هاوڵاتی وەزارەتی بازرگانی عێراق پەسندکردنی میکانیزمی نوێی ڕاگەیاند بۆ دەستپێکردنی کاری بازرگانی لە هاوردەکردنی گەنم و دانەوێڵە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئاردی هاوردەکراو. له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا که ئه‌مڕۆ شه‌ممه بڵاویکردۆته‌وه، محەمەد حەنون، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە، رایگەیاندووە، کە “کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە میکانیزمی نوێی گرتۆتەبەر بۆ دەستپێکردنی کاروبارەکان بە هاوردەکردنی گەنم و دانەوێڵە لە سەرچاوە جیهانییەکانەوە بۆ وڵاتەکە، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردنی ئارد، کە بە نرخێکی بەرز لە زۆر حاڵەتدا، هەروەها دابینکردنی کۆگایەکی ستراتیژی گەورە بۆ وڵات، کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابووری عێراق هەیە." ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هاوردەكردنی گەنم و دانەوێڵە لەڕێگەی دیراسەكردنی ئۆفەر و كاتەكانی زۆری بۆ كڕین و هاوردەكردنی دانەوێڵە دەبێت، هەروەها پشت بەستن بە كارگە حكومی و تایبەتەكان لە عێراق بۆ كارەكانی فرێدان". ئاماژەی بەوەشدا، "كاری بازرگانی نابێتە جێگرەوەی كارتی بەشەخۆراكی، كە وەزارەتی بازرگانی وشەسازیی خۆی بۆ خەڵك دابین دەكات"، ئاماژەی بەوەشدا كە "سەركەوتنی ئەم تاقیكردنەوە رێگە خۆش دەكات بۆ هاوردەكردنی بەرهەمی دیكە جگە لە گەنم". و دانەوێڵە، ئەمەش لە ناوەڕۆکی کارەکانی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە و لەناو ئەو پلانەی کە دانراوە بۆ پێشخستنی واقیعەکەی."
هاوڵاتی / تایبه‌ت هه‌رچه‌نده رێك ساڵێك به‌ر له‌ئێستاو له‌مانگی ئابی ساڵی رابووردوو (عه‌لی عه‌لاوی) وه‌زیری ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی دارایی عێراق رایگه‌یاندبوو كه‌بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٢ی عێراق ئاماده‌یه و بودجه‌كه زیاتر ره‌هه‌ندێكی چاكسازییانه‌ی تیادایه و هیوادارن به‌ر له‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته پێشكه‌شی په‌رله‌مانی بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه زیاتر له ١٠ مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌شدا تێپه‌ڕده‌بێت كه‌چی به‌هۆی پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت و دۆخی ناسه‌قامگیری په‌رله‌مانی و سیاسی وڵاته‌وه نه‌توانراوه بودجه ببرێته په‌رله‌مان و حكومه‌تیش به‌كۆت و به‌ندی سیفه‌تی كاربهڕێكهرهوه ده‌سه‌ڵاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی لێسه‌نراوه‌ته‌وه. له‌مێژووی نوێی سیاسی عێراقدا له‌دوای ساڵی 2003 بودجه هه‌میشه بابه‌تێكی سه‌ره‌كی ململانێ و كێشمه‌كێشی لایه‌نه سیاسی و ناكۆكییه‌كانی عێراق بووه كه به‌بڕوای زۆرێك له‌و چاودێر‌و رێكخراوه ئابوورییانه‌ی چاودێری دۆخی عێراق ده‌كه‌ن باشترین شوێنێك بۆ گرووپ و لایه‌نه بڕیاربه‌ده‌سته‌كان بۆ گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی بڕگه‌كانی بودجه بووه كه‌سه‌ره‌ڕای ته‌رخانكردنی سه‌دان ملیار دۆلار له‌و چه‌ند ساڵه به‌دواوه كه‌چی له‌ژیانی واقیعی هاووڵاتیاندا ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌و هێشتا عێراق به‌ده‌ست هه‌ژاری و كه‌می خزمه‌تگوزاری و بێكاری و نه‌بوونی هیچ پیشهسازییهكهوه ده‌ناڵێنێت. به‌پێی ئاماره‌كانیش له‌ساڵی 2003ه‌وه تاوه‌كو 2021 زیاتر له 950 ملیار دۆلار بڕی بودجه‌ی سه‌رفكراوی عێراقه كه‌ئه‌م بودجه‌یه‌ش ژماره‌یه‌كی خه‌یاڵییه‌و ده‌توانرا گۆڕانكاری گه‌وره له‌ژیانی عێراقییه‌كاندا بكات، به‌ڵام به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان و خه‌رجكردنی ناپێویسته‌وه نه‌توانراوه سودی پێویستی لێ ببینرێت. ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ش عه‌لی عه‌للاوی له‌نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یدا نهێنییه‌ك ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت: "تۆڕی نهێنی و فراوانی گه‌وره به‌رپرسان و پیاوانی كار‌و سیاسه‌توانان و فه‌رمانبه‌ره گه‌نده‌ڵه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌سێبه‌ردا هه‌ن، كه‌هه‌وڵی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر چه‌ندین به‌شی ئابووری به‌ته‌واوه‌تی ده‌ده‌ن؛ هه‌روه‌ها چه‌ندین ملیار دۆلار له‌گه‌نجینه‌ی گشتی راده‌كێشن، ئه‌م تۆڕانه له‌لایه‌ن حزبه سیاسییه گه‌وره‌كانه‌وه پارێزراون و بهپارێزبهندیی په‌رله‌مانی و چه‌كی یاسا‌و ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن لایه‌نی بیانییه‌وه پارێزراون". په‌سه‌ندنه‌كردنی بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٢ به‌هۆی پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت و ئه‌و گۆڕانكارییه سیاسییانه‌ی كه‌ئێستا له‌عێراقدا رووده‌دات وه‌هایكرد كه‌حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی په‌نابباته به‌ر په‌سه‌ندكردنی یاسای پاراستنی پاڵپشتی فریاگوزاری ئاسایشی خۆراك و گه‌شه‌پێدان، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌هات كه‌دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئه‌وه‌ی یه‌كلاییكرده‌وه كه‌حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق ناتوانێت پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی ٢٠٢٢ ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكات و ده‌بێت حكومه‌تی نوێ ئه‌و كاره بكات، یاسای ئاسایشی خۆراك له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاماده‌كراو رۆژی چوارشه‌ممه، ٨ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢ له‌دانیشتنی ئاسایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا، به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئاماده‌بووان په‌سه‌ندكرا كه بۆ یه‌كه‌م جاره له‌عێراقدا ده‌رده‌كرێت. یاساكه له ١٨ مادده پێكهاتووه‌و بڕی ٢٥ ترلیۆن دینار وه‌ك بودجه بۆ یاساكه ته‌رخانكراوه، تیایدا ئاماژه به‌وه‌كراوه كه‌وه‌زیری دارایی به‌ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رده‌وام ده‌بێت لهقهرزكردنی نێوخۆیی و ده‌ره‌كیی به‌مه‌به‌ستی پاره‌داركردنی پڕۆژه‌كانی په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وام و ئه‌وانه‌ی لهقهرزهكانهوه پاره‌دار ده‌كرێن به‌پێی یاساكانی پێشووی بودجه، به‌بێ ئه‌وه‌ی گرێبه‌ستی نوێ بكات. هاوكات به‌پێی شیكردنه‌وه‌ی یاساناسان، یاسای پاڵپشتی فریاگوزاری ئاسایشی خۆراك و گه‌شه‌پێدان كه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه په‌سه‌ندكراوه، ده‌بێت به‌جێگره‌وه‌ی بودجه‌ی گشتیی ساڵی ٢٠٢٢، به‌گوێره‌ی پڕۆژه‌یاساكه 35٪ی ئه‌و 25 ترلیۆن دیناره‌ی دیاریكراوه بۆ پاڵپشتی ئاسایشی خۆراك و رێگری له‌هه‌ژاری ته‌رخان بكرێت و 35٪ی دیكه‌ی بۆ پرۆژه په‌ككه‌وتووه‌كانی وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه نه‌به‌ستراوه‌كان به‌وه‌زاره‌ت و پارێزگا ناڕێكخراوهكان له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمێكدا ته‌رخان بكرێن، رێژه‌كه‌ی دیكه بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزو تێچووی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و چه‌ند بوارێكی دیكه خه‌رج بكرێت. به‌ڵام هه‌رزوو ئه‌م یاسایه‌ش وه‌ك هه‌موو بابه‌تێكی سیاسی له‌عێراقدا به‌ره‌ی لایه‌نگران و به‌ره‌ی نه‌یارانی بۆ درووستبوو، كه به‌ره‌ی لایه‌نگران زیاتر (سه‌درییه‌كان) بوون ئه‌م یاسایه‌یان به هۆكاری گه‌شه‌پێدانی عێراق ده‌زانی و به‌ره‌ی (چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیش) یاساكه‌یان بۆ درێژه‌دان به‌ته‌مه‌نی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی ده‌زانی. له‌تازه‌ترین لێدوانیشدا محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند "ئه‌گه‌ر یاسای بودجه په‌سند نه‌كرێت، له‌ڕۆژی 31/12/2022، حكومه‌تی عێراقی، به‌پێی یاسا‌و ده‌ستوور ناتوانێت خه‌رجیی سه‌رجه‌م داموده‌زگه‌كان دابین بكات، هه‌موو ساڵێك له 31ی مانگی 12، ساڵی دارایی كۆتایی دێت". وتیشی: به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و زیادكردنی فرۆشییه‌وه، 80 ترلیۆن دینار له‌داهاتی نه‌وتی عێراق، دوای خه‌رجییه‌كان له خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌تدا ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی یاسای بودجه‌وه كه بهپهكخراوی ماوه‌ته‌وه ناتوانرێت خه‌رج بكرێت. ئاماژه‌شی به‌وه‌شكرد: نه‌بوونی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2022 وایكردووه نه‌توانرێت پاره‌كان خه‌رج بكرێن و بهپهكخراوهیی ماونه‌ته‌وه . ئه‌مه له‌كاتێكدایه به‌گوێره‌ی یاسایی ئاسایشی خۆراك 15 هه‌زار كه‌س له 15 پارێزگاكه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدڕاڵیی عێراق، به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست داده‌مه‌زرێندرێن كه بۆ ماوه‌ی سێ مانگ ده‌بێت تا ئه‌وكاته‌ی له‌یاسای بودجه‌ی نوێ‌دا جێگیرده‌كرێن. هه‌موو ئه‌مانه له‌كاتێكدایه كه‌حكومه‌تی عێراق له‌مانگی ته‌مموزی رابووردودا بایی نزیكه‌ی ١١ ملیار دۆلار نه‌وتی فرۆشتووه‌و مانگانه به‌هۆی زیادبوونی به‌رهه‌م و به‌رزی نرخی نه‌وته‌وه داهاته‌كه‌ی زیاتر ده‌بێت، هاوكات خستنه‌بازاڕی دۆلاریش له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه به‌رده‌وام به‌رزده‌بێته‌وه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه به‌هۆی نزمی نرخی دینار به‌رامبه‌ر دۆلار داهاتێكی بێ‌شومار ده‌ڕژێته گه‌نجینه‌كانی عێراقه‌وه، هه‌ر بۆ نموونه به‌درێژایی هه‌فته‌ی رابردوو بانكی ناوه‌ندی عێراق، نزیكه‌ی ملیارێك و 300 ملیۆن دۆلاری خستووه‌ته بازاڕه‌وه. له‌ئێستادا به‌بڕوای زۆربه‌ی شاره‌زایان و ئابووریناسان په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه به‌هۆی ئه‌و كێشانه‌ی كه له‌وڵاتدا هه‌یه زۆر ئه‌سته‌مه چونكه له‌لایه‌ك كاتێكی زۆر كه‌م ماوه، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ناكۆكییه سیاسییه‌كان هێنده زۆرن مه‌حاڵه سیاسییه‌كان به‌ئاسانی له‌سه‌ر بودجه رێكبكه‌ون، بهدیاریكرلوی ئه‌وه‌ی ئێستا له‌عێراقدا هه‌یه فه‌وزایه‌كی ئابوورییه كه ته‌واوی كێشه‌و گرفت و قه‌یرانه ئابوورییه‌كانی ساڵانی دیكه‌شی هاتووه‌ته‌سه‌ر.
هاوڵاتی به‌رپرسێكی ته‌ندروستی ئێران ئاشكرایده‌كات ته‌نها له‌ساڵێكدا 32 هه‌زارو 935 هاوڵاتیی شاره‌كانی باشوور‌و ناوه‌ڕاستی عێراق به‌مه‌به‌ستی جوانكاریی پزیشكی روویان له‌شاری مه‌شهه‌د كردووه كه به‌راورد به‌ڕابردوو 40% زیادیكردووه. دواد خۆش شكهن، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی گه‌شتیاری ته‌ندروستیی زانكۆی پزیشكیی مهشهد رایگه‌یاندووه؛ له‌ساڵێكدا زیاتر له 32 هه‌زار هاووڵاتی عه‌ره‌بی عێراقی روویان له‌شاری مه‌شهه‌د كردووه كه به‌گشتی هه‌ر كه‌سێكیان دوو هه‌زار دۆلاریان له‌بواری پزیشكی و گه‌شتیاریی خه‌رجكردووه كه‌ده‌كاته 63 ملیۆن دۆلار. ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئێران ئاشكرایكردووه كه ئه‌و شاره له‌ڕووی پزیشكییه‌وه توانای له‌خۆگرتنی ساڵانه 400 هه‌زار كه‌سی هه‌یه، بۆیه توانای له‌خۆگرتنی ژماره‌ی زیاتری گه‌شتیاری هه‌یه. به‌پێی ئه‌و ریزبه‌ندیه جیهانیانه‌ی كه بۆ گه‌شتیاری ته‌ندروستیی دیاریكراوه، ئێران 43یه‌مین وڵاتی جیهانه له‌نێوان 110 وڵات كهگهشتیاران به‌مه‌به‌ستی بواره جیاوازه‌كانی پزیشكی رووی تێده‌كه‌ن. له‌ڕاپۆرتێكی رۆژنامه‌وانیی ئێران ده‌ركه‌وتووه زۆربه‌ی ئه‌و گه‌شتیاره عه‌ره‌بانه‌ی روو له‌و وڵاته ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی جوانكاریی (لوت، قه‌ڵه‌وی، روواندنه‌وه‌ی قژ، فیله‌ر، بۆتۆكس)ه، زۆربه‌ی پیاوان بۆ قژ روواندنه‌وه ده‌چنه مهشههدو ژنانیش بۆ رێككردنی له‌ش و لار‌و جوانكارییه‌كانی لوت و لێوو پێست. ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه جیاوازیی نرخی چاره‌سه‌رو نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانه كه‌هه‌ر گه‌شتیارێكی وڵاتێكی دیكه له‌ئێران به‌هۆی ئه‌و باندو كۆمپانیایانه‌ی كه به‌ناوی وه‌رگێڕو رێكخستنی كاری پزیشكییه‌وه دروستبووه سێ هێنده‌ی هه‌ر دانیشتویهكی وڵاته‌كه پاره‌ی لێوه‌رده‌گیرێت به‌بیانوی چاره‌سه‌ری پزیشكی یان نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاریی. ته‌نها له‌شاری مه‌شهه‌د 134 كۆمپانیا هه‌یه كه‌كاری گه‌شتیارانی عێراقی رێكده‌خات له‌بواری پزیشكیداو به‌گشتی شه‌ش هه‌زار كه‌س وه‌ك وه‌رگێڕو چاوساخ له‌و كۆمپانیایانه كارده‌كه‌ن، كه‌هه‌ندێكجار به‌وته‌ی به‌رپرسانی ئێران داهاتی ئه‌وان له‌تێچووی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان و ئه‌ركی پزیشكان زیاتره، چونكه 30 بۆ 40%ی تێچووی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له‌گه‌شتیاران ده‌ستێنن. ئه‌گه‌رچی شاری مه‌شهه‌د وه‌ك مه‌زارگه‌ی ئیمام ره‌زا (ئیمامی هه‌شته‌می شیعه‌كان) بۆ شیعه‌كانی عێراق و وڵاتانی عه‌ره‌بی جێی بایه‌خه به‌ڵام له‌ئێستادا زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه وه‌ك گه‌شتیار ده‌چنه شاره‌كه یه‌كێك له‌ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانیان ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكارییه. ناوه‌ندی گه‌شتیاری ته‌ندروستی ئێران ئاشكرایكردووه پێش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان تاران و ریاز له‌ساڵی 2016 ئاڵۆزیی و پچڕانی تێبكه‌وێت زۆرترین گه‌شتیاری سعودی رووی له‌مه‌شهه‌د كردووه به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه جوانكارییه‌كان و دوای ئه‌وانیش هاووڵاتیانی كوه‌یت بوون، به‌ڵام له‌ئێستادا زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌و گه‌شتیارانه له‌عێراقه‌وه روو له‌شاره‌كه ده‌كه‌ن كه‌نزیكه‌ی 90%یان عه‌ره‌بن.
هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رایگەیاند، کە بڕیاریان داوەو کاندیدەکەیان ناگۆڕن. ئەوەش دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ هەینی، مەحمود حیانی ئەندامی هاوپەیمانێتی فەتح وتی، "دەتوانرێت محەمەد شیاع سودانی، کاندیدی دەستیشانکراوی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بگۆڕدرێت بەکەسێکی دیکە بەڵام بە مەرج." باسی لەوەشکرد ، "بەرەی سەدر لەوبڕوایەدان محەمەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لایەنگر و ئەندامی دەوڵەتی یاسایە بۆیە ئەوان رەتی دەکەنەوە و ئەمەش دەتوانرێت بەڕوونی لە تویتەکانی ساڵح محمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر." لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەدا، "کۆبوونەوەی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح و موقتەدا سەدر سەرۆکی بەرەی سەدر دەتوانێت چارەسەری زۆرێک لە گرفتە گەورەکانی ئەمڕۆ بکات، دەکرێت بتوانن چارەسەری پەڕلەمان بکەن و هەنگاو بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بنێن، چوارچێوەی هەماهەنگی دژی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن نییە بەڵکو پێویستە گفتوگۆ و دانوستان لەپێناو گەشتن بەچارەسەر بکرێت."
هاوڵاتی ژماره‌یه‌كی زۆر له به‌شداربووانی گردبوونه‌وه‌ی ئاشتی له ئیسته‌نبووڵ كه به‌رپرسی هه‌ده‌په‌شیان له نێودایه، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیركران. دوای ئه‌وه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه 1-9-2022 به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی ئاشتی سه‌دان كه‌س له ناوچه‌ی كادیكۆی ئیسته‌نبووڵ كه زۆربه‌یان جه‌ماوه‌ری هه‌ده‌په بوون، به‌شدارییان له گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی كرد و بانگه‌وازی ئاشتییان كرد، پۆلیس زیاتر له 100 كه‌سی لێ ده‌ستگیركردن. له‌گردبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌دان هاووڵاتی به‌شداربوون، به‌ڵام هێزه‌كانی ئاسایش كه هه‌وڵیاندا گردبوونه‌وه‌كه په‌رته‌وازه بكه‌ن، تووندوتیژییان له دژی به‌شداربووان به‌كارهێنا و ژماره‌یه‌كی زۆریان لێ ده‌ستگیركردن. به‌پێی ئاماری كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكیكاران له‌پێناوی ئازادی/لقی ئیسته‌نبووڵ هێزه‌كان زیاتر له 100 كه‌سیان ده‌ستگیركردووه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه به‌شێك له‌وانه لایه‌نگر، ئه‌ندام و به‌رپرسی هه‌ده‌په‌ن.
هاوڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئیدانەی توندوتیژییەکانی عێراق دەکات و داواش لەلایەنەکان دەکات، بەبێ دواخستن، دەست بە گفتوگۆ بکەن. ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی عێراقەوە رایگەیاند: ئەندامانی ئەنجومەن، ئیدانەی توندوتیژییەکانی رۆژانی 29 و 30 ی مانگی رابردویان کرد و نیگەرانیشیان تایبەت بە کوژران و برینداربونی ژمارەک هاوڵاتیی عێراقی، دەربڕی. دا‌واشیان لە لایەنە عێراقییەکان کرد، دورکەونەوە لە بەکارهێنانی توندوتیژیی و لەپێناو چارەسەری کێشەکانی وڵاتەکەیان، دان بەخۆیاندا بگرن و بەپەلە دەست بە گفتوگۆ بکەن ، وهەموو هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ڕێگری‌کردن لە توندوتیژی. جەختیشی کردوەتەوە لەوەی، پێویستە لایەنە عێراقییەکان جیاوازیەکانیان بخەنە لاوەو، رێز لە سەروەریی وڵاتەکەیان بگرن و مافی خۆپیشاندانیش بپارێزن بۆ هەموان.
هاوڵاتی به‌پێی هه‌واڵێکی ئاژانسی ڕۆیته‌رز ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، داوایان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە هاوکاریان بێت لە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە سەبارەت بە پرسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. رۆژی پێنجشەممە، 1ی ئەیلوول، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، کە چەند نامەیەکی ئەو کۆمپانیایانەیان دەستکەوتووە، تێیدا داوا لە حکومەتی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا بەردەوام بێت و ئەنقەرە ناچار نەبێت نەوتی زیاتر لە ئێران و رووسیا وەربگرێت. هەروەها لە نامەکاندا، ئەو کۆمپانیایانە ئەوەشیان بۆ ئەمریکییەکان خستووەتەڕوو ئەگەر هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی لەدەستبدات ئەوا ترسی داڕمانی ئابوورییەکەی هەیە. هەروەها رۆیتەرز ئاشکرای کردووە ئەو کۆمپانیایانە پشتگیریی نامەکەی مانگی رابردووی ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکیشیان کردووە، کە نامەیەکیان بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناردووە سەبارەت بەوەی پێویستە واشنتن رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەت لەسەر پرسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. هەروەها لە نامەی ئەندامانی کۆنگرێسدا بۆ بلینکن، داوایان لێکردووە هەوڵبدات هەولێر و بەغدا لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و هەروەها گوشار بکەن کە عێراق لەژێر هەژموونی ئێران دەرچێت. لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ، یەکێک لەو کۆمپانیایانە بەناوی (HKN Energy) کە ئەمریکییە و بنکەی سەرەکی کۆمپانیاکە لە شاری داڵاسە، نامەیەکیان بۆ باڵیۆزەکانی ئەمریکا لە عێراق و تورکیا ناردووە، تاوەکو واشنتن هەوڵبدات پرسی کێشەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات، بەتایبەتی لەسەر پرسی بۆریی نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، کە لە ساڵی 2014وە بەغدا ئەو پرسەی بردووەتە دادگەیەکی نێودەوڵەتی. بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق، مانگی تەممووزی رابردوو، دوا دانیشتنی ئەو کەیسە لە یەکێک لە دادگەکانی پاریس بەڕێوەچووە و بڕیارە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە چەند مانگی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو پرسە بدات. لە 16ی ئابی رابردوو، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی ئەو کێشانەوە رایگەیاند، ئەو کێشانە لەنێوان هەولێر و بەغدایە، بەڵام واشنتن هانی گفتوگۆی هەردوولا دەدات. مانگی تەممووزی رابردووش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆمپانیای یاسایی ئەمریکی (ڤێنسن ئاند ئێلکنس) کە نوێنەرایەتیی وەزارەتی نەوتی عێراقی دەکات، بانگهێشت کرد بەمەبەستی روونکردنەوە لەسەر کێشەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و ئاژانسی رۆیتەرزیش ئاشکرای کردووە چاوەڕێ دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا چەند دانیشتنێکی دیکە لەنێوان بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و ئەو کۆمپانیایەدا لە بەغدا و واشنتن بەڕێوەبچن. لە مانگی شوباتی رابردووەوە، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی نەوت جارێکی دیکە خراپبووەوە دوای ئەوەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری دا یاسای نەوت و گازی کوردستان، "نادەستوورییە". لە دوای ئەو بڕیارەش، حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تاوەکو کۆنتڕۆڵی داهاتی نەوتی کوردستان بکات. ئێستا هەرێمی کوردستان رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنێت و شارەزایانی ئابووریش هۆشداریانداوە لە ئەگەری نەهاتنی وەبەرهێنەری زیاتر، رەنگە هەرێمی کوردستان نەتوانێت ئەو ئاستە لە ئایندەدا تێپەڕێنێت و رۆیتەرز ئاشکرایکردووە کە ئەگەر دۆخەکە هێورنەبووەوە، رەنگە کۆمپانیاکان لە کوردستان بکشێنەوە.
هاوڵاتی له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا سه‌رۆکی هاوپه‌یمانێتی فه‌تح داوای لە هێزە سیاسییەكان كرد بێدەنگی سیاسی و میدیایی ڕابگەیەنن. هادی عامری سه‌رۆکی هاوپه‌یمانێتی فه‌تح له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا که ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه بڵاویکردۆته‌وە ڕایگەیاندووە: لە سەروبەندی سەردانی ئەربەعینیەین كە تێیدا ئازاری شەهیدبوونی ئەبو ئەلئەحرار و خانەوادەكەی و هاوەڵەكانی وەبیر دێنینەوە، هەروەها ئێمە پرسەی نەمر نوێ دەكەینەوە لەم ڕۆژانەدا پڕە لە هەستی دڵسۆزی و خۆشەویستی بۆ خەڵكی ماڵی پێغەمبەر ( درودی خوایان لەسەر بێت ) بانگەوازی بۆ سەركردەكان و هێزە سیاسییەكان بە وتنی سوێند بە هەموو برایان لە ئازاری ئەلحسێن - سڵاوی خوای لەسەر بێت - بۆ ڕاگەیاندنی بێدەنگی سیاسی و میدیایی. ئەلعامری داوای كرد : گوتارێكی میانڕەو كە كۆبكاتەوە و بڵاونەبێتەوە بەڵگەنامە بكات و جیاوازی نەكات، واز لەو لێدوانانە بهێنێت كە ڕق و كینە دەوروژێنێت و هەروەها لە ڕۆژانی حسێندا تەنها لەسەر پەیامەكەی حسێن قسە بكرێت لە بەرامبەر نادادپەروەری و دەستدرێژی و رەتكردنەوەی ملكەچبوون بۆ ستەمكاران. لە درێژەی قسەكانیدا وتی: با هەموو هەوڵێك یەكبخرێت بۆ ئامادەكردنی پێداویستییەكان بۆ سەركەوتنی ئەم سەردانە پیرۆزە بۆ ئارامكردنەوەی ڕۆحەكان و وە گەڕاندنەوەی متمانە و سۆز لەنێوان ڕۆڵەكانی یەك نەتەوە، خەڵكی هەمان مەزهەب و ڕۆڵەكانی دوو شەهیدی ئازیزی سەدری. جێگای ئاماژه‌یه له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابووردوودا به‌هۆی پێکدادانه‌کانی ناوچه‌ی سه‌وزه‌وه زیاتر له ٣٠ که‌س کوژران و ده‌یانی دیکه‌ش برینداربوون.
هاووڵاتی به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی "العرب"، بانگه‌وازه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نگرانی له ناوچه‌ی سه‌وز و خۆپیشاندانه‌كان بكشێنه‌وه به‌شێك نه‌بووه له پلانێكی پێشوه‌خته پلان بۆ داڕێژراو، به‌ڵكوو هه‌نگاوێكی ناچاری بووه دوای ئه‌وه‌ی ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی لێكردووه. به‌پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌كه كه له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسیی عێراقییه‌وه (31ی ئابی 2022) ده‌ستی كه‌وتووه، په‌یامێك له ئێرانه‌وه گه‌یشتووه به سه‌در كه پێویسته ئه‌و ئاژاوه‌یه بوه‌ستێنێت كه ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو دوای وازهێنانی له‌سیاسه‌ت له به‌غدا دروست بوو. ئه‌و سه‌رچاوانه ده‌شڵێن، "ئێران، كه له ماوه‌ی ڕابردوودا وازی له سه‌در هێناوه و ڕووبه‌ڕووی نه‌بووه‌ته‌وه به ئومێدی ئه‌وه‌ی به‌خۆی و بژارده‌كانیدا بچێته‌وه، سه‌دری ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه پێویسته شیعه‌كان یه‌كگرتوو بن نه‌ك شیعه‌ی عه‌ره‌بی و شیعه‌ی وه‌لائی بۆ ئێران." ڕۆژنامه‌كه ئاشكراشی كردووه كه "ئێران سه‌دری ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه ده‌بێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بكات و ناكۆكییه كۆنه‌كانیشی له‌گه‌ڵ نووری مالیكی، سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا له بیر بكات." ئه‌و سه‌رچاوانه ده‌شڵێن كه "په‌یامه‌كه‌ی ئێران ئاماده‌یی ئه‌و وڵاته‌ی ده‌رخستووه بۆ كوشتنی سه‌درییه‌كان ئه‌گه‌ر پێویست بكات بۆ ڕێگری له دروستبوونی دووبه‌ره‌كی نێوان شیعه‌كان، ئه‌وه‌ش به پێكدادانه‌كانی ڕۆژی دووشه‌ممه‌و سێشه‌ممه‌دا به ڕوونی دیار بوو كه زۆربه‌ی كوژراوه‌كان لایه‌نگرانی سه‌دری بوون." باسیان له‌وه‌ش كردووه كه ئه‌و په‌یامه‌ی ئێران، سه‌دری له‌نێوان دوو بژارده‌ی قورس داناوه، یان پێكدادان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراقی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سوپا، كه ئه‌وه‌ش له زیانیه‌تی، یان بژارده‌ی دووه‌م كه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه هێزێكی ڕێكخراویان هه‌یه‌و له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی ئێران ده‌جووڵێنه‌وه.
هاوڵاتی دادگای فیدڕاڵی عێراق ده‌ستی كرد به پێداچوونه‌وه‌ی دۆسیه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق. سه‌رچاوه‌یه‌ك له دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق به میدیا عێراقییه‌كانی راگه‌یاندوه، دادگای فیدراڵی ده‌ستی كردووه به پێداچوونه‌وه‌ی دۆسیه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان كه له‌لایه‌ن كوتله‌ی سه‌دره‌وه پێی گه‌یشتبوو. سه‌رچاوه‌كه راشیگه‌یاندوه، ئه‌مڕۆ هیچ دانیشتنێكی دادگاكه به‌ڕێوه‌ناچێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی پشووی فه‌رمییه‌وه له سه‌رجه‌م داموده‌زگاكان.
هاوڵاتی بەرلەوەی دادگای فیدراڵی عێراق رۆژی سێشەممە بڕیاری خۆی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یاخود هەڵنەوەشاندنەوەی بدات، رۆژی دووشەممە تویتێكی (كازم حائیری) مەرجەعی ئاینی سەدرییەكان و دواتریش تویتێكی موقتەدا سەدری رابەری رەوتی سەدر گڕیان لەتەواوی شەقامی عێراقی بەرداو دۆخی ئەمنی بەغداو زۆربەی شارەكانی باشووری عێراقیان گەیاندە ئەو خاڵەی كەچەندین مانگە سیاسییەكان و چاودێران هۆشداری لەبارەوە دەدەن و پێیان وایە هەر كەدۆخەكە لەدەست دەرچوو ئیدی گەڕانەوەی بۆ نییەو هەمووان بەیەكەوە دەسوتێنێت. كازم حوسەینی حائیری ساڵی 1938 لەكەربەلا لەدایكبووە، لەتەمەنی پێنج ساڵیدا لای باوكی دەستی بەخوێندنی ئاینیی كردووەو دواتر رووی لەشاری نەجەف كردووە بۆ تەواوكردنی خوێندن، ئەو یەكێك لەدیارترین خوێندكارەكانی سەید (محەمەد باقر سەدر)ی مامی موقتەدا سەدرەو ماوەیەكی دورودرێژ هاوەڵی بووەو لەشاری قوم نیشتەجێیە، كتوپڕ وازهێنانی خۆی لەمەرجەعییەتی سەدرییەكان راگەیاند. كازم حوسەینی حائیری لەڕاگەیەندراوێكدا وێرای وازهێنانی لەمەرجەعییەت، داوای لە «بڕواداران»ی كرد گوێڕایەڵی رابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی بن و وەك هێزێكی سەربەخۆ پاڵپشتی لەحەشدی شەعبی بكەن. هاوكات رایگەیاند: «هەركەسێك هەوڵی جیاكردنەوەی رۆڵەكانی مەزهەب بدات و بێ فەرمانی سەركردایەتی شەرعیی بكات لەڕاستییدا ئەو كەسە سەدری نییە، تەنانەت ئەگەر داواكاری ئەوەیش بكات». دوابەدوای ئەوە، موقتەدا سەدری لەبارەی وازهێنانی مەرجەعی شیعە، كازم حوسەینی حائیری تویتێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند «زۆر كەس لەنێویاندا بەڕێز حائیری وا هەست دەكەن كەئەم سەركردایەتییە بەهۆی كار‌و فەرمانی ئەوانەوە هاتووەتە ئاوارەوە، بەڵام نەخێر وانییە ئەم سەركردایەتییە بەپشتیوانی خوا‌و هەوڵی باوكم كە دەستی لەكاروباری عێراق و گەلەكەی وەرنەداوە، هاتووەتە ئاوارەوە». سەدر رایگەیاند كەسەرباری وازهێنانی كازم حائیری، بەڵام نەجەف بەردەوام بەگەورەترین بارەگای مەرجەعییەت دەمێنێتەوە. دوای وازهێنانی سەدر، خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدر لەناوچەی سەوز دۆخەكەیان ئاڵۆزكردو پەلاماری چەندین باڵەخانەی حكومییان دا‌و تەنانەت چوونە ناو كۆشكی كۆماریشەوە، لەئێستاشدا هەموو چاوەكان لەسەر (عەلی سیستانی)ی مەرجەعی گەورەی شیعەكانە كە لەشاری نەجەف نیشتەجێیە تا ئەو ئاگرەی كەهەڵگیرساوە بەفەتوایەك بیكوژێنێتەوە. بەبڕوای ئەو چاودێرانەی كەساڵانێكە چاودێری بڕیار‌و فەتواكانی سیستانی‌یان كردووە، هەرچەندە زۆرینەی عێراقییەكان و سەركردەی حزبە شیعییەكان چاویان لەوەیە (سیستانی) لەدوایین ساتدا دەستوەردان بكات، بەڵام ئاماژە بەوەدەكەن سیستانی نایەوێت هەڵوێستێك دەرببڕێت كەخزمەت بەلایەنێكی سیاسی بكات لەسەر حسابی لایەنێكی دیكە، چەند سەرچاوەیەكیش كەقسەیان بۆ رۆژنامەی (عەرەبی جەدید) كردووە دەڵێن: چەندین پەیام لەكەسایەتییە عێراقی و ئاینییە ئێرانییەكانەوە گەیشتوون بەسیستانی بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی لەسەر رووداوەكانی ئێستا دەرببڕێت یاخود دەستپێشخەرییەك بكات، تەنانەت چەندین لایەنی نێودەوڵەتیش بەتایبەتی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان هەوڵیانداوە سیستانی هەڵوێستێك دەرببڕێت یاخود چاویان پێبكەوێت، بەڵام سیستانی رەتیكردووەتەوە كەس ببینێت. ئەوەی ئەم دۆخەی عێراقی درووستكردووە لەئێستادا رێكنەكەوتنە لەسەر درووستكردنی حكومەت و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكان و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستا، كەسەدرییەكان زۆر بەتوندی دەستیان بەداواكانیانەوە گرتووە، هەرچی لایەنی هەماهەنگیشە هەرچەندە كەمێك نەرمییان نواندووە لەبەرامبەر داواكانی سەدردا، بەڵام مەرجی قورسیان داناوە. توندوتیژییەكانیش كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێناوەتە سەر خەت و هەریەكە لەنەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكاو بەریتانیاو كۆمكاری عەرەبی و دەیان وڵاتی دیكە داوای دەستبەجێ وەستاندنی هەموو توندوتیژییەك دەكەن. لەڕاگەیەندراوێكدا سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان «داوای ئارامی و دانبەخۆداگرتن دەكات و داوا لەهەموو لایەنەكان دەكات هەنگاوی دەستبەجێ بنێن بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و خۆیان لەتووندوتیژی بەدووربگرن.» هاوكات یەكێتیی ئەوروپا دەڵێت «دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە رێز لەهەموو یاساكان بگیرێت و سەلامەتیی دامودەزگاكان مسۆگەر بكرێت. پێویستە هەموو لایەنەكان لەپێناو كەمكردنەوەی گرژییەكان كاربكەن و بەگوێرەی دەستوور لەگفتوگۆی سیاسی‌دا بەشداربن، كەئەوە تاكە رێگەی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانە». لەلایەن خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە وەزارەتی دەرەوە سەركۆنەی گرژییەكانی عێراق دەكات و داوا لەهەموو لایەنێك دەكات دان بەخۆیاندا بگرن و بەدوای رێگەی چارەسەردا بگەڕێن. بەریتانیاش دەڵیت»داوا لەوانە دەكەین كە لەسەر شەقامەكانن، خۆیان بەدووربگرن لەتووندوتیژی و دەبێت خۆپێشاندانەكان ئاشتییانە بن، چونكە عێراقییەكان شیاوی ئەوە نین وڵاتەكەیان بەشەڕو تووندوتیژییەوە تێوەبگلێندرێت.» بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە دەیان كەس كوژراون و سەدانی تریش برینداربوون، هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە وابڕیاربوو رۆژی سێشەممە 30ی ئاب دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوە یاخود هەڵنەوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بدات، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەكە، دادگاكە رایگەیاندووە بڕیارەكەی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووەو بەمەش جارێكی تر چارەنووسی ئەو كێشەو گرفتانەی كەهەموو ئەم رووداوانەی لێكەوتووەتەوە دراوەتە دەست قەدەرو كەس نازانێت عێراق روو لەكوێ دەكات. لەتازەترین پەیامیشدا كە ئێوارەی سێشەممە بڵاویكردەوە، موقتەدا سەدر نیگەرانیی خۆی لەدۆخی ئێستای عێراق دەربڕی و رایگەیاند:»لەماوەی یەك كاتژمێردا خۆپیشاندەران نەكشێنەوە حاشایان لێدەكەم»، و وتیشی:»گەل دیلی گەندەڵی‌و تووندوتیژیە، بەڵام نەفرەت لەو شۆڕشەی بەتوندوتیژی بێت، ئەو شۆڕشەی توندوتیژی تێكەڵبوو شۆڕش نییە لەبنەڕەتدا، لەمەودوا ناڵێم شۆڕش»، و دەڵێت:»هیوادار بووە ناڕەزایەتیی ئاشتییانە هەبێت، نەك شۆڕشەكە بگاتە ئەم ئاستە، نەفرەت لەشۆڕشەكەتان». لەبارەی بڕیارەكەی خۆیشیەوە كەكشانەوەی لەپرۆسەی سیاسیی راگەیاند، موقتەدا سەدر وتی:»لەدوێنێوە من كشاومەتەوە لەڕووی شەرعەوە، چونكە مەرجەع وتی نابێت لەڕووی شەرعەوە دەستوەردان هەبێت، بۆیە من كشاومەتەوەو حەقم بەسیاسەتەوە نییەو هیچ كەسیش پرسیاری سیاسیم لێ نەكات». بەبڕوای زۆرێك لەوانەی لەدۆخی سیاسی عێراق شارەزان پێناچێت ئەمجارەش كشانەوەی سەدر یەكجارەكی بێت و هاوشێوەی جارانی پێشووتر كە پاشەكشەی دەكرد لەپرۆسەی سیاسی و دواتر دەگەڕایەوە ئەمجارەش بگەڕێتەوە. بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی «ئیندپێندنت»ی بەریتانی كە لەژێر ناوی «ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ كۆتاییهێنان بەقەیرانی سیاسیی عێراق دەستتێوەردان دەكات؟» ئاماژە بەوەكراوە ئەنجومەنی ئاسایش مافی ئەوەی هەیە بەپێی مادەكانی 24و 34و 39ی پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتوەكان دەستتێوەردان لەكاروباری ناوخۆی عێراقدا بكات، بەوپێیەی ئەوەی روودەدات هەڕەشەیە لەسەر ئاشتیی‌و ئاسایشی نێودەوڵەتیی.لەگەڵ ئەوەشدا، چاودێران بەدوریدەزانن لەئایندەیەكی نزیكدا دەستپێشخەریی نێودەوڵەتیی یان هەوڵی بەنێودەوڵەتییكردنی قەیرانی عێراق هەبێت. رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: «كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەدەست عێراقەوە ماندوو بوەو نابێت چاوەڕێی ئەوە بكرێت بەقوڵی لەدیمەنی سیاسیی عێراقەوە بگلێت، بەتایبەت كە ماوەی 19 ساڵە قەیرانی سیاسیی عێراق بەردەوامەو بەردەوامیش قەیرانی نوێ سەرهەڵدەدات، ئەمەش وایكردووە عێراق لەكارە لەپێشینەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بێتە دەرەوە». لەئێستاداشدا دوابەدوای پەیامەكەی سەدر، دۆخی توندوتیژی و ئاڵۆزییەكان بەرەو خاوبوونەوە دەچن، بەڵام دۆخە سیاسییە گڕگرتووەكە پێناچێت بەم نزیكانە دوای 10 مانگ لەهەڵبژاردن كۆتایی پێبێت و لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن.
هاوڵاتی محه‌مه‌د ساڵح عێراقی كه به وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در ناسراوه ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پرسه بۆ كوژراوانی رِووداوهكانی دووشه‌ممه‌ی به‌رده‌م ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا رِانهگهیهنێت، "ئه‌وه لهمرِۆوه رِهوتی سه‌دری به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دوژمنی یه‌كه‌می ئه‌وانه." ساڵح محه‌مه‌د عێراقی له په‌یامێكدا "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی" تۆمه‌تبار ده‌كات به كوشتنی خۆپیشانده‌ران و ده‌ڵێت، "ئه‌وان هێشتا به‌رده‌وامن له داواكاری خۆیان بۆ دانیشتنی په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكومه‌ته قێزه‌ونه‌كه‌یان له‌كاتێكدا خوێنی خۆپیشانده‌ران هێشتا دهرِوات." وه‌زیری سه‌در رایگه‌یاند، هه‌ڵوێسته‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی "بێئابرِوو" و هه‌ڵوێسته‌كانی گرووپه چه‌كداره "بێئابرِووهكانم" به‌لاوه سه‌یر نه‌بوو، "كه ده‌ڵێن په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی بێئابرِوو." وه‌زیری سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و گرووپه چه‌كداره‌كانی بێرِهوشتن و ئایینیان نییه، چونكه ئه‌وان سێكوچكه‌یه‌كی بێئابرِوون و نازانن چاكسازی و شۆرِش و ئاشتیخوازی و نه‌هامه‌تی خه‌ڵكی چین." له‌كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در ده‌ڵێت، داوا له‌ئێران ده‌كه‌م كه حوشتره‌كانی له‌عیراق ببه‌ستێته‌وه، تا رووبه‌ڕووی بارودۆخێك نه‌بنه‌وه كه دوای په‌شیمانی دادیان نه‌دات.
هاوڵاتی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هۆشداری له‌باره‌ی رووداوه‌كان ده‌دات و ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ئاژاوه، رووبهرِووبوونهوه، ناكۆكی، ململانێ و گوێنه‌گرتن له لۆژیك به‌رده‌وام بێت، هه‌نگاوی ئه‌خلاقی و نیشتمانی ده‌نێت و له كاتێكی گونجاو‌دا ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی ده‌بێت. مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق راشیگه‌یاندوه، هه‌تا من له ده‌سه‌ڵاتدا بم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری به‌رپرسیارێتییه‌كانم له به‌رامبه‌ر گه‌لی عیراق نابم. كازمی له نوێترین وتاریدا له‌سه‌ر بارودۆخی عێراق باسی له‌وه كردووه كه لایه‌ن هه‌بووه ویستوویه‌تی هێزه ئه‌منییه‌كان بكاته به‌شێك له رووداوه‌كان و جه‌نگێكی فره لایه‌نه له‌ئارادایه بۆ لاوازكردنی عیراق و داوای گفتوگۆم كردووه و پێویسته هه‌موو لایه‌ك سازش بكه‌ن. جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه كه ده‌بێت چه‌ك له ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا بێت و پێویسته دیارده‌ی چه‌كی نایاسایی كۆنترِۆڵ بكرێت. له كۆتایشدا له‌سه‌ر هێرشكردنه سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وز باسی له‌وه كرد كه لێكۆڵینه‌وه له‌ئارادایه سه‌باره‌ت به هێرشه‌كانی سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وزو ئه‌نجامه‌كانیشی راده‌گه‌یه‌نین.
هاوڵاتی وەزیرەکەی سەدر لە تویتێکدا ڕونیکردەوە ، مەبەستی موقتەدا سەدر لەوەی کە وتی کوژراو و بکوژ لەدۆزەخدان ئەوانەن پەنایان بۆ چەک بردووە. ڕاشیگەیاندوە، مەبەستیشی لە وشەی مەرجەع، کازم حائیری بووە. ساڵح محەممەد عێراقی ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر لە روونکردنەوەیەکدا فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) وەک بەڵگەیەک بۆ وتەکانی موقتەدا سەدر دەهێنێتەوە کە لەبارەی رووبەڕووبوونەوە لە خۆپێشاندانەکانەوە وتبووی، "بکوژ و کوژراو لە دۆزەخن". لە تویتەکەدا وەزیرەکەی سەدر ڕونیشی دەکاتەوە مەبەست لە وەی کە سەدر وتی کوژراو و بکوژ لە دۆزەخدان وتەی پێغەرمبەری ئیسلامە کە وتوویەتی "هەرکاتێک دوو موسڵمان بە شمشێر رووبەڕووی یەکتربوونەوە ئەوا بکوژ و کوژراو لە دۆزەخدان" یەکەم مەرج لەم بابەتە پەنابردنە بۆ شمشێر، واتە پەنابردن بۆ چەک، کەواتە وتەکەی موقتەدا سەدر روونە هەرکەسێک پەنای بۆ چەک نەبردێت نایگرێتەوە. وتیشی : مەبەست لەبەکارهێنانی وشەی "مەرجەع" کازم حائیری بووە وەڵامێک بووە تایبەت بە دەستبەرداربوونی حائیری لە پۆستی مەرجەعییەت، نەک کشانەوەی شۆرشگێڕان.
هاوڵاتی د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق له وتارێكدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌و قه‌یرانه‌ی له نێوان حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه جێگه‌ی قبووڵ نییه. له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا د. به‌رهه‌م ساڵح داوای له چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی كرد له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در گفتوگۆ بكه‌ن بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و به‌شداریكردن له دیالۆگی نیشتمانی. وتیشی: پێویسته گفتوگۆی نیشتمانی جه‌خت له چۆنێتیی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و پێكهێنانی حكومه‌ت بكاته‌وه‌و پێویسته ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور بكرێت. له‌باره‌ی كۆتا ههڵبژادنیشهوه له‌عێراق سه‌رۆك كۆمار وتی: هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییانه‌ی عێراق ئاواتی خه‌ڵكی به‌دینه‌هێناو پێویسته حكومه‌تی داهاتووی عێراق ته‌واو له‌ئاست خواستی خه‌ڵكی عێراقدا بێت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، داواكه‌ی موقته‌دا سه‌در داوایه‌كی ئازایانه بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزه ئه‌منییه‌كان به داناییه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی تووندوتیژی كرد‌و جێی ده‌ستخۆشییه. وتیشی: قه‌یرانی سیاسی عیراق كۆتایی نه‌هاتووه‌و پێویستمان به‌چاره‌سه‌ری ریشه‌یی كێشه‌كانه، چونكه به‌رده‌وامی ئه‌م دۆخه ده‌بێته هۆی زیاتر بوونی گه‌نده‌ڵی له‌دامه‌زراوه‌كانی وڵات و مه‌ترسی ده‌كرێت جارێكی تر تووندوتیژی سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه. د.به‌رهه‌م ساڵح ڕاشیگه‌یاند: پێویسته لایه‌نه ناكۆكه‌كانی عیراق له‌سه‌ر یه‌ك مێز كۆببنه‌وه و گفتووگۆی ڕاشكاوانه سه‌باره‌ت به‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی وڵات و جێبه‌جێ كردنی داخوازییه‌كانی گه‌ل بكه‌ن. سه‌رۆك كۆمار جارێكی تر دووپاتیكرده‌وه كه‌پێویسته كێشه‌كانی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور چاره‌سه‌ر بكرێن. سه‌رۆك كۆماری عیراق له وتاره‌كه‌یدا ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه پێویسته داخوازی ڕه‌وای هاووڵاتیان بۆ باشتركردنی بژێوی و خزمه‌تگوزاری جێبه‌جێ بكرێت و باسی له‌وه‌كرد: هیچ پۆستێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل باڵا تر نیه.