هاوڵاتی پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی 3-10-2017 له وڵاتی ئه‌ڵمانیا سه‌رۆك مام جه‌لال كۆچی دوایی كرد‌و ئه‌مڕۆش پێنجه‌مین ساڵیادی كۆچی دوایی ده‌كرێته‌وه. له ساڵیادی ماڵئاوایی شكۆی نیشتمان نه‌ته‌وه سه‌رۆك مام جه‌لال، مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت:" ئه‌مڕۆ له هه‌موو رۆژێك زیاتر یه‌كێتیه‌كه‌مان، گه‌له‌كه‌مان و رێبازی دیموكراسی ناوچه‌كه و عیراق به‌تایبه‌تی، پێویستی به حیكمه‌ت و ئه‌زموون و دونیابینی سه‌رۆك مام جه‌لاله كه له رێگه‌وه سود له حیكمه‌ت و رێبازی چهپكهگوڵهكه و پێكه‌وه‌ژیان ببینین بۆ ده‌رچوون له به‌ربه‌ست و قه‌یرانه‌كان"، چونكه" رێباز‌و دونیابینی مام كه‌لتورێكی سیاسی و میراتێكی شۆرشگێڕانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده و هه‌موو لایه‌ك ده‌توانن ده‌رس و وانه‌ی لێ وه‌ر بگرن". مه‌كته‌بی ساسیی یه‌كێتی راشیگه‌یاندوه:" سه‌رۆك مام جه‌لال له ماوه‌ی زیاتر له شه‌ست ساڵی بێ‌وچان خه‌باتی ھه‌مه‌لایه‌نه‌ی كرد بۆ سه‌لماندن و به‌دیهێنانی مافه ره‌وا نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراسیه‌كانی گه‌لی كورد و پیاده‌كردنی بژارده‌ی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و پێكه‌وه ژیان له عیراقدا". و " هه‌ر ئه‌مڕۆش یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڤاڵ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ستپێشخه‌ر و داكۆكیكاری سه‌رسه‌ختی ئه‌و پره‌نسیبی سازان و پێكه‌وه‌ییه." مام جه‌لال كه یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆماری عیراق و سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمایی كوردستان بوو، رۆژی 17-12-2012 به‌هۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستییه‌وه له به‌غداوه ره‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا كرا به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشیكی، به‌داخه‌وه رۆژی 3-10-2017 دڵه گه‌وره‌كه‌ی له‌لێدان كه‌وت و كۆچی دوایی كرد. ئه‌مڕۆ پێنج ساڵ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر دوا كۆچی سه‌رۆك مام جه‌لالدا ژیاننامه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال مام جه‌لال كوڕی شێخ حیسامه‌دین كوڕی شێخ نوری كوڕی شێخ غه فوور. هاوینی ساڵی 1933 له گوندی (كه‌لكان)ی قه‌تپاڵی چیای كۆسره‌ت له‌دایكبووه، كه ده‌ڕوانێته ده‌ریاچه‌ی دوكان، چه‌ند ساڵێك ته‌مه‌نی منداڵی له‌و گونده به‌سه‌ر بردووه‌و دواتر باوكی بووه به‌رێبه‌ری ته‌كیه‌ی تاڵه‌بانی له كۆیه. له‌وێ چۆته قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی و به سه‌ركه‌وتوویی خوێندنی ته‌واو كردووه، خوێندكارێكی زیره‌ك لێهاتوو بووه، هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه نیشانه‌كانی سه‌ركردایه‌تی به جۆرێ لێده‌ركه‌وتووه كه پێش هاوڕێكانی ده‌كه‌وت بۆ كۆڕی پرسه‌و ئه‌و بۆنانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ڕێوه ده‌چوون، به‌یانیان له كاتی ریزبوونی قوتابیاندا، مامۆستاكان پێش هه‌مووان ئه‌ویان هه‌ڵده‌بژارد بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعری نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی. له‌وێوه بیرۆكه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی لای ئه‌و چه‌كه‌ره‌ی كرد تا وای لێهات ورده ورده به‌سه‌ریدا زاڵ بوو، كه گه‌یشته پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی یه‌كێكبوو له پێشه‌نگه‌كانی خوێندكاران كه به په‌رۆشه‌وه به‌شداری له چالاكیه‌كانی قوتابخانه دهكردو به‌شداری له وتار خوێندنه‌وه‌و شانۆدا ده‌كرد. ئه‌گه‌رچی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌لایه‌ن حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراقه‌وه یاساخ بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌لی كوردستان له 21/ی ئاداری هه‌موو ساڵێك به ئاهه‌نگ یادیان ده‌كرده‌ووه، ئه‌ویش به‌هۆی پیرۆزیی ئه‌م جه‌ژنه لای كورد كه به رۆژی سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كورد داده‌نێن به‌سه‌ر ئه‌و زاڵمانه‌ی ده‌یچه‌وساندنه‌وه. * ساڵی 1945: ئاهه‌نگێكی میللـی له كۆیه بۆ نه‌ورۆز سازكرا، سه‌رۆك تاڵه‌بانی كه له ته‌مه‌نی سیانزه ساڵیدا بوو به‌شداری تێدا كرد‌و وته‌ی حه‌ماس ئامێزی خوێنده‌وه، بووه مایه‌ی سهرسۆڕمانی مامۆستا‌و به‌شداربووان. * له ساڵی 1946 دا له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی خوێندكار‌و به ئامۆژگاری یه‌كێك له مامۆستاكانی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی فێركاری نهێنی دامه‌زراندبه ناوی كۆمه‌ڵه‌ی پێشخستنی خوێندنه‌وه (k.p.x) و مام جه‌لال به سكرتێری هه‌ڵبژاردرا، ئامانجێكی كۆمه‌ڵه‌كه هاندانی خوێندكاران بوو بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی. * له‌هه‌مان ساڵداو دوای دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كورد له 16/ی ئابی 1946 كه‌وته ژێر كاریگه‌ری به‌رنامه‌ی پارتی و له چوارچێوه‌ی رێكخستنه‌كانیدا كه‌وته چالاكی خوێندكارانه. * دوای چوونه ناو كاری سیاسییه‌وه، رۆژنامه‌ی (رزگاری) كه پارتی دیموكراتی كورد به‌نهێنی ده‌ریده‌كرد، كورته وتاری له‌ژێر نازناوی (ئاگر)دا بۆ بڵاو ده‌كرده‌وه. * ساڵی 1947 بوو به ئه‌ندام له پارتی دیموكراتی كورد‌و چالاك و لێهاتوو بوو له‌و ئه‌رك و فه‌رمانه حزبیانه‌ی پێی ده‌سپێردران. * ساڵی 1948 خوێندنی سه‌ره‌تایی ته‌واو كرد‌و له ناوه‌ندی كۆیه بوو به خوێندكار، ئه‌و ساڵه به ساڵی (وه‌سبه) (راپه‌ڕین) ناسرابوو، كه گه‌لی عیراق توانی په‌یماننامه‌ی (پۆرتسماوس) هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌و حكومه‌تی ساڵح جه‌بر بڕوخێنێ و حكومه‌تی محه‌مه‌د سه‌در دابمه‌زرێنێت و له‌و كه‌شوهه‌وا ئازادیه‌دا كه له سایه‌ی ئه‌م (راپه‌ڕینه) هاته‌كایه‌وه، هه‌ڵبژاردنێكی گشتی خوێندكاران ئه‌نجامدرا بۆ هه‌ڵبژادنی نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی گشتی. ئه‌وه بوو سه‌رۆم مام جه‌لال تاڵه‌بانی به نوێنه‌ری خوێندكارانی كۆیه هه‌ڵبژێردراو به‌شداری له یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی خوێندكارانی عیراقدا كرد كه له نیسانی 1948 له گۆڕه‌پانی (السباع) ی شاری به‌غدا به‌سترا. * له‌م كۆنگره‌یه‌دا بۆ یه‌كه‌مینجار گوێی له شاعیری مه‌زن (محه‌مه‌د مه‌هدی جه‌واهیری) بوو، كه شیعره به‌ناوبانگه‌كه‌ی (رۆژی شه‌هید)ی خوێنده‌وه، كه بۆ جه‌ع فه‌ری برای و بۆ شه‌هیدانی وه‌سبه وتبووی. ئه‌و ساتانه له ژیانی سه‌رۆك تاڵه‌بانیدا مێژوویی بوون و وایكرد ببێته یه‌كێك له مریدهكانی شیعری ئه‌و و دواتریش بوو به ئازیزترین دۆستی و ئه‌و دۆستایه‌تیه تا دواساته‌كانی ژیانی شاعیر به‌رده‌وام بوو. * ساڵی 1949 و له سایه‌ی حوكمی عور فی و تۆقاندن كه كوردستان و عیراقی گرته‌وه، سه‌رۆك تاڵه‌بانی له حزبدا سه‌ركه‌وت و بووه ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوچه‌ی كۆیه. * له شوباتی 1951 دا و له كۆنگره‌ی دووه‌می پارتی دیموكراتی كورد، به ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردرا، به‌ڵام له‌به‌ر پاراستنی ریزه‌كانی پارتی پله‌كه‌ی خۆی به هه‌ڤاڵێكی خۆی به‌خشی كه دوای ده‌رچوونی له زیندانی به‌شداری له كۆنگره‌دا كردبوو. * له ساڵی 1951 دا له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڤاڵێكدا گیراو بۆ شاری موسڵ دوورخرایه‌وه، له‌وێش له خه‌باتی سیاسی‌دا به‌رده‌وامبوو و دواتر چووه كه‌ركوك بۆ ته‌واوكردنی خوێندن و سه‌رله‌نوێ دامه‌زراندنه‌وه‌ی رێكخستنه‌كانی حزب و بووه به‌رپرسی رێكخستنه‌كانی كه‌ركوك. له‌هه‌مان ساڵیش‌دا ئه‌ركی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌كانی به شێوه‌یه‌كی نهێنی گرته ئه‌ستۆ تا ئه‌و رۆژه‌ی گیرایه‌وه. * ساڵی 1952 چووه كۆلیژی ماف (حقوق) له به‌غدا كه ئه‌و ده‌مه رێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كورد په‌رته‌وازه بوو، به‌ڵام مام جه‌لال توانیی رێكخستنه‌كانی حزب تۆكمه بكاته‌وه. * له كانوونی دووه‌می 1953 دا به‌شداریی كۆنگره‌ی سێیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد‌و به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراو له مانگی شوباتدا سه‌رپه‌رشتی یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانی كرد و له كۆنگره‌یه‌دا به سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هه‌ڵبژێردراو له‌هه‌مان ساڵیش‌دا یه‌كێكبوو له دامه‌زرێنه‌رانی (یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان)، هه‌ر له‌و كاتانه‌دا نوێنه‌ری پارتی بوو لای زۆربه‌ی حزبه نهێنێ و ئاشكراكانی عیراقی. * ساڵی 1954 به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردرا. * ساڵی 1955 سه فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی عیراقی كرد‌و له فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیهانی له وارشۆ به‌شداری كرد‌و له‌وێوه سه‌ردانی یه‌كێتی شووره‌وی ئه‌وساو چینی كرد. * ساڵی 1956 له‌به‌رچاوان ونبوو، كه‌وته خه‌باتی ژێرزه‌مینی و ناچاربوو له قۆناغی چواره‌می ماف‌دا خوێندن به‌جێبهێڵێت. * ساڵی 1957 سه‌فه‌ری سوریا‌و مۆسكۆی كرد‌و له فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی مۆسكۆ به‌شداری كرد‌و هاتنی بۆ سوریا به فرسه‌ت زانی بۆ په‌یوه‌ندی به كورده‌كانی ئه‌وێوه‌و په‌یوه‌ندیه‌كی سیاسی دروستبوو. له‌هه‌مان ساڵیش‌دا گه‌ڕایه‌وه عیراق و به‌شداری له كاره‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی یه‌كگرتوو كرد‌و بوو به به‌رپرسی رۆژنامه‌ی (خه‌باتی كوردستان) كه له سلێمانی به‌نهێنی ده‌ریان ده‌كرد. * له یه‌كه‌مین رۆژی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی 14/ی گه‌لاوێژی ساڵی 1958، سه‌رپه‌رشتی رێكخستنی خۆپێشاندانی جه‌ماوه‌ری سلێمانی كرد‌و به هاوكاری هه‌ڤاڵانی حزب له‌نێو شاردا، پاشان چووه به‌غداو به‌شداری له كاروباری مه‌كته‌بی سیاسی و ده‌ركردنی گۆڤاری (رزگاری) (التحریر)دا كرد، هه‌روه‌ها ئه‌ركی ئه‌و خه‌باته‌ی له‌ئه‌ستۆ گرت كه له‌نێو ریزه‌كانی حزبدا فراوان ده‌بوو، وه‌ك پێویستییه‌كی بوونی حزبێكی پێشڕه‌وی كوردستانی و رێكخراوه پێشه‌ییه‌كان به‌رهه‌ڵستكاری كردنی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه ده‌یانویست پارتی دیموكراتی كوردستان بكه‌نه پاشكۆی حزبێكی عیراقی. * ساڵی 1959 جارێكی‌تر به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان و مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردرا و له‌هه‌مانكاتدا ئه‌فسه‌ری یه‌ده‌كی كه‌تیبه‌ی چواره‌می تانك بوو، هه‌روه‌ها به‌شداری له ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی (خه‌بات)دا ده‌كرد كه به زمانی عه‌ره‌بی ده‌رده‌چوو و به ناوی (پیرۆت)ه‌وه وتاری تێدا بڵاوده‌كرده‌وه. * ساڵی 1960 به‌رپرسی لقی سلێمانی و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بوو كه خولێكی هۆشیاری بۆ كادێره‌كان كرده‌وه. * ساڵی 1961 بووه سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی (كوردستان) و دوای داخستنی رۆژنامه‌ی خه‌بات دووچاری راونان بوو له به‌غدا، به‌ڵام له شه‌وی نه‌ورۆزی هه‌مان ساڵدا وتارێكی دژی دیكتاتۆریه‌ت خوێنده‌وه‌و به‌رگری له بارزانی خوالێخۆشبوو كرد كه ئه‌و سه‌رده‌مه قاسم كۆمه‌ڵێك تاوانی دابۆوه پاڵ له ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا فه‌رمانی گرتنی ده‌رچوو و به‌نهێنی گه‌ڕایه‌وه سلێمانی و خۆی شارده‌وه‌و به‌شداری له رێكخستنی مانگرتنی گشتیدا كرد كه له شه‌شه‌ی ئه‌یلولدا كرا. * له ئه‌یلولی 1961 دا كه شۆڕش هه‌ڵگیرسا، به‌رپرسی ناوچه‌ی سلێمانی بوو، یه‌كه‌مین بنكه‌ی شۆڕشی له چه‌می رێزان كرده‌وه‌و سه‌رپه‌رشتی كرد‌و فه‌رمانده‌یی هێزی پێشمه‌رگه‌ی لیوای سلێمانی كرد تا وای لێهات زۆر فراوان بوو و بووه هێزێكی گه‌وره، ئه‌وه بوو كرا به لێپرسراوی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان. * له نه‌ورۆزی 1962 دا، سه‌ركردایه‌تی ئه‌و هێڕشه به‌رفراوانه‌ی كرد بۆسه‌ر ناوچه‌ی شارباژێڕ‌و له ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو بنكه‌ی پۆلیسی ناحیه‌ی بناوه‌سووته‌و چوارتادا گیراو هێزه‌كانی به‌ره‌و قه‌زای پێنجوێن برد‌و ته‌واو ناوچه‌كه‌یان ئازاد كرد. به‌مشێوه‌یه هه‌ردوو ناوچه‌ی شارباژێڕ‌و پێنجوێن بوونه دوو ناوه‌ندی شۆڕش و سه‌ركردایه‌تی. له 1962 ـ 1963 زۆربه‌ی ناوچه‌كانی قه‌ره‌داغ و قه‌ڵاسێوكه‌و گه‌رمیان و سه‌نگاو ئازادكران. ئه‌و ده‌مه مام جه‌لال فه‌رمانده‌ی هێزی رزگاری بوو، له‌هه‌مانكاتیشدا سه‌رپه‌رشتی دامه‌زراندنی ناوه‌نده‌كانی به‌مۆ و هه‌ڵه‌بجه‌و ته‌وێڵه‌و بیاره‌ی ده‌كرد. * ساڵی 1963 و دوای كوده‌تا ره‌شه‌كه‌ی شوبات، مام جه‌لال به سه‌رۆكی وه فدی كوردی ده‌ستنیشان كرا بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی تازه‌دا كه له سه‌رتادا ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر گفتوگۆ‌و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌ی ره‌وای كورد نیشاندا، هه‌روه‌ها سه‌ردانی كۆماری میسری و جه‌زائیری كرد‌و چاوی به عه‌بدولناسرو بن بێلا كه‌وت و له‌هه‌مان ساڵیش‌دا سه‌ردانی ئه‌وروپای كرد‌و نوێنه‌رایه‌تی شۆڕشی كوردستانی كرد‌و سه‌ركه‌وتوو بوو بۆ ناساندنی كێشه‌ی كورد‌و ئاشكراكردنی بارودۆخی كوردستان و كۆكردنه‌وه‌ی یارمه‌تی و هاوكاری بۆ شۆڕش له وڵاتانی فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، روسیا، چیكسلۆ فاكیا و نه‌مسا. * ساڵی 1964 گه‌ڕایه‌وه كوردستان و ئه‌ركی خۆی له فه‌رمانده‌یی كردنی هێزی رزگاری گرته‌وه ئه‌ستۆ. * ساڵی 1967 به‌شداری له كۆڕی (ئیشتراكیه‌كانی عه‌ره‌ب) كرد له جهزائیرو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زۆر به‌پێزی ده‌رباره‌ی كێشه‌ی كورد‌و شه‌رعیه‌تی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد‌و دۆستایه‌تی نێوان كورد و عه‌ره‌ب پێشكه‌شكرد. * ساڵی 1970 رۆڵی كاریگه‌ری خۆی بینی له یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كه پێشتر ببوونه دوو باڵ و ناكۆكیه‌كی تاڵ و خوێناوی له نێوانیاندا هه‌بوو. * ساڵی 1972 سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی عیراقی كرد‌و ماوه‌یه‌ك له لوبنان و میسر‌و سوریا مایه‌وه‌و دوای رووخاندنی شۆڕشی كورد كه له ئه‌نجامی رێكه‌وتننامه‌ی نێوان سه‌دام و شای ئێران له ئاداری 1975 له جه‌زائیر ئیمزاكرا، سه‌رۆك تاڵه‌بانی هه‌ر له‌و ناوچانه‌دا مایه‌وه. * له 1-6-1975 له دیمه‌شق له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك له هه‌ڤاڵانیدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی دامهزراندو نه‌خشه‌ی بۆ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ دانا كه له 01/ی حوزه‌یرانی 1976 راگه‌یه‌نراو بووه سكرتێری گشتی یه‌كێتی. * له ساڵانی دوای دامه‌زراندنی یه‌كێتی له‌سه‌ر چالاكی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی حزب و شۆڕش به‌رده‌وام بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانی له چیا‌و ئه‌شكه‌وته‌كانی كوردستاندا ده‌ژیا. * به گه‌واهی زۆر له چاودێره سیاسیه‌كان یه‌كێك بووه له بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی بۆ لێك نزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كان له‌نێو ریزی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی له كۆنگره‌كانی نیویۆرك و له‌نده‌ن و سه‌ڵاحه‌دین و هه‌موو دانیشتنه‌كانی دوای ئه‌وانه‌ش كه په‌یوه‌ندی به رێكخستن و نزیكبوونه‌وه‌ی ماڵی عیراقییه‌وه هه‌بوو، میوانداری زۆربه‌ی زۆری هێزه عیراقیه‌كانی كرده‌وه له كوردستان و پشتگیری هه‌مه جۆره‌ی كردوون. * له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تیش، سه‌رۆك تاڵه‌بانی به‌شداری چه‌ندین كۆنگره‌و كۆبوونه‌وه‌ی ئیشتراكی نێوده‌وڵه‌تی كرده‌وه‌و چاوی به سه‌ركرده سیاسییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی زۆر وڵاتانی جیهانی كه‌وتووه. * جگه‌له‌وه‌ی كه كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسییه خه‌باتگێرێكی هۆشمهندو نووسه‌رو یاساناسه، وه‌ك رۆژنامه‌نووسێكیش له رۆژنامه‌ی نهێنی و ئاشكرادا نووسیویه‌تی و له ساڵی 1959 به ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی عیراقی هه‌ڵبژێردرا كه شاعیری مه‌زن محه‌مه‌د مه‌هدی جه‌واهیری نه‌قیبی بوو. * سه‌رۆك تاڵه‌بانی جگه‌له‌وه‌ی یه‌كێكه له سیاسی و دیپلۆماسی و رۆژنامه‌نووسه‌ره دیاره‌كان، نووسه‌رێكی ناوداریشه‌و به شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر به‌شداری له تیشك خسته‌سه‌ر تێكڕای بزووتنه‌وه‌ی سیاسی عیراق و ناوچه‌كه‌و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی كوردی كرده‌وه، له‌م بواره‌شدا چه‌ندین كتێبی له سه‌رده‌می جیاجیادا نووسیوه كه كتێبخانه‌ی عه‌ره‌بی و كوردی ده‌وڵه‌مه‌ند كرده‌وه‌و بوونه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ بۆ لێكۆڵینه‌وه له بواری مێژووی جوڵانه‌وه‌ی سیاسی كوردی و عیراقی‌دا. * دوای ئازادكردنی عیراق به ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی حوكم هه‌ڵبژێردراو له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 2003 دا سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی كرد‌و له‌م ماوه‌یه‌دا كارامه‌یی خۆی له هه‌ڵسوڕاندنی كاروباری حوكم نیشاندا. * له 06/ نیسانی 2005 مام جه‌لال 227 ده‌نگی له كۆی 248 ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی عیراقی به‌ده‌ستهێناو به هه‌ڵبژاردنێكی راسته‌وخۆ به یه‌كه‌مین سه‌رۆكی هه‌ڵبژێراوی عیراق هه‌ڵبژێردرا، به‌مجۆره سه‌رۆك تاڵه‌بانی له فراوانترین ده‌روازه‌كانه‌وه چووه ناو مێژووی كورد‌و هه‌روه‌ها له جوانترین ده‌روازه‌شه‌وه چووه ناو مێژووی عیراق و له ناودارترین ده‌روازه‌شه‌وه چووه نێو مێژووی سیاسی و دیموكراسی جیهانه‌وه. *له‌ساڵی 2005 تا ساڵی 2014 بۆ دوو خول وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عیراق هه‌ڵبژێردراوه. *له 17-12-2012 له به‌غدا توشی جه‌ڵده‌ی مێشك بوو، پاشان بۆ چاره‌سه‌ر گه‌یه‌نرایه نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له وڵاتی ئه‌ڵمانیا و پاش ماوه‌یه‌ك به ته‌ندروستیه‌كی باشه‌وه گه‌ڕایه‌وه شاری سلێمانی. *له‌و كاته‌شه‌وه تا كۆچی دوایی كرد، چه‌ند جارێك بۆ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر سه‌ردانی وڵاتی ئه‌ڵمانیای كرد‌و له رۆژی 3-10-2017 دڵه گه‌روه‌كه‌ی له لێدان و كه‌وتوو و كۆچی دوایی كرد. یه‌كێتی هه‌واڵی كۆچی دوایی مامی راگه‌یاند، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره وته‌بێژی ئه‌وسای ره‌سمی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لهپرسێك كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌شاری هه‌ولێر هه‌واڵی كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی راگه‌یاند. هاووڵاتیان پرسه‌ی ماته‌میان گێڕا دواتر له سلێمانی و هه‌ولێرو هه‌ڵه‌بجه بادینان و جه‌له‌ولا و گه‌رمیان و خورماتوو رۆژئاوا و خانه‌قین و كه‌لار و دهۆك و زۆرینه‌ی شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان له‌چه‌ندین شوێنی جیاجیا هاووڵاتیان پرسه‌ی ماته‌میان بۆ سه‌رۆك مام جه‌لال گێڕا. حكومه‌تی هه‌رێم هه‌فته‌یه‌ك ماته‌می راگه‌یاند و ئاڵا داگیرا وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رۆژی كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌فته‌یه‌ك ماته‌می له‌سه‌رجه‌م دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم راگه‌یاند و فهرمانیشكرا له‌هه‌موو وه‌زاره‌ت و دام و ده‌زگاكانی هه‌رێم ئاڵای كورسدتان و عیراق بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك هه‌تا نیوه دابگیرێت. عیراق ماته‌مینی سه‌رتاسه‌ری بۆ كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال راگه‌یاند حكومه‌تی عیراقییش بۆ كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال سكرتێری گشتی ی.ن.ك و سه‌رۆك كۆماری پێشووی عیراق به‌ره‌سمی سێ رۆژ پرسه‌ی له‌سه‌رتاسه‌ری عیراقدا راگه‌یاند. هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی كورد هێنده‌ی مام جه‌لال له‌ناو میدیاكانی جیهاندا نه‌ناسراوه، هه‌رئه‌مه‌ش وایكردووه كه میدیاكانی جیهان، به‌گرنگییه‌وه باس له ماڵئاواییكردنی سه‌رۆك مام جه‌لال بكه‌ن و پانتاییه‌كی باش بۆ ئه‌م هه‌واڵه ناخۆشه ته‌رخانبكه‌ن. ته‌رمی سه‌رۆك مام جه‌لال هێنرایه‌وه سلێمانی سه‌عات 7ی به‌یانی رۆژی 6-10-2017 له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌رلینه‌وه ته‌رمی سه‌رۆك مامجه‌لال به فرۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ڕێكه‌وت بۆ سلێمانی، هاوكات سه‌عات 11 و 30 ده‌قیقه‌ی پێشنیوه‌ڕۆ ئه‌و فڕۆكه تایبه‌ته‌ی ته‌رمی سه‌رۆك مام جه‌لالی هه‌ڵگرتبوو گه‌یشته فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی و به‌پێی پرۆتۆكۆلێكی جیهانی و له مه‌راسیمێكی سه‌ربازیدا و به وتنه‌وه‌ی مارشی نیشتمانی عیراق و مارشی نه‌ته‌وه‌یی كورد و ته‌قاندنی 21 تۆپ و رێرۆشتنی پاسه‌وانانی شه‌ره‌ف به ئاماده‌بونی فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق و مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی و هێرۆ خان و نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی و به‌رپرسانی باڵای حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عیراق و باڵوێزانی وڵاتان و وه‌فدی باڵای ئێران و وه‌فدی باڵای نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و حزب و لایه‌نه سیاسیه عیراقی و كوردستانیه‌كان، له فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی پێشوازی له ته‌می پیرۆزی مام جه‌لال كرا. دوای رێوره‌سمی پێشوازیكردن له ته‌رمی سه‌رۆك مام جه‌لال به‌پرۆتۆكۆلی سه‌ربازی له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وله‌تی، رێوڕه‌سمی دانانی تاجه‌گوڵینه له‌سه‌ر ته‌رمی سه‌رۆك مام جه‌لال به‌ڕێوه‌چوو. له رێوره‌سمه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق و مه‌سعود بارزانی و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران مه‌عروف به‌خیت نوێنه‌ری شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م پاشای ئوردن‌و قاسم ئه‌عره‌جی وه‌زیری ناوخۆی عیراق به‌نوێنه‌رایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و د.سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و یان كۆبیچ نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و دۆگڵاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مریكا له عیراق و نوێنه‌ر یه‌كێتیی ئه‌وروپا دیگری ئیستیری باڵیۆزی ئیتاڵیا له عێراق و یوسف محه‌مه‌دو جه‌عفه‌ر ئیمنیكی و بێگه‌رد تاڵه‌بانی به‌نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان و عوسمان بایده‌میر جێگری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌به‌په) و ئه‌نوه‌ر موسلم سه‌رۆكی كانتۆنی كۆبانێ و نوێنه‌ری رۆژئاوای كوردستان و نوێنه‌رانی كونسوڵخانه‌كانی وڵاتان له هه‌ولێر و شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70، به نوێنه‌رایه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی و مه‌لا به‌ختیار و بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال تاجه‌گوڵینه‌ی رێزلێنانیان له‌سه‌ر ته‌رمی پیرۆزی سه‌رۆك مام جه‌لال دانا. له‌پاش دانانی تاجه‌گوڵینه له‌سه‌ر ته‌رمی پیرۆزی سه‌رۆك مام جه‌لال له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی كه‌ژاوه‌ی ته‌رمی سه‌رۆك مام جه‌لال به ئاپۆڕایه‌كی جه‌ماوه‌ری گه‌وره له هاووڵاتیان ئاماده‌بونی مه‌راسیمه‌كه به‌ره‌وه مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شاری سلێمانی به‌ڕێكرا . دواتر دوای سێ سه‌عات ته‌رمی سه‌رۆك مام جه‌لال به‌شه‌قامی سالمدا به‌ره‌و مزگه‌وتی گه‌وره به‌ڕێكرا. دوای گه‌یشتنی به‌ئاماده‌بوونی ده‌یان هه‌زار كه‌س، له‌سه‌ر ته‌رمی پیرۆزی له مزگه‌وتی گه‌وره نوێژی مردوو ئه‌نجادراو پاشانیش به‌ره‌و دوامه‌نزڵی خۆی له ده‌باشان به‌ڕێكرا. دواتر له‌نێو شیوه‌ن و ئاپۆرای جهماوهریداو به‌به‌شداری سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه ته‌رمی پیرۆزی گه‌یه‌نرایه گردی ده‌باشان و به ئاماده‌بوونی سه‌دان به‌رپرس و كه‌سایه‌تی نێوخۆیی و بییانی له‌دوامه‌نزڵی خۆی و له به‌رزترین شوێنی شاردا به‌خاك سپێردرا. قوبادی مام وتاری بنه‌ماڵه‌ی خوێنده‌وه دوای به‌خاكسپاردنی ته‌رمی پیرۆزی سه‌رۆك مام جه‌لال قوباد تاڵه‌بانی وتاری بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی خوێنده‌وه و ڕایگه‌یاند: ڕاسته مام جه‌لال باوكی من وبافل بوو، به‌ڵام مامی هه‌مووتان بوو. قوباد تاڵه‌بانی وێڕای سوپاس و پێزانینی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی بۆ هاوسۆزی و په‌رۆشی و هاوخه‌می كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بۆ كۆچی جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لال ڕاشیگه‌یاند: پرسه‌كانتان له‌چوارپارچه‌ی كوردستانه‌وه به ده‌ستمان گه‌یشت، به‌ڵام پێویسته بۆ ئاسووده‌یی ڕۆحی پاكی مام یه‌كڕیزی و یه‌كێتی نێوان كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بپارێزین، تا بتوانین په‌یام پیرۆزه‌كه‌ی مام بگه‌یه‌نین كه هه‌میشه ئه‌و هه‌وڵی بۆ ده‌دا. وتیشی: سه‌رۆك مام جه‌لال خه‌بات و ڕه‌نجی دا بۆ كوردستان، ئه‌و له ژیانیدا كوردستانی هه‌ڵبژارد له‌بری ژیانی ئاسایی، خه‌باتی كرد بۆ هه‌موو گه‌لانی عیراق و له‌و ڕێگایه‌ش ماندوو بوو. ئه‌و هه‌وڵی ته‌واوی ده‌دا بۆ سه‌رخستنی كوردستان و پارٍاستنی گه‌لی كورد. بۆیه ئێمه‌ش وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ ڕۆحی پاكی مام به‌ده‌ر له حزبایه‌تی و ڕای جیاواز و ده‌نگی جیاواز پێویستمان به یه‌كڕیزییه له پێناو خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان. پرسه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال به‌ڕێوه‌چوو دوایی كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال و به‌خاكسپاردنی له‌گردی ده‌باشانی شاری سلێمانی، له‌رۆژانی شه‌ممه‌و یه‌كشه‌ممه به‌رواری ( 7 و 8ی تشرینی یه‌كه‌می 2017) مه‌راسیمی پرسه‌ی مام جه‌لال، له‌شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان و به‌غداو تاراوگه به‌ڕێوه‌چوو. مه‌راسیمه‌كه له شاره‌كانی ( سلێمانی، هه‌ولێر، كه‌ركوك، به‌غدا ، ئه‌مریكا/ داڵاس، به‌ریتانیا، نه‌مسا، سوید، فینلاند، هۆڵه‌ندا، ئیتاڵا، سویسرا، یۆنان، نه‌رویج، ئه‌ڵمانیا، پاریس ) ماڵـئاوایی سه‌رۆك مام جه‌لال له دیدی میدیای جیهانه‌وه بی بی سی ئاژانسی بی بی سی به‌ریتانیا كه یه‌كێكه له ئاژانسه گه‌وره‌و ناسراوه‌كانی به‌ریتانیا و جیهان، به زۆربه‌ی زمانه‌كانی جیهان هه‌واڵی كۆچی دوایی مام جه‌لال بڵاوكردۆته‌وه‌و راپۆرتی له‌سه‌ر ژیان و خه‌باتی سیاسی بڵاوكردۆتهوهودهڵێت: مام جه‌لال سیاسییه‌كی به‌توانا و رێزدار بوو، خاوه‌نی ئه‌زموونێكی درێژی سیاسی بووه و كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌ناو مێژووی سیاسی مۆدێرنی عیراق گێڕاوه‌و له‌سه‌رده‌می حوكمی شانشینی و كۆماری‌دا له عیراق ژیاوه‌و خه‌باتی كردووه. گاردیان: رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانیاش، كه ناسراوترین رۆژنامه‌ی به‌ریتانیاو جیهانیشه، راپۆرتێكی له‌مباره‌یه‌وه بڵاوكردۆته‌وه و تیشكی خستۆته سه‌ر ژیانی سیاسی و شه‌خسی مام جه‌لال و ده‌ڵێت: تاڵه‌بانی ده‌رچووی به‌شی یاسا، كلیلی قۆناغی تێپه‌ڕاندنی پێكهێنان و دووباره دارشتنه‌وه‌ی عیراقبوو دوای له‌ناوچوونی سه‌دام له ٢٠٠٣، پاش هه‌ڵبژاردنه‌كان راسپێردرا بۆ سه‌رۆك كۆماری عیراق كه پۆستێكی گه‌وره‌ی ته‌شریفاتی بوو، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی تازه پێكهاتووی عیراق له‌ساڵی ٢٠٠٥ گۆڤاری شپیگڵی ئه‌ڵمانیا گۆڤاری شپیگڵی ئه‌ڵمانیا كه ناسراوترین گۆڤاری ئه‌ڵمانیایه، له‌سه‌ر سایته‌كه‌ی خۆی راپۆرتێكی بڵاوكردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت: مام جه‌لال یه‌كه‌مین سیاسه‌تمه‌داری كورده‌و ده‌بێته سه‌رۆكی عیراق. دواتریش له‌باره‌ی ره‌وشی ته‌ندروستییه‌وه قسه ده‌كات و ده‌ڵێت: مام جه‌لال ته‌مه‌نی 83 ساڵه ماوه‌ی پێنچ ساڵه نه‌خۆشه‌و له نه‌خۆشخانه‌ی « چاریته» له به‌رلین چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت. خودا حافیزی له مام جه‌لال كه‌ناڵی یه‌كی ئه‌ڵمانیا كه به‌ربڵاوترین كه‌ناڵی تیڤی ئه‌ڵمانیایه‌وه كه‌ناڵێكی فه‌رمییه، راپۆرتێكی چوار ده‌قیقه‌یی له‌باره‌ی ژیاننامه‌و خه‌بات و كاری سیاسی مام جه‌لال له‌ژێرناوی « خودا حافیزی له مام جه‌لال « بڵاوكردۆته‌وه، له‌و راپۆرته‌دا تیشكی خستۆته سه‌ر زۆر خاڵی گرنگی ژیانی مام جه‌لال. دژی حوكمی سێداره‌دان و سه‌ربه‌خۆیی بووه له درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌یدا هاتووه: مام جه‌لال ناسراوترین كه‌سایه‌تی سیاسیی كوردبووه، پیاوێكی ده‌وڵه‌تمه‌داری رێزدار و سه‌نگین و دووربین بووه، ئه‌و یه‌كه‌مین سیاسیی كورد‌و عیراقی بووه كه‌دژی حوكمی سێداره وه‌ستاوه‌ته‌وه. جگه‌له‌وه‌ش له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه‌ی كورده‌كانی عیراق نه‌بووه. یه‌كه‌م سه‌رۆكی ناعه‌ره‌ب رۆژنامه‌ی سوید دۆیتچه تسایتوونگ، كه رۆژنامه‌یه‌كی ناسراوی ئهڵمانیاییهو زیاتر مه‌یلی موحافیزكهرانهی هه‌یه، راپۆرتێكی له‌باره‌ی كۆچیی دوایی مام جه‌لال بڵاوكردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت: مام جه‌لال یه‌كه‌مین سه‌رۆكی عیراقی بووه كه عه‌ره‌ب نه‌بووه‌و سیاسهتهمدارێكی ناسراوی كورد بووه كه هه‌تاوه‌كو ساڵی 2014 سه‌رۆكی عیراق بووه. سه‌مامی ئه‌مان كه‌ناڵی دۆیتچه ڤێله كه كه‌ناڵێكی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌ڵمانیایه‌وه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه پشتگیری ده‌كرێت و به زیاتر له 30 زمان ، به‌رنامه‌كانی په‌خش و بڵاوده‌كاته‌وه. راپۆرتێكی درێژی له‌باره‌ی كۆچی دوایی مام جه‌لال ئاماده‌كردووه و چ له سایته‌كه‌یان یان له ته‌له‌فزیۆن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و تێیدا ده‌ڵێت: كورده‌كان پێیان ده‌گووت مام جه‌لال، عیراقییه‌كانیش زۆر رێزیان لێده‌گرت و پێیان ده‌گووت، « سه‌مامی ئه‌مان». هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان كورد وعه‌ره‌بی ده‌دا له‌درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌ی كه‌ناڵی دۆیتچه ڤێلهدا هاتووه: هه‌میشه مام جه‌لال رۆڵی هێوركردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان كورد و عه‌ره‌بی ده‌دا، هه‌رئه‌مه‌ش وایكرد كه عه‌ره‌به‌كانیش رێزی لێ‌بگرن و نازناوی سه‌مامی ئه‌مانی پێبدده‌ن. جگه‌له‌وه‌ش هه‌میشه مام جه‌لال هه‌وڵیداوه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ، په‌یوه‌ندی دۆستانه و باشی هه‌بێت. گۆڕینی نه‌هجی سیاسی له‌باره‌ی تێڕوانین و ئه‌ندێشه‌ی سیاسیی مام جه‌لاله‌وه ئه‌و كه‌ناڵه ئه‌ڵمانییه ده‌ڵێت: هه‌میشه مام جه‌لال له‌كاتی دروستبوونی ته‌نگه‌ژه‌كاندا ، ده‌یتوانی تێڕوانین و رێبازی سیاسی خۆی بگۆڕێت، كه‌ئه‌مه‌ش زۆرجار ده‌بووه مایه‌ی ئه‌وه‌ی، كه رووبه‌روی ره‌خنه و لۆمه‌ی زۆركه‌س و لایه‌ن بێته‌وه. نیۆرك تایمز رۆژنامه‌ی نیو یۆرك تایمز، كه‌یه‌كێكه له رۆژنامه ناسراوه‌كانی ئهمریكاوجیهان، راپۆرتێكی له‌باره‌ی كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لاله‌وه بڵاوكردۆته‌وه‌و تێیدا هاتووه: سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق به‌پێی ده‌ستوور ته‌شریفاتییه، به‌ڵام به‌ڕێز تاڵه‌بانی به‌هۆی لێهاتوویی خۆیه‌وه توانیبووی پردێكی په‌یوه‌ندی دروست بكات و خۆی خاوه‌نی پێگهكهیبێت. له ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٢ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی پایه به‌رزی بێ سنوور‌و به‌هێزو كاریگه‌ر سه‌رۆكایه‌تی كرد. لۆس ئه‌نجلیس تایمز رۆژنامه‌ی لۆس ئه‌نجلۆس تایمزیش كه ئه‌ویش رۆژنامه‌یه‌كی لیبڕاڵی ناسراوی ئه‌مریكایه، راپۆرتێكی له‌مباره‌یه‌وه بڵاوكردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت: تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین پارتی كوردی عیراقه، له دوای ٢٠٠٣‌و روخانی سه‌دام حسێن بوو به سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته، هه‌میشه وه‌ك كۆكه‌ره‌وه‌ی سیاسی و سیاسه‌تمه‌داره‌كان بینراوه، توانیویه‌تی به نه‌رمی كورد‌و شیعه‌و سوننه‌ی كورد رێكبخات و كۆبكاته‌وه. سی ئێن ئێن كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی سی ئێن ئێن كه ناسراوترین و به‌ربڵاوترین كه‌ناڵی تیڤی ئهمریكاو جیهانیشه، راپۆرتێكی له‌مباره‌یه‌وه بڵاوكردۆته‌وه‌و تیشكی خستۆته سه‌ر ژیانی سیاسیی و شه‌خسی سه‌رۆك مام جه‌لال، به‌تایبه‌تی لایه‌نی ته‌ندروستی و ده‌ڵێت: مام جه‌لال سیاسه‌تمه‌دارێكی كورده‌و له 12 نۆڤێمبه‌ری 1933 له پارێزگای سلێمانی له‌دایكبووه‌و له‌ساڵی 2007 تووشی نه‌خۆشێی بووه‌و سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی « ا‌لحسین» ی له ئوردون كردووه‌و دواتریش له‌ساڵی 2008 چۆته ئه‌مریكا بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشیه‌كه‌ی، دواتریش له‌ساڵی 2012 ه‌وه ره‌وشی ته‌ندروستی ته‌واو خراپبووه و چۆته ئه‌ڵمانیا. له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌ویش باس له‌وه ده‌كات، كه سه‌رۆك مام جه‌لال، یه‌كه‌مین سه‌رۆكی عیراقی بووه كه عه‌ره‌ب نه‌بووه. جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی هه‌مووان بووه كه‌ناڵی « روسیا توده‌ی» كه كه‌ناڵێكی روسییه و به‌چه‌ندین زمانی جیهانی به‌رنامه‌كانی په‌خش ده‌كات، له‌مباره‌یه‌وه راپۆرتێكی بڵاوكردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت: جه‌لال تاڵه‌بانی ناسراوترین سه‌ركرده‌ی كورد بووه له‌جیهاندا،هه‌روه‌ها كه‌سێكی به‌ئه‌زموون و سه‌نگین بووه‌و له‌لای هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی عیراق ، مایه‌ی رێز و حورمه‌ت بووه. حه‌وت وێزگه‌ی ژیانی ئاژانسی سپوتنیكی روسیا كه یه‌كێكه له ئاژانسه ناسراوه‌كانی روسیا‌و به چه‌ندین زمانی جیهانی هه‌واڵه‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه، راپۆرتێكی گرنگی له‌مباره‌یه‌وه بڵاوكردۆته‌وه‌و تێیدا باسی له حه‌وت وێزگه‌ی گرنگی ژیانی سیاسی مام جه‌لال باسكردووه. تێیدا خه‌باتی مام جه‌لال له‌سه‌رده‌می شانشینی و كۆماری باسكردووه. كه‌سایه‌تییه‌كی ته‌وافقی له‌درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه: له‌پاش رووخانی رژێمی سه‌دام حسێن له‌ساڵی 2003ه‌وه، جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌مه‌یدانی سیاسی عیراقدا، باشترین كه‌سایه‌تی ته‌وافقی بووه، كه‌ده‌یتوانی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه ناكۆكه‌كانی عیراق كۆبكاته‌وه. دۆستی ئێران وئه‌مریكاش بووه دواتریش باسی حیكه‌مه‌تی مام جه‌لال ده‌كات و ده‌ڵێت: جه‌لال تاڵه‌بانی له‌یه‌ك كاتدا ده‌یتوانی دۆستی ئه‌مریكا و ئێرانیش بێت، ئه‌مه له‌كاتێكدا ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته زۆر دوژمنی یه‌كترین. رۆیته‌رز ئاژانسی رۆیته‌رز كهناسراوترین ئاژانسی هه‌واڵییه له‌جیهاندا، راپۆرتێكی درێژی له‌باره‌ی ژیانی سیاسی وشه‌خسی سه‌رۆك مام جه‌لاله‌وه بڵاوكردۆته‌وه‌و دواتریش باسی له ئه‌ندێشه‌ی سیاسی ده‌كات و ده‌ڵێت: مام جه‌لال په‌یوه‌ندیه‌كی زۆر باشی له‌گه‌ڵ ئێران‌و لایه‌نه سیاسییه شیعه‌كانی عیراقدا هه‌بوو، كه‌له راستیشدا هه‌رئه‌وانه‌ش ده‌سه‌ڵاتداری راسته‌قینه‌ی عیراقن. دانوساتكارێكی زیره‌ك بوو كه‌ناڵی فرانس 24 ی فه‌ره‌نساش كه‌به‌چه‌ندین زمانی جیهانی به‌رنامه‌كانی په‌خش ده‌كات، راپۆرتێكی درێژی له‌باره‌ی ژیانی سیاسی و شه‌خسی سه‌رۆك مام جه‌لال بڵاوكردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت: جه‌لال تاڵه‌بانی سیاسیه‌كی سه‌نگین و ناسراو بوو، جگه‌له‌وه‌ش دانوساتكارێكی زۆر زیره‌ك بوو، له‌لای زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسیه‌كانی عیراق، رێزی لێده‌گیرا و جگه‌له‌وه‌ش ده‌یتوانی هه‌موو لایه‌نه ناكۆكه‌كان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ كۆبكاته‌وه. رۆژنامه‌ی گه‌لی چینی رۆژنامه‌ی گه‌لی چینی كه ناسراوترین رۆژنامه‌ی كۆماری چینه‌و له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه پشتگیری ده‌كرێت و به چه‌ندین زمانی جیهانی په‌خش ده‌كرێت، راپۆرتێكی له‌باره‌ی كۆچی دوایی مام جه‌لاله‌وه ئاماده‌كردووه و تێیدا تیشكی خستۆته سه‌ر ژیانی سیاسی مام جه‌لال و ده‌ڵێت: له‌ساڵی 1975 ه‌وه پارتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی دروستكرووه‌و له‌ساڵی 2005 ه‌وه بۆته سه‌رۆكی عیراق و یه‌كه‌مین كورد بووه و بگاته ئه‌و پۆسته. فرانس پرێس ئاژانسی فرانس پرێس كه‌یه‌كێكه له ئاژاسنه ناسراوه‌كانی فه‌ره‌نسا و جیهان، راپۆرتێكی له‌مباره‌یه‌وه بڵاوكردۆته‌وه و تێیدا تیشكی خستۆته سه‌ر ژیانی سیاسی مام جه‌لال و دواتریش له‌ناو راپۆرته‌كه‌یدا لێدوانی كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده و به‌رپرسی كوردستانیی و عیراقی له‌باره‌ی مام جه‌لاله‌وه بڵاوكردۆته‌وه و ده‌شڵێت: مام جه‌لال دوژمنی سه‌رسه‌ختی رژێمی سه‌دام حسێن بووه. ئه‌مڕۆش 3-10-2022 دوای پێنج ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال دا، ئه‌و یاده ده‌كرێته‌وه‌و هاووڵاتیه‌كی زۆر سه‌ردانی مه‌زاری سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌كه‌ن و ماته‌مینی خۆیان دووپات ده‌كه‌نه‌وه.
له‌باكوری كوردستان به‌هۆی قه‌یرانی ئابورییه‌وه له هه‌شت مانگدا 182 كارگه‌ی تۆمار كرا‌و داده‌خرێن. به‌هۆی قه‌یرانی ئابورییه 182 كارگه له باكوری كوردستان داده‌خرێن و سه‌رۆكی پیشه‌وه‌رانیش ده‌ڵێت، له هه‌شت مانگه‌دا زیاترین كارگه له توركیا داخراون. موحه‌ڕه‌م ته‌كین، سه‌رۆكی ژوری پیشه‌وه‌رانی پارێزگای جۆله‌مێرگ له باكوری كوردستان به ئاژانسی مێزۆپۆتامیا-ی راگه‌یاندوه، به‌هۆی قه‌یرانی ئابورییه‌وه ته‌نها له هه‌شت مانگدا 182 كارگه‌ی تۆمار كرا‌و له پارێزگاكه داخراون. ته‌كین رایگه‌یاندوه، سیاسه‌تی ئابوریی ده‌سه‌ڵاتی توركیا و دروستبونی هه‌ڵاوسان هۆكاری سه‌ره‌كیی داخستنی ئه‌و كارگه بچوكانی پارێزگای جۆله‌مێرگ بووه. به وته‌ی ته‌كین پارێزگای جۆله‌مێرگ له باكوری كوردستان به یه‌كێك له‌ده‌وڵه‌مه‌ندترین پارێزگای توركیا ئه‌ژمار ده‌كرێت، به‌ڵام قه‌یرانی ئابوریی ته‌نگی به پیشه‌سازیی پارێزگاكه هه‌ڵچنیوه‌و ده‌یان كارگه داخراون، چونكه 90%ی خاوه‌نی ئه‌و كارگانه ناتوانن به‌هۆی هه‌ڵاوسانی ئابورییه‌وه ئه‌و قه‌رزانه بده‌نه‌وه كه بۆ دامه‌زراندانی گاركهكانیان له بانكه‌كان وه‌ریانگرتوه. سه‌رۆكی ژوری پیشه‌وه‌رانی پارێزگای جۆله‌مێرگ جه‌ختی له‌وه كردوه‌ته‌وه، له لایه‌ك حكومه‌ت و سوپای توركیا له‌ساڵی 2016 قه‌ده‌غه‌ی له‌سه‌ر زۆربه‌ی دارستان و چیاكانی باكوری كوردستان دروستكردوه كه سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی جوتیاران و خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كانه و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌هۆی سیاسه‌تی خراپی ئابوریی زۆربه‌ی كارگه‌كان داده‌خرێن.
هاوڵاتی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گه‌یشته شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌نجامدانی زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم و هه‌روه‌ها به‌شداریكردن له مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌و ئاهه‌نگێڕانی خه‌بات بۆ ئازادی و دیموكراسی له‌عێراق و پێنجه‌مین ساڵیادی كۆچی دوایی سه‌رۆك جه‌لال تاڵه‌بانی. له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لێكرا. بڕیاره سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كۆببێته‌وه‌و تیایدا تاوتوێی په‌یوه‌ندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی بكه‌ن له‌باره‌ی گرنگی به‌هێزكردنی لێكتێگه‌یشتنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای دیالۆگی بونیاتنه‌ر.
هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢/١٠/٢٠٢٢لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان." دوای ئەوەی چوارشەمەی ڕابردوو ٢٨/٩/٢٠٢٢ ئێران لە ڕێگەی ٧٣ موشەکی بالیستی و دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی فراوانی کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە و پردێ و گوندی زڕگوێز، بەهۆیانەوە ١٧ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی و چەندین ناوەندی جیهانی و وڵاتانیان بەدوای خۆیاندا هێنا، هەروەها نیگەرانیی تووندی نێوخۆییان لێکەوتەوە. هەفتەی رابردووش، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان باڵیۆزی ئێرانی لە بەغدا بانگهێشت کرد و یاداشتنامەیەکی تووندی ناڕەزایەتیی رادەستکرد. هەر بۆیە ئەمڕۆلیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان."
هاوڵاتی نرخی هەر دۆلارێک لە ئێران گەیشتە نزیکەی 34 هەزار تمەن ,و نزمترین بەهای میژویی تۆمار دەکات بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە دەبینێت و بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە بەرزترین نرخی مێژویی ئەو دراوە لە وڵاتەکەدا. میدکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە؛ نرخی هەر دۆلارێک لە وڵاتەکە گەیشتوەتە زیاتر لە 33 هەزار و 400 تمەن و ئەوەش بەرزترین نرخە کە ئەو دراوە لە بەرامبەر دراوی تمەن تۆماری کردبێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی بنبەستی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران رابگەیەنێت ، نرخی دۆلار لە بەرامبەر تمەن بەرزبونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. کاردانەوەکانی مەرگی ژینا ئەمینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کاریگەریی زۆری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەبوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکەش بە هۆکارێکی سەرەکیی دابەزینی بەهای تمەن لە بەرامبەر بەهای دۆلار ئەژمار دەکرێت. ئەمەش لە کاتیکدایە پێش خۆپیشاندانەکانی دو هەفتەی رابردو نرخی هەر دۆلارێک لە ئێران لە نێوان 26 هەزار تمەن بۆ 27 هەزار تمەن بوە
هاوڵاتی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا رایگه‌یاند، چالاكیی دو گه‌ریلای ژن له دژی بنكه‌یه‌كی پۆلیس له مێرسین له رێگه‌ی په‌ڕه‌شوته‌وه بووه. ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بڵاویكرده‌وه سلێمان سۆیلو، وه‌زیری ناوخۆی توركیا له لێدوانێكی نوێ سه‌باره‌ت به روداوی هێرشكردنه سه‌ر بنكه‌یه‌كی هه‌ستیاری پۆلیس له شاری مێرسین رایگه‌یاند؛ ئه‌و دو كچه گه‌ریلایه‌ی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه) به په‌ڕه‌شوت خۆیان گه‌یاندوه‌ته ناوچه‌كه. به وته‌ی سۆیلو له لێكۆڵینه‌وه‌ی نوێ سه‌باره‌ت به روداوه‌كه ده‌ركه‌وتوه كه ئه‌و دو گه‌ریلایه به په‌ڕه‌شوت له شاری منبج له باكوری سوریا هاتونه‌ته مێرسین و هێرشه‌كه‌یان دژی بنكه‌ی سه‌ره‌كیی پۆلیس له‌و شاره ئه‌نجام داوه. لێدوانه‌كانی وه‌زیری ناوخۆی توركیا له كاتێكدایه كه پێشتر ناوی ئه‌نجامده‌رانی چالاكییه‌ی بڵاوكردبوه‌وه و دواتر هه‌په‌گه به راگه‌یه‌نراوێك رایگه‌یاند ئه‌و كه‌سانه‌ی سلێمان سۆیلو ناوی هێناون له چیا و شاخه‌كانی كوردستان و دو گه‌ریلای دیكه ئه‌و چالاكیه‌یان ئه‌نجام داوه.
هاوڵاتی توركیا رایگه‌یاند هاورده‌كردن و وه‌رگرتنی غاز له ئێران راگیراوه‌و كۆمپانیایه‌كیش ده‌ڵێت: هێڵی بۆری غازی نێوان توركیا و ئێران پێویستی به چاكسازییه. كۆمپانیای بۆتاش بۆ كڕینی و رێكخستنی نه‌وت و غاز له توركیا، رۆژی شه‌ممه بڵاوی كرده‌وه؛ هاورده‌كردنی غازی ئێران بۆ وڵاته‌كه‌ی به ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته راده‌گیرێت. كۆمپانیاكه له راگه‌یه‌نراوێكدا هۆكاری راگرتنی وه‌رگرتن و هاورده‌ی غازی ئێرانی به كێشه بۆریی غازی نێوان دوو وڵاته‌كه ناوبردوه. بوتاش رونی كردوه‌ته‌وه دوای چاكسازیی له هێڵی بۆری غازی نێوان توركیا و ئێران هاورده‌كردن و كڕینی غاز له‌و وڵاته‌وه بۆ توركیا ده‌ست پێده‌كاته‌وه. به‌هۆی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و سزاكانی ئه‌مریكا، غازی ئێران ته‌نها له لایه‌ن توركیا و عێراق به‌كار ده‌هێنرێت و به پێی ئاماره فه‌رمییه‌كان ئه‌و دو وڵاته له یه‌ك ساڵدا به به‌های یه‌ك ملیارد و 600 ملیۆن دۆلار غازیان له ئێران كڕیوه. توركیا گرێبه‌ستێكی 25 ساڵه‌ی كڕینی غازی له‌گه‌ڵ ئێران واژۆ كردوه كه ساڵی 2026 ئه‌و گرێبه‌سته كۆتایی دێت.
هاوڵاتی نیردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)، به‌بۆنه‌ی یادی (3 ساڵه‌ی) خۆپیشاندانی تشرینییه‌كان له ساڵی ٢٠١٩، له تویتێكدا داوای له خۆپیشانده‌ران و لایه‌نه سیاسییه عێراقییه‌كان کرد، له توندوتیژی و ئاڵۆزی زیاتر دووربكه‌ونه‌وه‌و ده‌ستخۆشی له هێزه عێراقییه‌كان کرد، کە پیشه‌ییانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ن. هەروەها ڕایگەیاند کە خۆپیشاندانی ئاشتییانه، بنچینه‌ی دیموكراسییه و داوایان لە هەموو لایەک کرد بە خۆ دورگرتن لە توندووتیژی و پێش‌گرتن لە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ تشرینییەکان لە بەغدا خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست کە تیایدا داوای حکومەتێکی سەربەخۆ بەبێ دەستوەردانی دەرەکی و بەدوور لە گەندەڵیان کرد، کە بتوانێ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵک دابین بکات. هەروەها خۆپێشاندانی تشرینییه‌كان لە رێگەکانی بەرەو ناوچەی سەوزی بەغدا، گرژیان تێکەوت و هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران، گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا.
هاوڵاتی لە بەیاننامەکەی شیلی و ئیسپانیادا داوا لە دەسەڵاتدارانی تاران کراوە، چیتر توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران بەکار نەهێنێت و بە پێی قسەکانی رۆبێرت مالی، 54 وڵات ئەو بەیاننامەیان واژوو کردووە. ئەو دەڵێ: کاتی ئەوە هاتووە کە بەرپرسانی ئێران گوێبیستی ئەو داواجیهانییە بن و کۆتایی بە توندوتیژی بێنن، هاوکات رۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، لەگەڵ ئاماژەدان بە بەیاننامەی وڵاتانی شیلی و ئیسپانیا، رایگەیاند "54 وڵات داوایان لە ئێران کردووە کۆتایی بە توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران بێنێت". میشێل تیلۆر، نوێنەری هەمیشەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لیژنەی مافی مرۆڤ، لە تویتێکدا نووسیویەتی، "ئەمەریکا و 53 وڵاتی دیکە داوا لە ئێران دەکەن لێکۆڵینەوەی بەپەلە، تەواو، بێلایەن و ئاشکرا لەبارەی دۆسیەی کوژرانی مەهسا [ژینا] ئەمینی ئەنجام بدات". نوێنەرەکەی ئەمەریکا هەروەها رایگەیاندووە، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێ توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندەران نەبینێت". ئەو دووپاتیکردەوە، "ئەمەریکا پشتیوانی خەڵکی ئیرانە". لە بەیاننامەی ئەو 54 وڵاتەدا هاتووە، "زۆر بە رژدی داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەین بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بەو خۆپێشاندەرانەی کە داوای مافی ئازادیی بیروڕا دەکەن، کۆتایی پێبێنێت و چیتر توندوتیژی و هەڵاواردنی ژنان درێژە پێنەدات". 15 رۆژە خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران و سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە، بەردەوامە. زۆربەی خۆپێشاندانەکان توندوتیژیان لێکەوتووەتەوە بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 100 خۆپێشاندەر بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی وته‌بێژی یەکێتیی ئەوروپا له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی گرژییەکان لە عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت، نابێت پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراق لاواز بکرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوای دوو مانگ لە پەکخستنی، پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە کۆبووەوە. پیتەر ستانۆ، وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە لە راگەیێندراوێکدا ڕایگه‌یاند: یەکێتیی ئەوروپا زۆر نیگەرانە لە پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم دواییەی عێراق؛ گوتیشی کە تووندوتیژی "هەرگیز" چارەسەر نییە و نابێت رێگەی پێبدرێت دیموکراسی لاواز بکات. پیتەر ستانۆ وتیشی: یەکێتیی ئەوروپا داوا لە هەموو لایەک دەکات سەرکۆنەی تووندوتیژییەکان بکات و ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەمووان دان بەخۆیاندا بگرن و کار بۆ نەهێشتنی گرژییەکان بکەن. یەكێتیی ئەوروپا داواش لە لایەنەکان دەکات بە متمانەیەکی باشەوە بەشداری لە دیالۆگی بەرهەمداردا بکەن و لە چوارچێوەی دەستووردا خواست و بەرژەوەندیی گەلی عێراق بخەنە پێش هەموو شتێکەوە. رۆژی 28ـی ئەیلوول و دوای زیاتر لە دوو مانگ لە پەککەوتنی، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. هەمان رۆژ ناوچەى سەوز بە سێ مووشەک کرایە ئامانج و مووشەکەکان لەبەردەم باڵەخانەى پەرلەمان کەوتنە خوارەوە. بەهۆی مووشەکەکانەوە حەوت کەس بریندار بوون.
هاوڵاتی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە هەروەكچۆن پەیوەندییە سیاسی و جەماوەرییەكانی عێراق و ئێران رۆیشتە قۆناغێكی نوێوەو گەیشتە ئاستێكی زۆر بەرزو باڵا، ئاوەهاش پەیوەندییە بازرگانییەكانی هەردوو وڵات قۆناغێكی گرنگی بڕی و دەروازە سنورییەكانی ئێران بوون بەشادەماری ئابووری و ژیاری عێراق و ساڵانە بەملیارەها دۆلار ئاڵۆگۆڕی بازرگانی تیادا ئەنجامدەدرێت كەئەگەر بێت‌و سنوری ئێران نەبێت بەشێكی زۆری پێداویستییەكانی هاووڵاتییانی عێراق دابینناكرێت. سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران - عێراق پێشبینی دەكات لەدەیەی داهاتوودا عێراق ببێت بەگەورەترین بازاڕی ئابووری بەتایبەت بۆ ئێران. یەحیا ئال ئیسحاق سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران-عێراق دەڵێت: "عێراق بازاڕێكی ستراتیژییە، پێشبینی دەكات لەچەند مانگی داهاتوودا هەناردەی ئێران بۆ عێراق بەرزتر بێتەوە و بگات بە ١٠ ملیار دۆلار لەساڵێكدا، هاوكات هیواشی خواستووە لەساڵانی داهاتوودا بگات بە ٢٠ ملیار دۆلار". راشیگەیاند: "باوەڕی وایە لەوەی لە ١٠ ساڵی داهاتوودا عێراق دەبێت بەگەورەترین بازاڕی ئابووری لەناوچەكەدا بەتایبەتیتر بۆ ئێران، لەڕووی ئابوورییەوە عێراق وڵاتێكی لاواز نییە، چونكە بەتەنیا لەمانگی رابردوودا بەبەهای ١١ ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووەو بەپێی ئەو پلانەی دایناوە تا كۆتایی ئەمساڵ لەداهاتی نەوت ١٢٠ ملیار دۆلاری دەستدەكەوێت. ماڵپەڕی (trade map)ی بازرگانی كە نەخشەی بازرگانی وڵاتان بۆ هاوردەو هەناردەكردن و خواستی نێودەوڵەتی دەخاتەڕوو، ئاشكراشیدەكات لەماوەی ساڵی ٢٠٢١ سووتەمەنی و ئاسن بەگرنگترین هاوردەی عێراق لەئێرانەوە دادەنرێت. ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: عێراق لەماوەی ساڵی رابردوودا 24 كاڵای سەرەكی لەئێرانەوە هاوردە كردووە، كەبەهای دارایی هەشت ملیار و ٩١٤ ملیۆن و ٦٠٥ هەزار دۆلار بووە، هەروەها لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 هاوردەكردنی عێراق لەئێرانەوە بەڕێژەی لە 1٪ زیادیكردووە. هاوكات سوتەمەنی كانزایی لەپلەی یەكەمدا هاتووە لەهاوردەی عێراق لەئێرانەوە بەبەهای دوو ملیار‌و ٩٢٧ ملیۆن و ٦٥١ هەزار دۆلار، دواتر بەرهەمی ئاسن و پۆڵا دێت كە بەبەهای یەک ملیار‌و ١٤٩ ملیۆن و ٧٢٢ هەزار دۆلار بووە، دواتریش بەرهەمە پلاستیكیەكان بەبەهای 788 ملیۆن دۆلار. لەبەرامبەردا هەناردەی عێراق بۆ ئێران گەیشتووەتە یەک ملیار‌و ١٩٦ ملیۆن و ٥٩٧ هەزار دۆلار، ئەمەش لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 بەڕێژەی 88% زیادی كردووە. گرنگترین هەناردەی عێراق بۆ ئێران دانەوێڵە بووە، كەبەهاكەی 770 ملیۆن دۆلار بووە، دواتر پاشماوەی پیشەسازی خۆراك دێت، هەروەها ئامادەكردنی پەین و عەلەفی ئاژەڵی بەبەهای 101 ملیۆن دۆلار. وەنەبێت ئاڵوگۆڕی كەلوپەلی بازرگانی و خۆراكی تاكە پەیوەندیی ئابووری عێراق و ئێران بێت، بەڵكو كارەباش یەكێكی دیكەیە لەو بابەتانەی ئێرانییەكان رەوانەی عێراقی دەكەن و ساڵانە عێراق سەدان ملیۆن دۆلار بەكارەبای ئێرانی دەدات و بڕی نزیكەی دوو هەزار مێگاوات كارەبا لەو وڵاتە دەكڕێت و لەمانگی تەمموزی رابردووش عێراق و ئێران یەكەم رێككەوتنی درێژخایەنیان لەبواری كارەبا ئیمزاكرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا سەرەڕای ئاڵوگۆڕی بازرگانی، یەكێك لەو گرفتانەی وەهایكردووە عێراق سودی تەواوەتی لەو بازرگانییە نەبینێت باڵادەستی گرووپ و هێزە چەكدارەكانە لەزۆرینەی زۆری دەروازە سنورییەكاندا كەوەهایكردووە بەشێكی زۆر داهاتی دەروازەكان بۆ خۆیان ببن و خەزێنەی گشتی دەوڵەتی عێراق لەگومرگی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە سودمەندبێت. بەپێی دانپیانانی خودی وەزارەتی دارایی عێراق كە بەهۆی باڵادەستی گرووپ و هێزە چەكدارەكانەوە لەدەروازەكاندا داهاتی گومرگەكان تەنیا لەسەدا ١٢ی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوەو ئەوەی دیكەی بۆ ئەو هێزو گرووپانە دەڕوات. شێوازی دەستكەوتنی پارەكەشیان بەهۆی قاچاخیكردن و سەرانە سەندن و چەندین جۆری تری پارەسەندنەوەیە كەداهاتی ساڵانەی ئەم گرووپ و هێزو میلیشیایانە دەگاتە ١١ ملیار دۆلار.
هێمن مەحموود لەگەڵ نزیكبوونەوەی ١ی تشرینی یەكەم، هاوشانی جموجۆڵە سیاسییەكانی بەغدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، جموجوڵێكی دیكەش بەدی دەكرێت كەئەویش یادكردنەوەی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩یە، كە لەو رۆژەدا خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەبەغدا لەدژی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەستیپێكردو دواتر زۆربەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتەوەو ئەنجامەكەشی بەلادانی عەبدولمەهدی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەو كوژرانی زیاتر لە ٧٠٠ كەس و برینداربوونی زیاتر لە 17 هەزار كەسی دیكە كۆتایی هات. ئەم خۆئامادەكردن و بانگەوازكردنە كە لەلایەن چەندین گرووپی گەنجان و هێزە مەدەنییەكانەوە بۆ یادكردنەوەی ئەو رۆژە ئەنجامدەدرێت لەكاتێكدایە كەهێشتا گرێی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەنێوان سەدرییەكان و هەماهەنگییەكان یەكلانەبووەتەوەو ئەگەری ئەوە لەئارادایە لایەنگرانی رەوتی سەدریش بڕۆنە پاڵ خۆپیشاندەرانی تشرین و دۆخەكە بگەڕێتەوە چوارچێوەی یەكەم كەتیایدا رووبەڕووبوونەوەی چەكداری روویداو بەهۆی لێدوانێكی سەدرو هاتنە پێشەوەی چلەی ئیمام حسێنەوە تاڕادەیەك هێور بووەوە. بەپێی ئەو راگەیەندراوو بڵاوكراوانەی كە لەبەغدا بڵاوكراونەتەوە داوادەكرێت رۆژی ١ی تشرینی داهاتوو خۆپیشاندانی جەماوەری گەورە بۆ یادی خۆپیشاندانەكەی ساڵی ٢٠١٩ رێكبخرێت. لەو بڵاوكراوانەدا ئاماژە بەوەكراوە (گەل لەناوچەی سەوز قسەی خۆی دەكات) ئەمەش وەك ئاماژەیەك كە خۆپیشاندەران بەنیازن بڕۆنە ناو ناوچەی سەوزەوە. (مشرق فرێجی) ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی (نازل ئاخز حەقی) كە لایەنێكی سەرەكییە لەو ئامادەكارییانەی بۆ خۆپیشاندانەكان دەكرێت ئاشكرایكردووە كە خۆپیشاندەران داوای سزادانی بكوژانی خۆپیشاندەران و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بانگەواز بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن. خۆپیشاندانەكانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ كە دواتر بەخۆپیشاندانەكانی (تشرین) ناوی دەركرد، لەسەرەتادا داوای چاككردنی دۆخی ئابووری و نەمانی گەندەڵی و مەحسوبییەت دەكرا، دواتر بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژییەكی لەڕادەبەرەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و گرووپە میلیشیاییەكان داواكارییەكان گۆڕدران بۆ لادانی عەبدولمەهەدی و سزادانی بكوژان و هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پەرلەمان و لاوازكردنی رۆڵی ئێران لەكاروباری عێراقیداو هەر بەو هۆیەشەوە كار گەیشتە سوتاندنی كونسوڵخانەكانی ئێران و بارەگای ئەو لایەنانەی كە لەو وڵاتەوە نزیكبوون، دیارە ئەمەش بەبێ قوربانی تێنەپەڕی كە جگە لەكوشتنی راستەوخۆ، سەدان چالاكوان و خۆپیشاندەری دیكەش تیرۆركران و سەدانی دیكەش رفێنران و دواتر كوژران یاخود تاوەكو ئێستا چارەنووسیان بەنادیاری ماوەتەوە، ئەمە بەبێ ئەوەی نە حكومەتەكەی عەبدولمەهەدی و نە حكومەتەكەی كازمیش بكوژانیان دۆزیبێتەوە یاخود درابێتن بەدادگا. كوشتنی خۆپیشاندەرانی تشرین نەك هەر لەلایەن زۆرینەی زۆری حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوە ئیدانەكرا، بەڵكو ئەمریكاو بەریتانیاو زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو تەنانەت نەتەوەیەكگرتووەكانیش هاتنە سەرخەت و داوای لێپێچینەوەو سزادانی بكوژانیان كرد، هاوكات داواشیانكرد حكومەتی عێراقی هەنگاوی راستەقینە بنێت بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و دەستباڵایی گرووپە میلیشیاییەكان لەكاروباری رۆژانەی خەڵك و دەوڵەتدا. لەئێستاشدا كە یادی سێ ساڵەی ئەو خۆپیشاندانانە دەكرێتەوە دۆخی عێراق لەحاڵەتێكی زۆر تایبەت و ناوازەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدایەو ئەگەری تێكچوونی لەئارادایە. بەپێی ئەو زانیارییە میدیاییانەی كە بڵاوكراونەتەوە لەئێستادا سێ ئاراستە هەیە بۆ چۆنییەتی یادكردنەوەی خۆپیشاندانەكانی تشرین كەیەكەمیان لەلایەن لیژنەی مەركەزی خۆپیشاندەرانی پارێزگا راپەڕیووەكانەوەیە كە پێی وایە لەگۆڕەپانی (نسور) خۆپیشاندەران كۆببنەوەو هەوڵی رۆیشتنە ناوچەی سەوز بدەن، بەڵام رەوتی دووەم جەخت لەوەدەكاتەوە كە لەگۆڕەپانی (تەحریر) لەناوەڕاستی بەغدا كۆببنەوە (ئەم گرووپە تێڕوانینێكی رایدكاڵانەی لەدژی رژێمەكە هەیە)، بەڵام گرووپی سێیەم پێی وایە پێویستە لەسێ شوێن یادی خۆپیشاندانەكان بكرێتەوە كەئەوانیش بەغداو بەسرەو ناسریەیە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا رەوتێك هەیە پێی وایە پێویستە یادكردنەوە نەكرێت ئەویش بۆ ئەوەی رەوتی سەدر بۆ خۆی نەقۆزێتەوەو ئەم یادە بۆ ئامانجە سیاسییەكانی بەكارنەهێنێت بەتایبەت باسی ئەوە لەئارادایە رەوتی سەدر بەنیازە لەو رۆژەدا خۆپیشاندان ئەنجامبدات، ئەم رەوتە (فایەق شێخ عەلی) پەرلەمانتار سەرپەرشتی دەكات و زۆر بەتوندی دژی ئەوەیە یادەكە بكرێـتەوە. لەشاری ناسریەش هێزە ناڕازییەكان و ئەوانەی داوای گۆڕانكاری دەكەن بەئامادەبوونی نوێنەرانی دەیان هێزی مەدەنی و دیموكراسیخوازو سەندیكا جەماوەرییەكان كۆبوونەوەو لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاند پشتگیری تەواوەتی لەخۆپیشاندانی ئاشتییانە بۆ گۆڕینی دەسەڵات دەكەن، هاوكات داواشیانكرد دادگا سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و چەك بەدەست دەوڵەتەوە بێت و گەندەڵی نەمێنێت، داواشیانكردووە تەواوی هێزەكان لەبەرەیەكی یەكگرتوودا كۆبكرێـتەوە. بەبڕوای زۆرێك لەچاودێرانی سیاسیش پێشبینی دەكرێت ئاستی جەماوەریی و بەشداریی هاووڵاتیان لەخۆپیشاندانەكاندا بەبەراورد بەجاری یەكەم زۆر گەورەو فراوان نەبێت، كە ئەویش دیارە چەندین هۆكاری هەیە كەبەشێكی ئەوەیە زۆرێك لەوانەی رابەرایەتی خۆپیشاندانەكانیان دەكرد رۆیشتوونەتە پەرلەمان و پۆستیان لەحكومەت وەرگرتووەو هێزی سیاسی‌یان دروستكردووە، بەشێكی دیكەشیان بەسەر حزبە سیاسییەكانی دیكەدا دابەشبوون و بۆچوونی جیاوازییان بۆ دروستبووە. ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەی خۆپیشاندەرانی ساڵی ٢٠١٩ كەسانی ناحزبی و بێلایەن بوون و خۆپیشاندانێكی تەواو جەماوەری و خۆڕسك بوو، بەڵام ئێستا قۆناغەكە جیاوازەو جەماوەرەكەش دابەشبووە بەسەر حزبەكاندا. هاوكات حكومەتی عێراق رێوشوێنێكی ئەمنی توندی بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران گرتۆتە بەرو بەشێكی زۆری رێگاكانی بە بەربەستی كۆنكریتی گرتووە، ئەمە جگە لەوەی هێزی لەناو ناوچەی سەوزدا بڵاوكردۆتەوەو هەڕەشەی ئەوەدەكات ئەگەر خۆپیشاندانەكان لەدەست دەربچن بەهێز رووبەڕوویان دەبێتەوە. بەرپرسانی حكومەتی عێراقی ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە كە لارییان لەخۆپیشاندانی ئاشتییانە نییە، بەڵام هەر ئەگەرێك بۆ چوونە ناوچەی سەوزو دەستدرێژیكردن بۆ سەر دامەزراوە تەشریعی و تەنفیزی و دادوەرییەكان ئەوا قبوڵی ناكات و بەتوندی دژی دەوەستێتەوە. دكتۆر (ئیحسان شەمەری) بەرپرسی ناوەندی فیكری سیاسی عێراقی پێی وایە دۆخی عێراق لەبەردەم سێ سیناریۆدایە كە یەكەمیان ئەوەیە ئەگەر بێت و چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكانی تر نەگات بە ڕێككەوتن و حكومەت دروست نەكات ئەوا بەرەو راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەڕۆن و دەروازەیەك دەبێت بۆ دەرچوون لەم قەیرانەی ئێستا‌و بەمەش سەدر رازی دەبێت و جۆرێك لەهاوسەنگی دروستدەكات. ئەگەری دووەم ئەوەیە بەرەو دروستكردنی حكومەت بڕۆن، ئەویش بەهەڵكردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن سەدرییەكانەوە، بەڵام ئەمە جێگای ناڕەزایەتیی هێزەكانی تشریینەو لەگەڵ داواكارییەكانی شەقامدا رووبەڕوو دەبێتەوە ئەویش بەو ئیعتیبارەی شەقام پێشتر دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەردەمی (عادل عەبدولمەهدی) تاقیكردووەتەوە. ئەگەرو سیناریۆی سێیەمیش ئەوەیە كەحكومەت بەبێ رەزامەندی موقتەدا سەدر درووستبكرێت ئەوا گرفتی گەورە روودەدات كە نەك هەر سەدرییەكان دژی دەوەستنەوە، بەڵكو هێزەكانی تشرینیش دژی دەوەستنەوە. ئێستا‌و پاش تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكانی تشریندا، دۆخی عێراق چ لەڕووی سیاسی و چ لەڕووی ئابووری و چ لەڕووی كۆمەڵایەتی و چ لەڕووی دەستوەردانی وڵاتانی دەوروبەرەوە نەك هەر باشتر نەبووە، بەڵكو بەبەراورد بەحكومەتە رووخاوەكەی عادل عەبدولمەهدی، ئەم حكومەتەی كازمی سەرەڕای بودجەیەكی زەبەلاحی ئابووری و بەرزی نرخی نەوت و یەدەگی زۆری دراو، نەیتوانیوە ئامانجەكانی خۆپیشاندەرانی تشرین بەدیبهێنێت و هەژاری و گەندەڵی بنەبڕ بكات بەڵكو گرانی نرخی شمەك و كاڵاكان و دابەزینی بەهای دیناری عێراقی یەكێكە لەسیما سەرەكییەكانی ئەم حكومەتە. لەڕووە سیاسییەكەشەوە نەك هەر گرووپ و میلیشیاكان دەستیان لەحكومەت نەبڕاوە، بەڵكو ئێستا دەوڵەتێكی قوڵن لەناو دەوڵەتداو بەئارەزووی خۆیان بۆردومانی باڵیۆزخانەكان دەكەن، تەنانەت بۆردومانی ماڵی خودی كازمیش دەكەن بەبێ ئەوەی حكومەتەكەی كازمی توانای لێپرسینەوەی هەبێت. لەئێستادا ئەوەی پرسیاری سەرەكی تشریینییەكانەو بەدوای وەڵامدانەوەیدا وێڵن، ئەوەیە ئایا خۆپیشاندانەكانی ئەوان دوای ئەو هەموو قوربانییە چی گۆڕی و چی بەرهەمهێنا؟.
هاوڵاتی حکومەتی ئەمریکا سزای نوێ بەسەر بازرگانیی نەوت و پترۆکیمیایی ئێران‌دا دەسەپێنێت ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سزای نوێ بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا دەسەپێنن بۆ رێگریکردن لە هەوڵەکان بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی سەر فرۆشی بەرهەمی نەوت و پێترۆکیمیایی. حکومەتی ئەمریکا سزای نوێ بەسەر بازرگانیی نەوت و پترۆکیمیایی ئێران‌دا دەسەپێنێت، یەکێک لە ئامانجەکانیش بریتییە لە دوو کۆمپانیای چین کە نەوتی خاوی ئێران کۆگا دەکەن و دەستی باڵایان لە بازرگانیی نەوتی ئەو وڵاتەدا هەیە، سزاکان دوو ناوەندی کۆگاکردنی نەوتی خاوی ئێران لە چین و بەڕێوەبەرێکی ئاژانسی کەشتیوانیی جیهانی کە ئەرکی گواستنەوەی نەوتی ئێرانی بووە، دەگرێتەوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش هەشت ناوەندی دیکەی بۆ سزادان دیاریکردووە کە لە هەناردەی بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران رۆڵیان هەبووە. ئەو کۆمپانیایانە لە ئێران، هۆنگ کۆنگ، هیندستان و ئیمارات چالاکن و لقیان هەیە. ئەنتۆنی بلینکن باسی لەوە کرد، ئەو سزایانە بەگوێرەی فەرمانی حکومەتی فیدراڵی سەپێنراون کە رێگە بە سەپاندنی سزا بەسەر بازرگانی نەوت و بەرهەمی نەوتی و پترۆکیمیایی ئێران دەدات. ئەم پاکێجە لە سزاکانی ئەمه‌ریکا و توندترکردنی گوشارەکانی سەر تارانه، هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ئێران و پێشێلکارییەکانی هێزە ئەمنیەکانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران.
خۆپیشاندانەکان لە دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامەو شه‌وی رابردوو بریندارێكی دیكه‌ی خۆپیشاندانه‌كان لە پیرانشار گیانی لەدەستدا. رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بریندارێکی تری خۆپیشاندانەکان لە شاری پیرانشار گیانی لەدەستدا، بەوەش ژمارەی ئەو کوردانەی لەو خۆپیشاندانانە گیانیان لەدەستداوە بۆ نزیکەی ٢٠ کەس بەرزبووەتەوە، تا ئێستاش کۆی گشتی گیان لەدەستدان ٧٦ کەسی تێپەڕاندووە. رێکخراوی ھەنگاو بڵاویشیکردەوە، لە رۆژی دووشەممەوە تا ئێستا ٧٠ ژن لە شارەکانی رۆژھەڵات دەستبەسەرکراون و ناسنامەی ٥٢یان ئاشکرا بووە.