هەژار ئەنوەر لەهەرێمی كوردستان دیاردەی هەڵگرتنی چەك رێژەی تاوانەكانی كوشتن و خۆكوشتنی زیادكردووە، ئەگەرچی حكومەتی هەرێم چەندینجار هەڵمەتی پچڕپچڕ بۆ رێگرتن لەدیاردەی چەكهەڵگرتن ئەنجامدەدات و 14  لیژنەی هاوبەش لەوەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگەو ئاسایش لەپارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان پێكهێندراوە، بەڵام رووداوەكان هەر بەردەوامن، رۆژانە لەدادگای تاوانی هەولێر زیاتر لە 10 كەیس سەبارەت بە رووداوی تەقەكردن دەبینرێت، تووێژەرانی كۆمەڵایەتیش پێیانوایە دیاردەی بنەبڕنەكردنی چەكی بێمۆڵەت و رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن بۆ لاوازی داداگاكان دەگەڕێتەوە. موقەدەم كارزان ئەمیر وتەبێژی پۆلیسی گشتی هەرێم، بەهاوڵاتی راگەیاند:» بەفەرمانی سەرۆكی حكومەت بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی یاسای چەك پاڵپشت بەماددەی (18) لەبڕگەی (3)ی ژمارە (2)ی ساڵی 2022، بەپێی رێنمایی ژمارە (6)ی ساڵی 2022ی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بەداماڵینی گشت ئەو چەك و تەقەمەنییانەی لەدەرەوەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان لەهەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، بۆ ئەم مەبەستە (14) لیژنەی هاوبەش لەوەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگەو ئاسایش لەپارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان پێكهێندراوە، بۆ وەرگرتنەوەو داماڵینی چەكی جەنگی و تەقەمەنییەكان لەبنكەكانی وەرگرتن، واتە لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان بنكەی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە كراوەتەوەو زانیارییەكانیش بەشێوەی سیستەمی ئەلیكترۆنی دەبێت، كە بەمشێوەیە: لەپارێزگای هەولێر سێ بنكە، پارێزگای سلێمانی سێ بنكە، پارێزگای دهۆك دوو بنكە، پارێزگای هەڵەبجە یەک بنكە، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان یەک بنكە، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین یەک بنكە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەک بنكە، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ یەک بنكە. وتیشی:» جگە لەمە 40 لیژنە لەوەزارەتەكانی ناوخۆو پێشمەرگەو ئاسایش پێكهێندراوە بۆ تۆماركردنی چەكی ئاگرین كەكڵاشینكۆف و هاوشێوەكانی لەخۆدەگرێت و چەكی تۆماركراو لەلایەن خاوەن چەك دەمێنێتەوە بەمەرجێك كە بەڵێننامە پڕبكاتەوە كەچەكەكەی لەماڵ دەبێت و هەڵیناگرێت و نابێت بەكاریبهێنێت و تەنانەت فرۆشتن و بەخشینیشی نابێ پێبكرێت». كارزان ئەمیر دەڵێت: «بۆ ئەم مەبەستە 40 بنكەی تۆماركردنی مۆڵەتی چەك لەشارو شارۆچكەكان دەكرێتەوە كە بەمشێوەیە دەبێت: لەپارێزگای هەولێر هەشت، پارێزگای سلێمانی 11، پارێزگای دهۆك حەوت، پارێزگای هەڵەبجە چوار، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان سێ، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دوو، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چوار، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ یەک بنكە،  بۆیە پێویستە ئەوانەی چەك و تەقەمەنی بێمۆڵەتیان هەیە لەماوەی یەك ساڵدا رادەستی بنكەكانی بكەن، دوای ئەم وادەیە هەركەسێك چەكی بێمۆڵەتی پێبگیرێت ئەوە خاوەنەكەی و چەكەكە رەوانەی دادگا دەكرێن و چەكەكە بەقاچاغ ئەژمار دەكرێت و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت». لەلایەكی ترەوە دوای تەواوبوونی ئەم وادەیە وەزارەتی ناوخۆ هەشت لیژنە پێكدەهێنێت بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو كەسانەی داوای مۆڵەتیان كردووە بەپێی یاسای چەك و دواتر بڕیاردەدرێت  ئایا مۆڵەتی پێبدرێت یان نا. سەبارەت بەدیاردەی چەكهەڵگرتن، شاخەوان رەئوف بەگ سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆو خۆجێییەكان لەپەرلەمانی كوردستان، بەهاوڵاتی راگەیاند: «لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەسەر دیاردەی چەكی بێمۆڵەت قسەمان كردووەو لەئێستادا تاڕادەیەك دیاردەكە كەمبووەتەوە، بەتایبەت لەدوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵگرتنی چەك و مۆڵەتپێدان، بەپێی یاساكەو رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ هەركەسێك چەكی بێمۆڵەتی هەبێت یان فرۆشگای چەك و كەرستەی سەربازیی هەبێت و بێمۆڵەت بێت راستەوخۆ دەستی بەسەردادەگیرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێ و سزاش دەدرێت تائاستی سزای زیندانیكردن». وتیشی:» لەچوارچێوەی یاساكە رێكخستنەوەیەكی باش كراوە، تەنانەت شوێنی فر‌وشگای چەك و كەلوپەلی سەربازی دەگۆڕدرێن و بەشێوەیەكی مۆدێرن لەئایندە دەكرێنەوە، ئەویش دەبێت مۆڵەتیان هەبێت، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەسەر هێڵین كە بەجددی كاربكەن و ئەم دیاردەیە نەبێتە هۆی تێكدانی باری ئەمنی و كۆمەڵایەتی و سیاسی». تووێژەرانی كۆمەڵایەتی پێیانوایە دیاردەی بنەبڕنەكردنی چەكی بێمۆڵەت و رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن بۆ لاوازی داداگاكان دەگەڕێتەوە. تووێژەی كۆمەڵایەتی ستار باقی دەڵێت: «بەداخەوە تاكی كوردستان بەهۆی ئەو هەمووە داگیركارییەی بەدرێژایی مێژوو رووبەڕووی بووەتەوە رووی لەدیاردەی چەك كردووەتەوە، دیاردەی بنەبڕنەكردنی چەكی بێمۆڵەت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەدادگاكان لاوازن، جگە لەمەش حكومەت خۆی رۆڵی هەیە لەلاوازكردنی دادگاكان، بۆیە ئەمە وایكردووە چەكی بێمۆڵەت درێژەی هەیە». ستار باقی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «بەدرێژایی حوكمڕانی كوردی دەسەڵات نەیتوانیوە ببێتە پارێزەری تاكی كوردستان تەنها پاسەوانی و بەرگری لەحزب كردووە، زۆرجاریش رەنگە لەبنەبڕنەكردنی چەكدا حكومەت خۆی هۆكاربێت لەبەر بازرگانیكردن بەچەك، لەبەرئەوەی داهاتێكی خەیاڵی هەیەو هەموو تاكی كوردستان بێئاگان لێی». ئەگەر كۆمەڵگا لەسەر بنەماكانی مافی مرۆڤ پەروەردە بكرێت و حكومەت تاكەكانی هۆشیار بكاتەوەو باجی زیاتر بخاتەسەر ئەو كەسانەی كەچەكی بێمۆڵەت هەڵدەگرن و سزاكان قورستر بەسەر بكوژەكان بكات، هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی كوشتن و تەقەكردن.   رۆژانە زیاتر لە 10 كەیسی تەقەكردن لەدادگاكان دەبیندرێت یاساناس محەمەد عەبدوڵا بەهاوڵاتی ڕاگەیاند: « كەیسەكان سەبارەت بە رووداوی تەقەكردن جیاوازن و رۆژانە زیاتر لە 10 كەیس دەبیندرێت لەدادگای تاوانی هەولێر، خەڵكی دەوروبەری شاریش زۆرترین رێژەی چەكی بێمۆڵەتیان هەیە، ئەوانەشی دەستگیردەكرێن و پاشان ئازاددەكرێن ئەوە یاساكە پێبژاردنی داناوەو دادگاش سەیری باری دارایی كەسەكە دەكات بەڕێژەیەكی بەرچاو». وتیشی: دادگا زیاتر سزای ماددی كەسەكە دەدات و  چەكەكەش دەستی بەسەردادەگیرێت، لەم بارودۆخە زۆرترین كەس بەئۆتۆمبێل و چەك تووشی رووداو دەبن و  یاساكەش كەمترین سزا دادەنێت، ئەویش بەپێی ماددەی 24 لەیاسای چەك و هاتوچۆدا».

هاوڵاتی     ناڕەزایەتییەكانی ئێران نەوەیەكی نوێی هێناوەتە ناو گۆڕەپان و چەقی خۆپیشاندانەكانەوە كە بەنەوەی دیجیتاڵ و مۆبایل ناودەهێنرێت،  ئەو نەوەیە لەئێستادا جگە لەئێران پرسی سەرەكیی جیهانە، چونكە بەبڕوای شارەزایانی كۆمەڵایەتیی ئەو نەوەیە پاڵەوانی ناوێت و خۆیان پاڵەوانی خۆیانن. ئەوەی بوونی لەشەقام و گۆڕەپانەكان بەرچاوەو پاڵەوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانن تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 25 ساڵە، ئەوان پایەكانی دەسەڵاتیان هێناوەتە لەرزەو پێشەنگایەتیی ناڕەزایەتییەكانیش دەكەن و مێژوویەكیان لەشكۆ تۆمار كردووە كە دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەش ناتوانن حاشای لێبكەن. لەبنەڕەتدا سیستمی دەسەڵات لەئێران جۆرێك لەپاڵەوانی سەپێنراوی دروستكردووە كەئەویش لوتكەی ئەو دەسەڵاتەیە كە بەهەموو شێوەیەك داواكارییەكانی فەرامۆش كردووە، سەرەڕای ئەو كەموكوڕی و قەیرانە ئابورییانەی هەر بەهۆی ئەو دەسەڵاتەوە یەخەی كۆمەڵگەی ئەو جۆگرافیایەی گرتووەتەوەو زۆربەی دانیشتوان لەژێر فشاری ئابوریی و كۆمەڵایەتیدان لەكاتێكدا وڵاتەكە لەڕووی سامان و سەرچاوەكانی داهاتەوە بەیەكێك لەدەوڵەمەندترین وڵاتەكانی جیهان ئەژمار دەكرێت. ئەوەی بەدیدەكرێت لەماوەی زیاتر لەمانگێك خۆپیشاندان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان زۆرترین گەنج و ئەو نەوەیە كوژراون كەپێیان دەوترێت نەوەی (Z) چونكە زۆربەی كوژراوان تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 24 ساڵە كەئەوانیش دەچنە خانەی ئەو نەوەیە كە لەستانداردە جیهانییەكانی كۆمەڵناسیدا پۆلێن كراون. نەوەی دیجیتال یان مۆبایل ئەگەرچی توانای دەربڕینی لەقسەكردندا باش نییە، بەڵام بە نەوەی راستیخوازو دادپەروەر لەقەڵەم دەدرێن و لەهەمان كاتیشدا زۆر بۆیان گرنگە دەسەڵاتیان بەزۆر بەسەردا نەسەپێنرێت، بەپێناسەیەكی دیكە كۆمەڵایەتی دەیانەوێت خۆیان پاڵەوانی خۆیان بن و ئازاد بژین. ئەوەی لەئێران و تەنانەت رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەدیدەكرێت هاتنەپێشەوەی ئەو نەوەیە كەپێشەنگە بۆ نەوەی پێش خۆیشی كە بەنەوەی (Y) ناودەهێنرێت. ئەگەرچی هۆكاری سەرەكیی ناڕەزایەتییەكان لەئێران وەك ستەمێكی دوورودرێژو نادادپەروەرییەكی مێژوویی لەقەڵەمدەدرێت كەتەمەنی دەگاتە زیاتر لە 40 ساڵ بەڵام دەركەوتنی نەوەیەكی نوێ ئاماژەی دیكەشی لەگەڵ خۆی هێناوە كەمایەی سەرنجە، بەتایبەت كەپێشەنگایەتی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەكان دەكەن،  بەكوڕو كچەوە قۆڵیان بۆ گۆڕانكاریی هەڵكردووەو لەزۆر حاڵەتیشدا سنگیان كردووەتە قەڵغان لەپێناو داهاتوویەك كەدواجار ئەو نەوەیە دەبێت بەخاوەنی.   نەوەی دیجیتاڵ دژی ستەم لەستانداردی جیهانیدا   كۆمەڵگا بەسەر چەند ئاستێكدا دابەش دەبێت، بەپێی ئەو ستانداردە (Generation X) ئەوانەن لەساڵانی 1965 تا 1980 لەدایكبوون، نەوەی دواتر  (Generation Y)  كە لەساڵانی 1980 تاساڵانی كۆتاییەكانی 1990 بۆ 1995 لەدایكبوون كە بەنەوەی (Millennials) ناودەهێنرێن لەدوای ئەم دوو نەوەیە هەر نەوەیەكی دیكە لەدایكبووبێت واتە لەكۆتایی ساڵانی 1995 و 2000 تا 2010 لەدایكبووبێت بەنەوەی (Generation Z) یان نەوەی زێد ناودەهێنرێت. مێژووی لەدایكبوونی ئەو نەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی دیجیتاڵ لەجیهانو بۆیە زۆرجار نەوەی زێد بەنەوەی دیجیتاڵ و مۆبایلی زیرەك و هەندێكجاریش نەوەی ئایپادا ناودەهێنرێت. هەر نەوەیەك لە رووی كۆمەڵناسییەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیەو ئەوەی مایەی سەرنجە، نەوەی زێدە بەخاوەنی داهاتوزوی نزیكی جیهان ئەژماردەكرێن. لە ژینا ئەمینی كەخۆی لەدایكبووی نەوەی زێدە تازۆربەی ئەو كەسانەی لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە، لەو نەوەیەن كە لەكۆی 84 ملیۆن دانیشتوی وڵاتەكە نزیكەی 20% بۆ 25%ی ئەو كۆمەڵگەیە پێكدەهێنن. بەگشتی لەهەموو كۆمەڵگەكانی جیهاندا 76%ی هەموو گەنجان لەنەوەی زێد یان دیجیتاڵ لەقەڵەمدەدرێن. ئەو نەوەیە پێش ئەوەی بەدوای گۆڕانكاریی سیاسییەوە بێت بەدوای ئازادییەوەیە بەتایبەت لەبواری ژیانی تایبەتیدا لەكاتێكدا دەسەڵات لەئێران رێگە بەئازادیی خواردن و خواردنەوەو جلوبەرگ و تایبەتمەندییە كەسییەكان زۆرینەی دانیشتوانی كۆمەڵگەكەی نادا. شارەزایانی كۆمەڵناسی ئێران بڕوایان وایە ئەو نەوەیە بەرهەمی ئەو دایك و باوكانەن كە بەنەوەی وای (Y) ناودەهێنرێن و شێوازی پەروردەیان لەگەڵ نەوەی پێش خۆیان جیاوازەو لەڕووی كۆمەڵایەتی و خێزانییەوە ئازادانەتر پەروەردە كراون بەتایبەت كەدایك و باوكی نەوەی زێد بەنەوەی ریفۆرم و گۆڕانكاریی لەوڵاتەكە لەقەڵەمدەدرێن. نەوەی زێد لە رووی پەروەردەو خوێندنەوە پێچەوانەی نەوەكانی رابردوو رووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی لەخوێندگەكان نەبوونەتەوەو ئەگەریش توندوتیژییان بەرامبەر كرابێت ئەوا لەلایەن دایك و باوكیانەوە بەرگرییان لێكراوە بەپێچەوانەی دایك و باوكانی نەوەی (X) كە رەنگە زۆربەیان مامۆستاكانیان هاندەدا بۆ ئەوەی لەمنداڵەكەیان بدات، بۆیە ئەزموونی پەروەردەی جیهان سەلماندویەتی ئەو منداڵانەی لەخوێندنگەكان رووبەڕووی توندوتیژیی نەبوونەوەتە ئازادانەتر بیردەكەنەوە و ئازادانەتریش هەڵسوكەوت دەكەن. ئەوەی لەسەر نەوەی زێد لەئێران بەدیدەكرێت ئەوەیە كەئەوان جگە لەو ئازادییەی لەناو خێزان هەیانە دەیانەوێت لەكۆمەڵگەشدا خاوەنی ئازادی بن و بڕیاریان بەسەردا نەسەپێت كە چی دەپۆشن و چۆن دەردەكەون. ئەوان خوازیارن شانبەشانی گۆڕانكارییە خێراكانی جیهان هەنگاو بنێن لەكاتێكدا دەسەڵات لەئێران بەبەردەوامیی دژی ئەو هەنگاوە خێرایانە وەستاوەتەوەو زۆرجار پێشكەوتنی خێرای جیهان بەپیلانی دوژمنانی خۆی وەسف دەكات، كەوایە ئەو دەسەڵاتە ناتوانێت ئەو نەوەیە رازیی بكات.   نەوەیەكی بێكار لەئێران لەئامارە فەرمییەكانی ئێراندا دەركەوتووە رێژەی بێكاریی لەتەمەنی نێوان 18 بۆ 24 ساڵ لەو وڵاتە گەیشتووەتە 23% ئەوەش لەكاتێكدایە بەگشتی رێژەی بێكاریی لەوڵاتەكەدا 8.9% بووە، بەڵام رێژەی بێكاریی لەنەوەی زێد زۆر زیاترە لەچینەكانی دیكە. بەپێی ئامارە نافەرمییەكان زیاتر لەپێنج ملیۆن بێكار لەناو دەستی كارو گەنجانی ئێراندا هەیە كە زیاتر لەدوو ملیۆنیان سەر بەنەوەی زێدن، ئەو نەوەیەی كە لەهەموو چینێك زیاتر لەناڕەزایەتییەكان و خۆپیشاندانەكاندا دەبینرێن.   خوێنی نەوەیەك لەپێناو داهاتوویان بەپێی دوایین ئامار لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە 16ی ئەیلول تا 16ی تشرینی یەكەم، لانیكەم ناوی 240 كەس تۆمار كراوە كە لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كوژران. لەكۆی ئەو ژمارەیە 24 كەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمتر بووەو دوو كوژراویان تەمەنیان 12 ساڵ و 13 ساڵ بووە. 19 كوژراو تەمەنیان 18 ساڵ بووە و 28 كوژراو تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 19 ساڵ و 51 كوژراویش تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 25 ساڵ بووەو ژمارەیەكی بەرچاویش لەكوژراوان تەمەنیان لە 30 ساڵ تێنەپەڕیوەو چوار كوژراو تەمەنیان لە 50 بۆ 62 ساڵ بووە. بەگشتی زۆرینەی ئەو كوڕو كچانەی لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كوژراون و وێنەو ناسنامەیان بڵاوكراوەتەوە تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 24 ساڵ بووە، كە ئەوەش ئاماژەیەكی روونە كە ئەو نەوەیە پێشەنگایەتیی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دەكەن و رەنگە لەهەموو نەوەكانی دیكە زیاتر تینوی ئازادی و داهاتوویەكی گەشتر بن. ناوەندێكی مافی مرۆڤ ئاشكرایدەكات لەمانگێكدا زیاتر لەهەشت هەزار كەس لەخۆپیشاندانەكان و ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەستگیركراون، كە نزیكەی هەزار كەسیان خوێندكارن. ناوەندی هەرانا بۆ مافەكانی مرۆڤی ئێران بڵاویكردووەتەوە لەماوەی 30 رۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، سەرەڕای كوژرانی 240 كەس، لانیكەم حەوت هەزار و 800 كەس لەناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركراون. بەپێی ئەو ئامارەی هەرانا بڵاویكردووەتەوە تەنها ناسنامەی 738 كەس لەدەستگیركراوان ئاشكرا بووە  كە 175 كەسیان خوێندكاری زانكۆن. لە 16ی مانگی رابردووەوە خۆپیشاندان لە 453 شوێنی 28 پارێزگا لە 117 شارو شارۆچكەو 73 زانكۆو دەیان خوێندنگە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەڕێوەچووە و شەقامەكان و گۆڕەپانەكان بوونەتە شوێنی دەنگهەڵبرین، زۆربەی چین و تووێژەكانی ئەو كۆمەڵگەیە، بەڵام دیمەنەكان و وێنەكانی ئەو ناڕەزایەتییانە ئاماژەیەكی روونن كە كام نەوە لەهەموو كەس ناڕازیترە و لەڕیزی پێشەوە جێدەگرێت. رەنگە ئەو وێنایەی بەگەڕانێكی ئاسایی بەوێنەو دیمەنەكانی خۆپیشاندانەكاندا زیاتر خۆی دەرخات كەنەوەی دیجیتاڵ سوورترە لەسەر گۆڕانكاریی لەكۆمەڵگەی ئێران و رەنگە جیهانیش. نەوەیەكی فەرامۆشكراو لای دەسەڵات كۆماری ئیسلامی ئێران كە خۆی بەدەسەڵات و حوكمڕانییەكی ئیسلامی لەسەر بنەمای شیعەگەریی دەزانێت، نەیتوانیوە ئەو نەوەیەی دوای رووخانی سیستمی پاشایەتیش رازیی بكات، چونكە هەر لەگەڵ دەركەوتنی ناڕەزایەتییەكان زۆربەی رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندو ئەدیبان هاتنە دەنگ و رایانگەیاند زیاتر لە 40 ساڵە هەوڵی دەربڕینی ناڕەزایەتیی دەدەن بەڵام نەیانتوانیوە. بەدەركەوتنی نەوەی زێد یان دیجیتاڵ لەچەقی خۆپیشاندانەكان ئەو هونەرمەندو رۆشنبیرانە هەریەكەو بەشێوازێك رەخنەی خۆیان ئاڕاستەی دەسەڵات كردو سوپاسی ئەو نەوە راپەڕیوەشیان كردووە كە سەرەڕای تەمەنی كەم، بەڵام بوێرییان مایەی دڵخۆشی بووە كە نەوەی رابردووشیان هانداوە بۆ دەربڕینی ئازادی. كۆمەڵناسانی ئێران نەوەی زێد بەنەوەی فەراموشكراو لەلایەن دەسەڵاتەوە پێناسە دەكەن، چونكە سەرەڕای ئەوەی ئەو نەوەیە لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لەگەڵ جیهانی دەرەوەی وڵاتەكەی لەپەیوەندیدایە، بەڵام ناتوانێت لەسەرەتاییترین ئازادیی خۆی سودمەند بێت، چونكە دەسەڵاتی وڵاتەكەی توندترین رێوشوێنی بۆ ژیانی دیاری كردووە و بەبەردەوامی یاساو رێساكان ئەو نەوەیە بێبەش دەكات لەمافەكانی.   جیهان بۆ نەوەی دیجیتاڵە لەدوایین تووێژینەوە كە زانكۆی ئۆكسفۆرد سەبارەت بەتایبەتمەندییەكانی نەوەی زێد یان دیجیتاڵ كردوویەتی، ئەو نەوەیە تاساڵی 2030 دەبنە خاوەنی یەك لەسەر سێی هەموو پیشەكانی جیهان. هەر بەپێی ئەو تووێژینەوەیە نەوەی زێد ساڵی 2019 لەجیهان خاوەنی (460) ملیار دۆلار بووە، بەڵام سامانی ئەو نەوەیە لەساڵی (2030) دەگاتە سێ ترلیۆن و 200 ملیار دۆلار  لەساڵێكدا، واتە لەماوەی 10 ساڵدا سەروەت و داراییەكانی ساڵانەی ئەو نەوەیە حەوت هێندە زیاد دەكات، كە بەبەرزترین ئاستی كۆكردنەوەی سەروەت و سامان ئەژمار دەكرێت. هەر بەپێی تووێژینەوەكە ئەو چین و تووێژە تەنها ئەهلی سەروەت و سامان كۆكردنەوە نین، بەڵكو لەبەكارهێنانیشدا پێشەنگن چونكە بەپێی بەراوردەكان لەساڵی 2019 ئەو نەوەیە 467 ملیاردیان خەرج كردووەو پێدەچێت ئەو خەرجیانەیان لەساڵی 2030 بگاتە سێ ترلیۆن كەهاوشانە لەگەڵ خەرجییەكانی (11%)ی هەموو جیهان.

شەنای فاتح بەرهەمی هەناری ناوخۆیی لەهەرێمی كوردستان ئەوەی براوەتە عەلوەكان نزیكەی 50 هەزار تۆنە، وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت: بەهەرمی ناوخۆیی دوو ئەوەندەی ئەو ژمارەیەیە چونكە بەشێكی بەرهەمی ناوخۆیی نابرێنە عەلوەكان و لەدەرەوە ساغدەكرێنەوە، هاوكات ساڵانە نزیكەی 20 هەزار تۆن هەنار هاوردە دەكرێت، هەنار لەپارێزگاكانی تری عێراق و وڵاتانی دەوروبەرو لەمیسر هاوردە دەكرێت. لەوەرزی پێگەیشتنی هەناری خۆماڵیداین، شارەزایانیش ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كەبەرهەمی هەناری كوردستان پێداویستی ناوخۆیی پڕدەكاتەوە، بەڵام هاوردەكردنی نەوەستاوە هەرچەندە باجیشی خراوەتە سەر، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت: «بەشێوەیەكی گشتی ساڵانە لەنێوان ٢٠ تا ٢٥ هەزار تۆن هەنار هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.» حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ساڵی ٢٠٢١ نزیكەی ٢٣هەزار و ٨٠٨ تۆن هەنار هاوردە كراوەو لەو بڕە هەزارو ١٢٣ تۆنی لەپارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاوردە كراوەو ٢٢هەزارو ٦٨٥ تۆنی لەوڵاتانی دیكە بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ و میسر هاوردە دەكرێت، لەگەڵا ئەوەشدا هەنار هەناردەی دەرەوە كراوە، بەڵام كەم بووەو كار لەسەر ئەو دەكرێت وەكو براندێك بەرهەمی هەنار هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بكرێت و لەئێستادا كار لەسەر ئەو پڕۆسەیە دەكرێت». وتیشی: ساڵانە لەهەرێمی كوردستان بڕی بەرهەم جیاواز دەبێت و بەپێی ساڵ دەگۆڕێت، بۆ نموونە ساڵی ٢٠٢١ نزیكەی ٤٨ هەزارو ٤٣٥ تۆن بەرهەمی هەنار هەبووەو ئەو ٤٨ هەزار تۆنە تەنها ئەو بڕەیە كە هاتووەتە عەلوەكان و بەشێكی بەرهەمەكان كەنایەنە عەلوەكان تۆمار نەكراون و بەشێكیش لەبەرهەمی ئەو هەنارەی كە بۆ بازاڕەكان ناشێن بەكاردێن بۆ پیشەسازی، كەدەكرێن بەسركەی هەنار یان شەربەتی هەنارو دەتوانین بڵێین ٥٠%ی ئەو بەرهەمە دێتە عەلوەكان و تۆماردەكرێن و ئەوی دیكەی تۆمارناكرێت و بۆ پیشەسازی كردن بەكاردێت یاخود لەسەر رێگا سەرەكییەكان و كێڵگەكان ئەو بەرهەمانە دەفرۆشرێن.» بەهۆی بارودۆخی كەشوهەواوە كەزستانی رابردوو پلەكانی گەرما نزمبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بەرهەمی هەناری ئەمساڵ بەراورد بەساڵانی رابردوو كەمیكردووە. سەروەر عەلی، سەرۆكی لیژنەی سەندیكای عەلوەی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «هاوردەكردنی هەنار بۆ كوردستان نەوەستاوەو ئەو هەنارانەی لەناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێت بۆ هەر كیلۆیەك ١٠٠دینار باج وەردەگیرێت و لەئێستادا هاوردەكردنی هەنار زیانی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی هەیەو ئەمساڵ هەناری خۆماڵی ٥٠%ی بەرهەمەكەی فەوتاوە بەهۆی سەرمای پارساڵەوەو زیانێكی زۆری بەركەوتووە.» وتیشی: «ساڵانە ئەو هەنارەی لەكوردستاندا بەرهەمدێت بەشی پێداویستی ناوخۆ دەكات و دوو ساڵی رابردووش سەرەڕای پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی دەمانتوانی هەناردەی دەرەوەشی بكەین، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی هەنار كەمیكردووەو هیچ بەرهەمێكی خۆماڵی بەشێوازێكی ئاسان هەناردەی دەرەوە ناكرێت و لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بەربەستی بۆ دروستدەكرێت». لەئێستادا رۆژانە ٦٠-٧٠ تۆن هەناری هاوردە ساغدەكرێتەوە بەتایبەت هەناری میسری و ئەو هەنارانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن پشكی شێری بەر میسر كەوتووە، پاشان هەناری سوری و ئێرانی. سەروەر عەلی وای وت. هاوكات، عوسمان حەمەڕەشید تەمەن ٤٣ ساڵ جوتیارێكی پارێزگای هەڵەبجەیە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: لەگوندەكەمان 50 دۆنم باخی هەنار هەیە، بەرهەممان باشە، بەڵام بەهۆی سەرماوە بەرهەمی هەنار بەراورد بەساڵی رابردوو بۆ نیوە دابەزیوە، هەناری ناوخۆ هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا دەكرێت و دەدرێتە كەرتی تایبەت و حكومەت هاوكارمان نییە تەنانەت لەعەلوەدا باج و سەرانەمان لێدەسەنن، بەشێوەیەكی گشتی هەناری ساڵەخانیمان هەیەو زیاد لەچوار جۆر هەناری ئەمریكی لەهەڵەبجە هەیە». بەشێوەیەكی گشتی هەموو ناوچەكانی كوردستان گونجاون بۆ بەرهەمی هەنار، بەڵام بەناوبانگترین هەنار لەپارێزگای هەڵەبجەیەو ساڵانە ڤیستیڤاڵی تایبەت بە بەرهەم و جۆرەكانی هەنار لەو پارێزگایە بەڕێوەدەچێت بەمەبەستی ساغكردنەوەی بەرهەمی جوتیارانی ئەو ناوچەیە، ناوچەی هیران و نازەنین و شەقڵاوە لەپارێزگای هەولێرو لەپارێزگای دهۆك و ناوچەی گەرمیانیش هەناری گونجاوی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.  

هاوڵاتی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی گەیشتە گەورەترین زیندانی ئێران و بەهۆیەوە لانیكەم هەشت زیندانیی كوژران و 61 زیندانیی دیكەش برینداربون بەوتەی هەندێك سەرچاوەی ناوخۆی ئێران حەوت بەندكراوی ئەو زیندانە لەكاتی هەڵاتنیان لەبەشی باكوری زیندانەكە كەوتونەتە كێلگەی مین و بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە. شەوی شەممە (16/10/2022) زیندانی ئێڤین گەورەترین زیندانی ئێران لەتاران ئاگری گرت و دەنگی تەقەكردن و تەقینەوەی زۆر لەو زیندانەوە بیستراو سەرچاوەكانی حكومەت ئاشكرایانكرد یەكەیەكی تایبەت لەهێزە ئەمنییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی بەندكراوان رەوانەی ئەو زیندانە كران . هاوكات لەگەڵ بەردەوامبونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی كوردستان و زۆربەی شارەكانی ئێران زیندانی ئێڤین كە بەگەورەترین و گرنگترین زیندانی وڵاتەكە وەسف دەكرێت  ئاگری گرت. ئەوەی لە تۆمارە ڤیدیۆییەكانی دەوروبەری زیندانەكە بڵاوكراوەتەوە ئاگركرتنی بەشێكی زۆری زیندانەكەبوو و چەند سەرچاوەیەكیش بەمیدیای ناوخۆی ئێرانیان راگەیاندوە لە كاتژمێر نۆی شەوی شەممە پشێوی لەبەندی (7)ی زیندانەكە دروستبووە بەهۆیەوە شەڕو پێكدادان هاتووەتە ئاراوە،  زیندانی ئێڤین لانیكەم 15 هەزار زیندانیی لەخۆدەگرێت كە ژمارەیەكی بەرچاویان چالاكانی سیاسی و رەخنەگران و رۆژنامەوانان و چالاكانی مەدەنیی كۆماری ئیسلامی ئێرانن. رووبەری زیندانی ئێڤین 200 دۆنمەو لەساڵانی 1960 دەست بەدروستكردنی كراوەو لەساڵی 1971 دروستكردنی زیندانەكە تەواو بووە. بەشێك لەو زیندانە بەتایبەت بەندی (209) و (240) راستەوخۆ لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتڵاعات) سەرپەرشتیی دەكرێت چونكە زیندانیانی ئەو دوو بەشە زۆرینەیان پێكدێن لەچالاكوان و رەخنەگرانی سیاسیی دژی دەسەڵات. بەندی ژمارەی (7)ی ئێڤین حەوت هۆڵ لەخۆی دەگرێت كە هەر هۆڵێك 200 بۆ 700 زیندانیی لەخۆدەگرێت و بەوتەی بەرپرسانی زیندانەكەش ئەو بەشە تایبەت بەزیندانیانی بواری ماددی و دارایی بەڵام زۆرجار زیندانیانی سیاسیش رەوانەی ئەو بەشە دەكرێن. لەساڵی 2015 نزیكەی 130 كیلۆگرام تریاك لەو زیندانە دەستی بەسەرداگیرا كەئاماژەبوو بەوەی ماددە هۆشبەرەكان بەئاسانی لەو زیندانەدا مامەڵەی پێوە دەكرێت. لەساڵی 2018 ئەو زیندانە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاو ساڵی 2021 لەلایەن یەكێتی ئەوروپا بەتۆمەتی پێشلكاریی مافەكانی مرۆڤ سزای بەسەردا سەپێنرا. دەیان نوسەرو شاعیرو هونەرمەندی ئێران ئەزمونی بەندكرانیان لەو زیندانە هەیەو دەیان كتێب و چیرۆك سەبارەت بەو زیندانە نووسراوە. لە 43 ساڵی رابردوو لانیكەم 100 كەسایەتی ناودارو سیاسەتمەداری ئێران لەزیندانی ئێڤین بەندكراون و ژمارەیەكیشیان هەر لەهەمان شوێن لەسێدارە دراون.

هاوڵاتی موچەو دەرماڵەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بودجەی گشتی بیماركردووە، شارەزایانی ئابووریش دەڵێن: بڕی زۆری پارەی تەرخانكراو بۆ ئەو سێ دەزگایە زیانێكی زۆر لەبودجەی ساڵانەی وڵات دەدات، لەساڵی رابردووشدا  كۆی بودجەو موچەی سەرۆكایەتی كۆمارو ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕی ٣٤٤ ملیار دینارو ٩٥٦ ملیۆن دینار بووە. یەكێك لەو بابەتانەی كە لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێكی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران و خولی نوێی پەرلەمانیدا دەبێتە بابەتی گەرمی میدیایی و شەقامی عێراقی، مەسەلەی موچەو دەرماڵەو خەرجی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەیە لەعێراقدا كە بەپێی شارەزایانی ئابووری بڕی زۆری پارەی تەرخانكراو بۆ ئەو سێ دەزگایە زیانێكی زۆر لەبودجەی ساڵانەی وڵات دەدات و هاوكات لەڕووی بەرزی و نزمی موچەشەوە لەگەڵ فەرمانبەرێكی ئاسایی نادادپەروەریی و نایەكسانییەكی زۆری تیادایەو جیاوازییەكی گەورەیان هەیە. بەپێی ئەو داتایانەی ناوەندە ئابوورییەكان لەسەر بودجەی عێراق ساڵانە بڵاویدەكەنەوە موچەو دەرماڵەی هەریەكە لەسێ سەرۆكایەتییەكە بەمجۆرەیە: موچەی بنەڕەتی سەرۆك كۆمار ٥٠ ملیۆن دینارە، كەبەرزترین رێژەی موچەی بنەڕەتییە لەعێراقدا، هاوكات ٤٠ ملیۆن دیناری وەك دەرماڵەی پۆست و بڕوانامەو بابەتەكانی دیكەی بۆ خەرجدەكرێت، كەكۆی هەمووی دەكاتە ٩٠ ملیۆن دیناری مانگانە، كە بۆ ساڵێكیش دەكاتە یەک ملیار و ٨٠ ملیۆن و بۆ هەر چوار ساڵەكەش چوار ملیارو ٣٢٠ ملیۆن دینار. ساڵانەو لەهەر چوار ساڵەكەشدا نزیكەی سێ ملیۆن و ٤٩٠ هەزار دۆلار دەكات. موچەو دەرماڵەی سەرۆك وەزیرانیش ٦٠ ملیۆن دیناری مانگانەیە، كە بۆ هەر ساڵێك دەكاتە ٧٢٠ ملیۆن و بۆ هەر چوار ساڵەكەش دوو ملیارو ٨٨٠ ملیۆن دینارە. هاوكات موچەو دەرماڵەی سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەشی بۆ هەریەكەیان ٥٥ ملیۆن دیناری مانگانەو ٦٦٠ ملیۆنی ساڵانە و دوو ملیار و ٦٤٠ ملیۆنی هەر چوار ساڵەكەیە. موچەو دەرماڵەی هەر پەرلەمانتارێكیش ٢٥ ملیۆنی مانگانەیە، بۆ هەر وەزیرێكیش بڕی ٣٥ ملیۆن دیناری مانگانە وەك موچەو دەرماڵەی خەرجدەكرێت، ئەمە جگە لەو سەدان ملیار دینارەی مانگانەی كەوەك خانەنشینی بۆ سەرۆك و پەرلەمانتارو وەزیرەكانی پێشووتر خەرجدەكرێت، هەموو ئەمانەش لەكاتێكدایە كەمترین موچەی فەرمانبەرێك ١٧٠ هەزار دینارە. بەبڕوای ئابووریناسانیش هیچ وڵاتێك نیە لەجیهاندا موچەی سەرۆك و وەزیرو پەرلەمانتارو بەرپرسەكانی هێندەی عێراق زۆر بێت، لەكاتێكدا نزیكەی پێنج هەزار بەڕێوەبەری گشتیش لەوڵاتدا بوونی هەیە، كە ئەمانەش موچەو دەرماڵەو خەرجییان زۆر زۆرە، ئەمە جگە لەو چەندان لیواو فەوجەی كە بۆ پاراستنی سەرۆكەكان و بەرپرسانی دیكە موچە و بودجە لەبودجەی گشتیی عێراق وەردەگرن. لەبودجەی ساڵی رابووردوودا (٢٠٢١) موچەی سەرۆكایەتی كۆمار گەیشتووەتە ٣٥ ملیارو ٦٣٩ ملیۆن دینار، موچەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش گەیشتووەتە ٢٢٨ ملیارو ١٤١ ملیۆن دینار، هەرچی موچەی ئەمیندارێتی گشتی و نووسینگەی سەرۆكایەتی وەزیرانیش گەیشتووەتە ٨١ ملیارو ١٧٦ ملیۆن دینار، كۆی هەموو ئەمانەش بڕی ٣٤٤ ملیار دینارو ٩٥٦ ملیۆن دینار لەبودجەی گشتیدا بووە. كۆی فەرمانبەرانی ئەو سەرۆكایەتیانەش ٥٩٢٦ فەرمانبەر بووە. كۆی فەرمانبەران و موچەخۆرانی عێراقیش زیاتر لە حەوت ملیۆن فەرمانبەرو موچەخۆرە، كە موچەی ساڵانەیان زیاتر لە ٦٢ ملیار دۆلارە، بەپێی تازەترین ئاماری بانكی ناوەندی عێراقیش، بڕی یەدەگی نەختینەیی عێراق زیاتر لە ٨٥ ملیار دۆلارە، چاوەڕوانیش دەكرێت بەهۆی بەرزی نرخی نەوت و بەرزی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار تاكۆتایی ئەمساڵ بڕی یەدەگی نەختینەیی بگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار.

عەمار عەزیز نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی لەدهۆك و نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای بەڕدەرەش، ماوەی 10 ساڵە بەردی بناغەیان بۆ دانراوە، بەڵام تائێستا  تەواونەكراوەن و كاركردنیش تیایاندا راگیراوەو هیچ وادەیەكیش بۆ تەواوكردنیان دیارینەكراوە. نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی فریاكەوتن لەشاری دهۆك لەساڵی 2012 بەردی بناغەی بۆی دانراوە، بودجەی پرۆژەكە 108 ملیار دینارە، تەنها لەسەدا 30ی  تەواوكراوە، زیاتر لە شەش ساڵە كاركردن لەپرۆژەكەدا وەستاوەو نازانرێ كەی دەستپێدەكرێتەوە. دكتور ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند:» پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 300 قەرەوێڵەیی لەدهۆك هەروەها نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای بەردەڕەش و نەخۆشخانەی 100 قەڕەوێڵەیی لە سنوری قەزای ئامێدی، ئەمانە پرۆژەی ستراتیژی و زۆرگرنگن بۆ پارێزگای دهۆك، بەهۆی نەبوونی پارە ئیشكردن لەنەخۆشخانە 300 قەرەوێڵەییەكەی دهۆك و 100 قەرەوێڵەییەكەی بەردەڕەش وەستاوە، ئەوەی دهۆك 30 بۆ 35%ی تەواوبووەو ئەوەی قەزای بەردەڕەش بەشێكی زۆر كەمی كراوە، بەڵام ئەوەی سنوری قەزای ئامێدی ئیشكردن تیایدا بەردەوامەو تائێستا نیوەی پرۆژەكە تەواوبووە «. وتیشی:»بۆ تەواوكردنی ئەو دوو پرۆژەیە پێویستە پارە لەبەغداوە رەوانەی هەرێم بكرێت، چونكە ئەمانە پرۆژەی گەورەو ستراتیژین و دەبێت لەسەر بودجەی بەكاربەر تەواو بكرێن ، تائێستاش هیچ وادەیەك بۆ دووبارە كاركردن لەو دوو نەخۆشخانەیە دیارینەكراوە، چاوەڕێ دەكەین پارەی بۆ تەرخان بكرێت،  بەدڵناییەوە بەتەواوكردنی ئەو دوو نەخۆشخانەیە ئەو فشارەی ئێستا لەسەر نەخۆشخانەكانمان هەیە زۆر كەمدەبێتەوەو داواشمانكردووە جارێكی تر كاری لەسەر بكرێت، بەڵام ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا دانیەو دەبێت حكومەتی هەرێم بڕیاربدات«. نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لەسنوری قەزای بەردەڕەش، لەساڵی 2013 بەردی بناغەی بۆ دانراوە، بودجەی پرۆژەكە 40 ملیار دینارە،  نۆ ساڵ تێپەڕی بەسەر دانانی بەردی بناغەکەو تەنیا لەسەدا  10ی تەواوبووەو چەند ساڵێكیشە كاركردن تیایدا وەستاوە. جەمیلا محەمەد، نوێنەری قەزای ئاكرێ و بەردەڕەش لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك و  ئەندامی لیژنەی تەندروستی سەبارەت بەپرۆژەكە بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی بەردەڕەش بەبڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ئەوكاتی هەرێم بەردی بناغەی دانراو دوای ماوەیەكی كەم ئیشكردن لەپرۆژەكە وەستا، ئەوەش بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق و هەروەها شەڕی داعش، ئەو پارەیەی كە بۆی دابینكرابوو تەنیا بەشێكی كەمی لێ خەرجكرا، حكومەت بۆ پڕكردنەوەی بەشە بودجەی خۆی كەئەوكات بۆ شەڕی دژ بە داعش و دابەشكردنی موچە پێویستی بەبڕە پارەیەكی زۆر هەبوو، بۆیە بەشەكەی تر خەرجنەكرا». جەمیلا محەمەد دەڵێت:» لەسەر ئەم پرسە سەردانی وەزیری تەندروستی و بەرپرسانی باڵای حكومەتمان كردووە، دواینجار توانیمان رازیبوونی حكومەت بەدەستبهێنین بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی فریاكەوتن، بەخۆشحاڵییەوە نەخۆشخانەكە تەواوبووە تەنها ئەوە ماوە پێداویستی تەندروستی و پزیشك و پەرستاری بۆ دابینبكرێت، دانیشتوانی قەزای بەردەڕەش لەهەموو شارەكانی تر زیاتر كێشەی تەندروستییان هەیە، چەندین حاڵەتی نەخۆش هەبووە رەوانەی دهۆك و ئاكرێ كراون، بەڵام لەڕێگادا گیانیان لەدەستداوە. وتیشی: »پرسی نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی دهۆكیش هەمان شتە، ماوەیەكی زۆر وەستاوەو هیچ وادەیەك بۆ دووبارە كاركردن لەسەر پرۆژەكە دیارنیە، نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی قەزای ئامێدی نیوەی تەواو بووەو ئیشكردن لەپرۆژەكە بەردەوامە، بەهیوای ئەوەی لەكاتی خۆیدا تەواوبكرێت، بەردەوام بەدواداچوون بۆ پرسەكانی تەندروستی دەكەین و سەدان كێشەی تەندروستیمان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار كردووە، بەڵام چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی پرۆژەكان كاری حكومەتە». حەلیما عەبدولڕەحمان، ژنێكی تەمەن 48 ساڵ،  زیاتر لە 15 ساڵە لەناوەندی قەزای بەردەڕەش دەژی بەهاوڵاتی وت: « بەردەڕەش تەنها بەناو قەزایە چونكە هیچ نەخۆشخانەیەكی گشتی لەشارەكەدا نیە، تەنها بۆ سەرئێشەو  هەندێك نەخۆشی وەرزی سەردانی بنكەكانی تەندروستی لەسنوری قەزاكە دەكەین، بۆ نەخۆشی دڵ و شەكرە، شكان و نەشتەرگەی و دەیان نەخۆشی تر دەبێت سەردانی ئاكرێ یان دهۆك یان موسڵ بكەین، جگە لەمەش خوا نەكات رووداوێكی هاتوچۆ رووبدات بریندارەكان دەبێت بگوازرێنەوە بۆ ئاكرێ «. « نەخۆشی شەكرەو سەرئێشەیەكی بەردەوامم هەیە، یان دەچمە ئاكرێ یان موسڵ جگە لەدووری رێگاكە كرێی هاتوچۆش لەسەر نەخۆش دەكەوێت، هەر چەند مانگ جارێك دەبێت سەردانی پزیشك بكەم تاوەكو پشكنینم بۆ بكات یان چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشیەكەم وەربگرم « حەلیما عەبدولڕەحمان وای وت. دكتۆرە نارین عومەر موسا، بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای بەردەڕەش بەهاوڵاتی راگەیاند: «لە 2013وە بەردی بناغەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەدەوروبەری شاری بەردەڕەش دانرا، ماوەیەكی زۆر كەم كاری لەسەركراو دواتر پرۆژەكە وەستا، تەنیا 10%ی پرۆژەكە تەواوبووەو ئەوەی تری هەمووی ماوە، هۆكاری وەستانی ئیشكردن لەنەخۆشخانەكە لەبەرپرسانی تەندروستی دهۆك و وەزارەت بپرسن ئەوەندەی ئێمە دەزانین هۆكارەكە نەبوونی پارەیە، هیچ كێشەیەك لەزەویەكەو شوێنەكەدا نیە».  وتیشی:» هیچ نەخۆشخانەیەكمان نیە، تەنیا 15 بنكەی تەندروستیمان هەیە لەگەڵ دوو بنكەی تەندروستی لەكەمپەكانی پەنابەرانی رۆژئاوا، كۆی گشتی دەبن بە 17 بنكە، بەشی زۆر نەخۆشانی سنوری قەزای بەردەڕەش روو لەقەزای ئاكرێ و دهۆك و زۆر شوێنی تر دەكەن، ئەگەر ئەو نەخۆشخانەیە تەواو بكرایە 80%ی كێشەكانی تەندروستی لەسنوری قەزاكە چارەسەردەبوون، خەڵكی بەردەڕەش و دەوروبەری سەردانی شوێنەكانی تریان نەدەكرد هەر لەشارەكەی خۆیان چارەسەری پێویستیان وەردەگرت». «بۆ شوێنگرەوەی نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەكە نەخۆشخانەیەكی فریاكەوتن دروستكراوە، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە، بەتەواوبوونی كەمێك فشار لەسەر نەخۆشخانەكانی دهۆك و ئاكرێ كەمدەكات، بەڵام هەر دەمێنێت چونكە تاكە چارەسەر ئەوەیە ئەو نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییە تەواوبێت، قایمقامی قەزای بەردەڕەش و تەواوی بەرپرسان هەوڵیانداوە بۆ تەواوكردنی پرۆژەكە بەڵام تائێستا هیچ شتێكی نوێ لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆژەكە دیارنیە «، دكتورە نارین عومەر وای وت.  هاوكات نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای ئامێدی، لەساڵی 2013 بڕیاری دروستكردنی بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و چەند هۆكارێكی تر جێبەجێكردنی پرۆژەكە دواكەوت، لەئەیلولی ساڵی 2020 سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی بۆ دانا  بەگوژمەی 43 ملیۆن دولار كەبڕیارە ماوەی 33 مانگ تەواو بكرێت، نەخۆشخانەكە پێنج نهۆمییەو دانیشتوانی سەنتەری ئامێدی لەگەڵ چوار ناحیەو كۆمەڵگاو گوندەكان سوود لێوەردەگرن، لەسەر رووبەری 20 هەزار و 150 مەتری دووجا دروستدەكرێت، ئەم پرۆژەیەش تائێستا تەنیا لەسەدا 50ی تەواو كراوە. هێرش رەشید، خەڵكی ناحیەی شیلادزێی سەر بەقەزای ئامێدی بەهاوڵاتی  وت:» حكومەت وەك پێویست گرنگی نەداوە بەكەرتی تەندروستی لەسنوری قەزای ئامێدی ، لەتەواوی سنورەكە تەنها ژمارەیەك بنكەی تەندورستی هەن، پێش دوو ساڵ بەردی بناغە بۆ نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەكۆمەڵگای هێتوت لەسنوری قەزاكە دانراوە، بەڵام هیچ هیوایەكمان پێ نیە لەكاتی خویدا تەواوبكرێت، چونكە تائێستا تەنها نیوەی پرۆژەكە تەواو بووەو وابڕوات دوو ساڵی تر تەواو نابێت . «سەرووی 80% دانیشتوانی سنوری قەزاكە بۆ سەردانی پزیشك و وەرگرتنی چارەسەر سەردانی دهۆك دەكەن، بەشێكی تر روو لەناوچەكانی تر دەكەن، زیاتر لە 20 ساڵە ئەوە حاڵمانە، لەوەرزی زستان و باران و بەفر دۆخەكە بۆ ئێمە دوو ئەوەندە سەخت دەبێت و زۆرجار ناتوانین سەردانی دهۆك بكەین ئەوەش لەبەر بەفرو باران ، لەلایەك دەترسین تووشی رووداوێكی هاتوچۆ بین و لەلایەكی تر هیچ رێگەچارەیەكی ترمان نیە» هێرش رەشید وای وت.

هاوڵاتی هەر لەگەڵ دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی بەوەكالەت، ئیحسان عەبدولجەباری وەزیری نەوت و وەزیری دارایی بەوەكالەت بەتویتێك گەندەڵی و دزییەكی گەورەی لەپارەی دەستەی باجی عێراق ئاشكراكردو دوابەدوای ئەوەش بەڵگەنامەكانی تایبەت بەو پرسە گەیشتنە میدیاو بڵاوكرانەوە.  بەڵگەنامەكان باسیان لەدزینی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیۆن دیناری دەستەی باجی عێراق  دەكرد كە لەلایەن پێنج كۆمپانیای وەهەمییەوە لەڕێگای چەكی بانكییەوە ئەنجامدراوە. سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەش لەدوای بڵاوبوونەوەی دەقی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی بەوەكالەت كەپێشكەشی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراقی كردووە و تێیدا باس لەدزینی ئەو بڕە پارەیە دەكات. بەگوتەی ئیحسان عەبدولجەبار، لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا زیجیرەیەك كاری ساختەكاری، بردنی پارە، هەواڵەكردنی چەندین بڕە پارە بۆ كۆمپانیای نوێ كراون، كە نە پەیوەندی و نە مافیان لەبەدەستهێنانی ئەو پارانەدا نەبووە، كە بڕەكەی 3.7 ترلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار) بووە. بەگوێرەی نامەكەی وەزیری نەوت، پرۆسەی دزینی ئەو دوو ملیارو 500 ملیۆن دۆلارە لەنێوان 1ی ئەیلوولی 2021 تاوەكو 15ی ئابی 2022 بووە، ئەو وەزیرە دەڵێت، «هەوڵێك نەدراوە بۆ بنكۆڵكردن و گەڕان، دزییەكە ئاشكرا و بەشێوەیەكی رەها بووە». دەستەی دەستپاكیی عێراقیش لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە لێكۆڵینەوەیان لەهۆكاری دیارنەمانی ئەو بڕە پارەیە كردووەو بەردەوامیش دەبن لەلێكۆڵینەوە. هەر سەبارەت بەو بابەتە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر رایگەیاندووە «لەبارەی دۆسیەی ئەو پارەیەی لەدەستی باج لەوەزارەتی دارایی راكێشراوە، پێویستە لەو بارودۆخە بكۆڵدرێتەوە كە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لەناو جومگەكانی ئەو دەستەیەدا، كە لەئەنجامدا بووەتەهۆی ئەوەی باڵ بەسەر ونبوونی دارایی گشتیدا بكێشێت، ئەم كارەش بەر لەحكوومەتی ئێستادا ئەنجامدراوە.» لەلایەن خۆشیەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو رایگەیاند «رێگە نادەین پارەی عێراقییەكان بەهەدەر بدرێت، وەك ئەوەی لەدەستەی گشتی باجەكانی سەر بەبانكی رافیدەین روویداوە.» هاوكات موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش رایگەیاند: «ئەو كارە بەئاسانی تێناپەڕێت و سزای توندی ئەوانە دەدرێت كە لەو دۆسیەوە گلاون». بانكی رافیدەینیش رایگەیاندووە ئەوان هیچ پەیوەندییەكانیان بەو بابەتەوە نییەو ئەوەی باسدەكرێت پەیوەندیی بەدەستەی باج و هەژمارە بانكییهكانی خۆیانەوە هەیە. لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراقیش بانگهێشتی وەزیری دارایی دەستلەكاركێشاوەو جێگری وەزیرو بەرپرسانی بانكی رافیدەین و دەستەی باجی كردووە بۆ لێكۆڵینەوەو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش بڕوای وایە پارەی بەهەدەردراو زۆر زیاتر بێت لەو بڕەی كە باسی لێوەدەكرێت. گەندەڵیەكە لەسەردەمی عەلی عەلاوی وەزیری دەستلەكاركێشاوەی پێشوتری دارایی عێراق روویداوە، ئەو پێشتر رایگەیاند: حكومەت نەیتوانیوە رێگە لەگەندەڵی بگرێت،  بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك لەلایەن پێنج كۆمپانیای وەهمی بەناوەكانی( فائت، ئەلحوت، ریاح بەغداد، موبدیعون، بادیە) بەهاوكاری چەند فەرمانبەرێكی وەزارەتی دارایی بڕی سێ ترلیۆن و 700 ملیۆن دیناریان بە٢٤٧ چەكی بانكی دەستەی گشتی باج لەبانكی رافیدەین راكێشاوەو ئەو بڕە پارە زۆرەی براوە هی كۆمپانیا گەورەكانەو وەك باج لەلایەن حكومەتەوە وەرگیراون. دادگای كەرخ لەبەغدادیش لەسەر ئەو گەندەڵیە گەورەیە ژمارەیەك بەرپرس و فەرمانبەری دەستەی باج و بانكی رافیدەینی بۆ لێكۆڵینەوە بانگكردو چاوەڕوانیش دەكرێت ئەم دۆسییە كەسانی گەورەتری تێوەبگلێت.  

سەركۆ جەمال وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاریداوە نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكات، حكومەتی عێراقیش بڕیاریداوە 150 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و بۆ هەر بەرمیلێكیش 35 بۆ 40 هەزار دینار وەردەگیرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم ئەو نەوتەی خۆی كە دابەشی دەكات 100 هەزار دینار وەردەگرێت. هەرێمی كوردستان پێویستی بە 260 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، بەڵام ساڵی رابردوو حكومەتی هەرێم تەنها 60 ملیۆن لیتری دابەشكردووەو ئەوی دیكە عێراق دابەشی كردووە. كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «حكومەتی عێراق ساڵانە بڕێك نەوت دەنێرێت، بەڵام ئەوە بەشی پێداویستی هاووڵاتیان ناكات، ئەوەش میزاجی كەسیی دەزانێت كەی دێت، مەسەلەی ئەو هەڵایەشی بۆی دروستكراوە ئەوەیە بیری خەڵكی ببەنەوە كە دەبێت حكومەتی هەرێم نەوت دابەش بكات، ئێمە نووسراوێكمان داوەتە وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەوان بەنیازن 15 ملیۆن لیتر بنێرن بۆ سلێمانی لەكاتێكدا سلێمانی پێویستی بە 110 ملیۆن لیترە، بەڵێنی هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغداد هیچیان جێبەجێنەكراوەو ناشزانین كەی جێبەجێدەكرێت». هاوكات بڕیار رەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: «وەزارەتی نەوتی عێراق داوای ناوی كۆمپانیا و شۆفێری بارهەڵگرەكانیان كردووە بۆ ئەوەی رێگەپێدانیان بۆ بكەن بۆ گواستنەوەی نەوتەكە بۆ سلێمانی و بڕەكەشی 150 ملیۆن لیترە». ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی: «پێشتر بۆ ئەوەی سلێمانی  لەپارێزگاوە نووسراو كراوە بۆ عێراق و پێشبینی دەكەم تا 20 ی مانگ بگاتە سلێمانی و هەر پارێزگایەكیش پشكی خۆی بۆ دەنێرن وەك چۆن ساڵانی رابردوو ناردوویانە». هاوكات فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لەبەغداد رایگەیاند: مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق بڕیاریدا ١٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.  دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوو حكومەتی هەرێم بڕیاریدا لە 20ی ئەم مانگەوە نەوتی سپی لەناوچە شاخاوی و ساردەكانی هەرێم بەسەر هاووڵاتییان دابەش بكات، بڕیارەكە كاریگەری لەسەر نرخی نەوت لەبازاڕدا كردو بەهۆیەوە نرخی بەرمیلێك نەوت لەنزیكەی 295 هەزارەوە بۆ 260 هەزار دینارو كەمتریش دابەزی. كۆسار محەمەد یەكێكە لەبریكارەكانی فرۆشتنی نەوت لەسلێمانی، بەهاوڵاتی وت:»بەرمیلێك نەوتی سپی (بێجی) بە 260 هەزار دینارە، هەروەها نرخی بەرمیلێك نەوتی بەغدا بە 255 هەزار و نرخی بەرمیلێك نەوتی كەركوكـیش بە 245 هەزار دینارە». رۆژی دووشەممە 17-10-2022 وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاند بڕیاریداوە  بەدەستپێكردنی پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی ناوچە شاخاوییەكان لە رۆژی 20ی ئەم مانگەوە‌، هەر خێزانێك بڕی 200 لیتر نەوتی بە 100 هەزار دینار پێدەدرێت. نافز مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:»ئەو نەوتەی عێراق دەینێرێت بۆ هەموو كوردستان و بەپێی ژمارەی دانیشتوان بەسەر هەر پارێزگایەكدا دابەش دەكرێت». هاوكات عەبدولسەمەد تیلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو نەوتەی دابەشدەكرێت پرسێكی مەركەزییەو وەكو ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك هیچ نووسراوێكمان بۆ نەهاتووە، بەڵام بەرهەمە نەوتیەكانی دهۆك ئاماری خۆی داوەتە سامانە سروشتییەكان كەچەند نەوتی پێویستە بۆ دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتیاندا». وتیشی:»پارێزگای دهۆك 56 تا 60 ملیۆن لیتر نەوتی پێویستە، بەڵام تائێستا نە حكومەتی هەرێم نە عێراق یەك لیتر نەوتیشی نەناردووە».  

هاوڵاتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك دوای نزیكەی پێنج ساڵ لە بڕیاری جێبەجێكردنی و دوور لەچاوی میدیاكان و لە 16ی ئۆكتۆبەری 2022دا كرایەوە، تەوقیتی كردنەوەی فرۆكەخانەكەو چۆنیەتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی كردنەوەكەی زۆرتین كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. هیچ بەرپرسێكی كورد لەمەراسیمی كردنەوەی فرۆكەخانەدا بەشدارنەبوو، تادرەنگانێكی شەوی پێش كردنەوەی فڕۆكەخانەكە زانیاری دژ بەیەك بەمیدیاكان دراوەو دواجار وتراوە كە مەراسیمەكە دواخراوە، بەڵام بەیانی 16ی ئۆكتۆبەر فرۆكەیەكی حكومەتی عێراق لەفرۆكەخانەكە نیشتووەتەوەو وەفدی حكومەتی عێراق ناسر شبلی، وەزیری گواستنەوە و هەیان نعمەت، وەزیری دارایی بەوەكالەتی لێدابەزیوەو بەئامادەبوونی راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك مەراسیمی كردنەوەی فرۆكەخانەیان راگەیاند، ئەم مەراسیمە تەنها 10 خولەكی خایاندو جگە لە راگەیاندنی پارێزگا هیچ میدیایەكی تر بانگهێشت نەكراوە، تەنانەت عەلی حەمادی یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك دەڵێت: ئاگادارنەكراوەتەوەو هەواڵەكە بۆ ئەویش سوپرایز بووە. لە تابلۆی فرۆكەخانەكەدا زمانی كوردی تێدا نیە، بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە بەرپرسانی كەركوك و حكومەتی عێراق چەند جارێك كردنەوەی فرۆكەخانەكەیان دواخستووە تاوەكو خستوویانەتە 16ی ئۆكتۆبەر، كە لەو رۆژەداو لەساڵی 2017 هێزە سەربازییەكانی عێراق هێرشیانكردەسەر كەركوك و ناوچە كوردستانیە دابڕاوەكان و لەماوەی كەمتر لە 48 كاتژمێردا تەواوی ئەو ناوچانەیان كۆنترۆڵكردو پێشمەرگەش كشایەوە، تەنانەت راكان جبوری پارێزگاری كەركوك لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا دوای كردنەوەی فرۆكەخانەكە وەك ئاماژەیەك بۆ 16ی ئۆكتۆبەر رایگەیاند: « پێنج ساڵ بەسەر سەپاندنی یاسادا تێدەپەڕێت». نووسینگەی راگەیاندنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمان داوای‌ لە وەزیری‌ گواستنەوە كرد كارەكانی‌ فرۆكەخانەی‌ كەركوك بوەستێنێت بەهۆی‌ بوونی‌ گومانی‌ گەندەڵی‌ لەپرۆژەكەو كێشەی‌ ئەمنی‌ و ئاستەنگی‌ ئیداری‌ و هونەری‌ تیایدا، وتیشی: ناهێڵین ئەو فڕۆكەخانەیە بكرێتەوە، ئەوە دەروازەیەكە بۆ گەندەڵی و راپۆرتی دیوانی چاودێری داراییشی لەسەرە. دواتر بەرەی توركمانی لەبەیاننامەیەكدا وەڵامی شاخەوان عەبدوڵای دایەوەو رایگەیاند: ئەم لێدوانە مەترسیدارە كە پێچەوانەی هەموو بەها مرۆییەكان و كۆمەڵایەتییەكانە، هێرشە بۆ سەر مافەكانی خەڵكی پارێزگاكە، لەپێشینەیەكی مەترسیداردا كە بۆ یەكەمجارە لەمێژووی نوێی عێراقدا روویدا، ئەو پۆستێكی یاسایی هەیە، كە رێگەی پێنادات دەستوەردان لەكاروباری دەسەڵاتی جێبەجێكردندا بكات». دوای كردنەوەی فرۆكەخانەكەش پارێزگای كەركوك بەوەكالەت لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبینای پارێزگا كردنەوەی فڕۆكەخانەكەی بەپرۆژەیەكی گرنگی ناوبردو رایگەیاند: بڕیاربوو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران ئامادەبێت بەڵام بەهۆی بارودۆخی بەغدا و دەستاودەستكردنی سەرۆكایەتی حكومەت، نەیتوانیوەو هەر ئەوەش هۆكاری بچووكی مەراسیمەكە بووە، وتیشی: بۆ كاتی یەكەم گەشت لەفڕۆكەخانەوە مەراسیمێكی تر دەكرێت، لەبارەی دامەزراندنی ستافی فڕۆكەخانەشەوە، هەوڵدەدەن بەپاراستنی یەكسانی نێوان پێكهاتەكان بێت. پڕۆژەی فڕۆكەخانەی كەركوك، لەكۆتایی 2017ـەوە بە‌بڕیاری حكومەتی عیراق چووە بواری جێبەجێكردنەوەو دەبوایە لەساڵی 2019 كارەكانی تەواو ببێت و بكرێتەوە، بەڵام لەوكاتەوە چەندینجار وادەی جیاواز بۆ مەراسیمی كردنەوەی دانراوە و دواتر دواخراوە، بەبێ ئەوەی هۆكارەكانی روونبكرێتەوە. لەسەردەمی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك بڕیاری بەمەدەنیكردنی فڕۆكەخانەكە دەركراوە، فڕۆكەخانەكە دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای كەركوك و لەساڵی 1957ـەوە وەك فڕۆكەخانەیەكی نێودەوڵەتی لەعیراقدا تۆماركرا، بەڵام لەساڵی 2003 كرا بەبنكەیەكی سەربازی هێزەكانی ئەمەریكا.

هێمن مەحموود دواجار دوای ساڵێك چاوەڕوانی و چەندین رووداوی چاوەڕواننەكراو كەگەیشتە ئاستی بەكارهێنانی چەك لەدژی یەكتری، دوای دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆمار بۆ پشكی كورد، محەمەد شیاع سودانی كاندیدی هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەلایەن (لەتیف رەشید)ی سەرۆك كۆماری نوێی عێراقەوە راسپێردرا،  بەشێك لەچاودێرانیش پێیان وایە كابینەكەی سودانی حكومەتێكی ئینتیقالی دەبێت، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی رەتیدەكاتەوەو دەڵێت: كابینەكە لانی كەم سێ ساڵ تەمەنی دەبێت. سودانی دوای راسپاردنی لەیەكەم لێدوانیدا بەڵێنیدا پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز پێشكەش بكات كە توانای بنیاتنانی وڵاتی هەبێت و رایگەیاند: بەڵێن بەعێراقییەكان دەدەم بە پێكهێنانی كابینەی نوێ بەزووترین كات چاوەڕوانییەكانیان بەدی بێنم، هەروەها حكومەتێكی بەهێز پێكدەهێنین كە توانای بنیاتنانی وڵات و خزمەتكردنی هاووڵاتیان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بنیاتنانی هاوسەنگی نێودەوڵەتیی هەبێت.   دەربارەی كاتی راگەیاندنی كابینەكەش، هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد:داوایان لەپەرلەمان كردووە رۆژی شەممەی داهاتوو 22ی تشرینی یەكەم پەرلەمانی عێراق دەنگ بەكابینەكەی سودانی بدات بەهەموو وەزیرەكانیەوە. عەلی حسێن سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح بە سایتی ئەلمەعلومەی راگەیاندوە، بەفەرمی لەهەفتەی داهاتودا كابینەی نوێی حكومەتی عیراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع ئەلسودانی رادەگەیەنرێت و ئەو ناوانەشی بڵاوكراونەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان دوورن لەڕاستیەوە، وتیشی: سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو هیچ ناوێك ئاشكراناكات تا ئەوكاتەی كابینەی حكومەتەكەی تەواو دەكات و  بەفەرمی رایدەگەیەنێت، ئاماژەی بەوەشكرد سودانی پێوەری خۆی داناوە بۆ ئەو كەسایەتیانەی هەڵیاندەبژێرێت و كاندید دەكرێن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاریی كە تەكنۆكرات دەبن. وتیشی: سودانی ماوەی مانگێكی لەبەردەمدایە بۆ راگەیاندنی كابینەكەی و پێشكەشكردنی بەپەرلەمان، هەروەها نەخشەڕێگایەك لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی وەزارەتەكان بەتایبەتی وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگری ئامادەكراوە و لەگەڵ هێزە شیعی و سوونیەكان گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەشی كەدزەیان پێكراوە پشكی لایەنەكان لەكابینە وەزارییەكەی سودانی بەم شێوەیەیە، لایەنە شیعیەكان؛ وەزارەتەكانی (كشتوكاڵ، گواستنەوە، ناوخۆ، تەندروستی، نەوت، كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، دارایی، سەرچاوە ئاوییەكان، خوێندنی باڵا، كارەبا،  پەیوەندییەكان)و پشكی  سوننەكان؛ وەزارەتەكانی (بەرگری، پلاندانان، پەروەردە، پیشەسازی و كانزاكان، بازرگانی، رۆشنبیری و گەشتوگوزارو شوێنەوار) و پشكی لایەنە كوردییەكانیش؛ وەزارەتەكانی (دەرەوە، داد، ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، ژینگە) دەبێت. هاوكات جاسم محەمەد، وەزیر لەكابنەی پێشوو ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەئامادەبوونی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق كۆبووەتەوەو دابەشكردنی وەزارەتەكانیان لەنێوان پێكهاتەكان تاووتوێكردووە، بەوتەی ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، سەرۆك كۆمار سێ جێگری دەبێت و سەرۆك وەزیرانیش هیچ جێگرێكی نابێت. دابەشكردنی وەزیرەكان بەپێی خاڵ دەبێت و هەر پەرلەمانتارێك بەخاڵێك ئەژمار دەكرێت، وەزیرێكی سیادی 13 خاڵ دەبێت و وەزیری خزمەتگوزاری هەشت خاڵی بۆ دیاریكراوە. سەبارەت بەڕێكاری دابەشكردنی پۆستەكانیش، ئەندامەكەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: «پشت بەژمارەی كورسییەكانی هەر لایەنێك دەبەسترێت، بۆ نموونە ئەگەر هەر لایەنێك فراكسیۆنەكەی گەیشتە 50 كورسی ئەوا چوار وەزارەتی دەبێت. ئەوانەی 10 كورسی و كەمتر و زیاتر لە 10 كورسیان هەبێت پۆستێكیان دەبێت، واتە پۆستەكان و وەزارەتەكان بەو شێوەیە دابەشكراون. جێگری سەرۆك كۆمارو وەزارەتی سیادی و پۆستی سیادی ئەمانە هەریەكەیان كێشیان زیاترە، واتە كورسی زیاتر دەبەن بەراورد بەپۆستی دیكە.»  هەر بەگوێرەی زانیارییەكان لیژنەیەكی تەكنیكی بۆ دیاریكردنی كاندیدانی كابینەی حكومەتی داهاتووی عێراق پێكدەهێندرێت و بەشێك لەكاندیدەكان لەلایەن كوتلە سیاسییەكان و بەشێكی دیكەیان لەلایەن سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوەوە دەدرێنە لیژنەكە.  سەبارەت بەتەمەنی كابینەكەی سودانی كە بەشێك لەچاودێران پێیان وایە حكومەتێكی ئینتیقالی دەبێت، چوارچێوەی هەماهەنگی رەتیدەكاتەوە حكومەتی ئینتیقالی بێت و دەڵێت لانی كەم سێ ساڵ تەمەنی دەبێت. چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: كابینەی داهاتوو گرنگی زۆر بە بابەتی هەڵبژاردن و یاساكەی دەدات، بەڵام حكومەتی ئینتیقالی نابێت، چونكە بەلایەنی كەم تەمەنی دەگاتە سێ ساڵ، هاوكات هەموو دەسەڵاتێكی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی دەبێت. هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانێـتی فەتح لای خۆیەوە داوایكردووە هەموو لایەك هاوكارییەكی تەواوی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراودا هەبێت بۆ تەواوكردنی كابینەكەی و هەڵبژاردنی وەزیرەكانی لەسەر بنەمای پیشەیی. ئەوەشی تائێستا بەفەرمی رەتیكردۆتەوە بەشداری لەكابینەكەی سودانیدا بكات، رەوتی سەدرو رەوتی حیكمەی عەمار حەكیمە، كە بەفەرمی رایانگەیاندووە بەشداری ئەو حكومەتە ناكەن، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەشی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دزەیان پێكراوە فشاری ئێرانییەكان بۆ سەر چوارچێوەكە دەستیپێكردووە ئەویش بەئامانجی ئەوەی لەگەڵ رەوتی سەدردا جۆرێك ئارامی درووستبكرێت و چەند وەزارەتێكیان بۆ پێشنیازكراوە، بەڵام ئەستەمە سەدر بەمە رازی بێت. هاوكات چوارچێوەی هەماهەنگی هەر لەتەوەری ئاشتبوونەوە لەگەڵ رەوتی سەدر، پێشنیازی كاتێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ دەخاتە بەردەم سەدرییەكان، بەڵام پێش ئەوە پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوەو كۆمیسیۆنێكی نوێ بۆ هەڵبژاردن درووستبكرێت، كە ئەمەش لانی كەم ساڵێك زیاتر دەبات. هاوكات لەلایەن خۆیەوە ئەیاد عەللاوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانێتی نیشتیمانی، لەراگەیەندراوێكدا داوای لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كردووە، ئەو هەڵانە راستبكاتەوە كە حكومەتەكانی پێشوو كردوویانە، وتیشی ئەركی حكومەتی داهاتوو ئامادەكارییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراقدا. دەربارەی پشكی كوردیش لەكابینە چاوەڕوانكراوەكەی سودانی، فراكسیۆنی پارتی لەبەغدا پێی وایە دەبێت كورد چوار وەزارەتی بدرێتێ، یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری بردووەو دەبێت پێگەی پارتی لەو وەزارەتانە لەبەرچاو بگیرێت. سەباح سوبحی پەرلەمانتاری پارتی لەبەغدا دەڵێت لەكابینەی داهاتووی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتیی محەممەد شیاع سودانی، كورد داوای چوار وەزارەت دەكات كە دوو وەزارەتیان سیادی دەبێت ئەوانیش دارایی و دەرەوە دەبن.  دەشڵێت، سەرۆك كۆمار بەركەوتەی یەكێتییەو پیرۆزباییان لێدەكەین، هەروەك لەپۆستە وەزارییەكاندا دەبێت پێگەی پارتی لەبەرچاو بگیرێت. هاوكات باس لەوەدەكرێت كه هەردوو وەزارەتی (دارایی و نەوت) بە كورد نەدرێت و رەنگە یەك وەزارەتی سیادی(دەرەوە) و سێ وەزارەتی خزمەتگوزاری بەكورد بدرێت، كە لەمەشدا لەنێوان حزبە كوردییەكاندا دابەشدەكرێت. ئەوەشی چاوەڕواندەكرێت لەدابەشكردنی وەزارەتە سیادییەكانی دیكەدا (بەرگری، دارایی، پلاندانان، ناوخۆ، نەوت) لایەنە شیعەو سونییەكان ناكۆكییەكانیان بەدیاربكەوێت، چونكە هەر لایەن و گرووپێك داوای پشكی زیاتر بۆ خۆیان دەكەن. لەئێستاشدا شەقامی عێراقی كه بەدەستی چەندین گرفتی كەڵەكەبووی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و دارییەوە دەناڵێنێت، لەچاوەڕوانی راگەیاندنی كابینەكەی محەممەد شیاع سودانین تا بزانن چییان بۆ دەگۆڕێت، ئەوەشی ئەوە دیاری دەكات تەنیا كاتەو هیچی تر، كه ئایا حكومەتەكەی سودانیش بەدەردی حكومەتەكانی پێش خۆی دەچێت یان نا؟.    

هاوڵاتی دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) چۆن خەمڵی؟ چاوگە و ڕەگوڕیشە فیکریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی و سەربازییەکانی ئەم دروشمە چین، ئەو ژنە کێ بوو ئەم درووشمەی لە باکوورەوە گواستەوە بۆ ناو زیندانی (ئەوین)ی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران؟. ئەم بابەتە دەقی ڕاپۆرتێکی (بی بی سی فارسیی)ـە،  بى بى سى لەم ڕاپۆرتەدا گەڕاوەتەوە بۆ چاوگە و ڕەگوڕیشە فیکریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی و سەربازییەکانی درووشمی (ژن، ژیان، ئازادیی) و خەمڵاندنی ئەم چەمک و بیرۆکەیە لە زەینی رابەرى زیندانیکراوى پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان، لەوێوە بۆ نێو دەستەکانی شەهید ساکینە جانسز، دواتر بۆ نێو ژنانی کۆمەڵی کوردەواریی و باڵکێشانی بۆ نێو ژنانی گەلانی تر. دەقی ڕاپۆرتەکەى بى بى سى؛ بەهار شەپۆلانی بوو، تەپۆڵکە بڵندەکانی ڕووباری فوورات سەوز دەچوونەوە، شەڕڤانانی کورد، زستانێکی تووشیان بڕی بوو، نزیکەی شەش مانگ بوو بۆ پاراستنی کۆبانێ، لە سنوورەکانی سووریا و تورکیا، ڕووبەڕووی داعش دەبوونەوە، چەند ڕۆژی پێش ئەوە توانیبوویان هێزەکانی داعش بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فووڕات پاشەکشێ پێ بکەن، لە گوندی شێخلەری کەناراوی ڕۆژئاوای فووڕات، جەژنێکی بچووکیان دەگێڕا. هاوکات ئەو ڕۆژە خۆرەتاوییە هەشتی مارسیش بوو، ڕۆژی جیهانیی  ژن، ئەو شەڕڤانە ژن و پیاوانەی ماندووێتیی جەنگ لە ڕووخساریان دەباری، پیرۆزبایی ڕۆژی ژنیان لێک دەکرد، شەڕڤانە ژنەکان نزیکەی سەد کەسێک دەبوون، لە کەناراوی فووڕات دەستیان لە دەستی یەکتری وەرنا بوو و هەڵدەپەڕین و درووشمی (ژن، ژیان، ئازادیی)ـیان دەوتەوە، بە چەشنێک ئەم درووشمەیان دەبێژا، تا لەودیو ڕووبارەکەوە چەکدارانی داعش زایەڵەیان بژنەفن. ئێستا پتر لە حەوت ساڵ لەو ڕۆژە تێپەڕیوە، ئەم درووشمە لە مەڕاسیمی ناشتنی (ژینا ئەمینیی) لە سەقز دەوترێتەوە، پاش چەند کاتژمێری کەم، لە شەقام و گۆڕەپانەکانی زانکۆکانی ئێران دەنگی دایەوە، درووشمێک، کە ئێستا بووە بە ناسنامەی بزووتنەوەیەکی نوێدەمی ئێران. لێ ڕیشەی ئەم درووشمە بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟ عەبدووڵا ئۆجالان، ڕابەری زیندانیی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پاییزی ١٩٧٨ بە یارمەتیی هەڤاڵانی ئەم حزبەى لە تورکیا دامەزراند.  لە وێنەی زۆرینەی پارتە چەپەکان، بەرخۆدان بۆ بەدیهێنانی مافی ژنان، بەشێک بووە لە نەخشەڕێی سیاسیی ئەم پارتە، لە ناوەڕاستی هەشتاکان و تەڤلیبوونی ئەم پارتە بۆ گۆڕەپانی سەربازیی ژنان شانەوشانی پیاوان، چەکدار بوون، خولی سەربازیی و ئایدۆلۆژیی بۆ ئەو ژنانەی لە کۆمەڵگەی چەقبەستوو و پیاوسالاریی کوردستان هەڵهاتبوون، ئەم پارتەی لای ئەوان خۆشەویست کرد. ئۆجالان پێی وابوو ژنان لە بن فەرمانڕەوایی سیستەمی باوکسالارانەی سەرمایەداریی و دەوڵەت- نەتەوەدان، ئەو ژنان بە "یەکەمین نەتەوەی کۆتکراوی دیرۆک"، دەزانێت و دەڵێت: "لە دڵی خۆمدا دەموت: ژن نیشتمانێکی داگیرکراوە و گەرەکە ئازاد بکرێت". جا تا ئەو سنوورە ڕۆشت، کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا داوای لە پیاوان کرد، ستەم دژی ژنان ببڕێننەوە و بە ماناوە گوتی: "پیاوێتیی لە خۆتاندا بکوژن.'' هاوکاتیی ئەمە ئەندامە ژنەکانی پەکەکە خەریکی تیۆریزەکردنی ڕامانە ژنتەوەرەکانی خۆیان بوون، کەسانێکی وەک  ساکینە جانسز (ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆر کرا) باسی بزووتنەوەیەکی ژنتەوەریان دەکرد، ئەمە فیمینیزمی ڕۆژئاوایی دەلەرزاند، چونکە ئەوەیان پێ ئیمپریالیست و بۆرژوازیی و نوخبەیی بوو، جانسز لە زیندان و ئۆجالان لە دەرێ، خەریکی ڕسکاندنی نموونەیەکی ژنانە بوون، جا ئەمە سرووشی لە دڵی مێژوو و کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە وەردەگرت و لە خوار بۆ سەرێ بوو، هەروەتر ڕوانگەیەکی باننەتەوەیی و دژەئیمپریالیست بوو. ئۆجالان لە کۆتایی نەوەتەکاندا بیرۆکەی (ئایدۆلۆژیای ژنی ئازاد)ـی خستە ڕوو. ئەو ئەم ئایدۆلۆژیایە لەم ڕستەیەدا کورت دەکاتەوە: تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت، یان دەڵێت: "ژن، ژیان، ئازادیی، واتە ژنی ئازاد، نیشتمانی ئازاد و پیاوی ئازادیش.'' مرۆڤێکی تەنیا لە زیندانی تاکەکەسیی ساڵێک پاش بڵاوکردنەوەی ئەم بیرۆکەیە، لە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی نێودەوڵەتییدا و ساڵی ١٩٩٩ ئۆجالان لە کینیا ڕفێنرا، لەو کاتەوە لە زیندانی دورگەی ئیمپڕالی زیندانییە، لێ لە ڕێی نامەکاریی و پارێزنامەکانییەوە کۆشا تا پتر ئایدۆلۆژیای ژنی ئازاد مشتوماڵ بدات. ئەنجامی ئەم هەوڵە ژنانی وەک ساکینە جانسز و مشتوماڵدانی فەلسەفەی (ژنۆلۆژیی) بوو، ئێستا زانستی ناسینی ژن لە چیاکان و زانکۆی قامیشلۆ و هەندێ ئەکادیمیای ژنانی ئەورووپا و ئەمریکای  لاتین دەخوێنرێت. ژنۆلۆژیی لە کۆبانێ یەکەم جار (ژنۆلۆژیی)ـم لە کەناراوی فووڕات گوێ لێ بوو. دەمەوخۆرئاوا بوو، ڕووباری فووڕات ئارام شەپۆلانی بوو، قیڕەی بۆق قامیشەڵانی تەنی بوو، دەستەیەکی ژنان لە ژێر فەرماندەیی ژنێک، لە تەنیشتی کوڵبەی ئەو ماسیگرانەی کەس نازانێ بەختیان گاڵ دێنێ یان پەموو، تۆمارەیان لە ئاگرێک دابوو و چاییان هەڵدەقووڕاند، جگەرەیان بە جگەرە دادەگیرساند، لەم نێوەندەدا پیاوێکی ئیسپانیی هەبوو، ناوە ڕێکخستنییەکەی، شەڕڤان بوو، بۆ جەنگی داعش هاتبوو، لەمەڕ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) پرسیاری لە دەلیلای ژنە فەرماندە دەکرد، دەیخواست بزانێت چۆن ئەم گشتە ژنە لە کۆمەڵگەیەکی ئاوا پیاوسالاردا توانیویانە بەم ڕەنگە خۆیان ڕێک بخەن و دژی داعش بجەنگێن.  دەلیلا، کە پێستی تاوەسووت و ئێسکنی لەبەر ئاگردا گرپەی دەهات، هەڵوەدا گفتوگۆکەی بۆ پێشێ دەبرد، دەیوت: لە خێزانێکی کرێکاری کوردی پەناهەندەی ئەستەنبووڵەوە هاتووە و لە لاوێتییدا ژیانی گەورەشار ئاگای هێناوەتەوە. پاش ناڕەزاییەکانی بەهاری عەرەبیی و بڵێسەی جەنگی ناوخۆیی لە سووریا، کوردانی ئەم وڵاتە ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئـاوایان گرتە دەست، لە بەهاری ٢٠١٣ یەکەمین یەکینەکانی پاراستنی ژنان شانەوشانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) خەمڵی، جا ئەمە ژنانی وەک ئەو دەلیلایەی لە ئەستەنبووڵەوە ڕووەو ئەو بەشەی سووریا ڕاکێشا، دەلیلا یەپەژە بە سوپای ژنان ناودێر دەکات و دەیوت: ئازادیی  ڕۆژهەڵاتی ناویین گرێدراوی ئازادیی ژنە. ئەو دەیوت: ژن ژیانە و درووشمی ژن، ژیان، ئازادیی، هێژای ئەم واتایەیە، دیار نییە ئاخافتنەکانی دەلیلا تا چ سنوورێک شەڕڤانە ئیسپانییەکەی دڵکاو کردووە؟ لێ درووشمەکەی ئەوان، هەزاران کیلۆمەتر دوورتر لەو کوڵبە ماسیگرییەی کەناراوی ڕووباری فووڕات و لە شەقامی شارەکانی جیهان و لە ڕێپێوانی پشتیوانیی کۆبانێ، دەزرینگایەوە، ئەم درووشمە لە ڕاپۆرت و بەڵگەفیلمی زۆر ڕۆژنامەواندا ڕەنگی دایەوە، تەنانەت پەلی بۆ ئەو فیلم و زنجیرانەش کوتا وا دەربارەی پرسی جەنگی داعش بوون. لە گرتەیەکی فیلمی کچانی ڕۆژ، کە گوڵشیفتە فەڕاهانی ڕۆڵی تێدا دەگێڕێ، بەهاری فەرماندەی ئێزدیی یەکینەی ژنانی (کچانی ڕۆژ)، پێش دەستپێکی هێرش بۆ سەر داعش، بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هەڤاڵانی هاوار دەکات: بۆ ژن، بۆ ژین، بۆ ئازادیی. ئێستا ئەم درووشمە سنووری زۆری پێواوە و بە شەقامەکانی ئێران گەیشتووە، نازانرێت چەندێکی ئەو ژنە ناڕازییانەی ئەم درووشمە دەڵێنەوە، مێژووەکەی دەزانن، لێ بەرخۆدانی ژنان لە ئێران هێندەش بێ پێشینە نییە، تا ئەم چەمکەی لا نامۆ بێت. لەم ڕۆژانەدا عاتیفە نەبەویی زیندانیی سیاسیی، لە تویتێک نووسیبووی، بۆ یەکەم جار، درووشمی ژن، ژیان، ئازادییم، لە زیندانی ئەوین لە شیرینی عەلەمهولیی بیست، نووسیبووی و بە دیواری لاکەشی تەختەخەوەکەیدا هەڵی واسیبوو، شیرین لە مانگی ٤- ١٣٨٩ لەسێدارە درا، شیرین عەلەمهولیی لە ساڵی ١٣٨٩ بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، هاوڕێ لەگەڵ فەرزاد کەمانگەر و فەرهاد وەکیلیی و عەلی حەیدەرییان و مەهدیی ئیسلامییان، لە زیندانی ئەوین لەسێدارە درا، لەو سەقزەی وا ژینا ئەمینیی لێیەوە چاوی بە ژیان هەڵهانی و ئەسپەردەی خاکەکەشی  کرا، ژنان پاش شۆڕشی ١٩٧٩ لە چێوەی شوورای ژناندا خۆیان ڕێکخست، ئەو شوورایانەی وا بە دەستی ناوەندی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- کۆمەڵە، دامەزرا و سیستەمی تازەدامەزراوی دەلەرزاند. گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە، دڵی زۆرێکی لە ئێرانیان هێشاند، دەستەیەک لە ژنان لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، سەرپۆشەکانیان داماڵی و بە وتنەوەی درووشمی، ژن، ژیان، ئازادیی، دیسانەوە بنەما ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وەلەرزە هانی. دەڵێی تووڕەیی ژنانی ئێران ئاگری ژێر پەنگرە و بە هەڵمەت سەرپاکی جوگرافیای پێواوە و لە خاڵەوخاڵی جیهان دەبیسترێ، لە کابووڵەوە تا سانتیاگۆی چیلیی، وەک بڵێن: "ئێمە ئیتر چاوەڕێی پیاوانی دەسەڵاتدار نین تا مافمان بسەننەوە"، وتنەوەی ئەم درووشمە لەپاڵ درووشمی (لە کوردستان تا تاران، خوێنینە هەموو ئێران) ڕاهێڵانی پردێک بوو بەسەر خەرەندە ئیتنیکییەکان، جا یەکەونەدوو هەمووان یەکگرتووتر لە جاران هاتنە مەیدانێ، بە شایەتیی کەسانی نێو ڕووداوەکان، لە شارەکاندا ژنان کلیلی ناڕەزاییەکانیان چەرخاندووە و پیاوان، بە تایبەت لاوان، پاڵپشتییان دەکەن. وێنەی ئەو ژنەی وا بە دەستەڕاستی سەرپۆشە گڕتێبەردراوەکەی هەڵکردووە و دوو پەنجەی دەستی چەپی بە نیشانەی سەرکەوتن هەڵبڕیوە، خۆبەخۆ دەلیلا و هەڤاڵە شەڕڤانەکانیم بیر دێنێتەوە، کە پێش حەوت ساڵ داعشیان بە چۆکدا هێنابوو و لە کەناراوی فووڕات، بێ ترس لە داعش و ئایدۆلۆژیا دژەژنەکەیان، هەڵدەپەڕین.  نوسینی: سۆران قوربانی لە بی بی سی فارسی وەرگێڕانى - سورێن ئیبراهیم

هاوڵاتی  لەدوای مەرگی ژینا ناوی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو لەمیدیاكانی جیهاندا بڵاوبووەوە بەپێی هەندێك بەراوردكاری بودجەی ئەو دامەزراوەیەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەندێك دامەزراوەی دیكەی وەك پەروەردەو هەندێك زانكۆی گەورەی وڵاتەكە زۆر زیاترە. ئەو بەشە لەپۆلیسی ئێران كە وەك (گەشتی ئێرشاد) ناو دەهێنرێت لانیكەمی بودجەكەی دوو هێندەی (زانكۆی شەریف)ە لەو وڵاتەكە كە بە یەكێك لە زانكۆ گرینگەكانی جیهان لە ئاستی زانستیدا ئەژمار دەكرێت. ئەگەرچی لە ئامارەكانی ئێراندا ریزبەندێكی تایبەت بە بودجەی ئەو بەشە لەپۆلیس جیا نەكراوەتەوە بەڵام بەپێی بەراوردەكان نزیكەی 40 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو پۆلیسە تەرخان دەكرێت كە بەراورد بەدامەزراوەكانی دیكەی ئێران بودجەیەكی زەبەلاحە. ناوەندی ئاماری ئێران لەبودجەی ساڵی 2022 بڵاویكردووەتەوە كە بودجەی هێزەكانی پۆلیس بەگشتی 43 ترلیۆن و 237 ملیار تمەنە كە دەكاتە نزیكەی یەك ملیارو 600 هەزار دۆلار بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراوەتەوە؛ لەكۆی بودجەی پۆلیس نزیكەی 2.5٪ی بۆ پۆلیسی ئەخلاق تەرخان دەكرێت. بەرپرسانی پۆلیسی ئێران لە هەندێك لێدواندا ئاماژەیان بەوە كردووە كە لانیكەم یەك ترلیۆن و 80 ملیار تمەن كەدەكاتە نزیكەی 40 ملیۆن دۆلار بۆ بودجەی پۆلیسی ئەخلاقە. هەندێك لەسەرچاوەكانی ناوخۆی ئێران ئاماژەیان بەوە كردووە كە بودجەی پۆلیسی ئەخلاق تەنها 2٪ی كۆی بودجەی پۆلیسە لەساڵیكدا كە لەو حاڵەتەشدا بڕی (867) ملیار تمەن بۆ ئەو بەشە لەپۆلیس تەرخانكراوە كەئەوەش دوو هێندەی بودجەی دامەزراوەی فریاگوزاریی سەرتاسەری هەموو ئێرانە. ئەو 2٪ بودجەیەی پۆلیسی ئەخلاق هاوشانە لەگەڵ 50٪ی ئەو بودجەیەی كە لەچوارچێوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی لەبودجەی ساڵانەی ئێراندا دیاری دەكرێت و هاوكات دوو هێندە زیاترە لەبەشی ناوەندی پەروەردەو گەشەی هزری منداڵان و نەوجەوانان لەسەرتاسەری وڵاتەكە. هاوكات بودجەكەی دوو هێندە زیاترە لەو بودجەیەی كە بۆ زانكۆی شەریف لەئێران تەرخان دەكرێت لەكاتێكدا ئەو زانكۆیە یەكێكە لەزانكۆ ئاست باڵاكانی ئێران و جیهانیش لەڕووی زانستی و تەكنیكییەوە. پۆلیسی ئەخلاقی ئێران كەساڵی 2005 بەناوی (گەشتی ئیرشاد) دامەزراوە، ئاشكرای كردووە ساڵانە نزیكەی 15 هەزار كەسی دەستگیرو سزا داوەو لەو ژمارەیەش بەشێكیان تەنها ئاگاداركراونەتەوەو خولی پەروەردەیان بۆ كراوتەوە. ئەگەرچی ئەركی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران بۆ سەرتاسەری ئێرانە، بەڵام سەرنجی زیاتری ئەو بەشەی پۆلیس لەسەر تاران و شارە گەورەكانی ئێرانە. بەوتەی بەرپرسانی پۆلیسی ئەخلاق تەنها لەیەك مانگی ساڵی 2006 لەناو شاری تاران هۆشداریی دراوە بە 63 هەزار و 693 كەس، كە بەوتەی ئەوان سەرپۆش و باڵاپۆشییان نەگونجاو بووە. ئەو بەشە لەپۆلیسی ئێران روونیكردووەتەوە كە بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی دراوە بەوان بۆیان هەیە هەر ئۆتۆمبێلێك بێزاریی بۆ خەڵك دروست بكات، رایگرن و ئەگەری شۆفێرانی ژن سەرپۆشیان نەگونجاو بێت ئۆتۆمبێلەكانیان لەگەراجی پۆلیسدا بەپێی ئەو سزایەی بۆیان دیاریی دەكرێت، رابگرن. پۆلیسی ئەخلاق لەتاران تەنها لەیەك مانگدا هەزار و 149 ئۆتۆمبێكی بەبیانوی ئەوەی شۆفێرو سەرنشینەكانیان جلوبەرگ و سەرپۆشەكانیان گونجاو نەبووە سزا داوە. ژینا ئەمینی ئەو كچە كوردەی خەڵكی سەقز كە لەكاتی سەردانی بۆ تاران بەبیانوی نەگونجاوبوونی جلوبەرگەكانی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاق دەستگیركراو داوتر گیانی لەدەستدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیاترین قسە لەسەر ئەو پۆلیسە لەناوخۆی ئێران و جیهاندا دروستببێت و تەنانەت كاردانەوەكانی مەرگی ژینا بەوەشەوە نەوەستاوەتەوە و كۆڵەكەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانی هێناوەتە لەرزە.

  شەنای فاتح   دەروازەكانی شاری سلێمانی رەنگدانەوەی لایەنی مێژوویی و كەلتوری رۆشنبیری و فەرهەنگی شارەكەی پێوە دیارنیەو لەڕووی رێگای هاتووچۆ و كەمی سەوزایی و لایەنی خزمەتگوزاری و جوانكارییەوە كەموكورتی زۆری پێوە دیارە. رێباز جەلال ئەندازیاری تەلارسازی رێپێدراو لەو بارەیەوە بەهاوڵاتی راگەیاند: «دەروازەی شار خاڵی دەسپێكی چوونە ژوورەوەیە بۆ ناو هەر شارێك، كە پێویستە رەنگدانەوەی لایەنی رۆشنبیری و كلتوری و مێژوویی  شارەكەی  پێوەدیاربێت و لەمەوادی سەرەتای ناوچەكە دروستكرابێت و رەنگدانەوەی سروشتی ناوچەكە دەربخات». «پێویستە جۆرەكانی هاتوچۆ لەدەروازەكان دیاری بكرێت و هەر جۆرەیان رێگەی تایبەت بەخۆی بۆ تەرخان بكرێت وەك، رێگەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرو پاس و ئۆتۆمبێلی بچووك و رێگەی تایبەت بەحاڵەتی لەناكاو دروستبكرێت لەدەروازەكاندا بۆ ئەوەی رانەگیرێن و پێویستە هەر رێگەیەك پاركی تایبەتی هەبێت بۆ وەستانی هەر ئۆتۆمبێلێك لەكاتی لێپرسینەوە و هەموو بەشەكانی ئیداری و خزمەتگوزاری و ئەمنییان بۆ تەرخان بكرێت». وتیشی:»ئەگەر تێبینی دەروازەی شاری سلێمانی بكرێت، بەشێكی زۆری ئەو خاڵانەی تێدا بەدیناكرێت و لەمەوادی سەرەتای شار دروستنەكراوە، كەڕەنگدانەوەی سروشتی ناوچەكە بێت، بەڵكو بەمەوادێكی جەمەلۆن و ئاسنی نەویستراو  درووستكراوە كە لەڕووی فۆرم و  فكرەی دروستكردنییەوە تەواو خاڵییە». «هەروەها جۆرەكانی رێگەی هاتوچۆ جیانەكراوەتەوە، ئەمەش قەرەباڵغی و  ژاوەژاوێكی زۆر دروستدەكات و هاتوچۆ ئەستەنگ دەكات،  بەتایبەت لەكاتی بەیانیان و ئێواران و نكەموكوڕی لەدابینكردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی دەروازەو شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل زۆرە». سەبارەت بەكەمی سەوزایی و درەخت لەدەروازەكانی شاردا، كامەران حەمەساڵح، بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « بلواری دەروازەكانی شار لەئەستۆی ئێمەیەو پارەی بۆ تەرخاندەكرێت و لەڕێی كۆمپانیاوە كە شارەوانی لیژنەیەك دادەنێت و نوێنەری ئێمەشی تێدایە بۆ خزمەتكردنیان و ساڵانە پێویستمان بەگرتنی تەنكەرە لەڕێی كۆمپانیاوە لەمانگی ٦-٧-٨-٩ و ١٠داو رۆژانە پێویستمان بەچوار ملیۆن لیتر ئاوەو ئەو هەوڵانەش بەردەوامن و ئەمساڵ تا 4ی تشرینی یەكەم تەنكەرمان بۆ دابینكرابوو،وتیشی: سلێمانی زۆرترین رێژەی سەوزایی هەیە». هاوكات، زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی لەلێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد: «سەوزایی شاری سلێمانی نزیكە لەستاندارتی جیهانییەوەو لەسەر ئاستی هەموو عێراق بەپاكترین پارێزگاو جوانترین ژەنگە ناوبانگی دەركردووە،  ئەگەر باسی دەروازەی تاسڵوجە-سلێمانی بكەین دەروازەیەكە دیمەنێكی جوانی سەوزایی هەیە، بەڵام لەڕێگەی قەرەداغ لەبەرئەوەی ئەو شەقامە هێشتا ماوە تەواو ببێت و  دەبێت شەقامەكان سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی ژێرزەوی تەواوبكات، پاشان دەستدەكرێت بەدروستكردنی سەوزایی». لەشاری سلێمانی ٥٥١ باخچەو پارك و بلوار هەیە، هاوكات دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی دروستكردنی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبووندا رێنمایی ٣٠٪ هەبوونی رێژەی سەوزایی پێداون، بەڵام بەپێی زانیارییەكان هیچ یەكێك لەو پرۆژانە سەوزاییان نەگەیشتووەتە ئەو رێژەیەو سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستانیش دەڵێت: حكومەت و ئەو لایەنانەی كە پەیوەستن بەژینگەوە لەناو حكومەتدا كەمتەرخەمن و نەیانتوانیوە بەئەركەكانی خۆیان هەستن و لەماوەی رابردوودا وەزارەتی ژینگەیان بچووك كردەوە بۆ دەستەی ژینگە. ملكۆ بازیانی، سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «لەڕابردوودا دەروازەكانی سلێمانی سەوز پۆش بووە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی زۆربوونی پێشانگا یان شوقەو ڤێلا لەچواردەوری سلێمانیدا دەتوانین بڵیین ئەو رووپۆشی سەوزاییە لەناوچووەونەماوە». وتیشی: «رێژەی سەوزایی لەشاری سلیمانیدا ستاندارتی نێودەوڵەتی تێپەڕاندووە كە ١٥% بۆ ٢٥% و سلێمانی رێژەكەی ئێستا چووەتە ١٨.٦٥%و بەهۆی هەڵمەتی دارچاندنەوە كە بەردەوام بەڕێوەدەچێت. لەچەندساڵی رابردوودا سەرباری ئەوەی كار بۆ سەوزكردن و روواندنی دار لەدەروازەكان نەكراوە، بەشێكی زۆری دارەكانی دەروازەی رێگای تاسڵوجە - سلێمانی سوتێنران و لەناوبران. ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « لەم ماوەیەدا وەكو لیژنەكەمان لەگەڵ هەر چوار پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكە دانیشتین و یەكێك لەو خاڵانەی كەئاماژەمان پێكردووەو جەختمان لێكردووەتەوە مەسەلەی سەوزایی بووەو یەكێكە لەڕاسپاردەكان لەو بابەتانەی ئاماژەمان پێكردووە بۆ كۆبوونەوەیەك كە لەداهاتوودا بەئامادەبوونی وەزیری شارەوانی لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر كۆی پرسی خزمەتگوزاری ئەنجامی بدەین، لەناویدا پرسی سەوزایی». هاوكات، بارزان حامید سەرۆكی لیژنەی شارەوانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:»لەهەوڵی بەردەوامدا دەبین لەچاودێری و بەدواداچوون لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی باخچەكان تازیاتر سیمای شاری سلێمانی سەوزبكرێ و رێگە دەگرین لەوەی كەئەو شوێنانەی لەماستەرپلاندا بۆ سەوزایی و پارك دانراون نەكرێن بەهیچی تر. هەر رێباز جەلال ئەندازیاری تەلارسازی رێپێدراو سەبارەت بەشێوازی دیزاینی دەروازی شار لەلێدوانەكەیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت: پێویستە دەروازەی شار لەشوێنێك دروستبكرێت كەتاڕادەیەك لەشارەوە دووربێت بۆ ئەوەی لەكاتی گەورەبوونی شاردا لەگەڵ شاردا تێكەڵ نەبێتەوە، واتە  گەشەسەندنی شار لەبەر چاوبگیرێت لەڕووی بەرزی و نزمی (تۆبۆگرافی) ناوچەكە شوێنێك هەڵبژێردرێت كەبتوانرێت بەئاسانی بۆ لایەنی ئەمنی و سەربازیی و جوڵەی هاتوچۆ كۆنتڕۆڵی دەروازەكە بكرێت». وتیشی: چارەسەر بۆ ئەم پرسە بریتییە لەوەی لایەنی پەیوەندیدار لەشارەوانی و پارێزگا و بەڕێوەبەرایتی هاتوچۆ و شوێنەوار لیژنەی ئەندازیاری پێكبهێنن بۆ درووستكردنی نەخشەی دەروازەكانی شار بەشێوازێكی ستاندارد بەبەكارهێنانی مەوادی سەرەتایی ناوچەكە، بەشێوازێك لایەنی مێژوویی و كەلتوری و رۆشنبیری و فەرهەنگی شارەكە دەربخات». لەدەروازەكانی شاری سلێمانی سەوزایی بەرەو كەمبوونەوە دەچێت و ساڵانە بەشێك لەدارەكان دەبڕدرێنەوەو تەنانەت بەشێكی ئەو دارانە لەساڵانی٧٠ و٨٠ كاندا هەبوون و لەم چەندساڵەی دواییدا یان بەبڕینەوە یان بەسووتان لەناوچوون، «كەتەنها دارەكانی هەردوو سایدی رێگای تاسڵوجە- سلێمانی ژمارەیان نزیكەی ٥٠هەزار دار بوو لەناوبران و كران بەپێشانگای ئۆتۆمبێل و جەمەلۆن، بەمەش دیمەنێكی ناشرینی بەدەروازی شار بەخشیوە، ئەوە جگە لەوەی دەروازەی سلێمانی لەڕێگای عەربەتەوە هیچ خزمەتگوزاریی و سیمای جوانكاری پێوە دیارینە

نیگار عومەر   قەزای خانەقین خاوەنی دەیان شوێنەواری مێژوویی كۆنە، كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەكان و عوسمانیەكان، كەخاوەنی زیاد لە 200 شوێنەوار دەبێت، بەڵام بەهۆی نۆژەننەكردنەوەو پشتگوێخستنیان زۆربەیان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. قەزای خانەقین لەساڵی 1921 لەسەردەمی دەسەڵاتی داگیركاری ئینگلیزەكاندا كراوە بەقەزاو دووەم قەزا بیوە لەسەر ئاستی عێراق، لەسەردەمی عوسمانیەكاندا بەشارەوانی خانەقین ناوبراوە، خانەقین شارێكی كوردستانیەو بەشێكە لەناوچە دابڕاوەكانی سنوری ماددەی 140، هاوسنورە لەگەڵ ئێران و پارێزگاكانی خوارووی عێراق و جگە لەكورد عەرەب و تورماكمان و بەشێكی كەم مەسیحی تێدا نیشتەجێن، شوێنەوارە دێرینەكانی قەزاكە بەرەو لەوناوچوون دەچن و هیچ بەرنامەو پلانێك نیە بۆ پاراستنیان. رژێمی بەعس بەشێك لەشوێنەوارە دێرینەكانی خاپوركردو لەناویبردن، شوێنەوارناسان و مێژووناسان باس لەوەدەكەن كەهەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم بەگرنگیان نەزانیوە كار بۆ نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكان بكەن كەبەشێكن لەمێژووی خانەقین. سەربەست برزۆ، شارەزای شوێنەواری خانەقین بەهاوڵاتی راگەیاند:» قەزای خانەقین خاوەنی چەندین شوێنەواری دێرینە، لەسەردەمی داگیركاری عوسمانیەكاندا چەند شوێنێكی دیار دروستكراوە وەك فەرمانگەی بەریدی خانەقین  و وێستگەی كارەبا كە بۆ یەكەمجار لەخانەقین دروستكراون و هەتاوەكو ئێستاش ماون و هەندێك شوێنەواری دیكە كەدەكەوێتە ئەو سەردەمەوە بەداخەوە لەناوچوون وەك قولەی سەربازییەكان و  ئاسیاوەكان، لەسەردەمی دەسەڵاتی ئینگلیزەكاندا سەرەڕای ئەوەی داگیركەربوون، بەڵام كۆمەڵێ شوێنی گرنگ دروستكراون وەك سێ هۆڵی سینەما، كەنیسەیەك بۆ مەسیحییەكان بەناوی كەنیسەی (بەشارەكە) تائێستا ماون ئەم شوێنەوارانە». وتیشی،» چەندین شوێنەواری دیكە گرنگ هەبوون كەشوێنی دیاربوون وەك گۆڕستانی جولەكەكان، گۆڕستانی پۆڵۆنیەكان كەدەكەوێتە سەردەمی هاتنی هێزی پۆڵۆنیا بۆخانەقین كە بەهۆی تاعونێكەوە 200 سەربازی پۆڵۆنیا لەخانەقین مردن و سەربازێكیان وێنەی ئاڵایەكی پۆڵۆنیا لەسەر تاشەبەردێك  هەڵكۆڵیوەو تائێستاش  شوێنەوارەكەی ماوە لەخانەقیندا». «هەروەها  چەن كوشكێك دروستكرابوو لەسەردەمی عوسمانیەكاندا وەك كۆشكی مەحمود پاشای جاف كە لەقەزای سەعدیە دروستكرابوو ئێستا موڵكی شوێنەواری دیالەیەو تەواو داڕووخاوە، كۆشكی مستەفا پاشای باجەڵان كەئەویش لەناوچووە». هاوكات نیهاد حسێن، شارەزای مێژووی خانەقین لەوبارەیەوە بۆ  هاوڵاتی دواو وتی:» مێژووی دروستكردنی پردی ئەڵوەن دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەكان، سەرچاوە مێژووییەكان باس لەوەدەكەن كەكچی كاربەدەستی ئەوكاتەی سەفەوییەكان دێت بۆ خانەقین و لافاو رێگەنادات بپەڕێتەوە بۆ كەربەلاو نەجەف بۆ زیارەت، دەگەڕێتەوە لەگەڵ باوكی بڕیار لەدروستكردنی پردەكە دەدات، پردەكە پێنج هەزار كرێكار تێیدا كاری كردووەو تائێستاش ماوەتەوە، بەڵام بەداخەوە زۆرێك لەشوێنەوارەكانی دیكەی خانەقین لەناوچوون و خاپوركران لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، ئەوەش كەماوە وێرانە بووە». «هۆكاری نۆژەننەكردنەوەی شوێنەوارەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كەئەم شوێنەوارانە موڵكی تاكن و هی حكومەت نین، هەربۆیە خاوەن شوێنەوارەكان بەزۆری دەیفرۆشن و زەویەكەی دەكەن بەبینا، حكومەتیش تائێستا ئامادە نەبووە لێیان بكڕێت و كاریان لەسەربكات». « بوونی شوێنەواری دێرین مێژووی ئەو ناوچەیە دەردەخات كەپێویستە بپارێزرێت و كاری لەسەربكرێت، بەڵام بەداخەوە خانەقین بۆ هەموو شتێك پشتگوێخراوە»، نیهاد حسێن وای وت. سەبارەت بەشوێنەوارەكانی خانەقین، ئەحمەد عەبدولجەبار، بەڕێوەبەری شوێنەواری پارێزگای دیالە بەهاوڵاتی راگەیاند:»خانەقین خاوەنی زیاتر لە 200 شوێنەواری مێژوویی كۆنە كە بۆ سەردەمی عوسمانی و سەفەوی و ئینگلیزو سەردەمی مەلەكی عێراق دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی زۆری شوێنەوارەكان و نەبوونی بودجەی پێویست ناتوانین نۆژەنیان بكەینەوە، نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنەوارانە پێویستی بەبودجەیەكی باش هەیە كەدەبێت پارێزگای دیالە هاوكار بێت، بەڵام ئەو بڕە پارەیەمان لەبەردەست نیە». وتیشی، «بوونی ئەو شوێنەوارانە دەلالەتن لەوەی كە لەسەردەمانی كۆندا خەڵكی جیاواز لەخانەقیندا ژیاوە، وەك جولەكەو مەسیحی و پۆڵۆنیەكان و هندییەكان، پاراستنی ئەو شوێنەوارانە تەنها بەئێمە ناكرێت كە لەناونەچن پێویستی بەوە هەیە ئیدارەی شاری خانەقین هاوكاربێت بۆئەوەی لەڕووخان بیانپارێزین». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: « ئێمە بەرنامەمان هەیە چەند شوێنێكی نۆژەن بكەینەوە، لەئێستادا خەریكی نۆژەنكردنەوەی دوو شوێنەواری دێرینین لەناحیەی كەنعان و قەرەتەپە لەپارێزگای دیالە، بەڵام بۆ شوێنەوارەكانی خانەقین  تائێستا بودجەیەكی تایبەتی بۆ دیاری نەكراوەو بەهیواین لەئایندەدا بتوانین كاری لەسەر بكەین». هەروەها سەلام عەبدوڵا، چالاكی مەدەنی لەخانەقین بەهاوڵاتی وت:» هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق ژیانی هاووڵاتیانیان بەلاوە گرنگ نیە جا بگات بەشوێنەواری مێژوویی، وڵاتانی دونیا شوێنەوارەكانیان دەكەن بەسەرچاوەی مێژووی وڵاتەكەیان و شوێنێكی گەشتیاری، بەڵام لێرە لەلایەن مافیاكانەوە دەدزرێت، كەسیش لێیان ناپرسێتەوە». سەلام عەبدوڵا دەڵێت: « شوێنەوارەكانی خانەقین ئاماژەن بۆئەوەی كە شارەكە شوێنی پێكەوەژیان بووە كە دەتوانرێت ئەمە وەك ڕەمزێك بەكاربهێرێت بۆ ئێستا كە بتوانرێت كاری لەسەربكرێت بۆ پێكەوەژیان، بەڵام بەداخەوە تا بتوانن مێژووی شارەكەمان ناشرین دەكەن». وتیشی: «لەسەردەمی رژێمی بەعسدا بەشۆفڵ گۆڕستانی جولەکەكان تێكدراو وێران كرا، زۆر جار هاووڵاتیانیش خۆیان گۆڕەكان هەڵدەدەنەوەو بەدوای ئاڵتون و شتی دیكەدا دەگەڕێن، بەداخەوە حكومەت پارێزگاریان لێناكات و زۆر شتی كۆنی ئەو سەردەمە لەلایەن خەڵكەوە دزرا و فرۆشرا وەك كێلی گۆڕی پۆڵۆنیاكان».

هاوڵاتی     کاریگه‌ریی مه‌رگی ژینا ئه‌مینی ته‌نها له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران نه‌بووه‌و به‌ڵکو له‌ئاستی جیهانیشدا زۆرترین کاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، ئه‌و مه‌رگه‌ به‌ئازاره‌، مژده‌ی ئازادیی پێیه‌و به‌بڕوای شاره‌زایانیش دوای شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی به‌هاری عه‌ره‌بی، ئێستا به‌هارێکی دیکه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ که‌نه‌ک ته‌نها بۆ ژنان و کچان به‌ڵکو په‌یامی مژده‌به‌خشی بۆ مرۆڤایه‌تیی پێیه‌. نووسه‌ران و رۆشنبیرانی جیهان پێیان وایه‌ مه‌رگی ژینا گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین راپه‌ڕینی دژی سته‌مکاریی له‌ئێران لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌ که‌دوور نییه‌ زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مکاره‌کانی وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که‌ش بگرێته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی ژینا کچه‌ کوردێکی خه‌ڵکی شاری سه‌قز له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو، به‌ڵام چیرۆکی ژینا به‌نووسین (ژینا گیان تۆ نامری ناوت ده‌بێت به‌ ره‌مز) له‌سه‌ر کێلی گۆڕه‌که‌ی ده‌ستیپێکردو به‌دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) هه‌موو سنووره‌کانی جیهانی گرته‌وه‌. کاردانه‌وه‌کان له‌دوای نزیکه‌ی مانگێکیش بۆ مه‌رگی ژینا به‌رده‌وامه‌و ره‌نگه‌ ئاسانترین رێگه‌ش بۆ هاوپشتی و پشتیوانی ئه‌و پرچبڕینانه‌ بێت که‌ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ژنانی ناودارو چالاکوانان و خه‌ڵکانی ئاسایی هه‌موو شوێنه‌کانی جیهانی گرتووه‌ته‌وه‌و له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر ئه‌و راپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدانانه‌یه‌ که‌دژی ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌های ناوچه‌که‌ ده‌گیرێته‌به‌رو ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌تارانه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ڵدێر بردووه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کان تائێستاش به‌رده‌وامه‌و دوای 27 رۆژ له‌مه‌رگی ژینا نزیکه‌ی 192 که‌س له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون، به‌ڵام له‌ رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ هیچ کاتێک و به‌هیچ هۆکارێک ئه‌و هه‌موو سزا تونده‌ به‌سه‌ر به‌رپرسانی باڵاو ناوه‌ندو دامه‌زراوه‌کانی ئێراندا نه‌سه‌پێنراوه‌ که‌ به‌هۆی مه‌رگی ژیناوه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی تاران سه‌پێنراوه‌.   به‌هاری ژینا له‌ترسه‌وه‌ بۆ هیوا ده‌سه‌ڵاتی ئێستای ئێران ئه‌زموونێکی 43 ساڵه‌ی هه‌یه‌ له‌کۆنتڕۆڵ و سه‌رکوتی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان به‌تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ی سه‌پاندنی هێزی سه‌ربازیی و سزای قورس، بۆیه‌ ره‌نگه‌ له‌وڵاتێکی دیموکراتیک هیچ کاتێک ترس و دڵه‌راوکێ بۆ به‌شداریی له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی نه‌بێت، به‌ڵام له‌ده‌وڵه‌تێکى وه‌ک ئێران زۆر جیاوازه‌و مێژووی نزیکی خۆپیشاندانه‌کانی چه‌ند ساڵی رابردوو سه‌لماندویه‌تی ده‌یان که‌س به‌گولـله‌ و چه‌کی جه‌نگی کوژراون و هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ خه‌ڵکی ناڕازییان به‌کوشتن ترساندووه‌و به‌ به‌رده‌وامیش خۆپیشانده‌ران له‌و هێزانه‌ سڵه‌میونه‌ته‌وه‌و ترسیان لێیان هه‌بووه‌. مه‌رگی ژینا ترسی له‌دڵی ژنان و گه‌نجانی ئه‌و وڵاته‌ کرد به‌توڕه‌یی و پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی جاران خه‌ڵکی مه‌ده‌نیی رووبه‌ڕووی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ده‌بنه‌وه‌و ژماره‌یه‌کیش له‌هێزه‌کانى سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات کوژران، شاره‌زایانی کۆمه‌ڵناسی ئێران حاشایان له‌و جیاوازییه‌ گه‌وره‌یه‌ نه‌کردووه‌و ئاماژه‌یان به‌وه‌ کردووه‌ خۆپیشانده‌ران بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن چه‌ند تووڕه‌ن به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌هه‌موو شێوەیه‌ک هاوکاریی یه‌کتر ده‌که‌ن و ته‌نانەت ژیانیشیان بۆ پاراستنی که‌سانی دیکه‌ ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌، هه‌رئه‌وه‌ش وایکردووه‌ ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌کان وره‌یان له‌ده‌ستبده‌ن و دوودڵبن له‌وه‌ی هێرش بکه‌نه‌سه‌ر خه‌ڵک. زۆربه‌ی نووسه‌ران و رۆشنبیرانی نزیک له‌ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ڕێگه‌ی وتارو نووسینه‌کانیانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌که‌ تێبگه‌یه‌نن ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی ئێستا به‌هێز بێده‌نگ ناکرێت، به‌ڵکو ته‌نها بۆ ماوه‌یەکی کاتیی کۆنتڕۆڵ ده‌کرێت و دواتر وه‌ک ئاگری بن خۆڵه‌مێش بڵێسه‌ ده‌ستێنێت. خۆپیشانده‌رانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران قۆناغی ترسیان ده‌رباز کردووه‌و له‌ئێستادا تووڕه‌ن و زۆربوونی هه‌ستی هاوبه‌ش و پشتیوانیی بۆ ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ بووه‌ته‌ هیوا، هیوایه‌ک بۆ ئازادی و ژیانێکی باشتر بۆ دانیشتوانی ئه‌و جوگرافیایه‌. ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی به‌مه‌رگی ژینا له‌ (16/9/2022) ده‌ستیپێکرد به‌گه‌وره‌ترین کاردانه‌وه‌ی مێژووی 43 ساڵی رابردووی ئێران ناوده‌هێنرێت، بۆیه‌ ژینا بۆنی به‌هاری پێیه‌، بۆنێک بۆ ژیان به‌بێ جیاوازیی ره‌چه‌ڵه‌ک و نه‌ته‌وه‌و جوگرافیا.   خۆپیشاندان و رووخانى ده‌سه‌ڵات له‌ئێران له‌ساڵی 1978 دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی له‌سه‌رتاسه‌ری خاکی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دژی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی راپه‌ڕین، ده‌رکه‌وت له‌ماوه‌ی ساڵانی 1962 تا 1978 به‌گشتی سێ هه‌زارو 164 که‌س  له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا لەلایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی ئه‌وکاته‌وه‌ کوژراون و هه‌ر مه‌رگی ئه‌وان بووه‌ هۆی کۆتایی به‌ ته‌خت و به‌ختی پاشایه‌تیی و رووخانی رژێمی په‌هله‌وی. به‌پێی ئاماره‌کانی ئه‌وکات له‌ماوه‌ی هه‌شت مانگی ساڵی 1978 له‌خۆپیشاندانه‌کانی دژی رژێمی پاشایه‌تی 532 که‌س کوژراون و ته‌نها له‌دوایین مانگی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌دا که‌کۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی محه‌مه‌د ره‌زا په‌هله‌وی هێنرا 179 که‌س کوژران، له‌کاتێکدا له‌خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دواییانه‌دا له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێکی که‌مدا 189 خۆپیشانده‌رو خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران کوژران. ده‌وترێت ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی حاشا له‌کوشتنی ژینا بکات ده‌یان که‌سی کوشتووه‌و دووریش نییه‌ ئه‌و ژماره‌ له‌کوژراوانه‌ زۆر زیاتر بێت. روحه‌ڵڵا خومه‌ینی، دامه‌زرێنی کۆماری ئیسلامی له‌و سه‌رده‌مه‌دا رایگه‌یاند: نزیکه‌ی 60 هه‌زار که‌س له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی دژی سیستمی پاشایه‌تیی کوژراون، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌ مێژووییانه‌ی که‌ پشتڕاست کراونه‌ته‌وه‌و عیماده‌دین باقی، مێژوونووسی ئێرانی ئاشکرایکردووه‌ له‌ماوه‌ی 15 ساڵی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌که‌ له‌دژی سیستمی پاشایه‌تی ته‌نها ناوی سێ هه‌زارو 164 که‌س وه‌ک کوژراوی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان تۆمار کراوه‌، چونکه‌ زۆرترین هه‌وڵدراوه‌ خۆپیشانده‌ران نه‌کوژرێن و سوپای ئه‌وکاتی پاشایه‌تیش پشتگیریی خه‌ڵک و خۆپیشانده‌رانی کردووه‌. ئه‌و ئامارانه‌ی که‌ له‌سه‌رده‌می به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی یه‌که‌م ساڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ن به‌کوژرانی سه‌دان که‌س و ته‌نها له‌یه‌که‌م مانگی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا به‌گشتی له‌خۆپیشاندان و زیندان و ئه‌ندامانی رژێمی پێشووی پاشایه‌تی 582 که‌س کوژراون. لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ئاشکرای کردووه‌ که‌ ته‌نها له‌ساڵی 1979 زیاتر له‌دوو هه‌زارو 946 که‌س که‌دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ کوژراون، واته‌ ئه‌وه‌ی رژێمی پاشایه‌تی له‌ماوه‌ی 15 ساڵدا خۆپیشانده‌رو نه‌یاری کوشتووه‌، کۆماری ئیسلامی له‌یه‌ک ساڵدا له‌و ژماره‌ کوژراوه‌ نزیکبووه‌ته‌وه‌. به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی که‌ به‌رپرسی ئه‌وکاتی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی بڵاویکردووه‌ته‌وە له‌نێوان ساڵانی 1981 تاساڵی 1985 زیاتر له‌هه‌شت هه‌زار نه‌یاری کۆماری ئیسلامی ئێران به‌شێوازی جیاواز له‌خۆپیشاندانه‌کان و له‌زیندانه‌کان کوژراون و ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌کیشیان له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ تیرۆرکراون، ئاشکراشیکردووه‌ که‌زۆربه‌ی قوربانییه‌کان له‌سێداره‌ دراون. له‌یاسای ژماره‌ 27ی ده‌ستوری کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ر جۆره‌ ده‌ربڕینێکی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان به‌بێ چه‌ک رێگه‌پێدراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی 43 ساڵی رابردووی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌و وڵاته‌ به‌دیده‌کرێت پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌رکه‌وتووه‌.   ژنان پێشه‌نگی خۆپیشاندانه‌کانن ژنان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌ت له‌شاری سنه‌ ته‌نها 25 رۆژ دوای هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ساڵی 1979 دژی باڵاپۆشیی سه‌پێنراوو به‌زۆره‌ملێ وه‌ستانه‌وه‌و خۆپیشاندانیان کردو له‌شاره‌ گه‌وره‌کانی وه‌ک تاران و ته‌برێزیش ژنان و کچان دژی ئه‌و بڕیاره‌ وه‌ستانه‌وه‌. تاساڵی 1980 زیاترین ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌وکاته‌دا پارته‌ نه‌یاره‌کان و کۆمۆنیسته‌کان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کرێن به‌ڕێکخستنی ناڕه‌زایه‌تیی و خۆپیشاندانه‌کان. به‌گشتی له‌ماوه‌ی 43 ساڵ ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا زیاتر له‌ 59 خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریی و به‌رفراوان به‌ڕێوه‌چووه‌ که‌ زۆرینه‌ی ره‌هایان دژی یاساو رێساکانی ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادییه‌کان و به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ڵاوسانی ئابووری و گرانیی بووه‌. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هیچ ئامارێکی له‌ژماره‌ی کوژراوان و برینداران بڵاونه‌کردووه‌ته‌وه‌ ناتوانرێت به‌دیاریکراوى ژماره‌یه‌کی گشتی له‌قوربانیان بزانرێت، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ی که‌بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ له‌هه‌ریه‌که‌ له‌و خۆپیشاندانه‌ که‌هه‌ندێکیان زیاتر له‌مانگێکیان خایاندووه‌، لانیکه‌م 100 بۆ 200 که‌س کوژراون و  له‌هه‌ندێک حاڵه‌تیشدا ژماره‌ی قوربانیان زۆر زیاتربوون.