی لە بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢ لە ئوردون، سەردانی بەغدای کرد. رۆژی ٢٨ی کانوونی دووەەم لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، کە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکییەکانە لە خاکی ئۆردون و بەو هۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و زیاتر لە ٤٠ سەرباز بریندار بوون. رۆیتەرز باسی لەوە کردووە رۆژی ٢٩ی کانوونی دووەم ئیسماعیل قائانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی میلیشاکانی سەر بە ئێران کۆبووەتەوە و ئاگاداری کردوونەتەوە بۆ ئەوەی هێرش نەکرێتە سەر فەرماندە باڵاکانیان یان دامەزراوەکانیان، یان تەنانەت راستەوخۆ هێرش نەکرێتە سەر ئێران، ئەبێ هێرشەکانیان رابگرن و ماوەیەک دەرنەکەون. بە پێی ئەم راپۆرتە، سەرەتا تەنها گرووپێک رازی نەبووە بە داواکارییەکەی ئیسماعیل قائانی و زۆربەی گرووپەکان هەر لە یەکەم ساتەکاندا ملکەچی ئەم فەرمانە بوون. رۆژی ٣٠ کانوونی دووەەم "کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق" یەکێک لەو گرووپانەی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێت رایگەیاند هێرشەکانی خۆی بۆ سەر دامەزراوەو بنکە ئەمریکییەکان راگرتووە. فەرماندەیەکی باڵای هەواڵگری عێراق بە رۆیتەرزی وتووە، ئیسماعیل قائانی بەهۆی باری ئەمنی و ترس لەوەی نەکا شتێکی بەسەر بێت دەستبەجێ فڕۆکەخانەی بەغدای جێ هێشتووە. قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشتری فەیلەقی قودس، ٤ ساڵ لەوە پێش هەر لەم فڕۆکەخانەیە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە کرایە ئامانج و کوژرا. سەفەری ئەم دواییانەی فەرماندەی باڵای سوپای قودس بۆ بەغدا لە میدیا عێراقییەکاندا باسی کرا، بەڵام باس لە وردەکارییەکانی نەکرا. رۆیتەرز لە زاری فەرماندەیەکی باڵای یەکێک لە گرووپە چەکدارە عێراقییەکانەوە نووسیویەتی "ئەگەر قائانی راستەوخۆ ئامادە نەبوایە کەتائیبی حزبوڵڵا رازی نەدەبوو هێرشەکانی رابگرێت". لە دوو هەفتەی رابردوودا لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە هێرش نەکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق. لە حاڵێکدا لە ماوەی دوو هەفتە پێش سەفەری قائانی بۆ بەغدا زیاتر لە ٢٠ جار هێرش کرابووە سەر بنکەکانی ئەمەریکا.

هاوڵاتی لە چەند رۆژی رابردوودا لەناو ئاوارەکانی غەزەدا مریەم و عەبدوڵڵا هاوسەرگیریان کرد، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە بەهۆی بۆردوومانی سوپای ئیسرایلەوە گیانیان لەدەستدا. ئاژانسی هەواڵی جەزیرە رایگەیاند "دوای سێ لەرۆژ لە هاوسەرگیری مریەم و عەبدوڵڵا لە شاری رەفەح لە باشووری غەززە، ئەمڕۆ دووشەممە لە ناوچەی خەربە عەدەس بەهۆی بۆردوومانی سنوورەکە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستدا". ئاماژە بەوەشکراوە "هەر لەو هێرشەدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندارە، چارەنووسی بەشێک لە ئاوارەکانی دیکەش بە نادیاری ماوەتەوە". شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە پێی نایە ١٣٦هەمین ڕۆژ و لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی ٢٩ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارەها کەسی دیکەش بریندار و ئاوارەبوون.  

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج جار ناوچەی بەرێگارەی و جارێکی دەوروبەری گوندی سگێرێ لە سنووری قەزای ئامێدی لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە بۆردومانکران. مێڤان ئامێدی، دانیشتووی قەزای ئامێدی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ کاتژمێر ٥:٠٠ جارێک دەوروبەری گوندی سگێرێ بۆردومانکراوە، هاوکات پێنج جار ناوچەی بەرێگارەی لەسنوری قەزای ئامێدی بۆردومانکراوه". ئاماژەی بەوەشکرد "بۆردوومانەکە چەند سەد مەترێک لە دانیشتووانی هەردوو گوندەکە دوور بووە، تائێستاش زیانەکان نەزانراون".

هاوڵاتی  ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاماری جیابوونەوەی هاوسەران و هاوسەرگیری لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ بڵاوکردەوە، ئاماژە بەوەشدەکات لە هەر کاتژمێرێکدا ١٠ ژن و مێرد لەیەکتر جیادەبنەوە. لە راگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی دادوەری عێراق رایگەیاند "لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا زیاتر لە حەوت هەزار حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران تۆماركراوە، كە ڕۆژانە دەكاتە نزیکەی ٢٥٠ حاڵەتی جیابوونەوە". ئاماژە بەوەشکراوە "لە کاتژمێرێکدا ١٠ حاڵەتی جیابوونەوەی ژن و مێرد تۆماردەکرێت، هەروەها بەغدا پێشەنگی لیستەكەی گرتووە، لە زۆری ژمارەی ئەنجامدانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەدا". ئەوەشخراوەتەڕوو "ژمارەی هاوسەرگیری نوێ لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا ٣٠ هەزار و ٨٩٥ پرۆسە بووە، هاوكات ژمارەی جیابوونەوەى هاوسەران گەیشتووەتە حەوت هەزار و ٤٥٣ حاڵەت". روونیشکراوەتەوە "لە پارێزگای موسەننا كەمترین حاڵەتی جیابوونەوە و هاوسەرگیری تۆمار كراوە، كە ٨٠١ پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە، هەروەها ١٤٧ حاڵەتی جیابوونەوەش تۆماركراوە".

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی دەرکرد لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی مافی نەخۆش. ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكدا كە بۆ گشت بەرێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتەكەی ناردووە، تیادا بڕیاری داوە  "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی مافی نەخۆش و رێگریكردن لە دیاردەی ڕێكلامكردن، سەرجەم نەخۆشخانە و بنكە و مەڵبەندە تەندروستییەكان ئاگادار بكرێنەوە، كە پێدانی كارتی تایبەتی نۆڕینگە، یان كارتی كەسی لە نەخۆشخانە و سەنتەر و تاقیگە و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت لە ناو نەخۆشخانە بۆ نەخۆش قەدەغەیە، نابێت نەخۆش ناچار بكرێت بۆ ئەوەی سەردانی نۆڕینگە و نەخۆشخانەی تایبەت بكات." هەروەها وەزارەتی تەندروستی جەختی كردووەتەوە، هەر پزیشكێك، كارمەندێك یان هەر فەرمانبەرێك ئەو كارە بكات، ڕێكاری یاسایی و كارگێڕی لە دژ دەگیرێتە بەر.  

هاوڵاتی ژمارەی دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار دەنگدەرە و ئەوانەشی کارتی دەنگدانیان ھەیە ژمارەیان گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار دەنگدەر. جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند  دەنگدەرانی ساڵی ٢٠٠٦ ژمارەیان ١٥٠ ھەزار دەنگدەر دەبێت و مافی ئەوەیان ھەیە بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن ، بەم پێیەش کۆی ژمارەی دەنگدەران لە هەرێم سێ ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار و ٤٠٥ دەنگدەرە . وتیشی،ئەوانەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان ھەیە لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار دەنگدەرە. سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی کارتی بایۆمەترییان دەرکردووە لە سەرجەم پارێزگانی عێراق و هەرێم بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ڕایگەیاند،" ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی لە ھەرێم سەردانی ناوەندەکانی تۆماری بایۆمەترییان کردووە تا ١٥ ئەم مانگە گەیشتووە ٣١ ھەزار و ٨٨٩ و دەنگدەر کە زیاتر لە ١٨ ھەزار دەنگدەریان لە دایکبووانی ساڵی ٢٠٠٦ن. هاوکات  سبەینێ سێ شەممە کۆتا ڕۆژی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانە  واتا سبەینێ كۆتا وادەى تۆماری بایۆمەتریی لە دایكبووانی ساڵی ٢٠٠٦ و ئەو كەسانەیە، كە هێشتا تۆماریان نوێ نەكردووەتەوە. جێگەی ئاماژەیە، تا ئێستا كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دیاری نەكراوە، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەردەوامە لە كارەكانی خۆی بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێم.