هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق داوای له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق كردووه رۆژی پێنجشهممه (27ی تشرینی یهكهم/ئۆكتۆبهری 2022) بۆ متمانهبهخشین به كابینهكهی كۆببێتهوه. ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی بە فەرمی داوایەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد و تیایدا رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەی وەک وادەی پێدانی متمانە بە کابینەی حکومەتەکەی دەستنیشانکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە دوو ڕۆژ لەمەو پێش، سەرکردەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە ماڵى هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح لە بەغدا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنى ناکۆکییەکانى نێو ئەو هاوپەیمانێتییە لەبارەى پێکهێنانى حکومەت. لە کۆبوونەوەکەشدا محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو بەشداربوو.
هاوڵاتی سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند: "لەبەرامبەر پێدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە رووسیا لەلایەن ئێرانەوە بۆ جەنگی ئۆکراینا، لەوانەیە مۆسکۆ پشتیوانی لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی تاران بکات". ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە رێگای پەیامێکی ڤیدیۆییەوە بەشداری لەو کۆنفرانسە کرد کە رۆژنامەی "Haaretz" ئیسرائیلی رێکی خست و رەخنەی لە تەل ئەبیب گرت کە لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا بێلایەنە. سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بانگەشەی ئەوەی کرد کە هۆکاری پێدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە رووسیا لەلایەن ئێرانەوە بۆ بێلایەنی ئیسرائیل دەگەڕێتەوە لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا. زێلێنسکی ئاماژەی بەوە دا کە تاکوو ئێستا رووسیا، نزیکەی چوار هەزار و ٥٠٠ مووشەکی ئاراستەی ئۆکراینا کردووە، ژمارەی مووشەکەکانی کەم بووەتەوە بۆیە بە دوای "چەکی نرخ گونجاودا دەگەڕێت" و ئەم جۆرە چەکانەیش لە ئێران هەن. سەرۆکی ئۆکراینا بە ئاماژەدان بەوەی کە هەواڵگری وڵاتەکەی وای بۆ دەچێت رووسیا داوای نزیکەی دوو هەزار "فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو"ی لە ئێران کردبێت، گوتی: "بە رای ئێوە رووسیا پارەی ئەوانە چۆن دەداتەوە؟ لەوانەیە بە پارە نەبێت، بەڵکو لە بەرامبەر پشتیوانیکردنی رووسیایە لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران. واتای راستەقینەی هاوپەیمانییەتییەکەیشیان هەر ئەوەیە". ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بە ئاماژەدان بەوەی کە داوای سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان لە ئیسرائیل کردووە، گوتی: "ئەگەر ئاسایشی کایەی ئاسمانیی ئۆکراینا پارێزرابووایە، رووسیا داوای شتێکی دیکەی لە ئێران نەدەکرد". سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی داوای لە ئیسرائیل کرد کە وەک "دیموکراسییەتی ئەورووپا لە رێگای پێدانی چەکەوە هاوکاری کیێڤ بکات"، گوتی: "بوونی سەربازیی رووسیا لە سووریا بەهۆی بەرگریی لەخۆکردنی ئۆکرایناوە کەم بووەتەوە، بەڵام ئێمە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی 'گومەزی ئاسن'ی ئیسرائیلیمان نییە".
هاوڵاتی یونیسێف رایدەگەیێنێت دەرهاویشتەکانی شەڕی داعش لە ساڵەکانی 2014-2017 وایکردووە تاوەکو ئێستاش 2.5 ملیۆن کەس لە عێراق پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەبێت کە 1.1 ملیۆن لەوانەش منداڵن. سندووقی هاریکاریی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە دوایین راپۆرتیدا لەبارەی رەوشی مرۆیی عێراق دەڵێت، بۆ ساڵی 2022 ئەوان پێویستییان بە 52.2 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ ئەوەی یارمەتی پێشکەشی ئەو منداڵ و خێزانانە بکەن کە لە دۆخێکی ناهەمواری مرۆییدا دەژین. یونیسێف دەشڵێت، لەو بڕە کۆمەکەی بۆ ئەمساڵ داوایانکردووە، تاوەکو ئێستا تەنیا 22٪ی دابینکراوە و 78٪ی دابیننەکراوە. ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، وایکردووە بۆشایی لە دابینکردنی ئاو، پاککەرەوەکان، پەروەردە و تەندروستیدا دروستبێت. رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، شەڕ و پێکدادان، ناسەقامگیریی سیاسی و کۆرۆنا هۆکارن بۆ خراپتربوونی رەوشی مرۆیی لە عێراق. هاوکات دەشڵێت، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی ئەو کۆمەکانەی بۆ ئەوان دابینکراوە 21٪ کەمیکردووە. باس لەوەش دەکات کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ تەنیا 5.96 ملیۆن دۆلاریان بۆ هاوکاریکردنی منداڵانی عێراق پێگەیشتووە. دەشڵێت بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتی پێشکەشی ئەو منداڵانە بکەن کە لە دۆخێکی سەختی مرۆییدا دەژین، پێویستییان بە 40.71 ملیۆن دۆلار هەیە.
هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە لەچوارچێوەی کارنامەی حکوومەتەکەیدا، جەخت دەکەنەوە لەسەر بەردەوامی ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ھەروەھا ئاشکراکردنی گەندەڵکاران و دەستگیرکردنی تاوانباران. مستەفا کازمی لە تویتێکدا نوسیوویەتی "لە رۆژی یەکەمەوە تا دوایین سات، جەخت دەکەینەوە لەسەر بەردەوامی حکوومەتەکەمان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ھەروەھا ئاشکراکردنی گەندەڵکاران و دەستگیرکردنی تاوانباران". راشیگەیاندووە "لێپێچینەوە لەوانەی پارەی گشتییان دزیوە و راپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا، پرسێکە کە جێگای گرنگی حکوومەتەکەمان بووە، ھەروەھا بەپێی رێکارە یاساییەکان و جێبەجێکردنی فەرمانە دادوەرییەکان، بەدواداچوونی وردمان بۆ ئەو پرسە کردووە، بەبێ گوێنەدانە ئەوانەی موزایەدەی سیاسیی دەکەن و راستییەکان دەشارنەوە". سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەروەھا ئاماژەی بەوەیشداوە، لەکاتێکدا ئەوانەی کە خۆیان سەرچاوەی گەندەڵیین و بەرگریی لێ دەکەن، ئەگەر لەڕووی سیاسییەوە بەرنگاری نەکرێن، ئەوە وەک خۆیان دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە گەندەڵی.
هاوسەرۆکی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت، بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ کێشەکانی عێراق چارەسەرنابن، چونکە وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی دەیانەوێت ئەو حکومەتە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئاڕاستە بکەن، پەیامێکیش ئاراستەی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق دەکات و دەڵێت:”چاوەڕێین ڕۆڵێکی ئەرێنیی بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و باشووری کوردستان و تەنگەژەکانی عێراق”. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی مەدیا هابەر، ئاماژەی بە دۆخی عێراق کرد و وتی:”ماوەیەکی زۆرە لە عێراق گێژاوێک دروست بووە، سیستمی دەوڵەت-نەتەوە و سیستمی دەوڵەتی پێنج هەزار ساڵە هەڵوەشایەوە. لە ژێر ئەم هەڵوەشاندنەوە و داڕمانەدا، گێژاوێکی گەورە دەرکەوت و هەر کەسێک دێت ناتوانێت بەڕێوبەرایەتییەکی ڕێکوپێک دابمەزرێنێت، ئەمە بارودۆخێکی نوێ نییە، دەسەڵاتداران لە دەرەوە بەڕێوەدەبرێن، یان دادەنرێن، زۆر هێز لێرە شەڕی هەژموونی خۆیان بەڕێوەدەبەن، دەیان ساڵە مەیدانی جەنگی هەژموونی ئێران و ئەمریکایە. ئینگلتەرا، وڵاتانی ئەوروپا، تورکیا و چەندین دەوڵەتی دیکە کار بۆ شێواندنی و ئاڵۆزکردنی عێراق دەکەن”. لەبارەی سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە عێراق زیاتر قسەیکرد و وتی:”تورکیا بۆ بەرژەوەندیی خۆی تورکمانەکان ڕێکدەخات، بەوەش گێژاوەکە قورستر دەکات، کەرکوک و باشیکی بۆ خۆی کردووەتە بنکە و بارەگا، لە ڕووی سیاسیی، ئابووریی و سەربازییەوە عێراق ئاڵۆز و تێکەڵوپێکەڵ دەکات”. بەسێ هۆزات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەیامی ئاراستەی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق کرد و وتی:”بەڕێز لەتیف ڕەشید وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا، جارێکیتر پیرۆزبایی لێدەکەین. ئێمە چاوەڕێین کە ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت لە چارەسەرکردنی دیموکراتیانەی کێشەکانی نێوان بەغدا و باشووری کوردستاندا، هەمیش بۆ چارەسەرکردنی قەیران و تەنگەژەکان لە بەغدا، بۆ دیموکراتبوونی عێراق گرنگە کە ڕۆڵێکی ئەرێنیی پەیڕەو بکات، لە بەرامبەر سیاسەتی عوسمانیی نوێ و داگیرکەری دەوڵەتی تورک گرنگە کە دەوڵەتی عێراق هەڵوێستێکی جددیی نیشان بدات”. لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیشەوە، هاوسەرۆکی کەجەکە وتی:”ڕەنگە حکومەت بە سەرۆکایەتی سودانی پێکبهێنرێت، بەڵام دیارە کە درێژخایەن نابێت، لە عێراق بە پێکهێنانی حکومەت تەنگەژەکان بە خێرایی چارەسەرنابن، ڕەنگە ئاڵۆزییەکان لە بەغدا کەمببنەوە، بەڵام تەنگەژە لە عێراق بەردەوام دەبێت. لەبەر ئەوەی هەمووان دەیانەوێت ئەو حکومەتەی کە پێکدەهێنرێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا ئاڕاستەی بکەن، ئەمریکا، ئێران و تورکیا هەوڵ دەدەن بەرەو لای خۆیانی ڕابکێشن”. ئاماژەی بە هەڵوێستی موقتەدا سەدریش کرد و وتی:”هەڵوێستی سەدر گرنگە، سەدر بەڕوونیی هەڵوێستی خۆی دەربڕی، وتی ‘ئەوان ناچنە ناو ئەم حکومەتەوە’، سەدریش بە پاڵپشتیی گەل گوشاری جددیی دەخاتە سەر حکومەت، هەر بۆیە بە شێوەیەکی ئارام زوو بە زوو ئەوە پێکنایەت، چارەسەری دۆخی عێراق لە سیستمی دیموکراتدایە، سیستمی عێراق کۆنفیدراڵی دیموکراتە، کە لەسەر بنەمای هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکانە”.
هاوڵاتی کەبابی ئادانا کە بە کەبابی تیژ و کەبابی ئورفا کە بە کەبابی بێتیژی بەناوبانگن، بوونەتە هۆی کێبڕکێی نێوان ئەو دوو شارە لە تاموچێژی کەبابدا. وەستاکانی دروستکردنی کەباب لە ئادانا رۆژانە بە چەقۆی گەورە گۆشتی بەرخی نێر دەکەن بە قیمە و دوای ئەوەی لەگەڵ خوێ و هاڕاوەی بیبەردا دەیشێلن، بە شیشەوەی دەکەن، بەڵام وەستاکانی دروستکردنی کەباب لە ئورفا دوای کردنە قیمەی گۆشتی بەرخی نێر تەنها خوێی پێدا دەکەن و بە شیشەوەی دەکەن. دوای برژانی کەباب لەسەر ئاگری خەڵووز لە ئادانا خەیار، سەوزە، تەماتە و بیبەری بژراو و لە ئورفایش سەوزە، پیاز و بیبەری لەگەڵدا دادەنێن. ئەم دوو شارە کە بەناوبانگن لە کەبابی بە تاموچێژ و لەگەڵ یەکتردا لە کێبڕکێدان خواستێکی زۆر لەسەر کەبابەکانیان هەیە. سەرۆکی هۆبەی ئادانا لە کۆمەڵەی خواردنگەکان و گەشتیاریی، بیراڵ سەرتاش بە ئاماژەدان بەوەی کە کێبڕکێ لەسەر کەبابی نێوان ئەم دوو شارە دەمێکە هەیە، گوتی: "هەردوو جۆرە کەبابەکە تاموچێژی تایبەت بە خۆیان هەیە. لە کاتێکدا تاکە جیاوازی نێوانیان ئەوەیە، هاڕاوەی بیبەر بۆ کەبابی ئادانا بەکار دەهێندرێت. گۆشتی ئەو بەرخانە بۆ کەبابی ئادانا بەکار دەهێندرێت کە لە چیاکانی تۆرۆس گەورە بوون و تەمەنیان ساڵێکی تێپەڕ نەکردووە". وەستای کەباب، جەودەت دارگن بە ئاماژەدان بەوەی کە بە چێژەوە کەبابی ئادانا دروست دەکەن، گوتی: "تەواوی تواناکانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی کەبابێک پێشکەش بە داواکاران بکەین کە تاموچێژێکی ناوازەی هەبێت". هاووڵاتی حوسێن ئەرکان کایا کە حەزی لە کەبابی ئادانایە گوتی: "خۆشترین کەباب هی ئادانایە. هەرچەند وەستاکانی دروستکردنی کەبابی ئورفا باس لەوە دەکەن هی ئەوان خۆشترە، بەڵام بە بۆچوونی من کەباب نییە شان لە شانی کەبابی ئادانا بدات". سەرۆکی ژووری چێشتخانە و کوبەی گۆشت و شیرینیەکانی ئورفا، مەهمەت شاکاک بە ئاماژەدان بەوەی کە کەبابی ئورفا لە گۆشتی ئەو بەرخە نێرانە دروست دەکرێت کە لە دەشتودەری هەردوو قەزای سیڤەرەک و وێرانشار گەورە بوون، گوتی: "لە کاتێکدا لە ژمارەیەک لە پارێزگاکان چەندین جۆر بەهارات و سەوزە لە کەباب دەکرێت، بەڵام کەبابی ئورفا سروشتییە و تەنها خوێی پێدا دەکرێت". وەستای دروستکردنی کەبابی ئورفا، نوسرەت ئاکباش بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە کەبابی ئورفا سادە و سروشتییە و تەنها خوێی پێدا دەکرێت، گوتی: "تەنانەت دوگیش لەو کەبابە ناکرێت، ئەوانەی دەیخۆن تامێکی زۆر خۆش لەو گۆشتە دەکەن. بەپێی داواکاری لەگەڵ کەبابەکەدا تەماتەی برژاو، بیبەری ئورفا و پیاز پێشکەش دەکرێت". عەبدوڵڵا یوکسەل کە سەردانی ئورفای کردووە ئاماژەی بەوە دا کە کەبابی ئورفا تامێکی زۆر جیاوازی هەیە. سهرچاوه: ئاژانسی ئانادۆڵۆ
هاوڵاتی لهبهیاننامهیهکدا که وهزارهتی دهرهوه بڵاویکردۆتهوه "فوئاد حسێن " وەزیری دەرەوە ڕایگهیاندووە كە گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت دەبێتە هۆی سەقامگیركردنی دۆخی ناوخۆی عێراق. لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوهدا هاتووه: "ئەمڕۆ "فوئاد حسێن" وەزیری دەرەوە کۆپییەکی بڕوانامەی "ماتسومۆتۆ هۆتۆشی" باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێرا وەرگرت . بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو چوار چێوەیەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تۆکیۆ تاوتوێ کران،و ڕێگاکانی پەرە پێدانی بەئامانجی بەرژەوەندی ھاوبەش جەختی لەسەر کرایەوە . بەپێی بەیاننامەكە "حوسێن " دووپاتی كردەوە، كە "هەڵكەوتەی جوگرافی عێراق وایە نوێنەرایەتیەکی بەهێز بکات لە ناوچەكەدا بەهۆی یەدەگی زۆری سامانە سروشتییەكانی. لەبەیاننامەکەدا ئەوەش ھاتوە "ئەو گفتوگۆیانەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لەگەڵ هێزە سیاسییەكان ئەنجامی دەدات بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەت لەماوەیەکی نزیکدا، دەبێتە هۆی سەقامگیری ناوخۆ لە عێراقدا. وەزیری دەرەوە پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی باڵیۆزی نوێ بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرەپێدانی هاوکاری دوولایەنە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی هاوبەش دووپاتکردەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێ لە کارەکانیدا خواست. لای خۆیەوە باڵیۆزی ژاپۆن پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی وەزیری دەرەوە کرد ، بەبۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، جەختیكردەوە "لە ویستی حكومەتی وڵاتەكەی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بە شێوەیەک کە بەشداربێت لە بەرزکردنەوەی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش لە ئاستە جیاوازەکاندا. ئاماژهی بهوهشدا كه "عێراق وڵاتێكی ستراتیجییه له ناوچهكه و پهیوهندی هاوسهنگی لهگهڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی جیهاندا ههیه"كه "ژاپۆن سووره بۆ باشتركردنی پهیوهندییهكانی لهگهڵ عێراق.
هاوڵاتی شەوى رابردوو، سەرکردەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە ماڵى هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح لە بەغدا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنى ناکۆکییەکانى نێو ئەو هاوپەیمانێتییە لەبارەى پێکهێنانى حکومەت. لە کۆبوونەوەکەشدا محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو بەشداربوو. محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو داواى هەفتەیەک دەرفەتى لە سەرکردەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کردووە بەر لە دیاریکردنى کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ وردبینیکردنى دۆسێى بەربژێرەکان. بەگوێرەی زانیارییەکانیش یەکلاکردنەوەى سێ وەزارەت دوادەخرێت. حەسەن بەهادلی، بەڕێوەبەرى تواناکان لە هاوپەیمانیى نەسر لهلێدوانێکی ڕۆژنامهنوسیدا رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا محەممەد شیاع سوودانى داوای کرد ماوەى هەفتەیەک دەرفەتی پێبدەن بۆ وردبینیکردنى دۆسیەی بەربژێرى وەزارەتەکانى کابینەکەی بەر لە دیاریکردنى وادەى کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بەربژێری پۆستە وەزارییەکان. حەسەن بەهادلی گوتیشى: "ئەو دەرفەتە بۆ ئەوەیە ناوى بەربژێرەکان ئاراستەى دەستەکانى لێپرسینەوە و دادوەرى، دەستپاکى بۆ وردبینیکردنى دۆسیەکانیان بکرێت." دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لەو کەسانەى پێشتر لە سەردەمى دەسەڵاتى بەعس رۆڵ و بەرپرسیارێتییان هەبووە بۆ ئەوەى دڵنیاببنەوە کە بەربژێرەکان یاسای ئەو دەستەیە نایانگرێتەوە کە رێگریکردنە لەوەى پۆستى باڵا لە عێراق وەربگرن. ناردنى ناوى بەربژێرەکان بۆ دەستەى دەستپاکى بۆ ئەوەیە وردبینى دۆسیەکانیان بکەن لەبارەى بوونى گومان و دۆسییەى گەندەڵى لەسەر ئەو بەربژێرانە.
هاوڵاتی دیمەشق هۆشداریی دەدات لە بەکارهێنای ئەو تۆوی گەنمەی کە لەلایەن ئەمریکاوە دابەش دەکرێت وجوتیارانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاوای کوردستان بەکاری دەهێنن . محەمەد حەسەن قەتنا وەزیری کشتوکاڵی سوریا رایگەیاند؛ وەرزی رابردوو، ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی سێ هەزار تۆن گەنمیان بە بەسەر گروپێک لە جووتیاراندا دابەش کردوە بەڵام ئەو تۆوە نەخۆش بوە و بۆ زەویەکان زیانی دەبێت تا سێ ساڵ ناتوانرێت سود لەو زەوییانە ببینرێتەوە کە تۆوەکایان تێدا چێنراوە. ئەو ئاماژەی بەوەشکرد: واشنتۆن دەیەوێت ئەم تۆوانە بهێنێت بۆ لەناوبردنی خاکی سوریا، هەر بۆیە داوا لە جوتیارەکان دەکەن خۆیان بپارێزن لە چاندنی و رو لە تۆوە دیاریکراوەکان بکەن کە وەزارەتەکەیان دیاریی کردەوە. پێشتر ئاژانسی گەشەپێدانی ئەمریکی نێودەوڵەتی یوساید رایگەیاندبو تۆوی گەنمیان بە بەرزترین ستانداردی تەندروستیی و کوالیتی دابینکردوە و تاقی دەکرێتەوە بۆ دڵنیابون لە گونجاوبونی.
هاوڵاتی بە پێی ڕپۆرتێکی پێگهی (زه ناشیۆناڵ و ریلیف وێب)ـی ههواڵی ،بههۆی وشكهساڵی و كهمبوونهوهی ئاوی دیجله و فورات زیاتر له 10 ههزار خێزان ناچاربوون شوێنهكانیان بهجێبهێڵن. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە بهپێی ئهو راپرسیانهی لە لایەن رێكخراوه نێودهوڵهتییهكان ئهنجامدراوە دهركهوتووه 10 ههزار خێزان له باشوور و ناوهڕاستی عێراق بههۆی نهمانی سهرچاوهی ژیانهوه و نەبونی ئاو وشکەساڵی وازیان لە ئاژهڵداری و كشتوكاڵکردن هێناوەو بەرەو شارهكان كۆچیان كردووه. ئەمەش لە کاتێکدایە لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵیش، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە، ڕایگەیاند رووبەری زەویە کشتوکاڵییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بە تایبەت ئەو زەوییانەی لەمساڵدا بە گەنم و جۆ چێندرابوون.
هاوڵاتی پارێزگاری پێشوی بابل سێ فەرمانی چوونە بەردەم دادگای بۆ دەردەکرێت،بەتۆمەتى ئەوەى پۆستەکەى بۆ سوودى کەسی بەکارهێناوە. 23ى تشرینى یەکەمى 2022، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، سێ بڕیارى دژى پارێزگارى پێشووترى بابل دەرکردووە بۆ ئەوەی لە دادگە ئامادە بێت، ئەوەش بەتۆمەتى بەکارهێنانی پۆستەکەی بۆ سودی کەسی. لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکی عێراقدا هاتووە ئەو پارێزگارە زەویی شەهیدانى داوەتە کەسانێک کە شەهیدیان نییە و هەروەها خانووى بەکرێ گرتووە بەبێ ئەوەى کرێکەی بدات. هەربۆیە ئەو بەرپرسەى پێشووترى بابل بەگوێرەى ماددەى 331ى یاساى سزادانى عێراقى ئەو فەرمانانەى بۆ دەرکراوە کە سزاکەى بەندکردن و پێبژاردنى داراییە.
هاوڵاتی ژوری بازرگانیی ئێران ئاشکرای دەکات بەهۆی بڕینی ئینتەرنێت بەرهەمهێنان کەمی کردوە و وڵاتەکە 13 ساڵە روبەڕوی قەیرانی لەو شێوەیە نەبوەتەوە. حسێن سەڵاح وەرزی، جێگری سەرۆک ژوری بازرگانیی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ بەهۆی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت زۆربەی کۆمپانیا و گارگەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک و تەنانەت دەرمان روبەڕوی قەیران بونەتەوە و بەرهەمهێنانیان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ئەو ئاماژەی بەوە کردوە جگە لە بەرهەمهێنانی بڕینی ئینتەرنێت بوەتە هۆی کەمبونەوەی فرۆشی زۆربەی بەرهەمەکان و کەمبونەوەی هەلی کار لەو کارگە و کۆمپانیانە. جێگری سەرۆکی ژوری بازرگانیی ئێران جەختی لەوە کردوەتەوە لە ساڵی 2019 قەیرانی هاوشێوە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و فرۆشتن کۆمپانیا و کارگەکانی وەبەرهێنانی لە وڵاتەکە نەگرتوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە دەستەی تەندروستی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە بەهۆی کاردانەوەی خۆپیشاندانەکان، کێشەی کەمیی دەرمان لە وڵاتەکە سەری هەڵداوە 30 پارێزگا لە کۆی 31 پارێزگا روبەڕوی قەیرانی دەرمان بونەتەوە.
هاوڵاتی لهڕاگهیهندراوێکدا دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستگیرکردنی نۆ تیرۆریستی لە پارێزگای دیالە رۆژھەڵاتی ئەو وڵاتە راگەیاند. دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان بۆسەر تیرۆریستان لە ژمارەیەک ناوچەی پارێزگای دیالە ئەنجامداوە. راشیگەیاندووە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا، نۆ تیرۆریست دەستگیرکراون لەنێویاندا، گەورە تیرۆریستێک کە بەشداری لە ئەنجامدانی چەندین کردەی تیرۆریستی کردووە لەنێویاندا، تەقاندنەوەی مەزارگەیەکی ئاینیی لە پارێزگای دیالە. باسی لەوەش کردووە کە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون.
هاوڵاتی لهڕاگهیهندراوێکدا که ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاوکراوهتهوه دەستەی دەستپاكی فیدراڵی رایگەیاند، توانیویانە لهپارێزگای سهلاحهدین دەست بەسەر 100 گرێبەستی تزویر و ساختەی كشتوكاڵیدا بگرن. بەشی لێكۆڵینەوەی دەستەكە لەراگەیاندراوێكدا ڕایگەیاندووە : كە كادیرەكانی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی دەستەكە لە سەڵاحەدین، كە ڕوویان لە بەشی بەشی كشتوكاڵی ئەلدۆر كردووە و ئەنجامیانداوە (4) كارمەندیان دهستگیرکردووه ئهویش دوای ئەوەی ئاشكرا بوو كە 39 گرێبەستی كشتوكاڵی وەهمییان زیاد كردووە.وە دەستكاریكردنی (61) گرێبەستی دیكە بە زیادكردنی ڕووبەرەكەیان لە چوارچێوەی پلانی كشتوكاڵی بۆ بەرهەمی گەنم، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەو گرێبەستە ساختانە و دەستكاریكردنی ڕووبەر سوودمەند بووە لە پلانی دابینكردنی پێوانەی یوریا بە بڕی (165,098,690) دینار. ئاماژەی بەوەشكردووە : تیمی مەیدانی بۆ بەدواداچوون بۆ كارەكانی بەشی باجی سەڵاحەدین سەركەوتوو بوون لە ئەنجامدانی دوو دەستبەسەرداگرتنی جیاواز لە بەڕێوەبەرایەتییەكە. روونیشیكردەوە : دوای بەدواداچوون و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە، تیمەكە توانیویانە (5) راپۆرتی پزیشكی ساختە لە بەشی تەندروستی پارێزگا - بەشی لیژنە پزیشكییەكان دەستنیشان بكەن، ئاماژەیان بە دەستگیركردنی دوو تۆمەتبار كرد بە ساختەكردنی واژۆی لیژنە پزیشكییەكان لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە.
هاوڵاتی ڕۆژنامەی (عهرهبی جهدید) بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەربازییەکان، ڕایگەیاند گوشارەکان بۆ سەر تورکیا بۆ ڕێگری کردن لە پێشڕەویی گرووپی تەحریر ئەلشام لە باکووری ڕۆژئاوا و باکووری سووریا کاریگەریی هەبووە. دەستەی تەحریر ئەلشام لە سووریا کە ئەمریکا خستوویەتییە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا توانی کونترۆڵی شاری عەفرین و ناوچەکانی هاوسنوور لەگەڵ تورکیا بەدەست بێنێت. هەر بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکه ئەم بابەتە نیگەرانی وڵاتانێک وەکوو بەریتانیا و ئەمریکای لێکەوتۆتەوە، چوونکە هەندێک هێرشی تیرۆریستی لە رۆژئاوا دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەم گرووپە کە نزیکە لە قاعیدە. ئەم رۆژنامه بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەربازییەکان ئاشکرای کردووە کە تورکیا دەستی کردووە بە ڕێوشوێنی ڕێگری کردن لە پێشڕەوی ئەم گرووپە، هەروەها بە دروست کردنی ئاستەنگ لە باکووری پارێزگای ئیدلب، پلانی هەیە ڕێگری بکات لە کۆنترۆڵ کردنی ناوچەی زیاتر، لەوان ئەلباب. سهرچاوه سهربازییهکانی سهر به سوپای ئازادی سهر به تورکیه ڕایانگهیاندووه که هێزهکانی تورکیا که له سووریان، بهلەمپەڕنانەوە به دوای هێزهکانی سهر به تهحریر شامدا دهگهڕێن. بە پێی ئەم هەواڵانە تورکیا ئەندامانی ئەم گرووپە دەستگیر ناکات بەڵکوو تەنها لە عەفرین دەریان دەکات. دوابەدوای ڕەخنەی ڕووسیا و ئەمریکا لە بێدەنگی تورکیا سەبارەت بە پێشڕەویی ئەم گرووپە؛ تورکیا بەنیازە ڕێگری بکات لە بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ئەم گرووپە لە باکووری حەلەب. بەپێی ئەم سەرچاوە هەواڵییە، بەشێک لە هێزەکانی تەحریر شام لەسەر داوای تورکیا عەفرینیان چۆڵ کردووە، بەڵام هێشتا بەشێک لە هێزەکانی ئەم گرووپە رەتیدەکەنەوە ئەم ناوچەیە بەجێبهێڵن