هاوڵاتی ڕۆژنامەی (عهرهبی جهدید) بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەربازییەکان، ڕایگەیاند گوشارەکان بۆ سەر تورکیا بۆ ڕێگری کردن لە پێشڕەویی گرووپی تەحریر ئەلشام لە باکووری ڕۆژئاوا و باکووری سووریا کاریگەریی هەبووە. دەستەی تەحریر ئەلشام لە سووریا کە ئەمریکا خستوویەتییە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا توانی کونترۆڵی شاری عەفرین و ناوچەکانی هاوسنوور لەگەڵ تورکیا بەدەست بێنێت. هەر بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکه ئەم بابەتە نیگەرانی وڵاتانێک وەکوو بەریتانیا و ئەمریکای لێکەوتۆتەوە، چوونکە هەندێک هێرشی تیرۆریستی لە رۆژئاوا دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەم گرووپە کە نزیکە لە قاعیدە. ئەم رۆژنامه بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەربازییەکان ئاشکرای کردووە کە تورکیا دەستی کردووە بە ڕێوشوێنی ڕێگری کردن لە پێشڕەوی ئەم گرووپە، هەروەها بە دروست کردنی ئاستەنگ لە باکووری پارێزگای ئیدلب، پلانی هەیە ڕێگری بکات لە کۆنترۆڵ کردنی ناوچەی زیاتر، لەوان ئەلباب. سهرچاوه سهربازییهکانی سهر به سوپای ئازادی سهر به تورکیه ڕایانگهیاندووه که هێزهکانی تورکیا که له سووریان، بهلەمپەڕنانەوە به دوای هێزهکانی سهر به تهحریر شامدا دهگهڕێن. بە پێی ئەم هەواڵانە تورکیا ئەندامانی ئەم گرووپە دەستگیر ناکات بەڵکوو تەنها لە عەفرین دەریان دەکات. دوابەدوای ڕەخنەی ڕووسیا و ئەمریکا لە بێدەنگی تورکیا سەبارەت بە پێشڕەویی ئەم گرووپە؛ تورکیا بەنیازە ڕێگری بکات لە بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ئەم گرووپە لە باکووری حەلەب. بەپێی ئەم سەرچاوە هەواڵییە، بەشێک لە هێزەکانی تەحریر شام لەسەر داوای تورکیا عەفرینیان چۆڵ کردووە، بەڵام هێشتا بەشێک لە هێزەکانی ئەم گرووپە رەتیدەکەنەوە ئەم ناوچەیە بەجێبهێڵن
بهرپرسانی ئیسرائیل ئاشكرایان كرد، سوپای ئیسرائیل نزیكهی 90%ی ژێرخانه سهربازییهكانی ئێرانیان له سووریا وێرانكردووهو ههوڵهكانی جێگیركردنی میلیشیای حیزبوڵای لوبنانی لهوێ پووچهڵ كردووهتهوه. به گوێرهی ڕۆژنامهی "ئۆرشهلیم پۆست"، بهمدواییه ئیسرائیل سهركهوتوو بوو بهشێوهیهكی نیمچه گشتگیر له سنوورداركردنی ئێران بۆ گواستنهوهی چهك بۆ سووریاو دروستكردنی چهك لهسهر خاكی سووریا و دروستكردنی بنكه لهگهڵ میلیشیاكانی سهر به ئێران. ههروهها بهرپرسه ئهمنییهكان كه نهیانویست ناویان بهێرێت جهختیان كردهوه، سوپای ئیسرائیل زیانی گهورهی به ڕێڕهوهكانی بهقاچاخبردنی چهكی ئێران له دهریا و ئاسمان و وشكانییهوه له ئێرانهوه بۆ سووریا گهیاندووه. هاوكات بههۆی هێرشهكانی ئیسرائیلهوه توانای هێزهكانی ڕژێمی سووریا زیانی پێگهیشتووه لهسهر بهرههمهێنانی چهك و تهقهمهنی و، ههمان ئهو كارگانه لهلایهن حیزبوڵای لوبنانی و ئێران بهكاردههێنرا بۆ بهرههمهێنانی چهك.
سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق بە زمانی کوردی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ئەو بەربژێرانەی کە هەڵبژێردراون بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، ناوەکانیان رادەگەیێندرێن، بەڵام پاش تەواوبوونی چاوپێکەوتنەکان و دڵنیابوون لە پێگەی بەربژێرەکان لەڕووی یاساییەوە. نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق لە راگەیێندراوەکەدا دووپاتی کردووەتەوە، بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانەی کە بەشدارن لە حکومەتی داهاتوودا و چاوپێکەوتن دەکەن لەگەڵ بەربژێرەکانی هێزە سیاسییەکاندا بۆ پڕکردنەوەی پۆستە وەزارییەکان لە حکومەتی هاوپەیمانیی نوێدا. لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، کە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەربژێرەکاندا لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ئەنجام دەدرێت، لە کۆمەڵێک راوێژکار پێکدێت و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. ئەو بەربژێرانەی کە هەڵبژێردراون بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، نووسینگەی سوودانی دەڵێت، ناوەکانیان رادەگەیێندرێن، "بەڵام پاش تەواوبوونی چاوپێکەوتنەکان و دڵنیابوون لە پێگەی بەربژێرەکان لەڕووی یاساییەوە و دیاریکردنی کاتێک بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ بەدەستهێنانی متمانە."
هاوڵاتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، تا ئێستا 925 خێزان لە کەمپی هۆلەوە کە دەکاتە سەدا 80ی هاووڵاتییانی عێراقی لەو کەمپە گەڕێندراونەتەوە. کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا 158 خێزان لە کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندراونەتەوە مووسڵ، کە پێکهاتوون لە 650 کەس، بەمەش کۆی گشتی خێزانە گەڕاوەکان گەیشتە 925 خێزان و بەو پێیە سەدا 80ی هاووڵاتییانی عێراقی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە. بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران وتیشی، هیچ سەرپێچییەک لەو ناوچانە تۆمار نەکراوە کە ئەو خێزانانە لێی نیشتەجێ دەکرێن. جێگەی باسە کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، تایبەتە بە خێزان و کەسوکاری چەکدارەکانی داعش، بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 71 ههزار كهسی سهر به داعشی تێدایه و نیوەی دانیشتووانی کەمپە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە و زۆربەیان عێراقین
هاوڵاتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەيەندراوێکدا بڵاويکردەوە: بە لە بەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە سەختەی خوێندکاران پێيدا تێپەڕبوون ساڵی خوێندنی 2021-2022 بە ساڵی نەکەوتن هەژماردەکرێت و سەرجەم خوێندکاران دەچنە قۆناغی دواتر. لیژنەی بیروڕای سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختەی خوێندکاران پیایدا تێپەڕبوون، سەرجەم خوێندکارانی ساڵی ٢٠٢١ – ٢٠٢٢ی رابردوو بە دەرچوو هەژمار دەکرێن. ئاماژەی بەوەشدا، هەموو ئەو خوێندکارانەی لە قوتابخانە و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی خوێندنی رابردوو نمرەی پێویستیان بەدەستنەهێناوە بە دەرچوو هەژمار دەکرێن و دەتوانن بچنە قۆناغی دواتر. هاوکات لە پێشتریش وەزارەتی خوێندنی باڵا بەهۆی هەمان هۆکارەوە سەرجەم خوێنداکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ساڵی ٢٠٢١ – ٢٠٢٢ی سەر بە وەزارەتەکەی بە دەرچوو هەژمارکرد.
هاوڵاتی رۆژى چوارشەممە 26ى تشرینى یەکەمى 2022، لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانی عێراق بانگێشتی سەرۆکى دەستەى دەستپاکیى عێراق و دیوانى چاودێریی دارایی دەکات لەبارەى دۆسیەى "دزینى" 2.5 ملیار دۆلارەکە لە بانکى رافیدەین. لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانی عێراق میوانداریى هەریەک لە عەلا ساعیدى، سەرۆکى دەستەى دەستپاکیی عێراق و رافل یاسین خزەیر، سەرۆکى دیوانى چاودێریی دارایی دەکات بۆ تاوتوێکردنى دۆسیەى دزینى 2.5 ملیار دۆلارەکە لە بانکى رافیدەین و لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو رێوشوێنانە چین کە لەبارەى ئەو دۆسیەوە لەلایەن ئەو دوو دامەزراوەیەوە گیراونەتەبەر. ئەمەش لە کاتێکدایە دادگە لەسەر ئەو پرسە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ ژمارەیەک بەرپرس و خاوەن کۆمپانیا دەرکردووە کە تۆمەتبارن بەوەى لەو دۆسیەیە گلاون. زانیاری زیاتر لەسەر دزینی ئەو 2.5 ملیار دۆلارە لەم ڕاپۆرتەی هاوڵاتییەوە وەربگرە : عێراق؛ پێنج كۆمپانیای وەهمی 2.5 ملیار دۆلارەكەیان بردووە
هاوڵاتی گروپێکی هاککەر پێگەی ئەلیکترۆنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هاک دەکات و 24 کاتژمێر مۆڵەت دەداتە دەسەڵاتی وڵاتەکە. گروپێکی هاککەر بەناوی (بلەک ریوارد) بڵاوی کردەوە، سەرجەم ئیمەیڵ و زانیارییە تایبەتییەکانی دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێرانی هاک کردوە و ئەگەر لە 24 کاتژمێردا سەرجەم دەستگیرکراوەکان ئازاد نەکرێن، ئەو زانیارییانە بڵاو دەکرێنەوە. ئەو گروپە وێنەی ژمارەیە لەو زانیارییانەی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە، ئەگەر زانیارییەکان بڵاوبکرێنەوە، زیانی گەورە بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەگەیەنێت. بەپێی ئەو ئامارانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرایان کردوە، تا ئێستا زیاتر لە 14 هەزار کەس لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانوی بەشداریی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکراون.
هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، دەسەڵاتی تەواو بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ دراوە، بەپێی ئەو پێوەرانەی دیاریكردون بۆ كابینەكەی كاندیدی پۆستە وزاریەكان دیاریبكات و هەردو پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریش لە دەرەوەی دابەشكاری پشكپشكێنە بێت. چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی حكومەت و تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان لەبەردەم سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ. چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتی تەواو بە محەمەد شیاع سودانی دەدات، بۆئەوەی كاندیدەكان هەڵبژێرێت یان داوای كاندیدی نوێ لە لایەنە سیاسییەكان بكات بۆئەوەی پێشكەشی بكەن. هەروەها لە كۆبونەوەكەدا دەسەڵاتی هەڵبژاردنی كاندیدی وەزارەتەكانی پەیوەست بەپێگەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەڵبژاردنەكان درا بە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، دوای ئەوەی هێزە سیاسییەكان لیستی ژمارە و نوێنەرەكانیان بە واژۆی راستەوخۆ و كاندیدەكانیان پێشكەش كرد، بەپێی ئەو پێوەرانەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لەسەر كۆمەڵێك وەزارەت دیاریكردون. ئاماژەی بەوەشكردوە، لە لایەكی دیكەوە، سەرۆك وەزیران دەسەڵاتی ئەوەی پێدرابو كە كاندیدی وەزارەتەكان لە نێوان پێكهاتەكان یان لەناو لایەنەكاندا بگۆڕێت، وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگریش لە پشك پشكێنە دەربكات و كەسایەتی مەدەنی یان سەربازی كاندید بۆئەو دو پۆستە بكات، بە مەبەستی دەستەبەركردنی بەدەستهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزاری كاریگەر هاوتەریب لەگەڵ بەرنامەی وەزاری.
هاوڵاتی ئینتەرنێتی ستارلینک دەگاتە تاران و رۆژنامەیەکیش ئاشکرای دەکات؛ تێچوەکەی بۆ دانیشتوانی ئێران دەگاتە سێ هەزار و 500 دۆلار. رۆژنامەی شەرق لە ئێران ئاشکرای کرد؛ بۆ یەکەمجار ئامێرەکانی ستارلینک کە تایبەتە بە وەرگرتنی ئینتەرنێت لە سنوری شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتوەتە شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە. رۆژنامەکە ئاماژە بەوە کردوە هەر ئامێرێکی ستارلینک لە شاری بانەی هاوسنوری هەرێمی کوردستان بە 60 ملیۆن تمەن دەفرۆشرێت کە دەکات سێ هەزار و 500 دۆلار بەڵام بەشداربوانی ئەو ئینتەرنێتە تا دو مانگ پارەی ئینتەرنێت نادەن، دوای ئەو دو مانگەش، 150 دۆلاری مانگانە بۆ بەردەوامبونی بەشدارییەکەیان دەدەن. بە پێی زانیارییەکان هەر ئامێرێکی ستارلینک دەتوانێت ئینتەرنێت بە زیاتر لە 120 بەشداربو بدات و خێرایی ئینتەرنێتەکەشی دەگاتە (150mbps). پێشتر ئیلۆن ماسک، بەڕێوبەری کۆمپانیای سپەیس ئێکس (SpaceX) رایگەیاندبو ئینتەرنێتی ستارلینک بە شێویەکی بێبەرامبەر دەگەیەننە ئێران بۆ ئەوەی خەڵکی وڵاتەکە بتوانن بە بێ چاودێری و پچڕان ئینتەرنێت بەکاربهێنن. لە ماوەی رابردودا دەسەڵاتی ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت کۆنتڕۆڵی خۆپیشاندان و ناڕەزایتییەکان بکات تۆڕی ئینتەرنێتی دانیشتوانی ئەو وڵاتەی بڕی و سنورداری کردەوە ئەوەش وای کرد هەواڵ و تۆمارە ڤیدیۆییاکانی خۆپیشاندانەکان بە خێرایی بڵاو نەکرێتەوە
هاوڵاتی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی گەیشتە گەورەترین زیندانی ئێران و بەهۆیەوە لانیكەم هەشت زیندانیی كوژران و 61 زیندانیی دیكەش برینداربون بەوتەی هەندێك سەرچاوەی ناوخۆی ئێران حەوت بەندكراوی ئەو زیندانە لەكاتی هەڵاتنیان لەبەشی باكوری زیندانەكە كەوتونەتە كێلگەی مین و بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە. شەوی شەممە (16/10/2022) زیندانی ئێڤین گەورەترین زیندانی ئێران لەتاران ئاگری گرت و دەنگی تەقەكردن و تەقینەوەی زۆر لەو زیندانەوە بیستراو سەرچاوەكانی حكومەت ئاشكرایانكرد یەكەیەكی تایبەت لەهێزە ئەمنییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی بەندكراوان رەوانەی ئەو زیندانە كران . هاوكات لەگەڵ بەردەوامبونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی كوردستان و زۆربەی شارەكانی ئێران زیندانی ئێڤین كە بەگەورەترین و گرنگترین زیندانی وڵاتەكە وەسف دەكرێت ئاگری گرت. ئەوەی لە تۆمارە ڤیدیۆییەكانی دەوروبەری زیندانەكە بڵاوكراوەتەوە ئاگركرتنی بەشێكی زۆری زیندانەكەبوو و چەند سەرچاوەیەكیش بەمیدیای ناوخۆی ئێرانیان راگەیاندوە لە كاتژمێر نۆی شەوی شەممە پشێوی لەبەندی (7)ی زیندانەكە دروستبووە بەهۆیەوە شەڕو پێكدادان هاتووەتە ئاراوە، زیندانی ئێڤین لانیكەم 15 هەزار زیندانیی لەخۆدەگرێت كە ژمارەیەكی بەرچاویان چالاكانی سیاسی و رەخنەگران و رۆژنامەوانان و چالاكانی مەدەنیی كۆماری ئیسلامی ئێرانن. رووبەری زیندانی ئێڤین 200 دۆنمەو لەساڵانی 1960 دەست بەدروستكردنی كراوەو لەساڵی 1971 دروستكردنی زیندانەكە تەواو بووە. بەشێك لەو زیندانە بەتایبەت بەندی (209) و (240) راستەوخۆ لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتڵاعات) سەرپەرشتیی دەكرێت چونكە زیندانیانی ئەو دوو بەشە زۆرینەیان پێكدێن لەچالاكوان و رەخنەگرانی سیاسیی دژی دەسەڵات. بەندی ژمارەی (7)ی ئێڤین حەوت هۆڵ لەخۆی دەگرێت كە هەر هۆڵێك 200 بۆ 700 زیندانیی لەخۆدەگرێت و بەوتەی بەرپرسانی زیندانەكەش ئەو بەشە تایبەت بەزیندانیانی بواری ماددی و دارایی بەڵام زۆرجار زیندانیانی سیاسیش رەوانەی ئەو بەشە دەكرێن. لەساڵی 2015 نزیكەی 130 كیلۆگرام تریاك لەو زیندانە دەستی بەسەرداگیرا كەئاماژەبوو بەوەی ماددە هۆشبەرەكان بەئاسانی لەو زیندانەدا مامەڵەی پێوە دەكرێت. لەساڵی 2018 ئەو زیندانە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاو ساڵی 2021 لەلایەن یەكێتی ئەوروپا بەتۆمەتی پێشلكاریی مافەكانی مرۆڤ سزای بەسەردا سەپێنرا. دەیان نوسەرو شاعیرو هونەرمەندی ئێران ئەزمونی بەندكرانیان لەو زیندانە هەیەو دەیان كتێب و چیرۆك سەبارەت بەو زیندانە نووسراوە. لە 43 ساڵی رابردوو لانیكەم 100 كەسایەتی ناودارو سیاسەتمەداری ئێران لەزیندانی ئێڤین بەندكراون و ژمارەیەكیشیان هەر لەهەمان شوێن لەسێدارە دراون.
ملانی جولی، وهزیری دهرهوهی كهنهدا له بهیاننامهیكدا، ڕایگهیاند، وهك كاردانهوهیهك له دژی سهركوتكردنی سهرههڵدانهكان له ئێران، گهمارۆ به سهر شهش كاربهدهستی باڵا و ناوهندی حكومهتی تاراندا دهسهپێنێت. شورای نیگههبان، مهجلیسی خۆبرهگان، ئهنجوومهنی دیاریكردنی بهرژهوهندییهكانی رژێم و فهیلهقی هێزی قودسی سپای پاسداران له پارێزگای بهلووچستان ئهو ناوهندانهن كه كهنهدا دهیانخاته لیستی گهمارۆكانهوه. ههروهها محهمهد كهرهمی، یهكێك له فهرماندهكانی سپای قودس،عهزهتوڵا زهرغامی سهرۆكی پێشووی ناوهندی دهنگ و ڕهنگی ئێران، مهجید میر ئهحمهدی، بریكاری وهزیری ناوخۆ، سوغرا خودادی بهرپرسی گرتووخانهی قهرهچهك، عهباس عهلی كهدخودایی، وتهبێژی شورای نیگههبان و حشمهتوڵا فهلاحهت پیشه نوێنهری پێشوی مهجلیس خراونهته لیسته ڕهشهكهی كهنهداوه. ئهمه سێههمین ههڵویستی دهوڵهتی كهنهدایه دژی سیاسهتی سهركوتكردن له ئێران و سهروهك وهزیرانی ئهو وڵاتهش پێشتر سهردانی بهرپرسانی باڵای سپای پاسدارانی ئیرانی بۆ كهنهدا قهدهغه كرد.
هاوڵاتی موچەو دەرماڵەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بودجەی گشتی بیماركردووە، شارەزایانی ئابووریش دەڵێن: بڕی زۆری پارەی تەرخانكراو بۆ ئەو سێ دەزگایە زیانێكی زۆر لەبودجەی ساڵانەی وڵات دەدات، لەساڵی رابردووشدا كۆی بودجەو موچەی سەرۆكایەتی كۆمارو ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕی ٣٤٤ ملیار دینارو ٩٥٦ ملیۆن دینار بووە. یەكێك لەو بابەتانەی كە لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێكی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران و خولی نوێی پەرلەمانیدا دەبێتە بابەتی گەرمی میدیایی و شەقامی عێراقی، مەسەلەی موچەو دەرماڵەو خەرجی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەیە لەعێراقدا كە بەپێی شارەزایانی ئابووری بڕی زۆری پارەی تەرخانكراو بۆ ئەو سێ دەزگایە زیانێكی زۆر لەبودجەی ساڵانەی وڵات دەدات و هاوكات لەڕووی بەرزی و نزمی موچەشەوە لەگەڵ فەرمانبەرێكی ئاسایی نادادپەروەریی و نایەكسانییەكی زۆری تیادایەو جیاوازییەكی گەورەیان هەیە. بەپێی ئەو داتایانەی ناوەندە ئابوورییەكان لەسەر بودجەی عێراق ساڵانە بڵاویدەكەنەوە موچەو دەرماڵەی هەریەكە لەسێ سەرۆكایەتییەكە بەمجۆرەیە: موچەی بنەڕەتی سەرۆك كۆمار ٥٠ ملیۆن دینارە، كەبەرزترین رێژەی موچەی بنەڕەتییە لەعێراقدا، هاوكات ٤٠ ملیۆن دیناری وەك دەرماڵەی پۆست و بڕوانامەو بابەتەكانی دیكەی بۆ خەرجدەكرێت، كەكۆی هەمووی دەكاتە ٩٠ ملیۆن دیناری مانگانە، كە بۆ ساڵێكیش دەكاتە یەک ملیار و ٨٠ ملیۆن و بۆ هەر چوار ساڵەكەش چوار ملیارو ٣٢٠ ملیۆن دینار. ساڵانەو لەهەر چوار ساڵەكەشدا نزیكەی سێ ملیۆن و ٤٩٠ هەزار دۆلار دەكات. موچەو دەرماڵەی سەرۆك وەزیرانیش ٦٠ ملیۆن دیناری مانگانەیە، كە بۆ هەر ساڵێك دەكاتە ٧٢٠ ملیۆن و بۆ هەر چوار ساڵەكەش دوو ملیارو ٨٨٠ ملیۆن دینارە. هاوكات موچەو دەرماڵەی سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەشی بۆ هەریەكەیان ٥٥ ملیۆن دیناری مانگانەو ٦٦٠ ملیۆنی ساڵانە و دوو ملیار و ٦٤٠ ملیۆنی هەر چوار ساڵەكەیە. موچەو دەرماڵەی هەر پەرلەمانتارێكیش ٢٥ ملیۆنی مانگانەیە، بۆ هەر وەزیرێكیش بڕی ٣٥ ملیۆن دیناری مانگانە وەك موچەو دەرماڵەی خەرجدەكرێت، ئەمە جگە لەو سەدان ملیار دینارەی مانگانەی كەوەك خانەنشینی بۆ سەرۆك و پەرلەمانتارو وەزیرەكانی پێشووتر خەرجدەكرێت، هەموو ئەمانەش لەكاتێكدایە كەمترین موچەی فەرمانبەرێك ١٧٠ هەزار دینارە. بەبڕوای ئابووریناسانیش هیچ وڵاتێك نیە لەجیهاندا موچەی سەرۆك و وەزیرو پەرلەمانتارو بەرپرسەكانی هێندەی عێراق زۆر بێت، لەكاتێكدا نزیكەی پێنج هەزار بەڕێوەبەری گشتیش لەوڵاتدا بوونی هەیە، كە ئەمانەش موچەو دەرماڵەو خەرجییان زۆر زۆرە، ئەمە جگە لەو چەندان لیواو فەوجەی كە بۆ پاراستنی سەرۆكەكان و بەرپرسانی دیكە موچە و بودجە لەبودجەی گشتیی عێراق وەردەگرن. لەبودجەی ساڵی رابووردوودا (٢٠٢١) موچەی سەرۆكایەتی كۆمار گەیشتووەتە ٣٥ ملیارو ٦٣٩ ملیۆن دینار، موچەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش گەیشتووەتە ٢٢٨ ملیارو ١٤١ ملیۆن دینار، هەرچی موچەی ئەمیندارێتی گشتی و نووسینگەی سەرۆكایەتی وەزیرانیش گەیشتووەتە ٨١ ملیارو ١٧٦ ملیۆن دینار، كۆی هەموو ئەمانەش بڕی ٣٤٤ ملیار دینارو ٩٥٦ ملیۆن دینار لەبودجەی گشتیدا بووە. كۆی فەرمانبەرانی ئەو سەرۆكایەتیانەش ٥٩٢٦ فەرمانبەر بووە. كۆی فەرمانبەران و موچەخۆرانی عێراقیش زیاتر لە حەوت ملیۆن فەرمانبەرو موچەخۆرە، كە موچەی ساڵانەیان زیاتر لە ٦٢ ملیار دۆلارە، بەپێی تازەترین ئاماری بانكی ناوەندی عێراقیش، بڕی یەدەگی نەختینەیی عێراق زیاتر لە ٨٥ ملیار دۆلارە، چاوەڕوانیش دەكرێت بەهۆی بەرزی نرخی نەوت و بەرزی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار تاكۆتایی ئەمساڵ بڕی یەدەگی نەختینەیی بگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار.
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتێکی لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. لە راپۆرتی رێکخراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە؛ هێرشەکانی ئەم دواییە کە کرانە سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانوی بونی حزبە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکان، ناوچەی مەدەنییان گرتوەتەوە. رونیشکراوەتەوە؛ هێرشەکان هەندێك پێگە و ناوچە و گوندیان کردوەتە ئامانج کە هیچ چالاکییەکی سەربازیی و سیاسیی ئەو حزبانەی تێدا نەبوە. هیومان رایتس وۆچ جەختیش دەکاتەوە هێرشەکان لەچوارچێوەی زنجیرە هێرشە بەردەوامەکانی ئێرانن کە تێیدا خەڵکانی مەدەنی بونەتە قوربانیی.
بەهۆی فڕۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە روسیا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە سزا دەدرێن. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە؛ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا رێککەوتون سزا نوێ بەسەر دامەزاروەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بسەپێنن کە فەرماندە باڵاکان و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە. سزاکان هەر یەکە لە محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکان، بەرپرسی توێژینەوەکانی وەزارەتی بەرگریی و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران و چەند دامەزراوەیەکی سەربازیی ئێران دەگرێتەوە. ئەو سزایانە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و دامەزراوە سەربازییەکانی لە کاتێکدایە، یەکێتی ئەوروپا رۆژی دووشەممە (17/10/2022) بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەران و خەڵکی ئێران 15 بەرپرس و دامەزراوەی ئەمنیی دەسەڵاتی تارانی سزا دا. لە چوارچێوەی ئەو سزایانەدا ئەوروپا، دەست بەسەر داهات و داراییەکانی ئەو دامەزراوە و بەرپرسانەی ئێراندا دەگرێت کە لە وڵاتانی ئەوروپا هەیانە و هاوکات گەشتیش بۆ 27 وڵاتی ئەوروپی لەو بەرپرسانە قەدەغە دەکرێت.
هاوڵاتی هەر لەگەڵ دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی بەوەكالەت، ئیحسان عەبدولجەباری وەزیری نەوت و وەزیری دارایی بەوەكالەت بەتویتێك گەندەڵی و دزییەكی گەورەی لەپارەی دەستەی باجی عێراق ئاشكراكردو دوابەدوای ئەوەش بەڵگەنامەكانی تایبەت بەو پرسە گەیشتنە میدیاو بڵاوكرانەوە. بەڵگەنامەكان باسیان لەدزینی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیۆن دیناری دەستەی باجی عێراق دەكرد كە لەلایەن پێنج كۆمپانیای وەهەمییەوە لەڕێگای چەكی بانكییەوە ئەنجامدراوە. سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەش لەدوای بڵاوبوونەوەی دەقی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی بەوەكالەت كەپێشكەشی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراقی كردووە و تێیدا باس لەدزینی ئەو بڕە پارەیە دەكات. بەگوتەی ئیحسان عەبدولجەبار، لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا زیجیرەیەك كاری ساختەكاری، بردنی پارە، هەواڵەكردنی چەندین بڕە پارە بۆ كۆمپانیای نوێ كراون، كە نە پەیوەندی و نە مافیان لەبەدەستهێنانی ئەو پارانەدا نەبووە، كە بڕەكەی 3.7 ترلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار) بووە. بەگوێرەی نامەكەی وەزیری نەوت، پرۆسەی دزینی ئەو دوو ملیارو 500 ملیۆن دۆلارە لەنێوان 1ی ئەیلوولی 2021 تاوەكو 15ی ئابی 2022 بووە، ئەو وەزیرە دەڵێت، «هەوڵێك نەدراوە بۆ بنكۆڵكردن و گەڕان، دزییەكە ئاشكرا و بەشێوەیەكی رەها بووە». دەستەی دەستپاكیی عێراقیش لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە لێكۆڵینەوەیان لەهۆكاری دیارنەمانی ئەو بڕە پارەیە كردووەو بەردەوامیش دەبن لەلێكۆڵینەوە. هەر سەبارەت بەو بابەتە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر رایگەیاندووە «لەبارەی دۆسیەی ئەو پارەیەی لەدەستی باج لەوەزارەتی دارایی راكێشراوە، پێویستە لەو بارودۆخە بكۆڵدرێتەوە كە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لەناو جومگەكانی ئەو دەستەیەدا، كە لەئەنجامدا بووەتەهۆی ئەوەی باڵ بەسەر ونبوونی دارایی گشتیدا بكێشێت، ئەم كارەش بەر لەحكوومەتی ئێستادا ئەنجامدراوە.» لەلایەن خۆشیەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو رایگەیاند «رێگە نادەین پارەی عێراقییەكان بەهەدەر بدرێت، وەك ئەوەی لەدەستەی گشتی باجەكانی سەر بەبانكی رافیدەین روویداوە.» هاوكات موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش رایگەیاند: «ئەو كارە بەئاسانی تێناپەڕێت و سزای توندی ئەوانە دەدرێت كە لەو دۆسیەوە گلاون». بانكی رافیدەینیش رایگەیاندووە ئەوان هیچ پەیوەندییەكانیان بەو بابەتەوە نییەو ئەوەی باسدەكرێت پەیوەندیی بەدەستەی باج و هەژمارە بانكییهكانی خۆیانەوە هەیە. لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراقیش بانگهێشتی وەزیری دارایی دەستلەكاركێشاوەو جێگری وەزیرو بەرپرسانی بانكی رافیدەین و دەستەی باجی كردووە بۆ لێكۆڵینەوەو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش بڕوای وایە پارەی بەهەدەردراو زۆر زیاتر بێت لەو بڕەی كە باسی لێوەدەكرێت. گەندەڵیەكە لەسەردەمی عەلی عەلاوی وەزیری دەستلەكاركێشاوەی پێشوتری دارایی عێراق روویداوە، ئەو پێشتر رایگەیاند: حكومەت نەیتوانیوە رێگە لەگەندەڵی بگرێت، بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك لەلایەن پێنج كۆمپانیای وەهمی بەناوەكانی( فائت، ئەلحوت، ریاح بەغداد، موبدیعون، بادیە) بەهاوكاری چەند فەرمانبەرێكی وەزارەتی دارایی بڕی سێ ترلیۆن و 700 ملیۆن دیناریان بە٢٤٧ چەكی بانكی دەستەی گشتی باج لەبانكی رافیدەین راكێشاوەو ئەو بڕە پارە زۆرەی براوە هی كۆمپانیا گەورەكانەو وەك باج لەلایەن حكومەتەوە وەرگیراون. دادگای كەرخ لەبەغدادیش لەسەر ئەو گەندەڵیە گەورەیە ژمارەیەك بەرپرس و فەرمانبەری دەستەی باج و بانكی رافیدەینی بۆ لێكۆڵینەوە بانگكردو چاوەڕوانیش دەكرێت ئەم دۆسییە كەسانی گەورەتری تێوەبگلێت.