پ.دهۆك ماوەی شانزە مانگە پێنج كەس لەناحیەی شیلادزێ سەر بەقەزای ئامێدی دەستگیركراون و ئێستا لەئاسایشی گشتی هەولێر مانگرتنیان دەستپێكردووەو باری تەندروستی بەشێكیان ناجێگیرەو كەسوكاریان داوای یەكلاكردنەوەی دۆسییەكانیان دەكەن. ئەمرۆ چوار شەممە دۆسیەكانیان گەیشتە دادگا. هەریەك لە (مەحمود ناجی صدیق، كوڤان تارق جبرائیل، یوسف شەریف ئیبراهیم، ئەمجەد یوسف موستەفا، نێچیرڤان بەدیع حاجی) لە 9/ تا 14ی مانگی كانونی یەكەمی 2020 دەستگیركراون و تائێستا دۆسییەكانیان یەكلایی نەكراوەتەوە. یوسف مستەفا، باوكی ئەمجەد، دانیشتووی ناحیەی شیلادزێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت»ساڵێك و چوار مانگە كوڕەكەم دەستگیركراوەو نازانم لەسەر چی گیراوە، لەهەمووشی ناخۆشتر دادگایش ناكرێن، سەردانی هەموو شوێنێكمان كردووە تا ئازادبكرێن یان بەلایەنی كەمی دادگایی كردنیان ئەوان دەستپێبكات، بەداخەوە هیچ وەڵامێكی دڵخۆشكەر لەهیچ كەسێكمان وەرنەگرتووە». یوسف مستەفا باسی لەوەشكرد كوڕەكەی كرێكار بووە لەچێشتخانەیەك، وتیشی:» دۆخی ئەوان خراپە، لێرەوە داوا لەهەموو كەسێك دەكەم بەدواداچوون بۆ كەیسەكە بكەن تا بەزووترین كات ئازاد بكرێن». وتیشی:" بیستوومانە کە دۆسیەی راگیراوانی شیلادزێ گەیشتووە دادگا، چاوەرێی رۆژی دادگایی کردنیان دەکەین، تا ئێستا هیچ کەسێک ئێمەی ئاگادارنەکردوە بەڵام پەڕاوەکانی راگیراوان گەیشتووە دادگای هەولێر". بەدیع حاجی، باوكی نێچیرڤان دەڵێت:» ئەوە دوو رەمەزانە چاوەڕیێ ئازادكردنی كوڕەكەم دەكەین، كوڕەكەم تەنها بەشداری لەخۆپێشاندانێك كردبوو لەناحیەی شیلادزێ لەدژی بەردەوامی بۆردومانكردنی توركیا، هەندێك كەس شكایەتیان لێكردووەو دەستگیركراوە». بەدیع حاجی باسی لەوەشكرد، هەفتەی رابوردوو دایك و خوشكەكانی سەردانی نێچیریان كردووەو زیاتر لە 10رۆژە خواردنی نەخواردووەو دۆخی زۆر خراپە، وتیشی:» ئێمە بەهیچ شێوەیەك دژی حكومەتی هەرێم و هیچ هێزێك نین، دەمانەوێت حكومەتی هەرێم هەر پێشبكەوێت، كوڕەكەم هیچ كارێكی خراپی نەكردووە، داواكارم بەرپرسەكان ئەو زیندانیانانە وەكو كوڕی خۆیان ئەژمار بكەن، چۆن باوك لە كوڕەكەی خۆی خوشدەبێت، با ئەوانیش لێیان خۆش بن و بۆ خاتری مانگی رەمەزان ئازادیان بكەن». هاوكات، ئەیهان سەعید، رۆژنامەنووس و نوێنەری زیندانیانی شیلادزێ بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، كۆپیەكی بۆ هاوڵاتى ناردووە، لەبەشێكی بەیاننامەكەدا هاتووە كە بەهۆی بەردەوامبوونیان لەمانگرتن لەپێناو ئازادی رەوشی زیندانیانی بادینان زۆر خراپە، لەلایەنەكان و دادگا بێ هیوا بوونە و وەسیەتنامەی خۆیان بەخێزانەكانیان داوە، یەكێكیان لە هۆش خۆی چووە. سەرباری ئەوەی پێشتر هەموو لایەنی پەیوەندیداریان ئاگاداركردوە كە «دور لە هەموو بنەما یاسایی و دیموكراسی و ئەخلاقییەكان ماوەی ساڵێك و چوار مانگە پێنج چالاكوانی شێلادزێ لەگەڵ چەندین زیندانی دیكەی بادینان لەئاسایشی گشتی هەولێر زیندانیكراون». بەشدار حەسەن، پارێزەری دەستگیراوەکانی بادینان ڕاگەیاندوە"دۆسیەی ڕاگیراوانی شیلادزی هەریەک له (مەحموود ناجی سدیق، یوسف شەریف ئیبراهیم، کۆڤان تارق جوبرائیل، ئەمجەد یوسف مستەفا و نێچیرڤان بەدیع حاجی)، گەیشتە خامەی دادگای تاوانی دووی هەولێر، بەمەبەستی دياريكردني ڕۆژی دادگاییکردنيان". هاوكات ئەوەش خراوەتەڕوو كە لە رێگای كەسوكاریانەوە هەواڵی تێكچوونی دۆخی تەندروستی ئەو پێنج زیندانیەی بادینانیان پێگەیشت كە خەڵكی شێلادزێن، لەكاتی مواجەهەدا (كوڤان تارق رێكانی) لە هۆش خۆی چووە و هەندێكیان ماوەی ٣٦ رۆژە و چواریشیان ماوەی ١٩ رۆژە دەستیان بە مانگرتن كردووە لە خواردن و دۆخیان زۆر خراپە و داوای ئاشكراكردنی چارەنووسیان دەكەن و وەسیەتنامەی خۆشیان بەكەسوكاریان داوە كە چاوەڕێی گیانلەدەستدان دەكەن.
شاناز حەسەن رۆژی دووشەممە هەرسێ تاوانباری سەرەكی بكوژانی شەهید نەقیب محەمەد دەستگیركران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم چووە ماڵی خانەوادەكەی و دووبارە بەڵێنی بۆ دووپاتكردنەوە كە «یاسا سەروەر دەبێت تا بەسزای عادیلانەی خۆیان دەگەن». رۆژی دووشەممە 11ی نیسانی 2022، قوباد تاڵەبانی هەواڵی دەستگیركردنی تاوانبارانی كوشتنی نەقیب محەمەدی گەیاندە خانەوادەكەی. نەقیب محەممەد لەتیف، كارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنانی سلێمانی بوو و شەوی 4ی كانوونی یەكەمی 2021 لەكاتی ئەركی فەرمیدا تەقەی لێكراو كوژرا، سێ پۆلیسی دیكەش كە لەگەڵیدا بوون، بریندار بوون. ئێستا دوای چوار مانگ سێ تۆمەتبار لەسەر كوژرانی نەقیب محەممەد دەستگیرکراون. قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكیدا دەڵێت:» یامور گیان… كە لەدایكبوویت، بەڵێنم پێدای ئەو كاتە سەردانت بكەم كە هەواڵی دەستگیركردنی بكوژەكانی باوكت بەخۆت و یارانی خوشكت بگەیەنم، وا دەستگیركران». هەروەها دەشڵێت:»ئێوە دوو كیژۆڵەكەی شەهید نەقیب محەممەدن، سەربەرزن كە پیاوێكی مەردی وەها باوكی ئێوە بوو». دوای دەستگیركردنی تۆمەتباران، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی خێزانی نەقیب محەممەدی كردو پێی راگەیاند كە»بەڵێنەكەمان بردەسەر لە دەستگیركردنی تاوانباران، بەدڵنیاییەوە تاكۆتایی چاودێریی دۆسیەكە دەكەم و تاوانباران بەسزای یاسایی خۆیان دەگەن». هەروەها پێشیڕاگەیاندوون كە» هێزە ئەمنییەكان وریاو چاوكراوەن و تاوانباران ناتوانن لەسزای یاسایی دەرباز بن». ئاشتی عەبدوڵا بەرپرسی بەشی جێندەر لەنووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەسەرەتای كێشەكەوە كاك قوباد تاڵەبانی بەڵێنی بەدواداچوونی داوەو خۆی شەخسی هاتە سەرخەت و بەڵێنی بەسزا گەیاندنی تاوانبارانی شەهیدكردنی كارمەندێكی حكومەت كە بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران بەكوشتنی ژن رۆیشتبوون». هەروەها باسی لەوەشكرد قوباد تاڵەبانی بەسەردانێك چووە ماڵی نەقیب محەمەد بۆ لای دایكی و باوكی و خێزان و دوو منداڵەكەی و خۆی مژدەی دەستگیركردنەكەی پیڕاگەیاندن و بەڵێنەكەی بردەسەر، وتیشی:» خانەوادەكەی تەنیا دەستخۆشیان هەبوو و كە داواكەیان هێنراوەتەدی و پەیامی خێزانەكەیان تەنیا ئەوەبوو یاسا سەروەر بێت و دووبارە بەڵێنی پێدانەوە تا كۆتایی یاسا تێیدا سەروەردەبێت بەسزای عادیلانەی خۆیان دەگەن». بەرپرسی بەشی جێندەر لەنووسینگەی قوباد تاڵەبانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەو دەستگیركردنەی ئەو كەسانە كە لەدەرەوە هێنراونەتەوە پەندێكەو پەیامێكە بۆ ئەو كەسانەی ژن دەكوژن و دەستدرێژی دەكەنەسەر كارمەندی حكومەت و دەبێت یاسا لەم بوارەدا جێبەجێ بكرێت جەنابیان (قوباد تاڵەبانی)، سەرپەرشتیارو دەستپێشخەری ئەم كارانەن تا تاوانبار بەسزا دەگەیەنێت. ئاشتی عەبدوڵا، جەختی لەوەشكردەوە:»بۆ هەموو كەیسێكی تاوان خودی جەنابی كاك قوباد لەبەرئەوەی بەرپرسیارێتی حكومی و حزبی هەیە بەردەوام دێتە سەرخەت و لەخەمیی ئەم كێشانەدایە بەتابەتیش لەپرسی ژن كوشتن و توندوتیژی و تاوانكاری بەرامبەر ژنان بێت». هاوكات، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد راستە دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان چەند مانگێكی پێچوو و وتی:» ئەم ماوەیە بەردەوام كار لەم كەیسەدا كراوەو زۆر بەوردی كاری تێدا دەكراو لێكۆڵینەوەكان بەردەوام بوون، چونكە تاوانباران لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان بوون، بۆیە ئەركەكە قورستر بوو كاری زیاتری ویست تا بهێندرێنەوە. لای خۆیەوە، شیراز لەتیف، خوشكی نەقیب محەمەد، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» زۆر خۆشحاڵ بووین كاك قوباد هات سەردانی ئێمەو دایكم و باوكمی كردووە كە ئەوە جێگەی دڵخۆشییە بۆ ئێمە». هاوكات ئەو بەڵێنەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی دووپاتكردەوە لەبارەی سەروەربوونی یاساو بەسزاگەیاندنی عادیلانەی تاوانبارانی شەهیدكردنی نەقیب محەمەدی برای. لیوا چەتۆ ساڵح، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی دەستگیركردنی تاوانبارانی بكوژی نەقیب محەمەد پەیامێكی بڵاوكردووەتەوەو تێیدا هاتووە كە «دوای چوار مانگ لەونبوون و دەربازبوونیان لەدەستی یاسا چاو تیژو دەستە ئەمنییە بەهێزەكانی ئاسایش بەچاودێری راستەوخۆی بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) لەكردەیەكی نەوعی دەگمەن توانرا بكوژانی شەهید (نەقیب محمد)ی فریادڕەس و گیانبەخت كردوو لەپێناوی گێڕانەوەی ژیان بۆ كەسێكی تر دەستگیركران». بریكاری وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت كە سەركەوتنی وەها پلانێكی هەستیارو درێژخایەن سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە هیچ تاوانێك و تاوانبارێك لەچنگی دەستە پوڵایینەكەی ئاسایش قوتاری نابێت، هەروەك وەزارەتی ناوخۆش مایەی خۆشحاڵییە و هەربۆیە ستایشی دەزگا بەهێز و ئومێد بەخشەكەی ئاسایش دەكەن و دڵنیان بەم سەركەوتنەیان هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی روحی باوكی (یامور)یان شادتر كردووە. هاوكات، سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كە ئەوان تەنیا لایەنی زەرەرمەندن لەم كەیسەدا كە نەقیبێكیان لەدەستچووەو دەستدرێژی كراوەتە سەر تیمەكەیان، وتیشی:» ئەوەی پەیوەندی بەچۆنیەتی حوکم و سزاكەیەوە هەیە لەلای ئاسایش و دادگایەو ئەوان كاری لەسەردەكەن». ئەو سێ کەسەى دەستگیرکردنیان لەلایەن ئاسایشەوە راگەیێندرا، چەند كاتژمێرێك دواى رووداوەکە بەرەو ئێران هەڵهاتبوون، دواى ئەوەى ئاسایشى سلێمانى بە بڕیارى دادوەر چاودێرى پەیوەندییەکانیان دەکات، لەکاتى هاتنیان بۆ سەر سنوورى رۆژهەڵات و باشوورى کوردستان بە مەبەستى دەستکەوتنى خۆراک و پارە، ئاسایش دووانیان و لەڕێگەى ئەوانیشەوە تاوانباری سێیەمیش دەستگیردەکات.
شاناز حەسەن پزیشكێكی پسپۆری سنگ و بۆریەكانی هەوا گرنگترین ئەو چارەسەریانە دەخاتە روو كە پێویستە هەموو كەس رەچاوی بكات لە دۆخێكی وەك ئێستای خۆلبارینی هەرێم رزگاری ببێت. پسپۆرێكی نەخۆشیەكانی سنگ و بۆری هەوا ئاماژە بەوە دەدات لەسەدا 50 رێگری لە كاریگەریەكانی خۆلبارین دەمامكە". لەئەگەری توسبون بە حاڵەتی تەنگەنەفەسی بەهۆی خۆلبارینەوە". دەشلێت:" گرنگترین رێگری و چارەسەریش لەكاتی خۆلباریندا خواردنی پرتەقاڵ و زەنجەفیل و هەنگوینە تا كاریگەریەكانی كەمبكاتەوەو بۆرەكانی هەوا خاوێن بكاتەوە". رەوەند كاروان، پسپۆری نەخۆشییەكانی سنگ و بۆریەكانی هەوا، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" گرنگتریت رێگری لە بارودۆخێكی وەك ئێستای هەرێم كە خۆلبارینەكە زیانی بە ژمارەیەك هاوڵاتی گەیاندووە بەكارهێنانی دەمامكە، كەبە رێژەی لەسەدا 50 كاریگەریەكانی خۆلبارین لەسەر مرۆڤ كەمدەكاتەوە. ئەم پزیشكە وتیشی:" پێویستە لە بارودۆخی ئاوەهادا لە حاڵەتی زۆر ناچاریدا نەبێت نەچنە دەرەوە چونكە خۆڵەكە ئەوەندە وردە كاریگەری لەسەر مرۆڤ هەر جیدەهێلێت كە كەمیش بێت". رەوەند كاروان، باسی لەوەشكرد گۆرێنی كەش وهەوا زۆرجار كاریگەری دەبێت لەسەر مرۆڤ و وتی:" كاریگەرییەكە بەتایبەت لەسەر ئەو كەسانە زیاتر دەردەكەوێت كە نەخۆشیەكی درێژ خایەن یان هەستیان هەیە". ئەم پسپۆرە جەختی لەوەشكردەوە:" خراپی خۆلبارین لەسەر ئەو كەسانە زیاترە كە نەخۆشی كۆئەندامی هەناسەیان هەیە". ماوەی دوو رۆژە لە سەرجەم شارەكانی هەرێم خۆلبارینە و تائێستا بەگۆی شارەكانی ( سلێمانی و هەولێر ) زیاتر لە 267 كەس گەیاندراونەتەوە نەخۆخانە و كە زۆرترینیان لە پارێ.گای هەولێر بووە. هاوكات وەزیری تەندروسی هۆشداری دەدات و رداوا لە هاوڵاتیان دەكات بۆ حاڵەی زۆر پی,َیست نەبێت نەچنە دەرەوە. سامان بهرزنجی، وهزیری تهندروستی رایگهیاند، "تكایه ئهگهر زهروور نییه مهچنه دهرهوه، ئهگهر له دهرهوهش بوون ماسك ببهستن". وهزیری تهندروستی ئهوهشی خستووهتهڕوو، تۆز و خۆڵ کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان هەیە بەتایبەتی بۆ نەخۆشانی کە (رەبوو) یان (حساسیە) یان (هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە) یان (نەخۆشی دڵ) یان هەیە. تائیستا ئامارەكان بەم شێوەییە:... لەهەولێر زیاتر لە 222 كەس سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە. لە سلێمانی 45 كەس
شەنای فاتیح ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی کوردستان دەڵێت:" وەرزشی کوردستان دوو ئیدارەیی پێوە دیارە و ئێستا کەسانی دەستڕۆیشتوو و کۆمەڵێک رێکخراو وەرزشی کوردستان بەرێوەی دەبەن". لەمانگی ئابی ٢٠١٣ ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا رۆژی ٦ی نیسانی بەرۆژی جیهانی وەرزش دەستنیشانبکات و ساڵانە لەسەرانسەری جیهاندا بەو بۆنەیەوە چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت. ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی کوردستان دەشڵێت:" ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتی دارایان هەیە لە هەرێمی کوردستاندا هەریەکە و لەرێگای خۆیەوە کارو چالاکی وەرزشی ئەنجامدەدەن کە ئەوەش بووەتە نیگەرانی بەشێکی زۆری وەرزشکاران". ئالان قادر، ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت:" لەئێستادا بەهۆی بەرفراوانبوونی رێکخراوەکانی بواری وەرزش دەزگا فەرمییەکان ناتوانن بە کاری خۆیان هەستن و ناشتوانرێت رێگریان لێبکرێت چونکە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان مۆڵەتی فەرمیان هەیە". ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان، وتیشی:" ژێرخانی وەرزشی کوردستان زۆر هەژارە لە هۆڵ و مەلەوانگە و یاریگا و ئەو شوێنانەی کە پێویستە وەرزشوان توانای خۆی تێدا نمایش بکات". ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئەوەشی نەشاردەوە :" ئەو پاشاگەردانیەی لە بەڕێوەبردنی وەرزشدا هەیە لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە رادەیەک کە چاک و خراپ تێکەڵ بووە و رەنگە نەتوانرێت جیابکرێنەوە". ناوبراو ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات :"ئەو دەزگایانەی کە بەرپرسن لەبەڕێوەبردنی وەرزش لەهەرێم پێوسته رۆڵی خۆیان بگێڕین بۆ ئەوەی شێوەیەکی ئەکادیمی خزمەتی سێکتەری وەرزش بکرێت." وەرزشکارێکی دێرینی سلێمانی: وەرزشی کوردستان لەنێوان ململانێی سیاسی کوردستان و عێراقدا تیاچووە خەسروەو گورون، وەرزشکاری دێرینی شاری سلێمانی لە لێدولنێکدا بەهاوڵاتی وت:" لەئێستادا لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان ناچالاکە بەهۆی نەبوونی داهاتەوە و دەسەڵاتداران نەلیژنەی ئۆڵۆمپی کارا دەکەنەوە". وتیشی:" نەلیژنەی ئۆڵۆمپی و یەکێتییە وەرزشییەکان کاران کەبتوانرێت وەرزشی کوردستان ببرێت بەڕێوە و پەیوەندی بەعێراقەوە نەبێت، نە ئەوەشە لیژنەی ئۆڵۆمپی دابخرێت و بچین لەگەڵ عێراقدا وەرزش بکەین." مامۆستایەکی زانکۆ: لەکوردستاندا بەهرەمەندی باشمان هەیە، بەڵام شێوازی گرنگیدان بە وەرزشوانانمان لاوازە ئازاد ئەحمەد، مامۆستای کۆلێژی وەرزش لە زانکۆی دهۆک لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت:" ئێستا لەشاری دهۆک تەنها گرنگیدان بەتۆپی پێ لە ئاستێکی باشدایە و لەگەڵ یارییە تاکە جەنگییەکان و پاسکیلسواریش کەم تازۆر باشە، بەڵام یارییەکانی دیکە تارادەیەک بەرەوپاشەکشە و نەمان دەچن". ئەم مامۆستایە باسی لەوەشکرد:" پاڵەوانێتی قوتابخانەکان لەساڵی ٢٠١٤وە لەشاری دهۆک ئەنجام نەدراوە کە ئەمەش کاریگەری لەسەر کەرتی وەرزش هەیە ". خاوەنی ریکۆردی کوردستان و عێراق لەراکردنی ١٠٠م: لە وڵاتی ئێمەدا دەبێت پەیوەندی شەخسیت هەبێت لەگەڵ ئەو کەسانەی چالاکییە وەرزشییەکان ئەنجامدەدەن دڵسۆز عوبێد، یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان بۆ راکردنی ١٠٠م لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت: "لەکوردستاندا دەبێت پەیوەندی شەخسیت لەگەڵ رۆژنامەنووسان و ئەو کەسانەدا باشبێت کە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی چالاکی تایبەت بەبۆنە وەرزشییەکان". بۆنموونە:خەڵات بەسەر کۆمەڵێک وەرزشکاردا دابەشدەکرێت ئەگەر سەیربکەیت ئەو وەرزشکارانە هیچ شتێکی وایان تێدانییە بەڵام بەهۆی پەیوەندی شەخسی خەڵاتیان پێدەدرێت و سودمەندەین و دەناسرێن." دڵسۆز عوبێد باسی لەوەشکرد، یاریزان هەیە لە پاڵەوانێتی دەرەوەی کوردستاندا بووەتە خاوەنی مەدالیا و تەنها چەند کەسێکی کەم باسیان کردووە و یەک یان دوو کەناڵ چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا ئەنجامداوە و دەبێت خۆت بچیت خۆت بناسێنیت و بڵێیت من فڵان کەسم و خەڵاتم بکەن". وتیشی: "من لەساڵی ٢٠١٧وە زیاتر لە حەوت جار ریکۆردی عێراقم شکاندووە، بەڵام بۆ هیچ شتێک بانگهێشت نەکراوم." خاوەن ریکۆردی جیهانی لە هەڵدانی رم: لەکوردستاندا هیچ بۆ وەرزشکاران نەکراوە کۆڤان حەسەن،یاریزانی خاوەن پێداویستی تایبەت و خاوەنی ریکۆردی جیهانی لەهەڵدانی رم بۆ ماوەی ١٣ ساڵ لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت:" لەوڵاتی ئێمەدا لایەنی پەیوەنیدار خزمەتی وەرزشکاران ناکات و هیچ شتێکیان بۆ نەکراوە و تەنها گرنگی بە تۆپی پێ دەدەن". سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمان: یاسای لیژنەی ئۆڵۆمپیمان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە سەلمە فاتح، سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت:" لە وەرزی پێشتری یاساداناندا یاسای لیژنەی ئۆڵۆمپیمان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و ئەوەندەی ئاگادار بین ئەوانیش ئاڕاستەی حکومەتیان کردووە و تا ئێستا وەڵامی فەرمی نەدراوەتەوە". هەرچەندە ئەو هەموو کاتەشی پێویست نییە و ئەگەر بێت و کارەکانی بەزویی ئەنجامبدرێن دەتوانین بە ماوەی مانگێک کارەکانی جێبەجێبکەین تەواوی بکەین، ئێمە هیچ خەمساردییەکمان نەنواندووە، بەڵام ناچارین چاوەڕێی وەڵامی حکومەت بین.سەلمە فاتح وای وت.
هاوڵاتى سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمانگی رابردوودا رایگەیاند كە لەسەدا 41% داهاتی نەوت بۆ حكومەت دەمێنێتەوەو لەگەڵ داهاتە ناوخۆییەكان و ئەوەی لەبەغداوە دێت دابین دەكرێت بۆ مووچە، بەڵام كۆی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان 400 ملیار دیناری زیاترە بۆ موچەی مانگێك لەهەرێمدا. حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان مانگانە پێویستی بە نزیكەی 900 ملیار دینارە. حكومەتی هەرێم لەمانگی شوباتدا كە 28 رۆژ بووە بڕی 448 ملیۆن دۆلاری لەداهاتی نەوت داوەتە وەزارەتی دارایی كە بەدینار دەكاتە (650 ملیار دینار) كە هەر بەرمیلێك نەوتی خاو لەلایەن هەرێمەوە بە تێكڕا بە 97 دۆلار فرۆشتوویەتی كە لەو مانگەدا نرخی نەوت بە 107 دۆلار بووە. هەروەها بڕی 200 ملیار دیناری لەبەغداوە پێگەیشتووە بێجگە داهاتە ناوخۆییەكان كە مانگانە 350 ملیار دینار بووە، كۆی گشتی داهاتەكان دەگاتە ترلیۆنێك و 200 ملیار دیناری مانگانە. هاوكات لەمانگی ئازاردا نرخی نەوت بە 97 دۆلار بووەو بۆ هەر بەرمیلێك 87 دۆلار لەلایەن هەرێمەوە فرۆشراوەو بڕی 500 ملیۆن دۆلار بڕیارە بدرێتە وەزارەتی دارایی كە 725 ملیار دینار دەكات، زائیدەن 350 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆو 200 ملیار دیناری بەغدا دەكاتە زیاتر لە ترلیۆنێك و دووسەدو حەفتاو پێنج ملیار دینار. پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتى كە لەم ژمارەیەدا بڵاوكراوەتەوە دەڵێت داهاتی ناوخۆ نزیكەی 350 ملیار دیناری مانگانەیەو دەشڵێت داهات و پارە لەبەردەستدا بێت حكومەت دابەشكردنی مووچە دواناخات. بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لەجیهاندا داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانی بەرزكردووەتەوە بەشێوەیەك پەرلەمانتاران دەڵێن تەنها داهاتی نەوتی خاو ئەوەی بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە دەتوانێت لەگەڵ بەشێك لەداهاتی ناوخۆ بێجگە لەوەی بەغدا مانگانە 200 ملیار دینار دەنێرێت دابین بكات بۆ مووچە. بەپێی راپۆرتی دیلۆیت بێت لەساڵی 2021دا، پوختەی داهاتی نەوت نزیكەی چوار ملیار دۆلار بووە، بەو پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان 44٪ی داهاتی نەوتی بۆ ماوەتەوە.
شاناز حەسەن هەر لەكۆنەوە واهاتووە لەناو مسوڵماناندا گرنگیەكی تایبەتی بەسفرەی ئێوارانی رەمەزان دەدرێت، لەناو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیشدا سفرەی رەمەزان بووەتە كۆكەرەوەی هەموو خێزان و خورماو شۆرباو شەربەت و گۆشت دەبێت ئامادە بكرێت. خانمێك پێی وایە ئەوە بووەتە كلتور لای كوردو دەڵێت:» هەر لەكۆنەوە لەباوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، سفرەی رەمەزان بە بەرەكەتەو بەردەوام قەرەباڵغە». مەلیحە عەباس، ئەم خانمە تەمەنی 47 ساڵە بۆ كڕینی پێداویستی كچەكانی لەبازاڕی سلێمانی بوو، بە هاوڵاتی وت:» هەر لەكۆنەوە كاتێك لەلادێ بووین، گرنگیەكی تایبەتمان بە سفرەی ئێوارەی رەمەزان داوە، چونكە ماڵ و منداڵ هەمووی بەڕۆژو بووە و ئێواران پێكەوە كۆدەبووینەوە لەدەوری سفرەكە بۆیە بەخواردنی جۆراوجۆر دەمانڕازاندەوە». بەپێكەنینەوە وتیشی:» مرۆڤ چاوی برسی دەبێت، چونكە لە بەیانیەوە بەڕۆژووە، حەزی لەهەموو شتێك دەبێت و سفرەكەی پێ قەرەباڵغ دەكات». هەر لەكۆنەوە سفرەی رەمەزان جیاواز بووەو بە شیرینی و شەربەت و میوەو سەوزەو خواردنی جۆراوجۆر رازاوەتەوە. ئەم خانمە كە ئەزموونێكی هەیە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد هەر لەكۆنەوە خورماو شەربەت و شۆرباو گۆشت یەكێك بووە لەخواردنە سەرەكییەكانی هەموو ئێوارەیەك و وتی:» رەمەزان و سفرەكەی لای كورد واتە خورماو شۆرباو گۆشت، كە بەردەوام ئەو خواردنانە بەكاردەیهێنین، چونكە هەم خورماكە سونەتەو شۆرباو گۆشتەكەش تەندروست و بەهێزت دەكات». مەلیحە عەباس، دەشڵێت:» خۆشی و بەرەكەتی سفرەی رەمەزان لەوەدایە هەموو خێزان لەیەك كاتدا لەسەر سفرەكە كۆدەكاتەوەو ئەوە وادەكات خۆشی و بەرەكەت رووبكاتە سفرەكە». بەگلەییشەوە باسی لەوەكرد، بەداخەوە زۆربەی خێزان لەئێستادا بەساڵێك ئەوەندەی سفرەی رەمەزان كۆنابنەوە. ساڵانە لەمانگی رەمەزاندا جیاواز لەمانگەكانی دیكە خەڵكی زیاتر بەرهەمە خۆراكییەكان دەكڕن. دوكاندارێكی وشكە وەڵامدەداتەوەو دەڵێت:» خەڵكی ئێمە موسوڵمانن، بەیانی تائێوارە بەڕۆژون، بۆیە هەموو ئێوارەیەك برنج و مریشك و گۆشت لەماڵەكاندا ئامادەدەكرێت و خواردنی تایبەت دروستدەكرێت». لەبارەی فرۆشتنی بەرهەمە خۆراكییەكانەوە محێدین جەمالەدین، وتی:» ئەوەی لە رەمەزاندا سەرف دەبێت، بەسێ مانگی كاتی ئاساییی نایفرۆشین». ئەو بەرهەمانەی كەزیاتر هاووڵاتیان لەمانگی رەمەزاندا دەیكڕن وەك (خورما، شەربەت، میوە، بەتایبەت شوتی، لەبەرهەمە وشەكاندا برنج و رۆن و نیسك و فاسۆلیا و گۆشت) بەهەموو جۆرەكانیەوە. هێمن مەحمود، گۆشت فرۆشێكی ناو بازاڕی سلێمانییە، باس لەوەدەكات رۆژانە دوو ئەوەندەی رۆژێكی ئاسایی گۆشتی سوور دەفرۆشێت و بەهاوڵاتی وت:»میللەتی ئێمە خۆی زۆر حەزی بەگۆشتە، جا چونكە هەموو رۆژەكەش بە رۆژووە و برسییە، ئەوە حەز دەكات هەموو ئێوارەیەك سفرەكەی گۆشتی لەسەر بێت». «خەڵكی ئێمە دەست و دڵی زۆر باشە، هەر یەكەی خێر دەكات و گۆشت بۆ ماڵە هەژارەكان دەكڕن، ئەمە دەستورێكی جوانی كوردەوارییە بەتایبەت لەمانگی رەمەزاندا».، هێمن محمود گۆشتفرۆش وای وت. ناجی مەولود، خانمێكی تەمەن (73) ساڵانە، كچ و كوڕی گەورەی هەیەو كوڕەكانی ژن و منداڵیان هەیە، باسی ئامادەكارییەكان بۆ سفرەی ئێوارەیان دەكات و دەڵێت:» من تەنیا كارم خواردن ئامادەكردنە لە رەمەزاندا، لەبەیانیەوە شیرینی دروستدەكەم و خواردنی تایبەت ئامادەدەكەم، لەگەڵ خێزانەكەم لەسەر یەك سفرە كۆدەبینەوە تا مانگەكە بەڕێدەكەین». ناجی، باس لەوەدەكات لەكۆنەوە لەماڵە باوكی كلتوریان وابووە كە مانگی رەمەزان میوان لەسەر یەك سفرە كۆببنەوە پێكەوە لەماڵی گەورەدا خواردن ئامادە بكەن « ئەو شێوازە شێوازی پێغەمبەرەكان بووەو بەردەوام حەزیان بەسفرەی جیاوازو قەرەباڵغ بووە بەو مانایەی بەرەكەتی سفرەكە زیاددەكات». ئەم خانمە وای وت. هەروەها ناجی پێشی وایە «خۆشی مانگی رەمەزان لەسفرەی ئێواران و كۆبوونەوەی نەوەكانیدایە». بەرپرسانی حكومەت هەر لەسەرەتای رەمەزانەوە رایانگەیاندووە هەر كەس و لایەنێك كەلوپەل و خواردەمەن گران بكات و بەنرخی زیادە بیفرۆشێت سزا دەدرێت. ئەمە هەنگاوێكە بۆ گران نەبوونی شتومەك لەمانگی رەمەزاندا، خاوەن ماركێتێك دەڵێت هیچ لەنرخەكان زیادیان نەكردووەو وەك خۆیانە. ئاكام محەمەد، خاوەنی ماركێتی شام دەشڵێت:» خەڵكەكە زۆر سەیرن وا دەزانن شت نامێنێت، هەربۆیە هەندێك خاوەن كار نرخەكان گران دەكات، چونكە خەڵك بەلێشاو شت لەڕەمەزاندا دەكڕن».
عەمار عەزیز توركیا ماوەی شەش ساڵە ئامادە نییە بكشێتەوە لەسەربازگەی باشیك كەمەبەست لێی راهێنانی تایبەت بەهێزەكانی حەشدی عەشایەری سوننە بووە كە سوپای تورك مەشقیان پێبكات. سەربازگەی باشیك 12 كێلومەتر لەسەنتەری ناحیەی باشیك دوورەو دەكەوێتە سەرەتای ناحیەی زێلكان لە قەزای شێخان لەپارێزگای نەینەوا. نزیكەی سێ گوندی سنوری ناحیەی زێلكان، ئەوانیش گوندەكانی گودات و جێبرا كە تێكەڵەیەكین لەكورد و عەرەب، گوندی سێیەم (شەرەف) دانیشتوانەكەی عەرەبن، سەربازگەكە تەنیا 500 مەتر لەو گوندانە دوورەو ئەوەش دانیشتوانەكەی نیگەران كردووە. توركیا بەڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق، لەساڵی 2016وە لەچوارچێوەی بەشداریكردنی لەشەڕی دژ بەداعشدا، سەربازگەیەكی لەچیای باشیك نزیك ناحیەی زێلكان كردووەتەوە كە ئەو سەربازگەیە بەناوی هاوكاریكردنی هێزەكانی عیراق لەڕووی مەشق و راهێنانە بەتایبەت هێزەكانی حەشدی عەشایەری سوننە بووە. دوای شەش ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی دانانی ئەو سەربازگەیە هێشتا توركیا ئامادەنیە لەو سەربازگەیە بكشێتەوە، ئەمەش ترس و كێشەی بۆ دانیشتوانی دەشتی نەینەواو بەتایبەت ناحیەی زێلكان و باشیك دروستكردووە. نەشوان حامد، خەڵكی ناحیەی باشیك سەر بەنەینەوا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « سەربازگەی توركیا بووەتە مایەی ترس و دڵەراوكێ بۆ خەڵكی ناوچەكە، ماوە ماوە سەربازگەكە بۆردومان دەكرێت و دانیشتوانی هەردوو ناحیەكە لەدەنگی ئەو موشەكانە زۆر دەترسن و زیان بەر خانووەكانی خەڵكی مەدەنی دەكەوێت، جگە لەسەرئێشە و كێشە بۆ خەڵك هیچ سوودێكی تری بۆ خەڵكی ناوچەكە نەبووە». نەشوان حامد ئاماژەی بەوەشكرد لەدوای ئازادكردنی ناوچەكە لەژێر دەستی داعش تاڕادەیەك ناوچەكە لە رووی ئەمنییەوە سەقامگیرە، بەڵام ئەو سەربازگەیە بووەتە كێشە لەبەردەم خەڵك بەتایبەت بۆ دانیشتووانی نزیك سەربازگەكە، بەدڵنیاییەوە نایانەوێت ئەو سەربازگەیە لەو شوێنەیە بمێنێتەوە چونكە وابڕوات كێشەی زیاتر بۆ خەڵك دروست دەبێت، لەوانەیە لەئاییندەدا خەڵكانێك جارێكی تر ئاوارە ببنەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی زێلكان دەڵێت:»دەبێت حكومەتی عێراق داوا لەتوركیا بكات بۆ كشانەوە لەو سەربازگەیەدا». حەمەد ئەمین غەریب ، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلكان سەر بەقەزای شێخان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « تائێستا هەشت جار ئەو سەربازگەیە بۆردومان كراوەو ساڵی رابوردوو بەهۆی بۆردوومانكردن سێ كەسی مەدەنی گوندێكی ناحیەكە برینداربوون، زیانی ماددیش بەر خانووی هاووڵاتیان كەوتووە «. «نزیكەی لەسەدا 50ی دانیشتوانی ناحیەی زێلكان لەئاوارەیی گەڕاونەتەوە، ناحیەی زێلكان لە 30 گوند پێكهاتووە، ئەوانەی تائێستا نەگەڕاونەتەوە بەهۆی سەربازگەكەوە نیە، دۆخی ئەمنی ناحیەكە ئارامەو هیچ كێشەی نیە، ئەم پرسە دەبێت حكومەتی عێراق لەگەڵ توركیا چارەسەربكات ، بۆ ئێمەش ناخۆشە خەڵكی ئێمە تووشی زیان بێت بەهۆی ئەو بۆردومانە، بەڵام لە دەستەڵاتی ئێمەدا نیە و دەبێت لەسەر ئاستی باڵا كێشەكە یەكلایی بكەنەوە «، حەمەد ئەمین غەریب وای بۆ هاوڵاتى وت. هاوكات، زەنون یونس بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك دەڵێت :»سەربازگەکەی توركیا بووەتە سەرئێشە بۆ خەڵكی هەردوو ناحیەی زێلكان و باشیك و دەشتی نەینەوا بەگشتی، هەر چەند جارێك بۆردوومان دەكرێت، هەموو روكێتەكانیش لەسنوری پارێزگای موسڵ ئاراستەی سەربازگەكە دەكرێت، وا باشترە سەربازگەی توركیا لەناو خاكی نەمێنێت». زەنون یونس هێمای بۆ ئەوەشكرد كە زیانەكانی بۆردومانكردن هەندێكجار بەر گوندەكانی سنوری ناحیەی باشیكیش دەكەون، تازەترین جاریش پێش چەند رۆژێك چوار موشەك ئاراستەی سەربازگەكە كرا، بەو هۆیەوە زیان گەیشتووە بەچەند ماڵێك لە سنوری ناحیەكە. زەنون یونس ئەوەشی روونكردەوە كە هەموولایەك خۆیان بێدەنگ كردووە بەتایبەت هێزە ئەمنیەكان و هیچ قسەیەك لەسەر مانەوەی توركیا لەو سەربازگەیەدا ناكەن.
لەیال ئەحمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت:» كێشەیەكی گەورەمان هەیە و راستەوخۆش پەیوەندی بەپارەوە هەیەو دەسەڵاتی خەرجكردنی پارە لای سەرۆكی حكومەتەو دەبێت بێتە سەر خەت». سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت:»ئێستا بەتەنها نەخۆشخانەی هیوا نزیكەی چەكی ملیارێك و 500 ملیۆن دیناری ئامادەكردووە و هیچمان نەداوە پێیان بۆیە كۆمپانیاكەش ئامادەنییە دەرمان بدات بە تەندروستی و هیچ پارە و نەختەیەكیش وەرنەگرێت». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە جگە لە نەبوونی موچە و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی ئەم گرفتانەی دیكەش هاتوونەتە پاڵی، وتیشی:» بۆیە حكومەت بێخەمە لەهەموو ئەو قەیرانانەی كە روودەدات، پێویستە حكومەت بەهەرچۆنێك بێت پارە بۆ تەندروستی تەرخانبكات و چارەسەرێكی ریشەیی بۆ دابینبكات بەوەی كە داهاتی هەرێم و داهاتی نەوت شەفاف بێت». هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە خەڵك باوەڕناكات كە حكومەتی هەرێم پارەی نییە، بۆیە دەبێت حكومەت بێتە سەرخەت و بارودۆخەكە چارەسەربكات و پارەی پێویست بۆ كۆمپانیاكان دابین بكات» . ئەگەر حكومەت خۆی بەخاوەنی زاخۆ تا خانەقین و كفری، ئەگەر خۆی بە خاوەنی هەرێمی كوردستان نەزانێت خۆی بە خاوەنی ئەم هەرێمە دەزانێت، چارەسەری هەموو گرفتەكان لای ئەوە چونكە هیچ پەیوەندییەكی بەلایەنێكی سیاسییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەسەرۆكی حكومەتی هەرێمەوەیە كە هەموو دەسەڵاتی خەرجكردنی پارە لای ئەوە».
رەزا مەنوچەهری کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەقۆناغێکی گوزەری پڕ لەژاندا تێدەپەڕێن. کوردستان بووەتە چەقی ململانێکانی ناوچەکەو گۆڕەپانی دەستشکاندنەوەی هێزە جۆراوجۆرەکان. گەلی کوردو پێکهاتەکانیشی باجی بەشێکی گرنگ لەو دەستشکانەوانە دەدەن. لەسەرەتای ساڵانی ١٩٩٠و لەدوای داگیرکردنی کوێت و شەڕەکانی یەکەم و دووەمی کەنداوو دەستتێوەردانی هێزە جیهانییەکان، رفاندنی ئۆجالان، رووداوی ١١ی سپتەمبەر، خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران، سەرهەڵدانی گروپە جیهادییەکانی قاعیدەو گروپە ئیسلامیەکانی تر لەعێراق و ئەفغانستان، بەهاری عەرەبی و رووداوەکانی عێراق و سوریاو سەرهەڵدانی خەلافەتی ئیسلامیی داعش و شەڕی یەمەن، کوژرانی زەرقاوی، بن لادن، بەغدادی، قاسم سولەیمانی و ئیبراهیم قارداش ناوچەکەی بردووەتە قۆناغێکی پڕ لەکێشمەکێش و قەیران، کە لەو کاتەوە قەیران لەدوای قەیران کارەسات بەرامبەر بەخەڵک و گەلان و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکان و تاوانی جەنگ و جینۆساید روودەدات و ئارامی و ئاشتی بووەتە خەونێکی ئاسۆ دوور. پارچەپارچەکردنەوەی کوردستانی پارچەکراو بۆ ئەوەی داگیرکەرانی کوردستان و هێزە ناوچەیەکان بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا زیاتر بکەن پێویستیان بەوە هەیە هێزو گروپە کاریگەرو ناوچە جۆگرافیە گرنگ و ستراتیژییەکان و سەرچاوەکانی وزە بەشێوەی جۆراوجۆر کۆنترۆڵ بکەن. دەوڵەتە داگیرکەرەکانو هێزە جیهانییەکان کێشەی کورد بەیەک پاکێج و یەک خاک و یەک نەتەوە و یەک کێشە سەیر دەکەن. بۆ ئەوەش کاتێک ئەوان دەڵێن، کێشەی کورد مەبەستیان سەرتاسەری کوردستان و هەموو کوردە. بۆیە کار بۆ ئەوە دەکەن کورد خۆی بەیەک نەتەوە و یەک خاک و یەک چارەنووس نەزانێت تاوەکو لە دیزاینکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رێگری لەدروستبوونی هێزی کوردو کیانی کورد بکەن. بۆ ئەوەش دەبێت دووبارە کوردستان پارچە پارچە بکەنەوە. ناوچەکان لە یەکتر داببڕن و پێکهاتە ئایینی و زمانییەکان بکەن بە گژی یەکدا. یەکلایی نەکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان لە باشووری کوردستان و جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠، کە رووبەری ئەو ناوچانە بەئەندازەی خاکی هەرێم دەبن و قوڵایی ستراتیژی و هێڵی تەماسی نێوان کوردو عەرەبن و سەرچاوەی گرنگی وزەیان تیادایە، لەچوارچێوەی ئەو سیاسەت و پرۆژانەدایە. بۆ رێگریکردن لەجێبەجیکردنی ئەو ماددەیە لایەنە دەستڕۆیشتووەکانی دژ بەکورد بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان پرۆژەی جۆراجۆری وەک هەرێمی سوننە، فیدراڵی پارێزگا بۆ کەرکوک، دروستکردنی هەرێمی تورکمانی و هێشتنەوەی دۆخی تەعریب و ئاسایی نەکردنەوەی دۆخی دیمۆگرافیا دەخەنە بەرنامەی کارو پڕوپاگەندەی میدیایی و گوشاری دیپلۆماسی و سەربازی و دانوستانەکانەوە. هاوکات دەوڵەتی تورکیا بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی هەر جۆرە بیرو جوڵەیەکی کورد بەئاڕاستەی یەک چارەنووسیدا و یەکخستنی جوگرافیای کوردستاندا لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠ەوە دەستیکردووە بەدروستکردنی بنکە و بارەگای سەربازی لەباشووری کوردستان، کە کاریگەریی لەسەر دووبەرەکێ نانەوە و شەڕی کورد بەکورد و بڕیاری سیاسی لەهەرێم هەیە. لەدوای رووداوەکانی بەهاری عەرەبی و شۆڕشی کورد لەسوریا، دەوڵەتی تورکیا بۆ رێگریکردن لە بەهێزبوونی کورد ناوچەکانی باب و جەرابلوسی داگیرکردو بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی کورد بەدەریا عەفرینی داگیرکرد. دوای ئەوەش بۆ دابڕاندنی ناوچەکانی تری رۆژئاوای کوردستان لەیەکتر گرێ سپی و سەرێکانیی داگیرکرد. لە باشووری کوردستانیش ناوچەیەکی زۆری داگیرکردووە، کە بە سیاسەتی باری نائاسایی سەربازی و دۆخی جەنگی مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوچانە و دانیشتوانەکانی دەکات و خەڵک و باخ و رەزو گوندەکانیان بۆردومان دەکات. شەنگال پردی بەستنەوەی باشوور و رۆژئاوای کوردستان لەسیاسەتی داگیرکاریی داگیرکەرانی کوردستاندا کار بۆ دابڕاندنی شەنگال و تەریکخستنی و پاکتاوکردنی دانیشتوانەکەی دەکرێت. ئێزدییەکان وەک پێکهاتەیەکی گرنگ و سەرەکیی کوردستان لەلایەن بەشێک لەمێژوونووسەکانەوە بە نەوەی میتانییەکان دەزانرێن. زۆرینەیان لەباشووری کوردستان لە شێخان و شەنگال، لە باکووری کوردستان لە مێردین، ئامەد و دێرسیم و رحا، لە رۆژئاوای کوردستان لەحەسەکە و تەبقا و عەفرین، لە ئەرمینیا، جۆرجیا و ئازەربایجان و رووسیا و ئەڵمانیادا دەژین و نزیکەی ٢ ملیۆن کەس دەبن. هەڵکەوتەی ناوچەی شەنگال و دەرووبەری دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا، لەهێڵی باکوورەوە تاوەکو خابوور و بادینان درێژ دەبێتەوە، لە باکوور و رۆژئاواوە نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەتر لەگەڵ رۆژئاوادا سنووری هەیە. چیای شەنگال لەدیوی رۆژئاوا و چیای قەزوان (عەبدولعەزیز) لە دیوی رۆژئاوا درێژکراوەی یەک هێڵن. لەشێخان و چیای شەنگال و عەفرین و ئەرمینیادا چەندین مەزارگە و ناوەندی پیرۆزیان هەیە. لە ڕووی جۆگرافیاوە شەنگال و دەورووبەری گرنگترین خاڵی پێکەوە بەستنەوەی باشوورو رۆژئاوای کوردستانە، بۆیە هەوڵێکی زۆر هەیە شەنگال بە تەواوەتی لە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش داببڕێت. بەوەش پردی پەیوەندیی نێوان باشوور و رۆژئاوا ناهێڵدرێت و دوو بەشی گرنگی کوردستان بەتەواوەتی لەیەکتر دادەبڕدرێن. پەلامارەکەی داعش و بۆردومانەکان و گەمارۆکانی سەر شەنگال لەو چوارچێوەیەدان. ئێزدییەکان، رەگ و ریشە و ئایینیان ئێزدییەکان بە یەکێک لەکۆنترین و دێرینترین بڕواکانی سەر زەوی و درێژکراوی یەکێک لە گرنگترین شارستانیەتە دێرینەکانی ناوچەکە دەزانرێن، کە شارستانیەتی میتانییە. لەڕووی ئایینییەوە خۆر لەلای ئیزدییەکان پیرۆزە، کە رەگ و ریشەی ئەوەش بۆ ئاینی زەردەشتی و میترایی دەگەڕێتەوە. میتانییەکانیش بە یەکێک لە باپیرە گەورەکانی کورد دەزانرێن، کە ئەوانیش درێژەی هۆرییەکانن و مێژوویان بۆ نزیکەی ٥ هەزار ساڵ لەوە پێش دەگەڕێتەوە. رەنگە هۆکاری مانەوەی ئێزدییەکان سەرباری سەدان هێرش و کوشتاری گەورە بۆ ئەو رەگە مێژووییە دێرینە بگەڕێتەوە. لەڕووی ئاینییەوە ئێزدییەکان دوو کتێبیان بە ناوەکانی مەسحەفا رەش و جیلوە هەیە. ئەو کتێبانە بە زمانی کوردی نووسراون. جەژنەکانی چوارشەممە سۆر، جەما، ئیزی، باتیزمێ، خدر ئەلیاسیان هەیە و هەموو جەژنەکانیش راستەوخۆ پەیوەندییان بە سروشت و گەردوون و ژیانی مرۆڤ و بەرهەمهێنانەوە هەیە. بەپێی ئایینی ئێزدی لەمانگی نیساندا جیهان دروستکراوە. ئیزدییەکان پێیانوایە لەچوارشەممەی یەکەمی هەموو مانگێکی نیسان (یانی ئەم چوارشەممەیە) مەلەک تاوس دادەبەزێتە سەر زەوی تاوەکو زەوی لە خراپە و ناپاکی پاک بکاتەوە و خۆشی و شادی و چاکە بە ناو مرۆڤەکاندا بڵاوبکاتەوە. لەو بڕوایەدان کاتێک گەردون دروستکراوە هەموو رەنگەکان کۆکرانەتەوە بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە گەردون دورست بکرێت بۆ ئەوەش جوانترین رەنگەکان لەتاوسدا جیلوە دەکەن. لە جەژنی کۆمەڵگەی ئێزدیدا هێلکە دەکۆڵێنرێت و رەنگیان دەکەن، چونکە لەو بڕوایەدان لەکاتی دروستکردنی جیهاندا هەموو شوێنک بە هەموو رەنگەکان رازێنراوەتەوە. ئەو هێلکەیش بەمانای سەرلەنوێ ژیانەوە و دروستکردنی گەردوونە، چونکە هێلەکە هاوشێوەی گەردوونە و ناوەکەشی خۆری تیایدایە، کە مەبەست لەزەردێنەی هێلەکەیە، کە هاوشێوەی خۆرە. لەیەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان، واتە چوارشەممە سۆردا، هەر کەسێک بەیانی زوو هەڵدەستێت روودەکاتە خۆر و بۆ هەموو مرۆڤایەتی و گەردوون دوعای خێر دەکات. لەچوارشەممە سۆردا ئێزدییەکان دەڕۆن گوڵی سوور لەدەشت و دەر دەچنن و دەیهێننەوە بۆ ماڵەوە و لەگەڵ توێکڵی هێلکەکاندا بە بەردەرگای ماڵەکانیاندا هەڵیاندەواسن، ئەوەش بۆ ئەوەیە لە هەموو خراپییەک پارێزەراو بن. هەر لەو رۆژەدا توێکڵی هێلەکەکان دەبن بۆ ناو زەوی و زارو دەخڵ و دانەکانیان بۆ ئەوەی خوا بەرەکەت بخاتە ناو دەخڵ و دانیان. لەڕووی کولتوری و هونەرییەوە ئێزدییەکان زۆر دەوڵەمەندن و چەند ئامێری مۆسیقایی و هەڵپەڕکێ و حەیران و لاوکیان هەیە و ئەوانەش بەگشتی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا برەویان هەیە. بە بڕوای مێهردادی ئێزدی تاوەکو نزیکەی ٢٠٠ ساڵ لەوە پێش زۆربەی کوردەکان ئێزدی بوون، یان بەلانیکەمەوە بە کولتوری ئێزدییەوە ژیاون. هەریەک لە بڕواکانی یارسانی و عەلەوی و ئێزدی خۆیان لە بەنزیک لە یەکتر دەزانن. هەموویان رەنگی سپی لەلایان پیرۆزە و هەروەها بڕوایان بەوە هەیە لەدوای گیان لەدەستدانی کەسێک، رۆحەکە دەڕوات و لەکەسێکی تردا درێژە بەژیان دەداتەوە. فەرمانی دژ بە ئێزدییەکان ئێزدییەکان بەو هێرشانەی دەکرێتە سەریان دەڵێن، فەرمان. تائێستا ٧٤ فەرمان کراوەتە سەر ئێزدییەکان. بەپێی کتێبی رۆڵەکانی خۆر؛ ئێزدی، کە لەلایەن محەمەد ئۆزجانەوە نووسراوە، یەکەم فەرمان لەساڵی ٩٠٦ دا لەلایەن حەمدانی والیی موسڵەوە کراوەتە سەر ئێزدییەکان و کۆمەڵکوژی کردوون، چونکە ئامادە نەبوون دەستبەرداری باوەڕەکەیان ببن و ببنە مسوڵمان. حەمدانیەکان لەدوای رووخانی ئەمەوییەکان دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و بەشیعە دەناسرێن. حکومڕانی ناوچەکانی موسڵ و حەلەب بوون. ٥ لەفەرمانەکانی دژ بەئێزدییەکان لەلایەن نادر شاوە ئەنجامدراون. بۆ نمونە لەساڵی ١٧٤٢ عەلی تەقی خانی سەر بەنادر شا ئێزدییەکانی سلدوز لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵکوژ کرد. نزیکەی ٦٠ فەرمانی دژ بە ئێزدییەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە ئەنجامدراون. بەشێک لەو فەرمانانە لە رێگەی والییەکانی دیاربەکر، موسڵ و بەغدا و حەلەب و چەند میرێکی بەدرخانییەکان و بابانییەکان و.... ئەنجامدراون. لە فەرمانەکانی دژ بە ئێزدییەکاندا جگە لەکوشتنی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان، تاڵانکردنی سەر ماڵ و موڵک و مەڕو ماڵاتەکانیان بە ناوی غەنیمەوە ئەنجام دەدرا. ئێزدییەکان بۆ خۆپاراستنیان لە فەرمانەکان هەمیشە پەنایان بردووەتە سەر چیا سەختەکان و چیاکان باشترین پارێزەری ئەو پێکهاتە سەرەکی و گرنگەی کوردستان بووە، کە چیاکانی شێخان، شەنگال، باگۆک، کورمێنج لەعەفرین، چیاکانی دێرسیم و ئامەد لەو چیا گرنگانە بوون بۆ ئێزدییەکان. لەبەر ئەوەش ئێزدییەکان پەرستگە و مەزارگە و ناوەندە گرنگەکانیان لەچیاکاندا دروستکردووە. لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە دوو فەرمانی گەورە دژ بە ئیزدییەکان لە باشووری کوردستان ئەنجامدراوە، کەیەکێکیان لە رێگەی تەقینەوەی چەند لۆرییەکی پڕ لەتەمەنی بوو لە کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر لەلایەن چەکدارە خۆکوژەکانی قاعیدەوە لەساڵی ٢٠٠٧، کە زیاتر لە ٧٠٠ ئێزدیی بێ تاوان و مەدەنی کرانە قوربانی. لەساڵی ٢٠١٤شدا داعش هێرشێکی گەورەی پاکتاوکاریی بۆ سڕینەوەی یەکجارەکیی ئێزدییەکان ئەنجامدا، کە لەو هێرشەدا زیاتر ٥ هەزار هاوڵاتیی ئێزدی کۆمەڵکوژکران و نزیکەی ٧ هەزار ژن و کچی ئێزدیش لەلایەن جیهادییەکانەوە رفێنران و وەک کۆیلەی سێکسی و سەبایا و غەنیمە بە دورر لەبەهاو رەوەشتە بەرزەکانی مرۆڤایەتی مامەڵە و بازرگانی و کڕین و فرۆشتنیان لە پێناو تێرکردنی هەوەسی هەندێک پیاوی چەکداردا پێوە کرا. تورکیا و ئێزدییەکان بەپێی راپۆرت و سەرچاوە جۆراوجۆرە هەواڵییەکان ئەمیر محەمەد سەعید عەبدولڕەحمان الموالی ناسراو بەئەبو ئیبراهیم قارداش، عەبدوڵا قارداش، ئەبو ئیبراهیم قورەیشی، کە ساڵی ١٩٧٦ لە بنەماڵەیەکی تورکمان لە تەلەعفەری موسڵ لە دایکبووە و پلاندانەری سەرەکیی هێرش و کوشتار و سڕینەوەی ئیزدییەکان و پێکهاتەکانی تر بووە لەناو داعش دا. قارداش بەپشتبەستن بە ئایدۆلۆژیای شۆڤێنیی تورکی و پشتبەستن بەجیهاد بۆ سڕینەوەی و کوشتنی خەڵکانی غەیری بڕواکەی خۆی، بەو پەڕی توندی و هێزەوە کوشتاری ئەنجامدا. قارداش لەدوای کوژرانی بەغدا کرایە خەلیفەی داعش و ساڵی پار لە ناوچەیەکی ژێر دەستی تورکیا لە ئیدلب لە چالاکیی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا و هەسەدەدا کوژرا. قارداش و پلانەکەی بە پلانێکی تورکی دەزانرێت بۆ سڕینەوەی بەشێک لە پێکهاتەکانی کوردستان، کە دەوڵەتی تورکیا لەپشت ئەو پلانانە بووە. لەپشت ئەوە بووە داعش لەبری رووکردنە بەغداو دیمەشق رووی کردە کوردستان و پەلاماری کوردی دا بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی کورد لە باشوور و رۆژئاوا لەناوببات. زۆرێک لەسەرچاوەکان باس لە چۆنییەتی گواستنەوەی داعشەکان لە رێگای تورکیاوە بۆ سوریا بۆ ناو چەکدارانی داعش و هەروەها هاوکاریی لۆجستی و راهێنانی سەربازی بەچەکدارەکانی داعش لەژێر ناوی جۆراوجۆردا لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە. رووخاندنی مەزارگەی شێخ بەرەکات دەوڵەتی تورکیا لەدوای داگیرکردنی عەفرین یەکێک لەکارەکانی رووخاندنی مەزارگەی شێخ بەرەکات بوو لەعەفرین، کە مەزارگەی پیرۆزی ئێزدییەکانە و لەدوای مەزارگەی لالەش لەشێخان گرنگترین مەزارگەی ئێزدییەکان بوو. سوپای تورک لەسەر شوێنی ئەو مەزارگەیە، کە تەمەنی بۆ زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ لەوە پێش دەگەڕێتەوە، بنکەیەکی سەربازیی دروستکردووە. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا بە بەردەوامی گوندە ئێزدییەکانی ناوچەی عەفرین دەڕۆخێنرێن و بۆردومان دەکرێن. جگە لەکوشتنیان ژمارەیەکی زۆر لەهاووڵاتیانی ئێزدیی عەفرین لەلایەن چەکدارانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیرکراون. چەکدارەکان بنەماڵە ئێزدییەکان بە کافر تۆمەتبار دەکەن و دەیانکوژن، یان لەبەرامبەر پارە (فدیە)یەکی زۆردا ئازادیان دەکەن. هەر لەدوای داگیرکردنی عەفرین لەناو باکووری کوردستانیش ژمارەیەک هێرشکراوەتە سەر ئێزدییەکان و مەزارگەکانیان و پیرۆزییەکانیان. دەوڵەتی تورکیا لەگوندی ئەفشێ لەناوچەی میدیاتی سەر بە مێردین مەزارگەی ئێزدییەکانی لەساڵی ٢٠١٨دا رووخاند. لە ساڵی ٢٠٢٠دا گۆڕستانی حەسەن بەگی ئێزدی، کە مێژووەکەی بۆ ٣٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە و لە گەڕەکی مەزرە مهۆکی ناوچەی باگۆک لە سنووری شاری نسێبین لە پارێزگای مێردین دایە وێرانکرا. لەساڵی ٢٠١٨دا زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەس لەهاووڵاتییە ئێزدییە ئاوارەکانی لە ئامەدەوە بەزۆر گواستەوە بۆ دیلۆک، کە بەناوچەی گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەناسرێت. هاووڵاتیانی ئێزدیی گوندی کەلهۆک لە ناوچەی قوبین لە پارێزگای ئێلح دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ گوندەکەی خۆیان، کە لەلایەن سوپای تورکیاوە گوندەکەیان رووخێنراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تا ئێستا ئەو داوایەیان قبوڵ نەکراوە و دەست بەسەر زەوی و موڵکەکانیاندا گیراوە. لەساڵی ٢٠١٩دا سەربازانی سوپای تورکیا لەزاخۆ گەنجێکی ئاوارەی ئێزدییان بەناوی ئەمین ساڵح کوشت. ئەو گەنجە دانیشتووی کامپی چەم مشکۆ بوو و لەباخێکدا سەرقاڵی کارکردن بوو و سەبازانی تورکیا لەکاتی کارکردندا لەدوورەوە بەچەکی قەناس تەقەیان لێکرد و کوشتیان. پرۆژە ئۆڤاکۆی و شەنگال دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بەکردنەوەی دەروازەیەکی سنووری بەناوی ئۆڤاکۆی راستەوخۆ تاوەکو بەسرە پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەبێت. ئەو پرۆژەیە لەکۆتا خاڵی سنووریی نێوان باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان دروستدەکرێت بە کەناری ڕووباری دیجلەدا تاوەکو تەلەعەفەر و موسڵ و لەوێشەوە بۆ سامەڕا و بەغدا درێژ دەبێتەوە. بەپێی پرۆژەکە سوپای تورکیا بۆ پاراستنی رێگای گواستنەوەی بارهەڵگرەکان و رێگاری ئاسنینەکەی شەمەندەرفەرەکان ژمارەیەک بنکەی سەربازی تاوەکو موسڵ دروست دەکات و رێگاکان دەپارێزێت. بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە شەنگال بە تەواوەتی لەباشووری کوردستان دادەبڕێت، چونکە دیوارێکی ئەمنی و سەربازی لەنێوان باشوور و شەنگالدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دروست دەکرێت. رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم حکومەتی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشنیازی تورکیا و بەسەرپەرشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەڕەزامەندیی ئەمریکا لە ٩ی تشرینی ٢٠٢٠دا رێککەوتنێکی ٤ خاڵییان لەسەر شەنگال بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری ئێزدییەکان و رەزامەندیی ئێزدییەکان واژۆ کرد. ئەو رێککەوتنە باس لەئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال و ئاوەدانکردنەوە و نەهێشتنی گروپە چەکدارەکان و پەکەکە دەکات لە شەنگال. ئەو رێککەوتنە لەکاتێکدا ئەنجامدرا، کە پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا بەبەردەوامی هەوڵ دەدەن شەنگال وەک ناوەندێکی پەکەکە بناسێنن و لە لێدوانەکانیان و راگەیاندنەکانیاندا زۆر کار لەسەر ئەوە دەکەن. پەکەکە لە کاتی هێرشی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا ژمارەیەک گەریلای ١٢ کەسیی نارد بۆ شەنگال، کە ئێزدییەکان پێیان دەڵێن، ١٢ سوارەکەی دەروێشی عەبدی رێگرییان لەکۆمەڵکوژکردنی یەکجارەکیی ئێزدییەکان گرت و دواتر بە هاوکاریی یەپەگە و یەپەژە رێڕەوێکی مرۆییان بۆ ئێزدییەکان کردەوە و ئێزدییەکانیان گواستەوە بۆ رۆژئاوا و دواتر گەڕاندنیانەوە بۆ باشووری کوردستان. دوای ماوەیەک گەنجان و ژنان و خەڵکی ئێزدی هێزێکیان بە ناوی یەبەشەو یەژەشە و ئاسایش دروستکرد بۆ پارێزگاریکردنی خۆیان. ئەو هێزانە لەلایەن پەکەکەوە راهێنانیان پێکراو لەو کاتەوە تا ئێستا شەنگال دەپارێزن. لەدوای ئازادکردنی شەنگال لەدەست داعش پەکەکە لە ١ی نیسانی ٢٠١٨دا بەفەرمی هێزەکانی لەشەنگال کشاندەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا و پارتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، کە پەکەکە هەر لە شەنگالدایە و پەکەکەش رەتیدەکاتەوە، بەڵام ئەو ململانێ تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە و دەوڵەتی تورکیا و پارتی پێداگرییەکی زۆر لەسەر ئەو بابەتە دەکەن. دیواری سەر سنووری نێوان شەنگال و رۆژئاوای کوردستان لەماوەی ٢ ساڵی رابردودا سوپای عێراق چەندجارێک هێزی بەرەو شەنگال جوڵاند و هەوڵیدا بە سەپاندنی زۆر ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات، بەڵام هەموو هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە شکستی هێناوە. لەدوای ٢ ساڵ حکومەتی عێراق دەستیکردووە بە دروستکردنی دیوارێک لە نێوان سنووری شەنگال و رۆژئاوای کوردستاندا بە درێژایی ٢٧٠ کیلۆمەتر. بە دروستکردنی ئەودیوارە شەنگال لە رۆژئاوای کوردستان دادەبڕێت و باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش لە یەک دادەبڕێن. ئەگەر پرۆژەی ئەو دیوارە جێبەجێ بکرێت، لەئەگەری هەر هێرشک بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزدی، هاووڵاتیانی ئێزدی وەک پێشتر ناتوانن لەناوچەکانیان دەربچن و خۆیان بگەیەننە ناوچە پارێزراوەکان، چونکە بە دیوارێکی کۆنکرێتی، کە نزیکەی ٤ مەتر بەرزە و تەلی دڕکاویی لەسەر دانراوە و بنکە و قولەی سەربازیی تیادا جێگیر کراوە، سنووریان لێ دادەخرێت و بەو پرۆژەیە شەنگال بە تەواوەتی گەمارۆ دەدرێت. وێناکە پێمان دەڵێت، دەیانەوێت شەنگال وەک عەفرین بکەنە دوورگەیەکی دابڕاو لەکوردستان و هەموو پەیوەندییەکانی شەنگال و کوردستان داببڕن و لەمانایەکی تریشدا دەرفەت بۆ سڕینەوەی یەکجاریی ئیزدییەکان خۆش بکەن. هەموو ئەو پرۆژانە لە خزمەتی سیاسەتەکانی تورکیادان بۆ دووبارە پارچە پارچەکردنەوەی کوردستان و دابڕاندنی ناوچەکانی کوردستان لە یەکترو سڕینەوەی پێکهاتەیەکی دێرین و مێژووی کوردستان لەسەر خاکەکەی خۆی. دروستکردنی رق و سڕینەوەی کولتوری و کوچپێکردنی ئێزدییەکان بۆ ئەوەی پێکهاتەیەک، یان ئایینێک بسڕدرێتەوە، یان شەڕێک هەڵبگیرسێنرێت دەبێت هۆکارێک بۆ رەوایدان بەسڕینەوە و کوشتارکردن و جەنگە بدۆزرێتەوە و لەبەرچاوی رای گشتی و خەڵکدا چەواشەکاری و درۆی لەسەر بڵابکرێتەوە و بەوەش رق و کاردانەوە لە دژی ئەو پێکهاتەیە دروست بکەن. لە دوای ئەوەی ئێزدییەکان رووبەڕووی کوشتار و جینۆسایدێکی زۆر قورس بوونەوە و هێشتا برینەکانیان ساڕێژ نەکراوە، دەستکراوەتەوە بە هێرشکردنە سەر رەمز و بەهاکانی ئێزدییەکان و کار بۆ دروستکردنی رق بەرامبەر بە ئێزدییەکان دەکرێت، یان بەلانیکەمەوە ئێزدییەکان و ئایینەکەیان و کولتورەکەیان بەبێ بەها بە رای گشتی نیشان دەدەن. دەروێشی عەبدی و هێدی باژۆ لەم دواییانەدا دوو هێرشی زۆر چڕ کرایە سەر کولتور و کەرامەتی ئێزدییەکان، کە یەکێکیان ھێرشکردنە سەر پاڵەوانی بەرگریی ئێزدییەکان دەروێشی عەبدی و عەدولێ بوو. ئەو هێرشە بە چەواشەکارییەکی زۆر لە دژی عەدولێ و دەرویشی عەبدێ بڵاوکرایەوە و بەئاشکرا سەرچاوە مێژوویەکانی بەرەنگاریی دەروێشی عەبدوی و عەدولییان بەرامبەر بەزوڵمی عوسمانییەکان شێواند. دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک هەڵمەتێکی تری هێرش و گاڵتەپێکردن کرایە سەر یەکێکی تر لە رەمزی ئێزدییەکان، کە حەیرانی دێرین و بەرەنگاریی هێدی باژۆیەو ئێزدییەکان بۆ بەرگریکردن لەخۆیان و خۆپاراستنیان ئەوەیان ئافراندووە، بەڵام بە شێوەیەکی چڕ هێرشکرایە سەر رەمزەکانیان و هیچ کەسیش لەسەر ئەو چەواشەکارییانە و بڵاوکردنەوەی رق و وتەی نابەجێ و نەشیاو و پڕوپاگەندەی خراپ لەدژی چەوساوەترین بە بێبەشترین پێکهاتەی کوردستان دەستگیر نەکراوە، یان لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەکراوە. یەکێکی تر لەو فاکتەرانە بۆ سەرخستنی پرۆسەی سڕینەوەی پێکهاتەیەکی چەوساوە کۆچپێکردنیەتی لەسەر خاکی خۆی. لەدوای هێرشی داعشەوە کۆچێکی بەرفراوانی ئێزدییەکان دەستپێکردووە. لەماوەی ساڵانی رابروودا ئاسانکارییەکی زۆر کرا بۆ کۆچ و لەو چوارچێوەیەدا ئێزدییەکان کۆچی بەکۆمەڵیان کرد بۆ ئەوروپاو بەتایبەتی ئەڵمانیا. لەو ماوانەی رابردوودا سنوورەکان بەڕووی کۆچبەراندا کراوە بوون و جۆرێک لە ئاسانکاری بۆ گواستنەوە و هەڵکەندنی ئێزدییەکان لەسەر خاکی خۆیان روویدا. ئەو گواستنەوەیە لەدرێژخانەیەدا دەبێتە هاوکاری بۆ پرۆسەی سڕینەوەی و لە ناوچوونی یەکێک لەدێرینترین کولتورەکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی. بۆردومان و تیرۆر شەنگال لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن تورکیاوە بەبەردەوامی بۆردومان دەکرێت. لەو بۆردومانەدا کەسایەتی و فەرماندە و سەرکردەکانی ئێزدی دەکرێنە ئامانج، کە شەڕیان لەدژی داعش بۆ مانەوە و پاراستنی ئێزدییەکان کردووە. لەوانە زەکی شەنگالی، زەردەشت شەنگالی، سەعید حەسەن، مەروان بەدەل خوێدا و...هتد. تورکیا لە بۆردومانەکانیدا شوێنە مەدەنییەکان و نەخۆشخانەکانیش دەکاتە ئامانج. جگە لەوانەش گوێ بە پیرۆزیی ئێزدییەکان نادات و تەنانەت لە رۆژانی جەژنی ئیزدییەکاندا هێرش دەکاتە سەریان، کە ئەو رۆژانە بەلای ئێزدیەکانەوە رۆژی پیرۆزن و بۆ ئاشتییە و شەڕ و کوشتن و خوێنڕشتن تیایاندا حەرامە، بەلام دەوڵەتی تورکیا لە بۆردومانەکانیدا ئەو سروتانە لە بەرچاو ناگرێت.
هاوڵاتى -دهۆك بەڕێوەبەری شوێنەوارو كەلەپوری دهۆك ئەوە ئاشكرا دەكات كە بۆردومانەكانی توركیا لەسنورەكانی بادینان ناوچە شوێنەوارییەكانی كردووەتە ئامانج و مەترسی لەناوچوونیان هەیە. سوپای توركیا لەمانگی نیسانی ساڵی رابردوو تائێستا زیاتر لە 50 كیلۆمەتر بەقوڵی خاكی هەرێمی كوردستانی داگیركردووەو لە بادینان تەنها شەقامەكان بەدەست حكومەتی هەرێمەوە ماوەو ئەوی دیكەی لەدەست سوپای توركیاو دەزگا هەواڵگرییەكانیاندایە. بێكەس بریفكانی، بەڕێوەبەری شوێنەوارو كەلەپوری دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد كە دوو جۆرە مەترسی هەیە لەسەر سروشت و ناوچە شوێنەوارییەكان، «ناوچە شوێنەوارەكانی وەك گای باڵدار لە خنس، نەخشی نەكراندی لە گوندك، هەروەها خانووەكانی كەلەپوری قەزای ئاكرێ كەژمارەیان هەزار و 800 خانووە، هەروەها نزیكەی 80 خانوو لەناوەندی دهۆك، ئەوانەی لەسنوری شەڕو ئاڵوزیدان لەنێوان پەكەكەو سوپای توركیا ژمارەیان 79 شوێنەوارە مەترسی گەورەیان لەسەرە». ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە بەهۆی شەڕو پێكدادان و بۆردومانەكانەوە ناتوانن بچنە ئەو شوێنانە تا بزانن چەندیان لەو ژمارەیە لەناوچوونە، ژمارەی شوێنەوارەكان ئەوانەی تۆماركراون دوو هەزار شوێنەوارن و هێشتا هەندێكی دیکەیان تۆمار نەكردووە. هەروەها بریفكانی باسی لەوەشكرد كە بۆ كەرتی شوێنەوارو نۆژەنكرنەوەی خانووە كەلەپورییەكانی ئاكرێ حكومەتی هەرێم بڕی 900 ملیۆن دیناری تەرخانكردووە چاوەرێی وەزارەتی دارایی دەكەن پارەكەیان بۆ خەرج بكات و دەست بەئیش بكەین تێیدا، هەروەها قشلی ئاكرێ حكومەت بڕی 166ملیۆن دیناری دابین كردووە. هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە بۆ یەكەمجار رێكخراوی یونسكۆ ئەشكەوتی چارستین و كێلیا شەدا لەناوەندی دهۆك نۆژەن دەكاتەوە كەئەوەش بە گرنگترین پرۆژە دادەنرێت، ئەم پرۆژەیە رێكخراوی یونسكۆ لەگەڵ یەكێتی ئەوروپی و رێكخراوی ئای ئێڵ ئو جێبەجێی دەكات. رێكخراوی ئەكتیدی فەرەنسی هەڵسا بەكاری لوجستی و خاوێنكردنەوی شوێنەواری خنس كە رۆژانە 140 كرێكار ئیشیان دەكرد، هەروەها رێكخراوی gizی ئەڵمانی هەڵدەستێت بە دۆكیومێنتكردنی خانووەكانی كەلەپوری پارێزگای دهۆك لەگەڵ دابینكردنی بڕێك هاوكاری بۆ نۆژەنكردنەوەی قشلی ئاكرێ، حەوت پرۆژەی تریش هەر لەبواری شوێنەوار لەئاییندەیەكی نزیك جێبەجێ دەكرێن. بێكەس بریفكانی ئەوەشی ئاشكراكرد كە راستە چەند گروپێك هەوڵی دزینی شوێنەواریان داوە، لەچیای مەقلوب، ناحیەی قەسرۆك، قەزای ئاكرێ و چەند شوێنێكی تر ئەو گروپانە بەمەبەستی دۆزینەوەی ئاڵتون زیانیان گەیاندووە بەژمارەیەك شوێنەوار،»چەند كەسێك دەستگیركراون و ئێمە لەدادگا سكاڵامان لەدژی ئەو كەسانە تۆماركردووە، حكومەت ناتوانیت لەهەر ناوچەیەكی شوێنەواری دوو پۆلیس دابنێت، بەڵام دەزگا ئەمنییەكان هاوكاریمان دەكەن».
شەنای فاتیح زەنگی مەترسیدار گەیشتووەتە حكومەتی هەرێم لەبارەی كەمبوونەوەی دەرمانە بنەڕەتییەكانی رۆژانە بۆ نەخۆشخانەكانی سلێمانی و بریكاری وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: لەم چەند رۆژەی داهاتوودا چارەسەر دەكرێت. زیاتر لە هەفتەیەكە بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەدەنە حكومەت لەبارەی خەرجنەكردنی پارەی كۆمپانیاكانی دەرمان كە بەو هۆیەوە دەرمان كەمبووەتەوەو ناتوانن نەخۆشەكانی پێ رایی بكەن. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى ، كە لەبەرپرسانی تەندروستی سلێمانی وەرگرتووە زیاتر لە 10 ملیار دیناری كۆمپانیاكانی دەرمان قەرزارن و حكومەتی هەرێم پارەكەی دابین نەكردووەو كۆمپانیاكانیش ئامادە نین پارە وەرنەگرن و دەرمانیش بدەنە نەخۆشخانەكان. یەكێك لەو كۆمپانیایانە كە نەیویست ناوی بهێندرێت ئەوەی دووپاتكردەوە كە لەوڵاتانی دەرەوە كەداوای لیستێكی دەرمان دەكەیت دەبێت پێشتر پارەكە نێردرابێت و هیچ كۆمپانیایەك دەرمان بەقەرز نادات، وتیشی:» چاوەڕێین پارەمان بۆ خەرج بكەن تا دەرمان دابین بكەین». لەساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێم بڕیاریدا مانگانە بڕی یەك ملیارو 700 ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەی هیوا كە تایبەتە بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە خەرج بكات، بەڵام چەند مانگێك بوو ئەوەش نەماوەو بەو هۆیەوە كۆمپانیاكانی دەرمان، دەرمانیان پێنادەن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت ساڵانە نزیكەی 80 ملیۆن دۆلاریان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین لەسەدا سەد پێداویستی سەرجەم نەخۆشەكانیان دابین بكەن. د.یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: ئێستا دۆخی خزمەتگوزاری نەخۆشخانەی هیوا لەسەدا 25% كەمی كردووە و كەموكورتی لەچارەسەركردنی نەخۆشەكاندا هەیەو كێشە لەئامێری پێدانی تیشك بە توشبووانی شێرپەنجە هەیە». هەروەها باسی لەوەشكرد گرفتیان لەئێستادا خەرجنەكردنی پارەیە كە لەسەدا سەد كێشەی كەمبوونەوەی دەرمانیان هەیەو دەرمانی مەناعی و بایەلۆجیان نییە كەنزیكەی 150 نەخۆشیان لەسەر ئەو چارەسەرانەن و توانای دابینكردنیان نییەو لەئێستادا داهاتی سندوقی شێرپەنجە زۆر كەمی كردووە چونكە سەرچاوەكانی لەبەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و گومرگی خواردنەوە كحولییەكاندایەو پارەی هیچ كامێك لەوانە كەمی نەكردووە، بەڵام داهاتی سندوقەكە كەمی كردووەو لەمانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە پارەیان بۆ خەرج نەكراوە. بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی هیوا ئەوەشی خستەڕوو كە رۆژانە 600 نەخۆش بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەكەن و رۆژانە نزیكەی 15 حاڵەتی نوێ و ساڵانە نزیكەی سێ هەزار حاڵەتی نوێ تۆماردەكرێت. كەمبوونەوەی دەرمان تەنها نەخۆشخانەی هیوای نەگرتووەتەوەو سەرجەم نەخۆشخانەكانی دیكە هەمان كێشەیان هەیە. د.شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون لەشاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» پێداویستی تاقیگەیمان زۆر كەمەو دەرمانمان بۆ نەخۆشانی دەرەوە نییەو دەرمانی نەشتەرگەری و سڕكردنمان بۆ مناڵبوونی سروشتی نییە». «ئەگەر بێت و بارودۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت كاركردن دەوەستێت و لەئێستادا نەشتەرگەری سارد راگیراوە كە لەخراپترین بارودۆخی ئەم وڵاتەدا كەساڵەكانی 2014 و 2015 بارودۆخ بەو شێوەیەی ئێستا نەبووە، ئەمە یەكەمجارە بگەینە بارودۆخێكی لەم شێوەیە.، دكتۆر شلێر وای وت. هاوكات، د.پشدەر عبدالله، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى پێیوابوو كە بەشێك لەبەشی راوێژكاری و بەشێك لەنەخۆشیە درێژخایەنەكان و بەشێكیش لەتاقیگە لەئێستادا توانای بەڕێكردنی نەخۆشیان نییە بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە. د.پشدەر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە نەخۆشخانەكەیان سێ كێشەی سەرەكی هەیە كەمی كارمەندو پەرستاری زانكۆو نەمانی دەرمانی تاقیگە كە لەئێستادا بەشێكی زۆری پشكنینەكان ئەنجامنادرێن و نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەدا بەهۆی ئەو كێشەیەی لەنێوان حكومەت و كۆمپانیاكاندا دروستبووە. بەرێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان وتیشی:»لەنێو نەخۆشخانەكەی ئێمەدا سەرجەم حاڵەتە تەندروستیەكانی منداڵان دەبینرێن و بۆ هەر حاڵەتێكیش چەندین جۆری دەرمان هەیە كەئێستا بەشێكی زۆریان كەمبوونەتەوە یان نەماون، ئێمە لەكەمترین حاڵەتدا رۆژانە نزیكەی هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكەمان دەكەن بەهەموو بەشەكانەوە، بەڵام لەوەرزی زستان و هاویندا ژمارەكە بۆ هەزار و 700 نەخۆش بەرزدەبێتەوە». «ئەگەر بێت و لەچەند رۆژی داهاتوودا كێشەكە چارەسەر نەكرێت كێشەی گەورە دروستدەبێت و كاتێكیش دەرمان و پێداویستی پزیشكی نەمێنێت وەك ئەوە وایە نەخۆشخانەكە دابخرێت»، دكتۆر پشدەر وای وت. بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی جەخت لە نەمان و كەمبوونەوەی دەرمان لەنەخۆشخانەكاندا دەكەن و دەڵێن ئەگەر وا بێت چاوەڕێی كارەسات بن. جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەشڵێت:» هیچ كۆمپانیایەك ئامادە نییە دەرمان دابینبكات و بڕە پارەی پێویستیشمان نییە دەرمان بەشێوەیەكی راستەوخۆ بكڕین». هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» كێشەی نەمامی دەرمان لەمانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە هەیەو ناوە ناوە چارەسەرێكی كورت كراوە، بەڵام نەتوانراوە بنەبڕبكرێت و ئێستا بووەتە كێشەیەكی گەورەو دەرمان لەهەموو شوێنێك كەمی كردووە، ئەگەر وا بڕوات دەبێت چاوەڕێی ئەوەبین نەخۆش لەسەر شەقامەكان گیان لەدەستبدەن بەهۆی نەبونی دەرمانەوەو ئەوەش كارەساتە». جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی باسی لەوەشكرد، نەخۆشخانەكانی هیواو مناڵبوون و مناڵان و سەنتەری بوژانەوەی دڵ و بانكی خوێن كێشەی گەورەی نەبوونی دەرمان و پێداویستی تاقیگەییان هەیە. د.هێرش ئەوەشی روونكردەوە كە تائێستا هیچ هەنگاوێكی كردەیی نەنراوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ چارەسەركردنی ئم كێشەیەو داواكارن بڕی پارەی پێشینەی كۆمپانیاكان خەرجبكرێت و قەرزەكانیان بدرێتەوە بۆ ئەوەی ئامادەبن جارێكی دیكە ئامادەبن دەرمان دابینبكەن بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی. بریكاری وەزارەتی تەندروستی: كێشەی كەمبوونەوەو نەمانی دەرمان لەهەموو شارەكاندا هەیەو تەنها سلێمانی نییە. رەهێڵ فەرەیدوون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» كەمبوونەوە یان نەبوونی دەرمان كێشەیەكە لەسەرجەم شارەكانی كوردستاندا هەیە، بەڵام جیاوازی سلێمانی لەوەدایە كە پێشتر رێكار و شێوازی دەفعی پارە بۆ كۆمپانیاكان جیاوازبووە لەگەڵ هەولێرو دهۆك و لەوێ كۆمپانیاكان بڕی لەسەدا یەك تا دوویان وەرگرتووەو هەفتانە ئیکتیفایان دەكردو پارەكانیان بۆ خەرجدەكرا، بەڵام لەشاری سلێمانی دەوروبەری بەشێوەیە نەبوو و هەفتانە لەسەدا بیست خەرج كراوە، كە مانگانە لەسەدا 60% پارەی كۆمپانیاكان خەرج كراوە.. بریكاری وەزارتی تەندروستی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكرد، لەم دواییەدا بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست لەبانكەكاندا، دەفعی پارەكە رێژەكەی كەمبووەتەوە بۆ هەفتەی لەسەدا پێنج و ئەم پارەیەش وەكو پێوست دابین نەكراوەو كۆمپانیاكانیش دەرمان دابین ناكەن. هاوكات، رەهێڵ فەرەیدوون ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەو كێشەیە لەئێستادا بەرەو چارەسەری دەڕوات، بەڵام نازانن چارەسەرەكە یەكجارییە یان دووبارە دەبێتەوە «لەڕۆژەكانی هەفتەی رابردوودا بەشێوەی زارەكی پێیان وتین كە تەواوبووە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە پێیان راگەیاندووین كەموافەقەت كراوە و جەنابی وەزیری دارایی پێی راگەیاندووین كە گەڕاوەتەوەو تەنها ماوە بە نووسراو بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەڕەسمی ئیعلانی تەندەرین بكرێت». سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێیوابوو كە نەبوونی دەسەڵاتی لامەركەزی بۆ ئیدارەی شارەكە وای كردووە دەرمان و پارەش كەمببێتەوە. رێبوار ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئێمە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕوونی وتوومانە بۆ بابەتە هەنوكەیی و خزمەتگوزاری و پێویستیە رۆژانەییەكان پێوسیتە دەسەڵاتێكی لامەركەزی هەبێت بۆ ئەوەی ئیدارەی شارەكە بەسەرجەم بەڕێوبەرایەتیەكانەوە بكات و حكومەتی هەرێم پلان و بەڕێوەبردنێكی مەركەزی هەیە ئەوەش ناگونجێت لەم دۆخەدا». رێبوار ئەحمەد هێمای بۆ ئەوەكرد «كەمبوونەوەو نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەكاندا بابەتێكی شەرمەزارییە بۆ هەرێمێك كە چەندین داهاتی هەمەچەشنی هەیە» وتیشی:» هەر لەناو پارێزگاكان خۆیاندا بایی ئەوە داهات هەیە كەحكومەت دەست بۆ قوتی هاووڵاتیان یان تەندروستی هاووڵاتیان نەبات و پارەیان بۆ خەرجنەكات و هەر لەپارەی هاتوچۆ دەتوانن ئەم كێشەیە چارەسەربكەن». «ئەوانەی حكومەت ئاوا بەڕێوە دەبەن لەقازانجی حكومەت و بەرەوپێشچوونی هەرێم و قازانجی ئەم وڵاتە و خەڵكەكەی كارناكەن ئەگینا داهاتی نەوت و ناوخۆ زیادیان كردووەو بەئاسانی دەتوانن ئیدارەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دابین بكەن»، رێبوار ئەحمەد وای وت.
هاوڵاتى ئێران سەرەڕای سزاكان، ئاستی بازرگانیی نانەوتی بۆ 100 ملیار دۆلار لەساڵێكدا بەرزدەكاتەوە و ئەوەش بەژمارەیەكی پێوانەیی لە 10 ساڵی رابردووی ئەو وڵاتە لەقەڵەمدەدرێت. ئاژانسە فەرمییەكانی حكومەتی ئێران بڵاویان كردووەتەوە حكومەتی ئێستای وڵاتەكە سەركەوتوو بووە لەو بەڵێنەی كە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بازرگانیی و ئابوریی وڵاتەكە داویەتی و لەو پێناوەشدا لەشەش وڵاتی جیهان ناوەندیی بازرگانیی كردووەتەوە. ئەوەی مایەی پرسیارە ئەوەی بەپێی سزا نێودەوڵەتییەكانی سەر ئێران ئاڵوگۆڕی پارەو داهاتی ئەو وڵاتە لەسیستمی گواستنەوەی دارایی بانكی جیهان سویفت (Society for Worldwide Interbank Financial Telecommunication ) قەدەغە كراوە، چۆن ئەو رێژە پارەیە گوازراوەتەوە. ناوەندو میدیا ئابورییە گرنگەكانی جیهان ئاماژەیان بەوەداوە ئێران لەسێ ساڵی سزا قورسەكانی واشنتۆندا سیستمێكی نهێنی و كۆمەڵێك كۆمپانیای راسپێردراوو وەهمی دروستكردووە كە لەژوورێكی ئابوریی تارانەوە سەرپەرشتیی دەكرێن و ئەوەش وای كردووە ئەو وڵاتە مل بۆ داواكارییەكانی ئەمریكا نەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەدات بۆ ئەوەی بەهای دراوەكەی لەوە زیاتر دانەبەزێت و فشارە ئابورییەكان كاریگەریی زۆر زیاتر لەخەڵكی وڵاتەكەی نەكات و نەبێتە هەوێنێك بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی. باڵیۆزی ئێران لەمۆسكۆ لەلێدوانێكدا رایگەیاند تاران هاوكاریی روسیا دەكات بۆ گواستنەوەی داراییەكانی ئەوەش ناڕەزایەتیی ژمارەیەك لەبەرپرسانی كۆماری ئیسلامی لێكەوتەوە وەك ئەوەی دەستیان ئاشكرا بووبێت كە توانای ئەو كارەیان هەیە. زیادبوونی بازرگانیی ئێران ژمارەی پێوانەییە عەلی رەزا موقەدەسی، جێگری وەزیری دارایی و ئابوریی ئێران رۆژی یەكشەممە (27/3/2022) رایگەیاند: بڕی ئاڵوگۆڕی كاڵای نانەوتیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان گەیشتووەتە 162 ملیۆن تۆن لەساڵێكدا. هەروەها روونیكردووەتەوە لەسەرەتای مانگی بەهاری ساڵی رابردوو تا یەكەم مانگی بەهاری ئەمساڵ، ئێران بڕی 122 ملیۆن تۆن كاڵای بەرهەمهێنراوی وڵاتەكەی بەبەهای 48 ملیار دۆلار رەوانەی دەرەوە كردووە كە ئەوەش بەراورد بەماوەی یەك ساڵی پێشووتر 14 ملیار دۆلار زیادی كردووە و لە رووی نرخەوە هەناردەكردن 41% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. هاوكات ئەوەشی خستۆتەڕوو كە هەر لەو ماوەیەدا بڕی 40 ملیۆن تۆن كاڵا لەوڵاتانی جیهانەوە بۆ ئێران هەناردە كراوە كە بەهاكەی گەیشتووەتە 52 ملیار دۆلار، بۆیە لەئاستی هاوردەكردنی كاڵا لە رووی بەهاو نرخەوە 36% زیادی كردووە، بۆیە ئەو رێژە و بڕانە گەورەترین ژمارەی پێوانەییە لە 10 ساڵی رابردوی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی كاڵای نانەوتیی ئێران. بەپێی ئامارەكەی جێگری وەزیری دارایی و ئابوریی ئێران وڵاتانی ئیمارات، چین، توركیا، ئەڵمانیا، روسیا پێنج وڵاتی سەرەكیی بوون كە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ كاڵایان بۆ ئێران هەناردە كردوە و لەبەرامبەردا زیاترین كاڵای ئەو وڵاتە رەوانەی پێنج وڵاتی چین، عێراق، توركیا، ئیمارات و ئەفغانستان كراوە. لە لایەكی دیكەوە گومرگی ئێران ئاشكرای كردوە گواستنەوەی كاڵای بیانی لە رێگەی وڵاتەكەیانەوە لە ماوەی 12 مانگدا 68% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و لەو ماوەیەدا 12 ملیۆن و 500 هەزار تۆن كاڵای لە رێگەی سنورە ئاوی و وشكانییەكانی ئەو وڵاتەوە گوازراوەتەوە كە ئەوەش زیاترین بڕە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا. فرۆشتنی نەوت بە نهێنی ئامارە نێودەوڵەتییەكان و كۆمپانیاكانی چاودێریی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی جیهان ئاشكرای دەكەن هەناردەی نەوتی ئێران بە مەبەستی فڕۆشتن و ساغكردنەوەی لە بازاڕەكانی جیهان گەیشتووەتە زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا. كۆمپانیای (TankerTrackers) بۆ چاودێریی كەشتییە نەوت هەڵگرەكان نێوەنجی هەناردەی رۆژانەی نەوتی خاو و پێكهاتەكانی ئێران گەیشتوەتە یەك ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل كە بەراورد بە سەرەتای ساڵی 2020 زیاتر لە 40% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و لە روی بەهاشەوە هەر بەرمیلێك نەوتی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی داشكاندن و تێبینیی سزاكان 70 دۆلاری كردووە بۆیە لە رووی نرخیشەوە نەوتی ئەو وڵاتە 70% زیادی كردووە و لەئەنجامدا داهاتێكی بەرچاوی بۆ ئێران هەبووە. ئەو كۆمپانیایە رایگەیاندووە؛ لەسەرەتای ساڵی 2022 ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكداو سەرەڕای هەموو كەمكردنەوەیەك لەنرخی نەوت، بەڵام هەر بەرمیلێكی لانیكەم بە 90 دۆلار ساخ كردووەتەوە. سەرچاوە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەیان بەوەداوە ئاستی هەناردەی پتڕۆكیمایی ئێران لەپێنج ملیار دۆلارەوە بۆ 10 ملیار دۆلار بەرز بووەتەوە. فرۆشتنی نەوت و ساخكردنەوەی بەقەدەر دەستكەوتنی پارەكەی قورس نییە، بۆیە بەزیادبوونی مامەڵەكانی ئێران گومان لەسزا نێودەوڵەتییەكان دەكرێت. سزاكانی ئێران لە روسیا قورستر بوون ریچارد نێفیو كە بەئەندازیاری سزاكانی ئەمریكا لەدژی ئێران دەناسرێت رایگەیاندووە سزاكانی ئێران زۆر كاریگەرترن لەو سزایانەی كە واشنتۆن دژی روسیا سەپاندویەتی. نێفیو كە تاپێش دوو مانگ لەئێستاش ئەندامی تیمی دانوستانكاری ئەمریكا بوو بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی، ئاماژەی بەوە كردووە زۆربەی سزاكانی واشنتۆن لەدژی روسیاو سیاسەتمەدارەكان لەچوارچێوەی لیستێكدایە كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاندووە، بەڵام هیچ یەك لەو سزایانە هاوشێوەی سزاكانی ئێران بڕیار 100% نییەو تەنها ئەو ناوەند و كۆمپانیایانەی روسیا خراونەتە لیستێكی سزاوە، بۆیە مۆسكۆ دەتوانێت ئەو ئەركە داراییانەی كەپێشتر لەڕێگەی كۆمپانیا سزادراوەكانەوە جێبەجێی دەكرد بسپێرێت بەكۆمپانیای دیكە، چونكە واشنتۆن ئەرك و شێوازی كارەكانی سزا نەداوە. نێفیو نموونەی كۆمپانیای روس ئەتۆم دەهێنێتەوە دەڵێت ئەو كۆمپانیایە كە لەبواری فرۆشتنی كورەی ئەتۆمی و خزمەتگوزارییە تەكنیكییەكانی ئەتۆمیی لەوڵاتانی جیهان كاردەكات لەلایەن واشنتۆنەوە سزا دراوە، بەڵام روسیا دەتوانێت سوود لەكۆمپانیایەكی دیكە یان كۆمپانیایەكی بیانی وەرگرێت بۆ دەربازكردنی سزاكە لەكاتێكدا پێویست بوو واشنتۆن هەموو جۆرە چالاكییەكی ئەتۆمیی روسیای قەدەغە بكردایەو ئەو كۆمپانیایەش لەو چوارچێوەیەدا سزا بدرایە. ئەو جەخت لەوە دەكاتەوە سزاكانی سەر ئێران زۆر قورستربوون لەو سزایانەی كە واشنتۆن بەهۆی هێرشی روسیا بۆ ئۆكرانیا بەسەر مۆسكۆدا سەپاندویەتی. ئێران سیستمێكی نهێنی پارە گواستنەوەی هەیە رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) لەنوێترین راپۆرتی سەبارەت بەئابوریی ئێران لەجیهاندا بڵاوی كردووەتەوە: ئاستی بازرگانیی و گواستنەوەی داراییەكانی ئەو وڵاتە لەجیهاندا بووەتە پرسیاری گەورە لای دەسەڵاتداران و شارەزایانی ئابوریی، چونكە تەنها لەیەك حاڵەتدایە كەئێران توانیبێتی سزا نێودەوڵەتییەكان تێپەڕێنێت، ئەویش بەسیستمێكی نهێنیی ئاڵوگۆڕی دراوو دارایی لەجیهاندایە. رۆژنامەكە هێمای بەوە كردووە ئێران خاوەنی 61 ئەژماری بانكییە لە 28 بانكی جیهاندا كە زۆربەیان لەچین و سەنگاپورا و توركیاو ئیمارات-ن، بەڵام ئاستی گواستنەوەی پارەكانی ئێران لەو بانكانەدا ناگاتە چەند سەد ملیۆن دۆلارێك، ئەوەش دەریدەخات تاران بەدیلی دیكەی دروستكردووە بۆ دەستڕاگەیشت بۆ داهاتەكانی فرۆشتنی نەوت و كاڵاكانی دیكە بەنهێنی. شارەزایانی ئابوریی ئەمریكا بە رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵیان راگەیاندووە ئەوەی ئێران دەیكات (سپیكردنەوەی سیستماتیكی دراوە لەڕێگەی حكومەتەوە) چونكە دەسەڵاتی وڵاتەكە بەهەموو جۆرێك لەپشت ئەو بابەتەوەیەو بەوردی بەڕێوەی دەبات. سندوقی نێودەوڵەتیی دراو بڵاوی كردوەتەوە؛ گومان دەكرێت ئاستی بازرگانیی نهێنیی ئێران لەساڵی 2022 بگاتە 150 ملیار دۆلارو تەنانەت فرۆشتنی كاڵا قەدەغەكراوەكانی ئەو وڵاتە بۆ دوو هێندە لەبازاڕەكانی جیهاندا زیادبكات. بەپێی ئامارەكانی ئەو سندوقە سزاكانی دژی ئێران لەسەردەمی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا لەساڵی 2010 تاساڵی 2015 بازرگانیی ئێرانی بە رێژەی 55% كەم كردووەتەوە و لەو ساڵانەدا بەهای بازرگانیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەگشتی 79 ملیارو 700 هەزار دۆلار بووە. لەئامارەكاندا دەركەوتەوە دوای رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 و لەساڵی 2015و لابردنی ژمارەیەك سزای نێودەوڵەتیی لەدژی وڵاتەكە رێژەی هەناردەی نەوتی ئێران لەساڵی 2017 بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل زیادی كردووە و گەشەی ئابوریی گەیشتوەتە 13% ، بۆیە كۆی فرۆشی نەوت و بازرگانیی ئێران گەیشتووەتە 117 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار. ئێران حاشا لەبازرگانیی شاراوە ناكات غوڵامڕەزا مێسباحی موقەدەم، ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە بە كەسێكی نزیك لە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی لەقەڵەم دەدرێت لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا ئاشكرای كردوە؛ ئاستی بازرگانیی (هەناردە و هاوردە)ی شاراوە و نهێنیی كاڵا لە ئێران ساڵانە نزیكەی 80 ملیار دۆلارە. ئەو بەرپرسەی ئێران لەچاوپێكەوتنەكەیدا جەختی لەوە كردوەتەوە ئەگەر رێككەوتنی ئەتۆمییش زیندونەكرێتەوە گەشەی ئابوریی وڵاتەكە تا 8% بەرز دەبێتەوە، چونكە حكومەتی ئێستای ئێران ئەزمونێكی گەورەی لەسزاكان و شێوازی دەربازكردنیان وەرگرتووە و فرۆشتنی نەوتی وڵاتەكەی زۆر بەرز كردووەتەوە. دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا (سی ئای ئەی) بڵاوی كردوەتەوە هەندێك ئاماژە دەركەوتووە كە ئێرانییەكان بەنهێنی دەیان ملیار دۆلاریان لەبانكەكانی جیهان بەناوی خوازراوو نەخوازراوە گواستوەتەوەو بەئاشكرا شانازیی بەو كارەوە دەكەن، چونكە پێیان وایە كاریگەریی سزاكانی ئەمریكا لەدژی وڵاتەكەیان كەم دەبێتەوە و ئەوەش بەدەستكەوتێكی گەورە دەزانن. داهاتی نەوتی ئێران ساڵی 2015 دوای واژۆكرنی رێككەوتنی ئەتۆمیی و راگرتنی سزاكانی سەر كەرتی نەوت و بانكی ناوەندیی ئێران، ئاستی هەناردەی نەوتی وڵاتەكە بۆ بازاڕەكانی جیهان دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل بووە و داهاتی گشتیی نەوتەكەی لەساڵێكدا گەیشتووەتە 57 ملیار دۆلار. ئامارە نێودەوڵەتییەكانی دەریانخستوە سەرەڕای ئەوەی لەساڵی 2018 دوای كشانەوەی ئەمریكا بەفەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوی وڵاتەكە كەرتی نەوتی ئێران بەتەواوتی سزا دراوەو ترەمپیش جەختی لەوە كردووەتەوە كە دەبێت هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر كەم بكات داهاتی ئێران لەو كەرتە گەیشتووەتە 24 ملیار دۆلار ساڵی 2021یش بەبڕی نزیكەی 39 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتوە و كە 18 ملیار دۆلار بەراورد بەسەردەمی راگرتنی سزاكان كەمی كردووە. لەلایەكی دیكەوە بانكی ناوەندیی ئێران لەگەڵ لابردنی سزاكانی لەساڵی 2015 ئاستی گەشەی ئابوریی وڵاتەكەی بە 12.5% مەزندە كردووە لەكاتێكدا ئاستی گەشەی ئابوریی ساڵی 2014 واتا لەسەردەمی سزای سەر بانكەكەدا رێژی گەشەی ئابوریی بە 9% خەمڵاندووە واتە بەلابردنی سزاكان تەنها 2.5% گەشەی ئابوریی لەئێران روویداوە و لەئامارە نوێیەكانی ئەمساڵیشدا دەركەوتووە ئاستی گەشەی ئابوریی 5% بووە. چاوپۆشیی ئەمریكا لەئێران بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی بەرپرسانی ئەمریكا رایانگەیاندووە واشنتۆن و بەتایبەت ئیدارەی جۆ بایدن-ی سەرۆكی وڵاتەكە چاوپۆشیی لەهەنگاوەكانی ئێران بۆ فرۆشتنی نهێنیی نەوت كردووە لەپێناو زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیدا، چونكە ئەمریكا دەیەوێت بەو رێككەوتنە دوو ئامانجی سەرەكیی بپێكێت ئەویش رێگرییە لەبەرزبوونەوەی بەهای نەوت بەتایبەت كە روسیا بەهێرشكردنە سەر ئۆكرانیا بازاڕەكانی نەوتی هەژاندووە و هاوكات نایەوێت وزەی زیاتر بۆ كۆنتڕۆڵی تاران بەكاربهێنێت، چونكە چین لەئێستادا ركابەرو نەیاری سەرەكیی ئەمریكایە لە رووی ئابورییەوە. بەرپرسانی ئێرانیش بەدرك كردن بەو مەبەستانەی ئەمریكا دەیانەوێت بای باڵی خۆیان بدەن و پێداگریی دەكەن لەداواكاری و مەرجەكانیان لەپێناو پابەندبوونەوە بە رێككەوتنی ئەتۆمیی.
شەنای فاتیح بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لەوەزارەتی دارایی دانبەوەدا دەنێت، ئامێری نێرگەلە بەقاچاغ داخڵ دەكرێت، بەڵام بەشێك لەتووتنەكەی بەفەرمی هاوردەی هەرێم دەكرێت و باج و رەسمی گومرگی لەسەر وەردەگیرێت. نێرگەلەكێشان لەم چەند ساڵانەی دواییدا لەهەرێمی كوردستاندا بووەتە دیاردە بەتایبەت لەنێو تووێژی گەنجانداو مەترسییەكانیشی لەسەر تەندروستی مرۆڤ لەلایەن پزیشكانی پسپۆڕەوە دەخرێتەڕوو. نێرگەلە ئامێرێكە لەچەند بەشێك پێكهاتووەو بەشی ژێرەوەی شووشەیەو بڕێك ئاوی تێدایەو لەبەشی سەرەوەش بەشی هەڵگری تووتن هەیەو سیم بەكاردێت تا خەڵوزەكەی لەسەر دابنرێت و تووتنەكە گەرم دەكات و هەڵمی ئەو تووتنە گلسرینی كراوە دەگوازێتەوە بۆ ناو ئاوەكەو لە رێگای سۆندەیەكەوە كەسی بەكاركێش هەڵیدەمژێت. مێژووی نێرگەلە پەیوەستە بە (رووەكەكانی نارجیل)ەوە كە بریتییە لەگوێزی هیندی كە ناوو ئاوەكەی دەردەهێنراو دەكرا بەئامێرێكی تایبەت بەكێشانی دووكەڵ، چونكە گوێزی هیندی دوو كونی تێدایە، یەكێكیان تووتنی لەسەر دادەنراو لەسەر تووتنەكەش پارچەیەك خەڵوزی ئاگرین، لەكونەكەی دیكەشەوە قەسەبێكی تێدەكرا بۆ ئەوەی دوكەڵەكەی لێوە هەڵمژرێت. سەرەتاكانی بەكارهێنانی نێرگەلە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی فارسی كۆن و هیندستان و ئەمە پێش سەدەیەك لەمەوبەر. نێرگەلە ئەمڕۆ لەهەموو وڵاتانی عەرەبیدا بڵاوبووەتەوە بەتایبەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میسر، لەوڵاتە ئەوروپییەكانیشدا وەك فەڕەنساو بەڕیتانیاو هەروەها روسیاو چەند وڵاتێكی دیكە بەربڵاوە، بەڵام زۆرترین بەكارهێنان و گرنگیپێدانی لەسەردەمی عوسمانییەكاندا بۆ كراوە بەجۆرێك كە لەو سەردەمەدا رێز لەكەسێك بگیرابا ئەوا سێتێكی نێرگەلەیان پێدەبەخشی ئەمەش وایكرد كە نێرگەلە سیمای شارستانیبوون و كەشخەیی وەربگرێت. بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەڵێت لەگومرگە رەسمییەكانی هەرێمی كوردستاندا ئامێری نێرگەلە هاوردەی هەرێم ناكرێت، بەڵكو تووتنەكەی بەفەرمی دێت. ساماڵ عبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت، لەگەڵ دروستبوونی دیاردەی نێرگەلەكێشان لەم چەند ساڵانەی دوایدا لەنێو گەنجاندا، لەبەر بەرپرسیارێتی تەندروستی هاووڵاتیان یاسای گومرگی هەرێم و پێناسەی گومرگی هەرێمی كوردستان رێگە بەهاتنە ناوەوەی ئامێری نێرگەلە نادات و قەدەغەكراوە. بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان وتیشی: « قاعیدەی ئەو نێرگەلانەی دێنە هەرێمی كوردستانەوە بە دوو رێگا دێن، یان بەشێوەی قاچاغ دێن یان لە رێگای بەغداوە، چونكە هیچ بازگەیەكی گومرگی لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقیدا نییە». هاوكات ئەوەشی ئاشكرا كرد تووتنی نێرگەلەش بەشێكی زۆری كەنزیكەی سێ لەسەر چواری لەباشووری عێراقەوە دێتە هەرێمی كوردستان و بەشێكی كەمی لەدەروازەكانی هەرێمی كوردستانەوە داخڵ دەكرێت. «گومرگی یەك تۆن، توتنی ئاسایی 400 دۆلارە و لەو بڕەش 50 دۆلار بۆ سندوقی شێرپەنجە و 50 دۆلار بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی رەسمی وەردەگیرێت، بەڵام گومرگی یەك تۆن توتنی معسل بۆ نێرگەلە 700 دۆلارەو 50 دۆلار بۆ سندوقی شێرپەنجەیەو 50 دۆلاریش بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی وەردەگیرێت»، بەرێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لەوەزارەتی دارایی وای وت. پزیشكێكی پسپۆڕ كێشانی نێرگەلە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكانی ئایدزو سیل دكتۆر سەنگەر محەمەد جاف، پسپۆڕی تەندروستی گشتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» زۆرێك لەگەنجان وەك چاولێكەری و هەندێك جاریش وەك ئالوودەبوویەك پەیوەستی نێرگەلەكێشانن لەكافتریاكانداو ئەوەش هۆكارە بۆ خراپی تەندروستییان، چونكە كێشانی نێرگەلە بۆ ماوەی 45 خولەك یەكسانە بەكێشانی 200 جگەرە». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە بەشێوەیەكی گشتی هەموو ئەو پێكهاتانەی لەنێرگەلەدا بەكاردەهێنرێن ناتەندروستن، بەتایبەت دوكەڵی تووتنەكە هۆكاری زۆر كێشەی تەندروستییە لەكۆئەندامی هەناسەداو دەبێتەهۆی تێكچوونی گەشەی ئاسایی و هۆرمۆناتی گەشە تێكدەدات. هاوكات دەشڵێت: « نێرگەلە دەبێتە هۆی چەندین گرفتی تەندروستی و باوترینیان: بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان، وەك: نەخۆشی سیل و ئایدز و كۆرۆنا، كە دەبێتە هۆی هەوكردنی رێڕەوی هەناسە لەدەمەوە تا سییەكان و شێرپەنجەی سییەكان و شێرپەنجەی دەم و پوك و شێرپەنجەی بۆری هەناسە». بەوتەی ئەو پزیشكە، دوكەڵی نێرگەلە سەرووی سێ هەزار پێكهاتەی ماددەی كیمیاییەو باوترین ماددەی كیمیایی بریتییە لەنیكۆتین و ماددەی تار(قیر)و یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن، رێژەی نیكۆتین بەگوێرەی تووتتنەكە دەگۆڕێت، بەڵام یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن پەیوەندی بەخەڵوزەكەوە هەیەو تاخەڵوزەكە زیاتر بێت، یەكەم ئۆكسیدی كاربۆنەكەش زیاتر دەبێت. «كێشانی نێرگەلە توانای سێكسی پیاوان كەمدەكاتەوە و بۆ خانمانیش زیانی گەورەی هەیە بەتایبەت بۆ ئەو خانمانەی كە پلانی سكپڕییان هەیەو پێوستە بەهەموو شێوەیەك دووربن لێی»، دكتۆر سەنگەر وای وت. نێرگەلەكێشێك: بێكاری هۆكارێكە بۆ ئەوەی نێرگەلە بكێشم بەپێی رێنماییە تەندروستییەكانی حكومەت، هیچ كافتریایەك رێگەی پێنادرێت نێرگەلە بدات بەكەسێك كە تەمەنی لەخوار 18 ساڵییەوە بێت. محەمەد ئەحمەد، گەنجێكی دەرچووی زانكۆیەو بەهاوڵاتى وت: « نێرگەلە دەكێشم زیاتر كاتی پێ بەڕێدەكەم و هەندێ كاتیش چێژی لێدەبینم و زیاتر بەهۆی بێكارییەوەیە». سەرپەرشتیاری كافتریایەك پێیوایە نێرگەلەی فرێش و ئاسایی تەنها رازاندنەوەكەی جیاوازی هەیەو توتنەكەی یەك شتە. حامید چراغی، سەرپەرشتیاری كافتریایەك لەشاری سلێمانی وتی:»نرخی نێرگەلە بەپێی شوێن دەگۆڕێت و نێرگەلەی فرێش گرانترە لەنێرگەلەی ئاسایی چونكە میوەو رازاندنەوەی لەگەڵدایە و دوكەڵ و تووتنەكەی زیاترە». بەشێوەیەكی گشتی نرخی نێرگەلە لەپێنج بۆ حەوت هەزار دیناردایەو گرانترینیان كە بەشێوەی فرێش دەگاتە 40 هەزار دینار بەپێی وتەی سەرپەرشتیاری كافتریایەك. وتیشی:» نێرگەلەی فرێش كە نرخەكەی گرانترە زیاتر بۆ ریكلام و دەرخستن و سناپ كردنە و تێیدا جوانكاری بۆ نێرگەلەكە كراوە، گەرنا لەڕووی تامەوە جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە لەگەڵ نێرگەلەی ئاساییداو تەنها میوەكە جیاوازیانەو جیاوازیەكی كەمیش لەخەڵوزەكەیاندا هەیە، بەجۆرێك كە نێرگەلەی ئاسایی ٥٠ گم خەڵوزی تێدەكرێت، بەڵام نێرگەلەی فرێش ٧٠ گم خەڵوزی تێدەكرێت». هەرچەندە لەچەند ساڵی رابردوودا تەنها گەنجان و پیاوان دەچوونە كافتریاكان، بەڵام لەئێستادا ئافرەتانیش هاوشێوەی پیاوان روویان لەكێشانی نێرگەلە كردووە، «موشتەرییەكان پیاوان و ئافرەتان لەخۆدەگرێت بەتایبەت لەكاتی رۆژاندا، بەڵام لەشەواندا زیاتر موشتەرییەكان پیاوانن و لەئێستادا رێژەی ئافرەتانی نێرگەلەكێش زیادی كردووە».
عەمار عەزیز راوێژكارێكی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، ئەوە رەتدەكاتەوە كە پارتی هێزی دیكەی جوڵاندبێت بۆ نزیكی پەكەكەو دەشڵێت:»ئەو ناوچانەی كەتوركیا دەیویست بیگرێت گەیشتە ئەنجامەكەی خۆی، بۆیە بۆردومانكردنی ناوچەكە تاڕادەیەك كەمبووەتەوە». كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان «كەجەكە» لەڕاگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردووە كە» لەڕۆژانی رابردوودا هێزە تایبەتەكانی پارتی بەچەكی قورسەوە خۆیان لەو ناوچانەدا جێگیركردووە، كە ئەو ناوچانەی ماوەی 20 ساڵە لەژێر كۆنترۆڵی گەریلاكاندان». كەجەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، «ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەكە) بچێتە پاڵ دەوڵەتی تورك بۆ هێرشكردنەسەر ناوچەكانی گەریلا، ئەمەش بەواتای هێرشكردنە سەر دۆخی باشور و دەستكەوتەكانیەتی. نابێت پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەكە) بەشداری لەم پلانە داگیركارییانەدا بكات». راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی ئەوە رەتدەكاتەوە كە هێزەكانی پارتی لەو ناوچانە زیاد كرابێت. بابەكر زێباری، راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « ئەو دەنگۆیانەی باس لەزیادكردنی هێزەكانی پارتی لەناوچە سنورییەكان دەكەن دوورە لەڕاستیەوەو هێزەكانی پێشمەرگە یەك بستیش نەچووەتە پێش، راستە پارساڵ هەندێك شوێنی نوێمان گرت هەر ئەوەیە هیچ شتێكی تر رووینەداوە، لەئێستادا لەبەرنامەی پارتی و حكومەتی هەرێمدا نیە هێزی زیاتر رەوانەی ئەو ناوچانە بكەین». بابەكر زێباری وتیشی:» هێزەكانی پەكەكە لەهەموو شوێنێك هەیە، لەچیای گارەو چیای سپی، ئەوانە لەبەر لەشكری توركیا هەڵاتوون هاتوونەتەوە ناو گوندەكانمان، ئەو گوندانەی كە چۆڵیش كراون ئەوان تیایدا نیشتەجێ دەبوون، بەڵام ئێستا لەو گوندانەش ناحەوێنەوە، چونكە خەڵكی تیادا نەماوەو ناتوانن خۆیان بشارنەوە چونكە هەندێك ئامێری نوێی پێشكەوتوو دەركەوتوون ئەگەر لەئەشكەوتیش بن ئاشكرادەكرێن». لەبارەی هۆكاری كەمبوونەوەی بۆردومانكردنی ناوچە سنورییەكان لەلایەن فرۆكەكانی توركیا، بابەكر زێباری وتی: «بۆردومانكردنی ناوچەكانمان رانەگیراوە و بەردەوامە، بەڵام بەراورد پارساڵ و پێش چەند مانگێك كەمبووەتەوە ئەوەش هۆكارەكەی هەر بۆ پەكەكە دەگەڕێتەوە، پەكەكە هەر زیادەڕەویی دەكرد لەسەر خاكی ئێمە، بۆیە توركیا هەر دەهاتە پێشەوە «. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری هاوڵاتى كەوتووە لەچەند رۆژی رابوردوو هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق لە پارێزگای دهۆك هێزیان لەكەلا قومری جێگیركردووە، ئەو ناوچەیە یەكێكە لەستراتیژیترین خاڵی سەربازی لەسنوری ناحیەی كانی ماسێ، ئەو خاڵەیە لەبەرامبەر هێزەكانی توركیایە لە زناری كێستە، لەسەر ئەم پرسە بابەكر زێباری وتی: « نازانم هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق هێزێكی خۆیان جێگیركردوە یان نا لەوانەیە كرابێت، مافی ئەوانە بچنە ئەو شوێنانە، زۆرجار شوێنەكانی خۆیان دەگۆڕن و پرسیاریش بەئێمە دەكەن لەبارەی گۆڕینی شوێنەكانیان، ئێمەش پێیان دەڵێین ئەوە پەیوەندی بەئێوەوە هەیە «. موختاری گوندی هرور دەڵێت رۆژی دووشەممە پاسەوانی سنوری عێراق دوو خاڵی دیكەی سەربازییان جێگیركردووە. ئازاد ئەدیب، موختاری گوندی هرور، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « پاسەوانی سنوری عێراق خاڵێكی سەربازی لەكەلا قومرێ جێگیركردووە، رۆژی دووشەمەش خاڵێكی تر لە گوندی سەرەرو جێگركردووە، هەردوو خاڵەكان دەكەونە سنوری ناحیەی كانێ ماسێ«. لەسنوری ناحییەی كانی ماسێ، دووری نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی توركیا زیاتر لە 10 كێلومەترە، هەروەها دوری نێوان هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق و هێزەكانی توركیا كێلومەترێكە لەهەندێك شوێن كێلومەترێك و نیوە. ئازاد ئەدیب ئەوەشی روونكردەوە كە جێگیركردنی ئەو دوو خاڵە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی بۆردومانكردنی ناوچەكە، هیچ نەگۆڕاوەو بۆردومانكردنیش رانەگیراوە.
شاناز حەسەن كێشەی نەبوونی پارە لە بانكەكاندا بەردەوامەو لەنەورۆزەوە تا ئەمڕۆ بەشێك لەخانەنشینان و فەرمانبەری چەند وەزارەتێك هێشتا مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵیان وەرنەگرتووەو بەو هۆیەوە دوێنێ سێشەممە چوارەمین خانەنشین لەچاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەدا لەبەردەم بانكی باخان گیانی لەدەستدا. سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بۆ سەروو سەد دۆلارو زیادبوونی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێم و ناردنی 200 ملیار دینار لەلایەن بەغداو هاوكاری هاوپەیمان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە پرسی دابینكردنی مووچە پەكخراوە. خانەنشینانی هەرێمی كوردستان ژمارەیان 240 هەزار كەسە لەكۆی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەخانەنشینی مەدەنی و سەربازییەوە و دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 10 رۆژ هێشتا بەشێكیان لەچاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەكانیاندان. لە 22ی ئازار لە سلێمانی دوو خانەنشین و لە سۆران خانەنشینێكی دیكە بەهۆی پاڵەپەستۆ و چاوەڕوانیان بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان گیانیان لەدەستداو دوێنێ سێشەمەش لەبەردەم بانكی باخان لەسلێمانی پیاوێكی تەمەن 70 ساڵ كە بۆ وەرگرتنی مووچەكەی چاوەڕێی دەكرد گیانی لەدەستدا. ژنێكی تەمەن 64 ساڵ ، لەكاتی وەرگرتنی مووچەكەیدا لەبەردەم بانكی باخان بە هاوڵاتى وت:» چۆن دەكرێت بە 40 بۆ 50 رۆژ موچەیەك وەربگرین ئەویش بەو داماوییە». ئەم ژنە سێ رۆژە لە بەیانیەكی زووەوە دێتە بەردەمی بانكەكەو تائێستا مووچەكەی وەرنەگرتووە. ئایشە خدر، دایكی چوار منداڵەو خانەنشینی مێردەكەی وەردەگرێت بە هاوڵاتى وت:» زۆر بێزارین لەم شێوازی موچە دابەشكردنە، كە وەك سواڵكەر بەهەفتە دادەنیشین تا 300 هەزارێك وەردەگرین». هەروەها عەبدوڵا محیدین، تەمەن 71ساڵ، پیاوێكی دیكەی خانەنشینە و خاوەن پێداویستی تایبەتە، دەڵێت:» لەپێش نەورۆزەوە هاتوچۆی بانكم كردووە دوێنێ سێشەممە موچەم وەرگرتووە». وتیشی:»تاكە شتێك كە زۆر ناخۆشە ئەوەیە بەسوكایەتی پێكردن موچەمان پێدەدەن، رایدەگەیەنن موچە هەیە، كە دێینە بەردەم بانكەكان زۆر بەخراپی مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن و بەپیری ئاخر شەڕمان دەزانن». لەبەرانبەردا سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی بە هاوڵاتى راگەیاند، لەگەڵ هەموو لایەنەكان لەسەر هێڵن بۆ چارەسەركردنی موچە و بەتایبەتیش شێوازی دابەشكردنی موچەی خانەنشینان بەو پێیەی هەموویان تەمەنێكیان هەیە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» كەمی پارەی پێویست لەبانكەكانی سلێمانیدا ئەم گرفتەی دروستكردووە كە راستەوخۆ پەیوەندی بە نەگەڕاندنەوەی داهاتەكانەوە هەیە». هەرچەندە لە 19-03-2022 وەزارەتی دارایی لیستی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی راگەیاندووە، بەڵام بەهۆی نەمانی پارە لە بانكەكانی سلێمانی، بەشێك لەخانەنشینانی سلێمانی تائێستا مووچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە. لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەسەر پرسی خراپی میكانیزمی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان كۆبووەوە و لیژنەیەكی لاوەكی بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە پێكهێنا. لە راگەیەندراوێكی لیژنەكەدا هاتووە كە بەمەبەستی تاووتوێكردنی پرسی خراپیی میكانیزمی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان و نەناردنی پڕۆژەیاسای بودجە، دوێنێ سێشەممە 29ی ئادار، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری، كۆبووەوە. بڕیاریاندا لیژنەیەكی لاوەكی پێكبهێنێت بۆ بەدواداچوونی پێشنیازەكانی چارەسەری ئەو پرسە لە نزیكترین كاتدا، چونكە ئەوە پرسێكی گرنگە و پەیوەستە بەژیانی هاووڵاتیانی كوردستانەوە. لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە: لیژنەی دارایی ناڕەزایی و گلەیی خۆی لەبارەی نەناردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن حكومەتەوە بۆ پەرلەمان دەربڕی و بڕیاردرا كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت لەسەر ئەو پرسە. دوای بیستنی هەواڵی دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی خانەنشینێكی تر لەسلێمانی لەكاتی نۆرەگرتن بۆ مووچە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، بانگهێشتی عەبدولڕەحمان ساڵح رەشید، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی هەرێم لەسلێمانی كرد بۆ بەغدا و بەدواداچوونی كرد بۆ بەردەوامی و دووبارەبوونەوەی ئەم كێشەیە و رایگەیاند، خانەنشینان رێزلێگیراوترین تاكی كۆمەڵگەن و زۆرینەی تەمەنیان لەخزمەتكردنی كوردستان و خەڵكەكەیدا بەسەربردووە، بۆیە دەبێت مامەڵەیەكی جیاواز و تایبەتیان لەگەڵ بكرێت. هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی هۆشداریشیدایە بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی هەرێم لەسلێمانی و وتی بەهیچ شێوەیەك دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەم شێوەیە قبوڵ ناكەن و ئەركی ئێوەیە لەبەرزترین ئاستدا مامەڵەی خانەنشینان رایی بكەن و بەئەوپەڕی رێزو شكۆمەندییەوە هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكرێت. بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لەوەشكردووەتەوە كە «ئەگەر حكومەت ناتوانێت ئەم دیاردە ناشارستانییە چارەسەر بكات، ئەوا پێویستە بەئاشكرا رایبگەیەنێت. چونكە لەمەودوا نەك لەسلێمانی بەڵكو لەهیچ شارێكی تر دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتە قبوڵ ناكەین». هاوكات بەشێك لەفەرمانبەرانی چەند وەارەتێكی دیكە لەسلێمانی هێشتا هەموویان مووچەكانیان وەرنەگرتووەو كە دەچنە بانك مووچەی حەوت تا 12 فەرمانبەر دەهێننەوەو لەڕۆژی نەورۆز بەدواوە ئەم حاڵەتە بەردەوامە بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵ. لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆمەڵێك پێشنیاریان ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی بانكەكانی سلێمانی خستۆتەڕوو كە چارەسەری دابینكردنی مووچە دەكات و كارئاسانی دەكات تا خانەنشینان لەڕێگەی كارتی خۆیانەوە یان لقەكانی بانك بۆ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان زیاد بكرێت.