هاوڵاتی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بەتاوانناساندنی دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بەكۆی دەنگ پەسندكرد. به‌پێى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ ئاماده‌ کرا سزاى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل "له‌سێداره‌دان یان زیندانى هه‌تاهه‌تایى"ده‌بێت و ئه‌وه‌ش هه‌موو به‌رپرسان و فه‌رمانبه‌ران ده‌گرێته‌وه‌.

هاوڵاتی فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل رایگەیاند كە "سوپای تورك شكستی هێناوەو ئێستا كوردی سۆران و كرمانج دەنێرن بۆ شەڕی گەریلا". راشیگەیاند:" چەكی كیمیاوی بەكاردەهێنن، هیچ ئەنجامیان نییە... بە سەگی دوو پێ ناتوانن سەربكەون، ئەمجارە سەگی چوارپێ دەنێرن". موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل لە ڕێگەی بێتەلەوە بۆ گەریلاكانی هەرێمی زاپ، سەبارەت بە هێرشی نوێی داگیركاری دەوڵەتی تورك، كە لە 17ی نیسانی 2022ەوە دەستیپێكردووە قسەیكرد. فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل لەسەرەتای قسەكانیدا وتی:" دوژمن دەیەوێت لە ناو هێزەكانیدا شێوازی هێرش پەرە پێبدات، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت، واتە بە پشتیوانی تەكنەلۆژیای زۆر بەرز و بە لێدانی تەكنیكی بەوجۆرە دەیەوێت خۆی بەرەوپێش ببات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو بوێرییە لەواندا نییە". هەروەها ئاماژەی بەوەكرد لە ماوەی ڕابردوودا هێرشی ئەوان بۆ سەر شاخی جەهەننەم، دوایین هێرشی بۆ سەر ئەشكەوتی برینداران، جارێكی تر بۆ سەر وەرخەلێی شەهید شاهین، كوڕەژارۆ ئەوەیان پەیڕەو كرد ووەو دەشڵێت:"ئێستاش بۆخۆیان ناتوانن بیكەن، سەگ دەنێرن و كورد دەنێرن، بەداخەوە، بەداخەوە، مەگەر لە هێرشەكەی سەر شاخی جەهەنەمدا هەڤاڵان نەیاوت، ئەوانەی هەم بە كرمانجی و هەم بە سۆرانی قسەیان دەكرد هەبوون، ئەوانە كێن؟ پێویستە مرۆڤ ئەوە دەستنیشان بكات، بەڵام دەوڵەتی تورك لە مێژووی خۆیدا هەر وای كردووە، خۆی دەڵێت، ‘ئیتی ئیتە كردرتما‌ واتە سەگ بە سەگ بكوژە، ئەوان دەیانەوێت جارێكی تر كوردان بەرەو ئێمە ئاراستە بكەن". " هەم چەتەی كورد، هەم چەتەی عەرەب كۆدەكەنەوە، دەیانەوێت بەوانە هێزێكی شەڕ دروست بكەن، یاخود شێوازی هێرشبەری بەرەو پێش ببەن، بەڵام جارێكی تر سەرناكەون، لەبەر ئەوەی بە سەگی دوو پێ ناتوانن سەربكەون، ئەمجارە سەگی چوارپێ دەنێرن، تائێستا لەوانە هیچ ئەنجامێكیان بەدەستنەهێناوەروونە كە دوژمن زیاتر پشت بە گاز دەبەستێت، واتە شێوازی ناجوامێرانە، رێبازی خائینانە، رێبازی چەپەڵ زۆر زیاتر بەكاردەهێنێت"، موراد قەرەیلان وای وت. هاوكات، قەریلان پەیام و بانگەوازی بۆ هەموو گەنجانی كورد و ژنانی كوردستان و گەنجان و ژنان و گەلانی ناوچەكە ناردو وتی:" وەرن جەنگی ئازادییە، لە ناوچەی بادینان، گۆڕەپانی زاپ، شوێن و واری ڕێكان و نێروە، ئەمڕۆ شتێكی نوێ بەرەو پێش دەچێت، ئیرادەیەكی بەرز و بەهێز گەشە دەكات، بوێرییەكی گەورە لە دژی هەموو دڕندەیی سەردەم بەرەوپێش دەڕوات، ئەمە ئاسایی نییە". دەقی پەیامی موراد قەرەیلان بۆ گەریلاکانی زاپ و ئاڤاشین من سەرەتا بە ناوی تەواوی بەڕیوەبەریی بزووتنەوەکەمان، بە خۆشەویستی و بە ڕێزەوە سڵاوتان لێدەکەم. مانگی ئایار مانگی شەهیدانە یادی هەموو شەهیدانی ئایار و شەهیدانی شۆڕشی کوردستان دەکەمەوە و لە کەسایەتیی شەهیدی یەکەم هاوڕێ حەقی قەراردا یادی هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی پیرۆز دەکەمەوە، یادی شەهیدانی بەرخۆدانی زاپ و بەرخۆدانی ئاڤاشین لە کەسایەتیی هەڤاڵ مزگین، ڕۆهات، ڕێبەر و ڤیەنەکاندا دەکەمەوە و لە بەرامبەر یادیاندا من بە ڕێزەوە سەری خۆم دادەنەوێنم. ئەو بەڵێن و پەیمانەى پێمانداون دووبارەی دەکەینەوە و دەڵێین: 'ئەی شەهید! با دڵتان شاد بێت. ئەو بەڵێن و پەیمانەى بە ئێوەمان داوە هەرگیز دەستبەرداری نابین و درێژەى پێدەدەین. ئێمە هەرگیز ڕێگا نادەین ئاڵاکەتان بکەوێتە سەر زەوی، ئێمە بە بەرزکردنەوە و بەبەهێزکردنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان خاوەنداری لە یادی ئێوە دەکەین و تۆڵەتان دەکەینەوە. لە رێپێوانەکەماندا بۆ ئازادکردنی کوردستان، ئازادکردنی ڕێبەرایەتی، ئێمە ئێوە زیندویی رادەگرین و دەبن بە کەسانی نەمر. بەڵێن و پەیمانەکەمان لەسەر ئەم بنەمایە دەبێتە بناغەى سەرکەوتنمان لە داهاتوودا'. ئەوەتا ٤٠ ڕۆژ تەواو بوو. ئەمڕۆ لە هەرێمی زاپ و وەرخەل بەرخۆدانێکی مێژوویی هەیە. بەرگرییەکی زۆر گەورە هەیە. ئێمە دەزانین ئەمە بە ڕەنجدان و هەوڵێکی زۆر گەورە ئەنجام دەدرێت. بە ڕەنجی شەهیدە قارەمانەکان، بە ڕەنجی هەڤاڵان، بە فیداکاری ئێوەی هەڤاڵان ئەم بەرخۆدانە مێژووییە، ئەم هەموو ڕۆژە بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بەڕێوەدەچێت. ئێمە باش دەزانین دوژمنێک لە دژی ئێمە هەیە دوژمنێکی ڕەگەزپەرست و فاشیست و دڕندەیە، بەڕادەیەکی زۆر فاشیست و دڕندەیە، بەڵام هاوکات زۆر ترسنۆکیشە، ناجوامێر و نامەرد و بێبەختە. فیداکارییەکی گەورە دەکرێت بەپشتیوانی گلادیۆی ناتۆ هەموو تەکنەلۆژیای سەردەم لە دژی ئێمە بەکاردێت، بەڵام ئەم دوژمنە بەدبەخت و بێبەخستە تەنیا بەوەوە ڕانەوەستاوە، ئەو چەکانەى ئەمڕۆ لە جیهاندا قەدەغکراون، چەکی کیمیایی لە دژی ئێمە بەکاردێنێت. ئێمە دەزانین لە بەرامبەر ئەو هێرشەى دوژمن، کە بە هەموو جۆرە چەکێک ئەنجام دەدرێت، بە ئیرادەیەکی زۆر گەورەوە، بە بوێرییەکی زۆرەوە، بە فیداکارییەکی زۆر قووڵەوە مێژوو تۆمار دەکرێت. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدرێتەوە و پێشدەخرێت.فیداکارییەکی زۆر گەورە لە کەسایەتی ئەو هەڤاڵانەدا دەکرێت، بۆیە ئێمە سڵاو و پیرۆزبایی لە هەموو هەڤاڵانمان دەکەین. ئێمە دەزانین ئەو ڕەنجەی ئێوە دەیدەن،  ئەو ئازایەتی و قوربانیدانەی ئەمڕۆ لە ناوچەی زاپ دەکرێت و دەدرێت، کار و تێکۆشانێکی ئاسایی نییە. نەک هەر لاپەڕەیەکی زێڕینی نوێ لە مێژووی کوردستاندا دەنووسرێت، بەڵکو داستانی قارەمانێتیی بێ وێنەش لەوێ تۆمار دەکرێت. شانبەشانی ئەوەش لە مێژووی جەنگدا لاپەڕەیەکی نوێ دەنووسرێت. لە مێژووی شەڕی مرۆڤایەتیدا ئەمڕۆ شتی نوێ لەسەر خاکی کوردستان لە هەرێمی زاپ ڕوودەدات، لە دژی تەکنەلۆژیای سەردەم، لە دژی هەموو جۆرە چەکێکی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، ئیرادەی سەرکەوتنی مرۆڤ و بەهرە و توانایی مرۆڤ و بوێریی مرۆڤ هەیە، واتە لە بەرامبەر تەکنەلۆژیای سەردەم دا مرۆڤ دەتوانێت چی بکات، چۆن دەتوانێت سەربکەوێت، ئەمڕۆ ئێوەی هەڤاڵ ئەم ڕاستییە بە تەواوی جیهان پیشان دەدەن و ئێوە ئەو ڕاستییەن. لەبەر ئەو هۆکارە، ئەم بەرخۆدانە بەرخۆدانێکی زۆر گرنگە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ٣٠٠ پیاوی جەنگاوەری سپارتانی یۆنانی لە دژی سوپای ئیمپراتۆریەتی فارس شەڕیان دەکرد، چەندین رۆژ بەرەنگارییان کرد. داستانێکیان تۆمار کرد. هەموو سوپایان ڕاوەستان و بەوەش بەرهەمێک بۆ مێژووی جەنگ و بەرەنگارییان ئافراند، بەرخۆدانی ٣٠٠ سپارتان بەو شێوە چووە ناو مێژوو و لە مێژوودا بە زیندویی ماوەتەوە. شەڕڤانانی ئاپۆیی ژنان و پیاوانن، ئەمە جیاوازییەکەیە. ژنان و پیاوانی ئاپۆیی لەسەر وشیاری و هۆشمەندیی ڕێبەر ئاپۆ دەجوڵێنەوە و  چالاکی ئەنجام دەدەن، خۆیان پەروەردە کردووە، خۆیان بەوە کردووە بە عەگید، جەنگاوەریی ئەوان لەمڕۆدایە و هەموان دەیبینن، بەڵام ئێمە دەزانین ٣٠٠ جەنگاوەری سپارتان داستانێکیان تۆمارکرد و گورزێکی گەورەیان لە ئیمپراتۆریەتیی فارس دا، بەڵام شێرەکانی زاپ هەر تەنها داستان تۆمار ناکەن، بەڵکو بەم شێوازەی بەرخۆدان سەرکەوتنێکیش دەئافرێنن و لە مێژوودا سەردەمێکی نوێ لە بەرخۆدان پێشدەخەن. نیشانەی ئەمە ئەو ٤٠ ڕۆژەیە، کە تێپەڕیوە و ئەم ماوەیە ئەو ڕاستییەى سەلماندووە. ئەم بەرخۆدانە لە دژی سوپا و دوژمنێکی ئاسایی نییە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت لەسەر عەقڵییەتی ئیتحاد و تەرەقییەکان سیاسەتی جینۆساید و پاکتاوکردن لەسەر کوردستان بەڕێوەببات و خۆی بەسەر کوردستاندا زاڵ بکات و دوای ئەوەش بناغیەک بۆ خۆ زاڵکردن بەسەر گەلانی ناوچەکە و گەلی عەرەب و هەموو گەلاندا دروست بکات. بۆ ئەوەش لەسەر گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە مەترسییەکی زۆر گەورە هەیە. وشیاری یەکێتی تورکیا دابمەزرێت مەترسییەکی گەورە بۆ سەر گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە هەیە. ئەمڕۆ ئێوە بەرهەڵستی وبەرەنگاری لە دژی ئەم ڕەگەزپەرستییە و تورانیزمی ئیتحاد و تەرەقی دەکەن. ئێوە لە زاپ تەنها پارێزگاری لە ناوچەکانی ڕێکانی و نێروە ناکەن. ڕاستییەکە ئەوەیە، کە ئێوە ئەوێ دەپارێزن، ئەوێ خاکێکی پیرۆزە. ئێوە لە بنچینەدا و لە کەسایەتی ناوچەی ڕێکان و نێروە ا پارێزگاری لە هەموو باشووری کوردستان دەکەن. ئێوە پارێزگاری لە قەوارەی باشوری کوردستان دەکەن. هاوکات ئێوە هەموو گەلی کوردستان و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و بوونی گەلی کوردستان و ئازادیی گەلی کوردستان دەپارێزن. بەرخۆدانی ئەمڕۆی ئێوە لە زاپ بەرزترین بەرخودانە لە دژی عەقڵییەت و نەژادپەرستیی ئیتحاد و تەرەقی و ئەو بەرخودان بەرەو لوتکە و هەڵکاشان دەڕوات،  لە هەمان کاتدا بەرخۆدانی گەلی عەرەب، و هەموو گەلانی ناوچەکەیە. ئەم بەرخۆدانە ئەمڕۆ زۆر گرنگە بۆ پاراستنی بەهاکانی گەلی ئاشووری - سوریانی و گەلانی عەرەب و تورک و فارس، بۆ هەبوون و ئازادیی گەلی کورد، لە هەمان کاتدا ئەم بەرخۆدانە لەسەر بنەمای نەتەوەیی دیموکراتیک، لەسەر بنەمای ئینتەرناسیۆنالیزم بەرزدەبێتەوە و گەشە دەکات و بەرەوپێش دەڕوات. ٤٥ ساڵ لەوە پێش ئینتەرناسیۆنالیستی گەورە هەڤاڵ حەقی قەرار لە کوردستان شەهید بوو، لەو پێناوەدا خوێنی خۆی ڕژاند، بناغەی ئەم پارتە و ئەم خەباتە دامەزرا. ٣٧ ساڵ لەمەوبەر عەزیز عەرەب، واتە هەڤاڵ نادر شێخ حەسەن لە هەرێمی بۆتان شەهید بوو، واتە شەپۆلێکی ئینتەرناسیۆنالیستی بناغەیەکی وەهایان لە کوردستان دامەزراندووە، ئەمڕۆ شوێنکەوتووانی حەقی قەرارەکان،هاوڕێیانی تورک، شوێنکەوتوانی عەزیز عەرەب بۆ خۆیان و ڕاستەوخۆ لە بەرخۆدانی زاپدان، بەم بۆنەیەوە سڵاو لە بەرخۆدانی ئینتەرناسیۆنالیست و بەتایبەتی هەڤاڵانی عەرەب دەکەم و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. وەرن جەنگی ئازادییە ئەو بەرخۆدانەی ئەمڕۆ لە زاپ ئەنجام دەدرێت پەیام و بانگەوازێکە بۆ هەمووان، پەیام و بانگەوازێکە بۆ هەموو گەنجانی کورد، ژنانی کوردستان، بۆ هەموو گەنجان و ژنان و گەلانی ناوچەکە، بانگەوازی وەرن جەنگی ئازادییە، هاوکات بانگەوازێکیش و هاوارێکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، لە ناوچەی بادینان، گۆڕەپانی زاپ، شوێن و واری ڕێکان و نێروە، ئەمڕۆ شتێکی نوێ بەرەو پێش دەچێت، ئیرادەیەکی بەرز و بەهێز گەشە دەکات، بوێرییەکی گەورە لە دژی هەموو دڕندەیی سەردەم بەرەوپێش دەڕوات. ئەمە ئاسایی نییە. ئەمە بانگەوازێکە بۆ هەموو کەسێک. بۆ هەموو ویژدانێک، هەموو کەسێکی نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێز، هەموو مرۆڤێکی دیموکراتیک، هەموو مرۆڤێک، کە پشتگیری لە برایەتیی گەلان دەکات. بۆ ئەوەی زۆر مانادارە و بە ئیرادەیەکی گەورە ئەنجام دەدرێت. هەر وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ بە ئیرادەیەکی گەورە و خۆڕاگرییەکی زۆرەوە ماوەی ٢٤ ساڵە لە سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمرالیدا خۆڕاگری دەکات، دەبێت ئێمەی شوێنکەوتووانی ڕێبەر ئاپۆ لە چیاکانی کوردستان و لە هەموو شوێنێکی کوردستان هەمان تێگەیشتن نیشان بدەین و نوێنەرایەتیی بکەین. ئەمڕۆ ئێوە نوێنەرایەتیی ئەمە دەکەن و بەڕێوەی دەبەن. بۆ ئەوەش هەموو کەسێک ڕێز لەم بەرخۆدانە دەگرێت، پێش هەموو شتێک ئێمە وەک بەڕێوەبەر و هەموو هەڤاڵانمان، هەموو گەلەکەمان، دۆستانمان ڕێزێکی زۆرمان بۆ ئەم بەرخۆدانە هەیە و پیرۆزبایتان لێدەکەین و سڵاوتان بۆ دەنێرین. بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە چاودێریی ئەم بەرخودانە دەکرێت. ئێمە لێرە چاوی هەموو کەسێکین و هەموو کەسێک چاوی لەسەر ئێمەیە. ئەو بەرخۆدانەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت لە ڕووی مێژوویی، ئایدۆلۆژی و فەلسەفییەوە و هەروەها لە ڕوویی سیاسییەوە مانایەکی زۆر گەورەی هەیە. ئێمە دەزانین هەرچەند لایەنی ڕۆحی و مەعنەوەیی و ماناداربوونی خۆمان بەرز و مەزن بکەینەوە، ئەگەر لە پاڵ ئەو فیداکاری، لێهاتووویی، نەترسی، ئیرادەیەکی گەورە، ئافرێنەری و خوڵقاری نەبێت مرۆڤ ناتوانێت سەربکەوێت. ئێستا ئێمە دەزانین ئەوە ئاسان نییە، چونکە ئێمە لێ دوور نین و لە ناویداین. پێویسته‌ گه‌له‌كه‌شمان بزانێت، ته‌واوی دۆسته‌كانمان بزانن، واته‌ ئه‌مه‌ بارێكی قورسه‌. ئه‌مه‌ فیداكارییه‌كی گه‌وره‌یه‌، ئه‌مه‌ شتێكی ئاسان نییه‌، ٢٤ كاتژمێر له‌ دژی ئه‌م دوژمنه‌ دڕنده‌یه‌ له‌ دژی بۆردومان، له‌ دژی گازی كیمیایی وه‌ستانه‌وه‌ شتێكی ئاسایی نییه‌. وشه‌ ناتوانێت ده‌ریببڕێت. مرۆڤ ته‌نیا بڵێن ئیراده‌یه‌كی گه‌وره‌، پشودرێژییه‌كی گه‌وره‌، ئازایه‌تیه‌كی گه‌وره‌ ئه‌ویش به‌شی ناكات. ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌و ده‌كرێت له‌ سه‌رووی ئه‌وانه‌وه‌یه‌. له‌وانه‌ زۆر گه‌وره‌تره‌. ئێمه‌ باش ده‌زانین ئه‌مڕۆ هه‌ڤاڵان به‌ چ دژوارییه‌ك، به‌ چ شێوه‌یه‌ك ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن، به‌رخودانی پیرۆز به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. شتێكی زۆر به‌رز و به‌ واتایه‌. له‌ ژیانی مرۆڤایه‌تیدا، له‌ تێكۆشانی مێژووی مرۆڤایه‌تیدا به‌ر راستی ئه‌وه‌ شتێكی نوێیه‌. پێویسته‌ هه‌موو كه‌س ئه‌وه‌ بزانێت. ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی ئێستا ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و به‌رخودانه‌ ده‌كه‌ن پێویسته‌ بزانن كه‌ وه‌ك هاوڕێیانی ئه‌وان ئێمه‌ زۆر هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین و ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ اه‌ی له‌وێ ده‌ژین. له‌ گه‌ڵ هه‌موو هه‌ناسه‌یه‌ك تێكۆشان به‌ڕێوه‌ده‌برێت، به‌راستی شتێكی ئاسایی نییه‌، مه‌زنه‌. باری سه‌ر شان قورسه‌. واته‌ ئاسان نییه‌، دووه‌م سوپای ناتۆیه‌، تۆ ٤٠ رۆژ به‌رامبه‌ری وه‌ستاویته‌وه‌ و تۆ ده‌ته‌وێت شكستی بده‌یت. به‌ر له‌ هه‌موو شتێك، ئه‌وه‌ خواستێكی گه‌وره‌یه‌، هه‌ر به‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ بوێرییه‌كی گه‌وره‌ی ده‌وێت. دوژمن تائێستا سه‌رنه‌كه‌تووه‌ پێویسته‌ ئێوه‌ وه‌ك هه‌ڤاڵان فه‌رمانده‌، وه‌ك ته‌واوی هه‌ڤاڵانی شه‌ڕڤانی به‌ نرخ، بزانن ئه‌مه‌ كارێكی گرنگ و مێژووییه‌. ته‌واو، راسته‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ پاڵ ئه‌و كاره‌دا ئیراده‌یه‌كی گه‌وره‌، هاوڕێیه‌تیه‌كی به‌رز، رۆحی گیانبازیی ئاپۆیی، رێ و رێبازی ئافرێنه‌رانه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ، ئاقڵمه‌ندی، تاكتیكی قوڵ و ده‌وڵه‌مه‌ن بوونی نه‌بێت، مرۆڤ ناتوانێت سه‌ربكه‌وێت. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ ئێوه‌ له‌ ناو خۆتاندا وه‌ك به‌رخودێرانی شاخه‌ سور گیانی هاوڕێیه‌تی به‌هێز بكه‌ن، بیگه‌شێننه‌وه‌، به‌های یه‌كتر باش باش بزانن. یه‌كتر بپارێزن، یه‌كتر به‌هێز بكه‌ن، به‌وه‌ش هاوكارییه‌كی گه‌وره‌ بهێننه‌ ئاراوه‌. هه‌روه‌ها، له‌ بواری تاكتیكدا پێویسته‌ په‌ره‌ به‌ داهێنان بده‌ن. روونه‌ كه‌ دوژمن ده‌یه‌وێت له‌ ناو هێزه‌كانیدا شێوازی هێرش په‌ره‌ پێبدات. به‌ڵام تائێستا نه‌یتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت. واته‌ به‌ پشتیوانی ته‌كنه‌لۆژیای زۆر به‌رز و به‌ لێدانی ته‌كنیكی به‌و جۆره‌ ده‌یه‌وێت خۆی به‌ره‌وپێش ببات. دیاره‌ كه‌ به‌و جۆره‌ ویستوویه‌تی هه‌ندێك خۆی ئاماده‌ بكات. ئاشكرا كه‌ ویستوویه‌تی به‌و جۆره‌ خۆی ئاماده‌ بكات. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و بوێری ئه‌و گیانه‌ له‌واندا نییه‌، ناتوانن راسته‌وخۆ جێبه‌جێی بكه‌ن. له‌ ماوه‌ی رابردوودا هێرشی ئه‌وان بۆ سه‌ر شاخی جه‌هه‌ننه‌م، دوایین هێرشی بۆ سه‌ر ئه‌شكه‌وتی برینداران، جارێكی تر بۆ سه‌ر وه‌رخه‌لێی شه‌هید شاهین، كوڕه‌ژارۆ ئه‌وه‌یان په‌یرشه‌و كرد. ئێستاش بۆخۆیان ناتوانن بیكه‌ن، سه‌گ ده‌نێرن و دوور له‌ سه‌گ مرۆڤ ده‌نێرن، كوردان ده‌نێرن. به‌داخه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌، مه‌گه‌ر له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر شاخی جه‌هه‌نه‌مدا هه‌ڤالان نه‌یاوت، ئه‌وانه‌ی هه‌م به‌ كرمانجی و هه‌م به‌ سۆرانی قسه‌یان ده‌كرد هه‌بوون. ئه‌وانه‌ كێن؟ پێویسته‌ مرۆڤ ئه‌وه‌ ده‌ستنیشان بكات. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورك له‌ مێژووی خۆیدا هه‌ر وای كردووه‌. خۆی ده‌ڵێت، 'ئیتی ئیته‌ كردرتما' واته‌ سه‌گ به‌ سه‌گ بكوژه‌. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت جارێكی تر كوردان به‌ره‌و ئێمه‌ ئاراسته‌ بكه‌ن. چه‌ته‌ی كورد زمان ده‌نێرن به‌م جۆره‌ دیاره‌ چه‌ته‌ی هه‌موو ناوچه‌كانیان كۆكردووه‌ته‌وه‌، هه‌م چه‌ته‌ی كورد، هه‌م چه‌ته‌ی عه‌ره‌ب كۆده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌یانه‌وێت به‌وانه‌ هێزێكی شه‌ڕ دروست بكه‌ن. یاخود شێوازی هێرشبه‌ری به‌ره‌و پێش ببه‌ن. به‌ڵام جارێكی تر سه‌رناكه‌ون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌گی دوو پێ ناتوانن سه‌ربكه‌ون، ئه‌مجاره‌ سه‌گی چوارپێ ده‌نێرن. تائێستا له‌وانه‌ هیچ ئه‌نجامێكیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌. روونه‌ كه‌ دوژمن زیاتر پشت به‌ گاز ده‌به‌ستێت. واته‌ شێوازی ناجوامێرانه‌، رێبازی خاینانه‌، رێبازی چه‌په‌ڵ زۆر زیاتر به‌كارده‌هێنێت. پێویسته‌ هه‌ڤاڵان به‌رامبه‌ر به‌وه‌ رێوشوێن بگرنه‌به‌ر. واته‌ له‌و رووه‌وه‌ له‌ ورده‌كارییه‌كاندا قوڵببنه‌وه‌. هه‌م ورده‌كاری رێوشوێنه‌كاندا ده‌بێت رێ و رێبازی قوڵ هه‌بن، هۆشمه‌ندی و ژیری هه‌بێت، هه‌ستیاری گه‌وره‌ هه‌بێت و هه‌روه‌ها له‌ رووی به‌ره‌وپێشبردنی تاكتیكدا به‌ هه‌مان شێواز ده‌بێت ئێوه‌ له‌ ورده‌كارییه‌كاندا قوڵ ببنه‌وه‌. ورده‌كاری یان داتا زۆر گرنگه‌. له‌م رووه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ دوژمن هیچ شێوازێكی تری نییه‌. چی هه‌بێت تائێستا هه‌مووی به‌كارهێناوه‌. ئه‌مجاره‌ ده‌بێت ئێمه‌ به‌ پێی ئه‌وه‌ رێوشوێن بگرینه‌به‌ر و به‌پێی ئه‌وه‌ ئێمه‌ به‌رامبه‌ر دوژمن شێوازی شۆڕشگێڕی به‌ره‌و پێش ببه‌ین. ئێستا به‌ر له‌ هه‌موو شتێك، تونێله‌كانمان قه‌ڵای ئێمه‌ن. واته‌ له‌ مێژوودا وه‌ك چۆن قه‌ڵا هه‌بوون، قه‌ڵا له‌سه‌ر زه‌وی هه‌بوو، هه‌ر هێزێك قه‌ڵای گه‌وره‌ و باشی هه‌بوایه‌ ده‌یتوانی به‌رامبه‌ر به‌ هێزه‌ گه‌ورره‌كان بیپارێزێت و سه‌ربكه‌وێت. ئه‌مڕۆش قه‌ڵای ژێر زه‌وی هه‌ن، قه‌ڵای ژێر زه‌ویش تونێلن. لێره‌دا ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت بیڵێم ئه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ داوا له‌ هه‌موو هه‌ڤاڵان ده‌كه‌ین، هیوادارین، هه‌ڤالانی هێژا، له‌و ئه‌زمونانه‌ قاڵبوونه‌ دروست بكه‌ن. هه‌ستیار بن. با وردبوونه‌وه‌تان هه‌بێت. ئێوه‌ بتوانن خۆتان بپارێزن، پێویسته‌ خۆتان بكه‌نه‌ هێزی سه‌ركه‌وتن. ته‌نیا خۆڕاگری مه‌كه‌ن، به‌رخودانی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنه‌. بۆ ئه‌وه‌، پێویسته‌ شه‌ڕی تونێله‌كان و رێ و رێبازه‌كان به‌ سه‌ركه‌وتوویی په‌یڕه‌و بكه‌ن. به‌ رێگه‌ و رێبازی قوڵ به‌ڕێوه‌ ببرێت. ئێمه‌ سڵاو بۆ هه‌ڤاڵانی ئاڤاشینیش ده‌نێرین. به‌رخودانیان له‌ وه‌رخه‌لێ باشه‌. ته‌نیا ده‌بێت ئه‌وان به‌رفراوانی ئه‌یاله‌تی ئاڤاشین بكه‌نه‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕی تیم. ئێمه‌ چاوه‌ڕێی ئێوه‌ین. له‌و بڕوایه‌دام هه‌ڤاڵان به‌وه‌وه‌ خه‌ریكن، راوه‌سته‌یان كردووه‌. ئێستا ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ هه‌موو گۆڕه‌پانه‌كان بخرێنه‌گه‌ڕ، گۆڕه‌پانه‌كانی تر كه‌ پێویست نییه‌ ناو بهێنم، هه‌موو كه‌س ده‌بێت خاوه‌نداری له‌ ئه‌ركی خۆی بكات، به‌و جۆره‌ به‌ ده‌وری به‌رخودانی زاپه‌وه‌ ئاڵقه‌یه‌كی گرنگ دروست ده‌بێت. له‌ ته‌واوی كوردستانیش گه‌له‌كه‌مان پشتیوانی ده‌كات. به‌راستیش له‌ ده‌ره‌وه‌ و و ناوخۆی وڵات گه‌له‌كه‌مان به‌ فیداكاری گه‌وره‌ پشتیوانی ده‌كات. ئه‌م پشتیوانیه‌ تادێت به‌هێزتر ده‌بێت، به‌شداری په‌ره‌ ده‌ستێنێت، ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌داین كه‌ به‌رخودانی زاپ له‌گه‌ڵ خۆی قۆناغێكی نوێ دێنێته‌ ئاراوه‌. بۆ ئه‌وه‌ش ته‌نیا ئازایه‌تی به‌س نییه‌. ئازایه‌تی و گیانبازی بناغه‌ن. به‌ڵام ته‌نیا بۆخۆیان به‌س نین. داهێنه‌ری پێویسته‌، ژیری پێویسته‌. به‌ شێوازێكی له‌ناكاو، لێهاتوویی پێویسته‌. ئه‌گه‌ر هه‌موو هه‌ڤاڵان له‌ گه‌وهه‌ریاندا شتێك هه‌یه‌، له‌ سه‌ر بنه‌مای ئایدۆلۆژیای رێبه‌ر ئاپۆ به‌كاریبهێنن، ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ كه‌ زۆر شت له‌ ناوه‌رۆكی گه‌وهه‌ری هه‌ڤاڵاندا هه‌یه‌. ئه‌و رۆحه‌ له‌ ئێوه‌دا هه‌یه‌. ئه‌و گیانبازییه‌ی كه‌ تا ئێستا كردووتانه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ هه‌یه‌. ته‌نیا ده‌بێت كه‌ به‌های خۆتان بزانن، ئێوه‌ خۆتان بپارێزن، یه‌كتر بپارێزن، ئێوه‌ ده‌بێت له‌ ناو خۆتان كۆمۆنالیزم و پێكه‌وه‌ییه‌كی گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ن و له‌ناو خۆتاندا به‌ ژیری بجوڵێنه‌وه‌. بزانن كه‌ ئێوه‌ ئه‌مڕۆ پێشه‌نگایه‌تی مێژوو ده‌كه‌ن، ئێوه‌ ئه‌مڕۆ رۆڵێكی گه‌وره‌ ده‌گێڕن، پێویسته‌ كه‌ ئێوه‌ هه‌قی ئه‌وه‌ بده‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌قی ئه‌وه‌ بده‌ن ده‌بێت خۆتان بپارێزن. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاستیدا بن ده‌بێت تاكتیكی داهێنه‌رانه‌ به‌ره‌و پێش ببه‌ن. ئێستا له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌، ئه‌گه‌ر گیانی فیدایی ئاپۆیی و به‌ بوێری، جارێكی تر ئافرێنه‌ری ئاپۆیی، ژیری ئاپۆیی و قاڵبوونه‌وه‌ له‌ تاكتیك، ده‌وڵه‌مه‌ندی دێته‌ ئاراوه‌، له‌ سه‌دا سه‌د سه‌ركه‌وتن بۆ ئێوه‌ ده‌بێت، بۆ ئێمه‌ ده‌بێت، بۆ گه‌له‌كه‌مان ده‌بێت، بۆ گه‌لان ده‌بێت. سه‌ركه‌وتن بۆ ئازادی و دیموكراسی ده‌بێت. سه‌ركه‌وتن بۆ پێرسپێكتیڤی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیك ده‌بێت. له‌و بڕوایه‌دام كه‌ ئه‌و ناوه‌رۆكه‌ له‌ هه‌ڤاڵاندا هه‌یه‌. به‌ڵام ته‌نیا ده‌بێت وشیار بن، به‌رده‌وام بیر له‌ رۆڵ و په‌یامی خۆتان بكه‌نه‌وه‌، به‌پێی ئه‌وه‌ پلانی درێژخایه‌نی خۆتان دابنێن. ده‌بێت بزانین كاتێكی درێژ له‌ به‌رده‌مماندا هه‌یه‌. راسته‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت رۆژێك زووتر دوژمن شكست بده‌ین. به‌ڵام ده‌بێت ئێمه‌ بتوانین بیر له‌ شه‌ڕی درێژخایه‌ن بكه‌ینه‌وه‌، پلانه‌كه‌مان به‌و جۆره‌ لێبكه‌ین، خۆمان زوو ماندوو نه‌كه‌ین، خۆمان به‌و جۆره‌ زوو نه‌كه‌ینه‌ ئامانج. ئێمه‌ تا درێژخایه‌نی به‌ بنه‌ما بگرین، له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڤاڵان بجوڵێنه‌وه‌ وه‌ك وتمان، بیر و بڕوای ئێمه‌ و ته‌واوی هه‌ڤاڵان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌و ناوه‌رۆكه‌ له‌ ناو هه‌ڤاڵانی به‌رخودانی پیرۆزی زاپ و ئاڤاشیندا هه‌یه‌، ئێوه‌ په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن. به‌و جۆره‌ ئێوه‌ ده‌بنه‌ پێشه‌نگی سه‌رده‌م. به‌و بیر و باوه‌ڕیه‌وه‌ جارێكی تر ته‌واوی هه‌ڤاڵان به‌ خۆشه‌ویستی، به‌ رێزه‌وه‌ سڵاو ده‌كه‌م، به‌ هۆشمه‌ندی و جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕییه‌وه‌، به‌ دڵ و گیان هه‌موویان، بۆ هه‌موومان سه‌ركه‌وتن ده‌خوازم".

هاوڵاتى به‌پێى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ ئاماده‌ کراوه‌ سزاى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل "له‌سێداره‌دان یان زیندانى هه‌تاهه‌تایى"ده‌بێت و ئه‌وه‌ش هه‌موو به‌رپرسان و فه‌رمانبه‌ران ده‌گرێته‌وه‌. لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاندووه‌ که‌ لیژنه‌که‌یان راپۆرتى کۆتایى خۆى له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى به‌تاوانناساندنى ئاساییکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاماده‌کردووه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ په‌رله‌مان بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌ کۆده‌بێته‌وه‌ ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌درێت. حه‌سه‌ن ئه‌لعه‌زاری، سه‌رۆکى فراکسیۆنى سه‌در و ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌راگه‌یه‌نراوێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌ که‌ لیژنه‌که‌یان راپۆرتى کۆتایى خۆى له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى به‌تاوانناساندنى ئاساییکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ته‌واوکردووه‌. سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق بڵاویکرده‌وه‌، رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 26ى ئایارى 2022 په‌رله‌مان کۆده‌بێته‌وه‌ و کارنامه‌ى کۆبونه‌وه‌که‌ش له‌ یه‌ک برگه‌ پێکهاتوه‌ ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى به‌تاوانناساندنى ئاساییکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. به‌پێى ره‌شنوسى پڕۆژه‌یاساکه‌ى په‌رله‌مان هه‌ر جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌کى فه‌رمى و نافه‌رمى له‌سه‌ر ئاستى تاک و به‌کۆمه‌ڵیش له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌ ناوه‌وه‌ یان ده‌ره‌وه‌ى عێراق، سزاکه‌ى "له‌سێداره‌دان یان زیندانى هه‌تاهه‌تایى" ده‌بێت.  به‌پێى ره‌شنوسه‌که‌ حوکمه‌کانى یاساکه‌ به‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌دا جێبه‌جێ ده‌کرێت: *  عێراقییه‌کانى ناوخۆى وڵات و ده‌ره‌وه‌، به‌رپرسان و فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت، ئه‌وانه‌ى بۆ خزمه‌تى گشتى راسپێردراون له‌ هاوڵاتییان و سه‌ربازان، هه‌روه‌ها ئه‌و بیانییانه‌ى له‌ناو عێراقدان. *  سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌کانى ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ فیدڕاڵى و ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆکان. * حکومه‌ته‌کانى هه‌رێمه‌کان و ئه‌نجومه‌نه‌ په‌رله‌مانییه‌کانیان و سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌کانیان. *   پارێزگاره‌کان و ئه‌نجومه‌نه‌کانى پارێزگا ناڕێکخراوه‌کان له‌ هه‌رێمێکدا و یه‌که‌ کارگێڕییه‌ خۆجییه‌کان و فه‌رمانگه‌کانیان. هه‌روه‌ها(دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌کانى عێراق، ئامرازه‌کانى په‌یوه‌ندیى کۆمه‌ڵایه‌تی، دامه‌زراوه‌کان و رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ عێراق، کۆمپانیاکانى تایبه‌ت و کۆمپانیا و دامه‌زراوه‌ بیانییه‌کان و وه‌به‌رهێنه‌ران، گه‌شتکردن له‌ خاکى ئیسرائیله‌وه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌).    

سازدانی: ئارا ئیبراهیم   وتەبێژی كۆماجڤاكێن كوردستان(كەجەكە) هەموو زانیارییەك لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەی سوپاكەی ئەردۆغان دەخاتەڕوو و ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە «شەڕ بەردەوامە، خۆڕاگری گەریلا لە زاپ و ئاڤاشین شكستی بەسوپای تورك هێناوە». زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆماجڤاكێن كوردستان(كەجەكە) لەمچاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى پارتی تۆمەتبار دەكات بەهاوكاری كردنی سوپاكەی ئەردۆغان و دەڵێت:»پەدەكە هەموو هاوكارییەكی سوپای تورك دەكات لەڕووی هەواڵگری و هەواڵگری سەربازی و راگەیاندن و پەیوەندییەكان و گەمارۆ خستنەسەر هەرێمەكانی گەریلا».، هەروەها دەشڵێت:» پارتی خۆیان دەڵێن دەستیان بەسەر هەزارو 200 ماسكدا گرتووە كە ئەو ماسكانە دەتوانێت گیانی هەزارو 200 گەریلا بپارێزێت،  بەڵام پەدەكە(پارتی دیموكراتی كوردستان) بەهاوكاری توركیا دەستبەسەر ئەو ماسكانەدا دەگرێت». هاوڵاتى: لەدوای ئۆپەراسیۆنی «چنگی قوفڵ» تائێستا زیانەكانی سوپاكەی ئەردۆغان چین؟ زاگرۆس هیوا: ئۆپەراسیۆنەكەی دەوڵەتی تورك كە لە 15ی نیسان و بەتایبەت لە 9ی شەوی 17ی نیساندا دەستی پێكرد، ئێمە دوای مانگێك ئامارێكمان بڵاوكردەوە كە لەماوەی مانگێكدا 427 سەربازی تورك كوژراون و 88 دیكەیان بریندار بوون، بەڵام لەدوای ئەو بەروارەوە تائێستا 155 سەربازی دیكەی تورك كوژراوە، واتا بەكۆی گشتی 582 كوژراو سەربازی سوپای تورك بەدەست و بەرخودانی گەریلا كوژراون.   شەڕ بەردەوامە، خۆڕاگریی گەریلا لــــەزاپ و ئاڤاشین شكستی بەسوپای تورك هێناوە   هاوڵاتى: سوپاكەی ئەردۆغان چەكی كیمیاوی بەكاردەهێنێت و وەك باستان كردووە كۆمەڵكوژی ئەنجامدەدات،  ئەو چەكە كیمیاویانە چۆن بەكاردەهێنێت و لەكوێوە دەستی دەكەوێت؟ زاگرۆس هیوا: توركیا زۆرجار چەكی كیمیاوی دژی گەریلا بەكارهێناوە لەساڵەكانی نەوەدەكان و دواترو ساڵی دوو هەزاریش، تائێستاش هەر بەكاریدەهێنێت. زۆرترین چەكی كیمیاوی لەلایەن سوپای توركەوە كە بەكارهاتووە لە 2020 زۆر زیادی كردووە، ساڵی رابردوو واتا 2021، بەدیاری كراوی 327 جار چەكی كیمیاوی دژی گەریلا بەكارهێناوەو 39 گەریلا شەهید بوون. ئەمساڵ بەتەكبیری تایبەتی هەڤاڵانی گەریلا كە دەرسیان لەوەی ساڵی رابردوو وەرگرتووە، زۆرتر تەكبیری سروشتیی ئەنجام دەدەن بەو هۆیەوە چەكە كیمیاویەكە كاریگەری كەمترە، بەڵام ئەمساڵ هەشت هەڤاڵی دیكەمان بەو چەكە كیمیاویانە شەهید بوون. دیارە یەكێك لەتەكبیریەكانی گەریلا، ماسكی بەرگری كردنە لەچەكی كیمیاوی، بەڵام پەدەكە(پارتی دیموكراتی كوردستان) گەمارۆی خستۆتەسەر هەرێمەكانی گەریلا، ئەو ماسكەش بەئاسانی بەدەستی گەریلا نەگەیشتتوەو پارتی خۆیان دەڵێن دەستیان بەسەر هەزارو 200 ماسكدا گرتووە كە ئەو ماسكانە دەتوانێت گیانی هەزارو 200 گەریلا بپارێزێت،  بەڵام پەدەكە(پارتی دیموكراتی كوردستان) بەهاوكاری توركیا دەستبەسەر ئەو ماسكانەدا دەگرێت و بەهەڵمەتی چەواشەكاری دەڵێت بۆ ئاژاوەنانەوەو تەقینەوە بووە. ئەو چەكە كیمیاویانە بەدیاری كراوی لەوڵاتانی ئەڵمانیاو بەریتانیا بەكاردێت، چوار جۆرن و هەندێكیشی دروستكراوی دەوڵەتی توركیا بۆ خۆیەتی، هەندێجار كە لەدژی تونێل و شوێنی داخراو بەكاریدەهێنێت هەرچ گازێك بەكاردەهێنێت لەشوێنی داخراو، چەكی كیمیاوی ئەگەر گازی فرمێسكڕێژ و بیبەریش بێت دەكەوێتە چوارچێوەی چەكی كیمیاییەوە و خۆی بەرهەمی دەهێنێت. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت كە لەگەڵ چەكی كیمیاوی، (((تێرموبارەك))) بەكاردەهێنێت كە لەشەڕی ئێستای روسیاو ئۆكرانیا بەكاردەهێنرێت، وڵاتانی نێودەوڵەتی وشیارنین بەرانبەر ئەوەی بەكاریدەهێنێت، بەڵام سەردانمان كردووە بۆ دەزگا نێودەوڵەتییەكان، بەڵام توركیا بەرتیل و رەشووە دەداتە ئەو رێكخراوانەو ئەو رێكخراوانەش خۆیان لەپرسەكە لادەدەن، چونكە ئەو رێكخراوانە خەڵكانی توركیاو ئەڵمانیای تێدایەو نایانەوێت كێشە بۆ رێكخراوەكانیان دروست ببێت. پارتی ئابڵۆقەی خستۆتە سەر هەرێمەكانی گەریلا ، پارتی دەڵێت:» پەكەكە سوپای توركیای پەلكێش كردووەو توركیا رەوایە هاتووە، بەڵام پەكەكە هێزێكی نامەشروعەو توركیا هێزێكی مەشروعە، بچووكترین لۆمەی توركیا ناكات».   هاوڵاتى: سوپای ئەردۆغان هیچ شوێنێكیان كۆنترۆڵ كردووە لەدوای ئۆپەراسیۆنی»چنگی قوفڵ»؟ زاگرۆس هیوا: سوپای تورك بەحوكمی ئەوەی تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی هەیەو بەكاریدەهێنێت و پارتی هەموو هاوكارییەكی لۆجستی دەكات و سەربازەكانی بۆ دەگوازێتەوە بەهەلیكۆپتەر سەربازەكان لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ هەرێمەكانی گەریلا دەگوازرێنەوە، سوپای تورك لەشكری بڵاوكردووەتەوە، بەڵام نەیتوانیوە هیچ شوێنێك كۆنترۆڵ بكات، لەهەموو ئەو هەرێمانە سوپای تورك هەیەو گەریلاش هەیەو شەڕو پێكدادان بەردەوامەو سوپای توركیا نەیتوانیوە هیچ شوێنێك كۆنترۆڵ بكات، وەكو چۆن لەیەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەكەیان شەڕو پێكدادان هەیە، ئێستاش بەهەمان شێوەیە سەختر بووە، چەكی (((تێر موبارەك))) و چەكی دیكەش بەكاردەهێنن بەرانبەر گەریلا. هاوڵاتى: پارتی تا چ ئاستێك هاوكاری سوپای توركیا دەكات؟ زاگرۆس هیوا: پەدەكە(پارتی دیموكراتی كوردستان) لەو ئۆپەراسیۆنەی توركیادا هەموو ئاسانكارییەك دەكات بۆ ئەوەی سوپای تورك بتوانێت هەرێمی زاپ و ئاڤاشین داگیر بكات، هاوكارییەكانی پارتی بۆ لەشكری داگیركەری توركیا لەبواری (هەواڵگری، هەواڵگری سەربازی، سیاسی، راگەیاندن، دبلۆماتی، لۆجستی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان) هاوكاری توركیا دەكات. پارتی وا نیشانی دەدات كەئەم ئۆپەراسیۆنەی تورك مافی خۆیەتی، پەكەكە تۆمەتبار دەكات، تەنانەت لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیدا لەجیاتی ئەوەی توركیا شەرمەزار بكات و داوا بكات توركیا بكشێتەوەو هاتی سوپای تورك بە رەوا نیشان دەدات و پشتگیری دەكات، بەڵام بوونی گەریلا بە نامەشروع دادەنێت. پارتی ئابڵۆقەی خستۆتە سەر هەرێمەكانی گەریلا ، پارتی دەڵێت:» پەكەكە سوپای توركیای پەلكێش كردووەو توركیا رەوایە هاتووە، بەڵام پەكەكە هێزێكی نامەشروعەو توركیا هێزێكی مەشروعە، بچووكترین لۆمەی توركیا ناكات». هەوڵدانی سوپای تورك بۆ ئەوەیە هەرێمی زاپ و ئافاشین لێك جیابكاتەوەو گارەو حەفتانین و خواكورك لەیەك جیابكاتەوە و بۆ ئەوەی گەریلا نەتوانن تێیدا هاتوچۆ بكەن و چەك و خواردەمەنی بگەیەنن، هەر كەسێك بیەوێت هاوكاری پەكەكە بكات لەناو گەل زەختی دەخاتەسەر تەنانەت دەیكوژێت وەكو چۆن ساڵی رابردوو كەسێكیان كوشت لە رەنگ براك كە خەڵكی شیلادزێ بوو. هاوڵاتى: توركیا لەڕێگەی فڕۆكەی درۆنەوە بێجگە لەشكركێشییەكەی خەڵكی مەدەنی لەچەمچەماڵ و سلێمانی و شارباژێر دواتریش كەمپی مەخمور تیرۆر دەكات، بۆ ئەمەیان پێتانوایە كێ هاوكارییان دەكات؟ زاگرۆس هیوا: وەكو چۆن سەلمێندراوە، دەزگای میت بەهاوكاری دەزگای پاراستنی پارتی، توانیویەتی خۆی رێكبخات لەهەولێرو سلێمانی و كەركوك و دهۆك، سوپای تورك بەهاوكاری پارتی ئەم كارەی كردووە. دەسەڵاتی ئەو شارانە بەرپرسن لەپاراستنی گیانی هەموو كەسێك كە ژیان دەكەن، ئەم فرۆكەی كەشفە بەبێ زانیاری كەسێك لەو ناوچانەدا لەسەر زەوی ناتوانێت كاریگەری هەبێت، ئەوەی لەچەمچەماڵ و سلێمانی و مەخمور رودەدات هەمووی بەهۆی ئەو زانیاریانەوەیە كە دەزگای پاراستنی پارتی دەیداتە میت، كە پاراستنی پارتی رێكیدەخات و هاوكاری توركیا دەكات. دەسەڵاتی ئیدارەی زۆنی سەوزو یەكێتی پێویستە وشیار بێت لەبەرانبەر ئەو كارەی پاراستنی پارتی كردوویەتی و دەیكات لەناو خەڵك و دەزگا ئەمنییەكانداو تەكبیری بۆ دەكات. هاوڵاتى: گەریلای ژنان تا چ ئاستێك هاوشانی پیاوانی گەریلا رۆڵیان لەبەرخودان دژی سوپاكەی ئەردۆغان هەیە؟ زاگرۆس هیوا: گەریلای ژن، (یەژاستار) لەو شەڕانەدا رۆڵی پێشەنگایەتی دەگێڕن، لەئاستی شەڕڤان و هەم لەئاستی فەرماندەشدا، لەبەرەی پێشووەی ئەو شەڕەدان. یەكێك لەفەرماندەو گەریلای ژن، هەڤاڵ مزگین روناهی لەیەكەم رۆژەكانی ئۆپەراسیۆنەكەدا لەكاتی بەرپەرچدانەوەی دوژمن گەیشتە كاروانی شەهیدان، بەكردەوەو بەخوێنی خۆی سەلماندی كە پێشەنگی خۆڕاگرییە لەبەرانبەر داگیركەری و لەشكركێشی توركیادا، چونكە زیهنیەتی دەوڵەتی داگیركەری توركیا نەك تەنها دوژمنی گەلی كوردە، دوژمنی ژنیشە، زیهنیەتی ئەردۆغان لەسەر بنەمای دوژمنانەیەتی ژنە، لەبەرئەوە ژنان بەئەركی خۆیانی دەزانن  رووبەڕووی سوپای تورك ببنەوە. ئەو خۆڕاگرییەی گەریلای ژنان(یەژاستار) بەرانبەر ئەرتەشی توركیا دەیكات، خۆڕاگرییەكە لەسەر ناوی هەموو ژنانی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین لەبەرانبەر دەسەڵاتێكی فاشیست و ژن كوژی وەك ئەردۆغان و دەوڵەت باغچەلییە.   دەنگی ئەكەپەو مەهەپە ئێستا بەپێی راپرسییەكان كەوتووەتە خوار لەسەدا 30%یەوە، ناتوانن ئەو زۆرینەیە بەدەستبهێنن و ببنەوە خاوەنی دەسەڵات، بەتایبەت ئەكەپە لەبەرئەوەی دەنگی زۆری دۆڕاند، چونكە چووە هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپەی دەوڵەت باغچەلی كردووە، دەنگەكانیان كەمتر بووەتەوە، مەهەپە ناتوانێت بەندی لەسەدا 10% تێپەڕ بكات، لەبەرئەوە بەندەكەیان هێناوەتەوە لەسەدا 7%، زۆرتریش دەنگەكانیان كەمدەكات.   هاوڵاتى: بڕیارە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لەتوركیا بكرێت، پێتانوایە یەكێك لەئامانجەكانی ئەردۆغان بۆ ئەوەیە لەو هەڵبژاردنەدا شكست نەهێنێت؟ زاگرۆس هیوا: ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنانە بۆ ئەوەیە كە بتوانن سەركەوتوو بن لە بۆ ئەوەی دەنگیان لەهەڵبژاردنەكاندا زیادبكات، لە 2021 لەهەرێمی گارە خۆیان تاقیكردەوەو شكستیان خوارد، لەبەرئەوە شكستیان خوارد هەڵبژاردنیان نەكرد. لەزاپ و مەتیناو ئاڤاشین خۆیان تاقیكردەوە دیسان شكستیان خوارد، ئەمساڵیش هاتوون خۆیان تاقیبكەنەوە بۆ ئەوەی كە بەو بنكە جەماوەرییە فاشیستەی خۆیان بڵێن كە ئەوە ئێمە سەركەوتنمان بەدەستهێنا بەرانبەر كوردو كوردمان پاكتاوكرد تا بچن بۆ هەڵبژاردن، یەكێك لەحساباتەكانی ئەم هەڵبژاردنەیە كە لە 2023 بڕیارە ئەنجام بدرێت. دەنگی ئەكەپەو مەهەپە ئێستا بەپێی راپرسییەكان كەوتووەتە خوار لەسەدا 30%یەوە، ناتوانن ئەو زۆرینەیە بەدەستبهێنن و ببنەوە خاوەنی دەسەڵات، بەتایبەت ئەكەپە لەبەرئەوەی دەنگی زۆری دۆڕاند، چونكە چووە هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپەی دەوڵەت باغچەلی كردووە، دەنگەكانیان كەمتر بووەتەوە، مەهەپە ناتوانێت بەندی لەسەدا 10% تێپەڕ بكات، لەبەرئەوە بەندەكەیان هێناوەتەوە لەسەدا 7%، زۆرتریش دەنگەكانیان كەمدەكات. وەزارەتی ناوخۆی توركیا خۆیان دەڵێن لەزستاندا هەزار ئۆپەراسیۆنمان ئەنجامداوە، گەریلا لەهەموو ناوچەكانی باكوری كوردستان چالاكی هەیەو بوونی هەیەو چالاكییەكانی كاریگەری گەورەی هەیە. بەڵام بۆ رای گشتی وا نیشانی دەدەن كەگەریلا لەباكور نەماوە.   هاوڵاتى: بەشێك لەنەیارانتان دەڵێن بۆ لەباكوری كوردستان چالاكیەكانتان كەمترن بەراورد بەباشوری كوردستان؟ زاگرۆس هیوا: وەكو چۆن گەریلا دژی سوپای داگیركەری تورك لەباشور چالاكی هەیە لەباكوریش هەمانە، بەدیاری كراوی چەند رۆژێك لەوان و فاراشین و لەناو شارەكاندا چالاكی هەیە، چاپەمەنی باشور لەجیاتی ئەوەی سەرچاوەی راگەیاندنی گەریلا بەبنەما وەربگرێت زۆرتر گوێ لەسەرچاوەی دەوڵەتی تورك دەگرێت.  هەندێ راگەیاندن بەڕەوایەتی پارتی دەڵێن پەكەكە لەباكور چالاكی نییە، چالاكییەكانی راناگەیەنن، ئەوە بەپێچەوانەیە لەباكور شەڕ هەیە، ئەو هەموو ئۆپەراسیۆنەی لەباكور دەكرێت سوپای تورك خۆیان باسی دەكەن، ئێستا لەماردین و شڕناخ و ئاماد ئۆپەراسیۆن و پێكدادان هەیە، بۆچی ئەوە راناگەیەنێت، ئەگەر شەڕ نییە بۆچی هێندە سوپای تورك ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات. وەزارەتی ناوخۆی توركیا خۆیان دەڵێن لەزستاندا هەزار ئۆپەراسیۆنمان ئەنجامداوە، گەریلا لەهەموو ناوچەكانی باكوری كوردستان چالاكی هەیەو بوونی هەیەو چالاكییەكانی كاریگەری گەورەی هەیە. بەڵام بۆ رای گشتی وا نیشانی دەدەن كەگەریلا لەباكور نەماوە. راگەیاندنی باشور، نابێت گوێ لەچەواشەكاری بگرن، بەڵكو پێویستە گوێ لەناوەندەكانی چاپەمەنی پاراستنی گەل(هەپەگە) بگرن، بۆ هەواڵ و زانیاری كە ڤیدیۆی چالاكییەكان بڵاودەكاتەوە، سوپای تورك كوژراوەكانیان باس ناكات یان دەڵێت كەسێك یان دووان كوژراون، بەڵام بۆ خۆتان دەزانن لەڤیدیۆی چالاكییەكانی گەریلا دەبینن چەند سەربازی تورك دەكوژرێن، لەباكوری كوردستان چالاكییەكانی گەریلا لەباشوری كوردستان كاریگەرترو زیاترە. دژوارترین شەڕ نەك تەنها لە زاپ و ئاڤاشین هەیە، بەڵكو دژوارترین شەڕ لەئیمراڵی بەڕێوە دەبرێت كە رێیبەر ئاپۆ لەژێر ئەشكەنجەو گۆشەگیری زۆر دژواردایە بەدەر لەهەموو پێوانەیەكی ئەخلاقی دەوڵەتی و یاسایی.   هاوڵاتى: ئەردۆغان مەرجی بۆ وڵاتانی سویدو فینلەندا داناوە بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ كە چالاكوانەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانیان تەسلیم بكرێت؟ بۆچوونتان چییە لەسەر ئەوە؟ زاگرۆس هیوا: ئەردۆغان دەڵێت پەكەكەمان لەناوبرد، لەباكور نەماوە، لەفڵان شوێن لاوازمان كردن، بەڵام لەهەموو پەیوەندییە دبلۆماسییەكانیدا دژایەتی كوردو پەكەكە دەكات، ئەوەتا بڵێین، مەسەلەی فینلەنداو سوید كە دەیانەوێت ببنە ئەندامی ناتۆ، ئەردۆغان دەڵێت دەبێت فڵان كەسمان تەسلیم بكەن، هەتا هەندێ كەس كە پێنج شەش ساڵە لەژیاندا نەماوە داوای دەكات، ئەمە نیشانەی زیهنییەتی دژە كوردی ئەردۆغان پیشان دەدات. ئەردۆغان مردووەكانی كوردیشی پێ تەحەمول ناكرێت، بۆ نموونە دەتوانم پێتان بڵێم جۆن بۆڵتن كە راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا بوو لەكابینەكەی دۆناڵد ترەمپ، ئێ نە ئەندامی ناوەندی پەكەكەیەو نە ئەندامی كۆنسەی پەكەكەیە، جۆن بۆڵتن یەكێك بوو لەئەساییەكانی ئەمریكا، باسی كردووە كە»لای ئەرۆغان باشترین كورد، ئەو كوردەیە كە  مردووە» كە كەسێكی ئاوا بۆخۆی سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە ئەردۆغان چەند دژی كوردە، بۆچی هەندێك پارتی دەیانەوێت پاكانە بۆ ئەردۆغان بكەن. ئەو قسانەی ئەردۆغان دەڵێت" پەكەكەمان لەناوبردووە" خۆی بەدرۆدەخاتەوە كە "پەكەكەمان لەناو بردووەو تەنها لەباشوور ماون و ئەویش لەناو دەبەین"، بۆ هەر كۆبوونەوەیەك ئەردۆغان باس باسی پەكەكەیە، ئەوە نیشانەی بەربڵاوی خەباتی پەكەكەیە و رزگاریخوازی كوردە، بەڵكو لەهەموو جیهاندا.  بەدیاریكراوی ئەوانەی لەو وڵاتانەن ئەندامی پەكەكە نین، بەڵكو كوردن و خاوەن هەڵوێستن، بۆ ئەردۆغان هەموو ئەو كوردانە ئامانجن و پێی وایە پێویستە پاكتاو بكرێن و زیندانی بكرێن، پەكەكە بیت و پەكەكە نەبیت ئەردۆغان ئامانجییەتی كورد پاكتاو بكات. گەریلا چۆن لەشەڕی داعشدا پێشەنگ بووە ئێستاش گەریلا لەشەڕی بەرانبەر داگیركاری توركیادا پێشەنگە. ئەردۆغان و داعش هیچ جیاوازییەكیان نییەو ئەوە دوو خەلیفەكەی داعش بوو كاتێك لەژێر حیمایەی ئەردۆغان بوون لەئیدلیب، لای سوپای توركیا بوون ئەمریكا كوشتیانی، ئەوە گەورەترین سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە ئەردۆغان و داعش دوانەی سیاسی و ئایدۆلۆژین، نابێت هەڵبخەڵەتێین كەتوركیا ئەندامی ناتۆیە، ئەردۆغان دژی هەموو گەلی كوردە.   هاوڵاتى: حەوت ساڵە گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلانە، بۆچی؟ زاگرۆس هیوا: لەهەموو یاسایەكی ئینسانی و ئەخلاقی بەدەر لەهەموو یاسای نێودەوڵەتی بەتایبەت یاسای توركیا ئەوە لەنیسانی 2015وە تائێستا گۆشەگیری زۆر دژوار لەسەر ئۆجەلان پەیڕەو دەكرێت، ئەو گۆشەگیرییە هیچ یاسایەكی دونیا قبوڵی ناكات، زیندانی گوانتانامۆی ئەمریكا ترسناكترین زیندانییە، بەڵام زیندانی ئیمراڵی بەدەیان جار لەزیندانی گوانتانامۆ زیاترە، تەنانەت ئەو شتانەی لەئیمراڵی تاقیدەكرێنەوە دواتر لەزیندانی دیكە بەكاریدەهێنن، سیستمێكە یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكاش لێی بەرپرسیارن كەیاسا نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ بنپێ دەكەن، ئەشكەنجە هەیە، بۆ ئەوەی دەنگی ئۆجەلان نەگات بەگەلەكەی، بۆ ئەوەی كە دەنگی كپ بكەن ئەوەش بەشێكە لەو شەڕە سەرتاسەرییەی كە دژی گەلی كورد راگەیەندراوە، دژوارترین شەڕ نەك تەنها لە زاپ و ئاڤاشین هەیە، بەڵكو دژوارترین شەڕ لەئیمراڵی بەڕێوە دەبرێت كە رێیبەر ئاپۆ لەژێر ئەشكەنجەو گۆشەگیری زۆر دژواردایە بەدەر لەهەموو پێوانەیەكی ئەخلاقی دەوڵەتی و یاسایی. هاوڵاتى: هەماهەنگی توركیاو داعش چۆن پێناسە دەكەن؟  زاگرۆس هیوا: گەریلا لەپێشەوەی ئەو داگیركارییەی سەر باشووری كوردستان خۆڕاگری دەكات، ئەو شەڕە هیچ جیاوازی نییە لەهێرشەكانی داعش بۆ سەر باشووری كوردستان، توركیا ویستی سەرەتا لەڕێگەی داعشەوە باشووری كوردستان داگیر بكات، گەریلا یەكەم هێز بوو كەچوو لەبەرانبەریاندا شەڕی كرد لەشەنگال و شوێنەكانی دیكە، گەریلاو شەڕڤان و پێشمەرگە هەموو پێكەوە شكستیان بەداعش هێنا. ئێستا توركیا لەباكوورەوە هێرش دەكات لەسنوری باكووری هەرێمی كوردستانەوە هێرش دەكات، هەمان هێرشن و بەشێكن لەپیلانێكی دژ بەكورد، شەڕی داعش بەشێكی ئەو پیلانە بوون، تەواوكاری هێرشی داعشەو هیچ جیاوازییەك نییە لەنێوان شەڕی توركیاو داعشدا بۆ سەر باشووری كوردستان، پێویستە لەو چوارچێوەیەدا پێناسە بكرێت، گەریلا چۆن لەشەڕی داعشدا پێشەنگ بووە ئێستاش گەریلا لەشەڕی بەرانبەر داگیركاری توركیادا پێشەنگە. ئەردۆغان و داعش هیچ جیاوازییەكیان نییەو ئەوە دوو خەلیفەكەی داعش بوو كاتێك لەژێر حیمایەی ئەردۆغان بوون لەئیدلیب، لای سوپای توركیا بوون ئەمریكا كوشتیانی، ئەوە گەورەترین سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە ئەردۆغان و داعش دوانەی سیاسی و ئایدۆلۆژین، نابێت هەڵبخەڵەتێین كەتوركیا ئەندامی ناتۆیە، ئەردۆغان دژی هەموو گەلی كوردە. هاوڵاتى: پێتانوایە دەبێت لەباشووری كوردستان چی بكرێت بۆ دژایەتی كردنی ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای ئەردۆغان؟   زاگرۆس هیوا: كاردانەوەكان پێویستە بەرانبەر ئۆپەراسیۆنەكان زۆرتربكرێت، گەل لەهەر چوار بەشی كوردستان پشتیوانی گەریلا بێت و گەریلا بەتەنیا نەمێنێتەوە، هێزو لایەنە سیاسییەكان هەڵوێستیان هەبێت، لەهەموو بەشەكانی كوردستان گەریلا پاڵپشتی بكرێت. گوایە وانیشان دراوە كە ئۆپەراسیۆن كۆتایی هاتووەو خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا وای راگەیاندووە، بەڵام بابزانن ئۆپەراسیۆنەكەیان كۆتایی نەهاتووە بەدژواری شەڕ بەردەوامەو پێویستە هەموو كەس ئەوە بزانێت سوپای تورك پاشەكشەی نەكردووەو بەردەوامە لەهەڵمەتی دگیركاری، بەڵام خۆڕاگری گەریلا لەبەرانبەریاندا بەردەوامەو خۆتان دەیبینن گەریلا زاپ و ئاڤاشین و خواكوڕك و كورەژارۆی بۆ سوپای تورك كردووە بەدۆزەخ، بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو چین و تووێژەكان رۆژنامەنووسان و نووسەران و رۆشنبیران و حزبە سیاسییەكان و مامۆستایانی ئاینی ئەوەیە بەهەڵوێستەكانیان دژی سوپای تورك و ئۆپەراسیۆنەكانیان بوەستنەوە

 هاوڵاتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌) وه‌ڵامى هه‌ڕه‌شه‌کانى دوێنێ ئه‌ردۆغان ده‌داته‌وه‌ که‌ باسى ئۆپه‌راسیۆنێکى نوێى کردووه‌ له‌ باکورو رۆژهه‌ڵاتى سوریا که‌ له‌ژێر کۆنترۆڵى هه‌سه‌ده‌دایه‌. دوێنێ ئه‌ردۆغان سه‌رۆکى ده‌وڵه‌تى تورکیا دواى کۆبوونه‌وه‌ى کابینه‌ى کۆماریى تورکیا جارێکى دیکه‌ نیازى خۆى بۆ ئه‌نجامدانى داگیرکاریى له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سووریا ده‌ربڕییه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند:" هێرشێکى نوێ بۆ سه‌ر باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سووریا ده‌ستپێده‌که‌ین". هێزه‌کانى سووریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌) له‌ وه‌ڵامى هه‌ڕه‌شه‌که‌ى ئه‌ردۆغاندا به‌یاننامه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند:" هیچ گۆڕانکارییه‌کى ستراتیژیى له‌ جێگیرکردنى هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ گه‌ره‌نتیکاره‌کان له‌ ناوچه‌کانى باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سووریا ڕووینه‌داوه‌". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ که‌ “په‌ره‌سه‌ندنى دۆخه‌که‌ و نمایشکردنى هێز له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى داگیرکه‌رى تورکه‌وه‌، به‌شێکه‌ له‌ هه‌وڵه‌کان بۆ تێکدانى ناسه‌قامگیریى ناوچه‌که‌، ئامانجى داگیرکه‌رانیش سه‌رله‌نوێ زیندووکردنه‌وه‌ى داعشه‌". هاوکات ئه‌وه‌شیان روونکردووه‌ته‌وه‌ که‌ هێزه‌کانیان لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ئاستى هه‌ڕه‌شه‌ چالاک و پێشبینیکراوه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکیا ده‌که‌ن بۆ سه‌ر ناوچه‌کانى باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سووریا و هاوبه‌شکردنى زانیاریى له‌گه‌ڵ هێزه‌ گه‌ره‌نتیکاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا. هێزه‌کانى ئه‌مریکاو رووسیا له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌کى باکورو رۆژهه‌ڵاتى سوریادا جێگیرن و بنکه‌ى سه‌ربازیان هه‌یه‌و ئه‌و دوو وڵاته‌ن که‌ هه‌سه‌ده‌ به‌ هێزى گه‌ره‌نتیکارى نێوده‌وڵه‌تى باسیان ده‌کات، له‌ هه‌ر حاڵه‌تێکى هێرشى ده‌وڵه‌تى تورکیاو میلیشیاکانیدا هه‌سه‌ده‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌.  

هاوڵاتى  سه‌رۆک کۆمارى تورکیا رایگه‌یاند:" به‌م زووانه‌ سوپاى تورکیا ئۆپراسیۆنێکى نوێ له‌ باکوورى سوریا ده‌ستپێده‌کات بۆ ته‌واوکردنى دروستکردنى ناوچه‌یه‌کى ئارام به‌ قوڵایى 30 کیلۆمه‌تر"، راشیگه‌یاند:" ئه‌و ناوچانه‌ش له‌ژێر کۆنترۆڵى تورکیادا نین". ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆک کۆمارى تورکیا ئه‌وه‌شى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ "له‌گه‌ڵ ته‌واوکردنى ئاماده‌کارییه‌کانى سوپا، هه‌واڵگرى و ئاسایش، ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌‌ ده‌ستپێده‌که‌ین و پێنجشه‌ممه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بڕیاره‌کانمان ده‌ده‌ین". ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ میلیشیاکانى تورکیا به‌رده‌وام له‌باکورو رۆژهه‌ڵاتى سووریا و ئه‌و ناوچانه‌ى ده‌که‌ونه‌ ژێر کۆنترۆڵى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌) تۆپباران و هێرش ئه‌نجام ده‌ده‌ن و هه‌سه‌ده‌ش وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌. سوپاکه‌ى ئه‌ردۆغان به‌هاوکارى میلیشیا تورکمان و سورییه‌کان له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردوودا عه‌فرین و گرێ سپى و سه‌رێکانیان داگیر کردووه‌و ئه‌مڕۆش وته‌بێژى هه‌سه‌ده‌ ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ به‌رێگاى دبلۆماسى یان سه‌ربازى هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و ناوچانه‌ ئازاد بکه‌نه‌وه‌.  

هاوڵاتى وته‌بێژى هێزه‌کانى سوریاى دیموکراتیک(هه‌سه‌ده‌) رایگه‌یاند:" به‌رێگه‌ى سه‌ربازى و چ به‌رێگه‌ى دیبلۆماسى تا ئه‌و کاته‌ى هه‌رێمه‌ داگیرکراوه‌کان راده‌ستى خه‌ڵکه‌ ره‌سه‌نه‌که‌ى خۆى ده‌کرێته‌وه‌، تێکۆشانمان به‌رده‌وام ده‌بێت. ئارام حه‌نا، وته‌بێژى هێزه‌کانى سوریاى دیموکراتیکله‌سه‌ر هێرشه‌ داگیرکه‌ریه‌کانى تورکیا رایگه‌یاند:"رژێمى تورک، ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ سیاسیه‌ى هه‌یه‌ بۆ هێرشه‌ داگیرکه‌ریه‌کانى نوێیه‌کانى به‌کار ده‌هێنێ، به‌ڵام به‌رخۆدانى هێزه‌کانى سوریاى دیموکراتیک له‌پاڵ گه‌لانى هه‌رێمه‌که‌ ئامانجه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک رووبه‌رووى شکست کردۆته‌وه‌". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" رێککه‌وتنى ئادانا له‌نێوان تورکیا و سوریادا په‌یوه‌ندیه‌کى گوماناوى له‌نێوان رێکخراوه‌ ئیستخباراته‌کانى رژێمى سوریا و تورکدا هه‌یه‌، هه‌ڵوێستى کۆتایى ئێمه‌ش هه‌میشه‌ به‌رخۆدان و تێکۆشانه‌. ئێمه‌ هیچ یاریه‌کى وه‌ها قه‌بوڵ ناکه‌ین". ئارام حه‌نا ئه‌وه‌شى خسته‌روو ئه‌گه‌ر هێزه‌کانى حکومه‌تى سوریا به‌راستى بیانه‌وێت هه‌رێمه‌ داگیرکراوه‌کانى ژێر کۆنترۆڵى ده‌وڵه‌تى تورکى داگیرکه‌ر و میلیشیاکانى ئازاد بکه‌ن، ده‌بێت هه‌نگاوى جددى هه‌ڵێنن، وتیشى:" بۆ ئه‌وه‌ش پێویستمان به‌رێککه‌وتنى نوێ و رۆئیایه‌کى راسته‌قین هه‌یه‌ تا ئێمه‌ وه‌کو هێزێکى نیشتمانى بۆ رزگارى هه‌موو هه‌رێمه‌ داگیرکراوه‌کان له‌سه‌رێکانیه‌وه‌ تا عه‌فرین له‌ژێر چه‌پۆکى داگیرکه‌رانى تورک ده‌ربهێننین و تێکۆشان بکه‌ین". وته‌بێژى هێزه‌کانى سوریاى دیموکراتیک ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ "وه‌کو به‌رخۆدان و گیان فیدایی، تا ئه‌و کاته‌ى هه‌رێمه‌ داگیرکراوه‌کان ده‌گه‌ڕێندرنه‌وه‌ بۆ خه‌ڵکه‌ ره‌سه‌نه‌که‌ى خۆی، ئێمه‌ له‌تێکۆشانمان به‌رده‌وام ده‌بێن. چ به‌رێگه‌ى دیبلۆماسى و چ به‌رێگه‌ى سه‌ربازی، هێزه‌کانمان ئه‌رکیان ئازادى هه‌رێمه‌ داگیرکراوه‌کانن، ئێمه‌ بۆ ئازادى وڵات ئه‌رکى نیشتمانى خۆمان به‌جێ دێنین".  

هاوڵاتی ئێران و ئەمریكا لەقوڵترین قۆناغی ناكۆكییەكانیاندان كە ئەوەش بەمەترسییەكی گەورەی سەر وزەو ئاسایش لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ئەژمار دەكرێت، بۆیە قەتەر وەك وڵاتێكی دەستكراوە هەوڵی نێوەندگیریی نێوان واشنۆن و تاران دەدات. هەوڵەكانی قەتەر بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی و زیادكردنی بەرهەمهێنانی غازو نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوایین تروسكایی تاران بۆ دەربازبون لەقەیرانە كەڵەكەبووەكانی لەقەڵەم دەدرێت، چونكە قەتەر بەكۆتا چانسی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی وەسف دەكرێت كە كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەچوار ساڵی رابردوودا نوقمی قەیران كردووە. قەتەر لەمێژووی خۆیدا سەلماندویەتی تەنها وڵاتێكی عەرەبییە كە تێڕوانینی بۆ تاران سەربەخۆیانەیەو سەرەڕای بەهێزكردنی پێگەی خۆی، هەوڵی دوژمنایەتی و توندبوونەوەی ناكۆكییەكانی لەدژی ئێران نەداوەو ئەوەش وایكردووە ئێرانییەكانیش وەك دۆست و برا ناوی قەتەر بهێنن. گەشتی ئەمیری قەتەر بۆ تاران، لەمیدیای جیهاندا بەدوایین هەوڵی ئەمریكاو كۆتا شانسی ئێران لەسەر پرسی رێككەوتنی ئەتۆمیی وەسف كراوە، چونكە ئەو وڵاتە ئامانجی لەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەرزكردنەوەی پێگەی سیاسیی خۆی و  بەرهەمهێنانی نەوت و غازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسسستایبەت كە هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا نرخی نەوتی لەبازاڕەكاندا زۆر بەرز كردووەتەوە، بۆیە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 تەنها هۆكارێكە بۆ گەڕانەوەی یاسایی ئێران بۆ بازاڕەكانی نەوت و غازی جیهان. قەتەر پێشەنگی دیپلۆماسیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی ئەمیری قەتەر بۆ ئێران بەدوایین چانسی تاران لەپرسی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەقەڵەم دەدرێت و شارەزایانی سیاسیی ئێرانیش حاشایان لەوە نەكردووەو پێیان وایە دەستی میری قەتەر پڕە لەپێشنیار بە رەزامەنیی واشنتۆن چونكە جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمریكا چەند جارێك دووبارەی كردوەتەوە كە دەوحە هاوپەیمانی ستراتیژیی واشنتۆنە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. میدیا و رۆژنامەكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە ئامانجی سەرەكیی شێخ تەمیم بن حەمد ئال سانی، میری قەتەر بۆ تاران نێوەندگیریی بۆ گەڕانەوەی ئێرانە لەڕێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بڵاوكراوەتەوە ؛ دەوحە داوای لە تاران كردووە بەچەند مەرجێكی ئابوریی و ئاسایشی ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا رازی بێت بۆ ئەوەی دەرگای ئابوریی بە رووی وڵاتەكەیدا بكرێتەوە دەربازی ببێت لەو قەیرانە قووڵە ئابورییانەی كە ئێستا لێی رۆچووە. شێخ تەمیم بەڵێنی بەبەرپرسانی ئێران داوە بڕێك لە پارە بلۆك كراوەكانیان بۆ ئازادبكات كە لەبانكە نێودەوڵەتییەكاندان بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە بلۆك كراوە، هاوكات قەتەر و وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ پێدانی قەرزی درێژخایەنن بە ێران، پڕۆژی ئابوریی لەوڵاتەكە دەكەنەوە. قەتەر 22 ساڵە ئەزموونی لەچارەسەری قەیران و ناكۆكیی سیاسیی بەپڕۆژەی ئابوریی هەیە بەتایبەت لە وڵاتانی توركیا، لوبنان و دارفۆر، بەڵام بەرپرسانی ئێران رەتی دەكەنەوە پێویستیان تەنها بەپڕۆژەی ئابوریی بێت بەتایبەت كە لە رووی ئاسایشییەوە لەگەڵ واشنتۆن ناكۆكییان هەیەو سوپای پاسدارانی ئێران لەساڵی 2019ەوە لەسەر دەستی دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا كەوتووەتە لیستی تیرۆری واشنتۆنەوە. لەلایەكی دیكەوە قەتەر هەوڵدەدات خۆی لەو بەرەیە سعودیەو ئیمارات دووربخاتەوە كە زیادنەكردنی هەناردەی نەوت و غاز بۆ بازاڕەكانی جیهان وەك كارتێكی فشار دژی واشنتۆن بەكاری دەهێنن، بۆیە یەك لەهەوڵە سەرەكییەكانی دەوحە بۆ ئەوەبووە تاران رازی بكات هاوكات لەگەڵ دانوستانە ئەتۆمییەكان بوار بكاتەوە بۆ زیادكردنی هەناردەی یاسایی نەوت و غاز لەبازاڕەكاندا بەمەبەستی جێگیركردنی نرخی نەوت و رێگریی لە بەرزبوونەوەی زیاتری ئەو سووتەمەنییە. ئێران و قەتەرو روسیا پێكەوە خاوەنی 50%ی نەوتی جیهانن و قەتەرو ئێران پێكەوە خاوەنی دووەم گەورەترین كێڵكەی غازیی هاوبەشن. قەتەر؛ دوایین تروسكایی زیندوكردنەوەى رێككەوتنی ئەتۆمیی ئەگەرچی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران لەكاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ میری قەتەر لە (12/5/2022) رایگەیاند ئابوریی وڵاتەكەی بە رێككەوتنی ئەتۆمییەوە نەبەستووەتەوە، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدات وڵاتەكەی لە ژێر باری گرانی فشارە ئابورییەكانی ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوا رزگار بكات بۆ ئەو مەبەستەس پێشوازیی لەو پێشنیارانە دەكات كەدەوحە وەك دۆستێكی دێرینی تاران خستوویەتیەڕوو. لەلایەكی دیكەوە ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە؛ حكومەتی ئێستا بڕیاری داوە بەكەمتر لەهەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزا ئابورییەكانی لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریكا رازیی نابێت. مەبەستی سەرەكیی گەشتەكەی شێخ تەمیم كۆتایهێنان بووە بە هەڵپەساردنی دانوستانەكانی ڤیەننا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی كە زیاتر لە 64 رۆژ هەڵپەسێردرا. قوڵایی ناكۆكییەكانی ئێستای نێوان واشنتۆن و تاران، سوپای پاسدارانە، چونكە حكومەتەكەی رەئیسی بە نەشتەرگەریی مەترسیدار لەئابوریی وڵاتەكەی پێدەچێت دەستی لەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەمزووانە شۆردبێت بەتایبەت كە ئەو نەشتەرگەرییەی بووەتە هۆی گرانبوونی نان و گەنم و مریشك و رۆن و زۆبەری ماددە خۆراكییەكان و پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانی رۆژانە لەئێران. نەشتەرگەرییەكەی رەئیسی بەوە دەستیپێكرد كە هاوكارییە مادییەكانی حكومەتی بڕی بۆ كڕین و هاوردەكردنی ماددە خۆراكییەكانی لەدەرەوە، چونكە پێشتر هەر دۆلارێكی وەك هاوكاریی خۆراكی بەچوار هەزار و 200 تمەن تەرخان دەكرد بۆ هاوردەكردنی خۆراك و دەرمان لەكاتێكدا نرخی هەر دۆلارێك لەئێستادا زیاترە لە 30 هەزار تمەنی ئێرانی، بۆیە زۆربەی خۆراكەكان بەتایبەت ئاردو برنج بەرزبوونەوەی پێنج بۆ 12 هێندەیی بەخۆیەوە بینیوەو هەر ئەوەش ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی لەئێران لێكەوتووەتەوە. ئەگەر قەتەر لەچەند رۆژی داهاتودا پەیامی ئەرێنیی لەسەر گەشتەكەی شێخ تەمیم بۆ تاران بڵاو نەكاتەوە ئەوا سەردانەكە بە شین لەسەر تابوتی رێككەوتنی ئەتۆمیی ناودەهێنرێت بەتایبەت كە بەرپرسانی ئێران جەختیان لەوە كردووەتەوە بە كەمتر لەوەی پێشتر داوایان كردووە رازیی نابن بۆ گەڕانەوەی وڵاتەكەیان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی. ئێران تەنها یەك رێككەوتنی لەگەڵ قەتەر بڵاو كردووەتەوە ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا) بڵاوی كردووەتەوە گەشتەكەی شێخ تەمیم بووەتە هۆی واژۆكردنی رێككەوتنێكی ئەدەبی و كەلتوریی نێوان تاران و دەوحە كە 11 خاڵ لەخۆدەگرێت. بەپێی رێككەوتنەكە ئاسانكاریی دەكرێت بۆ وەرگێڕانی بابەت و كتێبە ئەدەبی و زانستییەكانی نێوان ئێران و قەتەرو مافی لەبەرگرتنەوەش بەشێوەی یەكسان بۆ دوو وڵاتەكە پارێزراو دەبێت و هاوكات گەشتە ئەدەبی و زانستییەكانی نێوان دوو وڵاتەكە ئاسان دەكرێت و پەیوەندییەكانیان لەبواری زانست و كتێب و كەلتوردا زیاتر دەكەن. كۆماری ئیسلامی ئێران 40 ساڵە لەقەتەر رازییە جەلیل رەحیمی جهان ئابادی، ئەندامی دەستەی ئاسایشی نیشتیمانی و پەیوەندییەكانی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە: پەیوەندییەكانی تاران و دەوحە دۆستانەو برایانەیە، چونكە ئەو وڵاتە لە 40 ساڵی رابردوودا هەڵوێستی دادپەروەرانەوە بووە بەرامبەر ئێران تەنانەت لەكاتی ناكۆكیی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا قەتەر هەڵوێستی لەبەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێران دادپەروەرانە بووە. ئەو وتوویەتی:» قەتەر هەوڵدەدات دیدو بۆچوونەكانی ئێران بگەیەنێتە واشنتۆن و بەپێچەوانەشەوە تێڕوانینەكانی ئەمریكا بۆ تاران دەگوازێتەوە ئەوەش لەپێناو كەمكردنەوەی گرژییە نێودەوڵەتییەكان و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. بەپێی زانیارییەكانی جهان ئابادی، سەرەڕای رۆڵی نێوەندگیرانەی قەتەر لەنێوان تاران و واشنتۆن هەریەكە لەوڵاتانی عێراق و عوممان و رۆڵیان هەیە لە نێوەندگریی تاران لەگەڵ واشنتۆن و ریاز . ئەو بەرپرسەی ئێران ئاماژەی بەوە كردوە كە دەبێت ئەوروپاو ئەمریكا دان بەهێز و بوونی سەربازیی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنێن و لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بدەن كە ئەوكاتە تارانیش هەوڵەكانی بەئامانجی گەڕانەوەی بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتەگەڕ. وتەكانی جهان ئابادی دوای ئەوە هات كە رەئیسی لەكۆبوونەوەی لەگەڵ میری قەتەر وتی: ئێران دۆستایەتیی خۆی بۆ قەتەر سەلماندووە، لەبەرامبەریشدا شێخ تەمیم وتی: پەیوەندییەكانی نێوان تاران و دەوحە بەسەر دوو سەردەمی پێش رەئیسی و دوای رەئیسی دابەش دەبێت. نیو سەدە پەیوەندیی دەوحەو تاران پەیوندییەكانی ئێران و قەتەر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1971 واتە ئەو لەڕۆژی راگەیاندنی سەربەخۆیی قەتەر، پەیوەندیی نێوان تاران و دەوحە بەردەوام بووە، سەرەڕای ئەوەی لە قۆناغی جیاوازدا ساردوسڕیی كەوتووەتە نێو ئەو دو وڵاتە بەڵام هیچ كاتێك پەیوەندییەكان گرژییەكی ئەوتۆیان بەخۆیەوە نەبینیوە لەكاتێكدا ئەو وڵاتە لەچەند قۆناغێكی هەستیاردا هەڵوێستی لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران بووە. قەتەر لەجەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران دەیان ملیار دۆلاری وەك قەرزو هاوكاریی رادەستی رژێمی بەعس كردووەو دوای ئەوەش لەساڵی 2011 تائێتسا دژی بوونی هێزە چەكدارەكانی ئێران بووە لەسوریاو لەساڵی 2016ەش لەكاتی سووتانی باڵیۆزخانەی سعودیە لەتاران، دەوحە پشتگیریی بۆ ریاز دربڕی و دژی تاران هەڵوێستی وەرگرت. ئێران لەناكۆكییەكانی ساڵی 2017ی نێوان ریازو دەوحە پشتگیریی وڵاتی قەتەری كردو ئاسمانی وڵاتەكەی بۆ ناردنی خۆراك بۆ قەتەر بەكراوەیی هێشتەوە، ئەوەش وایكرد سەرەڕای هەڵوێستی توندیان لەدژی بوونی ئێران لەسوریا بەڵام پەیوەندییەكانیان لەگەڵ تاران تووندوتۆڵتر كرد، چونكە ئێران تەنها سنوری دەریایی و ئاسمانیی كراوە بوو كە قەتەرییەكان دەیانتوانی خۆیان لەئابڵوقەی سعودیەو وڵاتانی عەرەبیی هاوپەیمانی رزگار بكەن. نزیكەی 300 هەزار كەس كەهەڵگری رەگەزنامەی ئێرانن لەقەتەر دەژین كە بەپێی ئامارەكانی ساڵی 1993 نزیكەی 100 هەزار كەس لەو ژمارەیە لەنەتەوەی فارسن. ئەوەیە مایەی سەرنجە پەیوەندیی ئابوریی ئەو دوو وڵاتە زۆر كەم بووە،  پێشتر تاساڵی 2017 ئاستی هەناردەی ساڵانەی ماددەی خۆراكیی لەئێرانەوە بۆ قەتەر تەنها 60 ملیۆن دۆلار بووە كە ئەو بڕە لەئێستا بۆ ساڵانە 250 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە كە ژمارەیەكی بەرچاو نییەو بەرپرسانی ئێرانیش رایانگەیاندووە ئەو ژمارەیە لەئاستی شكۆی پەیوەندییەكانی نێوان دەوحەو تاراندا نییە. ساڵی 2006 تەنها وڵاتێكی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش كە دژی بڕیارنامەی ژمارە (1696)ی وەستایە وڵاتی قەتەر بوو، ئەو ساڵە 14 وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنەكە جگە لەقەتەر كە ئەویش ئەندامی ئەنجومەنەكە بوو بڕیار درا بەڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و سەپاندنی سزا لەدژی تاران، بۆیە دەكرێت هەر ئەو هەڵوێستەی قەتەر بەس بێت بۆ ئەوەی ئێران متمانەی تەواوەتی بەسەربەخۆبوونی بڕیارەكانی قەتەر بكات. دەوحە لەساڵی 2010 گەورەترین رۆڵی هەبووە لەدانوستانی نێوان بەرپرسانی ئەمریكاو ئێران و ئەوروپا، تەنانەت بەیەكەم نێوەندگیری نێوان تاران و وڵاتانی ئەوروپا لەقەڵەمدرا. قەتەر لەدەیان بڕیاری وڵاتانی هاریكاریی كەنداو لەدژی ئێران بەشداریی نەكردووەو ئەوەش بووەتە كێشەیەكی دیكەی دەوحە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی كەنداودا.

هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند، لە لە ناوچەی زاپی باشووری كوردستان 15 سەربازی تورك كوژران و گورز لەدوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش دراوە. كەمێك لەمەوبەر، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند:"  بەرخۆدانی بێوێنە و چالاكیە بەهێزەكانی گەریلای ئازادی كوردستان بێوەستان بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەی سوپای داگیركەری تورك 38 جار بە چەكی كیمیایی و 56 جار بە فڕۆكەی شەڕ و بە سەدان جار تۆپ و هاوەن هەرێمەكانی بەرخۆدانی بۆردومان و تۆپباران كردووە، هیچ ئەنجامێكی بەدەستنەهێناوە". هەروەها ئاشكراشیكردووە لە چالاكیەكاندا كە رۆژانی 18 و 20 و 21ی مانگ بە پێشەنگایەتی هێزەكانی یەژاستار ئەنجامدراون، 15 داگیركەر سزادران و سێ داگیركەری دیكە بریندار بوون، سیستمێكی كامێرای حەراری تێكشكێنرا و گورز لە دوو درۆنیش وەشێندرا. هاوكات ئەوەشی خستۆتەروو كە نیوەڕۆی رۆژی 21ی ئایار سەنگەرەكانی شەڕی شەهید تۆڵهەڵدانی كورەژارۆ لەلایەن سوپای داگیركەری توركەوە حەوت جار بە چەكی كیمیایی و تەقەمەنی بۆردومانكران، بەڵام "دوای بۆردومانەكە كاتژمێر 15:30 گروپێك داگیركەر بە جلی دژی كیمیایی ویستیان بەرەو سەنگەرەكانی شەڕ پێشڕەوی بكەن، داگیركەران بە تاكتیكی سابۆتاژ لەلایەن هێزەكانمانەوە كرانە ئامانج و كشانەوە و دوای ماوەیەك دەستیان بە پێشڕەوی كردەوە و ئەمجارە بە بۆمب و چەكی سووك لێیاندرا، هەمان رۆژ كاتژمێر 17:25 داگیركەران جارێكی دیكە لەلایەن هێزەكانمانەوە كرانە ئامانج و لێیاندرا". " 21ی ئایار لە بارەگاكانی سەر سنورەوە، گردی رووبار، گردی جوودی، گردی شەهید كەنداڵ، گردی شەهید یونس، گردی شەهید لەشكەر، كورەژارۆ، شەهید شەمدین، مامڕەش، چیارەش، شەهید دونیا، چەمچۆ و ڕەنجبەر ئاغای هەرێمی زاپ، بە تۆپبارانكران و فڕۆكە جەنگیەكانیش 36 جار هێرشیان كرد"، هەپەگە وای راگەیاندووە. ئۆپەراسیۆنی سوپاكەی ئەردۆغان لەژێر ناوی"چنگی قوفڵ" دەستی پێكردووەو رۆژانە دەیان سەربازی تورك بەدەستی گەریلاكان دەكوژرێن و بەرخودانیان بەردەوامی هەیە.  

هاوڵاتى ئه‌میندارى گشتیى عه‌سائیبى ئه‌هى حه‌ق ڕایگه‌یاند که‌ پارتى و تورکیا ڕێککه‌وتوون بۆ کۆنترۆڵکردنى شه‌نگال و تورکیا ده‌یه‌وێت داگیرى بکات. قه‌یس خه‌ز عه‌لی، ئه‌میندارى گشتیى عه‌سائیبى ئه‌هى حه‌ق، له‌ تویته‌رى خۆى بڵاویکرده‌وه‌:" تورکیا و هه‌ولێر ڕێککه‌وتوون بۆ کۆنترۆڵکردنى شه‌نگال، کازمیش دۆسیه‌ى په‌که‌که‌ به‌کاردێنێت بۆ پشتیوانیى تورکیى و کوردی". خه‌ز عه‌لى باسى له‌وه‌ کردووه‌ که‌ شه‌نگال ده‌که‌وێته‌ سێگۆشه‌یه‌ک، که‌ گرنگیى زۆرى بۆ ڕێگاى هه‌ریر هه‌یه‌ و تورکیاش ده‌یه‌وێت و شه‌نگال و زۆر شارى باکوورى عێراق داگیر بکات". هه‌روه‌ها ئه‌میندارى گشتیى عه‌سائیبى ئه‌هى حه‌ق ئه‌وه‌شى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ تورکیا هه‌وڵ ده‌دات کوردانى عێراق و سوریا له‌یه‌ک داببڕێت.

ئارا ئیبراهیم هاوسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکارى ئه‌نجومه‌نى سووریاى دیموکرات ڕایگه‌یاند:" پرسى کورد بۆته‌ پرسێکى جیهانى و رۆڵى ده‌بێت له‌ نوێکردنه‌وه‌ى سیاسه‌تى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستدا"، راشیگه‌یاند:" ئه‌و کاته‌ى په‌که‌که‌ش نه‌بووه‌ تورک هه‌ر خه‌ریکى قڕکردنى کورد بوون له‌سه‌ر ده‌مى شێخ سه‌عیدى پیران و پێشترو دواتریش، بۆیه‌ تورکیا دوژمنى کورده‌". ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21ى ئایارى 2022، ئیلهام ئه‌حمه‌د، هاوسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکارى ئه‌نجومه‌نى سووریاى دیموکرات له‌ هۆڵى خاک له‌ شارى سلێمانى سیمینارێکى ئه‌نجامدا، که‌ نوێنه‌رایه‌تیى باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سووریا له‌ هه‌رێمى کوردستان ڕێکیخستبوو. ئیلهام ئه‌حمه‌د ماوه‌ى 48 خوله‌ک پرسى رۆژئاڤاى کوردستان و پارچه‌کانى دیکه‌ى کوردستانى خسته‌روو و ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ پرسى کورد به‌ئاسانى ده‌توانن بگه‌یه‌ننه‌ ده‌وڵه‌تى جیهان، وتى:" دۆخى کورد له‌ سوریا ناگه‌رێته‌وه‌ بۆ پێش 2011و به‌ڵکو خۆبه‌رێوه‌به‌رییه‌ک هه‌یه‌و پارێزگارى له‌ کورد و عه‌ره‌ب و مه‌سیحى و هه‌موو پێکهاته‌کانى دیکه‌ ده‌کات". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ دۆخى سووریا کرد که‌ سووریا ئێستا بووه‌ته‌ سێ به‌ش، به‌شێکى ڕژێمى به‌عسى تێدایه‌، به‌شێکى خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریى ڕۆژئاواى کوردستانه‌ و به‌شێکیش "چه‌ته‌کان"ى ملیشیاى سه‌ر به‌ تورکیاى تیادایه‌. ئیلهام ئه‌حمه‌د وتیشى:" له‌ هه‌ر شوێن و وڵاتێک پرسێکى کورد هه‌وڵى چاره‌سه‌ر هه‌بێت تورکیا دێته‌ سه‌ر خه‌ت و تێکى ده‌دات، بۆ نمونه‌ پرسى کوردى باشور له‌گه‌ڵ عێراق کێشه‌یه‌کى چاره‌سه‌ر بکات، تورکیا دێت تێکى ده‌دات، چونکه‌ دوژمنایه‌تى تورک به‌رانبه‌ر کورده‌ له‌هه‌موو شوێنێک". هاوکات هاوسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکارى ئه‌نجومه‌نى سووریاى دیموکرات ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ هه‌موو رۆژێک له‌شه‌ردان له‌گه‌ڵ "چه‌ته‌" میلیشیاکانى تورکیادا و ده‌یانه‌وێت به‌رده‌وام ئاشوب و ئاژاوه‌ هه‌بێت، وتیشى:" ئه‌گه‌ر به‌ فرۆکه‌ى جه‌نگى بۆردومان نه‌کات به‌ تۆپبارانى گونده‌کان و ناوچه‌ جیاوازه‌کان ده‌کات و قه‌سه‌ده‌ش وه‌ڵامده‌داته‌وه‌". "نه‌بوونى یه‌ک وتارى و یه‌ک هه‌ڵوێستى کورد گه‌وره‌ترین به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌ماندا و ئه‌وه‌ش کێشه‌ گه‌وره‌که‌یه‌، نه‌بوونى ستاتۆیه‌ک بۆ کورد کێشه‌ى گه‌وره‌یه‌، ئێستا له‌ناو هه‌موو جڤاک و حزبه‌کاندا که‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌یت له‌گه‌ڵ یه‌کخستنى ده‌نگى کوردن به‌ڵام له‌ناخیاندایه‌و ده‌رینابڕن، ئێمه‌ش ده‌ڵێن دیاره‌ هه‌لومه‌رجه‌که‌ له‌بار نییه‌"، ئیلهام ئه‌حمه‌د واى وت. له‌درێژه‌ى قسه‌کانیدا ئیلهام ئه‌حمه‌د جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ فشارێکى زۆر له‌سه‌ر رۆژئاڤا هه‌یه‌، که‌ تورکیا به‌پێداگرییه‌وه‌ داوا ده‌کات ئه‌و وڵاتانه‌ى هاوکارى رۆژئاوا و قه‌سه‌ده‌ ده‌که‌ن، ده‌ست له‌ پشتیوانییکردنیان هه‌ڵگرن، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ى کردووه‌ به‌ مه‌رج بۆ سوید و فینله‌ند، که‌ ده‌یانه‌وێت ببنه‌ ئه‌ندامى ناتۆ، ده‌شیه‌وێت میساقى میللـى زیندوو بکاته‌وه‌ و بیکاته‌ ئه‌مرى واقع؛ ده‌شڵێت:" پارته‌که‌ى ئه‌ردۆغان باسى په‌که‌که‌ ده‌کات، ئێ ئه‌و کاته‌ى په‌که‌که‌ نه‌بوو تورک هه‌ر خه‌ریکى قڕکردنى کورد بووه‌ ئه‌ى ئه‌و کات چى، بۆیه‌ تورکیا ده‌یه‌وێت پاش سه‌د ساڵ تێپه‌ربوون به‌سه‌ر په‌یمانى سایکس بیکۆ بیکاته‌ ئه‌مرى واقع و ناوچه‌ى دیکه‌ له‌ باشورى کوردستان و رۆژئاوا داگیر بکات". "پارته‌که‌ى ئه‌ردۆغان ترسى له‌هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌و ده‌یه‌وێت به‌ دروستکردنى شه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ى تورکیا، له‌باشوورى کوردستان، له‌ رۆژئاڤاى کوردستان خۆى به‌هێز پیشان بدات، له‌ باکور کورد ه‌ستگیر ده‌کات، ئه‌مانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ جارێکى دیکه‌ ئه‌ردۆغان ده‌سه‌ڵات بگرێته‌وه‌ ده‌ست"، هاوسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکارى ئه‌نجومه‌نى سووریاى دیموکرات واى وت. ئیلهام ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ پرسى کورد بۆته‌ پرسێکى جیهانى و رۆڵى ده‌بێت له‌ نوێکردنه‌وه‌ى سیاسه‌تى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستدا، ئه‌ه‌مش بۆ تورک قورسه‌و پێى هه‌زم ناکرێت بۆیه‌ ده‌یه‌وێت کورد قڕ بکات. هاوسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکارى ئه‌نجومه‌نى سووریاى دیموکرات ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد: ئه‌مڕۆ زۆرینه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بیى و ئه‌وروپیى و ئه‌مریکا و رووسیا له‌ ڕۆژئاڤاى کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌واندان"ئه‌گه‌ر هه‌ندێک هێز ‌بیانه‌وێت به‌ فشار دروستکردن و داخستنى ده‌رگا په‌یوه‌ندیى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ بپچڕێنن ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌ن، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌رگایه‌کمان لێ دابخه‌ن، ئێمه‌ حه‌وت ده‌رگا ده‌که‌ینه‌وه‌".

هاوڵاتی گەریلا بە چەكی قورس گورزی كەمەرشكێن لە سوپاكەی ئەردۆغان دەدات لە زاپ و ئافاشین و  15 سەربازی دیكەیان لەناودەبات و تەنها لە دوو رۆژدا 56 جار چەكی كیمیاویان دژی گەریلا بەكار هێناوەو 33 جاریش بۆردومانیان كردووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئایاری 2022، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی چالاكییەكانی 24 كاتژمێری ڕابردووی گەریلاكان لە ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە:" گەریلاكن ڕۆژی 17ی ئایار لە گۆڕەپانی شەهید دڵگەشی مەرڤانۆس چالاكییان دژی داگیركەران ئەنجامداوە، لە ئەنجامی چالاكییەكەدا دوو داگیركەر سزادران و داگیركەرێكیش برینداربووە". هەروەها ئەوە خراوەتە روو كە دوێنێ چوارشەممە 18ی ئایار داگیركەران هەوڵیانداوە بە چەكی كیمیایی هێرش بكەنە سەر وەرخەلێ، بەڵام گەریلاكان بە چەكی قورس و تەقاندنەوە چالاكییان لەدژیان ئەنجامداوە و ناچاریان كردوون پاشەكشە لە ناوچەكە بكەن. هاوكات ئەوەشیان ئاشكرا كردووە هەر دوێنێ گەریلاكان زنجیرەیەك چالاكییان لە سنووری ناوچەی زاپ دژی سوپای تورك ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا 13 داگیركەر كوژران و گورز لە هێلیكۆپتەرێك دراوە و چادرێكیشیان خاپووركراوە و تەرمی دوو سەربازی سوپای ئەردۆغان كەوتووەتە دەست گەریلاكان. هەر بە پێی ڕاگەیەندراوەكەی هەپەگە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوو سوپای تورك 56 جار چەكی كیمیایی لە ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین بەكارهێناوە. لەبارەی هێرشە ئاسمانیی و تۆپبارانەكانی دەوڵەتی توركیاشەوە، هەپەگە ڕایگەیاندووە، سوپای تورك 33 جار ناوچەكانی زاپ و مەتینا و خواكوركی بۆردوومان و تۆپباران كردووە. سوپاكەی ئەردۆغان لە شەوی 17ی نیسانەوە لەژێر ناوی"جنگی قوفڵ"، ئۆپەراسیۆنی نوێی دژی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) ئەندامداو دوای دوو هەفتە لە ئۆپەراسیۆنەكان، خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری حكومەتەكەی ئەردۆغان ئەوەی راگەیاندبوو كۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنەكەیان هێناوە، بەڵام هەر زوو لەلایەن زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) ئەوە رەتكرایەوەو لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی وتی:" ئۆپەراسیۆنی توركیا بەردەوامەو كۆتایی نەهاتووە". هەروەها وتیشی:" گەریلاكان سوپای توركیان تووشی شۆك كردووەو لەماوەی مانگێكی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا 427 سەربازیان لێ كوژراوەو 88 دیكەیان بریندارن، بۆیە سوپای تورك چەكی كیمیاوی بەكاردەهێنێت بەرانبەر گەریلا و شكستی گەورەیان بەدەستهێناوە".  

هاوڵاتى سه‌رۆک کۆمارى تورکیا باسى به‌هێزى و چالاکییه‌کانى پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که‌) له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا ده‌کات، له‌کاتێکدا که‌ سوپاکه‌ى له‌ بادینان به‌ده‌ست گه‌ریلاوه‌ شکستى هێناوه‌. ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆک کۆمارى تورکیا رایگه‌یاند:" ئه‌گه‌ر فینلاند و سوید داواکاریه‌کانى تورکیا سه‌باره‌ت به‌ پرسى په‌که‌که‌ جێبه‌جێ نه‌که‌ن، رازى نابین ببنه‌ ئه‌ندام له‌ رێکخراوى هاوپه‌یمانى باکورى ئه‌تڵه‌سى (ناتۆ)". ئه‌ردۆغان وڵاتانى سوید و فیله‌ندا و هۆڵنداى به‌میوانداریکردنى سه‌رکرده‌کانى پارتى کرێکارانى کوردستان (په‌که‌که‌) تۆمه‌تبارده‌کات که‌ "له‌ تورکیا له‌ لیستى تیرۆردایه‌".  هه‌روه‌ها ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌" په‌که‌که‌ له‌و وڵاتانه‌ له‌ چالاکییه‌کانیان به‌رده‌وامن، سویدو فیله‌ند رێگریان لێ ناکه‌ن و هه‌ڵوێستیان به‌رانبه‌ریان نییه‌". ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ ناوه‌ندى راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل(هه‌په‌گه‌) دوێنێ یه‌کشه‌ممه‌ 15ى ئایار، ئامارى مانگێکى چالاکییه‌کانیان بڵاوکرده‌وه‌ به‌رانبه‌ر سوپاکه‌ى ئه‌ردۆغان که‌ 427 سه‌ربازیان کوژراون و 88 دیکه‌ برینداربوون. هاوکات، هه‌ر دوێنێ گه‌ریلا سوپاکه‌ى ئه‌ردۆغانى له‌ناوچه‌کانى برادۆست و ئاڤاشین و زاپ کردووه‌ته‌ دۆزه‌خ بۆ سه‌ربازه‌کانى تورکیاو 15 لێ کوژراوه‌و چه‌ند سه‌ربازێکى دیکه‌ش برینداربوون و به‌ سێ کۆپته‌ر ته‌رمى کوژراو برینداره‌کانیان بردووه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاته‌که‌یان.  

هاوڵاتى  شاره‌زایه‌کى که‌شناسى عێراق رایگه‌یاند، به‌هۆى دروستبونى ناوچه‌یه‌کى زۆرى بیابان و که‌مى رێژه‌ى بارانبارین له‌ماوه‌کانى رابردودا، زریان و شه‌پۆلى خۆڵبارین له‌هاوینى ئه‌مساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت. سادق عه‌تیه‌ له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له‌تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک نوسیویه‌تی، "هه‌موو وه‌رزێک شێوازى فشارى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌ که‌ ده‌بێته‌ هۆى دروستبونى زریان، له‌ زستاندا دابه‌زینى پله‌کانى گه‌رما هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر شه‌پۆلێکى وشکى له‌گه‌ڵدا بێت ره‌شه‌بایه‌کى سارد دروستده‌کات، له‌ به‌هاردا به‌هه‌مانشێوه‌ دابه‌زینى پله‌کانى گه‌رما هه‌یه‌ که‌ سه‌رچاوه‌که‌ى له‌ ئه‌فریقاوه‌یه‌، له‌ هاوینیشدا ململانێیه‌ک له‌نێوان باى نیمچه‌ عه‌ره‌بى و به‌رزبونه‌وه‌ى باى باکورى رۆژئاوا هه‌یه‌".  هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌"له‌ وه‌رزى هاوینه‌ى ئه‌مساڵدا به‌هۆى دروستبونى ناوچه‌یه‌کى فراوانى بیابان و بارانبارین به‌ڕێژه‌یه‌کى که‌م له‌ماوه‌ى رابردودا له‌ هاویندا زریان و شه‌پۆله‌کانى خۆڵبارین دوباره‌ ده‌بنه‌وه‌" هاوکات، سادق عه‌تیه‌ ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه‌ که‌ "هیچ هاوینێک نییه‌ به‌سه‌ر عێراقدا تێپه‌ڕیبێت به‌بێ باى باکورى رۆژئاوا که‌ ره‌شه‌با و خۆڵبارین ده‌گرێته‌وه‌، زۆرجاریش له‌ سه‌ره‌تاى مانگى شه‌شه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات و تا کۆتایى مانگى حه‌وت یان سه‌ره‌تاى مانگى هه‌شت به‌رده‌وام ده‌بێت.  

هاوڵاتى نرخى نه‌وتى خاوى له‌ بازاره‌کانى جیهاندا به‌ هه‌رسێ جۆرى برێنت و ئه‌مریکاو ئۆپێکه‌وه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى زۆر به‌سه‌ر نرخه‌که‌یاندا هاتووه‌. له‌ ئێستادا یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى برێنت له‌ بازاره‌کانى جیهاندا به‌ 114 دۆلارو 28 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هه‌روه‌ها یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا گه‌یشته‌ 113 دۆلارو 72 سه‌نت. هاوکات یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئۆپێک به‌ 112 دۆلارو 47 سه‌نته‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وتى خاو دواى ئه‌وه‌ دێت که‌ به‌رپرسانى باڵاى سوێد و فله‌ندا سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ هاوپه‌یمانى باکورى ئه‌تڵه‌سى(ناتۆ) بکه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن رووسیاوه‌ به‌توندى ره‌خنه‌ى لێ گیرا و له‌زارى وته‌بێژى کرملنه‌وه‌ ئه‌وه‌ راگه‌یاندرا که‌ چوونى ئه‌و دوو وڵاته‌ بۆ چوونه‌ ناو ناتۆ، ئاسایشى ئه‌وروپا باشتر ناکات. هاوکات، کۆمپانیا نه‌وتییه‌ گه‌وره‌کانى جیهان ئاماده‌ نیین به‌رهه‌مى خستنه‌روو زیاتر بکه‌ن له‌ بازاردا که‌ خواستێکى زۆرى له‌سه‌ره‌ ئه‌وه‌ش هۆکارێکى دیکه‌ى به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وتى خاوه‌. به‌هۆى شه‌رى رووسیا به‌رانبه‌ر ئۆکرانیا سوته‌مه‌نى له‌ جیهاندا به‌تایبه‌ت نرخى غازو به‌نزین دوو به‌رانبه‌ر زیادى کردووه‌.