هاوڵاتی ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا. ئاوات ئازاد، ئەندامی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بە هاوڵاتی راگەیاند "دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤ دواخرا". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "دانیشتنی دادگای فیدراڵی لە ١٧ی ئازار بۆ بڕیاردانی کۆتایی دەبێت لەسەر سکاڵای راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان". نزیکەی ١٠ ساڵە حکومەتى هەرێمى کوردستان پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى مەدەنى راگرتووە، هۆکارەکەى بۆ قەیرانى دارایی دەگەڕێنێتەوە، کە ئەوکات بەغدا بودجەى هەرێمى کوردستانى راگرت و تائێستاش کێشەکە چارەسەنەکراوە.
هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە. م. ئاوات ئازاد، ئەندامی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەران بە هاوڵاتی وت "بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠١٦وە بەشێوەیەکی نایاسایی کۆبێتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕازیی سکاڵاکەمان لەسەر سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی تۆمارکردووە، لە سکاڵاکەدا داوامان کردووە مووچەکانمان هاوتای مووچەخۆرانی شارەکانی دیکەی عێراق بکرێت و دابەشکردنەکەشی دوانەکەوێت". ئەوەشی خستەڕوو "خۆشمان ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی دەبین، پێمان وایە لەو دانیشتنەدا دادگا بڕیاری کۆتایی بدات یان تەنیا یەک دوو رۆژێک دانیشتنەکە دوابخات و دواتر بڕیار بدات".
هاوڵاتی حوسیەکانی یەمەن ھەڕەشەی داخستنی یەکجاریی گەرووی بابولمەندەب دەدەن و دەڵێن رێگە بە ھیچ کەشتییەکی ئیسرائیلی نادەن لە دەریای سور ھاتووچۆ بکات. حسێن عیزی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حوسیەکانی یەمەن لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ڕۆیتەر لەبارەى داخستنى گەروى بابولمەندەب ڕایگەیاند،" ئەوەندە ھێز و توانامان ھەیە، کە بتوانین گەرووی بابولمەندەب بە یەکجاری دابخەین، بەڵام ئەو کارە ناکەین". دەشڵێت، "بەڵام رێگە بە ھیچ کەشتییەک نادەین بە دەریای سور و کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبدا ھاتووچۆ بکات ئەگەر پەیوەندییان بە ھەر لایەن و کەسایەتییەکی ئیسرائیلییەوە ھەبێت." ئەوەشى خستووەتەڕوو،گەرووی بابولمەندەب تائێستا کراوەیە و دانەخراوە، نیشانەی ئەوەیە حوسیەکان لەگەڵ بەردەوامی جموجۆڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندایە و نایەوێت کێشەی بۆ دروست بکات، ئەمەش سەرجەم تۆمەت و زانیارییە ناڕاستەکانی ئەمریکا و بەریتانیا رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن حوسیەکان دەیەوێت جموجۆڵی بازرگانی لە دریای سور پەکبخەن. لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە، دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن پشتیووانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریای سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج، ئەمەش وای كرد چەند وڵاتێك بە سەرۆكاییەتی ئەمریكا هاوپەیمانییەك دژی حووسییەكان لە دەریای سوور درووست بكەن، تا ئێستاش ئەو دوو لایەنە هێرش دەكەنە سەر یەكتر و مەترسی لە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دیكەش درووست بووە.
هاوڵاتی له ئۆپراسیۆنێكی تایبهتی هێزه ئهمنییهكانی عێراق، دوو سهركردهی داعش لەدەرەوەی عێراق دهستگیركران كه به "مەترسیدارترین سەرکردەی رێکخراوی داعش" دادهنرێن. ئەمڕۆ شەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند:" بە چاودێری راستەوخۆی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و بە هەوڵی هەواڵگری کە چەند ساڵێکی خایان، هێزەکانی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی توانیان دوو لە مەترسیدارترین سەرکردەکانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات دەستگیربکەن، کە لە چەندین تاوانی قێزەون تێوەگلابوون. ئاماژە بەوەشکراوە، ئهو دوو چەتەیە له دهرهوهی سنورهكانی عێراق دهستگیركراون و گهڕێندراونهتهوه بۆئهوهی ببرێنه بهردهم دادگا و لێپرسینهوهیان لەگەڵ بکرێت. باس لەوەشکراوە، یەکێک لەوانە ناوى عیسام عهبد عهلی سهعیدانە و نازناوی (ئهبو زهید)، كه كاری رۆژنامهنوسی له پارێزگای فهلوجه بۆ داعش ئهنجامداوه، دهستی له سهربڕینی ههریهك له كازم ریكابی سهربازی سوپای عێراق ههبوه. دەشڵێن، ئەو چەتەیە بهرپرسیارە له بهڕێوهبردنی سهرجهم چالاكییه میدیاییهكانی چەتەکانى داعش له فهللوجه له دوای ساڵی ٢٠١٤، جگه لهوهش بەشداربووە له تۆماركردنی ڤیدیۆی كوشتن و كاره دڕندانهكانی چەتەکانى داعش بهتایبهت تۆماركردنی ڤیدیۆی سهربڕینی سهربازانی سوپای عێراق مستهفا عهزراوی و سهمیر موراد دهلۆی. راشیگەیاند، تیرۆرستی دووەم ناوی بەشیر عەب عەلی سوعەیدانە کە ناسراوە بە ئەبو ئەحمەدی پەیوەندییەکان، کە بە هەمان شێوە بەرپرسی هەموو کردەوە تیرۆرستییەکانی داعش بووە لە فەلوجە دوای ساڵی 2014، کە ئەرکی سەرەکی شکاندنی کۆدی پەیوەندییەکانی سەرکردایەتی رێکخراوەکە بووە.
هاوڵاتی شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بە مەبەستی وردبینیکردن لە خەرجی و داهاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی ڕابردوو گەیشتە هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ شەممە (24ـی شوباتی 2024) هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە بە میدیاى پارتى ،راگەیاند، شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و سبەی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی لە خەرجی و داهاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوو دەکەن. وابڕیارە شاندەکە لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەست بە وردبینی لە خەرجی و داهاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوو بکەن، کە ئەوەش لە چوارچێوەی رێکارێکی هونەری یاسای بودجەی عێراقە کە سێ مانگ یان شەش مانگ جارێک وردبینی لە داهات و خەرجیەکان دەکەن. هونەر جەمال، باسی لەوەشکرد، بریارە شاندەکە سەردانی هەردوو وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی شوبات، لە دووهەمین ساڵیادی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، رێبەری وڵاتانی کەنەدا، ئیتالیا، بەلژیکا، سەردانی کیێڤ پێتەختی ئۆکراینیان کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو وڵاتە دوپاتکردەوە. جۆستین ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنادا، جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیری ئیتالیا، ئێلکساندر دۆکرۆ سەرۆک وەزیرانی بەلژیکا، ئورزولا فۆن دێر لاین ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، بە شەمەنەفەر لە پۆڵەنداوە گەیشتنە پێتەختی ئۆکراین. بڕیارە سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا وەک بەرپرسی کاتی گرووپی حەوت دانیشتنێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی دیکەی ئەم گرووپە ئەنجام بدات، بە ئامادەبوونی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، وەک هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی ئەم وڵاتە. هاوکات بە پێی راپۆرتێکی رۆیتەرز، جۆ بادین سەرۆککۆماری ئەمریکا لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبیت. مەبەست لە سەردانەکەی ڕابەرانی ڕۆژئاوا بۆ کیێڤ دەرخستنی هاوسۆزی خۆیانە بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا کە ڕووبەڕووی کەمیی بوونەتەوە لە چەک و تەقەمەنیدا. هاوکات ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری ئۆکراین رایگەیاند فڕۆکەیەکی جەنگی رووسی خراوەتە خوارەوە. فڕۆکەکە لە سەر خاکی رووسیا و لە نیوان شارەکانی رۆستۆڤ و کراسنۆدار کەوتە خوارەوەو ڤیدیۆی ئاگرگرتنی فڕۆکەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە. تا ئێستە نازانریت فڕۆکەوانەکەو کەسانی ناو فڕۆکەکە ماون یان نا. ئەم فڕۆکە جەنگییە لەو جۆری A50 یە و فڕۆکەیەکی جەنگی- سیخوڕیە و توانای هەڵگرتنی ١٥ کەسی هەیە.
هاوڵاتی سوپای ئیسرائیل ئەمرۆ شەممە 24/2/2024 رایگەیاند، چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی حزبوڵڵای لوبنانی لە باشووری ئەو ووڵاتە بە فرۆکە بوردوومان کردووە . لە راگەیاندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە کە شەوی رابردوو فرۆکە جەنگییەکانی سەر بە هێزی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل چەند سەکۆیەکی هاویشتنی مووشەک و ژێرخانی حزبوڵڵای لوبنانی لە ناوچەی جەبیل و خاڵێکی چاودێری ئەو بزووتنەوەیەی کردووەتە ئامانج، هەروەها لە رێگەی تۆپی دوورهاویژیشەوە چەند بنکەیەکی دیکەی سەرسنووری بوردوومان کردووە. هەروەها سەرلەبەیانی ئەمرۆ رادیۆی ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە دوو مووشەک لە باشووری لوبنانەوە بەرەو ناوچەی ئیدمیت-ی ئیسرائیلی هاوێژراوە. لە بەرامبەردا حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، کە لە رێگەی دوو مووشەکی بورکانەوە هێرشی کردووەتە سەر گردبوونەوەیەکی سەربازانی ئیسرائیلی لە گردی کۆبرا و مووشەکەکان بە وردی ئامانجەکانیان پێکاوە. جێگەی ئاماژەیە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە نیوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە کەرتی غەزە، رۆژ بە رۆژ گرژی و ئاڵۆزییەکانی سەرسنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیلیش تا دێت زیاتر دەبێت.
هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی هەمواری یاسای بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان لە یاساکەدا قسەدەکات و ئاماژە بەوەدەکات، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بە رێژەی لە ٪١٢.٦جێگیرکراوە. ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٤ عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ پابەندکردنی حکومەت بە یەکلاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بانکە عێراقییەکان هۆکارێکی بۆ نەهێشتنی ناکۆکییە سیاسی و داراییەکان لەگەڵ هەرێم". ئاماژەی بەوەشکرد "پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بە رێژەی لە ٪١٢.٦ جێگیرکراوە، هەروەها چاوەڕوانی هاتنی هەمواری یاسای بودجە دەکەین لە ئەنجومەنی وەزیران هەوڵدەدەین بە زووترین کات لە پەرلەمان یاساکە تێپەڕێنین". ناوبراو لەبارەی ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستانەوە وتی "ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت تاوەکو هەمواری یاسای بودجە دەکرێتەوە".
هاوڵاتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پیشووی ئەمریکا لە میانەی کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە گەڵ لایەنگرەکانی لە " کارۆلینای باشوور" دووبارە هێرشێکی تووندی کردە سەر جۆ بایدن ی سەرۆکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بە کەسێکی رەگەز پەرەست وەسفی کرد . ئەم قسانەی ترەمپ تەنها لە دوای حەفتەیەک لە وتەیەکی جۆبایدن هات کە تێیدا باسی ئەوەی کردبوو کە لەساڵی 1994 و ئەو کاتەی لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بووە لەگەڵ هاوکارەکانی توانیوێتی چەند کارێکی گرنگ بۆ دژایەتی رەگەزپەرەستی ئەنجام بدات. هەروەها ترەمپ لە کۆبوونەوە جەمارییەکەی لایەنگرەکانی داوای لێکردن بە مەبەستی شکست هێنان بە "نیکی هیلی" رکابەری بە گەرمی بەشداری لە هەڵبژاردنە بەراییەکەی پارتی کۆماری بکەن کە بریارە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا لە کارۆلینای باشوور بەرێوە بچێت و بە گرنگترین هەڵبژاردن لە ژیانی ئەمریکییەکان وەسفی کرد. هەروەک چۆن بە لایەنگرەکانی راگەیاند ، لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بە دەست دهینین و بە جۆبایدن دەڵێین یارییەکە کۆتایی پێهاتووە و دەرکراوە. لەلایەن خۆیشییەوە "نیکی هیلی" رکابەری دۆناڵد ترەمپ و کاندیدیکی دیکەی پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا لە میانەی گردبوونەوەکی جاماوەری لایەنگرەکانی داوای لە ئەمریکییەکان کرد روو بکەنە سنووقی هەڵبژاردنە بەراییەکەی کارۆلینای باشوور و دەنگی پێبدەن. بە پێی تازەترین راپرسی نیکی هیلی 30 خاڵ لەدوای دۆناڵد ترەمپەوەیە .
هاوڵاتی وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان، ئاماژە بەوەشدەکات عێراق رۆژانە چوار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە شەشەمین کۆنگرەی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دیالۆگ لە بەغدا رایگەیاند "هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بەهۆى بڕیارى دادگاى ناوبژیوانى پاریس راگیراوە، لەئێستادا لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە گفتوگۆداین بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت". وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد "لەگەڵ کۆمپانیاکان لە گفتوگۆداین بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان"، هەروەها لەبارەى کشانەوەى کۆمپانیاکانى نەوت ناوبراو وتی "کشانەوەى کۆمپانیاکان پاڵنەرى ئابوورین نەوەک سیاسی". روونیشیکردەوە "عێراق رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، هەروەها عێراق پلانەکانى بۆ گواستنەوەى وزەى خاوێن خستووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە". لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بەهۆی بڕیارێکی دادگای نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، رۆژی ٤ی نیسانی ٢٠٢٣ بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستیپێنەکردووەتەوە.
هاوڵاتی هاوڵاتییەکی ناڕازیی برینداری خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی حسێن حسێنپوور کە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە رەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا چاوی راستی لەدەستداوە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو شەش مانگی ماوەی دەستبەسەربوونی لە بەندیخانەی ٢ی شیراز تێپەڕ کردووە. بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حسێن حسێنپوور هاوڵاتیی ناڕازیی برینداری خەڵکی شاری مەهاباد، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لەلایەن دادگای شۆڕشی شیرازەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، پاش سەپاندنی ئەو بڕیارەی دادگا بەسەر حسێن حسێپوور و ملکەچ بوونی ناوبراو بۆ بڕیاری دادوەر، سزاکەی بۆ ١١ مانگ بەندکردن کەم کراوەتەوە. ئەو هاوڵاتییە ناڕازییە بریندارە لە کۆتاییی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا بۆ بەندیخانەی ژمارە ٢ی شیراز یان بەندیخانەی نیزام لە شیراز گواستراوەتەوە. رۆژی سێشەممە ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ناوبراو لە بەندینخانەی ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە پابەند و دەستبەندەوە بۆ نەخۆشخانەی "خەلیلی"ی شیراز گواسترایەوە و دیسان بۆ بەندینخانە گەڕێندرایەوە. حسێنپوور لە دبەندینخانەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی و بەتایبەتی دەرمانی چاوی، بێبەری و بێبەش کراوە.. حسێن حوسێپوور ئێوارەیرڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی شوباتی ئەمساڵ لەسەر رێگەی نووراوا مەمسەنی بەرەو گەچساران لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و دوای ماوەیەک بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شیراز گواستراوەتەوە. ئەم هاوڵاتییە یەکێک لە قوربانییانی تەقەی بەئەنقەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا کە چاوی ڕاستی لەدەست داوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتیی كارتی نیشتمانی عێراق رایدەگەیەنێت لەسەرەتای ئەمساڵەوە ملیۆنێك و 657 هەزار كەس كارتی نیشتمانییان بۆ دەرهێنراوە، ئاماژە بەوەشدەکات بەنیازن دیزاینی ئێستای كارتی نیشتمانی بگۆڕن. عەمید ئەحمەد مەعمووری، بەڕێوەبەری گشتی كارتی نیشتمانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی رایگەیاند "تا ئەمڕۆ زیاتر لە 36 ملیۆن و 714 هەزار هاونیشتمانی بوونەتە خاوەنی كارتی نیشتمانی، هەروەها بەهۆی كارتی نیشتمانییەوە عێراق بووەتە خاوەنی داتایەكی دەوڵەمەند و فراوانی سەردەمییانە". بەڕێوەبەری گشتی كارتی نیشتمانی عێراق ئاماژە بەوەشدەکات "نزیكەی هەشت ملیۆن عێراقی ماون كارتی نیشتمانیان بۆ چاپ بكرێت، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ملیۆنێك و 657 هەزار كەس كارتەكەیان بۆ دەرهێنراوە". وتوشیەتی "پلانێكی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان، بەنیازن دیزاینی ئێستای كارتی نیشتمانی بگۆڕن و ئەوانەی تا ئێستا كارتەكەیان بۆ دەرنەكراوە، دەبنە خاوەنی چاپی رەنگاورەنگ و دیزاینی نوێی كارتی نیشتمانی".
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند وڵاتەکەی چیتر بەرامبەر بە بەردەوامی هەناردە کردنی چەک و تەقەمەنی لە ئێرانەوە بۆ حیزبوڵڵای لوبنان بێدەنگ نابێت و پێدەچێت ئیسرائیل هەڵوێستی نوێ وەربگرێت . ئیزارئیل کاتێز، رۆژی هەینی ٢٣ی شوبات رایگەیاند، ئیسرائیل لە نامەیەکدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادار کردۆتەوە "ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خاك و هاوڵاتییەکانی خۆی بکات." بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیارنامەکانی ١٧٠١، ٢٢٣١، ١٥٤٠ ی ئەنجومەنی ئاسایش . بڕیارنامەی ١٧٠١ کۆتایی بە جەنگی ٣٣ رۆژەی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هێنا لە ساڵی ٢٠٠٦ و بە پێی ئەو بڕیارنامەیە لوبنان پابەند کرا بەوەی بەر بەوە بگرێت" میلیشاکان" و چەک و تەقەمەنییەکانیان لە خوار رووباری لیتانییەوە بوونیان ببێت، بەڵام حیزبوڵڵا ئەم بڕیارنامەیەی پێشێلکردووە. بڕیارنامەی ٢٢٣١ ی ئەنجومەنی ئاسایش پەیوەندی هەیە بە گەمارۆکانەوە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە پێی ئەو بڕیارنامەیە ئێران بۆی نییە چالاکی مووشەکی هەبێت. هەروەها بڕیارنامەی ١٥٤٠ بیست (٢٠) ساڵ لەوە پێش لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە پەسەندکرا و خەخت ئەکاتەوە لەسەر ئەوەی ئەبێ بەر بە پەرەپیدان و بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ بگیردرێت. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند لە نامەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویەتی، لە کاتێکدا وڵاتەکەی لە مانگەکانی رابردوودا لە چەند بەرە لە جەنگدایە، ئێران بەردەوامە لە گەیاندنی چەک بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و زیاتر لە جاران ئەم کارە ئەکات. بە وتەی ئیزرائیل کاتس، ئێران لە رێگای زەمینییەوەو لە سنووری نیوان سووریا و لوبنانەوەو هەر وەها لە رێگای ئاسمانی و دەریاییەوە چەکی گەیاندۆتە دەست حیزبوڵڵای لوبنان. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا کە پارچەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، سیستەمی دژە مووشەکی ٣٥٨، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی شاهیدی ١٠١ و شاهیدی ١٣٦ و هەروەها مووشەک لە جۆرەکانی ئەبابیل لە لایەن ئێرانەوە گەیەنراوەتە دەست حیزبوڵڵای لوبنان. بە پێی راپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، لە نامەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ ئەنجومەنی ئاسایشدا ئاماژە بە دەستێوەردانەکانی سوپای پاسداران کراوە لە پەیوەند لەگەڵ گۆاستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ لوبنان و هەروەها شێوەی بەکارهێنانیان لە دژی ئیسرائیل. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەروەها رۆژی هەینی ٢٢ی شوبات لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Xنووسی:" ئێران سەری مارەکەیە. ئێمە ماوەیەکی زۆر سەبرناکەین بۆ گەیشتن بە رێکاری دیپلۆماتیک پەیوەندیدار بە سنوورەکانی باکوورمانەوە". وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل نووسی:" ئەگەر ئەو زانیارییە زۆرانەی خستوومانەتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش نەبێت بە هۆی گۆڕان، ئیسرائیل گومانی نییە لەوە هەنگاویتر هەڵبگرێت". ئیسرائیل لە کاتێکدا ئەنجومەنی ئاسایش ئاگادار ئەکاتەوە، وڵاتەکەی لە جەنگدایە دژی حەماس و هەروەها بەردەوام بە شێوەی سنووردار لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان هێرش ئەکەنە سەر یەکتر. رۆژی ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ و رۆژێک دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و راگەیاندنی جەنگ لە لایەن ئیسرائیلەوە، حیزبوڵڵا بەردەوامە لە هێرشکردن بۆ سەر خاکی ئیسرائیل بە شێوەی سنووردار. حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان دوو هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامین و هەردوو هێزەکەش لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپاییەوە وەک رێکخراوی تیرۆریستی دەناسرێن. بە هۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر، تا ئێستا ١٠ هاوڵاتی سەربازی و مەدەنی ئیسرائیل کوژراون و زیانی زۆری بە کریات شمۆنا و ناوچەکانیتری باکووری ئیسرائیل گەیشتوون و سەدان هەزار کەس لە ئیسرائیل شوێنی خۆیان جێ هێشتووە. هەروەها تا ئێستە ٢٠٨ ئەندامی حیزبوڵڵا کوژراون و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی مەدەنی ناوچە سنوورییەکانی لوبنانیش بوون بە قوربانی و زیانی زۆری ماددی لێکەوتۆتەوە. ئیسرائیل رایگەیاندووە تا ئێستە هێرشەکانی خۆی لەوەدا سنووردار کردۆتەوە کە تەنها حیزبوڵڵای کردۆتە ئامانج، بەڵام ئەتوانێت بە هەمانشێوەی غەزە و خان یوونس، هێرش بکاتە سەر بەیرووت.
هاوڵاتی ئەندازیارى سهرپهرشتیاری شهقامی ١٠٠ مهتری سلێمانی هۆکاری تەواو نەبونی پڕۆژەکە دوای چوار ساڵ ئاشکرا دەکات و دەڵێت، بههۆی نهبوونی نهختینهیە له بانكهكان. ئهبوبهكر تهیب، ئهندازیاری سهرپهرشتیاری پرۆژهی شهقامی ١٠٠ مەترى شاری سلێمانی ناسراو بە ئۆتۆبانی بابان، لەبارەى خاو بەڕیوەچوونى کارەکانى شەقامەکە بە ڕاگەیاندنى هاتوچۆى سلێمانى ڕاگەیەند، پرۆژهی شهقامی ١٠٠ مهتری بهداهاتی سلێمانی درووست دهكرێت و كۆی گشتی پرۆژهكه ٥٢% ـى تهواوبووه و كێشهی گهورهی بهردهم پرۆژهكه نهبوونی نهختینهیه له بانكهكان، چونكه پرۆژهكه به داهاتی سلێمانی درووست دهكرێت. ئەوەشى خستوەتەڕوو، ساڵی رابردوو كۆمپانیاى جێبەجێکار بهبههای ٢٢ ملیار دینار كاریكردووه و ئهگهر ئهمه بهراورد بكهیت به تێچووی پرۆژهكه، كه ٤٠٠ ملیار دیناره لە ئێستاشدا كۆمپانیاکە له كاركردن بهردهوامه، بهڵام كارهكان به ئهندازهی گهورهیی پرۆژهكه نییه. بهشی یهكهمی پرۆژهی شهقامی ١٠٠ مهتری سلێمانی ٣٤ كیلۆمهترە و حهوت یهكتربڕ و شهش ئهندهرپاس و یهك ئۆڤهرپاس لهخۆدهگرێت ئەو ئەندازیارە دەڵێت له ٧٠%ـى كارهكانی پرد و ئهندهرپاس و ئۆڤهرپاسهكان تهواوبووه و حهوت كیلۆمهتر قیرتاو كراوه به پانی ٦٣ مهتر و به بەرزى ٢١ سانتیمەتر و كۆتا چین قیرماوه، كه شهش سانتیمەترە و بهر لهكردنهوهی شهقامهكه دهكرێت. پڕۆژەى شەقامى ١٠٠ مەترى سلێمانى، کە بە ئۆتۆبانى بابان ناسراوە ساڵى ٢٠٢٠ بەردى بناغەى دانرا، بڕیاربوو مانگى تەممووزى ساڵى ڕابردوو کارەکانى قۆناغى یەکەمى تەواو ببێت.
هاوڵاتی بەلەمێکی کۆچبەران بە ژمارەیەک سەرنشینەوە لە دەریای ناوەڕاست نقومبوو، دەگوترێت کۆچبەری ئەفریقی بوون و وەک ئاماری سەرەتایی، نزیکەی 14یان بوونەتە قوربانی. ئەمڕۆ هەینی، کۆلۆنێل ئێدریک زەهرا، جێگری فەرماندەی سوپای ماڵتا رایگەیاند، "لە رووداوێکی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەراندا لە دەریای نێوەڕاست لە نزیک ماڵتا، پێنج کۆچبەر خنکان کە یەکێکیان ژنە". وتیشی، بەلەمەکە ٣٠ کۆچبەری تێدابووەو "هەشت کۆچبەریش رەوانەی نەخۆشخانە کراون". هێزە دەریاییەکانی ماڵتا پێشتر لە بوونی بەلەمێک کە پڕ بووە لە کۆچبەر لە نزیک دەریای زونگوڕ لە کەناراوەکانی باشووری ماڵتا ئاگادارکرابوونەوە، پێدەچێت بەلەمەکە لە لیبیاوە هاتبێت و کۆچبەرەکانی ناوی خەڵکی میسر، ئەریتریا، غانا و سووریا بن. ھێزە سەربازییەکانی ماڵتا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو بەلەمە لە کاتی ھەڵمەتی رزگارکردنیدا لەناکاو ژێرئاوکەوتووە، رەنگە ھۆکارەکەی بەھۆی لەدەستدانی ھاوسەنگییەوە بوبێت. بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، ساڵی رابردوو دوو هەزار و ٤٩٨کەس گیانیانلەدەستداوە، کە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەڕێژەی ٧٥% زیادیکردووە. کۆماری ماڵتا وڵاتێکی ئەوروپییە دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، بچوکترین وڵاتە و خاوەنی بەرزترین رێژەی چڕیی دانیشتووانە .
