هاوڵاتی توركیا بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سوریا پشتیوانیی لەگروپە ئۆپۆزسیۆنە چەكدارە جیهادی و ناجیهادییەكان كردووە تاوەكو رژێمی بەشار ئەسەد بڕوخێنن و رژێمێكی نزیك لەخۆی لەسوریا دەسەڵات بگرێتەدەست. بۆ ئەوەش هاوكاریی لۆجستی، راگەیاندن، دیپلۆماسی و پێدانی چەك و پارەی بەگروپە چەكدارەكانی دژ بەڕژێمی سوریا خستبووە ریزبەندی سەرەوەی بەرنامەكانی حكومەتەكەی. بەرپرسە جۆراوجۆرەكانی ئەنقەرە بەبەردەوامی لێدوانی ئاگرینیان دەداو هەڕەشەیان دەكردو هەر جۆرە نزیكبونەوەو رێككەوتنێكیان لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد بەتاوان دەناساند. شەپۆلی رووداوەكانی بەهاری عەرەبی كاریگەریی بەجۆرێك دروستكردبوو، كەتوركیاو وڵاتانی سعودیەو ئیمارات و قەتەرو تەنانەت ئەمریكاو رۆژئاوا چاوەڕێیان دەكرد لەماوەیەكی كەمدا رژێمی سوریاش وەك تونس و میسرو لیبیا بڕوخێت و رژێمێكی نزیك لەخۆیان لەسوریا دروست بكەن. بۆ ئەوەش دەستیان بەپڕچەككردن و یارمەتیدانی گروپە چەكدارەكانی دژ بەڕژێمەكەی ئەسەد كرد. سی ئای ئەی ئەمریكی و وڵاتانی رۆژئاوایی هاوكاریی چەك و پارەیان بەزیاتر لە ١٧ گروپی چەكداری ناوخۆی سوریا دەكرد. بۆ زیاتر كاریگەربوونی گوشارەكان لەسەر رژێمی ئەسەد گۆڕەپانی سوریا بەسەر دوو بەرەی شەڕی سەرەكی دا دابەشكرا، باكوور تاوەكو ناوەڕاستی سوریا بۆ توركیاو ناوەڕاست تاوەكو باشووری سوریایش بۆ سعودیەو ئیمارات دانرابوو، كە هەریەكەیان شەڕی ئەو ناوچانە لەدژی رژێمی ئەسەد بەڕێوەببەن. لەدوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ و بێئەنجامبوونی شەڕی گروپە چەكدارەكان و هاتنە ناوەوەی گروپە جیهادییە ئیسلامییە توندڕەوەكانی وەك بەرەی نووسرە (باڵی قاعیدە لەسوریا) و داعش و جەیشی ئیسلام و چەندین گروپی تر، ئەمریكا وردە وردە دەستبەرداری چەكدارەكانی دژ بەڕژێمی سوریا بوو، سعودیەو ئیمارایتیش لەبەری ناوەڕاست و باشوورەوە دۆخەكەیان لەسنوورێكدا راگرت و كشانەوە، بەڵام توركیا بەوپەڕی پێداگرییەوە كوانوی شەڕی گەرم دەكردو ئەو ناوچانەی بەتوركیا درابوون بەگشتی و بەبەراورد لەگەڵ ناوچەكانی تردا زۆرترین زیان و كاولكارییان بەركەوت. توركیا وەك رژێمی ئەسەد ئەوپەڕی توندوتیژیی بەكاردەهێناو پێكەوە شارو خاك و گوندو هاووڵاتییانی سوریایان كردە سوتەمەنی، بۆ هیچیان گرنگ نەبوو كاولكاری و زیانی مرۆیی بەكوێ دەگات. توركیا بەناوی جۆراوجۆرەوە راهێنان و بانگەوازی ئیسلامییەوە گروپەكانی سوریای بەتەواوەتی خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆی. لەدرعا، حەما، حومس، حەلەب و داریا مامەڵەی پێوەكردن و فرۆشتنی بەڕووسیاو رژێمی ئەسەدو پاشەكشەی پێكردن بەرەو ئیدلب، ئەوەش تەنها بۆ ئەوەی باب و عەفرین و ناوچەكانی تری رۆژئاوای كوردستان داگیربكات. هاوكات لەگەڵ گۆڕەپانی شەڕو بەكارهێنانی ئەوپەڕی توندوتیژی، لەكۆبوونەوەكانی جنێڤ و ئاستانا و سۆچی بەبەردەوامی كاری مامەڵەكردن بووە بەئۆپۆزسیۆنەوە و لەوەشدا سەركەوتوبوو، چونكە ئۆپۆزسیۆن ئیتر پارەو چەك، ئۆتێل و دیپلۆماسی، موچە و پلانی سیاسیان و ئامانج و خواستەكانیان لەلایەن توركیاوە دیاری دەكرا. گەرچی ئەوەی پێی دەوترێت ئۆپۆزسیۆن یەكجۆر و یەك شێوە نین، بەڵام لەئەنجامدا لەقاڵبی سیاسەتی توركیدان. حكومەتی ئەنقەرەش كاری بۆ ئەوە كردووە، هەركەس و گروپێك لەناو ئۆپۆزسیۆندا لەگەڵ سیاسەتەكانی نەبێت تیرۆریان بكات، یان بەدەستی گروپە نەیارەكانی تر بیانكوژێت، كەدیارترین و كاریگەرترین پاكتاوكاری، كەزیانی گەورەی لەبناغەی سوپای ئازاددا، كوشتنی حوسێن هەرموش یەكێك لەسەركردە زۆر كاریگەرو دیارەكانی ئەو سوپایە بوو لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە.  هەروەها ژمارەیەك چالاكوان و رۆژنامەنووسی سوریاش لەتوركیا بەدەست گرپە چەكدارەكان كوژران. جگە لەوانەش هەر گروپێكی چەكدار لەپلانی توركیا دەرچووبێت، بەگروپی تری چەكدار هێرشی كردووەتەسەری و لەماوەكانی رابردودا سەدان هێرش و پێكدادان لەنێوان گروپە چەكدارەكانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەخاكی سوریادا روویانداوە. توركیا لەدوای نزیكەی ١١ ساڵ لەشەڕ و ململانێ و كاولكاری لەسوریا ئیدی هیچ كارتێكی گرنگی بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی، كە لەناوبردنی دەستكەوتەكانی كوردو رۆژئاوای كوردستانە، بەدەستەوە نەماوە. تەنانەت لەمدواییەدا ئەمریكاو روسیا رێگایان لەئۆپراسیۆنێكی تری سەربازیی توركیا گرت بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان. توركیا بۆ ئەوەی رێگە لەشۆڕشی كوردو مافەكانی كورد بگرێت، ئامادەیە ئەمجارە راستەوخۆ گروپە چەكدارەكان بباتەوە ژێر باڵی ئەسەدو دیمەشق. مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا چەند رۆژ لەوەوپێش رایگەیاند، بۆ رێگریكردن لەپارچەكردنی سوریاو بۆ لەناوبردنی پەیەدە و یەپەگە پێویستی بەوە هەیە، كە دەوڵەتێكی ناوەندیی بەهێز لەسوریا دروستبكرێت و ئەوەش بە بەشداریی هەموو گروپەكان دەبێت.  چاوشئۆغڵو راشیگەیاندبوو، ئەنقەرە كار بۆ ئەوەدەكات ئۆپۆزسیۆن و گروپە چەكدارەكان لەگەڵ رژێمی دیمەشق رێبكەون تاوەكو سوریایەكی بەهێز دروستبكرێت. ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی توركیا لەلایەن چەند گروپێكی ئۆپۆزسیۆنەوە ناڕەزایەتیی لێكەوتووەتەوە، بەڵام ناڕەزایەتییەكان زۆر لەوە كەمترن، كە رێگە لەپلانی توركی بۆ رێككەوتن لەگەڵ رژێمی سوریا بگرن، چونكە توركیا پلانی ستراتیژیی ئەوەیە، كە رێگانەدات كورد لەباكوری سوریا ببێتە خاوەن قەوارە، كیان و دەستكەوت و دانپیادانانی نێودەوڵەتی. توركیا بۆ ئەو پلانەی هەموو كارت و گوشارە سەربازی و سیاسی و ئابووری و راگەیاندنەكانی خۆی بەكارهێناوە و بەكاریشیان دەهێنێت، بۆیە ئێستا بۆ دژایەتیكردنی كورد دەست بەدامێنی ئەو رژێمەیە، كە ١١ ساڵ كاری بۆ رووخاندنی كردو ئامادەیە ئۆپۆزسیۆن تەسلیم بەڕژێمی سوریا بكاتەوە، بەس بەو مەرجەی كورد لەسوریا پاكتاوبكرێت. ئەوە پلانی ستراتیژیی و گەورەی توركیایەو بۆ ئەوەش ئامادەیە لەدەرگای هەموو شەیتانێك بدات.

عەمار عەزیز بەهۆی هێرش و پەلامارە بەردەوامەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەسنوری پارێزگای دهۆك زیاتر لە 275 گوند چۆڵكراون، زیانی زیاتر لە حەوت ملیار دینار بەر خەڵكی ناوچەكە كەوتووە، ساڵانە بەهەزاران دۆنم پوش و پاوان و باخەكانی ناوچەكە رووبەڕووی سووتان دەبنەوە. سوپای توركیا بەبیانوی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هێرش و پەلامارەكانی بۆسەر ناوچەكانی دهۆك بەردەوامە، ئەمەش زیانی گەورەی گیانی و ماددی زۆری بەخەڵكی ناوچەكە گەیاندووە.   ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا بەئاسمانی و زەمینیەوە، دەیان ساڵە لەسنوری پارێزگای دهۆك بەردەوامن، پاساوەكەش راوەدونانی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە، هەر ئەمەش بووەتە هۆكار كە نیوار سەعید گوندەكەی خۆی بەجێبهێڵێت و ئێستا لەناوەندی شاری دهۆك دەژیت . گوندی كێستە بەدووری 35 كێلومەتر دەكەوێتە سنوری ناحیەی كانی ماسێ لەسنوری پارێزگای دهۆك، یەكێكە لەو گوندانەی بەهۆی هێرشەكانی توركیاو شەڕی توركیاو پەكەكە بەشێكی زۆری دانیشتوانەكەی چۆڵی كردووە، خەڵكەكەی بەكشتوكاڵ  و ئاژەڵدارییەوە خەریكن، پێش دوو ساڵ 40 بۆ 50 ماڵ لەو گوندە دەژیان ئێستا تەنها هەشت ماڵی لێماوەتەوەو ئەوانەی تر هەموویان ماڵیان گواستووەتەوە بۆ دهۆك و زاخۆ. نیوار سەعید یەكێكە لەو هاووڵاتیانەی كەخەڵكی گوندی كێستەیە بۆ هاوڵاتی  دواو راگەیاند: « زیاتر لە 30 ساڵە لەوێ دەژیاین، سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بووین ، پێش دوو ساڵ بەهۆی بەردەوامی شەڕی توركیاو پەكەكە بەیەكجاری ماڵی خۆمان گواستەوە بۆ ناوەندی شاری دهۆك، تەنها لەڕۆژانی هەینی سەردانی گوندەكەی خۆمان دەكەین و ئێوارە دەگەڕێینەوە بۆ شار»، ئەو بەنیگەرانیەوە وتی:»كەس حەزناكەت گوندی خۆی بەجێبهێڵێت». « باخیی ترێ و سێوو هەنجیرمان هەبوو لەگەڵ 45 سەرمەڕ، مەڕەكانمان فرۆشت باخەكەش خەریكە وشك دەبێت چونكە ناتوانین هەموو رۆژێك بچینە گوند، ئەوەش لەبەر بەردەوامی بۆردومانی توركیا، ژیانێكی خۆشمان هەبوو هەموومان لەدەستدا ، داوا لەوڵاتانی دەرەوەو یوئێن دەكەین سنورێك بۆ لەشكركێشی توركیا دابنێن، واش بڕوات دڵنیام هەموو گوندەكانی ناحیەكە چوڵدەبن» نیوار سەعید وای وت. لەبارەی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیان قایمقامی قەزای ئاكرێ رایگەیاند: «ساڵی رابردوو لیژنەیەك لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پەرلەمانی كوردستان سەردانی قەزای ئاكرێی كرد، كۆی ئامارو زیانەكانمان پێشكەشی لیژنەكە كرد، بەڵام تائێستا یەك هاووڵاتی قەرەبوو نەكراوە، ئەمەش لەدەستەڵاتی حكومەتی عێراقدایە بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و دەبێت ئەوان بڕیاربدەن كەئایا هەر هاووڵاتیەك كەی و چۆن قەرەبوو دەكرێتەوە». نیوەی گوندەكانی ناحیەی دەركار چۆڵیانكردووە لەلایەكی ترەوە دڵشێر عەبدولستار، بەرێوەبەری ناحیەی دەركار ژمارەی گوندە چۆڵكراوەكانی سنورەكەی بۆ هاوڵاتی ئاشكراكردو وتی:» ناحیەی دەركار لە 63 گوند پێكهاتووە تائێستا 32 گوند بەتەواوی چوڵكراون كە بەشێكیان هی كریستیانەكانن»، راشیگەیاند:» لەساڵی 1991 تاوەكو ئێستا 32 هاووڵاتی سڤیل لەسنوری دەركارو باتیڤا بەهۆی بۆردوومانی توركیا شەهیدو برینداربوون، جگە لەمەش لە 20ی تەمموزی ئەمساڵدا لەگوندی پەرەخێی سەر بەناحیەی دەركار نۆ گەشتیاری عەرەب گیانیان لەدەستداو  زیاتر لە 20 گەشتیاری دیكەش برینداربوون». بەشێك لەو گوندانەی چۆڵكراون كریستیانن و ئەوانیش بەشێكیان ماڵی خۆیان گواستوەتەوە بۆ ناوەندی زاخۆو دهۆك و بەشێكی دیكە بەیەكجاری كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات . لینوس عودیشو،  ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەپێكهاتەی كریستیان بەهاوڵاتی ی وت: « لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 10 بۆ 15 گوندی كریستیان نشین چوڵكراون، لەسنوری پارێزگای دهۆك، ئامێدی و ئاكرێ  20 گوند چوڵكراون. بەگشتی نزیكەی 40 گوندی كریستیان چۆڵكراون كەئێستا هیچ كەسیان تێدا ناژی و بەشێكیان ماڵی خۆیان گواستووەتەوە بۆ ناوەندی دهۆك و زاخۆو شارەكانی تر بەشێكی تریان كۆچیانكردووە بۆ دەرەوەی وڵات «.  لینوس عودیشو زیاتر دواو وتی: « بێگومان نەمانی كریستیانەكان لەو گوندانە زیانی زۆر هەیە بەتایبەت بۆ پێكهاتەی كریستیان كەزیاتر لە 50 ساڵە لەو گوندانە دەژین، داوا لەحكومەتی هەرێم و بەغداد دەكەین بەزووترین كات زیانلێكەوتووان قەرەبوو بكەنەوە، هاوكات هەوڵبدەن لەگەڵ توركیا بگەنە لێكتێگەیشتنێك كەچیتر ناوچەكانمان بوردوومان نەكرێن». هەر سەبارەت بەزیانی هێرەشەكانی توركیاو شەڕو ئاڵۆزی لەسنوری پارێزگای دهۆك، رزگار سدقی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت: «لە 1999وە تائێستا  زیاتر لە 275 گوندی پارێزگاكە بەهۆی هەبوونی بارەگاكانی پەكەكەو بەردەوامی بۆردومانی توركیا چوڵكراون، ئەو گوندانە دەكەونە سنوری قەزاكانی ئامێدی، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاكرێ و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» سەرووی 35 هاووڵاتی سڤیل شەهیدكراون و زیانی ماددی زیاتر لە حەوت ملیار دینار بەر خەڵكی ناوچەكە كەوتووە ئەوە جگە لەسووتانی زیاتر لەشەش هەزار دۆنم پووش و پاوان و باخی گوندنشینانی ناوچەكە. مازن محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای ئاكرێ بەهاوڵاتی راگەیاند: «لەسنوری قەزای ئاكرێ 24 بۆ 25 گوند بەهۆی شەڕی بەردەوامی توركیاو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) چوڵكراون، جگە لەوەش زیانی گیانیمان هەیە». توركیا بەردەوامە لەهێرش و پەلامارەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دوای هێرشەكەی هاوینەهەواری گوندی پەرەخێ‌ لەدهۆك-یش، رۆژی 26ی تەمموزی ئەمساڵ دۆسیەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێم و سەروەری عێراق برایە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەندامی ئەنجومەنەكەش ئیدانەی هێرشەكانیان كردو داوایانكرد رێز لەسەروەری عێراق بگیرێت، بەڵام ئەمەش توركیای رانەگرت و بەردەوامە لەسەر هێرش و كردەوە دوژمنكارییەكانی.

سەركۆ جەمال ساڵانێكی زۆرە سەرهەڵگرتن لە نیشتمان و راكردن لەم دۆخە نالەبارەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە بووەتە دیاردە، دیارترین و كاریگەرترین هۆكار رەوكردنە لە دەست ئەو نادادیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دروستیانكردووە، بەپێی ئامارێك لە ماوەی 8 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 670 هەزار كەس لە عێراقەوە بەرەو ئەوروپا كۆچیان كردووە، كە زیاتر لە نیوەیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن، هاوكات زیاتر لە 300 هاوڵاتیش گیانیان لەدەستداوەو 225 كەسی تریش بێسەروشوێن بوون. رۆژی 10 -8-2022 هەواڵی ژێرئاوكەوتنی یەختێكی دیكە لەدەریای ئیجە جارێكی دیكە خەڵكی كوردستان راچەڵەكان، كە زیاتر لە 80 كەسی تێدابووە و بەنیازبوون بەرەو ئیتاڵیا بڕۆن، بەڵام تائێستا بەوتەی دەزگای لوتكە تەرمی 29 یان دۆزراوەتەوە و بەشێك لەبێسەروشوێنەكانیش كوردن. حسێن حەمەساڵح نوێنەری دەزگای لوتكە لەیۆنان بە هاوڵاتی وت:» لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لەیۆنان قسەمان كردووە، دواین زانیاری ئەوەیە كە بەشێك لەسەرنشینەكان كوردن، ئەو كەسانەی ڕزگاربوون دەڵێن نزیكەی 80 سەرنشینی تێدابووە یەختەكە، بەڵام تائێستا توانراوە تەنها 29 كەسیان ڕزگار بكرێن». نوێنەری دەزگای لوتكە لە یۆنان وتیشی:» 51 كەسیان بێسەرو شوێنن، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەو 51 كەسە ژمارەیەكیان كوردن». دەشتی جەمال سكرتێری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت:» ئەو یەختەی 10ی ئەم مانگە هەواڵی ژێرئاوكەوتنی بڵاوبوەوە بەشێك لەسەرنشینەكانی كوردن، بەڵام نازانرێت چەند كەس بوون، لەسۆراخی ئەوەداین ناسنامەیان ئاشكرابكەین و دواتر بڵاویبكەینەوە تا كەسوكاریان بتوانن تەرمەكانیان وەربگرنەوە». دەشتی جەمال، دەڵێت: تائێستا 170 هاوڵاتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا بێسەروشوێنن، و وتیشی: «ساڵی رابردوو لەڕێگەی گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا 32 هاوڵاتی هەرێم گیانیان لەدەستداوە». هەر سەبارەت بەڕووداوی ژێرئاوكەوتنی یەختەكەی یۆنان بەكر عەلی سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا بەهاوڵاتی وت:» ئەو یەختەی لەچەند رۆژی رابردوود ژێر ئاو كەوت سێ بەشی سەرنشینانی كوردن، دەشڵێت زۆربەی ئەوانەی ڕزگاریان بووە خەڵكی دەڤەری ڕاپەڕینن، و 64 كەس بێسەروشوێنن». سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا دەڵێت: «یەختەكە تێكشكاوە، هۆكارەكەشی بۆ شەپۆلی دەریاو هۆكاری سەرەكیشی خراپی یەختەكە بووە، لەباشووری دورگەی ڕۆدوس توشی ئەو ڕوداوە بوەو 93 سەرنشینی تێدابوە كە پێكهاتون لە(كورد، ئەفغانی‌و ئێرانی)».  بەوتەی بەكری عەلی «دوو كەس لەسەرنشینانی یەختەكە براونەتە دورگەیەك بەناوی (كارپاسۆس) بەگومانی ئەوەی ئەوانە قاچاخچین‌و هەوڵیانداوە سەرنشینانی یەختەكە بگەیەننە ئیتاڵیا».  سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان ئاماژەی بەوەشدا: «یەختەكە لەدورگەیەكی توركیا سەرنشینەكانی هەڵگرتووەو ئەوانەی ڕزگاركراون سەرجەمیان پیاون‌و كوردانی ناو یەختەكەش سەرجەمیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن‌و بەشێكیشیان خەڵكی دەڤەری ڕاپەڕینن». سەبارەت بەدۆخی پەنابەران لەیۆنان حسێن حەمەساڵح نوێنەری دەزگای لوتكە لەو وڵاتە ئەوەی ئاشكراكرد: «دۆخی كەمپەكانی یۆنان زۆر باش نییە، تەنها ئەوەیە كەسێك وەك پەنابەر خۆی بناسێنێت و داوای مانەوە بكات شوێنی پێدەدەن، ئەویش كاتێك بگاتە ناو شارەكان، ئەگەرنا سنورەكانی یۆنان لەڕووی وشكانییەوە بە دیوار و كامێرا كۆنترۆڵكراوە و لەدەریاشدا بەهێزی دەریایی چاودێری دەكرێت». لەبارەی بەهۆكاری زیاتربوونی ڕووداوەكانی خنكان نوێنەری دەزگای لوتكە لەیۆنان دەڵێت:»هۆكار ئەوەیە رێگا وشكانیەكان زیاتر كۆنترۆڵكراون و كۆچبەران رێگای ئاوی بەكاردەهێنن، ئەو یەختانەش زیاتر لەتوانای خۆی خەڵكی تێدەكرێت و زۆركات لەنیوەی ڕێگا بزوێنەرەكەی لەكاردەكەوێت بەوهۆیەوە زۆرجار  ئەگەر هێزی دەریاوانی فریای سەرنشینەكانی نەكەوێت ڕووداوی ناخۆش ڕوودەدات». بەپێی  ئاماری دەزگای لوتكە كە دەست هاوڵاتی كەوتووە، لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا 672 هەزار و 119 كەس  كەس لە عێراقەوە بەرەو ئەوروپا كۆچیان كردووە و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە نیوەیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن. بەپێی ئامارەكە لەساڵی 2015 كە بەشێك وەك ساڵی لێشاوی كۆچكرن ناویدەبەن بەهۆی كردنەوەی رێگای نێوان توركیا بۆ یۆنان و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، دەردەكەوێت زۆرترین هاوڵاتی عێراقی كۆچیان كردووە و داوای پەنابەرییان لەوڵاتانی ئەوروپا كردووە، ژمارەی ئەوانەی لەو ساڵەدا كۆچیان كردووە 186 هەزار و 422 كەس بووە، لەو ژمارەیەش 25 كەسیان گیانیان لەدەستداوە و حەوت كەسیش بێسەروشوێن بوون. لەساڵی 2016 دا 160 هەزار و 717 كەس لەعێراقەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا رۆشتوون و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، لەو ژمارەیە 78 كەسیان گیانیان لەدەستداوە و 54 كەسیش بێسەروشوێن بوون، لەساڵی 2017 شدا 92 هەزار و 691 كەس لەعێراقەوە كۆچیان كردووە و 29 كەسیان گیانیان لەدەستداوە و 67 یش بێسەروشوێنن. لەساڵی 2018 دا 69 هەزار و 203 كەس لەعێراقەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا كۆچیان كردووە و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، لەو ژمارەیە لەڕێگادا 54 كەس گیانیان لەدەستداوە، 25 كەسیش بێسەروشوێن بوون، بەڵام لەساڵی 2019دا ئامارەكە كەمتربوەتەوە بۆ 53 هەزار و 240 كەس، لەو ژمارەیە 47 كەس گیانیان لەدەستداوە، 10 كەسیش بێسەروشوێن بوون. لەساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و توندبوونەوەی سنوورەكان ژماریەكی كەتر كۆچیان كردووە، لەو ساڵەدا 34 هەزار هاوڵاتی عێراقی توانیویانە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا بەڕێگای نایاسایی و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، لەو ژمارەیەش 18 كەسیان لەڕێگادا گیانیانلەدەستداوە و 17 كەسیش بێسەروشوێنن، لەساڵی 2021 لەگەڵ كەمێك ئاسایی بوونەوەی رێوشوێنەكانی كۆرۆنا دیسان ئاماری كۆچكردن لەعێراق بەرزبووەتەوە، لەو ساڵەدا 55 هەزار كە لە عێراقەوە كۆچیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا كردووە و داوای پەنابەرییان كردووە، 46 كەسیان لەو ڕێگایە گیانیان لەدەستداوە، 40 كەسیش بێسەروشوێن بوون. دەشتی جەمال سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق دەڵێت:»لە ١/١/٢٠٢٢ تاوەكو ٢/٦/٢٠٢٢ ئەو پەنابەرانەی لەسنورە وشكانی و ئاوییەكانی توركیا دەستگیركراون بریتین لە  ١٠٠ هەزارو ٩٧٤ پەنابەر، بەڵام لە ٣/٦/٢٠٢٢ تاوەكو  ٤/٨/٢٠٢٢ ڕیژەكە گەیشتە ١٦٣٩٧١ پەنابەر واتا لەماوەی تەنها دوومانگدا  ٦٢  هەزارو ٩٩٧ پەنابەر دەستگیركراون. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» لە ١/١/٢٠٢٢ تاوەكو ٢/٦/٢٠٢٢ ژمارەی ئەو پەنابەرە عیراقیانەی بە هەرێمی كوردستانیشەوە لەسنورە وشكانی و ئاوییەكانی توركیا دەستگیركراون بریتین لەیەك هەزارو ٧٣٧ پەنابەر بەڵام دوای دوومانگ ڕێژەكە بەرزبوویەوە و  لە ٣/٦/٢٠٢٢ تا ٤/٨/٢٠٢٢ گەیشتە  سێ هەزار پەنابەر، واتا یەك هەزارو ٢٦٣ پەنابەر زیادی كردووە». وتیشی:»لە ١/١/٢٠٢٢ تاوەكو ٢/٦/٢٠٢٢ ژمارەی ئەو پەنابەرانەی گیانیان لەدەستداوە لەسنورە ووشكانی و ئاوییەكانی توركیا بریتین لە  ٢٠٠  پەنابەر وە لە ٣/٦/٢٠٢٢ تاوەكو  ٤/٨/٢٠٢٢ بەرزبوویەوە بۆ ٢٥٤  پەنابەر، واتا لەماوەی دوومانگدا  ٥٤  پەنابەر گیانیانلەدەستداوە. لە 21/12/2021 لەنۆكەندی ئینگلیز یەختێكی كۆچبەران نوقوومبوو كە نیوەیان خەڵكی هەرێمی كوردستان و پاش مانگێك تەرمەكان دۆزرایەوە و گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا تەرمی هەشت كەسیان نەدۆزراوەتەوە، واتە لەو ڕووداوەدا كە زیاتر لە 30 كەس لەیەختەكەدا بوون 15 یان كوردبوون. جێگر محەمەد كە یەكێك بوو لەو كەسانەی لەڕووداوەكەی 21/12/2021 لەنۆكەندی ئینگلیز یەختەكەیان ژێرئاوكەوت و هاوسەرەكەشی لەگەڵدابوو ئەوان خەڵكی سنووری ئیدارەی راپەڕین بوون، باوكی جێگر بەهاوڵاتی وت:»كوڕ و بوكەكەم لەو ڕووداوەدا بێسەروشوێن بوون، دەمەوێت بەمردوویی بێت یاخود زیندوویی بۆمان بگەڕێننەوە». كۆی گشتی ئەو عێراقیانەی لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا بەرەو ئەوروپا رۆیشتوون و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، 672 هەزار و 119 كەسە، 316 كەسیان گیانیان لەدەستداوە، 225 كەسیش بێسەروشوێن بوون، لەو ژمارەیەش بەوتەی سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق 170 یان خەڵكی هەرێمی كوردستانن، هاوكات لەكۆی 46 هاوڵاتی عێراقی كە ساڵی رابردوو لەڕێگای گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە 32 یان خەڵكی هەرێمی كوردستانن ئەمەش دەریدەخات زۆرترین هاوڵاتی هەرێمی كوردستان كۆچ دەكەن و رێگای نایاسایی بۆ گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا بەكاردەهێنن و بەوهۆیەشەوە زۆرترین هاوڵاتی هەرێم گیان لەدەست دەدەن یاخود بێسەروشوێن دەبن. هەرچەندە ساڵی 2021 كاتێك لێشاوی كۆچی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرەو بیلاروسیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا دەستیپێكرد، پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی ناردە پۆڵەندا تا لەنزیكەوە لەدۆخی كۆچبەرانی كورد ئاگاداربێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی لیژنەكە چوونە ئەو وڵاتە و راپۆرتیان ئامادەكرد تا پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە كۆبونەوەی لەسەر بكات، بەڵام كۆبوونەوەكە هەر نەكرا. رێبوار بابكەیی، سەرۆكی لیژنی پەیوەندییەكان‌و رەوەندی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە بەهاوڵاتی وت:»لەماوەی رابردوودا راپۆڕتێكی وردمان لەسەر كۆچی گەنجان ئامادەكردووەو تێیدا هۆكارو چارەسەرەكانی ئەو دیاردەیەمان دەستنیشانكردووەو داوامانكردووە یەكێك لە كۆبونەوەكانی داهاتوی پەرلەمان تایبەت بكرێت بە كۆچی گەنجان.» خراپی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان و نەبوونی دەرفەتی كار و نادادی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و بێئومێدی و نەبوونی ئاسۆیەك بۆ ژیانێكی باشتر، هۆكاری سەرەكی سەرهەڵگرتن و جێهێشتنی نیشتمانە. 

هاوڵاتی لەوكاتەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر دەستیان لەپەرلەمانتاری كێشاوەتەوە، دۆخی سیاسی عێراق ئارامی بەخۆیەوە نەدیووەو هەر ماوە نا ماوەیەك موقتەدا سەدری ڕابەری ڕەوتی سەدر، جارێك بەخۆپیشاندان و نوێژی ملیۆنی و جارێكی دیكەش بەهەڵكوتانە سەر باڵەخانەی پەرلەمان و مانگرتن تیایدا هێندەی تر دۆخەكەیان گەیاندۆتە لێواری تەقینەوەو پێكداكێشان.  وەزیرەكەی سەدر كە بەتویتەكانی گوزارشت لەبیروبۆچوونەكانی سەدر دەكات، هەرچەندە داوایكردووە ڕۆژی شەممەی داهاتوو جارێكی دیكە خۆپیشاندان و نوێژی ملیۆنی ئەنجامبدرێت و لە گۆڕەپانی تەحریرەوە بەرەو گۆڕەپانی ئاهەنگەكان لەناوچەی سەوز بڕۆن، بەڵام رۆژی سێشەممە موقتەدا سەدر خۆپیشاندانەكەی بۆ كاتێكی نادیار دواخست. ئەوەی دیمەنەكەی هێندەی تر ئاڵۆزكردووە لایەنگرانی بەرامبەریش كە (مالیكی، عامری، خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادی، عەمار حەكیم) نوێنەرایەتی دەكەن ئەوانیش ڕژاونەتە شەقامەكان و ڕووبەڕووی نەیارەكانیان وەستاون و ئەگەری پێكدادانیان لەئان و ساتدایە. توندبوونەوەی ململانێی ئەمجارەی سەدرییەكان و نەیارەكانیان بۆ داواكارییەكانی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دیكەی پێشوەختەیە كە هەرچەندە زۆرینەی زۆری لایەنەكان بەڕووكەش لەگەڵ داوایەكی وەهادان، بەڵام چەندین مەرجی سەختیان داناوە كە ئەستەمە بەمزووییە جێبەجێبكرێت و ماوەیەكی زۆری پێویستە بۆ جێبەجێكردنی. لەهەمووشی گرنگتر نەبوونی دەروازەیەكی دەستوورییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەبێ ئەنجامدانی دانیشتنەكانی پەرلەمان، لەتازەترین پێشهاتیشدا ئەنجومەنی دادوەری عێراق لەوەڵامی داواكارییەكی سەدر بۆ دەستوەردان لەو بابەتەدا بەفەرمی ڕایگەیاند:"ئەوان ناتوانن پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە، ئەو كارە ڕێكاری دەستووری خۆی هەیەو ئەوە كاری ئەوان نییە". پەرلەمانی عێراقیش كە ئێستا لەلایەن هەردوو لایەنەوە لەناوچەی سەوز گەمارۆ دراوە، لەئێستادا دانیشتەكانی پەكخراوەو ناتوانرێت كۆبوونەوەی تیادا بكرێت، هەرچەندە پێشنیارێكیش هەیە بۆ بردنە دەرەوەی دانیشتنەكان بۆ شوێنێكی دیكە (بۆ نمونە هەرێمی كوردستان) بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی جدی لەو بوارەدا نەنراوەو پێدەچێت هەر پێشنیار بێت و هیچی دیكە. لەڕووی یاساییشەوە بەپێی مادەی ٢٠ پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان  هیچ ڕێگرییەك لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان لەدەرەوەی بەغدا نییەو دەتوانرێت كۆبوونەوە بكرێت، لەم نێوەندەشدا ناوی پارێزگای (سلێمانی) وەك جێگایەك بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە دێت بەڵام ئەمەش هێشتا ڕەزامەندی تەواوی لایەنەكانی بەدەست نەهێناوە. لەلایەكی ترەوە بەبڕوای چاودێرێكی سیاسی كاتێك ئەنجوومەنی نوێنەران ناتوانێت دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی كابینەی نوێ‌ بدات، لەهەمانكاتدا نایەوێت خۆشی هەڵبوەشێنێتەوە، تەنیا رێگا بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە پەنابردنە بۆ دادگای باڵای فیدراڵی.  لەچوارێوەی هەوڵەكانیشدا بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو لەگەڵا سەركردەی لایەنە سیاسیەكان كۆبووەوەو باسی لە كۆبوونەوەی پەرلەمان كردووە لەدەرەوەی ناوچەی سەوزی بەغدا، لەو بارەیەوە عوسمان كاروانی سەركردەی یەكگرتوو ڕایگەیاند:" عامری لەسەردانەكەیدا بۆ لای یەكگرتوو وتویەتی ئەگەر رێگری بەردەوام بێت بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان لە بەغدا، ئەوا لە شوێنێكی دیكە كۆبوونەوە دەكرێت". بەبڕوای چاودێرانیش كۆبوونەوەی پەرلەمان لەدەرەوەی ناوچەی سەوز هەرچەندە لەڕووی دەستووری و هونەری و لۆجستییەوە ڕێگەپێدراوەو دەكرێت ئەنجامبدرێت، بەڵام كەس نازانێت دەرئەنجامەكانی چی دەبێت و وڵات بە كوێ دەگەیەنێت، هەربۆیە لە ئێستادا پێشنیارێكی وا هێندە بەجدی باسناكرێت و تەنیا وەك ئەگەرێك دەخرێتە ڕوو. بەپێی زانیارییە میدیاییەكان عامری لە گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆكی لایەنەكانی  هەرێمی كوردستان وتویەتی" ئەو كێشەیەی ئێستا هەیە لە كێشەی ناو ماڵی شیعە تێپەڕیوە‌و بووە بە كێشەی هەموو عێراق‌و وڵات لەبەردەم مەترسیدایە، ئەگەر سیستمی سیاسی ئێستا هەڵوەشێتەوە، هەموان زەرەرمەند دەبن نەك بە تەنیا شیعە، بۆیە دەبێت هەموان پێكەوە چارەسەری ئەم دۆخە بكەن". حەیدەر سەلمان وەك چاودێرێكی سیاسی بە ڕۆژنامەی (سەباح)ی ڕاگەیاندووە "هەڵبژاردنی سلێمانی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق ئەو ئاماژە بەدەستەوە دەدات كە چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت پۆستی سەرۆككۆمار بدەنە كاندیدەكەی یەكێتی نیشتیمانی، ئاماژە بەوەشدەكات هەڵنەبژاردنی هەولێر بۆ كۆبوونەوە  دوورخستنەوەی پارتییە وەك هاوپەیمانێكی موقتەدا سەدر". ئەو چاودێرە جەخت لەوەشدەكاتەوە:"تەنانەت ئەگەر لەڕووی هونەری و لۆجستییەوە كۆبوونەوەكە لە سلێمانیش ببەسترێت ڕەنگە نەتوانرێت نیساب تەواو بكات و هاوپەیمانانی سەدر و بەشێك لەسەربەخۆكان بایكۆتی بكەن، ئەمە جگە ئەگەری مانگرتنی سەرتاسەری لەپارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەیە و دۆخەكە بەتەواوەتی تێكبچێت". چواچێوەی هەماهەنگی ڕازیبوون بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەڵام چوار مەرجییان داناوە كە ئەوانیش،"دەبێت حكومەتی كاربەڕێكەر كۆتایی بێت و كاندیدی ئەوان حكومەت دروستبكات، هاوكات یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن پێویستە بگۆڕدرێت، هەروەها پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردن دانیشتنی خۆی ئەنجامبدات، هەروەها پێویستە كۆدەنگی نیشتمانی بۆ بڕیاردان لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەدەستبهێنرێت." لەبەرامبەردا وەزیرەكەی سەدر لە تویتێكدا بەناوی موقتەدا سەدرەوە بۆ خۆپیشاندەران دەڵێت:" تا كۆتایی خۆپیشاندانەكان بەئاشتییانە دەمێنێتەوە و داواكارییەكان بریتییە لە چاكسازی كردن لەسیستەمی دادگەری، یاسادانان، جێبەجێكردن، و لێپێچینەوە لەگەڵ گەندەڵكاران، جەختیش لەوەدەكاتەوە هێزە ئەمنیەكان و حەشدی شەعبی برای  ئێوەن و دەستدرێژی كردن بۆ سەریان دەستدرێژی كردنە بۆ سەر موقتەدا، هاوكات جەختیش لەوەدەكاتەوە كە دەسەڵاتی دادوەری و بارەگاكەی هیڵی سورە لەگەڵ ئەوەی داوامان كردوە چاكسازی تێدا بكرێت. " دەربارەی ئەنجامدانی دانیشتن یاخود دانەنیشتنی پەرلەمانیش، ڕۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمی حكومەتی عێراق باس لەوەدەكات:"لەئێستادا (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمان لەدۆخێكی هیوا بۆ نەخوازراودایە كە ئەویش لەبەردەم دوو ئەگەردایە، كە ئەوانیش بانگهێشتكردنی ئەندامانی پەرلەمانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یاخود دەستپێكردنەوەی دووبارەی دانیشتنەكان و هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و كاندیدی سەرۆكوەزیران، تەنانەت فشارەكان بەجۆرێكن كە كار گەیشتۆتە ئەوەی هەردوولایەن چ سەدرییەكان و چی چوارچێوەی هەماهەنگیش لەدادگا سكاڵای لەسەر تۆمار بكەن". بەشێك لەچاودێرانی سیاسی دۆخی عێراق باوەڕیان وایە هەرچەندە چوارچێوەی هەماهەنگی دوای كشانەوەی سەدرییەكان زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانیان پڕكردوەتەوە، بەڵام هێشتا دەیەها ئاستەنگ و گرفت لەبەردەمیدا هەن كە بتوانن هەر جۆرە حكومەتێك درووستبكەن كە سەدرییەكان ڕەتی بكەنەوە و مانۆڕە سیاسییەكانیشان ئەنجامەكەی بەشكست كۆتایی دێت، چونكە پەرلەمان لەئێستا بەبێ سەدرییەكان ئەستەمە بتوانێت كۆبوونەوە بكات و هیچ سەركردەیەكی سیاسیش جورئەتی ئەوەناكات شەقامی سەدرییەكان لەخۆی توڕەبكات. ئەوەی گرێی دۆخی سیاسی عێراقی ئاڵۆزتر كردووە ئەوەیە سەدرییەكان داوادەكەن پەرلەمان بەبێ هیچ كۆبوونەوەیەك هەڵبوەشێتەوە ئیدی گرفتیان نییە چی لایەنێك ئەوە دەكات، سەرۆك كۆمارە یاخود دادگای فیدڕاڵی و بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت، لەبەرامبەریشدا چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن پێویستە ئەم خولەی پەرلەمان جارێك بەردەوام بێـت و كۆبوونەوەكانی بكات و ئەگەر باسێكیش لەهەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت دەبێـت دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ و سەرۆك وەزیرانی نوێ بكرێت.

سەركۆ جەمال لەپارێزگای سلێمانی زیاتر لەهەزار پرۆژەی خزمەتگوزاری راگیراون، سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانیش دەڵێت زیاتر لە 300 كۆمپانیاو نووسینگە بەهۆی باجی حكومەتەوە مۆڵەتیان هەڵوەشاندووەتەوە، بەوتەی ئەندامێكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستانیش ترلیۆنێك دیناری بەڵێندەران لای حكومەتە كەزیاتر لە 800 ملیاری پارەی بەڵێندەرانی سلێمانییە. سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:»تائێستا مەسەلەی مایەپووچ بوون وەك خۆی باس نەكراوە، ئەو كۆمپانیایانەی مۆڵەتەكانیان هەڵدەوەشێننەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باج و رسوماتەی دەخرێتە سەریان ئەمەش مانای مایەپوچ بوون نییە». «حكومەت یەك ترلیۆنی بەڵێندەران قەرزارە» ناجی شێخ عیزەدین سەرمایەدارو ئەندامی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» نزیكەی دوو هەزار و 500 پرۆژە لەهەرێمی كوردستان راگیراون كەزیاتر لەهەزار پرۆژەیان لەسلێمانین، یەك ترلیۆن دیناری بەڵێندەرانیش لەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، جگە لەو پارە لاوەكیانەی لەنێوان بەڵێندەران و حكومەتی هەرێمی كوردستان راگیراوە، تەنها بەڵیندەرانی سلێمانی نزیكەی 800 ملیار دیناریان لای حكومەتە». «ئەمساڵ خراپترین ساڵ بووە بۆ پرۆژە و وەبەرهێنەرو بەڵێندەران» میران كامیل وتەبێژی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»ئەمساڵ خراپترین ساڵ بووە، حكومەت تەنیا مووچەی داوەو ئاوڕی لەبەڵێندەران نەداوەتەوە، لەكاتێكدا پرۆژەكان بۆ خزمەتی هاووڵاتیانە، بەپێی داتاكان لەساڵێكدا زیاتر لەهەزار پرۆژە هەبووە كە 100 هەزار هەلی كاری رەخساندووە، ئێستا ئەو ژمارەیە بێكارن». بەوتەی میران كامیل «لەسلێمانی زیاتر لەهەزار پرۆژە راگیراون، بەپرۆژەی بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنانیشەوە، تەنانەت ئەو پرۆژانەی ئەمساڵیش راگەیەندراون پارە نییە بۆیان دابین بكرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت بەڵێندەری دیكەش مایەپوچ بێت و پرۆژەكانیان رابگیرێت». وتەبێژی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان دەڵێت:» لەسلێمانی نزیكەی هەزار بەڵێندەر مایەپوچ بوون لەكاتێكدا هەزارو 242 بەڵێندەر لەسلێمانی هەن، بەهۆیەوە نزیكەی 100 هەزار كەس بێكاربوون». لەهەولێرو دهۆك چەند پرۆژە راگیراون؟ بەپێی ئەو داتایەی هاوڵاتی لەدەستەی وەبەرهێنانی هەرێم و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن دەستیكەوتووە، لەهەولێر پرۆژەكان لەلایەن هەزارو 559 بەڵێندەرەوە جێبەجێدەكرێن، بەڵام تائێستا زیاتر لەهەزارو 200 پرۆژە لەهەولێر راگیراون، ئەو پرۆژانەش كەحكومەتی هەرێم ئەمساڵ تەواویكردوون مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2018 و 400 و پرۆژەن، ئەو پرۆژانەش كەئێستا بەردەوامن لە 10% بۆ 20%ی شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجكراوە. لەكابینەی نۆدا نزیكەی 200 پرۆژە تەواوكراون، بەڵام لەبەرامبەردا 400 پرۆژە راگیراون و زیاتر لە 350 ملیار دیناریان لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لەدهۆكیش نزیكەی 200 پرۆژە وەستاون و بەڵێندەران 181 ملیار دیناریان لەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانە. بەپێی ئەو داتایانەی هاوڵاتی لەوەزارەتی پلاندانان و ئاوەدانكردنەوە دەستیكەوتوون، لەسلێمانی لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا جگە لەساڵی 2022 ، نزیكەی 900 بەڵێندەر مایەپوچ بوون، زۆربەی ئەو مایەپوچ بوونانە بۆ ساڵی 2014و ساڵی 2020 دەگەڕێنەوە یەكەمیان شەڕی داعش تێیدا روویداو ئەوی دیكەشیان كۆرۆنا تێیدا سەریهەڵدا، لەساڵی 2022 ش 70 پرۆژەی نوێ لەسلێمانی حكومەت بڕیاریداوە دروستیانبكات، بەڵام ئەوانیش كێشەی پارەداركردنیان هەیە كەیەكێكیان رێگای سەرەكی كەلار- سلێمانییە. ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: پرۆژەكان دەستی دەستییان پێدەكرێت رەمەزان نامیق ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت:» كێبڕكێیەكی زۆر دروستبووە لەنێوان پڕۆژەكانی سلێمانی و هەولێردا، كێبڕكێكە بۆ پێشخستن نییە، بەڵكو لەپێناو ئەنجامنەدان و كەوتنیەتی، كام زۆن دەسەڵاتی لاهەبوو، ئەوەیان زیاتر سزای زۆنەكەی تر دەدات، لەبەرئەوەی سەرۆكی حكومەت لەپارتییەو لەهەولێرە دەسەڵاتەكانی زیاتر چڕبووەتەوەو زۆبەی پۆستەكانی حكومەت لەئەندامانی حزبەكەی خۆیەتی و هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە سزامان بدەن، جارجار هەندێك پڕۆژەی بچووك جێبەجێ دەكەن كە وا خۆیان نیشاندەدەن دڵسۆزی سلێمانین». رەمەزان نامیق دەڵێت:»هەرچەندە ناوەناوە بەردی بناغەی پڕۆژەیەك دادەنرێت، بەڵام دواتر یان پشتگوێ دەخرێت، یان لەكاتی جێبەجێكردنی بودجەكەی بۆ خەرج ناكرێت، بۆ نموونە پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان كە50%ی تەواو بووە، بەڵام تەنها 3%ی بودجەكەی بۆ خەرجكراوە». بەوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی :»پڕۆژەكانی سلێمانی لە دوو هۆكار بەدەر نییە، یەكەم دەستی دەستی پێكردنی پڕۆژەكانی سلێمانییە، كاتێك پڕۆپۆزەڵی شەقامی 100 مەتری سلێمانی پێشكەش كرا باسی شەقامی 120 مەتری هەولێر نەبوو، ئێستا شەقامی 150 مەتریش لەهەولێر جێبەجێكراوە، پردی دووساید‌و تونێل دروستدەكرێت و شەقامەكان لەهەولێر فراوان دەكرێن، ئەمانە هەمووی لەقۆناغی قەیرانی دارایی دەكرێت، قەیرانی داراییان تەنها بەسەر پارێزگای سلێمانیدا سەپاندووە، بەڵام سوودیان بۆ خۆیان لێ بینیوەو پڕۆژەكانی هەولێریان جێبەجێ كردووە». رەمەزان نامیق وتیشی: «حكومەت فێڵێكی دیكەی كردووەو هەموو ئەو پڕۆژانەی سلێمانی كە دروستدەكرێت لەسەر داهاتی سلێمانییە بۆ ئەوەی ئەگەر یەكێتی داهاتی نەگەڕاندەوە، ئەوكات ئەنجامەكەی ئەوەیە كە پڕۆژەكانی سلێمانی تەواو ناكرێت». سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی هەر لەلێدوانەكەیدا بۆ هاوڵاتی وتی: «دیاردەیەك دروستبووە كە كۆمپانیاكان هەڵدەوەشێنەوە چونكە بەرگەی ئەو پارەیە ناگرن كە وەك باج خراوەتەسەریان، چونكە حكومەت رسوماتێكی بێ بنەما لەخەڵك وەردەگرێت و كۆمپانیا یان ئەو شوێنە ناچار دایدەخات، لەمێژووی ژووری بازرگانی شتی وا رووینەداوە وەك ئەمساڵ كە ئەو هەموو كۆمپانیاو نوسینگەیە دابخرێت، ئەویش بەهۆی رێنمایی نوێی وەزارەتی داراییە». وەك سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی دەڵێت: «بەوهۆیەوە سەدان بەڵێندەر پرۆژەكانیان راگرتووەو پارەیان پێنەماوە تابەردەوامی پێبدەن، تەنها ئەمساڵ 330 نوسینگەو كۆمپانیا لەسلێمانی مۆڵەتیان هەڵوەشاندووەتەوە، چونكە هەلی كاركردن بۆ كۆمپانیا بچوكەكان و بەڵێندەر نەهێڵدراوەتەوە». پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە راگرتنی پرۆژەكان بەتایبەت لەسنووری سلێمانی پێكهێناوە، لوقمان وەردی سەرۆكی لیژنەكەیە كەهاوكات ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتییە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو لیژنەیەی پێكمان هێناوە لەهۆكاری راگرتنی پرۆژەكانی سلێمانی دەكۆڵێتەوە، بەڵام جارێ راپۆرتەكەمان تەواو نەكردووەو بڕیارە تا 1-9-2022 تەواوی بكەین». لوقمان وەردی وتیشی:»تا ئەوكاتەی راپۆرتەكە رادەستی پەرلەمان دەكەین ناتوانین لەبارەی ناوەرۆكی راپۆرتەكە زانیاری بدەین، بەڵام داوامان كردووە پەرلەمان لەسەر راگیرانی پرۆژەكان و بەتایبەتیش ئەو پرۆژانەی سلێمانی كۆبوونەوە بكات».

نیگار عومەر ئاوی خواردنەوەی قەزای كفری شیاوی خواردنەوە نیەو زۆرینەی دانیشتوانی قەزاكەش فلتەر بەكاردەهێنن و پسپۆرێكی دەرامەتی ئاوو ژینگەش دەڵێت: بەهۆی كاریگەری جیۆلۆجی خاكی قەزاكە كەڕێژەی كلس و گۆگردێكی  زۆرە ئاوی ژێرزەوی كفری كەسەرچاوەی ئاوی خورادنەوەی قەزاكەیە هیچ شیاوی خواردنەوە نیە، بەڵام بەڕێوەبەری ئاوی كفری رەتیدەكاتەوە ئاوی خواردنەوەی قەزاكە شیاوی خواردنەوە نەبێت. قەزای كفری بەوتەی لایەنی پەیوەندیدار نزیكەی 45 هەزار كەس  دەبێت پشت بەئاوی ژێرزەوی دەبەست بۆ خواردنەوە كە لەڕێگەی بیری ئیرتیوازیەوە بەسەر ماڵاندا دابەش دەكرێت. سەڵاح عەزیز، هاووڵاتیەكی قەزای كفریەو باس لەخراپی ئاوی خواردنەوەی قەزاكەیان بۆ هاوڵاتی دەكات و دڵێت،" بەهۆی شۆری ئاوی خواردنەوەی كفریەوە كە شیاوی خواردنەوە نیە زۆربەی زۆری ماڵەكانی كفری بۆ پاكبوونەوەی ئاو خواردنەوە فلتەریان داناوە تاوەكو تووشی نەخۆشی نەبین، خراپی ئاوەكەمان وایكردوە  ساڵانە لەوەرزی گەرمادا سێجار دەبێت پووشی موبەریدەكانمان بگۆڕین بەهۆی ئەوەی كە كلس دەیگرێت جا ئەمە بگات بەوەی كە مرۆڤ بیخواتەوە دەبێت چی لێبكات بەم هۆیەشەوە زۆربەی دانیشتوانی كفری تووشی نەخۆشی گورچیلە بوونە". عەبدولموتەلیب رەفعەت، پسپۆری دەرامەتی ئاوو ژینگە، بۆ هاوڵاتی رایگەیاند،" بەپێی ئەو تووێژینەوانەی كە ئێمە كردوومانە جیۆلۆجی خاكی كفری وایكردووە لەنێو ئاوی ژێرزەوی كفریدا كەبڕێكی زۆر مادەی كلس و مادەی گۆگردێكی تێدایە و رێژەی ئەو مادانە لەگەڵ رێژەی سوێری لەئاوەكەدا زۆر بەرزە".   وتیشی:" بەپێی ستاندەری جیهانی لەنێو هەموو ئاوێكی شیاودا رێژەی گۆگردێك دەبێت 250ملیگرام لەسەر لیتر بێت، بەڵام لەنێو ئاوی كفریدا لەهەندێك لەبیرەكاندا گەیشتۆتە  700ملیگرام لەسەر لیتر، رێژەی كلس بەهەمان شێوە زۆر بەرزە لەنێو ئاوەكەدا ئەمانە وایكردووە كەئاوی كفری شیاوی خواردنەوە نەبێت". حەمید رەشید بەڕێوەبەری ئاوی كفری رەتیدەكاتەوە ئاوی قەزاكە شیاوی خواردنەوە نەبێت و لەو رووەوە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:" ئاوی كفری شیاوە بۆ خواردنەوە" بەڵام هەر خۆشی دەڵێت ئاوەكە هەندێك مادەی تێدایە بەم هۆیەشەوە زۆربەی زۆری ماڵەكان فلتەر بەكاردێنن بۆ  بۆ پاككردنەوەی ئاوەكە و بەم رێگایە ئاوەكە كێشەی نابێت بۆ خواردنەوە گەر فلتەر بەكاربێنن. بەڵام عەبدولمتەلیب رەفعەت، پسپۆری دەرامەتی ئاوو ژینگە دەڵێت: بەپێی ئەو توێژینەوانەی كە كراوە بۆ بیری ئاوەكانی كفری لەكۆی 36 بیر تەنها دوو بیری ئاو گونجاوە بۆ خواردنەوە. عوسمان عەلی، هاووڵاتیەكی دیكەی شارەكەیە باس لەنەشیاوی ئاوەكە دەكات و دەڵێت،" بەگوێرەی قسەی شارەزایانی ئاو بێت كەقسەمان لەگەڵیان كردووە ئەم ئاوە  نەك نابێت مرۆڤ بەكاربێنیت بەڵكو نابێت بدرێت بەئاژەڵیش، بەهیچ شێوەیەک نابێت خۆتی پێ بشۆیت". وتیشی، "لایەنی پەیوەندیداری شارەكە بێباكن لەم بابەتەو سەرەڕای تووێژینەوەكان كەكراوە لەسەر ئاوی ژێرزەوی كفری، ئەوان بەشیاوی خواردنەوەی دەزانن كەئەمەش بۆ خۆی گرفتێكی دیكەیە وا دەكات خەڵك بەكاری بێنێت ". محەمەد ئیجران هاووڵاتیەكی دیكەی كفریە، بۆ هاوڵاتی وتی، " ئێمە لەماڵەوە فلتەر بەكاردێنین بۆ پاكبوونەوەی ئاوەكەو تەنانەت ئەوندە پیسە ئاوەكە، دەبێت بەردەوام ئاوی فلتەرەكەش بگۆڕیت ئەوندە كلس دەیگرێت، وتیشی: "ئەمەش شتێكی ئاشكرایە، رێژەی سوێری و كلس لەهەر ئاوێك بەرزبێت گەر بۆ خواردنەوە بەكاری بێنیت تووشی چەندین نەخۆشیت دەكات. ئەو هاووڵاتییەی كفری ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "كفری ئەوندە قەزایەكی پشتگوێخراوە چەندین گرفتی هەیە، ئێمە گرفتی ئاوی خواردنەوەمان لەبیرچووەتەوە". بەڕێوەبەری ئاوی كفری دەڵێت:"ئێمە لەماوەكانی رابردوودا بەبۆری ئاوی خواردنەوەمان لەقەزای خورماتووەوە راكێشابوو بۆ كفری، بەڵام لەدوای ساڵی 2016ەوە بەهۆی كێشەی ناوچە كێشەلەسەرەكانەوە ئەو ئاوەش ئێستا ناگات بەدەستمان، هەوڵمانداوە پاڵاوگەیەك دروست بكەین بۆ ئەوەی ئاوەكە بپاڵێوین و دواتر دابەشی بكەین بەسەر ماڵاندا، دەرخستەكەمان ئامادەكردووە دەیگەیەنین بەئیدارەی گەرمیان". دكتۆر فەرهاد كەریم، پسپۆری گورچیلەو میزەڕۆ، بۆ هاوڵاتی رایگەیاند، " لەهەر ئاوێكدا رێژەی گۆگردو كلسی سوێری زۆر بێت ئەو كەسانەی كە ئەو ئاوە بەكاربێنن تووشی دوو گرفتی تەندروستی دەبن، رێژەی زیادی گۆگرد مرۆڤ تووشی ژەهراویبوون دەكات لەگەڵ هەندێك لەنەخۆشیەكانی پێست، رێژەی زیادی كلسی سوێری لەئاودا دەبێتە هۆی دروستبوونی بەردی گورچیلە، گرفت بۆ گورچیلە دروستدەكات".

هاوڵاتی دۆخی ئابوریی و مرۆیی لەئێران لەسەردەمی دەسەڵاتی رەئیسی پاشەكشێی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت بەجۆرێك لەیەك ساڵی تەمەنی سەرۆك كۆماری ئەودا هەڵاوسان بۆ نزیكەی 60% بەرز دەبێتەوە و وڵاتەكەش چووەتە ریزی 10یەمین وڵاتی جیهان لە رووی هەڵاوسانی ئابورییەوە. بانكی جیهانی ئاشكرای كردووە لەماوەی 43 ساڵی رابردوودا ئێرانییەكان بەڕێژەی 30% هەژارتربوون و تەنها لەماوەی ساڵانی 2010 تا 2020 سەرمایەكانی ئەو وڵاتە بەڕێژەی 40% دابەزیوە. یەك ساڵ بەسەر دەستبەكاربوونی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران تێدەپەڕێت كە بڕیاربوو حكومەتێكی شۆڕشگێڕ لەئابوری و دادپەروەریدا بخوڵقێنێ، بەڵام ئامارەكانی ناوخۆی وڵاتەكە باس لەقوڵبوونەوەی قەیرانە ئابورییەكان و خراپبوونی دۆخی مرۆیی دەكەن بەتایبەت كە لەسەردەمی ئەودا زۆرترین كەس بەراورد بەساڵانی رابردوو لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەسێدارەدراون. ئێران لەئێستاداو لەسەردەمی رەئیسی بووەتە خاوەنی زیاتر لەپێنج ترلیۆن  تمەن دراوی چاپكراوەو تەنها لەسەردەمی ئەودا 40% پارەی چاپكراو زیادی كردووە كەئەوەش ئاماژەیەكی دیكەی نزیكبوونەوەیە لەلێواری داڕمانی ئابوریی. رەئیسی هیوای ئابوریی ئێران لەگۆڕدەنێت سەرۆك كۆماری ئێران لەهەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بەڵێنیدا هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەكەی بۆ كەمتر لە 18% دابەزێنێت، لەئێستا ئەو رێژەیە لەهەڵاوسانی تاسنوری 60% بردووە.  لەتەمەنی ساڵێكی كابینەی حكومەتی رەئیسی لەئێران ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەكە لە 33٪ بۆ 56٪ بەرزبووەتەوە. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران كەساڵێك پێش ئێستا بەبەڵێنی دادپەروەریی و نەمانی هەژاریی كابینەكەی دامەزراندو دەسەڵاتی وڵاتەكەی گرتەدەست  بەهۆی خراپبوونی دۆخی ئابوریی رووبەڕووی رەخنەی یارو نەیار بووەتەوە. كارنامەی ئابوریی رەئیسی بەئاستێك خراپ بووە كە محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران وەك دۆستێكی دێرینی رەئیسی حاشای لەوە نەكردووە كەئابوریی وڵاتەكە لەسالێكدا پاشەكشێی گەورەی كردووەو كارنامەی حكومەت لەو بوارەدا خراپبووە. ناوەندی ئاماری ئێران بڵاویكردووەتەوە؛ ئێران لە 19 مانگی رابردوودا هەڵاوسانی ئابوریی لە 30٪ زیاتر بووە و لەئەمساڵیشدا هەڵاوسان گەیشتووەتە زیاتر لەسەدا 52٪. دەستبەكاربوونی رەئیسی وەك سەرۆك كۆمار هاوكات بووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی كاڵاو پێداویستییەكانی ژیان بۆ زیاتر لە 85%. لەماوەی ساڵێكیشدا  نرخی زەیت لەئێران بەڕێژەی 285٪ بەرز بووەتەوەو نرخی نانیش بۆ دوو هێندە زیادیكردووەو دۆخەكە بەوانەشەوە نەوەستایەوە نرخی هەر دۆلارێكیش 25٪ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و بەهای هەر دۆلارێك بەرامبەر تمەن لەبازاڕەكانی وڵاتەكە زیاتر 30 هەزار تمەنە. پێشتر دۆلار بەناوی دۆلاری حكومی رادەستی بازرگان و هاوردەكارانی كاڵاو پێداویستییە خۆراكییەكان دەكرا كەنرخی هەر دۆلارێك بەچوار هەزارو 200 تمەن بوو، بەڵام حكومەتەكەی رەئیسی بەلابردنی ئەو دۆلارە لەبودجەی وڵاتەكەدا بووەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی ماددە خۆراكییەكان و ئەو دەرمانانەی لەوڵاتانی جیهانەوە بەناچاری هاوردە دەكران. سەرۆك كۆماری ئێران خۆی دانی بەوەدا ناوە یەكێك لەهۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان و ماددە خۆراكییەكان لابردنی ئەو دۆلارە حكومییە بووە لەبودجەی ئێراندا. ئێران بەهۆی ئەو هەڵاوسانانەی كە لەسەردەمی رەئیسیدا تێیكەوتووە چووەتە ریزبەندی 10یەمین وڵاتی جیهان كە زۆرترین هەڵاوسانی تۆماركردووە. توانای كڕین و سك هەڵگوشین ناوەندی تووێژینەوەی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی و كشتوكاڵی ئێران بڵاویكردووەتەوە رێژەی بێكاریی و هەژاریی لەماوەی رابردوودا دوو هێندە بەرزبووەتەوە و بژێویی خەڵكیش لەڕووی خۆراكەوە زۆر خراپ بووە. بەپێی راپۆرتی ئەو ناوەندە رێژەی ساڵانەی بەكارهێنان و خواردنی گۆشت بۆ هەر دانیشتویەكی ئێران لە 13 كیلۆوە بۆ شەش كیلۆ كەمی كردووە و هاوكات خواردنی برنج لەساڵێكدا لە 44 كیلۆ بۆ 35 كیلۆ كەمی كردووە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی توانای كڕینەوە بووە.  چاپكردنی دراو، تمەن رزگار ناكات لەساڵی 2018و دوای كشانەوەی ئەمریكا لەڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (ئەمریكا، روسیا، چین، فەڕەنسا، بەریتانا لەگەڵ ئەڵمانیا) كە بە 5+1 ناودەهێنرێن، ئێران بەبەردەوامی ناچاربووە پارەی چاپكراو زیادبكات، بەڵام رەئیسی رایگەیاند دژی ئەو هەنگاوو پلانەی حكومەتی پێشووەو هەوڵی كەمكردنەوەی چاپی تمەن دەدات. بەپێی ئامارەكان رێژەی دراوی چاپكراوی تمەن لەساڵێكی دەستبەكاربوونی رەئیسیدا 40% زیادی كردووەو ئێستا كۆی پارەی چاپكراوی ئێران گەیشتووەتە پێنج ترلیۆن و 104 ملیار تمەن. ئەگەرچی میدیاكانی نزیك لەسەرۆك كۆماری ئێران هەوڵدەدەن رەئیسی لەماوەی ئەو یەك ساڵەدا بەسەركەوتوو پیشانبدەن، بەڵام بەپێی ئامارەكانی خودی ئەو میدیایانە ئابورییەكەی رەئیسی تەنها لەیەك مانگی ساڵدا توانیویانە رێژەی زیادكردنی دراوی چاپكراوی تمەن كۆنتڕۆڵ بكەن، بەزمانێكی دیكە لە 11 مانگدا چاپكردنی پارە بۆ پەردەپۆشكردنی هەڵاوسان هەر بەردەوام بووە. دانەوەی قەرزی بانكی ناوەندیی ئێران بەدەستی حكومەت بڕی 49 ترلیۆن و 631 ملیار تمەن كەدەكاتە نزیكەی یەك ملیارو 911 دۆلار رەنگە تەنها دەستكەوتی رەئیسی بووبێت كە حاشای لێناكرێت. لەلایەكی دیكەوە حكومەت رایگەیاندووە سەرجەم قەرزە بیانییەكانی ئێران هەشت ملیارو 675 ملیۆن دۆلارەو بەبێ ئەوەی روونیبكاتەوە چ رێژەیەكی لەو قەرزە داوەتەوە ئاماژەی بەوە كردووە هەوڵدراوە ئەو قەرزانەش كەمبكرێنەوە لەكاتێكدا ئەو پارە بلۆككراوانەی ئێران كە بڕیاربوو لەبانكەكانی جیهان ئازدبكرێن لەنێوان هەشت بۆ 20 ملیار دۆلار بووەو حكومەتیش هیچ وردەكارییەكی ئاشكرا نەكردووە.  

سەركۆ جەمال بەوتەی سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیران، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بەپلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەكات، سەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییش پێشنیازەكان بۆ هاوڵاتی دەخاتەڕوو، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت سەرقاڵی راپۆرتێكن لەوبارەیەوەو هێشتا تەواویان نەكردووە، پسپۆڕێكی ئابووریش سودەكانی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەخاتەڕوو. سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت :»بەپێی بڕیارێك لەم كابینەیەدا، پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوەو بۆ ئەم مەبەستەش دوو پێشنیاز هەیە، بەپێی فەرمانێكی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت، كە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، داواكراوە بەداتا دەست بەكۆكردنەوەی زانیاری تەواو لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بكرێت بەجۆرێك لەوكاتەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران وەستاوە تاوەكو ئێستا چەند پارە لەسەر حكومەت كەوتووە؟ هاوكات پارەی پێویست بۆ هەموو ساڵەكانی پلەبەرزكردنەوە چەندە؟.» سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم وتیشی: « مەسرور بارزانی داوای ئەوەی كردووە كە پلەبەرزكردنەوەكە بەپێی یاساو رێنمایی چۆنە و فەرمانبەر لە (2016)ەوە تاوەكو ئێستا چەند پلەبەرزكردنەوەی هەبووە؟ چۆن بۆی هەژمار بكرێت؟، دواتر بڕی پارەی پێویست بۆ كۆی گشتی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران چەندە دیاری بكرێ؟.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی كە لەسەرچاوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران دەستیكەوتوون « پلەبەرزكردنەوەكە لەكاتی دەستپێكردنەوە واتە رۆژی جێبەجێكردنی  بڕیارەكەوە  دەبێت و شاییستە داراییەكانی ساڵانی رابردوو هەژمار ناكرێت، چونكە حكومەت پێیوایە ئەگەر قەرەبووی پلەبەرزكردنەوەی ساڵانی رابردووش بكاتەوە، ئەوا پارەیەكی زۆری پێویستە ئەمەش لەتوانای حكومەتدا نییە كە ئەو پارەیە دابین بكات، بۆیە لەو مانگەی كە پلەبەرزكردنەوە دەستپێدەكاتەوە، پارەكە خەرج دەكرێت».   پلە بەرزكردنەوە لەكەیەوە راگیراوە؟ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بیانووی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، لەكۆتایی ساڵی 2015 بڕیاریدا بە راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و بڕیارەكەش لەیەكی كانوونی دووەمی 2016 جێبەجێكراو لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا پلەی فەرمانبەرانی مەدەنی (شارستانی) راگیراوە، بەڵام پلەبەرزكردنەوە لەدەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووەتەوە.   پەرلەمانتارێكی كوردستان: بەنهێنی پلەبەرزكردنەوە كراوە عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەئێستادا پلەبەرزكردنەوەی  هێزی ئاسایشی ناوخۆو سەربازی بەردەوامە، ئەویش بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كراوە». عەلی حەمەساڵح وتیشی:»بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم  كە بەژمارە شەش هەزارو 522 لە 9/12/2018 دەرچووەو جیاوازی پۆلێن و پلەبەرزكردنەوەی دادوەرەكان بۆ ساڵی 2015 و 2016 و 2017 و 2018 ی گەڕاندووەتەوە». بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە» فەرمانبەرانی سەرۆكایەتیەكان تائێستاش پلەبەرزكردنەوەیان بەردەوامە و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش تائێستا پلەبەرزكردنەوەی هەر رانەگیراوە، بەڵام پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی دەستی پێنەكردووەتەوە». هەرێم حسێن فەرمانبەرە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت :» من ئێستا لەپلەی پێنجدام لەفەرمانبەری، ئەگەر پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە دەبم بەپلە چوار ستێپی سێ كە ئەوەش بە پێنج ساڵ بەرزدەبیتەوە، چونكە لەپلە 10 تا وەكو پلە پێنج چوار ساڵ جارێكەو بەپێی پلەكانی دیكەش دەگۆڕێت». ئەو فەرمانبەرەی وەزارەتی دارایی وتیشی:» لە 2007ەوە فەرمانبەرم، بەڵام ئەگەر لە 2016ەوە پلەبەرزكردنەوەم بۆ هەژماربكرێت زیاتر لە  150 هەزار دەچێتە سەر موچەكەم چونكە لەگەڵ هەندێك پلە بەرزكردنەوە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵەش زیاد دەكات». دوو هەفتە لەمەوبەر سیراج بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی كوردستان لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران رایگەیاند: «ئێستا لەبەرنامەماندا نییە كە پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكەینەوە، بەڵام لە ئەگەری داواكاریی حكومەت ئەوەش لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ناچارین پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكەینەوە».  سەرۆكی ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو رێكخستنەوەیەی بڕیارە لەداهاتوویەكی نزیكدا حكومەتی هەرێم جێبەجێی بكات وتی: «ئەو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتەكان دەوام دەكەن و هەستدەكرێت لەو شوێنە زیادن، ئەوا ناچاردەكرێن بەگواستنەوە  بەگوێرەی پسپۆرییەكەی لەوەزارەتێكی دیكە كە پێویستیان پێیەتی».  باسی لەوەشكرد: شێوازی گواستنەوە و رێكخستنەوەی فەرمانبەران بەئاسایی ناكرێت بۆیە لەگەڵ فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری سەرقاڵی دروستكردنی داتابەیسێكن بۆ بەدیجیتاڵكردنی دۆسیەی كەسی فەرمانبەران، ئەوكات بەگوێرەی پسپۆری فەرمانبەران كاری گواستنەوەیان لەوەزارەت بۆ وەزارەتێكی دیكە یاخود لەبەڕێوەبەرایەتیەك بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكی دیكە دەكرێت».   هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274هەزار مووچەخۆری هەیە زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت :»سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتێكین لەسەر پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا تەواومان نەكردووە». وتیشی:» راپۆرتەكە تەواوبوو وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت تا وەك راسپاردەیەك بدرێتە حكومەتی هەرێم و كاری لەسەر بكات». عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «بەپێی هەردوو یاسای راژەی شارستانی ژمارە ٢٤ ساڵی ١٩٦٠ و یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٨، پلەبەرزكردنەوە (الترفیع) وەك مافێكی فەرمانبەر جێگیركراوەو مافێكی یاساییەو بەپێی چەند مەرج و رێوشوێنێكی كارگێڕی پێویستە هەر فەرمانبەرێك چوار یان پێنج ساڵ جارێك بەپێی پلەو ئاستی فەرمانبەرێتی، پلەكەی بەرزبكرێتەوە بۆ پلەیەكی نوێ، بڕیاری راگرتنی پلەبەرزكردنەوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بڕیارێكی نایاساییەو دریژەدان بەم بڕیارەش دۆخی فەرمانبەرێتی تەواو شێواندووەو هەموو هاوكێشەكانی پەیوەندیدار بەپلەو ئاستی فەرمانبەرێتی و میلاكی تێكداوە.»  ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: «لەساڵی ٢٠١٦ەوە پلەبەرزكردنەوە راگیراوە، هەربۆیە هەندێك لەفەرمانبەران كە لەو ساڵەدا شایستەی پلەبەرزكردنەوە بوون دوو پلەو زۆرینەی زۆری فەرمانبەرانیش بەلای كەمەوە یەك پلەیان لای حكومەتەو چاوەڕوانی ئەو مافەیان دەكەن، ئەم بڕیارە مانگانە زیانی گەورە لەنزیكەی (٣٦٥,٠٠٠)  فەرمانبەرو مامۆستا دەدات، بڕی ئەو پارەیەی كە زیانە بۆ هەر فەرمانبەرێك لە نێوان (٦٠ تا ٣٠٠) هەزار دیناری مانگانەیە».   زیانی راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران  عومەر گوڵپی دەڵێت :»كۆی ئەو پارەیەی كەمانگانە بەهۆی پلەبەرزكردنەوەوە دەبێتە زیان بۆ فەرمانبەران، بەخەمڵاندنی ئێمە نزیكە لە (٥٠ ملیار) دیناری مانگانەوە، بەم پێیە بۆ ماوەی پێنج ساڵەكە بڕی ئەو پارەیەی فەرمانبەران لای حكومەتە زیاترە لە (سێ ترلیۆن) دینار.» سەبارەت بەسودی ئابووری دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بۆ بازاڕی هەرێم و گوزەرانی فەرمانبەران، نەبەرد كەریم مامۆستای زانكۆو پسپۆڕی ئابووری بەهاوڵاتی وت:»لەمانگی یەكی 2016 ەوە بەفەرمانێك كە پاڵپشتی یاسایی نەبووە پلەبەرزكردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێم راگیراوە، كە ئەوەش مافێكی یاسایی هەموو فەرمانبەرێكە بەپێی دەستووری عێراق دەبێت پلەبەرزكردنەوە بكرێت». ئەو مامۆستایەی زانكۆ وتیشی:»ئێستا تەنها مووچەخۆری شارستانی پلەبەرزكردنەوەی راگیراوە كە ئەمەش زیانی زۆر لەئابووری و مووچەخۆرەكانیش دەدات، كە خەمڵێندراوە بەزیاتر لە 50 ملیار دینار، ئەگەر ئەم لێبڕینە بگەڕێتەوە ئەوە بازاڕ دەبوژێتەوە و كوالێتی ژیانی هاووڵاتیانیش باشتر دەبێت جگە لەوەی بەشێوەیەكی دیكەش سود بەحكومەت دەگەیەنن لەوەی باجی زیاتر دەدەنە حكومەت». هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274 هەزار فەرمانبەری هەیە، ئەوانەی فەرمانبەری مەدەنین ژمارەیان 750 هەزار كەسە، بەوپێیە تەنها ئەو فەرمانبەرانە پلەبەرزكردنەوە دەیانگرێتەوە.

شەنای فاتیح بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی بارگرانیەكی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە و حكومەتی هەرێمیش زیاتر لە شەش ساڵە نەوتی بۆ هاووڵاتیان دابین نەكردووەو ئەوەشی دابەشكراوە حكومەتی عێراق ناردویەتی و لەجیاتی 45 هەزار دیناریش 90 هەزار لەهاووڵاتیان وەرگیراوە، لەم وەرزی هاوینەشدا بەرمیلێك نەوت لەسەرووی 260 هەزار دینارەوەیەو چاوەڕوان دەكرێت لەوەزری زستاندا نرخەكەی زۆر گرانتر بێت. ساڵی رابردوو وەزیری دەستلەكاركێشاوەی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بەڵێنیدا كەهەموو ماڵێك بەرمیلێك نەوت وەربگرێت، بەڵام تەنها 35%ی هاووڵاتیان نەوتی سپیان پێدرا. ساڵانە لەوەرزی هاویندا نرخی نەوت دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت بەهۆی ئەوەی كە خواستی زۆری لەسەر نییە، بەڵام ئەمساڵ لەم وەرزی هاوینەشدا نەوتی سپی نرخی ئێجگار بەرزەو هەر بەرمیلێك نەوت لەسەروی 260 هەزار  دینارەوەیەو هیچ ساڵێك لەم كاتەدا نرخی نەوتی سپی بەو شێوەیە نەبووە. چاوەڕوان دەكرێت نرخی نەوت لەزستاندا گرانتر بێت كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سرووشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «نەوتی سپی و گازوایل و غازی هەرێمی كوردستان دەڕوات بۆ وڵاتانی دیكەو حكومەتیش كارئاسانی بۆدەكات و ئەگەر بێت و حكومەت رێگری لێبكات و بۆ هاووڵاتیانی كوردستانی دابین بكات بێگومان نرخەكان دادەبەزن». وتیشی: «ئەگەر حكومەتی هەرێم نەیەتە سەرخەت و هەنگاوی پێویست نەنێت چاوەڕێ دەكرێت نرخی نەوتی سپی لەوەرزی زستاندا گرانتر ببێت» . كەریم عەلی باسی لەوەشكرد:» هاووڵاتیان زیاتر لەشەش ساڵە نەوتیان وەرنەگرتووە و ئەوەشی دابەشكراوە حكومەتی عێراقی ناردوویەتی و پیشتر نرخەكەی 45 هەزار دینار بوو بەڵام حكومەتی هەرێم 90 هەزار لەهاووڵاتیان وەردەگرێت». هاوكات شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» حكومەتی هەرێم هیچ پاڵپشتییەك بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی سپی بۆ ماڵان ناكات، سەرباری ئەوەش بەشێوەیەكی رێكوپێك دابەشناكرێت، چونكە حكومەت ئەم كەرتەی فەرامۆش كردووەو پلانی نیە پێش وەرزی زستان نەوتی سپی بگەیەنێت بەهەموو ماڵێك». وتیشی:» لەساڵی 2016وە حكومەتی هەرێم دابەشكردنی نەوتی راگرتووەو ئەمەش كێشەیەكی گەورەی بۆ خەڵك دروستكردووە بەتایبەت لەناوچە ساردەكاندا كەپێویستە پێش وەرزی زستان نەوتی سپیان پێبگات». هاووڵاتیانیش گلەییان لەگرانی نرخی نەوت هەیەو دەڵێن:»پێشتر بەهۆی هەرزانی نرخەكەیەوە لەوەرزی هاویندا نەوتیان دەكڕی و  زستان بەكاریان دەهێنا، بەڵام ئەمساڵ نرخەكەی زۆرگرانە». تەها ئەحمەد، كە پیشەی مامۆستایەو تەمەنی 60 ساڵەو دانیشتووی شاری سلێمانییە بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «نزیكەی دوو ساڵە نەوتمان وەرنەگرتووە و كارتی نەوتیشمان هەیە بەڵام نەوتمان نادەنێ‌«. باسی لەوەشكرد: «ئەگەر جیاوازی لەنرخی نەوتدا هەبێت باشترە لەوەرزی هاویندا بكڕدرێت، بەڵام ئەمساڵ لەوەرزی هاوینیشدا هەر گرانە». هاوكات هەورامان حەمە حەسەن كاسبكارێكی تەمەن 40 ساڵەو لەپارێزگای هەڵەبجە نیشتەجێیە سەبارەت بەگرانی نرخی نەوت بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: « كارتی نەوتمان هەیەو زیاتر لەدوو ساڵە نەوتمان وەرنەگرتووەو وتیشی: ئێمە ساڵانە ئەگەر زۆر بەكەمیش بەكاری بهێنین سێ بەرمیل نەوتمان پێویستە، ئەگەر نرخەكەشی ئاوا بەرز بێت ئەوا كڕینی نەوت بارگرانیەكی زۆرە بۆ ئێمە». هاوكات، عوسمان محەمەد، فەرمانبەرێكی تەمەن 43 ساڵەو دانیشتووی ئیدارەی گەرمیانەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: زیاتر لەدوو ساڵە نەوتمان وەرنەگرووە و پێشتر لەهاویندا نەوتمان دەكڕی و خەزنمان دەكرد بۆ زستان، بەڵام ئێستا لەهاونیشدا هەر گرانە». حكومەتی هەرێم هیچ پلانێكی بۆ كەمكردنەوەی بارگرانیەكانی سەر شانی هاووڵاتیان نیەو تابێت نرخی پێداویستیەكان گرانتر دەبێت و ئەمەش ئەوندەی تر هاووڵاتیانی نیگەران كردووە.

هاوڵاتی ئەمریكا ژمارەیەك كۆمپانیاو خاوەن كۆمپانیا بەتۆمەتی ساغكردنەوەی نەوتی ئێران و دەربازكردنی ئەو وڵاتە لەگەمارۆكانی سەر كەرتی نەوتەكەی سزا دەدات، یەكێك لەو كەسانەش كە سزادراوە هاووڵاتییەكی بەریتانی-عێراقییە. ئێران بەهۆی گەمارۆكانی ئەمریكا كە لەلایەن سەرۆكی پێشوی ئەمریكاوە  سەپێنرابوو هەناردەی رۆژانەی نەوتەكەی لەنزیكەی دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلەوە بۆ 250 هەزار برمیل دابەزیبوو، زیاتر لەساڵێكە توانیویەتی بەشێوازی جیاواز نەوتەكەی ساغبكاتەوە، كەیەكێك لەو رێگایانەش تێكەڵكردنی نەوتەكەیەتی لەگەڵ نەوتی عێراق و رەوانەكردنی بۆ بازاڕەكانی جیهان. هەوڵەكانی ئێران بەهاوكاریی تۆڕێكی بەرفراوان لەبازرگان و دامەزراوەكان توانیویەتی فرۆشی نەوتەكەی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل بەرزبكاتەوەو ئەوش ئەمریكای زۆر تووڕە كردووە. فرۆشتنی نەوتی ئێران بەناوی عێراقەوە رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) لەئەمریكا ئاشكرای كردووە؛ تۆڕێك لەبازرگان و بەرپرسانی ژمارەیەك كۆمپانیا لەوڵاتانی كەنداو ئیمارات و عێراق بەهاوكاریی بەرپرسان و بازرگانانی ئێران نەوتی ئێرانیان لەڕێگەی كەشتیی نەوتهەڵگرەوە بۆ سنوری ئاویی نێوان ئەو دوو وڵاتە گواستووەتەوەو تێكەڵی نەوتی عێراقیان كردووە بۆ ئەوەی تاران لەگەمارۆ ئابورییەكان و سزاكانی سەر كەرتی نەوت رزگار بكەن. واشنتۆن دوای ماوەیەك چاودێریی ئەو تۆڕو كۆمپانیایانە بۆی ئاشكرابووە كەشتییە نەوتییەكانی ئێران نەوتی وڵاتەكەیان بۆ ئوم قەسر گواستووەتەوەو هەندێكجار نەوتەكەیان تێكەڵ بەنەوتی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی عێراق كردووە لەهەندێك حاڵەتیشدا بەڵگەی ساختە بۆ كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی ئێران بەناوی نەوتی عێراقەوە دروستكراوە. وۆڵستریت جۆرناڵ لەزاری ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كردووە، كەسێك بەناوی (سەلیم ئەحمەد سەعید) كەخەڵكی عێراقەو دانیشتوی وڵاتی بەریتانیایە سەرپەرشتیی ئەو هەنگاوانەی كردووە بۆ ساغكردنەوەی نەوتی ئێران. ئەو كەسە خاوەنی ژمارەیەك كۆمپانیای گواستنەوەی خزمەتگوزاریی كەشتیوانی و بازرگانیی نەوتە كە بەناوی (FZE) تۆماركراوە، هاوكات پشكدارێكی سەرەكیی كۆمپانیایەكی گواستنەوەی نەوتە بەناوی (AISSOT). نەوتی ئێران جێ بەنەوتی عێراق لێژ دەكات ئێران رایگەیاندووە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتەكەی لەكەمتر لەسێ ملیۆن بەرمیلەوە و بۆ سێ ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا بەرزكردووەتەوە، بۆیە روونە بەرزكردنەوەكە پەیوەندیی بەفرۆشی زیاتری نەوتی ئەو وڵاتە لەبازاڕەكانی جیهاندا هەیە.  جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران لە رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت ئاشكرایكردووە لەسەرەتای وەرزی بەهار تایەكەم مانگی هاوینی ئەمساڵ رێژەی هەناردەی نەوت و غازو بەرهەمە نەوتییەكان لەنێوان 540% بۆ 550% بەرزكردووەتەوە بەواتایەكی دیكە هەناردەكردن زیاتر لەپێنج هێندە بەرزكراوەتەوە. بەوتەی زۆربەی سەرچاوەكانی ئێران ئاستی هەناردەی نەوتی وڵاتەكە بۆ چین بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوەو لەبەرامبەریشدا بەپێی ئەو رێژانەی كە چین لەكڕینی نەوتی وڵاتان ئاشكرای كردووە، كڕینی نەوت لەعێراق كەمیكردووە. رێژەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ چین لەچەندمانگی رابردوودا 36% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوەو لەبەرامبەردا ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران و ڤەنزوێلا كە لەگەڵ نەوتی مالیزیا رەوانەی چین دەكرێت 144% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەمریكا لەفرۆشی نەوتی ئێران تووڕەیە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا تەنها چەند كاتژمێر دوای ئەوەی ئێران رایانگەیاند؛ گەڕانەوەیان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی، پەیوەندیی بەمامەڵەی واشنتۆن لەگەڵ تاران هەیە حەوت سزای نوێی راگەیاند كەدژی كەرتی نەوتی ئێران بوو. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە شەش كۆمپانیای وڵاتانی چین و ئیمارات و رۆژهەڵاتی ئاسیاو كەشتییەكی نەوتهەڵگری سزا داوە بەتۆمەتی ئەوەی ئاسانكارییان بۆ ساغكردنەوەی نەوتی ئێران كردووە، لەكاتێكدا نەوتی ئەو وڵاتە لەژێر سزاكانی ئەمریكادایە. لەڕاگەیەنراوی گەنجینەی ئەمریكا ئاماژە بەوەكراوە ئەو شەش كۆمپانیایەو كەشتییە نەوتهەڵگرەکان بەبەهای دەیان ملیۆن دۆلار نەوتی ئێرانیان بەنهێنی و بەبەڵگەی ساختەوە لەبازاڕەكانی جیهان فرۆشتووە. رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ، رۆژێك پێش بەیاننامەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بڵاویكردبووەوە كە ژمارەیەك كەشتی نەوتهەڵگر بەئاڵای وڵاتانی دیكەوە نەوتەكەی رەوانەی سنورە ئاوییەكانی عێراق كردووەو لەوێشەوە بەبەڵگەنامەی ساختە ئەو نەوتە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كراوە. ئەگەرچی زیاتر لە 40 ساڵ ئێران لەژێر سایەی سزاكانی ئەمریكادا رووبەڕووی كێشەی قووڵی ئابوریی بووەتەوەو پێشبینیی دەكرا دوای ساڵی 2018 هاوكات لەكشانەوەی ئەمریكا لەڕێككەوتنی ئەتۆمیی، ئابوریی ئێران هەرەسبهێنێت، چونكە واشنتۆن رایگەیاند دەبێت داهاتی نەوتی ئێران بگاتە سفر. ئابوریی ئێران كە لەڕابردودا 90٪ی پشتی بەداهاتی نەوت دەبەست لەئێستادا رووبەڕووی كیشەی زۆر بووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەوەی دانیانناوە بەوەی كەكۆی داهاتی بەرهەمە نەوتییەكان لەساڵێكدا لە 113 ملیار دۆلارەوە بۆ 13 ملیار كەمیكردووە بەڵام لەدوو ساڵدا بەشێویەكی بەرچاو فرۆشی نەوتیان زیادی كردووە. ئێران پێش سزاكانی ساڵی 2018ی ئەمریكا رۆژانە نزیكەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كردووە، كە ئەو رێژەیە بەهۆی سزاكانەوە بۆ 250 هەزار بەرمیل دابەزی. بەپێی راپۆرتێك كەپێشتر رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە ئێران لەڕێگەی 200 كەشتی نەوتهەڵگر كە بەكەشتیی رۆحەكان ناسراون بەئاڵای وڵاتانی دیكە یان هەندێكجار بەبێ ناونیشتان توانیویەتی رۆژانە نزیكەی یەك ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت بەنهێنی رەوانەی بازاڕەكان بكات . ئێران لەماوەی رابردوودا فڕۆشتنی نەوتەكەشی بۆ چین زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل بەرزكردووەتەوە بۆیە پێدەچێت هەموو ئەمانە وایكردبێت تاران لەئاست داواكارییەكانی واشنتۆن، بەتایبەت گەڕانەوەو پابەندبوون بە رێككەوتنی ئەتۆمییەوە بێباك بێت، لەبەرامبەردا ئەمریكاش سزاكانی توندبكاتەوە بۆ پاشەكشێ بەتاران. 

هاوڵاتی دوای ئەوەی زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقیدا تێپەڕدەبێت و دوای دەیان كۆبوونەوەی چەندین كاتژمێری ئاشكراو نهێنی، پەرلەمانی عێراق تەنیا توانیویەتی لەهەڵبژاردنی سەرۆكێك بۆ خۆی و هەردوو جێگرەكەی و درووستكردنی لیژنەكاندا سەركەوتوو بێت، تاوەكو ئێستاش نەیتوانیوە حكوومەت درووستبكات و دۆخ و گرفتە سیاسییەكانی وڵاتیش ئاڵۆزتربووەو پەرلەمانیش كەوتووەتە بەردەمی رەخنەی زۆرینەی عێراقییەكان. بەپێی ماڵپەڕی ئەنجومەنی نوێنەرانیش لەو ماوەیەدا ئەم خولەی پەرلەمان تەنیا نۆ دانیشتنی فەرمی ئەنجامداوە جگە لە دوو دانیشتنی نائاسایی و كتوپڕ، هەر ئەمەش وایكردووە كەئەم دەزگا تەشریعییە لەبەر كەمی كارەكانیان بەرامبەر هاووڵاتیان و بەخشینی سودو بەرژەوەندییەكی زۆر بۆخۆیان بكەوێتە بەر رەخنە. بەپێی راپۆرتەكە هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران كەژمارەیان (329) كەسە، 6 ملیۆن و 400 هەزار دینار وەردەگرن، ئەمەجگە لەئیمتیازاتی تر كەنزیكدەبێتە لە 12 ملیۆن دینار. ئەحمەد تەها روبێعی پەرلەمانتار بەڕۆژنامەی سەباحی نیمچە رەسمی حكومەتی عێراق راگەیاندووە:" ئەركی سەرەكی پەرلەمانتار بەپێی دەستورو پەیڕەوی ناوخۆیی ئەنجومەنی چاودێری و یاسادانانە"، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئەو رێگرییانەی كەئێستا هەیەو وایكردووە كەدانیشتنەكان كەمببێتەوە مانای ئەوە نییە پەرلەمانتاران بەكاری خۆیان هەڵناسن و چاودێری دەزگاو دامەزراوە تەنفیزییەكان ناكەن، بەتایبەت زۆرینەیان دابەشی سەر لیژنەكان كراون و ژمارەیەكی زۆر لەهاوكارانی كارەكانی خۆیان ئەنجامدەدەن". هەر دەربارەی ئەو دۆخە حەیدەر سەلمانی چاودێری سیاسی دەڵێت: " لەگرنگترین ئەو خاڵانەی كەئێستا مایەی مشتومڕی كۆمەڵگای عێراقییە سودی ئەم پەرلەمانەیە لەبەرامبەر ئەو ئیمتیازاتە زۆرەی كە وەریدەگرن"، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات " ئەم خولی پێنجەمە هیچ شتێكی پێشكەشنەكردووە، دۆخی سیاسیی هەروەك خۆیەتی و ئاڵۆزە، ئەمە جگە لەدەستلەكاركێشانەوەو كشانەوەو داگیركردنی باڵەخانەی ئەنجومەنەكەش". ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت:" ئەندامانی پەرلەمان بۆ خزمەتگوزارییەكانی ماڵەكانیان پارەیەكی زۆر وەردەگرن، ئەمە جگە لەخەرجی و مەسروفاتی بەنزین و پاسەوان و میوانداری، بەپێی یاساش ئەگەر یەك ساڵیش پەرلەمانتاربن بەڕێژەی لەسەدا 80ی موچەكانیان خانەنشین دەكرێن". جەختیش لەوەدەكاتەوە: "ئەم پەرلەمانە ناچالاكترین پەرلەمانی جیهانەو ئەندامەكانیان وادەزانن دەركردنی بەیاننامەو درووستكردنی گرووپ چاتی وەتسئاپ چالاكیی گەورەیە". بەبڕوای بەشێك لەچاودێرانیش گرفتی سەرەكی ئەم خولەی پەرلەمان جێبەجێنەكردنی زۆرینە خاڵەكانی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانەو تائێستاش هیچ چاودێرییەكی راستەقینەو كاریگەر لەسەر كارەكانی پەرلەمان نییە. دەربارەی بوونی ئیمتیازاتێكی زۆریش بۆ ئەندامەكانی ئەنجومەن، چاودێران بڕوایان وایە شێوازی سیستەمەكە وایكردووە پەرلەمانتار ئەو هەموو ئیمتیازەی هەبێت و بەپێی یاسا دەركراوەكانی خولەكانی پێشووتر جێبەجێدەكرێت. بەپێی زانیارییەكانیش بودجەی ساڵانەی (سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران و پەرلەمانتاران و وەزیرەكان و پلەتایبەتەكان) و فەرمانبەران و پاسەوانەكانی هەرسێ دەزگا باڵاكەی عێراق زیاتر لە 308 ملیار دینارە، كەهەر بەتەنیا بودجەی پەرلەمانی عێراق بە(سەرۆك و جێگرەكان و پەرلەمانتاران و پلەتایبەتەكان و پاسەوان و فەرمانبەرەكانیەوە) زیاترە لە 229 ملیار دینار.

سەركۆ جەمال بەبۆنەی تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی شێركۆ بێكەسی شاعیر، مەراسیمێك بەبەشداری بەشێك لەكەسوكارەكەی و بەشێكی زۆری هونەرمەندان و كەسایەتییەكانی شاری سلێمانی لەهۆتێل گراند میلینیۆم بەڕێوەچوو، ئەوەش لەكاتێكدایە تائێستا بەشێك لەوەسیەتەكەی شێركۆ بێكەس جێبەجێنەكراوە كەئەوانیش خەڵاتی ساڵانەو كردنەوەی كافتریایەكە لەنزیكی گۆڕەكەی، بەڵام هەڵۆی كوڕی دەڵێت ماڵەكەی دەكرێتە مۆزەخانە. لەمەراسیمەكەدا چەندین وتارو چالاكی هونەری و رۆشنبیری پێشكەشكراو هۆنراوەكانی شێركۆ بێكەسیش بەشیكی دیكەی بەرنامەی كاری مەراسیمەكە بوو. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەوتارێكدا رایگەیاند: تەنیا بۆ یادی شێركۆ لێرە نین، یادی شارستانی و رەسەنی و نەمری و زیندوویی وشەی كوردی دەكەینەوە، یادی هەموو ئەدیبانی سەردەمی زێڕین و نوێ دەكەینەوە، شێركۆ توانی بڵێسە بێت بۆ مەشخەڵی شۆڕشی نوێ، زۆر كەس هەڵەی لێكدانەوەی كردووە بۆ نازناوی بێكەس، ئەو بنەماڵە بەڕێزە بۆ بێكەسی كورد نازناوی بێكەسیان هەڵگرتووە.‏ هەڵۆ شێركۆ بێكەس لەمەراسیمەكەدا چەند پارچە هەڵبەستێكی باوكی خوێندەوەو پاشانیش هونەرمەند پەیوەند جاف چەند تێكستێكی شێركۆ بێكەسی بەگۆرانی پێشكەشی ئامادەبووان كرد. هەڵۆ شێركۆ بێكەس سوپاسی ئەو كەسانەی كرد كەپشتیوان بوون لەیادكردنەوەكەو بەهاوڵاتی وت: "مژدەی كردنی ماڵەكەی شێركۆ بێكەس بەمۆزەخانە رادەگەیەنم كە لەداهاتوویەكی نزیكدا دەكرێتەوەو لەسەر ئەركی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بووە، سوپاسی تایبەتی كاك فاروقی مەلا مستەفاش دەكەم كە پەیكەری شێركۆ بێكەسی لەناوەندی رۆشنبیری دكتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ دروستكردووەو یەكەم كارە بۆ پرۆژەی مۆزەخانەی شێركۆ بێكەس". هەڵۆ شێركۆ بێكەس وتیشی: "ئەو یادانەی كەكراون دوو بەش بوون، رۆژی چواری مانگیش لەپاركی ئازادی یادەكە كرایەوە، دەبێت ئەم بۆنانە بكرێن بەساڵانە و قسە لەسەر دیوە شاراوەكانی ژیانی شێركۆ بێكەس بكرێت". هونەرمەند پەیوەند جاف بەهاوڵاتی وت: "بڕیارمانداوە هەموو ساڵێك یادی شێركۆ بێكەس بكەینەوە، سەبارەت بەخەڵاتیش دەبێت حكومەت ئەو بڕیارە بدات و خەڵات دابنرێت بەناوی شێركۆ بێكەسەوە، ئەو مەراسیمەی ئەمڕۆ ساڵی نۆیەمەو هەر جارەو كۆمەڵێك شاعیرو هونەرمەندو كەسایەتی بەشداری تێدا دەكەن"، وتیشی: "پاش نەمانی شێركۆ بێكەس شیعر بەرەو كزی چووە". شێركۆ بێكەس كوڕی شاعیری ناوداری كورد فایەق بێكەس، یەكێكە لەدامەزرێنەرانی قوتابخانەی شیعری نوێی كوردی، خاوەنی چەندین دیوان و نامیلكەی شیعرییە، شیعرەكانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕدراون. شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس، لەدنیای ئەدەبی كوردیدا بەپایەیەكی بەهێزی نوێكردنەوەی شیعری كوردی دادەنرێت، ئەو جگە لەوەی چەندین شیعری نیشتیمانی و ئەوینداری نووسیوە، هاوكات وەك فەرهەنگێكی دەوڵەمەند وابووە بۆ زمانی كوردی. شێركۆ بێكەس خاوەنی پتر لە 30 كتێبی شیعرییە، بەشێك لەشیعرەكانی وەرگێڕاون بۆ زمانەكانی عەرەبی‌و توركی‌و فارسی ‌و ئینگلیزی‌و سویدی‌و دانیماركی ‌و فەرەنسی‌و ئیتاڵی ‌و ئەڵمانی‌و هەنگاری. وەسیەتنامەكەی شێركۆ بێكەس من نامەوێت لەهیچ كام لەگردو گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبوونەتەوە و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بەقەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم رێگەم پێبداو ئەوەم پێ رەوا ببینن كە لەپاركی ئازادیداو بەتەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەهیدانی 1963ی سلێمانییەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترەو تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بەمردووییش نزیكی ئەو خەڵكەو ژن و پیاوی شارەكەم و دەنگی مۆسیقاو گۆرانی و هەڵپەڕكێ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم. با كتێبخانەكەم و دیوانەكانم و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێنی مەزارەكەم، با كافتریایەك و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆ ئەوەی شاعیران و نووسەران و كچ و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لەئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان و ئەڵڵا وەیسییەكەی مەردان و سروودی خوایە وەتەن ئاواكەیەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لەپرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی «بێكەس»ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخانبكرێ و بدرێت بەجوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ئەو ساڵەو خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كەجێیدەهێڵم. سەبارەت بەوەسیەتنامەكەی شێركۆ بێكەس هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە زەردەشت رەفیق وتەبێژی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی، باسی لەوەكرد ئەوەی لەسەر شارەوانی بووە جێبەجێیان كردووە، ئەوی دیكەش پەیوەندی بەحكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.  

هاوڵاتی  ناو بەناو لەهەرێمی كوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەبەشێك لەشارو شارۆچكەكاندا روودەدات و دەسەڵاتیش تەنها بە رێگای توندوتیژی وەڵامدەداتەوە، جگە لەدەستگیركردن و برینداركردنی خۆپیشاندەران، هەندێکجاریش كوژراویشی لێدەكەوێتەوە، هەر بەو هۆیەشەوە تائێستا ژمارەیەكی زۆر لەخۆپیشاندەر لەشارە جیاوازەكاندا بەگولەی هێزە ئەمنییەكان كوژراون و بكوژەكانیش دادگایی نەكراون. بەبڕوای بەشێك لەچاودێران دۆخی خراپی ئابووری و ناسەقامگیری سیاسی و گەندەڵی و مەحسوبییەت و خراپ دابەشكردنی داهات و دزی و ناشەفافی هۆكاری سەرەكی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانن كە بەتوندوتیژی كۆتاییان پێهێنراوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەشێكی زۆری ئەو خۆپیشاندانانەی كە بەسەركوتكردن كۆتایی هاتوون مانای ئەوەیان نەگەیاندووە كەوا ناڕەزایەتییەكان كۆتاییان پێهاتبێت، بەڵكو بەجۆرێكی دیكەو لەشوێنێكی دیكە و لەكاتێكی دیكەدا سەریانهەڵداوەتەوە. مەریوان وریا قانیع نوسەرو لێكۆڵەری كورد بڕوای وایە دەشێت ئەوانەی بانگەشەی خۆپیشاندان دەكەن گۆڕانیان بەسەردابێت، ئەمڕۆ ئەلف بێت و سبەینێ بێ، بەڵام ئەو دۆخە بونیادیی و نائینسانییەی كە بوونەوەری ناڕازیی و توڕە بەرهەم دەهێنێت، نەگۆڕەو بەردەوامی هەیە. مەریوان وریا قانیع لەوتارێكدا دەنوسێت: "خۆپیشاندان دیاردەیەكی بایۆلۆژیی نییە، بەڵكو دیاردەیەكی سیاسییە، ئەوەی خەڵك والێدەكات ناڕازیبن و رێگای جیاواز بۆ نیشاندان و دەرخستنی ئەو ناڕەزایەتییە بدۆزنەوە، پاڵنەری بایۆلۆژیی و غەریزیی نییە، بەڵكو پاڵنەری سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییە"، ئاماژە بەوەشدەكات:"ئەم دۆخە تاریكە بەئاستێك گەیشتوە زیاد لە ٧٠ لەسەدی خەڵك بەشداری دەنگدانەكان نەكەن، كەی بۆیان بلوێت و بوێرن بچنە سەر شەقام، سەدام حسێنیان لێببێت بەڕزگاركەر و بەكەسێكی بزانن سەدانجار لەحوكمڕانانی ئەمڕۆ باشتر". هاوكات عەبدوڵای مەلا نوری پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان لەوتارێكدا دەڵێت "لەهەرێمی كوردستان دوو رێگا هەیە لەبەردەم خۆپیشاندەران كە ئەوانیش یەكەم رێگای ناتوندوتیژی ئەوەیە خۆپیشاندەران رێگای خەباتی مەدەنی دەگرنەبەر بەشێوەیەكی رێكخراوو فراوان، بەردەوام دەبن تا دەگەنە ئەنجام، دووەمیش رێگای توندوتیژی، لەم جۆرەیدا دیسان خەڵك رێگای خەباتی مەدەنی و ئاشتیانە دەگرێتە بەرو، وردە وردە ناڕەزاییەكان فراوان و رێكخراو دەكەن، بەڵام ئەوكاتەی دەسەڵات گوێ ناگرێ، ئیدی رابەرو خەڵك پێكەوە بڕیاری خەباتی توندوتیژی دەدەن ئەم رێگایەش ماندێلاو گەلەكەی گرتیانەبەرو سەركەوتن". هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە لەهەرێمی كوردستان كاتێك هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكان خەڵكی دەنێرنە سەر شەقامەكان بەپێچەوانەی هێزەكانی عێراقەوە هیچ هێزێك یاخود بەربەستێكیان نییە تا خۆپیشاندەران بپارێزن و هەمیشە لەسەر شەقامەكان بەتەنیا بەجێیاندەهێڵن و ئەمەش وایكردووە ژمارەی قوربانییەكانیان هەمیشە زیاتر بێت و دەسەڵات گوێ بەفشارەكان نەدات. بەبڕوای بەشێك لەچاودێرانیش ئەوەی دیمەنە گشتییەكەی ناشیرینتر كردووە لەهەر خۆپیشاندانێكدا كە لەهەرێمی كوردستان روودەدات، دەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەرانە بەبێ هیچ فەرمانێكی دەستگیركردن جا چ لەپێش خۆپیشاندانەكانەوە بێت یاخود دوای خۆپیشاندانەكان و هێشتنەوەیانە بۆ ماوەیەكی زۆر. لەتیف شێخ مستەفا پسپۆڕی یاسایی بڕوای وایە دەبێت دادوەرانیش رۆڵیان هەبێ لەسەر دەستگیركردنی خۆپیشاندەران، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات:" ئەگەر بەبێ فەرمانی ئەوان دەستگیردەكرێن ئەوا رازی نەبن و قبوڵی نەكەن ‌و هەڵوێستیان هەبێ، ئەگەر بەبڕیاری ئەوانیش وەرگیراون بۆ دەستگیركردنیان ئەوا بەزووترین كات ئازادیان بكەن. خەڵك بۆ گۆڕانكاری لەم شێوازە حكومڕانیەی هەرێمی كوردستان كە پێویستە گۆڕانكاری تێدا بكرێت، دوو رێگای لەبەردەمدایە یان شۆڕشی چەكداری یان گرتنەبەری رێگای مەدەنی، مێژوو نیشانیداوە شۆڕشی چەكداری تەنها خاپوركردن و كوشتاری زۆرو پارچەپارچەبوونی وڵاتی بەدواوەوە بوەو لەباشترین حاڵەتیشدا سیستمێكی تر جێكەوتكراوە كە لەوەی پێشخۆی باشتر نەبووە، كەوابێت دەبێ رێگای دووەم شا رێگا بێت، بەڵام  گوێنەگرتن بۆ داواكاری و ناڕەزاییەكانی هاووڵاتیان و بەكارهێانی رێگای توندوتیژی لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاكامی باشی لێ چاوەڕوان ناكرێت.  

 هاوڵاتی تادێت دیمەنی ئاڵۆزی و نائارامی سیاسی لەعێراقدا لێڵتر دەبێت و ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ و پەرلەمان و تەواوی دامەزراوە دەستوورییەكانی دیكە قوڵتر دەبێتەوە و بەرەو تونێلێك هەنگاو دەنێت كە ئەوسەری دیار نەبێت، تەنانەت هەر بەتەنیا لەسنورێكی دیاریكراودا رانەوەستاوە، بەڵكو درێژبووەتەوە  بۆ ناو كۆی كایە سیاسییەكانی ئێستای حوكمڕانی. هەرچەندە لەچەندڕۆژی رابردوودا جێنین پلاسخارت بەناوی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە لەگەڵ زۆرینەی سەركردە سیاسییەكانی عێراقدا كۆبوەوەو هەوڵیدا دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەری ناكۆكییەكان بەئەنجام بگەیەنێت، بەڵام وادیارە ناكۆكییەكان لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی چوارچێوەی حوكمڕانی و سیاسی و دەستووری ئەوەندە قوڵبێت كە بەئاسانی هیچ لایەنێك نەتوانێت سازشی لەسەر بكات، بەتایبەت كە لەئێستادا سەدر داوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی پەرلەمان دەكات و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش هەرچەندە بەئاشكراو راستەوخۆ دژی ئەو بۆچوونە نەوەستاونەتەوە بەڵام مەرجی وا سەختیان داناوە كەجارێكی تر عێراقی گەڕاندووەتەوە بۆ خاڵی سفر و چوارچێوەی سەرەتای پرۆسەی سیاسی لەساڵی 2003. ئەمە لەكاتێكدایە هەندێك لایەن هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەچارەسەرێكی سیحری دەزانن بۆ دۆخی عێراق، بەڵام ئەو پرسیارەی كە لێرەدا سەرهەڵدەدات ئەوەیە ئایا دووبارە ئەنجامدانەوەی نمایشەكە هەمان دەرئەنجامی نییە؟ ئایا حزب و لایەنێك بەتەنیا دەتوانێت زۆرینەی كورسییەكان بباتەوەو حكومەت دروستبكات؟. بەڵام ئایا شێوازەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە چۆن دەبێت؟! لەكاتێكدا دۆخی عێراق ئێستا لەسەر لێواری تەقینەوەدایەو 10 مانگ نابێت هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی دیكە ئەنجامدراوە. سازدانی هەر هەڵبژاردنێكی نوێ لەعێراق بەر لەهەموو شێك پێویستی بەهەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانە، كەئەمەش پێویستی بەدانیشتنی پەرلەمانی هەیەو لەئێستادا بەهۆی پەكخستنی دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە ئەمە قورسە. لەدەستوری عێراقیشدا بەپێی ماددەی (64)ی تەنیا دوو رێگەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دیاریكردووە: رێگای یەكەم: یەك لەسەرسێی ئەندامانی پەرلەمان واتە لەكۆی (329) ئەندام (110) ئەندام نووسراوێك پێشكەش بكەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن و پەرلەمان بەزۆرینەی رەها واتە (50+1)ی دەنگی ئەندامەكانی داواكارییەكە پەسەندبكات. بەگوێرەی ئەم رێگا دەستورییە دوای پێشكەشكردنی داواكاری، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی (165) ئەندامی پەرلەمان هەیە لەكۆی (329) ئەندام. رێگای دووەم: سەرۆكوەزیران بەڕەزامەندی سەرۆك كۆمار داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات. ئەم رێگایەش لەئێستادا ناتوانرێت پەنای بۆ ببرێت چونكە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار هەردووكیان  لەئێستادا كاربەڕێكەرن و لەبەردەم خولی ئێستای پەرلەماندا هەڵنەبژێردراون و ناتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن. ئەمیر دەعمی پسپۆڕی یاسایی عێراقی لەلێدوانێكیدا بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) دەڵێت:" هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەپێی میكانیزمی پێشكەشكردنی داواكاری لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بۆ سەرۆك كۆمار نادروستە، چونكە سەرۆك كۆمار لەلایەن پەرلەمانی ئێستاوە هەڵنەبژێردراوە‌و سەرۆك وەزیرانیش ویلایەتەكەی تەواو بووە، بۆیە ناكرێت بودجە بۆ حكومەت تەرخانبكرێت بەمەبەستی سازدانی هەڵبژاردن". ئەو پسپۆڕە یاساییە جەخت لەوەدەكاتەوە:  "كە تاكە رێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتە بۆ ماوەیەكی كاتی دیاریكراو، تاوەكو شەرعیەت وەربگرێت بەئاڕاستەی تەرخانكردنی بودجە بۆ سازدانی هەڵبژاردن". لەبارەی دادگای فیدڕاڵیشەوە ئەو پسپۆڕە پێی وایە" دادگای فیدراڵی جەختی لەسەر ئەوە كردووە كەحكومەتە كاربەڕێكەرەكان ناتوانن ئەو بڕیارانە بدەن كە رەهەندی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتییان هەیە، واتە بەپێی ئەم میكانیزمە ناتوانرێت پەرلەمان هەڵوەشێندرێتەوە". واشدەردەكەوێت بەم نزیكانە ئەوسەری تونێلەكەی دۆخی عێراق دیارنەبێت و هەموو دەستپێشخەری و چارەسەرە سیاسییەكان بەهۆی ناڕازیبوونی لایەنەكانەوە لەبازنەیەكی بۆشدا بخولێنەوە و دووبارە بگەڕێینەوە چوارچێوەی یەكەم.

هاوڵاتی یەكێتی و پارتی بەرەوامن لە دامەزراندنی نوێ‌ و زياتركردنى  هێزەكانی حەفتاو هەشتاو ئەمریكاو و هاوپەیمانانیش پێشنیازی هەردوو حزبەكە بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە رەتدەكەنەوەو هۆشداری دەدەن لە راگرتنی یارمەتیەكانیان ئەگەر پڕۆسەی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەكی باش نەچێتە پێشەوە. وەزارەتی پێشمەرگە جارێكی تر یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 دەخاتەوە بەرباس،و باسكردنی ئەم پرسە لە كاتێكدایە لەسەرەتای دروستبونی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمەوە بە یاسا و رێنمایی و فەرمانی پەرلەمانی و حیزبی و حكومی قسەی لێدەكرێت و دوای 30 ساڵ ئەم هێزە هەر یەكنەخراوەتەوەو هێزێكی پێشمەرگەی دەوڵەتی دروستنەكراوە، بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: « لە قۆناغی ئێستاشدا من هیچ ئومێدێكم بە پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نیەو هەردوو حزبەكە نیەتیان نیە هێزی پێشمەرگە بگوازنەوە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە».  لە ماوەی هەفتەی رابردوودا وەفدێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم سەردانی هەردوو وڵاتی بەریتانیاو ئەمریكای كرد، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە ئەمریكا رایگەیاند: «ئەمریكییەكان بە راشكاوانە پێیان وتووین، ئەگەر پڕۆسەی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەكی باش نەچێتە پێشەوە، هاوكاری و پشتیوانییەكانیان رادەگرن»، و وتیشی: «ئەمریكیەكان پێیان وتین پێویستە هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە هەنگاوی گەورەو فراوانتری بەدوادا بێت». بەرپرسێك لە وەزارەتی پێشمەرگە كە نەویست ناوی بهێنرێت بە رۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» هاوپەیمانان بە تایبەتی ئەمریكا ئەمە یەكەمجار نیە هۆشداری دەدەن كە هێزی پێشمەرگە یەكبخرێتەوەو پەلەی تێدا بكرێت ئەگەرنا هاوكاری و یارمەتییەكانیان رادەگرن»،و وتیشی: «كێشەی یەكنەخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نەبوونی ئیرادەی سیاسییە و خودی هێزەكانی 70 و 80 وەكو هێزی سەربازی گرفت نین». جەبار یاوەر فەریقی یەكەمی خانەنشین و ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوڵاتی رایگەیاند:» ئێستا حزبەكان بیرورای جیاوازیات هەیە لەسەر یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە»، و وتیشی: «یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەستراوەتەوە بەیەكخستنی هەموو بواركانی پەیوەست بە بەرژوەندییە باڵاكانی نیشتمان و نەتەوە لە هەرێمی كوردستان، ئەم پرسەش تەنها كێشەی گەورەی هەرێم نیە، ئەبی هەموو حزبە سیاسیەكانی كوردستان یەك بیروباوەڕیان هەبێت لەسەر كۆمەڵێك هێڵی گشتی، دەربارەی حكومڕانی و ئەمنیەت و ئاسایش و دەرباری ئابوری و پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان، ئەگەر بیروباوەڕیان لەسەر ئەم بابەتانە یەكنەخەن یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە زۆر زەحمەت ئەبێت». هاوكات رزگار محەمەد مەحمود بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی یەكخستنەوەی هێەكانی پێشمەرگە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» هەردوو حزبەكە نیەتیان نیە هێزەكانیان بگوازنەوە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و لەسەر ئاستی باڵای نایانەوێت ئەم هێزانە لە ژێر فەرمانی خۆیان دەربچێت چونكە ئەم هێزانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و ململانێی سیاسی بەكاریان دەهێنن». وتیشی:»یەكێتی و پارتی دەیانەوێت هێزەكانی 70 و 80 وەكو خۆیان بمێننەوە، بەڵام بەناو بیخەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە ئەمەش لە پێناو ئەوەی یارمەتی هێزەكانی هاوپەیمانان بیانگرێتەوە، بەڵام هێزەكانی هاوپەیمانیان دەیانەوێت هێزەكانی حەفتاو 80 بەتەواوی بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگەو هیچ هێزێك بەوو دوو ناوە نەمێنێتەوە، ئەو كاتە ئامادەن یارمەتیان بدەن». شارەزایەكی بواری سەربازی سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، كە پێی باش بوو ناوی نەهێنین بە هاوڵاتی وت:»  ساڵی 2010   ئەمریكا پێش كشانەوەی هێزەكانی لەعێراق نوێنەریان ناردە لای هەردوو حیزب و تكاشیان لێكردن و وتیان: سەد هەزار گەنج و ئەفسەر و پلەداری ئەكادیمی ئامادە بكەن، لەماوەی شەش مانگدا، ئێمە هێزێكی پڕچەكی مۆدێرنتان بۆ پارێزگاری هەرێم بەناوی هێزی پێشمەرگەوە بۆ رادەهێنین و پێش كشانەوەی ئێمە شوێنی هێزەكانی ئێمە بگرێتەوە و لەهەندێ حاڵەتدا ئەتوانێ عێراقیش بپارێزێت، تەنانەت وتیان هێزی ئەمریكا چ جۆرە چەكێكی قورس و سوك بەكاردەهێنێت ئەو هێزەش هەمان شت، هەمو خەریجیەكیشی لەسەر ئێمە، وتیشی» هەمو مەرجەكەیان ئەوەبو (جگە لە پۆلیس و ئاسایش لەدەرەوەی ئەو هێزە چەكداریتر نەمێنێت)».  ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: وێڕای هەمو ئەو فشارانەی خەڵك و حیزبە ئۆپزسیۆنەكان فشارێكی جدی هێزە هاوپەیمانەكانیش هەبووە بۆ دروستكردنی هێزێكی یەكگرتوی مۆدێرنی پێشمەرگە ! بەو مەبەستەش ئەمریكاییەكان لە عێراقدا چەند جارێك بەڵێنی (یارمەتیدان ، رێكخستن و پڕچەككردن، مەشق )یشیان پێداون! بەڵام ئەو ئیرادەیەكی حزبی هەیە وایكردوە  پارتی و یەكێتی هیچ گوێ بە مەسەلەی بەرژەوەندی نەتەوە و خاك و نیشتیمان نەدەن و بە مانەوە و پارێزگاریكردن لە حیزب بیگۆڕنەوە». ئەو سەرچاوەیە وتیشی:»  ئێستا  هاوپەیمانان بەجۆرێكیتر لەهەوڵی یەكخستنەوە و دروستكردنی ئەو هێزەدان  كە بەحوكمی   لاسەنگی بڵانسی هێزی جەماوەری! مەرجەكانی پارتی قبوڵكراوە و پارتی كاری جدی بۆ دەكات! لەبەرمبەردا هەندێك بەرپرس و ناوەندی یەكێتی پشتیوانی دەكەن و ئەوانەشی نایانەوێت و بەمەترسی دەزانن  ناتوانن دەنگ هەڵبڕن بەڵام ژێربەژێر  كۆسپ و تەگەرەی بۆ دروستدەكەن». بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان هەر لەو لێدوانەیدا بۆ هاوڵاتی رایگەیاند:» پارتی و یەكێتی بەردەوامن لە دامەزران بۆ هێزەكانی 70 و 80  و ئەوەندەی گرنگی بەم دوو هێزە ئەدەن گرنگی بە هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە نادرێت، ئەگەر هاوپەیمانان نەبێت بە دڵنیاییەوە بێچەكترین و بێ پێدایستتیرین هێزی سەربازی هێزەكانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە دەبن». بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی،» لە كۆبونەوەیەكی سەركردایەتی یەكێتیدا باس لەوەكراوە كە پارتی بەناوی پاراستنی كێڵگەی نەوتی و بەناوی پاراستنی بارەگاكانی لە زۆنی سەوز هێزی دروستكردووەو هێز دەنێرێت، لەبەرامبەر ئەوەشدا یەكێتی بڕیاریداوە بەناوی پاراستنی بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر هێز دروست بكات و  باسی لەوەشكردووە كە بە زەبری هێز پشكی خۆمان لە حكومەت دیاری دەكەین». بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگەرگە دەڵێت:» من تێبینیم لەسەر لیوا هاوبەشەكانیش هەیە، ئەو لیوایانەش كە یەكخراوەنەتەوە بەراستی هێزێكی دەوڵەتی بێلایەن نین، بۆ نمونە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بینیمان هەر ئەو لیوایانەی رێكخرابون هەریەكەیان بۆلای حزبەكەی خۆی گەڕایەوە». بەپێی ئاماری ناڕەسمی یەكەی 70ی یەكێتی 56 هەزار پێشمەرگەیە و  یەكەی 80ی پارتی ژمارەیان 60 هەزار پێشمەرگەیەو هێزەكانی زێرەڤانی پارتی ژمارەیان 54 هەزار‌و بەرگری‌و فریاكەوتنی یەكێتی 26 هەزارە، ئەم هێزانە تائێستا بەهێزی یەكێتی‌و پارتی ناسراون‌و موچەش لە حكومەتەوە وەردەگرن، هێزەكانی سەربە وەزارەتی پێشمەگەش نزیكەی 48 هەزار پێشمەگە دەبن. لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی دژ بە “داعش”، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (19) لە 23ی تەموزی 2014دا سەبارەت بەهێزی پێشمەرگە (21) بڕیاری دەركرد، هەر لە ساڵی 2014 و لە رۆژی 14ی كانونی یەكەم مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێم، بڕیارێكی حەوت خاڵی دەركرد بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڵام تەنها یەك خاڵی بڕیارەش جێبەجێنەكرا. فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم لە زاری فەرمان فەرهاد جێگری بەڕێوەبەری میرە بڵاویكردەوە:» بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرجەم هێزەكانی 70 و 80 بخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە». چاودێرێكی سیاسی سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە رایگەیاند:» هەردوو هێزەكە پێیان وایە مانەوەیان و سەنگ و پێگەیان بەندە بە هێزە چەكدارەكانیانەوە، ئەو پرەنسیپە وایكرد پێكهاتەی ئەو هێزانە بۆ مەترسی لەسەر كۆمەڵگە و تەنانەت حكومەت و خودی ناوخۆی حیزبەكان هەنگاوبنێ بە دروستكردنی هێزی شەخسی و خانەوادەیی لەناو خودی هێزەكاندا و بەهەمان ئەوچەك و هاوكارییە مادی و لۆجستیەی كە لەحكومەت و هاوپەیمانە بیانیەكانەوە دابین دەكرێت». وتیشی: «ویست و داوای یەكخستنەوەی پێشمەرگە ئەوەندەی دیاردەیەكی ئیعلامی و بانگەشە و مزایەدە بووە ئەوەندە كردار و جێبەجێكردنی بڕیار نەبوە ، بۆیە ئەو داوا و بانگەشەیە لەهەر قۆناغێكدا، بەپێی سەنگ و باڵانسی هێزی ئەو دوو حیزبە لەناو پەرلەمان و جەماوەردا گۆڕاوە لە یەكێكیانەوە بۆ ئەویتریان، بۆنمونە كاتێك لەدوای ساڵی 2005 هەردوو ئیدارەكەی هەولێر و سلێمانی یەكیگرتەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ژمارەی دەنگەكانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر زیاتر بوو ، بۆیە ئەم داوا و بانگەشەیەی یەكێتی بەهێز و جدیتر بوو  بەپێچەوانەوە پارتی نەیدەویست و بەمەترسی لەسەر خۆی دەزانی، دوای پێنج ساڵ كە یەكێتی دەنگ و سەنگی جەماوەری بەڕادەیەكی زۆر كەمیكرد ئیتر  خواستەكە پێچەوانە بوەوە». جەبار یاوەر هەر لەو لێدوانەیدا بۆ هاوڵاتی وتی: «هەتا هێزی پێشمەرگەو هەموو هێزەكانی هەرێم بە هێزەكانی ئاسایش و هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن و زێرەڤانی هێزەكانی دژەتیرۆر یەك نەخەین و  بەدەست حزبی سیاسیەوە بێت هەركاتێك ململانێ‌ لەنێوان حزبە سیاسیەكان دروست ببێ‌ زۆر ترسناكە كە حزبەكان پەنابەرەن بۆ ئەو هێزانە بۆ یەكلاییكردنەوەی ململانێكانیان، لەبەر ئەوە ئەگەر بمانەوێ‌ مەترسی پێكدادانی ناوخۆیی دورخەینەوە ئەبی هێزی پێشمەرگەو هەموو هێزەكان بێلایەن كەین و بۆ بەرژوەندی هیچ حزبێكی سیاسی كارنەكەن تەنها بۆ بەرژوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی كار بكەن». دۆخی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان و نەبوونی متمانە لە نێوان هێزە سیاسیەكان بەتایبەتی لە نێوان یەكێتی و پارتی وایكردووە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بە قورس و زۆرجاریش بە ئاستەم سەیربكرێت، هێشتا هێزە سیاسیەكان ئەو متمانەیەیان بەیەك نیە لە ململانێ‌ سیاسیەكانیاندا نەگەڕێنەوە بۆ بەكارهێنانی هێز، جیا لە دەرەوەی حزبەكان، رووداوەكانی رابردوو شایەدی دەدەن تەنانەت لە ململانێی باڵە جیاوازەكانی ناو حزبیشدا پەنا براوەتە بەر هێزی چەكدار بۆ یەكلایی كردنەوەی ململانێكان.