هاوڵاتی ڕۆژنامەی ئیعتیمادی ئێرانی ڕایگەیاند،مەهدی بەیکۆغلی ڕۆژنامەنوس و بەرپرسی بەشی سیاسی لە ڕۆژنامەی ئیعتیماد دەستگیرکرا. هاوسەری مەهدی لە تویتێکدا لەبارەی دەستگیرکردنەکەیەوە وتی، کاتێک دەستبەسەریان کردووە،دەستیان بەسەر لاپتۆپ و مۆبایل وکەلوپەلە ڕۆژنامەوانیەکانی دا گرتووە. ئەو ڕۆژنامەنوسە لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەندین خێزان ئەنجام دابوو کە خزم و کەسەکانیان لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکرابوون و حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو. هێشتا هیچ لەبارەی ئەو تۆمەتەی کە پێیی دەستگیرکراوە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە ڕانەگەێندراوە،بەڵام دەستگیرکردنە ڕاستەوخۆ دوای کارە ڕۆژنامەوانیەکانی بووە لەگەڵ خێزانی سزادراوانی حوکمی سێدارە. هاوکات لەسەرەتای شۆڕشی ژینا ئەمینیەوە، بەپێی لیستێکی ڕۆژنامەی شارغ، کە لەمانگی کانوونی دوەمدا بڵاوی کردبۆوە نزیکەی ٤٠ ڕۆژنامەنوس دەستگیرکراون بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی وڵات. لەگەڵ ئەوەشدا ئێران هەردوو ڕۆژنامەنوس نیلۆفەر حەمیدی و ئیلاهی محەممەدیان دەستگیرکردووە کە دۆسیەی ژینا ئەمینی و مردنەکەیان ئاشکرا کرد.
هاوڵاتی دوای هەشت ڕۆژ قەسەدە کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی بروسکەی جزیرەی راگەیاند وتی" زیاتر لە 200 چەتە دەستگیرکراون." هێزەکانی سوریای دیموکراتی – قەسەدە،لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆتایهاتنی ئۆپراسیۆنی جەزیرەی ڕاگەیاند کە لە لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بە بەشداری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنی بروسکەی جزیرەیان لە دژی داعش دەستپێکرد و ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام بوو. باسی لەوەشکردووە،" ئۆپەراسیۆنەکە لە ٥٥ گوند و ناوچەی هۆل و تل حەمس و تل براک و چەند شوێنێکیش لە سێ شارۆچکە و ناوچە فراوانەکانی سنوری سوریا و عێراق ئەنجام دراوە." ئەوەشی رونکردوەتەوە لەو ئۆپەراسیۆنەدا،" ١٠٢ ئەندام و گومنالێکراو هەیە و سی کەس لەوانە لەئامادەکردن و گەیاندنی ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو بۆ شانە تیرۆریستییەکان کە لەمانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ هێرشیان کردە سەر زیندانی غوێران بەشدار بون."
هاوڵاتی لەکاردانەوەی کاریکاتێرەکەی خامنەیی و پیاوانی ئاینی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی فەڕەنسی لە تاران داخست. وەزارەتی دەرەوەی ئێران یەکەم هەڵوێستی خۆی دژی کاریکاتێرەکەی خامنەیی کە لە گۆڤاری چارلی ئێبدۆی فەڕەنسیدا بڵاوکرایەوە ڕاگەیاند و پەیمانگای لێکۆڵینەوەی فەڕەنسی لە تاران داخست. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاد ئەمە یەکەم هەنگاوە لە دژی ئەو کاریکاتێرەی کە لە گۆڤارێکی تەنز ئامێزدا سوکایەتی بە کەسایەتی ئاینی وڕابەری باڵای ئێران دەکات وپاڵپشتی لە ناڕەزایەتیەکانی ئێران دەکات. هەروەها هەڕەشەی کاردانەوەی توندتری کرد لەبەرامبەردا ئەگەرفەڕەنسا لێپرسینەوە لە بکەرانی بڵاوکردنەوەی ڕق وکینە نەکات. لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، کاترین کۆلۆنا بە کەناڵی ئێڵ سی ئای تیڤی ڕاگەیاندووە کە "ئازادی ڕۆژنامەگەری لە فەرەنسا بوونی هەیە، بە پێچەوانەی ئەوەی لە ئێران ڕوودەدات و کوفرکردن لە فەرەنسا بەپێی یاساکانی فەرەنسا تاوان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە تویتێکدا وتی، کردەوەی سووکایەتیکردن و هێرشکردن و بڵاوکردنەوەی کاریکاتێر دژی دەسەڵاتی ئایینی و سیاسی وڵاتەکەی بەبێ وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە نابێت. هاوکات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ناسر کەنانی بانگهێشتی باڵیۆزی فەرەنسای لە تاران کرد تا پێیڕابگەێنێت کە "مافی ئەوەی نییە بە بیانووی ئازادی قسەکردن بیانوو بۆ بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی وڵاتانی دیکە و نەتەوە ئیسلامیەکان بهێنێتەوە. پەیمانگای تویژینەوەی فەڕەنسیش لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە ڕایگەیاندووە، کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی وتوون ئێران بە پەیوەندیە کلتوری وفەرهەنگیەکانیدا دەچێتەوە لەگەڵ فەڕەنسا، هەروەها بە کاروچالاکیەکانی فەڕەنساش لە ئێران. کاردانەوەکان دوای بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرەکانی ئایەتولڵا خومەینی وپیاوانی ئاینی ئێران دێت لە دوایەمین چاپی گۆڤاری چارلی ئیبدۆ کە نزیکەی ٣٠ کاریکاتێرن، بەشێوازێکی تەنز ئامێز یادی هەشت ساڵەی هێرشی ئیسلامیە سونەکانی کردەوە لەبەرامبەر کاریکاتێری پەیامبەری موسڵمانان کە لە گۆڤاری چارلی ئیبدۆ بڵاوکرابۆوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەڕووداوەکانی ئێڕان و ناڕەزایەتیەکانی ئێران کردووە. گۆڤاری چارلی ئیبدۆ ئاماژەی بەوەکردووە، زیاتر لە ٣٠٠ وێنە وکاریکاتێری جیاواز بۆ گۆڤاری چارلی ئیبدۆ چووە کە وێنە ونمونەی جیاواز لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە بۆ گۆڤارەکە چووە کەسوکایەتی بە ئایەتوڵلا خومەینی دەکەن؛ لەیەکێک لە یەکێک لە کاریکاتیرەکاندا ڕیزێک لە پیاوانی ئاینی ئێران دەچنە ناو ئەندامی زاوزێی ژنیکەوە ولەسەری نوسراوە مەلاکان بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی لێی هاتوون. پەیمانگای تویژینەوەی فەڕەنسی لە ساڵی ١٩٨٣ دامەزراوە و سەر بە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسایە، ساڵی ٢٠١٣ -٢٠٢١ لەسەردەمی ڕۆحانیدا کرایەوە دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بوو داخرابوو لە ئێران.
ئەمریکا جارێکی دیکە دژایەتیکردنی خۆی بۆ هەوڵەکانی تورکیا بۆ خۆنزیکردنەوە لە رژێمی سوریا پیشاندا و رایگەیاند، پشتگیری لە کۆبونەوەی ئەسەد و ئەردۆغان ناکات. نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، جارێکی دیکە ئاماژەی بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ خۆنزیکردنەوە لە رژێمی سوریا کرد و وتی، " رژێمی دیمەشق، هیچ هەنگاوێکی نەناوە کە ببێتە هۆکاری ئەوەی، هاوپەیمانێکمان یان وڵاتێکی دیکە دەست بە پرۆسەی خۆنزیککردنەوە و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان بکەن." پرایس دەشڵێت، سیاسەتمان لە سوریا نەگۆڕاوە. خەڵکی سوریا ١٢ ساڵە لەنێو ئازادی شەڕدایە. ئێمە وەک ئەمریکا پشتگیری لە هەموو چارەسەریەک دەکەین کە لە چوارجێوەی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ئەنجام بدرێت. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، هەر وڵاتێک کە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ رژێمی سوریا دەدات، پێویستە بیر لەوە بکاتەوە کە پەیوەندیەکان چۆن دەتوانن سوودێک بە خەڵکی سوریا بگەیەنێت و وتی، " بۆ چارەسەریەکی سیاسی، هەوڵەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان، لە چوارچێوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بەردەوام دەبێت." دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆبونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی پارتەکەی (ئاکەپە) رایگەیاند کە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا بە تەلەفون قسەی کردووە و وتی، " لەگەڵ پوتین باسی دۆخی سوریامان کرد. ئاماژەمان بە کۆبونەوەی سوریا و تورکیا لەسەر ئاستی هەواڵگری و سەربازی کرد. هەوڵ دەدەین وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا چاویان بەیەک بکەوێت و دواتر بەگوێرەی ئەنجامەکان، من و بەشار ئەسەدیش کۆبینەوە." کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، بەرپرسە سەربازی و هەواڵگریەکانی سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە. بەرپرسانی تورکیا ئاشکرایان کرد کە چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی سوریا، بۆ لێدانە لە خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا و هەسەدە. لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی نزیک لە حکومەتی دیمەشق لە زاری بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتەوە رایانگەیاند، سوریا سوورە لەسەر ئەوەی کە پێویستە تورکیا سەربازەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە و دەست لە هاوکاریکردنی گروپە رادیکالەکان هەڵبگرێت. نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوێنێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری لە دانوستانەکانی سوریا و تورکیا ناکات. بەهۆی ئەوەی بەشار ئەسەد لە چاوی ئەمریکادا، بکوژی هاوڵاتیانی سوریایە و پشتگیری ئەمریکاشی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) دووبارە کردەوە.
هاوڵاتی وابڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لەشاری بەسرە کاتژمێر 7ی سەرلەئێوارە یارییەکانی جامی کەنداوی 25 بە یاریی نێوان عێراق و عومان دەستپێبکات و ئاهەنگێکی سەرنجڕاکێشی بۆ رێکدەخرێت و هەزاران هاندەر و دەیان بەرپرس لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە ئامادەی ئاهەنگی کردنەوەی ببن. سیروان نەجمەدین، سەرۆکی لیژنەی پێشبڕکێکانی جامی کەنداوی 25 ڕایگەیاندووە " ئامادەکارییەکی زۆرباش کراوە و پێشبینی شتێکی زۆرباش دەکەین، ئامادەکارییەکی زۆر زۆر کراوە، تەنیا لە ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا نزیکەی 5 هەزار بەشداردەبن، ئەمە ئاسان نییە، سێ کۆمپانیای تایبەتمەند بە رێکخستنی ئاهەنگەکان سەرپەرشتی دەکەن کە هەمان کاریان بۆ یارییەکانی مۆندیالیش کردووە." لەبارەی بەکارهێنانی سیستمی ڤار و ئامادەیی سیستمەکە بۆ پاڵەوانێتییەکە سیروان نەجمەدین دەڵێت " سەد لە سەد ئامادەییە، پێش چوار لە هەردوو یاریگەکە تێستی کراوە، لە یاریگەی مینا کێشەیەکی بچووکی لەرووی رووناکییەوە هەبوو، بەڵام کۆمپانیاییەکی تورکی هات و کێشەکەی چارەسەکرد و سیستمەکە بەتەواوی ئامادەیە و کێشەی نییە، هەندێک ناوبژیوان تایبەت بە ڤاریش هاتوون کە تەنیا کار لەسەر ئەو سیستمە دەکەن و دوو ناوبژیوانی عێراقیشی لەگەڵە و هەموو شتەکان بە تەواوی ئامادەیە." ئەو کۆمپانیایەی ئاهەنگەکانی بەر لە ئەنجامدانی یارییەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەری رێکخست، بۆ جامی کەنداویش کاریکردووە و سەرپەرشتی ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
ریاز دەرار هاوسەرۆکی مەسەدە رایگەیاند، روسیا دەیەوێت لە شەڕی ئوکراینادا، تورکیا پشتگیری بکات، بۆیەش هەوڵی نزیککردنەوەی سوریا و تورکیا دەدات و ئەوەش لە بەرژەوەندی تورکیادایە. ریاز دەرار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی فورات نیوز ئاماژەی بە کۆبونەوەکانی نێوان بەرپرسانی تورکیا و سوریا کرد و وتی، " تورکیا مۆڵەتی هێرشکردنە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریای وەرنەگرت و نەیتوانی سەرکەوتوو بێت، ئەمجارە رووی لە حکومەتی دیمەشق کرد و ویستی بە زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەدەنە بۆشاییەکان پڕبکاتەوە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورکیا لە رێگەی رێککەوتنەوە بێتە ناو خاکی سوریا، زیانێکی زۆر بەر بەرژەوەندییەکانی گەل دەکەوێت، هەروەها رێگە بۆ چەتەکان دەکاتەوە کە لەم ناوچانەدا نیشتەجێ ببن. ئەمەش هەنگاوێک دەبێت بۆ دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکان بە تەواوی بخاتە سەر تورکیا وەک رووداوەکەی ئەسکەندەرون." ریاز دەرار سەرنجی بۆ گفتوگۆکانی پەیوەست بە ئەگەری کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئەسەد راکێشا و رایگەیاند، "ئەم کۆبوونەوەیە بە هیچ شێوەیەک سوودی بۆ حکومەتی دیمەشق نابێت، حکومەتی دیمەشق بەهۆی فشارەکانی روسیاوە ئەو کۆبوونەوانە قبوڵ دەکات و چاوەڕێی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان دەکات، تاوەکو کۆبوونەوەکان درێژتر بکرێنەوە، سوودی زیاتری بۆ روسیا دەبێت، چونکە بەپێی بەرژەوەندییەکانی، هەوڵدەدات لە رێگەی تورکیاوە، لە شەڕی ئۆکراینادا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، تورکیاش سنوورەکانی بەڕووی روسیادا دەکاتەوە." هاوسەرۆکی مەسەدە دەشڵێت، پێویستە حکومەتی دیمەشق باش بزانێت کە گەل مافی هەیە و لەگەڵ گەلەکەی بۆ دروستکردنی وڵاتێکی نوێ هەوڵ بدات و پێویستە سیاسەتەکانی بگۆڕێت.
هاوڵاتی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە ڕایگەیاند، لەمەودوا ژنان دەتوانن بەبێ ئەوەی مەحرەمێکیان لەگەڵدابێت سەردانی سعودیە بکەن و حەج وعومرە بکەن. هاوکات لەبارەی تەمەنی یاسایی بۆ بەجێهێنانی حەج وعومرە ڕایگەیاند، موسڵمانان کە تەمەنیان لەسەروو ١٢ ساڵیەوەیە دەتوانن ئەمساڵ ناویخۆیان تۆمار بکەن و حەج بکەن. ئەم بڕیارەی وەزارەتی حەج وعومرەی سعودیە لەکاتێکدایە کە لەماوەی رابردوودا، هیشام بن سەعید وتەبێژی وەزارەتی حەج وعومرە ڕایگەیاندبوو ، ژنان دەتوانن بێ ئەوەی کەسێکی نزیک یان مەحرەمی خۆیان لەگەڵدا بێت دەتوانن ڤیزا وەربگرن وسەردانی سعودیە بکەن بەمەبەستی بەجێهێنانی حەج وعومرە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هەوڵ دەدەن وەزیرانی دەرەوەی سوریا و تورکیا کۆبنەوە، دواتر خۆی لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی حکومەتی دیمەشق کۆبێتەوە. لە کۆبونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی پارتەکەیدا، ئەردۆغان رایگەیاند کە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا بە تەلەفون قسەی کردووە و وتی، " لەگەڵ پوتین باسی دۆخی سوریامان کرد. ئاماژەمان بە کۆبونەوەی سوریا و تورکیا لەسەر ئاستی هەواڵگری و سەربازی کرد. هەوڵ دەدەین وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا چاویان بەیەک بکەوێت و دواتر بەگوێرەی ئەنجامەکان، من و بەشار ئەسەدیش کۆبینەوە." ئەردۆغان دەڵێت، لەگەڵ پوتین باسی لە پرسی یەپەگەش کردووە. دەیانەوێت یەپەگە لە تەل رەفعەت و منبج دەربکەن و بۆیەش پێویستە لەگەڵ حکومەتی ئەسەد هەماهەنگی بکەن. کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، بەرپرسە سەربازی و هەواڵگریەکانی سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە. بەرپرسانی تورکیا ئاشکرایان کرد کە چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی سوریا، بۆ لێدانە لە خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا و هەسەدە. لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی نزیک لە حکومەتی دیمەشق لە زاری بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتەوە رایانگەیاند، سوریا سوورە لەسەر ئەوەی کە پێویستە تورکیا سەربازەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە و دەست لە هاوکاریکردنی گروپە رادیکالەکان هەڵبگرێت. نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوێنێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری لە دانوستانەکانی سوریا و تورکیا ناکات. بەهۆی ئەوەی بەشار ئەسەد لە چاوی ئەمریکادا، بکوژی هاوڵاتیانی سوریایە و پشتگیری ئەمریکاشی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) دووبارە کردەوە.
وتەبێژی هەدەپە رایدەگەیەنێت، بریاری داخستنی ئەژمارە بانکیەکەی پارتەکەیان، ناتوانێت رێگری لە کارکردنیان بکات و وتی، " دادگای دەستووری بووەتە ئامرازی دەستی دەسەڵات بۆ هەڵبژاردنەکان." ئەبرو گونای وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە باڵەخانەی پارتەکەی لە ئەستەنبوڵ، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی داخستنی ئەژماری بانکی پارتەکەی لە گەنجینەی دەوڵەت ئەنجامدا. گونای بە توندی نارەزایی بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای دەستووری دەربڕی و وتی، " ئێمە لە هیچ بڕیارێک سەبارەت بەم داواکارییە ئاگادار نەکراینەوە. ئەمڕۆ هیچ لێدوانێکی فەرمی و بڕیارێکی دادگای دەستووری نییە. ئێمە لەبەردەم هەڵمەتێکی چەواشەکاریداین. ئەمڕۆ دادگای دەستووری بڕیارێکی تەواو سیاسی و شەرمەزارکەریداوە کە بەتاڵە لە بنەما یاساییەکان." گونای ئەوەی خستەڕوو، " ئەو بنەما یاساییانەی کە بڕیار بوو دادگای دەستووری جێبەجێی بکات، پێشێل کران. ئەم بڕیارە نارەوایە. لەلایەن گەلانی تورکیاوە شەرمەزار دەکرێت، بڕیارێکی قبوڵنەکراوە. دەبوو دادگای دەستووری بێ ئەوەی هیچ ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر، داواکارییەکی نایاسایی لەو شێوەیە رەت بکردایەتەوە. هەموو رای گشتی تورکیا زۆر باش دەزانن کە لە چەند مانگی رابردوودا فشارێکی سیاسی زۆر جددی دروست لەسەر پارتەکەمان هەبووە. دادگای دەستووری بەپێی ئەو فشارە سیاسیانە بڕیاریداوە.دادگای دەستووری بووەتە ئامرازی دەستی دەسەڵات بۆ هەڵبژاردنەکان. وتەبێژی هەدەپە راشیگەیاند، ئەم بڕیارە لە ویژدانی ملیۆنان کەسدا جێی نابێتەوە. گەورەترین گەنجینەی هەدەپە، هیوای گەلەکەمانە بۆ گۆڕانکاری و وتی، " بڕیارەکەی دادگای دەستووری، ئێمە ناترسێنێت، بە پێچەوانەوە توڕەییمان لە دژی فاشیزم زیاتر دەکات. ئێمە دڵسوزانەتر و بە ئیرادەتر تێدەکۆشین. ئێمە هیوامان بە داهاتوو هەیە، چونکە ئێمە گەورەتر دەبین. بە دڵنیاییەوە ئازادی و دیموکراسی بۆ ئەم هەرێمە دەهێنین. بە دڵنیاییەوە لەم بوارەدا سەردەکەوین. گەلی تورکیا سەردەکەوێت. حوکمڕانی فاشیست و ستەمکار بە دڵنیاییەوە لەناو دەچێت."
هاوڵاتی دوای ١١ ساڵ لەناكۆكی و دژایەتیكردن، بەرپرسانی دیمەشق و ئەنقەرە، لەسەر ئاستی باڵای هەواڵگری و سەربازی لەمۆسكۆ كۆبوونەوە، وەفدی توركی پێكهاتبوو لەخولوسی ئاكار وەزیری بەرگری و هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری (میت)، و وەفدی سوری-ش پێكهاتبوو لە سوری عەلی محەمەد عەباس وەزیری بەرگری و شاندێكی هەواڵگری وڵاتەكەی، بەئامادەبوونی سێرگی شۆیگۆ وەزیری بەرگری روسیا لەمۆسكۆ كۆبوونەوە، ئەم كۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت كەحكومەتی توركیا دەیەوێت سیاسەتی دەرەوەی خۆی بگۆڕێت و پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، ئاماژەی بەو پرسەدابوو و رایگەیاندبوو، كە دەیانەوێت پەیوەندیەكانیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەت میسرو سوریا ئاسایی بكەنەوە. بەگوێرەی زانیارییەكان كەبەرپرسانی توركیاو سوریا ئاشكرایانكردووە، لەكۆبوونەوەكەدا، باسی سێ پرس كراوە كەبریتین لە، گەڕاندنەوەی ئاوارەكان لەتوركیاوە بۆ سوریا، توركیا دەیەوێت سوریا لەدژایەتیكردنی هێزەكانی رۆژئاوای كوردستاندا هاوكاری بكات و حكومەتی سوریاش مەرجی ئەوەی هەیە، توركیا لەنێو خاكی سوریا بچێتە دەرەوەو دەست لەپشتگیریكردنی گروپە توندڕەوەكانی باكوری حەلەب و پارێزگای ئیدلب هەڵبگرێت. خواستی رژێمی سوریا سەرچاوەیەكی باڵا لەنێو رژێمی سوریادا بەڕۆژنامەی ئەلوەتەنی سوریای راگەیاندووە، ئەگەر دۆخەكە بەدڵی رژێمی سوریا نەبوایەو توركیا گوێی بەداواكاریەكانی دیمەشق نەگرتبایە، مۆسكۆ بەهیچ شێوەیەك، كۆبوونەوەیەكی لەو شێوەیەی لەنێوان بەرپرسانی توركیاو سوریا رێكنەدەخست و ئاماژەی بەوەشداوە كە بۆ پاراستنی سنورەكانی توركیا، دیمەشق بەردەوامی بەدانوستان و كۆبوونەوەكان لەگەڵ توركیا دەدات. لەلایەكی دیكەوە، بەرپرسێكی باڵای توركیا كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لەكۆبوونەوەكەدا لایەنی توركیا پێداگیری لەسەر دژایەتیكردنی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) كردووەو داوای لەلایەنی بەرامبەر كردووە كەپێكەوە لەدژی یەپەگە هەنگاو بنێن. لەم مانگەدا دووەم كۆبوونەوە دەكەن هەرچەندە تاوەكو ئێستا لایەنی سوری بەشێوەیەكی ئاشكرا باسی لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ توركیا نەكردووە، بەڵام بەرپرسانی توركیا بەئاشكرا باسی بەردەوامبوونی كۆبوونەوەكان دەكەن و لەدوایین لێدوانیدا، مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، ئەگەرێكی زۆر هەیە لەنیوەی مانگی كانونی دووەم، واتە لەم مانگەدا كۆبوونەوەیەكی دیكە لەسەر ئاستی باڵا ئەنجامبدرێت. چاوشئۆغلۆ باسی ئەوەی كرد كەپێدەچێت كۆبوونەوەی دووەمیش هەر لەمۆسكۆ ئەنجامبدرێت و لەبارەی كشانەوەی سەربازانی وڵاتەكەشی وتی: نابێت بۆشاییەك دروست ببێت، چونكە «گروپە تیرۆریستییەكان»دەتوانن بۆشاییەكە پڕبكەنەوە. هاوكات خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا كەیەكێك بوو لەبەشداربووانی یەكەم كۆبوونەوەی سوریاو توركیا رایگەیاند، سەرەتا بەرپرسە هەواڵگریەكان، دواتر وەزیرەكان كۆبوونەوە و ئەگەر قۆناغەكە بەشێوەیەكی ئەرێنی بەڕێوەبچێت، ئەگەری هەیە سەرۆكەكانیش چاویان بەیەك بكەوێت. دیمەشق گۆمانی لە ئەردۆغان هەیە نەبیل تەعمە پەرلەمانتاری حزبی بەعسی سوریا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی یونایتد وۆرلد ئینتەرناشناڵ ئاماژەی بەهەوڵەكانی توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی سوریا كردو ئەوەی خستەڕوو، بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا، كۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان خۆی و ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیاو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیای رەتكردووەتەوە. تەعمە رایگەیاند، توركیا لەساڵی ٢٠٢٣دا، دەكەوێتە دۆخێكی ئاڵۆزەوە، بەتایبەتی لەئێستادا كەهەڵبژاردن نزیكبووەتەوەو وتی، ئێمە وەك لایەنی سوری تاووتوێی ئەوە دەكەین كەئایا ئەردۆغان ئەم هەوڵانە بۆ هەڵبژاردن بەكاردەهێنێت یان نا؟ حەسەن حەسەن كەیەكێكە لەسیاسەتمەدارانی نزیك لەڕژێمی سوریاش لەبەرنامەیەكی كەناڵی ئەلخەبەری سوریا ئاماژەی بەمەرجەكانی سوریا كردو دەڵێت: دیمەشق، توركیا وەك وڵاتێكی داگیركەر دەبینێت و لەهەمان كاتدا پشتگیری لەو گروپە توندڕەوانە دەكات كەهێرش دەكەنەسەر هێزەكانی سوریا، سوریا پێی وایە كە پێویستە سەرەتا توركیا كۆتایی بەدۆخی داگیركەری بهێنێت و دەست لەپشتگیریكردنی ئەو گروپە تیرۆریستانە هەڵبگرێت. رۆژئاواو رێكەوتنی دیمەشق و ئەنقەرە ریاز دەڕار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی (مەسەدە) لەبارەی خۆنزیكکردنەوەی توركیا لەسوریا بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار (هاوارنیوز) قسەی كردو وتی: ئامانجی ئەردۆغان و پارتەكەی (ئاكەپە) ئەوەیە لەهەڵبژاردنەكاندا سەربكەون، سوریا پرسێكی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانی توركیایەو خۆنزیكکردنەوەی توركیا لەسوریا، دوای ئەوە دێت كەهەوڵەكانی توركیا بۆ هێرش كردنەسەر رۆژئاوای كوردستان سەری نەگرت.
هاوڵاتی ئیسرائیل کەریم یوسفی ئازادکرد کە ماوەی ٤٠ ساڵ بوو لە زینداندا بوو بە تاوانی فڕاندن وکوشتنی سەربازێکی ئیسرائیلی بەناوی ئەڤی برۆمبێرگ. میدیا ناوخۆییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە، هێزە ئەمنیەکانی ئیسرائیل کەریم یوسف کە ماوەی ٤٠ ساڵە لە زیندانەکانی ئیسرائیل دایە بردووەتە شاری ڕانانانەی ئیسرائیل وئازادیان کردووە، بەڵام هیچ یەک لە خزم وکەسەکانیان ئاگادارنەکردۆتەوە بۆ ئەوەی هیچ ئاهەنگێک نەگێڕن بەوبۆنەیەوە. لەبارەی ئازادکردنەکەیەوە، ئیتامار بن گڤیری وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل لە تویتێکدا وتی، دەبینیت ئەو جۆرە کەسانە تەنها بە" زەلیل بوونەوە" ئازاد دەکرێن، ئەمەش تا ئەوکاتەیە کە حوکمەتی نوێی ڕاستڕەوی ئیسرائیل سزای سێدارە دەسەپێنێت بەسەر تیرۆریستاندا. هاوکات مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین لەبارەی ئازادکردنی کەریم یوسفەوە وتی، ئەو زیندانیە نوینەرایەتی گەلی ئازادی فەڵەستین دەکات و ڕەمزی فەڵەستینە. لەگەڵ ئەوەشدا خوشکی ئەو سەربازەی کە کەریم یوسف بەتاوانی کوشتنی زیندانی کرابوو، ناڕەزایی دەربڕی لەسەر ئازادکردنی و وتی، ناتوانرێ بیر لەوە بکرێتەوە ئەو جۆرە کەسانە ئازادبکرێن و لەناوماندا بسوڕێنەوە وپێبکەنن و چێژ وەربگرن. کەریم یوسف زیندانیەکی فەڵەستینی بوو، کە یەکێکە لەو زیندانیانەی درێژترین ماوە لە زیندانی ئیسرایل دا بووە، ساڵی ١٩٨٣ بە تۆمەتی ڕفاندن وکوشتنی سەربازێکی ئیسرائیلی بەناوی ئەڤی برۆمبێرگ لە بەرزاییەکانی جۆلان دەستگیرکرا وخرایە زیندانەوە، کەریم یوسف هەرچەندە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئیسرائیلیە، بەڵام وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل بڕیاری دا ڕەگەزنامەکەی هەڵوەشێنێتەوە.
هاوڵاتی پێناچێت مانگی هەنگوینی نێوان هێزە شیعەكانی دەسەڵاتداری عێراق لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق بەمجۆرەی ئێستا بەردەوامی هەبێت و بەپێی ئەو لێدوان و ئاماژەو هەنگاوانەی كە لەلایەنی بەرامبەرەوە دەردەچن و دەنرێن چارەنووسی كازمی لەداهاتووی عێراقدا بەدووركەوتنەوە لەعێراق یاخود دەستگیركردن و دادگاییكردنی كۆتایی پێبێت، سەركردەیەكی شیعەكانیش دەڵێت لیژنەیەكی باڵا خەریكی بەدواداچوونە بۆ ئەو پێشێلكارییانەی كەكازمی لەماوەی دەسەڵاتیدا ئەنجامیداوە. كازمی كە لەدایكبووی ساڵی 1967ی شاری بەغدایە، پێشتر وەك ئۆپۆزسیۆنێكی رژێمە رووخاوەكەی سەدام حسێن و دواتریش وەك رۆژنامەنووسێك و پاشتریش وەك بەڕێوەبەری هەواڵگری عێراق دەستبەكاربووە، دوای خۆپیشاندانی تشرینییەكان و دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهەدی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، لە 7ی ئایاری 2020 تاوەكو 13 ئۆكتۆبەری 2022 وەك كاندیدێكی نزیك لەسەدرییەكان پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقی وەرگرت. كاندیدكردنی كازمی هەرزوو لەلایەن هێزە شیعە چەكدارەكانی نزیك لەئێرانەوە رەتكرایەوە و بەوە تۆمەتباریانكرد كەدەستی هەبووە لەكوژرانی (قاسم سلێمانی) فەرماندەی سوپای قودس و (ئەبو مەهدی موهەندیس)ی سەركردە لەحەشدی شەعبی لە 3ی كانونی دووەمی 2020 لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا بەو پێیەی ناوبراو بەرپرسی دەزگای هەواڵگری عێراق بووە لەوكاتەداو ئاسانكاری بۆ ئەمریكییەكان كردووە تائەو سەركردەیەی شیعەكان بكوژن، هەربۆیە لەماڵەكەی خۆیدا بەدرۆن رووبەڕووی هەوڵی تیرۆركردن بووەوە. لەئێستاشدا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە بەشێك لەهێزە چەكدارەكانی نزیك لەئێرانی تێدایەو لەكابینەكەی سوودانی بەشدارن، بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕێن ئەوەی كە لەكاتی دەسەڵاتی كازمیدا بۆیان نەكرا ئەنجامی بدەن و تۆڵەی خۆیان لەسەرۆكوەزیرانی پێشوو بكەنەوە. جەبار عەودە سەركردە لەچوارچێوەی هەماهەنگی بڕوای وایە لەئەمساڵدا دەستی دادگا دەگات بەكازمی و ئاماژە بەوەدەكات سەردەمی دەسەڵاتی كازمی خراپترین سەردەمی دەسەڵاتە لەدوای ساڵی 2003ەوە و هەڵەی ستراتیژی گەورەی ئەنجامداوە جا چ ئەمنی بێت یاخود ئابووری. عەودە دەڵێت: لیژنەیەكی باڵا خەریكی لێكۆڵینەوەیە لەو پێشێلكارییانەی كە حكومەتەكەی كازمی ئەنجامیداوەو بەمنزیكانە چەندین ئەنجامی چاوەڕواننەكراو رادەگەیەنرێنێت، ئاماژە بەوەشدەكات گەندەڵی بەشێوەیەكی بەربڵاو لەڕاڕەوەكانی حكومەتەكەی كازمیدا ئەنجامدراوەو گەڕان بەدوای بەڵگەكاندا بەردەوامە. دەربارەی شوێنی مانەوەی كازمیش ئەو سەركردەیەی شیعەكان دەڵێت كازمی سەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا دەكات و لەنێوان بەغداو لوبنان و ئیمارات لەهاتوچۆدایە، جەختیش لەوەدەكاتەوە ئایندەی سیاسی كازمی كۆتایی هاتووە. هێرشی نەیارانی كازمی هەر بەتەنیا لەیەك رووەوە نەوەستاوە، بەڵكو لەئاستی پەرلەمانیشدا لەهەوڵدان بۆ كردنەوەی چەندین دۆسیە كە بەقسەی خۆیان گەندەڵی تیادا ئەنجامدراوەو كازمی تیایدا تۆمەتباری سەرەكییە. فراكسیۆنی (حقوق) لەپەرلەمانی عێراق داوایكردووە ئەنجومەنی نوێنەران و دادگاو داواكاری گشتی دۆسیەی پرۆژە وەهمییەكانی سەردەمی كازمی بكەنەوەو بەشداربووانی بدەنە دادگا. حسێن عەلی جاسم پەرلەمانتار رایگەیاندووە حكومەتی پێشوو چەندین پرۆژەی وەهمی راگەیاندووە وەك پرۆژەو قەرزی كشتوكاڵی و پیشەسازی و وەبەرهێنان كەهیچ بەرهەمێكی نەبووە، هەروەهای پرۆژەی (داری) كە تایبەت بووە بەدابەشكردنی زەوی بەسەر هاووڵاتیاندا، ئاماژە بەوەشدەكات حزبەكان و كەسە نزیكەكانی كازمی لەو پرۆژە وەهمیانە سوودمەندبوون. زوهرە بەجاری پەرلەمانتاریش داوادەكات بەهۆی ئابڕووچونەكانی دەستپێشخەری و پرۆژەی (داری) مستەفا كازمی دادگایی بكرێت. پرۆژەی (داری) كەئامانج لێی دابەشكردنی زەوی و درووستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بوو بەسەر 500 هەزار خێزانداو رزگاربووانی كرێچیان بوو لەدەست كرێچێتی، لەواقیعدا نەك هەربوونی نەبوو جێبەجێنەكرا، بەڵكو بەقسەی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی عێراقیش پرۆژەكە تەنیا مەرەكەبی سەر كاغەزبوو. بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی رایدەگەیەنێت پرۆژەكە تەنیا مەرەكەبی سەر كاغەزبوو لەواقیعدا هیچ بوونی نەبوو، لەبەرامبەردا نووسینگەی كازمی لەبەیاننامەیەكدا وەڵامی رێكانی دایەوەو رایگەیاند ئەو وەزیرە لەئەركەكانی خۆی خۆی شاردۆتەوەو تاپۆی زەوییەكانی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشنەكردووە، ئاماژەشی بۆ ئەوەكردووە كەئێستاش تاپۆكان ئامادەیەو وەزیر دەتوانێت دابەشی بكات. رێكانیش لەوەڵامدا دەڵێت دەكرێت خاوەن پرۆژە كاغەزییەكان و فەیسبوكچییەكان پێمان بڵێن ئەو شوێنانە كوێن و ئەو شارانە كوێن دروستكراون تائێستا ئێمە تاپۆكانی دابەشبكەین. یەكێكی تر لەو گورزانەی لەكازمی درا، لابردنی كەسانی نزیك لەكازمی و هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی دەستبەكاربوونی چەندین راوێژكارو بەرپرسی ئەمنی و ئیداری و سەربازی بوو كە بەسەدان كەس مەزەندەدەكرێن كە لەحكومەتەكەی كازمیدا پۆست و پلەیان پێدرابوو لەلایەن حكومەتەكەی سوودانییەوە هەڵوەشێنرانەوەو دادگای فیدراڵیش پشتگیری هەڵوەشانەوەیانی كردو بەنایاسایی ئەژماریكردبوون. دۆسیەكی دیكەش كە شیعەكان بەنیازن بیجوڵێنن دۆسیەی كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیسە كە لەمەدا ئێرانیش سوورە لەسەر دادگاییكردنی ئەو كەسانەی كە بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەستیان لەوكارەدا هەبووە، بەتایبەت سەرۆكی هەواڵگری ئەوكاتی عێراق. دۆسیەی نرخی دۆلارو دزی سەدەش لەو دۆسیانەن كەهەوڵی كۆكردنەوەی كۆدەنگیان بۆ دەدرێت لەلایەن نەیارانی كازمییەوەو بەوە تۆمەتباری دەكەن كەدەستی هەبووە لەو دوو دۆسیەداو بەهۆكاری سەرەكی دەزانن بەتایبەت لەمەسەلەی دزین و دیارنەمانی زیاتر لە دوو ملیارو 500 ملیۆن دۆلاری دزینی سەدەدا. لەدۆسیەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤیشدا كازمی تۆمەتباركراوە، هەربۆیە بەفەرمانی محەممەد شیاع سوودانی سكاڵاو گلەییەكانی تایبەت بەڕوودانی ئەشكەنجەدان و وەرگرتنی دانپێدانانی بەزۆر لەزیندانەكاندا لەلایەن لیژنەیەكەوە كۆكرایەوەو رادەستی دەزگای داواكاری گشتی كرا بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەگوێرەی یاسا. لەبەرامبەریشدا مستەفا كازمی لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت گوتاری پۆپۆلیستیی بێ زانیاری و ناڕاست رەتدەكەنەوە، كە بەمدواییە لەبارەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیادیكردووە، دەشڵێت ئەوە قەیرانەكان ئاڵۆزتر دەكات و داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات پارێزگاری لەسەقامگیریی بەهای دراو بكەن و سنوورێك بۆ بێسەروبەری دراو دابندرێت و رێگری بكرێت لەبەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق. بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەی كازمی پەیوەندیدارە بەدۆسیەی مافی مرۆڤ و جەخت لەوە دەكاتەوە كەئەو پرسە لەپێشینەی كارەكانی حكومەتەكەی بووەو بەتایبەت لەكاتی پرۆسەكانی لێكۆڵینەوەو دوای لێكۆڵینەوەش. هەروەها كازمی بەرگری لەلیژنەی بنبڕكردنی گەندەڵی دەكات كە لەساڵی 2020 و لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا دامەزراو بەگوتەی سەرۆكوەزیرانی پێشوو پێكهێنانی لیژنەكە لەسەر داواكاریی جەماوەری بووەو هیچ بڕیارێكی دەستگیركردنی بەبێ فەرمانی دادگەی تایبەتمەند نەكراوە. بەپێی ئەو ئاماژانەش كە بەدیاركەوتوون پێناچێت مستەفا كازمی بەهۆی ئەو هەموو دۆسیەی كە لەئێستادا خەریكی كۆكردنەوەو ئامادەكردنین لەسەری لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراقەوە بەسەلامەتی دەربازی بێت و زیندان یاخود هەڵاتن بۆ دەرەوە (هەرچەندە باس لەهەڵهاتنی دەكرێت) چارەنووسی بێت.
هاوڵاتی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە هێزەکانی سەربە دەزگای هەواڵگریی و ئاسایش لە پارێزگای کەرکووک تیرۆریستێک و دوو داواکراویان بە ماددی ٤٠٣ دەستگیرکردووە. لەو راگەیەندراوەدا کە لە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە لە چوارچێوەی کارە مەیدانییەکان، تیمەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکووک سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگریی و ئاسایش لە وەزارەتی بەرگریی بە هەماهەنگیی لەگەڵ فەوجی کۆماندۆ سەربە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک تیرۆریستێکیان لە قەزای حەویجە دەستگیرکردووه کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراو بووە. ئاماژە بەوەشدراوە کە هێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکووک دوو داواکراویان دەستگیرکردووە کە بەپێی ماددەی ٤٠٣ لە یاسای سزادان داواکراوبوون،ئەوەش خراوەتەڕوو کە رێکاری پێویست لەبارەی دەستگیرکراوەکانەوە گیراوەتەبەر. ڕۆژانە هێزەکانی عێراق هەڵمەتی لەناوبردن و دەستگیرکردنی چەکدارانی تیرۆرستی داعش لەبەغدا و زۆربەی پارێزگاکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق ئەنجامدەدەن.
هاوڵاتی دەسەڵات لەتوركیا لەلایەك كار بۆ بڕینی بودجەی هەدەپە دەكات و لەلایەكی تریش كار بۆ داخستنی هەدەپە دەكات، شیكەرەوانی سیاسی باوەڕیان وایە لەگریمانەی داخستنی هەدەپەدا سێ سیناریۆ لەبەردەم ئەو پارەتەدایە بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكاندا، بەرپرسانی هەدەپە-ش دەڵێن: هەر لایەنێك رێككەوتنی یاساییان لەگەڵ نەبێت، پشتگیری لەكاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ناكەن، هاوكات دەمیرتاش رایگەیاند: وادیارە كەهەدەپە دادەخرێت، بەڵام هەدەپە بەهێزەو دەتوانێت هاوكێشەكان یەكلایی بكاتەوەو ببێتە هۆكاری سەركەوتنی لایەنێك. لەهەفتەی ئایندەدا، دوو بڕیاری گرنگ چاوەڕێی هەدەپە دەكەن كەیەكێكیان كۆبوونەوەی دادگای دەستووری توركیایە كەبڕیارە شەشی ئەم مانگە لەبارەی بڕینی بودجەی هەدەپە كۆبێتەوە كە بەكر شاهین سەرۆكی داواكاری گشتی كۆماری ئەنقەرە داواكاریەكەی پێشكەش بەدادگای دەستووری توركیا كردووە. بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەكان لەتوركیا، ئەو پارتانەی كەدەتوانن بەندی هەڵبژاردنەكان تیپەڕێنن و كورسیان لەپەرلەماندا هەبێت، بەگوێرەی ژمارەی كورسیەكانیان بودجەی ساڵانە لەدەوڵەت وەردەگرن. هەدەپەش بەگوێرەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، ٥٣٩ هەزارو ٥٠٠ هەزار لیرەی بەردەكەوێت و دەتوانێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیش بودجەیەك لەدەوڵەت وەربگرێت و بڕینی بەشە بودجەی پارتەكە پێویستی بەبڕیاری ١٠ ئەندام لەكۆی ١٥ ئەندامی ئەنجومەنی دادگای باڵای دەستووری هەیە. پێشهاتێكی دیكەی چارەنووسساز كەچاوەڕێی هەدەپە دەكات، بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاییكردنی هەدەپەیە لە ١٠ی ئەم مانگەدا كەجارێكی دیكە بەكر شاهین سەرۆكی داواكاری گشتی كۆماری ئەنقەرە لەدانیشتنی دادگادا بەشێوەیەكی زارەكی لەدژی هەدەپە قسە دەكات و پێویستە بەرپرسانی هەدەپەش بەشێوەیەكی زارەكی بەرگری لەپارتەكەیان بكەن. دادگای دەستووری توركیاش قسەی هەردوولا هەڵدەسەنگێنێت و رۆژێك دیاری دەكات بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەوە بدات كەئایا هەدەپە ‹مەترسییە بۆ سەر یەكپارچەیی دەوڵەت و وڵات› یان نا! شەشی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١، بەكر شاهین دۆسیەی داخستنی هەدەپەی پێشكەشی ئەنجوومەنی دادوەرانی دادگای باڵای دەستووری كردبوو، بەڵام ئەنجوومەنەكە بەهۆی هەبوونی كەموكوڕی دووجار دۆسیەكەی گەڕاندەوەو دواجار رۆژی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ دۆسیەكەی پەسندكرد. ٢٦ی حوزەیرانی هەمان ساڵ بەرپرسانی هەدەپە بەفەرمی ئاگاداركرانەوە كەدۆسیەی داخستنی پارتەكەیان لەدادگای دەستووریدایە. تاوەكو ئێستا لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ و ١٥ی ئازاری ٢٠٢٢، واتە دوو جار دانیشتنی دادگاییكردنی كەیسی داخستنی هەدەپە بەڕێوەچووەو تێیدا داواكراوە كەپارتەكە دابخرێت و سیاسەتكردن لە ٤٥١ ئەندام و بەرپرسی پارتەكە قەدەغە بكرێت. كەیسی داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، نیشانی دەدات كەهیچ پێشكەوتنێك بەبەراورد بە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لەپرسی كورددا لەتوركیا بەدینەهاتووە و ئەگەر پێشكەوتنێكیش هەبێت، بەیەك بڕیاری دادگای دەستووری ئەو وڵاتە، دەكرێت، دۆخەكە بۆ ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بگەڕێندرێتەوەو چارەنووسی هەدەپەش وەك پارتەكانی، هەپ، ئوزدەپ، دەپ، هادەپ، دەهات و دەتەپە بێت. پرسی داخستنی هەدەپە، لەگۆڕەپانی سیاسەتی توركیادا، مشتومڕێكی زۆری لێكەوتووەتەوەو گرنگرترین بابەتیش ئەوەیە كەئەگەر هەدەپە دابخرێت، دەنگەكانی هەدەپە كە لەنێوان ٩-١١٪ی كۆی رێژەی دەنگدەرانی توركیایە، چییان بەسەردێت، یاخود هەدەپە چی رێگەیەك دەگرێتەبەر. محەمەد سەڤیگەن سكرتێری پێشووی گشتی پارتی گەلی كۆماری چەند رۆژ لەمەوبەر رایگەیاندبوو كە لەئەگەری داخستنی هەدەپەدا، پەرلەمانتارانی هەدەپە لەسەر لیستی پارتی پێشكەوتن و دیموكراتی (دەڤا) بەسەرۆكایەتی عەلی باباجان خۆیان هەڵدەبژێرن. هەرچەندە هەدەپە لەمبارەیەوە هیچ زانیاریەكی بڵاونەكردەوە، بەڵام خودی عەلی باباجان قسەكانی محەمەد سەڤیگەنی وەك بانگەشەیەك و دوور لەڕاستی لەقەڵەمداو رایگەیاند، هیچ پێشهاتێكی لەو شێوەیە لەنێوان ئەوان و هەدەپەدا باس نەكراوەو بەڵام وتی: ئەوان لەدژی داخستنی پارتێكن كەخاوەنی شەش ملیۆن دەنگدەرە. سیناریۆكانی بەردەم هەدەپە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەئەگەری داخستنیدا بەپێی لێكدانەوەی شیكەرەوانی سیاسی رووبەڕووی سێ سیناریۆ دەبێتەوە كەبتوانێت بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و بەشێوەیەكی یاسایی درێژە بەسیاسەت بداتەوە. یەكەم؛ هەدەپە دوای داخستنی، دەتوانێت تێكەڵ بەپارتێكی دیكە ببێتەوە كەنزیكترینیان پارتی دیموكراتی هەرێمەكان (دەبەپە)یە. دەبەپە لە ١١ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٤دا دامەزرێنرا كە لەئێستادا ساڵیحە ئایدەنیزو كەسكین بایندر سەرۆكایەتی دەكەن و وەك جێگرەوەی هەدەپە هەژمار دەكرێت. دەبەپە بەفەرمی لەتوركیا تۆمار كراوەو دەتوانیت لەئەگەری داخستنی هەدەپە، بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكاندا ناوی خۆی تۆمار بكات و بەم شێوەیە وەك نوێنەری كورد درێژە بەسیاسەت بدات. دووەم؛ هەدەپە دەتوانێت، كاندیدەكانی بەشێوەی سەربەخۆ بنێرێتە پەرلەمان و لەپەرلەماندا كوتلەیەك یان فراكسیۆنێكی هاوبەش پێكبهێنن. هاوشێوەی هەڵبژاردنی ٢٢ی تەمموزی ساڵی ٢٠٠٧ كە ئەوكاتە بەندی هەڵبژاردنەكانی لەسەدا ١٠ بوو و كورد نەیدەتوانی وەك پارتێك بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا بكات. سێیەم؛ هەدەپە دەتوانێت، دەنگ بەلایەنێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن بدات و شكست بەدەسەڵات بهێنێت. لەو دۆخەدا، هاوپەیمانی گەل هەیە كە شەش لایەنی سەرەكی ئۆپۆزسیۆن پێكیانهێناوە كە لە (جەهەپە، پارتی باش، دەڤا، پێشكەوتن، سەعادەت و پارتی دیموكرات) پێكدێت. بەگوێرەی هەموو ئەو راپرسیانەی كە لەماوەی مانگێكی رابردوودا ئەنجامدراون، دەنگی هاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی كۆماری دەسەڵات، نزیكن لەیەكەوەو ئەگەر هەدەپە پشتگیری لەهاوپەیمانێتیەكەی ئۆپۆزسیۆن بكات، ئەوا بەجیاوازیەكی زۆر، دەتوانرێت شكست بەدەسەڵاتەكەی ئاكەپە و مەهەپە بهێندرێت. كێشەی هەدەپە لەم نێوەندەدا ئەوەیە كە ئۆپۆزسیۆنیش هیچ بەرنامەیەكی بۆ كێشەی كورد لەتوركیا پێنییەو لەئەگەری دەنگدان بەو شەش لایەنەی ئۆپۆزسیۆن، هەدەپەو كورد بۆ پێنج ساڵی دیكە لەدەرەوەی هاوكێشەی سیاسی و پەرلەمان دەمێننەوە. پێشتریش چەندین جار بەرپرسانی هەدەپە رایانگەیاندووە كە هەر لایەنێك رێككەوتنی یاسایی لەگەڵ هەدەپەدا نەبێت، پشتگیری لەكاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ناكات. ئەمەش لەكاتێكدا كە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لەبارەی داخستنی پارتەكەیانەوە، رایگەیاند، وادیارە كەهەدەپە دادەخرێت، بەڵام هەدەپە بەهێزەو دەتوانێت هاوكێشەكان یەكلایی بكاتەوەو ببێتە هۆكاری سەركەوتنی لایەنێك