شاناز حەسەن جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت: »(13) هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستییان كەمەو ئەوەش كێشەی بۆ دروستكردوون و داوامان لەقوباد تاڵەبانی كردووە چارەسەری بكات». دوێنێ یەكشەممە نوێنەری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی كردو بەڵێنیدا كێشەی كەمی دەرمان و كارمەندی تەندروستی بۆ پارێزگاكە چارەسەر بكات. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئەو میلاكەی ئێستا هەمانە زۆر كەمترە لەو رێژەیەی كە دەبێت هەبێت كە لەسەدا (50 بۆ 60) سەرچاوەی مرۆییمان كەمە». جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا ئاستی دامەزراندن زۆر لاوازە، بۆیە پێشنیاریان كردووە كەمی میلاك بەوە پڕبكرێتەوە ئەو كارمەندانەی مۆڵەتیان وەرگرتووە یان ئەوانەی كە خانەنشین بوون كەسی دیكە بكرێتە شوێنیان. هەروەها وتی:»بەپێی میلاكی وەزارەتی تەندروستی بۆ پارێزگای سلێمانی پێویستە (27) هەزار كارمەندو پزیشكی بواری تەندروستی هەبێت، لەئێستادا كەمتر لە (14) هەزار میلاك هەیە، واتا پێویستمان بە (13) هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستی زیاتر هەیە». هێرش سەلیم، جەختی لەوەشكردەوە»دەتوانین پێداویستییەكان هەرچۆنێك بێت دابینی بكەین، بەڵام سەرچاوەی مرۆیی ناتوانین پڕبكەینەوە، بۆ نموونە ناتوانین نەخۆشخانەیەكی تازە بكەینەوە تاپسپۆری تازە دانەمەزرێنرێت تاكێشەی كەمی كارمەندو پزیشك چارەسەر نەبێت».
ئارا ئیبراهیم بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان دەڵێن هاوپەیمانێتییەكەیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵكەو ئارامیی سیاسی و ئابووری لێدەكەوێتەوەو دەتوانن پێكەوە بەرگری لەمافەكانی كورد لەبەغدا بكەن. هەریەكە لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كەبڕیارە لە10/10ی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت هاوپەیمانێتییەكیان پێکهێناوە بەسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی. یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق خاوەنی (20) كورسی و بزوتنەوەی گۆڕان پێنج كورسییان هەیە كە بەهەردوولایان دەگەنە (25) كورسی. بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، عێراق دابەشكراوە بۆ (81) بازنەی هەڵبژاردن كەپێشتر هەر پارێزگایەك یەك بازنە بووەو ئەوەش دەنگی لایەنەكان لەزۆری بازنەكاندا پەرت دەكات. سەركردایەتییەكی یەكێتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەسەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكە لەلایەن لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی كەپێگەی جەماوەری بەهێزە، رۆڵی دەبێت لەوەی هاووڵاتیان و ئەندام و لایەنگرانیان بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان. ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هاوپەیمانێتی بۆ بەغدا گرنگە بۆ هاوهەڵوێستی نێوانمان، چەند یەكدەنگ بین ئەوەندە كاریگەریی دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كوردو ناوچە دابڕێندراوەكان». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد بنكەی جەماوەریی یەكێتی و گۆڕان ئەگەر سەد لەسەد نزیك نەبن ئەوا زۆر زۆر لێك نزیكن، لەبەرئەوە گرنگە هەردوولا پێكەوەبن لەپێناو ئەو بنكە جەماوەرییە، وتیشی:»ململانێكانی یەكێتی و گۆڕان كاریگەری یان كاردانەوەی خراپی لەبواری ئابووری هەبوو، ئەو هاوپەیمانێتییە هەڵبژاردنێكی ئارامی لێدەكەوێتەوە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە بەگشتی». ئارێز عەبدوڵا، ئەوەشی باسكرد كە هاوپەیمانێتییەكەیان بۆ دژایەتی پارتی و هیچ لایەنێكی دیكە نییە» هەڵبژاردن ململانێیەكی دیموكراسییە، بێگومان ئێمە حەزدەكەین پارتی كورسی نەهێنێت، پارتیش حەز دەكات ئێمە كورسی نەهێنین، بەڵام ئێمە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی ئەو هاوپەیمانێتییەمان كردووە، ئەگەر هاوپەیمانێتییەكەمان لەگەڵ گۆڕان ببێتە شكستی نەیارەكانمان كارێكی باشە». هەروەها ئەو سەركردایەتییەی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كەسەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكە لەلایەن لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی كەپێگەی جەماوەریی بەهێزە، رۆڵی دەبێت لەوەی هاووڵاتیان و ئەندام و لایەنگرانیان بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، وتیشی:» راستە بازنەكانی هەڵبژاردن لەعێراقدا زیادیان كردووە، بەڵام یەكێتی و گۆڕان دڵنیام دەنگەكانیان زیاتر دەكەن و قورساییان پێكەوە زیاتر دەبێت لەبەغدا». هاوكات، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت:» هاوپەیمانێتی یەكێتی و گۆڕان كاریگەری لەسەر باشتركردنی ژیانی خەڵك دەبێت». وشیار عومەر، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی كاریگەری دروستدەكات لەهەڵبژاردنەكاندا لەهەرێمی كوردستان، هەمیشە ململانێ و نائارامی هەبووە كەئێمەش سەرچاوەی ئەو نائارامییە نەبووین، گۆڕان هێزێكی مەدەنییە لایەنەكانی بەرانبەر كاردانەوەیان بەرانبەر گۆڕان هەبووە». هەروەها پێشیوابوو هاوپەیمانان خواستیان ئەوەیە كەكورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بێت و ئەو هۆشدارییە دراوە بەلایەنە سیاسییەكان كەكورد ئاگاداری خۆی بێت كەئەو عێراقەی ئێستا عێراقی (17) ساڵی رابردوو نییە، هەمواری دەستورو زۆر پرسی تر لەئارادایە، «كورد پێویستە یەكڕیز بێت و كار بۆ یەكخستنی هەڵوێستەكانی بكات». « یەكێتی و گۆڕان لەسەر ئاستی حكومەتی خۆجێیی رێکكەوتنیان هەیەو پێویستە بەوردی چاوپیاخشاندنەوەی تێدا بكرێت كەسلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە لە زۆر رووەوە بێبەش كراوەو ناعەدالەتیی هەیە، هەمیشە خەڵك زیاتر چاوی لەو رێکكەوتنەی حكومەتی خۆجێیی زیاتر بووە وەك لەبەشداری گۆڕان لەكابینەی نۆیەمدا»، وشیار عومەر وا دەڵێت. دەربارەی پارێزگاریكردن لەدەنگ و كورسییەكانیان لەڕێگەی ئەم هاوپەیمانێتییەوە، وشیار عومەر وتی:» دڵنیام ئەو پێنج كورسییەی بەغدا قورسایی گۆڕان نییەو زۆر لەوە زیاترە، وڵاتانیش كەبەردەوام دەیانبینین دەزانن قورسایی گۆڕان زۆر زیاترە، چونكە هیچ هێزێك بەقەدەر گۆڕان ئەم ماوەیە تووشی دژایەتی و ململانێ نەبووەتەوە، بەڵام دڵنیام دەنگەكانمان دەپارێزین و قورسایمان زیاتر دەبێت، ئەوەش كارو بەرنامەی دەوێت، چونكە رەخنەی خەڵك كە هەبووبێت لەسەر پرۆژەكانی گۆڕان بووە كە باش تێنەگەیشتووە لە نیەت و كاری گۆڕان».
شاناز حەسەن سەرەڕای واژۆی ئەندامانی فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بەردەوامی لێبڕینی موچە، بەڵام هێشتا سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاری یەكلاكەرەوەی نەداوە دانیشتنێكی تایبەتی لەسەر ئەنجام بدات، بەڵام پەرلەمانتاران دەڵێن داوایان كردووە ستافی حكومەت بەشداربێت. ماوەی حەوت مانگە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەڕێژەی لەسەدا 21% بەردەوامەو ئەوەش نیگەرانی موچەخۆرانی لێكەوتووەتەوەو پێیانوایە داهاتی ناوخۆ زیادی كردووەو نرخی نەوتیش بەرزبووەتەوە ناكرێت لێبڕینی موچە بەردەوام بێت. دانیشتنی پێشتری پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە واژۆ كۆكرایەوە بۆ ئەوەی ئەم هەفتەیە بڕیار بدرێت دانیشتنێكی تایبەت بەو پرسە ئەنجامبدرێت، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە. پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی كۆمەڵ: لەم قۆناغەدا پێویستە بڕیار بدرێت لێبڕینی موچە نەمێنێت نەگ گفتوگۆی لەسەر بكرێـت روپاك ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كۆدەنگییەك لەناو پەرلەمانتاران هەیە بەڵام دوو بەش دروستبوون، ئێمە (57) پەرلەمانتار واژۆمان بۆ ئەوە كۆكردۆتەوە كە پرسی لێبڕینی موچە نەمێنێت بەڵام (60) پەرلەمنتاری دیكە لەحزبەكانی بەشدار لەحكومەت واژۆیان كردووە بۆ گفتوگۆكردن». «لەم قۆناغەدا پێویستە بڕیار بدرێت لێبڕینەكە نەمێنێت نەك تەنیا گفتوگۆی پەرلەمان بێت، چونكە كە بڕیار نەدات گفتوگۆ هیچ ئەنجامێكی نابێت»، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ وای وت. روپاك ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو هەندێك لەپەرلەمانتارەكانی گۆڕان و یەكێتی لەهەرودوو لاوە واژۆیان كردووە. پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر پرسی لێبڕینی موچە بوونەتە دوو بەش (57) پەرلەمانتار لەفراكسیۆنە جیاوازەكان واژۆیان كردووە پرسی لێبڕینی موچە نەمێنێت. بەشەكەی دیكەی ناو پەرلەمان لەفراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكێتی و پارتی (60) واژۆیان كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان گفتوگۆ بكات لەسەر پرسی لێبڕینی موچە. حكومەتی هەرێم ماوەی حەوت مانگە موچە بەلێبڕینی لەسەدا 21% دابەشدەكات و بۆ مانگی ئایاریش لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پەسەندكردنی بودجەی عێراقیش بەو شێوازەی خۆی بەردەوامە لەدابەشكردنی موچە. ئەبوبەكر هەڵەدنی: هیچ پاساوێك بۆ لێبڕینی موچە نەماوە و پێویستە ستافی حكومەت لەپەرلەمان ئامادەبن ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «هیچ بیانویەك بۆ لێبڕینی موچە نەماوە لەدوای رێككەوتنی لەگەڵ بەغداو بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆش زۆر بووە». هەروەها باسی لەوەشكرد، داهاتەكان زۆربوون بەڵام بەداخەوە دوو حزبی دەسەڵات داهاتەكان ناگێڕنەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و وەزارەتی دارایی وەك چالاكی حزبی و دەربڕین و سەنگەر گواستنەوە بەكاریدەهێنن. ئەبوبەكر هەڵەدنی وتیشی:» دانیشتنی ئەم جارە تایبەت دەبێت بەهەڵگرتنی لێبڕینی موچە بەئامادەبونی وەزیرە پەیوەندیدارەكان تابڕیاری كۆتایی لەبارەی هەڵگرتنەوە بدرێت، چونكە بڕیارەكە بەئەنجومەنی وەزیران بووەو دەبێت سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان بێنە پەرلەمان و بەدەستەجەمعی بڕیارەكەیان داوە نەك تەنیا وەزیر بێت هیچ دەسەڵاتێكی نەبێت بڕیار بدات». سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: چاوەڕێین لەیەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان لێبڕینی موچە كۆتایی پێبهێنرێت زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی هێمای بۆ ئەوەكرد بارودۆخی دارایی هەرێم لەبارودۆخێكی باشدایە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە لێبڕینەكە نەمێنێت، بۆیە پێكەوە هەموویان كار بۆ ئەوە دەكەن. سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە: « كاركردنی هەموو لایەنەكان و فراكسیۆنەكان پێكەوە كاریگەرییەكان لەسەر حكومەت زیاد دەكات و وادەكات كۆتایی بەلێبڕینی موچە بهێنرێت». پەرلەمانتارێكی پارتی: خۆمان بەخاوەنی كەیسی هەڵگرتنی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دەزانین رێبوار عەبدولڕەحیم، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە وەك پارتی هەر زوو لەسەر ئەوە قسەمان كردووەو خۆمان بەخاوەنی كەیسی هەڵگرتنی لیبڕینی موچە دەزانین، چونكە زۆرینەی خەڵكی هەرێم دەنگی بەئێمە داوە». پەرلەمانتارەكەی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان پێشیوابوو ئەوان یەكەم كەس بوون واژۆیان كردووە كە شاندی ئەنجومەنی وەزیران بێتە پەرلەمان و كار بۆ كۆتایی هاتنی لێبڕینی موچە بكەن. رێبوار عەبدولڕەحیم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد» ئێمە داوا دەكەین شاندی حكومەت بێتە پەرلەمان كەئەو شاندە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێدەدات لەكێ و كێ پێكهاتووە دێنە دانیشتنی ئەمجارەی پەرلەمانەوە». پەرلەمانتارێكی گۆڕان: پێویستە هەموو ئەوانەی پەیوەندی بەبودجە و داهاتی وڵاتەوەیە پێكەوە بێنە پەرلەمان بەڵێن ئیسماعیل، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لێبرێنی موچە بڕیارێكی نایاسایی ئەنجومەنی وەزیرانە كەدەسەڵاتی خەرجكردن گەورەترین كێشەیە كە یاسایەكی تایبەتی نیەو لەسەری بڕوات». پەرلەمانتارەكەی گۆڕان پێیوابوو ئەم خەمە بەردەوام هەبووەو ئێستا چڕتر بۆتەوەو پێویستە حكومەتیش كار لەسەر ئەوە بكات و ئەو ژمارانە بخاتەڕوو كەداهاتەو لەبەردەستدایە تا بەو پێیە كاربكرێت بۆ كۆتایی هاتنی لێبڕینی موچە. بەڵێن ئیسماعیل ئەوەشی دووپاتكردەوە كەئەمجارە پێكەوە ستافی ئەنجومەنی وەزیران بێنە پەرلەمان و لەسەر هەڵگرتنی لێبڕینەكە بڕیار بدرێت.
عەمار عەزیز. دهۆك سوپای توركیا زیاتر لە (40) كیلۆمەتر خاكی هەرێمی بەزاندووەو سەرەڕای داگیركارییەكەی دەستیكردووە بە بڕینەوەی دارەكانی سنوری بادینان و دەیباتەوە وڵاتەكەی خۆی و تائێستاش حكومەتی هەرێم هەڵوێستی نەبووە، بەڵام ناوەندی پاراستنی گەل هەپەگە دەڵێت:» ئەم تاوانە بێ سزا نامێنێتەوەو پێویستە كەس نەبێتە هاوبەشی ئەم تاوانە». سوپای توركیا هاوشێوەی داگیركارییەكەی شاری عەفرینی رۆژئاڤای كوردستان كەزۆربەی دار زەیتونەكانی عەفرینی لەڕەگەوە هەڵكەندووەو بردویەتیەوە بۆ توركیا، بەهەمان شێوەی عەفرین، لەپارێزگای دهۆك و ناوچە داگیركراوەكانی بادینان دارەكان دەبڕێتەوەو دەیباتەوە شارەكانی (هەكاری، شڕناخ، گەڤەر، وان)، وەك پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت:» جەندرمەكانی توركیا لەبادینان داریان بڕیوەتەوە تەمەنی سەد ساڵ بووە»، ئەمەشی بەكارێكی مەترسیدار وەسف كرد بۆ لەناوبردنی ژینگەی بادینان. ئازاد ئەدیب موسا، موختاری گوندی هرورێ سەر بەناحیەی كانی ماسی لەلێدوانێكدا بە وت: « ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە دەست سوپای توركیا، بارەگاو خاڵی سەربازییان داناوە، دەستیان بەبڕینی دارەكان كردووە، دواتر دەیگوازنەوە بۆ توركیا، خەڵوزی لێ دروستدەكەن لەگەڵ هەندێك شتی تر». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد جەندرمەكانی توركیا هاتوونەتە ناو گوندی هرورێ لەسنوری قەزای ئامێدی بەخەڵكیان وتووە لەكاتی سەردانتان بۆ ناو باخچەكانی خۆتان چەك لەگەڵ خۆتان نەبن و نابێت بەهیچ شێوەیەك هاوكاری گەریلاكانی پەكەكە بكەن، وتیشی:» چەتەكانی توركیا ئەوانەی لەگەڵ سوپای توركیا بەخەڵكی گوندیان وتووە دارەكانی سنوری گوندی هرورێ دەبڕین، ئێمەش وتوومانە بەهیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەین، هەموو شوێنێكمان ئاگاداركردووەتەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم هیچ هەڵوێستی نەبوو، چەتەكانی توركیاش دەستیان بەبڕینی دار كرد هەموومان پێكەوە هێرش دەكەینەسەر خاڵە سەربازییەكانی توركیا». «تەنها لە زناری كێستە سوپای توركیا چوار خاڵی سەربازییان داناوە، لەدەوروبەری خاڵە سەربازییەكانی خۆیان تەواوی دارەكانیان بڕیوە، كەس نازانیت چەند دارن، بەڵام بەسەدان داریان بڕیوە»، موختاری گوندی هروری وادەڵێت. موختارەكە ئەوەشی خستەڕوو كەئێستا (45) خێزان لەناو گوندی هرورێدا دەژین، زیاتر لەدوو هەزار دۆنم زەوی لەسنوری گوندەكە بەهۆی بۆردوومانەكانی توركیا سووتاون، زیانێكی زۆری دارایی بەهەموو خەڵك كەوتووە، «سەرەڕای هەموو ئەمانە گوندەكەی خۆمان بۆ هیچ كەس و لایەنێك چوڵناكەین، زۆر شتمان قبوڵ كرد، بەڵام لەمەودوا هەڵوێستی توندمان دەبێت». لە 23ی مانگی رابردوودا سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە «چڕنووكی هەورە برووسكە»ی بەپاساوی رووبەڕووبوونەوەی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەبەرزاییەكانی سنوری پارێزگای دهۆك دەستپێكرد، لەهەندێك شوێن تا (40) كێلومەتر هاتووەتە ناو خاكی كوردستان . پەرلەمانتارێكی بادینی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەسوپای توركیا لەڕێگەی كۆمپانیایەكەوە دارەكانی ناوچەكانی بادینان دەبڕنەوەو دەیبەنەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان. رێڤینگ هروری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان بە هاوڵاتى وت: « بابەتی بڕینی دار لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی سەر بەتوركیا لەسنوری پارێزگای دهۆك كۆنە، چەند ساڵێكە ئەم كارە دەكرێت، لەچەند ساڵی رابردوو ئەو كۆمپانیایانە لەڕێگای جەندرمەكانی توركیا هەڵساون بەبڕینی ژمارەیەكی زۆر لەدارەكانی دارستانی تاوێ لەسنوری ئامێدی و ناوچەی گەڤەرۆكێ و خۆركێ لەسنوری قەزای زاخۆ «. رێڤینگ هروری ئەوەشی باسكرد كە توركیا هەر ناوچەیەك بۆردوومان بكات دواتر دەیستوتێنێت، یەكەمجار بەشۆفڵ رێگا دەكاتەوە دواتر لەڕێگای جەندرمەكانی خۆی و بەهاوكاری چەند كۆمپانیایەك دەست بەبڕینی دارەكان دەكات» بەداخەوە هەندێك دار هەیە تەمەنی سەرووی (100) ساڵە دوای بڕینی دارەكان دەگوازرێنەوە بۆ توركیا». ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی روونكردەوە كە ئەو ناوچانەی كە بەم دواییە بەتایبەت لەسنوری ناحیەی كانێ ماسێ داگیركراوە هێشتا دەستی بەبڕینی دار نەكردووە ، نازانین لەوێش بەهەمان شێوە دەست بەبڕینی دار دەكات یان نا. « ئەم بابەتە زۆر ترسناكە ، تێكدانی ژینكەو بڕینی دارەكان و وشكبوونەوەی ناوچەكە كاریگەریی زۆر خراپ دەكاتەسەر ژینگەی ناوچەكە، پێویستە بەزووترین كات دەزگا پەیوەندیدارەكان گفتۆگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانە بكەن كە بەم كارەوە هەڵساون و چیتر رێگانەدەن دارەكان ببڕێن» رێڤینگ هروری وای وت . هەپەگە رایگەیاند دەوڵەتی داگیركەری تورك سروشتی كوردستان تاڵان دەكات و ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە»ئەم تاوانە بێ سزا نامێنێتەوەو پێویستە كەس نەبێتە هاوبەشی ئەم تاوانە». رۆژی 28ی ئایاری 2021، ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، لەبەشێكیدا ئاماژە بە بڕینەوەی دارەكان لەهەرێمەكانی پاراستنی مەدیا و بەدلیس كردووەو هۆشداریی بەتاڵانكەرانی سروشتی كوردستان داوە. هەپەگە رایگەیاند:» دەوڵەتی داگیركەرو مشەخۆری تورك لەگەڵ هەوڵە داگیركەرانەكانیدا، بێ وەستان جوگرافیای كوردستان بۆردوومان دەكات و هەموو دارستانەكانی دەسووتێنێت و دارەكانی دەبڕێت، بەتایبەتیش لەم دواییانەدا، لەهەرێمكانی مەتینا، زاپ، ئاڤاشین و مەیدانەكانی دۆڵی شێخ جومعە و شەهید مزگین لەهەرێمی خەرزانی بەدلیس». هەروەها لەڕاگەیەندراوەكەیاندا هاتووە» سوپای داگیركەری تورك بەدەستی چەتە و كۆنتراكان (جاشەكان)ی دارەكان دەبڕێت، دەوڵەتی داگیركەری تورك دژی گەلی كورد تاوانی قڕكردن ئەنجامدەدات، هاوكات بەتاڵانكردنی سروشتی كوردستان تاوانی گەورە دەكات، بەهۆی ئەوەی ئەم تاوانە بێ سزا نامێنێتەوە، پێویستە كەس نەبێتە هاوبەشی دەوڵەتی تورك بۆ تاڵانكردنی جوگرافیای كوردستان». پەیامنێری هاوڵاتى پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی دهۆك كرد، بەڵام وتیان ئەم بابەتە پەیوەندی بەئێمەوە نیە، بۆ راستی بابەتەكەش دەبێت لیژنەیەك پێكبهێنرێت و ئنجا كاری لەسەربكرێت . ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت:»پێویستە هەرسێ سەرۆكایەتی هەرێم بێنە سەر خەت و بڕینەوەی دارەكان و ئەم كارە ترسناكە رابگیرێت». عەبدولسەمەد تیلی عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەفراكسیۆنی یەكگرتوو بۆهاوڵاتى ، ئاماژەی بەوەكرد تائێستا لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك هیچ دانیشتن و كۆبوونەوەیەك لەسەر بابەتی بڕینەوەی دارەكانی ناوچەكانی بادینان لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی توركیا ئەنجامنەدراوە، بەڵام دەبوایە بەلایەنی كەمەوە دانیشتنێكیان لەسەر ئەم بابەتە بكردایە. عەبدولسەمەد تیلی وتیشی: «پێویستە هەرسێ سەرۆكایەتی هەرێم بێنەسەرخەت و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عیراق بكەن تا ئەم كارە ترسناكە رابگیرێت، ئەگەر وابڕوات و هیچ هەڵوێستێك لەلایەن بەغدا و هەرێمی كوردستان نەبێت، توركیا بەردەوام دەبێت و ژینگەی بادینانیش بەرەو وێرانییەكی خراپ دەڕوات».
هاوڵاتى وەفدی حكومەتی هەرێم لەبەغدایە بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی و پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە «ئەمجارە وەفدی هەرێم لەبەغدا بەدەست بەتاڵی ناگەڕێتەوە، چونكە كێشەی سیاسی لەسەر نییەو هەردوو حكومەتیش ئامادەن پابەندبن بەیاسای بودجەوە». ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدێكی حكومەت بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان كردەوەو بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر پرسی نەوت و جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 دەست بەگفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەحكومەتی فیدڕاڵ بكەنەوە. بودجەی گشتی عێراق لەشەوی 31ی ئازاری 2021 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكراو بەپێی یاساكەو لەماددەی (11)دا پشكی هەرێم دیاریكراوە كە لەسەدا (12.67)ی بودجەی فعلی دەبێت، لەبەرانبەر تەسلیمكردنی داهاتی نەوتی رۆژانەی (250) هەزار بەرمیل بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق و لەسەدا 50%ی داهاتە فیدراڵییەكان. شیروان میرزا، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» كێشەی سیاسی لەسەر یاسای بودجە نییەو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەیی نیشانداوە بۆ جێبەجێكردنی، حكومەتی هەرێمیش پابەندی خۆی راگەیاندووە، بۆیە تەنها گفتوگۆ لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنەكەی دەكرێت». ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد، یاسای بودجە بۆ یەك ساڵەو پشكی هەرێم لەپێنج مانگی رابردوو بەشێوەی قەیدی حسابی یان مەقاسە دەدرێت بەهەرێمی كوردستان، وتیشی:» بەو پێیەی داهاتی نەوتی هەرێم بەپێی نرخی فرۆشتنی كۆمپانیای سۆمۆ دەبێت، كەواتە مانگانە گۆڕانكاری لەپشكی هەرێمدا روودەدات بەوپێیەی نرخی نەوت جێگیر نییە». شیروان میرزا پێشیوابوو سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی وادەكات كە»ئەمجارە وەفدی حكومەتی هەرێم لەبەغدا بەدەست بەتاڵی ناگەڕێنەوە». هاوكات، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغدا راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تایبەت بەجێبەجێكردنی یاسای 2021 دەستپێدەكەن. یەكێك لەئەندامانی وەفدی دانوسانكاری حكومەتی هەرێم لەبەغداوە ئەوەی بۆ هاوڵاتى دووپاتكردەوە كەجێبەجێكردنی ماددەی (11)ی یاسای بودجەی ئەمساڵ تەنها چۆنیەتی جێبەجێكردنی ماوە. هەروەها ئەوەی ئاشكراكرد كە كۆبوونەوەی وەفدی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ وەزیرانی نەوت و دارایی و پلاندانان و دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری كۆمپانیای سۆمۆی عێراق بۆ فرۆشتنی نەوت دەبێت. هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە وەفدی هەرێم چاوەڕێی بۆچوونی وەفدی عێراقە بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە كە چ میكانیزمێك دیاری بكرێت و هەژماری بانكی لەچ شوێن و بانكێك بكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم داهاتی نەوت و نانەوتی بكاتەسەرو لەبەرانبەردا بەغدا پشكی هەرێم رەوانە بكات. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى ، حكومەتی هەرێم چاوەڕێی ئەوەیە كە پشكی هەرێم لەماوەی ئەم پێنج مانگەی رابردوودا بەشێوەی»مەقاسە» رەوانەی هەرێم بكات كە زیاتر لە ترلیۆنێك دینارە بەو پێیەی حكومەتی هەرێم داهاتی نەوتی (250) هەزار بەرمیلی رۆژانەو لەسەدا 50%ی داهاتی فیدڕاڵی، ناگاتە (700) ملیار دینار، بەڵام چاوی لەوەیە بەغدا پشكی هەرێم وەك خۆی رەوانە بكات كەمانگانە (956) ملیار دینارەو بەو پێیە بێت بۆ مانگەكانی (5،4،3،2،1) زیاتر لەترلیۆنێك و (250) ملیار دینار»ی لای حكومەتی عێراقە.
هاوڵاتى بڕیارە مانگی داهاتوو هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەئێران بەڕێوەبچێت و پێشبینییەكان ئاماژەن كە رێژەی بەشداریی خەڵك لەنێوان (25%) بۆ (39%) دەبێت و كورد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان هیوایەكی ئەوتۆی لەسەر ئەو هەڵبژاردنە هەڵنەچنیوەو بانگەشەی بایكۆت گەرمترە لەبەشداریی. رێژەی بەشداریی كەمی كورد رەنگە بۆ چەند هۆكارێكی سەرەكیی بگەڕێتەوە چونكە بەپێی یاساو دەستور ناتوانن خۆیان بۆ سەرۆك كۆماریی كاندید بكەن و دواجار ناوچە كوردنشینەكان لەدیدی كۆماری ئیسلامییەوە وەك جوگرافیایەكی سیاسی مەترسیدار لێی دەڕوانرێت و بەبەردەوامی تێڕوانینی ئاسایشی و ئەمنیی بۆ كوردو ئەو ناوچانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە زاڵە. لەماوەی پێنج رۆژدا (592) كەس لەئێران ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی تۆمار كردووەو لەئێستاوە (320) كەسیان بەهۆی نەبوونی ناسمانەو مەرجەكان رەتكراونەتەوە، زۆرترین ناوی دووبارە یان كاندیدی پێشوو بەشداریی ئەو پڕۆسەیەیان كردووە، بەڵام (14) كەسیان شانسی بەشدارییان لەهەڵبژاردنەكان زیاترەو سێ كەسیشیان ئەگەری سەركەوتنیان زیاترە. كوردو سەرۆك كۆماری لەئێران بەپێی تووێژینەوەیەكی ناوەندی تووێژینەوەی زانستی مرۆیی و لێكۆڵینەوەی كەلتوریی ئێران پێشترو لەساڵی (1979) واتە یەكەم خولی هەڵبژاردنەكانی دوای رووخانی سیستمی پاشایەتی لەو وڵاتە، ئاستی بەشداریی خەڵكی كورد یان ناوچە كوردییەكان لەهەڵبژاردنەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران نزیكەی (13%) بووەو قۆناغ بەقۆناغ لەخولی شەشەم بۆ (53%) و دواتر لەخولی حەوتەمی سەرۆك كۆماریی بۆ (79%) بەرزبووەتەوە كەهۆكارەكەشی گەڕێندراوەتەوە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری و گەشەی ئەو ناوچانە. لەتووێژینەوەكەدا كە پشت بەئاماری بەشداریی خەڵكی كورد لەهەڵبژاردنە گەشتییەكان و سەرۆك كۆماریی ئێران لەپارێزگای (سنە) لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەستووە، روونیكردووەتەوە خەڵكی ئەو ناوچانە زیاتر بەشداریی لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەوانییەكان دەكەن، چونكە كاندیدی كورد لەو هەڵبژاردنانەدا بوونیان هەیە، بەڵام بەپێچەوانەوەی ئاستی بەشداریی لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەو پارێزگایە بەراورد بەهەڵبژاردنەكانی دیكە زۆر كەمتر دەبێتەوە و تەنانەت هەر كاتێك رێگریی لەكاندیدی ریفۆرمخوازان كرابێت بۆ هەڵبژاردنەكان، ئەوا ئاستی بەشداریی خەڵك لەهەڵبژاردنەكاندا بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. لەئامارەكاندا ئەوە ئاشكرایە كەخەڵكی كورد لەحەوتەمین خولی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری ئێران لەساڵی (1997) زیاترین رێژەیان لەبەشداریی لەهەڵبژاردنەكان تۆمار كردووەو رێژەی بەشدارییەكە گەیشتبووە زیاتر لە (79%) كەهیچ كات ئەو رێژەیە لەبەشداریی لەمێژووی ناوچە كوردییەكان دووبارە نەبووەتەوەو هۆكارەكەشی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی كە خەڵك بەهیوای ریفۆرم و چاكسازیی لە تێڕوانینی كۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بەكورد زیاترین دەنگیان دا بە محەمەد خاتەمی، كاندیدی ریفۆرمخوازان لەو سەردەمەدا. دوای ئەوەی محەمەد خاتەمی لەساڵی (1997) و بەزیاتر لە (20) ملیۆن دەنگ بووە پێنجەمین سەرۆك كۆماری خولی حەوتەم، جارێكی دیكە لەساڵی (2001) خۆی بۆ خولی هەشتەم كاندید كردەوە، ئەگەرچی سەركەوتنی بەدەستهێنایەوە بەڵام ئاستی بەشداریی كورد بۆ (53%) دابەزی كە ئەمەش ئاماژەیە بەكەمبوونەوەی هیوای هەڵچنراوی خەڵكی كورد سەبارەت بە ریفۆرم و ریفۆرمخوازن لەئێران. ساڵی (2005) و لەهەڵبژاردنەكانی خولی نۆیەمی سەرۆك كۆماریی لەئێران، حزبی دیموكراتی كوردستان لەژێر كاریگەریی لێدوان و بەیاننامەی میرحسێن موسەوی و مەهدی كەڕوبی، كاندیدەكانی ریفۆرمخوازان سەبارەت بەچارەسەری كێشەی پێكهاتە نەتەوەییەكان لەئێران كەكوردیشی لەخۆ دەگرت، داوایان لەخەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد كەبەشداریی لەو هەڵبژاردنانە بكەن و ئەو حزبە ناڕاستەوخۆ داوای لەخەڵك كرد دەنگ بەكاندیدی ریفۆرمخوازان بۆ سەرۆك كۆماریی لەئێران بدەن، بەڵام ئەو داواكارییەی حزبی دیموكرات دادی ریفۆرمخوازانی ئێرانی نە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و نە لەئێران نەداو رێژەی بەشداریی خەڵكی كورد لەو هەڵبژاردنەدا بۆ (24%) دابەزی و مەحمود ئەحمەدی نەژاد، كاندیدی محافزكارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەقۆناغی دووەمی ئەو هەڵبژاردنانەدا سەركەوتنی بەدەستهێنا و بووە شەشەمین سەرۆك كۆماری ئێران. لەخولی دەیەمی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەئێران لەساڵی (2009) كە ئەحمەدی نەژاد، جارێكی دیكە بەشداریی تێدا كردووە و بۆ جاری دووەم بووەوە بە سەرۆك كۆمار، رێژەی بەشداریی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بە (64%) لەقەڵەم دراوەو پێدەچێت ئەحمەدی نەژاد بەپۆشینی جلوبەرگی كوردی و سەردانی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان و بەرزكردنەوەی كاتیی ئاستی ئابوریی ناوچە كوردنشینەكان ئەم رێژە لەبەشدارییەی لە بەرژەوەندیی خۆی بەرز كردبێتەوە. كورد زیاترین دەنگی بەڕۆحانی داوە لەساڵی (2013) كە حەسەن رۆحانی وەك میانڕەوێكی سەر بە ریفۆرمخوزان خۆی بۆ خولی یانزەیەمی سەرۆك كۆماریی ئێران كاندید كردو ئاماژەی بە رەچاوی كردنی پێگەی پێكهاتە نەتەوەییەكان ئێران بەتایبەت كورد لەجومگەكانی دەسەڵاتدا كردو ئەمەش وایكرد رۆحانی (73%)ی دەنگەكانی كورد بۆ خۆی ببات و سەركەوتنی پێ مسۆگەر بكات بەڵام ئاستی بەشداریی خەڵك لەو ناوچانە لە (56%) تێپەڕی نەكرد. ساڵی (2007) جارێكی دیكە حەسەن رۆحانی وەك حەوتەمین سەرۆك كۆماری ئێران لە هەڵبژاردنەكانی خولی دوانزەیەمی سەرۆك كۆماری خۆی كاندید دەكاتەوە، ئەگەرچی ئەمجارەش رێژەی بەشداریی كورد (58%) بووە، بەڵام رێژەیەكی بەرچاو لەخەڵكی كورد دەنگ بە رۆحانی دەدەن و ئەو رێژەیەش كە زیاتر بووە لە (70%) بەراورد بەكۆی دەنگەكانی رۆحانی لەناوچە جیاوازەكانی ئێران زیاترین رێژەی دەنگی خاوێن لەبازنەی ناوچە كوردییەكان بووە واتا كورد لەئێران زیاترین دەنگی بە رۆحانی داوە. ئامارەكان ئەوە دەردەخەن كورد بەژمارە و رێژەی بەشداریی لەهەڵبژاردنەكاندا خوازیاری گۆڕانكاریی بنەڕەتییە بۆ باشبوونی دۆخی خۆی، چونكە بەپێی ئامارەكانی ئێران رێژەی بەشداریی كورد لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی ئێران لەپێنج خولدا كەمترین ئاست بووە لەئێران و لەڕووی بەشداریی كەم لە هەڵبژاردنەكاندا لەڕیزبەندی دووەم بووە، رەنگە ئەم بەشدارییە كەمە ئاماژە بێت بۆ بەدی نەهاتنی خەون و خواستەكانی و هەڵنەچنین هیوای بۆ سەرۆك كۆماریی لە ئێران. لەلایەكی دیكەشەوە لەدەستورو یاسای ئێستای ئێراندا پێوەری سەرەكیی كاندیدبوون بۆ سەرۆك كۆماریی ئەوەیە كە لەكەسانی سیاسیی متمانەپێكراوی كۆماری ئیسلامی ئێران و سەر بەئاینیی شیعە بێت لەكاتێكدا بەشێكی بەچاوی كورد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەسوننە ئەژمار دەكرێن. لەشكرێك كاندیدی سەرۆك كۆماری لەئێران رۆژی سێشەممە (11/5/2021) تۆماركردنی ناوی كاندیدەكانی خولی (13)ی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەئێران بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوامبوو لەو ماوەیەدا (592) كەس ناوی خۆیان تۆمار كرد كەپێدەچێت زۆربەی هەرە زۆریان رەتبكرێنەوە. رۆژنامەی (ئافتابێ یەزد) كە نزیكە لە ریفۆرمخوازنەوە نووسیویەتی: لەشكرێك دەموچاوی دووبارە ناوی خۆیان بۆ سەرۆك كۆماریی لەئێران تۆمار كردووە، دەكرێت لەشكركێشی دەستەواژەیەكی گونجاو بێت بۆ پڕۆسەی ناو تۆماركردنەكە چونكە لەپێنج رۆژدا نزیكەی (600) كەس ناوی خۆیان تۆماركردووە لەكاتێكدا ئەو پڕۆسەیە گرنگترین هەڵبژاردنە لەوڵاتەكەداو زیاترین ناوی دووبارەی تێدایە و تەنانەت هەندێك كەس بۆ گاڵتەو خۆدەرخستن بەشداریی ناو تۆماركردنەكەیان كردووە. لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە؛ لەقۆناغی یەكەمی پێداچونەوە بە بەڵگەنامەكانی ئەو كەسانەی كەناوی خۆیان بەمەبەستی خۆكاندیدكردن لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی تۆمار كردبوو (320) كەسیان بەهۆی نەبوونی بڕوانامە و جیاوازی تەمەنی دیاریكراوو پێشینەی دادگایی و زیندانیی، رەتكراوەتەوەو بڕیاری كۆتایی لەلایەن ئەنجومەنی چاودێریی كۆماری ئیسلامی ئێران (شورای نیگابان)ەو ئەوان ئەركیان یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی ئەو كەسانە دەبێت كە ناوی خۆیان تۆماركردووەو هەر كەسێك بتوانێ دەنگی حەوت كەس لەو ئەندامانە مسۆگەر بكات، دەبێتە كاندیدی سەرۆك كۆماریی لەئێران. سێ كوچكەی ناكۆكی كاندیدەكان هەریەكە لە عەلی لاریجانی سەر بەمحافزكاران و سەرۆكی پێشوی پەرلەمان و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی دەزگای دادو كاندیدی پێشوو ئێستای محافزكاران بۆ سەرۆك كۆماریی و ئیسحاق جیهانگیری، جێگری سەرۆك كۆمارو كاندیدی پێشوو ئێستای ریفۆرمخوازان بۆ سەرۆك كۆماریی، ناوی خۆیان تۆماركردووە بەمەبەستی بەشداریی لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەئێران كە بڕیارە لەڕێككەوتی (18/6/2021) بەرێوەبچێت، ئەم سێ كەسە بەهۆی پۆست و دەسەڵات و لایەنەكانیان بە سێكوچكەی ناكۆك ناودەهێنرێن، چونكە پێكهاتەی سەرەكیی سێ جومگەی دەسەڵاتی (پەرلەمان و دادوەریی و حكومەت) لەكۆماری ئیسلامی ئێران بوون و هاوكات هەریەكەیان خۆی بەباڵی دژبەرو ركابەر لەقەڵەمداوە. شانسی سێكوچكەی (لاریجانی، رەئیسی، جیهانگیری) بۆ سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی ئێران بەراورد بەكەسانی دیكە زیاترە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە محافزكاران ژمارەی كاندیدی دیارو دووبارەیان زۆرە بۆ نمونە (مۆحسین رەزایی، سەرۆكی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە لەچوار خولی پێشوی سەرۆك كۆماریی ئێران كاندیدبووە بەڵام لەسێ خولدا سەركەوتنی بەدەستنەهێناوەو لەخولێكیشدا لەهەڵبژاردنەكان كشاوەتەوە، هاوكات سەعید جەلیلی، ئەندامی ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران كاندیدێكی دیكەی دیاری سەر بەمحافزكارانە، واتە محافزكاران خاوەنی سێ كاندیدی دیاری وەك (رئیسی، رەزایی، لاریجانی)ن، بەڵام ریفۆرمخوازان تەنها ئیسحاق جیهانگیرییان بەدەستەوە ماوەتەوە كە شانسی بۆ سەركەوتن هەبێت. رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) كە سەر بە ریفۆرمخوازانە بەناونیشانی (یەك لایەن و سێ ناوەند) نووسیویەتی: عەلی لاریجانی سەرۆكی پێشوی پەرلەمان و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی دەزگای داد، ناوی خۆیان وەك كاندید بۆ سەرۆك كۆماریی لەئێران تۆمار كردووە، بەڵام رەئیسی و لاریجانی كە لەمحافزكاران ئەژماردەكرێن ئاوی پاكیان كردووە بەدەستی محافزكارانداو رایانگەیاندوە وەك كاندیدی سەربەخۆ بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان دەكەن، ئەوەی روونە محافزكاران پەرتەوازییەكی بەرچاویان پێوە دیارەو بە «یەك لایەن و سێ ناوەند» لەئێران ناویان دەهێنرێت. ریفۆرمخوازانیش لەماوەی رابردوودا دوو جار توشی شۆك بوون و ئەویش بەهۆی پاشگەزبوونەوەی حەسەن خومەینی بۆ كاندیدبوونی بۆ سەرۆك كۆماریی، چونكە هیوای زۆریان لەسەر هەڵچنیبوو و دوای ئەویش محەمەد جەواد زەریف ئامادە نەبوو خۆی وەك كاندید بەشداریی پڕۆسەكە بكات بوو كەئەمەش هێندەی دیكە ریفرۆمخوازانی بێهیوا كرد، بۆیە تەنها بژاردەیەك كە بەدەست ئەو باڵەی كۆماری ئیسلامی ئێران مایەوە ئیسحاق جیهانگیری، جێگری سەرۆك كۆماری ئێران بوو، ئەمەش لەكاتێكدا جیهانگیری پێشتر و لەخولی (12)ی سەرۆك كۆماریی یەكێك بوو لەكاندیدەكان و لەبەرژەوەندیی حەسەن رۆحانی كشایەوە. جیهانگیری وەك پیشەی پێشوی لەدوایین ساتەكانی مۆلەتی ناو تۆماركردنداو دوای داواو تكای سەركردەكانی ریفۆرمخوازان ناوی خۆی بۆ كاندیدبوون تۆمار كرد. گرەو لەسەر رێژەی كەمی بەشداریی و سەركەوتنە.. تائێستا ژمارەیەك راپرسیی لەئاستی بەشداریی خەڵك لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەئێران كراوەو بەپێی ئەو راپرسیانە رێژەی بەشداریی خەڵك لەنێوان (25%) بۆ (39%) دەبێت، كە ئەمەش شانسی محافزكاران بۆ سەركەوتن بەرزدەكاتەوە، هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئێران لەساڵی (2020) كە رێژەی بەشداریی (42%) بوو ئەمەش بووە هۆی ئەوەی محافزكاران لەكۆی (290) كورسی (221) كورسی مسۆگەر بگەن و ریفۆرمخوازن بە لەدەستدانی (101) كورسیی خولی رابردوودا، تەنها (20) كورسی بەدەستبهێنن و ئەمەش گەورەترین شكستی ریفۆرمخوازان بوو كە زۆربەی شارەزایان، بەشداریی كەمی خەڵك بەهۆكاری ئەو شكستە گەورەیەی ریفۆرمخوازان ناودەبەن.
هێمن حهسهن بڕیارە 18ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆماری ئێران بەڕێوەبچێت و حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش بڕیاریانداوە بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنە بكەن، پێشیانوایە كە تاران دەیەوێت بەهەڵبژاردنێكی نمایشكارانە لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رەوایەتی بگەڕێنێتەوە. بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە (592) كەس ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی خولی سیازدەهەمینی سەرۆكایەتی كۆماری ئێراندا تۆماركردووە، لەو ژەمارەیە (40) كەسیان لە رەگەزی مێن و (552) كەسیشیان لە رەگەزی نێرن، بەڵام ناوی كاندیدە كۆتاكان لەلایەن شورای پاراستنی دەستورو لەژێر چاودێری راستەوخۆی خامەنیی یەكلایی دەكرێنەوەو لەئێستاوە (320) كاندیدیان رەتكراونەتەوە. بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە (59) ملیۆن و (300) هەزارو (310) كەس مافی دەنگدانیان هەیەو ناویان لە تۆماری دەنگداندا هەیەو بڕیارە دەنگبدەن بۆ هەریەك لەهەڵبژاردنی خولی سیازدەهەمینی سەرۆكایەتی ئێران. ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی ئێران كە لەچوار حزبی رۆژهەڵات پێكهاتوون بڕیاریاندا بایكۆتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران بكەن، بەهەمانشێوە حزبەكانی دیكەی دەرەوەی ناوەندی هاوكاری بایكۆتی هەڵبژاردنەكە دەكەن و هانی خەڵك دەدەن نەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان. حزبەكانی رۆژهەڵات ئەزموونێكی تری بایكۆتكردنیان هەیە كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بەئەرێنی وەڵامی پەیامەكانی ئەو حزبانەیان دایەوە، بۆیە ئێستاش پێیانوایە كورد بەدەم پەیامەكانیانەوە دەچن. عەتا سەقزی ئەندامی بەرپرسی پەیوەندییەكانی حزبی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، باس لەوە دەكات، ئەوان وەك ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵات بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن و بەخەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانیشیان وتووە كە بایكۆت بكەن و نەچن بۆ هەڵبژاردن. عەتا سەقزی بە هاوڵاتى وت:» سەرۆك كۆمار لەسیستەمی فیقهی ئێراندا هیچ كاریگەرییەكی نییە، ئەوەی كاریگەرە رابەری كۆماری ئیسلامییە كە خامەنییە». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد ئێران هەڵبژاردن بە بانگەشەو شانۆیەك بۆ دەرەوەی خۆی بەكاری دەهێنێت بۆ جوانكاری خۆی، بۆ ناوخۆی ئێران و بۆ كوردیش هیچ سوودو كاریگەرییەكی نییە، بۆیە خەڵكی رۆژهەڵاتیش بایكۆتی دەكات. سەقزی پێشیوابوو بایكۆتی هەڵبژاردنی ئەمجارە فراوانترەو تەنیا لەسەر ئاستی رۆژهەڵات نییە، بەڵكو لەسەر ئاستی تەواوی ئێران، وەك ئەو دەیڵێت، بەپێی راپرسییە ناوخۆییەكانی ئێران كە هی دەوڵەت خۆیەتی لە 30% خەڵك بەشداری ئەم هەڵبژاردنە دەكەن. هەڵبژاردنەكە تەنیا بۆ سەرۆكایەتی كۆمار نیە، بەڵكو بۆ هەڵبژاردنی شورای شارو گوندەكانیشە كە ژمارەیان هەزارو (372) شارو (40) هەزارو (603) ناحیەیە، ئەمە وەك تەكنیكێكی دەسەڵاتدارانی ئێرانە لەخەڵكی ئەو وڵاتە، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە زۆرترین كەس بەرنە سەر سندوقەكانی دەنگدان. پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێیانوایە سەرۆك كۆماری ئێران هیچ سودێكی بۆ خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان نەبووەو بەپێچەوانەوە لەسەر دەستی سەرۆك كۆمارە یەك لەدوای یەكەكان كوشتن و زیندانیكردن و جینایەت و لەسێدارەدانی لاوەكانی كورد زیاتر بووە دەسەڵاتدارانی ئێران گرنگی زۆر بە دەنگدانی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان دەدەن و لەڕێگای جۆراوجۆرەوە دەیانەوێت خەڵكی رازی بكەن بەشداری هەڵبژاردنەكە بكەن بۆ ئەوەی لەبەر چاوی دونیا نیشانی بدەن كە لەئێراندا كێشەی كورد نییەو لەگەڵ دەوڵەتن. حزبەكانی رۆژهەڵات جەخت لەوە دەكەنەوە بەشداریكردنی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان غەدرو تاوانە، بۆیە وەك خۆی دەیڵێت، هەموو هەوڵێكی حزبەكانی رۆژهەڵات بۆ ئەوەیە كەمترین خەڵك بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان. لەهەڵبژاردنەكانی رابردووی ئێران حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بایكۆتی بایكۆتیان كردو داوایان لەخەڵكی رۆژهەڵاتكرد نەچن بۆ دەنگدان، لەبەرامبەریشدا خەڵكی رۆژهەڵات وەڵامی پەیامەكەیان دایەوەو كەمترین بەشداری لەشارەكانی رۆژهەڵات هەبوو كە بەپێی ئامارەكانی حزبەكانی رۆژهەڵات رێژەی بەشداری كورد لەدەنگدان نەگەیشتووەتە لە ٣٠%. حەسەن روحانی، دوو خولی سەرۆكایەتی بەڕێوەدەبات كە لەخولی یازدەیەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران لە 14/ 6/ 2013 هەڵبژێردراو لەخولی دوازدەیەمیشدا لە 19/ 5/ 2017 جارێكی تر هەڵبژێردرایەوە، بەڵام لەهەردوو خولەكەدا خەڵكی رۆژهەڵات بایكۆتێكی كاریگەری هەڵبژاردنیان كرد. بەشێك لەبەرپرسانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێن، پەیامی ئەوان رۆڵێكی كاریگەری دەبێت لەناو خەڵكی رۆژهەڵات بۆ ئەوەی نەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بایكۆتی بكەن، بەشێكیان پێیانوایە كە پێویستە خەڵك بڕیار لەسەر بایكۆت یان بەشداریكردن بدات نەك حزبەكان بڕیاریان بۆ بدەن. مەنسور مروەتی ئەندامی سەركردایەتی دیموكراتی كوردستان بە هاوڵاتى وت:» ئەم چوار لایەنەی ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵات بایكۆتی هەڵبژاردنەكەمان كردووە، جگە لەئێمەش هەر بەگشتی لەسەر ئاستی ئێرانیش بایكۆت بەهێزە، چونكە هیچ گۆڕانكارییەك دروست ناكات». هەروەها مروەتی ئەوەشی خستەڕوو داوایان لەخەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان كردوە كە زیاتر لەخەڵكی ئێران بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن» خەڵك خۆی كردەوەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانی بینیوە كە چۆنە، بۆیە بایكۆتی دەكەن». پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێیانوایە سەرۆك كۆماری ئێران هیچ سودێكی بۆ خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان نەبووەو بەپێچەوانەوە لەسەر دەستی سەرۆك كۆمارە یەك لەدوای یەكەكان كوشتن و زیندانیكردن و جینایەت و لەسێدارەدانی لاوەكانی كورد زیاتر بووە. فوئاد خاكی ئەندامی دەستەی كارگێڕی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) بەهاوڵاتى وت»وەك حزبی دیموكرات و وەك چوارلایەنەكەی ناوەندی هاوكاری بڕیاری فەعال و كاریگەرمان داوە كە خەڵك لەدەرەوە لەناوخۆی رۆژهەڵات هان بدەین بەشداری هەڵبژاردن نەكەن، پێشبینیەكەشمان هەر ئەوەیە كە خەڵك نەچێت». «سەرۆك كۆمار لەهەر گروپ و رەوت و لایەنێك بێت هیچ كاریگەری لەسەر رەوتی خەباتی گەلی كورد لە رۆژهەڵات نابێت، چونكە خەڵكی رۆژهەڵات دروشمەكانی روحانی و خاتەمیان بیرنەچۆتەوە كە ئەو هەموو بەڵێنەیاندا كەچی لەسەردەمی ئەواندا زۆرترین كوشتن و ماڵوێرانیان بەسەر كورددا هێنا»، خاكی وای وت. حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەڕووی جەماوەرییەوە لەناوخۆی ئێراندا پێگەیەكی بەهێزیان هەیەو بانگەوازو بانگەشەكانیان لەلایەن خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانییشەوە حساب بۆكراوە، لە دوو هەڵبژاردنی رابردووداو لەچەند پرسێكی تردا خەڵكی رۆژهەڵات پەیام و هەڵوێستی ئەو حزبانەیان قبوڵكردووە. مەزڵوم حەفتەن بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پژاك دەڵێت، لەدۆخی ئێستای ئێران و ئەو زوڵم و زۆردارییەی هەیە خەڵك ناچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بۆیە ئەوانیش بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنە دەكەن. بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پژاك بەهاوڵاتى وت:» ئێمە دەبێت لەگەڵ بڕیاری خەڵكی رۆژهەڵات بین بزانین بریاری چیی دەدەن، ئێمە لەگەڵ خەڵك یەكین و بەیەكەوەین».
عەمار عەزیز. دهۆك رۆژی 16ی ئەم مانگە ، قاسم شەشۆ بەرپرسی فەرماندەیی پێشمەرگە لەشەنگال سەردانی شارۆچكەی رەبیعەی كردو لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتەكانی شەممەر كۆبووەوە و ڤیدیۆیەك لەو كۆبوونەوەیەدا بڵاوبووەتەوە، كە» سەرۆك عەشیرەتی شەممەر دەڵێت: قاسم شەشۆ لەدەستگیركردنی ئەو چوار گەنجە هاوكاریی كردووین و لەكاتی دادگایی كردنی ئەو گەنجانەدا (10) چەكداری خۆی وەك شاهید بردووەتە دادگاو سوپاسی دەكەین»، بەڵام كوڕی قاسم شەشۆ ئەوە رەتدەكاتەوە. لەماوەی رابردوودا كەسوكاری چوار گەنجی ئێزیدی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا كەكوڕەكانیان دەستگیركراون بەتۆمەتی كوشتنی دوو كەسی عەشیرەتی شەممەر كەدادگای موسڵ سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركردوون، بۆیە داوایان لەسەرۆك كۆمار كرد كەواژۆی ئەو بڕیارە نەكات و یاسا پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بكات. هەڤاڵ قاسم شەشۆ، كوڕی قاسم شەشۆ رەتیكردەوە كە باوكی هاوكاری هۆزی شەممەر و دادگای كردبێت بۆ دەستگیركردنی ئەو چوار گەنجەی ئێزیدی، لەمبارەیەوە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:«هەر لەڕۆژی دەركردنی بڕیارەكە لەلایەن دادگای نەینەوا باوكم دژی بڕیارەكەی دادگا بووەو بەنادادوەرانە دایناوە، هەوڵیش دەدات بۆ ئازادكردنی ئەو چوار گەنجە، چونكە بڕیارەكە ستەمێكی گەورەی تێدایەو ئەو چوار گەنجە ئەو تاوانەیان ئەنجام نەداوە» هەڤاڵ قاسم باسی لەو گرتە ڤیدیۆیە كرد كە لەتۆرە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوەو وتی:» ماوەیەك پێش ئێستا باوكم لەمەزارگای شەرەفەدین لەشەنگال هەموو سەرۆك عەشیرەتەكان و پیاوانی ئایینی و روشنبیرانی ئێزیدی كۆكردەوە، لەو كۆبوونەوەیە باسی ئەوەیان كرد كە چۆن پێكەوە هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن لەبەرامبەر بڕیارەكەی دادگا، لەكۆتایی كۆبوونەوەكە بەیاننامەیەكیان نووسی، دواتر ئاراستەی وەزارەتی دادی عێراق و دادگای نەینەوا كرا تا پێداچوونەوە بەبڕیارەكە بكرێت». « ئەو قسانەی سەرۆك عەشیرەتی هۆزی شەممەر كردوویەتی شرۆڤەی هەڵەی بۆ كراوە، بەهیچ شێوەیەك پشت لەمیللەتی خۆمان ناكەین، بۆ ئەم كەیسەش بەردەوام پشتگیری لەداواكاری كەسوكارانی ئەو چوار گەنجە دەكەین كە دەبێت بەزووترین كات ئازاد بكرێن»، كوڕەكەی قاسم شەشۆ وای وت. دادگای تاوانەكانی نەینەوا لە 21ی نیسانی 2021 بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ چوار گەنجی ئێزیدی دەركرد و تاوانباركران بەكوشتنی دوو كەس لەهۆزی شەممەر لەسەر رێگای نێوان گرعوزێرو شەنگال، ئەوەش لە 23ی ئەیلولی 2020دا. ئەوانەی بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە ئەمانەن (ئەحمەد فارس (19) ساڵ، شەعلان ئەلیاس قاسم (22) ساڵ، فاروق فەیسەڵ حەما، سەعید خدر سەعدۆ (20) ساڵ) هەرچواریان خۆێندكاری زانكۆو ئامادەیین و خەڵكی سنوری قەزای شەنگالن . خدر ساڵح، خاڵی شەعلان ئەلیاسە، یەكێك لەو گەنجانەی كە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد قاسم شەشۆ بۆ مەبەستی سوڵحی عەشائیری سەردانی هۆزی شەممەری كردبوو نەك بۆ دۆسیەی چوار گەنجەكە، بەڵكو بۆ رووداوەكەی 2017 كە لەو ساڵەدا شوانێكی عەرەب لەهۆزی شەممەر لەسنوری قەزای شەنگال كوژرا بوو چەند كەسێك لەئێزیدییەكان تۆمەتباركران بەكوشتنی شوانەكە. خدر ساڵح وتیشی:»بۆ دۆسیەی ئەو چوار گەنجە پارێزەرەكانمان تانەیان لە بڕیارەكەی دادگای نەینەوا داوەو ئاراستەی دادگای تەممیزی بەغدا كراوە، چاوەڕێی بڕیاری كۆتاییان دەكەین، چونكە ئەگەر سزاكە جێبەجێبكرێت كێشەیەكی زۆر گەورە لەنێوان ئێمەو هۆزی شەممەردا دروستدەبێت «. كەسایەتییەكی هۆزی شەممەر، دەڵێت:» هەرگیز واز لەو دۆسییە ناهێنێن تا تاوانبارەكان سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن». عەلی شەممەری، لەهۆزی شەممەر جەختی لەوە كردەوە كەسەردانەكەی قاسم شەشۆ تەنیا بۆ پیرۆزكردنی جەژنی رەمەزان بووەو وتی:» لە رێكەوتی 16ی ئایار قاسم شەشۆ فەرماندەی پێشمەرگە لەشەنگال بۆ مەبەستی پیرۆزبایی كردن لەجەژنی رەمەزان سەردانی هۆزی شەممەری كرد، سەردانەكە تەنیا بۆ مەبەستی پیرۆزبایی كردن بوو، ئەو بڕیارەی دەركراوە لەدژی چوار گەنجی ئێزیدی رێزی لێدەگرین«. «لەمافی خۆمان خۆش نابین، دەمانەوێت ئەو كەسانەی دەستیان لەكوشتنی دوو كەسەكەی ئێمە هەبوو سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، چونكە زۆر بەناحەقی كوژران»، عەلی شەمەری لەهۆزی شەممەر وادەڵێت.
مەزهەر كەریم چیای مەحمود خان لەدامێنی سلێمانی نزیك گەڕەكەكانی قڕگەو كازیوەو ئیبراهیم ئەحمەدەو وەك بەڕێوەبەرایەتی مینی سلێمانی ئاشكرای دەكات كە مینی ڤاڵمارای پارچەداری تێدایەو بەهەر كەسێكدا بتەقێتەوە (40) سم بەرزدەبێتەوەو تێیدا دەرناچێت و دەیكوژێت. بەپێی ئامارێك، كە لەساڵی 2004دا ئەنجامدراوە چیای محمود خان لەدامێنی سلێمانی، (34) هەزارو (600) م دووجایەو كۆی زەوی مینڕێژكراو لەهەرێمی كوردستان دەگاتە (776) كیلۆمەتر چوارگۆشە، كە مێژووەكەیان بۆ ساڵانی شەستو حەفتاو هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە كەژمارەیان حەوت ملیۆن مین دەبێت. براهیم كەریم راهێنەری گروپی شاخەوانی سلێمانی بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد لەئێستادا دەیان گروپی شاخەوانیو خەڵكانێك كە ئارەزووی وەرزشی شاخەوانی دەكەن بەبێ ئاگا چەند جارێك نزیك بوونەتەوە لەچیای مەحمود خان، چەند كەسێك بەخۆبەش هێمایان بۆ داناوە تا كەسانی نەشارەزا بزانن مینی لێیەو بگەڕێنەوە دواوە، وتیشی:»حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار هیچی نەكردوە، هەرچەند زۆرینەی خەڵكی ئەو ناوچەیەو كەسانی دیكەش دەزانن ئەو سنورە مینی تێدایە». لێپرسراوی هۆبەی رووپێوی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی مین لەسلێمانی ئەوە ئاشكرا دەكات كەچیای مەحمود خان چ جۆرە مینێكی مەترسیداری تێدایە. محەمەد حسێن لێپرسراوی هۆبەی رووپێوی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی مینی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئەوەی خستەڕوو كە چیای محمود خانی دزڵی، كەدەكەوێتە سنوری پارێزگای سلێمانی، كۆنە سەربازگەی رژێمی پێشوە، كەمێژووی مینەكان بۆ ساڵی 1978 دەگەڕێتەوە، لەپلانی پاكسازیدا بووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بوجەی پێویست هچیی بۆ نەكراوە. هەروەها باسی لەوەشكرد رووبەری ئەو كیڵگە مینە (34) هەزارو (600) مەتر دووجایە، وتیشی:»جۆری مینی ڤاڵمارایەو پارچەدارە، ژمارەیەكی زۆر ئاسنی تێدایەو لەكاتی تەقینەوەدا (40) سم لەجێگەی خۆی بەرزدەبێتەوە پاشان پارچەكانی بەچواردەوری خۆیدا فڕێدەدا بە(پێنج چوكڵە) ناسراوە بەهەر كەسێكدا بتەقێتەوە رزگاری نابێت و دەیكوژێت». هاوكات موحسین عەبدولكریم بەڕێوەبەری دەزگای مین لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» هەر جێگایەكی نزیك شاری سلێمانی مینی تێدابێت، بەپێی داتا بەدواداچوونی بۆ دەكەین، ئێمە ئاگاداری ئەو جێگەیە نین لەسنوری پارێزگای سلێمانی مینڕێژ كرابێت، بەڵام دەزانین چیای ئەزمەڕو گۆیژە لەچەند جێگەیەك مینی تێدایە». موحسین عەبدولكریم، ئەوەشی دووپاتكردەوە كە تا پارەیان بۆ تەرخان نەكرێت ناتوانن درێژە بەكارەكانیان بدەین، «بەڵێن دراوە لەچەندڕۆژی داهاتوودا بەشە بودجەی ئەمساڵمان بۆ تەرخانبكرێت، ئەوكات دەست دەكەینەوە بەكارەكانمان، كە ماوەی چەندساڵێك دەبێت، هیچ كارێكی پاكکردنەوەی مین لەسنوری سلێمانی ئەنجامنەدراوە». بەپێی رێككەوتنێك لەنێو (84) وڵاتدا كەعێراق و هەرێمی كوردستانی تێدابووە، دەبوو هەرێمی كوردستان تا 2018 لەمین پاكبكرێتەوە، بەڵام نەكراو لەئێستادا بەپێی رێكکەوتنێكی نوێ دەبێت لەساڵی 2028، هیچ مین و تەقەمەنیەك لەهەرێمی كوردستان و عێراق نەمێنێتو سەرجەمیان، هەڵبگیرێنەوەو پوچەڵ بكرێنەوە وەك بەڕێوەبەری گشتی دەزگای مین لەسلێمانی باسی كرد. دەزگای كاروباری مین ئەوە ئاشكرادەكات، كە (516) كیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی پاكکراوەتەوە لەمین، لەسنووری پارێزگای هەولێر 40%و پارێزگای سلێمانی 42%و پارێزگای دهۆك 38%و ئیدارەی گەرمیان 35%ی پاكکراوەتەوە، بەڵام هێشتا دوو ملیۆن مین ماوەتەوەو پاكنەكراونەتەوە. جەبار مستەفا سەرۆكی گشتی دەزگای كاروباری مین لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» دەزانین مین لەسنووری شارەكان و نزیك شارەكان ماون، بەڵام بەهۆی شەڕی داعشو قەیرانی دارایی و نەبوونی هیچ بڕە داهاتێك، ناتوانین كاری پاكکردنەوەو پوچەڵكردنەوەیان ئەنجامبدەین لەئێستادا چاوەڕێی وەرگرتنی میزانیەین». هەروەها ناوبراو ئەوەشی ئاشكراكرد هەرچی رێكخراوەكانی هەڵگرتنەوەی مینە وەك « MAG « وەك ساڵانی رابردو هاوكارییان ناكەن بەهۆی قەیرانی دارایی، ئێستا كار لەو ناوچانە دەكەن شەڕی داعشی تێدابووە، هەرچەندە مۆڵەتی كاركردنیان لەدەزگای مین هەیەو كارئاسانیشیان بۆ دەكەن.
پ.دهۆك كەسوكاری رۆژنامەنووس و چالاكوانانی سزادراوی بادینان داوا لەنوێنەرانی وڵاتەكانی دەرەوە لەكوردستان دەكەن فشاری زیاتر لەسەر حكومەتی هەرێم بكەن بۆ ئازادكردنیان ، داواش لەسەرۆكی هەرێم دەكەن هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت تابڕیاری ئازادكردنیان بۆ دەربكات، لەگەڵ ئەوەشدا دڵیان بەفشارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان خۆشە. زێدان محەمەد، برای رۆژنامەنووس گۆهدار محەمەد لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت :» دواینجار كە گوهدار پەیوەندی بەئێمەوە كرد هەفتەیەك پێش جەژنی رەمەزان بوو بۆ ماوەی خولەكێك و (30) چركە قسەی لەگەڵ ئێمە كرد، وتی خەمی من نەخۆن لەخوا بەزیاد بێت من باشم و دۆخی تەندروستی منیش باشە، دواتر ئەو پرسیاری ئەحواڵ و دۆخی ئێمەی كرد وتمان دڵمان هەر لای تۆیەو حەزدەكەین بەزووترین كات بگەڕێیتەوە بۆ ماڵەكەی خۆت «. هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد زۆر كات نەبوو قسەی تر بكەین، تەلەفونەكەی داخست ، زۆر حەزیان دەكرد لە رۆژی جەژن جارێكی تر تەلەفونی بكردایە بۆ ئەوەی بەلایەنی كەم جەژنی رەمەزانیان لێی پیرۆز بكردایە، وتیشی:»زۆركەس و لایەن هەوڵی ئازادكردنی ئەوانیان داوە، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامی نەبووە ، ئێمەش ناتوانین هیچ شتێك بكەین ، هەموو كەس دەزانێت دۆسیەكەی ئەوان چییە، چاوەرێی وڵاتانی ئەمریكاو فەرەنسا و یوئێن و وڵاتەكانی تر دەكەین فشاری زیاتر لەسەر حكومەت بكەن ، داواش لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت و بڕیارێكی دڵخۆشكەر بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەربكات «. رۆژی 6ی ئایاری 2021 دەستەی سزای دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەندكرد، لەبڕیارەكەی دادگادا هاتووە: ئەو كەسانە پەیوەندییان بەكونسوڵخانەی ئەمریكاو ئەڵمانیا هەبووە و پارەیان لەوان وەرگرتووە. بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە لە 28ی نیسانی 2021 بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی دەستەی سزای دادگاكە دەركراوەو تێیدا جەخت لەدروستی بڕیاری دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر لەسەر ئەو چالاكوان و رۆژنامەنووسانە كراوەتەوەو سزای شەش ساڵ زیندانیكردن بۆ هەر یەكێكیان پەسندكراوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی بڕیارە دادگای پێداچوونەوەی گشتی كە لە (15) دادوەر پێكدێن پێداچوونەوەی تێدا بكەن. ئەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسە حوكمدراوە كەبریتین لە ( ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، شێروان شێروانی، هاریوان عیسا، شڤان سەعید )، ئەم پێنج كەسە تۆمەتی سیخوڕی و هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمیان درایەپاڵ . بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەكە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « 19ی ئایار تیمی خۆبەخشی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان دوا تانەیان لەبارەی دۆسیەی پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانە دەستگیرکراوەكەی بادینانەوە لەبڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم دا، بەپێی یاسای (اصول محاكمات) كومەڵێك رێگا هەیە بۆ تانە لێدان لەبڕیار، بۆ نموونە یەكێك لەو بڕیارانە ( تەممیزە ) ئینجا دوای ئەوەی بڕیارەكە لەدادگای ( جینائات) دەردەچێت، ئێمە (تەممیز )مان كرد،، دوا تانەی ئێمە لەیاسادا پێی دەڵێن راستكردنەوەی بڕیاری بەدواداچوون». «سادەترین مافی سزادراوان ئەوەیە كە لەزیندان كەسوكاری خۆیان و پارێزەرەكانیان ببینن، بەڵام تائێستا نە پارێزەرەكان، نە كەسوكاریان ئەو پێنج سزادراوانەیان نەبینیوە». «ئەو پێنج سزادراوە ئێستا لەزیندانی ئاسایشدان، بەپێی یاسا سزادراوەكان دەبێت بگوزارێنەوە بۆ نزیكترین شوێنی كەسوكاریان، دەبوایە بگوازرێنەوە بۆ چاكسازی پیاوان لەدهۆك» بەشدار حەسەن وای وت . بەشدار حەسەن وتیشی: «خەڵك هەیە لە بەعاج و فەلووجە و رومادی و موسڵ دێت و كەسوكاری خۆیان لەزیندان دەبینن، لەكاتێكدا ئەوانە پێشتر چەكداری داعش بوون، باشە بۆ ئەو هەژارانە ناتوانن كەسوكاری خۆیان ببینن». «سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری بەڵێنیدا خۆی لەنزیكەوە چاودێری دۆسیەكە بكات و خۆشی پێداچوونەوە بەدۆسیەكە بكات، كەئەمەش هەنگاوێكی دڵخۆشكەرە، هەست دەكەین ئەمجارە جیاوازییەك هەبێت بەتایبەت دوای فشارەكانی یۆئێن و چەند وڵاتێكی تر، هیوایەكی باش هەیە بۆ گوڕانكاری لەدۆسیەكە» بەشدار حەسەن وای وت.
شاناز حەسەن پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەپێی فەرمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی زۆری ئیشوكاری هاووڵاتیان بەفەرمانگە حكومیەكان دەوامی سەرجەم فەرمانگەكان ئاساییدەكرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی حكومەتی هەرێم ماوەی حەوت مانگە موچە بەلێبڕینی لەسەدا 21% دابەشدەكات، بەڵام بڕیاریانداوە دەوامی سەرجەم فەرمانگەكان زیادبكرێتەوەو تەواوی هەفتە لەیەكشەممە تا پێنجشەمە بێت، بەڵام بەشێك لەفەرمانگەكان بەشێوەی «تەناوب» قەرەبووی فەرمانبەرەكانیان دەكەنەوە. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: «لەبەر زۆری پێداویستی هاووڵاتیان بەفەرمانگە فەرمییەكانی حكومەت بەتایبەت بەهۆی كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆكانەوە، بۆیە وا دەخوازێت كەدەوامی فەرمانگەكان زیادبكرێتەوە و هەموو رۆژەكانی هەفتە دەوام هەبێت». پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوەشكردەوە:» هەموو فەرمانگەكان ئاگاداركراونەتەوە نابێت كارو مامەڵەی هیچ هاووڵاتییەك بەهۆی دەوام نەكردنەوە بوەستێت». « لەئێستا بارودۆخەكە تاڕادەیەك جێگیرەو مەرج و لیژنەمان لەهەموو فەرمانگەكان داناوە تاكارەكان بەخێرایی و بەباشی بڕوات»، پارێزگاری سلێمانی وا دەڵێت. پێشتر بەهۆی لێبڕینی موچەو هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە رۆژانی دەوامی فەرمانگەكان كەمكرابووەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم بەبڕیارێك دەوامی ئاسایی كردووەتەوە. زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد وەك سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لەڕۆژی یەكشەممە دەوامیان هەیە تاڕۆژی پێنجشەممەو تەنیا دەوامی فەرمانبەرەكانمان كردووەتەوە بەتەناوب». زەردەشت رەفیق وتیشی:» ئەم شێوازە كێشە بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان دروستدەكات، بەڵام باری ئابووری و هەم كۆرۆنا واپێویست دەكرێت بەم شێوەیە دەوامبكرێت». بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی جەختی لەوەشكردەوە» هەموو كاری ئێمە بۆ ئەوەیە مامەڵەی هاووڵاتیان نەوەستێت و تائێستاش تەنیا كارمان بۆ ئەوە كردووە». وەزارەتی دارایی و ئابوری لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئاگاداری گەنجینەكانی كردووەتەوە كە لیستی موچە بۆ مانگی (ئایار/5)ی ئەمساڵ ئامادەبكەن بەهەمان میكانزمی پێشوو، واتا لێبڕینی 21% بۆ فەرمانبەران و 50% بۆ پلە باڵاكان. سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ناكرێت لەبەر موچەو كۆرۆنا مامەڵەی هاووڵاتیان رابگیرێت، چونكە كۆرۆنا لەئێستادا هەر نەماوەو موچەش چاكبوونی مەحاڵە، بۆیە ناكرێت كاری هاووڵاتیان دوابخرێت و دواجار تەنیا زیانەكە بەسەر خەڵكی فەقیرو هەژاردا دەشكێتەوە». هەندێك فەرمانگەی حكومەت، دەوامی فەرمانبەرەكانیان كەم نەكردووەتەوە لەبەر بوونی زۆری مامەڵەی هاووڵاتیان. ڤیان حەمە حسێن، بەڕێوەبەری باجی خانوبەرەی یەکی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: »ئێمە هیچ كات نە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوەو نە بەهۆی لێبڕینی مووچەشەوە دەوامی فەرمانبەرانمان كەم نەكردووەتەوە، چونكە زۆرترین كەس كاری دەكەوێتە فەرمانگەكەی ئێمە». بەڕێوەبەری باجی خانوبەرە پێشیوابوو راستە مووچە دوادەكەوێتو پاشەكەوت دەكرێت، بەڵام هاووڵاتیان ناكرێت لەدوو لاوە ببنە قوربانی بەتایبەت بۆ هەندێك لەكارەكان كەدواكەوتنی بەزیانی هاووڵاتیانە بەتەنها.
ئارا ئیبراهیم وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت:» ئەگەر تەنها كۆی گشتی داهاتەكانی ناوخۆی زۆنی سەوز بگاتەوە حكومەتی هەرێم، حكومەت دەتوانێت بەبێ لێبڕین موچە دابەش بكات». پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»پێش چەند رۆژێك لەمەوبەر لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم كۆبووینەوە تەفاسیلی داهاتی نەوتمان پێبدات، ئەمە خەمی تەنها ئۆپۆزسیۆن نییە خەمی ئێمەو حكومەتیشە، دوو رۆژی دیكە هەڵبژاردنی لەبەردەمدایە ئەی نایەوێت دەنگ بەدەستبهێنێت كەئەوەش رەزامەندی خەڵكی دەوێت، هیچ كەسێك پێی خۆش نییە لێبڕینی موچە هەیە». دەربارەی ئەوەی تا كەی لێبڕینی موچە بەردەوام دەبێت كە هاووڵاتیان ناڕازین، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت ئێستاش چاوەڕێی جێبەجێكردنی رێكکەوتنی هەرێم و عێراقن كە ئۆپۆزسیۆن و هەموو لایەنەكان لەگەڵیدابوون» بۆ خۆم لەسەرەتاوە ئەوەم وتووە كە لەناوخۆی هەرێم چارەسەری دۆخی دارایی بكەین، هەتا ئێستا پارەی داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم، مانگی رابردوو (80) ملیۆن دۆلاریان گەڕاندووەتەوە كە زۆر زۆر زیاترە، ئەگەر هەمووی بنێرنەوە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران كۆتایی پێدێت». پێشەوا هەورامی جەختی لەوەشكردەوە كە:» تەنها لەسەدا 30% باج و خاڵە گومرگییەكان گەڕێندراوەتەوە بۆ حكومەتی هەرێم و لەسەدا 70%ی داهاتەكانی سلێمانی نەگەڕێندراوەتەوە». وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی خستەڕوو كە داهاتی ئیبراهیم خەلیل و سەرجەم داهاتەكانی زۆنی زەرد دەگاتەوە حكومەتی هەرێم. هاوكات پێشەوا هەورامی پێشیوابوو كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ خاڵە سنورییەكانی زۆنی زەرد ئەو هێزە هاوبەشەی بڕیاربوو دروستبكرێت و رێگری لەقاچاغچێتی بكەن بینێرێت.
عەمار عەزیز نزیكەی مانگێگە شەڕو بۆردوومانكردن لەسنوری ناحیەی كانی ماسی سەر بەقەزای ئامێدی بەردەوامە، چەند گوندێك بەتەواوی چۆڵكراون و مەترسی زیاتر لەناوچەكەدا هەیەو بەوهۆیەوە حكومەتی عێراقیش چوار خاڵی سەربازیی لەسنوری ناحیەكە جێگیردەكات. سەربەست سەبری ، بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسی سەر بەقەزای ئامێدی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « شەڕو بۆردوومانكردن مانگێكە لەلایەن سوپای توركیا لەناوچەكەدا بەردەوامە، جگە لەبەركەوتنی زیانێكی زۆر بە خەڵكەكە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر لەناو خەڵكی ناوچەكە دروست بووە». ناوبراو وتیشی « حكومەتی عێراق چوار خاڵی سەربازیی لەسنوری ناحیەی كانی ماسی جێگیركردووە، ئەگەر پێویستی كرد رەنگە هێشتا خاڵی سەربازیی دیكەش دابنێن، بەڵام ئەوە دەمێنێتەوە سەر بڕیاری حكومەتی عێراق». بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە زیاتر لەدوو هەزار دۆنم زەوی چاندن و باخی هاووڵاتیان سووتاوە. لەكۆی (76) گوند لەسنوری ناحیەی كانی ماسی (14) گوند چۆڵكراون، تەنها لەسنوری ناحیەی كانی ماسی لەساڵی 1991 تائێستا (12) كەسی سڤیل شەهیدو (310) كەسیش برینداربوون بەهۆی لەشكركێشی توركیاو بۆردوومانەكانیانەوە.
ئارا ئیبراهیم پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لەهەرێمی كورستان ژمارەو داتای جیاواز لەبارەی داهاتی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆ ئاشكرا دەكەن، ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان كە وەزیری دارایی سەر بەبزوتنەوەكەیەتی ئەوە ئاشكرا دەكات كە بەفەرمی 825 ملیار دیناری مانگانە دەگاتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی هەرێم. سەرەڕای ئەوەی فشارەكان بۆ نەهێشتنی لێبڕینی موچە لەپەرلەمان بەردەوامەو هاووڵاتیان و فەرمانبەران لەتۆڕەكانی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رەخنەی توند لەحكومەت دەگرن، بەڵام بۆ ئەم مانگەش بڕیاردراوە كە لێبڕینی موچە هاوشێوەی شەش مانگی پێشوو بەڕێژەی لەسەدا 21% بۆ فەرمانبەران و لەسەدا 50%ی موچەی پلە باڵاكان ببڕدرێت. هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەكۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ نوێنەرو بەرپرسانی كونسوڵخانەو یوئێن باسی لەوەكرد كە بڕیارە ئەم هەفتەیە وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكەن بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە، بەڵام تائێستا بەفەرمی كاتی سەردانەكە یەكلانەكراوەتەوە. پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمانی كوردستان جەخت لەزیادبوونی داهاتەكانی حكومەتی هەرێم دەكەنەوەو بەداتا دەیخەنەڕوو كە مانگانە داهاتی نەوتی و نانەوتی گەیشتووەتە ترلیۆنێك و 170 ملیار دینار. عومەر گوڵپی، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» تەنها ئەو راپۆرتانەی دیلۆیت بۆ فرۆشتنی نەوت كەخۆی گومانی لەسەرە ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت (10) دۆلار كەمتر بكات لەنەوتی برێنت و ئەگەر لەسەدا 47%ی داهاتی نەوتیش بۆ خەرجییەكانی بڕوات، داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم دەگاتە (600) بۆ (650) ملیار دینار». ناوبراو باسی لەداهاتەكانی ناوخۆ كرد كەتەنها داهاتی خاڵە گومرگییەكان دەگاتە (300) ملیار دینارو داهاتی مانگانەی باج دەگاتە (90) ملیارو داهاتی رسومات دەگاتە سەد ملیار دینار، واتا بەكۆی گشتی (500) ملیار دینار داهاتی ناوخۆیی هەیە لەگەڵ (30) ملیار دیناری مانگانەی هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە. پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ:داهاتی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆ بودجەی مانگانەی هەرێم دەگاتە ترلیۆنێك و (170) ملیار دینار پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ ئەوەی دووپاتكردەوە كە بەداهاتی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆ بودجەی مانگانەی هەرێم دەگاتە ترلیۆنێك و (170) ملیار دینار، كە زیاتر لە(200) ملیار دیناری زیاترە لەخەرجی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم كەحكومەت باسی (890) ملیار دینار دەكات. عومەر گوڵپی وتیشی:» بڕوامان بە حكومەت نییە كەدەڵێن داهاتی گومرگەكان مانگانە (110) ملیار دینارە بەڵكو (300) ملیار دیناری مانگانەیەو باسی ناكەن». پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی دادگەری كەپارتێكی ئۆپۆزسیۆنە جەختی لەوەكردەوە كە ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمانی كوردستان (16) كورسی هەیەو ناتوانن بێجگە لە رێكاری مەدەنی لەپەرلەمان شتی دیكە بكەن، وتیشی:» هەر كارو هەنگاوێكی مەدەنی لەهەر شوێنێك بێت بۆ كۆتایی هێنان بەلێبڕینی موچە پشتیوانی لێدەكەین». ئەندامێكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە»شاگردی» حكومەت وەسف دەكات و دەڵێت:» ئەوەی حكومەتی هەرێم رازی نەبێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نایخەنە بەرنامەی كارەوە، كەواتە لەگەڵ لێبڕینی موچەدان». مژدە مەحمود، ئەندامی فراكسیۆنی نەوی نوێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بەپێی ئەو داتایانەی حكومەتی هەرێم خۆی بڵاویدەكاتەوە لەفرۆشتنی نەوتدا كەپێشتر بەشی خۆیان بردووە، لەگەڵ داهاتەكانی ناوخۆ بەزیادەوە بەشی موچە دەكات». هەروەها باسی لەوەشكرد لەپەرلەمانی عێراق رێگە نەدرا بڕێك لەموچەی فەرمانبەران پاشەكەوت بكرێت یان لێی ببڕدرێت، وتیشی:» پەرلەمانی كوردستان نوستووە، ئەوە حەوت مانگە موچە بەلێبڕینەوە دابەش دەكرێت دەنگ ناكەن، ئەگەر فراكسیۆنەكانی دەسەڵات لەگەڵ لێبڕینی موچەدا نین فەرموون وەرن بەیەك دەنگ دانیشتنێكی پەرلەمانی بۆ تەرخان دەكەین، بەڵام رێگە نادرێت لەكاتی دانیشتنەكانیشدا باسی بكەین». پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی تۆمەتبار كرد كە بوونەتە»شاگردی» حكومەتی هەرێم، وتیشی:»ئەوەی حكومەتی هەرێم رازی نەبێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نایخەنە بەرنامەی كارەوە، كەواتە لەگەڵ لێبڕینی موچەدان». «چارەسەری لێبڕین تەنها فشاركردنە لەپەرلەمان یان ئەوەتا شەقام لەحكومەت بگرین و فشارەكان فراوانتر بكەین»، مژدە مەحمود وای وت. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2019 لەمانگی حەوتدا دەستبەكار بووە كەنزیكبوونەتەوە لەدوو ساڵی كاركردنیان كە لەلایەن پارتی و یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان پێكهێندراوە و رووی رەخنەكان زیاتر ئاراستەی ئەو سێ لایەنە دەكرێت كەپێكهێنەری حكومەتن. ئەندامێكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان ئەوە ئاشكرا دەكات كە لەفرۆشی نەوت و داهاتی ناوخۆو هاوپەیمانان و داهاتی پاڵاوگەكان زیاتر لە (825) ملیار دیناری مانگانە دەگاتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی. دابان محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لەسەرەتای ئەم كابینەیەوە باسی چاكسازیمان كردووە كەحكومەت خۆی نەخاتە بەردەم پاشەكەوت و لێبڕینەوە، بەداخەوە یاسای چاكسازی راپۆرتی یەكەم و دووەمی بەو پێیە بڕوات بەدوو كابینەی دیكەی حكومەت جێبەجێ ناكرێت، ئەوەی گەڕاوەتەوە كاریگەری زۆری لەسەر داهات نەكردووە». ناوبراو باسی لەوەشكرد بۆ زیادكردنی داهات و پەنا نەبرێت بۆ بڕینی قوتی خەڵك باسی كۆمەڵێك پرسیان كردووە كە قاچاغچێتی خاڵە سنورییەكان و گرێبەست و مەلەفی نەوت و بەهەدەردان و گەندەڵی و پرسی كۆمپانیا سێبەرەكانی حزب كە لەژێر سایەی ئەوانەوە خەریكی پارە كۆكردنەوەن كەهیچیان نەخراوەتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە. وتیشی:» ئەو رێككەوتنەكەی لەنێوان هەرێم و عێراق كراوە لەسەرەتاوە زۆر باس كرا، بەڵام ئێستا بێدەنگی لێكراوەو دەبێت بەغداو هەولێر بەیەك بگەیەنرێت كە بزانرێت ئیمكانی جێبەجێكردنی هەیە یان بە مەقاسە وەك ساڵانی رابردوو بڕێك پارە رەوانە دەكرێت، هێشتا ئەوە یەكلانەكراوەتەوە». هاوكات پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەوەی هەیە تەنها مانگانە (350) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ لەگەڵ سەروو (300) ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت دەگاتە وەزارەتی دارایی لەگەڵ پارەی هاوپەیمانان و هەندێ داهاتی پاڵاوتنی نەوت، وتیشی:» ئەو داهاتانە وەك داهاتی فعلی دەچێتە خەزێنەی دارایی، بەڵام ئەوە داهاتی فعلی نییە، چونكە داهاتی ناوخۆ ئەگەر چاكسازی تێدا بكرێت دەگاتە (500) ملیار دیناری مانگانە». بەپێی وتەكانی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان داهاتی نەوت ئەگەر تەنها (300) ملیۆن دۆلار بۆ هەر سەد دۆلارێك لە (148) هەزار دینار بشكێنینەوە دەگاتە (445) ملیار دینارو لەگەڵ (30) ملیار دیناری هاوپەیمانان و (350) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ دەگاتە (825) ملیار دینار. دابان محەمەد پێشیوابوو ئەو گەندەڵییەی لەكابینەكانی رابردوو هەبووە ئێستا بەردەوامە، تەنها جیاوازییەكە ئەوەیە لە رابردوودا بەزەقی قسەی لەسەركراوەو ئۆپۆزسیۆن و راگەیاندنی كارا هەبووە، ئێستا ئەوە نەماوە. ماوەی حەوت مانگە بەهۆكاری قەیرانی دارایی، لێبڕینی لەسەدا 21%ی موچەی فەرمانبەران جێبەجێ دەكرێت، سەرەڕای ئەوەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكکەوتنی لەسەر یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق كردووە كە لەبەرانبەر داهاتی رۆژانەی (250) هەزار بەرمیلی هەرێم بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق لەگەڵ لەسەدا 50%ی داهاتە فیدڕاڵییەكان تەسلیمی بەغدا بكرێت، لەبەرانبەردا لەسەدا (12.67) بودجە رەوانە دەكرێت. بودجەی ئەمساڵی عێراق لە31ی ئازاری 2021 لەپەرلەمانی عێراق پەسەندكراوەو هێشتا ئاسۆی رێككەوتنەكە لەنێوانیاندا یەكلانەكراوەتەوە كەبڕیارە وەفدێكی تەكنیكی حكومەتی هەرێم بچێتە بەغدا بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 11ی بودجەی عێراق كە تایبەتە بەپشكی هەرێم. وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی: داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم ئەگەر هەمووی بنێرنەوە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران كۆتایی پێدێت هەریەكە لەسەرۆكی هەرێم و حكومەت لەبەرپرسانی پارتی پێكهاتوون و لەپەرلەمانی كوردستانیش خاوەنی (45) كورسی پەرلەمانن و پارتی تۆمەتبار دەكرێت وەك لایەنێكی دەسەڵات كە دەتوانێت بەداهاتەكان لێبڕینی موچە نەهێڵێت. وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت:» ئەگەر تەنها كۆی گشتی داهاتەكانی ناوخۆی زۆنی سەوز بگاتەوە حكومەتی هەرێم، حكومەت دەتوانێت بەبێ لێبڕین موچە دابەش بكات». پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»پێش چەند رۆژێك لەمەوبەر لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم كۆبووینەوە تەفاسیلی داهاتی نەوتمان پێبدات، ئەمە خەمی تەنها ئۆپۆزسیۆن نییە خەمی ئێمەو حكومەتیشە، دوو رۆژی دیكە هەڵبژاردنی لەبەردەمدایە ئەی نایەوێت دەنگ بەدەستبهێنێت كەئەوەش رەزامەندی خەڵكی دەوێت، هیچ كەسێك پێی خۆش نییە لێبڕینی موچە هەیە». دەربارەی ئەوەی تا كەی لێبڕینی موچە بەردەوام دەبێت كە هاووڵاتیان ناڕازین، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت ئێستاش چاوەڕێی جێبەجێكردنی رێكکەوتنی هەرێم و عێراقن كە ئۆپۆزسیۆن و هەموو لایەنەكان لەگەڵیدابوون» بۆ خۆم لەسەرەتاوە ئەوەم وتووە كە لەناوخۆی هەرێم چارەسەری دۆخی دارایی بكەین، هەتا ئێستا پارەی داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم، مانگی رابردوو (80) ملیۆن دۆلاریان گەڕاندووەتەوە كە زۆر زۆر زیاترە، ئەگەر هەمووی بنێرنەوە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران كۆتایی پێدێت». پێشەوا هەورامی جەختی لەوەشكردەوە كە:» تەنها لەسەدا 30% باج و خاڵە گومرگییەكان گەڕێندراوەتەوە بۆ حكومەتی هەرێم و لەسەدا 70%ی داهاتەكانی سلێمانی نەگەڕێندراوەتەوە». وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی خستەڕوو كە داهاتی ئیبراهیم خەلیل و سەرجەم داهاتەكانی زۆنی زەرد دەگاتەوە حكومەتی هەرێم. هاوكات پێشەوا هەورامی پێشیوابوو كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ خاڵە سنورییەكانی زۆنی زەرد ئەو هێزە هاوبەشەی بڕیاربوو دروستبكرێت و رێگری لەقاچاغچێتی بكەن بینێرێت. لەبەرانبەر قسەكانی وتەبێژەكەی فراكسیۆنی پارتی، پەرلەمانتارەكەی گۆڕان وتی:» بەداخەوە كە وادەڵێم لەهەردوو زۆنی زەردو سەوز قاچاغچێتی و گەندەڵی هەیە لەخاڵە سنورییەكان و فرتوفێڵی گومرگی هەیە، بۆ نموونە مەوادێك داخڵ دەكرێت بەناوی مەوادێكی تر گومرگی بۆ دەكرێت».
ئارا ئیبراهیم سهرچاوهیهکى ئاگادار له حکومهتى ههرێم بۆ هاوڵاتى ئهوهى دووپاتکردهوه که بهمهبهستى لهیهکتێگهیشتن لهسهر میکانیزمى جێبهجێکردنى بودجهو ڕهوانهکردنى پشکى ههرێم، وهفدى تهکنیکى دواى پشووهکانى جهژن دهگاته بهغدا و دهشڵێت:" ههرێم بۆ کهمکردنهوه یان کۆتایى هاتنى لێبرینى موچه چاوهرێى ئهنجامى سهردانى وهفدهکهى ههرێمه بۆ بهغدا تا پێش 25 مانگ پاره بگات". ئهمڕۆ 13ى ئایارى 2021، سهرچاوهیهکى ئاگادار له وهفدى حکومهتى ههرێم لهلێدوانێکدا بههاوڵاتى وت:" دواى جهژن سهردانى بهغدا دهکهین بهمهبهستى جێبهجێکردنى ماددهى 11 له پرۆژه بودجهى عێراقدا که حکومهتى ههرێم ههموو ئامادهییهکى دهربریووه ئهوهى لهسهریهتى وهک خۆى جێبهجێى بکات". ههروهها ئاماژهى بهوهشکرد که بزانن بهغدا دهیهوێت ههژمارى بانکى له ههولێر یان بهغدا یان تورکیا بکرێتهوه تا داهاتى 250 ههزار بهرمیل نهوتى رۆژانه بهنرخى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى بخرێته سهر ئهو ههژمارهى دیارى دهکهن لهگهڵ داهاته نانهوتییه فیدراڵییهکان که لهسهدا 50% دهدرێته عێراق تا لهبهرانبهردا پشکى ههرێم رهوانه بکرێت. هاوکات ئهوهشى دووپاتکردهوه که حکومهتى ههرێم چاوهرێى دهرئهنجامى کۆبونهوهى ئهو وهفدهیه لهگهڵ بهغدا تا بزانرێت لهم مانگهدا کهى پشکى ههرێم رهوانه دهکرێت و بڕهکهى چهند دهبێت، وتیشى:" حکومهتى ههرێم دهیهوێت پێش 25 ئهم مانگه پشکى ههرێم له بهغداوه رهوانه بکرێت بۆ ئهوهى لێبڕینى موچه بهپێى ئهو برهى دهگات کۆتایى پێ بهێندرێت یان لهسهدا 21% لێبرین کهمبکرێتهوه، چونکه هێشتا بهرچاو روونى نییه لهوبارهیهوه". دهربارهى ئهوهى داهاتهکانى ناوخۆى ههرێم زیادى کردووهو چهندین پهرلهمانتار باس لهوه دهکهن که مانگانه دهگاته زیاتر له 350 ملیار دینار مانگانه، بهڵام سهرچاوهکهى حکومهت ئهوهى روونکردهوه که داهاتهکانى ناوخۆ زیادى کردووه بهڵام ناگاته ئهو بڕه، بهڵام له 300 ملیار دینارى مانگانه زیاتره. حکومهتى ههرێم ئهوهى باسکردووه که مانگانه 895 ملیار دینارى تهنها بۆ موچه دهوێت، ناردنى پشکى ههرێم لهم مانگهدا لهگهڵ داهاتهکانى ناوخۆ دهگاته ئهوهى موچه بهتهواوهتى بدرێت، سهرچاوهکه جهختى لهوهکردهوه که ههموو کوتلهکانى ناو ئهنجومهنى وهزیران (پارتى، یهکێتى، گۆران) لهگهڵ ئهوهدان لێبرینى موچه کۆتایى پێبهێندرێت، بهڵام دواجار بڕى ئهو پارهیهى لهبهردهست حکومهتدا دهبێت ئهوه یهکلایدهکاتهوه.