هاوڵاتی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پێنج ساڵی دیکە بە سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرایەوە و پێش کەمال کڵچدارئۆغڵو کەوت. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان و جیاکردنەوەی (99.1٪)ی دەنگەکان، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرێژەی لە 52%ـی دەنگەکان، سەرکەوتنی بەسەر کەمال کڵچدارئۆغڵو بەدەستهێنا کە رێژەی 47%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. ئەردۆغان کە کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بو، لە گەڕی دووەم زیاتر لە 27 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵو، کە کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بو، نزیکەی 24 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە.
بەهۆی پابەندنەبون بە سەرپۆشەوە دەزگای دادی ئێران هۆشداریی دەداتە کچان و ژنان و ئەمینداری ناوەندی فەرمان بە چاکە و دوریی لە خراپەی کۆماری ئیسلامی دور دەخرێتەوە. ناوەندی راگەیاندنی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ بە پێی رێوشوێنەکانی ئەو دەزگایە هەر خانمێک پابەندی سەرپۆش نەبێت جگە لە سزای ماددی کارکردنی لێ قەدەغە دەکرێت. هاوکات بەهزاد پورسەید جێگری جێبەجێکاری یاسایی دەزگای داد بۆ کاروباری پەرلەمان رایگەیاند؛ ئەو خانمانەی کەسایەتی ناسراون لە کۆمەڵگەدا و پابەندنی سەرپۆش نابن سزاکانیان بەراورد بە خانمانی دیکە توندتر دەبێت و کار و پیشەکانیان لێ قەدەغە دەکرێت. لێدوانی ئەو بەرپرسە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خانمە ئەکتەرەکانی ئێران وەک ناڕەزایەتیی بە سەرکوت لە لایەن دەسەڵاتەوە بە بێ سەرپۆش لە شوێنە گشتییەکاندا دەرکەوتون و دەزگای داد هۆشداریی داوەتە ئەو خانمانە کاردنیان لە دراما و سینەمای ئێران لێ قەدەغە دەکرێت. لە لایەکی دیکەوە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە ئەمڕۆ یەکشەممە محەمەد حسێن تاهیری، وەک ئەمینداری نوێی ناوەندی (فەرمان بە چاکە دوریی لە خراپە)ی کۆماری ئیسلامی دەستنیشان کراوە و هاشمی گوڵپایگانی ئەمینداری پێشو لەو پۆستە دورخراوەتەوە. ئەو ناوەندەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەزانرێت و تا ئێستا لە لایەن وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.
هاوڵاتی سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رایگەیاند پێیان وایە بە بەراورد بە گەڕی یەکەم، ئەنجامی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار زووتر رادەگەیەندرێت. ئەحمەد یەنەر سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا دوای دەنگدانی وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانی دایەوە و رایگەیاند: هاووڵاتییان هاوشێوەی گەڕی یەکەم، لەگەڕی دووەمیشدا چ لە دەرەوەی وڵات و چ لە ناوخۆ بە گرنگییەکی زۆرەوە بەشدارییان هەڵبژاردنەکاندا کردووە. وتیشی: "هیوادارم ئەنجامەکان ببنە خێر و خۆشی بۆ گەل و دیموکراسیی تورکیا و پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکانمان، هەڵبژاردنەکانمان تا ئێستا بەبێ هیچ کێشە و گرفتێک بەڕێوە دەچێت، دووبارە هیوای بەختێکی باش بۆ خەڵکی تورکیا دەخوازم". سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکان وتی: "وەک دەزانرێت هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار بە بەشداریی کاندیدانی سەرکۆمار و 24 پارتی سیاسیی بەڕێوەچوو، بەو پێیەی لەم هەڵبژاردنەدا تەنها کاندیدەکانی سەرکۆمار کێبڕکێ دەکەن، پێمان وایە زووتر ئەنجامەکان رادەگەیەندرێت".
هاوڵاتی لە ناوچەی کانیا خەزالان-ی پارێزگای روحای باکوری کوردستان، لایەنگرانی ئاکەپە هێرشیان کردە سەر چاودێرانی سندوقەکانی دەنگدان کە رێگەیان نەداوە بە کۆمەڵ دەنگ بدەن. بەگوێرەی دیمەنێکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و مالپەڕە هەواڵییەکانی باکوری کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک لایەنگری پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار لە ناوچەی کانیا خەزالانی روحا هەوڵیانداوە بە کۆمەڵ دەنگ بدەن. چاودێرانی پارتە سیاسیەکانیش رێگەیان لەم خروقاتە گرتووە و بۆیەش لەنێوانیاندا ئاڵۆزی دروست بووە. باسی ئەوە دەکرێت کە لە ناوچەی ئەیوبیەی روحاش لایەنگرانی ئاکەپە هەوڵیانداوە بە کۆمەڵ دەنگ بدەن، بەڵام لەو کاتەدا عەلی شەکەر پەرلەمانتاری جەهەپە لەوێ بووە و چاودێری سندوقەکانی دەنگدانی کردووە و هەوڵیداوە رێگری بکات، بەڵام لایەنگرانی ئاکەپە هێرشیان کردووەتە سەری.
هاوڵاتی سەلاحەدین دەمیرتاش داوای لە هاوڵاتیانی تورکیا کرد ئەمڕۆ بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و هاوسەرۆکی هەدەپەش دەڵێت، بڕوایان وایە سبەینێ رۆژێکی نوێ دەبێت. خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئەمڕۆ دەستی پێکرد. پارتی چەپی سەوز و پارتی دیموکراتی گەلان هاوشێوەی خولی یەکەمی هەڵبژاردن کە ١٤ی ئایار بەڕیوەچوو، پشتگیری لە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەکەن. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە حەوت ساڵە لە زینداندایە لە تویتێکدا بە رستەیەک باسی لە پرۆسەی دەنگدان کرد. سەلاحەدین لە تویتەکەیدا وتی، " تکایە مافی دەنگدانتان بەکار بهێنن." لەلایەکی دیکەوە میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە کە لە ئەنقەرە دەنگیدا رایگەیاند کە تورکیا لە قۆناغێکی مێژووییدایە. سانجار کە بۆ رۆژنامەنووسان قسەی کرد ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە هاوشێوەی چاودێران، هەموو هاوڵاتیەک ئاگاداری دەنگەکەی بێت و بیپارێزێت . وتیشی، " تاوەکو هەڵبژاردن کۆتایی دێت و ژماردنی دەنگەکان تەواو دەبێت، پێویستە چاودێری بکرێت و دەنگەکان بپارێزرێن. ئێمە بۆ داهاتوویەکی رۆناک ئەرکی سەرشانمان جێبەجێ کردووە. بڕوامان وایە سبەینێ رۆژێکی جیاواز دەبێت."
هاوڵاتی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئەمڕۆ کاتژمێر هەشتی بەیانی دەستی پێکردووە و تاوەکو پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیاش حەوت رێوشوێن و رێنمایی راگەیاندووە. رێنماییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تورکیا بەم شێوەیەیە: ئەمڕۆ فرۆشتنی هەموو جۆرە خواردنەوەیەکی کحولی تاوەکو 12ی شەو قەدەغەیە. ئەمڕۆ هەموو قاوەخانە، کافێ و شوێنە گشتیەکان دادەخرێن. هۆڵی زەماوەند و ئاهەنگەکان دوای کاتژمێر شەشی ئێوارە دەکرێنەوە. جگە لە هێزە ئەمنیەکان، کەس بۆی نییە چەک هەڵبگرێت. بانگەشەی هەڵبژاردن تاوەکو کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو قەدەغەیە. تاوەکو هەموو سندوقەکان نەکرێنەوە نابێت هیچ هەواڵ و زانیاریەکی جیاواز بڵاوبکرێنەوە. ئەمڕۆ لەنێوان کاتژمێر شەش و بۆ نۆی شەو تەنیا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا زانیاری بڵاودەکاتەوە. دوای کاتژمێر نۆی شەو قەدەغەی سەر ڕۆماڵ و هەواڵ هەڵدەگیرێت.
پێکدادان لە سنورێکی نێوان ئەفغانستان و ئێران رویدا و پۆلیس رایگەیاند چوار کوژراو و برینداری لێکەوتوەتەوە و رەتی دەکاتەوە موشەکی دژی تاڵیبان بەکارهێنابێت. میدیای فەرمی ئێران بڵاوی کردوە؛ ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 10:00 ی پێش نیوەڕەو لە سنوری ساسولی لە شاری زابول سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان پێکدادان لە نێوان پاسەوانانی سنور و چەکدارانی تاڵیبان رویداوە کە بەهۆیەوە دوو پاسەوان کوژراون و دوو پاسەوانی دیکە برینداربون. میداکانی ئەفغانستان کوژرانی هیچ چەکداراێکی تاڵیبانیان پشتڕاست نەکردوەتەوە بەڵام ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئێران موشەکی دژی چەکدارانی تاڵیبان بەکارهێناوە. ناوەندی فەرماندەیی سەر بە پۆلیسی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردوە کە تاڵیبان بە چڕی تەقەی لە بنکەی پاسەوانانی سنور لە ساسولی کردوە و موشەکیش دژی ئەو چەکدارانە بەکارنەهێنراوە. بە پێی راگەیەنراوەکە ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی پۆلیسی ئێران فەرمانی کردوە بە توندترین شێوە وەڵامی هەر چەکدار و هێزێک بدرێتەوە کە هێرش دەکاتە سەر سنوری وڵاتەکە بە تایبەت لە سنورەکانیان لەگەڵ ئەفغانستان. لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و تاڵیبان لەسەر ئاو و گومرگی سنورەکانی نێوانیان گرژییان بەخۆیەوە بینیوە و چەند جارێک پێکدادان لە سنورەکانیاندا رویداوە.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگریی سوودان داوای لە کارمەندە سەربازییە خانەنشینکراوەکانی وڵاتەکە کرد بە مەبەستی پڕچەککردنیان بۆ پاراستنی ژیانیان سەردانی نزیکترین ناوەندی سەربازیی بکەن. لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە پێکدادان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرای نیمچە سەربازی لە وڵاتەکە بەردەوامە. وەزیر بەرگریی سوودان، یاسین ئیبراهیم لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمی دەوڵەت گوتی: " پێشێلکردنی ئاگربەستە مرۆییەکە و هێرشکردنە سەر چەند دامەزراوەیەک لەلایەن هێزە بەرهەڵستکارەکانەوە بەردەوامە". یاسین ئیبراهیم هێزەکانی پشتیوانیی خێرای بە سووکایەتیکردن بە کەسایەتییە دیارەکانی نزیک لە دەوڵەت و دەستبەسەرکردنی کارمەندە خانەنشینکراوەکانی سوپا تۆمەتبار کرد و گوتی: "داوا لە سەرجەم ئەفسەر، پلەدار، سەربازی خانەنشینکراوی سوپا و هەموو ئەوانەی کە دەستیان چەک دەگرێت دەکەین بۆ پاراستنی خۆیان، خێزانیان، دراوسێکانیان و ئابڕویان بە مەبەستی پڕچەککردن سەردانی نزیکترین ناوەندی سەربازی بکەن". پارتی کۆمۆنیستی سوودان ئەوەی راگەیاند کە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە گەڕەکی دووی خەرتوومی پایتەخت هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوەندی گشتیی پارتەکە و هەندێک پێداویستییان تاڵان کردووە و زیانێکی جیددیان بە ناوەندەکە گەیاندووە.
هاوڵاتی ژمارەی دانیشتوانی ئێران لەمانگی پێنجی ئەمساڵدا بۆ زیاتر لە 85 ملیۆن کەس زیادیکرد بەڵام ئەوە لەجیاتی ببێتە مایە دڵخۆشیی بووەتە جێگەی مەترسیی، چونکە گەشەی ئەو کۆمەڵگەیە بەردەوامە لە کەمکردن و بەوتەی شارەزایانیش کۆمەڵگە بەرەو نوقمبوون لەپیریدا هەنگاو دەنێت. محەمەد تەباتەبایی، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران رایگەیاند؛ گەشەی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە لە 3.9% لەساڵی 1986 بۆ 0.6% لەساڵی 2021 دابەزیوەو خواستی وەچەخستنەوە لەناو خێزانەکاندا کەمبووەتەوە. بەوتەی تەباتەبایی، ژمارەی ئێستای دانیشتوانی وڵاتەکەی زیاترە لە 85 ملیۆن کەسە و ئەگەر وەچەخستنەوەو گەشەی ژمارەی دانیشتوان لەڕێژەی ئێستادا بمێنێتەوە ئەوا کۆمەڵگەی وڵاتەکە رووبەڕووی پیربوونی خێرا دەبێتەوە. لەئامارەکاندا دەرکەوتووە رێژەی گەشەی ژمارەی دانیشتوانی ئێران لەسەرجەم وڵاتانی رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا کەمترەو لە 20 ساڵی داهاتوودا گەشەی وڵاتەکە بۆ ژێر سفر دادەبەزێت کەمەترسیدارە. بەپێی پیشبینییەکانی جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان؛ لەساڵی 2050 رێژەی 30% کۆمەلگەی ئێران دەچێتە قۆناغی پیری و بەساڵاچوونەوەو لەهەرسێ دانیشتوی وڵاتەکە، کەسێک بەساڵاچوو دەبێت. لەتووێژینەوەدا دەرکەوتووە زۆربەی خێزانەکانی دانیشتوی ئێران بەهۆی دڵنیانەبوون لەداهاتووی منداڵەکانیان لەدۆخی ناسەقامگیری ئابورییدا خواستی وەچەخستنەوەیان نییەو هاوکات ژمارەی کەمتری منداڵ بەگونجاوتر دەزانن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دوو راپرسی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی تورکیا بڵاوکرانەوە و بەگوێرەی راپرسیەکیان ئەردۆغان و بەگوێرەی راپرسیەکەی دیکە کلچدارئۆغلۆ سەردەکەوێت. خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا سبەینی ٢٨ی ئایار بەڕێوە دەچێت و دەنگدەران کاتژمێر هەشتی بەیانی دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و پێنجی ئێوارە هەڵبژاردنەکە کۆتایی دێت. راپرسیەک لەلایەن کۆمپانیای بەتیمارەوە ئەنجامدراوە کە تایبەتە بە لێکۆلینەوە و راپرسیەکان و بەگوێرەی راپرسیەکە ئەردۆگان 52.19٪ی دەنگەکان و کەمال کلچدارئۆغلۆش 47.81٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ ی) راپرسیەکی بڵاوکردەوە کە ٦ هەزار و ٦٠١ کەس بەشداریان تێیدا کردووە. بەگوێرەی راپرسیەکە، کلچدارئۆغلۆ 51.4٪ی دەنگەکان و ئەردۆغانیش 48.6٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنن.
دوای ئەوەی عێراق ناڕەزایەتیی دژی کەمکردنەوەی غازی ئێران دەربڕی، تاران دەڵێت هۆکارەی کەمکردنەکە کێشەی تەکنیکییە. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی کردەوە بەهۆی ئەوەی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق 20 ملیۆن مەتر سێجا کەمی کردوە بڕیارە وەفدێکی عێراق سەردانی تاران بکات. دوێنێ هەینی فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ناڕەزایەتیی وڵاتەکەی بە حسێن ئەمیرعەبدوڵاههیان، وەزیری دەرەوەی ئێران راگەیاندوە. ئێران رایگەیاندوە هۆکاری کەمبونەوەی هەناردەی غاز کێشەی تەکنیکییە و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدرێت. رۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردوە؛ قەرزەکانی عێراق بۆ ئێران بە 18 ملیارد دۆلار دەخەمڵێنرێت کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا ناتوانێرێت رادەستی ئێران بکرێت و ئەوەش وای کردوە هەناردەی غاز کەم بکرێتەوە. عێراق رۆژانە 49 بۆ 50 ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات و لە ساڵێکدا بە بەهای نزیکەی چوار ملیارد دۆلار غاز و کارەبا لەو وڵاتە دەکڕێت. پێشتر مەجید چگێنی، راوێژکاری وەزیری نەوتی ئێران بۆ کاروباری غاز رایگەیاندبو بڕیارە گرێبەستی فرۆشتنی غاز بۆ عێراق نوێ بکرێتەوە بەڵام ئەو وڵاتە هەشت ملیارد یۆرۆ پارەی غازی ئێران قەرزدارە و لەگەڵ یەکلاییبونەوەی چۆنیەتی گەڕانەوەی ئەو قەرزانە، گرێبەستەکە نوێ دەکرێتەوە.
هاوڵاتی سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا سەربازانی ئەمریکا و پەکەکە و پەیەدە لە سوریا و عێراق دەردەکەن. سولیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی ئایاردا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە تورکیا وڵاتێک نییە کە بە فەرمانی هیچ کەس و وڵاتێک بجووڵێتەوە و رەخنەی لە ئەمریکا گرت کە دەیەوێت لە سوریا دەوڵەتی کوردی دروست بکات کە وەک (دەوڵەتی تیرۆر) ناوی هێناوە. سۆیلو دەڵێت، " ئەو قسانەی کە دەڵێن، پێویستە سەربازانی تورکیا لە عێراق و سوریا بکشێنەوە، قسەی ئەمریکایە. ئەمریکا بە هەزاران بارهەڵگر دەنێرێتە سوریا. ئێمە باش دەزانین کە ئەوانەی لەدژی ئێمە شەڕ دەکەن پەکەکە و پەیەدە نین. باش دەزانین کە ئەمریکا هەیە." وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوکرد کە لە ماوەی ٥ ساڵی رابردوودا هیچ سەربازێکی ئەمریکا و هیچ پەکەکە و پەیەدەیەک لە سوریا و عێرق ناهێڵین. شایەنی باسە، ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکەی ئاکەپە لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکاندا، زۆر بە توندی دژی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا قسە دەکەن و دەڵێن، ئەو وڵاتانە پشتگیری لە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەکەن و دەیانەوێت تورکیا دابەش بکەن.
هاوڵاتی ناوەندی چاودێریی کۆچ لەئێران ئاشکرای کردووە؛ ساڵانە 86 هەزار کەس کەوڵاتەکەیان جێهێشتوە داوای مافی مانەوەو پەنابەرییان لەئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا کردووەو رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆ بۆ دەرەوەی وڵات 75% بەرزبووەتەوە. محەمەد موقیمی، سەرۆکی زانکۆی تاران بە رۆژنامەی (خوراسان) لەوڵاتەکەی راگەیاندووە؛ شێوازی پەروەردەکردنی خوێندکارانی زانکۆ لەئێران لەئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەلی کاری گونجاو رێژەی کۆچی خوێندکاران و بەتایبەت دەستەبژێرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر بووە. بەوتەی موقیمی: رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران لە 20 ساڵی رابردوودا 75% بەرزبووەتەوەو لەساڵی 2000 نزیکەی 17 هەزار خوێندکاری زانکۆ وڵاتەکەیان جێهێشتووەو لەساڵی 2020 ئەو ژمارەیە بەرزبووەتەوەو زیاتر لە 66 هەزار خوێندکاری وڵاتەکە کۆچیان کردووەو ئەوەش وادەکات سەرمایەو هێزی مرۆیی لەئێران زۆر کەم ببێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئاماری تورکیا تەنها ساڵی 2021 زیاتر لە 80 هەزار هاوڵاتیی ئێران بۆ ئەو وڵاتە کۆچیان کردووە. چاودێریی کۆچ لەئێران ئەوەی خستووەتەڕوو کەسەرەڕای خوێندکاران 73%ی پزیشکانی و پەرستارانی ئەو وڵاتە خواستی کۆچیان هەیەو هاوشانی ئەوانیش زیاتر لە 60%ی مامۆستایانی زانکۆ دەیانەوێت کۆچ بکەن بەرەو وڵاتانی رۆژئاواو دەرکەوتووە 59% خوێندکارانی زانکۆ، 69%ی مامۆستایانی زانکۆ تەنها بەهۆی دۆخی ئابورییەوە دەیانەوێت ئێران جێبهێڵن و بەرەو وڵاتانی دیکە کۆچ بکەن. بەهۆی کوچ و جێهێشتنی وڵاتەوە ئێران رووبەڕووی کێشەی کەمیی پەرەستار بووەتەوەو رۆژنامەی (دنیای ئیقتیساد) لەئێران بڵاویکردووەتەوە ؛ وڵاتەکە پێویستی بە 70 هەزار پەرستار هەیەو حکومەت رازیی بووە بەدامەزراندنی 25 هەزار پەرستار، بەڵام کەمترین خواست و داواکاریی بۆ دامەزراندن پێشەکەشدەکرێت. کۆچی پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستیی لەساڵی رابردودا دوو هێندە بەرزبووەتەوە و نزیکەی 10 هەزار پزیشک ئێرانیان بەمەبەستی کۆچ و کارکردن لەوڵاتانی دەرەوە جێهێشتووەو تەنها لەیەک ساڵدا نزیکەی 30 هەزار پەرەستارو خوێندکاری بواری تەندروستیی وڵاتەکە روویان لەوڵاتانی کەنداوو ئەمریکاو ئەوروپا و کازاخستان و هەولێر لەهەرێمی کوردستان کردووە.
هاوڵاتی كۆمپانیای سۆدەڤ كە لەبواری لێكۆڵینەوەو راپرسی كاردەكات، راپرسیەكی لەنێو ئەو كەسانەدا ئەنجامدا كە لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا دەنگیان بە سینان ئۆغان داوە. كۆمپانیای سۆدەڤ ئاماژەی بەوەكرد كەپرسیار لەهەزارو 906 دەنگدەری پێشووی سینان ئۆغان كراوە كە لەخولی دووەمدا دەنگ بەكام كاندید دەدەن؟ ئەنجامەكەی بەم شێوەیە بووە: كلیچدار ئۆغلۆ ٤٠%، ئەردۆغان ٢٢.١%، دەنگ نادەم ٢٨.٦% و ٤.٣ی دەنگدەرانی پێشووی ئۆغانیش خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە. هەروەها لەزۆربەی ئەو راپرسیانەی كە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بەرەوڕوو لەشەقامەكاندا ئەنجامدەدرێن، هاووڵاتیانی توركیا رەخنەی توند لە سینان ئۆغان دەگرن، بەهۆی ئەوەی پشتگیری لە ئەردۆغان كردووە. ماڵپەڕی ئارتی گەرچەكی نزیك لەهەدەپەش لەهەواڵێكی رایگەیاند، تەنیا لەتویتەردا زیاتر لە ٦٠ هەزار كەس، وەك كاردانەوەیەك لاپەڕەی تایبەتی ئۆغانیان ئەن فۆڵۆ كردووە. پارتی چەپی سەوز جەخت لەسەر دەنگدان بەكلیچدار ئۆغلۆ دەكاتەوەو دەڵێن هیوایان هەیە پەرلەمانتارێكی هەدەپە بۆ هاوڵاتی ئەوە ئاشكرادەكات كەژمارەی كورسیەكانی پارتی چەپی سەوز بۆ 65 كورسی لەپەرلەمانی توركیا بەرزبووەتەوە، هاوكات هەڵوێستی خۆیان دووپاتدەكەنەوە كە لەخولی دووەمیشدا دەنگ بە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ دەدەن بۆ سەرۆكایەتی توركیا. حەسەن ئوزگونەش پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە پارتەكەی لەسەر پارتی ناوی پارتی چەپی سەوز بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا بەشدارییان كرد، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا بەهۆی ئەو سكاڵایانەی پارتی چەپی سەوز كردوونی، ژمارەی كورسیەكانی بەرزبووەتەوە بۆ 65 كورسی». وتیشی:» تائێستا سوورین لەسەر ئەوەی دەنگ بە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ بدەین بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا». سەبارەت بەو هەواڵەی گوایە جەهەپە داوای لە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كەئێستا لەزیندانە كردووە ریكلام بۆ كلیچدار ئۆغلۆ نەكات، پەرلەمانتارەكەی هەدەپە رەتیكردەوەو وتی:»ئەوە بانگەشەی ئاكپارتییەو بەهیچ شێوەیەك راست نییە». بەوتەی حەسەن ئوزگونەش پارتی چەپی سەوز تانەی لە 193 هەزار سندوقی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا داوەو چاوەڕێی ئەنجامەكەیەتی، ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت « ژمارەیەك پارتی دیكە پشتیوانی خۆیان بۆ كلیچدار ئۆغلۆ راگەیاندووەو ئامادەن لەخولی دووەمدا دەنگی پێبدەن، ئەمەش رەنگە ئەنجامەكە بگۆڕێت».
هاوڵاتی بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی سى ئێن بی سى ئەمریکی، هۆکاری سەرەکی لەپشت هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێم خودی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیایە. وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان پەیوەستە بە ئەنجامی خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیاوە. ئاژانسی (سی ئێن بی سی) ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە بۆ بازاڕەکانی جیھان کە لە ٢٥ ئاداری ئەمساڵەوە راگیراوە و رۆژانە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل بووە، تائێستا بەھۆی خەمساردی حکومەتی تورکیاوە دەستیپێنەکردووە و خولی یەکەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەش کە ١٤ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، ھۆکارێکی سەرەکی دەستپێنەکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانە. راشیگەیاندووە، بیانووەکەی تورکیا کە بریتییە لە پشکنینی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت نەک بەھۆی بومەلەرزەکەی چەند مانگی رابردوو زیانی بەرکەوتبێت، بیانوویەکی زۆر لاوازە، بەڵکو راستییەکەی ئەوەیە ئەنجامی خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا وادەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە دیاری دەکات و ھۆکارە سەرەکییەش خودی رەجەب تەیب ئەردۆغانە.
 
                        
                    
                                
                                
                                
                                
                                
                                
                                
                                
                                
                                
                                
                                
                                
                                
                        
                        
                        
                        
                        