روسیا بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە سوتەمەنییەکەی رەوانەی ئێران دەکات و ئاژانسێکی هەواڵیش ئاشکرای دەکات ئەو سوتەمەنیانە لە سنوری کازاخستان و تورکمانستانەوە بۆ ئێران دەنێردرێت. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) ئاشکرای کردوە؛ لە دوو مانگی وەرزی زستانی ئەمساڵدا روسیا بڕێ 30 هەزار تۆن بەنزین و گازی بە شەمەندەفەر رەوانەی ئێران کردوە. ئاماژە بەوە کراوە؛ لە دوای هێرشی روسیا بۆ ئۆکرانیا، فرۆشی نەوت و سوتەمەنییەکانی روسیا بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە روبەڕوی کێشە بوەتەوە و بۆ یەکەمجار لە رێگەی شەمەندەفەرەوە چەند جۆرێکی سوتەمەنیی رەوانەی ئێران کردوە. ئاژانسەکە رونی کردوەتەوە؛ روسیا لە رێگەی شەمەندەفەرەوە بەنزین و گازی بەرهەمی وڵاتەکەی بە سنورەکانی وڵاتی کازاخستان و تورکمانستان بۆ ئێران رەوانە کردوە و ئەو وڵاتەش گواستویەتییەوە بۆ عێراق. بە پێی زانیارییەکانی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەوە رێککەوتنی بازرگانیی نێوان مۆسکۆ و تاران بۆ فرۆشتنی ئەو سوتەمەنیانەیان پشتڕاست کردوەتەوە بەڵام ئێران و روسیا ئامادە نەبون هەواڵەکە بۆ ئەو ئاژانسە پشتڕاست بکەنەوە. روسیا بەهۆی ئەوەی تێچوی رەوانەکردنی سوتەمەنیی بۆ ئێران لە رێگەی کەشتی و دەریاوە زۆرە بڕیاری داوە بە شەمەندەفەر بەنزین و گاز رەوانەی ئێران بکات کە تێچوی کەمترە.
بەهۆی ژەهراویبونی خوێندکاران ژمارەیەک خوێندکاری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند شارێکی ئێران رەوانەی نەخۆشخانە کران. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ ئەمڕۆ سێشەممە لە شارەکانی کامیاران و کرماشان زیاتر لە 82 خوێندکاری کچ بەهۆی ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون. لە شاری کامیاران سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان 12 خوێندکاری کچ کە لە خوێندگەکەیاندا ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سینا لەو شارە کراون. لە شاری کرماشان زیاتر لە 60 خوێندکاری کچ رەوانەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کراون و بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی هەواڵ دۆخی تەندروستیی دوو خوێندکار ناجێگیرە و لە ژێر چاودێریی وردی پزیشکیدان. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ سێشەممە روداوی ژەهراویبون لە ژمارەیەک خوێندگەی شارەکانی ئەسفەهان ، تەبرێز، مەشهەد و گەناوە دوبارە بوەتەوە و دەیان خوێندکاری كچ رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ژەهراویبونی خوێندکاران زیاتر لە سێ مانگە بوەتە دیاردە لە رۆژهەڵات و ئێران و چالاکوانانی سیاسی، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە رێگەی چەند ماددەیەکی ژەهراویی بۆندار هێرش دەکرێتە سەر خوێندگەکان و قوربانییانیش زۆربەیان خوێندکارانی کچن. تا ئێستا جگە لە رەوانەکردنی دەیان خوێندکاری کچ بۆ نەخۆشخانەکان، مێرمنداڵێکی کورد لە شاری تاران بە ناوی کارۆ پەشابادی بەهۆی ژەهراویبون گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رەوانەی شاری کامیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە. رۆژنامەی (هەم میهەن) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ لە چەند خوێندگەیەک شتێک هاوشێوەی تۆپی یاریی لە دەرەوە خراوەتە ناو حەوشە و بینای خوێندگەکان و دواتر بۆنی میوەی رزیو و پرتەقاڵ و نارنگیی بڵاو بوەتەوە و لە ئەنجامدا خوێندکاران بەو بۆنە ژەهراویی بون. چەند سەرچاوەیەک لە ناو ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئەو کچانە لە رێگەی سپرا ژەهراویی کراون و پێشتر گروپێک بە ناوی فیداییانی ویلایەت وەک ئاماژەیەک بە پشتیوانیی لە بازنەی دەسەڵاتی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو روداوانەیان گرتوەتە ئەستۆ بەڵام لە ئێستا تەنها گروپی هێزارەگەرا تۆمەتباری سەرەکیی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچە. پزیشکێک ئاشکرای کردوە لە روداوی بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی دژی خوێندکارانی کچ، چەند ماددەێک بە تێکەڵکراوی بەکار هێنراون کە دەست کەسانی ئاسایی ناکەوێت. محەمەدڕەزا هاشمیان، پسپۆڕی بواری چاودێریی وردی پزیشکی لە نەخۆشانەیەکی تاران رایگەیاندوە لە نزیکەوە چاودێریی ژمارەیەک خوێندکاری کچی کردوە کە ژەهراویبون و هۆکارەکەشی هەڵمژینی چەند جۆرێک ماددەی کیمیاییە کە تێکەڵکراوە و کەسانی ئاسایی ناتوانن ئەو ماددە کیمیاییانە دەستخەن و یان بەکاری بهێنن.
ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا داوا لە ئەوروپا دەکەن سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆر و دەڵێن کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی تیرۆر و رفاندنی هاوڵاتییانی ئەوروپای داوە. 150 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (کۆنگرێس) لە نامەیەکدا بۆ جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا داوایان کردوە یەکێتی ئەوروپا سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە. لە نامەکەدا کە واژۆی 150 نوێنەری دیموکراتەکان و کۆمارییەکانی ئەمریکای لەسەرە ئاماژە بەوە کراوە؛ سوپای پاسداران لە پێنج ساڵی رابردودا لانیکەم 33 پیلانی رفاندن و تیرۆر و سیخوڕیی دژی هاوڵاتییانی ئەوروپا ئەنجام داوە. لە نامەکەدا هاتوە: کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی تیرۆرە و چەند دەیەیە پیلان دژی هاوڵاتییانی ئەوروپا دەگێڕێت. پێشتر پەرلەمانی ئەوروپا لە کۆبونەوەیەکیدا بە کۆی 598 دەنگی بەڵی و تەنها 9 دەنگی نەخێر و 31 دەنگی بێ لایەنن گەڵالەی بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی پەسند کرد کە دەبێت لە لایەن ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپاوە جێبەجێ بکرێت. داواکارییەکەی ئەو نوێنەرانەی ئەمریکا لە کاتێکدا واشنتۆن لە ساڵی 2019 سوپای پاسدارانی خستوەتە لیستی تیرۆری وڵاتەکەیەوە و زیاتر لە 12 هەزار کەس لە بەردەم پەرلەمانی ئەوروپا خۆپیشاندانیان کرد بۆ ئەوەی ئەو سوپایە بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا.
لیستی کاندیدەکانی ٢٦ پارتی سیاسی بۆ ٢٨مین خولی پەرلەمانی تورکیا رادەستی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە کرا و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ژمارەی کورسیەکانی پارێزگاکانی ئاشکرا کرد. ئەحمەد یەنەر سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەی، ٢٦ پارتی سیاسی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش کردووە و سبەینێ پێداچوونەوە بە ناوی کاندیدەکان دەکەن و لە ئەگەری هەر کێشەیەکدا دەیگەڕێننەوە بۆ پارتەکان. لە کاتێکدا کە ٣٣ رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا ماوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردەنەکان ژمارەی کورسیەکانی پارێزگاکانی باکوری کوردستان و تورکیای بڵاوکردەوە کە بەم شێوەیەیە: ئەستەنبوڵ ٩٨، ئەنقەرە ٣٦، ئیزمیر ٢٨، بورسا ٢٠، ئارتڤین ٢، ئایدن ٨، بالیکەسیر٩، بیلەجیک٢، بەدلیس٣، بۆلو٣، بوردوور٣، ئەنتاڵیا١٧، ئاگری٤، ئاماسیا٣، ئەدەنە١٥، سەمسور٥، ئافیۆنکاراهیسار ٦، کۆنیا ١٥، قەرس٣، کاستامۆنو٣، قەیسەری١٠، کرکلارئەلی٣، کرشەهیر٢، دیلۆک١٤، ئەدرنە٤، خارپێت٥، ئەرزینگان٢، ئەرزەرۆم٦، ئەسکیشەهیر٦، روحا١٤، تۆکات٥، ترابزۆن٦، ئوشاک٣، مێرسین١٣، هاتای١١، ئسپارتا٤، ئامەد١٢، چاناککالە٤، چانکری٢، چروم٤، دەنیزلی٧، مانیسا١٠، کوتاحیا٥، مەلەتی ٦، مەرەش٨، مێردین ٦، موغلا٧، موش ٣، سامسون ٩، سێرت ٣، سینۆپ ٢، سێواس ٥، تەکرداغ ٨، وان ٨، یۆزگات ٤، زۆنگولداغ ٥، ئاکسارای ٤، ئێلح (باتمان) ٥، کارامان ٣، کرککالە ٣، شڕنەخ ٤، بارتین ٢، ئەردەخان ٢، گیرەسون ٤، گوموشخانە ٢، جۆلەمێرگ ٣، نەوشەهیر ٣، نیغدە ٣، ئۆردو ٦، ریزە ٣، ئیدر ٣، کارابوک ٣، کیلیس ٢، عوسمانیە ٤، دوزجە ٣، دەرسیم یەک و بایبورت یەک.
بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند کە بەهای راستەقینەی دۆلار لە وڵاتەکە لەگەڵ ئەو نرخانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تێلێگرام بڵاو دەکرێنە زۆر جیاوزە و بەهای راستەقینەی هەر دۆلارێک 28 هەزار و 500 تمەنە کە نزیکەی 2% بەرزی و نزمیی بەخۆیەوە دەبینێت. محەمەدڕەزا فەرزین، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران لە لێدوانێکدا وتی: بەهای راستەقینەی دۆلار ئەو بەهایانە نییە کە لە تێلێگرام بڵاو دەکرێنەوە. فەرزین وتویەتی: لە ساڵی رابردودا بانکی ناوەندیی زیاتر لە 65 ملیارد دۆلاری رادەستی خەڵک کردوە کە بەهای هەر دۆلارێک نزیکەی 28 هەزار تمەن بوە. لێدوانی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دوشەممە بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی دراوی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران لە نێوان 50 بۆ 51 هەزار تمەنە.
هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لە ئەستەنبوڵ رایگەیاند، کاروباری هەڵبژاردن لە ئەستەنبوڵ بەردەوامە و ئامانجیانە دوو ملیۆن دەنگ لەو پارێزگایە بەدەست بهێنن. مەولود ئوستابش هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز بۆ میدیاکانی نزیک لە پارتەکەی قسەی کرد و وتی، " پارتەکەمان لە ئەستەنبوڵ و ناوچەکانی کە ١٦ ملیۆن کەس تێیدا دەژین، ٢٥٠ ناوەندی هەڵبژاردنی کردووەتەوە و پلانی هەیە لە ١٩١٧ قۆتابخانەدا، ٦٢ هەزار و ٥٠٠ چاودێر، چوار هەزار کارمەندی سەر سندوقەکان و دوو هەزار پارێزەر دابنێت." ئوستاباش باسی ئەوەی کرد کە ساڵێکە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام دوای ئەوەی هەدەپە بڕیاریدا لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، کاروبارەکانیان خێرا کردووە و لەنێو خەڵکدا کاروبارەکانیان بەباشی بەڕێوە دەچن. مەولود ئوستابش هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز دەشڵێت، ئەمڕۆ پێویستە هەموو هێزی خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەکار بهێنن و کۆتایی بە دەسەڵاتی تاکڕەوی ئاکەپە و مەهەپە بهێنن. باسی ئەوەشی کرد کە پارتەکەی پلانی هەدەپە لەسەدا ٢٠ی دەنگەکانی ئەستەنبوڵ بەدەست بهێنێت کە دەکاتە ملیۆنێک نیو بۆ دوو ملیۆن دەنگ. ٣٤ رۆژ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا ماوە و لایەنە سیاسیەکان لیستی کاندیدەکانیان رادەستی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کردووە. بەرپرسانی هەدەپە رایدەگەیەنن کە ئامانجیان ئەوەی لانیکەم ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن.
رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات ئێران بۆ تۆڵەکردنەوەی دوو ئەندامی سوپای پاسداران هەوڵی هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل دەدات. رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە یەکەی بۆشایی ئاسمان و هێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل لە کەنەداو و دەریای عومان ، ئەوەش وەک تۆڵەیەک بەرامبەر کوژرانی دوو ئەندامی سوپای پاسداران لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر دەوروبەری دیمەش لە سوریا. ئەو رۆژنامەیە زانیارییەکانی لە زاری شیکەرەوەیەکی سەربازیی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاو کردوەتەوە. سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە بەهۆی هێرشەکانی رۆژی هەینی 31ی ئەم مانگەی ئیسرائیل لە دیمەشق دوو ئەندامی ئەو سوپایە بە ناوەکانی میقداد مەهقانی و میلاد حەیدەری کوژراون. بڵاوبونەوەی ئامادەکارییەکانی سوپای پاسداران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) یەکێک لە ژێردەریاییەکانی وڵاتەکەی بە ئامانجی بەرنگاربونەوەی هێرشەکانی ئێران لە سوریا رەوانەی کەنداو کردوە.
دەسەڵاتی ئێران بۆ سزادانی ئەو کچ و ژنانەی کە پابەندی سەرپۆش نابن کامێراکانی پۆلیسی هاتوچۆ بەکاردەهێنێت. محەمەدحسێن حەمیدی، بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆ لە ئێران رایگەیاند؛ کامێراکانی چاودێریی بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی شۆفێران و ئۆتۆمبێلەکان سودیان لێوەردەگیرێت بە مەبەستی ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی پابەندی سەرپۆش نابن. بە وتەی حەمیدی ئەو سیستمە کامێرایانەی کە ئێستا لە ئێراندا بۆ تۆمارکردنی سەرپێچیی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنرێت، دەتوانێت سەرپێچی نەبونی سەرپۆش و باڵاپۆش تۆمار بکات. ئاماژەی بەوە کراوە ؛ کامێراکانی چاودێریی پۆلیسی هاتوچۆ بە جۆرێک رێکدەخرێن کە هاوکات سەرپێچییەکانی ئۆتۆمبێل و کەسانی بێسەرپۆش تۆمار بکات و داوتر بەشەکانی دیکەی پۆلیس و دادگا لەسەر بنەمای تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی تایبەت بە سەرپۆش، سزا بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنن. بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆ رونی کردوەتەوە؛ ئەو کامێرایانی پۆلیسی هاتوچۆ بۆ کۆنتڕۆڵی قەرەباڵغی و ترافیکی هاتوچۆ لە تاران بەکاری دەهێنێت لە لایەن دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانیشەوە سودی لێوەردەگیرێت بە بێ ئەوەی تۆمارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ روبەڕوی کێشە ببێتەوە. پێشتر رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) بڵاوی کردەوە: کۆماری ئیسلامی ئێران لە جیاتی (پۆلیسی ئەخلاق) لە شەقامەکان بە کامێرا چاودێریی سەرپۆش و باڵاپۆشیی کچان و ژنان دەکات و لە رێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگاداریان دەکات و سزایان بۆ دەبڕێتەوە. لە چەند رۆژی رابردودا بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی جەختیان لە توندکردنەوەی رێوشوێنەکانی سەپاندنی سزا بەسەر کچان و ژنانی بێسەرپۆشدا کردوەتەوە.
سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران هۆشداریی دەدات لە دۆخی ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتەکە و داوا دەکات بۆ چاکسازیی لە بواری ئابوریی و سیاسیی، ریفراوندۆم بکرێت. حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران لە دیدارێکیدا لەگەڵ بەرپرسانی کابینیەی پێشوی حکومەت رایگەیاند؛ دۆخی ناڕەزایەتیی وڵاتەکە لە ئاستێکدایە کە پێویستە باڵاترین قۆناغی یاسای دەستور جێبەجێ بکرێت چونکە وڵاتەکە پێویستی بە گۆڕانکاریی هەیە. رۆحانی ئاماژەی بەوە کردوە؛ دەبێت بە پێی یاسای 59ی دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێران راپرسی و ریفراندوم سەبارەت بە سێ پرسی سیاسەتی ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوە و ئابوریی لە وڵاتەکە بکرێت. بە وتەی رۆحانی هەندێک لە ماددە و بڕگەکانی دەستور کەمترین سەرنجیان لەسەر بوە و جێبەجێ نەکراون بە تایبەت وەرزی سێیەمی دەستور کە ئاماژەی رون بە مافەکانی دانیشتوانی ئێران دەکات. سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران وتوشیەتی: ناڕەزایەتییەکانی رابردو روداوێکی ناخۆش بون بۆیە بۆ گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی ناڕازی و دانیشتوانی وڵاتەکە پێویستە هەنگاوی گەورە بنرێت. داواکارییەکەی حەسەن رۆحانی لە کاتێکدایە زیاتر لە دوو مانگ پێش ئێستا میرحسێن موسەوی، یەکێک لە سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە نوسینەوەی دەستور و گۆڕانکاریی ریشەیی لە دەسەڵات و حوکمڕانیی وڵاتەکە کردوەتەوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناکۆکییەکانی نێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی قوڵتر بوەتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخواز داوای بەڕێوچونی ریفراندۆم و راپرسییان لە ئێران کردوە.
ئەمڕۆ ٩ی نیسان، دوایین وادەی رادەستکردنی لیستی ناوی کاندیدەکانی پارتە سیاسیەکانی تورکیایە بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان. لە کاتێکدا کە ٣٥ رۆژ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا ماوە و ئەمڕۆ دوایین وادەی رادەستکردنی لیستی ناوی کاندیدەکانە، پارتە سیاسیەکان بە خێرایی کار دەکەن و تاوەکو کاتژمێر پێنجی ئێوارە پێویستە لیستەکانیان رادەستی کۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردنەکانی تورکیا بکەن. تاوەکو ئێستا پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست، پارتی کۆمۆنیستی تورکیا، پارتی رزگاری گەل و پارتی گەل، لیستی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش کردووە. لە ماوەی دوو رۆژدا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لێکۆلینەوە لە لیستی کاندیدەکانی پارتەکاندا دەکات و لە ئەگەری هەر کێشەیەکدا، دەیگەڕێنێتەوە و پێویستە تاوەکو ١٩ی مانگ پارتەکان کەموکورتیەکانیان چارەسەر بکەن. لەلایەکی دیکەوە، فۆرمی دەنگدانی پەرلەمانی لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە ئاشکرا کرا و ١٥ پارت و ٥ هاوپەیمانی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن. هەروەها فۆرمی دەنگدانی سەرۆکاتیش ئاشکرا کرابوو کە چوار کەس خۆیان بۆ پۆستەکە هەڵبژاردووە.
ئەمریکا ژێردەریاییەک بە 154 موشەکەوە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و هێرشەکانی چەکدارانی سەر بە ئێران لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا بە هۆکاری رەوانەکردنی ئەو ژێردەریاییە لەقەڵەم دەدرێت. تیم هاوکینز، وتەبێژی یەکەی پێنجەمی هێزە دریاوانییەکانی سوپای ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشیەیتدپرێس)ی راگەیاندوە؛ ژێردەریایی (یو ئێس ئێس فلۆریدا) رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ لێدوانی هاوکینز لە کاتێکدایە هیچ کاتێک ئەمریکا شوێنی ژێردەریاییەکان و گەشتەکانیان بەو شێوەیە ئاشکرا ناکات و تەنانەت پنتاگۆن وێنەی رەوانەکردنی یو ئێس ئێس فلۆریدای بڵاو کردوەتەوە. بە پێی زانیارییەکانی ئەسۆشیەیتدپرێس؛ هێرشەکانی ئەم دواییانەی چەکدارانی سەر بە ئێران لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا و جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە هۆکاربوە بۆ بڕیاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) بۆ رەوانەکردنی ئەو ژێردەریاییە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یو ئێس ئێس فلۆریدا هەڵگری 154 موشەکی جۆری (تۆماهۆک)ە و ئامانجەکانی بە وردی دەپێکێت و لە ئەگەری روداوانی مەترسیی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەو ژێردەریاییە جوڵەی پێدەکرێت. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) بڵاوی کردوەتەوە پنتاگۆن زانیاریی بەدەست گەیشتوە کە ئەگەری هێرش و جموجۆڵی سەربازیی ئێران لە ناوچەکە هەیە و ئەو هێرشانەش کاتی دەبێت لە بەرامبەردا ئەمریکا دەیەوێت وەڵامدانەوەی توندی بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکان و هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت. دوای چەند هێرشێک بۆسەر بنکە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هێرشە ئاسامنییەکەی ئەمریکا بۆسەر چەکدارانی سەر بە ئێران لە سوریا کە 19 کەسی تێدا کوژرا،وتی: ئەو هێرشە کاردانەوە هێزی سەربازیی وڵاتەکەمان بو بەرامبەر ئەو پەلامارانەی چەکدارانی نزیک لە ئێران لە دێرزۆر و چەند ناوچەیەکی سوریا کردیانە سەرهاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی جەنگ لە دژی رێکخراوی داعش.
هاوڵاتی هەژاریی لەئێران گەیشتووەتە 37% و هەڵاوسانی ئابوریش بەرزترین رێژەی 50 ساڵی میژووی وڵاتەكەی تۆماركردووەو سەرجەم چینی كرێكارو خانەنشینانی وڵاتەكەش لەهێڵی هەژاریدا دەژین و حكومەتی وڵاتەكەش بڵاوكردنەوەی ئامارە فەرمییەكانی هەڵاوسانی بۆ مانگەكانی داهاتوی راگرتووە. لەئامارەكانی مانگی رابردووی بانكی ناوەندیی دەركەوتوە تاڕێژەی هەڵاوسانی ئابوریی بەراورد بەهەمان مانگ لەساڵی 2022 63.9% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوەو لەمانگی ئازاری ئەمساڵدا زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو شتومەك لەبازاڕەكانی ئێران تۆماركراوەو ئەوەش بەرزترین هەڵاوسانی یەك مانگی، 50 ساڵی مێژووی وڵاتەكەی لێكەوتووەتەوە. هەڵاوسانی ئابوریی ئێران لەكاتێكدا لەئەمساڵدا بەهای تومەن نزمترین ئاستی بەرامبەر دۆلارو زۆربەی دراوەكانی جیهان تۆمار كردو لەیەكشەممە (26/2/2023) بۆ یەكەمجار لەمێژوودا بەهای یەك دۆلار لەئێران گەیشتە 60 هەزارو 50 تومەن و ئەوەش بەژمارەیەكی پێوانەیی دۆلار لەقەڵەمدرا. دراوی تومەن تەنها لەئەمساڵدا زیاتر لە 70%ی بەهاكەی لەدەستداوەو بەگشتی ئەو دراوە لەمێژووی خۆیدا 96%ی بەهاكەی لەبەرامبەر دراوی دۆلاردا لەدستداوە . دۆخی خراپی ئابوریی وایكردووە تەنانەت خواردنی گۆشتی سورو مریشك لەئێران بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەكات و زۆربەی ماسیی ئەو وڵاتە رەوانەی دەرەوە بكرێت. مەسعود رەسوڵی، سەرۆكی ئەنجومەنی بەرهەمهێنانی گۆشت و ماددە پڕۆتینییەكانی ئێران ئاشكرایكرد؛ لەیەك ساڵی رابردودا خواست لەسەر گۆشتی سور بەڕێژەی 50% كەمیكردووەو هاوكات خواست بۆ گۆشتی مریشك بەڕێژەی 30% كەمیكردووە. بەپێی ئەو نرخانەی بڵاوكراونەتەوە یەك كیلۆ گۆشتی سور لەئێران لە 180 هەزار تومەنەوە گەیشتووەتە 500 هەزار تومەن و نرخی گۆشتی بەرخ 870 هەزار تومەن، بەڵام دەسەڵاتی وڵاتەكە نرخی رەسمی گۆشتی بە 277 هەزار تومەن راگەیاندووە. هەر كرێكارێك لەئێران رەنگە لەمانگێكدا شەش ملیۆن تەمەن داهاتی هەبێ كەدەتوانێت 12 كیلۆ گۆشتی پێبكرێت لەكاتێكدا بەپێی راپۆرتی تەندورستیی خوراكی ئەو وڵاتە زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەكە لەساڵێكدا توانای كڕین و بەكارهێنانی 12 كیلۆ گۆشتیان نییە. حەسەن سادقی سەرۆكی سەندیكای كرێكاران لەئێران رایگەیاندووە؛ لەیەك ساڵ و نیودا رێژەی هەژاریی لە 27% بۆ 37% بەرزبووەتەوەو چینی خانەنشین و كرێكاری سەرجەم وڵاتەكە لەهەژاریدا دەژین. ئەو ئاماژەی بەوەكردوە كەداهاتی یەك مانگی كرێكارێك لەساڵی رابردودا 253 دۆلار بووە، بەڵام بەهای ئەو موچەیە لەئەمساڵدا بۆ 122 دۆلار كەمیكردووە چونكە بەهای تومەن بەرامبەر دۆلار دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
ئێران کەمترین گەشەی ئابوریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا هەیە و بانکی جیهانی هۆشداریی دەدات لە قوڵبونەوەی قەیرانە ئابورییەکانی ئەو وڵاتە. بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشکرای کردوە کە گەشەی ئابوریی ئێران بۆ ساڵی 2023 ناگاتە 2% لە کاتێکدا گەشەی ئابوریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە 3% پێشبینیی کراوە. ئاماژە بەوە کراوە کە رێژەی گەشەی ئابوریی ساڵی 2022ی ئێران 2.7% بوە و ئەمساڵ بۆ 1.8% دادەبەزێت لە کاتێکدا گەشەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی رابردودا 5.8% بوە. بە پێی ئامارەکانی ئێران و لێدوانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە؛ گەشەی ئابوریی ساڵی 2022 لە ئێران 4% بوە بەڵام بانکی جیهانی ئاشکرای کردوە گەشەی ئابوریی ئەو وڵاتە لەو ساڵەدا 2.7% بوە و نەگەیشتوەتە 3%. لە وردەکارییەکانی راپۆرتەکەی بانکی جیهانیدا ئاماژە بە پێشبینییە راستەکانی ئەو بانکە سەبارەت بە ئابوریی ئێران کراوە چونکە بانکی جیهانی لە ساڵی 2021 پێشبینیی گەشەی ئابوریی 2.9ی بۆ ساڵی 2022 لەو وڵاتە کردبو و پێشبینیی گەشەی 1.9% بۆ 2.2%ی بۆ ساڵی 2023 تا 2024 لە ئێران کردوە. لە دوو راپۆرتی بانکی جیهانی لە ماوەی سێ مانگدا سەبارەت بە ئابوریی ئێران دەرکەوتوە؛ بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی و بەرزبونەوەی سودی بانکی و کەمبونەوە سەرمایە و دروستبونی کێشە لە دابەشکردنی کاڵا و پێداویستییەکانی ژیان لەو وڵاتە هۆکاری سەرەکیی خاوبونەوەی گەشەی ئابورییەکەیەتی. بانکی جیهانی پێشبینیی کردوە ئاستی گەشەی ئابوریی ئێران هاوتای وڵاتی جەزایر بێت کە روبەڕوی قورسترین قەیرانی ئابوریی مێژویی بوەتەوە.
هاوڵاتی لەكاتێكدا عێراق یەكێكە لەوڵاتە نەوتییە گەورەكانی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام بەدەست هاوردەكردنی غازو سوتان و بەفیڕۆچوونی غازەوە دەناڵێنێت و ساڵانە 12 ملیار دۆلار زیان دەكات، بەرپرسانی عێراقیش دەڵێن لە دوو ساڵی ئایندەدا سوتان و بەفێڕۆدانی غازی پەیوەندیدار لەكێڵگە نەوتیەكان بگەیەننە سفر، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش رایدەگەیەنێت هەرچەندە وڵاتەكەی رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات بەڵام كێشەی بەرهەمە نەوتییەكانی هەیە، لەكەربەلاش گەورەترین پاڵاوگەی بەرهەمە نەوتییەكان كرایەوە كە توانای دابینكردنی لەسەدا 70ی پێداویستی بەرهەمە نەوتییەكانی عێراقی هەیە، لەپارێزگای ئەنباریش بۆ یەكەمجار پرۆسەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لەكێڵگەی عەكاز دەستیپێكرد كەزیاتر لە40 ساڵ لەمەوپێش دۆزراوەتەوە. بەوتەی مەزهەر محەممەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو زیانانەی عێراق لەئەنجامی هاوردەكردنی غاز بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا، یان سووتاندنی غازی پەیوەندیدار لە كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشوورەوە دروستدەبن، ساڵانە بە نزیكەی 12 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، تێچووشی گەورەیە لەسەر سەرچاوە نەوتییەكان، سەرچاوە داراییەكانی وڵات. ئەو راوێژكارە بڕواشی وایە لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا سووتانی غازی پەیوەندیدار بگاتە سفرو بەكارهێنانی دەگاتە 100%. لەمانگی شوباتی رابووردووش، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو كە لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا عێراق پێویستی بەهاوردەكردنی غاز نابێت و خۆی پێداویستی خۆی دابین دەكات. یەكێكیش لەو بوارانەی عێراق دەبێت غازەكە بخاتە خزمەتییەوە بواری كارەبایە، كە لەئێستادا عێراق گەورەترین گرفتی كارەبای هەیە بەجۆرێك لەهاویندا پێویستی بە 30 هەزار مێگاوات كارەبا هەیە كەچی ئێستا 16 هەزار مێگاوات بەرهەمدەهێنێت و چاوەڕوانیش دەكرێت لەساڵی 2050 بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانییەوە پێداویستییەكانی زیاتر بێت. سودنەبینی عێراق لەغازەكەی لەساڵانی رابووردوودا گرفتێكی گەورەبووەو باسكراوە، بەڵام لەساڵی 2010ەوە عێراق رێككەوتنی لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی كردووە بۆ ئەوەی لەساڵی 2030 رێژەی سوتانی غازی پەیوەندیدار بەدەرهێنانی نەوتەوە بگاتە سفر، هەروەها لەساڵانی 2009 بۆ 2014 چەندین رێككەوتننامەی لەگەڵ كۆمپانیاكاندا كردووە بۆ ئەوەی سود لەغازی كێڵگەكانی ناسریەو بەسرە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا ببینێت، بەڵام سەركەوتوو نەبووە، بەبڕوای شارەزایانیش ئەگەربێت كاربكرێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە ئەوا تاوەكو ساڵی 2030 رێژەی غازی سووتاو دەگاتە سفر. بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەكانیش عێراق لەناو ئەو نۆ دەوڵەتەدایە كە بەرپرسن لەزۆرینەی سوتاندنەكانی غازو بەپێی داتاكانی بانكی نێودەوڵەتیش لەساڵی 2020 قەبارەی غازی سوتاو لەعێراقدا 17.374 ملیۆن مەترسێجا بووە. هاوكات لەئێستادا عێراق پشت بەهاوردەكردنی غاز لەئێرانەوە دەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، بەجۆرێك عێراق 14 هەزار مێگاوات بەرهەمدەهێنێت لەناوخۆداو چوار هەزار مێگاوات لەڕێگای هاوردەكردنی غازەوە لەئێران بەرهەمدەهێنێت كە لەسەدا 80ی هەناردەی كارەبای ئێران بۆ دەرەوە ئەژماردەكرێت، ئەمەش بەبڕوای چاودێرانی سیاسی وەك كارتێكی فشاری ئێران بۆ سەر عێراق وەسفدەكرێـت بەوەی زۆرجار ئێران غازەكە دەگرنەوەو كەمی كارەبا سەرهەڵدەدات. لەمیانی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی كردنەوەی پاڵاوگەی كەربەلا، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند هەرچەندە وڵاتەكەی رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات بەڵام كێشەی بەرهەمە نەوتییەكانی هەیە، سوودانی ئاماژەشی بەوەكرد پێویستە عێراق وەبەرهێنان لەسامانە سرووشتییەكانیدا بكات بۆ ئەوەی پێداویستییەكانی دابین بكات و جەختیشی لەوەكردەوە پاڵاوگەی كەربەلا لەسەدا 60 بۆ 70ی پێداویستی عێراق لەبەرهەمە نەوتییەكان دابیندەكات كە ساڵانە سێ ملیار دۆلاری بۆ هاوردەكردنی خەرج دەكات. -پاڵاوگەی كەربەلا رۆژانە توانای پاڵاوتنی 140 هەزار بەرمیل نەوتی بەنوێترین تایبەتمەندییە ئەوروپییەكان هەیە، یەكەم پااوگەیە لەعێراقدا بەو تایبەتمەندیانە. -لەئێستادا لەسەدا 60 ی پاڵاوگەكە كەوتۆتە كارو لەمانگی تەمموزی داهاتوو بەتەواوەتی دەكەوێتە كار. -رێژەی ئۆكتانی بەنزینەكەی 95 -توانای بەرهەمهێنانی 200 مێگاوات كارەبای هەیەو 60 مێگا دەداتە كارەبای نیشتیمانی -رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی (9 ملیۆن لیتر بەنزین، 4 ملیۆن لیتر گاز، غازی شل 750 تۆن، سوتەمەنی قورس 8 ملیۆن لیتر، كیرۆسین 3 ملیۆن لیتر، كیبریت 360 تۆن)ی هەیە. -پەیڕەوی لەڕێنماییە ژینگەییە جیهانییەكان دەكات -33 یەكەی تەشغیلی و خزمەتگوزاری و گەنجینەیی بەتوانای گەورەوە -كۆگای گەورەو كارگەیەكی پڕكردنی غاز - 100 یەكەی نیشتەجێبوون و كۆمەڵگای نیشتەجێبوون هەر لەدرێژەی هەوڵەكانی عێراق بۆ پەرەپێدانی غاز لەچەند رۆژی رابووردوودا بۆ یەكەمجار پرۆسەی بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی لەكێڵگەی عەكاز بەبڕی 60 ملیۆن پێ سێجا لەڕۆژێكدا، كەدەكاتە نزیكەی یەك ملیۆن و 700 هەزار مەترسێجا. لەپارێزگای ئەنبار دەستیپێكرد كە كێڵگەكە 42 ساڵ لەمەوبەر دۆزراوەتەوەو یەدەگەكەی بەپێنج ترلیۆن مەترسێجا دەخەمڵێندرێت. كێڵگەی عەكاز كە لەساڵی 1981 دۆزراوەتەوە، یەدەگەكەی بەپێنج ترلیۆن مەترسێجا دەخەمڵێندرێت، لەساڵی 2011دا گرێبەستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی ئەو كێڵگەیە درایە كۆمپانیایەكی كۆریای باشوور، بەڵام لەپاش تەواوكردنی 60%ـی كارەكانی بەهۆی شەڕی داعش كێڵگەكەی بەجێهێشت و وەزارەتی نەوت ئەركی بەرهەمهێنانی گرتەئەستۆ. بەپێی وتەی وەزیری نەوتی عێراق ئەو بڕە گازە سرووشتییەی لەكێڵگەی عەكاز بەرهەمدەهێندرێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لەوێستگەی كارەبای عەكاز بەكاردەهێندرێت بۆ بەدەستخستنی 90 بۆ 95 مێگاوات كارەبا.
هاوڵاتی ئێران دوای ساڵی 2019 نزیكەی 36 ملیار دۆلاری لەعێراق بلۆك كراوەو بەرپرسانی بەغداد 18 ملیار دۆلاریان پشتڕاست كردووەتەوەو دەنگۆیەكیش هەیە كەئەو بڕە لە 10 ملیار دۆلار كەمترەو لەماوەی رابردوودا بەئاگاداریی ئەمریكا تەنها 500 ملیۆن دۆلار لەو پارانە ئازاد كراوە، هاوكات هەڵوێستەكانی ئەمریكاو پەیوەستبوونی عێراق بەسیستمی بەسویفت (SWIFT) و بەهۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تومەن دەزانرێت سەرەڕای ئەو پارە بلۆككراوانە ئێران پێویستیی بەدۆلار هەیەو دوای ئەوەی كەتاڵیبان گەڕایەوە ئەفغانستان بازاڕی گەورە لەو وڵاتە بۆ بەدەستهێنان دۆلاری لەدەستداوەو ئەوەش وایكرد راكێشانی دۆلار لەڕێگەی دەڵاڵ و تەنانەت بەرپرسانیشەوە لەعێراق بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبكاتەوەو تائێستا بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان گیرۆدەی ئەو كەف و كوڵەن كەئێران لەبازاڕی دراوەكاندا دروستیكردووە. بەرپرسێكی كۆماری ئیسلامی ئێران ئاشكرایكردووە بانكی ناوەندیی وڵاتەكە بەپشتبەستن بەو پارەو قەرزانەی ئێران لەعێراق هەیەتی بڕیاری داوە چاپكردنی دراوی تومەن بەرزبكاتەوەو ئەوەش زیانی گەورەی لێدەكەوێتەوە چونكە چارەنووسی ئەو پارانە ناڕوونە. محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لەعێراق وتوویەتی قەرزەكانی كارەباو غازی ئێستای عێراق زیاترە لە 11 ملیار دۆلارو پێویستە بەڕێوشوێنی تایبەت رادەستبكرێتەوە ئەو لێدوانەش لەكاتێكدایە ئێران تائێستاش یەك لەسەر سێی كارەباو غازی عێراق دابین دەكات و بەبەردەوامی قەرزی كارەباو غاز لەسەر عێراق زیاددەكەن. ئێران ساڵانە چوار هەزار مێگاوات كارەبا بەعێراق دەفرۆشێت كەناتوانێت ئەو پارانەش راستەوخۆ وەربگرێت چونكە دەبێت ئەمریكا بڕیار لەڕادەستكردنی ئەو پارانە بدات. ئاستی هەناردەی رۆژانەی غازی ئێران بۆ عێراق دەگاتە نزیكەی 50 ملیۆن مەترسێجا بەڵام هەندێكجار ئەو بڕە بەبیانووی جیاوازە تاهەشت ملیۆن مەترسێجا كەمدەكرێتەوە، كەئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لەپێنج هەزار مێگاوات كارەبای عێراق. پێشترو لەساڵی 2022، ئێران بڕی یەك ملیارو 600 ملیۆن دۆلاری بۆ فرۆشتنی غاز لەعێراق وەرگرتووەتەوە كەئەوەش راستەوخۆ رادەست نەكراوە چونكە یەحیا ئال ئیسحاق، سەرۆكی ژوری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق روونیكردووەتەوە كەئەو قەرزانە بەدوو رێگە رادەستی ئێران دەكرێنەوە، كەیەكێكیان لەڕێگەی كاش و حەواڵەكردنەوەیەو رێگەیەكی دیكەش كڕینی ئەو كاڵاو پێداویستیانەی ئێرانە لەڕێگای عێراقەوە واتە ئێران ئەو كاڵاو پێدوایستییانەی وڵاتەكەی لەدەرەوە بەپارەی عێراق هاوردە دەكات لەجیاتی پێدانەوەی قەرزی غازو كارەبا. ئێران چاپكردنی تومەن بەپشتیوانیی عێراق بەرزدەكاتەوە بانكی ناوەندیی ئێران لەناوەڕاستی مانگی رابردوودا دراوی 200 هەزار تومەنی خستووەتەوە بازاڕەوەو تەنها لەتاران بڕی 900 ملیار تومەن لەو دراوەی خستە بازاڕەوەو لەپارێزگاكانی دیكەش بری 700 ملیار دۆلار لەو دراوە بەسەر بانكەكاندا دابەشدەكرێت بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵكەوە بەكاربهێنرێت. پێشتر لەئێران دراوی چەكی 50 هەزار تومەنی و 100 هەزار تومەنی وەك دراوی قورس بەكاردەهێنران و لەئەمڕۆ دووشەممەوە ئەو دراوە نوێیەش بەكاردەهێنرێت. ئاشكراكردنی ئەو دراوە 200 هەزار تومەنییە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە ئاماژەیە بەبەرزبوونەوەی رێژەی چاپكردنی دراوی تومەن لەو وڵاتە كەئەوەش بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی ئابوری لێدەكەوێتەوە. لەئامارەكانی بانكی ناوەندیی ئێران دەركەوتووە پارەی چاپكراوی ساڵی 2022 بڕی نەختینەی ئێران شەش ترلیۆن و 36 ملیار تومەن بووەو تەنها لەمانگێكدا واتە لەمانگی كۆتایی ئەو ساڵەدا بەڕێژەی 2.2% بەرزبووەتەوە كەدەكاتە 130 ملیارو 700 ملیۆن تومەن و بەگشتی لەساڵێكدا چاپكردنی دراوی تومەن 34.1% بەرزبووەتەوە كەدەكاتە یەك ترلیۆن و 535 ملیار تومەن. راوێژكاری محەمەد موخبێر، جێگری سەرۆك كۆماری ئێران لەنامەیەكی نهێنیدا بۆ جێگری سەرۆك كۆماری ئێران ئاماژەی بەوەكردووە كەنزیكەی هەشت ملیارو 500 ملیۆن دۆلار لەپارەی وڵاتەكە لەبانكەكانی عێراقدان بەبێ ئەوەی هیچ قازانجێكی هەبێت یان بتوانرێت مامەڵەی پێوەبكرێت، بەڵام بانكی ناوەندیی بەپشتبەستن بەو پارانە دەستیكردووە بەچاپكردنی دراوی تومەن و ئەوەش زیان بەئابوریی وڵاتەكە دەگەیەنێت. پێگەی (ئیقتیساد 24) لەئێران بڵاویكردەوە؛ هەواڵەكان سەبارەت بەچالاك نەكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی و هەڵوێستەكانی ئەمریكا بەرامبەر تاران و پەیوەستبوونی عێراق بەسیستمی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی ئابوریی جیهان ناسراو بەسویفت (SWIFT) هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تومەنە. شارەزایانی ئابوریی ئاماژەیان بەوەكردووە ئاشكراكردنی دراوێكی قورسی لەشێوەی 200 هەزار تومەن ئاماژەی دابەزینی زیاتری دراوی تومەن لەئاستی جیهانداو تومەن تەنها لەبەرامبەر دۆلاردا نزیكەی 96%ی بەهاكەی لەدەستداوە كە 75%ی پەیوەندیی بەیەك ساڵی رابردووەوە هەیە. پلانی 20 ملیار دۆلاریی ئێران بۆ عێراق سەرناگرێت حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران لەدیدارێكیدا ساڵی 2020 لەگەڵ فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوەكردەوە كەئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەبێت بگاتە 20 ملیار دۆلار لەكاتێكدا ئەو ساڵە بەبڕی 22 ملیۆن و 300 هەزار تۆن كاڵا بەبەهای شەش ملیارو 300 ملیۆن دۆلار كاڵای ئێرانیی رەوانەی عێراق كرا سەرەڕای ئەوەی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا دژی تاران تووندتر ببووەوە. لەنوێترین ئاماری گومرگی ئێران ئاماژە بەوەكراوە ساڵی 2022 ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وڵاتەكە لەگەڵ عێراق 20% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە دوای زیاتر لەدوو ساڵ پلانی تاران بۆ ئاڵوگۆڕی 20 ملیار دۆلاری لەگەڵ عێراق پێكەوتنی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەببینیوە. بەپێی ئامارەكان ئەمساڵ روحەڵا لەتیفی، وتەبێژی دەستەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و گەشەی بازرگانیی لەوەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران بە میدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە؛ ئاستی بازرگانیی ئێران لەماوەی 11 مانگدا لەگەڵ 15 وڵاتی دراوسێ بە رێژەی 20% بەرزبووەتەوە كە بەراورد بە 11 مانگی ساڵی رابردو واتە 2021 بەڕێژەی 16% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. لەسەرەتای مانگی ئازاری ساڵی رابردوو تا (19/2/2023) بڕی 53 ملیارو 364 ملیۆن دۆلار كاڵاو شتومەك لەنێوان ئێران و 15 وڵاتی دراوسێدا ئاڵوگۆڕكراوە. لەتیفی ئاماژەی بەوە كردووە؛ ئێران 57% كاڵاو شتومەكی نانەوتیی بۆ ئەو وڵاتە دراوسێیانە هەناردە كردووەو لەبەرامبەریشدا 43%یش كاڵاو شتومەك لەو وڵاتانەوە بۆ ئێران هاوردە كراوە، بەڵام دەركەوتووە لەماوەی ئەو 11 مانگەدا زیاترین كاڵاو شتومەكی نانەوتیی بەبەهای نۆ ملیارو 305 ملیۆن دۆلار هەناردەی عێراق كراوەو لەبەرامبەردا تەنها بەبەهای 208 ملیۆن دۆلار كاڵا لەعێراقەوە هەناردەی ئێران كراوە. لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی ئەو سزایانەی لەلایەن ئەمەریكاوە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە عێراق ناتوانێت بەخواستی خۆی پارە یان قەرزەكانی رەوانەی ئێران بكاتەوە، بۆیە عێراق دەبێت لەڕێگەی بانكەكانی چەند وڵاتێكی وەك (قەتەر، كوەیت، توركیا، ئیمارات، ئوردن) هەوڵبدات پارەكانی ئێران بگەڕێننەوە. ئەمریكا دۆلاری عێراق لەئێران دەگرێتەوە ئەگەرچی لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا ئێران زیاترین هەوڵی بۆ بەدەستهێنانی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق داوە، بەڵام ئەمریكا بەشێوازی جیاواز رێگربووە لەبەردەم ئەو هەنگاوانەداو تەنانەت وای لەئێران كردووە كەئەو وڵاتە پەنا بۆ بەقاچاخبردنی دۆلار لەسنورەكان بەرێت. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) بڵاویكردووەتەوە پلانەكانی ئەمریكا لەعێراق دژی كۆماری ئیسلامی وایكردووە ئاستی حەواڵەكردن و بەقاچاخبردنی دۆلار لەعێراقەوە بۆ ئێران 80% كەم ببێتەوە، چونكە لانیكەم 14 بانكی عێراق بەگومانی ئەوەی دۆلاریان رەوانەی ئێران كردووە لەلایەن ئەمریكاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوەو ئەو بانكانە ناتوانن لەچوارچێوەی سیستمی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی ئابوریی جیهان ناسراو بە سویفت (SWIFT) كاربكەن. پێشتر ناوی گروپێكی شەش كەسی لەعێراق بڵاوكرایەوە كە دوو كەسیان بازرگانی عێراق بوون و سێ كەسیشیان ئەندامانی سوپای قودس و یەكێك لەو سێ كەسەش كارمەندی باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەبەغداد بووەو لە رێگەی دوو بازرگانە عێراقییەكە دەیان ملیۆن دۆلار لەبازاڕەكانی عێراق كڕدراوەو رەوانەی ئەژماری بانكێكی سەر بەسوپای پاسداران لەئێران كراوەو هەر ئەوەش هۆكاری سزاكانی ئەمریكا دژی ژمارەیەك بانكی عێراق بووە. بەرپرسێكی عێراقی كە نەیویستووە ناوی ئاشكرابكرێت بەئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز)ی راگەیاندووە؛ ئێران مانگانە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار لەژمارەیەك بازرگانی عێراق وەردەگرێت بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمبوونەوەی دۆلار لەئێران. سەرەڕای ئەوەی ئێران لەساڵی 2018و دوای كشانەوەی ئەمریكا هەوڵیداوە لەبازرگانییە نێودەوڵەتییەكانیدا دراوی یۆرۆ بەكاربهێنێت، بەڵام تائێستا دراوی دۆلار بەسەرەكیترین دراوی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئەو وڵاتە ئەژماردەكرێت، بۆیە بەبەردەوامی پێویستی بەو دراوە هەیەو پێدەچێت لەئێستادا عێراق تەنها تروسكایی دەستكەوتنی دۆلار بێت بۆ ئێران. بڕی پارەی بلۆككراوی ئێران لەجیهاندا لەنێوان 100 بۆ 120 ملیار دۆلارە كەدوای چین زیاترین پارەی لەعێراق بلۆككراوە كەئەو ژمارەیەش بەپێی لێدوانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووەو بۆ یەكەمجار لەساڵی 2019 سەرۆك كۆماری ئەوكاتی ئێران لەلێدوانێكدا بەبێ ناوهێنانی عێراق داوای رادەستكردنەوەی 36 ملیار دۆلار پارەی بلۆككراوی وڵاتەكەی لەیەكێك لەوڵاتانی دراوسێ كردەوە. بڕی قەرزی نێودەوڵەتیی ئێران لەساڵی 2022 بۆ كەمتر لەشەش ملیارو 500 ملیۆن دۆلار بووەو بانكی ناوەندیی وڵاتەكە رایگەیاندووە ئەو قەرزە بەراورد بەساڵی 2021 زیاتر لە 25% كەمیكردووە، بەڵام دەبێت بەزووترین كات بڕی یەك ملیارو 800 ملیۆن دۆلاری ئەو بڕە قەرزە رادەستبكرێتەوە. ئابوریی ئێران زیاتر لەهەموو كاتێك پێویستی بەعێراقە بەتایبەت رۆڵی عێراق لەدانوستانەكانی ریازو تاران بەرچاوە كەدواجار رێككەوتنی سعودیەو ئێرانی لەچین لێكەوتەوەو بەهای تومەن ئاهێكی بەبەردا هاتەوە. لەلایەكی دیكەوە وەك ئاشكرابووە ئێران بڕێكی بەرچاو لەنەوتی وڵاتەكەی بۆ دەربازكردنی سزا ئابورییەكان بەناوی عێراقەوە لەبازاڕەكاندا ساغدەكاتەوە كەئەوەش هەنگاوێكی دیكەی سودوەرگرتنی ئێرانە لەعێراق و ئەگەرچی ئەمریكا سزای توندی ئابوریی بەسەر ئێراندا سەپاندوە، بەڵام بۆ كڕینی غازو كارەبا هەر شەش مانگ جارێك لێخۆشبوونی سزاكان بۆ عێراق نوێدەكاتەوە بۆ ئەوەی بەبێ كێشە غازو كارەبا لەئێرانەوە دابین بكات. بەپێی ئەو دۆخە ئابورییەی ئێستا رووبەڕووی ئێران بووەتەوە عێراق بووەتە كلیلی چارەسەر بۆ ئێران، بەڵام ئەمریكا مەرجی سەرەكیی بۆ رێگریی نەكردن لەهەنگاوە ئابورییەكانی تاران لەعێراق كەمبوونەوەی دەستوەردانی سیاسیی و سەربازیی كۆماری ئیسلامی ئێرانە لەعێراق.