له‌یال ئه‌حمه‌د به‌شێک له‌دایکان له‌کاتى پێش سکپڕیدا په‌نا بۆ به‌رنامه‌ى خۆراکى جیاواز ده‌به‌ن تا به‌و هۆیه‌وه ره‌گه‌زى منداڵه‌کانیان دیارى بکه‌ن، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پزیشکه‌کان ده‌ڵێن هیچ توێژینه‌وه‌یه‌کى زانستى نییه ئه‌وه بسه‌لمێنێت. به‌شێک له‌دایکان خاوه‌نی منداڵی کچن هه‌وڵده‌ده‌ن ببنه دایکی منداڵێکی کوڕیش، یان به‌پێچه‌وانه‌وه له‌هه‌مانکاتدا به‌شێک له‌دایکان باس له‌وه ده‌که‌ن که له‌ڕێگای چه‌ند خواردنێکی دیاریکراوه‌وه دوو بۆ سێ مانگ پێش ئه‌وه‌ی دووگیان بن ئه‌و خواردنانه‌ی به‌کارهێناوه‌و بووەته دایکی کچ یاخود کوڕ. سارا غه‌ریب ته‌مه‌ن 28، دایکی دووکچه‌و به‌منداڵى سێیه‌مى دووگیانه، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:» به‌رنامه‌یه‌کى خۆراکیم جێبه‌جێکرد سێ مانگ پێش دووگیان بوونم که پێکهاتبوو له سه‌وزه، ماست و په‌نیرى که‌م چه‌وری، قه‌ڕنابیت، بامێ و برۆکلی و کوله‌که، ئه‌ڤۆکادۆو ماسی که به‌کارمهێناون که ره‌گه‌زى منداڵه‌که‌م کوڕه«. زه‌ینه‌ب محه‌مه‌د، دایکی منداڵێکی کچه‌و ده‌ڵێت ئاره‌زووى ئه‌وه‌ى کردووه ببێته خاوه‌نى منداڵێکى کوڕ، وتیشى:» پزیشکه‌که‌م به‌رنامه‌یه‌کی خۆراکی بۆ دانام که‌خۆراکه‌کان پێکهاتبوون له کوله‌که، ماسی ماکرێڵ، ماش، بڕوکلی، سه‌وزه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و به‌رنامه خۆراکییه‌م به‌جوانی جێبه‌جێکردو نه‌بوومه دایکی منداڵی کوڕ‌و کچم بووه«. هاوکات، تارا هادی ته‌مه‌ن 25 ساڵ خاوه‌نی دوو منداڵی کوڕه، ده‌ڵێت کاتێک دووگیان بووه به‌منداڵی سێیه‌مى سۆنه‌رم کردوووه‌و کۆرپه‌که‌ی کوڕ بووه، وتیشى:» زۆر بێتاقه‌ت بووم ئاره‌زووى ئه‌وه‌م ده‌کرد کچ بێت، دکتۆره‌که‌م پێی وتم حه‌زت له‌منداڵی کچبوو ده‌بوو پێش ئه‌وه‌ی دووگان بیت قسه‌ت بکردایه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌یه‌کی خۆراکیت بۆ دابنێم». پزیشکان راى جیاوازیان له‌باره‌ى به‌رنامه‌ى خۆراکییه‌وه هه‌یه بۆ دایکانى دووگیان که کاریگه‌رى له‌سه‌ر ره‌گه‌زى منداڵ هه‌بێت. دکتۆر سیروان عبدوڵا، پسپۆڕی زانستی خۆراک له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:» هیچ توێژینه‌وه‌یه‌کی زانستی ئه‌وه‌ی نه‌سه‌لماندوه که خۆراکی دایک کاریگه‌ری هه‌بێت له‌دیاریکردنی ره‌گه‌زی کۆرپه‌له له‌سکی دایکدا». ناوبراو پێشیوابوو ئه‌و دایکانه‌ی که باس له‌وه ده‌که‌ن ماوه‌یه‌ک پێش دووگیان بوونیان جۆره خۆراکێکیان به‌کارهێناوه که تایبه‌ت بێت به دیاریکردنی ره‌گه‌زی کۆرپه‌له دووره له‌ڕاستییه‌وه. هه‌روه‌ها دکتۆره دیمه‌ن حسێن، پسپۆڕی ژنان و مناڵبوون بۆ هاوڵاتى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که بڕواى به‌و به‌رنامه خۆراکییه نییه کاریگه‌رى له‌سه‌ر ره‌گه‌زى منداڵ هه‌بێت، وتى:»زۆرجار نه‌خۆش دێته لام و وه‌سڵیشی بڕیوه که ده‌ڵێت به‌رنامه‌یه‌کی خۆراکیم ده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی کچ یا کوڕیان ببێ راسته‌وخۆ پێی ده‌ڵێم باوه‌ڕم به‌و به‌رنامه خۆراکییه نییه«. مامۆستایه‌کى ئاینى له‌ڕووى ئاینى ئیسلامه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و به‌رنامه خۆراکییه ده‌کات که به‌شێک له‌دایکان په‌ناى بۆ ده‌به‌ن بۆ گۆڕینى ره‌گه‌زى منداڵه‌کانیان. محه‌مه‌د قامیشى، مامۆستایى ئاینى له‌سلێمانى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:»هه‌ر شتێک له‌چوارچێوه‌ى ئاینى پیرۆزى ئیسلامدا بێت خواردنى حه‌رامى تێدا نه‌بێت رێگه‌پێدراوه واتا خواردنه‌کان حه‌ڵاڵ بێت و زیان به‌ته‌ندروستى دایک و کۆرپه‌له‌که نه‌گه‌یه‌نێت». ئه‌و مامۆستایه ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که له‌دایکبوونى منداڵ و ره‌گه‌زه‌که‌ى قه‌ده‌رى خودایه« ئه‌گه‌ر خوا قه‌ده‌رى لێ نه‌دابێت نابێت».
شاناز حه‌سه‌ن له‌شه‌وى یه‌کى یه‌کى ئه‌مساڵدا 130 منداڵ له‌هه‌رێمى کودستان له‌دایکبوون و پزیشکێک ئاماژه به‌وه‌ده‌دات دایکان خۆیان ئه‌و رۆژه هه‌ڵده‌بژێرن بۆ له‌دایکبوونى منداڵه‌کانیان تا به‌روارێکى جوانیان هه‌بێت. شه‌وى 1ى 1ى 2022، له‌هه‌رێمى کوردستاندا 130 منداڵ له‌دایکبوون، به‌شێک له‌و ژنانه ده‌ڵێن دڵخۆشن که منداڵه‌که‌یان له‌و شه‌ودا له‌دایکبووه. ئه‌ڤین کامیل، دایکى یه‌کێک له‌و منداڵانه‌یه که له یه‌که‌م شه‌وى ساڵى نوێ‌دا منداڵى بووه، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:» بوونى به‌روارێکى جوان بۆ رۆژى له‌دایکبوونى کچه‌که‌م زۆر دڵخۆشم ده‌کات». ئه‌م دایکه باسى له‌وه‌شکرد پێشتر چه‌ند جارێک سه‌ردانى لاى پزیشکى کردووه‌و داواى کردووه له‌و رۆژه‌دا نه‌شته‌رگه‌رى بۆ بکرێت. هه‌روه‌ها وتیشى:»به‌کاتى خۆم دوو رۆژ دواتر منداڵه‌که‌م له‌دایکده‌بوو، به‌ڵام حه‌زم کرد بیکه‌مه رۆژى یه‌کى مانگه‌وه تا هه‌موو ساڵێک ئه‌و دوو یاده پێکه‌وه بکه‌ینه‌وه«. هه‌ندێک له‌دایکانیش بوونى رێکه‌وتى خوایى بۆ له‌دایکبوونى منداڵه‌کانیان به جوانتر ده‌زانن و پێیان وایه ئه‌وه به‌روارى ته‌واوه‌تى له‌دایکبوونى منداڵه‌که‌یانه. شیراز جه‌لال، دایکى دوو کوڕه‌و له شه‌وى یه‌کى یه‌کدا کچێکى دیکه‌ى له‌دایکبووه به‌هاوڵاتى وت:» خۆم له‌م شه‌وه‌دا له‌دایکبووم و قیسمه‌تى خواى گه‌وره وابوو کچه‌که‌شم له‌هه‌مان شه‌ودا له‌دایک ببێت». ئه‌م دایکه خۆى به‌رنامه‌ى نه‌بووه له‌یه‌که‌م شه‌وى ساڵى تازه‌دا منداڵه‌که‌ى له‌دایک ببێت، به‌ڵام له‌دواى چوونه ناو ساڵى تازه‌وه کچه‌که‌ى له‌دایکبووه. شیراز پێیوابو ئه‌و به‌رواره جوانه بۆ له‌دایکبوون که ته‌واو به‌ویستى خوا بێت و وتیشى:»حه‌ز ناکه‌م خۆم رۆژه‌که دیاریبکه‌م، چونکه له‌ڕاستیدا ئه‌و رۆژه جوانه که خۆى منداڵه‌که کاتى له‌دایکبوونیه‌تى». پزیشکێکى ژنان و منداڵ بوون ده‌ڵێت، زۆربه‌ی دایکان خۆیان ئه‌و شه‌وه هه‌ڵده‌بژێرن تامنداڵه‌که‌یان تێیدا له‌دایک ببێت. شلێر حه‌مه عه‌لی، پزیشکی ژنان و منداڵبوون، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:» زۆربه‌ی دایکان خۆیان به‌مه‌به‌ست ئه‌و شه‌وه هه‌ڵده‌بژێرن بۆ له‌دایکبوونی منداڵه‌کانیان، زۆر دایک که دێته لامان ده‌یه‌وێت منداڵه‌که‌ی به‌روارێکی له‌دایکبوونی جوانی هه‌بێت، بۆیه شه‌وی یه‌کی یه‌ک دیاریده‌کات». توێژه‌رێکى ده‌روونى ئاماژه به‌وه ده‌دات دایکان له‌و کاته‌دا له بارودۆخێکى نائارامدان و گرنگى به شتى لاوه‌کى ده‌ده‌ن. ناسک خدر، توێژه‌رى ده‌روونی، له لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت:»دایکان له ماوه‌ى نۆ مانگى سکپڕیدا له‌بارودۆخێکى زۆر نائارامدان، بیر له‌زۆر شت ده‌که‌نه‌وه تابتوانن منداڵه‌که‌یان بپارێزن و باشترین شتى بۆ بکه‌ن». ئه‌م توێژه‌ره ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که دایکان یه‌کێک له‌و شتانه‌ى گرنگه به‌لایانه‌وه به‌روارێکى جوانه‌و وتیشى:» به‌روارى جوان لای دایک دوو بیرکردنه‌وه‌ى له‌پشته‌وه‌یه، یه‌که‌م دیاریکردنى به‌روارێکى جوان بۆ رۆژى له‌دایکبوونى منداڵه‌که‌ى و دووه‌میش یادکردنه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بۆنه‌یه‌کى دیکه‌دا دووباره ده‌بێته‌وه‌و ده‌بێته یاده‌وه‌رى جوان بۆیان». ئه‌وه‌ى بووەته سه‌ره‌نجى زۆربه‌مان ئه‌وه‌یه له‌کۆندا زۆربه‌ى زۆرى منداڵه‌کان له‌شه‌وى یه‌کى یه‌کدا به‌روارى له‌دایکبوونیان بۆ نووسراوه، پیاوێکى ته‌مه‌ن 82 ساڵ ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه له‌کۆندا سێ چوار منداڵ پێکه‌وه بردویانن بۆ ده‌رکردنى پێناسى بارى که‌سێتى. به‌کر مسته‌فا، ته‌مه‌ن 82 ساڵ، باسى سه‌رده‌مى خۆیانى بۆ هاوڵاتى گێڕایه‌وه‌و وتى:» له‌کۆندا منداڵه‌کان له‌دایک ده‌بوون، سێ یان چواریان پێکه‌وه ده‌مانبردن بۆ ئه‌وه‌ى ته‌سکه‌ره‌یان بۆ ده‌ربکه‌ین و هه‌ر یه‌که‌ى به‌پێى باڵا ته‌مه‌ن و رۆژى له‌دایک بوونمان بۆ ده‌نووسین». هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد خاوه‌نى شه‌ش منداڵه‌و به‌روارى له‌دایکبوونى چواریانى به‌یه‌کى یه‌ک نووسیوه، که له‌ڕاستیدا هه‌ر بیریان نیه که‌ى له‌دایکبوون. به‌کر مسته‌فا، پێشوابوو باشتره به‌روارى له‌دایکبوونه‌که راست و دروست بێت، « ئه‌و رۆژه جوانه که منداڵه‌که‌ى تێدا له‌دایک ده‌بێت جا هه‌ر به‌روارو کاتێک بێت».
سه‌رکۆ جه‌مال لافاوى دووه‌مى هه‌ولێر زیانه‌کانى گه‌یشتووه‌ته 21 ملیار دینار‌و تائێستا نزیکه‌ى شه‌ش ملیار دینارى بۆ کۆکراوه‌ته‌وه که به‌شێکی له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌داران و وه‌به‌رهێنه‌ران کۆکراوه‌ته‌وه. رۆژى 17ى 12ى 2021، لافاوێک له‌پارێزگاری هه‌ولێر روویداو به‌و هۆیه‌وه 12 که‌س گیانیان له‌ده‌ستدا که تائێستا ته‌رمى دوانیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر، داوای هاوکاریی له‌حکومه‌تی عێراق کردووه‌و نامه‌ی فه‌رمی بۆ کونسوڵخانه‌ی وڵاتان نێردراوه. ساڵی 2021 له‌ماوه‌ی که‌متر له‌دوو مانگدا له‌هه‌ولێر دوو جار لافاو روویدا که له رۆژانی 2021/10/30 و 2021/12/17 بوو، به‌ڵام لافاوی یه‌که‌م هێنده‌ی لافاوی دووه‌م زیانی لێنه‌که‌وته‌وه، له‌لافاوه‌که‌ی ئه‌مجاره‌ی هه‌ولێر 12 که‌س گیانیان له‌ده‌ستدا، ته‌رمی 10 که‌سیان دۆزراونه‌ته‌وه، دانه‌ری 10 مانگ و که‌سێکی دیکه که پیشه‌ی «شوان» بوو هێشتا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه. به‌پێی ئاماره‌کان زیانه‌کانی لافاو له‌هه‌ولێر تائێستا سێ هه‌زارو 278 زیانلێکه‌وتوو فۆڕمیان پڕکردووه‌ته‌وه، که دوو هه‌زارو 775 خێزان ئاو چووه‌ته ماڵه‌کانیان و هه‌زارو 78 ئۆتۆمبێلیش زیانیان به‌رکه‌وتووه‌و 386 خانوو تێکچوون. هه‌روه‌ها 140 دوکان و فرۆشگا زیانیان به‌رکه‌وتووه، هه‌زارو 29 سه‌ر مه‌ڕو ماڵات له‌ناوچوون، 42 مۆلیده‌ی گه‌ڕه‌که‌کان، 160 زه‌وی کشتوکاڵى زیانی به‌رکه‌وتووه‌و به‌رهه‌مه‌کانی تێکچووه. هاوکات چوار حه‌وزی ماسی به‌هۆی لافاو ته‌قیون، 10 کارگه‌ی پیشه‌سازی ئاویان تێچووه‌و نۆ مارکێت و مینی مارکێت و 20 کۆگا له‌ناوچه‌ی قوشته‌په‌و داره‌توو، تێکچوونه‌و 24 ماتۆڕسیکلیش به‌هۆی ئاوه‌وه تێکچوون. به‌رپرسانى حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه به‌کۆکردنه‌وه‌ى پاره بۆ زیانلێکه‌وتووانى لافاوى دووه‌مى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌که‌ن. محه‌مه‌د شوکری، سه‌رۆکی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی حکومه‌تى هه‌رێمی کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:» بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی زیانلێکه‌وتووانی لافاوى دووه‌مى هه‌ولێر هه‌ڵمه‌تێکمان راگه‌یاندووه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی هاوکاری». هه‌روه‌ها وتیشى:» تائێستا دوو ملیار‌و 200 ملیۆن دینار له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانه‌وه بۆ هاوکارییه‌کانی زیانلێکه‌وتووانی کۆکراوه‌ته‌وه«. سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌ڵێت:»به‌شێک له‌پرۆژه‌کان بوونه‌ته هۆى درووستبوونى لافاو، به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه جیاوازه‌کان مۆڵه‌تى فه‌رمیان پێدراوه«. عه‌لی ره‌شید، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت:» راپۆرتی لیژنه‌که ورده‌کاریی زۆری تێدایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێڕه‌وه ئاوییه‌کان پڕبوونه‌ته‌وه و کونی پرده‌کان گیراون و خه‌ڵکیش خاشاکیان فڕێداوه‌ته به‌سته‌کانه‌وه. رۆژى 18ى کانوونى یه‌که‌مى 2021، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌فه‌رمانى مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم لیژنه‌یه‌کى لێکۆڵینه‌وه‌ى 11 که‌سى پێکهێناوه تا هۆکاره‌کانى دروستبوونى لافاوه‌که ئاشکرا بکه‌ن و حکومه‌ت لێپێچینه‌وه‌ى خۆى ئه‌نجامبدات. سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر وتیشی:» پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان هه‌بووه که هۆکاره، له‌کاتێکدا شاره‌وانی، گه‌شتوگوزار، ئاوه‌دانکردنه‌وه، نه‌خشه‌دانان و ئاو‌و ئاوه‌ڕۆ هه‌موویان به‌فه‌رمی ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر دروستکردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه داوه«. سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر باسى له‌وه‌شکرد ئه‌و لیژنه‌یه‌ی بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌هۆکاری روودانی لافاوه‌کانی هه‌ولێر پێکهێنراوه راپۆرتی خۆی به‌ورده‌کاریی زۆره‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ناردووه‌و ده‌ستیان له‌سه‌ر برینه‌کان داناوه، وتیشى:»تا ئه‌نجامه‌کان له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رانه‌گه‌یه‌ندرێن هیچ شتێک بڵاوناکرێته‌وه«. هاوکات، عه‌لى ره‌شید ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که قه‌ره‌بووی زیانلێکه‌وتووانی لافاوه‌که ده‌ست به‌دابه‌شکردنی کراوه‌و هه‌ر بڕه پاره‌یه‌کی دیکه‌ش بێت ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به‌دابه‌شکردنی ده‌که‌ن، به‌ڵام قۆناغی دووه‌می قه‌ره‌بووی زیانلێکه‌وتووانی لافاوه‌که‌ی یه‌که‌م هێشتا ته‌واو نه‌بووه. رۆژی 29-12-2021 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: به‌پێی خه‌مڵاندنه‌کان لافاوی یه‌که‌م زیانی پێنج ملیار‌و 853 ملیۆن بووه، ئه‌و پاره‌یه‌شی بۆ قه‌ره‌بووی زیانلێکه‌تووان کۆکراوه‌ته‌وه چوار ملیار‌و 460 ملیۆن دینار بووه‌و ئه‌وه‌ی دیکه‌شی که ملیارێک و 393 ملیۆن دیناره له‌لایه‌ن سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ته‌رخانکراوه. له‌باره‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی له لافاوه‌که‌ی یه‌که‌م زیانیان به‌رکه‌وتووه، پارێزگاری هه‌ولێر ده‌شڵێت: 826 خێزان زیان به‌ر ماڵ و که‌لوپه‌له‌کانیان که‌وتووه، هه‌روه‌ها 314 ئۆتۆمبێلیش زیانیان به‌رکه‌وتووه. پارێزگاری هه‌ولێر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که به‌شێکی زۆری ئه‌و پاره‌یه‌ی که کۆکراوه‌ته‌وه به‌مشێوه‌یه بووه که سێ ملیار دینار له‌لایه‌ن حکومه‌تی عێراق، 500 ملیۆن دینار له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تیی دیوانی وه‌زاره‌ت، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی 220 ملیۆن دینار، شێخ باز 450 ملیۆن دینار، ده‌زگای خێرخوازیی نانه‌که‌لی 100 ملیۆن دینار، گرووپی کۆمپانیاکانی جیهان 100 ملیۆن دینار. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بوو پارێزگاری هه‌ولێر ناوی به‌شێک له‌کۆمپانیاو رێکخراوه‌کانی دیکه‌ی نه‌هێنا له‌وانه‌ش کۆمپانیا ئاسیاسێڵ که‌بڕی ملیارێک دیناری بۆ به‌هاناوه‌چوون و یارمه‌تیدانی زیانلێکه‌وتووانی لافاوه‌که‌ی رۆژی هه‌ینی رابردووی هه‌ولێر دابین کرد، پاشانیش کۆمپانیای ساوس کوردستان ، بڕی 300 ملیۆن دیناری وه‌کو هاوکاری بۆ که‌مپینه‌که دابینکردبوو. جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ڵێت، تا لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌باره‌ى لافاوه‌که‌ى هه‌ولێر ته‌واو نه‌بێت ناوه‌ڕۆکى راپۆرته‌که ئاشکرا ناکه‌ن. هێمن قادر جێگری پارێزگاری هه‌ولێر له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت: «لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه له‌لافاوه‌که‌ی هه‌ولێر ده‌ستی به‌کاره‌کانی کردووه‌و من سه‌رۆکی لیژنه‌که‌م، به‌ڵام تا لێکۆڵینه‌وه‌کان کۆتای‌یان نه‌یه‌ت هیچ شتێک له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆکی لێکۆڵینه‌وه‌که ئاشکرا ناکه‌ین». ئه‌ندامێکى په‌رله‌مانى کوردستان له‌یه‌که‌م ساتى روودانى لافاوه‌که‌وه بۆ راگه‌یاندنه‌کان چه‌ندین روونکرنه‌وه‌ى خسته‌ڕوو ده‌ڵێت:» له‌هه‌ولێر ده‌ستدرێژی کراوه‌ته‌سه‌ر ئاوه‌ڕۆی گشتی و هۆکاری لافاوه‌که‌یه«. عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت: « به‌داخه‌وه به‌بێ دیاریکردنی هۆکاره راسته‌قینه‌که‌ی باران به‌هۆکار دانرا». هه‌روه‌ها وتیشی:» ئه‌وه‌نه‌ی ئێمه لێکۆڵینه‌وه‌مان کردووه له‌ساڵانی رابردوودا‌و له 2013ش باران زۆر له‌وه زیاتر باریوه، به‌ڵام ئه‌و لافاوه گه‌وره‌یه‌و زیانه زۆره‌شی نه‌بووه که قوربانی لێبکه‌وێته‌وه«. «هۆکاری سه‌ره‌کی لافاوه‌که ئه‌وه‌یه هه‌ر له‌سه‌ر رێگه‌ی مه‌سیفه‌وه کۆمه‌ڵێک باخى به‌رپرسه‌کان له‌سه‌ر رێڕه‌وی ئاوه‌که کردوویانه، به‌تایبه‌ت پرۆژه‌ی زه‌یتوون و زه‌یتوون پڵه‌س، که‌که‌سێکی نزیکی به‌رپرسێکی باڵای هه‌رێمی له‌پشته، هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون رێڕه‌وی ئاو‌و ئاوه‌ڕۆکانی هه‌ولێر داگیرکراون، له‌خه‌تی داره‌توو و خه‌تی کۆڕنیش»، عه‌لى حه‌مه‌ساڵح واى وت. عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو :»گرنگ ئه‌وه‌یه بتوانین ورد‌و درشتی که‌موکوڕییه‌کان دیاری بکه‌ین و رێکاری په‌رله‌مانی و یاسایی بگرینه‌به‌ر، داوا له‌خه‌ڵک ده‌که‌ین هه‌موو ئه‌وانه‌ی زیانیان کردووه‌و ماڵیان ژێرئاو که‌وتووه سکاڵای یاسایی تۆمار بکه‌ن، چونکه که‌مته‌رخه‌می هه‌یه، ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ی له‌هه‌شت ساڵدا کراوه‌ته سه‌ر ئاوه‌ڕۆ له‌مێژوودا رووینه‌داوه«. هێشتا مه‌ترسییه‌کانى روودانه‌وه‌ى لافاو له‌هه‌ولێر له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌که‌یه‌وه نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه، سه‌باره‌ت به‌ئه‌گه‌ره‌کانی دووباره‌بوونه‌وه‌ی لافاو له‌هه‌ولێر، سه‌رکه‌وت کاڕه‌ش، وته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت :»وه‌کو به‌رگری شارستانی لایه‌نی جێبه‌جێکارین و ئه‌وه‌ی پێویست بێت ئه‌نجاممانداوه، له‌دوای لافاوه‌که‌ی هه‌ولێریش و پێش رووداوه‌که‌ش ئه‌وه‌ی پێمان کرابێت کردوومانه بۆ پاککردنه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆکانی هه‌ولێر». وته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر، پێشیوابوو که هه‌ندێک شوێن رێڕه‌وی ئاوه‌ڕۆکه‌ی گۆڕاوه‌و هه‌ندێک شوێنی دیکه‌ش به‌هۆی خاشاک و شتومه‌کی دیکه‌وه ئاوه‌ڕۆکه‌ی گیراوه‌و به‌هۆی زۆری بارانه‌که‌شه‌وه لافاو دروستبووه.
هاوڵاتی دوو ساڵ به‌سه‌ر کوشتنی قاسم سوله‌یمانیدا تێپه‌ڕی و تاران خه‌ون به‌تۆڵه‌ی خوێنی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌وه ده‌بینێت و به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی له‌ئێران به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی به‌رۆکی ئه‌وان وڵاته‌که‌یانی گرتوه، پێناچێت بڕستی تۆڵه‌کردنه‌وه‌یان هه‌بێت و ده‌ڵێن باشترین تۆڵه کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکایه له‌عێراق. کورد ده‌ڵێت ئه‌و خوێنه‌ی شه‌وی به‌سه‌ریا چووه، چاوه‌ڕێ مه‌که له‌ده‌ست ده‌رچوه بۆیه دۆخی ئێستای ئێران و هه‌ڵسوکه‌وت و لێدوانی به‌رپرسه‌کانی ئاماژه‌یه به‌وه‌ی نیه‌تی تۆڵه‌ی توندیان نییه. به‌رپرسانی ئێران له نوێترین هه‌نگاودا ناوی 125 تۆمه‌تباریان راده‌ستی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان کردووه که زۆربه‌یان هاوڵاتی ئه‌مریکان و تۆمه‌تبار کراون به کوشتنی قاسم سوله‌یمانی و له‌سه‌روی هه‌موشیانه‌وه دۆناڵد تره‌مپ یه‌که‌مین که‌سی تۆمه‌تبارکراوی لیسته‌که‌ی ئێرانه. سوله‌یمانی هیچ کاتێک به‌که‌سێکی دیپلۆماسی و سیاسی نه‌ناسراوه، به‌ڵام سه‌رۆک کۆماری ئێران ئه‌و به دیپلۆماتکارێکی به‌هێز و سه‌ربازێکی خاوه‌ن گۆڕه‌پان وه‌سف ده‌کات. به‌پێی میدیاکانی ئێران؛ سوله‌یمانی ساڵی 2014 به‌سه‌رۆکی روسیای راگه‌یاندوه جه‌نگ و روخانی حکومه‌ت له‌سوریا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌خاته ژێر مه‌ترسییه‌وه به‌ڵام پێبگه‌ی زلهێزێکی وه‌ک روسیا ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه بۆیه پوتن رازی بووه راسته‌وخۆ سوپای وڵاته‌که‌ی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازیی به‌په‌له له خاکی سوریا ئه‌نجام بدات. ئه‌مریکا قاسمی سوله‌یمانی به تیرۆریستی ژماره یه‌کی جیهان ئه‌ژمار ده‌کرد و هه‌ندێکیش ئه‌ویان وه‌ک ژه‌نه‌ڕاڵی ئیمپڕاتۆریه‌تی شیعه ناوده‌هێنا، بۆیه کوشتنی سوله‌یمانی به‌گه‌وره‌ترین گورزی 40 ساڵی رابردوو له‌دژی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. سوله‌یمانی خۆی به‌سه‌ربازی سفر وه‌سف ده‌کردو رژێمی سوریا وه‌ک پێزانینێک به‌جموجۆڵه سه‌ربازییه‌کانی له‌و وڵاته دوایین پله‌ی سه‌ربازیی به‌ناوی پاڵه‌وانی جه‌نگی پێشکه‌ش کردبوو و له‌ئێرانیش گه‌وره‌ترین مه‌دالیای سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌ی به ناوی زولفه‌قار پێبه‌خشرا که له‌سه‌د ساڵی رابردودا هیچ فه‌رمانده‌یه‌کی نه‌یتوانیبو ئه‌و مه‌دالیایه به‌ده‌ستبهێنێت. ئه‌و سه‌رکرایه‌تیی هێزێکی 50 هه‌زار که‌سیی ده‌کرد به‌ناوی فه‌یله‌قی قودس که له‌ئێران به‌سوپای قودس ده‌ناسرێت و باڵی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێرانه که جموجۆڵه‌کانی له‌چوارچێوه‌ی به‌ئامانج گه‌یاندنی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی سوپای پاسدارانی شۆڕی ئیسلامی ئێرانه له‌وڵاتانی دیکه‌ی جیهان. 125 که‌س تۆمه‌تبارن به‌کوشتنی سوله‌یمانی کازم غه‌ریب ئابادی راوێژکاری نێوده‌وڵه‌تیی وه‌زاره‌تی داد له‌ئێران به ئاژانسی هه‌واڵی (ته‌سنیم)ی راگه‌یاندوه: 125 که‌س تۆمه‌تبارن به کوشتنی قاسم سوله‌یمانی و ناوی ئه‌و که‌سانه‌ش به هاوکاریی عێراق راده‌ستی نه‌ته‌وەیه‌کگرتوه‌کان ده‌کرێت، چونکه کوشتنی سوله‌یمانی له‌به‌غداد روویداوه و حکومه‌تی عێراق ده‌بێت هاوکاری ئێران بێت بۆ دۆزینه‌وه و به سزاگه‌یاندنی تاوانبارانی ئه‌و رووداوه. غه‌ریب ئابادی وتوویه‌تی:» دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی پێشوی ئه‌مریکا تۆمه‌تباری سه‌ره‌کیی تیرۆرکردنی قاسم سوله‌یمانییه و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی پێشێل کردوه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌و به‌پێی یاسای ژماره 54ی تایبه‌ت به‌تیرۆر له نه‌ته‌وه‌یه‌گرتوه‌کان ده‌بێت ئه‌و تاوانبارانه سزا بدرێن». ئاماژه‌ی به‌وه کردووه دۆسیه‌ی تۆمه‌تبارانی کوشتنی قاسم سوله‌یمانی به‌مه‌به‌ستی لێکۆڵینه‌وه ره‌وانه‌ی ئه‌مریکاو هه‌شت وڵاتی دیکه‌ی جیهان کراوه‌و ده‌بێت فشار بخرێته سه‌ر ئه‌و وڵاتانه بۆ لێکۆڵینه‌وه‌و رونکردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی تۆمه‌تباران. ژه‌نه‌ڕاڵی ئیمپراتۆریه‌تی شیعه قاسم سوله‌یمانی به‌دوه‌م که‌سی کۆماری ئیسلامی ئێران و به‌یه‌که‌م که‌سی مه‌یدانیی جه‌نگ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌قه‌ڵه‌م ده‌درا که‌جێبه‌جێکاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌ی بوو له ناوچه‌که‌دا و ته‌نانه‌ت هێزه چه‌کداره شیعه‌کانی نزیک له ئێرانیش ئه‌ویان به‌فه‌رمانده‌ی شه‌هیدی قودس له‌فه‌له‌ستین ناوزه‌د کرد. ئێران که خه‌ونی بۆ دروستکردنی که‌وانه‌ی شیعه هه‌یه له‌جیهاندا پێویستی به‌جه‌نگاوه‌ره بۆ به‌دی هێنانی خه‌ونه‌که‌ی بۆیه قاسم سوله‌یمانی که به به‌رده‌وامی له‌نێوان ئه‌و وڵاتانەی شیعه‌ی تێدا ده‌ژی له هاتوچۆدا بو و سه‌رپه‌رشتیی و هاوکاریی زۆربه‌ی گروپه شیعه‌کانی کردوه له‌عێراق، سوریا، یه‌مه‌ن ، فه‌له‌ستین، لوبنان، به‌حره‌ین به ژه‌نه‌ڕاڵیکی ئیمپڕاتۆریه‌تی شیعه ناوده‌هێنرا. شاره‌زایان و شیکه‌ره‌وانی سیاسی و سه‌ربازیی پێیان وایه ئه‌وه‌ی هۆکاری سه‌ره‌کیی کوشتنی سوله‌یمانی بو، په‌یوه‌ندیی به رۆل و زیاده‌ڕه‌ویی ئه‌وه‌وه هه‌بوه له‌عێراق چونکه به‌پێی هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی ئه‌مه‌ریکا؛ سوله‌یمانی له‌دوای ساڵی 2003 رۆلی به‌رچاوی بینیوه له‌دروستکردنی شانه‌ی نوستوو گروپه چه‌کداره‌کان به تایبه‌ت شیعه له‌عێراق به مه‌به‌ستی خۆئاماده‌کردن بۆ هێرشکردنه سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆیه ئه‌و وڵاته له‌سه‌رده‌می جۆرج بۆش سه‌رۆکی رابردو و باراک ئۆبا سه‌رۆکی پێشوتری ئه‌مریکا دوو جار له لێواری بڕیاری کوشتنی سوله‌یمانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌ڵام دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکی پێشوی به‌بێ دودڵی دواجار فه‌رمانی کوشتنی قاسم سوله‌یمانی ده‌رکرد. فه‌یله‌قه‌که‌ی قاسم یان قودس سوپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامی ئێران له‌سه‌رده‌می ده‌ستپێکردنی جه‌نگی نێوان عێراق و ئێران له‌ساڵی 1980 یه‌که‌م جار لیوایه‌کی به ناوی قودس دامه‌زراند. سوله‌یمانی له‌ساڵی 1980 تا 1988 فه‌رمانده‌یی چوار ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی سوپای پاسدارانی کردوه له دژی سوپای عێراق و هاوکات هه‌ر له‌و ساڵانه‌شدا فه‌رمانده‌یی جه‌نگی دژی حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی ده‌کرد. سوپاکه به فه‌رمانده‌یی قاسم سوله‌یمانی له‌ساڵی 2003 پشتیوانیی له گروپه چه‌کداره‌کانی عێراق کردوه دژی ئه‌مه‌ریکاو دواتر له‌سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی داعش هاوکاریی سه‌رجه‌م گروپه چه‌کدارییه‌کانی سوننه‌و شیعه‌ی نزیک له ئێرانی کردوه. سوپای قودس له‌ساڵی 2011 به بیانوی پاراستنی ناوچه پیرۆزه‌کانی شیعه خۆی گه‌یانده سوریا‌و به‌شێک له‌چه‌کدارانی حیزبوڵای لوبنان و چه‌کداره شیعه‌کانی عێراق و پاکستان و ئه‌فغانستانی له‌و وڵاته رێکخست و به ناوی فاتمیون و هه‌ندێک ناوی دیکه جێگیری کردن. پێش کوشتنی سوله‌یمانی، ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مریکا (سی ئای ئه‌ی) بڵاوی کرده‌وه که سوله‌یمانی به‌بێ ره‌چاوکردنی بیروباوه‌ڕ و رێبازی شیعه یان سوننه، هه‌وڵ ده‌دات سه‌رجه‌م گروپه ئیسلامییه‌کان له دژی ئه‌مه‌ریکا له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هانبدات و پاره و چه‌ک و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی بۆ گروپی تاڵیبان و حه‌قانی له‌ئه‌فغانستان دابین ده‌کات به‌مه‌به‌ستی هێرشکردنه سه‌ر بنکه سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا. سوله‌یمانی له ئه‌حمه‌د شا مه‌سعود تا مه‌سعود بارزانی سوله‌یمانی له هه‌رێمی کوردستان خۆی به‌دۆستی سه‌رکرده‌کانی کورد پیشان ده‌دا و له‌ساڵی 2001 دوای چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شامه‌سعود له ئه‌فغانستان به مه‌به‌ستی هاوکاریکردنی رووی له هه‌رێمی کوردستان کرد‌و به مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگیی و هاوکاریی له سنوری حاجی ئۆمه‌رانه‌وه به کاروانێکی ده‌یان ئۆتۆمبێلییه‌وه سه‌ردانی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆبوه‌وه. به‌وته‌ی میدیاکانی ئێران و هه‌ندێک میدیا له هه‌رێمی کوردستان قاسم سوله‌یمانی له‌ساڵی 2014 هاوکاریی به‌رپرسانی هه‌رێمی کردوه بۆ لێدانی داعش. له‌به‌ڵگه‌نامه‌کانی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به قاسمی سوله‌یمانی هاتوه که ئه‌و له‌شه‌ڕه ناوخۆییه‌کانی ئه‌فغانستان له 2001 تا 2019 به‌شداریی کردوه و هاوکاریی تاڵیبان و کۆمه‌ڵێک گروپی دیکه‌ی کردوه له‌کاتێکدا هه‌ندێک سه‌رچاوه ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن سوله‌یمانی رۆڵی هه‌بو له‌پێدانی زانیاریی به ئه‌مریکا له‌سه‌ر گروپی قاعیده له ئه‌فغانستان. ئه‌و قوماربازه‌ی سه‌ری سوله‌یمانی خوارد ناوی قاسم سوله‌یمانی له لیستی تیرۆری ئه‌مه‌ریکاو ئه‌وروپادا بو، بۆیه کوشتن و له‌ناوبردنی ئه‌و دور له‌چاوه‌ڕوانیی نه‌بو ئه‌و پێش نۆ مانگ له کوژرانی له‌وتارێکیدا به‌دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی پێشوی ئه‌مریکای وت قوماربازو ره‌نگه پێشبینیی ئه‌وه‌ی نه‌کردبێت به‌فه‌رمانی ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌و به‌قومارباز ناوی هێناوه ، به‌دو موشه‌کی هێل فایه‌ر یان ئاگری دۆزه‌خ کۆتایی به‌ژیانی بهێنرێت و بکوژرێت. دۆناڵد تره‌مپ له (3/1/2020) کوشتنی قاسم سوله‌یمانیی پشتڕاست کرده‌وه و رایگه‌یاند تیرۆریستی ژماره یه‌کی جیهان له لایه‌ن ئه‌مریکاوه کوژراو ئه‌و روداوه‌ی به‌ده‌ستکه‌وتێکی گه‌وره بۆ وڵاته‌که‌ی و جیهان وه‌سف کرد. راوێژکارێکی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌مریکا به بۆنه‌ی کوشتنی قاسم سوله‌یمانی به ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزی راگه‌یاندوه پلانی کوشتنی سوله‌یمانی حه‌وت مانگی خایاندوه و زۆر ئاڵۆزتر بوه له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی که ئوسامه بن لادن، سه‌رۆکی ئه‌لقاعیده‌ی تێدا کوژرا چونکه سوله‌یمانی ژه‌نه‌ڕاڵی وڵاتێک بوو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌به‌رده‌وامی له نێوان هه‌ندێک وڵات‌دا هاتوچۆی ده‌کرد به به‌رده‌وامیش و به‌وردی چاودێریی ده‌کرا و ده‌پارێزرا. عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران له رێککه‌وتی (11/3/2020) مه‌دالیای زولفه‌قار ده‌به‌خشێته قاسم سوله‌یمانی که به‌یه‌کێک له به‌نرخترین مه‌دالیاکانی جه‌نگ له‌ئێران ئه‌ژمار ده‌کرێت و سوله‌یمانیش یه‌که‌م که‌س بوه که له سه‌د ساڵی رابردودا ئه‌و مه‌دالیایەی پێبه‌خشراوه. خامنه‌یی له‌گه‌ڵ به‌خشینی مه‌دالیاکه سه‌ری سوله‌یمانی ماچ ده‌کات و هیوای شه‌هیدبونی بۆ ده‌خوازێت. کوشتنی سوله‌یمانی به‌گه‌وره‌ترین گورزی 42 ساڵی رابردووی ئه‌مریکا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌زانرێت له‌کاتێکدا ئه‌و وڵاته له ساڵی 1979وه له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه سزای ئابوریی و سیاسیی و سه‌ربازیی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت، به‌ڵام پێناچێت ئه‌و هه‌زارو 600 سزایه‌ی واشنتۆن له‌مێژودا به‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی‌دا سه‌پاندویه‌تی هێنده‌ی کوشتنی سوله‌یمانیی کۆڵه‌که‌کانی کۆماره‌که‌ی ئێرانی هه‌ژاندبێت.
سه‌رکۆ جه‌مال کۆتایى ئه‌م کانگه گۆڕان کۆنفرانسی نیشتیمانی بۆ خۆرێکخستنه‌وه ئه‌نجام ده‌دات، هه‌ڵسوڕاوێکی گۆڕانیش ده‌ڵێت ئه‌گه‌ری به‌هێز» کشانه‌وه له‌حکومه‌ت و به‌ناوه‌ندیکردنی گۆڕانه، له‌گه‌ڵ دروستکردنی میدیایه‌کی به‌هێز». بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان 10/10/2021 له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق شکستێکی گه‌وره‌ی به‌رکه‌وت، کاتێک له‌گه‌ڵ یه‌کێتی به یه‌ک لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنی کرد هیچ کاندیدێکی ده‌رنه‌چوو، ئه‌مه‌ش وایکرد خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌که ده‌ست له‌کاربکێشنه‌وه‌و ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بڕیاریدا گۆڕانکاری ئه‌نجام بدات، له‌کاتێکدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنی 2009 که ئه‌وکات کۆچکردوو نه‌وشیروان مسته‌فا رێکخه‌ری بوو توانی 25 کورسی په‌رله‌مانی کوردستان به‌ده‌ستبهێنێت. هه‌ڵسوڕاوێکی دیاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، که ئاماده‌نه‌بوو ناوی بهێندرێت له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ئه‌و لیژنه‌یه‌ی ئێستا بۆ رێکخستنه‌وه‌ی گۆڕان دروستکراوه ئه‌و ده‌سته کاتییه نییه که پێشتر خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و جڤاتی گشتی په‌سه‌ندیان کرد، لیژنه‌که له‌حه‌وت که‌س پێکهاتووه و ناوی لێنراوه لیژنه‌ی به‌ره‌و کۆنفرانس. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد لیژنه‌کانی کۆنفرانس له‌ژووره‌کان پێکهاتوون، به‌شێکی زۆریان راپۆرتیان ئاماده‌کردووه بۆ 26/1/2022 ئه‌وه‌ی که ماوه پێداچوونه‌وه بکه‌ن، 375 ئه‌ندامی گۆڕانیش له‌هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌کانی گۆڕان بۆ کۆنفرانس ده‌رچوون و رەنگه بگاته 800 بۆ هه‌زار که‌س. سه‌باره‌ت به‌ئه‌گه‌ری بڕیاردان له‌کشانه‌وه‌ی گۆڕان له‌حکومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی رێکخه‌ری گشتی ئه‌و هه‌ڵسوڕاوه‌ی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا «له‌کۆنفرانس ده‌ستووری گۆڕان ده‌ستکاری ده‌کرێت، ئه‌گه‌ری به‌هێزیش ئه‌وه‌یه بڕیاری کشانه‌وه له‌حکومه‌ت بدرێت، بۆچوونێکیش هه‌یه که خانه‌ی راپه‌ڕاندن نه‌هێڵرێت و ژووره‌کانیش که‌م بکرێنه‌وه، میدیایه‌کی به‌هێزیش بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دروستبکرێت». هه‌ڵسوڕاوه‌که‌ی گۆڕان ده‌شڵێت «گۆڕان به‌ره‌و ناوه‌ندێتی هه‌نگاو ده‌نێت و ده‌شیه‌وێت وتاری سیاسی گۆڕان بگۆڕن، به‌شێوه‌یه‌ک تا یه‌کێتی و پارتی حکومه‌تیان به‌ده‌سته‌وه بێت گۆڕان نه‌چێته حکومه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش بۆچوونێکه چیا و نما هه‌ردوو کوڕانی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌گه‌ڵیدان». ئیحسان فوئاد، ئه‌ندامی ژووری رۆژنامه‌وانی گۆڕان، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت :»ئه‌گه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌کی نه‌بێت کۆنفرانسه‌که سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت، له‌هه‌مانکاتدا هه‌ندێک جار به‌ره‌کان له‌ڕووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه سه‌یری حزبه‌که بکه‌ن به‌هیچ شێوه‌یه‌ک کۆنفرانس سه‌رکه‌وتوو نابێت، گۆڕان دوو رێگای له‌به‌رده‌مدایه ئایا وه‌کو ئێستا ده‌مێنێته‌وه که ناڕه‌زایی دروست ده‌بێت و ره‌نگه به‌شێوه‌یه‌کی دیکه بشکێته‌وه، رێگه‌یه‌کی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه گۆڕانکاری ریشه‌یی بکات». وتیشی:»هیوایه‌ک هه‌یه له کۆنفرانس گۆڕانکاری گه‌وره ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وه‌شی که ده‌وترێت ره‌نگه یه‌کێک له کوڕه‌کانی کاک نه‌وشیروان مسته‌فا ببنه رێکخه‌ری گشتی راست نییه «. شوان قلیاسانی یه‌کێکه له‌و سه‌رکردانه‌ی گۆڕان که پێشتر له‌بزووتنه‌وه‌که ناڕازی بوو، له لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت :»بڕیاره ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه کۆبوونه‌وه ئه‌نجام بده‌ین بڕیار بده‌ین به‌شداری کۆنفرانسی نیشتیمانی ده‌که‌ین یاخود نا».
هاوڵاتی تائێستا هیچ بڕیارێکی نوێ له‌باره‌ی ده‌ستکاریکردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه نییه‌و به‌رپرسێکى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه که هه‌وڵ ده‌ده‌ن مووچه به‌بێ لێبڕین له‌مساڵدا به‌رده‌وام بێت. سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له حکومه‌تى هه‌رێم که نه‌یویست ناوى بهێندرێت، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:» تا ئێستا حکومه‌تی هه‌رێم ھیچ بڕیارێکی نوێی نه‌داوه له‌باره‌ی مووچه، ھه‌وڵه‌کان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک خۆی بێت و ده‌ستکاری نه‌کرێت». هه‌روه‌ها زیاد جه‌بار، سه‌رۆکی لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی کوردستان له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت :»داهاتی حکومه‌تی هه‌رێم ئێستا باشه و به‌شی ئه‌وه ده‌کات به‌بێ لێبڕین مووچه دابه‌ش بکات، بۆیه ئه‌گه‌ری لێبڕین یان پاشه‌که‌وتی مووچه له‌ئارادا نییه و بڕیاره 200 ملیاره‌که‌ی به‌غدا به‌رده‌وام بێت».
کاکەلاو عەبدوڵا فشارەکانی تورکیا بەردەوامە لەسەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و لەنوێترین هەوڵدا حکومەتی وڵاتەکە دەیەوێت پارێزبەندی لە ٢٥ پەرلەمانتاری هەدەپە بسەنێتەوە، کە لەنێویاندا هاوسەرۆکی پارتەکە بوونی هەیە. داواکاری گشتی تورکیا رەشنووسێکی ئامادە کردووە بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە کە تێیدا داوا دەکات ٢٨ پەرلەمانتار پارێزبەندییان لێ بسەنرێتەوە و تێیدا ٢٥ پەرلەمانتاریان لە پارتی هەدەپەن و ناوی پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپەشی تێدایە. رەشنووسەکە گەشتووەتە پەرلەمان و ئەگەر بەدەنگی زۆرینە تێپەڕێنرێت، ئەوا سەرجەم پەرلەمانتارەکان پارێزبەندییان لێ دەسەنرێتەوە و دواتر دادگایی دەکرێن. ئەم هەنگاوەی حکومەتی تورکیا دوای ئەوە دێت کە ئۆفیسی داواکاری گشتی ئیزمیر پەروین بوڵدانی بە سوکایەتیپێکردنی دادگا تۆمەتبارکرد لە دادگایی‌کردنی کەیسی بکوژی دێنیز پۆیراز. دێنیز پۆیراز ئەندامێکی هەدەپە بوو لە ئیزمیر و لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١ لەلایەن کەسێکەوە لە هێرشێکدا بۆ سەر ئۆفیسی هەدەپە لە ئیزمیر کوژرا. لە ٢٩ی مانگی رابردوو بکوژەکە یەکەم دانیشتنی دادگایی بۆ ساز کرا، کە پەیوەندی هەبووە لەگەڵ سوپای تورکیا و سوپای سوریای ئازاد. پەروین بوڵدان رەخنەی لە دادگا گرت کە وەک بکوژ مامەلەیان لەگەڵ نەکردووە و مامەڵەی دادگا زۆر "لەسەرخۆ بووە" لەکاتێکدا بکوژەکە "داعش بووە و لەلایەن داعشەوە راهێنانی پێکراوە." بوڵدان لە پەرلەمانی تورکیا لە وتارێکیدا ئیدانەی هەنگاوەکەی داواکاری گشتی کرد و رایگەیاند، "ئێوە هێشتا پاریزگاری لە بکوژەکە دەکەن، دەتانەوێت ئێمە دادگایی بکەن لەسەر ئەوەی وتومانە مامەڵە لەگەڵ بکوژەکە وەک بکوژێک بکەن، ئێمە ناوەستین لە ناوهێنانی بکوژەکە بە بکوژ." لە چەند رۆژی رابردووش‌دا محمد ئەرین سوتچی، کە بە چەقۆ هێرشی کردبووە سەر بارەگای هەدەپە لە ناوچەی باخچەلێولەر و دوو کەسی بریندارکرد، ئازادکرا. لەبارەی ئازادکردنی سوتچییەوە، بوڵدان لە وتارەکەیدا لە پەرلەمان رایگەیاند، "سیستەمی دادگایی ئاکەپە، کە دەیەوێت پارێزبەندی لە پەرلەمانتارانی ئێمە بسەنێتەوە لەسەر کردنەوەی دەمییان، هەوڵی ئەوە دەدات پارێزبەندی بداتە هێرشکەرەکە و لە سزا بیپارێزێت." لەساڵی ٢٠١٦ەوە دوای کودەتاکە شکستخواردووەکە، پارێزبەندی سەندنەوە لە پەرلەمانتاران بە پرۆژەیاسایەکی پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) بووە یاسا. هەدەپە لە پەرلەمان خاوەنی ٥٩ کورسییە و ماوەی ساڵێکە فشارەکان لەسەر پارتەکە زیادکراوە و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەیانەوێت بە هەمیشەیی دایبخەن. داخستنی هەدەپە بەهۆی ئەو تۆمەتانەوەیە کە حکومەتی تورکیا ئاراستەی دەکات و دەڵێت: پەیوەندی بە رێکخراوی تیرۆرستییەوە هەیە و دەیەوێت لێکترازان دروست بکات لەنیوان دەوڵەت و گەلی تورکیا. لەدوای هەڵبژردنەکانی سەرۆک شارەوانییەکانی لەساڵی ٢٠١٩، زیاتر لە ٥٠ سەرۆک شارەوانی هەدەپەش لەکۆی ٦٥ سەرۆک شارەوانی پارتەکە لەسەر کارەکانیان لابراون و لەجێگەیان قەیوم داندراوە، جگەلەوەی کە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتەکە ماوەی پێنج ساڵە لە زینداندایە. هاوکات دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەپە، کە هاوپەیمانی ئاکەپەیە، رایگەیاند دەبێت لە ٢٠٢٢ هەدەپە بەتەواوی دابخرێت. لە وتارێکیدا لە پەرلەمان باخچەلی وتی: هەدەپە کە وێنەیەکی پەکەکەیە دەبێت دابخرێت، هەدەپە شەرمەزارییە بۆ دیموکراسی، هەدەپە چەکێکی خوێناوییە و دروستکراوە بۆ دژایەتی تورکیا." بەڵام پەروین بوڵدان وەڵامی باخچەلی دایەوە و وتی: کەس مافی ئەوەی نییە قسە بە هەدەپە بڵێت کە وێنەی دیموکراسییە، هەدەپە وێنەی دیموکراسییە لەم وڵاتە و بۆ گەلی ئەم وڵاتە، ئەگەر شەرمەزارییەک هەبێت لە تورکیا، ئەوا بیرکردنەوە و دیدگای تۆیە.
شاناز حه‌سه‌ن نرخى به‌ناوکردن (ته‌حویل)کردنى ئوتۆمبێل له 140هه‌زاره‌وه کرایه 175هه‌زارو ئه‌وه‌ش کاردانه‌وه‌ى پێشانگاکانى فرۆشتنى ئوتومبێلى لێده‌که‌وێته‌وه که بارگرانییه‌کى دارایى دیکه ده‌که‌وێته سه‌ر کڕیارو فرۆشیار. له‌ئێستادا له‌کاتى مامه‌ڵه‌ى کڕینى ئوتۆمبێل له‌پێشانگایه‌ک ده‌بێت ئه‌و که‌سه‌ى ئوتۆمبێله‌که ده‌فرۆشێت و ئه‌و که‌سه‌ش که ده‌یکڕێت 100 دۆلار بده‌نه خاوه‌ن پێشانگاکه، به‌ڵام به بڕیارى وه‌زاره‌تى ناوخۆ بڕى 25 هه‌زارى دیکه وه‌رده‌گیرێت واته بۆ ته‌حویلکردنى هه‌ر ئوتۆمبێلێک 175 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت. که‌مال محه‌مه‌د، مامه‌ڵه‌ى کڕینى ئوتۆمبێل ده‌کات له‌سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت:» هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رچوونى ئه‌و بڕیاره پێشنیارمان کرد ناڕه‌زاییى ده‌ربڕین، چونکه ته‌نیا له‌به‌رژه‌وه‌ندى حکومه‌ته نه‌ک خه‌ڵکى، ئه‌وه ته‌نیا روسمات زیادده‌کات و هیچ بڕیارێکى دروست نیه«. که‌مال محه‌مه‌د وتیشى:» ئه‌م بڕیاره کێشه‌ى زۆرى بۆ ئێمه هه‌یه، چونکه زۆربه‌ى کات پێشانگاکان و گرێبه‌سته‌کان له‌ئێواراندا ده‌کرێت، بۆیه ئه‌و دوو که‌سه ده‌بێت دووباره رۆژى دواتر بچنه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆ». به‌پێی بڕیارێکی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم له‌ئه‌مڕۆوه پێویسته سه‌رجه‌م پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کار به‌ڕێنمایی ژماره 2ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بکه‌ن‌و هه‌ر ئۆتۆمبێلێکیان فرۆشت یان گرێبه‌ستیان بۆ فرۆشتنی هه‌ر ئۆتۆمبێلێک کرد، پێویسته گرێبه‌سته‌که ببرێته به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانی هاتوچۆ بۆ په‌سه‌ندکردنی. ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، له‌سیستمێکی یه‌کگرتوو، گرێبه‌ستی ئه‌لیکترۆنی کاری پێده‌کرێت‌و کرێی په‌سه‌ندکردنی گرێبه‌سته‌کانیش بۆ هه‌ر گرێبه‌ستێک 25 هه‌زار دیناره. به‌پێی بڕیاره‌که‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، گواستنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی ئۆتۆمبێل که‌مکراوه‌ته‌وه بۆ ته‌نها یه‌ک مانگ‌و پێویسته دوای کڕینی ئۆتۆمبێل، له‌دوای یه‌ک مانگ خاوه‌ندارێتیه‌که‌ی بگوازێته‌وه بۆ سه‌ر خۆی. هاووڵاتیه‌کیش که مانگێکه ئوتۆمبێلى کڕیوه‌و تائێستا نه‌یکردووه به‌ناوى خۆیه‌وه باس له‌وه ده‌کات، بڕیاره‌که بۆ شێوازى گرێبه‌سته‌که گونجاوه‌و وتى:» ئه‌گه‌ر بڕیاره‌که له‌پێناو ئه‌وه بێت کارئاسانی بێت بۆ هاووڵاتیان باشه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا 25 هه‌زار وه‌ده‌گرێت ئه‌مه کێشه‌که‌ى دروست کردووه که‌نرخێکى زۆره«. کاروان مه‌حمود، وتیشى:»کاتێک ئوتۆمبێلێک ده‌کڕین له‌به‌رامبه‌ردا بۆ گرێبه‌ستى پێشانگاکه 100دۆلار وه‌رده‌گیرێت، بۆیه ئه‌و 25هه‌زاره‌ش دێته‌سه‌رى که نرخێکى زیاده‌یه‌و ته‌نیا بارگرانیه بۆ خه‌ڵکى». هه‌روه‌ها کارزان محه‌مه‌د، لەپێشانگاى فیرده‌وس بۆ کڕین و فرۆشتنى ئوتۆمبێل، ئاماژه به‌وه ده‌دات گرێبه‌ستى کڕینه‌که هه‌نگاوێکى باشه‌و ئاسانکارییه بۆ هاووڵاتیان و وتى:» به‌ڵام کێشه‌که ته‌نیا له نرخى 25 هه‌زار دیناره‌که‌دایه که بڕێکى زۆره و پێویست ناکات ئه‌و ئه‌رکه بکرێته سه‌ر خه‌ڵک». وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتوچۆى هه‌رێم له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌ڵێت ته‌نها جێبه‌جێکردنه‌که‌یان له‌سه‌ره. ئه‌سعه‌د مه‌لا که‌ریم، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتوچۆى هه‌رێم، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:» ئه‌و 25هه‌زاره‌ى که‌دانراوه تائێستا هیچ روونکردنه‌وه‌یه‌ک نیه و ئێمه ته‌نیا جێبه‌جێکردنه‌که‌مان له‌ئه‌ستۆیه«.
سه‌رکۆ جه‌مال داخستنی ده‌روازه‌ی سنووری سێمێلکا- پێشخابوور، قه‌یرانی نرخی له‌رۆژئاڤای کوردستان دروستکردووه و به‌رپرسانى پارتى دیموکراتى کوردستان تۆمه‌تبار ده‌که‌ن، به‌رپرسی ده‌روازه‌که له‌دیوی هه‌رێم بڕیاره‌که به‌بڕیاری حکومه‌تی هه‌رێم ناوده‌بات. رۆژی 15/12/2021 ژماره‌یه‌ک لایه‌نگری په‌که‌که که به‌وته‌ی خۆیان ته‌رمی که‌سوکاریان له‌لایه‌ن پارتییه‌وه پێنادرێته‌وه که له‌شه‌ڕێکی نێوان په‌که‌که و پارتی کوژراون، له‌ده‌روازه‌ی سێمێلکا كۆبونەوە ئاڵۆزى (دیوی هه‌رێمی کوردستان) دروست بوو چه‌ند کارمه‌ندێکی ده‌روازه‌که برینداربوون، له‌به‌رامبه‌ردا پارتی ده‌روازه‌که‌ی بۆ کاتێکی نادیار داخست. نزیکه‌ی 20 رۆژه ده‌روازه‌ی سنووریی سێمێلکا داخراوه ، هه‌رچه‌نده تائێستا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هیچ واده‌یه‌کی بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌که رانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام ئه‌مریکیه‌کان نێوه‌ندگیری پارتی و په‌یه‌ده ده‌که‌ن تا ده‌روازه‌که بکرێته‌وه. رودی محه‌ممه‌د ئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌ی سێمێلکا له‌دیوی رۆژئاڤای کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت: «ئه‌و که‌سانه‌ی که له‌هه‌رێمی کوردستان گیریانخواردووه ئه‌گه‌ر له‌دیوی باشووره‌وه رێگه‌یان بده‌ن ئێمه ده‌رگامان بۆیان کراوه‌یه و ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه«. هه‌روه‌ها وتیشی: «ئه‌وانه‌ی که له‌لای رۆژئاڤاوه گیریان خواردووه به‌هه‌مانشێوه په‌یوه‌سته به‌کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکه له‌دیوی باشووری کوردستانه‌وه«. شه‌وکه‌ت به‌ربه‌هاری، به‌ڕێوه‌به‌ری خاڵی سنووری پێشخابوور له‌دهۆک که له‌دیوی رۆژئاڤای کوردستان به سێمێلکا ناوده‌برێت، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت: «به‌بڕیارێکی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌روازه‌که داخراوه‌و به‌هۆی ئه‌و ئاڵۆزیانه‌وه بووه که روویداوه و ئه‌و بڕیاره بڕیاری پارتی نییه‌و له نوسراوه‌که‌شدا کات بۆ کردنه‌وه‌ی دیاری نه‌کراوه«. به‌هۆی داخستنی ده‌روازه‌ی سێمێلکا به‌ڕووی ڕۆژئاڤای کوردستاندا له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه، هه‌ر کیلۆیه‌ک ماده‌ی خۆراکی و سه‌وزه و میوه 500 تا هه‌زار لیره‌ی سوری زیادیکردووه. هه‌ر به‌هۆی داخستنی ئه‌و ده‌روازه‌یه‌وه، نرخی شه‌کر جگه له‌وه‌ی زیادیکردووه ماوه‌ی ھه‌فته‌یه‌که ده‌ستناکه‌وێت و له رێگه‌ی ده‌روازه‌ی مه‌نبه‌جه‌وه بۆ رۆژئاڤای کوردستان هاورده ده‌کرێت، جگه له مادده خۆراکییه‌کان نرخی ئاسن و چیمه‌نتۆش به‌رزبووه‌ته‌وه. نوورشان حسێن، نوێنه‌ری ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژئاڤای کوردستان له‌هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:»داخستنی سنووری سێمێلکا ناکه‌وێته خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی رۆژئاوا‌و باشووری کوردستانیش، ئه‌وه بڕیارێکی پارتییه نه‌ک حکومه‌تی هه‌رێم، چونکه زیانی زۆر به رۆژئاڤا ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ی که هێرشکراوه‌ته‌سه‌ر ده‌روازه‌که ته‌نیا به‌هانه‌یه‌و مه‌به‌ست لێی گه‌مارۆ خستنه سه‌ر رۆژئاڤایه«. هه‌روه‌ها وتیشی:»به‌حکومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانمان وتووه ده‌ڵێن که ئاگاداری بڕیاری داخستنی سنوور نین که‌واته پارتی ئه‌و بڕیاره‌ی داوه«. وه‌ک ئه‌و به‌رپرسه‌ی ڕۆژئاڤای کوردستان ده‌ڵێت :»تائێستا خه‌ڵکی رۆژئاڤا گه‌مارۆی زۆریان خراوه‌ته سه‌ر ده‌روازه‌ی سێمێلکاش زۆرکات داخراوه و بۆ کاروباری مرۆیی کراوه‌ته‌وه، ئێستاش کاریگه‌ری سیاسی زیاتره له‌کاریگه‌ریه‌کانی دیکه‌ی، راسته کاریگه‌ری خستووه‌ته‌سه‌ر گرانبوونی شتوومه‌ک له‌ڕۆژئاڤا، به‌ڵام ئێستا له‌ده‌روازه‌ی سنووری مه‌نبه‌ج له‌گه‌ڵ حکومه‌تی سوریا شتومه‌ک و پێداویستی دێته رۆژئاڤای کوردستان». «ته‌نیا ده‌روازه له‌گه‌ڵ عێراق ده‌روازه‌ی سێمێلکا بوو، تورکیاش ده‌روازه‌کانی داخستووه و ته‌نیا یه‌ک ده‌روازه ماوه ئه‌ویش له‌گه‌ڵ حکومه‌تی سوریایه، هه‌وڵی زۆر دراوه ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکرێت». نوێنه‌ری رۆژئاڤا له‌هه‌رێم وای وت. سه‌باره‌ت به‌نێوه‌ندگیری ئه‌مریکیه‌کان له‌نێوان په‌یه‌ده و پارتی بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سێمێلکا- پێشخابوور، به‌رپرسه‌که‌ی ڕۆژئاڤای کوردستان بوونی ئه‌و هه‌وڵه‌ی ره‌ت نه‌کرده‌وه و وتی:»بۆ دوو هێزی کوردی شتێکی باش نییه هێزێکی دیکه ناوبژیوانییان بکات به‌ڵکو پێویسته خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه دانوستان بکه‌ن». ده‌روازه‌ی سێمێلکا له‌ساڵی 2013ه‌وه له‌نێوان باشور‌و رۆژئاڤای کوردستان کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕاستی مانگی 12ی ساڵی رابردووەوه به‌هۆی ئاڵۆزیەوه له‌دیوی پێشخابوور به‌بڕیاری وه‌زیری ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێم داخرا. رۆژانه نزیکه‌ی چوار هه‌زار که‌س له‌ده‌روازی سنووری سێمێلکا، که له‌دیوی هه‌رێمی کوردستان ده‌روازی پێشخابووری پێده‌وترێت هاتووچۆ ده‌که‌ن، هه‌ندێکیان هاووڵاتیانن بۆ سه‌ردان ده‌چنه رۆژئاڤا یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه دێنه هه‌رێمی کوردستان.
هاوڵاتی لەبودجەی ساڵی داهاتووی ئێران‌دا بودجەی سەربازیی بەڕێژەی 240% زیاددەكات و باج لەسەر دانیشتوانی وڵاتەكەش بە رێژەی 64% بەرزدەبێتەوە لەكاتێكدا موچەی كارمەندان 10% زیادكراوە، بۆیە حكومەت بۆ دابینكردنی بودجەكەی دەستی خستووەتە گیرفانی خەڵكەوە. مامۆستایانی ئێران نزیكەی هەفتەیەك بەهۆی كەمی موچەكانیان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام بڕی بودجەی وەزارەتی پەروەردە لەو وڵاتە بە رێژەی 13٪ بەرزبووەتەوە. گەڵالەی بودجەی ئێران بەیەكێك لەدەگمەنترین بودجەكانی جیهان لەقەڵەم دەدرێت كە سەرەتای پەسندكردنی لەگەڵ كۆتایی جێبەجێكردنی لەیەكتر ناچن و رەنگە تەواو پێچەوانە بێتەوە. بودجەی ساڵی نوێی ئێران زیاتر لەهەفتەیەكە لەپەرلەمانی وڵاتەكە تاووتوێ دەكرێت و قسەی زۆری لەسەرە بەتایبەت كە ئەو وڵاتە لەقەیرانی قوڵی ئابوری‌دا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بودجەی سەربازیی زیادكردووەو باجی لەسەر هاووڵاتیانیشی بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزكردووەتەوە. بودجەی ئێران لەنەوتەوە بۆ گیرفانی خەڵك داهاتی حكومەتی ئێران لەساڵی 2011 زیاتر بووە لە 131 ملیار دۆلار‌و بەپێی یاسای بودجە لەو وڵاتەدا سەرجەم داهاتەكانی فرۆشتنی نەوت و غاز لەدەستی حكومەتدایەو لەو ساڵەدا تەنها داهاتی فرۆشی نەوت و غاز بۆ حكومەت 120 ملیار دۆلار بووە، ئەمەش وایكردووە ئێران لەنێوان بودجەی 228 وڵات‌دا بكەوێتە ریزبەندی 29یـەمین وڵاتەی جیهانەوە لە رووی ئاستی بەهێزی بودجەوە. ژمارەی دانیشتوانی ساڵی 2011 لەئێران 81 ملیۆن كەس بووەو حكومەت رایگەیاندوە 92 ملیار دۆلاری لەبودجەی ئەو ساڵەی تەرخانكردنەوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی و باشتركردنی دۆخی ئابوریی لەوڵاتەكەدا، بەڵام لەبودجەی ساڵی 2022 هیچ ئاماژەیەك بەبڕی تەرخانكراوی بودجە بۆ خۆشگوزەرانیی زیاتر لە 84 ملیۆن كەس نەكراوە. لەو ساڵەدا رێژی 9%ی بودجە لەداهاتی وەرگرتنی باج لەئێران دابینكراوەو تەنها باجی حكومی لەپارێزگای تاران زیاتر لە 6%ی داهاتی بودجەی ساڵەكە بووە و 30 پارێزگای دیكەی لەو وڵاتە رێژەی 3.7%ی بودجەی وڵاتەكەیان بەباج دابینكردووە و بەواتایەكی دیكە تاران بەتەنها 53% باجی داوەو پارێزگاكانی دیكەش پێكەوە 47% باجیان داوە بۆ پڕكردنەوەی 9%ی بودجەی وڵاتەكە. ریزبەندنی بودجەی ساڵی 2020ی ئێران لە 29وە بۆ 49 دابەزیوە، واتە لەهەر ساڵێكدا زیاتر لە دوو پلە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە پیشبینی ناكرێت حكومەتی وڵاتەكە بەم زووانە بتوانێت ئاستی خۆی لەبودجەدا بەرزبكاتەوە بەتایبەت كە سزا‌و گەمارۆكانی سەری زیادی كردووە. كورتهێنانی بودجەی ئێران لەساڵی 2021 زیاتر بووە لە 58 ملیار دۆلار لەكاتێكدا خەرجییەكانی لەو ساڵەدا بە 115 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. بودجە لەگیرفانی خەڵك حكومەتی ئێران ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2022ی وڵاتەكەی پێشكەشی پەرلەمان كردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی زۆربەی شارەزایانی ئابوریی ئەوەیە كە 64%ی بودجەی ئەو ساڵە لە رێگەی باجی ساڵانە لەخەڵكی وڵاتەكە دابین دەكرێت، لەكاتێكدا پێشتر ئەو رێژەیە تەنها 9% بووە. وڵاتێكی وەك دانیمارك كە زیاترین باج لەخەڵكەكەی وەردەگرێت و لە رووی خۆشگوزەرانییەوە لە ریزبەندی یەكەمی وڵاتانی جیهانە بەڕێژەی 22% بۆ 45% باج لەدانیشتوانی وڵاتەكەی وەردەگرێت و لەحاڵەتی زۆر دەگمەندا رێژەی باج دەگاتە 50% ، بەڵام بەپێی بودجەی ساڵی نوێی ئێران دەبێت رێژەی باج بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە بگاتە 64% بۆ ئەوەی كورتهێنان لەبودجەدا روونەدات، بەڵام حكومەت دەڵێت رێژەی باج بەراورد بەساڵانی رابردوو 64% بەرزكراوەتەوە. حكومەت بەگرانتركردنی زیاتر لە دوو هێندەی نرخی غاز‌و ئاو‌و كارەبا لەئێران دەیەوێت بەشێك لەداهاتەكەی بەرزبكاتەوە، كە ئەوەش بەزیادكردنی باج لەسەر دانیشتوانی وڵاتەكە ئەژمار دەكرێت لەساڵانی رابردوودا حكومەت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەهای دۆلار‌و كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، بەڵام لەبودجەی ئەمساڵدا ئەو پلانە رەتدەكاتەوە. شارەزایان پێیانوایە حكومەت راستەوخۆ دەیەوێت كورتهێنانی بودجە بخاتە سەرشانی خەڵك و دەستی لەگیرفانی هاووڵاتییەكانی وڵاتەكەیدا بێت. ساڵی رابردوو بڕی 11 ملیار دۆلار وەك باج لەخەڵك وەرگیراوە بۆ قەرەبووی كورتهێنانی بودجە، بەڵام ئەو بڕە لەباج لەبودجەی ساڵی 2022 بۆ زیاتر لە 20 ملیار دۆلار بەرز كراوەتەوە. رێوشوێنەكانی حكومەت بۆ زیادكردنی باج لەسەر هاووڵاتییانی ئێران لەكاتێكدایە ئاستی هەڵاوسانی ساڵانەی وڵاتەكە بەپێی بەراوردی حكومەت 44% بووە، بەڵام بە سەرنجێكی ئاسایی دەردەكەوێت ئاستی هەڵاوسانی ساڵانەی سێ ساڵی رابردوو لەئێران زیاترە لە 50% ، چونكە بەرزبونەوەی هەڵاوسان سفرەكانی خەڵكی وڵاتەكەی بۆ زیاتر لەنیوە بچووك كردووەتەوە. ئەنجومەنی ئاژەڵدارانی ئێران رایگەیاندووە قەیرانی ئابوریی لەوڵاتەكە بووەتە هۆی ئەوەی خواردنی ساڵانەی گۆشتی ئاژەڵ لە 12 كیلۆوە بووە بەكەمتر لەشەش كیلۆ دابەزێت، ئەوەش ئاماژەیەكی روونە كە توانای خەڵك بۆ كڕینی خۆراك و پێدوایستیی رۆژانە بە رێژەی زیاتر لەنیوە كەم بووەتەوە. داهاتی نادیاری كۆمپانیاكانی حكومەت زیاتر لە 400 كۆمپانیای سەر بەحكومەت رێژەی داهات و خەرجییەكانیان ئاشكرا ناكرێت و پاساوی حكومەتیش بۆ ئەو بابەتە ئەوەیە كە ناكرێت پەرلەمانتارەكان بەوردو درشتی ئەو ژمارە زۆرە لە كۆمپانیاكانی حكومەتەوە سەرقاڵ بكرێن. حكومەت رایگەیاندووە خاوەنی 377 كۆمپانیایەو لەو ژمارەیە 170 دانەیان سودیان هەیە و 183 دانەیان سودو زیانیان هاوتایەو 24 كۆمپانیاش زیانیان زیاترە لەسود بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو كۆمپانیانە باجیان تا نزیكەی 40% بەراورد بەساڵی 2021 لەسەر زیادكراوە بۆ ئەوەی بودجە تووشی كورتهێنان نەبێت. كۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی ئێران بە تەنها نزیكەی 42%ی داهاتەكەی وەك باج رادەستی حكومەت دەكات لەكاتێكدا ئەو كۆمپانیایە فرۆشتنی زۆرینەی رەهای نەوتی وڵاتەكەی لەئەستۆیە، ئەوەش گومانەكانی لە نادیاریی داهاتی كۆمپانیاكانی حكومەت زیاد كردووە. دۆلاری حكومی ئێران لەساڵی 2018 بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی بەهای دۆلار‌و دابینكردنی پێدوایستییەكانی لەدەرەوەی وڵاتەكەی، نرخی هەر دۆلارێكی حكومیی بەچوار هەزارو 200 تمەن دەستنیشانكرد لەكاتێكدا بەهای هەر دۆلارێك لەبازاڕەكانی وڵاتەكەدا زیاتر لە 27 هەزار تمەن بوو. حكومەت لەو كاتەوە ساڵانە زیاتر لە 32 ملیار دۆلار بەنرخی حكومیی رادەستی بازرگان و كۆمپانیاكان لەوڵاتەكەی دەكرد بەمەبەستی دابینكردنی پێدوایستییە سەرەكییەكانی وڵاتەكە بەتایبەت دەرمان و خۆراك و هەندێك ئامێری پزیشكی و ئەندازیاریی، بەڵام لەبودجەی ساڵی نوێی ئێران‌دا ئەو بڕە بۆ هەشت ملیار دۆلار كەمی كردووەو حكومەت رایگەیاندووە تەنها بەمەبەستی دەرمان و خۆراك دۆلاری حكومی بۆ بازرگانەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان تەرخان دەكرێت. ئیحسان خاندوزیی، وەزیری دارایی و ئابوریی ئێران بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە: بڕیارە لە بودجەی ساڵی داهاتوودا تەنها دۆلاری حكومی بۆ نان و دەرمان تەرخانبكرێت. بەپێی لێدوانی وەزیری دارایی ئێران لەئێستادا دۆلاری حكومی بۆ دابینكردنی گەنم و جۆو رۆن و دەرمان لەدەرەوە تەرخان دەكرێت و لە بودجەی داهاتوو ئەو دۆلارە حكومییە تەنها بۆ كڕینی گەنم و دەرمان تەرخاندەكرێت. مەسعود میركازمی، سەرۆكی دامەزراوەی بەرنامەو بودجەی ئێران رایگەیاندووە حكومەتی ئێستای ئێران دەبێت تاساڵی 2026 ساڵانە بڕی 18 ملیار دۆلار قەرزی حكومەتی رابردوو بداتەوە كە بەهۆی رادەستكردنی دۆلاری چوار هەزارو 200 تمەنی تووشی كورتهێنانی بودجە بووە. هادی قەوامی جێگری وەزیری داریی و ئابوریی ئێران رایگەیاندووە؛ دۆلاری حكومی لە رابردودا نرخی كاڵا‌و شتومەكی بە رێژەی 150٪ بەرز كردووەتەوە، بۆیە كابینەی ئێستای رەئیسی پلانی نەمانی رادەستكرندی ئەو دۆلارەی هەیە. نەوت لەبودجەدا ئەگەرچی پێشتر 90%ی بودجەی ئێران لەسەر داهاتی نەوت گەڵاڵە دەكراو داهاتی ساڵانەی نەوتی ئەو وڵاتەش دەگەیشتە زیاتر لە 120 ملیار دۆلار، بەڵام لەبودجەی ساڵی 2022 ئێران كەمتر لە 40%ی بودجە پشتی بەداهاتی نەوت بەستووە، لەكاتێكدا نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 60 دۆلار خەمڵێنراوەو پێشبینی كراوە ئێران رۆژانە یەك ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت. حكومەت داهاتی فرۆشتنی نەوتی ساڵی 2022ی وڵاتەكەی بە 381 ترلیۆن تمەن خەمڵاندووە كە دەكاتە نزیكەی 13 ملیار دۆلار، بەڵام ئەگەر ئێران بتوانێت ئەو رێژە نەوتە لە بودجەدا دەستنیشانی كردووە بفرۆشێت، ئەوە داهاتی ساڵێكی نەوتەكەی دەگاتە نزیكەی 26 ملیار دۆلار، لەكاتێكدا لە ساڵی 2018 و دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران نەیتوانیوە زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا رەوانەی بازاڕەكان بكات. بەپێی خەمڵاندنەكانی حكومەت فرۆشی نەوت سەرچاوەی دابینكردنی 25%ی كۆی بودجەكەی ساڵی 2022 دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەمریكا بەردەوامبێت لەسزادانی ئەو وڵاتە ئەوا ئێران ناتوانێت رۆژانەی بڕی زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی بازاڕەكان بكات، بۆیە گومان لەوەش هەیە كەدواجار حكومەت بۆ قەرەبووی كورتهێنان پەنا بۆ زیادكردنی باج ببات، چونكە هیچ سەرچاوەیەكی دیكەی داهاتی نییە. نەوتی ئێران بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمریكا سەپاندویەتی بەنرخێكی هەرزانتر لەبازاڕەكانی جیهانداو بەقاچاخ ساغدەكرێتەوە، بۆیە پێشپینی ئەو رێژە لەهەناردە و نرخی نەوت لەبودجەی نوێ‌دا دوورە لە راستییەوە. بودجەی رەئیسی لەنێوان جەنگ و رێككەوتندا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران رۆژی یەكشەممە 12/12/2021 گەڵاڵەی بودجەی ساڵی 2022ی پێشكەشی پەرلەمان كرد‌و رایگەیاند ئەو بودجە لەلایەن حكومەتەكەیەوە بەشێوەیەك داڕێژراوە كە دەستی بێگانەی تێدا نەبێت و كورتهێنان تێیدا روونەدات. بودجەی ساڵی نوێ لەئێران بە سێ هەزار ترلیۆن و 631 هەزار ملیار تمەن خەمڵێنراوە كە دەكاتە 123 ملیار دۆلار، ئەوەش بەراورد بە بودجەی حكومەتی سەردەمی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشوی ئێران لەساڵی 2021 بڕی 750 هەزار ملیار تمەن بۆ بودجەكە زیاد كراوە، كە دەكاتە 25 ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلار. لەساڵی 1980 تا ئەمساڵ بەبەردەوامی بودجەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران لە زیادبووندا بووەو لەبودجەی ساڵی داهاتووشدا بە رێژەی 240% زیادی كردووە كەدەكاتە نزیكەی دوو هێندە و نیوی بودجەی ساڵی رابردوو. ساڵی 2020 بودجەی سوپای پاسداران بە رێژەی 58% زیادی كرد‌و لە 24 ترلیۆن و 335 ملیار تمەن بۆ 38 ترلیۆن و 564 ملیار تمەن لەساڵی 2021 زیادی كرد كە كردیە زیاتر لەیەك ملیار‌و 309 ملیۆن دۆلار، بڕی بودجەی ساڵی 2022ی سوپای پاسداران گەیشتووەتە سێ ملیار‌و 162 ملیۆن دۆلار، شارەزایانی سیاسیش ئەو بەرزبوونەوەیەی بودجەی سوپای پاسداران بەپەیامێكی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ جەنگ لەناوچەكەدا لەقەڵەم دەدەن. سەرەڕای زیادكردنی بودجەی سوپای پاسداران بڕی زیاتر لەپێنج ملیار دۆلار بۆ بەهێزكردنی توانای بەرگریی و سەربازیی لەبودجەی ساڵی داهاتوودا تەرخانكراوە، كەئەوەش بەشێكی دیكەیە لەبودجەی هێزە سەربازییەكانی دیكەی وەك سوپای فەرمیی ئێران و هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكان.
هاوڵاتی یەدەگی عێراق لەماوەی کەمتر لەیەک ساڵدا بە بڕی ١٦ ملیار دۆلار بەرزبۆتەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و هەروەها دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقی لەلایەن بانکی ناوەندیەوە. پیشبینیش دەکرێت لە ٢٠٢٢دا یەدەگی عێراق زیاتربێت. ئەو پارەیەی کە عێراق لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت مانگانە نزیکەی حەوت ملئار دۆلارە بەپێی نرخی ئێستا، لە رێگەی بانکی ناوەندیەوە دەکرێتەوە بەدینارو حکومەت مووچەو خەجیەکانی خۆی پێ بەرێدەکات، ئەمە جگە لەوەی بەشێکی لە رێگەی بانکەکانەوە دەخاتە بازاڕەوە. تەنیا لەماوەی کەمتر لەساڵێک یەدەگی عێراق لە ٤٨ ملیار دۆلارەوە گەیشتە ٦٤ ملیار دۆلار، ئەوەش بەهۆی ئەو دوو هۆکارەوە بوو کە یەکێکیان بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە کە نرخەکەی بازاڕ دیاریدەکات، ئەوەی دیکەی دینارە کە بانکی ناوەندی عێراق نرخەکەی دیاری دەکات. لەگەڵ بەرزبوونەوەی یەدەگی عێراق دەنگۆی جێگیرکردنەوەی نرخی دینار بۆ نرخی پێشووی کە ١٢٠ هەزار دینار بوو بەرامبەر هەر ١٠٠ دۆلارێک لە بانکی ناوەندی، بەڵام هیچ بڕیارێک نیە بۆ ئەو کارە، ئەوەش بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوەیە کە عێراق ناتوانێت بەهۆیانەوە نرخی دینار بگەڕێنێتەوە بۆ هەمان نرخی ساڵی رابردوو. عێراق دەستبەرداری نرخە دڵخوازەکەی دینار نابێت چەند رۆژێکە بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمه‌ریکی بووەتە باسی گەرمی میدیاکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی نووسینگەی موقتەدا سه‌در، رێبەڕی رەوتی سەدرییەکان رایگەیاند، مەرجی پێکهێنانی حکومەتیان ئەوەیە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی دەگەڕێننەوە. بەرپرسانی دارایی عێراق دەڵین سەرەڕای لێدوانە جیاوازەکان، بەڵام دۆخی ئێستای عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەبار نییە، چونکە بەرپرسانی عێراق دەڵێن ئەو دابەزاندنە هۆکاری سەرەکی بووە تاوەکو ئابووری عێراق لەداڕمان رزگار بکات. لەگەڵ ئەوەی یەدەگی دراوی قورسی عێراق بۆ 64 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەته ناوچەی ئارام، کە بە 82 ملیار دینار خەمڵێندراوە، واتە هەر قەیرانێکی کت‌وپڕ رووبدات، دۆخی دارایی عێراق بەرگەی ناگرێت، بۆیە پێویستە لەدۆخی ئێستا لەسەر سیاسەتی خۆی بەردەوام بێت. بەرپرسانی دارایی عێراق دەڵێن لە ئەگەری دەستکاریکردنی بەهای دینار متمانە بە ئابووری عێراق لاواز دەبێت، ئیدی وایلێدێت داواکاری زیاتر بکرێت تاوەکو زیاتر دەستکاری بەهای دینار بکەن. مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەوڵێک هەیە بۆ دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو‌و بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەپڕۆژەیاسای بودجەی 2022، بەڵام ئەوەی بەدوور زانی کەدەستکاری نرخەکەی بکرێت. ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوەداوە، گەڕاندەوەی بەهای دینار لەئاستی پێشووی دروست نییە، ئەو ئاستە بووە بەشێک لەمێژوو، بەتایبەت کە ئێستا ئەو ئاستە قازانجی بۆ پێگەی دارایی عێراق هەبووە. ئەمە لەکاتێکدایە عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندبوو، پەڕاوی چاکسازی پڕۆژەیەکی سەدا سەدی عێراقییە و ئامانج لێی بەهێزکردنی تواناکانی دەوڵەتە، بۆ ئەمەش دەستیان بە جێبەجێکردنی کردووە ،سەرەتای چاکسازییەکان لەکارگێڕی گشتی دەوڵەت دەستیپێکردووەو ئینجا چاکسازی لەدارایی دەوڵەت. سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رێگە بەبەرزکردنەوەی بەهای دینار نادات هەرزانبوونی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار تەنیا وەکو قسەیەکی میدیای ماوەتەوە، چونکە هەرزانبوونی دۆلار پێویستی بە ڕەزامەندی سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە هەیە کە کۆمەڵێک مەرجی لەسەر عێراق داناوە. ئەگەرچی بەپێی یاسا دیاریکردنی نرخی دینار لەدەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە، بەڵام ساڵی رابردوو حکومەتیش دەستوەردانی کرد لەدابەزاندنی نرخەکەی، لەئێستاشدا دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار بەتەنها لەدەسەڵاتی حکومەتی عێراقی و بانکی ناوەندی عێراقیدا نییە، بەڵکو سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش مەرجی بەسەر عێراقەوە داناوە کە دەبێت نرخی دۆلار بەرزبکاتەوە. ئەگەربێت و نرخی دینار بەبێ رەزامەندی بانکی نێودەوڵەتی بەرزبکرێتەوە، ئەوا ئەو سندوقە هاوکاریەکانی خۆی لەپێدانی قەرز بۆ عێراق رادەگرێت، بۆیە هەر دەستکاریکردنێکی نرخی دینار دەبێت ڕەزامەندی سندوقی دراوی نیودەوڵەتیشی لەسەر بێت. سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت جێگیر نییەو لەگەڵ ئەوەشدا لە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار حکومەت قازانجێکی زۆری کردووەو زۆر قەیرانی بەهۆیەوە تێپەڕاندووە ئامادەنییە جارێکی دیکە زیان بەخۆی بگەیەنێتەوە. یەکێکی تر لە سوودەکانی دابەزاندنی نرخی دینار بۆ حکومەت ئەوە بوو کە ئەمساڵ عێراق هیچ جۆرە کورتهێنانێکی لە بودجەدا نەبوو، لەکاتیکدا لەساڵانی رابردوودا دەیان ترلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووەو بەقەرز پڕی کردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەی عێراق کورتهێنانیشی نەبووە، بەڵکو یەدەگی نەختینەی زیادیکردووە، لەئێستادا نەختینەی دۆلار لەبانکی ناوەندی عێراق گەیشتووەتە 64 ملیار دۆلار لەکاتێکدا پێشتر عێراق تەنها خاوەنی نزیکەی ٤٨ ملیار دۆلاری نەختینە بوو. ئەگەربیت حکومەت دەستکاری نرخی دینار بکاتەوە ئەگەر هەیە دیسانەوە یەدەگی عێراق دابەزێتەوە، لەکاتیکدا پلانی هەیە بیگەیەنێتە ٨٢ ملیار دۆلار. بانکی ناوەندی عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه به‌نیازی دابه‌زاندنی نرخی دۆلار بێت بانکی ناوەندی عێراقیش وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی داوەتەوە کە باس لەدابەزاندنی نرخی 100 دۆلار دەکەن بۆ نزیکەی 120 هەزار دینار، لەحاڵەتی پێکهێنانی کابینەی نوێش بە ڕابەرایەتی سەدرییەکان بەهەمان شێوە ناتوانن دەستکاری نرخی دینار‌و دۆلار بکەن، چونکە چەندین لێکەوتەی ئابوری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە ئەوەی دەوترێت تەنها قسەی ناو سۆشیال میدیایە. بانکی ناوەندی عێراق لەچەند رۆژی رابردوودا رەتیکردەوە کە به‌نیازی دابه‌زاندنی نرخی دۆلار بێت‌و دەڵێت و رایگەیاند ئەو کارە دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی دراو لەکۆنترۆڵ دەربچێت‌و زیان بەهاووڵاتیان‌و پڕۆژەکان بگەیەنێت. لەبارەی دەنگۆی دابەزاندنەوەی نرخی دۆلار بۆ 120 هەزار دیناری عێراقی، بانکی ناوەندی عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌دا رایگەیاند، دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، دەبێتە هۆی دروستبوونی بێمتمانەیی بەسیستەمی دارایی‌و په‌ككه‌وتنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان‌و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لەکێبڕکێ‌و قوڵبوونەوەی بێکاریی بەهۆی وەستانی پڕۆژەکانەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە پێشتر بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بووەتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی بەڕێژەی 23%، کە ئەوەش وایکرد قەیرانی دارایی تێپەڕێنرێت. حکومەتی عیراق لە ساڵانی رابردوودا چەند گورزیکی ئابوری بەرکەوت، کە دیارترینیان دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و زیادبوونی مووچەخۆرو چەکداری میلیشیا بوو لەسەر بودجەی دەوڵەت، ئەوەش وای کرد عێراق دووجاری قەرزو کورتهێنانێکی زۆر ببێتەوەو قەرزێکی زۆر بکات. هەرچەندە بەرپرسانی دارایی عێراق لەماوەی رابردودا ڕایانگەیاندبوو، قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق بۆ 20 ملیار دۆلار دابەزیوە، بەڵام پسپۆڕێکی بواری ئابووری ئاشکرایکرد، قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق دەگاتە 60 ملیار دۆلار». زیا موحسین پسپۆڕی ئابوریی عێراقیی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، «پێچەوانەی ئەوەی حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات، قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق دەگاتە 60 ملیار دۆلار، ئەوە جگە لەحەوت ترلیۆن دینار قەرزی ناوخۆیی، کە ئەستەمە حکومەت توانای ئەوەی هەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو ئەو قەرزە بداتەوە». لەماوەی ڕابردوودا، مەزھەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، «بەھۆی بەزربوونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیھاندا، قەرزە دەرەکییەکانی سەر عێراق بۆ 20 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە». بەڵام زیا موحسین وتی: «عێراق لەساڵی 2022دا لەڕووی دارایی‌و ئابورییەوە، بووژانەوە بەخۆوە دەبینێت، ئەوەش بەھۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت‌و زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت بەقەبارەی 400 ھەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا». نرخی نەوت بۆ ساڵی دهاتوو چۆن دەخەمڵێنرێت؟ ڕاوێژكارێكی كازمی دەڵێت، لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022ی عێراقدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 50 دۆلار دانراوە، لەكاتێكدا لەئێستادا نرخی نەوت لە دەوروبەری 70 دۆلاردایە.. لەماوەی ڕابردوودا نرخی نەوتی خاو بۆ نزیكەی 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرزبووەوە، بەڵام چەند ڕۆژێكە نرخی نەوت بەردەوامە لەدابەزین و گەیشتووەتە نزیکەی 70 دۆلار، ئەوەش بەهۆی کۆرۆنای گۆڕاوی ئۆمیکرۆنەوە.. مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری ئابوری و دارایی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022ی عێراق ئامادەیە و بۆ یەكەمجارە لەپڕۆژەیاسای بودجەدا پلانی سێ ساڵە دانراوە بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان. ڕاوێژكارەكەی كازمی پێشبینیدەكات لە بودجەی ئەمساڵیشدا حكومەت ناچاربێت قەرزبكات بەهۆی ئەوەی كورتهێنان لەبودجەدا بێتەئاراوە. دەشڵێت، “لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022ی عێراقدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 50 دۆلار دانراوە، ئەوەش وەك ئامادەكارییەكی پێشوەختە بۆ ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت”. بەوتەی مەزهر محەمەد ساڵح، ئەو نرخە گریمانەییە و لەكاتی فرۆشتنی نەوت بەنرخی بەرزتر، داهاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت و كورتهێنانی بودجەی پێ پڕدەكرێتەوە یاخود خەرجدەكرێت..
عەمار عەزیز.دهۆك تەنیا لەم مانگەدا زیاتر لە 500 دار لەسنوری ناحیەی كانی ماسێ بڕدراون لەلایەن سەربازانی سوپای توركیاوەو شەقامی دروستكردووە بۆ گواستنەوەی دارەكان بۆ وڵاتەكەیان بەپێی وتەی خەڵكی ناوچەكە، ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكیش پێشنیار دەكات ئەنجومەنەكەیان و پەرلەمان كۆبوونەوەی تایبەتی لەسەر بكەن. لەمانگی شەشی ئەمساڵدا سوپای توركیا لەناوچەكانی بادینان دەستی كرد بەبڕینەوەی دارەكان كەتێیدا داری تەمەن سەد ساڵەیان بڕیوەو ئەوەش كاردانەوەی ناوخۆیی لێكەوتەوە، پاش شەش مانگ جارێكی دیكە توركیا دەستی كردووەتەوە بەبڕینەوەی دارەكان. رەمزی بەدەل، خەڵكی گوندی هرور سەر بەناحیەی كانی ماسێ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « سوپای توركیا لەم مانگەوە جارێكی تر دەستی بەبڕینی دارەكان كردووەتەوە، لەگوندەكانی گێمێ ، زێوكێ و چەند ناوچەیەكی تر كە نزیكەی هەزار داریان بڕیوە، لەهەمووشی ناخۆشتر هەندێك داری ئەو ناوچانە تەمەنەیان سەرووی 100 ساڵە كە بەداخەوە لەلایەن توركیا بڕاون». رەمزی بەدەل وتیشی: « لەكاتی بڕینی دارەكان خۆیان ڤیدیۆیان تۆماركردووەو دواتر بڵاویان كردووەتەوە كە ئەمەش وەكو بێمنەتی ئەوان دەردەخات، لەهەمان كاتیش‌دا بێ‌ڕێزی كردنە بەخەڵكی كوردستان». ئەو هاووڵاتییەی گوندی هرور پێشیوابوو توركیا هەر ناوچەیەك داگیربكات بەمۆڵكی خۆی دەزانیت و هەر شتێك لەو ناوچانە بێت بۆ خۆی دەبات و بەهیچ شێوەیەك ئەو ناوچانە رادەستی هەرێم ناكاتەوە كەئەمەش گەورەترین زیانە بەخەڵكی سنوری قەزای ئامێدی. «هەر ناوچەیەك بیانەوێت دار ببڕن دەتوانن، چونكە هیچ كەس و لایەنێك نایەتە سەرخەت، وابڕوات تەواوی سروشتی ناوچەكە تێكدەدەن، بەشێك لەو دارانەی دەیبڕن بۆ خۆگەرمكردن بەكاریدەهێنن و بەشێكی تر دەگوازنەوە بۆ توركیا، ئەویش لە رێگای ئەو شەقامانەی كە دروستیان كردووە لەنێوان خاڵە سەربازییەكانی خۆیان و شارەكانی باكوری كوردستان و بەئاسانی دار دەگوازنەوە « رەمزی بەدەل وادەڵێت. موختاری گوندی هرور دەڵێت سوپای توركیا نۆ خاڵی سەربازی لەسنورەكەیاندا جێگیركردووە. ئازاد ئەدیب، موختاری گوندی هرور لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» سوپای توركیا نۆ خاڵی سەربازی لەسنورەكەمان جێگیركردووە، ئەو سەربازانە كە زۆرینەیان خەڵكی پارێزگاكانی باكوری كوردستانن خۆیان قسەیان لەگەڵ ئێمە كردووە، وتیان ئێمە بۆ هەر خاڵێكی سەربازی 500 تەن دار دابین دەكەین لەوەرزی سەرما بەكاریدەهێنن بۆ خۆگەرمكردنەوە، ئەو دارانە هەموویان لەناوچەكانی ئێمەیان بڕیوە ، دار هەبووە تەمەنی سەرووی 100 ساڵ بووەو بڕاوە». موختیاری گوندی هرور، باسی لەوەشكرد كە ئەم هاوینە 50 خێزان لەناو گوندی هروردا دەژیان، ئێستا ژمارەیان كەمبووتەوە بۆ 23 خێزان، لیژنە هاوبەشەكەی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان هیچیان نەكردووە، تەنیا لەو رۆژانە چەند قسەیەكیان كرد وتیان بە دواداچوون بۆ كێشەكانتان دەكەین، بەڵام هیچ ئەنجامی نەبووە «. قایمقامی قەزای ئامێدی دەڵێت زانیاری نییە لەچ ناوچەیەك داربڕینەوە هەیەو قەبارەكەی چەندە. وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « چەند مانگێكە وەك قایمقامی قەزای ئامێدی دەستبەكاربووم، بۆیە نازانم لەچ شوێنێك دار هاتوونەتە بڕین یان قەبارەی ئەو دارانە چەندە، ئەمە پێویستی بە ڵێكوڵینەوەیەكی ورد‌و مەیدانی هەیە». ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە ئەنجامی لیژنەكەی پەرلەمانی عیراق هیچی لێی دیارنەبووە بۆ پرسی قەرەبووكردنەوە و بۆردوومانكردنی ناوچەكە هەمووی بەشێوەی راپۆرتێك ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە. لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای دهۆك خۆیان لەقەرەی بڕینی دارەكانی ناوچەكانی بادینان نادەن. سەباح عەلی ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە فراكسیۆنی یەكگرتوو لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « ئەم پرسە لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكدایە، بابەتەكە پەیوەستە بەدوو وڵاتەوە پێویستە لەسەر ئاستی باڵا وەكو سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان قسە لەسەر پرسی داربڕین بكەن، ئێمە بەدواداچوونمان كردووەو راپۆرتیشمان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، بەڵام هیچ سوودی نەبووە «. سەباح عەلی پێشیوابوو دەبوایە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دانیشتنێكی تایبەتیان لەسەر پرسی داربڕین بكردایە لەلایەن سوپای توركیاوە، وتیشی:» هەموومان لەسەر ئەو پرسە كەمتەرخەمین، پێشنیار دەكەم پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دانیشتنی تایبەت لەسەر پرسی داربڕین بكەین تا زیاتر ژینگەی كوردستان تێكنەدرێت».
کاکەلاو عەبدوڵا ئەو سیاسەتمەدارەی گوژمێکی گەورەی بە ئابوری تورکیاداو گەیاندییە ترۆپک بەجۆرێک ژیانی خەڵکی وڵاتەکەی بووژاندەوەو بەجۆش و خرۆشەوە ستایشیان دەکردو پێیان هەڵدەدا، ئێستا هەر هەمان سیاسەتمەدار بە سیاسەتە ئابورییەکانی دەستی خستووەتە بینەقاقای هاووڵاتیانی وڵاتەکەی و خەڵکی تورکیا گەشتوونەتە ئاستێک کە چەندین کاتژمێر سەرە دەگرن بۆ کڕینی نانی هەرزان. رۆژانە لەتورکیا خەڵک لەسەرەی ناندا چەندین کاتژمێر بەسەردەبەن تەنها بۆ ئەوەی بە پارەیەکی هەرزانتر بیکڕن و ئەو بڕە کەمەی دەمێنێتەوە لە شتێکی تردا خەرج بکەن بۆ ئەوەی بەرگە بگرن لەو دۆخە سەختە ئابورییەی تووشی بوون. تا دێت لیرەی تورکی بەهای خۆی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەستدەدات و ئەمەش ژیانی هاووڵاتیانی تورکیای سەخت کردووە چونکە ئیتر پێداویستییە سەرەتاییەکانی رۆژانەیان پێ ناکڕدرێت و رۆژ لەدوای رۆژ نرخ زیاتر بەرزدەبێتەوە. بەهۆی سیاسەتە ئابورییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، لیرەی تورکی لەمساڵدا لەسەدا ٥٠٪ی بەهاکەی لەدەستدا کە بەشیکی زۆری لەمانگی رابردوودا بوو بە لەدەستدانی لەسەدا ٣٠٪ بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلار، پێش ئەوەی لە رۆژی سێشەممەی رابردوودا لەسەدا ٢٥٪ی بەهاکەی بۆ گەڕایەوە دوای وتارەکەی سەرۆکی تورکیا کە داوای لە هاووڵاتیان کرد پارە هەڵگیراوەکانیان بە لیرە دابنێن و ئەمەش بووە هۆی فرۆشتنی یەک ملیار دۆلار لەبازاڕی ئاڵوگۆڕی دراودا و لەئەنجامدا یەک دۆلار لە ١٨ لیرەوە گەیشتە ١٢ لیرە. سەرە بۆ نانی هەرزان لە گەورە شاری ئەستەمبوڵ خەڵک بە کاتژمێر سەرە دەبەستن بۆ کڕینی نانی هەرزان، ئەو نانەی لەڕێی پرۆگرامی «نانی گشتی» حکومەتەوە دابین دەکرێت بۆ هاووڵاتیان. لە ئەستەمبوڵ هەزارو ٥٠٠ کۆشک ئامادەکراوە بۆ دابەشکردنی ئەم نان و سەمونە هەرزانانە کە هەر دانەیەک بە یەک لیرەو ٢٥ قروشە کە دەکاتە نۆ سەنت لەکاتێکدا نانێکی ئاسایی لە شوێنی تر بە دوو لیرەو ٥٠ قروشە واتە ١٨ سەنت. هەرچەندە جیاوازییەکە زۆر نییە، بەڵام ئەو پارەیەی دەمێنیتەوە زۆرە بۆ هەزار دانیشتووی ئەستەمبوڵ. نیازی تۆپراک یەکێکە لەو هەزارەها دانیشتووەی سەرەی بۆ نانی هەرزان گرتووە و دەڵێت: هەمووشتێک گرانە، هەر لە خواردنەوە بۆ نان، لەکراسەکەتەوە بۆ ئەو گۆرەوییەی لەپێی دەکەیت. تۆپراک خانەنشینێکی تەمەن ٧١ ساڵە و بۆ جەزیرەی ئینگلیزی قسەی کردووە و باس لەوە دەکات مووچەی خانەنشینییەکەی بەشی خێزانەکەی ناکات. «مووچەی خانەنشینییەکەم تەنها ٨٠٠ لیرە (٥٨ دۆلار)ە، بۆیە ئەوە بەس نییە بۆ ئەوەی لەم رۆژانەدا پێی بژیت»، تۆپراک وای وت. «ئێمە چوار کەسین لە ماڵەوەو کرێی خانوەکەمان دوو هەزار لیرە (١٤٠ دۆلار)ە، هەر یەکێکمان لانیکەم رۆژی نانێک دەخۆین، بۆیە بەنیازم چوار نان لێرە بکڕم، دەبێت ئەم ماوەیە چەنێک بتوانیت پارە خەزن بکەیت»، تۆپراک وا دەڵێت. لەساڵی ٢٠٠٣ەوە پارتەکەی ئەردۆغان لەدەسەڵاتدایە و سەرکەوتنتە یەک لەدواییەکەکانی بەشێکی زۆری بۆ ئەو گەشە ئابورییە دەگەڕێتەوە کە ئەردۆغان وەک سەرۆک وەزیران و سەرۆکی وڵات بۆ تورکیای بەدەستهێنا. قەدری تەستان، زانایەکی باڵای بانکی ئەڵمانی مارشال فەند بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی راگەیاند، «تورکیا لەدەیەی یەکەمی حوکمی ئەردۆغاندا بە موعجیزە لێکدەدرایەوە.» هەژاری لەسەدا ٥٠% کەمی کرد، ملیۆنەها کەس لە چینی هەژارەوە هاتنە چینی مامناوەندو وەبەرهێنی دەرەکیش بەپەرۆش بوون کە پارە بخەنە قەرزەوە. بەڵام ئێستا هەڵئاوسان لەوڵاتەکەدا گەیشتووەتە سەروو لەسەدا ٢١٪ و لیرە هێزی خۆی لەدەستداوەو تا دێت هاووڵاتیان کەمتر شتیان پێ دەکڕدرێت. بەهۆی کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانەکەکانەوە ئەردۆغان رەخنەی زۆری لێدەگیرێت لەلایەن بازرگانان و ئۆپۆزسیۆنەوە بەڵام سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەم سیاسەتەی لەماوەی درێژخایەندا وڵاتەکەی وا لێدەکات لەسەر پێی خۆی بوەستێت و پشت بەکەلوپەلی دەرەوە نەبەستێت، هەروەها گەشەی ئابوریش زیاد دەکات. بانکی ناوەندی لە ماوەی سێ مانگدا سوودی قەرزی لە لەسەدا ١٩٪ەوە کەمکردووەتەوە بۆ لەسەدا ١٤٪ ئەمەش بەهای لیرەی تورکی بەتەواوی دابەزاندووە و بووەتە داڕمانی ئابوری وڵاتەکە. بە کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانکەکان، ئەردۆغان باس لەوە دەکات کە بەکاربەران بەپەرۆشتر دەبن بۆ بازاڕکردن و بزنسەکان زیاتر قەرز دەکەن لە بانەکەکان و زیاتر وەبەرهێنان بە پارەوە دەکەن و هەلی کاریش زیاتر دەبێت. ئەردۆغان دەشڵێت ئەگەر لیرە بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلار لەدەستبدات، هەناردەی تورکیا هەرزانتر دەبێت و وا لە بەکاربەرانی دەرەوە دەکات زیاتر بکڕن. ئەوە تا رادەیەک راستە، بەڵام باجێکی قورسیشی لەگەڵە. تورکیا زۆر پشت بە هاوردەی وەک پارچەی ئۆتومبیل و دەرمان و سووتەمەنی و چەندین شتی تر دەبەستێت لە ماددە خاوەکانی تر. کاتێک لیرە بەهای لەدەست دەدات، ئەو بەرهەمانە پارەی زیاتریان تێدەچێت بۆ کڕین. لەهەمان کاتدا سیاسەتەکەی ئەردۆغان وا لە وەبەرهێنەرانی دەرەوە دەکات کە بترسن و وەک پێشتر قەرز نەدەنە بانکەکانی تورکیا چونکە متمانەیان بە لیرە نەماوە. لەچاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەردۆغان رایگەیاند، «درەنگ یان زوو، هەروەک چۆن کاتێک دەسەڵاتم وەرگرت هەڵئاوسانمان گەیاندە لەسەدا ٤٪، هەر بەو جۆرە جارێکی تر کەمی دەکەینەوە، بەڵام ناهڵێم هاووڵاتیان و گەلەکەم لەژێر سوودی قەرزدا تێکبشکێن.» هەڵئاوسان لەساڵی ٢٠١١دا کەمبووەوە بۆ لەسەدا ٤٪ ، کاتێک ئەردۆغان سەرۆک وەزیران بوو، بەڵام لەوکاتەوە بەرزی بەخۆیەوە بینیوەو تەنها لە مانگی رابردوودا بەهۆی نزمبوونەوەی بەهای لیرەوە هەڵئاوسان لەسەدا ٣.٥٪ بەرزبووەوە و بەپێی ئاماری حکومەت، بەکۆی گشتی گەیشتە سەروو لەسەدا ٢١٪، شارەزایانی ئابوریش دەڵێن ئەگەر ئەم دۆخەی تورکیا بەردەوام بێت هەڵئاوسان دەگاتە لەسەدا ٣٠٪. رەخنەگرانی حکومەت دەڵێن ئەو رێژەیە زۆر زیاترە کە حکومەت دایناوە. شارەوانی ئەستەمبوڵ، کە لەلایەن سەرۆک شارەوانی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆی سەر بە پارتی ئۆپۆزسیۆنی گەلی کۆماری (جەهەپە)ەوە بەڕێوە دەبرێت، رێژەی خۆی لەسەر هەڵئاوسان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت خەرجی ژیانکردن لەشارەکەدا لەسەدا ٥٠٪ بەرزبووەتەوە لەساڵێکدا. بەپێی ئۆفیسی ئاماری ئەستەمبوڵ، نرخی گەنم لەسەدا ١٠٩٪، رۆنی گوڵەبەرۆژە لەسەدا ١٣٧٪، کلێنس لەسەدا ٩٠٪، شەکر لەسەدا ٩٠٪، هەروەها غازی سروشتی لەسەدا ١٠٢٪ بەرزبوونەتەوە. هاووڵاتییەکی تورکی کە لەسەرەی ناندا دەوەستێت و پیشەکەی کارەباچییە، دەڵێت: خەڵک لە ئازاردا دەژین، من ئێستا ناتوانم پارەی تەواوەتی بەدەست بهێنم بۆ ئەوەی پێی بژین. ئەو کارەباچییە بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز قسەی کردووە و باس لەوە دەکات مووچەی مانگانەی دوو هەزار و ٩٠٠ لیرە (٢١٧) دۆلارەو کرێی خانووەکەی لەسەروو دوو هەزار لیرە (١٥٠ دۆلار)ەوەیە. نانەواخانەو سەمونخانەکان بوونەتە داردەستی سیاسەتمەدارەکان نان بەشێکی گرنگی ژیانی هاووڵاتیانی تورکیایە و بەپێی ئاماری یەکێتی پیشەوەرانی نانەواخانەکان هەر هاووڵاتییەک ساڵانە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ کیلۆگرام نان یان سەمون دەخوات. ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆک شارەوانی ئەستەمبوڵ و سەر بەپارتی جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە، بەرهەمهێنانی «نانی گشتی» زیادکردووە بۆ ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزاری رۆژانە لەیەک ملیۆن ٥٠٠ هەزار نانی رۆژانەوە. خاوەنی سەمونخانەکان دەڵێن لە دوولاوە فشاریان دەکرێتە سەر و ئەگەر بەوجۆرە بەردەوام بێت تووشی مایەپووچی دەبنەوە لەسەر شەڕی سیاسی لایەنە جیاوازەکان. حکومەتی تورکیا فشار دەخاتە سەر نانەواخانە و سەمونخانەکان کە بەهەرزانتر نان و سەمون بفرۆشن لەکاتێکدا رۆژ لەدوای رۆژ نرخی ئاردو دانەوێڵەو غاز و کارەبا بەرز دەبنەوە. «من ناتوانم بزنسەکەم بەرەوپێش ببەم، نرخی ئارد تا دێت بەرز دەبێتەوە»، ئەحمەد ئوجار، خاوەنی سەمونخانەیەک لەئەستەمبول ئەمەی بە نیویۆرک تایمز وت. ئوجار دەشڵێت، «ئێمە لە دوو لاوە لێمان دەدرێت، شارەوانی نانی هەرزان دەفرۆشێت بۆ راکێشانی دەنگ، حکومەتیش نرخی نان بە دابەزیوی دەهێڵیتەوە بۆ هێشتنەوەی دەنگەکانی». جگە لەمانەش لە هەندێک کەرت و پیشەسازی تردا مووچەی کارمەندان دوادەخرێت و پاشەکەوت دەکرێت. گونای ئەکیل، هاووڵاتییەکی ئاسایی تورکیا بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە، هاوسەرەکەی لە کارگەیەکی دیزاینکردنی چێشتخانەدا کاردەکات و موچەیان بەنیوە پێدەدرێت. ئەکیل لەکاتی کڕینی شتومەک لە سوپەرمارکیتێک لەلایەن گاردیانەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوەو ئاماژەی بۆ ئەو شاتنە کردووە کە کڕیونی کە ئەوانیش کیلۆیەک پیازو کەلەرمێکی گەورە بووە لەگەڵ ماست و نان. «بۆ ئێوارە ئەمەمان هەیە، نان و ماست و سوپی کەلەرم،» ئەکیل وای وت. «ئێستا هەموو شتێك گرانە، بەحاڵ دەتوانین خۆمان بژێنین، بۆ ئەوەی لە پارەی کرێچییەتی رزگارمان ببێت ئێستا لەگەڵ ماڵی خەزروم دەژین»، ئەکیل وادەڵێت. تەنانەت ئێستا بەشێکی زۆری لایەنگرانی ئەردۆغان بێهیوا بوون و دەڵێن چیتر دەنگ نادەن، ئەو لایەنگرانەی کە ١٠ ساڵ لەمەبەور بەهیواوە دەنگیان دەدا بۆ داهاتوویەکی رۆشنتر. «من ئێستا بۆ کار دەگەڕێم، ناتوانم قەرزەکانم بدەمەوە... هیچ چارەسەرێک نییە و خەڵک بێزاربوون، چەندین ساڵ بۆ (ئەردۆغان) دەنگمدا، بەڵام تەماشاکەن ئیتر ئەو ناتوانێت خۆی رزگار بکات»، هاووڵاتییەکەی شاری کۆنیا بەناوی سەریکایا ئەمەی بە ئاژانسی رۆیتەرز وت. بڕیارە لەساڵی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی گشتی لەتورکیا ئەنجامبدرێت و بۆ یەکەمجار لەمساڵدا لە چەند راپرسییەکی چەند ناوەندێکی باوەڕپێکراوی وڵاتەکە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەنگیان زۆرتر هێناوە یان پارتی داد‌و گەشەپیدان (ئەکەپە)ی ئەردۆغان دەنگەکانی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە کەئەمە یەکەمجارە شتی لەوجۆرە رووبدات لەساڵی ٢٠٠٣ەوە. «هەرگیز هێندە پشتگیری ئەوەندە کەممان نەدیوە بۆ ئەکەپە لە رابردوودا، بڕوایەکی بەهێز هەیە کە لە ٢٠٢٣دا گۆڕانکارییەکی سیاسی روودەدات»، سینان ئۆڵگن، لە ناوەندی تووێژینەوەی ئابوری و سیاسەتی دەرەوە لەئەستەمبوڵ ئەمەی بە ئاژانسی رۆیتەرز وت.
سەركۆ جەمال وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێكخستنەوەو چاكسازی و دادپەروەری لەپێدانی كارەبا پێوەری زیرەكی وەك تاكە چارەسەر داناوە كە لەئێستادا لەكۆی یەك ملیۆن و 700 هەزار هاوبەشی كارەبا یەك ملیۆن و سەد هەزار هاوبەش تەنها 40 ئەمپێر كارەبایان پێدەدرێت. وەزارەتی كارەبا لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا دەستی كرد بەدانانی پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشانی كارەبا تا دادپەروەری لەدابەشكردنی كارەبادا بێتەدی. شاخەوان ئەحمەد، كە هاووڵاتیەكی دانیشتووی ناحیەی تەكیەیە بۆ هاوڵاتی وتی: "تائێستا پێوەرەكەمان هیچ كێشەیەكی نەبووە، بەڵام ماوەیەكی زۆر نییە لەناحیەكەمان خراوەتەكار". هاووڵاتیەكی دیكە بەناوی گۆران وەهاب لەگەڕەكی بەختیاری سلێمانی بۆ هاوڵاتی وتی:" پێوەرەكە هیچ كێشەیەكی نەبووە تائێستا بەڵام وەك ئەوەی بڵاوكراوەتەوە نابێت لە 40 ئەمپێر زیاتر بەكاربهێندرێت ئەگەرنا هەڵدەستێتەوە". بەڵام هاووڵاتیەكی دیكە بەناوی محەمەد عیزەدین، بۆ وتی :"تائێستا چەند جارێك تووشی كێشەی پێوەری زیرەك بووین بەوەی چەند ئامێرێك پێكەوە كاربكات پێوەرەكە هەڵدەستێتەوە و بۆ ماوەی چەند دەقیقەیەك یاخود زیاتر هەڵنابێتەوە". پێوەری زیرەك دراوەتە سێ كۆمپانیا‌و ئەوانیش لەڕێگەی "مقاول" بەشێكی كارەكەیان ئەنجامداوە، حكومەتی هەرێمیش بەپێی چەند گرێبەستێكی جیاواز ئەو كارەی ئەنجامداوە. سەبارەت بەو كێشەیە پێشتر وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە: "ئەو هاوبەشانەی كارەبا كە پێوەری زیرەكیان بەهۆی بارزۆری (بەكارهێنانی زیاتر لە 40 ئەمپێر) یان هەر گرفتێی دیكە دەكوژێتەوەو پاش 250 چركە ناگەڕێتەوە، لەبەر بوونی گرفت لەهێڵی ساردی كارەباكەیانە". وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم دەڵێت:" ئامانجمان لەدانانی پێوەری زیرەك بۆ دابینكردنی 24 كاتژمێر كارەبایە بەهاوبەشانی كارەبا". ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ملیۆنێك و 100 هەزار پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشانی كارەبا بەستراوە لەكۆی ملیۆنێك و 700 هەزار هاوبەشی كارەبا، ئەمە قۆناغی یەكەمە لەقۆناغی دووەمدا ئەو پێوەرانە كە بەستراون بەسەنتەری كۆنترۆڵەوە كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە دەكەوێتەگەر كە چەند ئۆپشنێكی هەیەو دەتوانیت چەند كارێكی پێ ئەنجامبدەیت، ئێمە تائێستا تەنیا یەك كارمان پێكردووە كە ئەویش سنورداركردنی كارەبایە". ناوبراو باسی لەوەشكرد كە دانانی پێوەری زیرەك كاریگەری هەبووە كەساڵی رابردوو 350 فیدەر ئۆڤەرلۆدیان هەبووە، بەڵام ئەمساڵ بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبووەتەوە، بەڵام ئەگەر پرۆژەكە تەواو ببێت ئەوكات هەموو شتێك رێكدەخرێت، وتیشی:"پلانەكە بۆ ئەوەیە كە وەزارەتی كارەبا 24 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی بەهاوبەشانی كارەبا جێبەجێ بكات". "هەركاتێك كارەبای نیشتمانی زیاتر بێت كاری مۆلیدە ئەهلیەكان كەمدەبێتەوە ئامانجەكەمان ئەوەیە كارەبای نیشتیمانی بكەینە 24 كاتژمێری تا كارمان بەمۆلیدەی ئەهلی نەمێنێت، بۆ ئەوەش ماستەرپلانمان هەیە، بەڵام كێشە گەورەكە ئەوەیە پلان دادەنێین و هەموو شتێك رێكدەخەین بەڵام بارودۆخی دارایی و نەبوونی پارە و سوتەمەنی هەموویت لێ تێكدەدات"، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم وا دەڵێت. هاوكات سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "ئەو پێوەرانەی بۆ ماڵان دانراوە پێی دەوترێت تۆڕی زیرەك بۆ سەر فیدەرو گۆڕەر(محاویلە) و عەمودەكانیش دادەنرێت و 40 ئەمپێرە، تائێستا پرۆژەكە 70٪ ی جێبەجێكراوە و لەبەرئەوەش كە زستانە پێوەرەكە لەسەرەتاوە كێشەی دەبێت، زۆر كەس پەیوەندی بەوەزارەتی كارەباوە دەكات كە پێوەرەكانیان كێشەی هەیە". ئەندامێكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان پێیوایە حكومەتی هەرێم لەدابینكردنی كارەبادا شكستی هێناوە. كاروان عەبدولڕەحمان، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ هەزار و 200 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت، پێویستی هەرێم لەمانگی 11 بەدواوە كە وەرزی سەرمایە هەندێك جار دەگاتە حەوت هەزار مێگاوات كارەبا، راستە بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كارەبا بەفیڕۆ دەچێت یاخود دەدزرێت، بەڵام بەشەكەی دیكەی تەكنیكییە، بۆیە حكومەت لەمەسەلەی كارەبادا شكستیهێناوە ". هەروەها ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە پێوەری زیرەك سیستەمێكە كۆمپانیایەك بەناوی "ئێندرا" دەیكات كە ئەمریكییە سۆفتوێرەكەی دەكات و یەكسەر بەرنامەڕێژی دەكات، بەنیازن كۆبوونەوەیان لەگەڵ بكەن، وتیشی:"ئەگەر 40 ئەمپێر بێت كێشەی تێدایەو هەموو ساڵێك بەو شێوەیەیە لەسەرما و گەرمادا كارەبا كەمدەبێتەوە". كاروان عەبدلوڕەحمان پێشیوابوو وەزارەتی كارەبا مەسەلەی سووتەمەنی دەكەنە بیانوو بەبێ مانا وەسفی كرد، وتی:" ئێمە چەندین رێگەی دیكەمان خستووەتە بەردەم وەزارەتی كارەبا، بەڵام جێبەجێیان نەكردووە".
هاوڵاتی پەکەکە لەو کاتەوە خراوەتە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپاو ئەمریکا گەورەترین گورزەکانی لە رووی یاسایی و سیاسی و دارایی و راگەیاندن و رێکخراوەییەوە لێدراوە. هەر ئەو لیستە وایکردووە نەک تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوایی، بەڵکو بەشێک لە هێزە کوردییەکانیش بە پاساوی تیرۆر دژایەتیی پەکەکە بکەن و هاوئاهەنگی لەگەڵ داگیرکەران بەتایبەتی تورکیادا بکەن. بەهۆی لیستی تیرۆرەوە ٧ کەناڵی ئاسمانیی نزیک لە پەکەکەو ژمارەیەک رۆژنامەو گۆڤار لە ئەوروپا داخراون. تەنانەت بەهۆی ئەو لیستەوە حەلیم دەنەری لایەنگری مەدەنیی پەکەکە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە تەقەی لێکراوەو کوژراوە. ژمارەیەکی زۆر لە ناوەند و رێکخراوەکانی پەکەکە، یان نزیک لە پەکەکە داخراون. لایەنگران و ئەندامانی پەکەکە بۆ خۆپاراستن لەداخستن و گرتن بە بەردەوامی کەناڵ و رێکخراوی نوێ دروستدەکەن و بەفۆرم و شێوەی تر درێژە بەکارەکانیان دەدەن. تورکیا بە پاساوی تیرۆر هەموو ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوخۆی تورکیا، باکووری کوردستان، رۆژئاوا‌و باشووری کوردستان لەدژی پەکەکە ئەنجام دەدات. هەر بەو پاساوە بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان و بەشێک لە باشووری کوردستانی داگیرکردووە و دەیان بنکە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری لەو بەشانەی کوردستاندا دروستکردووە. تورکیا بەپاساوی تیرۆر ٧ حزبی کوردی لەباکوری کوردستان داخستووەو هاوسەرۆک شارەوانیەکان، پەرلەمانتاران و چالاکوانان زیندانی دەکات. رێکخراوە جۆراوجۆرەکان مەدەنییەکان، کەناڵەکان و رۆژنامەکانی کورد دادەخات. جگە لەوانە بەهۆی لیستی تیرۆرەوە پەکەکە دونیای دیجیتاڵ میدیا‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێ قەدەغەیە و بەخێرایی پەیج و ئەکاونتەکانیان دادەخرێت. هەوڵێکی زۆر چڕ هەیە بۆ ئەوەی پەکەکە لە زمانی پەکەکەوە نەناسرێت، بەڵکو لەزمانی کەسانی تر، کە زۆربەیان نەیاری پەکەکەن، کار بۆ ناساندن و پێناسەو وێناکردنی پەکەکە دەکرێت، بەڵام لەو دونیا بەرفراوانەی دیجیتاڵ میدیادا رێگا نادرێت پەکەکە خۆی خۆی بناسێنێت. هەر ئەوەندەی سەکۆیەک و ئەژمارێک دەکەنەوە و ژمارەیەک کەسی لە دەور کۆدەبێتەوە بەخێرایی دادەخرێت، بەڵام ئەوانەی لە دژی پەکەکە بابەت دەنووسن، رێکخراوەکانیان، ئەژمارەکانیان و دونیای دیجیتاڵ میدیا بە روویاندا کراوەیە. ئەو لیستە بووەتە گەورەترین پاساو بۆ رێگریکردن لە کارەکانی پەکەکە لەزۆربەی هەرە زۆری وڵاتان بە تایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا، بەڵام دیوی پشت ئەو لیستە چییەو چی دەگوزرێت. پەکەکە و دۆستەکانی چی‌یان کردووە بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەو لیستانەدا. چیرۆکی لیستی تیرۆر بۆ پەکەکە یەکەم قەدەغەکاریی فەرمی لە دژی پەکەکە لەوڵاتانی رۆژئاوادا لەلایەن ئەڵمانیاوە پەیڕەو کرا. ئەڵمانیا لە ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە لەساڵی ١٩٩٣دا پەکەکەی خستە لیستی رێکخراوە قەدەغەکانەوە. ئەمریکاش لەساڵی ١٩٩٧ پەکەکەی خستە لیستی تیرۆرەوە. لە دوای هێرشکردنە سەر تاوەرەکانی نیویۆرک لە ١١ی سێپتەمەری ٢٠٠١دا لیستی نوێی تیرۆر لەلایەن ئەمریکاو ئەوروپاوە دروستکران. سەرەتا پەکەکە لە هیچ یەک لەو لیستانەدا نەبوو، بەڵام دواتر لەسەر گوشار و داوای تورکیا پەکەکە خرایە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپاو ئەمریکاوە. تورکیا بۆ دانانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر ٧٠ ئارگۆمێنتی پێشکەشی ناتۆ‌و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کردووە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵ بەشێکی زۆر لەو ئارگۆمێنتانەی تورکیا خودی تورکیا‌و ئەڵمانیا و بەشێک لەوڵاتان و کۆمپانیاکانیشی پێ سزادران. دۆسیەی دوسلدۆرف یەکێک لەو ئارگۆمێنتانە رووداوە ناوخۆییەکانی رێکخستنەکانی پەکەکە بوون لە دوسلدۆرف، کە بە کەیسی دوسلدۆرف دەناسرێن. لەو کەیسەدا ئەڵمانیا بڕیاری گرتنی بۆ دوران کاڵکان و عەبدوڵا ئۆجالان دەرکرد. دوران کاڵکان لەسەر ئەو بڕیارە لە ئەڵمانیان گیرا و بەهۆی ئەوەی ئۆجالان لە بوقاع بوو ئەڵمانیا نەیتوانی بیگرێت. کاڵکان ماوەی ٦ ساڵ لەئەڵمانیا زیندانیکرا. دوای ئەوەی نزیکەی ٢٠ ساڵ لەئازادکردنی کاڵکان و رەخسانی دۆخی ئەوەی، کە پەکەکە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، کاڵکان لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە دۆسیەکەی خۆی بردە دادگای مافی مرۆڤی ئەڵمانیاو لەسەر ئەو دۆسیە ئەڵمانیا مەحکوم کراو بەوەش هۆکارو پاساوەکانی بڕیارەکە بۆ دەستگیرکردنی ئۆجالان و کاڵکان بە عەمەلی پووچ بوونەوە. دۆسیەی پاڵمە دۆسیەکی تری گرنگ، کە پەکەکەی زۆر پێ تۆمەتبار دەکراو کرابووە یەکێک لە ئارگۆمێنتە گەورەو بەهێزەکان بۆ ئەوەی پەکەکەی پێ بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، تیرۆرکردنی ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی سوید بوو لە ساڵی ١٩٨٦ دا لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید. راگەیاندنەکانی تورکیا‌و ئەڵمانیا و سوید زۆر بەخێرایی بە چەندین هەواڵ و راپۆرت پەکەکەیان کردە بەرپرسیاری تیرۆرکردنی پاڵمە. لەسەر داوای پۆلیسی ئەمنیی سوید (ساپۆ) داوا لە پۆلیسی ئەڵمانیا کرا وێنەی ئەو کەسە بکێشنەوەو بڵاوی بکەنەوە کە پاڵمەی کوشتوە، ئەوانیش وێنەی کەسێکی قژ رەش و ئەسمەر، کە هاوشێوەی کەسێکی کورد بوو کێشا و وتیان، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان ئەوە بکوژەکەی پاڵمەیە و پەکەکەیە. لە سوید لێکۆڵینەوە لە زیاتر لە ٣٠٠ کورد کرا. تەنانەت ٧٠ کەسی کورد‌و رێکخراو و حزبی کورد لە سوید لەو کاتەدا پەکەکەیان ئیدانە کرد. لەو نێوەندەدا کەس گوێ لە راگەیاندراوەکەی پەکەکە نەگرت، کە رایگەیاندبوو، هیچ پەیوەندییان بە تیرۆری پاڵمەوە نییە. جگە لەوەش هاوسەرەکەی پاڵمە، کە کاتی تیرۆرەکە لەگەڵیدا بوو چەند جارێک وتبوی ئەوەی پاڵمەی کوشتوە، کەسێکە سەروچاوی لە ئەوروپی و ئەسکاندیناڤی دەچوو، بەڵام دەسەڵاتەکانی سوید، ئەڵمانیا و ناتۆ گوێیان لە قسانە نەگرت و هاوسەرەکەی پاڵمە لە دوای ئەو لێدوانانە بە تەواوی گۆشەگیری و بێدەنگیی هەڵبژارد، یان بێدەنگ کرا، بەڵام دوای ٣٤ ساڵ داواکاری گشتیی سوید رایگەیاند، بکوژی پاڵمە کەسێکە بە ناوی ستیگ ئێنگسترۆم-ەوە کوژراوە. بەوەش تۆمەتی تیرۆری پاڵمە بەسەر پەکەکەوە نەما، بەڵام ئەو چالاکوان و هاووڵاتییە کوردانەی لە سوید راستەوخۆ بوونەتە قوربانی و ساڵەهای ساڵە نەیانتوانی لەگەڕەکەکەی زیاتر بۆ هیچ شوێنێک بڕۆن لەگەڵ چالاکوان و پەکەکە داوا دەکەن، سوید داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات و پەکەکەش لەلیستی تیرۆر دەربهێنێت. دادگاکانی بەلجیکا لە دوای داخستنی کەناڵی ئەسمانیی رۆژ تیڤی لەسەر داوای تورکیا داوا لە بەلجیکا کرا ٧٠ کەسایەتی و چالاکوان بە تۆمەتی تیرۆر‌و ئەندامی پەکەکە دەستگیر بکات و رادەستی تورکیایان بکاتەوە، کە ناوەکانی رەمزی کارتاڵ و زوبەیر ئایدار لەو لیستەدا بوو. پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگایکردن دەستپێکرد، بەڵام ئەوەی روویدا پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی تورکیا‌و هاوپەیمانەکانی بوو. دادگای بەلجیکا راگەیاند، پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و ئەوەی روویداوە لە چوارچێوەی جەنگی ناوخۆ لە تورکیا روویداوە. ئەوە ململانێیەکی زۆری لێکەوتەوە، لە دادگای بەراییەوە تاوەکو دادگای ویلایەت لە ویلایەتەوە بۆ دادگای باڵا و لە ئەنجامدا دادگای دەستووری بە گشتی لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوودا هەموو دادگاکانی بەلجیکا رایانگەیاند، پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و داواکەی تورکیای بۆ دەستگیرکردن و رادەستکردنی ئەو کەسانە رەتکردەوە. دیوانی دادپەروەریی ئەوروپا و دادگای لوکسەمبۆرگ لەبەردەوامیی هەوڵەکانی پەکەکە بۆ دەرهێنانی ناوەکەی لەلیستی تیرۆردا، موردا قەرەیلان و دوران کاڵکان بە ناوی پەکەکەوە سکاڵایان لەدژی ئەو بڕیارە و ئەو لیستە تۆمار کردووە و لە رێگەی پارێزەرەکان و ناوەندە یاساییەکانەوە کار بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا دەکەن. یەکێک لەو ناوەندانە پارککەن ئۆلیڤێرای هۆڵەندییە و لە رێگەی ئەو رێکخراوەوە تانەیان لە لیستەکە داوە. لەسەر ئەو تانەیە و دوای ٤ ساڵ لە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە لە ساڵی ٢٠١٨‌دا دیوانی دادپەروەریی ئەوروپا دانیشتنی خۆی بەڕێوەبردو رایگەیاند، ئارگۆمێنتەکانی بەریتانیاو ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ داوای مانەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا لاوازن. هەروەها سکاڵایەکیان لەدادگای لۆکسەمبۆرگ لە دژی لیستی تیرۆرەکە تۆمار کرد‌و لە ئەنجامدا دادگای لوکسەمبۆرگ لەساڵی ٢٠١٧دا رایگەیاند، مانەوەی ناوی پەکەکە لە لیستەکەدا ناهەقییە. مەحکومکردنی وڵاتان بۆ داخستنی کەناڵەکانی نزیک لەپەکەکە لە ئەوروپا جگە لەوانەش لە ئەوروپاو لەسەر داوای تورکیا و بەبڕیاری حکومەتە ئەوروپییەکان و بڕیاری کۆمپانیاکانی مانگی دەستکرد کەناڵەکانی مەد تیڤی، میدیا تیڤی، میدیا خەبر تیڤی، رۆژ تیڤی، میزۆپۆتامیا تیڤی، رۆژنامەی ئۆزگور پولوتیکا و نەورۆز تیڤی داخران، بەڵام لەدوای پرۆسەی بە دواداچوون و تۆمارکردنی سکاڵا داخستنی هەموو ئەو کەناڵانە بە نایاسایی وەسفکراوە و مافی پەخشیان بۆ گەڕاوەتەوە و تەنانەت کۆمپانیای مانگی دەستکردنی یوتێل سات لەسەر داخستنی نەورۆز تیڤی سزای دارایی درا. بەپێی بەڵگەکانی ویکیلیکسیش لە دۆسیەی داخستنی رۆژ تیڤیدا تورکیا بەڵێنی بەسەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی دانیمارک ئاندرێس فو راسموس دابوو، ئەگەر راسموس کەناڵی رۆژ تیڤی دابخات، تورکیاش پشتیوانی لێدەکات بۆ ئەوەی ببێتە سکرتێری ناتۆ‌و ئەویش لەبەرامبەر داخستنی کەناڵێکی کوردی، کە بەپارەی ئابونە و هاوکاریی کرێکارانی کورد بەڕێوەدەچوو، بووە سکرتێری ناتۆ. لەو دۆسیەیاندا چەندجارێک ئەڵمانیاو وڵاتانی تر مەحکوم کراون. کەمپەینەکان و هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەلیستەکەدا پەکەکە جگە لەو هەوڵانە ژمارەیەک کەمپەین و هەوڵی رێکخراوەیی و مەدەنی و جەماوەریی لە ئاستی ئەوروپا جیهان خستووەتەگەڕ تاوەکو ناوخۆی لە لیستی تیرۆردا دەربهێنێت. تا ئیستا لە رێگەی پەرلەمانتارانی دۆستی کوردەوە لە پەرلەمانەکانی ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی لەوانە پەرلەمانی بەریتانیاو سوید داواکراوە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت. لەتازەترین هەوڵدا ١٠٠٣ (هەزار و سێ) کەسایەتی و فەیلەسوف و پەرلەمانتارو سیاسی رۆژی ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ دەستپێشخەرییەکیان بە ناوی «دەستپێشخەریی دادپەروەریی نێونەتەوەیی بۆ کورد» راگەیاند. ئامانجی دەستپێشخەرییەکە ئەوەیە ناوی پەکەکە لەلیستی تیرۆر دەربهێنرێت. بەشێک لەو کەسانەی بەشدارن لەو کەمپەینەدا بریتین لە، ئێلفریدە جێلینک براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات و خەڵکی نەمسا، فەیلەسووفی سلۆڤینی سلاڤۆی ژیژێک، سەرنوسەرو هونەرمەندی ئەمریکی جانێت بیهل، وتەبێژی پارتی پشتیوانی ئەفغانی سیلای غەفار، پەرلەمانتاری ئیسپانیی پەرلەمانی ئەوروپا میگل ئوربان کریسپۆ، فەیلەسووفی کرواتی سرێچکۆ هۆرڤات، بەڕێوەبەری گشتیی ئینتەرناسیۆنالیستی پێشکەوتووخواز دەیڤد ئاڕ کەی ئەدلەر، پەرلەمانتاری ئەنجومەنی ئەوروپا و سیناتۆری ئیتالی رۆبێرتۆ رامپی، وەزیری پێشووی ئیتالیا پاولۆ فێرێرۆ، سیناتۆری باسک لە ئیسپانیا گۆرکا ئیلجاباریتا دیاز، پسپۆڕی مافە نێونەتەوەییەکان پرۆفیسۆر نۆرمان پائچ، سەرۆکی کۆمسیۆنی هاووڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا - تورکیا (EUTCC)/ نەرویج پرۆفیسۆر کریان وێستەرهایم، نووسەر و سەرنووسەری فەرەنسی نیلس ئەندەرسۆن، ئەندامی دەستەی هەماهەنگیی پشتیوانی لەکوردستان لە فەرەنسا / جۆل دوتۆ، ئەندامی دامەزرێنەری ڕێکخراوی دایکانی پلازا دی مایۆی ئەرجەنتینی نورا کۆرتیناس، چالاکوانی ناوداری ئاشتی هیندی پرۆفیسۆر ئاچین ڤانایک، سکرتێری گشتیی کۆمسیۆنی هاووڵاتییانی ئەوروپا – تورکیا (EUTCC) پرۆفیسۆر میخائیل م. گیونتەری ئەمریکی، مافناسی ئەڵمانی بیرتهۆڵدا فریسینۆس، پرۆفیسۆری بۆلیڤیایی رائول پرادا ئەلکۆرێزا، وەزیری پێشووی پلاندانانی ڤەنزوێلا رۆلاند دێنیس، سەرۆک شارەوانیی پێشووی کۆپنهاگن ڤیللۆ سیگوردسۆن، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی ئەوروپای خەڵکی دانیمارک پێرنیل فراهم، داکۆکیکاری ناسراوی مافی مرۆڤ سویدی بێنی گوستاڤسۆن، ئێڕلینگ فۆلکڤۆرد پەرلەمانتاری پێشووی نەرویجی، پیا ماریا ڕۆڵ هونەرمەند و دەرهێنەری شانۆیی لە نەرویج، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سویدی هاکان سڤینلینگ، دامەزرێنەری لوتکەی جیهانی نوێ د.جۆناس ستاڵی هۆڵەندی، پارێزەرو مافناسی ئەڵمانیا دکتۆر ڕۆلف گۆسنەر، وتەبێژی جوڵانەوەی ئاشتیی بەلجیکی لودۆ دی برابەندەر. دەرهێنەری ناوداری سینەمایی کێن لۆچ، پرۆفیسۆری فیزیای ناوکیی پاکستانی و شیکاری پاراستنی سیاسیی پرۆفیسۆر پەرویز هودبهۆی، نووسەری ئەمریکی لوسینا کاتمان، شاعیر و نووسەری مەکسیکی جودیت هیلک، فەیلەسوفی هەنگاری جی. ئێم تاماس، ئەندامی دامەزرێنەری رێکخراوەکانی وەک (Me Ra25 ve DiEM 25) و پرۆفیسۆری ئابوری یانس ڤارۆفاکیس، نووسەرانی سکۆتلاندی جەیمس کێلمان و پاول لاڤێرتی، سیناتۆرە فەڕەنسییەکان پیەر لۆرانت و لۆرێنس کۆهن، لە دامەزرێنەرانی پارتی چەپی ئەڵمانی دکتۆرگریگۆر گیسی، کاندیدی سەرۆکایەتی فەرەنسا بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٢ فیلیپ پوتو، سەرۆکی چەپی ئەوروپا پرۆفیسۆر دکتۆر هاینز بیرباوم، کاریکاتوریست ئیتاڵی سفرکالیکر، کاندیدی سەرۆکایەتی فەرەنسا ژان-لوک مولنچۆن، ئەندامی بەرێوەبەرایەتیی کۆڕی کۆمەڵایەتیی جیهانی گوستاو ماسیا، سەرۆکی لیژنەی زمانی وەزارەتی پەروەردەی نیپال دکتۆر لاڤا دیۆ ئاواستهی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یونان سۆفیا ساکۆرافا، نووسەر و رۆژنامەنووسی پۆڵۆنی تۆماس کۆنیکز، بەڕێوەبەری بزووتنەوەی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان (ماک / MAK) سورەیا سۆغ، یوف ئیلبیلاک، پەرلەمانتاری دانمارکی میشێل ڤانهورنی، ڕێکخەری کۆڕی ژینگەیی چەپی بەلجیکا، ریپۆرتەری تایبەتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و نووسەر پرۆفیسۆر ژان زیگلری سویسری، بەڕێوەبەری یەکێتی مامۆستایانی ئوسترالی جۆن گاوچی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ئەرمەنی لە فەرەنسا ئارا تۆرانیان، چالاکوانی ئاشتیی هیندی و بەڕێوەبەری بزووتنەوەی جیهانیی دژە ناوەکی پرۆفیسۆر ئاچین ڤانایک. پلانی کەمپەینی دەستپێشخەری دادپەروەریی نێونەتەوەیی بۆ کورد ئەو دەستپێخەرییە هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئامانجی کەمپەینەکە لە رۆژنامەکانی سەرتاسەری ئەوروپاو ئەمریکادا، دەیەوێت لەسەرتاسەری ئەوروپا، ئەمریکا، کەنەدا، ئەمریکای باشوور‌و ئوستورالیا بە دانانی چادرو سەکۆو ستاند لەسەر شەقامەکان ٤ ملیۆن ئیمزا بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە کۆبکەنەوە. بۆ ئەوەش داوای هاوکارییان لە کەسایەتییەکان و رێکخراوە جۆراوجۆرەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ کردووە، کە پشتیوانی‌یان بکەن. لە دوای ئەوەی ئیمزاکان کۆکرانەوە، هەر پەرلەمانتارێکی بەشداربووی کەمپەینەکە ئیمزاکان دەباتە پەرلەمانی وڵاتەکەی و داوا دەکات ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەر بهێنرێت. هەروەها ئیمزاکان و داوای کەمپەینەکە بۆ هەموو ناوەندەکان، دامەزراوەکان، دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەمریکاو ناتۆ‌و یەکێتیی ئەوروپاو حکومەتەکان دەنێرن و داوایان لێدەکەن ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا دەربهێنن.