هێمن مەحموود هێشتا حەماسەت و خرۆشانی جەماوەری شیعە مەزهەب بۆ یادی چلەی ئیمام حسێن بەتەواوەتی نەڕەویوەتەوەو خەڵكانێكی زۆر لەكوچەو كۆڵانەكانی كەربەلادا ماونەتەوەو ئەو شوێنە پیرۆزەی مەزهەبەكەیان جێنەهێشتووە، كەچی قەیرانی سیاسی جارێكی تر دوای كپبوونەوەی بۆ ماوەیەكی كاتی بەهۆی ئەو مەراسیمانەوە خەریكە سەرهەڵدەداتەوەو لایەنە ناكۆكەكان جەنگی لێدوانی ئاگرینیان لەدژی یەكتری دەستپێكردووەتەوەو هەموویان دەیانەوێت پێش رووداوەكان بكەون و ئارامی دوای زریان خەریكە كۆتایی دێت. چاودێران باس لەوەدەكەن چوارچێوەی هەماهەنگی بەهۆی گفتوگۆكردن لەگەڵ سەدرو دووبارە كاندیدكردنەوەی مستەفا كازمی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ناكۆكیی تێكەوتووەو ئەگەری هەڵوەشاندنەوەیان هەیە. موقتەدا سەدر كە بەپیاوی هەڵوێستە سیاسییە جیاوازو كتوپڕەكان ناسراوە، لەماوەكانی رابردوودا توانیویەتی شەقامی عێراقی بەدەستەوە بێت و هەر ماوە ناماوەیەك چ بەخۆپیشاندان و چ بەپەلاماردانی پەرلەمان بێت بوونی خۆی بسەلمێنێت، بەتایبەت لەوەتەی پەرلەمانتارەكانی لەپەرلەمان كشاندووەتەوە هەڵوێستەكانی دژ بەتەواوی پرۆسەی سیاسی وەرگرتووەو چەندین جار رایگەیاندووە دەبێت ئەمجۆرە لەحوكمڕانی كۆتایی پێ بێت. هەرچەندە موقتەدا سەدر لەچەندین لێدوانی پێشووتریدا دژی كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتە لەلایەن نەیارەكانیەوە، بەڵام بەپێی بۆچوونی چاودێرانی دۆخی عێراق ئەم كارەكتەرە سیاسییە هەمیشە لەپاڵ توندییەكانی خۆیدا دەروازەیەكی بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ  نەیارەكانیدا هێشتووەتەوەو لەدواجاردا پەنای بۆ بردووەو لەسێ وێستگەی ژیانی سەدردا ئەمە بەڕوونی دەبینین، بۆ نموونە لەڕووداوو شەڕەكانی ساڵەكانی 2004 و 2007 و 2008 لەگەڵ نەیارەكانیدا لەهەڵوێستەكانی پەشیمان بووەتەوە. لەئێستاشدا جۆرێك لەئاماژەكانی رێككەوتن بەدیدەكرێت بەتایبەت بڕیاروایە رۆژی ٢٨ی ئەم مانگە دادگای باڵای فیدراڵیی لەعێراق بڕیار لەسەر سكاڵایەك بۆ تانەدان لەبارەی پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی رەوتی سەدر لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بدات و پێشبینی دەكرێت بڕیار لەسەر نایاسایی بوونی پەسەندكردنی ئەو دەستلەكاركێشانەوانە بدات. لەلایەكی ترەوە دوای ئەوەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایانگەیاندبوو، دوای چلەی ئیمام حوسێن كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێدەكاتەوە (كە لە ٢٣ی تەمموزی رابردووەوە كۆنەبووەتەوە) رێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی حكومەت دەستپێدەكەن، ئەمەش وەك هەنگاوی یەكەم بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی نوێی عێراق. لەنوێترین هەڵوێستیشدا چوارچێوەی هاماهەنگی رۆژی 19ی ئەیلوولی 2022 بە ئامادەبوونی سەرجەم سەركردەكانی لەشاری بەغدا كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی كردو لەبەیاننامەیەكدا جەخت دەكاتەوە كە محەممەد شیاع سودانی، تاكە كاندیدیانە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، جگە لەوەش هەموو دەنگۆكان رەتدەكەنەوە كەگوایە كاندیدەكەیان دەگۆڕن. ئەوە لەكاتێدایە چەند سەرچاوەیەك دەڵێن: هادی عامری و حەیدەر عەبادی، جەختیان لەدانوستان لەگەڵ رەوتی سەدر كردووەتەوەو هەڕەشەیان كردووە  ئەگەر لایەنی بەرامبەریان بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی هەوڵی سەپاندنی بۆچوونی خۆی بدات، لەچوارچێوەی هەماهەنگی دەكشێنەوە. ئەو سەرچاوانە كە بەڕۆژنامەی «عەرەبی جدید»یان راگەیاندووەو ناوەكانیان ئاشكرانەكراوە، باس لەوە دەكەن، كەچوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر دوو گرووپ دابەشبووە، یەكەمیان بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، قەیس خەزعەلی سكرتێری گشتی عەسائیب ئەهلی حەق و عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەو گرووپی دووەم بەسەرۆكایەتی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووترو فاڵح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، كەئەم گرووپە بەردەوام تەئكید لەدانوستان لەگەڵ رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، «بەدوور لەدۆڕاوو براوەو سەپاندنی ئەمری واقع»، دەكاتەوە، بەڵام گرووپی یەكەم بەسەركردایەتی نوری مالیكی، سوورن لەسەر پێكهێنانی حكومەت بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، بەڵام لایەنی دووەمی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمەی رەتكردووەتەوە. لەنوێترین زانیاریشدا رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە ئاشكرای كردووە كاندیدكردنی (مستەفا كازمی) بۆ ویلایەتی دووەمی سەرۆك وەزیرانی ناكۆكی خستۆتە ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بەجۆرێك ئەوانەی كەزیاتر مەیلیان بۆ ئێران هەیە وەك نوری مالیكی و قەیس خەزعەلی دژی كاندیدكردنەوەی كازمین، بەڵام بەرەیەكی تر كە عەمار حەكیم نوێنەرایەتیان دەكات لەگەڵ دانانەوەی كازمیدایەو پێیان وایە هێنانە پێشەوەی ناوی كازمی وادەكات گفتوگۆكان لەگەڵ موقتەدا سەدردا زیاتر بەرەوپێشەوەبچن. رۆژنامەكە لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە ئەوەشی وتووە كە لەئێستادا ئەو بەرەیەی پێیان باشە كازمی ببێتەوە بەسەرۆك وەزیران و دەیانەوێت بڕوا بەئێران بهێنن تا رەزامەندی لەسەر كازمی بدات. رۆژی 5ی ئەیلوول لەكۆبوونەوەی دیالۆگی نیشتمانیی سەركردە سیاسییەكانی عێراق بڕیادرا لیژنەیەكی تەكنیكی پێكبهێندرێت بۆ وەرگرتنی بۆچوونی لایەنەكان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەڵوەشاندنەوەی  پەرلەمان، بەڵام تاوەكو ئێستا بەفەرمی رەوتی سەدر بڕیاری نەداوە بەشداری لەو لیژنەیەدا بكات. لەبەرەكەی تری نەیاری موقتەدا سەدریشەوە، نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داوای كاركردنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەكات و ئاماژەی بەوەدەكات، دوای بریارەكەی دادگای فیدراڵی قۆناغێكی نوێ هاتووەتە ئاراوەو چیتر دۆخەكە پێویستی بەدەستپێشخەری نییە بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆخی سیاسی، بەڵكو گرنگە لەئێستادا هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێك لەسەر بنەمای سازانی نیشتمانی چڕبكرێنەوە تاخزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و پاراستنی ئارامی سیاسی و ئەمنی بۆ وڵات دابینبكات. ئەمە لەكاتێكدایە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەپەیامێكدا رایگەیاند، «عێراق و عێراقییەكان شایستەی ئەوەن كە قوربانییان لەپێناودا بدەین.» دشڵێت، «عێراق بەقەیرانێكی سیاسیدا تێدەپەڕێت كە رەنگە لەدوای ساڵی  2003ـەوە قورسترین بێت.»  ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو قەیرانە قوڵەی نزیكەی ساڵێكە عێراقی گرتووەتەوە. بەپێی راپۆرتی میدیایەكی ئەمریكیش عێراق نزیك دەبێتەوە لەلێواری شەڕێكی ناوخۆیی شیعەكان، گۆڤاری «فۆرین پۆلسی» ئەمریكی پێی وایە، ململانێی ئەمدواییەی عێراق دەربارەی هەژموونی ئێرانە لەعێراق و ركابەری توندی نێوان ئێران و موقتەدا سەدر ئایندەی عێراق دیاری دەكات. ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە رووداوە توندوتیژییەكانی ئەمدواییە خراپترین ململانێی شیعیی نێوخۆییە لەعێراق لەماوەی چەند ساڵێكدا، چونكە زۆرینەی شیعە لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003 بەشێوەیەكی گەورە یەكدەنگ بوون.  هاوكات بزووتنەوەی (نازل ئاخوز حەقی)، كە خۆی بەهەڵقوڵاوی خۆپێشاندانەكانی تشرینی ساڵی 2019 دژی حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق ناودەبات، رایگەیاند، لەمانگی داهاتووەوە خۆپێشاندانی ناڕەزایەتیی تشرینییەكان دژی سیاسەتمەدارانی عێراق دەستپێدەكەنەوەو وابڕیارە لە 01-10-2022ـەوە خۆپێشاندانی لایەنگرانی خۆپێشاندانەكانی تشرینی ساڵی 2019 لەعێراق دەستپێبكەنەوە؛ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی لایەنە سیاسییەكان و دۆخی سیاسیی .  لەئاستی حزبە كوردستانییەكانیشدا هەرچەندە پارتی دیموكراتی كوردستان لەپێشووتردا لەبەرەی سەدرییەكان بوو، بەڵام بەپێی زانیارییە میدیاییەكان وەفدێكی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییان كردووەو جۆرە نیمچە رێككەوتنێكیان ئەنجامداوە بەجۆرێك كە پارتی دەنگ بەكاندیدی محەمەد شیاع سوودانی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بدات لەبەرامبەر ئەوەی سودانی بەڵێنی ئەوەی داوە كێشەی نەوت و غاز لەگەڵ هەرێم چارەسەربكات. رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە: كە  گۆڕانكاری جەوهەری لەدانوستانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا رویداوەو تاڕادەیەك یەكلابووەتەوە ئەو دوو حزبە بەدوو كاندیدەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ناچنە بەردەم پەرلەمانی عێراق، پارتی‌و یەكێتی رێككەوتوون لەسەر زیندوكردنەوەی بەرەی یەكگرتووی كورد هاوشێوەی پێشتر، ئەم بەرە دووقۆڵییە سەرەتا لەسەر هاوكێشەی سیاسی نوێی هەرێمی كوردستان دانوستان دەكات نەك لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ئاماژەشی بۆ ئەوەشكردووە: دانوستانی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەقۆناغێكی پێشكەوتوودایە‌و هەردوو حزبەكە گەیشتوونەتە فۆرمۆلەیەكی نوێ، ئەوەش بەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بكرێت بەیەكێك لەدەرچەكانی یەكلاكردنەوە نەك پێشەكی دانوستانەكان.

هەژار ئەنوەر بەسەدان هاووڵاتی لەهەرێمی كوردستان بەمامەڵەكردن بەدراوی ئەلكترۆنی بەتایبەتی (بیتكۆین و كریپتۆ) زیانمەندبوون، دراوی ئەلكترۆنی نزیكەی (11) هەزار جۆری هەیە، حكومەتی هەرێم قەدەغەی كردووە، بەڵام هەر مامەڵەی پێوەدەكرێت، شارەزایانی ئابووری ئەم جۆرە دراوە بەمەترسی گەورە دەزانن لەسەر تاك بە گشتی و رێگەیەكی ئاسانە بۆ بردنە دەرەوەی پارە لەهەرێمی كوردستان، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانیش دەڵێت: مامەڵەكردن بەدراوی ئەلیكترۆنی لەڕووی شەرعەوە بەهیچ جۆرێك ڕێگەپێدراو نییە، هاوڵاتی ئەو كەسانەی دوواندوە كەمامەڵە بەم دراوەوە دەكەن و زیانمەند بوون. لەساڵی 2009 لەلایەن هاووڵاتیەكی چینی بەناوی (ساتووشی) سایتێكی دراوی ئەلیكترۆنی دامەزرا كە دیارترینیان بیتكۆین و كریپتۆیە، ئێستا مامەڵەكردن بەم دراوە لەهەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت، بەڵام ئەم مامەڵەكردنە مەترسی لەسەر ئابووری تاك دروستكردووە. بانكی ناوەندی عێراقی بڕیاری قەدەغەكردنی مامەڵەكردنی بەم دراوە دەركردووەو لەهەرێمی كوردستانیش لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن راسپێردراوە قەدەغە بكرێت و بڕیارەكەش چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە بەسەدان هاووڵاتی تووشی زیانی ماددی زۆر بوون. نەجات فارس كە هاووڵاتیەكی شاری هەولێرە باسی سەرەتای مامەڵەكردنی بەدراوی ئەلیكترۆنی بۆ هاوڵاتی دەكات و دەڵێت: "سەرەتای بەشداریكردنم لەبازاڕی كریپتۆ دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ پێش ئێستا، لەڕێگەی چەند هاوڕێیەكی نزیكی خۆمەوە هاتمە ناو ئەم بازاڕەو دەستمكرد بەكڕینی دراوی ئەلیكترۆنی، كە هیچ شارەزایم لەسەری نەبوو، تەنها ئەوەم دەزانی هاوڕێكانم بەبڕە پارەیەكی كەم دراویان كڕیبوو قازانجێكی باشیان كردبوو، منیش بەو شیوەیە هاتمە نێو ئەم بازاڕە، بەو مەبەستەی بتوانم قازاجێكی باش بكەم". وتیشی:" تاكو ئێستا زیاتر لە (40) هەزار دۆلارم خۆستووەتە نێو ئەم مامەڵەیە بەشێوەكی رێژەیی هەر جارەو بەبڕێك  بەشداریم كردووە، و  زۆرێك لەنزیكەكانی خۆم لەڕێگەی منەوە هاتوونەتە نێو ئەم  بازاڕە كە هەریەكەیان بەزیاتر لە  (100) هەزار دۆلار هاتوونەتە ناو ئەم بازاڕەوە. "ئەگەر شارەزاییت هەبێ دەتوانی قازانج بكەی، بۆ نموونە دراوێك دەكڕی  لە (500) دۆلار (50) دۆلارت خێربێ، بەكاتێكی كەم، ئەمە وادەكات تەماح بتگرێت و پارەیەكی زیاتر بخەیتە نێو مامەڵەكە بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بەدەست بێنی، ئینجا ناشزانی لەكوێ بەرز دەبێتەوە یان دادەبەزێت، بۆیە لەناكاو دابەزینێكی زۆر خێرا دێت و  تووشی زیانێكی زۆر دەبی، من تائێستا (3) هەزارو (700) دۆلار زیانم كردووە، چونكە شارەزاییم لەم بازاڕەدا نەبووە، ئیشكردن لەم بازاڕە زانستە ئەگەر شارەزاییت لەو زانستە نەبێت كاری تێدانەكەی باشترە، خەڵكانێك هەیە قەرزی بۆ دەكات یاخود ئۆتۆمبێلەكەی دەفرۆشت لەپێناو بەدەستهێنانی قازانجێك، لەكاتێكدا شارەزایشی نیەو تووشی زەرەری زۆر دەبێت، زۆرجارێش كێشەی كۆمەڵایەتی لێ دروستبووە، تا حاڵەتی  جیابوونەوەش روویداوە لەنێو هاوسەرەكاندا"، نەجات فارس وای وت. شارەزایانی ئابووری ئەم جۆرە دراوە بەمەترسی گەورە دەزانن لەسەر تاك بۆ گشتی، چونكە رێگەیەكی ئاسانە بۆ بردنە دەرەوەی پارە لەهەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە، بەجۆرێك كاریگەی لەسەر ئابووری دروستدەكات. بەپێچەوانەی ئەو هاووڵاتیانەی زیانمەند بوون، رێباز حەسەن شارەزای دراوی ئەلیكترۆنی، بۆ هاوڵاتی دواو و دەڵێت: "ئەم مامەڵەیە جیهانییەو تایبەت نییە بەوڵاتێك و تائێستاش هیچ وڵاتێك نەیتوانیوە رێگری لێبكات و لەهەرێمی كوردستان ئەو مامەڵەیە دەكرێت و رێگریكردن لێی ئەستەمە". وتیشی: "هۆكاری زیانی ماددی نەشارەزاییەو دەبێ دراوی ئەلكترۆنی و ئەو كۆمپانیایانەی كار بەدراوی ئەلیكترۆنی دەكەن جیاكەینەوە، ئەوانەی زەرەریان زۆر كردووە پارەكانیان داوەتە ئەو كۆمپانیایانە، بۆیە زەرەرمەند بوونە، ئەوەی تر مامەڵەكە لە دەستە خۆتە، كڕین و فرۆشتن دەكەی". ئەو شارەزاییەی دراوی ئەلیكترۆنی ئاشكرایدەكات:"تائێستا هیچ شوێنێكی فەرمی نییە لەهەرێمی كوردستان بۆ ئەم كارە ئەوەی هەیە بەئۆنلاین ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت". لای خۆشیەوە ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ نەوزاد هەمەوەندی بە هاوڵاتی راگەیاند:" مەترسیەكانی دراوی ئەلیكترۆنی باڵی بەسەر جیهان و عێراق و هەرێمی كوردستانیش كێشاوە، ئەم دراوە گریمانەییانە ئیفلاسی هێناوەو هیچ پاڵپشتیەكی یاسایی و نێودەوڵەتی نییە، مەترسیەكەی بەجۆرێكە ئێستا نزیكەی (11) هەزار جۆری هەیە". "هیچ نێوەندگیرییەك نییە بۆ نموونە وەك بانك، راستەوخۆ كڕیار مامەڵەكە دەكات، جگە لەمانەش كارە تیرۆریستیەكانیش لەڕێگەی دراوی ئەلیكترۆنی دەكرێن چونكە لەكاتی حەواڵەكردن و ئاڵوگۆڕكردن هیچ جۆرە دەموچاوێك و ناونیشانێك دیارنییە، بەمەش ئاسانكاری دەكرێت بۆ كاری نایاسایی، لەماوەی چەند مانگی رابردوو دراوێك بەناوی لونە چەندین ملیۆن دۆلاری خەڵكی بردوو سایتەكەش داخرا بەم هۆیەوەش خەڵكێكی زۆر مایەپووچ بوون، دراوی پای یارییەكی مەترسیدارەو پێویستە هاووڵاتیان زۆر بەوردی ئاگاداربن، لەبەرئەوەی سوودمەندبوون ئاسان نییە، رەنگە بۆ هەندێ كەس وابێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی قازانجكردنی زەحمەتە"، نەوزاد هەمەوەندی وای وت. محەمەد شوانی یەكێكی ترە لەكڕیارو فرۆشیاری دراوی ئەلیكترۆنی، ئەو دەڵێت:"لەرێگەی هاوڕێیەكمەوە زانیارییە سەرەتاییەكانم وەرگرت و بەشداری ئەم مامەڵەیەم كردو حەزم كرد زوو دەوڵەمەندبم، تاوەكو ئێستاش نزیكەی (10) هەزار دۆلارم زەرەر كردووە، لەم مامەڵەیە 90%ی قازانج ناكەیت". عەبدوڵا وەیسی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی لە كوردستان بە هاوڵاتی ڕاگەیاند:" لێژنەی باڵای فەتوا لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 2020 و 2021، دوو فەتوای دەركردووە لەسەر مامەڵەكردن بەدراوی ئەلیكترۆنی، كە لەڕووی شەرعەوە بەهیچ جۆرێك ڕێگەپێدراونییە، لەبەر ئەوەی هیچ پاڵپشتی یاسایی و داراییان نییە بۆیە ناكرێ وەك دراویش مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت". وتیی:" ئەنجومەنی باڵای فەتوا بڕیاریداوە كە مامەڵەكردن بەدراوی ئەلیكترۆنی دەچێتە چوارچێوەی بەهەدەردانی ماڵی خۆت بە ناحەق، چونكە پاراستنی سەروەت و ماڵ لەئاینی ئیسلامدا بەهایەك و رێزێكی زۆر گەورەی هەیە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانیش دەكەین خۆیان بەدووربگرن لەم جۆرە مامەڵەكردنانە". هاووڵاتیەكی دیكە بەناوی یاسر محەمەد باسلەوە دەكات كە بەشداریكردنی  لە دراوی ئەلیكترۆنی بۆ هاورێكانی دەگەڕێتەوە، كە بۆیان باسكردووە، قازانجی زۆرە، كە ئەگەر بەبڕی چەند سەد دۆڵارێك بكرێت، دواتر دەبێتە سێ هێندەو پارەیەكی باشی دەستدەكەوێت. یاسر محەمەد وتیشی:  هەركاتێك نرخەكەی دادەبەزی پارەی كاشم تێدەكرد بەو نیەتەی كەڕۆژێك هەر بەرز دەبێتەوەو قازانجی لێدەكەم، نزیكەی (20) هەزار دۆلارم تێكردووە، ئێستا نەك قازانجم نەكردووە بەڵكو رۆژ بەڕۆژ چاوەڕێ دەكەم نرخەكەی بەرزبێتەوەو ئەو پارەیەی خستوومەتە نێو ئەم مامەڵەیە بێتەوە دەستم، ئینجا  ناتوانین سكاڵا لەهیچ كەسێك بكەین، چونكە نازانین ئەم پارەیە دەچێتە گیرفانی كێ". بیتكۆین دراوێكی ئەلیكترۆنەو ژمارەیان (12) ملیۆن بیتكۆینە، لەسەر سیستەمی بلۆك چەین كار دەكات و لە ساڵی 2009 دروستكراوە، هەر بیتكۆینێك دابەش دەبێت بۆ (100) ملیۆن ساتۆش، ساتۆشیش ناوی داهێنەری بیتكۆینە.

عەمار عەزیز سەرباری هەموو گرفتەكانی تر، پەروەردەو خوێندن لەشەنگال ئەمساڵیش بەكۆمەڵێك كێشەوە پێدەنێتە ساڵێكی تری خوێندن، لەگەڵ ئەوەشدا خوێندنی كوردی پڕكێشەترین سێكتەرە لەو قەزایە، كەمی بینای خوێندنگاو كەمی و نەبوونی مامۆستاو  كتێبی پرۆگرامی خوێندن گرفتی زۆریان بۆ دروستكردووە، بەدوو بۆ سێ‌ خوێندكار یەك كتێبیان هەیەو چەندین جاریش حكومەتی هەرێم بەڵێنی چارەسەری پێداون بەڵام چارەسەری نەكردووە، لەسەدا 90ی مامۆستاكانیشی وانەبێژن. كەمال حەسەن بەڕێوەبەری ئامادەیی سەركەوتن لەناوەندی قەزای شەنگال كە سەر بەبەشی كوردی پەروەردەی شەنگالە بە هاوڵاتی راگەیاند: «سێ كێشەی سەرەكیمان هەیە، یەكەم بینای خوێندنگاكان لەسنوری قەزای شەنگال سەرووی 80% هی پەروەردەی عەرەبییە، ئەو بینایانەی ئێستا ئێمە دەوامی تێدادەكەین هی پەروەردەی عەرەبییەو ئێمە میوانین، لەدوای ساڵی 2012 حكومەتی هەرێم دەستیكرد بەدروستكردنی ژمارەیەك خوێندنگا بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و ئەو بارودۆخەی ئێستا لەقەزاكە هەیە تەواونەكران». كێشەی دووەم؛ لەكاتی خۆیدا كتێبەكانی پرۆگرامی خوێندن رەوانەی شەنگال ناكرێن، ئێستا هەر دوو بۆ سێ خوێندنكار یەك كتێبیان  هەیەو  بەرپرسانی پەروەردەی  حكومەتی هەرێمیش بەڵێنیانداوە ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكەن بەڵام تائێستا هیچ دیارنیە». « كێشەی سێیەم؛ كەمی مامۆستای میلاكە، لەئامادەیی سەركەوتن 250 خوێندنكار دەوامدەكەن بۆ ئەمساڵ تەنها من و دوو مامۆستای تر هەمیشەیین، ئەوانەی تر هەموو مامۆستای وانەبێژە كەژمارەیان 14 مامۆستایە، 80%ی مامۆستایانی ناوەندی شەنگال و دەوروبەری وانەبێژن، لەهەر 100 خوێندنكارێک سێ بۆ چوار خوێندنكار بەهۆی هەژاری و هۆكاری تر واز لەخوێندن دەهێنن، ساڵی رابردوو لەئامادەیی ئێمە شەش بۆ حەوت خوێندكار وازیان لەخوێندن هێنا، ئەم رێژەیە لەهەموو خوێندنگایەك هەیە لەوانەیە لەهەندێك شوێن زیاتریش بێت «، مامۆستا حەسەن وای وت. ئاوارەیی هەڕەشە لەخوێندن دەكات قاسم قەوال، هاووڵاتییەكی دانیشتوی كەمپی سەردەشتە لەچیای شەنگال، خاوەنی  سێ كچ و شەش كوڕە، دوو منداڵی وازیان لەخوێندن هێناوە ئەوەش بەهۆی هەژاری و دۆخی سەختی ژیانی ئاوارەیی، ئەو بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» هیچ منداڵێكم ناچێتە خوێندنگا، منداڵێكم لەپۆلی سێی بنەڕەتی و یەكێكی تر لەپۆلی شەشی بنەڕەتی وازیان لەخوێندن هێناو ئەوانەی تریش هەر لەسەرەتاوە نەیانخوێندووە، پارەم نیە پێداویستی خوێندنیان بۆ دابینبكەم». «هیچ مووچەیەكەم نیە لەگەڵ كوڕەكانم ئیشی كرێكاری رۆژانە دەكەین، ئەو پارەیەی دەستماندەكەوێت تەنها بەشی خەرجی رۆژانەی خێزانەكەم دەكات، حكومەت و رێكخراوەكان هاوكاریمان ناكەن و پێداویستی خوێندن بۆ خوێندكاران دابین ناكەن، هەموو شت لەسەر حسابی ئێمەیە، ئەوەش بەمن ناكرێت، پێم ناخۆشە كەمنداڵەكانم وازیان لەخوێندن هێناوە، بەڵام ناچاری هەموو شتێك بەمرۆڤ دەكات، دەیان كەسی تر وازیان لەخوێندن هێناوە.«قاسم قەوال وای وت. خێرخوازان لەجیاتی حكومەت بەدەستپێشخەری نادیە مورادو بەهاوكاری لەگەڵ ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدان 27 خوێندنگا نۆژەنكراونەتەوەو پێداویشیتیان بۆ دابینكراوە. سەڵاح حەسەن بەڕێوەبەری بەشی لۆجستی لەپرۆژەی دەستپێشخەری نادیە موراد لەشەنگال بە هاوڵاتی راگەیاند:» لە 2019ەوە كۆمەڵێك پرۆژەمان لە سنوری قەزای شەنگال جێبەجێكردووە، لەوانە هەشت خوێندنگامان دروستكردووەو 27 خوێندنگاشمان نۆژەنكردووەتەوە، لەگەڵ دابینكردنی تەواوی پێداویستیەكانی خوێندنیان، وەكو رەحلە، وایت بۆرد، ئامێری كۆپیكردن و مێزو كورسی، هەروەها پێداویستی ترمان بۆ 52 خوێندنگای تر دابینكردووە.» وتیشی: « باخچەی منداڵانمان لەشەنگال نۆژەنكردووەتەوە، لەئێستادا سێ خوێندنگای تر كەبریتین لە(حەردان، مەحمودیە، رسكا) دەستمان بەنۆژەنكردنەوەیان كردووە».   10%ی خوێندكاران وازدەهێنن حەسەن ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی شەنگال بەشی عەرەبی بەهاوڵاتی وت:» بۆ ئەمساڵ نزیكەی هەزار خوێندنگامان هەیە، ژمارەی مامۆستایانی هەمیشەیی سەرووی 700 مامۆستان و مامۆستایانی گرێبەستیش 315 مامۆستایە، كۆی گشتی سەرووی هەزار مامۆستامان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا 250 وانەبێژی خوبەخشمان هەیەو لە 2019 تاوەكو ئێستا بەردەوامن، بەڵام بۆ ئەمساڵی خوێندن پەروەردەی نەینەوا هێشتا رەزامەندییان دەرنەبڕیوە ئەو 250 وانەبێژە دەوام بكەن ئەگەر ئەوان دەوام نەكەن رووبەڕووی كێشەیەكی زۆر گەورە دەبینەوە، نزیكەی 10 خوێندنگامان هەیە كەتەنها بەڕێوەبەری خوێندنگاكە لەگەڵ یەك تا دوو مامۆستا هەمیشەیین، ئەوانەی تر هەموویان وانەبێژی خوبەخشن». « لەسەدا 90ی خوێندنگاكانی شەنگال و دەوروبەری نۆژەنكراونەتەوە، كێشەی سەرەكیمان ئەوەیە بەشێك لەمامۆستاكانمان لەسەر پەروەردەی شەنگال دامەزراون ماڵیان لەدهۆكەو ئێستا داوای گواستنەوە دەكەن و  ئێمەش نازانین چی بكەین رێگایان پێبدەین خوێندنگاكانمان تووشی كەمی مامۆستا دەبن،»حەسەن ساڵح وای وت.  بەڕێوەبەری پەروەردەی شەنگال بەشی عەرەبی دەڵێت:»رێژەی وازهێنان لەخوێندن بەم دواییە زیادیكردووە، ئەوەش لەبەر دوو هۆكار یەكەم كۆچكردنی رێژەیەكی زۆر لەئێزدییەكان بۆ دەرەوەی وڵات و  دووبارە ئاوارەبوونیان بۆ پارێزگای دهۆك، ئەوەش بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵوزییانەی كەپێش چەند مانگێك لەنێوان یەپەشەو سوپای عێراق دروستبوو، لەهەر 100 خوێندكارێک نزیكەی 10 خوێندكار وازیان لەخوێندن هێناوە، ئەگەر كێشەكانی ئیداری و خزمەتگوزاری  چارەسەرنەكرێن رەنگە رێژەكە بەرزتر ببێتەوە». هاوكات شەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری كارگێڕی لەبەشی كوردی پەروەردەی شەنگال كە لەپارێزگای دهۆك دەوام دەكات بەهاوڵاتی  وت: «لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان ژمارەی خوێندكارانمان 16 هەزارو 534 خوێندكارن، لەشنگال و دەوروبەریشی 11 هەزارو 592 خوێندكارمان هەیە ، لەسنوری قەزای شەنگال و دەوروبەری نۆ خوێندنگای ئامادەییمان هەیە لەگەڵ 46 خوێندنگای بنەڕەتی.» لەبارەی هۆكاری وازهێنانی خوێندكاران لەخوێندن، وتی: سێ هۆكاری سەرەكی رێژەی وازهێنان لەخوێندن زیادیكردووە، كۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات، دۆخی سەختی ژیانی ئاوارەیی و هەژاری لای بەشێك لەخێزانەكان، بێزاربوونیان لەژیانی كەمپ  و بێهیوابوونیان لەگەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، بەپێی دوایین ئاماریش لەپارساڵەوە تاوەكو ئێستا لەسنوری پەروەردەی شەنگال هەزارو 945 خوێندكار وازیان لەخوێندن هێناوە «.  

هاوڵاتی سیستمی ئەلیكترۆنی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری ماوەی نزیكەی مانگێكە لەهەولێر دەستیپێكردووە، بەڵام تائێستا لەسلێمانی دەستی پێنەكردووەو سیستمەكە نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانیش دەڵێت لەئایندەیەكی نزیكدا دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سیستمەكە لەشاری هەولێر بەخاوی بەڕێوەدەچێت. سیستمی مۆڵەتی ئەلیكترۆنی سیستمێكی نێودەوڵەتییەو لەزۆرێك لەوڵاتانی جیهاندا پەیڕەو دەكرێت، پێشووتر لەسیستمی پێشوو كە لەعێراق و هەرێمی كوردستاندا كاری پێدەكرا چوار جۆر مۆڵەتی شۆفێری هەبوو، ئەوانیش  تایبەت- گشتی-بیناسازی و كشتوكاڵی- ماتۆڕسكیل، بەڵام لەم سیستمە نوێیەدا ١٣ جۆر مۆڵەت دەدرێت و ئێستا پۆلێنی مۆڵەت هەیەو هاووڵاتی دەتوانێت وەریبگرێت، بەوتەی بەرپرسانی هاتوچۆ بەپێی تەمەن و مەرجی خۆیی و سیستمێكی خێرایە ماوەی ٣٠-٣٥ خولەكی بۆ دانراوە تاسەرجەم كارەكانی تەواو بێت و مۆڵەتەكەی وەربگرێتەوە. فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:» 24ی ئابی 2022 لەهەولێر بەشێوەیەكی فەرمی دەست بەو سیستمە نوێیە كراو لەو سیستمەدا ساختەكاری نامێنێت چونكە سیستمەكە و كوالێتییەكەی پێشكەوتووەو هەمووی دەبێتە ئەلیكترۆنی و داتا سەنتەرێك دەبێت و زانیاریەكان داخڵ دەكرێت تێیدا». وتیشی: «سیستمەكە تەواو جێگیر ببێت، سیستمێكی خێرایەو لەئێستادا دەستمان بەتازەكردنەوە كردووە كە ئەوانەی مۆڵەتەكانیان بەسەرچووە بەم سیستمە نوێیە بۆیان نوێدەكرێتەوە». «ئەو سیستەمە نوێیە وا پێویست دەكات هەر هاووڵاتییەك كەدەچێت بۆ ماوەی نیو كاتژمێر داتاكانی و بەسمەی چاوو پەنجەكانی وەردەگیرێت و وا پێویست دەكات هاوشێوەی كارتی نیشتیمانی ماوەیەك لای سیستمەكە بمێنێتەوە ئینجا كارەكانی جێبەجێ دەبێت، بۆیە لەسەرەتادا كەمێك خاوترە تاكو داتاكان لەهاووڵاتی وەردەگیرێت و لەئێستاشدا لۆدێكی زۆر لەسەر بەشی مۆڵەتی كارمەندانی هاتوچۆ هەیە». فازڵ حاجی وای وت. هاوكات، بەختیار محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «ئەم سیستمە جیاوازترە لەسیستمەكەی رابردوو، ئەمجارە وێنەگرتن و پەنجەمۆرو كۆمەڵێك رێكاری تێدایە كەپێشتر لەهاتوچۆی كوردستاندا نەكراوەو زانیارییەكانی وردتر دەپارێزرێت پارێزگارییەكی باشتری زانیارییەكانی تێدایە، هەر لەشاری سلێمانی جێبەجێدەكرێت، لەئێستاشدا ئەفسەران و كارمەندانی بەشی مۆڵەت لەمەشقدان و سەرقاڵی ئەوەن چۆن ئەو سیستمە بەكاربێنن». وتیشی: «وەزارەتی ناوخۆ هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی كەپێشخستن لەسیستمی مۆڵەتەكەدا بكات و مۆڵەتەكە دەبێتە پلاستیكی و ئەو كاغەزە نامێنێت هاوشێوەی هەموو وڵاتانی دونیا، لەداهاتوودا دەردەكەوێت كە لەڕووی سەلامەتییەوە زۆرباشە. وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت: «بڕیارەكە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆیەو لەسلێمانیش هاوشێوەی هاتوچۆی هەولێرو دهۆك و سەرجەم ناوچەكانی كوردستان و لەئایندەیەكی نزیكیشدا جێبەجێدەكریت». بەپێی بڕیارە نوێیەكەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر كەسێك مۆڵەتە تایبەتییەكەی بگۆڕێت ئەوا بەگوێرەی ئەو پۆلێنە نوێیە، پۆلێنی B پێدەدرێت كە هەموو ئۆتۆمبێلە تایبەتەكان دەگرێتەوەو مەرجیشە تەمەنی كەسەكە 18 ساڵ بەسەرەوە بێت و لەڕووی تەندروستیشەوە هیچ كێشەیەكی نەبێت، ئەوانەی كەمۆڵەتەكەی پێشوویان جۆری گشتییە ئەوا جۆریB ، D1 و C1ی پێدەدرێت، كە C1 بارهەڵگرە مامناوەندو بچووكەكان و D1 پاسی بچووك تا 16 نەفەری دەگرێتەوە، ئەوانەی مۆڵەتەكانیشیان بەسەرنەچووە دەتوانن وەك خۆیان بەكاری بێنن، بەڵام لەگەڵ تازەكردنەوە دەبێت دیاریی بكرێت كە كامە جۆر ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت، ئەگەر ویستی ئۆتۆمبێلی (قاتیرەو مەقتورە) یان پاس لێبخوڕێت دەبێت ئۆتۆمبێلەكە بەناوی یەكێك لەئەندامانی خێزانەكەی بێت و  بۆ ئەمەش بیسەلمێنێت كەكار بەو ئۆتۆمبێلە دەكات. هەر بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ، لەسیستمە كۆنەكە پێویست بوو شۆفێری تاكسی مۆڵەتی گشتیی هەبوایە، بەڵام لەسیستمی نوێدا جگە لەو سێ جۆرەی سەرەوە، لەبەشی تێبینی دەنووسرێت تاكسی و جگە لەو شۆفێرانە كەسی تر ناتوانێت تاكسی لێبخوڕێت. دەربارەی نرخی مۆڵەتە نوێیەكەش بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ 55 هەزار دیناری تێدەچێت، لەكاتێكدا مۆڵەتە كۆنەكە نزیكەی 45 هەزار دیناری تێدەچوو.  

هاوڵاتی مەرگی ژینا ئەمینی ئەو كچە كوردەی كە بەسەردان چووە تاران و دوای چوار رۆژ تەرمەكەی رادەستی بنەماڵەكەی كرایەوە زۆرترین كاردانەوەی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانی لێكەوتەوە. ژینا ئەمینی كە لەناسنامەی ئێرانیدا بە مەهسا ناوی تۆماركراوە لەشاری سەقز لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكببوو تەمەنی 22 ساڵ بوو، ئەو رۆژی سێشەممەی رابردوو (13/9/2022) سەردانی تارانی كردو پۆلیسی ئەو شارەش بەتۆمەتی نەگونجاوبوونی جلوبەرگەكەی دەستگیریان كرد. برای ژینا بەمیدیاكانی ئێرانی راگەیاندووە كەپۆلیس پەلاماری ئەویشیان داوەو هێرشیان كردووەتەسەر، دوایی بەزۆر ژینایان بۆ بنكەی پۆلیسی ئەخلاق لەتاران گواستووەتەوە. دایكی ژینا دەڵێت: كچەكەی باڵاپۆش بووەو میكیاجیشی نەكردبوو، بەڵام پۆلیس دەستگیریان كرد، ژینا ئەمینی تەنها  چەند خولەكێك دوای دەستگیركردنی و گواستنەوەی بۆ بنكەی پۆلیس، داوا دەكات ئازاد بكرێت چونكە جلەكانی هیچ كێشەیەكی نییە. وەك لەتۆماری كامێراكانی پۆلیسی تاران بڵاوكراوەتە، ژینا ئەمینی دوای گفتوگۆیەكی كورت دەكەوێتە سەر زەوی  و دەبوورێتەوە، بەڵام بەپێی ئەو پشكنینی تیشكەی كەبۆی كراوە ژینا لەسەری دراوەو زەبر بەر سەری كەوتووە. باوكی ژینا بەڕۆژنامەی (شەرق)ی ئێرانی راگەیاندووە كەپۆلیس رێگەی نەداوە لەنەخۆشخانە چاوی بەكچەكەی بكەوێت و ئەوەش گومانەكانی لەسەر مەرگی ئەو كچە زیاد كردووە. بەوتەی پۆلیس، ژینا ئەمینی جەڵتەی دڵ لێی داوەو دوای رەوانەكردنی بۆ بنكەی پۆلیس زیاتر لەدوو جار بوژانەوەی دڵی بۆ كراوە، دواجار ئەو دوای چوار رۆژ مانەوەی بە بێهۆشی لەنەخۆشخانەی كەسرا لەشاری تاران گیانی لەدەستدا. مەرگی ئەو بەئاستێك كاریگەریی دەروونیی لەسەر خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دانابوو كە لەماوەی ئەو چوار رۆژە بێهۆشبوونە  وێنەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو لەمیدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرایەوە. پێش مەرگی ژینا، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆمارو باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی دەزگای داد داوای لێكۆڵینەوەی وردیان لەڕووداوەكە كرد، وەزیری ناوخۆی وڵاتەكەش بەڵێنیدا بۆ دۆزینەوەی تاوانبارو هۆكارەكانی مەرگی ژینا ئەمینی. مەرگی ژینا كاریگەریی زۆری لەسەر رای گشتی هەبووەو پۆلیسی بەشی ئەخلاقی ئێرانیش تۆمەتبار دەكرێت بەبەكارهێنانی توندوتیژیی، رێكخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ، سەبارەت بەمەرگی ژینا رایگەیاند؛ بەكارهێنانی ئەو ئاستە لەتوندوتیژییە ناپێویستەی پۆلیسی ئێران مایەی نیگەرانییەو هەر ئەوەش هۆكاری مەرگی ژینا بووە. جەیك سولیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریكاش رایگەیاند نابێت چاوپۆشیی لەمەرگی ژینا بكرێت.   ژینا دەبێتە هێما رۆژی شەممە (19/9/2022) تەرمی ژینا رەوانەی سەقز لەڕۆژهەڵاتی كوردستان كرایەوە بەئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر لەشارەكانی دیكەی رۆژهەڵاتەوە بەخاكسپێردراو بنەماڵەكەشی رایانگەیاند لەخوێنی رۆڵەكەیان خۆش نابن. سەرەڕای رێگرییەكانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی ئێران ژمارەیەكی بەرچاو لەخەڵكی شاری سەقزو شارەكانی دیكە بەكاروانی هەزاران ئۆتۆمبێل پێشوازیان لەتەرمی ژینا ئەمینی لەسەقز كرد. مەرگی ژینا ئەمینی لەتاران و چەند شارێكی رۆژهەڵاتی كوردستان ناڕەزایەتیی لێكەوتەوە باوكیشی بەمیدیاكانی ئێرانی راگەیاند: كچەكەیان قوربانیی توندتیژی پۆلیسەو لەهۆكارەكانی مەرگی كچەكەیان خۆش نابن و تەنها رۆژێك دوای بەخاكسپاردنی ژینا، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران پەیوەندیی كرد بەبنەماڵەی ئەمینیی و رایگەیاند مەرگی ژینا كاریگەریی زۆری لەسەر داناوەو بەڵێنیشی داوە هۆكارەكانی مەرگی ئاشكرا بكات. بەگشتی تا رۆژی سێشەممە 20ی ئەیلول بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژیی پۆلیسی ئێران دژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بۆ مەرگی ژینا چوار كەس گیانیان لەدەستداو 80 كەسیش برینداربوون و نزیكەی 250 كەسیش دەستگیركراون.     یاسای باڵاپۆشی بۆ یەكەمجار لە (9/8/1983) یاسای باڵاپۆشی بەناوی یاسای سزای ئیسلامی بەمەبەستی جێبەجێكردنی باڵاپۆشی  و بەكارهێنانی سەرپۆش لەشوێنە گشتییەكانی ئێراندا پەسندكراوە. دوای ئەوەی ساڵی 2019 سعودیە یاسای سەرپۆشی زۆرەملێی لەوڵاتەكەی هەڵوەشاندەوە ئێران و داعش و بۆكۆحرام و تاڵیبان یاسای باڵاپۆشییان سەپاندووە لە جیهاندا. روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی لەساڵی 1979 و دوای رووخانی سیستمی پاشایەتیی لەئێران وتارێكی سەبارەت بەباڵاپۆشیی پێشكەشكردو جەختی لەبەكارهێنانی سەرپۆش و چارشێو لەوڵاتەكەی كردەوە. ئەگەرچی تاساڵی 1983 هیچ یاسایەكی تایبەت تەنها بۆ باڵاپۆشبوونی ژنان و جلوبەرگ بەگشتی لەئێران بوونی نەبووە، بەڵام تائەو سەردەمە تەنها كار بەیاسای سزادانی ئیسلامی كراوە. پێشتر بەپێی ماددەی (102) یاسای پشتوانیی ئیسلامی مامەڵە لەگەڵ خراپیی هەڵسوكەوت و باڵاپۆشیی لەئێران كراوەو دواتر ژمارەی یاساكە بۆ (141)ی یاسای سزادانی ئیسلامی گۆڕا. بەپێی ئەو یاسایە هەر كەسێك لەئێران بەئەنقەست لەشوێنە گشتییەكاندا هەڵسوكەوتێكی پێچەوانەی ئاینی ئیسلام بنوێنێت بۆ ماوەی 10 رۆژ تا دوو مانگ سزای زیندانیی بەسەردا دەسەپێنرێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا و بەپێی ئەو یاسایە ئەگەر ژن یان كچێك بەبێ سەرپۆش باڵاپۆش لەشوێنە گشتییەكانی ناو ئێران دەركەوێت، دەستگیردەكرێت و 72 قامچیی لێدەدرێت و بۆی هەیە 10 رۆژ تا دوو مانگ  سزای زیندانیی بەسەردا بسەپێنرێت، هەرچەندە لەهەندێك حاڵەتیشدا تەنها بە رێنمایی و هۆشداریی و ئاگاداركردنەوە ئەو ژن و كچانەی كەكێشەی باڵاپۆشییان هەبێت لەسزادان دەربازیان دەبێت. بەپشتبەستن بەهەمان یاسای سزادانی ئیسلامی هیچ كارمەندێكی ژن یان كچ بۆی نییە لەدامەزراوەكانی ئێران بەبێ باڵاپۆش و تەنانەت لە هەندێك حاڵەتیشدا بەبێ چارشێو دەركەوێت و هیچ ژنێكیش بۆی نییە بەبێ سەرپۆش و باڵاپۆش سەردانی دامەزراوەكانی حكومەت لەو وڵاتەدا بكات.   ناڕەزایی دژی سەرپۆش لەڕاپرسییەكی ساڵی 2020 كە لەلایەن ناوەندی گەمان بۆ تووێژینەوە لە رایگشتی ئێران ئەنجامدراوە (72٪)ی دانیشتوانی ئێران بەژن و پیاوەوە دژی یاسای باڵاپۆشیی زۆرەملێ بوون. لەساڵی 1979 دوای ئەوەی بەرپرسان و دامەزرێنەرانی ئەوكاتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەلێدوان و وتارەكانیاندا جەختیان لەباڵاپۆشیی و بەكارهێنانی سەرپۆش بۆ ژنان و كچانی وڵاتەكە كردەوە بۆ یەكەمجار لەو ساڵەدا خۆپیشاندانێكی سەرتاسەریی لەدژی  بالاپۆشیی بەزۆرەملێ ئەنجام درا. تائێستا دەیان گردبوونەوەو ناڕەزایەتیی لەدژی یاسای باڵاپۆشیی بەزۆر لەئێران بەڕێوەچووەو تێیدا ژمارەیەكی بەرچاو لەژنان و كچان دەستگیركراون و تەنانەت لەساڵی 2016 سێ ژنە چالاكوان كەدژی سەرپۆش چالاكییان ئەنجام دابوو بە 55 ساڵ زیندانیی سزا دران.   پۆلیسی ئەخلاق ئەركی جێبەجێكردنی ماددەی 141 یاسای سزادانی ئیسلامی بۆ باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسێكی تایبەت لەئێران جێبەجێ دەكرێت كە بەپۆلیسی ئەخلاق ناو دەهێنرێت و ئەو هێزەش كەپێكهاتوون لەپۆلیسی  ژن و پیاو لە رێگەی گەڕان لەشوێنە گشتییەكان ئەو كچ و كوڕانە دەستگیردەكەن كە بەپێی یاساكە جلوبەرگ و هەڵسوكەوتەكانیان پێچەوانەی یاساو رێساكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بێت.   سەرپۆش فڕێدان بۆ ژینا سەرچاوەكان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاویانكردووەتەوە تائێوارەی رۆژی دووشەممە (19/9/2022) بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكان لەناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردووی شارەكانی سەقزو سنە زیاتر لە 50 كەس برینداربوون و ژمارەیەكیش بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شارەكانی ئێران كراون. كاردانەوەكان بۆ مەرگی ژینا ئەمینی بەرفراوانتر بوو جگە لەخەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان هونەرمەندانی كوردو فارس و تورك لەئێران و توركیا چالاكیی تایبەت بۆ مەرگی ئەو كچە كوردە ئەنجامدەدەن، لەو چوارچێوەیەدا كەتایون ریاحی؛ ئەكتەری فیلمی یوزارسیف كە رۆڵی زوڵەیخای دەگێڕا بە بەشداریی لەبەرنامەیەكی راستەوخۆی تەلەفیزیۆنی لەشاری تارانەوە رایگەیاند وەك ناڕەزایەتییەك بۆ مەرگی ژیناو ئەو باڵاپۆشییە زۆرەملێیەی كەهەیە چیتر سەرپۆش ناكات و ئەو باڵاپۆشیی بەناچارییە، هاوشێوەی درۆیە، بۆیە چیتر سەرپۆش بەكارناهێنێت. لەلایەكی دیكەوە هونەرمەندو گورانیبێژی بەناوبانگی فارس، گوگوش پێش دەستپێكردنی كۆنسێرتەكەی لەشاری فرانكفۆرد لەئەڵمانیا، رایگەیاند؛ مەرگی ژینا كاریگەریی زۆری لەسەر ئەو هەبووە بەڵام ناچارە كۆنسێرتەكەی پێشكەش بكات، بۆیە ئەو كۆنسێرتە پێشكەش بەژیناو بنەماڵەكەی دەكات. جگە لەمانە بەشێك لەچالاكوانانی ژنان لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و زۆربەی وڵاتانی جیهان بەبڕینی پرچیان هاوخەمی و ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن.

شەنای فاتح كۆمەڵێك چالاكوان و هاووڵاتیانی گەرمیان لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان لەشاری سلێمانی كەمپینێكیان راگەیاندووە بەناوی كەمپەینی فشار بۆ تەواوكردنی رێگەی (كەلار- سلێمانی)، ئەوان لەگەرمیانەوە بەپێ هاتوون بۆ سلێمانی و داوا دەكەن ئەو رێگایەی كە بەرێگای مەرگ ناسراوە بەزوویی  تەواوبكرێت و چیتر حكومەتی هەرێم  بێباك نەبێت بەرامبەر روحی  گەرمیانیەكان، بەپێی ئامارێك تەنها لەماوەی ئەو نۆ ساڵەدا لەو رێگەیە ٧٥٠ كەس گیانیان لەدەستداوەو چوار هەزارو ٥٠٠ كەسیش بریندارو كەمئەندام بوون. رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢ كۆمەڵێك چالاكوان و هاووڵاتی ناوچەی گەرمیان بەپیادە بەڕێكەوتوون بۆ سلێمانی، وەك خۆیان دەڵێن رێگەكەیان بەدوو رۆژو شەوێك بڕیوە، بەمەبەستی فشارخستنەسەر لایەنی پەیوەندیدار بۆ دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ تەواوكردنی جووت سایدی (كەلار-سلێمانی) و چالاكوانێكیش دەڵێت: ئەگەر بەدەم داواكارییەكانمانەوە نەیەن هەڵوێستی دیكەمان دەبێت. رەئوف قادر تەمەن ٢٨ ساڵ، یەكێكە لەو چەند چالاكوانەی گەرمیان كە كەمپەینی فشاریان بۆ تەواوكردنی رێگەی كەلار- سلێمانی راگەیاندووە لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد:» لە ١٣ی ئەیلولەوە لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمان لەشاری سلێمانین و سەرەتا ژمارەمان ١٤ كەس دەبوو و ئامانجمان تەواوكردنی رێگەی كەلار-سلێمانییە كە بەڕێگەی مەرگ ناسراوەو «بگرە لەڕێگەی مەرگیش خراپترە». وتیشی: «داواكارییەكانمان بڵاوكردووەتەوەو گەیاندوومانەتە هەموو لایەك و بەرداوام دەبین تا ئەوكاتەی وەڵامێكمان دەدرێتەوەو بڕیارێكی یەكلایكەرەوە دەدرێت و وەزیری ئاوەدانكردنەوەش هاتە ئێرەو بەڵێنی پێداین لەئەنجومەنی وەزیران كاربكات لەسەر داواكارییەكانمان و تارۆژی چوارشەممە 21ی ئەیلول مۆڵەتمان داوەو لەئەگەری بەدەمەوەنەهاتنی داواكارییەكانمان چالاكییەكان زیاتر دەكەین». رێگەی كەلار- سلێمانی رێگەیەكی سەرەكی هاتوچۆی نێوان شاری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانەو پڕۆژەی جووت سایدو چاككردنی رێگاكە نزیكەی 10 ساڵە خراوەتە بواری جیبەجێكردنەوەو بودجەی ئەو پڕۆژەیەش ١٣٧ ملیار دینارە، بەڵام تائێستا سێجار راگیراوەو دوو جاری بەهۆی دابیننەكردنی بودجەوەو جارێكیش بەهۆی كۆرۆناوە،  لەماوەی نۆ ساڵدا لەو رێگەیەدا ٧٥٠ كەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و ٥٠٠ كەسیش بریندارو كەمئەندام بوون. هاوكات، مژدە مەحموود پەرلەمانتاری كوردستان لەفراكسیۆنی نەوەی نوێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «ئێمە وەك فراكسیۆنی نەوەی نوێ پشتیوانی ئەو گەنجە بەڕێزانە دەكەین كە ئەركیان كێشاوە لەگەرمیانەوە هاتوونەتە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان لەسلێمانی و مانگرتنیان راگەیاندووە، ئێمە داوادەكەین سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئەو بابەتە بخاتە بەرنامەی كارەوەو ئەنجومەنی وەزیرانیش ناچاربكرێت كەهەرچی زووە ئەو رێگایە چاكبكرێت». ئیدارەی گەرمیان یەكێكە لەئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان و دەكەوێتە بەشی باشووری هەرێمی كوردستان و یەكێك لەدەروازە سنوورییە نێودەوڵەتیەكانی هەرێم لەخۆدەگرێت كەدەروازەی (پەروێزخانە)و  لەسێ قەزاو 11 ناحیە پێكهاتووە، شاری كەلار ناوەندی كارگێڕییەتی و ئێستا ژمارەی دانیشتوانی ئیدارەی گەرمیان نزیكەی ٥00 هەزار كەس دەبێت.

سه‌ركۆ جه‌مال ململانێكی یه‌كێتی و گۆڕان له‌سه‌ر دانانی به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگایه‌ك له‌ سنوری بازیان له‌ پارێزگای سلێمانی، كردنه‌وه‌ی خوێندنگاكه‌ به‌ رووی خوێندنكاران و قوتابیاندا دواده‌خات، خوێندكارانیش له‌ خوێندنگایه‌كی تردا ده‌وام ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش فشارێكی زۆری له‌سه‌ر ئه‌و خوێندنگایه‌ دروستكردووه‌و وایكردووه‌ نزیكه‌ی 70 خوێندكار له‌ پۆلێكدا ده‌وام بكه‌ن، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ رێككه‌وتنیان هه‌یه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تی خۆجێیه‌تی له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین. له‌ سنوری بازیانی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی بینای خوێندنگایه‌ك دروستكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كه‌می بینای خوێندنگا بكرێت و فشار له‌سه‌ر خوێندنگای ره‌وا كه‌مبكرێته‌وه‌، به‌ڵام ململانێی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر دانانی به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگاكه‌ رێگربوه‌ له‌وه‌ی خوێندنگاكه‌ بكرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوای سلێمانی ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ململانێی حزبی هۆكاری دواكه‌وتنی كردنه‌وه‌ی خوێندنگاكه‌ بێت، به‌ڵام هێشتا خوێندنگاكه‌ به‌رووی قوتابیان و خوێندكاراندا نه‌كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بڕیاره‌ دوو ده‌وامی تێبكرێت یه‌كێكیان بنه‌ڕه‌تی و ئه‌وی ترییان ئاماده‌ییه‌. به‌ناز ڕه‌مه‌زان، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوای سلێمانی به‌هاوڵاتی راگه‌یاند:»ئه‌و قسه‌یه‌ راست نییه‌ كه‌ به‌هۆی ململانێی حزبی كردنه‌وه‌ی خوێندنگاكه‌ دواكه‌وتنبێت، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربوونیان بۆ ده‌رچووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی خوێندنگه‌كه‌ تازه‌یه‌ كاتی ده‌وێت تا خوێندن تێیدا ده‌ستپێبكاته‌وه‌، دوو كێشه‌مان هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان هه‌ندێك ورده‌كاری ناو خوێندنگاكه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ چاوه‌ڕێی قرتاسیه‌ و وایت بۆرد و هه‌ندێك شت بووین تا خوێندن تێیدا ده‌ستپێبكاته‌وه‌». وتیشی:»به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماده‌ییه‌كه‌ ده‌مێكه‌ ده‌ستبه‌كاربووه‌، به‌ڵام بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ فه‌رمانی بۆ ده‌رچووه‌». به‌ڵام مامۆستا سۆران ره‌سوڵ به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی ڕه‌وا له‌قه‌زای بازیانی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی له‌لێدوانێكدا به‌هاوڵاتی وت:»قایمقامی بازیان گۆڕانه‌، وای به‌ شایسته‌ زانیوه‌ مامۆستایه‌ك كه‌ گۆڕان بێت بكرێته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگاكه‌، دواتر یه‌كێتی ناڕه‌زایی پیشاندا گوایه‌ خه‌ڵك ناڕازین، دۆخه‌كه‌ ململانێیه‌كی سیاسی بۆ دروستبوو، دواتر مامۆستایه‌ك كه‌وته‌ نێوه‌ندگیری و به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی دوو قۆناغی تێدایه‌ و یه‌كێكیان ئاماده‌یی و یه‌كێكیان بنه‌ڕه‌تییه‌ ، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماده‌ییه‌كه‌ بدرێت به‌ یه‌كێتی و به‌ڕێوه‌به‌ری بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ش بدرێت به‌ گۆڕان، ئێستا هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌ر فه‌رمانیان بۆ ده‌رچووه‌ به‌ڵام تا ئه‌م كاته‌ی قسه‌ ده‌كه‌م هیچ خوێندكارێك ده‌وامی تێدا نه‌كردووه‌».  وتیشی: بڕیاره‌ نزیكه‌ی %48ی خوێندكاره‌كانمان بچنه‌ خوێندنگا نوێیه‌كه‌،و به‌پێی لیستی ناوه‌كان هه‌تا 70 خوێندكار له‌پۆلێكدان، و به‌و په‌ڕی به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كه‌م سه‌ره‌تای كێشه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بینایخوێندنگاكه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كارگه‌كانی بازیانه‌وه‌ دروستكراوه‌». «دواجار خوێندنگاكه‌ پێویستی به‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌ و ده‌بێت خودی په‌روه‌رده‌ ئه‌وكاره‌ بكات، به‌داخه‌وه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌سنووری بازیان له‌هه‌موو هه‌رێمی كوردستان حزب به‌رپرسی یه‌كه‌می ده‌زگاكان داده‌نێت، وه‌ك ده‌زانین له‌زۆنی سه‌وز یه‌كێتیی به‌رپرسی هه‌موو شتێك داده‌نێن و له‌ زۆنی زه‌ردیش پارتی، بینای ئه‌و خوێندنگایه‌ پێش ئه‌وه‌ی بازیان بكرێت به‌ قه‌زا دروستكراوه‌، واته‌ له‌سه‌رده‌می به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ ئه‌و كارگه‌كانی هێنایه‌ ژێر بار تا ئه‌و خوێندنگه‌یه‌ دروستبكه‌ن»، مامۆستا سۆران ره‌سوڵ وای وت. هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌قایمقامیه‌تی قه‌زای بازیان بۆ هاوڵاتی دواو ده‌ڵێت: «زیاتر له‌ 15 رۆژه‌ به‌رپرسانی كۆمیته‌ی بازیانی یه‌كێتی و مه‌كۆی گۆڕان له‌ بازیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن و سه‌رئه‌نجام له‌ رۆژی 18-9-2022 هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێكیان گۆڕان بێت و به‌ڕێوه‌به‌رێكیشیان له‌یه‌كێتی بێت». هاوڵاتی په‌یوه‌ندیكرد به‌ یه‌كێك له‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ی كه‌ بڕیاری ده‌ستبه‌كاربوونی بۆ ده‌رچووه‌، ئاماده‌نه‌بوو له‌وباره‌یه‌وه‌ لێدوان بدات، به‌ڵام پشتڕاستیكرده‌وه‌ كه‌به‌هۆی كێشه‌ی حزبییه‌وه‌ كردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌كه‌ دواكه‌وتووه‌. له‌ یه‌كی ئه‌م مانگه‌وه‌ به‌پێی بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، ده‌وامی فه‌رمی مامۆستایان بۆ «موباشه‌ره‌كردن» ده‌ستیپێكردووه‌، ده‌وامی خوێندكارانیش له‌ 13-9-2022 ه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

هاوڵاتی  دوای 10 رۆژ ماته‌مینی، ئه‌مڕۆ ته‌رمی شاژن ئێلیزبێزی دووه‌م له‌ له‌نده‌ن له‌ ته‌نیشت گۆڕی شازاده‌ فیلیپی هاوژینییه‌وه‌ به‌خاكده‌سپێردرێت. رۆژێكی مێژوویی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌، له‌ گه‌وره‌ترین بۆنه‌ی دیپلۆماسی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا پرسه‌ی شاژنه‌ ئیلیزابێس له‌ وێستمینسته‌ر ئابی له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌ده‌چێت،پاشان  بڕیاره‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كاتژمێر ٧:٣٠ خوله‌ك، له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌ت كه‌ ته‌نها ئه‌ندامانی خێزانی شاهانه‌ی تێدا ئاماده‌ ده‌بن له‌ ویندسۆر له‌په‌رستگای پاشا جۆرجی شه‌شه‌م ته‌رمی شاژن له‌گه‌ڵ شازاده‌ فیلیپی هاوسه‌ری به‌خاكده‌سپێردرێت.  قه‌ڵای ویندسۆرهه‌مان شوێنێكه‌ دایك و باوك و خوشكه‌كه‌ی شاژنی تێدا به‌خاكسپێردراون . بۆ له‌ وێستمینسته‌ر ئابی ؟ مه‌راسیمی پرسه‌ی شاژنه‌ ئێلیزابێس له‌ كاتژمێر ١١ به‌یانیه‌وه‌ له‌ وێستمینسته‌ر ئابی له‌نده‌ن ده‌ستپێكردووه‌، هه‌مان ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ ٧٥ ساڵ پێش ئێستا شاژن تیایدا هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ شازاده‌ فیلیپ كردوه‌، هه‌ر هه‌مان شوێنیشه‌ كه‌ شاژن تیایدا مه‌راسیمی تاج له‌سه‌ردانانی بۆ كراوه‌. پرسه‌ی سه‌ده‌ ئه‌م پرسه‌یه‌ به‌ گه‌وره‌ترین بۆنه‌ی دیپلۆماسی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ داده‌نرێت، به‌و پێیه‌ی زیاتر له‌ دوو هه‌زار سه‌رۆك و كه‌سایه‌تی جیهانی له‌هۆڵی وێستمنسته‌ر ئابی بانگهێشتی رێوڕه‌سمه‌كه‌ كراون. سه‌رۆكی هه‌رێم به‌شداره‌  نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێكه‌ له‌و سه‌رۆكانه‌ی جیهان كه‌ له‌لایه‌ن شا چارلسی سێیه‌م، شای به‌ریتانیاوه‌ بۆ ئه‌و مه‌راسیمه‌ بانگهێشتكراوه‌، هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له‌ جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، جه‌ستن ترودۆ، سه‌رۆكوه‌زیرانی كه‌نه‌دا، ناروهیتۆ، ئیمپراتۆری ژاپۆن، ته‌میم بن حه‌مه‌د ئالسانی، میری قه‌ته‌ر، محه‌ممه‌د بن راشد ئالمه‌كتووم، جێگری سه‌رۆك و سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیمارات، شاژن مارگارێت، شاژنی دانیمارك، رانك واڵته‌ر شتاینمایه‌ر، سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا، شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م، شای ئوردن، پاشا هارالد، پاشای نه‌رویج و چه‌ندین سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی دیكه‌ به‌شداری رێوڕه‌سمه‌كه‌ ده‌كه‌ن. شه‌ش وڵات بانگهێشت نه‌كراون ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا، زۆرینه‌ی وڵاتانی جیهان بانگهێشت كراون بۆ شداریی له‌و مه‌راسیمه‌، به‌ڵام شه‌ش وڵات به‌فه‌ڕمی بانگهێشت نه‌كراون، كه‌ بریتین له‌ سوریا، ڤێنزوێلا، ئه‌فغانستان، ڕووسیا، بێلاروس، مینمارن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كۆریای باكوور و نیكاراگوا و ئێران ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی باڵیۆز بانگهێشت كراون.  

هاوڵاتی/  ده‌زگای میدیاو زانیاری مێژووی مین له‌هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی شه‌سته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، سه‌رده‌می دژایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆر به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستان و شۆڕشه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی كورد. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كرد كه‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق هه‌موو خاكی هه‌رێمی كوردستانیان پڕ بكه‌ن له‌ گۆڕی شه‌هیدانی كوردستان و مین و پاشماوه‌ی جه‌نگی بۆ ڕێگریكردن له‌ جوڵه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان. هه‌روه‌ها شه‌ڕی ٨ ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران دووباره‌ هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ردوو حكومه‌ت خاكی هه‌رێمی كوردستان مینڕێژ بكه‌ن و دوای ئه‌وه‌ش قۆناغی سێیه‌می مینڕێژكردنی خاكی كوردستان دێت ئه‌ویش به‌ ده‌ستی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش كه‌ به‌شێكی زۆری خاكی هه‌رێمی كوردستانی مینڕێژ كرد. ڕووبه‌ری خاكی مینڕێژكراو له‌هه‌رێمی كوردستان جه‌بار مسته‌فا ڕه‌سوڵ، سه‌رۆكی ده‌زگای گشتیی كاروباری مین له‌ دیدارێكی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری باسی له‌ ورده‌كاری ڕووبه‌ری خاكی مینڕێژكراوی‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و گوتی:''هه‌رێمی كوردستان به‌ چه‌ند قوناغێكی جیا جیا به‌ مین و پاشماوه‌ی جه‌نگی پیس كراوه‌ و به‌ پێی ئه‌و ڕووپێویه‌ی له‌ ده‌زگای گشتیی كاروباری مین هه‌یه‌ ٧٧٦ كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان مینڕێژ كراوه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هاوكاری ڕێكخراوه‌ بیانییه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ دوای ساڵی ١٩٩٢ی زایینییه‌وه‌ تا ئێستا توانیویه‌تی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ بۆ ٢٥٨ كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌ كه‌م بكاته‌وه‌. له‌باره‌ی كاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش تایبه‌ت به‌ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌ و شوێنه‌ به‌مینڕێژكراوه‌كان، سه‌رۆكی ده‌زگای گشتیی كاروباری مین گوتی، له‌ماوه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌م هه‌روه‌ك ده‌زانرێت له‌ ساڵی ٢٠٢٠ به‌هۆی په‌تای كۆرۆنا و ئه‌و قه‌یرانه‌ دارایییه‌ی هاته‌ كایه‌وه‌ ده‌زگای گشتیی كاروباری مینیش سستییه‌كی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ و ئامێره‌كانی كاركردن له‌ كه‌مییان دا، بۆیه‌ ته‌نیا ٦٠٩ هه‌زار مه‌تر دووجا پاك كرایه‌وه‌. ناوچه‌كانی بن ده‌ستی داعش سه‌باره‌ت به‌و ناوچانه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ده‌ستی پێیان گه‌یشتبوو، سه‌رۆكی ده‌زگای گشتیی كاروباری مین گوتی:''ناوچه‌كانی وه‌ك ده‌شتی نه‌ینه‌وا، به‌تایبه‌تی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، تایبه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ی ناكۆكی له‌سه‌ره‌ له‌ ده‌وروبه‌ی پارێزگای كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ی خانه‌قین و جه‌له‌ولا، لایه‌ن چه‌كدارانی داعش و به‌ ته‌كنیكێكی جیاواز بۆمبڕێژ كرابوون، ئێمه‌ و ده‌زگای گشتیی مین له‌ حكومه‌تی عێراقی كارمان له‌سه‌ریان كردووه‌ و به‌ هاوكاری كۆمه‌ڵێك ڕێكخراوی بیانی وه‌ك ڕێكخراوی FSD و MAG توانیمان پاكیان بكه‌ینه‌وه‌ له‌ بۆمب و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان.'' ساڵانه‌ ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ مین هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه‌ ئێستا ڕێكخراوی (MAG) له‌ دهۆك و سلێمانی و گه‌رمیان و چه‌مچه‌ماڵ كاری پاككردنه‌وه‌ و هۆشیاری ده‌كات و یارمه‌تی قوربانیانیش ده‌دات. له‌و سێ ساڵه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م سه‌ڕه‌رای بوونی هه‌موو ئاسته‌نگییه‌كان، ساڵانه‌ ٥٠٠ تا ٦٠٠ مین هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه‌ و له‌ناوبراون و هه‌روه‌ها چه‌ندین پاشماوه‌ی جه‌نگیش چاره‌سه‌ر كراون و دواتر له‌ناوبراون. له‌باره‌ی گرفت و مه‌ترسییه‌كانی مین له‌سه‌ر هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی به‌ مین چێنراون جه‌بار مسته‌فا گوتی:''ئێستاش له‌هه‌رێمی كوردستان مین و پاشماوه‌ی جه‌نگی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدییه بۆ سه‌ر گیان و ژیانی هاووڵاتیان به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌ سنوورییه‌كان و ئه‌و دێهاتانه‌ی ئاوه‌دان ده‌كرێنه‌وه‌ و خه‌ڵك ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر ڕه‌ز و باخی خۆیان، بۆیه‌ ئه‌و شوێنانه‌ شوێنی مه‌ترسیدارن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ٣٥٠٠ كێڵگه‌ی مینڕێژكراو له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و، له‌ سێ ساڵی ڕابردووشدا به‌شێوه‌كی گشتی ٩٦ كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانی.'' ڕێژه‌ی ناوچه‌ مینڕێژكراوه‌كان سه‌باره‌ت به‌و ناوچانه‌ی به‌ مین چێنراون ڕێژه‌كه‌یان له‌ شوێنێك بۆ شوێنێكی تر ده‌گۆڕێت به‌ ‌شێوه‌یه‌ك ٦٠%ی ده‌كه‌وێته‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و قه‌زای پێنجوێن، سۆران و چۆمانیش له‌و قه‌زایانه‌ن كه‌ خاكیان زۆر پیسه‌ به‌ مین و پاشماوه‌ی جه‌نگی و دواتریش هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان دێن. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو توانایه‌كی خۆی خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتی له‌ ده‌زگای گشتیی كاروباری مین بكات، چونكه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ له‌ هه‌موو ڕوویێكه‌وه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و بوارانه‌ ده‌كات و ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م ده‌زگایه‌وه‌ پاككردنه‌وه‌ی خاكی هه‌رێمی كوردستان و هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكییه‌ له‌ مه‌ترسی مین و پاشماوه‌ی جه‌نگی و هاوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ قوربانی مین، بۆ نموونه‌ كه‌مئه‌ندام ده‌بن یان ده‌ست و په‌لیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن ئه‌مه‌ ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ ژیانی ئاسایی خۆیان به‌ڕێ بكه‌ن.

هاوڵاتی / ئیمان زه‌ندی هاوسه‌رگیری مسیار له‌هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌ جێی باس، مامۆستایانی ئاینی رایان جیاوازه‌ سه‌باره‌ت به‌م هاوسه‌رگیرییه‌، پارێزه‌رێك ده‌ڵێت: له‌هه‌رێمی كوردستان مسیار كارێكی نایاساییه‌و به‌یاسا رێكنه‌خراوه‌و هیچ ده‌قێكی یاسایمان نیه‌ ئاماژه‌ی پێبكات،  ئه‌نجومه‌نی باڵاتی فتواش له‌ساڵی ٢٠١٩ه‌وه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ ده‌كات و  رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌م هاوسه‌رگیرییه‌ پێچه‌وانه‌ی عورفی كۆمه‌ڵگای كوردییه‌ و گونجاو نیه‌و ناپه‌سه‌نده‌، پزیشكێكی راوێژكاریش بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشیه‌كانی ژنان و منداڵبوون و نه‌زۆكی باس له‌كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی ئه‌م شێوازه‌ له‌هاوسه‌رگیری ده‌كات. موحسین مه‌حمود زه‌ڕایه‌نی، مامۆستای ئاینی سه‌باره‌ت به‌هاوسه‌رگیری مسیار بۆ هاوڵاتی دواو ده‌ڵێت:» ئاگاداریه‌ك بده‌م ئه‌وه‌ی ئێستا له‌كوردستان ده‌گوزه‌رێت هاوسه‌رگیری مسیار نیه‌، به‌ڵكو خه‌ڵكیان چه‌واشه‌ كردووه‌ له‌ژێر په‌رده‌ی هاوسه‌رگیری مسیاردا، چونكه‌ وه‌لی ئه‌مر ئاگادار نیه‌و دوو شاهید ده‌هێنن كه‌ له‌ناو ئه‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێنه‌وه‌ رۆژانه‌ خه‌ریكی ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ن و ده‌یشارنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پیاو هیچی ناكه‌وێته‌ ئه‌ستۆ»، و وتیشی:» پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌فه‌رمووێت: هه‌ر ئافره‌تێك شوو بكات به‌بێ وه‌لی ئه‌مره‌كه‌ی ئه‌وه‌ ماره‌ییه‌كه‌ی به‌تاڵه‌ به‌تاڵه‌ به‌تاڵه‌، زانایان ره‌حمه‌تی خودایان لێبێت به‌حه‌رامیان زانیوه‌، هه‌ندێكی تریان رێككه‌تون كه‌ فتوای حه‌ڵاڵی ناده‌ن، چونكه‌ كێشه‌كانی زۆره‌، هه‌ندێكی پێیان ئاساییه‌»، ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌:» كه‌ زانایان ده‌فه‌رموون ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ماره‌بڕینه‌كه‌ش به‌شه‌رعی ئه‌نجام درابێت شایه‌ته‌كان بشارنه‌وه‌و هیچ مافێك نه‌كه‌وێته‌ سه‌ر زاوا ئه‌و هاوسه‌رگیریه‌ به‌تاڵه‌، چونكه‌ رێگه‌ خۆشده‌كات بۆ خراپه‌كاری، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س كۆمه‌ڵێك رای لاوازیان هێناوه‌ له‌ملاوله‌ولا پینه‌ی ده‌كه‌ن و ژێر به‌ژێر خه‌ریكی ئه‌و كاره‌ن و ره‌وایه‌تی پێده‌ده‌ن، مسیار بیدعه‌یه‌كی مۆدێرنه‌یه‌ (عه‌سری)ه‌و له‌قورئان و سونه‌تدا باسنه‌كراوه‌». راشیگه‌یاند:» له‌مسیاردا به‌هێزی پیاو ده‌رناكه‌وێ و خانمان به‌كۆیله‌ ده‌بێت چونكه‌ له‌خۆشی و ناخۆشی له‌گه‌ڵیدا نیه‌، كۆرپه‌ له‌بارده‌برێت كه‌گوناحێكی گه‌وره‌یه‌و ده‌چێته‌ خانه‌ی كوشتنه‌وه‌، به‌ڵام پێده‌چێت وه‌لی ئه‌مر پێویستی به‌پاره‌ بێت بۆیه‌ ره‌زامه‌نده‌، ئه‌و مامۆستا ئاینیانه‌ی كه‌ شوێن ئه‌م پرۆسه‌یه‌ كه‌وتوون با له‌خودا بترسن، ئه‌و به‌ڵگانه‌ی لاوازن و پشتی پێنه‌به‌ستن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای خودا». «ئه‌وانه‌ی به‌ڕه‌هایی ده‌ڵێن حه‌رامه‌ به‌سه‌ر فه‌رمووده‌و قسه‌ی زانایان و زانستدا بازیانداوه‌» له‌به‌رامبه‌ردا د.ئه‌حمه‌د كه‌ركوكی، مامۆستای ئاینی و مامۆستای زانكۆ به‌هاوڵاتی راگه‌یاند:» به‌ڕای من باسكردنی ئه‌م جۆره‌ هاوسه‌رگیریه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریدا هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ پێویستمان نیه‌ و نه‌بووه‌ به‌حاڵه‌تیش تا بگات به‌دیارده‌، ئه‌وانه‌ی به‌ره‌هایی ده‌ڵێن حه‌رامه‌ به‌سه‌ر فه‌رمووده‌ و قسه‌ی زانایان له‌گه‌ڵ كتێب و زانستدا بازیانداوه‌، ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ی مامۆستای ئاینی راستی ئاشكرا بكه‌ین، ئه‌م جۆره‌ هاوسه‌رگرییه‌ بۆ هه‌ندێ حاڵه‌تی دیاریكراو ئاساییه‌ جا لێره‌ بێت یان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ڵام من له‌م جۆره‌ هاوسه‌رگیریه‌م ماره‌ نه‌كردووه‌»، ناوبراو وتیشی:» زۆربوونی قه‌یره‌و رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌و ئه‌و ئافره‌ته‌ی تاكه‌ سه‌رپه‌رشتی دایك و باوكیه‌تی له‌گه‌ڵ زۆر سه‌فه‌ركردنی پیاو هۆكارن، جمهوری زانایان به‌تایبه‌ت له‌لای سێ مه‌زهه‌به‌كه‌ی حه‌نابیله‌ و شافیعیه‌كان و حه‌نه‌فیه‌كان رێگه‌پێدراوه‌، ئه‌و زانایانه‌یش كه‌ به‌درووستیان نه‌زانیوه‌ وه‌كو مالیكیه‌كان نه‌یانگوتووه‌ فاسیده‌ یان باتیڵه‌ به‌ڵكو رێگریان لێیكردووه‌»، روونیشیكرده‌وه‌:» لای ئه‌و سێ مه‌زهه‌به‌ی به‌درووستی ده‌زانن ته‌نها بوونی وه‌لی ئه‌مرو دوو شایه‌ت له‌سنووری نهێنی ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، ته‌نها مالیكیه‌كان كێشه‌یان له‌م ئاشكراكردنه‌ هه‌یه‌ چونكه‌ لای ئه‌وان بۆ ئاشكراكردن دوو شایه‌ته‌كه‌ به‌س نیه‌، سیغه‌ كاتیه‌ به‌ڵام مسیار تاهه‌تاییه‌و له‌دادگاكاندا گرێبه‌ستیان بۆ ده‌كرێت مافی هه‌ردوولا پارێزراو ده‌بێت». هه‌ورامان حه‌مه‌ شه‌ریف گه‌جینه‌یی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری ئاینی له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌ هاوڵاتی ده‌ڵێت:»هیچ په‌ڕاوێكی فه‌رمی بۆ به‌یاساكردنی هاوسه‌رگیری مسیار پێشكه‌ش به‌په‌رله‌مان نه‌كراوه‌. رۆژی 31/8/2022 ئه‌نجومه‌نی باڵای فتوای هه‌رێمی كوردستان فتوای له‌باره‌ی هاوسه‌رگیری مسیاره‌وه‌ راگه‌یاند كه‌ تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ پێچه‌وانه‌ی عورفی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌ و گونجاو نیه‌و ناپه‌سه‌نده‌، داواشكراوه‌ زانایانی ئاینی خۆیان به‌دوربگرن له‌گرێبه‌ستی ئه‌و هاوسه‌رگیریه‌. هاوكات پرۆفیسۆر د.حه‌سه‌ن موفتی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای فتوای هه‌رێمی كوردستان به‌هاوڵاتی راگه‌یاند:» له‌ساڵی ٢٠١٩ه‌وه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ ده‌كه‌ین، به‌پێی رای ئه‌نجومه‌نی باڵای فتوای هه‌رێم هاوسه‌رگیرییه‌كی ناپه‌سه‌نده‌ وه‌ كه‌موكوڕی زۆر تێدایه‌و سه‌رده‌كێشت بۆ هاوسه‌رگیری حه‌رام، هه‌روه‌ها قورئان به‌جائیزی دانانێت ئافره‌ت بڵێت ماره‌یم ناوێت خودای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (ۆآتُوا النِّسَاءَ ێَدُقَاتِهِنَّ نِحْڵه‌ ۚ فَإِنْ گِبْنَ ڵكُمْ عَنْ شَیْءٍ مِنْهُ نَفْسًا فَكُلُوهُ هَنِیئًا مَریئًا)  نیساء ئایه‌تی (4)  واته‌: ماره‌یی ژنان بڕیاری خودایه‌و فه‌رزه‌و مافی خۆیانه‌و كه‌سێك بۆی نییه‌ رێی لێبگرێت، جا ئه‌گه‌ر به‌پێخۆشبوونی خۆیان شتێكیان له‌ماره‌ییه‌كه‌یان پێبه‌خشین، ئه‌و كاته‌ ئێوه‌ش بیخۆن و نۆشی گیانتانی بكه‌ن»، راشیگه‌یاند:» ماره‌یی ده‌كرێت به‌دوو به‌شه‌وه‌ ماره‌یی ناوبراو وێنه‌ی ماره‌یی، ماره‌یی ناوبراو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌په‌ڕه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌چه‌ند درابێت ئه‌وه‌نده‌یه‌، وێنه‌ی ماره‌یی واته‌ گه‌ر ژنه‌كه‌ ماره‌یی دیاری نه‌كات شه‌رع هه‌ر بۆی دیاری ده‌كات»، ده‌ڵێت:» مسیاركردن له‌شوێنێك بۆ شوێنكیتر جیاوازه‌ رێژه‌كه‌ له‌سلێمانی زیاتره‌ پاشان هه‌ولێر دواتر دهۆك، هه‌موی چاولێكه‌رییه‌و ده‌ڵێین شیعه‌ سیغه‌یان هه‌یه‌ بائێمه‌ش مسیارمان هه‌بێ، راپۆرت له‌به‌رده‌ستماندا بووه‌ له‌یه‌ك كاتدا ئافره‌ت سێ مسیاری كردووه‌، له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب زۆر ده‌كرێت و ئاواره‌كانیش ئیستغلال ده‌كرێت».  مسیار وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بیه‌ له‌ (سَیر)ه‌وه‌ هاتووه‌ واته‌ رۆیشتن و هاتووچۆ، بریتیه‌ له‌گرێبه‌ستێك له‌نێوان ژن و پیاوێك كه‌سه‌رجه‌م مه‌رج و بنه‌ماكانی عه‌قدی شه‌رعی تێدایه‌ له‌ئیجاب و قه‌بوڵ و بڕی ماره‌یی و دوو شایه‌ت و وه‌لی ئه‌مره‌كه‌ی، ئافره‌ته‌كه‌ له‌سێ مافی خۆی به‌رامبه‌ر پیاوه‌كه‌ خۆش ده‌بێت له‌وانه‌ش نه‌فه‌قه‌و شوێنی نیشته‌جێبوون له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی پیاو له‌لای، له‌ڕووی حوكمی شه‌رعیه‌وه‌ زانایان بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه‌. یه‌كێتی پیاوانی كوردستان كه‌ له‌ساڵی ٢٠٠٧ راگه‌یه‌ندراوه‌ ئامانجی به‌رگریكردنه‌ له‌مافی پیاوان، بورهان عه‌لی، سكرتێری رێكخراوه‌كه‌ بۆ هاوڵاتی دواو ده‌ڵێت:» هاوسه‌رگیری مسیار به‌شێكه‌ له‌فره‌ژنی، هه‌ندێك كه‌س هه‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ ئه‌م هاوسه‌رگیریه‌ ده‌كات ژنه‌كانیان ئاگادارن، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ رێژه‌ی نێر كه‌مبووه‌ته‌وه‌ به‌هۆی كۆچكردن و رووداوی هاتووچۆ ته‌نها له‌ساڵێكدا نزیكه‌ی ٢٨ بۆ ٣٠ هه‌زار گه‌نج كۆچ بۆ ئه‌وروپا ده‌كه‌ن، له‌و رێژه‌یه‌ دوو هه‌زاریان ره‌گه‌زی مێیه‌، ئه‌وی تر ره‌گه‌زی نێره‌»، وتیشی:» مسیارمان پێ باش نیه‌، چونكه‌ ته‌نها لایه‌نێكی ده‌خوێنرێته‌وه‌ ئه‌ویش جنسیه‌، به‌ڵام به‌و جۆره‌ش ترسناك نیه‌ كه‌ منداڵ باوك ناناسێت و به‌پێچه‌وانه‌وه‌، به‌كۆیله‌كردنی ژنیش نیه‌ چونكه‌ ژن خۆی تێیدا بڕیارده‌ره‌، به‌بڕوای ئێمه‌ مسیار بكرێت به‌یاسا باشتره‌ چونكه‌ پێمان وایه‌ له‌داهاتوودا ببێت به‌پرۆسه‌یه‌كی گرنگ». سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی مسیار له‌وڵاتی سعودیه‌ بووه‌ كه‌ ده‌ڵاڵێك به‌ناوی (ساتر غونه‌یم) ئه‌م بیدعه‌یه‌ی داهێناوه‌، هه‌ندێك له‌سه‌رچاوه‌كانی تر مێژووه‌كه‌ی بۆ وڵاتی میسر ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌. هه‌ژار غه‌فور، پارێزه‌ری راوێژكار ده‌ڵێت:» یاسای ژماره‌ پانزه‌ی ساڵی ٢٠٠٨ له‌ مادده‌ی سێ به‌ڕوونی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری باسكراوه‌ كه‌بریتیه‌ له‌گرێبه‌ستێكی یاسایی له‌نێوان ژن و پیاودا له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌زامه‌ندی و یه‌كتر قبوڵكردن و رێزو خۆشه‌ویستی، یه‌كتر، مسیار له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ كارێكی نایاساییه‌ به‌یاسا رێكنه‌خراوه‌ هیچ ده‌قێكی یاسایمان نیه‌ ئاماژه‌ی پێبكات، چونكه‌ دژی یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌»، وتیشی:» ئافره‌ت ناتوانێیت هیچ سكاڵایه‌كی یاسایی تۆمار بكات ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر له‌باربردنی كۆرپه‌ش كاتێك له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ئه‌و مافه‌ی پێده‌درێت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌ناو دادگاكان پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری پێكهێنابێت»، ناوبراو ده‌ڵێت:» له‌دادگاكان فره‌ژنی قه‌ده‌غه‌ نیه‌ به‌ڵكو سنورداركراوه‌و وتیشی:» ئه‌و ئه‌كاونت و په‌یجانه‌ی ریكلام بۆ مسیار ده‌كه‌ن رووبه‌ڕووی یاسا ده‌بنه‌وه‌،و پێویسته‌ داواكاری گشتی هه‌ڵوێستی هه‌بێت». د.عه‌تیه‌ حه‌مه‌ سه‌عید، پزیشكی راوێژكار بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشیه‌كانی ژنان و منداڵبوون و نه‌زۆكی له‌گفتوگۆیه‌كی تایبه‌تی هاوڵاتیدا ده‌ڵێت:» داخی گرانم نه‌مزانیوه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ هاتووه‌ته‌ كوردستان زۆر دڵته‌نگم به‌ڕاستی، لای من له‌شفرۆشیه‌ به‌به‌رنامه‌، چۆن ده‌كرێ له‌كوردستان گه‌وره‌ كچێك و بێوه‌ژنێك پیاوێكی نه‌ناسراو بێنێته‌ ماڵ باوكی جوت ببێ له‌گه‌ڵی دواتر بڕوا ئه‌مه‌ قوربانی نه‌بێ چیتره‌! به‌نهێنیه‌وه‌  سكپڕی بكات و دواتریش پێی له‌بارببات به‌ڕاستی حه‌یاچوونه‌ كورده‌واری بابه‌تی وای تێبكه‌وێت و ده‌بێت حكومه‌ت بێته‌سه‌ر خه‌ت»، وتیشی:» مسیار هاوسه‌رگیری نیه‌، به‌ڵكو له‌شفرۆشیه‌، چونكه‌ نازانرێ پیاوه‌كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند ئافره‌ت جووت بووه‌ هه‌موو ڤایرۆس و به‌كتریاكانی ئه‌وانیتر ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ئه‌م ژنه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ زاوزێی ژنه‌كه‌ تووشی هه‌وكردن ده‌كات و نه‌زۆكی ده‌كات»، ئه‌وه‌شی وت:» رێگری له‌سكپڕبوون چ له‌وله‌ب دانان بێت یان حه‌ب و مه‌نعی ته‌بیعی هه‌مووی كاره‌سات بۆ ته‌ندروستی ژنه‌كه‌ ده‌هێنێت به‌تایبه‌ت حه‌به‌كه‌، چونكه‌ دووچاری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی ملی زاوزێی ده‌كات، شێرپه‌نجه‌ له‌ئافره‌تی خاوێن كه‌متره‌«، ده‌شڵێت:» گه‌ر دووجار كۆرپه‌ له‌باربچێت به‌هۆكارێكی سروشتی له‌ژێر ده‌ستی دكتۆر زۆر گرفتی ته‌ندروستی دروستناكات، به‌ڵام ئه‌مانه‌ به‌ئامێری پیس له‌لایه‌ن سسته‌رو مامانه‌وه‌ له‌باریده‌به‌ن، پیسیه‌كه‌ ده‌چێته‌ میزڵدانی و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كونبوونی میزڵدان یان كاتی له‌باربردنه‌كه‌ ئامێره‌كه‌ له‌شوێنی میزه‌رۆوه‌ براوه‌ له‌جیاتی زێ، گه‌ر بێت و پێنج جار منداڵ له‌بارببرێت چ به‌كورتاج یاخود حه‌ب خراپترین دۆخی ته‌ندروستی چاوه‌ڕوانی ئه‌و ژنه‌ ده‌كات». كه‌ژاڵ عه‌بدولقادر، چالاكی بواری ژنان و خاوه‌نی پڕۆژه‌ی (ژن، ژیانه‌ مه‌یكوژه‌) باوه‌ڕی وایه‌ مسیار په‌یوه‌ندیه‌كی (گێڵ فرێندو بۆی فرێند)ی ئه‌وروپایه‌و به‌هاوڵاتی راگه‌یاند:» هاوسه‌رگیری مسیار له‌قازانجی نێردایه‌، یاساكانمان پیاو سالارانه‌ن و مه‌تاتیانه‌ دایده‌ڕێژن و هه‌ڵیده‌وه‌شێننه‌وه‌ كه‌ به‌و جۆره‌ش بوو ژن قوربانیه‌»، وتیشی:هیچ كه‌سێك وه‌كو قوربانی لێكه‌وته‌ی ئه‌م شێوازه‌ له‌هاوسه‌رگیری په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه‌ نه‌كردووه‌و تائێستاش ئێمه‌ هیچ سیمینارو چالاكیه‌كمان نه‌كردووه‌ چونكه‌ بابه‌ته‌كه‌ بۆ ئێمه‌ نوێیه‌و نهێنی بوونی ئه‌م پرۆسه‌ وایكردووه‌ ئاگادارنه‌بین به‌دواداچوونی بۆ بكه‌ین».  هاوكات شیلان حه‌مه‌نوری تووێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هاوڵاتی وتی:» شێوازی هاوسه‌رگیری مسیار سه‌رجێییه‌، ئه‌مه‌ش بچوككردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی رۆحی نێوان دوو كه‌سه‌، سێكس به‌شێكی بچووكه‌ له‌پێكه‌وه‌نانی خێزان، له‌م پڕۆسه‌ كاتێك ژن له‌هه‌موو شت خۆش ده‌بێت هۆشیاری نیه‌، ته‌نها حه‌ڵاڵكردنی له‌شفرۆشیه‌ هیچ ئامانجێكی هاوسه‌رگیری تێدا نیه‌»، ده‌ڵێت» به‌ری پێنه‌گیرێت ده‌بێته‌ هاوسه‌رگیری یه‌ك كاتژمێری و بازرگانیشی پێوه‌ده‌كرێت»، وتیشی:» له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ده‌بێت جۆره‌كانی هاوسه‌رگیری باش بناسێنرێت و به‌ربگیرێت به‌فتوادان له‌لایه‌ن مامۆستایانی ئاینییه‌وه‌، حكومه‌ت بژێوی ژیانی خه‌ڵك باش بكات به‌تایبه‌ت ژنان و بیانپارێزێت، ده‌بێت ژنانیش هۆشیارو ئاگاداربن».

تاران: تیراناو واشنتۆن له‌ژێر كاریگه‌ری سیناریۆكانی ئیسرائیلدان هاوڵاتی ئه‌لبانیا تارانی تۆمه‌تبار كرد به‌هێرشی ئه‌لیكترۆنی بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئێرانیه‌كانی له‌وڵاته‌كه‌ی ده‌ركردو سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌لبانیا ده‌ڵێت: گروپه‌ هاككه‌ره‌كانی ئێران پێشتر هێرشیان بۆ سه‌ر ئیسرائیل، ئیمارات، ئوردن، كوه‌یت و قوبرس ئه‌نجامداوه‌، بۆ پشتیوانی له‌ئه‌لبانیا ئه‌مریكاش سزا به‌سه‌ر وه‌زاره‌ت و وه‌زیری هه‌واڵگریی ئێران سه‌پاند، هاوكات سعودیه‌و به‌ریتانیا به‌به‌یاننامه‌ پشتیوانیی خۆیان بۆ تیرانا دژی تاران ده‌ربڕی و له‌به‌رامبه‌ردا تاران رایگه‌یاند: لێدوانه‌كانی به‌پرسانی تیراناو سزاكانی واشنتۆن له‌ژێر كاریگه‌ریی سیناریۆی ئیسرائیل-ه‌ له‌دژی ئێران. ئه‌لبانیا له‌گه‌ڵ تۆمه‌تباركردنی ئێران كۆتایی به‌په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی و دیپلۆماسییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ هێناو سه‌رجه‌م دیپلۆماتكاره‌كانی ئێرانیشی له‌وڵاته‌كه‌ی ده‌ركرد. تارانیش له‌گه‌ڵ ره‌تكردنه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كان رایگه‌یاند ئه‌و هه‌نگاوانه‌ سیناریۆی ئه‌مریكاو ئیسرائیله‌ وه‌ك بیانویه‌ك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران. زیاتر له‌ 12 ساڵه‌ ناكۆكییه‌كانی تاران و تیرانا به‌هۆی داڵده‌دانی ئه‌ندامانی رێكخراوی موجاهیدینی خه‌ڵق قووڵتربووه‌ته‌وه‌و له‌ئێستاشدا ئه‌و دوو وڵاته‌ شیرو تیر له‌یه‌كتر ده‌سون. مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌لبانیاو ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می دوای جه‌نگی جیهانی و به‌په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی سیاسی ئه‌ژمار نه‌كراوه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ئه‌لبانیا به‌به‌رده‌وامی وه‌ك وڵاتێكی كۆمۆنیستی ده‌ركه‌وتووه‌و پێش به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی كۆماری ئیسلامی له‌ئێرانیش ئه‌و وڵاته‌ له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا مه‌یلی بۆ ئه‌مریكا هه‌بووه‌و تاساڵی 1979 تاران سه‌ره‌كیترین هاوپه‌یمانی واشنتۆن بووه‌ له‌ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئه‌لبانیا هه‌ر به‌هۆی په‌یڕه‌وی له‌كۆمۆنیستی و نزیكبوونی له‌یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له‌جه‌نگی ئێران و عێراقدا پشتگیری رژێمی به‌عسی كردووه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ تاران و تیرانا تاساڵی 1990 په‌یوندییه‌كانیان پڕبێت له‌ناكۆكی و ساردوسڕی. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ڵبانیا له‌وڵاتێكی كۆمۆنیستییه‌وه‌ به‌ره‌و دیموكراتی هه‌نگاوی ناو تاڕاده‌یه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران ئاساییكرده‌وه‌. موجاهیدن جارێكی تر ساردی ده‌خاته‌ نێوان تاران و تیرانا ساڵی 2010 وڵاتی ئه‌لبانیا ته‌نها وڵات بوو كه‌ئاماده‌یی پیشاندا بۆ وه‌رگرتنی ئه‌ندامانی رێكخراوی موجاهیدن وه‌ك په‌نابه‌ر له‌وڵاته‌كه‌ی. دوای ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2016 بڕیاری داخستنی كامپی لیبرتی له‌عێراق درا، رێكخراوی موجاهیدینی خه‌ڵق كه‌ به‌نه‌یاری سه‌ره‌كیی كۆماری ئیسلامی ئێران وه‌سفده‌كرێن به‌هاوكاریی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مریكا ره‌وانه‌ی كامپی تیرانا له‌نزیك پایته‌ختی ئه‌لبانیا كران. ئه‌لبانیا له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌نها وڵات بوو كه‌پێشوازیی له‌ئه‌ندامانی موجاهیدین كردو ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی ئێرانی لێكه‌وته‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ئه‌مریكا به‌ئاشكرا 25 ملیۆن دۆلاری راده‌ستی ئه‌لبانیاو 20 ملیۆن دۆلاریشی راده‌ستی كۆمیساریای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد به‌ئامانجی هاوكاریی ئه‌و رێكخراوه‌یه‌. رۆژنامه‌ی (گاردیان)ی به‌ریتانی له‌ڕاپۆرتێكی ورددا ئاشكرایكردووه‌ حكومه‌تی ئه‌لبانیا زه‌وی و رووبه‌رێكی فراوانی له‌نێوان شاری تیراناو دوریس له‌وڵاته‌كه‌ی بۆ موجاهیدن دابینكردووه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی راهێنان و مه‌شق به‌ئه‌ندامه‌كانی خۆیان بكه‌ن. یه‌لی زیلا كه‌ له‌ساڵی 2008 تا 2012 سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌لبانیا بووه‌؛ ئاشكرایكردووه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی موجاهیدین و ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌لبانیا زۆر توندوتۆڵه‌ و به‌هه‌موو جۆرێك هاوكاریی یه‌كتر ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ زۆربه‌ی نه‌یارانی حكومه‌تی ئێستای ئه‌لبانیا، جێگیركردنی ئه‌ندامانی موجاهیدنی خه‌ڵقی ئێران له‌وڵاته‌كه‌یان به‌مامه‌ڵه‌ی نێوان حكومه‌ت و ئه‌مریكا له‌قه‌ڵه‌مده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی واشنتۆن چاوپۆشیی له‌گه‌نده‌ڵی و مامه‌ڵه‌ی به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ له‌مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بكات. وڵاتی ئه‌لبانیا به‌یه‌كێك له‌وڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی جیهان ئه‌ژمارده‌كرێت كه‌زۆربه‌ی پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌مامه‌ڵه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌وه‌ گلاون و هه‌رئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ئه‌و وڵاته‌ نه‌بێته‌ ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا زیاتر له‌ 17 ساڵ رێكخراوی موجاهیدنی خستووه‌ته‌ لیستی تیرۆر، ئه‌ندامبوونی ئه‌لبانیا له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا هێنده‌ی دیكه‌ دواخستووه‌. به‌پێی ئاماره‌كان له‌ئێستادا زیاتر له‌دوو هه‌زار ئه‌ندامی رێكخراوی موجاهیدن له‌وڵاتی ئه‌لبانیا ده‌ژین. گرژییه‌كانی تاران و تیرانا ته‌مه‌نی درێژی په‌یوه‌ندییه‌ ئاساییه‌كانی نێوان تاران و تیرانا نزیكه‌ی 20 ساڵ بوو چونكه‌ ساڵی 2010 ئه‌لبانیا بڕیاریدا مافی په‌نابه‌ریی بدات به‌ئه‌ندامانی رێكخراوی موجاهیدن و له‌ساڵی 2018ه‌ش ئه‌و وڵاته‌ به‌رپرسانی سوپای پاسداران و ئێرانی تۆمه‌تبار كرد به‌كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانی ناو ئه‌و وڵاته‌، له‌یارییه‌كانی قۆناغی سه‌ره‌تای كاسی جیهانیی ساڵی 2018، له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوی كاردانه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش سه‌رجه‌م دیپلۆماتكاره‌كانی ئێران له‌تیرانا ده‌ركران. ئێران ئه‌وكات تۆمه‌ته‌كانی ره‌تكرده‌وه‌و رایگه‌یاند ئه‌و سیناریۆو تۆمه‌تانه‌ی به‌ساخته‌و هه‌وڵی ئه‌مریكا و ئیسرائیل له‌قه‌ڵه‌مدا دژی تاران. دوای كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پێشوی فه‌یله‌قی قودس، عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران و حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری پێشوی وڵاته‌كه‌ به‌بێ ناوهێنانی ئه‌لبانیا وتیان وڵاتێكی بچووك و شوم هه‌ستاوه‌ به‌هاوكاریی و داڵده‌دانی نه‌یارانی سوله‌یمانی و كۆماری ئیسلامی، كه‌ به‌پێی شیكردنه‌وه‌كان مه‌به‌ستی خامنه‌یی و رۆحانی و وڵاتی ئه‌لبانیا بووه‌ كه‌ رێكخراوی موجاهیدینی له‌خۆگرتووه‌و ئه‌و رێكخراوه‌ش زانیاریی تایبه‌تی راده‌ستی ئه‌مریكا كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی گورز وه‌شاندن له‌ئێران و به‌رپرسانی باڵای وڵاته‌كه‌. ئه‌یدی راما، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌لبانیا له‌كاردانه‌وه‌ی ئه‌و لێدوانانه‌ی خامنه‌یی و رۆحانی به‌ئاشكرا پشتیوانیی له‌هێرشی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له‌دژی ئێران كرد. هێرشی ئه‌لیكترۆنی ئه‌یدی راما له‌ (7/9/2022) له‌په‌یامێكی ڤیدیۆییدا رایگه‌یاند؛ چه‌ند گروپێكی هاككه‌ری سه‌ر به‌ئێران هێرشی ئه‌لیكترۆنیان له‌دژی سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی ئه‌لبانیا ئه‌نجامداوه‌، بۆیه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی حكومه‌تدا ته‌نها 24 كاتژمێر مۆڵه‌ت به‌دیپلۆماتكارانی ئێران دراوه‌ كه‌ باڵیۆزخانه‌كه‌یان له‌تیرانا دابخه‌ن و سه‌رجه‌م دیپلۆماتكاره‌كانیشیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان. سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌لبانیا ئاشكرایكرد له‌ (15/8/2022) چوار گروپی هاككه‌ر له‌هێرشێكی ئه‌لیكترۆنیی به‌رفراواندا ویستویانه‌ زیانی گه‌وره‌ به‌وڵاته‌كه‌ بگه‌یه‌نن، به‌ڵام ئامانجه‌كه‌یان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ و زیانه‌كان كه‌مبوو. ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ زیاتر له‌دوو هه‌فته‌ چه‌ند تیمێكی پسپۆڕو شاره‌زا هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌و ئاشكراكردنی ناسنامه‌ی ئه‌و گروپه‌ هاككه‌رانه‌یان داوه‌و له‌ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و هێرشانه‌ به‌هاوكاریی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌نجامدراوه‌و له‌ناو ئه‌و  گروپه‌شدا گروپێك هه‌یه‌ كه‌پێشتر هێرشی ئه‌لیكترۆنیی كردووه‌ته‌سه‌ر وڵاتانی (ئیسرائیل، ئیمارات، ئوردن، كوه‌یت و قوبرس).  ئێواره‌ی شه‌ممه‌ (10/9/2022) جارێكی دیكه‌ ئه‌یدی راما رایگه‌یاند؛ هێرشه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌لبانیا به‌رده‌وامه‌و هاككه‌ران ئامانجیانه‌ زیان به‌دامه‌زراوه‌و پێگه‌ ته‌كنیكی و پیشه‌سازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ بگه‌یه‌نن. ئه‌مریكا له‌به‌ر ئه‌لبانیا سزای ئێران ده‌دات رۆژی هه‌ینی (9/9/2022) وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا سزادانی وه‌زاره‌تی هه‌واڵگریی ئێران (ئیتلاعات)و وه‌زیره‌كه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی راگه‌یاند. له‌به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ به‌هۆی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌منی و ئاسایشییانه‌ی ئێران له‌دژی هاوپه‌یمانێكی سه‌ره‌كیی واشنتۆن ئه‌نجامیده‌دات، ئه‌مریكا سزا به‌سه‌ر ئێراندا ده‌سه‌پێنێت و هه‌ر هه‌نگاوێك پێویست بكات له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت به‌ئامانجی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌. ئێران خۆی بێبه‌ری ده‌كات له‌هێرشی ئه‌لیكترۆنیی سێ رۆژ دوای لێدوانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌لبانیاو رۆژێك دوای سزاكانی ئه‌مریكا له‌دژی تاران دواجار ناسر كه‌نعانی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی تیراناو سزاكانی واشنتۆن له‌ژێر كاریگه‌ریی سیناریۆی ئیسرائیل-ه‌ له‌دژی ئێران. كه‌نعانی رۆژی شه‌ممه‌ (10/9/2022) رایگه‌یاند: ئه‌لبانیاو ئه‌مریكا هاوكاریی گروپێكی نه‌یاری كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كه‌ن كه‌ده‌ستی له‌كوشتنی 17 هه‌زار هاووڵاتی و دانیشتویی ئێراندا هه‌یه‌. وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌: ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ئه‌لبانیاو ئه‌مریكاو به‌ریتانیا سه‌رباره‌ت به‌هێرشی ئه‌لیكترۆنی دژی تاران بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ مایه‌ی پێكه‌نینه‌ چونكه‌ ئێران خۆی قوربانیی هێرشی ئه‌لیكترۆنییه‌و له‌ڕووی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه‌ هه‌موو هه‌نگاوێك ده‌نێت له‌دژی هێرشه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان.

هێمن مەحموود ئاڵۆزی و رووداوە خوێناوییەكانی ئەم دواییەی عێراق جارێكی تر رووی راستەقینەی ئەو گرووپە چەكدارانەی دەرخست كە لەهەموو ململانێیەكدا پەنادەبەنە بەر چەك و دەیانەوێت بەچەك دۆخەكە لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلایی بكەنەوە، بەتایبەت ئەو گرووپانەی چەكەكانی دەستیان لەدەرەوەی یاساییەو زۆربەشیان لەژێر ناوی حەشدی شەعبیدا خۆیان رێكخستووە، تەنانەت زۆرجاریش رووبەڕووی حكومەت دەبنەوەو موشەكەكانیان ئاراستەی باڵیۆزخانەكان و ماڵی سەرۆك وەزیران و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن. «حەشدی شەعبی» ئەو چەترەی تەواوی گرووپە چەكدارییە شیعەكانی لەخۆگرتووە، لەئێستادا هەرچەندە بەفەرمی بەشێكە لەدەزگای ئەمنی دەوڵەتی عێراق و پارێزبەندییەكی یاسایی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتێكە لەناو دەوڵەتداو زۆرجار رۆڵی دەوڵەتی قووڵ دەگێڕێت. ئەم رێكخراوە سەربازییە لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٤و لەسەرووبەندی پەلوپۆهاوێشتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر بەغدا لەسەر فەتوای مەرجەعی گەورەی شیعەكان «ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی» دامەزراو وەك هێزێكی نانیزامی و سەربازی و جەماوەریی چووە ناو جەنگی داعش و دواتر رۆڵێكی یەكلاكەرەوەی گێڕا لەلەناوبردنی ئەو رێكخراوە. ناوەندی (رەوابت)ی عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی دەڵێت: «گرووپەكانی حەشدی شەعبی لە ٦٨ گرووپی چەكداری پێكدێن كە لەعێراق و سوریادا بڵاوبوونەتەوەو بودجەی ساڵانەیان بەسەدان ملیۆن دۆلارەو بەدەسەڵاترین و دیارترین گرووپی ناو حەشدی شەعبی بریتین‌ لە(ڕێكخراوی بەدر، عەسائیبی ئەهلی هەق، كەتائیبی حزبوڵڵاو كەتائیبی ئیمام عەلی، سەرایا سەلام)». گرووپەكانی حەشدی شەعبی و سەرۆكەكانیان بریتین: لە(لیوای ئیمام محەمەد جەواد (ئەبو جەنان بەسری)، فیرقەی ئیمام عەلی (تاهیر خاقانی)، گرووپی ئەسەدی ئامرلی (ئەبوتوراب تەمیمی)، رێكخراوی بەدر (هادی عامری)، گرووپی كەڕاڕ (ئەبو زەرغام)، كەتائیبی جوند ئەلئیمام (ئەحمەد ئەسەدی)، لیوای مونتەزیر (جابر موسەوی)، سەرایای عاشور (ئەبو ئەحمەد)، لیوای كەربەلا، لیوای بەدر، لیوای عەلی ئەكبەر (عەلی حەمدانی)، بزووتنەوەی نوجەبا (ئەكرەم كەعبی)، لیوای تەفوف (قاسم موسڵح)، كەتائیبی سەیدولشوهەدا (ئەبو ئالای وەلائی)، هێزی شەهید سەدر (حزبی دەعوە)و كەتائیبی فەتحی موبین، هێزی توركمان و رێكخراوی بەدر، سەرایای جیهاد (حەسەن ساری)، سەرایای خوراسانی (ئەحمەد موحسین یاسری)، ئەنساروڵاو گرووپی حسێن ئەلسائر (عەبدولزوهرە سوەیدعی)، لیوای ئەلتف (هاشم تەمیمی)، رێكخراوی بەدر، رێكخراوی بەدر (ئەبو كەوسەر محمەداوی)، لیوای ٢٣ رێكخراوی بەدر، لیوای ٢٤ رێكخراوی بەدر، هێزی شەهید سەدری یەكەم (حزبی دەعوەی ئیسلامی- عەبدوڵا فەزڵ)، فیرقەی عەباسی قیتالی (مەیسەم زەیدی)، هێزی شەهیدی قائید (ئەبو مونتەزیر)، سەرایای ئەنسار عەقیدە (مەجلیسی ئەعلا- جەلالەدین سەغیر)، كەتائیبی ئەنسارولحیجە (ئەحمەد فەریجی)، هێزی دەشتی نەینەوا (لیوای شەبەك - زەین عابدین جەمیل)، كەتائیبی رەوتی ریسالیون (عەدنان شەمخانی)، هێزی وەعدەڵا (حزبی فەزیلە - سامی مەسعودی)، هێزی شەهید سەدر (حزبی دەعوەی ئیسلامی - رێكخراوی عێراق)، هێزی لالش، بزووتنەوەی ئەبدال (جەعفەر موسەوی)، كەتائیبی ئیمام عەلی (شەبل زەیدی)، عەسائیبی ئەهلی حەق، هێزی شەهید ئەبوموسا عامری، سەبعی دوجەیل، لیوای ئەنساری مەرجەعیەت (حەمید یاسری)، كەتائیبی حزبوڵا (ئەلخال)، لیوای ٤٦ سەرایای دیفاع شەعبی، لیوای ٤٧ی سەرایای دیفاع شەعبی، كەتائیبی بابلیون (رەیان كلدانی)، لیوای سەڵاحەدین، فەوجی ئامرلی (مەهدی تەقی ئامرلی)، لیوای حسێن (موختار ئەلموسەوی)، گرووپی مالیك ئەشتەر، لیوای حەشدی شەهیدانی كەركوك (حسێن عەلی جبوری)، سەرایای ئەنسار عەقیدە، لیوای ئەحراری عێراق (مەهدی سومەیدەعی)، لیوای ٨٨ (وەنس ئەلجەبارە)، فرسان جبور(ئەحمەد جبوری)، نەوادری شەمەر (عەبدولڕەحیە شەمەری)، لیوای ٩٢ (عەبدولڕەحمان لوێزی)، سوپای موئەمەل (سەعد سوار)، لیوای ١١٠ی رێكخراوی بەدر، حەرەس نەینەوا (ئەسیل نوجەیفی)، سەرایای سەلام (رەوتی سەدر- ئەبو زەهەرای سەعیدی)، لیوای ٣١٤ی سەرایا سەلام، لیوای ٣١٥ی سەرایای سەلام، فەوجی ٣٩ی قەیارە (عەشیرەتی جبور)، هێزی بەیرەق (واسیق فەرتوسی)، كەتائیبی قیام حسێنی (محەمەد خەفاجی)، سوپای موختار (واسیق بەتات)، كەتائیبی نوخبە (مەناف حسەینی)، لیوای ئەسەدوڵای غالیب (سوهەیل ئەعرەجی)، فەیلەقی وەعدی سادق (عەمار حەداد)، كەتائبی قەمەر بەنی هاشم (ئەبو تاڵیب مەیاحی)، حزبوڵای سائیرون (ڕەحمان جەزائیری)، كەتیبەی عیماد موغنیە (سەعد فەتلاوی)، لیوای قاسم جەبارین (محەمەد موسەوی)، لیوای ئیمام قائیم (تاڵیب عەلیاوایی)، كەتائیبی ئیمامەكانی بەقیع (سەعد تەعیس تەمیمی)، كەتائیبی تۆڵە (عەبدوڵا ئەللامی)، كەتائیبی ئەشبالی سەدر (محەمەد حسێن سەدر)، كەتائیبی سائیر حسێن (غەسان شاهبەندەر)، كەتائیبی مالیك ئەلئەشتەر (جەعفەر موسەوی)، كەتائیبی دیما ئەلزەكییە (موئەیەد عەلی حەكیم)، لیوای زولفەقار (حسێن تەمیمی)، كەتائیبی موسلیمی كوڕی عەقیل ( ئەحمەد فەرتوسی)، لیوای ئەنسار مەهدی (ناجی حەلفی)، كەتائیبی عەدالە (سەمیر شێخ عەلی)، كەتائیبی فەتح (كازم سەید عەلی)، كەتائیبی سەرایای زەهرا (مومتاز ئەلحەیدەری)، بزووتنەوەی عێراقی ئیسلامی (جەمال ئەلوەكیل)، لیوای زەینەب عەقیلە (حەسەن شەكرچی)، كەتائیبی ئیمامی غالیب(محەمەد ئەللامی)، كەتائیبی ئیمام حسێن(حەسەن ئەلرەبیعی)، كەتائیبی دەرعی ویلایە (عەلا مهەلهەل)، كەتائیبی قارعە (حەیدەر ناسری)، كەتائیبی یەدوڵا (ئەحمەد ساعدی)، كەتائیبی بەقیەتوڵا (مستەفا عوبێدی)، كەتائیبی شەبیبەی ئیسلامی، كەتائیبی جەمعیەی ئالولبەیت (موسا ئەلحسنی)، كەتائیبی توفڵ ئەلرەزیع (وسام حەیدەری)، سەرایای موختار سەقەفی (عەبدولمەهدی كەربەلایی)، سەرایای لیوای سەجاد، كەتائیبی غەوسی ئەعزەم (فیراس عەلاق)، كەتائیبی قاریعە، بزووتنەوەی فورسان ئەلمەزهەب (ئەحمەد زامیلی)، لیوای نەسرولموبین، لیوای ئەنسارولحوجە (محەمەد كەنانی)، كەتائیبی ئەسەدوڵا (ئەبوتوراب ئەسەدی)، تەشكیلاتی ئەسەدوڵا (هیشام مەگسوسی). هاوكات لەگەڵ بوونی ئەم هەموو گرووپانەو پشتگیریكردنی دارایی و مەعنەویی لەلایەن حكومەتی عێراق و ئێرانەوە بۆ زۆرینەی هەرە زۆریان، ئەم دەزگایە لەڕووی هەواڵگریشەوە چەندین دەزگای ئەمنی و راگەیاندن و پڕوپاگەندەی درووستكردووەو بەردەوام لەچالاكیدان، كە ئەمانەن: بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی حەشد (ئەبو زەینەب لامی)، بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری حەشد (ئەبو ئیمان باهلی)،  بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی حەشد (موهەنەد عیقابی)، بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە گشتییەكان (محەمەد رەزا)، بەڕێوەبەرایەتی دژە تەقەمەنی (ئەبو شەمس)، بەڕێوەبەرایەتی جوڵە (جەواد رەبیعاوی)، بەڕێوەبەرایەتی رێنمایی عەقائیدی (سەید محەمەد حەیدەری). دوابەدوای راگەیاندنی كۆتایهاتنی جەنگی رێكخراوی داعش، ئیدی پرسیاری سەرەكی زۆربەی عێراقییەكان و گۆڕەپانی سیاسی ئەوەبوو ئایا حەشدی شەعبی بەو جۆرەی ئێستا دەبێت بەردەوامی هەبێت؟ ئەوەبوو دواجار ئەو رێكخراوە بەحكومی كراو لە٢٦ی ١١ی ٢٠١٦ لەپەرلەمانی عێراق هاوشانی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی دیكەی عێراق شەرعیەتی بەهەبوونی دراو خرایە ژێر دەسەڵاتی سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە كە لەهەمانكاتدا فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانیشە. بەڵام وەنەبێت ئیدی كێشەو گرفتەكانی ئەم رێكخراوە كۆتایی هاتبێت، بەڵكو بەهۆی هەژموونی ئێران و لایەنگری زۆرێك لەگرووپە كاریگەرەكانی ناو حەشدی شەعبی بۆ ئەو وڵاتە، جۆرە جیابوونەوەیەك روویداو بەشێك لەگرووپەكانی سەر بەمەرجەعیەتی نەجەف جیابوونەوەی خۆیان راگەیاند.  نووسەری تیرۆركراوو شارەزای بواری گرووپە تیرۆریستییەكان (هیشام هاشمی)، پێنج رۆژ بەر لەتیرۆركردنی لەڕۆژی 1-7-2020، لەلێكۆڵینەوەیەكدا بەناونیشانی (ململانێی نێوخۆیی لەدەستەی حەشدی شەعبی) كەدواجار هەر ئەو لێكۆڵینەوەیەش بەهۆكاری تیرۆركردنی زانرا، تیشكی خستۆتە سەر ئەو كێشمەكێشە قووڵەی كە لەنێوان  ئەو دوو رەوتەی لەنێو حەشدی شەعبی دابەشبوون: یەكەمیان بەسەركردایەتی ئەبومەهدی موهەندیس بوو كە دەگەڕێنەوە بۆ سەر رێبازی عەلی خامەنەیی، ئەوەی دووەمیشیان ئەو رەوتەن كە لەكۆی گرووپەكانی سەر بەعەتەبەكانی عێراق پێكهاتوون و بەعەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەكان لەعێراق پەیوەستن. هیشام هاشمی لەلێكۆڵینەوەكەیدا دەڵێت: قەبارەی ململانێكە رۆژ بەڕۆژ لەنێوان فیرقەی عەباسی شەڕكەری سەر بەعەتەبەی عەباسییە كەسیساتی بەمەرجەعی خۆیان دەزانن و لەنێوان دەستەی سەرەكی، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو سەركردانەی وەلایان بۆ حەشدی شەعبی هەیە، گەورەتر دەبێت، بازنەی ململانێكان لەمانگی شوباتی 2018 زیاتر فراوانبوو، بەتایبەتیش ئەوكاتەی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەوكاتەدا، زنجیرەیەك بڕیاری توندی بۆ لاوازكردنی باری دارایی و كارگێڕی بەسەر گرووپە چەكدارەكانی سەر بەعەتەبەكان سەپاند. لێكۆڵینەوەكە لەسەر زاری دوو فەرماندەی سەر بەسیستانی ئەوەی خستۆتەڕوو كەهێزەكانی نوجەباو كەتیبەكانی حزبوڵڵاو بەدرو خوراسانی، كەساڵانێكە بەپارەی ئێران و پاڵپشتی رژێمی سوریا لەناوچە سنوورییەكان دەجەنگن، سەروەت و سامانی حەشدی شەعبییان قۆستۆتەوە، دەڵێت:»ئەم گرووپانە نوێنەرایەتی هێزی ئێرانی سەربازیی لەعێراق دەكەن». هاوكات پێشبینی كردووە كە لەوانەیە ململانێكان و بەرژەوەندی و زیادبوونی رێژەی پۆستەكان بۆ حەشدی وەلائی، ببێتەهۆی ئیفلیجبوونی حەشدی شەعبی و لەكۆتایی لێكۆڵینەوەكەشدا ئاماژە بەوەدەكات كەپێكهاتەی ئێستای هەیكەلییەتی حەشدی شەعبی لەگەڵ پەیڕەوی سیاسی ناكۆكەو ئەوانەشی لەهەیكەلییەكە ناڕازین،  ئەمڕۆ لەهەموو كاتێك زیاترە. وەنەبێت بەكوژرانی هاشمی ئیدی ناكۆكییەكان كۆتاییان هاتبێت، بەڵكو ناكۆكییەكان بەردەوامبوون و سێ خاڵی سەرەكی هۆكاری ناكۆكیی نێوان (حەشدی عەتەبات) و سەرایای سەلام و دەستەی سەرۆكایەتی حەشدی شەعبیدا هەبوو كەیەكەمیان هەبوونی جیاوازی لەپێدانی چەك و هاوكاری بەتایبەت ئەوانەی نزیكن لەئێرانەوە زیاتر وەردەگرن و دووەمیشان وەرگرتنی پۆستە لەدەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەو گرووپانەی نزیكن لەئێرانەوە، سێیەم ناكۆكیش دەستوەردانی گرووپەكانی لایەنگری ئێرانە لەدۆخی سیاسی عێراق. ئەمە جگە لەچەندین ناكۆكی تر وەك وەرگرتنی پارە لەو ناوچانەی گرووپەكان تیایدا باڵادەستن و شەڕكردن لەسوریا بۆ بەرگریكردن لەڕژێمی سوریا لەكاتێكدا ئەندامانی ئەو گرووپانە موچە لەحكومەتی عێراق وەردەگرن. دوای كوژرانی (ئەبو مەهدی موهەندیس)ی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەگەڵ (قاسم سلێمانی) فەرماندەی سوپای قودس لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی لەسەرەتاكانی ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەمریكاوە، ناكۆكی لەسەر پۆستەكەی سەریهەڵداو سەدرییەكان و گرووپەكانی نزیك لەنەجەف دژی دانانی (ئەبو فەدەك) وەستانەوە. رەنگە تازەترین ناكۆكیش ئەوەبێت یەكێك لەداواكانی موقتەدا سەدر لەچەندڕۆژی رابووردودا ئەوەبوو كەداوای لابردنی (فاڵح فەیاز)ی سەرۆكی دەستەی حەشدی كردو داوایكرد دووبارە ئەو دەستەیە رێكبخرێتەوە. واپێدەچێت ناكۆكییەكانی گرووپەكانی نێو حەشدی شەعبی بەم زووییە كۆتایی نەیەت، بەڵكو لەگەڵ توندبوونەوەی دۆخی سیاسی عێراقیدا زیاتربێت و ئەو گرووپانە جارێكی تر پەناببەنەوە بەر توندوتیژی.  (عەلی بەیدەر) لێكۆڵەری سیاسی دۆخی عێراق دەڵێت: »ناكۆكییەكانی گرووپە چەكدارەكان كۆتایی نایەت، چونكە ناكۆكییە سیاسییەكان بەردەوامن، گرووپەكانی حەشدی عەتەبات هەوڵدەدەن وێنەیەكی جوانی حەشدی شەعبی نمایش بكەن، سەرایا سەلامیش پشتگیری بیرۆكەی حكومەتی زۆرینە دەكا كەموقتەدا سەدر هەوڵی بۆ دەدات، لەكاتێكدا گرووپە وەلائییەكانی نزیك لەئێران پشتگیری لەچوارچێوەی هەماهەنگی دەكەن و نەیاری سەدرن». رەخنەگرانی دۆخی سیاسی عێراق پێیان وایە ئەوەی لەم نێوەندەدا ونە، رۆڵی حكومەت و سوپاو دەزگا ئەمنییەكانیەتی كە لەئاست گرووپە چەكدارەكاندا دەستەوەستانن و زۆرجاریش رۆڵی تەماشاكار دەبینن، تەنانەت رەخنەی ئەوەش دەگرن كە (مستەفا كازمی) سەرۆك وەزیرانی عێراق نەیتوانی پارێزگاری لەماڵەكەی خۆی بكات ئەوكاتەی بەدرۆن هێرشیانكردە سەری، چجای ئەوەی بتوانێت پارێزگاری لەوڵاتەكەی بكات لەئاستی ئەو گرووپانەدا، ئەمە لەكاتێكدایە چ ئەمریكا و چی نەتەوەیەكگرتووەكانیش هەمیشە داوای بنەبڕكردنی چەكی بەرەڵا دەكەن و داوا لەحكومەتی عێراق دەكەن ئەو گرووپانە چەكبكات. غازی حسێن بەڕێوبەری ناوەندی عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی دەڵێت: دیاردەی چەك لەدەرەوەی یاسا لەعێراقدا بەهۆی ئەو میلیشیا مەزهەبیانەوەیە كە سەر بەوڵاتانی دەرەوەیە، ئەمەش گرفتێكی ئاڵۆزە. ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات ئەو گرووپانە راستەوخۆ پەیوەندییان بەسوپای پاسداران و فەیلەقی قودسی ئێرانییەوە هەیە، راهێنان و پڕچەككردن و دارایی لەئێرانەوە وەردەگرن كەئەمەش وایكردووە نفوزێكی فراوانیان لەخاكی عێراقیدا هەبێت، ئەو میلیشیایانە دەوڵەتی قووڵن لەناو دەوڵەتی عێراقیدا، توانایەكی ئابووری و دارایی و سیاسی زۆریان هەیە، تەنانەت كارگەی چەك و موشەك و درۆنیان هەیە. سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمی دەسەڵاتی بەرامبەر گروپە چەكداریەكان سنوردارەو توانای سەپاندنی یاسای نییە، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە كە گرنگترینیان ئەوەیە كازمی بەبەراورد بەو گرووپانە هیچ هێزێكی سیاسی گەورەی لەپشت نییە، هیچ حزبێكیش پشتگیری ناكات، ئەزموونیش وایلێكردووە كە بەر لەوەی هیچ هەنگاوێك لەدژی ئەو گرووپانە بنێت بیربكاتەوە بەتایبەت ئەوەی ئەو گرووپانە بەئاسانی چوونەتە ناوچەی سەوزەوە لەپێشترداو سوپا نەیتوانیوە رێگایان لێبگرێت بەتایبەت ئەوكاتەی كازمی سەركردەیەكی كەتائیبی حزبوڵای دەستگیركردو دواتر ئازادی كرد، ئەمەش كازمی والێكرد بگات بەو دەرئەنجامەی كە باوەڕی تەواوەتی بەتوانای هێزەكەی نەبێت كە جەنگەكە لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، هەربۆیە وازی لەو ئاڵگارییە هێناوە. هەرچەندە زۆرێك لەچاودێرە سیاسییەكانی عێراق پێیان وابوو توندوتیژییەكانی ئەمدواییەی بەغدای نێوان گرووپە چەكدارەكان فرسەتێكی باشبوو بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق تاوەكو دۆخەكە لەبەرژەوەندی خۆی و دەوڵەت یەكلایبكاتەوەو جەنگی گرووپەكان دەستپێبكات، بەڵام خودی كازمی هیچ هەنگاوێكی بەو ئاراستەیە نەناو بێلایەنی هەڵبژارد، تەنانەت سوپاسی هێزە ئەمنییەكانی كرد كەدەستیان لەشەڕەكە وەرنەداوە. كازمی دوای توندوتیژییەكان لەوتارێكدا وتی: «سوپاسی تەواوی هێزە ئەمنییەكان دەكەم كە نەبوونە لایەنێك لەململانێی چەكداری نێوان گرووپە چەكبەدەستەكانی دەرەوەی یاساو لەگەڵ نیشتیماندا مانەوەو رووی چەكەكانیان ئاراستەی سنگی عێراقییەكان نەكرد». هەڵوێستە لاوازەكەی كازمی و بەهێزی گرووپە چەكدارەكانی ناو وڵات و پەككەوتنی پەرلەمان و چەقبەستنی دۆخی سیاسی كاریگەرییەكی گەورەی كردۆتەسەر بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ژیاری هاووڵاتیانی ئاسایی و چارەنووسیان دراوەتە دەست قەدەرێكی نەزانراو. ئێستا ئەوەی هەیە هێشتا هیچ ئاسۆیەك بۆ دۆخی سیاسی عێراق نییەو لایەنە سیاسییەكان ناكۆكییەكانیان تادێت قووڵتر دەبێتەوە، ئەوەی هەیە گرووپگەلی بەهێزتر لەدەوڵەت  كەخاوەن ئابووری بەهێزو ڕاهێنراوی سەربازیی و چەكی مۆدێرن و پشتگیری بەهێزی دەرەكی و خاوەن حزبی سیاسی لەپەرلەمانن، لەهەر ئەگەرو چركەساتێكدا وەك بەرمیلە باروت وەهان بەبچووكترین پریشكی ئاگر دۆخی عێراق ئاگر تێبەردەدەن.  

هەژار ئەنوەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەكۆتایی نزیكدەبێتەوە، بەڵام تائێستا پرۆژەیاسای بودجەی نەناردووەتە پەرلەمان، ئەوە لەكاتێكدایە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەوتاری دەستبەكاربوونیدا لەپەرلەمان رایگەیاند: كاری سەرەكیمان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازییەو كار بۆ چەسپاندنی یاسا دەكەین، بەڵام بێ‌ ئەوەی یاسای بودجەی هەبێت مامەڵەی بەخەرجی و داهاتەوە كردووە،  پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: یاسای بودجە كۆتایی دەهێنێت بەنایاسایی و ناشەرعیی هەڵسوكەوت و مامەڵەكردنەی حكومەت بەداهات و خەرجییەكانی و  كاتێك حكومەت پڕۆژەیاسای بودجە نانێرێتە پەرلەمان ئەم حكومەتە هیچ دەسەڵاتێكی خەرجكردنی پارەی نیە. لەماوەی 30 ساڵی تەمەنی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تەنها حەوت جار پڕۆژەیاسای بودجەی ناردووەتە پەرلەمان، لەكاتێكدا پێویستە ساڵانە پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێت. عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری كوردستان لەفراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری و ئەندامی لێژنەی كاروباری دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند:»یاسای بودجە گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە ئەم نایاسایی و ناشەرعییەی هەڵسوكەوت و مامەڵەكردنەی حكومەت بەداهات و خەرجییەكانی كۆتایی پێدەهێنێت، لەبەرئەوە هیچ حكومەتێك دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی نیە تەنها لەچوارچێوەی بوددجە نەبێت، واتە دەبێ ساڵانە پەرلەمان لەڕێگەی یاسای بودجە دەسەڵات بداتە حكومەت، بۆیە كاتێك حكومەت پڕۆژەیاسای بودجە نانێرێتە پەرلەمان ئەوە راستەوخۆ ئەم حكومەتە هیچ دەسەڵاتێكی خەرجكردنی پارەی نیە، بۆیە ئەوەی دەكرێ لەدەرەوەی یاسایە، جگە لەمانەش ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجە هەبێت ئەوە تاڕادەیەك خەرجییەكان و داهات  شەفاف دەبێ و ژمێرەی كۆتاییش دەبێت، واتە لەكۆتایی ساڵ حكومەت لەڕوانگەی بەرنامەو پلانەكانی خۆیەوە پیشانی دەدات كەداهات و خەرجییەكانی فعلی لەهەرێمی كوردستان چەند بووە، بۆیە لەبەرئەوەی نۆ ساڵە حكومەت ئەم پڕۆژەیاسایەی نەبووە واتە ژمێرەی كۆتاییشی نییە». دوایین جار كەحكومەتی هەرێم پڕۆژەیاسای بودجەی ناردووەتە پەرلەمان ساڵی 2013  بوو، كە بە 15 ترلیۆن و 257 ملیارو 849 ملیۆن دینار، خەملێندراوە. ئەرشەد لۆلانی پەرلەمانتاری كوردستان لەفراكسیۆنی پارتی لەلێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت: «لەساڵی 2014وە بەهۆی شەڕی تیرۆریستانی داعش و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراق و هاتنی ڤایرۆشی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت ئەمانە هۆكاربوون كەحكومەتی هەرێم نەتوانێت ماوەی نۆ ساڵ پڕۆژە بودجە بنێرێتە پەرلەمان، بۆیە داهات و خەرجییەكان روون نەبوون و ئەو داهاتەشی هەبوو حكومەت خەرجی دەكرد». لۆلانی كەهاوكات ئەندامی لیژنەی كاروباری داراییە وتی: «ئێمە لەلیژنەكەمان راپۆرتمان ئامادەكردووە لەسەر كۆی بابەتە داراییەكان لەم چوارچێوەیەش بودجەی تێدایەو هەركاتێك حكومەت پڕۆژە بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات ئەوە ئێمە ئامادەین بۆ تاووتوێكردن و گفتوگۆكردن لەسەری تاوەكو لەنزیكترین كاتدا پەسەند بكرێت». هاوكات جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان داهات و خەرجی سێ‌ ساڵی رباردووی بڵاوكردەوەو دەڵێت: «كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم كە بریتین لە (نەوتی، نا نەوتی، تەمویلی عێراق‌و هاوپەیمانان) لەماوەی سێ ساڵی ڕابردودا بریتیە لە (46.3) ترلیۆن دینار». وتیشی: «خەرجی حكومەتی هەرێم لەماوەی سێ ساڵی رابردودا كە بریتین لەموچەو خەرجیەكانی نەوت‌و بەكارخستن‌و وەبەرهێنان‌و كرێی وێستكەكانی كارەباو دانەوەی قەرز بریتیە لە ( 49.8 ) ترلیۆن دینار، و تێكڕای داهاتی نەوتی فرۆشراویش 55%ی بۆ وەبەرهێنان‌و كۆگاكردن‌و گواستنەوە خەرجكراوە لەو سێ ساڵەداو 45%یشی گەڕاوەتەوە خەزێنەی حكومەتی هەرێم. ئەوان لەسەرەتای ئەم كابینەیە بابەتی یاسای بودجەیان بەگرنگ زانیوەو پێیانوایە بەشێكە لە چاكسازی و شەفافیەت، بەڵام گرفتیان لەوەیە كە حكومەتی عێراق بودجەی نییە، و لەسەرەتای ئەم كابینەیەوە ڕووبەڕووی چەندین گرفت بوونەتەوە، لەسەر فەرمانی  سەرۆكی حكومەت بەزووترین كات ئەم پڕۆژە یاساییە ئامادە دەكرێت بەپێی ئەو دۆخەی كوردستان و دەینێرین بۆ پەرلەمان»، جوتیار عادل وای وت. لەبەرامبەردا شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتی  دواو دەڵێت:»وتەبێژی حكومەتی هەرێم خۆڵ دەكاتە چاوی گەلی كوردستان ئەم بیانوانە هیچ قبوڵكراو نیە، زۆرێك لەوڵاتان تووشی شەڕو كارەسات بوونە، بەڵام پڕۆژەیاسای بودجەشیان هەبووەو داهات و خەرجییەكانی خۆیان رێكخستووە، بۆیە بیانوی حكومەت كە باس لەشەڕی داعش و كۆرۆنایە ئەمانە ساڵێك دووان بوونە، ئەی بۆ زیاتر لەهەشت ساڵە پڕۆژەیاسای بودجە نانێرێتە پەرلەمان، بۆیە بیانوویەكانیان بۆ پەردەپۆشكردنی دوو ئیدارەیی و گەندەڵیە». وتیشی: «نەناردنی پڕۆژەیاسای بودجە پەیوەندی بەگەندەڵیەوە هەیە چونكە بەشێكی زۆری داهاتی هەرێمی كوردستان دیارنامێنێت، حكومەتی هەرێم بەنایاسایی داهات و خەرجییەكان بەڕێوەدەبات كەئەمە لەوڵاتان حكومەتی پێ هەڵدەوەشێندرێتەوە، بەڵام بەداخەوە لەهەرێمی كوردستان یاسا سەروەرنیە». بیلال سەعید، بەڕێوەبەری ئینستیۆتی ئابووری بەژمارە، بەهاوڵاتی راگەیاند: نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمان پرسێكی زۆر كاریگەرەو رەنگدانەوەی سلبی لەسەر كۆی پرسە ئابوورییەكان لەناوخۆی كوردستان و تەنانەت دەرەوەش هەبووە، بۆیە هەر جۆریك لەدواخستن و رەوانە نەكردنی كاریگەری تەنانەت لەسەر بەشداری نەكردنی هاووڵاتیان لەهەڵبژاردنەكان دەبێت و جۆرێكە لەپاشەكشەی دیموكراسی لەبەرئەوەی رۆڵی هاووڵاتی كەمدەكرێتەوەو بەبێ حسابكردن بۆ پەرلەمان كەدامەزراوەی یاسادانانەو هاووڵاتیان دەنگیان بۆ ئەوە داوە كەنوێنەرایەتیان بكات، یەكێك لەبابەتەكان دیاریكردنی پشكی دارایی و جۆری خەرجییەكانە كەئەویش لەڕێگەی یاسای بودجەوە دەردەكەوێت». وتیشی: ئێستا هاووڵاتیان خراونەتە دەرەوەی هاوكێشەی بەشداریپێكردن لەڕێگەی نوێنەرەكانیانەوە، بۆ ئەوەی ئەم هاوكێشەیە راستبكرێتەوە زۆر گرنگە پەڕەی دارایی ساڵانی رابردوو ئامادەبكرێت و بۆ ئێستاش پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكرێت، چونكە پێویستە ساڵانە پێش ١٥ی ئۆكتۆبەر  پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی  داهاتوو رەوانەی پەرلەمان بكرێت». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بەدڵنیایەوە هەر دواخستن و رەوانەنەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان جوڵەی ئابووری رووبەڕووی وەستان دەكاتەوە». هەر سەبارەت بەنەبوونی یاسای بودجە لەهەرێمی كوردستان، بێستون فایەق پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان پێیوایە یەكێك لەكۆڵەكەكانی بەڕێوەبردنی هەموو سیستمێكی دارایی و حوكمداری، رێكسختنی خەرجی و داهاتەكانە لەشێوەی پرۆسەیەكی پەسەندكراو كەپێی دەوترێ یاسا، واتە ساڵانە چەند پارەت دەستدەكەوێت و چەندیش خەرج دەكرێت ئەوە لێكدەدرێت، ئەمە پێی دەوترێ یاسای بودجە، بەمەش كۆمەڵێك قۆناغی ورد دەبڕێت بەجۆرێك شەفافیەت دروستدەكات و گەندەڵیش كەمدەبێتەوەو بەپێی گرنگی و تایبەتمەندی ناوچەكە پڕۆژەكان دیاری دەكرێت. وتیشی:» هەموو وڵاتێك بودجەی هەیەو ساڵانە لەڕێگەی پەرلەمانەكەیەوە داهات و خەرجییەكانی دیاریدەكرێت، بەڵام بەپێچەوانەی هەموو وڵاتێك سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەمیزاج و بارودۆخی سیاسی و ویستی خۆی پارە تەرخاندەكات، جا بۆ هەركوێیەكی كوردستان بێت، بەڵام ئەگەر یاسای بودجە هەبێت ئەوە ئەم تەرخانكردنانە رێكدەخات، بەمەش دادپەروەری بۆ هەموو ناوچەكانی كوردستان دەستبەردەكرێت، بەڵام ئێستا ئەوەی هەیە دەسەڵاتی تەواوەتی لای سەرۆكی حكومەتە و رۆژانەش نووسراوە فەرمییەكانی خودی سەرۆكی حكومەت ئەمە پشتڕاست دەكاتەوە». بێستون فایەق دەڵێت:»نەناردنی پڕۆژە بودجە بۆ پەرلەمان، هیچ پەیوەندی بەحكومەتی عێراقەوە نییە، خۆئەگەر پارە لەعێراقیشەوە بێت ئەوە بەشە بودجەی كوردستان، دیسان دەبێ یاسای بۆ دەربكرێت، بۆیە ئەمەی بەغدا بیانوویەكی زۆر لاوازە». لەكاتێكدا كە پرۆژەیاسای بودجە نیە كەس نازانێت  داهات و خەرجییەكان چۆن بەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و ناوچەكان دابەشدەكرێت. عومەر گوڵپی هەر لەو لێدوانەیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» ئەگەر یاسای بودجە هەبوو تەرخانكردنی پارە بەمیزاجی نابێت و دادپەروەرانە بەسەر سێكتەرەكان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دابەشدەكرێت، لەهەمووی گرنگتر ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجە هەبوو ئەوە دەردەكەوێت كەحكومەت بەرنامەو پلانی دارایی و ئابووری هەیە، مادام ئەم پڕۆژەیاسایە نییە ئەوە حكومەت هیچ بەرنامەو پلانی نییەو لەدۆخێكی ئاڵۆزدایە». وتیشی: ئێستا هەرێمی كوردستان بەبێ بەغدا دەتوانێت هەموو خەرجییەكانی دابین بكات، چونكە داهاتی فعلی هەیە، بۆیە پێویستە لەچوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجە داهات و خەرجییەكانی رێكبخاتەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: « هۆكارێك نییە ماوەی نۆ ساڵ حكومەتێك لەسەر یەك پڕۆژە یاسا نەنێرێتە پەرلەمان، بۆیە تەنهاو تەنها شكستی ئەوەیە ئەم حكومەتە شایستەی ئەوەنیە كە ئەمانەتداری و حوکمداری لەئەستۆدابێ». لەكابینەی نۆیەمدا چەند جارێك حكومەت بەڵێنیداوە پرۆژەیاسای بودجە دەنێرنە پەرلەمان بەڵام بەڵێنەكەی خۆیان جێبەجێ‌ نەكردووە. نەبوونی یاسای بودجە لەماوەی كابینەی نۆیەمدا لەكاتێكدایە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەڕۆژی دەستبەكاربوونی لەپەرلەمانی كوردستان لە  10/7/2019 رایگەیاند: «كاری سەرەكیمان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازیی و چەسپاندنی یاسایە». بەڵام لەماوەی كابینەكەیدا بەبێ‌ بوونی یاسای بودجە مامەڵەی بەداهات و خەرجییەوە كردووە. حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها لەساڵەكانی (1993، 1996، 1997، 2001، 2007، 2008، 2013) پڕۆژەیاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كردووە.  

هاوڵاتی بەهۆی زۆری زیارەتكاری ئێرانییەوە نرخی گەشتەكانی نێوان ئێران و عێراق بەرزدەبێتەوەو داوادەكرێت بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لەسنورەكان روونەدات ئەو زیارەتكارانە پێشوەخت بگەڕێنەوە. لەماوەی 15 رۆژدا نزیكەی سێ ملیۆن زیارەتكاری ئێران روویان لەباشوری عێراق كردووە بەمەبەستی بەشداریی لەڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن، لەو ماوەیەشدا زیاتر لە 10 هەزار زیارەتكار تەندروستییان تێكچووە. جگە لەوەی ئەمساڵ زۆرترین زیارەتكاری ئێرانی رووبەڕووی كێشەی تەندروستی بووەتەوەو ژمارەیەكیشیان زۆرترین پارەیان  بۆ كڕینی تكتی گەشت بۆ كەربەلا خەرجكردووە كە لەهەندێك حاڵەتدا هەر گەشتێكی ئاسمانیی تاران بۆ كەربەلا نزیكەی دوو هەزار دۆلاری تێچووە. بەهۆی گڕگرتنی پاسێكی زیارەتكاران 12 كەس گیانیان لەدەستداو 30 كەسیش برینداربوون و پۆلیسی بابلیش دەڵێت: لەو رووداوەدا 11 زیارەتكاری ئێرانی گیانیان لەدەستداوە. پاسێكی زیارەتكاران لەپارێزگای بابل بەهۆی پێكدادان لەگەڵ تەنكەرێكی سووتەمەنی ئاگری گرت و رووداوەكەش  32 قوربانیی لێكەوتەوە. بەرپرسانی فریاگوزاریی ئێران رایانگەیاندووە بەهۆی سوتاوییەوە ناسنامەی كەسەكان دیار نییەو تەنها یەك زیارەتكاری ئێرانی لەڕووداوەكەدا گیانی لەدەستداوەو هەر لەو رۆژەدا بەهۆی وەرگەڕانی پاسێكی زیارەتكارانی ئێران لەحلە چوار كەس گیانیان لەدەستداو 10 كەسیش برینداربوون. بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 23 هاووڵاتی ئێران كە بەمەبەستی بەشداریی لەڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی لەكەربەلا روویان لەعێراق كردووە بەنەخۆشی و رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە. لەماوەی رابردوودا زیاتر لەدوو ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتی و دانیشتوی ئێران روویان عێراق كردووە بەمەبەستی بەشداریی لەڕێوڕسمی چلەی ئیمام حسێندا. نرخی گەشتی تاران بۆ پاریس هەرزانترە تا كەربەلا نرخی گەشتی ئاسمانی ئێران بۆ نەجەف و كەربەلا بەهۆی زۆریی گەشتیارانەوە چوار بۆ هەشت هێندە بەرزبووەوەو ئەوەش وایكردووە گەشتی پاریس بۆ تاران هەرزانتر بێت لەگەشتی تاران بۆ كەربەلاو نەجەف. میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە نرخی هەر تكتێكی فڕۆكە بەمەبەستی گەشت بۆ كەربەلا و نەجەف لەعێراق، لەشەش ملیۆن تمەنەوە بۆ زیاتر لە 51 ملیۆن تمەن بەرزبووەتەوە كەدەكاتە هەزارو 800 دۆلار. بەپێی ئەو زانیاریانەی لەمیدیاكانی ئێران بڵاوبووەتەوە رۆژی شەممەی رابردوو (3/9/2022)  نرخی هەر گەشتێكی ئاسمانیی مەشەهد بۆ نەجەف كەپێشتر 200 دۆلار بووە گەیشتووەتە  900 تا هەزارو 800 دۆلار لەكاتێكدا نرخی هەر گەشتێكی ئاسمانی لەشاری پاریسی فەڕەنساوە بۆ تاران 607 دۆلارە. بەرپرسانی ئێران پێشتر هۆشدارییان دابوو كەنابێت نرخی گەشتە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەیان بۆ  كەربەلاو نەجەف لە 200 دۆلار زیاتر بەرزببێتەوە، بەڵام لێشاوی گەشتیاران و زیارەتكارانی ئێران بۆ ئەو دوو شارەی عێراق نرخی گەشتەكانی بەرزكردووەتەوە. بەرپرسانی ئێران داوای گەڕانەوە لەزیارەتكاران دەكەن بەهۆی قەرەباڵغی و زۆری ژمارەی زیارەتكاران، وەزیری ناوخۆیی ئێران داوای لەزیارەتكاران كردووە پێش بەڕێوەچوونی چلەی ئیمام حسێن لەكەربەلا، بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان بۆ ئەوەی رووبەڕووی كێشە نەبنەوە. هاوكات پۆلیسی فڕۆكەخانەكانی ئێران رایگەیاندووە ئامادەكاریی دەكرێت بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە 60 هەزار زیارەتكار لەڕێگەی گەشتی ئاسمانییەوە. بەرپرسانی فڕۆكەخانەكانی ئێران رایانگەیاندووە نزیکەی 50 هەزار زیارەتكار لەڕێگەی 11 فڕۆكەخانەوە رەوانەی كەربەلا كران و سەرجەمیان گەڕاونەتەوە.

هاوڵاتی مەرگی ژنێك لەمەریوان لەپێناو ئەوەی كەڕێگەی نەدا دەستدرێژیی بكرێتە سەری، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی ژنانی لێكەوتەوەو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش ئاشكرایانكرد: توندوتیژیی بەرامبەر ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەراورد بەڕابردوو زۆر زیادیكردووە. شلێر رەسوڵی كەتەمەنی 36 ساڵ بوو دایكی دوو منداڵ بوو لەبەرئەوەی رێگەنەدات لەلایەن پیاوێكەوە دەستدرێژیی بكرێتەسەر لەنهۆمی دووەمی خانوویەكەوە خۆیهەڵدەدا و بەهۆیەوە دوای شەش رۆژ بێهۆشبون رۆژی پێنجشەممە (8/9/202) لەنەخۆشخانەیەكی شاری سنە گیانی لەدەستدا. ئەو رووداوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی ژمارەیەكی بەرچاوی خەڵكی مەریوانی لێكەوتەوەو ناڕەزایەتییەكانیش گەیشتە شاری سنە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی مەریوان لەئاستێكی بەرفراواندا بوون و رێپێوان و ناڕەزایەتیی شارەكەی گرتەوە. ژمارەیەكی زۆر لەژنان بەوەستان لەبەردەم ماڵی شلێر رەسوڵی داوای سزادانی تاوانبارو مافەكانی ژنانیان كردو بەرفراوانبوونی كاردانەوەكانیش بەرپرسانی باڵای ئێرانی هێنایە دەنگ.  شلێر پاڵەوانێكی قوربانیی میدیاو بەرپرسانی ئێران شلێر رەسوڵیان بەشەهیدی پاكیزەیی وەسفكردووەو  تەنانەت ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران لەكاردانەوەی مەرگی ئەو قوربانیەی تووندوتیژییەدا رایگەیاند: شڵێر رەسوڵی نموونەی شكۆی ژنی كوردە بۆ پاراستنی پاكیزەیی و شەرەفی خۆی كەپێویستە سەرجەم ژنانی ئێران ئەو بكەنە هێمای پاكدامێنی. هاوكات ئەنیسە خەزعەلی، راوێژكاری ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان لەو وڵاتە بەپەیامێك؛ مەرگی شلێری رەسوڵی هاوشێوەی هەوڵەكانی رژێمی بەعسی عێراق بۆ داگیركردنی ناوچەی شلێر لەڕۆژهەڵاتی كوردستان شوبهاندووەو دەڵێت: نهێنییەك لەناوی شلێردا هەیە كەدامێنی پاكەو خۆ بەدەستی دەستدرێژیكار نادات. وتیشی: شلێر بەخۆ خستنەخوارەوە رەسەنایەتی ژنی كوردی لەپاكیزەیدا نمایش كردووە. لێدوانی بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر ئەو رووداوە كاردانەوەی ژنان و چالاكوانانی كوردی لێكەوتەوەو لەبەیاننامەیەكدا ئەو لێدوانانە وەك هاندانی ژنان بۆ خۆكوشتن لەقەڵەمدراو راگەیەنرا سیستمی دەسەڵات لەئێران هاوكارە بۆ بەرزبوونەوەی تووندوتیژیی بەرامبەر ژنان. چیرۆكی مەرگی شلێر شلێر رەسوڵی، كەدایكی دوو منداڵ بوو، لەلایەن پیاوێكی دراوسێیانەوە بەبیانوی هاوكاریی هاوژینە دوو گیانەكەی، داوای لێكردووە بچێت بۆ ماڵی ئەو پیاوە، دواتر كە شلێر زانیویەتی خێزانی ئەو پیاوە لەماڵەوە نییەو دەركەوتووە ئامانجی پیاوەكە بەپێی پێشینەی رابردووی، دەستدرێژیكردنە، خۆی لەنهۆمی دووەمی ئەو خانووە هەڵداوەتەخوارەوە. لەڕاپۆرتی پزیشكیدا دەركەوتووە شلێر رەسوڵی كەهەوڵی خۆدەبازكردنی داوە بەسەر كەوتووەتە خوارەوەو هەر ئەوەش وایكردووە دەستبەجێ بێهۆش ببێت و لەماوەی شەش رۆژدا بەهۆش خۆی نەهاتووەتەوەو داواجار گیانی لەدەستدا. ئەگەرچی هەندێك كەس دەڵێن هەنگاوەكەی شلێر هاوشێوەی خۆكوژییە بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەكان ئەو تەنها هەوڵی خۆدەربازكردنی داوەو ئەوەش بووەتە هۆی گیانلەدەستانی. ئامارەكانی مەرگی ژنان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لەئامارەكانی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی كوردستان دەركەوتووە لەئازاری ساڵی رابردوودا تائازاری ئەمساڵ 94 ژن لەڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوەو 41 ژنیش كوژراون. هۆكاری زۆربەی خۆكوژییەكان و كوژرانی ژنان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتووندوتیژیی بەرامبەر ژنان لەقەڵەمدراوە. بەپێی راپۆرت و ئامارەكان؛ تووندوتیژیی بەرامبەر ژنان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەراورد بەساڵانی رابردوو 36% زیادیكردووەو زۆرجار بۆ پەردەپۆشكردنی ئامارەكان هەوڵدەدرێت دۆسیەی ئەو ژنانەی رووبەڕووی تووندوتیژیی دەبنەوە تەنها وەك دۆسیەیەكی خێزانیی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.