هاوڵاتی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ سێ بەرپرسی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق دەرچوو.    له‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا که‌ ئه‌مڕۆ چوارشەممە ده‌رچووه‌ فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی بڵاویکردەوە، دادگەی ناوەندی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هەریەک لە بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان، پشکێنەری گشتی لە وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلادانان و بەدواداچووندا سەپاند.   ئەو سێ بەرپرسەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق کە لە راگەیێندراوەکەی دەستەی دەستپاکی ناویان نەهاتووە، بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی، سزادراون. ئەوان تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە بە پێچەوانەی یاسا، کاتی زیاتریان داوەتەوە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی نوێکردنەوەی دیزاینی بنەڕەتی شاری نەجەف.   فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی دەڵێت، دادگە دوای سەیرکردنی بەڵگە و سەلماندنەکانی تایبەت بەو دۆسیە، گەیشتە بڕوای تەواو کە ئەوانە "تاوانبارن"، بۆیە بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزای داون.   بەپێی ماددەی (340) لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر فەرمانبەر یان هەر راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندیی ئەو شوێنە بگەیێنێت كە كاری تێدا دەكات، ئەوە بە زیندانیکردن سزادەدرێت بە ماوەیەك کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت. رۆژی 10-8-2022، عەلا جەواد، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە دەستەی دەستپاکی 14 هەزار و 797 دۆسیەمان لایە، حەوت هەزار و 737 کەسیان تۆمەتبار کراون، سێ هەزار و 871 کەس دۆسییەکانیان براوەتە دادگە و دەبێت ئامادەبن بۆ لێکۆڵینەوە، هەروەها 731 فەرمانی دەستگیرکردنیش دەرچووە."     

هاوڵاتی بەدرێژایی مێژووی نوێی عێراق ئەو وڵاتە یەكێك بووە لەوڵاتە هەرە دەوڵەمەندەكانی بوارە جیاجیاكانی سروشت و گەنجینەیەكی پڕ لەبەهای ئابووری و خۆراكی و نەوتی بووە، بەڵام بەهۆی جەنگە یەك لەدوای یەكەكانەوە بەتایبەت لەساڵانی هەشتا بەرەو ژوور، ئیدی ئابووری ئەم وڵاتە بەجۆرێك داڕما كە نەدراوەكەی بەهای ما، نە یەدەگی زێڕ و نە یەدەگە نەختیەنییەكەی توانی لەڕیزبەندی وڵاتاندا جێگای خۆی بگرێت و نە ئابوورییە هەناردەییەكەشی توانای ڕكابەریكردنی هەناردەی وڵاتانی دراوسێ ما و بۆ ماوەیەكی درێژ ئەم وڵاتە هەرەسهێنا. لەئێستاداو دوای ئەو ئارامییە ڕیژەییەی كەعێراق پیایدا تێپەڕدەبێت و جەنگەكانی تا ڕادەیەك نەماون، ئەم وڵاتە چ لەڕووی هەناردەی نەوت و چ لەڕووی یەدەگی نەختینەیی و چ لەڕووی یەدەگی زێڕەوە لەگەشەیەكی بەردەوامدایەو ئامارەكانی دڵخۆشن، هاوكات وەزیری داراییەكەشی بڕوای وایە تاكۆتایی ساڵ یەدەگی نەختینەیی زیاتر دەبێت. بەپێی تازەترین ئامار كە لەناوەڕستی مانگی ئاب دا و لەلایەن كۆمپانیای (سۆمۆ) بڵاوكراوەتەوە ئاشكرای كردووە عێراق لەمانگی پێشوودا رۆژانە 4 ملیۆن و 584 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە و بەبەراورد بە مانگی رابردوو ڕۆژانە 69 هەزار بەرمیل زیادی كردووە. هەر بەپێی ئامارەكە داهاتی هەناردەی نەوت لە مانگی تەمموزدا 10 ملیار و 608 ملیۆن دۆلار بووە كە ئەمەش داهاتێكی زەبەلاحەو پێشبینی دەكرێت تاوەكو كۆتایی ساڵ داهاتی نەوتی عێراق نزیكبێتەوە لە 150 ملیار دۆلار. بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردەی نەوت و زیادبوونی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی گشتی عێراق دەبێتە هۆی زیاتركردنی قەبارەی یەدەگی نەختینەیی و ئابوورییەكی قایمتر و تۆكمەتر دەكات. لەوبارەیەوە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندووە، قەبارەی یەدەگی نەختینەیی عێراق گەیشتووەتە 82 ملیار دۆلار، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت. عومەر عاسم، وتەبێژی بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرایكردووە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا قەبارەی یەدەگی نەختینەیی 70 ملیار دۆلار بوو و بەراورد بەو كاتەش 12 ملیار دۆلاری تر زیادی كردووە، شارەزایانیش ئەم زیادبوونە زۆرەی یەدەگی نەختینەیی بۆ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت دەگەڕێننەوە. ئەمە لەكاتێكدایە لەلایەكی ترەوە یەدەگی زێڕیش بەرزبووەتەوە و عێراق بووەتە خاوەنی دەیان تۆن زێڕیش و چەند پلەیەكیش لەڕیزبەندی جیهانیدا هاتۆتە پێشەوە. بەپێی تازەترین ئاماریش عێراق لە یەدەگی زێڕیشدا هەنگاوی باشی ناوە و بووەتە خاوەنی 130 تۆن زێڕ، لە ئاستی دنیادا لە ریزبەندی 30یەم و لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە ریزبەندی چوارەمدایە. ئەنجومەنی جیهانی بۆ زێڕ ئاشكرای دەكات، عێراق بەكڕینی 34 تۆن زێڕ لە پلەی 30 هەمینی ئەو وڵاتانەیە كە پشت بە یەدەگی زێڕ دەبەستن. لە نوێترین داتاو زانیارییەكانیدا ئەنجومەنی جیهانی بۆ زێڕ ڕاگەیاندووە، بانكی ناوەندی جیهانی بڕی 111.19 تۆنی زێڕی خستووەتە سەر یەدەگی زێڕی جیهانی و لەو چوارچێوەیەدا یەكێك لەو وڵاتانەی كە زۆترین خواستی كڕینی زێڕی هەیە عێراقە كە لەم مانگەدا بڕی 33.97 تۆن زێڕی كڕیوە،و ئێستا لە پلەی 30یەمینی ئەو وڵاتانە دادەنرێت كە پشت بە یەدەگی زێر دەبەستن. ئاماژەی بەوەشكردووە دوای عێراق هەریەكە لە توركیا بە ‌كڕینی 26.60 تۆن و ئۆزبەكستان بە 26.44 و كازاخستان بە 15.79 تۆن و هیندستان بە 8.39 لە ریزبەندی زۆرترین كڕیارانی زێڕن لە جیهاندا. وەنەبێت عێراق خەونەكانی بۆ بەهێزكردنی ئابوورییەكی هەر بەوەندە وەستابێت، بەڵكو هیواخوازیشە تا كۆتایی ئەمساڵ یەدەگە نەختینییەكەی زیاتر بكات و چەند هەنگاوێكی دیكە بچێتە پێشەوە. عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لەلێدوانێكیدا هیواخوازە یەدەگی نەختینەیی وڵاتەكەی تا كۆتایی ئەمساڵ لە70 ملیارەوە بگاتە 90 ملیار دۆلار، هاوكات ئاماژەشی بەوەكردووە لەساڵی  2020 یەدەگی نەختینەیی وڵات كەوتۆتە  بەر مەترسی، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سیاسەتە داراییەكانەوە توانیویانە یەدەگەكە زیاتر بكەن.

هاوڵاتی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت نابێت ململانێکان بگات بەوەی دژ بە ئەنجومەنی دادوەری بێت، پاڵپشتی خۆشی بۆ خۆپیشاندانەکان دووپاتدەکاتەوە. دوابەدوای مانگرتنی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری و هەڵپەساردنی کارەکانی ئەنجومەنەکە،ئەمڕۆ سێشەممە( محەمەد حەلبوسی) سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند نابێت ململانێکانمان لەگەڵ دادوەری بێت کە هەموومان پەنای بۆدەبەین بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانمان. حەلبوسی پاڵپشتی خۆی بۆ خۆپێشاندانەکان بە شێوازە دەستوری و یاساییەکانی کە پارێزگاری لەدەوڵەت ودام ودەزگاکانی بکات دووپاتکردەوە. جێگای ئاماژەیە لەماوەکانی پێشوودا لایەنگرانی سەدر بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیانەوە ڕۆیشتنە ناو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و مانیانگرت، دواتر بەبڕیارێکی موقتەدا سەدر کشانەوە دەرەوەی باڵەخانەکە. دوای زیاتر لە ١٠ مانگە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لایەنەكان نەگەیشتوون بە ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەت و موقتەدا سەدریش، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات و چوارچێوەی هەماهەنگیش هەوڵدەدات بۆ پێكهێنانی حكومەت

هاوڵاتی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر قۆناغێکی نوێی داواکارییەکانیان دەستپێکردو بەیانی ئەمڕۆ چونە بەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی دادوەری و خێمەیان هەڵدا و بڕیاریاندا کە مانبگرن تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت، لەبەرامبەریشدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەغدا؛ ئەنجوومەنەکە، ئەمڕۆ کارەکانی هەڵپەسارد. هاوکات لایەنگرانی سەدر پێنج داواکاریشیان خستەڕوو کە گرنگترینیان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستا و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و بە سیاسی نەکردنی دەسەڵاتی دادوەریی، هاوکات بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران و جیاکردنەوەی داواکاری گشتی لە ئەنجومەنی دادوەری، بەشێكی تر بوون لە داوكاری لایەنگرانی سەدر. جێگای ئاماژەیە لەماوەکانی پێشوودا لایەنگرانی سەدر بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیانەوە ڕۆیشتنە ناو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و مانیانگرت، دواتر بەبڕیارێکی موقتەدا سەدر کشانەوە دەرەوەی باڵەخانەکە. دوای زیاتر لە ١٠ مانگە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لایەنەكان نەگەیشتوون بە ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەت و موقتەدا سەدریش، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات و چوارچێوەی هەماهەنگیش هەوڵدەدات بۆ پێكهێنانی حكومەت.

هاوڵاتی له‌ڕاپۆرتێکدا گۆڤارێکی ئه‌مریکی تازه‌ترین ڕیزبه‌ندی وڵاته‌ هه‌ژاره‌کان بڵاوده‌کاته‌وه‌ که‌ عێراق ریزبه‌ندی 8ـه‌مین وڵاتی عه‌ره‌بی و 79ـه‌مین وڵاتی جیهاندان. له‌وباره‌یه‌وه‌ گۆڤاری گلۆبال فێنانسی ئه‌مه‌ریكی راپۆرتێكی له‌باره‌ی وڵاته‌ هه‌ژاره‌كانی جیهان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت: عێراق له‌ ریزبه‌ندی 8ـه‌مین وڵاتی عه‌ره‌بی و 79ـه‌مین وڵاتی جیهاندایه‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییدان، به‌وه‌ی هه‌ر تاكێكی عێراقی ساڵانه‌ پێویستی به‌ 12 هه‌زار دۆلار هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی و پێداویستییه‌كانی دابین بكات، هاوكات بوروندی یه‌كه‌مین وڵاته‌ كه‌ گه‌له‌كه‌ی له‌ژێر هێڵی هه‌ژاری توندان و هه‌ر تاكێك ساڵانه‌ پێویستی به‌ 856 دۆلاره‌ بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی. گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌شی به‌وه‌داوە که‌ به‌شێك له‌ وڵاتانی دونیا به‌هۆی شه‌ڕی نێوخۆ و ململانێیه‌كان و كێشه‌ی مه‌زهه‌بی و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ژاری و برسێتی بوونه‌ته‌وه‌.

هاوڵاتی به‌پێی لێدوانێکی جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، پێشبینی کرد کە تا کۆتایی ئەمساڵ، یەدەگی نەختینەی بانکەکەیان بگاتە ٩٠ ملیار دۆلار و ئاماژەی بەوەداوە کە بەتێکڕا، یەدەگی زێڕ لە بانکی ناوەندیی عێراق، ٣٠ی تۆن زیادی کردووە. عەممار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقلە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا، یەدەگی نەختینەی بانکی ناوەندیی عێراق زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٨٠ ملیار دۆلار و گوتی: "پێشبنی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ، یەدەگی نەختینەی بانکەکەمان بگاتە ٩٠ ملیار دۆلار". راشیگەیاندووە کە بەتێکڕا، یەدەگی زێڕ لە بانکی ناوەندیی عێراق، ٣٠ی تۆن زیادی کردووە و گەیشتووەتە، ١٣١ تۆن و روونی کردووەتەوە کە یەدەگی زێڕ بەشێوەیەکی بەردەوام زیاد ناکات، بەڵکو لە ماوەی درێژخایەندا زیاد دەکات. ئەمەیش لە کاتێکدایە لە کانوونی یەکەمی رابردوودا، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندبوو کە یەدەگی بانکەکە لە نەختینەی بیانی، گەیشتووەتە ٦٤ ملیار دۆلار.

هاوڵاتی له‌لێدوانێکی ڕۆژنامه‌نوسیدا بەڕێوەبەری پەیوەندی و ڕاگەیاندن لەوەزارەتی ناوخۆ ئاشکرایکردووه‌ کە قۆناغی دووەمی دیوارە کۆنکریتیەکەی سێگۆشەی سنووری (عێراق_تورکیا_سوریا) تەواو بووە. لیوا (سعدمعن) بەڕێوەبەری پەیوەندی و ڕاگەیاندن لەوەزارەتی ناوخۆ لە لێدوانێکدا به‌ کەناڵی عێڕاقیەی ڕاگه‌یاندووه‌: کارکردن لەدیوارە کۆنکریتیەکە بەردەوامە کە دەگاتە 15 کیلۆمەتر کەقۆناغی دووەمی پڕۆژەکەیە ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه‌کرد حکومەت گرنگی دەدات بە بارودۆخی سەر سنوورەکان و فەرمان لە فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکان هەیە لەوبارەیەوە. هەروەها وتی: شاندێک سەردانی ناوچەکەی کرد بەئاڕاستەی فیشخاپوور کەسێگوشەی عێڕاق وسوریا وتورکیایە و بۆ ئاشنابوون لەڕەوشی پڕۆژەکە لەهەمووڕوویەکەوە. جێگای ئاماژه‌یه‌ دوێنی وه‌فدێکی باڵای وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقو پاسه‌وانی سنور گەیشتنە سنووری ناوچه‌ی دهۆک و نه‌ینه‌وا و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌وێ کۆبوونه‌وه‌.

هاوڵاتی  پارتی یەكێتی دیموكرات پەیەدە دەڵێت: رژێمی سوریا قایلە توركیا هێرش بكاتە سەر ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان و بەڕێوەبەری كامپی هۆل-یش لە پارێزگای حەسەكە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: فشارەكانی توركیا توانای چاودێریكردنی كامپی هۆل لاواز دەكات.  سەبارەت بە لێكنزیكبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق و مەرجەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان،  پەیەدە دەڵێت: دەسەڵاتی سوریا تونای هێرشكردنەسەر ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری نیە، بەڵام قایلە بەتۆپباران و بۆردومانكردنی ناوچەكە لەلایەن توركیاوە، لەبەرئەوەی دیمەشق رێككەوتنی ئەمنی نهێنی لەگەڵ ئەنقەرەدا كردووە. ئەحمەد خوجە، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە رایگەیاند: دەوڵەتی توركیا "توشی فۆبیای وشەی گەلی كورد  بووە" و رای وایە كە ئەنقەرە ئامادەیە دەستبەرداری هەموو داواكارییەكانی بێت و تەنانەت كودەتا بەسەر هاوپەیمانەكانی خۆیشیدا بكات تەنها لە پێناو لێدان و سڕینەوەی پرۆژەی دیموكراتی كە كورد رێبەرایەتی دەكات لە ناوچەكەدا. ئەو وتی: سەرەڕای ئەوەی روسیا و ئێران تەئكیدیانكردەوە كە رێگە بە داگیركاری توركیا بۆ سەر خاكی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا نادەن، بەڵام واپێدەچێت روسیا رێگەی بە توركیا داوە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی جەنگی و تۆپخانەكانی هێرشبكاتە سەر ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری، رونیشیكردەوە: زیادبوونی هێرشەكان ئاماژە بە رازیبوونی پوتین (سەرۆكی ڕوسیا) و پێدانی گڵۆپی سەوز بە ئەردۆغان (سەرۆك كۆماری توركیا) دەكات بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە هێرشانە بە ئامانجی فشارخستنە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات و ناوچەی خۆبەڕێوەبەری. هێرشەكانی توركیاو مەترسی سەر كامپی هۆل كامپی هۆل دەكەوێتە سنوری پارێزگای حەسەكە و لە لایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبرێت و بوەتە بارگرانییەكی درێژخایەن بەسەر شانی هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر كە لە ئێستادا نزیكەی 56 هەزار كەس لە كامپەكەدان و زۆربەیان هاوڵاتی سوری و عیراقین، كە هەموویان كەسوكاری چەكدارانی پێشووی داعشن، هێرشەكانی توركیاش بۆسەر ناوچەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان مەترسی بۆ سەر پاراستنی كەمپەكە دروستكردووە.  جیهان حەنان، بەڕێوەبەری كامپی هۆل لە پارێزگای حەسەكە دەڵێت: هێرشەكانی توركیا توانای سەرپەرشتیاری بۆ پاراستنی كەرتەكانی كامپەكە لاواز دەكات، و وتیشی: هەزاران خێزانی داعش لەكەمپی هۆل و لەبەندیخانەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هێزە سەربازییەكانیدان و ئەمانە چاوەڕوانی دەرفەتی گونجاون بۆ دووبارە دروستكردنەوەی خانەكانی رێكخراوی داعش، و ئەو جەختیكردەوە: كە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە ئاژاوە دروست دەكات، ئەمەش یارمەتی داعش دەدات بۆ ئەوەی جارێكی تر خۆی لە سوریا نوێ‌ بكاتەوە. هاوكات حكومەتی عێراق مەترسی خۆی لە بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە كەسوكاری چەكدارانی داعش لە كەمپی هۆل نەشاردوەتەوە،و بەها ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە زۆر بۆنەداو لەگەڵا باڵیۆز و نوێنەری دیبلۆماسیەكانی وڵاتانی بیانی لەعێراق تەئكیدیكردوەتەوە كە بوونی ئەو ژمارە زۆرە لەكەمپی هۆل مەترسیەكی جدیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مەترسی ئەو كەمپە لەبەرچاو بگرێت.  

هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هه‌په‌گه دەڵێت: 9 سەربازی سوپای توركیامان كورشتووە. هه‌په‌گه، لەبارەی ئەنجامی چەند چالاکیەکی گەریلا ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت: سوپای تورکیا سه‌رباری هه‌موو توانا ته‌كنیكیه‌كانی نه‌یتوانی پێشڕه‌وی بكات، له‌ به‌رامبه‌ر گه‌ریلاكانی ئازادی كوردستان كه‌ به‌ ئیراده‌یه‌كی گه‌وره‌وه‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ن. راشیگەیاند: لە ئەنجامی جەند چالاکیەکی گەریلادا، له‌ ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی تاكتیكی گه‌ریلا، ٩ سه‌ربازی توركیا  كوژران و یەك سەنگەر و ٢ كامێرای حه‌راری تێكشكان. ڕونیشیکردەوە: سوپای توركیا ٢٩ جار به‌ بۆمبی ئه‌تۆمی تاكتیكی و چه‌كی كیمیایی، ١٠ جار به‌ فڕۆكه‌ی شه‌ڕ، ٨ جار به‌ هه‌لیكۆپته‌ری هێرشبه‌ر، به‌ده‌یان جاریش به‌ تانك، چه‌كی قورس و هاوه‌ن گۆڕه‌پانه‌كانی به‌رخودانی بۆردومان كرد.

هاوڵاتی پارێزگای ئەنبار لەئێستادا دوای نەمانی داعش و دەركردنی ئەندامانی ئەو رێكخراوە تیایدا لەگەشەو ئاوەدانیی سەردەمی خۆیدا دەژی و زۆربەی شارەكانی ئاوەدانكراوەتەوەو دەستی خزمەتگوزاری پێگەیشتووە. ئەم پارێزگایە كە بەدەوڵەمەندی سەرچاوە  سروشتییە جۆراوجۆرەكانی بەناوبانگە لەلایەن حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقەوە پشتگوێخراوە، تەنیا گرنگی بەنەوت دراوە  تیایدا لەكاتێكدا چەندین جۆر كانزاو فۆسفات و سەرچاوەی دیكەی سروشتی تیادایە. پارێزگای ئەنبار كەوتووەتە رۆژئاوای عێراقەوە، لەڕووی رووبەرەوە گەورەترین پارێزگای عێراقەو  (1/3)ی هەموو رووبەری عێراق پێكدەهێنێت. لەئێستادا وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵدەدات كۆمپانیای ئارامكۆی سعودی بكات بەهاوبەشی خۆی لەدۆزینەوەو وەبەرهێنانی غازدا لەو كێڵگە تازانەی كەوتوونەتە رۆژئاوای ئەو پارێزگایەوە، ئەم پرۆژەیەش ئەگەر سەربگرێت بەگەورەترین پرۆژە لەعێراقدا دادەنرێت و بەپێی لێكۆڵینەوەكان پێشبینیدەكرێت قەبارەی ئەو غازە تیایدا  53 ترلیۆن پێ سێجا بێت. چەند سەرچاوەیەكی فەرمی حكومەت جەختیان لەوەكردووەتەوە كەوەزارەتی نەوتی عێراق چەندین شوێنی دیكەی لەو پارێزگایەدا دەستنیشانكردووە كە نەوتی تیادایە وەك ناوچەكانی سەرسارو رۆژئاوای رومادی، بەڵام قەبارەو بڕەكانیان ئاشكرا نەكردووەو باسیشیان لەوە نەكردووە كەی دەستدەكەن بەوەبەرهێنان تیایدا. د.خەلدون بەسامی بەڕێوبەری گشتی كۆمپانیای كەشفی جیۆلۆجی لەو پارێزگایە دەڵێت: هەموو دۆزینەوە كانزاییەكان لەعێراقدا هەر لەساڵی 1966ەوە بەدەستی عێراقییەكان ئەنجامدراوە، هەروەها كەشفكردنی ئەوەی یەكەمی عێراق لەسەر ئاستی جیهان لەبواری یەدەگی كبریت دووەمی عێراق لەبواری یەدەگی فۆسفات لەجیهاندا لەدوای وڵاتی مەغریبەوە لەلایەن عێراقییەكان خۆیانەوە بووە، ئەویش لەچوارچێوەی دەستنیشانكردنی ئاستی یەدەگی كانزاكان لەساڵی 1986ەوە بۆ ساڵی 1990 كەتوانیمان 10 ملیار تۆن فۆسفات كەشفبكەین، وتیشی: كۆمپانیاكە كار بۆ گەشەپێدانی یەدەگەكان دەكات بەتایبەت لەبواری كاڵای سەرەتایی لەپیشەسازی چیمەنتۆداو تەنانەت چەند كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتیش لەو بوارەدا وەبەرهێنانیان كردووە. لەپارێزگای ئەنبار كێڵگەی عەكازی غازی هەیە كەهێشتا وەبەرهێنانی تیادا نەكراوەو گەورەترین كێڵگەی غازییە لەعێراق، بەپێی پێشبینییەكانیش زیاتر لە 5 ترلیۆن پێ سێجا غازی سروشتی تیادایە، كۆی گشتی غازیش لەبیابانی ئەنبار بە 53 ترلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەكرێت. بۆ ئەوەی لەمانای ئەم ژمارەیە تێبگەین، ئەوا ئەم ژمارەیە 15 هەزار جار هێندەی ئەو غازەیە كەعێراق لەئێرانەوە هاوردەی دەكات، واتە ئەم غازەی ئەنبار بەشی 40 ساڵی عێراق دەكات. بەبڕوای شارەزایانیش وەبەرهێنانكردن لەناوچەی عەكاز كە یەدەگەكەی نزیكەی 6 ترلیۆن پێ سێجایەو لەساڵی 1981 دۆزراوەتەوە، بەهۆی چەندین هۆكارەوە نەتوانراوە وەبەرهێنانی تیادا بكرێت دەبێتە دەروازەیەكی فراوان بۆ كۆمپانیاكانی تر بۆ وەبەرهێنانكردن لەسەرچاوە سرووشتییەكانی دیكەدا. سەرچاوە فەرمییەكان جەخت لەوەدەكەنەوە كەكاركردن لەو ناوچانە بەردەوامی هەیەو چەندین تیمی وەزارەتی نەوت خەریكی گەڕان و رووپێویكردنی زەوییەكانی ناوچەكەن بەرلەوەی بڕۆنە قۆناغی هەڵكەندنی بیری نەوت و كێڵگەی غازی. بەپێی رووپێوییە هایدرۆكاربۆنییەكانیش لەو ناوچەیەدا ئاماژەی ئەوە هەیە كەبڕێكی زۆر غازو نەوتی تێدایە، بەڵام ئاماژەكان زیاتر بۆ ئەوە دەڕۆن كە غازی زیاتر تێدابێت و گفتوگۆش لەگەڵ كۆمپانیایەكی جیهانیی بەناوبانگدا بەردەوامی هەیە بۆ گەشەپێدانی ئەو كێڵگانە. بەڵام بەبڕوای شارەزایان گەورەترین بەربەستێك بۆ وەبەرهێنان لەو ناوچەیەدا دروستببێت بواری ئەمنی و بوونی گرووپە چەكدارەكانە، ئەمەش وەهایكردووە كۆمپانیا گەورەكان چاو بەكاروبارەكانیاندا بخشێننەوە لەعێراق بەگشتی و بەتایبەتیش لەپارێزگای ئەنبار، ئەمە جگە لەڕۆتین و گەندەڵی ئیداریش كە ناهێڵن پرۆژەكان بەچاكی بەڕێوەبچن. لەلایەن خۆیەوە حكومەتی خۆجێی ئەنبار جەخت لەباشبوونی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە دەكاتەوەو ئاماژە بەوەدەكات بانگهێشتنامەیان بۆ كۆمپانیا گەورەكان لەبواری وەبەرهێناندا ناردووە، بۆ ئەوەی گرێبەست لەبواری نەوت و كشتوكاڵ و پیشەسازی  و كارەبادا ئەنجامبدەن، بەپێی لێكۆڵینەوەكانیش هەر پرۆژەیەكی وەبەرهێنان لەپارێزگاكەدا هاوكاردەبێت لەخستنەگەڕی 1 ملیۆن و 500 هەزار دەستی كار لەپارێزگای ئەنبار.

هاوڵاتی ئێران زیاتر لەنیو سەدەیە هەوڵی رەوانەكردنی مانگی دەستكرد دەدات بۆ بۆشایی ئاسمان و بەوەش بووە بەنۆیەمین وڵاتی جیهان كە توانیویەتی لەو بوارەدا هەنگاو بنێت. ئەو وڵاتە بەهاوكاریی روسیاو بەڕەوانەكردنی مانگی دەستكردی خەیام بۆ بۆشایی ئاسمان كە تێچووەكەی زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلارە جارێكی دیكە بووە مایەی گومانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و وڵاتێكی زلهێزی وەك ئەمریكا. ناردنی خەیام بۆ بۆشایی ئاسمان كاردانەوەی ئەمریكاو ئیسرائیل و هەندێك وڵاتی لێكەوتەوە ئەو دوو وڵاتە رایانگەیاند: قوڵبوونەوەی پەیوەندی تاران و مۆسكۆ بەتایبەت لەبواری بۆشایی ئاسماندا مەترسیی بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی جیهان دروستدەكات و بەپێی لێدوانی واشنتۆن و تەلئەبیب ، ئەو مانگە دەستكردە بەئامانجی كاری هەواڵگریی و سەربازیی رەوانەی بۆشایی ئاسمان كراوە.     ئێران 66ساڵ ئەزمونی هەیە بۆ رەوانەكردنی مانگی دەستكرد   ئێران لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا بۆ یەكەمجار و دوایین جار لەو سەردەمەدا لەساڵی 1966 یەكەم موشەكی رەوانەی بۆشایی ئاسمان كردووە بۆ جێگیركردنی سیستمی جی پی ئێس- بەمەبەستی كارئاسانی لەبواری كەشناسیی وڵات. بۆ دووەمجار لەمێژووی ئێرانداو یەكەمجار لەسەردەمی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێراندا لەساڵی 2004 موشەكێكی بەمەبەستی جێگیركردنی مانگێكی دەستكرد بەناوی سەفیر رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرد. ئێران بۆ رەوانەكردنی یەكەم مانگی دەستكردی خۆی سودی لەموشەكی شەهابی سێ وەرگرتوە كە توانای بڕینی زیاتر لە دوو هەزار كیلۆمەتری هەیەو بەیەكێك لەموشەكە مەترسیدارەكان لەدژی ئیسرائیل باس دەكرێت. پێش رەوانەكردنی مانگی دەستكردی سەفیر، ئێران چەند تاقیكردنەوەیەكی دیكەی لەبواری بۆشایی ئاسمان ئەنجامداوە كە بەهەنگاوی گرنگ ئەژمار نەكراون بەڵام ئەو وڵاتە لەبواری بۆشایی ئاسمانیدا سودی لەروسیا و ئیتاڵیا وەرگرتووە. لەساڵی 2010 لەچوراچێوەی مانگی دەستكردی ئێكسپلۆرێر بۆ یەكەمجار ژمارەیەك گیانداری وەك مشك و كیسەڵ رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرد كە سەرجەم ئەو گیاندارانە لەناوچوون و ئەو هەنگاوەی ئێران شكستی هێنا. چەند جارێكی دیكە مانگی دەستكردی ئێكسپلۆرێر رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرایەوەو تەنانەت دواجار بەهۆی شكستی ئەو بەرنامە زانستییەوە پرۆژەی ئێكسپلۆرێر راگیرا. ساڵی 2011 دەزگای هەواڵگریی چین ئاشكرایكرد جموجۆڵە نائاسیی و خێراكانی ئێران ئاماژەیە كەئەو وڵاتە دەیەوێت بەرنامەكانی تایبەت بەبۆشایی ئاسمان پێشبخات و هەنگاوی خێرا بنێت. ساڵی 2013 ئێران لەهەنگاوێكی نوێدا بەناوی پایۆنێر مەیمونێكی رەوانەی 120 كیلۆمەتری ئاسمان كردو دوای 20 خولەك مەیمونەكە بەسەلامەتی گەڕایەوە . ئێران لەئێستادا خاوەنی دوو ناوەندی بۆشایی ئاسمانییە كەیەكێكیان لەپاریزگای قوم و ئەوی دیكەیان لەسیستان و بلوچستانە كەدەوترێت ئەو دوو ناوەندە یەكیان هاوشێوەی ناوەندی بایكۆنور لەكازاخستان و ئەوی دیكەیان هاوشێوەی وێستگەی كەنەدییە كە لەئەمریكا دروستكراوە. ئێران تائێستا زیاتر لەچوار جار شكستی هێناوە لەڕەوانەكردنی مانگی دەستكرد بۆ خولەگەی زەوی بەڵام ئەو وڵاتە رایگەیاندوە پلانی هەیە تا ساڵی 2030 بە پشتبەستن بەخۆی ژمارەیەك زانای ئێران رەوانەی بۆشایی ئاسمان بكات لە كاتێكدا ناردنی كەشتیی ئاسمانی و رەوانەكردنی زاناكان بۆ بۆشایی ئاسمان تەنها لە توانای ئەمریكا و روسیادایە. ئەمریكا بەبەردەوامیی هۆشداریی دەدات لەبەرنامە و پلانەكانی ئێران بەناوی بۆشایی ئاسمانەوە چونكە واشنتۆن روونیكردووەتەوە كە تاران بەبیانوی زانستییەوە گەشە بەبەرنامە موشەكی و سەربازییەكانی دەدات ئەوەش پێچەوانەی بڕیارنامەی ژمارە 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكانە. یەكێك لەكێشە سەرەكی و نێودەوڵەتییەكانی ئێران ئەوەیە كەهەندێك وڵاتی وەك ئیسرائیل و سعودیە بەرنامەی موشەكیی تاران بەهەڕەشە بۆسەر وڵاتەكانیان ناودەبەن و ئەمریكاش جەخت لەوەدەكاتەوە نابێت رێگەبدرێت ئاستی بڕینی مەودای موشەكەكانی ئێران بەرزبكرێتەوە.  تاران رایگەیاندووە توانیویەتی موشەكێكی نوێ تاقیبكاتەوە كەدەگاتە كیشوەری ئەوروپاو لەساڵی 2015شدا موشەكێكی نوێ تاقیكردووە كەتوانای بڕینی زیاتر لە دوو هەزار كیلۆمەتری هەیەو دەتوانرێت كڵاوەی ئەتۆمیی لێببەسترێت.   روسیا خەونی خەیام بۆ ئێران دەهێنێتەدی دوای ئەوەی ئێران رایگەیاند مانگێكی دەستكردی بەناوی خەیام بەمەبەستی رووپێوی رەوانەی بۆشایی ئاسمان كردووە، ئیسرائیل و ئەمریكا دژی ئەو هەنگاوە هاوبەشەی مۆسكۆو تاران وەستانەوە و باڵیۆزخانەی روسیا لەتاران رایگەیاند ئەو مانگە دەستكردە لەلایەن كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیانەوەو لەسەر داوای ئێران دروستكراوە. رۆژی سێشەممە (9/8/2022) لەوێستگەی بایكۆنور لەوڵاتی كازاخستانەوە بەموشەكی سایوزی روسی مانگی دەستكردی خەیام رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرا. بەوتەی بەپرسانی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران ئەو مانگە دەستكردە دوای 90 خولەك لە 500 كیلۆمەتریی خولگەی زەوی جێگیر بووەو زانیارییەكانی گواستوەتە بۆ ناوەندی كۆنتڕۆڵی ئاسمانیی وڵاتەكە. بەرپرس و میدیاكانی ئێران لەگەڵ راگەیاندی سەركەوتنی پرۆسەی ناردنی خەیام بۆ بۆشایی ئاسمان، ئاماژەیان بەوە كردووە كەمانگە دەستكردەكە لەلایەن وڵاتەكەوە دروستكراوە بەڵام باڵیۆزخانەی روسیا لەتاران رایگەیاند ئەو مانگە دەستكردە لەسەر داوای ئێران و لەلایەن روسیاوە دروستكراوە. ئەركی خەیام كە 40 ملیۆن دۆلار تێچوەكەیەتی، چاودێریی ئاسمانی ئێرانەو تۆماری ڤیدیۆیی و وێنەیە بەتوانای نزیكیی یەك مەتر لەزەوی واتە ئەو مانگە دەستكردە لەبۆشایی ئاسمانەوە دەتوانێت وێنەیەك تۆمار بكات كە لەنزیكیی یەك مەترەوە دەچركێنرێت. رۆژنامەی هائارتسی ئیسرائیلی لەزاری بەرپرسانی وڵاتەكەیەوە بڵاویكردوەتەوە ناردنی خەیام ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێران نایەوێت پابەندی رێككەوتنی ئەتۆمیی بێت و پلانی مەترسیداری هەیە بۆ ناوچەكە. لەلایەكی دیكەوە بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كەنەیویستوە ناوی ئاشكرابكرێت بەئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا-ی راگەیاندووە؛ ئەو مانگە دەستكردەی ئێران كە روسیا رەوانەی بۆشایی ئاسمانی كردووە بۆ مەبەستی هەواڵگریی و سەربازیی بەكاردەهێنرێت. ئێران لەماوەی 66 ساڵدا 13 مانگی دەستكردی بەموشەكی وڵاتەكەی رەوانەی بۆشایی ئاسمان كردووە كەزۆربەیان لەقۆناغی یەكەمداو هەندێكجاریش لەقۆناغەكانی دیكەدا شكستیان هێناوە.    

هاوڵاتی ئێران و ئەمریكا هەردووكیان مەیلی گەڕانەوەیان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی هەیە بەڵام ئەوانەی زیاتر لەهەموو كەسێك چاوەڕوانی زیندوكردنەوەی ئەو رێككەوتنەن دانیشتوانی ئێرانن كەپێنج ساڵە خراپترین دۆخی ئابورییان لەمێژووی ئەو وڵاتە ئەزموون كردووە. وڵاتی چین رایگەیاندووە كشانەوەو راگرتنی رێككەوتنی ئەتۆمیی لانیكەم زیانی 200 ملیار دۆلاری لەئەمریكاو زیانی 500 ملیار دۆلاری لەئێران داوە. ئەمریكا پێش ئەوەی دەست بەسزا ئابورییەكانی لەدژی ئێران بكات لەساڵی 1979 بەبڕی چوار ملیار دۆلار كاڵای رەوانەی ئێران كردووەو لەبەرامبەردا بڕی نزیكەی سێ ملیار دۆلار كاڵای لەئێرانەوە هاوردە كردووە واتە ئاستی بازرگانیی ئەو دوو وڵاتە لەو سەردەمەدا و 43 ساڵ پێش ئێستا نزیكەی شەش ملیار دۆلار بووە كەبەراورد بەئێستا رەنگە ژمارەیەكی زۆر گەورە بێت. ئاستی بازرگانیی ئێران و ئەوروپاش لەسایەی سزاكانی ئەمریكا بووەتە مایەی خێر بۆ توركیا، بەوتەی بەرپرسانی ژووری بازگانیی ئێران، وڵاتەكەیان لەپێنج مانگی ئەمساڵدا بەبەهای 464 ملیۆن دۆلار كاڵای رەوانەی ئەوروپا كردووە لەكاتێكدا توركیا هەر لەو ماوەیەدا 40 ملیار دۆلار كاڵای هەناردەی ئەوروپا كردووە بەوەش ئەو وڵاتە 87 هێندەی ئێران كاڵای رەوانەی ئەوروپا كردووە. تەنها یەك رۆژ دوای كۆتایی دوایین خولی دانوستانەكانی ڤیەننا-ی پایتەختی نەمسا بۆ گفتوگۆ ئەتۆمییەكان نرخی هەر دۆلارێك لەبازاڕەكانی ئێران لە 32 هەزار تمەنەوە بۆ 31 هەزار دابەزی بۆیە گومانی تێدا نییە رێككەوتنی ئەتۆمیی لانیكەم باری گرانی ئابوریی لەسەر شانی دانیشتوانی ئێران كەمتر دەكاتەوە. ئەگەری زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەبێتە هۆی دووبارە دەستپێكردنەوەی یاسای فرۆشی نەوت و غازی ئێران كە پێشتر ساڵانە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار داهاتەكەی بووەو هاوكات ئەو وڵاتە دەتوانێت دەستبكاتەوە بەبازرگانیی لەگەڵ ئەوروپاو ئەمریكا و زۆربەی وڵاتانی جیهان. بانكی جیهانی لەنوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاشكرای كردووە كە ئێران لەسێ ساڵی رابردوودا زۆرترین هەڵاوسانی ئابوریی لەمێژوی وڵاتەكەیدا تۆمار كردووە ئەگەر گۆڕانكاریی لە داهات و سیاسەتی ئابوریی ئەو وڵاتەدا روونەدات ئەوە بەتەواوەتی لەگەشەی ئابوریی دەوەستێت. ئێران پلانی هەبووە دوای رێككەوتنی ئەتۆمیی لەساڵی 2015 ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەكەی بۆ 7% دابەزێنێت بەڵام ئاستی ئێستای هەڵاوسانەكەی دەگاتە 52 بۆ 85 لەسەدا. سزا ئابورییەكانی ئەمریكا لەچەندساڵی رابردوودا وایكردووە بانكی ناوەندیی ئێران نەتوانێت ئاڵوگۆڕی دراو لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان بكات و هەر ئەوەش وایكردوە بانكی ناوەندی ئەو وڵاتە تالێواری هەڵدێر ببات و بەوتەی بەرپرسانی ئەو بانكە: لەسێ ساڵدا ئاستی هەڵاوسان لە 12% بۆ زیاتر لە 40% بەرزبووەتەوە. دوای ئەوەی ئەمریكا لەساڵی 2018 لەرێككەوتنی ئەتۆمیی كشایەوە زیاتر لە (122) ملیار دۆلاری ئێران لەبانكەكانی جیهان بلۆككراو دوای دوو ساڵ لەهەوڵەكانی تاران تەنها چوار ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی ئێران گەڕایەوە كەئەگەر رێككەوتنی ئەتۆمیی جارێكی دیكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو پارەیە ئازاد دەكرێت و ئاهێك بەبەری ئابوریی ئێراندا دەكاتەوە. شەوی دووشەممە (15/8/2022) ئێران بە فەرمی وەڵامی پێشنیارەكانی ئەوروپای دایەوە بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەڵام جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەكانی یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ ستایشی وەڵامدانەوەكەی تاران، رایگەیاند؛ ناتوانێت ناوەڕۆكی وەڵامەكە ئاشكرابكات و ئەوان تەنها دەیانەوێت لایەنەكان لەیەكتر نزیك بكەنەوە. ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای رادەستكردنی وەڵامی وڵاتەكەی بۆ ئەوروپا رایگەیاندووە؛ تاران خوازیاری پابەندبوونی لایەنەكانە بەبەردەوامبونی رێككەوتنی ئەتۆمیی و لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە دڵنیایی بدرێت كە جارێكی دیكە هیچ لایەك لە رێككەوتنەكە نەكشێتەوە. بەرپرسانی تاران بەبەردەوامیی جەختیان لەدوو داواكاری كردوە كەیەكێكیان بریتیە لەوەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەلیستی تیرۆر دەربهێنرێت و داواكاریی دوەمیشیان ئەوەیە چیتر بەئاڵوگۆڕ لەدەسەڵاتەكان لەناوخۆی ئەمریكا تاكلایەنە بڕیار لەكشانەوە لەو رێككەوتنە ئەتۆمییە نەدرێت وەك ئەوەی دۆناڵد ترمپ سەرۆكی پێشوی ئەو وڵاتە لەساڵی 2018 كردی. رۆبەرت مالی، پسپۆڕی ئەمریكی بۆ كاروباری ئێران رایگەیاندوە: كێشەی سەرەكیی ئەوەیە تاران داوای كردووە نابێت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم چیتر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بخاتە ژێر گومانەوە و پاشگەزببێتەوە لەچاودێرییە وردەكانی وێستگە ئەتۆمییەكان. مالی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: ئەگەر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پاكانە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەرببڕێت ئەوا ئەمریكا واژۆ لەسەر رێككەوتنەكە دەكات، بەڵام ئێران و ئاژانسی ئەتۆم ناكۆكیان هەیەو ئاژانس پێداگریی دەكات كەئێران وردەكارییەكانی ئەم دواییانەی زیادكردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە 5% بۆ 60% ئاشكرانەكردووەو رادەستی ئەو ئاژانسەی نەكردووە. ئێران داوای داخستنی سێ دۆسیەی لەئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كردووە كە بەپێی راپۆرتەكان سێ وێستگەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە یۆرانیۆمی پیتێنراوی نایاسایی و تەشەنەكراوی تێدا بەدی كراوە. ئەو بەرپرسەی ئەمریكا وتوویەتی» تا ئەوكاتەی واشنتۆن و تاران لەسەر هەموو شتەكان رێككنەكەون وەك ئەوە وایە لەسەر هیچ شتێك رێككنەكەوتبن». لەلایەكی دیكەوە: جۆزێپ بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندوە: هیچ بڕگەو بابەتێكی دیكە نەماوە بۆ دەقی ئەو رەشنووسەی بەمەبەستی گەڕانەوەی لایەنەكان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی ئامادەكراوە تەنها ئەوەی ماوەتەوە واژۆكردنی لایەنەكانی بەشداری ناو رێككەوتنی ئەتۆمییەكەی ئێران و (ئەمریكا، روسیا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا + ئەڵمانیا)یە.

هاوڵاتی یونامی نۆزده‌یه‌مین ساڵیادی تەقینەوەی بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەغدا کردەوە وباپەندیی خۆی بۆ خەڵکی عێراق دووپاتكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: عێراق لەم ساڵانەی دواییدا بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت، بەو قەیرانەی ئێستاشەوە، کە زۆر درێژەی کێشا. له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ به‌بۆنه‌ی 19ـمین ساڵیادی ته‌قینه‌وه‌ی باره‌گاكه‌یان له‌ به‌غدا بڵاویکردۆته‌وه‌  نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) ڕایگه‌یاندووه‌: 19ـی ئاب، یادەوەرێکی تاڵی هەمیشە زیندووە بۆ تەواوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاماژه‌شی به‌وه‌کردووه‌: لەم یاد کردنەوەیەدا  یادی ئەوانە دەكاته‌وه‌ کە گیانیان بەختکرد و ئەوانەش کە برینداربوون، هەروەها ئەو خانەوادانەش کە تا ئێستا بەدەست ئاسەواری ئەم کارەساتەوە دەناڵێنن. ئه‌وه‌شی خسته‌روو، هەموو قوربانییەکان کارمەندی نەتەوەیەکگرتووەکان بوون، کە کاریان بۆ هەڵسانەوەی عێراق كردووە، لە ساڵی 2009ـه‌وه‌، و ئەم یاده‌ی  وەک "رۆژی مرۆیی" دەستنیشانکردووە، هەر لە ڕاگەیاندراوەکەیە ئاماژە بەوە دەکات عێراق لەم ساڵانەی دواییدا بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت، بەو قەیرانەی ئێستاشەوە، کە زۆر درێژەی کێشا، بەڵام هیچ لەم قەیرانانه‌  له‌و ئاسته‌ نین كه‌ چاره‌سه‌رنەکرێن و یاخوود بخرێنەپێش بەرژه‌وه‌ندی نیشتیمانییه‌وه‌. جێگای ئاماژه‌یه‌ له‌ ڕۆژی ١٩ی ئابی 2003دا، بارەگای UNAMI لە بەغدا تەقێندرایەوە، بووە هۆی کوژرانی 22 کارمەند بە سێرجیۆ دیمیلیۆ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەگەڵ برینداربوونی 150 كه‌سی دیكه‌.  

هاوڵاتی لەتەمەنی 19 ساڵیدا دەستگیركراو دوای 30 ساڵ و لەتەمەنی 49 ساڵیدا ئازادكرا، بەڵام زیندان خەونەكانی ئەوی بۆ ئازادی لەناو نەبردووە و هێشتا بەگڕو تینەوە داوای ئازادی بۆ كورد دەكات، لەكاتی ئازادبوونیدا دەیان كەس لەخزم و كەسوكارو چالاكوانانی ئامەد چوونە پێشوازی. ئەو ناوی مزگین روناكەو نازناوی «ئایدن»ە، چالاكوان و نووسەرە، دوای ئەوەی 30 ساڵ لەتەمەنی خۆی لەبەندیخانەكانی  توركیا تێپەڕاند ئازاد بوو. ئایدن خەڵكی ئامەدە، لەساڵی 1992و لەتەمەنی نۆزدە ساڵیدا  دەستبەسەركراو دوای 30 ساڵ ئازادكرا،  مزگین ئایدن لەڕۆژی ئازادبوونیدا، ساتەوەختە خۆشەكانی خۆی بەسرودی نەتەوەیی ئەی رەقیب  و بیرەوەریە مێژووییەكانی نەتەوەی كورد بیری خەڵكی كوردستان هێنایەوە. ئەو دەڵێت سمكۆی شكاك و قازی محەمەدو دەیان شۆڕشگێڕی دیكە لەبەر خاتری نەتەوەی كورد گیانیان بەخت كردو گیان بەختكردنی لەڕێگای نەتەوەی كورد بەسەربەرزی ناوبرد. ئایدن دەڵێت كیمیابارانی هەڵەبجەو بینینی وێنەكانی ئەو جینۆسایدە كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر ئەوەی بڕیاربدات بۆ ئازادی كوردستان تێبكۆشێت. رایگەیاند: دوای ئەوەی دیمەنەكانی كیمیابارانی هەڵەبجەم بینی زیاتر لەبارەیەوە هەوڵمدا بخوێنمەوەو زانیاری وەربگرم، بۆیە بڕیارمدا بۆ ئازادی گەلەكەم زیاتر تێبكۆشم، بۆیە بەلامەوە گرنگ نەبوو كە كەوتمە زیندان چونكە مرۆڤی ئازاد لەزیندانەكاندایە. بەوتەی ئایدن ئەو لەزیندان تەنیا جەستەی زیندانیكراوبوو، ئەگەرنا ئاگرێك لەناخیدا هەبووەو بەو تینەوە توانیویەتی 30 ساڵی زیندان تێپەڕێنێت. ئایدن لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتی توركیاوە لەئامەد  بەتۆمەتی «ئەندامبوون لەڕێكخستندا سزای ٣٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراو 12ی ئەم مانگە لەگرتووخانەی داخراوی ژنان لەگەبزەی ئامەد ئازاد كرا، لەماوەی مانەوەیدا لەزیندان كاری ئەدەبی و كولتووری كردووەو دەیان وتارو شەش كتێبێكی بڵاوكردووەتەوە. ئایدن لەكاتی ئازادكردنیدا وتی: تا ئەوكاتەی یەك كەس لەهاوڕێیانم لەزیندان بێت ئازادی بەدەست نایەت و هیوام ئەوەیە  هەموو زیندانییەكانی كورد ئازاد بكرێن. مزگین دووەم ژنی زیندانییە، كە دوای 30ساڵ لەباكووری كوردستان ئازاد دەكرێت و لەماوەی زیندانیشیدا بەشداری زۆرێك لەچالاكییەكانی مانگرتن لەخواردن كردووەو تووشی چەندین كێشەی تەندروستی بووەتەوە و لەئێستاشدا چارەسەری شێرپەنجەی مەمك وەردەگرێت، جگە لەوە تووشی نەخۆشی گورچیلەش بووە. رۆزا مەتینا هاوڕێی مزگینە، دەڵێت لەوكاتەی لەزیندان بووە خزمەتێكی زۆری بەزمانی كوردی كردووەو زیندانییەكانی فێری زمانی كوردی كردووە.

هاوڵاتی توركیا بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سوریا پشتیوانیی لەگروپە ئۆپۆزسیۆنە چەكدارە جیهادی و ناجیهادییەكان كردووە تاوەكو رژێمی بەشار ئەسەد بڕوخێنن و رژێمێكی نزیك لەخۆی لەسوریا دەسەڵات بگرێتەدەست. بۆ ئەوەش هاوكاریی لۆجستی، راگەیاندن، دیپلۆماسی و پێدانی چەك و پارەی بەگروپە چەكدارەكانی دژ بەڕژێمی سوریا خستبووە ریزبەندی سەرەوەی بەرنامەكانی حكومەتەكەی. بەرپرسە جۆراوجۆرەكانی ئەنقەرە بەبەردەوامی لێدوانی ئاگرینیان دەداو هەڕەشەیان دەكردو هەر جۆرە نزیكبونەوەو رێككەوتنێكیان لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد بەتاوان دەناساند. شەپۆلی رووداوەكانی بەهاری عەرەبی كاریگەریی بەجۆرێك دروستكردبوو، كەتوركیاو وڵاتانی سعودیەو ئیمارات و قەتەرو تەنانەت ئەمریكاو رۆژئاوا چاوەڕێیان دەكرد لەماوەیەكی كەمدا رژێمی سوریاش وەك تونس و میسرو لیبیا بڕوخێت و رژێمێكی نزیك لەخۆیان لەسوریا دروست بكەن. بۆ ئەوەش دەستیان بەپڕچەككردن و یارمەتیدانی گروپە چەكدارەكانی دژ بەڕژێمەكەی ئەسەد كرد. سی ئای ئەی ئەمریكی و وڵاتانی رۆژئاوایی هاوكاریی چەك و پارەیان بەزیاتر لە ١٧ گروپی چەكداری ناوخۆی سوریا دەكرد. بۆ زیاتر كاریگەربوونی گوشارەكان لەسەر رژێمی ئەسەد گۆڕەپانی سوریا بەسەر دوو بەرەی شەڕی سەرەكی دا دابەشكرا، باكوور تاوەكو ناوەڕاستی سوریا بۆ توركیاو ناوەڕاست تاوەكو باشووری سوریایش بۆ سعودیەو ئیمارات دانرابوو، كە هەریەكەیان شەڕی ئەو ناوچانە لەدژی رژێمی ئەسەد بەڕێوەببەن. لەدوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ و بێئەنجامبوونی شەڕی گروپە چەكدارەكان و هاتنە ناوەوەی گروپە جیهادییە ئیسلامییە توندڕەوەكانی وەك بەرەی نووسرە (باڵی قاعیدە لەسوریا) و داعش و جەیشی ئیسلام و چەندین گروپی تر، ئەمریكا وردە وردە دەستبەرداری چەكدارەكانی دژ بەڕژێمی سوریا بوو، سعودیەو ئیمارایتیش لەبەری ناوەڕاست و باشوورەوە دۆخەكەیان لەسنوورێكدا راگرت و كشانەوە، بەڵام توركیا بەوپەڕی پێداگرییەوە كوانوی شەڕی گەرم دەكردو ئەو ناوچانەی بەتوركیا درابوون بەگشتی و بەبەراورد لەگەڵ ناوچەكانی تردا زۆرترین زیان و كاولكارییان بەركەوت. توركیا وەك رژێمی ئەسەد ئەوپەڕی توندوتیژیی بەكاردەهێناو پێكەوە شارو خاك و گوندو هاووڵاتییانی سوریایان كردە سوتەمەنی، بۆ هیچیان گرنگ نەبوو كاولكاری و زیانی مرۆیی بەكوێ دەگات. توركیا بەناوی جۆراوجۆرەوە راهێنان و بانگەوازی ئیسلامییەوە گروپەكانی سوریای بەتەواوەتی خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆی. لەدرعا، حەما، حومس، حەلەب و داریا مامەڵەی پێوەكردن و فرۆشتنی بەڕووسیاو رژێمی ئەسەدو پاشەكشەی پێكردن بەرەو ئیدلب، ئەوەش تەنها بۆ ئەوەی باب و عەفرین و ناوچەكانی تری رۆژئاوای كوردستان داگیربكات. هاوكات لەگەڵ گۆڕەپانی شەڕو بەكارهێنانی ئەوپەڕی توندوتیژی، لەكۆبوونەوەكانی جنێڤ و ئاستانا و سۆچی بەبەردەوامی كاری مامەڵەكردن بووە بەئۆپۆزسیۆنەوە و لەوەشدا سەركەوتوبوو، چونكە ئۆپۆزسیۆن ئیتر پارەو چەك، ئۆتێل و دیپلۆماسی، موچە و پلانی سیاسیان و ئامانج و خواستەكانیان لەلایەن توركیاوە دیاری دەكرا. گەرچی ئەوەی پێی دەوترێت ئۆپۆزسیۆن یەكجۆر و یەك شێوە نین، بەڵام لەئەنجامدا لەقاڵبی سیاسەتی توركیدان. حكومەتی ئەنقەرەش كاری بۆ ئەوە كردووە، هەركەس و گروپێك لەناو ئۆپۆزسیۆندا لەگەڵ سیاسەتەكانی نەبێت تیرۆریان بكات، یان بەدەستی گروپە نەیارەكانی تر بیانكوژێت، كەدیارترین و كاریگەرترین پاكتاوكاری، كەزیانی گەورەی لەبناغەی سوپای ئازاددا، كوشتنی حوسێن هەرموش یەكێك لەسەركردە زۆر كاریگەرو دیارەكانی ئەو سوپایە بوو لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە.  هەروەها ژمارەیەك چالاكوان و رۆژنامەنووسی سوریاش لەتوركیا بەدەست گرپە چەكدارەكان كوژران. جگە لەوانەش هەر گروپێكی چەكدار لەپلانی توركیا دەرچووبێت، بەگروپی تری چەكدار هێرشی كردووەتەسەری و لەماوەكانی رابردودا سەدان هێرش و پێكدادان لەنێوان گروپە چەكدارەكانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەخاكی سوریادا روویانداوە. توركیا لەدوای نزیكەی ١١ ساڵ لەشەڕ و ململانێ و كاولكاری لەسوریا ئیدی هیچ كارتێكی گرنگی بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی، كە لەناوبردنی دەستكەوتەكانی كوردو رۆژئاوای كوردستانە، بەدەستەوە نەماوە. تەنانەت لەمدواییەدا ئەمریكاو روسیا رێگایان لەئۆپراسیۆنێكی تری سەربازیی توركیا گرت بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان. توركیا بۆ ئەوەی رێگە لەشۆڕشی كوردو مافەكانی كورد بگرێت، ئامادەیە ئەمجارە راستەوخۆ گروپە چەكدارەكان بباتەوە ژێر باڵی ئەسەدو دیمەشق. مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا چەند رۆژ لەوەوپێش رایگەیاند، بۆ رێگریكردن لەپارچەكردنی سوریاو بۆ لەناوبردنی پەیەدە و یەپەگە پێویستی بەوە هەیە، كە دەوڵەتێكی ناوەندیی بەهێز لەسوریا دروستبكرێت و ئەوەش بە بەشداریی هەموو گروپەكان دەبێت.  چاوشئۆغڵو راشیگەیاندبوو، ئەنقەرە كار بۆ ئەوەدەكات ئۆپۆزسیۆن و گروپە چەكدارەكان لەگەڵ رژێمی دیمەشق رێبكەون تاوەكو سوریایەكی بەهێز دروستبكرێت. ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی توركیا لەلایەن چەند گروپێكی ئۆپۆزسیۆنەوە ناڕەزایەتیی لێكەوتووەتەوە، بەڵام ناڕەزایەتییەكان زۆر لەوە كەمترن، كە رێگە لەپلانی توركی بۆ رێككەوتن لەگەڵ رژێمی سوریا بگرن، چونكە توركیا پلانی ستراتیژیی ئەوەیە، كە رێگانەدات كورد لەباكوری سوریا ببێتە خاوەن قەوارە، كیان و دەستكەوت و دانپیادانانی نێودەوڵەتی. توركیا بۆ ئەو پلانەی هەموو كارت و گوشارە سەربازی و سیاسی و ئابووری و راگەیاندنەكانی خۆی بەكارهێناوە و بەكاریشیان دەهێنێت، بۆیە ئێستا بۆ دژایەتیكردنی كورد دەست بەدامێنی ئەو رژێمەیە، كە ١١ ساڵ كاری بۆ رووخاندنی كردو ئامادەیە ئۆپۆزسیۆن تەسلیم بەڕژێمی سوریا بكاتەوە، بەس بەو مەرجەی كورد لەسوریا پاكتاوبكرێت. ئەوە پلانی ستراتیژیی و گەورەی توركیایەو بۆ ئەوەش ئامادەیە لەدەرگای هەموو شەیتانێك بدات.