هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند ساڵی رابردوو عێراق بە بەھای ١١٥ ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە، رۆژانەش بە تێکڕا سێ ملیۆن و ٣٢٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردەکردووە.   حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، ئاماری فرۆشتن و داھاتی نەوتی لە ساڵی ٢٠٢٢دا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە کۆی گشتیی لەو ساڵەدا زیاتر لە یەک ملیار و ٢٠٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان ھەناردەکردووە، واتا بە تێکڕا رۆژانە سێ ملیۆن و ٣٢٠ ھەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە. وەزیری نەوت وتیشی، کۆی گشتیی داھاتی نەوتی فرۆشراو لە ساڵی ٢٠٢٢، زیاتر بووە لە ١١٥ ملیار دۆلار، بۆ ئەو دەستکەوتەش سوپاسی فەرمانبەرانی وەزارەتی نەوت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد.

بڕیارە بەریتانیا لە بەرامبەر دەستگیرکردنی ژمارەیە هاوڵاتیی وڵاتەکەی، سوپای پاسدارانی ئێران دەخاتە لیستی تیرۆروە. رۆژنامەی تێلێگراف لە بەریتانیا بڵاوی کردەوە؛ بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، لەندەن بڕیاری داوە وەک کاردانەوە بەرامبەر دەستگیرکردنی حەوت هاوڵاتی بەریتانی لە ناوخۆی ئێران، سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە بەفەرمی وەک دامەزراوەیەکی تیرۆریستی لەقەڵەم بدات. بە پێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش، ئامادەکاریی تەاویان کردوە بۆ ئەوەی حکومەتی بەریتانیا بە فەرمی سوپای پاسداران وەک دامەزراویەکی تیرۆریستی لەقەڵەم بدات و لەندەن بە پێی ئەو بڕیارە مامەڵە لەگەڵ سوپای پاسداران بکات. هەفتەی رابردو هێزی ساڕوڵڵا-ی سەر بە سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد حەوت هاوڵاتیی بەریتانیای دەستگیر کردوە کە رۆڵیان هەبوە لە ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکەدا و ئەوەش کاردانەوەی لەندەنی لێکەوتەوە و بەرپرسانی ولاتەکەش رایانگەیاند بە بارمتەگرتنی هاوڵاتییانمان وەک کارتێکی فشاری سیاسی لە تاران قبوڵ ناکەین.   پێشتر ئالیشا کرن، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا رایگەیاند؛ دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە لایەن ئێرانەوە هاوشێوەی بەدیلگرتن و وەک بارمتەبەکارهێنانیانە، بۆیە لەندەن بە قوڵی لەو کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانە و وەڵامی گونجاو و توندی دەبێت.      

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە لە ئێستادا لە زینداندایە، تویتێکی لەبارەی بریارەکانی زوختو ئارسلان سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا بڵاوکردەوە کە لە هەموو بڕیارەکاندا پشتگیری لە دەسەڵات دەکات. دەمیرتاش لە تویتەکەیدا وتی، " دەمەوێت زوختو ئارسلان سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا، بەرلەوەی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی کۆتایی بێت، وڵامی پرسیارەکانم بداتەوە." دەمیرتاش ئەم پرسیارانەی خوارەوە لە سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا کرد، " لە کاتێکدا کە راتانگەیاندبوو، دادگای دەستووری لەمەرامبەر من و فیگەن یوکسەکداغ پیشێلکاری نەکردووە، بۆچی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارەکانی دژی ئێمەی بە پێشێلکاری لەقەڵەمدا و لەگەڵ ئەوەشدا ئێوە بێدەنگ دەمێننەوە  و هیچ شتێک لەم بارەیەوە ئاشکرا ناکەن، ئایا لەژێر فشاردان و هەڕەشەتان لێدەکرێت." لە بەشێکی تویتەکەی دەمیرتاشدا هاتووە، " ئایا لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە و بڕێنی بودجەی هەدەپە لە خەزێنەی دەوڵەت، هیچ فشار و هەڕەشەیەکتان پێگەیشتووە یان نا؟" هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە کۆتایی تویتەکەیدا دەڵێت، " بەڕێز سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا، ئێمە لە زینداندا بە دڵێکی ئارام دەخەوین، چونکە بێتاوانین و ویژدانمان ئارامە. ئێمە و ملیۆنان کەس گەردنی ئێوە ئازاد ناکەین و رۆژێک دێت کە حسابی ئەم هەموو سکاڵا نادادپەروەرانە دەپرسین  و دەمەوێت بزانیت کە رۆژێک یاسا لێپێچینەوەت لەگەڵدا دەکات."

دەسەڵاتی تاڵیبان رایگەیاند؛ ژمارەیەک تەنکەری سوتەمەنی بۆ ئێران گەڕاندوەتەوە کە لەگەڵ پێوەر و ستاندرادەکانی ئەفغانستان گونجاو نەبوە. بەرێوبەرایەتی ستانداردی نیشتیمانیی ئەفغانستان رۆژی یەکشەممە بڵاوی کردەوە؛ ئەو 26 تەنکەر بەنزینەی کە لە ئێرانەوە بۆ وڵاتەکە رەوانەکرابون بەهۆی خراپیی و نەگونجابونی جۆری سوتەمەنییەکە بۆ ئێران گەڕێنراونەتەوە. تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا داوای لە بازرگانانی ئەفغانستان کردوە کە خۆیان دور بگرن لە هاوردەکردنی بەنزین و سوتەمەنیی نەگونجاو بۆ ناو وڵاتەکە. پێشتریش تاڵیبان دەستی گرتبو بەسەر 500 هەزار لیتر بەنزینی ئێراندا بەهۆی نەگونجاوبون و کوالێتیی خراپ. لە لایەکی دیکەوە حەمید حەسەنی، سەرۆکی یەکێتی هەناردەکارانی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران رایگەیاند؛ ئەو تەنکەرە سوتەمنیانە لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان هەناردە نەکراون و پێدەچێت بۆ وڵاتێکی دیکە بوبێت و تەنها بە سنوری ئەفغانستاندا تێپەڕیبن. دەسەڵاتی تاڵیبان بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ ئەفغانستان 70%ی باجی بۆ هاوردەکردنی سوتەمەنی ئێران لابردوە.  

  هاوڵاتی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاشکرایکرد، لە هێرشێکی دابەزاندنی هێز لە فڕۆکەوە، یەکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش سەرکردەیەکی بەناوبانگی داعشیان لە ریفی دێرزوور، لە رۆژهەڵاتی سوریا دەستگیرکرد. ئەمڕۆ، دووشەممە، روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "نیوەشەوی رابردوو رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی روویداوە بە چەکی سووک، پاش ئەوەی لە هێرشێکی دابەزاندنی هێز لە فڕۆکەوە کە یەکەیەکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش ئەنجامیان دابوو، بە هاوکاریی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) لە گەڕەکی عەتال لە رۆژهەڵاتی شاری دێرزوور". بەپێی بەیاننامەکە، هێزێکی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) چواردەوری ماڵی سەرکردەیەکی داعشیان داوە و توانیویانە دەستگیری بکەن، پاشان هێزەکە کشاونەتەوە بە ئاڕاستەی گێڵگەی نەوتی عومەر لە رۆژهەڵاتی دێرزوور. هاوکات بەپێی زانیارییەکان، ئەو سەرکردەیەی داعش، پێشتر دیارترین سەرکردەی داعش بووە لە دێرزوور، لە چەند ساڵی رابردوودا هەسەدە دەستگیریانکردووە، بەڵام بەشێوەی مەرجدار و پاش داواکاریی خێڵ و عەشرەتە عەرەبەکانی ناوچەکە ئازادکرابوو. روانگەی سوریی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم هێرشە هاوبەشە یەکەم پرۆسەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە ساڵی نوێدا ئەنجامدرابێت.

هاوڵاتی بە سەدان کەس لە راهێندراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک، بە مەبەستی ناڕەزایەتی لە دواخستنی دامەزراندنیان، خۆپێشاندانیان کرد. خۆپێشاندانەکە کاردانەوەی هێزە ئەمنییەکانی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک برینداربوون. رۆژی دووشەممە 02-01-2023، لەبەردەم کۆمپانیای نەوتی باکوور لە شاری کەرکووک 450 راهێنراوی كۆمپانیاکە  خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا و هه‌وڵیانداوه‌ بچنه‌ نێو كۆمپانیاكه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی چونه‌ته‌ ناو حه‌وشه‌ی بیناكه‌ كراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و دواتریش له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رێگریان لێكراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ گرژیی دروستوه‌. هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران دار، ئاو و گازی فرمێسكڕێژیان به‌كارهێنا و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر برینداربون. فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركوك له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "رێگه‌ به‌ هیچ كه‌سێك نادرێت ئاژاوه‌گێڕی دروستبكات و هه‌ڵبكوترێته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا پێنج خۆپیشانده‌ر برینداربون كه‌ سێیان كچن. هاوکات ئەو هێزانەی براونەتە بەردەوام کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ رێگری لە ناڕەزایی راهێندراوانی کۆمپانیاکە، پۆلیسی کەرکووک، پۆلیسی نەوت، پۆلیسی فریاکەوتن، پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان، سوپای عێراق، هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و بەشی هەواڵگریی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بوون و ئۆتۆمبێلی سەربازییشیان پێبوو. کۆمپانیای نەوتی باکوور، راستەوخۆ پەیوەندیی بە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە هەیە و فەرمان لەو وەزارەتە وەردەگرێت.

ئەحمەد داودئۆغلۆ رایگەیاند پارتە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا دەیانەوێت بە هەڵبژاردنی پێشوەخت دۆخی وڵات ئاڵۆز بکەن ئاکەپەش رەتی دەکاتەوە هەڵبژاردانەکان لە وادەی دیاریکراویدا بەڕێونەچێت. ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی ئایندە لە تویتێکدا  بەرامبەر تیرۆرکردنی یەکێک لە سەرکردەکانی پێشوی پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرست لە تورکیا (مەهەپە) لە رۆژی 30 مانگی رابردودا و رایگەیاند، ئەو کەسایەتییە لە ناوەڕاستی ئەنقەرە تیرۆر کراوە و لەگەڵ تێپەڕبونی چەند رۆژێک بەسەر ئەو روداوەدا نە سەرۆک کۆمار و نە وەزارەتی داد و ناوخۆ و نە مەهەپە  هیچ کاردانەوەیەکیان پیشان نەداوە. داودئۆغلۆ، وتویەتی کە ئەم بێدەنگییە گومانی ئەوەی دروست کردوە کە دەسەڵات دەیەوێت وڵات لە کەشێکی ئاڵۆز و نائارامدا بەرە و هەڵبژاردن بچێت و داواشی لە لایەنەکان کرد کار بکەن بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی لە تورکیا. لە لایەکی دیکەوە حەمزە داغ، جێگرى سەرۆکى پارتی داد و گەشە ئاکەپە رایگەیاند؛تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ پێشخستنى وادەى بەڕێوەچونی هەردو هەڵبژارنى سەرۆک کۆماریی و پەرلەمانى تورکیا و ئەو پڕۆسەیە لە 18ى حوزەیرانى ئەمساڵدا بەرێوەدەچێت. ئەو رونی کردوەتەوە تەنها دو رێگاى یاسایى هەیە بۆ پێشخستنى هەڵبژاردن کە یەکەمیان بەدەنگى دو لەسەر سێى ئەندامانى پەرلەمانى تورکیایە و رێگاى دوەمیش لەحاڵەتى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەماندا دەبێت لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە. لێدوانى جێگرى سەرۆکى پارتى داد و گەشەپێدان لەکاتێکدایە، بەشێک لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانى تورکیا دەڵێن: رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆئەوەى بتوانێت بۆ خولێکى دیکە خۆى بۆپۆستى سەرۆک کۆمار کاندید بکات، پێویستى بە بریارى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت هەیە و بەپێچەوانەوە بەپێى دەستور مافى خۆکاندیدکردنى نابێت بۆیە چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژارنەکانى تورکیا پێش وادەى خۆى ئەنجام بدرێن.

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقیان بۆردومان کرد و بەگوێرەی ئاماری مەرسەدی سوری، چوار کەس کوژراون. بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند فڕۆکەیەکی جەنگی سوپای ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقی پایتەختی سوریایان بۆردومان کرد. حکومەتی سوریا لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل کۆگایەک و چەند ناوەندێکی نێو فڕۆکەخانەکەیان کردووەتە ئامانج. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوو سەربازی سوپای سوریا کوژراون و زیانێکی زۆری مادیش بە فڕۆکەخانەکە گەیشتووە. لەلایەکی دیکەوە مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئیسرائیل بارەگاکانی حزبوڵلای لوبنان و پاسدارانی ئێرانی لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە کردووتە ئامانج و لە هێرشەکەدا چوار کەس کوژراون. بەگوێرەی ئامارێکی مەرسەدی سوری، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئیسرائیل ٢٣ جار هێرشی ئاسمانی دژی سوپای سوریا و میلیشیاکانی ئێران لەو وڵاتە ئەنجامداوە و لە هێرشەکاندا ٨٩ سەرباز و چەکدار کوژراون و ١٢١ کەسیش بریندار بوون.

سزای دووجار لەسێدارەدان بەسەر گەنجێکی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا دەسەپێنرێت و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکەن مافی بونی پارێزەر و بەرگریی نەبوە. ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ بەناوی مەهدی محەمەدی فەرد کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری نەوشەهر لە باکوری وڵاتەکە دەستگیر کراوە سزای دوجار سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە. مەهدی مەحەمەدی فەرد بە پێی دو یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن دادگای شاری ساری بە تۆمەتی دژایەتی خودا و دروستکردنی مەترسیی بۆ ئاسایشی دەسەڵاتی وڵاتەکە سزای دوجار سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. پێشتریش دادگایەکی ئێران سزای سێدارەی بەسەر موژگان کاوسی، نوسەر و سیاسەتمەداری  کوردی نیشتەجێی شاری نەوشەهر-دا سەپاندبو کە دواتر سزاکە بۆ زیاتر لە پێنج ساڵ زیندانیی گۆڕدرا. شاری نەوشەهر دەکەوێتە پارێزگای مازندەران لە باکوری ئێران و ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانەکانی کوردن کە نزیکەی سەدەیەکە نیشتەجێی ئەو ناوچەیەن.

وەزیریی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند؛ ئێران دەستی بە هەوڵەکانی کردوەتەوە بۆ دروستکرندی چەکی ئەتۆمیی بەڵام رێگەنادەن دەسەڵاتی وڵاتەکە سەرکەوتو بێت لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی. یۆاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی نوێی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە وەک یەکەم رۆژی دەستبەکاربونی رایگەیاند؛ ئەرکی سەرەکیی وەزارەتەکەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆریزم و رێگریی لە ئێران دەبێت بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی. گاڵانت بە رۆژنامەی (جۆرۆسەلیم پۆست)ی وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ کابینەی نوێی حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی بێنیامین نەتەنیاهۆ کاری سەرەکیی بەرەنگاربونەوەی ئێران دەبێت چونکە ئەو وڵاتە بە پێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی مۆساد دەستی بە هەوڵەکانی کردوەتەوە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی. لێدوانی گاڵانت لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردو بێنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ راگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەتەکەی لە بەردەوم پەرلەمانی وڵاتەکەی (کنێست) وتی: ئەرکی سەرەکیی حکومەتەکەی بەرەنگاربونەوەی ئێران دەبێت لە ناوچەکەدا.

پۆلیسی ئێران لە هەنگاوێکی نوێدا بە کورتە نامە، ژنان و کچان ئاگادار دەکاتەوە لە نەبونی سەرپۆش و سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت. ئاژانسی هەواڵی (فارس) سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە هەنگاوێکی نوێ بە ناوی پلانی (چاودێرانی 1) هۆشداریی دەدرێت لە لابردنی سەرپۆشی خانمان لە ناو ئۆتۆمبێلەکاندا. ئەو ئاژانسە لە زاری بەرپرسێکی باڵای هێزەکانی پۆلیسی ئێران کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، رایگەیاندوە؛ لەمەودوا خاوەنی هەر ئۆتۆمبێلک لە وڵاتەکە ئەگەر خانمی بێسەرپۆش یان شۆفێرەکەی پابەندی سەرپۆش و یاسا و رێساکانی کۆماری ئیسلامی بۆ باڵاپۆشبون نەبێت ئەوا بە کورتەنامە و لە رێگەی مۆبایلەوە ئاگادار دەکرێتەوە. بە پێی لێدوانی ئەو بەرپرسە؛ یەکەمجار تەنها کورتەنامەی ئاگادارکردنەوە بۆ خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان دەنێردرێت بەڵام لە قۆناغەکانی دیکەدا سزای ماددی بۆ پابەندنەبون بە سەرپۆشەوە دەسەپێنریت. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە؛ پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە دەستی بەکارەکانی کردوەتەوە لە کاتێکدا دو مانگ دوای مەرگی ژینا ئەمینی، داواکاری گشتی هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەشە لە پۆلیسی راگەیاندبو.

هاوڵاتی هاوڵاتی ئەمڕۆ عەبدولسەلام حەنەفی لەگەڵ  سەرۆکی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان کۆبووە و داوای کرد کە لێکتێگەیشتنی زیاتر هەبێت بۆ هاوکاریە مرۆییەکانی ئەفغانستان وپرسی کارکردنی ژنان. لە کۆبوونەوەکەی ئەمرۆی جێگری سەرۆکوەزیرانی تاڵیبان لەگەڵ مارکوس پۆتزێل، سەرۆکی نوینەری نەتەوە یەکگتووەکان باسی لەوە کردووە کە پێویستە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی پاپەبند بێت بە دابو نەریتی گەلی ئەفغانستان و یاساکانی؛ هەروەها جەختیشی لەوە کردۆتەوە کە ئەفغانستان هەموو هاوکاریەک و هەلیکی باش دەڕەخسینێت بۆ باشترکردنی کارکردنی ڕێکخراوە ناحوکمی ومرۆییەکان لە ئەفغانستان. لەمیانەی کۆبونەوەکەدا، عەبدولسەلام حەنەفی بە مارکوس پۆتزێلی ڕاگەیاندووە، لە چوار دەیەیەی ڕابردوودا گەلی ئەفغانستان ڕووبەڕووی کێشە وزیانێکی زۆر بۆتەوە بەهۆی ئەو شەڕانەی ڕوویداوە و ئەفغانستان پێویستی بە کۆمەکی نێودەوڵەتی هەیە؛ هەروەها باسیشی لەوەکرد بڕینی هاوکاریە مرۆییەکان زیانێکی گەورە بە گەلی ئەفغانستان دەگەێنێت، هەربۆیە پێویستە کێشەکان لەمەڕ پرسی ژنان بە لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت. لەبارەی کۆبونەوەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان و تاڵیبان، مارکوس پۆتزیل بە جیگیری سەرۆکوەزیرانی تالیبانی ڕاگەیاندووە، کە دەمانەوێت پەیام و داواکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بە سەرۆک وسەرکردەکانی تاڵیبان ڕابگەێنن. هاوکات بەپێی ڕاگەێندراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، نوسینگەی هەواڵی سەرۆکوەزیرانی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە مارکوس پۆتزیل بە  عەبدولسەلام حەنەفی وتووە کە قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان زیانی زۆرە وکاریگەری لەسەر گەیشتنی هاوکاریەکان بۆ ملیۆنان ژن ومنداڵی ئەفغانی دەبێت.  

کۆمپانیای میترۆپۆلی تایبەت بە راپرسی و ئامارەکانی لە تورکیا راپرسیەکی لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکان لە تورکیا ئەنجامدا. کۆمپانیای میترۆپۆل راپرسیەکەی لە ٢٨ پارێزگای تورکیا بە بەشداری دوو هەزار و ٧٧ کەس ئەنجامداوە و دواتر ئەنجامی راپرسیەکەی لەگەڵ دەنگی پارتە سیاسیەکان لە ساڵی ٢٠١٥ بەراورد کردووە و ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە؛ پارتی داد و گەشەپێکدان (ئاکەپە) ساڵی ٢٠١٥: ٤٣.٥٪ ساڵی ٢٠٢٢: ٣١.٠٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ساڵی ٢٠١٥: ٢١.٦٪ ساڵی ٢٠٢٢: ٢٠.٧٪ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) ساڵی ٢٠١٥: ٩.٤٪ ساڵی ٢٠٢٢: ٦.١٪ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ساڵی ٢٠١٥: ١٠.١٪ ساڵی ٢٠٢٢: ٩.٥٪ پارتی باش ساڵی ٢٠١٥: ٦.٩٪ ساڵی ٢٠٢٢: ١٠.٥٪ بێلایەن و بایکۆت ساڵی ٢٠١٥: ١٣.٦٪ ساڵی ٢٠٢٢: ١٥.٩٪

هاوڵاتی سوپای لوبنان رایگەیاند، دوای ئەوەی بەلەمێك لە کەناراوەکانی باکوری لوبنان ژێرئاو كه‌وت، زیاتر لە 200 کۆچبەریان رزگارکرد و تەرمی دو کەسیشیان دەرهێنایەوە. ئێوارەی رۆژی شەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2022، بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک بەندەری تەرابلوسی لوبنان کە کۆچبەری سووریا و نزیکەی 50 کۆچبەری لوبنانیی هەڵگرتبوو، تووشی کێشە بوو.  سوپای لوبنان رایگەیاند: "سێ کەشتیی دەریایی، لەگەڵ کەشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان، گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تیمەکانی فریاکەوتن 200 کەسیان رزگارکرد". گوتیشی کە دوو کەسی دیکەش لە رووداوەکەدا خنکاون.  پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس لە بەندەری تەرابلوس لە باکوری لوبنان رایگەیاندوه‌، سەرنشینەکان پیاو، ژن و منداڵن کە زۆرینەی خەڵکی سوریان و نزیکەی 50 لوبنانیشیان تێدایە وبەگوێرەی میدیای نێوخۆییش، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵێکی سوورین. جێگەیباسە بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم هەزار و 570 کەس لەنێویدا 186 کەسی لوبنانی لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە هەوڵیانداوە لە لوبنانەوە خۆیان بگەیێننە قوبرس. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قوبرس تەنیا 175 کیلۆمەتر لێیانەوە دوورە.     

هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێوە لێپرسینەوە لەگەڵ هیچ شۆفێرێک لە پارێزگاکانی عێراق ناکرێت و سەرجەم ئۆتۆمبێلە راگیراوەکان دەدرێنەوە خاوەنەکانیان. ئەمڕۆ شەممە  بە بڕیارى عەبدول ئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆعێراق، سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەى لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دەستبەسەرکراون، دەدرێنەوە بە خاوەنەکانیان،هاوکات بڕیارەکە ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرێتەوە کە تاوانیان پێى ئەنجامدراوەو پەیوەندییان بە تاوانکارییەوەیە. لەهەمانکاتدا بە بەڕێوەبەراتییە گشتیەکانی ئاگادارکردەوە بەبۆنەى سەرى ساڵەوە، رۆژێکى بێ سزا بۆ شۆفێران دیاریکراوەکە ئەمڕۆیە و هیچ شۆفێرێک سزاى پێبژاردنى بۆ ناکرێت، جگە لەو شۆفێرانەى بە ئۆتۆمبێلەکانیان کردەى تاوان ئەنجام دەدەن.