نیگار عومەر ئاوی خواردنەوەی قەزای كفری شیاوی خواردنەوە نیەو زۆرینەی دانیشتوانی قەزاكەش فلتەر بەكاردەهێنن و پسپۆرێكی دەرامەتی ئاوو ژینگەش دەڵێت: بەهۆی كاریگەری جیۆلۆجی خاكی قەزاكە كەڕێژەی كلس و گۆگردێكی  زۆرە ئاوی ژێرزەوی كفری كەسەرچاوەی ئاوی خورادنەوەی قەزاكەیە هیچ شیاوی خواردنەوە نیە، بەڵام بەڕێوەبەری ئاوی كفری رەتیدەكاتەوە ئاوی خواردنەوەی قەزاكە شیاوی خواردنەوە نەبێت. قەزای كفری بەوتەی لایەنی پەیوەندیدار نزیكەی 45 هەزار كەس  دەبێت پشت بەئاوی ژێرزەوی دەبەست بۆ خواردنەوە كە لەڕێگەی بیری ئیرتیوازیەوە بەسەر ماڵاندا دابەش دەكرێت. سەڵاح عەزیز، هاووڵاتیەكی قەزای كفریەو باس لەخراپی ئاوی خواردنەوەی قەزاكەیان بۆ هاوڵاتی دەكات و دڵێت،" بەهۆی شۆری ئاوی خواردنەوەی كفریەوە كە شیاوی خواردنەوە نیە زۆربەی زۆری ماڵەكانی كفری بۆ پاكبوونەوەی ئاو خواردنەوە فلتەریان داناوە تاوەكو تووشی نەخۆشی نەبین، خراپی ئاوەكەمان وایكردوە  ساڵانە لەوەرزی گەرمادا سێجار دەبێت پووشی موبەریدەكانمان بگۆڕین بەهۆی ئەوەی كە كلس دەیگرێت جا ئەمە بگات بەوەی كە مرۆڤ بیخواتەوە دەبێت چی لێبكات بەم هۆیەشەوە زۆربەی دانیشتوانی كفری تووشی نەخۆشی گورچیلە بوونە". عەبدولموتەلیب رەفعەت، پسپۆری دەرامەتی ئاوو ژینگە، بۆ هاوڵاتی رایگەیاند،" بەپێی ئەو تووێژینەوانەی كە ئێمە كردوومانە جیۆلۆجی خاكی كفری وایكردووە لەنێو ئاوی ژێرزەوی كفریدا كەبڕێكی زۆر مادەی كلس و مادەی گۆگردێكی تێدایە و رێژەی ئەو مادانە لەگەڵ رێژەی سوێری لەئاوەكەدا زۆر بەرزە".   وتیشی:" بەپێی ستاندەری جیهانی لەنێو هەموو ئاوێكی شیاودا رێژەی گۆگردێك دەبێت 250ملیگرام لەسەر لیتر بێت، بەڵام لەنێو ئاوی كفریدا لەهەندێك لەبیرەكاندا گەیشتۆتە  700ملیگرام لەسەر لیتر، رێژەی كلس بەهەمان شێوە زۆر بەرزە لەنێو ئاوەكەدا ئەمانە وایكردووە كەئاوی كفری شیاوی خواردنەوە نەبێت". حەمید رەشید بەڕێوەبەری ئاوی كفری رەتیدەكاتەوە ئاوی قەزاكە شیاوی خواردنەوە نەبێت و لەو رووەوە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:" ئاوی كفری شیاوە بۆ خواردنەوە" بەڵام هەر خۆشی دەڵێت ئاوەكە هەندێك مادەی تێدایە بەم هۆیەشەوە زۆربەی زۆری ماڵەكان فلتەر بەكاردێنن بۆ  بۆ پاككردنەوەی ئاوەكە و بەم رێگایە ئاوەكە كێشەی نابێت بۆ خواردنەوە گەر فلتەر بەكاربێنن. بەڵام عەبدولمتەلیب رەفعەت، پسپۆری دەرامەتی ئاوو ژینگە دەڵێت: بەپێی ئەو توێژینەوانەی كە كراوە بۆ بیری ئاوەكانی كفری لەكۆی 36 بیر تەنها دوو بیری ئاو گونجاوە بۆ خواردنەوە. عوسمان عەلی، هاووڵاتیەكی دیكەی شارەكەیە باس لەنەشیاوی ئاوەكە دەكات و دەڵێت،" بەگوێرەی قسەی شارەزایانی ئاو بێت كەقسەمان لەگەڵیان كردووە ئەم ئاوە  نەك نابێت مرۆڤ بەكاربێنیت بەڵكو نابێت بدرێت بەئاژەڵیش، بەهیچ شێوەیەک نابێت خۆتی پێ بشۆیت". وتیشی، "لایەنی پەیوەندیداری شارەكە بێباكن لەم بابەتەو سەرەڕای تووێژینەوەكان كەكراوە لەسەر ئاوی ژێرزەوی كفری، ئەوان بەشیاوی خواردنەوەی دەزانن كەئەمەش بۆ خۆی گرفتێكی دیكەیە وا دەكات خەڵك بەكاری بێنێت ". محەمەد ئیجران هاووڵاتیەكی دیكەی كفریە، بۆ هاوڵاتی وتی، " ئێمە لەماڵەوە فلتەر بەكاردێنین بۆ پاكبوونەوەی ئاوەكەو تەنانەت ئەوندە پیسە ئاوەكە، دەبێت بەردەوام ئاوی فلتەرەكەش بگۆڕیت ئەوندە كلس دەیگرێت، وتیشی: "ئەمەش شتێكی ئاشكرایە، رێژەی سوێری و كلس لەهەر ئاوێك بەرزبێت گەر بۆ خواردنەوە بەكاری بێنیت تووشی چەندین نەخۆشیت دەكات. ئەو هاووڵاتییەی كفری ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "كفری ئەوندە قەزایەكی پشتگوێخراوە چەندین گرفتی هەیە، ئێمە گرفتی ئاوی خواردنەوەمان لەبیرچووەتەوە". بەڕێوەبەری ئاوی كفری دەڵێت:"ئێمە لەماوەكانی رابردوودا بەبۆری ئاوی خواردنەوەمان لەقەزای خورماتووەوە راكێشابوو بۆ كفری، بەڵام لەدوای ساڵی 2016ەوە بەهۆی كێشەی ناوچە كێشەلەسەرەكانەوە ئەو ئاوەش ئێستا ناگات بەدەستمان، هەوڵمانداوە پاڵاوگەیەك دروست بكەین بۆ ئەوەی ئاوەكە بپاڵێوین و دواتر دابەشی بكەین بەسەر ماڵاندا، دەرخستەكەمان ئامادەكردووە دەیگەیەنین بەئیدارەی گەرمیان". دكتۆر فەرهاد كەریم، پسپۆری گورچیلەو میزەڕۆ، بۆ هاوڵاتی رایگەیاند، " لەهەر ئاوێكدا رێژەی گۆگردو كلسی سوێری زۆر بێت ئەو كەسانەی كە ئەو ئاوە بەكاربێنن تووشی دوو گرفتی تەندروستی دەبن، رێژەی زیادی گۆگرد مرۆڤ تووشی ژەهراویبوون دەكات لەگەڵ هەندێك لەنەخۆشیەكانی پێست، رێژەی زیادی كلسی سوێری لەئاودا دەبێتە هۆی دروستبوونی بەردی گورچیلە، گرفت بۆ گورچیلە دروستدەكات".

هاوڵاتی دۆخی ئابوریی و مرۆیی لەئێران لەسەردەمی دەسەڵاتی رەئیسی پاشەكشێی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت بەجۆرێك لەیەك ساڵی تەمەنی سەرۆك كۆماری ئەودا هەڵاوسان بۆ نزیكەی 60% بەرز دەبێتەوە و وڵاتەكەش چووەتە ریزی 10یەمین وڵاتی جیهان لە رووی هەڵاوسانی ئابورییەوە. بانكی جیهانی ئاشكرای كردووە لەماوەی 43 ساڵی رابردوودا ئێرانییەكان بەڕێژەی 30% هەژارتربوون و تەنها لەماوەی ساڵانی 2010 تا 2020 سەرمایەكانی ئەو وڵاتە بەڕێژەی 40% دابەزیوە. یەك ساڵ بەسەر دەستبەكاربوونی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران تێدەپەڕێت كە بڕیاربوو حكومەتێكی شۆڕشگێڕ لەئابوری و دادپەروەریدا بخوڵقێنێ، بەڵام ئامارەكانی ناوخۆی وڵاتەكە باس لەقوڵبوونەوەی قەیرانە ئابورییەكان و خراپبوونی دۆخی مرۆیی دەكەن بەتایبەت كە لەسەردەمی ئەودا زۆرترین كەس بەراورد بەساڵانی رابردوو لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەسێدارەدراون. ئێران لەئێستاداو لەسەردەمی رەئیسی بووەتە خاوەنی زیاتر لەپێنج ترلیۆن  تمەن دراوی چاپكراوەو تەنها لەسەردەمی ئەودا 40% پارەی چاپكراو زیادی كردووە كەئەوەش ئاماژەیەكی دیكەی نزیكبوونەوەیە لەلێواری داڕمانی ئابوریی. رەئیسی هیوای ئابوریی ئێران لەگۆڕدەنێت سەرۆك كۆماری ئێران لەهەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بەڵێنیدا هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەكەی بۆ كەمتر لە 18% دابەزێنێت، لەئێستا ئەو رێژەیە لەهەڵاوسانی تاسنوری 60% بردووە.  لەتەمەنی ساڵێكی كابینەی حكومەتی رەئیسی لەئێران ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەكە لە 33٪ بۆ 56٪ بەرزبووەتەوە. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران كەساڵێك پێش ئێستا بەبەڵێنی دادپەروەریی و نەمانی هەژاریی كابینەكەی دامەزراندو دەسەڵاتی وڵاتەكەی گرتەدەست  بەهۆی خراپبوونی دۆخی ئابوریی رووبەڕووی رەخنەی یارو نەیار بووەتەوە. كارنامەی ئابوریی رەئیسی بەئاستێك خراپ بووە كە محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران وەك دۆستێكی دێرینی رەئیسی حاشای لەوە نەكردووە كەئابوریی وڵاتەكە لەسالێكدا پاشەكشێی گەورەی كردووەو كارنامەی حكومەت لەو بوارەدا خراپبووە. ناوەندی ئاماری ئێران بڵاویكردووەتەوە؛ ئێران لە 19 مانگی رابردوودا هەڵاوسانی ئابوریی لە 30٪ زیاتر بووە و لەئەمساڵیشدا هەڵاوسان گەیشتووەتە زیاتر لەسەدا 52٪. دەستبەكاربوونی رەئیسی وەك سەرۆك كۆمار هاوكات بووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی كاڵاو پێداویستییەكانی ژیان بۆ زیاتر لە 85%. لەماوەی ساڵێكیشدا  نرخی زەیت لەئێران بەڕێژەی 285٪ بەرز بووەتەوەو نرخی نانیش بۆ دوو هێندە زیادیكردووەو دۆخەكە بەوانەشەوە نەوەستایەوە نرخی هەر دۆلارێكیش 25٪ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و بەهای هەر دۆلارێك بەرامبەر تمەن لەبازاڕەكانی وڵاتەكە زیاتر 30 هەزار تمەنە. پێشتر دۆلار بەناوی دۆلاری حكومی رادەستی بازرگان و هاوردەكارانی كاڵاو پێداویستییە خۆراكییەكان دەكرا كەنرخی هەر دۆلارێك بەچوار هەزارو 200 تمەن بوو، بەڵام حكومەتەكەی رەئیسی بەلابردنی ئەو دۆلارە لەبودجەی وڵاتەكەدا بووەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی ماددە خۆراكییەكان و ئەو دەرمانانەی لەوڵاتانی جیهانەوە بەناچاری هاوردە دەكران. سەرۆك كۆماری ئێران خۆی دانی بەوەدا ناوە یەكێك لەهۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان و ماددە خۆراكییەكان لابردنی ئەو دۆلارە حكومییە بووە لەبودجەی ئێراندا. ئێران بەهۆی ئەو هەڵاوسانانەی كە لەسەردەمی رەئیسیدا تێیكەوتووە چووەتە ریزبەندی 10یەمین وڵاتی جیهان كە زۆرترین هەڵاوسانی تۆماركردووە. توانای كڕین و سك هەڵگوشین ناوەندی تووێژینەوەی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی و كشتوكاڵی ئێران بڵاویكردووەتەوە رێژەی بێكاریی و هەژاریی لەماوەی رابردوودا دوو هێندە بەرزبووەتەوە و بژێویی خەڵكیش لەڕووی خۆراكەوە زۆر خراپ بووە. بەپێی راپۆرتی ئەو ناوەندە رێژەی ساڵانەی بەكارهێنان و خواردنی گۆشت بۆ هەر دانیشتویەكی ئێران لە 13 كیلۆوە بۆ شەش كیلۆ كەمی كردووە و هاوكات خواردنی برنج لەساڵێكدا لە 44 كیلۆ بۆ 35 كیلۆ كەمی كردووە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی توانای كڕینەوە بووە.  چاپكردنی دراو، تمەن رزگار ناكات لەساڵی 2018و دوای كشانەوەی ئەمریكا لەڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (ئەمریكا، روسیا، چین، فەڕەنسا، بەریتانا لەگەڵ ئەڵمانیا) كە بە 5+1 ناودەهێنرێن، ئێران بەبەردەوامی ناچاربووە پارەی چاپكراو زیادبكات، بەڵام رەئیسی رایگەیاند دژی ئەو هەنگاوو پلانەی حكومەتی پێشووەو هەوڵی كەمكردنەوەی چاپی تمەن دەدات. بەپێی ئامارەكان رێژەی دراوی چاپكراوی تمەن لەساڵێكی دەستبەكاربوونی رەئیسیدا 40% زیادی كردووەو ئێستا كۆی پارەی چاپكراوی ئێران گەیشتووەتە پێنج ترلیۆن و 104 ملیار تمەن. ئەگەرچی میدیاكانی نزیك لەسەرۆك كۆماری ئێران هەوڵدەدەن رەئیسی لەماوەی ئەو یەك ساڵەدا بەسەركەوتوو پیشانبدەن، بەڵام بەپێی ئامارەكانی خودی ئەو میدیایانە ئابورییەكەی رەئیسی تەنها لەیەك مانگی ساڵدا توانیویانە رێژەی زیادكردنی دراوی چاپكراوی تمەن كۆنتڕۆڵ بكەن، بەزمانێكی دیكە لە 11 مانگدا چاپكردنی پارە بۆ پەردەپۆشكردنی هەڵاوسان هەر بەردەوام بووە. دانەوەی قەرزی بانكی ناوەندیی ئێران بەدەستی حكومەت بڕی 49 ترلیۆن و 631 ملیار تمەن كەدەكاتە نزیكەی یەك ملیارو 911 دۆلار رەنگە تەنها دەستكەوتی رەئیسی بووبێت كە حاشای لێناكرێت. لەلایەكی دیكەوە حكومەت رایگەیاندووە سەرجەم قەرزە بیانییەكانی ئێران هەشت ملیارو 675 ملیۆن دۆلارەو بەبێ ئەوەی روونیبكاتەوە چ رێژەیەكی لەو قەرزە داوەتەوە ئاماژەی بەوە كردووە هەوڵدراوە ئەو قەرزانەش كەمبكرێنەوە لەكاتێكدا ئەو پارە بلۆككراوانەی ئێران كە بڕیاربوو لەبانكەكانی جیهان ئازدبكرێن لەنێوان هەشت بۆ 20 ملیار دۆلار بووەو حكومەتیش هیچ وردەكارییەكی ئاشكرا نەكردووە.  

سەركۆ جەمال بەوتەی سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیران، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بەپلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەكات، سەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییش پێشنیازەكان بۆ هاوڵاتی دەخاتەڕوو، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت سەرقاڵی راپۆرتێكن لەوبارەیەوەو هێشتا تەواویان نەكردووە، پسپۆڕێكی ئابووریش سودەكانی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەخاتەڕوو. سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت :»بەپێی بڕیارێك لەم كابینەیەدا، پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوەو بۆ ئەم مەبەستەش دوو پێشنیاز هەیە، بەپێی فەرمانێكی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت، كە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، داواكراوە بەداتا دەست بەكۆكردنەوەی زانیاری تەواو لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بكرێت بەجۆرێك لەوكاتەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران وەستاوە تاوەكو ئێستا چەند پارە لەسەر حكومەت كەوتووە؟ هاوكات پارەی پێویست بۆ هەموو ساڵەكانی پلەبەرزكردنەوە چەندە؟.» سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم وتیشی: « مەسرور بارزانی داوای ئەوەی كردووە كە پلەبەرزكردنەوەكە بەپێی یاساو رێنمایی چۆنە و فەرمانبەر لە (2016)ەوە تاوەكو ئێستا چەند پلەبەرزكردنەوەی هەبووە؟ چۆن بۆی هەژمار بكرێت؟، دواتر بڕی پارەی پێویست بۆ كۆی گشتی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران چەندە دیاری بكرێ؟.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی كە لەسەرچاوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران دەستیكەوتوون « پلەبەرزكردنەوەكە لەكاتی دەستپێكردنەوە واتە رۆژی جێبەجێكردنی  بڕیارەكەوە  دەبێت و شاییستە داراییەكانی ساڵانی رابردوو هەژمار ناكرێت، چونكە حكومەت پێیوایە ئەگەر قەرەبووی پلەبەرزكردنەوەی ساڵانی رابردووش بكاتەوە، ئەوا پارەیەكی زۆری پێویستە ئەمەش لەتوانای حكومەتدا نییە كە ئەو پارەیە دابین بكات، بۆیە لەو مانگەی كە پلەبەرزكردنەوە دەستپێدەكاتەوە، پارەكە خەرج دەكرێت».   پلە بەرزكردنەوە لەكەیەوە راگیراوە؟ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بیانووی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، لەكۆتایی ساڵی 2015 بڕیاریدا بە راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و بڕیارەكەش لەیەكی كانوونی دووەمی 2016 جێبەجێكراو لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا پلەی فەرمانبەرانی مەدەنی (شارستانی) راگیراوە، بەڵام پلەبەرزكردنەوە لەدەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووەتەوە.   پەرلەمانتارێكی كوردستان: بەنهێنی پلەبەرزكردنەوە كراوە عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەئێستادا پلەبەرزكردنەوەی  هێزی ئاسایشی ناوخۆو سەربازی بەردەوامە، ئەویش بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كراوە». عەلی حەمەساڵح وتیشی:»بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم  كە بەژمارە شەش هەزارو 522 لە 9/12/2018 دەرچووەو جیاوازی پۆلێن و پلەبەرزكردنەوەی دادوەرەكان بۆ ساڵی 2015 و 2016 و 2017 و 2018 ی گەڕاندووەتەوە». بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە» فەرمانبەرانی سەرۆكایەتیەكان تائێستاش پلەبەرزكردنەوەیان بەردەوامە و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش تائێستا پلەبەرزكردنەوەی هەر رانەگیراوە، بەڵام پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی دەستی پێنەكردووەتەوە». هەرێم حسێن فەرمانبەرە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت :» من ئێستا لەپلەی پێنجدام لەفەرمانبەری، ئەگەر پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە دەبم بەپلە چوار ستێپی سێ كە ئەوەش بە پێنج ساڵ بەرزدەبیتەوە، چونكە لەپلە 10 تا وەكو پلە پێنج چوار ساڵ جارێكەو بەپێی پلەكانی دیكەش دەگۆڕێت». ئەو فەرمانبەرەی وەزارەتی دارایی وتیشی:» لە 2007ەوە فەرمانبەرم، بەڵام ئەگەر لە 2016ەوە پلەبەرزكردنەوەم بۆ هەژماربكرێت زیاتر لە  150 هەزار دەچێتە سەر موچەكەم چونكە لەگەڵ هەندێك پلە بەرزكردنەوە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵەش زیاد دەكات». دوو هەفتە لەمەوبەر سیراج بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی كوردستان لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران رایگەیاند: «ئێستا لەبەرنامەماندا نییە كە پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكەینەوە، بەڵام لە ئەگەری داواكاریی حكومەت ئەوەش لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ناچارین پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكەینەوە».  سەرۆكی ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو رێكخستنەوەیەی بڕیارە لەداهاتوویەكی نزیكدا حكومەتی هەرێم جێبەجێی بكات وتی: «ئەو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتەكان دەوام دەكەن و هەستدەكرێت لەو شوێنە زیادن، ئەوا ناچاردەكرێن بەگواستنەوە  بەگوێرەی پسپۆرییەكەی لەوەزارەتێكی دیكە كە پێویستیان پێیەتی».  باسی لەوەشكرد: شێوازی گواستنەوە و رێكخستنەوەی فەرمانبەران بەئاسایی ناكرێت بۆیە لەگەڵ فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری سەرقاڵی دروستكردنی داتابەیسێكن بۆ بەدیجیتاڵكردنی دۆسیەی كەسی فەرمانبەران، ئەوكات بەگوێرەی پسپۆری فەرمانبەران كاری گواستنەوەیان لەوەزارەت بۆ وەزارەتێكی دیكە یاخود لەبەڕێوەبەرایەتیەك بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكی دیكە دەكرێت».   هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274هەزار مووچەخۆری هەیە زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت :»سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتێكین لەسەر پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا تەواومان نەكردووە». وتیشی:» راپۆرتەكە تەواوبوو وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت تا وەك راسپاردەیەك بدرێتە حكومەتی هەرێم و كاری لەسەر بكات». عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «بەپێی هەردوو یاسای راژەی شارستانی ژمارە ٢٤ ساڵی ١٩٦٠ و یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٨، پلەبەرزكردنەوە (الترفیع) وەك مافێكی فەرمانبەر جێگیركراوەو مافێكی یاساییەو بەپێی چەند مەرج و رێوشوێنێكی كارگێڕی پێویستە هەر فەرمانبەرێك چوار یان پێنج ساڵ جارێك بەپێی پلەو ئاستی فەرمانبەرێتی، پلەكەی بەرزبكرێتەوە بۆ پلەیەكی نوێ، بڕیاری راگرتنی پلەبەرزكردنەوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بڕیارێكی نایاساییەو دریژەدان بەم بڕیارەش دۆخی فەرمانبەرێتی تەواو شێواندووەو هەموو هاوكێشەكانی پەیوەندیدار بەپلەو ئاستی فەرمانبەرێتی و میلاكی تێكداوە.»  ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: «لەساڵی ٢٠١٦ەوە پلەبەرزكردنەوە راگیراوە، هەربۆیە هەندێك لەفەرمانبەران كە لەو ساڵەدا شایستەی پلەبەرزكردنەوە بوون دوو پلەو زۆرینەی زۆری فەرمانبەرانیش بەلای كەمەوە یەك پلەیان لای حكومەتەو چاوەڕوانی ئەو مافەیان دەكەن، ئەم بڕیارە مانگانە زیانی گەورە لەنزیكەی (٣٦٥,٠٠٠)  فەرمانبەرو مامۆستا دەدات، بڕی ئەو پارەیەی كە زیانە بۆ هەر فەرمانبەرێك لە نێوان (٦٠ تا ٣٠٠) هەزار دیناری مانگانەیە».   زیانی راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران  عومەر گوڵپی دەڵێت :»كۆی ئەو پارەیەی كەمانگانە بەهۆی پلەبەرزكردنەوەوە دەبێتە زیان بۆ فەرمانبەران، بەخەمڵاندنی ئێمە نزیكە لە (٥٠ ملیار) دیناری مانگانەوە، بەم پێیە بۆ ماوەی پێنج ساڵەكە بڕی ئەو پارەیەی فەرمانبەران لای حكومەتە زیاترە لە (سێ ترلیۆن) دینار.» سەبارەت بەسودی ئابووری دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بۆ بازاڕی هەرێم و گوزەرانی فەرمانبەران، نەبەرد كەریم مامۆستای زانكۆو پسپۆڕی ئابووری بەهاوڵاتی وت:»لەمانگی یەكی 2016 ەوە بەفەرمانێك كە پاڵپشتی یاسایی نەبووە پلەبەرزكردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێم راگیراوە، كە ئەوەش مافێكی یاسایی هەموو فەرمانبەرێكە بەپێی دەستووری عێراق دەبێت پلەبەرزكردنەوە بكرێت». ئەو مامۆستایەی زانكۆ وتیشی:»ئێستا تەنها مووچەخۆری شارستانی پلەبەرزكردنەوەی راگیراوە كە ئەمەش زیانی زۆر لەئابووری و مووچەخۆرەكانیش دەدات، كە خەمڵێندراوە بەزیاتر لە 50 ملیار دینار، ئەگەر ئەم لێبڕینە بگەڕێتەوە ئەوە بازاڕ دەبوژێتەوە و كوالێتی ژیانی هاووڵاتیانیش باشتر دەبێت جگە لەوەی بەشێوەیەكی دیكەش سود بەحكومەت دەگەیەنن لەوەی باجی زیاتر دەدەنە حكومەت». هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274 هەزار فەرمانبەری هەیە، ئەوانەی فەرمانبەری مەدەنین ژمارەیان 750 هەزار كەسە، بەوپێیە تەنها ئەو فەرمانبەرانە پلەبەرزكردنەوە دەیانگرێتەوە.

شەنای فاتیح بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی بارگرانیەكی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە و حكومەتی هەرێمیش زیاتر لە شەش ساڵە نەوتی بۆ هاووڵاتیان دابین نەكردووەو ئەوەشی دابەشكراوە حكومەتی عێراق ناردویەتی و لەجیاتی 45 هەزار دیناریش 90 هەزار لەهاووڵاتیان وەرگیراوە، لەم وەرزی هاوینەشدا بەرمیلێك نەوت لەسەرووی 260 هەزار دینارەوەیەو چاوەڕوان دەكرێت لەوەزری زستاندا نرخەكەی زۆر گرانتر بێت. ساڵی رابردوو وەزیری دەستلەكاركێشاوەی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بەڵێنیدا كەهەموو ماڵێك بەرمیلێك نەوت وەربگرێت، بەڵام تەنها 35%ی هاووڵاتیان نەوتی سپیان پێدرا. ساڵانە لەوەرزی هاویندا نرخی نەوت دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت بەهۆی ئەوەی كە خواستی زۆری لەسەر نییە، بەڵام ئەمساڵ لەم وەرزی هاوینەشدا نەوتی سپی نرخی ئێجگار بەرزەو هەر بەرمیلێك نەوت لەسەروی 260 هەزار  دینارەوەیەو هیچ ساڵێك لەم كاتەدا نرخی نەوتی سپی بەو شێوەیە نەبووە. چاوەڕوان دەكرێت نرخی نەوت لەزستاندا گرانتر بێت كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سرووشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «نەوتی سپی و گازوایل و غازی هەرێمی كوردستان دەڕوات بۆ وڵاتانی دیكەو حكومەتیش كارئاسانی بۆدەكات و ئەگەر بێت و حكومەت رێگری لێبكات و بۆ هاووڵاتیانی كوردستانی دابین بكات بێگومان نرخەكان دادەبەزن». وتیشی: «ئەگەر حكومەتی هەرێم نەیەتە سەرخەت و هەنگاوی پێویست نەنێت چاوەڕێ دەكرێت نرخی نەوتی سپی لەوەرزی زستاندا گرانتر ببێت» . كەریم عەلی باسی لەوەشكرد:» هاووڵاتیان زیاتر لەشەش ساڵە نەوتیان وەرنەگرتووە و ئەوەشی دابەشكراوە حكومەتی عێراقی ناردوویەتی و پیشتر نرخەكەی 45 هەزار دینار بوو بەڵام حكومەتی هەرێم 90 هەزار لەهاووڵاتیان وەردەگرێت». هاوكات شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» حكومەتی هەرێم هیچ پاڵپشتییەك بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی سپی بۆ ماڵان ناكات، سەرباری ئەوەش بەشێوەیەكی رێكوپێك دابەشناكرێت، چونكە حكومەت ئەم كەرتەی فەرامۆش كردووەو پلانی نیە پێش وەرزی زستان نەوتی سپی بگەیەنێت بەهەموو ماڵێك». وتیشی:» لەساڵی 2016وە حكومەتی هەرێم دابەشكردنی نەوتی راگرتووەو ئەمەش كێشەیەكی گەورەی بۆ خەڵك دروستكردووە بەتایبەت لەناوچە ساردەكاندا كەپێویستە پێش وەرزی زستان نەوتی سپیان پێبگات». هاووڵاتیانیش گلەییان لەگرانی نرخی نەوت هەیەو دەڵێن:»پێشتر بەهۆی هەرزانی نرخەكەیەوە لەوەرزی هاویندا نەوتیان دەكڕی و  زستان بەكاریان دەهێنا، بەڵام ئەمساڵ نرخەكەی زۆرگرانە». تەها ئەحمەد، كە پیشەی مامۆستایەو تەمەنی 60 ساڵەو دانیشتووی شاری سلێمانییە بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «نزیكەی دوو ساڵە نەوتمان وەرنەگرتووە و كارتی نەوتیشمان هەیە بەڵام نەوتمان نادەنێ‌«. باسی لەوەشكرد: «ئەگەر جیاوازی لەنرخی نەوتدا هەبێت باشترە لەوەرزی هاویندا بكڕدرێت، بەڵام ئەمساڵ لەوەرزی هاوینیشدا هەر گرانە». هاوكات هەورامان حەمە حەسەن كاسبكارێكی تەمەن 40 ساڵەو لەپارێزگای هەڵەبجە نیشتەجێیە سەبارەت بەگرانی نرخی نەوت بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: « كارتی نەوتمان هەیەو زیاتر لەدوو ساڵە نەوتمان وەرنەگرتووەو وتیشی: ئێمە ساڵانە ئەگەر زۆر بەكەمیش بەكاری بهێنین سێ بەرمیل نەوتمان پێویستە، ئەگەر نرخەكەشی ئاوا بەرز بێت ئەوا كڕینی نەوت بارگرانیەكی زۆرە بۆ ئێمە». هاوكات، عوسمان محەمەد، فەرمانبەرێكی تەمەن 43 ساڵەو دانیشتووی ئیدارەی گەرمیانەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: زیاتر لەدوو ساڵە نەوتمان وەرنەگرووە و پێشتر لەهاویندا نەوتمان دەكڕی و خەزنمان دەكرد بۆ زستان، بەڵام ئێستا لەهاونیشدا هەر گرانە». حكومەتی هەرێم هیچ پلانێكی بۆ كەمكردنەوەی بارگرانیەكانی سەر شانی هاووڵاتیان نیەو تابێت نرخی پێداویستیەكان گرانتر دەبێت و ئەمەش ئەوندەی تر هاووڵاتیانی نیگەران كردووە.

هاوڵاتی ئەمریكا ژمارەیەك كۆمپانیاو خاوەن كۆمپانیا بەتۆمەتی ساغكردنەوەی نەوتی ئێران و دەربازكردنی ئەو وڵاتە لەگەمارۆكانی سەر كەرتی نەوتەكەی سزا دەدات، یەكێك لەو كەسانەش كە سزادراوە هاووڵاتییەكی بەریتانی-عێراقییە. ئێران بەهۆی گەمارۆكانی ئەمریكا كە لەلایەن سەرۆكی پێشوی ئەمریكاوە  سەپێنرابوو هەناردەی رۆژانەی نەوتەكەی لەنزیكەی دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلەوە بۆ 250 هەزار برمیل دابەزیبوو، زیاتر لەساڵێكە توانیویەتی بەشێوازی جیاواز نەوتەكەی ساغبكاتەوە، كەیەكێك لەو رێگایانەش تێكەڵكردنی نەوتەكەیەتی لەگەڵ نەوتی عێراق و رەوانەكردنی بۆ بازاڕەكانی جیهان. هەوڵەكانی ئێران بەهاوكاریی تۆڕێكی بەرفراوان لەبازرگان و دامەزراوەكان توانیویەتی فرۆشی نەوتەكەی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل بەرزبكاتەوەو ئەوش ئەمریكای زۆر تووڕە كردووە. فرۆشتنی نەوتی ئێران بەناوی عێراقەوە رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) لەئەمریكا ئاشكرای كردووە؛ تۆڕێك لەبازرگان و بەرپرسانی ژمارەیەك كۆمپانیا لەوڵاتانی كەنداو ئیمارات و عێراق بەهاوكاریی بەرپرسان و بازرگانانی ئێران نەوتی ئێرانیان لەڕێگەی كەشتیی نەوتهەڵگرەوە بۆ سنوری ئاویی نێوان ئەو دوو وڵاتە گواستووەتەوەو تێكەڵی نەوتی عێراقیان كردووە بۆ ئەوەی تاران لەگەمارۆ ئابورییەكان و سزاكانی سەر كەرتی نەوت رزگار بكەن. واشنتۆن دوای ماوەیەك چاودێریی ئەو تۆڕو كۆمپانیایانە بۆی ئاشكرابووە كەشتییە نەوتییەكانی ئێران نەوتی وڵاتەكەیان بۆ ئوم قەسر گواستووەتەوەو هەندێكجار نەوتەكەیان تێكەڵ بەنەوتی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی عێراق كردووە لەهەندێك حاڵەتیشدا بەڵگەی ساختە بۆ كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی ئێران بەناوی نەوتی عێراقەوە دروستكراوە. وۆڵستریت جۆرناڵ لەزاری ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كردووە، كەسێك بەناوی (سەلیم ئەحمەد سەعید) كەخەڵكی عێراقەو دانیشتوی وڵاتی بەریتانیایە سەرپەرشتیی ئەو هەنگاوانەی كردووە بۆ ساغكردنەوەی نەوتی ئێران. ئەو كەسە خاوەنی ژمارەیەك كۆمپانیای گواستنەوەی خزمەتگوزاریی كەشتیوانی و بازرگانیی نەوتە كە بەناوی (FZE) تۆماركراوە، هاوكات پشكدارێكی سەرەكیی كۆمپانیایەكی گواستنەوەی نەوتە بەناوی (AISSOT). نەوتی ئێران جێ بەنەوتی عێراق لێژ دەكات ئێران رایگەیاندووە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتەكەی لەكەمتر لەسێ ملیۆن بەرمیلەوە و بۆ سێ ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا بەرزكردووەتەوە، بۆیە روونە بەرزكردنەوەكە پەیوەندیی بەفرۆشی زیاتری نەوتی ئەو وڵاتە لەبازاڕەكانی جیهاندا هەیە.  جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران لە رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت ئاشكرایكردووە لەسەرەتای وەرزی بەهار تایەكەم مانگی هاوینی ئەمساڵ رێژەی هەناردەی نەوت و غازو بەرهەمە نەوتییەكان لەنێوان 540% بۆ 550% بەرزكردووەتەوە بەواتایەكی دیكە هەناردەكردن زیاتر لەپێنج هێندە بەرزكراوەتەوە. بەوتەی زۆربەی سەرچاوەكانی ئێران ئاستی هەناردەی نەوتی وڵاتەكە بۆ چین بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوەو لەبەرامبەریشدا بەپێی ئەو رێژانەی كە چین لەكڕینی نەوتی وڵاتان ئاشكرای كردووە، كڕینی نەوت لەعێراق كەمیكردووە. رێژەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ چین لەچەندمانگی رابردوودا 36% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوەو لەبەرامبەردا ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران و ڤەنزوێلا كە لەگەڵ نەوتی مالیزیا رەوانەی چین دەكرێت 144% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەمریكا لەفرۆشی نەوتی ئێران تووڕەیە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا تەنها چەند كاتژمێر دوای ئەوەی ئێران رایانگەیاند؛ گەڕانەوەیان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی، پەیوەندیی بەمامەڵەی واشنتۆن لەگەڵ تاران هەیە حەوت سزای نوێی راگەیاند كەدژی كەرتی نەوتی ئێران بوو. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە شەش كۆمپانیای وڵاتانی چین و ئیمارات و رۆژهەڵاتی ئاسیاو كەشتییەكی نەوتهەڵگری سزا داوە بەتۆمەتی ئەوەی ئاسانكارییان بۆ ساغكردنەوەی نەوتی ئێران كردووە، لەكاتێكدا نەوتی ئەو وڵاتە لەژێر سزاكانی ئەمریكادایە. لەڕاگەیەنراوی گەنجینەی ئەمریكا ئاماژە بەوەكراوە ئەو شەش كۆمپانیایەو كەشتییە نەوتهەڵگرەکان بەبەهای دەیان ملیۆن دۆلار نەوتی ئێرانیان بەنهێنی و بەبەڵگەی ساختەوە لەبازاڕەكانی جیهان فرۆشتووە. رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ، رۆژێك پێش بەیاننامەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بڵاویكردبووەوە كە ژمارەیەك كەشتی نەوتهەڵگر بەئاڵای وڵاتانی دیكەوە نەوتەكەی رەوانەی سنورە ئاوییەكانی عێراق كردووەو لەوێشەوە بەبەڵگەنامەی ساختە ئەو نەوتە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كراوە. ئەگەرچی زیاتر لە 40 ساڵ ئێران لەژێر سایەی سزاكانی ئەمریكادا رووبەڕووی كێشەی قووڵی ئابوریی بووەتەوەو پێشبینیی دەكرا دوای ساڵی 2018 هاوكات لەكشانەوەی ئەمریكا لەڕێككەوتنی ئەتۆمیی، ئابوریی ئێران هەرەسبهێنێت، چونكە واشنتۆن رایگەیاند دەبێت داهاتی نەوتی ئێران بگاتە سفر. ئابوریی ئێران كە لەڕابردودا 90٪ی پشتی بەداهاتی نەوت دەبەست لەئێستادا رووبەڕووی كیشەی زۆر بووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەوەی دانیانناوە بەوەی كەكۆی داهاتی بەرهەمە نەوتییەكان لەساڵێكدا لە 113 ملیار دۆلارەوە بۆ 13 ملیار كەمیكردووە بەڵام لەدوو ساڵدا بەشێویەكی بەرچاو فرۆشی نەوتیان زیادی كردووە. ئێران پێش سزاكانی ساڵی 2018ی ئەمریكا رۆژانە نزیكەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كردووە، كە ئەو رێژەیە بەهۆی سزاكانەوە بۆ 250 هەزار بەرمیل دابەزی. بەپێی راپۆرتێك كەپێشتر رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە ئێران لەڕێگەی 200 كەشتی نەوتهەڵگر كە بەكەشتیی رۆحەكان ناسراون بەئاڵای وڵاتانی دیكە یان هەندێكجار بەبێ ناونیشتان توانیویەتی رۆژانە نزیكەی یەك ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت بەنهێنی رەوانەی بازاڕەكان بكات . ئێران لەماوەی رابردوودا فڕۆشتنی نەوتەكەشی بۆ چین زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل بەرزكردووەتەوە بۆیە پێدەچێت هەموو ئەمانە وایكردبێت تاران لەئاست داواكارییەكانی واشنتۆن، بەتایبەت گەڕانەوەو پابەندبوون بە رێككەوتنی ئەتۆمییەوە بێباك بێت، لەبەرامبەردا ئەمریكاش سزاكانی توندبكاتەوە بۆ پاشەكشێ بەتاران. 

هاوڵاتی دوای ئەوەی زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقیدا تێپەڕدەبێت و دوای دەیان كۆبوونەوەی چەندین كاتژمێری ئاشكراو نهێنی، پەرلەمانی عێراق تەنیا توانیویەتی لەهەڵبژاردنی سەرۆكێك بۆ خۆی و هەردوو جێگرەكەی و درووستكردنی لیژنەكاندا سەركەوتوو بێت، تاوەكو ئێستاش نەیتوانیوە حكوومەت درووستبكات و دۆخ و گرفتە سیاسییەكانی وڵاتیش ئاڵۆزتربووەو پەرلەمانیش كەوتووەتە بەردەمی رەخنەی زۆرینەی عێراقییەكان. بەپێی ماڵپەڕی ئەنجومەنی نوێنەرانیش لەو ماوەیەدا ئەم خولەی پەرلەمان تەنیا نۆ دانیشتنی فەرمی ئەنجامداوە جگە لە دوو دانیشتنی نائاسایی و كتوپڕ، هەر ئەمەش وایكردووە كەئەم دەزگا تەشریعییە لەبەر كەمی كارەكانیان بەرامبەر هاووڵاتیان و بەخشینی سودو بەرژەوەندییەكی زۆر بۆخۆیان بكەوێتە بەر رەخنە. بەپێی راپۆرتەكە هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران كەژمارەیان (329) كەسە، 6 ملیۆن و 400 هەزار دینار وەردەگرن، ئەمەجگە لەئیمتیازاتی تر كەنزیكدەبێتە لە 12 ملیۆن دینار. ئەحمەد تەها روبێعی پەرلەمانتار بەڕۆژنامەی سەباحی نیمچە رەسمی حكومەتی عێراق راگەیاندووە:" ئەركی سەرەكی پەرلەمانتار بەپێی دەستورو پەیڕەوی ناوخۆیی ئەنجومەنی چاودێری و یاسادانانە"، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئەو رێگرییانەی كەئێستا هەیەو وایكردووە كەدانیشتنەكان كەمببێتەوە مانای ئەوە نییە پەرلەمانتاران بەكاری خۆیان هەڵناسن و چاودێری دەزگاو دامەزراوە تەنفیزییەكان ناكەن، بەتایبەت زۆرینەیان دابەشی سەر لیژنەكان كراون و ژمارەیەكی زۆر لەهاوكارانی كارەكانی خۆیان ئەنجامدەدەن". هەر دەربارەی ئەو دۆخە حەیدەر سەلمانی چاودێری سیاسی دەڵێت: " لەگرنگترین ئەو خاڵانەی كەئێستا مایەی مشتومڕی كۆمەڵگای عێراقییە سودی ئەم پەرلەمانەیە لەبەرامبەر ئەو ئیمتیازاتە زۆرەی كە وەریدەگرن"، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات " ئەم خولی پێنجەمە هیچ شتێكی پێشكەشنەكردووە، دۆخی سیاسیی هەروەك خۆیەتی و ئاڵۆزە، ئەمە جگە لەدەستلەكاركێشانەوەو كشانەوەو داگیركردنی باڵەخانەی ئەنجومەنەكەش". ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت:" ئەندامانی پەرلەمان بۆ خزمەتگوزارییەكانی ماڵەكانیان پارەیەكی زۆر وەردەگرن، ئەمە جگە لەخەرجی و مەسروفاتی بەنزین و پاسەوان و میوانداری، بەپێی یاساش ئەگەر یەك ساڵیش پەرلەمانتاربن بەڕێژەی لەسەدا 80ی موچەكانیان خانەنشین دەكرێن". جەختیش لەوەدەكاتەوە: "ئەم پەرلەمانە ناچالاكترین پەرلەمانی جیهانەو ئەندامەكانیان وادەزانن دەركردنی بەیاننامەو درووستكردنی گرووپ چاتی وەتسئاپ چالاكیی گەورەیە". بەبڕوای بەشێك لەچاودێرانیش گرفتی سەرەكی ئەم خولەی پەرلەمان جێبەجێنەكردنی زۆرینە خاڵەكانی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانەو تائێستاش هیچ چاودێرییەكی راستەقینەو كاریگەر لەسەر كارەكانی پەرلەمان نییە. دەربارەی بوونی ئیمتیازاتێكی زۆریش بۆ ئەندامەكانی ئەنجومەن، چاودێران بڕوایان وایە شێوازی سیستەمەكە وایكردووە پەرلەمانتار ئەو هەموو ئیمتیازەی هەبێت و بەپێی یاسا دەركراوەكانی خولەكانی پێشووتر جێبەجێدەكرێت. بەپێی زانیارییەكانیش بودجەی ساڵانەی (سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران و پەرلەمانتاران و وەزیرەكان و پلەتایبەتەكان) و فەرمانبەران و پاسەوانەكانی هەرسێ دەزگا باڵاكەی عێراق زیاتر لە 308 ملیار دینارە، كەهەر بەتەنیا بودجەی پەرلەمانی عێراق بە(سەرۆك و جێگرەكان و پەرلەمانتاران و پلەتایبەتەكان و پاسەوان و فەرمانبەرەكانیەوە) زیاترە لە 229 ملیار دینار.

سەركۆ جەمال بەبۆنەی تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی شێركۆ بێكەسی شاعیر، مەراسیمێك بەبەشداری بەشێك لەكەسوكارەكەی و بەشێكی زۆری هونەرمەندان و كەسایەتییەكانی شاری سلێمانی لەهۆتێل گراند میلینیۆم بەڕێوەچوو، ئەوەش لەكاتێكدایە تائێستا بەشێك لەوەسیەتەكەی شێركۆ بێكەس جێبەجێنەكراوە كەئەوانیش خەڵاتی ساڵانەو كردنەوەی كافتریایەكە لەنزیكی گۆڕەكەی، بەڵام هەڵۆی كوڕی دەڵێت ماڵەكەی دەكرێتە مۆزەخانە. لەمەراسیمەكەدا چەندین وتارو چالاكی هونەری و رۆشنبیری پێشكەشكراو هۆنراوەكانی شێركۆ بێكەسیش بەشیكی دیكەی بەرنامەی كاری مەراسیمەكە بوو. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەوتارێكدا رایگەیاند: تەنیا بۆ یادی شێركۆ لێرە نین، یادی شارستانی و رەسەنی و نەمری و زیندوویی وشەی كوردی دەكەینەوە، یادی هەموو ئەدیبانی سەردەمی زێڕین و نوێ دەكەینەوە، شێركۆ توانی بڵێسە بێت بۆ مەشخەڵی شۆڕشی نوێ، زۆر كەس هەڵەی لێكدانەوەی كردووە بۆ نازناوی بێكەس، ئەو بنەماڵە بەڕێزە بۆ بێكەسی كورد نازناوی بێكەسیان هەڵگرتووە.‏ هەڵۆ شێركۆ بێكەس لەمەراسیمەكەدا چەند پارچە هەڵبەستێكی باوكی خوێندەوەو پاشانیش هونەرمەند پەیوەند جاف چەند تێكستێكی شێركۆ بێكەسی بەگۆرانی پێشكەشی ئامادەبووان كرد. هەڵۆ شێركۆ بێكەس سوپاسی ئەو كەسانەی كرد كەپشتیوان بوون لەیادكردنەوەكەو بەهاوڵاتی وت: "مژدەی كردنی ماڵەكەی شێركۆ بێكەس بەمۆزەخانە رادەگەیەنم كە لەداهاتوویەكی نزیكدا دەكرێتەوەو لەسەر ئەركی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بووە، سوپاسی تایبەتی كاك فاروقی مەلا مستەفاش دەكەم كە پەیكەری شێركۆ بێكەسی لەناوەندی رۆشنبیری دكتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ دروستكردووەو یەكەم كارە بۆ پرۆژەی مۆزەخانەی شێركۆ بێكەس". هەڵۆ شێركۆ بێكەس وتیشی: "ئەو یادانەی كەكراون دوو بەش بوون، رۆژی چواری مانگیش لەپاركی ئازادی یادەكە كرایەوە، دەبێت ئەم بۆنانە بكرێن بەساڵانە و قسە لەسەر دیوە شاراوەكانی ژیانی شێركۆ بێكەس بكرێت". هونەرمەند پەیوەند جاف بەهاوڵاتی وت: "بڕیارمانداوە هەموو ساڵێك یادی شێركۆ بێكەس بكەینەوە، سەبارەت بەخەڵاتیش دەبێت حكومەت ئەو بڕیارە بدات و خەڵات دابنرێت بەناوی شێركۆ بێكەسەوە، ئەو مەراسیمەی ئەمڕۆ ساڵی نۆیەمەو هەر جارەو كۆمەڵێك شاعیرو هونەرمەندو كەسایەتی بەشداری تێدا دەكەن"، وتیشی: "پاش نەمانی شێركۆ بێكەس شیعر بەرەو كزی چووە". شێركۆ بێكەس كوڕی شاعیری ناوداری كورد فایەق بێكەس، یەكێكە لەدامەزرێنەرانی قوتابخانەی شیعری نوێی كوردی، خاوەنی چەندین دیوان و نامیلكەی شیعرییە، شیعرەكانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕدراون. شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس، لەدنیای ئەدەبی كوردیدا بەپایەیەكی بەهێزی نوێكردنەوەی شیعری كوردی دادەنرێت، ئەو جگە لەوەی چەندین شیعری نیشتیمانی و ئەوینداری نووسیوە، هاوكات وەك فەرهەنگێكی دەوڵەمەند وابووە بۆ زمانی كوردی. شێركۆ بێكەس خاوەنی پتر لە 30 كتێبی شیعرییە، بەشێك لەشیعرەكانی وەرگێڕاون بۆ زمانەكانی عەرەبی‌و توركی‌و فارسی ‌و ئینگلیزی‌و سویدی‌و دانیماركی ‌و فەرەنسی‌و ئیتاڵی ‌و ئەڵمانی‌و هەنگاری. وەسیەتنامەكەی شێركۆ بێكەس من نامەوێت لەهیچ كام لەگردو گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبوونەتەوە و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بەقەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم رێگەم پێبداو ئەوەم پێ رەوا ببینن كە لەپاركی ئازادیداو بەتەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەهیدانی 1963ی سلێمانییەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترەو تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بەمردووییش نزیكی ئەو خەڵكەو ژن و پیاوی شارەكەم و دەنگی مۆسیقاو گۆرانی و هەڵپەڕكێ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم. با كتێبخانەكەم و دیوانەكانم و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێنی مەزارەكەم، با كافتریایەك و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆ ئەوەی شاعیران و نووسەران و كچ و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لەئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان و ئەڵڵا وەیسییەكەی مەردان و سروودی خوایە وەتەن ئاواكەیەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لەپرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی «بێكەس»ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخانبكرێ و بدرێت بەجوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ئەو ساڵەو خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كەجێیدەهێڵم. سەبارەت بەوەسیەتنامەكەی شێركۆ بێكەس هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە زەردەشت رەفیق وتەبێژی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی، باسی لەوەكرد ئەوەی لەسەر شارەوانی بووە جێبەجێیان كردووە، ئەوی دیكەش پەیوەندی بەحكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.  

هاوڵاتی  ناو بەناو لەهەرێمی كوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەبەشێك لەشارو شارۆچكەكاندا روودەدات و دەسەڵاتیش تەنها بە رێگای توندوتیژی وەڵامدەداتەوە، جگە لەدەستگیركردن و برینداركردنی خۆپیشاندەران، هەندێکجاریش كوژراویشی لێدەكەوێتەوە، هەر بەو هۆیەشەوە تائێستا ژمارەیەكی زۆر لەخۆپیشاندەر لەشارە جیاوازەكاندا بەگولەی هێزە ئەمنییەكان كوژراون و بكوژەكانیش دادگایی نەكراون. بەبڕوای بەشێك لەچاودێران دۆخی خراپی ئابووری و ناسەقامگیری سیاسی و گەندەڵی و مەحسوبییەت و خراپ دابەشكردنی داهات و دزی و ناشەفافی هۆكاری سەرەكی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانن كە بەتوندوتیژی كۆتاییان پێهێنراوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەشێكی زۆری ئەو خۆپیشاندانانەی كە بەسەركوتكردن كۆتایی هاتوون مانای ئەوەیان نەگەیاندووە كەوا ناڕەزایەتییەكان كۆتاییان پێهاتبێت، بەڵكو بەجۆرێكی دیكەو لەشوێنێكی دیكە و لەكاتێكی دیكەدا سەریانهەڵداوەتەوە. مەریوان وریا قانیع نوسەرو لێكۆڵەری كورد بڕوای وایە دەشێت ئەوانەی بانگەشەی خۆپیشاندان دەكەن گۆڕانیان بەسەردابێت، ئەمڕۆ ئەلف بێت و سبەینێ بێ، بەڵام ئەو دۆخە بونیادیی و نائینسانییەی كە بوونەوەری ناڕازیی و توڕە بەرهەم دەهێنێت، نەگۆڕەو بەردەوامی هەیە. مەریوان وریا قانیع لەوتارێكدا دەنوسێت: "خۆپیشاندان دیاردەیەكی بایۆلۆژیی نییە، بەڵكو دیاردەیەكی سیاسییە، ئەوەی خەڵك والێدەكات ناڕازیبن و رێگای جیاواز بۆ نیشاندان و دەرخستنی ئەو ناڕەزایەتییە بدۆزنەوە، پاڵنەری بایۆلۆژیی و غەریزیی نییە، بەڵكو پاڵنەری سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییە"، ئاماژە بەوەشدەكات:"ئەم دۆخە تاریكە بەئاستێك گەیشتوە زیاد لە ٧٠ لەسەدی خەڵك بەشداری دەنگدانەكان نەكەن، كەی بۆیان بلوێت و بوێرن بچنە سەر شەقام، سەدام حسێنیان لێببێت بەڕزگاركەر و بەكەسێكی بزانن سەدانجار لەحوكمڕانانی ئەمڕۆ باشتر". هاوكات عەبدوڵای مەلا نوری پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان لەوتارێكدا دەڵێت "لەهەرێمی كوردستان دوو رێگا هەیە لەبەردەم خۆپیشاندەران كە ئەوانیش یەكەم رێگای ناتوندوتیژی ئەوەیە خۆپیشاندەران رێگای خەباتی مەدەنی دەگرنەبەر بەشێوەیەكی رێكخراوو فراوان، بەردەوام دەبن تا دەگەنە ئەنجام، دووەمیش رێگای توندوتیژی، لەم جۆرەیدا دیسان خەڵك رێگای خەباتی مەدەنی و ئاشتیانە دەگرێتە بەرو، وردە وردە ناڕەزاییەكان فراوان و رێكخراو دەكەن، بەڵام ئەوكاتەی دەسەڵات گوێ ناگرێ، ئیدی رابەرو خەڵك پێكەوە بڕیاری خەباتی توندوتیژی دەدەن ئەم رێگایەش ماندێلاو گەلەكەی گرتیانەبەرو سەركەوتن". هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە لەهەرێمی كوردستان كاتێك هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكان خەڵكی دەنێرنە سەر شەقامەكان بەپێچەوانەی هێزەكانی عێراقەوە هیچ هێزێك یاخود بەربەستێكیان نییە تا خۆپیشاندەران بپارێزن و هەمیشە لەسەر شەقامەكان بەتەنیا بەجێیاندەهێڵن و ئەمەش وایكردووە ژمارەی قوربانییەكانیان هەمیشە زیاتر بێت و دەسەڵات گوێ بەفشارەكان نەدات. بەبڕوای بەشێك لەچاودێرانیش ئەوەی دیمەنە گشتییەكەی ناشیرینتر كردووە لەهەر خۆپیشاندانێكدا كە لەهەرێمی كوردستان روودەدات، دەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەرانە بەبێ هیچ فەرمانێكی دەستگیركردن جا چ لەپێش خۆپیشاندانەكانەوە بێت یاخود دوای خۆپیشاندانەكان و هێشتنەوەیانە بۆ ماوەیەكی زۆر. لەتیف شێخ مستەفا پسپۆڕی یاسایی بڕوای وایە دەبێت دادوەرانیش رۆڵیان هەبێ لەسەر دەستگیركردنی خۆپیشاندەران، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات:" ئەگەر بەبێ فەرمانی ئەوان دەستگیردەكرێن ئەوا رازی نەبن و قبوڵی نەكەن ‌و هەڵوێستیان هەبێ، ئەگەر بەبڕیاری ئەوانیش وەرگیراون بۆ دەستگیركردنیان ئەوا بەزووترین كات ئازادیان بكەن. خەڵك بۆ گۆڕانكاری لەم شێوازە حكومڕانیەی هەرێمی كوردستان كە پێویستە گۆڕانكاری تێدا بكرێت، دوو رێگای لەبەردەمدایە یان شۆڕشی چەكداری یان گرتنەبەری رێگای مەدەنی، مێژوو نیشانیداوە شۆڕشی چەكداری تەنها خاپوركردن و كوشتاری زۆرو پارچەپارچەبوونی وڵاتی بەدواوەوە بوەو لەباشترین حاڵەتیشدا سیستمێكی تر جێكەوتكراوە كە لەوەی پێشخۆی باشتر نەبووە، كەوابێت دەبێ رێگای دووەم شا رێگا بێت، بەڵام  گوێنەگرتن بۆ داواكاری و ناڕەزاییەكانی هاووڵاتیان و بەكارهێانی رێگای توندوتیژی لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاكامی باشی لێ چاوەڕوان ناكرێت.  

 هاوڵاتی تادێت دیمەنی ئاڵۆزی و نائارامی سیاسی لەعێراقدا لێڵتر دەبێت و ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ و پەرلەمان و تەواوی دامەزراوە دەستوورییەكانی دیكە قوڵتر دەبێتەوە و بەرەو تونێلێك هەنگاو دەنێت كە ئەوسەری دیار نەبێت، تەنانەت هەر بەتەنیا لەسنورێكی دیاریكراودا رانەوەستاوە، بەڵكو درێژبووەتەوە  بۆ ناو كۆی كایە سیاسییەكانی ئێستای حوكمڕانی. هەرچەندە لەچەندڕۆژی رابردوودا جێنین پلاسخارت بەناوی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە لەگەڵ زۆرینەی سەركردە سیاسییەكانی عێراقدا كۆبوەوەو هەوڵیدا دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەری ناكۆكییەكان بەئەنجام بگەیەنێت، بەڵام وادیارە ناكۆكییەكان لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی چوارچێوەی حوكمڕانی و سیاسی و دەستووری ئەوەندە قوڵبێت كە بەئاسانی هیچ لایەنێك نەتوانێت سازشی لەسەر بكات، بەتایبەت كە لەئێستادا سەدر داوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی پەرلەمان دەكات و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش هەرچەندە بەئاشكراو راستەوخۆ دژی ئەو بۆچوونە نەوەستاونەتەوە بەڵام مەرجی وا سەختیان داناوە كەجارێكی تر عێراقی گەڕاندووەتەوە بۆ خاڵی سفر و چوارچێوەی سەرەتای پرۆسەی سیاسی لەساڵی 2003. ئەمە لەكاتێكدایە هەندێك لایەن هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەچارەسەرێكی سیحری دەزانن بۆ دۆخی عێراق، بەڵام ئەو پرسیارەی كە لێرەدا سەرهەڵدەدات ئەوەیە ئایا دووبارە ئەنجامدانەوەی نمایشەكە هەمان دەرئەنجامی نییە؟ ئایا حزب و لایەنێك بەتەنیا دەتوانێت زۆرینەی كورسییەكان بباتەوەو حكومەت دروستبكات؟. بەڵام ئایا شێوازەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە چۆن دەبێت؟! لەكاتێكدا دۆخی عێراق ئێستا لەسەر لێواری تەقینەوەدایەو 10 مانگ نابێت هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی دیكە ئەنجامدراوە. سازدانی هەر هەڵبژاردنێكی نوێ لەعێراق بەر لەهەموو شێك پێویستی بەهەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانە، كەئەمەش پێویستی بەدانیشتنی پەرلەمانی هەیەو لەئێستادا بەهۆی پەكخستنی دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە ئەمە قورسە. لەدەستوری عێراقیشدا بەپێی ماددەی (64)ی تەنیا دوو رێگەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دیاریكردووە: رێگای یەكەم: یەك لەسەرسێی ئەندامانی پەرلەمان واتە لەكۆی (329) ئەندام (110) ئەندام نووسراوێك پێشكەش بكەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن و پەرلەمان بەزۆرینەی رەها واتە (50+1)ی دەنگی ئەندامەكانی داواكارییەكە پەسەندبكات. بەگوێرەی ئەم رێگا دەستورییە دوای پێشكەشكردنی داواكاری، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی (165) ئەندامی پەرلەمان هەیە لەكۆی (329) ئەندام. رێگای دووەم: سەرۆكوەزیران بەڕەزامەندی سەرۆك كۆمار داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات. ئەم رێگایەش لەئێستادا ناتوانرێت پەنای بۆ ببرێت چونكە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار هەردووكیان  لەئێستادا كاربەڕێكەرن و لەبەردەم خولی ئێستای پەرلەماندا هەڵنەبژێردراون و ناتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن. ئەمیر دەعمی پسپۆڕی یاسایی عێراقی لەلێدوانێكیدا بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) دەڵێت:" هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەپێی میكانیزمی پێشكەشكردنی داواكاری لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بۆ سەرۆك كۆمار نادروستە، چونكە سەرۆك كۆمار لەلایەن پەرلەمانی ئێستاوە هەڵنەبژێردراوە‌و سەرۆك وەزیرانیش ویلایەتەكەی تەواو بووە، بۆیە ناكرێت بودجە بۆ حكومەت تەرخانبكرێت بەمەبەستی سازدانی هەڵبژاردن". ئەو پسپۆڕە یاساییە جەخت لەوەدەكاتەوە:  "كە تاكە رێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتە بۆ ماوەیەكی كاتی دیاریكراو، تاوەكو شەرعیەت وەربگرێت بەئاڕاستەی تەرخانكردنی بودجە بۆ سازدانی هەڵبژاردن". لەبارەی دادگای فیدڕاڵیشەوە ئەو پسپۆڕە پێی وایە" دادگای فیدراڵی جەختی لەسەر ئەوە كردووە كەحكومەتە كاربەڕێكەرەكان ناتوانن ئەو بڕیارانە بدەن كە رەهەندی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتییان هەیە، واتە بەپێی ئەم میكانیزمە ناتوانرێت پەرلەمان هەڵوەشێندرێتەوە". واشدەردەكەوێت بەم نزیكانە ئەوسەری تونێلەكەی دۆخی عێراق دیارنەبێت و هەموو دەستپێشخەری و چارەسەرە سیاسییەكان بەهۆی ناڕازیبوونی لایەنەكانەوە لەبازنەیەكی بۆشدا بخولێنەوە و دووبارە بگەڕێینەوە چوارچێوەی یەكەم.

هاوڵاتی یەكێتی و پارتی بەرەوامن لە دامەزراندنی نوێ‌ و زياتركردنى  هێزەكانی حەفتاو هەشتاو ئەمریكاو و هاوپەیمانانیش پێشنیازی هەردوو حزبەكە بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە رەتدەكەنەوەو هۆشداری دەدەن لە راگرتنی یارمەتیەكانیان ئەگەر پڕۆسەی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەكی باش نەچێتە پێشەوە. وەزارەتی پێشمەرگە جارێكی تر یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 دەخاتەوە بەرباس،و باسكردنی ئەم پرسە لە كاتێكدایە لەسەرەتای دروستبونی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمەوە بە یاسا و رێنمایی و فەرمانی پەرلەمانی و حیزبی و حكومی قسەی لێدەكرێت و دوای 30 ساڵ ئەم هێزە هەر یەكنەخراوەتەوەو هێزێكی پێشمەرگەی دەوڵەتی دروستنەكراوە، بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: « لە قۆناغی ئێستاشدا من هیچ ئومێدێكم بە پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نیەو هەردوو حزبەكە نیەتیان نیە هێزی پێشمەرگە بگوازنەوە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە».  لە ماوەی هەفتەی رابردوودا وەفدێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم سەردانی هەردوو وڵاتی بەریتانیاو ئەمریكای كرد، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە ئەمریكا رایگەیاند: «ئەمریكییەكان بە راشكاوانە پێیان وتووین، ئەگەر پڕۆسەی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەكی باش نەچێتە پێشەوە، هاوكاری و پشتیوانییەكانیان رادەگرن»، و وتیشی: «ئەمریكیەكان پێیان وتین پێویستە هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە هەنگاوی گەورەو فراوانتری بەدوادا بێت». بەرپرسێك لە وەزارەتی پێشمەرگە كە نەویست ناوی بهێنرێت بە رۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» هاوپەیمانان بە تایبەتی ئەمریكا ئەمە یەكەمجار نیە هۆشداری دەدەن كە هێزی پێشمەرگە یەكبخرێتەوەو پەلەی تێدا بكرێت ئەگەرنا هاوكاری و یارمەتییەكانیان رادەگرن»،و وتیشی: «كێشەی یەكنەخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نەبوونی ئیرادەی سیاسییە و خودی هێزەكانی 70 و 80 وەكو هێزی سەربازی گرفت نین». جەبار یاوەر فەریقی یەكەمی خانەنشین و ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوڵاتی رایگەیاند:» ئێستا حزبەكان بیرورای جیاوازیات هەیە لەسەر یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە»، و وتیشی: «یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەستراوەتەوە بەیەكخستنی هەموو بواركانی پەیوەست بە بەرژوەندییە باڵاكانی نیشتمان و نەتەوە لە هەرێمی كوردستان، ئەم پرسەش تەنها كێشەی گەورەی هەرێم نیە، ئەبی هەموو حزبە سیاسیەكانی كوردستان یەك بیروباوەڕیان هەبێت لەسەر كۆمەڵێك هێڵی گشتی، دەربارەی حكومڕانی و ئەمنیەت و ئاسایش و دەرباری ئابوری و پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان، ئەگەر بیروباوەڕیان لەسەر ئەم بابەتانە یەكنەخەن یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە زۆر زەحمەت ئەبێت». هاوكات رزگار محەمەد مەحمود بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی یەكخستنەوەی هێەكانی پێشمەرگە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» هەردوو حزبەكە نیەتیان نیە هێزەكانیان بگوازنەوە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و لەسەر ئاستی باڵای نایانەوێت ئەم هێزانە لە ژێر فەرمانی خۆیان دەربچێت چونكە ئەم هێزانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و ململانێی سیاسی بەكاریان دەهێنن». وتیشی:»یەكێتی و پارتی دەیانەوێت هێزەكانی 70 و 80 وەكو خۆیان بمێننەوە، بەڵام بەناو بیخەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە ئەمەش لە پێناو ئەوەی یارمەتی هێزەكانی هاوپەیمانان بیانگرێتەوە، بەڵام هێزەكانی هاوپەیمانیان دەیانەوێت هێزەكانی حەفتاو 80 بەتەواوی بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگەو هیچ هێزێك بەوو دوو ناوە نەمێنێتەوە، ئەو كاتە ئامادەن یارمەتیان بدەن». شارەزایەكی بواری سەربازی سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، كە پێی باش بوو ناوی نەهێنین بە هاوڵاتی وت:»  ساڵی 2010   ئەمریكا پێش كشانەوەی هێزەكانی لەعێراق نوێنەریان ناردە لای هەردوو حیزب و تكاشیان لێكردن و وتیان: سەد هەزار گەنج و ئەفسەر و پلەداری ئەكادیمی ئامادە بكەن، لەماوەی شەش مانگدا، ئێمە هێزێكی پڕچەكی مۆدێرنتان بۆ پارێزگاری هەرێم بەناوی هێزی پێشمەرگەوە بۆ رادەهێنین و پێش كشانەوەی ئێمە شوێنی هێزەكانی ئێمە بگرێتەوە و لەهەندێ حاڵەتدا ئەتوانێ عێراقیش بپارێزێت، تەنانەت وتیان هێزی ئەمریكا چ جۆرە چەكێكی قورس و سوك بەكاردەهێنێت ئەو هێزەش هەمان شت، هەمو خەریجیەكیشی لەسەر ئێمە، وتیشی» هەمو مەرجەكەیان ئەوەبو (جگە لە پۆلیس و ئاسایش لەدەرەوەی ئەو هێزە چەكداریتر نەمێنێت)».  ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: وێڕای هەمو ئەو فشارانەی خەڵك و حیزبە ئۆپزسیۆنەكان فشارێكی جدی هێزە هاوپەیمانەكانیش هەبووە بۆ دروستكردنی هێزێكی یەكگرتوی مۆدێرنی پێشمەرگە ! بەو مەبەستەش ئەمریكاییەكان لە عێراقدا چەند جارێك بەڵێنی (یارمەتیدان ، رێكخستن و پڕچەككردن، مەشق )یشیان پێداون! بەڵام ئەو ئیرادەیەكی حزبی هەیە وایكردوە  پارتی و یەكێتی هیچ گوێ بە مەسەلەی بەرژەوەندی نەتەوە و خاك و نیشتیمان نەدەن و بە مانەوە و پارێزگاریكردن لە حیزب بیگۆڕنەوە». ئەو سەرچاوەیە وتیشی:»  ئێستا  هاوپەیمانان بەجۆرێكیتر لەهەوڵی یەكخستنەوە و دروستكردنی ئەو هێزەدان  كە بەحوكمی   لاسەنگی بڵانسی هێزی جەماوەری! مەرجەكانی پارتی قبوڵكراوە و پارتی كاری جدی بۆ دەكات! لەبەرمبەردا هەندێك بەرپرس و ناوەندی یەكێتی پشتیوانی دەكەن و ئەوانەشی نایانەوێت و بەمەترسی دەزانن  ناتوانن دەنگ هەڵبڕن بەڵام ژێربەژێر  كۆسپ و تەگەرەی بۆ دروستدەكەن». بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان هەر لەو لێدوانەیدا بۆ هاوڵاتی رایگەیاند:» پارتی و یەكێتی بەردەوامن لە دامەزران بۆ هێزەكانی 70 و 80  و ئەوەندەی گرنگی بەم دوو هێزە ئەدەن گرنگی بە هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە نادرێت، ئەگەر هاوپەیمانان نەبێت بە دڵنیاییەوە بێچەكترین و بێ پێدایستتیرین هێزی سەربازی هێزەكانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە دەبن». بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی،» لە كۆبونەوەیەكی سەركردایەتی یەكێتیدا باس لەوەكراوە كە پارتی بەناوی پاراستنی كێڵگەی نەوتی و بەناوی پاراستنی بارەگاكانی لە زۆنی سەوز هێزی دروستكردووەو هێز دەنێرێت، لەبەرامبەر ئەوەشدا یەكێتی بڕیاریداوە بەناوی پاراستنی بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر هێز دروست بكات و  باسی لەوەشكردووە كە بە زەبری هێز پشكی خۆمان لە حكومەت دیاری دەكەین». بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگەرگە دەڵێت:» من تێبینیم لەسەر لیوا هاوبەشەكانیش هەیە، ئەو لیوایانەش كە یەكخراوەنەتەوە بەراستی هێزێكی دەوڵەتی بێلایەن نین، بۆ نمونە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بینیمان هەر ئەو لیوایانەی رێكخرابون هەریەكەیان بۆلای حزبەكەی خۆی گەڕایەوە». بەپێی ئاماری ناڕەسمی یەكەی 70ی یەكێتی 56 هەزار پێشمەرگەیە و  یەكەی 80ی پارتی ژمارەیان 60 هەزار پێشمەرگەیەو هێزەكانی زێرەڤانی پارتی ژمارەیان 54 هەزار‌و بەرگری‌و فریاكەوتنی یەكێتی 26 هەزارە، ئەم هێزانە تائێستا بەهێزی یەكێتی‌و پارتی ناسراون‌و موچەش لە حكومەتەوە وەردەگرن، هێزەكانی سەربە وەزارەتی پێشمەگەش نزیكەی 48 هەزار پێشمەگە دەبن. لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی دژ بە “داعش”، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (19) لە 23ی تەموزی 2014دا سەبارەت بەهێزی پێشمەرگە (21) بڕیاری دەركرد، هەر لە ساڵی 2014 و لە رۆژی 14ی كانونی یەكەم مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێم، بڕیارێكی حەوت خاڵی دەركرد بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڵام تەنها یەك خاڵی بڕیارەش جێبەجێنەكرا. فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم لە زاری فەرمان فەرهاد جێگری بەڕێوەبەری میرە بڵاویكردەوە:» بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرجەم هێزەكانی 70 و 80 بخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە». چاودێرێكی سیاسی سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە رایگەیاند:» هەردوو هێزەكە پێیان وایە مانەوەیان و سەنگ و پێگەیان بەندە بە هێزە چەكدارەكانیانەوە، ئەو پرەنسیپە وایكرد پێكهاتەی ئەو هێزانە بۆ مەترسی لەسەر كۆمەڵگە و تەنانەت حكومەت و خودی ناوخۆی حیزبەكان هەنگاوبنێ بە دروستكردنی هێزی شەخسی و خانەوادەیی لەناو خودی هێزەكاندا و بەهەمان ئەوچەك و هاوكارییە مادی و لۆجستیەی كە لەحكومەت و هاوپەیمانە بیانیەكانەوە دابین دەكرێت». وتیشی: «ویست و داوای یەكخستنەوەی پێشمەرگە ئەوەندەی دیاردەیەكی ئیعلامی و بانگەشە و مزایەدە بووە ئەوەندە كردار و جێبەجێكردنی بڕیار نەبوە ، بۆیە ئەو داوا و بانگەشەیە لەهەر قۆناغێكدا، بەپێی سەنگ و باڵانسی هێزی ئەو دوو حیزبە لەناو پەرلەمان و جەماوەردا گۆڕاوە لە یەكێكیانەوە بۆ ئەویتریان، بۆنمونە كاتێك لەدوای ساڵی 2005 هەردوو ئیدارەكەی هەولێر و سلێمانی یەكیگرتەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ژمارەی دەنگەكانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر زیاتر بوو ، بۆیە ئەم داوا و بانگەشەیەی یەكێتی بەهێز و جدیتر بوو  بەپێچەوانەوە پارتی نەیدەویست و بەمەترسی لەسەر خۆی دەزانی، دوای پێنج ساڵ كە یەكێتی دەنگ و سەنگی جەماوەری بەڕادەیەكی زۆر كەمیكرد ئیتر  خواستەكە پێچەوانە بوەوە». جەبار یاوەر هەر لەو لێدوانەیدا بۆ هاوڵاتی وتی: «هەتا هێزی پێشمەرگەو هەموو هێزەكانی هەرێم بە هێزەكانی ئاسایش و هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن و زێرەڤانی هێزەكانی دژەتیرۆر یەك نەخەین و  بەدەست حزبی سیاسیەوە بێت هەركاتێك ململانێ‌ لەنێوان حزبە سیاسیەكان دروست ببێ‌ زۆر ترسناكە كە حزبەكان پەنابەرەن بۆ ئەو هێزانە بۆ یەكلاییكردنەوەی ململانێكانیان، لەبەر ئەوە ئەگەر بمانەوێ‌ مەترسی پێكدادانی ناوخۆیی دورخەینەوە ئەبی هێزی پێشمەرگەو هەموو هێزەكان بێلایەن كەین و بۆ بەرژوەندی هیچ حزبێكی سیاسی كارنەكەن تەنها بۆ بەرژوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی كار بكەن». دۆخی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان و نەبوونی متمانە لە نێوان هێزە سیاسیەكان بەتایبەتی لە نێوان یەكێتی و پارتی وایكردووە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بە قورس و زۆرجاریش بە ئاستەم سەیربكرێت، هێشتا هێزە سیاسیەكان ئەو متمانەیەیان بەیەك نیە لە ململانێ‌ سیاسیەكانیاندا نەگەڕێنەوە بۆ بەكارهێنانی هێز، جیا لە دەرەوەی حزبەكان، رووداوەكانی رابردوو شایەدی دەدەن تەنانەت لە ململانێی باڵە جیاوازەكانی ناو حزبیشدا پەنا براوەتە بەر هێزی چەكدار بۆ یەكلایی كردنەوەی ململانێكان.

سەركۆ جەمال ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە 53 زیندانی لەچاكسازی گەورانی هەولێر كە 10یان سزادراوانی بادینان و شیلادزێن، لەبەرامبەر ئەوەی بڕیاری ئازادكردنیان بۆ دەركراوە بەڵام  تائێستا ئازاد نەكراون، دەستیان بەمانگرتن لەخواردن كردووە، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت دۆخی دەستگیركراوە مانگرتوەكان باشەو لەهەوڵەكانیشیان بەردەوامن بۆ ئازادكردنیان، پارێزەری گیراوانی بادینان ئاشكرایدەكات ئازادكردنی پێنج گیراوی بادینان جارێكی دیكە بەپاساوی تەواونەبوونی رێكارەكانیان دواخراوە. بەشدار حەسەن پارێزەری گیراوانی بادینان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەداخەوە هەواڵی دڵخۆشكەر نییە، یەك مانگە ئیدارەی زیندان بەبیانووی تەواونەبوونی پەنجەمۆرو راپۆرتی توێژەری كۆمەڵایەتی ئازادكردنی ئەو پێنج كەسە راگیراوە، لەكاتێكدا داواكاری گشتی داوای ئازادكردنی كردوون، ئەوانەی شیلادزێ پێنج كەسن كە دەبوو دوێنێ‌ سێشەممە 9-8-2022ئازاد بكرێن». پارێزەری گیراوانی بادینان وتیشی :»ئەو گیراوانەی شیلادزێ كە دەبوو ئازاد بكرێن هەریەك لە یوسف شەریف لەدایكبووی 2001 و مەحمود نادر لەدایكبووی 1996 و كۆڤان تاریق لەدایكبووی 1996 و ئەمجەد یوسف رێكانی لەدایكبووی 1989 و نێچیرڤان بەدیع لەدایكبووی 1993 ە». بەوتەی بەشدار حەسەن «ئەوانەی زیندانیكراوی بادینانن ژمارەیان 10 كەسە كەچالاكوان و رۆژنامەنووسن و كۆی گشتی ئەوانەشی لەچاكسازی گەورانی هەولێرن ژمارەیان 53 كەسن، ئەوانەی ئازادكردنی بەمەرج دەیانگرێتەوە 19 كەسە، هیچ وادەیەكیش دیارینەكراوە بۆ ئازادكردنیان». سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ: دۆخی زیندانیان باشە مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»سەبارەت بە زیندانیانی بادینان هەموویانم بینی دوو هەفتەیە لەسەر یەك سەردانیان دەكەم جگە لە تیمەكانی دەستە كە هەموو كاتێك سەردانیان دەكەن، بەڵام خۆم دووجار چووم و ویستم بزانم بەردەوامن لەمانگرتن یاخود نا، بینیم هەموو ئەو كەسانە ئاو و شەربەت و شیر دەخۆن بەڵام نان ناخۆن و مانیان گرتووە، وتیشیان تا بڕیاری ئازادكردنمان بەمەرج دەرنەچێت ئێمە ماندەگرین». سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ وتیشی:»دۆخی تەندروستییان باش بوو ئەوەی كە نەخۆش بووە یاخود فشاری دابەزیبوو بردوویانن بۆ نەخۆشخانە و چارەسەریان وەرگرتووە. بەوتەی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم «ئاگاداری ئەوە نیە هیچ كەسێك لەهەرێم بەبێ دادگایی دەستگیركرابێت، بەڵام ئەگەر كەسێك بەبێ بەڵگە گیرابێت و دواتر ئازاد بكرێت دەبێت بەپێی یاسا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بگرێتەوە». كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بڕیاربوو رۆژی سێشەممە 9-8-2022 داواكاری گشتی هەولێر رای خۆی بڵێ و دۆسیەكە بگوازرێتەوە بۆلای، بەڵام بەبیانووی ئەوەی رێكارەكان تەواونەبووە، بڕیارە رۆژی چوارشەممە 10-8-2022 بچێتە بەردەم دادوەری زیندانی چاكسازی گەوران و دۆسیەكەیان بجوڵێت». وتیشی:»بەدەر لە دەستگیركراوانی بادینان و چاكسازی گەورانی هەولێر، چەندین كەسی تر دەستگیركراون كە لەزیندانەكانی ئاسایشی سنوری هەولێرو دهۆكن و ژمارەیان 11 كەسە، ئەوان لە 2021 ەوە بێ دادگایی كردن دەستگیركراون «. ئەو ئەندامەی رێكخراوی سی پی تی ئەوەشی ئاشكراكرد :» چەندین كەس لەشارەكانی سلێمانی و هەولێرو دهۆك كە پەیوەندی بەناكۆكی سیاسی نێوان حزبەكانەوە هەیە بێ دادگایی كردن دەستگیركراون ، كەسی وای تێدایە سێ بۆ چوار ساڵە لەزیندانەو كەسی واش هەیە 10 ساڵە لەزیندانە و دادگایی نەكراوە، كە ژمارەیان بە هەموویان 20 كەسە». ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە 53 زیندانی لەچاكسازی گەورانی هەولێر كە 10یان سزادراوانی بادینان و شیلادزێن، دەستیان بەمانگرتن لەخواردن كردووە، پاش ئەوەی دادگای هەولێر بڕیاری ئازادكردنی بەشێك لە دەستگیركراوانی بادینانی دەركردو بەپێی بریارەكە دەبوایە یەكەم رۆژی جەژنی قوربانی رابردوو ئازاد بكرێن، بەڵام بڕیارەكە راگیراوە، لە بەرامبەردا لەڕۆژی 22ی تەمموزەوە ئەو گیراوانە مانیان لەخواردن گرتووە.

هاوڵاتی لەبەشی یەكەمی ئەم بابەتەدا بەئامارو وردەكارییەوە باسی بەشێك لەكۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەباكوری كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە كرا. لەم بەشەدا باس لەكۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەباشووری كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دەكرێت.   كۆمەڵكوژیەكانی توركیا لەباشووری كوردستان دەوڵەتی توركیا لەگەڵ ئۆپراسیۆنەكانی بۆ «دەرەوەی سنوور»و بۆردومان و تۆپبارانەكانیداو هاوكات لەگەڵ هێرشكردنە سەر گەریلاكانی پەكەكە، هاووڵاتیانی مەدەنیشی كردووەتە ئامانج و كۆمەڵكوژی كردوون. كۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەلایەن سوپای توركیاوە بەشێوەیەكی زۆر روون و ئاشكرا و بەبەرچاوی هەموو جیهان، ناتۆ، نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمریكاو روسیاوە ئەنجامدراون. جگە لەهەندێك لێدوان، یان راگەیاندراو لەلایەن هیچ یەك لەناوەندە سیاسی و سەربازییە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی زلهێزو كاریگەرەكانی سیاسەتی جیهانی هیچ كارێك نەكراوە بۆ رێگریكردن لەتوركیا بۆ ئەوەی كۆتایی بەكوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی بهێنێت. نەك رێگری لەتوركیا نەكراوە، بەڵكو لەڕووی سەربازیی، میدیایی، سیاسی و ئابوورییەوە پشتیوانی لەدەوڵەتی توركیاو سیاسەتەكانی كراوە. رێككەوتننامەی لەگەڵ ئیمزا كراوەو ئاسانكاریی بۆ كراوەو چرای سەوزی بۆ بەكارهێنانی زەوی و ئاسمان بۆ هەڵكراوە. ئەوەش وایكردووە توركیا بێباكانە بەربێتە گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و یەك لەدوای یەك كۆمەڵكوژی ئەنجام بدات. توركیا لەساڵی ١٩٨٣ەوە تاوەكو ئێستا هێرش و ئۆپراسیۆن بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان ئەنجام دەدات. بەگشتی تاوەكو ئێستا ٣٢ ئۆپراسیۆنی گەورە و فەرمیی بۆ سەر باشووری كوردستان ئەنجامداوە لەگەڵ سەدان هەزار بۆردومان و تۆپبارانكردنی خاك و گوندو رەزو رەوەند و خەڵكی باشووری كوردستان. توركیا لەمانگی ئابی ١٩٨٦ و لەسێیەم ئۆپراسیۆنی بۆ دەرەوەی سنوور، لەخواكورك لەیەك كاتدا هێرشی كردەسەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و پارتی، لەو هێرشەدا زیاتر لە ١٠٠ پێشمەرگەی پارتی شەهید بوون. ئەو گورزە وای لەپارتی كرد، كە سیاسەتی چوونە ئامێزی توركیا بگرێتە بەر و لەوكاتەوە هاوكارو هاوبەشی توركیا بووە لەئۆپراسیۆنەكانیدا بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە لەخاكی باشووری كوردستاندا. لەبەر ئەوەش بەشێك لەكوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی بەهاوكاریی پارتی ئەنجامدراون.   جەنەڕاڵ ئیسماعیل مەتین تەمەل بەجامانە و كەواو پانتۆڵی پێشمەرگەوە جەنەڕاڵ ئیسماعیل مەتین تەمەل بەهۆی چەپەڵە زۆرەكانی بۆ ئەردۆغان و پشتیوانیكردنی لەهەڵبژاردنی ئەردۆغان بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار لەساڵی ٢٠١٨دا زومی كامێراكانی لەسەر بوو، بۆیە یەكێك لە گرنگترین دۆسیەكانی ئەو جەنەڕاڵە لەلایەن موحەڕەم ئینجە پاڵێوراوی جەهەپە ئاشكراكرا. ئەویش بڵاوكردنەوەی  ژمارەیەك وێنەی ئەو جەنەڕاڵە بوو بەجامانەو جلوبەرگی پێشمەرگەوە، كە مێژووی وێنەكان دەگەڕانەوە بۆ ساڵانی ١٩٩٠ لەباشووری كوردستان. گەرچی ئینجە وتبووی «ئەستێرەكانی سەرشانی لادەبەم»، بەڵام ئەردۆغان كردی بەفەرماندەی ئۆپراسیۆنی داگیركردنی عەفرین ناسراو بە(چڵە زەیتون) و پلەكەی بەرزركرایەوە بۆ «جەنەڕاڵی باڵا». وێنەكانی ئەو جەنەڕاڵە توركە بەجلوبەرگی پێشمەرگەوە پەیوەندیی بەو كردە سەربازییانەی سوپای توركیاوە هەبوو، كە تیمە تایبەتەكانی سوپای توركیا لەساڵانی ١٩٩٠دا لەخاكی باشووری كوردستان لەدژی پەكەكەو لایەنگرانی پەكەكە ئەنجامیان دەداو خۆیان پێی دەڵێن، «ئەرك» لەو ساڵانەدا چەندین تاوان و رووداوی كوشتن و رفاندن و تیرۆر لەباشووری كوردستان روویانداو تەنانەت بەهۆی هەندێك رووداوی گوماناوییەوە شەڕی نێوان پارتی و یەكێتی دەستیپێكردو ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوام بوو. سەربازانی توركیا لەزۆر دۆسیەدا دانیان بەتاوانەكانیاندا ناوە. لەباكووری كوردستان جلوبەرگی گەریلایان لەبەر كردووەو بەرامبەر بەهاووڵاتیان تاوانیان ئەنجامداوە. دۆسیەكانی دەزگای هەواڵگریی جەندرمە (ژیتەم / JİTEM) پڕە لەو دانپیادانانانەدا. بەدران ئاكداغ شایەتحاڵی دۆسیەی ئەیلولی ٢٠١٧ی ژیتەم لەقۆسەری مێردین، باسی ئەوەی كردووە، ژیتەم تاوانی ئەنجام دەداو دەیخستە ئەستۆی  پەكەكە. بەدران لەو كاتەدا وتی، «من ئەندامان و كاربەدەستانی سەربازیم دەبینی، كەجلوبەرگی گەریلایان لەبەر دەكردو تاوانیان ئەنجامدەدا». كوردان دەیان ساڵ ئەو تاوانانەیان بینی و بوونە شایەتحاڵ و قوربانیی ئەو تاوانانە. ئەو تاوانانەش لە باشووری كوردستان روویانداوە، كە لێرەدا چەند نموونەیەكیان دەخەینەڕوو.   كوشتن، رفاندن و رادەستكردنەكان لە دوای راپەڕین دەوڵەتی توركیا لە دوای راپەڕینی مانگی ئازاری ١٩٩١ سێ ئۆپراسیۆنی لەمانگەكانی نیسان و ئاب و تشرینی یەكەمی ١٩٩١دا بۆ سەر خاكی باشوری كوردستان ئەنجامدا. دەوڵەتی توركیا ئۆپراسیۆنی مانگی تشرینی یەكەمی ١٩٩١ بەهاوبەشیی پارتی و یەكێتی و بەرەی كوردستانی لەدژی پەكەكە ئەنجامدا. هاوكات لەگەڵ پارتیدا دەستیان بەكوشتنی لایەنگرانی پەكەكە لەبادینان كرد، كە كەسانی وەك عەلی شەعبان ئامێدی، سادق عومەر سندی، رەئوف ئاكرێیی تیادایە. هەروەها هۆشەنگ میرزا، زەكی ئامێدی، بەكر هیرانی لەدهۆك و هەوڵیر رفێنران و شەهید كران. جگە لەوەش لە ١٢ ی كانوونی یەكەمی ساڵی ١٩٩١دا ٢٣ ئەندامی پارتی  ئازادیی كوردستان (پاك) لەشاری دهۆك دەستگیركران و لە دوای ٢٠ رۆژ لە ٨ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩١ لەسنوری ئیبراهیم خەلیلەوە رادەستی دەوڵەتی توركیا كرانەوە. لەساڵی ١٩٩٢شدا نەجات مەلا ئەحمەدو محەمەد نەزیر لەنزیك شارۆچكەی سێمێلی پارێزگای دهۆك شەهیدكران. لەساڵی ١٩٩٥ یاسین مستەفا، ناسراو بەیاسین مستۆ كەسایەتیی ناسراوی عەشیرەتی نهێلێ لە نێوان گوندەكانی گوهرز و دێرەلۆك لەئامێدی كوژرا. ئەحمەد عەلی نهێلی و ئەمین سەرگەلی بەچەكی قەناس كوژران.   كۆمەڵكوژییەكانی خنێرەو خواكوڕك و زەڵێ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا ساڵی ١٩٩٢ گوندی ژیلە-یان لەناوچەی خواكورك بۆردومانكردو  هەشت كەسیان كۆمەڵكوژكرد. لە ساڵی ١٩٩٥ لە بۆردومانكردنی دەشتی هەرتێ لەخواكوڕك شرش كەسی تری مەدەنی شەهیدبوون. ساڵی  ١٩٩٧ ماڵێكیان لەبرادۆست بۆردومان كردو حەوت كەسیان شەهیدكرد. فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ساڵی ١٩٩٨ هاووڵاتیانی ناوچەی لۆلان-یان بۆردومان كردو بەو هۆیەوە ٨٤ ژن، منداڵ، هاووڵاتی و كەسی بەتەمەن شەهیدبوون. لە ‹ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنوور›ی ٢٨ی كانوونی دووەمی ١٩٩٤ لەدژی كامپی زەڵی، كەگەورەترین و بەرفراوانترین ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنوری دەوڵەتی تورك بوو تاوەكو ئەو كاتە، ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانە كرانە ئامانج، كە بەهۆی كاولكردن و سوتاندنی گوندەكانیانەوە لەلایەن دەوڵەتی تورك لەباكووری كوردستان بەناچار روویان لەباشووری كوردستان كردبوو و لەزەڵێ گیرسابوونەوە، لەو بۆردومانكردنەی كامپی زەڵیدا ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیانی مەدەنیی ئاوارەی باكووری كوردستان شەهیدو بریندار بوون.   كۆمەڵكوژیی بازاڕی زاخۆ لە ٢٧ی شوباتی ١٩٩٥ لەبازاڕی چەك فرۆشانی زاخۆدا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوی پڕ لە تی ئێن تی تەقێنرایەوە، كە بووە هۆی كوژرانی ٩٠ كەس و برینداركردنی ٣٠ كەس و خاپوركردنی دەیان دوكان و شوێنی كاری هاووڵاتیان. دەوڵەتی توركیا ئەو تاوان و كۆمەڵكوژییەی بۆ ئەوە ئەنجامدا تاوەكو پەكەكە نەتوانێت لەو بازاڕەدا چەك بكڕێت.   مام رەشۆ و ئاریس و فاریسی كوڕی لەئاڤاشین   سوپای توركیا لەئایاری ١٩٩٥ بە ١٠ هەزار سەربازەوە هێرشی كردە سەر ناوچەی ئاڤاشین و لەو هێرشەیەدا چوونە سەر رەشماڵەكەی مام رەشۆ و خۆی و دوو كوڕی بەناوەكانی ئاریس و فاریس-یان دەستگیركرد. مام رەشۆ، كەتەنانەت دەستی سوپاكەی سەدامی پێ نەگەیشتبوو و خۆی پاراستبوو، سوپای توركیا داوای لێدەكەن هاوكارییان بكات لەدۆزینەوەی شوێنی گەریلاكانی پەكەكەدا، كاتێك ئەوە رەتدەكاتەوە ئەشكەنجەیەكی زۆری خۆی و كوڕەكانی دەدەن، بەئەشكەنجە دەیانبەنە ناو هەلیكۆپتەرەكانیان و یەك بەیەك لەئاسمانەوە هەڵیاندەدەن خوارەوە، بەڵام هیچ هاوكارییەكی سوپای توركیا ناكەن. دوای ئەو رووداوە گەریلاكان تەرمی مام رەشۆو كوڕەكانی دەبنەوە بۆ رەشماڵەكەیان لەوێ بە خاكی دەسپێرن بۆ یادیان سێ شاخی ئەو ناوچەیان بەناویانەوە ناودەنێن، مام رەشۆ لەناوەڕاستیاندا و ئاریس و فاریسیش لەملاولایدان، سوپای توركیا لەساڵی ٢٠٢١ دیسانەوە ویستی ئەو ناوچەیە بگرێت، بەڵام لەوەدا سەرنەكەوت و لەئەنجامدا بەچڕی چەكی كیمیایی بەكارهێنا، هەشت گەریلا بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ لەو شاخەدا لەژێر چەكی كیمیایی دا بەرەنگاری سوپای توركیا بوونەوە و تائێستاش شەڕ تیایدا بەردەوامە.   كۆمەڵكوژییەكەی هەولێر لە ١٤ی ئایاری ١٩٩٧دا سوپای توركیا و پارتی پێكەوە ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانیان لەدژی پەكەكە ئەنجامدا. لە ١٦ی ئایاردا لەناو شاری هەولێر هەڵیانكوتایەسەر بارەگای یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان (یەنەدەكە)، ناوەندی رۆشنبیریی میزۆپۆتامیا، یەكێتیی ئازادیی ژنانی كوردستان (یاژك) رۆژنامەی وڵات و رۆژنامەی عەرەبی (شمس الوطن) و نەخۆشخانەی مانگی سووری كوردستان. لەو هێرشەدا ٨٣ كەس كۆمەڵكوژكران، كە ١٩ كەسیان قۆژنامەنووس بوون، ٥٢ كەسیان گەریلای برینداری بێچەك بوون لەنەخۆشخانە و ١٢ كەسەكەی تریشیان كەسانی هونەرمەندو سیاسەتمەدار بوون و لەناوەندە مەدەنی و هونەرییەكانیاندا كۆمەڵكوژكران.   كۆمەڵكوژیی كەندەكۆڵ دەوڵەتی تورك لە ١٥ی ئابی ٢٠٠٠دا لەكەندەكۆڵ بەرامبەر بەدۆڵی قاشموك و ئاڤخوار لەنێوان خنێرەو خواكوڕك بەفڕۆكەی جەنگی هێرشی كردەسەر ١٠٠ قەشماڵی هاووڵاتیانی ئەو كوێستانەو لەو كۆمەڵكوژییەدا ٣٨ هاووڵاتی ەوەندی هەركی شەهیدكران، كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و وەك هەموو ساڵێك چووبوونە كوێستانەكانی خۆیان و دەیان كەسی تریش بریندار بوون. كۆمەڵكوژییەكانی كورتەك - ٢٠١١ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ٢١ی ئابی ٢٠١١دا لەڕێگای كورتەك – رانیە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەكی مەدەنییان كردە ئامانج بەو هۆیەوە هەریەك لەحسێن مستەفا، ئۆسكار حسێن تەمەن ١٠ ساڵ، زانا حسێن تەمەن ١١ ساڵ، رێزان حسێن تەمەن ٣٤ ساڵ، مێر حاجی، سۆنیا شەماڵ تەمەن چوار ساڵ، سۆلین شەماڵ تەمەن حەوت مانگ، كە دانیشتوی گوندی بۆڵێ بوون و ئەندامی یەك خانەوادە بوون كۆمەڵكوژكران.   كۆمەڵكوژییەكانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٢ بەپێی ئاماری رێكخراوی تیمەكانی بنیاتنانی ئاشتی لەكوردستانی عێراق (سی پی تی) دەوڵەتی توركیا لەساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەكو ئێستا دەیان كۆمەڵكوژیی ئەنجامداوە و بەگشتی ١٣٨ هاووڵاتیی مەدەنی شەهیدو كۆمەڵكوژ كردووەو زیاتر لە ١٨٠ هاووڵاتیی تری مەدەنیی بریندار كردووە، كە بەشێكیان بەمشێوەیەی خوارەوەن: جارێكیتر لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا دوو ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی لەناوچەی كورتەك و لەنزیك گوندی بەرد كوڕان-ی رانیە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیاوە كرانە ئامانج، كە لەسەر باخ و رەزی خۆیان دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوەو بەو هۆیەوە عەبدوڵا عەلی مینە ئاڵی ناسراو بەعەبدوڵا چاوشین تەمەن ٥٣ ساڵ و كوردستان عەبدوڵای كچی تەمەن ٣٠ ساڵ، هەریاد عەبدوڵا تەمەن ١٩ ساڵ شەهید بوون. هەروەها تەیب محەمەد عەبدڵا، محەمەد عەبدوڵا، بەناز عەبدوڵا، رابێ محەمەد دایكی قوربانیەكان بریندار بوون.    دیار غەریب لەكورتەك فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ٥ی تەمموزی ٢٠١٩دا دیار غەریب ناسراو بەهەڵمەت ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە  لە ئۆتۆمبێلێكدا بۆردومانیان كرد و لەگەڵ دوو هەڤاڵیدا شەهیدیان كرد.   كۆمەڵكوژیی زارگەلی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ١ی ئابی ٢٠١٥دا و لەكاتژمێر ٤:٠٠ بەرەبەیاندا گوندەكانی بناری قەندیل-یان بۆردومانكرد. یەكێك لەو گوندانە كەكرایە ئامانج، گوندی زارگەلی بوو. فڕۆكە جەنگییەكانی تورك سەرەتا هێرشیان كردەسەر ماڵی مام خدر. لەو هێرشەدا پورە ئایشێ هاوسەری مام خدر شەهید بوو و چەند هاووڵاتییەكی تر لەگوندەكەدا بریندار بوون. دوای ئەوەی خەڵك بەڕووداوەكەیان زانی بەهانای مام خدرەوە رۆیشتن. فڕۆكە جەنگییەكان ئەمجارە ئەو هاووڵاتییانەیان بۆردمانكرد، كە بەهانای ماڵی مام خدرەوە رۆیشتبوون، بەگشتی ١٩ موشەكیان بەگوندەكەوەو هاووڵاتیانی گوندەكەوە نابوو. لەئەنجامدا هەشت هاووڵاتی تر شەهیدو ١٢ كەسی تریش بریندار بوون و هەشت خانوی گوندەكە رووخان و زیانیان پێگەیشت و چەند ئۆتۆمبێلێكی هاووڵاتیان سوتان. هەروەها لەئەنجامی ئەو بۆردومانەدا ژینگەی گوندەكە ژەهراوی بوو و سەرچاوەكانی ئاو، زەوی، رەز و باخی هاووڵاتیان سوتان و پیس بوون. توركیا لەو هێرشەدا بۆمبی قەدەغەكراوی بەكارهێنا و یەكێك لەموشەكەكان پاشماوەی مابوویەوە، كە دریژییەكەی دوو  مەترو نیوو و قورسیەكەیشی یەك تۆن بوو.   كۆمەڵكوژیی گۆشینە سوپای توركیا ئەمجارە لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩دادا لەئۆپراسیۆنی «پەنجە»دا بەفڕۆكەی جەنگی لەناوچەی گۆشینەی سەر بەقەزای سۆران لەپارێزگای هەولێر ئۆتۆمبێلێكی هاووڵاتیانی كردە ئامانج و دوو سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەكە كە برا بوون شەهید بوون و برایەكی تریشیان بریندار بوو.   كۆمەڵكوژكردنی گەشتیاران و هاووڵاتیانی مەدەنی لەسەیرانگاكاندا دەوڵەتی توركیا لەبەردەوامیی كۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنیدا سەیرانگاكان و گەشتیاران دەكاتە ئامانج و لەم چەند ساڵەدا سەیرانگاكانی ئامێدی، بامەڕنی، كونەماسی، گوێژە، شیلادزێ، شارباژێڕ، باتوفا و دێرەلوك كردووەتە ئامانج و چەندین هاووڵاتی و گەشتیاری شەهید كردووە. لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا، فڕۆكە شەڕكەرەكانی دەوڵەتی تورك سەیرانگەی كونەماسیی لە شاڕباژێری سلێمانی بۆردومان كردو لەئەنجامدا دوو هاووڵاتی كۆمەڵكۆژ كردو هەشت هاووڵاتیی تری بریندار كرد، كە پێنج كەسیان ئەندامی یەك خێزان بوون. لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢١دا؛ دوو گەشتیاری عەرەبی خەڵكی موسڵ بەناوەكانی ئەحمەد شاكری تەمەن ٤٠ ساڵ و یوسف عامر تەمەن ٢٦ ساڵ، لەناحیەی باتوفای سەر بەزاخۆ لەئەنجامی تۆپبارانی ئەرتەشی توركدا كوژران. لە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢دا نزیكەی ١٠٠٠ هاووڵاتیی مەدەنیی خەڵكی گوندی زێوا سەرێ بەشدارییان لەفیستیڤاڵی ساڵانەی گوندەكەیاندا لەشارەدیی بامەڕنی كردبوو. لەدەمەو ئێوارەدا سوپای توركیا ئاهەنگی هاووڵاتیانی بۆردمانكردو بەو هۆیەوە یوسف كۆڤانی ١٣ ساڵان و ئاڤەند هۆشیاری ١١ ساڵان گیانیان لەدەستدا و سیپان فەرهادی هەشت ساڵانیش بەسەختی برینداربوو.  دوایین كۆمەڵكوژیی هاووڵاتیانی مەدەنی و گەشتیاران لەلایەن سوپای توركیاوە لەباشووری كوردستان كۆمەڵكوژكردنی گەشتیارانی عێراقی بوو لەگوندی پەرەخێ لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٠دا بوو، كە نۆ گەشتیاری كۆمەڵكۆژو ٢٦ كەسیشی بریندار كرد.   كۆمەڵكوژییەكانی دەوڵەتی توركیا لەشەنگال دەوڵەتی توركیا بۆ یەكەمجار لە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٧ چیای شەنگالی بۆردومان كرد و لەو كاتەوە ماوە ماوە شەنگال و خەڵكەكەی بۆردومان دەكات. لە ١٥ی ئابی ٢٠١٨دا، مام زەكی شەنگالی، لە ١٦ی ئابی ٢٠٢١دا سەید حەسەن و برازاكەی عیسا خوەدێدا، لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٠دا فەرماندە زەردەشت شەنگالی، پیر حەمید، ئێزێدین شەنگالی و جەلۆ شەنگالی و لە ١٧ی ئابی ٢٠٢١دا بەفڕۆكەی جەنگی هێرش كرایە سەر نەخۆشخانەی ناوچەی سكێنێ شەنگال و بەو هۆیەوە حەمید سعدون «قیران سیبا»، شەڕڤانی یەبەشە خدر شەرەف «پیر خدر»، شەڕڤانی یەبەشە  رامی ئەلسالم «رۆنی»، شەڕڤانی عەرەبی یەبەشەی خەڵكی بەعاج  بەناوی مەیتەم خدر خەلەف «سەرحەد زەمار»، شەڕڤانی یەبەشەی عەرەب، عەلی رەشۆ خدر، خەباتكاری نەخۆشخانە سەیدۆ ئەلیاس رەشۆ، حەجی خدر، موخلیسە سیدار و هەروەها لە ٧ی كانوونی ٢٠٢١دا هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال مەروان بەدەل-ی كۆمەڵكۆژ كرد. لە ١١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢١دا ئەنجومەنی گەلی خانەسوری بۆردومانكرد و زۆربەی باڵەخانەی ئەنجوومەنەكە رووخا. دواین جاریش لە ١٥ی حۆزەیرانی ٢٠٢٢ بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردە سەر ئەنجوومەنی گەلی سنوون و منداڵێك و باپیرەی بەناوی خدر شڤان ناسۆ و كوڕەزاكەی ساڵح خدر ناسۆ كۆمەڵكۆژ كران.   بۆردومانكردنی مەخمور   لەوەتەی دەوڵەتی توركیا هەیە هەمیشە چاوی لە بۆردومانكردن و كۆمەڵكوژكردنی هاوڵاتییانی مەدەنیی كامپی مەخمور بووە. توركیا تا ئێستا بە گشتی زیاتر لە ٢٠٠ جار كامپەكەی بە دۆشكا، هاوەن، توپخانە و فڕۆكەی جەنگی بۆردومان كردووە. لەو هێرشانەشەدا زیاتر لە ١٠٠ كەس شەهید و بریندار بوون، كە ژن، منداڵ، بە تەمەن و نەخۆشیان تیادا بووە. شاردنەوەی تاوان و كۆمەڵكوژییەكانی دەوڵەتی توركیاو پاساوهێنانەوە بۆیان و سوككردنی خوێنی هاووڵاتیانی كورد لەدوای ساڵی ٢٠١٥ەوە كاتێك كەسوكاری شەهیدانی بۆردومانەكانی توركیا هەوڵیانداوە راپۆرتی پزیشكی وەك خۆی ئامادە بكەن و لەدادگاكان سكاڵا لەدژی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا تۆمار بكەن، پێشهاتی سەیر روویاندا، بۆ نموونە محەمەد ساڵح رەسوڵ خەڵكی گوندی بۆكریسكان لەو بارەی راپۆرتی پزیشكی بۆ شەهیدانی گوندی زارگەلی دەڵێت، لەراپۆرتی پزیشكیی ئەو شەهیدانەدا لەنەخۆشخانەی قەزای سۆران بەهیچ شێوەیەك ئاماژە بەوە نەكراوە، كە بەفڕۆكەی جەنگیی توركیا شەهید بوون، بەڵكو هەر كەسە و سیناریۆیەكیان بۆ رێكخستوەو نووسیویانە یەك بە قەزای ئۆتۆمبێل و یەك بە تەقینەوە و بۆ هەر كەسەوە شتێكیان نووسیوە!، بەڵام ناكرێت بەو شێوەیە دەستكاریی چۆنیەتیی شەهیدبوونی هاووڵاتیان بكرێت.  هەروەها هاووڵاتییەكی تری بناری قەندیل بەناوی محەمەد ئەمین خدر باسی ئەوە دەكات، حكومەتی هەرێم لەئاست بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیا بێ هەڵوێستە.  یەك لەچیرۆكە زۆر سەیرو سەمەرەكان لەبارەی پاساو هێنانەوە بۆ تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا چیرۆكی كەریم قادرە، كەدانیشتوی گوندی سولییە لەبناری قەندیل. كەریم قادر لەدوای ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا خانوەكەی بۆردومان دەكەن كەیسی بۆردومانكردن و خاپووركردنی خانووەكەی دەباتە دادگا، دوای هەشت جار لەدانیشتنی دادگا، دادوەری دادگای قەڵادزێ پێی دەڵێت، تۆ یەكەم شت نازانی فڕۆكەی جەنگیی كام وڵات بووەو پاشان تۆ ناوی ئەو كەسەش نازانیت، كە فڕۆكەوان بووەو فڕۆكەكەی لێخوڕیوە، بۆیە كەریم قادر لەوە تێدەگات، كە دەیانەوێت نەك مافی بۆ بگەڕێننەوە، بەڵكو مافەكەشی زەوت دەكەن و كاریش بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانە دەوڵەتی توركیا دەكەن، بۆیە لەئەنجامدا بەپێی ئەو رەفتارو هەڵسوكەوتانەو بەهۆی بێ پشت و پەناییەوە لەپێناو شاردنەوەی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیادا بەزۆر كەیسەكە بەو هاووڵاتییە دەدۆڕێنن و هیچ قەرەبویەك ناكرێتەوە. پاساوی دامودەزگاكانی هەرێم دەرەنجامی سیاسەتی حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەو كاتێك حكومەتی هەرێم پاساو بۆ شاردنەوەی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا بهێنێتەوە ئیدی كاتێك وڵاتانی تر بۆ خوێنی هاووڵاتیان دنیا دەهێننە جۆش، هەر بۆ نموونە ئەوەی حكومەتی بەغدا بۆ خوێنی گەشتیارەكان لەپەرەخ كردی، دەبێتە جێگای سەرسوڕمانی بەرپرسانی حكومەت و دەڵێن، نابێت جیاوازی لەنێوان خوێنی كوردو عەرەبدا بكرێت، بەڵام بەداخەوە لەمێژە دەسەڵات و حكومەت خۆی بەدەستی خۆی خوێن و بەهاو شكۆو سیادەی هاووڵاتیی كوردو خاكەكەی سووك كردووە، بۆیە هیچ دەوڵەتێك بۆی گرنگ نییە رۆژانە چەند هاووڵاتیی مەدەنیی كورد بەناهەق و ناڕەوا شەهید دەكرێن.   دەوڵەتی توركیا بە بەردەوامی نكۆڵی لەتاوانەكانی دەكات   دەوڵەتی توركیا گەرچی توانای سەربازیی زۆرە، بەڵام لەهەمان كاتدا بەڕادەیەك لاوازە، كە توانای داننان بەتاوانەكانی خۆیدا نییە و لەئەنجامدا هەمیشە نكۆڵی لەو تاوان و كۆمەڵكوژییانە دەكات، كەئەنجامی دەدات. ئەردۆغان لە دوای كۆمەڵكوژكردنی گەشتیاران لەپەرەخێ رایگەیاند، ئەوە كاری سوپاكەیان نەبووە. قلیچدار ئۆغڵوش وتی، سوپاكەیان كەسانی مەدەنی ناكوژێت. دەسەڵات و ئۆپۆزیسونی توركیا پێكەوە چەواشەكاری دەكەن و تاوانەكانی سوپا دەشارنەوە. تا ئێستا حزبەكانی توركیاو دەسەڵات و حكومەت و دەزگای دادوەری ئامادە نەبوون تاوانەكانی سوپاكەیان و كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی ئیدانە بكەن. سەرباری بوونی دەیان بەڵگە، شایەتحاڵ، ڤیدیۆ، وێنە و وتەی پسپۆڕان، بەڵام ئەوان هەر نكۆڵی تاوانەكانیان دەكەن، ئەوەش بەمانای ئەوەیە، سیستمی سیاسیی توركیا لەگەڵ كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی دا بە دەستی سوپاو جەندرمە و میتی توركیا.  

شەنای فاتیح   مافی نەخۆش لەهەرێمی كوردستاندا وەك زۆربەی مافەكانی تری هاوڵاتی پێشێلدەكرێت و رەخنەی ئەوەش دەگیرێت لەناو كەرتی تەندروستیدا بایەخی تەواو بەمافی نەخۆش نادرێت، پەرلەمانی كوردستان لەمانگی ئەیلولی 2020ەوە یاسایەكی تایبەتی سەبارەت بەماف و ئەركەكانی نەخۆش پەسەندكردووەو سەرۆكی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت» پێویستە نەخۆش هۆشیاربێت و بزانێت مافی چییە»، پزیشكێكیش دەڵێت» لەكوردستان گرفتی هۆشیاری نەخۆش و كارمەندانی تەندروستیمان هەیە «. سەباح زێباری، سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەكاربەر لەپەرلەمانی كوردستان لەو بارەیەوە بە (هاوڵاتی) راگەیاند «لەكوردستاندا یاسایەكی بەو شێوەیە رێكوپێك نەبووەو پێشتریش پشت بەیاسای تەندروستی عێراقی بەستراوە». هەروەها وتیشی»یاساكە زۆرباشەو نزیكەی دوو ساڵ خەریكی ئەو یاسایە بووین و لەئێستادا لەناوەندە تەندروستیەكاندا جێبەجێدەكرێت و تاڕادەیەكیش جێبەجێكردنەكەی دەكەوێتە سەر هۆشیاری نەخۆش». سەرۆكی لیژنەی تەندروستی باسی لەوەشكرد « حكومەت بواری داوەتە كەرتی تایبەت تاببێتە یارمەتیدەری كەرتی گشتی بەمەبەستی ئەوەی بەشێك لەهاووڵاتیان بچنە نەخۆشخانە ئەهلیەكان و قەرەباڵغی زۆر لەسەر نەخۆشخانە حكومیەكان نەمێنێت، بەڵام بەشێك لەو نەخۆشخانانە خەرجیەكی زۆر دەخەنە سەر هاووڵاتیان.» لەلایەكی ترەوە د.كۆچەر عومەر، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان لەلێدوانێكدا بە(هاوڵاتی) وت: « ئێمە گرفتی هۆشیاری نەخۆش و كارمەندانی تەندروستیمان هەیەو بەشێكی هاووڵاتیانیش مافەكانیان بەشێوەیەكی نەرێنی بەكاردێنن، چونكە هەستیارییان بەرامبەر پزیشك و كارمەندانی تەندروستی هەیە «. وتیشی» كۆمەڵێك كەس بەناوی شێخ و پزیشكی دەرمانی گیاییەوە خەڵك و پڕۆسەی تەندروستیان ئیستیغلال كردووەو هاووڵاتیانیش متمانەیان پێیانەو خەڵكیش لەبەردەستیاندا دەمرێت و كەسیش قسەناكات و خەڵكەكە ناچێت سكاڵایان لەسەر تۆماربكات، كەئەمەش ناهۆشیاری تەندروستیە كەتاكی كورد نازانێت ماف و ئەركی چیە.» سەبارەت بەكەرتی تەندروستی ئەو پزیشكە پسپۆڕە باسی لەوەكرد: «كە پێویستە سیستەمی تەندروستی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوەیەكی گرنگی بنچینەیی بۆبكرێت و كۆی سێكتەرەكانی تەندروستی رێكبخرێتەوەو بەشێوازێكی مۆدێرن دابڕێژرێتەوە كەئەمەش ئەركی حكومەتە بەتایبەت دابینكردنی بیمەی تەندروستی كەهۆكارێكی نەفەوتاندنی مافی هاووڵاتیانە.» سێوە فاتیح، كارمەندی پێشووی تەندروستی لەكوردستان كەئێستا نیشتەجێی وڵاتی ئایسلاندایەو لەكەرتی تەندروستی ئەو وڵاتەدا كاردەكات لەلێدوانێكدا بۆ (هاوڵاتی) راگەیاند:» لەكوردستاندا نەخۆش یان وەك نەخۆش مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بەڵام نەخۆشییەكەی لەبیردەكەن، یان وەك نەخۆشییەك مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن و خودی نەخۆشەكە لەبیردەكەن، ئەم حاڵەتەش زیاتر لەنەخۆشخانە حكومیەكاندا روودەدات و كاتێكیش لەگەڵ ستافی نەخۆشخانەكاندا قسە دەكەیت كۆمەڵێك بیانووی هەیەو ئەرك و بەرپرسیارێتی پاراستنی مافی نەخۆش لەسەر خۆی لادەبات.» سەبارەت بەنۆرینگەكان ئەو كارمەندەی تەندروستی باسی لەوەكرد «كە لەكوردستاندا پزیشك هەیە رۆژانە نزیكەی 50 نەخۆش دەبینێت، كە ئەمە نایاساییە كاتێكیش پێیدەوترێت ئەمە یاسایی نییە دەڵێت، كلینیكی خۆمەو نەخۆش دەتوانێت سەردانم نەكات». نەخۆشانیش رۆژانە لەنەخۆشخانەكاندا رووبەڕووی كۆمەڵێك گیروگرفت دەبنەوەو بەشێكیشیان گلەیی كەمی دەرمان لەنەخۆشخانەكاندا دەكەن و ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كەدەرمان لەنەخۆشخانەكاندا نییە، دەبێت بچیت لەدەرەوە بیكڕیت. مینا حسێن، نەخۆشێكی تەمەن 23 ساڵە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری سەردانی پزیشكی كردووە، لەو بارەیەوە قسەی بۆ بەهاووڵاتی كردو وتی: «خزمەتگوزاری نەخۆشخانەكان لەكوردستاندا بەپێی شوێن و ئەزموونی كارمەندەكان و نەخۆشخانەكە دەگۆڕێت و ئەو نەخۆشخانانەی كارمەندیان زۆرترەو ئامێری پێشكەوتوویان هەیە خزمەتی نەخۆش زیاتر دەكەن و نەخۆشەكان كەمتر چاوەڕێ دەكەن».، وتیشی»نەبوونی دەرمانی پێویست كاریگەری لەسەر نەخۆشخانەكان دەكات». نەخۆشێكی دیكەش ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كەهیچ زانیاریەكی لەسەر یاسای ماف و ئەركی نەخۆش نییە.

هاوڵاتی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ ژیانی 14 ملیۆن كەس دەخاتە مەترسییەوەو رووبەری پێنج هەزار و 257 كیلۆمەتر زەویش لە نزیك ورمێ دەبێتە بیابانی خوێ. بەوتەی شارەزایانی ژینگەیی ئەو دەریاچەیە كە گەورەترین دەریاچەی كوردستانە پێویستی بە دوو ملیار دۆلارە بۆ رزگاركردنی لەوشكبوون ئەگەرچی لە 10 ساڵدا 580 ملیۆن دۆلار بەناوی پاراستنی دەریاچەی ورمێ خەرجكراوە، بەڵام 95٪ی ئەو دەریاچەیە وشكبووە. ئاوی دەریاچەی ورمێ بەهۆی خراپ بەكارهێنانی بەكشتوكاڵ و كارگە پیشەسازییەكانی تەبرێز و چەند ناوچەیەكی دیكە لەئێران رووبەڕووی وشكبوون بووەتەوە. ساڵانە یەك ملیۆن و 200 تۆن سێو لەپارێزگای ورمێ بەرهەمدەهێنرێت كەسەرچاوەی ئاودانی باخە سێوەكانی ئەو سنورە، دەریاچەی ورمێیە لەكاتێكدا بەوتەی بەرپرسانی پارێزگای ورمێ نزیكەی 500 تۆن لەو سێوە لەژێر دارەكاندا دەمێنێتەوەو دەڕزێ و خراپ دەبێت. بەسیستمی كشتوكاڵی ئێستای ئێران هەر كیلۆیەك سێو زیاتر لە 100 لیتر ئاوی پێویستە كەئەوەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كەمبوونەوەی ئاوەكە هەیە. دەریاچەی ورمێ وەك گەورەترین دەریاچەی كوردستان كە لەساڵی 1998 بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان ئەژماردەكرا لەئێستادا 95٪ی ئاوەكەی وشكبووەو بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن لە 10 ساڵدا 580 ملیۆن دۆلار بۆ رزگاركردنی دەریاچەكە خەرجكراوە. روحەڵڵا موتەفەكر ئازاد، نوێنەری پارێزگای تەبرێز لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە؛ وشكبونی ورمێ بەواتای سەرهەڵدانی گەردەلولی خوێیە بە بازنەی 600 كیلۆمەترو ئەوەش ژیانی زیاتر لە 14 ملیۆن مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە. مەسعود پزیشكیان، نوێنەرێكی دیكەی پارێزگای تەبرێز لەپەرلەمان وتوویەتی: ئەو گەردەلولە مەترسیدارە جگە لەناوچەكە شاری تارانی پایتەختی ئێران دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی پێست و رەبوو دروستكردنی كێشە لەكۆئەندامی هەناسەدا. ئەگەر دەریاچەی ورمێ بەتەواوەتی وشك ببێت رووبەری پێنج هەزارو 257 كیلۆمەتر دووجا لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و پارێزگای تەبرێزو دەوروبەری دەبێتە بیابانێك لەخوێ، ئەو رووبەرە حەوت هێندەی رووبەری تارانی پایتەختی ئێرانە كەنزیكەی 18 ملیۆن كەسی تێدا دەژی. حكومەتی ئێران لەساڵی 2012ەوە ناوەندی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێی دروستكردووەو بڕیاربوو لەچوارچێوەی پلانێكی 10 ساڵیدا كێشەی وشكبوونی دەریاچەكە چارەسەر بكرێت. بەوتەی بەرپرسی پلان و بەرنامەی پارێزگای تەبرێز هەوڵدەدرێت ئاوی رووباری ئاراس بۆ پارێزگاكە بگوازرێتەوە بۆ ئەوەی رێگری لەو سەرچاوانە نەكرێت كە پێشتر دەڕژانە دەریاچەی ورمێ. بەوتەی بەرپرسانی ئێران تەنها رێگەی زیندووكردنەوەی دەریاچەی ورمێ و رزگاركردنی ناوچەكە، بەكارهێنانی ئاوی زاپە كەئەویش دەبێتە هۆی بێئاوی و وشكبوونی تەواوەتی زێی بچوك لەهەرێمی كوردستان، بۆیە لەئێستادا تاران ناتوانێت ئەو هەنگاوە بگرێتەبەر چونكە نایانەوێت ناكۆكی و ناسەقامگیری سیاسی لەنێوان ئێران و عێراق رووبدات. ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ لەماوەی چەند ساڵێكدا نزیكەی 11 ملیار مەتر سێجا كەمیكردووەو مەترسی وشكبوونی تەواوەتی لەسەرە، ئەوەش ناڕەزایەتی دانیشتوانی پارێزگای ورمێی لەڕۆژهەڵاتی كوردستانی لێدەكەوێتەوە.  دەریاچەی ورمێ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان كە بەگەورەترین دەریاچەی كوردستان ئەژمار دەكرێت، بەهۆی وشكەساڵی و خراپ بەكارهێنانی ئاوەكەی بۆ كشتوكاڵ، بەنزیكەی 95٪ی وشكبووە. رۆژی شەممەی رابردوو خەڵك و دانیشتوانی ورمێ و دەوروبەری وەك ناڕەزایەتییەك  لەبەرامبەر كەمتەرخەمیی بەرپرسانی حكومەت لەئاست وشكبوونی دەریاچەی ورمێ خۆپیشاندانیان ئەنجامداو خۆپیشاندانەكەش بەهۆی بەكارهێنانی هێزەوە توندوتیژیی تێكەوت. دەریاچەی ورمێ 22 ساڵە رووبەڕووی وشكەساڵی دەبێتەوەو ساڵی 2015 لەوێنەكانی مانگی دەستكرددا دەركەوتووە  نزیكەی 88٪ی ئاوی دەریاچەكە وشكبووە و ئەمساڵیش بەپێی خەمڵاندنەكان و وێنەكانی مانگی دەستكرد زیاتر لە 95٪ی ئاوەكەی وشكبووە و دەریاچەكە بووەتە رووبەرێك لەخۆڵ و خوێ. دەریاچەی ورمێ كە بەدەریاچەی خوێ ناودەهێنرێت ئەگەر بێئاویی بەردەوام بێت لەو دەریاچەیە ئەوا مەترسیی روودانی خوێبارین هاوشێوەی خۆڵبارین هەیە لەناوچەكانی نزیك  لەدەریاچەكە. لەسەرەتای بەهاری ئەمساڵدا تەنها 25 سانتیمەتر ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بەرزبووەتەوە كە ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما 22 سانتیمی بووە بەهەڵم و تەنها سێ سانیتم لەئاوی ئەمساڵی تێدا ماوە. ئاستی ئاوی ئێستای دەریاچەی ورمێ دوو ملیارو 480 ملیۆن مەترسێجایە، ئەو بڕە لەساڵی رابردودا یەك ملیارو 440 ملیۆن سێجا بووە.. لەكاتێكدا ئەو دەریاچەیە دەبێت لەحاڵەتی ئاسایی خۆیدا 13 ملیار مەترسێجا ئاوی تێدابێت لەڕاپۆرتەكانی تیمی كۆنتڕۆڵی قەیرانی دەریاچەی ورمێ دەركەوتووە ئەو دەریاچەیە پێوییستی بەپێنج تا 11 ملیار مەترسێجا ئاو هەیە بۆ ئەوەی كارەساتی سروشتیی لەو ناوچەیەی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەوروبەری روونەدات. بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی قەیرانەكانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: 95٪ی ئاوی دەریاچەكە كەمیكردووەو دەریاچەی ورمێ لەهەموو كاتێك زیاتر مەترسیی وشكبوونی لەسەرە. دەریاچەی ورمێ بەگەورەترین دەریاچەی كوردستان و بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان لەقەڵەمدەدرێت .  پلانی هەڵەی بەكارهێنانی ئاوو گۆڕینی رێڕەوی ئەو سەرچاوانەی پێشتر دەڕژایە دەریاچەی ورمێ ، هۆكاری سەرەكی وشكبوونی ئەو دەریاچەیە بوە.  

سەركۆ جەمال   بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی دۆخی تووشبوانی شێرپەنجە بەهۆی نەبوونی دەرمان لەئاستێكی مەترسیداردایە، بەپێی ئامارێكیش رۆژانە 15 تووشبوی نوێ‌ تۆماردەكرێن. نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی بۆ تووشبوانی شێرپەنجە ساڵانە  پێویستی بە 40 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی، بەڵام وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی لیژنەیەكی ناردە سلێمانی بۆ لێكۆڵینەوە لەنەمانی دەرمان لەنەخۆشخانە، بەڵام دەرمانی دابین كرد. نەخۆشخانەی هیوا لەم رۆژانەدا قەرەباڵغییەكی زۆری پێوەدیارە، بەڵام زۆربەی ئەو نەخۆشانەی دەچنە ئەوێ بێهیوا دەبن لەوەرگرتنی چارەسەر، بەشێكی زۆری نەخۆشەكان بەهۆی نەبوونی دەرمان ناچارن لەدەرەوە دەرمان بكڕن، یەكێك لەتووشبوەكان بەناوی ئازاد حسێن  بەهاوڵاتی وت: «شەش ساڵە تووشی شێرپەنجەی سییەكان بووم، پزیشك پێم دەڵێت هەفتەی جارێك دەرمان وەریبگرم، بەڵام لەڕێگەی قاچاخچییەوە دەستم دەكەوێت، پێیان وتووم هەشت نەخۆشی دیكەش هەیە كە ناتوانن داخڵی بكەن». یەكێكی دیكە لەنەخۆشەكان بەناوی مەروان عەباس بەهاوڵاتی وت «من مانگ نییە بەبەهای 150 بۆ 250 هەزار دینار دەرمان نەكڕم، لە2004 ەوە شێرپەنجەمە، ئەمە چوارەم جارە نەخۆشییەكە تێمدا سەرهەڵدەداتەوە، بەس كیمیاییەكە لێرە وەردەگرم و 14 رۆژ جارێك دێم وەریدەگرم». پێندرۆ لیزۆماپ و پێترۆزوماپ، ئەو دوو جۆرە دەرمانەیە كە مانگانە 160 نەخۆش زیاتر پێویستیانە لەنەخۆشخانەی هیوا، تێچووەكەیان یەك ملیارو 40 ملیۆن دینارە، بەڵام ئێستا لەنەخۆشخانەكە نەماوە، نەخۆش دەبێت خۆی بیكڕێت كەتێچووی 200 ملیمی زیاترە لەدوو ملیۆن دینار.  ساڵانە نەخۆشخانەی هیوا پێویستی بەزیاتر لە 40 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، بەم ساڵێكە كێشەی كەمیی دەرمان بەرۆكی نەخۆشخانەكەی گرتووە، ئێستا بەشێكی زۆر لەدەرمان لەنەخۆشخانەكە نەماوە.  تەندروستی سلێمانی داوای لەلیژنەی چارەسەری كێشەی دەرمان لەوەزارەتی تەندروستی كردبوو، كە لەسێ مانگی رابردوودا بۆ چارەسەری كێشەی دەرمان سەردانی سلێمانییان كرد، لەداهاتی نەوت پارەی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان دابین بكرێت، بۆ ئەوەی راستەوخۆ پارەكەی خەرج بكرێت، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن هەرچەندە بەڵێنیان پێدراوە، یەك دیناریان بەدەست نەگەیشتووە بەهۆی ئەوەی پارە لەبانكدا نەماوە، د.یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیواش بۆ هاوڵاتی ئەوەی ئاشكراكرد بەهۆی نەمانی دەرمان لەقەیرانێكی مەترسیداردان. د.یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی وتیشی: «زۆر لەقەیرانداین، زۆربەی كۆمپانیاكانی دەرمان بەفەرمی پێیان وتووین كە ناتوانن دەرمان دابین بكەن، چونكە شایستە داراییەكانمان بۆ دابین نەكراوە، تەنانەت كۆمپانیاكانی پێداویستی پزیشكی و تاقیگەییش بەهەمانشێوەیە». وتیشی:»گرفتێكی دیكە ئەوەیە ئامێرەكانمان پێویستیان بەچاككردنەوەیە تائێستا بابەتی چاككردنەوەی ئامێرەكان یەكلایی نەكراوەتەوە، یەكێك لەو گرفتانەی دروستبووە سەنتەری ژیانەوەیە كە تایبەت بەتیشكەو چالاك نییە». بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەشڵێت:»نەخۆش هەبووە لەماوەی ئەم شەش مانگە كەكاتی بۆ دانراوە، دەبوو یەكەم رۆژ وەریبگرێت دواتر دوای شەش مانگەكە گیانی لەدەستداوە، چەندین جارە داوا دەكەین هەنگاوی جددی نەنراوە، دەبێت ئاستی باڵاتر لەوەزارەتی تەندروستی بێنەسەرخەت، گرفتەكە دەبێت لەبنەڕەتەوە چارەسەر بكرێت نەك بۆ دوو مانگ و سێ مانگ». بەوتەی د.یاد نەقشبەندی هۆكاری شێرپەنجە زۆرن، بەڵام گرنگترینیان زۆربوونی ئۆتۆمبێل و كوالێتی خۆراك و پیسبوونی ژینگەیە كە لەهەرێمی كوردستان و عێراق رۆژ بەڕۆژ بەوهۆیەوە تووشبوان زیاتر دەبن. ئامارەكانی نەخۆشخانەی هیوا دەریدەخەن رۆژانە زیاتر لە 15 تووشبوی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەكرێت و تەنیا لەیەك رۆژدا نزیكەی هەزار نەخۆش سەردانیان دەكات. نەخۆشخانەی هیوا لەگەڕەكی قڕگەی شاری سلێمانییە، لەساڵی 2007 ەوە كراوەتەوەو سەنتەرێكی تایبەتە بە چارەسەركردنی هەموو جۆرەكانی شێرپەنجە، نەخۆشخانەكە سەر بەكەرتی گشتیی و سەر بەوەزارەتی تەندروستییەو 180 تەخت لەخۆدەگرێت. هەر سەبارەت بەهۆكارەكانی زۆربوونی شێرپەنجە، ملكۆ بازیانی سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان بەهاوڵاتی وت : « لەماوەی رابردوودا كێشەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك هەبوو لەپارێزگای سلێمانی، كەئەویش بەهەوڵی حزبی چارەسەركرا، لەهەفتەی رابردوو لەماوەی هەشت كاتژمێردا لەنەخۆشخانەی هیوا نزیكەی 964 هاووڵاتی پشكنینی بۆكراوە، لەماوەی 48 كاتژمێردا بەرزبووەوە بۆ دوو هەزارو 850 هاووڵاتی، یەكێك لەهۆكارەكان ناوچەی پیشەسازی تانجەرۆیە، كە بووەتە دێوەزمەیەك بەسەر شاری سلێمانییەوە، كە تەنها 400 مەتر لەئاوەدانییەوە دوورەو دەكرێت ئەو ناوچەیە چارەسەر بكرێت، ملیۆنێك و 250 هەزار هاووڵاتی لەناو شاری سلێمانیدا دەژین، ئەو ناوچەیە ئاووهەواو خاكیشی پیس كردووە، تیشی: «هۆكارێكی دیكە زۆربوونی ئۆتۆمبێل و خراپی و پیسی خواردنە». لەمانگی حەوتی ساڵی 2021 سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماری 13 ساڵی رابردووی ژمارەی تووشبوانی شێرپەنجەی لەهەرێم و عێراق بڵاوكردەوەو تیایدا لەسەر ئاستی وڵات شاری بەغدادو لەسەر ئاستی هەرێم شاری سلێمانی بەپلەی یەكەم هاتوون و لە ١١%ی حاڵەتەكانی مردنیش لەعێراق بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوەیە، بەمەش مردن بەو نەخۆشیە بەپلەی دووەم دێت لەناو ئەو هۆكارانەی كەدەبنە هۆی گیانلەدەستدان.