هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەی دوێنێی بەرپرسە سەربازی و هەواڵگریەکانی سوریا، ئێران، تورکیا و روسیادا باسی کشانەوەی هێزەکانی سوپای تورکیا لەنێو خاکی سوریا کراوە. وەزارەتی دەرەوەی سوریا لەبارەی کۆبونەوەی دوێنێی نێوان وەزیرانی بەرگری سوریا، ئێران، تورکیا و روسیا لە مۆسکۆ و سەرۆکانی دەزگا هەواڵگریەکانی چوار وڵاتەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " بەرپرسانی چوار وڵاتەکە باسیان لە پاراستنی رێگەی نێودەوڵەتی ئێم٤ و کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا کردووە." رۆژنامەی وەتەنی سعودی لەبارەی کۆبونەوەکەوە هەواڵێکی بڵاوکردەوە و لە زاری بەرپرسێکی سوریاوە رایگەیاند، سوریا لە کۆبونەوەکەدا ئامادە نەبووە بەر لە کشانەوەی سەربازانی تورکیا لە سوریا، هیچ گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە ئەنجام بدات. خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا، دوای کۆبونەوەکە رایگەیاندبوو، کۆبونەوەیەکی ئەرێنی بووە و لەگەڵ لایەنەکانی بەشدار لە کۆبونەوەکەدا باسی سەروەری خاکی سوریا و پرسی پەکەکە، یەپەگە، پەیەدە و داعش کراوە و وتی، " رامانگەیاندووە کە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە بۆ هەموو ناوچەکە سوودی دەبێت". هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا، لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ دەستیان پێکرد. لەو کاتەوە چەندین کۆبونەوە لەنێوان هەردوولا ئەنجامدراون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نەهێناوە. بەگوێرەی میدیاکانی نزیک لە رژێمی سوریا، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا سەربازانی تورکیا لەنێو خاکی سوریا بە داگیرکەر لەقەڵەمداوە و رایگەیاندووە، تاوەکو هێزەکانی نەکشێنێتەوە، ئامادە نییە، بەهیچ شێوەیەک دەست بە دانوستانی جددی بکات. هەروەها چەند رۆژ لەمەوبەریش هەواڵێک لە میدیاکانی سوریادا بڵاوبووەوە کە گوایە بەشار ئەسەد، چاوەڕێی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیا دەکات کە ئەگەری هەیە ئەردۆغان شکست بهێنێت و دەیەوێت لەگەڵ کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن کە ئەگەرێکی زۆری هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، دانوستان بکات.
ئۆکرانیا رایگەیاند؛ بەهۆی بەشداریی ئێران لە هێرشەکانی روسیا دژی وڵاتەکەی سزای ئابوریی درێژخایەن بەسەر تاراندا دەسەپێنێت. وەزارەتی داریی و ئابوریی ئۆکرانیا رایگەیاند؛ پلانێکی 50 ساڵەی ئابورییان دژی ئێران ئامادە کردوە و ئەو پلانە بە پەسندکردنی ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگریی نیشتیمانی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ جگە لەو سزایانی هاوپەیمانانی ئۆکرانیا دژی تاران دەیسەپێنن، وڵاتەکەی ژمارەیەک سزای درێژماوەی دیکەی دژی ئابوریی ئێران ئامادە کردوە کە بە زوتین کات دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. وەزارەتی داریی و ئابوریی ئۆکرانیا رونی کردوەتەوە کە ئەو سزا ئابورییانە دژی ئێران بۆ ماوەی 50 ساڵ بەردەوام دەبێت. تاران تۆمەتبارە بە هاوکاریی مۆسکۆ لە جەنگی دژی ئۆکرانیا و زۆرترین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایەن ئێرانەوە بە ئامانجی هاوکاریی سوپای روسیا رادەستی ئەو وڵاتە کراوە. پێشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندبو زیاتر لە هەزار و 700 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران رادەستی روسیا کراوە و بڕیاربوە موشەکی ئێرانی رادەستی روسیا بکرێت بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بڕیاری رادەستکردنی موشەک بە مۆسکۆ-یان راگرتوە.
رێکخراوێک ئاشکرای دەکات هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە حەوت مانگی رابردودا زیاترین تاوانیان بەرامبەرا منداڵان و لاوان ئەنجام داوە و دەیان منداڵ لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستدرێژیی کراوەتەوە سەریان و ئەشکەنجە دراون. رێکخراوی ھیومن رایتس وۆچ ئەمڕۆ سێشەمە راپۆرتێکی پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی ئێرانی بەرامبەر منداڵان و لاوان لە دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ناوچەکانی ئەو وڵاتە بڵاو کردەوە و رایگەیاندوە؛ هێزە ئەمنییەکان تاوانی ئەشکەنجە و دەستدرێژییان بەرامبەر بەو منداڵانە کردوە و ژمارەیەکیشیان بێسەروشوێن کراون. روانگەی مافەکانی مرۆڤ (ھیومن رایتس وۆچ) ئاماژەی بەوە کردوە لە رێگەی چاوپێکەوتن و وەرگرتنی وتەی ژمارەیەک منداڵ و لاو کە لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی دەستگیر کراون، بەشێک لە تاوانەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر منداڵان ئاشکرا بوە. بە پێی راپۆرتەکە؛ زۆربەی منداڵان و لاوانی تەمەن 13 بۆ 16 کە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کراون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە توندی و بە داری کارەبایی ئەشکەنجە کراون و ژمارەیەکیان روبەڕوی دەستدرێژیی سێکسی بونەتەوە و تەنانەت دوای زیاتر لە شەش مانگ ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە بێسەروشوێنن و چارەنوسیان نادیارە. ھیومن رایتس وۆچ ئاشکرای کردوە مێرمنداڵێکی 16 ساڵ دوای دەستگیرکردنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە کراوە و دواتر دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەری و دوای ئازادکردنی دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە و چیرۆکی زۆربەی ئەو منداڵان و مێرمنداڵانەی دەستگیر کراون هاوشێوەیە و چەند کەسێکیان خۆیان کوشتوە. هێزە ئەمنییەکان ئەو دەستگیرکراونەیان ناچار کردوە بە دانپێدانانی ناڕاست و تۆمارکردنی وتەکانیان بۆیە دوای ئازادکردنیان ژمارەیەک زۆر لە قوربانییەکان هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. ئەو رێکخراوەیە لە راپۆرتەکەدا جەختی لەوە کردوەتەوە لە دوای ناڕەزایەتییەکان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکوتی توندیان بەکارهێناوە و دەستیان لە هیچ جۆرە توندوتیژییەک و تەنانەت نادادپەروەیی بەرامبەر منداڵان و لاوان نەپاراستوە و لە دادگاکانیشدا رێگەیان نەداوە پارێزەریان هەبێت. ھیومن رایتس وۆچ چیرۆکی ژمارەیەک منداڵ و لاوی دیکەی بڵاو کردوەتەوە کە روبەڕوی دەستدرێژیی و ئەشکەنجە و سەپاندنی سزای توند لە دادگاکانی ئێران بونەتەوە و رایگەیاندوە وتەی سەرجەم ئەو قوربانییانە کراوەتە بەڵگە و دۆکۆمێنت. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردوەتەوە لە ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم 68 منداڵ بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگری ژینا ئەمینی جگە لە کوژرانی نزیکەی 600 کەس زیاتر لە 39 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکران کە ژمارەیەکیان منداڵ و مێرمنداڵ بون و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن لە ئەمریکا بەڵگەی دەستدرێژیکردنی ژمارەیەک لەو قوربانییانەیان بڵاو کردەوە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تاوانیان بەرامبەر کراوە.
رۆژنامەیەکی ئەمریکی هەوڵەکانی ئێران بۆ هێرشی ئەلیکترۆنیی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئاشکرا دەکات و فەرماندەیەکی سوپا دەڵێت: هەوڵەکانی ئێران پوچەڵ کراوەتەوە. رۆژنامەی (واشنتۆن) پۆست لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ئاشکرای دەکات گروپێکی هاککەری ئێران بە ناوی (بێچوە پشیلەی پێشڕەو) هێرشیان کردوەتەوە سەر سیستمی ئەلیکترۆنی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بەڵام سوپا توانیویەتی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیانە پوچەڵ بکەنەوە. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە کە ساڵی 2020 گروپە هاککەرەکە هەوڵی گۆڕانکاریی و دەستکاریی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایان داوە و ویستویانە بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامی ناڕاست هەڵبژاردنەکان بخەنە ژێر گومانەوە. لە لایەکی دیکەوە ویلایم هارتمەن، فەرماندەی هێزی نیشتیمانی ئەمریکا بۆ جەنگی ئەلیکترۆنیی وتویەتی: سوپا توانیویەتی هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی ئێران پوچەڵ بکاتەوە. بە وتەی هارتمەن: هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی ئێران لە لاین گروپێکی دوو هەزار کەسییەوە کە سەرجەمیان شارەزای بواری ئەلیکترۆنیی بون ئاشکرا بوە و دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا پوچەڵ کراوەتەوە. لە چەند ساڵی رابردودا ئێران لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکا تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی و ئێرانیش چەند جارێک بوەتە ئامانجی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.
ئێران رایگەیاند ژمارەیەک بەرپرس و دامەزراوەی بەریتانیا و ئەوروپا سزا دەدات و تۆمەتباریان دەکات بە هاندنی توندوتیژی و تیرۆر دژی کۆماری ئیسلامی. ئەمڕۆ دوشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا سزایان بەسەر چەند بەرپرس و فەرماندەی سەربازیی ئێراندا سەپاند، وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەک کاردانەوەیەک ژمارەیەک سزای دژی بەریتانیا و ئەوروپا راگەیاند. وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ وەک کاردانەوە بە دەستوەردانەکانی ئەوروپا و بەریتانیا لە کاروباری ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی ژمارەیەک لە بەرپرسان و دامەزراوەکانی ئەو وڵاتانە سزا دەدات. لە بەیاننامەکەدا هاتوە: بەهۆی گەمارۆکای بەریتانیا و ئەوروپا دژی وڵاتەکەی و هاندانی توندوتیژیی و پشتیوانیی لەو گروپانەی کە کۆماری ئیسلامی بە تیرۆریست لەقەڵەمیان دەدات 11 بەرپرس و پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا و پێنج بەرپرس و سێ دامەزراوەی بەریتانیای سزا داوە. سزاکای ئێران دژی ئەو بەرپرس و دامەزراوانە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیا ژمارەیەک سزای نوێیان لە دژی بەرپرسانی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران ئاشکرا کرد.
هاوڵاتی دوو فەرماندە سوپای پاسداران بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات سزا دەدرێن لەندەن ژمارەیەک سزای نوێی لە دژی سوپای پاسداران راگەیاند و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت: سزاکان بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بوە. ئەمڕۆ دوشەممە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سزادانی چوار فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانی راگەیاند و کۆماری ئیسلامی لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند وەڵامی گونجاویان بۆ لەندەن دەبێت. محەمەد نەزەرعەزیمی، فەرماندەی بەشی رۆژئاوای ( ناوەندی نجەف) و حەبیب شەهسەواری، فەرماندەی هێزی(شوهەدا) لە پارێزگای ورمێ بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان خراونەتە لیستی سزا نوێیەکانی بەریتانیا. هاوکات ئەحمەد خادم، فەرماندەی (ناوەندی کەربەلا) و موحسین کەریمی فەرماندەی هێزی(روحەڵڵا) لە پارێزگای(مەرکەزی) ئێران بەهۆی بەشداریی لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن بەریتانیاوە سزایان بەسەردا دەسەپێت. بە پێی سزا نوێیەکانی بەریتانیا دژی کۆماری ئیسلامی، ئەو چوار فەرماندەیەی سوپای پاسداران گەشتیان بۆ بەریتانیا لێ قەدەغە دەکرێت و ئەژمارە داراییەکانی ئەو کەسانە لە لایەن لەندەنەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت. جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندوە فەرماندەکانی سوپا بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و پێشێکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران خراونەتە لیستی سزاکانی وڵاتەکەیەوە. سزای فەرماندەکانی سوپای پاسداران کاردانەوەی ئێرانی لێکەوەتەوە و ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ سزاکانی لەندەن دەستوەردانە لە کاروباری کۆماری ئیسلامی و لە لاین تارانەوە بە بێ وەڵام نامێنێتەوە.. لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران لە لایەن بەریتانیاوە زیاتر لە 400 سزا دژی کۆماری ئیسلامی راگەیەنراوە.
هاوڵاتی کۆمپانیایەکی بەناوبانی تورکیا رایدەگەیەنێت، دەنگەکانی کەمال کلچدارئۆغلۆ رێژەی ٧٪ لە دەنگەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاترە. کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ جی)ی تایبەت بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان کە لەنێو تورکیادا متمانەی زۆری پێدەکرێت، راپرسیەکی لەبارەی دەنگی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی و پارتە سیاسیەکانی تورکیا بڵاوکردەوە. راپرسیەکە کە لەنیوان ١٩ و ٢٢ی نیساندا ئەنجامدراوە و لە ٢٩ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان سێ هەزار و ٩٢٠ کەس بەشداریان تێیدا کردووە بەم شێوەیەیە: رێژەی دەنگی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار: کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل ٤٩.٣٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار ٤٢.٤٪ موحەڕەم ئینجە ٦.١٪ سینان ئۆغان ٢.٢٪ دەنگی پارتە سیاسیەکانی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٣٢.٩٪ پارتی گەلی کۆماری (مەهەپە) ٢٨.٦٪ پارتی باش (ئیی پارتی) ١٥.١٪ هەدەپە (پارتی چەپی سەوز) ٩.٣٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ٦.٣٪ پارتی مەملەکەت ٢.٣٪ پارتی کرێکارانی تورکیا ١.٤٪ پارتی رەفاحی نوێ ١.٢٪ پارتی سەرکەوتن ٠.٩٪ ئەوانەی دیکە ١.٧٪ بەگوێرەی ئەم راپرسیە بێت، ئەگەرێکی زۆر هەیە لە خولی یەکەمدا کلچدارئۆغلۆ سەربکەوێت و ئەگەر لە خولی یەکەمیشدا سەرنەکەوێت، لە خولی دووەمدا دەتوانێت بە جیاوازیەکی زۆر شکست بە ئەردۆغان بهێنێت. لەلایەکی دیکەوە، ئاکەپە و مەهەپە کە بەگوێرەی راپرسیەکە ٣٩٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنن، زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان لەدەست دەدەن و پێدەچێت، نەتوانن حکومەت پێک بهێنن.
لە رۆژانی جەژندا زیاتر لە 100 کەس بەهۆی روداوی هاتوچۆ لە ئێران گیانیان لەدەستداە و رۆژنامەیەک ئاشکرای دەکاتەوە لە ساڵیکدا 17 هەزار کەس لە روداوەکانی هاتوچۆ لەو وڵاتە گیانیان لەدەست دەدەن. پۆلیسی هاتوچۆی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ لە سێ رۆژی جەژندا 116 کەس لە روداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و 600 کەسیش لەو روداوانەدا بریندار بون. پۆلیس ئاماژەی بەوە کردوە؛ هۆکاری 82%ی روداوەکانی هاتوچۆ ، خێرایی و نەبونی سەرنجی شۆفێران و پێشکەوتنی نایاسایی بوە. لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی (هەم میهەن) بڵاوی کردوەتەوە لە یەک ساڵدا نزیکەی 17 هەزار کەس بەهۆی روداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران گیانیان لەدەست دەدەن. نەپارێزراوبونی ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکانی ناوخۆی ئێران و خراپی رێگاوبان و هەڵەی شۆفێران بە سەرەکیترین هۆکاری روداوەکانی هاتوچۆ و ژمارەی زۆری قوربانییان لەقەڵەم دراوە. ئێران یكێکە لەو وڵاتانی جیهان کە زیاترین روداوی هاتوچۆی هەیە و زۆررترین کەس لەو وڵاتە بەهۆی روداوی هاتوچۆ دەبنە قوربانیی.
هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند ئەندامانی ئەو چوارچێوەیە جەخت لە پەسەندکردنی بودجە دەکەنەوە بەو شێوەی ئێستا. موهەنەد خەزەرجی، پەرلەمانتار لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ یەکشەممە ، بە ئاژانسی هەوڵی عێراقی راگەیاند، ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریانداوە کە دەبێت بودجەی حکومەتی فیدڕاڵ بەوشێوەی ئێستا پەسەندبکرێت. راشیگەیاند، ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتی کابینەکەی سوودانی دەکەن بۆ پەسەندکردنی یاسای بودجە و گوتیشی: "هەوڵی نائومێدکەر هەبوو لەلایەن هەندێک کوتلەی سیاسییەوە بۆ ئاستەنگی دروستکردن لە پەسەندکردنی بودجە". رۆژی 18ـی نیسان فەرمانگەی میدیایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە سەرۆکایەتی کۆتاییەکانی دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەم خولەی دەکرد، کۆتایی بە دانیشتنەکە هێنا بۆ کاتێکی نادیار، دوای ئەوەی کۆتاییهات بە خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆی پەرلەمانتاران لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە. هاوکات لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، حەلبووسی داوای لە لیژنەی دارایی و لیژنە پەیوەندیدارەکان کرد لەگەڵ بانکی ناوەندی و وەزارەتەکان لەسەر هێڵبن و بانگهێشتیان بکەن بۆ لیژنەکان بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا رەشنووسی کۆتایی پرۆژەیاسای بودجە ئامادەبکرێت بە لەبەرچاوگرتنی سەرجەم تێبینی و سەرنجەکانی پەرلەمانتاران لەسەر بڕگە و ماددەکانی پرۆژەیاساکە.
هاوڵاتی رۆژنامەی فۆریگن پۆلیسی ئەمریکی رایگەیاند، ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرنەکەوێت، پێناچێت بە ئاسانی دان بە شکستەکەیدا بهێنێت و لە ئەگەری کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی پێدەچێت دادگایی بکرێت. لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیا، میدیاکانی جیهانیش گرنگیەکی زۆر بە هەڵبژاردنەکان دەدەن و هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن بڵاودەکەنەوە. ڕوبن سیلڤەرمان رۆژنامەنووسی رۆژنامەی فۆریگن پۆلیسی ئەمریکی راپۆرتێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە ناونیشانی ' لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا سەرۆککۆمار شکست بهێنێت، چی روودەدات؟ کەس نازانێت" بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دوای ٢٠ ساڵ لە حوکومڕانی، بەهۆی لاوازی سیاسەتی ئابوری و بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، ئەردۆغان دەنگەکانی لەدەست دەدات، بەڵام ئەگەر شکست بهێنێت، پێناچێت بە ئاسانی دەستبەرداری کورسیەکە بێت. ڕوبن سیلڤەرمان باسی ئەوەشی کرد کە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٥٠ دەبێت کە پارتی دیموکرات، لە بەرامبەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) سەرکەوت و ژمارەیەکی زۆر پارتی سیاسی توانیان بچنە پەرلەمانەوە و بەم شێوەیە پارتی دیموکرات دەستی بەسەر ماڵ و موڵکی جەهەپەدا گرت. هەروەها دەشڵێت، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئەردۆغان بە دیکتاتۆر بەناو دەکات و ئەگەر ئەردۆغان کورسیەکەی لەدەست بدات، دوور نییە دادگایی بکرێت. بۆیەش گونجاوە ئۆپۆزسیۆن هەڵوێستێکی 'ئەرێنی' بگرێتەبەر بە دیاریکردنی ستراتیژییەک، وەک لە هەڵبژاردنەکانی ئۆپۆزسیۆن گرتیەبەر، بۆ ئەوەی ڕێگری لە 'ئەم ترسە'ی ئەردۆغان و دەرئەنجامەکانی بکات. ڕوبن سیلڤەرمان لە راپۆرتەکەدا باسی ئەوەشی کردووە کە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتی کلچدارئۆغلۆ پێویستیەکە، لەبەرئەوەی بە شێوەیەک کە نمونەی کەم بووە، ئەردۆغان هەوڵیداوە نەیارەکانی ڕاپێچی زیندانەکان بکات. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵیشی وەک نمونە هێنایەوە.
هاوڵاتی دانیمارک سەرباز و راوێژکارە سەربازییەکانی لە عێراق و سووریا دەکشێنێتەوە. ئەوان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش جێگیرکرابوون. وەزارەتی بەرگریی دانیمارک لە ڕاگەیەندراوێکدا دوێنێ شەممە بڵاویکردەوە، وڵاتەکەمان ئەو سەرباز و راوێژکارە سەربازییانەى لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی چەتەکانى داعش لە عێراق و سووریا جێگیرکرابوون دەکشێنێتەوە. لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، ژمارەیەک هۆکار لە پشت کشانەوەى هێزەکانمان لە عێراق و سوریا لەوانەش لاوازبوونی داعش و پێویستیی دانیمارک بە بەهێزکردنی ئاساییشی نێوخۆی وڵاتەکەمان. جێگەیباسە یەکێک لە هۆکارەکان بۆ ئەم بڕیارە ئەوەیە کە بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، ستراتیجییە نوێیەکەی ناتۆ وا دەخوازێت کە هاوپەیمانەکانی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا لە ئەگەری هێرشی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکانیان، چاوەڕێی پشتیوانیی ئەمریکا نەکەن، بەڵکو پێویستە سەربازەکانیان زیادبکەن بۆ ئەوەی ئەگەر رووسیا هێرشی کردە سەر سنوورەکانیان، بتوانن تێکیبشکێنن. دانیمارک لە مانگى تەممووزی ساڵى ٢٠١٤ـەوە بووەتە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی چەتەکانى داعش و لەوچوارچێوەشدا ٣٠٠ سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە عێراق و سووریا جێگیرکراون.
لە رۆژی جەژندا کرێکارانی زۆربەی دامەزراوە و پاڵاوگەکانی نەوت لە ئێران بەهۆی هەڵاوسانی ئابوریی و کەمیی موچەکانیان مانگرتنیان راگەیاند. ئەمڕۆ شەممە کرێکارانی زیاتر لە 16 دامەزراوە و پاڵاوگەی نەوت لە ئێران گردبونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنیان راگەیاند و داوایان کرد کە بەهۆی هەڵاوسانی ئابورییەوە موچەکانیان زیاد بکرێت. بە پێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت هەڵاوسانی ئابوریی لە ئێران گەیشتوەتەوە زیاتر لە 49% لە بەرامبەردا حکومەت تەنها بە رێژەی 27% موچەی کرێکارانی زیاد کردوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی لێکەوتوەتەوە. پێشتر پەرلەمانی ئێران لە پڕۆژە یاسایەکدا زیادکردنی موچەی بە رێژەی 20% و لانیکەمی موچەی بە حەوت ملیۆن و 920 هەزار تمەن پەسند کردبو لە کاتێکدا لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتوە هەر خێزانێک لەو وڵاتە پێویستی بە 15 بۆ 18 ملیۆن تمەن هەیە هەیە. کەمپینی ناوەندیی نەوت و غاز لە ئێران رایگەیاندوە پێویستە موچەی کرێکارانی دامەزراوە نەوتییەکان لانیکەم بە رێژەی 79% بەرز ببێتەوە و پشوەکان زیاد بکات و کاتەکانی کارکردن لە 10 کاتژمێر بۆ هەشت کاتژمێر کەم بکرێتەوە.
هاوڵاتی سوپای سودان ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند هەماهەنگی دەکات بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی ئەمەریکی و بەریتانی و چینی و فەڕەنسی و دیپلۆماتکارانی سودان بە فڕۆکەی سەربازی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕی خوێناوی ئەو وڵاتە گەورەیەی ئەفریقای گرتووەتەوە چووەتە دووەم هەفتەیەوە. سوپای سودان ڕایگەیاند ژەنەڕاڵەکایان عەبدول فەتاح بورهان لەگەڵ ڕێبەرانی چەند وڵاتێک قسەی کردووە کە داوایان کردووە هاوڵاتیان و دیپلۆماتکارەکانیان بە سەلامەتی لە سودان چۆڵ بکەن و ڕازیبووە بە هەماهەنگی کردن بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی بیانی لەو وڵاتە، لە کاتێکدا زۆربەی فڕۆکەخانە سەرەکییەکان بوونەتە مەیدانی شەڕ و جوڵەی دەرەوەی شاری خەرتومی پایتەخت زۆر مەترسیدارە. هاوکات وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند سەرباز و کەلوپەلی زیاتر دەگوازێتەوە بۆ بنکەیەکی دەریایی لە جیبۆتی لە کەنداوی عەدەن بۆ ئامادەکاری بۆ چۆڵکردنی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەڵام بەڵام کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هیچ پلانێکی نییە بۆ گواستنەوەی نزیکەی 16 هەزار هاوڵاتی ئەمەریکی کە بە هەماهەنگی حکومەت لە سودان گیریان خواردووە. هەروەها سەبارەت بە هاوڵاتیانی عێراقی لەو وڵاتە رۆژی شەممە، 22ـی نیسانی 2023، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "وەزارەتی دەرەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتانی دۆست دەکات بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی عێراقی له سوودان بەشێوەیەکی سەلامەت بگەڕێندرێنەوە". ئەوەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە کاری لەپێشینەیان دابینکردنی هاوکارییە بۆ کۆمەڵگەی عێراقی لە سوودان. ئەحمەد سەحاف گوتی: "کاری هەرە لەپێشینەمان دابینکردنی هاوکارییە بۆ کۆمەڵگە شکۆمەندەکەمان لە سوودان و بۆ ئەو مەبەستەش هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەو پرسەوە دەکەین". هاوکات، هەریەکە لە سعودیە، ئوردن و پاکستان رایانگەیاند کە نێردە و هاووڵاتییەکانیان لە سوودان دەکشێننەوە. تەنانەت لە کاتێکدا لایەنە شەڕکەرەکان ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند ڕازی بوون بە ئاگربەستێک بۆ پشووی سێ ڕۆژەی موسڵمانان لە جەژنی ڕەمەزاندا، بەڵام تەقینەوە و تەقەکردن لە سەرانسەری خەرتوم ڕۆژی شەممە دەنگی دا. هەروەها دوو هەوڵی ئاگربەست لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بە خێرایی شکستیان هێنا. بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی، لە دەستپێکی شەڕەکەوە، لانیکەم 413 کەس کوژراون و سێ هەزار و 551 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی راپرسیەک، دەنگەکانی ئەردۆغان لە ئەڵمانیا بەگوێرەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ نزیکەی ٥٪ کەمی کردووە. ئینیستیتوی پەیوەندیەکانی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا، راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار لەنێو هاوڵاتیانی تورکیا لە ئەڵمانیا ئەمجامدا. بەگوێرەی راپرسیەکە دەنگەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار (دەسەڵات) بەگوێرەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ لەو وڵاتە ٤.٨٪ کەمی کردووە. راپرسیەکە لەبارەی دەنگی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لەنێو هاوڵاتیانی تورکیا لە ئەڵمانیا بەم شێوەیەیە: رەجەب تەیب ئەردۆغان کە پێشتر ٦٤.٨٪ی دەنگەکانی بەدەست دەهینا دەنگەکانی بۆ ٦٠٪ دابەزیوە. دەنگەکانی کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل (ئۆپۆزسیۆن) ٣٦٪ دەبێت. دەنگەکانی موحەڕەم ئینجە کاندیدی پارتی مەملەکەت و سینان دۆغان هاوپەیمانی ئاتاش هەر یەکەیان ٢٪ دەبێت. بەگویرەی راپرسیەکە ١٠٪ی دەنگدەرانیش تاوەکو ئێستا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە یاخود دەنگ نادەن. هەروەها ئینیستیتوکە لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکانی تورکیا لە ئەڵمانیا راپرسی ئەنجامداوە و ئەنجامەکەی بەم شێوەیەیە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٥٠٪. بەگوێرەی هەڵبژاردنی ٢٠١٨ دەنگەکانی نزیکەی ٦٪ کەمی کردووە. پارتی گەلی کۆماری کە لە ساڵی ٢٠١٨دا ١٥.٦٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنابووە دەنگەکانی بۆ ١٦٪ زیاد دەکات. پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ساڵی ٢٠١٨دا ١٤.٨٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو، لە ریگەی پارتی چەپی سەوزەوە دەنگەکانی بۆ ١٧٪ زیاد دەکات. پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستیش دەنگەکانی لە ئەڵمانیا لە دەوروبەری ٧٪ دەبێت. پارتەکانی دیکەش لە ئەلمانیا ٥٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنن.
ئێران رایگەیاند ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نانەوتیی لەگەڵ 15 وڵاتی دراوسێیدا زیادی کردوە و لە ساڵێکدا بڕی زیاتر لە 10 ملیارد دۆلار کاڵای رەوانەی عێراق کردوە. دەستەی گەشەی بازرگانیی لە پەرلەمانی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کاڵا و بەرهەمی نانەوتیی وڵاتەکەی لەگەڵ دراوسێکانیدا گەیشتوەتەوە 58 ملیارد و 843 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە رابردو زیاتر لە 14.4% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. لە نوێترین راپۆرتی ئەو دەستەیەدا ئاماژە بەوە کراوە عێراق وەک دراوسێی ئێران زیاترین کاڵای نانەوتیی لە ساڵی 2022 لە وڵاتەکە کڕیوە کە گەیشتوەتە 10 ملیار و 238 ملیۆن دۆلار و ئەوەش بە ژمارەی پێوانەیی هاوردەکردن لە نێوان 15 وڵاتی دراوسێی ئێران ئەژمار دەکرێت. کڕینی کالا لە لایەن عێراقەوە لە ئێران بە رێژەی 15% لە روی بەهاوە بەراورد بە ساڵی 2021 بەرز بوەتەوە و لە بەرامبەردا عێراق لە ساڵی 2022 تەنها بە بەهای 264 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی ئەو وڵاتانە بوە کە کەمترین کاڵای نانەوتیی رەوانەی ئێران کردوە. دوای عێراق وڵاتی تورکیا بە هاوردەکردنی حەوت ملیارد و 459 ملیارد دۆلار دووەم وڵاتی دراوسێی ئێران بوە کە زیاترین کاڵای لەو وڵاتەوە هاوردە کردوەتەوە و ئەوەش بەراورد بە ساڵی 2021 زیاتر لە 23% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. سەرەڕای ناکۆکییەکانیان لە ساڵی 2022 سعودیە بە بەهای 14 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار کاڵای لە ئێرانەوە هاوردە کردوە. بە گشتی ئێران لە ساڵی رابردودا بە بەهای 30 ملیارد 537 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی 15 وڵاتی دراوسێی کردوە کە 19% بەراورد بە ساڵی 2021 بەرزبوەنەوەی بەخۆیەوە بینیەوە. ئێران لەو ساڵەدا بە بەهای زیاتر لە 28ملیارد و 305 ملیۆن دۆلار کاڵای نانەوتیی لەو 15 وڵاتەی دراوسێیەوە هاوردە کردوە کە بەوەش هاوردەی ئەو وڵاتە بەراورد بە رابردو10% بەرز بوەتەوە.