هاوڵاتی دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی موسڵ ، پارێزگاری نەینەوا واژۆی لەسەر گرێبەستی نوژەنکردنەوەی فڕۆکخانەی مۆسڵی نێودەولەتی دەکات. رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆکاروباری کارگێری بە هاوڵاتی وت"ئەمڕۆ لەمەراسیمێکی تایبەتدا و بە ئامادەبوونی نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا هەروەها بەرپرسانی ئیداری پارێزگایەکە ، واژۆ لەسەر پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکخانەی نێودەوڵەتی مۆسڵ کرا" "فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی موسڵ لەلایەن کۆمپانیاییەکی تورکییەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق بەردی بناغە بۆ نوژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکە دانرا، بێگومان ئەمە دەبێتە هەنگاوێکی زۆر باش لەبواری ئاوەدانکردنەوەی شارەکە هەروەها بەتەواوبونی پرۆژەکە تەواوی خەڵکی مۆسڵ و عیراق سوود لێی وەردەگرن" فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ لە1920بنیاتنراوە، ئەوکاتەی بەریتانیا حوکمی عیراقی دەکرد، لەساڵی1922لە فڕۆکەخانەی سەربازییەوە بۆ مەدەنی گۆڕا، ئەمە دووەمجارە ئیمزا لەسەر پڕۆژەی نوژەنکردنەی فڕۆکەخانەکە دەکرێت، پارساڵ لەکانونی دووەمی2021 کۆنوسێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عیراق و کۆمپانیای فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی پاریس واژۆکرا. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ حەوت ساڵە دەرگاکانی داخراون، لەناوەراستی 2014داعش دەستیگرت بەسەر فڕۆکەخانەدا وکردی بە بنکەیەکی سەربازی،جگە لە روخاندنی و وێرانکرنی، دەیان بۆمبی مەترسیداریشی دوای خۆی بەجێهێشت، بۆمبە چێنراوەکان بەهاوکاری دارایی ئەمریکا و لەرێی دوو کۆمپانیای تایبەتمەندەوە بە 18مانگ هەڵگیرانەوە، لەتشرینی دووەمی2019یشدا رادەستی حکومەتی خۆجێیی نەینەوا کرایەوە تا نۆژەنی بکاتەوە.
هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا حەشدی شەعبی ئاشکرای کردووە بەهاوکاری سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگای دیالە دەستپێکردووە. فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای دیالە رۆژھەڵاتی عێراق، تاڵب موسەوی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگاگە راگەیاند. بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی حەشدی شەعبی، تاڵب موسەوی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای دیالە رایگەیاندووە: پشت بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان، سوپای عێراق و ھێزەکانی لیوای ٢٠، ٢٤، ٦٢ و ١١٠ی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە، ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان لە باکووری قەزای میقدادییە (شارەبان) باکووری رۆژھەڵاتی پارێزگاکە دەست پێ کردووە. ئاماژەی بەوەیشداوە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە چوار میحوەری باکووری قەزای میقدادییە ئەنجام دەدرێت. موسەوى راشیگەیاندووە کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشە لە ناوچەکانی باکووری قەزای میقدادییە.
هاوڵاتی پسپۆڕێکی یاسایی عێراقی بڕوای وایە لەئێستادا سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کاربەڕێکەرن و ناتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکەن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات تاكە رێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەڵبژاردن سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتە بۆ ماوەیەكی كاتیی دیاریكراو. ئەمیر دەعمی پسپۆڕی یاسایی عێراقی لەلێدوانێکیدا بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە" هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەگوێرەی میكانیزمی پێشكەشكردنی داواكاری لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بۆ سەرۆك كۆمار نادروستە، چونكە سەرۆك كۆمار لەلایەن پەرلەمانی ئێستاوە هەڵنەبژێردراوەو سەرۆك وەزیرانیش ولایەتەكەی تەواو بووە، بۆیە ناكرێت بودجە بۆ حكومەت تەرخان بكرێت بەمەبەستی سازدانی هەڵبژاردن. ئەو پسپۆڕە یاساییە جەخت لەوەدەکاتەوە کە "تاكە رێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەڵبژاردن سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتە بۆ ماوەیەكی كاتیی دیاریكراو، تاوەكو شەرعیەت وەربگرێت بەئاڕاستەی تەرخانكردنی بودجە بۆ سازدانی هەڵبژاردن". لەبارەی دادگای فیدڕاڵیشەوە ئەو پسپۆڕە پێی وایە" دادگای فیدراڵی جەختی لەسەر ئەوە كردووە حكومەتە كاربەڕێكەرەكان ناتوانن ئەو بڕیارانە بدەن كە رەهەندی سیاسیو ئابوریو كۆمەڵایەتییان هەیە، واتە بەگوێرەی ئەم میكانیزمە ناتوانرێت پەرلەمان هەڵوەشێندرێتەوە".
هاوڵاتی هەزاران كەس بە دروشمی “ئێمە چارەسەرین” لە مەیدانی كارتال لە ئەستەنبوڵ بەشداری میتینگی هەدەپەیان كرد و هاوسەرۆكی هەدەپەش ڕایگەیاند:" هیچ كێشەیەك بەبێ شكاندنی گۆشەگیریی لە ئیمرالی چارەسەر نابێت". پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بە دروشمی “ئێمە چارەسەرین نەك شەڕ و داگیركاری” لە مەیدانی كارتالی لە شاری ئیستەنبول میتینگێكی جەماوەری ئەنجامدا و بە هەزاران كەس بەشداریان تیادا كرد. سەدان ژنی ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازاد (TJA) بە پۆستەری گەورەی سیاسەتمەداری بەندكراوی كورد ئایسەل توغلوك بەشداریان لە میتینگەكە كرد و داوای ئازادكردنی زیندانییە نەخۆشەكانیان كرد. پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی هەدەپە و ژمارەیەك لە سەركردەی پارتە هاوپەیمانەكان و نوێنەری چەندین ڕێكخراوی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەی گردبونەوەكە بوون. هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە رایگەیاند: "ئەوانەی كە “دەڵێن من دەسەڵاتم” بە باشی سەیری ئەم وێنەیە بكەن و ئەو كەسانە ببینن كە دەڵێن “ئێمە چارەسەرین”. بوڵدان، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" دوای گردبونەوە مەزنەكەی ئامەد، ئەمڕۆ جارێكی تر لەگەڵ گەلی توركیا و گەلی كورد كۆبووینەوە و جارێكی تر دەڵێین ئێمە چارەسەرین و نەخێر بۆ شەڕ". هاوسەرۆكی هەدەپە باسی لەوەشكرد:" هیچ كێشەیەك بەبێ شكاندنی گۆشەگیریی لە ئیمرالی چارەسەر نابێت و هەدەپە كە دەنگ و توانای بەهێزی هەیە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەیەك لە توركیا، پارتێكە لەم وڵاتەدا تێدەكۆشێت ئێمە پێمان وایە تاكە چارەسەر بۆ هەموو كێشەكان و هەموو قەیرانەكانی ئەم وڵاتە جێبەجێكردنی بیرۆكەی هەدەپەیە چونكە ئێمە بەرخۆدانمان هەیە".
هاوڵاتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و محمد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەو پێشنیازەكەی كازمییان بۆ بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی ئێستا تاوتوێكرد. نوسینگەی راگەیاندنی حەلبوسی رایگەیاند: لەو كۆبونەوەكەیەدا تاوتوێی دوا پێشهاتە سیاسیەكان و دۆخی پەرلەمان كرا، لەگەڵ رێگەكانی پتەوكردنی لێكتێگەیشتن لەسەر ئاستی هێزە سیاسیە نیشتمانییەكان لە چوارچێوەی ئەو پێشنیارەی كازمی پێشكەشی كردبوو بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی ئێستای عێراق. ئاشكراشیكرد: هەردوولا بۆچوونی هاوبەشیان خستەڕوو بۆ پتەوكردنی رێرەوی دەستوری و یاسایی كە بەرژەوەندی هاووڵاتیان لە پێشینەبێت، ئەنجامەكانیش لەبەرچاوبگیرێن كە گوزارشتی ڕاستەقینە لە ئیرادەی گەلی عێراق و خواستەكانی بكات لە پاستنی ئاسایش و سەقامگیری.
هاوڵاتی هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە رایگەیاند: 39 سەربازی توركیامان كوشتووەو دەستیشمان بەسەر چەندین كەلوپەلی سەربازیدا گرتووە". ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هیزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە ڕایگەیاند:“هێزەكانمان گورزی گەورەیان لە سوپای توركیا داوەو 39 سەربازی توركیامان كوشتوەو 5ی تریشیان برینداركردووە 2 سیستمی ڕادار و 2 سەنگەر و 2 سیستمی كامێرای حەراری و تەقەمەنیمان تێكشكاندووە". رونیشیكردەوە:" گورز لە 1 ئۆتۆمبێلی شۆفڵی دوو سەنگەر وەشێندراوە، جگە لەوەش هێزەكانمان هەڵیانكوتایە سەر سوپای توركیا و دەستیان بەسەر 20 كیلۆگرام تەقەمەنی و چەندین كەلوپەلی سەربازیدا گرتووە". هەپەگە ڕاشیگەیاند: "سوپای توركیا 28 جار بە چەكی ئەتۆمی تاكتیكی، چەكی كیمیایی، بۆمبی دوكەڵ و دەستی هێرشی كردە سەر ناوچەكانمان 9 جار بە فڕۆكەی جەنگی و 18 جار بە كۆپتەری هێرشبەر و دەیان جار بە تۆپ و هاوەن و تانك و چەكی قورس هێرشیان كردووە".
هاوڵاتی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق وادەی تەواوکردنی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ سعودیە ئاشکراکرد، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە مەلەفی هاوردەکردنی غاز لە قەتەرەوە پێویستی بە هاوکاری ٤ وەزارەت هەیە. لەوبارەیەوە ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا، ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، "وەزارەتی کارەبا لەگەڵ لایەنی سعودیە رێڕەوی هێڵەکان و خاڵەکانی بەستنەوە و میکانیزمی کارکردنی دەستنیشانکردووە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە هەزار مێگاوات لەخۆدەگرێت”. ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێڵەکان لەڕێگەی دەروازەی سنووریعەرعەرەوە، و وێستگەی یوسفیە دادەمەزرێن"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەستنەکە لە ماوەی ٢٤ بۆ ٣٦ مانگدا تەواو دەبێت". سەبارەت بە دۆسیەی هاوردەکردنی غاز لە قەتەرەوە، موسا ڕوونیکردەوە کە "تێگەیشتنێکی ئەرێنی لە لایەنی قەتەرەوە هەیە سەبارەت بە هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "مەلەفەکە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە لەلایەن وەزارەتەکانی دارایی و گواستنەوە و نەوت و کارەباوە". بۆ دامەزراندنی سەکۆی تایبەت بۆ غازی شل و ئامادەکردنی بەندەر و بەندەرەکان، هەروەها تەرخانکردنی پارە دارایی بۆ هاوردەکردنی غاز. موسا جەختی لەوە کردەوە کە "مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران خێراکردنی ئەم دەستکەوتانەی ئاراستەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە کردووە، وە وەزارەتەکەش لەم ڕووەوە بەرەو پێشەوە دەڕوات".
هاوڵاتی بەپێی راگەیەندراوێک دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینی دهکات لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، شەپۆلێکی خۆڵبارین زۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و بەشێک لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە. دەستەکه لە راگەیەندراوێکدا، پێشبینییهکانی کەشوھەوای تا رۆژی پێنجشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە و ئاماژهی بهوه کردووه، سبەی دووشەممە، شەپۆلێکی خۆڵبارین زۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگرێتەوە کە تا رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت. ئاشکراشیکردووه، لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور روو لە دابەزین دەکەن. دەستەی کەشناسی عێراق باسی لەوەش کردووە رۆژی چوارشەممە ١٠ی ئابی ٢٠٢٢، خۆڵبارین لە زۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەردوام دەبێت و بەشێک لە ناوچەی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام پلەکانی گەرما لە باشوور زیاتر بەرزدەبنەوە. ئاشکراشیکردووە کەشوھەوای رۆژی پێنجشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢٢ لە ناوەڕاست و باشوور ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرمایش روو لە دابەزین دەکەن.
هاوڵاتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە، رەتیكردەوە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكرابێت. جومانا غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: كۆمسیۆن دەزگایەكی پیشەیی بێلایەنە كە بڕیار لەسەر هەڵبژاردن و ڕیفراندۆم و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بە كاری هەڵبژاردن جێبەجێ دەكات. ئاشكراشیكرد: ئەنجومەنی كۆمسیاران دەسەڵاتی باڵای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانە و بەرپرسیارە لە دیاریكردنی ئەو كات و وادەیەی كە پێویستە بۆ هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردن بە ڕاوێژ لەگەڵ حكومەتدا لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردن بەركار. وتیشی: ئەنجومەنی كۆمسیاران هیچ بڕیارێك و ڕاگەیەندراوێكی لەو بارەیەوە دەرنەكردووە.
هاوڵاتی لەبەشی یەكەمی ئەم بابەتەدا بەئامارو وردەكارییەوە باسی بەشێك لەكۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەباكوری كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە كرا. لەم بەشەدا باس لەكۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەباشووری كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دەكرێت. كۆمەڵكوژیەكانی توركیا لەباشووری كوردستان دەوڵەتی توركیا لەگەڵ ئۆپراسیۆنەكانی بۆ «دەرەوەی سنوور»و بۆردومان و تۆپبارانەكانیداو هاوكات لەگەڵ هێرشكردنە سەر گەریلاكانی پەكەكە، هاووڵاتیانی مەدەنیشی كردووەتە ئامانج و كۆمەڵكوژی كردوون. كۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەلایەن سوپای توركیاوە بەشێوەیەكی زۆر روون و ئاشكرا و بەبەرچاوی هەموو جیهان، ناتۆ، نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمریكاو روسیاوە ئەنجامدراون. جگە لەهەندێك لێدوان، یان راگەیاندراو لەلایەن هیچ یەك لەناوەندە سیاسی و سەربازییە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی زلهێزو كاریگەرەكانی سیاسەتی جیهانی هیچ كارێك نەكراوە بۆ رێگریكردن لەتوركیا بۆ ئەوەی كۆتایی بەكوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی بهێنێت. نەك رێگری لەتوركیا نەكراوە، بەڵكو لەڕووی سەربازیی، میدیایی، سیاسی و ئابوورییەوە پشتیوانی لەدەوڵەتی توركیاو سیاسەتەكانی كراوە. رێككەوتننامەی لەگەڵ ئیمزا كراوەو ئاسانكاریی بۆ كراوەو چرای سەوزی بۆ بەكارهێنانی زەوی و ئاسمان بۆ هەڵكراوە. ئەوەش وایكردووە توركیا بێباكانە بەربێتە گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و یەك لەدوای یەك كۆمەڵكوژی ئەنجام بدات. توركیا لەساڵی ١٩٨٣ەوە تاوەكو ئێستا هێرش و ئۆپراسیۆن بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان ئەنجام دەدات. بەگشتی تاوەكو ئێستا ٣٢ ئۆپراسیۆنی گەورە و فەرمیی بۆ سەر باشووری كوردستان ئەنجامداوە لەگەڵ سەدان هەزار بۆردومان و تۆپبارانكردنی خاك و گوندو رەزو رەوەند و خەڵكی باشووری كوردستان. توركیا لەمانگی ئابی ١٩٨٦ و لەسێیەم ئۆپراسیۆنی بۆ دەرەوەی سنوور، لەخواكورك لەیەك كاتدا هێرشی كردەسەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و پارتی، لەو هێرشەدا زیاتر لە ١٠٠ پێشمەرگەی پارتی شەهید بوون. ئەو گورزە وای لەپارتی كرد، كە سیاسەتی چوونە ئامێزی توركیا بگرێتە بەر و لەوكاتەوە هاوكارو هاوبەشی توركیا بووە لەئۆپراسیۆنەكانیدا بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە لەخاكی باشووری كوردستاندا. لەبەر ئەوەش بەشێك لەكوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی بەهاوكاریی پارتی ئەنجامدراون. جەنەڕاڵ ئیسماعیل مەتین تەمەل بەجامانە و كەواو پانتۆڵی پێشمەرگەوە جەنەڕاڵ ئیسماعیل مەتین تەمەل بەهۆی چەپەڵە زۆرەكانی بۆ ئەردۆغان و پشتیوانیكردنی لەهەڵبژاردنی ئەردۆغان بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار لەساڵی ٢٠١٨دا زومی كامێراكانی لەسەر بوو، بۆیە یەكێك لە گرنگترین دۆسیەكانی ئەو جەنەڕاڵە لەلایەن موحەڕەم ئینجە پاڵێوراوی جەهەپە ئاشكراكرا. ئەویش بڵاوكردنەوەی ژمارەیەك وێنەی ئەو جەنەڕاڵە بوو بەجامانەو جلوبەرگی پێشمەرگەوە، كە مێژووی وێنەكان دەگەڕانەوە بۆ ساڵانی ١٩٩٠ لەباشووری كوردستان. گەرچی ئینجە وتبووی «ئەستێرەكانی سەرشانی لادەبەم»، بەڵام ئەردۆغان كردی بەفەرماندەی ئۆپراسیۆنی داگیركردنی عەفرین ناسراو بە(چڵە زەیتون) و پلەكەی بەرزركرایەوە بۆ «جەنەڕاڵی باڵا». وێنەكانی ئەو جەنەڕاڵە توركە بەجلوبەرگی پێشمەرگەوە پەیوەندیی بەو كردە سەربازییانەی سوپای توركیاوە هەبوو، كە تیمە تایبەتەكانی سوپای توركیا لەساڵانی ١٩٩٠دا لەخاكی باشووری كوردستان لەدژی پەكەكەو لایەنگرانی پەكەكە ئەنجامیان دەداو خۆیان پێی دەڵێن، «ئەرك» لەو ساڵانەدا چەندین تاوان و رووداوی كوشتن و رفاندن و تیرۆر لەباشووری كوردستان روویانداو تەنانەت بەهۆی هەندێك رووداوی گوماناوییەوە شەڕی نێوان پارتی و یەكێتی دەستیپێكردو ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوام بوو. سەربازانی توركیا لەزۆر دۆسیەدا دانیان بەتاوانەكانیاندا ناوە. لەباكووری كوردستان جلوبەرگی گەریلایان لەبەر كردووەو بەرامبەر بەهاووڵاتیان تاوانیان ئەنجامداوە. دۆسیەكانی دەزگای هەواڵگریی جەندرمە (ژیتەم / JİTEM) پڕە لەو دانپیادانانانەدا. بەدران ئاكداغ شایەتحاڵی دۆسیەی ئەیلولی ٢٠١٧ی ژیتەم لەقۆسەری مێردین، باسی ئەوەی كردووە، ژیتەم تاوانی ئەنجام دەداو دەیخستە ئەستۆی پەكەكە. بەدران لەو كاتەدا وتی، «من ئەندامان و كاربەدەستانی سەربازیم دەبینی، كەجلوبەرگی گەریلایان لەبەر دەكردو تاوانیان ئەنجامدەدا». كوردان دەیان ساڵ ئەو تاوانانەیان بینی و بوونە شایەتحاڵ و قوربانیی ئەو تاوانانە. ئەو تاوانانەش لە باشووری كوردستان روویانداوە، كە لێرەدا چەند نموونەیەكیان دەخەینەڕوو. كوشتن، رفاندن و رادەستكردنەكان لە دوای راپەڕین دەوڵەتی توركیا لە دوای راپەڕینی مانگی ئازاری ١٩٩١ سێ ئۆپراسیۆنی لەمانگەكانی نیسان و ئاب و تشرینی یەكەمی ١٩٩١دا بۆ سەر خاكی باشوری كوردستان ئەنجامدا. دەوڵەتی توركیا ئۆپراسیۆنی مانگی تشرینی یەكەمی ١٩٩١ بەهاوبەشیی پارتی و یەكێتی و بەرەی كوردستانی لەدژی پەكەكە ئەنجامدا. هاوكات لەگەڵ پارتیدا دەستیان بەكوشتنی لایەنگرانی پەكەكە لەبادینان كرد، كە كەسانی وەك عەلی شەعبان ئامێدی، سادق عومەر سندی، رەئوف ئاكرێیی تیادایە. هەروەها هۆشەنگ میرزا، زەكی ئامێدی، بەكر هیرانی لەدهۆك و هەوڵیر رفێنران و شەهید كران. جگە لەوەش لە ١٢ ی كانوونی یەكەمی ساڵی ١٩٩١دا ٢٣ ئەندامی پارتی ئازادیی كوردستان (پاك) لەشاری دهۆك دەستگیركران و لە دوای ٢٠ رۆژ لە ٨ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩١ لەسنوری ئیبراهیم خەلیلەوە رادەستی دەوڵەتی توركیا كرانەوە. لەساڵی ١٩٩٢شدا نەجات مەلا ئەحمەدو محەمەد نەزیر لەنزیك شارۆچكەی سێمێلی پارێزگای دهۆك شەهیدكران. لەساڵی ١٩٩٥ یاسین مستەفا، ناسراو بەیاسین مستۆ كەسایەتیی ناسراوی عەشیرەتی نهێلێ لە نێوان گوندەكانی گوهرز و دێرەلۆك لەئامێدی كوژرا. ئەحمەد عەلی نهێلی و ئەمین سەرگەلی بەچەكی قەناس كوژران. كۆمەڵكوژییەكانی خنێرەو خواكوڕك و زەڵێ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا ساڵی ١٩٩٢ گوندی ژیلە-یان لەناوچەی خواكورك بۆردومانكردو هەشت كەسیان كۆمەڵكوژكرد. لە ساڵی ١٩٩٥ لە بۆردومانكردنی دەشتی هەرتێ لەخواكوڕك شرش كەسی تری مەدەنی شەهیدبوون. ساڵی ١٩٩٧ ماڵێكیان لەبرادۆست بۆردومان كردو حەوت كەسیان شەهیدكرد. فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ساڵی ١٩٩٨ هاووڵاتیانی ناوچەی لۆلان-یان بۆردومان كردو بەو هۆیەوە ٨٤ ژن، منداڵ، هاووڵاتی و كەسی بەتەمەن شەهیدبوون. لە ‹ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنوور›ی ٢٨ی كانوونی دووەمی ١٩٩٤ لەدژی كامپی زەڵی، كەگەورەترین و بەرفراوانترین ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنوری دەوڵەتی تورك بوو تاوەكو ئەو كاتە، ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانە كرانە ئامانج، كە بەهۆی كاولكردن و سوتاندنی گوندەكانیانەوە لەلایەن دەوڵەتی تورك لەباكووری كوردستان بەناچار روویان لەباشووری كوردستان كردبوو و لەزەڵێ گیرسابوونەوە، لەو بۆردومانكردنەی كامپی زەڵیدا ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیانی مەدەنیی ئاوارەی باكووری كوردستان شەهیدو بریندار بوون. كۆمەڵكوژیی بازاڕی زاخۆ لە ٢٧ی شوباتی ١٩٩٥ لەبازاڕی چەك فرۆشانی زاخۆدا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوی پڕ لە تی ئێن تی تەقێنرایەوە، كە بووە هۆی كوژرانی ٩٠ كەس و برینداركردنی ٣٠ كەس و خاپوركردنی دەیان دوكان و شوێنی كاری هاووڵاتیان. دەوڵەتی توركیا ئەو تاوان و كۆمەڵكوژییەی بۆ ئەوە ئەنجامدا تاوەكو پەكەكە نەتوانێت لەو بازاڕەدا چەك بكڕێت. مام رەشۆ و ئاریس و فاریسی كوڕی لەئاڤاشین سوپای توركیا لەئایاری ١٩٩٥ بە ١٠ هەزار سەربازەوە هێرشی كردە سەر ناوچەی ئاڤاشین و لەو هێرشەیەدا چوونە سەر رەشماڵەكەی مام رەشۆ و خۆی و دوو كوڕی بەناوەكانی ئاریس و فاریس-یان دەستگیركرد. مام رەشۆ، كەتەنانەت دەستی سوپاكەی سەدامی پێ نەگەیشتبوو و خۆی پاراستبوو، سوپای توركیا داوای لێدەكەن هاوكارییان بكات لەدۆزینەوەی شوێنی گەریلاكانی پەكەكەدا، كاتێك ئەوە رەتدەكاتەوە ئەشكەنجەیەكی زۆری خۆی و كوڕەكانی دەدەن، بەئەشكەنجە دەیانبەنە ناو هەلیكۆپتەرەكانیان و یەك بەیەك لەئاسمانەوە هەڵیاندەدەن خوارەوە، بەڵام هیچ هاوكارییەكی سوپای توركیا ناكەن. دوای ئەو رووداوە گەریلاكان تەرمی مام رەشۆو كوڕەكانی دەبنەوە بۆ رەشماڵەكەیان لەوێ بە خاكی دەسپێرن بۆ یادیان سێ شاخی ئەو ناوچەیان بەناویانەوە ناودەنێن، مام رەشۆ لەناوەڕاستیاندا و ئاریس و فاریسیش لەملاولایدان، سوپای توركیا لەساڵی ٢٠٢١ دیسانەوە ویستی ئەو ناوچەیە بگرێت، بەڵام لەوەدا سەرنەكەوت و لەئەنجامدا بەچڕی چەكی كیمیایی بەكارهێنا، هەشت گەریلا بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ لەو شاخەدا لەژێر چەكی كیمیایی دا بەرەنگاری سوپای توركیا بوونەوە و تائێستاش شەڕ تیایدا بەردەوامە. كۆمەڵكوژییەكەی هەولێر لە ١٤ی ئایاری ١٩٩٧دا سوپای توركیا و پارتی پێكەوە ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانیان لەدژی پەكەكە ئەنجامدا. لە ١٦ی ئایاردا لەناو شاری هەولێر هەڵیانكوتایەسەر بارەگای یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان (یەنەدەكە)، ناوەندی رۆشنبیریی میزۆپۆتامیا، یەكێتیی ئازادیی ژنانی كوردستان (یاژك) رۆژنامەی وڵات و رۆژنامەی عەرەبی (شمس الوطن) و نەخۆشخانەی مانگی سووری كوردستان. لەو هێرشەدا ٨٣ كەس كۆمەڵكوژكران، كە ١٩ كەسیان قۆژنامەنووس بوون، ٥٢ كەسیان گەریلای برینداری بێچەك بوون لەنەخۆشخانە و ١٢ كەسەكەی تریشیان كەسانی هونەرمەندو سیاسەتمەدار بوون و لەناوەندە مەدەنی و هونەرییەكانیاندا كۆمەڵكوژكران. كۆمەڵكوژیی كەندەكۆڵ دەوڵەتی تورك لە ١٥ی ئابی ٢٠٠٠دا لەكەندەكۆڵ بەرامبەر بەدۆڵی قاشموك و ئاڤخوار لەنێوان خنێرەو خواكوڕك بەفڕۆكەی جەنگی هێرشی كردەسەر ١٠٠ قەشماڵی هاووڵاتیانی ئەو كوێستانەو لەو كۆمەڵكوژییەدا ٣٨ هاووڵاتی ەوەندی هەركی شەهیدكران، كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و وەك هەموو ساڵێك چووبوونە كوێستانەكانی خۆیان و دەیان كەسی تریش بریندار بوون. كۆمەڵكوژییەكانی كورتەك - ٢٠١١ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ٢١ی ئابی ٢٠١١دا لەڕێگای كورتەك – رانیە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەكی مەدەنییان كردە ئامانج بەو هۆیەوە هەریەك لەحسێن مستەفا، ئۆسكار حسێن تەمەن ١٠ ساڵ، زانا حسێن تەمەن ١١ ساڵ، رێزان حسێن تەمەن ٣٤ ساڵ، مێر حاجی، سۆنیا شەماڵ تەمەن چوار ساڵ، سۆلین شەماڵ تەمەن حەوت مانگ، كە دانیشتوی گوندی بۆڵێ بوون و ئەندامی یەك خانەوادە بوون كۆمەڵكوژكران. كۆمەڵكوژییەكانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٢ بەپێی ئاماری رێكخراوی تیمەكانی بنیاتنانی ئاشتی لەكوردستانی عێراق (سی پی تی) دەوڵەتی توركیا لەساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەكو ئێستا دەیان كۆمەڵكوژیی ئەنجامداوە و بەگشتی ١٣٨ هاووڵاتیی مەدەنی شەهیدو كۆمەڵكوژ كردووەو زیاتر لە ١٨٠ هاووڵاتیی تری مەدەنیی بریندار كردووە، كە بەشێكیان بەمشێوەیەی خوارەوەن: جارێكیتر لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا دوو ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی لەناوچەی كورتەك و لەنزیك گوندی بەرد كوڕان-ی رانیە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیاوە كرانە ئامانج، كە لەسەر باخ و رەزی خۆیان دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوەو بەو هۆیەوە عەبدوڵا عەلی مینە ئاڵی ناسراو بەعەبدوڵا چاوشین تەمەن ٥٣ ساڵ و كوردستان عەبدوڵای كچی تەمەن ٣٠ ساڵ، هەریاد عەبدوڵا تەمەن ١٩ ساڵ شەهید بوون. هەروەها تەیب محەمەد عەبدڵا، محەمەد عەبدوڵا، بەناز عەبدوڵا، رابێ محەمەد دایكی قوربانیەكان بریندار بوون. دیار غەریب لەكورتەك فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ٥ی تەمموزی ٢٠١٩دا دیار غەریب ناسراو بەهەڵمەت ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە لە ئۆتۆمبێلێكدا بۆردومانیان كرد و لەگەڵ دوو هەڤاڵیدا شەهیدیان كرد. كۆمەڵكوژیی زارگەلی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ١ی ئابی ٢٠١٥دا و لەكاتژمێر ٤:٠٠ بەرەبەیاندا گوندەكانی بناری قەندیل-یان بۆردومانكرد. یەكێك لەو گوندانە كەكرایە ئامانج، گوندی زارگەلی بوو. فڕۆكە جەنگییەكانی تورك سەرەتا هێرشیان كردەسەر ماڵی مام خدر. لەو هێرشەدا پورە ئایشێ هاوسەری مام خدر شەهید بوو و چەند هاووڵاتییەكی تر لەگوندەكەدا بریندار بوون. دوای ئەوەی خەڵك بەڕووداوەكەیان زانی بەهانای مام خدرەوە رۆیشتن. فڕۆكە جەنگییەكان ئەمجارە ئەو هاووڵاتییانەیان بۆردمانكرد، كە بەهانای ماڵی مام خدرەوە رۆیشتبوون، بەگشتی ١٩ موشەكیان بەگوندەكەوەو هاووڵاتیانی گوندەكەوە نابوو. لەئەنجامدا هەشت هاووڵاتی تر شەهیدو ١٢ كەسی تریش بریندار بوون و هەشت خانوی گوندەكە رووخان و زیانیان پێگەیشت و چەند ئۆتۆمبێلێكی هاووڵاتیان سوتان. هەروەها لەئەنجامی ئەو بۆردومانەدا ژینگەی گوندەكە ژەهراوی بوو و سەرچاوەكانی ئاو، زەوی، رەز و باخی هاووڵاتیان سوتان و پیس بوون. توركیا لەو هێرشەدا بۆمبی قەدەغەكراوی بەكارهێنا و یەكێك لەموشەكەكان پاشماوەی مابوویەوە، كە دریژییەكەی دوو مەترو نیوو و قورسیەكەیشی یەك تۆن بوو. كۆمەڵكوژیی گۆشینە سوپای توركیا ئەمجارە لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩دادا لەئۆپراسیۆنی «پەنجە»دا بەفڕۆكەی جەنگی لەناوچەی گۆشینەی سەر بەقەزای سۆران لەپارێزگای هەولێر ئۆتۆمبێلێكی هاووڵاتیانی كردە ئامانج و دوو سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەكە كە برا بوون شەهید بوون و برایەكی تریشیان بریندار بوو. كۆمەڵكوژكردنی گەشتیاران و هاووڵاتیانی مەدەنی لەسەیرانگاكاندا دەوڵەتی توركیا لەبەردەوامیی كۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنیدا سەیرانگاكان و گەشتیاران دەكاتە ئامانج و لەم چەند ساڵەدا سەیرانگاكانی ئامێدی، بامەڕنی، كونەماسی، گوێژە، شیلادزێ، شارباژێڕ، باتوفا و دێرەلوك كردووەتە ئامانج و چەندین هاووڵاتی و گەشتیاری شەهید كردووە. لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا، فڕۆكە شەڕكەرەكانی دەوڵەتی تورك سەیرانگەی كونەماسیی لە شاڕباژێری سلێمانی بۆردومان كردو لەئەنجامدا دوو هاووڵاتی كۆمەڵكۆژ كردو هەشت هاووڵاتیی تری بریندار كرد، كە پێنج كەسیان ئەندامی یەك خێزان بوون. لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢١دا؛ دوو گەشتیاری عەرەبی خەڵكی موسڵ بەناوەكانی ئەحمەد شاكری تەمەن ٤٠ ساڵ و یوسف عامر تەمەن ٢٦ ساڵ، لەناحیەی باتوفای سەر بەزاخۆ لەئەنجامی تۆپبارانی ئەرتەشی توركدا كوژران. لە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢دا نزیكەی ١٠٠٠ هاووڵاتیی مەدەنیی خەڵكی گوندی زێوا سەرێ بەشدارییان لەفیستیڤاڵی ساڵانەی گوندەكەیاندا لەشارەدیی بامەڕنی كردبوو. لەدەمەو ئێوارەدا سوپای توركیا ئاهەنگی هاووڵاتیانی بۆردمانكردو بەو هۆیەوە یوسف كۆڤانی ١٣ ساڵان و ئاڤەند هۆشیاری ١١ ساڵان گیانیان لەدەستدا و سیپان فەرهادی هەشت ساڵانیش بەسەختی برینداربوو. دوایین كۆمەڵكوژیی هاووڵاتیانی مەدەنی و گەشتیاران لەلایەن سوپای توركیاوە لەباشووری كوردستان كۆمەڵكوژكردنی گەشتیارانی عێراقی بوو لەگوندی پەرەخێ لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٠دا بوو، كە نۆ گەشتیاری كۆمەڵكۆژو ٢٦ كەسیشی بریندار كرد. كۆمەڵكوژییەكانی دەوڵەتی توركیا لەشەنگال دەوڵەتی توركیا بۆ یەكەمجار لە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٧ چیای شەنگالی بۆردومان كرد و لەو كاتەوە ماوە ماوە شەنگال و خەڵكەكەی بۆردومان دەكات. لە ١٥ی ئابی ٢٠١٨دا، مام زەكی شەنگالی، لە ١٦ی ئابی ٢٠٢١دا سەید حەسەن و برازاكەی عیسا خوەدێدا، لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٠دا فەرماندە زەردەشت شەنگالی، پیر حەمید، ئێزێدین شەنگالی و جەلۆ شەنگالی و لە ١٧ی ئابی ٢٠٢١دا بەفڕۆكەی جەنگی هێرش كرایە سەر نەخۆشخانەی ناوچەی سكێنێ شەنگال و بەو هۆیەوە حەمید سعدون «قیران سیبا»، شەڕڤانی یەبەشە خدر شەرەف «پیر خدر»، شەڕڤانی یەبەشە رامی ئەلسالم «رۆنی»، شەڕڤانی عەرەبی یەبەشەی خەڵكی بەعاج بەناوی مەیتەم خدر خەلەف «سەرحەد زەمار»، شەڕڤانی یەبەشەی عەرەب، عەلی رەشۆ خدر، خەباتكاری نەخۆشخانە سەیدۆ ئەلیاس رەشۆ، حەجی خدر، موخلیسە سیدار و هەروەها لە ٧ی كانوونی ٢٠٢١دا هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال مەروان بەدەل-ی كۆمەڵكۆژ كرد. لە ١١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢١دا ئەنجومەنی گەلی خانەسوری بۆردومانكرد و زۆربەی باڵەخانەی ئەنجوومەنەكە رووخا. دواین جاریش لە ١٥ی حۆزەیرانی ٢٠٢٢ بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردە سەر ئەنجوومەنی گەلی سنوون و منداڵێك و باپیرەی بەناوی خدر شڤان ناسۆ و كوڕەزاكەی ساڵح خدر ناسۆ كۆمەڵكۆژ كران. بۆردومانكردنی مەخمور لەوەتەی دەوڵەتی توركیا هەیە هەمیشە چاوی لە بۆردومانكردن و كۆمەڵكوژكردنی هاوڵاتییانی مەدەنیی كامپی مەخمور بووە. توركیا تا ئێستا بە گشتی زیاتر لە ٢٠٠ جار كامپەكەی بە دۆشكا، هاوەن، توپخانە و فڕۆكەی جەنگی بۆردومان كردووە. لەو هێرشانەشەدا زیاتر لە ١٠٠ كەس شەهید و بریندار بوون، كە ژن، منداڵ، بە تەمەن و نەخۆشیان تیادا بووە. شاردنەوەی تاوان و كۆمەڵكوژییەكانی دەوڵەتی توركیاو پاساوهێنانەوە بۆیان و سوككردنی خوێنی هاووڵاتیانی كورد لەدوای ساڵی ٢٠١٥ەوە كاتێك كەسوكاری شەهیدانی بۆردومانەكانی توركیا هەوڵیانداوە راپۆرتی پزیشكی وەك خۆی ئامادە بكەن و لەدادگاكان سكاڵا لەدژی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا تۆمار بكەن، پێشهاتی سەیر روویاندا، بۆ نموونە محەمەد ساڵح رەسوڵ خەڵكی گوندی بۆكریسكان لەو بارەی راپۆرتی پزیشكی بۆ شەهیدانی گوندی زارگەلی دەڵێت، لەراپۆرتی پزیشكیی ئەو شەهیدانەدا لەنەخۆشخانەی قەزای سۆران بەهیچ شێوەیەك ئاماژە بەوە نەكراوە، كە بەفڕۆكەی جەنگیی توركیا شەهید بوون، بەڵكو هەر كەسە و سیناریۆیەكیان بۆ رێكخستوەو نووسیویانە یەك بە قەزای ئۆتۆمبێل و یەك بە تەقینەوە و بۆ هەر كەسەوە شتێكیان نووسیوە!، بەڵام ناكرێت بەو شێوەیە دەستكاریی چۆنیەتیی شەهیدبوونی هاووڵاتیان بكرێت. هەروەها هاووڵاتییەكی تری بناری قەندیل بەناوی محەمەد ئەمین خدر باسی ئەوە دەكات، حكومەتی هەرێم لەئاست بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیا بێ هەڵوێستە. یەك لەچیرۆكە زۆر سەیرو سەمەرەكان لەبارەی پاساو هێنانەوە بۆ تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا چیرۆكی كەریم قادرە، كەدانیشتوی گوندی سولییە لەبناری قەندیل. كەریم قادر لەدوای ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا خانوەكەی بۆردومان دەكەن كەیسی بۆردومانكردن و خاپووركردنی خانووەكەی دەباتە دادگا، دوای هەشت جار لەدانیشتنی دادگا، دادوەری دادگای قەڵادزێ پێی دەڵێت، تۆ یەكەم شت نازانی فڕۆكەی جەنگیی كام وڵات بووەو پاشان تۆ ناوی ئەو كەسەش نازانیت، كە فڕۆكەوان بووەو فڕۆكەكەی لێخوڕیوە، بۆیە كەریم قادر لەوە تێدەگات، كە دەیانەوێت نەك مافی بۆ بگەڕێننەوە، بەڵكو مافەكەشی زەوت دەكەن و كاریش بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانە دەوڵەتی توركیا دەكەن، بۆیە لەئەنجامدا بەپێی ئەو رەفتارو هەڵسوكەوتانەو بەهۆی بێ پشت و پەناییەوە لەپێناو شاردنەوەی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیادا بەزۆر كەیسەكە بەو هاووڵاتییە دەدۆڕێنن و هیچ قەرەبویەك ناكرێتەوە. پاساوی دامودەزگاكانی هەرێم دەرەنجامی سیاسەتی حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەو كاتێك حكومەتی هەرێم پاساو بۆ شاردنەوەی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا بهێنێتەوە ئیدی كاتێك وڵاتانی تر بۆ خوێنی هاووڵاتیان دنیا دەهێننە جۆش، هەر بۆ نموونە ئەوەی حكومەتی بەغدا بۆ خوێنی گەشتیارەكان لەپەرەخ كردی، دەبێتە جێگای سەرسوڕمانی بەرپرسانی حكومەت و دەڵێن، نابێت جیاوازی لەنێوان خوێنی كوردو عەرەبدا بكرێت، بەڵام بەداخەوە لەمێژە دەسەڵات و حكومەت خۆی بەدەستی خۆی خوێن و بەهاو شكۆو سیادەی هاووڵاتیی كوردو خاكەكەی سووك كردووە، بۆیە هیچ دەوڵەتێك بۆی گرنگ نییە رۆژانە چەند هاووڵاتیی مەدەنیی كورد بەناهەق و ناڕەوا شەهید دەكرێن. دەوڵەتی توركیا بە بەردەوامی نكۆڵی لەتاوانەكانی دەكات دەوڵەتی توركیا گەرچی توانای سەربازیی زۆرە، بەڵام لەهەمان كاتدا بەڕادەیەك لاوازە، كە توانای داننان بەتاوانەكانی خۆیدا نییە و لەئەنجامدا هەمیشە نكۆڵی لەو تاوان و كۆمەڵكوژییانە دەكات، كەئەنجامی دەدات. ئەردۆغان لە دوای كۆمەڵكوژكردنی گەشتیاران لەپەرەخێ رایگەیاند، ئەوە كاری سوپاكەیان نەبووە. قلیچدار ئۆغڵوش وتی، سوپاكەیان كەسانی مەدەنی ناكوژێت. دەسەڵات و ئۆپۆزیسونی توركیا پێكەوە چەواشەكاری دەكەن و تاوانەكانی سوپا دەشارنەوە. تا ئێستا حزبەكانی توركیاو دەسەڵات و حكومەت و دەزگای دادوەری ئامادە نەبوون تاوانەكانی سوپاكەیان و كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی ئیدانە بكەن. سەرباری بوونی دەیان بەڵگە، شایەتحاڵ، ڤیدیۆ، وێنە و وتەی پسپۆڕان، بەڵام ئەوان هەر نكۆڵی تاوانەكانیان دەكەن، ئەوەش بەمانای ئەوەیە، سیستمی سیاسیی توركیا لەگەڵ كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی دا بە دەستی سوپاو جەندرمە و میتی توركیا.
هاوڵاتی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ ژیانی 14 ملیۆن كەس دەخاتە مەترسییەوەو رووبەری پێنج هەزار و 257 كیلۆمەتر زەویش لە نزیك ورمێ دەبێتە بیابانی خوێ. بەوتەی شارەزایانی ژینگەیی ئەو دەریاچەیە كە گەورەترین دەریاچەی كوردستانە پێویستی بە دوو ملیار دۆلارە بۆ رزگاركردنی لەوشكبوون ئەگەرچی لە 10 ساڵدا 580 ملیۆن دۆلار بەناوی پاراستنی دەریاچەی ورمێ خەرجكراوە، بەڵام 95٪ی ئەو دەریاچەیە وشكبووە. ئاوی دەریاچەی ورمێ بەهۆی خراپ بەكارهێنانی بەكشتوكاڵ و كارگە پیشەسازییەكانی تەبرێز و چەند ناوچەیەكی دیكە لەئێران رووبەڕووی وشكبوون بووەتەوە. ساڵانە یەك ملیۆن و 200 تۆن سێو لەپارێزگای ورمێ بەرهەمدەهێنرێت كەسەرچاوەی ئاودانی باخە سێوەكانی ئەو سنورە، دەریاچەی ورمێیە لەكاتێكدا بەوتەی بەرپرسانی پارێزگای ورمێ نزیكەی 500 تۆن لەو سێوە لەژێر دارەكاندا دەمێنێتەوەو دەڕزێ و خراپ دەبێت. بەسیستمی كشتوكاڵی ئێستای ئێران هەر كیلۆیەك سێو زیاتر لە 100 لیتر ئاوی پێویستە كەئەوەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كەمبوونەوەی ئاوەكە هەیە. دەریاچەی ورمێ وەك گەورەترین دەریاچەی كوردستان كە لەساڵی 1998 بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان ئەژماردەكرا لەئێستادا 95٪ی ئاوەكەی وشكبووەو بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن لە 10 ساڵدا 580 ملیۆن دۆلار بۆ رزگاركردنی دەریاچەكە خەرجكراوە. روحەڵڵا موتەفەكر ئازاد، نوێنەری پارێزگای تەبرێز لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە؛ وشكبونی ورمێ بەواتای سەرهەڵدانی گەردەلولی خوێیە بە بازنەی 600 كیلۆمەترو ئەوەش ژیانی زیاتر لە 14 ملیۆن مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە. مەسعود پزیشكیان، نوێنەرێكی دیكەی پارێزگای تەبرێز لەپەرلەمان وتوویەتی: ئەو گەردەلولە مەترسیدارە جگە لەناوچەكە شاری تارانی پایتەختی ئێران دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی پێست و رەبوو دروستكردنی كێشە لەكۆئەندامی هەناسەدا. ئەگەر دەریاچەی ورمێ بەتەواوەتی وشك ببێت رووبەری پێنج هەزارو 257 كیلۆمەتر دووجا لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و پارێزگای تەبرێزو دەوروبەری دەبێتە بیابانێك لەخوێ، ئەو رووبەرە حەوت هێندەی رووبەری تارانی پایتەختی ئێرانە كەنزیكەی 18 ملیۆن كەسی تێدا دەژی. حكومەتی ئێران لەساڵی 2012ەوە ناوەندی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێی دروستكردووەو بڕیاربوو لەچوارچێوەی پلانێكی 10 ساڵیدا كێشەی وشكبوونی دەریاچەكە چارەسەر بكرێت. بەوتەی بەرپرسی پلان و بەرنامەی پارێزگای تەبرێز هەوڵدەدرێت ئاوی رووباری ئاراس بۆ پارێزگاكە بگوازرێتەوە بۆ ئەوەی رێگری لەو سەرچاوانە نەكرێت كە پێشتر دەڕژانە دەریاچەی ورمێ. بەوتەی بەرپرسانی ئێران تەنها رێگەی زیندووكردنەوەی دەریاچەی ورمێ و رزگاركردنی ناوچەكە، بەكارهێنانی ئاوی زاپە كەئەویش دەبێتە هۆی بێئاوی و وشكبوونی تەواوەتی زێی بچوك لەهەرێمی كوردستان، بۆیە لەئێستادا تاران ناتوانێت ئەو هەنگاوە بگرێتەبەر چونكە نایانەوێت ناكۆكی و ناسەقامگیری سیاسی لەنێوان ئێران و عێراق رووبدات. ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ لەماوەی چەند ساڵێكدا نزیكەی 11 ملیار مەتر سێجا كەمیكردووەو مەترسی وشكبوونی تەواوەتی لەسەرە، ئەوەش ناڕەزایەتی دانیشتوانی پارێزگای ورمێی لەڕۆژهەڵاتی كوردستانی لێدەكەوێتەوە. دەریاچەی ورمێ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان كە بەگەورەترین دەریاچەی كوردستان ئەژمار دەكرێت، بەهۆی وشكەساڵی و خراپ بەكارهێنانی ئاوەكەی بۆ كشتوكاڵ، بەنزیكەی 95٪ی وشكبووە. رۆژی شەممەی رابردوو خەڵك و دانیشتوانی ورمێ و دەوروبەری وەك ناڕەزایەتییەك لەبەرامبەر كەمتەرخەمیی بەرپرسانی حكومەت لەئاست وشكبوونی دەریاچەی ورمێ خۆپیشاندانیان ئەنجامداو خۆپیشاندانەكەش بەهۆی بەكارهێنانی هێزەوە توندوتیژیی تێكەوت. دەریاچەی ورمێ 22 ساڵە رووبەڕووی وشكەساڵی دەبێتەوەو ساڵی 2015 لەوێنەكانی مانگی دەستكرددا دەركەوتووە نزیكەی 88٪ی ئاوی دەریاچەكە وشكبووە و ئەمساڵیش بەپێی خەمڵاندنەكان و وێنەكانی مانگی دەستكرد زیاتر لە 95٪ی ئاوەكەی وشكبووە و دەریاچەكە بووەتە رووبەرێك لەخۆڵ و خوێ. دەریاچەی ورمێ كە بەدەریاچەی خوێ ناودەهێنرێت ئەگەر بێئاویی بەردەوام بێت لەو دەریاچەیە ئەوا مەترسیی روودانی خوێبارین هاوشێوەی خۆڵبارین هەیە لەناوچەكانی نزیك لەدەریاچەكە. لەسەرەتای بەهاری ئەمساڵدا تەنها 25 سانتیمەتر ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بەرزبووەتەوە كە ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما 22 سانتیمی بووە بەهەڵم و تەنها سێ سانیتم لەئاوی ئەمساڵی تێدا ماوە. ئاستی ئاوی ئێستای دەریاچەی ورمێ دوو ملیارو 480 ملیۆن مەترسێجایە، ئەو بڕە لەساڵی رابردودا یەك ملیارو 440 ملیۆن سێجا بووە.. لەكاتێكدا ئەو دەریاچەیە دەبێت لەحاڵەتی ئاسایی خۆیدا 13 ملیار مەترسێجا ئاوی تێدابێت لەڕاپۆرتەكانی تیمی كۆنتڕۆڵی قەیرانی دەریاچەی ورمێ دەركەوتووە ئەو دەریاچەیە پێوییستی بەپێنج تا 11 ملیار مەترسێجا ئاو هەیە بۆ ئەوەی كارەساتی سروشتیی لەو ناوچەیەی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەوروبەری روونەدات. بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی قەیرانەكانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: 95٪ی ئاوی دەریاچەكە كەمیكردووەو دەریاچەی ورمێ لەهەموو كاتێك زیاتر مەترسیی وشكبوونی لەسەرە. دەریاچەی ورمێ بەگەورەترین دەریاچەی كوردستان و بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان لەقەڵەمدەدرێت . پلانی هەڵەی بەكارهێنانی ئاوو گۆڕینی رێڕەوی ئەو سەرچاوانەی پێشتر دەڕژایە دەریاچەی ورمێ ، هۆكاری سەرەكی وشكبوونی ئەو دەریاچەیە بوە.
هاوڵاتی لەڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی بەرگری تایوان ئاشکرایکرد، چین ئامادەکاری دەکات بۆ ھێرشکردنە سەر ھەرێمەکەیان، ئەمریکاش جەختدەکاتەوە لەسەر پێویستی دیالۆگ لەگەڵ چین بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان. وەزارەتی بەرگری تایوان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھێزەکانیان ژمارەیەک جموجۆڵی کەشتی و فڕۆکە جەنگییەکانی چینیان لە گەرووی تایوان و ھێڵی جیاکەرەوەی نێوانیان تۆمارکردوە کە ئاماژەن بۆ ئامادەکاری ئەو وڵاتە بۆ ھێرشکردنە سەر ھەرێمەکەیان. لای خۆشییەوە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا جەختیکردەوە لەسەر پێویستی ھێشتنەوەی دیالۆگ لەگەڵ چین لەپێناو ھێورکردنەوەی رەوشەکە، هاوکات کۆشکی سپیش داوای لە چین کرد، مانۆڕە سەربازییەکانی لە گەرووی تایوان رابگرێت کە لەگەڵ سەردانەکەی نانسی پیڵۆسی بۆ تایوان دەستیپێکردوە. رۆژنامەی پۆلەتیکۆی ئەمریکی ئاشکرایکرد، فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا چەند جارێک ھەوڵیانداوە پەیوەندی بە ھاوتا چینییەکانیانەوە بکەن بۆ ھێورکردنەوەی رەوشەکە، بەڵام بێ ئەنجامبووە و دەسەڵاتدارانی چین نێوەندگیری رەتدەکەنەوە.
هاوڵاتی دوای سەردانیکردنی زۆربەی لایەنە سیاسییە ناکۆکەکانی عێراق، ناوەڕۆکی دەستپێشخەرییەکەی پلاسخارت بۆ لایەنەکانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستوی عێراق ئاشکرا کرا. لەوبارەیەوە ئەندامێکى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە رایگەیاندووە، نێردەی تایبەتى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەستپێشخەرییەکى بۆ چارەسەرى قەیرانى سیاسی کردووە کە چوارچێوە گشتییەکەى بەستنی کۆنگرەیەکى دیالۆگە بەسەرپەرشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان، وتیشى: "سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى هادى عامرى بۆ لاى موقتەدا سەدر پشت بە ئەنجامى سەردانێکى چاوەڕوانکراوى پلاسخارت بۆ لاى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەبەستێت." رەحیم عەبوودى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە، رۆژی شەممە 6-8-2022 بە کەناڵی رووداوی راگەیاندووە: "سەردانى جێنین پلاسخارت بۆ لاى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە چوارچێوەى دەستپێشخەرییەکەیدا بووە بۆ چارەسەرى قەیرانى سیاسی عێراق. ئێستا پلاسخارت وەکو نێوەندگیر لە نێوان لایەنە شیعەکان کاردەکات". رەحیم عەبوودی وتیشى: "چوارچێوەى گشتیى دەستپێشخەرییەکە ئەوەیە کۆنگرەیەکى دیالۆگ بە بەشدارى سەرجەم لایەنە شیعە و سوننە و کوردییەکان بکرێت کە نەتەوە یەکگرتوەکان سەرپەرشتى بکات". 5ى ئابى 2022، جێنین پلاسخارت لە شارى نەجەف لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆبووەوە و رایگەیاند: "کۆبوونەوەکى باشمان لەگەڵ سەدر کرد؛ گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی دۆزینەوەى رێگەچارەیەک بۆ قەیرانى سیاسی کرد". بەرپرسەکەى رەوتى حیکمە ئاماژەى بەوەدا کە بڕیارە لەماوەی دوو رۆژدا بە زارەکى یان لەڕێگەى سەردانەوە پلاسخارت نێوەڕۆکى وەڵامى سەدر بۆ دەستپێشخەرییەکەى بگەیێنێتە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و ئەوانیش کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی ئەو وەڵامە رێکبخەن.
هاوڵاتی دادگای هانۆڤەر لە بارەی هەڵكرتنی ئاڵاكانی یەپەگە و یەپەژە و پڕوپاگەندەكردن بۆیان بڕیاریدا بە تاوان نەناسرێت و چالاكوانێكی كوردیش كە بە هۆی ئەو دۆسیەیە دادگایی كرا بێ تاوان دەرچوو. لە رۆژی ٢٠ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٩وە وەزارەتی دادی توركیا لێكۆڵینەوەیەكی لە دژی چالاكوانی كورد جوان چەولیك كردەوە كە ساڵانێكە لە ئەڵمانیا كاردەكات بۆ پشتیوانیكردن لە بەرخۆدانی یەپەگە و یەپەژە و شۆڕشی ڕۆژئاوا. لەسەر داوای توركیا، دادگای باڵا لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا داوای یاسایی لە دژی ئەو چالاكوانە جوڵان و ئەمڕۆش چالاكوانەكە دادگایی كرا. دۆندر كلۆگلو پارێزەری ئەو چالاكوانە بڕیارەكانی دادگاكانی پێشووی ئەڵمانیای بۆ یەپەگە و یەپەژە بەبیرهێنایەوە و رایگەیاند: "بریگرتەكەی هیچ تاوانێكی ئەنجام نەداوە، بۆیە نابێت دادگاكان گوێ لە داواكارییەكەی توركیا بگرن". دادگاش ئاشكرایكرد: هیچ تاوانێك لە كەیسەكەدا نییە، ئەو پارێزەرەش ستایشی بڕیاری دادگاكەی كرد و بە ئەرێنی وەسفی كرد و وتیشی: "نابێت ئەڵمانیا ببێتە هاوبەشی فشارەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ئەو ئاوارانەی لێرەن".
هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکردووە لەچەند ساڵی داھاتودا عێراق بە ھاوکاری کۆمپانیا جیھانیەکان دەبێتە یەکێک لە باشترین وڵاتانی بەرھەمێنەر و ھەناردەکاری نەوت، ئاماژەشی بەوەکردووە توانای بەرھەمێنان و ھەناردەکردنی نەوتیان زۆر لەئێستا زیاترە، بەڵام پابەندی بڕیار و رێکەوتنەکانی ئۆپیکن. لەوبارەیەوە کۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاندووە، وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ لە بواری بەرھەمھێنانی نەوت و ھەناردەکردنیدا توانایان زۆر لەئێستا زیاترە، بەڵام بەھۆی پابەندبون بە رێنمایی و بڕیار و رێکەوتنەکانی ئۆپیک و دابەزینی بەھای نەوت، ھەنگاوی زیاتریان بۆ زیادکردنی ھەناردە و بەرھەمھێنانی نەوت نەناوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لەچەند ساڵی داھاتودا عێراق بە ھاوکاری کۆمپانیا جیھانیەکان دەبێتە یەکێک لە باشترین وڵاتانی بەرھەمێنەر و ھەناردەکاری نەوت لەسەر ئاستی جیھان، جەختیشیکردەوە، قەیرانی ئابوری لە عێراق کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەھۆی دابەزینی بەھای نەوت دروستبوو، ھۆکاری سەرەکی بوو بۆ پەکخستنی پلانی زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت.