پ.دهۆك حەوت ساڵ لەمەوبەر ئێزیدییەكان لە 3ی ئابی 2014 بەڕۆژی رووناك لەلایەن داعشەوە هێرشیان كرایەسەرو هەزاران ژن و مناڵ و گەنج و پیاو بوونە قوربانی و هەزاران كەسیشیان بەو هۆیەوە كۆچیان كرد بۆ وڵاتانی ئەوروپاو زێدی خۆیان بەجێهێشت. دوای داگیركردنی موسڵ لەلایەن خەلافەتی داعشەوە، رۆژی 3ی ئابی 2014 پەلاماری شەنگالیان داو پیاوەكانیان كوشتن و ژن و مناڵەكانیان بەرەو تەلەعفەرو موسڵ و دواتر بەرەو سوریا و شاری رققە رفاند. ژنان و كچانی داعش كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرا لەنێوان چەكدارەكانی داعشدا و منداڵەكانیشیان پەروەردەی توندوتیژی و كاری توندڕەوانە دەكران. لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە لقی 17ی پارتی شەنگال دەڵێت:» ئێزیدییەكان كوردن و ئایینەكەیان جیاوازە، بۆیە 3ی ئاب داعش ئەو كارەساتەی خوڵقاند». ئدریس زوزانی ، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە لقی 17ی پارتی شەنگال كە ئێستا لەپارێزگای دهۆك دەوام دەكەن لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « رۆژی 3ی ئابی 2014 بەلای پارتی-یەوە فەرمانێك بوو بەسەر ئێزیدییەكاندا هات، ئەمە پێشتر دیراسەت كرابوو ئەوانەی ویستیان لە شەنگال بدەن زۆر بەجددی هاتوون بۆ ناو گۆڕەپانەكە، دەیانویست دوو شت بكەن، یەكەم، دۆخی شەنگال تێكبدەن و دووەم دەیانویست ئێزیدییەكان. لە قەومیەتی خۆیان كە كوردن دووربكەونەوە، چونكە ئێزیدی كوردن و ئایینەكەیان جیاوازە، بۆیە ئەو كارەساتە گەورەیەیان بەرامبەر ئەنجامدا». « ئەو هێزو لایەنانەی پارتی تۆمەتباردەكەن بەوەی شەنگالی بەجێهێشتووە لەئەسڵدا ئەوان خیانەتكارن، هەر ئەوانە شەنگالیان كوشت، هەر ئەوانن كەخەڵكی ئێمە لەبەرئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆ ناوخۆو دەرەوەش زۆر روون و ئاشكرا بووە كە ئەوانە قبوڵ ناكەن رێككەوتنی بەغداو هەولێر جێبەجێ بكرێت، ئەوەش لەبەر ئەجێندای تایبەت بەخۆیان، بەهیچ شێوەیەك خیانەتمان لەخەڵكی شەنگال نەكردووە، بەپێچەوانەوە خزمەتكاری ئێزیدی و خەڵكی شەنگالین تاماوین بەرگرییان لێ دەكەین، ئێمە خاوەنی قەزیەی شەنگالین» ئدریس زۆزانی وای وت. جێگری ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات دەڵێت:» لە 3ی ئابدا لەم رۆژەدا هەموو جیهان بێدەنگ بوون لەبەرامبەر ئەو كارەساتەی كە رووبەڕووی ئێزیدییەكان بووەوە». حەسۆ ئیبراهیم، جێگری ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات بە هاوڵاتى وت: « رۆژی 3ی ئابی 2014 بەگەورەترین كارەساتی چەرخی 21 دادەنێن، لەم رۆژەدا هەموو جیهان بێدەنگ بوون لەبەرامبەر ئەو كارەساتەی كە رووبەڕووی ئێزیدییەكان بووەوە، راستە لەماوەی رابردوو هەندێك پەرلەمانی وڵاتە ئەوروپییەكان رۆژی 3ی ئابی 2014یان وەكو جینۆساید ناساندووە، بەڵام بەداخەوە تەنها قسەكانیان لەسەر كاغەز ماوەتەوەو هیچ شتێكی كردەیی بۆ خەڵكی شەنگال نەكراوە«. هەروەها حەسۆ ئیبراهیم باسی لەوەشكرد كە رەخنەیان لەحكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانە كە خۆیان بێدەنگ كردووە لەبەرامبەر قەزیەی شەنگال «تەنها هەندێك شت دەكەن تا ئێزیدییەكان سەرقاڵ بكەن و هەندێك جار ئاوا باس لە شەنگال دەكەن كەئێستا دۆخەكەی نائارامە و كێشەی تێدایە، نایانەوێت قەزیەی شەنگال بە جینۆساید بناسرێت لەعێراق و تەواوی ناوەندە نێودەوڵەتییەكان، چونكە ئەگەر بووە جینۆساید هەموو ئەوانەی بوونە هوكاری كوشتن و رفاندنی ئێزیدییەكان ئاشكرا دەكرێن و دواتر دەدرێنە دادگا «. «داوا لەحكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین دەستبەرداری ئەو سیاسەتە هەڵەیە بن كە چەندین ساڵە بەرامبەر خەڵكی شەنگال ئەنجامی دەدەن، قسەیەكی كوردی هەیە كە دەڵێت با هیچ كەسێک گوێزی خۆی لسەر دڵی ئێمە نەشكێنێت، داوا لەهەردوو حكومەت دەكەین چیتر گوێزی خۆیان لەسەر دڵی ئێزیدییەكان نەشكێنن ،پێویستە هەردوو حكومەت پێداچوونەوە بەسیاسەتی خۆیاندا بكەن، بەشێوەیەك كارێك بكەن لەبەرژەوەندی ئێزیدییەكان نەك بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان «حەسۆ ئیبراهیم وا دەڵێت. فەرماندەی حەشدی شەعبی لە شەنگال پێیوایە ئەگەر هەر لەدوای ئازادكردنی شەنگال پارتی دەستبەرداری ئیدارە كۆنەكە ببوایە حكومەتی عێراق ئیدارەیەكی نوێی دادەنا. خال عەلی، فەرماندەی حەشدی شەعبی لەشەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «رۆژی 3ی ئابی 2014 جینۆساید و كۆمەڵكۆژییە، چارەسەرنەكردنی دۆخی شەنگال و كێشەكان بەشێكی زۆر پەیوەندی بەپارتییەوە هەیە، ئەگەر هەر لەدوای ئازادكردنی شەنگال پارتی دەستبەرداری ئیدارە كۆنەكە ببوایە، دڵنیام حكومەتی عێراق ئیدارەیەكی نویێیان دادەناو قایمقامێكی تازەیان دادەنا، چونكە نابێت قەزایەك بێ ئیدارە و قایمقام بێت «. خال عەلی ئەوەشی روونكردەوە كە هەرلە رۆژی هێرشكردنی داعش بۆ سەر شەنگال تائێستا بەرگرییان لەخاكی شەنگال كردووەو ئەركی خۆیانەو هیچ منەتێكی تێدا نییە.
شاناز حەسەن بەڕێوەبەری بەشی ئایتی لەوەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوە بەوە دەدات لەسەدا 9ی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لەئێستادا ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە. حەربی كەتۆ، بەڕێوەبەری بەشی ئایتی لە وەزارەتی تەندروستی، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:»ئامارەكان بەژمارە ورد نین، چونكە دەقە بەدەقە دەگۆڕێت، بەڵام بەپێی ژمارەی دانیشتوان تائێستا نزیكەی لەسەدا 9ی دانیشتوانی هەرێم ڤاكسینیان وەرگرتووە». لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 131 بنكەی وەرگرتنی ڤاكسین هەیەو هاووڵاتیان لە رێگەی سیستمی ئۆنلاینی كورد ڤاكس-ەوە دەتوانن ناوی خۆیان و زانیاری تەمەن و شوێنی نیشتەجێبوونیان دیاریبكەن و بەكۆدێك دێتەوە بۆ ژمارە موبایلەكانیان و كات و بنكەی وەرگرتنی ڤاكسینەكەیان بۆ دیاریدەكرێت. هەروەها بەڕێوەبەری بەشی ئایتی لەوەزارەتی تەندروستی هەرێم، ئەوەشی روونكردەوە رۆژانی شەممە تایبەت كراوە بەفەرمانبەران و رۆژانی سێشەممە بۆ مامۆستایان تا بتوانن زۆرترین هاووڵاتی ڤاكسین وەربگرێت. هاوكات حەربی كەتۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لەئێستادا ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیان دەیانەوێت ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن و وتیشی:» خەڵكەكە زیاتر روو لەوەرگرتنی ڤاكسین دەكەن، چونكە شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنایەو مەترسییەكە زیاتر بووەو خەڵكیش هۆشیار بووەتەوە كە تەنیا چارەسەری ئەم ڤایرۆسە وەرگرتنی ڤاكسینە». تائێستا لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 460 هەزارو 300 كەس ناویان لەسیستمی كوردڤاكس بۆ وەرگرتنی ڤاكسین تۆمار كردووە.
عەمار عەزیز حەوت ساڵ بەسەر كارەساتی ئێزییدیەكاندا تێپەڕ دەبێت كە گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و بەشێك لەهێزە عێراقییەكان لەژێر جنگی داعش دەریانهێنا، بەڵام هێشتا برینەكانی ساڕێژ نەكراوەو هەزاران كەسیان بێسەروشوێنن. رۆژی 3ی ئاب بووەتە رۆژێكی لەبیرنەكراو بەتایبەت بۆ ئێزیدییەكان كە خاك و خەڵكەكەی لەدەست داعش رزگاركران لەلایەن گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و بەشێك لەهێزە عێراقییەكان. رۆژی 9ـی تشرینی یەكەمی 2020 هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەژێر ناونیشانی «ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال» رێككەوتنێكیان واژۆكرد، ئامانج لەڕێككەوتنەكە كشانەوەی سەرجەم هێزە چەكدارەكان بوو لەشەنگال و دەستپێكردنی ئاوەدانكردنەوەی شەنگال و گێڕانەوەی ئاوارەكان بوو بۆ قەزاكە. رێككەوتنەكە بەشێوەیەك بوو، دۆخی شەنگال بۆ پێش ساڵی 2014 و هاتنی داعش بگەڕێندرێتەوە، كاتێك لەو ساڵەدا داعش زنجیرەیەك تاوانی گەورەی بەرامبەر ئێزیدییەكان ئەنجامداو جگە لەكوشتنی سەدان ئێزیدی، هەزاران ژنی ئێزیدی رفاند، ئەوەش بەیەكێك لەگەورەترین تاوانەكانی مێژووی عێراق تۆمار دەكرێت. شەنگال دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای موسڵ و لەچوارچێوەی پارێزگای نەینەوادایە، (50) كیلۆمەتر لەسنوری شاری حەسەكە لەسوریا دوورە و (70) كیلۆمەتر لەسنورەكانی توركیاوە دوورە. چارەنووسی رفێنراوانی ئێزیدی و پرۆسەی رزگاركردنیان عیدو خەلەف، خەڵكی قەزای شنگالە، ماوەی حەوت ساڵە چاوەڕێی رزگاركردنی باوك و دوو براو خوشكێكی خۆی دەكات لەلێدوانێكدا بە وت:» باوكم هەر لەدوای كارەساتی شەنگال لەگەڵ دوو براو خۆشكێكم بێسەرشوێنن، نازانین مردوون یاخود هێشتا لەژیاندا ماون، شوێنێكمان نەهێشتووە كەسەردانمان نەكردبێت، حەوت ساڵە چاوەڕێ دەكەم ، بێزاربووین لەچاوەڕوانی». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە بەرپرسانی عێراق هیچ شتێكیان بۆ نەكردوون»ئەوەی كراوە بەسوپاسەوە حكومەتی هەرێم زیاتر لەسێ هەزار رفێنراوی ئێزیدی لەژێر دەستی داعش رزگاركرد، ئەگەر ئەوان نەبان ئەوانەش رزگار نەدەبوون». «رۆژ و شەو دەژمێرم، تەنها و تەنها چاوەڕێی هەواڵێكی خۆشی رزگاربوونی باوكم و براو خوشكی خۆ دەكەم، هیوادارم بەرپرسانی عێراق و هەرێم كێشەكانمان چارەسەر بكەن و بەزووترین كات رفێنراوەكانمان رزگاربكەن»، عیدۆ خەلەف وای وت. سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی ئامارەكانی ئازادبووانی ئێزیدی و بێسەروشوێنانیان بۆهاوڵاتى دەخاتەڕوو. خەیری بۆزانی، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « لەماوەی حەوت ساڵی رابردووەوە لەكۆی شەش هەزار و (417) رفێنراوی ئێزیدی تائێستا سێ هەزار و (445) كەس رزگاركراون و زیاتر لەسێ هەزار كەسی تر هێشتا لەژێر دەستی داعشدان». هەروەها دڵنیایدایە كەسوكاری بێسەروشوێنانی ئێزیدی كەكارەكانی نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوان بەردەوام دەبێت تا هەموویان رزگار دەكەن. گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدییەكان عەلی مچۆ، خەڵكی گوندی تل قەسەبە سەر بە قەزای شەنگال، ماوەی حەوت ساڵە لەكەمپی شاریا سەر بەشاری دهۆك دەژیت بە وت: « كاتێك ئێمە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووین وتمان چەند مانگێك لەدهۆك دەبین و دواتر دەگەڕیێنەوە ، قەد بیرمان لەوە نەكردبووەوە حەوت ساڵ بمێنینەوە، لە هەموو شتێك بێزاربووین، لەژێر خێوەتدا و بەم گەرمایە ژیانمان وەك دوزەخ وایە ، ئەوەندە گەرمە ، لەزستانیش بەهۆی سەرما ناحەوێینەوە». عەلی مچۆ ئەوەی دووپاتكردەوە كەهەموو كەسێك حەزدەكات بگەڕێتەوە سەر خاكەكەی خۆی بەڵام لەكاتی داعش خانووەكەی تەقێنراوەتەوەو خزمەتگوزاری وەكو ئاوو كارەبا نیە، وتیشی:»گەڕانەوەی ئێمە بووە بەخەون». لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لەناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان كەسەرپەرشتی هەموو كەمپەكانی ئاوارەیی سنوری پارێزگای دهۆك دەكات دەڵێت:»(65) هەزارو (282) ئاوارەی ئێزیدی لەدهۆكدان». كاروان زەكی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لەناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان كەسەرپەرشتی هەموو كەمپەكانی ئاوارەیی سنوری پارێزگای دهۆك دەكەن لەلێدوانێكدا بە وت: «ئێستا (65) هەزار و (282) ئاوارە لەسنوری پارێزگای دهۆكدا دەژین، دەرگا كرایەوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، ئێمە هیچ رێگرێیان لێناكەین ، بەپێچەوانەوە هاوكار دەبین بۆ گەڕانەوەیان، بەڵام رێژەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی شەنگال زۆر كەمە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی شەنگال لە رووی ئەمنی و كەمی خزمەتگوزاریی .» «تەنها لە 13ی تەمموزی ئەم ساڵ (237) خێزان لە شەنگالەوە دووبارە گەڕاونەتەوە دهۆك، ئێمە دووبارە چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو ئاوارانە دەكەین كەدەگەڕێنەوەو شوێنیان بۆ دابیندەكەین»، كاروان زەكی وا دەڵێت. كەمپی خانكێ لە پارێزگای دهۆك دوو هەزارو (692) خێزان لەخۆدەگرێت، بەڕێوەبەری كەمپەكە دەڵێت:» گەڕانەوەی ئاوارەكان زۆر كەمە». پیر عەلو كەچەل، ماوەی چوار ساڵە بەڕێوەبەری كەمپی خانكێ-یە، دوو هەزارو (692) سەرۆك خێزانی قەزای شەنگال لەناو كەمپی خانكێ دا دەژین بە وت « لەماوەی چوار ساڵدا تەنها نزیكەی (100) خێزان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئەمەش رێژەیەكی زۆر كەمە». ناوبراو پێیوابوو ئەگەر وابڕوات و دۆخەكە هەر چارەسەرنەكرێت حەوت ساڵی تریش ئاوارەكان ناگەڕێنەوە، وتیشی:»تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە و رێككەوتنی بەغداو هەولێر بەتەواوی جێبەجێ نەكرێت بەدڵنیایەوە ئاوارەكان ناگەڕێنەوە». ئەنجومەنی خۆسەری شەنگال: هاوكار دەبین بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان فارس حەربۆ، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی ئەنجومەنی خوسەری دیموكرات لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» هەموو ئەو هێزانەی لەشەنگالن بەفەرمی سەر بە حكومەتی عیراقن بە یەبەشەوە، لەڕووی ئەمنییەوە شەنگال زۆر ئارامە و هیچ كێشەیەكی ئەمنی تێدا نیە». حەربۆ پێیوابوو نەگەڕانەوەی ئاوارەكان هیچ پەیوەندی بەدۆخی ئەمنییەوە نییە، وتیشی:»تائێستا لەسەدا 35%ی ئاوارەكانی شەنگال گەڕاونەتەوە، 10% روویان لەدەرەوە كردووە، ئەوانەی دیكەش لەهەرێمی كوردستانن». فارس حەربو ئەوەی دووپاتكردەوە كەهەوڵدەدەن هەموو ئاوارەكان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و هەر ئاوارەیەك بگەڕێتەوە لەبازگەكان زۆر هاوكاردەبن كەدێنە شەنگالیش بەپێی توانا هاوكاریی ئەو خێزانانە دەكەن. قایمقامی شەنگال: دۆخی ئەمنی شەنگال لەهەولێر باشترە قایمقامی قەزای شەنگال دەڵێت:» حكومەتی عیراق زۆر كەمتەرخەم بووە بەرامبەر ئەو كارەساتە گەورەیەی بەرامبەر بەخەڵك كراوە». فەهد حامد، قایمقامی قەزای شەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « شەنگال لە رووی ئەمنییەوە لەهەولێرو بەغداش باشترە، ئەوانەی دەڵێن دوخی شنگال ئارام نیە دیارە هەندێك مەبەستیان پێ هەیە و هیچ لەدۆخی شەنگال نازانن». هەروەها قایمقامی شەنگال هێمای بۆ ئەوەكرد كەخانووە رووخاوەكان تائێستا وەك خۆیان ماونەتەوە، ئەوەی ئێستا دەكرێت زۆرینەیان رێكخراوەكانی ناوخۆو دەرەكی دەیكەن وتیشی:» تائێستا دەیان خۆیندنگاو نەخۆشخانەو شوێنە گشتییەكانیان نۆژەن كراوەتەوەو هەزاران هەلی كار بۆ گەنجان و خەڵكی ناوچەكە لەلایەن ئەو رێكخراوانەوە جێبەجێ كراوە. «»تەنها لەمانگی 6ی ساڵی 2020 تاوەكو كۆتایی ساڵی رابردوو حەوت هەزار خێزان لە هەرێمی كوردستان گەڕانەوە شەنگال، بەڵام دوای راگەیاندنی رێككەوتنی هەولێرو بەغدا كە لەمانگی 10ی ساڵی 2020 ئیمزاكراوە ، گەڕانەوەی ئاوارەكان زۆر كەمبووتەوە ، ئێستاش خەڵك دەگەرێتەوە بەڵام لەوانەیە لە حەفتەیەكدا تەنها سێ تا چوار خێزان بگەڕێنەوە، كە ئەمەش رێژەیەكی زۆر كەمە» فەهد حامد وای وت. راگرتنی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەڵدانەوەی گوڕە بەكۆمەڵەكانی شەنگال هەر لە 24ی تشرینی یەكەمی 2020 تائێستا راگیراوە، هیچ وادەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی كارەكە دیارینەكراوە، لە هەمانكاتیشدا زیاتر لە (200) روفاتی كوجۆ لەپزیشكی دادی بەغدان تائێستا پشكنینەكانیان تەواو نەبووە. مەروان جدعان، نوێنەری كەسوكاری گوندی كۆجۆ لەكەمپی چەم مشكۆ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» زۆر نیگەران و توڕەین لەبەرپرسانی بەغدا، نزیكەی حەوت ساڵە هاوارو تكا دەكەین گوڕەكان هەڵبدرێنەوە و رووفاتەكانمان لەبەغدا بگوازنەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام بەداخەوە داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكراون، داوای هیچ شتێكی گەورەمان نەكردووە، ئەمە ئەركی حكومەتی عێراقە پێویستەكە ئەم كارەیەمان بۆ بكات». دوو برای مەروان بەدەستی چەكدارانی داعش شەهیدكراون، تەرمی هەردوو براكەی لەگەڵ سەدان تەرمی تر لەپزیشكی دادی بەغدان، كەسوكارییان لەچاوەروانیدان تا بەخاكبسپێردرێن «زۆرجار لەكاتی هاتنی وەفدی حكومەتی عێراق و هەرێم بۆ كەمپی چەم مشكۆ داوامان لێكردوون پەلەبكەن لەتەواوكردنی پشكنینەكان بۆ رووفاتەكان، چونكە كەسوكاری قوربانیان بێزاربوونە لەو هەموو چاوەڕوانیە، وا بڕوات دەبێت چەند ساڵێكی تریش هەر چاوەڕوان بین». ئەندامێكی دەستەی دۆزینەوەو هەڵدانەوەی گۆرە بەكۆمەڵەكانی ئێزیدییەكان لە شەنگال دەڵێت:» هەڵدانەوەی گۆرەكان لەدەسەڵاتی بەغداددایەو ئەوان رایانگرتووە». فەلاح حەسەن، ئەندامی دەستەی لێكۆڵنەوەو كۆكردنەوەی زانیاری لەتیمی نیشتیمانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جەختی لەوەكردەوە كەهەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ماوەیەكە راگیراوە، ئەوەش بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، وتیشی:»دواینجار كە دەستمان بەهەڵدانەوەی گوڕە بەكۆمەڵەكان كرد لە 24ی تشرینی یەكەمی 2020 دوای ئەوە كارەكە راگیرا و هەر لەوكاتەوە تائێستا هیچ گوڕێكی بەكۆمەڵ هەڵنەدراوەتەوە«. فەلاح حەسەن ئەوەشی ئاشكراكرد كە (20) گوڕی بەكۆمەڵ هەڵدراونەتەوە، لەناو ئەو گۆڕانەدا تەرمی زیاتر لە (350) كەس دەرهێنراون، هەموو روفاتەكان رەوانەی پزیشكی دادی بەغدا كراون بەمەبەستی ئەنجامدانی پشكنین بۆ رووفاتەكان ، لەم ژمارەیە تەنیا (104) رووفات لەبەغدا گەڕێنرانەوە بۆ گوندی كوجۆو لەوێ بەخاكسپێردراون ، زیاتر لە (200) تەرم لەپزیشكی دادی بەغدان كە هێشتا پشكنینیان تەواو نەكراوە « . یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان لە 15ی ئازاری 2019 بەبڕیاری حكومەتی عیراق لەگوندی كۆجۆی قەزای شەنگال دەستپێكرا، تیادا (364) تەرم لە (17) گۆڕدا دەرهێنران، ئەوەش بەپێی ئاماری فەرمی تیمی روفاتەكان سەر بە حكومەتی عێراق . «هەندێك گۆڕی بەكۆمەڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، كاریگەری كردووەتەسەر بەشێك لەگۆڕەكان و هەڵدانەوەو ناسینەوەی ناسنامەی تەرمەكان دوو جار قورس كردووە».
شاناز حەسەن ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە ژمارەی تووشبووان بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستاندا لەبەرزبونەوەدایەو هاووڵاتیانیش بەلێشاو روودەكەنە بنكە تەندروستییەكان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین. رۆژی دووشەممە 26ی تەمموز، سامان بەرزنجی لەپارێزگای دهۆكەوە هۆشداریدایە هاووڵاتیان كە بچن ڤاكسین لەخۆیان بدەن، ئەوەش دوای ئەوەی ئامارێكی مەترسیداری تووشبوانی راگەیاند كە زیاتر لەسێ هەزار كەس بووە لە (24) كاتژمێردا. هەروەها هەریەك لەپارێزگای سلێمانی و هەولێر چەندین رێنماییان بڵاوكردەوە بۆ خۆپاراستن لەكۆرۆناو وەرگرتنی ڤاكسین. هاووڵاتیان بەدەم داواكارییەكەی وەزارەتی تەندروستییەوە دەچن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین. محەمەد محێدین، پیاوێكی تەمەن (46) ساڵە لەشاری سلێمانی، باس لەوە دەكات خۆی و كوڕەكەی چەندین كاتژمێر نۆرەیان گرتووە تابتوانن ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن و وتی:»رۆژێك زیاتر لەچەند كاتژمێرێك نۆرەمان گرت تا بتوانین ڤاكسینەكە وەربگرین و خۆمان لەمەترسی تووشبونی كەمبكەینەوە». محەمەد و كوڕەكەی دوو ژەمە ڤاكسینیان وەرگرتووەو بەهاوڵاتى وت:»ئێستا لەڕووی دەرونیشەوە زۆر ئارامترین، چونكە هەست دەكەم بەرگریم پەیدا كردووەو بەهێزترم بەرامبەر ڤایرۆسەكە». هاووڵاتیەكی شاری كەلار باس لەوە دەكات هەردوو ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووەو بەهاوڵاتى وت:» وەرگرتنی ڤاكسین یەكێكە لەڕێكارە خۆپارێزییەكان و پێویستە هەموو هاووڵاتیان وەریبگرن و هیچ مەترسییەكی نیە». سەردار بابەكر، كوڕێكی تەمەن (31) ساڵە دانیشتووی كەلارە، وتی:» راستە بەم وەرزی گەرمایە چەندین كاتژمێر دەبێت نۆرە بگری بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، بەڵام پاراستنی تەندروستی لەهەموو شتێك گرنگترە». لەشاری هەولێریش خەڵكی بۆ وەرگرتنی ڤاكسین رۆژانە چەندین كاتژمێر چاوەڕوانن تا بتوانن ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن. بێدار موسا، كوڕێكی تەمەن (32) ساڵە لەشاری هەولێر، ماوەی دوو هەفتەیە ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووەو ئێستا لەچاوەڕوانی ژەمی دووەمی ڤاكسینەكەیە، بە وت: «من زۆر بەپەلەم لەوەرگرتنی ڤاكسینەكە، چونكە دەزانین تاكە هۆكارە بۆ پەیداكردنی بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا». ئەم كوڕە ئەوەی گێڕایەوە، پێش وەرگرتنی ڤاكسینەكە لەڕووی دەروونیەوە زۆر نائارام بووە و وتی:» هیچ هەست بەمەترسی ناكەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەش خۆم دەپارێزم». بێدار ئێستا چاوەڕوانی ئەوەیە نۆرەی بێت ژەمی دووەمی ڤاكسینەكە وەربگرێت. هاوكات شڤان جەمال، (23) ساڵ، دانیشتووی دهۆكەو دوو رۆژە ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووە، بۆ هاوڵاتى ئەوەی خستەڕوو خەڵكانێكی زۆر لەئێستادا چاوەڕوانی وەرگرتنی ڤاكسینن و جێگەی دڵخۆشییە كە دەچن بۆ وەرگرتنی لەكاتێكدا پێشتر خەڵك ترسی هەبوو لەوەرگرتنی ڤاكسینەكە. شڤان ئەوەشی روونكردەوە كە پێشتر زۆر دەترسا لەبەكارهێنانی ڤاكسینەكە، بەڵام هیچ نیشانەیەكی نەبووەو تەنیا وەك هەر دەرزییەكی دیكە بووە. رۆژنامەیهاوڵاتى بۆ هاندانی هاووڵاتیان تا دووربن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەڕێگەی ئەم راپۆرتەوە دەیەوێت پاڵپشتی بۆ وشیاركردنەوەی هاووڵاتیان ئەنجامبدات. شێنێ خدر، تەمەن (34) ساڵ، دانیشتووی هەڵەبجە، ماوەی هەفتەیە ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووەو بەهاوڵاتى وت:» من رۆژێك زیاتر نۆرەم گرت تا توانیم ڤاكسینەكە وەربگرم، بەڵام ئاواتەخوازم بتوانم ژەمی دووەمیش وەربگرم، چونكە ئێستا هەست دەكەم بەرگرییەكم بۆ ڤایرۆسەكە هەیە و ترسم كەمتر بووەتەوە». ئەم كچە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، دوای ئەوەی خۆی ڤاكسینەكەی وەرگرتووە و دایكی و باوكی بردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش ڤاكسینەكە وەربگرن و لە مەترسی كۆرۆنا بەدوور بن. شێنێ، جەختی لەوەشكردەوە»جێگەی خۆشحاڵییە زۆربەی خەڵك لەئێستا دەیانەوێت ڤاكسینەكە وەربگرن و ماوەی چەندین كاتژمێر هەوڵی بەدەستهێنانی بدەن». بەڵێن مستەفا، تەمەن (٢٩) ساڵ، وتی:» پێویستە هەموومان بچین و ڤاكسین وەربگرین، چونكە هیچ ترسی نیە و تاكە هۆكارە بۆ زیادكردنی بەرگری لەشمان لەو ڤایرۆسە». لەمانگی سێی ئەمساڵەوە ڤاكسینی كۆرۆنا گەیشتە هەرێم و تائێستا زیاتر لە (200) هەزار ڤاكسین بەهەرسێ جۆرەكەیەوە گەیشتووەتەوە هەرێمی كوردستان. ئارام رۆستەم، راوێژكاری وەزیری تەندروستی، لەلێدونێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئێمە تائێستا نەمانتوانیوە ڤاكسینی كۆرۆنا بكڕین، چونكە كۆمپانیا ئەمریكی و ئەڵمانەكە تەنیا لەگەڵ كۆڤاس مامەڵە دەكەن و ئەوانیش زیاتر لەگەڵ دەوڵەت هەڵسوكەوت دەكەن و ئێمەش دەوڵەت نین، بۆیە نەمانتوانیوە بیكڕین». كۆڤاس، كۆڕبەندێكی جهانییە، بۆ كڕین و فرۆشتنی ڤاكسین، تەنیا كار لەگەڵ دەوڵەتەكان دەكات. دكتۆر ئارام رۆستەم، روونیشی كردەوە كەوەزارەتی تەندروستی، لەپلانیدایە، دوو ملیۆن و (400) هەزار ژەم ڤاكسین بكڕن لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان. راوێژكارەكەی وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو كە لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ كڕینی ڤاكسین و تائێستا زۆر گرێبەستیان كردووە لەگەڵ زۆر لە كۆمپانیاكان و هیوادارن لەماوەیەكی كورتدا بتوانن بیكڕین. هەروەها جەختی لەوەشكردەوە «ئەو وەفدەی ئێستا لەواشنتنە لەڕێگەی ئەوانەوە كارمان بۆ بكەن بۆ ئەوەی بتوانین ڤاكسین لەئەمریكا بكڕین». «ئێستا هەموو ئەمەلمان ڤاكسینە چینیەكەیە، كە خۆشمان وەك وەزارەت بەكارمانهێناوە و گونجاوە، بۆیە لەوانەیە بتوانین بیكڕین»، راوێژكارەكەی وەزیری تەندروستی وادەڵێت. تائێستا لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە (214) هەزار تووشبووی كۆرۆنا دەستنیشانكراون، (192) هەزار و (351) کەس لەو تووشبووانە چاكبوونەتەوە و چوار هەزارو (689) تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
ماردین نورەدین وەزیرێكی كابینەی نۆیەم لەسەر پشكی گۆڕان دەڵێت:» هەوڵمانداوە ئەو بەڵێنانەی بەخەڵكمان داوە جێبەجێی بكەین و پاشەكشەی لێناكەین»، بەرپرسێكی پێشووی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیش دەڵێت:»گۆڕانی پێشوو و ئێستا دروست جیاوازی نێوان نەوشیروان مستەفاو عومەری سەید عەلی-یە». بزوتنەوەی گۆڕان وەكو هێزێك و قەوارەیەكی بەهێز لە 25/7/2009 دەركەوت، بەڵام دەستپێكی بیرۆكەكە و راگەیاندنی وەك قەوارەیەكی سیاسی و لیستێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی چواری ساڵی ٢٠٠٩، بەدیاریكراوی رۆژی ١١/٤/٢٠٠٩ كاتێك نەوشیروان مستەفا لەدیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی «الشرق الاوسگ»ی لەندەنی ژمارە ١١٠٩٢ ئاشكرای كرد كە رێبەرایەتی لیستێكی تایبەت دەكات، جیاواز لەلیستی حزبەكانی تری كوردستان، بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان. بزوتنەوەی گۆڕان لەخولی سێیەمی پەرلەمان لە 2009دا بووە خاوەنی (25) كورسی پەرلەمان بە رابەرایەتی نەوشیروان مستەفاو دواتر لە 2013 توانی (24) كورسی بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام لەهەڵبژاردنەكانی 2018 و پاش ساڵێك لەكۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا كورسییەكانی پەرلەمانی بۆ نیوە دابەزی و تەنها (12) كورسی بەدەستهێنا. كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە 19ی ئایاری 2017 وای كرد كێشە ناوخۆییەكانی لەناو بزوتنەوەكەدا زیاتر كرد بەتایبەت دوای دانانی عومەر سەید عەلی وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەو هۆیەوە بەشێك لەهەڵسوڕاوە دیارەكانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی وازهێنانی خۆیان لەبزوتنەوەكە راگەیاند كە ئێستا بە»هەڵسوڕاوانی خوار گردەكە» ناو دەبرێن. بزوتنەوەی گۆڕان لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی چوار وەزیرو چوار وەكیل وەزیرو چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی بەشدارەو دروشمیان سەروەری یاساو شەفافییەت بووە، بەڵام بەشێك لەو هەڵسوڕاوانەی وازیان لەبزوتنەوەكە هێناوە رەخنەبارانی دەكەن. عەبدولڕەزاق شەریف، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان یەكێك بوو لەوانەی دەستی لەكاركێشایەوە بەهۆی نیگەرانییەكانی لەسیاسەتی كاركردنی بزوتنەوەی گۆڕان، لەلێدوانێكدا بەبۆنەی ساڵیادی گۆڕانەوە بەهاوڵاتى وت:» جیاوازی نێوان گۆڕانی پێشوو لەگەڵ گۆڕانی ئێستا دروست جیاوازی نێوان نەوشیروان مستەفا و عومەری سەید عەلی-یە». هەروەها وتیشی»گۆڕان لەدوای مەرگی كاك نەوشیروان وەك پرۆسەیەكی سیاسی و رێكخراوەیی و جەماوەری بۆ گۆڕانكاری كۆتایی هات دەكرێ ئێستا ناوێكی تری لێبنرێ، بەڵام هەموو ناوێك و تەنیا گۆڕان نا ....». ئەوانەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندان داكۆكی لەبزوتنەوەكە دەكەن سەرەڕای ئەوەی داوای پێداچوونەوە بەسیاسەت و كاركردنی بزوتنەوەكەدا دەكەنەوە. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەپشكی گۆڕان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: «هێزێكی سیاسی پێویستی بەوە هەیە كەبەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ خۆی و بۆ بارودۆخەكە بكات بۆ ژینگەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی وڵاتەكەی خۆی بكات، پەیوەندی لەگەڵ دەنگدەرەكانی و جەماوەرەكەی و دامودەزگا دەوڵەتی و دەستورییەكانداو رێكخراوە مەدەنییەكان و میدیا و پەیوەندییەكان و دیبلۆماسییەتدا بكات». ناوبراو پێشیوابوو كە بزوتنەوەی گۆڕان هێزێكی جەماوەریی و دەنگدەرە پێویستی بەهەڵسەنگاندنەوەی بەردەوام هەیە، وتیشی»پێویستی بەوە هەیە توانای وەڵامدانەوەی بارودۆخەكەی هەبێت، توانای نوێبوونەوەی سروشتیانەی لەنێو خۆیدا هەبێت، ئەوەش لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن و رەخنە لەخۆگرتن و تووێژینەوە و خوێندنەوەی قۆناغەكان و رووداوەكان و كاتەكان و شوێنەكان و بارودۆخەكان دەتوانێت ئەم كارە بكات». هاوكات هەڤاڵ ئەبوبەكر پێشیوابوو بەلایانەوە پەسەندە كە بەردەوام بزوتنەوەی گۆڕان بتوانێت بەهەمان ئەو هێزو تەوژمەی كە هەیبووە كاربكات و داكۆكیكەرو پارێزگارێكی راستەقینەی داوا رەواكانی خەڵك بێت و بتوانێت بنەماكانی دەوڵەتداری بەهێزو پتەو جێگیر بكات، پێویستی بەوە هەیە لەپڕۆسەی بەخۆداچوونەوەی بەردەوامدا بێت. بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕانەوە، بزوتنەوەكە پێنج ئەندامەكەی فراكسیۆنەكەی لەبەغدا لەدەستدا و ئەو (12) ئەندامەی پەرلەمانی كوردستانیش تەنها شەش كەسیان پابەندن بەسیاسەتی رێكخراوەیی بزوتنەوەكەوە. بەڵێن ئیسماعیل پەرلەمانتاری گۆڕان بەهاوڵاتى وت»بزوتنەوەی گۆڕان لەنێو خەمی خەڵكدا دروستبووە و ناڕەزایی خەڵك لەسیستمی حوكمڕانی و لە چەقبەستویی حزبایەتی لەگۆمی مەنگی كوردستان كە دروست بوو ئەو گۆمەی شڵەقان، هەموو خەمەكەو بەرنامە سیاسییەكانی و هەموو ئەو میكانیزمانەی گرتویەتیە بەر بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە سیاسییەكەی بۆ خەڵك بووە». ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی باسكرد كەهەموو ئەو خەباتە مەدەنیانەی لەسەر شەقام لەكاتی ئۆپۆزسیۆنبووندا كردی لەڕێگەی میدیایی و جەماوەرییەوە و هەموو ئەو خەباتە مەدەنیەی لەنێو پەرلەمان كردی و ئەو خەباتەی ئێستاش لەنێو دەسەڵات دەیكات، تاكە ئامانج لێی خەمی خەڵكە كە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و عەدالەتی ئیجتیماعی و حوكمڕانیەكی رەشیدو سەروەری یاساو بەشداریكردنی خەڵك لەسەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوەی ئەم وڵاتە. هەروەها وتیشی:»ئەمەش وای كردووە گۆڕان بەو هەموو دژایەتیكردنەوە كەكرا بەو هەموو سزادان و قوربانییەی كە دای بەخۆی لە پێناو خەڵكدا و سەرەڕای ئەو موئامەرە نوێیانەی كەهەیە، بەڵام هێشتا بزوتنەوەكە لەسەر قاچی خۆی وەستاوە، ئەو خەڵكانەش كە گلەیی و گازندەیان لەبزوتنەوەی گۆڕان هەیە هەر گۆڕان بەتاكە دەرچەی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و گەیاندنی هەرێمی كوردستان بەهەرێمێكی بەهێزو كەناری ئارامی دەزانن». هاوكات بەڵێن ئیسماعیل پێشیوابوو كە بزوتنەوەی گۆڕان پاشەكشەی لەهیچ پرسێكی خەڵكی كوردستان نەكردووە، ئەو سەوابتانەی كە پەیوەندی بە بەرنامەی سیاسیەت و ئامانجی گۆڕانەوە هەیە بزوتنەوەكە و نوێنەرەكانی و جەماوەرەكەی لەسەری بەردەوامن»ئەو رووداوانەی كە روودەدەن و هەموو ئەو كەیسانەی كە هەیە لەهەرێمی كوردستان بزوتنەوەی گۆڕان نەك لەهیچی پاشەكشەی نەكردووە، بەڵكو هەمیشە بە بەهێزترەوە بەتێڕوانین و ئایدیا و میكانیزمی باشترەوە هەوڵی بۆداوە». وەزیرێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پشكی گۆڕان داكۆكی لە بزوتنەوەكەی دەكات و دەڵێت:» هەوڵمانداوە كە كار بكەین بۆ ئەو بەڵێنانەی كە بەخەڵكمان داوەو هەوڵبدەین زۆرترین خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دابین بكەین». كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەماوەی (12) ساڵی تەمەنی بزوتنەوەی گۆڕاندا بەدڵنیاییەوە داوای مافی خەڵك و ئازادی و خۆشگوزەرانیمان بۆ خەڵك كردووە، چ لەخولی سێ و چوارو پێج لەپەرلەمان پڕۆژەیاساو بڕیارمان تەقدیم كردووە». ناوبراو وتیشی:»بەفعلی لەكابینەی هەشت و نۆ ئەو سەردەمەی لەحكومەت بووین و هەوڵمانداوە كار بكەین بۆ ئەو بەڵێنانەی كە بەخەڵكمان داوە و زۆرترین خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دابین بكەین». كوێستان محەمەد ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «بەهیچ شێوەیەك لەهیچ قۆناغێكدا نە پاشەكشەیان كردووە نە پاشەكشە دەكەین، لەو بەڵێنانەی كە بەخەڵكمان داوە»
شاناز حەسەن ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە، لەهەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لەتووشبوون و گیانلەدەستدان بەكۆرۆنا تۆمار دەكات، بەرپرسانی تەندروستیش هۆكارەكەی بۆ هاتنی زۆری گەشتیار لەڕۆژەكانی جەژن و پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بەڕێكارە خۆپارێزییەكانەوە دەگێڕنەوە. بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لەماوەی یەك هەفتەدا نزیكەی نیو ملیۆن گەشتیار روویان لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كردو هاووڵاتیانیش بۆ جەژنە پیرۆزە سەردانی یەكتریان دەكرد بەبێ ئەوەی ماسك بەكاربهێندرێت تەوقەو ماچ ئەنجامدەدرا. پارێزگاری سلێمانی دەڵێت دووركەوتنەوە لەقەرەباڵغی و جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكان و وەرگرتنی ڤاكسین تاكە چارەسەرو خۆپارێزییە. هەریەك لەپارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك داوایان لە حكومەتی هەرێم كردووە ئەگەر بۆ یەك هەفتەش بێت قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاكانی هەرێمدا رابگەیەندرێت. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:»تەنیا پێویستە هاووڵاتیان زۆر بەباشی پەیڕەوی رێنماییەكان بكەن و تاكپارێزی و دووركەوتنەوە لەقەرەباڵغی و مەودای نێوان كەسەكان تاكە رێگەیە بۆ كەمكردنەوەی خۆپارێزییەكان». پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوەكردەوە كە تاكە هەوڵیان بۆ دەسخستنی زیاتری ڤاكسینەكەیە و هەوڵدەدەن لە رۆژێكدا زۆرترین كەس ڤاكسینەكە وەربگرێت تا لە زووترین كاتدا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان سوودی لێ ببینن. بریكاری وەزیری تەندروستی قەدەغەی هاتوچۆ و كەمكردنەوەی دەوامی فەرمانگەكان و داخستنی شوێنە قەڕەباڵغەكان بە چارەسەری كەمكردنەوەی تووشبووان دەزانێت. رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزیری تەندروستی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لە قۆناغی زۆر مەترسیداری كۆرۆناداین و هەر دێت و حاڵەتەكانیش زۆرترو مەترسیدارتر دەبن». بریكاری وەزیری تەندروستی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پێش جەژن، كیتەكانی پشكنینی كۆرۆنایان لەلایەن كۆمپانیایەكەوە بەبێ بەرامبەر پێدراوەو ئێستا هیچ كێشەی كیت و پشكنینیان نییە. لەبارەی بەكارهێنانی ماسكیشەوە وتی:»خەڵكی پابەندنین بە رێكارەكانی خۆپارێزییەوە كە ئەوە هەڵەیەكی گەورەیەو ئێستا لەلایەن سەنتەرە جیهانی و زانا عالەمییەكانەوە ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە تاكە رێگەی خۆپارێزی ماسكەو پێویستە بەكاربهێنرێت». لەدوای جەژنی قوربانەوەو هاتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیار بەتایبەت لەناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ ناوچە گەشتیارەكانی هەرێم و پارێزگای دهۆكیش بەتایبەتی بۆتە هۆی زۆربوونی حاڵەتەكانی تووشبون لەو پارێزگایەو رۆژی دووشەممەی رابردوو زەنگی مەترسی لێدرا. بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆك مەترسییەكی گەورە لەبارەی كۆرۆناوە لەپارێزگاكەیاندا باس دەكات و دەڵێت:» زۆری گەشتیاران كۆرۆنایان زیاد كردووە». حەمزە رەزیفی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆك، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئێستا دۆخی نەخۆشخانەكانمان باش نین، چونكە زیاتر لە (130) نەخۆش هەیە لەسەر ئۆكسجینن و (35) نەخۆشمان هەیە لەسەر هەناسەدانی دەستكردن كە ئەو ژمارەیە مەترسیدارە بۆ پارێزگاكە». هۆكاری زۆری ژمارەی تووشبوونی لەم هەفتەیەدا بۆ ئەوە گێڕایەوە كە ژمارەیەكی یەكجار زۆر گەشتیار روویان لەناوچە گەشتیارەكان كردووەو وتیشی:» ژمارەی پشكنینەكانیش زۆرتر بوون، بۆیە تووشبوو بەو رێژەیە بەرزبووەتەوە». بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆك جەختی لەوەشكردەوە كە هەموو هەنگاوەكانی خۆپارێزی لەم قۆناغەدا گرنگە، بۆیە هەر بڕیارێك بدرێت لپێناو هاووڵاتیاندا پێویستە جێبەجێبكرێت. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» زیادبوونی تووشبون لەم هەفتەیەدا زۆر هۆكاری هەیە، وەك هاتنی گەشتیارو پەیوەست نەبوونی خەڵكی بە رێكارەكانی خۆپارێزی و هاتنی كۆرۆنا دەلتا هەموویان پێكەوە، هۆكاری زۆری حاڵەتەكانن». وتەبێژی تەندروستی هەرێم، وتیشی» رێكارەكان لەئێستادا وەك خۆی ماون و بەردەوامین بۆ توندكردنەوەی رێنماییەكانیش یەكێك بووە لەئەولەویەتمان». پزیشكانی پسپۆر ئاماژە بەوە دەكەن كەزۆربەی ئەوانەی لەئێستادا تووشی كۆرۆنا دەبن گەنجن، بەهۆی زۆری تێكەڵابوون و پەیوەست نەبوون بەڕێكارەكانی خۆپارێزییەوە. محەمەد ئازاد، پزیشك لە نەخۆشخانەی گشتی كەلار كەڕۆژانە پشكنین بۆ تووشبووانی كۆرۆنا دەكات بەهاوڵاتى وت:» رۆژانە كۆی ئەو نەخۆشخانەی سەردانمان دەكەن تووشبووی كۆرۆنانن و تاك تاكیان هەیە كە كۆرۆنایان نەبێت». هەروەها ئاماژەی بەوەكرد رۆژانە (37) نەخۆش دەبینێت كە زیاتر لە (35)یان تووشبووی كۆرۆنان و بەدەنگمە تێیاندایە ماسك بەكاربهێنێت. دكتۆر محەمەد ئازاد ئەوەشی باسكرد كە ئەوانەی لەئێستادا تووشی كۆرۆنا دەبن زۆربەیان گەنجن، هۆكارەكەی بۆ زۆربوونی تێكەڵاووبوون لە جەژندا گەڕاندەوە كە زۆر كاریگەرییەكی گەورەی هەبووە. ئەو پزیشكەی نەخۆشخانەی كەلار پێیوابوو تاكە هۆكار بۆ كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبوون، خۆپارێزی تاك و هۆشیاركردنەوەیە كە ئێستاش خەڵكانێك هەن باوەڕیان وایە كۆرۆنا راست نیە و بوونی نیە، كۆمەڵێكیش هەن باوەڕبان بەخۆپارێزی نیە كە كەمترین كەس ماسك بەكاردەهێنێت. هاوكات، زانا جەزا، پزپشكێكی پسپۆری نەخۆشیەكانی هەناوو دڵ، لەسلێمانی، رۆژانە زیاتر لە (20) نەخۆش لە نۆرینگەكەی خۆی دەبینێت، بۆهاوڵاتى ئەوەی خستەڕوو كە ماوەی دوو هەفتەیە ئەوانەی سەردانی دەكەن سێ بەشیان تووشبووی كۆرۆنان و گەنجن. زانا جەزا باسی لە راپرسییەك كرد كەخۆی دیاریكردووە، سێ بەشی ئەوانەی سەردانی دەكەن، گەنجن و رۆژانە(8بۆ9) كاتژمێر لەدەرەوەن و لەچەژندا تێكەڵاوییان زۆر بووەو سەردانی سەیرانگاكانیان كردووەو ماسكیان بەكارنەهێناوە.
ئارا ئیبراهیم حكومەتی هەرێم بۆ مووچەی مانگی حەوتی ئەمساڵ مووچەی تەواو دابەشكرد بەبێ لێبرین و لە بەغداوە دڵنیایی دەدرێت لەناردنی مانگانەی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان. بەپێی یاسای بودجەی 2021ی عێراق، حكومەتی هەرێم پشكی لەسەدا 12.67ی بۆ دیاری كرا لەبەرنبەر ناردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق و لەسەدا 50ی داهاتە نانەوتییەكان. پاش 17 جار لە چوونی وەفدی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، مستەفا كازمی بەڵێنیدا مانگانە بڕی 200 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات. مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، كەمال ئەترووشی وەزیری سامانە سرووشتییەكان و د.دارا رەشید وەزیری پلاندانان كۆبوونەوە و سەرۆكی حكومەت رایگەیاند :» پێمخۆشە بە مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان رابگەیێنم كە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئابووری و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانیشە كە لەم مانگەوە لێبڕینی مووچە نامێنێت و بەبێ لێبڕین مووچە دابەش دەكرێت». سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند:»ئەگەر حكومەتی فیدراڵیش بەردەوام بێت لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكەی و ناردنی ئەو بەشە بودجەیەی كە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵی لەسەری رێككەوتووین، ئەوە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام دەبێت لە پێدانی مووچە لە كاتی خۆی و بە تەواوی». هاوكات، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەت رایگەیاند :» ئەنجومەنی باڵای ئابوری ھەرێم بڕیاریدا موچەی مووچەخۆران بەتەواوەتی تەمویل بكرێت و ھیچ بڕە پارەیەكی لێ كەمنەكرێتەوە«. ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەم بڕیارەی حكومەتی ھەرێم، پاش ئەوە دێت كە حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای یاسای بودجەی 2021 عێراق بڕە پارەیەك كە 200 ملیارە وەك سلفەی دارایی بۆ ھەرێم دەنێرێت. دوو ئەندامی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دەدەن كە بەغدا مانگانە ئەو 200 ملیار دینارە رەوانەی هەرێم دەكات تا مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەت بێت. سەركەوت شەمسەدین، ئەندامی هاوپەیمانی هیوا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» بەپێی ئەو بەدواداچون و گفتوگۆیانەی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق كردومانە كە هەرێم داتاو ئامارەكانی داهاتە نانەوتییە فیدراڵییەكانیان پێداون». هەروەها وتیشی:» بەپێی رێكەوتنێكی سیاسی لەنێوان مستەفا كازمی و حكومەتی هەرێمدا مانگانە 200 ملیار دینار رەوانە دەكرێت تا كۆتایی ساڵ، بەڵام شەش مانگی پێشوو قەرەبوو ناكرێتەوە، واتا دەتوانین بڵێن بەكۆی ساڵەكە مانگانە 100 ملیار دینار دەكات». سەركەوت شەمسەدین، ئەوەشی دووپاتكردەوە كە دڵنیاییان وەرگرتووە كە تا مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتی عێراق بێت ئەو برە پارەیە دەنێردرێت بۆ هەرێم، وتیشی:» حكومەتی هەرێم مولزەم كراوە تەنها بۆ مووچە ئەو پارەیە خەرج بكات». سەركەوت ئەوەشی ئاشكرا كرد كە وەزیری دارایی عێراق تا ئێستاش ئامادە نییە لەدەرەوەی یاسای بودجە پارە بۆ هەرێم رەوانە بكات، بۆیە بەبریاری مستەفا كازمی لەرێگەی بانكی ناوەندی عێراقەوە ئەو 200 ملیار دینارە دەنێردرێت. هاوكات، رێبوار كەریم وەلی، ئەندامێكی دیكەی فراكسیۆنی هیوایە، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى جەختی لەوەكردەوە كە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و دەستەی دەروازە سنورییەكان و دیوانی چاودێری دارایی قسەیان كردووە، وتیشی:» تا ئێستا بریارەكە ئەوەیە كە مانگانە ئەو 200 ملیار دینارە رەوانەی هەرێم بكرێت و هیچ كێشەیەكی ئەوتۆی لەسەر نییە
نامۆ سەربەست دامەزرێنەری پێگەی ویكلیكس كەهەزاران مەلەفی نهێنی سەربازیی و دبلۆماسی ئەمریكاو چەندین وڵاتی دیكەی ئاشكرا كرد لەئێستادا ئەمریكا داوا لەبەریتانیا دەكات رادەستی بكات تادادگایی بكات، بەڵام لایەنگرانی ئەوە دووپاتدەكەنەوە كەئەو تەنها رۆژنامەنوسێك بووەو مەلەفە نهێنییەكانی ئاشكراكردووە. دوای ئەوەی لەمانگی كانونی دووەمی ئەمساڵدا، دادگای بەریتانیا رەتیكردەوە جولیان ئەسانج دامەزرێنەری ویكیلیكس رادەستی ئەمریكا بكاتەوە، چونكە دادوەرێك رایگەیاند كە لەژێر مەترسییەكی گەورەی خۆكوشتندایە، بەڕادەیەك كە ناتوانرێت لەزیندانە فیدراڵییەكانی ئەمریكادا رێگەی لێبگیرێت. رۆژی چوارشەممەی 7ی حوزەیرانی 2021 ئەمریكییەكان چەند سازشێكیان پێشكەشی دادگای ئەو وڵاتە كردو چەند دڵنیاییەكیان پێدان كە زۆر دەگمەنن لەمێژووی ئەمریكادا، تا ئەسانج ببرێتە دادگای فیدراڵیی ویلایەتی ڤێرجینیاو بەتۆمەتی سیخوڕیكردن دادگایی بكرێت. لەئێستادا ویلایەتە یەكگرتووەكان رێگای تێهەڵچوونەوەی بەبڕیارەكەی پێشودا پێدراوە تا لەبەردەم دادگای باڵای بەریتانیادا، پێداچوونەوە بەبڕیاری رادەستنەكردنەوەی ئەسانجدا بكرێت، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی كە دادگای نزمتر گوێی لەو دڵنیاییانە نەگرتووە، كە چۆن ئەسانج لەلایەن ئەمریكییەكانەوە مامەڵە دەكرێت لەكاتی رادەستكردنیدا. بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، كە لەسەرچاوەیەكی دادگای باڵای بەریتانیاوە وەریگرتووە، ویلایەتە یەكگرتووەكان قایل بووە بەئەوەی كەدوای بڕیاری دادگای ئەمریكا، ئەسانج بگوێزرێتەوە بۆ وڵاتە رەسەنەكەی خۆی كە ئوستورالیایەو ساڵەكانی زیندانیكردنی لەوێ بەسەر ببات. لەماوەی بەڕێوەچونی دادگاییكردنەكەشیدا ناخرێتە زیندانی تاكە كەسییەوەو لەو جۆرە بەندیخانانەدا نابێت كە بە (Supermax) ناسراون، واتە ئەوانەی بەندكراوە زۆر مەترسیدارەكانیان تێدایەو رادەی چاودێری تێیدا لەڕادەبەدەرە و بەوە ناسراون كەمامەڵەی خراپ لەگەڵ بەندكراوەكاندا دەكرێت. تائێستا كاتی دانیشتنی دادگای باڵا بۆ پێداچوونەوەكە دیارینەكراوە، شارەزاكانیش بەڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان وتووە، پێشتر زۆر بەدەگمەن روویداوە كەحكومەتی ئەمریكا قایل بێت تۆمەتبارەكان ماوەی سزای زیندانیكردنەكەیان لەوڵاتێكی تر بەسەر ببەن. لەو بارەیەوە جاكوێس سێمێڵمان، پارێزەر لەشاری نیویۆرك و تایبەتمەند لەكەیسەكانی رادەستكردنەوەدا بەڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی راگەیاند:»بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخەكە ئەوە قایلبوونێكی لۆجیكییە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە، چونكە ئەگەر وانەكەن ئەوا ئەگەری زۆرە داوای رادەستكردنەوەكە بدۆڕێنن، بەڕاستی ئەوە جوڵەیەكی سەرنجڕاكێش و داهێنەرانەرانە بوو ئەمریكییەكان كردیان». هەروەها ئامی جێفەرس، هاوپێچی پێشووی وەزارەتی دادی ئەمریكا لەباڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لەلەندەن رایگەیاند:» قایلبوونێكی لەو جۆرە لە كەیسی گاری ماك كینۆنی هاكکەریشدا كراوە، كەئەویش هاوشێوەی ئەسانج، مەترسی ئەوەی لەسەربوو خۆی بكوژێت. هاوكات، جێفەرس بەڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆستی ئەمریكی وت:»شتێكی باو نییە، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكان لەدۆخی هاوشێوەدا لەچەند كەیسێكی پێشتردا بەمەرجی لەو شێوەیە قایلبوون». جولیان ئاسانج كە ئێستا تەمەنی (50) ساڵە، بەهۆی داواكردنیەوە لەلایەن وڵاتانی سویدو ئەمریكاوە، ساڵی 2012 چووە باڵیۆزخانەی ئیكوادۆر لەلەندەنی پایتەختی بەریتانیاو لەوێ مافی پەنابەریی دیبلۆماتیی وەرگرت و تا 11ی نیسانی 2019 لەوێ مایەوە. لەو رۆژەدا سەرۆكی ئیكوادۆر بڕیاریدا بەدەركردنی ئەسانج بەبیانووی ئەوەی بە بەردەوامیی مەرجەكانی پەنابەرێتییەكەی پێشێل كردووە و هەر ئەو رۆژە لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە بەتۆمەتی پێشێلكردنی بڕیاری ئازادكردنی بەكەفالەت دەستگیركراو وێڕای كۆتایی هاتنی ئەو دۆسیەیە، بەڵام هێشتا ئازاد نەكراوەو لەزیندانی بێلمارش لەلەندەن زیندانییە. ئەسانج لەلایەن ئەمریكاوە رووبەڕووی (18) تۆمەت كراوەتەوە، لەوانە پیلانگێڕان و ئاشكراكردنی پەیوەندیی دیپلۆماتیی نهێنی و ئاشكراكردنی زانیاریی و راپۆرتی سەربازیی هەستیار لەسەر جەنگی عێراق و ئەفغانستان. پارێزەرو لایەنگرەكانی دەڵێن، ئەسانج ئەو رۆژنامەنوسێكە و هیچی نەكردووە جگە لەئاشكراكردنی زانیاریی دزەپێكراو كە بووەهۆی ئیحراجبوونی حكومەتی ئەمریكا. ستێلا مۆریس دەستگیران و پارێزەری پێشوی ئەسانج رایگەیاند كەدەربارەی داوای پێداچوونەوەكەی ئەمریكا قسەی لەگەڵ كردووەو ئاگاداری كردووە كە لەوانەیە داواكەیان بەرەوپێش بڕوات، بەڵام باسی كاردانەوەی ئەسانجی لەسەر ئەو هەواڵە نەكرد. مۆریس كەدوو منداڵی لەئەسانج هەیە بە كەناڵی SBSی ئوستورالی وت:»نازانین ئەمە تاچەند درێژە دەكێشێت و ئەو تاكەی لە ئەو شوێنە قێزەونەدا زیندانی دەبێت، ئەو كەیسەكەی كۆتایی هاتووە نازانین بۆچی تائێستا لەزیندانە و ئازادناكرێت». دواتریش لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم دادگای باڵای بەریتانیادا رایگەیاند:»شەش مانگ لەمەوبەر دادوەر ڤانێسا بارایتسەر رێگریی لەڕادەستكردنەوەی جولیان ئەسانج كرد، چونكە بەندكردنی لەزیندانێكی ئەمریكیدا وەك ئەوە وایە واژۆ لەسەر بڕیاری كوشتنی بكرێت، دەبوایە ئەوە كۆتایی بابەتەكە بوایە». كەیسەكە تاسەر ئێسقان بۆگەنی كردووەو حكومەتی ئەمریكا هەرچییەك بڵێت دەربارەی ئەوەی لەداهاتوودا چۆن مامەڵەی ئەسانج دەكەن، نرخی ئەو كاغەزەی نییە كە لەسەری نووسراوە. «ئەوە ئەو وڵاتەیە كە بەكرێگیراوەكانی ویستیان ئەسانج لەسەر خاكی بەریتانیا بكوژن»، ئەوەی پارێزەرەكانیان دەترساندو دۆكیۆمێنتە یاساییەكانیان دەدزی، ئەوانەی تەنانەت منداڵە شەش مانگەكەمانیان بەئامانج گرت. هاوسەرەكەی ئەسانج راشیگەیاند:» داوا لەئیدارەی بایدن دەكەم كەشتە راستەكە بكەن و ئەم داوایە دوو رۆژ پێش ئەوەی ترەمپ ئۆفیس بەجێبهێڵێت گەیشتووە، ئەگەر ئیدارەی بایدن رژدە دەربارەی رێزگرتنی رۆڵی یاسا و هەمواری یەكەمی دەستوری ئەمریكاو بەرگریكردن لەئازادیی میدیا لەجیهاندا، تاكە شت كەدەتوانێت بیكات ئەوەیە ئەم كەیسە دابخات». لەئیدارەی بایدندا وەزارەتی داد داوایكرد گرتنی ئەو رۆژنامەنوسانەی زانیاریی دزەپێدەكەن لەلێكۆڵینەوەكانیاندا رابگیرێت و ئەوانەی لەپەلاماردانەكەی كاپیتۆڵ هێڵدا هێرشیانكردە سەر رۆژنامەنوسان سزابدرێن، بەڵام ئیدارەكە هێشتا بەردەوامە لەكەیسەكەی ئەسانجدا، چونكە داواكارەكان دەڵێن ئەو هێڵی رۆژنامەنوسیی بەزاندووە و بووەتە پیلانگێری دژی ئەمریكا. مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵ ڤانێسا بارایتسەر دادوەری دادگای هەرێمیی بەریتانیا، لەكاتی رێگریكردن لەڕادەستكردنەوەی ئەسانجدا، رایگەیاند كە هیچ گومانێكی نییە لەئەوەی ئەسانج لەئەمریكادا دادگاییەكی دادپەروەرانە دەكرێت، بەڵام ئەو سەرنجی خستەسەر ئەو بەڵگانەی لەلایەن تیمی یاسایی ئەسانجەوە پێشكەشكران كە وتیان تووشی خەمۆكییەكی بەهێز بووە و وەسیەتنامەی خۆی نووسیوە و لەبەردەم قەشەیەكدا داوای پاكبوونەوەی كردووەو گوێزانێكی شاردراوەش لەزیندانەكەیدا دۆزراوەتەوە. دادوەرەكە وتی، ئەگەر ئەسانج بەتاوانی سیخوڕیكردن سزابدرێت، ئەوا دەخرێتە زیندانی فیدراڵیی فلۆرێنس لەشاری كۆلۆرادۆی ویلایەتی ڤێرجینیا، كەتیایدا بەندكراوەكان رۆژانە بۆ ماوەی (23) كاتژمێر لەژوورەوە دەبن و بەنزیكەیی هیچ پەیوەندییەكی مرۆڤانەیان نابێت. بارایتسەر وتیشی:» من دڵنیام لەئەوەی ئەو رێوشوێنانەی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە باسكران، ناتوانن رێگا لەبەڕێز ئەسانج بگرن رێگایەك بدۆزێتەوە بۆ خۆكوشتن». لەدانیشتنی دواتریشدا بارایتسەر رەتیكردەوە ئەسانج بەكەفالەت ئازاد بكرێت و ئاماژەی بەئەوەدا كە پرۆسەی پێداچونەوەكە هێشتا تەواو نەبووەو ئەسانج هاندەری زۆری هەیە بۆ هەڵاتن. سەبارەت بەپرۆسەی پێداچوونەوەكە، نیك ڤامۆس سەرۆكی پێشتری دەستەی رادەستكردنەوە لەداواكاری شاهانە بەڕۆژنامەی واشینتۆن پۆستی راگەیاند:»نازانم ئەم پێداچوونەوەیە بۆ هێندە زۆری خایاند؟...پێدەچێت لەپشت پەردەوە پارێزەرەكانی ئەسانج و دەستەی رادەستكردنەوەو حكومەتی ئەمریكا، لەگفتوگۆدابن سەبارەت بەتۆمەتەكان و بارودۆخی زیندانیكردنی». تائێستا كاتی دانیشتن بۆ پێداچوونەوەكە دیارینەكراوە، ڤامۆس دەڵێت كاتێك دادگای باڵا دادەنیشێت بۆ داواكەی ئەمریكا، لەوانەیە بەجەلسەیەك یان دووان بگاتە بڕیار، بەڵام ئەوكاتەش هەر كۆتایی نایەت، چونكە لایەنی دۆڕاو دەتوانێت جارێكیتر داوای پێداچوونەوە بكات لەدادگای شاهانەی بەریتانیا. ئەوەش هۆكارێكە كە لەكاتی داواكردندا لە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بۆ كۆتایی هێنان بەكەیسەكە، ستێلا مۆریس دەستگیرانی ئەسانج وتی:»ئەگەر ئیدارەی بایدن ئێستا كۆتایی بەئەمە نەهێنێت، كەیسەكە بەشەلەشەل لەدادگاكاندا دەڕوات و بەردەاومدەبێت، بەوەش جولیان بۆ كاتێكی نادیار لەزینداندا دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی ئیدانە كرابێت، لەوێ ئازار دەكێشێت و دابڕاو دەبێت و منداڵەكانیشمان لەباوكیان بێبەش دەكرێن»
نامۆ سەربەست وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا ئەوە دەخاتەروو كە هیچ لایەنێك لە ئەفغانستاندا سەركەوتنی سەربازیی بەدەستنەهێناوەو هیچ ئاهەنگێك بەبۆنەی كۆتایی هاتنی كشانەوەكەوە ناگێڕن، ئەوە شەڕێكی (20) ساڵە بوو بەبێ بەدیهێنانی سەركەوتنی سەربازیی. لەگەڵ خێراتربوونی ریتمی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا لەئەفغانستان، ریتمی هێرشەكان و گەڕانەوەی رێكخراوی تاڵیبان خێراتر بوو، تا گەیشتە ئەوەی رۆژی هەینی لەمیانی سەردانی وەفدێكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەكەدا بۆ مۆسكۆی پایتەختی روسیا، شەهابەدین دیلاوار وتەبێژی وەفدەكە رایگەیاند، 85٪ی خاكی ئەفغانستانیان كۆنترۆڵكردووەتەوە. لەبەرامبەردا بەرپرسانی حكومەتی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، تاڵیبان چەند ناوچەیەكی كۆنترۆڵكردووە، بەڵام ئەوەی كەدەڵێت زۆرینەی خاكی وڵاتەكەی بەدەستەوەیە راست نییەو تەنیا هەڵمەتێكی پڕوپاگەندەیە. سەید نزامی فەرماندەی هێزە تایبەتەكانی ئەفغانستان بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند:»دوژمن زیانی گەورەی بەركەوتووەو ئێستا ئێمە لەپێشڕەویداین». وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستانیش بەئاژانسی خاما پرێسی وڵاتەكەی راگەیاند، چەند شارۆچكەیەك لەچەكدارانی تاڵیبان پاككراونەتەوەو لەژێر كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییە ئەفغانییەكاندان. لەلای خۆشیەوە جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، ئامادەنەبوو وەڵامی پرسیارێك بداتەوە سەبارەت بەڕوبەری ئەو ناوچانەی تاڵیبان كۆنترۆڵی كردووەو لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی CNN وتی:»راگەیاندنی كۆنترۆڵكردنی ناوچەو بەدیهێنانی دەستكەوت مانای ئەوە نییە بتوانیت بیپارێزیت، پێموابێت ئێستا كاتی ئەوەیە هێزە ئەفغانییەكان دابەزنە مەیدانی شەڕو بەرگریی لەگەل و وڵاتەكەیان بكەن. ئەوان كەرەستەو تەقەمەنیی پێویستییان هەیە، ئێستا كاتی ئەوەیە ببنە خاوەنی ئیرادە». ئەو جموجوڵانەی تاڵیبان هاوكاتی وتارەكەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكایە كەڕۆژی هەینی 9ی حوزەیرانی 2021 رایگەیاند ئەمریكا ئامانجەكانی لەئەفغانستاندا پێكاوەو رۆژی 31ی ئابی داهاتووی وەك دوا وادەی كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەئەفغانستان دیاریكرد. لەو وتارەدا كە بایدن تایبەتی كردبوو بەكشانەوەكە، روونیكردەوە كەوڵاتەكەی ئەوەی ویستویەتی ئەنجامیداوە كەبریتییە لەڕێگریكردن لەهەر هێرشێك كە لەداهاتوودا لەئەفغانستانەوە بكرێتەسەر وڵاتەكەی و وتی:»ئێمە كۆتایی بەدرێژترین جەنگ دەهێنین لەمێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانداو نەوەیەكی نوێی ئەمریكییەكان نانێرین بۆ شەڕ لەئەفغانستاندا». بایدن جەختیشی كردەوەو دان بەوەدا دەنێت كە تاكەڕێگا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لەئەفغانستاندا بریتییە لەپێكەوەژیان لەگەڵ تاڵیبانداو روونیشیكردەوە كەئەفغانییەكان دەبێت خۆیان بڕیار لەچارەنووسی وڵاتەكەیان بدەن، بەڵام ئەو بەردەوامدەبێت لەیارمەتیدان و هاوكاریكردنیان. بایدن لەوتارەكەیدا بەرگریی لەخێراكردنی ریتمی كشانەوەكە كردو وتی:»ئەوە ژیان رزگار دەكات، ساڵێكی زیاتر لەجەنگ لەئەفغانستاندا چارەسەر نییە، بەڵكو دەبێتە مایەی درێژبوونەوەی شەڕەكان لەو وڵاتە بۆ كاتێكی نادیار». رەتیشیكردەوە كۆنترۆڵكردنی ئەو وڵاتە لەلایەن تاڵیبانەوە حەتمی بێت و وتی هێزی تاڵیبان كە (75) هەزار جەنگاوەری هەیە، نابێتە هاوتای (300) هەزار هێزی ئەمنیی ئەفغانی. بەڵام رووداوەكان وێنایەكی جیاوازی وتەكانی بایدن نیشاندەدەن سەبارەت بەهاوتایی هێز، چونكە پێدەچێت وێڕای زۆریی ژمارەیان، هێزێكی شەڕكەرو خۆڕاگر نەبن لەبەرامبەر تاڵیباندا. لەكاتی شەڕەكاندا بزوتنەوەی تاڵیبان لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند:»ژمارەیەكی زۆر لەبنكە سەربازییەكانی هێزەكانی حكومەت كەوتوونەتە ژێر كۆنترۆڵی موجاهدینەكانەوە». بەیاننامە دەشڵێت:»وێڕای بەرەوپێشچوونەكان و باڵادەستییە سەربازییەكەی، بەڵام هێشتا بزوتنەوەی تاڵیبان بڕوای بەپرۆسەی گفتوگۆو لێكتێگەیشتن هەیەو بەباشترین چارەسەری دادەنێت بۆ كێشەی وڵاتەكە». پێشتریش سوهەیل شاهین وتەبێژی بزوتنەوەكە بە BBC راگەیاند، ئەوان بەرپرس نین لەزیاتربوونی توندوتیژییەكانی ئەم دواییەو جەختیشی كردەوە كەزۆرینەی ناوچەكان لەڕێی گفتوگۆوە كەوتوونەتە دەستیان، دوای ئەوەی سەربازە ئەفغانییەكان رەتیانكردووەتەوە شەڕ بكەن. شاهین ئاشكراشیكرد تاڵیبان رێگا نادات داعش لەئەفغانستاندا گەشەبكات و جەختیكردەوە كەبزوتنەوەكە دژیان دەجەنگێت،»وەفدێكی بزوتنەوەكە لەگەڵ نوێنەرانی كۆمەڵگای ئەفغانیدا لەگفتوگۆدایە بۆ دیاریكردنی پەیكەری گشتیی دەوڵەت و ئەو كارەش بەرەو كۆتایی دەچێت». ئەوانەو هەڵاتنی چەندین سەربازی ئەفغانی بۆ ئێران و تاجیكستان لەكاتی هێرشەكانی تاڵیباندا بۆ سەر خاڵە سنورییەكان، دەریدەخەن كە وێڕای زۆریی ژمارە، بەڵام هێزەكانی حكومەت زۆر سەختە بتوانن رێگا لەپێشڕەویی تاڵیبان بگرن. مانگی رابردوو لەكاتی كۆنترۆڵكردنی خاڵی شیرخان بەندەری سنوریی لەگەڵ تاجیكستاندا، نزیكەی هەزار سەرباز بۆ ئەو وڵاتە هەڵاتن و هەفتەی رابردووش دەستەی ئەركانی ئێران رایگەیاند لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان رێككەوتوون بەگەشتێكی ئاسمانیی بۆ كابولی پایتەخت، ئەو سەربازە ئەفغانیانە بنێرنەوە كە لەكاتی كۆنترۆڵكردنی خاڵی سنوریی ئیسلام قەلعەدا هەڵاتبوونە خاكی ئێران. كۆنترۆڵی زۆرینەی خاڵە سنورییەكانی نێوان ئەفغانستان و دراوسێكانی بووە مایەی دوودڵی ئەو وڵاتانە. محەمەد نەعیم وتەبێژی مەكتەبی سیاسی تاڵیبان دڵنیایی دایە وڵاتانی دراوسێ و بەڵێنیدا خاڵە سنورییەكان لەكاری ئاسایی خۆیان بەردەوامدەبن. نزیكبوونەوەی شەڕەكان لەسنوری وڵاتانی دراوسێ نیگەرانیی روسەكانی لێكەوتەوەو بۆ رەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانە، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی تاڵیبان سەردانی مۆسكۆی كردو لەوێ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كەڕۆژی هەینی ئەنجامیدا، شەهابەدین دیلاوار وتەبێژی وەفدەكە بەڵێنیدا وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی هاوڕێی ئەفغانستان رووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەك نابنەوەو سەردانەكەیان بۆ مۆسكۆ بۆ پێشكەشكردنی هەموو ئەو زانیارییانەیە كە تایبەتن بەئەوەی ئەو ناوینا «ئیمارەتی ئیسلامی». دیلاوار لەكۆنگرەكەدا جەختیكردەوە لەئەوەی بزوتنەوەكە هێز بەكارناهێنێت بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی پایتەختی ویلایەتە ئەفغانییەكان و هیچ هێرشێكیش ناكاتە سەر سەنتەرە ئیداریی و باڵەخانە حكومیی و باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكان، لەتەواوی خاكی وڵاتەكەدا. دڵنیاییشیدا كەبزوتنەوەی تاڵیبان:»گرنتیی ئەوە دەكات كەخاكی ئەفغانستان بەكارنایەت بۆ دەستپێكی هێرشكردنەسەر وڵاتانی تر». هەر هەمان رۆژ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا جەختیكردەوە كە مۆسكۆ داوا لەلایەنە ئەفغانییەكان دەكات رووبكەنە گفتوگۆی سیاسی گشتگیرو وتی:»ئێمە نیگەرانین لەدۆخی ئێستای ئەفغانستان بەهۆی گواستنەوەی شەڕەكان بۆ ناوچەی ترو سەر سنورەكان و چاودێریی شەڕەكان دەكەین لەسەر سنوری تاجیكستان، تا ئەوكاتەی بواری ئۆپراسیۆنەكان لەسنوری ئەفغانستاندا بێت، ئێمە هیچ هەنگاوێك نانێین». لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشدا كەهەندێك هەوڵ هەیە بە نێوەندگیریی ئەمریكا بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە ئەفغانییەكاندا، بەڵام دەبێت ئەفغانییەكان خۆیان بڕیار لەچارەنووسی خۆیان بدەن. كێ بردیەوەو كێ دۆڕاندی؟ دوای رووداوەكانی 11ی سێپتەمبەر، ئەمریكا داوای لەبزوتنەوەی تاڵیبان كرد كەئەوكات دەسەڵاتی ئەفغانستانی بەدەستەوەبوو، ئوسامە بن لادن سەرۆكی قاعیدەی رادەستبكات و نەهێڵێت رێكخراوەكەی لەئەفغانستاندا چالاكیی بكەن، ئەوەبوو تاڵیبان ئەو داوایەی رەتكردەوەو بەهۆیەوە ئەمریكا وڵاتەكەی داگیركرد. دوای تێپەڕینی (20) ساڵ بەسەر ئەوەداو لەئەنجامی گفتوگۆكانی دەوحەی پایتەختی قەتەر لەنێوان ئەمریكییەكان و تاڵیباندا، ئەمریكا بڕیاریدا لەئەفغانستان بكشێتەوە و بزوتنەوەی تاڵیبان لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا ئەوەی بەسەركەوتنی خۆی و دۆڕاندنی ئەمریكا لەقەڵەمدا. لەبەرامبەردا ئەمریكییەكان ئەگەرچی كشانەوەكە وەك سەركەوتن دانانێن، چونكە نەیانتوانی بزوتنەوەی تاڵیابان لەناوبەرن، بەڵام بەپرۆسەیەكی سەركەوتووی دەبینن، بەوەی كۆتایی بەهەژمونی رێكخراوی قاعیدە هێناو بن لادنی سەرۆكی رێكخراوەكە لەپرۆسەكەدا كوژرا. لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكاندا ئەمریكا بەبەردەوامیی ژمارەی هێزەكانی لەو وڵاتە زیاتر دەكرد، تاساڵی 2011 گەیشتە زیاتر لە (110) هەزار سەرباز. لەگەڵیشیدا خەرجییەكانی زیاتر دەبوو تا لەساڵەكانی 2011 و 2012 دا گەیشتە (100) ملیار دۆلار، دواتر بەرەو كەمبوونەوە چوو تا لەكۆتایی ساڵی رابردوودا مایەوە تەنیا چوار هەزار سەرباز. بەپێی راپۆرتێكی BBC و لێكۆڵینەوەیەكی زانكۆی براونی ئەمریكی، ویلایەتە یەكگرتووەكان بەكۆی گشتی لەساڵی 2001 تاكۆتایی ساڵی 2020، بڕی (978) ملیار دۆلاری خەرجكردووە چ راستەوخۆ لەپرۆسە سەربازییەكاندا، چ وەك هاوكاریی مرۆیی و بەرەوپێشبردن و ئاوەدانكردنەوە. لەسەرەتای شەڕەكەشەوە، دوو هەزارو (300) سەربازی ئەمریكی كوژراون و (20) هەزار و (660) سەربازیش برینداربوون، لەبەرامبەریشدا بەپێی لێكۆڵینەوەكەی زانكۆی براون زیاتر لە (64) هەزار و (100) ئەندامی هێزە ئەمنییەكانی ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە. ژمارەی قوربانییە مەدەنییەكانیش بەپێی راپۆرتی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئەفغانستان (ئوناما) زیاتر لە (111) هەزار كوژراوو بریندارە. بۆیە زۆرێك دەپرسن كەئایا شەڕی ئەفغانستان، ئەو هەموو خەرجی و قوربانیەی دەهێنا؟ فرانك گاردنەر پەیامنێری كاروباری ئەمنیی BBC دەڵێت:»وەڵامەكە پشت دەبەستێیت بەوەی بەچ پێوەرێك شتەكان دەپێویت؟ ئەگەر بەپێوەری دژە تیرۆری نێودەوڵەتی بێت ئەوا ئامانجەكەی پێكاوە، چونكە لە 2001ەوە هیچ هێرشێكی تیرۆریستی لەئەفغانستانەوە نەكراوەتە سەر هیچ وڵاتێك و تاڵیبانیش گرنتیی داوە كە لەمەودواش ناكرێت. ئەگەر بەپێوەری لەناوبردنی قاعیدە و تاڵیبانیش بێت، ئەوا ئەوان لەناونەچوون و دوای كشانەوەی هێزە بیانییەكان ئەوەتا دەركەوتوونەتەوەو بەهێز بوونەتەوە». لەوبارەیەشەوە جین ساكی وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند:»هیچ لایەنێك لەئەفغانستاندا سەركەوتنی سەربازیی بەدەستنەهێناوەو هیچ ئاهەنگێك بەبۆنەی كۆتایی هاتنی كشانەوەكەوە ناگێڕن، ئەوە شەڕێكی (20) ساڵە بوو بەبێ بەدیهێنانی سەركەوتنی سەربازیی»
شاناز حەسەن لەماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا (216) كەس لەهەرێمی كوردستان بەهۆی هەزارو (509) رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوەو دوو هەزارو (670) كەسیش برینداربوون. واتا لەهەرێمی كوردستاندا لەماوەی (150) رۆژی ئەم پێنج مانگەی 2021 دا، رۆژانە (10) رووداوی هاتوچۆ روویانداوەو بەو هۆیەوە رۆژانە (17) كەس لەهەرێم بریندار بوون و یەك تا دوو كەسیش گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم كە سەر بەوەزارەتی ناوخۆیە، وردەكاری ئاماری پێنج مانگی ئەمساڵی بۆ هاوڵاتى ئاشكراكرد كە لەپارێزگای سلێمانی (484) رووداو، گیانلەدەستدانی (79) كەس و برینداربوونی هەزارو (451) كەسی لێكەوتووەتەوە، لەپارێزگای هەولێر (371) رووداو (64) كەس گیانیان لەدەستداوەو (380) كەسی دیكەش برینداربوون. هەروەها لەپارێزگای دهۆك (328) رووداو، گیانلەدەستدانی (35) كەس و برینداربوونی (394) كەسی لێكەوتووەتەوەو پارێزگای هەڵەبجەش (39) رووداوی هاتوچۆ، گیانلەدەستدانی هەشت كەس و برینداربوونی (48) كەسی لێكەوتووەتەوە. هاوكات لەئیدارەی گەرمیان (122) رووداو، گیانلەدەستدانی (13) كەس و برینداربوونی (157) كەسی لێكەوتووەتەوە، لەئیدارەی راپەڕین (90) رووداوی هاتوچۆ، گیانلەدەستدانی (12) كەس و (108) برینداری لێكەوتووەتەوە، بەهەمان شێوە لەقەزای سۆران (75) رووداو، حەوت گیان لەدەستدان و (132) برینداری لێكەوتووەتەوە. بەرپرسی بەشی ئامارو وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم، دەڵێت رووداوەكانی هاتوچۆ بەراورد بەوڵاتانی ئەوروپا زیاترە. ئەسعەد مەلا كەریم، بەرپرسی بەشی ئامارو وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» رووداوەكان لەهەرێمدا بەبەراورد بەوڵاتانی ئەوروپا زۆرن، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەمساڵ بەبەراورد بەساڵی رابردوو زیادیكردووە». لەبارەی پلانی هاتوچۆی هەرێمەوە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی رووداوەكان و قوربانییەكانی، بەرپرسی بەشی ئامارو وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم پێیوابوو ستانداركردنی مۆڵەتی شۆفێری و هێڵی گشتی دەتوانێت چارەسەری زۆری رووداوەكان بكات. هەروەها وتی» ئێستا لەهەرێمدا لەهەر ناوچەو شارو پارێزگایەك مۆڵەتی شۆفێری رێكارەكانی جیاوازی هەیە، بۆیە بەستانداركردنی وەرگرتنی مۆڵەت وادەكات شۆفێری كارامە بكەیتە سەر شەقامەكان و هۆكاربن بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكان». بەپێی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم، كە سەر بەوەزارەتی ناوخۆیی حكومەتی هەرێمە لەماوەی ساڵی 2020دا زیاتر لەدوو هەزار و (897) رووداوی هاتوچۆ روویداوە، بەهۆی ئەو رووداوانەوە چوار هەزارو (772) كەس برینداربوون و (432) كەسیش گیانیان لەدەستداوە، كە پشكی شێری گیانلەدەستدان و بریندارەكان لەپارێزگای سلێمانی بووە.
ماردین نورەدین لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا هەرسێ جۆرەكەی بەنزین بۆ هەر لیترێك (25) دیناری دیكە زیادكرا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات كە باج و رسوماتی حكومەتی هەرێم نرخی بەنزینی بەرزكردووەتەوە. لەئێستادا بەرمیلێك خاوی برێنت بە (74) دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت، بەڵام نرخی بەنزین تادێت لەسەر هاووڵاتیان زیاد دەكرێت، بەشێوەیەك لەدوو هەفتەی رابردوودا یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ لەبەنزینخانەكاندا بە (750) دینارو موحەسەن بە (825) دینارو سوپەر بە (875) دینار بوو، بەڵام لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا هەرسێ جۆرەكەی بەنزین هەر لترێك (25) دیناری دیكەی خراوەتەسەر بەبێ ئەوەی نرخی نەوتی خاو بەرزتر ببێتەوە. ئازاد حەمەئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێززگای سلێمانی بە هاوڵاتى راگەیاند» ئێستا پاڵاوگەكانی هەرێم نەوتی خاو لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە وەرناگرێت واتا نەوتی خاو لەعێراق وەردەگرن و بەرهەمەكەشیان دەدرێت بەو لایەنانەی كەنەوتی خاویان دەدەنێ لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئەمە خاڵێكی گرنگ و سەرەكییە». هەروەها وتیشی:» خاوەن هەموو بەرهەمە هاوردەكان باج و رسوماتی لەسەر دانراوە، بەنزین مادەیەكی سوتەمەنییە كە بەڕێژەیەكی زۆر بەكاردەهێنرێت تەنیا لەسلێمانیدا زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو لیتر بەكاردەهێنرێت، ئەمەش بەهەمان شێوە حكومەتی هەرێم باج و رسوماتی دەخاتە سەر، ئەم دوو خاڵە راستەوخۆ پەیوەندی بەحكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە». هەروەها سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ هاوڵاتى دەڵێت:» وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لێی بەرپرسەو ئامادە نییە دەعمی دارایی بەنزینخانەكان بكات یان نەوتی خاو بداتە پاڵاوگەكان». نافیز مستەفا سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر وتیشی:» وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەرپرسیارە، دەتوانن رێنمایی بۆ پاڵپشتی دارایی بۆ بەنزینخانەكان رێكبخەن لەبەرئەوەی ئێستا لەلای حكومەتی عێراق لیترێك بە (450) دیناردەفرۆشرێت و دەعمی داراییان دەكات، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەكان حەوت ساڵە پاڵپشتی دارایی راگرتووە». سەبارەت بەچۆنیەتی چارەسەركردن و دابەزاندنی نرخی بەنزین نافیز مستەفا پێیوابوو كە چارەسەری خێرا ئەوەیە كە حكومەت خۆی نەوت بۆ پاڵاوگەكان دابین بكات، بەنرخێكی گونجاو بدرێتەوە بە هاووڵاتیان. هاوكات ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێیوابوو كە حكومەتە خۆجێییەكان دەتوانن دەستیان تێیدا هەبێت و تەدەخولی بازاڕ بكرێت بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین. رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە هاوڵاتى راگەیاند:» حكومەتە خۆجێییەكان دەتوانن دەستیان تێیدا هەبێت، هیچ نەبێت تەنیا بۆ راگرتنی باڵانس یان تەنیا بەو رێژەیە بەرزبێتەوە كە لەبازاڕەكانی دەرەوە بەرزدەبێتەوە، ئەو هۆكارەنە بریتین لەتەداخولكردنی بازاڕ بۆ بەنزین و سوتەمەنی و دەرمان و پێداویستی پزیشكی و گەنم و بەرهەمەكانی». زەكی جەختی لەوەشكردەوە كە ئەو ماددانە پێویستە جێنەهێڵدرێت بۆ كەرتی تایبەت و بازرگان و سەرمایەدارەكان بڕیاری نرخی تێدا بدەن، بەڵكو حكومەت تەداخولی راستەوخۆی تێدابكات كەپەیوەندی بەئاسایشی نەتەوەیی و گوزەرانی خەڵكەوە هەیە. رێكەوتن زەكی ئەوەشی دووپاتكردەوە لەڕێگەی تەدەخولكردنی بازاڕەوە رێژەی قازانج بۆ بازرگانەكان دیاری بكرێت و كارئاسانی بكرێت بۆ هاوردەكردنی بەنزین» ئەو دەسەڵاتی كۆنتڕۆڵكردنە زیاتر لای حكومەتە خۆجێیەكانە بەتایبەتی دەسەڵاتی هێنان و پێدانی مۆڵەتی داخڵكردنی سوتەمەنی لای پارێزگارەكانە»
هاوڵاتى حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای پشووی جەژنی قوربان پێش كاتی دابەشكردنی، بڕیار لەسەر كۆتایهێنان یان هێشتنەوەی لێبڕینی لەسەدا 21%ی مووچەی فەرمانبەران دەدات، سەرەڕای ئەوەی بەفەرمی مانگانە (200) ملیار دینار لەبەغداوە دەگاتە هەولێر. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:» بڕی (200) ملیار دینار لەبانكی ناوەندیی عێراق لقی هەولێر خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی. رۆژی یەكشەممە 11ی تەمموز، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد كە لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، یەكەمین بڕە پارە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراق كەبڕی (200) ملیار دینارە، خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم لەبانكی ناوەندیی عێراق لقی هەولێر. هەروەها جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە رایگەیاند:» بڕیاردراوە مانگانە (200) ملیار دینارمان بۆ بنێرن بۆ شەش مانگی رابردووش، هیواخوازین ئەو بڕە پارەیە بەزووترین كات بگاتە هەرێمی كوردستان.» پاش سێ رۆژ لەگەیشتنی (200) ملیار دینارەكەی بەغدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بڕیارێكی لەسەر كۆتایهێنان یا هێشتنەوەی لێبڕینی لەسەدا 21%ی مووچەی فەرمانبەران نەداوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەحكومەتی هەرێم ئەوەی بۆ هاوڵاتى دووپاتكردەوە كەحكومەتی هەرێم تاووتوێی داهاتی بەردەستی دەكات» ئەوەی لەنەوت دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی لەگەڵ داهاتەكانی ناوخۆو زائیدەن (200) ملیار دینارەكەی بەغدا، ئەگەر گەیشتە (895) ملیار دینار كەخەرجی مانگانەی موچەی فەرمانبەرانە ئەوە بەدڵنیایی لێبڕینی مووچە كۆتایی پێدێت». هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كە سەرەڕای ئەوەی حكومەتی هەرێم پابەندە بەیاسای بودجەی 2021ی عێراق و تائێستا (17) جار وەفدی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە، بەڵام گفتوگۆ لەسەر وردەكاری میكانیزمی جێبەجێكردنی ماددەی (11) بەردەوامە كەتایبەتە بەپشك و شایستە داراییەكانی هەرێم. هاوكات وتیشی:»چاوەڕوان دەكەین بەغدا مانگانە (200) ملیار دینار بۆ حكومەتی هەرێم رەوانە بكات، ئەوكات ئەگەر مانگانە ئەو بڕە یان زیاتر بگاتە دەست حكومەت لێبڕینی مووچە كۆتایی دێت، بەڵام ئەگەر ئەو بڕە كەم بكات یان تەنها بۆ یەك مانگ بێت گرفت دروستدەكات و حكومەت لەتوانایدا نابێت لێبڕینی مووچە نەهێڵێت». سەرچاوەكەی حكومەتی هەرێم جەختی لەوەشكردەوە كەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕیارە لەمانگی 10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، پێویستە لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت ئەوەیان لەبەرچاو بێت. لەلایەكی دیكەوە بەرپرسێكی ئاگادار لەحكومەتی هەرێم ئەوەی بۆ هاوڵاتى ئاشكراكرد كەئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامنادرێت و چاوەڕوان دەكرێت پاش پشووی جەژن گفتوگۆ لەسەر پرسی مووچە بكرێت. ئەندامێكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی هیوا دەڵێت:» هەر بڕە پارەیەك كەحكومەتی عێراق راستەوخۆ بۆ حكومەتی هەرێمی بنێرێت تەنها دەبێت بۆ مووچە خەرج بكرێت». سەركەوت شەمسەدین، ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی هیوا لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» بەپێی یاسای بودجە هەر بڕە پارەیەك حكومەتی عێراق راستەوخۆ بۆ حكومەتی هەرێمی بنێرێت تەنها دەبێت بۆ مووچە خەرج بكرێت، چونكە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ چارەسەركردنی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانە». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەدواداچوون دەكەن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق كەبزانن ناردنی ئەو (200) ملیار دینارە تەنها بۆ یەك مانگە یان تاكۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت، وتیشی:» ئەگەر تەنها بۆ یەك جار بێت ئەوا حكومەتی هەرێم بۆ یەك مانگ لێبڕین نەهێڵێت و دواتر بچێتەوە سەر ئەوە هیچ سوودی نابێت، بەڵام بزانین بەردەوام دەبێت ئەگەر موچەی تەواو نەدرێت سكاڵا لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆمار دەكەین».
پ.دهۆك دوای شەش ساڵ كاركردن نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی ئەوە ئاشكرادەكات كەزیاتر لە سێ هەزار ئێزدی بێسەروشوێنن و دەشڵێت:» دوو هەزاریان هێشتا لەژێر دەستی داعشدان». خەیری بۆزانی، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەماوەی حەوت ساڵی رابردوو لەكۆی شەش هەزار و (417) رفێنراوی ئێزیدی تائێستا سێ هەزار و (445) كەس رزگاركراون و زیاتر لەدوو هەزار كەسی دیكە هێشتا لەژێر دەستی داعشدان». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، بەردەوام دەبن لە رزگاركردنی رفێنراوان تاهەموویان رزگاردەكەن و هەموو داتاو زانیارییەكان بەشێوەیەكی وردو زانستی دۆكیۆمێنت دەكەن. دەربارەی گواستنەوەی نوسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی لەدهۆكەوە بۆ هەولێر، بۆزانی هێمای بۆ ئەوەكرد كەبڕیارەكە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمەوە دراوە. سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی، وتیشی:»وتمان سەرەتا لەدهۆك بێت، چونكە سەرەتای پرۆسەی رزگاركردنی رفێنراوان بوو، رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لەكەسوكاری قوربانیان سەردانی نووسینگەیان دەكرد، بەڵام ئێستا خەڵكێكی زۆر كەم سەردان دەكەن «. سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی، ئەوە دووپاتدەكاتەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێم زۆر پشتگیرییان دەكات لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە. دوای دەركردنی یاسای رزگاربووانی دەستی داعش لەپەرلەمانی عێراق بەڕێوەبەرایەتی گشتی تایبەت بەكاروباری رفێنراوان لەبەغدا دامەزراوەو نوسینگەیەك لەشەنگال یان لەموسڵ دەكرێتەوەو ئەوەی بەیەكێكی دیكە لەهۆكارەكانی گواستنەوەیان دادەنێت.
شاناز حەسەن بەشێك لەهاووڵاتیان بۆ دابەزاندنی كێشی زۆریان روودەكەنە هۆڵەكانی لەشجوانی و وەزشی تێدا دەكەن، بەڵام بەشێكی دیكە سیستمی خۆراكی كیتۆ بەكاردەهێنێت بۆ خێرا دابەزاندنی كێش، لەوبارەیەشەوە پزیشكی پسپۆر هۆشداری دەدات كەدەبێت لەژێر چاودێری پزیشك و رێنماییەكاندا بێت ئەگەر نا تووشی نەخۆشی جیاواز دەبنەوە. كیتۆ یەكێكە لەو بەرنامە خۆراكیەی كە لەجیهاندا بۆ دابەزاندنی كێش و چارەسەركردنی نەخۆشی و كەمی ڤیتامینات بەكاردێت و لەئێستاشدا لەكوردستان لەلایەن بەشێك لەهاووڵاتیانەوە پەیڕەو دەكرێت تاكێشی زۆریان داببەزێنن. زارا حەسەن تەمەن (40) ساڵ، كێشی (110) كیلۆ بووە، پێشتر زیاتر لەهەشت مانگ چۆتە هۆڵی لەشجوانی و (30) كیلۆ لەكێشی دابەزاندووەو وتیشی:» زۆر سوودم لەسەردانكردنی هۆڵی لەشجوانی بینیوە، بەڵام كاتێكی زیاترت پێویستە تا ئەوكاتەی كێش داببەزێنیت». زارا باسی لەوەشكرد دوای ماوەیەك پشوودان كێشی (12) كیلۆیەك زیادی كردووەتەوەو جارێكی دیكە لەڕێگەی سەردانی پزیشكییەوە بەڕێنمایی تەندروستی بیری لەوەكردووەتەوە كەكێشی زیاتر داببەزێنێت، وتی:»لەماوەی كەمتر لەدوو مانگدا (22) كیلۆ لەكێشم دابەزاندووە بە بەرنامەی خۆراكی كیتۆ، گرنگی ئەم بەرنامەیە ئەوەیە زوو كێشم دادەبەزێت و هەستی برسێتیم نیە، دەتوانم زاڵبم بەسەر خۆمدا». لەهەمان كاتدا نامۆ جەزا، تەمەن (41) ساڵ كەسێكی دیكەیە كە بەهۆی بەرنامەی خۆراكی كیتۆوە تووشی كێشەی تەندروستی بووەو وەك خۆی دەڵێت:» ماوەی زیاتر لەساڵێكە بە نەخۆشی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەناڵێنم، كێشم (١٢٢) كیلۆ بووەو ئێستا (74) كیلۆم». نامۆ دەشڵێت:» بەهەموو ژیانم خەوم بەئەوەوە دەبینی كە كێشم دابەزێت كەهەموو كەس پێی سەیر بوو لەو ماوەیەدا (48) كیلۆ داببەزێنم». بۆ كێش دابەزاندن لەڕێگەی بەرنامەی خۆراكییەوە یان سەردانكردنی هۆڵەكانی لەشجوانییەوە دەبێت، كە لەئێستادا زۆربەی هاووڵاتیان پەنای بۆ دەبەن. شاتوو جەبار، راهێنەر لەیەكێك لەهۆڵەكانی لەشجوانی لەسلێمانی، بەهاوڵاتی وت :» ئێمە تابتوانین رێنمایی خەڵكی بەتایبەتی ژنان دەكەین لەڕێگەی وەرزشكردن و سەردانیكردنی هۆڵەكانی لەشجوانیەوە كێشیان دابەزێنن، چونكە كەسەكە كالۆری زۆر دەسوتێنێت و وزەی خۆی بەكاردەهێنێت و بۆ توندبوونەوەی پێست وەرزشەكە باشترە». وەك راهێنەر جەختی لەوەشكردەوە وەرزشكردن باشترین رێگەیە بۆ كێش دابەزاندن و وتیشی :» راستە ماوەیەكی زیاترت دەوێت تادەگەیتە ئەو كێشەی خۆت مەبەستە، بەڵام بە بەرنامەیە و دواتر تووشی كێشەی تەندروستی و جەستەیی نابیتەوە». شاتوو جەبار ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد زۆربەی بەرنامە خۆراكییەكان بەتایبەت»كیتۆ»، كێشەی دوای دەستهەڵگرتنیان لەبەرنامەكە هەیە، كەزۆربەی ئەوانە تووشی سكچون و رشانەوە و شلبوونەوەی پێستی لەش دەبن و لەكۆتایدا نەخۆشی گورچیلە و ئازاری گەدەیان تووش دەبێت. ئەوانەی سەردانی هۆڵەكانی لەشجوانی دەكەن لەماوەی مانگێكدا دوو بۆ سێ كیلۆ لەكێشیان دادەبەزێت، بەڵام لەڕێگەی بەرنامەی خۆراكییەوە لەماوەی مانگێكدا زیاتر لە (10) كیلۆ لەكێش دادەبەزێت. سۆران عوسمان، خاوەن و راهێنەر لەهۆڵی لەشجوانی سۆران جیم، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پێویستە هەموو مرۆڤێك بۆ كێش دابەزاندن پەیڕەوی بەرنامەی خۆراكی و وەرزشكردن بكات، تا هەردووكیان پێكەوە هەم كێشی دابەزێت و ببێتە خاوەن جەستەیەكی جوان و لەڕووی تەندروستیشەوە تووشی كێشەی تەندروستی نابێت». ئەم راهێنەرە ئەوەشی روونكردەوە رێجیمكردن چەندین كێشەی تەندروستی بەدوای خۆیدا دەهێنێت بەتایبەت بەرنامەی خۆراكی كیتۆ كە بەهیچ شێوەیەك كاری پێناكەن بەو پێیەی كەمترین كاربۆهیدرات وەردەگرێت و زۆرین چەوری دەتوێنێتەوە. سۆران عوسمان جەختی لەوەشكردەوە» لەوانەیە بەرنامەی خۆراكی كیتۆ لەهەندێك كەسدا نەجاحەتی زۆر باشی هەبێت، بەڵام ئەوەیە بۆ هەموو كەس باش نیە». پزیشكێكی پسپۆری خۆراكی باس لەبەرنامەی سیستمی خۆراكی كیتۆ بۆ دابەزاندنی كێش دەكات و دەڵێت:» ئێستا زۆربەی خەڵكی حەزی بەبەرنامەی خۆراكی خێرا هەیە بۆ كێش دابەزاندن». ئیسرا كەمال، پزیشكی پسپۆری خۆراكی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «كیتۆ لەكۆندا بۆ نەخۆشی گەشكە و ئێستاش بۆ نەخۆشی شەكرەو كەمكردنەوەی چەوری سیانی لەخوێن و رێككرنەوەی كێشەی هێلكەدان و ئێستاش بۆ كێش دابەزاندن بەكاردەهێنرێت». ئەم پزیشكە ئەوەی روونكردەوە ئێستا زۆربەی خەڵكی حەزی بەبەرنامەی خۆراكی خێرا هەیە بۆ كێش دابەزاندن و وتی:» زۆربەی كەس كەدێتە لامان ئەوە پێشنیار دەكات كەكێشی زوو دابەزێت و هەستی برسێتی كەمدەكاتەوە و لەماوەیەكی كەمدا چەند كیلۆیەكی زۆر لەكێشی دابەزێت». دكتۆرە ئیسرا پێشیوابوو هەموو بەرنامەیەكی خۆراكی و بەتایبەتیش بەرنامەی خۆراكی كیتۆ پێویستە بەپێی نەخۆشی كەسەكەو بونیەتی جەستەیی و كێشەكەی دیاری بكرێت و دەبێت لەژێر چاودێری پزیشكی پسپۆردا بێت بەشێوەی زانستی، ناكریًت تەنیا پلانێك بێت و دواتر كێشی دوو ئەوەندە زیادببێتەوە. لەبارەی سودەكانی كیتۆوە ئەوەی روونكردەوە كە بۆ كۆنترۆڵكردنی شەكرە مرۆڤەكان دەپارێزێت و لەماوەیەكی كەمدا كێشی زۆر دادەبەزێت، بەڵام بێگومان بە بەرنامەیەكی پزیشكی نەبێت زیانیشی هەیە، دەبێتە نەقسی ڤیتامینەكان و لەبری سوود زیان بەكەسەكە دەگەیەنێت.
نامۆ سەربەست ماوەی چەند رۆژێكە نەمانی كارەبا لەناوەڕاست و باشوری عێراقدا بووەتە كێشەیەكی گەورەو بەهۆیەوە لەزۆرین و شارو شارۆچكەكاندا خۆپیشاندان بەردەوامەو هەندێكیش هەڵیانكوتایە سەر وێستگەكانی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی كارەبا لەشارەكانیاندا لەكاتێكدا (80) ملیار دۆلار بۆ دابینكردنی خەرجكراوە. دروستبوونی قەیرانەكە لەئەوەوە دەستیپێكرد كەكۆماری ئیسلامی ئێران ئەو غازە سروشتییەی دەینارد بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لەعێراقدا رایگرت، بەبیانووی ئەوەی عێراق بڕی چوار ملیار دۆلاری شایستەی ئەو غازەی نەداوە. حكومەتی عێراق بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا پشت دەبەستێت بەئەو غازەی لەئێرانەوە هاوردەی دەكات، بەڵام بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە ناتوانێت راستەوخۆ پارەكە بداتەوە بەئێران، بەڵكو دەبێت لەئەژمارێكی بانكیدا دایبنێت و ئێران تەنیا بۆ كڕینی پێداویستیی مرۆیی وەك خواردن و دەرمان بەكاری بهێنێت. هاوكات لەگەڵ بڕینی سەرچاوەی وزەكەیدا، بەهۆی چەند هێرشێكەوە بۆ سەر تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا، قەیرانەكە زۆر گەورەتربوو، بەجۆرێك رۆژی هەینی رابردوو زیاتر لە 99٪ی ناوەڕاست و باشوری عێراق بێ كارەبا بوون و هەندێك ناوچە بۆ زیاتر لە (72) كاتژمێر كارەبای نیشتیمانییان نەبوو، هەندێك سەرچاوەی حكومیش بەكەناڵی سۆمەریە نیوزیان راگەیاند، كە نەمانی كارەبا بەهۆی كێشەیەكی هونەرییەوە بووەو بەهۆیەوە وێستگەكان 99٪ی تواناكەیان لەدەستداوە. ئێران لەڕێگەی كۆمپانیایەكەوە هەژموونی خۆی بەسەر وەزارەتی كارەبای عێراقدا دەسەپێنێت بەهۆی ئەو قەیرانەوە ماجد حەنتوش وەزیری كارەبا دەستی لەكار كێشایەوەو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران ئەحمەد خەیری، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گواستنەوەی كارەبای لەسەر كارەكای لابردو شانەیەكی قەیرانی بەسەرۆكایەتیی خۆی بۆ چارەسەری كێشەكان پێكهێناوە. قەیرانی كارەبا لەعێراقدا هەمیشە وەك كێشەیەكی ئەزەلی ناودەبرێت و وێڕای گۆڕینی چەندین وەزیرو بەوتەی ماجد حەنتوشی وەزیری دەستلەكاركێشاوەی كارەبا، خەرجكردنی زیاتر لە (80) ملیار دۆلار، هێشتا بەردەوامە، چونكە كێشەكە زیاتر لەڕەهەندێكی هەیەو ئیرادەیەكی راستەقینە نییە بۆ چارەسەركردنی. یەكێك لەڕەهەندەكان بوونی گەندەڵی و بەش بەشێنەی سیاسییە، كەبووەتە مایەی ئەوەی گەندەڵەكان لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەكرێت و سزا نەدرێن، محەمەد ئەلغەزی پەرلەمانتاری عێراق لەو بارەیەوە دەڵێت:»بابەتەكە ئەوەیە كە بەیەكتر دەڵێن تۆ لەوەزیرەكەی من بێدەنگ بەو منیش لە وەزیرەكەی تۆ بێدەنگ دەبم، بۆیە لێپێچینەوە لەكەس ناكرێت و كەس سزا نادرێت. ئەوەتا ئەمبارەكانی وەزارەتی كارەبا چۆڵكراوە لە محەویلەكان، چونكە كاندیدی حزبەكان بردوویانە تا لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا بەكاری بهێنن». هاوكات لایەنی ئەمنی و تەقاندنەوەی تاوەرەكان بەشێكی تری هۆكارەكەیە كە دەبێتە هۆی نەمانی كارەبا. ئەگەر چی هەموو جارێك هێزە ئەمنییەكان دەڵێن هێرشەكان لەلایەن داعش یان رێكخراوە تیرۆریستییەكانی ترەوە كراوە، بەڵام جاسم ئەل جەبارە نوێنەری پارێزگای سەڵاحەدین لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت:»چەند لایەنێكی سوودمەند لەپشت هێرشی بەردەوامی سەر تاوەرەكانەوەن، كەسانێك هەن بازرگانی بەئەو سوتەمەنییەوە دەكەن كە بۆ موەلیدە ئەهلییەكان دابیندەكرێت، بۆیە ئەگەر كارەبای نیشتیمانی بەردەوام بێت ئەوان زیان دەكەن» لەلایەكی دیكەوە زۆرێك هۆكاری سەرەكیی كێشەی كارەبا دەگێڕنەوە بۆ دەستوەردانی ئێران لەدۆسیەكەدا، قاسم فەهداوی وەزیری پێشوی كارەبای عێراق بەماڵپەڕی عەینی هەواڵیی راگەیاند:»هەندێك وادەزانن چارەسەری كێشەی كارەبا تەنیا بەدەست وەزارەتی كارەبایە، بەڵام وەزارەتەكانی دارایی و نەوت و هێزە ئەمنییەكانیش بەشدارن، ئەوە بێجگە لەدەستوەردانە دەرەكییەكان». فەهداوی ئەوەی ئاشكراكرد وەزارەتی نەوت لەساڵی 2008دا بەڵێنیدا تاساڵی 2013 غاز بۆ سەرجەم وێستگەكان دابینكات، بەڵام تائێستا نەیكردووە، بەمەرجێك ئەو غازەی لەئێرانەوە دێت لەوە كەمترە كە لەكێڵگەكانی بەسرەو باشوردا بێسود دەسوتێن، وتیشی:»عەبدول جەبار لعێبی وەزیری پێشوتری كارەبا ویستی غازی كێڵگەی نەهران عومەر بەكاربهێنێت، بەڵام بەهۆی بەرژەوەندیی حزبەكان و كاریگەریی دەرەكییەوە نەیانهێشت». زۆرینەی ئەوانەی لەسەر دۆسیەی كارەبای عێراق دەدوێن كۆكن لەسەر ئەوەی بەهۆی هەژمونی ئێرانەوە بەسەر عێراقدا ئەو دۆسیەیە چارەسەر نابێت، چونكە بووەتە مایەی داهاتێكی گەورە بۆ ئەو وڵاتەو ئەو میلیشیا عێراقییانەی سەر بەئێرانن هاوكات، خالد ئەلئەسەدی پەرلەمانتار لەبەرنامەی (لعبە الكراسی) كەناڵی شەرقیەدا وتی:»كۆمپانیایەك دەسەڵاتی بەسەر وەزارەتی كارەبادا گرتووە كەوەزیر و سەرۆك وەزیرانیش دەزانن كێیە، بەڵام كەس جورئەتی ئەوەی نییە كارەبا لەدەست ئەو كۆمپانیایە خۆماڵی بكات»، كە مەبەست لێی كۆمپانیایەكی سەر بەكۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئەسەدی ئاشكراشیكرد:» ئەو كۆمپانیایە، لەڕێگەی بەرتیل و پاڵپشتیی وڵاتێكی دەرەكییەوە هەژمونی وەرگرتووە، كۆمپانیاكە هی سەركردە باڵاكانی ئەو وڵاتەیەو ئەو پارەیەی لەگەندڵیی وەزارەتی كارەباوە دەستی دەكەوێت دەیداتە ئەوان، تەنانەت هەندێك جار دەستوەردەداتە دامەزراندنی وەزیرەكانیشەوە». زۆرینەی ئەوانەی لەسەر دۆسیەی كارەبای عێراق دەدوێن كۆكن لەسەر ئەوەی بەهۆی هەژمونی ئێرانەوە بەسەر عێراقدا ئەو دۆسیەیە چارەسەر نابێت، چونكە بووەتە مایەی داهاتێكی گەورە بۆ ئەو وڵاتەو ئەو میلیشیا عێراقییانەی سەر بەئێرانن، بەجۆرێك تەنانەت رێگانادەن وەزارەتی كارەبا وێستگەی كارەبایی تیشكی خۆر دابمەزرێنێت، تاداهاتی ئێران و حزبە سیاسییەكان لەبازرگانیكردنیاندا بەسوتەمەنییەوە كەمنەكاتەوە. بەدەر لەداهاتە داراییەكەشی، هەمیشە كارتێكی فشارە بۆ سەر عێراق تا زیاتر هەژمونی خۆی بەسەردا بسەپێنێت. محەمەد ئەلغەزی پەرلەمانتاری عێراق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە دروستكردنەوەی قەیرانی كارەبا بەم شێوە قورسەو لەكاتی ئەم گەرما زۆرەی عێراقدا كەپلەكانی گەرمی لە سەروو (50) پلەوەیە، بۆ ئەوەیە كارتێكی فشار بێت تا هەڵبژاردنەكانی مانگی تشرینی یەكەم دوابخرێت، چونكە «ئێرانییەكان هەستدەكەن حزبە لایەنگرەكانی ئەو هێشتا ئامادە نین بۆ هەڵبژاردن و كاتی زیاتریان پێویستە».