هاوڵاتی ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆرترین خانوو و كرێچی هەیەو 10 هێندەی بەریتانیا خانووی چۆڵی هەیە كە نزیكەی یەك ملیۆن یەكەی نیشتەجێبووی چۆڵی دەبێت. یەكێك لەكێشە گەورەكانی ئێران ژمارەی زۆری خانووی چۆڵە كە نزیكەی سێ ملیۆن خانووەو ئەو ژمارە لەخانووە دەتوانێت كێشەی نیشتەجێبوونی 55%ی كرێچییەكانی وڵاتەكە چارەسەر بكات، بەڵام بەهۆی بەكارنەهێنانی ئەو خانووە چۆڵانەوە تەنها لە مانگێكدا كرێی خانوو لەئێران بە رێژەی 50% بەرزبووەتەوە و لەماوەی دوو ساڵدا بەرزبوونەوەی رێژەی كرێی خانوو 500%ی تێپەڕاندووە. بەپێی بەراوردكارییەكان هەر هاووڵاتییەكی هەژار لەئێران دەبێت 103 ساڵ چاوەڕێ بكات بۆ ئەوەی بتوانێت ببێت بەخاوەنی خانوو! تەنانەت ئەو هاووڵاتییانەی لە رووی ئابوری و داهاتەوە بەپلە یەك ئەژمار دەكرێن دەبێت 13 ساڵ چاوەڕوان بن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی راستەقینەی خانووی خۆیان و تێیدا نیشتەجێ ببن! خانووی زۆرو نرخی زۆر ئامارەكان دەریدەخەن بۆ چارەسەری كێشەی نیشتەجێبوون لەئێران ساڵانە دەبێت 648 هەزار خانوو دروستبكرێت لەكاتێكدا لەساڵی 2004 تا 2016 ساڵانە زیاتر لە 804 هەزار خانوو لەئێران دروستكراوەو توانای ئەندازیاریی ئەو وڵاتەش دروستكردنی زیاتر لەیەك ملیۆن خانووە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خانوو زۆربەی ئەو كەسانەی كرێچین توانای كڕینی خانووەكانیان نییە. ئەگەر نرخی زەوی لەدروستكردنی خانوو ئەژمار نەكرێت، ئێران ساڵانە پێویستی بە دوو ملیار دۆلارە كە بەتمەن دەكاتە زیاتر لە 500 ترلیۆن ئەوەش وایكردوە نرخی خانوو بەردەوام لەو وڵاتەدا بەرز بێت و لەبەراوردكاریەكاندا دەركەوتووە بەراورد بەتوركیا گرانترە كە لەچوارچێوەی یاساكانی ئەوروپا مامەڵە لەگەڵ بەهای خانووی وڵاتەكەیدا دەكات. لەئامارەكانی ناوەندی ئاماری كۆماری ئیسلامی ئێراندا بڵاوكراوەتەوە، ساڵانە 131 هەزار مۆڵەتی دروستكردنی شوقەو باڵاخانەو خانوو لەوڵاتەكەدا دەدرێت بەخاوەن پڕۆژە بیناسازییەكان، بەڵام تەنها 60%ی ئەو شوێنانەی دروستدەكرێن هاووڵاتییان تێیدا نیشتەجێ دەبن. ئەگەر هەر خێزانێكی مامناوەند لە رووی داهاتەوە بیەوێت خانوو بكڕێت، دەبێت یەك لەسەر سێی داهاتەكەی بۆ ماوەی 66 ساڵ كۆبكاتەوە لەكاتێكدا هەر خێزانێك داهاتی كەمتر بێت لە 12 ملیۆن تمەن لەمانگێكدا كەدەكاتە نزیكەی 444 دۆلار بەهەژار ئەژمار دەكرێت و تەنانەت ناتوانێت بەدرێژایی تەمەنی رۆڵەكانیشی ببێتە خاوەنی خانوو لەئێران، چونكە رۆژانەی هەر كرێكارێك لەئێران 200 بۆ 300 هەزار تمەنە كە لانی زۆرەكەی دەكاتە رۆژانە 10 دۆلارو لەمانگێكدا دەبێتە زیاتر لە 300 دۆلار. ئەگەر سەرجەم داهاتی خێزانێكی مامناوەند پاشەكەوت بكرێت لەماوەی 10 ساڵدا دەبن بەخاوەنی خانووی خۆیان واتە نرخی هەر خانوویەكی ئاسایی 75 مەتری لەئێران جگە لەپایتەختەكەی زیاترە لە 53 هەزار دۆلار لەكاتێكدا ئەو بەراوردە لەتاران-ی پایتەختی ئێران دوو هێندەیە، واتە هەر خێزانێكی مامناوەند دەبێت 20 ساڵ كۆی داهاتەكەی بێ كەموكوڕی كۆبكاتەوە تا بتوانێت خانوو یان شوقەیەكی ئاسایی 75 مەتریی بكڕێت بەزیاتر لە 106 هەزار دۆلار. بانكی ناوەندیی لەساڵی 2011 بڵاویكردووەتەوە بەهای هەر مەترێك شوقە یان شوێنی نیشتەجێبوون سێ ملیۆن و 700 هەزار تمەن بووە، بەڵام لەكۆتایی ساڵی 2020 بەهای هەر مەترێك شوێنی نیشتەجێبوون گەیشتووەتە زیاتر لە 30 ملیۆن تمەن كە بە بەهای دۆلاری ئەوكاتە لەبەرامبەر تمەن دەكاتە زیاتر لەهەزار دۆلار، ئەوەش واتای ئەوە دەگەیەنێت بەهای هەر خانوویەك یان شوێنێكی نیشتەجێبوون لە ئێران لەماوەی هەشت ساڵدا بە رێژەی 772% بەرزبووەتەوە. ستانداردی جیهانی كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون یەكسانە لەگەڵ پێنج هێندەی كۆی داهاتی خێزانێك لەیەك ساڵدا بەو واتایەی ئەگەر نێوەندی كۆی داهاتی هەر خێزانێك لەپێنج ساڵدا كۆبكرێتەوە، ئەوا دەبێت ئەو خێزانە دوای پێنج ساڵەكە بەكۆی داهاتەكەی ببێتە خاوەنی خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی. ئەگەرچی پێوەرە جیهانییەكەو پێوەرەكەی ئێران پێنج ساڵ جیاوازییان هەیە، بەڵام كێشەی سەرەكیی ئێران ئەوەیە زیاتر لە 60%ی خێزانەكان بەهەژار ئەژمار دەكرێن و داهاتیان ناگاتە نزیكەی 200 دۆلاریش، بۆیە زۆرینەی رەهای ئەو خێزانانە تەنها خەون بەخانووەوە دەبینین، چونكە ناكرێت 106 ساڵ پارە كۆبكرێتەوە بەهیوای كڕینی خانوو لەكاتێكدا نێوەندی درێژیی تەمەن لەو وڵاتەش نزیكەی 70 ساڵە. كۆماری كرێچی پێگەی (ئیقتیساد نیوز) لەئێران بڵاوی كردووەتەوە هەر خێزانێك لەشارەكانی ئێران لەماوەی ساڵێكدا زیاتر لە 50%ی كۆی داهاتەكەی بۆ كرێی خانوو یان شوێنی نیشتەجێبوون تەرخان كردووە، بەڵام لەتاران زیاتر لە 60%ی كۆی داهاتی خێزانەكان دەبێت بۆ كرێی خانوو تەرخان بكرێت. هەروەها ئاماژە بەوە كراوە لەساڵانی 2000 تا 2005 رێژەی كرێ خانوو لەئێران 20% بۆ 28%ی كۆی داهاتی مانگانەی هەر خێزانێكی مامناوەند بووە، بۆیە ئەوەی لەئێستاداو لەساڵی 2021 لەئێران روودەدات كە هەر خێزانێك دەبێت زیاتر لە 50%ی كۆی داهاتەكەی بۆ كرێی خانوو تەرخان بكات، ئەوەش بەگەورەترین زیان بۆ كرێچییەكان و بەرزترین نرخی كرێی خانوو لەمێژووی وڵاتەكەدا لەقەڵەمدەدرێت و لەهەندێك شاری ئێرانیش ئەو رێژەیە دەگاتە 70%ی كۆی داهاتی هەر خێزانێكی كرێچی. ناوەندی تەندروستیی ئێران ئاشكرای كردووە بەرزبوونەوەی كرێی خانوو لەوڵاتەكەدا ئاستی كوالێتیی خۆراك و بژێویی خەڵكی وڵاتەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزاندوە، چونكە دەبێت زۆرینەی خێزانەكان لەجیاتی خواردن و خۆراك بیر لەخانوو و كرێكەی بكەنەوە. مەحمود مەحمودزادە، جێگری وەزیری رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە لەئێران ئاشكرای كردووە دوو ملیۆن و 300 هەزار خانووی چۆڵ لەئێران تۆمار كراون كە باجی ساڵانە نادەن و خاوەنداریی نزیكەی 900 هەزار خانوو یان شوێنی نیشتەجێبوونیش لەو ژمارەیە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت. مەحمودزادە روونیكردوەتەوە لەئێراندا كێشەی نیشتەجێبوون هەیەو بەو هۆیە كرێی خانوو بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە، بەڵام حكومەتیش بەژمارەیەك خانووی چۆڵ بووەتە بەشێك لەهۆكاری كێشەی نیشتەجێبوون. بەپێی ئامارەكانی ئێران رێژەی ئەو كەسانەی خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان نین و كرێچین دەگاتە 30 بۆ 40٪ی كۆی دانیشتوان و بەوتەی بەرپرسان ئەگەر ئەو خانووە چۆڵانەی وڵاتەكە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەكاربهێنرێت كێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر دەكرێت. لەلایەكی دیكەوە بانكی ناوەندیی ئێران ئاماژەی بەوە كردووە كەتەنها لەمانگێكدا كرێی خانوو لەو وڵاتە بە رێژەی 50 بۆ 55٪ بەرزبووەتەوەو لەماوەی دوو ساڵیشدا بەرزبوونەوەی كرێی خانوو زیاتر بووە لە 500٪. كۆی ژمارەی دانیشتوانی ئێران دەگاتە 84 ملیۆن كەس و ناوەندی ئاماری ئێران ئاماژەی بەوەكردووە لەساڵی 1986 ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەكە 49 ملیۆن كەس بووە كە رێژەی كرێچی لەو ساڵەدا 13% بووە و لەساڵی 1990 كەژمارەی دانیشتوان گەیشتووەتە 60 ملیۆن كەس رێژەی كرێچی بۆ 18% بەرزبووەتەوە و لەماوەی 30 ساڵدا رێژەی كرێچییەكان بەبەردەوامی لەبەرزبونەوەدا بووە بەجۆرێك كە لەساڵی 2016 تەنها 20%ی خێزانە نوێیەكان توانیویانە ببنە خاوەنی خانووی خۆیان و لەكرێچیبوون رزگاریان بێت. ژمارەی دانیشتوان و رێژەی كرێچییان لەماوەی زیاتر لە 40 ساڵ حوكمڕانیی كۆماری ئیسلامی ئێران لەو وڵاتە لەبەرزبوونەوەدا بووە و كۆمارێك لەكرێچی لەوڵاتەكەدا دروست بووە. ئەگەرچی ناوەندی ئامار رایگەیاندوە رێژەی كرێچییەكانی ئێستای ئێران دەگاتە 25% بۆ 30%، بەڵام رۆژنامەی (دونیای ئیقتیساد) لە راپۆرتێكی شیكاری و بەراوردكاریدا لانی كەمی رێژەی كرێچییەكانی وڵاتەكە بە 40% بۆ 45% خەمڵاندووە. هاوكات ئەوەشی خستووەتەڕوو كە بەدرێژایی 30 ساڵ كرێ خانوو و نرخی خانوو لەبەرزبوونەوەدا بووە و هاوكات داهاتی خێزان كەمی كردووەو رێژەی هەڵاوسانی ئابوریی ئەو وڵاتەش بەبێ وەستان تا نزیكەی 50% بەرزبووەتەوەو لەئێستاشدا 60%ی كۆی دانیشتوانیش بەهەژار ئەژمار دەكرێن. كوشتنی خەونی یەكەی نیشتەجێبوون لای كرێچی لەساڵی 2018 نزیكەی 49%ی خەڵكی ئێران كرێچیبوون و نرخی كرێی خانووش لەنێوان 40% بۆ 70%ی كۆی داهاتی هەر خێزانێك بووە، لەكاتێكدا ئەگەر وڵاتانی جیهان بەتایبەت ئەڵمانیا بەنموونە وەرگیرێت تەنها 15% بۆ 23%ی كۆی داهاتی هەر خێزانێك لەئەڵمانیا بۆ كرێی خانوو یان شوێنی نیشتەجێبون دەستنیشان دەكرێت و حكومەتی وڵاتەكەو سەندیكای كرێچییان و ئەنجومەنی گەڕەكەكانی ئەو وڵاتە بەهەموو شێوازێك رێگریی دەكەن لەبەرزكردنەوەی نرخی كرێی خانوو و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بەكرێگرتنی خانوو دەكەوێتە دەست كرێچی بەو مەرجەی خاوەن خانوو بڕیاری فرۆشتنی خانووەكەی نەدات. لەوڵاتانی گەشەسەندووی جیهان ناسراو بە (OECD) بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هەڵاوسان و رێگریی لەبەرزبوونەوەی كرێی خانوو، گرێبەستی درێژماوە لەنێوان كرێچی و خاوەن خانوودا واژۆدەكرێت، لەكاتێكدا لەئێران خاوەن خانوو دەتوانێت مانگانە كرێی خانووەكەی بەرزبكاتەوەو یاساكانیش لەبەرژەوەندی كرێچییەكانی ئەو وڵاتەدا نییە. گرێبەستی بەكرێگرتنی خانوو لەئەمریكا دوو ساڵە، لەسویسرا شەش ساڵە، لەژاپۆن پێنج ساڵ، ئایرلەند (ئیرلەندا) چوار ساڵ، نەمسا سێ ساڵ و لەفەڕەنسا هەندێكجار تا شەش ساڵە، بۆیە ئەم وڵاتانە زیاترین پشتیوانی دەكەن لەكرێچییەكانی وڵاتەكانیان لەپێناو ئەوەی لە رووی ماددییەوە زیانیان پێنەگات تا لەكورتترین ماوەدا داهاتەكانیان بۆ كڕینی خانوو تەرخان بكەن. بەپێچەوانەی ئەو وڵاتانەوە لەئێران مانگانە كرێی خانوو لەسەر كرێچییەكان زیاد دەكرێت و ئەوەش وادەكات خێزانە كرێچییەكان لەبەر دابینكردنی كرێی خانوو، فریای پاشكەوتكردنی داهاتەكانیان نەكەن. بەپێی ستانداردە جیهانییەكان نابێت كرێی خانووی ساڵانەی هیچ خێزانێك لەكۆی داهاتی 23% تا 30% خێزانەكە زیاتر بێت، بەڵام 80%ی كرێچییەكان لەئێران هەندێكجار زیاتر لە 50%ی كۆی داهاتەكەیان بۆ كرێی خانوو تەرخان دەكەن و ئەو رێژەیەش لەداهاتەكەیان بۆیان دەمێنێتەوە ناچارن بۆ بژێوی رۆژانە خەرجی بكەن، بۆیە هیچ پاشەكەوتێك نامێنێتەوە تا بیر لەكڕینی خانوو بكەنەوە. خەمی سەرەكیی كرێچییەكانی ئێران بژێوییە نێوەندی موچە لەئێران بەنزیكەی پێنج ملیۆن تمەن خەمڵێنراوە كەدەكاتە نزیكەی 170 دۆلار، بەڵام هەر خێزانێكی ئاسایی و چوار كەسی پێویستی بەزیاتر لە 12 ملیۆن تمەن هەیە بۆ دابینكردنی بژێویی كەدەكاتە نزیكەی 400 دۆلار، لەكاتێكیشدا هەر كرێكارێك حەقدەستی رۆژانەكەی لەنێوان 200 بۆ 300 هەزار تمەندایە كە نێوەندەكەی دەكاتە نزیكەی 9 دۆلارو بە دڵنیاییەوە هیچ كرێكارێك لەو وڵاتە 30 رۆژی مانگەكە كاری دەستناكەوێت بەتایبەت لەوەرزی زستاندا، بۆیە زۆرینەی چینی موچەخۆرو كرێكار كە كرێچین ناتوانن بژێوییەكی شیاو بۆ خۆیان دابین بكەن تابتوانن پاشكەوت بكەن و بیر لەدابینكردن و كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون بكەنەوە بەتایبەت كە ئەو وڵاتە لەقەیرانێكی قوڵی ئابوریی و بەرزبوونەوەی هەڵاوساندایە.
هاوڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەماوەی هەفتەیەکدا دوو جار پەیامی پاڵپشتی بۆ هەرێمی کوردستان لەشەڕی داعشدا دەربڕیوە ئەوەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵدا هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لەعێراق بکشێنەوەو تەنیا راوێژکارە ئەمنی و سەربازییەکانیان بمێننەوە. ئەو پەیامانەی ئەمریکا کە لە رێگەی هەریەکە لەوەزیری بەرگریی و برێت مەکگۆرک، رێکخەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا گەیشتوونەتە هەولێر، کە تێیدا باس لەپاڵپشتی بەردەوامی ئەمریکا دەکەنەوە لەشەڕی داعشدا بەمەبەستی دروستنەبوونی بۆشایی ئەمنی، دوای کشانەوەی هێزەکانیان لەعێراق، ئەوەش لەکاتێکدایە داعش ماوەی چەند هەفتەیەکە لەناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق چالاک بووەتەوە. بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عێراق، لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێوە، نە خۆیان و نە فڕۆکە جەنگییەکانیان بەشداری لەشەڕی دژی داعشدا ناکەن، بەڵکو رۆڵیان تەنیا راوێژکاری و مەشق و راهێنان بەهێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە دەبێت، کۆشکی سپی دەڵێت، مانەوەی ئەو سەربازانە لەسەر داواکاریی حکومەتی عێراقە. دوو پەیامی دڵنیایی ئەمریکا میدیای سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەفتەی رابردوو بڵاوی کردەوە کە مەسرور بارزانی نامەیەکی لە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێشگەیشتووە و تێیدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکاو هەماهەنگیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەکاتەوە. لەبەشێکی نامەکەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاتووە «سوپاسی رۆڵی گرنگیی پێشمەرگە لەتێکشکاندنی داعش دەکەین و بەڕێز و پێزانینەوە یادی قوربانیدانەکانی پێشمەرگە لەشەڕی دژ بەداعش دەکەینەوە». وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش کردوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەردەوام دەبێت لەهاوکاری کردنی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی لەبواری راوێژکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگریدا». بەپێی هەمان نامە کە میدیای سەرۆکی حکومەت ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردەوە، تێیدا وەزیری بەرگری ئەمریکا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەیوەندییەکی تایبەت لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا هەیە لەسەر بنەمای بەهاو رێزگرتنی هاوبەش. هەروەها وتوویەتی «ئێمە بە خۆشحاڵییەوە، پێشوازی لەکارکردنی هاوبەشی نێوان هەردوولامان دەکەین، سوپاس بۆ پابەندبوونتان بەو هاوبەشییە گرنگەی لە نێوانماندا هەیە.» جگە لەم پەیامە پەیامیکی دیکەی ئەمریکا لە رێگەی برێت مەکگۆرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان، لەم هەفتەیەدا، ئەوەش دوای ئەوەی بەسەردانیک گەیشتە عێراق و دواتر سەردانی هەولێریشی کردو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆبووەوە. بەپێی راگەیەنراوێکی کۆشکی سپی «ئامانج لە سەردانی دوو رۆژی برێت مەکگۆرک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان راوێژکردن بووە لەگەڵ سەرکردە سیاسی و ئەمنییەکان» . سەردانەکە دوو رۆژ دوای ئەوە هات، کە بەرپرسانی عێراق رایانگەیاند، لەکۆتایی ئەم مانگەوە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێوەدەوڵەتی لەعێراق لە شەڕکەرەوە بۆ راوێژکاری دەگۆڕێت. کۆشکی سپی لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، «مەکگۆرک پابەندبوونی سەرۆک بایدنی بەئەنجامەکانی گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا دووپاتکردەوەو جەختی لەوەش کردەوە کە چیدیکە هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق رۆڵی شەڕکەر نابینین. گۆڕانکاری لەئەرکی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیماناندا، بەهۆی ئەو بەرەوپێشچوونە گەورەیەوە بووە، کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەنێویشیاندا پێشمەرگە، لەسەرکردایەتیکردنی شەڕی دژی داعش بەدەستیانهێناوە». نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی و هەزاری دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەعێراق و هەرێمی کوردستانن و لەبنکەی عەین ئەسەدو حەریر جێگیرن. بەشێک لەگرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دژی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لەعێراق تاوەکو دێت توندتر دەبێت، ئەوان دەڵێن لەدوای 31ی ئەم مانگە، هێرشەکانیان لە دژی هێزە بیانییەکان چڕ دەکەنەوە. پێشتر فرانک مکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، ئەوان پێشبینی دەکەن هێرشی گرووپەکانی نزیک لە ئێران لەم مانگەدا بۆسەر هێزە بیانییەکان زیادبکەن، ئەوەش بە گوتەی خۆی، پەرچەکردارێکە لە بەرامبەر شکستهێنانیان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەچوو. یەکێتی هاوکاری ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بە «پێویست» دەزانێت هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووشەممەی رابردوو لەهەولێر کۆبوونەوەیەکیان سازکرد لەگەڵ برێت مەکگۆرگ و ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق و رۆبەرت پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان. بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێویستیی چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانی عێراق و پەنابردن بۆ دیالۆگ و زمانی گفتوگۆ کراوەتەوە لەگەڵ پاڵپشتی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە. هەروەها قوباد تاڵەبانیش لەبارەی کۆبوونەوەکەوە لە فەیسبووکی خۆی نووسی «باسمان لە مەترسییەكانی داعش و پلانەكانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە كرد كە دەبێت لە رووی سەربازیی و فیكرییەوە لەناوببرێن». بافڵ تاڵەبانی لەبارەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، «دەمانەوێت وەک نوێنەرانی کوردستان بەیەک تیم بچینە بەغداو لەگەڵ دۆستەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ بکەین و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و یاساییەکانمان بکەین کە سەرخستنی ئەم نیەتە زامنی عێراقێکی بەهێزو هەرێمێکی پارێزراو دەبێت». هەروەها لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە بەتایبەت لە پرسی بەردەوامیدان بە راوێژو هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە رووی مەشق و پێشخستنی توانا لۆجستی و سەربازییەکان لەپێناو ریشەکێشکردنی تیرۆرو ئارامی و ئاسایشی زیاتر لەناوچەکە. جگە لەمەش مەکگۆرک لەگەڵ بەرهەم ساڵح وەکو سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا کە تێیدا باسی پرسی ئەمنی عێراقیان کردووە دوای کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا. بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی کۆمار، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە «لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، ئابووری، کولتووری و ژینگەیی لە رێگەی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ھەردوولا بکات؛ ھاوکات باس لە کۆتاییهێنان بە رۆڵی شەڕکردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رێگەی راوێژەوە کراو دووپاتکرایەوە لەگرنگی ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر». هەروەها بەگرنگییەوە باس لە گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە کراوەو جەختکرایەوە لەپێویستیی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە لە رێگەی دیالۆگ و بەیەکگەیشتن بەئاراستەی کەمکردنەوەی ناکۆکی و بارگرژییەکان. لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆککۆماری عێراق جەختیکردووەتەوە لە رۆڵی گرنگ و ناوچەیی عێراق وەکو پێکهاتەیەکی گرنگی سازان و سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابووری و بازرگانی و گەشەپێدان لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری بۆ وڵات و گەلانی ناوچەکە. بەپێی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هێزی شەڕکەری ئەمریکا لەعێراق دەکشێنەوەو ئەوانەی دەمێنێتەوە، رۆڵیان دەبێتە راوێژکارو راهێنەر. «ئەمریکا کاردەکات بۆ بەهێزکردنی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا» نووسینگەی میدیایی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، کە قاسم ئەعرەجی لە گەڵ برێت مەکگۆرک، باسیان لە بەرزکردنەوەی توانای هێزە عێراقییەکان کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا. بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی میدیایی قاسم ئەعرەجی، مەکگۆرک پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە ئەنجامەکانی دانوستاندنی ستراتیژی لەگەڵ عێراق دووپاتکردەوەو ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی وڵاتەکەی لەسەر بنچینەی رێککەوتنەکە ئاسمان، زەوی و ئاوی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکارناهێنێت، «ئەمریکا کاردەکات بۆ بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا». هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، مەکگۆرک رایگەیاندووە وڵاتەکەی هەڕەشە نییە بۆسەر هیچ وڵاتێک و جەختی لەوەش کردەوە کە «دووژمنی هاوبەش بریتییە لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش»؛ وتووشیەتی، بەرژەوەندیی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەهەبوونی عێراقێکی بەهێزو حکومەتێکی بەهێزدایە لەعێراق. هەروەها قاسم ئەعرەجیش ئاماژەی بەوە کردووە، «حکومەتی عێراق لەگەڵ هەموو لایەک کاردەکات و هەبوونی دۆخێکی ئارام لەبەرژەوەندیی عێراقدایە». ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق کاردەکات بۆئەوەی ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت و هەنگاو بنێت بەئاراستەی بەهێزکردنی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی خۆی و پەرەدان بە تواناکانی لەهەموو بوارەکاندا.»
سەركۆ جەمال كشانەوەی ئەمریكا لەعێراق لەكۆتایی ئەمساڵدا ترسێكی گەورەی لای كورد بەتایبەتی و ئەو هێزە سیاسییانە دروستكردووە كە دۆستی ئێران نین و بەردەوام داوای مانەوەی دەكەن بەهۆی مەترسییەكانی داعشەوە. رۆژی 31ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ دوایین وادەیە بۆ مانەوەی هێزە شەڕكەڕەكانی ئەمریكا لەعێراق، بۆیە ترس و پرسی زۆریش لەلای بەشێك لەكوردو سوننە دروست بووە كەئایا بەكشانەوەی ئەمریكا لەعێراق چارەنووسی ئەوان چی لێدێت بەتایبەت كورد لەگەڵ دوو هێز رووبەڕوو دەبێتەوە كە هیچیان دان بەقەوارەكەیدا نانێن، ئەوانیش حەشدی شەعبی و داعشن. لە 5ی كانوونی دووەمی 2020، پەرلەمانی عێراق بەدەنگی زۆرینەی لایەنەكانی شیعە، پرۆژە یاسایەكیان لەپەرلەمان تێپەڕاند بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق. هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێیانوایە ئەمریكا لەعێراق دەمێنێتەوەو رۆڵەكەی دەگۆڕێت. ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئەمریكاو دۆستەكانی ئەمریكا لەعێراق پێیان خۆش نییە ئەم پرۆسەیە ناوبنێن پرۆسەی كشانەوەی ئەمریكا، بەڵكو پێیان خۆشە وا نیشانی بدەن كەپرۆسەی گۆڕانكارییە لەڕۆڵی ئەمریكا لەعێراق». ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە ئەمریكا هەوڵدەدات ئەو تێگەیشتنە لەعێراق بڵاوبكاتەوە كە رۆڵی سەربازیی دەگۆڕێت بۆ دیپلۆماسی و ئامادەیی لەعێراق دەمێنێتەوە بەڵام شێوەكەی دەگۆڕێت. هەروەها ستران عەبدوڵا پێشیوابوو باشتروایە كورد تەنانەت ئەگەر لەتێكەڵبوونی مەلەفەكاندا داعش و حەشدی شەعبی بەیەك تێڕوانین سەیر دەكرێت، بەڵام دەبێت كورد ئەوە جیابكاتەوە، «رووبەڕووبوونەوەی داعش وەزیفەیەكی عێراقی و كوردستانی و نێودەوڵەتییە، بۆیە ئاسانتر دەتوانرێت قسە لەسەر ئەم مەلەفە بكرێت، بەڵام زەحمەتە مەلەفی حەشدی شەعبی یەكسان بكەین بەمەلەفی داعش». «حكومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێندرێت كە ململانێی ئێران و ئەمریكا لەسەری هێور ببێتەوە كەدوو بژاردەی سیاسی هەیە، یەكێكیان دەیەوێت گۆڕانكاری بكات، یەكێكی دیكەشیان ئەو هێزانەن كە لەسەر ئەرزی واقیع دەسەڵاتیان هەیەو هێزە تەقلیدیەكانی شیعەن، لەم ئاستەدا ئاسانتر دەتوانرێت مەلەفی حەشدی شەعبی چارەسەر بكرێت و مەترسیشی لەسەر كوردستان كەمببێتەوە»، سەركردایەتیەكەی یەكێتی وا دەڵێت. هاوكات، ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی و هەڵەبجە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « كشانەوەی ئەمریكا لەعێراق بێ كاریگەری نابێت لەسەر هەرێمی كوردستان، بەڵام لەهەموو دنیا وایە فاكتەرە زاتیەكان گرنگتر ئەوەیە كە بەستراوەتەوە بەوەی كەخۆمان واتە لایەنە سیاسییەكان و حكومەتی هەرێم و پەرلەمان چەند لێكتێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ یەكتری». وتیشی :» لەكشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق بێگومان بۆشاییەكی سەربازی لەناوچەكە دروست دەبێت و پەلهاویشتنی ئەو رێكخراوانەی كە تیرۆریستن یاخود رادیكاڵن زیاتر دەبێت، بەرەو رووبوونەوەیان دەبێتە تەحەدایەك». لەبارەی ئەوەی هەرێمی كوردستان چۆن خۆی ئامادە بكات بۆ كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا، سەركردایەتیەكەی پارتی وتی:»ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان لەڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزێكی وەكو داعش چانسی خۆڕاگری و بردنەوەمان زۆر زیاترە لەبەشەكانی دیكەی عێراق، ئەویش لەبەر ئەو پەرتەوازەییەی لەنێوان شیعەو سوننەدا هەیە، دیسان جارێكی دیكە لەناوچە عەرەبیەكان بۆشایی دیكە دروستدەكات». لەساڵی 2011 ئەمریكا سەرجەم هێزەكانی لەعێراق كێشایەوە، بەڵام دوای سەرهەڵدانی داعش و كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەك لەعێراق لەساڵی 2014 بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی ئەوكاتی عێراق ئەمریكا هێزی سەربازی بۆ عێراق رەوانەكردەوەو ئێستا كە چەند رۆژێكی كەم ماوە بۆ كشانەوەی ئەو سێ هەزار و 500 سەربازەی ئەمریكا لەعێراق ماوەتەوە. رۆژنامەنوسێكی سیاسی دەڵێت ئەگەر ئەمریكا لەبەغدا نەمێنێتەوە ناتوانێت لەهەرێمی كوردستانیش بمێنێتەوە. عارف قوربانی، نووسەرو رۆژنامەنووس سەبارەت بەپرسی كشانەوەی ئەمریكا لەعێراق بە هاوڵاتى وت:» دەبێت لەوەدا بەرچاومان روون بێت ئەمریكا هەرچەندە سیاسەتی بەرامبەر بەعێراق و هەرێمی كوردستان دوو شتی جیاوازن و جۆری هەماهەنگی نێوان عێراق و ئەمریكا لەجۆری هەماهەنگی نێوان ئەمریكاو هەرێمی كوردستانیش جیاوازە، بەڵام لەگەڵ ئەم حەقیقەتەشدا ئەمریكا ناتوانێت ئەگەر عێراق جێبهێڵێت لەهەرێمی كوردستان بمێنێتەوە». «ئەو بۆچوونانە هەڵەن كە ئەگەر ئەمریكا لەبەغدا فشاری بكرێتەسەر ئەوا باڵیۆزخانەكەی دەهێنێتە هەرێمی كوردستان، یاخود ئەگەر بنكە سەربازییەكانی لەناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بكرێنە ئامانج بەدوور نازانرێت بنكەكانی بهێنێتە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت دوای ئەوەی چەند جارێك بنكەكانی لەهەرێمی كوردستان كرانە ئامانج»، عارف قوربانی وای وت. عارف قوربانی وتیشی:» ئەوانەی داوای كشانەوەی ئەمریكا دەكەن لایەنە عێراقیەكانن وەكو حەشدی شەعبی و هێزە سیاسییەكانی نزیك لەئێران، بۆیە كاریگەری ئەوتۆی لەسەر عێراق نابێت كە مەترسی بخاتەسەر ئایندەی وڵاتەكە، بەڵام حەشدی شەعبی هەژموونی زیاتر دەبێت، بۆ هەرێمی كوردستان دوو مەترسی دروست دەبێت هەم مەترسی حەشدی شەعبی و هەم داعش». هاوكات ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە حەشدی شەعبی پێگەو هەژموونی زاڵ دەبێت لەعێراق، وتیشی:»ئەوان پێیانوایە هەرێمی كوردستان رێگرە لەپرۆسەی تەشەیوع، لەبەرئەوە بەدڵنیایی حەشدی شەعبی دەبێتە یەكێك لەمەترسییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان، گروپە چەكدارەكانی دیكەش لەژێر پەرچەمی حەشدی شەعبی و ئەوانەش لەژێر پەرچەمی داعشدان دەبنە مەترسییەكی دیكەو دەبنە مەترسی لەسەر ناوچە كێشەلەسەرەكان و پرۆسەی تەعریب پەرەپێدەدەن ئەوەش بەدوورمەودا زیان بەهەرێمی كوردستان دەگەیەنێت». «كشانەوەی ئەمریكا هەندێك پێشهاتی سیاسی نوێ دەهێنێتە پێشەوە، بەدڵنیاییەوە پێشهاتی نەخوازراو دەبن بۆ كورد بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم لاواز بكەن یاخود نەیهێڵن، ئێرانیش پێگەی لەعێراق بەهێزتر دەبێت و ئەویش هەرێم وەكو لەمپەر دەبینێت لەبەردەم هیلالی شیعی، توركیاش بانگەشەی ئەوە دەكات كە گۆڕانكاری بەسەر نەخشەی سیاسی خۆیدا دەهێنێت دوای 2023 و بەتایبەت چاوی لەسەر ئەو ناوچانەیە كە وزەیان تێدایە بەتایبەت ویلایەتی موسڵ، بێگومان دوای كشانەوەی ئەمریكا ئەو مەترسییانە دروست دەبن»، عارف قوربانی وای وت.
مەزهەر كەریم نزیكەی 25 كەس لەلایەن ئاسایشی سلێمانی لەپارێزگای هەڵەبجەو دەوروبەری دەستگیر دەكرێن بەتۆمەتی لایەنگیری و ئەنجامدانی كاری نهێنی بۆ رێکخراوی داعش. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى ژمارەیان لەنێوان 25 بۆ 30 كەسدایەو لەمانگی پێنجی ئەمساڵەوە لەلایەن ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانی ناوچەكەوە چاودێری كراون. رۆژی چوارشەممەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەدوای ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكو دەستگیركردنی ژمارەیەك گەنج لەسنووری پارێزگاری هەڵەبجە نووسراوێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە «ژمارەیەك ئەندامو تاقم و گروپی تیرۆریستانی داعش لەشاری هەڵەبجە، قەزای سەیدسادق و شارۆچكەكانی خورماڵ و سیروان و چەند گوندێكی شارەزوور دەستگیركران». پاشانو دواتر كەسوكاری ئەو گیراوانە بێئاگایی خۆیان لەتێوەگلانی كوڕەكانیان لەبەشداربوونیانو هاوكاری رێكخراوی تیرۆرستانی داعش رەتكردەوەو داوایان كرد بەزووترین كات گیراوەكانیان ئازاد بكرێن، ئەو لێدوانەی بەڕێوەبەری ئاسایشش بە»بێ بنەما» وەسف دەكەن. حسێن خەلیفە محەمەد كە لەئێستادا كوڕێكو برازایەكی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراوە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتىوت:»لەكاتژمێر حەوتی ئێوارە بوو هێزێكی دەمامكداری ئاسایش تەلەفونیان بۆ كردم و وتیان هارونی كوڕت لەگەڵ دیاری هیوای برازات بابێن بۆ ئاسایش، منیش وتم بەسەرچاو وەهام دەزانی شەڕبووە، بەڵام هێندەی پێنەچوو تەلەفونم بۆ كرا وتیان ئەوەی ریشی هەیە لەناحیەی سیرواندا دەستگیركراوە، نازانین بۆچی دەستگیركراون». هەروەها وتیشی:» كوڕەكەم ئەندامی حزبی سۆسیالیستەو برازاكانیشم باوكو براكانیان پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن، دورین لەبیری توندڕەویی، لەوە دەترسین لەژێر لێدانو تەعزیبدا بیانهێننە سەر شاشەی تەلەفزیۆنو ناچاریان بكەن تابیری توندڕەویان بەسەردا تۆماربكەن». ناوبراو داواشی لەهەموو كەسوكاری گیراوانو خەڵكی دەڤەری شارەزوو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكرد كە بەرامبەر ئەم ناهەقیەی بەرامبەریان كراوە بێدەنگ نەبن. سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت ئامادەن بەدواداچوونیان بۆ بكەن. گوڵستان سەعید جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی لەمافی مرۆڤ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» پێویستە كەسوكاری گیراوان سەردانی لقی هەڵەبجە یان سلێمانی بكەن تا وەك لیژنەی مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ گیراوەكانیان بكەن، بێدەنگی كەسوكاریان هۆكارێك دەبێت بۆ مانەوەی زیاتر لەزینداندا، بۆیە پێویستە رای گشتی لەوبارەیەوە ئاگادار بكرێتەوە تا دۆسیەكەیان بەلاڕێدا نەبرێت». هەروەها وتیشی:» لەئێستادا سەرقاڵی سەردانی كردنی گرتوخانەكانی هەولێرینو داوامان كردووە لەچەندڕۆژی داهاتوودا سەردانی گرتوخانەكانی سلێمانی بكەن تائێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە، هەر كەوەڵامیان داینەوە سەردانی زیندانیان دەكەین و لەشوێنو رێگەو كەیسەكانی زیندانیان دەكۆڵینەوە هەتا ئەوكات كەیسی ئەو گیراوانە یەكلانەبێتەوە قسەمان دەبێت پشتگیری كەسوكاریان دەبین وەك ئەوەی خۆیان باسی دەكەن». ئاسایشی سلێمانی جەخت لە بەیاننامەكە دەكاتەوەو ئەوە رەتدەكەنەوە كە ئەو كەسانە بێتاوان بن، بۆ رای گشتی ئاشكرای دەكات و لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەكرێت. موقەدەم یاسین سەمیع، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» خەڵكیو رۆژنامەنووسان دەپرسن ئەو كەسانە بۆچی گیراون، وەك ئاسایش هێشتا لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە تەواو نەبووە، ئێمە دەمانەوێت قسەی راستو دروست بەخەڵكی بڵێین، هەر كە لێكۆڵینەوەكان تەواوبوون، بەدڵنیاییەوە قسەی دیكەمان دەبێت، خەڵكیو كەسوكاریان لەئێستادا دڵیان گەرمە قسە دەكەن سەرسوڕمانی خۆیان نیشاندەدەن و بێتاوانی گیراوان نیشان دەدەن».
مەزهەر كەریم رۆژی یەكی ئەم مانگە وەزارەتی تەندروستی هەرێم بەڕەسمی نووسراوی رەوانەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكانی تەندروستی كردووە جۆری سێیەمی ڤاكسین بدرێتە ئەو كەسانەی جۆری دووەمیان وەرگرتووە، تا لە جۆری سێیەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا (ئۆمیكرۆن) بەدووربن. ئاسۆ حەمید زەنگەنە بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستیو سەلامەتی خۆراك لەوەزارتی تەندروستی بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد لەئێستادا تەنیا سێ جۆری ڤاكسین بەردەستە كەجۆری ڤایزەرو ئیسترازێنیكاو سینۆفارم، كە جۆری ڤایزەر لەهەموویان زیاتر بوونی هەیە، وتیشی:»هەفتانە لەبەغداوە بۆمان رەوانە دەكرێت، ئێمەش رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی تەندروستی شارەكانی دەكەین بەپێی ژمارەی دانیشتوانو بەكارهێنانی جۆری ڤاكسینەكەو ئەو خەڵكانەی وەریدەگرن وەك ئەوەی كە بەشێكین لەعێراق». هەروەها باسی لەوەشكرد كە لەڕێگەی دەستەی كۆڤاكسەوە ئەو گرێبەستە كراوە هێنانی ڤایزەر رەوانەی عێراق دەكرێت، پاشان پشكی هەرێم رەوانە دەكرێت كە هەروا ئاسان نیە لەساردكەرەوەی تایبەتدا لەپلەی ناقس حەفتا پلە هەڵدەگیرێت ئەوكات بەدەستیان دەگات. بەپێی بڵاوكراوەی كۆمپانیای فایزەر بایۆنتێك دۆزی سێیەمی ڤاكسینی فایزەر بایۆنتێك بە رێژەیەكی بەرچاو بەرگریی جەستە دژ بەجۆری دەلتای ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاددەكات، لێكۆڵەرانی كۆمپانیای فایزەر باس لەوە دەكەن كە دۆزی سێیەمی ڤاكسینەكە لە بەرامبەر جۆری دەلتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بەراورد بەدۆزی دووەم و یەكەم سەد هێندە كاریگەری زیاترە. هاوكات، دكتۆر ئاسۆ خەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوە دەكات كە جورحەی سێیەمی ڤاكسین جۆری ڤایزەرە، بەتایبەت لەسەر ئەو كەسانەی كە مەترسیدارن بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی لەبواری تەندروستی كاردەكەنو بەساڵاچوونو ئەو كەسانەی نەخۆشی دێژخایەنیان هەیە، ئەمەش دوای شەش مانگ دێت لەجورعەی دووەم، واتا شەش مانگ، دوو جورعەكەی دووەم، بەهەمان رێنمایی دەبێت، بەڵام بەنموونە ئەگەر دوو جورعە سینۆفاڕمی وەرگرتنبێت یان فایزەری وەرگرتبێت، ئەم جارە سینۆفاڕمی یان ئیسترازێنیكا وەردەگرێت. وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هێمای بۆ ئەوەشكرد كە بەپێی رێنمای دەبلیۆ ئێچ ئۆ لەسەر وەرگرتنی جورعەكان بەپێی ساڵەكان دیاری كراوە بۆ نموونە ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروو چل ساڵە دەتوانێت ئیسترازێنیكا وەربگرن، هەركەسێك بیەوێت جورعەی سێیەمی ڤاكسین وەربگرێت ئیختیاریە ئیجباری نیە دەتوانێت وەریبگرێت یان هیچ كێشەیەكی نەبێت یان موشكیلەیەكی نەبێت دەبێت، ئەمەش لەچوار چێوەی تەندروستی نیشتمانی عێراقیدایە هیچ بڕە پارەیەك لەحكومەتی هەرێم وەرناگیرێت. جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت دەستیان بەپێدانی ژەمی سێیەمی ڤاكسین كردووە بۆ ئەوانەی هەردوو ژەمەكەیان وەرگرتووە. هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەئێستادا پێدانی ڤاكسینی ڤایزەر دەستی پێكردوە، ئەو هاووڵاتیانە وەریدەگرن جاری یەكەم و دووەم ڤاكسینەكەیان وەرگرتوە، بەهۆكاری ئەوەی هیچ كێشەیەكی كەمی ڤاكسینمان نیە، بەڵام دەزانرێت كە لەجۆری ڤایزەری ئەمریكیە لەبنكەكانی پێكوتەی كۆرۆنا بەكاردەهێنرێت لەشاری سلێمانی».
سەركۆ جەمال بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی ئاشكرایدەكات، حكومەتی هەرێم لەكۆی 400 ملیار تێچووی پرۆژەكە تەنیا 27 ملیار دیناری ناردووەو دەشڵێت:» حكومەتی هەرێم پێشتر ئامادەبووە پارەی پێشەكی بداتە چەند كۆمپانیایەكی توركی بۆ جێبەجێكردنی، بەڵام پارەی كۆمپانیایەكی ناوخۆی راگرتووە». رۆژی 11/7/2020 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانی كردو لەمەراسیمێكدا بەردی بناغەی پرۆژەكەی دانا. بودجەی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە واتە ئەو رێگایەی كە لە تاسڵوجەوە بۆ نزیك بازگەی عەربەت دروستدەكرا (469 ملیار) دینار بوو، بەڵام تێچووی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە كەمكراوەتەوە بۆ (400 ملیار) دینار، واتە بڕی (69 ملیار) دیناری لێبڕا. شاباز صدیق، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد تائێستا 40%ی پرۆژەكە تەواوكراوە، بڕیاروابووە تەواوی بودجەی پرۆژەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە تەرخان بكرێت كە پرۆژەكە 400 ملیاری پێویستە. ناوبراو باسی لەوەشكرد كە زیاتر لە 170 ملیار دینار لەلایەن كۆمپانیای قەیوان كە جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی سەدمەترییە خەرج كراوە. بەڵام حكومەت 35 ملیاری بۆ دابین كردووەو تەنها 27 ملیار دیناریشی نێردراوە، وتیشی:» ئەگەر پارەكە بەمشێوەیە خەرج بكرێت هەڕەشەی جددی لەسەر پرۆژەكە هەیە». وەك بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە دەڵێت:» لەمانگی چواری ئەمساڵ دەستدەكەین بە قیرتاوكردنی پرۆژەكەو بەردەوام دەبین لەكاركردن تێیدا، بەدڵنیاییەوە پرۆژەكە هەنگاوی زۆرباشی بڕیوە ئەگەر رێگری دیكە دروست نەبێت ئەوا پێش كاتی خۆی واتە 2023 پرۆژەی شاڕێی بابان تەواو دەبێت». هەروەها شاباز سدیق ئەوەشی دووپاتكردەوە كە مەسەلەی خەرجنەكردنی پارە بۆ پرۆژەكە پەیوەندی بەوەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمەوە هەیەو تائێستا وەڵامی نووسراوەكانیان نەدراوەتەوە «پرۆژەكەش تائێستا نەوەستاوە بەهۆی ئەوەیە كە كۆمپانیای قەیوان جێبەجێی دەكات». بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی سەدمەتری ئەوەشی روونكردەوە كە شارەوانی تەنها كاری ئەوەیە سەرپەرشتی پرۆژەكە بكات و رێكارە یاساییەكانیشی دەكات، ئەو كەسانەشی كە زەویەكانیان بەردەكەوێت هەموو رێكارێكیان بۆ كراوە تا قەرەبوو بكرێنەوە، كۆنووسی تایبەتیان بۆ كراوەو دۆسیەكانیان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵە. شارەوانی سلێمانی دەڵێت ئەوان چاودێری و سەرپەرشتی كاری جێبەجێكردنەكەی دەكەن لەڕووی ئەندازیاریەوە. زەردەشت رەفیق، لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» شارەوانی سلێمانی پەیوەندی بەوەوە نییە، حكومەتی هەرێم پارە بۆ ئۆتۆبانی بابان (شەقامی سەدمەتری)دابین دەكات یاخود نا، تەنها ئەركی ئێمە ئەوەیە سەرپەرشتی كارەكانی پرۆژەكە بكەین». پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، بۆ یەكەمجار لەساڵی 2011دا بڕیار لەسەر دروستكردنی درا، بەڵام دوای دوو ساڵ و لە رۆژی شەشی تشرینی دووەمی ساڵی 2013دا یەكەمین بەردی بناغەی پرۆژەكە لەلایەن عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی حكومەتی هەرێمەوە دانرا. وەك رێبین عومەر، بەرێوەبەری راگەیاندنی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەدا، پرۆژەكە بەشی یەكەمی «ROAD C» بڕی 400 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوەو پێویستە لەماوەی هەزار و 100 رۆژدا تەواو ببێت و كۆمپانیای قەیوان جێبەجێی دەكات و سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیش سەرپەرشتی دەكات و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی وەك بەڕێوەبەرایەتیەكانی كارەباو هاتووچۆو ئاو بەشداری تێدا دەكەن. هەروەها وتیشی:» پرۆژەكە بریتییە لەدروستكردنی رێگایەكی خێرا بەپانی 100 مەتر كە لەشارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە گوندی (دەمركان) لەشەقامی عەربەت- سلێمانی و درێژییەكەی 43 كیلۆمەترە، لەوێ كۆتایی دێت». رێبین عومەر ئەوەشی خستەڕوو: بەپێی پلانی پرۆژەكە شاڕێی بابان چوار سایدی هاتن و رۆشتن لەخۆدەگرێت و پانی سایدی سەرەكی 21 مەترەو سایدی خزمەتگوزاریش 10 مەترە، سایدی سەرەكیش لەچوار لاین بۆ رۆشتنی ئۆتۆمبێل و لاینێكیش بەپانی سێ مەتر بۆ وەستانی ئۆتۆمبێلە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كتوپڕ دەیانەوێت بوەستن. بەرێوەبەری راگەیاندنی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری هێمای بۆ ئەوەش كرد كە رێگاكەش لەناوەڕاستدا جەزرەیەكی ناوەندی هەیە بەپانی 12 مەترو لەنێوان سایدی سەرەكی و خزمەتگوزاریش جەزرەیەكی ناوەندی هەیە بەپانی حەوت مەتر كە بۆ سەوزكردن و دانانی تۆڕی ئاوەڕۆیە. هاوكات حەوت یەكتربڕی تێدایە، هەروەها پێنج ئەندەرپاس لەخۆدەگرێت و پردێك لەسەر چەمی تانجەرۆ دروست دەكرێت كە پێكدێت لەچوار پرد كە گەورەترین پردە لەسەر ئاستی كوردستان، هەروەها تۆڕێكی رووناكی مۆدێرنی تێدایە بۆ رووناككردنەوەی رێگاكان و یەكتربڕەكان و ئەندەرپاسەكان لەسەر نوێترین رێنمایی وەزارەتی كارەبا. وەك بەرێوەبەری راگەیاندنی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری باسی دەكات، تەواوبوونی پرۆژەكە ئاماژە بە پەرەپێدان و پێشكەوتنی شاری سلێمانی دەكات،» پێدانی سیمایەكی جوانیشە بەشاری سلێمانی بوژاندنەوەی ئەو ناوچانەی كە پێیدا دەڕوات لەهەموو روویەكەوە، هەروەها كەمكردنەوەی ماوەی گەیشتن لەو شوێنانەی كە دیاریكراون كەئەوەش دەبێتەهۆی زوو گەیشتن بەو شوێنانەو پاراستنی ژینگە بەكەمكردنەوەی سوتانی بەنزین واتە پاكڕاگرتنی ژینگە». لەبەردی یەكەمی بناغەدا كە بەهۆی قەیرانی دارایی كابینەی پێشووی حكومەتەوە نەچووە بواری جێبەجێكردن، بڕیاربوو سێ كۆمپانیای توركی بەناوەكانی (كور- ئلیتبای- ئینتاشی) پرۆژەكە جێبەجێ بكەن، بەڵام لەبەردی دووەمی بناغەدا پرۆژەكە دراوە بە كۆمپانیای (قەیوان) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییە.
شاناز حەسەن خوێندنگەی سلێمانی نێودەوڵەتی لەگەڕەكی راپەڕینی سلێمانی زیاتر لەهەزار و 100 خوێندكاری هەیە، بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەو كۆمپانیای سابیس دامەزراوەو تێكڕا سیستمی ئینگلیزی لەخوێندنگەكەدا پەیڕەو دەكرێت بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەكانیانەوە چەند رۆژێكە مامۆستیان مانگرتنیان ئەنجامداوەو بەڕێوەبەرەكەشی چووەتەوە بۆ ماڵەوە. لەهەرێمی كوردستاندا حەوت خوێندنگە بەهاوبەشی لەنێوان كۆمپانیای سابیس و وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم خزمەت بەمنداڵان دەكەن كە بەسیستمی ئینگلیزی دەخوێنن و خوێندكاران تەنها پارەی هاتوچۆ دەدەن كە یەكێكیان لە سلێمانی و ئەوی دیكەیان لە كەلارو پێنج خوێندنگەكەی دیكە لە سنوری پارێزگای هەولێرو دهۆكدایە. مامۆستایان لەم خوێندنگەیەدا تا كاتژمێر چوار وانە دەڵێنەوە، بۆیە بێجگە لە موچەكانیان بڕە پارەیەكیان بۆ خەرجدەكرێت و زیاتر لە 10 مانگە وەریاننەگرتووە. مامۆستایەك كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات، ئاماژە بەوە دەدات زیاتر لە 10 مانگە موچەكانیان بۆ خەرج نەكراوە و وتی:» وابڕوات لەم بارودۆخە قورسەی ژیاندا ناتوانین وانە بڵێینەوە». ئەم مامۆستایە پێنج ساڵە لەم خوێندنگەیە وانە دەڵێتەوە بە وت:» ئەم خوێندنگەیە خزمەتێكی باش بەمنداڵەكانمان دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە پەروەردە پشتگوێیان نەخات». مامۆستایەكی دیكەش هاوڕا بوو كە پێویستە پەروەردە گرنگی زیاتر بەم خوێندنگایانە بدات و وتی:» هەم بۆ خەڵكی فەقیرو هەژار سودی هەیە، هەم بۆ خوێندكاریش سودێكی زۆری لێوەردەگرێت». بەختیار عەبدوڵا باوكی دوو خوێندكار لەخوێندنگەی سلێمانی نێودەوڵەتی، بەهاوڵاتى وت:» بەداخەوە لەو كاتەوەی بودجەی خوێندنگەكە دابین ناكرێت، هەم مامۆستاكان كێشەیان بۆ دروست بووە و خزمەتگوزاری خوێندنگەكەش تەواو خراپ بووە و كاریگەری كردووەتە سەر خوێندكارەكان». باوكی ئەو دوو خوێندكارە ئەوەشی روونكردەوە، ساڵانی پێشوو سیستمەكە زۆر پێشكەوتوو بووەو وتی:» هیچ كێشەمان نەبوو، ئێستاش تەنیا كێشە خەرجكردنی بودجەكەیە تابتواننن منداڵەكانمان پەرە بەخوێندنی ئەمساڵیان بدەن». جەسام بەشیر، بەڕێوەبەری گشتی فێركردنی بنەڕەتی و باخچەكانی ساوایان لە وەزارەتی پەروەردە، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»كارمان كردووە بۆ دابینكردنی موچەكانیان و لەم هەفتەیەدا شایستە داراییەكانیان بۆ دابین دەكرێت، كە لەئێستادا سەرقاڵی رێكارە ئیدارییەكانین و نووسراومان كردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران». ناوبراو جەختی لەوەشكردەوە كە هەموو شایستە داراییەكانیان دوابەدوای یەك بۆ خەرجدەكرێت و رەزامەندییەكەی لەئەنجومەنی وەزیران هاتووەتەوە و كێشەی تێدا نەماوە، تەنیا رێكارە ئیدارییەكان دوایخستووە». هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری خوێندنگەكاندا هەیەو دڵنیاییان پێدەدەن لەدابینكردنی بودجەی تایبەتی خوێندنگەكان. لەبارەی كێشەی ئەو خوێندنگایانەوە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتى ئەوەی دووپاتكردەوە كە چارەسەری كێشەكانیان دەكرێت.
هاوڵاتى ئەمریكا تاووتوێی پلانی بی دەكات و ئیسرائیل پلانی جی ئامادەیە دژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، بەڵام تاران ئاستی داواكارییەكانی زیاددەكات و سێ وڵاتی سەرەكیی جیهانیش داواكارییەكانی رەتدەكەنەوە. داواكارییەكانی ئێران بۆ لابردنی سزا نێودەوڵەتییەكان رووبەڕووی رەخنەی توندی ئەمریكاو وڵاتانی جیهان دەبێتەوە و بەهای تمەن بۆ نزمترین ئاستی خۆی لەیەك ساڵی رابردودا دادەبەزێت و گومان لەهەڵوەشاندنەوەی هەتاهەتایی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەكرێت. رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) ئاڵۆزیی توندی بەخۆیەوە بینیوە بەجۆرێك ئەمریكا رایگەیاندووە خۆی بۆ سیناریۆی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكە ئامادە دەكات و ئەڵمانیاو فەڕەنسا داواكارییەكانی تاران بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكە رەتدەكەنەوە و ئیسرائیل پێچەوانەی رابردوو بەئاشكرا هێرشەكانی دژی وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت لەساڵێكدا زیاتر لەسێ جار بەهاوكاریی زانا ئەتۆمییەكانی ئێران لەناوخۆی ئەو وڵاتە زیانی بەوێستگە ئەتۆمییەكان گەیاندووە، چونكە بەهیچ جۆرێك رێگە بەو وڵاتە نادات ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمیی. خولی حەوتەمی دانوستانەكانی ڤیەننا دوای پێنج رۆژ بەتوڕەبوونی تیمی دانوستانكاری ئێران و بەبێ هیچ راگەیەنراوێكی فەرمیی كۆتایی هات و رون نییە ئەو دانوستانانە كەتێیدا ئەمریكا بەناڕاستەوخۆ بەشدارە، دەبێتە هۆی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی یان خەونی ئێران بۆ چارەسەری قەیرانە قوڵەكانی تێدا بەدی دەكرێت بەتایبەت كەپێچەوانەی رابردوو لایەنەكانی بەرامبەر ئێران لەو دانوستانانەدا بە راشكاویی داواكارییەكانی تارانیان رەت كردووەتە. بڵاوبوونەوەی هەواڵی دانوستانەكانی ڤیەننا نرخی هەر دۆلارێكی لەئێران گەیاندە نزیكەی (32) هەزار تمەن كە ئەوەش بە بەرزترین نرخی دۆلار لەیەك ساڵی رابردوو ئەژمار دەكرێت و تەنانەت پڕۆژە پێشنیاری پەرلەمانی ئەو وڵاتەش بۆ بەرزكردنەوەی موچە لەوڵاتەكەداو دەستنیشانكردنی نرخی هەر دۆلارێك بە (23) هەزار تمەن ئاماژەیەكی دیكەن كە رەنگە دەسەڵاتدارانی ئێران هیوایەكی ئەوتۆیان بەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی نەبێت. ئێران زۆری دەوێت و بەكەم رازیی نییە رۆژی دووشەممە (29)ی نۆڤەمبەر حەوتەمین خولی دانوستانی ئەتۆمیی لەڤیەننای پایتەختی نەمسا لەنێوان هەریەكە لەكۆماری ئیسلامی ئێران و بەریتانیا، فەڕەنسا ، روسیا ، چین لەگەڵ ئەڵمانیا كە بە (4+1) دەناسرێن بەڕێوەچوو، بەڵام نوێنەری ئەمریكا لەو دانوستانانەدا بەشدارە بەبێ ئەوەی راستەوخۆ دانوستان لەگەڵ تیمی ئێران بكات. دانوستانەكەی رۆژی دووشەممە دوای پێنج رۆژ لەدانیشتن و گفتوگۆی ئەو وڵاتانە بەبێ ئەنجام كۆتایی هات تەنها بڵاوبوونەوەی لێدوانی تیمی دانوستانكاری ئێران لەهۆڵی كۆبوونەوەكەدا كە رایانگەیاندبوو تاران هیچ پاشەكشەیەك لەداواكارییەكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەكان ناكات و ئەمریكا داهاتی ئێرانی لە (100) ملیار دۆلارەوە بۆ هەشت ملیار دۆلار دابەزاندوەو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر دۆلارێك لە (27) هەزار تمەنەوە بۆ (32) هەزار تمەن. دوای تەواوبوونی دانوستانەكە لە رۆژی هەینی سێی دیسەمبەر، ئەنتۆنی بلینكەن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: تاران هیچ ئاماژەیەكی تێدا بەدی ناكرێت كەمەیلی گەڕانەوەی هەبێت بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی، ئەوە وا دەكات واشنتۆن رێگەیەكی دیكە هەڵبژێرێت. لەلایەكی دیكەشەوە بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا بەناوی وەزارەتی دەرەوە بەئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز)ی راگەیاندووە؛ واشنتۆن پێنج مانگە لەبەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەكی تاراندا دانی بەخۆیدا گرتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی زۆر زیادتر كردووە ئەمریكا خۆی بۆ سیناریۆی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی رێككەوتنی ئەتۆمی ئامادە دەكات. هاوكات ئەڵمانیا ئاشكرای كردووە كە پێشنیارو داواكارییە نوێیەكانی ئێران لەناو دانوستانەكادا رەتدەكاتەوە، بەڵام كاتیش بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی خەریكە بەسەر دەچێت، چونكە بەرلین دوای سێ رۆژ لەتاووتوێی وردی پێشنیارەكانی تاران بۆی دەركەوتووە كۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم ئەو هەنگاوانەی كە لەكۆبوونەوەكانی پێشوی ڤیەننا لایەنەكان كۆك بوون لەسەری، رەت كردوەتەوەو داواكارییەكانی زۆر بەرز كردووەتەوە. عەلی باقری، سەرپەرشتیاری تیمی دانوستانكاری ئەتۆمیی ئێران رایگەیاندووە؛ تاران دوو پاكێجی پێشنیار و پلانی خۆی رادەستی بەشداربووانی خولی حەوتەمی دانوستانەكانی ڤیەننا كردووە كە لەسەر بنەمای رێككەوتنی ساڵی 2015 داڕێژراوە، بۆیە ناكرێت ئەو پێشنیارانە رەتبكرێنەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: سەرەڕای رەتكردنەوەی ئەو پێشنیارانەی تاران داوا كراوە وڵاتان بەردەوامبن لەهەنگاوی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری پرسی ئەتۆمیی و هاوكات داوا لەتیمی دانوستانكاری ئێران كراوە وردتر لەدۆخەكە بڕوانن و پێداچوونەوە بە داواكارییەكانیاندا بكەن، چونكە ئەو داواكارییانە پەسندناكرێت و بەرلین رەتی دەكاتەوە. ئیسرائیل مۆتەكەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران رۆژی سێشەممە (30) نۆڤەمبەر رۆژێك دوای دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ڤیەننا، یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەكۆشكی ئەلیزە لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا كۆبووەوەو بە راشكاوانە رایگەیاند ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە رێگەی گورزی سەربازییەوە راگیرێت. دیدارەكەی ماكرۆن و لاپید لەكاتێكدا بوو كە رۆژی دووشەممە (29) نۆڤەمبەر هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی خولی حەوتەمی دانوستانەكانی ڤیەننا، ماكرۆن لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران، رایگەیاند دەبێت تاران خۆی لەگەڵ دۆخی دانوستانەكاندا بگونجێنێت. وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دوای كۆبوونەوەكەی ماكرۆن و لاپید لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند تەلئەبیب وڵاتانی لەمەترسییەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران ئاگادار كردووەتەوەو جەختی لەبەردەوامیی سزاكانی سەر ئەو وڵاتەو بەكارهێنانی هەڕەشەی سەربازیی لەدژی تاران كردووەتەوە، چونكە لەئێستادا دەنگ و هەڵوێستی ئیسرائیل لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە باشتر دەبیسترێت. لەلایەكی دیكەوە رۆژی شەممە (4/12/2021)، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و سەرۆكی دەزگای مۆساد بەمەبەستی گەیاندنی زانیاریی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران سەردانی واشنتۆنیان كردو هاوكات نەفتالی بێنێت، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەلێدوانێكدا داوای كرد توندترین هەنگاوی توند لەدژی ئێران بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە دانوستانەكان بۆ كڕینی كات و وەرگرتنی باج لەدژی وڵاتانی جیهان بەكارنەهێنێت بەمەبەستی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمیی. بێنێت جەختی لەوە كردەوە؛ ئێران دەبێت باجی سەرپێچییە ئەتۆمییەكانی بدات و دەبێت لەوە تێبگات ناكرێت هاوكات لەگەڵ دانوستانە ئەتۆمییەكان ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی بەرز بكاتەوە. ئیسحاق هێرزوك، سەرۆكی ئیسرائیل لەپەیامێكی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند؛ تەلئەبیب پێشوازیی لەهەر هەنگاوێكی دیپلۆماسیی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكی ئێران دەكات، بەڵام وڵاتەكەمان بەمافی خۆی دەزانێت ئازاد بێت لەبەكارهێنانی هەر بژاردەیەك دژی ئێران. ئەگەرچی ئیسرائیل بەشێوەیەكی فەرمی لەهیچ دانوستانێكی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی جیهاندا بەشدار نییە، بەڵام زیاترین كاریگەریی لەسەر هەڵوێستە نێودەوڵەتییەكان هەیە سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران، بۆیە بێنی گانتز، وزیری بەرگریی ئیسرائیل و دەیڤد بارنیا، سەرۆكی نوێی مۆساد رۆژی شەممە چواری دیسەمبەر سەردانی واشنتۆنیان كرد تا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران كۆببنەوە، هەندێك سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەكەن واشنتۆن بە راوێژ لەگەڵ تەلئەبیب پلانی (بی) لەدژی تاران ئامادەدەكەن. گۆڤاری زێ سپێكتیتۆر (The Spectator) ی بەریتانی ئاشكرای دەكات، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل كە بە(مۆساد) ناسراوە، لە سێ ساڵدا بە هاوكاریی (10) زانای ئەتۆمیی لەناوخۆی ئێراندا سێ گورزی گەورەی لەبەرنامەو وێستگە ئەتۆمییەكەی ئێران وەشاندوەو لەئێستاشدا ئەو زانا ئەتۆمییانەی ئێران لەشوێنێكی پارێزراودان. گۆڤارەكە لەژمارەی رۆژی پێنجشەممە (2/12/2021) نووسیویەتی: مۆسادی ئیسرائیل لەماوەی (18) مانگداو بەهاوكاریی (10) زانای ئەتۆمیی لەناوخۆی ئێران و بەبەشداریی زیاتر لەهەزار شارەزای هەواڵگریی و تەكنیكی لەناوخۆی ئیسرائیل سی پلانی سەركەوتوویان لەدژی وێزگە ئەتۆمییەكانی ئێران ئەنجامداوە كە بریتی بوون لەتەقاندنەوەی بەشێك لەوێزگەی ئەتۆمیی نەتەنز لەنزیك شاری ئەسفەهان و كوشتنی موحسین فەخری زادە، زانای ئەتۆمیی ئێران كە بەباوكی ئەتۆمیی و بەرنامەی موشەكیی ئێران دەناسراو لەگەڵ بەدەستهێنانی سەدان لاپەڕە لە راپۆرتی نهێنی ئەتۆمیی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە. بەرپرسانی ئیسرائیل جەختیان لەوە كردووەتە سەرجەم هەنگاوەكانی وڵاتەكەیان دژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لەچوارچێوەی پلانی (جی)یە كە لەداهاتووشدا بەردەوام دەبێت تا راگرتنی تاران و دەستبەرداربوونی ئەو وڵاتە بۆ گەیشتن بەبۆمبی ئەتۆمیی. بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوە كردووە؛ لە (15) ساڵی رابردوودا پێنج تەقینەوەی بەهێز لەسەرجەم وێزگە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكە روویداوە كە زیانی گەورەی لێكەوتووەتەو سەرەڕای ئەو پێنج تەقینەوە بەهێزەش ژمارەیەك تەقینەوەی بچووك روویداوە كە زیانەكانیان بەرچاوو كاریگەر نەبووە. ئێران دڵنیایی لەئەمریكا دەوێت حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە (6/12/2021) رایگەیاند كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر پێشنیاری عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی دەستی كردووەتەوە بەدانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا دەستپێكردووەتە و بەهیچ رێككەوتنێكی دیكە جگە لەناوەڕۆكی رێكەوتنی ئەتۆمیی ساڵی (2015) لەنێوان ئێران و وڵاتانی (5+1) رازی نابێت و دەبێت سەرجەم بەرژەوەندییە دەستنیشانكراوەكانی ئێران لە رێككەوتنەكەدا جێبەجێ بكرێت كە یەكێكیان نەمان و لابردنی سزا نێودەوڵەتییەكانە دژی تاران. ئەگەرچی تیمی دانوستانكاری ئەمریكا بەفەرمی لەناو هۆڵی كۆبوونەوە تایبەتەكانی دانوستانی ئێران و وڵاتانی (5+1) بەشداریی ناكات، بەڵام سەرجەم پەیامەكانیان لە رێگەی وڵاتانی دیكەوە دەگاتە ئێران و ئەو وڵاتەش بەهەمان شێوە داواكارییەكانی دەگەیەنێتە تیمی دانوستانكاریی ئەمریكا، ئەوەش وایكردووە دانوستانەكان زۆر بخایەنێت و تیمی دانوستانكاری ئەمریكاش ناڕەزایەتی خۆیان لەو گفتوگۆیانە دەربڕیوەو رایانگەیاندوە ئەو شێوازە لەدانوستان كاتێكی زۆر دەكوژێت، بەڵام سەرەڕای ئەو دۆخەش كۆماری ئیسلامی ئێران لە دوو پاكێجی پێشنیاری خۆیدا داوای كردووە ئەمریكا دڵنیایی بدات بەئێران كە جارێكی دیكە هاوشێوەی ساڵی (2018) لە رێككەوتنی ئەتۆمیی ناكشێتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل: تەلئەبیب وڵاتانی لەمەترسییەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران ئاگادار كردووەتەوە و جەختی لەبەردەوامیی سزاكانی سەر ئەو وڵاتەو بەكارهێنانی هەڕەشەی سەربازیی لەدژی تاران كردووەتەوە هاوكات نوێنەری چین لەدانوستانەكانی ڤیەننا كە وڵاتەكەی بەپشتیوانی ئێران دەزانێت بەئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە؛ ئاستی داواكارییەكانی تاران بەراورد بەداواكارییەكانی سەردەمی حكومەتی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشوی ئێران مایەی سەرسوڕمانە چونكە بەشێوەیەكی بەرچاو داواكارییەكانی تاران بەرزبووەتەوە. رۆیتەرز ئاماژەی بەوەكردووە نوێنەری چین دوای كۆبوونەوەی یەكەمی خولی حەوتەمی دانوستانەكانی ڤیەننا سێ كاتژمێر لەگەڵ تیمی دانوستانكاری ئێران كۆبووەتەوە و رایگەیاندووە دەبێت تاران داواكارییەكانی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نێودەوڵەتیی رێكبخات نەوەك تەنها لەگەڵ وڵاتێك یان تەنها لەبەرامبەر ئەمریكادا، بەپێی زانیارییەكانی ئەو ئاژانسە نوێنەری چین سەرسوڕمانی لەهەڵوێست و داواكارییەكانی ئێران دەربڕیوە. چین بەبێ لەبەرچاوگرتنی سزاكانی ئەمریكا لەدژی ئێران، رۆژانە زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل نەوتی لەئێران كڕیوەو ئەوەش یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی ئابوریی وڵاتەكە بەتەواوەتی هەرەس نەهێنێت. ئێران داواكاریی زۆرو پاشەكشێی گەورە ئەگەرچی ئێران رایگەیاندوە جگە لەهەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزاكان و دڵنیایی وەرگرتن لەواشنتۆن بەهیچ جۆرە پێشنیارێكی دیكە رازی نابێت، بەڵام دۆخی ئابوریی ئەو وڵاتەو پرۆژەیاسای ئەو وڵاتە ئاماژەیە كە رەنگە پاشەكشێی گەورە بكات، چونكە نرخی هەر دۆلارێك لەبودجەی ساڵی داهاتوودا بە (23) هەزار تمەن و نرخی هەر بەرمیلێك نەوتیش بە (40) دۆلار خەمڵێنراوە و پێشبینیشی كردووە كە ئاستی فرۆشی نەوتی رۆژانەشی زیاتر بێت لەهەزار و (200) بەرمیل. ئەگەر رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) زیندو نەكرێتەوە ئەوا ئێران ناتوانێت لانیكەمی پلانی بودجەی ساڵی داهاتوو بەدیبهێنێت لەكاتێكدا ساڵی رابردوو زیاتر لە(11) ملیار دۆلار كورتهێنانی بودجەی هەبووە، بۆیە پێدەچێت لەداهاتووداو لەژێر كاریگەریی هەڕەشەی سەربازیدا پاشەكشێی گەورە بۆ ئەمریكا بكات جگە لەبەرنامە ئەتۆمییەكەی رێكەوتنێكی دیكە لەسەر بەرنامە موشەكییەكەی لەگەڵ ئەمریكا بكات. تاران هیچ پاشەكشەیەك لەداواكارییەكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەكان ناكات و ئەمریكا داهاتی ئێرانی لە (100) ملیار دۆلارەوە بۆ هەشت ملیار دۆلار دابەزاندوەو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر دۆلارێك لە (27) هەزار تمەنەوە بۆ (32) هەزار تمەن
کاکەلاو عەبدوڵا جارێکی تر ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆی لەبەرگێکی نوێدا پیشانداو ئەمجارە دەیەوێت تاقیکردنەوەیەکی قورستری مرۆڤایەتی بکات بەسەرهەڵدانی لەجۆرێکی نوێدا کە ئۆمیکرۆنە. ئۆمیکرۆن بووەتە جێی ترسی زۆربەی وڵاتان و تائیستا چەندین وڵات رێکارەکانی خۆپارێزییان تووندتر کردووتەوە و گەشتەکانیان سنوردارکردووە. رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەم جۆرە نوێیە بەجۆرێکی «نیگەرانکەر» وەسف دەکات چونکە «چەند بازدانێک تێیدا روویداوە کە وادەکەن کاریگەری هەبێت لەسەر مامەڵەی ڤایرۆسەکە، لەوانە تا چەند بەئاسانتر دەگوازرێتەوەو تووندی نەخۆش خستنی چەندە». ئەوەی زانایانی زیاتر تووشی گومان و ترس کردووە ئەوەیە کە ئەم جۆرە رەنگە توانای خۆدزینەوەی هەبێت لە ڤاکسینەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام بەشێک لەزانایان دەڵێن رەنگە تواناکەی سنوردار بێت و نەتوانێت بەتەواوی لەڤاکسین خۆی بدزێتەوە. توانای گواستنەوەو تووندیەتی ڤایرۆسەکە ئەم جۆرە لە ٢٥ی مانگی رابردوو لەباشوری ئەفریقا دەستنیشانکراو لەو کاتەوە زیاتر لە ١٢ هەزار حاڵەت بەتەنها لەوڵاتەکەدا تۆمارکراوە. بەتەنها دوو هەفتە لە دەستنیشانکردنی لەزیاتر لە ٤٠ وڵاتدا بڵاوبووتەوە کە ماوەیەکی کورتە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە بەراورد بەجۆرەکانی تر. زانایان باس لەوە دەکەن هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر ڤایرۆسەکە چونکە داتاو ئەزمونی زیاتر پێویستە تا بگەنە دەرئەنجامێکی یەکلاکەرەوە لەسەر جۆرە نوێیەکە، بەڵام بەپێی ئەو توێژینەوانەی تائێستا کراون دەرکەوتووە ئۆمیکرۆن ئاستی گواستنەوەی بەرزە، بەڵام توندیەتی ڤایرۆسەکە کەمە، بۆیە کەسانی تووشبوو کەمتر تووشی ناڕەحەتی و ماندوێتی دەکاتەوە. بەپێی توێژینەوەیەکی ئەنجومەنی توێژینەوەی پزیشکی ئەفریقای باشور، حاڵەتەکانی ئۆمیکرۆن مامناوەندن و زیاتر کەسانی گەنج تووش دەبن. توێژینەوەکە دەریخستووە بەشێکی زۆری ئەو کەسە گەنجانەی تووش بوون پێویستیان بەئامێری ئۆکسجین نەبووەو لەگەڵ تووشبون بەکۆرۆنادا حاڵەتێکی تری پزیشکییان هەبووە، بۆیە داغڵی نەخۆشخانە کراون. لەبارەی دەرئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیەوە ئەنتۆنی فاوچی، راوێژکاری باڵای پزیشکی کۆشکی سپی، رایگەیاند کەدەرئەنجامەکانی دڵخۆشکەرن. «هەرچەندە ئێستا زۆر زووە بۆ ئەوەی قسەی یەکلاکەرەوەی لەسەر بکرێت، بەڵام تا ئێستا وا دەرناکەوێت ئاستێکی گەورەی تووندی تووشبوونی لەگەڵدا بێت»، فاوچی وای وت. فاوچی وتیشی، «بەڵام دەبێت وریابین پێش ئەوەی بڵێین کە کەمتر تووندە یان کەس تووشی حاڵەتێکی تووند ناکات بە بەراورد بەدەلتا، بەڵام تائێستا ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە دڵخۆشکەربن». بەڵام بەپێی نوێترین توێژینەوە، ئەم جۆرە نوێیە توانای گواستنەوەی زۆر زیاترە بە بەراورد بەجۆری یەکەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمەش وایکردووە ترسێکی زۆر لەجیهاندا دروست ببێت و تائێستا زیاتر لە ٥٥ وڵات رێکارەکانی خۆپارێزی و گەشتکردنیان تووندترکردووتەوەو بەشیکیشیان گەشتەکانیان لەگەڵ چەند وڵاتێکی ئەفریقی وەستاندووە. لەهەیینی رابردوودا پهیمانگای نیشتیمانی ئهفریقای باشور بۆ نهخۆشییه گوازراوهكان یەکەمین توێژینەوەی خۆی لەبارەی ئۆمیکرۆنەوە بڵاوکردەوەو رایگەیاند «ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن دهبێته هۆی بڵاوكردنهوهی شهپۆلێكی بههێزی تووشبوون، كه تهنانهت ئهو كهسانهی سیستەمی بهرگری جەستەیان بههێزه، ناتوانن دهربازیان بێت و سیستەمی بهرگری جەستەیان بهرههڵستی ڤایرۆسهكه ناکات.» توێژەرانی توێژینەوەکە لێکۆڵینەوەیان لە دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار حاڵەتی تووشبوون کردووە لەئەفریقای باشور لە ئازاری ٢٠٢٠ەوەو تێیدا دەرکەوتووە زیاتر لە ٣٥ هەزار حاڵەت دووبارە تووشبوونەتەوە. لەو ٣٥ هەزار حاڵەتە دەرکەوتووە دووبارە تووشبونەوە لەجۆری دەلتا و بێتا کەمترن بە بەبەراورد بەجۆری یەکەم کە لە وهان بڵاوبوویەوە، بەڵام دەرکەوتووە مەترسی تووشبوونەوە دوو ئەوەندە زیاترە لە شەپۆلی ئۆمیکرۆندا بە بەراورد بەشەپۆلی یەکەمی وهان. ئایا ئۆمیکرۆن دەتوانێت خۆی لەڤاکسین بدزێتەوە؟ زاناکان لەسەر وەڵامی ئەم پرسیارە کۆکن کە ئەویش ئەوەیە بەڵگەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئۆمیکرۆن بە بەراورد بەجۆرەکانی تر توانای خۆدزینەوەی لەسیستەمی بەرگری هەیە. «ئەوەی تا ئیستا ئێمە دەیزانین، دەتوانین بە متمانە بەخۆبوونەوە بڵێین ئۆمیکرۆن توانای باشتری هەیە لەتووشکردنەوەی ئەو کەسانەی پێشتر تووش بوون و پارێزگارییان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە»، فرانکۆ بالۆو، بەڕێوبەری پەیمانگەی جێنەتیک لەزانکۆی لەندەن ئەمەی بەگاردیانی بەریتانی وت. «ئەوە تەواو روون و چاوەڕوانکراو بوو لەو گۆڕانکارییانەی دەستنیشانمان کردووە لەپێکهاتەی پرۆتینەکەیدا، ئەم گۆڕانکارییانەش وادەکەن بەربەست زیاتر دروست ببێت بۆ دژەتەنەکان تا کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکە بکەن»، بالۆو وای وت. توێژینەوەکەی پەیمانگەی نیشتمانی ئەفریقای باشور گەیشتووەتە هەمان دەرئەنجام و ئەوەی دەرخستووە کە ئۆمیکرۆن توانایەکی بەهێزی هەیە لەخۆدزینەوە لە سیستەمی بەرگری مرۆڤ. لەتوێژینەوەکەدا هاتووە، «ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن توانایهكی لهڕادهبهدهری ههیه لهگۆڕینی شێوهی پڕۆتینهكهی خۆی و بهرەنگاربوونهوهی بهرگری جەستە به بهراورد بهڤایرۆسی كۆرۆناو جۆرەکانی تری». لەبارەی کاریگەری ڤاکسین لەسەر ئۆمیکرۆن لهتوێژینهوهكه ئەوە خراوەتەڕوو، «پرسیاری توێژهران هێشتا بهبێ وهڵام ماوهتهوه، دهربارهی ئهوهی ئایا ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن دهتوانێت بهرههڵستی تهواوی ئهو ڤاكسینانه بكات كه تاوهكو ئێستا بهرههم هێنراون». هاوکات سارا گیڵبێرت، زانایانی ڤاکسین و یەکێک لەدروستکەرانی ڤاکسینی ئەسترازێنێکای بەریتانی، رایگەیاند «هەندێ گۆڕانکاری هەیە کە رەنگە وابکات ئەو دژە تەنانەی لەلایەن ڤاکسینەوە دەکرێنە جەستەوە کەمتر کاریگەرییان هەبێت لەبەرامبەر رێگە گرتن بەتووشبوون بەجۆری ئۆمیکرۆن». لەلایەکی ترەوە هەندێک زانا باس لەوە دەکەن کە راستە ئۆمیکرۆن توانای خۆدزینەوەی هەیە لە سیستەمی بەرگری، بەڵام ئەم توانایەی سنوردارەو لەسەدا سەد ون نابێت. «ئەگەرێکی زۆر کەم هەیە ئەم جۆرە بەتەواوی لەڤاکسین خۆی ون بکات، ئەو ڤاکسینانەی هەمانە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەرن دژی جۆرەکانی ترو ئێمە پێویستمان بەداتاو ئەزمونی زیاترە تا بیسەلمێنین ئاستی پارێز چەندەیە لەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە.» هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هیچ دامەزراوەیەکی تەندروستی تائێستا راینەگەیاندووە کە بەتەواوی ئۆمیکرۆن بتوانێت خۆی بدزێتەوە لەڤاکسین، بەڵام بەرهەمهێنەرانی ڤاکسین دەڵێن ئەگەر ئۆمیکرۆن وەک جۆرێکی «دەربازبوو لە ڤاکسین» دیاریکرا ئەوا دەتوانن پێکهاتەی ڤاکسینەکانیان بگۆڕن تا ئۆمیکرۆن بکەنە ئامانج. کۆمپانیای فایزەرو باینۆتێک رایانگەیاندووە کەئەگەر ئۆمیکرۆن بەجۆرێکی دەربازبوو لە ڤاکسین دیاریکرا ئەوا لەماوەی ١٠٠ رۆژدا ڤاکسینیكی تایبەت بەو جۆرە بەرهەم دەهێنن. کۆمپانیای مۆدێرناش دەڵێت دەتوانێت ڤاکسینێکی تایبەت بەرهەم بهێنێت لەماوەی سێ مانگدا بۆ تاقیکردنەوە. بەڵام بەشێک لەزانایان دەڵێن وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسین، یان ژەمی بەهێزکەر، «ئاستی بەهێزکردنی دژەتەنەکان لەدژی هەموو جۆرەکان بەرز دەکاتەوە. «هەموو باوەڕەکان بۆ ئەوە دەچن کەئەگەر ژەمی سێیەم وەربگریت ئەوا لانیکەم جۆرێک لەجۆرەکان پارێزگاریت دەبێت و بەئەگەرێکی زۆرەوە لەنەخۆشی سەخت دوور دەبیت، تەنانەت لەنەخۆشی تووندی ئۆمیکرۆنیش»، فاوچی لەکۆنفرانسی رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکۆشکی سپی وای وت. بەڵام بەشێکی تر لەزانایان دەڵێن ئەو ڤاکسینانەی ئێستا هەیە بۆ جۆری یەکەم دروستکراوەو رەنگە بۆ جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا هێندە کاریگەری نەبێت. «پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر بەردەوام بیت لەبەکارهێنانی ڤاکسینێک کە بۆ بەرپەرچدانەوەی جۆرێکی کۆن دروستکراوە، ئایا ئەمە توانای تۆ سنوردار ناکات لەوەڵامدانەوەی بەرگریت لەبەرامبەر ڤایرۆسێک کەزۆر جیاوازە لەجۆرەکەی پێش خۆی؟» پاوڵ ئۆفیت، شارەزایەکی ڤاکسین، ئەمەی بە ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی وت. ئۆفیت باسی لەوەشکرد کە ئەمە دیاردەیەکی پزیشکییەو بوونی هەیە کاتێک سیستەمی بەرگری مرۆڤ پشت بە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی دەبەستێت لەگەڵ ڤایرۆسێکدا و هەندێکجار ئەمە سەردەکیشێت بۆ بەرپەرچدانەوەیەکی لاوازتر کاتێک رووبەڕووی جۆرێکی تری ڤایرۆسەکە دەبێتەوە.
مەزهەر كەریم جبس، یەكێكە لەو خواردنانەی منداڵان رۆژانە دەیخۆن كەیەكێكە لەهۆكارەكانی نەخۆشییەكانی دڵو شەكرەو گورچیلەو شێرپەنجەو تێکدانی هاوسەنگی جەستەو زوو توڕەبوونیان. بەهۆی بازاڕی ئازاد لەهەرێمی كوردستاندا دەیان كۆمپانیا لە رێگەی وڵاتانەوە جبس كەچەندین جۆری جیاوازی هەیە دەهێندرێتە هەرێمی كوردستانەوە، سەرەڕای بوونی كوالێتی كۆنترۆڵ، بەڵام پسپۆرە خۆراكییەكان باس لەزیانەكانی دەكەن بەتایبەت بۆ منداڵان. دكتۆر بینایی كامەران پسیۆڕی زانستی خۆراكو سەرۆكی هوبەی خۆراك لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» جبس بەهەموو جۆرەكانیەوە، لەپێكهاتەكەیدا زیاد لەحەد دورە لەتەبیعیو پێكهاتەكانی ناو جبسەكە، زۆر زۆر دەسكاری كراوەو هەرجۆرە خواردنێكیش زۆر دەسكاری بكرێت هیچ بەهایەكی كانزاییو ڤیتامینیو خۆراكی تێدا نامێنێت». ناوبراو باسی لەوەشكرد كە جبس زیان بەخشە لەڕووی ئەو خوێو چەوریو موادی حافیزەیەی تێیدەكرێت یان ئەو قرمە قرمەی، كەپێی دەوترێت (ئەدیكتف ) هۆرمۆنێك دەجوڵێنێت لەمێشكدا وادەكات بەردەوام ئەو منداڵە حەزی لێی دەبێتەوە، هەر كاتێكیش منداڵ دەیخوات ئەوە رێگری دەكات لەخواردنە سودبەخشەكانی دیكەی وەك میوەكان. ئەو پسپۆڕەی خۆراك ئەوەشی دووپات كردەوە خواردنی جبس زیانبەخشە بۆ خانەكانی جەستە كەڕێژەی شەكر لەجەستەدا زیاددەكات. وتیشی:»بەپێی كات هۆكارە بۆ نەخۆشی شێرپەنجەو نەخۆشیەكانی دڵو قەڵەوییو لاوازی جەستەو گورچیلەو دواخستنی گەشەی مێشكیو زوو هەڵچونو توڕەبوون لەكاتە جیاوازەكانداو نەخۆشییەكانی دیكە لەمنداڵاندا». هەروەها ئەو پسپۆرەی خۆراك لەبارەی رێنمایی و بەكارنەهێنانو نەخواردنی جبس لەلایەن منداڵانەوە پێیوابوو كە ئەمساڵو ساڵانی رابردووش وەك لیژنەی تەندروستی قوتابخانەكان رێنماییان دەركردووە بۆ فرۆشگای قوتابخانەكان، كەنابێت جبس بفرۆشن، بەڵام بەداخەوە لەدەرەوەی قوتابخانەكانو جێگەكانی دیكەی دەرەوەی قوتابخانە جبس دەفرۆشرێت، بۆ ئەوەش لەڕێگەی كۆبوونەوەو محازەرەوە، لەگەڵ مامۆستای قوتابخانەكان كۆبوونەتەوە تا هۆشیاری بدەینە قوتابیانو كەسوكاری قوتابیان تا جبس نەخۆن. جبس سەرەڕای زیانە زۆرەكانی یەكێكە لەخواردنە جیهانییەكان، ئەكادیمیای زانستی ئەمریكی بۆ تەندروستی منداڵان بەخراپترین خواردن هەژماركردووە. رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» خۆراكی جبس لەسەرجەم وڵاتان دەخورێت و ناتوانرێت رێگری لێبكەین تەنیا لەوكاتەدا دەتوانین رێگری لێبكەن كە بەكتریای زیانبەخشی تێدابێت و لەپشكنیندا دەرنەچووبێت و پێكهاتەكانی بەسەرچووبێت». بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی پێشیوابوو كە»جبس وەك بەكارهێنانی جگەرەو ساردی وایە»، نموونەی ئەوەی هێنایەوە كە چۆن بەخەڵك دەڵێن لەساردی خواردنەوە دوركەونەوە، بەڵام ناتوانن قەدەغەی بكەن. بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دەڵێت:» وەك چاودێری بازرگانی ئەو نووسراوانەی بۆمان دێت لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستییەوە ئەو جبسەی رەنگیان پێوەیە سەرجەمیان قەدەغە كراون، چونكە رەنگێكی ئاسایی نیە». سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت:» لەگەڵ ستافی تەندروستی باسمان لەوە كردووە، خواردنی جبس چی بۆ منداڵو گەورەش خواردنێكی ئاسایی نیە بەهۆی ئەو شێوازە لەبەرهەمهێنانو ئەو جۆرە گۆڕانكاریەی لەپێكهاتەكەیدا روودەدات، گەر بەدەست من بێت حەزناكەم یەك جبس لەشارەكەماندا هەبێت». «وەك چاودێری بازرگانی ئەو نووسراوانەی بۆمان دێت لەبەڕێوەبەرایەتی تەندروستییەوە ئەو جبسەی رەنگیان پێوەیە سەرجەمیان قەدەغە كراون، چونكە رەنگێكی ئاسایی نیەو پێكهاتەی كیمیایی هەیە لەڕەنگەكەدا، هەربۆیە رێگەپێدراو نیە، بەڵام بەپێچەوەوانەوە رەنگی رووەكی رێگەپێدراوە لەبەكارهێنانی جبسدا»، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی وای وت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم باجیان لەسەر جبس زیادكردووە لەپێناو كەمترین بەكارهێنان و خواردنیدا. ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بۆ هەموو جبسێك بەبێ جیاوازی وێنەی حیمایەی مونتیجی بۆ دانراوە واتا لەسەدا 5% گومرگ دەكرێت». ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە كە»لەسەدا 90% باجمان لەسەر جبس زیاد كردووەو بەنرخێكی گران دەهێندرێتە بازاڕەكانی هەرێم، ئەمەش وایكردووە بەڕێژەیەكی كەم هاوردەی هەرێم دەكرێت». هاوكات، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئەوەشی روونكردەوە كە تائێستا هیچ نووسراوێكیان لەوەزارەتی تەندروستییەوە پێنەگەیشتووە بۆ ئەوەی جبس قەدەغە بكرێت.
شاناز حەسەن نەقیب محەمەد سەدان كێشەی خێزانی لەبەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان چارەسەر كردووە ئەو شەوەش بۆ چارەسەری خێزانی لەگەڵ چەند پۆلیسێكدا رۆیشتووە، بەڵام بەفیشەك وەڵامیانداوەتەوە شەوی 4 لەسەر 5ی ئەم مانگە نەقیب محەمەد لەتیف بەدەنگ تەلەفونی هاواری ژنێكەوە دەچێت كە داوای كردووە فریای بكەون و ئەویش لەگەڵ چەند پۆلیسێكدا دەچێت بەدەم داواكارییەكەوە. نەقیب محەمەد لەگەڵ مەفرەزەیەكی پۆلیس كە پێكهاتووە لەدوو پۆلیس و شۆفێرەكە لەنوسینگەی رۆژهەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان لەلایەن داواكراوێكەوە هێرشیان كرایەسەر و لەئەنجامدا نەقیب محەمەد لەتیف شەهید دەكرێت و دوو پۆلیس بریندار دەكرێن. نەقیب محەمەد خێزاندارەو باوكی كچێكە و مانگێكی دیكە خێزانەكەی منداڵی دووەمی دەبێت. خەسرەو سایە، خاڵی نەقیب محەمەد، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» خوشكەزاكەم بەردەوام بەدوای كێشەكانی ژنانەوە دەڕۆیشت و دەیویست تادەتوانێت چارەسەری كێشە خێزانیەكان بكات و تاوانبار بەسزا بگەیەنێت». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە تائێستا بە سەدەها كێشەی ژنان و خێزانی و كۆمەڵایەتی چارەسەر كردووەو نموونەی ئەو حاڵەتانەش لەم دوو رۆژی پرسەیەیدا بەڵگەبوون كە چەندەها خێزان بەچاوی پڕ گریانەوە لەگەڵیان بەشداربوون و گێڕاویانەتەوە كە چۆن نەقیب محەمەد هاوكاریان بووە بۆ رێككەوتنەوە و دڵسۆزانە كاری كردووە. خەسرەو سایە باسی لەوەشكرد كە تائێستا سەرقاڵی پرسەن، لە رۆژانی داهاتوودا دەبێت بزانن بەرپرسان پلانیان چییە بۆ تاوانبارانی كوشتنی كوڕەكەیان. خاڵی نەقیب محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە پێیان گەیشتووە كە تاوانبارەكان چوونەتە ئێران و «هەڵاتوون». « نەقیب محەمەد تاكە كەیس نیە لەم شێوەیەو رۆژانە لەم كۆمەڵگەیەدا كەخەڵك لەژێر سایەی حكومەت و دەسەڵاتێكدا دەژی كە هیچ وەڵامێكی پێنیە بۆ داخوازی و پێداویستیەكانی ژیانی خەڵك، ناتوانێت ئەمنیەتی نەك كۆمەڵگە بەڵكو كارمەندەكانی خۆشی بپارێزێت»، خاڵی نەقیب محەمەد وای وت. خەسرەو سایە پێشیوابوو كە ئەوە چەند ساڵە دیاردەی ژن كوشتن و توندوتیژی هەر هەیە و یەكێكە لەو گرفتانەی بەقەدەر دەرماڵەو موچە لەناو خەڵكدا هەیەو قوربانیانی ئەم توندوتیژیە لەماوەی ئەم سی ساڵەدا لەژمارەی قوربانیانی هەڵەبجە و ئەنفال زیاترە. مقەدەم هیوا كەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بەداخەوە ئەوەی باسدەكرێت راست نیە كە هەر پەیوەندیەك بكرێت و ژنێك بڵێت فریام كەون، بەڵكو ئەمە كەیسێك بووەو ماوەیەكە لەبەڕێوەبەرایەتیەكەمان بووە، كەسەكە فەرمانی دەستگیركردنی هەبووەو فەرمانەكەی بۆ دەرچووە». وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئەوەشی روونكردەوە، ئەوەی جێگەی پرسیارە لێرەدا چۆن كەسێك بۆ كەیسێكی ئاوا بچووك تاوانێكی وا گەورە ئەنجام دەدات، چونكە لەزۆربەی حاڵەتەكانیاندا دادوەر چەند رۆژێك كەسەكە تەوقیف دەكات و دواتر ئازاد دەكرێت. مقەدەم هیوا كەریم وتیشی:» خاوی ئەم جۆرە كەیسانە دەگەڕێتەوە بۆ كاری دادوەرەكان كە تەنیا لەهەفتەیەكدا سێ رۆژ ئەم كەیسانە رادەپەرێنن لەكاتێكدا رۆژانە ئەم كەیسانە دێنە لامان و ژمارەیان زۆر زۆرە». كەیسەكانی ژنان و توندوتیژی بەرامبەر ژنان روویان لەزیادبوونەو رۆژانە كەیسی لەم جۆرە دەچنە بەڕێوەبەرایەتیەكان وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێت:» تاوانبارەكان فەرمانی دادگایان هەیەو لەهەر شوێنێك بن دەستگیر دەكرێن و رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە». نەقیب سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» هەموو ئیجرائاتێك كراوەو بەپێی یاسا هەموو رێكارەكان گیراوەتەبەر بۆ دەستگیركردنی تاوانبارەكان، بەڵام لەكاتێكدا تاوانبار نادیار بوو، ئێمە شەوو رۆژمان كردۆتەسەر یەك و بەردەوامین لەگەڕان و لەكەسوكاریان زیاتر حەزدەكەین دەستگیربكرێن». ناوبراو وتیشی:» ئەو ماڵە كوڕێك و دایك و باوكێكی تێدا بووەو فەرمانی گرتن بۆ هەرسێكیان دەرچووە لەلایەن دادوەرەوە». وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی جەختی لەوەكردەوە زانیارییان نیە چووبنە ئێران و وتی:» هەندێك ئیجرائات هەیە وا ئاسان نیەو ناتوانرێت بیڵێیت فەرموو ئەو كەسەم بۆ دەستگیربكە، بەڵكو وردەكاری دەوێت دەبێت بەپلانی وردەكاری یاساو داتاو زانیاری بێت». سەركەوت ئەحمەد پێشیوابوو ئەو كەیسە ئەوەندە ئاسان بووە كە تەنیا ئەو داواكارە بچوایە بنكە لەوانەیە بەتەعاهودێك ئازاد بكرایەو دادوەر ئازادی بكردایە، بۆیە كەئەمە روویداوە دەبێت تاوانبارەكان خۆیان راستییەكە ئاشكرابكەن بۆ ئەم كارەیان كردووە. تووێژەرێكی دەروونی: دواكەوتنی كەیسەكان و زۆر مانەوەیان یاری لەگەڵ ژیان و دەروونی داواكارو داوالەسەركراو دەكات هێمن جەزا، تووێژەری دەروونی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» دواكەوتنی ئەم جۆرە كەیسانە و زۆر هاتن و بردنی كەسەكان وا دەكات یاری لەگەڵ دەروونی نائارامی كەسەكە بكرێت و كێشەكە بەشێوەیەكی نەخوازراو بتەقێتەوە». ئەم تووێژەرە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كەیسە خێزانیەكان زۆر هەستیارن و بەپێویستی دادەنێت حكومەت و پەرلەمان و لەناو دادگاكاندا بەجددی كار بۆ راپەڕاندنی ئەو جۆرە كەیسانە بكرێت، بۆ ئەوەی نەمێننەوەو كێشەكان ئاڵۆزتر نەبێت.
عەمار عەزیز دوای پشكنین و ناسینەوەی 41 رووفاتی ئێزیدی لەپزیشكی دادی بەغداد تەواو بوو، وابڕیارە پێش سەری ساڵ لەمەراسیمیكی شایستەدا لەگۆرٍستانی گوندی كۆجۆ بەخاك بسپێردرێن . گروپی داعش دوای داگیركردنی موسڵ لەساڵی 2014 پاش ماوەیەك قەزای شەنگالی داگیركردو هەزاران كەسی لەناوبردو سەدان كەسی دیكەش تائێستا بێسەروشوێنن. سیروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەر بەوەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «پزیشكی دادی بەغدا پرۆسەی پشكنین و ناسینەوەی بۆ 41 رووفاتی تری ئێزیدی تەواو كردووە كەسەرجەمیان ئێزیدین و خەڵكی سنوری قەزای شەنگالن، بڕیارە پێش سەری ساڵی نوێ رەوانەی گۆڕستانی كۆجۆ بكرێن». ناوبراو باسی لەوەشكرد كەئەوەی جێگای نیگەرانیانە بەرپرسانی فەرمانگەی شەهیدانی بەغداو گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەتاكلایەنە بڕیار لەسەر كاتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و هێنانەوەی رووفاتەكان دەدات بەبێ ئەوەی ئاگاداریان بكات یان پرس و راوێژیان پێبكرێت لەكاتێكدا بەپێی یاساو پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەبێت بەغداو هەرێم پێكەوە بڕیار بدەن . سیروان جەلال وتیشی: «سەرەتای هەڵدانەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شەنگال تیمێكی هاوبەش و نیشتیمانیمان هەبوو، بەغداو هەرێم پێكەوە كارەكەیان دەكرد، بەڵام چەند رۆژێكە فەرمانگەی شەهیدان و گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەبێ ئەوەی پرس بەئێمە بكەن دەستیان بەهەڵدانەوەی ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵ كردووە، هەرچەندە ئێمە زۆر حەزدەكەین تەواوی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئەو قەزایە هەڵبدرێنەوە، بەڵام كارەكە بەهاوبەشی بكرێت ئەنجامەكەی زۆر باشتر دەبێت. هاوكات، خەیری عەلی، بەرپرسی رێكخراوی ئێزیدی بۆ دۆكیومێنتكردنی بەڵگەنامەكان بۆ هاوڵاتى ئەوەی خستەڕوو كە تەنها لەدوو هەفتەی رابردوو لەسنوری قەزای شەنگال پێنج گۆڕی بەكۆمەڵ لەگوندی (عەین فەتح)ی سەر بەناحیەی قەیرەوان لەسنوری قەزای شەنگال لەلایەن رێكخراوەكەیان دۆزرایەوە. هەروەها باسی لەوەشكرد كە لە 2ی كانوونی یەكەم فەرمانگەی بەرگری شارستانی شەنگال هەڵسان بەدەرهێنانی 10 رووفات لەناو زێرابێكدا لەسنوری ناحیەی گردعوزێردا بوون. خەیری عەلی وتیشی: «ژمارەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شەنگال گەیشتووە 90 گۆڕی بەكۆمەڵ، تائێستا بەشێكیان هەڵدراونەتەوە، ژماریەكی زۆریش ماوە كەهێشتا هەڵنەدراونەتەوە». بەرپرسی رێكخراوی ئێزیدی بۆ دۆكیومێنتكردنی بەڵگەنامەكان، داوا لەدەزگا پەیوەندیدارەكانی عێراق دەكەن پەلە بكەن لەهەڵدانەوەی گوڕە بەكۆمەڵەكان و پشكنینەكان لەسەر رووفاتەكان تا بەزووترین كات بەخاك بسپێردرێن.
عەمار عەزیز دوای پشكنین و ناسینەوەی 41 رووفاتی ئێزیدی لەپزیشكی دادی بەغداد تەواو بوو، وابڕیارە پێش سەری ساڵ لەمەراسیمیكی شایستەدا لەگۆرٍستانی گوندی كۆجۆ بەخاك بسپێردرێن . گروپی داعش دوای داگیركردنی موسڵ لەساڵی 2014 پاش ماوەیەك قەزای شەنگالی داگیركردو هەزاران كەسی لەناوبردو سەدان كەسی دیكەش تائێستا بێسەروشوێنن. سیروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەر بەوەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «پزیشكی دادی بەغدا پرۆسەی پشكنین و ناسینەوەی بۆ 41 رووفاتی تری ئێزیدی تەواو كردووە كەسەرجەمیان ئێزیدین و خەڵكی سنوری قەزای شەنگالن، بڕیارە پێش سەری ساڵی نوێ رەوانەی گۆڕستانی كۆجۆ بكرێن». ناوبراو باسی لەوەشكرد كەئەوەی جێگای نیگەرانیانە بەرپرسانی فەرمانگەی شەهیدانی بەغداو گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەتاكلایەنە بڕیار لەسەر كاتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و هێنانەوەی رووفاتەكان دەدات بەبێ ئەوەی ئاگاداریان بكات یان پرس و راوێژیان پێبكرێت لەكاتێكدا بەپێی یاساو پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەبێت بەغداو هەرێم پێكەوە بڕیار بدەن . سیروان جەلال وتیشی: «سەرەتای هەڵدانەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شەنگال تیمێكی هاوبەش و نیشتیمانیمان هەبوو، بەغداو هەرێم پێكەوە كارەكەیان دەكرد، بەڵام چەند رۆژێكە فەرمانگەی شەهیدان و گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەبێ ئەوەی پرس بەئێمە بكەن دەستیان بەهەڵدانەوەی ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵ كردووە، هەرچەندە ئێمە زۆر حەزدەكەین تەواوی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئەو قەزایە هەڵبدرێنەوە، بەڵام كارەكە بەهاوبەشی بكرێت ئەنجامەكەی زۆر باشتر دەبێت. هاوكات، خەیری عەلی، بەرپرسی رێكخراوی ئێزیدی بۆ دۆكیومێنتكردنی بەڵگەنامەكان بۆ هاوڵاتى ئەوەی خستەڕوو كە تەنها لەدوو هەفتەی رابردوو لەسنوری قەزای شەنگال پێنج گۆڕی بەكۆمەڵ لەگوندی (عەین فەتح)ی سەر بەناحیەی قەیرەوان لەسنوری قەزای شەنگال لەلایەن رێكخراوەكەیان دۆزرایەوە. هەروەها باسی لەوەشكرد كە لە 2ی كانوونی یەكەم فەرمانگەی بەرگری شارستانی شەنگال هەڵسان بەدەرهێنانی 10 رووفات لەناو زێرابێكدا لەسنوری ناحیەی گردعوزێردا بوون. خەیری عەلی وتیشی: «ژمارەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شەنگال گەیشتووە 90 گۆڕی بەكۆمەڵ، تائێستا بەشێكیان هەڵدراونەتەوە، ژماریەكی زۆریش ماوە كەهێشتا هەڵنەدراونەتەوە». بەرپرسی رێكخراوی ئێزیدی بۆ دۆكیومێنتكردنی بەڵگەنامەكان، داوا لەدەزگا پەیوەندیدارەكانی عێراق دەكەن پەلە بكەن لەهەڵدانەوەی گوڕە بەكۆمەڵەكان و پشكنینەكان لەسەر رووفاتەكان تا بەزووترین كات بەخاك بسپێردرێن.
هاوڵاتى گەرەکی حەنانە لە نەجەف کەماڵی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدری لێیە، بووەتە شوێنێکی یەکلاییکەرەوە لەپێکهێنانی حکومەتی عێراقدا، لەکاتێکدا کەناوچەی سەوزی بەغدای پایتەخت پێگەی سیاسی عێراقەو سەرجەم دامەزراوە یاسایی و دەستووریەکانی لێیە. لەتازەترین پێشهاتدا دوێنێ سێشەممە، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ناوچەی حەنانەی لە نەجەف کردو لەگەڵ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر کۆبووەوەو تاووتوێی پێکهێنانی حکومەتی عێراقیان کرد. بڕیارە سبەینێش موقتەدا سەدر لە نەجەف لەگەڵ چوارچیێوەی شیعە جارێکی تر کۆببێتەوە. سەدرو نەتەوە یەکگرتووەکان لە نەجەفەوە داوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن دەکەن نووسینگەی رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند لەکۆبوونەوەی نێوان موقتەدا سەدرو نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق، کە کۆبوونەوەکە لە حەنانەی نەجەف سازدرا، جێنین بلاسخارت وتوویەتی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق سەرکەوتوو بووەو کۆمیسیۆنیش لەکارەکەیدا سەرکەوتوو بووە. نووسینگەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوەو رایگەیاند «موقتەدا سەدر، پێشوازیی لە جێنین پلاسخارت کردووە و هەردوولا باسیان لە پێویستی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەبێ دواکەوتن لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە کردووەو دواخستنیشیان بە نەگونجاو زانیوە». جێنین بلاسخارت، باسی دۆخی سیاسیی عێراقی کردووە و ستایشی هەڵمەتی سەدرییەکانی لەهەڵبژاردنی پەرلەمان کردووە». هەروەها وتوویەتی ئاساییە لەهەڵبژاردن سەرکەوتوو و دۆڕاو هەبێت و ئەوەش واتای راستەقینەی هەڵبژاردنە. نووسینگەی رێبەری رەوتی سەدر راشیگەیاندووە ئەو هاریکارییە هونەرییەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەسەر داوای مەرجەعیەت و موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدرو حکومەتی عێراق و چەندین لایەنی دیکەی سیاسیی بووە. جێنین بلاسخارت، هەروەها وتوویەتی «کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبردنێکی باش و سەرکەوتووانەی بۆ هەڵبژاردنەکە لەڕووی هونەرییەوە هەبووە». ئەو کۆبوونەوەیەی موقتەدا سەدر لەگەڵ بلاسخارت دوای ئەوە دێت، کە سەدر کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە رەتکردەوە کە بڕیاربوو دوێنێ سێشەممە لەماڵەکەی خۆی لە نەجەف، بەڕێوەبچێت لەبری ئەوان لەگەڵ بلاسخارت کۆبووەوە. لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کە لەهەڵبژاردندا شکستیان هێنا، جێنین هێنیس پلاسخارت بەدەستوەردان لەکاروباری عێراق و کاریگەری دروستکردن لەسەر گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن، تۆمەتبار دەکەن. دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، هەموو لایەنە عەرەبییە شیعەکان (جگە لە رەوتی سەدر)، خۆیان لە بەرەیەکدا بەناوی (ئیت چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە) رێکخست و ناڕەزایی خۆیان بە ئەنجامەکان راگەیاندو داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجامانەیان کرد. رۆژی 30-11-2021، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقی ئاشکرا کرد، کەهەڵبژاردنەکە لە رۆژی 10-10-2021 بەڕێوەچووو رەوتی سەدر بە بەدەستهێنانی 73 کورسی، بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە. سەردانەکەی جێنین بلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بۆ نەجەف لەدوای کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر دێت لەگەڵ لایەنە ناڕازییەکان لەئەنجامی هەڵبژاردن، کە لەپڕۆژەیەکدا بەناوی «چوارچێوەی هاوئاهەنگی» خۆیان رێکخستووە. لەلایەکی ترەوە موقتهدا سهدر سهرۆكی رهوتی سهدر داوایهكی ئاراستهی سهركردهكانی چوارچێوهی ههماههنگی كردووهو بڕیارە كۆبوونهوهیهكی نوێ له حەنانەی شاری نهجهف ئهنجامبدهن. ئهحمهد كینانی ئهندامی كوتلهی سادیقون رایگهیاند «سهدر داوایهكی فهرمی ئاراستهی سهركردهكانی چوارچێوهی ههماههنگی كردووه بێنه شاری نهجهف بۆ ئهوهی كۆبوونهوهیهكی نوێ ئهنجامبدهن وهك درێژكهرهوهی كۆبوونهوهكهی چهندڕۆژی رابردووی شاری بهغدا.» راشیگهیاند «بڕیاره كۆبوونهوهكه له چهندڕۆژی داهاتوودا ببهسترێ و تائێستاش دیار نییه سهركردهكانی چوارچێوهی ههماههنگی وهڵامیان بۆ داوای كۆبوونهوهكهی سهدر دهبێت یان نا.» ئهحمهد كینانی راشیگهیاند «به ئهنجامدانی ئهم كۆبوونهوانه ماڵی شیعه زیاتر لهیهك نزیكدهبنهوه و ناكۆكییهكانیش بهلاوه دهنرێن، بێگومان هیچ كێشهو ناكۆكییهك چارهسهر نابێت بهبێ دانیشتن و لێكتێگهیشتن». چهندڕۆژێك پێش ئێستا موقتهدا سهدر سهرۆكی رهوتی سهدر لهبهغدا سهردانی ماڵی هادی عامری سهرۆكی هاوپهیمانی فهتحی كردبوو و لهوێ لهگهڵ سهركردهكانی چوارچێوهی ههماههنگی كۆبووهوهو پرسی ئهنجامهكانی ههڵبژاردن و پێكهێنانی حكومهتی نوێ و دۆخی ئێستای عێراق لهبوارهكانی ئهمنی و سیاسی و ئابووری تاووتوێ كرابوو. سیناریۆکانی پێکهێنانی حکومەت چوارچێوهی ههماههنگی كه زۆرینهی لایهن و هێزه سیاسییهكانی شیعه لهخۆدهگرێت، دوێنێ سێشهممه سیناریۆكانی بۆ پێكهێنانی حكومهتی نوێی عێراق ئاشكراكردو بڕیاریشه رۆژی پێنجشهممه، لهكۆبوونهوهیهكی دیكهی چوارچێوهكهو رێبهری رهوتی سهدر، بڕیار لهسهر یهكێك لهسیناریۆكان بدرێت. محهمهد سههیود، سهركرده لهئیئتیلافی دهوڵهتی یاسا كه بهشێكه لهپێكهێنهرهكانی چوارچێوهی ههماههنگی رایگهیاند، سیناریۆی زۆر ههیه بۆ پێكهێنانی حكومهتی نوێی عێراق، لهوانهش رهوتی سهدر و هێزه سیاسییهكانی كوردو سوننه كوتلهی گهورهتر پێكبهێنن كه ئهمه مهحاڵه، لهبهرئهوهی سوننهو كورد بهفهرمی رایانگهیاندوه كه لهگهڵ یهك لایهنی شیعه هاوپهیمانی پێكناهێنن. وتیشی «سیناریۆی دیكه ئهوهیه كه چوارچێوهی ههماههنگی لهگهڵ سوننهو كورددا هاوپهیمانێتی بكهن، ئهوهش قورسه، بهڵام نزیكترین سیناریۆ كه بهچارهسهر دادهنرێت رێككهوتنی هێزهكانی چوارچێوهی ههماههنگی و رهوتی سهدره لهسهر حكومهتێكی تهوافوقی زۆرینهی هێزه سیاسییهكان، ههربۆیهش حكومهتێكی تهوافوقی زۆرینهیهكی نیشتمانی گشتگیرتره«. ئهو سهركردهیهی دهوڵهتی یاسا ئهوهشی خستهڕوو، له چهندڕۆژی داهاتوو سیناریۆی زاڵ لهسهر ئهرزی واقع جێبهجێدهكرێت بهتایبهتی دوای كۆبوونهوهی سهركردهكانی چوارچێوهی ههماههنگی لهگهڵ موقتهدا سهدر رێبهری رهوتی سهدر لهنهجهف و ئهگهریشی ههیه ئهو كۆبوونهوهیه پێنجشهممه بهڕێوهبچێت. رهوتی سهدر لهههڵبژاردنه پهرلهمانیهكهی 10ی (تشرینی یهكهم/10)ی ئهمساڵ، توانیویهتی 73 كورسی پهرلهمانی بهدهستبهێنێت، بهڵام لایهنه شیعیهكانی دیكه بههۆی بهدهستهێنانی رێژهیهكی كهمی كورسی بهراورد بهههڵبژاردنهكانی رابردوو، ناڕهزایهتیان بهرامبهر ئهنجامهكان دهربڕیوهو كوتلهیهكیان لهژێر ناوی «چوارچێوهی ههماههنگی» پێكهێناوه. لەهەولێرو نەجەف و بەغدا جووڵەی سیاسی هەیە عیزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراقی، دوێنێ سێشەممە لەتویتێکدا رایگەیاند لەبەغدا، هەولێرو نەجەف هەوڵی بەردەوامی بەرپرسیارانە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق هەیە. تویتەکەی عیزەت شابەندەر دوو رۆژ دوای سەردانەکەی هات بۆ هەولێر کە لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبووەوە. عیزەت شابەندەر دەڵێت «ئەو هەوڵانەی لەبەغداو هەولێرو نەجەف هەن پشتیوان بەخوا بەرەو باشتر دەڕوات و کاتێک گەورەکان قسە دەکەن بچووکەکان بێدەنگ دەبن». شابەندەر هەروەها نووسیویەتی «سەرکردایەتی قەدەرەو هونەرەو پۆست شمشێرە. شمشێریش لەدەستی پاڵەوان نەبێت کارناکات»، لەکۆتاییشدا پەندێکی عەرەبی بەنموونە دەهێنێتەوەو دەڵێت «ئەگەر بۆ کەسی دیکە بەردەوام بووایە نەدەگەیشتە دەستی تۆ»، وەک ئاماژەیەک بۆ لایەنە شیعەکان. هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق چڕتربوونەتەوە بەتایبەت دوای چەند رۆژێک لە راگەیاندنی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە 10-10-2021 بەڕێوەجوو. کە لەئیستادا لەسەر ئەوە ماوە لەلایەن دادگەی باڵای فیدڕاڵییەوە پەسەندبکرێت. رۆژی سێشەممە 30-11-2021 جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی راگەیاند. بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان، رەوتی سەدر براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە بە 73 کورسی، دواتر هاوپەیمانیی تەقەدووم 37 کورسی و دەوڵەتی یاسا 33 کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستان 31 کورسی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 19 کورسی و هاوپەیمانیی فەتح 17 کورسییان بەدەستهێناوە.
شاناز حەسەن خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان لەهەرێمی كوردستان بۆ داواكردنی دەرماڵەكانیان گەیشتە ئەنجام و حكومەتی هەرێم بڕیاریدا مانگانە حەوت ملیار دینار بخرێتە سەر بودجەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ پاڵپشتی دارایی كە»دەرماڵە» بۆ خوێندكاران تێیدا جێگیر كراوە. خۆپیشاندانەكانی خوێندكاران لەزانكۆو پەیمانگاكانی سلێمانی كە چەندین جار شەقامە سەرەكییەكانی شاریان كۆنترۆڵ دەكرد، فشاریان لەسەر حكومەتی هەرێم دروستكرد كە بەهۆی باشبوونی دۆخی داراییەوە پێویستە دەرماڵەكانیان بۆ خەرج بكرێت كە لەساڵی 2014 بەبڕیاری حكومەتی هەرێم راگیرابوو. هیوا بەكر، خوێندكاری قۆناغی سێی بەشی ماتماتیكە لەزانكۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەگەڵ بوونی سەدان كێشە لەبەشی ناوخۆیی و هاتوچۆ كردنی خوێندكاراندا، بەڵام لەخۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبین تا بەڵێنی گەڕاندنەوەی مافە سەرەكیەكەی خۆمان پێدەدەن كە دەرماڵەیە». هەروەها خوێندكارێكی دیكە لەزانكۆی كۆیە ئاماژە بەوە دەدات، تەنیا بە مەرجی وەرگرتنی دەرماڵە دەچنەوە هۆڵەكانی خوێندن. بورهان مستەفا، خوێندكاری زانكۆی كۆیە، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:»دابینكردنی پێداویستی بەشە ناوخۆییەكان ئەركی هەموو حكومەت و زانكۆكانەو دەبێت دابینی بكەن، بەڵام داواكردنی دەرماڵە مافی ئێمەیەو دەبێت پێمان بدرێت». هاوكات نیشتیمان عومەر، لە زانكۆی راپەڕین لە رانیە، هاوڕابوو لەگەڵ هاوڕێكانی و وتی:» تا وەرگرتنی دەرماڵە ناچینەوە هۆڵەكانی خوێندن، لەگەڵ ئەوەی دەرماڵەكانمان پارەیەكی كەمە، بەڵام ئێمە داوای زیادكردنی ناكەین، تەنیا داوا دەكەین ئەو مافەمان بۆ بگێڕنەوە». سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە وەزارەتەكەیان داوای فەرمی لەئەنجومەنی وەزیران كردووە دەرماڵە بۆ خوێندكاران دابین بكات بۆ ئەمساڵیش بڕەكەی ئاشكرا دەكات كەپێویستیان بە 70 ملیار دینار دەبێت. دكتۆر توانا نەجەف، سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئەو بڕە پارەیەی كە دیاریكراوە بۆ خوێندكاران پێشبینیمان وایە بەشی دەرماڵە دەكات». سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم لەبارەی شێوازی دەرماڵەو بڕەكەیەوە وتی:»هەر بڕە پارەیەك خەرج بكرێت پێویستە رێنمایی دارایی لەپشتەوە بێت، بۆ سەرجەم خەرجیەكان بەدەرماڵەشەوە، كەواتە كۆتا رێنمایی دارایی كە تاساڵی 2014 كاری پێكراوەو وەستێنراوە، هەر ئەو رێنماییە داراییە هەیە». ناوبراو زیاتر روونیكردەوەو وتی:» ئەمڕۆ چوارشەمە تیمێكی ئێمە دەچێتە وەزارەتی دارایی و دەبێت وردەكاری ژمارەی تەواوی خوێندكارەكانمان لابێت و لەگەڵ وەزارەتی داراییش بزانین بە رێنماییە كۆنەكە كاربكەین یان رێنمایی تازە دەردەچێت». توانا نەجەف، ئاشكراشی كرد:» كە لەساڵی نوێی 2022 واتا لە 1ی 1ی ساڵی داهاتوو ئەم بڕیارە كاری پێدەكرێت».