عەمار عەزیز    هەشت ساڵ بەسەر كۆمەڵكۆژی ئێزدییەكان تێدەپەڕێت، هێشتا چارەنووسی دوو هەزارو 717 رفێنراوی ئێزیدی دیارنیە، نزیكەی دوو ساڵە رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا لەبارەی بارودۆخی قەزای شەنگال كراوە، بەڵام تائێستا جێبەجێنەكراوە، قایمقامێك لەناوەندی شەنگال دەوام دەكات و حكومەتی هەرێمیش قایمقامێكی بۆ داناوە، تائێستا دۆخی شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری ئاسایی نەبووەتەوەو   70%ی ئاوارەكانی نەگەڕاونەتەوە.  ئاوارەكان لەترسی بۆردومانی توركیا لەلایەك و لەلایەكی تر ئاوەداننەكردنەوەی ناوچەكەو بوونی چەندین پێكهاتەو گروپی چەكداری جیاجیا لەسنوری قەزاكە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لەهەمووشی ناخۆشتر هێشتا چارەنووسی دوو هەزارو 717 رفێنراوی ئێزیدی دیارنیە، ئەمەش برینەكانیانی قوڵتركردووەتەوە. هەشت ساڵە تەنیا 30% ئاوارەكان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و ئەوانی تر لەهەرێمی كوردستانن. عیدۆ خەلەف، كە ئاوارەیەكی ئێزیدییە هەشت ساڵە لەگەڵ خێزانەكەیدا لەخێوەتیكدا لەدەرەوی كەمپ و لەناوەندی كۆمەڵگای شاریا دەژین، بەهاوڵاتی  وت:» هەشت ساڵە لەژێر خێوەتدا دەژین، لەهاوین بەهۆی گەرمای بەتین  و زستانیش بەهۆی سەرما گوزەرانمان زۆر خراپە، هاوكارییەكانیش زۆر كەمبووە، كاتێك ئاوارەی دهۆك بووین وامان دانابوو كە چەند مانگێكەو دواتر دەگەڕێینەوە زێدی خۆمان، بەڵام هەشت ساڵە ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە.   ئاوارەكانی قەزای شەنگال لە 15 كەمپ لەسنوری پارێزگای دهۆكدا دەژین ، 26 هەزار و 890 خێزان و  135 هەزارو 639 كەسن، 38 هەزارو 230 خێزان و   189 هەزار و 528 كەس لەدەرەوەی كەمپ دەژین. دیان جەعفەر، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێم بەهاوڵاتی  وت: « لەماوەی هەشت ساڵی رابوردوودا تەنیا 30% ئاوارەكانی ئێزیدی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان ، 70% لە سنوری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەژین»، وتیشی: « كەمپەكان داناخرێن و  لە هەمانكاتدا رێگە لەهیچ ئاوارەیەكیش ناگرین كە بگەڕێتەوە». بەپێی ئامارێكی نووسینگەی رفێنراوانی ئێزیدی كە دەست هاوڵاتی كەوتووە، ژمارەی ئێزدییەكان  550000 كەس دەبن ، ژمارەی ئاوارەكانی كەئێستا لەكەمپەكانی هەرێمی كوردستانن دەگاتە 135 هەزارو 860 ئاوارە، هەروەها ژمارەی ئەو ئاوارانەی لەدەرەوەی كەمپن نزیكەی 189 هەزارو 337 كەسن . هەر بەپێی ئەو ئامارە بەهۆی هێرشەكانی داعش 5000 هاووڵاتی ئێزدی شەهید بوون، دوو هەزارو 745 منداڵا بێ دایك و باوك بوون ، ژمارەی گوڕە بەكۆمەڵەكان ئەوانەی تائێستا دۆزرانەتەوە 83 گوڕی بەكۆمەڵە، لەگەڵ دەیان گوڕی یەك كەسی، ژمارەی مەزارو شوێنە ئایینەكانی  داعش خاپوریكردن  68 شوێنی ئاینییە، نزیكەی 100 هەزار ئێزدی وڵاتیان بەجێهێشتووە. شەش هەزارو 417 ئێزدی رفێنراون، سێ هەزارو 548 كەسیان لە رەگەزی مێیەو دوو هەزارو 869 لە رەگەزی نێرە، 146 لەو كەسانەی رفێنراون لەلایەن داعشەوە كوژراون.   لەكۆی ئەو شەش هەزارو 417 رفێنراوە تاوەكو ئێستا سێ هەزارو 454 كەس رزگاركراون و دوو هەزارو 717 هەزار كەسیش چارەنووسیان نادیارە. خەیری بۆزانی ، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی بەهاوڵاتی وت: « نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوان بەردەوام بەدوای دۆزینەوەی رفێنراوانی ئێزیدی دەگەڕێت، ئەویش بەڕێگای چەند پلانێك و بەهاوكاری حكومەتی هەرێم. وتیشی:»ئێمە ناتوانین هیچ بەڵێنێك بەكەسوكاری رفێنراوان بدەین، چونكە ئێمە تەنیا هەوڵدەدەین رفێنراوەكان رزگاربكەین». فەیسەل رەفۆ، خەڵكی گوندی وەردی سەر بەقەزای شەنگال ، لە 3ی ئاب 100  كەس لەخێزانەكەی و خزم و كەسوكاری كەوتنە دەستی داعش، دوای هەشت ساڵ 44 كەسیان رزگاركراون و 56 كەسیشیان چارەنووسیان دیارنیە، بەهاوڵاتی راگەیاند: «هاوسەرەكەم لەگەڵ دوو منداڵم هەروەها برایەك و خوشكێك و دایكم و زڕ دایكم  لەگەڵ 37 كەسی تر لەخزم و كەسوكارم ئازادكراون، بەڵام باوكم و 56 كەس دیكە چارەنووسیان دیارنیە». فەیسەل رەفۆ وتیشی:» هەشت ساڵە چاوەڕێی رزگاركردنی باوكم دەكەم، لەسەر حسابی خۆم رۆیشتم بۆ رۆژئاواو كەمپی هوڵ بۆ سۆراغی باوكم و كەسوكاری خۆمان، بەڵام هیچ شتێكمان دەستنەكەوت، تا دەمرین بێ هیوا نابین. ئیدارەی شەنگال  لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر شەنگال دوو قایمقامی هەیە، فەهد حامد  پێنج ساڵە بەوەكالەت لەناوەندی شەنگال وەك قایمقام دەوام دەكات ، ئیدارەی پێش داعش هەشت ساڵە لەپارێزگای دهۆكن و نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوەندی شەنگال. لە  20-10-2020 لەبارەی دوخی شەنگال لەنێوان بەغدادو حكومەتی هەرێم رێككەوتنێك واژۆكرا، بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت ئیدارەیەكی نویێ دابنرێت لەگەڵ دەركردنی هەموو هێزەكان، دوای تیپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر رێككەوتنەكە تەنیا لەسەر كاغەز ماوەتەوەو جێبەجێ نەكراوە . رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری كارگێڕی بەهاوڵاتی  وت: « رێككەوتنی بەغداو هەولێر تائێستا جێبەجێ نەكراوە و تائەم رێككەوتنەش نەچێتە بواری جێبەجێكردن دۆخی شەنگال ئاسایی نابێتەوە ،  كێشەی شەنگال كێشەیەكی پڕ ئاڵوزو قورسە، هەر ئەوەش وایكردووە كە هیچ قایمقامێكی نوێ بۆ شەنگال دانەنراوە». جێگری پارێزگاری نەینەوا وتیشی» وەكو ئیدارەی پارێزگای نەینەوا  بەفەرمی مامەڵە لەگەڵ ئیداری پێش داعش دەكەین كەئێستا لەسنوری پارێزگای دهۆك دەوام دەكەن، پێشتر مەحما خەلیل قایمقام بوو، بەڵام ئەو بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ئێستا نایف سەیدۆ بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ‌ كراوە بەقایمقامی شەنگال بەوەكالەت، بەهۆی كێشەی ئیدارەو بوونی چەند هێزێكی ناشەرعی شەنگال ئاوەدان نەكراوەتەوە». فەهد حامد ، قایمقامی قەزای شەنگال بەوەكالەت كە لەناوەندی قەزای شەنگال دەوام دەكات بەهاوڵاتی ی وت :» زیاتر لەپێنج ساڵە بەبێ جیاوازی خزمەت بەهەموو خەڵكی شەنگال دەكەین، بەڵام زۆر بەداخەوە ئیدارەی نەینەوا مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا ناكات». « نەگەڕانەوەی ئاوارەكان پەیوەندی بەدۆخی ئەمنی شەنگال نیە، ناوچەكە زۆر ئارامەو لەژێر كۆنتروڵی دەزگا ئەمنیەكاندایە، ئێمە دژی رێككەوتنی بەغداو هەولێرین، چونكە بەهیچ شێوەیەك رای ئێزدییەكانی شەنگال وەرنەگیراوە، هەر جۆرە رێككەوتنێك واژۆبكرێت پێویستە رای ئێمەش وەربگیرێت» فەهد حامد وادەڵێت . هێزە ئەمنی و سەربازیەكانی شەنگال لەناو شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری هێزی حكومەتی عێراق و هێزی پێشمەرگەی سەر بەحكومەتی هەرێم و  ئاسایشی ئێزدیخان و یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال بوونیان هەیە. لەناو قەزای شەنگال هێزەكانی پۆلیس و ئەمنی نیشتیمانی  و سوپای عیراق و حەشدی شەعبی بوونیان هەیە، لەناحیەو گوندەكان و ناوچەكانی دەوروبەری شەنگالیش هێزی ئاسایشی ئێزدیخان و یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە)، هێزی پاراستنی ئێزدیخان سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە بەفەرماندەیی حەیدەر شەشۆو هەروەها هێزی فەرماندەی قاسم شەشۆ لەمەزارگای شەرەفەدین سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە بوونیان هەیە. جەهوەر عەلی بەگ، جێگری میری ئێزدییان لە لێدوانێكیدا بۆ  هاوڵاتی وت: « هەشت ساڵە حكومەتی عێراق شەنگالی ئاوەدان نەكردووەتەوەو كێشەكانی چارەسەرنەكراون بەپێچەوانەوە زیادبوونە، حكومەتی هەرێم و بەغداد رێككەوتنێكیان واژۆكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی شەنگال و دانانی ئیدارەیەكی نوێ ، ئەو رێككەوتنەمان پێ‌ باشبوو ئەگەر جێبەجێكرابا ئێستا بەشێكی زۆر لەكێشەكانی قەزاكە چارەسەر دەبوون، بەڵام بەداخەوە رێككەوتنەكە تەنها لەسەر كاغەز ماوەتەوەو جێبەجێ نەكراوە. جەوهەر عەلی بەگ وتیشی: « بۆ گەڕان و سۆراغی رفێنراوان پێش دوو ساڵ سەردانی رۆژئاوای كوردستانمان كرد، لەوێ لەگەڵ ماڵی ئێزدییان  و زۆر لایەنی تر كۆبوونەوەمان كرد، تاوەكو ئێستا سەرووی سێ هەزار رفێنراو ئازادكران، ئەوەش لەڕێگای نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی سەر بەحكومەتی هەرێم ، بەرپرسانی هەرێم ئەركی خۆیان جێبەجێ  كردووە، بەڵام بەداخەوە حكومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ گەڕانەوەی رفێنراوەكانمان نەناوەو وەك ئەوە مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن كەهاووڵاتی ئەم وڵاتە نەبین».

هاوڵاتی ڕابەری قاعیدە ئەیمەن زەواهری لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان کوژرا، ئەمەش لە دوای کوژرانی ئوسامە بن لادنەوە گەورەترین لێدانە لە گروپەکە. بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند زەواهری چەند ساڵێکە خۆی حەشارداوە و ئۆپەراسیۆنەکان بۆ دۆزینەوە و کوشتنی زەواهری دەرەنجامی کارێکی " بە ئارام و بەردەوامی " کۆمەڵگەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەواڵگری بووە. هەتاوەکو پێش ئەوەی ئەمەریکا کوژرانی زەواهری ڕابگەیەنێت، دەوترا زەواهری لە ناوچە خێڵاوییەکانی پاکستان یاخود لەناو ئەفغانستاندا خۆی حەشارداوە. بەرپرسەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت باسی لە وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ڕۆیتەرز کرد و ووتی " ساڵانێکە حکومەتی ئەمەریکا ئاگاداری ئەو تۆڕەیە کە پێی وایە پشتیوانی لە زەواهری کردووە، لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا و دوابەدوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، بەرپرسەکان چاودێری ئاماژەکانیان کردووە لەسەر بوونی ئەل قاعیدە لە وڵاتەکەدا." بەرپرسانی هەواڵگری لەم ساڵدا بۆیان دەرکەوتووە کە خێزانەکەی زەواهری، هاوسەرەکەی و کچەکەی و منداڵەکانی گواستوویانەتەوە بۆ ماڵێکی پارێزراو لە کابوڵ و دواتر زەواهرییان لەو شوێنەدا ناسیووەتەوە. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بە جۆو بایدنی وتووە" لە چەند مانگێکدا بەرپرسانی هەواڵگری متمانەیەکی زیاترییان لادروست بووە لەسەر ئەوەی بەڕاستی زەواهرییان لە ماڵە پارێزراوەکەی کابوڵدا ناسیوەتەوە، هەروەها لە سەرەتای مانگی چوارەوە دەستیان کردووە بە پێدانی زانیارییەکان بە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا." بەرپرسەکە وتی " توانیمان لەڕێی کۆمەڵێک سەرچاوەی سەربەخۆی زانیارییەوە شێوازی ژیانی بزانین و ئۆپەراسیۆنەکەی لێ ئاگادار بکەینەوە." بەرپرسەکە وتی جارێکیان زەواهری گەیشتۆتە ماڵە پارێزراوەکەی کابوڵ، بەرپرسەکان ئاگاداری ئەوە نەبوون ماڵەکەی جێهێشتبێت و چەند جارێک لە باڵکۆنییەکەی ماڵەکەدا بینیویانە، لە کۆتاییشدا هەر لەو باڵکۆنییەدا کوژرا. وتیشی " بەرپرسەکان لێکۆڵینەوەیان لە پێکهاتە و بونیاد و سروشتی ماڵە پارێزراوەکە کردووە و بە وردی لێکۆڵینەوەیان لە دانیشتوانەکەی کردووە تاوەکو ئەمەریکا بتوانێت بە نهێنی و بەبێ زیان گەیاندن بە بونیادی بیناکە ئۆپەراسیۆنێک بۆ کوشتنی زەواهری ئەنجام بدات، هەروەها بۆ ئەوەی مەترسییەکانی سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و خێزانەکەی زەواهری کەم بکاتەوە. هەروەها وتیشی " لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا سەرۆک چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕاوێژکارە سەرەکی و ئەندامانی کابینەکەیدا کردووە تاوەکو بە وردی لێکۆڵینەوە لە زانیارییە هەواڵگرییەکان بکەن و هەڵسەنگاندنێک بکەن بۆ گرتنەبەری باشترین ڕێگە. لە 1 ی مانگی حەوتدا بایدن لە کۆشکی سپی لەلایەن ئەندامانی کابینەکەیەوە پێشنیاری ئۆپەراسیۆنێکی بۆ کراوە، بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیان بێرنسیش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کردووە. وتیشی " بایدن پرسیاری وردی سەبارەت بەو شتانە کردووە کە دەیزانین و چۆنیش زانیومانە "، هەروەها لەنزیکەوە شیکاری بۆ مۆدێلی ماڵە پارێزراوەکە کردووە کە کۆمەڵگەی هەواڵگری دروستییان کردووە و هێناوییانە بۆ کۆبوونەوەکە. وتی بایدن پرسیاری سەبارەت بە ڕووناکی و کەش و پێکهاتەی خانووەکە کردووە، هەروەها پرسیاری سەبارەت بەو فاکتەرانە کردووە کە دەکرێت کاریگەرییان لەسەر سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە هەبێت. سەرۆک داوای شیکارییەکیشی کردووە بۆ ئەگەری لێکەوتەکانی ئەنجامدانی هێرش لە کابوڵ. وتیشی"بازنەیەکی نزیکی پارێزەرانی باڵای نێو دەزگاکە شیکارییان بۆ ئەو زانیارییانە کردووە و ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە کە زەواهری ئامانجێکی یاساییە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی سەرکردایەتیکردنی ئەل قاعیدەوە. بەرپرسەکە وتی لە 25 ی مانگی حەوتدا سەرۆک بایدن کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی کابینەکە و ڕاوێژکارەکانیدا کرد تاوەکو دوایین زانیاریی بدەنێ و تاوتوێی کۆمەڵێک بابەت بکەن، لەوانەش کوشتنی زەواهری چۆن کاردەکاتە سەر پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ تاڵیباندا، دواتر بایدن فەرمانیکردووە "هێرشێکی ئاسمانی وردی تایبەتمەند " ئەنجام بدرێت، بە مەرجێک کە مەترسییەکانی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی کەم بکاتەوە. وتیشی"لە کۆتاییدا هێرشەکە لەڕێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە و بە موشەکی هێڵفایەر لە 30 ی مانگی حەوتدا لە کاتژمێر 9:45 خولەک بەکاتی ڕۆژهەڵات ئەنجامدرا." سەرچاوە: ڕۆیتەرز

هاوڵاتی    لەكاتێكدا دۆخی عێراق لەلێواری تەقینەوەدایە و هێزە سیاسییە شیعییەكانی عێراق تادێت گرفت و ناكۆكییەكانیان زیاتر دەبێت، لەهەرێمی كوردستاندا هیچ ئامادەكاریك و هەماهەنگیەكی سیاسی نیە بۆ خۆئامادەكردن لە ئەگەری هەرپێشهاتێكی چاوەڕوان نەكراو، هەروەها چۆن یەكێتی و پارتی لەم دۆخەشدا ناكۆكیەكانیان درێژەی هەیە هەماهەنگیان نیە، حزبەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتیش هیچ هەماهەنگی و گفتووگۆیەكیان نیە بۆ گۆڕانكارییەكان. سەبارەت بەئامادەكاری هێزە سیاسییە كوردستانیەكان بۆ هاتنە پێشەوەی گۆڕانكاری نوێ‌ لەعێراقدا، سۆزان مەنسور وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی رایگەیاند: « بەپێی زانیارییەكانی من تائێستا لەسەر ئەرزی واقیع هیچ گفتوگۆیەك لەنێوان لایەنە كوردستانییەكاندا نییە بۆ قسەكردن لەسەر ئەم دۆخە بەڵام باوەڕمان وایە كە دەبێت هەموو لایەنەكان پێكەوە گفتوگۆ بكەن و ماڵی كوردی یەكبخەین و هەوڵبدەین بەیەكگرتوویی بڕۆینە بەغدا». لەلایەكی ترەوە ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق بەدووری دەزانێت ئاڵۆزییەكانی عێراق كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان هەبێت و دەڵێت: «هەموان دەزانین ئەوەی لەبەغداد روودەدات كێشەی كەسی نێوان مالیكی و موقتەدا سەدرەو پەیوەستە بەناوماڵی شیعەوە، دۆخی بەغدا كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر هەرێمی كوردستان نابێت.» بەڵام سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری باوەڕی وایە  یەكێتی و پارتی بەشێكن لەوەی كە ئێستا لەعێراقدا روودەدات، بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانیان و شەڕیان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، لەوبارەیەوە بۆ  هاوڵاتی دواو وتی: « پارتی  و یەكێتی  دابەشبوون بەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی و بەرەی هاوپەیمانی سێقۆڵی كە سەدرییەكانی لێدەرچوون «. هاوكات ئاریان تاوگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی نەوی نوێ‌ سەبارەت بە ئاڵۆزیەكانی بەغداد بۆ هاوڵاتی قسەی كرد و وتی:»بەبۆچوونی من دۆخەكە تائێستاش نەگەیشتۆتە حاڵەتێكی زۆر خراپ و توندوتیژی زۆر و شەڕی چەكداری لێ نەكەوتۆتەوە، بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت بەدڵنیاییەوە زیانی بۆ هەموو كەس هەیە لە بەسرەوە  تا هەرێمی كوردستان. هەر لەو بارەیەوە مستەفا عەبدوڵا كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند: «وەك یەكگرتووی ئیسلامی تائێستا داوای هیچ كۆبوونەوە و دانیشتنێك لەلایەن هیچ لایەنێكەوە لەئێمە نەكراوە و پێموایە بۆ ئەو بابەتە لەهەرێمی كوردستانیش دانیشتنێكی لایەنە سیاسییەكانی پێویست نەبێت». سەبارەت بەگۆڕانكاری لەدەستوردا، یەكێتی و پارتی رایان جیاوازەو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی رەتیدەكاتەوە ئەوان دژی هەمواركردنەوەی دەستور بن، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت: «هەر ماددەیەك پەیوەندیدار بێت بەهەرێمی كوردستان و ژیانی هاووڵاتیانەوە بەرگری لێدەكەن». هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رەتیكردەوە كە ئەوان دژی هەمواركردنی دەستوور بن و دەڵێت: «ئێمە دژی هەمواركردنی دەستوور نین، بەڵام ئێستا كە باس لەگۆڕینی دەستوور دەكەن، هاوتەریب دەیانەوێ سیستمی سیاسیی لەپەرلەمانییەوە بگۆڕن بۆ سەرۆكایەتی، ئەو تێڕوانینەش پێویستە هی هەموو لایەنە عێراقییەكان بێت نەك یەك لایەن بەتەنیا.» هەروەها مستەفا عەبدوڵا رایگەیاند: « ئەگەر كێشەكان لەبەغدا قوڵببنەوە و باس لەگۆڕینی دەستوور بكرێت و باسی هەڵوەشاندنەوەی دامودەزگاكانی عێراق بكرێت، ئەوا ئەو سیستەمی فیدراڵییەی كە هەیە یەكێك دەبێت لەو بابەتانەی كە دەكەوێـتە بەر مەترسی، تا ئێستاش هیچ دیراسەیەكی ئەوەمان نەكردووە كە ئایا لەگەڵ هەموواركردنەوەی دەستووربین یان نا، پێمان وایە ئەو بابەتە هێشتا زووەو بڕیاردان لەسەری ئاسان نییە». مستەفا عەبدوڵا كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوی ئیسلامی وتی: «ئێمە پێمان وایە پڕۆسەی سیاسی لەعێراق و هەرێمی كوردستان ئارام بێت و دەستوور جێبەجێبكرێت وحكومەتی عێراق ئەركەكانی خۆی بەپێی دەستوور جێبەجێبكات،  بۆ هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێووە، بەڵام ئەگەر ناوچەكە ئاڵۆزبێت و سیستەمی سیاسی لەعێراق گۆڕانكاری بەسەردابێت، ئەگەر كورد بەئامادەكاریەكی باشەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەكات و خۆی بۆ ئامادە نەكات بۆ ئەگەرەكانی ئایندەی دوای ئەو گۆڕانكاریانەی دێنە پێش، ئەوا بەو شپرزەیەی ماڵی كوردو دژایەتی لەسەر پۆست و شەڕكردن و نەگەیشتنە یەك، بەتایبەتی یەكێتی و پارتی كە دەسەڵاتدارن لەهەرێمی كوردستاندا و لەوێ‌ چاویان لە پۆستە سیادییەكانە ئاوا مامەڵە لەگەڵ هەرپرس و ئەگەرێك مەترسیدار دەبێت». سەبارەت بەهەماهەنگی حزبەكانی دەرەوی یەكێتی و پارتی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهات و گۆڕانكارییەكاندا، سۆران عومەر رایگەیاند: « پێموایە هێزەكانی دەرەوەی یەكێـتی و پارتیش سەركەوتوو نەبوون لەنوێنەرایەتی خەڵكی ناڕازی هەرێم  و پێكەوە كاركردن و هەریەكەیان  لە ئاوازێك دەخوێنێـت و متمانە لەنێوان ئەم هێزانەشدا لە ئاستێكی خراپدایە». بەڵام ئاریان تاوگۆزی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ‌ دەڵێت: «ئێمە  لەخۆپیشاندانەكانی پێشوودا و تەنانەت لەهەڵبژاردنەكانیشدا هەوڵماندا وەكو لیستێك لەگەڵ برادەرانی كۆمەڵ و یەكگرتوو بچینە هەڵبژاردنەكانەوە، بەڵام ئەوان نەهاتنە پێشەوە، ئێستاش ئێمە لەپەرلەمانی عێراقدا بەو شێوازە كاردەكەین كە ئەگەر پڕۆژەیەك هەبێت بزانین لەخزمەتی خەڵكدایە بەلامانەوە ئاساییە لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوودا تەنسیقمان هەبێت و بەیەكەوە ئیش بكەین». سەبارەت بە ئایندەی دۆخی عێراقیش، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت: «ئەگەر دۆخی بەغداد بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەگەر هەیە خۆپێشاندانەكان بەرەو شەڕی ناوخۆ بچن، سەركردە شیعەكان هەموویان داوای گفتوگۆ دەكەن و دەستبردن بۆ شەڕ و خوێنڕشتن رەتدەكەنەوە، كەچی لە هەمانكاتدا هەموویان لەسەر ویست و داخوازییەكانی خۆیان پێداگرن و پاشەكشێ لە خواستەكانیان ناكەن.» لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختیش، سۆزان مەنسور بەهاوڵاتی وت:» هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان چارەسەر نییە، ئەگەر پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە دەبێت یاسای هەڵبژاردنەكان هەمواربكرێتەوە و دەبێت زۆر شت بگۆڕێت ئینجا كە هەڵبژاردن دەكرێتەوە هەمان ئەنجام بەدەستدێتەوە و رەنگە لایەنێك دوو كورسی زیاتر دوو كورسی كەمتر، ئەگینا هیچ روونادات». هاوكات ئاریان تاوگۆزی دەڵێت: «ئێمە وەكو نەوەی نوێ‌ پێمان باشە كە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و لاریمان نییە و هیچ كێشەیەكمان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی نییە ئەگەر هەڵبژاردنێكی دیكە رووبدات، بەڵام ئەگەر بێیتە سەر واقیع ئەگەر هەر ئێستاش هەڵبوەشێتەوە لانی كەم پێویستمان بەساڵێك دەبێت تاهەڵبژاردنێكی دیكە بكرێت». لەبارەی دابەشبوونی یەكێتی و پارتی بەسەر دوو بەرە ركابەركەی عێراقدا (سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی) سۆزان مەنسور هەر لەو لێدوانەیدا بۆ هاوڵاتی وتی: « ئێمە هەر لەسەرەتاوە تێڕوانینمان هەبووە بۆ هەموو شتێك، وەك یەكێتی و وەك پەرلەمانتارانی یەكێتی كە سوێندمانخواردووە هەر لەیەكەم رۆژەوە كە هاتوینەتە بەغدا ئەجێندامان ئەوەبووە كە نەبینە لایەنداری هیچ لایەنێكی شیعە، لەبەرئەوەی پێمان وابووە ببینە لایەنداری هەر لایەنێكی شیعە ئەمە روودەدات كە ئەمڕۆ روویداوە، نەبووینەتە تەرەف لەهیچ كێشمەكێشێك نە لەناو شیعە نە لەناو سوننە نەهیچ لایەكی دیكە، باوەڕیشمان بەوەبووە كە پێویستە هەموو كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت كە ئێستا هەمووان داوای دەكەن». بەڵام سۆران عومەر رایگەیاند: «كورد پێش تێكچوونی ئەم دۆخە و لەكاتی دۆخی ئاسایی و گفتوگۆكاندا دەكرا رێكبكەون لەسەر مەسەلەی سەرۆك كۆمارو مەسەلە نەتەوەیی و نیشتیمانی مافە دەستووری شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ئەولەویەت بووایە نەك وەرگرتنی پۆست». سەبارەت بەوەی كە ئایا پێشبینی دەكرێت هاوشێوەی بەغداد، ناڕەزایی و فشاری شەقام دەستپێبكرێت، سۆران عومەر دەڵێت: « لەهەرێمی كوردستان نە جەماوەری سەدریەكان هەیە و نە موقتەدا سەدرێكیش بوونی هەیە، و هیچ سەركردەیەكیش لە هەرێم نییە كاریزمی و كاریگەربێت و بتوانێت خەڵك كۆبكاتەوە».

هاوڵاتی   دەستەی حەشدی شەعبی بڵاویکردۆتەوە ئەمڕۆ سێشەممە، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی بۆ دابینكردن و پارستنی سنوورەکانی سەڵاحەدین و نەینەوا دەستپێکردووە. لەڕاگەیەندراوێکدا حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە، کە "هێزێکی لیوای ٥١ سەر بە حەشد و هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان ئەنجامداوە بۆ پارستنی سنوورەکانی نێوان پارێزگاکانی سەڵاحدین و نەینەوا."  لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "هێزێک لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین بۆ حەشدی شەعبی ، بە بەسەرپەرشتی لیوای 51، بە بەشداری هێزێک لە دەزگای دژە تیرۆر و فەوجەکەی سەڵاحەدین و لیوای 91ی سوپا، دەستی کرد بە گەڕان و پشكنین ئەو کەرتە سنوورییەی کە سەڵاحەدین و نەینەوا جیا دەکاتەوە".  ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئۆپەراسیۆنەکە ئەوەی بەخۆیەوە بینی رووپێوکردن و پشکنینی ناوچەکانی سەگورات تا ناوچەی میجباس غانیمە و پاککردنەوەی سەرجەم تونێل و دۆڵەکان بووە".  هەروەها لەڕاگەیندراوەكەدا هاتووە، "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدینی سەر بە حەشد بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی ناو کەرتی بەرپرسیارێتی بەپێی پلانە ئەمنییەکانی کێشراو".

هاوڵاتی میدیاکانی ئێران لەزاری وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانەوە ڕایانگەیاند ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی ئەمریکا دەکات و لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەشداری دەکات. عەلی بەهادۆری جەهرۆمی وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێدوانی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند: "پلانە سەرەتاییەکان بۆ ئامادەبوونی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان داڕێژراوە". وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ئەمریکا لە تەشرینی یەکەمدا ئەنجام دەدرێت.

هاوڵاتی لەلێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی پارتی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە پارتی دژی هەمواری دەستووری عێراق بێت و ڕایدەگەیەنێت: "ئەوان دژی هەموارکردنی دەستوور نین، بەڵکو هەمواری دەستوور رێگەی یاسایی خۆی هەیە". ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کەناڵی (رووداو)ی ڕاگەیاندووە: "ئەگەر دۆخی بەغدا بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەگەر هەیە خۆپێشاندانەکان بەرەو شەڕی ناوخۆ بچن، سەرکردە شیعەکان هەموویان داوای گفتوگۆ دەکەن و دەستبردن بۆ شەڕ و خوێنڕشتن رەتدەکەنەوە، کەچی لە هەمانکاتدا هەموویان لەسەر ویست و داخوازییەکانی خۆیان پێداگرن و پاشەکشێ لە خواستەکانیان ناکەن."  سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بەدووری دەزانێت ئاڵۆزییەکانی عێراق کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت و دەڵێت: "هەموو دەزانین ئەوەی لە بەغدا روودەدات کێشەی کەسی نێوان مالیکی و موقتەدا سەدرە و پەیوەستە بە ناوماڵی شیعەوە، بەڵام ئەگەر هەرێمی کوردستان بە بەغدا بەراورد بکرێت، ئێرە لەچاو عێراق بەهەشتە و ناوچەکەمان تاوەکو ئێستا ئارامە و دۆخی ئەمنی جێگیرە، بۆیە دۆخی بەغدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت."   سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رەتیکردەوە کە ئەوان دژی هەموارکردنی دەستوور بن و دەڵێت: "ئێمە دژی هەموارکردنی دەستوور نین، بەڵکو هەمواری دەستوور رێگەی یاسایی خۆی هەیە و ساڵی 2019 دوای خۆپێشاندانەکان لیژنەیەک پێکهێنرا و شەش ئەندامی ئەو لێژنەیە کورد بوون، بەڵام ئێستا کە باس لە گۆڕینی دەستوور دەکەن، هاوتەریب دەیانەوێ سیستمی سیاسیی لە پەرلەمانییەوە بگۆڕن بۆ سەرۆکایەتی، ئەو تێڕوانینەش پێویستە هی هەموو لایەنە عێراقییەکان بێت نەک یەک لایەن بەتەنیا."  لەبارەی هەڵوێستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، د. ڤیان سەبری دەڵێت: هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق کرا و  ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ئێستا دەیبینین، ئەگەر جارێکی دیکە هەڵبژاردن بکرێتەوە و ئەنجامەکەشی هەر ئەوە بێت، هەمان لایەنی سیاسیی و یاسا و دەسەڵاتە لەسەرکاربن، ئەی چی دەگۆڕدرێت.

  هاوڵاتی سەرکردەیەکی (چوارچێوەی هەماهەنگی) شیعەکان پێشوازی لەبانگهێشتنامەکەی سەرۆکی هەرێم دەکات بۆ کۆبونەوە لەهەولێر و چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسییەکان. لەوبارەیەوە ئەحمەد ئەسەدی و وتەبێژی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەیامێکدا لە تویتەر دەڵێت، “جەختدەکەینەوە لە کرانەوە بەڕووی لایەنەکاندا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی واقعی کە پشت بە دەستوور و یاسا و بەرژەوەندیی گەلی عێراق ببەستێت”. دەشڵێت"پێشوازى لە بانگهێشتەکەى برامان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ دیالۆگى نیشتمانى". ئەوە لە كاتێكدایە دوێنێ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “به‌ نيگه‌رانييه‌كى قوڵه‌وه‌ له‌ دۆخى سياسيى عێراق و پێشهاته‌كانى ده‌ڕوانين، داوا له‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌ ناكۆكه‌كان ده‌كه‌ين ئه‌وپه‌ڕى دان به‌ خۆياندا بگرن و بۆ چارسه‌ركردنى كێشه‌كان گفتوگۆى ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێبكه‌ن”. وتیشی" هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌شێك ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ر، بۆيه‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى عێراق بانگهێشت ده‌كه‌ين بێن له‌ هه‌ولێرى پايته‌ختى دووه‌ميان ده‌ست به‌ گفتوگۆيه‌كى كراوه‌ى كۆكه‌ره‌وه‌‌ بكه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى وڵات بگه‌نه‌ لێكگه‌يشتن و ڕێككه‌وتن. هيچ كێشه‌يه‌ك نييه‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت”.

هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی وەڵامی موقتەدا سەدر دەداتەوە كە داوای شۆڕشی لە خۆپیشاندەران كردووە و هاوكات داوا لە سەرجەم لایەنەكان بە تایبەتیش لە ڕەوتی سەدر دەكات بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەن. چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت:" دۆخەكە خەریكە سەردەكێشێت بۆ كودەتا بەسەر شەرعیەتی دەستوور و هەڵبژاردندا". هەروەها ئاماژە بەوەشدەكات، "ئەم دۆخەی ئێستا كودەتا خوێناوییەكان بەبیر دەهێنێتەوە". ئاشكراشیدەكات: داوای گفتۆگۆ لە سەرجەم لایەن و هێزە سیاسییەكان بە تایبەت برایانی رەوتی سەدر دەكەین". چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەنراوەكەیدا باس لەوەشدەكات: " بەداخەوە پەرەسەندنی گرژییەكان گەیشتۆتە ئاستێك بانگەوازی كودەتا بەسەر گەل و دەوڵەت و دامەزراوەكانی دەكرێت و ئەمە كودەتایە بەسەر شەرعییەت و دەستووردا كە زۆرینەی رەهای گەل دەنگی پێداوە". جەختیش لەوەكردەوە: " گەلی عێراق بەمە رازی نابێت، ئەمە داوای یەك هێزو كوتلەی سیاسییە كە نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق ناكات و ئێمە لەگەڵ گەلی عێراقین، بەرگری لە مافی هاونیشتمانییان و شەرعییەتی دەوڵەت و پرۆسەی سیاسی دەكەین". راشیگەیاند: "هەر كەس و لایەنێك ڕاو پرۆژەی هەیە بۆ هەمواری دەستوور رێگەپێدراوە لە چوارچێوەی دەستووردا پێشكەشی بكات".

هاوڵاتی   توركیا بەشێوەیەكی رانەگەیەنراو و پێش كۆبوونەوەی سێقۆڵی تاران، هێرشەكانی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان چڕكردووەتەوە بەنهێنی دەستی كردووە بەگواستنەوەی چەك و كەرەستەی سەربازیی بۆ ئەو ناوچانەی كە مەبەستییەتی كۆنتڕۆڵی بكات. ئەنقەرە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە گڵۆپی سەوزی ئێران و روسیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێ لەباكوری سوریا بەدەستبهێنێت بەشێوازێكی دیكە هەوڵی بەدیهێنانی مەبەست و ئامانجەكانی لە رۆژئاوای كورستان دەدات بەتایبەت كە شەفاعەتەكەی ئەردۆغان بۆ ئێران دژی پەكەكە و پەژاك سەری نەگرت. ئەردۆغان لەتاران رایگەیاند:» پەكەكە و پەژاك و یەپەگەو پەیەدە دوژمنی هاوبەشی ئێران و توركیان، بۆیە پێویستە هەماهەنگیی زیاتر هەبێت لەنێوان ئەنقەرەو تاران بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو هێزانە، بەڵام سەرۆك كۆمارو رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران دژایەتیی ئاشكرای خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی توركیا راگەیاند. توركیا لەساڵانی رابردوودا بەدروستكردنی هەزارو 400 كیلۆمەتر دیواری كۆنكرێت لەسنورەكانی نێوان باكوری كوردستان لەگەڵ رۆژئاواو رۆژهەڵاتی كوردستان هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجێكی سەرەكەییە بەدەر لەهێرشكردنە سەر پەكەكە ئەویش دابڕینی زیاتری خاكی كوردە.  لەبەرامبەردا ئێران بەهۆی ئەوەی سیاسەت و ئامانجی خۆی هەیە لەناوچەكەدا بەپێی پلانەكانی ئەنقەرە هەڵسوكەوت ناكات، بەڵام دواجار ئەویش بەردی خۆی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسنگ دەدات بەتایبەت كە ئەو دوو وڵاتە دوو ركابەری دێرینن لەناوچەكەو بەشێكی سەرەكیی ململانێكانیشیان لەسەر خاك و خەڵكی كوردە.   داواكاریی سەرەكیی ئەردۆغان لەتاران رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەحەوتەمین كۆبوونەوەی لوتكەی سەركردەكانی گفتوگۆی ئەستانە كە (20/7/202) لە تاران-ی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو، رایگەیاند:» پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك) و پارتی یەكیتی دیموكراتی (پەیەدە) و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و لایەنگران و ئەندامانی گروپی فەتحوڵڵا گویلەن (فەتۆ) كێشەی سەرەكیی توركیاو ئێرانن، بۆیە دەبێت ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە بەهاوبەشیی كار بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. ئەردۆغان لەكۆنگرە هاوبەشەكەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران سەرجەم ئەو رێكخراوانەی بەتیرۆریست ناوبردو وتی:» ئەو رێكخراوانە بەهەوڵی توركیا خراونەتە لیستی تیرۆری وڵاتانی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) چونكە لەهەر وڵاتێك بن زیان بەو وڵاتانە دەگەیەنن». سەرۆك كۆماری توركیا جەختی لەوە كردەوە یەكێك لەسەرەكیترین ئامانجەكانی حەوتەمین كۆبوونەوەی لوتكەی سەرۆكەكانی گفتوگۆكانی ئەستانە واتە تاران و ئەنقەرەو روسیا، رووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەنانەیە كە ئەو بەتیرۆریست ناوی هێناون. ئەردۆغان هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا لەگەڵ رەئیسی وتی:»  توركیا پلانی هەیە بۆ بەرزكردنەوە ئاستی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران بەتایبەت لەبوارەكانی (سیاسیی، سەربازیی، بازرگانی، كەلتوریی) و پێداگریی لەوەش كرد كە توركیا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەنگاوی گەورەی لە رووی ئابوریی و بەرگرییەوە ناوەو ئەوەش دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی پەیوەندییە سەربازیی و پیشەسازییەكانی بەرگریی لەگەڵ ئێران. ئەو ئاشكرای كرد بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاستی بازرگانیی نێوان توركیاو ئێران بۆ حەوت ملیارو 500 ملیۆن دۆلار دابەزیوە، بەڵام ئەنقەرەو تاران پلانیان هەیە ئاڵوگۆڕی بازرگانییەكانیان بۆ 30 ملیار دۆلار لەساڵێكدا بەرزبكەنەوە. ئەوەی زۆر مایەی سەرنج بوو لەلێدوانە رۆژنامەوانییەكەی ئەردۆغان لەگەل رەئیسی، ئەوە بوو كە ئەو جەختی لەوە كردەوە توركیا لەبواری پیشەسازیی سەربازیدا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو پێویستە ئەنقەرەو تاران لەبواری سەربازیدا هەماهەنگتربن زیاتر لە رابردوو هاوكاریی یەكتر بكەن.   شكستی ئەردۆغان لەحەوتەمین كۆبوونەوەی سێ كوچكە ئەردۆغان لەوتارەكەیدا لە كۆبوونەوەی لوتكەی سێ وڵاتی روسیا و توركیا و ئێران كە بەسێ كوچكە ناودە‌هێنرێن رایگەیاند:» پێویستە توركیا بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی دیكەی سەربازیی بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر لەخاكی سوریا مەترسییەكانی سەر ئەنقەرە بڕەوێنێتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەیدا پوتن و رەئیسی هەردووكیان بەسەر زارەكی ئاسایشی توركیایان بەگرنگ و مافی خۆی وەسف كرد هیچ یەك لەو دو وڵاتە بەئاشكرا باسی رەوایەتیی ئۆپەراسیۆنەكەیان نەكرد». لەلایەكی دیكەوە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەكاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان رایگەیاند:» ئەنجامدانی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لە سوریا و باكوری ئەو وڵاتە زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی تەنانەت توركیا دەگەیەنێت كە وتەكەی خامنەیش دژایەتییەكی ئاشكرای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی بوو كە ئەردۆغان چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی لە لایەن روسیا و ئێرانەوە دەكرد». رۆژنامەی (عەرەبیە جەدید)ی قەتەر-ی بڵاوی كردووەتەوە؛ ئێران و روسیا بەئاشكرا دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لەناوچەكانی باكوری سوریاو رۆژئاوای كوردستان وەستاونەتەوە، بۆیە توركیا دەیەوێت بەشێوازێكی دیكە و لەرێگەی گروپە چەكدارە سورییەكانی نەیاری رژێم و هاوپەیمانی توركیا، هێرشەكان ئەنجام بدات. هاوكات لەگەڵ ئەو زانیارییەی رۆژنامەكە، میدیای (نۆرس پرێس) لەرۆژئاوای كوردستان لەزاری بەرپرسانی سەربازیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بڵاوی كردووەتەوە سوپای توركیا لەدوای كۆبوونەوەی سێ كوچكە لەتاران پێچەوانەی ئۆپەراسیۆنەكانی پێشووی، بە نهێنی چەكی قورس و زرێپۆش بۆ ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی توندڕەو لەناوچەكانی باكوری سوریا دەگوازێتەوە. گومان دەكرێت توركیا ئۆپەراسیۆنەكەی بەشێویەكی رانەگەیەنراوو بەدەستی هێزە چەكدارە توندڕەوەكانی سوریا لەدژی كۆبانی و منبج و عەین عیسا لەرۆژئاوای كوردستان دەستپێبكات و هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی رێگای (ئێم 4) بدات بۆ ئەوەی كانتۆنی كۆبانێ و كانتۆنی جزیرە لەیەكتر داببڕێت.   ئێران لەئەدەنە تا سێ كوچكە ئێران كە پێشتریش لەساڵی 1998 بەهەوڵەكانی بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆن و جەنگی توركیا لەدژی سوریا ئەزموونی لەگەڵ ئەنكەرە هەیە خەمی سەرەكیی ئەوەیە كە خاكی سوریا كە بەسەنگەری سەرەكیی جەنگ لەدژی ئیسرائیل ناو دەبات و رەنگە پێگەی كورد لەسوریا بۆ تاران جێی بایەخێكی ئەوتۆ نەبێت چونكە هەنگاوەكانی ئێران بوو كە پەیمانی ئەدەنەی لەساڵی 1998 لێكەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی توركیا بەپێی خاڵەكانی ئەو پەیماننامەیە مافی ئەوەی پێبدرێت پێنج كیلۆمەتر بچێتە خاكی رۆژئاوای كوردستان. توركیا لەساڵی 1996 هۆشداریی دەداتە رژێمی سوریا كە ئەگەر پەكەكە بەسەركردایەتیی عەبدوڵا ئۆجەلان لەخاكی رۆژئاوای كوردستان و سوریا دەرنەكرێت ئەوا هێرش دەكاتە سەر ئەو ناوچانە بەبێ گەڕانەوە بۆ رەزامەدنیی دیمەش، دوای نزیكەی دوو ساڵ سوپای توركیا بەتانك و زرێپۆش چووە سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان ئەوەش وای كرد ئێران وەفدێكی وەزارەتی دەرەوە لەساڵی 1987 رەوانەی دیمەشق و دواتر ئەنقەرە بكات تا بەنێوەندگیریی رێگە لەسەرهەڵدانی جەنگی دوو وڵاتەكە بگرێت. دواجار 20ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1988 رێككەوتنێك لەنێوان توركیاو سوریا لەشاری ئەدەنە لەباكوری كوردستان واژۆ كرا كە بەپێی رێككەوتنەكە دیمەشق لەسەر داوای ئەنقەرە پەكەكە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەم دەدات و عەبدوڵا ئۆجەلانیش لەرۆژئاوای كوردستان دەركراو ئەگەر توركیا هەركات لەسنورەكانی سوریاوە هەڕەشەی لەسەر بێت ئەوا سوپای ئەو وڵاتە دەتوانێت بە قوڵایی پێنج كیلۆمەتر بچێتە خاكی سوریا. ئێران لەو سەردەمە هاوشانی وڵاتی میسر رۆڵی بەرچاوی بینی لە رێككەوتنەكەدا و لەساڵی 2019 جارێكی دیكە مۆسكۆو تاران پێشنیاریان بەتوركیا كرد لەجیاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بگەڕێتەوە بۆ خاڵەكانی رێككەوتنی ئەدەنە، بەڵام دواجار توركیا بە بێگوێدان بەپێشنیارو گۆڕانكارییە 10 خاڵییەكەی ئەو رێككەوتنە، هێرشی كردەسەر رۆژئاوای كوردستان و داگیركردنی گرێسپی و سەرێكانیی لێكەوتەوە. توركیا لەساڵی 2017 و لەگەڵ یەكەم كۆبوونەوەی لوتكەی ئەستانە یان سێ كوچكە پێداگریی كردووە كە بەقوڵایی 32 كیلۆمەترو بەدرێژایی زیاتر لە 800 كیلۆمەتر بچێتە خاكی سوریا و رۆژئاوای كوردستان بەڵام لە رێككەوتنی ئەدەنە لەساڵی 1998 و دواتر لە 2019 پێنج كیلۆمەتر دیاریی كراوە بۆ ئەوەی سوپای ئەو وڵاتە بتوانێت ئەو سنورانە ببەزێنێت.   پەكەكەو ئێران ئێران هاوشانی توركیا پەكەكە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەمدا، بەڵام بەبەردەوامیی دەیەوێت وەك دوژمنێكی سەرەكیی ركابەرەكەی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو رێكخراوە بەرامبەر بەخۆی هەستیار نەكاتەوەو رەنگە هەرئەوەش وای لەئێران كردبێت لەدوای 1998 تا نزیكەی ساڵی 2004 نەیویستبێت هەستیارییەكی توند لەگەڵ رێكخراوەكە دروست بكات بەتایبەت كەدەزانێت رێكخستنەكانی پەكەكە لەقوڵایی بەشێكی بەرچاو لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوونیان هەیەو پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) وەك بەشێك لەو هێزە لەقەڵەم دەدات. لەم سۆنگەیەوە بەریەككەوتنی پەكەكەو هێزە سەربازییەكانی ئێران لەئاستێكی بەرفراواندا هاوشێوەی شەڕ لەگەڵ توركیا نەبووە، ئەگەرچی لەماوەی ساڵانی رابردوودا دەیان ئەندام و لایەنگری پەكەكە و پژاك لەلایەن ئێرانەوە دەستگیركراون و ژمارەیەكیشیان لەسێدارە دراون بەڵام پێناچێت تاران پێی ناخۆش بێت هێزێكی لەو شێوەیە گورز لەتوركیای ركابەری بوەشێنێت ئەمەش وا دەكات تاران لەسنورێكی دیاریكراودا خۆی دووربگرێت لەهەستیاریی و بەریەككەوتن لەدژی  پەكەكە.   دیواری كۆنكرێتی توركیا دژی كورد سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی توركیا وتوویەتی :»لە كۆتاییەكانی ساڵی 2021ەوە سەرقاڵی دروستكردنی دیواری كۆنكرێتن لە سنورەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئێران». ئەو بەمیدیای فەرمیی توركیای راگەیاندووە» پێویست بوو 144 كیلۆمەتر لەخاڵی سنوریی نێوان باكوری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان بەدیواری كۆنكرێت بكرێت لەپێناو پاراستنی وڵاتەكە لەهەڕەشەی گروپە چەكدارەكان و زیانی قاچاخچییەكان». سۆیلۆ وتوویەتی:»توركیا هاوشێوەی ئەو دیوارەی لەسنورەكانی وڵاتەكە لەگەڵ ئێران دروستی كردووە لەسنورەكانی جۆرجیاو ئەرمینیا لەگەڵ توركیاش هەمان دیواری كۆنكرێتی دروست دەكات و بەسیستمی ئەلیكترۆنیی و بەوردیی ئەو سنورانە چاودێریی دەكرێن». سنوری نێوان ئێران و توركیا 535 كیلۆمەترە كە زۆرینەی ئەو هێڵە سنورییە دەكەوێتە نێوان باكور و رۆژهەڵاتی كوردستان و بڕیارە 341 بنكەی پاسەوانیی تێدا جێگیر بكرێت و بەپێی پلانەكەی توركیا، سەرجەم ئەو سنورانە تاكۆتایی ساڵی 2023 دەكرێتە دیواری كۆنكرێت. میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی كردوەتەوە لێدانی خەندەق و دیواری كۆنكرێتیی لەلایەن توركیاوە بووەتە هۆی دروستبونی لافاوو تێكدانی تۆپۆگرافیای ناوچەكەو بەهۆیە ژمارەیەكی زۆر لەڕەشەوڵاخ و مەڕو ماڵاتی ناوچەكانی ماكۆ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لەناوچوون و جگە لەو زیانانەش ئەو سەرچاوە ئاوییانەی كە لەباكوری كوردستانەوە بەرەو رۆژهەڵات هاتووە و یان پێچەوانە، رێڕەوەكەیان تێكدراوە. توركیا نزیكەی 916 كیلومەتر سنوری هەیە لەگەڵ سوریا ئەویش زۆربەی دەكەوێتە ناوچەكانی نێوان رۆژئاوای كوردستان و باكوری كوردستان و تائێستا 837 كیلۆمەتر لەو سنورانە لەلایەن توركیا كراوە بەدیواری كۆنكرێت و تەلبەند كراون كەهاوكات بەسیستمی ئەلیكترۆنی و كامێرا چاودێریی ورد دەكرێت.   دیواری كۆنكرێت چەكی توركیا دژی كورد وەزارەتی بەرگریی توركیا بڵاوی كردووەتەوە بودجە وەزارەتەكە لەساڵی 2021 نزیكەی (69) ملیارد لیرەی توركی بووە كە بەنرخی ئەو سەردەمە دەكاتە 135 ملیار دۆلار لەكاتێكدا لەو ساڵەدا تەنها یەك ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەناوچەكانی نێوان باكوری كوردستان و هەرێمی كوردستان لەدژی پەكەكە ئەنجام داوە. وەزارەتی بەرگریی رایگەیاندووە ئەو بڕە لەبودجەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆو سنورەكانی وڵاتەكە تەرخان كراوە و بڕی دوو ملیارد لیرەش لەبواری «پاراستنی ئاشتیی»  لەوڵاتانی لوبنان و بۆسنیاو هێرزەگۆڤین و ئەفغانستان خەرج كراوە. بەچاوخشاندنێكی سەرەكیی دەردەكەوێت وەزارەتی بەرگریی توركیا لەو ساڵەدا زیاترین مەودای سنورەكانی لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كردووە بەدیواری كۆنكرێت كەسەرجەم درێژییەكەی ئەو سنوورانە دەگاتە زیاتر لەهەزار و 450 كیلۆمەتر. توركیا بەبیانوی پاراستنی وڵاتەكەی بە دروستكردنی سنوری كۆنكرێت كورد لەسێ پارچەی كوردستان زیاتر تووشی دابڕان دەكات و ئەوەش بەئامانجی بەدیهێنانی پلانەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەئێستا زیاتر بەرۆكی رۆژئاوای كوردستان و داوتریش هەرێمی كوردستانی گرتووە.  

هاوڵاتی  ١٠٢ پەرلەمانتار لە پارتە جیاوازەكانی فەرەنسا دەڵێن:" شەڕانگێزییەكانی ئەردۆغان هەڕەشە لە سەقامگیریی خۆهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی ئەوروپا دەكات و داوا دەكەن، ئاسمانی باكوری سوریا بە ڕووی توركیادا دابخرێت". بە سەرۆكایەتیی سیناتۆر لۆرێنس كۆهێن ئەندامی حزبی كۆمۆنیستی فەرەنسا ١٠٢ پەرلەمانتار لە پارتە جیاوازەكانی فەرەنسا بەیاننامەیەكی هاوبەشیان لەسەر هەڕەشە و داگیركاریی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر باكور و خۆرهەڵاتی سوریا بڵاوكردەوە. رایانگەیاند:" دوای هەڵگیرسانی شەڕی ڕوسیا لە دژی ئۆكرانیا، ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا سوود لە بارودۆخی ئاڵۆزی جیهان و بێدەنگی میدیا نێونەتەوەیەكان وەرگرتوە و پلانی داناوە هێرش بكاتە سەر كورد لە باكوری سوریا". پەرلەمانتارانی فەرەنسا ئاماژە بۆ ئەوەشدەكەن:" لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا سەرەڕای خراپی بارودۆخی جەنگ، گەلی كورد، عەرەب، ئاشووری- كلدانی، ئەرمەنی و هەموو گەلانی دیكە پێكەوە دەژین و هەوڵ دەدەن سیستمێكی دیمكرایتك، فمینیست و ژینگەپارێزی دابمەزرێنن، ئەوان بە دیالۆگ بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی هەمیشەیی لە نێوان گەلان دا تێدەكۆشن". پەرلەمانتارانی فەرەنسا هێرشە داگیركارییەكانی ساڵی ٢٠١٩ی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر گرێ سپی و سەرێكانییان بەبیرهێنایەوەو ئاشكرایدەكەن: "چیتر نابێت وڵاتانی ڕۆژئاوا سەیری تاوانی جەنگ و پێشێلكارییەكانی سوپای تورك بكەن". ئەو پەرلەمانتارنەی فەرەنسا تەئكیددەكەنەوە: " كە تێكۆشانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە دژی داعش لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرا"، هەروەك و داوایان لە دەوڵەتانی خۆئاوا و بە تایبەتی حكومەتی پاریس كرد: كە"ئەم دۆخە پەیوەندیی بە هەموومانەوە هەیە نەك هەندێك و دەبێت ئێمە ڕێگە بە سوپای ئەردۆغان نەدەین جارێكی تر هێرش بكاتە سەر هاوپەیمانە كوردەكانمان".  باس لەوەشدەكەن:" ئێمە لە بیرمان ناچێت، كە هەزاران چەتەی جیهادیی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریادا دەستگیركراون، قبوڵكردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی ئەردۆغان بۆ داگیركەری لە دژی باكوری سوریا بە واتای ناسەقامگیركردنی ناوچەكە و دروستكردنی مەترسییەكی جدییە لەسەر ئاسایشی ئەوروپا". پەرلەمانتارانی فەرەنسا دەڵێن:" ئێمە وەك پەرلەمانتارانی خاوەن بۆچوونی سیاسیی جیاواز لە فەرەنسا، سیاسەتی شەڕانگێزانەی ئەردۆغان شەرمەزار دەكەین و داوا لە سەرۆك و بەرپرسانی ئەوروپا دەكەین، كە خاوەن هەڵوێست بن". بەمەبەستی قەدەغەكردنی ئاسمانی باكوری سوریا و پاراستنی كوردانی سوریا لەئاستی نێودەوڵەتیدا ئەو ١٠٢ پەرلەمانتارەی فەرەنسا داوایان لەدەوڵەتە ئەندامەكانی یەكێتیی ئەوروپا و فەرەنسا كرد:" لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەركردنی هەمیشەیی لە ناوچەكە بگرنە بەر". داواشیانكرد" قەوارە و كیانی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا لە ئاستی نێونەتەوەیدا دانی پیادا بنرێت و بناسرێت".  

‎كاوە ڕەش   دوای چەندین گەڕ لەهەڵبژاردن و دەنگدانی پارلەمانتارانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداری بەریتانیا، ئێستا تەنها دوو كاندید پێشبێڕكێ دەكەن بۆ  گرتنەدەستی  دەسەڵاتی بینای ژمارە١٠ ی سەرۆك وەزیران. هەردوو  كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی بەریتانیاو سەرۆكی پارتی پارێزگاران، بەڵێن دەدەن كەبەردەوام دەبن لەو پلانەی حكومەتی بەریتانیا بۆ ڕەوانەكردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا. بەپێی  ڕێكەوتنامەی  واژۆكراوی نێوان ڕوانداو بەریتانیا، لەئێستادا بڕی ١٢٠میلۆن پاوەندی لێ دراوەتە ڕواندە، بۆ حەوانەوەی ئەو پەناخوازانەی بەنایاسایی دەگەنە بەریتانیا. وەزیری خەزێنەی پێشوو، و وەكاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی بەریتانیا، ڕیشی سوناك، ڕایگەیاند: هەموو هەوڵێكی جدی خۆی دەخاتەگەڕ، بۆ جێبەجێ كردنی ئەو پلانەی حوكمەت، كەواژۆكراوە بۆ دیپۆرتكردنی پەناخوازان بۆ ئەفریقا. سوناك ئەماژە بەوەشدەدات، كەهەمووان دەزانن سیستەمی ئێستای پەناهەندەیی دەبێ ڕێكبخرێتەوەو سنورەكان كۆنتڕۆڵبكرێت و ناكرێ خەڵكی بەریتانیا، تەنها تەماشاكاربێت لەهاتنی بەلێشاوی بەلەمی چوپی پڕ لەپەناخوازی نایاسایی ، لەكاتێكدا پاسەوانەكانی سنورپارێز نەتوانن ڕێگری بكەن و تەنها تەماشاكاربن بەهۆی بڕیارەكانی دادگای وڵاتانی ئەورپا.  سوناك دەڵێ، ئێمە دەبێ بزانین كێ پەناخوازی لێوەشاوەیەو پێویستی بەپاراستنی جدی هەیە، بۆ ئەوەی پێشوازی لێ بكەیەن نەك پەناخوازی ئابوری، ئەوانەی بەدوای هەلی كاردا دەگەڕێن و بەوڵاتانی دیكەی سەلامەتی ئەوروپادا دەپەڕنەوە بۆ ئێرە. لەخاڵێكی دیكەی كۆنتڕۆڵكردنی كۆچی نایاسایی ئاماژەوە بەوە دەدات: كەلەگەڵ گەیشتنی كۆچبەران بەبەلەم، ڕووبەڕووی سزای زیندانی كردن بكرێنەوە، و هەرشوێنێكیش دەرفەتی كاری بۆ پەناخوازێكی نایاسایی ڕەخساند، ڕووبەڕووی سزای زیندانی و پێژماردن دەبێتەوە. سوناك دەڵێ، ئەگەر وڵاتانی هەژار و دۆست ئەو كۆچبەرانە وەرنەگرنەوە كەئێمە بەلێوەشاوەیان نازانین، ئەوە هاوكارییە مرۆییەكانیان لێ دەبڕین، كەساڵانە لەبودجەی هاوكاری بیانی پێان دەدرێت و لەڕووی مامەڵەی فیزاو بازرگانی، بێ بەشیان دەكەین. سوناك، پلانێكی 10 خاڵی ئامادەكردوە، بۆ بەرتەسكردنەوەو ڕێگری لەكۆچ نایاسایی و بەوتەی ئەو، هاوتەبایە لەگەڵ چەمكەكانی پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا (ECHR). لەنوسیكدا لەڕۆژی یەكشەممەی تەلەگرافدا دەڵێ : "ئی سی ئاڕ ناتوانێت ڕێگە لەتوانای ئێمە بگرێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكانمان و نابێت ڕێگە بدەین دەست وەربداتە سیستەمی كۆچی ئێمەوە، چونكە هەستی گشتی بەریتانیا، پێویستی بە دەرمانێكی تەندروستە، بۆ ناو سیستەمەكە، وە ئەمە ئەو شتەیە كەپلانەكەم دەیكات. هەروەها ڕیشی سوناك، بەڵێن دەدات، كەئەو كۆچبەرانە بوەستێنێت كەبەڕێگای بەلەمە بچووكەكان لەفەرەنساوە دەگەنە بەریتانیاو دەڵێ، ئەولەویەتی دوای پێك هێنانی كابینەی نوێ،  ڕێكخستنی دیدارێكە لەگەڵ، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا بۆداڕشتنی پلانێكی تۆكمەی كۆنتڕۆڵكردنی سنور. هاوكات لیز تراس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاو كاندیدی ڕكابەری ڕیشی سوناك، بۆ هەردوو پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاو پارتی پارێزگارانیش دووپاتی دەكاتەوە، پابەند دەبێت بەپلانی ناردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا و دەڵێت: دەخوازێت گۆڕانكاری لەبەشێكی پلانەكە بكات، بەزیادكردنی وڵاتانی دیكەش بۆ ناردنی پەناخوازی نایاسایی و پێی وایە، كاتی ئەوە هاتووە كەئەو سیستمە تێك شكاوەی ڕابردووی پەناهەندەیی ڕاست بكرێتەوە.  لیز تروس راشیگەیاند: دەبێ خۆمان بڕیاربدەین چەند پەناخواز وەربگرین و چۆن كۆنتڕۆڵی تەواوی سنورەكانمان بكەین، چونكە ڕایگشتی گەلی بەریتانیا،چیدیكە قبوڵی هاتنی بەلێشاوی پەناخوازان بۆ ووڵاتەكەمان ناكەن بەناو وڵاتانی دیكەی سەلامەتی ئەوروپاوە بۆ خاكی ئێمە.   خانمە لیز دەڵێ، لەئەگەری بونی بەسەرۆكوەزیران، هەوڵی تەواو دەدات بۆ ڕێگری كردنی (دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا) لەدەستوەردانی لەڕێگری كردنی بەردەوامەكانی بەریتانیا بۆ كۆنترۆڵكردنی سیاسەتی كۆچبەران. لەهەمانكاتدا هەوڵی هاتنەدەرەوە لەڕێكەوتنمای دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا دەدەم.  وەزیری دەرەوە  وتییشی توانای هێزی سنورپارێز بەڕێژەی 20٪ زیاد دەكات و ئاستی كارمەندانی هێزی دەریایی سەرسنور، بۆ دوو هێندە بەرزدەكاتەوە لەكەناڵە ئێشكگرەكانی بەریتانیا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سەیری هەموو بژاردەو تاكتیكە جیاوازەكانی دەكات، بۆ ڕێگریكردن لەپەڕینەوەی كۆچبەران بەشێوەیەكی نایاسایی. تەنانەت سەرباری گەڕانەوە بۆ تاكتیكی وەزیری ناوخۆ پریتی پاتێل، لەپلانی گەڕاندنەوەی بەلەمەكان  بەرەو فەڕنسا، كەپێشتر توشی ئاڵانگاری یاسای كراوەتەوەو وەزیر بەجێیهێشتوە. ‎لیز، دەڵێ، من لەوە تێدەگەم كەئەركی لەپێشینەی من بۆ خەڵك و  وڵات، ئەوەیە كە دڵنیابینەوە سیستەمی كۆچبەرانمان دادپەروەرانەیە. ‎ ئەو كۆچە نایاساییەی كە ئێمە دەیبینین لەسەر كەناڵەكان ڕوودەدات، هەموو نادادپەروەرانەیەو زۆر مەترسیدارە. ڕاستكردنەوەی ئەو نادادپەرواریەش، یەكێكە لە ئەولەوییەتەكانی من بۆ كابینەی داهاتوو. لەگەڵ ئەوەش من وەك وەزیری دەرەوە، لەكارەكەمەوە ئەزمونم وەرگرتووە، دەزانم كەوڵاتانی زیاتر هەن دەخوازن كار لەگەڵ ئێمە بكەن بۆ توندوتۆڵكردن و ڕێگری لەكۆچی نایاسایی. وەئەگەر من ببمە سەرۆكوەزیران، لەژێر ڕێبەرایەتیی مندا ئەو هەوڵانە بەرەو پێشەوە دەڕۆن. ‎لەلایەكی دیكەوەو بەپێی ئەو دانگدان و ڕاپرسیانەی ڕاگەیاندەكانی بەریتانیا، ئەنجامی دەدەن، تائێستا ‎سوناك، وەك سەرۆك وەزیرانێكی باش پیشاندەدرێت و دەنگەكانی لەسەروی لیز تروسەوەیە. ‎ئەوە لەكاتێكدا، لەڕاپرسییەكی نوێدا نیشانی دەدات كە 43٪ لەو باوەڕەدان، ڕیشی سوناك، دەبێتە سەرۆك وەزیران، بەبەراورد بە 36٪ پشتگیری لەوەزیری دەرەوە دەكەن. ‎ئەندامانی پارتی پارێزگاران تاڕۆژی 2ی ئەیلولیان لەبەردەمە، بۆ ئەوەی لەنێوان ئەو دوو كاندیدە یەكیان هەڵبژێرن. ‎ئەنجامی كۆتای لە ٥ی سێپتەمبەر ڕادەگەیەنرێت، لەگەڵ ئەوە  پێشبینی دەكرێ ڕۆژێك دواتر كاندیدی سەركەوتووی سەرۆكی پارت و سەرۆكوەزیران، جێگەی بۆریس جۆنسن، بگرێتەوە لەبینای ژمارە١٠ی شەقامی داونینگ. ‎تاو ئەو كاتەش بۆریس جۆنسن، لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی ووڵاتەكەی بەردەوام دەبێت.  

هاوڵاتی لەنوێترین پەیامیدا، موقتەدا سەدری رابەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند:" وەك قۆناغی یەكەم شۆڕشی هەڕەمەكیانەی ئاشتیخواز ناوچەی سەوزی ئازاد كرد، و وتیشی:" ئەمە دەرفەتێكی مەزنە بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لە سیستەمی سیاسی و دەستوور و هەڵبژاردن". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "شۆڕشی هەڕەمەكیانەی ئاشتیخوازانە ناوچەی سەوزی ئازاد كرد، وەك قۆناغی یەكەم و ئەمەش دەرفەتێكی زێڕینە بۆ هەموو ئەوانەی لە عێراقدا بە ئاگری ستەم و تیرۆر و گەندەڵی و داگیركاری و شوێنكەوتەیی چزاون". هەروەها لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، سەدر هیوای خواستووە "مەرگەساتی لەدەستچوونی دەرفەتی زێڕینی یەكەمی رەوتەكەیان لە 2016دا دووبارە نەبێتەوە"، و وتیشی: "بەڵێ ئەمە دەرفەتێكی دیكەیە بۆ گۆڕانكاری لە ستەم و تاریكی و گەندەڵی و تاكڕەوی و شوێنكەوتنی دەرەكی و پشكپشكێنەی تائیفیی كە لە داگیركردنی عێراقەوە لەسەر سینگی عێراق نیشتووە". سەدر دەشڵێت: "بەڵێ ئەمە دەرفەتێكی مەزنە بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لە سیستەمی سیاسی و دەستوور و هەڵبژاردن كە لە بەرژەوەندی دەوڵەتی قووڵدا ساختەكاری تێدا دەكرا". سەدر لەپەیامەكەیدا دوپاتیدەكاتەوە:" هەمووتان بەرپرسن، بەرپرسیارێتیتان لە تاقیكردنەوەدایە، یان عێراقێكی رەگداكوتاو، یان عێراقێكی شوێنكەوتە، كە گەندەڵان و بەدووكەوتووان و ئەوانەی خاوەنی تەماعكاری دنیایین و لە لایەن دەستی خۆرئاوایی و خۆرهەڵاتییەوە جووڵەیان پێدەكرێت". لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، سەدر داوای لە هەموو لایەك كردووە "پەیوەستی ئەو جووڵانەوەیە بن، كە لایەنگرانی دەستیان پێكردووە و جووڵەكەی بە راپەڕینی حوسێن لە دژی ستەمكاران چوواندووە".

هاوڵاتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێت:" داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق دەكەم دەستبەجێ هەنگاو بنێن بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە". سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان سەبارەت بە خۆپیاندانەكانی عێراق راشیگەیاند: " ئازادیی رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانە لە مافە سەرەكییەكانە كە دەبێت هەموو كاتێك رێزی لێبگیرێت"، و وتیشی " داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم دەستبەجێ هەنگاو بنێن بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەو دەبێت ئەوان لە هەر جۆرە تووندوتیژییەك خۆیان بە دوور بگرن و رێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی خۆپێشاندانی ئاشتییانە و دامەزراوە حكومییەكان".   سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان  "داواش لە هەموو پارت و لایەنەكان دەكات جیاوازییەكانیان تێپەڕێنن و لە رێگەی گفتوگۆیەكی ئاشتییانە و گشتگیرەوە حكومەتێكی نیشتمانیی كاریگەر پێكبهێنن كە بتوانێت بێ هیچ دواكەوتنێك، وەڵامی خواستەكان بۆ چاكسازی بداتەوە".

هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا سەبارەت بە دۆخی عێراق، دەڵێت: " بە نیگەرانییەكی قووڵەوە لە دۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاتەكانی دەڕوانین، و داوا لە لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان دەكەین ئەوپەڕی دان بە خۆیاندا بگرن و بۆ چارسەركردنی كێشەكان گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەست پێ بكەن". ئاشكراشیكرد: "لەم دۆخە هەستیارەدا ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە، ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە". نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە:" لە كاتێكدا ڕێز لە خواستی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی جەماوەر دەگرین، جەخت لە پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئاسایش و سەر و ماڵی هاووڵاتییان و كارمەندانی دەوڵەت دەكەینەوە. گەلی عێراق شایانی ژیان و ئێستا و داهاتوویەكی باشترە و ئەرك و بەرپرسیاریەتیی هاوبەشی هەموو هێز و لایەنەكانە پێكەوە عێراق لەم دۆخە هەستیار و مەترسیدارە دەرباز بكەن". سەرۆكی هەرێم راشیگەیاند: "هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بەشێك دەبێت لە چارەسەر، بۆیە لایەنە سیاسییە پەیوەندارەكانی عێراق بانگهێشت دەكەین بێن لە هەولێری پایتەختی دووەمیان دەست بە گفتوگۆیەكی كراوەی كۆكەرەوە‌ بكەن و لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات بگەنە لێكگەیشتن و ڕێككەوتن. هیچ كێشەیەك نییە بە گفتوگۆ چارەسەر نەكرێت".

هاوڵاتی  هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبوونەوە و گفتووگۆیان لەبارەی هەوڵی داخستنی هەدەپە، پرسی كۆبانێ، پرسی سیاسەتمەدارانی هەدەپە كرد. ئەمڕۆ شەممە ئانالینا بیربۆك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ توركیا لە شاری ئەنقەرە لەگەڵ میتحاد سانجار، هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە كۆبوەوە. هاوسەرۆكی هەدەپە بە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای ڕاگەیاند:" هەوڵی داخستنی هەدەپە، بەردەوامی هێرشی داگیركەری و سووربوون لەسەر هەڕەشەكان و ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەكان لەدژی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، راستەوخۆ پەیوەندیان بە كێشەی كوردەوە هەیە". هاوسەرۆكی هەدەپە لە كۆبونەوەكەدا كە نوێنەرانی پارتە سیاسیەكانی ئەنجومەنی فیدڕالی ئەڵمانیاش ئامادەبوون تەئكیدیكردەوە:" بیانوی حكومەتی توركیا بۆ ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنور راست نییە، و وتیشی: "ئەردۆغان و حكومەت پشتگیرییان كەم بووەتەوە، بەم ئۆپەراسیۆنانە هەوڵدەدەن سیاسەتی ناوخۆ بەپێی خۆی دیزاین بكەن". هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە لە قسەكانیدا بۆ  ئانالینا بیربۆك باسی لەوەكرد:"زۆر گرنگە سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەسەر بەهای دیموكراسی بێت و ئامانجی ئاشتی و ئارامی جیهانی بێت".  دوای ئەوەی دوینێ گەیشتە توركیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی ناكۆكی توركیا و یۆنان و هەڕەشە داگیركەریەكانی دەوڵەتی تورك بۆ باكوری سوریا ناكۆكیەكانیان لەبەردەم میدیاكان ئاشكرا بوو، ئانالینا ڕایگەیاند:" توركیا دەبێت ڕێز لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئەوروپا بگرێت لەبارەی مافەكانی مرۆڤ". لە كۆبوونەوەكەی هاوسەرۆكی هەدەپەو وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەریەكە لە فەلەكناس ئوجا وتەبێژی كۆمسیۆنی پەیوەندیەكانی دەرەوەی هەدەپە و شەڤین جۆشكون، پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری مووش، بەشداربوون.