رەزا مەنوچەهری رۆژئاوای کوردستان هەموو فاکتەرەکانی خۆبەڕێوەبردن و دانپیادانانی هەیە. ئەگەر ئەفغانییەکان و عێراقیەکان و مەکدۆنییەکان نەیانتوانیوە بەزیاتر لە ٢٠ ساڵ ببنە خاوەن سوپایەکی بەهێزو وڵاتەکانی خۆیان بپارێزن، لە بەرامبەردا کوردەکان لەڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەی نزیکەی ٦ ساڵدا بوون بە خاوەنی سوپا و هێزی ئاسایش و هێزی تێکشکاندنی داعش و تەنانەت پارێزەری جیهان، ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان زۆر ئارامترە لەهەموو ناوچەکانی سوریا، دۆخی ئابورییان بەراورد بە ناوچەکانی تری سوریا باشترە، سیستمی پەروەردە و بەڕێوەبردنیان هەیە، دوو هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیان ئەنجامداوە، ژنان رۆڵی کاراو پێشەنگیان هەیە، گەلان و پێکهاتەکانی تر هەموو مافە نەتەوەیی و ئاینی و کولتوری و رۆشنبیریەکانیان پارێزراوە و بۆیان دەستەبەرکراوە، لە ئاستی بەرزیشدا بەشدارن لە ناوەندەکانی بڕیارو بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان دا، لە رووی دیپلۆماسییەوە رایەڵەیەکی پەیوەندییان لەجیهاندا بۆ خۆیان دروستکردووە و نزیکەی ٢٠ نوێنەرایەتییان لەسەرتاسەری جیهاندا کردووەتەوە، لە رووبەرێکی نزیکەی ٥٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە (پێنج ئەوەندەی لوبنان)دا سەرچاوەکانی ئاوو نەوت و گازی سروشتییان هەیە و لەو رووبەرەدا ٦ ملیۆن کەس دەژین. سەرباری هەموو ئەو فاکتەرە جۆگرافی، ئابووری، سەربازی، سیاسی، دیپلۆماسی و خۆسەلماندنەدا، رۆژئاوای کوردستان لە ژێر بەرداش و چارەنووسێکی سەختدایە، کە لەلایەن زلهێزەکانی جیهانەوە بە تایبەت رووسیاوە رووبەڕوویان دەکرێتەوە. سیاسەتەکانی ٦ ساڵی رابردووی روسیا بەرامبەر بە کورد لە رۆژئاوای کوردستان مێژووی چۆنیەتیی مامەڵەکردنی رووسیا لەگەڵ گەلی کوردو گەلانی ترو هەروەها مێژووی کۆنی ئیستیعماری و پاساوە بێ بنەماکان دەهێننەوە یادی مرۆڤ. پەیوەندیی رووس و کورد رووسەکان یەکێک لە گەورەترین و بەهێزترین گەلانی نزیکن لە گەلانی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام مێژووییەکی پڕ لە ناکۆکی و خوێناوینان لەگەڵ ئەو گەلانەدا هەیە و کەمتر توانیویانە پەیوەندییەکی رێزلێگیراوو هاوسەنگ بەبێ توندوتیژی و سەرکوت و داگیرکەری پێشبخەن. لەبەر ئەوەش سیاسەتی رووسی لە یادەوەریی گەلانی ئەم ناوچەیەدا یادەوەرییەکی گەش و جوان نییە و هەمیشە بە نیگەرانییەوە لە سیاسەتەکانی رووسیا دەڕوانن و متمانەی کەمیان بە سیاسەتەکانیان هەیە، چونکە بە ئاسانی مامەڵە و سەودا بەهەموو کەس و هەموو شتێکەوە دەکەن. ئەوەش بۆ تایبەتمەندیی فراوانخوازی و رێچکەی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی رووس لەتاڵانکاری و داگیرکەریدا دەگەڕێتەوە. راپەڕینەکەی عوبەیدوڵا نەهری ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی دەوڵەتەکانی رووس لەگەڵ گەلی کوردا ئەوە بە روونی دەخاتەڕوو. لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩و لە سەردەمی شەڕو ململانێ قورسەکانی نێوان رووسیای قەیسەری و عوسمانییەکاندا، کوردەکان دەیانخواست لە دەست عوسمانییەکان رزگاریان بێت و لە چەند وێستگەشدا یارمەتیی رووسەکانیان دا، بەڵام کاتێک کورد لەساڵی ١٨٨١دا بەسەرۆکایەتیی عوبەیدوڵای نەهری لەدژی عوسمانییەکان راپەڕین، رووسەکان بە هەموو نوێنەرایەتی و مولحەقاتەکانی خۆیان راگەیاند نابێت هیچ هاوکارییەکی سەربازی و لۆجستیی راپەڕینی کوردەکان بکرێت. کوردستانی سوور لەدوای رووخانی ئیمپراتۆریی قەیسەری رووس لەلایەن شۆڕشگێڕانی شۆڕشی بۆلشەڤیی رووسیاوە بە سەرۆکایەتیی لینین و هاوڕێکانی و جاڕدانی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلان، گەلی کوردیش هەستیکرد دەرگایەکی بە روودا کراوەتەوە و وەک یەکەم رسکان کوردان لە ساڵی ١٩٢٣ لە سەر خاکی دێرین و مێژوویی خۆیان لەنێوان ئەرمینیای ئەمڕۆو ئازەربایجاندا، کۆماری کوردستانی سوریان راگەیاند و ئەو کۆمارە بۆ ماوەی ٦ ساڵ و تاوەکو ساڵی ١٩٢٩ بەردەوام بوو، بەڵام بە کۆچی دوایی لینین و کەوتنە دەستی سیاسەت لەلایەن ستالینەوە پاکتاوکارییە سیاسییەکان و چەوساندنەوەی گەلان دەستیپێکرد، کە یەکێک لە دیارترین نموونەکانی هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سوور و دورخستنەوەی گەلی کورد بوو بۆ سیبریا و کازاخستان و کۆمارەکانی تری ئاسیای ناوەڕاست. بەو پاکتاوکارییە نەتەوەیی و سیاسییە تاوەکو ئێستا کورد نەیتوانیوە خۆی لەو ناوچەیە بگرێتەوە و وەک کەمینەیەکی لانەواز لەژێر رەحمەتی سیاسەتەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجاندا ژیانێکی پەراوێزخراوی کولەمەرگی بەڕێوەدەبەن. کۆماری کوردستان لەمەهاباد کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی دووەمدا دەستیان بە جموجوڵی بەرچاو کرد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و لەو چوارچێوەیەدا بە پشتیوانیی سۆڤیەت لە ١٩٤٦ کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد لە مەهاباد راگەیاندرا. تامی ئازادیی کوردەکانی رۆژهەڵات درێژخایەن نەبوو و لە دوای رێککەوتنی رووسەکان لەگەڵ دەسەڵاتی ئەوکاتی ئێران و بە تایبەتی قەوام سەڵتەنەی سەرۆک وەزیراندا، رووسەکان ئامادە بوون لە بەرامبەر ئیمتیازی نەوتی باکوری ئێراندا لە دوای ١١ مانگ دەستبەرداری کۆماری کوردستان بن و لە ئەنجامدا ئەو کۆمارە رووخا و قازی و هاوڕێکانی لەسێدارەدران. رووسەکان لەم مامەڵەیەدا دۆڕاو دەرچوون و قەوام توانیوی زیرەکانە روسەکان فریوبدات و رووسەکان هەرگیز چاویان بە نەوت لەباکووری ئێران نەکەوت. رووسەکان و حزبە کۆمۆنیستەکانی سەرتاسەری جیهان سیاسەتەکانی رووسیا و بۆ مانەوەی سیتسمی سەرمایەداریی دەوڵەتی (سۆسیالیزمی رووسی) بە پاکتاوکردن، یان چاپۆشیکردن لە پاکتاوکردنی بزووتنەوە چەپەکان لە زۆرێک لە ناوچەکان بە تایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی پێهات. لەعێراق و ئێران و تورکیا و ئەفریقا چەند نموونەی بەرچاوی پاکتاوکردنی بزووتنەوە چەپەکان هەیە، کە رووسەکان لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا لەسەریان نەهاتونەتە دەنگ. لە بەرامبەردا لەگەڵ دەوڵەتەکانی ئێران و تورکیا و عێراقدا رێککەوتون و پەیوەندیی خۆیان برەو پێداوە. ئەو جۆرە مامەڵە و سەودایە رەنگە تەنها تایبەتمەندیی دەسەڵاتدارانی سیستمی سیاسیی رووسیا نەبێت و زۆرێک لە زلهێزەکان هەر بەو شێوەیە بن و دەیان نموونەی هاوشێوەی سیاسەتی رووسەکان دەبینرێت. دوای رووخانی سۆڤیەت لە دوای رووخانی سۆڤیەت و جەنگەکانی باڵکان و یوگۆسلاڤیای پێشوو، بزووتنەوەی کورد بە گشتی لە باشوور و لەباکووری کوردستان لە گەشەیەکی بەرچاودا بوو، بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان بەهۆی داگیرکردنی کوێت لەلایەن سەدامەوە، گیانی بە بەردا کرایەوە و کورد بە بەشێک لە مافەکانی گەیشت. هاوکات لەگەڵ پاشەکشەی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە و داگیرکردنەوەی هەموو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن رژێمی ئێرانەوە، بزووتنەوەی کورد لە باکووری کوردستان لە گەشەدا بوو. کورد لەباکووری کوردستان تەنگی بە دەوڵەتی تورک هەڵچنی، لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی، بۆ خەباتی پەرلەمانی، بۆ دامەزراندنی یەکەم کەناڵی ئاسمانی و پەرلەمان لە دەرەوەی کوردستان و راپەڕینی جەماوەری هەنگاوی گەورەی بڕی. تورکیا بەهاوکاریی ناتۆو ئەمریکاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو ئیسرائیل جوڵەیەکی گەورەیان دەستپێکرد بۆ لە ناوبردنی ئەو بزووتنەوەیە. لەچوارچێوەی ئەو جوڵەیەدا پەکەکەیان خستە لیستی تیرۆرو دواتر لە ١٩٩٨دا لە نێوان دەزگای هەواڵگریی تورک و دەزگای هەواڵگریی سوریادا رێککەوتننامەیەک واژۆ کرا، کە بە رێککەوتننامەی ئەدەنە دەناسرێت. ئەو رێککەوتننامە بۆ پاکتاوکردنی عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکە لە سوریا داڕێژرابوو. لەبەر ئەوەش ئەوە رێککەوتنێکی ئاسایی سیاسی و فەرمیی نێوان دوو دەوڵەت لە وەزارەتەکانی دەرەوە نەبوو. بەڵکو لەژوورەکانی دەزگا هەواڵگرییەکاندا ئەنجامدرا. لەئاکامی ئەو رێککەوتنەدا و بەپلانێکی وردو بە ناوی بانگهێشتکردن بۆ یونان عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا چووە دەرەوە. ئۆجالان لەو پرۆسەیەدا بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پلانەی دەزگا هەواڵگری و راگەیاندن و دیپلۆماسیی و ئابووریی وڵاتانی رۆژئاوا و ناتۆ بەرەنگارییەکی گرنگ و وردی ئەنجامدا. لە دەرگای هالای دا، رووی لە بەلجیکا بە سیفەتی پایتەختی ئەوروپا کرد، ئەڵمانیا سنووری بەڕوودا داخست، هۆڵەندا رێگای نیشتنەوەی بە فڕۆکەکەی نەدا، یونان لە کۆڵی خۆی دەخستەوە، ئیتالیا کۆتایی بە میوانداریەکەی هێنا. ئۆجالان لەو سەروبەندەدا رووی لە رووسیا کرد، پشتیوانانی کورد لە دەرەوەی سیستمی دەسەڵاتی رووسیا، لە رووسیا بەهێز بوون. لەلایەن ڤلادیمیر ژیرۆنۆڤسکی و چەند پەرلەمانتارێک پێشوازی لە ئۆجالان کرا. ئۆجالان ماوەی هەفتەیەک لە ماڵی ژیرۆنوڤسکی میوانداری کرا. لە کۆی ٢٠٠ دەنگی دۆما، بە ١٩٩ دەنگ مافی مانەوەیان لە رووسیا بە ئۆجالان دا، بەڵام دیسانەوە مامەڵە و سەودای رووسی کەوتەوە کارو ژیرۆنوڤسکی ڕۆیشت بۆ تورکیا و مامەڵە گەورەکەی بۆ فرۆشتنی ئۆجالان ئەنجامدا. هاوکات دەوڵەتی رووسیا هیچ شوێنێکی بۆ مانەوەی ئۆجالان لە روسیادا نەهێشتەوە و ئۆجالانیان خستە دۆخێکی سەختەوە. لە بەرامبەر رێگانەدان بە ئۆجالان رووسەکان لەگەڵ تورکیا لەسەر ئەوە رێککەوتن، کە ئیدی تورکیا هاوکاریی چەکدارە ئیسلامییەکانی چیچان نەکات و بانکی جیهانیش بە بڕی ١٠ ملیار دۆلار قەرزی بێ گەڕانەوە بە روسیا بدات. دەوڵەتی رووس  لە بەرامبەر ئەوانەدا ئۆجالانی فرۆشت. قۆناغی هەستانەوەی دوای رووخانی سۆڤیەت رووسەکان لە گەورە زلهێزێکی جیهانەوە کەوتنە دۆخێکی خراپی ئابووری و سیاسی و سەربازی و داڕمان، بۆیە لە دوای قۆناغێکی ١٠ ساڵە لە قەیران و گێژاو، بە هاتنی تیمەکەی ڤلادیمیر پوتین وردە وردە رووسیا چوویەوە سەر سکەی خۆ بەهێزکردنەوەی. رووسەکان لەو چوارچێوەیەدا هەوڵێکی باش و گرنگیان دا، کە بڵێن رووسیا گۆڕاوە و رووسیای نوێ جیاوازە لە رووسیای کۆن. هەڵمەتەکانیان بۆ وێنای رووسیای نوێ ببوونە جێگای سەرنج، ئاوازە نوێکانی رووسیا دەنگی دەدایەوە، چونکە باس لەوە  دەکرێت  رووسەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان لە پشت ویکیلیکس و هەڵدانەوەی چەندین تاوانی وڵاتانی ناتۆ و رۆژئاوا و ئەمریکا بوو بێت. تەنانەت پرۆژەی پریزمی ئەمریکایان ئاشکرا کردو لە رێگەی ئیدوارد سنۆدنەوە یاری هەواڵگریی بەهێزی خۆی بەرامبەر بە ئەمریکا سەلماند. رووسەکان لە پشت بزووتنەوە جودایخوازەکان و ریفراندۆمەکانن بۆ جیابوونەوە، یان دژایەتییان ناکەن، رەنگە ئامانجەکە ئەوە بێت بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی وەک باڵکان پارچەپارچە بن.  داخستنی بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیک رووسەکان بۆ برەودان بەو ئاوازە نوێیە لە رووی میدیاییەوە دەستیان بەکار بۆ هەژمونی خۆیان کرد. لەو چوارچێوەیەدا ئاژانسی هەوأڵی سپۆتنیکیان دامەزراند. تەنانەت بەشی کوردییان تیادا کردەوە، کە بەشێکی چالاک بوو. ئەو ئاژانسە چەند بەهێز بێت و چی کردبێت و چۆن کار بکات ئەوە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام ئەوەی روویدا ئەوە بوو، لە دوای رووداوەکانی سوریا و بەرەوپێشچوونی  پەیوەندییەکانی رووسیا و تورکیا، دەوڵەتی رووسیا بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیکی بە خشکەیی داخست. رۆژئاوای کوردستان و رووسیا   رووسەکان نەیاندەتوانی لەوە زیاتر بەرامبەر بە پەلهاوێشتنەکانی ئەمریکاو ناتۆ بێدەنگ بن. بە بەرچاویانەوە چووبوونە ئەفغانستان، عێراق، لیبیا، باڵکان و ئەوروپای رۆژهەڵات و قەوقاز، بازنەی گەمارۆ لەسەر هەژمونی رووسیا تەنگ کرابوویەوە، کاتێک رووداوەکانی بەهاری عەرەبی گەیشتنە سوریا، ئیدی روسەکان لە دوو قۆڵەوە دەستیان بە بەرەنگاریی پەلهاوێشتنی ئەمریکا و ناتۆ بۆ ناوچە جێ نفوزەکانیی خۆیان کرد. رووسەکان لە ساڵی ٢٠١٥دا کریمیەیان لە ئۆکرانیا جیاکردەوە و کاریش بۆ سەربەخۆکردنی هەندێک ناوچەی تر لە ئۆکرانیاو ئەوروپای رۆژهەڵات دەکەن. لە سوریاش بە بەهێزی دەستیان بە دەستتێوەردان کرد. رووسەکان سەرەتا بە هەموو هێزیانەوە لە گروپە ئیسلامییە جیهادییەکانی وەک داعش، بەرەی نوسرە، جەیشی ئیسلام و کەتیبە جۆراجۆرە چەکدارەکانیان دەدا، کە تورکیا هاوکاریی دەکردن. دەزگای هەواڵگریی ئەمریکاش بۆ رووخانی رژێمی ئەسەد هاوکاریی زیاتر لە ١٧ گروپی دەکرد. تورکیا بە رادەیەک لە دژی دەستتێوەردانی سەربازیی رووسیا بوو، کە فڕۆکەیەکی جەنگیی روسیی جۆری سوو ٢٤ لە ٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥دا لە ئیدلب خستەخوارەوە و دوو فڕۆکەوانەکەشی کوژران. تورکیا بەوەوە نەوەستا و لە رێگەی چەکدارێکی جیهادییەوە بە ناوی مەرەت ئاڵتنیتاش، کە چەکداری هێزە تایبەتەکانی تورکیا بوو، ئاندرێ کارلۆڤ باڵیۆزی رووسیای لە ١٩ی دیسەمبەری ٢٠١٦ لە ئەنقەرە لە کاتی کردنەوەی پێشانگایەکی هونەریدا تیرۆر کرد. لەو کاتانەدا کورد لە رۆژئاوای کوردستان ناوچەکانی خۆی رزگارکرد. توانی لە جەنگی دژ بە تیرۆری گروپە جیهادییەکاندا وێنایەکی زۆر بەهێز لە خۆی نیشان بدات. تورکیا کاتێک شکستی هێزە ئیسلامییە جیهادییە هاوپەیمانەکانی دەبینی و سەرکەوتنی رووسیا و کوردی دەبینی، کەوتە هەوڵ بۆ ئەوەی لەگەڵ رووسیا لە دژی کورد رێبکەوێت، رووسەکان وەک نەریتێکی دێرین، کەوتنە سەودا و لە بەرامبەر پاکتاوکردنی گروپە جیهادییەکاندا لەسەر دەستی تورکیا، دەستیان بە جێبەجێکردنی خواستی تورکیا لەدژی کورد کرد. کاتێک تورکیا ئامادە بوو پاشەکشە بە چەکدارە جیهادییەکان لە حومس و درعا و غوتە و داریا و جسر شغور و حەڵەب بکات و هەروەها سیستمی بەرگریی ئێس ٤٠٠ لە روسیا بکڕێت و گرێبەستی گواستنەوەی گازی سروشتی روسیا لە رێگەی دەریای رەشەوە بە ناوی تورک ستریم واژۆ بکات، ئیدی رووسەکان بەرامبەر بەکورد چوونەوە سەر هەمان رێچکەی سیاسەتی کۆنی خۆیان. رەنگە رووسەکان بیانەوێت پەیکەری ناتۆ و هەژمونی ئەمریکا لەناوچەکە لەق بکەن، بۆیە بەو شێوەیە مەرایی بۆ تورکیا دەکەن و تەنانەت ئامادەن وێستگەی ئەتۆمیش بۆ تورکەکان دروست بکەن. لە بەرامبەر ئەو سەودایەدا رووسەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا هێزەکانیان لە ناوچەکانی عەفرینی رزگارکراو و ئارام کشاندنەوە و ئاسمانی عەفرینیان بۆ تورکیا کردەوە و رێگایان پێدا، کە گەورەترین تاوان و داگیرکەری لە دژی رۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدات. جگە لەوە لەهەموو دانیشتنەکانی ئاستانە و سۆچی دا جگە لەوەی رێگایان نەداوە نوێنەری کورد و ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا بەشداری بکەن، هەموو بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی تورکیا و ئیران و روسیا دراون و بەشێکی باشی بڕیارەکانیش لە بەرژەوەندیی ستراتیژیی فاشیستیانە و ئیتحاد و تەرەقیانەی تورکیادایە. لە ساڵی ٢٠١٩شدا لە دوای مامەڵەی دۆناڵد ترامپ لەگەڵ ئەردۆغان و داگیرکردنی گرێ سپی و سەرێکانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، رووسەکان بە خێرایی هاتن و رێککەوتنی کۆنی ١٩٩٨ی ئەدەنەیان بۆ تورکیا و ناوچە سنوریەکان زیندوو کردوە، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە تورکیا دەتوانێت تا قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر بە درێژایی ٩٠٠ کیلۆمەتر سنووری سوریا لە دژی کورد شەڕ بکات. روسیا رێککەوتنە کۆنەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی رۆژئاوای لە دژی کورد زیندوو کردەوە. روسیا گەرچی ئاوازی نوێ بۆ سیاسەت لێدەدات، بەڵام لە سەودادا رێچکەی ناتۆو وڵاتانی رۆژئاوای گرتووەتە بەر و درێژە بە رێگاکەی ئەوان دەدات. تەنانەت رووسیا ئامادە نەبوو لە ئەنجوومەنی ئاسایش رێگا بە کردنەوەی دەروازەی تەل کۆچەر بۆ هاوکارییە مرۆییەکان لە رۆژئاوای کوردستان بدات و داوای کردنەوەی ئەو دەروازەیە ڤیتۆ کرد. رووسەکان سیاسەتی کۆنی بەریتانیا بەرامبەر بە کورد دووبارە دەکەنەوە لە پانێڵی پێنجەمی دیداری میری لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١دا ئەلبروس كوتراشیڤ، باڵێۆزی روسیا لەعێراق لەبارەی دۆخی کورد لە سوریا رایگەیاند، دۆخی کورد ئاڵۆزە ناوچەکانیان لە یەک دابڕاوە و ئەو ناوچانەی بە دەستیانەوە هەمووی کورد نییە. ئەوە هەمان ئەو سیاسەتە کۆنە ئیستیعمارییە، کە رووسیا بۆ دژایەتیکردنی کورد بەکاری دەهێنێت. لە سەرەتای سەدەی ٢٠ دا کاتێک ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزاین کرایەوە. بەریتانیا و فەرەنسا ژمارەیەک وڵاتیان بۆ چەند سەرۆک عەشیرەتێک و تایفەیەک دامەزراند. لەوانە ئوردون، عێراق و لوبنان و سوریا. تەنانەت ئەوەی ناوی شای عێراق بوو، لە وڵاتێکی ترەوە هێنایان بۆ عێراق. بەرژەوەندییان ئەوەی دەخواست و نەیانگوت، ئەوانە خەڵکی ئەو وڵاتانە نین و پێگە و جەماوەریان نییە و سەرۆک عەشیرەتن و ناتوانن وڵات بەڕێوەببەن، بەڵام بەکوردیان دەوت کورد ناتوانێت وڵات بەڕێوەببات و بۆ دەوڵەتداری نابێت. ئەوەی ئێستا رووسیا بەرامبەر بە کورد دەیکات هەمان ئەو سیاسەتە کۆنەی بەریتانیایە بە ئاوازێکی تازە، بەریتانییەکان رۆژنامەی تێگەیشتنی راستی-یان بە کوردی دەرکرد، بەڵام بە گازی خنکێنەرو بومبی فۆسفۆڕی سلێمانیان بۆردمان دەکردو کتێبخانەکەیان تاڵان  کرد و شەڕی شێخ مەحمودیان کرد و دانیان بە ئیدارەو کیانی کورددا نەنا، ئێستاش رووسەکان رێگایان داوە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا لە مۆسکۆ نوێنەرایەتی بکاتەوە، بەڵام هەموو جارێک ناوچەیەکی لێدادەبڕن و دەڵێن، ناوچەکانیان کوردی نییە، بەڵام ئەوان بە سوریا، تورکیا، عێراق و ئێرانیان نەوت، هەموو ناوچەکانتان تورکی، عەرەبی و فارسی نییە، بۆیە ناتوانن خۆتان بەڕێوەببەن. ئایا فیدراسیۆنی رووسیا هەمووی رووسە و خاکی گەلی رووسە؟. بێگومان ئەو دەربڕینەی باڵێۆز کوتراشیڤ دەرخەری رووی راستەقینەی سیاسەتەکانی رووسیایە بەرامبەر بە کورد و دیارە رووسیا نایەوێت لە دیزانی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورد ببێتە خاوەن پێگەو هێزو کیان. هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا تاوناتاوێک بە زمانی هەڕەشە دەڵێت، کورد بە دنەی ئەمریکا دەجوڵێتەوە و ئەوەش لە دواییدا زیانی زۆری بۆ کورد دەبێت. دەڵێت، درەنگ یان زوو ئەمریکا دەڕوات. یانی رووسەکان بەو زمانە هەڕەشە لە کورد دەکەن، دەڵێن، ئێوە مەحکومن بە شکست، یان بە گوێمان دەکەن، یا تورکیاتان تێبەردەدەین، یان کاتێک ئەمریکا رۆیشت تۆڵەتان لێدەکەینەوە. ئەوە زمانی هەڕەشەی دووەم گەورە زلهێزی جیهانە بەرامبەر بە کورد. سەرباری هەموو ئەوانەش کورد لەلایەن ناوەندە ئەکادیمی و ئازادیخوازانی رووسەوە پشتیوانیی لێدەکرێت. لە ناوەندە ئەکادیمیەکانی رووسیادا چەندان لێکۆڵینەوەی گرنگ بۆ سەلماندنی نەتەوەی کورد ئەنجامدراون. رادیۆ کوردیی ئێریڤان و رۆژنامەی رێیا تازە دامەزراون. لە رووی کوردۆلۆژییەوە رووسەکان کاری گرنگیان ئەنجامداوە، تەنانەت تا ئێستاش پەکەکە لە لیستی تیرۆری رووسیادا نییە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە جێگای ئۆجالان ناکەنەوە و سەودای لەسەر دەکەن و هەروەها رێککەوتنی ئەدەنە بۆ تورکیا زیندودەکەنەوە. ئەو جۆرە دۆستایەتییەی روسیا جێگای تێڕامانە، کە زۆر جێگا متمانە و بڕوا نییە. گەرچی وڵاتێکی وەک میسر ئیدعای مافی چارەخۆنووسیی بۆ گەلانی جیهان وەک رووسەکان نەکردوە، بەڵام ئەوان لانکەی دەرکردنی یەکەم رۆژنامەی کوردی بون بە ناوی کوردستان. هەروەها چاپخانەی زانستیی کوردستان لەلایەن فەرەجوڵا زەکی مەریوانی لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩دا لە میسر دامەزرا. هەروەها لە ناوەڕاستی سەدەی ٢٠یشدا رادیۆی کوردیی قاهیرەیان هەبوو. لەبەر ئەوەش رووسەکان تەنها بە کردنەوەی نوێنەرایەتیەک، یان رادیۆ و رۆژنامەیەک ناتوانن لە بەرامبەر ئەو مێژووەدا بە ئاسانی متمانەی کورد بەدەستبهێنن، بۆیە گرنگە  رووسیا کاری گرنگ و جدی لەئاستی مافی چارەی خۆنووسی گەلی کورددا ئەنجام بدات، نەک دژایەتیی گەلێکی چەوساوەی بندەست بکات. دژایەتیکردنی چەوساوەکان ئازایەتی و هونەر نییە.

هاوڵاتى ئێران دەیەوێت لەجیاتی جەنگی سارد لەگەڵ نەیارانی لەعێراق ئاشتییەكی سارد لەبەغدا بكات و زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیش لەگەڵ ئەمریكا مسۆگەر بكات، بۆیە پێچەوانەی رابردوو هەوڵی هێوركردنەوەو كاردانەوەكانی گروپەكانی لایەنگری خۆی دەدات لەعێراق. پێشتر قاسم سولەیمانی لەباڵای ژەنەڕاڵێكی ئیمپراتۆریەتی شیعەدا رۆڵی گرنگی هەبوو لەیەكخستنی شیعەكان و بە پەیامێك لەتارانەوە شەقامی شیعەی لەبەغدا رێكدەخست، بەڵام دوای ئەو قائانی بە گەشتە بەردەوامەكانی بۆ بەغدا نەیتوانیوە ببێتە مایەی یەكڕیزیی شیعە، بۆیە كوشتنی سولەیمانی سەرەتای تێكچوونی خەونی ئیمپڕاتۆریەتی شیعەیە لەعێراق. ئەگەرچی ئێران بەداهێنەری هیلالی شیعە لەناوچەكە وەسف دەكرێت، بەڵام بەرژەوەندیی وڵاتەكەی لەهەموو دین و دیانەتێك بۆ گرنگترە بەتایبەت كە نموونەی ئەوەی لەسەردەمی راگرتنی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ سەددام حسێن بەدی كراو روحەڵڵا خومەینی، رێبەرو دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران بەواژۆكردنی بڕیارنامەی ژمارە 598ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوەیەكگرتوەكان بۆ راگرتنی جەنگ لەساڵی 1988 رایگەیاند ئەم كارە وەك جامی ژەهر وایە كە دەینۆشم بەڵام بەرژەوەندیی ئێران ئەوە دەخوازێت. هەروەها دور نییە كۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بەئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 ئامادەكاریی بكات بۆ نۆشینی جامێكی دیكەی ژەهر لەپێناو بوژاندنەوەی ئابوریی وڵاتەكەی كە لەسەر دەستی ئەمریكا لەلێواری هەڵدێر نزیك بووەتەوە. ئێران زیاتر لەشەش مانگە بەنێوەندگیریی عێراق دەیەوێت كۆتایی بەجەنگی ساردو راسپێردراو لەگەڵ سعودیە بهێنێت بۆیە زۆر ئاساییە پاشەكشێ لەهەڵوێستەكانی ئێستای ئەو وڵاتە لەسەر پێگەی لایەنەكانی و لایەنگرانی لەعێراق بەدی بكرێت، وەك چۆن پێچەوانەی پێشبینییەكان لە ئاست ئەنجامەكان و ئەژماركردنی دەنگەكان توندی نەنواند پێدەچێت لەئاست دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت و سەرۆكەكەشی نەرمیی بنوێنێ و بە كەمی كێكی دەسەڵات و لاوازیی پاشكۆكانی لەعێراق رازی بێت. تاران لەماوەی مانگێكدا سێ جار ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەلیەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی رەوانەی عێراق كردووە و هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە شیعەكانی نزیك لەخۆی كە بە چوارچێوەی هەماهەنگیی ناو دەهێنرێن لەگەڵ موقتەدا سەدر كەدۆستی جارانی ئێران و هاوپەیمانی ئێستای سعودیەیە كۆبووەتەوە، بەڵام روون نییە پێداگریی لەهیچ خواست و ئامانجێك هەبووبێت. ئێران لەنێوان پارتی  و سەدرو مالیكی تەلەفیزیۆنی (ئێران ئەنتەرناشناڵ) كە نزیكە لەوڵاتی سعودیەوە بڵاوی كردووەتەوە؛ ئیسماعیل قائانی رۆژی یەكشەممە (30/12/2022) سەردانی هەولێری كردووە بۆ ئەوەی رێگریی لە رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و موقتەدا سەدر بكات. سەرچاوەیەك بە تەلەفیزیۆنەكەی راگەیاندووە؛ قائانی بەگەشتێكی چاوەڕواننەكراو رووی لەهەولێر كردووە و گەشتەكەو كۆبوونەوەكانی بەنهێنی ئەنجامداوە. ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران هەڵگری پەیامی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران بووە بۆ پارتی بەڵام ناوەڕۆكی ئەو پەیامە ئاشكرا نەكراوە. ئەگەرچی مێژووی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و پارتی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 75 ساڵ پێش ئێستا، بەڵام لە ماوەی رابردوودا میدیاكانی سەر بەباڵی توندڕەوی محافزكاران و سوپای پاسداران لەئێران بە بەردەوامی پارتییان بەوە تۆمەتبار كردووە كە لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندیی توندوتۆڵی هەیەو ئەوەش بۆ دژایەتی ئێرانە لەناوچەكەدا. پەیوەندیی بنەماڵەی سەدرو شیعەكان لەئێران پەیوەندییەكی كۆن و مێژووییە، بەڵام ئێران بە ئاشكرا رایگەیاندووە موقتەدا سەدر نابێت بەتەنها چاوی لەو بەروبوومە سیاسی و ئاینییەی باوك و باپیرانی بێت كە لەعێراق چاندوویانە، بەزمانێكی دیكە تاران داوای بەش لەموقتەدا سەدر دەكات. ئەو هاوپەیمانییەی كە بەناوی دەوڵەتی یاسا كە لەلایەن نوری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكرێت و گەورەترین كێشەو ناكۆكیی لەگەڵ سەدر هەیە بەبڕوای مالیكی درێژكراوەی تێكۆشانی محەمەد باقری سەدر لەدامەزراندنی حزبی دعوەی ئیسلامی بووە كە باوكی موقتەدا سەدرە.      بەرپرسانی ئێران پێیان وایە كێشەو ناكۆكییەكانی سەدرو نوری مالیكی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2006 چونكە لەو سەردەمەدا كە لایەنگرانی سەدر لەپارێزگای بەسرە ویستیان خۆپیشاندان دژی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق ئەنجام بدەن، مالیكی كە سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو خۆی گەیاندە پارێزگاكەو فەرمانی كرد بەسەركوتی ئەو خۆپیشاندانانە، بۆیە لەو رۆژەوە ئەو دوو دۆستە كۆنەی ئێران بڕواو متمانەیان بە یەكتری نەماوە. ئێران و سعودیە لەعێراق زیاتر لە 42 ساڵە سعودیەو ئێران ناكۆكییان هەیە بە تایبەت كە سعودیە خۆی بە نوێنەر و سەرۆكی سوننەكان لەعێراق دەزانیت و هاوكات بە هاوپەیمانی ئەمریكا لەعێراق لەقەڵەمدەدرێت، بەڵام بە سەرهەڵدانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق پەیوەندییەكانی نێوان تاران و ریاز ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینیوەو ئەو دوو وڵاتەش لە رێگەی گروپە لایەنگرەكانیانەوە عێراقیان كردووە بە چەقی ململانێی شیعەو سوننە. ستراتیژی ناوچەیی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە لەسەر بنەمای رووبەڕووبوونەوەی هەژمونی ئەمریكاو پشتیوانی لە گروپە شیعەكان و بەرەنگاربوونەوەی گروپە سوننە توندڕەوەكانی وەك داعش و تاڵیبان و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات و هەیمەنەی سعودیە لەسەر وڵاتانی كەنداو داڕێژراوە. ئەم ستراتیژییەی ئێران بە بەردەوامی هۆكاری سەرەكییە بۆ بەریەككەوتنی شیعەكان و سوننەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئاستێك لە بێمتمانەیی لەنێوان تاران و ریازدا هەیە كەبواری ئەوەیان دروستكردووە ئاشتیی شیعە و سوننە لەوڵاتان بكەنە شەڕی ماڵوێرانكەرو نموونەی ئەوەش لە گۆڕەپانی عێراقدا بەدی دەكرێت. ئێران لەئێستادا بەهۆی گۆڕانكاریی لەسیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی هەوڵی هێوركردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە دەدات، بۆیە پێچەوانەی رابردوو میلیشیا شیعەكان هێوردەكاتەوە و سەرەتای ئەو سیاسەتەش دوای هێرشكردنە سەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەركەوت، بەوەی كە ئێران بەپەلە هێرشەكەی ئیدانەكرد و قائانیش خۆی گەیاندە بەغداو لەگەڵ فەرماندەكانی حەشدی شەعبی كۆبوەوە. قائانی بە فەرماندەو هێزە چەكدارەكانی شیعەی لەعێراق وتووە: ئێران سەرقاڵی دانوستانی ئەتۆمییە لەڤیەننا و نابێت جموجۆلی ئەو هێزانە لەعێراق ببێتە مایە توندبوونەوەی هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریكا لە بەرامبەر تاران. هاوكات دوای ئەوەی محەمەد حەلبوسی، وەك لایەنێكی بەهێزی سوننە جارێكی دیكە بووەوە بەسەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی حەلبوسی كرد، ئەوەش ئاماژەیەكی دیكە بوو كە تاران هەستیاریی و توڕەییەكانی سەبارەت بە دۆخی لاوازو پەرتەوازەی شیعەكانی لایەنگریی لە عێراق كەم بووەتەوە. قائانی و قاسم سولەیمانی پسپۆڕانی نێودەوەڵەتی و شارەزایانی سیاسی بڕوایان وایە ئێران لەعێراق و لوبنان پاشەكشێی گەورەی بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكا كردووە كە دوو هۆكاری سەرەكیی هەیە، یەكیان رێككەوتنی ئەتۆمییەو ئەوی دیكەیان نەمانی قاسم سولەیمانییە. قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی سوپای قودس بە كاریگەرترین بەرپرسی ئێران دوای خامنەیی لەعێراق و لوبنان لەقەڵەم دەدرا بە تایبەت كە سولەیمانی ئەزمونی لەگەڵ ئەو وڵاتانە و لایەنەكانی زۆر زیاتر بوە و لە قائانی و لە سیاسەتدا بە هەیمەنە و لە بواری سەربازیشدا خاوەن بڕیاربوە، بەڵام ئەو تایبەتمەندیانە تائێستا لە قائانی بەدی نەكراوە. پێشتر سولەیمانی بەئاماژەیەك لەتارانەوە گروپ و لایەن شیعەكانی لەعێراق رێكدەخست، بەڵام قائانی لە ماوەی مانگێكدا سێ جار گەشتی بۆ عێراق كردووە و پێناچێت توانیبێتی گروپە و لایەنەكانی نزیك لەوڵاتەكەشی رێكبخات. پاشەكشێی ئێران بۆ ئەمریكا بۆ پارە بلۆككراوەكانی لە عێراق گومانی تێدا نییە واشنتۆن و تاران لەعێراق ململانێی یەكتری دەكەن، بەڵام سەبارەت بە هەڵبژاردنە پێشوەخەتەكەی عێراق لەمانگی ئۆكتۆبەر، ئیمارات و توركیا ئەركەكەی ئەمریكایان بۆ دژایەتی ئێران سوك كردووە و بەرژەوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتەش وادەخوازێت كە دەستی تاران لەعێراق كورت بكەنەوە.  بەرپرسانی ئێران پێیان وایە سێكوچكە ئەمریكا و سعودیە و ئیمارات زیاترین هەوڵیان داوە رۆڵی تاران لەبەغدا و حكومەتەكەی داهاتوویدا بچووك بكەنەوە، بۆیە ئەو وڵاتە بە كەمبوونەوەی هەیمەنەی لەعێراق باكی نییە و نایەوێت ئەمریكا و سعودیە لەخۆی توڕە بكات، چونكە كاری لەپێشینەی تاران بەدەستهێنانەوەی ئەو پارانەیەتی لەعێراق كە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە بلۆك كراوە. حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشوی ئێران شەش مانگ پێش لەوەی ماوەی سەرۆك كۆمارییەكەی كۆتایی بێت بەلێدوانێك گلەیی لەهەندێك وڵای دراوسێ كرد كەزیاتر لە 30 ملیار دۆلاری ئێرانیان بلۆك كردووە، دواتر دەركەوت رۆحانی مەبەستی سەرەكیی عێراق بووە، بەڵام دوای ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی بووە سەرۆك كۆماری وڵاتەكە رایگەیاند؛ بڕی حەوت ملیار دۆلاری وڵاتەكەی كە قەرزە كەڵەكەبووەكانی فرۆشتنی غازو كارەبا بەعێراق بووە بلۆك كراوە. ئێران بە نێوەندگیریی مستەفا كازمی كە بەهاوپەیمانی ژێربەژێری سەدر لەقەڵەمدەدرێت توانیویەتی ئەمریكا رازی بكات كە ئەو پارانە لەبەرامبەر كڕینی كاڵای پێویست بۆ ئێران وەربگرێتەوە واتە، عێراق پارەكان دەدات بە كاڵاو رەوانەی ئێرانی دەكات بەبێ ئەوەی تاران راستەوخۆ بتوانێت مامەڵە بەپارەكانیەوە بكات. بەپێی نامەیەكی سەرۆكی ناوەندی بازرگانیی ئێران كە میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویانكردوەتەوە و نامەكەش رێككەوتی پێنجشەممەی رابردوی لێدراوە، ئاماژە بەوەكراوە سەرجەم وەزارەتەكانی ئێران داواكارییەكانیان بۆ دابینكردنی كاڵا سەرەكی و پێویستەكانی وەك دەرمان و خۆراك و پیشەسازیی دواكاریی ئاڕاستەی ناوەندەكە بكەن چونكە بڕێك لەپارەكانی وڵاتەكە لەبانكی بازرگانی عێراق ئازاد كراوە.

سەركۆ جەمال حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە داوای ئەو قەرزانە دەكات كە بەوتەی خۆی لەلای وەبەرهێن و كۆمپانیا و بازرگانانە، بۆ ئەو مەبەستەش رێوشوێنی دەستپێكردووە، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستانیش دەڵێت تائێستاش بەشێك لەكۆمپانیا و بازرگانەكان قەرزیان بە حكومەت نەداوەتەوە. بەپێی نوسراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێكی زۆری قەرزەكان نزیكەی 15 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوەو بازرگانان و وەبەرهێنەران لەكاتی خۆیدا نەیانداوەتەوە بەوهۆیەوە لەگەڵ ئەو سووەی چووەتەسەری گەیشتووەتە یەك ترلیۆن و 307 ملیار و 793 ملیۆن و 798 هەزار دینار كە لەبنەڕەتدا 513 ملیار و 500 ملیۆن و 114 هەزار و 843 دینار بووە. بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەش ئەنجومەنی وەزیران داوای لەوەزارەتی دارایی كردووە ئەو قەرزانە پاكتاو بكات، وەزارەتی داراییش داوای لەوەزارەتی داد كردووە دەست بەفرۆشتنی موڵك و ماڵی خاوەن قەرزەكان بكات. بەپێی نووسراوەكان كە هەندێكیان بۆ سەردەمی كابینەی بەرهەم ساڵح سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە چەندین جار حكومەتی هەرێم داوای لەچەند كۆمپانیایەك كردووە قەرزەكانیان بدەنەوە، داواكارییەكەش بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری و بانكەكان نێردراوە. لەدوایین ئاگاداركردنەوەشدا كە مێژووەكەی بۆ ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی دیوانی ئەنجومەنەكەوە وەزارەتی دارایی ئاگاداركردووەتەوە كە دوایین جار قەرزارەكان ئاگادار بكەنەوە لەو ماوەیەی بۆیان دیاریكراوە قەرزەكان بدەنەوە. هاوڵاتى بۆ وەرگرتنی رای وەزارەتی دارایی پەیوەندیكرد بە نەبەرد فوئاد وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام ناوبراو وتی :» ئاگاداری ئەو نووسراوە نیم بۆیە قسەی لەسەر ناكەم». هاوكات یاسین مەحمود، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بەهاوڵاتى وت :»بەهۆی ئەوەی نووسراوەكان كۆنن ئاگادارنیم بەوردی چی كۆمپانیایەك قەرزی داوەتەوە یاخود نا، بەڵام هەندێك لەكۆمپانیاكان بەڕێگەی جیاواز قەرزەكانیان داوەتەوە بەحكومەت». یاسین مەحمود كە هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای بەڕێزە وتیشی: «ئەوەندەی ئاگاداربم تائێستا كۆمپانیای نالیا یەكێكە لەو كۆمپانیایانەی قەرزی بە حكومەت نەداوەتەوە، بەڵام كۆمپانیای بەڕێز سەرجەم قەرزەكانی بۆ حكومەت گەڕاندووەتەوە». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتى، له ‌كابینەكانی پێشووی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا و بازرگان قەرزیان لەحكومەت كردووە و تا ئێستا ئەو قەرزانە نەدراونەتەوە.  كاتی خۆی قەرزەكانی بە پێوەری یاسایی كراوەو لەجیاتی قەرزەكە، خانوو، یان موڵكێك وەك رەهن له ‌بەرامبەر ئەو قەرزە خەوێنراوە، قەرزەكانیش جۆراوجۆرون، بەشێكیان قەرزی بچووكە، بەشێكیان قەرزی بازرگانین، بەشێكیان قەرزی گەورە و قەرزی بچووك و پرۆژەی بازرگانین، بەڵام لەهەمان كاتیشدا كۆمپانیا و بازرگان هەیە پارەیان لای حكومەتە. هەر بەپێی زانیاریەكان لە مانگی هەشتی 2021 ەوە حكومەت دەستی بەسەر رەهنی قەرزداراندا گرتووە و هاوكات لە 13ی 5ی 2020 حكومەت لەڕێگای نووسراوێكەوە داوای لە بانكەكان كردووە لیژنەی تایبەتمەند پێكبهێنن بۆ پۆلێنكردنی قەرزەكان و رێكارەكانی وەرگرتنەوەی قەرزەكان. پێشتر عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو: بەپێی یاسای قەرزی ساڵی 1977، هەر بازرگانێك پارەی حكومەتی لابێت، دەبێت لە بەرامبەر ئەوەدا رەهنی دانابێت، جا ئەو رەهنە خانوو‌، كۆمپانیا،‌ یان هەر ‌شتێكه، بۆ ئەوەی‌ ئەگەر لە ماوەی دیاریكراودا قەرزەكان نەدەنەوە، ئەوەی بەڕەهن دانراوە حكومەت لێی وەردەگرێت و لەجیاتی قەرزەكە دەیفرۆشێت، یان دەیخاتە سەر میلاكی وەزارەتی دارایی و ئەم یاسایەش لە 1/7/2020ـوە جێبەجێ كراوه. سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندبوو:» هەرچەندە ئەمە پرۆسەیەكی كەمێك ئاڵۆزەو رێكاری خۆی هەیه،‌ چونكە ئەگەر هات و ئەو رەهنەی دایناوە بەشی ئەو قەرزەی نەكرد كە لەحكومەت كردوویەتی، دەبێت ئەوەی دەمێنێتەوە وەك قەرز لێی وەربگیرێتەوه».

کاکەلاو عەبدوڵا لە ٢٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، گۆڕانکاری لە پۆستی وەزیری داددا کرد، گۆڕانکارییەک کە راستەوخۆ پەیوەندی بەکورد و بەتایبەتتر بە عەبدوڵا ئۆجەلانەوە هەیە. لەو رۆژەدا بەکر بۆزداغ، ناوێکی دیاری ناو حکومەتی تورکیا، بە فەرمانی ئەردۆغان کرایە وەزیری دادی تورکیا بۆ دەرکردنی رەشنووسە یاسایەک تا عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندان دەربکات و بیگوازێتەوە بۆ ژیر چاودێری لەماڵێکدا کە بۆی دیاری دەکرێت. بەپێی وتەی جان ئاتاکلی، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورکیا، ئەردۆغان دەیەوێت بەم هەنگاوەی سۆزی کوردانی تورکیا رابکێشێت و دەنگی زۆربەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ پارتەکەی خۆی، پارتی دادو گەشەپیدان (ئاکەپە)، ببات. بەکر بۆزداغ بە رەچەڵەک کوردەو پێشتر لەساڵی ٢٠١١دا جێگری سەرۆک وەزیران بووە لەکابینەکەی ئەردۆغانداو چەندین پۆستی تریشی هەبووە. جان ئاتاکلی لە یوتیوب و تویتەری خۆی ئەو وتانەی خۆی بڵاویکردەوە و دەڵێت بەپێی ئەو شتانەی بیستوویەتی، بەکر بۆزداغ باشترین بژاردە بووە کە ئەردۆغان هەڵیبژیڕێت بۆ ئەو کارە. ئاتاکلی دەڵێت، پارتی داد و گەشەپێدان دەیەوێت بەمزووانە رەشنووسە یاسایەک تێپەڕێنێت بە سەرکردایەتی بەکر بۆزداغ و بەندێکی رەشنووسەکە تێیدا هاتووە کە «ئەو تاوانبارانەی تەمەنیان ٧٠ ساڵە و ٢٠ ساڵیان لە زیندان بەسەر بردووە دەگوازرێنەوە و دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە لەماڵەوە، بەمجۆرەش ئۆجەلان سوودمەند دەبێت لەم یاسایە و ئازاد دەکرێت». عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرکردە و دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە ئێستادا تەمەنی ٧٣ ساڵە و لەساڵی ١٩٩٩ەوە لەزیندانە کاتێک لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە لە نایرۆبی پایتەختی کینیا رفێنراو گەڕێنرایەوە تورکیا. ئەم وتانەی ئاتاکلی لە کاتێکدایە پەكەكە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆمیتەی ناوەندیی بەڕێوەبرد و لەبەشێکیدا رایگەیاند، «كات كاتی ئازادكردنی جەستەیی ڕێبەر ئۆجەلانە». ئاتاکلی دەڵێت ئەم کارەی سەرۆکی تورکیا بۆ ئەوەیە تا دەنگی کورد بۆ خۆی رابکێشێت لە هەڵبژاردنی گشتیدا کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ٢٠٢٣دا ئەنجامبدرێت. رۆژنامەنووسە تورکییەکە باس لەوەش دەکات لە ئێستادا دۆخی سیاسی ئەردۆغان باش نییە و پەنا بۆ هەر کەسێک دەبات کە یارمەتی بدات، یەکیکیش لەوانە بەکر بۆزداغە کە زۆر شارەزایە لە نووسینی رەشنووسە یاسادا. رۆژنامەنووسە تورکییەکە لەم وتانەیدا بە تەنها نییە، بەڵکو چەندین راپرسی ئەم دواییانە لەلایەن دەزگا گەورەکانی تورکیاوە ئەوەیان دەرخستووە ئاکەپە و ئەردۆغان ئاستی جەماوەرییان لاواز بووە، ئەویش بەشێکی زۆری بۆ دۆخی ئابوری تورکیا دەگەڕێتەوە لەگەڵ دابەزینی بەهای لیرە کە تەنها لە ٢٠٢١ لەسەدا ٤٠ی بەهاکەی لەدەستداوە. بەپێی راپرسییەکی دەزگای میترۆپۆڵ کە لە ١١ی مانگی رابردوو ئەنجامدرا، ئاستی جەماوەری ئەردۆغان بەجۆرێک دابەزیوە کە لە ٢٠١٥ەوە ئەو ئاستەی بەخۆیەوە نەبینیوە و لە ئێستادا ئاستی جەماوەری سەرۆکی تورکیا لەسەدا ٣٨.٦٪ە، ئەمەش کەمترە لەو رێژەیەی سێ کاندیدەکەی تر بۆ سەرۆکایەتی کۆمار کە لە راپرسییەکەدا داندراوە و دوو کەسیان سەر بەپارتی جەهەپەن، ئەوانیش مەنسور یەڤاش، سەرۆک شارەوانی ئەنقەرە، و ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆک شارەوانی ئیستەنبوڵە. لە راپرسییەکی تردا کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی سۆسیۆ پۆڵەتیک ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە پارتی ئاکەپە تەنها لەسەدا ٢٧%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، ئەمەش لەسەدا ١٠% کەمی کردووە بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ کە لەسەدا ٣٧% بوو. پارتی جەهەپەش لەسەدا٢٢.٩%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و پارتە هاوپەیمانەکەی بەناوی پارتی چاک، لەسەدا ١٠.٣%ی بەدەستهێناوە، هاوکات راپرسییەکە ئەوەشی دەرخستووە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەسەدا ٩.٤%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. دەزگای ئۆ ئار سی راپرسییەکی تری ئەنجامداوە و تێیدا دەرکەوتووە هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە توانیویەتی لەسەدا ٣٨.٧%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت لەکاتێکدا هاوپەیمانییەتی جەهەپە-پارتی چاک لەسەدا ٣٩.٥%ی دەنگەکانی کۆکردووەتەوە. دەزگای میترۆپۆڵ راپرسییەکی تری ئەنجامداوە و تێیدا دەرکەوتووە لەسەدا ٣٦.٧%ی خەڵکی تورکیا پێیانوایە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت قەیرانی ئابوری تورکیا رێکبخات لەبەرامبەر لەسەدا ٣٥.٤٪ی دەنگەکان کە پێیانوایە هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە دەتوانێت ئەو کارە بکات. لەکۆتایی قسەکانیدا جان ئاتاکلی ئاماژە بە بابەتیکی تر دەکات  و دەڵێت ئەردۆغان «ئامادەکاریشی کردووە بۆ لێبوردنی گشتی» و ئەگەر لەکاتی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکاندا بۆچوونی ئەوەی بۆ دروست ببێت کە رەنگە بدۆڕێت، ئەوا «لێبوردنی گشتی دەردەکات» بۆ ئەو کەسانەی بەندەکەی پێشوو دەیانگرێتەوە.

هاوڵاتی راوێژكارێكی پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیەكی بۆ دووبارە بووژاندنەوەی پارێزگای سلێمانی لە رۆژنامەی  بڵاوكردووەتەوە و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانی سلێمانی دەڵێن ئامارن كاری لەسەر بكەن. لەژمارە (1952) رۆژنامەی ، كورتە پلانێك تایبەت بەسلێمانی بڵاوكرایەوە لەپێناو گەشەپێدانی سلێمانیدا كە لەلایەن دانا دارا، راوێژكاری سەرۆكایەتی پەرلەمان نوسرابوو. لەدەقی پرۆژەكەدا هاتووە:» شاری سلێمانی و كۆی پارێزگاكەش بەپێی دوا رووپێوی بەردەست كە بۆ ئاماری دانیشتوان و هەموو پرسە پەیوەندیدارەكانی ئەنجام دراوە، تاساڵی 2020 بە(6,171,083)كەس هەژمار كراوە، كەژمارەی دانیشتوانی سلێمانی لەو ئامارەدا (2,152,595) كەس دانراوە».  بەپێی ئەو ئامارەی بۆ ژمارەی خێزان لەهەرێمی كوردستان كراوە (1,071,303) خێزان لەخۆدەگرێت، لەوانە لەپارێزگای سلێمانی (441,253) خێزان دەژین، لەو ژمارەیە (88,867) خێزانیان كرێچین، كە دەكاتە(21%)ی خێزانەكانی سلێمانی. هەر بەپێی پرۆژەكەی ئەو راوێژكارەی پەرلەمان لەهەرێمی كوردستان تێكڕای تەمەنی هاوسەرگیریی ئافرەتان (20.7) ساڵە، پیاوان (24.5) ساڵە، لەسلێمانی پیاوان (24.8) ساڵەو ئافرەتان (20.9) ساڵە، (3%)ی دانیشتوان خاوەن پێداویستی تایبەتن لەپارێزگای سلێمانی زۆرترین خاوەن پێداویستی تایبەتی لێیە كەدەكاتە (3.4%)، هەروەها لە (36%)ی خێزانەكانی هەرێم داهاتی مانگانەیان (500,000) دینار كەمترە، بەڵام لەسلێمانی رێژەكەی زیاترەو لە (40%)ە. بەپێی بەشێكی دیكەی پرۆژەكەی دانا دارا، كەرتی وزە لەشاری سلێمانی نموونەی وەك نەوت: رۆژانە  40 بۆ 45 هەزار بەرمیلە، كە بەراوورد بەكۆی گشتی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم، زۆر كەمە، داهاتی مانگانەی پارێزگای سلێمانی نزیكەی (100) ملیار دینارە، كەداهاتی گومرگ و فەرمانگەكانە، كارەبا لەسلێمانی (33%)ی كۆی گشتی كارەبای بەرهەمهاتووی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، ئاو لەسلێمانی رۆژانە لەناو شار بە(3) رۆژ چوار كاتژمێر هەیەو لەدەرەوەی شەستمەتریش بەهەمان شێوەیە . لەكۆتایی پرۆژەكەشدا هاتووە: هەموو پڕۆسەیەكی گەشەپێدان بۆ ژیان لەشارێكی مۆدێرندا پێویستە میكانیزمەكانی جێبەجێ‌كردنی بەڕوونی دیاری بكرێت، لەوانەش سەرەتای دەستكردن بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكە لە 2/1/2022و بۆ ماوەی یەك ساڵ دەبێت. وەك دانا دارا راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی پێكردووە، بۆ سلێمانی گرنگە، لەلایەك راستكردنەوەی ژیان بكات بۆ بوارەكانی ژیان لەشارەكە بەپێی ستاندارە جیهانیەكان و لەلایەكی ترەوە مافە یاسایی و دەستورییەكانی وەك شار وەدی بهێنێت چونكە سلێمانی ماستەرپلانی نییە و رێژەی سەوزاییش تێیدا بەپێی ستانداردی جیهانی نییە. دانا دارا راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پرۆژەكەیەوە لەلێدوانێكدا بە وت :» بۆ ئەم نووسینە تەنها سوودم لەچەند ئامارێكی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و پاشان توانا كەسیەكانم و راوێژێكی سنوردار وەرگرتووە». هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە ئامانجی پڕۆژەكە ئەوەیە، سلێمانی وەك شارو وەك پایتەختی رۆشنبیری، هەمیشە لەپێگەی خۆیدا بمێنێتەوەو بۆ ئاسۆی باشتر هەنگاو بنێت بۆ بەدیهێنانی هەموو مەرجە ستاندارە جیهانییەكان كە بۆ شارو شارنشینی پێویستە لەسلێمانیدا. جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت:»كار لەسەر ئەو پرۆژەیە دەكەین كە تایبەتە بەسلێمانی». بارزان محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا بە وت:»پرۆژەكەم خوێندووەتەوەو داومە بەژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تا لیژنەی پرۆژەكان كاری لەسەربكەن». « پرۆژەكەم بەلاوە جوانەو چاوەڕێی وەڵامی لیژنەكەم لەسەری تا كاری لەسەربكەن، زیاتر لەسێ رۆژە لیژنەكە بەدەستیان گەیشتووە، ئێمە هەر پرۆژەیەكیش كە بەدەستمان دەگات رادەستی لیژنەی تایبەتمەندی دەكەین».، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وا دەڵێت. هاوكات، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی ئاماری داهاتی خێزان ئاشكرا دەكات لەپارێزگای سلێمانیدا.  مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ  هێمای بۆ ئەوەكرد بۆ ساڵی 2021 ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی دوو ملیۆن و 336 هەزار و 191 كەس بووە، ژمارەی خێزانیش لەپارێزگاكە 507 هەزار و 867 كەس بووە. مەحمود عوسمان ئەوەشی باسكرد كە لەساڵی 2007 تێكڕای خەرجی خێزان لەهەرێم بۆ مانگێك ملیۆنێك و 699 هەزار دینار بووە، بەڵام لە 2018 بووە بەملیۆنێك و 293 هەزار. هاوكات لەسلێمانیش لە 2007 ملیۆنێك و 676 هەزار بووە، بەڵام لە 2018 بووە بە ملیۆنێك و 123 هەزار دینار، رێژەی بێكاریش لەسلێمانی تا 2014 لە 7٪ پۆینت شەش بووە، بەڵام لە 2018 بووە بە 5٪ پۆینت حەوت، هەروەها رێژەی ئەوانەی لەسلێمانی خاوەنی خانووی خۆیان بوون لە 2018 دا 83٪ پۆینت نۆ بووە». وتەبێژی شارەوانی سلێمانی دەربارەی پرۆژەكە ئەوەی روونكردەوە كە چەند تێبینییەكی لەسەر ئەو پرۆژەیەی راوێژكارەكەی سەرۆكی پەرلەمان هەیە كە تایبەت بەسلێمانی نووسیوییەتی. زەردەشت رەفیق، لەلێدوانێكدا بە وت :»پرۆژەكەم خوێندووەتەوە و زۆر باش و گونجاوە، بەڵام دوو تێبینیم لەسەری هەیە، یەكەمیان لەپرۆژەكەدا دەڵێت سلێمانی ماستەرپلانی نییە بەپێچەوانەوە ماستەرپلانێكی زۆر باش بۆ سلێمانی دانراوە بەراورد بەهەولێر و دهۆك و كاریشی پێدەكرێت». وتەبێژی شارەوانی سلێمانی ئەوەشی روونكردەوە كە رێژەی سەوزایی لەپارێزگای سلێمانی گەیشتووەتە ئاستی ستانداری جیهانی، بۆ جێبەجێكردن و ئاسانكاری پرۆژەكەش وەكو شارەوانی سلێمانی ئامادەی هەموو هاوكارییەك دەبن. دەقی پرۆژەكەی راوێژكارەكەی پەرلەمان لەم لینكەدایە https://hawlati.co/page_detail?smart-id=22828

 روسیا و ئێران لەزۆرترین قۆناغەکانی پێنج سەدە رابردوودا رکابەرو نەیاری یەکتر بوون ، تاران دەیەوێت وا پیشان بدات ئێستا لەگەڵ مۆسکۆ لەمانگی هەنگویندان بەڵام مۆسکۆ بە نەفرۆشتنی فڕۆکە و قەڵغانی دژە موشەکی زاری تارانی تاڵ کرد. ئێران و چین و روسیا وەک سێکوچکەیەکی ئەمنی و سەربازیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا و ئەوەش بە قۆناغێکی نوێی پەیوەدنیی نێوان تاران و ئەو دوو وڵاتە لێکدرایەوە، بەڵام چین و روسیا تا ئێستا پێچەوانەی هیچ سزایەکی ئەمریکا دژی ئێران هەنگاویان نەناوە، بۆیە نە پارەکانی ئێران لە چین ئازاد کراوەو نە روسیا ئامادەبوو چەک بەو وڵاتە بفرۆشێت. بڕیاربو ئێران بە بڕی 10 ملیار دۆلار فڕۆکەی جەنگیی (سو 35) و قەڵغانی دژە موشەکیی (ئێس 400) لە روسیا بکڕێت و هاوکات گرێبەست و رێککەوتنی 20 ساڵەی نێوان ئەو دو وڵاتە واژۆ بکرێت کە دوو ساڵە لە لایەن ئێرانەوە رادەستی روسیا کراوە، بەڵام  سەرۆک کۆماری ئێران بەدەستی بەتاڵەوە لە مۆسکۆ گەڕایەوە تاران. گەشتەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ مۆسکۆ کاردانەوەی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە چونکە سەرنجی زۆر هەبوو لەسەر شێوازی پێشوازیی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا لە رەئیسی. شارەزایان پێیانوایە ئەوەی روسیا بەرامبەر ئێران کردویەتی بەجۆرێک ئاوی پاکی کردووە بەدەستی تاراندا چونکە لە ئێستادا مۆسکۆ دەیەوێت دڵی ئسرائیل راگرێت و هاوکات بە فرۆشتنی چەک بەئێران نەبێتە مایەی نیگەرانیی سعودیە، سەرەڕای ئەوانەش ئابوریی ئێران هیچ کاتێک بۆ روسیا جێگەی بایەخ نەبووە بە تایبەت کە ئێران لە ماوەی رابردودا گرێبەستی 25 ساڵەی ئابوریی بەبڕی 400 ملیار دۆلار لەگەڵ چین خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە . پێشوازیی ساردوسڕی مۆسکۆ لەگەرموگوڕیی رەئیسی رۆژی چوارشەممە (19/1/2022) ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی مۆسکۆی کردو لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا کۆبووەوە  کە چەند خاڵی ئەو گەشتە مایەی لێکدانەوەی جیاوازو جێی سەرنج بووە. شێوازی پێشوازیی لە رەئیسی هاوشانی سەرۆک کۆماری وڵاتێکی وەک ئێران نەبووە، چونکە پوتین لەفڕۆکەخانە پێشوازیی لێنەکردو سرودی نیشتیمانیی ئێران لێنەدرا و تەنانەت ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێچ شوێنێکی دیدارە فەرمییەکانی نێوان بەرپرسانی تاران و مۆسکۆ لەو وڵاتە دانەنرا. بەشێک لە میدیاکانی ئێران وایان بڵاوکردووەتەوە کە گوایا ئەو گەشتەی رەئیسی گەشتێکی فەرمی نەبووە بۆیە زۆر ئاساییە کە پێشوازییەکە بەم شێوەیە بێت، بەڵام میدیاکانی سەر بە محافزکاران و لایەنگرانی رەئیسی هەفتەیەک پێش ئەنجامدانی گەشتەکە بڵاویان کردەوە ئەو گەشتە لەسەر دوای پوتن بووە و بڕیارە روسیا فڕۆکەی جەنگیی و قەڵغانی دژە موشەکیی بە بڕی 10 ملیار دۆلار بەقەرز رادەستی ئێران بکات و دواتر ئێران ئەو قەرزە لەو 20 ملیار دۆلارەی کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لە چین بلۆک کراوە بۆ مۆسکۆ بگەڕێنێتەوە. ئەگەرچی رەئیسی لە پەرلەمانی دۆما لە روسیا وتارێکی ئاگرینی بەدڵی بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە دژی ناتۆ و ئەمریکا پێشکەش کردو رایگەیاند؛ سەردەمی وڵاتانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بەناتۆ کۆتایی هاتووە و پێشبینی دەکرێت کە ناتۆ لە ماوەیەکی نزیکدا هەڵوەشێتەوە بەڵام ئەم وتارەشی نەبووە مایەی خێر بۆ وڵاتەکەی و هیچ دەستکەوتێکی لێنەکەوتەوە. دواتر رەئیسی لە مزگەوتی گەورەی مۆسکۆ کە پێشنوێژیشی پێ رەوا نەبینرا وتارێکی پێشکەش کردو رایگەیاند روسیاو ئێران دژی داگیرکاریی ئەمریکاو ئیسرائیل  لەسوریا دەجەنگن نەوەک دژی کفر و بێ باوەڕیی. ئەم وتارەی رەئیسیش پێناچێت هیچ کارگەرییەکی لەسەر پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تەلئەبیب هەبێت بەتایبەت کە ساڵانێکە مۆسکۆ دەیەوێت دڵنیایی بدات بە تەلئەبیبی هاوپەیمانی ئەمریکا کە رێگە بەهێرشی هیچ وڵاتێک نادات بۆسەر ئیسرائیل لە کاتێکدا ئێران بەبەردەوامی هەڕەشە لەو وڵاتە دەکات. ئێران روو لەڕۆژهەڵاتە و چاوی لەڕۆژئاوایە کۆماری ئیسلامی ئێران و دەسەڵاتی ئێستا دەیەوێت بەهەموو نرخێک رێککەوتنی ئەتۆمیی زیندو بکرێتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا هەنگاوەکانی تاقی دەکاتەوە چونکە ئابوریی ئێران لەسەر دەستی ئەمریکا لە لێواری هەڵدێردایە و تاکە رێگا بۆ دەربازبوون لەقەیرانە ئابورییەکان واشنتۆنە بەتایبەت کە سیستمی ئابوریی ئێستای جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادایەو روسیا ساڵێک زیاترە لە ژێر کاریگەریی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا رووبەڕووی پەراوێزخستنی نێودەوڵەتیی بووەتەوە. تەنانەت ئەگەر روسیاو چین دەیان گرێبەستی ئابوریی واژۆ بکەن بەبێ ئەمریکا ئاستەمە گرێبەستەکان بگەنە ئەنجام، نموونەی بەرچاویشی ئەو 20 ملیار دۆلارەی ئێرانە کە زیاتر لەسێ ساڵە لە چین بلۆک کراوە و تاران ناتوانێت بەدەستی بهێنێتەوە ، سەرەڕای ئەوانەش بە پێی هەندێک ئامار زیاتر لە 150 ملیار دۆلاری ئێران لەسەر دەستی ئەمریکا لە بانکەکانی جیهان بلۆک کراوە و چارەنووسی ئەو پارانەش هەموی بە رێککەوتنی ئەتۆمییەوە گرێ دراوەتەوە. سەرجەم بازرگانیی ئێران و روسیا لە ئێستادا ناگاتە سێ ملیار دۆلار لەساڵیکدا ئەوەش قەبارەیەکی گەورە نییە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەکاتێکدا بڕی بازرگانیی نیوان روسیاو تورکیا دەگاتە نزیکەی 30 ملیار دۆلار بۆیە تاران لە لایەک بە رێککەوتنی سەربازیی و ئەمنیی لەگەڵ روسیاو لە لایەکی دیکەوە بە رێککەوتنی 25 ساڵەی بازرگانیی لەگەڵ چین دەیەوێت ئەمریکا هانبدات بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی. دەوترێت ئەم هەنگاوانە چاوداگرتن و ئاماژەی ئێرانە لەوڵاتانی رۆژهەڵاتەوە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوا، چونکە لە ماوەی رابردوودا رۆبەرت مالی، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمریکا لەگفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 لە ڤیەننا-ی پایتەختی نەمسا پێشنیاری کردووە کۆمپانیا ئەمریکییەکان گرێبەستی ئابوریی لەگەڵ ئێران بکەن وەک دڵنیاییەکی واشنتۆن بۆ تاران کە ئەو کۆمپانیایانە پاڵپشت دەبن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هیچ بەرپرسێکی ئەمریکا هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی وڵاتەکە لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نەکشێتەوە. لەماوەی رابردوودا ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە کەناڵی (جەزیرە)ی راگەیاندبوو کۆماری ئیسلامی ئێران لەپێناو دروستکردنی هاوسەنگیی نێودەوڵەتی و ناوچەیی هیچ کێشەیەکی نییە لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لەئێران بەڵام ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوە لەلایەن لایەنگرانی توندڕەوی محافزکارانەوە بەرپەرچ درایەوە و سایتی (تەسنیم) کە زمانحاڵی ئەو باڵەی کۆماری ئیسلامییە لە بابەتێکی شیکاریدا بڵاوی کردەوە کە رەنگە وەزیری دەرەوە تێگەیشتنی تەواوەتیی بۆ دروستکردنی هاوسەنگیی نەبێت یان پەیامەکەی بەهەڵە گەیاندوو پێنج سەدە پەیوەندیی روسیا و ئێران تەمەنی پەیوەندیی و ململانێکانی ئێران و روسیا 500 ساڵ تێدەپەڕێنێت و بەدرێژایی مێژووی ئەو پێنج سەدەیە یان دوژمنی یەکتر بوون یان دۆست بۆیە قۆناغی پێچەوانەو چەندلایەنی زۆریان لەگەڵ یەکتر تۆمار کردوە. ئێران و روسیا لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەوییەکان لە ئێران پەیوەندییان هەبوە بەڵام ساڵانی (1804تا 1813) و ساڵانی (1826 تا 1828) گەورەترین و دوایین جەنگ لە نێوان ئیمپڕاتۆریەتی روسیا و دەسەڵاتی قاجارەکان لەئێران رویدا و هەر ئەوەش بوە هۆی بچوکبوونەوەی خاکی ئێران بۆ نیوە و دو رێککەوتنی گەورەی بە ناوەکانی تورکمانچای و گولستان لێکەوتەوە و باشوری قەوقاز و داغستان و سەرجەم خاکی ئەرمینیا و جۆرجیا رادەستی روسیا کرا کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندا بو. بە پێی بەڵگەنامە مێژوییەکان روسیا تا سەرهەڵدانی یەکەم جەنگی جیهانی لەساڵی 1914 دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئێراندا هەبوە و تەنانەت دەستی هەبوە لە دەستنیشانکردنی کەسانی نزیک لەخۆی لە ناو دەسەڵات و حوکمڕانیی ئەو سەردەمەی ئێرانداو زۆر بە ئاسانی ئاڵوگۆڕی بە سیاسەتمەدارو دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە کردووە. ئەوەی جێگەی سەرنج بووە لەو سەردەمەدا، روسیا کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی سەرچاوەی داهاتەکانی لە باکوری ئێران کردبو و لەباشوریشەوە بەریتانیا ئەوەی مەبەستی بوایە لەئێران بەدەستی دەهێنا بۆیە دەسەڵاتی سەردەمی پەهلەوی لەگەڵ ئەڵمانیای سەردەمی هیتلەر رێککەوتن دەکات ئەوەش لەگەڵ سەرهەڵدانی دوەم جەنگی جیهانیدا بوە هۆی ئەوەی بەریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت خاکی ئێران بە تەواوەتی داگیر بکەن ئەگەرچی تاران بێلایەنیی خۆیشی لەو جەنگە راگەیاندبو. گەورەترین پاشەکشێ یان شکستی دەسەڵاتی ئێران لەو سەردەمەدا لەسەر دەستی ئیمپڕاتۆریەتی روسیا بووە و ئێستاش ئەو برینەی ئێرانییەکان ساڕێژ نەبووە ، چونکە خاک و هەیمەنەی وڵاتەکاین بۆ زیاتر لە نیوە کەم بوەوە بویە لەم سەردەمەشدا کاتێک رێککەوتن یان گرێبەستێکی سیاسی و سەربازیی و ئابوریی لەنێوان مۆسکۆ و تاران دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، رەخنەگران ئەو رێککەوتنانە بە گوڵستان و تورکمانچایی ناوزەد دەکەن وەک ئاماژەیەک بە پاشەکشێی گەورەی ئێران لە بەرامبەر روسیادا. ئێران لەنێوان روسیاو ئەمریکپەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1899 بەڵام ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ زیادبونی دەسەڵاتی سۆڤیەت بەسەر ئێراندا چوەتە قۆناغێکی توندوتۆڵە و بەریتانیا و ئەمریکا وەک دو هاوپەیمانی سەرەکیی لە دوای دوەم جەنگی جیهانییەوە بە بەردەوامی هەوڵی دورخستنەوەی روسیا دەدەن لە ئێران بۆیە لە ساڵی 1946 و دوای کۆتایی ئەو جەنگە، ئەمریکا داوای لە یەکێتی سۆڤییەت کرد کە سوپاکەی لە خاکی ئێران بکشێنێتەوە و بە پێچەوانەوە بۆمبی ئەتۆم لە دژی سۆڤیەت لە خاکی ئێراندا بەکار دەهێنێت. هەڕەشەکەی ئەمریکا بوە مایەی ئەوەی ستالین سەرکردەی ئەوکاتی سۆڤیەت بڕیاری کشانەوەی سوپای سور لە ئێران بدات و ئەوەش بە قۆناغیگی گرنگی کۆتایی داگیرکاری روسیا لەسەر دەستی ئەمریکا لە ئێران لەقەڵم دەدرێت. ئەمریکا لەو سەردەمەوە ئێرانی بەهاوپەیمانێکی نزیکی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار کرد و تەنانەت سوپای ئێرانی بە ئاستێک پڕچەک و بەهێز کرد کە بوە چوارم سوپای بەهێز و رێکخراوی جیهان و هەر لەو سەردەمەدا ئەمریکا 80 فڕۆکەی ئێف 14ی رادەستی ئێران کرد کە تەنها سوپای ئەمریکا ئەو جۆرە لە فڕۆکەیی هەبو کە تا ئێستاش بە یەکێک لە فڕۆکە بەهێزەکان و گرانەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت و لە جەنگی ئێران و عێراقیشدا تەنها خاڵی بەهێزی ئێران ئەو فڕۆکانە بون کە بە (تام کەت) بەناوبانگن. بە پێی ئەو بەڵگەنامە نهێنیانەی ئەمریکا کە لەساڵی 1996 بڵاوکراوەتەوە بەربەیتانیا و ئەمریکا بڕیاریانداوە ئەگەر سۆڤیەت لە خاکی ئێران نەکشێتەوە ئەوا خاکی ئەو وڵاتە و سعودیە بە بۆمبی ئەتۆم بۆردومان بکرێت بۆ ئەوەی سۆڤیەت سود لە سەرچاوە گەورەکانی نەوتی ئەو دو وڵاتە وەرنەگرێت. لە ساڵی 1979 دوای روخانی سیستمی پاشایەتیی پەهلەوی کە بە گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار دەکرا پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە دۆستایەتییەوە بوەتە دوژمنایەتی چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەگەل گرتنەدەستی دەسەڵات لەو وڵاتە دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکای هەڵگرتوە و رۆژانە ئەو دروشمە وێردی سەر زمانی بەرپرسانی ئەو وڵاتەیە ئەگەر لە دڵیشەوە خواستی تریان هەبێت بەڵام بەزمان مەرگ بۆ ئەمریکا دەڵێنەوە و واشنتۆنیش لە ماوەی ئەو 42 ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا زیاتر لە دو هەزار سزای بەسەر تاران و بەرپرسانیدا سەپاندوە و تەنانەت ئابوریی ئەو وڵاتەی خستوەتە لێواری هەڵدێرەوە. هەوڵەکانی ئیران لەپێناو تێگەیاندنی ئەمریکا نزیکەی 42 ساڵ لەئێران دروشمی دژی ئەمریکا دەوترێتەوە و چەند ساڵێکیشە هەوڵەکانی لەگەڵ چین و روسیا خستوەتەگەڕو لە نوێترین هەنگاویشدا رۆژی پێنجشەممە (21/1/2022) سێکوچکەی ئێران و چین و روسیا مانۆڕێکی سەربازییان لە باکوری ئێرانەوە دەستپێکرد و لە زەریای هندی کۆتاییان پێهێنا. تاران ئەو مانۆڕەی وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ وڵاتەکەی لەقەڵەم دا بەڵام بەرپرسانی ئێران بە باشی درک بەوە دەکەن چین و روسیا لە قەبارەی گەورەدا دژایەتیی سیستمی سیاسی و ئابوریی جیهان ناکەن لە پێناو ئێراندا، چونکە لە رابردوشدا ئەو دوو وڵاتە هاوشانی ئەمریکا دەستیان هەبووە لە دەرکردنی 15 بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لەدژی ئێران، بۆیە هەموو هەوڵەکانی تاران بۆ ئەوەیە سەرنجی ئەمریکا راکێشێت بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی و رێگریی لەنوقمبونی لەقەیرانی ئابوریی

رەزا مەنوچەهری لەدوای تێکشکاندنی یەک لەدوای یەکەکانی داعش لەکۆبانێ بۆ منبج و لەوێوە بۆ رەققا و دێرەزۆر و لە کۆتاییدا لە ٢٣ی ئاداری ٢٠١٩ لەباغۆز، دیلە داعشەکان بوونە بۆمبێکی چێندراو لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستاندا. زیاتر لە ١٢هەزار و ٥٠٠ دیلی داعش، کە کەسانی راهێنراوو ئەمیر و سەرکردەی ئەو گروپەن لە ١٢ زیندانی رۆژئاوای کوردستاندا راگیراون، جگە لە ٧٠ هەزار خێزان و منداڵی داعش لە کامپەکانی هول و رۆژدان و خەڵکی ٤٦ وڵات و هەرێمن. وەرنەگرتنەوەی دیلەکانی داعش ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان چەندین جار لە دانوستانەکان و شاندەکانیدا داوای لەهێزە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی ئەو چەکدارانە بۆ ئاشکراکردنی هەموو ئەوانەی پلاندانەر و بەشداربوون لە تەیارکردنی داعشداو دوای ئەوە چەکدارەکانی داعش بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان و زیندانی بکرێن. جگە لەژمارەیەکی کەم لەخێزانی هەندێک لە چەکدارەکانی داعش هیچ یەک لەوڵاتەکان ئامادە نەبوون، چەکدارەکانی داعش کەهاووڵاتیی خۆیانن وەربگرنەوە و هەندێکجار بە پاساوی ئەوەی ئیدارەی رۆژئاوا لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دانی پیادانەنراوە ناتوانن مامەڵەی فەرمی لەگەڵ رۆژئاوادا بکەن، بۆیە ناتوانن داعشەکان وەربگرنەوە، چونکە ئەو ناوچەیە بەشێکە لە سوریا، بەڵام ئەو وڵاتانە هاوکاریی مرۆیی و سەربازی و لۆجستی دەگەیەننە رۆژئاوا و مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوادا دەکەن و نوێنەرایەتییان لە پایتەختی زۆربەی وڵاتانی جیهانی رۆژئاواو زلهێزەکاندا کردوەتەوە و هەروەها ئامادەن بەشێوەیەکی کەم و سنوردار لەگەڵ ئیدارەکەدا مامەڵە بکەن بۆ وەرگرتنەوەی ژن و منداڵە داعشەکان، بەڵام پاساو بۆ وەرنەگرتنەوەی چەکدارەکانی داعش دەهێننەوە، سەرباری هەموو ئەوانە بەهۆی گوشارو داواکارییە بەردەوامەکانەوە وڵاتە جۆراجۆرەکان تا ئێستا لە ماوەی ٤ ساڵدا بە فەرمی ٨٣٨ ژن و منداڵی داعشیان لە ئیدارەی رۆژئاوا وەرگرتووەتەوە، کە ئەوەش دەکاتە رێژەی سەدا ١.١ی ژن و منداڵەکانی داعش. ئەگەر رەوشەکە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت نزیکەی ١٠٠ ساڵ دەخایەنێت، کە تەنها ژن و منداڵەکانی داعش بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، ئیدی چەکدارەکانیش دیار نییە. ئاماری ژن و منداڵە داعشە گەڕاوەکان له‌ ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ دا، ١٨٣ ژن و ٢٠٦ منداڵ له‌لایه‌ن وڵاتەکانیانه‌وه‌ وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌. له‌ ساڵی ٢٠٢٠دا، ١٢٥ منداڵ و ٤ ژن له‌لایه‌ن وڵاتەکانیانه‌وه‌ وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌. لە ساڵی ٢٠٢١دا‌، ٢٥٢ منداڵ و ٦٦ ژنی داعش له‌لایه‌ن وڵاتەکانیانه‌وه‌ وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌. بە گشتی لە چوار ساڵدا ٨٣٨ ژن و منداڵی داعش لەلایەن وڵاتەکانیانەوە وەرگیراونەتەوە، کە پێکهاتوون لە ٢٥٣ ژن و ٥٨٣ منداڵ. مامەڵەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا لەگەڵ دیلەکان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا سەرباری ئەوەی دەوڵەت نییە و دانی پیادا نەنراوە و ناچار نییە پێبەندنی یاسا نێونەتەوەییەکان بێت و جێبەجێیان بکات، بەڵام هەموو یاسا نێونەتەوەییەکانی جنێڤ، کە پەیوەندیدار بە دیلەکانەوە پەسەند کردووەو بەپێی ئەو یاسانە مامەڵە لەگەڵ دیلەکاندا دەکات. تەنانەت دیلەکان رادەستی ئەو وڵاتانە ناکاتەوە، کە سزای لەسێدارەدانیان تیادا هەبێت، مەگەر ئەوەی لایەنێکی نێونەتەوەیی ناوبژیوانی بکات. ئەو مامەڵەیەی شەڕڤانان سەرسامیی بۆ هێزە نێونەتەوەییەکان دروستکردووە، بەڵام وەرنەگرتنەوەی چەکدارە دیلکراوەکان و پشتگوێ خستنیان مەترسییەکە، کە هەموو ساتێک ئەگەری روودانی یاخیبوون و شەڕو پێکدادان و هەڵهاتنیان هەیە. تۆڵەی کۆبانێ و رەققای پایتەختەکەیان و رووخانی خەلافەتەکەیان گەورەترین رووداوی ٤ ساڵی رابردوو لەلایەن داعشەوە لە رۆژئاوای کوردستان و لە زیندانی ناوچەی سەناعە لەگەڕەکی غوێرانی حەسەکە روویدا. داعش بە پلانێکی ورد لەلایەن پلاندانەرەکانی و راهێنەرەکانییەوە و بە چەکدارە خۆکوژەکانی زیاتر لە ٦ مانگ لەسەربازگەکانی باشیک و زیلکان و گرێ سپی و کامپەکانی راهێنانی دەوڵەتی تورکیا راهێنانی بۆ رفاندنی ٥ هەزار چەکداری  زیندانیکراوی کرد، کە لەزیندانی گەڕەکی سەناعە لە ناوچەی غوێرانی حەسەکەدا بوون. داعش دەیخواست لە حەسەکەوە بۆ ناوچەکانی رێگای ئێم ٤ و تل تەمر رێڕەوێک بکاتەوە و خۆی بگەیەنێتە سنووری گرێ سپی. مەودای ئەو رێگایە کەمتر لە ٤٠ کیلۆمەترە و کەمتر لە ٣٠ خولەکی دەویست بۆ بە یەک گەیاندنەوەی حەسەکە بە سنووری گرێ سپی، کەلایەن تورکیاوە داگیراوە. بۆ ئەوەی ئەو پلانە سەری بگرتایە، دەبوایە هێزێکی راهێنراو و تۆکمەی چەند هەزار کەسییان بخستایەتە کار، بۆ ئەوەش هەڵبژاردنی زیندانێک، کە نزیکەی ٥ هەزار ئەمیر و چەتەی سەرکردە و راهێنراوی داعشی تیادایە باشترین بژاردە دەبوو، کە زیاتر لە ٦ مانگ راهێنانیان لەسەر زیندانەکە و گەڕەک و شەقامەکانی دەورووبەری و پەیوەندی لەگەڵ داعشە زیندانیکراوەکاندا کردبوو. داعش لەشەوی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی کانتۆنەکانی رۆژئاواو ساڵیادی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین، بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە نزیک عەمباری سوتەمەنی لە بینای زیندانکە و بە زیاتر لە ٢٠٠ چەتەی خۆکوژەوە دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر زیندانەکە، هاوکات داعشە زیندانیکراوەکان لە زینداندا راپەڕین و کارگوزاران و کارمەندانی تەندروستی و چێشتلێنەرەکان و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی ناو زیندانەکەیان دەستگیرکرد، کە تا ئێستا تەنها ٩ کەسیان لەلایەن شەڕڤانەوە ئازادکراون و چارەنووسی ئەوانی تریان نادیارە. هەر داعشێک لە زیندانەوە خۆی بگەیاندایەتە دەرەوەی زیندان و پەیوەست دەبوو بەوانەی دەرەوە خێرا چەکدار دەکراو ئەویش دەستی بە هێرش دەکرد، بەوەش لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە سەدان داعشی راهێنراو دەستیان دەکرد بە پێشڕەوی بەرەو رێگای ئێم ٤ و گرێ سپی و لەگەڵ ئەو پێشڕەوییەدا چەکدارەکانی سوپای تورکیا و چەتەکانی لە گرێ سپی و رێگای ئێم ٤ ەوە بەرەو ئەو چەتانە رێڕەوێکیان دەکردەوە و بەو شێوەیە سوپای تورکیا و چەتەکانی لە سنوری تورکیا تاوەکو حەسەکە بڵاو دەبوونەوە و ناوچەیەکی زۆر بەرفراوانتریان لەگرێ سپی و عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان داگیر دەکرد. ئەوەش هەمان ئەو خواست و پلانەی ئەردۆغان بوو بۆ داگیرکردنی رۆژئاوا، کە بە گۆڕینی ئیدارەی ئەمریکا و هەندێک هاوکێشەی تر گڵۆپی سەوزێ بۆ هەڵنەکرا، کە ئۆپراسیۆنی داگیرکەریی تری وەک باب و جەرابلوس، عەفرین، گرێ سپی و سەریکانی ئەنجام بدات. بەپێی ئەو پلانە، کۆبانێ و ناوچەی جزیر بە تەواوی لە یەک دادەبڕان و هەموو رێگاکانی پەیوەندیی شەڕڤانان بە رەققای پایتەختی پێشوی داعشەوە دەپچڕێنرا. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا شەڕڤانان بەدرێژایی زیاتر لە ٢٠٠ کیلۆمەتر لەگرێ سپییەوە بۆ سەرێکانی و رێگای ئێم چوار و بۆ کۆبانێ و حەسەکە و باکووری رەققا بەرەی شەڕیان لە دژ دەکرایەوە. لە دوای ئەوەش یەک بەیەک کۆبانێ و رەققا دەکرانە ئامانج و داگیر دەکران، یان بە تەواوەتی دەخرانە ژێر گەمارۆ و بۆردومان و هێرشی سەربازییەوە، دوای ئەوەش شەڕ بە هەموو ناوچەکانی رۆژئاوادا بڵاودەکرایەوە و هیچ بستە خاکێکی ژێردەستی شەڕڤانان ئارامیی تیادا نەدەما و هەمووی بۆردومان دەکرا. بەوەش ملیۆنەها کەس ئاوارە دەبوون و چەندین شەنگال دووبارە دەبوونەوە. قۆستنەوەی هەلەکە لەلایەن هێزەکانی رژێمی سوریا و ئێران و روسیا لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی رژێمی سوریاو دیفاع وەتەنی و میلیشیاکانی ئێران بە پشتیوانیی روسیا لەفڕۆکەخانەی قامیشلۆ و لە باشوری دێرەزورووە دەستیان بەهێرش دەکرد. سوریا بە پشتیوانیی روسیا پەلاماری کێڵگە نەوتییەکانی دێرەزووری دەدا، کە تا ئێستا میلیشیاکانی ئێران چەندجارێک لە ئەلبوکەمالەوە تاوەک کێڵگەکانی عومەر و تەنک  کۆنیکۆ هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانیان بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا. روسیاش بەوە ئەمریکای لە سوریا دەردەکردو دەستی بەسەر سەرچاوەکانی وزەدا دەگرت، کە لەمێژە داوای دەکات و چەندیجاریشە رایدەگەیەنێت ئەمریکا هێزێکی ناشەرعییە لەسوریا دەبێت و سوریا چۆڵ بکات.  بەپێی ئەو پلانە رۆژئاوای کوردستان و ئەزموونەکەی و خۆبەڕێوەبەرییەکەی و ئەو دەستکەوتە لەناودەبرا و کورد بۆ هەتاهەتایە لە سوریا و رۆژئاوا خۆی پێنەدەگیرایەوە. رۆڵی روسیا لە لاوازکردن و تێکشکاندنی رۆژئاوای کوردستان روسیا لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٥دا بۆ رزگارکردنی رژێمی سوریا دەستتێوەرادانی سەربازیی لە سوریا دەستپێکرد. لە دوای نزیکەی ٢ ساڵ سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکانی ئاستانەی لە ساڵی ٢٠١٧ و لە دوای ئەوەش سۆچی بۆ قەیرانی سوریا کرد. لەهیچ یەک لەو کۆبوونەوانەدا هەر وەک کۆبوونەوەکانی جنێڤ کورد و خواستەکانی لە بەرچاو نەگیراون. روسیا کەوتە مامەڵە لەگەڵ تورکیا، تورکیا چەتەکان و ناوچەکانی بە روسیا دەفرۆشت و روسیاش ناوچەکانی ژێر دەستی کوردی بە تورکیا دەفرۆشت. روسیا نزیکەی ٥ ساڵە بەزمانی هەڕەشە و تۆقاندن و ئاگر دەیەوێت دەستکەوتەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە ناوببات. روسیا بۆ ئەوە بە زیندوکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەمنی و موخابەراتیی نێوان دەزگای میتی تورک و هەواڵگریی رژێمی سوریا، کە  لەساڵی ١٩٩٨دا واژۆیان کردبوو، پلانەکانی بۆ گوشارخستنە سەر رۆژئاوای کوردستان و لاوازکردن و لە ئەنجامدا هەڵوەشاندنەوە و داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان خستەگەڕ. بەپێی ئەو رێککەوتنە تورکیا و سوریا دەتوانن تاوەکو ١٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی یەکتردا ئۆپراسیۆن لە دژی نەیارەکانیان ئەنجام بدەن. بێگومان سوریا هەرگیز ئەوەی پێناکرێت و ئەوە تەنها بۆ تورکیا دانراوە، کە تورکیا لەدژی کورد ئەو ئۆپراسیۆنانە ئەنجام بدات. تورکیا پەیەدە و یەپەگە بە بەشێک لە پەکەکە دەزانێت و ئەوەشی کردووەتە پاساو بۆ هێرشەکردنە سەر دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان. هەنگاوی دوای ئەوە کردنەوەی ئاسمانی عەفرین و رێگادان بوو بە تورکیا، کە لە بەرامبەر غوتەدا، عەفرین داگیر بکات و تورکیا لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا هێرشی کردەسەر عەفرین و لەدوای بەرەنگارییەکی سەخت و ١٥٠٠ شەهید داگیری کرد. لەساڵی ٢٠١٩دا و لەکاتی رەزامەندیی ترەمپ بۆ داگیرکردنی گرێ سپی و سەرێکانی، رووسیا بەخێرایی هەلەکەی قۆستەوە و بە بڵاوکردنەوەی هێزو دروستکردنی پشتێنە و دەورییەی هاوبەش لەگەڵ تورکیا خۆی زیاتر لە سنوورەکانی رۆژئاوادا سەپاند. لەدوایین کۆبوونەوەی ئاستانە بە سەرۆکایەتیی روسیا، کە ١٧هەمین دانیشتنی بوو، لە کۆی ١٠ بڕیارە لەسەر سوریا، ٨ بڕیاریان لە دژی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان بوو و بەناوچەیەکی مەترسیدار، کە دەیەوێت لە سوریا جیا ببێتەوە  دەبێت رێگریی لبکرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە. رووسیا هەموو ئەوەی بۆ تورکیا کردووە، چونکە تورکیا سیستمی ئێس ٤٠٠ و هەروەها بۆریی گازی روسیا لەدەریای رەشەوە بۆ ئەوروپا دەگوێزێتەوە. دژایەتییەکانی روسیا بەرامبەر بە رۆژئاوا هەر بەوانەوە سنوردار نەبوو، بەڵکو پێش چەند مانگێک بە ڤیتۆ رێگەی لەوە گرت، کە دەروازەی تەل کۆچەر لەڕۆژئاوا بۆ هاوکارییە مرۆیەکان بکرێتەوە، چونکە بەپێی سزاکانی قەیسەر لەلایەن ئەمریکاوە، هەموو ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی و خاڵە سنوریەکانی سوریا دادەخرێن، بەڵام رێگایان دەدا تەنها لە دەروازەی تەل کۆچەرە وە هاوکاریی مرۆیی بگاتە سوریا، کە ئەوەش جۆرە دانپیانانێک دەبوو بەڕۆژئاوادا، بەڵام روسیا رێگەی لەوەش گرت. ئەوەی دەبینرێت رووسیا بە پاساوی بێ بنەماو جۆراجۆر سیاسەتی ئیمپریاڵی و ئاگر و ئاسن لەدژی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەبات. داخستنی سنووری سێماڵکا و بۆردومانی عەین عیسا و شەنگال لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ رووخانی ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان و ئەو دەستکەوتە، دەبێت هەموو رێگا و سنوورەکان دابخرێن و هەموو رێگاکانی گواستنەوە و گەیاندن و دەرچوون پەک بخرێن. پارتی وەک هاوپەیمانی تورکیا و نەیاری رۆژئاوای کوردستان خۆی بە سوودمەند دەزانێت لەوەدا رکابەرێکی بەهێزی سیاسیی لە ناوبچێت، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا سنوری سێماڵکای داخست و تورکیاش هاوکات هێرشی کردەسەر عەین عیسا و رێگای ئێم ٤ و شەنگال. بۆ ئەوەی هەموو هێڵەکانی پێکەوە بەستنەوە و پەیوەندی و هاوکارییە مرۆیی و لۆجستی و سەربازییەکان تێکبشکێنن. گەرچی شەڕڤانان لە هەموو ناوچەکاند تا دواهەناسە و دوا دڵۆپی خوێنیان وەک عەفرین و سەرێکانی بەرەنگارییان دەکرد، بەڵام ئەو پلانە، کە هەر یەک لەهەمو گروپە چەتە تیرۆریستە ئیسلامییەکان، تورکیا، سوریا، روسیا و ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان، بەجۆرێک لە جۆرەکان تیایدا بەشدارن، ئەنجامەکەی بۆ لەناوبردنی ئەزمون و دەستکەوتی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوایە و تا لەناوبردنیشی درێژەیان بەشەڕ و پەلامارەکانیان دەدا. منداڵەکانی ئەشبال خەلافە ئەوەی ئێستا لەحەسەکە وودەدات رووداوێکی ئاسایی نییە و پلانێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە بۆ لەناوبردنی هەموو رۆژئاوای کوردستان. بۆ ئەو پلانە ٧٠٠ منداڵی خەلافەت، کە باوک و دایکیان کوژراون، یان باوکیان دیار نییە و لە کاتی خەلافەت و زەواجی نیکاح دا لەدایکبوون و پێیان دەوترێت ئەشبال خەلافە، لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە کراون بە قەڵغان تاوەکو بەو منداڵانە و لە ترساندا خۆیان لەگورزی شەڕڤانان بپارێزن. ئەوە دووبارە کردنەوەی هەمان سیاسەتی تورکیایە، کە کۆچبەرانی بۆ سواڵی ئیمتیازو پارە لە ئەوروپا بەکاردەهێنا و هەزارانی دا بەدەم دەریاوە و خنکاندنی. داعش وەک خەلیفەکەیان لە کۆشکی چانکایا هەموو رێگایەکی بەدەر لەمرۆڤایەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکاردەهێنێت. بازنەی ئۆپراسیۆنی شەڕڤانان فراوان کراوە بۆ بەری رۆژهەڵاتی دێرەزۆر و رووباری خابور ئەوەی ئەو پلانە وردو تۆکمەیەی تێکشکاند، بەرەنگاری و فیداکاری و گیان لەسەر دەست بوونی شەڕڤانان و هەڵمەتەکەیان بوو بۆ دەستگیرکردنەوەی چەتە هەڵاتوەکانی داعش لە ناوچەی غوێران و سەناعەی حەسەکە. لە ماوەی چوار رۆژدا زیاتر ١٧٥ چەتە کوژراون، ١٢ چەتە دەستگیرکراون. نزیکەی ١٠٠ هەڵاتووی تر لە پەسێو و پاسارەکان دا دەستگیرکراون. ٣٠٠ چەتەی تریش لەدوای ئەوەی هەموو رێگاکانی هەڵهاتنیان لێ گیرا و خۆیان لە بینایەکەی نوێ تازە دروستکراو لە حەوشەی زیندانەکەدا حەشار دابوو، خۆیان رادەستی شەڕڤانان کردووە. ئۆپراسیۆنی شەڕڤانان لە دژی چەتە هەڵاتوەکانی داعش بەردەوامە و گەرچی بەشێکی زۆری زیندانەکە لە کۆنترۆڵی شەڕڤاناندایە، بەڵام بە وتەی داعش ٨٠٠ چەتە لە زیندانەکە هەڵهاتوون، ئەەش لە کۆی ٥ هەزار زیندانی دەکاتە سەدا ١٦ی زیندانیکراوەکانی ئەو زیندانە. شەڕڤانان بۆ رێگریکردن لە خۆڕێکخستنەوەی ئەو چەکدارانە و هەروەها دەستگیرکردنەوەیان سنووری ئۆپراسیۆنەکانی تاوەکو رۆژهەڵاتی دێرەزۆر و باکووری رەققا و بەری رووباری خابوور بەرفراوانکردووە. لە حەسەکەشدا بۆ ماوەی هەفتەیەک قەدەغەی تەواوەتیی هاتووچۆی راگەیاندووە و هەڵمەتی گەمارۆدان و پشکنینی ماڵ بە ماڵی گەڕەکەکانی غوێرانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، زوهرو سەناعەی بۆ دەستگیرکردنی چەکدارەکانی داعش بەردەوامە. لەو بەرەنگارییە چارەنووسسازەدا نزیکەی ٥٠ شەڕڤان، ئاسایش، دژەتیرۆر، هاووڵاتیی مەدەنی و پاسەوان و خزمەتگوزار شەهید بوون

هاوڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بە فەرماندەیی جەنەراڵ مەزڵوم كۆبانێ پیلانە گەورەكەی توركیاو سووریایان تێكشكاند بۆ لەناوبردنی رۆژئاڤای كوردستان كە لەڕێگەی چەكدارانی داعش و زیندانییەكانیانەوە ئەنجامیاندا. هێرشەكەی داعش لەدرەنگانی شەوی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو كە لەڕێگەی سەدان چەكدارەوە ئەنجامیاندا كە لەڕێگەی هەشت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوەوە هەوڵیانداوە دەرگا سەرەكیەكانی زیندانەكە ببڕن و كۆنترۆڵیان بكەن و توانیان دوو ئوتومبێلی بارهەڵگری سوتەمەنی بتەقێننەوە تا فرۆكەی هاوپەیمانان نەتوانێت ناوچەكە بۆردومان بكات. وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت:» ئەو چەكدارانە لەڕێگەی هەردوو شاری سەرێكانی و گرێ سپی هاتوونەتە حەسەكە كە هەردوو شارەكە لەلایەن توركیاوە داگیركراون». نوری مەحمود، وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»هێرشەكەی داعش لەدرەنگانی شەوی پێنجشەممە بەبەشداری نزیكەی 200 چەكدار كە 100 یان خۆكوژبوون بۆ سەر زیندانی غوێران (پیشەسازی) لەحەسەكە دەستیپێكرد، بەپێی دانپێدانانی ئەو چەكدارانەی دەستگیركراون داعش شەش مانگ سەرقاڵی پیلان دانان و راهێنان بووە بەو چەكدارانەی هێرشەكەیان پێ سپێردراوە». وەك ئەو بەرپرسەی یەپەگە بۆ هاوڵاتی ئەوەشی خستەڕوو كە لەكاتژمێرەكانی سەرەتای هێرشەكەدا نەتوانراوە بەفڕۆكەی هاوپەیمانان بۆردوومانی زیندانەكەو چەكدارانی داعش بكرێت چونكە هێزەكانی خۆشیان لەناو زیندانەكە بوون و داعش دوو تانكەر سوتەمەنی تەقاندووەتەوە تا ئامانجەكان بۆ فڕۆكە روون نەبێتەوە، وتیشی:»سەرەتا تەنیا هەسەدە ئاسایشی خۆسەر دژی چەكدارەكان شەڕیان كردووە تا بەشێك لەچەكدارەكان چوونەتە ناو گەڕەكی غوێران، پاشان فڕۆكەكانی هاوپەیمانان دەستیان بەبۆردوومانی ئەو چەكدارانەو بەشێك لەزیندانەكەش كرد». وەك نوری مەحمود باسیكرد كەداعش لەڕێگەی هەشت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوەوە ویستوویەتی دەرگا سەرەكیەكانی زیندانەكە ببڕێت و كۆنترۆڵیان بكات، بەڵام توانیویانە تەنها دوو ئۆتۆمبێلیان بتەقێننەوە و ئەوانی دیكە لەلایەن ئاسایشی زیندانەكەوە چەكدارەكانی ناویان كوژراون و وەستێندراون. ئەو زیندانەی داعش لە حەسەكە هێرشیكردەسەرو شكستیهێنا لە كۆنترۆڵكردنی لەبنەڕەتدا ناوی زیندانی پیشەسازییە، دەكەوێتە گەڕەكی غوێرانی شاری حەسەكە لە باكووری سوریاو رۆژهەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤای كوردستان كە هاوسنووری عێراق و توركیایە. زیندانەكە جگە لە لایەنگران و ئەندامانی پێشووی داعش ژمارەیەكی زۆر سەركردەی ئەو رێكخراوە تیرۆریستیەی تێدایە، بەگەورەترین زیندانی داعش لەجیهان دادەنرێت و نزیكەی پێنج هەزار ئەندام و لایەنگری داعشی تێدا دەستبەسەرە كە سەرجەمیان لەمیانی شەڕی داعش لەگەڵ هێزە كوردییەكان بەتایبەتیش هێزەكانی سوریای دیموكرات «هەسەدە» دەستگیركراون. زیندانەكە پێشتر پەیمانگەی تەكنیكی و پیشەسازی بووە، بەڵام بەهۆی گونجاوی شوێنەكە بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریكییەكان هەسەدە لەساڵی 2017 كردوویانە بەزیندان و ئێستا ئەندامانی داعشی لەنزیكەی 60 وڵاتی جیا تێیدان كە بەشێكیان خێزانەكانیان لەكەمپەكانی «هۆل» و «رۆژ» كە هەر لەپارێزگای حەسەكەن لەژێر مانەوەی ناچاریدان. شەوی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، بەیاننامەیەك لەڕێگەی تیلیگرامەوە بەشێوەی نافەرمی بەناوی داعش بڵاوكرایەوە و ئاماژەی بەوە كردبوو كە چەكدارانی ئەو رێكخراوە «هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر زیندانی پیشەسازی لەگەڕەكی غوێران لە حەسەكە» دەستپێكردووە، كە بەوتەی خۆیان ئامانج لێی «رزگاركردنی دەستبەسەركراوانی ناو زیندانەكە» بووە. فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» لەو دانپێدانە سەرەتاییانەی چەكدارانی داعش كە دەستگیركراونەتەوە درك بەوە دەكرێت، كە هێرشەكە ماوەیەكی زۆر ئامادەكاری بۆ كراوەو پلانەكەی لە سەرێ كانیەوە دانراوە كە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە داگیركراوە». هەروەها وتیشی:» چەند مانگێگ بەر لەهێرشەكە چەكدارەكان یەك یەك یا بەگروپی بچوك هاتن و لەگەڕەكی غوێران نیشتەجێ كران و لەوێ دەستیان بەكاری رۆژانە كردووە». «بە رێگەی جیاجیا چەك و تەقەمەنی بۆ ئەو چەكدارانە رەوانەكرابوو، بەشێك لەچەكدارەكان لەگرتووخانەش هەمان ئامادەكارییان دەكرد، ئەو چەكدارانە زۆرجار هەوڵیانداوە یاخیبن، چاوەڕێبوون كە  لەگەڵ هێرشەكەدا بكەونە جوڵەوە «، فەرهاد شامی وای وت. هەروەها فەرهاد شامی ئەوەشی خستەڕوو كە لەگەڵ فەرمانی هێرشەكە لەسەرەتادا لەچوارڕێیانی غوێران ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقێنرایەوە، لەگەڵ تەقینەوەكەدا شانە نووستووەكان كە پێشتر لەگەڕەكەكان جێگیركرابوون كەوتنە جوڵەوەو لەهەندێك شوێن مەدەنیەكانیان بەدیل گرت، بەڵام هێرشەكە بۆ سەر زیندانەكە نەك لەدەرگاكەوە، بەڵكو لەناو گەڕەكەكەوە كرا، بەئۆتۆمبێلی بیناسازی دیواری زیندانەكە رووخێنراو شانە نووستووەكان چوونە ناو زیندانەكەوە، چەك بەسەر زیندانیانی گرتووخانەكەدا دابەشكراوە و هەندێك لەكارمەندانی زیندانەكە بەدیل گیران. لەگەڵ هێرشەكەدا هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو هەسەدە پێكەوە كەوتنە جوڵەوە و هەوڵیاندا مەدەنییەكان بپارێزن، بۆ ئەوەش گەمارۆی گەڕەكەكانی غوێران و  زهوریاندا، لەلایەكەوە رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەكدارەكان لەناوچەیەكی بەرفراوان گیرا، لەلایەكی تریشەوە مەدەنییەكان بۆ شوێنێكی پارێزراو گواسترانەوە. فەرهاد شامی بۆ هاوڵاتی ئەوەشی ئاشكراكرد بەپێی چەندین زانیاری چەكەكانی ناتۆ كە بەژمارەی دەوڵەتی توركیا بەدەست داعشەكانەوەن، تۆمارە دەنگیەكانی پەیوەندی تەلەفونی داعشەكان لەزیندانەكە لەگەڵ توركیا، دانپێدانانی ئەو چەكدارانەی داعش كەگیراون،  ئەو دانپێدانانەی كە دەیانویست بچنە سەرێكانی، ناسنامە سورییە نوێكانی ئەو شانە نوستووانەی چوونە ناو هەرێمەكەوە، جموجۆڵەكانی رژێمی سوریا لەهەرێمەكە، دەریدەخەن كە «دەوڵەتی توركیاو حكومەتی دیمەشق لەپشت ئەو پلانی كۆمەڵكوژی- هەڵاتن-یاخیبوونەی داعشەوەن، بێگومان لە رۆژانی داهاتوودا پەیوەست بەو بابەتە زانیاری، داتاو بەڵگەی زیاتر بەدەستدەكەون و بڵاودەكرێنەوە». هێزەكانی سوریای دیموكرات كە خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریایان پێكهێناوە لەشەڕی ناوخۆی 11 ساڵەی سوریاوە تائێستا چەندین هێرشیان تێكشكاندووەو توانیویانە داعش لەناوچەكانی باكورو رۆژهەڵات لەناوببەن. غەریب حەسۆ، هاوسەرۆكی تەڤدەم لەلێدوانێكدا بە  وت :»ئەو هێرشەی لەسەر زیندانی حەسەكە دروست بوو كە نزیكەی پێنج هەزار ئەندام و لایەنگری داعشی تێدایە، ئەمە بەتەنیا داعش نەیكردووە، چونكە هێرشێكی گەورەبوو، دەوڵەتی توركیا لەپشتی ئەم هێرشەوەیە لەگەڵ هەندێك لایەنی هەواڵگری دیكەی وڵاتان». هاوسەرۆكی تەڤدەم ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ناكرێت لەناوەڕاستی شارێك زیندانێك هەبێت و گروپێك بتوانن بەو ئاسانییە هێرش بكەنە سەری، وتیشی:» ئەوان ویستیان تەواوی زیندانیەكان بەربدەن، ئامانجەكە لەوەش گەورەتر بوو دەیانویست حەسەكە كۆنترۆڵ بكەن و كۆمەڵكوژی گەورە ئەنجام بدەن». هاوشێوەی كۆبانێ كە لە 2016 ئەنجامیانداوە». غەریب حەسۆ پێشیوابوو كە بەهێزی ئاسایش و هەسەدەو هێزەكانی دژە تیرۆر بە بەرخۆدانێكی گەورە توانرا ئەو پیلانە پوچەڵ بكرێتەوە، بەتەواوی چەكدارەكان گەمارۆدران و زۆرێكیان كوژران و زۆرێكیشیان دەستگیركرانەوە. لەوكاتەی داعش هێرشیكرد فرۆكەی توركیا لەچەند ناوچەیەكی جیاواز لە تلتەمر و عەین عیسا هێرشیكردە سەر رۆژئاڤای كوردستان ئەوەشی وەك پشتیوانییەكی ئاشكرای توركیاو پارتەكەی ئەردۆغان بۆ داعش وەسف كرد تا بەرەی شەڕ گەورەتر بكەن كارەكەی داعش ئاسانتر بكات. وەك هاوسەرۆكی تەڤدەم دەڵێت :»ئەو چەكدارانە زۆرێك خەڵكی مەدەنییان بەشێوەیەكی وەحشیانە كوشت، ئەوان دەیانەوێت ئەو ئەزموونە نوێیەی گەلان لەباكورو رۆژهەڵاتی سوریا تێكبشكێنن، نایانەوێت سیاسەتێكی ئاشتییانەو ئیرادەی كورد بەردەوام بێت، بۆیە توركیا هەموو هەوڵێكی لەڕێگەی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن و داعش و تەنانەت حكومەتی سوریاش خستووەتەگەڕ تا ئەزموونی رۆژئاڤا تێكبدات». غەریب حەسۆ  جەختی لەوەشكردەوە كە توركیا دەیەوێت میساقی میللی بخاتەوەگەڕ لەسوریا و عێراق و چەند وڵاتێكی دیكە، بۆ ئەو مەبەستەش داعش بەكاردەهێنێت و دەستی وڵاتێكی دیكەشی تێدایە جا عێراق بێت یاخود سوریا ئەو كارە بەتەنیا ئەنجام نەدراوە و توركیا یەكێك لەو وڵاتانەیە هاوكاری داعشی كردووە. بەپێی راپۆرتی میدیاكانی رۆژئاڤای كوردستان، حكومەتی سوریا بەماوەیەكی كەم بەر لەهێرشەكەی داعش لە حەسەكە دەستی بەجموجۆڵێكی نائاسایی كردووە، ئەوەش دانوستانەكانی ئەم دواییەی نێوان هەواڵگری توركیاو هەواڵگری سوریای بە بیرهێنایەوە.  لە 30ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو هەواڵگری توركیاو هەواڵگری سوریا لەشاری عەقەبەی ئوردن كۆبوونەوەتەوە، لەدیدارەكەدا بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەدژی باكور- رۆژهەڵاتی سوریا، بە بەرفراوانكردنی چوارچێوەی رێككەوتنی ئادانا دەوڵەتی توركیا لەقوڵایی 35 كیلۆمەتر ئۆپراسیۆن ئەنجامبدات، لەدێرەزور، رەققەو حەسەكە چەند هێرشێك دەستپێبكەن، ئازادكردنی زیندانییەكان و سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی حەڵەب تاووتوێ كران و سوریاو روسیا بەئەرێنی پێشوازیان لەوەكردووە. بەرپرسەكانی رۆژئاڤا ئەوە دووپاتدەكەنەوە، «ئەگەر هێرشەكەی حەسەكە سەركەوتوو بوایە، دەبوایە  دەوڵەتی توركیا لەباكوری تلتەمرو رژێمی سوریاش لەهەرێمەكانی وەك تەبقاو دێرەزورەوە دەستی بەهێرش بكردایە بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤا».

كاوە رەش. بەریتانیا خانمە پزیشكێكی كورد، لەنووسینێكدا بۆ رۆژنامەی میترۆی بەریتانی، نیگەرانیی و ترسی قوڵی خۆی دەربارەی ئایندەی خۆی و كۆچبەرانی وڵاتی بەریتانیا، لەسەر پڕۆژەیاسای نەتەوەیی  سنورییەكانی بەریتانیا دەردەبڕێت و دەڵێت:» وا هەست دەكەم پێشوازی لێ نەكراوم و دەڵێن بەخێر نەهاتی». بنار تاڵەبانی، كەپزیشكێكی كوردەو لەتەمەنی 10 ساڵییەوە هاتۆتە بەریتانیا، ئەو ئێستا لەشاری كاردیف، سەرقاڵی پزیشكی و خوێندنیشە لەزانكۆی ئەو شارە دەڵی، رەنگە لەهەر كاتێكدا رەگەزنامەی وڵاتی بەریتانیام لێ وەربگیرێتەوە، بەبێ ئاگاداری خۆم بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایەی گەڵاڵەكراوە دەربارەی پەنابەرو كۆچبەران (پڕۆژەیاسای نەتەوەیی و سنوریەكان) بەپێی ئەو یاسایانەی تێدا هاتوون، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، دەستكراوە دەبێت كە بەبێ ئاگاداركردنەوە، دەتوانێت پاسپۆرت یاخود رەگەزنامەی هاووڵاتی بوونی پەنابەران بەتاڵ بكاتەوە. دكتۆر بنار تاڵەبانی دەڵێ، هەرچەندە من یەكێك بووم لەوانەی لەكۆتایی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو دەستنیشانكراوم كەخەڵاتی  كۆشكی شاهانەی بەریتانیام (MBE) پێ بەخشراوە لەپای ئەو ئەركەی لەسەروو وەختی پەتای كۆڤید ١٩وە ئەنجامم داوە، بەڵام هێشتا وەك هاووڵاتیەكی بەریتانیی و پەنابەرێك، واهەست دەكەم  پێشوازی لێكراونیم و دەڵێن (بەخێر نەهاتی). بەگوتەی بنار تاڵەبانی پزیشك، بەڕێگریكردن و رەتكردنەوەی رەگەزنامەی پزیشك و زانای خەڵكانی پسپۆڕ، هیچ بەهایەك بۆ سەنگی ئەوان دانانرێت. ئەو دەشڵێت: »هێشتا، ئەزموونی ئەوەم لەیادەوەریدایە، كەناچاركراین ماڵ و وڵاتەكەم بەجێبهێڵم، دوای ئەو هەموو نیگەرانیانەی بینیومانە لێرەش لەداهاتوویەكی نادڵنیایی دەخولێینەوە. بنار تاڵەبانی، لەدرێژەی سەرگوزشتەی نەهامەتی و سەختیەكانی ژیانیدا دەڵێ،  كە لەساڵی 1988 لەكوردستانی باشور، لەباكوری عێراق لەدایكبووە، باوكی و باپیری چالاكوانێكی دیاری دژ بەسەدام حوسێن بوون و ئەگەری هەبوو لەهەر كاتێكدا كوژرابان « وەك منداڵێك، هەموو كات چەكم  لەبەرچاو بووە، كەبەدەستی باوكمەوە دەمبینی دەبوو هەڵیبگرێت، بۆ سەلامەتی و بەرگریكردن، شاهیدی كوشتنی خەڵك بووم لەو تەمەنە بچووكەدا». «لەكاتی راپەڕینی خەڵكی باشور، ئێمەیش لەنێو ئەو پەنابەرانەدا بووین كە لەساڵی 1991دا بەپیادە بۆ ئێران رامان كرد.  لەسەر سنورەكان ناچاربووین لەئەشكەوتەكانداو لەچیاكان خۆمان بشارینەوەو هەموو شتێك لەدوای خۆمان بەجێبهێڵین»، بنار تاڵەبانی وا دەڵێت. دایكم بۆی گێڕاومەتەوە كە من دوو ساڵان بووم، تەنانەت فریای پێچانەوەی خواردنیش نەكەوتووین لەكاتی كۆڕەوەكەدا، بۆیە لەناو ئەشكەوت و چیاكاندا بەدوای پاشماوەی خواردن و بەری درەختەكان دەگەڕاین بۆ ئەوەی بیخۆین. هەر لەسەرووەختی جەنگ و كۆڕەوەكەدا، برایەكی تەمەن نۆ مانگانم گیانی لەدەستداوە، تەنها یادەوەری لەگەڵ ئەو برایە نۆ مانگەم ئەوەیە كە لەیادم مابێت، كاتێك لەئەشكەوتدا مابووینەوە ئەو بەگاگۆلكە بەسەر مندا هەڵدەگەڕا، لەیادمە كەدایكم دەیگوت وەرە لای من لێگەڕێ با ئەو بخەوێ. كاتێكیش هەرێمی كوردستان لەباقی عێراق، نیمچە ئۆتۆنۆمی بەدەستهێنا، دوابەدوای ئەو راپەڕینانەی كەباوكم و باپیرم رۆڵی سەرەكیان تێدا هەبوو، توانیمان بگەڕێینەوە باشووری كوردستان (باكوری عێراق) و لەسەرەتاوە دەستمان بەژیان و ئاوەدانكردنەوە كرد. هەرچەندە لەوكاتەشدا ئێمە لەناوچەیەكی دەرەوەی نفوزی سەدامدا دەژیاین، بەڵام هەمیشە ترسی ئەوە هەبوو كەڕژێمی بەعس دووبارە هەوڵی گرتنەوەی بدات. لە ٣١ی ئابی ساڵی 1996دا، رژێمی دیكتاتۆری سەدام هەوڵیدا دەست بەسەر كوردستاندا بگرێتەوە، بۆیە دایكم و دوو خوشك و برام كەخۆشم كە لەتەمەنی هەشت ساڵیدا بووم، بەرەو سوریا هەڵاتین، باوكم لەكوردستان مایەوە، بۆ درێژەدان بەبەرخۆدانی خۆی لەدژی رژێمی عێراق. ئێمە لەدیمەشقی پایتەختی سوریا بووینە دراوسێی ماڵێكی میهرەبانمان ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بۆ دایكم و سێ منداڵی گەنج زۆر زەحمەت بوو.  لەوێ لەڕێگای رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە داواكاریمان پێشكەشكرد بۆ گەیشتن بەدەرەوە، هەرچەندە دایك و باوكم دەیانزانی كە چانسی وەرگرتنمان زۆر كەمەو  زۆر كەسی دیكە داواكانیان رەتكرابووەوەو سەركەوتوو نەبوون لەپلانی نیشتەجێكردنی  پەنابەریان لەدەرەوە. بەڵام دواجار بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر، ئێمە قبوڵكراین و بووە هۆی گۆڕانی ژیانمان. ئەوە بوو ئێمە لەساڵی ١٩٩٨ لەڕێگای (یو ئێن)ەوە، گەیشتینە شاری بێرمینگهام، لەبەریتانیا، كاتێك من ١٠ ساڵان بووم. باوكیشم چەند ساڵێك دواتر توانی بگاتەوە بەئێمە. بۆ یەكەم جارم بوو، كەچووم بۆ سوپەرماركێتێك، من تووشی سام بووم. زۆر گەورە و خاوێن بوو، هەموو ئەو خواردنەی كە بیرت لێدەكردەوە لەوێ هەبوو. ئەوەش جیاوازیەكی زۆری هەبوو لەگەڵ ئەو قەیرانی خۆراكەی، كەئێمە لەكاتی جەنگی كەنداودا ئەزموونمان كردبوو لەنەبوونیدا. بەدەستپێكردنی ژیان لەبەریتانیادا، توانیم سەرنج بدەمە سەر خوێندنەكەم و بۆ دواجاریش، چێژ لەتەمەنی منداڵبوون وەربگرم. ئەوەی بۆ ئێمە هاوكاربوو، پێشتر خێزانمان هەبوو لە بەریتانیا، ئەوان بەڕاستی یارمەتی باشیان كردین. بۆیە پاش ماوەیەكی كورت كەگەیشتم، دایكم و پورەكەم، دانیشتن و پێیان وتم: «پێویستە زمانی ئینگلیزی فێربیت. تاقیكردنەوەیەك هەیە، كەپێویستە تێیپەڕێنیت، پێی دەگوترێت،  یازدە پڵس، ئەوە تاقیكردنەوەی چوونەژوورەیە بۆ قوتابخانەكانی رێزمان لەئینگلتەرا. دكتۆر بنار پەسنی دایكی دەكات و دەڵێ، كاتێك ئێمە گەیشتینە بەریتانیا، دایكم بەتەنها ئەركی سەرپەرشتیكردنی سێ منداڵی خوار دەساڵانی لەئەستۆ بوو، سەرباری ئەمەش هێشتا هەوڵی فێربوونی زمان و لێخوڕینی ئۆتۆمبیل و هەوڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەی چاودێری منداڵانی دەدا. منیش هەر كە لەقوتابخانە دەگەڕامەوە ئێواران، هەوڵی بەهێزكردنی ئینگلیزیەكەم دەدا، تابتوانم بۆ تاقیكردنەوەی ئەزموونەكان خۆم ئامادە بكەم. دوای هاوكاری باشی مامۆستا دڵسۆزەكان لەگەڵم لەكاتی گرفتی زماندا، دواجار قۆناغی ئامادەیم تێپەڕاند. دواتریش بڕیارمدا كەببم بەپزیشك، ئەوەبوو لەساڵی ٢٠٠٧، لەقوتابخانەی پزیشكی شاری كاردیف وەرگیرام، كەزۆر پێی خۆشحاڵبووم. دوای ئەوەش بڕیارمدا وەك پسپۆری بواری چاندن و چارەسەری گورچیلە راهێنان بكەم تا لەو رێگایەوە چاودێری نەخۆشەكان بكەم، كەئەوانەی رەوشێكی دیاریكراویان هەیە، لەهەمانكاتدا  بەردەوامی بدەم بە تووێژینەوەو یارمەتیدان و دۆزینەوەی چارەسەری باشتر بۆ نەخۆشەكان. لەسەرووەختی سەرهەڵدانی پەتای كۆڤید١٩، دەستمكرد بەخوێندنی دكتۆراكەم، لەزانستی ئیمۆنۆلۆجی، لەزانكۆی كاردیف. بەهۆی ئەوەی خێزانەكەم لەشارێكی دیكە دەژیان و هاوسەرەكەشم پزیشكی ددان بوو، لەوكاتەدا وەك زۆر كەسی دیكە تووشی نیگەرانی بووم، بەهۆی مەترسی كۆرۆناوە. كاتێك لەدیسەمبەری ٢٠٢٠ ڤاكسینی دژ بەكۆڤید ١٩ پەسەندكرا، خۆم و بەشێك لەهاوكارەكانم كەدكتۆر بوون لە(كاردیف)، ئێمە گروپێكمان لەدكتۆرە موسڵمانەكان پێكهێنا، بۆ هۆشیاركردنەوەی سوودەكانی كوتان. دەستمانكرد بەكاركردن بۆ رەواندنەوەی  دوودڵی لەسەر ڤاكسینەكە، لەنێو كەمینە رەگەزییەكانی وێڵز. ئێمە بەشێوەیەكی رێكخراو ئەمەمان كرد، بەگەیاندنی وێبینارەكان بەچەندین زمانی جیاواز،  ئامادەكردنی مزگەوتەكان، وەك ناوەندی كوتان، هاوكاری كردن لەگەڵ ببیرو باوەڕو ئاین و گرووپەكانی تر. هەرچۆنێك بێت، پێم وایە هاوكارەكانم هەموویان بەیەكسانی شایستەی پێدانی خەڵاتی (MBE)، لەوانە زۆرێك لەدەزگای تەندروستی نیشتمانی كاردەكەن، زۆر ماندوونەناسانە ئەركەكانیان راییكردوەو گرنگیان بەنەخۆشەكان داوە. هەروەك باشترین كاراكتەری ئەم وڵاتە وەك من، كەپەنابەرێكی پێشوو بووە، دەتوانێت بەردەوام بێت بۆ خزمەتی تەندروستی و دەستنیشانیش كرام بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئێم بی ئای، بەڵام لەگەڵ ئەوە ئەو پڕۆژە یاسای نەتەوەیی و سنوورییەی، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، بەبۆچوونی من، دژ بەبەرگی ئەم كۆمەڵگایە هەڵچنراوە. دكتۆر بنار تاڵەبانی، نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێ لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایەو بەجیاوازی كردنی دەزانێت لەسەر هاووڵاتیانی نیشتەجێی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیاو پێی وایە; ئەوە ئەگەر یاسا هەبێت دەبێت یەك شت بێت بۆ هەمووان، پڕۆژە پێشنیاركراوەكانی لێسەندنەوەی هاووڵاتیبوون بۆ هەموو كەسێك بێت، نەك تەنها پەنابەرەكان، بەڵام وا دیارە تەنها بۆ ئەو كەسانە بێت، كە باوك و باپیرانیان، بەڕەچەڵەك بەریتانی نین، بەم شێوەیە هەست بەبێگانەبوون دەكەین. تاڵەبانی دەڵێ،»زۆر سوپاسگوزارم كە لێرە بژیم و هەموو كارێك بكەم كە بتوانم یارمەتی هەمووان بدەم، بەڵام دەزانم كە شتەكانیش چەند جیاواز دەركەون. زۆر كەس نەبوونن، یان بەبەخت نین». ئەو پەنابەرو پەناخوازانەی كە لەترس و نائومێدیدا دەژین، و هانا بۆ زەحمەتترین و قورسترین رێگا دەبەن بۆ دۆزینەوەو  بۆ گەیشتن بەڕێگای وڵاتانی ئارام، ڕەنگە بەشێكیان چانسی ئەوەیان نەبێت وەك ئێمە بەڕێگا سەلامەتەكان بۆ بەریتانیا بێن وەك ئەوەی ئێمە لەڕێگەی پلانی نیشتەجێكردنی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە ئەنجامماندا بگەنە ئێرە. ئەم پرۆژەیاسایە هەوڵدەدات رێگا لەو كەسانە بگرێت كە لەڕێگەی نایاساییەوەو بەبەلەمە چوپەكان، دەیانەوێ بێنە ئەم وڵاتەو وەك تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ بكرێ، كە لەبنەڕەتەدا سەرەتاییترین مافی مرۆڤ- مافی ژیان لەسەلامەتی و شكۆمەندیە. لەبەر ئەوەیە كەمن زۆر بەنیگەرانی دەزانم، ئەو پڕۆژەیاسایە ئەوە بیری خەڵكی وەك ئێمە دەهێنێتەوە، كە بێگوێدانە ئەوەی كە ئێمە چەند بەشداریمان لەبەڕێوەچوونی جومگەكانی ژیان لەم وڵاتە كردووە، هێشتا هەست بەهاووڵاتی پلە دوو دەكەین. دەزگای خزمەتگوزاری تەندروستی (ئێن ئێچ ئێس) نمونەیەكی باشە بۆ ئەوەی ببینین كەئەم وڵاتە  چەندە فرە كولتورە. ئەگەر من تەنها بگەڕێمەوە بۆ هەر رۆژێك لەناو ئەو شوێنانەی كە لە ئێن ئێچ ئێس، كارم لەسەر كردووە وەك خوێندكارێكی پزیشكی، یان پزیشك - ناتوانم بیر لەكەسێك بكەمەوە یان ئەندامێكی تری ستافەكان كەخەڵكی وڵاتێكی دیكە نەبووبێ. لەكۆتاییدا دكتۆر بنار تاڵەبانی، نووسیویەتی; من و خێزانەكەم هەموو شتێكی ژیانمان تەرخان دەكەین بۆ خزمەتكردنی ئەم وڵاتە سەرسوڕهێنەرە، چونكە كاتێك هیچمان نەبوو،  ماڵێكی میهرەبانی پێبەخشین. بەڵگەكانیش دیارن و رەنگیان داوەتەوە كەدەریدەخات، كۆچبەران و پەنابەرو پەناخوازان، زۆر زیاتر لئەوەی وەریدەگرن،  دەیخزێننە ناو ئابووریی ئەو وڵاتەوە. بەگوتەی تاڵەبانی. لەكۆتاییدا نووسیویەتی:» پڕۆژەی نیشتمانی و سنوورەكان ئەوەمان وەبیردەهێنێتەوە،  كەگرنگ نییە خەڵكی وەك ئێمە چی بكەین، یان چەندە بەزەحمەتی كار بكەین، دواجار ئێمە بەتەواوی سەر بەئێرە نین و  بەو وڵاتەوە پەیوەست نین، چونكە دەوڵەت دەتوانێت لەهەركاتێكدا هەمووی پوچەڵبكاتەوە».

هاوڵاتی گرانبوونی نرخی غازی ماڵان و ئارد بووە هۆی داخستنی بەشێك لەفڕنی سەمونخانەو نانەواخانەكان و داوا لەحكومەتی هەرێم دەكەن كێشەی سووتەمەنی و نرخی ئاردیان بۆ چارەسەر بكەن، ئەگەرنا ناچارن بەتەواوی كاركردنیان رابگرن. یاسین محێدین، خاوەنی نانەواخانەی دێرین لە سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات بەهۆی نەبوونی غازەوە، ماوەی سێ رۆژ نانەواكەی داخستووە و دەڵێت:» زیانێكی زۆرم كردووە، چونكە كرێی دوكان و شاگرد و وەستا لەماوەی ئەو سێ رۆژەدا لە گیرفانی خۆم داومە». خاوەنی نانەواخانەی دێرین، بە هاوڵاتی وت:» لەئێستادا زۆر بە گران غازمان دەستدەكەوێت، ئەوەش بووەتە كێشەیەكی سەرەكی بۆمان و ناچار بەگران غازەكە دەکڕین و قازانجی نابێت بۆمان». هێمن جەزا، خاوەنی سەمونخانەی ماد لە هەولێر، ئاماژە بەوە دەدات گرانی نرخی غازو دەستنەكەوتنی كێشەی بۆ دروستكردوەو وتی:» چەندین جار پەنامان بردووەتە بەر قایمقامیەت و داوای هاوكاریمان لێكردووە». ناوبراو وتیشی:» ئێستا ئەوەی كێشەی سەرەكیمانە گرانبوونی نرخی ئاردیشە، كە بەهۆی سەرماو سۆڵەوە دەروازەكان هاتوچۆی راگیراوە و نرخی ئاردەكەش گران بووە». ئەم خاوەن سەمونخانەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە دوكانەكەی تەنیا بەشی كرێكارو مەسرەفی رۆژانە دەردەكاتەوە و وتی:» هیچ قازانجێكم لێ دەستناكەوێت». دیمەن رەزا، جێگری لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كۆبونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی نەوت و وزە كردووە و داوامان كردووە كێشەی كەمی غازی سنورەوكەمان بۆ چارەسەر بكەن و كێشەی خەڵكی كۆتایی بێت». باسی لەوەشكرد بە زیادكردنی رێژەی پێویستی غاز بۆ پارێزگاكان كێشەی كەمی غاز چارەسەر دەكرێت و وتیشی:» بۆ ئەو مەبەستە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ كۆمپانیای سارپ كوردستان كۆدەبینەوە و بزانین كێشەكانی بەردەم زیادكردنی رێژەی غازی پارێزگاكان چیە و چۆن دەتوانرێت چارەسەر بكرێت». هاوكات لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاردو گرانبوونی غاز ژمارەیەك فڕن و نانەواخانە داخران ئاراس مەهدی، خاوەن نانەواخانەیەكە لە شاری دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە  ئێستا فەردەیەك ئارد بە 40 هەزار دینارەو پێشتر بە 20 هەزار دیناربووە» وا بڕوات منیش فڕنەكەی خۆم دادەخەم». ئاراس وتیشی:»كەس حەزناكات دوكانەكەی خۆی دابخات، بەڵام ئەگەر هیچ قازانج نەكەین و كریێ دوكانەكە لەسەر حسابی خۆمان بێت ناچارین ئێمەش دایدەخەین». ئەحمەد مەلا وەحید مزوری، نوێنەرێ خاوەن فڕن و سەمونخانەكانی دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»تا ئەمڕۆ 47 فڕن و سەمونخانە لە سنوری دهۆك و ئیدارەی زاخۆ داخراون وابڕوات ژمارەكە هێشتا زیاتر دەبێت، هۆكارەكان دیارو ئاشكران هیچ كەس و لایەنێك هاوكاریمان ناكات». ناوبراو وتیشی:» ئێستا یەك لیتری گازوایل بە 850دینارەو پێشتر حكومەت بە 250دینار دەیدایە خاوەن فڕن و سەمونخانەكان دواتر كردی بە 500 دینار». لەسنوری دهۆك 129 سەمونخانە، 204 نانەواخانە، لە سنوری ئیدارەی زاخو 300 نانەواخانە و فڕن هەیە. ئەحمەد مەلا وەحید ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد چەندینجار داوایان لەبەرپرسان كردووە هاوكارییان بكەن بەڵام هیچ كەس ئامادە نیە داواكاریەكانیان جێبەجێ بكات، لەئێستادا جگە لە داخستن هیچ بژاردەیەكی تریان نیە

سەركۆ جەمال یەكێتی و پارتی دڵنیان لە دەرچوونی كاندیدەكانیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو هەریەكەیان لای خۆیانەوە خەریكی لۆبی كردن و دەنگ كۆكردنەوەن بۆ ئەوەی ببنە براوەی كێبڕكێكەیان لە بەغدا. رۆژی سێشەممە 25-1-2022، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیاریدا كە دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق كە سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی تێیدا هەڵبژێردران و پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد دەستووری و یاساییە. بەپێی دەستووری عێراق، دوای مانگێك لەهەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، دەبێت سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، بەوپێیەش دەبێت 8-2-2022 سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرێت.  لەكۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا بە زۆرینەی دەنگ بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی سەرۆك كۆمار یەكلاكرایەوەو ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ سووربوونی پارتی لەسەر نەكشاندنەوەی كاندیدەكەی كە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەیە. لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدەنە پارتی‌و یەکێتی کە بەهۆی پرسی سەرۆک کۆمارەوە یەکڕیزیی کورد لەبەغدا تێکدەچێت‌و ئەوەش دەرەنجامی نەرێنی بۆ سەر خەڵکی کوردستان لێدەکەوێتەوە. هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»ئەمە پرۆسەیەكە وا رێكەوت كە بەڕێكەوتن نەبووە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی كوردی، كاندیدی دیكەی لایەنەكان هەیە، سەرەتا لەگەڵ پارتی پێكەوە هاتین بۆ بەغدا، وابڕیاربوو نەبینە بەشێك لەو كێشانەی لەناو ماڵی شیعە هەیەو بوەستین تا چارەسەری كێشەكانی خۆیان بكەن». هەرێم كەمال ئاغا دەشڵێت :»ئێستا ئێمە كاندیدی خۆمان هەیەو كاری بۆ دەكەین ئەگەر سەركەوتنی بەدەستهێنا وەكو فەلسەفەكەی مام جەلال كاری لەسەر كردووە بۆ بەدەستهێنانی مافە بنچینەییەكانمان بەردەوام دەبین، لەگەڵ چەند لایەنێكیش لێكنزیكی لەبیروبۆچوون هەیەو پێیان وایە ئەو سیاسەتەی یەكێتی گرتوویەتیە بەر دروستە». «پارتی هەموو بەرژەوەندییەكانی لەپۆستی سەرۆك كۆماردا دەبینێتەوە، بەڵام بیریان لەوە نەكردووەتەوە كوردستان هەرچی بەسەر دێت»، هەرێم كەمال ئاغا وا دەڵێت. هاوكات، ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»ئێمە باوەڕمان بەتواناكانی یەكێتی لەڕووی دیپلۆماسی و سیاسی و كاندیدەكەی خۆشمان هەیە كە سەركەوتوو دەبێت لەگەڵ فراكسیۆن و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق كە دەنگ بدەن بە كاندیدەكەی یەكێتی لەدەرەوەی هەر فشارو رێككەوتنێك كە لیستەكانیان بیخەنە سەریان و رێككەوتنی پێشوەخت بكەن». هەروەها پێشیوابوو پەرلەمانتارانی عێراق دەزانن پێویستە دەنگ بەكێ بدەن بۆ بەردەوامیی پرۆسەی سیاسی لەعێراقدا دەنگ بەكاندیدی یەكێـتی و مۆدێلی تێڕوانینەكانی یەكێتی دەدەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی، وتیشی:» هەموو گرنگی یەكێتی لەم قۆناغەدا سەرخستنی كاندیدەكەیەتی، بۆیە هەموو هەوڵەكانمان بەو ئاڕاستەیەیە و زۆر گوێ بە ئەگەری دیكە نادەین لەم قۆناغەدا». سەبارەت بە حزبەكانی دیكەی كوردستانی كە خاوەنی 14 كورسی پەرلەمانی عێراقن، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەی روونكردەوە كە نەوەی نوێ و كۆمەڵ و یەكگرتوو گفتوگۆیان لەگەڵ دەكرێت كە دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی بدەن. بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا دەڵێت:» پارتی بە مافێكی شەرعی خۆی دەزانێت بچێتە كێبڕكێ بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار». شوان محەمەد، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»ئێمە وەكو پارتی بەمافێكی شەرعی خۆمان و بەسنگێكی فراوان دەچینە ئەو كێبڕكێیەی پۆستی سەرۆك كۆمار، لەبەرئەوەی یەكێتی نەهاتە ناو كۆدەنگی نیشتیمانییەوە». هەروەها وتیشی:»ئێستا دوو رێگا هەیە یان دەبێت رێككەوتنی پێشوەخت هەبێت یاخود دەبێـت هەر لایەنێك بۆخۆی بچێتە ئەو هەڵبژاردنەوە». بەرپرسی لقی پارتی لەبەغدا دەشڵێت :»دەرگای گفتوگۆ دانەخستن تەنها بە قسە نییە ئەگەر پێشوەختە بڕیاری دابێت ئەو پۆستە بۆ یەكێتییە ئەی دانەخستنی دەرگای گفتوگۆ مانای چییە؟، دەتوانین بڵێین یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق گەواهی ئەوەیە كە پارتی چەند پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە لە دانوستانەكاندا». هێشتا فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ و یەكگرتوو خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوەو دەنگ بە كام كاندیدی سەرۆك كۆمار دەدەن، نەوەی نوێ لای خۆیەوە كاندیدی بۆ پۆستی سەركۆ كۆمار دیاری كردووە. جەمال كۆچەر ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»تەنیا ئەوەندەیان بە ئێمە وتووە كە لەسەر ئەو پرسە قسە دەكەین ئێمەش وتمان هێشتا نەچووینەتەوە بەغدا، تا نەچینە ئەوێ و ناوی كاندیدەكان نەیەنە بەردەستمان بڕیاری خۆمان لەسەر ئەوە نادەین دەنگ بە چی كاندیدێك دەدەین بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار». هاوكات، سۆران عومەر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت ب"ە هیچ شێوەیەك ئامادەنیم لەسەر ئەو پرسە قسە بكەم".

شاناز حەسەن، عەمار عەزیز بەهۆی دابەشنەكردنی نەوتی سپی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هاووڵاتیان پەنا دەبەنەبەر كڕینی نەوت بەدەبە كە لەئێستادا نرخەكەی بەرزبووەتەوەو نرخی بتڵێك غازی ماڵان بە دوو هێندەی نرخە فەرمییەكەی لەبازاڕی رەشدا دەفرۆشرێت. رێبین مەولود، فرۆشیاری غاز، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نەبوونی غازی پێویست لە كارگەكاندا وایكردووە نرخەكەی لەبازاڕدا بەرزببێتەوە بە جۆرێك لەهەندێك شوێن تا 20هەزار دینار فرۆشراوە». هاوكات  غازفرۆشێك لەدهۆك ئاماژە بەوە دەدات حكومەتی هەرێم  هاوكاریان ناكات و وتی:» كەمی غاز وایكردووە لەلایەن هەندێك فرۆشیارەوە سوود لە هەلەكە وەربگیرێت و بەگران بگەیەنرێتە دەست هاووڵاتیان». ئەم فرۆشیارە كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرابكات ئاماژەی بۆ ئەوەكرد دوو رۆژە نرخی بتڵێك غاز لەبازاڕەكانی دهۆك بە 15هەزار دینار دەفرۆشرێت. بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانی دەڵێت:» هەر شوێنێك بتڵێك غاز بەزیاتر لەهەشت هەزارو 500 دینار بفرۆشێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەنجامدەدرێت». محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە هاوڵاتی وت:»خواست لەسەر غازی ماڵان زۆر بووەو  پشكی غازی پارێزگای سلێمانیش كەمە بۆیە ئەو گرفتە دروستبووە». هەروەها  وتیشی:»هەر شوێنێك بتڵێك غاز بەزیاتر لە هەشت هەزارو 500 دینار بفرۆشێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەنجامدەدرێت و لەماوەی رابردووشدا كۆمەڵێك بریكاری غاز دراون بەدادگا و بەشێكیشیان زیندانیكراون». كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەرپرسیاری یەكەم لەدروستبوونی كێشەی نەوت و غاز حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانە». سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد ساڵ بەساڵ پێداویستی خەڵك زیاد دەكات و حكومەت هەر بەو رێژەیەی 10ساڵ لەمەوپێش بۆ سلێمانی داناوە غاز دابەشدەكات، كە ئێستا سلێمانی دوو هەزار تۆنی پێویستەو تەنیا یەك هەزار تۆنی بۆ دابیندەكرێت. ناوبراو وتیشی:» لەهەرێمدا بەرهەمی غازی یەدەگی زۆر زیادمان هەیەو بەداخەوە كەڕێژەی لەسەدا 30 بەپێی گرێبەستەكان دەنێردرێتە دەرەوە بۆ وڵاتانی پاكستان و ئەفغانستان و ئەرمنستان لەكاتێكدا هاووڵاتیانی خۆمان پێویستیان پێیەتی». هاوكات، لەبارەی دابەشكردنی نەوتی ماڵانەوە سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە ئەوەشی روونكردەوە سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین پێویستی بە 110 ملیۆن لیتر نەوت هەیە كە تائێستا نزیكەی 40ملیۆن لیتر بڕیاری ناردنی دراوەو وتی:» ئەو بڕە زۆر كەمترە لەپێداویستی، بۆیە گەر هەر وابڕوات ئەمساڵیش هەموو مەڵبەندەكان نەوت وەرناگرن». لەئێستادا 17 ملیۆن لیتر نەوت دابەشكراوە ئێستا دابەشكردنەكە لەمەڵبەندی حەوتدایە. كۆمپانیای مزگین هات، تاكە كۆمپانیە لە سنوری پارێزگای دهۆك غاز بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكات، پارێزگای دهۆك رۆژانە پێویستی بە 180تۆن غازی شلە.  فەرمان حەسەن، نوێنەری كۆمپانیای غازی مزگین هات لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت»لە هەفتەی رابردوو بەهۆی بارینی رێژەیەكی زۆر لەبەفر هاتوچۆكردن سەخت بوو، ئەو غازەی بۆ ئێمە دەهات زۆر بە زەحمەت دەگەیشتە ئێمە یەك دوو رۆژ نەهات بۆیە غاز كەمبوو، دوای پاكکرنەوەی رێگایەكان لە بەفر ئێستا رۆژانە بەبێ كێشە 180تۆن غاز بۆ ئێمە دێت، ئێمەش بەسەر خەڵكدا دابەشی دەكەین».  فەرمان حەسەن وتیشی»ئێستا بۆتڵی غازی ماڵان بە 9هەزاردینارە، غازی بازرگانیش یەك بۆتڵ لەنێوان 11و12هەزارە». هاوكات، هۆكارێكی دیكەی كەمبوونی غازی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە لەوەرزی زستان داواكاری خەڵك لەسەر غاز زۆر بەرزدەبێتەوە ئەوەش بەهۆی بەكارهێنانی غاز بۆ خۆگەرمكردنەوە لەجیاتی بەكارهێنانی نەوت و لەسەدا 90%ی فڕن و نانەواكانی سنوری پارێزگای دهۆكیش غاز بەكاردەهێنن

شاناز حەسەن بەهۆی دابەشنەكردنی نەوتی سپی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هاوڵاتیان پەنا دەبەنە بەر كڕینی نەوت بە دەبە كە لە ئێستادا نرخەكەی بەرزبووەتەوە. ڕیبین مەولود، فرۆشیاری غاز، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" نەبونی غازی پێویست لە كارگەكاندا وایكردووە نرخەكەی لە بازاڕدا بەرزببێتەوە  بە جۆرێك لەهەندێك شوێن تا 20هەزار دینار فرۆشراوە". هاوكات  خاوەنی كارگەیەكی غازفرۆشتن لە دهۆك ئاماژە بە ئەوە دەدات حكومەتی هەرێم  هاوكاریان ناكات و وتی:" كەمی غاز وایكردووە لەلایەن هەندێك فرۆشیارەوە سوود لە هەلەكە وەربگیرێت و بەگران بگەیەنرێتە دەست هاوڵاتیان". ئەم خاوەن كارگەیە كە نەیوست ناوی خۆی ئاشكرابكات ئاماژەی بۆ ئەوەكرد دوو ڕۆژە نرخی بتڵێك غاز لە بازاڕەكانی دهۆك بە 15هەزار دینار دەفرۆشرێت. هاوكات نرخی نەوتیش لە بەرز بونەوەدایە و دەبەیەك نەوتی 20 لیتری بە 15هەزار دینارە. حسێن، فرۆشیارێكی نەوتە و ئاماژە بەوە دەدات، خەڵكەكە بۆ خۆ گەرمكردنەوە تەنیا سەرچاوەی نەوتە، بۆیە نەوت گران بووە و نرخەكەی گەیشتوەتە 15هەزار دینار بۆ یەك دەبە. ئەم فرۆشیارە وتیشی:" ماڵ هەیە لەبەر گرانی نرخەكەی وەك پێداویستی ڕۆژانە بە دەبە نەوت دەكرێت". محەمەد حەسیب، بەرێوەبەری بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانی رایگەیاند لە ئێستادا لەهەوڵدان كێشەی كەمی غازی ماڵان چارەسەر بكەن، وتیشی:" سلێمانی له‌ 12 پشكه‌وه‌ بۆ 15 پشك زیادی كردوه‌ و دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و باشبون ده‌ڕوات، هه‌ر پشكێكیش واته‌ تانكه‌رێك كه‌ له‌ 20 ته‌ن غاز پێكدێت، هه‌ر ته‌نێكیش هه‌زار و 650 بتڵ غازه‌ واتا رۆژانە زیاتر لە سێ هەزار بتڵ غاز زیادی كردووە".  

هاوڵاتی وتەبێژی پارتی لە وەڵامی بەیاننامەیەكی شەوی ڕابردووی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا رایگەیاند، مەبەستیان بووە شاندێكی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێكبهێندرێت، بەڵام سەری نەگرتووە، بەیاننامەكەش دوای ئەوە دێت یەكێتی و پارتی رێكنەكەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و پارتیش كاندیدەكەی خۆی نەكشاندووەتەوە. دوێنێ یەكشەممە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی كۆبووەوە و دواتر لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند: پارتی تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوە و رێككەوتنیان لەگەڵ هەندیك لایەنی سیاسی واژۆ كردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێشكەشكردووە. هەر دوای بەیاننامەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێـتی لەپەیجی خۆی ڕایگەیاند: ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵوەستەی جددی كرد و پێی وابوو پارتی تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوە و رێككەوتنیان لەگەڵ هەندیك لایەنی سیاسی واژۆ كردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێشكەشكردووە. بافڵ تاڵەبانی دەڵێت :مادەم لایەنی دیكە دوور لە پرەنسیپی تەوافق كاندیدی خۆیان پێشكەش دەكەن یەكێتیش مافی خۆیەتی كە پۆستی سەرۆككۆمار بە ئیستیحقاقی كورد و یەكێتیی بزانێت بۆیە سازشی لەسەر ناكات. هاوسەرۆكی یەكێتی راشیگەیاندووە: ئەو قسەوباسانەی كە دەوترا پارتی تەنها كێشەی لەگەڵ كاندیدی یەكێتی هەبوو و ئەگەر ئاڵوگۆر بەو كاندیدە بكرایا پارتیش كاندیدی خۆی دەكشاندەوە دووربوون لە راستییەوە، دەركەوت ئەمە تەنیا بۆ چاوبەستەكی بووە و ئامانجی سەرەكی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمارە دوور لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان بەتایبەتی یەكێتیی. لەوەڵامدا مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند: لەبارەی پارتیمان و ڕەوشی سیاسیی و پرسی سەرۆككۆمار هەندێ بەلاڕێدابردن و بێ ئینسافی تێدا بوو، بۆیە بە باشی دەزانین ڕای گشتیی كوردستان لە ڕاستی و دروستیی بابەتەكان ئاگادار بكەینەوە. لەڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی پارتییدا هاتووە: دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ڕاسپاردەی مەسعود بارزانی شاندێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی بە مەبەستی گەڵاڵەكردنی هەڵوێستێكی هاوبەش و یەكخستنی ناوماڵی كوردی و دروستكردنی شاندێكی هاوبەش بۆ بەغدا و لەپێناو چەسپاندنی داوا ڕەواكانی گەلی كوردستان، سەردانی هەموو لایەنە كوردستانییەكانی كرد. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بوو كۆبوونەوەی نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی بەسترا و لەگەڵ ئەوەشدا مەسعود بارزانی پێشوازی لە بافل تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كرد، ئامانجی سەرەكیی ئەو كۆبوونەوانە ئامادەكردنی بەرنامەیەكی كوردستانی بۆ دیدی هاوبەش بەرانبەر داهاتووی عێراق و داوا ڕەواكانی گەلی كوردستان و تێكڕای پڕۆسەی سیاسی بوو. هەر لە ڕوونكردنەوەكەی وتەبێژی پارتیدا هاتووە: ئێمە مەبەستمان بوو شاندێكی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێكبهێندرێت، بەڵام بە داخەوە بۆمان ڕوون بووەوە كە نوێنەرانی یەكێتیی بەشدار لە شاندە هاوبەشەكە ڕوانگەیەكی ڕوونیان نییە و توانای بڕیاردانیشیان لەمەڕ پرسەكان نەبوو، جگە لەوەش بە بێ ئاگاداركردنەوەی پارتی لە شاندە هاوبەشەكە كشانەوە. وەك وتەبێژەكەی پارتی دەڵێت: لەبارەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی عێراق كە پێویست بوو هەموو لایەك پابەندی هەنگاوە دەستوورییەكان بن، فراكسیۆنی یەكێتیی سەرباری ئامادەبوونی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی جێهێشت، هەر ئەوەش یەكەم هەنگاوی فراكسیۆنی یەكێتی بوو بۆ تێكدانی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان. مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دەشڵێت: لەبارەی بابەتی سەرۆككۆماریش دووپاتی دەكەینەوە كە ئەو پۆستە ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و تەنیا موڵكی لایەنێك یان كەسێكی دیاریكراو نییە، هەر بەپێی ئەو بنەمایەش دەبێ تەنیا كاندیدێك دیاری بكرێت كە ڕەزامەندی و پاڵپشتیی هەموو لایەنە كوردستانییەكانی لەسەر بێت، بەڵام یەكێتی بەردەوام بوو لەسەر پێداگریی خۆی بۆ كاندیدكردنی كەسێك ئەویش لە دەرەوەی ڕەزامەندیی ناوماڵی كوردیی و پۆستی سەرۆككۆماریشی وەك ئیستحقاقێكی تەواو حزبی سەیر كردووە و لە ڕوانگەیەكی تەواو حزبیانە كاری بۆ كردووە نەك نیشتیمانیانە. لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی پارتیدا ئەوەش هاتووە: پێویست بوو یەكێتی لەبارەی بابەتی سەرۆككۆمار و یەكڕیزیی ناوماڵی كوردیی وردتر و نیشتیمانی تر هەڵسوكەوتی كردبا، دەبێ بەرپرسیارێتیی دۆخی ئێستا و دواتری ئەو لێكترازانەی هاتۆتە كایەوە لە ئەستۆبگرێت. ئێستا پارتی وەك ركابەری بەرهەم ساڵح، هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید كردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا لەتیف ڕەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە و نەكشاوەتەوە.

هاوڵاتی بەرپرسی یەكینەكانی پاراستنی گەل ڕەتیدەكاتەوە داعش كۆنترۆڵی زیندانی غوێرانی لەدەستدا بێت وەك هەندێك میدیا بڵاویانكردووەتەوە، دەشڵێت هێشتا زیندانەكە بەشێكی لەژێر دەسەڵاتی هێزە كوردیەكاندایە. لەشەوی پێنجشەممەوە چەند چەكدارێكی داعش هێرشیان كردەسەر زیندانی غوێران لە حەسەی ڕۆژئاوای كوردستان كە نزیكەی پێنج هەزار ئەندام ولایەنگری داعشی تێدا زیندانیكراون. سیامەند عەلی بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە بە سكای نیوزی وتووە: هێزە كوردیەكان توانیویانە جگە لەرێگەی سەرەكی ناو زیندانەكە بەشێكی زیندانەكەش كۆنترۆڵ بكەنەوە. وتیشی: لەشەوی یەكەمی هێرشەكەدا هەشت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعش هەوڵیانداوە دەرگای سەرەكی زیندانەكە تێكبشكێنن بەڵام لەلایەن پاسەوانانی زیندانەكەوە ڕێگری لێكراوە. وەك وتەبێژەكەی یەپەگە باسیكردووە، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو دوای تەقینەوەی یەكەم هەوڵیداوە لەدەرگای دووەمی زیندانەكەوە بچێتە ناوەوە بەڵام هێزەكانی هەسەدە توانیویانە بیوەستێنن و چەكدارەكانی ناوی بكوژن. بەرپرسەكەی یەپەگە دەشڵێت: هێزە كوردیەكان توانیویانە سەرجەم پەرژینەكانی زیندانەكە كۆنترۆڵ بكەنەوە و ئەمڕۆش تۆپهاوێژ بۆ كۆنترۆڵكردنی زیندانەكە دەست بە بەكارهێنانی كراوە. لەلایەكی دیكەوە بەپێی هەواڵێكی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لەپێكدادانی نێوان هێزە كوردیەكان و چەكدارانی داعش لەزیندانی غوێران و دەوروبەری 102 كەس كوژراون كە حەوتیان مەدەنیین. بەوتەی ڕوانگەی سوریا لەوانەی كوژراون 61 یان چەكداری داعش بوون و 34 یان ئەندامی هێزە كوردیەكان بوون و ژمارەیەكی زۆریش لەهەردوولا برینداربوون.