ئیران لە نەتەوەیەکگرتوەکان داوا دەکات رێگریی لە هێرشەکانی ئیسرائیل لە سوریا بکرێت و بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی وەڵامدانەوە لە تەلئەبیب دەکات. ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گوتیرێس ، سکرتێری نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاندوە؛ ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی دەسەڵاتی سوریا بوەتە هۆی کوشتنی دوو راوێژکاری سەربازیی ئێران لەو وڵاتە. بە وتەی ئەو بەرپرسە کۆماری ئیسلامی، ئیسرائیل بە هێرشەکانی لە سوریا یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردوە و زیانی زۆری بە ژێرخانی وڵاتەکە گەیاندوە و لەگەڵ ئەوانەشدا دوو راوێژکاری سەربازیی ئێران کە لەسەر داوای دەسەڵاتی دیمەشق لە سوریا بون کوژراون. لە کۆتایی نامەکەی ئیرەوانی بۆ گۆتیرێس جەخت لەوە کراوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیلی هەیە کە دەبێتە مایەی زیانگەیاندن بە راوێژکاران و ئەندامانی کۆماری ئیسلامی لە سوریا. سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند بەهۆی هێرشەکانی رۆژی هەینی 31ی ئەم مانگەی ئیسرائیل لە دیمەشق دوو ئەندامی ئەو سوپایە بە ناوەکانی میقداد مەهقانی و میلاد حەیدەری کوژراون.

ئەمشەو کچان و کوڕانی گەنج لە چەند ناوچەیەکی تاران-ی پایتەختی ئێران بە رێپێوان و خۆپیشاندان دروشمیان دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وتەوە. هاوکات لەگەڵ یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبونی حەمیدڕەزا روحی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، شەوی چوارشەممە لە تاران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەڕێوچو. سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردوەتەوە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ژمارەیەک گەنج و خۆپیشاندەریان لە گەڕەکی (شاری زیبا) لە تاران و لە بەردەم ماڵی خانەوادەی حەمیدڕەزا روحی دەستگیر کردوە. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە؛ ژمارەیەکی زۆر لە کچان و کوڕانی گەنج بەشدارییان لە یادی لەدایکبونی روحی کردوە و دواتر بە رێپێوان و خۆپیشاندان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.    

گەرمبونی و پیسبونی ژینگە لە ئێران پێنج هێندەی وڵاتانی دیکەی جیهان قوربانیی لێدەکەوێتەوە. گۆڤاری (لێنست) بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی گەرمبون و پیسبونی ژینگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ژمارەی مردن 10 بۆ 60 هێندە بەرز دەبێتەوە و ئێران دۆخی لە هەمو وڵاتانی ناوچەکە خراپتر دەبێت. بە پێی توێژینەوەیەکی گۆڤارەکە؛ بەهۆی گەرما و پیسبونی ژینگەوە ئاستی مردن لە ئێران پێنج هێندەی ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز دەبێتەوە و لە هەر 100 هەزار کەس دانیشتوی وڵاتە 11 کەس بەو دوو هۆکارە گیانیان لەدەست دەدەن. لە توێژینەکەدا ئاماژەوە بەوە کراوە کە گەرما و پیسبونی ژینگە لە ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆی مەرگی زیاتر لە دوو کەس لە هەر 100 هەزار کەسی دانیشتوی ئەو ناوچانە. رێژەی دوانۆکسیدی کاربۆن لە  ئێران ساڵانە دەگاتە 750 ملیۆن تۆن کە ئەوەش هاوتای ئەڵمانیایە کە ئابورییەکەی 12 هێندەی ئەو وڵاتەیە. هەر لەو توێژینەوەیەدا دەرکەوتوە ئێران لە روی ژینگەییەوە بە مەترسیدارترین ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار دەکرێت.

سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، جگە لە پارتی کرێکارانی تورکیا هەموو لایەنەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن. دوای گفتوگۆیەکی زۆری نێوان پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی چۆنیەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا، دواجار شێوازی بەشداریکردنی هاوپەیمانێتیەکەیان ئاشکرا بوو. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە تویتەری خۆیدا نووسیویەتی، " دوای دانوستانێکی دوور و درێژ چۆنیەتی بەشداریکردنی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە هەڵبژاردنەکاندا ئاشکرا بوو. هەموومان بۆچوونی خۆمان دەربڕی. لەمەوبەدواوە پێویستە رێز لە بڕیارەکانی یەکدی بگرین و هاوکاری یەکدی بکەین." دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا دەڵێت، " پیرۆزبایی لە هاوڕێکانم لە پارتی کرێکارانی تورکیا دەکەم کە لەژێر چەتری هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، بەڵام بە لۆگۆی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات. ئێمەش هەموومان پێکەوە، بۆ ئەوەی ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنین، زیاتر کار دەکەین."

هاوڵاتی شەوی رابردوو، وەک وەڵامێک بۆ هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل، بە رۆکێت لە کەرتی غەززەوە هێرش کرایە سەر ئیسرائیل، دواتریش فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کەرتی غەززەیان بۆردومان کرد. لە مزگەوتی ئەقسا لە ئۆرشەلیم بەرەبەیانی چوارشەممە (قودس) شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان نوێژخوێنان و پۆلیسی ئیسرائیلدا روویدا و هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە 350 فەلەستینییان دەستگیرکردووە.  رووداوەکە کاتێک روویدا کە موسڵمانان دەیانویست لە مزگەوتەکەدا بمێننەوە و جووەکانیش بەبۆنەی پشووی جەژنی پەیساک کە لە 4ـی مانگی نیسان دەستپێدەکات و تاوەکو 13ـی مانگ بەردەوام دەبێت، دەیانویست سەردانی مزگەوتەکە بکەن. هاوکات مانگی سووری فەڵەستینی ڕایگەیاند 12 فەڵەستینی بریندار بوون،  لە پێکدادانەکان لەگەڵ پۆلیسی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی ئیسرائیل ڕێگری دەکەن لەوەی پزیشکەکانیان بگاتە ناوچەکە بۆ چارەسەری بریندارەکان. سەبارەت بە ڕوداوەکە فەهمی عەباس، نوێژخوێن لە مزگەوتەکە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "لە حەوشەکەی بەشی ڕۆژهەڵاتی مزگەوتەکە، پۆلیس گازی فرمێسکڕژێن و نارنجۆکیان بەکارهێنا، ئەوە دیمەنێک بوو کە ناتوانم وەسفی بکەم". وتیشی  "ئینجا دەستیان کرد بە لێدان لە هەمووان. ئەوان خەڵکیان دەستگیرکرد و گەنجەکانیان خستە سەر زەوی و بەردەوام بوون لە لێدانیان." گرژییەکە تەنیا لە ئەقسادا نەمایەوە و بۆردوومان و مووشەکبارانی تێکەوت. بزووتنەوەی حەماس هێرشی مووشەکی بۆسەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل ئەنجامدا و فڕۆکەکانی ئەو وڵاتەش چەند هێرشێكیان کردە سەر کەرتی غەززە و پێگەیەکی تایبەت بە چەکدارانی حەماسیان کردە ئامانج. وتەبێژی گروپی ئیسلامی حەماس حازم قاسم ڕایگەیاند  "هێرشە موشەکییەکە لە شەوی ڕابردوودا وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ هێرشەکەی پۆلیس لە مزگەوتی ئەلئەقسا و نیشانی دا کە ئیسرائیل ناتوانێت غەزە لە کەناری ڕۆژئاوا جیا بکاتەوە" لەبارەی ئەو موشەکانی نێردران بە ئیسرائیلەوە  گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خرایەڕوو کە پێنج رۆکێت ئاراستەی شاری سدێرۆت کراون کە چواریان لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە و یەکێکیشیان لە زەوییەکی چۆڵدا کەوتووەتە خوارەوە. ئەم ڕووداوە کاردانەوەیەکی توندی لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە لێکەوتەوە. ئەردەن و میسر، کە هەردووکیان بەشداربوون لە هەوڵەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان، بەیاننامەیەکی جیاوازیان بڵاوکردەوە و بە توندی ئیدانەی ڕووداوەکەیان کرد. هەروەها  سعودیەش کە ئیسرائیل هیوادارە پەیوەندییەکانی لەگەڵدا ئاسایی بکاتەوە، وتی هێرشکردنی ئیسرائیل بۆ ئەلئەقسا هەوڵەکانی ئاشتی لاواز دەکات. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل هەزاران کەسیان لە کەناری ڕۆژئاوا دەستگیرکردووە و زیاتر لە 250 فەڵەستینییان کوشتووە، لە کاتێکدا زیاتر لە 40 ئیسرائیلی و سێ ئۆکرانی لە هێرشەکانی فەڵەستیندا کوژراون.    

لە ئامارەکانی بانکی ناوەندیی ئێران ئاشکرا بوە هەڵاوسانی ئێران لە ساڵی 1978 تا ئێستا بەردەوام بەرزبوەتەوە و 40 ساڵە هەڵاوسان لەو وڵاتە دوو ژمارەیی بوە. بانکی ناوەندیی ئێران ئامارەکانی هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەکەی بڵاو کردوەتەوە و دەرەکەوتوە کە لە 45 ساڵی رابرداودا تەنها لە چوار ساڵدا هەڵاوسانی ئابوریی ئەو وڵاتە لە 10% کەمتر بوە. لە ئامارەکاندا هاتوە؛ هەڵاوسانی ئابوریی ساڵی رابردوی ئەو وڵاتە گەیشتوەتە 47.1% کە ئەوە رێژە بەرزترین ئاستی هەڵاوسانی 27 ساڵی رابردوی وڵاتەکەیە. بە پێی ئەو ئامارانە هەڵاوسانی ئابوریی ئێران لە ساڵی 1995 گەیشتوەتە 49.5% و ئەوەش بە بەرزترین ئاستی هەڵاوسانی مێژوی وڵاتەکە لەقەڵەم دراوە لە کاتێکدا بە بڕوای شارەزایان هەڵاوسانی راستەقینەی ئێستای وڵاتەکە دەگاتە 80%. ئاماژە بەوە کراوە لە ساڵی 2009 رێژەی هەڵاوسانی ئابوریی ئێران بە بەردەوامیی لە 40% زیاتر بوە. گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و سزاکانی ئەمریکا لەگەل هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 تا ئێستا بە بەردەوامیی زیادی کردوە و ئەوەش کاریەگەریی لەسەر ئابوریی وڵاتەکە داناوە.  

رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند لابردنی سەرپۆش پلانی دوژمنانە و لە روی ئایینیی و سیاسییەوە حەرامە. ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتارێکیدا رایگەیاند؛ وڵاتەکە گیرۆدەی گەندەڵیی بوە و دەبێت بۆ چارەسەریی دۆخی ئابوریی دژی گەندەڵی بوەستنەوە چونکە کێشەی سەرەکیی خەڵک بژێوەییە. خامنەیی هەر لەو وتارەیدا وتی: باڵاپۆشپون سنوردارکردنێکی شەرعی و یاساییە و لابردنی و دژایەتیی باڵاپۆشبون لە روی شەرعی و سیاسییەوە حەرامە. بە وتەی ئەو: زۆربەی ئەو کەسانەی دژی باڵاپۆشبون و سەرپۆش دەوستنەوە ئەگەر بزانن چ سیاسەتێک لە پشت ئەو کاریانەوەیە، ئەو کارە ناکەن و دوژمنان بە پلان و بەرنامەوە هاتون و ئەوانیش دەبێت پلان و بەرنامەمان هەبێت. رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوەتەوە کە نابێت هەوڵی پێچەوانەی یاسا و رێساکان لە دژی پلانی دوژمنان بدرێت. وتەکانی خامنەیی لە کاتێکدایە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان بە مەرگی ژینا ئەمینی لابردنی سەرپۆش لە ئێران بوەتە هێمایەک بۆ دژایەتیی دەسەڵات لە وڵاتەکەدا و لە ماوەی رابردوشدا رێوشوێنەکان دژی کەسانی بێسەرپۆش توند کراوەتەوە و تەنانەت ناکۆکیی بەپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لێکەوتوەتەوە.  

بەهۆی زۆربونی ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران نەتەوەیەکگرتوەکان دژی کۆماری ئیسلامی بریارێک پەسند دەکات و رایگەیاند مەترسیی لەسێدارەدانی ئەو کەسانە هەیە کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراوەن. لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بڕیارێک دژی پێشێلکارییەکانی ئێران و زۆربونی ژمارەی لەسێدارەدان بە 23 دەنگی بەڵی پەسندکرا. لە کۆی 47 وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ 16 وڵات لە وانە چین و پاکستان و کوبا و ڤێتنام دژی بڕیاکە وەستانەوە. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی ئەو بڕیارە رایگەیاند؛ ئەو بڕیارە لە ژێر کاریگەریی وڵاتانی رۆژئاوا و بە مەبەستی دژایەتیی کۆماری ئیسلامی دراوە بۆیە قورسایی نابێت. بە پێی ئامارەکان لە ماوەی سێ مانگەی ئەمساڵدا لانیکەم 144 کەس لە سەرتاسەری ئێران لەسێدارەدراون و 34% سەرجەم لەسێدارەدراوانی زیندانەکانی ئێران کورد بون. لە راپۆرتی جاوید رەحمان، رێپۆرتەری نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ئاشکرا بوە لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی 71 کەس کوژراون کە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە و لە 75 رۆژی سەرەتای ساڵی 2023 لانیکەم 143 کەس لەسێدارە دراون.  

هاوڵاتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM) ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند سوپای ئەمەریکا سەرکردەیەکی باڵای داعشی لە سوریا کوشت، ئەمەش لێدانێکی دیکەیە بۆ ئەو گروپەی کە چەند ساڵێک لەمەوبەر دروستبوو بەڵام هێشتا بە هەڕەشە دادەنرێت. سەرکردایەتییەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی خالید ئەید ئەحمەد ئەل جبوری بەرپرس بووە لە پلان دانان بۆ هێرشەکانی داعش لە ئەوروپا و پەرەی بە پێکهاتەی سەرکردایەتی ڕێکخراوەکە داوە. ئاژانسی هەواڵی  ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، سەرچاوەکان لە سوریا دەڵێن ئەو سەرکردەیەی داعش لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە باکوری ڕۆژئاوای ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن کوژراوە، ئەو ناوچەیەی کە سەرکردەکانی دیکەی دەوڵەتی ئیسلامی تێیدا خۆیان شاردۆتەوە، لەوانە سەرکردەی پێشوو ئەبوبەکر بەغدادی کە لە هێرشێکی ئەمەریکادا لە ساڵی 2019 دا کوژرا. هاوکات بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مانگی دوو بڵاوکرایەوە، ڕێکخراوی داعش لە نزیکەی 5000 بۆ 7000 ئەندام و لایەنگری هەیە لە نێوان سوریا و عێراقدا، نیوەیان چەکدارن. سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا وتی لە هێرشەکەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی بریندار نەبووە، وتیشی ڕێکخراوی داعش " بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش." وتیشی " سەرەڕای ئەوەی پووچەڵ بوونەتەوە، ڕێکخراوەکە هێشتا دەتوانێت ئۆپەراسیۆن لە ناو ناوچەکەدا ئەنجام بدات و ئارەزووی هەیە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هێرش ئەنجام بدات." وتیشی مردنی ئەل جبوری " بۆ ماوەیەکی کاتی تواناکانی گروپەکە بۆ پلانگێڕان بۆ هێرشی دەرەکی تێکدەدات." هەروەها سەرچاوەیەکی هەواڵگری بە ڕۆیتەرزی گوتووە کە  جەبوری لە چەند مانگی ڕابردوودا چاودێری کراوە کاتێک لە نێوان شار و شارۆچکەکانی حەسەکە و ڕەققە و جەرابلوس و ئەلبابدا جووڵاوەو لە پارێزگای ئیدلیب بووە کاتێک کوژراوە. لەهەمانکاتدا دوو سەرچاوەی ناوخۆی سوریا بە ڕۆیتەرزیان گوتووە لە نزیک ماڵەکەی خۆی لە دەوروبەری گوندی کافتین هێرشی کراوەتەسەر، کە چەند کیلۆمەترێک لەو شوێنەوە دوورە کە بەغدادی لە ساڵی 2019 دا کوژرا. ئەو لەگەڵ هاوسەرەکەی و کوڕە 12 ساڵانەکەی ژیاوە. دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە ساڵی 2014 دا یەک لەسەر سێی خاکی عێراق و سوریای کۆنترۆڵ کرد. هەرچەندە لە هەردوو وڵات شکستی هێنا، بەڵام چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی پاشماوەیان هێشتا ماوەو بەردەوامن لە هێرش لەو ناوچانە.    

هاوڵاتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق  لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان  ئەمڕۆ سێشەممە دوای واژووکردنی ڕێکەوتنامەیەک بۆدوبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم رایگەیاند، "رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەموو عێراق گرنگە و دوای واژووکردنی راستەوخۆ جێبەجێدەکرێت". سودانی وتیشی "لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگەی پاریس، هەناردەکردنی نەوت راگیرابوو. راگرتنی هەناردەکردنی نەوت زیانی بە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە". راشیگەیاند، "رێكەوتنەكەمان لەگەڵ بەغدا لەچوارچێوەی دەستوردایە و سودی دەبێت بۆ هەمو پێكهاتەكانی عێراق و دڵنیاشم ئەمجارە رێكەوتنەكە جێبەجێدەكرێت". باسیلەوەشکرد،  هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو عێراق سوودی دەبێت و راگرتنی لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نەبووە. ئەوەشی خستەڕوو: لە ئێستادا کار لەسەر ئامادەکردنی یاسای نەوت و گاز دەکەین. لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سوودانی گوتی "ئێمە لە خەمی ئەوەداین کورتهێنان لە بودجە زیاتر نەبێت". هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان  کە ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی شاندێک چووە بەغدا بەمەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنەکە، لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەدا رایگەیاند "نییەتی ئێمە رێککەوتن بووە. بە هەوڵی بەرێز سوودانی ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە دەستپێکی هاوئاهەنگی زیاتر لەنێوان هەردوولا". وتیشی، "هیوادارم ئەم رێکەوتنە ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها ببێتە هۆی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق". مەسرور بارزانی ئەوەشیخستەڕو، "دوای راوەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان تەنها بە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوە، بەڵکو زیان بە هەمو خەڵکی عێراق گەیشتوە، ئەم شێوازە نوێیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش، داهاتی عێراق زیاتر دەکات و هەمومان تێیدا سودمەند دەبین". ئاماژەی بەوەشكرد، "نیازی ئێمە رێککەوتن بوە، بە هەوڵی سودانی ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێدەکرێت و دەبێتە دەستپێکی هاوئاهەنگی زیاتر لەنێوان هەردولا، بۆیە دڵنیام ئەمجارەیان جێبەجێدەكرێت" سەبارەت بە گرنگیی رێککەوتنەکەش جەختی کردەوە لەوەی "ئەم رێککەوتنە گرنگە بۆ هەموو خەڵکی عێراق و دەبێتە بنەمایەک بۆ بودجە و یاسای نەوت و گاز".    

هاوڵاتی  محەمەد شەیاع سودانی بۆ کەناڵی جەزیرە: هەرێمی کوردستان کاتی خۆی بە ناچاری و دوای بڕینی بۆدجەکەی، نەوتی خۆی فرۆشت.  سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شەیاع ئەلسودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری ئەو راستییەی درکاند کە هەرێمی کوردستان دوای بڕینی بۆدجەکەی لە لایەن بەغداوە لە ساڵی 2014 بە ناچاری دەستی بە فرۆشتنی نەوت کردوە. وتیشی ،هەرێم سەرباری بێ بودجەیی، تووشی شەڕی سەختی داعش بوو، و لە هەمان کاتیشدا ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەر روویان لە هەرێم کرد و ئەوانیش بوونە بارگرانییەکی گەورە و هۆکاری کەمبوونەوەی خزمەتگوزاری، بۆیەش هەرێم بە ناچاری دەستی بە نەوت فرۆشتن کرد.. سودانی کە یەکەم گەورە بەرپرسی عێراقە کە ئەو راستییە دەدرکێنێ.  باسی لەوەش کرد کە هەرێم بە هۆی فرۆشتنی ناچارییەوە هەندێ مەرجی ناڕەوای گرێبەستی کۆمپانیاکانی قبوڵ کردووە، هیواشی خواست بە دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز هەموو کێشەکانی نەوت و غاز و ناکۆکییەکان لەو بارەیەوە کۆتاییان بێت. سوودانی باس لە رێککەوتنی لەسەر بودجەش دەکات و دەڵێت: "ئەم رێککەوتنەی لەسەر یاسای بودجە کراوە دەتوانێت کۆتایی بەم کێشانە بێنێت و بودجەیەکی گشتگیربێت بۆ هەموو عێراقییەکان. لە هەمان کاتیشدا خۆمان بۆ دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز ئامادە دەکەین."   جەخت دەکاتەوە کە بەشێک لە رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی فیدراڵیی عێراق چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە کە یەکێکیان پرسی نەوت و گازە و دەڵێت: "گەیشتووینەتە رێککەوتن و خراوەتە نێو یاسای بودجەوە، کە ئەوەش بەشێکە لە رێککەوتنە سەرەکییەکە. ماوەی شەش مانگیشمان دانابوو، هەرچەندە کەمێک دوادەکەوین، بۆ ئەوەی یاسای نەوت و گاز دەربچێت، کە پەیوەندییەکە بەشێوەیەکی تەواو رێک دەخات."  محەمەد شیاع سودانی دەڵێت ئەو ئاڵنگارییەی رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە گەندەڵییە نەک داعش، "داعش کۆتایی هات، گەندەڵی ئەو ئاڵنگارییەیە کە رووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە". هەروەها  "بەشێک لە گەندەڵی پارێزراوە، لەلایەن رووە سیاسی و فەرمییەکانەوە و ئەمەش ئاڵنگارییەکەیە. لە قۆناخی رابردوودا ئیرادەیەکی راستەقینە نەبووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەگەرنا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی قورس نییە". سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات کە عێراق پێویستی بە فەلسەفەیەکی نوێی ئابووریی هەیە و دەڵێت: "دەبێت ئابووریمان لەسەر روانین و فەلسەفەیەکی نوێ بێت، نەک روانینی دیکتاتۆریانە کە لە رژێمی پێشوودا هەبوو".

پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند لە پشوەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا گەشت و هاتوچۆ بەراورد بە ساڵی رابردو زۆرتر بوە و روداوەکانی هاتوچۆش زیاتر لە 16 هەزار قوربانیی لێکەوتوەتەوە. کەمال هادیانفەر، بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند؛ لە 18ی مانگی ئازار تا سێی مانگی نیسان 821 کەس بە روداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و 16 هەزار کەسیش برینداربون. هادیانفەر، ئاماژەی بەوە کردوە رێژەی هاتوچۆ و گەشتەکانی تایبەت بە نەورۆز لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردو 40% بەرزبوەتەوە بەڵام رێژەی ئەو کەسانەی بە روداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە بۆ 22% کەم بوەتەوە. بە پێی ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ لە ماوەی 18 رۆژی پشوەکانی نەورۆز لە ئێران رۆژانە زیاتر لە 45 کەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە. لە ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ دەرکەوتوە زیاترین گەشت بۆ پارێزگاکانی گیلان و مازەندەران لە باکوری ئێران کراوە و دانیشتوانی تاران زیاترین گەشتیان بەراورد بە ناوچەکانی دیکە کردوە.

پەروەردەی ئێران خوێندن لە کچانی بێسەرپۆش قەدەغە دەکات و لە خوێندنگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ژمارەیەک خوێندکاری کچ ژەهراویکران. ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە بەیاننامەیە 16 خاڵیدا رایگەیاند؛ رێگە بەو کچانە نادرێت کە پابەندی سەرپۆش و باڵاپۆشی بە شێوازی کۆماری ئیسلامی نەبن. لە بەیاننامەکەدا هاتوە: ئەگەرچی ژمارەی ئەو کچانەی پابەندی یاسا و رێساکانی باڵاپۆش لە خوێندنگاکانی ئێراندا نابن کەمە بەڵام وەزارەتی پەروەردە هیچ خزمەتگوازرییەک بۆ ئەو کەسانە تەرخان ناکات و لە پڕۆسەی خوێندن بێبەش دەکرێن. بەیاننامەکەی وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە کاتێکدایە تا ئێستاش ناڕەزایەتیی لەسەر سەپاندنی یاسا توندەکانی تایبەت بە سەرپۆش لەو وڵاتە بەردەوامە و لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتی ئەو وڵاتە رێوشوێنەکانی توند کردوەتەوە و دەیان شوێنی گەشتیاریی داخراون بە بیانوی بونی کچان و ژنان بە بێ سەرپۆش. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵات بڵاویان کردەوە رۆژی دووشەممە ژمارەیەک خوێندکاری کچ لە خوێندنگەی( 22ی بەهمەن) لە شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێ بەهۆی ژەهراویکردنەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون. نزیکەی سێ مانگە روداوی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی رایگەیاندوە زیاتر لە 100 کەسی بە تۆمەتی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار دەستگیر کردوە.

سوپای ئێران رایگەیاند؛ فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکا سنوری ئاسمانی وڵاتەکەی بەزاندوە و دوای هۆشداریی پێدان لە ناوچەکە دروکەوتوەتەوە. سوپای ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ فڕۆکەیەکی جۆری(EP-3E) هێزی دەریاوانی ئەمریکا لە سنوری دەریای عومان هاوتوەتە سنوری ئاسمانی ئێران. سوپا ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەو فڕۆکەیە دوای پێدانی هۆشداریی لە لایەن هێزی دەریاوانی سوپای ئێرانەوە، گەڕاوەتەوە بۆ سنوری نێودەوڵەتیی ئاوەکانی ئەو ناوچەیە. فڕۆکەی جۆری(EP-3E) ئەمریکی تایبەتە بە جەنگی ئەلیکترۆنی و چاودێریی سەربازییە کە تەنها لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا و ژاپۆن بەکاردەهێنرێن.  

جەنەڕاڵێکی بەریتانیا هۆشداریی دەدات لە پەیوەندییەکانی ئێران و روسیا و دەڵێت: ئەو پەیوەندییانە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە. جەنەڕاڵ مارتین سامپسۆن (سامی)، راوێژکاری باڵای وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند؛ ئەوەی بڕیارە ئێران لە بەرامبەر پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک بە روسیا وەریگرێت سەقامگریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە ژێر هەڕەشەوە. سامپسۆن وتویەتی: چاوەڕێ ناکرێت پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و تاران ببێتە مایەی خێر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رەنگە ئێرانیش فڕۆکەی جەنگی و ئامێری تایبەت بە دروستکردنی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتو لە روسیا وەرگرێت. ئەو جەنەڕاڵەی بەریتانیا جەختی لەوە کردوەتەوە؛ هاوکارییەکانی روسیا و سەرکێشییەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێتە مەترسیی گەورە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێویستە رێگریی لە قوڵبونەوەی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و تاران بکرێت. پێشتر رۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ بڵاوی کردبوەوە کە روسیا ئامێری تایبەت بە چاودێریی ئەلیکترۆنیی هێڵەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت و ێنەگریی پێشکەوتو بۆ ناسینەوەی تۆمەتبارانی لە بەرامبەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە.