رەزا مەنوچەهری سوریا وەک بەشێک لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵکەوتەیەکی گرنگ، دێرین، لانکی شارستانیەتە جۆراوجۆرەکان، فرە پێکهاتەیەی و کولتوریی دەوڵەمەندی لە خۆگرتووە. لە رووی ئایینەوە هەر سێ ئایینی ئیسلام، مەسیحی و جووی تیادایە. لە رووی ئایینزاکانەوە سوننە، عەلەوی، شیعە، مەسیحی، ئیسماعیلی، ئێزدی و کلدانی و ژمارەیەک تەریقەتی جۆراوجۆری تیادایە. لە رووی نەتەوەییەوە عەرەب، کورد، ئاشووری، دروزی، ئەرمەنی، تورکمەن و چەرکسی تیادایە. کورد لە سوریا لە رووی میژوویی، شارستانی، جوگرافی، سیاسی، ئابووری، سەربازی و کولتورییەوە پێکهاتە و بونیادێکی سەرەکیی ئەو وڵاتەیە. کورد لەمێژووی سوریادا بەشێک لە مێژوونوسان میتانییەکان بە باپیرە گەورەی کورد دەزانن. میتانییەکان لە ناوچەکانی کوردستان و بەشی رۆژئاوای کوردستان و تاوەکو سنووری میسر دەسەڵاتیان هەبووە. ناوەندەکەیان بە ناوی واشۆکانی دەکەوێتە رۆژئاوای کوردستان. هەروەها گۆتییەکان و مانائییەکان و میدییەکان و... هتد لە ناوچەیەدا هەبوون. لەزۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان چەندین شوینەواری گرنگ و گەورەی مێژوویی هەیە، کە قەڵای نەبی هوری، شێرە بەردینە رەشەکەی باشووری عەفرین (شێری بازلتی)، قەڵای کوردان لە باکووری حەڵەب، قەڵای دووسەر (جەعبەر) لە باکووری رەققە و شوێنەواری مێژوویی کانی دارا، کە لەلایەن یونسکۆوە وەک شوێنەوارێکی مێژوویی جیهانی تۆمارکراوە و مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ هەزار ساڵ لەوە پێش بەشێکن لەو شوێنەوارانە. هاوکات شوێنەواری مێژوویی یونانییەکان و ئێرانییەکان و رۆمییەکان لە رۆژئاوای کوردستاندا هەیە. کورد لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا لەناوچەکانی باکووری سوریا و دەرووبەری رووباری خابوور و رووباری فورات، چیای کورمێنج، کە لەدوای داگیرکاریی عوسمانییەکانەوە پێی دەوترێت کوردداغ، کە دەکاتە عەفرینی ئەمڕۆ، نیشتەجێ بوون. لە سەردەمی ئەیوبییەکان ژمارەیەکی زۆری کورد چوونەتە ناوچەکانی سوریا لە حەڵەب و دیمەشق و حەما نیشتەجێ بوون. هەروەها لە سەدەی ١٦ەوە بەهۆی داگیرکاری و کوشتاری عوسمانییەکانەوە شەپۆلێکی تری کۆچی کورد لە ناوچەکانی تری کوردستانەوە بەرەو رۆژئاوای کوردستان رۆیشتوون. کورد لەو قۆناغە مێژووییانەدا ناوچەکانی خۆیان بەڕێوەبردووە. بەشێکی گرنگ بوون لەوەی پێی دەوترێت شامات. کورد لەسوریای دوای جەنگی جیهانیی یەکەم کاتێک ئیمپراتۆریی عوسمانی هەڵوەشایەوە ژمارەیەک وڵاتی نوێ دامەزران، کە سوریا، عێراق، ئوردون و لوبنان بەشێک لەو وڵاتانە بوون. سوریا کەوتە ژێر دەسەڵات و ئینتدابی فەرەنسیەکان. بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە ١٩٢٠ بۆ ١٩٢٥ سوریا لەلایەن فەرەنسییەکانەوە وەک ٥ حکومەت (حکومەتی دیمەشق، حکومەتی حەلەب، حکومەتی عەلەوییەکان، لوبنانی گەورە، جەبەل دروز) و ناوچەی خۆبەڕێوەبەر بەڕێوەدەبرا، کە حەڵەب گەورەترین ناوچەی بوو و زۆربەی کوردەکانیش لە دەوڵەتی حەلەبدا بوون. لەکتێبی کورد لەسوریا لە نووسینی ژوردی تژل دا هاتووە، کورد وەک هێزی سەربازی و بازرگانی و بەشداریکردن لە حکومەت و وەزارەت و نوێنەرایەتییەکانی سوریادا رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە. ژمارەیەکی زۆر لە هێزی سەربازییان پێکدەهێنا. تەنانەت سێ سەرۆک وەزیرانی سوریا لەو کوردانە بوون، کە لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی فەرەنسادا کاریان کردبوو و بە سێ دیکتاتۆرەکەش دەناسرێن و بریتین لە حوسنی زەعیم لە خێزانێکی کورد – عەرەب لە حەلەب (١٨٩٤-١٩٤٩)، ئەدیب شیشکلی لە خێزانێکی کوردی حەما (١٩٠٩ - ١٩٦٤) و سامی حەناوی لە خێزانێکی کوردی حەلەب (١٨٩٨-١٩٥٠). لەماوەی ئینتیدابی فەرەنسیدا دۆخێکی نیچمە ئازاد بۆ کارو چالاکییە جۆراجۆرەکان هەبوو و سیاسەت سڕینەوە و قەدەغەکاری و پاکتاوکردن لەدژی هەبوونی نەتەوەیەک بەڕێوەنەدەبرا. ئەو دۆخە وایکرد کوردەکان لەسوریا هەم خۆیان رێبکخەن و ژمارەیەک رێکخراو و ناوەند دابمەزرێنن، هەم هاوکاریی پارچەکانی تری کوردستان بکەن. رێکخراوی خۆیبوون و شۆڕشی ئاگری رێکخراوی خۆیبوون لە ٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٧ لەلایەن جەلادەت بەدرخانەوە دامەزراو تا ساڵی ١٩٤٦ بەردەوام بوو. ئەو رێکخراوە لە حەلەب، شام (دیمەشق) و لوبنان و باکووری کوردستان کاری گرنگی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد دەکرد. تەنانەت لەو سەردەمەدا پەیوەندیی لەگەڵ ئازادیخوازی سلێمانی دا دروستکردبوو. خۆیبون پاڵپشت و قەڵای سێ شۆڕشەکەی ئاگری بە سەرۆکایەتیی ئێحسان نووری پاشا بوو، کە لە دوای سەرکوتی راپەڕینەکەی شیخ سەعیدی پیران شۆڕشەکەی ئاگری گرنگترین بوژانەوەی هەست و هزری نەتەوەیی کورد بوو. گۆڤاری هاوار بنەماڵەی بەدرخان بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان و پەیوەندییەکانیان بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی نەتەوەی کوردو بەدەستهێنانی مافەکانی. لەو چوارچێوەیەدا لەلایەن جەلادەت عالی بەدرخانەوە لە شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا گۆڤاری هاوار بۆ یەکەمجار لەمێژووی کورددا لە ١٥ی ئایاری ١٩٣٢ بە ئەلف و بێی کوردیی لاتین بڵاوکرایەوە. گۆڤاری هاوار گۆڤارێکی ئەدەبی و وێژەیی و سیاسی بووە و تا ١٥ی ئابی ١٩٤٣ واتە بۆ ماوەی نزیکەی ١١ ساڵ بەردەوامبووە. چەند ژمارەی سەرەتای گۆڤارەکە بە هەر دوو زمانی کوردی و فەرەنسی بڵاوکراوەتەوە و دواتر هەمووی بووە بە کوردی. بەگشتی ٥٧ ژمارەی لێ دەرچووە و هەموو لاپەڕەکانی ئەو ٥٧ ژمارەیە، ٨٠٨ لاپەڕەیە. لەدرێژەی ئەو رەوتە لە رۆژنامەگەریی و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی کورد و گەیاندنی دەنگ و خواستی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەدوای راپەڕینی گەلانی سوریا و ئازادکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان رۆژی ٥ی ئابی ٢٠١٢ ئاژانسی هەواڵی هاوار (ئانەها) دەستی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لەسەر رووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کردو ئێستا ئەو ئاژانسە بە ٦ زمان کە بریتین لە، کوردی (شێوەزاری کرمانجی و بە ئەلف و بێی لاتین)، عەرەبی، تورکی، ئینگلیزی، رووسی و ئیسپانی هەواڵ و زانیاری لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان و پێشهاتەکانی سوریا و ناوچەکە بڵاو دەکاتەوە. کوردی پارچەکانی تری کوردستان و رۆڵیان لە رۆژئاوای کوردستان لەدوای هەر سەرکوتکاری و کوشتارێک لە باکووری کوردستان ژمارەیەک لەهاووڵاتیانی کورد روویان لە رۆژئاوای کوردستان کردووە. جگە لە رۆڵ و کاریگەریی بنەماڵەی بەدرخان هەر یەک لە جگەر خوێن، عوسمان سەبری، نوری دێرسیمی، قەدری جان... هتد لەو کەسانە بوون رۆژئاوای کوردستانیان کردبووە لانکەی تێکۆشانیان. لەدوای دامەزراندنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەشاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەساڵی ١٩٤٦، لە باشوورو باکووری کوردستانیش ئەو حزبە دروستکران. لە رۆژئاوای کوردستانیش لەساڵی ١٩٥٧ پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا دامەزرا. کوردی بەشەکانی تری کوردستان و لەوانە عەبدولڕەحمانی زەبیحی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژێکاف و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەو کاتەدا لە رۆژئاوای کوردستان بە مەحمود حەسەن شنۆیی دەناسرا رۆڵێکی بەرچاوی لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریادا هەبوو. تەنانەت کتێبێکی بە ناوی رەتدانەوەی کۆسمۆپۆلیتیزم لەدژی ئەو کەسانە نووسی، کە لەژێر کاریگەریی شیوعیەتدا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، خەبات لە دژی ئیمپرالیزم گرنگە و خەبات بۆ نەتەوەیەک و لەناویشیدا بۆ کورد بە رەوا نەدەزانی و لەو رێگەوە رێگرییان لە خەبات و بەدەستهێنانی مافەکانی کورد دەکرد. کۆماری سوریا لەدوای ئەوەی فەرەنسیەکان لە ساڵی ١٩٣٦ لەگەڵ سوریەکان رێککەوتنی سەربەخۆیی سوریایان واژۆ کرد. کۆماری سوریا دامەزرا. فەرەنسییەکان هێشتا دەسەڵاتی زۆریان بەسەر سوریاو هەبووە لە ساڵی ١٩٣٩ لیوای ئەسکەندەرویان لە مامەڵەکەیدا بە تورکەکان دا. لە ١٩٤١ سوریا سەربەخۆیی خۆی راگەیاند. لەساڵی ١٩٤٦ دوا سەربازی فەرەنسی لە سوریا کشایەوە. ساڵی ١٩٤٦ تاوەکو ساڵی ١٩٦٣ قۆناغێکی پڕ لە کێشمەکێش و کودەتا و ململانێی جۆاروجۆر بوو. هاتنە سەرکاری بەعسییەکان و دامەزراندنی کۆماری عەرەبیی سوریا لەساڵی ١٩٦٣ بەعسییەکان لەسوریا لە رێگەی کودەتایەکەوە دەسەڵاتیان گرتە دەست. لەو سەردەمەدا ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەگەشەدا و جەمال عەبدولناسر کاریگەریی لەسەر بزاوتی ناسیۆنالیستیی عەرەبی هەبوو. پلانی ئەوەیان هەبوو کۆماری عەرەبی یەکگرتوو لە نێوان میسر و سوریا و ئوردن دا دابمەزرێنن. تاوەکو ساڵی ١٩٧٠ ئەو دۆخە بەردەوام بوو، کە حافز ئەسەد لەو ساڵەدا بەکودەتایەک هاتە سەر کورسیی دەسەڵات و تا ئێستا بنەماڵەکەی دەسەڵاتداری سوریان. بەوەش کۆتایی بەو پلانەی هات و لەئەنجامدا لە سوریا کۆماری عەرەبیی سوریا راگەیەندرا. سیاسەتی تەعریب و سڕینەوەی گەلان و پێکهاتەکانی سوریا بە تایبەتی کورد دەستیپێکرد. لەکتێبی کورد لەسوریا لە نووسینی کەریم یڵدز دا هاتووە، لە ساڵی ١٩٦٢ دا سەرژمێری لە حەسەکە کراو سەرژمێرییەکە هاووڵاتیانی لێ ئاگادار نەکرابوویەوە. سەر ژمێرییەکە لە ناکاو بوو هەر هاووڵاتییەک لەو رۆژەدا بەڵگەنامەکانی خۆی پێشکەش نەکردایە مافی هاووڵاتیبوونی سوریای پێنەدەدرا. لەوەدا ژمارەیەکی زۆری کورد لەمافی هاوڵاتیبوون بێبەشکران. لەساڵی ١٩٦٣ ئەفسەر محەمەد تالیب هیلال سەرۆکی ئەمنیی پارێزگای حەسەکە لە نووسراوێکی نهێنی دا و لەچەند خاڵێکدا داوا دەکات کوردەکان لەسەر خاکی خۆیان رابگوێزرێن، رێگا بە خوێندنیان نەدرێت، ئەو کوردانەی تورکیا داوای کردوون رادەست بکرێنەوە، پڕوپاگەندە لەدژی کورد بڵاوبکرێتەوە، مەلایانی ئایینی عەرەب بۆ ناوچە کوردییەکان بهینرێن، عەرەب لە ناوچە کوردییەکاندا نیشتەجێ بکرێن و سیاسەتی بەگژیەکدا کردن لەدژ کوردەکان بەکاربهێنرێت. لەدرێژەی ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییەدا لە ساڵی ١٩٧٣ پشتێنەی عەرەبی بەدرێژایی ٩١١ کیلۆمەتر لەگەڵ سنوری تورکیا بۆ بەعەرەبکردنی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. ناوی شوێنە کوردییەکان گۆڕدرا، مافی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە و زەویی لە ناوچە کوردییەکان بەتایبەتی لە حەسەکە لە کورد قەدەغە کرا. کوردە بێ ناسنامەکان ئیدی نەدەکران بەهاووڵاتی، خانو و موڵک نەدەکرا بەناویانەوە، ناسنامە و پاسپۆرت و مۆڵەتی شۆفێرییان پێ نەدەدرا. کوردەکان بەناچار کۆچیان بۆ حەلەب، دیمەشق و رەققە و ناوچەکانی تری سوریا دەکرد. زۆربەیان کاری سەخت و کرێکاری و دەستگێڕییان دەکرد. گەرچی چەند سەد ساڵە کورد لەدیمەشق و زۆر زیاتر لەوەش لە حەڵەبدایە، بەڵام بۆ بۆ مانەوەیی خۆیان لەدیمەشق گەڕەکێکیان بەدزییەوە و بەشەودا بە ناوی زۆرئاوا دروستکرد. هاوکات کوردەکان لە حەڵەب لەناوچەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەمانەوە، کە ئەو دوو ناوچەیەی ناو شاری حەڵەب زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کوردی تیادا بوو. رۆژئاوای کوردستان کۆڵەکە و پردی پەیوەندی و پەڕینەوە سیاسەتەکانی رژێمی بەعسی سوریا کاریگەریی زۆری لە پەراوێزخستن و گەشە نەکردنی ژێرخانی کوردستاندا هەبوو، بەڵام سەرباری ئەوەش رۆژئاوای کوردستان هەر پێگەی گرنگی خۆی بۆ شۆڕشی کورد لەدەست نەدا. لەو رۆژگارە سەختەدا رۆژئاوای کوردستان پردی پەڕینەوە بۆ شۆڕشەکانی باکووری کوردستان و باشووری کوردستان بوو. لەدوای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی لە قاوەخانەی تولەیتولەی دیمەشق و بەهۆی ململانێی نێوان بەعسی سوری و عێراقی دەرچەیەک بۆ هاوکاریی کوردانی باشوور کرایەوە. هەروەها بەهۆی مملانێی سوریا لەگەڵ تورکیا دەرچەیەکیش بۆ پشتیوانی لەخەباتی باکووری کوردستان کرایەوە. کاتێک ژمارەیەک لە کادێر و سەرکردەی پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٠ بەرەو بوقاع لە باشوری لوبنان رۆیشتن، لەلایەن جۆرج حەبەش و نایف حەواتمە و بزووتنەوەی فەتحەوە هاوکاری کران. لەو سەردەمەدا باشوری لوبنان ناوەندی هێزە چەپ و شۆڕشگێڕ و چەکدارەکانی جیهان بوو، لەسوپای سوری ژاپۆنەوە بۆ بریگاردی ئیتاڵیا و بۆ چەپەکانی تورک و بۆ هەندێک هێزی ئیسلامی، هەموویان لەوێ کۆبوونەوەو کاری راهێنان و چەکداری و داڵدەدانیان دەکرا. پەکەکە بەهۆی دۆخی مێژوویی و پەیوەندی قوڵی نێوان گەلی رۆژئاوا و باکوور هێدی هێدی کاریگەریی خۆی لەسەر کۆمەڵگەی رۆژئاوای کوردستان زۆر کرد. زیاتر لە ٤ هەزار رۆڵەی تێکۆشەری کوردی رۆژئاوای کوردستان لە ریزەکانی پەکەکە لە جەنگ لەدژی دەوڵەتی تورکیا شەهید بوون. زیاتر لەو ژمارەیەش برینداریان هەیە و زیاتر لەوەش کادێر و ئەندام و رێکخستنیان هەیە. کوردی رۆژئاوا کۆڵەکەیەکی گرنگ و سەرەکیی خەباتی باکووری کوردستان بووە. ئەوەش بەهۆی جۆرێ رێکخستن و پەروەردەو پڕوپاگەندە و شۆربوونەوە بۆ ناو هەموو چین و تووێژەکانی کۆمەڵگە لەلایەن پەکەکە و بەتایبەتی عەبدوڵا ئۆجالانەوە ئەنجامدرابوو. لەساڵانی ١٩٩٠دا رێکخستن و پڕوپاگەندەیان بە رادەیەک بڵاوکردبووە، کە گەیشتبونە ناوچەی تەبقە لەپارێزگای رەقە و لە ناو کوردەکانی ئەو ناوچەیەدا رێکخستنیان هەبوو و گەنجان بووبونە گەریلا و شەهیدیان هەبوو. ئاستی بەشداریی هەمەلایەنە و گرنگی رۆژئاواییەکان بووە قۆناغێکی نوێ لە خەبات لە رۆژئاوای کوردستان بۆ کوردی ئەو بەشەی کوردستان. گەرچی رژێمی ئەسەد زۆر هەوڵی دابوو ناسنامەی کوردی رۆژئاوا بەتەواوەتی بسڕێتەوە، بەڵام جۆری کارو رێکخستنی پشکۆی ژێر خۆڵەمێشی پەکەکە هێزی مانەوەی ئەو کۆمەڵگەیەی راگرتبوو. راپەڕینی کورد لەساڵی ٢٠٠٤ لە قامیشلۆ و هەروەها شۆڕشی گەلانی سوریا لەساڵی ٢٠١١ بۆ کوردی رۆژئاوا بووە قۆناغێکی نوێی مێژوویی. شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان و گەشەسەندنەکانی هاوکات لەگەڵ تەشەنەی بەهاری عەرەبی بۆ سوریا و راپەڕینەکان لەساڵی ٢٠١١دا کوردیش دەستی بە راپەڕین کرد. لەدوای دەستپێکردنی راپەڕینەکان لەسوریا، پەیەدە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)ی لە ٤ی نیسانی ٢٠١٢دا دامەزراند، کە رۆڵی گەورەیان بینی لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا. لە ١٩ی تەممووزی ٢٠١٢دا شاری کۆبانێ و بە دوای ئەوەشدا شارەکانی عەفرین و دێرک و عامودێ ... هتد رزگارکران. کورد هاوکات لەگەڵ شەڕ لەدژی گروپەکانی بەرەی نوسرە و دوای ئەوەش داعش، کە هێرشیان کردبووە سەر رۆژئاوای کوردستان، هەوڵی دامەزراندن و سەقامگیرکردنی سیستمێکی سیاسی و ئابووری و مۆدێلێک لە چارەسەری و بەڕێوەبردن دەدا. لەو چوارچێوەیەدا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە کانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان دامەزرا. لەدوای ئەو پێشهاتەش ڕۆژی ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ لە دوای کۆتایی هاتنی کۆنگرەی سوریا دیموکراتیک، ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) راگەیەندرا. مەسەدە نوێنەرایەتیی سیاسیی هەسەدە دەکات. پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)، کە لە ٢٠ ئەیلولی ٢٠٠٣ دامەزراوە. لە کۆنگرەی سێیەمیدا لە ساڵی ٢٠٠٧ پڕۆژە و سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی کردە ستراتیژی ئەو حزبە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەبەر ئەوەش هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لەدوای ئازاکردنی شارەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە بەڕێوەچوون. لەدرێژەی ئەو رەوتەدا و دوای گەشەسەندنی زیاتری پێگەی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان کانتۆنی جزیرە لەڕۆژئاوای کوردستان لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ و هاوکات لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرا. دوابەدوای دامەزراندنی کانتۆنی جزیرە لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤دا کانتۆنی کۆبانێ راگەیاندرا، هەروەها لەڕۆژی ٢٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ کانتۆنی عەفرینیش دامەزرێندرا. لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان لەباکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجوومەنی دامەزرێنەری سیستمی فیدڕاڵی دیموکراتیکی باکووری سوریا لەڕۆژانی ٢٧ و ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٧ و لە سێیەمین دانیشتنیدا، یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی فیدڕاڵیی دیموکراتیکی باکووری سوریاو یاسای دابەشکردنی بەڕێوەبەرێتییەکانی ئەو ناوچانەی پەسەند کرد. بەپێی ئەو یاسایە سیستمی فیدڕاڵیی دیموکراتیکی باکووری سوریا کرا بەسێ هەرێمی جزیرە، کە پێکهاتووە لە کانتۆنەکانی قامیشلۆ و حەسەکە، هەرێمی فورات پێکهاتووە لەکانتۆنەکانی کۆبانێ و گرێ سپی، هەرێمی عەفرین پێکهاتووە لەکانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا. پرۆژەی چارەسەریی کورد بۆ کێشەکانی رۆژئاواو سوریا ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سوریا (ئەنەکەسە) لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١دا لەقامیشلۆ دامەزرا. ئەو ئەنجومەنە خۆی خستووەتە پاڵ ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا و کۆنگرەی نیشتمانی سوریا و لەناو شاندەکانی ئەو رەوتانەدا کەسێک بەناوی ئەوانەوە بەشداری لەدانیشتنەکانی پەیوەند بەکێشەی سوریاوە دەکات، بەڵام تائێستا دانیشتنەکانی جنێڤ، ئاستانا، سۆچی و ریاز بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا، کە ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان لەهەموو ئەو دانیشتنانە بێبەشکراوە، بەڵام ئەو ئیدارەیە لەخستنەڕووی رێگا چارەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان رانەوەستاوە. بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (تەڤدەم)، کە ساڵی ٢٠١١ لە رۆژئاوای کوردستان دامەزراوە، ژمارەیەک حزب و لایەنی سیاسی و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکهاتووە و هەریەک لە پێکهاتە و نەتەوەکانی کورد، عەرەب، سوریانی، ئاشووری و مەسیحی و تورکمانی لە خۆ گرتووە. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان پشتبەستوو بە تێزی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و ژنۆلۆژی و ژینگەپارێزیی عەبدوڵا ئۆجالان، کاریکردوە بۆ دابینکردنی مافی نەتەوە و پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان. مەزڵوم عەبدی و پۆڵات جان لەکتێبی پرۆژە پراکتیکییەکانی بونیاتنانی خۆبەڕێ بەریدا باسی ئەوە دەکەن، کە بەدامەزراندنی سیستمی کۆمین لەناو کۆمەڵگەدا دەیانەوێت هەموو پێکهاتەکان بەشداریی راستەوخۆ لەخۆبەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا بکەن. بۆ ئەوەش جگە لەکۆمینەکان، ئەنجومەنی ناوچەکان، ئەنجومەنی شارەکان، ئەنجومەنی گشتیی رۆژئاوا (باکوورو رۆژهەڵاتی سوریا)یان بەهاوبەشی لەگەڵ نەتەوەکان و پێکهاتەکان دامەزراندووە. لەو چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا گەل خۆی بەشداری دەکات لە چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکان و تەندروستییەکان، یاسایی و مافەکان، چاکسازیی کۆمەڵایەتی، پەروەردە، پرسە کولتوری و نەتەوەییەکان. هەروەها بابەتی گەشەدان بەزمان و کولتوری کوردی و کولتوری پێکهاتەکانی تر لەسیستمی بەڕێوەبەریی و پەروەردەدا کارپێکراوە. کاریش بۆ ئەوە کراوە هەمووان بەشداری لەپرۆژەی ئاوەدانکردنەوە، بەرگری و خۆپاراستندا بکەن. ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان ئەوە مۆدێل و شێوازە بەچارەسەر بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە دەزانێت. جگە لەوەش لەدانوستانەکانیاندا لەگەڵ روسەکان و سوریەکان و رۆژئاواییەکاندا رایانگەیاندووە، سوریا بکرێتە کۆماری سوریا، بەشێوەی نا ناوەندی بەڕێوەببرێت، تایبەتمەندیی ناچەکانی خۆبەڕێوەبەری لە رووی سەربازی و ئاسایش و پەروەردەیان وەک خۆی بمێنێتەوە، یان لە چوارچێوەی نیشتمانی وەک بەشێک لەئاسایش و ئارامی و پەروەردەی سوریا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان لەمامەڵەکردن لەگەڵ سامانی نیشتمانیی بەتایبەتی نەوت و گازدا، جەختی لەوە کردووەتەوە ئەوە سامانی هەمو گەلانی و سوریایەو پێویستە بەشێوەیەکی دادمەندانە بۆ هەموو سورییەکان بێت، نەک وەک پێشتر گەلانی سوریا لێی بێبەش بن. جگە لەوەش یەکگرتوویی سوریا لەسوریایەکی دیموکراتیک و ئازادو ناناوەندی و هاوبەشدا دەبینین. خۆیان بەهەڕەشە بۆ یەکپارچەیی خاکی سوریایەکی دیموکراتیک و ئازاد نازانن و پێداگری لەوە دەکەن، کەپرۆژەکەیان چارەسەرە بۆ هەموو کێشەکانی سوریا.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەو رۆژەی روسیا دەستی كرد بەهێرشكردنە سەر ئۆكرانیا تاكە وڵات كە بەپەلە پشتیوانیی خۆی بۆ مۆسكۆ دەربڕی تاران بوو لەكاتێكدا وەزیری دەرەوەی روسیا بەلێدوانێك ئاماژەی لەناوبردنی خەونەكەی ئێران و رۆژئاوای بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەگوێی هەمولایەنەكاندا دا. ئێران وەك ئەوەی دەستی لە دۆخەكە شۆردبێت رایگەیاندوە ئەگەر كۆشكی سپی بیەوێت دەتوانێت رێككەوتنەكە زیندو بكاتەوە بەڵام تاران ناتوانێت لەوە زیاتر چاوەڕێی ئەمریكا بكات. وەزیری دەرەوەی روسیاش پێچەوانەی رابردوو رایگەیاند زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 ، قۆناغ و هەنگاوی زۆری پێویستە، ئەوەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە مۆسكۆ نایەوێت ئێران ببێتە بەدیلی غازو نەوت بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و هاوكات بوار نادات ئەمریكاو ئەوروپا، تاران بۆ ئامانجەكانی خۆیان لە دژی مۆسكۆ بەكاربهێنن. بەبڕوای شارەزایان و شیكەرەوانی سیاسیی؛ تاران بەپشتیوانیی لەمۆسكۆ هەڵەیەكی مێژوویی دیكەی تۆمار كردووە چونكە لەیەكەم و دووەم جەنگی جیهانییەوە روسیا بە بەردەوامیی لە بەرەی دژی ئێران بووە و تەنانەت لە سەردەمی جەنگی هەشت ساڵەی ئەو وڵاتەش لەگەڵ عێراق، پشتیوانیی سەددام حسێنی كردووە. روسیا هەر بەو مێژووە نەوەستاوەتەوە و لەساڵی 2011 تا ئەنجامدانی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران، هاوشانی ئەمریكاو رۆژئاوا دەستی هەبووە لەسەرجەم ئەو بڕیارانەی لە ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دژی ئێران دەركراوە بۆیە بەبەردەوامیی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و مۆسكۆ بە لەرزۆك ناودەبرێن بەتایبەت كە ئەمریكا تا ساڵی 1979 ئێرانی بە سەرەكیترین هاوپەیمانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم دەداو دژی سۆڤیەت پڕچەكی دەكرد. روسیا تا ئێستا دەیان بەڵێنی بەرامبەر ئێران نەبردوەتە سەرو دوای ساڵانێكی زۆر لەچاوەڕوانی بەم دواییانە سیستمی قەڵغانی موشەكیی (ئێس 300)ی رادەستی وڵاتەكە كردو هەر جارە و بە بیانویەكەوە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهری لەئێران تەواو نەكردووە و پڕۆژەكەی بە نیوەوناچڵی جێهێشتوە، بۆیە ئەوەی ئێستا لەسەر رێككەوتنی ئەتۆمیی بەرامبەر تاران و رۆژئاوا دەیكات چاوەڕواننەكراو نەبووە. رەئیسی لەپەیامی پشتیوانیی بۆ پوتن پاشگەز دەبێتەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا لەئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (24/2/2022) پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆكی روسیا ئەنجامدا و سەرۆكی یەكەم وڵات بوو كە بەمەبەستی پشتیوانیی لە مۆسكۆ پەیوەندیی بە پوتنەوە كردو تاكە سەرۆكی وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش بوو كە بە راشكاویی پشتیوانیی لە هەنگاوەكانی مۆسكۆ كرد دژی وڵاتانی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ). ئەو لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا رایگەیاند؛ هەوڵەكانی مۆسكۆ وەڵامێكی گونجاوو یاساییە بۆ پێشێلكردنی رێككەوتنە ئاسایشی و ئەمنییە نێودەوڵەتییەكان لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت وڵاتانی ئەندامی ناتۆ. رەئیسی جەختی كردەوە كە هەڵكشانی سنورەكانی ناتۆ بەرەو رۆژهەڵات هەڕەشەی راستەقینەیە لەسەر سەقامگیریی و ئاسایشی وڵاتانی سەربەخۆ لەو سنورە جوگرافیا سیاسییەدا. بەپێی راگەیەنراوی كۆشكی كرملین، پوتن لەو گفتوگۆ تەلەفۆنیەدا بە رەئیسیی راگەیاندووە؛ هەنگاوەكەی مۆسكۆ هەوڵێكە بۆ دوورخستەنەوەی مەترسییەكان لە سنوری روسیاو هاوكات ئاماژەی بەوە كردووە كە پێوستە ئێران بە راوێژ لەگەڵ روسیا بەردەوام بێت لە دانوستانە ئەتۆمییەكان و هاوكاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی. رەئیسی دوای سێ رۆژ لە لێدوانەكەی پەشیمان بوەوە و رۆژی یەكشەممە (27/2/2022) لە كۆبوونەوەی كابینەی حكومەتەكەی رایگەیاند؛ ئەو دژی سەپاندنی دەسەڵاتەو تاران ئامادەیە هەموو هەنگاوێكی سیاسیی و دیپلۆماسیی بنێت لەپێناو چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی نێوان ئۆكرانیاو روسیا بۆ ئەوەی لەبەرژەوەندیی گەلان و وڵاتانی ناوچەكە بشكێتەوە. پاشگەزبوونەوەی رەئیسی دوای ئەوە هات كەزۆربەی رۆژنامە و میدیاكانی نزیك لە ریفۆرمخوازانی كۆماری ئیسلامی ئێران رەخنەی توندیان لەو لێدوانەی سەرۆك كۆماری وڵاتەكەیان گرت و رایانگەیاند؛ رەئیسی نە سەرۆكی روسیایە نە سەرۆكی ئۆكرانیا بۆیە پێویست ناكات بەو جۆرە لێدوانانە دۆخی وڵاتەكە و قەیرانەكانی قورسترو قوڵتر بكاتەوە چونكە ئێران بە بەردەوامیی پشتیوانیی لە ستەملێكراوان دەكات نەوەك دەسەڵاتداران. ئەگەرچی رەخنەی ریفۆرمخوازان كاریگەریی لەسەر ئەو پاشگەزبوونەوەیەی رەئیسی هەبوو بەڵام لێدوانی سێرگەی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمیی رەنگە هۆكارێكی سەرەكیی ئەو پاشگەزبوونەوەیە بێت چونكە لاڤرۆڤ رۆژی شەممە (26/2/2022) لە جیاتی سوپاس و پێزانین بۆ پشتیوانیی رەئیسی، رایگەیاند زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی پێویستی بەبڕینی قۆناغی زۆرتر و هەنگاوی زیاترە لەكاتێكدا ئێران خۆی بۆ هەڵوەشاندوەی سزاكانی ئەمریكاو زیندوكردنەوەی ئەو رێككەوتنە ئامادە دەكرد. جەنگی ئۆكرانیا چارەنووسی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەگۆڕێت ئێران رۆژی یەكشەممە (27/2/2022) عەلی باقری سەرۆكی تیمی دانوستانكاری ئەتۆمیی ئەو وڵاتەی جارێكی دیكە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكان رەوانەی ڤییەنا كردەوە و روسیاش پێچەوانەی رابردوو زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەئێستادا بەدور دەزانێت لەكاتێكدا ئەم گەڕە لەدانوستانە ئەتۆمییەكان بە قۆناغی كۆتایی یان (فایناڵ) ناودەبرێت. رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 كە لە زیندوكردنەوە نزیك دەبووەوە بەجەنگی ئۆكرانیا جارێكی دیكە چارەنوسی گۆڕاو روسیا خەونی ئێران و ئەمریكا بۆ ئەو رێككەوتنە لەبار دەبات و رایدەگەیەنێت زیندوكردنەوەی ئەو رێككەوتنە پێویستی بەكاتی زۆرە. ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران بڵاوی كردوەتەوە: ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەكە لەدوایین كۆبوونەوەیدا بڕیاریداوە نوێنەری تاران رەوانەی ڤیەننا بكاتەوە بەمەبەستی دانوستان و چارەسەری ئەو كێشانەی كە ئەگەری زیندوكردنی رێككەوتنی ئەتۆمیی لاواز كردووە. بەپێی نوێترین لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە رۆژی دوشەممە (28/2/2022) تاران و وڵاتانی 5+1 رەشنوسی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمییان بەهاوبەشیی ئامادە كردووە بەڵام سێ خاڵی سەرەكیی ماوە بۆ جێبەجێكردن و زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكە. وەزارەتی دەرەوە ئەو سێ خاڵەی روون نەكردوەتەوە بەڵام لە رابردودا ئێران دوای فرۆشی نەوت و لابردنی سەرجەم سزاكان و دڵنیایی لەئەمریكا كردووە كە پێدەچێت ئەو سێ خاڵەش هەر هەمان داواكارییەكانی رابردوو بن. ئەمریكا پێشتر رایگەیاندبوو ئەوەی پێویست بێت بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئەنجام دراوە، بەڵام سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا كە وڵاتەكەی دوای ئەمریكا دووەم لایەنی ئەو رێككەوتنەیە لەنوێترین لێدوانیدا رایگەیاند؛ هەنگاو و قۆناغی دورودرێژ پێویستە بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی. پێش هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا لەلایەن روسیاوە، لەدانوستانەكانی ڤییەنادا مۆسكۆ پشتیوانیی لەتاران و زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكە دەكرد، بەڵام مۆسكۆ دوای ئەنجامدانی هێرشەكە بۆسەر ئۆكرانیا هەڵوێستەكانی گۆڕیوەو دور نییە وەك كارتێكی فشار لەدژی ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا بەكاری نەهێنێت. روسیا بەهۆی ئەوەی نایەوێت ئێران ببێتە بەدیلی هەناردەكردنی غاز و نەوت بۆ ئەوروپا دەتوانێ ئاستەنگ بۆ زیندوكردنەوەی دوایین قۆناغەكانی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا دروست دەكات. ئەمریكا و ئەوروپا بۆ دابەزاندنی بەهای نەوت و دابینكردنی غاز دەیانویست پەنا بۆ قەتەر و ئێران ببەن و ئەو دوو وڵاتە بكەنە بەدیلی غازی روسیا، بۆیە مۆسكۆ هەستی بەوە كردو تەنها كارتێك ببێتە هۆی پوچەڵكردنەوەی ئەو پلانەی وڵاتانی رۆژئاوا... دواكەوتنی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 ە. یەكێك لەمەرجە سەرەكییەكانی ئێران بۆ گەڕانەوە و پابەندبوونی بە رێككەوتنی ئەتۆمیی فرۆشتنی رۆژانە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت بوو، بۆیە ئەو مەرجەی ئێران دەیتوانی ببێتە هۆی دابەزاندنی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان و پێگەی ئەمریكاشی بەهێز دەكرد بەتایبەت كە دوای هێرشەكەی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا بەهای نەوت بەشێوەیەی بەرچاو بەرز بووە و ئەوەش بە بەرزترین بەهای نەوت بوو لەهەشت ساڵی رابردودا. ئەگەرچی واشنتۆن چەند جارێك هۆشداریی دابوە تاران بۆ ئەوەی بەزووترین كات پابەندنی رێككەوتنەكە بێت، بەڵام تاران جەختی لەفرۆشتنی نەوت و دڵنیایی لەئەمریكا دەكردەوە كە جارێكی دیكە هاوشێوەی ساڵی 2018 لە رێككەوتنی ئەتۆمیی نەكشێتەوە. لە هەشت گەڕی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا، روسیا وەك پاڵپشتی سەرەكیی ئێران لەبەرامبەر ئەمریكا دەردەكەوت و لەلایەكی دیكەوە ئەڵمانیاو بەریتانیا و فەڕەنسا كە لایەنێكی دیكەی ئەو رێككەوتنەن هاوشانی ئەمریكا دوایان لەتاران دەكرد بگەڕێتەوە بۆ ئەو رێككەوتنە. لێدوانی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا لەقۆڵێكی دیكەوە رێسەكانی ئەمریكا لەجیهاندا دەكاتەوە بەخوری چونكە لەلایەك رێگە نادات ئێران قازانج لە رێككەوتنەكە بكات و لەلایەكی دیكەشەوە دەبێیە ئاستەنگ بۆ ئەوەی رێككەوتنەكەو ئێران قازانج بەوڵاتانی رۆژئاوا نەگەیەنێت. ئێران دەستی لەبنی هەمانەكە دەردەچێت؟ بەرپرسانی ئێران لەكاتی توندبوونەوەی ناكۆكییەكانی رۆژئاواو روسیا مشتیان لەوە خۆش كردبوو دۆخەكە ببێتە مایەی خێرو دەرگای بازاڕەكانی جیهان بۆ نەوت و غازەكەیان بكرێتەوە، چونكە ئەوروپا پێویستی بە غاز هەیەو ئەمریكا دەیەوێت نرخی نەوت بەرز نەبێتەوە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارە نوێیانەی كە لەئاستی توانای بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی غازو نەوتی ئێران ئاشكرا بووە ئەو وڵاتەش ناتوانێت بەدیلێكی گونجاو بێت سەرەڕای ئەوەی دوای روسیا خاوەنی 16% یەدەگی غازە و دوای سعودیەش خاوەنی 18%ی نەوتی خاوە لەجیهاندا. ئێران بەهۆی سزاكانی 40 ساڵی رابردووەوە نەیتوانیوە تواناكانی لەبواری بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت و غازدا زۆر پەرە پێی بدات. لەنوێترین ئامار و داتای تایبەت بەنەوت و غاز لەئێران ئاشكرا بووە كە یەدەگی غازەكەی 32 ترلیۆن مەتر سێجایەو بەرهەمهێنانی دەگاتە 250 ملیار مەتر سێجا لەساڵێكدا، بەڵام لەو بڕە غازەی كە بەرهەمی دەهێنێت لانیكەم 230 ملیار مەتر سێجای لەناوخۆی وڵاتەكەدا بەكاردەهێنێت. لەبەرامبەردا روسیا یەدەگی غازەكەی 37 ترلیۆن مەتر سێجایەو بەرهەمهێنانی زیاترە لە 638 ملیار مەتر سێجا كە بڕی 411 ملیار مەتر سێجای لەساڵێكدا بۆ ناوخۆی وڵاتەكەی بەكاردەهێنێت، بۆیە روونە ئێران بەو دۆخەی ئێستایەوە كە دەتوانێت تەنها 20 ملیار مەتر سێجا هەناردە بكات نابێتە بەدیلی غازی روسیا. لەلایەكی دیكەوە ئەگەرچی ئێران ئەزموونی هەناردەكردنی شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەساڵی 1970 بۆ 1975 هەبووە، بەڵام ئەو ئاستە لەساڵی 2017 بۆ دوو ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل كەمی كردووە لە كاتێكدا ئەو سەردەمە كەرتی نەوتی ئێران سزای لەسەر نەبوو رێككەوتنی ئەتۆمیی لەبواری جێبەجێكردندا بوو. هەندێك سەرچاوە لەئێران باس لەوە دەكەن لەئێستادا سەرەڕای سزاكانی ئەمریكا بڕی 850 هەزار بەرمیلی رۆژانە رەوانەی بازاڕەكان و بەتایبەت چین دەكرێت و ئەگەر سزاكان لاببرێت توانای هەیە ئاستی هەناردەی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 بەرز بكاتەوە كەئەوەش جێی گومانە، چونكە سێ ساڵە كەرتی نەوت لەو وڵاتە لەسایەی گەمارۆكانی ئەمریكا لە رووی ئامێر و پیشەسازییەوە كەموكوڕیی هەیەو پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە. جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندووە بۆ ئاساییبوونەوەی كەرتی نەوت و غازی ئێران لە رووی ئامێرو تەكنیكەوە پێویستی بە 160 ملیار دۆلارە، بۆیە ئەگەر سەرجەم پارە بلۆككراوەكانی ئێرانیش كە بەزیاتر لە 100 بۆ 150 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت لەلایەن ئەمریكاوە ئازاد بكرێت ئەوا كات و ماوەیەكی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی وڵاتەكە پاڵاوگەكان و كارگەو هێڵی بۆرییەكانی راكێشانی نەوت و غاز نۆژەن بكاتەوە، بەوەش خەونەكەی بۆ بوون بە بەدیلی غازی روسیا بۆ ئەوروپا لەبار دەچێت.
شاناز حەسەن لەهەرێمی كوردستان خواردنەوەی چا یەكێكە لەخواردنەوە سەرەكییەكان و ساڵانە بەنزیكەی 100 تۆن چا بەكاردەهێنرێت و سلێمانیش بەراورد بەپارێزگاكانی دیكە زۆرترین چای تێدا دەخورێتەوە. ئەو كەسانەی ئارەزوویەكی زۆریان بۆ چا خواردنەوە هەیە زیاتر دەچنە لای ئەوانەی چا لەسەر ئاگری خەڵوز لێندرابێت، خەڵكی سلێمانی بەراورد بەپارێزگاكانی دیكە چای زیاتری تێدا دەخورێتەوە. بازرگانێكی چا پێیوابوو خەڵكی سلێمانی چای رەنگ كاڵ دەخۆنەوەو خەڵكی هەولێر چای رەش و بۆندار دەخۆنەوە. رێبوار خدر، بازرگانێكی هاوردەكردنی چایە، لەپارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە چا بەڕێژیەكی زۆر بەكاردەهێنرێت و ساڵانە سەد هەزار تۆن چا هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت. « بەپێی شارەكان خواست لەسەر جۆری چا دەگۆڕێت، خەڵكی پارێزگای سلێمانی حەزیان بە چای رەنگ كاڵ و بی بۆنە، بەڵام خەڵكی پارێزگای هەولێر زیاتر حەزیان بە چای بۆندارو رەنگ رەشە»، ئەو بازرگانە وای وت. رێبوار خدر، ئەوەشی ئاشكراكرد كە ئەو چایەی هاوردەی هەرێمی كوردستانی دەكەن تەنها دوو سێ جۆرەو كۆمپانیاكان خۆیان پاكەتی تایبەتی بۆ دروستدەكەن و لەژێر ناوی جۆراوجۆردا بەخەڵكی دەفرۆشنەوە. لەهەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 25 ماركەی چا هەیەو هەریەكەو بەناوی كۆمپانیاو ناوێكەوە دەكەوێتە بازاڕەكانەوە. مامە خدر، پیاوێكی تەمەن 65 ساڵە لەناو بازاڕی سلێمانی زیاتر لە 20 ساڵە هەموو جۆرەكانی چا دەفرۆشێت و وتی:» ژمارەیەك چا هەیە كەتایبەتن و ئەسڵین لەكۆنەوە هەر هەبوون، بەڵام لەئێستادا هەندێك جۆری دیكە پەیدا بوون كەس نازانێت چیەو چۆنن، تەنیا بۆ بازرگانیكردن دەیهێنن». مامە خدر بەوە بەناوبانگە، حەزی خۆتی پێ بڵێ چایەكت بۆ دیاریدەكات وتی:» موشتەریم هەیە لەگەڵ تەمەنی كاركردنی خۆم تائێستا هەر چا لای من دەكڕێت و خۆم بۆی هەڵدەبژێرم». پزیشكێكی پسپۆری هەناوی پێیوابوو چای رەنگ رەش زیان بە سییەكانی مرۆڤ دەگەیەنێت. سامان محێدین، پزیشكی پسپۆری هەناوی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» چا یەكێكە لەو بەرهەمە خۆراکیانەی لای كورد بەبەردەوامی دەخورێتەوە، بۆیە پێویستە نە زۆر رەش بێت نە زۆر تفت و بۆندار بێت، چونكە كاریگەری لەسەر هەناوی كەسەكە هەیە». ئەم پسپۆرە، وتیشی:» چای بۆندارو رەش زیانەكەی لە سییەكان و دیواری بۆریەكان و ناوسكی مرۆڤدا دەردەكەوێت، كە دەبێتە كلس و بۆ مرۆڤ زۆر خراپە».
شەنای فاتیح هەژاری ئەو دەردەی دەرمانی بەئاسانی دەستناكەوێت ئاستەكەی لەهەرێمی كوردستاندا بەرزبووەتەوە بۆ لەسەدا 12.5 بەپێی راپۆرتێكی نێودەوڵەتی ئەوەش وەك ئاماژەیەكی مەترسی دەبیندرێت بۆ كۆمەڵگا. هەرێمی كوردستان لەئێستادا لەسەدا 90ی داهاتەكەی لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتی خاوو ئەوی دیكەی لەڕێگەی گومرگ و باج و رسوماتەوە دەستدەكەوێت، بەڵام دادپەروەری كۆمەڵایەتی تائێستا نەهاتووەتە دی. سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان یاسای چاكسازی دەرچواند بۆ ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كاری لەسەربكات و چاكسازی لە سێکتەرە جیاوازەكان و دابەشكردنی موچەو دەرماڵەكاندا بكات، بەڵام پاش سێ ساڵ لەحوکمڕانی ئەم كابینەیە دەرهاویشتەكانی یاسای چاكسازی بەدیناكرێت. بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان هەر خێزانێك مانگانە داهاتیان لە 110 هەزار دینار كەمتر بێت دەكەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە، بەپێی ئاماری ئەو دەستەیە نیو ملیۆن كەس ئەو دەرفەتەیان نییەو لەژێر هێڵی هەژارییەوەن. لەبەر رۆشنایی یاسا نێودەوڵەتییەكان هەژاری بریتییە لە»بێبەشبوونی بەردەوام و درێژخایەنی داهات و تواناداری، توانای هەڵبژاردن، ئاسایش، توانای بەهرەمەندبوون لەئاستێكی شیاو لەگوزەران، گرنگترینیان: گەندەڵی و خراپ دابەشكردنی داهاتەكان و كارەسات و لاوازی سیستەمی پەروەردە و كەمتەرخەمی لەكارو نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگا». بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، لەساڵی 2012 رێژەی هەژاری لەهەرێمی كوردستان لەسەدا 3.5% بووە، بەڵام لەساڵی 2014 بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەو پەنابەرەوە رێژەكە بۆ لەسەدا 12.5% بەرزبووەتەوە كە پارێزگای هەولێر لەسەدا 5.1% و سلێمانی لەسەدا 2.1 و هەرچی پارێزگای دهۆكە رێژەی هەژاری تێیدا لەسەدا 4.12% بووە. هەر بەپێی ئامارەكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، رێژەی هەژاری لەهەرێمی كوردستاندا بۆ ساڵی 2018 بریتی بووە لەسەدا 5.5% ، پارێزگای هەولێر لەسەدا 6.7% و پارێزگای سلێمانی 4.5% و دهۆك 5.5% بووە كە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن. بەڵام بەپێی راپۆرتێكی تایبەتی ئۆفیسی هاوكاری پەنابەرێتی ئەوروپی (EASO) كە لەدوو بەشی سەرەكی پێكدێت رێژەی هەژاری لەهەرێمی كوردستان گەیشتووەتە لەسەدا 12.5 و لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی رێژەی هەژاری گەیشتووەتە لەسەدا 22.5% ئەوەشی بەمەترسی وەسف كردووە. بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان هەر كەسێك لەماوەی مانگێكدا كەمتر لە 110 هەزار دینار خەرج بكات لەژێر هێڵی هەژاریدایەو لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان دەیان هەزار خێزان داهاتی مانگانەیان لەخوار ئەو 110 هەزار دیناری مانگانەیەوەیە. شارەزایەكی بواری ئابووری دەڵێت چاوەڕوان دەكرێت رێژەی هەژاری لەمساڵدا لەسەدا 1.6 زیاد بكات. ماردین مەعسوم فەرەج، دكتۆرای هەیە لەئابووریدا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» ئاستی هەژاری و بەرزبوونەوەی رێژەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆكار، كە گرنگترینیان: گۆڕانكاری نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی و گرانبوونی شتوومەك و خۆراكی هاوردەكراوە». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد زیادبوونی باج و رسومات و نەبوونی دادپەروەری لەدابەشكردنی داهاتدا هۆكاری سەرەكییە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری. دكتۆر ماردین مەعسوم ئەوەشی خستەڕوو كە بەپێی بەیاننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان پێویستە رێژەی هەژاری نزمببێتەوە و پێویستە تاساڵی 2030 هەموو تاكێك ئاوی پاك و خۆراكی تەندروستی پێبگات، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری لەهەموو جیهاندا چاوەڕێدەكرێت لەساڵی ئایندەدا رێژەكە زیادببێت، بە جۆرێك كە لەعێراقدا لەسەدا دوو و لەهەرێمی كوردستانیشدا لەسەدا 1.6% بەرزببێتەوە. وتەبێژی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی: رێنماییمان بەرزكردۆتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت دیاریبكەن و سوودمەندببن. ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی باسكرد كە رۆژی 28ی شوباتی 2022 لەدرێژەی كارو چالاكییەكانی وەزارەتەكەیاندا لە وۆرك شۆپێكی تایبەت بەپێداچوونەوە بە رەشنووسی رێنمایی هاریكاری خێزانی هەژارو كەمدەرامەتدا چەندین رێنمایی نوێ گەڵاڵە كران بۆ ئەو خێزانانەی كە لە رابردوودا سوودمەند بوون لەتۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی یان سندوقی چاودێری خێزان و بەرزكرایەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا پاڵپشت بەو رێنماییانە خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت دیاریبكات، وتیشی:»لەو باوەڕەدا نیم كە رەتی بكەنەوە». هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هۆكاری بەرزبوونەوەی ئاماری هەژاری لەهەرێمی كوردستاندا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو هاتنی ئاوارەكان بووە بۆ هەرێم.
عەمار عەزیز لەهەڵبژاردنی ساڵی رابردووی پەرلەمانی عێراق لەبازنەی شەنگال هەرسێ كورسی پارتی بەدەستی هێناو كورسی كۆتاش بۆ حزبی پێشكەوتنی ئێزیدی بوو كە (نایف خەلەف سەیدۆ) بوو، لایەنەكانی دیكە لێكۆڵینەوە لەچەكداران و ئەندامەكانیان دەكەن بەهۆی بەدەستنەهێنانی هیچ كورسییەكەوە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بەڕێوەچوو كە عێراق دابەشكرا بۆ 81 بازنەو شەنگال بازنەیەك بوو لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا. خودێدا ئەلیاس، بەرپرسی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لەناحیەی سنون لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەرپرسانی هەرێمی كوردستان رێگەیان بەئێمە نەدا لەشارەكانی كوردستان بەنموونە پارێزگای دهۆك بانگەشە بۆ كاندیدەكەی خۆمان بكەین، كەئەمەش زۆر كاریگەری لەسەر دەنگەكانمان كرد «. هەروەها باسی لەوەشكرد لە رۆژی دەنگدان بەشێكی زۆر لەناوەكانی چەكداران و لایەنگرانیان نەهاتبووەوەو هەندێكیان لەهەرێمی كوردستان ناویان دەرچوو بوو، وتیشی:» راستە ژمارەی چەكدارەكانمان نزیكەی 15 هەزار چەكدارەو نزیكەی 10 هەزاریان تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵییەوەیەو مافی دەنگدانیان هەبووە، ئێمە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی خۆمان دەكەین». هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە بەدەنگدەران و لایەنگرانی خۆیان وتووە تەنها دەنگ بەكاندیدانی پارتی نەدەن، ئەوانەی دیكە ئازادن دەنگ بەكێ دەدەن، وتیشی:» بەشێك لەلایەنگران و چەكدارەكانمان دەنگیان داوە بە نایف سەیدۆ، كاندیدی حزبی دیموكراتی ئێزیدی، خۆشبەختانە ئەویش دەرچوو». هاوكات، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزدیخان لەشەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ئێمە ئامادەكارییەكی باشمان كردبوو بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، كاندیدێكمان هەبوو بۆ كورسی كۆتا، ژمارەیەكی زۆر لەدەنگدەرانمان روویان لەدەرەوەی وڵات كردووە و زۆرینەیان دەنگیان نەدا». حەیدەر شەشۆ وتیشی:» بەدڵنیاییەوە چەكدارەكانمان و لایەنگرانی ئێمە دەنگیان بەكاندیدەكەی ئێمە داوە، كێشەیەكی تریش ئەوەبوو كەهەندێك ناو لەهەرێمی كوردستان هاتبوون واتا دەنگەكانمان پەرت و بڵاوببوونەوە».
شاناز حەسەن محەمەد لەتیف، نەقیبەكەی بەرێوەبوەرایەتیەكەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەكاتی راپەراندنی كارەكانی خۆیدا لەلایەن داواكراوێكەوە دەكوژرێت و تا ێستا سێ مانگ بەسەر كوشتنەكەیدا تیدەپەرێت و بێت ئەوەی تاوانبارەكان دەستگیربكرێن. نەقیب محەمەد لەتیف و سێ پۆلیسی تری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە شەوی 4ی كانونی یەكەمی 2021دا لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك بە توندوتیژی دژی خێزانەكەی، لە ناوچەی تانجەڕۆ لە سلێمانی تەقەیان لێكراو بەهۆیەوە نەقیب محەمەد گیانیلەدەستدا و سێ هاوەڵەكەشی بە سەختی برینداربون. نەقیب محەمەد لەتیف، خێزاندارە و كچێكی هەبوو، ئیەمرۆ دووەم كچی بێ باوك لەدایك بوو، دایكی نەقیبەكە بە گریانەوە داوای لە حكومەت و بەرپرسانی ئەمنی كرد هەقی كورەكەی بۆ وەربگرن و وتی:" تكایە با ئەو تاوانبارە مەترسیدارانە بكرێنە زیندانەوە، نەكا ماڵ و دڵی دایكێكی دیكە وێران و بریندار بكەن". دوای رۆژێك بەسەر كوشتنی نەقیب محەمەد، نەقیبەكەی بەریوبەرەایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، قوباد تالەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت بەلێنیدا تاوانباران بە سزا بگەیەنن و دەستگیر بكرێن. ئەمرۆش لەدوای لەدایك بونی كچەكەی نەقیب محەمەد، قوباد تالەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:" بە بیستنی هەواڵی لە دایکبوونی یامور، کچی یەکەم شەهیدی رێگای پاراستنی ژنان، شەهید محەمەد لەتیف، دڵخۆشبوم. پیرۆزبایی لە دایکی و خانەوادەکەی دەکەم". لەپەیامەكەیدا دەشڵێت:" دەمەوێت داوای لێبوردن لە یامور و یاران-ی خوشکی بکەم کە زیاتر لە 90 رۆژە چاوەڕێن بکوژانی باوکیان دەسگیربکرێن". لە مەراسیمی چلەی شەهیدبونی نەقیب محەمەد-دا، بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندتیژی دژی ژنان، بۆ دەزگاكانی راگەیاندن جەختیكردەوە لەوەی "لەم رۆژانەدا هەواڵی خۆش دەبیستن"، بەڵام تادێت روداوەكانی توندتیژی بەرانبەر بە ژنان زیاتر دەبن و بكوژانی نەقیب محەمەد-یش هێشتا ئازادن. تەنیا لە ئەمساڵدا بەپێی وتەی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نۆ ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ چاوەڕوانی كەسوكاری نەقیب محەمەد و بریندارەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیش بۆ دەستگیركردنی بكوژانی نەقیب محەمەد لەتیف. لە 23ی شوبات، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی زیادبونی كەیسەكانی توندوتیژی دژی ژنان، لە راگەیەنراوێكدا كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، وتی "زۆر نیگەران و خهمبارم به روداوەکانی ئەمدواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان. لێرهدا دوبارهی دهکهمهوه که هیچ شهڕەفێک له ژن کوشتندا نییه". تا ئێستا بكوژانی نەقیب محەمەد و دەیان بكوژی دیكەی كەیسەكانی ژنان ئازادن و كەیسەكان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.
هاوڵاتی راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدی حزبەكەیەتی ئەوەش دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاریدا كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بەدەنگدان لە پەرلەمانی عێراق یەكلایی بكرێتەوە. دوای بڕیارەكەی دوێنێ سێشەممەی دادگای فیدراڵی عێراق كە دەرگایەكی داخست و پەنجەرەیەكی كردەوە كە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن لەدەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا نییەو بەڵكو دەبێت پەرلەمانی عێراق دەنگ بدات كە رێگا بدات یان نا. دوا بەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بەم زووانە پەرلەمانی عێراق سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت. رێزان شێخ دلێر، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» راستە دادگای فیدراڵی دەرگایەكی داخستووەو پەنجەرەیەكی كردووەتەوەو داویەتی دەست پەرلەمان كە دەنگی لەسەر بدەن، بەڵام ئەم پرسە زۆر قورسە، چونكە ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەت رێككەوتنی لەسەر نەكرێت بەئاسانی تێناپەڕێت و كاتی زۆری دەوێت». ناوبراو باسی لەوەشكرد، پێكهێنانی حكومەت و سەرۆك كۆمار دەبێت بە یەك پاكێج رێككەوتنی لەسەر بكرێت، وتیشی:» وەكو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدی یەكێتییە». دەربارەی ئەوەی باس لەسیناریۆی دیكە دەكرێت كە ناوی دكتۆر لەتیف رەشید و تەنانەت خەسرەو گوڵ محەمەد دەكرێت ئەگەر دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە، راوێژكارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی:»تا ئەم كاتەی قسە دەكەین تەنها بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتییە». لەبارەی ئەوەی دەوترێت پارتی بەرهەم ساڵح رەتدەكاتەوە، رێزان شێخ دلێر وتی:» حزبەكان حەقی خۆیانە هەوڵ بۆ كاندیدی خۆیان بدەن، بەڵام ئەو پۆستە ئیستحقاقی یەكێتییە». لەبەرانبەردا سەرچاوەیەكی باڵا لەناو پارتی كە نەیویست ناوی بهێندرێت دەڵێت: »بەرهەم ساڵح نابێتەوە بە سەرۆك كۆمار، پارتی هەر كاندیدێكی دیكەی كورد لە لیستی خۆبەربژێركردنی سەرۆك كۆماردا بێت لاری نییە». هاوكات دڵنیایشیدا لەوەی كە دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت.
هاوڵاتی وتەبێژی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئەوە ئاشكرا دەكات كەئەمڕۆ چوارشەممە نووسراوێكی دیكەیان ئاراستەی پەرلەمان دەكەن بۆ ئەوەی تا یەكی نیسانی ئەمساڵ كارەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەنجومەنی كۆمسیۆن یەكلایی بكەنەوە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومی هەرێمی بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان دەركرد كە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022 دیاری كرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. هەروەها داوای لەحكومەتی هەرێم كرد كە بودجەیان بۆ تەرخان بكات، دواتر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لایەنی پەیوەندیداری راسپارد بۆ ئامادەكردنی بودجە بۆ كۆمسیۆن تا لەوادەی خۆیدا هەڵبژاردنەكان بەڕێوەبچێت. شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» دوێنێ سێشەممە كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامدا، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە نووسراوێك بۆ پەرلەمان بنێرین». هەروەها وتیشی:» پێشتر بەسەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانمان راگەیاندووە كە سەرۆكی هەرێم و حكومەتیش ئاگادارن كەماوەی شەش مانگمان پێویستە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان، دەبێت تا یەكی نیسان ئەنجومەنی كۆمیسیاران كارا بكرێتەوە یان ئەنجومەنێكی نوێ لەپەرلەمان متمانەی پێبدرێت، بودجەش ئامادە بێت و هاوكاری لایەنەكانیش كە كۆمسیۆن پێویستی پێ بێت ئامادەبكرێت». هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە چاوەڕێی پەرلەمانن كە بە سازان لەسەر ئەنجومەنی كۆمیسیاران بگەنە رێككەوتن دوای ئەوكاتە حكومەتی هەرێم رەزامەندی داوە لەسەر ئەو بودجەیەی كۆمسیۆن داوای دەكات»تا ئێستا بڕی بودجەكەمان باس نەكردووەو دانیشتمان لەگەڵ حكومەتی هەرێم نەكردووە». وتەبێژی كۆمسیۆن ئەوەشی روونكردەوە كە لەدوای مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێم بڕیاردان لەسەر ئەنجومەنی كۆمیسیاران گرنگە، پاش ئەوە بودجە گرنگە. دەربارەی ئەوەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت یان نا، شیروان زرار وتی:» ئەوە تەنها پەیوەندی بەفراكسیۆنەكانی پەرلەمانەوە هەیە». سەرەڕای ئەوەی سەرۆكی هەرێم مەرسومی هەرێمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەركردووە، بەڵام پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان و ئەنجومەنی كۆمیسیاران لەنێو فراكسیۆنەكانی پارلەمان كێشەو ناكۆكی لەسەرەو بەپێی داواكەی كۆمسیۆن بێت تەنها یەك مانگ لەبەردەم پەرلەماندا ماوەتەوە.
هاوڵاتی لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانەكان لە ئێران تاوانە كۆمەڵایەتییەكان زیادی كردووەو لەساڵێكدا نزیكەی 400 هەزار كەس رەوانەی پزیشكی داد كراون و هەر لەو ماوەیەدا شەش هەزار كەس خۆیان كوشتووە كە زۆربەیان گەنج بوون. پۆلیسی ئێران ئاشكرای كردووە دوای روودوای هاتوچۆ زۆرترین گەنج لەو وڵاتە لە رووداوی شەڕو توندوتیژیی كۆمەڵایەتیدا دەكوژرێن. ئامارەكانی خۆكوشتن لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەرز بووەتەوە، بە جۆرێك كە لەساڵێكدا زیاتر لە 244 كەس خۆیان كوشتوە كە 106 كەسیان كچ و ژن بوون، لەدوو مانگی ئەمساڵیشدا لانیكەم 63 ژن یان خۆیان كوشتووە و یان كوژراون. هەروەها، لەئامارە رەسمییەكانی ئێراندا دەركەوتووە رێژەی خۆكوشتن زیاتر لە 10 ساڵە لەناوچە كوردییەكان بەراورد بەناوچەكانی دیكە لەو وڵاتە زۆر زیاترە و بەبڕوای شارەزایانی كۆمەڵناسیی، هۆكاری سەرەكی ئەو دیاردەیە بەرزبوونی ئاستی هەژاریی و نەهامەتییە لەو ناوچانە. هاوكات، زیادبوونی كوشتن و خۆكوشتن لە رۆژهەڵاتی كوردستان مایەی سەرنجە بەڵام كوشتن و خۆكوشتنی ژنان و كچان جێی سەرسوڕمانە چونكە لەماوەی دوو مانگدا زیاتر لە 63 ژن و كچ لەو بەشە لەكوردستان یان كوژراون یان خۆیان كوشتوە و ئەو ژمارەیەش تەنها ئەوانەن كە لەپزیشكی داد تۆمار كراوە، چونكە بەوتەی بەرپرسانی پزیشكی دادوەریی و چالاكانی مەدەنی و مافەكانی ژنان؛ ژمارەی راستەقینەی ئەو حاڵەتانە 10 هێندەی ئەو ژمارەیەیە. كوشتن و خۆكوشتنی ژنان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان (KHRN) و (هەنگاو) بڵاویان كردووەتەوە كە لە ماوەی یەك ساڵدا لانیكەم 244 حاڵەتی خۆكوشتن لەو بەشە لەكوردستان تۆمار كراوە كە هۆكاری سەرەكیی زۆربەی حاڵەتەكان كێشەی كۆمەڵایەتی و هەژاریی و بێكاریی بووە. لەساڵی رابردوودا 106 كەس لە رەگەزی مێینە و 138 لە رەگەزی نێر لە رۆژهەڵاتی كوردستان خۆیان كوشتوە و زۆرترین حاڵەتیش لە پارێزگای ورمێ بووە و هۆكاری 124 حاڵەتیش لە كۆی ژمارەی خۆكوشتنەكان كێشەی كۆمەڵایەتیی و خێزانی بووە. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان روونی كردووەتەوە كە لەكۆی ئەو حاڵەتە خۆكوژییانە 155 كەسیان لە رێگەی خۆهەڵواسین بەپەت كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە. لەپارێزگای ئیلام هەشت ژن و 19 پیاو خۆیان كوشتوە و لە پاریزگای كرماشان 20 ژن و 30 پیاوا خۆیان كوشتوە و لەپارێزگای سنە 24 ژن و 38 پیاوو لە پارێزگای ورمێ كە زیاترین حاڵەتی تێدا تۆماركراوە 54 ژن و 51 پیاو خۆیان كوشتوە. لەكۆی ئەو كەسانەی كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە لەو ساڵەدا 55 كەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمتر بووە و 29 كەسیان كچ و 23 كەسیان كوڕ بوون. لەگەڵ ئەوەی ژمارەی خۆكوشتنی ژنان لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەرزبووەتەوە هاوكات لەو ساڵەدا 44 ژن كوژراون كە ئەوەش ئاماژەیە بە زیادبوونی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان. كەسانی نزیك وەك هاوسەر باوك و براو ئەندامانی خێزان بكوژی زۆرینەی ژنان بوون لە رۆژهەڵاتی كوردستان. ژمارەی كوشتن و خۆكوشتنی ژنان لەساڵی نوێدا بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر زیادی كردووە بە جۆرێك كە لەماوەی دوو مانگی ساڵی نوێدا نزیكەی 27 ژن و كچ كوژراون و 39 كەسیشیان كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە. كوشتنی ژن بەبیانووی شەرەف لەئێران رێكخراوەكانی مافی ژنان لەئێران بڵاویان كردووەتەوە كە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا هەزار و 220 حاڵەتی كوژرانی ژن بە بیانووی شەرەف لەو وڵاتەدا تۆمار كراوەو پێدەچێت ئەو ژمارەیەی تۆمار كرابێت زۆر كەمتر بێت لە ژمارەی راستەقینە چونكە بەبڕوای ئەوان كەسوكاری قوربانییان هەوڵدەدەن حاڵەتەكانی كوشتنی ژنان بەخۆكوشتن پیشانبدەن و پەردەپۆشی ئەو دیاردەیە بكەن. بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوەكانی ژنان لەكۆی ئەو ژمارەیە 286 ژن بەچەكی وەك دەمانچە و كڵاشنیكۆف و چەكی دیكە بەگولـلە كوژراون كە ئەوەش ئاماژەیە بە بەرزبوونی رێژەی توندوتیژیی بەرامبەر بەو قوربانییانە. چالاكانی مەدەنی بڕوایان وایە یاساكانی كۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی بكوژانی كچان و ژنانە، چونكە ئەو بكوژانە بەكەمترین سزا دەربازیان دەبێت بەتایبەت ئەگەر تاوانبارەكە باوك و برای ئەو كچ و ژنە قوربانییانە بن. خۆكوشتن لەئێران لەهەندێك ئاماری ئێراندا تەنها لە یەك ساڵدا لانیكەم شەش هەزار كەس خۆیان كوشتووە و بەپێی ئامارەكانیش لەساڵی رابردوودا پێنج هەزارو 475 كەس كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە كە تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 40 ساڵ بووە. ژمارەی دانیشتوانی ئێران دەگاتە 84 ملیۆن كەس و بەپێی ئامارەكانی ئەو وڵاتە لە هەر رۆژێكدا لانیكەم 150و 270 هەوڵی خۆكوشتن تۆمار دەكرێت و نزیكەی 15 كەسیان بەهۆی ئەو هەوڵەوە گیانیان لەدەستدەدەن و رێژەی خۆكوژیی لە 10 ساڵی رابردوودا بە رێژەی 20% زیادی كردووە، بەڵام بە بڕوای پسپۆڕانی دەرەوونناسی هەوڵی خۆكوشتن لە وڵاتەكە ئەو ژمارەیە لەهەوڵی خۆكوشتن نزیكەی 10 هێندە زیاترەو ئەوەی هەیە حاڵەتە تۆماركراوەكانە. ناوەندی پزیشكی دادوەریی ئێران رایگەیاندووە لەهەر 100 هەزار كەسی دانیشتوی ئێران زیاتر لەحەوت كەس خۆیان دەكوژن، بەڵام ئەو ژمارەیە لە 10 ساڵی رابردوودا نزیكەی پێنج كەس بووە و لەساڵی 2005 تائێستا ژمارەی ئەو كەسانەی هەوڵی خۆكوژییان داوە بە بەردەوامی زیادی كردووە. ئەنجومەنی دەروونناسیی ئێران ئاشكرای كردووە ژمارەی خۆكوشتن لەپارێزگاكانی كرماشان، ئیلام، لوڕستان و كوردستان زۆر زیاترە بەراورد بەخۆكوشتن لەپارێزگاو ناوچەكانی دیكە لە وڵاتەكەدا، چونكە ئاستی بێكاریی و نەهامەتیی لەو پارێزگایانەدا بەرزە و ئەوەش وای كردووە كە ساڵانێك ئامار خۆكوشتن لەو پارێزگایانە بەرز بێت. ئێران لەساڵی 2020 بۆ رێگریی لە زیادبوونی خۆكوژیی نزیكەی 63 زانكۆی ئەو وڵاتە كە تایبەتە بەزانستی دەروونناسیی، راسپاردووە بۆ جێبەجێكردنی پلانی رێگریی لەخۆكوشتن. هۆكارە سەرەكییەكانی خۆكوشتن لەئێران سەرۆكی ئەنجومەنی پشتیوانیی كۆمەڵایەتی لەئێران رایگەیاندووە خۆكوشتن لە وڵاتەكە سێ هۆكاری هەیە كەبریتین لەباری كۆمەڵایەتی، ئابوریی و ترس لە داهاتوو بەڵام هۆكاری دیكەش زۆرن كە یەكێكیان باری دەروونی و خەمۆكییە. بەپێی نوێترین تووێژینەوەی وەزارەتی تەندروستیی لانیكەم 23% بۆ 25%ی خەڵكی وڵاتەكە كێشەیەكی دەروونییان هەیە بۆیە چارەسەرنەكردنی دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی رێژەی خۆكوشتن بەپێی ئامارێكی دیكەی ناوەندی چارەسەری دەروونیی وڵاتەكە زیاتر لە 29%ی دانیشتوانی ئێران لەساڵی 2021 كێشەی دەروونییان هەبوە. كۆمەڵناسانی ئێران بڕوایان وایە لاوازبوونی چینی مامناوەند لەناو خێزانەكان و زیادبوونی ژیانی ئاپارتمانی (شوقە) لە رێگەی سیاسەتی ئابوریی ئازادەوە هۆكارێكی گرنگن بۆ لاوازبوونی بازنەی خێزان و تۆڕی بنەماڵەیی كە پێشتر رۆڵیان هەبووە لەچارەسەری كێشە و ناكۆییە كۆمەڵایەتییەكان و تەنانەت دەروونییەكانیش. ئەوان بڕوایان وایە ژیانكردن لەشوقەكاندا دووەم هۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی خۆكوژییە لە 10 ساڵی رابردوودا، چونكە ئەو كەسانەی ناچارن بەو جۆرە ژیانە، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان كەم دەبێتەوە و لەبەرامبەردا خو دەدەنە مۆبایل ئالودەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دواجار بە رووبەڕووبوونەوەی هەر كێشەیەك تووشی پەراوێزكەوتن و گۆشەگیریی دەبن . كۆمەڵناسەكانی ئێران زیادبوونی هەواڵی ناخۆش و نەرێنیی بەهۆكارێكی دیكەی زیادبوونی خۆكوژیی لەقەڵەم دەدەن، چونكە ئەو هەواڵانە دەبنە هۆی زیادبونی فشاری دەروونی و قەڵەقی و مرۆڤەكانیش رەشبین دەكات و لەهەر كۆمەلگەیەكدا كە رەشبینیی ببێتە هۆی كەمبوونەوەی ئاستی سەرمایەو هاوپشتیی كۆمەڵایەتی ئەوا رێژەی خۆكوشتن زیاد دەكات. هەژاریی و خۆكوژیی لەئێران وڵاتی لوسوتو لە ئەفریقا كە هەژارترین وڵاتی جیهانە لە هەر 100 هەزار كەس زیاتر لە 72 كەس خۆیان كوشتووە و زیاترین رێژەی خۆكوشتنی بەراورد بە وڵاتانی دیكەی سەر گۆی زەوی تۆمار كردووە دوای ئەو لوسوتو وڵاتی گویانا كە دەكەوێتە باشوری ئەفریقا زیاترین خۆكوشتنی تێدا تۆمار كراوە بەمەرجێك ئاستی داهاتی تاك لەو وڵاتە نۆ هەزار دۆلارە و بەوڵاتێكی دەوڵەمەند ئەژمار دەكرێت. ساڵانە لەهەر 100 هەزار كەس لانیكەم 40 كەس لە گویانا خۆیان دەكوژن و دوای ئەو وڵاتەش ئێسواتینی و كۆریای باشورو لیتوانیا و روسیاو ژاپۆن و سویسرا زیاترین ئاماری خۆكوژییان تۆمار كردووە و ئێران دەكەوێتە ریزبەندی 102ەمین وڵاتی جیهان كە زیاترین خۆكوژیی تێیدا روو دەدات، بۆیە بەرپرسانی ئەو وڵاتە رەتی دەكەنەوە هەژاریی هۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی خۆكوژیی بێت. لەلایەكی دیكەوە شارەزایانی دەروونی و پسپۆڕانی كۆمەڵناسی جەخت لەوە دەكەنەوە سێ ساڵە ئامارەكانی خۆكوشتن و توندوتیژیی بەگشتی لەئێران زیادی كردووە و لەم ماوەیەشدا بەهۆی سزا ئابورییەكانەوە ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی و رێژەی بێكاریی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بۆیە حاشا لەوە ناكرێت كە هەڵاوسانی ئابوریی و زیادبوونی بێكاریی كە بووەتە هۆی هەژاربوونی خەڵك هۆكاری سەرەكرین لە بێهیوا بوون و پەنابردن بۆ خۆكوژیی. توندوتیژیی و تاوان لەئێران پزیشكی دادوەریی ئێران بڵاوی كردووەتەوە لە حەوت مانگدا 368 هەزار و 434 كەس بەهۆی شەڕو توندوتیژییەوە لەو وڵاتەكە برینداربوون و سەردانی پزیشكی دادوەرییان كردووە كە زۆربەیان لەشارەكانی تاران و ئەسفەهان و خوراسانی باشور بوون. بەپێی ئامارەكە تەنها لەمانگی پاییزی ساڵی رابردوودا 47 هەزار و 249 كەس بەهۆی شەڕو توندوتیژییەوە برینداربوون و سەردانی پزیشكی دادوەرییەكانیان كردووە و ئەوەش ئاماژە بە بەرزبوونەوەی رێژەی توندوتیژیی و تاوان لەئێران. پزیشكی دادی ئێران و پۆلیس ئاماری كوژران یان كوژراوانیان بڵاو نەكردووەتەوە و بەڵام ئاماری زیندانەكان و پرۆسەی دادگایی تۆمەتباران بە كوشتن دەریدەخەن ساڵانە زیاتر لە هەزاركەس بەهۆی توندوتیژیی و شەڕوپێكدادان دەكوژرێن. پۆلیسی بەشی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و رێگریی لەتاوان لەئێران بڵاوی كردووەتەوە حەوت هۆكاری (خەیانەتی هاوسەریی، كێشەی دارایی، پرسی شەرەف، شەڕو ئاژاوەگێڕیی، دزی، بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و شەڕی خێڵەكی) زۆرترین كوژراوو برینداری لێدەكەوێتەوە و زۆربەی ئەو قوربانییانەش تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵە. پۆلیس ئاماژەی بەوەكردووە دوای رووداوی هاتوچۆ زۆرترین گەنج لەئێران بەشەڕو توندوتیژیی گیانیان لەدەستدەدەن و خۆكوشتنیش سێیەم هۆكاری سەرەکیی مەرگی گەنجانی 15 بۆ 30 ساڵە.
هاوڵاتی بانکی ناوەدنی عێراق کە بەرپرسە لە دیاریکردنی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دینار رۆژانە دۆلارێکی کەمتر بەراورد بەپیشووتر دەخاتە بازاڕەوە دوای ئەوەی خواست لەسەر کڕینی دۆلار لەلایەن هاووڵاتیانەوە کەمبووەوە بەهۆی تویتێکی سیاسییەوە کە چەند رۆژێکە بازاڕی شڵەقاندوە. هەفتەی رابردوو موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا داوای دابەزاندنی نرخی دۆلاری کرد بەرامبەر بەدینار بۆ نرخەکەی پیشووی ئەوەش بووە هۆی ئەوە کە راستەوخۆ بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا دابەزێت، بەجۆرێک نرخەکەی لە بازاڕدا زۆر لەو نرخە کەمتر بووەوە کە بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕەوە، لەکاتێکدا پێش تویتەکەی سەدر خەڵکی بە گرانتر لە نرخی بانکی ناوەندی دەیانکڕی. دابەزینی نرخی دۆلار کاتییە بە بڕوای جاودیرانی ئابوری و بازاڕ، ئەو بەرز و نزمییەی ئێستا لە بەهای دۆلاردا هەیە کاتییە و لە چەند رۆژی داهاتوودا نامێنێت، بەهای دۆلار جێگیر دەبێتەوە کاتێک خەڵکی بۆیان دەردەکەوێت هیچ پلانیک نیە بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار. چەند رۆژێكە شڵەژانێك بازاڕی دۆلاری لە عێراق گرتووەتەوە، ئەمەش بە یارییەكی سیاسییەكان لێكدەدرێتەوە، بۆئەوەی لە دابەزین و بەرزبوونەوەی دۆلاردا دەستی خۆیان بوەشێنن و لەپڕ قازانجی خەیاڵییان دەستبكەوێت، بەڵام هاووڵاتیان كەوتوونەتە ناو یارییەكەوە و بەشێكی زۆر لە خەڵكی دۆلارەكانی خۆیان هەرزانفرۆش كردووە. دوابەدوای تویتەكەی سەدر، جێگری سەرۆكی پەرلەمان داوای لە عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق كرد، لە بەردەم سەرۆكایەتی پەرلەماندا ئامادەبێت بۆ باسكردن لە نرخی دۆلار، بەڵام ناوبراو رەتیكردەوە ئامادەبێت، بەو بیانوەی بەرامبەر ئەم خولەی پەرلەمان بەرپرسیار نییەو وتیشی «وڵات بە تویتی سیاسییەكان بەڕێوەنابرێت». هەرچەندە قسەكەی وەزیری دارایی ئاماژەیەك بوو بەوەی تویتەكەی سەدر كاریگەریی لەسەر حكومەت و بانكی ناوەندی نابێت بۆ دابەزینی نرخی دۆلار، بەڵام خستەڕووی دۆلارێكی زۆر و فرۆشتنی دۆلار لەیەن هاووڵاتیانەوە شڵەژانێكی لە بازاڕەكانی دراودا دروستكرد. دوای تویتەكەی سەدرو وەڵامەكەی وەزیری دارایی عێراق نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی لە ١٤٨ هەزارو ١٠٠ دینارەوە بۆ ١٤٣ هەزار دینار دابەزی، لە هەندێ شوێنیش هەتا ١٤١ هەزار دابەزی لەکاتێکدا پیشتر هەر دۆلارێک ١٤٨ هەزار دینار یان زیاتر بوو. تویتەكەی سەدر بە پێچەوانەی هەڵوێستەكانی رابردوویەتی، لەكاتێكدا پێشتر پشتیوانیی هەوڵەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری كرد، وەزیری دارایی عێراق لەڕوونكردنەوەی چەندڕۆژی رابردوویدا وتی کە لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاردا رەوتی سەدر بە تەواوی پشتیوانیان كردووە و لە پشتیەوەبوون بەرامبەر ئەو دەنگە ناڕازییانەی رووبەڕوویان دەبوونەوە و سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لە هەڵوێستی ئێستایان. لەكاتێكدا سەدر داوای دابەزینی نرخی دۆلار دەكات، بەڵام مستەفا غالب، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق كە سەر بەڕەوتی سەدرە رایگەیاند، ئاسان نییە نرخی دۆلار بەم خێراییە داببەزێنن و وتیشی «عێراق لەڕێی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلارەوە دەیەوێت قەرزەکانی بداتەوە، بەڵام لەئێستادا ئەگەر نرخی دۆلار دابەزێنین نەک هەر ناتوانین قەرزەکان بدەینەوە بەڵکو قەرزەکان زیاتریش دەبن». هەروەها یەكێك لەو كۆمپانیایانەی كە دۆلار لە بانكی ناوەندی وەردەگرن و لەبازاڕدا دەیفرۆشنەوە، خاوەندارێتییەكەی بۆ موقتەدا سەدری رابەری رەوتی سەدر دەگەڕێتەوە و رۆژانە سەدان هەزار دۆلار قازانجی لەگۆڕینەوەی دۆلار بەدیناری عێراقیدا دەستدەكەوێت. بەپێی ئامارەکان هەژاریی لە عێراق بۆ ٣١٪ بەرزبووەوە و بە جۆرێک لەهەرسێ کەس کەسێکی بە هەژار هەژمار دەکرێت و بێکاریش روو لە هەڵکشانە، حکومەتیش چارەسەرەکانی دابین نەکردووە. ئەگەرچی حکومەت بەشداربوو لەگەل بانکی ناوەندی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی کورتهێنانی بودجەی عێراق. بەڵام لە لایەکی ترەوە بوو بە بارگرانی بۆسەر خەڵکی ئەو دابەزاندنە. عەلاوی، ئەو پیاوەی ملی نەدا بۆ فشاری سیاسی ئەگەرچی عێراق لەژیر فشاری سیاسی لایەنەکان و وڵاتە هەرێمیەکان بەڕێوەدەچێت بەڵام عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە وەڵامی تویتەكەی سەدرو بانگهێشتەكەی پەرلەمان پەیامێكی بڵاوكردەوە و “بێ منەتی” خۆی لەپۆستەكەی نیشانداو ئامادەیی دەربڕی بۆ دەستلەكاركێشانەوەو وتیشی، «بۆ گۆڕینی بەهای دۆلار پرس بەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرۆكی حزبەكان كراوەو سوودی بۆ ئابووری عێراق دەبێت». راشیگەیاند «من بە تەواوەتی بانگھێشتەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەتدەکەمەوە، چونکە ئاشکرایە لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانیەتی ھەروەھا بەتەواوەتی رەتی دەکەمەوە حکومەت لەڕێگەی تویتی سەرکردە سیاسییەکانەوە بەڕێوە ببرێت، بەبێ رەچاوکردنی ئاستی جەماوەرێتی و پێگەیان». وتیشی ” من وەزیرم لە وەزارەتێکی خاوەن سەروەریی، ماوەی نزیکەی دوو ساڵە لە سایەی بارودۆخێکی زۆر سەختدا کارمکردووە، باوەڕموایە سەرکەوتووبووم لە بەڕێوەبردنی کاروباری دارایی وڵات و چاودێریکردنی ئابورییەکەی بەرەو ئاستێک لە سەقامگیری، لەم پرۆسەیەدا پێویست بووە لەسەرم ژمارەیەک بڕیاری قورس بدەم، یەکێک لەوانە بانگەوازی بەھێزم بۆ دەستکاریکردنی نرخی دراو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بڕیارە بە سانایی نەدرا، بڕیارەکە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی وەزیران و بانکی ناوەندی عێراق و حزبە سیاسییەکانەوە پشتیوانی لێکرا، لە دوو کۆبونەوەی جیادا لەگەڵ سەرکردەکانیان. ئەم بڕیارە بە ئاشکرا لە بودجەی ٢٠٢١دا ھاتووە کە پەرلەمان لە شوباتی ٢٠٢١ پەسەندی کرد. ئەوکات روونمکردەوە کە باجی دەستکاریکردنی دراو خێرا دەبێت، بەڵام سودەکانی لەماوەیەکی مامناوەندو درێژدا دەردەکەوێت”. جەختیشی كردووەتەوە، ئەوەی ئێستا ھەمانە بریتییە لە بەسیاسیکردنی نرخی دراو و بکرێت بەھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان، ئەمەش درۆیەکی بەئەنقەستەو پێویستە گەل ئاگاداری بێت. نرخی نێودەوڵەتی ھەموو شمەک و گواستنەوەی بەشێوەیەکی گەورە ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە، گەنم و زەیت و شەکرو پەین نرخەکانیان چەندین ھێندە بەرزبووەتەوە، ئەمەش پەیوەستە بە داڕمانی زنجیرەی ھاوردەکردنی جیھانییەوە، ھیچ پەیوەندییەکی نییە بە دەستکاریکردنی نرخی دراوەوە لەساڵی رابردوودا. سەدر هەڕەشە دەكات رەوتی سەدر هەڕەشەی توندی بۆ سەر وەزیری دارایی دەستپێكردو سەرچاوەیەكی باڵای رەوتەكەش جەختدەكاتەوە، “ئەگەر ئامادەنەبێت لەدانیشتنەكەی پەرلەمان ئەوا متمانەی لێ وەردەگرینەوە». سەرچاوەیەكی باڵای ناو رەوتی سەدر زانیارییەكی گرنگی لەبارەی هەڵوێستی سەدر لەبەرامبەر ئەو وەڵامەی وەزیری دارایی ئاشكراكردوەو وتوویەتی، “سەدر جەختیكردۆتەوە، ئەگەربێتو وەزیری دارایی بەشداری لەدانیشتنی پەرلەماندا نەكات، راستەوخۆ كار لەسەر دوورخستنەوەی لەپۆستەكەی دەكرێت». لای خۆشیەوە، غیاب فەیسەڵ عەمیری، پەرلەمانتاری رەوتی سەدر لەدوای بڵاوبوونەوەی پەیامەكەی وەزیری دارایی لەبەیاننامەیەكدا ئەوەی وتبوو، “لێدوانە هەڵچوو و كاردانەوە ناهاوسەنگەكەی عەلاوی رەتدەكەنەوە، كە ترسی لەبانگهێشتكردنی بۆ بەردەم پەڕلەمان هەیە، بەوەش سەرپێچی بنەما دەستورییەكانی كردووە”. وتووشی «قسەی بێمانایە، ئەو شتەی كە تۆ كردووتە بۆ كەم سەیركردنی ئازارەكانی خەڵك لەگرانی نرخەكان و بار قورسی ژیانیان، درۆكانیشت وەك سەركەوتن پیشان دەدەیت”. نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، كە نرخی دۆلار وەك خۆی دەمێنێتەوە بەرامبەر بە دیناری عێراقی و گۆڕانكاری تێدا ناكرێت. دوای لێدوانەكانی موقتەدا سەدر لە چەندڕۆژی رابردوودا نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە دابەزین كرد، بەڵام بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی جەختیان لە سیاسەتی نەختینەیی خۆیان كردەوە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلارو لای خۆشیەوە راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت: “نرخی دۆلار وەك خۆی دەمێنێتەوەو ناگۆڕێت”. مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری مستەفا كازمی بۆ كاروباری ئابووری لە بەیاننامەیەكدا، كە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، سیاسەتی نەختینەیی بڕیاری لە دیاری كردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو داوە بەپێی یاسای بانكی ناوەندی عێراقی، بەڵام بەداخەوە هەندێك دەستوەردانی زۆر لەو بابەتەدا دەكەن. راشیگەیاندووە، بانكی ناوەندی سوورە لەسەر پاراستنی سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی، كە پێشتر دیاری كردووە بە 147 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلاری ئەمریكی. وتیشی، “هەماهەنگی و گونجاندن لەنێوان سیاسەتی نەختینەیی و سیاسەتی دارایی لەوڵاتێكی تاكە سەرچاوەی داهاتدا زۆر گرنگە، بۆیە ئەو یەدەگەی پاڵپشتی دیناری عێراقی دەكات سەرچاوەكەی وەزارەتی داراییە”. لە ماوەی رابردوودا و پێش پەیامەكانی سەدریش لە تویتەر چەندین داواو پەیام هەبوو لە پەرلەمانەوە بۆ كەمكردنەوەی بەهای دۆلار بۆ 125 هەزار دینار وەك رابردوو، كە لە ساڵی 2020دا نرخەكەی بۆ 147 هەزار دینار بەرزكرایەوە ئەوەش لەپێناو پاراستنی چینی هاووڵاتیانی كەمدەرامەت. پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، لەبارەی نرخی فرۆشتنی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بە حەوت خاڵ وەڵامی پەرلەمانتارێک دەداتەوە و دەڵێت: “بڕیاری زیادکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار، بڕیارێکی ستراتیژی و نیشتمانی بووە” و گۆڕانکارییش لەنرخی دۆلار لەماوەی کورتمەودا “بازاڕی ناوخۆیی دەشڵەژێنێت”. مستەفا غالیب مخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی بە حەوت خاڵ وەڵامی پرسیاری هادی حەسەن سەلامی، ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق لەبارەی نرخی فرۆشتنی دۆلار دەداتەوە، کە تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە: یەکەم: ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی چەسپاوی نرخی فرۆشتنی دراو جێبەجێ دەکەن، بۆ سیاسەتی نرخی فرۆشتنی دراویان دەگەڕێتەوە، کە بابەتێکی ستراتیژییە و بانکی ناوەندی بەڕێوەی دەبات بە راوێژ لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان لەحکومەت و بەپێی دۆخی ئابووری. دووەم: بانکی ناوەندیی عێراق، سیستەمی نرخی فرۆشتنی چەسپاو جێبەجێ دەکات، کە بەرپرسە لە دیاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار. سێیەم: بڕیاری گۆڕانکاریی نرخ بە فەرمی لە 20/12/2020 دراوە، لە ئەنجامی دۆخی ئابووری و دارایی بووە، کە عێراق لەساڵی 2020 پێیدا تێپەڕیوە، بە داواکاری راستەوخۆی وەزارەتی دارایی بووە، ئەنجامی گفتوگۆکانیش بووە لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی. چوارەم: ئەو هۆکارانەی وایکرد گۆڕانکاریی لەنرخی دۆلار بکرێت بریتین لە: ێ: پشتبەستن بەنرخی کەمیی دۆلار بەرامبەر دینار، بەرهەمی ناوخۆیی دەستەوسان کرد لە کێبڕکێکردنی کاڵای هاوردەکراو. بەو بڕیارە تایبەتمەندی باشتر درایە بەرهەمی ناوخۆیی لە کاڵای هاوردەکراو، بەشێوەیەک گۆڕانکارییەکە لە نرخی فرۆشتن نزیکەی 23٪ بووە. ب: کەمبوونەوەی داهاتی گشتی، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لەساڵی 2020دا، کە ئەمەش لە ئەنجامی لێکەوتەکانی کۆرۆنا و داخستنی بازاڕەکانی جیهانی بوو، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بووە نزیکەی 20 دۆلار لە ساڵی 2020دا، بۆیە گۆڕانکاریکردن لە نرخی دۆلار، داهاتی زیاتری بۆ دارایی گشتی فەراهەم کرد. ج: بەهۆکاری گوشارەکانی سەر خەرجی و پەنابردن بۆ قەرزکردن، قەرزی ناوخۆیی لە کۆتایی ساڵی 2019دا لە 38 تریلیۆن دینارەوە بۆ 64 تریلیۆن دینار لە کۆتایی ساڵی 2020 زیادیکرد. د: بەهۆکاری قەرزەکانەوە، رەسیدی دراوی دەرچووی ئاڵوگۆڕکراو لە نزیکەی 52 تریلیۆن دینار لە ساڵی 2019ەوە بۆ 66 تریلیۆن دینار لە کۆتایی ساڵی 2020 زیادی کرد. هـ: لە ژێر ئەم رۆشنایانەی کە باسکران دۆخی دارایی وڵات، هەڕەشەیەکی مەترسیداری بۆ سەر دۆخی یەدەگی بیانی دروستکرد، بۆیە بڕیارەکە نیشتمانی و ستراتیژی بوو، بە ئامانجی پاراستنی سامانی نیشتمانی و کەرتی بەرهەمهێنانی راستەقینە. پێنجەم: نرخی فرۆشتنی ئێستا، نرخێکی پەسندە لەلایەن حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی خەرجییە زیادبووەکان و کەمکردنەوەی کورتهێنان و دانەوەی قەرزی ناوخۆیی. شەشەم: گۆڕانکاریی لە نرخی دۆلار لەماوەی کورتمەودا بازاڕی ناوخۆیی دەشڵەژێنێت و هەڕەشە لە وەبەرهێنان دەکات و ئابووری تووشی گەشەنگ بوون دەکات و متمانە بە سیاسەتی دارایی لاواز دەکات. حەوتەم: سامانی نەوت بە دینار یاخود دۆلار بێت لە ژمێرەی وەزارەتی داراییە، هەر جیاوازییەک پێویستە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی کورتهێنانی پلان بۆ دانراو. بانکی ناوەندیی عێراق، لە 20ی 12ی 2020دا بڕیاری دا، نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیادبکات، ئەو بڕیارە هەرچەندە بووە هۆی زیادبوونی داهاتی ناوخۆ، بەڵام لە هەمانکاتدا نرخی زۆربەی خۆراک و کەلوپەلی لەبازاڕەکاندا لانیکەم بە رێژەی زیاتر لە 20٪ بەرزکردەوە. مەترسی فڕینی دۆلار شارەزایەکی ئابوری لەبارەی دەستکاریکردنی نرخی دۆلار دەڵێت، ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق پاڵپشتی دۆلار هەڵبگرێت، ئەوا نرخی 100 دۆلار دەگاتە 400 هەزار دینار، چونکە ئەوکات حکومەت ناتوانێ دۆلاری زۆر بخاتە بازاڕەوە. د. نەبیل مەرسومی، شارەزای بواری ئابوریی عێراقی لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، «ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق پاڵپشتی دۆلار هەڵبگرێت و نرخەکەی ئازاد بکات، ئەوا نرخی 100 دۆلار دەبێتە 400 هەزار دیناری عێراقی». وتیشی «ئێمە دەزانین ئەوکاتەی کە بانکی ناوەندی نرخی 100 دۆلاری بەرامبەر 119 هەزار دینار دیاری کردبوو، هەندێک کات بەهۆی کەم خستنەبازاڕی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی و هەندێک هەواڵ نرخی 100 دۆلار دەگەشتە 130 هەزار دینار». دابەزاندنی نرخی دۆلار ساڵانە (10) ملیار دۆلار زیان لە حکومەت دەدات ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت؛ دابەزاندنی بەهای فرۆشتنی دۆلار ساڵانە (10) ملیار دۆلار لەسەر حکومەت دەکەوێت و مەترسی موچە و خزمەتگوزارییەکان دروستدەکات. مەشعان جبوری، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی سوننەکان رایگەیاند، دابەزاندنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار حکومەت دەخاتە دۆخێکی مەترسییەوە و چیتر ناتوانێت موچەی فەرمانبەران دابەشبکات و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەوەستێنێت. لەبارەی سەرچاوەکانی داهاتی حکومەتی عێراقەوە باسی لەوەشکردوە، ئەگەر نرخی نەوت داببەزێت بۆ (60) دۆلار، حکومەت ناتوانێت موچە دابەش بکات و پارە بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکانیش دابین بکات. ئەو پەرلەمانتارە لە بارەی مەترسییەکانی دۆخی ئابوری عێراقەوە دەڵیت،» پێویستە هەوڵەکان چڕبکرێتەوە بۆ پشتگیریکردنی چینی هەژار و دابەزاندنی نرخی پێداویستی و کەلوپەلە پێویستییەکان، بۆ ئەوەی هاووڵاتی لەوە زیاتر باجەکەی نەدات». ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دوای تویتەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی بەرزی نرخی دۆلارو گرانی شتومەک و کاڵاکان، بازاڕەکانی دراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی ناجێگیریی بوون لە نرخەکاندا، بەشێوەیەک لەماوەی چەند رۆژی رابردودا نرخی دۆلار چەند جارێک بە خێرایی گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە. و دۆلاریش هەر رۆژەو نرخێکە.
عەمار عەزیز لەهەر چوار پارێزگاكەی هەرێم و كەركوك لەساڵی رابردوودا 68 پیاو خۆیان كوشتووەو رێكخراوی یەكێتی پیاوانیش ئەوە بەمەترسی وەسف دەكات و داوا دەكات هۆشداری بڵاوبكرێتەوە لەپێناو رێگری كردنی ئەو حاڵەتانە. بورهان عەلی فەرەج، بەرپرسی رێكخراوی یەكێتی پیاوان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو بەپێی لیژنەی بەدواداچوون و تۆماركردنی كەیسەكان لە رێكخراوی یەكێتی پیاوانی كوردستان لە بەرواری 1-1-2014وە بۆ 31-12-2021 تۆماركردنی كەیسەكان و سكاڵا و توندوتیژی لە ( 4318) جۆری سكاڵا ، ئاماری خۆ كوشتنی پیاوان لە كوردستان ( 626) حاڵەت بووە، وتیشی:»ئاماری كوشتنی پیاوان لەلایەن ژنانەوە بەهاوكاری كەسانی تر( 48) كەیس بووە». بورهان فەرەج باسی لەوەشكرد كە لەبەرواری 1-1- 2021 تا كۆتایی ساڵ ژمارەی كەیسەكان 521 بوون، خۆكوشتنی پیاوانیش ( 68) حاڵەت بووە ، بەم شێوەیە ، دەركردنی پیاوی بەتەمەن ( 21) حاڵەت، خیانەتی هاوسەرگیری ( 47) و توندوتیژی جەستەیی ( 8) حاڵەت، هەروەها تەداخولكردنی كەسوكار لەژیانی هاوسەرگیریدا ( 199) حاڵەت ، فشاری دەروونی و سێكسی ( 11) حاڵەت، دەستبەسەرداگرتنی منداڵ یان بێ بەشكردنی باوك لە بینینی منداڵەكەی ( 219 ) حاڵەت بووە. هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە حاڵەتەكانی خۆكوشتنی پیاوان لەساڵی 2021 دا لەسنوری پارێزگای دهۆك ( 9) بووە و لەپارێزگای هەولێر 24 و لە پارێزگای سلێمانی 28 و لەپارێزگای كەركوك پێنج و لە پارێزگای هەڵەبجە دوو حاڵەت هەبووە، وتیشی:» پێویستە رێكخراوەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان هۆشداری بڵاوبكەنەوە لەپێناو رێگریكردن لەم حاڵەتانە». توێژەرێكی دەروونی دەڵێت:» پەنابردن بۆ خۆكوشتن چارەسەر نییە». ساڵح زاهیر، توێژەری دەروونی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، پێیوابوو هۆكارەكانی خۆكوشتن بێكاری و نەبوونی هەلی كار سەرەكیترین هۆكارە تا پیاو پەنا بباتە بەر خۆكوشتن، وتیشی:» گەنجێك هاوسەرگیری دەكات دوای چەند ساڵێك لە نەبوونی هەلی كار ناتوانێت خێزانەكەی خۆی بەخێو بكات، رۆژێك دووان ناچار دەبێت خۆی بكۆژێت، كێشەكانی نێوان ژن و پیاو زۆرترینیان لەسەر پارەیە، ژن داوای پارە دەكات پیاوەكەش پارەی نیە ناچار یان لێك جیادەبنەوە یا پیاوەكە خۆی دەكوژێت، بەڵام خۆكوشتن چارەسەر نییە و دەبێت مرۆڤ بەرگەی بەرپرسیارێتی بگرێت و هەوڵی چارەسەركردنی بدات». وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك پێیوابوو كە حاڵەتەكانی خۆكوشتن لەهەموو دونیادا بوونی هەیەو هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەو جیهانە. هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: «حاڵەتەكانی كوشتن یاخود كوشتن لە هەموو شوێنێكی دونیا هەیە، هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەم جیهانە». ناوبراو باسی لەوەشكرد كە لەساڵی 2021 لە سنوری پارێزگای دهۆك 41 كەس كوژراون 15 هەزار و 135 سكاڵا تۆماركراون، وتیشی:» ئەم سكاڵایانە لەسەر هەموو بابەتێك بوون ، هۆكاری كوشتن یان خۆكوشتن دەیان هۆكار هەن، لەوانە كێشەكانی نێوان ژن و پیاو یاخود خراپ بەكارهێنانی هێڵەكانی پەیوەندیكردن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ، بەڵام ئەمانە پەیوەندی بە هەموو كوردستانەوە هەیە نەك تەنها پارێزگای دهۆك «.
عەمارعەزیز ئێزیدییەكان 22ی شوبات وەك رۆژێكی دیكەی رەش دەبینن كە حەوت گۆڕی بەكۆمەڵی دیكە هەڵدەدەنەوە كە نزیكەی سەد رووفاتی لەخۆگرتووەو دواتر رەوانەی پزیشكی دادی دەكرێت بۆ ناسینەوەی رووفاتەكان كە لەسەر دەستی داعش شەهیدكراون. بەئامادەبوونی بابەشێخ بابی روحی ئێزیدییەكان بەرپرسانی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، دەستكرا بە هەڵدانەوەی حەوت گوڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی حەردان كە دەكەوێتە خورهەڵاتی شەنگال. سیروان جەلال ، بەرپرسی پەیوەندییەكان لەوەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراون لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت» تیمی نیشتیمانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەگەڵ پزیشكی دادی بەغدا بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم، حەوت گۆڕی تر لە مەفرەقی حەردان هەڵدەرێنەوە». هەروەها باسی لەوەشكرد دوێنێ 22ی شوباتی 2022 مەراسیمی دەستپێكردنەوەی كارەكە بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی شوبات یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵ لەحەردان كە دەكەوێتە خورهەڵاتی شەنگال هەڵدەدرێتەوە. سیروان جەلال وتیشی « سەدان كەس لەساڵی 2014 لەلایەن چەكدارانی داعش رەمی كراون دواتر تەرمەكانیان فڕێدرانە مەفرەقی حەردان ، ئەوانەی مەفرەقی حەردان هەموویان پیاون و لە رەگەزی نێرن خەڵكی ناحیەی گرعوزێرن سەر بە قەزای شەنگال، دوای تەواوبوونی هەڵدانەوەی رووفاتەكان رەوانەی پزیشكی دادی بەغدا دەكرێن، پشكنینیان بۆ دەكرێت، ئەوەش بەمەبەستی ناسینەوەی رووفاتەكان و دیاریكردنی ناسنامەكانیان». هاوكات، خەیری عەلی ، بەرپرسی ئوفیسی شەنگال لە رێكخراوی ئێزیدی بۆ دۆكیۆمێنتكردنی بەڵگەنامەكان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت « حەوت گۆڕی بە كۆمەڵ لە مەفرەقی حەردان دۆزراونەتەوە ، تیمی نیشتیمانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە ماوەی 21 رۆژدا هەر حەوت گوڕی بە كۆمەڵ هەڵدەدەنەوە ، هیچ كەسێك نازانیت چەند رووفات لەو حەوت گۆڕەدان، بەڵام بەپێی زانیاریەكانمان ژمارەیان سەرووی 70 كەس دەبن». هەڵدانەوەی یەكەم گوڕی بە كۆمەڵی ئێزیدییەكان لە گوندی كۆجۆی قەزای شەنگال ، بە بڕیاری حكومەتی عێراق لە 15ی ئازاری 2019 دەستیپێكردو تائێستا بە دوو قوناغ ، نزیكەی 500 رووفات لە 20 گۆڕدا دەرهێنراون، لەشوباتی 2021یش رووفاتی 104 ئێزیدی لە گوندی كۆجۆ بە خاكسپێردرانەوە . سەباح سەمیر ، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە نوسینگەی بابە شێخ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « رۆژی 22ی شوباتی ساڵی 2022 بۆ هەموو جیهان رۆژێكی تایبەتە، بەڵام بۆ ئێمەی ئێزیدییەكان رۆژێكی رەش و تاڵە چونكە لەم رۆژەدا رووفاتی دەیان ئێزیدی لەناو گوڕدا هەڵدەدرێنەوە كە بەداخەوە لەسەر دەستی چەكدارانی داعش شەهید كراون «. دوای تەواوبوونی مەراسیمەكانی ئایینی ئینجا دەستكرا بەهەڵدانەوەی یەكەم گۆڕ لە مەفرەقی حەردان ، بەوتەی كەسوكاریان نزیكەی 100 رووفات لەو حەوت گوڕەدا هەیە.
هاوڵاتی وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای كۆمسیۆن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات كە چاوەڕوانی دیاری كردنی وادەی هەڵبژاردنن كە ئەوەش لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە مەرسومی بۆ دەردەچێت. دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 10ی شوباتی 2022 دیاری كرد بۆ فراكسیۆنەكان تا بۆچوونی خۆیان لەبارەی وادەی هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەنجومەنی كۆمسیاران بخەنەڕوو دەركەوت سەرجەم فراكسیۆنەكان لەگەڵ ئەوەدان كە هەڵبژاردن لەوادەی خۆی و لە 30ی ئەیلولی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت. هاوكات، پێشەوا هەورامی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتیئەوەی دووپاتكردەوە كە بەم زووانە سەرۆكایەتی هەرێم وادەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا مەرسومی هەرێمی بۆ دەردەكات. ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان دەڵێن تا 1ی نیسانی ئەمساڵ پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەنجومەنی كۆمسیاران یەكلابكرێتەوە. شیروان زرار، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتیوت:» وەكو یاسا ئێمە پێنج بۆ شەش مانگمان پێویستەو دەبێت موراعاتی كۆمسیۆن بكرێت كە 1ی نیسان تا 1ی تشرینی یەكەم لەبەردەستدا بێت بۆ ئامادەكارییەكان». هەروەها باسی لەوەشكرد هەمواری یاسای هەڵبژاردن پەیوەندی بەپەرلەمان و فراكسیۆنەكانەوە هەیە كە هەر هەموارێكی بكەن تا ئەو وادەیە ئەوان وەكو كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم پێوەی پابەند دەبن. شیروان زرار ئەوەشی روونكردەوە كە خۆیان نووسراوی فەرمییان داوەتە پەرلەمان كە وادەكەمان تەواو بووە و ئەنجومەنێكی نوێ دیاری بكرێت، وتیشی:» بەپێی یاسا پەرلەمان دەتوانێت بۆ خولێكی دیكە متمانەمان پێدەدەن كە خۆی دوو ساڵی رۆیشتووە واتا سێ ساڵی دیكەی ماوە ئەوكات سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان دەكەین».
هاوڵاتی بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگیی لە كۆبوونەوەی نهێنیی بەرپرسانی سوپای پاسداران سەبارەت بەگەندەڵی لەناو ئەو دامەزراوە سەربازییە سەرەكییەی كۆماری ئیسلامی ئێران وڵاتەكە دەهەژێنێت بەتایبەت كە تۆمەتبار دەكرێت بەكۆنتڕۆڵكردنی زۆرینەی سەرچاوەكانی داهات و ئابوریی وڵات. گروپێك هاككەر گرنگترین بەڵگەنامەكانی كۆبوونەوە نهێنیەكانی سوپای پاسدارانیان بڵاوكردەوە كە تێیدا ئاماژە بەوە كراوە خەڵكی ئێران زۆر لەدەسەڵاتی وڵاتەكە ناڕازین و تەقینەوەی كۆمەڵایەتی لە ئان و ساتدایە بە جۆرێك ناڕەزایەتی دژی دەسەڵات لە ساڵێكدا بە رێژەی 300% زیادی كردووە. لەتۆمارە دەنگییەی سوپای پاسداران كە زیاتر لەدوو ساڵە دزەی پێكراوە بەڵام رۆژی پێنجشەممە (10/2/2022) بڵاوكراوەتەوە، قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس و محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی شارەوانیی پێشوی تاران و سەرۆكی پەرلەمانی ئێستای ئێران وەك پشتیوانی گەندەڵكاران ناوهێنراون و تۆمەتبار كراون بەوەی هۆكاری سەرەكیی دیارنەمانی چەندین ملیار دۆلار لەداهاتی گشتی وڵاتەكەن. سوپای پاسداران چوار رۆژ دوای بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە 50 خولەكییە، بە راگەیاندنی روونكردنەوەی كورت لە ئاژانسی هەواڵی فارس كە سەر بەو ناوەندەیە؛ تۆمارە دەنگییەكی پشتڕاست دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت ئەو تۆمارە هیچ گومانێك لەسەر بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران دروست ناكات بەتایبەت كە گەندەڵكارانی سەرەكیی دەستگیر كراون و سزایان بەسەردا سەپێنراوە. سوپای پاسداران بە بیانوی شەڕی داعش بازرگانیی دەكات بەپێی ئەو تۆمارە دەنگییەی كە لەكۆبوونەوەی بەرپرسانی (سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی) لەئێران بڵاوكراوەتەوە دوو كۆمپانیای سەر بە فەیلەقی قودس كە خاوەنەكانین لە كەسانی نزیكی قاسم سولەیمانی بوون، تۆمەتبارن بە دیارنەمانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلارو هەندێك سەرچاوەی هەواڵی ئێرانیش دەڵێن ژمارەی پارە دزراوەكان زیاترە لەهەشت ملیار دۆلار دەبێت. مەهدی هاشمی، سەرۆكی ئەنجومەنی شارەوانیی تاران رایگەیاندووە؛ دۆسیەی گەندەڵیی و قەرزەكانی شارەوانیی تاران لەو سەردەمەدا كە محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆكی شارەوانیی تاران بووە دو دۆسیەی سەرەكین كە یەكێكیان بەهۆی بازرگانیی لەگەڵ دوو كۆمپانیا بەناوی (هۆڵدینگ یاس) و (رێسا تێجارەت) زیاتر لەچوار ملیار دۆلار دیار نەماوە و ئەوی دیكەشیان بڕەكەی 159 ملیۆن دۆلار بووە كە پەیوەندیی بەقەرزەكانی شارەوانییەوە هەیە. گروپی كۆمپانیاكانی هۆڵدینگ یاس لەسەردەمی شەڕ لەگەڵ داعش لەسەر دەستی قاسم سولەیمانی بۆ پشتیوانیی دارایی لە فەیلەقی قودس دروستكرا، كۆمپانیاكە لە رێگەی جێبەجێكردنی پڕۆژە بیناسازی و رێگاوبان، پشتیوانیی ماددی و دارایی رادەستی هێزەكانی قودس كردووە. سوپای پاسدارانی ئێران لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە بەهۆی ئەوەی ئەو كۆمپانیایە لە رووی داراییەوە لە ژێر چاودێریی ناوەندەكانی سەر بەدامەزراوەكانی سوپای پاسداران نەبووە كارەكانی و داراییەكانی گومانی لەسەر بووە و دواجار دوو بەڕێوەبەری سەرەكیی ئەو كۆمپانیایە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون و 20 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا و كۆمپانیاكەش هەڵوەشێنراوەتەوە. سوپای پاسداران رایگەیاندوە پێچەوانەی ئەوەی كە وتراوە قاسم سولەیمانی و محەمەدباقر قاڵیباف و ژمارەیەكی دیكە دەستیان لەو گەندەڵیەدا هەبووە، بەڵام ئەوان هۆكارێك بوون بۆ دۆزینەوەی گەندەڵكاران و هەڵوەشاندنەوەی كۆمپانیاكە. سوپای پاسداران و تەقینەوەی كۆمەڵایەتیی لەئێران گروپێكی هاككەر بە ناوی دادپەروەریی عەلی یان (عەدالەتی عەلی) كۆمەڵێك بەڵگەنامەی زۆر نهێنیی سوپای پاسدارانیان بڵاوكردوەتەوە كە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی كۆمەڵایەتی و ئابوریی و سیاسی و هەواڵگریی ناوەندەكەیە سەبارەت بەدۆخی دەسەڵات و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك لەئێران. هەروەها لە بەڵگەنامەكاندا ئاماژە بەوەكراوە كۆمەڵگەی ئێران خەریكە دەكوڵێت و ئەگەری تەقینەوەی هەیە بە تایبەت كە ئاستی ناڕەزایەتییەكان بەراورد بە یەك ساڵی رابردوو بە رێژەی 300% بەرز بووەتەوە. بەڵگەنامەكە كە حەوت لاپەڕەیە لە كۆبوونەوەی نهێنی بنكەی (ساروڵڵا)ی سەر بە سوپای پاسداران لە تاران دزەی پێكراوە كە نوێنەرانی دەزگاو دامەزراوە سەرەكییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران تێیدا ئامادەبوون و باس لەكۆنتڕۆڵكردنی ئەو دۆخە قەیراناوییە كراوە كە بەرۆكی دەسەڵات و كۆمەڵگەی وڵاتەكەی گرتووە. بنكەی ساروڵڵا كە ناوەندەكەی لە تارانی پایتەختی ئێرانە بەگەورەترین دامەزراوەی هەوالگریی ناوخۆی وڵاتەكە ئەژمارد دەكرێت كە دەسەڵاتی تەواوی لە بڕیاردان هەیە و ئەركی سەرەكیی سەركوتی سەرهەڵدانە كۆمەڵایەتییەكان و پاراستنی دەسەڵاتە لە كودەتا و هێرشی سەربازیی. لەو كۆبوونەوەیەدا ئاماژە بەوەكراوە لە سەرەتای دەستبەكاربوونی ئیبراهیم رەئیسی وەك سەرۆك كۆماری ئێران ئاستی متمانەی كۆمەڵایەتی بەدەسەڵات باش بووە بەڵام دوای چەند شۆكێكی ئابوریی و گرانبوونی زۆربەی كاڵاو پێداویستییەكان بە رێژەی 53% وای كردووە كۆمەڵگە بە گومانەوە لە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بڕوانن. بەشی هەواڵگریی سەر بەسوپای پاسداران لەو بەڵگەنامەدا ئاشكرای كردووە ( هەڵاوسانی ئابوریی، كێشەی موچە، كێشەی كۆمەڵایەتییەكان و كێشەی ئاو) سەرەكیترین بابەتی خەڵكی ئێرانە و زۆربەی نیگەرانییەكانیش پەیوەندیی بەو بابەتانەوە هەیە. لە لایەكی دیكەوە بەشی هەواڵگریی پۆلیس لەئێران كە ناوی لە بەڵگەنامەكاندا هاتوە پێشبینی كردووە لە كۆتایی وەرزی زستاندا سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی لە وڵاتەكەدا زیاد بكات بە تایبەت كە رێژەی ناڕەزایەتییەكان و گردبوونەوەكان لەم كۆتایی سالی 2021 بەراورد بەسەرەتای ئەو ساڵە 48% زیادی كردووە و هاوكات ژمارەی بەشداربوانی ناڕەزایەتییەكانیش بە رێژەی 98% زیادی كردوە. هەواڵگریی پۆلیس روونی كردوەتەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان بەهۆی ئابورییە 56% زیادی كردووە و ناڕەزایەتیی كرێكارانیش بە رێژەی 136% بەرز بووەتەوە و زۆربەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە نێوان كاتژمێر نۆ بۆ 11ی نیوەڕۆ لەبەردەم پەرلەمان لە تاران ئەنجام دراوە. پەیام كاویان، سەرۆكی بەشی ئاسایشی گشتی پۆلیس، هۆشداریی داوە كە هەڵاوسانی ئابوریی راستەقینە لە ئێران لە نێوان دو ساڵدا گەیشتوەتە 268% ئەوەش فشاری دەرونیی زۆری لەسەر خەڵكی وڵاتەكە هەبوە لە كاتێكدا ئامارە رەسمییەكانی ناوەندەكانی دیكە ئەو ژمارە راستەقینەیە لە هەڵاوسانە بڵاو ناكەنەوە. كاویان پێشنیاری كردوە بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت بە زووترین كات پێداویستییە سەرەكییەكانی خەڵك دابین بكەن و بەشی هەواڵگریی كۆمەڵایەتی لەنزیكەوە هاوكاریی ئەو بەرپرسانە بكەن بۆ دابینكردنی داخوازییە رەواكانی خەڵك بۆ ئەوەی بڕیاری هەڵە نەدەن چونكە گەندەڵیی هۆكاری سەرەكیی توڕەبوونی كۆمەڵایەتییە. بەپێی ئەو بەڵگەنامە نهێنیانە تیمی ئابوریی سوپای پاسدارن پێشنیاری كردووە كە دەبێت بەبێ دەنگی هاوكاریی دارایی (یارانە)ی چوار چینی دەوڵەمەند لەكۆی ئەو 10 چینەی كە لەئێران هەیە راگیرێت و لە بەرامبەردا هاوكاریی دارایی بە پێی ئاستی هەژاریی بۆ شەش چینەكەی دیكە زیاد بكرێت و ئەگەر ئەو پێشنیارە جێبەجێ نەكریت بێگومان دەسەڵات رووبەڕووی قەیرانی گەورەتر دەبێتەوە. تیمە ئابورییەكەی سوپا جەختی لەوە كردووەتەوە كە نابێت بە هیچ شێوەیەك بە بیانوی دابینكردنی كاڵاو پێداویستی سەرەكیی خەڵك بەتایبەت خۆراك و دەرمان، دۆلاری حكومی یان چوار هەزارو 200 تمەنی رادەستی بازرگانەكان بكرێت لەكاتێكدا نرخی هەر دۆلارێك نزیكەی 27 هەزار تمەنە چونكە ئەوە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا زیاترین گەندەڵیی تێدا كراوەو پێویستە ئەو هاوكارییە راستەوخۆ بخرێتە سەر ئەژماری بانكیی هاووڵاتیانی وڵاتەكە. سەروەت و سامانی سوپای پاسدارن سەرچاوەكانی هەواڵی ئێران كە نزیكن لەباڵی ریفۆرمخوازی كۆماری ئیسلامی چەندجارێك بڵاویان كردووەتەوە زیاتر لە 40% ئابوریی و داهاتی وڵاتەكە بەدەست سوپای پاسدارانەوەیە و هەندێكیش جەخت لەوە دەكەنەوە سوپا 90%ی داهات و سەرمایەی ئەو وڵاتەی بەدەستەوەیە، بەڵام ئەم هەواڵانە سەرجەمیان بەبێ بەڵگە و دیكۆمێنت لە لایەن سوپای پاسدارانەوە رەت كراوەتەوە. عەكی ئەكبەری هاشمی رەفسنجانی، كە یەكێك لەدامەزرێنەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای پاسداران بووە پێش مەرگی لە بیرەوەرییەكانیدا باس لەوە دەكات سوپای پاسداران تەنها ناوەندێك بووە كە دوای تەوابوونی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران توانای جێبەجێكردنی پڕۆژە ئابورییەكان و ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنانی بووە، چونكە خاوەنی ژمارەیەك زۆر ئامێر و ئۆتۆمبێلی ستراتیژیی بووە بۆ ئەو مەبەستانە، ئەوەش وایكرد لەساڵی 1988 سوپای پاسداران ببێت بە گەورەترین ناوەندی ئابوریی ئێران كە بەبەردەوامی داهاتەكانی زیاد بكات و دەسەڵاتە ئابورییەكانیشی فراوانتر بێت. بەرپرسانی سوپای پاسداران نەیانشاردوەتەوە كە دەستی باڵایان لەئابوریی وڵاتەكەدا هەیە و ناوەندیی ئابوریی ئەو سوپایە كە بە (قەرارگای خاتەمولئەنبیا) دەناسرێت ئاشكرای كردووە زیاتر لە پێنج هەزار كۆمپانیا بۆ سوپای پاسداران كار دەكەن و ژمارەی كارمەند و كرێكارەكانیشتان زیاترە لە 130 هەزار كەس كە لەو ژمارەیە 35 هەزار كەسیان ئەندازیارن. سەركردەكانی ریفۆرمخوازان لەئێران سوپای پاسداران بەوە تۆمەتبار دەكەن كە 60%ی ئابوریی هەموو وڵاتەكە لەژێر دەستی ناوەندو دامەزراوەكانی سەر بەو سوپایە و حكومەت و پەرلەمان لەئێران هیچ دەسەڵاتێكیان نییە بەسەر سوپای پاسداران و ناوەندە ئابورییەكانیدا. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە سەرچاوە داراییەكانی سوپای پاسداران لەساڵی 2003 نزیكەی 95 ملیار دۆلار بووە و سەرجەم ئەو داراییانەش لەژێر فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێراندایە. بەپێی راپۆرتێكی ئەو ئاژانسە، لەساڵی 1988 تا ئێستا پێنج سەرۆك كۆمار كابینەكانی حكومەتیان لە ئێران بەدەستەوە بووە كە سەرجەمیان لە رۆڵی سوپای پاسدران ناڕازی بوون و بە بەردەوامی رەخنەیان لەدەسەڵاتی ئابوریی ئەو سوپایە گرتووە و ئەوەش دەیسەلمێنێت سوپا حكومەتێكی بەهێزە لەناو حكومەتە جیاوازەكانی ئێران بە ریفۆرمخواز و محافزكاریشەوە. سوپای پاسداران جەختی لەوە كردووەتەوە بەپێی یاسای ژمارە 147ی دەستوری ئێران هێزە چەكدارەكان لەكاتی ئاشتی و نەبوونی جەنگدا بۆیان هەیە بەشداریی لە پڕۆسەی ئابوریی وڵاتەكەدا بكەن، بۆیە چالاكی و بازرگانییە ئابورییەكانیان هیچ دژایەتییەكیان لەگەڵ دەستوری وڵاتەكەدا نییە. رۆژنامەی (وۆاڵستریت جۆرناڵ)ی ئەمریكا ئاشكرای كردووە لەساڵی 2011 بەتۆمەتی سپیكردنەوەی پارە بڕی پێنج ملیار دۆلاری سوپای پاسداران لە بانكێكی وڵاتی هندستان و ساڵی 2019 بڕی پینج ملیار دۆلاری دیكەی ئەو سوپایە لەبانكێكی وڵاتی بەحرەین دەستی بەسەرداگیراوەو ئەوەش وای كردووە ئێران لەماوەی سێ ساڵدا یەكەم وڵاتە مەترسییدارەكان بێت لە رووی سپیكردنەوەی پارەوە كە زۆربەی سەرچاوەی سەرەكیی ئەو پارانە سوپای پاسداران بووە. ئەمریكا تا ئێستا زیاتر لەهەزار و 600 كەسایەتی و كۆمپانیای كۆماری ئیسلامی ئێرانی سزا داوە كە زۆربەی كەسەكان لە بەرپرسانی باڵای سوپای پاسدران بوون و هاوكات زۆربەی ئەو كۆمپانیانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە سەر بەكۆمپانیاكان و ناوەندە ئابورییەكانی سوپای پاسداران بوون. بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان زۆرینەی پڕۆژەكانی نەوت و غاز لەئێران بەدەست سوپای پاسدارانەوەیە لە كاتێكدا ئەو وڵاتە بەیەكێك لە دەوڵەمەندترین وڵات لەبواری نەوت و غاز لە جیهاندا ئەژمار دەكرێت ئەوەش وای كردووە سوپای پاسدارن جگە لەبواری سەربازییەكان لەبواری ئابوریشدا لەئێران بێ ركابەر بێت و دەسەڵاتی رەهای هەبێت لەبڕیاردان و تەنانەت گۆڕانكاریی لە دەسەڵات و حكومەتدا بەتایبەت كە عەلی خامنەیی كەسی یەكەمی ئەو وڵاتە لەپشت سوپای پاسدارانەوەیەو فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە.
رەزا مەنوچەهری كامپی پەنابەرانی كوردی باكوری كوردستان لەمەخمور (كامپی شەهید رۆستەم جودی)، كە ١٨٠ كیلۆمەتر لەسنوورەكانی توركیاوە دوورە لەم چەند ساڵەی دواییدا زوو زوو لەلایەن فڕۆكە جەنگی و فڕۆكە بێفڕۆكەوانە هێرشبەرەكانی دەوڵەتی توركیاوە بۆردومان دەكرێت. لەو بۆردومانانەدا خەڵكی كامپەكە و ژنان و منداڵان دەكرێنە ئامانج و دەكوژرێن و بریندار دەكرێن. توركیا بۆ ئەو كامپە بۆردومان دەكات؟ ئەو كەسانە كێن لەو كامپەدا دەژین؟ دانیشتووانی كامپەكە چی دەكەن و بە چییەوە؟ بۆ توركیا هەوڵی داخستن و نەهێشتنی ئەو كامپە دەدات؟ سیاسەتی توركیا بەرامبەر بە كورد لەدوای ماوەیەكی كەم لەدامەزراندنی كۆماری توركیا بەسەرۆكایەتی مستەفا كەمال ئەتاتورك و پاشماوەكانی ئیتیحاد و تەرەقی و ژۆن توركەكان، لەتوركیا دەستكرا بە نكۆڵیكردنی كوردو زمان و كولتوری كوردی و مافە مەدەنی و نەتەوەیی و سیاسییەكانی قەدەغەكران. هەموو راپەڕینەكانی كورد بەتوندترین شێوە سەركوت كران. كۆمەڵكوژیەكانی پیرانی ئامەد، دۆڵی زیلان، ئاگری، دێرسیم و كۆچگرییان ئەنجامدا. بۆ نزیكەی ٥٠ ساڵ سەرتاسەری باكوری كوردستانیان كرد بەناوچەی سەربازی و قەدەغەكراو و لەهەموو جۆرە پەیوەندییەكی بەدونیای دەرەوە دابڕێندرابوو. دوای جەنگی جیهانیی دووەم و بەتایبەتی لەشەستەكانی سەدەی رابردودا و بەهۆی شەپۆلی گۆڕانكاریەكان لەسەرتاسەری جیهاندا لەتوركیادا ژمارەیەك حزبی جۆراجۆرو كۆمەڵەو رێكخراو دروستبوون. كورد سودی لەدۆخە وەرگرت و كەم كەم خۆی رێكخست و كۆمەڵەو رێكخراوی دروستكرد. هێدی هێدی هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی و كاری مەدەنی و رێكخستن لەناو كوردەكاندا گەشەی كرد. دەوڵەتی توركیا ئەو دۆخەی پێ قبوڵ نەكراو سوپا لەشەستەكاندا دەستی بەكودەتا كرد. دووبارە سوپا لەحەفتاكانداو لەهەشتاكانیشدا كودەتای كردەوە، سەرباری بەكارهێنانی دەستی ئاسنین و قەدەغەكاریی زۆرو داخستنی زۆر كۆمەڵەو رێكخراوو ناوەندو كوشتاری هەزاران كەس و زیندانیكردنی سەدان هەزار كەس دۆخەكە هەر وەك ئەوەی لێنەهاتەوە، كە سوپاو دەوڵەت و سیستمی سیاسیی توركیا دەیانخواست. سیاسەتی راگواستن و سوتماككردنی كوردستان كاتێك لەدوای ئەو كوشتارو سەركوتكارییانە كورد لەباكوری كوردستان پەكەكەی دامەزراندو دەستی بەشەڕی چەكداری لەدژی داگیركاری و قەدەغەكارییە سەپێندراوەكانی دەوڵەتی توركیا كرد، دەوڵەتی توركیا شێوازی جەنگی قورسی سەربازی و كولتوری و سایكۆلۆژیی لەدژی پەكەكە و كۆمەڵگەی كوردستان و لایەنگرانی پەكەكە دەستپێكرد. حەمید بۆزئەرسەلان مامۆستای كۆمەڵناسی و مێژوو لەزانكۆی پاریس لەبارەی ئەو شێوازەی جەنگی توركیا لەدژی پەكەكە دەڵێت، ئەو جەنگە و شێوازەكانی لە ناوەندی دژە شۆڕش لەپنتاگۆن بەرنامەی بۆ دانراوە و توركیا جێبەجێی دەكات. توركیا لەو چوارچێوەیەدا بۆ رێگریكردن لەپەیوەندیی گەریلاكانی پەكەكە لەگەڵ هاووڵاتیان و گوندەكان و پچڕاندنی پەیوەندییەكانی گەریلا لەساڵی ١٩٨٣دا دەستیكرد بەدروستكردنی پاسەوانی گوندەكان، كە كورد لەباكوور پێیان دەڵێت، جاش و قوروجی. لەدوای ئەوەی لەسەرەتای ١٩٩٠ی سەدەی رابردوودا هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی شەڕ و كێشەی كورد لەتوركیا بەئەنجام نەگەیشت و تورگوت ئۆزال و تیمەكەی لەناو توركیادا پاكتاوكران و شەڕ دەستیپێكردەوە، سیاسەتی بەجاشكردن لەسەرەتای نەوەدەكاندا لەلایەن مەسعود یڵماز و تانسۆ چیلەر و محەمەد ئاغارو هەوالگریی جەندرمە (ژیتەم) بەسەرۆكایەتیی جەم ئەرسەڤەر گەیشتە لوتكە، خەڵكی هەر گوندێك چەكی جاشایەتییان هەڵنەگرتایە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە گوندەكەیان كاول دەكراو خەڵكەكەی دەردەكرا. ئەو سیاسەتە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە لەساڵی ١٩٩٤ەوە كاری پێكراو لەماوەی چەند ساڵێكدا نزیكەی ٥ هەزار گوندی باكوری كوردستان خاپوركران. ١٨ هەزارو ٥٠٠ هاووڵاتیی مەدەنیی كورد بەتۆمەتی ئەندامبوون و هاوكاریكردنی پەكەكە لەلایەن تیمەكانی مەرگی دەوڵەتی توركیاوە رفێندراون و بێسەروشوێن كران، زیاتر لە ١٠ هەزار كەس خرانە زیندانەكانەوە، زیاتر لە ٢ ملیۆن كەس لەباكوری كوردستان ئاوارەی گەورە شارەكانی كوردستان و رۆژئاوای توركیاو ئەوروپاو بەشەكانی تری كوردستان بون. توركیا ئەو پلانەی بەبەكارهێنانی هێزی بێسنوور تاوەكو سەرەتای سەدەی ٢١ درێژە پێدا و بەشێكی زۆری لەكوردستان كردە چۆڵەوانی و ناوچەی سەربازی. توركیاوە دەیخواست كوردستان چۆڵ بكات و كەسی تیادا نەمێنێت، جگە لەكەسانی سەربەخۆی. دەركردن و راگواستن لەشۆڕشی ئاگری و دۆڵی زیلان، لەدێرسیم و لە قۆناغەكانی ئیسڵاحاتی شەرقدا لەدژی كورد پەیڕەو كردووە. پێشتریش بە فتوای شێخولئیسلامی بابی عالی ئەرمەكان لەئەنادۆڵ و ناوچەكانیان بۆ شوێنە دوورە دەستەكان راگوێزرابوون و بەوە بەشێك لەجینۆسایدی دژ بەئەرمەنەكانیان جێبەجێ كرد. ئەو سیاسەتەش بەدرێژایی سەدەی ٢٠ لەدژی كورد بەكارهێنراوە. ئاوارە بوون بەرەو باشووری كوردستان سوپای توركیا لەهەر ئۆپراسیۆنێكدا چەندین گوندی خاپور دەكردو بەو هۆیەوە ژمارەیەك لەهاووڵاتیانی ئەو گوندانە ئاوارە دەبون، كە چەكی جاشایەتیان هەڵنەدەگرت و ئامادە نەبوون لەدژی پەكەكە شەڕ بكەن. شەپۆلی گەورەی ئاوارە بوونی خەڵكی ناوچەی بۆتان لە ١٢ی نیسانی ١٩٩٤دا دەستیپێكردو لەمانگی نیسان تا ئایاری ١٩٩٤ گوندەكانی ناوچەكانی گابارو جودی لەئۆپراسیۆنەكاندا خاپور كران و خەڵكەكانیان ئاوارەی بوون. سەرەتا بەشێك لەئاوارەكان خۆیان گەیاندە دەوروبەری گوندەكانی دهۆك و زاخۆو بەشێكی تریشیان رۆیشتنە ناوچەكانی شەرانش و بهێرێ لەحەفتانین. لەوكاتەدا باشوری كوردستان لە بەعس رزگار كرابوو دەسەڵاتی خۆماڵیی كوردیی لەژێر پارێزراویی هێڵی ٣٦ و چەكوشی ئامادەی ئەمریكا و فەرەنسادا بوو. هاوكات پەیوەندیی مێژوویی و دێرینی كورد لەودیوو ئەمدیوی سنوورو تروسكایەكی ئومێد بەباشوری رزگار كراو بووە هۆكار بۆ ئەوەی ئەو كوردانەی باكوری كوردستان، كە چەكی جاشایەتییان هەڵنەگرتبوو تا رادەیەك بە ئەرخەیانی روو لەباشوری وڵاتەكەیان بكەن و روو لە شارە توركییەكان و ئەوروپا نەكەن. پەنابەرەكانی باكوور بۆ ئەوەی مافە سەرەتایی و مرۆییەكانیان بۆ دابین بكرێت لەبەرامبەر بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەستیان بەچالاكی كرد و نزیكەی ٦٠ پەنابەر لە مانگی حوزەیراندا لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان دەستیان بەمانگرتن كرد و لەدوای ٢٩ رۆژ لە مانگرتن و دوای نزیكەی ٢ مانگ مانەوەیان لەو شوێنانەدا، نەتەوە یەكگرتوەكان لەساڵی ١٩٩٥دا ئەتروشی بۆ شوێنی پەنابەرەكان دیاری كرد. هاوكات بەشێك لەپەنابەران لەگەلیی قەیمات نیشتەجێ كران. گەمارۆدان و ئاوارەكردنەوەیان گەرچی پەنابەرەكان داوای مافی خۆیان و نیشتەجێكردنیان لەشوێنێكی پارێزراودا دەكرد، بەڵام هەر لەسەرەتاوە دابەشكردنی پەنابەران بەسەر دوو كامپدا لەلایەن پەنابەرانەوە بەمانای لێكدابڕان و پەرتەوازەكردنیان لێكدرایەوە، بۆیە یەكێك لە داواكانیان ئەوە بوو، كە هەموو پەنابەرەكان پێكەوە لەكامپێكدا بن. هاوكات لەگەڵ چالاكیی پەنابەرەكان بۆ مافەكانیان سوپای توركیا ساڵی ١٩٩٥ ئۆپراسیۆنی «چەلیك – ئاسن»ی لەدژی پەكەكە بۆ سەر باشووری كوردستان دەستپێكرد. دەوڵەتی توركیا لەو كاتەدا رایگەیاند، ئەو ئۆپراسیۆنە لەدوای ئۆپراسیۆنی داگیركردنی قوبرس گەورەترین ئۆپراسیۆنی «دەرەوەی سنوور»ە. ئۆپراسیۆنەكە بە بەشداریی ١٣ جەنەڕاڵ، ٣٥ هەزار سەرباز لە رۆژی ٢٠ی ئاداری ١٩٩٥ لە حەفتانین دەستیپێكرد. پارتی بەشداریی لەو ئۆپراسیۆنەدا لەدژی پەكەكە كردو ئۆپراسیۆنەكە ماوەی ٤٥ رۆژ بەردەوام بوو. لەگەڵ ئۆپراسیۆنەكەدا سوپای توركیاو پارتی گەمارۆیان خستە سەر كامپەكان و هاتوچۆكردنیان لێ قەدەغەكردن و رێگای نەدەدا پێداویستییە مرۆییەكان بگاتە دەستی پەنابەرەكان و ئەو گەمارۆدانە بۆ ماوەی ٣ مانگ بەردەوام بوو. خەڵكە پەنابەرەكە ناڕەزایەتیان نیشانداو دەستیان بەخۆپیشاندان كرد، هێزەكانی پارتی تەقەیان لێكردن و ژنێكی پەنابەریان كوشت و ٦ ژنی تریان بریندار كرد. پەنابەرەكان كۆڵیان نەداو دەستیان بەمانگرتن كرد، لە دوای ١٥ رۆژ مانگرتن بەناچار ئاوو خواردن و نان گەیاندرایە پەنابەرەكان و هەر دوو كامپەكەش كرا بەیەك كامپ. لەساڵی ١٩٩٦دا سەرباری شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەكێتی لەلایەك و پارتی و پەكەكە لەلایەكی دیكە، گەمارۆو گوشارەكانی پارتی سەر پەنابەران بەردەوام بوو، لەئەنجامی گوشارەكانی توركیادا پارتی پەنابەرەكانی لەساڵی ١٩٩٧ لەو كەمپە دەركردو پەنابەرەكان بەناچاری رۆیشتن بۆ ناوچەی نینۆڤا، بەڵام هەر بەهۆی گوشارو گەمارۆكانەوە پەنابەرەكان هەر لەو ساڵەدا گواستیانەوە بۆ نەهبەردان، دوای ٢ مانگی تریش دیسانەوە بەهۆی گوشارەكانی توركیاو پارتییەوە پەنابەرەكان لەوێش ئاوارە كرانەوەو بۆ ماوەیەك چونە ناوچەی شێخان و لەئەنجامدا لەساڵی ١٩٩٨ لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە پەنابەرەكان گواسترانەوە بۆ باشووری مەخمور، كە ئەوكات ئەو ناوچەیە لەژێردەستی رژێمی سەدامدا بوو. سەرباری دۆخی سەخت و نیمچە بیابانبوونی باشووری مەخمور، بەڵام پەنابەرەكان لەگوشارو هێرش و گەمارۆكانی توركیا و پارتی رزگاریان بوو! كامپی مەخمور پەنابەرەكانی باكووری كوردستان، كە ژمارەیان زیاتر لە ١٢ هەزار كەس بوون و دوای ٤ ساڵ لەگوشار و گەمارۆو نائارامی لەسەر رووبەڕی ٥ هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە لەباشووری مەخمور بەكەمترین ئیمكانات و پێداویستی دەستیان بەكردنەوەی خانوو و ئاوەدانكردنەوە و رواندن و سەوزكردنی ئەو ناوچە وشكە كرد. قوتابخانەیان كردەوە و منداڵەكانیان فێری خوێندن بەزمانی كوردی كرد. پاسەوانیان لەناو خۆیاندا بۆ خۆیان دیاری كردو پاسەوانیان لەكامپەكە دەكرد. دەستیان كردنەوەی خولی پەروەردەی سیاسیی و نەتەوەیی و مێژوویی و هونەری كرد. كەم بنەماڵەیان هەبوو شەهیدیكیان نەبوو بێت، یان كەسێكیان گەریلا نەبوو بێت، بۆیە نەیاندەویست دووریی جوگرافی و سەختیی ناوچەكە ببێتە هۆی ئەوە لەو ئامانجانە داببڕێن، كە لەپێناویدا ئاوارە بوون. ئەو دۆخە تاهێرشی ئەمریكا و هاوپەیمان بۆ سەر عێراق بۆ رووخانی رژێمی سەدام بەردەوامیی هەبوو. لیژنەی چوار قۆڵی بۆ داخستنی كامپی مەخمور بەهۆی هاوكارینەكردنی توركیا بۆ رووخاندنی رژێم سەدام، توركیا لەعێراقی دوای سەدامدا دۆخی خراپ بوو. تورەكە كرابووە سەر ئەفسەرەكانی لەسلێمانی و رێگاشیان پێنەدا هێز بۆ ناوچەكانی موسڵ و سوننەكانی عێراق ببات. دوای هەوڵێكی زۆر توركیا رێگای بازرگانی و كۆمپانیا جۆراوجۆرەكانی لەعێراقدا بۆ كرایەوە. لەدوای چەند ساڵ هاوكات لەگەڵ هێرشەكانی بۆ سەر پەكەكە دەستیكردەوە بە هەوڵەكانی بۆ گەمارۆدان و داخستنی كامپی مەخمور. توركیا، ئەمریكا و هاوپەیمانانی وا تێدەگەیاندبوو، كە مەخمور بنكەو بارەگای پەكەكەیە و داوای هاوكاریكردنی بۆ لەناوبردنی پەكەكە بە پاساوی «شەڕ لە دژی تیرۆر» و داخستنی كامپی مەخمور كردبوو. بۆ ئەوەش لیژینەیەكی چوار قۆڵیی ئەمریكا و توركیا و پارتی و حكومەتی عێراق لەساڵی ٢٠٠٧ بۆ شەڕ لە دژی پەكەكە و داخستنی كامپەكە دامەزرا، كە بارەگاكەی لەهەولێر. ئەمریكا جەنەڕاڵ راڵستۆنی خانەنیشنی بەئەزمونی لە لیژنەكەدا دانابوو. پارتی خەندەقی بەدەوری كامپی مەخموردا لێداو بۆ ماوەی چەند مانگێك هاتوچۆی بۆ كامپەكە قەدەغە كرد. هاوكات راڵستۆن سەردانی كامپەكەی كرد. ئەنجام ئەوە بوو، كامپەكە بنكەو بارەگای سەربازیی پەكەكە نییەو شوێنێكی مەدەنییە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، بۆیە لەدوای ٦ مانگ راڵستۆن لەلیژنەكە كشایەوە و كامپەكەش دانەخرا و لەساڵی ٢٠٠٨ بەشكستی ئۆپراسیۆنی توركیا لە زاپ، ئەو لیژنەیەش بە عەمەلی كۆتایی پێهات. هەوڵەكانی دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ هاوكات لەگەڵ شەڕی داعش و هێرشی ئەو گروپە بۆ سەر كامپی مەخمورو بەئەنجام نەگەیشتنی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پەكەكە و توركیادا، لەساڵی ٢٠١٥دا توركیا بە زنجیرە هێرشێكی ئاسمانی لە ٢٤ی تەمموزدا دەستی بەهێرشكردنە سەر پەكەكە كردو ئەو شەڕە تائیستا بەردەوامە. لەپاڵ ئەو هێرشانەدا توركیا دیسانەوە كامپی مەخموری كردووەتە ئامانج و دەیەوێت ئەو كامپە دابخات. ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و ژمارەیەك لەبەرپرسانی تری ئەو وڵاتە لە لێدوانەكانیاندا كامپی مەخمور بەبارەگای پەكەكە دەناسێنن و ئەوە لە راگەیاندنەكانیدا زۆر دووبارە دەكرێتەو و هەندێك راگەیاندن و میدیای كوردیش لەهەرێم جاروبار ئەو پێناسەیە بۆ ئەو كامپە دووبارە دەكەنەوە، بەڵام كامپی مەخمور نزیكەی سەدا ٧٠ی دانیشتوانەكەی ژن و منداڵن و ٣ هەزار و ٥٠٠ كەسیان خوێندكارن و هەزارو ٢٠٠ كەسیشیان بەهۆی زۆری تەمەن و دۆخی سەختی ژیانەوە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، كە ئەو دۆخە هیچ پەیوەندییەكی بەكامپێكی سەربازی و چەكدارییەوە نییە. سەرباری ئەوەش توركیا جاروبار بەپاساوی بنكەو بارەگای پەكەكە كامپەكە بۆردومان دەكات و پاسەوانانی كامپەكە و هاووڵاتیانی مەدەنیی ئەو كامپە دەكاتە ئامانج. لەدوایین هێرشی ئاسمانیی توركیادا ٢ پاسەوانی كامپەكە شەهید بوون و زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتی كامپەكەش، كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، بریندار بوون. بەرپرسانی تەندروستیی كامپی مەخمور رایانگەیاندوە، توركیا لەو هێرشەیەدا جۆرێك لەچەك و ژەهری كیمیایی بەكارهێناوە. جیاوازیی كامپی مەخمور و كامپی ئەشرەفی موجاهیدینی خەڵق كامپی موجاهیدینی خەڵق لەپارێزگای دیالە، كە بەكامپی ئەشرەف دەناسرا، بنكەی فەرمی ئەو حزبە بوو. هێزە چەكدارەكان و سەركردایەتیی ئەو حزبە لەو كامپەدا بوون. كامپەكە تەنانەت تانك و تۆپخانە و زرێپۆشی تیادا بوو، كەكاتی خۆی سەدام حوسێن بۆ شەڕ لە دژی ئێران پێی دابوون. ئێران لەدوای رووخانی رژێمی سەدام ئەو كامپەی بۆردومان كرد. چەندجارێكیش تۆپباران و هاوەنبارانی كرد. لە رێگەی گروپە چەكدارەكانی نزیك لەخۆیەوە هێرشی كردەسەری و لە ئەنجامدا گواسترایەوە بۆ كامپی لیبەرتی لەبەغدا و ئێستا براون بۆ وڵاتی ئەلبانیا و لەوێ كامپێكیان لەسەر رووبەری ٣٥٠ هەزار مەتر چوارگۆشە بۆ دروستكردوون، كە ئەوەندەی پاركی ئازادیی سلێمانی دەبێت. رەنگە توركیا بیەوێت ئەو شێوازەی ئێران لەدژی كامپی مەخمور دووبارە بكاتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ توركیا تا ئێستا ئەستەم بووە ئەوە بووە، كە نە هێزی چەكداریی گەریلا و هەپەگە لەکامپەكەدا نین، بارەگای سەركردایەتیی پەكەكە لەكامپەكەدا نییە و بنكە و بارەگای سەربازیش نییە. گەرچی خەڵكی كامپەكە بەهۆی پشتیوانی لە پەكەكەوە ئاوارە بوون، بەڵام ئەو خەڵكە مەدەنین و ئەندامانی پەكەكە هەروەك چۆن سەردانی زۆر شوێن و ناوچەی كوردستان دەكەن بەهەمان شێوە سەردانی ئەو كامپەش دەكەن. سەردانكردنی ئەندامێكی پەكەكە بۆ شوێنێك نابێتە پاساو بۆ ئەوەی توركیا ئەو شوێنە بۆردومان بكات. شوێنێكی وەك كامپی مەخمور، كە خەڵكەكەی ئەگەر ئەندامانی پەكەكەش سەردانیان نەكات، توركیا بەچاوی دوژمن سەیریان دەكات و ئەوەی تائێستا بەرامبەر ئەو كامپەو خەڵكەكەی كردوویەتی ئەوە روون دەكاتەوە، كە توركیا بەچاوی گەریلا سەیری دانیشتوانی كامپەكە دەكات، جا چ منداڵ بن، یان خوێندكار، یان كەسانی بەتەمەنی نەخۆش بن. دیارە ئاسمانی عێراق بەدەست ئەمریكاوەیە و توركیا بەئاگاداریی ئەمریكا ئەو هێرشانە بۆ سەر ئەو كامپە ئەنجام دەدات. نەتەوە یەكگرتووەكانیش بۆ رێگریكردن لەبۆردومانەكان رێوشوێنێكی روونی نەگرتووەتەبەر. ئەو لایەنانە جاروبارێك لەدوای چەند بۆردومانێك داوا لەتوركیا دەكەن خەڵكی مەدەنی نەكاتە ئامانج و سەروەریی عێراق بپارێزێت، توركیاش دوای ماوەیەك دووبارە هێرشەكانی دەستپێدەكاتەوە. كاتێك سەیری مێژوی ئەو كامپە هەڵسوكەوتەكانی توركیا بەرامبەری دەكرێت، دیارە توركیا بەئاگاداریی ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی عێراق و هەولێر ئەو بۆردومانانە ئەنجامدەدات. كوژرانی عوسمان كۆسە و گەمارۆدانی كامپی مەخمور لە ١٧ی تەمموزی ٢٠١٩دا كەسێك بەناوی عوسمان كۆسە لە ریستورانتی حوقەباز لە هەولێر لەلایەن چەند گەنجێكی باكووری كوردستانەوە كوژرا. توركیا دەڵێت، عوسمان كۆسە جێگری كۆنسوڵی توركیا بووە لەهەولێر، بەڵام سەرچاوەكانی نزیك لەپەكەكە و هەندێك لەمیدیاكان بڵاویانكردەوە، عوسمان كۆسە ئەندامی میت بووە و سەرپەرشتیی هێرش و بۆردمانەكانی بۆ سەر پەكەكە كردووە لە باشووری كوردستان. پێشتریش لەناو میتدا بەرپرسی دۆسیەی ئێران بووە. وەك دەوترێت، ئەو پلانداڕێژەری بۆردومانكردنی ئۆتۆمبێلەكەی هەڵمەت غەریب بووە. گەرچی توركیا دەیەوێت عوسمان كۆسە وەك دیپلۆماتكارێك بناسێنێت، بەڵام ئەو دیپلۆماتە دۆخێكی نهێنیی هەبووە و تەنانەت هیچ ئەكاونێكی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نەبووە. پارتی لەدوای كوژرانی عوسمان كۆسە كامپەكەی گەمارۆداوەو لەو كاتەوە تائێستا، كە دەكاتە ٢ ساڵ و ٧ مانگ (٩٤٥ رۆژ) ئەو كامپەی خستووەتە ژێر سەختترین گەمارۆ، كە تائێستا وێنەی نەبووە. پاساوی ئەو گەمارۆیە ئەوەیە، كە یەكێك لەبەشداربووەكان لەكوشتنی عوسمان كۆسەدا دانیشتوی كامپی مەخمور بووە. ئەو پاساوە لاوازە، ناكرێت خەڵكی مەدەنیی شارێك بەهۆی كەسێكەوە سزای بەكۆمەڵ بدرێن و بۆردومان بكرێن، بەڵام دیارە ئەوە لەلای توركیاو ئێران و عێراقی سەردەمی سەدامەوە هیچ گرنگ نەبووە و نییە. بەئاسانی شوێنی مەدەنی بۆردمان دەكەن و خەڵك كوشتار دەكەن. بەتایبەتی تریش شارە كوردییەكان و هاووڵاتیانی كورد دەكەنە ئامانج و دەیانكوژن. رژێمی ئێران لەدوای فتوای خومەینی بۆ هێرشكردنە سەر رۆژهەڵاتی كوردستان بەپاساوی بوونی پێشمەرگە دەستیكرد بە بۆردومانكردنی ناوەندەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و سنە بەتایبەتی و سەدان هاووڵاتی مەدەنیی شەهید كرد. سەدام بەهەمان پاساو هەڵەبجەی كیمیابارانكردو ئەنفالی ئەنجامدا. توركیاش بەهەمان پاساو ناوچەی سووری ئامەد، شەنگال، جزیر، عەفرین، سلۆپی، نسیبین، گرێ سپی، جۆلەمێرگ، سەرێكانی، گەڤەر و زۆربەی ناوچە مەدەنییەكانی كوردستان بۆردومان دەكات. توركیا لەم چەند ساڵەدا زیاتر لە ١٠ جار كامپی مەخموری بۆردومان كردووە. ئێستاش بەهۆی گەمارۆدانیانەوە، خەڵكەكەی لەدۆخێكی سەختدان و پێویستییان بە هاوكاریی مرۆیی و پزیشكی و كار هەیە. بەهۆی رێگریكردن لە رۆیشتنیان بۆ نەخۆشخانە لەهەولێر، دوو لەدایكەكانی كامپی مەخمور لەكاتی دوگیانیان و ساتەكانی نزیك لەمنداڵ بووندا، لەلایەن بازگەی هێزەكانی پارتییەوە رێگرییان لێكراو بەهۆی خوێنبەربوونەوە خۆیان و كۆرپەلەكانیان بەدەم ئازارەوە گیانیان لەدەستدا! هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٥ كەسی ئەو كامپە لەكاتی گەڕان بەدوای كارداو لە رێگای بەغدا بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەكانیانەوە گیانیان لەدەستداوە...