هاوڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەكاریی دەكات بۆ گۆڕانكاریی نوێ و ئەوەش لەگەشتی بایدن بۆ تەلئەبیب و پوتن بۆ تاران زیاتر خۆی دەنوێنێت، ئێرانیش پێی وایە هەموو پلانەكان بۆ كۆنترۆڵی ئەوەو هەنگاوێكە بۆ ملكەچبوونی بە رێككەوتنی ئەتۆمیی. سەرۆكی ئەمریكا بەڕاشكاوی لەگەڵ بەرپرسانی سعودیەو ژمارەیەك لەوڵاتانی كەنداو رایگەیاندووە؛ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نەیارەكانی وڵاتەكەی چۆڵ ناكات و هەوڵ دەدات چەترێكی نوێ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگریی ئەو ناوچەیە دروست بكات. ئێران ئەو هەنگاوانەی ئەمریكا بەشكستخواردوو ناوبردووەو باس لەوە دەكرێت تاران زیاتر لەچوار سیناریۆی لەدژی پلانە نوێیەكانی واشنتۆن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە كردووە كەزۆربەیان دەبنەهۆی ئاڵۆزیی و پێكدادان لەناوچەكە. ئێران دەتوانێت لەڕێگەی گروپە شیعەكانەوە، عێراق و هەرێمی كوردستان و لوبنان رووبەڕووی كێشەی گەورە بكاتەوەو لەبەرامبەردا ئەمریكا نایەوێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو چەند وڵاتە پێكدادانی سەربازیی رووبدات، لەهەمان كاتدا ئامانجیەتی لەچوارچێوی پلانێك بەناوی هاوسەنگیی لەدوورەوە رۆڵی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەمبكاتەوە. فشارە نوێیەكانی ئەمریكا لەدژی ئێران ئەمریكا دەیەوێت بەنزیككردنەوەی وڵاتانی عەرەبی، ئێران ناچار بكات بەگەڕانەوەو پابەندبوون بە رێككەوتنی ئەتۆمیی. ئێران لەساڵی رابردوودا ساردوسڕیی نێوان ئەمریكا لەگەڵ سعودیەو ئیمارات و میسر وەك دەستكەوتێكی گرنگ لەبەرژەوەندیی خۆی دەبینی و ئەوەش وایكردبوو ئاستی داواكارییەكانی تاران لەدانوستانەكانی ڤیەننا لەبەرامبەر واشنتۆن بەرز ببێتەوە. گەرمبوونەوەی پەیوەندییەكانی ریازو واشنتۆن دەبێتە هۆی كرانەوەی دەرگاكانی ئەمریكا بەڕووی سعودیە بۆ كڕین و هێنانی چەك و كەرەستەی سەربازیی نوێ كەدەبێتە چەترێك دژی ئێران كە لەسعودیەوە تا ئیسرائیل و زۆربەی وڵاتانی كەنداو دەگرێتە خۆی. بەبڕوای ئێران هاوتەریبوونی و هاوكاریی بۆماوەیی ئەمریكاو وڵاتانی عەرەبی، كارتە گرنگەكانی تاران لەگەمەی سیاسیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناودەبات، هەر لەم سۆنگەیەوە ئێران هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ شكستی نزیكبوونەوەی واشنتۆن و وڵاتانی عەرەبیی كەنداو. سیناریۆو كارتی فشارەكانی ئێران ئێران هەوڵ دەدات لەڕێگەی لۆبیكردن لەئەمریكا فشار بۆ ئیدارەی جۆو بایدن-ی سەرۆكی وڵاتەكە بهێنێت كە پەیوەندییەكانی واشنتۆن و ریاز لەوەی رابردوو تووندوتۆڵتر نەبێت، لەبەرامبەردا هەوڵی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بدات لەگەڵ تاران بەتایبەت كە (تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن) و (رۆژنامەی واشنتۆن پۆست) و (رۆژنامەی نیویۆرك تایمز) زیاتر لەیەك ساڵە دژی ئەوە وەستاونەتەوە ئیدارەی بایدن پەیوەندییەكانی لەگەڵ ریاز ئاسایی بكاتەوە. ئەو میدیانەی ئەمریكا لەگەڵ گەشتەكەی ئەم دواییەی بایدن بۆ ئیسرائیل و دواتر سعودیە، رایانگەیاند پێویستە بایدن بەڵێنەكانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی خۆی بهێنێتەدی كەبریتی بووە لەفشارخستنە سەر میسر و ئیمارات و بەحرەین و سزادانی سعودیە بووە سەبارەت بەپێشێلكارییەكانی ئەو وڵاتانە لەئاستی مافی مرۆڤدا. دوەم هەنگاو و كارتی ئێران ئەوەیە كە دەتوانێت ئاستی توندوتیژی و گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد بكات و ئەوەش رەنگە واشنتۆن ناچار بكات لە پێناو گەڕانەوەی ئارامی و مسۆگەركردنی ئاسایش لەو ناوچەیە ئاستی توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل و سعودیە كەم بكاتەوە. ئێران دەتوانێت بە هاندانی چەكدارانی شیعە لەعێراق توندوتیژییەكان و پێكدادانەكان بگەیەنێتە هەولێر بەتایبەت كە لەڕابردودا بە بیانوی بوونی هێزەكانی ئێسرائیل چەند شوێنێكی لەڕێگەی ئەو گروپانەوە موشەكباران كردووە و تەنانەت سوپای پاسدارانیش چەند جارێك موشەكبارانی هەولێری كردووە لەكاتێكدا ئەمریكا دژی دروستبوونی شەڕو ئاڵۆزییە لەخاكی عێراق و هەرێمی كوردستان. هاوكات ئێران لەڕێگەی حزبڵای لوبنان دەتوانێت هاندەربێت لە بەریەككەوتنی و شەڕی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لەسنورە ئاوییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەو لەلایەكی دیكەوە تاران بەوروژاندنی چەكدارانی حوسی لەیەمەن دەكرێت ببێتە مایەی شكستی ئەو ئاگربەستەی كە زیاتر لەسێ مانگە بەدەستپێشخەریی نەتەوەیەكگرتووەكان و هەندێك وڵاتی رۆژئاوایی لەنێوان حوسییەكان و حكومەتی نزیك لەسعودیە لەوڵاتی یەمەن راگەیەنراوە. سیناریۆیەكی دیكە یان كارتی سێیەمی ئێران كەئاسانترین هەنگاوی ئەو وڵاتەیە دژی بەرەی ئەمریكا لەئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو، ئەوەیە كە تاران بەتەواوەتی بچێتە بەرەی مۆسكۆو پەكین لەكیشوەری ئاسیاو ببێت بە بەشێك لەو جەمسەرەی چین و روسیا كە لەجیهاندا بوژاندویانەتەوەو لە رووی ئابوریی و تەنانەت سەربازییەوە دژی ئەوروپاو ئەمریكا هەنگاو دەنێن. یەكلابوونەوەی تاران بۆ بەرەی چین و روسیا بەگەورەترین شكستی سیاسیی ئەوروپاو ئەمریكا لەقەڵەم دەدرێت بەتایبەت كە تاساڵی 1975 ئێران بەستراتیژیترین و گرنگرتین هاوپەیمانی ئەمریكاو رۆژئاوا دژی بلۆكی سۆڤیەتی لەو سەردەمەدا ئەژمار دەكرا . وەلید فارس، كە پێشتر یەكێك لە راوێژكارەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بووە، رایگەیاندووە ئەگەری هەیە ئێران لەهەر سیناریۆو كارتی فشارێكی هەندێكی جێبەجێ بكات و ئەوەش هاوشێوەی یارییەكی شەترەنجە كە تاران شارەزایی تێیدا هەیە، بەڵام لەبەرامبەردا نەیارانی تارانیش بەباشیی فێری ئەو یارییە بوون كە لەئەنجامدا وا دەردەكەوێت هیچ گۆڕانكارییەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (100%)و بەردەوام نییە. بایدن لەتەلئەبیب و پوتن لەتاران بەچاوخشاندنێكی خێرا بەمێژووی جەنگی سارد كە لەساڵی 1947 واتە دوای كۆتایی دووەم جەنگی جیهانی تاساڵی 1991 واتە رووخانی یەكێتی سۆڤیەتی جاران لەنێوان روسیاو ئەمریكا هەبوو، ئەوەی ئێستا لەگەشتەكەی بایدن لە (15/7/2022) بۆ ئیسرائیل و سعودیەو گەشتەكەی ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا لە (19/7/2022) بۆ تاران دەخوێندرێتەوە، تۆخكردنەوەی مێژووی جەنگی ساردە لەنێوان واشنتۆن و مۆسكۆ لەجیهان و بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەی ئێستا زیاتر جێگەی سەرنجە لەهەموو مێژووی جەنگی سارددا ئێران یا پشتیوان و هاوكاری ئەمریكا بووە یان بێلایەنیی لەو جەنگە دەربڕیوە، بۆیە ئەگەر ئەمجارە تاران بەرەی خۆی بەئاشكرا لەدژی واشنتۆن رابگەیەنێت جەنگی ساردی ئەمریكاو روسیا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە جەنگێكی گەرم و ئەگەری پێكدادانی نێوان هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بەتایبەت ئیسرائیل لەدژی ئێران زیاددەكات. ئێران لەگۆڕانكاریی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆژنامەی (ئیبتیكار) سەر بە ریفۆرمخوازانی ئێران لەلاپەڕەی یەكەمیدا بەناونیشانی (دەستی بەتاڵی ئیسرائیل و پێشوازیی سارد لەسعودیە) نووسیویەتی: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا 20 ساڵەو لەدوای روودانی 11ی سێبتەمبەری 2001 بەهێرشكردنە سەر ئەفغانستان و دواتر عێراق لەشكركێشییەكانی بۆ رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا دەستپێكردووەو ئەو ناوچەیەی كردووە بە بنكەیەكی سەربازیی خۆی تەنها لەپێناو ئەوەیدا بتوانیت هەوڵەكانی ئێران كۆنتڕۆڵ بكات. «ئەمریكا لەم ساڵانەدا لەهیچ هەوڵێك دژی ئێران درێغی نەكردووە بۆ گۆڕانكاریی لەپلان و بەرنامەكانی هەر لەفشارو سزای ئابورییەوە بگرە تا بوونی سەربازیی لەچواردەوری سنورەكانی خاكی ئێران و كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس لەسوپای پاسداران بەڵام دوای 20 ساڵ خۆی ناچاربوو هەندێك وڵاتی ناوچەكە چۆڵ بكات، لەبەرامبەدا ئێران هیچ شوێنێكی چۆل نەكردووەو لەبواری سەربازیی و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا شوێن پێی خۆی پاراستووە.» رۆژنامەكە نووسیویەتی زۆربەی ئەو وڵاتانەی لەژێر كاریگەریی ئەمریكا لەڕابردوودا دژایەتی ئێرانیان كردووە لەئێستادا هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ تاران دەدەن كە نموونەی ئەو گۆڕانكارییە لەوڵاتانی (توركیا، ئازەربایجان، پاكستان، ئیمارات، تاڵیبان لەئەفغانستان) هەروەها سعودیە بەنێوەندگیریی عێراق دوای شەش ساڵ لەهەوڵەكانی دژی ئێران لەئێستادا هەوڵی كەمكردنەوەی تەنگەژەو ناكۆكییەكان لەگەڵ تاران دەدات و هاوكات ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەندێك لەوڵاتانی عەرەبی لەگەڵ رژێمی سوریا دوای 10 ساڵ ئاماژەی سەركەوتنی سیاسەتەكانی ئێرانە لەو ناوچەیە. ئەمریكا لەدوورەوە كۆنترۆڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات لەئێستادا ئەمریكا لەچوارچێوەی بەرنامەیەك كە بەهاوسەنگیی لەڕێگەی دوورە (Offshore Balancing) ناوی دەهێنرێت دەیەوێت خەرجی و تێچووە سەربازییەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم بكاتەوە، چونكە بەوتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، وڵاتەكەی لەماوەی 20 ساڵدا هەشت ترلیۆن دۆلاری بۆ رۆژئاوای ئاسیا خەرج كردووە. ئەمریكا پلانی هەیە لەڕێگەی وڵاتانی عەرەبی كەنداوەوە بەبێ تێچوویەكی زۆری سەربازیی جێبەجێكاری پلانی خۆی لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەستنیشان بكات، بۆیە لەهەنگاوەكانی یەكەمی ئەو پلانەدا هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل دەدات. ئیسرائیل گرنگترین بەڕێوبەری پلانی هاوسەنگیی لەڕێگەی دوورەوەیە كە ئەمریكا خوازیارە بۆ كەمكردنەوەی خەرجییە سەربازییەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیكاتە پێشەنگ و پێشڕەوی وڵاتانی عەرەبیی كەنداو. ئێران لەبەرەی نەوت و وزەدا ئەگەرچی ئێران چوارەمین وڵاتی نەوتی و دووەم وڵاتە لەڕووی یەدەگی غاز لەجیهان، بەڵام پابەندبوونی ئەو وڵاتە بە رێكەوتنی ئەتۆمیی و سازش نەكردنی واشنتۆن بۆ تاران وای كردووە ئێران ئەو توانا سنوردارەی كە لەئێستادا هەیەتی بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و غاز بۆ وڵاتانی نەیاری ئەمریكا بەكاری بهێنێت. ئەمریكا لەساڵی 2018 توندترین سزای بەسەر كەرتی نەوتی ئێراندا سەپاندووە بەڵام بەواژۆكردنی گرێبەستێكی 25 ساڵە لەگەڵ چین كە بەهاكەی بە 400 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت هەناردەی نەوتەكەی لە 65 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ چین گەیاندووەتە زیاتر لە 850 هەزار بەرمیل و دوور نییە ئەو بڕەش زیاتر بكات بەتایبەت كە ئەمریكا لەئێستادا دوای روسیا چین بەنەیاری سەرەكیی خۆی دەزانێت. هێرشەكانی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا گورزێكی دیكەی بەرزبوونەوەی بەهای غازو نەوت لەجیهان و بەتایبەت لەئەوروپا بوو كەئەوەش پێگەی ئەمریكای لەئاستی نێودەوڵەتیدا لاواز كرد، چونكە نەیتوانیی نرخی نەوت كۆنتڕۆڵ بكات و بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز كردەوە لەكاتێكدا دەیتوانی بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران رێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەجیهاندا بگرێت و هاوكات هەڵاوسانی ناوخۆیی ئەمریكا بەو هۆیە نەگاتە بەرزترین ئاستی 40 ساڵی رابردو كە بەپێی بانكی ناوەندیی ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی ئەمریكا لەم مانگەدا 9.1% بووە. لەلایەكی دیكەوە ڤەنزوێلا كەسزاكانی ئەمریكا كەرتی نەوتەكەی رووبەڕووی كێشە كردووەتەوە وەك هاوپەیمانێكی بلۆكی چین و روسیا لەلایەن ئێرانەوە هاوكاریی دەكرێت و لەڕێگەی كەشتییەوە تائێستان بەملیۆنان بەرمیل نەوت و گاز لەئێرانەوە رەوانەی ڤەنزوێلا كراوە. ڤەنزوێلا كە لە رابردودا بە پێنجەم بەرهەمهێنی نەوت لەجیهاندا ئەژمار دەكرا بەهۆی سزاكانی ئەمریكا پیشەسازیی نەوتی وڵاتەكەی رووبەڕووی كێشە بووەتەوەو تەنها لەماوەی رابردوودا واشنتۆن بڕیاریدا بەهۆی جەنگی ئۆكرانیا بڕێكی زۆر كەم لەنەوتەكەی تەنها رەوانەی وڵاتانی ئەوروپا بكات. زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لەجیهاندا بەتایبەت ئێران و ڤەنزوێلا لە رووی سیاسەتی نەوتییەوە خۆیان بەچین و روسیا گرێداوەتەوە كەئەوەش بەرەی وزەی دوو نەیاری سەرەكیی ئەمریكا بەهێزتر دەكات مەگەر ئەوەیە كە واشنتۆن بیر لەكردنەوەی دەرگای فرۆشتنی نەوت و بەرهەمهێنانی سوتەمەنیی زیاتر بە رووی تاران و ڤەنزوێلادا بكاتەوە.
سەركۆ جەمال نابینایان لەهەرێمی كوردستان لەدۆخێكی خراپدان، ئەوان لە 29 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نابینایانی كوردستان لەسلێمانی باسیان لەگرفتەكانی خۆیان كرد، كە چاوەڕێی جێبەجێكردنی یاسایەكن. عومەر خدر، سكرتێری یەكێتی نابینایانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد یاسای خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كە ماوەی 11 ساڵە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە سەرجەم داواكاری و مافەكانیان لەو یاسایەدا دیاریكراوە، وتیشی:»یەكێتی نابینایانی كوردستان لەڕێگای كردنەوەی خوێندنگەیەك بۆ منداڵانی خوار 14 ساڵ و كردنەوەی خولی نەهێشتنی نەخوێندوەواری بۆ ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروو 14 ساڵیەوەیەو توانیومانە بەدەیان كەس پێبگەیەنین، كە هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس، ماستەرو دكتۆران». عومەر خدر باسی لەوەشكرد كە لە لایەنی ئابوورییەوە نزیكەی 200 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ نابینایان دابینكراوە، تائێستاش نزیكەی 200 كەس بەپێی پسپۆری لەسەر میلاكی وەزارەتەكانی كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەوقاف و پەروەردە دامەزراوە، لەڕووی تەندروستیشەوە توانیویانە بەهاوكاری كەرتی تایبەت و خێرخوازان چارەسەر بۆ ئەو كەسانە دابینبكەن كە پێویستیان بووە. سكرتێری یەكێتی نابینایانی كوردستان داواشیكرد حكومەتی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوە بەمووچە و ئەو هاوكاریەی كە مانگانە دەدرێت بەخاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بكرێت، كە تەنها 150 هەزار دینارە و وتی: «خێزانێكی كرێچی خاوەن پێداویستی تایبەت ناتوانێت بەو بڕە پارەیە پێداویستییەكانی ژیانی خۆی دابین بكات، پێویستە لەو 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبونەی كە بڕیارە لەداهاتوو دروستبكرێت پشكی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی تێدابێت». ئەحمەد محەمەد، یەكێكە لەنابینایانی كوردستان، ئەو بەهاوڵاتی وت: «نابینا بەگشتی هەژارن، زۆربەی نەخۆشەو كرێچییە، نابینا چاوی لەدەستی حكومەت و خێرخوازانە، مووچەكەم 100 هەزارە، چونكە پێشتر لەوەزارەتی ئەوقاف بووم بەهۆی ئەوەی خزمەتەكەشم 12 ساڵ بوو خانەنشینیان نەكردم ئێستا تەنها 100 هەزار دینار وەردەگرم». یەكێكی دیكە لەنابینایان بەناوی سامی عوسمان بەهاوڵاتی وت:» من جگە لەچاوم دەستیشم نەماوە، هیچ كەسێك نییە بەخێوم بكات، چەندین جار داوای بەخێوكەرم لەوەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كردووە، بەڵام هیچیان بۆ نەكردووم، خۆم 240 هەزاری خانەنشینیم هەیەو 100 هەزاری نابیناییش وەردەگرم، كرێچیم و هیچ شتێكم نییە». لەبارەی كێشەكانی نابینایانەوە بەتایبەت راگرتنی مووچەی بەشێكیان، ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «هەندێك لەو كەسانەی نابینان و لەوەزارەتی ئەوقافن بەشێوەیەكی كاتی مووچەكانیان راگیراوە، بەڵام بەیەكجاری مووچەی هیچ نابینایەك نەبڕاوە لەلایەن وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتییەوە». هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە لەهەولێر پێنج هەزارو 71 نابیناو لەسلێمانی دوو هەزارو 872 نابیناو لەدهۆك دوو هەزارو 199 نابیناو لەئیدارەی گەرمیان 845 نابیناو لەهەڵەبجە 644 نابینا بوونیان هەیەو ژمارەكەیان دەگاتە 11 هەزار و 629 نابینا. یەكێتی نابینایانی كوردستان لەساڵی ١٩٩٤ دامەزراوە، دوو لقی سەرەكی و هەشت نوسینگەی لەشارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، لقی سەرەكی یەكێتییەكە لەسلێمانیە، نزیكەی سێ هەزار ئەندامی هەیە.
كاوە رەش- بەریتانیا چیرۆكی خێزانێكی كورد لەبەریتانیا، كچەكەیان لەژێر پاساوی (پاراستنی شەرەف) كوشتووە، هێشتا لەمیدیاكاندا باس دەكرێت، رۆژنامەی میترۆی بەریتانی، لەزاری خوشكی یەكێك لەقوربانیەكانەوە، چیرۆكێكی تاڵ دەگێڕێتەوە لەساڵڕۆژی یادەوەریی نیشتمانی قوربانیانی شەرەف پارێزیی لەبەریتانیا. پایزە مەلیك، ناوی خوازراوی ئەو كچە كوردەیە، كەخوشكی (بەناز مەحمود) بووە، ئەو خانمەی لەووڵاتی بەریتانیا، بەپاساوی پاراستنی شەرەفی خێزانەكەی، لەلایەن كەسوكارییەوە كوژراو دواتر جەستەشی شاردرایەوە. پایزە، باس لەچیرۆك و سەرگوزشتەی ژیانی تاڵی خۆی و خوشكەكەی (بەناز) دەكات و بەوە دەستپێدەكات كەدەڵێت، لەكوردستانی عێراق لەگەڵ خێزانەكەیان روویان كردۆتە بەریتانیا، وتی:»ئەوكاتەی تەمەنم شازدە ساڵان بوو، لەباشوری لەندەن دەژیان، كچە هەرزەكارێكی ئاسایی بووم و بەچێژەوە دەچوومە بەرخوێندن و ئارەزووی پۆستەرەكانی ئەستێرەی پۆپ، بریتنی سپیرس و وێستلایفم دەكرد، وێنەكانم بەدەرگای دۆڵابەكەم هەڵدەواسی، كتێبەكانی گۆسبۆمپم كۆدەكردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، بەپێچەوانەی زۆربەی هاوتەمەنە هەرزەكارەكانم، ناچاری هاوسەرگیری منداڵی كرام، لەلایەن خێزانەكەمەوە». خوشكەكەی بەناز دەشڵێت:» لەماڵی ئێمە بەردەوام ئاژاوەو درامای خێزانی هەبوو، تەنها دەتوانم وێنای ئەوە بكەم، كەدووەم گەنجترین كچ بووم، لەو پێنج كچەی تەنها لەهاوبەشی كردنی حەمامێكدا یەكسان بووین، سەرباری ئەمەش، دایك و باوكم، كەسانێكی زۆر توند بوون و بۆ زۆرشت، رێگەمان پێنەدەدرا». پایزە دەڵێت، بۆ نموونە نەیانتوانیوە «جلی رۆژئاوایی» لەبەر بكەن، یان لەگەڵ هاوڕێكانی دەرەوەی قوتابخانە گفتوگۆ بكەن، تەنانەت لەهەندێك باردا، هەڵبژاردن و رای خۆیان لەسەر شتەكان مەحاڵە بووە. »یەكێك لەبژاردەكانی خێزانەكەمان ئەوە بوو، كەبەچ كەسێك و چ كاتێك ئەوان دەخوازن، ئێمە دەتوانین شوو بكەین. هەرچەندە دایك و باوكم خۆیان پێشتر هاوسەرگیری زۆرەملێیان ئەنجام نەدابوو»، خوشكەكەی بەناز وای وت. بەپێی یاسای ئەوكاتە لەئینگلتەرا و وێڵز، تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری 18 ساڵان بوو و لەهەمان كاتدا، هەرزەكارانیش دەیانتوانی لە تەمەنی 16 ساڵیدا بەڕەزامەندی خۆیان و دایك و باوك ، هاوسەرگیری بكەن. بەڵام پایزە وتی:» لەخێزانێكی وەك ئێمە، رای كچەكان بەهەند وەرنەدەگیرا چونكە لەوكاتەدا كەگفتوگۆی هاوسەرگیری من دەكرا، لەگەڵ دایك و باوكم، من لەسەر جێگاكەم لەژوورێكی دیكە دانیشتبووم و پێیان وتم، كەپیاوێكی تەمەن 30 ساڵان، ناسیاوی باوكمەو دەیەوێت من شوو بەئەو بكەم. من هەرگیز ئەوم نەدەناسی، بەڵكو ئەوان، ئەویان دەناسی لەڕێگای بنەماڵەو دۆستایەتیەوە»دایك و باوكم دەیانەوێت هاوسەرگیری بكەم. بۆیە سەرم لێشێوابوو، خەیاڵم دەكردەوە، كەئاخۆ چ هەڵەیەكم ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بەو شێوازە هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێكی تەواو نامۆ بكەم». یەك دوو هەفتە دواتر من (جۆرجم) بینی، (كە ناوی خوازراوی هاوسەرەكەمە) لەماڵی خۆمان، من لەتەنیشت دایكم و باوكیشم لەگەڵ ئەو بەرامبەرمان لەسەر قەنەفەكە دانیشتبوو. پێشتر لەلایەن دایك و باوكمەوە پێم وترابوو، كە پێویستە تەنها بەڕێزەوە سڵاو و بەخێرهاتنی بكەم، بەڵام دوای ئەوە قسە ناكەم. بۆیە دانیشتم و گوێم لە دایك و باوكم گرت، ئەوان وەسفی منیان وەك كچێكی باش دەكرد بۆ ئەو، پاشان منیان ناردە دەرەوە. پایزە درێژە بەچیرۆكەكەی دەدات دەگێڕێتەوە و دەڵێت:» یەكەم شت كەتێبینیم كرد لەو پیاوە، كەئەو زۆر لەمن بەتەمەنترە. ئەوەش لەڕووخسارو قژیدا دیاربوو. تەنانەت پۆشاك و شێوازی جلوبەرگی وەك یەكێك لە مامەكانم دەچوو. بیرمە كەهەستم بە ترس دەكرد لەوەی ئاخۆ ژیانم چۆن دەبێت لەگەڵ ئەم پیاوە. دوای ئەو یەكەم چاوپێكەوتنە، ئیدی گەورەكان بڕیاریاندا كەدوای چەند هەفتەیەكی دی ژووانی زەماوەندەكە سازدەدرێ. پایزە وتیشی:» یەكەم ساڵی چوونە كۆلێژم بوو، دەمویست بچمە چاپتەرێكی دیكەی ژیانە تازەكەی كۆلێژ، نەك شوكردن، بەڵام لەجێی ئەوەی ئاشنایەتی لەگەڵ هاوڕێ تازەكانم دروست بكەم، تووشی هاوسەرگیریان كردم». »لەڕۆژی زەماوەندەكەمدا، هیچ هەستێكم نەبوو، جگە لەترس. ئەوان جلی بوكێنیان بۆ هەڵبژاردبووم و دەم و چاویشیان بەچینێك ماكیاج داپۆشی بووم، لەبەرامبەر ئەندامانی خێزان و ئەو كەسانەی كە بەڕاستی نەمدەزانی كێن، دانیشتبوم و شووم بەكەسێكی نامۆ دەكرد!». »لەتەواوی رۆژی ئاهەنگ و زەماوەندو پێشوازی، هەستم بە نەخۆشی و سەرلێشێواوی دەكرد. تێنەگەیشتم كەبۆچی هەموو ئەم خەڵكانە نەیاندەتوانی ببینن، كەمن زۆر ناڕازیم و چی ڕوودەدات؟ بەڕاستی ئەو رۆژە هەستمكرد كەخیانەتم لێكراوە لەلایەن هەموو ئەو كەسانەی لەوێ ئامادەبوون». هەرچەندە دوای هاوسەرگیرمان جاربەجار بەردەوامیم دەدا بەكۆلێژ، بەڵام ئەوە هاوسەرەكەم بوو بڕیاری دەدا كەبچم یان نا چونكە هێندێك جار، بەهەفتە رێگری لێدەكردم لەخوێندن. لەهەمان كاتیشدا، دەبوو وەها خۆم نیشان بدەم، كەهاوسەرێكی باشم لەبەردەم ئەو هاوڕێیانەی كەدەیهێنانەوە ماڵەوە» بەڕاستی ژیانم زۆر سەخت بوو، لەگەڵ ئەوەش بەردەوام هەستم بەتەنیایی دەكرد، بەڵام پیاوەكەم دەیخواست كەببینە خێزان و دوای چەند مانگێك لەهاوسەرگیری، هەستم كرد دووگیانم». لەكاتی بینینی پەرستارەكەم، پێم راگەیاند:»دەمەوێت زگەكەم بۆ لەبار بەریت، چونكە لەڕاستیدا هیچ داهاتوویەكم لەگەڵ ئەو پیاوە بەدی نەدەكرد. ئەگەر منداڵیشم لێی ببوایە دەبوو درێژە بەهاوسەرگیریەكە بدەم و گیرۆدەی كێشەی زیاتر ببینەوە. كاتێكش بیرۆكەی لەباربردنی كۆرپەكەم بەمێردەكەم و خێزانەكەم راگەیاند، ئەوان هەوڵیان لەگەڵدام، منداڵەكەم هەبێت و گوتیان كەیارمەتیت دەدات مێردەكەم خۆش بووێت، بەڵام من پێم گوتن كەمن ناتوانم دایكێكی باشبم و منداڵەكەم بێ داهاتوو دەبێ، بۆیە ئەوان بەناچاری و دواجار رێگەیان پێدام بەلەبارچوونەكە». پایزە، لەدرێژەی سەرگوزشتەكەیدا دەڵێت:»هەموو رۆژێك كە لەخەو رادەبووم، ئومێدەواربووم كەژیانم جیاواز بێت، ئەوەی دەمویست، تەنها ئەوە بوو كەوەك هەموو هاوەڵەكانی دیم، درێژە بەخوێندن بدەم و بڕۆمە كۆلێژ، نەك هاوسەرگیری بكەم و ببمە ژنی ماڵەوەو بەرپرسیاریەتی بگرمە ئەستۆ، ئەو كاتەی كە لەیەكەم مانگی تەمەنی هەژدەساڵیدا بووم هاوسەرگیریەكەم، كەمتر لەدوو ساڵ بەردەوامی هەبوو. دواجار تەڵاقم وەرگرت، هەر لەو مانگەدا بوو، كاتێك خوشكەكەم (بەناز) لەژێر پاساوی (پاراستنی شەرەف) كوژرا. »مێردەكەم هەڕەشەی دەكرد، كەمنیش چارەنووسی بەنازی خوشكم دەبێت و دەكوژرێم. لەكاتی داواكردنی جیابوونەوەم خێزانەكەم رێگریان دەكردو هەوڵی گەڕانەوەیان دەدا لەگەڵم، بەڵام لەوكاتەوە تائێستا رووخساری ئەوم نەبینیوەتەوەو لەدەستی ئازاد بووم. هاوشێوەی منیش، بەنازی خوشكم، وەك هەرزەكارێكی تەمەن 17 ساڵان بەزۆر هاوسەرگیریان پێكردبوو. بەناز، لەهاوسەرگیریەكەیدا بەتەواوی لەكێشەو گیروگرفت دابوو، چەندین جار بەوێنەو بەڵگەوە، جێگای ئازارو ئەشكەنجەی برینەكانی وەك سكاڵا بەپۆلیس دابوو، بەڵام دواجار هیچ كەسێك نەیتوانی ژیانی ئەو لەكوشتن بپارێزێت». لەچەند مانگی كۆتایی ژیانی بەنازدا، زۆر بەخێرایی شتەكانی تێدا گۆڕا، هەر لەو ماوەیەدا، كەوتە داوی خۆشەویستی كەسێكی دیكەوە، كەدەیویست تێیدا دەست بەژیانێكی تازەبكات و تێیدا بەختەوەربێت، بەڵام هەرزوو لەلایەن ئەوانەی بەنازیان» بەبێ ئابڕوو بێشەرم دەزانی، كۆتایی بەهەموو خۆزگەكانی هێندرا». كاتێك لەجەنیوەری ٢٠٠٦ گەڕامەوە ماڵی باوكم و شەو پۆلیس لەدەرگای ماڵەوەیانداو باوكمیان دەستگیركرد. دواتر هەریەكە لەباوكم و مامم و دوو لەئامۆزاكانم بەتاوانی كوشتنی بەناز، سزای هەتا هەتایی دران. دوای نزیكەی سێ مانگیش، تەرمی بەناز، لەناو جانتایەك و لەژێر باخچەی ماڵێك، لەشاری بێرمینگهام دۆزرایەوە. »ئەوساتە، ناخۆشترین رۆژەكانی ژیانم بوو، كاتێك هەواڵی مەرگی خوشكەكەمم بیست، وام هەست دەكرد، كە لەناو ئاگردابم و بەزەحمەت هەناسەم بۆ دەدرا. نەم دەتوانی باوەڕبكەم و هێشتاش ناتوانم بڕوا بكەم چۆن روویدا». پایزە دەڵێ، ژیان بۆ من ئێستا تەحەدایەكی بەردەوامە. زۆر شت هەیە كە لەگەڵیدا بژیم و هێشتاش شۆكێكی زۆرم هەیە، بەڵام هەموو هەوڵێك بۆ ئەوە دەدەم، كەئەم ئەزموونە ئازاربەخشانەی ژیانم، بگۆڕم بۆ چالاكی وزە». خوشكەكەی بەناز دەشڵێت:» ئێستا چالاكوانێكی بواری بەرگریكردن لەمافەكانی ئافرەتانم و لەچەند رێكخراوێك كاردەكەم لەوانە، (ئای سی دەبلیو ئاڕ ئۆ) كەئەركەكانیان تەرخانكراوە بۆ پشتگیری كردن لەمێینەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا، لەبەریتانیا، لەمەترسی كوشتن و چەوساندنەوەیان لەژێر ناوی (شەرەف)، هاوسەرگیری منداڵان، هاوسەرگیری بەزۆرەملێ، خەتەنەكردن».
نیگار عومەر لەسنوری ئیدارەی گەرمیان 55 گوند بێ ئاون و گوندنشینەكان شوێنەكانیان جێدەهێڵن و بەرەو ناحیەو قەزاكان دەڕۆن كەهەفتەی یەك رۆژ بەتانكەر ئاوی خواردنەوەیان پێدەگات. ئیدارەی گەرمیان 882 گوند بوونی هەیە لەگەڵ نۆ ناحیەو دوو قەزا، لایەنی پەیوەندیدار دەڵێت:»ئاوڕی جددی لەگوندەكان نەدرێتەوە جێی دەهێڵن و دێنەوە ناوشارەكان كەئەمەش مەترسییە لەسەر سامانی ئاژەڵ و كشتوكاڵی ناوچەكە». سەلام رەحیم، دانیشتووی گوندی دوانزە ئیمامی سەر بەقەزای كفری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» وەك دانیشتووی گوندەكە هیچ جۆرە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیەكمان نیەو ژیانی گوندنشینەكان لەمەترسیدایەو وەختە خۆمان لەتینوێتیدا بخنكێین ئاو نیە خۆمان بیخوێینەوە ئەی چۆن ئاو بۆ ئاژەڵەكان پەیدابكەین». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە ناچارن رۆژانە بەپارە ئاو بكڕن، حكومەتی هەرێم هیچ هاوكارییەكی نەكردوون، وتیشی:» زۆرجار باس لەوە دەكەن دەبێ خەڵك بگەڕێتەوە گوندەكان، من لێرەوە پێیان دەڵیم چەند ساڵی تر وابڕوات شتێك نامێنێت بەناوی گوندنشین هەمووی دێتە نێو شارەكان و گوندەكان چۆڵ دەكەن، زۆربەی ئەو گوندانەی كە لەیەكەوە نزیكن بەهۆی بێئاویەوە بەشێكی ماڵەكان كۆچیان كردووەتە ناوچەكانی دیكە یان ئاژەڵەكانیان فرۆشتووە». «كەس ئاگای لەژیانی گوندنشینەكان نیە بەهۆی بێئاویەوە، بەڕاستی لەبارودۆخێكی ناڕەحەتداین»، سەلام رەحیم، وای وت. وتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە 55 گوند بێئاون و ژیانیان لەمەترسیدایە. سالار عەزیز، وتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەوەی لەتوانای ئێمەدابێت لەهەموو دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیەكانماندا تەنها شەش تانكەرمان هەیە كە ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەكان دەگوێزێتەوە، ئەوەش بەشی ئەو گوندانە ناكات كە لەئێستادا بێئاون». وتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان ئەوەشی روونكردەوە كە بەهۆی گرفتی كەمئاوییەوە لەم هاوینەدا 10 گوند بەتەواوەتی چۆڵ كراوە لەنێوان ئەو گوندانەی كە بێئاون گوندەكانی دیكەش ناوبەناو خەڵكەكەی كۆچ دەكات، وتیشی:» بۆیە گەرمیان پێویستی بەوەیە بودجەیەكی تایبەتی بۆ دابین بكرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی، گەر بەم شێوازە بڕوات زۆربەی گوندنشینەكان ئاژەڵەكانیان دەفرۆشن و روودەكەنە نێو شارەكان، كەئەمەش زیانی گەورە بەكشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەگەیەنێت». ئەو دەڵێت، ئەم گرفتەمان گەیاندووەتە بەڕێوەبەرایەتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرتووە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە». مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبەرواری 13/6/2022 لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، رایگەیاند:» پێویستە خەڵك هانبدرێت بگەڕێتەوە گوندەكان و پێشخستن و پەرەپێدانی ئابووری هەر وڵاتێك دەبەسترێتەوە بەپێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ. هەروەها راشیگەیاند:»جووتیارێك بێت شتێك دروست بكات، بۆ ئەوەی ئەو جووتیارە بەرهەمەكەی بفرۆشێت، پێویستی بەچەند شتە، دەبێت لەكۆگایەك هەڵبگیرێت، دەبێت لەشوێنێك بكرێت بەخواردن، دەبێت لەشوێنێك بگوازرێتەوە، دەبێت لەشوێنێك بفرۆشرێت»، واتا بۆ بەرهەمی هەر جووتیارێك چوار تا پێنج هەلی كاری دیكە دەڕەخسێنرێت، ئینجا ئەگەر پڕۆژەی گەورە دروست بكەین، لەوانەیە لەئایندەدا بەرهەمی ناوخۆیی زۆر بێت، دەبێت ئامێرە كشتوكاڵییەكانیش دروست بكرێن، لەبری ئەوەی ئەو ئامێرانە لەدەرەوە هاوردە بكەین، دەتوانین لێرە كارگەیەك بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە ئامێرانە دروست بكەین، ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی پێشخستنی كەرتی پیشەسازیش». «دەبێت خەڵك هانبدرێت بگەڕێتەوە بۆ گوند، بەچی دەچێتەوە؟! بەدروستكردنی خانوو ناچێتەوە، بەڵام دەكرێت پڕۆژە بۆ خەڵك دروستبكرێت، پڕۆژەی بچووك لەدێهاتەكان دروستبكرێت، بۆ ئەوەی خەڵك سوودمەند بێت، واتا هەر كەسێك ئەگەر لێكدانەوە بكات و بزانێت لەشار داهاتەكەی چەندەو بەگەڕانەوەی بۆ گوند داهاتەكەی چەند ئەوەندە دەبێت، ئەوكات ئامادە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ گوند»، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وای وت. بورهان ئەمین، ئەنجومەنی گوندی گومار سەر بەناحیەی كوڵەجۆ، بۆ هاوڵاتی هێمای بۆ ئەوەكرد بەهۆی بێئاویەوە گوندەكەیان 12 ماڵ بووەو 10 ماڵیان گوندەكەیان جێهێشتووە كە زۆربەی ئاژەڵەكانیان فرۆشتووەو گەڕاونەتەوە ناوشار، وتیشی:» خۆشم بەهەمان شێوە لەداخی بێئاویدا جێمهێشتووە، هەفتەی جارێك تانكەرێ ئاو دێت بۆ گوندەكەمان پێم ناڵێن ئەمە بەشی چیدەكات». هەروەها وتیشی:» هیچ داوایەك لەحكومەت ناكەم، چونكە حكومەت نیە تا داوای لێبكەم پێم كفرە بەمانە بوترێت حكومەت نەك كارئاسانی ناكەن بەڵكو رێگریش بۆ ئیشوكارەكانت دروست دەكەن».
شەنای فاتیح سەرەڕای گرانبوونی نرخی سوتەمەنی بازرگانی، حكومەتی هەرێم ئامادە نییە كوالێتی بەنزینە 800 دینارەكەش چارەسەر بكات و شۆفێران ئۆكتان دەكەنە تەنكی ئوتومبێلەكانیانەوە. لەئێستادا نرخی نەوتیخاو لەبازاڕەكانی جیهاندا بە 105 دۆلارەو بڕیار بووە نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بەپێی نرخی نەوتی خاو بێت، بۆ نموونە نرخی نەوت بە 105 دۆلار بێت، لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بەهەزارو 50 دینار بێت، بەڵام نەبوونی چاودێری و بازاڕی بەرەڵا وای كردووە هیچ بەنزینخانەیەك نرخەكان كەمنەكاتەوە. لەئێستادا یەك لیتر نرخی بەنزینی بازرگانی بەم شێوەیەیە (بەنزینی سوپەر هەزارو 525 دینار، بەنزینی موحەسەن هەزارو 475 دینار، بەنزینی نۆرماڵ هەزارو 350 دینار) بەپێی ستانداری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەبێت بەنزینی 800 دیناری ئۆكتانەكەی 92 كەمتر نەبێت و 690 دیناری ئۆكتانەكەی 90 كەمتر نەبێت، بەڵام بەنزینی 800 دینارییەكە لەئێستادا ئۆكتانەكەی 89 بۆ 90 و بەنزینی 690 دیناری ئۆكتانەكەی 86 بۆ 87 و تائێستا چارەسەر نەكراوە. وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی: پارێزگای سلێمانی لەنرخ و كوالێتی بەنزیندا لەپارێزگاكانی دیكە باشترە بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: بەنزینی 800 دینارییەكە كە دێتە بەنزینخانەكانەوە سەرف دەبێت و نامێنێـت، لەبەرئەوەی نرخەكەی هەرزانە». هەروەها پێشیوابوو شۆفێران سوودیان لێبینیوە، بەڵام لەوەرزی هاویندا تووشی كێشە دەبنەوە و شۆفێران گلەیی خراپی كوالێـتی بەنزینەكە دەكەن. بەهمەن وتیشی:»پارێزگای سلێمانی لەنرخ و كوالێتی بەنزیندا لەپارێزگاكانی دیكە باشترە، بەردەوام نرخ لەسلێمانیدا هەرزانتر بووە و كوالێتییەكەشی باشترە» و ئەوەش ئەولەویەتی ئێمە بووە كە «قازانجێكی كەمتر بخەینە سەر نرخی بەنزینەكە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان سودمەند ببن». سەبارەت بەنرخی بەنزینی بازرگانی»جیاوازی هەیە لەنرخەكەیدا لەهەولێرو سلێمانی و دهۆك، بەڵام كێشەكە ئەوەیە سوتەمەنی لەشوێنی سەرەكی سوتەمەنیەوە گرانەو كە بۆرسە روو لە دابەزین بێت بێگومان نرخ دادەبەزێـت». شۆفێران گلەیی لەخراپی كوالێتیی بەنزینی 800 دیناری دەكەن و شۆفێرێكی تاكسیش دەڵێت: «كوالێتی ئەم بەنزینە هەتا بڵێی خراپە». كوالێتی ئەم بەنزینە هەمان ئەو كوالێتییە نییە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دایناوە بۆ هێنانی بەنزین لەدەرەوە، ئەم كوالێتییە لەپشكنیندا ئۆكتانی كەمترە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئۆكتانی 92ی داناوە، بەڵام ئەم بەنزینە لە پشكنینەكاندا ئۆكتانی 90.5 دەردەچێت و لەعێراقدا لیترێك بەنزینی پشتیوانیكراو 450 دینارە، بەڵام لەهەرێمی كوردستاندا 800 دینارە. چالاك ئەحمەد شۆفێرێكی تاكسیە لەسلێمانی كە ماوەی 17 ساڵە ئەو كارە دەكات و لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەم بەنزینە بۆ تاكسی نرخەكەی زۆرباشە، بەڵام كوالێتیەكەی زۆرخراپە وتیشی:» تا تاكسی مۆدێلەكەی بەرزتربێت خراپی كوالێتی بەنزین كێشەی زیاتری بۆ دروستدەكات». «ئەگەر بێت و تاكسیەك ئیشی پێبكەیت و پڕی بكەیت لەبەنزین بەشی سێ رۆژ دەكات، بۆ سەرە گرتنیش بەشێوەیەكی گشتی بیست خولەك بۆ نیو كاتژمێر دەخایەنێـت و هەندێ كات قەرەباڵغە». خەلیل عەبدوڵا، ئوتومبێلێكی تایبەتی پێیەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەنزینی 800 دینارییەكەم كردووەتە ئوتومبێلەكەو نەمتوانیوە تەبرید هەڵبكەم بەم چلەی هاوینە، ناچار پەنام بۆ كرینی تەنەرو ئۆكتان بردووەو بایی 12 هەزارم بۆ كڕیوە، ئەنجا دوای ئەوەش بایی 10 هەزار دینار بەنزینی سوپەرم تێكردووە تا باش بووە». هاوكات، خۆشەویست ئەحمەد كە پیشەی فیتەرە لەسلێمانی ئەوەی ئاشكرا كرد كە رۆژانە بەشێكی زۆری شۆفێران سەردانیان دەكەن كەكێشەیان هەیە لە ئۆتۆمبێلەكانیاندا بەهۆی خراپی كوالێتی بەنزینەوە. «ئەم بەنزینە 800 دیناری و 690 دینارییە حكومییە هیچ بەكەڵك نایەت، چونكە هەمووی خڵتەیەو نەوتیشی تێكەڵە لەبەرئەوەی بەنزین دەبێت ئۆكتانی باش بێت، زۆربەی ئەو شۆفێرانەی دێنە لامان فیت پەمپیان ئەوەستێت، كێشە بۆ سەر بزوێنەری ئۆتۆمبێل دروستدەكات»، خۆشەویست ئەحمەد وای وت. لەدوو هەفتەی رابردوودا هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی رایگەیاند كە «بەنزینە 800 دینارییەكە خراپەو گوناحە بەسەر خەڵكیدا دابەشدەكرێـت». تاساڵی 2019 نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستاندا 500 دینار بوو و ساڵی 2020 بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نرخەكەی زیاتر دابەزی، بەڵام ساڵی 2021 نرخی بەنزین بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵا بوو بە 650 دینارو لەكۆتایی هەمان ساڵدا لیترێك بەنزینی نۆرماڵا نرخەكەی گەیشتە 950 دینار لەئێستاشدا نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لەهەرێمی كوردستان 1350 دینارە، لیترێك بەنزینی نۆرماڵا لە بەغدا و كەركووك 450 دینارە. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاش بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیان، رۆژانە یەك ملیۆن لیتر بەنزینی 690 دیناری و دوو ملیۆن لیتر بەنزینی 800 دیناری لەلایەن كۆمپانیاكانی كارو قەیوانەوە بەرهەمدێت. سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: بەنزینی هەرزان دەستكاری كوالێتیەكەی كراوە، بۆیە نرخی هەرزانە. نافیز ناوپردانی،سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كێشەی بەنزین ئەوەیە یەك سەرچاوە و یەك پاڵاوگە نییە، ئەو بەنزینەی كە دەگاتە سەر سنوور لەوێ دەستكاری كوالێتییەكەی دەكرێ بۆ ئەوەی نرخەی هەرزان بێت و حكومەتیش چاوپۆشی لێدەكات لەبەر ئەوەی نرخەكەی هەرزانترە». هەروەها وتیشی:» بەبێ پشتگیری حكومەت بەنزین بەشێوەی بازرگانی بەهیچ شێوەیەك هەرزان نابێـت و پێویستە حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پشتگیری پاڵاوگەكان بكات و بەنرخێكی زیاتر بیكڕێت و بەنرخێكی مەدعوم بیداتەوە بە بەنزینخانەكان». سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: ئەم بەنزینە 800 دیناریە بڕەكەی و كوالێتییەكەی و نرخەكەشی جێی تێبینی ئێمەیە. كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد كەئەم بابەتە بەشێوازێك قۆرغكاریەو تەنها بۆ دوو پاڵاوگە دانراوە لەكاتێكدا دەیان كۆمپانیاو پاڵاوگە لەهەرێمی كوردستاندا هەن،وتیشی:» بەداخەوە ئەم بەنزینە نەبووە جێی متمانەی هاووڵاتیان، بۆیە كاریگەرییەكی ئەوتۆشی لەسەر بازاڕی بەنزین نەبوو». سەبارەت بەنرخی بەنزین كەریم عەلی وتی: ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی «پێشنیازمان كردووە كە نرخەكەی داببەزێنرێت و بڕەكەی زیاد بكرێـت و كوالێتییەكەشی باش بكرێت و بەلایەنی كەمەوە نرخی بەنزین ببێتە 500 بۆ 550 دینار بۆ ئەوەی هاووڵاتیان سودمەند بن، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوینەتەوە. جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك: كێشەی خراپی كوالێتی بەنزین لەئۆكتانەكەیدایە ایشخان ملكون سركیس، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێدا بەهاوڵاتی وت:»كوالێتی بەنزینە 800 دیناریەكە گلەیی زۆری لەسەر هەیە كەكوالێتییەكەی خراپەو كێشە بۆ فیت پەمپی ئۆتۆمبێل دروستدەكات».
هاوڵاتی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی دەڵێت بۆ تووشبووانی شێرپەنجە ساڵانە پێویستی بە 40 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی و حكومەت پارەمان بۆ خەرج ناكات و نەخۆشخانەكە لەخراپترین قەیراندایە. بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی هیوا تەنها رۆژی دووشەممەی رابردوو هەزارو 50 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان كردووەو سێ هەزارو 912 پشكنینی جۆراوجۆری تاقیگەیی بۆ نەخۆش ئەنجام دراوە. هەروەها 263 نەخۆش چارەسەری كیمیاییان وەرگرتوە، هەروەها 228 نەخۆش پشكنینی تیشكی و ئیكۆو سۆناریان بۆ كراوەو 80 نەخۆشی لەبەشی فریاكەوتنی خێرا داخڵ بوون و 385 نەخۆشی دیكەش لەقاوشە جۆراوجۆرەكانی نەخۆشخانەكە داخڵ كراون. هاوڵاتی بۆ بەدواداچوون سەبارەت بەكێشەكان سەردانی نەخۆشخانەكەی كرد، قەرەباڵغییەكی زۆری پێوەدیاربوو، بەشێكی زۆری نەخۆشەكان بەهۆی نەبوونی دەرمان ناچارن لەدەرەوە دەرمان بكڕن، لەكاتێكدا ئەو نەخۆشخانەیە لەعێراقدا بەپێشكەوتوترین نەخۆشخانە بۆ تووشبوانی شێرپەنجە دیاری کراوە. یەكێك لەتووشبووەكان بەناوی زوهرە عەلی بەهاوڵاتی وت «شەش ساڵە تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی سییەكان بووم، پزیشك پێم دەڵێت هەفتەی جارێك وەریبگرم، بەڵام لەڕێگەی قاچاخچییەوە دەستم دەكەوێت، پێیان وتووم هەشت نەخۆشی دیكەش هەیە كە ناتوانن داخڵی بكەن». هەروەها فاتیمە بورهان یەكێكی دیكەیە لەنەخۆشەكان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت « مانگ نییە بەبەهای 150 بۆ 250 هەزار دەرمان نەكڕم، لە2004 ەوە شێرپەنجەمە، ئەمە چوارەم جارە نەخۆشییەكە تێمدا سەرهەڵدەداتەوە، بەس كیمیاییەكە لێرە وەردەگرم 14 رۆژ جارێك دێم وەریدەگرم». سەنگین عەبدوڵا یەكێكی دیكەیە لەنەخۆشەكان كە 54 رۆژە تووشبووە و لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت :»لەكۆیەوە سێ هەفتە جارێك بۆ چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەكەم، لەو ماوەیەدا سێ جار دەرمانی بایۆلۆجیم لە دەرەوەی نەخۆشخانە كڕیوە كە لەنەخۆشخانەكە نەماوەو تێچووەكەی دوو هەزارو 400 دۆلارە». ئەو توشبووە وتیشی: «دەرمانەكان گرانن، زۆرمان لەسەر دەكەوێت، بۆ هەر 420 ملیمێك دەرمانی بایۆلۆجی دەبێت 800 دۆلار بدەین، سێ جارم كڕیوە، داواكارین دەرمان بۆ ئێرە دابین بكرێت.» ساڵانە نەخۆشخانەی هیوا پێویستی بە زیاتر لە 40 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، بەڵام ساڵێكە كێشەی كەمیی دەرمان بەرۆكی نەخۆشخانەكەی گرتووە، ئێستا بەشێكی زۆر لە دەرمان لە نەخۆشخانەكەدا نەماوە. ئەو دوو دەرمانەی نەخۆشەكان بەدوایدا وێڵن و دەستناكەون بریتین لە( پێندرۆلیزۆماپ و پێترۆزوماپ) ئەو دوو جۆرە دەرمانەیە كە مانگانە 160 نەخۆش زیاتر پێویستیانە لە نەخۆشخانەی هیوا، تێچووەكەیان یەك ملیارو 40 ملیۆن دینارە، بەڵام ئێستا لەنەخۆشخانەكە نەماوە، نەخۆش دەبێت خۆی بیكڕێت كە تێچووی 200 ملیمی زیاترە لەدوو ملیۆن دینار. جۆرێك لەدەرمانەكان نرخی سێ ملیۆن و ئەوی دیكەش نۆ ملیۆن دینارە د.سیڤەر رزگار، بەرپرسی كۆگای دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوا لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دوو دەرمان، بۆ جۆرێكیان زیاتر لە سێ ملیۆن دینار و ئەوی دیكەیان نۆ ملیۆن دینارە، ئەمە نەخۆش بیكڕێت دەبێت چی بكەن؟ زۆر قورس دەبێت لەسەریان، كۆمپانیاكان پێیان وتووین گەر حكومەت پارەمان بۆ خەرج نەكات، ئەوا دەرمان ناهێنین، گەر ئەمە رووبدات و هەموو كۆمپانیاكان وابكەن، ئیدی ئێمە تەواو.» هەرچەندە تەندروستیی سلێمانی داوایان لە لیژنەی چارەسەری كێشەی دەرمان كردبوو، كە لەسێ مانگی رابردوودا بۆ چارەسەری كێشەی دەرمان چارەسەر بكرێت لەداهاتی نەوت پارەی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان دابین بكرێت، بۆئەوەی راستەوخۆ پارەكەی خەرج بكرێت، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن هەرچەندە بەڵێنیان پێدراوە، بەڵام یەك دیناریان بەدەست نەگەیشتووە بەهۆی ئەوەی پارە لەبانكدا نەماوە. ئامارەكانی نەخۆشخانەی هیوا دەریدەخەن رۆژانە زیاتر لە 15 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لەلایان تۆمار دەكرێت و تەنیا لە یەك رۆژدا نزیكەی هەزار نەخۆش سەردانیان دەكات. د.یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» زۆر لەقەیرانداین، زۆربەی كۆمپانیاكانی دەرمان بەفەرمی پێیان وتووین كە ناتوانن دەرمان دابین بكەین، چونكە شایستە داراییەكانمان بۆ دابین نەكراوە، تەنانەت كۆمپانیاكانی پێداویستی پزیشكی و تاقیگەییش بەهەمانشێوەیە «. هەروەها وتیشی: »گرفتێكی دیكە ئەوەیە ئامێرەكانمان پێویستیان بەچاككردنەوەیە تائێستا بابەتی چاككردنەوەی ئامێرەكان یەكلایی نەكراوەتەوە، یەكێك لەو گرفتانەی دروستبووە سەنتەری ژیانەوەیە كە تایبەت بەتیشكە و چالاك نییە». بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت:»نەخۆش هەبووە لەماوەی ئەم شەش مانگە كە كاتی بۆ دانراوە، دەبوو یەكەم رۆژ وەریبگرێت، بەڵام دواتر دوای شەش مانگەكە گیانی لەدەستداوە و وەرینەگرتووە دەرمانەكە». «دەبێت ئاستی باڵاتر لەوەزارەتی تەندروستی بێنەسەرخەت، گرفتەكە دەبێت لەبنەڕەتەوە چارەسەر بكرێت نەك بۆ دوو مانگ و سێ مانگ». یاد نەقشبەندی وا دەڵێت. لەبارەی هۆكارەكانی زۆربونی تووشبوانی شێرپەنجە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەوەی خستەڕوو كە گرنگترینیان زۆربوونی ئۆتۆمبێل و كوالێتی خۆراك و پیسبوونی ژینگەیە كە لەهەرێمی كوردستان و عێراق رۆژ بەڕۆژ بەوهۆیەوە توشبووان زیاتر دەبن.
سەركۆ جەمال پەرلەمانتارانی كوردستان وەڵامی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرەكان دەدەنەوە كە لە رێگەی پەیامی ڤیدیۆییەوە باسیان لەدەستكەوتەكانی ئەم كابینەیە كردو دەڵێن:» ئەم كابینەیە شكستەكانی زۆرتر بووە لە دەستكەوتەكان و بارگرانی گەورە لەسەر هاووڵاتیان دروست بووە». سێ ساڵ بەسەر كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان تێپەڕی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی لەگەڵ وەزیرەكان لەڕێگەی پەیامی ڤیدیۆییەوە باسیان لەو كارو چالاكیانە كرد كە ئەنجامیانداوە، بەڵام هیچ یەكێك لەو بەرپرسانە ئەوەیان نەخستەڕوو كە زیادكردنی داهات كەوتۆتە سەر شانی هاووڵاتیان و كێشەی كارەباو رێگاوبان و گرانی سوتەمەنی (بەنزین، نەوتی سپی) هەیەو هەوڵی چارەسەركردنیان دەدەن. بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر كابینەكەی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی:» لەماوەی سێ ساڵدا، مووچە بەبەردەوامی دراوە، بەپێی بودجەی بەردەست، توانیومانە بارگرانی سەر خەڵك و حكومەت كەمبكەینەوە». هەروەها وتیشی:» داهاتی ناوخۆ 100% زیادیكردووە، زۆرترین خەرجیش بۆ رێگاوبان بووە». هاوكات، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی:» حكومەت، لەڕێگەی پرۆگرامی خزمەتەوە، كە زیاتر لە ٤٩٠ خزمەتگوزاریی لەخۆدەگرێت، پێداچوونەوە بە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە دەكات، كە پێشكەشی هاووڵاتیان دەكرێن». « ٩٥ ملیار دینار بە رێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی گێڕدراوەتەوە بۆ حكومەت، داهاتی گومرگیش لە ٩٥٦ ملیارەوە بۆ یەك ترلیۆن و ٦٩١ ملیۆن دینار لە كابینەی نۆیەمدا بەرزكراوەتەوە»، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی وای وت. پەرلەمانتارانی كوردستان كابینەی نۆیەم دەدەنە بەر نەشتەرو ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە لەم كابینەیەدا قاچاغچێتی رێكخراو زۆر بووەو باجەكان لەسەر هاووڵاتیان زیادی كردووەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بەردەست نییە. عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»وەزیرەكان تێكرا باسیان لەدەستكەوتەكان كرد، لەكابینەی نۆی حكومەتی هەرێم، بەڵام باسیان لەگرفتەكان نەكرد، بۆیەكەمجار لەم كابینەیە لە سەرەتای 2020 ەوە قاچاخی رێكخراو دەستیپێكرد، هاوشێوەی كابینەی پێشوو یاسای بودجە نەبووە، كە یاسای بودجە نەبوو چاودێریكردنی داهات زۆر قورس دەبێت، هەموو ئەو پارانەی خەرج كراون دیارنییە». « لەم كابینەیە دووئیدارەیی زەق بووەوە، لەهەندێك پرۆژە هەیەو لەهەندێك نییە، لەهەندێك شوێن مووچە هەیە و لەهەندێك شوێن نییە، وەك چۆن لەكابینەكانی پێشوو زەوی بەهای نەبوو لەم كابینەیە بۆ دەوڵەمەندكردنی هەندێك كەس بەكارهێندرا»، عەلی حەمەساڵح وادەڵێت. عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشكرد تەنها ئەو زەویانەی لەشارەكان بەناوی پرۆژەوە بۆ چەند كەسێكی دیاریكراو بوون چەندین جار زیاترە لەپارەی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و ئاوەڕۆ و ئەوانی دیكە، ئەگەر حكومەت بیفرۆشتایە زیاتری دەكرد، وتیشی:» تەنها مووچە لەم كابینەیە دوانەكەوتووە چونكە نەوت بەرزبووە، جگە لەوەی پارەی نەوت زیاتر دەگەڕێتەوە بەڵام ناكرێت بووترێت گرنگە چونكە هەمانشێوەی رابردوو پارەیەكی زۆری نەوت بەفیڕۆ دەڕوات». عەلی حەمەساڵح روونكردنەوەی زیاتری لەسەر داهاتی نەوت خستەڕوو كە لەئێستادا نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت دەگەڕێتەوە ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت گرەنتی نییە داهاتی نەوت دانەبەزێت، هەرێمی كوردستان یەدەگ و توانای قەرزی نیە بەرگەی دابەزینی نەوت ناگرێت بەم فۆڕمەی ئێستا، كە هەرێمی كوردستان دەبێتە قوربانی سنووری سلێمانی زیاتر زیان دەكات چونكە بەشێك لەپرۆژەكان و مووچەش لەسەر داهاتی سلێمانی خۆیەتی، وتیشی:» شتێك نییە بەناوی خەزێنەی داهات هەر ناوچەیە و داهاتی خۆی خەرج دەكات، 873 پرۆژە لەسلێمانی وەستاون بەڵام لەسنووری پارتی هەموو پرۆژەكان كاردەكەن، تەنانەت 100 مەتریەكەش پارەی بۆ خەرج نەكراوەو ڕاگیراوە، یەكێكی دیكە لەگرفتەكان ئەوەیە بەرپرسانی حكومەت لەم كابینەیە بەدواداچوون بۆ بڕیارەكانی خۆیان ناكەن دەتوانم دەیان پرۆژەیان پێبڵێم». عەلی حەمەساڵح جەختی لەوەشكردەوە كە هێزی چەكدار هەر حزبییە و وردتریش كراوەتەوە، لەهەردوو زۆنەكە دادگا لەژێر هەژموونی حزبدایە، بەڵام «دادوەری باشیش ماوە». بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە «لەئەمساڵدا هیچ دەرمانێك لەبودجەی هەرێم بۆ سلێمانی نەكڕدراوە، ئەوەی هەیە لەبەغداوە دێت، تەنانەت چەكەكانی نەخۆشخانەی هیوا لەبانك خەرج ناكرێت، جگە لەوەی 50%ی كارگەكانی كوردستان داخراون چونكە باری سەرشانیان قورسكراوە كەواتە شانازی نییە بڵێن داهاتی باج زیادیكردووە پرۆژە گەورەكانیش لەباج بەخشراون واتە ناعەدالەتی زۆر لەباجدان هەیە». «لەخاڵە سنوریەكان لەبری ئەوەی قاچاغی نەهێڵن دوو كۆمپانیای دیكەیان زیاتركردووە بۆ وەرگرتنی باج بەشێوەیەكی نایاسایی، ئەمەش بە رێككەوتن كراوە، دەبوو بەرپرسانی حكومەت هەموو ئەو كەموكورتیانەیان دیاریبكردایە و چارەسەریان پێبوایە، بەڵام نییانە». عەلی حەمەساڵح وای وت. پەرلەمانتارێكی دیكە پێیوایە كە كۆمپانیا گەورەكان باج نادەنە حكومەت و لەسەدا 80ی باج لەسەر شانی هاوڵاتیانە. عومەر گوڵپی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان بەهاوڵاتی وت:» كۆمپانیای روسنەفت و گروپی كۆمپانیاكانی كار 840 ملیۆن دۆلاری لە2021 وەرگرتووە بەڵام یەك دینار باجیان نەداوە، ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای نزیك لەحزبەكانیش خۆیان دەدزنەوە لەباج، پێویستە یاسای باج و یاسای وەبەرهێنان و نەوت و گاز هەمواربكرێتەوە كە سەرچاوەی بەفیڕۆدانی داهاتە». هەروەها باسی لەوەشكرد كە زۆرینەی وەبەرهێنەران دەبوو لەبواری كشتوكاڵ و پیشەسازی وەبەرهێنان بكەن، بەڵام زۆربەیان لەنیشتەجێبووندا وەبەرهێنان دەكەن كە قازانجێكی زۆر دەكەن، ئەمەی بە بەفیڕۆدانی سەروەت و سامان و زەوی و ئاوی ئەم وڵاتە وەسف كرد. بەوتەی ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان «سێ مەترسی زۆر گەورە لەسەر هەرێم هەیە، یەكەم بێكاری دووەم هەژاری سێیەم بێئاوی، لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا مەترسی گەورەی لێدەكەوێتەوە و لەبەسرە و عەمارە و بەغدا خراپتر دەبێت، ئەوەی كەئێستا حكومەت مووچەی بۆ دەدرێت چاكسازی و ئازایی حكومەت نییە بەرزبوونەوەی داهاتی نەوتە ئەی ئەگەر نەوت دابەزی چۆن مووچە دەدەیت و خزمەتگوزارییەكان بەردەوامی پێدەدەیت؟». «نابێت یەك بەیەك وەزیرەكان بێنە سەر شاشە و بەشتی بچووكەوە خەڵك مەشغول بكات، پێویستە گۆڕانكاری ڕاستەقینە بكرێت و حكومەتی هەرێم بەزوویی خۆی بۆ قۆناغی ئایندە ئامادەبكات، لەهەولێر خەڵك بەدوو هەفتە جارێك ئاوی پێدەدرێت، ئاو هەیە بەڵام بەفیرۆدەچێت». عومەر گوڵپی وای وت. عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوەشدا «لەكاتێكدا حكومەت هاوكاری گەنجان ناكات بۆ دۆزینەوەی كار و قەرزی بچوك و هاوسەرگیری نەماوە، باجی ئینتەرنێتیشی لەسەر %20 زیادكردووە، جگە لەوەی یاسای خانەنشینان لەبەغدا دەرچووە و لەهەرێم جێبەجێناكرێت». پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو دەڵێت:»شێوازێكی مەترسیداری باج پەیڕەو دەكرێت، كە باجیش شڵەژاو بوو چالاكی ئابووری خاو دەكاتەوە و گەرموگوڕی بازاڕیش كەم دەكاتەوە». شێركۆ جەودەت، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»باج سیستەمێكە بەرامبەر خزمەتگوزاری وەردەگیرێت، واتە دەبێت چالاكی ئابووری هەبێت لەلایەن ئەو كەس یان كۆمپانیایەوە بڕێكی دەگێڕدرێتەوە بۆ حكومەت، بەڵام ئەوەی روویداوە نەچالاكی ئابووری هەیە نە سیستەمە حكومیەكە وەكو خزمەتگوزاری دابینی كردووە، حكومەتی هەرێم زۆر نەشارەزایانە دەستكاری باجی كردووە باجی خانووبەرەی لە%1ەوە كردووە بە %3 ئەمەش بەدەر لەیاسایە». « تائێستاش بۆ بەرزكردنەوەی باج نەگەڕاونەتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، جگە لەوەی باج خۆی كەموكورتی زۆری تێدایە، كۆمپانیاكان هەروا لە رێگەی ژمێریارێكەوە بودجەیەك رێكدەخەن و دەیدەن بە حكومەت كە زۆرینەی راست نییە، دەتوانین بڵێین بۆ كاسبكار و هاووڵاتیان باج هەیە بەڵام كۆمپانیا زەبەلاحەكان و كۆمپانیا نەوتی و سەرمایەدارەكان باجیان لێوەرناگیرێت، بۆیە شێوازێكی مەترسیداری باج پەیڕەو دەكرێت»، شێركۆ جەودەت وای وت. شێركۆ جەودەت پێشیوابوو كە پەرلەمان رۆژ لەدوای رۆژ عەیبدار دەكرێت و لێی ئەدرێ تاخەڵك رقی لێی بێت، چونكە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و یاسادانان لەپەرلەمان دەكرێت، هەمیشە هەموو هێزی خۆیان خستووەتەگەڕ تا پەكی بخەن و ناشرینی بكەن، چونكە پەرلەمان هەڵبژێردراوی خەڵكە وتیشی:»بینیمان سێ مانگ لەمەوپێش چۆن یەكێتی و پارتی پەكیان خست و نایانەوێت هەڵبژاردن بكرێت، ئێمە ململانێمان بۆ ئەوەیە پەرلەمانێكی بەهێز هەبێت، ئەوانیش بەپێچەوانەوە دەیانەوێت پەرلەمانێكی لاواز و پەككەوتوو بێتەدی». بەوتەی ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان «لەم كابینەیەدا حكومەت بووەتە داردەستی سەرمایەدار و كۆمپانیا حزبیەكان بەیەكێتی و پارتی و گۆڕانیشەوە ئەوەی ئەوان بیانەوێت لەئاسانكاری بۆیان دەكرێت و سەرمایەداری گەورەی هەڵتۆقیو دروستبووە، نەوت بەناشەفافی دەبرێت بەڕێوە نۆ ساڵیشە ئەم حكومەتە بودجەی نییەو داهاتیش بەشێوازێكی قێزەون لەلایەن ئەو حزبانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەمە دەستكەوت بێت لەو هەموو گەندەڵییەی رۆژ بەرۆژ زیاتر دەبێت». پەرلەمانتارێكی یەكێتی كە حزبەكەی بەشدارە لە حكومەتی هەرێم، هاوشێوەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن رەخنە لەكابینەی نۆیەم دەگرێت. عەباس فەتاح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» لایەنێكی باشتری ئەم كابینەیە نابینم لەكابینەكانی پێشوو، چونكە باشتر ئەوەیە ژیانی خەڵك بەرەو باشتر چووبێت، هەلیكار بۆ خەڵك دۆزرابێتەوە و پاشەكەوتی مووچە لەوانی دیكە كراوە لەم كابینەیە درابێتەوە، باشتر ئەوەیە رێگاوبان و خزمەتگوزارییەكان باشتر بێت بۆیە من جیاوازیەك نابینم كە دیار بێت ئەم كابینەیە باشتر بێت». بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی «زیاتر لە هەشت ساڵە بودجە نەهاتووەتە پەرلەمان كەواتە ناتوانم بڵێم باشترە بۆ چاودێریكردن، هاتنی وەزیر و بەرپرسەكان جیاوازییەكی ئەوتۆ نییە، لەكابینەی پێشتر هەندێك دۆخی ناهەموار هاتە پێشەوە لەوانەش شەڕی داعش، بۆیە بەراوردی بكەین بە كابینەكانی پێشووتر ئەوا ئەم كابینەیە باشتر نییە، دۆخی دووئیدارەییش لەم كابینەیە زیاتر دێت كە ئەمەش جیاوازیكردنە بەتایبەت بوونی پرۆژە و مووچە لەناوچەیەك و نەبوونی لەناوچەیەكی دیكە». سەبارەت بەدۆخی مافی مرۆڤ لەكابینەی نۆ عەباس فەتاح دەڵێت:»لەوانەیە هەندێك بابەت زۆر گەورە بكرێت یاخود بەدواداچوونی جددی تری بۆ دەكرێت، مەسەلەی كوشتن و گرتنی رۆژنامەنووسان زیاتربووە، مەسەلەی مافی مرۆڤ بووەتە جێی پرسیار لای هەموان».
هاوڵاتی وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات لەكۆی ملیۆنێك و 250 هەزار مووچەخۆر، 750 هەزاریان كارمەندی حكومەتن دەشڵێت:» یەكێك لەكێشەكانی ئەم حكومەتە خراپ دابەشكردنی فەرمانبەرانە بەسەر فەرمانگەكاندا». سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» زیاتر لە 750 هەزار فەرمانبەرمان هەیە، بەڵام مووچەخۆر ملیۆنێك و 250 هەزار زیاترە، یەكێك لەكێشەكانی ئەم حكومەتە خراپ دابەشكردنی فەرمانبەرانە بەسەر فەرمانگەكاندا، لەهەندێك شوێن كێشەی كەمیی میلاك هەیە و لەهەندێك شوێنیش زیادەی میلاك و كەموكورتی میلاكیش لەهەمانكاتدا هەیە». ناوبراو نموونەی ئەوەی هێنایەوە كە بۆ نموونە شوێنێك پێویستی بە 60 كەسە خۆی 80 كەس لەو شوێنە دەوام دەكات، بەڵام ئەو پسپۆڕیەیان نییە كە لەو بەڕێوەبەرایەتیە پێویستیانە، وتیشی:» لەبەڕێوەبەرایەتیەكی دیكە ئەو پسپۆڕییەی لەفەرمانگەكەی دیكە پێویستە زیادە میلاكیان هەیە، بۆیە یەكێك لە ئامانجەكانی ئەنجومەنی راژە داڕشتنەوەی هەیكەلیەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و دابەشكردنی فەرمانبەران بەشێوەی زانستی گونجاوتر». وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هەموو فەرمانگەیەك هەموو بەڕێوەبەرایەتیەك كە دادەمەزرێت پێویستە لەپێشدا هەیكەلیەتی دیاریبكرێت و لەكۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممە 19ی تەمموزدا چەند ئامانجێك دیاریكراوە كە بەشێكیان داڕشتنەوەی میلاكاتە بەشێوەیەكی باشترو هەندێك شتی دیكە كە رێككەوتنی لەسەركرا كە قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەكەی كرد بە ئامادەبونی رێباز حەملان كە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری دارایی و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش ئامادەیبوو. سەمیر هەورامی وتیشی:» وەكو وتم یەكێك لەئامانجەكانی ئەم ئەنجومەنە پەرەپێدانی ژێرخانی حكومەتە لەپرسی رێكخستنەوەی میلاكات و درێژەدان بە ریفۆرمی ئیداری و رێكخستنەوەی پلەبەندی فەرمانبەرانیش لەكەرتی گشتیدا و پسپۆڕییان دیاریدەكرێت و دابەش دەكرێنەوە بەسەر فەرمانگەكانی حكومەتدا».
هاوڵاتی ئێران هەوڵی رازیكردنی توركیا دەدات بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەبازیی ئەو وڵاتە لە سوریا بەمەبەستی پاراستنی بنكە و پێگەی خۆی لەخاكی ئەو وڵاتە كە بەدوایین سەنگەری ئێران دژی ئیسرائیل لەقەڵەم دەدرێت بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی نێوەندگیری دیمەشق و ئەنقەرە دەدات. ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی تەلئەبیت و ئەنكەرە و ئەنجامدانی ئۆپەرسیۆنی سەربازیی لەخاكی سوریا پێگەی سیاسی و سەربازیی ئێران دەخاتە ژێر مەترسییەوە ، ئەو دوو هۆكارە وای كردووە بەرپرسانی تاران هەوڵی نێوەندگیریی دیمەشق و ئەنكەرە بدەن. وەزیری دەرەوەی ئێران لەدیمەشق رایگەیاند وڵاتەكەی دژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازییە بە هەر بیانویەكەوە بێت ، هاوكات نیگەرانییەكانی توركیای گەیاندووەتە بەرپرسانی سوریا. سەڕای هەوڵەكانیان، پێناچێت تاران بتوانێت رێگریی لەئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لەرۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بكات. ئەگەرچی ئێران وا پیشان دەدات كە هەوڵەكانی بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازیی توركیا لەو ناوچانە چڕكردووەتەوە بەڵام مێژووی 30 ساڵی رابردوی ئەو وڵاتە دەری دەخات ئامانجی سەرەكیی تاران بەهێزكردنی پێگەی سەربازیی خۆیەتی لەسوریا بە تایبەت كە وەك نزیكترین پێگە لەدژی ئیسرائیل لێی دەڕوانێت. توركیا لەئێستادا كەوتووەتە خراپترین دۆخی ئابوریی بەجۆرێك كە هەڵاوسانی ئابوریی ئەو وڵاتە گەیشتوەتە 74% و بەبڕوای چاودێرانیش سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە ئەو بیانوەی بەسە بۆ ئەوەی بەبێ گوێدان بە ئێران و تەنانەت ئەمریكا، ئۆپەراسیۆنێكی نوێی سەربازیی لە خاكی سوریا ئەنجامبدات، چونكە تەنها ئەو هەنگاوە سەربازییە دەتوانێت شكستی سیاسی و ئابوریی دەسەڵات لەتوركیا داپۆشێت. لەسەرەتای ساڵی 2011 تائێستا نزیكەی شەش هەزار و (500) چەكداری ئێران لەسوریا كوژراون كە بە رەسمی تەنها كوژرانی 200 كەسیان پشتڕاست كراوەتەوە. فەرعی: تەلئەبیب پێی وایە بوونی چەكدارانی ئێران لەسوریا پێش ئەوەی بۆ بەرگریی و پاراستنی دەسەڵات لە دیمەشق بێت بۆ زیان گەیاندنە بەئیسرائیل، هاوكات بەرنامەی ئەتۆمیی و موشەكیی تاران بەهەڕەشەیەكی راستەوخۆ بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتەكەی لەقەڵەم دەدات و جەختی لەوە كردووەتەوە دەست ناپارێزێت لە هێرشكردنە سەر چەكدارانی ئێران لە سوریا نێوەندگیریی ئێران لەنێوان سوریاو توركیا رۆژی یەكشەممە (3/7/2022) ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆكی رژێمی سوریا لە دیمەشق كۆبووەوە و عەبدوڵاهیان دوای كۆبوونەوەكە رایگەیاند، تاران بەهەموو شێوەیەك دژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازییە لەسوریا و لەو پێناوەشدا نیگەرانییەكانی ئەردۆغانی گەیاندووەتە بەشار ئەسەد. وەزیری دەرەوەی ئێران كە پێش گەشتەكەی بۆ دیمەشق ماوەی چوار رۆژ لە ئەنكەرە بوو، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبووەوە، رایگەیاند: تاران هەوڵی نێوەندگیریی لەنێوان دیمەشق و ئەنكەرە دەدات بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی سیاسیی و دیپلۆماسیی لەنێوان ئەو دو وڵاتە. عەبدوڵاهیان دوای ئەوەی لەدیمەشق لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا كۆبووەوە جەختی لەوەكردەوە كە وڵاتەكەی رۆڵی نێوەندگیریی دەدات بۆ ئەوەی توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەخاكی سوریا ئەنجام نەدات. وتەكانی عەبدوڵاهیان لە كاتێكدایە توركیا لەساڵی 2016 تا ئۆكتۆبەری 2019 زیاتر لەچوار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەدژی رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام داوە سەرەڕای ئەوەش كە روسیاو توركیا و ئێران لەچوارچێوەی كاری هاوبەشدا ساڵی 2017 گفتوگۆكانی ئەستانە-یان بۆ دانوستانەكانی نێوان لایەنەكانی جەنگ لەسوریا راگەیاند و تائێستاش 18 گەڕی ئەو گفتوگۆو دانوستانانە بە سەرپەرشتیی مۆسكۆ، ئەنكەرە و تاران بەڕێوەچووە بەبێ ئەوەی دەستكەوتێكی ئەوتۆ بۆ ئاگربەست و كۆتایی جەنگ لەسوریا بەدی هێنابێت. سەرەڕای هەوڵەكانیان، پێناچێت تاران بتوانێت رێگریی لەئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بكات ستراتیژی دیمەشق و تاران تاران و دیمەشق بەدوو هاوپەیمانی ستراتیژیی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم دەدرێن، سوریا پردی پێكگەیشتنی نێوان ئێران و حیزبوڵڵایە لە لوبنان و ئەو هێڵە لە دژی ئیسرائیل، خۆیان بەبازنەی بەرگریی لەدژی ئیسرائیل ناو دەبەن. پەیوەندییەكانی تاران لەگەڵ دیمەشق تا ئاستێك ستراتیژییە كە ئەو وڵاتە بەوتەی حشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە، ئەندامی پێشوی دەستەی ئاسایشی نیشتیمانی لەپەرلەمانی ئێران، لەساڵی 2011 تا 2017 نزیكەی 30 ملیارد دۆلار هاوكاریی پێشكەشی رژێمی سوریا كردووە. پەیوەندییەكانی ئێران و سوریا بەیەكێك لەكۆنترین پەیوەندییە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار دەكرێت ئەوەش بە بەردەوامی هۆكارێك بوە كە وڵاتانی كەنداو بەهەموو شێوازێك هەوڵ بدەن ئەو وڵاتە عەرەبییە لەتاران داببڕن. وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی لەساڵی 1980 و تەنها یەك ساڵ دوای رووخانی سیستمی پاشایەتی و دەستبەكاربوونی كۆماری ئیسلامی لەئێران زیاترین هەوڵیان داوە تاران لەدیمەشق داببڕن چونكە هۆكاری سەرەكیی ئەم داوكارییە هاوسنوربوونی سوریا بووە لەگەڵ ئیسرائیل. عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بەردەوامی جەختی لەوە كردووەتەوە، سوریا نزیكترین هاوڕێ و دۆستی تارانە لەچاو وڵاتانی دیكەی عەرەبی و ئەو وڵاتەشی بەسەنگەری بەرگریی لە دژی ئیسرائیل ناوزەد كردووە. بە بڕوای عەلی خامنەیی، هۆكاری سەرەكیی سەرهەڵدانی جەنگی سوریا كەبریسكەكەی لەساڵی 2011 و هاوكات لەگەڵ شەپۆلی (بەهاری عەرەبی) بوو دەگەڕێتەوە بۆ پلانی ئەمریكا و هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوا بەمەبەستی شكستی ئەو بەرەیەی كە ئەو وەك بازنەی بەرگریی ناوی دەهێنێت. تاران و دیمەشق بەدوو هاوپەیمانی ستراتیژیی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم دەدرێن، سوریا پردی پێكگەیشتنی نێوان ئێران و حیزبوڵڵایە لە لوبنان و ئەو هێڵە لەدژی ئیسرائیل، خۆیان بەبازنەی بەرگریی لەدژی ئیسرائیل ناو دەبەن ئێران لەنێوان بەعس لەسوریا و عێراق پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسیی تاران و دیمەشق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1946 واتە لەو سەردەمەی كە سوریا سەربەخۆیی خۆی راگەیاند هەر ئەو كاتیش ئێران كۆنسوڵخانەی خۆی لەو وڵاتە كردەوە . پەیوەندییەكانی تاران و دیمەشق بەهۆی جیابوونەوە لە نێوان حزبی بەعس لەساڵی 1961 كە ناوەندەكەی لەپایتەختی سوریا بووە توندوتۆڵتر بووەوە بە تایبەت كە ئەو جیابوونەوەیە بووە هۆی لەدایكبوونی حزبی بەعس لەعێراق و بەدەسەڵاتگەیشتنی لەبەغدا لەساڵی 1968، بەوەش ململانێكانی ئەو دوو باڵە بۆ بە میراتبردنی بیروباوەڕی بەعسی و عەرەبی سەری كێشا بۆ جەنگی ئێران و عێراق لەساڵی 1980 ئەوەش وای كرد سوریا یەكەم وڵات و تاكە وڵاتی عەرەبی بێت كە پشتگیریی ئێران بكات لەدژی بەعسی عێراق. حافز ئەسەد باوكی بەشار ئەسەد، سەرۆكی كۆچكردوو ئەو كاتی سوریا لەساڵی 1978 پشتیوانیی خۆی بۆ روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی و لایەنگرانی لە ئێران دەربڕی و دژی سیستمی پاشایەتی و محەمەدڕەزا پەهلەوی، دوایین پاشای ئێران، پشتیوانیی لەكۆماری ئیسلامی كرد و هاوكات لەگەڵ فشارەكانی ئەمریكا دژی ئێران لەساڵی 1979 ، دیمەشق و تاران هاوپەیمانیی خۆیان لەدژی واشنتۆن راگەیاند. بەپێی ئەو بەڵگانەی بڵاوبوونەتەوە سوریا لەساڵەكانی جەنگی نێوان ئێران و عێراق بە رەوانەكردنی ئەفسەرو جەنەڕاڵەكانی بۆ وڵاتانی یەكێتی سۆڤیەت، چەك و كەرەستەی سەربازیی روسیی لەدژی عێراق بۆ ئێران كڕیوەو هاوكات زانیاریی لەسەر ئەو چەكە روسیانەی كە رژێمی بەعسی عێراق بەكاری هێناون بەئێران داوە و رۆڵی باڵای بینیوە لەوەی كەئێران بتوانێت سەرەڕای گەمارۆكانی مۆسكۆ دژی تاران، لەو سەردەمەدا چەكی روسی و زانیارییەكانی بەدەست بهێنێت و لەبەرامبەر بەعس شكست نەهێنێت. بەشار ئەسەد كە نۆزدەیەمین سەرۆكی سوریا لەقەڵەم دەدرێت لە رۆژی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی وڵاتەكەی لەساڵی 2000 زیاتر لە 13 جار گەشتی بۆ تاران كردووە كە ئەوەش ئاماژەی روونی توندوتۆڵی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دو وڵاتەیە، ئەو بە بەردەوامی جەختی لەوە كردووەتەوە پەیوەندییەكانی نێوان سوریا و ئێران لەسەرووی سیاسەت و ئابورییەوەیە و مامەڵەی پێوە ناكرێت. زۆرترین پلەداری سەربازیی ئێران لەسوریا لەماوەی 11 ساڵی جەنگی سوریا، 15 فەرماندەی سەربازیی ئێران بەپلەی عەمید و بەسەرپەرشتیی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس لەسوپای پاسداران بەشدارییان لە جەنگ دژی نەیارانی بەشار ئەسەد و رژێمی بەعسی سوریا كردووە. لەسەرەتای ساڵی 2011 تا ئێستا نزیكەی شەش هەزار و (500) چەكداری ئێران لە سوریا كوژراون كە بە رەسمی تەنها كوژرانی 200 كەسیان پشتڕاست كراوەتەوە. ئێران تەنها ناوی 19 ئەفسەرو پلەداری خۆی بە فەرمیی بڵاوكردووەتەوە كە لەجەنگی سوریا كوژراون. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سالی 2011 لەیەكەم كاردانەوەی بەرامبەر بوونی هێزەكانی ئێران لەسوریا بۆ یەكەمجار قاسم سولەیمانی خستە لیستی سزاكانییەوەو رایگەیاند سولەیمانی سەرپەرشتیی و فەرماندەیی هێزەكانی ئێران لەسوریا دەكات. لەسوپا تاسایپا لەسوریا سەرەڕای ئەوەی لە رووی سەربازییەوە زۆرترین هێزی سەر بەسوپای پاسداران لەسوریا بوونیان هەبووە ، كۆمپانیای سایپا كە بە یەكێك لە گەورەترین بەرهەمهێنەكانی ئۆتۆمبێل لە ئێران لەقەڵەم دەدرێت بەشی دووەمی كارگەی بەرهەمهێنانی ئەو كۆمپانیایە لەساڵی 2007 تائێستا سەرقاڵی ئۆتۆمبێل دروست كردنە لەو وڵاتە. كۆمپانیای سایپا ساڵانە توانای دروستكردنی 500 هەزار ئۆتۆمبێلی هەیەو لقی دووەمی ئەو كۆمپانیایە لە سوریا ساڵانە زیاتر لە 10 هەزار ئۆتۆمبێل بۆ ناوخۆی سوریا دروست دەكات كە زۆربەیان لەشێوەی تەكسی لەشەقامەكانی دیمەشق و شارەكانی دیكەی ئەو وڵاتە بە رەنگی زەرد دەبینرێن. جەنگی ئیسرائیل و ئێران لەسوریا تەلئەبیب و تاران زیاتر لە 40 ساڵە هەڕەشە لەیەكتر دەكەن، ئیسرائیل دەسەڵاتی ئێران بە دوژمنی ژمارە یەكی خۆی لەقەڵەم دەدات و بەرپرسانی سەربازیی ئێران و سوپای پاسداران دەیان جار هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلیان لە نەخشەی جیهان كردووە. ئیسرائیل دەڵێت گەورەترین بنكەی سەربازیی ئێران لە 50 كیلۆمەتری سنوری وڵاتەكەی لەخاكی سوریا هەیە كە دەكەوێتە باشوری شاری دیمەشقی پایتەختی وڵاتەكە. هاوكات بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی ئەمریكا بڵاوی كردووەتەوە، سوپای پاسدارانی ئێران 10 بنكەی سەربازیی لەسوریا هەیە كە بووەتە شوێنی راهێنان چەكدارانی سەر بە رژێمی سوریا وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەگەری هێرشكردنە سەر ئیسرائیل. رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) بڵاوی كردووەتەوە ئێران سەرپەرشتیی زیاتر لە 20 هەزار چەكدار دەكات كە هاوشێوەی باڵێكی سەربازیی كۆماری ئیسلامییە لەسوریا و ئەوانەش هەندێكجار لە ریزەكانی هێزی نیشتیمانی (جەیشی وەتەنی) ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن. رۆژنامەكە ئاشكرای كردووە سوپای پاسداران لەسوریا راهێنان بەچەكدارانی حیزبوڵڵای لوبنان، بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستین دەكات. تەلئەبیب پێی وایە بوونی چەكدارانی ئێران لە سوریا پێش ئەوەی بۆ بەرگریی و پاراستنی دەسەڵات لەدیمەشق بێت بۆ زیان گەیاندنە بەئیسرائیل، هاوكات بەرنامەی ئەتۆمیی و موشەكیی تاران بەهەڕەشەیەكی راستەوخۆ بۆسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتەكەی لەقەڵەم دەدات و جەختی لەوە كردووەتەوە دەست ناپارێزێت لە هێرشكردنە سەر چەكدارانی ئێران لەسوریا و زیانگەیاندن بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران. ئیسرائیل تەنها لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە هەزار هێرشی سەربازیی لەخاكی سوریا ئەنجامداوە كە زۆربەیان لە رێگەی فڕۆكەی جنگی و موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بووە بەوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلیش ئەو هێرشانە لە دژی پێگە سەربازیی و چەكدارییەكانی ئێران لەو وڵاتە بووە كە بە مەترسیی بۆسەر تەلئەبیب لەقەڵەم دەدرێن. ئیسرائیل زیاترین جار ناوچەكانی (پالمیرا، مەسیاف، لازقیە، دیمەشق،حۆمس، بوكەمال)ی كردوەتە ئامانج و رایگەیاندووە زیاترین بنكە و پێگەی سەربازیی ئێران و چەكدارانی لەو ناوچانەی سوریان ئەوەش لەپێناو ئەوەی ئێران ئەو ناوچانە نەكاتە خاڵی بەهێزكردنی هاوسەنگیی سەربازیی لە دژی ئیسرائیل. بەریەككەوتنی تەلئەبیب و تاران بەجۆرێك هەستیار بووەتەوە كە یائیر لاپید دوای چەند كاتژمێرك لەدەستبەكاربوونی وەك 14 یەمین سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند؛ ئێران گەورەترین مەترسییە بۆسەر وڵاتەكەی، بۆیە رێگەنادەن ئەو وڵاتە پێگەی خۆی لەسنورەكانی ئیسرائیل بەهێز بكات و هاوكات هەمو هەوڵێك لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران دەدەن. شینی ئێران لەسوریا روون و ئاشكرایە، سوریا گرنگترین بنكەو سەنگەری سەربازییە بۆ ئێران، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدات كەتوركیا و چەكدارانی لایەنگری ئەو وڵاتە لە سوریا كێشە بۆ پێگەی تاران دروست نەكەن، هاوكات ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەنكەرە لەگەڵ تەلئەبیب كە ماوەی چەند مانگێكە هاتووەتە ئاراوە، دەبێتە مەترسییەكەی دیكە بۆسەر پێگەی ئێران لە سوریا. توركیا لەساڵی 2008 نێوەندگیریی نێوان تەلئەبیب و دیمەشقی كردووە بۆ چارەسەری كێشەی بەرزاییەكانی جۆلان كەدەكەوێتە سنوری نێوان ئیسرائیل و سوریا بەڵام ئەو هەوڵە نێوەندگیرییەی شكستی هێنا ئەوەش وا دەكات تاران بەبەردەوامیی گومانی لەهەوڵە سیاسی و سەربازییەكانی ئەنكەرە لەسوریا هەبێت بەتایبەت كە توركیا لەلایەن ئەمریكا و روسیاوە تائاستێك دەستكراوەیەو هاوشێوەی ئێران لەژێر فشاری قورسی سزاو گەمارۆدا نییە.
نیگار عومەر ئامارەكانی چۆڵكردنی دانیشتوانی قەزای كفری بۆ ناوچەكانی دیكە مەترسیدارن و ئاسایش دەڵێت:"سێ رۆژ جارێك خێزانێكی كورد شارەكە چۆڵ دەكات"، بەڵام ئامارە نافەرمییەكان دەڵێن رۆژانە سێ بۆ چوار خێزانی كورد شارەكە جێدەهێڵن و عەرەبەكان جێگەیان دەگرنەوە. كفری دەكەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی كەركوك و رۆژئاوای كەلار، لەباشوریشەوە چیای حەمرین جیای دەكاتەوە لەپارێزگای دیالە، لەباكوریشەوە دەكەوێتە باشوری قەزای چەمچەماڵ. واتە كفری دەكەوێتە نێو ئیدارەی گەرمیان لەباشوری پارێزگای سلێمانی، لەبەشی باشوری باشوری هەرێمی كوردستان. رووبەری قەزای كفری پێنج هەزارو 275كم چوارگۆشەیە، ژمارەی دانیشتوانی بەپێی دەستەی ئاماری سەر بەوەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2018 55 هەزارو 332 كەس بووە، بەڵام بەوتەی بەڕێوەبەری ئاسایشی ئێستای كفری دانیشتوانەكەی بۆ 45 هەزار كەس كەمبووەتەوە. لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا 56ماڵ لەسنوری قەزای كفری كۆچیان كردووەو ماڵەكانیان گواستۆتەوە بۆ نێو قەزاكانی دیكەی كوردستان و هاووڵاتیانی شارەكەش دەڵێن ئەو ئەو ئارامەی لایەنی پەیوەندیدار بڵاوی دەكاتەوە وانیەو رۆژانی وا هەیە چوار بۆ پێنج ماڵ بار دەكات لەقەزاكەدا. رزگار سەباح، پێشتر دانیشتوانی كفری بووە و لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" هۆكاری سەرەكی بەشێكی زۆری چۆڵكردنی قەزاكە دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی هەلی كارو نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری خراپ و كەمی كارەبای قەزاكە". رزگار وتیشی:" زۆرم پێناخۆشە جێگەی رەسەنی خۆمم جێهێشتووە، بەڵام بەناچاری ئێمە قەزاكەمان چۆڵكردووەو عەرەب لەجێگەی ئێمەدا نیشتەجێ دەبێت و چارەنووسی قەزاكە بەرەو چارەنووسێكی نادیار دەڕوات و مەترسییە بۆ هەموو دانیشتوانەكەی كە كەس خۆی بەخاوەنی نازانێت و رۆژانە سێ بۆ چوار ماڵ تێیدا ماڵەكانیان دەگوێزنەوە بۆ شارەكانی دیكەی كوردستان". حكومەت ناكرێت هەمان باج لەو كۆمپانیایانە وەربگرێت كە وەبەرهێنان لەكفریدا دەكەن، چونكە وەبەرهێن نایات ئیش بكات رێكخراوی پاڵپشتی كفری بۆ پەرەپێدان ئەوە دووپاتدەكاتەوە قەزای كفری فەرامۆش كراوەو حكومەت ئاوڕی لێناداتەوەو خەڵكەكەی بەناچاری چۆڵی دەكەن. سیروان سەرتیپ، دانیشتوی قەزای كفری و ئەندامی رێكخراوی پاڵپشتی بۆ گەشەپێدان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" نەبوونی هەلی كار گەورەترین گرفتە لەنێو قەزاكەدا، كێڵگەی نەوتی حەسیرە لەكۆی 400 كەس كەمتر لەسەد كارمەندی لەناحیەو گوندەكانی قەزای كفری كاری تێدا دەكات، بەشی زۆریان خەڵكی دەرەوەی سنورەكەن". " كفری قەزایەكە تایبەتمەندی خۆی هەیە و پێویستە بۆ هاناندانی پرۆژەی وەبەرهێنان ئەوە لەبەرچاو بگیرێت كەوەك پارێزگاكانی دیكەی كوردستان نیە لەكاتی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكدا حكومەت هەمان باج و زەریبە لەخاوەنی پرۆژەكان وەرنەگیرێت، گەر بەم شێوازە كار بكرێت لەكفریدا هیچ خاوەن پرۆژەیەك نایەت پرۆژە جێبەجێ بكات كە بەداهاتێكی كەم و باجێكێكی زۆر كاربكات"، سیروان سەرتیپ وای وت. هەروەها ئەو ئەندامەی رێكخراوی پاڵپشتی كفری بۆ گەشەپێدان وتیشی:"ماڵ گواستنەوەی خەڵكی كفری و هاتنی عەرەب لەشوێنەكانیان كاریگەری دەبێت لەسەر دیموگرافیای كوردستان نەك تەنها بۆ كفری، ئەمە بەمەترسی دادەنرێت و پێویستە كاری جددی لەسەر بكرێت، چەندینجار بۆ خزمەتی شارەكەمان داومانە لەدەرگای زۆر لایەن و هیچی بۆ نەكردووین لێرەوەش داوادەكەین سەرۆكی ئێستای یەكێتی ببینین تا گیروگرفتەكانی پێ بگەیەنین". كفری سەرەڕای ئەوەی هەلی كاری كەمە، لەكۆی 16 كۆلێژ لەسنوری گەرمیاندا تەنها یەك كۆلێژ لە قەزای كفریدا بوونی هەیە. هیوا عەلی، بەڕێوەبەری ئاسایشی قەزای كفری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت" لەئێستادا نزیكەی 45 هەزار كەس دانیشتووی كفرین، لەساڵی رابردوودا نزیكەی 45ماڵ لەقەزاكە ماڵەكانیان گواستۆتەوە، لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵیشدا نزیكەی 56ماڵی دیكە كفریان بەجێهێشتووە". هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، كفری شارێكی پێكەوە ژیان بووە لەنێوان كوردو عەرەب و توركمان، وتیشی:"ئەگەرچی ئامارێكی وردمان لەبەردەست نیە، بەڵام سێ بەشی قەزاكە كوردەو بەشەكەی دیكەی پێكدێت لەعەرەب و توركمانی رەسەنی قەزاكە". قەزای كفری لەپێنج ناحیە پێكدێت (كفری، ئاوە سپی، سەرقەڵا، نەوجۆل، كۆكس ) كەناوەندی كفری ناوەندی قەزاكەیە، عەشیرەتە سەرەكییەكانی ئەم قەزایە لە (دەلۆ، زەنگەنە، داودی، جاف، هەمەوەند و گێژەن) پێكدێن. قایمقامی قەزای كفری ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هەبوونی مەترسی جوڵەكانی داعش و نزیك بوونی لەكفری یەكێكە لەهۆكارەكانی چۆڵكردنی كفری. شەماڵ نامیق، قایمقامی قەزای كفری، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" چۆڵبوونی قەزاكە دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی پرۆژە خزمەتگوزاریەكان و كۆلیژی خوێندن و بینا لەنێو قەزاكەدا بۆ كردنەوەی كولێژ، هەبونی مەترسی جوڵەكانی داعش و نزیك بوونی لەو ناوچانە كاریگەری هەبووە بۆ ئەوەی كورد ناوچەكە چۆڵ بكات". ناوبراو ئەوەشی روونكردەوە كەبۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی شارەكەیان، چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزارییان ئاڕاستەی حكومەت كردووە وەك پرۆژەی قیرتاوكردنی رێگەوبان دروستكردنی نەخۆشخانە و پرۆژەی ئاو بۆ گوندەكانی سنورەكە و دابین كردنی پرۆژەی ئاو بۆ گەڕەكانی قەزای كفری، وتیشی:"ئەم پرۆژانە لەپلانی ئەمساڵدایەو و پەسەند كراوە بۆ جێبەجێكردن". كفری شارێكی دێرینی كوردستانە دەكەوێنە نێو ئیدارەی گەرمیانەوە، دانیشتوانی ئەم شارە كوردن و هەندیك لە عەرەب و توركمانیش تێیدا دەژین. لەڕووی ئاینەوە، موسڵمان و كاكەیی تێدا دەژین، كفری پێگەیەكی گرنگ و پڕبایەخی هەیە لەمێژووی گەرمیاندا، مەڵبەندێكی دێرینی رۆشنبیری و ئەدەبی بووە، بەتەواوی مێژووی بنیاتنانی كفری روون نیە، بەڵام چەندان سەدەیە كفری بنیات نراوە. چەندین شوێنەواری گرنگ و مێژوویی تێدایە كە لەچاخ و سەردەمە جیاوازەكاندا دروستكراون، لەوانە: ئاسكی كفری، ئاشتۆكان، تلیشان، دوانزە ئیمام، سەرقەڵا، گردەگۆزینە.
هاوڵاتی پارتی دیموكراتی گەلان دووپاتیدەكاتەوە كە دەستگیركردن و زیندانی كردنی ئەندام و لایەنگرانیان ورەیان بەرزتر دەكاتەوەو هاوسەرۆكانی هەدەپەش دوای هەڵبژاردنیان لەپێنجەمین كۆندەرەكەیاندا رایانگەیاند:" ئەمڕۆ لەدوێنێ بەهێزترین". پارتی دیموكراتی گەلان ( هەدەپە)، پارتێكی سیاسییە لە توركیا لەژێر كاریگەری ئایدیای چەپ و سۆسیالیزمن، پارتەكە لە 15ی تشرینی یەكەمی 2012 لە ئەنقەرە دامەزراوە. ئامانجی پارتەكە دامەزراندنی حكومەتێكی دیموكراتییە لەتوركیا بۆ ئەوەی كۆتایی بەكپكردن و قڕكردنی و كوشتن و زیندانیكردن بهێنن. هەدەپە پارتێكی سۆسیال دیموكراتە كە پابەندە بەدژایەتیكردن لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری و ئاوەتەخوازی كۆتاییهێنانە بە هەڵاواردنی ئایینی، رەگەزایەتی و نەتەوایەتی. ئەم پارتە لەكاتی ناساندنی كاندیدەكانی، لەسەدا 50% تایبەت كردووە بۆ ژنان. سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشتری پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) كە زیاتر لە پێنج ساڵە لەزیندانەكانی توركیادایە لەگەڵ سەدان سەرۆك شارەوانی و پەرلەمانتارانی دیكە بوونەتە سومبولی سەركەوتن و ئەوەندەی دیكە ئەندام و لایەنگری بۆ هەدەپە زیاد كردووەو شەقامی توركیا لەمامەڵەكانی ئەردۆغان و دەوڵەت باغچەلی نیگەرانن. كۆنگرەی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەئەنقەرەی پایتەختی توركیا بەبەشداری پەنجا هەزار كەس ئەنجامدراو 400 كەسایەتی نێودەوڵەتی بەشدارییان كرد لەكۆنگرەكەدا. پێنجەمین كۆنگرەی گەورەی ئاسایی هەدەپە لەهۆڵی وەرزشی لەئەنقەرە بەدروشمی "ئێمە چارەسەرین، بەڵێنمان هەیە" دەستیپێكرد. سەرەتای كۆنگرەكە بەخولەكێك وەستان بۆ رێزگرتن لەخوێنی شەهیدان دەستیپێكرد، پاشان دەستەی بەڕێوەبەریی كۆنگرە هەڵبژێردران، كە لە پێنج كەس پێكهاتوون و سێ ژن و دوو پیاو. مەحفوز گولەریوز، هاوسەرۆكی كاروباری رێكخستنی هەدەپە لەوتەیەكدا لەبەردەم ئامادەبووانی كۆنگرەكەدا وتی:" بەڵێن دەدەین ناوەندی فاشیزمی ئەنقەرە بگۆڕین بۆ ناوەندێكی دیموكراسی". لەكۆنگرەكەدا هەرزار و 50 ئەندام مافی دەنگدانیان هەیە و یەك رۆژ دەخایەنێت، تێیدا جگە لەهەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی گشتیی هەدەپە، ئەنجومەنی هەدەپەش هەڵدەبژێردرێت. لەكۆنگرەكەدا میدحەت سنجارو پەروین بوڵدان وەك هاوسەرۆكی پارتەكە هەڵبژێردرانەوەو 43 كەس وەك دەستەیەكی راوێژكاریی گەورە كە بۆ یەكەم جارە لەنووسەران و ئەكادیمی و رۆژنامەنووس و هونەرمەندان پێكهێندرا. نوێنەری هەدەپە لەهەرێمی كوردستان: ئەكەپەی دەسەڵاتدار لەهەوڵدایە هەدەپە دابخات كە 300 كەسایەتی هەدەپە قەدەغەكراون لەتوركیا لەسەر ناوی هەدەپە سیاسەت بكەن، بۆیە ئامادەكاری دەكەین بەناوی پارتێكی دیكە بچینە هەڵبژاردن، ئێمە لەسەدا 15% دەنگەكان و زیاتریش بەدەست دەهێنین میدحەت سانجار. هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە وتەیەكدا كە لەپێنجەمین كۆنگرەی گشتی پارتەكەی پێشكەشی كرد دوای سڵاوكردنی لە ئامادەبووانی كۆنگرەكە رایگەیاند:" ئەم جەماوەرە بە پەرۆشە، ئەو ملیۆنانەی چاو و دڵیان لای ئێمەیە، وەڵامێكی زۆر روون دەدەنەوە بۆ هەموو پیلانگێڕانی دژ بەپارت و هەڤاڵانمان". هاوسەرۆكی هەدەپە راشیگەیاند:" ئێمە بەهێزترین ئەڵتەرناتیڤی پیلانی نایەكسانی و تاكڕەوی و دەسەڵاتخواز و زەحمەتكێش و تاڵانكارین، ئەمە ئەوان دەترسێنێت بۆیە بە هەموو هێزیانەوە هێرش دەكەن و هەوڵ دەدەن ئێمە بێدەنگ بكەن و پێیان وایە ئێمە لەناودەبەن ئەوان بەدوای خەونە بەتاڵەكان كەوتوون". میدحەت داوای ئاشتی و چارەسەری كێشەی كوردی كرد وتی:" لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان دەبینین كێشەی كورد بەشێوەیەكی سەرەكی لەلایەن حكومەتەوە دەگوێزرێتەوە بۆ ئامرازی حساب و سیناریۆی سیاسی پیس پێویستە لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆكانی ئەو ماوەیەی دوایی سەبارەت بە گۆشەگیریی رەهای ئیمراڵی هەڵسەنگێنرێت ئێمە لێرەدا حكومەت ئاگادار دەكەینەوە كە یاری بەگۆشەگیری نەكات، هەموو ئەو دەرفەتانە دروست بكەن كە عەبدوڵا ئۆجالان پێی وایە و دەتوانێت پێشكەشی رای گشتی بكات". هاوكات، پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، هاوسەرۆكانی هەدەپە پەیامێكی هاوبەشیان بەبۆنەی سەركەوتنی كۆنگرەی هەدەپەوە بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە:" لە هەلومەرجی نائاسایی توركیادا و لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانەكاندا، گەلەكەمان پێنجەمین كۆنگرەی هەدەپەیان كردە ئاهەنگی دیموكراسی، ئیرادەی ئێمەی بۆ تێكۆشان زیادتر كردو سەلماندی، كە دەتوانین بەزانست و ئیرادەو فیداكاریی بەسەر بەربەست و هێرشەكاندا زاڵ بین. هەر لەپەیامەكەی هاوسەرۆكانی هەدەپەدا، ئەوەش هاتووە:" ئەو كۆنگرەیەی ئەنجامماندا تەنها كۆنگرەی ئاسایی پارتەكەمان نەبوو، بەڵكو دەبێتە كۆنگرەی گۆڕانكاریی توركیاش، هێز و مۆڕاڵی بەگەلەكەمان بەخشی و دوژمنەكانمانی ترساند كەدەیانەوێت لەناومان ببەن، وەك هەمیشە دەسەڵات لەڕێگەی هێرش و لێپرسینەوەوە ترسی خۆیان لەم كۆنگرەیە دەربڕی، ئێمە لەدوێنێ بەهێزترین، سبەی بەهێزتر دەبین. نوێنەری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەهەرێمی كوردستان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە تاكە چارەسەری پرسی كورد لەتوركیادا گفتوگۆكردنە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان. ناهیدە ئەرمش، نوێنەری پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) لەهەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"ئەكەپەو مەهەپە پلانی قڕكردنی كوردیان هەیە، بەرژەوەندی ئەوان لەكورد كوشتندایە ئەوەش بە دوو رێگا، بەڕێگەی سەربازی و سیاسی خەریكی قڕكردنی كوردن". هەروەها وتیشی:" پەیامی كۆنگرەی پێنجەمی هەدەپە نەك بۆ ئەكەپەو مەهەپە بووە، بەڵكو پەیام بووە بۆ هەموو گەلی كوردو توركیا، چونكە شەڕو كوشتن چارەسەر نییە، ئێمە ئاشتی و ئازادی و دیموكراسییمان دەوێت". هاوكات ناهیدە ئەرمش باسی لەوەشكرد كە 400 كەسایەتی نێودەوڵەتی و سیاسەتمەدار لەئەوروپاو توركیاو باشوری كوردستان میوانی هەدەپە بوون لەكۆنگرەكەدا، وتیشی:"میدحەت سنجار هاوسەرۆكی هەدەپە كە باسی ئیمراڵی كرد لەكۆنگرەكەدا پەیامەكەی بۆ دەوڵەتی توركیا بوو، بۆ پارتی دەسەڵاتدارانی توركیای بوو كە دەیانەوێت كورد تەسلیم بن بەكوشتن و حەپس و گرتن دەنگی كورد بێدەنگ بكەن، بەڵام چارەسەر لەئیمراڵیە كە 25 كورد دەیەوێت بەڕێگای سیاسی چارەسەر بكرێت". پاش 10 ساڵ لەدروستبوونی هەدەپە، هەزاران ئەندام و لایەنگری هەدەپە لەزیندانەكانی توركیادان و پارتەكەی ئەردۆغان و باغچەلی دەیانەوێت لەو رێگایەوە كورد لەباكوری كوردستان بێدەنگ بكەن، وتیشی:" 20 هەزار ئەندام و لایەنگری هەدەپە لەزیندانەكانی توركیادان، لەو ژمارەیە 12 هەزاریان ژنانن، ئەمڕۆ سەد كەس ئازاد دەكات، سبەی 500 كەسی دیكە دەستگیر دەكات زیندانی توركیا بێ كورد نابێت و ئەكەپەی دەسەڵاتدار دەیەوێت ژمارەی زیندانی كورد زیاتر بكات". پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەكۆی 600 كورسی پەرلەمانی توركیا 59 كورسی هەبووەو لەئێستادا 56 كورسی ماوەتەوە بەهۆی ئەوەی كە پارتەكەی ئەردۆغان سێ پەرلەمانتاری هەدەپەی بەتەواوی دوورخستووەتەوە. بڕیارە لەمانگی حوزەیرانی 2023 هەڵبژاردن لەتوركیادا ئەنجام بدرێت و زۆربەی لایەنەكان لەئێستاوە خۆیانی بۆ ئامادە دەكەن. "ئەكەپەی دەسەڵاتدار لەهەوڵدایەو دەیەوێت لەمانگێك یان دوو مانگی دیكە هەدەپە دابخات كە 300 كەسایەتی هەدەپە قەدەغەكراون لەتوركیا لەسەر ناوی هەدەپە سیاسەت بكەن، هەدەپە ئامادەكاری دەكات كە بەناوی دیكە بچێتە هەڵبژاردن واتا بەناوی پارتێكی دیكە بچێتە هەڵبژاردن، ئێمە لەسەدا 15%ی دەنگەكان و زیاتریش بەدەست دەهێنین".
ئارا ئیبراهیم رۆژی یەكی تەمموزی رابردوو وادەی لیژنەكەی سەرۆكایەتی هەرێم لەبارەی گفتوگۆو دانوساندنی لایەنەكان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان كۆتایی هات و دەركەوت ناكۆكی قوڵ لەنێوان پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی دیكە هەیەو سوورن لەسەر داواكارییەكانی پێشتریان. رۆژی 9ی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوەتی لایەنەكانی كرد بەئامادەبوونی جنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق تا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بگەنە دەرئەنجامێك، بەڵام لەكۆبوونەوەكە بڕیاردرا لیژنەیەك بەسەرۆكایەتی مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێم پێكبهێندرێت و بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی حزبەكان گفتوگۆی وردەكاری ئەنجام بدەن. دوای دەستبەكاربوونی لیژنەكەی سەرۆكایەتی هەرێم، مستەفا سەید قادر لەگەڵ نوێنەرانی(پارتی، یەكێتی، كۆمەڵی دادگەری، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی) كۆبوونەوەو جوڵانەوەی نەوەی نوێ بایكۆتی كۆبوونەوەكەی كرد. هاوڵاتی بەدواداچوونی بۆ بۆچوونی لایەنە سیاسییەكان كردووە كە ناكۆكی قوڵ لەبارەی (كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، هەمواری یاسای هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، كورسی پێكهاتەكان، دابەشكاری كورسییەكان بەسەر پارێزگاكاندا) هەیە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەسەرۆكایەتی هەرێم بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە لەدوای كۆبوونەوەی لوتكە لەنێوان لایەنەكان كە لەسەرۆكایەتی هەرێم ئەنجامدرا، سەرۆكایەتی هەرێم لیژنەیەكی پێكهێناو گفتوگۆی ورد لەگەڵ بەرپرسی یەكەمی مەكتەبی هەڵبژاردنی حزبە سیاسییەكان كراوەو تێبینی و سەرنجەكانیان كراوەتە راپۆرتێك و دەدرێتە نێچیرڤان بارزانی. هەروەها باسی لەوەشكرد، بەهۆی نەبوونی لێكتێگەیشتن لەبارەی بەغدا لەنێوان پارتی و یەكێتی كاریگەری كردووەتە سەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان. هاوكات چەندین زانیاری بۆ هاوڵاتی خستەڕوو كە زۆرینەی لایەنەكان لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی كوردستان بكرێتە چواربازنەیی، تۆماری دەنگدەران كە تۆماری بایۆمەتری عێراق بكرێتە بنەما كە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پێ ئەنجامدراوە لەساڵی رابردووداو هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوە كۆك بوون و پێشنیار كراوە كە ئالییەتێك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی لەبەغدا وەربگیرێت. لەلایەكی دیكەوە ئەوەشی باسكرد كە یەكێتی بۆچوونی وایە پێكهاتەكان كورسییەكانیان دابەش بكرێت بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردنداو لایەنەكانی دیكە كێشەی دابەشكاری كورسییەكانیان نەبوو بەسەر بازنەكاندا، بەڵام ئیسلامیەكان و گۆڕان داوای ئەوەیان دەكرد كە تۆماری دەنگدانی تایبەت بەخۆیان هەبێت و بنكەی دەنگدانیشیان بۆ جیابكرێتەوە، بەڵام نوێنەری یونامی ئەوەی رەتكردەوە. یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو: هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن یەك پاكێجە بێستون حەمەساڵح، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" پێكهاتەكان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان ناكەن و لایەنێك توانیویەتی تەحەكمویان پێوە بكات، لەسەر ئەم خاڵە یەكێتی پێیوایە دابەش بكرێت بەسەر چواربازنەدا كە پێشنیار كراوە، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین كە پێكهاتەكان تۆماری دەنگدەران و بنكەی تایبەت بەخۆیان هەبێت بۆ دەنگدان". دەربارەی ئەوەی لەكۆبوونەوەكەدا نوێنەری یونامی ئەو داواكارییەی دەربارەی پێكهاتەكان رەتكردووەتەوە، بێستون حەمەساڵح وتی:" یونامی هیچ بەڵگەیەكی یاساییان پێنییە، لەكۆبوونەوەكە داوام كرد فەرموون چ بەڵگەیەكی یاسایی هەیە ئەگەر تۆمارو بنكەی خۆیان هەبێت گرفت دروست دەكات، چونكە بەشێك لەپێكهاتەكانیش هەمان بۆچوونی ئێمەیان هەیە". دەربارەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، نوێنەرەكەی كۆمەڵی دادگەری وتی:" زۆربەی لایەنەكان لەگەڵ ئەوەدان كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن یەك پاكێجە، پاشان حەق بدرێت بەلایەنەكان ئاڵوگۆڕ لەپشكی خۆیاندا بكەن". هاوكات لەبارەی دابەشكاری بازنەكان كە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان دەبێت، سەرچاوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوەی خستەڕوو كە زۆربەی لایەنەكان كێشەیان نییە داتای وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەكاربهێندرێت. بەڵام یاسین حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان وتی:" جیاوازی داتای وەزارەتی پلاندانانی هەرێم سەروو 500 هەزار جیاوازی هەیە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق، داتای هەرێم لەوەزارەتی پلاندانان هەڵاوسانێكی زۆر لەهەولێرو دهۆكدا كراوەو نزیكی چوار كورسی ئاڵوگۆڕ پێ دەكات"، بەڵام سەرچاوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوەی دووپاتكردەوە كە جیاوازی نێوان داتای دەستەی ئاماری عێراق و هەرێم سەروو 300 هەزار كەسە. بەپێی خەمڵاندن ئەگەر هەرێمی كوردستان دابەشی چوار بازنە بكرێت (پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 41 كورسی، پارێزگای هەولێر بەپێی هەرێم 36 كورسی، پارێزگای دهۆك 23 كورسی) بەردەكەوێت. لەبارەی دواكەوتنی هەڵبژاردنەوە یاسین حەمە عەلی، وتی:"ئێمە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان ئەم دۆخەی ئەمڕۆمان لەبەرچاو بووە كە بابەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكرێتە یەكێك لە لەمپەرەكان بۆ پەكخستنی هەڵبژاردنن، لەبەرئەمە ساڵێك و چوار مانگ پێش 31ی 3ی 2021ەوە هەمواری هەشتەمی یاساكەمان پێشكەش بەسەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی پارتی و یەكێتی لەكاتی خۆیدا نەخراوەتە بەرنامەی كارەوە، ئەگەر لەكاتی خۆیدا گوێمان لێبگیرایە ئێستا پرۆسەكە دیموكراسی و هەڵبژاردن پەكی نەدەكەوت". بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، هەڵبژاردن شەش مانگ بۆ ساڵێك دوادەخرێت، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت كاراكرنەوەی كۆمیسیۆن پێش بخرێت و دواتر هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو وەك پێش مەرج دەڵێن دەبێت:" هەمواری یاساكەو كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن پێكەوە بكرێت". بەرپرسەكەی كۆمەڵی دادگەری ئەوەی دووپاتكردەوە كۆبوونەوەی بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی لایەنەكان راوێژكاری بووەو بڕیارە پاش 1ی تەمموز كارەكانی لیژنەی باڵای سەرۆكایەتی هەرێم، بەسەرۆكایەتی مستەفای سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێم و راوێژكاران دڵشاد شەهاب و جەعفەر ئیمنكی و بەكر مستەفا راپۆرتێك ئامادە بكەن و لەكۆبوونەوەی داهاتووی لوتكەی لایەنەكان بیخەنەڕوو. بەدەر لەیەكێتی و پارتی، گۆڕان و ئیسلامییەكان داواكارییەكانی دیكەیان هەیە كە دەنگدانی تایبەت نەمێنێت، یاسین حەمە عەلی وتی:" میكانیزمی بەدیل بدۆزرێتەوە بۆ ئەو پرۆسەیە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، وەك چۆن كارمەندانی چاودێری كۆمسیۆن كاتژمێری یەكەم دەنگ دەدەن، بەهەمان شێوە پاسەوانەكانی پاراستنی بنكەكان دەنگ بدەن، ئەوانی دیكە وەك هەر كەسێكی دیكەی مەدەنی لەڕۆژی دەنگداندا دەنگی خۆی بدات". بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەری ئەوەی دووپاتكردەوە كە سەرەڕای ئەوەی ناكۆكی و بۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام هیچ لایەنێكی سیاسی كێشەی لەبەكارهێنانی تۆماری دەنگدەرانی عێراق نییە، بەڵام ئایا ئاماری 2021 وەردەگیرێت یان دواتر.
عەمار عەزیز بەپێی ئامارێك كە دەست هاوڵاتی كەوتووە لەدوای ئازادكردنی شەنگال لەژێر دەستی داعش تا ئێستا زیاتر لە30كەس كوژراون و دوایین رووداو لەچیای شەنگال كوشتنی چالاكوانێك بوو لەكۆتایی مانگی رابردوودا. لەشەش مانگی رابردوو چوار كەس كوژراون، نوێترین رووداوی كوشتن رۆژی 30ی حوزەیران، تەرمی جەمیل سلێمان، چالاكوانی دیارو بەرپرسی راگەیاندنی ماڵی ئێزیدیان لەچیای شەنگال لەدەوروبەری كۆمەڵگای دهۆڵا دۆزرایەوە. سەعید شەمۆ خوشكەزای جەمیل سلێمان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" دوای نیوەڕۆی رۆژی 30ی حوزەیران جەمیل سلێمان لەماڵ دەردەچێت دواتر ناگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆی، دوای كاتژمێرێك لە دەرچوونی هەواڵی كۆژرانی بڵاو دەبێتەوە، چەند كەسێك بەگولە دەیكۆژن دواتر تەرمەكەی فڕێدەدەنە دەوروبەری كۆمەڵگای دهۆڵا، تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی داد كراو دواتر بەخاك سپێردرا" ناوبراو باسی لەوەشكرد تائێستا دیار نیە كێ كوشتوویەتی، زیانی بۆ هیج كەسێك نەبووە، وتیشی:" شوفێرەكەی لەلایەن دەزگای ئەمنی نیشتیمانی دەستگیركراوە و لێكوڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت". جەمیل سلێمان، تەمەن 40 ساڵ خاوەنی دوو منداڵە، خەڵكی ناحیەی گردعوزێرە، بەڵام لەدوای 2014 لەناوەندی ناحیەی سنون دەژی. چالاكوان و بەرپرسی راگەیاندنی ماڵی ئێزدییان بووە لەچیای شەنگال و دوو مانگیشە بووەتە ئەندام لەگروپی گەنجانی ئێزیدی سەربەخۆو بەردەوام داوای ئەوەی دەكرد تەواوی هێزە چەكدارەكان لەسنوری قەزای شەنگال نەمێنن. میرزا خەلەف، فەرماندەی پێشمەرگەیە لەمەزارگای شەرەفەدین لەچیای شەنگال لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی ئاشكرا كرد كە دوای ئازادكرنی شەنگال تائێستا سەرووی 30 كەس لەسنوری قەزایەكە كوژراون. میرزا خەلەف وتیشی" ئەگەر ئیدارەیەكی نوێ دابنرێت و قایمقامێكی تازە دانرا، بەدڵنیاییەوە85% رووداوەكانی كوشتن كەمدەبنەوە، چونكە شەڕ و ئاڵوزی بەردەوام لەنێوان گروپە چەكدارەكان سەرەكیترین هۆكارن بۆ زیادبوونی رووداوەكانی كوشتن". پارێزەرێكی یاسایی لەقەزای شەنگال پێیوابوو بوونی هێزی زۆری چەكدار دەسەڵاتی كارگێڕی بەتەواوی لاواز كردووە، بۆیە رووداوەكانی كوشتن زیادیان كردووە. نوری عومەر، پارێزەر لەقەزای شەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت" لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا چوار كەس كوژراون، ئەوەی زیاتر جێگای نیگەرانی ئێمەیە بكوژەكان دیارنابن ئەوەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی كوشتن روو لەزیادبوون بكات". نوری عومەر بەپێویستی دادەنێت كە دەزگا ئەمنییەكان و دادگاكان زیاتر كاربكەن بۆ ئاشكراكردنی تاوانبارەكان و دواتر بەپێی یاسا سزایان بدەن تاهیچ كەسێكی تر بیر لەكوشتنی كەسانی دیكە نەكەنەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی سنون ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە رێژەی كوشتن بەراورد بەناوچەكانی دیكە رێژەیەكی زۆر نییەو شەنگال ئارامە. خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنون لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"رووداوەكانی كوشتن لەهەموو شوێنێك هەیە، بەڵام ئەوەندە زۆر نین و سروشتییە بەپێچەوانەوە دەزگا ئەمنیەكان لەكاتی روودانی هەر جۆرە تاوانێك بەوردی بەدواداچوون بۆ كەیسەكە دەكەن".
سەركۆ جەمال لەسەر ڕووبەری 800 دۆنم شاخی گۆیژە لەسلێمانی سەوز دەكرێت، پرۆژەكە لەلایەن چوار كۆمپانیاوە سپۆنسەری كراوە، بەڵام تەنیا كۆمپانیای ئاسیاسێڵ پرۆژەكەی گەیاندووەتە قۆناغی كۆتایی لەو بەشەی بۆی دیاریكراوە، پرۆژەكەش بەكۆی گشتی یەك ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. عومەر فالح، بەڕێوەبەری پەیوەندیە گشتیەكان و راگەیاندنی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ، بە هاوڵاتی وت:" بەشێوازێكی زانستی پێشكەوتوو 22 هەزار نەمام لەگۆیژە چێندراوە، بۆ نمونە ئاودانەكە بەشێوەی هەڵسەنگاندن كراوە، ئەو شوێنە ئاوی لێ نییە بەوهۆیەوە پرۆژەیەكی ئاودانمان دروستكردووە، سیستەمێكیش بۆ شێ دانراوە، هەر شوێنێك بێ ئاو بێت بەشێوەیەكی ئەلكترۆنی ئاوی بۆ دەنێرێت، جگە لەوەی 36 پۆینتی ئاگركوژێنەوە دانراوە كە هەر گەشتیارێك لەو شوێنەدا بێت كاتی ئاگركەوتنەوە دەتوانێت بەكاریبهێنێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە بەرگری شارستانی بێت. بەڕێوەبەری پەیوەندیە گشتیەكان و ڕاگەیاندنی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ وتیشی: ئەو پرۆژەیە دراوەتە چەند كۆمپانیایەك، بەڵام ئەوەی بەشی ئاسیاسێڵە 200 دۆنمە لەكۆی 800 دۆنم، تەنیا ئاسیاسێڵ پرۆژەكەی دەستپێكردووە و ئێستا %90 ی كۆتایی هاتووە. وەك عومەر فالح دەڵێت: ئێستا قۆناغی سێیەمی پرۆژەكە بەڕێوەدەچێت، كە ئەو قۆناغەیە پێویستە پرۆژەكە خۆی بەڕێوەبچێت و پێویستی بە ئاودان نەبێت، جگە لەوەش بەشێوەیەكی كاتی پرۆژەكە سیاج كراوە تا زیانی پێنەگات تا كۆتایی هاتنی. بەوتەی بەڕێوەبەری پەیوەندیە گشتیەكان و ڕاگەیاندنی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ ، ئەو پرۆژەیە دەیان هەلیكاری ڕەخساندووە، كە ئەوەش بۆ شاری سلێمانی هەم لەڕووی ژینگەیی و ئابوورییەوە سودی بۆ سلێمانی هەیە، جگە لەوەی بۆ زیاتربوونی رێژەی سەوزایی سودی هەیە. ئەو پرۆژەیە لەلایەن رێكخراوی سی دی ئۆ بەڕێوەدەبرێت، لەوبارەیەوە عەلی عوسمان بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە بەهاوڵاتی وت:"چوار كۆمپانیا بەشدارییان كردووە لە سەوزكردنی بناری گۆیژە، كە یەكێك لەوانە ئاسیاسێڵە، رێكخراوەكەی ئێمە سەرپەرشتی پرۆژەكە دەكات و ئێستا ئەو بەشەی دەستیپێكردووە بەسپۆنسەری ئاسیاسێڵە. عەلی عوسمان وتیشی: ئێمە هەركاتێك حكومەت داوامان لێبكات و كۆمپانیاكان ئامادەییان هەبێت پرۆژە بۆ خزمەتی شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەین، ئێستا رێكخراوێكی ئیتاڵی بەڵێنی داوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشكە ساڵی پرۆژەیەك جێبەجێ بكات بەڵام تائێستا دیار نییە كەی دەستپێدەكەن. پرۆژەی سەوزكردنی شاخی گۆیژە دەستپێشخەریەكی گرنگە بۆ كۆمپانیاكان بۆ زیاتر خزمەتكردنی شاری سلێمانی، ڕووبەری گشتی پرۆژەكە (800 دۆنمە )و كۆمپانیای ئاسیاسێڵ (200 دۆنم )لە بەشی خۆی سەوزكردووە، لە بەشی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ 22000 دار ڕوێندراون و پرۆژەكەش بە درێژایی 1400 مەتر سیاج كراوە. تێچووی پرۆژەكە یەك ملیۆن دۆلاری ئەمریكیە و لایەنی جێبەجێكار ڕێكخراوی CDO یە، ئەو تەنكی ئاوەی كە بۆ پرۆژەكە دروستكراوە بڕی (300000 لیتر) ئاو دەگرێت و تەنها ئەو بەشەی ئاسیاسێڵ جێبەجێی دەكات زیاتر لە (450 ھەلی كار ) ی رەخساندووە. ئەو بەشەی پرۆژەكە ئاسیاسێڵ جێبەجێی كردووە چوار قۆناغ بوو كە ئێستا لەقۆناغی سێیەمدایە یەكەم: ئامادەكاری : ئەمەش پێكھاتووە لە چەند پرۆسەیەكی جیاجیا وەك شوێن دیاریكردن و جیاكردنەوە، پاكردنەوە، دروستكردنی ڕێرەوی ئاودان، دروستكردنی ئاگربڕ، ئامادەكردنی پەین و گڵ. دانانی ئاگر كوژێنەرەوە. دووەم: ڕوواندن: ڕوواندنی شەتڵ و نەمام، دروستكردنی سیاج، جیاكردنەوەی نەمام، دانانی ڕاگر بۆ نەمام، ڕشتنی دەرمانی دژە ماددەی كیمیایی. سێیەم: ئیدامەكردن چوارەم: ئاودانی نەمام، چێك كردنی ڕێرەوی ئاودان و دابینكردنی ئاو، چێك كردنی ئاگربڕ. ئەوەی لەم پرۆژەیەدا نوێیە و ئاسیاسێڵ جێبەجێی دەكات، كۆمەڵیك تازەگەری تێدا بەكارھاتووە وەك دانانی سێنسەر بۆ ئاودان كە 50سم لە ژێر گڵ و 30 سم لە سەرەوە چێكی پێویستی ئاو دەكات بۆ ڕووەكەكە و بە شێوازی كورتە نامە ئاگاداركردنەوە لێدەدات، ھەروەھا بەكارھێنانی جۆرە جێڵێك كە بە شێداری گڵەكە دەھێڵێتەوە پێویستی بە ئاو كەمتر دەكاتەوە و ھەروەھا دابینكردنی ئاو و خواردن بۆ ئاژەڵان. پرۆژەی سەوزكردنی شاخی گۆیژە لەساڵی 2019 ەوە دەستیپێكردووە، هەرئەوكات ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لەبارەی پرۆژەكەوە وتی:" دەكرێت زیاتر خزمەتی شاری سلێمانی بكەین بۆیە چیمان پێ بكرێت بۆ خزمەتی سلێمانی بەتایبەت ژینگەی شارەكە درێغی ناكەین". وتیشی: سەرەتا كە دەستمان بەسەوزكردنی چیای گۆیژە كرد 150 دۆنم زەوییمان هەبوو كە سەوز نەكرابوو، بەخۆشحاڵیەوە بە چەند قۆناغێك دەستمان بە سەوزكردنی چیاكە كردوەو تا بە تەواوی چیای گۆیژە سەوز دەكەین پرۆسەكە بەردەوامیی دەبێت.
سەركۆ جەمال بەرگری شارستانی سلێمانی ھۆكاری تەقینەوەی كافتریای لیلی لە شەقامی سالم ئاشكراكرد كە مانگی پێنجی ئەمساڵ روویدا، دەشڵێت بەرپرسیاری تەقینەوەكە دەستگیركراوە، بەوتەی سەرچاوەیەكیش لەپۆلیسی سلێمانی ئەو كەسەی تۆمەتباركراوە بەرەگەز ئێرانییە. ئاشكراكردنی كەمتەرخەمی رووداوەكەی كافتریای لیلی كە رۆژی 12 ی مانگی پێنجی ئەمساڵ تەقینەوەكە تێیدا روویدا لەكاتێكدایە، رۆژی یەكشەممە لەكافتریای كەستانە لەسلێمانی بەهۆی تەقینەوەی سیستەمی غاز پێنج كەس برینداربوون. رۆژی 12 ی مانگی 5 لە كافتریای لیلی لە شەقامی سالم لە سلێمانی تەقینەوەی غاز روویدا و بەھۆیەوە 14 هاوڵاتی بریندار بوون. رێكان جەمال وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: "كەسێك كە كاری چاككردنەوەی سیستەمی غاز دەكات ھەستەوەری سیستمی غازەكەی لێكردبووەوە تا غازی زیاتر لەو سیستمە بێت و ئاگری زیاتر بكاتەوە بۆ گەشانەوەی خەڵوزی نێرگەلە، ئەوەش بۆتەھۆی پەنگخواردن و لیككردنی غازەكە و پاشان تەقینەوەی". وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی وتیشی: "ئەو كەسە دەستگیركراوەو لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێـت". بەوتەی سەرچاوەیەكیش لەپۆلیسی سلێمانی بۆ هاوڵاتی:" ئەو كەسە كاری چاككردنەوەی سیستەمی غاز دەكات و لەلایەن خاوەنی كافتریاكەوە بۆ ئەو كارە راسپێردراوە و ئێستا كەیسەكە لەپۆلیسی سەراو رزگاری لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت، ئەو كەسەش خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە". سەرچاوەكەی پۆلیس وتیشی:"ئەو كەسە پاش دەستگیركردنی بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەكەفالەت ئازادكراوە، بەڵام كەیسەكەی لەدادگایە و هێشتا لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت و بریندارەكانیش سكاڵایان لەسەر تۆماركردووە، تەنها خاوەنی كافتریاكە هێشتا سكاڵای تۆمارنەكردووە". هاوكات رۆژی یەكشەممەی رابردوو لەكافتریای كەستانە لەسلێمانی بەهۆی تەقینەوەی سیستەمی غاز پێنج كەس برینداربوون، هێزە ئەمنیەكانیش دەستیان بەلێكۆڵینەوە كرد. رێكان جەمال، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی لەوبارەیەوە وتی: "بەهۆی رووداوەكەوە پێنج كەس بریندار بوون كە سێ كەسیان كارمەندی بەرگریی شارستانی و دوو كەسەكەی دیكەش كارمەندی كافتریاكەن، بریندارەكان لە نەخۆشخانەن و تەندروستییان جێگیرە". وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: "كاتێك تیمەكانمان گەیشتوونەتە شوێنەكە هیچ ئاگرێك نەبووە، دەبوو خاوەنەكەی یان كارمەندەكان قوفڵی ئیمێرجێنسی بگرنەوە، بەڵام بەهۆی شڵەژانەوە نەیانتوانیوە ئەو كارە بكەن". بەوتەی رێكان جەمال، "ئەو قوفڵی ئیمێرجێنسیە كە دەبوو كارمەندەكان بیگرنەوە بۆ ئەوەی رێگە لە رووداوەكە بگیرێت، تەنیا دوو مەتر دوور بووە". سەبارەت بەهۆكاری ئەو جۆرە ئاگركەوتنەوانە وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی دەڵێت "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە ئەم جۆرە رووداوانە روودەدەن".