هاوڵاتی دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) چۆن خەمڵی؟ چاوگە و ڕەگوڕیشە فیکریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی و سەربازییەکانی ئەم دروشمە چین، ئەو ژنە کێ بوو ئەم درووشمەی لە باکوورەوە گواستەوە بۆ ناو زیندانی (ئەوین)ی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران؟. ئەم بابەتە دەقی ڕاپۆرتێکی (بی بی سی فارسیی)ـە،  بى بى سى لەم ڕاپۆرتەدا گەڕاوەتەوە بۆ چاوگە و ڕەگوڕیشە فیکریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی و سەربازییەکانی درووشمی (ژن، ژیان، ئازادیی) و خەمڵاندنی ئەم چەمک و بیرۆکەیە لە زەینی رابەرى زیندانیکراوى پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان، لەوێوە بۆ نێو دەستەکانی شەهید ساکینە جانسز، دواتر بۆ نێو ژنانی کۆمەڵی کوردەواریی و باڵکێشانی بۆ نێو ژنانی گەلانی تر. دەقی ڕاپۆرتەکەى بى بى سى؛ بەهار شەپۆلانی بوو، تەپۆڵکە بڵندەکانی ڕووباری فوورات سەوز دەچوونەوە، شەڕڤانانی کورد، زستانێکی تووشیان بڕی بوو، نزیکەی شەش مانگ بوو بۆ پاراستنی کۆبانێ، لە سنوورەکانی سووریا و تورکیا، ڕووبەڕووی داعش دەبوونەوە، چەند ڕۆژی پێش ئەوە توانیبوویان هێزەکانی داعش بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فووڕات پاشەکشێ پێ بکەن، لە گوندی شێخلەری کەناراوی ڕۆژئاوای فووڕات، جەژنێکی بچووکیان دەگێڕا. هاوکات ئەو ڕۆژە خۆرەتاوییە هەشتی مارسیش بوو، ڕۆژی جیهانیی  ژن، ئەو شەڕڤانە ژن و پیاوانەی ماندووێتیی جەنگ لە ڕووخساریان دەباری، پیرۆزبایی ڕۆژی ژنیان لێک دەکرد، شەڕڤانە ژنەکان نزیکەی سەد کەسێک دەبوون، لە کەناراوی فووڕات دەستیان لە دەستی یەکتری وەرنا بوو و هەڵدەپەڕین و درووشمی (ژن، ژیان، ئازادیی)ـیان دەوتەوە، بە چەشنێک ئەم درووشمەیان دەبێژا، تا لەودیو ڕووبارەکەوە چەکدارانی داعش زایەڵەیان بژنەفن. ئێستا پتر لە حەوت ساڵ لەو ڕۆژە تێپەڕیوە، ئەم درووشمە لە مەڕاسیمی ناشتنی (ژینا ئەمینیی) لە سەقز دەوترێتەوە، پاش چەند کاتژمێری کەم، لە شەقام و گۆڕەپانەکانی زانکۆکانی ئێران دەنگی دایەوە، درووشمێک، کە ئێستا بووە بە ناسنامەی بزووتنەوەیەکی نوێدەمی ئێران. لێ ڕیشەی ئەم درووشمە بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟ عەبدووڵا ئۆجالان، ڕابەری زیندانیی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پاییزی ١٩٧٨ بە یارمەتیی هەڤاڵانی ئەم حزبەى لە تورکیا دامەزراند.  لە وێنەی زۆرینەی پارتە چەپەکان، بەرخۆدان بۆ بەدیهێنانی مافی ژنان، بەشێک بووە لە نەخشەڕێی سیاسیی ئەم پارتە، لە ناوەڕاستی هەشتاکان و تەڤلیبوونی ئەم پارتە بۆ گۆڕەپانی سەربازیی ژنان شانەوشانی پیاوان، چەکدار بوون، خولی سەربازیی و ئایدۆلۆژیی بۆ ئەو ژنانەی لە کۆمەڵگەی چەقبەستوو و پیاوسالاریی کوردستان هەڵهاتبوون، ئەم پارتەی لای ئەوان خۆشەویست کرد. ئۆجالان پێی وابوو ژنان لە بن فەرمانڕەوایی سیستەمی باوکسالارانەی سەرمایەداریی و دەوڵەت- نەتەوەدان، ئەو ژنان بە "یەکەمین نەتەوەی کۆتکراوی دیرۆک"، دەزانێت و دەڵێت: "لە دڵی خۆمدا دەموت: ژن نیشتمانێکی داگیرکراوە و گەرەکە ئازاد بکرێت". جا تا ئەو سنوورە ڕۆشت، کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا داوای لە پیاوان کرد، ستەم دژی ژنان ببڕێننەوە و بە ماناوە گوتی: "پیاوێتیی لە خۆتاندا بکوژن.'' هاوکاتیی ئەمە ئەندامە ژنەکانی پەکەکە خەریکی تیۆریزەکردنی ڕامانە ژنتەوەرەکانی خۆیان بوون، کەسانێکی وەک  ساکینە جانسز (ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆر کرا) باسی بزووتنەوەیەکی ژنتەوەریان دەکرد، ئەمە فیمینیزمی ڕۆژئاوایی دەلەرزاند، چونکە ئەوەیان پێ ئیمپریالیست و بۆرژوازیی و نوخبەیی بوو، جانسز لە زیندان و ئۆجالان لە دەرێ، خەریکی ڕسکاندنی نموونەیەکی ژنانە بوون، جا ئەمە سرووشی لە دڵی مێژوو و کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە وەردەگرت و لە خوار بۆ سەرێ بوو، هەروەتر ڕوانگەیەکی باننەتەوەیی و دژەئیمپریالیست بوو. ئۆجالان لە کۆتایی نەوەتەکاندا بیرۆکەی (ئایدۆلۆژیای ژنی ئازاد)ـی خستە ڕوو. ئەو ئەم ئایدۆلۆژیایە لەم ڕستەیەدا کورت دەکاتەوە: تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت، یان دەڵێت: "ژن، ژیان، ئازادیی، واتە ژنی ئازاد، نیشتمانی ئازاد و پیاوی ئازادیش.'' مرۆڤێکی تەنیا لە زیندانی تاکەکەسیی ساڵێک پاش بڵاوکردنەوەی ئەم بیرۆکەیە، لە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی نێودەوڵەتییدا و ساڵی ١٩٩٩ ئۆجالان لە کینیا ڕفێنرا، لەو کاتەوە لە زیندانی دورگەی ئیمپڕالی زیندانییە، لێ لە ڕێی نامەکاریی و پارێزنامەکانییەوە کۆشا تا پتر ئایدۆلۆژیای ژنی ئازاد مشتوماڵ بدات. ئەنجامی ئەم هەوڵە ژنانی وەک ساکینە جانسز و مشتوماڵدانی فەلسەفەی (ژنۆلۆژیی) بوو، ئێستا زانستی ناسینی ژن لە چیاکان و زانکۆی قامیشلۆ و هەندێ ئەکادیمیای ژنانی ئەورووپا و ئەمریکای  لاتین دەخوێنرێت. ژنۆلۆژیی لە کۆبانێ یەکەم جار (ژنۆلۆژیی)ـم لە کەناراوی فووڕات گوێ لێ بوو. دەمەوخۆرئاوا بوو، ڕووباری فووڕات ئارام شەپۆلانی بوو، قیڕەی بۆق قامیشەڵانی تەنی بوو، دەستەیەکی ژنان لە ژێر فەرماندەیی ژنێک، لە تەنیشتی کوڵبەی ئەو ماسیگرانەی کەس نازانێ بەختیان گاڵ دێنێ یان پەموو، تۆمارەیان لە ئاگرێک دابوو و چاییان هەڵدەقووڕاند، جگەرەیان بە جگەرە دادەگیرساند، لەم نێوەندەدا پیاوێکی ئیسپانیی هەبوو، ناوە ڕێکخستنییەکەی، شەڕڤان بوو، بۆ جەنگی داعش هاتبوو، لەمەڕ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) پرسیاری لە دەلیلای ژنە فەرماندە دەکرد، دەیخواست بزانێت چۆن ئەم گشتە ژنە لە کۆمەڵگەیەکی ئاوا پیاوسالاردا توانیویانە بەم ڕەنگە خۆیان ڕێک بخەن و دژی داعش بجەنگێن.  دەلیلا، کە پێستی تاوەسووت و ئێسکنی لەبەر ئاگردا گرپەی دەهات، هەڵوەدا گفتوگۆکەی بۆ پێشێ دەبرد، دەیوت: لە خێزانێکی کرێکاری کوردی پەناهەندەی ئەستەنبووڵەوە هاتووە و لە لاوێتییدا ژیانی گەورەشار ئاگای هێناوەتەوە. پاش ناڕەزاییەکانی بەهاری عەرەبیی و بڵێسەی جەنگی ناوخۆیی لە سووریا، کوردانی ئەم وڵاتە ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئـاوایان گرتە دەست، لە بەهاری ٢٠١٣ یەکەمین یەکینەکانی پاراستنی ژنان شانەوشانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) خەمڵی، جا ئەمە ژنانی وەک ئەو دەلیلایەی لە ئەستەنبووڵەوە ڕووەو ئەو بەشەی سووریا ڕاکێشا، دەلیلا یەپەژە بە سوپای ژنان ناودێر دەکات و دەیوت: ئازادیی  ڕۆژهەڵاتی ناویین گرێدراوی ئازادیی ژنە. ئەو دەیوت: ژن ژیانە و درووشمی ژن، ژیان، ئازادیی، هێژای ئەم واتایەیە، دیار نییە ئاخافتنەکانی دەلیلا تا چ سنوورێک شەڕڤانە ئیسپانییەکەی دڵکاو کردووە؟ لێ درووشمەکەی ئەوان، هەزاران کیلۆمەتر دوورتر لەو کوڵبە ماسیگرییەی کەناراوی ڕووباری فووڕات و لە شەقامی شارەکانی جیهان و لە ڕێپێوانی پشتیوانیی کۆبانێ، دەزرینگایەوە، ئەم درووشمە لە ڕاپۆرت و بەڵگەفیلمی زۆر ڕۆژنامەواندا ڕەنگی دایەوە، تەنانەت پەلی بۆ ئەو فیلم و زنجیرانەش کوتا وا دەربارەی پرسی جەنگی داعش بوون. لە گرتەیەکی فیلمی کچانی ڕۆژ، کە گوڵشیفتە فەڕاهانی ڕۆڵی تێدا دەگێڕێ، بەهاری فەرماندەی ئێزدیی یەکینەی ژنانی (کچانی ڕۆژ)، پێش دەستپێکی هێرش بۆ سەر داعش، بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هەڤاڵانی هاوار دەکات: بۆ ژن، بۆ ژین، بۆ ئازادیی. ئێستا ئەم درووشمە سنووری زۆری پێواوە و بە شەقامەکانی ئێران گەیشتووە، نازانرێت چەندێکی ئەو ژنە ناڕازییانەی ئەم درووشمە دەڵێنەوە، مێژووەکەی دەزانن، لێ بەرخۆدانی ژنان لە ئێران هێندەش بێ پێشینە نییە، تا ئەم چەمکەی لا نامۆ بێت. لەم ڕۆژانەدا عاتیفە نەبەویی زیندانیی سیاسیی، لە تویتێک نووسیبووی، بۆ یەکەم جار، درووشمی ژن، ژیان، ئازادییم، لە زیندانی ئەوین لە شیرینی عەلەمهولیی بیست، نووسیبووی و بە دیواری لاکەشی تەختەخەوەکەیدا هەڵی واسیبوو، شیرین لە مانگی ٤- ١٣٨٩ لەسێدارە درا، شیرین عەلەمهولیی لە ساڵی ١٣٨٩ بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، هاوڕێ لەگەڵ فەرزاد کەمانگەر و فەرهاد وەکیلیی و عەلی حەیدەرییان و مەهدیی ئیسلامییان، لە زیندانی ئەوین لەسێدارە درا، لەو سەقزەی وا ژینا ئەمینیی لێیەوە چاوی بە ژیان هەڵهانی و ئەسپەردەی خاکەکەشی  کرا، ژنان پاش شۆڕشی ١٩٧٩ لە چێوەی شوورای ژناندا خۆیان ڕێکخست، ئەو شوورایانەی وا بە دەستی ناوەندی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- کۆمەڵە، دامەزرا و سیستەمی تازەدامەزراوی دەلەرزاند. گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە، دڵی زۆرێکی لە ئێرانیان هێشاند، دەستەیەک لە ژنان لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، سەرپۆشەکانیان داماڵی و بە وتنەوەی درووشمی، ژن، ژیان، ئازادیی، دیسانەوە بنەما ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وەلەرزە هانی. دەڵێی تووڕەیی ژنانی ئێران ئاگری ژێر پەنگرە و بە هەڵمەت سەرپاکی جوگرافیای پێواوە و لە خاڵەوخاڵی جیهان دەبیسترێ، لە کابووڵەوە تا سانتیاگۆی چیلیی، وەک بڵێن: "ئێمە ئیتر چاوەڕێی پیاوانی دەسەڵاتدار نین تا مافمان بسەننەوە"، وتنەوەی ئەم درووشمە لەپاڵ درووشمی (لە کوردستان تا تاران، خوێنینە هەموو ئێران) ڕاهێڵانی پردێک بوو بەسەر خەرەندە ئیتنیکییەکان، جا یەکەونەدوو هەمووان یەکگرتووتر لە جاران هاتنە مەیدانێ، بە شایەتیی کەسانی نێو ڕووداوەکان، لە شارەکاندا ژنان کلیلی ناڕەزاییەکانیان چەرخاندووە و پیاوان، بە تایبەت لاوان، پاڵپشتییان دەکەن. وێنەی ئەو ژنەی وا بە دەستەڕاستی سەرپۆشە گڕتێبەردراوەکەی هەڵکردووە و دوو پەنجەی دەستی چەپی بە نیشانەی سەرکەوتن هەڵبڕیوە، خۆبەخۆ دەلیلا و هەڤاڵە شەڕڤانەکانیم بیر دێنێتەوە، کە پێش حەوت ساڵ داعشیان بە چۆکدا هێنابوو و لە کەناراوی فووڕات، بێ ترس لە داعش و ئایدۆلۆژیا دژەژنەکەیان، هەڵدەپەڕین.  نوسینی: سۆران قوربانی لە بی بی سی فارسی وەرگێڕانى - سورێن ئیبراهیم

هاوڵاتی بەپێی چەند بەڵگەنامەیەکی دەستەی باجی عێراق، وردەکاری دزینی زیاتر لە2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لەهەژماری دەستەکە لە بانکی ڕافیدەینی حکومی ئاشکرا دەکرێت.  بەپێی بەڵگەنامەکان لەلایەن پێنج کۆمپانیاوە بڕی 3 تریلیۆن و 700 ملیۆن دینار بەچەکی بانکی دەستەی گشتی باج ڕادەکێشرێت.  بەڵگەنامەکان ئەوە ئاشکرادەکەن کە ئەوەی جێگەی گومان نیە ئەوەیە ئەو پارانە دەستیان بەسەردا گیراوەو دزراون، بەبێ ئەوەی بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

حکومەتی ئێران ئاشکرایکردوە لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی 29 رۆژی رابردوود 32 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون. بە پێی هەواڵێکی پێگەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران؛ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەو ولاتەدا ژمارەیەک لە ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کە لە پۆلیس و ئەندامانی سوپای پاسداران و بەسیج پێکهاتون، کوژراون و ژمارەیەکی بەچاویشیان برینداربون. بە وتەی بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ زۆربەی ئەندامانی ئەو هێزە ئەمنییانە بە گولـلە کوژراون و نەیارانی چەکداری کۆماری ئیسلامی ئێران بە کوشتنی زۆرینەی ئەو هێزە ئەمنییانە تۆمەتبار کراون. رۆژنامەی (هەمشەهری) ئاشکرای کردوە تەنها لە دو هەفتەی یەکەمی خۆپیشاندانەکاندا 24 ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون. لە کۆی کوژراوانی هێزە ئەمنییەکان لانیکەم نۆ کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون. لە ماوەی رابردودا پێچەوانەی خۆپیشاندانەکانی رابردو لە ئێران خۆپیشاندەران و گەنجان بەرەنگای پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە و ئەوانیش بە چەک تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن. بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە تا ئێستا ناوی 210 کەس ئاشکرا کراون کە لەخۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون و سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن ژمارەی کوژراون زۆر زیاترە لەوە کە بڵاوکراونەتەوە چونکە حکومەت رێگەنادات ئاماری فەرمیی لەسەر کوژراوانی خۆپیشاندانەکان بڵاوبکرێتەوە.

بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی لە خوێندنگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بڕیار دەدرێت وێنەکانی خومەینی و خامنەیی لە پۆلەکانی خوێندن لاببرێن. رۆژنامەی (میهەن) لە ئێران ئاشکرای کردوە لە چەند رۆژی رابردودا ژمارەیەک مامۆستا و بەڕێوبەری خوێندگەکانی وڵاتەکە بەهۆی لابردنی وێنەکانی روحەڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی، سزا دراون. حکومەت بە بەڕێوبەری خوێندگەکانی راگەیاندوە؛ بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکاندا، خوێندکاران وەک بێڕێزیی ئەو وێنانە لە پۆلەکان دانەگرن و دواتر نەیانسوتێن یان نەیان دڕێنن، سەرجەم وێنەکانی ئەو دو کەسایەتییەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پۆلەکاندا دادەگیرێن. بە پێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە؛ لە بڕیارەکەی حکومەتدا جەخت لە وێنەکانی خامنەیی کراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە ئەگەر مەترسییەک لەسەر وێنەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامی نەبێت ئەوا ئاساییە لە پۆلەکاندا بمێنێتەوە و دانەگیرێن. ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە دەیان تۆماری ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە کە خوێندکاران وێنەکانی خومەینی و خامنەیی لە کتێبەکانیاندا دەدڕێن و وێنە هەڵواسراوەکانی ئەو دو بەرپرسەش دادەگرن و دەیانسوتێنن.      

هاوڵاتی وەزیرەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند، "بەشداریی لە حکومەتی نوێی عێراقدا ناکەین." رۆژی شەممە 15-10-2022، ساڵح محەممەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری موقتەدا سەدر لە تویتێکدا لە هەژماری تویتەری تایبەتی خۆی هێرشی تووندی کردە سەر هێزەکانی پێکهێنەری حکومەتی نوێی عێراق و ناویبردن بە  "حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی میللیشیای تاقیکراوەیە". محەمەد عێراقی ڕاشیگەیاند : "هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی لە عێراق شکستیان هێناوە". و"پلانی مانەوەی گەندەڵ و گەندەڵکاران لە عێراق هەیە و رەوتی سەدر رێگە نادات داهاتی عێراق بچێتە بانکە گەندەڵەکان". ئەو وەزیرە وتیشی: "دووپاتیدەکەینەوەکە هیچ کەسێکی سەر بە ئێمە بەشداری حکومەت ناکات، چ ئەوانەی لە حکومەتەکانی رابردوو بوون یان حکومەتی ئێستا بەشدارن؛ یان ئەوانەی لە دەرەوەی حکومەتن یان ئەوانەی پێشتر؛ یان ئەوانەی لە ئێمە جیادەبنەوە چ لە نێوخۆی عێراق بێت یان دەرەوەی؛ یان هەر کەسێک لەسەر ئێمە هەژمار دەکرێ بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە رەهایی هەر پاساوێک بۆ بەشدارییکردنیان رەتدەکەینەوە."  وەزیرەکەی موقتەدا سەدر داواشی کرد "عێراق نەبێتە یاری دەست ئەجێندای دەرەکی و چەک نەکەوێتە دەست کۆنترۆڵنەکراوەکان و پارەی خەڵکیش نەچێتە گیرفان و بانکی گەندەڵکارانەوە."  ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی پێنج شەمە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کراو تیایدا لـەتیف رەشید هەڵبژێردرا وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق و محەمەد شیاع سودانیش ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ناونوسینی بۆ کۆلێژی سەربازی ڕاگەیاند لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کۆلێژی سەربازی رۆستەمیە خولی ئەفسەری بۆ دەرچووانی خوێندنی ئامادەیی لە لقەکانی (زانستی، وێژەیی، بازرگانی و پیشەسازی) دەکاتەوە. هەربۆیە  لە ئەمڕۆوە دەرچووانی ئامادەیی لە ساڵی خوێندنی (2020 – 2021) و ساڵی خوێندنی (2021 – 2022) کە خوازیارن لە کۆلیژی سەربازی بخوێنن، دەتوانن فۆڕمی بەشداریکردن لە خولەکەدا پڕبکەنەوە. هەروەها وەزارەتی پێشمەرگەش لەم بارەیەوە ڕایگەیاند رەزامەندی پێویست وەرگیراوە بۆ وەرگرتنی رێژەیەک لە هاووڵاتیانی کوردستان لە کۆلێژی سەربازی رۆستەمیە لە بەغدا. مەرجەکانی پێشکەشکردن بۆ کۆلێژی سەربازی رۆستەمیە: 1. پێشکەشکار عێراقی بێت و لەدایک و باوکێکی عێراقی لەدایک بووبێت. 2. تەمەنی لە (18) ساڵ کەمتر نەبێت و لە (22) ساڵ زیاتر نەبێت، ئەو کەسانەش کە ماوەی سێ ساڵە لە بەشی سەربازیدا خزمەت دەکەن و دەیانەوێت فۆڕمی خوێندن پڕبکەنەوە، نابێت تەمەنیان لە (24) ساڵ زیاتر بێت. 3. رەفتار و سیڤی باش بێت. 4. هەڵگری بڕوانامەی خوێندنی ئامادەیی بێت لە لقەکانی زانستی یان وێژەیی بۆ ساڵی خوێندنی (2020 - 2021/ 2021 - 2022)، هەروەها کۆنمرەی کەمتر نەبێت لە (70%). 5. داواکاری دەرچووی ئامادەیی لە لقە بازرگانی و پیشەسازییەکان بۆ بەشەکانی (ئۆتۆمبێل، کارەبا، ئەلیکترۆنی) بۆ ساڵی خوێندنی (2020 - 2021/ 2021 - 2022)، پێویستە کۆنمرەی کەمتر نەبێت لە (80%). 6. کوڕ و کچی شەهید مەرجی کۆنمرە نایانگرێتەوە.   7. لە چاوپێکەوتنی لیژنەی کێشەکان لە وەزارەتی بەرگری دەرچووبێت. 8. سەر بە هیچ حزب و بزوتنەوە و رەوت و لایەنێکی سیاسیی نەبێت. 9. هیچ پێشینەیەکی تاوانی (سەربازی، سیاسی، پەیوەندیدار بە شەرەف)ـەوە لە دادگای سەربازی نەبێت. 10. لە کۆلێژ و خولە سەربازییەکان نەکشابێتەوە و دەرنەکرابێت، هەروەها نابێت پێشتر لە سوپا رایکردبێت. 11. مەرجەکانی لەشجوانی و تەندروستی و سەلامەتی دەروونی هەبێت کە لەلایەن لیژنەی پزیشکی تایبەتمەندەوە بڕیاری لێدەدرێت. 12. باڵای لە 165 سانتیمەتر کەمتر نەبێت. ئاماژە بەوەشدرا، هەرکەسێک ئارەزومەندە دەتوانێت لەڕێگەی ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگری عێراق فۆرمەکە  بەشێوەی ئۆنلاین فۆڕم پڕ بکەنەوە.  

هاوڵاتی  لەدوای مەرگی ژینا ناوی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو لەمیدیاكانی جیهاندا بڵاوبووەوە بەپێی هەندێك بەراوردكاری بودجەی ئەو دامەزراوەیەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەندێك دامەزراوەی دیكەی وەك پەروەردەو هەندێك زانكۆی گەورەی وڵاتەكە زۆر زیاترە. ئەو بەشە لەپۆلیسی ئێران كە وەك (گەشتی ئێرشاد) ناو دەهێنرێت لانیكەمی بودجەكەی دوو هێندەی (زانكۆی شەریف)ە لەو وڵاتەكە كە بە یەكێك لە زانكۆ گرینگەكانی جیهان لە ئاستی زانستیدا ئەژمار دەكرێت. ئەگەرچی لە ئامارەكانی ئێراندا ریزبەندێكی تایبەت بە بودجەی ئەو بەشە لەپۆلیس جیا نەكراوەتەوە بەڵام بەپێی بەراوردەكان نزیكەی 40 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو پۆلیسە تەرخان دەكرێت كە بەراورد بەدامەزراوەكانی دیكەی ئێران بودجەیەكی زەبەلاحە. ناوەندی ئاماری ئێران لەبودجەی ساڵی 2022 بڵاویكردووەتەوە كە بودجەی هێزەكانی پۆلیس بەگشتی 43 ترلیۆن و 237 ملیار تمەنە كە دەكاتە نزیكەی یەك ملیارو 600 هەزار دۆلار بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراوەتەوە؛ لەكۆی بودجەی پۆلیس نزیكەی 2.5٪ی بۆ پۆلیسی ئەخلاق تەرخان دەكرێت. بەرپرسانی پۆلیسی ئێران لە هەندێك لێدواندا ئاماژەیان بەوە كردووە كە لانیكەم یەك ترلیۆن و 80 ملیار تمەن كەدەكاتە نزیكەی 40 ملیۆن دۆلار بۆ بودجەی پۆلیسی ئەخلاقە. هەندێك لەسەرچاوەكانی ناوخۆی ئێران ئاماژەیان بەوە كردووە كە بودجەی پۆلیسی ئەخلاق تەنها 2٪ی كۆی بودجەی پۆلیسە لەساڵیكدا كە لەو حاڵەتەشدا بڕی (867) ملیار تمەن بۆ ئەو بەشە لەپۆلیس تەرخانكراوە كەئەوەش دوو هێندەی بودجەی دامەزراوەی فریاگوزاریی سەرتاسەری هەموو ئێرانە. ئەو 2٪ بودجەیەی پۆلیسی ئەخلاق هاوشانە لەگەڵ 50٪ی ئەو بودجەیەی كە لەچوارچێوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی لەبودجەی ساڵانەی ئێراندا دیاری دەكرێت و هاوكات دوو هێندە زیاترە لەبەشی ناوەندی پەروەردەو گەشەی هزری منداڵان و نەوجەوانان لەسەرتاسەری وڵاتەكە. هاوكات بودجەكەی دوو هێندە زیاترە لەو بودجەیەی كە بۆ زانكۆی شەریف لەئێران تەرخان دەكرێت لەكاتێكدا ئەو زانكۆیە یەكێكە لەزانكۆ ئاست باڵاكانی ئێران و جیهانیش لەڕووی زانستی و تەكنیكییەوە. پۆلیسی ئەخلاقی ئێران كەساڵی 2005 بەناوی (گەشتی ئیرشاد) دامەزراوە، ئاشكرای كردووە ساڵانە نزیكەی 15 هەزار كەسی دەستگیرو سزا داوەو لەو ژمارەیەش بەشێكیان تەنها ئاگاداركراونەتەوەو خولی پەروەردەیان بۆ كراوتەوە. ئەگەرچی ئەركی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران بۆ سەرتاسەری ئێرانە، بەڵام سەرنجی زیاتری ئەو بەشەی پۆلیس لەسەر تاران و شارە گەورەكانی ئێرانە. بەوتەی بەرپرسانی پۆلیسی ئەخلاق تەنها لەیەك مانگی ساڵی 2006 لەناو شاری تاران هۆشداریی دراوە بە 63 هەزار و 693 كەس، كە بەوتەی ئەوان سەرپۆش و باڵاپۆشییان نەگونجاو بووە. ئەو بەشە لەپۆلیسی ئێران روونیكردووەتەوە كە بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی دراوە بەوان بۆیان هەیە هەر ئۆتۆمبێلێك بێزاریی بۆ خەڵك دروست بكات، رایگرن و ئەگەری شۆفێرانی ژن سەرپۆشیان نەگونجاو بێت ئۆتۆمبێلەكانیان لەگەراجی پۆلیسدا بەپێی ئەو سزایەی بۆیان دیاریی دەكرێت، رابگرن. پۆلیسی ئەخلاق لەتاران تەنها لەیەك مانگدا هەزار و 149 ئۆتۆمبێكی بەبیانوی ئەوەی شۆفێرو سەرنشینەكانیان جلوبەرگ و سەرپۆشەكانیان گونجاو نەبووە سزا داوە. ژینا ئەمینی ئەو كچە كوردەی خەڵكی سەقز كە لەكاتی سەردانی بۆ تاران بەبیانوی نەگونجاوبوونی جلوبەرگەكانی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاق دەستگیركراو داوتر گیانی لەدەستدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیاترین قسە لەسەر ئەو پۆلیسە لەناوخۆی ئێران و جیهاندا دروستببێت و تەنانەت كاردانەوەكانی مەرگی ژینا بەوەشەوە نەوەستاوەتەوە و كۆڵەكەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانی هێناوەتە لەرزە.

هاوڵاتی تەقینەوەی کانێکی خەڵوز لە باکوری تورکیا دەبێتە هۆی مردنی 30 کرێکارو بێسەروشوێنبونی15 کرێکاری دیکە کە چاوەڕێدەکرێت ئەوانیش گیانیان لەدەست دابێت. دوێنێ 14/10/2022،  ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ كانێكی خه‌ڵوز له‌ شاری بارتینی باكووری توركیا روویدا،و بووە هۆی مردنی 30کرێکار و بێسەروشوێنبونی 15 ی دیکە کە چاوەڕێ دەکرێت گیانیان لە دەستدابێت، بەپێی زانیارییەکان لەکاتی تەقینەوەکەدا 110 کەس لەناو کانە خەڵوزیەکەدا بوونە، 58 کەسیان رزگاریان بووە و 30 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەیان بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانە. هەروەها لە ڕاگەیەندراوێکدا فاتیح دۆنمەز وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، دوای تەقینەوەکەی کانی خەڵوزی ئاماسرا سەر بە دامەزراوەی کانی خەڵوزی تورکیا، لە گەلەرییەکدا ئاگر کەوتووتەوە. لە ئێستادا تیمەکان لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئاگرەکە و ئەو گازی دوانە ئۆكسیدی كاربۆنەی دروست بووە. وتیشی، ''پێمان وایە ١٠-١١ کرێکارمان لەو ناوچەیەدان کە ئاگرەکەی تێدایە. ٤-٥ کرێکاریشمان لەو ناوچەیەدان کە داڕووخان تیایدا روویداوە''. هاوکات، نۆرتاش ئه‌رسه‌لان پارێزگاری بارتۆن به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند‌ووە، پێنج كه‌س له‌ قوڵایی ٣٥٠ مه‌تر گیریان خواردووه‌ و ٤٤ كه‌سیش له‌ شوێنێكی دیكه‌ گیریان خواردووه‌ كه‌ ٣٠٠ مه‌تر له‌ ژێر زه‌ویدان، تا ئێستاش هه‌شت كرێكار رزگاركراون. بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تەقینەوەی ئەو کانە خەڵوزە بەهۆی گرفتی گازەوە بووە، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا لە راپۆرتێکدا هۆکاری تەقینەوەکە بخەنەڕوو.

سه‌رۆكی نوێ عێراق په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، هه‌وڵده‌ده‌م سه‌رۆكی هه‌موو عێراقییه‌كان بم. د. لـه‌تیف ره‌شید سه‌رۆكی نوێ عێراق له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌و نوسیویه‌تی، "سوپاسی خۆم ئاراسته‌ی نوێنه‌رانی گه‌لی به‌شه‌ره‌فی عێراق و سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌م؛ بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌یان پێم به‌خشی. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شداوه‌، "به‌ڵێن ده‌ده‌م زۆرترین كار بكه‌م بۆ پاراستنی ده‌ستوور و سه‌روه‌ری وڵات و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك، بێ جیاوازی و هه‌وره‌ها هه‌وڵده‌ده‌م سه‌رۆك كۆمار هه‌موو عێراقییه‌كان بم".

هاوڵاتی     کاریگه‌ریی مه‌رگی ژینا ئه‌مینی ته‌نها له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران نه‌بووه‌و به‌ڵکو له‌ئاستی جیهانیشدا زۆرترین کاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، ئه‌و مه‌رگه‌ به‌ئازاره‌، مژده‌ی ئازادیی پێیه‌و به‌بڕوای شاره‌زایانیش دوای شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی به‌هاری عه‌ره‌بی، ئێستا به‌هارێکی دیکه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ که‌نه‌ک ته‌نها بۆ ژنان و کچان به‌ڵکو په‌یامی مژده‌به‌خشی بۆ مرۆڤایه‌تیی پێیه‌. نووسه‌ران و رۆشنبیرانی جیهان پێیان وایه‌ مه‌رگی ژینا گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین راپه‌ڕینی دژی سته‌مکاریی له‌ئێران لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌ که‌دوور نییه‌ زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مکاره‌کانی وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که‌ش بگرێته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی ژینا کچه‌ کوردێکی خه‌ڵکی شاری سه‌قز له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو، به‌ڵام چیرۆکی ژینا به‌نووسین (ژینا گیان تۆ نامری ناوت ده‌بێت به‌ ره‌مز) له‌سه‌ر کێلی گۆڕه‌که‌ی ده‌ستیپێکردو به‌دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) هه‌موو سنووره‌کانی جیهانی گرته‌وه‌. کاردانه‌وه‌کان له‌دوای نزیکه‌ی مانگێکیش بۆ مه‌رگی ژینا به‌رده‌وامه‌و ره‌نگه‌ ئاسانترین رێگه‌ش بۆ هاوپشتی و پشتیوانی ئه‌و پرچبڕینانه‌ بێت که‌ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ژنانی ناودارو چالاکوانان و خه‌ڵکانی ئاسایی هه‌موو شوێنه‌کانی جیهانی گرتووه‌ته‌وه‌و له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر ئه‌و راپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدانانه‌یه‌ که‌دژی ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌های ناوچه‌که‌ ده‌گیرێته‌به‌رو ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌تارانه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ڵدێر بردووه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کان تائێستاش به‌رده‌وامه‌و دوای 27 رۆژ له‌مه‌رگی ژینا نزیکه‌ی 192 که‌س له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون، به‌ڵام له‌ رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ هیچ کاتێک و به‌هیچ هۆکارێک ئه‌و هه‌موو سزا تونده‌ به‌سه‌ر به‌رپرسانی باڵاو ناوه‌ندو دامه‌زراوه‌کانی ئێراندا نه‌سه‌پێنراوه‌ که‌ به‌هۆی مه‌رگی ژیناوه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی تاران سه‌پێنراوه‌.   به‌هاری ژینا له‌ترسه‌وه‌ بۆ هیوا ده‌سه‌ڵاتی ئێستای ئێران ئه‌زموونێکی 43 ساڵه‌ی هه‌یه‌ له‌کۆنتڕۆڵ و سه‌رکوتی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان به‌تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ی سه‌پاندنی هێزی سه‌ربازیی و سزای قورس، بۆیه‌ ره‌نگه‌ له‌وڵاتێکی دیموکراتیک هیچ کاتێک ترس و دڵه‌راوکێ بۆ به‌شداریی له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی نه‌بێت، به‌ڵام له‌ده‌وڵه‌تێکى وه‌ک ئێران زۆر جیاوازه‌و مێژووی نزیکی خۆپیشاندانه‌کانی چه‌ند ساڵی رابردوو سه‌لماندویه‌تی ده‌یان که‌س به‌گولـله‌ و چه‌کی جه‌نگی کوژراون و هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ خه‌ڵکی ناڕازییان به‌کوشتن ترساندووه‌و به‌ به‌رده‌وامیش خۆپیشانده‌ران له‌و هێزانه‌ سڵه‌میونه‌ته‌وه‌و ترسیان لێیان هه‌بووه‌. مه‌رگی ژینا ترسی له‌دڵی ژنان و گه‌نجانی ئه‌و وڵاته‌ کرد به‌توڕه‌یی و پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی جاران خه‌ڵکی مه‌ده‌نیی رووبه‌ڕووی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ده‌بنه‌وه‌و ژماره‌یه‌کیش له‌هێزه‌کانى سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات کوژران، شاره‌زایانی کۆمه‌ڵناسی ئێران حاشایان له‌و جیاوازییه‌ گه‌وره‌یه‌ نه‌کردووه‌و ئاماژه‌یان به‌وه‌ کردووه‌ خۆپیشانده‌ران بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن چه‌ند تووڕه‌ن به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌هه‌موو شێوەیه‌ک هاوکاریی یه‌کتر ده‌که‌ن و ته‌نانەت ژیانیشیان بۆ پاراستنی که‌سانی دیکه‌ ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌، هه‌رئه‌وه‌ش وایکردووه‌ ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌کان وره‌یان له‌ده‌ستبده‌ن و دوودڵبن له‌وه‌ی هێرش بکه‌نه‌سه‌ر خه‌ڵک. زۆربه‌ی نووسه‌ران و رۆشنبیرانی نزیک له‌ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ڕێگه‌ی وتارو نووسینه‌کانیانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌که‌ تێبگه‌یه‌نن ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی ئێستا به‌هێز بێده‌نگ ناکرێت، به‌ڵکو ته‌نها بۆ ماوه‌یەکی کاتیی کۆنتڕۆڵ ده‌کرێت و دواتر وه‌ک ئاگری بن خۆڵه‌مێش بڵێسه‌ ده‌ستێنێت. خۆپیشانده‌رانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران قۆناغی ترسیان ده‌رباز کردووه‌و له‌ئێستادا تووڕه‌ن و زۆربوونی هه‌ستی هاوبه‌ش و پشتیوانیی بۆ ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ بووه‌ته‌ هیوا، هیوایه‌ک بۆ ئازادی و ژیانێکی باشتر بۆ دانیشتوانی ئه‌و جوگرافیایه‌. ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی به‌مه‌رگی ژینا له‌ (16/9/2022) ده‌ستیپێکرد به‌گه‌وره‌ترین کاردانه‌وه‌ی مێژووی 43 ساڵی رابردووی ئێران ناوده‌هێنرێت، بۆیه‌ ژینا بۆنی به‌هاری پێیه‌، بۆنێک بۆ ژیان به‌بێ جیاوازیی ره‌چه‌ڵه‌ک و نه‌ته‌وه‌و جوگرافیا.   خۆپیشاندان و رووخانى ده‌سه‌ڵات له‌ئێران له‌ساڵی 1978 دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی له‌سه‌رتاسه‌ری خاکی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دژی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی راپه‌ڕین، ده‌رکه‌وت له‌ماوه‌ی ساڵانی 1962 تا 1978 به‌گشتی سێ هه‌زارو 164 که‌س  له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا لەلایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی ئه‌وکاته‌وه‌ کوژراون و هه‌ر مه‌رگی ئه‌وان بووه‌ هۆی کۆتایی به‌ ته‌خت و به‌ختی پاشایه‌تیی و رووخانی رژێمی په‌هله‌وی. به‌پێی ئاماره‌کانی ئه‌وکات له‌ماوه‌ی هه‌شت مانگی ساڵی 1978 له‌خۆپیشاندانه‌کانی دژی رژێمی پاشایه‌تی 532 که‌س کوژراون و ته‌نها له‌دوایین مانگی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌دا که‌کۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی محه‌مه‌د ره‌زا په‌هله‌وی هێنرا 179 که‌س کوژران، له‌کاتێکدا له‌خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دواییانه‌دا له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێکی که‌مدا 189 خۆپیشانده‌رو خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران کوژران. ده‌وترێت ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی حاشا له‌کوشتنی ژینا بکات ده‌یان که‌سی کوشتووه‌و دووریش نییه‌ ئه‌و ژماره‌ له‌کوژراوانه‌ زۆر زیاتر بێت. روحه‌ڵڵا خومه‌ینی، دامه‌زرێنی کۆماری ئیسلامی له‌و سه‌رده‌مه‌دا رایگه‌یاند: نزیکه‌ی 60 هه‌زار که‌س له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی دژی سیستمی پاشایه‌تیی کوژراون، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌ مێژووییانه‌ی که‌ پشتڕاست کراونه‌ته‌وه‌و عیماده‌دین باقی، مێژوونووسی ئێرانی ئاشکرایکردووه‌ له‌ماوه‌ی 15 ساڵی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌که‌ له‌دژی سیستمی پاشایه‌تی ته‌نها ناوی سێ هه‌زارو 164 که‌س وه‌ک کوژراوی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان تۆمار کراوه‌، چونکه‌ زۆرترین هه‌وڵدراوه‌ خۆپیشانده‌ران نه‌کوژرێن و سوپای ئه‌وکاتی پاشایه‌تیش پشتگیریی خه‌ڵک و خۆپیشانده‌رانی کردووه‌. ئه‌و ئامارانه‌ی که‌ له‌سه‌رده‌می به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی یه‌که‌م ساڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ن به‌کوژرانی سه‌دان که‌س و ته‌نها له‌یه‌که‌م مانگی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا به‌گشتی له‌خۆپیشاندان و زیندان و ئه‌ندامانی رژێمی پێشووی پاشایه‌تی 582 که‌س کوژراون. لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ئاشکرای کردووه‌ که‌ ته‌نها له‌ساڵی 1979 زیاتر له‌دوو هه‌زارو 946 که‌س که‌دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ کوژراون، واته‌ ئه‌وه‌ی رژێمی پاشایه‌تی له‌ماوه‌ی 15 ساڵدا خۆپیشانده‌رو نه‌یاری کوشتووه‌، کۆماری ئیسلامی له‌یه‌ک ساڵدا له‌و ژماره‌ کوژراوه‌ نزیکبووه‌ته‌وه‌. به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی که‌ به‌رپرسی ئه‌وکاتی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی بڵاویکردووه‌ته‌وە له‌نێوان ساڵانی 1981 تاساڵی 1985 زیاتر له‌هه‌شت هه‌زار نه‌یاری کۆماری ئیسلامی ئێران به‌شێوازی جیاواز له‌خۆپیشاندانه‌کان و له‌زیندانه‌کان کوژراون و ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌کیشیان له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ تیرۆرکراون، ئاشکراشیکردووه‌ که‌زۆربه‌ی قوربانییه‌کان له‌سێداره‌ دراون. له‌یاسای ژماره‌ 27ی ده‌ستوری کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ر جۆره‌ ده‌ربڕینێکی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان به‌بێ چه‌ک رێگه‌پێدراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی 43 ساڵی رابردووی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌و وڵاته‌ به‌دیده‌کرێت پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌رکه‌وتووه‌.   ژنان پێشه‌نگی خۆپیشاندانه‌کانن ژنان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌ت له‌شاری سنه‌ ته‌نها 25 رۆژ دوای هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ساڵی 1979 دژی باڵاپۆشیی سه‌پێنراوو به‌زۆره‌ملێ وه‌ستانه‌وه‌و خۆپیشاندانیان کردو له‌شاره‌ گه‌وره‌کانی وه‌ک تاران و ته‌برێزیش ژنان و کچان دژی ئه‌و بڕیاره‌ وه‌ستانه‌وه‌. تاساڵی 1980 زیاترین ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌وکاته‌دا پارته‌ نه‌یاره‌کان و کۆمۆنیسته‌کان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کرێن به‌ڕێکخستنی ناڕه‌زایه‌تیی و خۆپیشاندانه‌کان. به‌گشتی له‌ماوه‌ی 43 ساڵ ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا زیاتر له‌ 59 خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریی و به‌رفراوان به‌ڕێوه‌چووه‌ که‌ زۆرینه‌ی ره‌هایان دژی یاساو رێساکانی ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادییه‌کان و به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ڵاوسانی ئابووری و گرانیی بووه‌. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هیچ ئامارێکی له‌ژماره‌ی کوژراوان و برینداران بڵاونه‌کردووه‌ته‌وه‌ ناتوانرێت به‌دیاریکراوى ژماره‌یه‌کی گشتی له‌قوربانیان بزانرێت، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ی که‌بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ له‌هه‌ریه‌که‌ له‌و خۆپیشاندانه‌ که‌هه‌ندێکیان زیاتر له‌مانگێکیان خایاندووه‌، لانیکه‌م 100 بۆ 200 که‌س کوژراون و  له‌هه‌ندێک حاڵه‌تیشدا ژماره‌ی قوربانیان زۆر زیاتربوون.

هاوڵاتی بڵاوکراوەیەکی ئەمریکی ئاشکرای کردوە؛ بەرپرسانی ئێران لە چەند نامەیەکی نهێنیدا هەڕەشەی ئەوەیان کردوە کە ئەگەر یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر تاراندا بسەپێنێت ئەوا کۆتایی بە پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ ئەو یەکێتییە دەهێنن. پێگەی (پۆلیتیکۆ) لە ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ لە دوو نامەی تایبەتدا حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و غوڵامحسێن دێهقانی نێردراوی ئەو وڵاتە لە ئەوروپا بۆ جۆزێپ بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا داوایان کردوە بە بێ رەچاوکردنی بارودۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەیان بیر لە سزادانی تاران نەکەنەوە. لە نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئێراندا هاتوە ئەگەر ئەوروپا سزاکانی بەسەر تاراندا بسەپێنێت رەنگە پەیوەنییەکانیان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا راگرن و بەردەوام نەبن لە کاری دیپلۆماسیی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا. بڕیارە رۆژی دوشەممەی داهاتو یەکێتی ئەوروپا ئەو سزایانەی بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەران و خەڵکەوە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی کردوە ئاشکرا بکات.

هاوڵاتی پەرلەمانی تورکیا یاسایەک لە دژی رۆژنامەگەریی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەسند دەکات و هەر بەشداربویەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەر بابەتی ئەمنی و ئاسایشیی وڵاتەکە بڵاو بکاتەوە ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانیی بەسەردا دەسەپێت. ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشە (ئاکەپە) و پارتی نەتەوەپەرست (مەهەپە) یاسای (دێفۆرماسیۆن)ی پەسند کرد کە بە بە یاسای سانسۆر لە وڵاتەکە ناو دەهێنریت. بە پێی ئەو یاسایە رۆژنامەوانان و بەشداربوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نابێت هیچ بابەتێک لەسەر مەترسیی بۆ ئاسایشی دەرەوە و ناوخۆی تورکیا بڵاو بکەنەوە و بە پێچەوانەشەوە سزای ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێت. لەو یاسایەدا ئاماژە بەوە کراوە تەنات بڵاوکردنەوە و هاوبەشکردنی ئەو هەواڵ و نوسینانەی کە دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایش و مەترسیی بۆسەر سەقامگیریی تورکیا هاوشێوەی ئەو کەسەی یەکەمجار هەواڵ و پەیاماکەی بڵاو کردوەتەوە سزا دەدرێت واتا شەیرکردن و ریتویتکردن بە پێشلکردنی یاساکە لەقەلەم دەدرێت وەک تاوانبار سزای بەسەردا دەسەپێنرێت. زیاتر لە هەفتەیەک ئەو یاسایە ناکۆکیی لە نێوان پەرلەمانتارانی ناو پەرلەمانی تورکیای لێکەوتوەتەوە و رۆژنامەوان و چالاکوانانیش یاساکە بە مەترسیدار دەزانن دژی ئازادیی رادەربڕین.

هاوڵاتی کەنەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئێران سزا دەدات و لە ناو سزادراوانیش وەزیری دەرەوەی پێشوی وڵاتەکە هەیە. وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئاشکرای کرد بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەران و خەڵکی ئێران ژمارەیەک بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامیی لەو وڵاتە سزا دەدات. سزاکانی کەنەدا 17 بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و سێ دامەزراوەی سەرەکیی دەسەڵات لەو وڵاتە دەگرێتەوە کە دەستیان لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و خەڵکدا هەبوە. لە ناو لیستی بەرپرسانی سزا دراودا هەر یەکە لە محەمەدجواد زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئێران و ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگریی سەردەمی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشوی وڵاتەکەدا دەبینرێت. هاوکات عەلی لاریجانی ، سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی ئێران و حسێن شەریعەتمەداری راوێژکار عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە لە لیستی ئەو سزایانەدان کە رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا بڵاوی کردوەتەوە. کەنەدا 76 ملیۆن دۆلاری تەرخان کردوە بۆ دەستبەسەراگرتنی دارایی و موڵک و ماڵی ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوکات گەشتیش لە زۆربەی ئەو بەرپرسانە بۆ کەنەدا قەدەغە دەکرێت.

هاوڵاتی له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراق كه‌تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار، له‌ گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردندا عه‌بدول له‌تیف ره‌شید بە ١٦٢ دەنگ توانی به‌سه‌ر ركابه‌ره‌كه‌یدا كه‌ به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح بوو بە ٩٩ دەنگ سه‌ربكه‌وێت و ببێت به‌ سه‌رۆك كۆماری داهاتووی عێراق. به‌پێی ده‌ستووری عێراق پێویسته‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد بێت، به‌ڵام یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ماوه‌ی نۆ مانگی رابردوودا نه‌یانتوانی ئه‌و پرسه‌ له‌نێوان خۆیاندا یه‌كلابكه‌نه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان به‌كاندیدی خۆیان ده‌یانه‌ویست به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌باره‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیده‌كانی سه‌رۆك كۆمار بكه‌ن. كاندیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح بوو، هه‌روه‌ها پارتیش دوای ئه‌وه‌ی كاندیده‌كه‌ی خۆی كشانه‌وه‌ كه‌ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د بوو، ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كه‌ی راسپارد كه‌ ده‌نگ به‌كاندید عه‌بدول له‌تیف ره‌شید بده‌ن. عه‌بدول له‌تیف ره‌شید، به‌ده‌نگی ٢٦٩ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق توانی بۆ ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوو ببێته‌ سه‌رۆك كۆمار. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جگه‌ له‌وه‌ی فراكسیۆنی سه‌در له‌په‌رله‌مان نه‌ماون، چه‌ند فراكسیۆنێكی دیكه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان نه‌كردو بایكۆتیان كرد.

هاوڵاتی تورکیا لە نۆ مانگدا بە بەهای زیاتر لە 17 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی وڵاتانی دراوسێی کردوە و لەناویشیاندا عێراق گەورەترین پشکی بەرکەوتوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی میدیا فەرمییەکانی تورکیا بڵاویانکردوەتەوە؛ لە نۆ مانگی ئەمساڵدا تورکیا بە بەهای 17 ملیار و 432 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی وڵاتانی دراوسێ کردوە. عێراق لە نۆ مانگەدا گەورەترین هاوردەکاری کاڵای تورکیا بوە و بە بەهای حەوت ملیار و 507 ملیۆن دۆلار کاڵای هاوردەکردوە. کاڵای هاوردەکراوی تورکیا بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەراورد بە ساڵی رابردو بە رێژەیەکی بەرچاو زیادبوە.