هاوڵاتی  خۆپیشاندانی لایەنگرانی موقەتەدا سەدر لە شاری بەغداد بەردەوامەو تا بێت ژمارەی خۆپیشاندەران زیاتر دەبێت و دژی هەنگاوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگین بۆ پێكهێنانی حكومەت و دەڵێن چاوەڕوانی فەرمانی سەدر دەكەن. لەچەند رۆژی رابردوودا خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدر دژی كاندیدكردنی محمد شیاع سودانی كاندی چوارچێوەی هەماهەنگی بوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام ئێستا داواكارییەكانیان بەرزكردوەتەوەو دەڵێن: رێگەنادەین چوارچێوەی هەماهەنگی حكومەت پێكبهێنێت. هاوكات رەفیق ساڵحی سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت: "ئێمە كاندیدی خۆمان (محمد شیاع سودانی) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ناگۆڕین"، و وتیشی: "چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە كورد دەكات لە هەفتەی داهاتوودا لەسەر یەك كاندید رێكبكەون بۆ تێپەڕاندنی پۆستی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت".  هاوكات شیروان دووبەردانی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە عێراق رایگەیاند: " بە دوو كاندیدی سەرۆك كۆمار ناچینە ناو هۆڵی پەرلەمان و مەسعود بارزانی بڕیاریداوە بەهیچ شێوەیەك سینارێوی 2018 دوبارە نابێتەوە".

هاوڵاتی     کوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی یەکێک لەکۆڵەکە نەگۆڕەکانی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیایە. ئەو دەوڵەتە لەڕۆژی دامەزراندنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ بە بەردەوامی و لەچواەچێوەی پلانێکی وردی ئەمنی، سیاسی، ئایدۆلۆژی و هەواڵگریدا هەمیشە هاووڵاتیانی مەدەنی و بێ دیفاع و بێ چەکی کۆمەڵکوژ کردووە.  هەموو جومگەکان و دامەزراوەکانی وەک حکومەت، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەزگای هەواڵگری، سوپا، پۆلیس، دادگا، راگەیاندن، ئۆپۆزسیۆن، سەرمایەدارەکان و هاوبەشانی بازرگانی و سیاسی و ئابوریی دەوڵەتی تورکیا لەناوخۆی تورکیا و لەناوچەکە و ئەوروپاو جیهان یەک دەنگ و لەپێناو کوشتارکردنی هاووڵاتیانی مەدەنیدا پاڵپشت و یارمەتیدەرو داپۆشەرو پاکانەکاری دەوڵەتی تورکیا بوون.  هیچ حکومەت و حزبێکی دەسەڵاتدار لەتورکیادا نییە، کە بەشداریی لە پرۆسەی جینۆساید و کوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنیدا نەکردبێت. جا بەشداریکردنەکەی بەشێوەی سەربازی، یان راگەیاندن و پاساوهێنانەوە، یان بێدەنگە لێکردن بووبێت هیچ جیاوازییەکی نییە، چونکە لەیەکێک لە رەهەندەکانەوە بەشداریی لەتاوانی دژ بەمرۆڤایەتیدا کردووە. لەمێژووی دەوڵەتی تورکیادا دەیان کۆمەڵکوژی و سڕینەوەو پاکتاوکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی دەبینرێن. هەموو کۆمەڵکوژیەکان لەڕوانگەی نەتەوەپەرستی تورکی و ئیسلامی تورکییەوە بە بەکارهێنانی ئەوپەڕی توندوتیژی و ترسناکرترین شێوازەکانی کوشتن و سڕینەوەی ئیتنی و ئایینی ئەنجامدراون. نەریتی کوشتارکردن و کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەعوسمانییەکانەوە بە شێوەیەکی وردو رێکوپێک گواستراوەتەوە بۆ دەوڵەتی تورکیا، چونکە مێژووی دەوڵەتی عوسمانی پڕە لەکوشتار، کۆمەڵکوژی، تاڵانی، داگیرکاری، توندوتیژیی زۆر بێوێنە و خوێنڕشتنی بەردەوام و بێ راوەستان. دەوڵەتی تورکیای ئەمڕۆ ئەزموون و میراتی کۆمەڵکوژکردنی ئەلبانییەکان، یونانییەکان، بۆسنییەکان، هەنگارەکان، مەجەڕەکان، ئەرمەنییەکان، ئێزدییەکان، سوریانی و ئاشوریەکانی و میرایەتییە کوردیەکانی زۆر بە باشی لەعوسمانیەکانەوە وەرگرتووە، درێژەیان پێدەدات، کاریان پێدەکات، شێوازەکانی ئەنجامدانی دەوڵەمەند دەکات و ئەوپەڕی تەکنەلۆژیا و توندوتیژی و چەکی قورس، ناپاڵم، موشەک، تۆپخانە، چەکی کۆکوژ، فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتو، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، چەکی فسفۆڕی، چەکی کیمیایی، چەکی تیرمۆباریک و چەکی ئەتۆمی تاکیتکی بۆ ئەنجامدانی کوشتارەکانی بەکاردەهێنێت. لێرەدا بەشێک لەو کوشتارو کۆمەڵکوژکردنەی هاووڵاتییانی مەدەنی، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا لەباکووری کوردستان و باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان روویانداوە دەخەینەڕوو.   کۆمەڵکوژیەکانی تورکیا کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییان لەڕاپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیراندا لەشوباتی ١٩٢٥دا دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی راپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیران لەناوچەی پیرانی پارێزگای ئامەد لە باکوری کوردستان بە ٥٢ هەزار سەربازو چەکدارەوە هێرشی کردەسەر ١٥ هەزار چەکداری کوردو لە ئاکامدا جگە لە جەنگی نێوان چەکدارەکان، سوپای تورکیا لەناوچەکانی پارێزگای ئامەدو پارێزگاکانی هاوسنوری ئامەد نزیکەی ٥٢ هەزار هاووڵاتیی مەدەنییان کۆمەڵکوژ کرد.   کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان سوپای تورکیا هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانیدا بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی ئاگری بەسەرۆکایەتیی ئێحسان نوری پاشا، لە رۆژانی ١٢ بۆ ١٣ی تەمموزی ١٩٣٠ هێرشی کردە سەر دۆڵی زیلان لەناوچەی ئەردیشی پارێزگای وان لە باکوری کوردستان و ٥٠ هەزار هاووڵاتیی کۆمەڵکوژکردو ٤٤ گوندی ئەو سنورەشی بە تەواوەتی خاپوورو تاڵان کرد. رۆژی ١٦ی تەمموزی ١٩٣٠ رۆژنامەی جمهوریەت، رۆژنامەی فەرمیی ئەوکاتی دەوڵەت لەبارەی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلانەوە بڵاویکردەوە «ئەو گوندانەی لە دەورووبەری چیای ئاگری پێشوازییان لە یاخیبووەکان دەکرد بە تەواوەتی خاپوورکران و سوتێنران و گوندییەکان گواسترانەوە بۆ ئەردیش. ژمارەی ئەو یاخیبووانەی لەئۆپراسیۆنی زیلاندا لە ناوبران زیاتر لە ١٥ هەزار کەس بوون. تەنها لە بەردەم مەفرەزەیەکدا هەزار کەس کوژران. پێنج یاخیبوو، کە لە دۆڵەکەدا گیریان خواردبوو خۆیان رادەستکرد. شەڕ لەوی بەشێوەیەکی گەورەو فراوان بەڕێوەچوو و دۆڵی زیلان لیپاولیپ پڕ کرابوو لە تەرم». سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی دەوڵەتی تورک عیسمەت ئینۆنو لە ٣١ی ئابی ١٩٣٠ دا بە رۆژنامەی میللیەتی ئەوکاتی راگەیاندبوو «لەوڵاتدا تەنها نەتەوەی تورک مافی هەیە، کە داوای مافە ئیتنیکی و نەژادییەکانی خۆی بکات. هیچ کەسێکی تر ئەو مافەی نییە. ئەوانە  بەپڕوپاگەندەی بێ بنەما فریودراون و رێگایان لێ تێکچووە، تورکە رۆژهەڵاتییەکانن». دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ هەموو هاتۆچۆکردن و سەردانکردنێک بۆ دۆڵی زیلان قەدەغە کرد. دەوڵەتی تورکیا لەساڵی ١٩٧٨دا بەنداوی کۆچ کۆپروی لەدۆڵی زیلان دروستکرد و بەشێکی زۆی لەگۆڕە کۆمەڵەکانی کرد بەژێر ئاوەوە. هەروەها لەساڵی ١٩٨٠دا تورکە قڕقیزەکانی تیادا نیشتەجێ کردو سیاسەتی بەتورککردنی ناوچەکەی بەڕێوەبرد و ئەو تورکە قڕقیزانەشی کرد بە جەردەوان لەدژی کورد شەڕی پێکرد.   کۆمەڵکوژیی دێرسیم دەوڵەتی تورکیا بەسەرۆکایەتیی مەستەفا کەمال ئەتاتورک و عیسمەت ئینونو بۆ سەرکوتکردنی کوردە راپەڕیوەکانی دێرسیم بەسەرۆکایەتیی سەید رەزای دێرسیمدا دەستیانکر بەهێرشکردنە سەر دێرسیم. جگە لەکوژران و لەسێدارەدانی سەید رەزاو هاوڕێکانی، دەوڵەتی تورکیا ٧٠ هەزار هاوڵاتیی مەدەنیی خەڵکی دێرسیمی کۆمەڵکوژکرد. خەڵکی دێرسیممان لەدۆڵەکاندا کۆدەکردەوە و لەئاسمانەوە بۆردمانیان دەکرد، کە سەبیحە گۆکچەی کچی هەڵگیراوەی ئەتاتورک وەک یەکەم ژنە فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا، رۆڵی گەورەی لەکوشتاری هاووڵاتییانی دێرسیمدا بینی. سوپای تورکیا هاووڵاتیانیان لە ئەشکەوتەکاندا کۆمەڵکوژ دەکرد، دەرگای ئەشکەوتەکانیان دەتەقاندەوەو گازی کیمیایی ئەڵمانییان دەکردە ئەشکەوتەکان و بەدوکەڵ ئەشکەوتەکانیان پڕ دەکردو بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییان لەئەشکەوتەکاندا بخنکێن و کۆمەلکوژ بکرێن. ئەشکەوتی کورتوزیکداغ لە دۆڵی ئیسکۆلار، کە ٢ هەزار و ٥٠٠ ژن و منداڵی تیادا بوو، یەکێکە لەو نموونانە. دەوڵەتی تورکیا خۆی باسی ئەوە دەکات، کە ١٣ هەزار و ١٦٠ کەسی مەدەنی لە دێرسیم کوژراون، ئەردۆغان لەو ساڵانەی دەسەڵاتەکەیدا کە پێویستی بەزۆری بە دەنگی کورد داوای لێبوردنی لەو کۆمەڵکوژییە کرد، بەڵام دواتر خۆیشی درێژەی بەسیاسەتەکانی مستەفا کەمال ئەتاتورک و عیسمەت ئنونو لە دژی کورد لە دێرسیم و سەرتاسەری کوردستان دا. جگە لەوانەش دەوڵەتی تورکیا بۆ سڕینەوەی کورد لە دێرسیم ١١ هەزار و ٨١٨ کەسی لە دێرسیم بە زۆر بۆ ناوچە تورکییەکان راگواست و منداڵە دێرسیمیەکانی بە بنەماڵە تورکەکاندا تاوەکو بیانکەن بە تورک.   کۆمەڵکوژیی قەلقەلیی وان ناسراو بە ٣٣ گولـلە خەڵکی گوندەکانی سەر سنووری ناوچەی پایزئاوا و قەلقەلیی پارێزگای وان لەگەڵ پارێزگای ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک نەریتێکی دێرین کاری سەر سنوریان دەکرد، بەڵام ٢٨ی تەمموزی ١٩٤٣دا جەندرمەی دەوڵەتی تورکیا بە فەرمانی ژنەڕاڵ مستەفا موغالی هەڵیکوتایە سەر گوندەکان و ٤٠ کەسیان لە عشیرەتی میلان دەستگیرکرد. بە کەسوکاری دەستگیرکراوەکانیان وتبو، لەدوای دوو بۆ سێ رۆژ ئازادیان دەکەن، بەڵام ٣٣ کەسیان دەبەن بۆ سەر سنوورو کۆمەڵکوژیان دەکەن. ئەو تاوانە بە ناوی ٣٣ گولـلە لەمێژوودا ناوبانگێکی زۆری هەیە. وەک نموونەیەک لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بەهاووڵاتییانی مەدەنی باس دەکرێت.   کۆمەڵکوژیی مەرەش (مەرعەش) دەوڵەتی تورکیا لەچوارچێوەی پلانی شەرق ئیسڵاحاتەکەی لەساڵی ١٩٢٦ەوە کاری بۆ سڕینەوەی کورد لە رۆژئاوای رووباری فورات دەکرد، بەڵام بەهۆی بیری پێشکەوتوخوازی و شۆڕشگێڕی و هۆشیاربوونەوەی خەڵک، ئەو دەوڵەتە نەیدەتوانی هەموو پلانەکانی جێبەجێ بکات، بۆیە بە کردنەوەی دەرگا بۆ نەتەوەپەرستەکان و گروپە میلیشایی و فاشیستەکان دەستیکرد بەکۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتیانی کورد لەمەرەش، کاتێک لەئێوارەی رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨ لە سینەمای چیچەک لەمەرەش فیلمی «زەینەل و ڤەیسەل « نمایش دەکرا، لەناکاو لەسینەماکەدا فیلمێکی نەژادپەرەستەکانی تورک و مەهەپەی هاوپەیمانی ئێستای ئاکەپە و ئەردۆغان بەناوی «رۆژ کەی هەڵدێت» پەخشکرا، کە لەفیلمەکەدا سوکایەتیی زۆر بە کۆمۆنیزم  دەکرا و لە رێگەی فیلمەکەوە پەیامێکیان بۆ چەپەکانی ئەو سەردەمە بڵاوکردەوە. هاوکات لەو ساڵانەدا پەکەکە لەو ناوچانەدا گەشەیەکی بەرچاوی کردبوو. کاتێک گەنجانی نەتەوەپەرست سەیری فیلمەکەیان دەکرد، بۆمبێکی دەنگی کەزیانی زۆر کەمبوو تەقێنرایەوە. قەرەباڵغی سینەماکەی شێواند و یەکێک هاتەدەرەوەو وتی «چەپەکان بۆمبیان هەڵداوەتە سینەماکە». ئەو قسەیە بەخێرایی و لەماوەیەکی کەمدا بەشارەکەدا بڵاوبوویەوە. چەند گروپێک رژانە شەقامەکان و دروشمی «ئێمە عەلەوییەکانمان ناوێت»یان بەرزکردەوە و هەوڵیاندا گەل دنە بدەن. ئەندامانی کۆمەڵەی گەنجانی نەتەوەپەرست (UDG) لە ناوچەکانی ترەوە هێنران بۆ ناو شارەکە و بەو شێوەیە ژمارەی فاشیستەکان زیادیکرد. بەدروشمی «خوێنیشمان بڕژێت سەرکەوتن هەر بۆ ئیسلامە» دەستیان بەهێرشەکانیان کرد. رۆژی دوای ئەوە، فاشیستەکان چەکیان هەڵگرتبوو و دەیانوت «عەلەوییەکان هێرش دەکەن» و بەشێوەی بەربڵاو چەک لەگەڕەکە سونەکاندا بڵاوکرایەوە. لەو کاتە بە دواوە کۆمەڵکوژییە گەورەکە دەستیپێکرد. بەبێ هۆ هێرشیان کردە سەر کۆمۆنیست، چەپەکان و عەلەوییەکان. تێکدان و رووخاندن، ئاگرتێبەردانیان ئەنجام دەداو هەرکەسێکێش بهاتایەتە سەر رێگاکەیان دەیانکوشت. محەمەد لەبلەبیجی سەرۆکی کۆمەڵەی گەنجانی نەتەوەپەرستی قارەمان مەرەش (مەرەش) و موستەفا کانلدەرەیی جێگری، سەرۆکایەتیی ئەو هێرشانەیان دەکرد. دواتر ناوی ئەو کەسانە لە ناو رووداوە سیاسییەکاندا زۆر بیسترا. ئەوەی بۆمبەکەی لە سینەماکەدا تەقاندبووە کەسێک بوو بەناوی ئۆککەش کەنگەر، کە یەکێک لە ئەنجادەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵکوژییەکەی مەرەش بوو، نەک چەپەکان. ئێوارەی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨ بۆمبێک لە قاوەخانەی عەلەوییەکان تەقێنرایەوە. دەیان کەسی بریندار کرد، بەڵام هاووڵاتییان لەترساندا نەیاندەوێرا بڕۆن بۆ نەخۆشخانە. رۆژی ٢١ی کانوونی یەکەم ٢ مامۆستا کوژران. لەمەراسیمی بەخاکسپاردنی مامۆستاکاندا مستەفا یڵدز مەلای مزگەوتی باغلار باش، کە تەرمەکان لەمزگەوتەکەیدا دەبران بۆ گۆڕستان خوتبەیەکی داو وتی «بە رۆژووبوون و بە نوێژکردن مرۆڤ نابێت بەحاجی. کێ عەلەوییەک بکوژێت ئەوەندە خێری دەگات، کە وەک ئەوە وایە پێنج جار چووبێت بۆ حەج. دەبێت هەموو برا ئاینییەکانمان لە دژی حکومەت، کۆمۆنیزم و بێ دینەکان راپەڕن. ئێمە عەلەوییەکان و سونە بێ ئیمانەکان لەدەورووبەری خۆمان پاک دەکەینەوە». و وتیان، «نابێت نوێژ لەسەر تەرمی عەلەوییەکان بکرێت» و هێرشیان کردەسەر تەرمەکان و بەرەو ناوەندی شارەکە رۆیشتن سێ کەسی تریان کوشت. هاوکات نەژادپەرستەکانیان بە لۆری بۆ شارەکە دەهێناو سوپاو جەندرمە رێگایان نەدەدا کەسی تر بڕوات بۆ شارەکە. فاشیستەکان لەهەموو لایەکەوە هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی یەنی محەلە، سەرین تەپە، ماگارالی، قەرەمەرەش و یۆرویوک هەموو گەڕەکە عەلەونیشینەکانی شارەکە. سەرەتا ماڵە عەلەوییەکانیان دیاری دەکرد، یانی دەرگا و دیوارەکەیان بۆیاخ دەکرد یان شتێکیان لەسەر دەنووسی، بە دوای ئەوەدا بەدەستڕێژی گولـلە هێرشیان دەکردەسەر ماڵەکە، بۆمبیان هەڵدەدایە ناو ماڵەکە و ئاگریان تێبەردەداو تاڵانیان دەکرد. لەبەرئەوەی بەهاناوە هاتن و هاوکاری نەبوو، بریندارەکان لەشوێنەکانی خۆیان گیانیان لە دەستدەدا. ئەوانەی هەوڵیان دەدا بچن بۆ نەخۆشخانەکان دەبوونە ئامانجی گولـلەی فاشیستەکان. رێگا نەدەدرا تەرمەکان لەسەر شەقام  و کۆڵانەکان کۆبکرێنەوە. ژن، منداڵ، گەنج، بەتەمەن، دووگیان، نەخۆش و هەموو مرۆڤەکان یەک بەیەک خرابوونە ژێر چەپۆکەی مەرگەوە. بەپێی ئاماری فەرمی، لەو کۆمەڵکوژییەدا ١١١ کەس کوژران، بەڵام بەپێی سەرچاوەی نافەرمی بەلانیکەمەوە ٥٠٠ کەس لەو کۆمەڵکوژییەدا کوژراون. زیاتر لە ٢٠٠ ماڵ و ٧٠ کارگە خاپوورکران. رۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەم ئیتر تەنها یەک عەلەویش لەشارەکەدا نەمابوو. ئەوەی بە زیندوویی رزگاری بوو لەشارەکە رایکردبوو. دوای کۆمەڵکوژییەکەی مەرەش، گۆڕینی دیموگرافیاو باری دانیشتوان لە رۆژئاوای فورات و ناوچەکانی کوردانی عەلەوی، بە شێوەیەکی وردو بەرنامە بۆداڕێژراو بۆ سڕینەوە و پاکتاوکردنی کوردانی عەلەوی بەڕێوەچوو. کوردانی عەلەویی شارەکانی مەرەش، مەلاتییە، سیواس، سەمسوور، ئەرزینجان و دێرسیم و شار و شارۆچکەکانی تر سەدان هەزار کوردی عەلەوی ناچار بوون کۆچ بۆ گەورە شارەکانی تورکیا بکەن و لەوێشەوە لە رێگەی میتەوە دیسانەوە ناچار کران روو لەئەوروپا بکەن. پێش کۆمەڵکوژییەکەی مەرەش لەساڵی ١٩٧٨دا لە رۆژئاوای فورات زۆرینەی دانیشتوان کوردانی عەلەوی بوون، بەڵام دوای کۆمەڵکوژییەکە کوردانی عەلەوی بوونە کەمینە. دۆسیەی کۆمەڵکوژیی مەرەش تاوەکو ساڵی ١٩٩١ بەردەوامیی هەبوو. زیاتر لە ٨٠٠ کەس دادگایی کران. تاوانباری سەرەکیی ئەو کۆمەڵکوژییە ئۆککەش کەنگەر (دواتر ناوی خۆی گۆڕی بۆ شەندیللەر)، هەروەک ئەوەی بەشداریی لەپێکهەڵپژانێکی ئاسایی لە گەڕەکێکدا کردبێت پارێزگاریی لێکرا و ئازادکرا. لەساڵی ١٩٩١ لەلایەن حزبی رەفاوە بۆ پەرلەمان پاڵێورا و بووە پەرلەمانتاری قەهەرەمان مەرەش. ئەو کەسە هەموو کات وەک مەکینەی کۆمەڵکوژی و وەک کەسێکی بکوژ ناوی دەبرا. هاوڕێکانیشی بوونە دەسەڵاتدار. ئونال عوسمان ئاغا ئۆغڵو، هالوک کرجی، بونیامین ئادانالی، ئەحمەد ئەرجومەنت گەدیکلی... هتد. بەپێی بەڵگەکان، ئەوان لەکاتی کۆمەڵکوژییەکەدا لەمەرەشدا بوون، بەڵام ناویان لە دۆسیەی کۆمەڵکوژییەکەدا شاردرایەوە. بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش ئەو دۆسیەیە داخرا.   کۆمەڵکوژیی مادیماکی سیواس دوای ٢ ساڵ لە داخستنی دۆسیی کۆمەڵکوژیی مەرەش ئەمجارە لە ٢ی تەمموزی ١٩٩٣دا رۆشنبیران و هونەرمەندانی عەلەویی بانگهێشتکرا بۆ ئاهەنگی پیر سوڵتان ئابداڵ لە ئۆتێل مادیماکی سیواسدا کۆمەلکوژ کران. ئوتێلی ئەو رۆشنبیرو هونەرمەندانە لەلایەن ئیسلامییەکان و فاشیستەکانەوە بە دروشمی ئەڵاهوکبەر هێرشی کرایە سەر و بە بەنزین و تینەر و بۆمب و دەستڕێژی گولـلە ئاگریان لەئۆتێلەکە و میوانەکانی ناوی بەردا و لەپەخشی راستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا ئەو ٣٣ کەسە کۆمەڵکوژکران. سولەیمان دەمیرڵ سەرۆک کۆماری ئەو کاتی تورکیا لە کاردانەوە بەرامبەر بەو تاوانەدا وتی، «پۆلیس رووبەڕووی گەل نەکەنەوە، وروژاندنێکی گەورە لەگۆڕێدایە». تانسو چیللەر سەرۆک وەزیرانی ئەوکات وتی، «هاووڵاتیانی بەشدار بوو لەڕووداوەکەدا هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە!». ئەرداڵ ئینۆنۆ جێگری سەرۆک وەزانیر وتی، «نیگەران نەبن، هێزە ئەمنییەکان لە رێدان». مەسعود یڵماز سەرۆکی حزبی راستڕەوی دایکی نیشتمان وتی، «پێویست بەگەورە کردنەوە ناکات، دەکرا لەپێشبڕکێیی دوگۆڵیشدا ئەوندە کەس بمرن!». محەمەد قازی ئۆغڵو وەزیری ناوخۆش وتی، «ئۆتێلەکە لەلایەن خاوەنی ئۆتێلەکەوە ئاگری تێبەردراوە».   کۆمەلکوژییەکەی گەڕەکی گازیی ئیستانبول لەدوای کۆمەلکوژییەکانی دێرسیم، مه‌ره‌ش و سیواس ئەمجارە له ١٢ی ئادار ی ١٩٩٥ لە‌گه‌ڕه‌کی گازیی ئه‌سته‌مبۆل قاوه‌خانه‌یه‌ک به‌ناوی (دۆستله‌ر یاوز قارداشله‌ر)، که‌ هاووڵاتیانی عه‌له‌وی هاتوچۆیان دەکرد، درایه‌ به‌رده‌ستریژی گوله‌و له‌ئاکامدا شێخی عه‌له‌وییه‌کان بە ناوی خه‌لیل  کایا کوژراو ٢٥ که‌سی دیکه‌ش برینداربوون .هێرشبه‌ران به‌ ته‌کسییه‌ک له‌ناوچه‌که‌ هه‌ڵهاتن، بەڵام لە دوای هەڵهاتنەکەیان شۆفێری ته‌کسیه‌که‌شیان کوشت و ئاگریان له‌ته‌کسیه‌که‌ به‌ردا . خه‌ڵکی گه‌ڕه‌کی گازی بۆ شه‌رمه‌زارکردنی هێرشه‌کان به‌ره‌و بنه‌کی پۆلیسی گه‌ڕه‌که‌که‌ ده‌ستیان به‌ رێپێوان کرد، بەڵام له‌لایه‌ن هێزه‌کانی پۆلیسەوە ده‌ستڕێژی گولـله‌یان لێکراو که‌سێک به‌ناوی مه‌حه‌مه‌د گوندوز کوژرا . هاووڵاتییان توڕە بوون و لەدژی ئەو تاوانە ده‌یان هه‌زار که‌س بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌ره‌و بنکه‌کانی پۆلیس ده‌ستیان به‌ رێپیوان کرده‌وه، بەڵام پۆلیس دووبارە ده‌ستڕیژی گوله‌ی لێکردنە‌وەو له‌ئاکامدا ١٢ که‌سی دیکه‌ لەهاووڵاتییانیان کۆمه‌ڵکوژ کرد. پاش ئه‌م کۆمه‌ڵکوژیه‌ش هه‌م له‌گه‌ڕه‌که‌که‌ و هه‌م له‌ ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی ئه‌سته‌مبۆل راپەرینی گەل بەردەوام و لەوانەشدا پێنج هاووڵاتی تریش لەلایەن پۆلیسەوە کوژران. بەگشتی ٢٣ که‌س کوژران و سه‌دانی دیکه‌ش برینداربوون. لەدوای دوو ساڵ لە کۆمەڵکوژییەکەو لە‌ساڵی ١٩٩٧ دۆزو سکاڵا لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی گەڕەکی گازیی ئیستەنبول کرایه‌وه، ‌ به‌ڵام دۆزه‌که‌ هیچ ئه‌نجامێکی نەبوو‌. ئەو ٢٠ پۆلیسه‌ی  له‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژییه‌کان دادگایی کران هیچیان سزا نه‌دران و کۆمه‌ڵکوژیه‌که‌ په‌رده‌پۆش کرا.   بێسەروشوێنکردنی ١٨ هەزار هاووڵاتیی مەدەنی و ٦٠٠ گۆڕی بە کۆمەڵی هاووڵاتییان لەساڵانی ١٩٩٠دا دەوڵەتی تورکیا لە بەردەوامیی سیاسەتەکانی بۆ کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتییانی مەدەنی هەزاران گوندی باکووری کوردستانی کاول و خاپور کرد. لەو پرۆسەیەدا زیاتر ١٨ هەزار هاووڵاتیی مەدەنی دەستگیرو بێسەروشوێنکران، بەڵانیکەمەوە ٦٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵی ئەو هاووڵاتیانە دەستنیشانکراون. کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە ٩٥ رۆژنامەنووس لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەوڵەتی تورکیا جگە لەهاووڵاتییانی ئاسایی و ژنان و منداڵانی بێ تاوان ئەو کەسە مەدەنیانەش دەکاتە ئامانج، کە کاری رۆژنامەوانی و چالاکوانی و ژینگەپارێزی و گەنجان دەکەن. لەساڵانی باکووری کوردستان ٧٦ رۆژنامەنووس و کارمەندنی راگەیاندنی رۆژنامەکانی ئۆزگیو گیوندەم و ئولکە و وڵاتی کوشتوە. لە کۆمەڵکوژییەکەی ١٦ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧یشدا لەهەولێر ١٩  رۆژنامەنووس، کە زۆربەی هەرە زۆریان خەڵکی باشووری کوردستان بوون کۆمەڵکوژکران. ئەو رۆژنامەنووسانە لە رۆژنامەکانی وڵات، وڵاتی رۆژ، گۆڤاری رۆژو گۆڤاری ژنی ئازاددا کاریان دەکرد.   کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی فڕۆکە جەنگییە ئێف ١٦ەکانی سوپای دەوڵەتی تورکیا لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١دا کاروانی کاسبکارانی گوندی رۆبۆسکی ناوچەی قلابانی وان بۆردومان کردو ٣٤ کەسی کۆمەڵکوژکردن، کە زۆرینەیان مێردمنداڵ بوون. سەرباری بوونی ڤیدیۆ، بەڵگە، دیمەنی بۆردومانی خودی فڕۆکەکان، وتەی تیمی چاودێریی فڕۆکەخانەکان و کامێراکان، بەڵام هیچ یەک لەفەرمانپێکەران و ئەنجامدەرانی ئەوکۆمەڵکوژییە سزا نەدران.   کۆمەڵکوژیی پرسوس (سروج) هاوکات لەگەڵ بەرەنگاریی بێوێنەی شەڕڤان لەدژی ئەفسانەی تۆقاندن و تیرۆری داعش لەکۆبانێ، فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی گەنجانی سۆسیالیستی حزبی چەوساوەکان ناسراو بەئەسەپە کاروانێکی هاوکاریی مرۆییان لەتورکیاوە بەرەو کۆبانێ بە رێکخست. کاتێک کاروانی ئەو ٣٣٠ گەنجانە لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠١٥دا گەیشتە ناوەندی رۆشنبیریی ئامارا لەناوچەی پرسوس (سروج)ی پارێزگای رحا (ئورفا) لەسەر سنوری کۆبانێ، کاروانەکە لەلایەن خۆکوژێکی داعشەوە کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە ٣٣ چالاکوانی مەدەنیی کۆمەڵکوژ کردو زیاتر لە ١٠٠ کەسی تریشی بریندار کرد. گەرچی ئەو خۆکوژە داعش بووە، کە گەنجانی کردووەتە ئامانج، بەڵام زۆرێک لەسەرچاوەکان و ناوەندەکان باس لەوە دەکەن، ئەو خۆکوژەی داعش بە ئاسانکاری و رێنمانیی دەوڵەتی تورکیا و دەزگای هەواڵگریی ئەو دەوڵەتە ناوسراو بەمیت ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییەی ئەنجامداوە، چونکە جەخت لەوە دەکرێتەوە تورکیا هاوپەیمان و یارمەتیدەری داعشە و بۆ ئەوەش هەموو کارێکی کردووە تاوەکو کۆبانێ بکەوێت و داعش داگیری بکات. لەبەرئەوەش رێگریی لەوە کردووە ئەو گەنجانە هاوکاریی مرۆیی بەکۆبانێ بگەیەنن.   کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەی شەنیاشار لەپرسوس لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨داو هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا، بنەماڵەی ئیبراهیم خەلیل یڵدز پاڵێوراوی ئاکەپە لەو ناوچەیە وەک پیشەی دێرینەیان سەردانی دوکاندارەکان و کاسبکارەکان دەکەن تاوەکو لە ژێر هەڕەشەو گوڕەشەدا دەنگ بەپاڵێوراوەکەی ئاکەپە بدەن، کاتێک کوڕەکانی بنەماڵەی شەنیاشار داواکەیان رەتدەکەنەوە و گرژی دروست دەبێت، دەیان کەس لەخزمان و پاسەوان و کەسوکاری پاڵێوراوەکەی ئاکەپە هێرش دەکەنەسەر دوکانەکەی شەنیاشارەکان و لەوێدا جەلال شەنیاشار دەکوژن و شەڕ روودەدات و ٣ کەسیش لەهێرشبەرەکان دەکوژرێن و نۆ کەس بریندار دەبن. هەروەها محەمەد شەنیاشاری برای جەلال و فەریدو فازڵ بریندار دەبن. کاتێک حاجی ئەسوەد شەنیاشارو ئامینە شەنیاشاری باوک و دایکیان لە هێرشەکە ئاگادار دەکرێنەوە دەڕۆن بۆ دوکانی کوڕەکەیان، بەڵام خەڵک گواستونیانەتەوە بۆ نەخۆشخانە، کاتێک دایک و باوکیان دەڕۆن بۆ نەخۆشخانەی حکومیی پرسوس بۆ هەواڵی کوڕەکانیان، دیسانەوە بنەماڵەی یڵدزی ئاکەپە هێرش دەکەنە سەریان و بەبرینداری جەلال دەکوژن و بەشوشەی بتڵی ئۆکسیجنی نەخۆشخانەکە قوڕگی دەبڕن، هەروەها بتڵی ئۆکسیجن بەسەری حاجی ئەسودی باوکیاندا دەکێشن و ئەویش دەکوژن و بەشوشە قوڕگی دەبڕن. سەرباری ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆی و دەیان شایەتحاڵ هیچ یەک لەتاوانباران و پلاندانەرانی هێرشەکە دەستگیر نەکران و سزا نەدران، کە ژمارەیان ٢٣ کەسە. بەڵام فازڵ شەنیاشاری کوڕی حاجی ئەسوەد لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ٣٧ ساڵ سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە. ئەردۆغان خۆی لەبارەی ئەو رووداوە وتی، «ئەوە بنەماڵەیە تیرۆریستن!» ئیدی لەوکاتەوە کەس ناتوانێت لەسەر ئەو دۆسیەیە قسە بکات و تاوەکو ئێستا شەش داواکاری گشتی بۆ دۆسیەکە گۆڕدراوە. بنەماڵەی شەنیاشار لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢١ەوە لەبەردەم دادگای رحا لەچالاکیدان بۆ دادگای عادیلانەی تاوانباران، بەڵام ئاکەپەو ئەردۆغان تاوانبارەکان دەپارێزن.   کۆمەڵکوژکردنی ئاشتیخوازانی لەبەردەم میترۆی ئەنقەرە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لەلایەن دوو خۆکوژەوە، کە دوو بۆمبیان لەناو ئاپۆرای رێپێوانی «ئاشتی بۆ دیموکراسی» دا لەبەردەمی میترۆی ئەنقەرەدا بەخۆیاندا و ئاشتیخوازاندا تەقاندەوە ١٠٢ کەسی مەدەنییان کۆمەڵکوژکردو زیاتر لە ٢٥٠ کەسی تر لەئاشتیخوازەکان بریندار کرد. ئەو ئاشتیخوازانە ئەندامی حزبی سۆسیالیستی چەوساوەکان و بندەستانن، کە لە ٢٠ تەمموزدا لەکاتی بردنی هاوکاری بۆ کۆبانێ لەلایەن خۆکوژێکی داعشەوە ٣٣ ئەندام و لایەنگرایان کۆمەڵکوژ کرابوون. ئەم کۆمەڵکوژییەش بەهەمان شێوەی ئەو کۆمەڵکوژییەی پرسوس ئەنجامدرایەوە. سەرچاوەی هەواڵیی ئەحوال و ناوەندی هەلومەرج و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا باس لەوە دەکەن، ئەو خۆکوژانەی داعش لەلایەن دەوڵەتی تورکیاو میتەوە پلانیان بۆ دانراوەو ئاڕاستەکراون تاوەکو ئەو کۆمەڵکوژییە ئەنجام بدەن. دۆسیەکە ٣٦ تاوانباری هەیەو ١٩ کەسیان لەزینداندان و هێشتا دەوڵەتی تورکیا یەکلایی نەکردووەتەوە.   کۆمەڵکوژیی ژێرزەمینەکانی جزیر دەوڵەتی تورکیا لەهێرشەکانیدا بۆ سەر شارەکانی باکووری کوردستان لەدوای تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی لەساڵی ٢٠١٥دا، لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥دا هێرشی کردەسەر شارۆچکەی جزیر لەپارێزگای شرنەخ و لەناوەڕاستی ٢٠١٦ دا تەواوی شارۆچکەکەی کۆنترۆڵ کرد. دەوڵەتی تورکیا لە سێ ژێرزەمینی جزیردا ١٣٧ هاووڵاتی و کەسانی مەدەنی، کە لەشارەکەدا مابوونەوە کۆمەڵکوژکرد. زەید عەبدولحسەین ریپۆرتەری ئەوکاتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورکیای ئیدانە کرد. دەڵەتی تورکیاو سوپاکەی لە بەردەوامیی تاوانەکانیدا دژ بەهاووڵاتییانی مەدەنیدا، سەربازەکانی تەرمی هاووڵاتی حاجی لوقمان بیرلیک لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ دا لەشرنەخ بە دوای ئۆتۆمبێلەکەیاندا راکێشا. لە ٤ی کانونی دوەمی ٢٠١٦ هەریەک لە خانمە چالاکوانەکان لەسلۆپی، پاکیزە نایرو سێوە دەمیر و فاتمە ئۆیار-یان گرت و کۆمەڵکوژیان کردن.   کوشتن بەزرێپۆش و کوشتنی منداڵان سوپای و جەندرمەی دەوڵەتی تورکیا جگە لە کوشتن بە چەک و بۆردومان، بەزرێپۆشیش هاووڵاتیان دەکەن بە ژێرەوە و دەیانکوژن، بە گشتی نزیکەی ٧٠ هاووڵاتیی مەدەنییان بەزرێپۆش کردووە بە ژێرەوە و کوشتنیان. هەروەها نزیکەی ٥٢٠ منداڵیان بەتەقە و بۆمب کوشتوە.   گیان لەدەستدان لەزیندانەکاندا دەوڵەتی تورکیا جگە لە زیندانیکردنی نزیکەی ١٢ هەزار کوردو گەنج و چالاکوان و تێکۆشەری سیاسی، لە زیندانەکانیشدا ئەو کەسە مەدەنییانە دەکوژێت. سەرباری ئەوەی زیاتر لە ٨٠٠ زیندانیی نەخۆشیی قورسیان هەیەو دەبێت ئازاد بکرێن، بەڵام ئازادیان ناکەن تاوەکو بەدەم نەخۆشییەوە لەزینداندا گیان لەدەستدەدەن. بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لەنێوان ساڵانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٢دا بە گشتی ٨٧ زیندانی لە زیندانەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە. کۆمەڵەی مافی مرۆڤ رایگەیاندووە، گیان لەدەستدانی ١٧ کەس لەو زیندانیانە «بە شێوەی گوماناوی» بووە.   کوشتنی کەسایەتییەکان وەدات ئایدن، ساواش بوڵدان، موسا عەنتەر، تاهیر ئەلچی و لیستێکی سەدان کەسیی لەو شێوەش لەکەسایەتییەکان هەیە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کۆمەڵکوژ کراون.  

  هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان داوا لە یەكێتی نیشتیمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات بەر لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ڕێكبككەون. هاوكات چوارچێوەكە داواشدەكات پارتی و یەكێتی گفتوگۆو دانوستاندنی زیاتر ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار. چوارچێوەی هەماهەنگی كە لەلایەن ( مالیكی و عامری و خەزعەلی)یەوە ڕابەرایەتی دەكرێت، روونیشیكردۆتەوە، "بەر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆمار، ئارەزوو دەكەین تەواوی هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان بۆ تەواوكردنی ‌رێكارە دەستوورییەكان یەكهەڵوێست بن". لەگەڵا ئەوەی باس لەوەدەكرێت كە سبەینێ‌ شەممە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەكرێت بەڵام تا ئێستا یەكلایینەبوەتەوە كە ئایا كۆبونەوەی پەرلەمان دەكرێت یاخود نا؟.  

هاوڵاتی رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند: "لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 32 كەس لەناو زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارەدراون كە ژمارەیەك ژنیان لەناودایە.  بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی كە ئەمڕۆ هەینی 29-7-2022 بڵاوكراوەتەوە: "لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 32 كەس لەناو زیندانەكانی ئێران لەسێدارەدراون كە سێ كەسیان ژن بوون و بە تاوانی كوشتنی هاوژینەكانیان سزادراون.  رێكخراوەكە ئاشكراشیكرد: "لەسێدارەدان لەناو زیندانەكانی ئێران رووی لە هەڵكشان كردووە" رێكخراوەكە باسی لە سێدارەدانی سوهەیلا ئابادی دەكات، كە بەپێی رێكخراوەكە بە 15 ساڵی بەشوودراوە و دوای 10 ساڵ بەهۆی ناكۆكیی خێزانییەوە، هاوژینەكەی خۆی كوشتووە. رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران باس لە بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان و كوشتن لەو وڵاتەدا دەكات و دەڵێت: "هەژاری و دۆخی سەختی ئابووری، پاڵنەری سەرەكیی زیادبوونی تووندوتیژین لە نێو كۆمەڵگەدا." بەپێی ڕاپۆرتێكی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، بەشی زۆری سزادراوان بە تاوانی سیاسی گیراون و 146 كەس كە بە تاوانی كوشتن دەستگیركرابوون لەو شەش مانگەدا سێدارەدراون و ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "لە 6 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 251 كەس لە گرتوخانەكانی ئەو وڵاتە لەسێدارەدراون".

  هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند:" ئەمریكا لەدروستكردنی حكومەتی نوێی عێراقیدا دەستوەرنادات".  نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند: " وڵاتەكەی لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەكانیدا لەپەیوەندی بەردەوامدایە بەڵام لەدروستكردنی حكومەتی نوێی عێراقیدا دەستوەردان ناكات". وتیشی:"وڵاتەكەی هاوكاری لەگەڵ هەر حكومەتێكی عێراقیدا دەكات كە سەروەری و سیادەی خۆی و بەرژەوەندی گەلەكەی بپارێزێت". هاوكات داواشی لەلایەنە سیاسییەكان كرد، "دانبەخۆیاندا بگرن و پەنانەبەنە بەر توندوتیژی لەخۆپیشاندانەكاندا". نزیكەی 10 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمان لەعێراقدا كراوە بەڵام تاوەكو ئێستا حكومەتی نوێ پێكنەهاتووە.  

هاوڵاتی  ئیسماعیل قائانی فەرماندی سوپای قودسی ئێرانی سەردانی بەغداد دەكات و چوارچێوەی هەماهەنگیش سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەت بەسەر دوو بۆچوندا دابەش بوون، و رەوتی سەدریش دەڵێت: ئەوەی لە ناوچەی سەوز رویدا تەنها سەرەتایە.   ئەو سەرچاوانەی ئاشنان بە گفتوگۆكانی ناو هاوپەیمانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" لە بەغداد بە رۆژنامەی (عەرەبی جەدید)یان راگەیادووە: "ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی ڕۆژی چوارشەممە سەردانی بەغدادی كرد بۆ بەدەستهێنانی ڕێكەوتن لەناو هاوپەیمانێتییەكە لەسەر پێكهێنانی حكومەت كە دوو تێڕوانینی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا بۆ دەركەوتووە."  ئەندامێكی دیاری ڕەوتی سەدریش، كە داوای كرد ناوی نەهێنرێت بە بە (عەرەبی جەدید)ی رایگەیاندووە:" ئەوەی لە ناوچەی سەوز ڕوویدا تەنیا سەرەتایەكە و پێویستە لەوە تێبگەن كە رەوشەكە چۆن دەبێت ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی و كاندیدكردنی كەسایەتیەكی داكۆكیكاری حزبی (لە حزبی دەعوە) بۆ سەرۆك وەزیران پاشگەز نەبێتەوە". شەوی رابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند: "لە ئەمڕۆ هەینیەوە دەست بە دانوستان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەكەین و بڕیارمانداوە تیمی دانوستانكار دروست بكەین"  

هاوڵاتی عەمار مونعیم بەرپرسی نوسینگەی محەممەد شیاع سودانی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتیدەكاتەوە كە سودانی لە كاندیدبوون كشابێتەوە. عەمار مونعیم راگەیاند: "هەواڵی داوای لێبوردنی محەمەد شیاع سوودانی لە راسپاردنی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوورە لە راستی و ئەوەی بڵاوكراوەتەوە بۆ شێواندنی دۆخەكەیە"، وتیشی: " محەمەد شیاع سودانی سورە لەسەر ئەوەی كارەكانی تەواو بكات". ئەو لێدوانەی بەرپرسی نوسینگەكەی سودانی دوای ئەوە هات، ژمارەیەك میدیای عێراقی بڵاویانكردەوە كە ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی داوی لێبوردنی كردووە لەو ئەركەی پێ سپێرداوە و چوارچێوەی هەماهەنگی ئاگاداركردوەتەوە كە نایەوێ ببێتە سەرۆكوەزیرانی وڵات. دوێنی لە شاری بەغداد لایەنگرانی موقتەدا سەدر خۆپیشاندنی فراوانیان دژی كاندیدبونی محەمەد شیاع سودانی بۆ سەرۆك وەزیران ئەنجامداو چونە ناو بینای پەرلەمان، دواتر لەسەر داوای سەدر كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكەیان هێنا.  رۆژی 25ی تەمموزی 2022 چوارچێوەی هەماهەنگی محەممەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاندیدكرد.  

  هاوڵاتی   رووداوی تۆپبارانەكەی سوپاكەی ئەردۆغان بۆ سەر گوندی پەرەخێ لە زاخۆ توركیا دەباتە ئەنجومەنی ئاسایش، وەزیری دەرەوەی عێراق و جنین پلاسخارت راپۆرتی ورد لەوبارەیەوە دەخەنەڕوو و فوئاد حوسێن  لەنیۆیۆرك رایگەیاند:» داوا دەكەین سوپای توركیا لەخاكی عێراقدا نەمێنێت و ئۆپەراسیۆنەكانی كۆتایی پێبێت». تۆپبارانی توركیا بۆ سەر ناوچەی گەشتیاری گوندی پەرەخێ لە 20ی تەمموزدا لەزاخۆ 9 كوژران و 31 برینداری لێكەوتەوە، كە خەڵكی ناوەڕاست و  باشووری عێراق بوون، ئەوەش توڕەیی بەرفراوانی شەقامی عێراقی بووەوە، لەشارە جیاجیاكان خۆپیشاندان دژی توركیا كراو وێنەی سوتانی ئاڵای ئەو وڵاتە لەلایەن خەڵكەوە لەبەردەم ناوەندی ڤیزای توركیا لەكەربەلا بڵابووەوە. لەبەغداد خۆپیشاندەران ئاڵای توركیایان لەسەر باڵیۆزخانەكەی هێنایەخوارەوە، هاوكات لە نەجەف و ناسریەو كەركوك خۆپیشاندان كراو دروشمی توند دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان و حكومەتەكەی بەرزكرایەوە. بەغداد نزیكەی 216 سكاڵای پێشكەشی خودی حكومەتی ئەنقەرە كردووە، بەڵام وادیارە ئەنقەرە هیچی لەبەرچاو نەگرتووە، چونكە پێشلكاریەكانی بەرامبەر سەروەری خاكی عێراق و هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەردەوامەو  تەنها لەماوەی چوار ساڵداو لەساڵی 2018ەوە توركیا  22 هەزارو 740 پێشێلكاری ئەنجامداوە، دوای هێرشەكەی بۆ ناوچە گەشتیارییەكەی زاخۆش بەردەوام بووە لەتۆپباران و بۆردومانكردنی خاكی هەرێم. وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كەهیچ رێككەوتنێكی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ ئەنقەرەدا نیەو توركیا ئامانجی فراوانخوازی هەیە لەپشتی ئەو هێرشانەی كە ئەنجامی دەدات. هاوكات فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەشاری نیویۆرك وتی:» هەفتەی رابردووی سەر هاوینەهەواری پەرەخی لەپارێزگای دهۆك 9 كەسی گەشتیار تێیدا شەهید بووەو 31 كەسی دیكە برینداربوون، لەناو شەهیدەكاندا منداڵی تەمەن یەك ساڵەی تێدایە». هەروەها وتیشی:» توركیا بەردەوام پێشێلكاری كردووەتە سەر خاكی عێراق و ئێمە وەك حكومەتی عێراق داوا لەئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش  دەكەین بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە بكەن و هەڵوێستیان هەبێت». فوئاد حوسێن جەختی لەوەشكردەوە كە بۆ خۆی چووتە شوێنی رووداوەكەو شوێنی پێكدادانی پەكەكەو سوپای توركیا نییەو ناوچەی شەڕ نەبووە، ئەوە ئێمەی وەك حكومەتی عێراق نیگەران كردووەو وتیشی:» داوا لەسەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەم هەڵوێستی روون بەرانبەر حكومەتی توركیا دەرببڕن و كۆتایی بەئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و پێشێلكارییەكانی بۆ سەر خاكی عێراق بهێنێت». وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو كە توركیا رێز لەسەروەری خاكی عێراق ناگرێت و داوا دەكەین مامەڵەی دوژمنكارانەی توركیا كۆتایی پێبهێندرێت، وتیشی:» توركیا رێز لەداواكارییەكانی ئێمە ناگرێت، گرنگە ئەنجومەنی ئاسایش هەڵوێستی هەبێت، دەبێت ئاگار بن رێكەوتن لەگەڵ توركیادا نییە، ئەگەر توركیا باسی ئەوە بكات ئەوە بەهیچ شێوەیەك ئەوە راست نییە». ئاماژەی بەوەشكردووە، هەوڵەكانی توركیا بۆ نكۆڵیكردن لەوەی ئەو لەپشتی هێرشەكانی دهۆكەوەیە هیچ لەبارودۆخەكە ناگۆڕێت و وتووشیەتی، «ئێمە زانیاریی پێویستمان هەیە كەدڵنیایی دەدات لەبارەی ئەوەی توركیا دەستدرێژی كردووەتە سەر خاكەكەمان». هاوكات وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە توركیا بە بیانووی بوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوەو پەكەكەش بەهەمان شێوە لەناو خاكی عێراقدا بوونیان هەیەو ئەوەش شتێكە كە مایەی قبوڵ نییە كە كێشەكانی توركیا لەناو خاكی عێراقدا یەكلایی بكرێنەوە.  فوئاد حوسێن ئەوەشی دووپاتكردەوە لەناو ئەنجومەنی ئاسایش كە»گوشار بكرێت و ناچار بكرێت كۆتایی بە لەشكركێشییەكان بهێنێت، بوونی هێزەكانی توركیا لەسەر خاكی عێراق ناسەقامگیری دروستكردووە، خەڵكی عێراق چاوەڕێی هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایش بێت بێت بەدەمییەوە». نكۆڵی توركیا ... گاڵتەی رەش نوێنەری توركیا لەئەنجومەنی ئاسایش باسی لەوەكرد لەماوەی چل ساڵی رابردوودا بەهۆی پێكدادانەكانیان لەگەڵ پەكەكەدا 40 هەزار سەربازیان كوژراون، هاوكات نیگەرانی خۆشی لەبارەی وتەكانی فوئاد حوسێن دەربڕی كە حكومەتی توركیای بەو رووداوەی زاخۆ تۆمەتبار كردووە. مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لەبارەی هێرشەكەی گوندی پەرەخی رایگەیاند: «بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن هێزە چەكدارەكانمانەوە بەدەستمان گەیشتووە، هیچ هێرشێك دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لەدهۆك ئەنجام نەدراوەو هاوكات رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا وتی: هێرشەكەی هەفتەی رابردووی پارێزگای دهۆك پەكەكە ئەنجامیانداوە بەئامانجی زیانگەیاندن بەپەیوەنیەكانی توركیاو عێراق. لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەم نكۆڵیكردنەی توركیا لەهێرشەكەی سەر پارێزگای دهۆك بە «گاڵتەی رەش» وەسفی كردو رایگەیاند: دیبلۆماسیەتی عێراقی ئەم شێوازە لەوەڵامدانەوە قبوڵناكات. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ش سەبارەت بەتۆپبارانەكەی زاخۆ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت:» هیچ هێزێكیان لەو ناوچەیە نیە و گردەكانی چواردەوری ئەو هاوینەهەوارەش سوپای توركیای لێیەو رووداوەكە پەیوەندی بەئێمەوە نیە. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق جارێكی دیكە توركیای بەدرۆخستەوەو رایگەیاند:» ئێمە شارەزاو بەرپرسی سەربازیمان لەگەڵدایە دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە». دوێنێ سێشەممە 26ی تەمموز، عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، گەیشتە زاخۆو  سەردانی بارەگای فەوجی دووی لیوای یەكی پاسەوانی سنوور و لیوای یەك لەناوچەی باتوفە لەقەزای زاخۆی كرد راپۆرتێكیان لەبارەی دۆخی سنووریی عێراق و توركیا ئامادەكردووەو ئاڵای عێراقیان بەرانبەر ئاڵای توركیا بەرزكردەوەو وتیشی:» پلانی تەواو هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هێڵی سنوورەكە». ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی عێراقیش رۆژی شەممە 23/7/2022 بەئامادەبوونی‌ هەردوو وەزیری‌ بەرگری‌ و دەرەوەو سەرۆك ئەركانی‌ سوپاو جێگری‌ پرۆسە هاوبەشەكان سەبارەت بەهێرشەكانی توركیا كۆبوەوەو رێوشوێنەكانی عێراق بەرامبەر رووداوەكە تاووتوێكرا. لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی‌ لیژنەی‌ ئاسایش و بەرگری‌ پەرلەمان داوای كشانەوەی‌ سوپای‌ توركیا لەخاكی‌ عێراق كرد، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی‌ رێكەوتننامە ئەمنیەكان لەگەڵ وڵاتی‌ توركیا. كاردانەوە لەسەر ئاستی كوردستان سەبارەت بەكاردانەوەی دەسەڵات و سەرۆكایەتیەكان و حزبەكانی هەرێم لەبارەی پەلامارەكەی توركیا بۆسەر ناوچەی گەشتیاری گوندی پەرەخێ، رووبەڕووی رەخنەی جددی دەبنەوەو لەسەر ئاستی نووسەران و خەڵك و هەڵوێستەكانیان بەلاواز وەسف دەكرێت، لەبەرامبەردا ئەگەر تێبینی كاردانەوەی سەركردە عێراقیەكان بكەین هەڵوێست و كاردانەوەكانی ئەوان روونتر و توندترە، هەر بۆ بیرهێنانەوە، موقتەدا سەدر هەرزوو هاتەجواب و رایگەیاند:» توركیا زیاتر بێ ئەدەب بووە»، وتیشی: «وەك هەنگاوی یەكەم پێشنیاز دەكەم، نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەگەڵ توركیا كەمبكرێتەوە، فرۆكەخانەو دەروازە زەمینییەكانی نێوان عێراق و توركیا دابخرێن». هاوكات، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح داوای لەحكومەتی عێراق كرد «سنوور لەگەڵ توركیا دابخات و كۆمپانیاكانی توركیا لەكاركردن بوەستێنێت».

  سەركۆ جەمال   لەشاری لۆزانی سویسرا 99 ساڵ لەمەوبەر 12 وڵات رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی كورد بەسەر چوار دەوڵەتدا، كورد لەهەر چوارپارچەی كوردستان بەرنامەو پلان دادەنێت بۆ ئەوەی لەساڵی داهاتوودا ئەو رێكەوتنە شوومە هەڵبوەشێنرێتەوە. رێكەوتنی سیڤەر لە 10ی ئابی 1920 واژۆكرابوو كە بەفەرمی كوردیان وەك نەتەوە ناساند، بەڵام لە 20ی تشرینی دووەمی ساڵی 1922 كۆنگرەی لۆزان لەنێوان دەوڵەتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، یۆنان، رۆمانیا، سلۆڤینیا، سربیاو توركیا بەڕێوەچوو، جگە لەوەش وڵاتانی ئۆكرانیا و جۆرجیا و بولگاریا ئەندامی بەشداربووی كۆنگرەكە بوون. لەسەر پێشنیاری توركیا، لە 23ی نیسانی 1923دا، قۆناغی دووەمی كۆنگرەی لۆزان دەستی پێكرد، لەدانیشتنی دووەمی كۆنگرەكەدا گفتوگۆكان لەسەر دەوڵەتی عوسمانی بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوون، لەئەنجامدا  لە 24ی تەمموزی 1923 پەیمانی لوزان لەقەڵای ئۆشی «قەڵای مێژوویی شۆڕشگێڕانی سەدەی 13» لەلۆزانی سویسرا واژۆكرا لەنێوان شاندی توركیاو وڵاتانی هاوپەیمان. رێككەوتننامەی لۆزان 99 ساڵ بەسەریدا تێپەڕبووەو بەو هۆیەوە پرۆسەی جینۆسایدو لەناوبردنی كورد دەستیپێكردو وڵاتانیش چاویان لەسیاسەتەكانی كوشتنی كورد داخست. بەوتەی بەرپرسێكی باڵای یەكێتی ، ئێستا نەیارانی كورد تەكنیك و مامەڵەیان گۆڕاوە بەرامبەر كورد ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:» هەتا مەسەلەی كورد چارەسەر نەكرێت لەهەر پارچەیەك بەتایبەتمەندی خۆی و مافی چارەنووسی خۆی پیادە نەكات دەسكەوتەكانی هەر دەڵەمە دەبن و هەڕەشەی جۆراوجۆر هەر دەمێنێت». هەروەها ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو:»توركیاو غەیری توركیاش خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە كردووە، بەڵام زەحمەتە لۆزان ناونیشانی هەنگاوی داهاتوویان بێت، ئەم لۆزان و مۆزانانە بۆ ئەوان هەر دەسكەلایە بۆ هەژموون لای نەیارانی مەسەلەی كورد ناوەرۆكی هەژموون گرنگترە لەناوەكانی». هاوكات پێشیوابوو بۆ گەلی كوردیش هیچ چاری نییە، درێژەدان بەخەبات و سەرخستنی ئیرادەی رەوا و مافەكانی حزب و هێزەكان بۆ ئەم دروست بوون ئەگینا جەدوایان چییە؟». كەسایەتییەكی سیاسی ئیسلامی رێككەوتننامەی لۆزان بە  « وێستگەیەك بۆ دەرخستنی سیما نائەخلاقییەكەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی» ناودەبات ئەبوبەكر كاروانی كەسایەتی دیاری ئیسلامی و سیاسی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»حوكمدانی چوارەمین نەتەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بەسەد ساڵ زیندانی لەنێو زیندانی قەوارە دوواكەوتووە نوێیەكانی ناوچەكەدا، لەگەڵ كاری قورس و ئەشكەنجەدان و سوكایەتیپێكردنێكی بەردەوام». كاروانی  وتیشی:»لۆزان تەنها وێستگەیەكە بۆ دەرخستنی سیما نائەخلاقییەكەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناسیۆنالیزمە سەردەستەكانی ئەو دەوڵەتانەی كوردیان بەسەردا دابەشكراوە، بەرامبەر رۆڵەكانی ئەم میللەتەو مافەكانیان.» مامۆستایەكی زانكۆ پێیوابوو دەبێت كورد داوای جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی سیڤەر بكاتەوە. حەسەن ئەمین شێخانی، مامۆستای زانكۆو توێژەر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەڕووی یاسایی و عورفی نێودەوڵەتی و رێكەوتننامەكاندا، لۆزان 99 ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێ واتا   ساڵی 2023 كۆتایی دێت، دەبێ كورد داوای جێبەجێكردنی رێكەوتنامەی سیڤەر بكات، چونكە بنەماو بنەڕەتی سەرەكیە بۆ رێكەوتننامە گشتیەكانی ناوچەكەداو زامنی پێكەوە ژیان و ئارامی ناوچەكەیە «. حەسەن ئەمین  ئەوەشی روونكردەوە لە رێكەوتنامەی سیڤەردا لەماددەكانی 62، 63 ، 64 مافی ئەوەی داوە بەكورد كەوا لەڕاپرسیەكدا قەوارەو دەوڵەتی خۆیانیان هەبێت، وتیشی:» دەوڵەتی عوسمانی كەپایتەختەكەی ئیستانبوڵ بوو واژۆی كردو ئەو مافەی بەگەلی كورد دا، بەڵام رێكەوتنامەی لۆزان لەساڵی 1923 ئەتاتورك كە ئەنقەرەی كردبووە پایتەخت، توركە  سیكویلارەكان واژۆیان كردو مافەكانی كوردیان پشتگوێ خست». ئەو مامۆستایەی زانكۆ جەختی لەوەشكردەوە كە پێویستە كورد داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بكات بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنامەی سیڤەر.

هاوڵاتی  هەپەگە رایگەیاند: لە شەڕو پێكدادانەكانیان لەگەڵا سوپای توركیا 36 سەربازی توركیا كوژران و دوو سەربازی تریش برینداربوون.  ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە راگەیەنراوێكی سەبارەت بەشەڕو پێكدادانەكانیان لەگەڵا سوپای توركیا لە هەریمەكانی ئاڤاشین و مەتینا و زاپ بڵاوكردەوە،و دەڵێت:" 36 سەربازی توركیا كوژراون و 2 سەربازی تریش برینداربوون"، و ئاشكراشیكرد: "گەریلا دوو درۆنی تێكشكاندوەو گورزیان لە هێلیكۆپتەرێكی سوپای توركیا وەشاندووە". ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "سوپای توركیا سەنگەرەكانی شەڕی گۆڕەپانەكانی بەرخودانی شەش جار بە چەكی كیمیایی و تەقەمەنی، ١٥ جاریش بە فڕۆكەی شەڕ، ١١ جاریش بە هەلیكۆپتەری هێرشبەر و بە دەیان جاریش بە هاوەن و كاتیوشا بۆردومانكردووە". ئامارەكانی هەپەگە لەبارەی كوژرانی سەربازانی توركیا لە كاتێكدایە، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، رایگەیاندووە: "سەربازێكیان بە تەقینەوەی مینێكی چێندراو گیانی لەدەستداوەو مینەكەش لەلایەن گەریلاكانی پارتی كریكارانی كوردستان  پەكەكە دانراوە." 

هاوڵاتی  موراد قەرەیلان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە دەڵێت: "ئێستا دەرفەتە بۆ حكومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستێكی نوێ بەرامبەر هەژموونی باڵادەستی و دەستدرێژییەكانی توركیا بگرنەبەر،و ئەگەر بیانەوێت دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە". راشیگەیاند: "دەكرێت هەم هەڵوێستی نەتەوەیی كوردستانی و هەم  عێراقیش پەرەی پێ بدرێت، و هاوكات دەتوانن دەستكەوتی نوێ بەدەست بهێنن". رونیشیكردەوە: "بەشێك لە سیاسەتی باشوری كوردستان  پێشتریش خاوەن هەڵوێست بوون، بەڵام ئەوانەی تا ئێستا هەڵوێستی خۆیان دەرنەبڕیوەو ئەوانەشی هاوكارییان دەكەن، دەتوانن دووبارە هەڵوێستی نوێ نیشان بدەن، چونكە ئەوە شتێك دەكرێت،و لە هەمان كاتدا هیواش هەیە، كە ئەم سیاسەتە بگرنەبەر و دەستكەوتی نوێ بەدەست بهێنین، ئێمە هیوادارین لەم چوارچێوەیەدا پێشكەوتن ڕووبدات". موراد قەرەیلان، لە دیدارێكیدا لەگەڵا میدیاكانی سەر بە پەكەكە تیشكیخستەسەر هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆسەر خاكی عێراق، رایگەیاند: "لەبارەی بوونی سوپای توركیا لەسەر خاكی عێراق ، زۆربەی بڕیارەكانی بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق لەسەر ئەم بابەتە ڕاستن، بەڵام ئەو ژمارانەی دەیدەن كەمێك كەمترن لەوەی هەیە، ڕەنگە زانیارییەكانیان تەواو نەبێت، لە ڕاستیدا ژمارەی ئەو خاڵە سەربازیانەی دەوڵەتی توركیا، كە لە باشووری كوردستان دروستكراون نزیكەی ١٠٠ خاڵن، بەڵام ژمارەی ئەو سەربازانەی لەسەر خاكی عێراق جێگیركراون و چالاكن، بەلانیكەمەوە ٣٠ هەزار سەربازن"، و وتیشی: "سوپای توركیا لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە سێ هەزار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خاكی عێراق ئەنجامداوەو دوو هەزار و ٥٧٤ جاریش بۆردومانی خاكی عێراقی كردووە". دوێنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبونەوەیەكی سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە گەشتیارییەكەی پارێزگای دهۆك ئەنجامداو تیایدا وەزیری دەرەوەی عێراق راپۆرتێكی سەبارەت بە دەستدرێژیەكانی توركیا پێشكەش كردو داوای كرد توركیا خاكی عێراق جێبهێڵێت، هەر لە كۆبونەوەكەدا جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕایگەیاند: "هێرشەكەی توركیا بۆسەر زاخۆ، كە بە ناوچەیەكی گەشتیاری ناسراوە، بێ باكییەكی شۆكهێنەرە بۆ گیانی خەڵكی سڤیل".    

هاوڵاتی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق  لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند:" هێرشەكەی توركیا بۆسەر زاخۆ، كە بە ناوچەیەكی گەشتیاری ناسراوە، بێ باكییەكی شۆكهێنەرە بۆ گیانی خەڵكی سڤیل".   جنین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لە وتارێكیدا لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی ئاسایشدا رایگەیاند" زۆر گرنگە هەموو هێرشەكان بۆسەر خاكی عێراق بوەستێن، ئەم پێشێلكارییانە نەك تەنیا بێباكانە گرژییە نێوخۆی و هەرێمییەكان زیاد دەكەن، بەڵكو هەروەكو بینیمان، دەبنە هۆكاری رووداوی تراژیدی مرۆیی گەورە".  دەقی وتارەكەی جنین پلاسخارت: زۆر سوپاس بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی؛ زۆر سوپاس بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ خستنەڕووی دوایین زانیاری لەسەر هێرشی تراژیدی ئەم دواییەی سەر قەزای زاخۆ لە سنووری پارێزگای دهۆك كە گیانلەدەستدانی 9 كەسی سڤیل و برینداربوونی 33 كەسی دیكەی لێكەتەوە. لە دوایین وتارم لەبەردەم ئەم ئەنجوومەنە، چونكە ئەمە یەكەمجارم نییە كە تۆپباران و مووشەكباران بخەمەڕوو، هۆشداریمدا كە "ئەمە رێگەیەكی زۆر مەترسیداری بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەكانە، هەروەها رێگەیەكە كە زیاتر دەوڵەتی عێراق" لاوازدەكات.   تاوەكو ئێستا ئەوەی دەیزانین ئەمەیە:   دوای نیوەڕۆی 20ـی تەممووز، پێنج گولە تۆپ بەر هاوینەهەواری پەرەخ كەوتن. هاوینەهەوارەكە شوێنێكی گەشتیاریی ناسراوە. هەروەكو لەم كاتەی ساڵدا پێشبینی دەكرێت، لە گەشتیاران جمەی دەهات و منداڵیش لەوێ بوون.   یەكەم تۆپباران بەر تەپۆڵكەیەك كەوت كە بەسەر پەرخەدا دەڕوانێت، بەڵام تۆپبارانی دووەم ناوجەرگەی هاوینەهەوارەكەی كردە ئامانج، هەروەكو وتم، 9 كەسی كوشت كە لەنێویاندا سێ منداڵ هەبوون، یەكێكیان منداڵێكی یەك ساڵان بوو؛ 33 كەسی دیكەی برینداركرد. 11 لە بریندارەكان نەشتەرگەریان بۆ كراوە و باری تەندروستی سێیان ناجێگیرە.   راستەوخۆ دوای هێرشەكە، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران لیژنەیەكی پێكهێنا. هەر لە هەمان رۆژ، لیژنەكە سەردانی شوێنی هێرشەكەی كرد بۆ ئەوەی شوێنەكە بەچاوی خۆی ببینێت، بەڵگە كۆبكاتەوە و قسە لەگەڵ شایەتحاڵ و خەڵكی ئەوێ بكات. پشتئەستوور بە هەڵسەنگاندنی ئەو بەڵگانەی كۆكرانەوە، حكومەتی عێراق بە روونترین شێوە رووداوە تراژیدییەكەی خستە ئۆباڵی هێزە چەكدارییەكانی توركیا. لە هەمان كاتدا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند كە "توركیا دژی هەر جۆرە هێرشێكی بە ئامانجگرتنی خەڵكی سڤیلە و ئامادەشە هەموو هەنگاوێك بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان بگرێتەبەر" و داوای كرد "لە بەرپرسانی حكومەتی عێراق تاوەكو هیچ راگەیێندراوێك لەژێر هەژموونی قسە و باس و پڕوپاگەندەی رێكخراوی تیرۆریستی بڵاونەكاتەوە و هەروەها هاوئاهەنگی بكات لە ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی راستەقینەی ئەو رووداوە تراژیدییە."   رۆژی دواتر، لە رێگەی تۆڕەكۆمەڵاتییەكانەوە باڵیۆزخانەی توركیا لە بەغدا رایگەیاند: "هاوخەمی بۆ برا عێراقییەكانمان دەردەبڕین كە لەسەردەستی رێكخراوی پەكەكەی تیرۆرست شەهیدكران."   لە هەمان كاتدا، هەر لە 20ـی تەممووز، باڵی سەربازیی پەكەكە راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا رەتیكردەوە لەو شوێنانە پێگەیان هەبووبێ و توركیای بە هێرشەكە تۆمەتباركرد.   بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە وەڵامی ئەو هێرشە تراژیدییە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لە هەمان رۆژدا ئەنجامدا. ئەنجوومەنەكە بە تووندی سەركۆنەی كرد و گوتی: "هێرشی دڕندانەی توركیا"، هەروەها رەتیكردەوە خاكی عێراق وەكو بنكەیەك بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و "یەكلاكردنەوەی ململانێكان بەكاربهێندرێت."   لە راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی دەرەوە راسپێردرا راپۆرتێك لەبارەی "هێرشە دووبارەبووەكانی توركیا" بۆسەر عێراق ئامادەبكات و هەروەها باڵیۆزی توركیا بانگهێشتبكات و باڵیۆزی عێراقیش لە ئەنقەرە بانگبكاتەوە، بێ ئەوەی باڵیۆزێكی نوێ بنێردرێتە توركیا. وەزارەتی كاروباری دەرەوە ئاماژەی بەوەدا كە حكومەت"لە باڵاترین ئاستی دیپلۆماسی وەڵامی دەبێت،" لەنێویاندا لە رێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان.   لە 21ـی تەممووز، سەركردەكانی عێراق لە هەموو پێكهاتەیەكی سیاسی كۆبوونەوەیەكیان لەسەر ئاستی باڵا ئەنجامدا و راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و سەركۆنەی "هێرشی توركیایان" كرد و "پشتگیرییان بۆ رێوشوێنی بەرزكردنەوەی سكاڵا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەربڕی."   لە 23ـی تەممووز، سەرۆكوەزیران مستەفا كازمی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا لەدوای كۆبوونەوەكە، هەردوولا "سەركۆنەی تووندی هێرشەكانی توركیایان لەنێو خاكی عێراق" كرد. لە 23ـی تەممووز، ئەنجوومەنی نوێنەران كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەو رووداوە، ئەوەش بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری، سوپاسالار و هەروەها جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان. لە وتارەكەی لە بەردەم پەرلەمان، وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەدا كە  لە 2018وە 22700 پێشێلكاری توركیا دژی سەروەریی عێراق تۆماركراون؛ ئەو ئاماژەی بەوەش دا كە لە 2018ەوە وەزارەتی دەرەوە 296 یاداشتنامەی ناڕەزایی دژی "دەستوەردانی" توركیا پێشكەشكردووە. لە ماوەی كۆبوونەوەكەدا، لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان پێشنیازیكرد هێزەكانی پەكەكە لە عێراق دەربكرێن، تەواوی هێزەكانی توركیا بكشێنەوە، هێزی فیدراڵیی عێراقی لەسەر سنوور لەگەڵ توركیا بڵاوبكرێتەوە، رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ توركیا هەڵبوەشێندرێنەوە ئەگەر هەبێت، هەروەها چاو بە بودجەی بەرگری بخشێندرێتەوە بۆ ئەوەی توانا سەربازییەكانی [عێراق] بەهێزبكرێت.   لێرەوە، لەكاتێكدا هیچ كەسێك حەزی بە هەڵچوونی زیاتر نییە، عێراق داوادەكات توركیا لەتەواوی خاكی عێراق بكشێتەوە و دوای لێكۆڵینەوەیەكیش دەكات.   بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەم هێرشە قێزەونە بۆ سەر ئەم شوێنە ناسراوە كە ناوچەیەكی گەشتیاری ناسراوە، بێ باكییەكی شۆكهێنەرە بۆ گیانی خەڵكی سڤیل و هەروەها بۆ ستانداردە قبووڵكراوەكانی نێودەوڵەتی پەیوەست بە یاسا مرۆییەكان و هەروەها مافەكانی مرۆڤ. لەكاتێكدا هەموو لایەنەكانی بەشدار لە هەر پێكدادانێك پێویستە هەموو رێوشوێنێكی كردەیی بگرنەبەر بۆ ئەوەی خۆیان لە زیانگەیاندن بە خەڵكی سڤیل لە هەموو كاتەكاندا بەدووربگرن، لەو هێرشەدا ئەمە لەبەرچاو نەگیرا.   لە گفتوگۆكانی دوێنێمدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەو جارێكی دیكە جەختی لە گرنگی لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف و تێروتەسەل كردەوە كە سەربەخۆیانە بێت و بە هاوبەشی بێت. ئەو وتی گرنگە كە كۆتایی بە گومانەكان و رەتكردنەوەكان، هەروەها تێنەگەیشتن و هەڵچوونی گرژییەكان بهێنین. لە هەمان كاتدا، من لەوە تێدەگەم كە توركیاش ئامادەیە بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق پرسەكە یەكلابكەنەوە تاوەكو بزانن رێك چی روویدا.   بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەروەكو چەندین جار لە ساڵانی رابردوو وتوومە، عێراق وەك مافی خۆی رەتیدەكاتەوە وەكو گۆڕەپانێك بۆ ململانێ دەرەكی و هەرێمییەكان سەیربكرێت، بكرێتە گۆڕەپانێك كە تێیدا وڵاتانی دراوسێ یان هەر لایەنێكی دیكە، بەشێوەیەكی رۆتینی و بەپارێزبەندییەوە پێشێلی سەروەری و یەكپارچەیی خاكەكەی بكەن.   لەڕاستیدا، زۆر گرنگە هەموو هێرشەكان بۆسەر خاكی عێراق بوەستێن. ئەم پێشێلكارییانە نەك تەنیا بێباكانە گرژییە نێوخۆیی و هەرێمییەكان زیاددەكەن، بەڵكو هەروەكو بینیمان، دەبنە هۆكاری رووداوی تراژیدی مرۆیی گەورە.   

هاوڵاتی  فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی  لە شاری نیویۆرك سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا، رایگەیاند: "توركیا هێرشەكەی بۆ سەر ناوچە گەشتیاریەكەی دهۆك ئەنجامداوەو توركیا ڕێز لە سەروەری خاكی عێراق ناگرێت". وتیشی: "هەفتەی ڕابردووی هێرشی توركیا بۆ سەر هاوینەهەواری پەرەخی لە پارێزگای دهۆك 9 گەشتیار شەهید بوون و 31 كەسی دیكە برینداربوون، لەناو شەهیدەكاندا منداڵی تەمەن یەك ساڵەی تێدایە". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "توركیا بەردەوام پێشێلكاری بەرامبەر خاكی عێراق ئەنجامداوەو ئێمە وەك حكومەتی عێراق داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش  دەكەین بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە بكەن و هەڵوێستیان هەبێت". فوئاد حوسێن جەختی لەوەشكردەوە كە بۆ خۆی چووتە شوێنی رووداوەكەو شوێنی پێكدادانی پەكەكەو سوپای توركیا نییەو ناوچەی شەڕ نەبووە، ئەوە ئێمەی وەك حكومەتی عێراق نیگەران كردووەو وتیشی:" داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەم هەڵوێستی روون بەرانبەر حكومەتی توركیا دەرببڕن و كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و پێشێلكارییەكانی بۆ سەر خاكی عێراق بهێنێت". وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستەروو:" توركیا رێز لە داواكارییەكانی ئێمە ناگرێت، گرنگە ئەنجومەنی ئاسایش هەڵوێستی هەبێت، دەبێت ئاگار بن رێكەوتن لەگەڵ توركیادا نییە، ئەگەر توركیا باسی ئەوە بكات ئەوە بەهیچ شێوەیەك راست نییە". ئاماژەی بەوەشكردووە، هەوڵەكانی توركیا بۆ نكۆڵیكردن لەوەی ئەو لە پشتی هێرشەكانی دهۆكەوەیە هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆڕێت و وتوشیەتی، "ئێمە زانیاریی پێویستمان هەیە كە دڵنیایی دەدات لەبارەی ئەوەی توركیا دەستدرێژیی كردووەتە سەر خاكەكەمان." فوئاد حوسێن داواشیكرد: " لەناو ئەنجومەنی ئاسایش گوشار بكرێت و توركیا ناچار بكرێت كۆتایی بە لەشكركێشییەكانی بهێنێت، و بوونی هێزەكانیشی لەسەر خاكی عێراق ناسەقامگیری دروستكردووە، خەڵكی عێراق چاوەرێی ئەنجومەنی ئاسایشە بێت بەدەمییەوە".  

هاوڵاتی  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوایكرد دەستبەجێ گرژییەكان لە باكووری سووریا كەمبكرێتەوە، و رایگەیاند: " گرنگە هەموو لایەنەكان رێز لە زۆنی ئاگربەست بگرن كە بۆ بەهێزكردنی سەقامگیرییە لە سوریا". نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: "داوادەكەین دەستەبەجێ گرژییەكان لە باكووری سووریا كەمبكرێتەوە و گرنگە هەموو لایەنەكان رێز لە زۆنی ئاگربەست بگرن كە بۆ بەهێزكردنی سەقامگیرییە لە سووریا". وتیشی: گرنگە هەموو لایەنەكان بە ئاراستەی گەیشتن بە رێككەوتن هەنگاوبنێن."

هاوڵاتی  وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: بۆ یەكەمجارە ئەنجومەنی ئاسایش بەیاننامەی لەو جۆرە بۆ  ئیدانەكردنی هێرشەكەی سەر پارێزگای دهۆك دەربكات، هاوكات بڕیارە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەو جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە روداوەكە راپۆرت پێشكەش بكەن. ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: بەیاننامەكەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئیدانەكردنی هێرشكردنە سەر سەروەریی عێراق لە چوارچێوەی زنجیرەی پێشێلكارییەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی عێراق، بۆ یەكەمجارە بەیاننامەی لەو جۆرە دەربكات. ئاشكراشیكرد: ناوەڕۆكی بەیاننامەكە پشتیوانی لەهەڵوێستی عێراق دەكات و ڕێوشوێنەكانی ڕەچاوكردنی هێرشكردنە سەر سەروەریی نیشتمانی دەخاتە چوارچێوەیەكی نوێوە. دوێنێ‌ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان ڕاگەیاندراوێكی سەبارەت بە هێرشەكەی هەفتەی ڕابردووی سەر هاوینەهەواری پەرەخی لە پارێزگای دهۆك بڵاوكردەوە، كە بەهۆیەوە 9 كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 23 كەسی دیكەش برینداربوون. ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە دەكەن كە لە 20 ی حەوتی ساڵی 2022 دا لە پارێزگای دهوك ڕوویدا و بووە هۆی كوژرانی لانی كەم 9 هاوڵاتی مەدەنی كە لە نێویاندا منداڵیش هەن. ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاڕاستەی كەسوكاری قوربانیان و حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەن، و هیوای چاكبوونەوەی بەپەلە بۆ بریندارەكان دەخوازن، هەروەها پشتیوانی خۆیان دەردەبڕن بۆ لێكۆڵینەوەكانی لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن. هەر لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، كە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش هانی هەموو وڵاتانی ئەندامیان دا كە بە شێوەیەكی چالاك هاوكاری حكومەتی عێراق و بەرپرسانی پەیوەندیدار بكەن لە پشتیوانیكردن لە لێكۆڵینەوەكاندا. ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆی و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق و پرۆسەی دیموكراتی و ئاوەدانی عێراق دووپاتكردەوە.