هاوڵاتی  یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە 300 ملیار دینارو 65 ملیۆن دۆلاریان لای حكومەتی هەرێمەو پێیان نادەنەوە، دەشڵێن:» پارەی كۆمپانیا بیانییەكان دەدەرێتەوە، بەڵام بەڵێندەرانی خۆماڵی فەرامۆش كراون». سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان لقی سلێمانی دەڵێت:»حكومەتی هەرێم بێویژدانە تەنها پارەی كۆمپانیا بیانییەكان دەداتەوە». ناجی شێخ عیزەدین، سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەران لقی سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی  وت:» پارەمان ماوەو حەوت ساڵە هاوار دەكەین و پێ دەنێینە ساڵی هەشتەمەوە بەردەوام پێیان دەڵێن كوا پارەی پرۆژەكان كە تەواو كراون، ئەوە لەسەدا 85%ی بەڵێندەران ئیفلاسیان كردووەو گوێی پێنادەن». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد سەرەڕای ئەوەی كە سەردانی  وەزیری ئاوەدانكردنەوەو دارایی و پلاندانانی حكومەتی هەرێمیان كردووەو نووسراویان بۆ كردوون كە پارەی پرۆژەكان بدرێتەوەو لەوەڵامدا پێیان راگەیاندوون داواكارییەكانتان بەرزكراوەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران. ناجی شێخ عیزەدین دەشڵێت:» بڕی 300 ملیار دینارمان لای حكومەت هەرێم ماوەو بەگشتی وەكو بەڵێندەرانی سلێمانی و هەولێرو دهۆك هەموومانیان وێران كردووە، بەڵێندەر هەبووە ئەشیای ماڵ و سەریارەكەی فرۆشتووە تا پێی بژی، لەولاشەوە پارەی لای حكومەتەو نایداتەوە». هەروەها ئەوەشی خستەڕوو تەنها پارەی پترۆ دۆلار كە هاتووە بۆ هەرێم و بۆیان خەرج نەكراوە لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا كە 206 پرۆژەی پێكراوەو تەواوبووە هی 174 كۆمپانیایە نەدراوەتەوە. سەرۆكی لقی یەكێتی بەڵێندەران لقی سلێمانی ئەوەشی باسكرد كەچەند جارێك لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت گفتوگۆیان كردووەو داوای ئەو پارانەیان كردووەتەوە، لەوەڵامدا پێی راگەیاندوون با مووچە بدرێت. ناجی شێخ عیزەدین داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات بەڵێندەرانی خۆماڵی فەرامۆش نەكات بەپێی خشتەیەك پارەی پرۆژەكانیان پێبدرێتەوە، وتیشی:»حكومەتی هەرێم بێ ویژدانە، پارەی كۆمپانیاو بەڵێندەرە بیانییەكان دەداتەوەو پارەی بەڵێندەرو كۆمپانیا خۆماڵییەكان ناداتەوە، ئێمەش مرۆڤین وەك بیانییەكان».

شاناز حەسەن پەرلەمانی كوردستان بڕیاریداوە دوا وادە بۆ فراكسیۆنەكان 18ی ئەم مانگە دەبێت كە تێڕوانینی خۆیان بۆ نووسینەوەی دەستور ئامادە بكەن و دواتر لیژنەی نووسینەوەی دەستور بە بەشداری سەرجەم لایەنەكان پێكدەهێنێتەوە. نووسینەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێم لەخولی پێشووی پەرلەماندا 57 ماددەی لێ پەسەند كرا، بەڵام بەهۆی كێشە سیاسییەكانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی لەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كارەكانی نووسینەوەی پرۆژەی دەستور راگیرا. نووسینەوەی دەستور لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بووەتە پرسی رۆژ و تائێستا كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان و كۆبوونەوەیەكی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بۆ ئەنجامدراوەو بڕیارە سەرجەم فراكسیۆنەكان تا 18ی ئەم مانگە بۆچوون و تێڕوانینی حزبەكانیان بدەنەوە سەرۆكایەتی پەرلەمان. بەپێی بەدواداچوونەكانی  هاوڵاتی، پەرلەمانی كوردستان برڕیاریداوە لەدوای 18ی ئەم مانگەوە دوای وەرگرتنی رای لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان، لیژنەی نووسینەوەی دەستور بەگەڕ بخاتەوە تا لەماوەی سێ مانگدا پرۆژەكە بەتەواوی ئامادەبكرێت و پەسەند بكرێت لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوەو دواتر كاتێكی بۆ تەرخان بكرێت و بخرێتە راپرسییەوە. سێی تشرینی دووەمی 2021 یەكەم كۆبوونەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بەئامادەبونی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان بەڕێوەچوو بۆ كاركردن لەسەر پڕۆژە یاسای دەستور. لەكۆبوونەوەدا بڕیار درا هەریەك لەفراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان تێبینی خۆیان بنووسن و بیدەنەوە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام هەریەك لەفراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی و یەكگرتوو و سەربەخۆكان بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكرد. فراكسیۆنی یەكێتی: گرنگە كوردستان ببێتە خاوەنی دەستور زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»لەم كۆبوونەوەیەدا كاتێك دیاریكرا بۆ ئەوەی سەرجەم فراكسیۆنەكان تێبینی خۆیان لەسەر دەستور بخەنەڕوو كە دوا وادە 18ی ئەم مانگە دەبێت». سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی جەختی لەوەكردەوە:» بەلامانەوە گرنگە دەستورێك بنووسینەوە، دەستوری هاووڵاتیان بێت، هەموو هاووڵاتیەكی هەرێمی كوردستان خۆی بەخاوەنی ئەم هەرێمە بزانێت». زیاد جەبار ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد نووسینەوەی دەستورێكی هاووڵاتیان پێویستی بەسازانێكی  نیشتیمانی هەیەو وتیشی:» پێویستە هەمومان پێكەوە ئامادەكاری بكەین و هەموو لایەنەكان بەشداربن بۆ رازیكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت نەك تەنیا بۆ رازیكردنی هێزێكی سیاسی». سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: دەستور زەمینەسازی سیاسی تەواوی دەوێت زانا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ  هاوڵاتی باسی لەوەكرد هەرزوو تێبینیەكانی خۆیان وەك فراكسیۆنی پارتی داوەتە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان. وتیشی:» دەستور پێویستی بەزەمینەسازیەكی سیاسی و دروستكردنی مەدبەخێكی سیاسی لەسەرۆكایەتی حكومەتدا هەیە». زانا خالید هێمای بۆ ئەوەشكرد كردەیەكی كرداری پەرلەمان و وەرگرتنی پێشنیارەكان لەكۆبوونەوەی 18ی مانگدا تاووتوێدەكرێت. 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و تێبینی هەریەك لەفراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان وەردەگرێت لەسەر نووسینەوەی پڕۆژە یاسای دەستور. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی دووپاتكردەوە:» هەر فراكسیۆنێك  بەرپرسیارە لە رای فراكسیۆن و حزبەكەی خۆی، بەڵام ئەوەی گرنگە دەستورەكەیە كە بۆ خەڵكی هەموو هەرێمی كوردستان بێت، بۆیە هەر لایەنێك كەدەستوری لا گرنگ بێت بۆ هەرێمی كوردستان واباشترە  لەپەرلەماندا بەشداربێت لە نووسینەوەی». كۆبوونەوەی سێی ئەم مانگە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتوو و پەرلەمانتارە سەربەخۆكان بەشدار نەبوون. عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ، لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» ئێمە راستە بەشداری كۆبوونەوەكە نەبووین وەك هەڵوێستێك بەرامبەر ئەو بێڕێزیەی بەرامبەر پەرلەمان كرا لە كۆبوونەوەكانی پێشوودا». سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئەوەشی خستەڕوو دیار نیە بەشداری كۆبوونەوەی دواتر دەكەن یان نا، چونكە پێكەوە فراكسیۆنە بەشدار نەبووەكان هەڵوێستێكی هاوبەشیان دەبێت. پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ كە لەكۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەشداربووە دەڵێت:»تا هەرێم بەدامەزراوەیی نەكرێت هیچ زەمانەتێك نییە دەستور هاوشێوەی یاساكان پێشێل نەكرێت». كاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» پێویستە دەزگاكانی حكومەت بەهێز بكرێت و یاسا سەروەر بكرێت، چونكە ئێستا چەندین یاسای باش هەیە بەڵام پێشێل دەكرێت، بۆیە چ زەمانێك هەیە كە دەستورت هەبێت و پێشێل نەكرێت». كاوە عەبدولقادر پێشیوابوو تا هەرێمی كوردستان بەدامەزراوەیی نەكرێت، یاسا سەروەر نەبێت، دەسەڵاتی دادوەری نەكرێتە سەربەخۆو جیانەكرێتەوە هیچ زەمانێك نیە دەستور پێشێل نەكرێت.

هاوڵاتی تورکیا دوو سیناریۆی ئامدەکردووە بۆ رەوایی دان بە پەلکێشکردنی هەسەدە بۆ شەڕێکی نەخوازراو، سیناریۆی یەكەم ئەوەیە، توركیا رێگای ئێم 4 واتە رێگای حەلەب-لازقییە بۆ شوێنی هێزەكانی روسیاو بەشار ئەسەد دەستەبەربكات‌ و گروپە چەكدارە سورییەكانی لەناوچە ستراتیژیەکە دەکشێنێتەوە، لەبەرامبەردا توركیا لەقۆناغی یەكەمدا هێرشدەكاتەسەر هەندێك گوندی باكوری حەلەب كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدەدایەو لەقۆناغی دواتریشدا هێرشدەکاتە سەر کۆبانێ. رێزان حەدۆ وتەبێژی پێشووی هێزەكانی خۆپاراستن لەعەفرین بەتۆڕی سپۆتنیكی رووسی راگەیاند «توركیا لەقۆناغی دووەمدا هێرشدەكاتەسەر كۆبانێ، بەوەش توركیا ناوچەكانی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتیی‌ و قەڵغانی فورات بەیەكەوە دەبەستێتەوە». باسی لەوەشکرد کە سیناریۆی دووەم ئەوەیە کە ئەنقەرە پڕۆسەی بەئامانجگرتنی كەسایەتییە دیارە سەربازیی‌ و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر چڕدەكاتەوە، ئەگەرهاتوو لەبەرامبەردا هەسەدە پەرچەكرداری نواندو پەلاماری خاڵ‌و پێگە سەربازییەكانی توركیایدا، ئەوە دەكاتە پاساو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژ بەهەسەدە. ماوەی ١٠ ساڵە توركیا بە بەردەوامی دژایەتیی رۆژئاوای کوردستان دەکات، بەرپرسانی رۆژئاوا پێیانوایە کە تورکیا هەمیشە پلانی هێرشكردنیشی هەیە بۆسەریان و هەموو هەوڵە دیبلۆماسیی و سیاسییەكانیشی خستووەتەكارو ئامادەیە کە هەموو رێككەوتنێک لەگەڵ ئەمریكا و روسیا بكات تاكو دەستكەوتێك بەدەستبهێنێت دژی رۆژئاوا. توركیا هەزاران سەربازی لە باكووری سوریا بڵاوەپێكردووە، وەك ئامادەكارییەك بۆ هێرشێكی پێشتر هەڵپەسێردراو بۆ سەر شەڕڤانانی كورد. ئاژانسی بلۆمبێرگ لەزاری دوو بەرپرس، كە ناوو ناسنامەیان ئاشكرانەكراوە، دەڵێت، هێرشە پلان بۆداڕێژراوەكە ئامانج لێی داخستنی یەك لەسەرسێی سنووری توركیایە لەگەڵ سوریا، كە درێژییەكەی 910 كیلۆمەترە. دەشڵێت ئامانجی توركیا «كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكانی باشووری شاری كۆبانێیە، بۆ پێكەوەبەستنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی لەڕۆژهەڵات و رۆژئاوای رووباری فورات». ئامانجێكی پێشبینیكراوی دیكە، «دەستبەسەراگرتنی بنكەی میناگی ئاسمانییە لەنزیك شاری ئەعزاز، كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایەو لەوێوە هێرش بۆسەر هێزەكانی توركیاو چەكدارە سورییە هاوپەیمانەكانی ئەنجامدەدەدرێت»، بەرپرسەكان وا دەڵێن.

  هاوڵاتی دوو ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوە رەتدەكەنەوە كە باس لە دوورخستنەوەی 48 ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەكرێت. دوای دوورخستنەوەی چەند ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان باس لە دوورخستنەوەی 48 ئەندامی سەركردایەتی دیكە دەكرێت. دوو ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە نەیانویست ناویان بهێندرێت بۆ هاوڵاتی ئەوەیان دووپاتكردەوە كە یەكێتی كەسی لێ زیاد نییە. هەروەها ئەوەشیان رەتكردەوە كە 48 یان هەر كەسێكی دیكەی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دووربخرێتەوە. یەكێك لەو ئەندامانەی سەركردایەتی بەهاوڵاتی وت:» گۆرانكاری دەكرێت لە هەموو ئاستەكاندا لە بەرپرسانی چەند مەڵبەندێك و مەكتەبێك و سەرجەم ئۆرگانەكان دەگرێتەوە، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی كە ئەندامانی دیكەی سەركردایەتی دووربخرێنەوە».

عەمار عەزیز ئامارەكانی كۆچكردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدارو بەرپرسی سەنتەری گەشەپێدانی لاوان لەپارێزگای دهۆك ئەوە ئاشكرادەكات لەمساڵدا 35 هەزار كەس لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوروپا كۆچیان كردووە كە 11 هەزار كەسیان لەپارێزگای دهۆكەوە بووە». كاروانی كۆچی گەنجان و خێزانەكان لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا لەڕێگەی بیلاڕوسیا بۆ دڵی ئەوروپا تەشەنەی كردووەو هۆكارەكەشی بۆ خراپی دۆخی ئابووری و نەبوونی هەلی كارو ناسەقامگیری سیاسی دەگەڕێننەوە. گەنجان كە گرنگترین تووێژی كۆمەڵگەن لەهەموو وڵاتێكدا، بەڵام لەهەرێمی كوردستان كەمترین بایەخ بەو سەروەتە مرۆییە دەدرێت. كاروان سادق، گەنجێكی شاری دهۆكە لە 7 تشرینی یەكەمی ئەمساڵ كۆچی كردووە بۆ دەرەوەی وڵات، چەند رۆژێكە گەیشتووەتە وڵاتی ئەڵمانیا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: «هیچ هیوایەكەم بەهەرێمی كوردستان نەمابوو، لەهەموویشی خراپتر بەچاوی خۆم بینیم ئەو كەسانەی باسی هەوڵی گوڕانكاری و باشكردنی دۆخی خەڵكیان دەكرد بەهەموو شێوەیەك دژایەتی ئەو كەسانە دەكرا». كاروان سادق ئاماژەی بەوەشكرد كە رۆژێك قەیرانی غاز،  رۆژی دواتر قەیرانی بەنزین و گرانبوونی كەلوپەلی رۆژانەو هەر رۆژەی قەیرانێك دروست دەكرا بۆ دۆخی خەڵك، وتیشی:»ئەگەر 1% هیوایەكم بەهەرێمی كوردستان هەبووایە هەرگیز نەدەچوومە دەرەوەی وڵات، ئەگەر ئەم كێشەیە چارەسەر نەكرێت رێژەی كۆچكردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوام دەبێت». لەسنوری پارێزگای دهۆك كۆچكردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات یەكجار زیادبووە، تووێژەرانی كۆمەڵگە بەمەترسییەكی گەورە وەسفی دەكەن و داوای چارەسەری ئەو دۆخە دەكەن. شەهاب سلێمان، تووێژەری كۆمەڵایەتی باس لەكۆمەڵێك هۆكاردەكات كە وا لەگەنج دەكات روو لەدەرەوە بكات، بەهاوڵاتی وت: « هیچ شتێكی دڵخۆشكەرو هیوا بەخش لەعێراق و هەرێمی كوردستان نەماوە، رۆژانە تەنها گوێبیستی كۆمەڵێك شتی ناخۆش دەبین». ناوبراو پێشیوابوو هیچ ئاسۆیەك نیە بۆ چارسەركردنی كێشەكان كەگەنج 18 ساڵ دەخوێنێت دواتر لەماڵ دادەنیشێت، هەلی كار لەكەرتی تایبەتیش دەستناكەوێت. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو هەر رۆژێك قەیرانێكی نوێ لەهەرێمی كوردستان دروستدەبێت ، «گەنج  لەناو ئەم كێشانەدا دەژیت، هیچ هیوایەكی نەماوە ناچاردەبێت كۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات هەڵبژێرێت، بەڵام هیچ كەسێك حەزناكات وڵات و خێزانەكەی بەجێبهێلێت، بەڵام دۆخەكە ئەوەندە خراپە وەسف ناكرێت. « «چارەسەر زۆر ئاسانە بەڵام حكومەت نایكات، بەداخەوە لەسەر ئاستی باڵاش هیچ رێكارێك یان هەنگاوێك نیە رێگا لەگەنج بگیرێت تا كۆچ نەكەن، ئەگەر تەنها هەلی كار بۆ گەنجان دابین بكرێت دڵنیام رێگای ئەوروپا هەڵنابژێرن هەر لەناو وڵاتی خۆیان دەمێننەوە و خزمەت بەگەلی خۆیان دەكەن» شەهاب سلێمان وا دەڵێت . بەپێی جاڕنامەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان مرۆڤەكان ئازادن لەچ شوێنێك ژیان بەسەردەبەن. حەمدی عەبدولباقی بەرواری، سەرۆكی رێكخراوی مافی مرۆڤ لەپارێزگای دهۆك  بۆ هاوڵاتی، جەختی لەوەكردەوە كە كۆچكردنی هەزاران كەس لەهاووڵاتیانی كورد بەتایبەت كوردانی سنوری پارێزگای دهۆك لەساڵی 2021دا گەورەترین كێشەیە، داخستنی كونسوڵخانەی وڵاتێك  و سنوری نێوان چەند وڵاتێك چارسەر نیە، چونكە دەیان كونسوڵخانە و سنوری تر هەیە كە هاووڵاتیان لەو شوێنانە كۆچ بكەن. كۆچی بەلێشاوی گەنجان لەهەرێمی كوردستان و عێراقەوە بۆ گەیشتنیان بەوڵاتانی ئەوروپا لەڕێگەی وڵاتی بیلاڕوسیاوە وایكرد حكومەتی عێراق باڵیۆزخانەو كونوسڵخانەی بیلاڕوسیا لەعێراق و هەرێم دابخات، ئەوەش وەك كاردانەوەی كردنەوەی رێگا بۆ كۆچی گەنجان. بەیار دۆسكی ، بەرپرسی سەنتەری گەشەپێدانی لاوان لەپارێزگای دهۆك ئاماژەی بەوەكرد   دوو ئاماریان لەبەردەستدایە ، یەكێكیان ئەوەیە كە لەسەرەتای ساڵی 2021 تا مانگی ئابی ئەمساڵ 25 هەزار كەس لەهەرێمی كوردستان كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات. هەروەها لەسەرەتای ساڵی 2021 تائێستا زیاتر لە 35 هەزار كەس كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات، لەم ژمارەیە زیاتر لە 11 هەزار كەس دانیشتووی پارێزگای دهۆكن. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاودەكرێتەوە گەنجانی هەرێمی كوردستان لەنێوان سنورەكانی بیلاڕوسیاو لیتوانیاو پۆڵەندا تووشی دەیان ناڕەحەتی دەبنەوە و داوایان لەوڵاتانی ئەوروپا كردووە كە رێگەیان لێنەگرن، بەڵام وڵاتی پۆڵەندا زیاتر لە 12 هەزار سەربازو پۆلیسی لەسەر سنورەكان بڵاوەپێكردووەو كۆچبەرانیش دەڵێن ژیانیان لەمەترسیدایە. بەیار دۆسكی ئەوەی روونكردەوە كە ئەوان لەهەوڵی رزگاركردنی ئەو كەسانەدان  كە لەسەر سنوری بیلاڕوسیا و لیتوانیا لەدۆخێكی سەختدا دەژین ، وتیشی:» قسەمان لەگەڵ بەشێك لەكۆچبەران كردووە كە رۆژانە رووبەڕووی قسەی ناخۆش دەبنەوە لەلایەن پاسەوانانی ئەو دوو وڵاتە( بیلاڕوسیا، پۆڵەندا) جگە لەمەش كەمی خواردن و سەرمای ئەو ناوچەیە دۆخەكەیانی خراپتر كردووە». دۆسكی  ئەوەشی دووپاتكردەوە كە داوایان لەحكومەتی هەرێم كردووە كە بەزووترین كات كۆمەڵێك هەلی كار بۆ گەنجان رابگەیەنێت بۆ ئەوەی ئەو كێشانە چارەسەربكات كە بەو هۆیەوە گەنجان كۆچ دەكەن. بەرپرسی پێشووی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی لەیۆنان دەڵێت:» لەتوركیاوە بۆ ئیتاڵیا یان لەتوركیاوە بۆ یۆنان كۆچكردنی گەنجانی كورد بەردەوامە». حوسێن حەمەساڵح، بەرپرسی پێشووی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی لەیۆنان لەلێدوانێكدا بە وت:» كۆچكردنی گەنجان و خێزانی كورد لەتوركیاوە راستەوخۆ بۆ ئیتاڵیا لەڕێگەی كەشتی سیاحی و یەختەوە لەڕێگای قاچاغەوە بەردەوامە، بەهەمان شێوە لەتوركیاوە بۆ یۆنان كۆچبەران هەر دێن، بەڵام دوای ئاشكرابوونی رێگای بیلاڕوسیا بۆ ئەوروپا ئێستا زیاتر كورد لەو رێگەیەوە كۆچ دەكات». ناوبراو پێشیوابوو تاكێشەكان لەهەرێمی كوردستان لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە چارەسەر نەكرێت كۆچكردن بەردەوام دەبێت. هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كۆچكردنی گەنجان مەترسییەكی گەورەیەو بەپێی ئامارەكان لەمساڵدا گەیشتووەتە لوتكەو ئاستێكی مەترسیدار، بۆیە داوای لەبەرپرسانی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان كرد بەجددی كار لەسەر هاوكاریكردنی گەنجان و دۆزینەوەی هەلی كاربكەن تادۆخی ئابوورییان باش بكرێت بۆ ئەوەی ئاماری كۆچكردن بۆ دەرەوە كەمتر ببێتەوە.

هاوڵاتی تورکیا پلانی داناوە بەدەیان هەزار چەکداری گروپە میلیشیاکانەوە هیرش بکاتەسەر کۆبانێ و داگیری بکات هاوشێوەی داگیرکردنی عەفرین لەساڵی ٢٠١٨دا. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە، بەڵام بەپێی میدیاکانی تورکیا ئەردۆغان نەیتوانیوە قەناعەت بەبایدن بکات بۆ ئەنجامدانی ئەو هیرشە سەربازییە. کۆبانێ نایەڵێ تورکیا بخەوێت ئاژانسی «بلوومبێرگ» بڵاوی کردوە کەئامانجی تورکیای بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازیی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات بریتییە لەداگیرکردنی شاری کۆبانێ و بنکەی ئاسمانیی « مینگ» لە رۆژئاوای حەلەب. ئاژانسەکە بەپشتبەستن بەسەرچاوەی دیبلۆماسیی گواستوویەتییەوە کەدەسەڵاتدارانی تورکیا رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات، سەدان سەربازیی بەرەو سوریا گواستۆتەوە. ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەو ئۆپراسیۆنەی پلانی بۆدانراوە داخستنی سێیەکی سنووری تورکیاو سوریایە کە 910 کیلۆمەترە، ئاشکراشی کردووە کەئەنکەرە دەیەوێت دەست بەسەر شاری کۆبانێدا بگرێت کە رۆژهەڵات و رۆژئاوای رووباری فوڕات بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەوە جگە لە کۆنترۆڵکردنی بنکەی ئاسمانیی «مینگ» لەنزیک شارۆچکەی ئەعزاز لەگوندەواری رۆژئاوای حەلەب. ئاژانسەکە جەختیکردۆتەوە کەئەو هەنگاوەی تورکیا لەباریداهەیە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەناوبەرێت، هەروەک رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاش دوژمنایەتیی خۆی بۆ واشنتۆن رادەگەیەنێت. هاوکات پێگەی ئەلمۆنیتۆر بڵاویکردەوە، چەند سەرکردەیەکی گروپی میلیشیاکانی سەر بەتورکیا کۆبوونەوەیان لەگەڵ سوپای تورکیا ئەنجامداوەو ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشکردنەسەر رۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا. پێگەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە تورکیا نزیکەی 35 هەزار چەکداری ئامدە کردووەو پێش ئۆپەراسیۆنەکە لەنزیکەوە چاودێری جموجوڵی ناوچە بەئامانجگیراوەکان دەکات. ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ چاودێری و هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا لەڕۆژئاوای کوردستان لەماوەی رابردوودا دووجار لەناو شاری کۆبانێ هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە. پێگەکە لەزاری یەکێک لەگروپە میلیشیاکانەوە گواستویەتیەوە، کۆبوونەوەی چڕوپڕی نێوان میلیشیاکان و بەرپرسانی سوپای تورکیا بەشێوەیەکی بەردەوام بەڕێوەدەچێت بۆ ئامادەکاری بۆ شەڕ دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات. باسی لەوەشکردووە کە ئەو دیدارانە ئەنجمادراون لەئەنقەرەی پایتەختی تورکیا یان لەناو خاکی تورکیاو ناوچەکانی ژێر دەستی میلیشیاکان. یەکێک لەفەرماندە سەربازییەکان وتوویەتی کە سوپای تورکیا ئامادەباشیی کەتیبە سەربازییەکانیان بەرزکردۆتەوەو هێزی سەربازیی زیاتریان ناردووە بۆ ناوچە سنورییەکان. مستەفا سێجری، یەکێک لە فەرماندەی ئەو میلیشیایانەیە بە ئەلمۆنیتۆری راگەیاندووە «ئێمە ئەو مەشق و ئامادەکارییە سەربازییانەی کەپێویستە بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازیی داهاتوو تەواومان کردووەو هەزاران شەڕکەرمان ئامادەن بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی». عەبدولسەلام عەبدولڕەزاق، یەکێکی دیکەیە لەفەرماندە چەتەکان بەئەلمۆنیتۆری وتووە کە ناوچەکانی تەلڕەفعەت و کۆبانێ ئامانجێکی ستراتیژییە بۆ سوپای تورکیاو میلیشیاکان ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی رۆژی جیهانی کۆبانێ کە ساڵڕۆژەکە تایبەتە بەسەرکەوتنی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە  بەسەر داعشدا. ئەو ئامادەکاریانەش دوای ئەوە دێت کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوەو بە نیگەرانیەوە لەکۆبوونەوەکە هاتە دەرەوە، بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکاش بایدن لەبارەی باکورو رۆژهەڵاتی سوریاوە رەتیکردووەتەوە رێی بدات هێش بکاتەسەر ئەو ناوچانە. بایدن ئه‌ردۆغان نائومێد دەکات رۆژی یەکشەممە 31-10-2021 جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکاو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رۆما کۆبوونەوەو باسیان لە چەند پرسێک کرد.. بەڵام جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا هیچ به‌ڵێنێكی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا نەداوە سەبارەت بەچاوپۆشیکردنی لەهێرشکەرنە سەر رۆژئاوای کوردستان. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک كۆماری تورکیا رایگەیاند «له‌ 16 هەمین لوتکەی سەرکردەکانی G20 کەئیتاڵیا میواندارێتی کرد، له‌میانی كۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ جۆو بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا دڵگرانی خۆمم لەبارەی ھاوکاری ئەمریکا بۆ رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/پەیەدە لەسوریا پێ راگەیاند». ئەردۆغان لەبارەی ھاوکاری ئەمریکا بەپێدانی چەک بەپه‌كه‌كه‌ و په‌یه‌ده‌ وتی: «پێموایە قۆناغی داھاتوو بەم شێوەیە بەردەوام نابێت». میدیاكانی توركیا ده‌ڵێن «بایدن هیچ به‌ڵێنێكی دڵخۆشكه‌ری به‌ ئه‌ردۆغان نه‌داوه‌ له‌باره‌ی په‌كه‌وه‌و په‌یه‌ده‌وه‌، ته‌نانه‌ت هۆشداری پێداوه‌ له‌باره‌ی كڕینی موشه‌كی  S400ی روسی و ده‌ستتێوه‌ردانی زیاتر له‌سوریا». هەروەها میدیاكانی ئه‌مریكاش بڵاویانكرده‌وه‌، كه‌ بایدن ئه‌ردۆغانی ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ره‌نجامی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی كه‌ بووه‌ته‌ هۆی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیاو ئه‌مریكا. هاوکات کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، بایدن بەئەردۆغانی وتووە کە «ئەمریکا خوازیاری پاراستنی پەیوەندیی بەرهەمدارو هەروەها فراوانکردنی هاوئاهەنگییەکانە لەگەڵ تورکیا». سەرۆکی ئەمریکا «جەختی لەنەهێشتنی جیاوازییەکان لەگەڵ تورکیا کردووەتەوە؛ هەردوو سەرکردە تاووتوێی پرۆسەی سیاسیی سوریا، دۆخی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست و لیبیایان کردووە.» بەپیی راگەیەنراوەکەی کۆشکی سپی «سەرۆک بایدن نیگەرانی خۆی لەکڕینی سیستمی ئێس 400ی روسی لەلایەن تورکیاوە دەربڕیوەو جەختی لەگرنگی بەهێزیی دامەزراوە دیموکراسییەکان، رێزگرتن لەمافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا کردووەتەوە». هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، یەکێک لەبابەتەکانی دیدارەکەیان بریتی بووە لەهاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هەسەدە. ئەردۆغان دەڵێت، نیگەرانیی خۆی لەوبارەیەوە بە بایدن راگەیاندووەو وتی، «رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەکو پەکەکەو پەیەدە کە لەسوریادان، بەتایبەتی لەبابەتی ئەو پشتیوانییانەی لەئەمریکاوە پێیاندەگات، جێگەی نیگەرانیی ئێمەیەو نیگەرانیی خۆشمان لەو بارەوە پێ راگەیاند. باسمان لەو نیگەرانییانە کرد کە ئەو بابەتە بۆ ئێمەی دروستکردووە وەک ئەندامی ناتۆ. هەروەها وتمان ئەم هەنگاوانە زیان بەهاوئاهەنگی نێوانمان دەگەیەنێت». ئەردۆغان رۆژی 24-9-2021 لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بایدن بەمیدیای وڵاتەکەی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لەگەڵ هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا لەدۆخێکی هێندە خراپدا نەبووە. جۆو بایدن لەوەتەی بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، دوو جار لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەتەوە. یەکەمیان لەحوزەیرانی ئەمساڵ و لەبرۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لەپەراوێزی لووتکەی ناتۆدا بوو. تورکیا هێزی زیاتر رەوانەی سنووری رۆژئاوای کوردستان دەکات وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی، تورکیا هێزی زیاتری ناردە سنووری کۆبانێ و سەرێکانی. بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ «سوپای تورکیا کاروانێکی نوێی سەربازیی، کە لەبارهەڵگری پڕ لەچەک و تەقەمەنی پێکهاتووە، لەسەر سنوور لەبەرامبەر کۆبانێ کۆکردووەتەوە، هەروەها کاروانێکی سەربازیی ناردووەتە سەرێکانی». کۆکردنەوەی ئەو هێزە لەکاتێکدایە ماوەیەکە تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەکات، لە رۆژئاوای کوردستان. رۆژی سێشەممەی رابردوو 26/10/2021، یاداشتنامەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار، بۆ ناردنی سوپای تورکیا بۆ عێراق و سوریا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەودیو سنوور لەکاتی پێویستدا لەو دوو وڵاتە بۆ ماوەی دوو ساڵ، لەئەنجومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا بەدەنگی «بەڵێ»ی ئاکپارتی، مەھەپە و ئیی پارتی لەبەرامبەر دەنگی «نەخێر»ی جەھەپە و ھەدەپەدا پەسەند کرا. ئەمجارە جگە لەهەدەپە، بۆ یەکەمجار پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە دووەم پارتی گەورەی تورکیایە لەناو پەرلەمانی تورکیا دژی دەنگدان بوو بەو یاداشتە. بۆیە ئەردۆغان لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ فراکسیۆنی پارتەکەی (ئاکپارتی) وتی: «بابەتی گرنگ ئەوەیە جەھەپە کە دووەم گەورە پارتی تورکیایە، خۆی رادەستی هەدەپە کردووە کە یارییەکە بەدەست رێکخراوی تیرۆریستییەوە».

هاوڵاتی هەریەکە لە نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا و موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر کێبڕکێیانە بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەتی عێراق لەپشکی شیعەکان لەکاتێکدا هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رانەگەیەنراوە. مالکی لەهەوڵدایە بەرەیەکی فراوان لەبەرەکەی سەدر پێکبهێنێت بۆ پێکانی ئامانجەکەی، هاوکات موقتەدا سەدر جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەلایەوە گرنگە ئەنجوومەنی نوێنەران دوو بەرەی تێدابێت کە یەکەمیان پاڵپشتی لەحکومەت بکات و دووەمیش بەرەی ئۆپۆزسیۆن بێت بۆ چاودێریکردنی حکومەت. لەساڵی ٢٠٠٥وە حەوت حکومەت لەعێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی لەنێوان سوننە، شیعەو کورد پێکھێنراون و پۆستی سەرۆکوەزیران بەر شیعەکان کەوتووە. بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رەوتی سەدر بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لەکۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە. مالکی نایەوێت سەدر تامی سەرکەوتنەکەی بکات نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ژمارەی كورسییەكانی ئەو بەرەیەی لەگەڵ چەند لایەنێكدا پێكیهێناوە، زیاترە لەژمارەی كورسییەكانی رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر. دوای هەڵبژاردنەكەی 10ی مانگی رابردوو، نوری مالكی و هادی عامری و عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی و چەند كەسایەتییەكی دیكەی شیعەكان، بەرەیەكیان پێكهێنا بەمەبەستی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆن و پێكهێنانی حكومەت. سەدر ٧٣ کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام مالکی دەیەوێت بەهاوپەیمانێتیەک کە لەسەروی ٩٠ کورسیەوە بێت پێش سەدر بکەوێت. یەكشەممەی رابردوو نوری مالكی لەبارەی دوایین هەوڵەكانی ئەو بەرەیە بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین پەرلەمانتار لەخۆی رایگەیاند، رووبەرێكی تر هەیە لەدەرەوەی رووبەری بەرەكەیان كە پەرلەمانتارە سەربەخۆكانن، ئەوانیش چوونەتە پاڵیان و بەوەش ژمارەی كورسییەكانیان زیاتربوون. وتیشی، «بەردەوامین لە پەیوەندیكردن بەسەركردەی لایەنە سیاسییەكانەوەو بەوەش دەتوانین بەسەر رەوتی سەدردا سەربكەوین». سەرۆكی دەوڵەتی یاسا ئاشكرایكرد كە «مەرج نییە گەورەترین فراكسیۆن تەنها شیعەكان پێكیبهێنن، بەڵكو هێزە نیشتمانپەروەرەكانی كوردو سوننە و شیعە كە لەنێو خۆیاندا یەكڕیزن، كۆدەبنەوە و یەكدەگرن و لەو ئاسۆ نیشتمانییەدا ئێمە ئامادەگییەكی گەورەترمان هەیە». پێشتر هیشام ركابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نوری مالكی راگەیاندبوو، زیاتر لە 73 پەرلەمانتاریان لەچێوەی بەرەكەیاندا كۆكردووەتەوەو هەوڵەكانیشیان بەردەوامن لەپێناو زیاتركردنی ژمارەكە. ئەوەش وەکو ئامەژەیەک بەوەی پێش سەدر دەکەون. بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالكی سەرۆكایەتی دەكات، 37 كورسی بەدەستهێناوە، لەكاتێكدا رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر 73 كورسی هەیە، بەڵام مالكی و لایەنە شیعییەكانی تر پێكەوە بەرەیەكیان پێكهێناوە بەمەبەستی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق. بەپرسانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێن، بەرەكەیان كاردەكات بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتیی بەهێز كە توانای پێكهێنانی حكومەت و جێبەجێكردنی كارنامە نیشتمانییەكەی و پاراستنی حكومەتی لەگێچەڵپێكردن هەبێت. ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بەوەی کە دەتوانن پێش موقتەدا سەدر بکەون. سەدر: دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لەدوو بەرە پێکبێت موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکاتەوەو رایدەگەیەنێت، دەبێ ئەنجومەنی نوێنەران لەدوو بەرە پێکبێت. ئەوانیش دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بن. لەتویتێکدا لەهەژماری تایبەتی خۆی، لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند «دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لەدوو بەرە پێکبێت، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، ئێمە لاریمان نییە بۆ خزمەتی نیشتیمان لەهەر بەرەکیان بین». وتیشی «هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا نییە، جگە لەبابەتی چاکسازی و جیاوازی لەنێوان ملکەچبوونی دەرەکی و نیشتمانیبوون». لەهەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021، بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەوتی سەدر، 73 کورسی بەدەستهێنا. لایەنە شیعەکانی نزیک لەئێران لە بەرەی دژە سەدرن لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگی کەمیان بەدەستهێناوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆمەتباردەکەن بەئەنجامدانی ساختەکاری لەدژی ئەوان. كۆمیسیۆن: هیچ ساختەکارییەک نەکراوە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پرۆسەی بەدەست هەژمارکردنەوەی بۆ 14 ھەزارو 621 وێستگە تەواوکردووەو دڵنیایی دەدات لەوەی هیچ گۆڕانکاریی و ساختەکارییەک نەبووەو ئەنجامەكان لەگەڵ راپۆرتی ئەلیکترۆنی ھاوتان. قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلولحەق له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، بەدەست هەژمارکردنەوەی دەنگەکان رێکارێکی پێویستە، بەڵام بەو مەرجەی هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە «خیانەتکارانی ئەلیکترۆنی» نەسپێردرێت. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئه‌مه‌ رایگه‌یاند، لە 14 هەزار وێستگە دەنگەكان بەدەست هەژمارکراونەتەوەو ئەنجامەکانیان هەمان ئەو ئەنجامانەبووە، کەپێشتر کۆمسیۆن بڵاویكرده‌وه‌. راشیگه‌یاند، هیچ ساختەکارییەک لەبەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن نەکراوە. عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، بەئامادەبوونی چاودێرانی ناوخۆیی، نوێنەرانی حزبەکان و چاودێرانی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆمسیۆن تاوەکو ئێستا پرۆسەی بەدەست هەژمارکردنەوەی بۆ 14 ھەزار و 621 وێستگە کردووە، کە دەکاتە لەسەدا 25ی کۆی وێستەگەکان، بەڵام هیچ گۆڕانکاریی و ساختەکارییەک نەبووە و ئەنجامەكان ھاوتان. ئەو لایەنانەی شیعەی عێراق، کە لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی دەنگی پێویستیان نەهێناوە، بۆ هەفتەی دووەم لەسەریەک لەخۆپیشاندان دژ بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەردەوامن. لەبارەی بەدەست هەژمارکردنەوەی دەنگەکان چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، سەرلەبەری رێکارەکانی کۆمسیۆن بۆ هەژمارکردنەوەی دەنگەکان رەتدەکەنەوە و داوا لەدەستەی دادوەری دەکەن، چاو بەتەواوی تانەکاندا بخشێنێتەوە، کە لەسەر ئەنجامەکان پێشکەشکراون، هەروەها جەختدەکاتەوە، دەبێت دەنگی تەواوی وێستگەکانی دەنگدان بەدەست هەژماربکرێنەوە. لەلایەکی دیکەوە موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدری، کە رەوتەکەی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە هۆشداری لەدەستتێوەردانی وڵاتان لەئەنجامەکانی هەڵبژاردن داوەو رایگەیاند «هەواڵی ئەوەمان پێگەیشتووە، هەندێک وڵات دەستتێوەردان لەکاروباری ناوخۆی عێراق دەکەن و گوشاردەخەنە سەر لایەنەکان لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان». لایەنگرانی حەشدی شەعبی مەترسی دەخەنە سەر ناوچەی سەوز کاندیدە دەرنەچووەکان سکاڵایان لەسەر 1434 وێستگەی دەنگدان تۆمار کردووە و ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆمسیۆنیش تەنها 68 سکاڵای پەسەندکردووە. ماوەی پێنج رۆژە وێستگە تانەلێدراوەکان بەدەست دەنگەکانی دەژمێردرێتەوە، تا ئێستاش وێستگەکانی 10 پاێزگا تەواو بووە، کە لە نێوانیاندا 28 وێستگەی هەولێرو 87 وێستگەی کەرکووک ئەنجامەکانی 100٪ هاوتای ئەنجامی ئەلیکترۆنی بوون. بەرپرسانی کۆمسیۆن دەڵێن کە ئامێرەکە دەنگە راستەکان هەژمار دەکات و ئەگەر کەسێک دەنگی بەدوو کاندید دابێت، یان بەقەڵەم جاف خەتی لێدابێت هەموویان پوچەڵ دەکاتەوە. گوشارەکانی سەر کۆمسیۆن تادێت چڕ دەبێتەوە، بەرەی ناڕازی شیعەکان لایەنگرانی خۆیان و حەشدی شەعبیان بردووەتە بەردەم دوو دەرگای ناوچەی سەوزو ماوەی 12 رۆژە مانگرتنیان راگەیاندووە، ئەمەش مەترسی ئەمنی بۆ سەر عێراق بەگشتی و بەغدا دروستکردووە. لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا چەند گولـله هاوەنێک ئاراستەی ئەو ناوەندەکرا، لەناوچەی سەوز کە پڕۆسەی بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکانی تێدا ئەنجامدەدرێت، بەڵام لەدەرەوەی ناوچەی سەوز کەوتنە خوارەوە. عەبدولخالق تەڵعەت، سەرپەرشتیاری لیژنەی ئەمنی پاراستنی ناوەندی تایبەت بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکان لەکۆمسیۆن دەڵێت «هێزێکی زۆر لەناوچەی سەوز بەتایبەتی لەو ناوەندەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی لێ دەژمێردرێنەوە بڵاوەی پێکراوە، ئێمە وەکو فەرماندەی هاوبەشی عێراق سەرپەرشتیاری ئەو هێزە دەکەین». وتیشی «گوشاری زۆر لە سەر ناوچەکە هەیە، بەڵام تائێستا پڕۆسەکە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت». هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10ی مانگی رابردوو بەڕێوەچوو، پەسەندکردنی ئەنجامەکانی تادوای تەواوبوونی سکاڵاکان و بەدوادچوونەکان چەند هەفتەیەکی پێدەچێت، ئەمەش لەکاتێکدایە دەیان حزبی بەشدارو کاندیدی دەرنەچووی شیعەکان لەبەغداو شارەکانی خوارووی عێراق رژاونەتە سەر شەقامەکان.

شاناز حەسەن بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە لەسەر دەستپێكردنەوەی داڕشتنەوەی دەستور ئەنجام بدات تالیژنەیەكی بۆ پێكبهێندرێت، سەرجەم فراكسیۆنەكانیش دەڵێن:» لەگەڵ ئەوەداین  هەرێم دەستورێكی تایبەت بەخۆی هەبێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بكرێت». رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو تێیدا 29 لیست و قەوارە بەشدارییان كردو 16 لیست و حزبی سیاسی بوونە خاوەنی كورسی لەپەرلەمانی كوردستان، بەپێی یاسا چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت بەو پێیە بێت، دەبێت لە 30ی ئەیلولی 2022 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت. ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان پرسی رەشنووسی پرۆژەیاسای دەستوور و خوێندنەوەی تێبینی حزبەكان و یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان تاووتوێ دەكرێت. بەر لەوەی رەشنووسی پرۆژەیاسای دەستووری هەرێمی كوردستان بخرێتە ناو خشتەی كاری پەرلەمانی كوردستانەوەو دەنگی لەسەر بدرێت، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان تێبینی و بۆچوونی سەرجەم حزب و فراكسیۆنەكانی لەبارەی دەستوورەكە وەردەگرێت. لەساڵی 2009 دەستووری هەرێمی كوردستان نووسرایەوە و پەرلەمان پەسندی كرد، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی سیاسییەوە رەشنووسەكە نەخرایە گشتپرسی و تەنیا وەكو مەرەكەبی سەر كاغەز مایەوە. لەخولی چوارەمدا جارێكی دیكە دەستوور لەكۆی زیاتر لە 120 ماددە، 73 ماددەی نووسرایەوە و ئاڵۆزیی سیاسی كۆتایی پێهێنا. ئەندامێكی یەكێتی: نووسینەوەی دەستور رێككەوتنی لایەنە سیاسیەكانی پێویستە عەباس فەتاح، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»لەئێستاد هیچ لیژنەیەك دانەنراوە و رێكنەكەوتون لەسەر ئەوەی لیژنە كۆنەكە نوێ بكەنەوە یان لیژنەیەكی تازە بەگۆڕانكارییەوە دروست بكرێتەوە». ئەوەشی روونكردەوە:» لەئێستادا ئەوەش روون نیە لەو ماددانەوە دەستپێدەكرێتەوە كە پەسەندكراون یاخود لەسەرەتاوە دەستی پێدەكرێتەوە». عەباس فەتاح جەختی لەوەشكردەوە هێشتا كات ماوە بۆ هەڵیژاردنی پەرلەمانی كوردستان و وتی:»دەتوانرێت بەمانگێك لیژنەیەك دروست بكرێت و یاسایەك دەربكرێت». ئەم ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دووپاتكردەوە:» دەكرێت لایەنەكان رێكبكەون لەسەر هەندێك بڕگەو ماددەی سیاسی كەدەبێت هەبێت وەك سیستمی سیاسی لەهەرێمی كوردستان و سەرچاوەی یاسادانان ئەوكات دەتوانرێت بەسێ مانگ دەستور بنووسرێتەوە و  هیچ كێشەیەك بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دروستناكات». لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنیشەوە وتی:»تائێستا هیچ باسێك لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە نەكراوە».   پارتی گەشەپێدانی توركمانی: پێویستە دەستور بنووسرێتەوە ئەوكات هەڵبژاردن بكرێت محەمەد سەعدەدین، ئەندامی پارتی گەشەپێدانی توركمانی لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»لەئێستا هەموو حزب و لایەنەكانی ناو پەرلەمان بیروڕای خۆیان سەبارەت بەدەستور ناردووەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان». وتیشی:» پاڵپشتی ئەوە دەكەین دەستور لەناو پەرلەماندا بەزووترین كات تێپەڕێنرێت،  چونكە هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەر كردنی زۆربەی كێشەكان و ریكخستنی كاروبارەكانی خۆی پێویستی بەدەستورە، بۆیە پاڵپشتی تەواوەتی دەكەین». محەمەد سەعدەدین ئەوەشی روونكردەوە:»پێویستە دەستور بنووسرێت و ئامادەبكرێت ئەنجا بابەتی هەڵبژاردن بخرێتەڕوو، چونكە كە دەستورەكە هەبوو هەڵبژاردن لەچوارچێوەی ئەو ماددانەدا دەكرێت كە لە دەستورەكەدا جێگیر كراوە».   كۆمەڵی دادگەری: كاتی گونجاو بۆ نووسینەوەی دەستور لەبەردەستدایە روپاك ئەحمەد، ئەندامی  لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» دەبێت هەڵبژادرن لەكاتی خۆیدا بكرێت و كاتی گونجاویش بۆ نووسینەوەی دەستور لەبەردەستدایە، دەتوانین لەو كاتەدا پرۆژە دەستورەكە بنووسینەوە». هەروەها پێشیوابوو نووسینەوەی دەستور كاتێكی زۆری پێویست نیە و دەكرێت لایەنەكان رێككبكەون و لەكاتێكی دیاریكراودا ئامادە بكرێت.   فراكسیۆنی یەكگرتوو: هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان نییە ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان، بە هاوڵاتی وت:» ئەگەر لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە ئیرادەیەك هەبێت دەتوانرێت دەستورەكەش ئامادەبكرێت و لەگەڵ هەڵبژاردندا بكرێتە راپرسییەوە، بەڵام بەمەرجێك سازانی سیاسی  لەسەر هەبێت». جەختی لەوەشكردەوە:» هیچ پاساوێك نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان و خەڵك بۆ چوار ساڵ دەنگی بەم پەرلەمانە داوەو هیچ وڵاتێك بۆ پرسی كۆرۆنا و هیچ پرسێكی دیكە هەڵبژاردنەكانی خۆی دوانەخستووە». فراكسیۆنی گۆڕان: پێویستە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» هیچ پاساوێك نیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت، پێویستە لەكاتی خۆیدا بكرێت و لەبەرژەوەندی میللەتدا نیە دوابخرێت، چونكە دواخستنی دەبێتە دروستبوونی دەسەڵاتێكی تاكڕەو». پەرلەمانتارەكەی گۆڕان هێمای بۆ ئەوەش كرد كە پڕۆژەی دەستور پڕۆژەیەك نیە بۆ حزبێك بنووسرێتەوە، پێویستە بە كۆدەنگی بكرێت و كاتەكەی گونجاو بێت و هەرێمی كوردستان دەستورێكی هەبێت. دابان محەمەد باسی لەوەشكرد كە ئەوەی ئێستا دەبینرێت» لایەنێك زەخت دەكات بۆ ئەوەی دەستورێك بۆ هەرێم  پەسەندبكرێت، ئەوە دیارە پەیوەندی بەكاری ناو حزبەكەوە هەیەو هیچ باش نیە پەلە پەل لەدەستوردا بكرێت ئەم پەلەكردنەی ئێستا گومانی گەورە دروستدەكات». فراكسیۆنی پارتی: بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكاندا نین زانا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» ئێستا لەقۆناغی سەرەتای ئامادەكردنی دەستورین، پێمان باشە لیژنەكە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی تێدابێت،  بەو لایەنانەشەوە كە كورسی پەرلەمانیشیان نیە». سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» ئێمە لەگەڵ پرۆسەی دیموكراسین لەهەرێمی كوردستان، بۆیە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن وەك سیستمێكی دیموكراسی و مافی هاووڵاتیان پیادەبكرێت و لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت».

شاناز حەسەن دوو ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە هیچ بیانوویەك بۆ راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی قەرمانبەران نەماوەو حكومەت داهاتەكەی دەگاتە ترلیۆنێك و 240 ملیار دینار. عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەئێستادا داهاتی هەرێم گەیشتۆتە ئەو ئاستەی حكومەت پابەندە داراییەكانی موچەخۆران دەستپێبكاتەوە لەموچەی پاشەكەوتكراوو شایستەی دارایی و هەموو پلەبەرزكردنەوەكان دەستپێبكاتەوە». لەبارەی داهاتی حكومەتی هەرێمەوە، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ ئەوەی دووپاتكردەوە كە بەشێوەی خەمڵاندن داهاتی هەناردەی نەوتی خاوی حكومەتی هەرێم دەگاتە ترلیۆنێك و 400 ملیار دینار زیاتری مانگانە، بەڵام دوای دەركردنی خەرجییەكانی زیاتر لە 700 ملیار دیناری مانگانە دەمێنێتەوە. عومەر گوڵپی وتیشی:» نزیكەی 150 ملیار دینار  لەگومرگەكان و 90 ملیار لەباجەوەو 100 ملیار دینار لەڕوسمات و كرێی خزمەتگوزاری و  200 ملیاریش لەبەغداوە  بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت، كۆی گشتی داهاتی فعلی نەوتی ناو نانەوتی دەگاتە یەك ترلیۆن و 240 ملیار دینار ئەگەر موچەی فەرمانبەرانیش بدرێت هێشتا زیاتر لە 300 ملیار دیناری دەمێنێتەوەو دەتوانن پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبكەنەوە». پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران كە بە « عەلاوەو تەرفیع،» ناودەبرێت لەساڵی 2014 و دوای راگەیاندنی قەیرانی دارایی لەلایەن حكومەتی هەرێمی ئەوكات راگیراوە كە ماوەی حەوت ساڵە بەردەوامە. هاوكات، شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەدڵنیاییەوە پلە بەرزكردنەوە مافێكی یاساییەو بەیاسا رێكخراوە، بەڵام بەداخەوە حكومەت پێشێلی ئەو مافەی كردووەو بۆ فەرمانبەرانی دابین نەكردووە». ئەم پەرلەمانتارە وتیشی:» بودجەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران زۆر نییە، بەڵام بەبیانووی نابەجێ حكومەتی هەرێم رایگرتووە». شێركۆ جەودەت ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:»ئێمە وەك پەرلەمانتاران بەردەوام هەوڵدەدەین و كۆڵنادەین، بەڵام پێویستە حكومەت وەڵام بداتەوە بۆ رایگرتووەو دەستپێناكاتەوە؟».

هاوڵاتی زیاتر لە (500) ساڵە تلیاک و ماددە هۆشبەرەكان وەك چەكێك لەئێران بەكاردەهێنرێت و ئێستا ئەو ماددەیە بووەتە بۆمبێكی مەترسیدارو تەنانەت جیهانیش، چونكە تاران ناوەندی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەری هەموو جیهانەو رەنگە هاوكات كارتێكی بەهێزو ماڵوێرانكەر بێت بەدەست كاربەدەستانی ئەو وڵاتەوە. بەپێی ئامارە جیهانییەكان (13) ساڵە رێژەی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لەجیهان بەڕێژەی (29%) زیادی كردووە و داهاتی بازرگانیی ساڵانەی ئەو ماددانە سێ ترلیۆن دۆلارەو نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەساڵی 2021 رایگەیاند؛ ئێران ژمارەی پێوانەیی لەماددە هۆشبەرەكاندا تۆمار كردووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بڕی زیاتر لەهەزارو (200) تۆن لەو ماددانە لەئێران دەستیان بەسەردا گیراوە. ئەفغانستان كە لەڕۆژهەڵاتەوە دراوسێی سەرەكیی وڵاتی ئێرانە زیاتر لە (90%)ی هەموو ماددە هۆشبەرەكانی جیهان بەرهەم دەهێنێت و دواتر لەئێرانەوە بۆ سەرجەم وڵاتانی جیهان لەعێراقەوە تا ئەوروپا و ئەمەریكا و ئەفەریقا دەگوازرێتەوە. ئامارەكان ئەوە دەردەخەن كەنزیكەی (12) ملیۆن كەس لەئێران گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەكانن و رۆژانە (12) بۆ (13) كەس لەو وڵاتە هەر بەهۆی ئەو ماددانەوە گیان لەدەستدەدەن و (70%)ی زۆربەی سزای لەسێدارەدانەكان پەیوەندیی بەماددە هۆشبەرەكانەوە هەیە، بۆیە ماددەی هۆشبەر بۆ ئێران بووەتە بۆمبێك كەدەتوانێت دژی جیهان بەكاری بهێنێت و دەشكرێت ئەو بۆمبە بەخۆیدا بتەقێتەوە و ماڵوێرانكارییەكی گەورەی لەو وڵاتە لێبكەوێتەوە. تلیاک لە سەفەوییەوە تا كۆماری ئیسلامی رەنگە جێگەی سەرسوڕمان بێت كەمێژووی بەكارهێنان و بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری لەئێران بەمێژووی گەورەترین دەسەڵاتی شیعە واتە سەفەوییەكان گرێدرابێتەوە، چونكە بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان سەفەوییەكان لەگەڵ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەئێران لەساڵی (1501)ی میلادی رێگەیان بەبەكارهێنانی تلیاک و چەند جۆرێكی دیكەی ماددە هۆشبەرەكان داوە و لەچایخانە و خواردنگەكاندا بەئازادانە بەكارهێنراوە. زۆربەی پاشاكانی سەفەویی تلیاکیان وەك دەرمان و هەندێكجاریش وەك چەكێك لە دژی ئەو كەسانەی كە مەبەستیان بووە دەسەڵاتیان لێوەرگرن بەكارهێنراوەو لەسەر ئەو بابەتە چیرۆكی زۆر نووسراوە تەنانەت پاشای سەفەوی هەبووە تلیاکی دەرخواردی كوڕەكەی داوە بۆ ئەوەی نەبێتە میراتگری، بەڵام ئەوەی گرنگە مێژووی بەكارهێنانی ئەو ماددە هۆشبەرەیە كە لەگەڵ دەسەڵاتەكانی ئێران پێكەوە گرێدراوەتەوە. لەساڵی (1796) و لەسەردەمی قاجارەكان تا ساڵی (1925) بەرهەمهێنانی (گوڵی خەشخاش) كە تلیاکی لێ بەرهەمدەهێنرێت لە (18) پارێزگای ئەو سەردەمی ئێراندا رێگەپێدراو بووەو دواتر لەسەردەمی دەسەڵاتی پەهلەوی لەساڵی (1925) تا ساڵی (1979) دوو جار گۆڕانكاریی لەیاسای كشتوكاڵ و بەرهەمهێنانی خەشخاش و تلیاک لەئێراندا كردووە و ئەنجومەنی نیشتیمانی (پەرلەمان)ی ئەو كاتەی ئێران، بڕیاریداوە بە رێگەپێدانی سنوردار بۆ كشتوكاڵ و بازرگانیی تلیاک لەوڵاتەكە. دوای ئەوەی كۆماری ئیسلامی لەساڵی 1979 توانی دەسەڵاتی ئێران بەدەستەوە بگرێت تائێستا (45) ماددەی بۆ یاسا تایبەت بەماددە هۆشبەرەكان دەكردوە كە یەكێك لەسزا یاساییەكانی بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكانەوە ، «سێدارەیە» بۆیە نزیكەی (70%)ی سزای سێدارە پەیوەندیی بە بازرگانیی ماددەی هۆشبەرەوە لەو وڵاتەدا هەیە. ماددەی هۆشبەر؛ هیوایەتی كوڕو كاڵ و ژن و منداڵ بەپێی ئەو ئامارانەی لەهەندێك سەرچاوەی نافەرمیی ئێران بڵاوبوەتەوە (12) ملیۆن بەكارهێنەری ماددە هۆشبەرەكان لەو وڵاتە هەیە كەنزیكەی (10%) ئەو ژمارەیە ژنن و (11%) خوێندكارانی زانكۆن و لەنێو بەكارهێنەرانیشدا زیاتر لەهەزاران منداڵ هەیە. بەپێی ئەو ئامارە رەسمییانەی دامەزراوەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویان كردوەتەوە؛ نزیكەی پێنج ملیۆن كەس لەكۆی (84) ملیۆن دانیشتوی ئێران ماددەی هۆشبەر بەكاردەهێنن كە لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و (800) هەزار كەسیان بەگیرۆدەبوو یان ئالودەبوو ئەژمار دەكرێن و زیاتر لەدوو ملیۆن كەسی دیكەشیان لەگەڵ ئەوەی ماددەی هۆشبەر بەكاردەهێنن، بەڵام بەئالودەبوو ئەژمار ناكرێن، چونكە بەپێی وتەی بەرپرسان ئەو كەسانە تەنها بۆ كات بەسەربردن ماددەی هۆشبەر بەكاردەهێنن و بەبەردەوامیی بەكارهێنی نین. بەگشتی (6%)ی دانیشتوانی ئێران بە بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر ئەژماردەكرێن كەتەمەنیان لە ێوان (16) ساڵ بۆ (64) ساڵە. رەزا تویسەركان، بەرێوبەری دەرمان و پشتیوانیی كۆمەڵایەتیی لەناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لەئێران رایگەیاندووە چوار ملیۆن و (400) هەزار تووشبوی ماددە هۆشبەرەكان لەئێران هەیە كەزۆربەیان بەدەستی كارو هێزی چالاكی وڵاتەكە لەقەڵەمدەدرێن كە رێژەیان دەگاتە (5%)ی دەستی كاری وڵاتەكەو ساڵانە چوار بۆ پێنج هەزار كەس لەئێران بەهۆی تووشبون بەماددەی هۆشبەرەوە گیانیان لەدەستدەدەن. هەروەها تویسەركان ئاشكرای كردووە تووشبون بە ماددەی هۆشبەر زیاتر لە (6%)ی كۆی دانیشتوانی ئێرانی گرتووەتەوە و لەو رێژەیەش زیاتر لە (22%) لەبەركارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەكان لەچینی كرێكاران و (2%)یان خوێندكارانی ناوەندی و (5%)یان خوێندكارانی زانكۆ و ژنانیش بە رێژەی (6%) بە بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر ئەژمار دەكرێن. لەلایەكی دیكەوە عەلی ڕەزا عەزیزی، ئەندامی دەستەی بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەرەكان لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە؛ ساڵانە (30) هەزار ملیار تمەن كە دەكاتە یەك ملیارو (191) ملیۆن دۆلار جگەرەو ماددەی هۆشبەر لەئێران بەكاردەهێنرێت. بەڕێوبەری پۆلیسی ئێران رایگەیاندوە كە لەساڵی (2020) دەستیان گرتووە بەسەر (500) ملیۆن دۆلار لەسەرچاوە داراییەكانی ژمارەیەك باندی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەكان لەئێران. لەسەدا (65%)ی كەسانی توشبوو بەماددە هۆشبەرەكان لەئێران تلیاک و شیرەی تلیاک بەكاردەهێنن كە تێچوی لە رووی ئابورییەوە زۆر زیاترە لەماددە هۆشبەرەكانی دیكە، بۆیە لەدوای ماوەیەكەوە هەر ئەو كەسانە پەنا بۆ ماددە هۆشبەرە مەترسیدارەكانی وەك (شیشە و حەب و دەرمانی خەو دەبەن). هۆكارەكانی تووشبون لەئێران نەتەوەیەكگرتووەكان لە راپۆرتێكی ساڵانەی خۆیدا رایگەیاندووە رێژەی تووشبونی ساڵانە بەماددە هۆشبەرەكان لەجیهاندا نزیكەی (1%)ە، بەڵام ئەو رێژەیە لەئێران (3.31%) واتە هەر دانیشتویەكی ئێران سێ هێندەی دانیشتوانی دیكەی گۆی زەوی ئەگەری تووشبون و ئالودەبوونی بە ماددەی هۆشبەرەوە زیاترە. ئامارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و سەرچاوەكانی ئێران جەخت لەوە دەكەنەوە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەری تلیاک لەئێران شەش هێندەی وڵاتانی دیكەی جیهانە. شارەزایان هۆكاری پەرەسەندنی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لەئێران دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی ئازادیی كۆمەڵایەتیی و فشاری سیاسیی و داهاتووی نادیارو نەبونی ئامرازەكانی خۆشگوزەرانیی لەو وڵاتەدا. تلیاک و دانوستانی ئەتۆمیی بابەتی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكانی هەموو جیهان لەئێرانەوە هەندێكجار وەك كارتێك لەلایەن بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بە ئەنجامگەیشتنی دانوستانە ئەتۆمییەكان بەكارهێنراوەو بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە ئەگەر دەسەڵات و كۆنتڕۆڵی كۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر ماددە هۆشبەرەكاندا بوونی نەبێت ئەوا ئەوروپاو ئەمەریكاو جیهانیش تووشی سۆنامی و لافاوی ماددەی هۆشبەر دەبن. نزیكەی هەموی ماددەی هۆشبەری تلیاک لەجیهان كە لەئەفغانستان بەرهەمدەهێنرێت دەبێت بەئێراندا بۆ وڵاتانی دیكەی جیهان تێپەڕێت، بۆیە ئێران لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەوروپا لەژێر فشاردایە كە رێگریی لەگواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بكات لەبەرامبەردا ئێران وڵاتانی ئەوروپایی تۆمەتبار دەكات كەماددەی كیمیایی بەرهەمهاتوو لە ئەوروپا لەڕێگەی ئێرانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەفغانستان بەمەبەستی بەرهەمهێنانی هیرۆیین كە پێكهاتەیەكە لەتلیاک و ئەو ماددە كیمیاییە. لەسەدا 90%ی تلیاکی هەموو جیهان لەوڵاتی ئەفغانستان بەرهەم دەهێنرێت و لەڕێگەی وڵاتی ئێرانەوە دەگوازێتەوە بۆ توركیاو لەوێشەوە بەرەو ئەوروپا رەوانە دەكرێت واتە لەبەرهەمهێنانەوە تا بەكارهێنان وڵاتانی (ئەفغانستان، ئێران، توركیا، ئەوروپا) رۆڵی بەرچاویان لەو پڕۆسەیەدا هەیە ئەو هێڵە جێگەی سەرنجە لە رووی سیاسی و ئابورییەوە. بەوتەی ئیسكەندەر مۆئمینی، سەرۆكی ناوەندی بەرەنگاریی ماددە هۆشبەركەكان لەئێران لەساڵی (2019) تاساڵی (2021) نزیكەی (90%)ی سەرجەم ئەو بڕە تلیاکەی كە ویستراوە رەوانەی وڵاتانی دیكەی جیهان بكرێت لەئێران دەستی بەسەردا گیراوە. مۆئمینی ئاشكراشی كردووە هەر لەو ماوەیەدا ئێران دەستی بەسەر (20%)ی هیرۆیین و (72%)ی مۆرفین و (5%)ی حەشیش-ی هەموو جیهاندا گرتووە. بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە كە تەنها لەساڵی (2020)  دەستیان گرتووە بەسەر زیاتر لەهەزارو (200) تۆن ماددەی هۆشبەر كە بەراورد بەساڵی (2019) ئەو بڕە بۆ دوو هێندە زیادی كردووە كە ئەوەش ئاماژەیە بەزیادبوونی بازرگانیی و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لەئێران و جیهان.  لەلایەكی دیكەوە یەكێك لەبەرپرسانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان ئاشكرای كردووە كە (90%) كۆی ماددە هۆشبەرەكان لەئێران دەستیان بەسەردا دەگیرێت و تەنها لەساڵی (2017) دەست بەسەر (630) تۆن تلیاک لەئێراندا گیراوە كە ئەو بڕە لەساڵی (2021) بۆ زیاتر لە (920) تۆن تلیاک بەرز بووەتەوە. دەستەی نێودەوڵەتیی كۆنتڕۆڵی ماددە هۆشبەرەكان (International Narcotics Control Board) و ناوەندی نێودەوەڵەتیی بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەرو تاوان(UNODC)ی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لەساڵی (2021) لەئێران دەست بەسەر (90%)ی تلیاکی هەموو جیهاندا گیراوە . سوپای پاسداران و بازرگانیی ماددەی هۆشبەر ئەگەرچی تائێستا لایەنێك یان وڵاتێك بەڕەسمیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی وەك بكەر یان بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكانەوە ناونەهێناوە بەڵام تائێستا ژمارەیەك لەبەرپرسانی باڵاو ئەندامانی ئەو سوپایە تۆمەتبارن بەبازرگانی و قاچاخچێتی و ئاشكرا بووە لەسەریان كە بازرگانیی لەقەبارەیەكی گەورە بەو ماددانەوە دەكەن بەتایبەت تلیاک و هیرۆیین. ساڵی (1994) دۆسیەی بەرپرسێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بەناوی حەبیب ئیلاهی، راوێژكاری پێشووتری وەزیری نەوتی ئێران لەسەر بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكان لەوڵاتی ئەڵمانیا ئاشكرابوو دواتر دەركەوت ئەو كەسە داهاتی بازرگانییەكەی بۆ كڕینی ئامێری تایبەت بەكورەی ئەتۆمیی بۆ وێزگە ئەتۆمییەكانی ئێران بەكارهێناوە. ساڵی (2008) لەڕاپۆرتێكی دەستەی نێودەوڵەتیی كۆنتڕۆڵی ماددە هۆشبەرەكان ئاماژە بەوە كراوە كەعێراق لەلایەن ژمارەیەك لەبەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوەو بەتایبەت سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتەوە وەك دەروازەیەك بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەری جۆری هیرۆیین بۆ وڵاتانی كەنداوو توركیاو بولگاریا بەكاردەهێنرێت. ساڵی (2010) حكومەتی نیجیریا رایگەیاند؛ دوو ئەندامی فەیلەقی (قودس)ی سەر بەسوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی بەناوەكانی عەزیم ئاقاجانی و ئەحمەد تەهماسبی، بە  (130) كیلۆ هیرۆیینەوە دەستگیر كردووە و لەلایەكی دیكەوە وڵاتی ئیتاڵیا لەساڵی (2017) بڵاویكردەوە كە توانیویانە تۆڕێكی سەر بەفەیلەقی قودس لەوڵاتەكەیان ئاشكرا بكەن كە سەرقاڵی بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكانەوە بوون. ساڵی (2011) دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا (سی ئای ئەی) ئاشكرای كرد دوو فەرماندەی فەیلەقی قودس بەناوەكانی عەبدوڵڵا عێراقی و موحسین رەفیقدوست راستەوخۆ بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكانەوە دەكەن و هەر لەو ساڵەدا پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمەریكا (ئێف بی ئای) رایگەیاند كەسوپای پاسداران مەبەستی بووە لە رێگەی بازرگانەكانی ماددەی هۆشبەرەوە لەوڵاتی مەكسیك لەبەرامبەر یەك ملیۆن و (500) هەزار دۆلاردا باڵیۆزی سعودیە تیرۆر بكەن، بۆیە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا غوڵامڕەزا باغبانی فەرماندەیەكی فەیلەقی قودسی خستووەتە لیستی بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكانەوە. جیهان چاوەڕوانی ئێرانە لەڕێكەوتی (26)ی حوزەیرانی ساڵی (1987) وڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەكگرتووەكان لەكۆنفراسێكدا رێككەوتنێكیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لەجیهان واژۆ كرد كە بە (C.M.O) دەناسرێت و ئەم رۆژەشیان وەك رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان دەستنیشانكردوە. كۆماری ئیسلامی ئێران كە یەكێكە لەواژۆكەرانی رێككەوتنی (C.M.O) و سەرەڕای ئەو هەموو دەنگ و فشارە نێودەوڵەتییانەی كە لەسەریەتی بۆ كۆنترۆڵ و رێگریی لەماددە هۆشبەرەكان، بەڵام پێناچێت دەستبەرداری ئەو تێڕوانینە بێت كەدەتوانێت تلیاک و ماددە هۆشبەرەكان

  شاناز حەسەن په‌رله‌مانتاران رایده‌گه‌یه‌ننن چاوه‌ڕوانى داواى لیبوردنى په‌رله‌مانتاره‌که‌ى پارتین داواى لیبوردن بکات و شکۆ بۆ په‌رله‌مان بگه‌رێته‌وه‌ و په‌رله‌مانتارێکى یه‌کگرتوو رایگه‌یاند:" هه‌َلوێستى توندترمان" ده‌بێت. سێ شه‌ممه‌ى رابردوو حه‌وت فراکسیۆنى ناو په‌رله‌مانى کوردستان  که‌ زیاتر له‌ 54 په‌رله‌مانتارن بایکۆتى دانیشتنى په‌رله‌مانیان کرد داواده‌که‌ن په‌رله‌مانتاره‌که‌ى پارتى داواى لیبوردن بکات و "شکۆ بۆ په‌رله‌مانتاران و په‌رله‌مانى کوردستان" بگه‌رێته‌وه‌.  ئەو فراکسیۆنانە رایانگەیاندوە، کە پاراستنى شکۆى پەرلەمان ئەرکێکى پیشەیی و ئەخلاقییە پێویستە لە ئاست پاراستنى ئەو شکۆیەدا بن و نابێت هەڕەشەکردن بەرامبەر چەند پەرلەمانتارێک ببێتە هۆی سوکایەتیکردن. داواشیان کردوە ئەو پەرلەمانتارەى پارتى بە راشکاوی لەناو دانیشتنى پەرلەماندا داوای لێبوردن لە پەرلەمان و خەڵکى کوردستان بکات بۆ ئەوەى دۆخى  دانیشتنەکانى پەرلەمان ئاسایی بێتەوە. ئاشنا عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى گۆران له‌ لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت:"سوپاسی هه‌موو فراکسیۆنه‌کان ده‌که‌ین که‌ پشگیریان کردین  راسته‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ئاراسته‌ى په‌رله‌مانتارى ئێمه‌ کراوه‌، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌نیا په‌یوه‌ندى به‌ په‌رله‌مانتارێکه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵکو په‌یوه‌ندى به‌ هه‌موو خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ یه‌ که‌ بێرێزى کراوه‌ و به‌و پێیه‌ى په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تى سه‌رجه‌م خه‌ڵک ده‌کات". په‌رله‌مانتاره‌که‌ى گۆران جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌:" ده‌بێت شکۆ و قورسایى بگه‌رێنێته‌وه‌  بۆ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ و که‌به‌داخه‌وه‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى پشکى شێریان به‌رده‌که‌وێت له‌ بێ ئه‌رزشکردن له‌و بیریزیه‌ى که‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان و خه‌ڵک کراوه‌". به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان، هه‌فته‌ى داهاتوو ڕۆژى سێ شه‌ممه‌، په‌رله‌مان کۆبونه‌وه‌ى ئاسایى خۆى ده‌کات. ئاشنا عه‌بدوڵا، وتیشى:" له‌کاتى ئاسایشدا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیه‌وه‌ کۆبونه‌وه‌ دواخراوه‌، به‌ مانگ ده‌رگاى په‌رله‌مان داده‌خرێت کۆبونه‌وه‌ ناکرێت چه‌نده‌ها جاری دیکه‌ وا کراوه‌ بۆیه‌ نازانرێت ئه‌م کۆبونه‌وه‌یه‌ش ده‌کرێت یاخود نا". ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شى دوپاتکرده‌وه‌:" پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حه‌وت فراکسیۆنه‌که‌ هه‌ڵوێستى دیکه‌یان ده‌بێت و وتى:"له‌ ئه‌گه‌رى داواى لیبوردن نه‌کردنى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌دا هه‌ڵوێستى دیکه‌مان ده‌بێت". شێرکۆ جه‌وده‌ت،  په‌رله‌مانتارى یه‌کگرتوو، له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌ لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" به‌یاننامه‌که‌ له‌ 54 په‌رله‌مانتاره‌ و ئاراسته‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیمان کردووه‌ و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى بیریزیان کردووه‌ ده‌بێت داواى لیبوردن بکه‌ن".  ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌ جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌رى وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌یاندا "هه‌لوێستى توندترمان "ده‌بێت. رێبوار عه‌بدولره‌حمان، په‌رله‌مانتارى پارتى، له‌ لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" دانیشتنى په‌رله‌مانى هه‌فته‌ى داهاتووه‌ و به‌شێوه‌یه‌کى ئاسایى و یاسایى دانیشته‌کان به‌ریوه‌ ده‌چێت". ناوبراو ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد  گرژیه‌کان کاریگه‌رى نابێت له‌سه‌ر کۆبونه‌وه‌کانى داهاتوو وتى:" گرژیى و ئاژاوه‌کان به‌هیچ شیوه‌یه‌ک کاریگه‌رى ناکاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مان به‌ریوه‌ نه‌چێت و له‌هه‌فته‌ى چاوه‌رین به‌رنامه‌ى تازه‌ى راگه‌یه‌نرێت و ته‌وه‌رى تازه‌ گفتوگۆ ده‌کرێت".  په‌رله‌مانتارانى پارتى گه‌شه‌پێدانى تورکمانى، یه‌کێک بون له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى له‌گه‌ڵ فراکسیۆنى پارتى له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا مانه‌وه‌ و بایکۆتیان نه‌کرد. محه‌مه‌د سه‌عده‌دین، په‌رله‌مانتارى پارتى گه‌شه‌پێدانى تورکمانى به‌هاوڵاتى وت:" بایکۆت کردن  له‌ناو هه‌موو په‌رله‌مانێکدا روده‌دات و شتێکى کاتییه‌".  په‌رله‌مانتاره‌که‌ى پارتى گه‌شه‌پێدانى تورکمانى ئه‌وه‌شی رونکرده‌وه‌:" حزبه‌ سیاسیه‌کان و لایه‌نه‌کان نابێت روداوى بچوک و هۆکارى بچوک  بکرێته‌ بایکۆت و کۆبونه‌وه‌کان دابخرێت، بایکۆت کردن له‌سه‌ر پرسه‌ نیشتیمانى و گرنگه‌کان ده‌کرێت بۆیه‌ ده‌بێت له‌ کۆبونه‌وه‌کان به‌رده‌وا بین و تا پرسه‌ گرنگه‌کان تاوتوی بکرێت" هەرچەندە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەلال پەرێشان وتی:"شتی وام نەوتوەو بوختانم بۆکراوە".هاوکات هه‌ر دوا به‌دواى گرژیه‌کانى ناو په‌رله‌مان گرته‌ ڤیدیۆى جۆراو جۆر بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ جه‌لال په‌رێشان په‌رله‌مانتارى پارتى "سوکایه‌تى"به‌ په‌رله‌مانتاره‌که‌ى گۆران کردووه‌.  رێواز فایه‌ق، سه‌رۆکى په‌رله‌مان ڕۆژى دواتر رایگه‌یاند:" بە هیچ شێوەیەک گوێم لە جنێو نەبووە لەلایەن جەلال پەرێشان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دانیشتنەکەی دوێنێ". سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "قسەی نەشیاو و جنێو لە هیچ پەرلەمانتارێک قبووڵ ناکرێت، بەڵام گوێم لە هیچ جنێوێک نەبووە، ئەگەر لە کاتی رووداوەکە پەرلەمانتاران راستەوخۆ پێیان گوتبام، لێپێچینەوەمان لەو قسەیە دەکرد".

شاناز حەسەن ماوەی زیاتر لەمانگێكە نرخی شمەك و كاڵاكان بەتایبەت بەرهەمە خۆراكییەكان بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی هۆكارەكەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و هۆیەكانی گواستنەوە دەگەڕێننەوە. مەحمود خدر، پیاوێكی 46 ساڵانە خێزانێكی هەشت كەسی هەیە، باس لەوە دەكات نرخی هەموو پێداویستیەكان زۆر بەرزبووەتەوەو وتی:» بووەتە بارگرانییەكی زۆر بۆمان، بەشێوەیەك ناتوانین وەك پێویست بەرهەمە خۆراكییەكان بكڕین». ئەم پیاوە كاری كرێكاریەو لەكاتی سەردانی بۆ ماركێت لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» وامان لێهاتووە تەنیا دەبێت رۆژانە ئەو بەرهەم و پێویستیانە بكڕین كە زۆر پێویستن و ناچارین، تا بتوانین بژێویی ماڵ و منداڵمان دەربكەین». سامان بەكر، خاوەنی ماركێتی لاز لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نرخی هەموو شتومەك بەتایبەت وشكە زۆر گران بووە، بەشێوەیەك هەر كلیۆیەك لەبەرهەمە وشكەكان هەزار بۆ سێ هەزار دیناری چووەتەسەر». ئەم خاوەن ماركێتە باسی لەوەشكرد كە لەماوەی رابردوو فەردەیەك ئارد بە 32 هەزار بوو، ئێستا بووەتە 39 هەزار، یاخود برنج بەگشتی پێنج هەزار دیناری چووەتەسەر بۆ هەر 25 كیلۆیەك. سەربەست عوسمان، بازرگانی هاوردەكردنی بەرهەمە خۆراكییەكانە لەناو شاری سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەموو ئەو بەرهەمانەی كە ئێمە دەیانهێنینە هەرێمەوە بەڕێژەی لەسەدا 20 بۆ 30 نرخیان بەرزبووەتەوە». ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە:» بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارو نرخی نەوتی خاو دووبارە كاریگەریی لەسەر زیادبوونی نرخەكان هەبووە». ئەو بازرگانە پێشیوابوو كە بەرهەمە رۆژانەییەكان و خواردەمەنییەكان نرخیان زۆر بەرزبووەتەوە. بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات كەنرخی گواستنەوەو بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بەدینار نرخی كاڵاو شمەكی بەرزكردووەتەوە. سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەموو كاڵایەك بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە هەر لەو كاتەوە بەڕێژەی لەسەدا 18% بۆ لەسەدا 20%  نرخی بەرزبووەوە». هەروەها ناوبراو وتیشی:» ئێستاش بەهۆی ئەوەی نرخی خۆراك لەجیهاندا بەڕێژەی لەسەدا 32% بەرزبووەتەوەو نرخی گواستنەوەش بەهۆی گرانی سووتەمەنیەوە زیادی كردووە، بۆیە بەكۆی گشتی نرخی هەموو خۆراكەكان بەرزبووەتەوە». سۆران عەبدولغەفور ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:»وشەكەساڵیش زۆر كاریگەری هەبووە و وایكردووە بەرهەمە وشكەكان بەتایبەت كەمببنەوەو نرخەكانیان گرانبێت». هاوكات، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان كەمی خۆراك و بەرهەمەكانیان نیە. بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی نموونەی هەندیك كاڵاو شمەكی هێنایەوە كەنرخەكانی زۆر بەرزبووەتەوەو كرێی گواستنەوەش لەگەڵیدا بەرزبووەوە بەڕێژەیەكی زۆر بەرچاو. * ئارد فەردەیەك لە 32 هەزار دینار بووەتە 39 هەزار * نۆكی مەكسیكی هەر تۆنێك 400 دۆلاری زیاد كردووە * زەیت و رۆن هەر تۆنێك 500 دۆلار زیادی كردووە واتە زەیتێك بەهەزارو 250 دینار بوو، ئێستا نرخەكەی دوو هەزار دینارە.

شاناز حەسەن نوێنەی فەرمانبەرانی گرێبەست ئاماژە بەوە دەدات حكومەت دوو ملیار دینار قازانج دەكات لە بەهەمیشەیی كردنیان و دەشڵێت ژمارەیان 24 هەزار كەسەو چاوەڕێی كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێم دەكەن. لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 24 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەیە، زۆرترینی لەوەزارەتی شارەوانیە كەژمارەیان 14 هەزار فەرمانبەرەو دوای شارەوانی وەزارەتی تەندروستی  دێت و كەمترین فەرمانبەری گرێبەستیش لەوەزارەتی ناوخۆیە. لەماوەكانی رابردوودا لەسەر خواستی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران نووسراو ئاڕاستەی سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بەژمارە 10432 لە رۆژی 2/9/2021 بەمەبەستی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پرسی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست. سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 13/9/2021 لەنووسراوێكدا كە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كردووە بەژمارە  10995 داوای تەواوی داتاو زانیارییەكانی تایبەت بەفەرمانبەرانی گرێبەستی كردووە، كە لەداواكارییەكەدا (ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست، خشتەی بەراوردكاری بڕی مووچە بەهەمیشەیی و بەگرێبەستی، رای وەزارەتی دارایی بۆ ئەم پرسە) تێدا جێگە كراوەتەوە. وەزارەتی دارایی لەنووسراوەكەیدا دەڵێت: «بۆ ئەوان تەرخانكراوە كە ئێستا مووچەی گرێبەستی لێ وەردەگرن دەتوانرێت بكرێن بەهەمیشەیی و هیچ بارگرانیەكی دارایی دروست ناكات». ستار سەعید، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دامەزراندنمان وەك فەرمانبەری هەمیشەیی باری شانی حكومەت لەڕووی داراییەوە سووك دەكات، چونكە دوو ملیارو هەشت سەد و پێنج ملیۆن دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە». هەروەها فەرمانبەرانی گرێبەست دەڵێن:  «ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە نەك بارگرانی بۆ حكومەت دروست ناكەین، بەڵكو لەڕووی دارایی و ئیداریشەوە ئەركی سەرشانی حكومەت ئاسانتر دەكەین». فەرمانبەرانی گرێبەست داوا دەكەین كە پرسی بەهەمیشەییكردنیان بەشێك بێت لەبەرنامەی كاری ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمڕۆ چوارشەممە لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەسەر بدرێت». لەكۆتاییدا هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی دیكە دەكەن، ئەگەر وەڵامنەدرێنەوە، لەوبارەیەوە دەڵێن: «لەكاتی بەدەمەوە نەهاتنی داوا رەواكانی فەرمانبەرانی گرێبەست بەدڵنیاییەوە رێگەی شەقام و گوشاری مەدەنی دەگرینەبەرو گردبوونەوەی سەرتاسەری لەتەواوی هەرێم و بەردەم ئەنجومەنی وەزیران دەكەین». ستار سەعید، باسی لەوەشكرد كەژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەهەرێمی كوردستان 24 هەزار فەرمانبەرە، لەو ژمارەیە 14 هەزاریان لەسەر میلاكی وەزارەتی شارەوانین. هەروەها جەختی لەوەشكردەوە فەرمانبەری گرێبەست هەیە كە لەنێوان چوار تا 15 ساڵە خزمەتیان هەیەو هێشتا نەكراوین بەفەرمانبەری هەمیشەیی، لەكاتێكدا هەموو ئەركەكانی فەرمانبەری ئاساییان لەسەر جێبەجێ دەكرێت. موچەكانی فەرمانبەرانی گرێبەست لەنێوان 300 بۆ 700 هەزار دینار دەبێت و پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان رێنمایی هەبووە هەر فەرمانبەرێكی گرێبەست خاوەنی سێ ساڵ خزمەت بێت، دوای ئەو ماوەیە دەبێتە فەرمانبەری هەمیشەیی. نەسرین مەولود، ماوەی هەشت ساڵە فەرمانبەری گرێیەستە سەر بەوەزارەتی شارەوانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ماوەی زیاتر لەهەشت ساڵە وەك گرێبەست كاردەكەم، تائێستا حكومەت بڕیارێكی نەداوە بۆ هەمیشەییی كردنمان، لەكاتێكدا هەمان ئەركی فەرمانبەرەكانی دیكە بەڕێوە دەبەین». « ئەمە ناهەقیەو پێویستە حكومەت بمانكاتە فەرمانبەری هەمیشەیی، چونكە هەموو فەرمانگەكان پێویستیان بەئێمەیە، بۆیە هەمیشەیی كرنمان مافی خۆمانە «، نەسرین مەولود وای وت. دلێر جاسم یەكێكی دیكەیە لەفەرمانبەرانی گرێبەست و بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كە حكومەت نایەوێت بڕیار لەسەر بەهەمیشەیكردنیان بدات، بۆ حكومەت هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێت». دلێر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە بەردەوام دەبن لەسەر داواكردنی بەهەمیشەیی كردنیان وەك فەرمانبەرانی گرێبەست، وتیشی:» موچە لەحكومەت وەردەگرین، بۆیە كە بكرێینە هەمیشەیی زۆر سودی بۆ حكومەت تێدایە، نەك تەنیا بۆ ئێمەی موچەخۆران».

 هاوڵاتی  جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لەهەولێر ئەوە ئاشكرا دەكات كە بەم نزیكانە كۆبوونەوەی لوتكە لەنێوان هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی ئەنجامدەدرێت، دەشڵێت:» ئێستا لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەوە روونبووەتەوە كە پاشەكشەی یەكێتی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە بووە». رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكێتی لەهەولێر لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی  وت:» تەسەور دەكەین لەماوەیەكی نزیكدا كە رەنگە لەماوەی 72 كاتژمێری داهاتوودا بێت هەردوو هاوسەرۆك كاك بافڵ تاڵەبانی و كاك لاهور شێخ جەنگی كۆبوونەوە ئەنجامبدەن، ئەگەر شتی دیكە روونەدات ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجامدەدرێت». ناوبراو وتیشی:» دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كە یەكێتی هەم بەدەنگ و هەم بەكورسی پاشەكشەی كردووە، ئەوەتا كاك شاڵاو عەلی عەسكەری و كاك فەرید ئەسەسەردیش باسی ئەوەیان كردووە ئەگەر یەكێتی كێشەی ناوخۆیی نەبوایە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەم شێوەیە نەدەبوو كورسییەكان و ژمارەی دەنگەكانی یەكێتیش زۆر زیاتر دەبوو». رەشاد گەڵاڵی ئەوەشی دووپاتكردەوە یەكێتی كەهاوپەیمانێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەبووە، ئەگەر كێشە ناوخۆییەكانی نەبوایە 25 بۆ 26 كورسی بەدەستدەهێناو 150 هەزار دەنگیش زیاتری بەدەستدەهێنا، وتیشی:» ئێستا لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی تەسەورێك دروست بووە كە پاشەكشەی یەكێتی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە بووە، بۆیە كۆبوونەوەی هەردوو هاوسەرۆك خاڵێكی ئیجابیە بەئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان». بەرپرسەكەی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە جارێ نازانرێت كۆبوونەوەی هەردوو هاوسەرۆك دەرئەنجامەكەی چی دەبێت، بەڵام ئەوە بۆ یەكێتی و هەموو لایەك روونبووەتەوە كە كێشە ناوخۆییەكان زیانی گەورەی بەیەكێتی گەیاندووە.  

ئارا ئیبراهیم پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمارو پارێزگاری كەركوك لەناو پارتی و یەكێتی گفتوگۆی چڕی لەسەر دەكرێت و هەر لایەنەو كاندیدی خۆی بۆ دیاری كردووە، بەڵام هێشتا رێككەوتنیان لەسەر نەكردووە. لەساڵی 2005 لەو كاتەی جەلال تاڵەبانی بووەتە سەرۆكی كۆماری عێراق، پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرتووەو تائێستاش دوای كۆچی مام جەلال بەو شێوەیە بووە، بەڵام دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كە پارتی 33 كورسی بەدەستهێناوەو یەكێتی 16 كورسی بەدەستهێناوە، هەوڵێك لەنێو پارتی لەئارادایە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار. سەرچاوەیەكی باڵای پارتی كەتایبەت بۆ هاوڵاتی دوا ئەوەی راگەیاند كە پارتی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری كردووەو ناوەكەشی ئاشكرا دەكات. سەرچاوەكەی ناو پارتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلایكردووەتەوەو كاك وشیار زێباری دیاری كردووە». هەروەها باسی لەوەشكرد كە پارتی دەیەوێت كاندیدی سەرۆك كۆمار ببات، بەڵام لەنێوان پارتی و یەكێتی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، وتیشی:» لەناو یەكێتی مەلا بەختیارو عەدنان موفتی كاندیدن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار». هەروەها ئەو بەرپرسەی ناو پارتی وتیشی:»ئەگەر مەلا بەختیار لای یەكێتی مەقبول بێت ئەوا لەناو پارتیش كەسێكە مەقبولە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار». هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە ئەگەر یەكێتی جەخت لەپۆستی سەرۆك كۆمار بكاتەوە، ئەوكات پۆستی پارێزگاری كەركوك دەبێت بۆ پارتی بێت، وتیشی:» رێبوار تاڵەبانی یەكێكە لەكاندیدەكانی پارێزگاری كەركوك، بەڵام لەوانەیە لای یەكێتی مەقبول نەبێت و پێی رازی نەبێت، یەكێتی گلەیی زۆریان لێی هەیەو لەناوچەوانی ئەوی دەزانن كە دوای 16ی ئۆكتۆبەر نەچووە ژێر داواكارییەكانی یەكێتی و دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بكات، یەكێتیش رێبوار تاڵەبانی لەسەر پارتی حساب دەكات». سەرچاوەكەی ناو پارتی ئەوەشی خستەڕوو كە یەكێكی دیكە لەكاندیدەكانی پارێزگاری كەركوك فەرەیدون عەبدولقادر، كەسێكی مەقبولە لای یەكێتیش، وتیشی:» فەرەیدون عەبدولقادر بژاردە بەهێزەكە دەبێت و یەكێكە لەدامەزرێنەرانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و یەكێكە لەدامەزرێنەرانی یەكێتیش كەسێكە زۆر نزیك بووە لە مام جەلال و هەموو ژیانی لەكەركوك بووەو خەڵكی ناو پێكهاتەكانی كەركوك باش دەناسێت». فەرەیدون عەبدولقادر لەساڵی 2004 لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان هاتۆتە دەرەوەو وەك كەسێكی بێلایەن خۆی دەناسێنێت. بەرپرسەكەی پارتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە یەكێك لەو خاڵانەی كورد لەگەڵ لایەنی پێكهێنەری داهاتووی حكومەتی عێراق باسی دەكات ئەوەیە كە «وەرگرتنەوەی پارێزگاری كەركوك لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ئەنجامبدرێت». بەرپرسەكەی پارتی پێشیوابوو ئەگەر سەرۆك كۆمار بۆ پارتی بێت، ئەوكات پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك مەرجی دەبێت بۆ كاندیدەكەی یەكێتی كە «بەشدارینەكردبێت لە 16ی ئۆكتۆبەردا»، ئەوكات ئامادەیە پشتیوانی لێ بكات. هاوڵاتی پەیوەندی کرد بەچەند ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتییەوە، یەکێک لەو ئەندامانەی سەرکردایەتی کە نەیویست ناوی بهێنرێت لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارو پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە بەهاوڵاتی وت: »پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرانبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمدا لەنێوان پارتی و یەكێتیدا دابەشكراوە، بۆیە ئەگەر پارتی پۆستی سەرۆك كۆماری دەوێت، دەبێت پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی بێت». هەروەها لەبارەی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، جەختی لەوەكردەوە كە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەی راگەیاندووە كە تاكە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار»بەرهەم ساڵح» دەبێت، وتیشی:» هەندێ ناوی دیكە باس دەكرێت بەڵام پێویستی بەگفتوگۆو دانوساندنە لەنێوان كورد خۆیدا». دەربارەی پرسی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەوەی دووپاتكردەوە كە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی دەبێت، وتیشی: »خالید شوانی یەکێکە لەکاندیدە بەهێزەکانی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام ئاساییە یەكێتی و پارتی گفتوگۆ بكەن و رێكبكەون لەسەر كاندیدێك، بەڵام دواجار دەبێت پارێزگار یەكێتی بێت». هاوكات، رەشاد گەڵاڵی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لەهەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پارتی حەق نییە باسی پۆستی سەرۆك كۆمار بكات، چونكە ئەو پۆستە بەرانبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، ئاساییە یەكێتی تەنازول لەپۆستی سەرۆك كۆمار بكات تا سەرۆكی هەرێم وەربگرێت». رەشاد گەڵاڵی پێشیوابوو كە پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرانبەر پۆستی پارێزگاری كەركوكدا نییە بۆ پارتی، وتیشی:» یەكێتی پێشتر هەوڵیداوە كە پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت».  «یەكێتی هیچ كات تەنازول لەپۆستی پارێزگاری كەركوك ناكات، چونكە دەزانین داواكاری پارتی بۆ ئەو پۆستە داوای توركیایە كە عەرەب و توركمانەكانی كەركوكیش لەگەڵیدان»، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی وای وت. رەشاد گەڵاڵی جەختی لەوەشكردەوە كە «رێبوار تاڵەبانی و فەرەیدون عەبدولقادر بوونەتە پارتی و هەردووكیان راوێژكارن لەناو حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمدا».