هاوڵاتی وه‌زیره‌كه‌ی ره‌وتی سه‌در په‌یامێكی نوێی سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ئێستای عێراق بڵاوكرده‌وه‌و له‌ مه‌رجێكی نوێدا ده‌ڵێت، ده‌بێت هیچ كه‌س و لایه‌نێك كه‌له‌ دوای ساڵی 2003وه‌ به‌شداریان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی كردووه‌، به‌شداری حكومه‌ت نه‌كه‌ن، به‌وجۆره‌ ئاماده‌م له‌ ماوه‌ی 72 كاتژمێردا واژۆ بكه‌م بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ی كه‌ ئێستا عێراقی تێكه‌وتووه‌ . ساڵح محه‌مه‌د عێراقی، ناسراو به‌ وه‌زیری سه‌در له‌ تویتێكدا ڕایگه‌یاند: شتێكی گرنگتر له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش به‌شداری نه‌كردنی هه‌موو ئه‌و پارت و كه‌سایه‌تیانه‌یه‌ كه‌ له‌ دوای داگیركاری ئه‌مریكاوه‌ له‌ 2003 تا ئه‌مرِۆ به‌شدارییان له‌پرۆسه‌ی سیاسی كردووه‌ به‌ هه‌موو سه‌ركرده‌و وه‌زیرو پله‌ تایبه‌ته‌كانی سه‌ر به‌ لایه‌نه‌كان به‌ ڕه‌وتی سه‌دریشه‌وه‌."       ده‌شڵێت:"ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌دی نه‌هێنرێت، ئه‌وا هیچ بوارێك بۆ چاكسازی نییه‌ و پێویست ناكات ئێمه‌ ده‌ستوه‌ردان بكه‌ین له‌و شتانه‌ی له‌ داهاتوودا ڕووده‌ده‌ن."     

هاوڵاتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌ كۆنفرانسی توندوتیژی دژی ژنان باسی له‌ كێشه‌كانی عێراق كردو داوای له‌ لایه‌نه‌كان كرد له‌ سه‌ر مێزی گفتووگۆ كۆببنه‌وه‌. محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌ كۆنفرانسی توندوتیژی دژی ژنان له‌به‌غداد رایگه‌یاند: ئه‌و ته‌نگه‌ژه‌یه‌ی ئێستا عێراقی تێكه‌وتووه‌ هه‌ڵه‌ی خۆمان بوو. هه‌روه‌ها ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت : پێویسته‌ به‌ زووترین كات لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر مێزی گفتووگۆ كۆببنه‌وه‌، بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و كێشه‌و قه‌یرانانه‌ی له‌ئێستادا عێراقی تێكه‌وتووه‌ . جێگه‌ی باسه‌ كۆنفرانسی توندو تیژی دژی ژنان ئه‌مڕۆ ڕۆژی شه‌مه‌ به‌ئاماده‌بوونی چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌كان به‌ڕێوه‌چوو.  

هاوڵاتی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک لە عێراق ڕایگه‌یاندووه هه‌موو سەرەتای مانگێک بێ کێشە بابەتەکانی فۆڕمی خۆراک دەگاتە بریکارەکانی خۆراک، ئاماژه‌شی به‌وه‌کردووه‌ تا کۆتایی ئەمساڵ خۆراکی پێویستی لەبەردەستدایە، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی فۆڕمی خۆراکدا بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەشی بکات.  کۆمپانیاکه‌ ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاندووه‌ دۆسیەی فۆڕمی خۆراک و بەردەوامبوون و پشتیوانیکردنی، یەکێکە لەکارە ھەرە لەپێشینەکانی حکومەت و پشتیوانی بەردەوامبوونی دەکات.  ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەموو ئەو پەرۆشیانەیان لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراکی وڵاتەکەیە، هاوکات جه‌ختیشی له‌وه‌کردۆته‌وه‌ ھەموو سەرەتای مانگێک بێ کێشە بابەتەکانی فۆڕمی خۆراک دەگاتە بریکارەکانی خۆراک، بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەش بکرێت. پرۆسه‌ی دابه‌شکردنی به‌شه‌خۆراکی مانگانه‌ له‌ ئابی ١٩٩٠ له‌عێراقدا ده‌ستیپێکردووه‌ و تا ئێستا پرۆسه‌که‌ به‌رده‌وامه‌، ساڵانه‌ چه‌ندین ملیار دۆلاری له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ته‌رخانده‌کرێت.

هاوڵاتی / تایبه‌ت كه‌مێك پێش ئێستا كۆنفرانسی ئیسلامی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان به‌ ئاماده‌بونی چوار سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی عێراق و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ركرده‌كانی عێراق له‌ به‌غدا به‌رِێوه‌چوو. له‌ سه‌ره‌تای كۆنفرانسه‌كه‌شدا د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو رِایگه‌یاند:پێویسته‌ ئێمه‌ی عێراقیه‌كان خۆمان كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و پێكه‌وه‌ رووبه‌رووی گه‌نده‌ڵكاران ببینه‌وه‌.   وتیشی: پێویسته‌ چاكسازی له‌ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت بكرێت و ئه‌و ترسه‌ تیرۆرستییه‌ی كه‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیانی عێراق هه‌یه‌ برِه‌وێنرێته‌وه‌و كۆتایی پێ بهێنرێت . ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا : عێراق له‌ئێستادا پێویستی به‌ گفتوگۆی جدی نێوان لایه‌نه‌كان هه‌یه‌، بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی جیاوازیه‌كان و گه‌شتن به‌ ئه‌نجامێك له‌پێناو پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق. هه‌روه‌ها موسته‌فا كازمی سه‌رۆك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌و كۆنفرانسه‌كه‌دا رِایگه‌یاند: له‌ ئێستادا عێراق رِووبه‌رِووی قه‌یرانی سیاسی بۆته‌وه‌ كه‌ هه‌رِه‌شه‌ له‌ ئارامی و ئابووری عێراق ده‌كات . وتیشی: هه‌موو عێراقیه‌كان چاوه‌رِێی ژیانێكی باشترن و ده‌یانه‌وێت به‌ ئارامی و دوور له‌ ناكۆكی مه‌زهه‌بی پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر خاكه‌كه‌یان بژین،هه‌وره‌ها پێویسته‌ له‌سه‌رمان هه‌وڵی كاڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌ سیاسیه‌كان بده‌ین كه‌له‌ ئێستادا له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا بوونی هه‌یه‌. هه‌ر له‌و كۆنفرانسه‌دا ‌‌عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ رایگه‌یاند: ناكۆكی لایه‌نه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عێراق نیه‌و پێویسته‌ لایه‌نه‌كان به‌ زووترین كات كۆببنه‌وه‌وهه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانیان بده‌ن. وتیشی: ئه‌م كۆنفرانسه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كانه‌ دژی ژنان و پێویسته‌ هاوسه‌نگی ره‌گه‌زی بپارێزرێت، چونكه‌ هه‌ردوو رِه‌گه‌ز (نێر و مێ) هاوڵاتی عێراقین و وه‌ك یه‌ك مافیان هه‌یه‌.  

هاوڵاتی له‌ڕاپۆرتێکدا ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا باس لە زیاتر بوونی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان هاوپەیمانان و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات ئەوەش هاوکات لەگەڵ زیاتر بوونی گرژییەکانی نێوان کوردەکان و تورکیا.  لە راپۆرته‌که‌دا ئاماژەی بە ئەنجامەکانی پەرەسەندنی گرژیی نێوان هێزە کوردیەکان و سوپای تورکیا و سەربزیوانی سەربەو وڵاتە لە باکووری سووریا کردووە. لەم ڕاپۆرتەدا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی پەرەسەندنی گرژیی نێوان کورد و تورکیا، زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی ئەکتەرەکانی دیکەیە، بە تایبەت هاوپەیمانی دژی داعش و ڕووسیا و ئەمریکا. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و کوردەکانی سووریا زیاتر بووەتەوە، لانیکەم ٥ مانۆڕی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کوردەکان ئەنجام دراوە. بەپێی راپۆرتی روانگەی مافی مرۆڤی سووریا، لەم مانۆڕانەدا تەقەمەنی جەنگی بەکارهاتووە. ئەم ڕێکخراوەیە کە چاودێری ڕەوشی سووریا دەکات، هەروەها باس لە زیاتر بوونی گواستنەوەی چەک و لۆجستیک لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ سووریا دەکات. هەر بەم پێیە، لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا، هاوپەیمانی دژ بە داعش سێ کاروان کە پێکهاتوون لە 130 بارهەڵگر کەرەستەی پێویستی لە هەرێمی کوردستانەوە هێناوەتە ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی کوردانی سووریادان. هەروەها ئاماژە بە پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا دەکرێت. لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا لانیکەم سێ هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر سێ بنکەی ئەمریکی لە کێڵگەی نەوتی «العمر» و کێڵگەی غازی کۆنیکۆ و بنکەی «تەنەف» لە سنووری سووریا لەگەڵ عێراق و ئوردن. ئەمریکاش لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا چەند ناوچەیەکی بۆردوومان کردووە. لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کە ٩٥ەمین مانگی ئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بوو لە سووریا، سێ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان لە دژی چەکدارانی داعش لە حەسەکە، دێرەزور و ڕەقە ئەنجام دراوە، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانە دەستگیر کراون کە گومانیان لێدەکرێت ئەندامی داعش بووبن. هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا، له‌ هه‌نگاوێكی ده‌گمه‌ندا، كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازی و لۆجستیكییان له‌ ڕێگه‌ی ئوردنه‌وه‌ گواستۆته‌وه‌ بۆ بنكه‌ی ته‌نه‌ف. لە راپۆرتەکەی ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریادا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە نە هێزەکانی سوپای تورکیا و نە هێزەکانی هاوپەیمانی دژ بە داعش، لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیاندا لە ناو خاکی سووریا گرنگییان بە گیانی خەڵکی سڤیل نەداوە. دەرئەنجامی ئەم خەمساردییە کوژرانی سەدان هاوڵاتیی مەدەنی بووە. ڕوانگه‌ی سوری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ ڕێکخراوێکی تایبه‌ته‌ به‌ بواره‌کانی مافی مرۆڤ له‌سوریا و باره‌گای سه‌ره‌کی ڕێکخراوه‌که‌ له‌له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیایه‌.

هاوڵاتی لایەنە ناكۆكەكانی عێراق تائێستا لەسەر میكانیزمێك بۆ چارەسەری دۆخی سیاسی رێكنەكەوتوون، سەدر پێداگیری لەسەر داواكارییەكانی خۆی دەكاتەوەو لەبەرامبەریشدا چوارچێوەی هەماهەنگی رازی نییە بەداواكارییەكانی سەدر، هەوڵە نێوەندگیریەكانیش  نەیتوانی عێراق لەدۆخی چەقبوستوو رزگار بكات. هەرچەندە لەماوەكانی رابردوودا چ نەتەوەیەكگرتووەكان لەڕێگای (جێنین پلاسخارت)ی نوێنەریەوە لەعێراق و (هادی عامری) سەركردەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەری و كۆبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ لایەنەكان ئەنجامدرا، بەڵام لەئێستادا وادەردەكەوێت دۆخەكە چەقی بەستبێت و هیچ بەرەوپێشەوەچوونێك نەبینرێت. هێشتا سەدرییەكان لەسەر مەرجەكانی خۆیان سوورن كەئەویش هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی دووبارە هەڵبژاردن و گۆڕینی سیستەمی سیاسی و دەستورە، هیچ سازشێكیان لەو رووەوە بۆ بەرامبەرەكانیان نەكردووەو راشیانگەیاندووە تاجێبەجێكردنی داواكانیان بەردەوام دەبن لەسەر خۆپیشاندان و مانگرتن. لەبەرامبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی كەئێستاو دوای كشانەوەی سەدرییەكان زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنن، بەپێی زانیارییە میدیاییەكان لەوەڵامی موقتەدا سەدر بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە چوار مەرجی سەرەكییان داناوە تاڕازی بن بەو پێشنیارە كە ئەوانیش بریتین لەپێكهێنانی حكومەتی راگوزەر، كەدەبێت لەناو پەرلەمانی  عێراقەوە هەڵبژاردنی بۆ بكرێت و نابێت كازمیش سەرۆكایەتی بكات، هاوكات یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوەو دەستەی كارگێڕی كۆمسیۆنیش بگۆڕدرێت، دواتر گفتوگۆی نیشتمانی ئەنجامبدرێت. هەرچی لەبارەی هەوڵەكانی (هادی عامری)یەوە هەیە دوای سەردانیكردنی لایەنە سیاسییەكان، تائێستا جگە لەو بەیاننامەو راگەیەندراوانەی دەرچوون، تائێستا هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ جێبەجێكردنی بیرۆكەكان نەنراوە. (توركی عەتبی) سەركردە لەچوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت: سەردانەكانی عامری بۆ لای ١٠ لایەنی سیاسی جیاواز زیاتر بۆ یەكخستنی هەوڵەكان بووە بۆ كۆتاییهاتنی قەیرانی سیاسی عێراق. ئەو سەركردەیە راشیگەیاند: هەمووان لەسەر سێ خاڵی سەرەكی كۆكبوون پێش ئەوەی هیچ هەنگاوێك بنرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن كە ئەوانیش پێویستە بەپێی رێكارە دەستورییەكان بێت ئەویش لەڕێگای ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، واتە دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوە فەرمییەكانی پەرلەمان، هاوكات درووستكردنی حكومەتێك كەبتوانێـت قەیرانەكان چارەسەربكات و سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، هاوكات یاسای كۆمسیۆن و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەپێی روئیایەك بێت كەدادپەروەری تیادا رەچاوبكرێت. لەو نێوەندەداو لەنێوان پێداگری رەوتی سەدرو كۆڵنەدانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ وازنەهێنان و دەستبەردارنەبوونیان لەداواكانیان، لەنێوان داواكاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و كۆبوونەوەی پەرلەمان لەدەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان، بەپێی زانیارییە میدیاییەكان باس لەهەبوونی جۆرێك لەسەفقەی سیاسی دەكرێت ئەگەر بێت و سەربگرێت ئەوا هاوكار دەبێت بۆ چارەسەری تەنگژەی سیاسی لەعێراقدا. بەپێی ئەو سەرچاوانە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ داڕشتنی سەفقەیەكی سیاسی كەداواكارییەكانی رەوتی سەدر لەخۆبگرێت لەدووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن ئەویش دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، ئەو لایەنانە دەیانەوێت بڕوا بەسەدرییەكان و چوارچێوەی هەماهەنگی بهێنن كە بەرەو چارەسەری دۆخەكە بڕۆن بۆ ئەوەی لەدەست دەرنەچێت، هاوكات ئەو سەرچاوانە بڕوایان وەهایە لەدوایین ساتدا مەرجەعیەتی نەجەف دەستوەردان لەدۆخەكەدا دەكات. ئەمە لەكاتێكدایە رەوتی سەدر رایگەیاندووە كەهەندێك لایەن لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنن، هاوكات داوای رووبەڕووبوونەوەی تەلەفزیۆنی راستەوخۆ لەسەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات، رەتكردنەوەی هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەكی وەهاش لەلایەن ئەو سەركردانەوە بەترس و رسوایی ئەو كەسانە دەزانێت كەگەندەڵن، لەبەرامبەریشدا (حەنان فەتلاوی) سەركردەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەیی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەلەفزیۆنی دەربڕی بەو مەرجەی دوای بەرنامەكە ژیانی پارێزراو بێت. لەبارەی دەرئەنجامی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانیش بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانەكە، هەرچەندە هەمووان لەسەر دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن كۆكبوون، بەڵام لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دروستكردنی حكومەتێك بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەكە بۆچوونەكانیان جیاوازبوو. (یونس جەواد) چاودێری سیاسی بەڕۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمی حكومەتی عێراقی راگەیاندووە: هەڵبژاردنی پێشوەختە پێدەچێت بیرۆكەیەكی لۆژیكی بێت، بەڵام رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە لەكاتی جێبەجێكردنداو لەدۆخی ئێستاشدا زۆربەی لایەنەكان لەسەری ناكۆكن، بەتایبەت پێویستی بەدەنگدانی پەرلەمانە لەسەری، پەرلەمانی ئێستاش دوای پاشەكشەی سەدرییەكان بەدەست چوارچێوەی هەماهەنگیەوەیە. دەربارەی رای پسپۆڕانیش لەسەر دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، لەلێدوانێكیدا سەربەست ئامێدی، سەرۆكی پێشووتری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت:»دوو كێشە هەن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن ئەگەر بێت و دووبارە ئەنجامبدرێتەوە كێشەی یەكەم ئەوەیە كەئایا ئەم حكومەتەی ئێستا هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات یان حكومەتێكی نوێ پێكدێت، ئەمەیان چوارچێوەی هەماهەنگی رازی نین حكومەتی ئێستا هەڵبژاردن بەڕێوەببات، كێشەی دووهەم سیستەم و شێوازی هەڵبژاردنەكانە، رەوتی سەدر لەگەڵ سیستەمی ئێستای هەڵبژاردنەو لایەنی بەرامبەر داوای گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن دەكات بۆ سیستەمی ژماردنەوەی دەستی». لەشەقامی عێراقیدا ئەوەی ئێستا بووەتە پرسیاری گرنگی بەشێكی زۆری هاووڵاتیان ئەوەیە ئایا دووبارە هەڵبژاردنەوەی پەرلەمان چی لەدۆخەكە دەگۆڕێت؟ ئایا نەخشەی سیاسی هەروەك ئێستا دەمێنێتەوە یاخود نا؟ ئەو بودجە زەبەلاحەی بۆ هەڵبژاردن تەرخاندەكرێت بۆ گەشەپێدان و باشتركردنی دۆخی ئابووری هاووڵاتیان تەرخانبكرێت باشتر نییە؟ هەموو ئەم پرسیارانەش لەكاتێكدایە زۆرینەی هاووڵاتیانی عێراقی كەبەشداری هەڵبژاردنی پێشوویان نەكردووە لەئێستادا لەو نێوەندەدا وەك تەماشاكارێكیان لێهاتووە كەتەماشای هەردوو لایەنی ناڕازی دەكەن و چاوەڕێن بزانن ئەنجامی ململانێكانیان بەكوێ دەگات. بەبڕوای چاودێرانی سیاسیش هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا قورسە، لەهەمووشی گرنگتر بڕواهێنانە بەشەقام لەسەر گرنگی دووبارە هەڵبژاردنەوەی پەرلەمان چونكە وەك لەپێشووتردا دەركەوت شەقام بایكۆتی هەڵبژاردنی كردبوو، ئەم بڕواپێهێنانەش كاتێكی زۆری دەوێت. (عەلی بەدیر) چاودێری سیاسی بڕوای وایە لەم قۆناغەدا باشتروایە هەردوو لایەنی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی خاڵێكی هاوبەش بدۆزنەوە، چونكە هەردوولایان بەدوو ئاراستەی جیاوازدا دەڕۆن، سەدر ئارەزووی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات، لەكاتێكدا چوارچێوەی هەماهەنگی داوای دروستكردنی حكومەت دەكات بەچەند ئەركێكی دیاریكراوەوە كە یەكێكیان هەڵبژاردنی پێشوەختەیە. دەربارەی ئەو رەخنانەش كە لەدەسەڵاتی دادوەری دەگیرێت بەوەی نەیتوانیوە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات لەسەر چارەسەركردنی قەیرانی یاسایی و دەستووری پرسەكانی هەڵبژاردن و پەرلەمان، فایق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری تەئكیدیكردەوە لەسەر گرنگی گرتنەبەری چوارچێوەی دەستووری و یاسایی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كە دادگا بەهەمان دووری لەهەموانەوە دەوەستێت.

نیگار عومەر چەكدارانی داعش لەناوچە كێشەلەسەرەكانی سنوری قەزاكانی كەلار و كفری و خانەقین و خورماتوو دەستیان بەجموجۆڵ كردووەو خەریكی خۆڕێكخستنەوەی گروپی چەكدارین، ئەوان زیاتر بەشەوان و بەماتۆڕسكیل هاتووچۆ دەكەن، گوندنشین و شوانكارە عەرەبەكان هاوكارییان دەكەن، چەكدارانی داعش لەماوەی رابردوودا لەو ناوچەیە خەڵكیان رفاندووەو لەبەرامبەر پارەدا ئازادیان كردووە، فەرماندەكانی پێشمەرگەش ئاماژە بەوە دەكەن هێزەكانیان هەمیشە لەئامادەباشیدان. چەكدارانی داعش بەگشتی لەسنوری ناحیەی زینانەو پەڵكانە چیاكانی غەڕەو ناحیەی نەوجول هەندێك لەچیاكانی سنوری ناحیەی خورماتوو تاسنوری حەزی حەمرین كە بەگشتی دەكاتە سنوری ناحیەی قەرەتەپەو چیاكانی حەمرین  تا ئەمدیوی سنوری قەزای خانەقین و ناحیەی گوڵاڵەی سەر بەپارێزگای دیالە بوونیان هەیە، لەماوەكانی رابردوودا كردەوەی چەكدارییان ئەنجامداوەو هاووڵاتیان و هێزە ئەمنیەكانی سوپاسی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگەیان كردووەتە ئامانج. كاوە غەریب، فەرماندەی لیوای پێنجی پیادەی هێزەكانی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت:" چەكدارانی داعش ماوەیەكە جموجۆڵەكانیان لەسنوری قەزای خانەقین  زیادیكردووە و بەشەوان دێن و لەنێو سنوری پارێزگای دیالە هاتوچۆ دەكەن، لەكامێرا حەراریەكانماندا دەبینێرن دوایان دەكەوین و ناهێڵین نزیكی سەنگەرەكانمان ببنەوە، بەزۆری  بەشەوان و بەماتۆڕسكیل هاتوچۆ دەكەن". وتیشی: "چەكدارەكان ژمارەیان لەسنوری گوندەكانی دەكە، كانی ماسی و قەزای خانەقین و  ئەو سنورەی كە دەكەوێتە سەر روباری سیروان نزیكەی 20چەكدار دەبن و بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لەئێستادا خەریكی خۆڕێكخستنەوەن بۆ ئەنجامدانی كردوەی چەكداری و تیرۆریستی". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "لەم سنورەی ئێمەدا چەكدارانی داعش لەلایەن گوندنشینە عەرەبە سوننیەكانەوە هاوكاری دەكرێن و داڵدەیان دەدەن، بەزۆری لەگوندەكانی ئومحنتەو ئیسلاح، حسێنیە، دەمێننەوە". مەردان چاوشین، لێپرسراوی میحوەری 2ی  قەرەتەپەی حەمرینی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:لەماوەكانی رابردووا داعش مەترسی زۆر بۆ سەر قەزای كفری دروستكردبوو، بەڵام لەئێستادا دوای ئەنجامدانی دوو ئۆپراسیۆن لەو سنورانەدا مەترسییەكان نەماون و  شوێنی مانەوەیان نەماوە". ئەوەشی وت، "داعش بەگشتی لەم سنورە نامێننەوە بەڵكو بەشێوەی گەڕۆك هاتوچۆ دەكەن و دەگەڕێنەوە بۆ سنوری دەریاچەی حەمرین". ئاشكراشیكرد: "چەكدرانی داعش لەلایەن شوانكارە عەرەبەكانەوە هاوكاری دەكرێن بۆیە لەسنورەكە ماونەتەوە، لەئێستادا لەگەڵ سوپای عێراق هەماهەنگیمان هەیە بەو ئامانجەی بۆشاییە ئەمنییەكان  پڕكەینەوە و  لەم رۆژانەشدا بەهاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئۆپراسیۆنمان ئەنجامدا". هاوكات جەماڵ وارانی، فەرماندەی لیوای 144ی هێزەكانی پێشمەرگە لەسنوری ناحیەی زینانە، بەهاوڵاتی وت: " ژمارەی چەكدارانی داعش زۆر نیە لەو سنورەی ئێمەدا كەنزیكەی 20چەكدار دەبن، بەڵام لەماوەكانی رابردوودا ناوبەناو هێرشیان ئەنجامدەدا، یان خەڵكیان دەفڕاندو دواتر بەبڕە پارەیەك ئازادیان دەكرد". باسی لەوەشكرد: "نزیكەی مانگێك دەبێت جموجوڵەكانیان زیادیكردوەو خەریكی خۆڕێكخستنەوەن، هەرچەندە لەڕابردودا شوێنی مانەوەیانمان لەناوبردووەو  ئۆپراسۆنی باشمان كردووە، بەڵام بەماتۆرسكیل دێن و دەچن و ئەو ناوچانەی كەهاتووچۆی تێدادەكەن ناوچەیەكی سەختە، هەربۆیە تائێستا توانیویانە بمێننەوە لەو سنورانەدا" و وتیشی: هێزەكانمان لەناوچەكەدا هەمیشە لەئامادەباشیدان و ئارامی سنورەكە دەپارێزین".

هاوڵاتی  دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕوژی 30ی ئەم مانگەی بۆ یەكلاكرنەوەی سكاڵای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دیاریكرد. دادگای فیدڕاڵی لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: بڕیاریداوە كە سكاڵای ژمارە 188 كەلەلایەن  نەسار زەغیر روبەیعی ئەمینداری فراكسیۆنی سەدر پێشكەشكراوە دوابخات بۆ رۆژی 30 ئاب. ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: بابەتی سكاڵاكە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و پابەندكردنی سەرۆك كۆمار بە دەستنیشانكردنی وادەی هەڵبژاردنی لەخۆدەگرێت، بەپێی ماددەی 64ی دەستور. ئەنجومەنی دادوەری  تەئكید دەكاتەوە: ئەركەكانی ئەنجومەنەكە لە مادەی 3 لەیاسای ژمارە 45ی ساڵی 2017 دیاریكراوە كە پەیوەندی بەهەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و تەشریعیەوە نییە، وەك ڕەچاوكردنی پرنسیپی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان كەلەمادەی 47 ی دەستوری عێراقدا هاتووە.

هاوڵاتی ئاماژەو ئەگەری زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی هاتووەتە ئاراوەو تەنها ماوەتەوە واشنتۆن بڕیاری كۆتایی لەسەر بابەتەكە بدات، ئەمریكاو ئێرانیش هەردولا خۆیان ئامادە دەكەن وەك یەكەم هەنگاو هەشت زیندانیی ئاڵوگۆڕ پێبكەن كەهاوشێوەیە لەگەڵ ئەو سیناریۆیەی ساڵی 2015 لەواژۆكردنی رێككەوتنی ئەتۆمیدا روویدا. ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا) ئاشكرایكردووە چوار هاووڵاتی ئەمریكا لەئێران زیندانین و لەبەرامبەریشدا ئەمریكا چوار هاووڵاتی ئێرانی زیندانی كردووە كە بەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئاڵوگۆڕیان پێدەكرێت. زۆربەی بەرپرسانی واشنتۆن جەختیان لەوە كردووەتەوە ئاستی لێكتێگەیشتنەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا خێراتربووە بەڵام جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رێككەوتنێك واژۆ ناكات كەزیانی بۆ ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەكەی هەبێت.   ئێران خۆی بۆ پارە بلۆككراوەكانی ئامادە دەكات كەناڵی (ئەلجەزیرە)ی قەتەری لەزاری ژمارەیەك بەرپرسی ئاگاداری پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بڵاویكردووەتەوەوە:  ئێران و وڵاتانی 5+1 لەزیندوكردنەوەی، رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی (2015) نزیكبوونەتەوە  و تاران لەچەند داواكارییەك پاشگەزبووەتەوەو ئەمریكا گەشبینە بەوەی لەدوو هەفتەی داهاتوودا ئەو رێككەوتنە دوایین بڕیاری لەسەربدرێت. سەرچاوەكان ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە، بەپێی ئەو پێشنیارانەی ئەوروپا خستویەتیەڕوو بۆ لایەنەكان بەتایبەت بۆ واشنتۆن و تاران، لەچوار قۆناغداو لەماوەی 60 رۆژدا رێكاری نوێ بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لەلێدوانی ئەو بەرپرسانەی كەجەزیرە ناویانی ئاشكرانەكردووە هاتووە: لەگەڵ گەڕانەوەو پابەندبوونی تاران بە رێككەوتنی ئەتۆمی دەیان ملیار دۆلار لەپارە بلۆككراوەكانی ئێران لەبانكەكانی جیهان ئازاد دەكرێن. بەپێی پڕۆسەری زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەقۆناغی یەكەمدا سزا نێودەوڵەتییەكان و سزاكانی ئەمریكا لەسەر 17 بانكی ئێران و 150 دامەزراوەی ئابوریی و بازرگانیی ئەو وڵاتە هەڵدەگیرێت و ئاستەنگەكانی بەردەمیان لادەبرێن. ئەو قۆناغەش بەئازادكردنی حەوت بۆ هەشت ملیار دۆلار لە داهاتەكانی ئێران لەكۆریای باشور دەستپێدەكات. هەر لەو پڕۆسەیەدا ئاماژەی بەوەشكراوە ئێران دەبێت لەماوەی 120 رۆژدا رێگەی پێبدرێت كە 50 ملیۆن بەرمیل نەوت لەبازاڕەكانی جیهاندا بەشێوەی فەرمی بفرۆشێت و ئەمریكا دڵنیایی ئەوە بداتە ئەو وڵاتە كە رێگری لێناكرێت. لەلایەكی دیكەوە تۆمارێكی دەنگی عەلی باقری سەرۆكی تیمی دانوستانكاری ئەتۆمیی ئێران بڵاوبووەتەوە كە وتوویەتی: واشنتۆن رازیی بووە لەقۆناغی یەكەمدا سێ بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لەدژی تاران هەڵوەشێنێتەوەو ئەو بابەتە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆكی ئێستای ئەمریكاوە رادەگەیەنرێت. ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا لەپەیامێكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر روونیكردووەتەوە كە واشنتۆن هیچ جۆرە باجێك بەتاران نادات و بەبەردەوامیش هەوڵدەدات ئێران توانای ئەوەی نەبێت بۆمبی ئەتۆم دروستبكات. بەرپرسێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا بەكەناڵی (سی ئێن ئێن)ی وڵاتەكەی راگەیاندووە؛ ئێران لەوەڵامی پێشنیارەكانی ئەوروپا كە رۆژی دووشەممە (15/8/2022) رادەستی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپای كردووە لەداواكارییەكی سەرەكی پاشگەزبووەتەوە و داوای نەكردووە سوپای پاسداران لەلیستی تیرۆری واشنتۆن دەربهێنرێت بۆیە بەوتەی ئەو بەرپرسە زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی زۆر نزیكە.   دواكاریی و هەنگاوەكانی ئێران تاران لەوەڵامی پێشنیارەكەی ئەوروپا (ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا) داوای ئەوەی كردووە كەدەبێت ئەمریكا لەئەگەری دووبارە كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی  قەرەبوی ئێران بكاتەوەو ئەوە بەسەرەكیترین داواكاریی ئەو وڵاتە ئەژماردەكرێت لەبەرامبەر واشنتۆندا. لەپێشنیارە نوێیەكەی ئەوروپاو لەقۆناغی دەستپێكردنی پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی، دەبێت ئێران لەیەكەم هەنگاودا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەوێستگە ئەتۆمییەكانی كەمبكاتەوە و دەبێت هەنگاو بەهەنگاو پاشەكشە بكاتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی. ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران پێش كشانەوەی ئەمریكا لە ساڵی 2018 تەنها نزیكەی 5% بووە لەكاتێكدا دوای كشانەوەكە لەچەند قۆناغێكدا پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی گەیاندووەتەوە 60%. هاوكات دەبێت ئێران هەر لەچوارچێوەی ئەو پڕۆسەیەدا ژمارەیەك لەكورە ئەتۆمییەكانی كەدەوترێت زیاتر لەسێ هەزار دانەیە لەكاربخات چونكە تەنها دوو هەفتە بەر لەدەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا، ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند 500 كورەی ئەتۆمیی لەجۆری (ئار ئای 6)ی خستوەتەكار كە بەنوێترین نەوەی كورەی ئەتۆمیی ئەژمار دەكرێن. ئێران لە رابردووداو لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئەتۆمیدا رێگەپێدراوبوو بۆ بەكارهێنانی پێنج هەزارو 60 ئامێری سەنتریفیوژ یان كورەی ئەتۆمیی، بۆیە بەپێی پڕۆسەی رێككەوتنەكە دەبێت زۆربەی ئەو ئامێرانە رابگرێت كە لەدوای ساڵی 2018 بەمەبەستی پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم بەكاریهێناوە. روسیا گەشبین نییە روسیا كەیەكێك لەسەرەكیترین لایەنەكانی بەشداربووی رێككەوتنی ئەتۆمییە رایگەیاندووە زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكە ئاڵۆزیی زۆری تێدایەو پێویستە هەموولایەك و بەتایبەت ئەمریكا پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان بن. میخائیل ئۆلیانۆڤ نوێنەری روسیا لەنەتەوەیەكگرتووەكان كەهاوكات سەرۆكی تیمی دانوستانكاری وڵاتەكەیەتی لە رێككەوتنی ئەتۆمیی لەنوێترین لێدوانیدا دەڵێت؛ ئەمریكا هۆكاری دواكەوتنی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمییە چونكە دەیەوێت هەندێك داواكاریی نایاسیی و لەدەرەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 بەسەر ئێراندا بسەپێنێت. ئۆلیانۆڤ ئاماژەی بەوەشكردوە: كە جگە لەپێشنیارەكانی ئەوروپا سێ رەشنووسی دیكە ماوە كەدەبێت لایەنكانی ناو رێككەوتنەكە كۆكبن لەسەری و داواتر واژۆی بكەن. بەبڕوای ئەو سەرەڕای ناكۆكییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئێران دەكرێت رۆژی سەرەتای مانگی سێپتەمبەر پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی دەستپێبكات. ئەمریكا بڕیاری كۆتایی دەدات تائێستا هیچ بەرپرسێكی ئەمریكا بەئاشكراو بەناوهێنانی لەمیدیاكان روونی نەكردووەتەوە كەواشنتۆن لەچ كاتێكدا بڕیاری كۆتایی دەدات، بەڵام ئەوەی روونە بڕیاری كۆتایی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لای ئەمریكایەو گرەوی بەختی ئێرانیش هەر لەدەستی ئەو وڵاتەدایە.

هاوڵاتی له‌نوێترین ڕاگه‌یه‌ندراوی خۆیدا، وەزیرەکەی سەدر ھێرشدەکاتە سەر رەخنەگرانی مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دەڵێت ھەنگاوی لەناکاوی دیکەیان دەبێت. سالح محەمەد عێراقی وەزیرەکەی موقتەدا سەدر راگەیەنراوێکی ١٦ خاڵی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوانەی نیگەران بوون بە مانگرتن لە بەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری ترسیان ھەبوو دامەزراوەی دادوەری پەنابباتە بەر ئاشکراکردنی دۆسیەی گەندەڵییەکانیان، گومانیان وابوو خۆپیشاندەران ھەڵدەکەوتنە سەر ئەنجومەنی دادوەری و دەست بەسەر دۆسییەکانیاندا دەگرن. راشیگەیاند، ھەڵپەساردنی کارەکانی ئەنجومەنی دادوەری دەستوری نەبووە و واتای ئەوە دەگەیەنێت دادگا ھەوڵدەدات بە رێگەیەکی ناشەرعی گومانەکان لەخۆی دووربخاتەوە. سالح محەمەد عێراقی جەختیشیکردەوە، ئەگەر گەل بڕیاری بەردەوامی شۆڕش بدات لە دژی گەندەڵکاران ھەنگاوی دیکەی لەناکاویان دەبێت کە بەبیری کەسدا نایەت. لایەنگرانی رەوتی سەدر بەیانیی رۆژی سێشەممە 23-08-2022 چوونە بەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و خێوەتیان هەڵدا، بەڵام دوای نزیکەی نۆ کاژێر مانەوە، بۆ ئێوارەکەی لەسەر داوای وەزیرەکەی سەدر بەردەم دادگەیان چۆڵکرد.    دوای کشانەوەی لایەنگرانی سەدر، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆتایی بە هەڵپەساردنی کارەکانی هێنا و رایگەیاند، بە کشانەوەی خۆپێشاندەران و شکانی گەمارۆی سەر باڵەخانەی ئەنجوومەنی دادوەریی و دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیاریاندا لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە 24-08-2022 کارەکانی خۆیان بەشێوەیەکی سرووشتی لە تەواوی دادگەکاندا دەستپێبکەنەوە

هاوڵاتی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ سێ بەرپرسی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق دەرچوو.    له‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا که‌ ئه‌مڕۆ چوارشەممە ده‌رچووه‌ فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی بڵاویکردەوە، دادگەی ناوەندی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هەریەک لە بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان، پشکێنەری گشتی لە وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلادانان و بەدواداچووندا سەپاند.   ئەو سێ بەرپرسەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق کە لە راگەیێندراوەکەی دەستەی دەستپاکی ناویان نەهاتووە، بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی، سزادراون. ئەوان تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە بە پێچەوانەی یاسا، کاتی زیاتریان داوەتەوە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی نوێکردنەوەی دیزاینی بنەڕەتی شاری نەجەف.   فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی دەڵێت، دادگە دوای سەیرکردنی بەڵگە و سەلماندنەکانی تایبەت بەو دۆسیە، گەیشتە بڕوای تەواو کە ئەوانە "تاوانبارن"، بۆیە بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزای داون.   بەپێی ماددەی (340) لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر فەرمانبەر یان هەر راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندیی ئەو شوێنە بگەیێنێت كە كاری تێدا دەكات، ئەوە بە زیندانیکردن سزادەدرێت بە ماوەیەك کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت. رۆژی 10-8-2022، عەلا جەواد، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە دەستەی دەستپاکی 14 هەزار و 797 دۆسیەمان لایە، حەوت هەزار و 737 کەسیان تۆمەتبار کراون، سێ هەزار و 871 کەس دۆسییەکانیان براوەتە دادگە و دەبێت ئامادەبن بۆ لێکۆڵینەوە، هەروەها 731 فەرمانی دەستگیرکردنیش دەرچووە."     

هاوڵاتی بەدرێژایی مێژووی نوێی عێراق ئەو وڵاتە یەكێك بووە لەوڵاتە هەرە دەوڵەمەندەكانی بوارە جیاجیاكانی سروشت و گەنجینەیەكی پڕ لەبەهای ئابووری و خۆراكی و نەوتی بووە، بەڵام بەهۆی جەنگە یەك لەدوای یەكەكانەوە بەتایبەت لەساڵانی هەشتا بەرەو ژوور، ئیدی ئابووری ئەم وڵاتە بەجۆرێك داڕما كە نەدراوەكەی بەهای ما، نە یەدەگی زێڕ و نە یەدەگە نەختیەنییەكەی توانی لەڕیزبەندی وڵاتاندا جێگای خۆی بگرێت و نە ئابوورییە هەناردەییەكەشی توانای ڕكابەریكردنی هەناردەی وڵاتانی دراوسێ ما و بۆ ماوەیەكی درێژ ئەم وڵاتە هەرەسهێنا. لەئێستاداو دوای ئەو ئارامییە ڕیژەییەی كەعێراق پیایدا تێپەڕدەبێت و جەنگەكانی تا ڕادەیەك نەماون، ئەم وڵاتە چ لەڕووی هەناردەی نەوت و چ لەڕووی یەدەگی نەختینەیی و چ لەڕووی یەدەگی زێڕەوە لەگەشەیەكی بەردەوامدایەو ئامارەكانی دڵخۆشن، هاوكات وەزیری داراییەكەشی بڕوای وایە تاكۆتایی ساڵ یەدەگی نەختینەیی زیاتر دەبێت. بەپێی تازەترین ئامار كە لەناوەڕستی مانگی ئاب دا و لەلایەن كۆمپانیای (سۆمۆ) بڵاوكراوەتەوە ئاشكرای كردووە عێراق لەمانگی پێشوودا رۆژانە 4 ملیۆن و 584 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە و بەبەراورد بە مانگی رابردوو ڕۆژانە 69 هەزار بەرمیل زیادی كردووە. هەر بەپێی ئامارەكە داهاتی هەناردەی نەوت لە مانگی تەمموزدا 10 ملیار و 608 ملیۆن دۆلار بووە كە ئەمەش داهاتێكی زەبەلاحەو پێشبینی دەكرێت تاوەكو كۆتایی ساڵ داهاتی نەوتی عێراق نزیكبێتەوە لە 150 ملیار دۆلار. بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردەی نەوت و زیادبوونی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی گشتی عێراق دەبێتە هۆی زیاتركردنی قەبارەی یەدەگی نەختینەیی و ئابوورییەكی قایمتر و تۆكمەتر دەكات. لەوبارەیەوە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندووە، قەبارەی یەدەگی نەختینەیی عێراق گەیشتووەتە 82 ملیار دۆلار، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت. عومەر عاسم، وتەبێژی بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرایكردووە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا قەبارەی یەدەگی نەختینەیی 70 ملیار دۆلار بوو و بەراورد بەو كاتەش 12 ملیار دۆلاری تر زیادی كردووە، شارەزایانیش ئەم زیادبوونە زۆرەی یەدەگی نەختینەیی بۆ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت دەگەڕێننەوە. ئەمە لەكاتێكدایە لەلایەكی ترەوە یەدەگی زێڕیش بەرزبووەتەوە و عێراق بووەتە خاوەنی دەیان تۆن زێڕیش و چەند پلەیەكیش لەڕیزبەندی جیهانیدا هاتۆتە پێشەوە. بەپێی تازەترین ئاماریش عێراق لە یەدەگی زێڕیشدا هەنگاوی باشی ناوە و بووەتە خاوەنی 130 تۆن زێڕ، لە ئاستی دنیادا لە ریزبەندی 30یەم و لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە ریزبەندی چوارەمدایە. ئەنجومەنی جیهانی بۆ زێڕ ئاشكرای دەكات، عێراق بەكڕینی 34 تۆن زێڕ لە پلەی 30 هەمینی ئەو وڵاتانەیە كە پشت بە یەدەگی زێڕ دەبەستن. لە نوێترین داتاو زانیارییەكانیدا ئەنجومەنی جیهانی بۆ زێڕ ڕاگەیاندووە، بانكی ناوەندی جیهانی بڕی 111.19 تۆنی زێڕی خستووەتە سەر یەدەگی زێڕی جیهانی و لەو چوارچێوەیەدا یەكێك لەو وڵاتانەی كە زۆترین خواستی كڕینی زێڕی هەیە عێراقە كە لەم مانگەدا بڕی 33.97 تۆن زێڕی كڕیوە،و ئێستا لە پلەی 30یەمینی ئەو وڵاتانە دادەنرێت كە پشت بە یەدەگی زێر دەبەستن. ئاماژەی بەوەشكردووە دوای عێراق هەریەكە لە توركیا بە ‌كڕینی 26.60 تۆن و ئۆزبەكستان بە 26.44 و كازاخستان بە 15.79 تۆن و هیندستان بە 8.39 لە ریزبەندی زۆرترین كڕیارانی زێڕن لە جیهاندا. وەنەبێت عێراق خەونەكانی بۆ بەهێزكردنی ئابوورییەكی هەر بەوەندە وەستابێت، بەڵكو هیواخوازیشە تا كۆتایی ئەمساڵ یەدەگە نەختینییەكەی زیاتر بكات و چەند هەنگاوێكی دیكە بچێتە پێشەوە. عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لەلێدوانێكیدا هیواخوازە یەدەگی نەختینەیی وڵاتەكەی تا كۆتایی ئەمساڵ لە70 ملیارەوە بگاتە 90 ملیار دۆلار، هاوكات ئاماژەشی بەوەكردووە لەساڵی  2020 یەدەگی نەختینەیی وڵات كەوتۆتە  بەر مەترسی، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سیاسەتە داراییەكانەوە توانیویانە یەدەگەكە زیاتر بكەن.

هاوڵاتی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت نابێت ململانێکان بگات بەوەی دژ بە ئەنجومەنی دادوەری بێت، پاڵپشتی خۆشی بۆ خۆپیشاندانەکان دووپاتدەکاتەوە. دوابەدوای مانگرتنی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری و هەڵپەساردنی کارەکانی ئەنجومەنەکە،ئەمڕۆ سێشەممە( محەمەد حەلبوسی) سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند نابێت ململانێکانمان لەگەڵ دادوەری بێت کە هەموومان پەنای بۆدەبەین بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانمان. حەلبوسی پاڵپشتی خۆی بۆ خۆپێشاندانەکان بە شێوازە دەستوری و یاساییەکانی کە پارێزگاری لەدەوڵەت ودام ودەزگاکانی بکات دووپاتکردەوە. جێگای ئاماژەیە لەماوەکانی پێشوودا لایەنگرانی سەدر بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیانەوە ڕۆیشتنە ناو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و مانیانگرت، دواتر بەبڕیارێکی موقتەدا سەدر کشانەوە دەرەوەی باڵەخانەکە. دوای زیاتر لە ١٠ مانگە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لایەنەكان نەگەیشتوون بە ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەت و موقتەدا سەدریش، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات و چوارچێوەی هەماهەنگیش هەوڵدەدات بۆ پێكهێنانی حكومەت

هاوڵاتی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر قۆناغێکی نوێی داواکارییەکانیان دەستپێکردو بەیانی ئەمڕۆ چونە بەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی دادوەری و خێمەیان هەڵدا و بڕیاریاندا کە مانبگرن تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت، لەبەرامبەریشدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەغدا؛ ئەنجوومەنەکە، ئەمڕۆ کارەکانی هەڵپەسارد. هاوکات لایەنگرانی سەدر پێنج داواکاریشیان خستەڕوو کە گرنگترینیان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستا و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و بە سیاسی نەکردنی دەسەڵاتی دادوەریی، هاوکات بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران و جیاکردنەوەی داواکاری گشتی لە ئەنجومەنی دادوەری، بەشێكی تر بوون لە داوكاری لایەنگرانی سەدر. جێگای ئاماژەیە لەماوەکانی پێشوودا لایەنگرانی سەدر بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیانەوە ڕۆیشتنە ناو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و مانیانگرت، دواتر بەبڕیارێکی موقتەدا سەدر کشانەوە دەرەوەی باڵەخانەکە. دوای زیاتر لە ١٠ مانگە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لایەنەكان نەگەیشتوون بە ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەت و موقتەدا سەدریش، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات و چوارچێوەی هەماهەنگیش هەوڵدەدات بۆ پێكهێنانی حكومەت.

هاوڵاتی له‌ڕاپۆرتێکدا گۆڤارێکی ئه‌مریکی تازه‌ترین ڕیزبه‌ندی وڵاته‌ هه‌ژاره‌کان بڵاوده‌کاته‌وه‌ که‌ عێراق ریزبه‌ندی 8ـه‌مین وڵاتی عه‌ره‌بی و 79ـه‌مین وڵاتی جیهاندان. له‌وباره‌یه‌وه‌ گۆڤاری گلۆبال فێنانسی ئه‌مه‌ریكی راپۆرتێكی له‌باره‌ی وڵاته‌ هه‌ژاره‌كانی جیهان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت: عێراق له‌ ریزبه‌ندی 8ـه‌مین وڵاتی عه‌ره‌بی و 79ـه‌مین وڵاتی جیهاندایه‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییدان، به‌وه‌ی هه‌ر تاكێكی عێراقی ساڵانه‌ پێویستی به‌ 12 هه‌زار دۆلار هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی و پێداویستییه‌كانی دابین بكات، هاوكات بوروندی یه‌كه‌مین وڵاته‌ كه‌ گه‌له‌كه‌ی له‌ژێر هێڵی هه‌ژاری توندان و هه‌ر تاكێك ساڵانه‌ پێویستی به‌ 856 دۆلاره‌ بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی. گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌شی به‌وه‌داوە که‌ به‌شێك له‌ وڵاتانی دونیا به‌هۆی شه‌ڕی نێوخۆ و ململانێیه‌كان و كێشه‌ی مه‌زهه‌بی و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ژاری و برسێتی بوونه‌ته‌وه‌.