هاوڵاتی دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق سوننەكان و پارتی و سەدر پێشوازییان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە كرد و ئەمریكاش پشتیوانی كردن، بەڵام هەماهەنگی شیعەكان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نارەزایەتییان پیشاندا. هەماهەنگی شیعەكان كە لەكوتلەی مالكی و هادی عامری و حەكیم و عەبادی و غەزعەلی پێكهاتوون ڕایگەیاند، دان بەو هەڵبژاردنەدا نانێن كە لە پەرلەمان بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا چونكە بەوتەی ئەوان دەبوو بەتەمەنترین پەرلەمانتار كۆبوونەوەكەی بەڕێوەببردایە. دوای ئەوەی دوێنێ 9ی كانونی دووەمی 2021 مەحمود مەشهەدانی وەك بەتەمەنترین پەرلەمانتار وەك سەرۆكی كاتی پەرلەمان دانیشتنەكەی بەرێوە دەبرد، بەڵام بەهۆی شەری نێوان كوتلەی سەدرو چێوەی هەماهەنگی شیعەكان دۆخی تەندروستی تێكچوو، دواتر كۆبونەوەی پەرلەمان بەردەوامی پێدرا، سەرەرای نارەزایی مالكی وهادی عامری. دوای نزیكەی سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دوێنێ یەكشەممە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، محەممەد حەلبووسی وەكو سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، حاكم زاملی وەكو جێگری یەكەم و شاخەوان عەبدوڵا وەكو جێگری دووەم هەڵبژێردران. محەممەد حەلبووسی دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند:" كاروانێكی دورودرێژ لە بەردەممانە، عێراقییەكان چاوەڕێی زۆرمان لێدەكەن، دۆخەكە پێویستی بە كاركردنی بەردەوام و راستكردنەوەی زۆر رێچكە لە كاری سیاسییە، خەڵك متمانەی زۆری بە پرۆسەی سیاسی نەماوە، ئێستا بەرپرسیارێتیی گەورەمان لە ئەستۆدایە بۆئەوەی ئەو متمانەیە بۆ پرۆسەی سیاسی بگەڕێنینەوە". هەروەها درەنگانی شەوی رابردوو موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەدوای هەڵبژاردنی محەممەد حەلبووسی بە سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق و جێگرەكانی، لە تویتێكدا ڕایگەیاند:" یەكەمین موژدەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانییە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەكەم بۆ ئەم هەنگاوە كە هەنگاوی یەكەمە بەرەو بونیادنانی عێراقێكی ئازاد و سەربەخۆ، بەبێ پاشكۆیەتی و تایفیەت و گەندەڵی". پێشتریش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی لەبارەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بڵاوكردەوە كە ئەم هەنگاوەی بە دەستپێكێكی زۆر باش وەسف كرد بۆ راستەڕێكردنی پرۆسەی سیاسی عێراق. لە پەیامەكەیدا مەسعود بارزانی دەشڵێت:" بە دڵنیاییەوە ئەو هەنگاوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرفەتێك دەبێت بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی تازە و تێپەڕاندنی تەحەددیات و لێكتێنەگەییشتنەكان. هاوكات، ئەمڕۆ دووشەممە 10ی كانونی دووەمی 2021، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند كەئەمریكا پێشوازی لە كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات، بە بەشێك لەدیموكراسی و سەروەری نیشتیمانی ناوی دەبات. لەبەرانبەردا، چێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە لەبەرەی مالكی و هادی عامری وغەزعەلی و حەكیم و عەبادی و چەندین كەسایەتی دیكە پێكدێن، رەخنەی توندیان ئاراستەیا دانیشتنی دوێنێ پەرلەمان كرد و دەڵێن سكاڵا دەبەنە دادگای فیدراڵی. هاوكات، فراكسیۆنی یەكێتی كە خاوەنی 19 كورسی پەرلەمان بوون دەنگیان بەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەداو دانیشتنەكەیان بەجێهێشت. چێوەی هەماهەنگی شیعەكان 88 كورسیان كۆكردووەتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق و داوای حكومەتی تەوافوقی دەكەن، لەبەرانبەردا موقتەدا سەدر بەهاوكاری حەلبوسی و پارتی كە كوردسیاكانیان دەگاتە 130 كورسی باسی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەكەن.
هاوڵاتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكردەوە و جگە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ جێگرەكانی چەندین كاندید دیاریكراون كە سیانیان كوردن. پێش دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم بڕیاریاندا كە محەمەد حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كاندید بكەن، جگە لە سوننەكان نە كورد و نە شیعە بۆ هیچ پۆستێك ڕێك نەكەوتوون. لەبارەی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانەوە رەوتی سەدر بڕیاریداوە و حاكم زاملی سەركردە لە رەوتی سەدر كاندید بێت بۆ ئەو پۆستە، دەوڵەتی یاساش كاندیدێكی بۆ هەمان پۆست هەیە. لەبارەی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانەوە كە پشكی كوردە، هیچ رێككەوتنێك نەكراوە و چەند كاندیدێك بوونیان هەیە، پارتی شاخەوان عەبدوڵای وەك كاندیدی خۆی دەستنیشانكردووە و موسەنا ئەمینیش خۆی بۆ هەمان پۆست كاندیدكردووە و سروە عەبدولواحیدیش وەكو كاندیدی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵكدا خۆی كاندید دەكات. بەپێی چاوگێكی ئاگادار كورد و سوننە پشتگیری لەكاندیدكردنی محەممەد حەلبوسی دەكەن و چوارچێوەی هەماهەنگیش پشتیوانی مەحمود مەشهەدانی دەكات. تا ئێستا رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك و محەمەد سەهیود سەركردە لە دەوڵەتی یاسا دەڵێت، چەند سیناریۆیەك لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتدا هەیە. سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا وتیشی، ئەگەر رەوتی سەدر وەكو گەورەترین فراكسیۆن دەستنیشان بكرێت دەستبەجێ سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی دەستنیشان بكرێت و پاش ئەوەش سەرۆك كۆمار دەستنیشان دەكرێت، لە حاڵەتی پێچەوانەدا دانیشتنەكە درێژ دەكرێتەوە. تا ئێستا بەهێزترین كاندیدی شیعەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمییە، ئەگەر سەدرییەكان نەیانتوانی زۆرینەی پەرلەمانی دروستبكەن چوارچێوەی هەماهەنگی چەند كەسێكی دیكە بۆ پۆستەكە كاندید دەكات. سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆماریش پارتی كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی بە تەواوی رەتدەكاتەوە و لە ئێستادا ناوی عیماد ئەحمەد وەكو كاندیدی جێگرەوە دێت، لە حاڵەتی رێكنەكەوتنیشدا پارتی هۆشیار زێباری وەك كاندیدی حزبەكەی كاندید دەكات. هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی ٥٠+١ی پەرلەمانتارانە، دواتر دەبێت سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان سەرۆك كۆمار كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپێردرێت، گەر لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و لە ماوەی یاساییدا، رێككەوتن لەسەر سەرۆك كۆمار و سەرۆك حكومەت نەكرێت گرفتی یاسایی دروست دەبێت، ئەمەش یەكێكە لە هۆكارەكانی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان.
هاوڵاتی لەسەر بەستنی پێوەری زیرەك و ئەو پارەیەی بۆ هاوڵاتیان دێتەوە پارێزەرێك لەداواكاری گشتی هەرێم سكاڵای تۆماركرد،وەزیری شارەوانی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت لێكردنەوەی پێوەری ئاو زیان بە سامانی گشتی ئاو دەگەیەنێت. دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا زۆری ئەو پارەیەی بۆ هاوڵاتیان دەهاتەوە لەلایەن ئەو كۆمپانیایەی پێوەرەكانی ئاوی بەستووە ناڕەزایی لێكەوتەوە، هەڵمەتەكە سۆشیال میدیای تەنیوە و پەیتا پەیتا هاوڵاتیان دیمەنی لێكردنەوەی پێوەرەكە بڵاودەكەنەوە، هەرئەوەش نا بەڵكو فێركاری لێكردنەوەی پێوەرەكەش دادەنێن، بەڵام وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم بە كارێكی نەشیاوی پێناسە دەكات. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لێكردنەوەی پێوەرەكانی ئاو كارێكی نیشتیمانی نییە و هەر كەس و ڕاگەیاندنێك هاندەر بێت بۆ ئەو كارە دەبێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بكرێت. پێشتر دابان محەمەد پەرلەمانتاری كوردستان ڕایگەیاندبوو:" ئەو پێوەرە نایاساییە و ئەو پارەیەی وەردەگیرێت سەرانەیە و لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت". لەلایەن خۆشیەوە پارێزەری خۆبەخش بەشدار حەسەن لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: كۆمپانیایەك تەواوی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی سزاداوە، ئێمەش بەپێویستمان زانی لەسەر ئەو پرسە سكاڵایەك لە داواكاری گشتی تۆمار بكەین. وتیشی: ناكرێت كۆمپانیایەك بە ئارەزووی خۆی سزای هاوڵاتیان بدات، ئەمە لە هیچ شوێنێكی دنیا نییە كۆمپانیایەكی كەسی ئەو كارانە بكات. وەك ئەو پارێزەرە دەڵێت داواكاری گشتی و پەرلەمان لەو پرسەدا هیچ ڕۆڵێكیان نەبوو، جگە لەوەش رێگری دەكرێت لەوەی ڕێكخراوەكان بەدواداچوون بكەن لەوبارەیەوە. دانانی پێوەری ئاو بۆ هاوڵاتیان لەكاتێكدایە بەشێكی زۆر لەهاوڵاتیانی كوردستان بەتایبەت لە وەرزەكانی هاوین و بەهاردا كێشەی كەمیی ئاویان هەیە و جگە لەوەش پێداویستیە سەرەتاییەكانی دیكەیان وەك كارەبا و سوتەمەنی وەك پێویست نییە و نرخیشیان لەسەر زیادكراوە، مووچەی فەرمانبەرانیش لەكاتی خۆیدا نادرێت و باجێكی زۆریش خراوەتە سەر هاوڵاتیان.
سه‌رکۆ جه‌مال سه‌رۆکی ده‌زگای لوتکه بۆ کاروباری ئاواره و په‌نابه‌ران ئه‌وه ئاشکرا ده‌کات له‌ماوه‌ى شه‌ش ساڵى رابردوودا 649 هه‌زار عێراقى کۆچیان بۆ ئه‌وروپا کردووه، ئارى جه‌لال، سه‌رۆکى ده‌زگاى لوتکه له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی ، ئه‌وه‌ى ئاشکراکرد که له 2015ه‌وه تاکۆتایی 2021، 649 هه‌زار و 273 عێراقی به‌ڕێگه‌ی نایاسایی (قاچاغ) کۆچیان کردووه. هه‌روه‌ها وتیشی :» له‌ساڵى 2021دا ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ڕێگه‌ی نایاسایی کۆچیان کردووه دابه‌زیوه‌و ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ 66 که‌س، هه‌روه‌ها تائێستاش 41 که‌س بێسه‌روشوێنن که‌زۆرینه‌یان خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانن». به‌وته‌ی سه‌رۆکی ده‌زگای لوتکه له 2015ه‌وه 317 عێراقی له‌ڕێگه‌ی کۆچکردن گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و 214 که‌سیش بێسه‌روشوێنن، که‌کۆی گشتی ده‌کاته 507 قوربانی که له‌و رێگه‌یه گیانیان له‌ده‌ستداوه یاخود چاره‌نووسیان دیار نییه. به‌پێی ئاماره‌که‌ی سه‌رۆکی ده‌زگای لوتکه ته‌نها له‌ماوه‌ی نێوان 21/12/2021 تا 24/12/2021 له‌سێ رووداوی جیادا له‌یۆنان ته‌رمی 30 کۆچبه‌ر دۆزراونه‌ته‌وه و 24 کۆچبه‌ریش بێسه‌روشوێنن که 16یان خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانن، به‌ڵام 63 کۆچبه‌ریش له‌مردن رزگارکراون. هاووڵاتیان حکومه‌تی هه‌رێم به‌هۆکاری سه‌ره‌کی کۆچکردنی گه‌نجان و خێزانه‌کان ده‌زانن بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا. ئه‌بوبه‌کر عه‌لی که‌سوکاری کۆچبه‌رێک که بێسه‌روشوێنه به‌هاوڵاتی وت: « هۆکاری کۆچی گه‌نجان حکومه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتدارانن «. هه‌روه‌ها وتیشی:»کوڕه‌که‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی مووچه‌ی نه‌بوو کاریشی ده‌ست نه‌ده‌که‌وت بۆیه وڵاتی جێهێشت». به‌ڵام جوتیار عادل، وته‌بێژی حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ى راگه‌یاند که دۆخی هه‌رێم به‌راورد به‌وڵاتانی ناوچه‌که زۆر باشه و کۆچ دیارده‌یه‌کی ئاساییه. هه‌روه‌ها یه‌کێک له‌هۆکاره‌کانى کۆچکردنى بۆ حکومه‌تی عێراق و هۆکاری سیاسیی گه‌ڕانده‌وه که بکرێته ده‌ستکه‌وت دژی حکومه‌تى هه‌رێم.
هاوڵاتی کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌جێبه‌جێکردنى لهسێدهراندا حساب بۆ بڕیاره‌کانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ناکات کهداواى راگرتنى لێکردووه و ئێستاشى له‌گه‌ڵدا بێت رۆژانه دوو یان سێ که‌س له‌سێداره ده‌دات. له‌ئاماره‌کانی 42 ساڵی رابردووى ئێران‌دا ده‌رکه‌وتووه زیاتر له 40 هه‌زار که‌س له‌و ماوه‌یه‌دا له‌سێداره‌دراون و ژماره‌یه‌کیشیان گولـله‌باران کراون له‌کاتێکدا نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌یان بڕیاری دژی ده‌سه‌ڵاتی تاران ده‌رکردووه به‌ڵام ئه‌و وڵاته تائێستا پێشه‌نگه. پێنج رۆژ دوای هۆشداریی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و په‌سندکردنی بڕیارێک له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی تاران به‌هۆی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و جێبه‌جێکردنی ژماره‌یه‌کی زۆری سزای سێداره، ئێران به‌نهێنی چالاکێکی سیاسیی کورد له‌سێداره ده‌دات. حکومه‌تی ئێران یه‌که‌م وڵاته له جیهاندا که‌زۆرترین سزای سێداره جێبه‌جێ ده‌کات و شاره‌زایان و ره‌خنه‌گرانیش سزاکه وه‌ک چاوسوورکردنه‌وه‌و ئامرازێکی سه‌رکوت و له‌ناوبردنی نه‌یاران لێی ده‌ڕوانن. ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له رۆژی 16ی دێسه‌مبه‌ری 2021 به 78 ده‌نگی به‌ڵێ و 31 ده‌نگی نه‌خێر و 69 ده‌نگی بێلایه‌ن بڕیارێکی دیکه‌ی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران په‌سه‌ند کرد به‌هۆی پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ و جێبه‌جێکردنی سزای سێداره له‌و وڵاته‌دا. له‌بڕیاره‌که‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کاندا هاتووه ئازار‌و ئه‌شکه‌نجه‌دانی زیندانیان و پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌و وڵاته به‌رده‌وامه‌و له‌ئێران تائێستاش که‌سانی خوارووی 18 ساڵ ته‌مه‌ن له‌سێداره ده‌رێن و ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه زۆره، بۆیه دۆسیه‌ی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه له‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان به‌کراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه. هه‌رچه‌نده نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان به‌ئاشکرا وتوویه‌تی دۆسیه‌ی پێشێلکارییه‌کانی ئێران به‌کراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و رێکخراوه‌یه له‌ساڵی 1980 تائێستا به به‌رده‌وامی و ساڵانه زیاتر له‌بڕیارێک و هۆشدارییه‌کی له‌و شێوه‌ی چه‌ندباره کردووه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش ژماره‌ی پێشێلکارییه‌کانی له‌ئێران که‌م نه‌کردووه‌ته‌وه. جێبه‌جێکردنی ژماره‌یه‌کی زۆری سزای سێداره له‌ئێران وێنایه‌کی توندوتیژو ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌رکوتکاری له‌و وڵاته له‌جیهان دروست کردووه، به‌ڵام به روانین له 42 ساڵی ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت له‌ئێران روون ده‌بێته‌وه که بۆچی تا ئێستاش ده‌ستبه‌رداری سێداره نه‌بووه. ئێران پێشبڕکێی له‌سێداره‌دان له‌جیهاندا ده‌کات جیهان 49 ساڵه هه‌وڵه‌کانی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ نه‌هێشتنی سێداره‌و له 19 ساڵی رابردوودا ده‌یان رێکخراو دژی سزای سێداره یه‌کیان گرتووه‌و رۆژی 18ی ئۆکتۆبه‌ری هه‌موو ساڵێکیش وه‌ک رۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له‌سێداره‌دان ناوزه‌د کراوه‌و زیاتر له 170 وڵات ده‌ستبه‌رداری جێبه‌جێ کردنی ئه‌و سزایه بوون، به‌ڵام تائێستاش زیاتر له 33 وڵات سزای سێداره جێبه‌جێ ده‌که‌ن و له‌و ژماره‌یه‌ش 20 وڵاتیان به‌تایبه‌ت چین و ئێران زۆرترین سزای سێداره جێبه‌جێده‌که‌ن. به‌پێی راپۆرتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ساڵی 2017 زیاتر له 246 حاڵه‌تی له‌سێداره‌دان له‌ئێران تۆمار کراوه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته به‌ته‌نها به رێژه‌ی زیاتر له 20 وڵات خه‌ڵکی له‌سێداره داوه. ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی چین له‌و ساڵه‌دا زیاتر له‌هه‌زار که‌سی له‌سێداره داوه، به‌ڵام به‌راورد به ژماره‌ی دانیشتوان، ژماره‌ی جێبه‌جێکردنی سێداره له‌ئێران ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆمار کردووه له‌ئاستی جیهاندا، چونکه ژماره‌ی دانیشتوانی چین زیاتره له‌یه‌ک ملیار‌و 400 ملیۆن که‌س له‌کاتێکدا ژماره‌ی دانیشتوانی ئێران ده‌گاته زیاتر له 84 ملیۆن که‌س به‌وه‌ش ده‌رده‌که‌وێت ژماره‌ی دانیشتوانی چین زیاتر له 16 هێنده‌ی ئێرانه. چین له‌هه‌ر یه‌ک ملیۆن و 400 هه‌زا که‌سێک، یه‌ک که‌سی له وڵاته‌که‌ی لهسێدارداوه، به‌ڵام ئێران له‌هه‌ر 341 هه‌زار که‌سی دانیشتووی وڵاته‌که یه‌ک که‌سی له‌سێداره داوه، واته ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئێران حوکمی چینی بکردایه ئه‌گه‌ری هه‌بوو زیاتر له‌چوار هه‌زارو 105 که‌سی له‌ساڵێکدا له‌سێداره بدات. کۆماری سێداره نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ساڵی 1980 زیاتر له‌سه‌دان بڕیار‌و هۆشداریی داوه‌ته ئێران به‌هۆی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و جێبه‌جێکردنی سزای سێداره، به‌ڵام ئه‌و وڵاته سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش زیاترین سزای سێداره له‌جیهان جێبه‌جێ ده‌کات به‌راورد به‌ژماره‌ی دانیشوانی. بیانوی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئێران بۆ جێبه‌جێکردنی سزای سێداره پابه‌ندبوونی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێرانه به‌شه‌رع و یاسا‌و رێساکانی ئایینی ئیسلامه‌وه‌و هه‌موو کاتێک ده‌سه‌ڵاتداران جه‌ختیان له‌وه کردووه‌ته‌وه پابه‌ند ده‌بن به‌شه‌رع و شه‌ریعه‌تی شیعه‌وه، بۆیه زۆرجار نه‌یارانی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌ئێران ده‌سه‌ڵات به‌کۆماری سێداره ناوده‌هێنن. لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی : زیاتر له‌نیوه‌ی سێداره‌ی جیهان له‌ئێرانه رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی (Amnesty International) که ساڵی 1961 دامه‌زراوه‌و رێکخراوێکی ناحکومییه‌و کارده‌کات بۆ به‌رگریی له‌مافه‌کانی مرۆڤ له‌جیهان رایگه‌یاندووه له‌ساڵی 2020 چین و ئێران و میسر‌و سعودیه زیاترین سزای سێداره‌یان له‌سه‌ر گۆی زه‌وی جێبه‌جێ کردووه. رێکخراوه‌که له‌ساڵی 1973 تائێستا کار ده‌کات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی سزای سێداره لهجیهانداو رایگه‌یاندووه له‌ساڵی 2020 که‌مترین ژماره‌ی له‌سێداره‌دان روویداوه که گه‌یشتووه‌ته 483 حاڵه‌ت، به‌ڵام زیاتر له‌نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه له‌سزای سێداره‌دان له‌ئێران جێبه‌جێ کراوه. کۆماری ئیسلامی ئێران له‌و ساڵه‌دا 246 سزای سێداره‌دانی جێبه‌جێ کردووه‌و ئه‌وه‌ش له راپۆرتی ساڵانه‌ی رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیدا تۆمار کراوه، به‌ڵام رێکخراوه‌که ئاماژه‌ی به‌وه‌کردووه هیچ که‌س و لایه‌نێک ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی جێبه‌جێکردنی سزای سێداره له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی وڵاتی چینه‌وه نازانێت، چونکه سه‌رجه‌م حاڵه‌ته‌کان به‌نهێنی جێبه‌جێ ده‌کرێن و ژماره‌که ئاشکرا نییه‌و ته‌نها پێشبینی ده‌کرێت لانیکه‌م ساڵانه هه‌زار که‌س له‌و وڵاته له‌سێداره بدرێن. لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی روونی کردووه‌ته‌وه رێکخراوه‌که‌یان ته‌نها پشت به‌و دۆسیانه‌ی سزای سێداره ده‌به‌ستێت که تۆمار ده‌کرێن، بۆیه له‌ساڵی 2020 ئێران، میسر، عێراق و سعودیه پێکه‌وه 88%ی کۆی سزاکانی سێداره‌یان له‌جیهاندا جێبه‌جێکردووه. ده‌سه‌ڵاتی میسر له‌و ساڵه‌دا 107 که‌سی له‌سێداره داوه و دوای ئه‌ویش عێراق به جێبه‌جێکردنی 45 سزای سێداره له ریزبه‌ندی سێیه‌مدا بوه و سعودیه‌ش به جێبه‌جێکردنی 27 سزای سێداره چواره‌م وڵات بوه له جیهاندا که زیاترین سێداره‌ی تێدا جێبه‌جێکراوه. له‌به‌شێکی دیکه‌ی راپۆرتی ساڵانی رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیدا هاتووه رێژه‌ی سزای سێداره به‌راورد به‌ساڵی 2019 نزیکه‌ی 26% دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و ژماره‌ی له‌سێداره دراوه‌کانیش له‌ساڵی 2020 که‌مترین ژماره بووه له 10 ساڵی رابردوودا. له‌لایه‌کی دیکه‌وه رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران که بنکه‌ی سه‌ره‌کیی له‌شاری ئۆسلۆ-ی پایته‌خی وڵاتی نه‌رویجه ساڵی 2020 بلڵاویکرده‌وه له‌و ساڵه‌دا 267 که‌س له‌ئێران سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراوه که‌چوار که‌سیان منداڵ بوون و ته‌مه‌نیان نزیکه‌ی 15 ساڵ بووه و له‌ساڵی 2018 نزیکه‌ی 273 سزای سێداره جێبه‌جێ کراوه‌و له‌ساڵی 2019 ژماره‌ی له‌سێداره‌دان 280 حاڵه‌ت بووه. رێکخراوه‌که رایگه‌یاندووه رێژه‌ی له‌سێداره‌دان له‌ساڵی 2021 به‌راورد به‌ساڵی 2020 زیاتر له 10% زیادی کردووه، چونکه له‌ئه‌مساڵدا 267 که‌س له‌سێداره دراون و 82%ی جێبه‌جێکردنی سزاکان به‌نهێنی بووه و پێشتر که‌سوکاری له‌سێداره‌دراوه‌کان ئاگادار نه‌کراونه‌ته‌وه. له‌سێداره‌دانی ژنان به‌بێده‌نگی رێکخراوی هه‌موان پێکه‌وه دژی سزای سێداره (ECPM) ئاشکرای کردووه له‌ساڵی 2021 لانی که‌م 15 ژن به‌تۆمه‌تی کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست سزای سێداره‌دانیان له‌ئێران به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراوه‌و له‌ساڵی 2020 نۆ حاڵه‌تی له‌سێداره‌دانی ژنان لهوڵاتهکهدا تۆمار کراوه‌و به‌پێی ئاماره‌کانیش له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا زیاتر له 170 ژن له‌ئێران به‌بێده‌نگیی و دوور له‌چاوی جیهان له‌سێداره دراون. هه‌روه‌ها رێکخراوه‌که ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو که له‌سێداره‌دانی ژنان له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوو له‌ئێران 3%ی ئه‌و که‌سانه بوون که سزای سێداره‌یان به‌سه‌دا سه‌پێنراوه‌و 86 ژن له‌و ماوه‌یه‌دا به‌تۆمه‌تی بازرگانیی به‌مادده‌ی هۆشبه‌ره‌کان سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌و 60 ژنیش به‌تۆمه‌تی کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست و دوو ژنیش به‌تۆمه‌تی سیخوڕی و ژنێکیش به‌ناوی شیرین عه‌له‌م هولی به‌تۆمه‌تی به‌شداریی له ریزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی کورد له‌ئێران له‌سێداره دراون. هاوکات، ئه‌وه‌شى روونی کردووه‌ته‌وه ژماره‌یه‌ک له‌ژنانی له‌سێداره‌دراو له‌ئێران به نادیاریی ماونه‌ته‌وه به‌ڵام له‌کۆی 170 ژن که‌سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراوه 113 ژن به‌بێده‌نگی به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌سوکاره‌کانیان ئاگادار بکرێنه‌وه سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ کراوه. سزای سێداره له‌ئێران کێ ده‌گرێته‌وه؟ به‌پێی یاسای سێداره له‌ئێران ره‌نگه هیچ هاووڵاتییه‌کی ئه‌و وڵاته پارێزراو نه‌بێت له‌وه‌ی سزاکه نه‌یگرێته‌وه، چونکه ئه‌و هۆکارو تاوانانه‌ی ده‌بێته هۆی له‌سێداره‌دان زۆرن و ژماره‌یه‌کیان بریتین له (کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست، ده‌ستدرێژیی سێکسی، مامه‌ڵه‌ی خراپی سێکسی له‌گه‌ڵ منداڵان، بازرگانی به‌مادده هۆشبه‌ره‌کان، دزیکردن به‌چه‌ک، رفاندنی هه‌ر که‌سێک، تیرۆریزم، جوتبون له‌گه‌ڵ که‌سانی نزیک به‌ناپاکی یان جوتبوونی ناشه‌رعی، هاوڕه‌گه‌زبازی، لادانی سێکسی، له‌شفرۆشی، هه‌وڵدان بۆ رووخانی کۆماری ئیسلامی، سه‌رپێچیی سیاسیی، کاری تێکده‌رانه، راپه‌ڕین، کفرکردن، سه‌رانه وه‌رگرتن، زیاده‌ڕه‌وی له‌مه‌شروب خواردن یان ئالوده‌بون به کحول، ساخته‌کاریی، شاردنه‌وه‌ی خۆراک، فرۆشتنی خۆراکێک که ببێته‌هۆی مه‌رگی خه‌ڵک، بڵاوکردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی سێکسی یان پۆرن، تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه و قسه هه‌ڵبه‌ستن ئه‌گه‌ر ببێههۆی مه‌رگی که‌سێکی بێ‌تاوان، چه‌ندباره‌کردنه‌وه‌ی دزیکردن، خۆدزینه‌وه له‌به‌ره‌ی جه‌نگ بۆ فه‌رمانده‌ی سه‌ربازیی، سیخوڕی، خه‌یانه‌ت له‌وڵات، هاوکاریی دوژمن ، جه‌نگ له‌گه‌ڵ خودا، دژایه‌تی حکومه‌تی ئیسلامی). لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی روونی کردووه‌ته‌وه رێکخراوه‌که‌یان ته‌نها پشت به‌و دۆسیانه‌ی سزای سێداره ده‌به‌ستێت که تۆمار ده‌کرێن بۆیه له‌ساڵی 2020 ئێران، میسر، عێراق و سعودیه پێکه‌وه 88%ی کۆی سزاکانی سێداره‌یان له‌جیهاندا جێبه‌جێکردووه هه‌ریه‌که له‌و تۆمه‌تانه‌ی که به‌پێی یاسای سێداره له‌ئێران ده‌ستنیشان کراوه کۆمه‌ڵێک بڕگه‌و مادده‌ی دیکه‌ی لێده‌بێته‌وه که پشتی به رێسا‌و رێوشوێنه‌کانی رێبازی شیعه به‌ستوه‌و له‌هه‌ندێک حاڵه‌تیشدا ره‌چاوی تێڕوانینی رێبازی سوننه له‌دینی ئیسلامدا کراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ره‌نگه هۆکارێکی دیکه بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه رووبدات له‌سه‌پاندنی سزای سێداره جگه له‌وه‌ی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت بڕیاری کۆتایی بدات له‌جێبه‌جێکردنی زۆربه‌ی سزاکانی سێداره. ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی له‌ئێران رایگه‌یاندووه زیاتر له 75%ی سزاکانی سێداره له وڵاته‌که به‌هۆی مادده هۆشبه‌ره‌کانه‌وه‌یه. مێژوو و ئاماره‌کانی سێداره له 42 ساڵی رابردووی ئێران له‌ساڵی 1978 واته هاوکات له‌گه‌ڵ رووخانی سیستمی پاشایه‌تی و ده‌ستبه‌کاربوونی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی له‌ئێران تاساڵی 1979 لانیکه‌م 438 که‌س له‌و وڵاته له‌سێداره دراون و له‌ساڵی 1980 ئه‌و ژماره‌یه بۆ 624 له‌سێداره‌دراو به‌رزبووه‌ته‌وه‌و له‌ساڵی 1981 تا 1985 زیاتر له 14 هه‌زار و 794 که‌س سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراوه. له‌ساڵانی 1986 و 1987 هه‌زار و 671 که‌س له‌سێداره دراون له‌ساڵی 1988 به‌بیانوی لادان له‌دین و ئایین چوار هه‌زارو 484 که‌س له‌سێداره دراون. له‌ساڵی 1980 تا 1988 زیاتر له‌سێ هه‌زارو 200 ژن و منداڵ له‌ئێران له‌سێداره دراون. ساڵی 1988 تاساڵی 1998 شه‌ش هه‌زارو 783 که‌س له‌سێداره دراون و له‌ساڵی 1999 تاساڵی 2008 پێنج هه‌زارو 220 که‌س سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ کراوه. له‌ساڵی 2009 تاساڵی 2010 نزیکه‌ی 152 که‌س له‌سێداره دراون له 2011 تا 2013 نزیکه‌ی 814 که‌س و له‌ساڵی 2014 نزیکه‌ی 966 که‌س و ساڵی 2015 هه‌زارو 471 که‌س له‌ساڵی 2016 نزیکه‌ی 969 که‌س له‌سێداره دراون. له‌ئاماره‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت له‌ماوه‌ی 42 ساڵی حوکمڕانی و ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر له 40 هه‌زار که‌س له‌سێداره دراون ئه‌گه‌رچی ده‌زگای دادوه‌ریی ئێران ئه‌و ژماره له‌جێبه‌جێکردنی سزای سێداره ره‌تده‌کاته‌وه، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ ئاشکرایان کردووه له‌و ژماره‌یه نزیکه‌ی 10 هه‌زار که‌سیان گولـله‌باران کراون یان به‌گولـله کۆتایی به‌ژیانیان هێنراوه.
له‌یال ئه‌حمه‌د به‌شێک له‌دایکان له‌کاتى پێش سکپڕیدا په‌نا بۆ به‌رنامه‌ى خۆراکى جیاواز ده‌به‌ن تا به‌و هۆیه‌وه ره‌گه‌زى منداڵه‌کانیان دیارى بکه‌ن، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پزیشکه‌کان ده‌ڵێن هیچ توێژینه‌وه‌یه‌کى زانستى نییه ئه‌وه بسه‌لمێنێت. به‌شێک له‌دایکان خاوه‌نی منداڵی کچن هه‌وڵده‌ده‌ن ببنه دایکی منداڵێکی کوڕیش، یان به‌پێچه‌وانه‌وه له‌هه‌مانکاتدا به‌شێک له‌دایکان باس له‌وه ده‌که‌ن که له‌ڕێگای چه‌ند خواردنێکی دیاریکراوه‌وه دوو بۆ سێ مانگ پێش ئه‌وه‌ی دووگیان بن ئه‌و خواردنانه‌ی به‌کارهێناوه‌و بووەته دایکی کچ یاخود کوڕ. سارا غه‌ریب ته‌مه‌ن 28، دایکی دووکچهو به‌منداڵى سێیه‌مى دووگیانه، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:» به‌رنامه‌یه‌کى خۆراکیم جێبه‌جێکرد سێ مانگ پێش دووگیان بوونم که پێکهاتبوو له سه‌وزه، ماست و په‌نیرى که‌م چه‌وری، قه‌ڕنابیت، بامێ و برۆکلی و کوله‌که، ئه‌ڤۆکادۆو ماسی که به‌کارمهێناون که ره‌گه‌زى منداڵه‌که‌م کوڕه«. زه‌ینه‌ب محه‌مه‌د، دایکی منداڵێکی کچه‌و ده‌ڵێت ئاره‌زووى ئه‌وه‌ى کردووه ببێته خاوه‌نى منداڵێکى کوڕ، وتیشى:» پزیشکه‌که‌م به‌رنامه‌یه‌کی خۆراکی بۆ دانام کهخۆراکهکان پێکهاتبوون له کوله‌که، ماسی ماکرێڵ، ماش، بڕوکلی، سه‌وزه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و به‌رنامه خۆراکییهم به‌جوانی جێبه‌جێکردو نه‌بوومه دایکی منداڵی کوڕ‌و کچم بووه«. هاوکات، تارا هادی ته‌مه‌ن 25 ساڵ خاوه‌نی دوو منداڵی کوڕه، ده‌ڵێت کاتێک دووگیان بووه به‌منداڵی سێیه‌مى سۆنه‌رم کردوووه‌و کۆرپه‌که‌ی کوڕ بووه، وتیشى:» زۆر بێتاقه‌ت بووم ئاره‌زووى ئه‌وه‌م ده‌کرد کچ بێت، دکتۆره‌که‌م پێی وتم حه‌زت له‌منداڵی کچبوو ده‌بوو پێش ئه‌وه‌ی دووگان بیت قسه‌ت بکردایه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌یه‌کی خۆراکیت بۆ دابنێم». پزیشکان راى جیاوازیان له‌باره‌ى به‌رنامه‌ى خۆراکییه‌وه هه‌یه بۆ دایکانى دووگیان که کاریگه‌رى له‌سه‌ر ره‌گه‌زى منداڵ هه‌بێت. دکتۆر سیروان عبدوڵا، پسپۆڕی زانستی خۆراک له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:» هیچ توێژینه‌وه‌یه‌کی زانستی ئه‌وه‌ی نه‌سه‌لماندوه که خۆراکی دایک کاریگه‌ری هه‌بێت له‌دیاریکردنی ره‌گه‌زی کۆرپه‌له له‌سکی دایکدا». ناوبراو پێشیوابوو ئه‌و دایکانه‌ی که باس له‌وه ده‌که‌ن ماوه‌یه‌ک پێش دووگیان بوونیان جۆره خۆراکێکیان به‌کارهێناوه که تایبه‌ت بێت به دیاریکردنی ره‌گه‌زی کۆرپه‌له دووره له‌ڕاستییه‌وه. هه‌روه‌ها دکتۆره دیمه‌ن حسێن، پسپۆڕی ژنان و مناڵبوون بۆ هاوڵاتى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که بڕواى به‌و به‌رنامه خۆراکییه نییه کاریگه‌رى له‌سه‌ر ره‌گه‌زى منداڵ هه‌بێت، وتى:»زۆرجار نه‌خۆش دێته لام و وهسڵیشی بڕیوه که ده‌ڵێت به‌رنامه‌یه‌کی خۆراکیم ده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی کچ یا کوڕیان ببێ راسته‌وخۆ پێی ده‌ڵێم باوه‌ڕم به‌و به‌رنامه خۆراکییه نییه«. مامۆستایه‌کى ئاینى له‌ڕووى ئاینى ئیسلامه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و به‌رنامه خۆراکییه ده‌کات که به‌شێک له‌دایکان په‌ناى بۆ ده‌به‌ن بۆ گۆڕینى ره‌گه‌زى منداڵه‌کانیان. محه‌مه‌د قامیشى، مامۆستایى ئاینى له‌سلێمانى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:»هه‌ر شتێک له‌چوارچێوه‌ى ئاینى پیرۆزى ئیسلامدا بێت خواردنى حه‌رامى تێدا نه‌بێت رێگه‌پێدراوه واتا خواردنه‌کان حه‌ڵاڵ بێت و زیان به‌ته‌ندروستى دایک و کۆرپه‌له‌که نه‌گه‌یه‌نێت». ئه‌و مامۆستایه ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که له‌دایکبوونى منداڵ و ره‌گه‌زه‌که‌ى قه‌ده‌رى خودایه« ئه‌گه‌ر خوا قه‌ده‌رى لێ نه‌دابێت نابێت».
شاناز حه‌سه‌ن له‌شه‌وى یه‌کى یه‌کى ئه‌مساڵدا 130 منداڵ له‌هه‌رێمى کودستان له‌دایکبوون و پزیشکێک ئاماژه به‌وه‌ده‌دات دایکان خۆیان ئه‌و رۆژه هه‌ڵده‌بژێرن بۆ له‌دایکبوونى منداڵه‌کانیان تا به‌روارێکى جوانیان هه‌بێت. شه‌وى 1ى 1ى 2022، له‌هه‌رێمى کوردستاندا 130 منداڵ له‌دایکبوون، به‌شێک له‌و ژنانه ده‌ڵێن دڵخۆشن که منداڵه‌که‌یان له‌و شه‌ودا له‌دایکبووه. ئه‌ڤین کامیل، دایکى یه‌کێک له‌و منداڵانه‌یه که له یه‌که‌م شه‌وى ساڵى نوێ‌دا منداڵى بووه، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:» بوونى به‌روارێکى جوان بۆ رۆژى له‌دایکبوونى کچه‌که‌م زۆر دڵخۆشم ده‌کات». ئه‌م دایکه باسى له‌وه‌شکرد پێشتر چه‌ند جارێک سه‌ردانى لاى پزیشکى کردووه‌و داواى کردووه له‌و رۆژه‌دا نه‌شته‌رگه‌رى بۆ بکرێت. هه‌روه‌ها وتیشى:»به‌کاتى خۆم دوو رۆژ دواتر منداڵه‌که‌م له‌دایکده‌بوو، به‌ڵام حه‌زم کرد بیکه‌مه رۆژى یه‌کى مانگه‌وه تا هه‌موو ساڵێک ئه‌و دوو یاده پێکه‌وه بکه‌ینه‌وه«. هه‌ندێک لهدایکانیش بوونى رێکه‌وتى خوایى بۆ له‌دایکبوونى منداڵه‌کانیان به جوانتر ده‌زانن و پێیان وایه ئه‌وه به‌روارى ته‌واوه‌تى له‌دایکبوونى منداڵه‌که‌یانه. شیراز جه‌لال، دایکى دوو کوڕه‌و له شه‌وى یه‌کى یه‌کدا کچێکى دیکه‌ى له‌دایکبووه به‌هاوڵاتى وت:» خۆم له‌م شه‌وه‌دا له‌دایکبووم و قیسمه‌تى خواى گه‌وره وابوو کچه‌که‌شم له‌هه‌مان شه‌ودا له‌دایک ببێت». ئه‌م دایکه خۆى به‌رنامه‌ى نه‌بووه له‌یه‌که‌م شه‌وى ساڵى تازه‌دا منداڵه‌که‌ى له‌دایک ببێت، به‌ڵام له‌دواى چوونه ناو ساڵى تازه‌وه کچه‌که‌ى له‌دایکبووه. شیراز پێیوابو ئه‌و به‌رواره جوانه بۆ له‌دایکبوون که ته‌واو به‌ویستى خوا بێت و وتیشى:»حه‌ز ناکه‌م خۆم رۆژه‌که دیاریبکه‌م، چونکه له‌ڕاستیدا ئه‌و رۆژه جوانه که خۆى منداڵه‌که کاتى لهدایکبوونیهتى». پزیشکێکى ژنان و منداڵ بوون ده‌ڵێت، زۆربه‌ی دایکان خۆیان ئه‌و شه‌وه هه‌ڵده‌بژێرن تامنداڵهکهیان تێیدا له‌دایک ببێت. شلێر حه‌مه عه‌لی، پزیشکی ژنان و منداڵبوون، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:» زۆربه‌ی دایکان خۆیان به‌مه‌به‌ست ئه‌و شه‌وه هه‌ڵده‌بژێرن بۆ له‌دایکبوونی منداڵه‌کانیان، زۆر دایک که دێته لامان ده‌یه‌وێت منداڵه‌که‌ی به‌روارێکی له‌دایکبوونی جوانی هه‌بێت، بۆیه شه‌وی یه‌کی یه‌ک دیاریده‌کات». توێژه‌رێکى ده‌روونى ئاماژه به‌وه ده‌دات دایکان له‌و کاته‌دا له بارودۆخێکى نائارامدان و گرنگى به شتى لاوه‌کى ده‌ده‌ن. ناسک خدر، توێژه‌رى ده‌روونی، له لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت:»دایکان له ماوه‌ى نۆ مانگى سکپڕیدا له‌بارودۆخێکى زۆر نائارامدان، بیر له‌زۆر شت ده‌که‌نه‌وه تابتوانن منداڵه‌که‌یان بپارێزن و باشترین شتى بۆ بکه‌ن». ئه‌م توێژه‌ره ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که دایکان یه‌کێک له‌و شتانه‌ى گرنگه به‌لایانه‌وه به‌روارێکى جوانه‌و وتیشى:» به‌روارى جوان لای دایک دوو بیرکردنه‌وه‌ى له‌پشته‌وه‌یه، یه‌که‌م دیاریکردنى به‌روارێکى جوان بۆ رۆژى له‌دایکبوونى منداڵه‌که‌ى و دووه‌میش یادکردنه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بۆنه‌یه‌کى دیکه‌دا دووباره ده‌بێته‌وه‌و ده‌بێته یاده‌وه‌رى جوان بۆیان». ئه‌وه‌ى بووەته سه‌ره‌نجى زۆربه‌مان ئه‌وه‌یه له‌کۆندا زۆربه‌ى زۆرى منداڵه‌کان له‌شه‌وى یه‌کى یه‌کدا به‌روارى له‌دایکبوونیان بۆ نووسراوه، پیاوێکى ته‌مه‌ن 82 ساڵ ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه له‌کۆندا سێ چوار منداڵ پێکه‌وه بردویانن بۆ ده‌رکردنى پێناسى بارى که‌سێتى. به‌کر مسته‌فا، ته‌مه‌ن 82 ساڵ، باسى سه‌رده‌مى خۆیانى بۆ هاوڵاتى گێڕایه‌وه‌و وتى:» له‌کۆندا منداڵه‌کان له‌دایک ده‌بوون، سێ یان چواریان پێکه‌وه ده‌مانبردن بۆ ئه‌وه‌ى ته‌سکه‌ره‌یان بۆ ده‌ربکه‌ین و هه‌ر یه‌که‌ى به‌پێى باڵا ته‌مه‌ن و رۆژى له‌دایک بوونمان بۆ ده‌نووسین». هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد خاوه‌نى شه‌ش منداڵه‌و به‌روارى له‌دایکبوونى چواریانى به‌یه‌کى یه‌ک نووسیوه، که له‌ڕاستیدا هه‌ر بیریان نیه که‌ى له‌دایکبوون. به‌کر مسته‌فا، پێشوابوو باشتره به‌روارى له‌دایکبوونه‌که راست و دروست بێت، « ئه‌و رۆژه جوانه که منداڵه‌که‌ى تێدا له‌دایک ده‌بێت جا هه‌ر به‌روارو کاتێک بێت».
سه‌رکۆ جه‌مال لافاوى دووه‌مى هه‌ولێر زیانه‌کانى گه‌یشتووه‌ته 21 ملیار دینار‌و تائێستا نزیکه‌ى شه‌ش ملیار دینارى بۆ کۆکراوه‌ته‌وه که به‌شێکی له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌داران و وه‌به‌رهێنه‌ران کۆکراوه‌ته‌وه. رۆژى 17ى 12ى 2021، لافاوێک له‌پارێزگاری هه‌ولێر روویداو به‌و هۆیه‌وه 12 که‌س گیانیان له‌ده‌ستدا که تائێستا ته‌رمى دوانیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر، داوای هاوکاریی له‌حکومه‌تی عێراق کردووه‌و نامه‌ی فه‌رمی بۆ کونسوڵخانه‌ی وڵاتان نێردراوه. ساڵی 2021 له‌ماوه‌ی که‌متر له‌دوو مانگدا له‌هه‌ولێر دوو جار لافاو روویدا که له رۆژانی 2021/10/30 و 2021/12/17 بوو، به‌ڵام لافاوی یه‌که‌م هێنده‌ی لافاوی دووه‌م زیانی لێنه‌که‌وته‌وه، له‌لافاوه‌که‌ی ئه‌مجاره‌ی هه‌ولێر 12 که‌س گیانیان له‌ده‌ستدا، ته‌رمی 10 که‌سیان دۆزراونه‌ته‌وه، دانه‌ری 10 مانگ و که‌سێکی دیکه که پیشه‌ی «شوان» بوو هێشتا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه. به‌پێی ئاماره‌کان زیانه‌کانی لافاو له‌هه‌ولێر تائێستا سێ هه‌زارو 278 زیانلێکه‌وتوو فۆڕمیان پڕکردووه‌ته‌وه، که دوو هه‌زارو 775 خێزان ئاو چووه‌ته ماڵه‌کانیان و هه‌زارو 78 ئۆتۆمبێلیش زیانیان به‌رکه‌وتووه‌و 386 خانوو تێکچوون. هه‌روه‌ها 140 دوکان و فرۆشگا زیانیان به‌رکه‌وتووه، هه‌زارو 29 سه‌ر مه‌ڕو ماڵات له‌ناوچوون، 42 مۆلیده‌ی گه‌ڕه‌که‌کان، 160 زه‌وی کشتوکاڵى زیانی به‌رکه‌وتووه‌و به‌رهه‌مه‌کانی تێکچووه. هاوکات چوار حه‌وزی ماسی به‌هۆی لافاو ته‌قیون، 10 کارگه‌ی پیشه‌سازی ئاویان تێچووه‌و نۆ مارکێت و مینی مارکێت و 20 کۆگا له‌ناوچه‌ی قوشته‌په‌و داره‌توو، تێکچوونهو 24 ماتۆڕسیکلیش به‌هۆی ئاوه‌وه تێکچوون. به‌رپرسانى حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه به‌کۆکردنه‌وه‌ى پاره بۆ زیانلێکه‌وتووانى لافاوى دووه‌مى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌که‌ن. محه‌مه‌د شوکری، سه‌رۆکی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی حکومه‌تى هه‌رێمی کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:» بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی زیانلێکه‌وتووانی لافاوى دووه‌مى هه‌ولێر هه‌ڵمه‌تێکمان راگه‌یاندووه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی هاوکاری». هه‌روه‌ها وتیشى:» تائێستا دوو ملیار‌و 200 ملیۆن دینار له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانه‌وه بۆ هاوکارییه‌کانی زیانلێکه‌وتووانی کۆکراوه‌ته‌وه«. سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌ڵێت:»به‌شێک له‌پرۆژه‌کان بوونه‌ته هۆى درووستبوونى لافاو، به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه جیاوازه‌کان مۆڵه‌تى فه‌رمیان پێدراوه«. عه‌لی ره‌شید، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت:» راپۆرتی لیژنه‌که ورده‌کاریی زۆری تێدایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێڕه‌وه ئاوییه‌کان پڕبوونه‌ته‌وه و کونی پرده‌کان گیراون و خه‌ڵکیش خاشاکیان فڕێداوه‌ته بهستهکانهوه. رۆژى 18ى کانوونى یه‌که‌مى 2021، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌فه‌رمانى مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم لیژنه‌یه‌کى لێکۆڵینه‌وه‌ى 11 که‌سى پێکهێناوه تا هۆکاره‌کانى دروستبوونى لافاوه‌که ئاشکرا بکه‌ن و حکومه‌ت لێپێچینه‌وه‌ى خۆى ئه‌نجامبدات. سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر وتیشی:» پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان هه‌بووه که هۆکاره، له‌کاتێکدا شاره‌وانی، گه‌شتوگوزار، ئاوه‌دانکردنه‌وه، نه‌خشه‌دانان و ئاو‌و ئاوه‌ڕۆ هه‌موویان به‌فه‌رمی ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر دروستکردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه داوه«. سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر باسى له‌وه‌شکرد ئه‌و لیژنه‌یه‌ی بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌هۆکاری روودانی لافاوه‌کانی هه‌ولێر پێکهێنراوه راپۆرتی خۆی به‌ورده‌کاریی زۆره‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ناردووه‌و ده‌ستیان له‌سه‌ر برینه‌کان داناوه، وتیشى:»تا ئه‌نجامه‌کان له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رانه‌گه‌یه‌ندرێن هیچ شتێک بڵاوناکرێته‌وه«. هاوکات، عه‌لى ره‌شید ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که قه‌ره‌بووی زیانلێکه‌وتووانی لافاوه‌که ده‌ست به‌دابه‌شکردنی کراوه‌و هه‌ر بڕه پاره‌یه‌کی دیکه‌ش بێت ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به‌دابه‌شکردنی ده‌که‌ن، به‌ڵام قۆناغی دووه‌می قه‌ره‌بووی زیانلێکه‌وتووانی لافاوه‌که‌ی یه‌که‌م هێشتا ته‌واو نه‌بووه. رۆژی 29-12-2021 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: به‌پێی خه‌مڵاندنه‌کان لافاوی یه‌که‌م زیانی پێنج ملیار‌و 853 ملیۆن بووه، ئه‌و پاره‌یه‌شی بۆ قه‌ره‌بووی زیانلێکه‌تووان کۆکراوه‌ته‌وه چوار ملیار‌و 460 ملیۆن دینار بووه‌و ئه‌وه‌ی دیکه‌شی که ملیارێک و 393 ملیۆن دیناره له‌لایه‌ن سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ته‌رخانکراوه. له‌باره‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی له لافاوه‌که‌ی یه‌که‌م زیانیان به‌رکه‌وتووه، پارێزگاری هه‌ولێر ده‌شڵێت: 826 خێزان زیان به‌ر ماڵ و که‌لوپه‌له‌کانیان که‌وتووه، هه‌روه‌ها 314 ئۆتۆمبێلیش زیانیان به‌رکه‌وتووه. پارێزگاری هه‌ولێر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که به‌شێکی زۆری ئه‌و پاره‌یه‌ی که کۆکراوه‌ته‌وه به‌مشێوه‌یه بووه که سێ ملیار دینار له‌لایه‌ن حکومه‌تی عێراق، 500 ملیۆن دینار له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تیی دیوانی وه‌زاره‌ت، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی 220 ملیۆن دینار، شێخ باز 450 ملیۆن دینار، ده‌زگای خێرخوازیی نانه‌که‌لی 100 ملیۆن دینار، گرووپی کۆمپانیاکانی جیهان 100 ملیۆن دینار. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بوو پارێزگاری هه‌ولێر ناوی به‌شێک له‌کۆمپانیاو رێکخراوه‌کانی دیکه‌ی نه‌هێنا له‌وانه‌ش کۆمپانیا ئاسیاسێڵ که‌بڕی ملیارێک دیناری بۆ به‌هاناوه‌چوون و یارمه‌تیدانی زیانلێکه‌وتووانی لافاوه‌که‌ی رۆژی هه‌ینی رابردووی هه‌ولێر دابین کرد، پاشانیش کۆمپانیای ساوس کوردستان ، بڕی 300 ملیۆن دیناری وه‌کو هاوکاری بۆ که‌مپینه‌که دابینکردبوو. جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ڵێت، تا لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌باره‌ى لافاوه‌که‌ى هه‌ولێر ته‌واو نه‌بێت ناوه‌ڕۆکى راپۆرته‌که ئاشکرا ناکه‌ن. هێمن قادر جێگری پارێزگاری هه‌ولێر له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت: «لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه له‌لافاوه‌که‌ی هه‌ولێر ده‌ستی به‌کاره‌کانی کردووه‌و من سه‌رۆکی لیژنه‌که‌م، به‌ڵام تا لێکۆڵینه‌وه‌کان کۆتای‌یان نه‌یه‌ت هیچ شتێک له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆکی لێکۆڵینه‌وه‌که ئاشکرا ناکه‌ین». ئه‌ندامێکى په‌رله‌مانى کوردستان له‌یه‌که‌م ساتى روودانى لافاوه‌که‌وه بۆ راگه‌یاندنه‌کان چه‌ندین روونکرنهوهى خسته‌ڕوو ده‌ڵێت:» له‌هه‌ولێر ده‌ستدرێژی کراوه‌ته‌سه‌ر ئاوه‌ڕۆی گشتی و هۆکاری لافاوه‌که‌یه«. عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت: « به‌داخه‌وه به‌بێ دیاریکردنی هۆکاره راسته‌قینه‌که‌ی باران به‌هۆکار دانرا». هه‌روه‌ها وتیشی:» ئه‌وه‌نه‌ی ئێمه لێکۆڵینه‌وه‌مان کردووه له‌ساڵانی رابردوودا‌و له 2013ش باران زۆر له‌وه زیاتر باریوه، به‌ڵام ئه‌و لافاوه گه‌وره‌یه‌و زیانه زۆره‌شی نه‌بووه که قوربانی لێبکه‌وێته‌وه«. «هۆکاری سه‌ره‌کی لافاوه‌که ئه‌وه‌یه هه‌ر له‌سه‌ر رێگه‌ی مه‌سیفه‌وه کۆمه‌ڵێک باخى به‌رپرسه‌کان له‌سه‌ر رێڕه‌وی ئاوه‌که کردوویانه، به‌تایبه‌ت پرۆژه‌ی زه‌یتوون و زه‌یتوون پڵه‌س، که‌که‌سێکی نزیکی به‌رپرسێکی باڵای هه‌رێمی له‌پشته، هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون رێڕه‌وی ئاو‌و ئاوه‌ڕۆکانی هه‌ولێر داگیرکراون، له‌خه‌تی داره‌توو و خه‌تی کۆڕنیش»، عه‌لى حه‌مه‌ساڵح واى وت. عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو :»گرنگ ئه‌وه‌یه بتوانین ورد‌و درشتی که‌موکوڕییه‌کان دیاری بکه‌ین و رێکاری په‌رله‌مانی و یاسایی بگرینه‌به‌ر، داوا له‌خه‌ڵک ده‌که‌ین هه‌موو ئه‌وانه‌ی زیانیان کردووه‌و ماڵیان ژێرئاو که‌وتووه سکاڵای یاسایی تۆمار بکه‌ن، چونکه که‌مته‌رخه‌می هه‌یه، ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ی له‌هه‌شت ساڵدا کراوه‌ته سه‌ر ئاوه‌ڕۆ له‌مێژوودا رووینه‌داوه«. هێشتا مه‌ترسییه‌کانى روودانه‌وه‌ى لافاو له‌هه‌ولێر له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌که‌یه‌وه نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه، سه‌باره‌ت به‌ئه‌گه‌ره‌کانی دووباره‌بوونه‌وه‌ی لافاو له‌هه‌ولێر، سه‌رکه‌وت کاڕه‌ش، وته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت :»وه‌کو به‌رگری شارستانی لایه‌نی جێبه‌جێکارین و ئه‌وه‌ی پێویست بێت ئه‌نجاممانداوه، له‌دوای لافاوه‌که‌ی هه‌ولێریش و پێش رووداوه‌که‌ش ئه‌وه‌ی پێمان کرابێت کردوومانه بۆ پاککردنه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆکانی هه‌ولێر». وته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر، پێشیوابوو که هه‌ندێک شوێن رێڕه‌وی ئاوه‌ڕۆکه‌ی گۆڕاوه‌و هه‌ندێک شوێنی دیکه‌ش به‌هۆی خاشاک و شتومه‌کی دیکه‌وه ئاوه‌ڕۆکه‌ی گیراوه‌و به‌هۆی زۆری بارانهکهشهوه لافاو دروستبووه.
هاوڵاتی دوو ساڵ به‌سه‌ر کوشتنی قاسم سوله‌یمانیدا تێپه‌ڕی و تاران خه‌ون به‌تۆڵه‌ی خوێنی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌وه ده‌بینێت و به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی له‌ئێران به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی به‌رۆکی ئه‌وان وڵاته‌که‌یانی گرتوه، پێناچێت بڕستی تۆڵه‌کردنه‌وه‌یان هه‌بێت و ده‌ڵێن باشترین تۆڵه کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکایه له‌عێراق. کورد ده‌ڵێت ئه‌و خوێنه‌ی شه‌وی به‌سه‌ریا چووه، چاوه‌ڕێ مه‌که له‌ده‌ست ده‌رچوه بۆیه دۆخی ئێستای ئێران و هه‌ڵسوکه‌وت و لێدوانی به‌رپرسه‌کانی ئاماژه‌یه به‌وه‌ی نیه‌تی تۆڵه‌ی توندیان نییه. به‌رپرسانی ئێران له نوێترین هه‌نگاودا ناوی 125 تۆمه‌تباریان راده‌ستی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان کردووه که زۆربه‌یان هاوڵاتی ئه‌مریکان و تۆمه‌تبار کراون به کوشتنی قاسم سوله‌یمانی و له‌سه‌روی هه‌موشیانه‌وه دۆناڵد تره‌مپ یه‌که‌مین که‌سی تۆمه‌تبارکراوی لیسته‌که‌ی ئێرانه. سوله‌یمانی هیچ کاتێک به‌که‌سێکی دیپلۆماسی و سیاسی نه‌ناسراوه، به‌ڵام سه‌رۆک کۆماری ئێران ئه‌و به دیپلۆماتکارێکی به‌هێز و سه‌ربازێکی خاوه‌ن گۆڕه‌پان وه‌سف ده‌کات. به‌پێی میدیاکانی ئێران؛ سوله‌یمانی ساڵی 2014 به‌سه‌رۆکی روسیای راگه‌یاندوه جه‌نگ و روخانی حکومه‌ت له‌سوریا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌خاته ژێر مه‌ترسییه‌وه به‌ڵام پێبگه‌ی زلهێزێکی وه‌ک روسیا ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه بۆیه پوتن رازی بووه راسته‌وخۆ سوپای وڵاته‌که‌ی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازیی به‌په‌له له خاکی سوریا ئه‌نجام بدات. ئه‌مریکا قاسمی سوله‌یمانی به تیرۆریستی ژماره یه‌کی جیهان ئه‌ژمار ده‌کرد و هه‌ندێکیش ئه‌ویان وه‌ک ژه‌نه‌ڕاڵی ئیمپڕاتۆریه‌تی شیعه ناوده‌هێنا، بۆیه کوشتنی سوله‌یمانی به‌گه‌وره‌ترین گورزی 40 ساڵی رابردوو له‌دژی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. سوله‌یمانی خۆی به‌سه‌ربازی سفر وه‌سف ده‌کردو رژێمی سوریا وه‌ک پێزانینێک بهجموجۆڵه سه‌ربازییه‌کانی له‌و وڵاته دوایین پله‌ی سه‌ربازیی به‌ناوی پاڵه‌وانی جه‌نگی پێشکه‌ش کردبوو و له‌ئێرانیش گه‌وره‌ترین مه‌دالیای سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌ی به ناوی زولفه‌قار پێبه‌خشرا که له‌سه‌د ساڵی رابردودا هیچ فه‌رمانده‌یه‌کی نه‌یتوانیبو ئه‌و مه‌دالیایه به‌ده‌ستبهێنێت. ئه‌و سه‌رکرایه‌تیی هێزێکی 50 هه‌زار که‌سیی ده‌کرد به‌ناوی فه‌یله‌قی قودس که له‌ئێران به‌سوپای قودس ده‌ناسرێت و باڵی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێرانه که جموجۆڵه‌کانی له‌چوارچێوه‌ی به‌ئامانج گه‌یاندنی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی سوپای پاسدارانی شۆڕی ئیسلامی ئێرانه له‌وڵاتانی دیکه‌ی جیهان. 125 که‌س تۆمه‌تبارن به‌کوشتنی سوله‌یمانی کازم غه‌ریب ئابادی راوێژکاری نێوده‌وڵه‌تیی وه‌زاره‌تی داد له‌ئێران به ئاژانسی هه‌واڵی (ته‌سنیم)ی راگه‌یاندوه: 125 که‌س تۆمه‌تبارن به کوشتنی قاسم سوله‌یمانی و ناوی ئه‌و که‌سانه‌ش به هاوکاریی عێراق راده‌ستی نهتهوەیهکگرتوهکان ده‌کرێت، چونکه کوشتنی سوله‌یمانی له‌به‌غداد روویداوه و حکومه‌تی عێراق ده‌بێت هاوکاری ئێران بێت بۆ دۆزینه‌وه و به سزاگه‌یاندنی تاوانبارانی ئه‌و رووداوه. غه‌ریب ئابادی وتوویه‌تی:» دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی پێشوی ئه‌مریکا تۆمه‌تباری سه‌ره‌کیی تیرۆرکردنی قاسم سوله‌یمانییه و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی پێشێل کردوه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌و به‌پێی یاسای ژماره 54ی تایبه‌ت به‌تیرۆر له نه‌ته‌وه‌یه‌گرتوه‌کان ده‌بێت ئه‌و تاوانبارانه سزا بدرێن». ئاماژه‌ی به‌وه کردووه دۆسیه‌ی تۆمه‌تبارانی کوشتنی قاسم سوله‌یمانی به‌مه‌به‌ستی لێکۆڵینه‌وه ره‌وانه‌ی ئه‌مریکاو هه‌شت وڵاتی دیکه‌ی جیهان کراوه‌و ده‌بێت فشار بخرێته سه‌ر ئه‌و وڵاتانه بۆ لێکۆڵینه‌وه‌و رونکردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی تۆمه‌تباران. ژه‌نه‌ڕاڵی ئیمپراتۆریه‌تی شیعه قاسم سوله‌یمانی به‌دوه‌م که‌سی کۆماری ئیسلامی ئێران و به‌یه‌که‌م که‌سی مه‌یدانیی جه‌نگ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌قه‌ڵه‌م ده‌درا که‌جێبه‌جێکاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌ی بوو له ناوچه‌که‌دا و ته‌نانه‌ت هێزه چه‌کداره شیعه‌کانی نزیک له ئێرانیش ئه‌ویان به‌فه‌رمانده‌ی شه‌هیدی قودس له‌فه‌له‌ستین ناوزه‌د کرد. ئێران که خه‌ونی بۆ دروستکردنی که‌وانه‌ی شیعه هه‌یه له‌جیهاندا پێویستی بهجهنگاوهره بۆ به‌دی هێنانی خه‌ونه‌که‌ی بۆیه قاسم سوله‌یمانی که به به‌رده‌وامی له‌نێوان ئه‌و وڵاتانەی شیعه‌ی تێدا ده‌ژی له هاتوچۆدا بو و سه‌رپه‌رشتیی و هاوکاریی زۆربه‌ی گروپه شیعه‌کانی کردوه له‌عێراق، سوریا، یه‌مه‌ن ، فه‌له‌ستین، لوبنان، به‌حره‌ین به ژه‌نه‌ڕاڵیکی ئیمپڕاتۆریه‌تی شیعه ناوده‌هێنرا. شاره‌زایان و شیکه‌ره‌وانی سیاسی و سه‌ربازیی پێیان وایه ئه‌وه‌ی هۆکاری سه‌ره‌کیی کوشتنی سوله‌یمانی بو، په‌یوه‌ندیی به رۆل و زیاده‌ڕه‌ویی ئه‌وه‌وه هه‌بوه له‌عێراق چونکه به‌پێی هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی ئه‌مه‌ریکا؛ سوله‌یمانی له‌دوای ساڵی 2003 رۆلی به‌رچاوی بینیوه له‌دروستکردنی شانه‌ی نوستوو گروپه چه‌کداره‌کان به تایبه‌ت شیعه له‌عێراق به مه‌به‌ستی خۆئاماده‌کردن بۆ هێرشکردنه سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆیه ئه‌و وڵاته له‌سه‌رده‌می جۆرج بۆش سه‌رۆکی رابردو و باراک ئۆبا سه‌رۆکی پێشوتری ئه‌مریکا دوو جار له لێواری بڕیاری کوشتنی سوله‌یمانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌ڵام دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکی پێشوی به‌بێ دودڵی دواجار فه‌رمانی کوشتنی قاسم سوله‌یمانی ده‌رکرد. فه‌یله‌قه‌که‌ی قاسم یان قودس سوپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامی ئێران له‌سه‌رده‌می ده‌ستپێکردنی جه‌نگی نێوان عێراق و ئێران له‌ساڵی 1980 یه‌که‌م جار لیوایه‌کی به ناوی قودس دامه‌زراند. سوله‌یمانی له‌ساڵی 1980 تا 1988 فه‌رمانده‌یی چوار ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی سوپای پاسدارانی کردوه له دژی سوپای عێراق و هاوکات هه‌ر له‌و ساڵانه‌شدا فه‌رمانده‌یی جه‌نگی دژی حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی ده‌کرد. سوپاکه به فه‌رمانده‌یی قاسم سوله‌یمانی له‌ساڵی 2003 پشتیوانیی له گروپه چه‌کداره‌کانی عێراق کردوه دژی ئه‌مه‌ریکاو دواتر له‌سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی داعش هاوکاریی سه‌رجه‌م گروپه چه‌کدارییه‌کانی سوننه‌و شیعه‌ی نزیک له ئێرانی کردوه. سوپای قودس له‌ساڵی 2011 به بیانوی پاراستنی ناوچه پیرۆزه‌کانی شیعه خۆی گه‌یانده سوریا‌و به‌شێک له‌چه‌کدارانی حیزبوڵای لوبنان و چه‌کداره شیعه‌کانی عێراق و پاکستان و ئه‌فغانستانی له‌و وڵاته رێکخست و به ناوی فاتمیون و هه‌ندێک ناوی دیکه جێگیری کردن. پێش کوشتنی سوله‌یمانی، ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مریکا (سی ئای ئه‌ی) بڵاوی کرده‌وه که سوله‌یمانی به‌بێ ره‌چاوکردنی بیروباوه‌ڕ و رێبازی شیعه یان سوننه، هه‌وڵ ده‌دات سه‌رجه‌م گروپه ئیسلامییه‌کان له دژی ئه‌مه‌ریکا له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هانبدات و پاره و چه‌ک و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی بۆ گروپی تاڵیبان و حه‌قانی له‌ئه‌فغانستان دابین ده‌کات به‌مه‌به‌ستی هێرشکردنه سه‌ر بنکه سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا. سوله‌یمانی له ئه‌حمه‌د شا مه‌سعود تا مه‌سعود بارزانی سوله‌یمانی له هه‌رێمی کوردستان خۆی به‌دۆستی سه‌رکرده‌کانی کورد پیشان ده‌دا و له‌ساڵی 2001 دوای چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شامه‌سعود له ئه‌فغانستان به مه‌به‌ستی هاوکاریکردنی رووی له هه‌رێمی کوردستان کرد‌و به مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگیی و هاوکاریی له سنوری حاجی ئۆمه‌رانه‌وه به کاروانێکی ده‌یان ئۆتۆمبێلییهوه سه‌ردانی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆبوه‌وه. به‌وته‌ی میدیاکانی ئێران و هه‌ندێک میدیا له هه‌رێمی کوردستان قاسم سوله‌یمانی له‌ساڵی 2014 هاوکاریی به‌رپرسانی هه‌رێمی کردوه بۆ لێدانی داعش. له‌به‌ڵگه‌نامه‌کانی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به قاسمی سوله‌یمانی هاتوه که ئه‌و له‌شه‌ڕه ناوخۆییه‌کانی ئه‌فغانستان له 2001 تا 2019 به‌شداریی کردوه و هاوکاریی تاڵیبان و کۆمه‌ڵێک گروپی دیکه‌ی کردوه له‌کاتێکدا هه‌ندێک سه‌رچاوه ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن سوله‌یمانی رۆڵی هه‌بو له‌پێدانی زانیاریی به ئه‌مریکا له‌سه‌ر گروپی قاعیده له ئه‌فغانستان. ئه‌و قوماربازهی سه‌ری سوله‌یمانی خوارد ناوی قاسم سوله‌یمانی له لیستی تیرۆری ئه‌مه‌ریکاو ئه‌وروپادا بو، بۆیه کوشتن و له‌ناوبردنی ئه‌و دور لهچاوهڕوانیی نه‌بو ئه‌و پێش نۆ مانگ له کوژرانی له‌وتارێکیدا بهدۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی پێشوی ئه‌مریکای وت قوماربازو ره‌نگه پێشبینیی ئه‌وه‌ی نه‌کردبێت به‌فه‌رمانی ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌و بهقومارباز ناوی هێناوه ، به‌دو موشه‌کی هێل فایه‌ر یان ئاگری دۆزه‌خ کۆتایی به‌ژیانی بهێنرێت و بکوژرێت. دۆناڵد تره‌مپ له (3/1/2020) کوشتنی قاسم سوله‌یمانیی پشتڕاست کرده‌وه و رایگه‌یاند تیرۆریستی ژماره یه‌کی جیهان له لایه‌ن ئه‌مریکاوه کوژراو ئه‌و روداوه‌ی به‌ده‌ستکه‌وتێکی گه‌وره بۆ وڵاته‌که‌ی و جیهان وه‌سف کرد. راوێژکارێکی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌مریکا به بۆنه‌ی کوشتنی قاسم سوله‌یمانی به ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزی راگه‌یاندوه پلانی کوشتنی سوله‌یمانی حه‌وت مانگی خایاندوه و زۆر ئاڵۆزتر بوه له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی که ئوسامه بن لادن، سه‌رۆکی ئه‌لقاعیده‌ی تێدا کوژرا چونکه سوله‌یمانی ژه‌نه‌ڕاڵی وڵاتێک بوو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌به‌رده‌وامی له نێوان هه‌ندێک وڵات‌دا هاتوچۆی ده‌کرد به به‌رده‌وامیش و به‌وردی چاودێریی ده‌کرا و ده‌پارێزرا. عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران له رێککه‌وتی (11/3/2020) مه‌دالیای زولفه‌قار ده‌به‌خشێته قاسم سوله‌یمانی که به‌یه‌کێک له به‌نرخترین مه‌دالیاکانی جه‌نگ له‌ئێران ئه‌ژمار ده‌کرێت و سوله‌یمانیش یه‌که‌م که‌س بوه که له سه‌د ساڵی رابردودا ئه‌و مهدالیایەی پێبه‌خشراوه. خامنه‌یی له‌گه‌ڵ به‌خشینی مه‌دالیاکه سه‌ری سوله‌یمانی ماچ ده‌کات و هیوای شه‌هیدبونی بۆ ده‌خوازێت. کوشتنی سوله‌یمانی به‌گه‌وره‌ترین گورزی 42 ساڵی رابردووی ئه‌مریکا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌زانرێت له‌کاتێکدا ئه‌و وڵاته له ساڵی 1979وه له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه سزای ئابوریی و سیاسیی و سه‌ربازیی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت، به‌ڵام پێناچێت ئه‌و هه‌زارو 600 سزایه‌ی واشنتۆن له‌مێژودا به‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی‌دا سه‌پاندویه‌تی هێنده‌ی کوشتنی سوله‌یمانیی کۆڵه‌که‌کانی کۆماره‌که‌ی ئێرانی هه‌ژاندبێت.
سه‌رکۆ جه‌مال کۆتایى ئه‌م کانگه گۆڕان کۆنفرانسی نیشتیمانی بۆ خۆرێکخستنه‌وه ئه‌نجام ده‌دات، هه‌ڵسوڕاوێکی گۆڕانیش ده‌ڵێت ئه‌گه‌ری به‌هێز» کشانه‌وه له‌حکومه‌ت و به‌ناوه‌ندیکردنی گۆڕانه، له‌گه‌ڵ دروستکردنی میدیایه‌کی به‌هێز». بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان 10/10/2021 له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق شکستێکی گه‌وره‌ی به‌رکه‌وت، کاتێک له‌گه‌ڵ یه‌کێتی به یه‌ک لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنی کرد هیچ کاندیدێکی ده‌رنه‌چوو، ئه‌مه‌ش وایکرد خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌که ده‌ست له‌کاربکێشنه‌وه‌و ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بڕیاریدا گۆڕانکاری ئه‌نجام بدات، له‌کاتێکدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنی 2009 که ئه‌وکات کۆچکردوو نه‌وشیروان مسته‌فا رێکخه‌ری بوو توانی 25 کورسی په‌رله‌مانی کوردستان به‌ده‌ستبهێنێت. هه‌ڵسوڕاوێکی دیاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، که ئاماده‌نه‌بوو ناوی بهێندرێت له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ئه‌و لیژنه‌یه‌ی ئێستا بۆ رێکخستنه‌وه‌ی گۆڕان دروستکراوه ئه‌و ده‌سته کاتییه نییه که پێشتر خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و جڤاتی گشتی په‌سه‌ندیان کرد، لیژنه‌که له‌حه‌وت که‌س پێکهاتووه و ناوی لێنراوه لیژنه‌ی به‌ره‌و کۆنفرانس. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد لیژنه‌کانی کۆنفرانس له‌ژووره‌کان پێکهاتوون، به‌شێکی زۆریان راپۆرتیان ئاماده‌کردووه بۆ 26/1/2022 ئه‌وه‌ی که ماوه پێداچوونه‌وه بکه‌ن، 375 ئه‌ندامی گۆڕانیش له‌هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌کانی گۆڕان بۆ کۆنفرانس ده‌رچوون و رەنگه بگاته 800 بۆ هه‌زار که‌س. سه‌باره‌ت به‌ئه‌گه‌ری بڕیاردان له‌کشانه‌وه‌ی گۆڕان له‌حکومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی رێکخه‌ری گشتی ئه‌و هه‌ڵسوڕاوه‌ی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا «له‌کۆنفرانس ده‌ستووری گۆڕان ده‌ستکاری ده‌کرێت، ئه‌گه‌ری به‌هێزیش ئه‌وه‌یه بڕیاری کشانه‌وه له‌حکومه‌ت بدرێت، بۆچوونێکیش هه‌یه که خانه‌ی راپه‌ڕاندن نه‌هێڵرێت و ژووره‌کانیش که‌م بکرێنه‌وه، میدیایه‌کی به‌هێزیش بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دروستبکرێت». هه‌ڵسوڕاوه‌که‌ی گۆڕان ده‌شڵێت «گۆڕان به‌ره‌و ناوه‌ندێتی هه‌نگاو ده‌نێت و ده‌شیه‌وێت وتاری سیاسی گۆڕان بگۆڕن، به‌شێوه‌یه‌ک تا یه‌کێتی و پارتی حکومه‌تیان به‌ده‌سته‌وه بێت گۆڕان نه‌چێته حکومه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش بۆچوونێکه چیا و نما هه‌ردوو کوڕانی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌گه‌ڵیدان». ئیحسان فوئاد، ئه‌ندامی ژووری رۆژنامه‌وانی گۆڕان، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت :»ئه‌گه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌کی نه‌بێت کۆنفرانسه‌که سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت، له‌هه‌مانکاتدا هه‌ندێک جار به‌ره‌کان له‌ڕووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه سه‌یری حزبه‌که بکه‌ن به‌هیچ شێوه‌یه‌ک کۆنفرانس سه‌رکه‌وتوو نابێت، گۆڕان دوو رێگای له‌به‌رده‌مدایه ئایا وه‌کو ئێستا ده‌مێنێته‌وه که ناڕه‌زایی دروست ده‌بێت و ره‌نگه به‌شێوه‌یه‌کی دیکه بشکێته‌وه، رێگه‌یه‌کی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه گۆڕانکاری ریشه‌یی بکات». وتیشی:»هیوایه‌ک هه‌یه له کۆنفرانس گۆڕانکاری گه‌وره ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وه‌شی که ده‌وترێت ره‌نگه یه‌کێک له کوڕه‌کانی کاک نه‌وشیروان مسته‌فا ببنه رێکخه‌ری گشتی راست نییه «. شوان قلیاسانی یه‌کێکه له‌و سه‌رکردانه‌ی گۆڕان که پێشتر له‌بزووتنه‌وه‌که ناڕازی بوو، له لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت :»بڕیاره ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه کۆبوونه‌وه ئه‌نجام بده‌ین بڕیار بده‌ین به‌شداری کۆنفرانسی نیشتیمانی ده‌که‌ین یاخود نا».
هاوڵاتی تائێستا هیچ بڕیارێکی نوێ له‌باره‌ی ده‌ستکاریکردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه نییه‌و به‌رپرسێکى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه که هه‌وڵ ده‌ده‌ن مووچه به‌بێ لێبڕین له‌مساڵدا به‌رده‌وام بێت. سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له حکومه‌تى هه‌رێم که نه‌یویست ناوى بهێندرێت، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:» تا ئێستا حکومه‌تی هه‌رێم ھیچ بڕیارێکی نوێی نه‌داوه له‌باره‌ی مووچه، ھه‌وڵه‌کان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک خۆی بێت و ده‌ستکاری نه‌کرێت». هه‌روه‌ها زیاد جه‌بار، سه‌رۆکی لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی کوردستان له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت :»داهاتی حکومه‌تی هه‌رێم ئێستا باشه و به‌شی ئه‌وه ده‌کات به‌بێ لێبڕین مووچه دابه‌ش بکات، بۆیه ئه‌گه‌ری لێبڕین یان پاشه‌که‌وتی مووچه له‌ئارادا نییه و بڕیاره 200 ملیاره‌که‌ی به‌غدا به‌رده‌وام بێت».
کاکەلاو عەبدوڵا فشارەکانی تورکیا بەردەوامە لەسەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و لەنوێترین هەوڵدا حکومەتی وڵاتەکە دەیەوێت پارێزبەندی لە ٢٥ پەرلەمانتاری هەدەپە بسەنێتەوە، کە لەنێویاندا هاوسەرۆکی پارتەکە بوونی هەیە. داواکاری گشتی تورکیا رەشنووسێکی ئامادە کردووە بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە کە تێیدا داوا دەکات ٢٨ پەرلەمانتار پارێزبەندییان لێ بسەنرێتەوە و تێیدا ٢٥ پەرلەمانتاریان لە پارتی هەدەپەن و ناوی پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپەشی تێدایە. رەشنووسەکە گەشتووەتە پەرلەمان و ئەگەر بەدەنگی زۆرینە تێپەڕێنرێت، ئەوا سەرجەم پەرلەمانتارەکان پارێزبەندییان لێ دەسەنرێتەوە و دواتر دادگایی دەکرێن. ئەم هەنگاوەی حکومەتی تورکیا دوای ئەوە دێت کە ئۆفیسی داواکاری گشتی ئیزمیر پەروین بوڵدانی بە سوکایەتیپێکردنی دادگا تۆمەتبارکرد لە دادگایی‌کردنی کەیسی بکوژی دێنیز پۆیراز. دێنیز پۆیراز ئەندامێکی هەدەپە بوو لە ئیزمیر و لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١ لەلایەن کەسێکەوە لە هێرشێکدا بۆ سەر ئۆفیسی هەدەپە لە ئیزمیر کوژرا. لە ٢٩ی مانگی رابردوو بکوژەکە یەکەم دانیشتنی دادگایی بۆ ساز کرا، کە پەیوەندی هەبووە لەگەڵ سوپای تورکیا و سوپای سوریای ئازاد. پەروین بوڵدان رەخنەی لە دادگا گرت کە وەک بکوژ مامەلەیان لەگەڵ نەکردووە و مامەڵەی دادگا زۆر "لەسەرخۆ بووە" لەکاتێکدا بکوژەکە "داعش بووە و لەلایەن داعشەوە راهێنانی پێکراوە." بوڵدان لە پەرلەمانی تورکیا لە وتارێکیدا ئیدانەی هەنگاوەکەی داواکاری گشتی کرد و رایگەیاند، "ئێوە هێشتا پاریزگاری لە بکوژەکە دەکەن، دەتانەوێت ئێمە دادگایی بکەن لەسەر ئەوەی وتومانە مامەڵە لەگەڵ بکوژەکە وەک بکوژێک بکەن، ئێمە ناوەستین لە ناوهێنانی بکوژەکە بە بکوژ." لە چەند رۆژی رابردووش‌دا محمد ئەرین سوتچی، کە بە چەقۆ هێرشی کردبووە سەر بارەگای هەدەپە لە ناوچەی باخچەلێولەر و دوو کەسی بریندارکرد، ئازادکرا. لەبارەی ئازادکردنی سوتچییەوە، بوڵدان لە وتارەکەیدا لە پەرلەمان رایگەیاند، "سیستەمی دادگایی ئاکەپە، کە دەیەوێت پارێزبەندی لە پەرلەمانتارانی ئێمە بسەنێتەوە لەسەر کردنەوەی دەمییان، هەوڵی ئەوە دەدات پارێزبەندی بداتە هێرشکەرەکە و لە سزا بیپارێزێت." لەساڵی ٢٠١٦ەوە دوای کودەتاکە شکستخواردووەکە، پارێزبەندی سەندنەوە لە پەرلەمانتاران بە پرۆژەیاسایەکی پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) بووە یاسا. هەدەپە لە پەرلەمان خاوەنی ٥٩ کورسییە و ماوەی ساڵێکە فشارەکان لەسەر پارتەکە زیادکراوە و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەیانەوێت بە هەمیشەیی دایبخەن. داخستنی هەدەپە بەهۆی ئەو تۆمەتانەوەیە کە حکومەتی تورکیا ئاراستەی دەکات و دەڵێت: پەیوەندی بە رێکخراوی تیرۆرستییەوە هەیە و دەیەوێت لێکترازان دروست بکات لەنیوان دەوڵەت و گەلی تورکیا. لەدوای هەڵبژردنەکانی سەرۆک شارەوانییەکانی لەساڵی ٢٠١٩، زیاتر لە ٥٠ سەرۆک شارەوانی هەدەپەش لەکۆی ٦٥ سەرۆک شارەوانی پارتەکە لەسەر کارەکانیان لابراون و لەجێگەیان قەیوم داندراوە، جگەلەوەی کە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتەکە ماوەی پێنج ساڵە لە زینداندایە. هاوکات دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەپە، کە هاوپەیمانی ئاکەپەیە، رایگەیاند دەبێت لە ٢٠٢٢ هەدەپە بەتەواوی دابخرێت. لە وتارێکیدا لە پەرلەمان باخچەلی وتی: هەدەپە کە وێنەیەکی پەکەکەیە دەبێت دابخرێت، هەدەپە شەرمەزارییە بۆ دیموکراسی، هەدەپە چەکێکی خوێناوییە و دروستکراوە بۆ دژایەتی تورکیا." بەڵام پەروین بوڵدان وەڵامی باخچەلی دایەوە و وتی: کەس مافی ئەوەی نییە قسە بە هەدەپە بڵێت کە وێنەی دیموکراسییە، هەدەپە وێنەی دیموکراسییە لەم وڵاتە و بۆ گەلی ئەم وڵاتە، ئەگەر شەرمەزارییەک هەبێت لە تورکیا، ئەوا بیرکردنەوە و دیدگای تۆیە.
شاناز حه‌سه‌ن نرخى به‌ناوکردن (ته‌حویل)کردنى ئوتۆمبێل له 140هه‌زاره‌وه کرایه 175هه‌زارو ئه‌وه‌ش کاردانه‌وه‌ى پێشانگاکانى فرۆشتنى ئوتومبێلى لێده‌که‌وێته‌وه که بارگرانییهکى دارایى دیکه ده‌که‌وێته سه‌ر کڕیارو فرۆشیار. له‌ئێستادا له‌کاتى مامه‌ڵه‌ى کڕینى ئوتۆمبێل لهپێشانگایهک ده‌بێت ئه‌و که‌سه‌ى ئوتۆمبێله‌که ده‌فرۆشێت و ئه‌و که‌سه‌ش که ده‌یکڕێت 100 دۆلار بده‌نه خاوه‌ن پێشانگاکه، به‌ڵام به بڕیارى وه‌زاره‌تى ناوخۆ بڕى 25 هه‌زارى دیکه وه‌رده‌گیرێت واته بۆ تهحویلکردنى هه‌ر ئوتۆمبێلێک 175 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت. که‌مال محه‌مه‌د، مامه‌ڵه‌ى کڕینى ئوتۆمبێل ده‌کات له‌سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت:» هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رچوونى ئه‌و بڕیاره پێشنیارمان کرد ناڕهزاییى ده‌ربڕین، چونکه ته‌نیا له‌به‌رژه‌وه‌ندى حکومه‌ته نه‌ک خه‌ڵکى، ئه‌وه ته‌نیا روسمات زیادده‌کات و هیچ بڕیارێکى دروست نیه«. که‌مال محه‌مه‌د وتیشى:» ئه‌م بڕیاره کێشه‌ى زۆرى بۆ ئێمه هه‌یه، چونکه زۆربه‌ى کات پێشانگاکان و گرێبه‌سته‌کان له‌ئێواراندا ده‌کرێت، بۆیه ئه‌و دوو که‌سه ده‌بێت دووباره رۆژى دواتر بچنه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆ». به‌پێی بڕیارێکی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم له‌ئه‌مڕۆوه پێویسته سه‌رجه‌م پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کار به‌ڕێنمایی ژماره 2ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بکهنو هه‌ر ئۆتۆمبێلێکیان فرۆشت یان گرێبه‌ستیان بۆ فرۆشتنی هه‌ر ئۆتۆمبێلێک کرد، پێویسته گرێبه‌سته‌که ببرێته به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانی هاتوچۆ بۆ په‌سه‌ندکردنی. ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، له‌سیستمێکی یه‌کگرتوو، گرێبه‌ستی ئه‌لیکترۆنی کاری پێدهکرێتو کرێی په‌سه‌ندکردنی گرێبه‌سته‌کانیش بۆ هه‌ر گرێبه‌ستێک 25 هه‌زار دیناره. به‌پێی بڕیاره‌که‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، گواستنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی ئۆتۆمبێل که‌مکراوه‌ته‌وه بۆ ته‌نها یه‌ک مانگ‌و پێویسته دوای کڕینی ئۆتۆمبێل، له‌دوای یه‌ک مانگ خاوه‌ندارێتیه‌که‌ی بگوازێته‌وه بۆ سه‌ر خۆی. هاووڵاتیه‌کیش که مانگێکه ئوتۆمبێلى کڕیوه‌و تائێستا نه‌یکردووه به‌ناوى خۆیه‌وه باس له‌وه ده‌کات، بڕیاره‌که بۆ شێوازى گرێبه‌سته‌که گونجاوه‌و وتى:» ئه‌گه‌ر بڕیاره‌که له‌پێناو ئه‌وه بێت کارئاسانی بێت بۆ هاووڵاتیان باشه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا 25 هه‌زار وه‌ده‌گرێت ئه‌مه کێشه‌که‌ى دروست کردووه کهنرخێکى زۆره«. کاروان مه‌حمود، وتیشى:»کاتێک ئوتۆمبێلێک ده‌کڕین له‌به‌رامبه‌ردا بۆ گرێبه‌ستى پێشانگاکه 100دۆلار وه‌رده‌گیرێت، بۆیه ئه‌و 25هه‌زاره‌ش دێتهسهرى که نرخێکى زیاده‌یه‌و ته‌نیا بارگرانیه بۆ خه‌ڵکى». هه‌روه‌ها کارزان محه‌مه‌د، لەپێشانگاى فیرده‌وس بۆ کڕین و فرۆشتنى ئوتۆمبێل، ئاماژه به‌وه ده‌دات گرێبه‌ستى کڕینه‌که هه‌نگاوێکى باشه‌و ئاسانکارییه بۆ هاووڵاتیان و وتى:» به‌ڵام کێشه‌که ته‌نیا له نرخى 25 هه‌زار دیناره‌که‌دایه که بڕێکى زۆره و پێویست ناکات ئه‌و ئه‌رکه بکرێته سه‌ر خه‌ڵک». وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتوچۆى هه‌رێم له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌ڵێت ته‌نها جێبه‌جێکردنه‌که‌یان له‌سه‌ره. ئه‌سعه‌د مه‌لا که‌ریم، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتوچۆى هه‌رێم، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:» ئه‌و 25هه‌زاره‌ى که‌دانراوه تائێستا هیچ روونکردنه‌وه‌یه‌ک نیه و ئێمه ته‌نیا جێبهجێکردنهکهمان له‌ئه‌ستۆیه«.
سه‌رکۆ جه‌مال داخستنی ده‌روازه‌ی سنووری سێمێلکا- پێشخابوور، قه‌یرانی نرخی له‌رۆژئاڤای کوردستان دروستکردووه و به‌رپرسانى پارتى دیموکراتى کوردستان تۆمه‌تبار ده‌که‌ن، به‌رپرسی ده‌روازه‌که له‌دیوی هه‌رێم بڕیاره‌که به‌بڕیاری حکومه‌تی هه‌رێم ناوده‌بات. رۆژی 15/12/2021 ژماره‌یه‌ک لایه‌نگری په‌که‌که که به‌وته‌ی خۆیان ته‌رمی که‌سوکاریان له‌لایه‌ن پارتییه‌وه پێنادرێته‌وه که له‌شه‌ڕێکی نێوان په‌که‌که و پارتی کوژراون، له‌ده‌روازه‌ی سێمێلکا كۆبونەوە ئاڵۆزى (دیوی هه‌رێمی کوردستان) دروست بوو چه‌ند کارمه‌ندێکی ده‌روازه‌که برینداربوون، له‌به‌رامبه‌ردا پارتی ده‌روازه‌که‌ی بۆ کاتێکی نادیار داخست. نزیکه‌ی 20 رۆژه ده‌روازه‌ی سنووریی سێمێلکا داخراوه ، هه‌رچه‌نده تائێستا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هیچ واده‌یه‌کی بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌که رانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام ئه‌مریکیه‌کان نێوه‌ندگیری پارتی و په‌یه‌ده ده‌که‌ن تا ده‌روازه‌که بکرێته‌وه. رودی محه‌ممه‌د ئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌ی سێمێلکا له‌دیوی رۆژئاڤای کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت: «ئه‌و که‌سانه‌ی که له‌هه‌رێمی کوردستان گیریانخواردووه ئه‌گه‌ر له‌دیوی باشووره‌وه رێگه‌یان بده‌ن ئێمه ده‌رگامان بۆیان کراوه‌یه و ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه«. هه‌روه‌ها وتیشی: «ئه‌وانه‌ی که له‌لای رۆژئاڤاوه گیریان خواردووه به‌هه‌مانشێوه په‌یوه‌سته به‌کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکه له‌دیوی باشووری کوردستانه‌وه«. شه‌وکه‌ت به‌ربه‌هاری، به‌ڕێوه‌به‌ری خاڵی سنووری پێشخابوور له‌دهۆک که له‌دیوی رۆژئاڤای کوردستان به سێمێلکا ناوده‌برێت، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت: «به‌بڕیارێکی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌روازه‌که داخراوه‌و به‌هۆی ئه‌و ئاڵۆزیانه‌وه بووه که روویداوه و ئه‌و بڕیاره بڕیاری پارتی نییه‌و له نوسراوه‌که‌شدا کات بۆ کردنه‌وه‌ی دیاری نه‌کراوه«. به‌هۆی داخستنی ده‌روازه‌ی سێمێلکا به‌ڕووی ڕۆژئاڤای کوردستاندا له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه، هه‌ر کیلۆیه‌ک ماده‌ی خۆراکی و سه‌وزه و میوه 500 تا هه‌زار لیره‌ی سوری زیادیکردووه. هه‌ر به‌هۆی داخستنی ئه‌و ده‌روازه‌یه‌وه، نرخی شه‌کر جگه له‌وه‌ی زیادیکردووه ماوه‌ی ھه‌فته‌یه‌که ده‌ستناکه‌وێت و له رێگه‌ی ده‌روازه‌ی مه‌نبه‌جه‌وه بۆ رۆژئاڤای کوردستان هاورده ده‌کرێت، جگه له مادده خۆراکییه‌کان نرخی ئاسن و چیمه‌نتۆش به‌رزبووه‌ته‌وه. نوورشان حسێن، نوێنه‌ری ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژئاڤای کوردستان له‌هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:»داخستنی سنووری سێمێلکا ناکه‌وێته خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی رۆژئاوا‌و باشووری کوردستانیش، ئه‌وه بڕیارێکی پارتییه نه‌ک حکومه‌تی هه‌رێم، چونکه زیانی زۆر به رۆژئاڤا ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ی که هێرشکراوه‌ته‌سه‌ر ده‌روازه‌که ته‌نیا به‌هانه‌یه‌و مه‌به‌ست لێی گه‌مارۆ خستنه سه‌ر رۆژئاڤایه«. هه‌روه‌ها وتیشی:»به‌حکومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانمان وتووه ده‌ڵێن که ئاگاداری بڕیاری داخستنی سنوور نین که‌واته پارتی ئه‌و بڕیاره‌ی داوه«. وه‌ک ئه‌و به‌رپرسه‌ی ڕۆژئاڤای کوردستان ده‌ڵێت :»تائێستا خه‌ڵکی رۆژئاڤا گه‌مارۆی زۆریان خراوه‌ته سه‌ر ده‌روازه‌ی سێمێلکاش زۆرکات داخراوه و بۆ کاروباری مرۆیی کراوه‌ته‌وه، ئێستاش کاریگه‌ری سیاسی زیاتره له‌کاریگه‌ریه‌کانی دیکه‌ی، راسته کاریگه‌ری خستووه‌ته‌سه‌ر گرانبوونی شتوومه‌ک له‌ڕۆژئاڤا، به‌ڵام ئێستا له‌ده‌روازه‌ی سنووری مه‌نبه‌ج له‌گه‌ڵ حکومه‌تی سوریا شتومه‌ک و پێداویستی دێته رۆژئاڤای کوردستان». «ته‌نیا ده‌روازه له‌گه‌ڵ عێراق ده‌روازه‌ی سێمێلکا بوو، تورکیاش ده‌روازه‌کانی داخستووه و ته‌نیا یه‌ک ده‌روازه ماوه ئه‌ویش له‌گه‌ڵ حکومه‌تی سوریایه، هه‌وڵی زۆر دراوه ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکرێت». نوێنه‌ری رۆژئاڤا له‌هه‌رێم وای وت. سه‌باره‌ت به‌نێوه‌ندگیری ئه‌مریکیه‌کان له‌نێوان په‌یه‌ده و پارتی بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سێمێلکا- پێشخابوور، به‌رپرسه‌که‌ی ڕۆژئاڤای کوردستان بوونی ئه‌و هه‌وڵه‌ی ره‌ت نه‌کرده‌وه و وتی:»بۆ دوو هێزی کوردی شتێکی باش نییه هێزێکی دیکه ناوبژیوانییان بکات به‌ڵکو پێویسته خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه دانوستان بکه‌ن». ده‌روازه‌ی سێمێلکا له‌ساڵی 2013ه‌وه له‌نێوان باشور‌و رۆژئاڤای کوردستان کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕاستی مانگی 12ی ساڵی رابردووەوه به‌هۆی ئاڵۆزیەوه له‌دیوی پێشخابوور به‌بڕیاری وه‌زیری ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێم داخرا. رۆژانه نزیکه‌ی چوار هه‌زار که‌س له‌ده‌روازی سنووری سێمێلکا، که له‌دیوی هه‌رێمی کوردستان ده‌روازی پێشخابووری پێده‌وترێت هاتووچۆ ده‌که‌ن، هه‌ندێکیان هاووڵاتیانن بۆ سه‌ردان ده‌چنه رۆژئاڤا یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه دێنه هه‌رێمی کوردستان.
هاوڵاتی لەبودجەی ساڵی داهاتووی ئێران‌دا بودجەی سەربازیی بەڕێژەی 240% زیاددەكات و باج لەسەر دانیشتوانی وڵاتەكەش بە رێژەی 64% بەرزدەبێتەوە لەكاتێكدا موچەی كارمەندان 10% زیادكراوە، بۆیە حكومەت بۆ دابینكردنی بودجەكەی دەستی خستووەتە گیرفانی خەڵكەوە. مامۆستایانی ئێران نزیكەی هەفتەیەك بەهۆی كەمی موچەكانیان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام بڕی بودجەی وەزارەتی پەروەردە لەو وڵاتە بە رێژەی 13٪ بەرزبووەتەوە. گەڵالەی بودجەی ئێران بەیەكێك لەدەگمەنترین بودجەكانی جیهان لەقەڵەم دەدرێت كە سەرەتای پەسندكردنی لەگەڵ كۆتایی جێبەجێكردنی لەیەكتر ناچن و رەنگە تەواو پێچەوانە بێتەوە. بودجەی ساڵی نوێی ئێران زیاتر لەهەفتەیەكە لەپەرلەمانی وڵاتەكە تاووتوێ دەكرێت و قسەی زۆری لەسەرە بەتایبەت كە ئەو وڵاتە لەقەیرانی قوڵی ئابوری‌دا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بودجەی سەربازیی زیادكردووەو باجی لەسەر هاووڵاتیانیشی بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزكردووەتەوە. بودجەی ئێران لەنەوتەوە بۆ گیرفانی خەڵك داهاتی حكومەتی ئێران لەساڵی 2011 زیاتر بووە لە 131 ملیار دۆلار‌و بەپێی یاسای بودجە لەو وڵاتەدا سەرجەم داهاتەكانی فرۆشتنی نەوت و غاز لەدەستی حكومەتدایەو لەو ساڵەدا تەنها داهاتی فرۆشی نەوت و غاز بۆ حكومەت 120 ملیار دۆلار بووە، ئەمەش وایكردووە ئێران لەنێوان بودجەی 228 وڵات‌دا بكەوێتە ریزبەندی 29یـەمین وڵاتەی جیهانەوە لە رووی ئاستی بەهێزی بودجەوە. ژمارەی دانیشتوانی ساڵی 2011 لەئێران 81 ملیۆن كەس بووەو حكومەت رایگەیاندوە 92 ملیار دۆلاری لەبودجەی ئەو ساڵەی تەرخانكردنەوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی و باشتركردنی دۆخی ئابوریی لەوڵاتەكەدا، بەڵام لەبودجەی ساڵی 2022 هیچ ئاماژەیەك بەبڕی تەرخانكراوی بودجە بۆ خۆشگوزەرانیی زیاتر لە 84 ملیۆن كەس نەكراوە. لەو ساڵەدا رێژی 9%ی بودجە لەداهاتی وەرگرتنی باج لەئێران دابینكراوەو تەنها باجی حكومی لەپارێزگای تاران زیاتر لە 6%ی داهاتی بودجەی ساڵەكە بووە و 30 پارێزگای دیكەی لەو وڵاتە رێژەی 3.7%ی بودجەی وڵاتەكەیان بەباج دابینكردووە و بەواتایەكی دیكە تاران بەتەنها 53% باجی داوەو پارێزگاكانی دیكەش پێكەوە 47% باجیان داوە بۆ پڕكردنەوەی 9%ی بودجەی وڵاتەكە. ریزبەندنی بودجەی ساڵی 2020ی ئێران لە 29وە بۆ 49 دابەزیوە، واتە لەهەر ساڵێكدا زیاتر لە دوو پلە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە پیشبینی ناكرێت حكومەتی وڵاتەكە بەم زووانە بتوانێت ئاستی خۆی لەبودجەدا بەرزبكاتەوە بەتایبەت كە سزا‌و گەمارۆكانی سەری زیادی كردووە. كورتهێنانی بودجەی ئێران لەساڵی 2021 زیاتر بووە لە 58 ملیار دۆلار لەكاتێكدا خەرجییەكانی لەو ساڵەدا بە 115 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. بودجە لەگیرفانی خەڵك حكومەتی ئێران ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2022ی وڵاتەكەی پێشكەشی پەرلەمان كردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی زۆربەی شارەزایانی ئابوریی ئەوەیە كە 64%ی بودجەی ئەو ساڵە لە رێگەی باجی ساڵانە لەخەڵكی وڵاتەكە دابین دەكرێت، لەكاتێكدا پێشتر ئەو رێژەیە تەنها 9% بووە. وڵاتێكی وەك دانیمارك كە زیاترین باج لەخەڵكەكەی وەردەگرێت و لە رووی خۆشگوزەرانییەوە لە ریزبەندی یەكەمی وڵاتانی جیهانە بەڕێژەی 22% بۆ 45% باج لەدانیشتوانی وڵاتەكەی وەردەگرێت و لەحاڵەتی زۆر دەگمەندا رێژەی باج دەگاتە 50% ، بەڵام بەپێی بودجەی ساڵی نوێی ئێران دەبێت رێژەی باج بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە بگاتە 64% بۆ ئەوەی كورتهێنان لەبودجەدا روونەدات، بەڵام حكومەت دەڵێت رێژەی باج بەراورد بەساڵانی رابردوو 64% بەرزكراوەتەوە. حكومەت بەگرانتركردنی زیاتر لە دوو هێندەی نرخی غاز‌و ئاو‌و كارەبا لەئێران دەیەوێت بەشێك لەداهاتەكەی بەرزبكاتەوە، كە ئەوەش بەزیادكردنی باج لەسەر دانیشتوانی وڵاتەكە ئەژمار دەكرێت لەساڵانی رابردوودا حكومەت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەهای دۆلار‌و كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، بەڵام لەبودجەی ئەمساڵدا ئەو پلانە رەتدەكاتەوە. شارەزایان پێیانوایە حكومەت راستەوخۆ دەیەوێت كورتهێنانی بودجە بخاتە سەرشانی خەڵك و دەستی لەگیرفانی هاووڵاتییەكانی وڵاتەكەیدا بێت. ساڵی رابردوو بڕی 11 ملیار دۆلار وەك باج لەخەڵك وەرگیراوە بۆ قەرەبووی كورتهێنانی بودجە، بەڵام ئەو بڕە لەباج لەبودجەی ساڵی 2022 بۆ زیاتر لە 20 ملیار دۆلار بەرز كراوەتەوە. رێوشوێنەكانی حكومەت بۆ زیادكردنی باج لەسەر هاووڵاتییانی ئێران لەكاتێكدایە ئاستی هەڵاوسانی ساڵانەی وڵاتەكە بەپێی بەراوردی حكومەت 44% بووە، بەڵام بە سەرنجێكی ئاسایی دەردەكەوێت ئاستی هەڵاوسانی ساڵانەی سێ ساڵی رابردوو لەئێران زیاترە لە 50% ، چونكە بەرزبونەوەی هەڵاوسان سفرەكانی خەڵكی وڵاتەكەی بۆ زیاتر لەنیوە بچووك كردووەتەوە. ئەنجومەنی ئاژەڵدارانی ئێران رایگەیاندووە قەیرانی ئابوریی لەوڵاتەكە بووەتە هۆی ئەوەی خواردنی ساڵانەی گۆشتی ئاژەڵ لە 12 كیلۆوە بووە بەكەمتر لەشەش كیلۆ دابەزێت، ئەوەش ئاماژەیەكی روونە كە توانای خەڵك بۆ كڕینی خۆراك و پێدوایستیی رۆژانە بە رێژەی زیاتر لەنیوە كەم بووەتەوە. داهاتی نادیاری كۆمپانیاكانی حكومەت زیاتر لە 400 كۆمپانیای سەر بەحكومەت رێژەی داهات و خەرجییەكانیان ئاشكرا ناكرێت و پاساوی حكومەتیش بۆ ئەو بابەتە ئەوەیە كە ناكرێت پەرلەمانتارەكان بەوردو درشتی ئەو ژمارە زۆرە لە كۆمپانیاكانی حكومەتەوە سەرقاڵ بكرێن. حكومەت رایگەیاندووە خاوەنی 377 كۆمپانیایەو لەو ژمارەیە 170 دانەیان سودیان هەیە و 183 دانەیان سودو زیانیان هاوتایەو 24 كۆمپانیاش زیانیان زیاترە لەسود بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو كۆمپانیانە باجیان تا نزیكەی 40% بەراورد بەساڵی 2021 لەسەر زیادكراوە بۆ ئەوەی بودجە تووشی كورتهێنان نەبێت. كۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی ئێران بە تەنها نزیكەی 42%ی داهاتەكەی وەك باج رادەستی حكومەت دەكات لەكاتێكدا ئەو كۆمپانیایە فرۆشتنی زۆرینەی رەهای نەوتی وڵاتەكەی لەئەستۆیە، ئەوەش گومانەكانی لە نادیاریی داهاتی كۆمپانیاكانی حكومەت زیاد كردووە. دۆلاری حكومی ئێران لەساڵی 2018 بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی بەهای دۆلار‌و دابینكردنی پێدوایستییەكانی لەدەرەوەی وڵاتەكەی، نرخی هەر دۆلارێكی حكومیی بەچوار هەزارو 200 تمەن دەستنیشانكرد لەكاتێكدا بەهای هەر دۆلارێك لەبازاڕەكانی وڵاتەكەدا زیاتر لە 27 هەزار تمەن بوو. حكومەت لەو كاتەوە ساڵانە زیاتر لە 32 ملیار دۆلار بەنرخی حكومیی رادەستی بازرگان و كۆمپانیاكان لەوڵاتەكەی دەكرد بەمەبەستی دابینكردنی پێدوایستییە سەرەكییەكانی وڵاتەكە بەتایبەت دەرمان و خۆراك و هەندێك ئامێری پزیشكی و ئەندازیاریی، بەڵام لەبودجەی ساڵی نوێی ئێران‌دا ئەو بڕە بۆ هەشت ملیار دۆلار كەمی كردووەو حكومەت رایگەیاندووە تەنها بەمەبەستی دەرمان و خۆراك دۆلاری حكومی بۆ بازرگانەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان تەرخان دەكرێت. ئیحسان خاندوزیی، وەزیری دارایی و ئابوریی ئێران بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە: بڕیارە لە بودجەی ساڵی داهاتوودا تەنها دۆلاری حكومی بۆ نان و دەرمان تەرخانبكرێت. بەپێی لێدوانی وەزیری دارایی ئێران لەئێستادا دۆلاری حكومی بۆ دابینكردنی گەنم و جۆو رۆن و دەرمان لەدەرەوە تەرخان دەكرێت و لە بودجەی داهاتوو ئەو دۆلارە حكومییە تەنها بۆ كڕینی گەنم و دەرمان تەرخاندەكرێت. مەسعود میركازمی، سەرۆكی دامەزراوەی بەرنامەو بودجەی ئێران رایگەیاندووە حكومەتی ئێستای ئێران دەبێت تاساڵی 2026 ساڵانە بڕی 18 ملیار دۆلار قەرزی حكومەتی رابردوو بداتەوە كە بەهۆی رادەستكردنی دۆلاری چوار هەزارو 200 تمەنی تووشی كورتهێنانی بودجە بووە. هادی قەوامی جێگری وەزیری داریی و ئابوریی ئێران رایگەیاندووە؛ دۆلاری حكومی لە رابردودا نرخی كاڵا‌و شتومەكی بە رێژەی 150٪ بەرز كردووەتەوە، بۆیە كابینەی ئێستای رەئیسی پلانی نەمانی رادەستكرندی ئەو دۆلارەی هەیە. نەوت لەبودجەدا ئەگەرچی پێشتر 90%ی بودجەی ئێران لەسەر داهاتی نەوت گەڵاڵە دەكراو داهاتی ساڵانەی نەوتی ئەو وڵاتەش دەگەیشتە زیاتر لە 120 ملیار دۆلار، بەڵام لەبودجەی ساڵی 2022 ئێران كەمتر لە 40%ی بودجە پشتی بەداهاتی نەوت بەستووە، لەكاتێكدا نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 60 دۆلار خەمڵێنراوەو پێشبینی كراوە ئێران رۆژانە یەك ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت. حكومەت داهاتی فرۆشتنی نەوتی ساڵی 2022ی وڵاتەكەی بە 381 ترلیۆن تمەن خەمڵاندووە كە دەكاتە نزیكەی 13 ملیار دۆلار، بەڵام ئەگەر ئێران بتوانێت ئەو رێژە نەوتە لە بودجەدا دەستنیشانی كردووە بفرۆشێت، ئەوە داهاتی ساڵێكی نەوتەكەی دەگاتە نزیكەی 26 ملیار دۆلار، لەكاتێكدا لە ساڵی 2018 و دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران نەیتوانیوە زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا رەوانەی بازاڕەكان بكات. بەپێی خەمڵاندنەكانی حكومەت فرۆشی نەوت سەرچاوەی دابینكردنی 25%ی كۆی بودجەكەی ساڵی 2022 دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەمریكا بەردەوامبێت لەسزادانی ئەو وڵاتە ئەوا ئێران ناتوانێت رۆژانەی بڕی زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی بازاڕەكان بكات، بۆیە گومان لەوەش هەیە كەدواجار حكومەت بۆ قەرەبووی كورتهێنان پەنا بۆ زیادكردنی باج ببات، چونكە هیچ سەرچاوەیەكی دیكەی داهاتی نییە. نەوتی ئێران بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمریكا سەپاندویەتی بەنرخێكی هەرزانتر لەبازاڕەكانی جیهانداو بەقاچاخ ساغدەكرێتەوە، بۆیە پێشپینی ئەو رێژە لەهەناردە و نرخی نەوت لەبودجەی نوێ‌دا دوورە لە راستییەوە. بودجەی رەئیسی لەنێوان جەنگ و رێككەوتندا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران رۆژی یەكشەممە 12/12/2021 گەڵاڵەی بودجەی ساڵی 2022ی پێشكەشی پەرلەمان كرد‌و رایگەیاند ئەو بودجە لەلایەن حكومەتەكەیەوە بەشێوەیەك داڕێژراوە كە دەستی بێگانەی تێدا نەبێت و كورتهێنان تێیدا روونەدات. بودجەی ساڵی نوێ لەئێران بە سێ هەزار ترلیۆن و 631 هەزار ملیار تمەن خەمڵێنراوە كە دەكاتە 123 ملیار دۆلار، ئەوەش بەراورد بە بودجەی حكومەتی سەردەمی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشوی ئێران لەساڵی 2021 بڕی 750 هەزار ملیار تمەن بۆ بودجەكە زیاد كراوە، كە دەكاتە 25 ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلار. لەساڵی 1980 تا ئەمساڵ بەبەردەوامی بودجەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران لە زیادبووندا بووەو لەبودجەی ساڵی داهاتووشدا بە رێژەی 240% زیادی كردووە كەدەكاتە نزیكەی دوو هێندە و نیوی بودجەی ساڵی رابردوو. ساڵی 2020 بودجەی سوپای پاسداران بە رێژەی 58% زیادی كرد‌و لە 24 ترلیۆن و 335 ملیار تمەن بۆ 38 ترلیۆن و 564 ملیار تمەن لەساڵی 2021 زیادی كرد كە كردیە زیاتر لەیەك ملیار‌و 309 ملیۆن دۆلار، بڕی بودجەی ساڵی 2022ی سوپای پاسداران گەیشتووەتە سێ ملیار‌و 162 ملیۆن دۆلار، شارەزایانی سیاسیش ئەو بەرزبوونەوەیەی بودجەی سوپای پاسداران بەپەیامێكی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ جەنگ لەناوچەكەدا لەقەڵەم دەدەن. سەرەڕای زیادكردنی بودجەی سوپای پاسداران بڕی زیاتر لەپێنج ملیار دۆلار بۆ بەهێزكردنی توانای بەرگریی و سەربازیی لەبودجەی ساڵی داهاتوودا تەرخانكراوە، كەئەوەش بەشێكی دیكەیە لەبودجەی هێزە سەربازییەكانی دیكەی وەك سوپای فەرمیی ئێران و هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكان.