هاوڵاتی هێزە سیاسییە شیعەکانی نزیک لەئێران لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا گورزێکی گەورەیان بەرکەوت و لەبەرامبەردا هێزەکانی تر دەنگیان هەڵکشا کەپێکدێن لە رەوتی سەدرو سوننەکان و سەربەخۆکان. ئەو هێزانەی کە دەنگیان کەمی کردووە هیزی باڵادەستبوون لەعێراق، هاوکات دەنگی هێزە باڵادەستەکانی هەرێمیش کەمی کردووە. ئەمە لەلایەک وەکو تۆڵەی دەنگدەر سەیر دەکرێت لەلایەکی تریشەوە گوماندەخاتە سەر ئاستی بێگەردیی هەڵبژاردنەکانی رابردوو. کێ سەرکەوت و کێ شکا؟ بەپێی دوایین ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان بڵاویکردۆتەوە، هێزە سیاسییە شیعیهكان زیاتر لە ١٣٠ كورسیان بردۆتەوە بەڵام زۆرینەیان بەر رەوتی سەدر کەوتووە. هەروەها هێزە کوردییەکان کورسیەکانیان نزیکدەبێتەوە لە 63 کورسی. هەروەها سەربەخۆکان و لیستە نوێیەکان و پێکهاتەی کۆتاکانیش زیاتر لە ٧٠ کورسیان بەرکەوێت. لەکۆی ١٣٠ كورسی لایهنه شیعیهكان رەوتی سهدری 73 كورسی بەرکەوتووە لەکاتێکدا لەهەڵبژاردنی ٢٠١٨دا سەدریەکان لەژێر ناوی لیستی سائیروندا تەنها ٥٤ کورسیان هێنا. هەروەها دهوڵهتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالکی 37 كورسی، هاوکات لیستی فهتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری 16 كورسی بەرکەوتووە لەکاتێکدا لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨دا ٤٨ کورسی هەبوو. هەروەها لیستی هاوبەشی عهمار حهكیم و حهیدهر عهبادی تەنها 4 كورسیان بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا پێشتر 61 کورسیان هەبوو. هاوکات كوتله سونییهكان 63 كورسیان بهدهستهێناوه بەجۆرێک لیستی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان ٤٣ کورسی، هەروەها لیستی عەزم بە سەرۆکایەتی کەسایەتی دیاری سوننەکان خەمیس خەنجەر ٢٠ کورسی. هەروەها سهرجهم هێزە كوردییهكان لەچوارچێوەی پاریزگاکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێم 63 كورسییان بهدهستهێناوه، ئەوەش بەپێی ئەنجامی بەرایی. کەمکردنەوەی دەنگی لیستی فەتح کە بەلیستی حەشدی شەعبی ناسراوە، هاوکاتە لەکەمكردنەوەی دەنگی هەریەکە لەیەکێتی و پارتی و گۆڕان کە پێکەوە زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگ کەمیان کردووە. ساختەکاریی یان سزادان؟ پێشتر هێزە دەسەڵاتدارەکان تۆمەتبار دەکران بە ئەنجامدانی ساختەکاریی، بەڵام دەوترێت لەم هەڵبژاردنە بوار بۆ ساختەکاری زۆر نەبووە. هاوکاتیش دەنگیان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. لەهەڵبژاردنی ٢٠١٨دا یەکێتی هەر شەش کورسیەکەی کوردی لەکەرکوک بردەوە لەگەڵ زۆرینەی کورسیەکانی سلێمانی، ئەوەش چاوەڕوان نەکراوبوو، چونکە بەرهەم ساڵح کە جێگری سکرتێری ئەو حزبە بوو لیسێکی جیاکردەوە. بەڵام زۆرینەی کورسییەکان یەکێتی بردیەوە، بەرهەم ساڵح و ئۆپۆزسیۆن ئەنجامەکەیان رەتکردەوە رایانگەیاند کە ساختەکاری کراوە. هەروەها هەر لەو ساڵەدا گروپەکانی حەشدی شەعبی دەنگەکانیان هەڵکشان، بەڵام کە لەم هەڵبژاردنەدا ئەوانیش دەنگەکانیان کەمی کردووە، ئەوەش ئەو گومانەی دروستکردووە کە پێدەچیت. جگە لەکەمی بەشداریکردن، هەروەها بوار نەهێشتنەوە بۆ ساختەکاری وایکردبێ هەندێ لایەنی دەستڕۆیشتوو دەنگیان کەم بکات. لەم هەڵبژاردنەدا جگە لەوەی کۆمەڵ و یەکگرتوو لەگەڵ نەوەی نوێ پێکەوە ١٤ کورسییان مسۆگەر کردووە، لەعێراقیشدا هێزە نوێیهكان و سەربەخۆکانیش توانیویانە ببنە ژمارەیەکی گەورە. بەجۆرێک لیستی ئیمتداد کە لیستێکی نوێیەو نوێنەرایەتی خۆپیشاندەرە عێراقیەکان دەکات 10 كورسی هێناوە، هەروەها كاندیده سهربهخۆكانیش 20 كورسیان بهدهستهێناوه، ئەمە جگە لەوەی چەند هێزێکی نوێی دیکەش کورسییان مسۆگەر کردووە. بە رای هەندێک لەچاودێران ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەرسوڕهێنەربووە، کەدیارترینیان کەمکردنی ڕێژەی دەنگەکانی هاوپەیمانی فەتح بووە، هەڵبژاردنەکەش ئەگەرچی کۆمسیۆن سەرپەرشتی کردووە، بەڵام کۆمسیۆنەکە مستەفا کازمی پێکیهێناوە کە بە کەسێکی نزیک لە ئەمریکاو دژی لایەنە شیعەکانی نزیک لەئێران ناسراوە. لیستی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری بەچەتری سیاسی حەشدی شەعبی و فراکسیۆنە ئێرانییەکان لەعێراق دادەندرێت، هاوپەیمانی فەتح لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی 16 کورسی بەدەستهێنا، بەراورد بەهەڵبژاردنی رابردووی ساڵی 2018ـدا، کە 48 کورسی هەبوو ئێستاش 32 کورسی لەدەستداوە. هاوپەیمانییەکە کە ژمارەیەک کوتلەی تێدایە کە دیارترینیان بەدرو عەسائیبی ئەهلی حەقە هیوایان بەئەنجامەکان هەبوو بۆ ئەوەی بەشداری لەپێکهێنانی حکومەتدا بکەن یان تێڕوانینی خۆیان بەسەریدا بسەپێنن، بەڵام ئەوەی روویدا پێچەوانەکەی بوو. دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، تووشی شۆکی کردن. هەریەک لەھاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری، ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی و عەسائیبی ئەھلی حەق بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی و کەتائیب حزبوڵڵا بەسەرۆکایەتی ئەبو حوسێن حەمیداوی رایگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوەو تیایدا ھاتووە «سەرجەم تێبینییەکانمان لەسەر پرۆسەی دەنگدان، پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کردووەو لای خۆیەوە کۆمسیۆن بەڵێنی داوە سەرجەم ئەو کێشانە چارەسەر بکات»، بێ ئەوەی وردەکاری لەبارەی ناوەڕۆکی تێبینییەکان بخرێتەڕوو. لە راگەیەندراوەکەدا ھەروەھا ھاتووە «کۆمسیۆن پابەند نەبووە بەسەرجەم ئەو رێوشوێنە یاساییانەی کە پێشتر رایگەیاندبوو، لەبەرئەوە رایدەگەیەنیین، ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە رەتدەکەینەوەو تانەیان لێدەدەین و ھەموو رێوشوێنێکی گونجاو بۆ بەرگرتن لەیارییکردن بەدەنگی دەنگدەران، دەگرینەبەر». هەروەها شۆکێکی دیکە لەدەستدانی دەنگەکانی رەوتی حیکمەی عەممار ئەلحەکیم و هاوپەیمانی ئەلنەسری حەیدەر عەبادی بوو، کەهەردوولا لەهەڵبژاردنەکانی رابردوودا 61 کورسیان بەدەستهێنا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا تەنها ٤ چوار كورسیان هێنا. فازڵ ئەحمەد، نوسەری دیاری سیاسی بۆ سکای نیوز روونیکردەوە «لەگەڵ ئەوەی رەوتی حیکمە و هاوپەیمانی نەسڕ گرەو لەسەر جەماوەری مەدەنی میانڕەو دەکەن لەبەرامبەر رەوتی سەدرو هاوپەیمانی فەتح، بەڵام ئەوەی ئەوان نەیاندەزانی ئەوە بوو کە خواستەکانی جەماوەر زیاتر لەهەر لایەنێکی کۆن بۆ سەربەخۆکان و لایەنە نوێیەکان بوو.» هەروەها وتیشی «هاوپەیمانییەکەیان هاوپەیمانییەکی شڵەژاوی فکرییە و هەڵوێستەکانی لەسەر میلیشیاکان یان خۆپیشاندان روون نەبووەتەوە، هەوڵەکانیان بۆ رازیکردنی هەموو لایەنەکان، بووە هۆی ناڕەزایی هەموویان». لەکاتێکدا هاوپەیمانی تەقەدوم کە محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی دەکات پلەی یەکەمی لەجوگرافیای سوننەدا هەیە. دەرکەوتنی پارتی نوێ و کاندیدی خۆپیشاندەران دیارترین شۆکی هەڵبژاردنی عێراق، بەدەستهێنانی کورسی بوو لەلایەن ئەو هێزانەی کە لەخۆپیشاندانەکانی جەماوەریدا دەرکەوتبوون، کە لەساڵی 2019ـەوە دەستیانپێکرد، یەکێک لەوانەش پارتی «ئیمتیداد» لە پارێزگای زیقار بەسەرۆکایەتی چالاکوان و خۆپیشاندەر عەلا رەکابی نۆ کورسی بەدەستهێنا. پەیمان مەیاحی، چالاکوان، سەبارەت بەو بابەتە وتی: «ویستی جەماوەر بۆ گۆڕانکاری لەعێراق روون بووەوە، بۆ ئەوەی دەرفەتێک بەڕەوتە نوێیەکان بدرێت بۆ بەشداریکردن لەحکومەت و شکاندنی بنبەستی حزبە کۆنەکان، ئەوەش ئێستا روویداوە، وەک چۆن شۆڕشێکمان بینیوە لەدژی هەندێک لایەنی کۆن». مەیاحی وتیشی «ژمارەی کورسییەکانی لایەنە نوێیەکان زیادی کرد، سەرەڕای بایکۆتی بەرفراوانی هەڵبژاردنەکان و کەمی رێژەی بەشداریکردن و نەبوونی دەرفەتی پێویست بۆ برەودان و پێشکەشکردنی بەرنامەکان بەهۆی زاڵبوونی لایەنە کۆنەکان بەسەر جەماوەر لەڕێگەی پارەو تۆقاندنەوە. هەروەها شۆکێکی دیکەی هەڵبژاردنی عێراق لەهەرێمی کوردستان روویدا و «نەوەی نوێ» 9 کورسی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا «گۆڕان» نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەستبهێنێت. هەر لەم هەڵبژاردنەی دوایی ژمارەیەك لە کەسایەتیەکانی ناو خۆپیشاندانەکان و کەسانی سەربەخۆ لەپارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور بوونەتە خاوەنی كورسی پەرلەمان. لەنەجەف 5 كورسی بەر خۆپیشاندەران و سەربەخۆكان كەوتووە لەهەندێ پارێزگای تری باشور 10 كورسی و لەتێكڕای شارو بازنەكانی عێراقیش چەند سەربەخۆو كورسییەك بەر ئەو هێزانە كەوتووە كە لەدەرەوەی حزبە گەورەكان كێبركێیان كردووە، ئەمەش یەكەم دەرفەت و ئەزموونە لەپاش چوار خولی پەرلەمان. لەشەقامی عەرەبی سوننە و لەشارو بازنەكانیان ركابەری سەخت لەنێوان بەرەكەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان و هاوپەیمانێتی عەزمی خەمیس خەنجەردا بوو، بەگوێرەی ئەنجامەكان حەلبوسی كە سەرۆكایەتی پەرلەمانی بەدەستەو لە بەغداو ئەنبار و پارێزگاكانی تر پێگەی هەیە بە 43 كورسی دوو هێندە زیاتری بەرەی خەنجەری بەدەستهێنا كە 20 كورسییە. لەپەنا ئەم دوو بەرەیەشدا هەندێ وردە هێزی سوننە لەسەڵاحەدین و نەینەوا كورسییان بردووە بەمەش قەبارەی سوننەكان نزیكبووەتەوە لەئاستی چاوەڕوانكراوی خۆیان كە دەوروبەری 70 كورسیی بوو. هەڵبژاردن بەشیوەی فرە بازنەیی هەلی زیاتری دایە سوننەکان کورسیەکانیان لەناو ئەو پارێزگایانە زیاد بکەن کە تێکەڵەیەکە لەسوننەو شیعە، هاوشێوەی بەغداو پارێزگاکانی دیالەو سەڵاحەدین، چونکە لە سیستمی پێشووی یەک بازنەیی پارێزگاکاندا ئەگەر دەنگدەرە سونیەکان کەمتر بەشداربوونایە زۆرینەی کورسیەکان بۆ شیعەکان یەکلایی دەبووەوە.
عەمار عەزیز لەسنوری پارێزگای دهۆك پارتی دەنگ و كورسییەكانی كەمیكردووەو هەشت كورسی بەدەستهێناوە، هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی) و یەكگرتوو دەنگەكانیان زیادی كردووەو سێ كورسی پارێزگاكەیان مسۆگەر كردووە. پارێزگای دهۆك 11 كورسی بۆ دانرابوو، بەپێی دەرئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە رۆژی دووشەممەی رابردوو راگەیەندرا تێیدا پارتی هەشت كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی دوو كورسی و هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی) كورسییەكی بەدەستهێناوە. قادر حەسەن، جێگری مەڵبەندی چواری یەكێتی لەبادینان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت»: لە دوو بازنە دەنگەكانمان گەیشتووەتە 26 هەزار، لەبازنەكانی تریش نزیكەی حەوت هەزار دەنگمان هەیە، بەگشتی 33 هەزار دەنگمان بەدەستهێناوە، ئەمە دووەمجارە بادینان دەبێتە خاوەن كورسییەكی پەرلەمانی عێراق». ناوبراو پێشیوابوو كە لەكاتی بانگەشەدا بەرنامەیەكی زۆر رێكوپێكیان داناوەو هەموو هەوڵێكیان داوە بۆ ئەوەی دوو كورسی بەدەستبهێنن، بەڵام بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆن تەنیا یەك كاندیدی هاوپەیمانی لەبازنەی (ئاكرێ ، شێخان ، بەردەرەش ) كە سەر بەیەكێتیە دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق. لەساڵی 2018 پارتی لەبازنەی دهۆك و ئامێدی 132 هەزار و دووسەدو یەك دەنگی هێناوە، لەم هەڵبژاردنە 76 هەزارو دووسەد و نەوەد و شەش دەنگی هێناوە، لەبازنەی ئاكرێ، بەردەرەش، شێخان لەساڵی 2018، 82 هەزارو دووسەدو نەوەدو شەش دەنگی هێناوە، لەم هەڵبژاردنە 67 هەزارو نەوەدو سێ دەنگی هێناوە، لەبازنەی زاخۆ، سێمێل، 103 هەزار دەنگی هێنا، لەم هەڵبژاردنە 52 هەزارو حەوت سەد و هەشتاو حەوت دەنگی هێناوە . خالد ئەحمەد ، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لەلقی 1ی پارتی لەدهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «لەهەڵبژاردنی 2018 پارتی لەسنوری پارێزگای دهۆك 318 دەنگی هێنا، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە هێشتا دیار نیە كەچەند دەنگمان هێناوە، هەشت كۆرسیمان هێناوە، بەڵام لە 2018 ژمارەی كۆرسیەكانمان 10 كورسی بووە». رێژەی بەشداریكردنی خەڵك لەسنوری پارێزگای دهۆك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەراورد بەهەولێرو سلێمانی زیاتر بووەو گەیشتبووە لەسەدا 52و نیو. خالد ئەحمەد پێیوابوو كە كەمبوونەوەی دەنگەكانیان بۆ هاوپەیمانی پارتەكان دەگەڕێتەوە كە بەتەنها كێبڕكێی 11 كورسیەكەیان كردووەو لەبەرامبەردا تەواوی حزبەكان كێبڕكێیان كردوون، وتیشی:» پارتی لەگوڕانكاری ناترسێت، پێش دوو مانگ دوو بەرپرسی لق لەسنوری پارێزگای دهۆك گۆڕدراون ، ئەم پرۆسەیە لەپێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام دەبێت، هەركاتێك بەپێویستی بزانێت گوڕانكاری بكات بەبێ دوودڵی دەیكات». یەكگرتووی ئیسلامی لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك كورسیەكی زیاد كرد، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی دەنگەكانیانەوە لەو پارێزگایەدا كە هەریەك لە جەمال كۆچەرو عومەر كۆچەر بوونە پەرلەمانتاری عێراق. سەباح عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك سەر بەیەكگرتوو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «هیچ رێككەوتنێكی فەرمی و ئیمزاكراو لەنێوان ئێمە و لایەنەكانی تر نەبووە، بەڵام سەردان و لێكتێگەیشتنمان هەبوو لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری، قسەمان لەگەڵ كۆمەڵ كردووە وتمان ئێوە هیچ كاندیدێكتان نیەو فیكرەی ئێوە نزیكە لەئێمە بۆیە حەزدەكەین دەنگ بەكاندیدانی ئێمە بدەن، ئەندامان و لایەنگرانی كۆمەڵ دەنگیان داوە بەكاندیدانی یەكگرتوو لەبادینان «. سەباح عەلی پێشیوابوو هۆكاری زیادبوونی دەنگەكانیان بۆ ناڕازیی و توڕەیی خەڵك دەگەڕێتەوە بەرانبەر دەسەڵات كە یەكگرتوو ئەمجارە زیاتر لە 73هەزار دەنگیان هێناوە.
شاناز حەسەن لە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، بایكۆت و سوتاندنی دەنگ لەدەنگی حزبەكان زیاتر بووەو بەو هۆیەوە لایەنەكان بەژمارەیەكی كەمی دەنگەوە كورسییان بردووەتەوە. لەهەڵبژاردنی ئەم جارەدا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بایكۆتیان كرد و دەنگیان نەدا كە رێژەیان 59٪ی كۆی گشتی ئەو كەسانە بوو ناویان بۆ دەنگدان هاتبووەوە. رۆژی 10/10/2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كرا كە لەكۆی 22 ملیۆن و 116 هەزار و 368 كەس كە ناویان بۆ دەنگدان هاتبووەوە، نۆ ملیۆن و 77 هەزار و 779 كەس دەنگیان دا كە 41٪ی هاووڵاتیان بەشداربوون. هەڵبژاردن و بایكۆت و قسەی رێكخراوەكان: چەندین رێكخراو چاودێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان كرد كە لە 10ی تشرینی یەكەمی رۆژی یەكشەممە ئەنجامدرا، پەیمانگای كوردی بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان یەكێك بوو لەو رێكخراوانەی كە لەسنوری پارێزگای سلێمانی 403 چاودێریان هەبووە. ئارام جەمال، ئەندامی پەرمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن لەسنوری پارێزگای سلێمانی، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد بەپێی ئەو هەڵبژاردنانەی كە لە 2005وە تائێستا چاودێری دەكەن، یەكەم هەڵبژاردنە كە هیچ تەزویرێكی وا نەبووە كەكاریگەری هەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، تەنیا هەندێك شتی ورد هەبووە، چونكە بەراورد بەهەڵبژاردنی 2018 زۆر جیاواز بووە. ئارام جەمال وتیشی:» ناتوانین بڵێین بایكۆت براوە بووە، چونكە بایكۆت كاتێك براوە دەبێت كە لەسەر كارتی دەنگدانەكە بنووسرێت بایكۆت واتە لەو كاتەدا دەتوانین بڵێین زۆرینەیە، بۆیە كە خەڵكێك هەر ناچێت بۆ دەنگدان چۆن دەتوانین بڵێین بایكۆتی كردووە». بەپێی ئاماری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژارنەكان رێژەی دەنگدان لەسەرتاسەری عێراق لەسەدا 37 بووە و هەشت هەزار و 37 چاودێریان هەبووە. لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانەوە لەئامارێكی تۆڕەكەیاندا ئەوەیان باسكردووە كە 281 بنكە لەكاتی خۆیدا نەكراوەتەوە و 443 حاڵەتی وەستانی ئامێرەكان هەبووە، 783 بنكەو وێستگە چاودێران و نوێنەری پاڵێوراوەكان دورخراونەتەوە و 543 حاڵەتی بردنە ژوورەوەی موبایل تۆمار كراوە و ژمارەی ئەو كەسانەی دەنگیان داوە بەپێی ناسنامەی دووەم 703 حاڵەت بووە، راوەستانی بنكەی دەنگدان بەشێوەیەكی فەرمی 480 حاڵەت بووە كە پرۆسەكە وەستێنراوە و 387 حاڵەتی سوریان تۆمار كردووە كەدەچنە خانەی دەنگدانی بەكۆمەڵەوە. هۆگر چەتۆ، رێكخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژارنەكان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەڕاپۆرتی خۆماندا ئەوەمان خستۆتەڕوو كە هەڵبژاردنەكان بەئارامی بەڕێوەچووە و كۆمسیۆن لەبابەتی سەرپەرشتی كردنی پرۆسەكە سەركەوتوو بووەو قەبارەی ئەو رووداوانەی كە ڕوویانداوە ناگاتە ئەو ئاستەی گومان بكاتەسەر دەرئەنجامەكان». هۆگر چەتۆ پێشیوابوو كۆی سكاڵاكان لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت، لەسەدا 95ی دەرئەنجامەكان راگەیاندراوەو ئەو رێژەیەی كەباسكراوە كاریگەری دەبێت بەپێی جۆری سكاڵاكە، وتیشی:» بۆیە سكاڵا هەیە لەناوچەیەكی جوگرافی كە ئیسپات بووە بەزۆر خەڵكیان دورخستۆتەوە لەدەنگدان ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەو ناوچەیە ئیلغاكراوەتەوە». «بەپێی ئەو سكاڵایانەی ئێستا رەنگە كانیدەدكان ئاڵوگۆڕیان پێ بكرێت بەپێی ئەنجامەكان، بەڵام ئەنجامەكان ئەوەندە خراپ نەبووە تا كاریگەری لەسەر كۆی پرۆسەكە هەبێت»، رێكخەری تۆڕی شەمس وا دەڵێت. لەلایەكی دیكەوە، ئەكرەم قادر، بەرپرسی گشتی هەڵبژاردن لەڕێكخراوی تەمموز، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»پێشێلكاری هەر دەبێت و هەبووە، بەڵام زۆر كەمتر بووە لەچاو هەڵبژادنەكانی پێشووتری عێراق و هەرێم، بەڵام لەهەمووی گرنگتر پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێم وایكرد كەبەشداری هاووڵاتیان بۆ دەنگدان زۆر كەمبێت، كەبەداخەوە كەمترین رێژە لەسلێمانی بوو كەگرنگترین هۆكاری نەگونجاوی هاوپەیمانەتییەكان و كێشەی لایەنە سیاسییەكان بووە». پارتی لەسلێمانی و یەكێتی و كۆمەڵ لەهەولێر سكاڵا تۆمار دەكەن هەندێك لەلایەنە سیاسییەكان لەدوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان و پێش یەكلاكردنەوەی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان رایانگەیاند پێشێلكاری زۆر كراوەو تائێستا ژمارەیەك سكاڵایان تۆمار كردووە. بەپێی بڕیاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و یاسای هەڵبژاردنەكان لەماوەی 72 كاتژمێری دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان لایەنەكان دەتوانن سكاڵا پێشكەش بكەن و كۆمسیۆنیش لەو ماوەیە وەڵامیان دەداتەوە. یەكێك لەو لایەنانەی كەزۆرترین سكاڵای تۆماركردووە پارتی دیموكراتی كوردستانە كەزیاتر لە 28 سكاڵای تۆماركردووە. هاوار محەممەد، ئەندامی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی بەهاوڵاتى وت: «ئێمە لەسنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان و نەینەوا سكاڵامان تۆماركردووە و ناوەڕۆكەكانیان زۆر بەهێزە، چونكە بەپێی ئەو راپۆرتەی لەلایەن كۆمسیۆنەوە بەبریكاری لایەنە سیاسییەكان دراوە، ئەنجامەكانی جیاوازن لەوەی كەئێستا لەلایەن كۆمسیۆنەوە راگەێندراوە». هاوار محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەكرد سكاڵاكانیان بەڵگەی تەواو پشتڕاستكەرەوەیان هەیەو وتی:» بێگومان دەرئەنجامی زۆر كاریگەری لێدەكەوێتەوە كە بەشێوەیەكی راست و دروست لێكۆڵینەوەی تێدابكرێت». لەهەمانكاتدا، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی، جەخت لەوەدەكاتەوە لەهەندێك بازنەی هەولێر پێشیلكاری و خروقات كراوە و سكاڵایان تۆمار كردووە. حاجی مەسیفی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لەهەولێر لەبەشی زۆری بنكەو وێستگەكان پێشێلكاری كراوەو پێشتر ئامادەكاری كراوە ئامێرو دەنگەكان ئامادەكراون، بەڵگەش بۆ ئەوە چاودێرەكان بۆ چەند كاتژمێرێك دەركراون و دواتر گەڕێنراونەتەوەو دەرئەنجامی میمۆری و سندوقەكان جیاوازی زۆرە و سكاڵامان كردووە». حاجی مەسیفی، ئەوەشی دووپاتكردەوە كەچاوەڕێی وەڵامی كۆمسیۆنن بۆ سكاڵاكەیان و ئەنجامی دیاریكراویان دەوێت و بەڵگەی تەواویان لەبەردەستدایە. هاوكات، بێستون حەمەساڵح، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردن و ئاماری كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى، هێمای بۆ ئەوەكرد كە بەهیچ جۆرێك لەپرۆسەی دەنگدان رازی نیین و دەنگەكانیان بەشێوازێكی راست و دروست نەگەڕاوەتەوە»چاوەڕێی ئەنجامی سكاڵاكانین و دوای ئەوەی گەیشتنە ئەنجامی واقیعی و دروست، هەڵوێستمان دەبێت». بێستون حەمەساڵح پێشیوابوو لەبازنەی چواری هەولێر كاندیدەكەیان عەبدولستار مەجید كورسی بەدەستهێناوەو دەنگەكانیان زیاترە لەوەی راگەیاندراو
هاوڵاتى پەیوەندییەكانی ئێران و ئازەربایجان تەمەنیان لەسەدەیەك زیاترە، بەڵام قەرەباغ و ئیسرائیل و توركیا پەیوندیی دۆستانەی ئەو دوو وڵاتە بەرەو دوژمنایەتی بردووە و دوور نییە نمایشی سەربازیی ئێران بۆ جەنگ لەدژی باكۆ بگۆڕدرێت. ئێران لەئێستادا دەستیكردوە بە نمایش و مانۆڕی سەربازیی لەسنورەكانی ئازەربایجان و سەرۆكی ئازەربایجانیش دەڵێت (30) ساڵە هەڵسوكەوتی لەو جۆرە لەتاران بەدی نەكراوە بەرامبەر باكۆو ئەوەش مایەی نیگەرانییە. پێگەیەكی هەواڵگریی ئیسرائیل ئاشكرای كردووە كە بنكەیەكی نهێنی دروستكردنی موشەك لەئێران كراوەتە ئامانج كە زیانێكی زۆری پێگەیشتووە و سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش پێیوایە ئەو بنكە موشەكییە لەخاكی ئازەربایجانەوە كراوەتە ئامانج، چونكە ئیسرائیل ماوەی چەند ساڵێكە خاكی ئازەربایجان دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بەكاردەهێنێت. هاوپەیمانیی نێوان توركیا، پاكستان و ئازەربایجان و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی (سێ برا) و بوونی بنكەی سەربازیی ئیسرائیل و جێگیربوونی چەكدارانی داعش لەسنوورەكانی نێوان ئازەربایجان و ئێران، وای كردووە سوپای ئێران نمایشە سەربازییەكی وەك جەنگ لەدژی جولەكە ناوزەد بكات. هەروەها لەگەڵ ئەو نمایشە سەربازییەش دانانی سێ مەسینە بە رەنگی ئاڵای ئێران لەبەردەم باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەباكۆ توڕەیی تارانی لێدەكەوێتەوە پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە دۆست و دراوسێیەی بەرەو ئاڵۆزیی بردووە. ئێران بۆ لەدۆستەوە دەبێتە دوژمنی ئازەربایجان ئێران و ئازەربایجان زیاتر لە (432) كیلۆمەتر سنوری هاوبەشیان هەیەو ژمارەی دانیشتوانی ئازەربایجان كە زۆرینەیان تورك زمانن و (85%)یان شیعەن لە رووی كۆمەڵایەتی و كەلتورییەوە پەیوەندییەكی قوڵیان هەیە لەگەڵ هاووڵاتیانی تورك لەئێران كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی (15) ملیۆن كەس. ئەوانیش هاوشێوەی ئازەرییەكان زۆرینەیان شیعەن و تەنانەت رەچەڵەكی خۆیان بە ئازەری دەزانن بەتایبەت كە ئازەربایجان دوو سەدە پێش ئێستا بەشێك بووە لەخاكی ئێران، بۆیە زۆر ئاساییە پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە دۆستانە بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە كە وڵاتێكی وەك ئیسرائیل بۆ بكرێتە بیانوی سەرەكیی تێكچونی پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە، دۆستایەتیی (200)ساڵە بۆ دوژمنایەتیی بگۆڕدرێت. ئیسرائیل ساڵی (2019) رێككەوتنێكی سەربازیی، ئەمنیی و هەواڵگریی بە رەسمی لەگەڵ كۆماری ئازەربایجان ئیمزا دەكات و ئەوەش كۆماری ئیسلامی ئێران نیگەران دەكات. لەلایەكی دیكەوە سایتی ویكی لیكس ئاشكرای دەكات كە لەساڵی (2009) ئیسرائیل رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆماری ئازەربایجان كردووە كە بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت باكۆ لەبەرەی جەنگ لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بێت و پابەند بێت بە رێككەوتنەكەوە. لەگەڵ ئیسرائیل وڵاتی توركیاش لەجەنگی قەرەباغ دژی ئەرمینیا پشتیوانیی خۆی بۆ ئازەربایجان راگەیاندو ئەوەیش بەواتەی ئەوە دێت كە ركابەرە دێرینیەكەی ئێران جیاواز لەكۆماری ئیسلامی بەبێ گوێدانە ئایین پشتیوانیی لەئازەرییە توركەكان دەكات، بۆیە پەیوەندیی و ململانێ مێژووییەكانی توركیا و ئێران پێچەوانەی رابردوی عوسمانییەكان و سەفەوییەكان، ئەمجارە لەسەر بنەمای نەتەوەو رەچەڵەك خۆی لەئازەربایجان دەردەخات نەوەك ئایین و مەزهەب. هەستیاریی ئێران بەرامبەر بەتوركیا لەپشتیوانیی ئازەربایجان بە رادەیەكە كە خوێندنەوەی هۆنراوەی شاعیرێكی ئێرانی سەبارەت بە رووباری ئاراس لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ پشتیوانی لە ئازەربایجان لەدەستبەسەرداگرتنی ناوچەی قەرەباغ بووە مایەی كاردانەوەی توندی ئێران و دواتر دەركەوت ئەردۆغان هۆنراوەكەی بەهەڵە خوێندوەتەوەو تەنانەت ئێرانیش كەوتبووە هەڵەوە كە بەشێك لەو هۆنراوە پەیوەندیی تەنها بەو شاعیرەی ئێرانەوە نەبووە كە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناوی هێناوە. مانۆڕەكەی ئێران جەنگە لەدژی ئیسرائیل سوپای رەسمیی ئێران (ئەرتەش) و هێزە چەكدارەكانی دیكەی ئێران لە رۆژی هەینی (1/10/2021) نمایشێكی سەربازیی گەورەیان بەناوی (سەركەوتووانی خەیبەر) دەستی پێكرد كە ئەو ناوە رەگ و ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی سوپای موسوڵمانان لەدژی جولەكەكان لەساڵی حەوتەمی كۆچی لەخەیبەر، چونكە خەیبەر ببووە چەقی پیلانی جولەكەكان دژی موسوڵمانان و هەر بەم هۆیە لەلایەن سوپای موسوڵمانانەوە دەستی بەسەرداگیرا، بۆیە ئەو مانۆڕە سەربازییەی ئێران بەو ناوەوە ئاماژەیەكی روونە كە بۆ دژایەتیی ئیسرائیلە. كەیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای ئێران لەلێدوانێكدا لەگەڵ دەستپێكردنی مانۆڕی سەركەوتووانی خەیبەر رایگەیاند پەیامی ئێران لەئەنجامدانی ئەو مانۆڕە لەسنورەكانی باكوری رۆژئاوای وڵاتەكە روونە و پێویستە چەك و كەرەستە نوێیەكان تاقی بكەینەوە. ئیلهام عەلێڤ، سەرۆك كۆماری ئازەربایجان ئەو مانۆڕەی بەنامۆ و مەترسیدار ناوبردو رایگەیاند:» ئێران دوای (30) ساڵ بیری كەوتووەتەوە مانۆڕی سەربازیی لەسنوری ئازەربایجان ئەنجام بدات، بۆیە ئەو مانۆڕە جێی گومان و نیگەرانیی ئێمەیە». گروپی ئیمەیج سات ئینتێل (imagesatintl) كە تایبەتە بەزانیاریی ئاسمانی و هەواڵگریی وڵاتی ئیسرائیل ژمارەیەك وێنەی مانگی دەستكردی لەبنكەیەكی موشەكی ئێرانی بڵاوكردوەتەوە كە بەشێكی بەتەواوەتی لەناوچوە و ئاشكرای كردووە ئەو بنكەیە شوێنی دروستكردنی موشەكی بالیستی سوپای پاسدارانی ئێران بووە و لەلایەن ئیسرائیلەوە كراوەتە ئامانج و یەك لەسەر چواری ئەو شوێنە وێران بووە. هاوكات میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە كە ئەو شوێنە ناوەندێكی تایبەت بە تووێژینەوە و لێكۆڵینەوەی پیشەسازی و تەكنەلۆژیای سوپای پاسداران بەناوی (شەهید هیمەت) بووە كە بەهۆی ئاگركەوتنەوەوە دوو كەس تێیدا كوژراون. لەساڵی (2019) ئەو بنكەیە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا بەهۆی بەرنامەی موشەكیی ئێرانەوە خستبووە لیستی سزادانەوە. ئێران گومانی هەیە ئەو هێرشە لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئەو بنكە موشەكییە ئەنجامدرابێت كە ماوەی چەند ساڵێكە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئیسرائیل لەخاكی ئازەربایجانەوە بەرەو خاكی ئێران دەفڕن و چاودێریی جموجۆڵە سەربازییەكانی ئێران دەكەن. باج و گومرگ ئێران تووڕە دەكات بەپێی زانیارییەكان دوای ئەوەی ساڵی رابردو ئازەربایجان توانی دەست بەسەر ناوچەی قەرەباغدا بگرێت ئاگربەستی لەگەڵ ئەرمینیا راگەیاند، بەڵام ئازەربایجان ژمارەی چەك و سەربازەكانی خۆی لەسنوری ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد كردووە و ئەو رێگە سەرەكییەی كە ئێران و ئەرمینیا پێكەوە گرێ دەداتەوەو نزیكەی (21) كیلۆمەترە كەوتووەتە دەست ئازربایجان و سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە ئێرانیانەی كە كاڵا و شتومەك بۆ ئەرمینیا دەگوازنەوە دەبێت بەو رێگایەدا تێپەڕن و لەمانگی رابردووشەوە حكومەتی ئازەربایجان باج و گومرگی بۆ هەر بارهەڵگرێك لە (100) دۆلار بۆ (150) دۆلار زیاد كردووە. ئیلهام عەلێڤ بەئاژانسی هەواڵی (ئەنەدۆڵ)ی توركیای راگەیاندووە زیاتر لە (60) بارهەڵگری ئێرانی بەشێوەیەكی نایاسایی چوونەتە ناوچەی قەرەباغ و باج و گومرگیان رادەستی حكومەتی ئازەربایجان نەكردووە، بۆیە پێویستە ئەوان لەوە تێبگەن بە خاكی هەر وڵاتێكدا تێپەڕ ببن دەبێت باج و گومرگ بدەن. دوای ئەوەی ئازەربایجان لەمانگی هەشتی ئەمساڵدا رایگەیاند لەسنوری نێوان ئەرمینیا و ئێران سەربازێكی وڵاتەكەیان لەلایەن سەربازێكی ئەرمینیاوە بریندار كراوە باكۆ رێگای (گوریس قاپان) لەسنورەكانی خۆی بەڕووی بارهەڵگرو پاسە گەشتیارییەكانی ئێران كەدەیانویست بڕۆنە ئەرمینیا داخست و دوو شۆفێری ئێرانیی بەتۆمەتی سەرپێچی لەبڕیارەكە دەستگیركرد، ئەوەش ناڕەزایەتیی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لێكەوتەوە داوای ئازادكردنی ئەو دوو شۆفێرە ئێرانییە كرا كە تائێستاش ئازاد نەكراون لەزیندانێكی باكۆ دەستبەسەرن. رێگای گوریس قاپان كە نزیكەی (21) كیلۆمەترە دەكەوێتە ناوچەی قەرەباغەوەو نزیكەی ساڵێكە لەلایەن حكومەتی ئازەربایجانەوە بەڕێوەدەبرێت و هەر بارهەڵگرێك یان ئۆتۆمبێكی ئێرانی پێویستە بەو رێگایەدا بڕواتە یەریڤان-ی پایتەختی وڵاتی ئەرمینیا لەبەرامبەردا باج و گومرگ رادەستی حكومەتی ئازەربایجان بكات لەكاتێكدا پێشتر حكومەتی ئەرمینیا هیچ بڕە باج و گومرگێكی لە ئۆتۆمبێلە ئێرانییەكان وەرنەگرتووە بۆیە ئێرانییەكان پێیان وایە ئازەربایجان لەژێر كاریگەریی توركیاو ئیسرائیل باج و گومرگ لەو وڵاتە وەردەگرێت. مەسینە و موشەك ململانێكانی ئازەربایجان دوای ئەوەی ئێران دەستیكرد بەمانۆڕە سەربازییەكەی لە سنوری ئەو وڵاتە قوڵتر بووەوە و لە نوێترین كاردانەوەدا رۆژی هەینی عەباس موسەوی، باڵیۆزی ئێران لەباكۆ رایگەیاند دەستدرێژی و بێڕێزی كراوە بە باڵیۆزخانەكەیان و چەند مەسینەیەك بە رەنگی سەوزو سپی و سور بەواتای ئاڵای ئێران لەبەردەم دەرگای باڵیۆزخانەكە دانراون. پۆلیسی ئازەربایجان لەیەكەم كاردانەوەی بەلێدوانی موسەوی رایگەیاند چوار كەس بەهۆی بێڕێزیی بە باڵیۆزخانەی ئێران لەئازەربایجان دەستگیركراون. دانانی ئەو مەسینانە لەبەردەم باڵیۆزخانەكەی ئێران هاوكات بوو لەگەڵ ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی ئەو وڵاتە لەسنوری ئازربایجان كە بەپێی لێدوانی بەرپرسانی سەربازیی ئێران تەكنەلۆژیای نوێی موشەكی و سەربازیی تێدا تاقیكراوتەوە. سێ برا دژی ئێران ئێران پێیوایە ئیسرائیل بەشداربووە لەو مانۆڕە سەربازییەی كە لە رێككەوتی (12/8/2021) بەناوی (سێ برای 2021) لەنێوان پاكستان و ئازەربایجان و توركیا بەڕێوەچوو، بۆیە لەوكاتەوە بەهەستیاریی زیاتر مامەڵە لەگەڵ ئازەربایجان دەكات و تەنانەت ئەو نمایشە سەربازییەی سێ وڵاتەكەی بەمانۆڕی چوار برا ناوەزد كرد وەك ئاماژەیەك بە بەشداربوونی ئیسرائیل لەمانۆڕی سێ برادا. بەرپرسێكی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا)ی راگەیاندووە ئەو مانۆڕە سەربازییەی مانگی رابردووی نێوان چوار وڵاتی (ئیسرائیل، توركیا، پاكستان، ئازەربایجان) بە مەبەستی ئەوە بووە كە كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەكە هەستیار بكەنەوە و پەیامێك بووە بۆ كاردانەوەی تاران، بۆیە لەبەرامبەر ئەو مانۆڕەدا سوپای ئێران مانۆڕی سەركەوتووانی خەیبەر ئەنجامدەدات. بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسە بۆ ئیسنا كەناوی بڵاونەكراوەتەوە؛ لەماوەی جەنگی (44) رۆژەی نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان ژمارەیەك چەكداری داعش لەسوریاوە هێنراونەتە سنورەكانی ئێران و ئەوەش واتای ئەوەیە ئازەربایجان هێڵە سوورەكانی تێپەڕاندووە و لەژێر كاریگەریی ئیسرائیل ئەو كارانەی دژی خاكی ئێران ئەنجامداوە لەبەرامبەردا كۆماری ئیسلامی ئێران وەك براگەورەیەك كەزیاترین خەڵكی شیعە لەخۆدەگرێت و ئازەربایجانیش زیاترین شیعەی تێدا نیشتەجێیە، تاران تەنها هۆشداریی بە باكۆ داوە و هیچ كاردانەوەیەكی توندی بەرامبەر ئەو وڵاتە نەبووە. ئەو بەرپرسەی كۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەوە كردووەتەوە كە وڵاتەكەی دانی بەخۆیدا گرتووەو گەورەیی نواندووە كە تائێستا هاوشێوەی ئازەربایجان هەڵسوكەوتی نەكردووە كە ئەوەش بەواتای لاوازیی ئێران نییە. لەلایەكی دیكەوە محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە مانۆڕی سەركەوتووانی خەیبەر پەیامێكی روون و ئاشكرایە بۆ دراوسێكان كەكۆماری ئیسلامی ئێران هەر جۆرە گۆڕانكارییەك لەسنورەكانی بەهێڵی سوور دەزانێت. ئێران و جەنگی خەیبەر هەستیاربوونەوەی ئێران لەناوچەكەدا و بەتایبەت لەسنورەكانی باكوری رۆژئاوای وڵاتەكەی ئاماژەیە بەو گورزە كاریگەرانەی كە لەلایەن وڵاتی ئیسرائیلەوە بەری كەوتووە چونكە وێناكردنی ئەو مانۆڕە سەربازییەی لەسنوری ئازەربایجان بەجەنگی موسوڵمان لەدژی جولەكە ئاماژەیەكی روونە كە دەیەوێت ئیسرائیل وەك كاراكتەرێكی سەرەكی تێكدانی گەمەكان لەناوچەكەدا پێناسە بكات و بەو بیانوەشەوە هێزی سەربازیی خۆی زۆر زیاتر لەجاران پیشان بدات و پێشوەختە ئەو پلانانە پووچەڵ بكاتەوە كە پێدەچێت لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەكەدا بەڕێوەبچێت چونكە ئێران لەئێستادا گیرۆدەی قەیرانی قووڵی ئابورییە و توانای بۆ بەڕێوەبردنی جەنگێكی چەند لایەنەی سەربازیی سنوردارە، بەڵام دەیەوێت لە رێگەی جوڵاندنی هەستی ئاینیی موسوڵمانانەوە لەدژی ئیسرائیل، ئەو وڵاتە رووبەڕووی فشار بكاتەوە بەهیوای ئەوەی تاران لەقەیرانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان دەرباز ببێت.
عەمار عەزیز ئێزیدییەكان ماوەی چەند مانگێكە كۆچكردنیان بۆ گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا دەستی پێكردووەتەوەو لەماوەی دوو مانگدا زیاتر لەسەد ئێزیدیی لەڕێگەی بیلاڕوسیاوە هەوڵی گەشتن بۆ ئەوروپا دەدەن. ئاماری ئەو ئێزدییانەی كۆچ دەكەن بۆ دەرەوەی وڵات بەرز دەبێتەوە و لەنوێترین ئاماریشدا تەنها لە دوو مانگی رابردوو 100 ئێزیدی كۆچیان كردووە ، ئەمە لەكاتێدایە لە 2014 تائێستا ژمارەكە گەیشتووەتە سەرووی سەد هەزار كەس . لەدوای رووداوەكانی داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە، ئێزیدیەكان بوون بەچەند بەشێكەوە، بەشێكیان خۆیان گەیاندە هەرێمی كوردستان و بەشێكی لەشاخی شەنگال مانەوەو بەشێكیشیان بوونە قوربانی دەستی داعش، ئەوانەی خۆیان گەیاندە هەرێم زۆربەیان روویان لەوڵاتانی ئەوروپا كردووە. ڤینۆس حەسەن، تەمەن 29 ساڵ لەگەڵ خوشكەكەی سێ مانگ پێش ئێستا كۆچیان كردووەو بە هاوڵاتی وت: « لە كۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ لەگەڵ قاچاغچیەك رێككەوتین تا ئێمە بگوازێتەوە بۆ لیتوانیا و دواتر بچینە ئەوروپا، سەرەتا چووینە بەغدا دوای دوو رۆژ بەفرۆكە گەیشتینە بیلاڕوسیا، سێ رۆژ لەوێ بووین و رۆژی 5ی حوزەیران بە ئۆتۆمبێل چووینە سنوری لیتوانیا «. ڤینۆس باسی لەوەشكرد دوای گەیشتنیان بە لیتوانیا لەوێوە ناچاربووین دابەزین و بەدارستانێكدا بەناو خاكی لیتوانیا رۆیشتوون، لەنزیك گوندێكی ئەو وڵاتە پۆلیس دەستگیریان كردوون، وتیشی:» ئێستا لەكەمپێكی ئەو وڵاتەدا دەژین، رۆژانە خواردنێكی زۆر كەممان پێدەدەن، زۆر جار سەرمامان دەبێت ، لەو كەمپەی ئێمە 300 كۆچبەری عێراق و وڵاتانی تر هەن، لەم ژمارەیە نزیكەی 80 كەسیان ئێزیدین». ئەو كچە ئێزیدییە ئاماژەی بەوەشكرد لەكەمپ لەپارێزگای دهۆك هەلی كار نەبووە، بێزاربوون لەژیانی ئاوارەیی و هیچ هیوایەك نەبووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ شەنگال»بەناچارییەوە رێگای مەرگمان هەڵبژاردوە، هیچ كەسێك ئەم رێگایەی پێ خۆش نیە، بەڵام بەتەواوی بێ هیوابووین هیچ رێگای ترمان نەبینی جگە لەكۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات». وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاند ژمارەی ئەو عێراقییانەی لە لیتوانیا گیریانخواردوە 275 كەسن، كە 14 خێزانیشیان تێدایە ، كە لەنێویاندا خەڵكی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە و لە 29 كەمپدان و دەیانەوێت خۆبەخشانە بگەڕێنەوە بۆ عێراق. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست رۆژنامەی هاوڵاتی كەوتوون تەنها لە دوو مانگی رابردوو زیاتر لە 100 گەنجی ئێزیدی لەسنوری پارێزگای دهۆك روویان لەدەرەوە كردووە كە ئێستا بەشێكیان لەوڵاتی لیتوانیا و بیلاڕوسیا لەناو هەندێك كەمپدا دەژین . بەرێوەبەری رێكخراوی هوارس لە شەنگال ئاماژە بەوە دەدات كۆچكردنی ئێزیدییەكان رۆژ بەرۆژ لە زیادبووندایە. لوقمان حسێن، بەڕێوەبەری رێكخراوی هوارس لە شەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « كۆچكردن لەناو كۆمەڵگای ئێزیدی رۆژ بەڕۆژ روو لە زیادبوونە كە نەبوونی هەلی كارو دامەزراندن و چارەسەرنەكردنی كێشەكانی شەنگال بەتایبەت لە رووی ئیداری و خزمەتگوزاری وایكردووە گەنجەكانیان روو لە ئەوروپا بكەن». حەوت ساڵ بەسەر كۆمەڵكۆژی ئێزدییەكان تێپەڕی كە تائێستا 75%ی ئێزیدیەكانی شەنگال نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. لوقمان حسێن وتیشی:» هەموو كەسێك حەزدەكات لەسەر خاكی خۆی بژی، بەڵام ئەگەر دۆخی ئەمنی سەقامگیر نەبێت هیچ داهاتوویەكیان نەبێت ناچاردەبن ماڵ و خزم و كەسو كاری خۆیان بەجێبهێڵن و روو لەدەرەوەی وڵات بكەن». بەپێی لێكوڵینەوەی رێكخراوی هوارس لەشەنگال ئەو كەسانەی كۆچ دەكەن تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵدایە و گەنجان لەم تەمەنە بە بڕبڕەی پشتی كۆمەڵگا دادەنرێن. «هەركەسێك حەوت ساڵ لەژێر خێوەتێكدا بژێت و هیچ كارێكی دەستنەكەوێت بەدڵنیاییەوە بیر لەكۆچكردن دەكاتەوە، بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كۆچكردن لەناو ئێزدییەكان پێویستە حكومەت كۆمەڵێك هەلی كاریان بۆ دابین بكات»، لوقمان حسێن وا دەڵێت. بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئێزدییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی جەخت لە كۆچكردنی گەنجانی ئێزیدیی دەكاتەوە بۆ گەیشتنیان بەوڵاتانی ئەوروپا. خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئێزدییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، هێمای بۆ ئەوەكرد لە 2014 تا 2021 زیاتر لەسەد هەزار ئێزیدی كۆچیان كردوە بۆ دەرەوەی وڵات، وتیشی:» بەدڵنیاییەوە كۆچكردنی گەنجانی ئێزیدی رۆژ بەڕۆژ روو لە زیادبوونە، بەڵام هیچ ئامارێكی راست و ورد لای ئێمە نیە چونكە بەشێكی زۆریان بە رێگای قاچاغ روو لەدەرەوە دەكەن». «خەڵك وا دەڕوات ژیانی دەرەوە هەرچۆنێك بێت پێیان خۆشترو باشترە لەژیانی كەمپ، هیچ كەسێك ناتوانیت رێ لەئاوارەكان بگرێت تا كۆچ نەكەن»، خەیری بۆزانی وای وت.
عەمار عەزیز پارتی بەسەرۆكایەتی جەعفەر ئیبراهیم ئیمنیكی لەگەڵ كاندیدانی پارتی لەدهۆكەوە بەڕێدەكەون بۆ شەنگال، بەڵام بەشێك لە ئێزیدییەكان رێگرییان لە وەفدەكە كردو نەیانهێشت بچنە ناو شەنگال و گەڕانەوە دهۆك، دوای ئەم رووداوەش مەسرور بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە دەچنەوە خاكی شەنگال. ململانێكان و ناكۆكییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) دوای رووداوەكانی داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە دروست بوو كە یەبەشە دەڵێن ئەوان رۆڵی سەرەكیان هەبووە لە رزگاركردنی خاك و خەڵكی ئێزیدیدا و پارتی لەشەنگالدا نەماوەتەوە. ئیدریس زۆزانی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە لقی 17ی پارتی لەشەنگال كە ئێستا لە دهۆك دەوام دەكەن بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە رۆژی 2ی تشرینی یەكەم 2021 وەفدێكی باڵای پارتی كە پێكهاتبوون لە جەعفەر ئیبراهیم ئیمنیكی، بەرپرسی لقی 17ی پارتی لەگەڵ ژمارەیەك كادیرو لایەنگرانی پارتی و هەرسێ كاندیدی بازنەی شەنگال لە دهۆكەوە بەڕێكەوتن بۆ قەزای شەنگال، ئامانج لەسەردانەكەیان ناساندنی كاندیدانی پارتی بوو لە شەنگال و بەشداریكردنی لەئاهەنگی جەماوەری پارتی لەقەزاكە. ئیدریس زۆزانی پێشیوابوو ئەوەی ئەوان لەبەرامبەر وەفدەكەی پارتی كردوویانە دژی بڕیارو رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقە. وتیشی:»رێكاری یاسایی دەگرینە بەرو بە رەسمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاگاداردەكەینەوە كە ئەوا رێگری لەحزبی پارتی كرا، بەداخەوە بەرپرسانی ئەمنی عێراق و نەینەواش نەیانتوانی رێگری لە پەكەكە بكەن تا وەفدەكەمان دەرباز ببێت، جارێ ناتوانین بڵێین جارێكی تر هەوڵدەدەینەوە كە بچینە شەنگال یان نا». « وەفدەكە نەیویست شەڕو كوشتن دروست بێت و جارێكی تر خوێنی كورد هەر بەدەستی براكەی بڕژێت، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و دروست نەبوونی شەڕ گەڕاینەوە دهۆك، نابێت چەند لایەنێك شەنگال كۆنتروڵ بكەن و رێگا نەدەین هێز و لایەنەكانی تر بانگەشە بۆ خۆیان بكەن ، مافی خۆمانە لە هەموو عێراق بانگەشە بۆ كاندیدانی خۆمان بكەین « ئدریس زۆزانی وا دەڵێت. جێگری ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات لە شەنگال ئەوە دووپات دەكاتەوە كە دژی ئەوەن پارتی بگەڕێتەوە بۆ شەنگال. حەسۆ ئیبراهیم ، جێگری ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات لە شەنگال بەهاوڵاتی وت: « بە روون و ئاشكرایی دەڵێن رێگا نادەین پارتی بگەڕێتەوە شەنگال، نەك تەنها ئێمە دژی ئەوەین كە پارتی بگەڕێتەوە، بەڵكو تەواوی خەڵكی شەنگال رێگا نادەین بگەڕێتەوە». هەروەها باسی لەوەشكرد ئەو رۆژەی وەفدەكەی پارتی هات خەڵكی شەنگال بە ژن و كچ و پیاو رژانە سەر شەقامەكان، وتیشی:»دەیا نجاری تر پارتی هەوڵبدات سەردانی شەنگال بكات بێسوودە، چونكە ئێمە قبوڵ ناكەین جارێكی تر پارتی بگەڕێتەوە «. حەسۆ ئیبراهیم وتیشی: « پارتی بەنیازی بانگەشە نەهاتبوو، بەڵكو دەیویست جارێكی تر بارەگای خۆی بكاتەوە، چونكە شاندەكە زیاتر لە 50 ئۆتۆمبێل بوون ، جگە لەمەش هێزێكی گەورەی لەگەڵ بووە، دەیانویست جارێكی تر ئیرادەی خۆیان لەسەر خەڵكی شەنگال بسەپێنن، ئێمەش ئەو شتە قبوڵ ناكەین، ئەگەر تەنها كاندیدەكانیان بێن و بۆخۆیان بانگەشە بكەن هیچ كێشەمان نیە و ئێمە بەرگرییان لێدەكەین تا دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، هەر كەسێك دەستدرێژییان بكاتە سەر یان رەفتارێكی ناشیرینیان لەگەڵ بكات ئێمە لێی بەرپرسین «. لەبەرانبەردا فەرماندەی هێزی ئێزدیخان لە شەنگال پێیوابوو ئەو رێگرییەی بەرانبەر وەفدەكەی پارتی كراوە هەڵەیەكی گەورە بووە. حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزدیخان لە شەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت «ئەو رێگرییەی بەرامبەر وەفدی پارتی كرا هەڵەیەكی زۆر گەورە بوو بەهەموو پێوەرێك دوورە لە بنەماكانی دیموكراتیەت و مرۆڤایەتی، مافی پارتییە لە شەنگال و هەموو عێراق بانگەشە بۆ كاندیدانی خۆی بكات». « ئەو هێزەی رێگری لە وەفدەكەی پارتی كرد یەبەشە بوون و خەڵكیان هاندا تا بچنە سەر شەقام، ئەمەش بۆ ئەوەی پەیامێك بگەیەننە هەموو لایەك و بڵێن سەیركەن ئەوە ئێمە نین رێگری لەپارتی دەكەین بەڵكو خەڵكی سڤیلە رێگا نادات جارێكی تر پارتی بگەڕێتەوە شەنگال «، حەیدەر شەشۆ وای وت
كاوە رەش لەنزیك سنوری نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندا، رۆژنامەوانی ئەوروپای تۆڕی بی،بی،سی، (نایك بەیكی) چاوی دەكەوێت بەژمارەیەك كۆچبەر، كە لەناو دارستانەكانی سەرسنوور گیریان خواردووەو رەوشی ژیانیان مەترسیدارە. شەوان پلەی سەرما دەگاتە ئاستی بەستن و تائێستا چوار كۆچبەر لەسەرمان لەوێ رەقبوونەتەوە. لەبەرامبەر سەرهەڵدانی كۆچی نایاسایی لەو سنورەدا، هەریەكە لەئەندامانی یەكێتی ئەوروپا، پۆڵەندا، لاتیڤیا و لیتوانیا، دۆخی فریاگوزاری لەناكاویان راگەیاندووە، بەهۆی هاتنی هەزاران كۆچبەر كەهەوڵ دەدەن لەبیلاڕوسەوە تێبپەڕن بۆ یەكێتی ئەوروپا. هاوكات یەكێتی ئەوروپا، ئەلێكساندەر لوكاشینكۆ، سەرۆكی بیلاڕوسیا، تۆمەتبار دەكات بەوەی كۆچبەران وەك چەك بەكاردێنێت، لەدژی وڵاتانی ئەوروپا، لەبەرامبەر كۆمەڵێك سزای ئابوریدا كە بەسەریدا سەپێندراوە. لەلایەكی دیكەشەوە وڵاتی پۆڵەندا، بەتەواوەتی رێگا بەچالاكوان و كارمەندانی رێكخراوە مرۆییەكان و رۆژنامەنووسان نادات بگەنە ناوچە سنوورییەكان و رێگای لێ قەدەغەكردوون، بۆ هاوكاریی و بەئاگابوون لەڕەوشی كۆچبەرانی گیرخواردوو. رۆژنامەوانەكەی تۆڕی (بی، بی، سی) ژمارەیەك كۆچبەر دەدۆزێتەوە لەدارستانەكانی نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندا، كەبەشێكیان خەڵكی نەیجیریاو عێراقن و لەسەرمان هەڵدەلەرزن. كۆچبەرەكان بە رۆژنامەوانەكەی دەڵێن سێ هەفتەیە لەلایەن پاسەوانانی سەرسنوری بیلاڕوس پۆڵەندا دێن و دەڕۆن، هیچ كامیان رێگایان پێنادەن بچنە ناو وڵاتەكەیانەوە. ئەوان دەڵێن; وەك تۆپی پێ، یاریمان پێدەكەن، سەربازانی بیلاڕوس، لێماندەدەن و دەماننێرنە سەرسنوری پۆڵەندا، دواتر سەربازانی پۆڵەندا، دەمانگرن و بەلێدان دەماننێرنەوە سنوری بیلاڕوس. یەكێك لەكۆچبەرەكان دەڵێت:» شەوان لەنێوان كاتژمێر 8 بۆ 12 سەربازانی بیلاڕوس پێمان دەڵێن بەڕێبكەون بۆ سنوری پۆڵەندا ئێستا سنوری كەسی لێ نیە، دەبێ بەژێر تەلبەندەكەدا خۆمان بەزەویدا بخشێنن و بپەڕینەوە ئەودیو سنور، بەڵام كاتێك سەربازانی پۆڵەندا دەمانگرن، دیسانەوە بەلێدان دەماننێرنەوە سنوری بیلاڕوس». رۆژنەمەوانەكەی بی،بی،سی ئەوەشی باسكردووە كە وەك دیارە ژمارەیەكی زۆر كۆچبەری لێرە دەبیندرێت، بەشێكیان رەوشیان خراپە، بۆیە داوای پزیشكیان كردووەو ئێستا چاوەڕێن كە سەربازەكان رێبدەن بگاتە لایان، چونكە بەشێكیان لەژێر رەوشێكی ترسناكی تەندروستیدان و لەسەرمان هەڵدەلەرزن. قەیرانی كۆچبەران لەناوەڕاستی ئەوروپادا، بۆتە جێگای نیگەرانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، بەوەی نازانن چی لەوێ دەگوزەرێت بەهۆی رێگانەدان بەڕێكخراوە مرۆییەكان و رۆژنەمەوانان، بۆ گەیشتنیان بەو ناوچانەی كۆچبەران گیریان لێ خواردووە. بەپێی ڤیدیۆیەك كەدەسەڵاتدارانی بیلاڕوس بڵاویانكردۆتەوە، نیشانی دەدات، كە لاشەی ژنێكی عێراقی لەسەرمان رەق بۆتەوە لەسەر سنوری نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندا كەوتووە. كەهاوسەرەكەی دەردەكەوێت دەڵێت» سێ كەسی دیكەش هەر ئەو شەوە لێرە لەسەرمان رەق بوونەتەوەو گیانیان لەدەستداوە». هەر لەناو دارستانەكان گەنجێكی عێراقی تەمەن ،٢٠ساڵان بەناوی جەعفەر دەڵێت:»سێ رۆژە، بێ خواردن و خواردنەوەی دەژین، لەگەڵ ئەوەش بەهۆی سەرمای زۆرەوە، تووشی نەخۆشی هایپۆسێرمیا بووە». بۆ رێگری كردن لەكۆچبەران پەرلەمانی پۆڵەندا، دەنگی بە یاسایەك داوە كەڕێگا بەپۆلیس و سەربازانی وڵاتەكەی دەدات، كەدەتوانن رێ لەكۆچبەران بگرن و بیانگەڕێننەوە ئەودیو سنوری وڵاتەكەیان، سەرەڕای ئەوەی ئەو بڕیارە دژی یاسا نێودەوڵەتییەكانە دەربارەی كۆچبەران. ماتیوزس مۆڕاویكی، سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا، رایگەیاند:» هەڕەشەی جدیی و رێكخراو لەسەر سنوری وڵاتەكەمان هەیە، بۆیە بەدڵنیاییەوە رێ نادەین بۆشایی دروست بێت بۆ گوشارخستنە سەرمان بەناردنی كۆچبەران». وڵاتانی ئەوروپا بیلاڕوس تۆمەتبار دەكەن بەبنیادنانی قەیرانی كۆچبەران لەسەر سنورەكانی ئەوروپا. لەبەرامبەریشدا بیلاڕوس، سیاسەتی وڵاتانی خۆرئاوا بەبەرپرس دەزانێ لەو دۆخەی كۆچبەران. بەشێك لەكۆچبەران دەڵێن، ئەگەر بیلاڕوس دیپۆرتیان بكاتەوە ئاساییە، دەڵێن; لەوڵاتی خۆمان بمرین باشترە نەك لەناو ئەو دارستانەدا لەسەرمان رەق ببینەوە، بەڵام ئەوان بەڵگەنامەو پاسپۆرت و سیم كارتەكانیان لەلایەن سەربازانی بیلاڕوسەوە دەستی بەسەرداگیراوە، بەوتەی خۆیان ناتوانن پەیوەندی بەكەسوكاریشیانەوە بكەن
شاناز حەسەن سەرەڕای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەناوەندەكانی خوێندن و تووشبوونی دەیان مامۆستاو خوێندكار بەپەتاكە، وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دەڵێن:» ئامادەنین وەرگرتنی ڤاكسین بكەینە ئیجباری بەسەر مامۆستایانەوە». بریكاری وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند:» ناتوانین وەرگرتنی ڤاكسین بۆ مامۆستایان بكەینە ناچاری». سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردە، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» هەندێك كەس هەیە دەڵێت حەساسیەتی پێی هەیە یان نەخۆشەو یاخود نایەوێت وەریبگرێت، كە بەداخەوە تائێستاش ئەو ترس و دودڵییە هەرماوە لەوەرگرتنی ڤاكسین». ناوبراو پێشیوابوو وەزارەتەكەیان زۆر رێكاری پێویستیان گرتۆتەبەرو لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی و نووسراوەوە ئاگاداریان كردوونەتەوە و هەوڵیانداوە مامۆستایان هەموویان بچن ڤاكسین وەربگرن، وتیشی:» بەڵام ناتوانین لەئەوە زیاتر بكەین و ناچاریان بكەین ڤاكسین وەربگرن». بریكاری وەزارەتی پەروەردە جەختی لەوەشكردەوە لەمەودوا هەموو مامۆستایان دەچن ڤاكسین وەردەگرن، چونكە پێویستە وابكرێت، ئەگەر نا حاڵەتەكانی تووشوبانی كۆرۆنا زۆر زیاتر دەبن. بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم دەڵێت دۆخی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستاندا لە رەنگی نارنجی تۆخدایە و ئاستەكە بەرزە، بۆیە داوا دەكات مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن. رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» ناكرێت وەك وەزارەتی تەندروستی، وەرگرتنی ڤاكسین بكەینە ناچاری چونكە ئەوە لەهیچ شوێنێك نەكراوەو ناكرێت». هەروەها ناوبراو ئەوەشی روونكردەوە لەئێستادا بەڕێنمایی وەزارەت ناردویانەتە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان ئەو مامۆستایانەی كە نایانەوێت ڤاكسین وەربگرن دەبێت هەموو هەفتەیەك پشكنینی پێویست بكەن واتە هەموو شەممەیەك پشكنینی تازەی كۆرۆنا بكەن بۆ دڵنیابوون لە تووشنەبوونیان، وتیشی:» هەر مامۆستایەك ڤاكسینی وەرنەگرتبێت و كارتی وەرگرتنی ڤاكسینی پێنەبێت دەبێت هەموو شەممەیەك پشكنینی تازەی كۆرۆنای پێبێت ئەنجا دەتوانێت وانە بڵێتەوە». لەبارەی دۆخی گشتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ كۆرۆنا، بریكاری وەزارەتی تەندروستی ئەوەی دووپاتكردەوە كەدۆخەكە مەترسیدارە، وتی:»لە رەنگی نارنجی تۆخداین و ئاستەكە بەرزە، بەداخەوە پێشبینیمان دەكرد ئەم شەپۆلە زۆر زووتر تێپەڕێت»
شاناز حەسەن ڕێكخەری كەمپینی هاودەنگی لەگەڵ زیندانیانی بادینان رایگەیاند:" سبەی دوو شەممە، کاتژمێر ۱٠ بۆ ۱۲ی سەرلەبەیانی، لە بەردەم دادگای شاروشارۆچکەکان چالاکی مەدەنی، بۆ پشتگیری لەزیندانیانی بادینان بەڕێوەدەچێت".دەڵێت:"داوا لە هەمو چین و توێژەکان، بە تایبەت فەرمانبەران و مامۆستایان دەکەین، ئامادەییەکی بەرفراوانیان هەبێت، لە پێناو پیشاندانی یەک دەنگی نیشتیمانی و بەرگری لە ئازادبونی رۆڵەکانی خۆتان، دەوامی فەرمیتان بگوازنەوە بۆ شوێنی چالاکیەکان". بڕیارە سبەینێ دووشەممە لەبەردەم دادگای شاروشارۆچکەکانی هەرێمى کوردستان چالاکی مەدەنی، بۆ پشتگیری لەزیندانیانی بادینان بەڕێوەبچێت. شۆڕش خدر، ئەندامی كەمپینی هاودەنگی لەگەڵ زیندانیانی بادینان ، لە ناوخۆ و رەوەندی کوردی لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ئەم زیندانیانە زیاتر لە ساڵێكە دەستگیركراون و تائێستا هیچ پەراوێكی یاساییان بۆ نەكراوەتەوە، دور لەهەموو بەهایەكی ئەخلاقی و دیموكراتی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" داوا لە هەمو چین و توێژەکان، بە تایبەت فەرمانبەران و مامۆستایان دەکەین، ئامادەییەکی بەرفراوانیان هەبێت، لە پێناو پیشاندانی یەک دەنگی نیشتیمانی و بەرگری لە ئازادبونی رۆڵەکانی خۆتان، دەوامی فەرمیتان بگوازنەوە بۆ شوێنی چالاکیەکان چونكە دەمانەوێ راستیەکی تاڵ بڵێین کە: نوێنەری چەند وڵات و لایەنێکی نێودەوڵەتی لە هەندێک کۆبونەوەی تایبەتدا بە راشکاوی ئەوەیان راگەیاندووە، کە ناکرێت خەڵکی خۆتان لە ئاستی کەیسی زیندانیان بێدەنگبن، کەچی داوای هاوکاری لە ئێمە بکەن!". زیندانیانی بادینان زیاتر لە 81 كەسن كە چالاكوان و ڕۆژنامەنوس و كەسانی مەدەنیان تێدایە و هەر یەكەیان بە یاسایەك و بە ماددەیەك سزا دراون. شۆڕش خدر، وتیشی:"ئێمە كۆمەڵێك چالاكوانین كەبە ئەركی ئەخلاقی خۆمانی دەزانین، ئەم كەمپینەمان سازكردووە چونكە پەیامی ئەمان پەیامی هەموو مرۆڤایەتیە و بۆیە دەمانەوێت ئەم كەمپینە بەرێوەبەین و بەردەوام دەبین". ئەندامی كەپینەكە جەختی لەوەشكردەوە:"لەمەودوا ڕۆژ بە ڕۆژ چالاكییەكانمان گۆرانكاری بەسەوردا دێت بە شێوەی جیا جیاو تا ئەنجامی دەبێتن بەردەوام دەبین". لەئێستادا دەیانەوێت بچنە بەردەمی هەموو دادگاكان لەناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان و لە زۆر لە وڵاتانی جیهان ئامادەكاریان كردووە. هاوكات ماوەی سێ هەفتەیە زیاتر لە شەش كەس لە زیندانیانی بادینان مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و ئێستا بارودۆخیان زۆر خراپە.
هاوڵاتى لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو حكومەتی نوێ، ئاماژەكانی گۆڕانكاری لەپلانی كۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەدی دەكرێت كە پەنابردنە بەر هێزی سەربازییە بۆ سەلماندنی پێگەیان. حكومەتی پێشووی ئێران بەسەرۆكایەتی حەسەن رۆحانی زیاتر هەوڵی دەدا بەنواندنی دیپلۆماسیی پێگەی كۆماری ئیسلامی ئێران بپارێزێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لەكاردانەوە توندەكانی ئەو وڵاتە بەتایبەت دوای هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان و هەڕەشەكردن لەهێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق و جێگیركردنی تۆپخانەكانی لەنزیك سنورەكانی ئازەربایجان بەدیدەكرێت جێگۆڕكێی نواندنی سیاسییە بۆ نمایشی هێزی سەربازیی لەپلانی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێراندا. ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كەخاوەنی پێگەی سەربازیی بەهێزەو بە (13)یەمین هێزی سەربازیی لەجیهاندا ئەژمار دەكرێت، بۆیە دور نییە ئەو وڵاتە دوای نەهاتنەدی خەونەكانی بەسیاسەت پەنا بۆ دەرخستنی هێزە سەربازیی و چەكدارییەكانی بەرێت بۆ گەیشتن بەئامانجەكانی. سوپایەك لەژمارە بەبودجەی كەمەوە هێزە چەكدارەكانی ئێران لەسێ دامەزراوەی جیاواز پێكدێن كەبریتین لەسوپای كۆماری ئیسلامی ئێران (ئەرتەش) ، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی (سوپای پاسداران) هێزەكانی پۆلیسی كۆماری ئیسلامی ئێران (نیروی ئینتیزامی)، ئەم سێ دامەزراوە سەرەكییە لەلایەن ناوەندی گشتی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران سەرپەرشتی و كۆنتڕۆڵ دەكرێن كەفەرماندە باڵاكانیان پێكدێن لە (14) لیواو ئەوانیش راستەوخۆ فەرمان و بڕیار لە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران وەردەگرن، چونكە بەپێی یاساو دەستوری ئێران رێبەری وڵاتەكە فەرماندەی گشتیی سەرجەم هێزە چەكدارەكانە. بەپێی ئامارە فەرمییەكان ژمارەی سەرجەم هێزە چەكدارە ئامادەكانی ناوخۆی ئێران (610) هەزار كەسەو نزیكەی یەك ملیۆن و (300) هەزار ئەندامی ناچالاكی هەیە كە لەكاتی جەنگدا بانگهێشت دەكرێن و هاوكات ئەو وڵاتە خاوەنی زیاتر لە دوو ملیۆن و (600) هەزار چەكدارەو بەگشتی هێزە چەكدارە فەرمی و نا فەرمییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران نزیكەی چوار ملیۆن و (500) هەزار كەس و بەمەش لە رووی ژمارەوە پێنجەم سوپای گەورەی چەكداریی جیهانە. ناوەندی نێودەوڵەتیی تووێژینەوەی ئاشتیی ستۆكهۆڵم (Stockholm International Peace Research Institute) لەراپۆرتێكیدا بودجەی ساڵی (2008)ی هێزە چەكدارەكانی ئێرانی بەزیاتر لەنۆ ملیار دۆلار خەمڵاندووە كە دەكاتە نزیكەی (3%) تێكڕای داهاتی وڵاتەكە، بەڵام بەپێی راپۆرتی سایتی سەربازیی (defense tech) رێژەی تێچوی سەربازیی ئێران بۆ هەر هاووڵاتییەكی ئەو وڵاتە لەساڵی (2008) نزیكەی (95) دۆلار بۆ (100) دۆلار بووە، بۆیە بودجەی سەربازیی ئێران لەسەرجەم وڵاتانی كەنداو كەمتر بووە لەو ساڵەدا. لەئامارەكانی ناوەندی تووێژینەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتیی لەندەن لەساڵی (2006) ئاماژە بەوە كراوە كە بودجەی تەرخانكراوی ئێران (2.5%) لەتێكڕای داهاتی وڵاتەكە بووە، بۆیە لە رووی تەرخانكردنی بودجەوە (67)ەمین وڵاتە كە رێژەیەكی كەم لەتێكڕای داهاتەكەی بۆ هێزە سەربازییەكانی بەكاردەهێنێت. سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران - ئەرتەش سوپای رەسمیی وڵاتی ئێران بەئەرتەش ناودەهێنریت و لەساڵی (1900)ەوە لەلایەن رەزا پەهلەوی، پاشای ئەوكاتی وڵاتەكە وەك هێزێكی سەربازیی هاوچەرخ دامەزراوەو لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا بەئەرتەشی شاهەنشا واتە (سوپای پاشایەتی) ناوزەد كراوەو دواتر لەساڵی (1979) ناوی بەئەرتەشی كۆماری ئیسلامی ئێران گۆڕاوە. ئەگەرچی ئەركەكانی ئەرتەشی ئێران دیاریكراوەو بەپێی دەستور نابێت ئەو هێزانە بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێ سیاسییەكان و ئاڵۆزییەكانی ناوخۆی دژی خەڵكی وڵاتەكە بەكاربهێنرێت، بەڵام سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن ناوەندەكانی مافی مرۆڤ و ناوەندە نێودەوڵەتییەكانەوە تۆمەتبارە بەسەركوتی خەڵك لەبەرژوەندیی دەسەڵاتی وڵاتەكەدا. ئەرتەشی ئێران ئەركی پاراستنی خاك و سەرجەم سنورەكانە لەپێناو سەروەریی وڵاتەكەدا، بۆیە ئەم هێزە سەرنجی لەسەر پاراستنی وڵاتەكەیە لە رووی ئاوو خاك و ئاسمانەوە كە لەپێنج هێزەی سەرەكی پێكدێت. 1-هێزی وشكانیی سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران كەژمارەیان دەگاتە نزیكەی (350) هەزار سەرباز. 2-هێزی ئاسمانی سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران كەژمارەیان دەگاتە نزیكەی (52)هەزار سەرباز. 3-هێزی دەریایی سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران كەژمارەیان دەگاتە نزیكەی (180) هەزار سەرباز. 4-هێزی بەرگریی ئاسمانی یان قەڵغانی ئاسمانی سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران كەژمارەیان نادیارە. 5-ناوەندی راهێنان و مەشقی ئەفسەرانی سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران (دژبان) كە ژمارەیان نادیارە. ئەرتەشی ئێران بەبێ هێزەكانی سوپای پاسداران هەشتەمین هێزی گەورەی سەربازییە و لە رووی بەهێزیی و تواناوە لە ریزبەندی (14)یەمین سوپاكانی جیهانە كەخاوەنی دوو هەزارو (531) تانك و زرێپۆشە و (406) فڕۆكەیە و بەچوارەم هێزی گەورەی جیهان لە رووی دەریاییەوە ئەژمار دەكرێت و یەكەمین هێزی رۆژئاوای كیشوەری ئاسیایە. سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی - سوپای پاسداران سوپای پاسدارانی ئێران بەراورد بەئەرتەش مێژوویەكی ئەوتۆی نییە و لەساڵی (1979) بەفەرمانی راستەوخۆی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەرو رێبەری ئەوكاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بەناوی (سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی) دادەمەزرێت ئەو سوپایە بەپێی بەرنامەو پلانەكانی خۆی باسكی چەكداری شۆڕشی ئیسلامییە لەئێران و ئەركی پاراستنی ئەو شۆڕشە لەهەر شوێنێك كەمەترسیی لەسەر بێت، بۆیە سوپا بەبێگوێدانە سنوری وڵاتەكەی كارو چالاكییەكانی دەباتە درەوەی ئێران و ئەو جموجۆڵ و پلانانەی كە لەوڵاتانی دیكەی دراوسێ و بگرە كیشوەرەكانی دیكەش ئەنجامی دەدات بەئەركێكی سەربازیی و ئەخلاقیی خۆی ناوی دەهێنێت لەپێناو پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران و جیهاندا بۆیە لەساڵی (2019) ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەو سوپایەی وەك هێزێكی تیرۆریستی ناوبردو لەبەرامبەردا پەرلەمانی ئێران سەرجەم هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكاو وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە (پنتاگۆن)ی خستە لیستی تیرۆرەوە و بودجەی سوپای پاسدارانی بەبڕی نزیكەی (300) ملیۆن دۆلار زیاد كرد. سوپای پاسداران (125) هەزار ئەندامی هەیەو بەسەر پێنج هێزدا دابەش بووە كەبریتین لە: 1- هێزی وشكانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی 2- هێزی ئاسمانیی و بۆشایی ئاسمان 3- هێزی دەریایی 4- هێزی قودس 5- رێكخراوی بەسیج. سوپای پاسدارانی رایگەیاندووە تەنها ژمارەی ئەندامانی بەسیج نزیكەی (25) ملیۆن كەسە كەدەكاتە زیاتر لە یەك لەسەر چواری كۆی دانیشتوانی ئێران كەژمارەیان (84) ملیۆن كەسە. وشەی بەسیج بەواتای هەڵمەت و هەرەوەزەو ئەو رێكخراوە كاری رێكخستن و دروستكردنی لایەنگریی بۆ كۆماری ئیسلامی دەكات لەناوخۆ و دەرەوەی ئێران، زیاتر بەباڵێكی مەدەنیی لەقەڵەمدەدرێت كە لەكاتی جەنگ و پێویستیدا ئەندامەكانی بۆ خزمەت و بەشداریی جەنگەكان بەكاردەهێنرێن. سوپای پاسداران تۆمەتبارە بەكۆمەڵێك تاوانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی كەبریتین لە (ئابوریی و داهاتی ناشەرعی و كۆنتڕۆڵی (40%) كۆی ئابوریی ئێران، گواستنەوە و بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكان، سیخوڕی لەوڵاتی كوەیت، (تەقینەوە لەسعودیە، بەحرەین، هندستان) پەیوەندیی لەگەڵ موحەمەد مورسی، سەرۆكی پێشوی میسر، پەیوەندیی لەگەڵ گروپی تاڵیبان لەئەفغانستان و گروپەكانی فەتح و حەماس لەفەلەستین و حزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەكان لە یەمەن). دەستوەردانەكانی سوپای پاسداران لەعێراق، سوریا، یەمەن و كاركردن لەبواری موشەكیدا بەبەردەوامیی بووەتە هۆی سەپاندنی سزای نێودەوڵەتیی بەسەر ئێران و ئەو هێزەدا. برایان هوك نوێنەری پێشوی ئەمەریكا لەنەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاندووە كە (603) سەربازی ئەمەریكی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لەعێراق كوژراون، بۆیە قاسم سولەیمانی، وەك فەرماندەیەكی سوپای پاسداران و ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی گروپی داعش هیچ جیاوازییەكیان نییەو لە لایەن ئەمەریكاوە وەك تیرۆریست دەناسرێن، هەر ئەمەش وای لەئەمریكا كرد فەرمان بەكوشتنی هەردووكیان بدات. سوپای پاسداران دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی كەوتووەتە لیستی رەشی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینیستاگرام و هەر جۆرە پۆستێكی پەیوەندیدار و پڕوپاگەندە بۆ سوپای پاسداران دوای ماوەیەكی كورت لەئینیستاگرام لادەبرێت و دەسڕێتەوە. هێزەكانی پۆلیسی كۆماری ئیسلامی ئێران - نیروی ئینتیزامی هێزەكانی پۆلیسی ئێران كە دابەشبوون بەسەر سێ دامەزراوەدا ژمارەیان دەگاتە (60) هەزار ئەفسەرو پلەدار. دامەزراوەكانی پۆلیس بریتین لە 1-ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی پۆلیس 2-ناوەندی پاراستنی زانیاریی پۆلیس 3 ناوەندی بیروباوەڕی هێزەكانی پۆلیس. یەكێك لەئاڵۆزترین سیستمە پۆلیسییەكانی جیهان لەئێرانە، چونكە هێزەكانی پۆلیس بەسەر سێ ناوەندو (12) بەشی سەرەكیدا دابەش دەبن و لە رێگەی ناوەندێكی سەرەكییەوە ئەندامانی ئەو هێزە چاودێریی و كۆنتڕۆڵ دەكرێن كە بەناوەندی پاراستنی زانیاریی هێزەكانی پۆلیس ناودەهێنرێت، ئەم ناوەندە راستەوخۆو سەربەخۆ لەهێزەكانی دیكە پەیوەندیی بەخامنەیی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانەوە هەیەو هاوكات ناوەندێكی دیكە كەبریتییە لەناوەندی بیروباوەڕی هێزەكانی پۆلیس، ئەركی راهێنان و پڕوپاگەندەی ئەو هێزانەیە لەپێناو دین و ئایینی پەسندكراوی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆیە هەركەس و لایەنێك بەبیانوی بیروباوەڕی جیاوازەوە لەلایەن ئەو ناوەندەوە رەتبكرێتەوە لەهێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دوردەخرێتەوە. هەروەها تەنها ناوەندێك كەوەك پۆلیس ئەرك و فەرمانەكانی دەردەكات، ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی پۆلیسی ئێرانە كە بەرپرسیارە لەجێبەجێكردنی یاساكان لە رووی هاتوچۆ، ئاسایشی مەدەنی و ئابوریی، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، رێگریی لەقاچاخچێتی و چاودێریی هێڵەكانی ئینتەرنێت. قودس هێزە مەترسیدارەكەی ئێران سوپای قودس یان فەیلەقی قودس بەپێنجەمین هێزی سەرەكی و باڵی سیاسی و سەربازیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لەدەرەوەی سنورەكانی ئێران لەقەڵەمدەدرێت، ئەو هێزە كە بۆ خۆی لەشێوەی ناوەندێكی سەربازیی سەربەخۆدا جموجۆڵ و كارەكانی رێكدەخات راستەوخۆ گرێدراوی فەرمان و بڕیارەكانی عەلی خامنەییە . فەیلەقی قودس لەساڵی (1980) لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی نێوان ئێران و عێراق دامەزراوەو ئەو هێزە، ژمارەیان لە (50) هەزار سەرباز و چەكدار زیاترە كە لەلایەن قاسم سولەیمانی فەرماندەیی دەكرا ئەویش لەساڵی (2020) لەهێرشێكی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمەریكا لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدای پایتەختی عێراق كوژراو دوایی بەفەرمانی عەلی خامنەیی، ئیسماعیل قائانی بەفەرماندەی فەیلەقی قودس دەستنیشان كرا. قاسم سولەیمانی بەیەكێك لەمەترسیدارترین فەرماندەكانی فەیلەقی قودس ناودەهێنرا كە بەپێی راپۆرتە هەواڵگری و نێودەوڵەتییەكان و ئەمەریكاو پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئەو كاریگەریی زۆری لەعێراق و لوبنان و سوریاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە و هەوڵی جەنگی لەدژی توركیا و سعودیە داوەو خەونی بەهێزكردنی دەسەڵاتی شیعەی هەبووە لەجیهاندا. لەچەند بەڵگەنامەیەكدا كە رایت رۆبین فەرماندەیەكی ئەمەریكی بڵاویكردووەتەوە، ئاشكرای كردووە ئەو فەیلەقە دەستوەردانی لەوڵاتانی سۆڤیەتی جاراندا كردووە و لەوڵاتانی رۆژئاواو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئیسرائیل جموجۆڵ و چالاكییان هەبووە و سەرجەم دەستوەردانەكانی سوپای پاسداران لەوڵاتانی دەرەوەی ئێران لەلایەن فەیلەقی قودسەوە سەرپەرشتیی دەكرێت و پلانی بۆ دادەڕێژرێت، بۆیە ئێران كەسایەتییە زیرەك و دەگمەنەكان دەكاتە سەرپەرشتیاری جموجۆڵی ئەو هێزە
شاناز حەسەن لەهەموو هەڵبژاردنەكاندا سەرەڕای جێگیركردنی كورسی بۆ ژنان بۆ گەیشتنیان بەپەرلەمان، بەڵام بەراورد بەكاندیدانی پیاو دەنگی كەمتر بەدەستدەهێنن، بەشێك لە رێكخراوەكانیش دەڵێن:» ژنان دەنگ نادەنە كاندیدە ژنەكان». بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن، عێراق كراوەتە 83 بازنەی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی 83 كاندیدی ژن بگاتە پەرلەمان لەكۆی 329 كورسی. بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژنانی عێراق نیوەی كۆمەڵگە پێكدەهێنن، لەهەڵبژاردنی ساڵی 2018دا لەكۆی هەزارو 800 بەربژێری ژنان 87 ژن گەیشتنە پەرلەمانی عێراق، لەنێویاندا تەنها چوار ژنیان دەنگی پێویستیان بۆ كورسی پەرلەمان بەدەستهێنابوو. بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، لەكۆی 982 كاندیدی ژنان، 162یان وەكو كاندیدی سەربەخۆ بەشدارن و 820 دیكەیان لەنێو هاوپەیمانی و قەوارەی حزبەكاندان، هەندێك رێكخراو و چالاكوانی بواری ژنان پێیانوایە كەمی دەنگی ژنان و پەرلەمانتاری ژن لەناو پەرلەمانی عێراقدا پەیوەندی راستەوخۆی بەدەنگنەدانی خودی ژنانەوە هەیە بەكاندیدی ژن. یەكێتی ئافرەتانی كوردستان ئامارێكی هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستان بەنموونە دەهێنێتەوە، كە ژنان چەندە دەنگیان بەكاندیدی ژن داوە. ڤیان سلێمان، سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئەگەر خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەبەرچاوبگرین، دەبینین ئافرەتان 15%ی دەنگەكانیان بۆ خۆیان مسۆگەر كرد». هەروەها باسی لەوەشكرد لەكاتێكدا بەپێی ئامارەكان زۆربەی دەنگدەران لەهەرێمدا ئافرەتن و وتی:» لەگەڵ ئەوەشدا ژنان كەمترین دەنگ بەدەستدەهێنن، هۆكارەكەی زیاتر دابونەریت و ئەو بیركردنەوانەیە كە سیاسەت تایبەتە بەپیاوان و ئافرەتان بڕوایان بەئەوە هەیە سیاسەت كاری پیاوە». سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، جەختی لەوە كردەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كاردەكەن بۆ ئەوەی هۆشیاری ئەوە لەنێو ئافرەتاندا بڵاوبكەنەوە كەدەنگ بەئافرەتان بدەن و وتیشی:» كارمان بۆ ئەوەیە ئافرەتان هۆشیار بكەینەوە پێویستە دەنگ بەئافرەت بدرێت، تا بەشداربن لە رەسمی چارەنووسی داهاتووی خۆی و چارەنووسی داهاتووی وڵاتەكەی و هەمان كار بكات كەپیاو دەیكات و هەمان پێگەی پیاوی هەبێت». هاوكات سەیوان رۆستەم، سەرۆكی رێكخراوی یەكێتی ژنانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەهەموو كۆڕو كۆبونەوەیەكدا زۆر گرنگی بەئەوە دەدەین كە زۆربوونی رێژەی ژنان لەهەر ناوەندێكی بڕیارداندا مانای ئەوەیە مافەكانی ژنان زیاتر دێتەدی و دەچێتە پێشەوە، بەڵام دەبینی ژنان زۆرجار دەنگی كەم دەهێنن ئەمە هۆكارەكەی ئەوەیە هەڵبژاردنی ناخی ژنان نین، لەگەڵ ئەوەی هەندێكیان زۆر جێگە دەستیان دیارە، بەڵام بەگشتی لەئاست داواكاری دەنگی ژندا نین». « كەمی دەنگی ژنان پەیوەندی بەفەرهەنگی كۆمەڵگەوە هەیە، كە وایكردووە ژنان كەمتر دەنگیان پێبدرێت لەكاتێكدا سەركەوتنی ژن تەنیا پێویستی بەدەنگی ژن نیە، بەڵكو پێویستی بەكەسی ئازادیخوازیش هەیە كە متمانەیان پێبدەن»، سەیوان رۆستەم وای وت. بەشێك لە رێكخراوو چالاكوانی بواری ژنان پێیانوایە سەرژمێریەكی ورد لەبەر دەستدا نیە بۆ ئەم بابەتانە تا لێكۆڵینەوەی تێدا بكرێت. بەهار گوڵشاد، بەڕێوەبەری رێكخراوی ئێمە بۆ كاری ژنان (هەولێر) لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» تائێستا هیچ دیراسەیەكی زۆر ورد نیە تا بوترێت لەسەدا ئەوەندەی ژنان دەنگیان بەخودی ژن داوە، بۆیە پێم وایە ئەوە موتڵەق نیە». بەهار گوڵشاد ئەوەشی باسكرد كە هەموو كات وەك رێكخراوەكان پاڵپشتی ژنانی كاندیددەكەن و خولیان بۆ دەكەنەوە لەڕووی بەهێزكردنی سۆشیال میدیاو دروستكردنی كەمپین. نیاز عەبدوڵا، چالاكوانی بواری ژنان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بەداخەوە لەكاتێكدا ژنان لۆمە دەكرێت كە هەلی یەكسان لەبەردەم ژنان و پیاوان وەك یەك نیە و ژنان كەمتر دەرفەتی مومارەسەكردنی كاری سیاسییان هەیە، بۆیە گلەیی ئەوە لەژن بكرێت كە دەنگ بەكاندیدی ژن نادرێت و دەنگ كەم دەهێنێت رەوایەتییەكی بەهێزی نیە». « ئەو رێكخراوانانەی رەخنەی ئەوە لەژنان دەگرن كەمتر دەنگ دەهێنن، خۆیان سەر بەحزبن و دەرفەتی یەكسان بۆ ئەو ژنانە ناڕەخسێنن كە كاندیدیانن و ئەو رێگایانەی كە پێویستە لەبەردەم ژنان واڵابێت واڵای ناكەن، ئەوە دەرهاویشتەی ئەو ناهۆشیارییەیە كەدەیانەوێت ژن لەناو كۆمەڵگەدا ئامرازێك بێت بەدەست حزبە سیاسییەكانەوە»، نیاز عەبدوڵا چالاكوانی بواری ژنان وا دەڵێت. بەڕێوەبەری رێكخراوی دڵان بۆ كاروباری ژنان، دەڵێت:» تەنیا كۆمەڵگەو كلتور ئەوەی سەپاندووە كە ژنان كەمتر لەكاری سیاسەتدا سەركەوتوون». نیان عەلی، بەڕێوەبەری رێكخراوی دڵان بۆ كاروباری ژنان لەسلێمانی بەهاوڵاتى وت:»بونیەتی كۆمەڵگەی كوردەواری واهاتووە پیاوان كاری سیاسەتیان لێ جوانەو دەبێت ئەو مەودایە بۆ ئەوان جێبهێڵدرێت، لەكاتێكدا كە چەندین نموونەی ژنی سەركەوتوومان هەیە و بەداخەوە نەبووەتە هۆی رەواندنەوەی ئەو بیروباوەڕانە».
شاناز حەسەن هەریەكە لەكۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ كاندیدانی سەربەخۆ ترسیان لەئەنجامدانی ساختەكاری لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا هەیەو پێیانوایە بەشداریكردنی خەڵك ساختەكارییەكان كەمدەكاتەوە. بڕیارە 10ی تشرینی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، بەپێی یاسای نوێ، عێراق دابەشكراوە بۆ 83ی بازنەی هەڵبژاردن و سەدان كاندید كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسی. هەریەك لەكۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی ترسیان لەساختەكاری هەیە لەلایەن لایەنەكانی دەسەڵاتەوە. فاروق عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمەڵی دادگەریی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بێگومان هەڵبژاردن زۆر ئومێدبەخش دەبێت بەوەی كە ساختەكاری تێدانەبێت، بەڵام هێشتا هەر ئەگەری بوونی ساختەكاری زۆرە، بەتایبەتی لەم هەڵبژاردنەدا». ناوبراو باسی لەوەشكرد ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیان تائێستاش كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتۆتەوەو ژمارەیەكی زۆریشیان ساردن لەبەشداریكردن، وتیشی:» ئەمە وادەكات ژمارەیەك لەپارتە دەسەڵاتدارەكان پەنابەرن بۆ ساختەكاری كەئەمە پیشەی هەمیشەییان بووە». «هەرچەنەد ئەندامانی كۆمسیۆن و لایەنی بەرپرس دڵنیایی دەدەن كە ئەمجارە مەجالی ساختەكاری نیە و ناكرێت، بۆیە لەمكاتەدا ترس دێتە سەر ترسی ئەلیكترۆنی ئەگەری هاككردن هەیە، هەڵسوكەوتكردن بە سێرڤەرەكانەوە، بەتایبەت كە لەدەرەوەی عێراق بن»، فاروق عەلی وا دەڵێت. بەرپرسەكەی كۆمەڵی دادگەری ئەوەشی دووپاتكردەوە كە چاودێرەكانیان باوەڕیان بەئەوە هەیە لە پێناوی گۆڕانكاریدا شەونخونی بكەن و وەك پیشەیی هەمیشەییان چاودێری دۆخەكە دەكەن تا ئەوكاتەی سندوقەكان دەچنە شوێنی خۆیان. هەروەها ئەندامێكی كەمتەبی هەڵبژاردنی یەكگرتوو پێیوایە ساختەكاری لەم هەڵبژاردنەدا ئەگەرێكی واریدە. هێمن ئەسكەندەر، ئەندامی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكگرتوو لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئەمجارە كۆمەڵێك رێكار گیراونەتە بەر كۆمسیۆن و لایەنی پەیوەندیدار وەك خۆی جێبەجێی بكات، هێزە سیاسییەكان رێز لەئیرادەی دەنگدەری خۆیان بگرن و دەنگدەریش ئەو رۆژە بەفرسەت وەربگرێت و بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، ئەگەرەكانی ساختەكاری وەك جاران نابن و زۆر كەمدەبنەوە». ئەو ئەندامەی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكگرتوو پێشیوابوو «ترسی ساختەكاری هەیە»، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشتر بەو دەردەچوو كە بینرا هەندێكیان درانە دادگاو هەندێك لابران و ئەو ساختەكاریەی لەهەڵبژاردنی 2018دا كرا وایكرد هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە بچێتو بۆیە ناكرێت هێزە سیاسییەكان و كۆمسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەكان رێگەبدەن وەك پێشتر دەنگدان بكرێت. لەهەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراقدا دەنگدان لەڕێگەی سیستمی ئەلیكترۆنییەوە ئەنجامدراو لایەنەكان یەكتریان تۆمەتبار دەكرد بەئەنجامدانی ساختەكاری و بەو هۆیە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق متمانەیان لێوەرگیرایەوەو كۆمسیۆنێكی نوێ لەدادوەران دیاری كران. « چاودێری دەنگەكان دەكەین تاكۆتا دەقەو ئێستاش كۆبوونەوەی بەردەواممان هەیە لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان و یۆنامی بۆ چاودێری دۆخەكەو رێگری كردن لەساختەكاری و رێگریكردن لێی»، هێمن ئەسكەندەر وای وت. دوو كاندیدی سەربەخۆ كە لەسلێمانی خۆیان كاندیدكردووە ئەوە دووپاتدەكانەوە ئەگەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە ساختەكاری تێدا بكرێت قبوڵی ئەنجامەكەی ناكەن. رێبوار كەریم مەحمود، پەرلەمانتاری ئێستاو كاندیدی سەربەخۆ بۆ پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لەلایەن كۆمسیۆنەوە دڵنیایمان دراوەتێ و رێككەوتوین، كە هەر جۆرە ساختەكاریەك ببینین، قبوڵی دەرئەنجامەكەی ناكەین و بێدەنگ نابین، بەڵام دڵنیاییان داوینەتێ كە ساختەكاری ناكرێت و گرفتی گەورە دروست نابێت». رێبوار كەریم مەحمود وتیشی:» رێگری دەكەین لەهەموو جۆرە ساختەكارییەك و تا دوا دەقە چاودێر دەبین». هەروەها سەركەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری ئێستاو كاندیدی سەربەخۆ بۆ پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكدا بە وت:» هەموو هەڵبژاردنێك بەشێك لەساختەكاری تێدادەبێت، بەڵام زۆرترین ساختەكاری لەو كاتانەدا روودەدات كە بەشداری خەڵك كەمدەبێتەوە، بۆیە تا بەشداری خەڵك كەمتر ببێتەوە، ساختەكاری زیاتر دەبێت». وتیشی:»ترسەكە هەر هەیە، بەڵام زۆرترینی ترسەكە پەیوەندی بەبەشداریكردنی خەڵكەوە هەیە». هەریەك لەنەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپاو چەندین رێكخراوی مەدەنی بیانی بڕیارە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 800 چاودێر لەپرۆسەی هەڵبژاردن بەشداربن و تێیدا سەرجەم ساختەكاری و پێشێلكارییەكان دەكەنە راپۆرت و دواتر لەمیدیاكان و دامەزراوەكان و پەرلەمانی وڵاتەكانیاندا رایدەگەیەنن. هاوكات كۆمكاری وڵاتانی عەرەبیش بە دەیان چاودێر دەنێرێتە عێراق تا چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن. سەركەوت شەمسەدین، ئەوەشی روونكردەوە كە لەهەموو بنكەیەك چاودێری تایبەتیان هەیە لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەهاوبەشی بەردەوام دەبن و دەبنە چاودێر بۆ رێگرتن لە ساختەكاری و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.
نامۆ سەربەست كوشتنی موحسن فەخریزادە زانای ئێرانی و فەرماندە لەسوپای پاسداران، دووبارە بووەوە بابەتی گەرمی میدیا جیهانی و ئێرانییەكان، دوای ئەوەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی وردەكاریی نوێی لەسەر دوا ساتەكانی ژیانی دیارترین بەرەوپێشبەری بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و شێوازی كوشتنی لەلایەن مۆسادی ئیسرائیلییەوە بڵاوكردەوە. زانیارییە دژەكانی سەرەتا دوای كوژرانی زاناكە لە 27ی تشرینی دووەمی 2020دا، دەزگاكانی راگەیاندن زانیاری دژبەیەكیان بڵاوكردەوە لەسەر شێوازی كوشتنەكەی، یەكێك لەڕاپۆرتەكان باسی لەئەوە كرد كەتیمێك بەدرێژایی ئەو رێگایەی فەخریزادە دەیگرتەبەر چاوەڕێی كردووە. دانەیەكی تر هێمای بۆ ئەوە كردبوو كە دانیشتوانی ناوچەكە گوێیان لەتەقینەوەیەكی گەورە بووە و بەدوایدا بووە بەتەقە. هەروەها باسی ئەوە كرا كەبارهەڵگرێك لەبەردەم ئۆتۆمبێلەكەی فەخریزادەدا تەقیوەتەوە پاشان پێنج بۆ شەش چەكدار لە ئۆتۆمبێلێكی نزیكەوە دابەزیون و تەقەیان لێكردووە. كەناڵێكی سەر بەپاسدارانیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وای بڵاوكردەوە، كە شەڕ لەنێوان پاسەوانەكانی زاناكەو هێرشبەرەكاندا روویداوە. لەبەرامبەردا ئاژانسی هەواڵگریی ئێران رایگەیاند:» بكوژەكە رۆبۆتێك بووەو هەموو ئۆپراسیۆنەكە لەدوورەوە كۆنترۆڵكراوە، بەڵام بەپێی نیویۆرك تایمز، ئەو گێڕانەوەیە بووە مایەی گاڵتەپێكردنی ئێرانییەكان و وایانبینی بۆ كەمكردنەوەی شەرمی «هێزەكانی ئاسایشی نوخبە»یە كەشكستی هێناوە لەپاراستنی یەكێك لەو كەسایەتییانەی بەتوندترین شێوە پارێزراوە لەوڵاتەكەدا. بەپێی ئەو چاوپێكەوتنانەی رۆژنامەكە لەگەڵ بەرپرسە ئەمریكی و ئیسرائیلی و ئێرانییەكاندا كردوویەتی، لەوانە دوو بەرپرسی هەواڵگری كەئاگاداری وردەكایی پلاندانان و جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنەكە بوون و لێدوانەكانی خێزانی كوژراوەكە بۆ راگەیاندنە ئێرانییەكان، سەركەوتنی ئۆپراسیۆنەكە پەیوەندیی بەچەند فاكتەرێكەوە هەبووە، لەوانە شكستی ئەمنیی لەلایەن پاسدارانەوەو پلان و چاودێریی چڕی مۆساد، هەروەها گوێنەدانی فەخریزادە بەو ئاگاداركردنەوانەی پێی دەگەیشت. ئەم ناوەتان بیربێت لەدوای ساڵی 2012ەوە ئیسرائیل بەهۆی رێكەوتنی ئەتۆمییەوە ئەم جۆرە ئۆپراسیۆنانەی راگرتبوو، بەڵام لەگەڵ كشانەوەی ترەمپدا لەڕێككەوتنەكە دەستیپێكردەوە، بەتایبەت لەكۆتاییەكانی 2019و سەرەتاكانی 2020دا ئامادەكارییەكان بۆ كوشتنی فەخریزادە لەنێوان بەرپرسە ئیسرائیلییەكان بەسەرۆكایەتی یوسی كۆهین بەڕێوەبەری مۆسادو چەند بەرپرسێكی باڵای ئەمریكی، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ و مایك پۆمپیۆ وەزیری پێشوی دەرەوەو جینا هاسبڵ بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی. رۆژنامەكە دەڵێت وەڵامی لاوازی ئێرانییەكان بۆ كوشتنی قاسم سولەیمانی، پاڵنەری سەرەكیی بەرپرسە ئەمریكییەكان بوو لەپشتیوانیكردنی كوشتی فەخریزادەدا، كە لەساڵی 2018ەوە مۆساد لەهەوڵدا بوو بۆ كوشتنی، بەتایبەتی دوای ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی ئیسرائیل لەكۆبوونەوەیەكدا باسی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێرانی كردو چەند جارێك ناوی فەخریزادەی بردو رایگەیاند:»ئەو ناوەتان لەبیربێت». رۆژی كوشتنەكە راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمز ئەوەی ئاشكراكردووە وێڕای پێگە بەرزەكەی و هەوڵی 14 ساڵەی ئیسرائیل بۆ كوشتنی، بەڵام فەخریزادە ویستوویەتی ژیانێكی ئاسایی بژی و زۆر گوێی بەپاسەوانیی و پاراستن نەداوەو تەنانەت بەقسەی تیمە ئەمنیەكەشی نەكردووە كە وتوویانە خۆی ئۆتۆمبیل لێنەخوڕێت، ئەوەش بووەتە كارئاسانیی بۆ مۆساد. رۆژی كوشتنەكەی وێڕای ئاگاداركردنەوەی لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئێرانیەوە لەپیلانی كوشتنی، بەڵام فەخریزادە لەخانووی پشووەكەی سەر دەریای قەزوینەوە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا بە ئۆتۆمبیلە نیسانە رەشەكەی بۆ بەسەربردنی كۆتایی هەفتە، بەرەو ماڵە گوندییەكەیان لە ناوچەی (ئاب سەرد)ی رۆژهەڵاتی تاران بەڕێدەكەوێت. لەڕێگا كۆمەڵێك بریكاری ئێرانی كە كاریان بۆ مۆساد كردووە، بارهەڵگرێكی پیكاب لەجۆری (نیسان زامیاد) لە پێگەیەكی تاڕادەیەك بەرزدا، لەقەراغ ئەو رێگایە دادەنێن كە ناوچەی ئاب سەرد دەبەستێتەوە بە شەقامە خێراكەوەو لە پشتەكەیدا تفەنگێكی قەناسی قەبارە 7.62 ملم لە جۆری FN MAGی بەلجیكی دادەنێن و بەقوماشی مۆمكراو دایدەپۆشن، لەچاوەڕوانیی تێپەڕینی زانا ئێرانییەكەدا. كاتژمێر 1ی دوای نیوەڕۆ تیمی كوشتنەكە ئاماژەی پێدەگات كە فەخریزادەو هاوسەرەكەی و تیمی پاسەوانە چەكدارەكانی لەچەند ئۆتۆمبێلێكدا بەرەو ئاب سەرد بەڕێكەوتوون، لەو كاتەدا قەناسێكی كارامە دەچێتە پێگەكەی خۆی و تفەنگەكە ئامادەدەكات بۆ جێبەجێكردن، بەڵام ئەوكەسە لەدووریی نزیكەی 1600 كیلۆمەترەوە لە بەرامبەر شاشەیەكدا دانیشتبوو، تیمەكەی تریش بەر لەجێبەجێكردنەكە، ئێرانیان بەجێهێشتبوو. بەپێی ئەو وردەكارییانەی راپۆرتەكە ئاشكرایكردووە، شێوازی كوشتنی فەخریزادە پێشبینی نەكراو بووە و بەتەواوی جیاوازبووە لەو شێوازە جۆراوجۆرانەی ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسە ئەتۆمییە ئێرانییەكان بەكاری دەهێنان، ئیسرائیل یەكەم زانای ناوەكی ئێرانی لەساڵی 2007دا بە ژەهر كوشت، ساڵی 2010 دانەیەكی تری بە بۆمبێك كوشت بە ماتۆڕێكەوە بەسترابوو لە دوورەوە تەقێندرایەوە. دوای كوژرانی سولەیمانی، وێڕای گوێنەدانی فەخریزادە، هێشتا ئێران پاسەوانییەكی زۆر چڕی بۆ دانابوو، نیویۆرك تایمز دەڵێت، دوای كوژرانی ئەو فەرماندە باڵایە، ئێران وانەیەكی گەورە فێربوو، بەوەش كە دەیزانی فەخریزادە لە لیستی ئیسرائیلییەكاندایە، یەكەیەكی پاسەوانیی پڕ چەك و مەشقپێكراوی لەنوخبەی پاسداران بۆ دانابوو كە لەقافڵەی چوار بۆ حەوت ئۆتۆمبێلیدا پاسەوانییان دەكرد، بۆیە ئیسرائیل بڕیاریدا بە تفەنگێكی رۆبۆتی بیكوژێت كە لەدوورەوە كۆنترۆڵ دەكرێت. بەوتەی بەرپرسێكی هەواڵگریی ئیسرائیلی بۆ رۆژنامەكە، تفەنگە رۆبۆتەكە كێشی نزیكەی تەنێك بووە و بەجۆرێك دروستكراوە لەگەڵ پشتی پیكابێكی زامیادی ئێرانیدا بگونجێت. رۆبۆتەكە هەڵوەشێندراوەو لەكاتی جیاوازدا پارچە پارچە براوەتە ئێرانەوە و لەوێ لەسەر پیكابەكە بەستراوە و پاشان بۆمبڕێژ كراوە، تا دوای ئۆپراسیۆنەكە بتەقێندرێتەوە هەروەها چەندین كامێراو هەستەوەری پێوەكراوە تا وێنەیەكی تەواو دەربارەی ئامانجەكە و دەوروبەرەكە بدات بەژووری كۆنترۆڵ، كە بە زیرەكیی دەستكرد بەرنامە كراوە تاشوێنی دواكەوتنی ناردنی وێنەكان و لەرینەوەی پیكابەكە و خێرایی باو ئۆتۆمبێلەكان و هەموو وردەكارییەكانی تر بگرێتەوە. دواتر رۆبۆتەكە هەڵوەشێندراوەو لەكاتی جیاوازدا پارچە پارچە براوەتە ئێرانەوە و لەوێ لەسەر پیكابەكە بەستراوە و پاشان بۆمبڕێژ كراوە، تا دوای ئۆپراسیۆنەكە بتەقێندرێتەوە و هیچ پاشماوەیەك بەجێ نەهێڵێت. تاكە چاڵنج كە مابووەوە بۆ تیمەكە ئەوەبوو چۆن دڵنیابن كە ئایا فەخریزادە خۆی ئۆتۆمبێلەكە لێدەخوڕێت یان نا؟ بۆ ئەوە هەستان لەو یەكتربڕەكەدا كە دەبێت كاروانەكەی فەخریزادە پێچبكاتەوە بۆ ئاب سەرد، ئۆتۆمبێلێكیان وانیشاندا كە پەنچەرە و لەسەر جەگە، ئۆتۆمبێلەكە كامێرای توانا بەرزی تێدابوو بۆ ناسینەوەی زاناكە و بەوجۆرە دڵنیابوون خۆی لێیدەخوڕێت. كەمێك بەر لەكاتژمێر 3.30 كاروانەكە دەگاتە لای پیكابەكە، تفەنگەكە دەستڕێژێك لەپێشی ئۆتۆمبێلەكە دەكات، بەڵام دیارنابێت ئایا فەخریزادەی پێكاوە یان نا؟ ئۆتۆمبێلەكە لادەدات و دەوەستێت، لەوێدا قەناسەكە تفەنگەكە رێك دەكاتەوە و بەلایەنی كەمەوە سێ فیشەك دەنێت بە جامی پێشەوەیەوە، ئەوسا فەخریزادە لە ئۆتۆمبێلەكە دادەبەزێت و لەپشت دەرگای شۆفێرەوە بە چیچكانەوە دادەنیشێت و بەپێی ئاژانسی فارسی ئێرانی سێ فیشەك بڕبڕەی پشتی بڕیوە و لەسەر رێگاكە كەوتووە. رۆژنامە ئەمریكییەكە نووسیویەتی تاكە شت كە بەتەواوی سەرینەگرت تەقاندنەوەی پیكابەكە بوو، چونكە ئامانج لە تەقاندەوەكەی ئەوەبوو پارچەی نەمێنێتەوە تا ئێرانییەكان نەتوانن بیبەستنەوە، بەڵام زۆرینەی پارچەكانی وێڕای ئەوەی بەكەڵكی بەكارهێنان نەمابوون، بەڵام روون و ئاشكرابوون كە چین. دواتریش هەڵسەنگاندنی پاسداران ئاشكرایكرد، هێرشەكە لەڕێی رۆبۆتێكەوە بووە لەدوورەوە كۆنترۆڵكراوە و سیستمی مانگی دەستكردنی زیرەكی تێدا بەكارهاتووە و هەموو ئۆپراسیۆنەكە كەمتر لەخولەكێكی خایاندووە كە 15 فیشەكی تێدا تەقێندراوە. لەكۆتاییشدا راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمز دەڵێت:» ئەم شێوازو تەكنەلۆجیا نوێیە رووخساری جیهانی ئاسایش و سیخوڕی دەگۆڕێت».
هاوڵاتى ئێران كە بەهۆی سیاسەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە زیاتر لە (400) ملیار دۆلار لەتێكڕای داهاتی ساڵانەی لەدەستداوە دەیەوێت بەگۆڕانكاریی لەدیپلۆماسیی ئابوریی خۆیدا جارێكی دیكە ئابورییەكەی ببوژێنێتەوە. حكومەتی ئێستای ئێران بۆ بوژاندنەوەی ئابوریی خۆی پەنای زیاتر بۆ چین و روسیا دەبات، چونكە لەكۆی زیاتر لە (120) ملیار دۆلار پارەی بلۆككراوی ئێران لە (21) وڵاتی جیهان زیاتر لە (20) ملیار دۆلاری ئەو پارەیە لەوڵاتی چین بلۆككراوە و ئەوەش ئاماژەیەكی روونە كە ئەژدیها ئابورییەكی جیهان دەربەستی بوژاندنەوەی ئابوریی ئێران نییەو لە لایەكی دیكەوە روسیا سەرقاڵی پێگەی سیاسیی و ئابوریی خۆیەتی و نایەوێت باجی هەستانەوەی ئابوریی ئێران لەجیهان بدات. بەپێی بەراوردەكان ئێران بۆ هەستانەوەی ئابووریی خۆی و توندوتۆڵكردنەوەی ژێرخانی ئابورییەكەی بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە ململانێی ئابوریی بكات پێویستی بە (300) ملیار دۆلار سەرمایە هەیە، بۆیە ئەو وڵاتە لە نوێترین هەوڵی خۆیدا كە بەدیپلۆماسیی ئابوری ناوی هێناوە بووە ئەندامی هەمیشەیی رێكخراوی شەنگهای كە پێدەچێت بەهۆیەوە پشكی تاران لە رووی ئابورییەوە بگاتە (70) بۆ (100) ملیار دۆلار كە ئەو ژمارەیەش دوورە لە پێویستییەكانی ئێران بۆ قەرەبووی سەرمایەو داهاتەكانی. شەنگهای و پلانی ئێران دوای ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران خۆی گەیاندە تاجیكستان و توانی دڵی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە رازیی بكات بۆ ئەندامێتیی ئێران لە رێكخراوی هاوكاریی شەنگهای، رەئیسی رایگەیاند؛ ئەوە یەكەم هەنگاوی دیپلۆماسیی ئابوریی ئێرانە بۆ بەهێزكردنی وڵاتەكەی، چونكە پێشتر وڵاتی تاجیكستان ناڕازیی بوو بەرامبەر ئەوەی ئێران ببێتە ئەندامی هەمیشەیی رێكخراوەكە. پێشتر هەشت وڵاتی (چین، روسیا، هند، پاكستان، تاجیكستان، قرغیزستان، كازاغستان، ئوزبەكستان) ئەندامی هەمیشەیی پەیمانی شەنگهای بوون و ئێران زیاتر لە (13) ساڵ چاوەڕوانی ئەوە بوو كە ئەو هەشت وڵاتە بەكۆی دەنگ لە بەربژێربوونەوە بیكەنە ئەندامی هەمیشەیی كە ئەم چاوەڕوانیەش بە هەوڵەكانی رەئیسی و پشتیوانییەكانی روسیا و رازیبونی تاجیكستان گەیشتە ئەنجام و ئێران دوای ئەو ماوە دورودرێژە دواجار بووە ئەندامی هەمیشەیی رێكخراوەكە. رێكخراوی هاوكاریی شەنگهای Shanghai Cooperation Organization كە لەساڵی (1996) بە مەبەستی هاوكاریی ئاسایشیی و ئابوریی و كەلتوریی دامەزراوە لەبنەڕەتدا دژی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)و ئەمەریكا بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لەئاسیای ناوەڕاست پێكهاتووەو چین و روسیا سەركردایەتیی ئەو رێكخراوەیە دەكەن، بۆیە دوور نییە ئەندامبوونی ئێران لەو رێكخراوەیەدا ببێتە هۆی قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا لە بەرامبەر ئەو وڵاتە بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر تاراندا. شەنگهای (25%) كۆی ئابوریی جیهان لەخۆدەگرێت و ئاستی بازرگانیی لە نێوان وڵاتانی ئەو رێكخراوەیەدا دەگاتە زیاتر لە سێ ترلیۆن دۆلار و پشكی ئێستای ئێران لەبازرگانیی لەگەڵ ئەو رێكخراوەیەدا دەگاتە (28) ملیار دۆلار كە بەپێی رێژە كەمترە لە (0.5%)ی كۆی بازرگانیی نێوان وڵاتانی رێكخراوەكە. زۆربەی بازرگانیەكانی ئێران تەنها لەگەڵ چین و روسیایە، بۆیە پێشبینی بەرزبوونەوەی داهاتی ئێران بەبێ رەزامەندیی چین دوورە لەخەونە ئابورییەكانەوە چونكە چین پێش هەموو شتێك دەیەوێت پێگەی ئابوریی خۆی لەدژی ئەمەریكا بەهێز بكاتەوە. چین بەتەنها ئاستی بازرگانیی خۆی لەساڵی (2001)ەوە لە چوارچێوەی ئەو رێكخراوەیەدا لە (17) ملیار دۆلارەوە بۆ (250) ملیار دۆلار لەساڵی (2020) بەرزكردووەتەوە ئەو ژمارانەش دەریدەخەن ئاستی بازرگانیی چین لە رێكخراوی شەنگهایدا (15%) بووە، بۆیە ئەگەر ئەو وڵاتە بیهەوێت ئاستی بەشداریی ئێران بەرزبكاتەوە دەبێت پاشەكشە بەپشكەكانی خۆی بكات كە ئەمەش دوورە لە پێشبینییە ئابورییەكان و لەئەنجامدا خەونەكانی ئێران لەبەدیهاتن دوور دەكەونەوە. ئامارە ئابورییەكانی ئێران ئاماژەن بۆ هەڵدێر ساڵی (2020) پشكی ئێران لەتێكڕای ئابوریی جیهان كە (85) ترلیۆن دۆلار بووە گەیشتووەتە نزیكەی (0.2%) لەكاتێكدا ئەو وڵاتە بە بەردەوامیی خەونی بەپلەی (16)یەمین و (18)یەمین ئابوریی جیهانەوە بینیوە، بەڵام ئێستا لەپلەی (115) بۆ (119) لە نێوان (187) وڵاتی جیهاندا وەستاوەتەوە. ئێران خاوەنی سیستمێكی ئابوریی ئاڵۆز و جیاوازە لەناوچەكەدا و تەنانەت یەكێك لەو دەگمەن وڵاتانە بووە كە بەهۆی قەیرانی ساڵی (2007 بۆ 2009)ی جیهان، ئابورییەكەی هیچ زیانێكی بەرنەكەوت بەڵام سزا نێودەوڵەتییەكان و بەتایبەت سزاكانی ئەمەریكا، كۆی داهاتی ئەو وڵاتەی بۆ كەمتر لە (150) ملیار دۆلار لەساڵێكدا دابەزاند. بەپێی راپۆرتی بانكی جیهانی، تێكڕای بەهای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ئێران لەساڵی (2012) گەیشتووەتە (600) ملیار دۆلار و لەساڵی (2020) ئەو ژمارەیە بۆ یەك لەسەر سێ كەمی كردووە، واتە لەكۆی سێ بەش دوو بەشی ئابوریی و بەرهەمهێنانی لەدەستداوە و بەو پێیە ئاستی بەرهەمهێنانی گشتیی ئێران بۆ كەمتر لە (200) ملیار دابەزیوە و ئەمە بەسە بۆ ئەوەی وڵاتێك لە لێواری داڕمانی ئابوریی نزیك ببێتەوە. لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا ئاماژە بەوە كراوە كە تاساڵی (2010) ئابوریی ئێران بەهێز بووە و ئەو وڵاتە بە (26)ەمین وڵاتی جیهان لە رووی ئابورییەوە ئەژمار كراوە، بەڵام لەساڵی (2020) قوڵبوونەوەی قەیرانی سیاسیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ئاستی داهاتی تاكی لەو وڵاتە بۆ هەزارو (311) دۆلار لەساڵێكدا دابەزاندوەو پلەی ئابوریی ئێرانی بۆ (115)یەمین وڵات لە ریزبەندی (187) وڵاتدا دابەزاندوە. لەساڵی (2018) كۆمپانیای كرێدیت سویس (Credit Suisse) كە كۆمپانیایەكی تایبەت بەخزمەتگوزاریی دارایی و بانكیی وڵاتی سویسرا-یە ئاشكرای كردووە نێوەنجی دارایی هەر تاكێكی نیشتەجێی ئێران كە تەمەنی لە (18) ساڵ زیاتر بێت دەگاتە چوار هەزار و (779) دۆلار، بۆیە ئەو وڵاتە لەنێوان (174) وڵاتی جیهاندا پلەی (119)یەمین وڵاتی بەدەستهێناوە. سندوقی نێودەوڵەتیی دراو لەساڵی (2011) رایگەیاند كە گەشەی ئابوریی ئێران سفر(0)ە، بەڵام دوای ناڕەزایەتیی كۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەی گەشەی ئابوریی ئەو وڵاتەی بۆ (2.5%) گۆڕی و جەختی لەوە كردەوە كە سەرەڕای ئەو رێژە لەگەشەیە، ئێران خاوەنی گەورەترین هەڵاوسانی ئابوریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا بوە چونكە هەڵاوسانەكەی گەیشتووەتە (22.5%) كە هەڵاوسانەكەشی لەساڵی (2020) نزیكبوەوە لە (50%). ئێران جگە لەنەوت بە گەورەترین بەرهەمهێنی پستەو زەعفەران و قەیسی و فەرشی دەستچن لەجیهان ئەژمار دەكرێت و هاوكات لە رووی بەرهەمهێنانی میوەوە بەهەشتەمین وڵات ئەژمار دەكرێت كە تەنانەت بەپێی میوەكانیش پلەكانی بەرز دەبێتەوە بۆ نمونە سێیەمین وڵاتە لە رووی بەرهەمهێنانی قەیسی و گوێز و بایەم، پێنجەم وڵاتە لە رووی بەرهەمهێنانی خەیارو باینجان لە جیهانداو سەرەڕای بەروبوومە سروشتییەكانیشی بەچوارەمین وڵاتی بەرهەمهێنی چیمەنتۆ ئەژمار دەكرێت و ئەمە وایكردووە ئابورییەكی تا رادەیەك پشتبەستوو بەخۆی هەبێت. دامەزراوەی نێودەوڵەتیی سەرمایە International Finance Corporation كە بە كورتكراوی بە (IFC) ناودەهێنرێت لەساڵی (2020) ئاشكرای كرد كە ئابوریی ئێران تاكۆتایی (2019) بە رێژەی (4.9%) بچووك بووەتەوە و پێشبینی كرد ئەو رێژەی لەكۆتایی ساڵی (2020) بگاتە (7.2%). جەنگ لەگەڵ سەدام ئابوریی ئێران ئیفلیج دەكات گەشەی ئابوریی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ نیو سەدە پێش ئێستا، چونكە لەو سەردەمەدا بەهۆی هاوردەكردنی پیشەسازیی وڵاتانی رۆژئاواوە ئەو وڵاتە ببووە جەمسەرێكی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام ئەم گەشەیە تا سەرهەڵدانی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لەساڵی (1980 بۆ 1988) بەردەوام دەبێت و بەوتەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران جەنگ لەگەڵ سەدام حسێن، سەرۆكی رژێمی بەعس بووەتە هۆی كوژرانی زۆربەی گەنجانی وڵاتەكە كە بەدەستی كارو گەشەی ئابوری ئەژمار دەكران و سەرەڕای ئەوەش زیانە مادییەكانی جەنگی هەشت ساڵە بە (500) ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. غوڵامحسێن شافعی، سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئێران لەساڵی (2021) ئاشكرای كرد زۆربەی بوارەكانی گەشەی ئابوریی ئێران لەئابوریی جیهاندا بەراورد بە (40) ساڵی رابردوو بۆ نیوە واتە (50%) كەمی كردووە كە ئەوەش گەورەترین ئاماژەیە كە ئابوریی ئەو وڵاتە بە رێژەی (50%) بچووك بووەتەوە. بانكی جیهانی خشتەی تێكڕای بەرهەمێهانی وڵاتی ئێرانی لەساڵی (1960) بۆ (2020)ی بەپێوەری ملیار دۆلار بڵاوكردووەتەوە و لەو خشتەیەشدا بە روونی دەردەكەوێت كە ئابوریی ئێران لەساڵی (2020) بۆ سەردەمی ساڵی (1990) گەڕاوەتەوە و كۆی داهاتی ئەو وڵاتە جارێكی دیكە بۆ كەمتر لە (200) ملیار دۆلاری ساڵانە دابەزیوە. بانكی جیهانی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە كە ساڵی (2008) ئاستی تێكرای داهاتی ئێران یان Parity توانای هاوسەنگی كڕین (Power Purchasing) لەو وڵاتە نزیكەی (841) ملیارو (700) ملیۆن دۆلار بووە، ئەوەش وای كردووە ئابوریی ئەو وڵاتە دوای وڵاتی ئوسترالیا لە سەرووی وڵاتانی (هۆڵەندا، سوید، بەجیكا) بگاتە (16)یەمین ئابوریی جیهان، بەڵام تێكڕای داهات لەسەر بنەمای نرخی دراو (Exchange Rate) لەساڵی (2009) نزیكەی (382) ملیارو (300) ملیۆن دۆلار بووە و بەو پێیە پلەی ئابوریی ئێران (29) بووە لە ئاستی وڵاتانی جیهاندا. سزا نێودەوڵەتییەكان هاڕە بەداهاتی ئێران دەكات لەماوەی سێ ساڵ سەپاندنی سزا نێودەوڵەتییەكاندا لە ساڵی (2011 بۆ 2014) ئێران ئاستی تێكرای داهاتی ئێران زیاتر لە (160) ملیار دۆلار كەمی كرد كە بە رێژەیی دەكاتە (28%)ی كۆی داهاتەكانی، بۆیە پلەی ئابوریی ئەو وڵاتە كە لە (2011) گەیشتە (21)ەمین ئابوریی جیهان لەساڵی (2014) بۆ (28)ەمین ئابوریی جیهان دابەزی. ساڵی (2017) بەهۆی كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) ئاستی تێكڕای داهاتی ساڵانەی ئێران بۆ (192) ملیار دۆلار دابەزی و ئەمە بەگەورەترین دابەزینی داهاتی ئێران لەمێژووی نیو سەدە ئابوریی ئەو وڵاتە لەقەڵەمدەدرێت. ژمارەی دانیشتوانی ئێران لەو ساڵەدا نزیكەی (80) ملیۆن كەس بووە، بەڵام تێكڕای داهاتی بەراورد بەهەمان ساڵی توركیاو سعودیە سێ هێندە كەمتر بووە و هاوكات ئابوریی ئیمارات و ئیسرائیل كە دانیشتوانەكانیان دەگاتە نزیكەی نۆ ملیۆن كەس دوو هێندەی ئێران زیاتر بووە. نوێترین ئاماری بانكی جیهانی دەریدەخات كۆی داهاتی ئێران بە بەردەوامیی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوەو تێكڕای داهای ئەو وڵاتە لە ساڵی (2021) نزیك بووەتە لە (192) ملیار لە كاتێكدا ئەو ژمارەیە پێشتر نزیكەی (600) ملیار دۆلار بووە. بانكی جیهانی ئاماژەی بەوەش كردووە كە تێكڕای داهاتی ئێران لەساڵی (2020) هاوشێوەی ساڵی (2004) بووە كە بە نزیكەی (150) ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. ئێران لەنێوان بووژانەوە و هەڵدێری ئابوریدا بەگشتی سزا نێودەوڵەتییەكانی كە بەهۆی كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی و بەرنامەی موشەكیی كۆماری ئیسلامی ئێران دژی تاران سەپێنراوە تێكڕای داهاتی ئێرانی بۆ یەك لەسەر سێ كەم كردووەتەوە و هاوكات ئەو وڵاتە كە ساڵانی رابردوو زیاتر لە (100) ملیار دۆلار داهاتی لە فرۆشتنی نەوت دەستدەكەوت ئێستا ئەو بڕە بۆ كەمتر لە نۆ ملیار دۆلار دابەزیوە، هەموو ئەو هۆكارانەش كە بوونەتە هۆی ئەوەی ئابوریی ئێران بچووك ببێتەوە بەهۆی سیاسەتەكانی ئێران لەدژی وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمەریكا بووە و تەنها ئەو وڵاتانەش دەتوانن ببنەوە هۆی بووژاندنەوەی ئابوریی، بەڵام ئێران وەك كارتێكی فشار یان پلانێكی نوێی ئابوریی تائێستا دوو هەنگاوی ناوە كە پێچەوانەی خەونەكەیەتی ئەویش گرێبەستی ئابوریی (25) ساڵە لەگەڵ چین و رێكخراوی شەنگهای كە ئەوەش دواجار بەواتای دژایەتیی وڵاتانی رۆژئاواو ئەمەریكا لێكدەدرێتەوە، بۆیە دەكرێت پێشبینی بكرێت كە ئەگەر ئێران پاشەكشێی سیاسیی و سەربازیی گەورە بۆ رۆژئاواو بە تایبەت بۆ ئەمەریكا نەكات ئەوا ئابورییەكەی بەرەو هەڵدێر دەڕوات.
نامۆ سەربەست وڵاتانی نێودەوڵەتی بە رابەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەیانەوێت چاودێری وردی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بكەن و بۆ ئەو مەبەستە 76 وڵات بە 800 كەسەوە چاودێری پرۆسەكە دەكەن. هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی پەرلەمانی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەمدا، گرنگترین هەڵبژاردنی مێژووی وڵات دەبێت، چونكە دەرئەنجامی خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019یە كە كۆتایی بەحكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هێناو بووەتە جێی سەرنجی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەتایبەت دوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن كە عێراقی كردە 83 بازنە كە پێشتر تەنها 18 بازنە بوو. مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتی عێراق چەندین جار ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە «هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمجارە، چارەنووسـساز و یەكلاییكەرەوە دەبێت». گرنگیی هەڵبژاردنەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەبەشداریكردن و چاودێریكردنی وڵاتان و نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە جیهانییەكانەوە دەردەكەوێت، كە لەهیچ كام لە هەڵبژاردنەكانی پێشتردا، هێندە ژمارەی چاودێری نێودەوڵەتی زۆر نەبووە. دادوەر جەلیل عەدنان خەڵەف سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران رایگەیاند، لەدوای دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكانەوە بانگهێشتی 75 وڵات و رێكخراوی نێودەوڵەتییان كردووە بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان و ئامانجیان لەو كارە ئەوە بووە نامەیەكی ئاشكرا ئاراستەی عێراقییەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بكەن كەهەڵبژاردنەكان پاك و شەفاف دەبێت. هەروەها عەبدولحسێن هینداوی، راوێژكاری مستەفا كازمی بۆ كاروباری هەڵبژاردن رایگەیاند:»چاودێریی هەڵبژاردنەكان بەشداریكردنی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپاو چەند وڵاتێكی عەرەبی و كۆمكاری عەرەبی و چەند رێكخراوێكی تر و روسیاش بەخۆوە دەبینێت». دواتریش جنین بلاسخارت سەرۆكی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق رایگەیاند 130 چاودێریان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە داناوە كە دەكاتە زیاتر لە پێنج هێندەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو. هاوكات لیندا تۆماس گرینفیڵد، پەیكی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان، لەكۆبوونەوەیەكی مانگی ئابی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا رایگەیاند:»پرۆسەی چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی عێراق گەورەترین دەبێت لەجیهاندا، ئەمریكا پێشوازیی لەهەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەكان و بۆ ئەو مەبەستەش بڕی پێنج ملیۆن و 200 هەزار دۆلار هاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكانی كردووە». رۆژی پێنجشەممەی رابردوو یەكێتی ئەوروپا دەستپێكردنی كاری نێردەكەی بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان راگەیاند، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، ڤیۆلا ڤۆن رامۆن، سەرۆكی نێردەكە رایگەیاند:»یەكێتی ئەوروپا رایسپاردووم سەرۆكایەتی نێردەی چاودێریی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەم، لەمڕۆوە رایدەگەیەنین نێردەكە بێلایەنانە دەستی بەكارەكانی كردووە بۆ بەرزكردنەوەی راپۆرتێكی پرۆفێشناڵ و سەربەخۆ لەسەر هەڵبژاردنەكان». هەروەها راشیگەیاند:»لەسەر داوای فەرمیی حكومەتی عێراق لێرەین بۆ پاراستنی هەڵبژاردنەكان، بەهیچ جۆرێك دەستوەردان ناكەین و كار ناكەینە سەر پرۆسەی دەنگدان، بوونی ئێمە لێرە بۆ ئەوەیە متمانەیەكی زیاتر بدەینە دەنگدەری عێراقی و چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەكە دەكەین، رۆژی دەنگدان و ئاشكراكردنی ئەنجامەكان و هەر لێكەوتەیەكی تر كە دوای قۆناغی هەڵبژاردن دەردەكەوێت و دوو رۆژ دوای هەڵبژاردنەكان كەشفێك لەسەر ئەنجامە ئەلكترۆنییەكانی هەڵبژاردن پێشكەش دەكەین». دواتریش نێردەی یەكێتی ئەوروپا لەعێراق بەیاننامەیەكی سەبارەت بەگەیشتنی سەرۆكی چاودێران دەركرد كە»ئەم چاودێریكردنە كە بۆ یەكەمجارە روودەدات بەمێژوویی دادەنرێت بۆ ئێمە و ئاماژەیەكی ئاشكرایە بۆ پابەندیی جدیی یەكێتی ئەوروپا بە پشتیوانیكردنی هەڵبژاردنێكی ئاشتیانەو خاوەن مسداقیەت لەوڵاتەكەدا». بەیاننامەكەی نێردەی یەكێتی ئەوروپا ئەوەشی تێدا خراوەتەڕوو كە لە مانگی ئابدا تیمی سەرەكیی كە لە 12 چاودێر پێكهاتوون گەیشتنە عێراق و لەسەرەتای ئەیلولدا 20 چاودێری درێژخایەن پەیوەندییان پێوەكردن و نێردەكەش چەند چاودێرێك لە سلكی دیبلۆماسی و وەفدی پەرلەمانی ئەوروپی دادەمەزرێنێت بۆ ماوەی كورت و بەو جۆرە لەڕۆژی هەڵبژاردندا ژمارەی چاودێرەكان دەگاتە 80 چاودێر لەوڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو كەنەداو نەرویجەوە. بەیاننامەكە ئەوەشی تێدا هاتووە كەئەركی نێردەكەیان شیكردنەوەیەكی سەربەخۆو گشتگیرە و بۆ رادەی گونجانی پرۆسەكە لەگەڵ یاسای عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكانی هەڵبژاردنێكی دیموكراسیانە. هاوكات لەسەردانەكەشیدا بۆ هەولێر، ڤۆن كرامۆن لەگەڵ هێمن هەورامیی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستاندا كۆبووەوە و هەورامی داوای لێكرد لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەوردی و چاوكراوەییەوە چاودێری بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن. لەلای خۆشیەوە ئوسامە موحسن، بەڕێوەبەری بەرنامەی عێراق لە دامەزراوەی فریدریچ ئێبرتی ئەڵمانی لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی مۆنیتۆر رایگەیاند:»هەڵبژاردنەكانی عێراق زۆر گرنگە، ئێمە وەك چاودێری نێودەوڵەتی لەوێ دەبین بۆ چاودێریكردنی، ئێمە هاندەری هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەردین لە عێراقدا، تەكنەلۆجیای نوێ بەكاردەهێنین بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان، دیارترینیان سەكۆ ئەلكترۆنییەكانە». ئاشكراشیكرد: »ئێمە تاكە چاودێری نێودەوڵەتی نابین، لەگەڵ كۆمەڵێك رێكخراودا پرۆژەمان هەیە، وەك رێكخراوی تەمموز بۆ گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی، كە 600 چاودێری ناوخۆیی دابینكردووە. لەگەڵ روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ هەماهەنگیمان هەیە، بۆ چاودێریكردن و شیكردنەوەی راگەیاندنی هەڵبژاردن، بۆیە رۆڵی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەهەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا یەكلاكەرەوە دەبێت». واتە لەگەڵ 130 چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان و 80 چاودێری یەكێتی ئەوروپادا، لەگەڵ 600 چاودێرەكەی رێكخراوی تەمموز دەبێتە 810 چاودێر، ئەوانە بێجگە لە چاودێرانی وڵاتە عەرەبییەكان و روسیا. كە بەوتەی نبراس ئەبو سودە، جێگری وتەبێژی كۆمسیۆن، لە 76 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن. لەم هەڵبژاردنەدا عێراق دابەشكراوە بۆ 83 بازنە، واتە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن نزیكەی 10 چاودێری نێودەوڵەتی بەردەكەوێت، بەڵام هێشتا ئەوە مایەی خۆشحاڵیی و رەزامەندیی لایەن و رێكخراوە مەدەنییەكان و چالاكوان و چاودێرەكان نییە، چونكە عەبدولحسێن هینداوی، راوێژكارەكەی كازمی بۆ كاروباری هەڵبژاردن وتی:»ئەركی نەتەوەیەكگرتووەكان و چاودێرە نێودەوڵەتییەكان تەنیا چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی دەنگدانەكە دەبێت لەڕۆژی هەڵبژاردندا «. بەڵام داواكاریی خۆپیشاندەرانی تشرین بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، بریتیبوو لەهەڵبژاردن بەسەرپەرشتیی نێودەوڵەتی، نەك چاودێری. واتە نەتەوەیەكگرتووەكان لەڕێی ئەو چاودێرە نێودەوڵەتییانەوە، دەسەڵاتی رەتكردنەوەی ئەنجامی بنكەكانی هەبێت، لەكاتی بوونی سەرپێچی و ساختەكاریدا. یەحیا كوبەیسی: كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئامادە نییە رووبەڕووی دۆخی سیاسیی نائارامی عێراق ببێتەوەو دەیەوێت ئەو هێمنیە لەرزۆكە بپارێزێت كە هەیەو خۆی لەتەحەدیاتە نوێیەكان لابدات، بۆیە ئامادەیە چاو لەو ساختەكارییە مەنهەجییە بپۆشێت كەدەكرێت یەحیا كوبەیسی نووسەر و لێكۆڵەری سیاسی لەچاوپێكەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباح، باسی لەترسی عێراقییەكان كرد لەڕۆڵی راستەقینەی نەتەوەیەكگرتووەكان و چاودێرەكانی و رایگەیاند:»نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی 2003وە لەعێراقدایەو چاودێریی هەموو هەڵبژاردنەكانی كردووە كە هەموویان پڕبوون لەتەزویر و ساختەكاری و بلاسخارت خۆشی تەئكیدی لەوە كردەوە، كە «رۆڵی پێشتری چاودێرەكان چەواشەكارانە بووە»، بۆیە ناكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پشتی پێببەسترێت. «كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئامادە نییە رووبەڕووی دۆخی سیاسیی نائارامی عێراق ببێتەوەو دەیەوێت ئەو هێمنیە لەرزۆكە بپارێزێت كە هەیەو خۆی لەتەحەدیاتە نوێیەكان لابدات، بۆیە ئامادەیە چاو لەو ساختەكارییە مەنهەجییە بپۆشێت كەدەكرێت»، یەحیا كوبەیسی وا دەڵێت. پەیمانگای برۆكینز بۆ لێكۆڵینەوە لەڕاپۆرتێكدا ئەوەی خستۆتەڕوو كە پەیڕەوكردنی مەنهەجی چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان لەبری سەرپەرشتیی راستەوخۆ لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە، وایلێدەكات شەرعیەت بدات بەهەڵبژاردنەكان، تەنانەت لەكاتی بوونی ساختەكاریشدا، ئەوەش كاریگەریی نەرێنیی لەسەر ناوبانگی نەتەوەیەكگرتووەكان دەبێت لەداهاتوودا. پەیمانگاكە دەڵێت حكومەتی عێراقی داوای چاودێریی لە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە نەك سەرپەرشتی، شێوازی چاودێریش دەسەڵات ناداتە نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتەكانی تری سەر بەئەو تا لەكاتی بوونی ساختەكاری و لاداندا هەڵسوكەوتی بەرامبەر بكەن، بەڵكو تەنیا دەتوانن راپۆرتی لەسەر بڵاوبكەنەوە و ئاماژە بە ئەوانە بدەن كەكردوویانە. بۆیە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان ئەنجامی پێچەوانەیان دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر زانیاریی تەواو لەسەر ئەركەكانیان بۆ رای گشتی بڵاونەكەنەوە، چونكە دەبێتە مایەی لەدەستدانی تەواوی متمانە بە نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆی پرۆسەی سیاسی عێراق. راپۆرتەكە نووسیویشیەتی كە عێراقییەكان لەسەر ئەو بۆچوونە هەڵەیە داوای چاودێریی نێودەوڵەتی دەكەن كە بوونی رێگر دەبێت لە گەندەڵی و ساختەكاری، لەبیریان چووەتەوە كە نەتەوەیەكگرتووەكان لەساڵی 2004ەوە چاودێریی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات، بەڵام تەزویرو ساختەكاری هەر بەردەوامە. لەكۆتایی راپۆرتەكەشدا پەیمانگاكە جەختدەكاتەوە لە ئەوەی پارتە سیاسییەكان بوونی بێكاریگەریی چاودێری نێودەوڵەتی لەڕاگرتنی پرۆسەكانی یاریكردن و ساختەكاریی لەپێش و دوای هەڵبژاردنەكاندا، وەك دەرفەتێك دەبینن بۆ پێدانی شەرعیەتێكی تەواو بە هەڵبژاردنەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی