شەنای فاتیح زەنگی مەترسیدار گەیشتووەتە حكومەتی هەرێم لەبارەی كەمبوونەوەی دەرمانە بنەڕەتییەكانی رۆژانە بۆ نەخۆشخانەكانی سلێمانی و بریكاری وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: لەم چەند رۆژەی داهاتوودا چارەسەر دەكرێت. زیاتر لە هەفتەیەكە بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەدەنە حكومەت لەبارەی خەرجنەكردنی پارەی كۆمپانیاكانی دەرمان كە بەو هۆیەوە دەرمان كەمبووەتەوەو ناتوانن نەخۆشەكانی پێ رایی بكەن. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى ، كە لەبەرپرسانی تەندروستی سلێمانی وەرگرتووە زیاتر لە 10 ملیار دیناری كۆمپانیاكانی دەرمان قەرزارن و حكومەتی هەرێم پارەكەی دابین نەكردووەو كۆمپانیاكانیش ئامادە نین پارە وەرنەگرن و دەرمانیش بدەنە نەخۆشخانەكان. یەكێك لەو كۆمپانیایانە كە نەیویست ناوی بهێندرێت ئەوەی دووپاتكردەوە كە لەوڵاتانی دەرەوە كەداوای لیستێكی دەرمان دەكەیت دەبێت پێشتر پارەكە نێردرابێت و هیچ كۆمپانیایەك دەرمان بەقەرز نادات، وتیشی:» چاوەڕێین پارەمان بۆ خەرج بكەن تا دەرمان دابین بكەین». لەساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێم بڕیاریدا مانگانە بڕی یەك ملیارو 700 ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەی هیوا كە تایبەتە بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە خەرج بكات، بەڵام چەند مانگێك بوو ئەوەش نەماوەو بەو هۆیەوە كۆمپانیاكانی دەرمان، دەرمانیان پێنادەن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت ساڵانە نزیكەی 80 ملیۆن دۆلاریان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین لەسەدا سەد پێداویستی سەرجەم نەخۆشەكانیان دابین بكەن. د.یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: ئێستا دۆخی خزمەتگوزاری نەخۆشخانەی هیوا لەسەدا 25% كەمی كردووە و كەموكورتی لەچارەسەركردنی نەخۆشەكاندا هەیەو كێشە لەئامێری پێدانی تیشك بە توشبووانی شێرپەنجە هەیە». هەروەها باسی لەوەشكرد گرفتیان لەئێستادا خەرجنەكردنی پارەیە كە لەسەدا سەد كێشەی كەمبوونەوەی دەرمانیان هەیەو دەرمانی مەناعی و بایەلۆجیان نییە كەنزیكەی 150 نەخۆشیان لەسەر ئەو چارەسەرانەن و توانای دابینكردنیان نییەو لەئێستادا داهاتی سندوقی شێرپەنجە زۆر كەمی كردووە چونكە سەرچاوەكانی لەبەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و گومرگی خواردنەوە كحولییەكاندایەو پارەی هیچ كامێك لەوانە كەمی نەكردووە، بەڵام داهاتی سندوقەكە كەمی كردووەو لەمانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە پارەیان بۆ خەرج نەكراوە. بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی هیوا ئەوەشی خستەڕوو كە رۆژانە 600 نەخۆش بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەكەن و رۆژانە نزیكەی 15 حاڵەتی نوێ و ساڵانە نزیكەی سێ هەزار حاڵەتی نوێ تۆماردەكرێت. كەمبوونەوەی دەرمان تەنها نەخۆشخانەی هیوای نەگرتووەتەوەو سەرجەم نەخۆشخانەكانی دیكە هەمان كێشەیان هەیە. د.شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون لەشاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» پێداویستی تاقیگەیمان زۆر كەمەو دەرمانمان بۆ نەخۆشانی دەرەوە نییەو دەرمانی نەشتەرگەری و سڕكردنمان بۆ مناڵبوونی سروشتی نییە». «ئەگەر بێت و بارودۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت كاركردن دەوەستێت و لەئێستادا نەشتەرگەری سارد راگیراوە كە لەخراپترین بارودۆخی ئەم وڵاتەدا كەساڵەكانی 2014 و 2015 بارودۆخ بەو شێوەیەی ئێستا نەبووە، ئەمە یەكەمجارە بگەینە بارودۆخێكی لەم شێوەیە.، دكتۆر شلێر وای وت. هاوكات، د.پشدەر عبدالله، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى پێیوابوو كە بەشێك لەبەشی راوێژكاری و بەشێك لەنەخۆشیە درێژخایەنەكان و بەشێكیش لەتاقیگە لەئێستادا توانای بەڕێكردنی نەخۆشیان نییە بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە. د.پشدەر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە نەخۆشخانەكەیان سێ كێشەی سەرەكی هەیە كەمی كارمەندو پەرستاری زانكۆو نەمانی دەرمانی تاقیگە كە لەئێستادا بەشێكی زۆری پشكنینەكان ئەنجامنادرێن و نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەدا بەهۆی ئەو كێشەیەی لەنێوان حكومەت و كۆمپانیاكاندا دروستبووە. بەرێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان وتیشی:»لەنێو نەخۆشخانەكەی ئێمەدا سەرجەم حاڵەتە تەندروستیەكانی منداڵان دەبینرێن و بۆ هەر حاڵەتێكیش چەندین جۆری دەرمان هەیە كەئێستا بەشێكی زۆریان كەمبوونەتەوە یان نەماون، ئێمە لەكەمترین حاڵەتدا رۆژانە نزیكەی هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكەمان دەكەن بەهەموو بەشەكانەوە، بەڵام لەوەرزی زستان و هاویندا ژمارەكە بۆ هەزار و 700 نەخۆش بەرزدەبێتەوە». «ئەگەر بێت و لەچەند رۆژی داهاتوودا كێشەكە چارەسەر نەكرێت كێشەی گەورە دروستدەبێت و كاتێكیش دەرمان و پێداویستی پزیشكی نەمێنێت وەك ئەوە وایە نەخۆشخانەكە دابخرێت»، دكتۆر پشدەر وای وت. بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی جەخت لە نەمان و كەمبوونەوەی دەرمان لەنەخۆشخانەكاندا دەكەن و دەڵێن ئەگەر وا بێت چاوەڕێی كارەسات بن. جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەشڵێت:» هیچ كۆمپانیایەك ئامادە نییە دەرمان دابینبكات و بڕە پارەی پێویستیشمان نییە دەرمان بەشێوەیەكی راستەوخۆ بكڕین». هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» كێشەی نەمامی دەرمان لەمانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە هەیەو ناوە ناوە چارەسەرێكی كورت كراوە، بەڵام نەتوانراوە بنەبڕبكرێت و ئێستا بووەتە كێشەیەكی گەورەو دەرمان لەهەموو شوێنێك كەمی كردووە، ئەگەر وا بڕوات دەبێت چاوەڕێی ئەوەبین نەخۆش لەسەر شەقامەكان گیان لەدەستبدەن بەهۆی نەبونی دەرمانەوەو ئەوەش كارەساتە». جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی باسی لەوەشكرد، نەخۆشخانەكانی هیواو مناڵبوون و مناڵان و سەنتەری بوژانەوەی دڵ و بانكی خوێن كێشەی گەورەی نەبوونی دەرمان و پێداویستی تاقیگەییان هەیە. د.هێرش ئەوەشی روونكردەوە كە تائێستا هیچ هەنگاوێكی كردەیی نەنراوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ چارەسەركردنی ئم كێشەیەو داواكارن بڕی پارەی پێشینەی كۆمپانیاكان خەرجبكرێت و قەرزەكانیان بدرێتەوە بۆ ئەوەی ئامادەبن جارێكی دیكە ئامادەبن دەرمان دابینبكەن بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی. بریكاری وەزارەتی تەندروستی: كێشەی كەمبوونەوەو نەمانی دەرمان لەهەموو شارەكاندا هەیەو تەنها سلێمانی نییە. رەهێڵ فەرەیدوون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» كەمبوونەوە یان نەبوونی دەرمان كێشەیەكە لەسەرجەم شارەكانی كوردستاندا هەیە، بەڵام جیاوازی سلێمانی لەوەدایە كە پێشتر رێكار و شێوازی دەفعی پارە بۆ كۆمپانیاكان جیاوازبووە لەگەڵ هەولێرو دهۆك و لەوێ كۆمپانیاكان بڕی لەسەدا یەك تا دوویان وەرگرتووەو هەفتانە ئیکتیفایان دەكردو پارەكانیان بۆ خەرجدەكرا، بەڵام لەشاری سلێمانی دەوروبەری بەشێوەیە نەبوو و هەفتانە لەسەدا بیست خەرج كراوە، كە مانگانە لەسەدا 60% پارەی كۆمپانیاكان خەرج كراوە.. بریكاری وەزارتی تەندروستی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكرد، لەم دواییەدا بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست لەبانكەكاندا، دەفعی پارەكە رێژەكەی كەمبووەتەوە بۆ هەفتەی لەسەدا پێنج و ئەم پارەیەش وەكو پێوست دابین نەكراوەو كۆمپانیاكانیش دەرمان دابین ناكەن. هاوكات، رەهێڵ فەرەیدوون ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەو كێشەیە لەئێستادا بەرەو چارەسەری دەڕوات، بەڵام نازانن چارەسەرەكە یەكجارییە یان دووبارە دەبێتەوە «لەڕۆژەكانی هەفتەی رابردوودا بەشێوەی زارەكی پێیان وتین كە تەواوبووە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە پێیان راگەیاندووین كەموافەقەت كراوە و جەنابی وەزیری دارایی پێی راگەیاندووین كە گەڕاوەتەوەو تەنها ماوە بە نووسراو بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەڕەسمی ئیعلانی تەندەرین بكرێت». سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێیوابوو كە نەبوونی دەسەڵاتی لامەركەزی بۆ ئیدارەی شارەكە وای كردووە دەرمان و پارەش كەمببێتەوە. رێبوار ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئێمە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕوونی وتوومانە بۆ بابەتە هەنوكەیی و خزمەتگوزاری و پێویستیە رۆژانەییەكان پێوسیتە دەسەڵاتێكی لامەركەزی هەبێت بۆ ئەوەی ئیدارەی شارەكە بەسەرجەم بەڕێوبەرایەتیەكانەوە بكات و حكومەتی هەرێم پلان و بەڕێوەبردنێكی مەركەزی هەیە ئەوەش ناگونجێت لەم دۆخەدا». رێبوار ئەحمەد هێمای بۆ ئەوەكرد «كەمبوونەوەو نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەكاندا بابەتێكی شەرمەزارییە بۆ هەرێمێك كە چەندین داهاتی هەمەچەشنی هەیە» وتیشی:» هەر لەناو پارێزگاكان خۆیاندا بایی ئەوە داهات هەیە كەحكومەت دەست بۆ قوتی هاووڵاتیان یان تەندروستی هاووڵاتیان نەبات و پارەیان بۆ خەرجنەكات و هەر لەپارەی هاتوچۆ دەتوانن ئەم كێشەیە چارەسەربكەن». «ئەوانەی حكومەت ئاوا بەڕێوە دەبەن لەقازانجی حكومەت و بەرەوپێشچوونی هەرێم و قازانجی ئەم وڵاتە و خەڵكەكەی كارناكەن ئەگینا داهاتی نەوت و ناوخۆ زیادیان كردووەو بەئاسانی دەتوانن ئیدارەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دابین بكەن»، رێبوار ئەحمەد وای وت.
هاوڵاتى ئێران سەرەڕای سزاكان، ئاستی بازرگانیی نانەوتی بۆ 100 ملیار دۆلار لەساڵێكدا بەرزدەكاتەوە و ئەوەش بەژمارەیەكی پێوانەیی لە 10 ساڵی رابردووی ئەو وڵاتە لەقەڵەمدەدرێت. ئاژانسە فەرمییەكانی حكومەتی ئێران بڵاویان كردووەتەوە حكومەتی ئێستای وڵاتەكە سەركەوتوو بووە لەو بەڵێنەی كە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بازرگانیی و ئابوریی وڵاتەكە داویەتی و لەو پێناوەشدا لەشەش وڵاتی جیهان ناوەندیی بازرگانیی كردووەتەوە. ئەوەی مایەی پرسیارە ئەوەی بەپێی سزا نێودەوڵەتییەكانی سەر ئێران ئاڵوگۆڕی پارەو داهاتی ئەو وڵاتە لەسیستمی گواستنەوەی دارایی بانكی جیهان سویفت (Society for Worldwide Interbank Financial Telecommunication ) قەدەغە كراوە، چۆن ئەو رێژە پارەیە گوازراوەتەوە. ناوەندو میدیا ئابورییە گرنگەكانی جیهان ئاماژەیان بەوەداوە ئێران لەسێ ساڵی سزا قورسەكانی واشنتۆندا سیستمێكی نهێنی و كۆمەڵێك كۆمپانیای راسپێردراوو وەهمی دروستكردووە كە لەژوورێكی ئابوریی تارانەوە سەرپەرشتیی دەكرێن و ئەوەش وای كردووە ئەو وڵاتە مل بۆ داواكارییەكانی ئەمریكا نەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەدات بۆ ئەوەی بەهای دراوەكەی لەوە زیاتر دانەبەزێت و فشارە ئابورییەكان كاریگەریی زۆر زیاتر لەخەڵكی وڵاتەكەی نەكات و نەبێتە هەوێنێك بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی. باڵیۆزی ئێران لەمۆسكۆ لەلێدوانێكدا رایگەیاند تاران هاوكاریی روسیا دەكات بۆ گواستنەوەی داراییەكانی ئەوەش ناڕەزایەتیی ژمارەیەك لەبەرپرسانی كۆماری ئیسلامی لێكەوتەوە وەك ئەوەی دەستیان ئاشكرا بووبێت كە توانای ئەو كارەیان هەیە. زیادبوونی بازرگانیی ئێران ژمارەی پێوانەییە عەلی رەزا موقەدەسی، جێگری وەزیری دارایی و ئابوریی ئێران رۆژی یەكشەممە (27/3/2022) رایگەیاند: بڕی ئاڵوگۆڕی كاڵای نانەوتیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان گەیشتووەتە 162 ملیۆن تۆن لەساڵێكدا. هەروەها روونیكردووەتەوە لەسەرەتای مانگی بەهاری ساڵی رابردوو تا یەكەم مانگی بەهاری ئەمساڵ، ئێران بڕی 122 ملیۆن تۆن كاڵای بەرهەمهێنراوی وڵاتەكەی بەبەهای 48 ملیار دۆلار رەوانەی دەرەوە كردووە كە ئەوەش بەراورد بەماوەی یەك ساڵی پێشووتر 14 ملیار دۆلار زیادی كردووە و لە رووی نرخەوە هەناردەكردن 41% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. هاوكات ئەوەشی خستۆتەڕوو كە هەر لەو ماوەیەدا بڕی 40 ملیۆن تۆن كاڵا لەوڵاتانی جیهانەوە بۆ ئێران هەناردە كراوە كە بەهاكەی گەیشتووەتە 52 ملیار دۆلار، بۆیە لەئاستی هاوردەكردنی كاڵا لە رووی بەهاو نرخەوە 36% زیادی كردووە، بۆیە ئەو رێژە و بڕانە گەورەترین ژمارەی پێوانەییە لە 10 ساڵی رابردوی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی كاڵای نانەوتیی ئێران. بەپێی ئامارەكەی جێگری وەزیری دارایی و ئابوریی ئێران وڵاتانی ئیمارات، چین، توركیا، ئەڵمانیا، روسیا پێنج وڵاتی سەرەكیی بوون كە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ كاڵایان بۆ ئێران هەناردە كردوە و لەبەرامبەردا زیاترین كاڵای ئەو وڵاتە رەوانەی پێنج وڵاتی چین، عێراق، توركیا، ئیمارات و ئەفغانستان كراوە. لە لایەكی دیكەوە گومرگی ئێران ئاشكرای كردوە گواستنەوەی كاڵای بیانی لە رێگەی وڵاتەكەیانەوە لە ماوەی 12 مانگدا 68% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و لەو ماوەیەدا 12 ملیۆن و 500 هەزار تۆن كاڵای لە رێگەی سنورە ئاوی و وشكانییەكانی ئەو وڵاتەوە گوازراوەتەوە كە ئەوەش زیاترین بڕە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا. فرۆشتنی نەوت بە نهێنی ئامارە نێودەوڵەتییەكان و كۆمپانیاكانی چاودێریی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی جیهان ئاشكرای دەكەن هەناردەی نەوتی ئێران بە مەبەستی فڕۆشتن و ساغكردنەوەی لە بازاڕەكانی جیهان گەیشتووەتە زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا. كۆمپانیای (TankerTrackers) بۆ چاودێریی كەشتییە نەوت هەڵگرەكان نێوەنجی هەناردەی رۆژانەی نەوتی خاو و پێكهاتەكانی ئێران گەیشتوەتە یەك ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل كە بەراورد بە سەرەتای ساڵی 2020 زیاتر لە 40% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و لە روی بەهاشەوە هەر بەرمیلێك نەوتی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی داشكاندن و تێبینیی سزاكان 70 دۆلاری كردووە بۆیە لە رووی نرخیشەوە نەوتی ئەو وڵاتە 70% زیادی كردووە و لەئەنجامدا داهاتێكی بەرچاوی بۆ ئێران هەبووە. ئەو كۆمپانیایە رایگەیاندووە؛ لەسەرەتای ساڵی 2022 ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكداو سەرەڕای هەموو كەمكردنەوەیەك لەنرخی نەوت، بەڵام هەر بەرمیلێكی لانیكەم بە 90 دۆلار ساخ كردووەتەوە. سەرچاوە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەیان بەوەداوە ئاستی هەناردەی پتڕۆكیمایی ئێران لەپێنج ملیار دۆلارەوە بۆ 10 ملیار دۆلار بەرز بووەتەوە. فرۆشتنی نەوت و ساخكردنەوەی بەقەدەر دەستكەوتنی پارەكەی قورس نییە، بۆیە بەزیادبوونی مامەڵەكانی ئێران گومان لەسزا نێودەوڵەتییەكان دەكرێت. سزاكانی ئێران لە روسیا قورستر بوون ریچارد نێفیو كە بەئەندازیاری سزاكانی ئەمریكا لەدژی ئێران دەناسرێت رایگەیاندووە سزاكانی ئێران زۆر كاریگەرترن لەو سزایانەی كە واشنتۆن دژی روسیا سەپاندویەتی. نێفیو كە تاپێش دوو مانگ لەئێستاش ئەندامی تیمی دانوستانكاری ئەمریكا بوو بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی، ئاماژەی بەوە كردووە زۆربەی سزاكانی واشنتۆن لەدژی روسیاو سیاسەتمەدارەكان لەچوارچێوەی لیستێكدایە كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاندووە، بەڵام هیچ یەك لەو سزایانە هاوشێوەی سزاكانی ئێران بڕیار 100% نییەو تەنها ئەو ناوەند و كۆمپانیایانەی روسیا خراونەتە لیستێكی سزاوە، بۆیە مۆسكۆ دەتوانێت ئەو ئەركە داراییانەی كەپێشتر لەڕێگەی كۆمپانیا سزادراوەكانەوە جێبەجێی دەكرد بسپێرێت بەكۆمپانیای دیكە، چونكە واشنتۆن ئەرك و شێوازی كارەكانی سزا نەداوە. نێفیو نموونەی كۆمپانیای روس ئەتۆم دەهێنێتەوە دەڵێت ئەو كۆمپانیایە كە لەبواری فرۆشتنی كورەی ئەتۆمی و خزمەتگوزارییە تەكنیكییەكانی ئەتۆمیی لەوڵاتانی جیهان كاردەكات لەلایەن واشنتۆنەوە سزا دراوە، بەڵام روسیا دەتوانێت سوود لەكۆمپانیایەكی دیكە یان كۆمپانیایەكی بیانی وەرگرێت بۆ دەربازكردنی سزاكە لەكاتێكدا پێویست بوو واشنتۆن هەموو جۆرە چالاكییەكی ئەتۆمیی روسیای قەدەغە بكردایەو ئەو كۆمپانیایەش لەو چوارچێوەیەدا سزا بدرایە. ئەو جەخت لەوە دەكاتەوە سزاكانی سەر ئێران زۆر قورستربوون لەو سزایانەی كە واشنتۆن بەهۆی هێرشی روسیا بۆ ئۆكرانیا بەسەر مۆسكۆدا سەپاندویەتی. ئێران سیستمێكی نهێنی پارە گواستنەوەی هەیە رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) لەنوێترین راپۆرتی سەبارەت بەئابوریی ئێران لەجیهاندا بڵاوی كردووەتەوە: ئاستی بازرگانیی و گواستنەوەی داراییەكانی ئەو وڵاتە لەجیهاندا بووەتە پرسیاری گەورە لای دەسەڵاتداران و شارەزایانی ئابوریی، چونكە تەنها لەیەك حاڵەتدایە كەئێران توانیبێتی سزا نێودەوڵەتییەكان تێپەڕێنێت، ئەویش بەسیستمێكی نهێنیی ئاڵوگۆڕی دراوو دارایی لەجیهاندایە. رۆژنامەكە هێمای بەوە كردووە ئێران خاوەنی 61 ئەژماری بانكییە لە 28 بانكی جیهاندا كە زۆربەیان لەچین و سەنگاپورا و توركیاو ئیمارات-ن، بەڵام ئاستی گواستنەوەی پارەكانی ئێران لەو بانكانەدا ناگاتە چەند سەد ملیۆن دۆلارێك، ئەوەش دەریدەخات تاران بەدیلی دیكەی دروستكردووە بۆ دەستڕاگەیشت بۆ داهاتەكانی فرۆشتنی نەوت و كاڵاكانی دیكە بەنهێنی. شارەزایانی ئابوریی ئەمریكا بە رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵیان راگەیاندووە ئەوەی ئێران دەیكات (سپیكردنەوەی سیستماتیكی دراوە لەڕێگەی حكومەتەوە) چونكە دەسەڵاتی وڵاتەكە بەهەموو جۆرێك لەپشت ئەو بابەتەوەیەو بەوردی بەڕێوەی دەبات. سندوقی نێودەوڵەتیی دراو بڵاوی كردوەتەوە؛ گومان دەكرێت ئاستی بازرگانیی نهێنیی ئێران لەساڵی 2022 بگاتە 150 ملیار دۆلارو تەنانەت فرۆشتنی كاڵا قەدەغەكراوەكانی ئەو وڵاتە بۆ دوو هێندە لەبازاڕەكانی جیهاندا زیادبكات. بەپێی ئامارەكانی ئەو سندوقە سزاكانی دژی ئێران لەسەردەمی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا لەساڵی 2010 تاساڵی 2015 بازرگانیی ئێرانی بە رێژەی 55% كەم كردووەتەوە و لەو ساڵانەدا بەهای بازرگانیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەگشتی 79 ملیارو 700 هەزار دۆلار بووە. لەئامارەكاندا دەركەوتەوە دوای رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 و لەساڵی 2015و لابردنی ژمارەیەك سزای نێودەوڵەتیی لەدژی وڵاتەكە رێژەی هەناردەی نەوتی ئێران لەساڵی 2017 بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل زیادی كردووە و گەشەی ئابوریی گەیشتوەتە 13% ، بۆیە كۆی فرۆشی نەوت و بازرگانیی ئێران گەیشتووەتە 117 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار. ئێران حاشا لەبازرگانیی شاراوە ناكات غوڵامڕەزا مێسباحی موقەدەم، ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە بە كەسێكی نزیك لە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی لەقەڵەم دەدرێت لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا ئاشكرای كردوە؛ ئاستی بازرگانیی (هەناردە و هاوردە)ی شاراوە و نهێنیی كاڵا لە ئێران ساڵانە نزیكەی 80 ملیار دۆلارە. ئەو بەرپرسەی ئێران لەچاوپێكەوتنەكەیدا جەختی لەوە كردوەتەوە ئەگەر رێككەوتنی ئەتۆمییش زیندونەكرێتەوە گەشەی ئابوریی وڵاتەكە تا 8% بەرز دەبێتەوە، چونكە حكومەتی ئێستای ئێران ئەزمونێكی گەورەی لەسزاكان و شێوازی دەربازكردنیان وەرگرتووە و فرۆشتنی نەوتی وڵاتەكەی زۆر بەرز كردووەتەوە. دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا (سی ئای ئەی) بڵاوی كردوەتەوە هەندێك ئاماژە دەركەوتووە كە ئێرانییەكان بەنهێنی دەیان ملیار دۆلاریان لەبانكەكانی جیهان بەناوی خوازراوو نەخوازراوە گواستوەتەوەو بەئاشكرا شانازیی بەو كارەوە دەكەن، چونكە پێیان وایە كاریگەریی سزاكانی ئەمریكا لەدژی وڵاتەكەیان كەم دەبێتەوە و ئەوەش بەدەستكەوتێكی گەورە دەزانن. داهاتی نەوتی ئێران ساڵی 2015 دوای واژۆكرنی رێككەوتنی ئەتۆمیی و راگرتنی سزاكانی سەر كەرتی نەوت و بانكی ناوەندیی ئێران، ئاستی هەناردەی نەوتی وڵاتەكە بۆ بازاڕەكانی جیهان دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل بووە و داهاتی گشتیی نەوتەكەی لەساڵێكدا گەیشتووەتە 57 ملیار دۆلار. ئامارە نێودەوڵەتییەكانی دەریانخستوە سەرەڕای ئەوەی لەساڵی 2018 دوای كشانەوەی ئەمریكا بەفەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوی وڵاتەكە كەرتی نەوتی ئێران بەتەواوتی سزا دراوەو ترەمپیش جەختی لەوە كردووەتەوە كە دەبێت هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر كەم بكات داهاتی ئێران لەو كەرتە گەیشتووەتە 24 ملیار دۆلار ساڵی 2021یش بەبڕی نزیكەی 39 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتوە و كە 18 ملیار دۆلار بەراورد بەسەردەمی راگرتنی سزاكان كەمی كردووە. لەلایەكی دیكەوە بانكی ناوەندیی ئێران لەگەڵ لابردنی سزاكانی لەساڵی 2015 ئاستی گەشەی ئابوریی وڵاتەكەی بە 12.5% مەزندە كردووە لەكاتێكدا ئاستی گەشەی ئابوریی ساڵی 2014 واتا لەسەردەمی سزای سەر بانكەكەدا رێژی گەشەی ئابوریی بە 9% خەمڵاندووە واتە بەلابردنی سزاكان تەنها 2.5% گەشەی ئابوریی لەئێران روویداوە و لەئامارە نوێیەكانی ئەمساڵیشدا دەركەوتووە ئاستی گەشەی ئابوریی 5% بووە. چاوپۆشیی ئەمریكا لەئێران بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی بەرپرسانی ئەمریكا رایانگەیاندووە واشنتۆن و بەتایبەت ئیدارەی جۆ بایدن-ی سەرۆكی وڵاتەكە چاوپۆشیی لەهەنگاوەكانی ئێران بۆ فرۆشتنی نهێنیی نەوت كردووە لەپێناو زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیدا، چونكە ئەمریكا دەیەوێت بەو رێككەوتنە دوو ئامانجی سەرەكیی بپێكێت ئەویش رێگرییە لەبەرزبوونەوەی بەهای نەوت بەتایبەت كە روسیا بەهێرشكردنە سەر ئۆكرانیا بازاڕەكانی نەوتی هەژاندووە و هاوكات نایەوێت وزەی زیاتر بۆ كۆنتڕۆڵی تاران بەكاربهێنێت، چونكە چین لەئێستادا ركابەرو نەیاری سەرەكیی ئەمریكایە لە رووی ئابورییەوە. بەرپرسانی ئێرانیش بەدرك كردن بەو مەبەستانەی ئەمریكا دەیانەوێت بای باڵی خۆیان بدەن و پێداگریی دەكەن لەداواكاری و مەرجەكانیان لەپێناو پابەندبوونەوە بە رێككەوتنی ئەتۆمیی.
شەنای فاتیح بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لەوەزارەتی دارایی دانبەوەدا دەنێت، ئامێری نێرگەلە بەقاچاغ داخڵ دەكرێت، بەڵام بەشێك لەتووتنەكەی بەفەرمی هاوردەی هەرێم دەكرێت و باج و رەسمی گومرگی لەسەر وەردەگیرێت. نێرگەلەكێشان لەم چەند ساڵانەی دواییدا لەهەرێمی كوردستاندا بووەتە دیاردە بەتایبەت لەنێو تووێژی گەنجانداو مەترسییەكانیشی لەسەر تەندروستی مرۆڤ لەلایەن پزیشكانی پسپۆڕەوە دەخرێتەڕوو. نێرگەلە ئامێرێكە لەچەند بەشێك پێكهاتووەو بەشی ژێرەوەی شووشەیەو بڕێك ئاوی تێدایەو لەبەشی سەرەوەش بەشی هەڵگری تووتن هەیەو سیم بەكاردێت تا خەڵوزەكەی لەسەر دابنرێت و تووتنەكە گەرم دەكات و هەڵمی ئەو تووتنە گلسرینی كراوە دەگوازێتەوە بۆ ناو ئاوەكەو لە رێگای سۆندەیەكەوە كەسی بەكاركێش هەڵیدەمژێت. مێژووی نێرگەلە پەیوەستە بە (رووەكەكانی نارجیل)ەوە كە بریتییە لەگوێزی هیندی كە ناوو ئاوەكەی دەردەهێنراو دەكرا بەئامێرێكی تایبەت بەكێشانی دووكەڵ، چونكە گوێزی هیندی دوو كونی تێدایە، یەكێكیان تووتنی لەسەر دادەنراو لەسەر تووتنەكەش پارچەیەك خەڵوزی ئاگرین، لەكونەكەی دیكەشەوە قەسەبێكی تێدەكرا بۆ ئەوەی دوكەڵەكەی لێوە هەڵمژرێت. سەرەتاكانی بەكارهێنانی نێرگەلە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی فارسی كۆن و هیندستان و ئەمە پێش سەدەیەك لەمەوبەر. نێرگەلە ئەمڕۆ لەهەموو وڵاتانی عەرەبیدا بڵاوبووەتەوە بەتایبەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میسر، لەوڵاتە ئەوروپییەكانیشدا وەك فەڕەنساو بەڕیتانیاو هەروەها روسیاو چەند وڵاتێكی دیكە بەربڵاوە، بەڵام زۆرترین بەكارهێنان و گرنگیپێدانی لەسەردەمی عوسمانییەكاندا بۆ كراوە بەجۆرێك كە لەو سەردەمەدا رێز لەكەسێك بگیرابا ئەوا سێتێكی نێرگەلەیان پێدەبەخشی ئەمەش وایكرد كە نێرگەلە سیمای شارستانیبوون و كەشخەیی وەربگرێت. بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەڵێت لەگومرگە رەسمییەكانی هەرێمی كوردستاندا ئامێری نێرگەلە هاوردەی هەرێم ناكرێت، بەڵكو تووتنەكەی بەفەرمی دێت. ساماڵ عبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت، لەگەڵ دروستبوونی دیاردەی نێرگەلەكێشان لەم چەند ساڵانەی دوایدا لەنێو گەنجاندا، لەبەر بەرپرسیارێتی تەندروستی هاووڵاتیان یاسای گومرگی هەرێم و پێناسەی گومرگی هەرێمی كوردستان رێگە بەهاتنە ناوەوەی ئامێری نێرگەلە نادات و قەدەغەكراوە. بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان وتیشی: « قاعیدەی ئەو نێرگەلانەی دێنە هەرێمی كوردستانەوە بە دوو رێگا دێن، یان بەشێوەی قاچاغ دێن یان لە رێگای بەغداوە، چونكە هیچ بازگەیەكی گومرگی لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقیدا نییە». هاوكات ئەوەشی ئاشكرا كرد تووتنی نێرگەلەش بەشێكی زۆری كەنزیكەی سێ لەسەر چواری لەباشووری عێراقەوە دێتە هەرێمی كوردستان و بەشێكی كەمی لەدەروازەكانی هەرێمی كوردستانەوە داخڵ دەكرێت. «گومرگی یەك تۆن، توتنی ئاسایی 400 دۆلارە و لەو بڕەش 50 دۆلار بۆ سندوقی شێرپەنجە و 50 دۆلار بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی رەسمی وەردەگیرێت، بەڵام گومرگی یەك تۆن توتنی معسل بۆ نێرگەلە 700 دۆلارەو 50 دۆلار بۆ سندوقی شێرپەنجەیەو 50 دۆلاریش بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی وەردەگیرێت»، بەرێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لەوەزارەتی دارایی وای وت. پزیشكێكی پسپۆڕ كێشانی نێرگەلە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكانی ئایدزو سیل دكتۆر سەنگەر محەمەد جاف، پسپۆڕی تەندروستی گشتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» زۆرێك لەگەنجان وەك چاولێكەری و هەندێك جاریش وەك ئالوودەبوویەك پەیوەستی نێرگەلەكێشانن لەكافتریاكانداو ئەوەش هۆكارە بۆ خراپی تەندروستییان، چونكە كێشانی نێرگەلە بۆ ماوەی 45 خولەك یەكسانە بەكێشانی 200 جگەرە». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە بەشێوەیەكی گشتی هەموو ئەو پێكهاتانەی لەنێرگەلەدا بەكاردەهێنرێن ناتەندروستن، بەتایبەت دوكەڵی تووتنەكە هۆكاری زۆر كێشەی تەندروستییە لەكۆئەندامی هەناسەداو دەبێتەهۆی تێكچوونی گەشەی ئاسایی و هۆرمۆناتی گەشە تێكدەدات. هاوكات دەشڵێت: « نێرگەلە دەبێتە هۆی چەندین گرفتی تەندروستی و باوترینیان: بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان، وەك: نەخۆشی سیل و ئایدز و كۆرۆنا، كە دەبێتە هۆی هەوكردنی رێڕەوی هەناسە لەدەمەوە تا سییەكان و شێرپەنجەی سییەكان و شێرپەنجەی دەم و پوك و شێرپەنجەی بۆری هەناسە». بەوتەی ئەو پزیشكە، دوكەڵی نێرگەلە سەرووی سێ هەزار پێكهاتەی ماددەی كیمیاییەو باوترین ماددەی كیمیایی بریتییە لەنیكۆتین و ماددەی تار(قیر)و یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن، رێژەی نیكۆتین بەگوێرەی تووتتنەكە دەگۆڕێت، بەڵام یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن پەیوەندی بەخەڵوزەكەوە هەیەو تاخەڵوزەكە زیاتر بێت، یەكەم ئۆكسیدی كاربۆنەكەش زیاتر دەبێت. «كێشانی نێرگەلە توانای سێكسی پیاوان كەمدەكاتەوە و بۆ خانمانیش زیانی گەورەی هەیە بەتایبەت بۆ ئەو خانمانەی كە پلانی سكپڕییان هەیەو پێوستە بەهەموو شێوەیەك دووربن لێی»، دكتۆر سەنگەر وای وت. نێرگەلەكێشێك: بێكاری هۆكارێكە بۆ ئەوەی نێرگەلە بكێشم بەپێی رێنماییە تەندروستییەكانی حكومەت، هیچ كافتریایەك رێگەی پێنادرێت نێرگەلە بدات بەكەسێك كە تەمەنی لەخوار 18 ساڵییەوە بێت. محەمەد ئەحمەد، گەنجێكی دەرچووی زانكۆیەو بەهاوڵاتى وت: « نێرگەلە دەكێشم زیاتر كاتی پێ بەڕێدەكەم و هەندێ كاتیش چێژی لێدەبینم و زیاتر بەهۆی بێكارییەوەیە». سەرپەرشتیاری كافتریایەك پێیوایە نێرگەلەی فرێش و ئاسایی تەنها رازاندنەوەكەی جیاوازی هەیەو توتنەكەی یەك شتە. حامید چراغی، سەرپەرشتیاری كافتریایەك لەشاری سلێمانی وتی:»نرخی نێرگەلە بەپێی شوێن دەگۆڕێت و نێرگەلەی فرێش گرانترە لەنێرگەلەی ئاسایی چونكە میوەو رازاندنەوەی لەگەڵدایە و دوكەڵ و تووتنەكەی زیاترە». بەشێوەیەكی گشتی نرخی نێرگەلە لەپێنج بۆ حەوت هەزار دیناردایەو گرانترینیان كە بەشێوەی فرێش دەگاتە 40 هەزار دینار بەپێی وتەی سەرپەرشتیاری كافتریایەك. وتیشی:» نێرگەلەی فرێش كە نرخەكەی گرانترە زیاتر بۆ ریكلام و دەرخستن و سناپ كردنە و تێیدا جوانكاری بۆ نێرگەلەكە كراوە، گەرنا لەڕووی تامەوە جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە لەگەڵ نێرگەلەی ئاساییداو تەنها میوەكە جیاوازیانەو جیاوازیەكی كەمیش لەخەڵوزەكەیاندا هەیە، بەجۆرێك كە نێرگەلەی ئاسایی ٥٠ گم خەڵوزی تێدەكرێت، بەڵام نێرگەلەی فرێش ٧٠ گم خەڵوزی تێدەكرێت». هەرچەندە لەچەند ساڵی رابردوودا تەنها گەنجان و پیاوان دەچوونە كافتریاكان، بەڵام لەئێستادا ئافرەتانیش هاوشێوەی پیاوان روویان لەكێشانی نێرگەلە كردووە، «موشتەرییەكان پیاوان و ئافرەتان لەخۆدەگرێت بەتایبەت لەكاتی رۆژاندا، بەڵام لەشەواندا زیاتر موشتەرییەكان پیاوانن و لەئێستادا رێژەی ئافرەتانی نێرگەلەكێش زیادی كردووە».
عەمار عەزیز راوێژكارێكی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، ئەوە رەتدەكاتەوە كە پارتی هێزی دیكەی جوڵاندبێت بۆ نزیكی پەكەكەو دەشڵێت:»ئەو ناوچانەی كەتوركیا دەیویست بیگرێت گەیشتە ئەنجامەكەی خۆی، بۆیە بۆردومانكردنی ناوچەكە تاڕادەیەك كەمبووەتەوە». كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان «كەجەكە» لەڕاگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردووە كە» لەڕۆژانی رابردوودا هێزە تایبەتەكانی پارتی بەچەكی قورسەوە خۆیان لەو ناوچانەدا جێگیركردووە، كە ئەو ناوچانەی ماوەی 20 ساڵە لەژێر كۆنترۆڵی گەریلاكاندان». كەجەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، «ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەكە) بچێتە پاڵ دەوڵەتی تورك بۆ هێرشكردنەسەر ناوچەكانی گەریلا، ئەمەش بەواتای هێرشكردنە سەر دۆخی باشور و دەستكەوتەكانیەتی. نابێت پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەكە) بەشداری لەم پلانە داگیركارییانەدا بكات». راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی ئەوە رەتدەكاتەوە كە هێزەكانی پارتی لەو ناوچانە زیاد كرابێت. بابەكر زێباری، راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « ئەو دەنگۆیانەی باس لەزیادكردنی هێزەكانی پارتی لەناوچە سنورییەكان دەكەن دوورە لەڕاستیەوەو هێزەكانی پێشمەرگە یەك بستیش نەچووەتە پێش، راستە پارساڵ هەندێك شوێنی نوێمان گرت هەر ئەوەیە هیچ شتێكی تر رووینەداوە، لەئێستادا لەبەرنامەی پارتی و حكومەتی هەرێمدا نیە هێزی زیاتر رەوانەی ئەو ناوچانە بكەین». بابەكر زێباری وتیشی:» هێزەكانی پەكەكە لەهەموو شوێنێك هەیە، لەچیای گارەو چیای سپی، ئەوانە لەبەر لەشكری توركیا هەڵاتوون هاتوونەتەوە ناو گوندەكانمان، ئەو گوندانەی كە چۆڵیش كراون ئەوان تیایدا نیشتەجێ دەبوون، بەڵام ئێستا لەو گوندانەش ناحەوێنەوە، چونكە خەڵكی تیادا نەماوەو ناتوانن خۆیان بشارنەوە چونكە هەندێك ئامێری نوێی پێشكەوتوو دەركەوتوون ئەگەر لەئەشكەوتیش بن ئاشكرادەكرێن». لەبارەی هۆكاری كەمبوونەوەی بۆردومانكردنی ناوچە سنورییەكان لەلایەن فرۆكەكانی توركیا، بابەكر زێباری وتی: «بۆردومانكردنی ناوچەكانمان رانەگیراوە و بەردەوامە، بەڵام بەراورد پارساڵ و پێش چەند مانگێك كەمبووەتەوە ئەوەش هۆكارەكەی هەر بۆ پەكەكە دەگەڕێتەوە، پەكەكە هەر زیادەڕەویی دەكرد لەسەر خاكی ئێمە، بۆیە توركیا هەر دەهاتە پێشەوە «. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری هاوڵاتى كەوتووە لەچەند رۆژی رابوردوو هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق لە پارێزگای دهۆك هێزیان لەكەلا قومری جێگیركردووە، ئەو ناوچەیە یەكێكە لەستراتیژیترین خاڵی سەربازی لەسنوری ناحیەی كانی ماسێ، ئەو خاڵەیە لەبەرامبەر هێزەكانی توركیایە لە زناری كێستە، لەسەر ئەم پرسە بابەكر زێباری وتی: « نازانم هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق هێزێكی خۆیان جێگیركردوە یان نا لەوانەیە كرابێت، مافی ئەوانە بچنە ئەو شوێنانە، زۆرجار شوێنەكانی خۆیان دەگۆڕن و پرسیاریش بەئێمە دەكەن لەبارەی گۆڕینی شوێنەكانیان، ئێمەش پێیان دەڵێین ئەوە پەیوەندی بەئێوەوە هەیە «. موختاری گوندی هرور دەڵێت رۆژی دووشەممە پاسەوانی سنوری عێراق دوو خاڵی دیكەی سەربازییان جێگیركردووە. ئازاد ئەدیب، موختاری گوندی هرور، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « پاسەوانی سنوری عێراق خاڵێكی سەربازی لەكەلا قومرێ جێگیركردووە، رۆژی دووشەمەش خاڵێكی تر لە گوندی سەرەرو جێگركردووە، هەردوو خاڵەكان دەكەونە سنوری ناحیەی كانێ ماسێ«. لەسنوری ناحییەی كانی ماسێ، دووری نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی توركیا زیاتر لە 10 كێلومەترە، هەروەها دوری نێوان هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق و هێزەكانی توركیا كێلومەترێكە لەهەندێك شوێن كێلومەترێك و نیوە. ئازاد ئەدیب ئەوەشی روونكردەوە كە جێگیركردنی ئەو دوو خاڵە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی بۆردومانكردنی ناوچەكە، هیچ نەگۆڕاوەو بۆردومانكردنیش رانەگیراوە.
شاناز حەسەن كێشەی نەبوونی پارە لە بانكەكاندا بەردەوامەو لەنەورۆزەوە تا ئەمڕۆ بەشێك لەخانەنشینان و فەرمانبەری چەند وەزارەتێك هێشتا مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵیان وەرنەگرتووەو بەو هۆیەوە دوێنێ سێشەممە چوارەمین خانەنشین لەچاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەدا لەبەردەم بانكی باخان گیانی لەدەستدا. سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بۆ سەروو سەد دۆلارو زیادبوونی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێم و ناردنی 200 ملیار دینار لەلایەن بەغداو هاوكاری هاوپەیمان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە پرسی دابینكردنی مووچە پەكخراوە. خانەنشینانی هەرێمی كوردستان ژمارەیان 240 هەزار كەسە لەكۆی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەخانەنشینی مەدەنی و سەربازییەوە و دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 10 رۆژ هێشتا بەشێكیان لەچاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەكانیاندان. لە 22ی ئازار لە سلێمانی دوو خانەنشین و لە سۆران خانەنشینێكی دیكە بەهۆی پاڵەپەستۆ و چاوەڕوانیان بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان گیانیان لەدەستداو دوێنێ سێشەمەش لەبەردەم بانكی باخان لەسلێمانی پیاوێكی تەمەن 70 ساڵ كە بۆ وەرگرتنی مووچەكەی چاوەڕێی دەكرد گیانی لەدەستدا. ژنێكی تەمەن 64 ساڵ ، لەكاتی وەرگرتنی مووچەكەیدا لەبەردەم بانكی باخان بە هاوڵاتى وت:» چۆن دەكرێت بە 40 بۆ 50 رۆژ موچەیەك وەربگرین ئەویش بەو داماوییە». ئەم ژنە سێ رۆژە لە بەیانیەكی زووەوە دێتە بەردەمی بانكەكەو تائێستا مووچەكەی وەرنەگرتووە. ئایشە خدر، دایكی چوار منداڵەو خانەنشینی مێردەكەی وەردەگرێت بە هاوڵاتى وت:» زۆر بێزارین لەم شێوازی موچە دابەشكردنە، كە وەك سواڵكەر بەهەفتە دادەنیشین تا 300 هەزارێك وەردەگرین». هەروەها عەبدوڵا محیدین، تەمەن 71ساڵ، پیاوێكی دیكەی خانەنشینە و خاوەن پێداویستی تایبەتە، دەڵێت:» لەپێش نەورۆزەوە هاتوچۆی بانكم كردووە دوێنێ سێشەممە موچەم وەرگرتووە». وتیشی:»تاكە شتێك كە زۆر ناخۆشە ئەوەیە بەسوكایەتی پێكردن موچەمان پێدەدەن، رایدەگەیەنن موچە هەیە، كە دێینە بەردەم بانكەكان زۆر بەخراپی مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن و بەپیری ئاخر شەڕمان دەزانن». لەبەرانبەردا سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی بە هاوڵاتى راگەیاند، لەگەڵ هەموو لایەنەكان لەسەر هێڵن بۆ چارەسەركردنی موچە و بەتایبەتیش شێوازی دابەشكردنی موچەی خانەنشینان بەو پێیەی هەموویان تەمەنێكیان هەیە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» كەمی پارەی پێویست لەبانكەكانی سلێمانیدا ئەم گرفتەی دروستكردووە كە راستەوخۆ پەیوەندی بە نەگەڕاندنەوەی داهاتەكانەوە هەیە». هەرچەندە لە 19-03-2022 وەزارەتی دارایی لیستی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی راگەیاندووە، بەڵام بەهۆی نەمانی پارە لە بانكەكانی سلێمانی، بەشێك لەخانەنشینانی سلێمانی تائێستا مووچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە. لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەسەر پرسی خراپی میكانیزمی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان كۆبووەوە و لیژنەیەكی لاوەكی بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە پێكهێنا. لە راگەیەندراوێكی لیژنەكەدا هاتووە كە بەمەبەستی تاووتوێكردنی پرسی خراپیی میكانیزمی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان و نەناردنی پڕۆژەیاسای بودجە، دوێنێ سێشەممە 29ی ئادار، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری، كۆبووەوە. بڕیاریاندا لیژنەیەكی لاوەكی پێكبهێنێت بۆ بەدواداچوونی پێشنیازەكانی چارەسەری ئەو پرسە لە نزیكترین كاتدا، چونكە ئەوە پرسێكی گرنگە و پەیوەستە بەژیانی هاووڵاتیانی كوردستانەوە. لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە: لیژنەی دارایی ناڕەزایی و گلەیی خۆی لەبارەی نەناردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن حكومەتەوە بۆ پەرلەمان دەربڕی و بڕیاردرا كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت لەسەر ئەو پرسە. دوای بیستنی هەواڵی دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی خانەنشینێكی تر لەسلێمانی لەكاتی نۆرەگرتن بۆ مووچە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، بانگهێشتی عەبدولڕەحمان ساڵح رەشید، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی هەرێم لەسلێمانی كرد بۆ بەغدا و بەدواداچوونی كرد بۆ بەردەوامی و دووبارەبوونەوەی ئەم كێشەیە و رایگەیاند، خانەنشینان رێزلێگیراوترین تاكی كۆمەڵگەن و زۆرینەی تەمەنیان لەخزمەتكردنی كوردستان و خەڵكەكەیدا بەسەربردووە، بۆیە دەبێت مامەڵەیەكی جیاواز و تایبەتیان لەگەڵ بكرێت. هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی هۆشداریشیدایە بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی هەرێم لەسلێمانی و وتی بەهیچ شێوەیەك دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەم شێوەیە قبوڵ ناكەن و ئەركی ئێوەیە لەبەرزترین ئاستدا مامەڵەی خانەنشینان رایی بكەن و بەئەوپەڕی رێزو شكۆمەندییەوە هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكرێت. بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لەوەشكردووەتەوە كە «ئەگەر حكومەت ناتوانێت ئەم دیاردە ناشارستانییە چارەسەر بكات، ئەوا پێویستە بەئاشكرا رایبگەیەنێت. چونكە لەمەودوا نەك لەسلێمانی بەڵكو لەهیچ شارێكی تر دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتە قبوڵ ناكەین». هاوكات بەشێك لەفەرمانبەرانی چەند وەارەتێكی دیكە لەسلێمانی هێشتا هەموویان مووچەكانیان وەرنەگرتووەو كە دەچنە بانك مووچەی حەوت تا 12 فەرمانبەر دەهێننەوەو لەڕۆژی نەورۆز بەدواوە ئەم حاڵەتە بەردەوامە بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵ. لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆمەڵێك پێشنیاریان ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی بانكەكانی سلێمانی خستۆتەڕوو كە چارەسەری دابینكردنی مووچە دەكات و كارئاسانی دەكات تا خانەنشینان لەڕێگەی كارتی خۆیانەوە یان لقەكانی بانك بۆ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان زیاد بكرێت.
عەمار عەزیز شەوی 27ی ئەم مانگە، دكتۆر نایف كوردستانی(گەرگەری) توێتێك لەسەر مەرجەعی باڵای سیستانی بڵاودەكاتەوە ، دواتر ناڕەزایی توند بەدوای خۆیدا هێناو ئەو شەوە بارەگای لقی 5ی پارتی لە بەغدا دەسوتێنرێت، كەسایەتییەكی گەرگەری بۆ هاوڵاتی دەڵێت:" هەركەسێك لەناو هۆزەكەمدا هەڵە بكات پشتگیری ناكەین". شەوی 27ی ئەم مانگە دكتۆر نایف كوردستانی(گەرگەری) كادری پارتی توێتیكی نوسیبوو تێیدا هاتووە " مەرجەعێكی عەرەبمان دەوێت كە لە ئەهلی ئالو بەیت بێت، نەك مەرجەعی هیندی و فارسی"، بەو هۆیەوە لایەنگرانی عەلی سیستانی توڕە دەكات و لەبەردەم بارەگای پارتی لە بەغدا ناڕەزایی دەردەبڕن ، هەر ئەو شەوە بارەگای لقی 5ی پارتی لە بەغدا دەسوتێنن، دوێنێ سێشەمەش پارتی بارەگاكەی رووخاند وەك هەڵوێستێك بەرانبەر نەپاراستنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە. نایف كوردستانی لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا دەڵێت "لە 27ی ئازاردا من تویتێكم كرد و نووسیم: "من لەگەڵ مەرجەعیەتی عەرەبیم، نەك.."، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە من ئەو تویتەم لە كاردانەوەم لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد لەبەر سێ هۆكار". سەبارەت بە هۆكارەكان دەڵێت: یەكەم "من لە هەڵبژاردنی 2018 كاندید بووم و شكستم هێنا. دووەمیان: من لە زانكۆی مووسڵ لە كارە ئەكادیمییەكەم دوورخرامەوە لەبەر ئەوەی بە بڵاوكردنەوەی تائیفیەت تۆمەتبار كرام و پارتی دیموكراتی كوردستان پشتی نەگرتم. سێیەمیشیان هەندێك بەرپرس منیان پەراوێز خست و لە ئەنجامی ئەو فشارە دەروونییەی لەسەرم درووست بوو، هەندێك كەس لێم نزیك كەوتنەوە لەوانە ئەبو ئەدهەم، لە بەغدا و شێخ محەمەد ئەلتەمیمی لە حەشدی وەلائی كە بە ناوی "ابن حشد المقاوم" شت بڵاودەكاتەوە و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش، كە فشاریان لەسەر دروستكردم". نایف وتیشی "لە یەكێتی هەریەك لە لەیلا رێكانی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و لیوا دەحام ئیبراهیم جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی لە نەینەوا و ئەنوەر ئیبراهیم بەڕێوبەری ئاسایشی زوممار لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و فارس حسێن عومەر بەرپرسی كۆمیتەی ئەلعەیاچیە، كە لە كافتریای لۆكا لە گەڕەكی تەناهی دهۆك یەكمان بینی و من دوو مامم بە ناوەكانی حازم ئەحمەد حەسەن و رافد ئەحمەد حەسەن لەگەڵ بوو". كەسایەتییەكی گەرگەری: ئێمە داوامان لە نایف كوردستانی كرد تویتەكەی بسرێتەوە، وەزیرێكی پارتیش بەهەمان شێوە، بەڵام رەتیكردەوە نایف ئەوەش دەخاتەروو كە دوای چەند مانگێك هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئەبو ئەدهەم، فشاریان لەسەر زۆرتر كرد و دوا پەیوەندیش "فارس حسێن عومەر پەیوەندی پێوە كردم و داوایان دەكرد و فشاریان دەكرد، كە سوكایەتی بە مەرجەعیەتی باڵا بكەم". سەفوان بەشیر گەرگەری، راوێژكار لە پەرلەمانی عێراق هاوكات یەكێكە لە كەسایەتییەكانی هۆزی گەرگەری لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت " كاك نایف گەرگەری هاورێی خۆمە و لە هۆزی گەرگەری یە ، دەیانجار ئامۆژگاریم كردووە كە خۆی دوور بگرێت لەبڵاوكردنەوەی ئەو شتانەی كە دەبێتە نیگەرانی حزبێك یان لایەنێكی ئایینی، دیارە ئامۆژگارییەكانی بەهەند وەرنەگرتووە، ئەوەی كردوویەتی زۆر خراپ بووە بەتایبەت لەم كاتەدا كە پارتی و چەند لایەنێك لە هەوڵی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقن". سەفوان بەشیر ووتیشی" ئەم پرسە هیچ پەیوەندی بە عەشیرەتەوە نیە، پرسێكی سیاسی یە هەركەسێك لە عەشیرەتەكەی خۆم كارێكی خراپ بكات بەدڵنیایەوە پشتگیری ناكەین خۆ ئەگەر كوری منیش بێت". ناوبراو ئەوەشی ئاشكرا كرد كە، بۆ زانیاری هەموو لایەك ئەو شەوەی نایف گەرگەری ئەو تویتەی كرد، بەنگین رێكانی وەزیری پێشووی حكومەتی عێراق سەر بە پشكی پارتی پەیوەندی بە نایف دەكات و داوای لێ دەكات تویتەكەی بسرێتەوە، بەڵام نایف گەرگەری ڕەتی دەكاتەوە. "منیش داوام لێكرد كە ئەو تویتەی ئەو كردوە مەسح بكات و بیسرێتەوە، بەڵام ئەو هەر سور بووە و پێی وابوو شتێكی ئاسایی بڵاوكردوتەوە"، سەفوان بەشیر گەرگەری وا دەڵێت. سەفوان گەرگەری جەختی لەوەشكردەوە كە دكتور نایف كوردستانی زیندانكراوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێم" بەپێی زانیاریەكانم لە دهۆك حوكم دەدرێت، نازانم شەش مانگ یان ساڵێك یان زیاتر لە زیندان دەبێت، بووچوونی ئێمە ئەوەیە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ لەگەڵ دكتور نایف بكرێت، دادگا هەر بڕیارێكیدا پاپەند دەبین و پشتگیری لە بڕیارەكەی دادگا دەكەین". دكتۆر نایف ئەحمەد كوردستانی لە هوزی (گەرگەری) كاندیدی ژمارەی ( 30) پارتی بووە لە هەڵبژاردنی 2018، نزیكەی هەزار دەنگی هێنا، لە ساڵی 1982 لە گوندی هەریر سەربە ناحیەی زوممار لە دایك بووە، دكتورایی لە زمانی عەرەبی هەیە لە زانكۆی موسڵ مامۆستا بووە . رۆژی دووشەممە شوان محەمەد، بەرپرسی لقی 5ی پارتی لە بەغداد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەوەی دووپاتكردەوە كە پارتی بێبەریە و داوای لێبوردنیشیان كرد.
هاوڵاتى پاش تێپەڕبوونی 29 رۆژ بەسەر جەنگی رووسیا بەرانبەر ئۆكرانیا و كوژرانی 10 هەزار سەربازی سوپای پوتن هێشتا بەردەوامە و هۆشدارییەكانی ئەوروپاو ئەمریكا رایناگرێت. رۆژی 24ی شوباتی 2022، پوتن جەنگی بەرانبەر ئۆكرانیا راگەیاند كە داگیركارییەكەی بە «ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی تایبەت» ناوبرد و هێزەكانی ئۆكرانیا ڕووبەڕووی هێزەكانی ڕوسیا بوونەتەوەو ڕۆژئاواش سزای ئابووری توندی بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە. رۆژنامەی كۆمسۆمۆلسكایا پراڤدای میللی سەر بە كرملین لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە كە 9 هەزار و 861 سەربازی رووسیا لەماوەی 24ی شوبات تا 22ی ئازار كوژراون. هەروەها رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئەمریكی ئاماژەی بە كوژرانی حەوت هەزار سەربازی روسیا كردووە كە كوژراون و سێ جەنەراڵی گەورەشیان تێدایەو 12 هەزار سەربازی دیكەشیان برینداربوون. هاوكات بەپێی راپۆرتێكی واشنتن پۆست كوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی سوپای روسیا بۆ ئەوە دەگەرێننەوە كە ئۆكرانیا خاكێكی فراوانی هەیەو سەربازە رووسەكان ئاشنای ناوچەكان نین و پوتنیش پێیوابووە لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا سەرجەم خاكی ئۆكرانیا كۆنترۆڵ دەكەن و تەنانەت خەمڵاندیان وابووە كە خاركیڤی پایتەخت لەماوەی 72 كاتژمێردا كۆنترۆڵ دەكەن. سەرەرای ئەوەی كە ئێستا جەنگ بەردەوامە و سوپای رووسیا لە هەوڵی بەردەوامدایە دەوری خاركیڤی پایتەخت بگرێت و لە چەندین شوێنیش بازگەی داناوەو بەندەری مارپۆڵی كۆنترۆڵ كردووە، بەڵام هێشتا سەرۆكی ئۆكرانیاو هێزەكانی سوپای وڵاتەكەی بەرگری لە خاكی ئۆكرانیا دەكەن و لەلایەن ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپاوە بە چەك و تانك و موشەكی دژە فرۆكە هاوكاری ئۆكرانیا دەكەن. سەرۆكی ئۆكرانیا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ ئاگربەست لەگەڵ ڕوسیا، لەسەر پابەندبوونی وڵاتەكەی بەهەوڵنەدان بۆ ئەندامبوون لەهاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسیی (ناتۆ) رۆژی 22ی ئازاری 2022، ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر پابەندبوونی وڵاتەكەی بەهەوڵنەدان بۆ ئەندامبوون لەهاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسیی (ناتۆ) بكات ئەگەربێتو لەبەرامبەردا ڕوسیا ئاگربەست ڕابگەیەنێتو هێزەكانی لەناو خاكی ئۆكرانیا بكێشێتەوەو گەرەنتی ئاسایشی ئۆكرانیا بدات. هەروەها راشیگەیاند كە ئەوە چارەسەرێكی مامناوەندە بۆ هەموولایەك، بۆ ڕۆژئاوا كە نازانێت لەبابەتی بوون بەئەندامی ناتۆ چۆن مامەڵەمان لەگەڵدا بكات، بۆ ئۆكرانیاش كە دەیەوێت گەرەنتی ئەمنیی دەستبكەوێت، هەروەك بۆ ڕوسیاش كە نایەوێت چیتر ناتۆ فراوان ببێت. سەرۆكی ئۆكرانیا داواشیكردووە، دیداری ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی ڕوسیا ئەنجامبدات و راشیگەیاند كە ئامادەیە لەگەڵ پوتن لە ئۆشەلیم یەك ببینن و گفتوگۆ بكەن. هەریەكە لە توركیاو ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی دیكە ئامادەییان پیشانداوە بۆ كۆبونەوەی لوتكەی نێوان ڤلادیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن و ئاگربەست رابگەیەنن، بەڵام هێشتا پوتن ئامادە نییە وەڵام بداتەوە. بەمەبەستی هاوكاریكردنی هێزەكانی سوپای ئۆكرانیا، ویلایەیە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ژمارەیەك چەك و سیستەمی بەرگری ئاسمانی رەوانەی ئۆكرانیا دەكات كە دروستكراوی سۆڤیەتن. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) سیستەمی بەرگری سۆڤیەتی لە جۆری »SA-8» رەوانەی ئۆكرانیا دەكات كە تەمەنی دەیان ساڵە. هەروەها ئەوەشی خستۆتەروو كە ئەمریكا ئەم جۆرە سیستەمەی بەشێوەیەكی نهێنی دەستكەوتووە، هەتا دەزگای هەواڵگری پشكنین بۆئەو تەكنەلۆجیایە بكات كە روسیا لەجەنگدا بەكاریدەهێنێت. خۆبەخشەكان ئاگری جەنگ خۆش دەكەن هەریەكە لە رووسیاو ئۆكرانیا دەرگایان كردووەتەوە بۆ ئەو كەسانەی وەك خۆبەخش دەچنە ریزی سوپاكانیانەوە. دمیترۆ كۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، تا ئێستا بیست ھەزار خۆبەخشی بیانی ئامادەییان دەربڕیووە بۆ ئەوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووسیا ڕوو لە ئۆكرانیا بكەن وھاتنی خۆبەخشە بیانییەكانیش دەستیپێكردووە. وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا راشیگەیاند كە ئەو بیست ھەزار خۆبەخشەی كە ئامادەن بەرگری لە وڵاتەكەیان بكەن زۆرینەیان لە وڵاتانی ئەوروپین. پێشتر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا داوای لەو كەسانە كردبوو كە دەیانەوێت بە خۆبەخش ڕوو لە ئۆكرانیا بكەن و بەرەنگاری ڕووسیا ببنەوە، پەیوەندی بە باڵیۆزخانەكانی وڵاتەكەیانەوە بكەن. لەبەرانبەردا سوپای رووسیا لەرێگەی چەكدارانی چیچانەوە هاوكاری دەكرێت و بڕیارە بەم نزیكانە زیاتر لە هەشت هەزار میلیشیای سوری بگاتە مۆسكۆ بۆ ئەوەی بەشداری شەر دژی ئۆكرانیا بكەن، بەڵام هێشتا گەیشتنی میلیشیاكانی سوریا كە وەك»خۆبەخشی جەنگ» ناویان دەبرێت پرۆسەی گواستنەوەیان دەستی پێ نەكردووە. رووسیا تەكتیكی جەنگ بەرانبەر ئۆكرانیا دەگۆرێت وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، بەم نزیكانە بە چەكی دورھاوێژ ھێرشی ورد دەكەنە سەر دامەزراوە سەربازییەكانی ئۆكرانیا، بۆیە پێویستە بە زووترین كات كرێكار و كارمەندەكان ئەو دامەزراوانە چۆڵ بكەن. ئیگۆر كوناشینكۆف راشیگەیاند كە بەكارھێنانی فڕۆكەخانەی وڵاتانی دراوسێ لە لایەن ھێزی ئاسمانی ئۆكرانیاوە، واتە ئەو وڵاتانەش بە كردار بەشداری شەڕی ئۆكرانیا دەكەن. لەبەرانبەردا خۆراگری سوپای ئۆكرانیا جیهانی تووشی سەرسورمان كردووە لەبەرانبەر سوپا و هێزە زەبەلاحەكەی رووسیادا بەشێوەیەك زیلینسكی وەك پاڵەوانی ئەوروپا ناودەهێندرێت. دیلەكانی جەنگ ئاڵوگۆر دەكرێت ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری تاتیانا مۆسكالكۆڤا، كۆمسیاری مافەكانی مرۆفی روسیاوە بڵاویكردوەتەوە، روسیا لیستێكی بە وردەكارییەوە رەوانەی رێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی كردوە و زانیاری لەبارەی 500 دیلی ئۆكرانیا لای وڵاتەكەی خستوەتەروو. هەروەها ئەوەش دووپاتكراوەتەوە كە رووسیا ئامادەیی تێدایە ئەو دیلانە بەو سەربازە روسانە بگۆڕێتەوە، كەلەلایەن هێزەكانی سوپای ئۆكرانیاوە زیندانیكراون لەماوەی 29 رۆژی رابردووی شەڕی نێوان هەردوولایاندا. وەزارەتی بەرگری ئۆكرانیاش ئەوەی ئاشكرا كردووە كە 562 دیلی سوپای رووسیایان دەستگیر كردووە. ئیرینا فیریشۆك، جێگری سەرۆك وەزیرانی ئۆكرانیا رایگەیاند كە 562 دیلی روسیایان لەلایە، جگە لە تەرمی ژمارەیەكی دیكە لە سەربازانی روسیا. جەنگی ساردی رووسیاو ئەمریكا پەرە دەسێنێت دوای دەستپێكردنی هێرش و پەلامارەكانی سوپای روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا سەدان جۆر سزای ئابووریان خستۆتە سەر مۆسكۆ لەپێناو لێدان لە ئابووری وڵاتەكەو چەندین ملیاردێری وڵاتەكە بە دەیان ملیار دۆلار زەرەریان كردووە سەرەرای دابەزینی بەهای رۆبڵی رووسی بەرانبەر دراوە بیانییەكانی دیكە. لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا جۆو بایدن بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند كە» پوتن تاوانباری جەنگە كە هەزاران سەربازی بۆ ئۆكرانیا ناردووە»، ئەمەش كاردانەوەی توندی رووسیای لێكەوتەوە ڕوسیا نیگەرانیەكانی خۆی بەرامبەر ئەمریكا ئاشكراكردو ڕایگەیاند، «بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمریكای لەوڵاتەكەی كردووە تا پێی بڵێت لێدوانەكەی سەرۆكی ئەمریكا جۆو بایدن سەبارەت بەوەی «پوتن تاوانباری جەنگە» پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵاتەكەی خستۆتە سەر لێواری ڕووخانەوە». وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد كە «ئەو جۆرە قسانە لەسەرۆكی ئەمریكاوە قسەیەك نین دەوڵەتمەدارێك بەو پلە بەرزەوە بیكات، پەیوەندییەكانی نێوان ڕوسیاو ئەمەریكاشی خستۆتە سەر لێواری ڕووخانەوە». وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئاماژەی بەوەداوە، بەجۆن سۆلیڤانی باڵیۆزی ئەمریكایان وتووە، «كردەوە دوژمنكارییەكان دژی ڕوسیا ڕووبەڕووی وەڵامێكی توندو یەكلاكەرەوە دەبنەوە». وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا بەردەوامن لە ناردنی چەك و تەقەمەنی و مووشەكی دژە فرۆكە بۆ ئۆكرانیا و رووسیاش ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە هاوكاری سەربازی ئۆكرانیا بەمانای بەشداری جەنگی ئەو وڵاتانە دێت بەرانبەر رووسیا. هەروەها ناتۆ رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بریاریدا سێ كەشتی پڕ لە چەك و مووشەك لەرێگەی وڵاتی پۆڵنداوە رەوانەی ئۆكرانیا بكات.
عەمار عەزیز پێكدادانەكانی سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كورستان(پەكەكە) لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا بەردەوامە لەبەشێك لە ناوچەكانی بادینان، بەرپرسان و هاووڵاتیانی دهۆك داوایەك ئاراستەی حكومەتی هەرێم و پەكەكە دەكەن و داوا دەكەن ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا رابگیرێت. سوپای توركیا دەیان كیلۆمەتر خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووەو سەدان بنكەی سەربازی لە قەزاو ناحییەكانی پارێزگای دهۆك و گوندەكان دروستكردووەو بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەكەی بەرانبەر پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە). لەكۆنگرەی میونشن خلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا ڕاگەیاند لەسەر پرسی روبەرووبونەوەی پەكەكە لەگەڵ بەرپرسانی عیراق و هەرێمی كوردستان كوبووینەتەوە ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەكان دژی تیرۆرە، هەموو كات بەرپرسانی حكومەتەكەی ئەردۆغان بوونی پەكەكەیان بە مەترسی زانیووە و لەبەرانبەردا پەكەكە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بوونی ئەوان لەسەر خاكی هەرێم بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردە. بەرپرسان و هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك داوایەك لە پەكەكەو حكومەتی هەرێم دەكەن بەرپرسان و هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك و گوندەكان داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەن سنورێك بۆ لەشكركێشییەكانی توركیا دابنێن و پەكەكەش شەڕ بباتەوە بۆ كوردستانی باكور، چونكە بەو هۆیەوە تووشی زیان بونەتەوە. عیسا عەلی، مامۆستای ئامادەیی لە ناحیەی شیلادزێ سەر بە قەزای ئامێدی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت « پرسی ئارامبوونەوەی ناوچەكانمان تەنها بە دووشت چارەسەر دەبێت ، یەكەم پێویستە پەكەكە یەكجاری لەخاكی هەرێم بكشێتەوە تا هیچ بیانوویەك بۆ توركیا نەمێنێت و زیاتر ناوچەكانمان بوردوومان نەكات ، لەبەرامبەریشدا حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان پێكەوە كارلەسەر ئەوە بكەن هێزەكانی توركیا لە خاكی هەرێم دەربكەن». «ئێمە نامانەوێت هیچ هێزێكی بیانی لەسەر خاكی ئێمە بمێننەوە ئەگەر ئەوان لێمان بگەرێن بەدڵنیایەوە هیچ كێشەیەكمان نابێت و هەموو ئەو خەڵكانەی گوندەكانی خۆیان جێهێشتووە جارێكی تر دەگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان و دەست بە چاندن و كۆمەڵێك شت دەكەن ، سوودی بۆ هەموو لایەك دەبێت»، عیسا عەلی وای وت. ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت:»بۆچونمان ئەوەیە پەكەكە بە دیالۆك كێشەكانی لەگەڵ توركیا چارەسەر بكات». رزگار سدقی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت « تەنها لە سنوری پارێزگای دهۆك زیاتر لە 275 گوند بەوهۆی شەری توركیاو پەكەكە چوڵكراون ، جگەلەمەش ساڵانە هاووڵاتیان سەدان ملیون دینار زەرەرمەند دەبن « رزگار سدقی ووتیشی « تاوەكۆ ئێستا 34 هاووڵاتی سڤیل بەهۆی بوردومانی فرۆكە جەنگیەكانی توركیا شەهیدكراون ، سەدان گەنج بێكار ماونەتەوە، چونكە ناتوانن سەردانی گوندەكانی خۆیان بكەن تا ئیش لەناو باخەكانی خۆیان بكەن». نەواف میكائیل، مامۆستایە لە شاری دهۆك لەسەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر پەكەكە لەسنوری پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى پێیوابوو ئەگەر پەكەكە نەبووایە بێگومان ئەو شەڕو ئاڵوزییەی نەدەبوو وتیشی:»شوێنی پەكەكە هەرێمی كوردستان نیە با شەڕی خۆیان بگوزانەوە بۆ ناو خاكی توركیا « نەواف میكائیل باسی لەوەشكرد لەترسی بۆردومانەكانی توركیا ناتوانن بچنە باخەكانی خۆیان كە لە گوندێكی سەر بە قەزای ئامێدین، چونكە چەندینجار دەوروبەری گوندەكە بە سەختی بوردومان كراوە»تەنها هاووڵاتیان زەرەرمەندی ئەو شەرەن كە لەم ناوچەیەدا دەكرێت». سدقی نەوزاد یەكێكی دیكەیە لە دانیشتووانی سنوری قەزای ئامێدی باسی لەوەكرد كە زیاتر لە 20 ساڵە لەژێر ئاڵوزی و شەڕی پەكەكە و توركیادا دەژین و رۆژانە ناوچەكانیان بۆردووماندەكرێن و كەس وكارەكانیان لەسەر خاكی خۆیان دەكوژرێن، وتیشی:»سەدان جار ووتوومانە دەبێت پەكەكە شەڕی خۆی بگوازێتەوە بۆ ناو خاكی توركیا، بەڵام هیچ سوودی نەبووە ، سەڕەرای هەموو ئەمانە حكومەتی عیراق زۆرجار باس لە سەروەری خاكی خۆی دەكات ئەی بۆچی بێ دەنگە لەبەرانبەر هاتنی سوپای توركیاو بۆردومانەكانی». موختاری گوندی هرور دەڵێت بۆردومانەكانی توركیا بەرداوەمە لەسەر ناوچەكانیان و زیانی دارایی بەر هاووڵاتیانی گوندەكەیان كەوتووە. ئازاد ئەدیب موسا، موختاری گوندی هرورە لە سنوری ناحیەی كانێ ماسێ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت « لە رێكەوتی 4 و 5 و 6 ئازار فرۆكەی توركیا بۆ چەند جارێك سەنتەری گۆندی هرور و دەوروبەری بۆردوومان كرد ، بۆ یەكەمجار فرۆكەی توركیا 13 تۆپی ئاراستەی ناو گوندی هرور كرد ،زیانی گیانی نەبووە بەڵام زیانی دارایی بە 10 ماڵ گەیشتووە، پەنجەرە و شتەكانی ناو ماڵ شكێندراون، زیانەكان لە 300 هەزار دینارەوە تا دەگاتە 3 ملیون دینار دەبێت». لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق لەماوەی چەند مانگی رابردوو سەردانی ناحییەی كانی ماسێ یان كرد و رایانگەیاند كە راپۆرتێك ئامادە دەكەن لەبارەی زیانەكانی بۆردومانەكانی توركیا، بەڵام تا ئێستا دەرئەنجامی نەبووە. ئازاد ئەدیب موسا باسی لەوەكرد كە ئەو لیژنەی كە پێش چەند مانگێگ سەردانی سنوری ناحیەی كانی ماسێ و قەزای ئامێدیان كردووە هیچ دەرئەنجامێكی نەبووەو یەك كەس تا ئێستا قەرەبوو نەكراوەتەوە ، بەپێچەوانەوە خەڵك زیاتر زیانی بەركەوتووە جگە لەمەش ترس ودڵەڕاكێیەكی زۆر لەناو خەڵكی گوند دروستبووە. قایمقامی ئاكرێ: راگرتنی بۆردومانەكانی توركیا پەیوەندی بەعێراقەوە هەیە مازن محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای ئاكرێ ئەوەی دووپاتكردەوە كە تا ئێستا هیچ هاووڵاتییەك كە بەهۆی بۆردومانی توركیاوە كە زیانی پێگەیشتووە قەرەبوو نەكراوەتەوەو هەموو داتا و زانیارییەكانیان داوەتە ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق. مازن محەمەد سەعید ووتیشی :» بابەتی قەرەبۆكردنەوەی هاووڵاتیان و راگرتنی بوردومانی فرۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانمان زیاتر پەیوەندی بە حكومەتی عیراقەوە هەیە، ئەوان دەبێت ئەم كێشەیە بە گڤتۆگۆ لەگەڵ توركیا چارەسەر بكەن، تا ئێستاش بوردوومانكردن بەردەوامە». پەكەكە: داگیركارییەكانی توركیا مەترسی گەورەیە لەسەر كورد جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی سەرۆكایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان – كەجەكە لەپەیامێكیدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە رایگەیاند:» پێویستە گەلی كورد بە ڕۆحی نەورۆز لەدژی ستەم و داگیركاریی دەوڵەتی تورك بوەستێتەوە، ئەگەر نا مەترسییەكی گەورە لەسەر گەلی كورد هەیە»، دەشڵێت:» پەكەكە پشكی هەیە لە دروستبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەشیپارێزێت». هاوسەرۆكی كۆنسەی سەرۆكایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان – كەجەكە راشیگەیاند كە:»ڕێبەر ئاپۆ، پەكەكە و تێكۆشانی ئازادیی لەم ڕۆژەدا و بەڕۆحی نەورۆز دروستكردووە، هیچ هێزێك ناتوانێت پێش بەو ڕۆحە بگرێت، چونكە ئەو ڕۆحە ڕۆحی یەكێتی، بەرخۆدان، ئازادیی، بردنەوە و ژیانەوەیە، واتای چارەسەرییە، تێگەشتنە لە كێشەكان و چارەسەركردنیانە، ڕێبەر ئاپۆ بە ڕۆحی نەورۆز ڕۆحی سەرۆكایەتی پارتێكی پێشخست و گەیاندییە ئەمڕۆ كە دەستكەوتی گەورەی بۆ گەلی كورد هەبووە، ئەگەر لە باشووری كوردستان ستاتۆیەك دروستبووە بەشێكی بە ڕۆڵی پەكەكە بووە و پەكەكەش بەشێكە لە پاراستنی ئەو ستاتۆیە. هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە دەوڵەتی تورك ئەمڕۆ لەسەر گەلی كورد سیاسەتی قڕكردن بەڕێوەدەبات و سیاسەتی داگیركاریی پێشدەخات و دیمۆگرافیای كوردستان دەگۆڕێت و كۆمەڵكوژیی ئەنجامدەدات، دەشڵێت:» دەیانەوێت پەكەكە و كوردی ئازاد لەناوببەن، پێویستە گەلی ئێمە ئەم ڕاستییە ببینن و لە دژی ئەم خیانەتە بوەستنەوە، ئەوكاتە دەتوانێت خۆی بپارێزێت و تێكۆسانی ئازادیی پێشبخات». ئەنجومەنی خۆبەرێوەبەری شەنگال: توركیا هەموو ناوچەكان بۆردوومان دەكات لەبەرانبەردا جێگری هاوسەرۆكی دەستەی ئەنجومەنی خۆبەرێوەبەری شنگال دەڵێت پەكەكە لەسەر سنورەكانی نێوان خاكی هەرێم و توركیا خەبات دەكات لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد. ئازاد حسێن، جێگری هاوسەرۆكی دەستەی ئەنجومەنی خۆبەرێوەبەری شنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت «بۆ ئێمە باشوری كوردستان و باكور وەكو یەك وایە هیچ جیاوازی نیە ، دوژمن خاكی كوردی دابەشكردوە بۆ چوار پارچە بەڵام لە بنەڕەتدا یەك پارچەیە « ئازاد حسێن ووتیشی « خەباتی پەكەكە لەو ناوچانە تەنیا دژی دوژمنە كە ئەویش توركیایە، لە هەمانكاتدا توركیا جیاوازی لەنێوان خاكی باشور و ناوچەكانی تر ناكات، فرۆكەی ئەوان شەنگال وسنورەكانی هەولێر و دهۆك بۆردوومان دەكات، ئێمە پەكەكە بە دۆستی خۆمان دەزانین و خەباتی ئەوان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی كورد بەرز دەنرخێنین«.
عەمار عەزیز حكومەتی هەرێم جگە لەمووچەیان پاداشتێكی بۆ ئەو پزیشك و پەرستار و كارمەندانەی دابین كردووە كە لەنەخۆشخانەكانی كۆرۆنا دەوام دەكەن، بەڵام تائێستا پێییان نەدراوە . عەبدولستار ئەحمەد، كارمەندی تەندروستی لە بەشی تاقیگەی پشكنینی كۆرۆنا كەهەر 2019 و سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تا ئێستا لەسەر كارەكەی بەردەوامە بە بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە لە 2019 سەرۆكی حكومەت پاداشتێكی تایبەت بۆ ئەو پزیشك و پەرستار و كارمەندانە دابین كرد كە لەنەخۆشخانەكانی كۆرۆنا دەوام دەكەن، لە مانگی نیسانی 2019 ئەو بڕە پارەیەیان وەرگرت، وتیشی:» مانگانە 500 هەزار دینار بوو، بەڵام بەداخەوە لە 2021 كەمكرایەوە بۆ 300 هەزار دینار « عەبدولستار ئەحمەد ووتیشی « پاداشتەكانی مانگی 11 و 12 ساڵی 2020بە ئێمە نەدراوە و خوڕاوە، دواتر لە 2021 پاداشتەكەی من و تەواوی كارمەندان كەمكرایەوە ، هی من 200 هەزار یان بڕی ، سەرەتا 500 هەزار دینارم وەردەگرت ئێستا بووە بە 300 هەزار دینار ، چەند جارێك پرسیارمان كردوە كوا پارەی ئەو دوو مانگە بە ئێمە دەڵێن پارە نیە» «جارێك سەرۆكی حكومەت سێ ملیار دینار و جارێكی تر 905 ملیۆن دینار بۆ ئەو كارمەندانە دابین كرا كە لەنەخۆشخانەكانی كۆرۆنا دەوام دەكەن ، پرسیاری ئەو پارەمان كرد دیسان ووتیان بۆ هەندێك شتی تر خەرجكراوە، ژمارەیەك خێرخواز و كەسایەتی و رێكخراوەكان پارەیان بۆ كارمەندانی نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا دابین دەكرد بەڵام بۆئێمە خەرج نەكراوە ، نازانین ئەو پارەیە بۆچ شوێنێك رویشتووە و چوون خەرجكراوە « عەبدولستار ئەحمەد وا دەڵێت . سەباح عەلی ، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت « بەدواداچوونمان كردوە بۆ ئەو بابەتە دەڵێن پارە نەماوە بۆ ئەو كارمەندانە خەرجی بكەین كە بڕی پێویستی پارەكە بۆ ئەو كارمەندانە دابین كرابوو، بەڵام دیارنەماوە «
شەنای فاتیح «براكەم وەك ئەو خەڵكە بەیانی زوو بۆ وەرگرتنی مووچەكەی چووە دەرەوە و تا نزیكەی پێش مووچە وەرگرتنیش منداڵەكانی قسەیان لەگەڵ كردووە، بەڵام لەناكاو هەواڵ هات كە رووداوێكی نەخوازراو روویداوە و لە پزیشكی داد تەرمەكەی تەسلیمان كراوەتەوە»، برای یەكێك لەو خانەنشینانەی لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەدا گیانی لەدەستدا وای وت. سێ هاونیشتیمانی لەكاتی وەرگرتنی مووچەی خانەنشیاندا گیانیان لەدەستدا، دووانیان لە سلێمانی بەهۆی پاڵەپەستۆو ئەوی دیكە لە قەزای سۆران جەڵدە لێیدا خانەوادەكانیان باسی رووداوەكە بۆ هاوڵاتى دەكەن. حكومەتی هەرێم مووچەی مانگی شوباتی بۆ ماوەی 45 رۆژ دواخست كە دەبوو لە 25 شوباتدا دابەشی بكات، بەڵام رۆژی 11ی ئازار مووچەی وەزارەتی تەندروستی وەك یەكەم وەزارەت راگەیاندو بەدوایدا وەزارەت و دەستەكانی دیكە، لەكۆتا رۆژی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتدا كە رۆژی 20ی ئازار بوو خانەنشینان مانەوە لەبەردەم بانكەكاندا بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان. خانەنشینان ئەو توێژەن كە دەیان ساڵ خزمەتیان كردووە لە وەزارەتە جیاوازەكانی حكومەت و بەشێكیان وەك خانەنشینی مەدەنی و ئەوانی دیكە وەك خانەنشینی سەربازی مووچە وەردەگرن كە زۆرینەیان تەمەنیان لەسەرو 65 ساڵییەوەیە كە لەكۆی ملیۆنێك و 207 هەزارو 273 مووچەخۆر 240 هەزار كەسیان لە خانەنشینان پێكهاتوون. لەسلێمانی لەبەردەم بانكی تانجەرۆ خانەنشینان شەوەكەی چوونە بەردەم بانك و بەشێكیان تا بەرەبەیان مانەوەو وێنەو ڤیدیۆكانیان لە تۆرە كۆمەڵایەتیان بڵاوكرایەوە و كاردانەوەی ناوخۆی لێكەوتەوەو حكومەت بەبەرپرسیاری یەكەم تۆمەتبار دەكرێت كە دۆخەكەی بەو ئاقارە گەیاندووە. سیروان ئیسماعیل، برای (ئازاد ئیسماعیل) ی تەمەن 74 ساڵ، یەكێك لەو خانەنشینانەی كە لە شاری سلێمانی لە كاتی وەرگرتنی مووچەكەی گیانی لەدەستدا، لە لێدوانێكدا بە بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد كە براكەی وەك ئەو خەڵكە بەیانی زوو بۆ وەرگرتنی مووچەكەی چووە دەرەوە و تا نزیكەی پێش مووچە وەرگرتنیش منداڵەكانی قسەیان لەگەڵ كردووە، بەڵام لەناكاو هەواڵ هات كە رووداوێكی نەخوازراو روویداوە و كاتێك زانییان لە نەخۆشخانە بوو و لە پزیشكی داد تەرمەكەی تەسلیمیان كراوەتەوە. هەروەها وتیشی:» براكەم هیچ بارودۆخێكی نائاسایی نەبووە و پێشترهەر خۆی دەچوو مووچەكەی وەردەگرت، بەڵام رەنگە شێوازی دابەشكردنی مووچەكە هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی كەسەكان تووشی ئەو بارودۆخە ببن و پێویستە چارەسەربكرێت و ئەو كەسەی كە دەچێت مووچەكەی وەربگرێت تووشی چەرمەسەری و هیلاكی نەبێت». سیروان ئیسماعیل ئەوەشی روونكردەوە كە سكاڵایان لەسەر كەس نییە چونكە رووداوەكە رووداوێكی شەخسی نیە و كێشەیان لەگەڵ كەسدا نییە، ئەو بابەتەیان داوەتە دەست خودا. هاوكات، مەلا مشیر، ئامۆزای (ئەحمەد عەزیز)ی تەمەن 72 ساڵ، ئەو خانەنشینەی كەلە شارۆچكەی سۆران لەكاتی وەرگرتنی مووچەكەیدا گیانی لەدەستدا، بەهاوڵاتى وت:» كاك ئەحمەد پێشتر هیچ نەخۆشیەكی نەبووە، بەڵام لەنێو قەرەباڵغییەكەدا و بەو تەمەنەوە پاڵەپەستۆ هەبووە و تووشی ئەو بارودۆخە بووە و 10 خولەك پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە». «تائێستا باس لەوە نەكراوە كە سكاڵا تۆماربكەین یان نا و داواشمان لە حكومەتی هەرێم كرد كە بارودۆخی خانەنشینان باشتربكات و ژمارەی كارتیان بۆ بكرێتەوە و مانگانە مووچەكەیان بچێتە سەر كارتی حساباتیان و ئیدی ئەو پاڵەپەستۆ و سەرەگرتن و ئەو هات ونەهاتەش نامێنێت»، مەلا موشیر ئامۆزای ئەحمەد عەزیز وای وت. سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە راستی ئەو بابەتە و ئاشكراكردنی كەمتەرخەمییەكان بۆ بەدواداچوونی یاسایی و داوایان لە وەزیری دارایی كرد كە میكانیزمی گونجاو بۆ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان. بەڕێوبەری پێشووی بانكی دیجلە و فورات دەڵێت: داوامان كرد مووچەی خانەنشینان بكرێت بەسیستەم، بەڵام حكومەتی هەرێم رەتیكردەوە. ئەمیر مەحمود، بەڕێوبەری پێشووی بانكی دیحلە و فورات لە سلێمانی، لە لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى باسی لەوەكرد كە لەگەڵ چەند بانكێكدا پڕۆژەیەكیان پێشكەش بەوەزارەتی دارایی و ئابووری كردووە كە ئەوات شێخ بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی بووە، بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینی بكرێت بە سیستەم و بۆ ئەوە مەبەستەش لەگەڵ بەڕێوبەری ئێستای بەشی یاسایی لە وەزارەتی دارایی دانیشتنیان ئەنجامداوە و پڕۆژەكەیان پێشكەشكرد. ئەمیر مەحمود وتیشی:» ئێمە سیستەممان هەیە و دەتوانین مووچەی خانەنشینیتان بۆ بكەین بە سیستەم و مانگانە بڕی پارەكە چەند بێت ئێمە بە ئامێری ئای تی ئێم مووچە دابەشدەكەین، كە مووچەخۆر هەوێكەی دەدرێت لە ئامێرەكە و لە هەوێكەی كارتی ئەلیكترۆنی بۆ دروستدەكرێت». بەرێوەبەری پێشووی بانكی دیجلەو فورات ئەوەشی خستەروو كە سەرەتا رازیبوون و دواتر پاشگەزبوونەوە و وتویانە خۆیان ئەو كارە جێبەجێدەكەن. «جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كارێكی ئاسانە و لەو سیستەمەدا دەتوانیت مووچە بدرێت بە خانەنشین، هەروەها قەرزی پێبدرێت، بەڵام لە بانكی حكومیدا ناكرێت و لە بانكی ئەهلیدا دەكرێت، چونكە پێویستی بە سیستەمی ئەلیكترۆنییە و لە بانكە حكومییەكاندا سیستەمی ئەلیكترۆنی نییە»، ئەمیر مەحمود وا دەڵێت. جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان: وەزارەتی دارایی شكستی هێناوە هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:: ئێمە وەك لیژنە هیچ بەدواداچوونێكمان بۆ گیانلەدەستدانی ئەو خانەنشینانە نەكردووە چونكە لە پشووی پەرلەماندا بووین و داواكاری گشتی كەیسەكەیان جوڵاندووە، بەڵام بابەتەكە دەرخەری ئەوەیە كە شێوازی دابەشكردنی مووچە بە تایبەت بۆ خانەنشینان كە بەو تەمەنە دێن سەرە دەگرن بۆ وەرگرتنی مووچە و شەو دەمێننەوە بەڕاستی مەعقول نییە بەو شێوەیە بێت و پێویستە وەزارەت پێداچوونەوە لە ئیدارەكردنی وەزارەتی داراییدا بكات». ئەو پەرلەمانتارەی پارتی پێشیوابوو كە «وەزارەتی دارایی شكستی هێناوە»، وتیشی:» وەزارەتی دارایی بەرپرسە لە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و لە كۆی ملیۆنێك و ٢٠٧هەزار و ٢٧٣ مووچەخۆری هەرێمی كوردستان ٢٤٠هەزار كەس خانەنشینن و ئەو رووداوەش كە رووی دا هیچ مەعقول نییە». ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم لە پشكی گۆڕان بەهۆی پرسی داهاتەكانی ناوخۆوە نیگەرانە لە حكومەتی هەرێم و بەو هۆیەوە دەوام ناكات و چووەتەوە بۆ ماڵەوە. هێڤیدار وتی:» پێویستە وەزیر بێتەوە دەوام و جارێكی دیكە بابەتی هاوشێوە رووبدات وەزیر بەرپرسیارە و دوای تەواوبوونی ئەم پشووە وەزیر دەوام بكات و ئەگەر دەوام نەكات وەكو پەرلەمان و وەك لیژنەی دارایی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەوە بابەتە دەكەین، چونكە ئەركی وەزیر خزمەتكردنی خەڵكە». ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان: دەبوایە پاش گیانلەدەستدانی ئەو سێ هاونیشتیمانییە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەستی لەكاربكێشایەتەوە شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئەوەی دووپاتكردەوە كە كە دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوت لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە و دەست تێوەردانیان لە داهاتی ناوخۆدا دابەشكردنی مووچەی بەو شێوەیە لێكردووە و بە سستی دابەشكردنی مووچە ئەنجومەنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران (سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی) بەرپرسیارن لێی. شێركۆ جەودەت باسی لەوەشكرد كە وەك لیژنەی دارایی هەموو رێكارێكیان گرتووەتە بەر، بەڵام لەلایەن حكومەتەوە رێگرییان لێدەكرێت، چونكە ناشەفافن وهیچ چاكسازییەك جێبەجێنەكراوە وپڕۆژەی چاكسازیش پەكخراوە. «گیان لەدەستدانی سێ كەس لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیدا كارەساتە دەبوایە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەستیان لەكار بكێشایەتەو»، شێركۆ جەودەت وا دەڵێت.
هاوڵاتى ئێران دوو هاوڵاتیی زیندانیکراوی بەریتانیای لە وڵاتەکەی لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی قەرزەکانی رادەست لەندەن کردەوە و بەوەش نیو ملیار دۆلاری سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیی بەدەست هێنایەوە کە بڕیاربوو تانک و زرێپۆشی بەریتانیی پێبکڕێت. ئێران ئەزمونێکی دور و درێژی هەیە کە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجاکانی دژی رۆژئاوا و یان وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا، بارمتە بەکار بهێنیت و لە ساڵی 1979 یەکەم هەنگاوی بارمتەگرتنی دژی ئەمریکا بەکارهێنا ئەویش بە گرتنی 66 دیپلۆماتکار و کارمەندی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران. ئێران بە بارمتەگرتنی ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئەمریکا دوای 24 ملیار دۆلاری لە واشنتۆن کرد بەڵام دواتر ئاستی داواکارییەکەی لە چەند قۆناغیدا بۆ هەشت ملیار دۆلار کەم کردەوە. لە دوایین هەنگاویشدا ساڵی 2015 لە بەرامبەر رادەستکردنی ژمارەیەک هاوڵاتی ئەمریکی و بیانی بە ئەمریکا نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری بە فڕۆکە لە واشنتۆن وەرگرتەوە کە بوە مایەی رەخنەی گەورە لەسەر سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا. ئێران بە بارمتە قەرزەکەی لەبەریتانیا وەردەگرێتەوە ئێران پێشتر دو هاوڵاتیی بە رەچەڵەک فارسی وڵاتەکی کە هاوڵاتیی بەریتانیا بون بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا تۆمەتبار کرد و سزای زیاتر لە شەش بۆ 12 ساڵی بۆیان بڕیبوەوە ، ئەوەش بە ئاڵۆزترین دۆسیەی نێودەوڵەتیی نێوان لەندەن و تاران لە شەش ساڵی رابردودا ناودەهێنرێت. لە ساڵی 2016 نازەنین زاغەری هەڵگری ناسنامەی ئێران و هاوڵاتیی بەریتانیا و نیشتەجێی لەندەن کە لەگەڵ ژمارەیەک میدیایی و خێرخوازیی بەریتانی و ئەمریکی کاری کردوە، بە تۆمەتی سیخوڕی لە ناوخۆی ئێران دەستگیر دەکرێت لە کاتێکدا هاوسەری زاغەری بە رەچەڵەک بەریتانیی بوە و ئەوەش وا دەکات هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی لە ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانیدا بەردەوام بێت بەڵام ئێران بە بێ گوێدانە ئەو هەوڵانە بۆ ماوەی چوارساڵ لە ناو بەندیخانە و دو ساڵیش لە ماڵەوە زاغەریی لە ژێر چادێریدا هێشتەوە. لە ساڵی ەوە2016 هەر بەرپرسێکی بەریتانیا سەردانی تارانی بکردایە و چاوی بە برپرسانی ئێران بکەوتایە، داوای ئازادکردنی نازەنین زاغەرییان دەکرد بەڵام سەرجەم ئەو داواکارییانە بە بێ ئەنجام دەبو. ساڵی 2017 ئەنوشە ئاشوری کە ئەندازیارێکی خانەنشینی خاوەنی ناسنامەی ئێرانی و هاوڵاتیی بەریتانیا بو، لە ئێران دەستگیر کرا و بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرئیل (مۆساد) و بەکارهێنانی دارایی رێگە پێنەدراو بە 12 ساڵ زیندانیی سزا درا. ئەگەرچی زۆربەی بەرپرسانی بەریتانیا بڕوایان وابوە ئەو دو هاوڵاتییەی وڵاتەکەیان قوربانیی قەرزەکانی لەندەن بە تاران و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان ئێران بەریتانیا بون بەڵام بەرپرسانی ئێران و وتەبێژی دەزگای دادی ئێران رەتی کردوەتەوە دۆسیەی ئەو دو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بە ناکۆکییە سیاسییەکانەوە هەبێت و تەنها جەختیان لەوە کردوە ئەو دوو کەسە تۆمەتبار بوون بە سیخوڕی و دانیان ناوە بەوەی کە هاوکاریی دەزگا هەواڵگرییەکانی بەریتانیا و ئیسرائیلیان کردووە. یەک رۆژ پێش ئازاکردنی زاغەری و ئاشوری وەفدێکی بەریتانیا سەردانی تاران دەکات و لە (16/3/2022) ئەو دو کەسە ئازاد دەکرێن و لە رێگەی فڕۆکەخانەی وڵاتی عەممان-ەوە دوای چەند کاتژمێرک لە مانەوە دواجار (17/3/2022) دەگەڕێنەوە لەندەن. لیز تراس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رۆژێک دوای ئازادکردنی ئەو دو هاوڵاتییەی وڵاتەکەی رایگەیاند سەرجەم قەرزەکانی بەریتانیا کە 535 ملیۆن دۆلار بوە، رادەستی ئێران کراوە و هاوکات ئەمیر عەبدوڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بەشە لە لێدوانەکەی تراس کە پەیوەندیی بە رادەستکردنەوەی قەرزەکەی وڵاتەکەی هەبوە رایگەیاند؛ بابەتی قەرزی لەندەن هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادکردنی ئەو دو هاوڵاتییە بەریتانیەوە نەبوە و تەنها تاران وەک نیازپاکییەک بەرامبەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ لەندەن ئەو ئەوانی ئازاد کردوە. ئێران و بەریتانیا لە نەوتەوە تا تانکو زرێپۆش لە ساڵی 1960 و لەسەردەمی محەمەد رەزا پەهلەوی، دوایین پاشای ئێران پێشنیاری ئاڵوگۆڕی نەوتی ئێران لە بەرامبەر تانک و زرێپۆشی بەریتانیا بە لەندەن راگەیەنرا و لە رێگەی چەند بەرپرسێکی عەممان کار کراو بۆ ئاڵوگۆڕی نەوتی ئێران لە بەرامبەر چەک و کەرەستەی سەربازیی بەریتانیا. بڕیاربو ئێران بە رادەستکردنی 500 ملیۆن لیتر نەوت لە ماوەی 10 ساڵدا ژمارەیەک تانک و زرێپۆش لە بەریتانیا وەرگرێت. بە پێی گرێبەستێکی ساڵی 1972 لە نێوان ئێران و بەریتانیا دەبوایە لە ماوەی چەند ساڵێکدا هەزار و 500 تانکی جۆری چیفتن رادەستی ئێران بکارایە و لەندەن لەو سەردەمەدا بڕی یەک ملیار دۆلار لە ئێران وەردەگرێت. ئەگەرچی پێش روخانی محەمەد رەزا پەهلەوی ژمارەیەک تانکی پێشکەوتوی بەریتانیا رادەستی ئێران دەکرێت و بڕیار بوە ژمارەیەک تانکی (چیفتن 4030) کە بە (شێری ئێران) ناوهێنراوە رادەست بکرێن بەڵام لەندەن بەهۆی تێبینییەکانی لەسەر دەسەڵاتی نوێی وڵاتەکە، سەرجەم تانکەکان رادەست ناکات و گرێبەستەکە تاکلایەنە هەڵدەوەشێنێتەوە . دوای روخانی سیستمی پاشایەتی لە ساڵی 1979 واتە ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتی ئێرانی بەدەستەوە دەگرێت بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە، بەریتانیا بڕی 127 ملیۆن پاون قەرزای ئێران دەبێت و تارانیش لە دادگاکانی وڵاتی هۆڵەندا سکاڵا لە دژی بەریتانیا تۆمار دەکات. دواجار دادگاکانی هۆڵەندا ئەو قەرزەی بەریتانیا بە مەزەندەی ساڵی 2020 بە 530 ملیۆن دۆلار دەخەمڵینن و لەندەنیش حاشا لە رادەستکردنەوەی پارەکە ناکات بەڵام دوای نزیکەی 43 ساڵ دادگا و دادگاکاریی لە نێوان ئەو دو وڵاتەدا بەریتانیا ئامادە دەبێت پارەکە بۆ ئێران بگەڕێنیتەوە. تانکی بەریتانی هۆکارێکی شکستی مەیدانیی جەنگ لەگەڵ عێراق لە راپۆرتەکانی تایبەت بە جەنگی ئێران و عێراقدا هاتوە؛ عێراق لە سەردەمی دەستبەکاربونی سەددام حسێن وەک سەرۆکی وڵاتەکەی خاوەنی هەزار و 220 تانک و زرێپۆش بوە لە کاتێکدا ئێران لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا 760 تانکی هەبوە و ئەوەش وا لە محەمەد رەزا پەهلەوی دەکات دوای 450 تانکی چیفتن لە بەریتانیا بکات. عێراق توانی ئەو بۆشاییەی ئێران لە بەرەی جەنگی وشکانیدا بقۆزێتەوە و هاوکات ببێتە مایەی شانازیی روسیا چونکە زۆرینەی تانک و زرێپۆشەکانی عێراق لە جۆری (تی 55 و تی 54)ی روسی بون. بە وتەی بەرپرسانی سەربازیی ئێران بەهۆی ئەوەی زۆربەی تانک و زرێپۆشەکانی ئەو وڵاتە لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق لە جۆری چیفتنی بەریتانی بوە نەیانتوانیوە پێشڕەوییەکی ئەوتۆ لە گۆڕەپانی جەنگدا بکەن. ئەو تانکانە کێشەی گەورەیان بزوێنەری لاواز بوە چونکە شەش سیلەندەر بوە و پێویستی بە کاتێکی زۆر هەبوە بۆ ئەوەی بزوێنەرەکەی گەرم ببێت و توانای جوڵاند و رۆیشتنی تانکەکەی هەبێت بەڵام تەنها 30 خولەک دوای رۆیشتن دەکوژانەوە و تانکەکە توانای جوڵەی نەدەما. ئەو بەرپرسە سەربازییانە لە راپۆرتێکی وردا رونیان کردوەتەوە (شێری ئێران) لەگەڵ کەش و هەوای وڵاتەکە گونجاو نەبوە لە کاتێکدا بە تایبەت بۆ ئێران دروست کرابون. ئاماژە بەوەکراوە دەیان تانکی بریتانی بەهۆی کێشەی بزوێنەر و لاوازیی زنجیرەکەی لە بەرەکانی جەنگدا پەکیان کەوتوە و نەتوانراوە تەنانەت بجوڵێنرێن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سودیان لێوەرگیرێت بۆیە لە هەر ئۆپراسیۆنێکدا بەشدارییان پێکرابێت لە دژی سوپای عێراق پەکیان کەوتوە و سوپای ئێران لەگەڵ جێهێشتنی تانکەکان ناچار بوە بە پاشەکشێ. ئێران بە بارمتە پارەکانی لە ئەمریکا بەدەست دەهێنێتەوە ساڵی 1979 ئێران لە هەنگاوێکی لەناکاو و دور لە یاسا نێودەوڵەتییەکان 66 دیپلۆماتکار و کارمەندی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تارانی بە بارمتەگرت و دوای چەند مانگ 13 کەسیانی ئازد کرد بەڵام 52 کەسیانی دوای زیاتر لە 444 رۆژی دەستبەسەرکردن ئازادکران. لە 20 نۆڤەمبەری ساڵی 1979 دوای ئەوەی رێکخراوی رزگاریخوازیی فەلەستین نێوەندگیریی لە نێوان ئێران و ئەمریکا کرد 13 دیپلۆماتکاری ئەمریکا کە زۆربەیان و ژن و رەش پێست بون دوای ماوەیەک ئازاد کران و دواتر ئەوانی دیکەش هەر بە نێوەندگیریی رێکخراوە فەلەستینییەکە ئازاد کران. ئەوە یەکەم هەنگاوی ئێران بۆ بەکارهێنانی بارمتە بە مەبەستی گەیشتن بە پارە بو کە بە 24 ملیار دۆلار دخەمڵێنرا، ئێران لەو سەردەمەدا و لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکاندا دوای 10 ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی لە ئەمریکا و 10 ملیار دۆلار داهاتی محەمەدڕەزا پەهلەوی لەو وڵاتە و چوار ملیار دۆلاری داهاتی دیکەی لە واشنتۆن کرد بەڵام داواکارییەکەی هەر زو رەت کرایەوە. دوای 10 رۆژ، ئێران ئاستی داواکارییەکەی بەرامبەر ئەمریکا بۆ 12 ملیار دۆلار دەگۆرێت و لە پڕۆسەیەکی کاتی دوای 20 رۆژ لە چەند قۆناغدا ئاستی داواکارییەکەی بۆ کەمتر لە هەشت ملیار دۆلار دەگۆڕێت و ئەمریکاش مەرج بۆ ئێران دادەنێت کە لە بەرامبەر وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە سەرەڕای ئازادکردنی بارمتەکان دەبێت قەرزە نێودەوڵەتییە درێژخایەنەکانی لە بانکە نێودەوڵەتییەکان کە پێنج ملیار دۆلارە بە زوترین کات رادەست بکات. شارەزایانی ئابوریی پێیان وایە ئەگەرچی ئێران خۆی لە رادەستکردنەوەی بارمتەکانی ئەمریکا بە براوە پیشان دا بەڵام ئەو روداوە و داواکارییەکی ئەمریکا وای کرد واشنتۆن 300 ملیۆن دۆلار قازانج بکات چونکە پێشتر بڕیارنەبو ئێران قەرزە درێژخایەنەکان بە سودە بانکییەکەیەوە رادەست بکات ئەوەش وای کرد سودە بانکییەکە بچێتە گیرفانی ئەمریکا و هەر ئەوەش بوە هۆی ئەوە عەلی ئەکبەری هاشمی رەفسنجانی یەکێک لە دامەزرێنەران و سەرکردە دیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو ساڵەدا ئەمریکا وەک (شەیتانی گەورە) ناوبهێنێت. رێککەوتی (22/8/2014) لەگەڵ ئەوەی فشارەکانی سەر ئێران بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی و پابەندبون بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان زیادی کرد، جیسۆن رەزاییان، بەڕێوبەری نوسینگەی رۆژنامەی( واشنتۆن پۆست) لە تاران دەستگیر کرا. رەزاییان بە تۆمەتی سیخوڕی و دوژمنایەتیی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران رەوانەی زیندان (ئێوین) کرا و ئەوەش وای کرد وەک کارتێکی فشار لە دژی ئەمریکا بەکاری بهێنرێت و دواجار لە ساڵی (2015) و لەگەڵ واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) لە بەرامبەر یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار و ئازادکردنی بەرپرسێکی ئێران لە ئەمریکا رادەستی ئەمریکا کرایەوە. سەرچاوە ئەمریکییەکان دوای ئازادکردنی رەزاییان دانیان بەوەدا نا کە ئێران دوای قەرزێکی ساڵی 1970ی کردوەتەوە کە تایبەت بوە بە گرێبەستێکی کڕینی چەک لە ئەمریکا و بڕەکەشی بە پارەی ئەو سەردەمە 400 ملیۆن دۆلار بوە بەڵام بە خەمڵاندنی ئەو بڕەپارەیە لە ماوەی 45 ساڵ بوەتە یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بۆیە تاران پێداگریی کردوە کە ئەو قەرزەی بە قازانجە یاساییەکی ئەو ماوەیەوە دەوێتەوە. ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بڕی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری بە پارەی کاش و بە فرۆکەیەکی تایبەت رەوانەی تاران کرد و ئەوەش وای کرد زیاترین رەخنە لە ئۆباما بیگرێت بەوەی کە ئامادەبوە باج بە ئێران بدات لە کاتێکدا ئەمریکا باچی بە هیچ وڵاتێکی زلهێزیش نەداوە.
هاوڵاتى بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەریوەبچێت لەکاتێکدایە هێشتا کورد لەناوخۆدا یەکدەنگ نییە لەسەر ئەو پرسە هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٨. بەگوێرەی نەریتی سیاسی دوای ساڵی 2003 لەعێراق، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، ژمارەیەک کوردیش خۆیان بۆ پۆستەکە کاندید کردووە، دیارترینیان رێبەر ئەحمەد، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرهەم ساڵح، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن. پەرلەمانی عێراق ناوی 40 کاندیدی پەسەندکراوی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، رۆژی 26ی ئەم مانگە، کۆبونەوەی پەرلەمان تایبەت بەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام دەدرێت. بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق، پێویستە لانیکەم 220 پەرلەمانتار لەدانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئامادە بن بۆئەوەی دانیشتنەکە بەڕێوە بچێت. سیناریۆی ٢٠١٨ ئەوەی کەئێستا روودەدات هەمان ئەوەیە کە لەساڵی ٢٠١٨دا روویدا کاتێک پارتی و یەکێتی هەریەکە بەکاندیدی خۆیان چوونە پەرلەمان و ئەوەش گرێیەکی تری لە نیوانیان دروستکرد کە تائێستاش بەردەوامە. شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی: «دوێنێ سێشەممە رێبەر ئەحمەد، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە بەغداو بڕیارە دەست بەگفتوگۆ بکات لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو دانیشتنەکەی 26ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی نوێنەران». ئەگەر هاوپەیمانیی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بتوانن نیساب بۆ دانیشتنی رۆژی شەممە تەواو بكەن، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار (رێبەر ئەحمەد) لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا، بەزۆرینەی سادەو بەدەنگی هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكە پۆستی سەرۆك كۆمار دەباتەوە. لەبەرامبەردا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیو یەكێتی، توانای تەواوكردنی نیسابی یاسایی پەرلەمانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار نییە، بەڵام رەنگە بتوانن بەپاڵپشتی ئێران (110) كورسی كۆبكەنەوەو نیسابی یاسایی دانیشتنەكە تێكبدەن، لەم حاڵەتەشدا بۆ جاری دووەم هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەكی دەكەوێتو دۆخەكە دەگاتە بنبەست، دەرگا لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی نوێ لەعێراق دەكرێتەوە، واتە چانسی هەڵبژاردنەوەی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆمار، بەبێ رێككەوتنی لایەنە ناكۆكەكانی شیعە ئەستەمە. هەردوو جەمسەرە ناكۆكەكەی شیعە دەڵێن، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردەو ئەوان دەستوەردان لەدیاریكردنی كاندیدەكەیدا ناكەن، بەڵام لەڕاستیدا هەردوو جەمسەرەكە، یەكلابوونەوەی پۆستی سەرۆك كۆماریان بەستووەتەوە بەچارەنوسی حكومەتی داهاتووەوە، بەبێ رێككەوتنی خۆیان لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران، رێگە بەتێپەڕینی كاندیدی سەرۆك كۆمار نادەن. دابەشبوونی كورد (پارتیو یەكێتی) بەسەر جەمسەرە ناكۆكەكانی شیعەدا، هەرێمی كوردستانی خستووەتە ژێر فشارەوە، سەرەتای ئەم فشارانە خۆی لەبڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراق نیشان دا كەپرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بەنادەستوری ناوبرد، لەقۆناغی دووەمیشدا مووشەكە بالیستییەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر، فشارەكان گەیشتنە لووتكە. پارتیو یەكێتی بەیەكەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دروستكردووەو هەردووكیان لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا بانگەشەی «یەكڕیزییان» بەرز كردووەتەوە، ئێستا بەهەردووكیانەوە، لەڕێگەی بەغدادەوە فشاریان لەسەر حكومەتەكەی خۆیان دروستكردووە. لەدوای رووخاندنی رژێمی سەددامو دروستبوونی عێراقی نوێوە، یەكەمجارە كورد (پارتیو یەكێتی) بەم قورسییە دەچنە ناو كێشەكانی ناو ماڵی شیعەوە، ئەمە هەر لەسەرەتاوە ئێرانی لەپارتی تووڕە كردو یەكێتیشی خستە ناو بەرەی دۆستەكانی تارانەوە. لەدوای ئەم دابەشبوونە نوێیەی پارتیو یەكێتییەوە بەسەر بەرە ناكۆكەكانی شیعەدا، پەیوەندیی هەردوو حزب لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاڵۆزی تێكەوتووە، قەیرانی داراییو كێشەی مووچە لەسلێمانی سەریهەڵداوەتەوە. شەڕی ٤٠ کەس لەبەردەم نیسابدا دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، نیسابە یاساییەكەی دوو لەسەر سێیە، واتە بۆئەوەی كۆبوونەوەكە بەڕێوەبچێت، دەبێت لەكۆی (329) ئەندامی پەرلەمان، (220) ئەندامیان لەكاتی دەستپێكردنی دانیشتنەكەدا ئامادە بن. (40) كەس خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە، ئەم پۆستە بەپێی عورفێك كە لەدوای رووخاندنی رژێمی سەددامەوە لەعێراق پەیڕەو دەكرێت، پشكی كوردە، لەناو كوردیشدا ئەم پۆستە تاوەكو ئێستا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بردوویەتی، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، پارتی دەیەوێت ئەمجارە پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێتو لەبەرامبەردا وەزارەتێكی باڵا لەعێراق بۆ یەكێتی بەجێبهێڵێت (وەزارەتی دەرەوە). ناكۆكیی پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو رێكنەكەوتنیان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش، هەردوو حزبەكەی دابەشكردووە بەسەر بەرە ناكۆكەكانی شیعەدا، پارتی لەگەڵ موقتەدا سەدری براوەی یەكەمی هەڵبژاردندایە، یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی، عامری، فالح فەیاز، قەیس خەزعەلی، عەبادی، حەكیم)دایەو ئەم بەرەیە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی لێدەكرێت. هەردوو بەرە ناكۆكەكە، واتە بەرەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)و بەرەی (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی+ یەكێتی+ هەندێك لە پەرلەمانتارانی سوننە) بەتەنیا خۆیان ناتوانن (220) ئەندام بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی رۆژی شەممە كۆبكەنەوە. هاوپەیمانێتیی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بەتێكڕا خاوەنی (171) كورسیی پەرلەمانە، لەبەرامبەردا بەرەی (چوارچێوە+ یەكێتی+ هەندێك لەسوننەكان) بەتێكڕا ژمارەی كورسییەكانیان دەگاتە نزیكەی (105) كورسی. پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەمدواییە چەند جارێك قسەیان كردووە لەبارەی ئەوەی دەیانەوێت هاوپەیمانێتییەك رابگەیەنن بەناوی (هاوپەیمانیی چەسپاوی نیشتمانی)و ئەم هاوپەیمانێتییە بەپێی قسەی ئەوان، خاوەنی نزیكەی (130) كورسییە، بەڵام ئەمە تائێستا تەنیا وەكو قسە ماوەتەوەو هاوپەیمانێتییەكە بەفەرمی رانەگەیەندراوە. سەدر كەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار وەكو تێكشكاندنی یەكەمین بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێدا دەبینێت، دەیەوێت هەرچۆنێك بووە، نیسابی دانیشتنی رۆژی شەممە تەواو ببێتو سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، چونكە بەگوێرەی دەستور، دوای هەڵبژاردنی، سەرۆك كۆمار كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان رادەسپێرێت بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانو سوننەكاندا، كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان پێكدەهێنێت. لەبەرامبەردا نەیارەكانی سەدر، واتە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ ئەوەی كێشە بۆ نیسابی دانیشتنەكە دروست نەكەن، داوا دەكەن، هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران لەناو پەرلەماندا دیاری بكرێتو پرسی بەشداریی ئەوان لەحكومەتی داهاتوو یەكلا بكرێتەوە. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، هێشتا هیچ گرەنتییەكیان لە سەدر وەرنەگرتووە لەبارەی بەشداربوونیان لەحكومەت، بەبێ ئەم گەرەنتییە، هەوڵ دەدەن بۆ جاری دووەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەكبخەن، چونكە پێیانوایە ئەگەر ئەمجارە دانیشتنەكە پەكبخەن، هیچ رێگاچارەیەك نامێنێتەوە، جگە لەوەی جارێكی تر پەنا بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ ببرێت (هەرچەندە ئەمڕۆ نوری مالیكی لەتویتێكدا بژاردەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی رەتكردەوە)، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لەسوودی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەتایبەتیش ئەوان هەر لەبنەڕەتەوە لەئەنجامی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو ناڕازی بوون، یاسای نوێی هەڵبژاردن غافڵگیری كردنو سەدر بەسەریاندا سەركەوت. سەدر گرەو لەسەر سەربەخۆکان دەکات موقتەدا سەدر بۆئەوەی نیسابی كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو بكات، پەنای بۆ پەرلەمانتارانی سەربەخۆ برد. لەتویتێكدا داوای لێكردن نەكەونە ژێر كاریگەریی فشارو كڕینەوە. ڕێبەری ڕەوتی سەدر دووشەممە لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر داوای لەپەرلەمانتارە سەربەخۆکانی پەرلەمانی عێراق کرد ئامادەبن لەدانیشتنی پەرلەماندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو ڕێژەی سێیەکی پەرلەمان تەواو بکەن و دەنگ بەسەرۆکی نوێ بدەن، بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکە لەو دۆخەی کە لەئێستادا تێیکەوتووە. سەدر گومانی خۆی لەحكومەتی سازان ڕاگەیاند، وتی: “حکومەتەکانی سازان سوودیان بۆ عێراق و عێراقییەکان نەبوو، هۆکارەکەش سازان و دابەشکردنی کێکەکەیە لەنێو لایەنەكاندا، بۆیە لەخولی پێشوودا تاقیمانکردەوە کێکەکەیان لەگەڵدا دابەش نەکەین، بەڵام سوودی نەبوو”. ڕێبەری ڕەوتی سەدر پێیوایە دەبێت ئەو ڕێچكەیە جێبهێڵرێت و لەتونێلی سازان و تایەفەگەری دەربچین بەرەو دەشتی زۆرینەو نیشتمانی”.هەمووان گومانیان لەو پارتانە هەیە كە لەڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە تائێستا لەپرۆسەی سیاسیدا بەشدارن، بۆیە لەهەڵبژاردنی ڕابردوودا زۆر پەرلەمانتاری سەربەخۆ دەرکەوتن و زۆبەی پارتەكان بچووکبوونەوە، بەتایبەت پارتە شیعییەکان لەباشووری عێراق. سەدر پێیوایه پێشتر بەهۆی پارتەكانەوە نەیاندەتوانی ئەو كارە بكەن، “بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی چینێک لەپەرلەمانتارانی سەربەخۆ، دەتوانین حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبهێنین، بۆئەوەی بیسەلمێنین ئەو حکومەتە سەرکەوتوو دەبێت یاخود نا”. سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە، پەیامەکەی لەلاوازی و بێ دەسەڵاتییانەوە نییە، بەڵکو تەنها لەبەر نیشتیمان و خۆشەویستیی نیشتیمانەوەیە. ئەوانەی پێیان دەوترێت پەرلەمانتاری سەربەخۆ، مەبەست لەوانەیە كە بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە یان لەدەرەوەی هێزە نەریتییەكاننو لەم خولەی پەرلەماندا بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەوە سەركەوتوون، ژمارەی ئەمانە بە تێكڕا (48) پەرلەمانتارە. هەندێك سەرچاوەی نزیك لەپەرلەمانتارانی سەربەخۆ باس لەوە دەكەن، لەكۆی (48) پەرلەمانتار، زیاتر لە(30) پەرلەمانتاری سەربەخۆ یەكلابوونەتەوە بۆئەوەی بەشداریی كۆبوونەوەی شەممە بكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو نیساب نەشكێنن، لەم (30) پەرلەمانتارە، (18) كەسیان پەرلەمانتاری (هاوپەیمانی لەپێناو خەڵك)ن كە هاوپەیمانێتیی نێوان بزووتنەوەی ئیمتیدادو جووڵانەوەی نەوەی نوێیە، ئەمانە تائێستا یەكلابوونەتەوە بەشداریی كۆبوونەوەكە بكەن، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی خۆیان كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە كەكاندیدەكە (رێبوار ئەوڕەحمان)ـە لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ. ئەگەر وەكو ئەوەی سەرچاوەكان باسی دەكەن، (30) پەرلەمانتاری سەربەخۆش لەگەڵ سەدر بڕۆنو بەشداریی دانیشتنی رۆژی شەممە بكەن، ئەوە بەتێكڕا ژمارەی كورسییەكانی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) لەگەڵ سەربەخۆكان دەبێت بە(200) كورسی، ئەمەش هێشتا (20) كورسی كەمی هەیە بۆ تەواوكردنی نیسابی دانیشتنەكە كە (220) كورسییە، واتە لەم حاڵەتەشدا هێشتا تەواوبوونی نیساب كێشەی تێدایە. ئەمە لەكاتێكدایە لەبەرامبەردا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (بەرەی ئێران) بەهەمان شێوەی سەدر، كار لەسەر راكێشانی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دەكەن بەلای خۆیاندا. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیو یەكێتیو پەرلەمانتارانی سوننە، ئەگەر بتوانن بەتێكڕا (110) پەرلەمانتار كۆبكەنەوە، ئەوا دەتوانن دانیشتنی پەرلەمان رۆژی شەممە پەكبخەن، ئەمە پێی دەوترێت: (الثلث المعطل) واتە (یەك لەسەر سێی پەكخەر).
هاوڵاتى مانگی رابردوو جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاریداوە لەبارەی مانەوەو كشانەوەیان لە حكومەتی هەرێمداو چاوەرێی هەندێ رێكاری تایبەت بە بزوتنەوەكەیانن و تا ئێستا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە. سەرچاوەیەكی باڵا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا رۆژی 26ی شوباتی مانگی رابردوو زۆرینەی ئامادەبووانی جڤات دەنگیاندا بە كشانەوە لە حكومەتی هەرێمدا». هەروەها وتیشی:» دانگدان بۆ مانەوە یان كشانەوە لە حكومەت بە واژۆ بوو و نوسراو كراو ناوی ئەندامان نوسراو ئەوانەی لەگەڵ كشانەوەدابوون واژۆیان كردووە، كە كۆی ئەندامانی جڤات 45 كەسن، بەڵام 36 ئەندام ئامادەبوو، لەو 36 كەسە 24 ئەندامی جڤات لەگەڵ كشانەوەدابوون لە حكومەتی هەرێم و 12 كەسیان لەگەڵ مانەوەیدا بوون «. هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەو كۆبونەوەیەی جڤاتی نیشتمانی»بەنهێنی» هێڵدراوەتەوە تا ئێستا و نەدراوە بە میدیاكان، چونكە گرفتی دروست كردووە و چاوەرێی هەندێ رێكارین یەكێك لەوانە نوسراوێك ئامادە بكەن بۆ حكومەتی هەرێم. یەكێكی دیكە لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەی دووپاتكردەوە كە تیمی گۆڕان لە حكومەت ئامادەن بڕیاری جڤاتی نیشتمانی جێبەجێ بكەن. ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە نەویست ناوی بهێندرێت ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئاوات شێخ جەناب ئامادە نییە بچێتەوە وەزارەتی دارایی داوای كردووە كەسی دیكە لە شوێنی دابنێن، وتیشی:» هەندێك كەسیش هەیە لەناو گۆڕان كە حەز دەكەن بمێنینەوە، بەڵام بریاری جڤاتی نیشتمانی دەبێت هەموو لایەك پێوەی پابەند بن».
سازدانی: مەزهەر كەریم دادوەر رزگار حەمە ئەمین لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەڵێت:" ئەگەر دادگا بەهێزو عادیل نەبوو زیانی گەورە بەرعەدالەتو ئابوریو ئاستی كۆمەڵایەتی دەكەوێت زیانی گەورە بەر دەسەڵاتی سیاسی خۆشی دەكەوێت زۆر جاریش ئەو دەسەڵاتە دەڕوخێنێت ناوبانگی وڵاتەكەش تێكدەچێت". دادوەر رزگار حەمە ئەمین پێشی وابوو: ئەگەر دادگا سەربەخۆنەبوو وڵاتەكە نابێتە دیمكراتی بێگومان یەك لە بنەماسەرەكیەكانی سیستەمی دیموكراسی بێلایەنو بەتواناییو ئازایی هەق بێژی دادوەرو دادگاكانیەتی و وتی:" دادوەری سەربەخۆ ئەوەیە ویژدانی زیندوەوە قانونی دروستو پێشكەوتو بێت سەربە زانستی دروست بێت نابێت بشبێتە دكتاتۆر بەهۆكارێكەوە لەناوكارەكەیدا یان لەدەرەوەی كارەكەش پێویستە ڕەچاوی ستانداردنی نێودەوڵەتی بكات بۆ دابینكردنی هەڵسوكەوتی دادوەری دەوڵەتیش لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی دامەزراندن بێت بێگومان ئەگەر دادگا بەهێزو عادیل نەبوو زیانی گەورە بەرعەدالەتو ئابوریو ئاستی كۆمەڵایەتی دەكەوێت زیانی گەورە بەر دەسەڵاتی سیاسی خۆشی دەكەوێت زۆر جاریش ئەو دەسەڵاتە دەڕوخێنێت ناوبانگی وڵاتەكەش تێكدەچێت". حاكم ڕزگار جەختیش لەوە دەكاتەوە :"بەحیزبی یان بە سیاسی كردنی دادگا یان پەیوەست بوون بە دەستی سیاسیەكان یان بەرپرسە ئیداریە باڵاكانی حكومەت بەپلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ دادوەرەكە باخۆی وابەستە حیزبەكان، چونكە داوەرو داواكاری گشتی لێكۆڵەر بەسێ قانون نابێت حیزبی بن یان سەربەو پارتە سیاسیانە بنو چالاكی سیاسیان هەبێت كە یەكەم دەستورە دووەم قانونی دەسەڵاتی دادوەریە سێیەم قانونی حیزبەكان با سەربەخۆی خۆیان بپارێزن ئەوان قانونو دەستور لەپشتیانە با پیشێلی نەكەن، بۆ پۆستو پلە نەچنە بەردەم لقو مەڵبەندەكان تا پۆستیان پێبدرێت، لەكۆمەڵگای دواكەوتو حیزب دەیەوێت هەموو دەزگاكان بەدەزگای داوەریشەوە وابەستە بكات بەبندەستی خۆی ئەمەش هەڵەیە بەتایبەت بۆ دەزگای داوەری كەنابێت سەربە هیچ حیزبێك بێت".
عەمار عەزیز – دهۆك پاش تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر تەواونەكردنی پرۆژەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك دا وخەرجنەكردنی بودجە زەبەلاحەكەی لەئیستادا حكومەتی هەرێم خەریكی تاوتێكردنین بۆ گۆرانكاری لە دیزاین و دەستپێكردنەوەی پرۆژەكە. بەردی بناغەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك لە 2012 لە سنوری قەزای سمێل دانرا و ئەوكات وەك پرۆژەیەكی ستراتیژی گەورە وەسف كرا، بەڵام زیاتر لە 10ساڵە بەتەواونەكراوی ماوەتەوە و تەنها لەسەدا 10% پرۆژەكە جێبەجێكراوەو هێشتا لەسەدا 90% پرۆژەكە كاری تێدا نەكراوە و خاوەن موڵكەكانیش بەشێكی زۆریان قەرەبووی ماددیان وەرنەگرتووەتەوە. بودجەی پرۆژەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك لەساڵی 2012 دا بڕی 450 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوەو لەلایەن كۆمپانیایەكی توركییەوە كاری تێدا كراوە، بەوتەی سەباح عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بودجەی پرۆژەكە دیار نەماوە. لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا، مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و پارێزگاری دهۆك سەردانی قەزای سمێل شوێنی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆكیان كرد، ئەوكات مەسرور بارزانی رایگەیاند:"لە كابینەكانی پێشوودا بڕیاری دروستكردنی فرۆكخانەی دهۆك دەرچووە و بڕێك بودجەی بۆی دابینكراوەو كەمێك ئیشی لەسەركراوە بەداخەوە بەهۆی قەیرانەكانی دارایی نەیانتوانیوە پرۆژەكە تەواو بكەن". هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئامانجی سەردانەكەیان ئەوەیە پێداچوونە بە پرۆژەكە بكەن و ئەو گرێبەستانەی ئەنجامدراون دووبارە دەست پێ بكەنەوە چونكە پرۆژەكی زۆر گرنگ بۆ پارێزگای دهۆك و دەوروبەری وەسفی كرد،" ئەگەر خوا هاوكاربێت دوای تەواوكردنی دیراسەیەكی وورد لەسەر پرۆژەكە كە ڕەنگە هەندێك گۆڕانكاریش تیادا بكرێت دواتر مزگینی دەدەینە هەموو لایەك و دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەین ." ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك: لەهیچ شوێنێكی دونیا نیە پارە بۆ پرۆژەیەك دابین بكرێت دوای ماوەیەك پارەكە دیارنەمێنێت، دەبوو لە بانكێك دانرابایە و هیچ كەسێك دەستكاری نەكردایە تەنها پارەكە بۆ فرۆكخانە خەرج بكرایە پاش تێپەربوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر ئەو سەردانەیدا بۆ پرۆژەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك، هێشتا لایەنە پەیوەندیدارەكان رانەسپێردراون بۆ جێبەجێكردنی. بەشێك لەو كەسانەی كە زەوی پرۆژەكەیان هەبووە هێشتا قەرەبوو نەكراونەتەوە و داوا دەكەن حكومەتی هەرێم كاری لەسەر بكات و قەرەبووەكان بدرێنەوە بە خەڵك. عەبدلوەهاب عەبدولقادر ، نوێنەری ئەو كەسانەی كە تا ئێستا قەرەبو نەكراونەتەوە لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت " ماڵی من و 198 كەسی تر لەوشوێنە بووە كە دابینكراوە بۆ فرۆكخانەی دهۆك پارێزگاری پێشوو بەڵێنی پێداین قەرەبوومان بكاتەوەو نوسراوی فەرمی بۆ دەرچووبوو كە پارچە زەوییەك و 30 ملیۆن دینار وەربگرین، بەڵام زۆر بەداخەوە فێڵیان لێ كردووین، ئەو بەڵێنە تەنیا بۆ ئەوە بووە خاوەكانمان چوڵبكەین، 2015 هەموومان شوێنەكەی خۆمان بەجێهێشت و تا ئێستا تەنها بە پارچە زەویەكەیان پێداوین". هەروەها نوێنەری ئەو كەسانەی قەرەبووەكانیان وەرنەگرتووە ئەوەشی باسكرد كە سكاڵایان تۆمار كردووە بۆ ئەوەی پێش دەستپێكردنەوەی پرۆژەكە قەرەبووەكانیان وەربگرن، وتیشی:" ئەو پارەی كە بۆ فرۆكەخانە دابین كرا ئەگەر بەشێوەیەكی دادوەرانە خەرج بكرایا ئێستا هەموو هاوڵاتیانی شوێنی فرۆكەخانەكە قەرەبووەكانیان وەردەگرتەوە". هاوكات، بێوار محەمەد حەسەن ، دانیشتووی سنوری قەزای سمێل ، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت " تا ئێستا بە دوو وەجبە خەڵك قەرەبوكراوەتەوە، وەجبەی یەكەم نزیكەی 800 خێزان قەرەبۆكراونەتەوە بە پارچە زەویەك لەگەڵ 35 ملیون دیناری عیراقی، بەڵام ئێمە وەجبەی دووەم بووین نزیكەی 200 كەس دەبین لە ساڵی 2015 تەنها پارچە زەویەكمان وەرگرتووە و پارەكەمان وەرنەگرتووە". ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە فراكسیۆنی یەكگرتوو دەڵێت:"ئەو بودجەیەی بۆ فرۆكەخانەی دهۆك تەرخان كرا دیار نەماوە". سەباح عەلی ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە فراكسیۆنی یەكگرتوو لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت " یەكەمجار لە ساڵی 2012 بۆ 2013 بەردی بناغە بۆ فرۆكەخانەی دهۆك لە سنوری قەزای سمێل دانرا، ئەو كات بڕە پارەیەكی بۆ دابینكرا ماوەیەكی كەم ئیش لەسەر كرا دواتر وەستا، لەوماوەیەدا تەنیا 10% پرۆژەكە تەواوكرا 90% ماوە". ناوبراو وتیشی:" چەند جارێك بەدواداچوونم كردووە كێشەی سەرەكەی ئەوەیە كە موڵكدارەكان هەموویان قەرەبوو نەكراونەتەوە و ئەو برەپارەیەی بۆی دابینكراوە كە 450 ملیۆن دۆلار بووە دیارنەماوە". ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك پێشیوابوو لەهیچ شوێنێكی دونیا نیە پارە بۆ پرۆژەیەك دابین بكرێت دوای ماوەیەك پارەكە دیارنەمێنێت، وتیشی:" دەبوو ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ فرۆكەخانەی دهۆك دابینكراوە لە بانكێك دانرابایە و هیچ كەسێك دەستكاری نەكردایە تەنها پارەكە بۆ فرۆكخانە خەرج بكرێت". جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كارۆباری كارگێری پێیوابوو كە تەواونەكردنی فرۆكەخانەی دهۆك نەبوونی پارەو بودجەیە. نوێنەری ئەو كەسانەی قەرەبوویان وەرنەگرتووە: ئەو پارەی كە بۆ فرۆكەخانە دابین كرا ئەگەر بەشێوەیەكی دادوەرانە خەرج بكرایا ئێستا هەموو هاوڵاتیانی شوێنی فرۆكەخانەكە قەرەبووەكانیان وەردەگرتەوە شەمعون شلیمون، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری كارگێری لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت " ئەگەر پارە هەبێت بەدڵنیایەوە پرۆژەكە تەواو دەكرێت و لەئێستادا پارە لەبەردەستدا نییە ، بەشێك لە خاوەن موڵكدراوەكان قەرەبووكراونەتەوە بەڵام هێشتا هەندێكیان ماون". هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە حكومەتی هەرێم زۆر جددی یە لە جێبەجێكردنی پرۆژەكە بەهیچ شێوەیەك پشتگویێ نەخراوەو تەنها پێویستی بە پارەیە. جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری كارگێری، ئەوەشی روونكردەوە كە نازانرێت كەی دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكرێتەوە، چونكە لایەنەپەیوەندیدارەكان لە ئەنجومەنی وەزیران سەرقاڵی دیراسەیەكی ووردن و دەمێنێتەوە سەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران.