عەمار عەزیز هەشت ساڵ بەسەر كۆمەڵكۆژی ئێزدییەكان تێدەپەڕێت، هێشتا چارەنووسی دوو هەزارو 717 رفێنراوی ئێزیدی دیارنیە، نزیكەی دوو ساڵە رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا لەبارەی بارودۆخی قەزای شەنگال كراوە، بەڵام تائێستا جێبەجێنەكراوە، قایمقامێك لەناوەندی شەنگال دەوام دەكات و حكومەتی هەرێمیش قایمقامێكی بۆ داناوە، تائێستا دۆخی شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری ئاسایی نەبووەتەوەو 70%ی ئاوارەكانی نەگەڕاونەتەوە. ئاوارەكان لەترسی بۆردومانی توركیا لەلایەك و لەلایەكی تر ئاوەداننەكردنەوەی ناوچەكەو بوونی چەندین پێكهاتەو گروپی چەكداری جیاجیا لەسنوری قەزاكە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لەهەمووشی ناخۆشتر هێشتا چارەنووسی دوو هەزارو 717 رفێنراوی ئێزیدی دیارنیە، ئەمەش برینەكانیانی قوڵتركردووەتەوە. هەشت ساڵە تەنیا 30% ئاوارەكان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و ئەوانی تر لەهەرێمی كوردستانن. عیدۆ خەلەف، كە ئاوارەیەكی ئێزیدییە هەشت ساڵە لەگەڵ خێزانەكەیدا لەخێوەتیكدا لەدەرەوی كەمپ و لەناوەندی كۆمەڵگای شاریا دەژین، بەهاوڵاتی وت:» هەشت ساڵە لەژێر خێوەتدا دەژین، لەهاوین بەهۆی گەرمای بەتین و زستانیش بەهۆی سەرما گوزەرانمان زۆر خراپە، هاوكارییەكانیش زۆر كەمبووە، كاتێك ئاوارەی دهۆك بووین وامان دانابوو كە چەند مانگێكەو دواتر دەگەڕێینەوە زێدی خۆمان، بەڵام هەشت ساڵە ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە. ئاوارەكانی قەزای شەنگال لە 15 كەمپ لەسنوری پارێزگای دهۆكدا دەژین ، 26 هەزار و 890 خێزان و 135 هەزارو 639 كەسن، 38 هەزارو 230 خێزان و 189 هەزار و 528 كەس لەدەرەوەی كەمپ دەژین. دیان جەعفەر، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت: « لەماوەی هەشت ساڵی رابوردوودا تەنیا 30% ئاوارەكانی ئێزیدی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان ، 70% لە سنوری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەژین»، وتیشی: « كەمپەكان داناخرێن و لە هەمانكاتدا رێگە لەهیچ ئاوارەیەكیش ناگرین كە بگەڕێتەوە». بەپێی ئامارێكی نووسینگەی رفێنراوانی ئێزیدی كە دەست هاوڵاتی كەوتووە، ژمارەی ئێزدییەكان 550000 كەس دەبن ، ژمارەی ئاوارەكانی كەئێستا لەكەمپەكانی هەرێمی كوردستانن دەگاتە 135 هەزارو 860 ئاوارە، هەروەها ژمارەی ئەو ئاوارانەی لەدەرەوەی كەمپن نزیكەی 189 هەزارو 337 كەسن . هەر بەپێی ئەو ئامارە بەهۆی هێرشەكانی داعش 5000 هاووڵاتی ئێزدی شەهید بوون، دوو هەزارو 745 منداڵا بێ دایك و باوك بوون ، ژمارەی گوڕە بەكۆمەڵەكان ئەوانەی تائێستا دۆزرانەتەوە 83 گوڕی بەكۆمەڵە، لەگەڵ دەیان گوڕی یەك كەسی، ژمارەی مەزارو شوێنە ئایینەكانی داعش خاپوریكردن 68 شوێنی ئاینییە، نزیكەی 100 هەزار ئێزدی وڵاتیان بەجێهێشتووە. شەش هەزارو 417 ئێزدی رفێنراون، سێ هەزارو 548 كەسیان لە رەگەزی مێیەو دوو هەزارو 869 لە رەگەزی نێرە، 146 لەو كەسانەی رفێنراون لەلایەن داعشەوە كوژراون. لەكۆی ئەو شەش هەزارو 417 رفێنراوە تاوەكو ئێستا سێ هەزارو 454 كەس رزگاركراون و دوو هەزارو 717 هەزار كەسیش چارەنووسیان نادیارە. خەیری بۆزانی ، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی بەهاوڵاتی وت: « نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوان بەردەوام بەدوای دۆزینەوەی رفێنراوانی ئێزیدی دەگەڕێت، ئەویش بەڕێگای چەند پلانێك و بەهاوكاری حكومەتی هەرێم. وتیشی:»ئێمە ناتوانین هیچ بەڵێنێك بەكەسوكاری رفێنراوان بدەین، چونكە ئێمە تەنیا هەوڵدەدەین رفێنراوەكان رزگاربكەین». فەیسەل رەفۆ، خەڵكی گوندی وەردی سەر بەقەزای شەنگال ، لە 3ی ئاب 100 كەس لەخێزانەكەی و خزم و كەسوكاری كەوتنە دەستی داعش، دوای هەشت ساڵ 44 كەسیان رزگاركراون و 56 كەسیشیان چارەنووسیان دیارنیە، بەهاوڵاتی راگەیاند: «هاوسەرەكەم لەگەڵ دوو منداڵم هەروەها برایەك و خوشكێك و دایكم و زڕ دایكم لەگەڵ 37 كەسی تر لەخزم و كەسوكارم ئازادكراون، بەڵام باوكم و 56 كەس دیكە چارەنووسیان دیارنیە». فەیسەل رەفۆ وتیشی:» هەشت ساڵە چاوەڕێی رزگاركردنی باوكم دەكەم، لەسەر حسابی خۆم رۆیشتم بۆ رۆژئاواو كەمپی هوڵ بۆ سۆراغی باوكم و كەسوكاری خۆمان، بەڵام هیچ شتێكمان دەستنەكەوت، تا دەمرین بێ هیوا نابین. ئیدارەی شەنگال لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر شەنگال دوو قایمقامی هەیە، فەهد حامد پێنج ساڵە بەوەكالەت لەناوەندی شەنگال وەك قایمقام دەوام دەكات ، ئیدارەی پێش داعش هەشت ساڵە لەپارێزگای دهۆكن و نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوەندی شەنگال. لە 20-10-2020 لەبارەی دوخی شەنگال لەنێوان بەغدادو حكومەتی هەرێم رێككەوتنێك واژۆكرا، بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت ئیدارەیەكی نویێ دابنرێت لەگەڵ دەركردنی هەموو هێزەكان، دوای تیپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر رێككەوتنەكە تەنیا لەسەر كاغەز ماوەتەوەو جێبەجێ نەكراوە . رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری كارگێڕی بەهاوڵاتی وت: « رێككەوتنی بەغداو هەولێر تائێستا جێبەجێ نەكراوە و تائەم رێككەوتنەش نەچێتە بواری جێبەجێكردن دۆخی شەنگال ئاسایی نابێتەوە ، كێشەی شەنگال كێشەیەكی پڕ ئاڵوزو قورسە، هەر ئەوەش وایكردووە كە هیچ قایمقامێكی نوێ بۆ شەنگال دانەنراوە». جێگری پارێزگاری نەینەوا وتیشی» وەكو ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بەفەرمی مامەڵە لەگەڵ ئیداری پێش داعش دەكەین كەئێستا لەسنوری پارێزگای دهۆك دەوام دەكەن، پێشتر مەحما خەلیل قایمقام بوو، بەڵام ئەو بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ئێستا نایف سەیدۆ بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ كراوە بەقایمقامی شەنگال بەوەكالەت، بەهۆی كێشەی ئیدارەو بوونی چەند هێزێكی ناشەرعی شەنگال ئاوەدان نەكراوەتەوە». فەهد حامد ، قایمقامی قەزای شەنگال بەوەكالەت كە لەناوەندی قەزای شەنگال دەوام دەكات بەهاوڵاتی ی وت :» زیاتر لەپێنج ساڵە بەبێ جیاوازی خزمەت بەهەموو خەڵكی شەنگال دەكەین، بەڵام زۆر بەداخەوە ئیدارەی نەینەوا مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا ناكات». « نەگەڕانەوەی ئاوارەكان پەیوەندی بەدۆخی ئەمنی شەنگال نیە، ناوچەكە زۆر ئارامەو لەژێر كۆنتروڵی دەزگا ئەمنیەكاندایە، ئێمە دژی رێككەوتنی بەغداو هەولێرین، چونكە بەهیچ شێوەیەك رای ئێزدییەكانی شەنگال وەرنەگیراوە، هەر جۆرە رێككەوتنێك واژۆبكرێت پێویستە رای ئێمەش وەربگیرێت» فەهد حامد وادەڵێت . هێزە ئەمنی و سەربازیەكانی شەنگال لەناو شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری هێزی حكومەتی عێراق و هێزی پێشمەرگەی سەر بەحكومەتی هەرێم و ئاسایشی ئێزدیخان و یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال بوونیان هەیە. لەناو قەزای شەنگال هێزەكانی پۆلیس و ئەمنی نیشتیمانی و سوپای عیراق و حەشدی شەعبی بوونیان هەیە، لەناحیەو گوندەكان و ناوچەكانی دەوروبەری شەنگالیش هێزی ئاسایشی ئێزدیخان و یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە)، هێزی پاراستنی ئێزدیخان سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە بەفەرماندەیی حەیدەر شەشۆو هەروەها هێزی فەرماندەی قاسم شەشۆ لەمەزارگای شەرەفەدین سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە بوونیان هەیە. جەهوەر عەلی بەگ، جێگری میری ئێزدییان لە لێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی وت: « هەشت ساڵە حكومەتی عێراق شەنگالی ئاوەدان نەكردووەتەوەو كێشەكانی چارەسەرنەكراون بەپێچەوانەوە زیادبوونە، حكومەتی هەرێم و بەغداد رێككەوتنێكیان واژۆكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی شەنگال و دانانی ئیدارەیەكی نوێ ، ئەو رێككەوتنەمان پێ باشبوو ئەگەر جێبەجێكرابا ئێستا بەشێكی زۆر لەكێشەكانی قەزاكە چارەسەر دەبوون، بەڵام بەداخەوە رێككەوتنەكە تەنها لەسەر كاغەز ماوەتەوەو جێبەجێ نەكراوە. جەوهەر عەلی بەگ وتیشی: « بۆ گەڕان و سۆراغی رفێنراوان پێش دوو ساڵ سەردانی رۆژئاوای كوردستانمان كرد، لەوێ لەگەڵ ماڵی ئێزدییان و زۆر لایەنی تر كۆبوونەوەمان كرد، تاوەكو ئێستا سەرووی سێ هەزار رفێنراو ئازادكران، ئەوەش لەڕێگای نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی سەر بەحكومەتی هەرێم ، بەرپرسانی هەرێم ئەركی خۆیان جێبەجێ كردووە، بەڵام بەداخەوە حكومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ گەڕانەوەی رفێنراوەكانمان نەناوەو وەك ئەوە مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن كەهاووڵاتی ئەم وڵاتە نەبین».
هاوڵاتی لەكاتێكدا دۆخی عێراق لەلێواری تەقینەوەدایە و هێزە سیاسییە شیعییەكانی عێراق تادێت گرفت و ناكۆكییەكانیان زیاتر دەبێت، لەهەرێمی كوردستاندا هیچ ئامادەكاریك و هەماهەنگیەكی سیاسی نیە بۆ خۆئامادەكردن لە ئەگەری هەرپێشهاتێكی چاوەڕوان نەكراو، هەروەها چۆن یەكێتی و پارتی لەم دۆخەشدا ناكۆكیەكانیان درێژەی هەیە هەماهەنگیان نیە، حزبەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتیش هیچ هەماهەنگی و گفتووگۆیەكیان نیە بۆ گۆڕانكارییەكان. سەبارەت بەئامادەكاری هێزە سیاسییە كوردستانیەكان بۆ هاتنە پێشەوەی گۆڕانكاری نوێ لەعێراقدا، سۆزان مەنسور وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی رایگەیاند: « بەپێی زانیارییەكانی من تائێستا لەسەر ئەرزی واقیع هیچ گفتوگۆیەك لەنێوان لایەنە كوردستانییەكاندا نییە بۆ قسەكردن لەسەر ئەم دۆخە بەڵام باوەڕمان وایە كە دەبێت هەموو لایەنەكان پێكەوە گفتوگۆ بكەن و ماڵی كوردی یەكبخەین و هەوڵبدەین بەیەكگرتوویی بڕۆینە بەغدا». لەلایەكی ترەوە ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق بەدووری دەزانێت ئاڵۆزییەكانی عێراق كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان هەبێت و دەڵێت: «هەموان دەزانین ئەوەی لەبەغداد روودەدات كێشەی كەسی نێوان مالیكی و موقتەدا سەدرەو پەیوەستە بەناوماڵی شیعەوە، دۆخی بەغدا كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر هەرێمی كوردستان نابێت.» بەڵام سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری باوەڕی وایە یەكێتی و پارتی بەشێكن لەوەی كە ئێستا لەعێراقدا روودەدات، بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانیان و شەڕیان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، لەوبارەیەوە بۆ هاوڵاتی دواو وتی: « پارتی و یەكێتی دابەشبوون بەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی و بەرەی هاوپەیمانی سێقۆڵی كە سەدرییەكانی لێدەرچوون «. هاوكات ئاریان تاوگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی نەوی نوێ سەبارەت بە ئاڵۆزیەكانی بەغداد بۆ هاوڵاتی قسەی كرد و وتی:»بەبۆچوونی من دۆخەكە تائێستاش نەگەیشتۆتە حاڵەتێكی زۆر خراپ و توندوتیژی زۆر و شەڕی چەكداری لێ نەكەوتۆتەوە، بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت بەدڵنیاییەوە زیانی بۆ هەموو كەس هەیە لە بەسرەوە تا هەرێمی كوردستان. هەر لەو بارەیەوە مستەفا عەبدوڵا كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند: «وەك یەكگرتووی ئیسلامی تائێستا داوای هیچ كۆبوونەوە و دانیشتنێك لەلایەن هیچ لایەنێكەوە لەئێمە نەكراوە و پێموایە بۆ ئەو بابەتە لەهەرێمی كوردستانیش دانیشتنێكی لایەنە سیاسییەكانی پێویست نەبێت». سەبارەت بەگۆڕانكاری لەدەستوردا، یەكێتی و پارتی رایان جیاوازەو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی رەتیدەكاتەوە ئەوان دژی هەمواركردنەوەی دەستور بن، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت: «هەر ماددەیەك پەیوەندیدار بێت بەهەرێمی كوردستان و ژیانی هاووڵاتیانەوە بەرگری لێدەكەن». هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رەتیكردەوە كە ئەوان دژی هەمواركردنی دەستوور بن و دەڵێت: «ئێمە دژی هەمواركردنی دەستوور نین، بەڵام ئێستا كە باس لەگۆڕینی دەستوور دەكەن، هاوتەریب دەیانەوێ سیستمی سیاسیی لەپەرلەمانییەوە بگۆڕن بۆ سەرۆكایەتی، ئەو تێڕوانینەش پێویستە هی هەموو لایەنە عێراقییەكان بێت نەك یەك لایەن بەتەنیا.» هەروەها مستەفا عەبدوڵا رایگەیاند: « ئەگەر كێشەكان لەبەغدا قوڵببنەوە و باس لەگۆڕینی دەستوور بكرێت و باسی هەڵوەشاندنەوەی دامودەزگاكانی عێراق بكرێت، ئەوا ئەو سیستەمی فیدراڵییەی كە هەیە یەكێك دەبێت لەو بابەتانەی كە دەكەوێـتە بەر مەترسی، تا ئێستاش هیچ دیراسەیەكی ئەوەمان نەكردووە كە ئایا لەگەڵ هەموواركردنەوەی دەستووربین یان نا، پێمان وایە ئەو بابەتە هێشتا زووەو بڕیاردان لەسەری ئاسان نییە». مستەفا عەبدوڵا كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوی ئیسلامی وتی: «ئێمە پێمان وایە پڕۆسەی سیاسی لەعێراق و هەرێمی كوردستان ئارام بێت و دەستوور جێبەجێبكرێت وحكومەتی عێراق ئەركەكانی خۆی بەپێی دەستوور جێبەجێبكات، بۆ هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێووە، بەڵام ئەگەر ناوچەكە ئاڵۆزبێت و سیستەمی سیاسی لەعێراق گۆڕانكاری بەسەردابێت، ئەگەر كورد بەئامادەكاریەكی باشەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەكات و خۆی بۆ ئامادە نەكات بۆ ئەگەرەكانی ئایندەی دوای ئەو گۆڕانكاریانەی دێنە پێش، ئەوا بەو شپرزەیەی ماڵی كوردو دژایەتی لەسەر پۆست و شەڕكردن و نەگەیشتنە یەك، بەتایبەتی یەكێتی و پارتی كە دەسەڵاتدارن لەهەرێمی كوردستاندا و لەوێ چاویان لە پۆستە سیادییەكانە ئاوا مامەڵە لەگەڵ هەرپرس و ئەگەرێك مەترسیدار دەبێت». سەبارەت بەهەماهەنگی حزبەكانی دەرەوی یەكێتی و پارتی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهات و گۆڕانكارییەكاندا، سۆران عومەر رایگەیاند: « پێموایە هێزەكانی دەرەوەی یەكێـتی و پارتیش سەركەوتوو نەبوون لەنوێنەرایەتی خەڵكی ناڕازی هەرێم و پێكەوە كاركردن و هەریەكەیان لە ئاوازێك دەخوێنێـت و متمانە لەنێوان ئەم هێزانەشدا لە ئاستێكی خراپدایە». بەڵام ئاریان تاوگۆزی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ دەڵێت: «ئێمە لەخۆپیشاندانەكانی پێشوودا و تەنانەت لەهەڵبژاردنەكانیشدا هەوڵماندا وەكو لیستێك لەگەڵ برادەرانی كۆمەڵ و یەكگرتوو بچینە هەڵبژاردنەكانەوە، بەڵام ئەوان نەهاتنە پێشەوە، ئێستاش ئێمە لەپەرلەمانی عێراقدا بەو شێوازە كاردەكەین كە ئەگەر پڕۆژەیەك هەبێت بزانین لەخزمەتی خەڵكدایە بەلامانەوە ئاساییە لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوودا تەنسیقمان هەبێت و بەیەكەوە ئیش بكەین». سەبارەت بە ئایندەی دۆخی عێراقیش، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت: «ئەگەر دۆخی بەغداد بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەگەر هەیە خۆپێشاندانەكان بەرەو شەڕی ناوخۆ بچن، سەركردە شیعەكان هەموویان داوای گفتوگۆ دەكەن و دەستبردن بۆ شەڕ و خوێنڕشتن رەتدەكەنەوە، كەچی لە هەمانكاتدا هەموویان لەسەر ویست و داخوازییەكانی خۆیان پێداگرن و پاشەكشێ لە خواستەكانیان ناكەن.» لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختیش، سۆزان مەنسور بەهاوڵاتی وت:» هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان چارەسەر نییە، ئەگەر پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە دەبێت یاسای هەڵبژاردنەكان هەمواربكرێتەوە و دەبێت زۆر شت بگۆڕێت ئینجا كە هەڵبژاردن دەكرێتەوە هەمان ئەنجام بەدەستدێتەوە و رەنگە لایەنێك دوو كورسی زیاتر دوو كورسی كەمتر، ئەگینا هیچ روونادات». هاوكات ئاریان تاوگۆزی دەڵێت: «ئێمە وەكو نەوەی نوێ پێمان باشە كە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و لاریمان نییە و هیچ كێشەیەكمان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی نییە ئەگەر هەڵبژاردنێكی دیكە رووبدات، بەڵام ئەگەر بێیتە سەر واقیع ئەگەر هەر ئێستاش هەڵبوەشێتەوە لانی كەم پێویستمان بەساڵێك دەبێت تاهەڵبژاردنێكی دیكە بكرێت». لەبارەی دابەشبوونی یەكێتی و پارتی بەسەر دوو بەرە ركابەركەی عێراقدا (سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی) سۆزان مەنسور هەر لەو لێدوانەیدا بۆ هاوڵاتی وتی: « ئێمە هەر لەسەرەتاوە تێڕوانینمان هەبووە بۆ هەموو شتێك، وەك یەكێتی و وەك پەرلەمانتارانی یەكێتی كە سوێندمانخواردووە هەر لەیەكەم رۆژەوە كە هاتوینەتە بەغدا ئەجێندامان ئەوەبووە كە نەبینە لایەنداری هیچ لایەنێكی شیعە، لەبەرئەوەی پێمان وابووە ببینە لایەنداری هەر لایەنێكی شیعە ئەمە روودەدات كە ئەمڕۆ روویداوە، نەبووینەتە تەرەف لەهیچ كێشمەكێشێك نە لەناو شیعە نە لەناو سوننە نەهیچ لایەكی دیكە، باوەڕیشمان بەوەبووە كە پێویستە هەموو كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت كە ئێستا هەمووان داوای دەكەن». بەڵام سۆران عومەر رایگەیاند: «كورد پێش تێكچوونی ئەم دۆخە و لەكاتی دۆخی ئاسایی و گفتوگۆكاندا دەكرا رێكبكەون لەسەر مەسەلەی سەرۆك كۆمارو مەسەلە نەتەوەیی و نیشتیمانی مافە دەستووری شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ئەولەویەت بووایە نەك وەرگرتنی پۆست». سەبارەت بەوەی كە ئایا پێشبینی دەكرێت هاوشێوەی بەغداد، ناڕەزایی و فشاری شەقام دەستپێبكرێت، سۆران عومەر دەڵێت: « لەهەرێمی كوردستان نە جەماوەری سەدریەكان هەیە و نە موقتەدا سەدرێكیش بوونی هەیە، و هیچ سەركردەیەكیش لە هەرێم نییە كاریزمی و كاریگەربێت و بتوانێت خەڵك كۆبكاتەوە».
ئیمان زەندی خۆشكردنی پێستەی ئاژەڵ لەهەرێمی كوردستاندا هێشتا نەبووەتە پیشەسازیەكی فراوان و لەخواروو ناوەڕاستی عێراق هاوردەی هەرێم دەكرێت و لەڕێگەی كارگەیەكەوە رەوانەی توركیا دەكرێت. پێستەی ئاژەڵ لەژیانی ئاژەڵدا بەیەكێك لەو ئۆرگانانە هەژمار دەكرێت كەپارێزگاری لەناوەوەو دەرەوەی لاشەی ئاژەڵەكە دەكات لەمیكرۆبەكان و شانەكانی ناوەوەی بەتەڕی دەهێڵێتەوە، لەدوای كوشتاركردنی ئاژەڵەكە پێستەكەی لەیەكێك لەكارگەكانی كوردستان خۆشدەكرێت، هەندێكی دیكەشی بەهۆی بەركەوتنی دەمەچەقۆو نەخۆشی ئەو پێستانە ژێر خاك دەكرێن. كەمال ئەحمەد سیدۆ، خاوەن و بەڕێوەبەری كارگەی خۆشكردنی پێستە لەدهۆك سەرەتای دامەزراندنی كارگەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1997 و باس لەوە دەكات بیرۆكەی دامەزراندنی كارگەكەی دەگەڕێتەوە بۆ وانەیەك لەپۆلی پێنجی سەرەتایی، ئەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كاری ئاژەڵداری و قەسابیم كردووە، لەدوای نەوت پیشەسازی پێستە و خوری و ریخۆڵەیە وەبەرهێنانی گرانە، بەڵام كەموكوڕی هەیە، چونكە پەرە بەم پیشەسازیە نادرێت، ئێمە بووین یەكەم باری پێستەی خۆشكراوی رەشەوڵاخمان ناردووە بۆ توركیا». هێمای بۆ ئەوەشكرد كە لەسەدا 80%ی پێستەی كوردستان فڕێ دەدرێت بەهۆكاری ئەوەی چاودێری باش ناكرێت و پێستەكە بەر دەمەچەقۆ دەكەوێت و دەدڕێنرێت، وتیشی:»پێستەی كوردستان بەراورد بەپێستەی پارێزگاكانی عێراق كوالێتی باشترە، بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمی كەڵكی لێوەرناگیرێت و ژێر خاك دەكرێت، بەوهۆیەوە ناچارین پێستەی عێراق بەپارە بكڕین». ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە بۆ كڕینی یەك كیلۆ پێستەی رەشەوڵاخ 80 سەنت دەدەن، بۆ پێستەی ئاژەڵی بچووكیش 50 سەنت، پێستەی هاوردەش ریخۆڵەكەی بە سێ دۆلار دەكڕن. «هەموو خوریەكان فڕێ دەدەین، چونكە هیچ كارگەیەك نیە بۆ بەكارهێنانەوەی، لەساڵی 2014 داوامان لەحكومەتی كوردستان كرد زەویەكمان بۆ دابینبكەن رەزامەندی وەزارەتیشمان هەیە پێمان نادەن، رۆژانە دوو تۆن خوری فڕێ دەدەین».، بەڕێوەبەری كارگەی خۆشكردنی پێستە لەدهۆك وا دەڵێت. كەمال سیدۆی لەم گفتوگۆیەی هاوڵاتیدا باسی قۆناغەكانی خۆشكردنی پێستە دەكات كە دوای ئەوەی پێستە ساغەكان كۆدەكەنەوە دوو كاتژمێر لە ئاوو خوێدا دادەنرێت، دواتر لەخوریەكە جیایدەكەنەوەو مەوادی كیمیایی بۆ زیاد دەكەن تاخوریەكە لێبكەنەوە ئەم هەنگاوەشی بە (نیكڵ) ناوبرد. هەنگاوی دووەمی پێی دەڵێین (كرۆم) كە رۆنی ماسی و سابونی بۆ ئیزافە دەكەن لەگەڵ كرۆم پاشان دەبێت بەماددەیەكی خام و دواتر رەنگكردنیەتی كە رەنگی (رەش، قاوەیی، جۆزی، سور، سەوز) زۆرترین خواست لەسەر رەنگی رەشەو ئەستوری و رەنگی پێستەكە بەخواستی كڕیاران دیاری دەكەن. لەكارگەی دهۆك رۆژانە سێ هەزارو 200 مەڕو هەزار و 200 بزن لەگەڵ 15 تۆن چەرمی گا پێستەكەی خۆش دەكرێت، بۆ خۆشكردنەكەش نزیكەی 102 ماددە بەكاردەهێنرێت، ئەوانەش نۆڕە و زەرنیخە لەگەڵ خوێ، ...هتد، بۆ هەزارو 500 پێستە نزیكەی 30 كیلۆ زەرنیخ لەگەڵ 15 كیلۆ نۆڕە بەكاردێت، لەگەڵ 105 كیلۆ خوێ، بەڵام مانگانەش 66 هەزار پێستە فڕێ دەدەن. ئاماری ساڵانەی هەناردەكردنی بەرهەمی پێستە لەكارگەی دهۆك 960 تۆنە، 240 تۆنیان پێستەی ئاژەڵی بچووكە و 720 تۆنەكەی تر ئاژەڵی گەورەیە، وتیشی:» یەك پێستە بەدوو دۆلار دەفرۆشرێتەوە، باجی گومرگی بۆ یەك تۆن پێستە 50 هەزار دینارە، بەهای رسوماتیش بۆ 26 تۆن نزیكەی یەك ملیۆن و 400 هەزار دینارە. كارگەی دهۆك پێستەی خاوو نیوخۆشكراو و خۆشكراو هەناردەی وڵاتانی توركیاو ئیتاڵیاو ئیسپانیا لەگەڵ چین و كۆریاو تایوان دەكات، لەكارگەی دهۆك بەرهەمی پێستەی رەشەوڵاخ و گامێشی خۆشكراوی كارگەكە بەكاردەهێنرێتەوە بۆ دروستكردنی قایش، بۆ مانگیك 15 هەزار قایش بەرهەم دەهێنرێت بۆ ساڵەكە 180 هەزار قایش دەكات، ئەم بەرهەمەش بۆ ناوخۆی هەرێمە. بەپێی ئەو داتاو ئامارەی هاوڵاتی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم دەستی كەوتووە لەساڵی 2021دا 25 هەزار و 378 تۆن پێستەی خاو (خۆشنەكراو)و 394 تۆن پێستەی نیمچە خۆشكراو لەگەڵ 938 تۆن پێستەی خۆشكراو هەناردەی دەرەوەی كوردستان كراوە، هەروەها 306 تۆن پێستەی خۆشكراویش هاوردەی هەرێم كراوە. لەبارەی پەرەسەندنی پیشەسازی پێستەو نەبونی كارگەی پێویست فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامان و ئاژەڵ لەوەزارەتی كشتوكاڵ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» نایشارینەوە یەكێك لەكێشەكانی پیشەسازی پێستە و خوری لەكوردستان ئەوەیە كارگەی پێویستی نیە، هیچ بەربەستێك نیە كارگە لەكوردستان بێتە پێشەوە، بەڵام دامەزراندنی كارگە جۆرێك لە ریسكی تێدایە كەخاوەن كارگە تووشی دەبێت و توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەو ریسكانەی نابێت». هەروەها ئەوەشی روونكردەوە كە چاویان لەسەر ئەوەیە قۆناغی دوای خۆشكردنی پێستەی ئاژەڵ بكەوێتە كار لەهەرێمی كوردستاندا. لەبارەی ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم چۆن كاری كردووە لەسەر هێڵە گشتیەكانی بواری كشتوكاڵی فیراس وتی:» لەسێ ساڵی دەستبەكاربونی كابینەی نۆیەم خۆبژێویمان تێپەڕاندووەو ئێستا زیادەمان هەیە لەم بەرهەمە، لەكەرتی ئاژەڵداریش داواكارییەكی زۆر هەیە لەسەر دامەزراندنی پڕۆژەكانی سامانی ئاژەڵ و پاڵپشتی كراون لەیاسای گومرگی بۆ مەوادی عەلەف». دەستەی وەبەرهێنەران دامەزراندنی كارگەو ئەم پڕۆژانەیان راگەیاندووەو پشتگیری ماددی و زەوی دەكرێن. هێمن هەینی بەرپرسی راگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:» خواستی پێستە لەكوردستان كەمە، وەكو هەلی وەبەرهێنانی نوێ هەلمان رەخساندووە بۆ دامەزراندنی كارگەی پێست خۆشكردن لەكوردستان، چەند كارگەمان لەشارەكانی كوردستان و پارێزگاكان دابینكردووە بۆ ئەوەی وەبەرهێن كاری لەسەر بكات، بەڵام بازاڕەكە هێشتا ئەوە نیە كارگەی گەورە دروست بكەیت بۆ دروستكردنی جل و چەرم». هەروەها ئەوەشی روونكردەوە كە لەماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەمدا زۆرترین مۆڵەت دراوە بەكارگە پیشەسازییەكان و وەبەرهێنەر و ژمارەی مۆڵەتەكانیش 59 مۆڵەتە و بەبەهای 20 ملیار دۆلار وەبەرهێنان كراوە، زۆرترین كارگەش لەهەولێر دامەزراوە. «زۆرترین زەوی دابینكرابێت بۆ كارگەی پیشەسازی 200 هەزار مەتر دووجا بووەو بەهاكەی زیاتر لەملیارێك دۆلار بووە، هەروەها وەبەرهێن داوایان بۆ دەستەی وەبەرهێنان بەرزكردوەتەوە كەكارگە لەهەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ دوو كارگە لەدهۆك دابمەزرێنرێت، بەمەش پێنج پرۆژە پێشكەش كراوەو داوای چوار كارگەی چەرمیش كراوە». هێمن هەینی وادەڵێت. لەكوردستان پێنج كارگەی خۆشكردنی پێستە هەیە كە تەنها یەكێكیان كاردەكات، لەگەڵ سێ كارگەی چەرم. پێستەی ئاژەڵ بەكاردێت بۆ جلوبەرگ، پێڵاو، پێخەف، كورسی، كوشن، باشترینیان چەرمی مانگایە، كە بۆ ئێكسسواراتی ناوماڵ و ئۆتۆمبێل بەكاردێت، پێستەی نێر باشترە لەپێستەی مێیەكەی، چونكە قەبارەی گەورەترە كەپێی دەوترێت چەرمی گا، هەرچی پێستی ئاژەڵی بچووكیشە بۆ ئێكسسواراتی جانتاو پێلاوی خانمان بەكاردێت. بەپێی ئامارێكی فەرمی كە هاوڵاتی دەستی كەوتووە لەلێپرسراوی كەرەنتینەی هەموو پارێزگاكان بۆ ساڵی 2021 و سێ مانگی ئەمساڵ 355 هەزار و 282 سەر ئاژەڵ هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، بەپێی ئاماری سەرۆكی بەشی تەندروستی ئاژەڵی هەرێم 32 كوشتارگە هەیە لەهەرێمی كوردستان. لەكوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی ئامێری تایبەت بەداماڵینی پێستەی ئاژەڵ هەیە كە پێستەكە تووشی هیچ دڕاویەك ناكات. د.شاڵاو عارف پسپۆڕی ڤێتێرنەری لەكوشتارگەی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»پێستەی ئاژەڵ لەكوشتارگەكانەوە دەگیرێ، سلێمانیش لەهەموو كوشتارگەكانی دیكەی كوردستان زۆرترین بەرهەمی پێستەی هەیە، چونكە ئەم ئاژەڵانە بەئامێری تایبەتی پێستەكانیان دەدەماڵین هیچ زیانێكی بەرناكەوێت». هەروەها وتیشی: «پێستەی ئاژەڵ بەهیچ جۆرێك ناسوتێنین، چونكە چەرمی مانگا هەمیشە فرۆشی هەیە، چەرمی یەك ئاژەڵی گەورە نزیكەی 50 كیلۆیە كەمتر لە 10 هەزار دینار دەكات، پێستی ئاژەڵی بچووكیش پێنج كیلۆیە زیاتر دەكڕدرێتەوە بۆ چەوریەكەی، بەڵام پێستەكەی سودی لێنابینرێیت و فڕێدەدرێت، چونكە نیمچە رەقە». جەبار ئیسماعیل بازرگانی پێستەی ئاژەڵە لەهەولێرو لەساڵی 2000ەوە بازرگانی هەناردەكردنی پێستەی خاو دەكات بۆ دەرەوەی كوردستان، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:» بەپێی رۆژ كەوتووە كەپێستە بفرۆشین، رۆژی وا هەیە 200 پێستە، رۆژی تر 150 پێستە، رۆژانی پشوو كوشتارگە نیە هیچ پێستەیەك ناكڕین و نایفرۆشین». كێشی پێستەكان لەنێوان 10 بۆ 15 كیلۆیەو یەك پێستە بەسێ هەزار دەكڕینەوە لەكوشتارگەكان، بەسێ هەزارو 500 بۆ چوار هەزارو 500 پێستەو ریخۆڵە دەفرۆشینەوە بەكارگەكانی ناوخۆو دەرەوە، لەهەولێر 22 كەس بازرگانی بەپێستەوە دەكەن، چەند قەسابخانە هەبێت لەگەڵ مەیدانی ئاژەڵان ئەوەندە بازرگانی پێستە دەكرێت.
هاوڵاتی توركیا بەشێوەیەكی رانەگەیەنراو و پێش كۆبوونەوەی سێقۆڵی تاران، هێرشەكانی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان چڕكردووەتەوە بەنهێنی دەستی كردووە بەگواستنەوەی چەك و كەرەستەی سەربازیی بۆ ئەو ناوچانەی كە مەبەستییەتی كۆنتڕۆڵی بكات. ئەنقەرە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە گڵۆپی سەوزی ئێران و روسیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێ لەباكوری سوریا بەدەستبهێنێت بەشێوازێكی دیكە هەوڵی بەدیهێنانی مەبەست و ئامانجەكانی لە رۆژئاوای كورستان دەدات بەتایبەت كە شەفاعەتەكەی ئەردۆغان بۆ ئێران دژی پەكەكە و پەژاك سەری نەگرت. ئەردۆغان لەتاران رایگەیاند:» پەكەكە و پەژاك و یەپەگەو پەیەدە دوژمنی هاوبەشی ئێران و توركیان، بۆیە پێویستە هەماهەنگیی زیاتر هەبێت لەنێوان ئەنقەرەو تاران بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو هێزانە، بەڵام سەرۆك كۆمارو رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران دژایەتیی ئاشكرای خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی توركیا راگەیاند. توركیا لەساڵانی رابردوودا بەدروستكردنی هەزارو 400 كیلۆمەتر دیواری كۆنكرێت لەسنورەكانی نێوان باكوری كوردستان لەگەڵ رۆژئاواو رۆژهەڵاتی كوردستان هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجێكی سەرەكەییە بەدەر لەهێرشكردنە سەر پەكەكە ئەویش دابڕینی زیاتری خاكی كوردە. لەبەرامبەردا ئێران بەهۆی ئەوەی سیاسەت و ئامانجی خۆی هەیە لەناوچەكەدا بەپێی پلانەكانی ئەنقەرە هەڵسوكەوت ناكات، بەڵام دواجار ئەویش بەردی خۆی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسنگ دەدات بەتایبەت كە ئەو دوو وڵاتە دوو ركابەری دێرینن لەناوچەكەو بەشێكی سەرەكیی ململانێكانیشیان لەسەر خاك و خەڵكی كوردە. داواكاریی سەرەكیی ئەردۆغان لەتاران رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەحەوتەمین كۆبوونەوەی لوتكەی سەركردەكانی گفتوگۆی ئەستانە كە (20/7/202) لە تاران-ی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو، رایگەیاند:» پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك) و پارتی یەكیتی دیموكراتی (پەیەدە) و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و لایەنگران و ئەندامانی گروپی فەتحوڵڵا گویلەن (فەتۆ) كێشەی سەرەكیی توركیاو ئێرانن، بۆیە دەبێت ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە بەهاوبەشیی كار بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. ئەردۆغان لەكۆنگرە هاوبەشەكەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران سەرجەم ئەو رێكخراوانەی بەتیرۆریست ناوبردو وتی:» ئەو رێكخراوانە بەهەوڵی توركیا خراونەتە لیستی تیرۆری وڵاتانی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) چونكە لەهەر وڵاتێك بن زیان بەو وڵاتانە دەگەیەنن». سەرۆك كۆماری توركیا جەختی لەوە كردەوە یەكێك لەسەرەكیترین ئامانجەكانی حەوتەمین كۆبوونەوەی لوتكەی سەرۆكەكانی گفتوگۆكانی ئەستانە واتە تاران و ئەنقەرەو روسیا، رووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەنانەیە كە ئەو بەتیرۆریست ناوی هێناون. ئەردۆغان هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا لەگەڵ رەئیسی وتی:» توركیا پلانی هەیە بۆ بەرزكردنەوە ئاستی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران بەتایبەت لەبوارەكانی (سیاسیی، سەربازیی، بازرگانی، كەلتوریی) و پێداگریی لەوەش كرد كە توركیا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەنگاوی گەورەی لە رووی ئابوریی و بەرگرییەوە ناوەو ئەوەش دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی پەیوەندییە سەربازیی و پیشەسازییەكانی بەرگریی لەگەڵ ئێران. ئەو ئاشكرای كرد بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاستی بازرگانیی نێوان توركیاو ئێران بۆ حەوت ملیارو 500 ملیۆن دۆلار دابەزیوە، بەڵام ئەنقەرەو تاران پلانیان هەیە ئاڵوگۆڕی بازرگانییەكانیان بۆ 30 ملیار دۆلار لەساڵێكدا بەرزبكەنەوە. ئەوەی زۆر مایەی سەرنج بوو لەلێدوانە رۆژنامەوانییەكەی ئەردۆغان لەگەل رەئیسی، ئەوە بوو كە ئەو جەختی لەوە كردەوە توركیا لەبواری پیشەسازیی سەربازیدا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو پێویستە ئەنقەرەو تاران لەبواری سەربازیدا هەماهەنگتربن زیاتر لە رابردوو هاوكاریی یەكتر بكەن. شكستی ئەردۆغان لەحەوتەمین كۆبوونەوەی سێ كوچكە ئەردۆغان لەوتارەكەیدا لە كۆبوونەوەی لوتكەی سێ وڵاتی روسیا و توركیا و ئێران كە بەسێ كوچكە ناودەهێنرێن رایگەیاند:» پێویستە توركیا بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی دیكەی سەربازیی بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر لەخاكی سوریا مەترسییەكانی سەر ئەنقەرە بڕەوێنێتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەیدا پوتن و رەئیسی هەردووكیان بەسەر زارەكی ئاسایشی توركیایان بەگرنگ و مافی خۆی وەسف كرد هیچ یەك لەو دو وڵاتە بەئاشكرا باسی رەوایەتیی ئۆپەراسیۆنەكەیان نەكرد». لەلایەكی دیكەوە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەكاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان رایگەیاند:» ئەنجامدانی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لە سوریا و باكوری ئەو وڵاتە زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی تەنانەت توركیا دەگەیەنێت كە وتەكەی خامنەیش دژایەتییەكی ئاشكرای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی بوو كە ئەردۆغان چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی لە لایەن روسیا و ئێرانەوە دەكرد». رۆژنامەی (عەرەبیە جەدید)ی قەتەر-ی بڵاوی كردووەتەوە؛ ئێران و روسیا بەئاشكرا دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لەناوچەكانی باكوری سوریاو رۆژئاوای كوردستان وەستاونەتەوە، بۆیە توركیا دەیەوێت بەشێوازێكی دیكە و لەرێگەی گروپە چەكدارە سورییەكانی نەیاری رژێم و هاوپەیمانی توركیا، هێرشەكان ئەنجام بدات. هاوكات لەگەڵ ئەو زانیارییەی رۆژنامەكە، میدیای (نۆرس پرێس) لەرۆژئاوای كوردستان لەزاری بەرپرسانی سەربازیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بڵاوی كردووەتەوە سوپای توركیا لەدوای كۆبوونەوەی سێ كوچكە لەتاران پێچەوانەی ئۆپەراسیۆنەكانی پێشووی، بە نهێنی چەكی قورس و زرێپۆش بۆ ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی توندڕەو لەناوچەكانی باكوری سوریا دەگوازێتەوە. گومان دەكرێت توركیا ئۆپەراسیۆنەكەی بەشێویەكی رانەگەیەنراوو بەدەستی هێزە چەكدارە توندڕەوەكانی سوریا لەدژی كۆبانی و منبج و عەین عیسا لەرۆژئاوای كوردستان دەستپێبكات و هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی رێگای (ئێم 4) بدات بۆ ئەوەی كانتۆنی كۆبانێ و كانتۆنی جزیرە لەیەكتر داببڕێت. ئێران لەئەدەنە تا سێ كوچكە ئێران كە پێشتریش لەساڵی 1998 بەهەوڵەكانی بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆن و جەنگی توركیا لەدژی سوریا ئەزموونی لەگەڵ ئەنكەرە هەیە خەمی سەرەكیی ئەوەیە كە خاكی سوریا كە بەسەنگەری سەرەكیی جەنگ لەدژی ئیسرائیل ناو دەبات و رەنگە پێگەی كورد لەسوریا بۆ تاران جێی بایەخێكی ئەوتۆ نەبێت چونكە هەنگاوەكانی ئێران بوو كە پەیمانی ئەدەنەی لەساڵی 1998 لێكەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی توركیا بەپێی خاڵەكانی ئەو پەیماننامەیە مافی ئەوەی پێبدرێت پێنج كیلۆمەتر بچێتە خاكی رۆژئاوای كوردستان. توركیا لەساڵی 1996 هۆشداریی دەداتە رژێمی سوریا كە ئەگەر پەكەكە بەسەركردایەتیی عەبدوڵا ئۆجەلان لەخاكی رۆژئاوای كوردستان و سوریا دەرنەكرێت ئەوا هێرش دەكاتە سەر ئەو ناوچانە بەبێ گەڕانەوە بۆ رەزامەدنیی دیمەش، دوای نزیكەی دوو ساڵ سوپای توركیا بەتانك و زرێپۆش چووە سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان ئەوەش وای كرد ئێران وەفدێكی وەزارەتی دەرەوە لەساڵی 1987 رەوانەی دیمەشق و دواتر ئەنقەرە بكات تا بەنێوەندگیریی رێگە لەسەرهەڵدانی جەنگی دوو وڵاتەكە بگرێت. دواجار 20ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1988 رێككەوتنێك لەنێوان توركیاو سوریا لەشاری ئەدەنە لەباكوری كوردستان واژۆ كرا كە بەپێی رێككەوتنەكە دیمەشق لەسەر داوای ئەنقەرە پەكەكە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەم دەدات و عەبدوڵا ئۆجەلانیش لەرۆژئاوای كوردستان دەركراو ئەگەر توركیا هەركات لەسنورەكانی سوریاوە هەڕەشەی لەسەر بێت ئەوا سوپای ئەو وڵاتە دەتوانێت بە قوڵایی پێنج كیلۆمەتر بچێتە خاكی سوریا. ئێران لەو سەردەمە هاوشانی وڵاتی میسر رۆڵی بەرچاوی بینی لە رێككەوتنەكەدا و لەساڵی 2019 جارێكی دیكە مۆسكۆو تاران پێشنیاریان بەتوركیا كرد لەجیاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بگەڕێتەوە بۆ خاڵەكانی رێككەوتنی ئەدەنە، بەڵام دواجار توركیا بە بێگوێدان بەپێشنیارو گۆڕانكارییە 10 خاڵییەكەی ئەو رێككەوتنە، هێرشی كردەسەر رۆژئاوای كوردستان و داگیركردنی گرێسپی و سەرێكانیی لێكەوتەوە. توركیا لەساڵی 2017 و لەگەڵ یەكەم كۆبوونەوەی لوتكەی ئەستانە یان سێ كوچكە پێداگریی كردووە كە بەقوڵایی 32 كیلۆمەترو بەدرێژایی زیاتر لە 800 كیلۆمەتر بچێتە خاكی سوریا و رۆژئاوای كوردستان بەڵام لە رێككەوتنی ئەدەنە لەساڵی 1998 و دواتر لە 2019 پێنج كیلۆمەتر دیاریی كراوە بۆ ئەوەی سوپای ئەو وڵاتە بتوانێت ئەو سنورانە ببەزێنێت. پەكەكەو ئێران ئێران هاوشانی توركیا پەكەكە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەمدا، بەڵام بەبەردەوامیی دەیەوێت وەك دوژمنێكی سەرەكیی ركابەرەكەی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو رێكخراوە بەرامبەر بەخۆی هەستیار نەكاتەوەو رەنگە هەرئەوەش وای لەئێران كردبێت لەدوای 1998 تا نزیكەی ساڵی 2004 نەیویستبێت هەستیارییەكی توند لەگەڵ رێكخراوەكە دروست بكات بەتایبەت كەدەزانێت رێكخستنەكانی پەكەكە لەقوڵایی بەشێكی بەرچاو لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوونیان هەیەو پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) وەك بەشێك لەو هێزە لەقەڵەم دەدات. لەم سۆنگەیەوە بەریەككەوتنی پەكەكەو هێزە سەربازییەكانی ئێران لەئاستێكی بەرفراواندا هاوشێوەی شەڕ لەگەڵ توركیا نەبووە، ئەگەرچی لەماوەی ساڵانی رابردوودا دەیان ئەندام و لایەنگری پەكەكە و پژاك لەلایەن ئێرانەوە دەستگیركراون و ژمارەیەكیشیان لەسێدارە دراون بەڵام پێناچێت تاران پێی ناخۆش بێت هێزێكی لەو شێوەیە گورز لەتوركیای ركابەری بوەشێنێت ئەمەش وا دەكات تاران لەسنورێكی دیاریكراودا خۆی دووربگرێت لەهەستیاریی و بەریەككەوتن لەدژی پەكەكە. دیواری كۆنكرێتی توركیا دژی كورد سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی توركیا وتوویەتی :»لە كۆتاییەكانی ساڵی 2021ەوە سەرقاڵی دروستكردنی دیواری كۆنكرێتن لە سنورەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئێران». ئەو بەمیدیای فەرمیی توركیای راگەیاندووە» پێویست بوو 144 كیلۆمەتر لەخاڵی سنوریی نێوان باكوری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان بەدیواری كۆنكرێت بكرێت لەپێناو پاراستنی وڵاتەكە لەهەڕەشەی گروپە چەكدارەكان و زیانی قاچاخچییەكان». سۆیلۆ وتوویەتی:»توركیا هاوشێوەی ئەو دیوارەی لەسنورەكانی وڵاتەكە لەگەڵ ئێران دروستی كردووە لەسنورەكانی جۆرجیاو ئەرمینیا لەگەڵ توركیاش هەمان دیواری كۆنكرێتی دروست دەكات و بەسیستمی ئەلیكترۆنیی و بەوردیی ئەو سنورانە چاودێریی دەكرێن». سنوری نێوان ئێران و توركیا 535 كیلۆمەترە كە زۆرینەی ئەو هێڵە سنورییە دەكەوێتە نێوان باكور و رۆژهەڵاتی كوردستان و بڕیارە 341 بنكەی پاسەوانیی تێدا جێگیر بكرێت و بەپێی پلانەكەی توركیا، سەرجەم ئەو سنورانە تاكۆتایی ساڵی 2023 دەكرێتە دیواری كۆنكرێت. میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی كردوەتەوە لێدانی خەندەق و دیواری كۆنكرێتیی لەلایەن توركیاوە بووەتە هۆی دروستبونی لافاوو تێكدانی تۆپۆگرافیای ناوچەكەو بەهۆیە ژمارەیەكی زۆر لەڕەشەوڵاخ و مەڕو ماڵاتی ناوچەكانی ماكۆ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لەناوچوون و جگە لەو زیانانەش ئەو سەرچاوە ئاوییانەی كە لەباكوری كوردستانەوە بەرەو رۆژهەڵات هاتووە و یان پێچەوانە، رێڕەوەكەیان تێكدراوە. توركیا نزیكەی 916 كیلومەتر سنوری هەیە لەگەڵ سوریا ئەویش زۆربەی دەكەوێتە ناوچەكانی نێوان رۆژئاوای كوردستان و باكوری كوردستان و تائێستا 837 كیلۆمەتر لەو سنورانە لەلایەن توركیا كراوە بەدیواری كۆنكرێت و تەلبەند كراون كەهاوكات بەسیستمی ئەلیكترۆنی و كامێرا چاودێریی ورد دەكرێت. دیواری كۆنكرێت چەكی توركیا دژی كورد وەزارەتی بەرگریی توركیا بڵاوی كردووەتەوە بودجە وەزارەتەكە لەساڵی 2021 نزیكەی (69) ملیارد لیرەی توركی بووە كە بەنرخی ئەو سەردەمە دەكاتە 135 ملیار دۆلار لەكاتێكدا لەو ساڵەدا تەنها یەك ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەناوچەكانی نێوان باكوری كوردستان و هەرێمی كوردستان لەدژی پەكەكە ئەنجام داوە. وەزارەتی بەرگریی رایگەیاندووە ئەو بڕە لەبودجەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆو سنورەكانی وڵاتەكە تەرخان كراوە و بڕی دوو ملیارد لیرەش لەبواری «پاراستنی ئاشتیی» لەوڵاتانی لوبنان و بۆسنیاو هێرزەگۆڤین و ئەفغانستان خەرج كراوە. بەچاوخشاندنێكی سەرەكیی دەردەكەوێت وەزارەتی بەرگریی توركیا لەو ساڵەدا زیاترین مەودای سنورەكانی لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كردووە بەدیواری كۆنكرێت كەسەرجەم درێژییەكەی ئەو سنوورانە دەگاتە زیاتر لەهەزار و 450 كیلۆمەتر. توركیا بەبیانوی پاراستنی وڵاتەكەی بە دروستكردنی سنوری كۆنكرێت كورد لەسێ پارچەی كوردستان زیاتر تووشی دابڕان دەكات و ئەوەش بەئامانجی بەدیهێنانی پلانەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەئێستا زیاتر بەرۆكی رۆژئاوای كوردستان و داوتریش هەرێمی كوردستانی گرتووە.
شەنای فاتیح چەند بەرهەمێك لەعەلوەی سلێمانیدا لەتێستدا دەرنەچوون و بەڕێوەبەری تاقیگەی عەلوەی سلێمانیش دەڵێت:» بەرهەمی ناخۆیی و دەرەكیش هەبووە كە لەتێستی ئێمەدا دەرنەچوون.» گزنگ محەمەد، بەڕێوەبەری تاقیگەی عەلوەی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد چەند بەرهەمێكی ناوخۆیی وەكو: (پاقلە، خەیار، كاهو، لیمۆ، مانگۆ، بیبەری ملەوەن، سێوی زەردو سوور) كە بەرهەمی دەرەكی بوون و (خورماو پەتاتەو شوتی) كەناوخۆیی و دەرەكییشی هەیە لەتێستدا دەرنەچوون. هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئەو بەرهەمانەی لەتێستدا دەرناچن دووبارە سامپڵیان لێوەردەگیرێتەوە، ئەگەربێـتو دەرنەچنەوە دەدرێتە لیژنەی قایمقامییەت تا لەناوببرێن. گزنگ محەمەد وتیشی: ساڵانی پێشوو بەرهەمی ناوخۆیی هەناردەی دەرەوە دەكرا،»بەڵام ساڵی رابردوو بەهۆی خراپی كوالێتییەكەیەوە لەئیمارات رەتكرایەوە.» هاوكات، باسیلەوەشكرد تاقیگەی عەلوەی سلێمانی 15 رۆژ جارێك راپۆرتی خۆیان لەسەر تەواوی ئەو بەرهەمانەی پشكنینیان بۆ دەكرێت دەدەنە لایەنی پەیوەندیدارو تیمێكی پسپۆڕیان هەیە كە سەردانی كێڵگە كشتوكاڵییەكان دەكات بۆ رێنمایی جووتیاران بەمەبەستی بەرهەمێكی تەندروست و تاهەناردەی وڵاتانی دراوسێ بكرێن. بەڕێوەبەری تاقیگەی عەلوەی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو كە پێنج هەزار دینار بۆ فەحسی بەرهەمەكان لەجوتیاران وەردەگیرێـت و دوو وەسڵیان بۆ دەكرێت یەكێكیان دەدرێت بەجووتیارەكان و یەكێكی تریشیان دەدرێتە نوسینگەی عەلوەكان لەگەڵا ناردنەوەی پشكنینەكان، و» سەرەتا حكومەت بڕی 40 هەزار دیناری دیاریكردبوو و ئێمە داشكاندنمان بۆ كردو كردمانە پێنج هەزار دینار.» عەلوەی كۆنی سلێمانی 184 زۆن و عەلوە نوێیەكەش 54 زۆنی هەیە. ساڵانە جوتیارانی هەرێمی كوردستان بەدەست ساغنەبوونەوەی بەرهەمەكانیانەوە دەناڵێنن و دەبێتە مایەی زەرەرو زیان بۆیان، تەنانەت بەشێكیشیان بەرهەمەكانیان فڕێدەدەن چونكە بڕەكەی زۆرەو بۆیان نافرۆشرێت و هاوردەكردنی بەرهەمی وڵاتانیش لەدەروازە سنورییەكانەوە ناوەستێنرێـت تابەرهەمی جوتیارانی ناوخۆیی ساغببێتەوە. عوسمان حەمەڕەشید، تەمەن 48 ساڵ جوتیارێكی دەشتی شارەزوورەو ساڵانێكی زۆرە خەریكی پیشەكەیەتی و لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە گومانمان لەبەرهەمەكانی خۆمان نییەو مەوادی كیمیاییش كەبەكاری دێنین سەمادەو هیچ كێشەیەكی نییە، ئێستا هیچ دەرمانێكی بۆ بەكارناهێنین چونكە جەو گەرمەو هیچ حەشەراتێك ناژی». هەروەها یەحیا عەلی جووتیارێكی دیكەیەو بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كەوەزارەتی كشتوكاڵا پشتگیرییەكی جوتیاران ناكات هیچ رێنماییەكیشیان ناكەن بۆ بەكارهێنانی مەوادی كیمیایی و چاندنی بەرووبووم و خۆیان بەرهەمەكان هەڵدەبژێرین و دەیچێنین. حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوكانی ئاو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» زۆربەی جوتیارانی هەرێم یەك جۆر بەرهەمیان هەیەو ئەوە یەكێكە لەكێشەكان بۆیە زۆرجار كاریگەری ئەكاتە سەر ئەوەی كەبڕی بەرهەمەكان بەشێوەیەك زیاد ببن كە نرخەكانیان دابەزێـت.» وتیشی: وەزارەتی كشتوكاڵا نەخشەیەكی بەرهەمیان ئامادە كردووە بەپێی ناوچەكان كەچ بەرهەمێكی تیابەرهەم بهێنرێـت، ئەمەش كاری زۆری و هەماهەنگی دەوێـت لەگەڵا جووتیاران تا گلەیی و گازەندەی لێنەكەوێتەوەو بەرهەمەكان بەشێوەیەك بێـت تاڕادەیەك كەمێك لەپێداویستی ناوخۆ زیاتربێـت نەك بەو شێوازەبێـت كاریگەری بكاتە سەر بەرهەمەكان.
عەمار عەزیز گوندی پەرخێ هەوایەكی فێنك و ئاوێكی سازگاری هەیەو دانیشتوانەكەی رۆژانە سەرقاڵی ئامادەكاریەكانیانن بۆ خزمەتكردنی ئەو گەشتیارانەی روو لەگوندەكەیان دەكەن، بەڵام تۆپ و بۆردومانەكانی سوپاكەی ئەردۆغان بووكی بادینان دەكەنە دۆزەخ بۆ گەشتیاران. پەرخێ، ئەو گوندەی لەهەفتەی رابردوو 20ی تەمموزی 2022 لەلایەن سوپای توركیاوە بەچوار گولە تۆپی 155 ملیمی ناوچە گەشتیارییەكانی پەرخێی كردە ئامانج و بەو هۆیەوە نۆ گەشتیاری پارێزگاكانی خوارووی عێراق كوژران و 31 كەسی دیكەش برینداربوون. گوندی پەرخێ بەدووریی 16 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری ناحیەی دەركار لەزاخۆ، تاكە گوندی ئاوەدانە لەناوچەی شەڕ لەسنوورەكە، گوندەكە دەكەوێتە دووریی 17 كیلۆمەتر لەباكووری رۆژهەڵاتی زاخۆو 11 كیلۆمەتر لەسنووری توركیاوە دوورە، نزیكترین خاڵی سەربازیی توركیا لەو گوندەوە دوو هەزارو دووسەد مەترە. لەگوندی پەرخێ شوێنێكی گەشتیاری زۆر فێنك و خۆش هەیەو گەشتیاران رووی تێدەكەن، بەڵام لەدوای رووداوەكە تائێستا هیچ گەشتیارێك سەردانی ئەو گوندەی نەكردووە. پێش 20ی ئەم مانگە، پەرخێ پڕ بوو لەگەشتیارانی خواروو ناوەڕاستی عێراق لەنزیك ئاوە سازگارەكان و نێو كەپرەكانەوە شادی و خۆشییان دەردەبڕی و خۆیان فێنك دەكردەوەو منداڵان بەتۆپی لاستیكی یارییان دەكرد، بەڵام سوپاكەی ئەردۆغان خۆشییەكانان لێدەكەن بەشیوەن. حاجی مەحمود محو، خاوەنی ئەو شوێنە گەشتیارییەی گوندی پەرخێ كەتوركیا كردووەیەتە ئامانج كە لەساڵی 1991 تائێستا لەو گوندە دەژی، بەهاوڵاتی وت:» لە رۆژی تۆپبارانەكەی سوپای توركیا لەماڵ بووم دوای رووداوەكە خێرا بەچەند خولەكێك گەیشتمە شوێنەكەو هاوكاری تیمەكانی تەندروستیمان كرد بۆ گەیاندنی بریندارەكان». هەروەها وتیشی:» رووداوەكە ئەوەندە ناخۆش بوو ناتوانم وەسفی بكەم ئەو خەڵكە هیچ گوناهیان نەبوو شەهیدو برینداركران، چەند ساڵێكە شوێنێكی گەشتیاریمان دروستكردوە بۆ ئەوەی ببێتە داهاتێك بۆ هەموومان، هەموو ئەو كەسانەی كاریان دەكرد خەڵكی گوند بوون، بەڵام توركیا لێی تێكداین». سێ خاڵی سەربازی توركیا لەدەوروبەری گوندی پەرخێ جێگیركراون، كە تەنها پێنج كێلومەتر لەگوندەكەوە دوورە. خاوەنی ئەو شوێنە گەشتیارییەی گوندی پەرخێ جەختی لەوەكردەوە كە لەدوو مانگی رابردوو تائێستا سەدان جار دەوروبەری گوند بۆردومانكراوە ناتوانن بیژمێرن، وتیشی:» رۆژانە چەندجارێك ناوچەكە بۆردومان دەكرێت، ئێستا هیچ خۆشیمان نیە، بەڵام سەڕەرای هەموو ئەمانەو ئەو رووداوە كەسوپای توركیا بۆردومانی كردووە ئیرادەمان بەهێزەو گوندەكەی خۆمان بۆ هیچ كەسێك چۆڵناكەین». گوندی پەرخێ، نزیكەی 30 خێزانی تێدا دەژین، رێگای گوندەكە قیركراوە، تەنها یەك شوێنی گەشتیارییان هەیەو زیاتر لە 20 كانی و ئاوی سازگاریان هەیە، خەڵكی گوندەكە لە»عەشیرەتی سندی»ن. جەمیل عەبدوڵا، موختاری گوندی پەرخێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»خەڵكی گوندەكە زیاتر كاری چاندن و بەرهەمەكانی هاوینی وەك سێو، هەنجیر، ترێ، هەنار، هەروەها سەرقاڵن بە بەخێوكردنی مەڕو ماڵاتەوە، پێشتر نزیكەی 500 سەرمەڕ لەگوند هەبووە، ئێستا بەهۆی بۆردومانی توركیا ژمارەیان كەمبووەتەوە، چونكە خەڵكی گوند لەترسی بۆردومانەكان خەریكە وازی لێدێنن». «زورینەی نیشتەجێبووانی گوند دوو ماڵیان هەیە یەكێك لەگوندو ئەوەی دیكە لەناوەندی زاخۆ، هەندێكجار ژمارەی خێزانەكان دەگاتە 30 خێزان، هەندێكجاریش دەبێتە 10 خێزان، ئێستا نزیكەی 100 كەسێك لەگوند دەژین، بنكەی تەندروستی و خوێندنگامان نیە»، موختاری گوندی پەرخێ وای وت. هەریەك لەگوندەكانی قەسرۆك، دەشتەتەخێ، پەڤلان، بهێرێ، باجوا، شەرانش، كەدەكەونە دەوروبەری گوندی پەرخێ چوڵكراون، تەنها دانیشتوانی گوندی پەرخێ نەبێ وەك موختاری گوندەكە وتی:» ئێمە بڕیارمان داوەو گوندەكە چۆڵ ناكەین». سوپای توركیا سەرەڕای ئەوەی بەقوڵی بیست كیلۆمەتر زیاتر خاكی هەرێمی كوردستانی داگیركردووە، ساڵی رابردوو ئەمساڵیش تاوانی ژینگەیشی ئەنجام داوەو هەزاران داری بڕیوەتەوەو دەیباتەوە بۆ توركیا كەداری تێدا بووە تەمەنی سەد ساڵ بووە. بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی دەركار لەساڵی 1991 تائێستا لەسنوری دەركار و باتیڤا 32 كەسی مەدەنی شەهیدو برینداربوون بەهۆی بۆردومانەكانی سوپای توركیاوە. دڵشێر عەبدولستار، بەرێوەبەری ناحیەی دەركار لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی هێمای بۆ ئەوەكرد كە 63 گوند لەسنوری ناحیەی دەركار هەیەو تائێستا 23 گوند بەتەواوی چوڵكراون و لەئێستادا 33 خێزان لەگوندی پەرخێ بوونیان هەیە. دڵشێر عەبدولستار وتیشی:»تالێكۆڵینەوەكان لەسەر رووداوەكە بەردەوامبن رێگا بەهیچ گروپێكی گەشتیاری نادەین سەردانی ناوچە گەشتیارەكانی سنوری ناحیەی دەركار بكەن، چاوەڕێی دەرئەنجامی كۆتایی راپۆرتی لیژنەكان دەكەین، دواتر ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بڕیار بۆ هاتنی گەشتیارەكان دەردەكات». دوابەدوای بۆردومانەكەی سوپاكەی ئەردۆغان بۆ سەر گوندی پەرخێ، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەفدێكی باڵای ئەمنی رەوانەی ناوچەكە كرد كە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەرۆكایەتی دەكرد. دوابەدوای لێكۆڵینەوەی لیژنە ئەمنییەكەی عێراق، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند:» دەركەوت توركیا شەڕەكەی لەگەڵ پەكەكە نیە». فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەزاخۆ رایگەیاند:» ئێمە شارەزاو بەرپرسی سەربازیمان لەگەڵدایە دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە». ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی عێراق دوای ئەوەهات كەوەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند ئەوان كۆمەڵكوژیەكەیان ئەنجام نەداوەو پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كرد. فوئاد حسێن كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەزیری دەرەوەی عێراقە وتیشی:» پرۆسەی سەربازی توركیا لەناو خاكی عێراق قبوڵناكرێت، دەركەوت توركیا شەڕەكەی لەگەڵ پەكەكە نیە، توركیا دەیان گوندی كوردستانی عێراقیان داگیركردووە، لەجیاتی شەڕی پەكەكە پەلاماری گوندەكان دەدەن و خەڵكی سڤیل دەكوژن».
هاوڵاتی کوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی یەکێک لەکۆڵەکە نەگۆڕەکانی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیایە. ئەو دەوڵەتە لەڕۆژی دامەزراندنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ بە بەردەوامی و لەچواەچێوەی پلانێکی وردی ئەمنی، سیاسی، ئایدۆلۆژی و هەواڵگریدا هەمیشە هاووڵاتیانی مەدەنی و بێ دیفاع و بێ چەکی کۆمەڵکوژ کردووە. هەموو جومگەکان و دامەزراوەکانی وەک حکومەت، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەزگای هەواڵگری، سوپا، پۆلیس، دادگا، راگەیاندن، ئۆپۆزسیۆن، سەرمایەدارەکان و هاوبەشانی بازرگانی و سیاسی و ئابوریی دەوڵەتی تورکیا لەناوخۆی تورکیا و لەناوچەکە و ئەوروپاو جیهان یەک دەنگ و لەپێناو کوشتارکردنی هاووڵاتیانی مەدەنیدا پاڵپشت و یارمەتیدەرو داپۆشەرو پاکانەکاری دەوڵەتی تورکیا بوون. هیچ حکومەت و حزبێکی دەسەڵاتدار لەتورکیادا نییە، کە بەشداریی لە پرۆسەی جینۆساید و کوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنیدا نەکردبێت. جا بەشداریکردنەکەی بەشێوەی سەربازی، یان راگەیاندن و پاساوهێنانەوە، یان بێدەنگە لێکردن بووبێت هیچ جیاوازییەکی نییە، چونکە لەیەکێک لە رەهەندەکانەوە بەشداریی لەتاوانی دژ بەمرۆڤایەتیدا کردووە. لەمێژووی دەوڵەتی تورکیادا دەیان کۆمەڵکوژی و سڕینەوەو پاکتاوکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی دەبینرێن. هەموو کۆمەڵکوژیەکان لەڕوانگەی نەتەوەپەرستی تورکی و ئیسلامی تورکییەوە بە بەکارهێنانی ئەوپەڕی توندوتیژی و ترسناکرترین شێوازەکانی کوشتن و سڕینەوەی ئیتنی و ئایینی ئەنجامدراون. نەریتی کوشتارکردن و کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەعوسمانییەکانەوە بە شێوەیەکی وردو رێکوپێک گواستراوەتەوە بۆ دەوڵەتی تورکیا، چونکە مێژووی دەوڵەتی عوسمانی پڕە لەکوشتار، کۆمەڵکوژی، تاڵانی، داگیرکاری، توندوتیژیی زۆر بێوێنە و خوێنڕشتنی بەردەوام و بێ راوەستان. دەوڵەتی تورکیای ئەمڕۆ ئەزموون و میراتی کۆمەڵکوژکردنی ئەلبانییەکان، یونانییەکان، بۆسنییەکان، هەنگارەکان، مەجەڕەکان، ئەرمەنییەکان، ئێزدییەکان، سوریانی و ئاشوریەکانی و میرایەتییە کوردیەکانی زۆر بە باشی لەعوسمانیەکانەوە وەرگرتووە، درێژەیان پێدەدات، کاریان پێدەکات، شێوازەکانی ئەنجامدانی دەوڵەمەند دەکات و ئەوپەڕی تەکنەلۆژیا و توندوتیژی و چەکی قورس، ناپاڵم، موشەک، تۆپخانە، چەکی کۆکوژ، فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتو، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، چەکی فسفۆڕی، چەکی کیمیایی، چەکی تیرمۆباریک و چەکی ئەتۆمی تاکیتکی بۆ ئەنجامدانی کوشتارەکانی بەکاردەهێنێت. لێرەدا بەشێک لەو کوشتارو کۆمەڵکوژکردنەی هاووڵاتییانی مەدەنی، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا لەباکووری کوردستان و باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان روویانداوە دەخەینەڕوو. کۆمەڵکوژیەکانی تورکیا کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییان لەڕاپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیراندا لەشوباتی ١٩٢٥دا دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی راپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیران لەناوچەی پیرانی پارێزگای ئامەد لە باکوری کوردستان بە ٥٢ هەزار سەربازو چەکدارەوە هێرشی کردەسەر ١٥ هەزار چەکداری کوردو لە ئاکامدا جگە لە جەنگی نێوان چەکدارەکان، سوپای تورکیا لەناوچەکانی پارێزگای ئامەدو پارێزگاکانی هاوسنوری ئامەد نزیکەی ٥٢ هەزار هاووڵاتیی مەدەنییان کۆمەڵکوژ کرد. کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان سوپای تورکیا هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانیدا بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی ئاگری بەسەرۆکایەتیی ئێحسان نوری پاشا، لە رۆژانی ١٢ بۆ ١٣ی تەمموزی ١٩٣٠ هێرشی کردە سەر دۆڵی زیلان لەناوچەی ئەردیشی پارێزگای وان لە باکوری کوردستان و ٥٠ هەزار هاووڵاتیی کۆمەڵکوژکردو ٤٤ گوندی ئەو سنورەشی بە تەواوەتی خاپوورو تاڵان کرد. رۆژی ١٦ی تەمموزی ١٩٣٠ رۆژنامەی جمهوریەت، رۆژنامەی فەرمیی ئەوکاتی دەوڵەت لەبارەی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلانەوە بڵاویکردەوە «ئەو گوندانەی لە دەورووبەری چیای ئاگری پێشوازییان لە یاخیبووەکان دەکرد بە تەواوەتی خاپوورکران و سوتێنران و گوندییەکان گواسترانەوە بۆ ئەردیش. ژمارەی ئەو یاخیبووانەی لەئۆپراسیۆنی زیلاندا لە ناوبران زیاتر لە ١٥ هەزار کەس بوون. تەنها لە بەردەم مەفرەزەیەکدا هەزار کەس کوژران. پێنج یاخیبوو، کە لە دۆڵەکەدا گیریان خواردبوو خۆیان رادەستکرد. شەڕ لەوی بەشێوەیەکی گەورەو فراوان بەڕێوەچوو و دۆڵی زیلان لیپاولیپ پڕ کرابوو لە تەرم». سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی دەوڵەتی تورک عیسمەت ئینۆنو لە ٣١ی ئابی ١٩٣٠ دا بە رۆژنامەی میللیەتی ئەوکاتی راگەیاندبوو «لەوڵاتدا تەنها نەتەوەی تورک مافی هەیە، کە داوای مافە ئیتنیکی و نەژادییەکانی خۆی بکات. هیچ کەسێکی تر ئەو مافەی نییە. ئەوانە بەپڕوپاگەندەی بێ بنەما فریودراون و رێگایان لێ تێکچووە، تورکە رۆژهەڵاتییەکانن». دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ هەموو هاتۆچۆکردن و سەردانکردنێک بۆ دۆڵی زیلان قەدەغە کرد. دەوڵەتی تورکیا لەساڵی ١٩٧٨دا بەنداوی کۆچ کۆپروی لەدۆڵی زیلان دروستکرد و بەشێکی زۆی لەگۆڕە کۆمەڵەکانی کرد بەژێر ئاوەوە. هەروەها لەساڵی ١٩٨٠دا تورکە قڕقیزەکانی تیادا نیشتەجێ کردو سیاسەتی بەتورککردنی ناوچەکەی بەڕێوەبرد و ئەو تورکە قڕقیزانەشی کرد بە جەردەوان لەدژی کورد شەڕی پێکرد. کۆمەڵکوژیی دێرسیم دەوڵەتی تورکیا بەسەرۆکایەتیی مەستەفا کەمال ئەتاتورک و عیسمەت ئینونو بۆ سەرکوتکردنی کوردە راپەڕیوەکانی دێرسیم بەسەرۆکایەتیی سەید رەزای دێرسیمدا دەستیانکر بەهێرشکردنە سەر دێرسیم. جگە لەکوژران و لەسێدارەدانی سەید رەزاو هاوڕێکانی، دەوڵەتی تورکیا ٧٠ هەزار هاوڵاتیی مەدەنیی خەڵکی دێرسیمی کۆمەڵکوژکرد. خەڵکی دێرسیممان لەدۆڵەکاندا کۆدەکردەوە و لەئاسمانەوە بۆردمانیان دەکرد، کە سەبیحە گۆکچەی کچی هەڵگیراوەی ئەتاتورک وەک یەکەم ژنە فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا، رۆڵی گەورەی لەکوشتاری هاووڵاتییانی دێرسیمدا بینی. سوپای تورکیا هاووڵاتیانیان لە ئەشکەوتەکاندا کۆمەڵکوژ دەکرد، دەرگای ئەشکەوتەکانیان دەتەقاندەوەو گازی کیمیایی ئەڵمانییان دەکردە ئەشکەوتەکان و بەدوکەڵ ئەشکەوتەکانیان پڕ دەکردو بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییان لەئەشکەوتەکاندا بخنکێن و کۆمەلکوژ بکرێن. ئەشکەوتی کورتوزیکداغ لە دۆڵی ئیسکۆلار، کە ٢ هەزار و ٥٠٠ ژن و منداڵی تیادا بوو، یەکێکە لەو نموونانە. دەوڵەتی تورکیا خۆی باسی ئەوە دەکات، کە ١٣ هەزار و ١٦٠ کەسی مەدەنی لە دێرسیم کوژراون، ئەردۆغان لەو ساڵانەی دەسەڵاتەکەیدا کە پێویستی بەزۆری بە دەنگی کورد داوای لێبوردنی لەو کۆمەڵکوژییە کرد، بەڵام دواتر خۆیشی درێژەی بەسیاسەتەکانی مستەفا کەمال ئەتاتورک و عیسمەت ئنونو لە دژی کورد لە دێرسیم و سەرتاسەری کوردستان دا. جگە لەوانەش دەوڵەتی تورکیا بۆ سڕینەوەی کورد لە دێرسیم ١١ هەزار و ٨١٨ کەسی لە دێرسیم بە زۆر بۆ ناوچە تورکییەکان راگواست و منداڵە دێرسیمیەکانی بە بنەماڵە تورکەکاندا تاوەکو بیانکەن بە تورک. کۆمەڵکوژیی قەلقەلیی وان ناسراو بە ٣٣ گولـلە خەڵکی گوندەکانی سەر سنووری ناوچەی پایزئاوا و قەلقەلیی پارێزگای وان لەگەڵ پارێزگای ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک نەریتێکی دێرین کاری سەر سنوریان دەکرد، بەڵام ٢٨ی تەمموزی ١٩٤٣دا جەندرمەی دەوڵەتی تورکیا بە فەرمانی ژنەڕاڵ مستەفا موغالی هەڵیکوتایە سەر گوندەکان و ٤٠ کەسیان لە عشیرەتی میلان دەستگیرکرد. بە کەسوکاری دەستگیرکراوەکانیان وتبو، لەدوای دوو بۆ سێ رۆژ ئازادیان دەکەن، بەڵام ٣٣ کەسیان دەبەن بۆ سەر سنوورو کۆمەڵکوژیان دەکەن. ئەو تاوانە بە ناوی ٣٣ گولـلە لەمێژوودا ناوبانگێکی زۆری هەیە. وەک نموونەیەک لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بەهاووڵاتییانی مەدەنی باس دەکرێت. کۆمەڵکوژیی مەرەش (مەرعەش) دەوڵەتی تورکیا لەچوارچێوەی پلانی شەرق ئیسڵاحاتەکەی لەساڵی ١٩٢٦ەوە کاری بۆ سڕینەوەی کورد لە رۆژئاوای رووباری فورات دەکرد، بەڵام بەهۆی بیری پێشکەوتوخوازی و شۆڕشگێڕی و هۆشیاربوونەوەی خەڵک، ئەو دەوڵەتە نەیدەتوانی هەموو پلانەکانی جێبەجێ بکات، بۆیە بە کردنەوەی دەرگا بۆ نەتەوەپەرستەکان و گروپە میلیشایی و فاشیستەکان دەستیکرد بەکۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتیانی کورد لەمەرەش، کاتێک لەئێوارەی رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨ لە سینەمای چیچەک لەمەرەش فیلمی «زەینەل و ڤەیسەل « نمایش دەکرا، لەناکاو لەسینەماکەدا فیلمێکی نەژادپەرەستەکانی تورک و مەهەپەی هاوپەیمانی ئێستای ئاکەپە و ئەردۆغان بەناوی «رۆژ کەی هەڵدێت» پەخشکرا، کە لەفیلمەکەدا سوکایەتیی زۆر بە کۆمۆنیزم دەکرا و لە رێگەی فیلمەکەوە پەیامێکیان بۆ چەپەکانی ئەو سەردەمە بڵاوکردەوە. هاوکات لەو ساڵانەدا پەکەکە لەو ناوچانەدا گەشەیەکی بەرچاوی کردبوو. کاتێک گەنجانی نەتەوەپەرست سەیری فیلمەکەیان دەکرد، بۆمبێکی دەنگی کەزیانی زۆر کەمبوو تەقێنرایەوە. قەرەباڵغی سینەماکەی شێواند و یەکێک هاتەدەرەوەو وتی «چەپەکان بۆمبیان هەڵداوەتە سینەماکە». ئەو قسەیە بەخێرایی و لەماوەیەکی کەمدا بەشارەکەدا بڵاوبوویەوە. چەند گروپێک رژانە شەقامەکان و دروشمی «ئێمە عەلەوییەکانمان ناوێت»یان بەرزکردەوە و هەوڵیاندا گەل دنە بدەن. ئەندامانی کۆمەڵەی گەنجانی نەتەوەپەرست (UDG) لە ناوچەکانی ترەوە هێنران بۆ ناو شارەکە و بەو شێوەیە ژمارەی فاشیستەکان زیادیکرد. بەدروشمی «خوێنیشمان بڕژێت سەرکەوتن هەر بۆ ئیسلامە» دەستیان بەهێرشەکانیان کرد. رۆژی دوای ئەوە، فاشیستەکان چەکیان هەڵگرتبوو و دەیانوت «عەلەوییەکان هێرش دەکەن» و بەشێوەی بەربڵاو چەک لەگەڕەکە سونەکاندا بڵاوکرایەوە. لەو کاتە بە دواوە کۆمەڵکوژییە گەورەکە دەستیپێکرد. بەبێ هۆ هێرشیان کردە سەر کۆمۆنیست، چەپەکان و عەلەوییەکان. تێکدان و رووخاندن، ئاگرتێبەردانیان ئەنجام دەداو هەرکەسێکێش بهاتایەتە سەر رێگاکەیان دەیانکوشت. محەمەد لەبلەبیجی سەرۆکی کۆمەڵەی گەنجانی نەتەوەپەرستی قارەمان مەرەش (مەرەش) و موستەفا کانلدەرەیی جێگری، سەرۆکایەتیی ئەو هێرشانەیان دەکرد. دواتر ناوی ئەو کەسانە لە ناو رووداوە سیاسییەکاندا زۆر بیسترا. ئەوەی بۆمبەکەی لە سینەماکەدا تەقاندبووە کەسێک بوو بەناوی ئۆککەش کەنگەر، کە یەکێک لە ئەنجادەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵکوژییەکەی مەرەش بوو، نەک چەپەکان. ئێوارەی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨ بۆمبێک لە قاوەخانەی عەلەوییەکان تەقێنرایەوە. دەیان کەسی بریندار کرد، بەڵام هاووڵاتییان لەترساندا نەیاندەوێرا بڕۆن بۆ نەخۆشخانە. رۆژی ٢١ی کانوونی یەکەم ٢ مامۆستا کوژران. لەمەراسیمی بەخاکسپاردنی مامۆستاکاندا مستەفا یڵدز مەلای مزگەوتی باغلار باش، کە تەرمەکان لەمزگەوتەکەیدا دەبران بۆ گۆڕستان خوتبەیەکی داو وتی «بە رۆژووبوون و بە نوێژکردن مرۆڤ نابێت بەحاجی. کێ عەلەوییەک بکوژێت ئەوەندە خێری دەگات، کە وەک ئەوە وایە پێنج جار چووبێت بۆ حەج. دەبێت هەموو برا ئاینییەکانمان لە دژی حکومەت، کۆمۆنیزم و بێ دینەکان راپەڕن. ئێمە عەلەوییەکان و سونە بێ ئیمانەکان لەدەورووبەری خۆمان پاک دەکەینەوە». و وتیان، «نابێت نوێژ لەسەر تەرمی عەلەوییەکان بکرێت» و هێرشیان کردەسەر تەرمەکان و بەرەو ناوەندی شارەکە رۆیشتن سێ کەسی تریان کوشت. هاوکات نەژادپەرستەکانیان بە لۆری بۆ شارەکە دەهێناو سوپاو جەندرمە رێگایان نەدەدا کەسی تر بڕوات بۆ شارەکە. فاشیستەکان لەهەموو لایەکەوە هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی یەنی محەلە، سەرین تەپە، ماگارالی، قەرەمەرەش و یۆرویوک هەموو گەڕەکە عەلەونیشینەکانی شارەکە. سەرەتا ماڵە عەلەوییەکانیان دیاری دەکرد، یانی دەرگا و دیوارەکەیان بۆیاخ دەکرد یان شتێکیان لەسەر دەنووسی، بە دوای ئەوەدا بەدەستڕێژی گولـلە هێرشیان دەکردەسەر ماڵەکە، بۆمبیان هەڵدەدایە ناو ماڵەکە و ئاگریان تێبەردەداو تاڵانیان دەکرد. لەبەرئەوەی بەهاناوە هاتن و هاوکاری نەبوو، بریندارەکان لەشوێنەکانی خۆیان گیانیان لە دەستدەدا. ئەوانەی هەوڵیان دەدا بچن بۆ نەخۆشخانەکان دەبوونە ئامانجی گولـلەی فاشیستەکان. رێگا نەدەدرا تەرمەکان لەسەر شەقام و کۆڵانەکان کۆبکرێنەوە. ژن، منداڵ، گەنج، بەتەمەن، دووگیان، نەخۆش و هەموو مرۆڤەکان یەک بەیەک خرابوونە ژێر چەپۆکەی مەرگەوە. بەپێی ئاماری فەرمی، لەو کۆمەڵکوژییەدا ١١١ کەس کوژران، بەڵام بەپێی سەرچاوەی نافەرمی بەلانیکەمەوە ٥٠٠ کەس لەو کۆمەڵکوژییەدا کوژراون. زیاتر لە ٢٠٠ ماڵ و ٧٠ کارگە خاپوورکران. رۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەم ئیتر تەنها یەک عەلەویش لەشارەکەدا نەمابوو. ئەوەی بە زیندوویی رزگاری بوو لەشارەکە رایکردبوو. دوای کۆمەڵکوژییەکەی مەرەش، گۆڕینی دیموگرافیاو باری دانیشتوان لە رۆژئاوای فورات و ناوچەکانی کوردانی عەلەوی، بە شێوەیەکی وردو بەرنامە بۆداڕێژراو بۆ سڕینەوە و پاکتاوکردنی کوردانی عەلەوی بەڕێوەچوو. کوردانی عەلەویی شارەکانی مەرەش، مەلاتییە، سیواس، سەمسوور، ئەرزینجان و دێرسیم و شار و شارۆچکەکانی تر سەدان هەزار کوردی عەلەوی ناچار بوون کۆچ بۆ گەورە شارەکانی تورکیا بکەن و لەوێشەوە لە رێگەی میتەوە دیسانەوە ناچار کران روو لەئەوروپا بکەن. پێش کۆمەڵکوژییەکەی مەرەش لەساڵی ١٩٧٨دا لە رۆژئاوای فورات زۆرینەی دانیشتوان کوردانی عەلەوی بوون، بەڵام دوای کۆمەڵکوژییەکە کوردانی عەلەوی بوونە کەمینە. دۆسیەی کۆمەڵکوژیی مەرەش تاوەکو ساڵی ١٩٩١ بەردەوامیی هەبوو. زیاتر لە ٨٠٠ کەس دادگایی کران. تاوانباری سەرەکیی ئەو کۆمەڵکوژییە ئۆککەش کەنگەر (دواتر ناوی خۆی گۆڕی بۆ شەندیللەر)، هەروەک ئەوەی بەشداریی لەپێکهەڵپژانێکی ئاسایی لە گەڕەکێکدا کردبێت پارێزگاریی لێکرا و ئازادکرا. لەساڵی ١٩٩١ لەلایەن حزبی رەفاوە بۆ پەرلەمان پاڵێورا و بووە پەرلەمانتاری قەهەرەمان مەرەش. ئەو کەسە هەموو کات وەک مەکینەی کۆمەڵکوژی و وەک کەسێکی بکوژ ناوی دەبرا. هاوڕێکانیشی بوونە دەسەڵاتدار. ئونال عوسمان ئاغا ئۆغڵو، هالوک کرجی، بونیامین ئادانالی، ئەحمەد ئەرجومەنت گەدیکلی... هتد. بەپێی بەڵگەکان، ئەوان لەکاتی کۆمەڵکوژییەکەدا لەمەرەشدا بوون، بەڵام ناویان لە دۆسیەی کۆمەڵکوژییەکەدا شاردرایەوە. بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش ئەو دۆسیەیە داخرا. کۆمەڵکوژیی مادیماکی سیواس دوای ٢ ساڵ لە داخستنی دۆسیی کۆمەڵکوژیی مەرەش ئەمجارە لە ٢ی تەمموزی ١٩٩٣دا رۆشنبیران و هونەرمەندانی عەلەویی بانگهێشتکرا بۆ ئاهەنگی پیر سوڵتان ئابداڵ لە ئۆتێل مادیماکی سیواسدا کۆمەلکوژ کران. ئوتێلی ئەو رۆشنبیرو هونەرمەندانە لەلایەن ئیسلامییەکان و فاشیستەکانەوە بە دروشمی ئەڵاهوکبەر هێرشی کرایە سەر و بە بەنزین و تینەر و بۆمب و دەستڕێژی گولـلە ئاگریان لەئۆتێلەکە و میوانەکانی ناوی بەردا و لەپەخشی راستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا ئەو ٣٣ کەسە کۆمەڵکوژکران. سولەیمان دەمیرڵ سەرۆک کۆماری ئەو کاتی تورکیا لە کاردانەوە بەرامبەر بەو تاوانەدا وتی، «پۆلیس رووبەڕووی گەل نەکەنەوە، وروژاندنێکی گەورە لەگۆڕێدایە». تانسو چیللەر سەرۆک وەزیرانی ئەوکات وتی، «هاووڵاتیانی بەشدار بوو لەڕووداوەکەدا هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە!». ئەرداڵ ئینۆنۆ جێگری سەرۆک وەزانیر وتی، «نیگەران نەبن، هێزە ئەمنییەکان لە رێدان». مەسعود یڵماز سەرۆکی حزبی راستڕەوی دایکی نیشتمان وتی، «پێویست بەگەورە کردنەوە ناکات، دەکرا لەپێشبڕکێیی دوگۆڵیشدا ئەوندە کەس بمرن!». محەمەد قازی ئۆغڵو وەزیری ناوخۆش وتی، «ئۆتێلەکە لەلایەن خاوەنی ئۆتێلەکەوە ئاگری تێبەردراوە». کۆمەلکوژییەکەی گەڕەکی گازیی ئیستانبول لەدوای کۆمەلکوژییەکانی دێرسیم، مهرهش و سیواس ئەمجارە له ١٢ی ئادار ی ١٩٩٥ لەگهڕهکی گازیی ئهستهمبۆل قاوهخانهیهک بهناوی (دۆستلهر یاوز قارداشلهر)، که هاووڵاتیانی عهلهوی هاتوچۆیان دەکرد، درایه بهردهستریژی گولهو لهئاکامدا شێخی عهلهوییهکان بە ناوی خهلیل کایا کوژراو ٢٥ کهسی دیکهش برینداربوون .هێرشبهران به تهکسییهک لهناوچهکه ههڵهاتن، بەڵام لە دوای هەڵهاتنەکەیان شۆفێری تهکسیهکهشیان کوشت و ئاگریان لهتهکسیهکه بهردا . خهڵکی گهڕهکی گازی بۆ شهرمهزارکردنی هێرشهکان بهرهو بنهکی پۆلیسی گهڕهکهکه دهستیان به رێپێوان کرد، بەڵام لهلایهن هێزهکانی پۆلیسەوە دهستڕێژی گولـلهیان لێکراو کهسێک بهناوی مهحهمهد گوندوز کوژرا . هاووڵاتییان توڕە بوون و لەدژی ئەو تاوانە دهیان ههزار کهس بۆ دهربڕینی ناڕهزایی بهرهو بنکهکانی پۆلیس دهستیان به رێپیوان کردهوه، بەڵام پۆلیس دووبارە دهستڕیژی گولهی لێکردنەوەو لهئاکامدا ١٢ کهسی دیکه لەهاووڵاتییانیان کۆمهڵکوژ کرد. پاش ئهم کۆمهڵکوژیهش ههم لهگهڕهکهکه و ههم له دهڤهرهکانی دیکهی ئهستهمبۆل راپەرینی گەل بەردەوام و لەوانەشدا پێنج هاووڵاتی تریش لەلایەن پۆلیسەوە کوژران. بەگشتی ٢٣ کهس کوژران و سهدانی دیکهش برینداربوون. لەدوای دوو ساڵ لە کۆمەڵکوژییەکەو لەساڵی ١٩٩٧ دۆزو سکاڵا لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی گەڕەکی گازیی ئیستەنبول کرایهوه، بهڵام دۆزهکه هیچ ئهنجامێکی نەبوو. ئەو ٢٠ پۆلیسهی لهسهر کۆمهڵکوژییهکان دادگایی کران هیچیان سزا نهدران و کۆمهڵکوژیهکه پهردهپۆش کرا. بێسەروشوێنکردنی ١٨ هەزار هاووڵاتیی مەدەنی و ٦٠٠ گۆڕی بە کۆمەڵی هاووڵاتییان لەساڵانی ١٩٩٠دا دەوڵەتی تورکیا لە بەردەوامیی سیاسەتەکانی بۆ کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتییانی مەدەنی هەزاران گوندی باکووری کوردستانی کاول و خاپور کرد. لەو پرۆسەیەدا زیاتر ١٨ هەزار هاووڵاتیی مەدەنی دەستگیرو بێسەروشوێنکران، بەڵانیکەمەوە ٦٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵی ئەو هاووڵاتیانە دەستنیشانکراون. کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە ٩٥ رۆژنامەنووس لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەوڵەتی تورکیا جگە لەهاووڵاتییانی ئاسایی و ژنان و منداڵانی بێ تاوان ئەو کەسە مەدەنیانەش دەکاتە ئامانج، کە کاری رۆژنامەوانی و چالاکوانی و ژینگەپارێزی و گەنجان دەکەن. لەساڵانی باکووری کوردستان ٧٦ رۆژنامەنووس و کارمەندنی راگەیاندنی رۆژنامەکانی ئۆزگیو گیوندەم و ئولکە و وڵاتی کوشتوە. لە کۆمەڵکوژییەکەی ١٦ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧یشدا لەهەولێر ١٩ رۆژنامەنووس، کە زۆربەی هەرە زۆریان خەڵکی باشووری کوردستان بوون کۆمەڵکوژکران. ئەو رۆژنامەنووسانە لە رۆژنامەکانی وڵات، وڵاتی رۆژ، گۆڤاری رۆژو گۆڤاری ژنی ئازاددا کاریان دەکرد. کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی فڕۆکە جەنگییە ئێف ١٦ەکانی سوپای دەوڵەتی تورکیا لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١دا کاروانی کاسبکارانی گوندی رۆبۆسکی ناوچەی قلابانی وان بۆردومان کردو ٣٤ کەسی کۆمەڵکوژکردن، کە زۆرینەیان مێردمنداڵ بوون. سەرباری بوونی ڤیدیۆ، بەڵگە، دیمەنی بۆردومانی خودی فڕۆکەکان، وتەی تیمی چاودێریی فڕۆکەخانەکان و کامێراکان، بەڵام هیچ یەک لەفەرمانپێکەران و ئەنجامدەرانی ئەوکۆمەڵکوژییە سزا نەدران. کۆمەڵکوژیی پرسوس (سروج) هاوکات لەگەڵ بەرەنگاریی بێوێنەی شەڕڤان لەدژی ئەفسانەی تۆقاندن و تیرۆری داعش لەکۆبانێ، فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی گەنجانی سۆسیالیستی حزبی چەوساوەکان ناسراو بەئەسەپە کاروانێکی هاوکاریی مرۆییان لەتورکیاوە بەرەو کۆبانێ بە رێکخست. کاتێک کاروانی ئەو ٣٣٠ گەنجانە لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠١٥دا گەیشتە ناوەندی رۆشنبیریی ئامارا لەناوچەی پرسوس (سروج)ی پارێزگای رحا (ئورفا) لەسەر سنوری کۆبانێ، کاروانەکە لەلایەن خۆکوژێکی داعشەوە کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە ٣٣ چالاکوانی مەدەنیی کۆمەڵکوژ کردو زیاتر لە ١٠٠ کەسی تریشی بریندار کرد. گەرچی ئەو خۆکوژە داعش بووە، کە گەنجانی کردووەتە ئامانج، بەڵام زۆرێک لەسەرچاوەکان و ناوەندەکان باس لەوە دەکەن، ئەو خۆکوژەی داعش بە ئاسانکاری و رێنمانیی دەوڵەتی تورکیا و دەزگای هەواڵگریی ئەو دەوڵەتە ناوسراو بەمیت ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییەی ئەنجامداوە، چونکە جەخت لەوە دەکرێتەوە تورکیا هاوپەیمان و یارمەتیدەری داعشە و بۆ ئەوەش هەموو کارێکی کردووە تاوەکو کۆبانێ بکەوێت و داعش داگیری بکات. لەبەرئەوەش رێگریی لەوە کردووە ئەو گەنجانە هاوکاریی مرۆیی بەکۆبانێ بگەیەنن. کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەی شەنیاشار لەپرسوس لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨داو هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا، بنەماڵەی ئیبراهیم خەلیل یڵدز پاڵێوراوی ئاکەپە لەو ناوچەیە وەک پیشەی دێرینەیان سەردانی دوکاندارەکان و کاسبکارەکان دەکەن تاوەکو لە ژێر هەڕەشەو گوڕەشەدا دەنگ بەپاڵێوراوەکەی ئاکەپە بدەن، کاتێک کوڕەکانی بنەماڵەی شەنیاشار داواکەیان رەتدەکەنەوە و گرژی دروست دەبێت، دەیان کەس لەخزمان و پاسەوان و کەسوکاری پاڵێوراوەکەی ئاکەپە هێرش دەکەنەسەر دوکانەکەی شەنیاشارەکان و لەوێدا جەلال شەنیاشار دەکوژن و شەڕ روودەدات و ٣ کەسیش لەهێرشبەرەکان دەکوژرێن و نۆ کەس بریندار دەبن. هەروەها محەمەد شەنیاشاری برای جەلال و فەریدو فازڵ بریندار دەبن. کاتێک حاجی ئەسوەد شەنیاشارو ئامینە شەنیاشاری باوک و دایکیان لە هێرشەکە ئاگادار دەکرێنەوە دەڕۆن بۆ دوکانی کوڕەکەیان، بەڵام خەڵک گواستونیانەتەوە بۆ نەخۆشخانە، کاتێک دایک و باوکیان دەڕۆن بۆ نەخۆشخانەی حکومیی پرسوس بۆ هەواڵی کوڕەکانیان، دیسانەوە بنەماڵەی یڵدزی ئاکەپە هێرش دەکەنە سەریان و بەبرینداری جەلال دەکوژن و بەشوشەی بتڵی ئۆکسیجنی نەخۆشخانەکە قوڕگی دەبڕن، هەروەها بتڵی ئۆکسیجن بەسەری حاجی ئەسودی باوکیاندا دەکێشن و ئەویش دەکوژن و بەشوشە قوڕگی دەبڕن. سەرباری ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆی و دەیان شایەتحاڵ هیچ یەک لەتاوانباران و پلاندانەرانی هێرشەکە دەستگیر نەکران و سزا نەدران، کە ژمارەیان ٢٣ کەسە. بەڵام فازڵ شەنیاشاری کوڕی حاجی ئەسوەد لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ٣٧ ساڵ سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە. ئەردۆغان خۆی لەبارەی ئەو رووداوە وتی، «ئەوە بنەماڵەیە تیرۆریستن!» ئیدی لەوکاتەوە کەس ناتوانێت لەسەر ئەو دۆسیەیە قسە بکات و تاوەکو ئێستا شەش داواکاری گشتی بۆ دۆسیەکە گۆڕدراوە. بنەماڵەی شەنیاشار لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢١ەوە لەبەردەم دادگای رحا لەچالاکیدان بۆ دادگای عادیلانەی تاوانباران، بەڵام ئاکەپەو ئەردۆغان تاوانبارەکان دەپارێزن. کۆمەڵکوژکردنی ئاشتیخوازانی لەبەردەم میترۆی ئەنقەرە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لەلایەن دوو خۆکوژەوە، کە دوو بۆمبیان لەناو ئاپۆرای رێپێوانی «ئاشتی بۆ دیموکراسی» دا لەبەردەمی میترۆی ئەنقەرەدا بەخۆیاندا و ئاشتیخوازاندا تەقاندەوە ١٠٢ کەسی مەدەنییان کۆمەڵکوژکردو زیاتر لە ٢٥٠ کەسی تر لەئاشتیخوازەکان بریندار کرد. ئەو ئاشتیخوازانە ئەندامی حزبی سۆسیالیستی چەوساوەکان و بندەستانن، کە لە ٢٠ تەمموزدا لەکاتی بردنی هاوکاری بۆ کۆبانێ لەلایەن خۆکوژێکی داعشەوە ٣٣ ئەندام و لایەنگرایان کۆمەڵکوژ کرابوون. ئەم کۆمەڵکوژییەش بەهەمان شێوەی ئەو کۆمەڵکوژییەی پرسوس ئەنجامدرایەوە. سەرچاوەی هەواڵیی ئەحوال و ناوەندی هەلومەرج و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا باس لەوە دەکەن، ئەو خۆکوژانەی داعش لەلایەن دەوڵەتی تورکیاو میتەوە پلانیان بۆ دانراوەو ئاڕاستەکراون تاوەکو ئەو کۆمەڵکوژییە ئەنجام بدەن. دۆسیەکە ٣٦ تاوانباری هەیەو ١٩ کەسیان لەزینداندان و هێشتا دەوڵەتی تورکیا یەکلایی نەکردووەتەوە. کۆمەڵکوژیی ژێرزەمینەکانی جزیر دەوڵەتی تورکیا لەهێرشەکانیدا بۆ سەر شارەکانی باکووری کوردستان لەدوای تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی لەساڵی ٢٠١٥دا، لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥دا هێرشی کردەسەر شارۆچکەی جزیر لەپارێزگای شرنەخ و لەناوەڕاستی ٢٠١٦ دا تەواوی شارۆچکەکەی کۆنترۆڵ کرد. دەوڵەتی تورکیا لە سێ ژێرزەمینی جزیردا ١٣٧ هاووڵاتی و کەسانی مەدەنی، کە لەشارەکەدا مابوونەوە کۆمەڵکوژکرد. زەید عەبدولحسەین ریپۆرتەری ئەوکاتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورکیای ئیدانە کرد. دەڵەتی تورکیاو سوپاکەی لە بەردەوامیی تاوانەکانیدا دژ بەهاووڵاتییانی مەدەنیدا، سەربازەکانی تەرمی هاووڵاتی حاجی لوقمان بیرلیک لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ دا لەشرنەخ بە دوای ئۆتۆمبێلەکەیاندا راکێشا. لە ٤ی کانونی دوەمی ٢٠١٦ هەریەک لە خانمە چالاکوانەکان لەسلۆپی، پاکیزە نایرو سێوە دەمیر و فاتمە ئۆیار-یان گرت و کۆمەڵکوژیان کردن. کوشتن بەزرێپۆش و کوشتنی منداڵان سوپای و جەندرمەی دەوڵەتی تورکیا جگە لە کوشتن بە چەک و بۆردومان، بەزرێپۆشیش هاووڵاتیان دەکەن بە ژێرەوە و دەیانکوژن، بە گشتی نزیکەی ٧٠ هاووڵاتیی مەدەنییان بەزرێپۆش کردووە بە ژێرەوە و کوشتنیان. هەروەها نزیکەی ٥٢٠ منداڵیان بەتەقە و بۆمب کوشتوە. گیان لەدەستدان لەزیندانەکاندا دەوڵەتی تورکیا جگە لە زیندانیکردنی نزیکەی ١٢ هەزار کوردو گەنج و چالاکوان و تێکۆشەری سیاسی، لە زیندانەکانیشدا ئەو کەسە مەدەنییانە دەکوژێت. سەرباری ئەوەی زیاتر لە ٨٠٠ زیندانیی نەخۆشیی قورسیان هەیەو دەبێت ئازاد بکرێن، بەڵام ئازادیان ناکەن تاوەکو بەدەم نەخۆشییەوە لەزینداندا گیان لەدەستدەدەن. بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لەنێوان ساڵانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٢دا بە گشتی ٨٧ زیندانی لە زیندانەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە. کۆمەڵەی مافی مرۆڤ رایگەیاندووە، گیان لەدەستدانی ١٧ کەس لەو زیندانیانە «بە شێوەی گوماناوی» بووە. کوشتنی کەسایەتییەکان وەدات ئایدن، ساواش بوڵدان، موسا عەنتەر، تاهیر ئەلچی و لیستێکی سەدان کەسیی لەو شێوەش لەکەسایەتییەکان هەیە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کۆمەڵکوژ کراون.
سەركۆ جەمال بەشێك لەكارمەندانی رێكخراوەكان كە كادری یەكێتین و مووچەكانیان سەر بەگەنجینەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمە، هێشتا دۆسیەكانیان بەهەڵواسراوی ماوەتەوەو چاوەڕێی ئەنجومەنی راژە دەكەن لە رێكخستنەوەی میلاكاتدا دەرماڵەیان بۆ هەژمار بكرێت نەك تەنها مووچەی بنەڕەتی. لەهەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274 هەزار مووچەخۆر هەیەو تەنها 750 هەزار فەرمانبەری هەیە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 40% ی لەخانەنشین و مینحەی كەسوكاری شەهیدان و چەند چین و توێژێكی دیكە پێكهاتوون. لەهەرێمی كوردستان یەكێتی و پارتی هەزاران كادری حزبییان لەدامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم جێكردووەتەوە، زۆرێكیان دابەشكراون بەسەر فەرمانگەكانی حكومەت و ئەركی خۆیان جێبەجێ دەكەن، بەڵام بەشێكیان تائێستاش دەوام ناكەن، لەسنووری دەسەڵاتی پارتی ئەو كەسانە هیچ كێشەیەكیان نەماوەو پلەی وەزیفی و خزمەتیان بۆ هەژماركراوە، بەڵام لەسنووری دەسەڵاتی یەكێتی هێشتا نزیكەی 400 لەو كادرانە كێشەكانیان یەكلایی نەكراوەتەوەو مووچەی بنەڕەتی وەردەگرن. ئەحمەد عەلی، یەكێك لەو كارمەندانەیە كە سەر بەگەنجینەی وەزارەتی داراییە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەساڵی 2013ەوە وەك كارمەندی حكومەت مووچە وەردەگرم، بەڵام مووچەكەم بنەڕەتییەو كەمترە لە 500 هەزار دینار». ناوبراو هێمای بۆ ئەوەشكرد كە ئەوان دەوام ناكەن و چاوەڕێی یەكلاكردنەوەیانن، وتیشی:» وەك بەشێك لەكارمەندانی دیكە دابەش نەكراوین بەسەر وەزارەتەكاندا و بەوهۆیەوە تەنها مووچەی بنەڕەتی وەردەگرن و هیچ پلەیەكی زانستی و خزمەتمان بۆ هەژمار نەكراوە». رۆژی 19ی تەمموزی 2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ رێباز حەملان كۆبووەوەو هەیكەلی ئەنجومەنی راژە پەسەندكرا بۆ ئەوەی دەست بكرێت بەرێكخستنەوەی میلاكات. سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»گفتوگۆ كرا لەبارەی چۆنییەتی كارو رۆڵی ئەنجومەنی گشتی راژەو رێكخستنەوەی میلاكات، یەكێك لەئامانجەكانی ئەم ئەنجومەنە پەرەپێدانی ژێرخانی حكومەتە لەپرسی رێكخستنەوەی میلاكات و درێژەپێدانی ریفۆرمی ئیداریی و رێكخستنی پلەبەندی راژەی فەرمانبەران لەكەرتی گشتی». ناوبراو باسی لەوەشكرد ئەوەش بەپێی پێویستی و پسپۆڕییان و دیاری كردنی پلەو وەسفی وەزیفی فەرمانبەران لەناو دامەزراوەكانی حكومەت پشت بەست بەمیلاكاتی ئەلكترۆنی كەبڕیارە دروستبكرێت». زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو بڕیاری ئەنجومەنی راژە پێویستی بەوەیە بچێتە وەزارەتی دارایی ئەوكات وەكو لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاگاداری وردەكاریەكەی دەبن. بەوتەی سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی رێكخستنەوەی میلاكات بارگرانی بۆ وەزارەتەكە دروستدەكات سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»رێكخستنەوەی میلاكات بارگرانی بۆ بودجەی حكومەت دروستدەكات بۆ پێدانی مووچە، هەر گۆڕانكارییەك دروست ببێت كاریگەری دەبێت، ئەو كەسانەشی سەر بەرێكخراوەكانن كۆنن و هیچ كێشەیەكیان نابێت». سەرچاوەكە وتیشی:»ئەگەر پلەكانیان دەستكاری بكرێت بێگومان مووچەكانیان چارەسەر دەكرێت و ئەوكات مووچەی بنەڕەتی وەرناگرن، بەڵام بەشێكی زۆریان كێشەكانیان چارەسەر كراوە». لەسەر ئەو پرسە نەبەرد فوئاد وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا لەئەنجومەنی راژەوە هیچ وردەكارییەك بەئێمە نەدراوە و هەرچی بێتە ئێرە دەرخستەی بۆ دەكەین». سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی راژە چارەنووسی بەشێك لەفەرمانبەرانی رێكخراوەكان رووندەكاتەوە كە تائێستا دابەشنەكراون بەسەر وەزارەتەكاندا، :»هەر شتێك كە لایەنی دارایی دەگرێتەوە پێویستی بەپلانە، هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274 هەزار فەرمانبەری هەیە، بەدەر لەخانەنشینان 750 هەزار فەرمانبەر دەمێنێتەوە ئەگەر مانگانە یەكی هەزار دینار بچێتە سەر مووچەكەی زۆردەكات». وتیشی:»زۆربەی كارمەندەكانی رێكخراوەكان دابەشكراون بەسەر وەزارەتەكاندا، هەركاتێك ئەوانەی ماون بڕیاریان بۆ دەربچێت مووچەكانیان دەستكاری دەكرێت و بەپێی پسپۆڕی و خزمەتەكانیان لەشوێنی خۆیان یاخود شوێنی دیكە دادەنرێن». ئەنجومەنی راژەی هەرێمی كوردستان، بەپێی یاساكە 14 ئەركی هەیە، بەشێك لەئەركەكانی بریتین لەپرۆسەی دامەزراندنی فەرمانبەران لەسەر بنەماو پێوەری تایبەتی و بەڕەچاوكردنی پرەنسیپی شیاویی كەسەكان و تواناكانیان، رێكخستنەوەی میلاكی فەرمانبەران و گواستنەوەی راژەو هاوسەنگیی لەژمارەی فەرمانگەكان.
هاوڵاتی رووداوی تۆپبارانەكەی سوپاكەی ئەردۆغان بۆ سەر گوندی پەرەخێ لە زاخۆ توركیا دەباتە ئەنجومەنی ئاسایش، وەزیری دەرەوەی عێراق و جنین پلاسخارت راپۆرتی ورد لەوبارەیەوە دەخەنەڕوو و فوئاد حوسێن لەنیۆیۆرك رایگەیاند:» داوا دەكەین سوپای توركیا لەخاكی عێراقدا نەمێنێت و ئۆپەراسیۆنەكانی كۆتایی پێبێت». تۆپبارانی توركیا بۆ سەر ناوچەی گەشتیاری گوندی پەرەخێ لە 20ی تەمموزدا لەزاخۆ 9 كوژران و 31 برینداری لێكەوتەوە، كە خەڵكی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون، ئەوەش توڕەیی بەرفراوانی شەقامی عێراقی بووەوە، لەشارە جیاجیاكان خۆپیشاندان دژی توركیا كراو وێنەی سوتانی ئاڵای ئەو وڵاتە لەلایەن خەڵكەوە لەبەردەم ناوەندی ڤیزای توركیا لەكەربەلا بڵابووەوە. لەبەغداد خۆپیشاندەران ئاڵای توركیایان لەسەر باڵیۆزخانەكەی هێنایەخوارەوە، هاوكات لە نەجەف و ناسریەو كەركوك خۆپیشاندان كراو دروشمی توند دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان و حكومەتەكەی بەرزكرایەوە. بەغداد نزیكەی 216 سكاڵای پێشكەشی خودی حكومەتی ئەنقەرە كردووە، بەڵام وادیارە ئەنقەرە هیچی لەبەرچاو نەگرتووە، چونكە پێشلكاریەكانی بەرامبەر سەروەری خاكی عێراق و هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەردەوامەو تەنها لەماوەی چوار ساڵداو لەساڵی 2018ەوە توركیا 22 هەزارو 740 پێشێلكاری ئەنجامداوە، دوای هێرشەكەی بۆ ناوچە گەشتیارییەكەی زاخۆش بەردەوام بووە لەتۆپباران و بۆردومانكردنی خاكی هەرێم. وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كەهیچ رێككەوتنێكی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ ئەنقەرەدا نیەو توركیا ئامانجی فراوانخوازی هەیە لەپشتی ئەو هێرشانەی كە ئەنجامی دەدات. هاوكات فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەشاری نیویۆرك وتی:» هەفتەی رابردووی سەر هاوینەهەواری پەرەخی لەپارێزگای دهۆك 9 كەسی گەشتیار تێیدا شەهید بووەو 31 كەسی دیكە برینداربوون، لەناو شەهیدەكاندا منداڵی تەمەن یەك ساڵەی تێدایە». هەروەها وتیشی:» توركیا بەردەوام پێشێلكاری كردووەتە سەر خاكی عێراق و ئێمە وەك حكومەتی عێراق داوا لەئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەین بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە بكەن و هەڵوێستیان هەبێت». فوئاد حوسێن جەختی لەوەشكردەوە كە بۆ خۆی چووتە شوێنی رووداوەكەو شوێنی پێكدادانی پەكەكەو سوپای توركیا نییەو ناوچەی شەڕ نەبووە، ئەوە ئێمەی وەك حكومەتی عێراق نیگەران كردووەو وتیشی:» داوا لەسەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەم هەڵوێستی روون بەرانبەر حكومەتی توركیا دەرببڕن و كۆتایی بەئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و پێشێلكارییەكانی بۆ سەر خاكی عێراق بهێنێت». وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو كە توركیا رێز لەسەروەری خاكی عێراق ناگرێت و داوا دەكەین مامەڵەی دوژمنكارانەی توركیا كۆتایی پێبهێندرێت، وتیشی:» توركیا رێز لەداواكارییەكانی ئێمە ناگرێت، گرنگە ئەنجومەنی ئاسایش هەڵوێستی هەبێت، دەبێت ئاگار بن رێكەوتن لەگەڵ توركیادا نییە، ئەگەر توركیا باسی ئەوە بكات ئەوە بەهیچ شێوەیەك ئەوە راست نییە». ئاماژەی بەوەشكردووە، هەوڵەكانی توركیا بۆ نكۆڵیكردن لەوەی ئەو لەپشتی هێرشەكانی دهۆكەوەیە هیچ لەبارودۆخەكە ناگۆڕێت و وتووشیەتی، «ئێمە زانیاریی پێویستمان هەیە كەدڵنیایی دەدات لەبارەی ئەوەی توركیا دەستدرێژی كردووەتە سەر خاكەكەمان». هاوكات وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە توركیا بە بیانووی بوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوەو پەكەكەش بەهەمان شێوە لەناو خاكی عێراقدا بوونیان هەیەو ئەوەش شتێكە كە مایەی قبوڵ نییە كە كێشەكانی توركیا لەناو خاكی عێراقدا یەكلایی بكرێنەوە. فوئاد حوسێن ئەوەشی دووپاتكردەوە لەناو ئەنجومەنی ئاسایش كە»گوشار بكرێت و ناچار بكرێت كۆتایی بە لەشكركێشییەكان بهێنێت، بوونی هێزەكانی توركیا لەسەر خاكی عێراق ناسەقامگیری دروستكردووە، خەڵكی عێراق چاوەڕێی هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایش بێت بێت بەدەمییەوە». نكۆڵی توركیا ... گاڵتەی رەش نوێنەری توركیا لەئەنجومەنی ئاسایش باسی لەوەكرد لەماوەی چل ساڵی رابردوودا بەهۆی پێكدادانەكانیان لەگەڵ پەكەكەدا 40 هەزار سەربازیان كوژراون، هاوكات نیگەرانی خۆشی لەبارەی وتەكانی فوئاد حوسێن دەربڕی كە حكومەتی توركیای بەو رووداوەی زاخۆ تۆمەتبار كردووە. مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لەبارەی هێرشەكەی گوندی پەرەخی رایگەیاند: «بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن هێزە چەكدارەكانمانەوە بەدەستمان گەیشتووە، هیچ هێرشێك دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لەدهۆك ئەنجام نەدراوەو هاوكات رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا وتی: هێرشەكەی هەفتەی رابردووی پارێزگای دهۆك پەكەكە ئەنجامیانداوە بەئامانجی زیانگەیاندن بەپەیوەنیەكانی توركیاو عێراق. لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەم نكۆڵیكردنەی توركیا لەهێرشەكەی سەر پارێزگای دهۆك بە «گاڵتەی رەش» وەسفی كردو رایگەیاند: دیبلۆماسیەتی عێراقی ئەم شێوازە لەوەڵامدانەوە قبوڵناكات. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ش سەبارەت بەتۆپبارانەكەی زاخۆ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت:» هیچ هێزێكیان لەو ناوچەیە نیە و گردەكانی چواردەوری ئەو هاوینەهەوارەش سوپای توركیای لێیەو رووداوەكە پەیوەندی بەئێمەوە نیە. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق جارێكی دیكە توركیای بەدرۆخستەوەو رایگەیاند:» ئێمە شارەزاو بەرپرسی سەربازیمان لەگەڵدایە دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە». دوێنێ سێشەممە 26ی تەمموز، عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، گەیشتە زاخۆو سەردانی بارەگای فەوجی دووی لیوای یەكی پاسەوانی سنوور و لیوای یەك لەناوچەی باتوفە لەقەزای زاخۆی كرد راپۆرتێكیان لەبارەی دۆخی سنووریی عێراق و توركیا ئامادەكردووەو ئاڵای عێراقیان بەرانبەر ئاڵای توركیا بەرزكردەوەو وتیشی:» پلانی تەواو هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هێڵی سنوورەكە». ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش رۆژی شەممە 23/7/2022 بەئامادەبوونی هەردوو وەزیری بەرگری و دەرەوەو سەرۆك ئەركانی سوپاو جێگری پرۆسە هاوبەشەكان سەبارەت بەهێرشەكانی توركیا كۆبوەوەو رێوشوێنەكانی عێراق بەرامبەر رووداوەكە تاووتوێكرا. لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان داوای كشانەوەی سوپای توركیا لەخاكی عێراق كرد، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتننامە ئەمنیەكان لەگەڵ وڵاتی توركیا. كاردانەوە لەسەر ئاستی كوردستان سەبارەت بەكاردانەوەی دەسەڵات و سەرۆكایەتیەكان و حزبەكانی هەرێم لەبارەی پەلامارەكەی توركیا بۆسەر ناوچەی گەشتیاری گوندی پەرەخێ، رووبەڕووی رەخنەی جددی دەبنەوەو لەسەر ئاستی نووسەران و خەڵك و هەڵوێستەكانیان بەلاواز وەسف دەكرێت، لەبەرامبەردا ئەگەر تێبینی كاردانەوەی سەركردە عێراقیەكان بكەین هەڵوێست و كاردانەوەكانی ئەوان روونتر و توندترە، هەر بۆ بیرهێنانەوە، موقتەدا سەدر هەرزوو هاتەجواب و رایگەیاند:» توركیا زیاتر بێ ئەدەب بووە»، وتیشی: «وەك هەنگاوی یەكەم پێشنیاز دەكەم، نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەگەڵ توركیا كەمبكرێتەوە، فرۆكەخانەو دەروازە زەمینییەكانی نێوان عێراق و توركیا دابخرێن». هاوكات، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح داوای لەحكومەتی عێراق كرد «سنوور لەگەڵ توركیا دابخات و كۆمپانیاكانی توركیا لەكاركردن بوەستێنێت».
سەركۆ جەمال نزا بەكر ئەو منداڵەی رێژەی زیرەكییەكەی 125%ە لەدایكبووی 1/1/2015 یەو دانیشتووی هەڵەبجەی تازەن، بەوتەی پزیشكەكەی بە 25 خولەك كتێبێكی خوێندووەتەوە و شەوانەش كتێب دەخوێنێتەوە، وەزیری پەروەردەش بەڵێنی پێداوە لەكۆلێژی زانكۆی كامبریج لەسلێمانی بەردەوامی بەخوێندنەكەی بدات. چۆن زیرەكیەكەی ئاشكرابوو؟ زیرەكی ئەو منداڵە كاتێك ئاشكرابووە كەبەهۆی كەمی كێشیەوە دایكی بردوویەتیە لای پزیشك، بەڵام لەچاوەڕوانی تەواوبوونی پشكنینەكەی كە 25 خولەكی خایاندووە كتێبێكی خوێندووەتەوە. پاشان پشكنینی زیرەكی بۆ كراوە و دەركەوتووە ئاستی زیرەكییەكەی 125% زیاترە و وەزیری پەروەردە قسەی لەگەڵ دایكی منداڵەكە كردووەو بڕیاریداوە بینێرێتە كۆلێژی زانكۆی كامبریج لەسلێمانی. پزیشكەكەی وردەكاریەكەی ئاشكرادەكات كۆچەر عومەر، پزیشكی پسپۆڕی مناڵان یەكەمجار پشكنینی بۆ منداڵەكە كردووە بەهاوڵاتی وت: «ئەو منداڵەی كە پشكنینی IQی بۆ كراوە یەكێكە لە نەخۆشەكانم، تەمەنی تەنها حەوت ساڵە و دەیان كتێبی خوێندووەتەوە، لەپێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب یەك عەرەبانە كتێبی كڕیبوو، هەرزوو هەمووی خوێندبووەوە، زیرەكییەكی لەڕادەبەدەری هەیە و ئاستی زیرەكی (125%) زیاتریشە». وەك ئەو پزیشكە دەڵێت « كێش و خواردنی كەم بوو و لەم نەخۆشخانەیەدا چیرۆكێكی منداڵانم پێدا بیخوێنێتەوە بەڵام وتی من ئەو چیرۆكانە ناخوێنمەوە، پاشان چیرۆكێكی دیكەم پێدا كە بۆ منداڵی نۆ ساڵ دەبێت، بەڵام تا پشكنینەكەی تەواو بوو كە 25 خولەكی پێچوو ئەویشی خوێندەوە». «هەر منداڵێك دێتە لام چیرۆكێكی دەدەمێ تا پێوەی سەرقاڵ بێت ئەو چیرۆكەی من پێمدا بۆ تەمەنی خۆی بوو وتی ئەوە بۆ من هیچ نییە بۆیە چیرۆكێكی دیكەم پێدا، ئەویشی بەكەمتر لەنیو كاتژمێر خوێندەوە منیش بەلامەوە نائاسایی بوو، دوای گفتوگۆ لەگەڵ دایك و باوكی بۆم دەركەوت منداڵێكی نائاساییە بەتایبەت بۆ وڵاتی ئێمەو لەدەرەوەی شاریش». د.كۆچەر عومەر وای وت. بەوتەی د.كۆچەر عومەر :»بەهۆی گومانی لەزیرەكی ناسروشتی منداڵەكە ناردوویەتی بۆلای د.ئەفرام تا پشكنینی زیرەكی بۆ بكەن و ئەویش كە پشكنینەكەی بینیوە سەری سوڕماوە لەئاستی زیرەكی و ناسروشتی منداڵەكە». كوێستان ئەحمەد دایكی منداڵەكە بەهاوڵاتی وت «تەمەنی حەوت ساڵەو دەرچووە بۆ پۆلی دوو، هەموو شەوێك كتێب دەخوێنێتەوەو لەپێشانگای نێودەوڵەتی رۆشتووە زۆرترین كتێبی كریوە». بەوتەی دایكی :»پێشتر زانیویانە منداڵەكەیان زیرەكە، بەڵام نەك بەو ئاستە، بۆیە كاتێك پزیشكەكە گومانی كردووە بۆیان دەركەوتووە ئاستی زیرەكی زۆر بەرزە».
هاوڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەكاریی دەكات بۆ گۆڕانكاریی نوێ و ئەوەش لەگەشتی بایدن بۆ تەلئەبیب و پوتن بۆ تاران زیاتر خۆی دەنوێنێت، ئێرانیش پێی وایە هەموو پلانەكان بۆ كۆنترۆڵی ئەوەو هەنگاوێكە بۆ ملكەچبوونی بە رێككەوتنی ئەتۆمیی. سەرۆكی ئەمریكا بەڕاشكاوی لەگەڵ بەرپرسانی سعودیەو ژمارەیەك لەوڵاتانی كەنداو رایگەیاندووە؛ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نەیارەكانی وڵاتەكەی چۆڵ ناكات و هەوڵ دەدات چەترێكی نوێ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگریی ئەو ناوچەیە دروست بكات. ئێران ئەو هەنگاوانەی ئەمریكا بەشكستخواردوو ناوبردووەو باس لەوە دەكرێت تاران زیاتر لەچوار سیناریۆی لەدژی پلانە نوێیەكانی واشنتۆن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە كردووە كەزۆربەیان دەبنەهۆی ئاڵۆزیی و پێكدادان لەناوچەكە. ئێران دەتوانێت لەڕێگەی گروپە شیعەكانەوە، عێراق و هەرێمی كوردستان و لوبنان رووبەڕووی كێشەی گەورە بكاتەوەو لەبەرامبەردا ئەمریكا نایەوێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو چەند وڵاتە پێكدادانی سەربازیی رووبدات، لەهەمان كاتدا ئامانجیەتی لەچوارچێوی پلانێك بەناوی هاوسەنگیی لەدوورەوە رۆڵی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەمبكاتەوە. فشارە نوێیەكانی ئەمریكا لەدژی ئێران ئەمریكا دەیەوێت بەنزیككردنەوەی وڵاتانی عەرەبی، ئێران ناچار بكات بەگەڕانەوەو پابەندبوون بە رێككەوتنی ئەتۆمیی. ئێران لەساڵی رابردوودا ساردوسڕیی نێوان ئەمریكا لەگەڵ سعودیەو ئیمارات و میسر وەك دەستكەوتێكی گرنگ لەبەرژەوەندیی خۆی دەبینی و ئەوەش وایكردبوو ئاستی داواكارییەكانی تاران لەدانوستانەكانی ڤیەننا لەبەرامبەر واشنتۆن بەرز ببێتەوە. گەرمبوونەوەی پەیوەندییەكانی ریازو واشنتۆن دەبێتە هۆی كرانەوەی دەرگاكانی ئەمریكا بەڕووی سعودیە بۆ كڕین و هێنانی چەك و كەرەستەی سەربازیی نوێ كەدەبێتە چەترێك دژی ئێران كە لەسعودیەوە تا ئیسرائیل و زۆربەی وڵاتانی كەنداو دەگرێتە خۆی. بەبڕوای ئێران هاوتەریبوونی و هاوكاریی بۆماوەیی ئەمریكاو وڵاتانی عەرەبی، كارتە گرنگەكانی تاران لەگەمەی سیاسیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناودەبات، هەر لەم سۆنگەیەوە ئێران هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ شكستی نزیكبوونەوەی واشنتۆن و وڵاتانی عەرەبیی كەنداو. سیناریۆو كارتی فشارەكانی ئێران ئێران هەوڵ دەدات لەڕێگەی لۆبیكردن لەئەمریكا فشار بۆ ئیدارەی جۆو بایدن-ی سەرۆكی وڵاتەكە بهێنێت كە پەیوەندییەكانی واشنتۆن و ریاز لەوەی رابردوو تووندوتۆڵتر نەبێت، لەبەرامبەردا هەوڵی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بدات لەگەڵ تاران بەتایبەت كە (تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن) و (رۆژنامەی واشنتۆن پۆست) و (رۆژنامەی نیویۆرك تایمز) زیاتر لەیەك ساڵە دژی ئەوە وەستاونەتەوە ئیدارەی بایدن پەیوەندییەكانی لەگەڵ ریاز ئاسایی بكاتەوە. ئەو میدیانەی ئەمریكا لەگەڵ گەشتەكەی ئەم دواییەی بایدن بۆ ئیسرائیل و دواتر سعودیە، رایانگەیاند پێویستە بایدن بەڵێنەكانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی خۆی بهێنێتەدی كەبریتی بووە لەفشارخستنە سەر میسر و ئیمارات و بەحرەین و سزادانی سعودیە بووە سەبارەت بەپێشێلكارییەكانی ئەو وڵاتانە لەئاستی مافی مرۆڤدا. دوەم هەنگاو و كارتی ئێران ئەوەیە كە دەتوانێت ئاستی توندوتیژی و گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد بكات و ئەوەش رەنگە واشنتۆن ناچار بكات لە پێناو گەڕانەوەی ئارامی و مسۆگەركردنی ئاسایش لەو ناوچەیە ئاستی توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل و سعودیە كەم بكاتەوە. ئێران دەتوانێت بە هاندانی چەكدارانی شیعە لەعێراق توندوتیژییەكان و پێكدادانەكان بگەیەنێتە هەولێر بەتایبەت كە لەڕابردودا بە بیانوی بوونی هێزەكانی ئێسرائیل چەند شوێنێكی لەڕێگەی ئەو گروپانەوە موشەكباران كردووە و تەنانەت سوپای پاسدارانیش چەند جارێك موشەكبارانی هەولێری كردووە لەكاتێكدا ئەمریكا دژی دروستبوونی شەڕو ئاڵۆزییە لەخاكی عێراق و هەرێمی كوردستان. هاوكات ئێران لەڕێگەی حزبڵای لوبنان دەتوانێت هاندەربێت لە بەریەككەوتنی و شەڕی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لەسنورە ئاوییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەو لەلایەكی دیكەوە تاران بەوروژاندنی چەكدارانی حوسی لەیەمەن دەكرێت ببێتە مایەی شكستی ئەو ئاگربەستەی كە زیاتر لەسێ مانگە بەدەستپێشخەریی نەتەوەیەكگرتووەكان و هەندێك وڵاتی رۆژئاوایی لەنێوان حوسییەكان و حكومەتی نزیك لەسعودیە لەوڵاتی یەمەن راگەیەنراوە. سیناریۆیەكی دیكە یان كارتی سێیەمی ئێران كەئاسانترین هەنگاوی ئەو وڵاتەیە دژی بەرەی ئەمریكا لەئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو، ئەوەیە كە تاران بەتەواوەتی بچێتە بەرەی مۆسكۆو پەكین لەكیشوەری ئاسیاو ببێت بە بەشێك لەو جەمسەرەی چین و روسیا كە لەجیهاندا بوژاندویانەتەوەو لە رووی ئابوریی و تەنانەت سەربازییەوە دژی ئەوروپاو ئەمریكا هەنگاو دەنێن. یەكلابوونەوەی تاران بۆ بەرەی چین و روسیا بەگەورەترین شكستی سیاسیی ئەوروپاو ئەمریكا لەقەڵەم دەدرێت بەتایبەت كە تاساڵی 1975 ئێران بەستراتیژیترین و گرنگرتین هاوپەیمانی ئەمریكاو رۆژئاوا دژی بلۆكی سۆڤیەتی لەو سەردەمەدا ئەژمار دەكرا . وەلید فارس، كە پێشتر یەكێك لە راوێژكارەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بووە، رایگەیاندووە ئەگەری هەیە ئێران لەهەر سیناریۆو كارتی فشارێكی هەندێكی جێبەجێ بكات و ئەوەش هاوشێوەی یارییەكی شەترەنجە كە تاران شارەزایی تێیدا هەیە، بەڵام لەبەرامبەردا نەیارانی تارانیش بەباشیی فێری ئەو یارییە بوون كە لەئەنجامدا وا دەردەكەوێت هیچ گۆڕانكارییەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (100%)و بەردەوام نییە. بایدن لەتەلئەبیب و پوتن لەتاران بەچاوخشاندنێكی خێرا بەمێژووی جەنگی سارد كە لەساڵی 1947 واتە دوای كۆتایی دووەم جەنگی جیهانی تاساڵی 1991 واتە رووخانی یەكێتی سۆڤیەتی جاران لەنێوان روسیاو ئەمریكا هەبوو، ئەوەی ئێستا لەگەشتەكەی بایدن لە (15/7/2022) بۆ ئیسرائیل و سعودیەو گەشتەكەی ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا لە (19/7/2022) بۆ تاران دەخوێندرێتەوە، تۆخكردنەوەی مێژووی جەنگی ساردە لەنێوان واشنتۆن و مۆسكۆ لەجیهان و بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەی ئێستا زیاتر جێگەی سەرنجە لەهەموو مێژووی جەنگی سارددا ئێران یا پشتیوان و هاوكاری ئەمریكا بووە یان بێلایەنیی لەو جەنگە دەربڕیوە، بۆیە ئەگەر ئەمجارە تاران بەرەی خۆی بەئاشكرا لەدژی واشنتۆن رابگەیەنێت جەنگی ساردی ئەمریكاو روسیا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە جەنگێكی گەرم و ئەگەری پێكدادانی نێوان هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بەتایبەت ئیسرائیل لەدژی ئێران زیاددەكات. ئێران لەگۆڕانكاریی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆژنامەی (ئیبتیكار) سەر بە ریفۆرمخوازانی ئێران لەلاپەڕەی یەكەمیدا بەناونیشانی (دەستی بەتاڵی ئیسرائیل و پێشوازیی سارد لەسعودیە) نووسیویەتی: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا 20 ساڵەو لەدوای روودانی 11ی سێبتەمبەری 2001 بەهێرشكردنە سەر ئەفغانستان و دواتر عێراق لەشكركێشییەكانی بۆ رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا دەستپێكردووەو ئەو ناوچەیەی كردووە بە بنكەیەكی سەربازیی خۆی تەنها لەپێناو ئەوەیدا بتوانیت هەوڵەكانی ئێران كۆنتڕۆڵ بكات. «ئەمریكا لەم ساڵانەدا لەهیچ هەوڵێك دژی ئێران درێغی نەكردووە بۆ گۆڕانكاریی لەپلان و بەرنامەكانی هەر لەفشارو سزای ئابورییەوە بگرە تا بوونی سەربازیی لەچواردەوری سنورەكانی خاكی ئێران و كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس لەسوپای پاسداران بەڵام دوای 20 ساڵ خۆی ناچاربوو هەندێك وڵاتی ناوچەكە چۆڵ بكات، لەبەرامبەدا ئێران هیچ شوێنێكی چۆل نەكردووەو لەبواری سەربازیی و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا شوێن پێی خۆی پاراستووە.» رۆژنامەكە نووسیویەتی زۆربەی ئەو وڵاتانەی لەژێر كاریگەریی ئەمریكا لەڕابردوودا دژایەتی ئێرانیان كردووە لەئێستادا هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ تاران دەدەن كە نموونەی ئەو گۆڕانكارییە لەوڵاتانی (توركیا، ئازەربایجان، پاكستان، ئیمارات، تاڵیبان لەئەفغانستان) هەروەها سعودیە بەنێوەندگیریی عێراق دوای شەش ساڵ لەهەوڵەكانی دژی ئێران لەئێستادا هەوڵی كەمكردنەوەی تەنگەژەو ناكۆكییەكان لەگەڵ تاران دەدات و هاوكات ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەندێك لەوڵاتانی عەرەبی لەگەڵ رژێمی سوریا دوای 10 ساڵ ئاماژەی سەركەوتنی سیاسەتەكانی ئێرانە لەو ناوچەیە. ئەمریكا لەدوورەوە كۆنترۆڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات لەئێستادا ئەمریكا لەچوارچێوەی بەرنامەیەك كە بەهاوسەنگیی لەڕێگەی دوورە (Offshore Balancing) ناوی دەهێنرێت دەیەوێت خەرجی و تێچووە سەربازییەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم بكاتەوە، چونكە بەوتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، وڵاتەكەی لەماوەی 20 ساڵدا هەشت ترلیۆن دۆلاری بۆ رۆژئاوای ئاسیا خەرج كردووە. ئەمریكا پلانی هەیە لەڕێگەی وڵاتانی عەرەبی كەنداوەوە بەبێ تێچوویەكی زۆری سەربازیی جێبەجێكاری پلانی خۆی لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەستنیشان بكات، بۆیە لەهەنگاوەكانی یەكەمی ئەو پلانەدا هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل دەدات. ئیسرائیل گرنگترین بەڕێوبەری پلانی هاوسەنگیی لەڕێگەی دوورەوەیە كە ئەمریكا خوازیارە بۆ كەمكردنەوەی خەرجییە سەربازییەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیكاتە پێشەنگ و پێشڕەوی وڵاتانی عەرەبیی كەنداو. ئێران لەبەرەی نەوت و وزەدا ئەگەرچی ئێران چوارەمین وڵاتی نەوتی و دووەم وڵاتە لەڕووی یەدەگی غاز لەجیهان، بەڵام پابەندبوونی ئەو وڵاتە بە رێكەوتنی ئەتۆمیی و سازش نەكردنی واشنتۆن بۆ تاران وای كردووە ئێران ئەو توانا سنوردارەی كە لەئێستادا هەیەتی بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و غاز بۆ وڵاتانی نەیاری ئەمریكا بەكاری بهێنێت. ئەمریكا لەساڵی 2018 توندترین سزای بەسەر كەرتی نەوتی ئێراندا سەپاندووە بەڵام بەواژۆكردنی گرێبەستێكی 25 ساڵە لەگەڵ چین كە بەهاكەی بە 400 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت هەناردەی نەوتەكەی لە 65 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ چین گەیاندووەتە زیاتر لە 850 هەزار بەرمیل و دوور نییە ئەو بڕەش زیاتر بكات بەتایبەت كە ئەمریكا لەئێستادا دوای روسیا چین بەنەیاری سەرەكیی خۆی دەزانێت. هێرشەكانی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا گورزێكی دیكەی بەرزبوونەوەی بەهای غازو نەوت لەجیهان و بەتایبەت لەئەوروپا بوو كەئەوەش پێگەی ئەمریكای لەئاستی نێودەوڵەتیدا لاواز كرد، چونكە نەیتوانیی نرخی نەوت كۆنتڕۆڵ بكات و بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز كردەوە لەكاتێكدا دەیتوانی بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران رێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەجیهاندا بگرێت و هاوكات هەڵاوسانی ناوخۆیی ئەمریكا بەو هۆیە نەگاتە بەرزترین ئاستی 40 ساڵی رابردو كە بەپێی بانكی ناوەندیی ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی ئەمریكا لەم مانگەدا 9.1% بووە. لەلایەكی دیكەوە ڤەنزوێلا كەسزاكانی ئەمریكا كەرتی نەوتەكەی رووبەڕووی كێشە كردووەتەوە وەك هاوپەیمانێكی بلۆكی چین و روسیا لەلایەن ئێرانەوە هاوكاریی دەكرێت و لەڕێگەی كەشتییەوە تائێستان بەملیۆنان بەرمیل نەوت و گاز لەئێرانەوە رەوانەی ڤەنزوێلا كراوە. ڤەنزوێلا كە لە رابردودا بە پێنجەم بەرهەمهێنی نەوت لەجیهاندا ئەژمار دەكرا بەهۆی سزاكانی ئەمریكا پیشەسازیی نەوتی وڵاتەكەی رووبەڕووی كێشە بووەتەوەو تەنها لەماوەی رابردوودا واشنتۆن بڕیاریدا بەهۆی جەنگی ئۆكرانیا بڕێكی زۆر كەم لەنەوتەكەی تەنها رەوانەی وڵاتانی ئەوروپا بكات. زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لەجیهاندا بەتایبەت ئێران و ڤەنزوێلا لە رووی سیاسەتی نەوتییەوە خۆیان بەچین و روسیا گرێداوەتەوە كەئەوەش بەرەی وزەی دوو نەیاری سەرەكیی ئەمریكا بەهێزتر دەكات مەگەر ئەوەیە كە واشنتۆن بیر لەكردنەوەی دەرگای فرۆشتنی نەوت و بەرهەمهێنانی سوتەمەنیی زیاتر بە رووی تاران و ڤەنزوێلادا بكاتەوە.
سەركۆ جەمال نابینایان لەهەرێمی كوردستان لەدۆخێكی خراپدان، ئەوان لە 29 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نابینایانی كوردستان لەسلێمانی باسیان لەگرفتەكانی خۆیان كرد، كە چاوەڕێی جێبەجێكردنی یاسایەكن. عومەر خدر، سكرتێری یەكێتی نابینایانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد یاسای خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كە ماوەی 11 ساڵە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە سەرجەم داواكاری و مافەكانیان لەو یاسایەدا دیاریكراوە، وتیشی:»یەكێتی نابینایانی كوردستان لەڕێگای كردنەوەی خوێندنگەیەك بۆ منداڵانی خوار 14 ساڵ و كردنەوەی خولی نەهێشتنی نەخوێندوەواری بۆ ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروو 14 ساڵیەوەیەو توانیومانە بەدەیان كەس پێبگەیەنین، كە هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس، ماستەرو دكتۆران». عومەر خدر باسی لەوەشكرد كە لە لایەنی ئابوورییەوە نزیكەی 200 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ نابینایان دابینكراوە، تائێستاش نزیكەی 200 كەس بەپێی پسپۆری لەسەر میلاكی وەزارەتەكانی كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەوقاف و پەروەردە دامەزراوە، لەڕووی تەندروستیشەوە توانیویانە بەهاوكاری كەرتی تایبەت و خێرخوازان چارەسەر بۆ ئەو كەسانە دابینبكەن كە پێویستیان بووە. سكرتێری یەكێتی نابینایانی كوردستان داواشیكرد حكومەتی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوە بەمووچە و ئەو هاوكاریەی كە مانگانە دەدرێت بەخاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بكرێت، كە تەنها 150 هەزار دینارە و وتی: «خێزانێكی كرێچی خاوەن پێداویستی تایبەت ناتوانێت بەو بڕە پارەیە پێداویستییەكانی ژیانی خۆی دابین بكات، پێویستە لەو 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبونەی كە بڕیارە لەداهاتوو دروستبكرێت پشكی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی تێدابێت». ئەحمەد محەمەد، یەكێكە لەنابینایانی كوردستان، ئەو بەهاوڵاتی وت: «نابینا بەگشتی هەژارن، زۆربەی نەخۆشەو كرێچییە، نابینا چاوی لەدەستی حكومەت و خێرخوازانە، مووچەكەم 100 هەزارە، چونكە پێشتر لەوەزارەتی ئەوقاف بووم بەهۆی ئەوەی خزمەتەكەشم 12 ساڵ بوو خانەنشینیان نەكردم ئێستا تەنها 100 هەزار دینار وەردەگرم». یەكێكی دیكە لەنابینایان بەناوی سامی عوسمان بەهاوڵاتی وت:» من جگە لەچاوم دەستیشم نەماوە، هیچ كەسێك نییە بەخێوم بكات، چەندین جار داوای بەخێوكەرم لەوەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كردووە، بەڵام هیچیان بۆ نەكردووم، خۆم 240 هەزاری خانەنشینیم هەیەو 100 هەزاری نابیناییش وەردەگرم، كرێچیم و هیچ شتێكم نییە». لەبارەی كێشەكانی نابینایانەوە بەتایبەت راگرتنی مووچەی بەشێكیان، ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «هەندێك لەو كەسانەی نابینان و لەوەزارەتی ئەوقافن بەشێوەیەكی كاتی مووچەكانیان راگیراوە، بەڵام بەیەكجاری مووچەی هیچ نابینایەك نەبڕاوە لەلایەن وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتییەوە». هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە لەهەولێر پێنج هەزارو 71 نابیناو لەسلێمانی دوو هەزارو 872 نابیناو لەدهۆك دوو هەزارو 199 نابیناو لەئیدارەی گەرمیان 845 نابیناو لەهەڵەبجە 644 نابینا بوونیان هەیەو ژمارەكەیان دەگاتە 11 هەزار و 629 نابینا. یەكێتی نابینایانی كوردستان لەساڵی ١٩٩٤ دامەزراوە، دوو لقی سەرەكی و هەشت نوسینگەی لەشارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، لقی سەرەكی یەكێتییەكە لەسلێمانیە، نزیكەی سێ هەزار ئەندامی هەیە.
كاوە رەش- بەریتانیا چیرۆكی خێزانێكی كورد لەبەریتانیا، كچەكەیان لەژێر پاساوی (پاراستنی شەرەف) كوشتووە، هێشتا لەمیدیاكاندا باس دەكرێت، رۆژنامەی میترۆی بەریتانی، لەزاری خوشكی یەكێك لەقوربانیەكانەوە، چیرۆكێكی تاڵ دەگێڕێتەوە لەساڵڕۆژی یادەوەریی نیشتمانی قوربانیانی شەرەف پارێزیی لەبەریتانیا. پایزە مەلیك، ناوی خوازراوی ئەو كچە كوردەیە، كەخوشكی (بەناز مەحمود) بووە، ئەو خانمەی لەووڵاتی بەریتانیا، بەپاساوی پاراستنی شەرەفی خێزانەكەی، لەلایەن كەسوكارییەوە كوژراو دواتر جەستەشی شاردرایەوە. پایزە، باس لەچیرۆك و سەرگوزشتەی ژیانی تاڵی خۆی و خوشكەكەی (بەناز) دەكات و بەوە دەستپێدەكات كەدەڵێت، لەكوردستانی عێراق لەگەڵ خێزانەكەیان روویان كردۆتە بەریتانیا، وتی:»ئەوكاتەی تەمەنم شازدە ساڵان بوو، لەباشوری لەندەن دەژیان، كچە هەرزەكارێكی ئاسایی بووم و بەچێژەوە دەچوومە بەرخوێندن و ئارەزووی پۆستەرەكانی ئەستێرەی پۆپ، بریتنی سپیرس و وێستلایفم دەكرد، وێنەكانم بەدەرگای دۆڵابەكەم هەڵدەواسی، كتێبەكانی گۆسبۆمپم كۆدەكردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، بەپێچەوانەی زۆربەی هاوتەمەنە هەرزەكارەكانم، ناچاری هاوسەرگیری منداڵی كرام، لەلایەن خێزانەكەمەوە». خوشكەكەی بەناز دەشڵێت:» لەماڵی ئێمە بەردەوام ئاژاوەو درامای خێزانی هەبوو، تەنها دەتوانم وێنای ئەوە بكەم، كەدووەم گەنجترین كچ بووم، لەو پێنج كچەی تەنها لەهاوبەشی كردنی حەمامێكدا یەكسان بووین، سەرباری ئەمەش، دایك و باوكم، كەسانێكی زۆر توند بوون و بۆ زۆرشت، رێگەمان پێنەدەدرا». پایزە دەڵێت، بۆ نموونە نەیانتوانیوە «جلی رۆژئاوایی» لەبەر بكەن، یان لەگەڵ هاوڕێكانی دەرەوەی قوتابخانە گفتوگۆ بكەن، تەنانەت لەهەندێك باردا، هەڵبژاردن و رای خۆیان لەسەر شتەكان مەحاڵە بووە. »یەكێك لەبژاردەكانی خێزانەكەمان ئەوە بوو، كەبەچ كەسێك و چ كاتێك ئەوان دەخوازن، ئێمە دەتوانین شوو بكەین. هەرچەندە دایك و باوكم خۆیان پێشتر هاوسەرگیری زۆرەملێیان ئەنجام نەدابوو»، خوشكەكەی بەناز وای وت. بەپێی یاسای ئەوكاتە لەئینگلتەرا و وێڵز، تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری 18 ساڵان بوو و لەهەمان كاتدا، هەرزەكارانیش دەیانتوانی لە تەمەنی 16 ساڵیدا بەڕەزامەندی خۆیان و دایك و باوك ، هاوسەرگیری بكەن. بەڵام پایزە وتی:» لەخێزانێكی وەك ئێمە، رای كچەكان بەهەند وەرنەدەگیرا چونكە لەوكاتەدا كەگفتوگۆی هاوسەرگیری من دەكرا، لەگەڵ دایك و باوكم، من لەسەر جێگاكەم لەژوورێكی دیكە دانیشتبووم و پێیان وتم، كەپیاوێكی تەمەن 30 ساڵان، ناسیاوی باوكمەو دەیەوێت من شوو بەئەو بكەم. من هەرگیز ئەوم نەدەناسی، بەڵكو ئەوان، ئەویان دەناسی لەڕێگای بنەماڵەو دۆستایەتیەوە»دایك و باوكم دەیانەوێت هاوسەرگیری بكەم. بۆیە سەرم لێشێوابوو، خەیاڵم دەكردەوە، كەئاخۆ چ هەڵەیەكم ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بەو شێوازە هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێكی تەواو نامۆ بكەم». یەك دوو هەفتە دواتر من (جۆرجم) بینی، (كە ناوی خوازراوی هاوسەرەكەمە) لەماڵی خۆمان، من لەتەنیشت دایكم و باوكیشم لەگەڵ ئەو بەرامبەرمان لەسەر قەنەفەكە دانیشتبوو. پێشتر لەلایەن دایك و باوكمەوە پێم وترابوو، كە پێویستە تەنها بەڕێزەوە سڵاو و بەخێرهاتنی بكەم، بەڵام دوای ئەوە قسە ناكەم. بۆیە دانیشتم و گوێم لە دایك و باوكم گرت، ئەوان وەسفی منیان وەك كچێكی باش دەكرد بۆ ئەو، پاشان منیان ناردە دەرەوە. پایزە درێژە بەچیرۆكەكەی دەدات دەگێڕێتەوە و دەڵێت:» یەكەم شت كەتێبینیم كرد لەو پیاوە، كەئەو زۆر لەمن بەتەمەنترە. ئەوەش لەڕووخسارو قژیدا دیاربوو. تەنانەت پۆشاك و شێوازی جلوبەرگی وەك یەكێك لە مامەكانم دەچوو. بیرمە كەهەستم بە ترس دەكرد لەوەی ئاخۆ ژیانم چۆن دەبێت لەگەڵ ئەم پیاوە. دوای ئەو یەكەم چاوپێكەوتنە، ئیدی گەورەكان بڕیاریاندا كەدوای چەند هەفتەیەكی دی ژووانی زەماوەندەكە سازدەدرێ. پایزە وتیشی:» یەكەم ساڵی چوونە كۆلێژم بوو، دەمویست بچمە چاپتەرێكی دیكەی ژیانە تازەكەی كۆلێژ، نەك شوكردن، بەڵام لەجێی ئەوەی ئاشنایەتی لەگەڵ هاوڕێ تازەكانم دروست بكەم، تووشی هاوسەرگیریان كردم». »لەڕۆژی زەماوەندەكەمدا، هیچ هەستێكم نەبوو، جگە لەترس. ئەوان جلی بوكێنیان بۆ هەڵبژاردبووم و دەم و چاویشیان بەچینێك ماكیاج داپۆشی بووم، لەبەرامبەر ئەندامانی خێزان و ئەو كەسانەی كە بەڕاستی نەمدەزانی كێن، دانیشتبوم و شووم بەكەسێكی نامۆ دەكرد!». »لەتەواوی رۆژی ئاهەنگ و زەماوەندو پێشوازی، هەستم بە نەخۆشی و سەرلێشێواوی دەكرد. تێنەگەیشتم كەبۆچی هەموو ئەم خەڵكانە نەیاندەتوانی ببینن، كەمن زۆر ناڕازیم و چی ڕوودەدات؟ بەڕاستی ئەو رۆژە هەستمكرد كەخیانەتم لێكراوە لەلایەن هەموو ئەو كەسانەی لەوێ ئامادەبوون». هەرچەندە دوای هاوسەرگیرمان جاربەجار بەردەوامیم دەدا بەكۆلێژ، بەڵام ئەوە هاوسەرەكەم بوو بڕیاری دەدا كەبچم یان نا چونكە هێندێك جار، بەهەفتە رێگری لێدەكردم لەخوێندن. لەهەمان كاتیشدا، دەبوو وەها خۆم نیشان بدەم، كەهاوسەرێكی باشم لەبەردەم ئەو هاوڕێیانەی كەدەیهێنانەوە ماڵەوە» بەڕاستی ژیانم زۆر سەخت بوو، لەگەڵ ئەوەش بەردەوام هەستم بەتەنیایی دەكرد، بەڵام پیاوەكەم دەیخواست كەببینە خێزان و دوای چەند مانگێك لەهاوسەرگیری، هەستم كرد دووگیانم». لەكاتی بینینی پەرستارەكەم، پێم راگەیاند:»دەمەوێت زگەكەم بۆ لەبار بەریت، چونكە لەڕاستیدا هیچ داهاتوویەكم لەگەڵ ئەو پیاوە بەدی نەدەكرد. ئەگەر منداڵیشم لێی ببوایە دەبوو درێژە بەهاوسەرگیریەكە بدەم و گیرۆدەی كێشەی زیاتر ببینەوە. كاتێكش بیرۆكەی لەباربردنی كۆرپەكەم بەمێردەكەم و خێزانەكەم راگەیاند، ئەوان هەوڵیان لەگەڵدام، منداڵەكەم هەبێت و گوتیان كەیارمەتیت دەدات مێردەكەم خۆش بووێت، بەڵام من پێم گوتن كەمن ناتوانم دایكێكی باشبم و منداڵەكەم بێ داهاتوو دەبێ، بۆیە ئەوان بەناچاری و دواجار رێگەیان پێدام بەلەبارچوونەكە». پایزە، لەدرێژەی سەرگوزشتەكەیدا دەڵێت:»هەموو رۆژێك كە لەخەو رادەبووم، ئومێدەواربووم كەژیانم جیاواز بێت، ئەوەی دەمویست، تەنها ئەوە بوو كەوەك هەموو هاوەڵەكانی دیم، درێژە بەخوێندن بدەم و بڕۆمە كۆلێژ، نەك هاوسەرگیری بكەم و ببمە ژنی ماڵەوەو بەرپرسیاریەتی بگرمە ئەستۆ، ئەو كاتەی كە لەیەكەم مانگی تەمەنی هەژدەساڵیدا بووم هاوسەرگیریەكەم، كەمتر لەدوو ساڵ بەردەوامی هەبوو. دواجار تەڵاقم وەرگرت، هەر لەو مانگەدا بوو، كاتێك خوشكەكەم (بەناز) لەژێر پاساوی (پاراستنی شەرەف) كوژرا. »مێردەكەم هەڕەشەی دەكرد، كەمنیش چارەنووسی بەنازی خوشكم دەبێت و دەكوژرێم. لەكاتی داواكردنی جیابوونەوەم خێزانەكەم رێگریان دەكردو هەوڵی گەڕانەوەیان دەدا لەگەڵم، بەڵام لەوكاتەوە تائێستا رووخساری ئەوم نەبینیوەتەوەو لەدەستی ئازاد بووم. هاوشێوەی منیش، بەنازی خوشكم، وەك هەرزەكارێكی تەمەن 17 ساڵان بەزۆر هاوسەرگیریان پێكردبوو. بەناز، لەهاوسەرگیریەكەیدا بەتەواوی لەكێشەو گیروگرفت دابوو، چەندین جار بەوێنەو بەڵگەوە، جێگای ئازارو ئەشكەنجەی برینەكانی وەك سكاڵا بەپۆلیس دابوو، بەڵام دواجار هیچ كەسێك نەیتوانی ژیانی ئەو لەكوشتن بپارێزێت». لەچەند مانگی كۆتایی ژیانی بەنازدا، زۆر بەخێرایی شتەكانی تێدا گۆڕا، هەر لەو ماوەیەدا، كەوتە داوی خۆشەویستی كەسێكی دیكەوە، كەدەیویست تێیدا دەست بەژیانێكی تازەبكات و تێیدا بەختەوەربێت، بەڵام هەرزوو لەلایەن ئەوانەی بەنازیان» بەبێ ئابڕوو بێشەرم دەزانی، كۆتایی بەهەموو خۆزگەكانی هێندرا». كاتێك لەجەنیوەری ٢٠٠٦ گەڕامەوە ماڵی باوكم و شەو پۆلیس لەدەرگای ماڵەوەیانداو باوكمیان دەستگیركرد. دواتر هەریەكە لەباوكم و مامم و دوو لەئامۆزاكانم بەتاوانی كوشتنی بەناز، سزای هەتا هەتایی دران. دوای نزیكەی سێ مانگیش، تەرمی بەناز، لەناو جانتایەك و لەژێر باخچەی ماڵێك، لەشاری بێرمینگهام دۆزرایەوە. »ئەوساتە، ناخۆشترین رۆژەكانی ژیانم بوو، كاتێك هەواڵی مەرگی خوشكەكەمم بیست، وام هەست دەكرد، كە لەناو ئاگردابم و بەزەحمەت هەناسەم بۆ دەدرا. نەم دەتوانی باوەڕبكەم و هێشتاش ناتوانم بڕوا بكەم چۆن روویدا». پایزە دەڵێ، ژیان بۆ من ئێستا تەحەدایەكی بەردەوامە. زۆر شت هەیە كە لەگەڵیدا بژیم و هێشتاش شۆكێكی زۆرم هەیە، بەڵام هەموو هەوڵێك بۆ ئەوە دەدەم، كەئەم ئەزموونە ئازاربەخشانەی ژیانم، بگۆڕم بۆ چالاكی وزە». خوشكەكەی بەناز دەشڵێت:» ئێستا چالاكوانێكی بواری بەرگریكردن لەمافەكانی ئافرەتانم و لەچەند رێكخراوێك كاردەكەم لەوانە، (ئای سی دەبلیو ئاڕ ئۆ) كەئەركەكانیان تەرخانكراوە بۆ پشتگیری كردن لەمێینەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا، لەبەریتانیا، لەمەترسی كوشتن و چەوساندنەوەیان لەژێر ناوی (شەرەف)، هاوسەرگیری منداڵان، هاوسەرگیری بەزۆرەملێ، خەتەنەكردن».
نیگار عومەر لەسنوری ئیدارەی گەرمیان 55 گوند بێ ئاون و گوندنشینەكان شوێنەكانیان جێدەهێڵن و بەرەو ناحیەو قەزاكان دەڕۆن كەهەفتەی یەك رۆژ بەتانكەر ئاوی خواردنەوەیان پێدەگات. ئیدارەی گەرمیان 882 گوند بوونی هەیە لەگەڵ نۆ ناحیەو دوو قەزا، لایەنی پەیوەندیدار دەڵێت:»ئاوڕی جددی لەگوندەكان نەدرێتەوە جێی دەهێڵن و دێنەوە ناوشارەكان كەئەمەش مەترسییە لەسەر سامانی ئاژەڵ و كشتوكاڵی ناوچەكە». سەلام رەحیم، دانیشتووی گوندی دوانزە ئیمامی سەر بەقەزای كفری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» وەك دانیشتووی گوندەكە هیچ جۆرە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیەكمان نیەو ژیانی گوندنشینەكان لەمەترسیدایەو وەختە خۆمان لەتینوێتیدا بخنكێین ئاو نیە خۆمان بیخوێینەوە ئەی چۆن ئاو بۆ ئاژەڵەكان پەیدابكەین». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە ناچارن رۆژانە بەپارە ئاو بكڕن، حكومەتی هەرێم هیچ هاوكارییەكی نەكردوون، وتیشی:» زۆرجار باس لەوە دەكەن دەبێ خەڵك بگەڕێتەوە گوندەكان، من لێرەوە پێیان دەڵیم چەند ساڵی تر وابڕوات شتێك نامێنێت بەناوی گوندنشین هەمووی دێتە نێو شارەكان و گوندەكان چۆڵ دەكەن، زۆربەی ئەو گوندانەی كە لەیەكەوە نزیكن بەهۆی بێئاویەوە بەشێكی ماڵەكان كۆچیان كردووەتە ناوچەكانی دیكە یان ئاژەڵەكانیان فرۆشتووە». «كەس ئاگای لەژیانی گوندنشینەكان نیە بەهۆی بێئاویەوە، بەڕاستی لەبارودۆخێكی ناڕەحەتداین»، سەلام رەحیم، وای وت. وتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە 55 گوند بێئاون و ژیانیان لەمەترسیدایە. سالار عەزیز، وتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەوەی لەتوانای ئێمەدابێت لەهەموو دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیەكانماندا تەنها شەش تانكەرمان هەیە كە ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەكان دەگوێزێتەوە، ئەوەش بەشی ئەو گوندانە ناكات كە لەئێستادا بێئاون». وتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان ئەوەشی روونكردەوە كە بەهۆی گرفتی كەمئاوییەوە لەم هاوینەدا 10 گوند بەتەواوەتی چۆڵ كراوە لەنێوان ئەو گوندانەی كە بێئاون گوندەكانی دیكەش ناوبەناو خەڵكەكەی كۆچ دەكات، وتیشی:» بۆیە گەرمیان پێویستی بەوەیە بودجەیەكی تایبەتی بۆ دابین بكرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی، گەر بەم شێوازە بڕوات زۆربەی گوندنشینەكان ئاژەڵەكانیان دەفرۆشن و روودەكەنە نێو شارەكان، كەئەمەش زیانی گەورە بەكشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەگەیەنێت». ئەو دەڵێت، ئەم گرفتەمان گەیاندووەتە بەڕێوەبەرایەتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرتووە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە». مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبەرواری 13/6/2022 لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، رایگەیاند:» پێویستە خەڵك هانبدرێت بگەڕێتەوە گوندەكان و پێشخستن و پەرەپێدانی ئابووری هەر وڵاتێك دەبەسترێتەوە بەپێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ. هەروەها راشیگەیاند:»جووتیارێك بێت شتێك دروست بكات، بۆ ئەوەی ئەو جووتیارە بەرهەمەكەی بفرۆشێت، پێویستی بەچەند شتە، دەبێت لەكۆگایەك هەڵبگیرێت، دەبێت لەشوێنێك بكرێت بەخواردن، دەبێت لەشوێنێك بگوازرێتەوە، دەبێت لەشوێنێك بفرۆشرێت»، واتا بۆ بەرهەمی هەر جووتیارێك چوار تا پێنج هەلی كاری دیكە دەڕەخسێنرێت، ئینجا ئەگەر پڕۆژەی گەورە دروست بكەین، لەوانەیە لەئایندەدا بەرهەمی ناوخۆیی زۆر بێت، دەبێت ئامێرە كشتوكاڵییەكانیش دروست بكرێن، لەبری ئەوەی ئەو ئامێرانە لەدەرەوە هاوردە بكەین، دەتوانین لێرە كارگەیەك بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە ئامێرانە دروست بكەین، ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی پێشخستنی كەرتی پیشەسازیش». «دەبێت خەڵك هانبدرێت بگەڕێتەوە بۆ گوند، بەچی دەچێتەوە؟! بەدروستكردنی خانوو ناچێتەوە، بەڵام دەكرێت پڕۆژە بۆ خەڵك دروستبكرێت، پڕۆژەی بچووك لەدێهاتەكان دروستبكرێت، بۆ ئەوەی خەڵك سوودمەند بێت، واتا هەر كەسێك ئەگەر لێكدانەوە بكات و بزانێت لەشار داهاتەكەی چەندەو بەگەڕانەوەی بۆ گوند داهاتەكەی چەند ئەوەندە دەبێت، ئەوكات ئامادە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ گوند»، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وای وت. بورهان ئەمین، ئەنجومەنی گوندی گومار سەر بەناحیەی كوڵەجۆ، بۆ هاوڵاتی هێمای بۆ ئەوەكرد بەهۆی بێئاویەوە گوندەكەیان 12 ماڵ بووەو 10 ماڵیان گوندەكەیان جێهێشتووە كە زۆربەی ئاژەڵەكانیان فرۆشتووەو گەڕاونەتەوە ناوشار، وتیشی:» خۆشم بەهەمان شێوە لەداخی بێئاویدا جێمهێشتووە، هەفتەی جارێك تانكەرێ ئاو دێت بۆ گوندەكەمان پێم ناڵێن ئەمە بەشی چیدەكات». هەروەها وتیشی:» هیچ داوایەك لەحكومەت ناكەم، چونكە حكومەت نیە تا داوای لێبكەم پێم كفرە بەمانە بوترێت حكومەت نەك كارئاسانی ناكەن بەڵكو رێگریش بۆ ئیشوكارەكانت دروست دەكەن».
شەنای فاتیح سەرەڕای گرانبوونی نرخی سوتەمەنی بازرگانی، حكومەتی هەرێم ئامادە نییە كوالێتی بەنزینە 800 دینارەكەش چارەسەر بكات و شۆفێران ئۆكتان دەكەنە تەنكی ئوتومبێلەكانیانەوە. لەئێستادا نرخی نەوتیخاو لەبازاڕەكانی جیهاندا بە 105 دۆلارەو بڕیار بووە نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بەپێی نرخی نەوتی خاو بێت، بۆ نموونە نرخی نەوت بە 105 دۆلار بێت، لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بەهەزارو 50 دینار بێت، بەڵام نەبوونی چاودێری و بازاڕی بەرەڵا وای كردووە هیچ بەنزینخانەیەك نرخەكان كەمنەكاتەوە. لەئێستادا یەك لیتر نرخی بەنزینی بازرگانی بەم شێوەیەیە (بەنزینی سوپەر هەزارو 525 دینار، بەنزینی موحەسەن هەزارو 475 دینار، بەنزینی نۆرماڵ هەزارو 350 دینار) بەپێی ستانداری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەبێت بەنزینی 800 دیناری ئۆكتانەكەی 92 كەمتر نەبێت و 690 دیناری ئۆكتانەكەی 90 كەمتر نەبێت، بەڵام بەنزینی 800 دینارییەكە لەئێستادا ئۆكتانەكەی 89 بۆ 90 و بەنزینی 690 دیناری ئۆكتانەكەی 86 بۆ 87 و تائێستا چارەسەر نەكراوە. وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی: پارێزگای سلێمانی لەنرخ و كوالێتی بەنزیندا لەپارێزگاكانی دیكە باشترە بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: بەنزینی 800 دینارییەكە كە دێتە بەنزینخانەكانەوە سەرف دەبێت و نامێنێـت، لەبەرئەوەی نرخەكەی هەرزانە». هەروەها پێشیوابوو شۆفێران سوودیان لێبینیوە، بەڵام لەوەرزی هاویندا تووشی كێشە دەبنەوە و شۆفێران گلەیی خراپی كوالێـتی بەنزینەكە دەكەن. بەهمەن وتیشی:»پارێزگای سلێمانی لەنرخ و كوالێتی بەنزیندا لەپارێزگاكانی دیكە باشترە، بەردەوام نرخ لەسلێمانیدا هەرزانتر بووە و كوالێتییەكەشی باشترە» و ئەوەش ئەولەویەتی ئێمە بووە كە «قازانجێكی كەمتر بخەینە سەر نرخی بەنزینەكە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان سودمەند ببن». سەبارەت بەنرخی بەنزینی بازرگانی»جیاوازی هەیە لەنرخەكەیدا لەهەولێرو سلێمانی و دهۆك، بەڵام كێشەكە ئەوەیە سوتەمەنی لەشوێنی سەرەكی سوتەمەنیەوە گرانەو كە بۆرسە روو لە دابەزین بێت بێگومان نرخ دادەبەزێـت». شۆفێران گلەیی لەخراپی كوالێتیی بەنزینی 800 دیناری دەكەن و شۆفێرێكی تاكسیش دەڵێت: «كوالێتی ئەم بەنزینە هەتا بڵێی خراپە». كوالێتی ئەم بەنزینە هەمان ئەو كوالێتییە نییە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دایناوە بۆ هێنانی بەنزین لەدەرەوە، ئەم كوالێتییە لەپشكنیندا ئۆكتانی كەمترە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئۆكتانی 92ی داناوە، بەڵام ئەم بەنزینە لە پشكنینەكاندا ئۆكتانی 90.5 دەردەچێت و لەعێراقدا لیترێك بەنزینی پشتیوانیكراو 450 دینارە، بەڵام لەهەرێمی كوردستاندا 800 دینارە. چالاك ئەحمەد شۆفێرێكی تاكسیە لەسلێمانی كە ماوەی 17 ساڵە ئەو كارە دەكات و لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەم بەنزینە بۆ تاكسی نرخەكەی زۆرباشە، بەڵام كوالێتیەكەی زۆرخراپە وتیشی:» تا تاكسی مۆدێلەكەی بەرزتربێت خراپی كوالێتی بەنزین كێشەی زیاتری بۆ دروستدەكات». «ئەگەر بێت و تاكسیەك ئیشی پێبكەیت و پڕی بكەیت لەبەنزین بەشی سێ رۆژ دەكات، بۆ سەرە گرتنیش بەشێوەیەكی گشتی بیست خولەك بۆ نیو كاتژمێر دەخایەنێـت و هەندێ كات قەرەباڵغە». خەلیل عەبدوڵا، ئوتومبێلێكی تایبەتی پێیەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەنزینی 800 دینارییەكەم كردووەتە ئوتومبێلەكەو نەمتوانیوە تەبرید هەڵبكەم بەم چلەی هاوینە، ناچار پەنام بۆ كرینی تەنەرو ئۆكتان بردووەو بایی 12 هەزارم بۆ كڕیوە، ئەنجا دوای ئەوەش بایی 10 هەزار دینار بەنزینی سوپەرم تێكردووە تا باش بووە». هاوكات، خۆشەویست ئەحمەد كە پیشەی فیتەرە لەسلێمانی ئەوەی ئاشكرا كرد كە رۆژانە بەشێكی زۆری شۆفێران سەردانیان دەكەن كەكێشەیان هەیە لە ئۆتۆمبێلەكانیاندا بەهۆی خراپی كوالێتی بەنزینەوە. «ئەم بەنزینە 800 دیناری و 690 دینارییە حكومییە هیچ بەكەڵك نایەت، چونكە هەمووی خڵتەیەو نەوتیشی تێكەڵە لەبەرئەوەی بەنزین دەبێت ئۆكتانی باش بێت، زۆربەی ئەو شۆفێرانەی دێنە لامان فیت پەمپیان ئەوەستێت، كێشە بۆ سەر بزوێنەری ئۆتۆمبێل دروستدەكات»، خۆشەویست ئەحمەد وای وت. لەدوو هەفتەی رابردوودا هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی رایگەیاند كە «بەنزینە 800 دینارییەكە خراپەو گوناحە بەسەر خەڵكیدا دابەشدەكرێـت». تاساڵی 2019 نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستاندا 500 دینار بوو و ساڵی 2020 بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نرخەكەی زیاتر دابەزی، بەڵام ساڵی 2021 نرخی بەنزین بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵا بوو بە 650 دینارو لەكۆتایی هەمان ساڵدا لیترێك بەنزینی نۆرماڵا نرخەكەی گەیشتە 950 دینار لەئێستاشدا نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لەهەرێمی كوردستان 1350 دینارە، لیترێك بەنزینی نۆرماڵا لە بەغدا و كەركووك 450 دینارە. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاش بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیان، رۆژانە یەك ملیۆن لیتر بەنزینی 690 دیناری و دوو ملیۆن لیتر بەنزینی 800 دیناری لەلایەن كۆمپانیاكانی كارو قەیوانەوە بەرهەمدێت. سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: بەنزینی هەرزان دەستكاری كوالێتیەكەی كراوە، بۆیە نرخی هەرزانە. نافیز ناوپردانی،سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كێشەی بەنزین ئەوەیە یەك سەرچاوە و یەك پاڵاوگە نییە، ئەو بەنزینەی كە دەگاتە سەر سنوور لەوێ دەستكاری كوالێتییەكەی دەكرێ بۆ ئەوەی نرخەی هەرزان بێت و حكومەتیش چاوپۆشی لێدەكات لەبەر ئەوەی نرخەكەی هەرزانترە». هەروەها وتیشی:» بەبێ پشتگیری حكومەت بەنزین بەشێوەی بازرگانی بەهیچ شێوەیەك هەرزان نابێـت و پێویستە حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پشتگیری پاڵاوگەكان بكات و بەنرخێكی زیاتر بیكڕێت و بەنرخێكی مەدعوم بیداتەوە بە بەنزینخانەكان». سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: ئەم بەنزینە 800 دیناریە بڕەكەی و كوالێتییەكەی و نرخەكەشی جێی تێبینی ئێمەیە. كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد كەئەم بابەتە بەشێوازێك قۆرغكاریەو تەنها بۆ دوو پاڵاوگە دانراوە لەكاتێكدا دەیان كۆمپانیاو پاڵاوگە لەهەرێمی كوردستاندا هەن،وتیشی:» بەداخەوە ئەم بەنزینە نەبووە جێی متمانەی هاووڵاتیان، بۆیە كاریگەرییەكی ئەوتۆشی لەسەر بازاڕی بەنزین نەبوو». سەبارەت بەنرخی بەنزین كەریم عەلی وتی: ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی «پێشنیازمان كردووە كە نرخەكەی داببەزێنرێت و بڕەكەی زیاد بكرێـت و كوالێتییەكەشی باش بكرێت و بەلایەنی كەمەوە نرخی بەنزین ببێتە 500 بۆ 550 دینار بۆ ئەوەی هاووڵاتیان سودمەند بن، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوینەتەوە. جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك: كێشەی خراپی كوالێتی بەنزین لەئۆكتانەكەیدایە ایشخان ملكون سركیس، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێدا بەهاوڵاتی وت:»كوالێتی بەنزینە 800 دیناریەكە گلەیی زۆری لەسەر هەیە كەكوالێتییەكەی خراپەو كێشە بۆ فیت پەمپی ئۆتۆمبێل دروستدەكات».