هاوڵاتی جێگری سەرۆک کۆماری ئێران لە تویتێکدا دوێنی هەینی سەبارەت بە ئازادکردنی زیندانییە ئەمەریکییەکانی لە ئێران دەستبەسەرن ڕایگەیاند، تاکۆی پارە دەستبەسەرکراوەکانی ئێران ئازاد نەکرێن ئەو زیندانییانە لە ئێران دەمێننەوە. محەممەد جەمشیدی جێگری سیاسی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران،دوێنێ هەینی ١١ی ئاب، لە تویتێکدا ڕایگەیاند: " رەوتی ئازاد کردنی کۆی سەرمایەی ئێران لە کۆریای باشووریش دەستی پێکردوە. تا کۆی پارەکە نەگاتە دەستمان ئەو زیندانیانەی ئەمریکا مەبەستیەتی لە ئیران دەمێننەوە." هەر لەم بارەیەوە دوو ڕۆژ پێش ئێستا ( ١٠ی ئاب)، لە لایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە هەوڵی جدی بۆ ئازادکردنی ئەوپێنج هاوڵاتییە ئەمەریکییە دەستی پێکردووەولە ئێستادا گواستراونەتەوە بۆ هۆتێلێک، هەرچەندە ناوی هۆتێلەکە ئاشکرا نەکراوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی بڵاو کراونەتەوە، ئێران لە بەرامبەر ئازاد کردنی ئەو پێنج هاوڵاتییە ئەمریکییە جگە لە ئازاد کردنی چەند هاوڵاتییەکی ئێرانی کە لە ئەمریکا دەستبەسەرن بە هۆی ئەوەی لە کاتی گەمارۆکاندا کاریان بۆ سیستەمی سیاسی- ئەمنییەتی ئێران کردووە، داوای ئازاد کردنی ٦ میلیارد دۆلاری ئێران ئەکات کە بە هۆی گەمارۆکانەوە لە کۆریای باشوور دەستی بەسەردا گیراوە. لەو پێنج هاوڵاتییە ئەمریکییە کە لە ئێران دەستبەسەرن ناوی سیانیان ئاشکرا بووە کە بریتین لە " سیامەک نەمازی"، "موراد تاقباز" و "عیماد شەرقی" و ناوی دوو هاوڵاتییەکەی دیکە نەزانراوە یادرین ڤاتسۆن، وتەبێژی کۆشکی سپی، هەواڵی گواستنەوەی ئەو پێنج زیندانییەی بۆ هۆتێلێک بە هەنگاوێکی باش وەسف کرد. جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەتەکەی جۆ بایدن، لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە ئەکات و تا سەرجەم ئەو هاوڵاتییە ئەمریکیانە نەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانیان هەر لەم پەیوەندەدا، مایک پەمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی سەردەمی دۆناڵدترامپ لە لیستی کۆمارییەکان، ئەم مامەڵەیەی بە مامەڵەیەکی زۆر خراپ و ترسناک ناوبرد و لە تویتێکدا نووسی :" ئازادکردنی شەش میلیارد دۆلار تەنها بۆ ئەوەی " بارمتەگیراوە" ئەمەریکییەکان بچنە جۆرێکیتر لە زیندان، " مامەڵەیەکی ترسناکە" و نابێ ڕێگەبدرێت ئێران هاوڵاتیانی ئەمریکی بەکاربهێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی. جیم ریش، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە سەر لیستی کۆمارییەکان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئازاد کردنی ئەو هاوڵاتییە ئەمرییکیانە کە بە شێوەی نایاسایی لە ئێران دەستبەسەرکراون دەربڕی، بەڵام ئازادکردنی شەش میلیارد دۆلاری بە شتێکی مەترسیدار ناوبرد . ئەو سێناتۆرە نووسیویەتی:" جۆبایدن و دەوڵەتەکەی ئەبوایە سزای ئەو کەسانەیان بدایەت کە هاوڵاتییە ئەمریکییەکان بە بارمتە ئەگرن بە مەبەستی کەڵکی سیاسی و ئابووری بۆ ئەوەی بەردەوام نەبن لەم کارەیان". حوسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، رۆژی چوارشەممە ٩ی ئاب،رایگەیاند:" ماوەی چەند مانگێکە لە رێگای قەتەر و عوممانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکاییەکان هەیە و لە گفتوگۆین لەگەڵیان دەربارەی گۆڕینەوەی زیندانییەکان. " وەزیری دەرەوەی ئیران رایگەیاند:" پرسی ئازاد کردنی زیندانییەکان پرسێکی ئینسانییە و ئێمە هیچ مەرجێکمان نییە بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان،بە قەتەر و عوممانمان راگەیاندووە لە چوارچێوە رێکەتنەکاندا ئامادەین بۆ گۆڕینەوە زیندانییەکان."
هاوڵاتی ئۆتۆمبێلێک لەسنوری ناحیەی ناڵپارێز لە پێنجوێن لەلایەن درۆنێکەوە کرایە ئامانج و رووداوەکەش قوربانی لێکەوتووەتەوە. ئەمڕۆ 11ی ئابی 2023، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا-کامری لە نزیک ناحیەی ناڵپارێز لە پێنجوێن لەلایەن درۆنێکەوە کرایە ئامانج و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز دەڵێت، قوربانییەکان ناسنامەیان دیار نییە و ناتوانرێت بزانرێت کە ژنن یان پیاو چونکە بەتەواوی جەستەیان سووتاوە. چەند رۆژێک لەمەوبەریش ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە قەزای دوکان بە درۆن کرایە ئامانج و تێیدا کەسێک گیانی لەدەستدا.
هاوڵاتی هەڵمەتێکی فراوان بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات بە هاشتاگی #ئازادی_بۆ_شێروانی #الحریة_لشیروانی #freedom_for_sherwani دەستیپێکردووە بەمەبەستی فشارخستەنەسەر سەر دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماوەی سزای رۆژنامەنوسەکە. ژمارەیەک لە چالاکوان، رۆژنامەنوسان و نوسەران لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە بە ئامانجی ئەوەی فشار لەسەر دادگای تەمیز دروست بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی زیندانیکردنی شێروانی لەلایەن دادگای هەولێرەوە. لە 20ی مانگی رابردوو شێروان شێروانی بە تۆمەتی ساختەکاری سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. بڕیارەکە کاردانەوەیەکی گەورەی بەدوایخۆیدا هێنا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بە "نادادپەروەرانە" وەسفیان کرد کە بەپێی تۆمەتەکە شێروان شێروانی لەبری هاوڕێکانی پەنجەمۆری ساختەی کردووە. ئەم بڕیارە وایکرد کە شێروان شێروانی ماوەی زیندانییەکەی درێژببێتەوە بەوپێیەی دەبوو مانگی داهاتوو ئازاد بکرایە. لە مانگی ئابی 2020 شێروان شێروانی و چەندین رۆژنامەنوس و مامۆستا لە پارێزگای دهۆک بەتۆمەتی سیخوڕیکردن سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا. ئەو هەڵمەتە فراوانەی دروست بووە مەبەست لێی ئەوەیە تەواوی نوسەران و ئازادیخوازان و چالاکوانان لە بڵاوکردنەوە و بەرفراوانکردنیدا بەشداربن بۆ ئەوەی فشارێکی ڕاستەقینە دروست ببێت و دەسەڵاتی دادوەریی پێداچوونەوەی جدی بە دۆسیەکەی شێروان شێروانیدا بکات.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند شەش سەربازیان لە هێرشێکی پەکەکەدا کوژراون لە ناوچەی زاپ کە تێێدا ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ بەڕێوەدەچێت. وەزارەتی بەرگری تورکیا لە تویتەری فەرمی خۆی لە رۆژی پێنجشەممە 10ی ئابی 2023 کوژرانی پێنج سەربازی راگەیاند و ئەمڕۆش هەیینی کوژرانی سەربازیكی تری راگەیاند کە لە ناوچەی زاپ لە هێرشێکی پەکەکەدا کوژراون. لەکاتێکدا تورکیا تەنها کوژرانی ئەم شەش سەربازەی راگەیاندووە، بەڵام پەکەکە بڵاویکردەوە کە 32 سەربازی تورکیا بەدەستی گەریلاکانی پەکەکە کوژراون و حەوتی تریش بریندارکراون لەماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا.
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی سێ ئەندامی یەک خێزان لەلایەن ئاسایشی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیرکراوە. لە راگەیاندراوێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەرێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتباری روداوی کوشتنی سێ هاوڵاتی یەک خانەوادە و بریندارکردنی دوو کەسی دیکەی دەستگیرکرد." بەپێێ وتەی بەکر عەبدولکەریم، بەرێوبەری ناحیەی پیرەمەگرون، تۆمەتبارەکە لە نزیک گوندێکی ناحیەی پیرەمەگرون دەستگیرکراوە و رادەستی پۆلیس دەکرێت تا ئەوەی بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە کەسێک بە چەک سێ ئەندامی یەک خێزانی لە ناحیەی پیرەمەگرونی سەر بە قەزای دوکان کوشت. ئەو کەسانەی لە روداوەکەدا کوژران دوو برا و کوڕی یەکێک لە براکان بوون.
هاوڵاتی مەلاکەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بە پلانێکی بۆ دارێژراو دوو گەنج لیی نزیک بوونەتەوە بەمەبەستی بانگێشتکردنی بۆ جێیەک بەڵام دواتر بە دەمانچە تەقەیان کردووە و سێ فیشەکیان رووبەرووی تەقاندووە. مەلاکەریم شکور دەڵێت، لە کاتژمیر 1:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای کۆبونەوەیەک لە مەڵبەندی حەمرین لە دووزخورماتوو هاتووەتەوە دەرەوە و دوو گەنج نزیکی بونەتەوە، پاشان بانگێشتیان کردووە بۆ کردنەوەی مەڵبەندێک و ئەو پێی راگەیاندوون کە ناتوانێت بێت، بۆیە بووەتە دەمەقاڵێیان و دوو گەنجەکە سێ فیشەکیان رووبەرووی تەقاندووە. مەلاکەریم باس لەوەش دەکات، گەنجەکان تەمەنیان کەم بوو، دوای ئەوەی "من رەتم کردەوە بچم لەگەڵیان کە نەمدەنایسن، دواتر ئەوان چوونە دواوە و دەمانەچەیان راکێشا و سێ فیشەکیان نزیک من تەقاند بەڵام پاسەوانەکانم نەیانهێشت و دەمانچەکانیان لیوەرگرتن." ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات، ئەم کردەوەیە بە "موئامارە دەزانم و لێی بێدەنگ نابم چونکە کارێکی پلان بۆدارێژراو بووە و رێکاری یاسایی دەگرمەبەر." لە ئێستادا هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە و هەوڵی دەستگیركردنی تۆمەتباران دەدەن کە یەکێکیان بریندارە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، ژنێک لە ماڵی باوکیدا لە قەڵادزێ لەلایەن براکەیەوە بە سێ فیشەک کوژراوە و لەدوای روداوەکەش تۆمەتبار خۆی رادەستی پۆلیس کردووە. پۆلیسی ڕاپەڕین لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ژنێک کە لەدایکبوی ساڵی 1991، گەیەندرایە نەخۆشخانە کە شوێنەواری سێ فیشەکی جۆری دەمانچە بەسەر جەستەیەوە هەبووە و بەپێی زانیارییەکان لەلایەن براکەیەوە کوژراوە. پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەش کردووە ژنە تەمەن ٣٢ ساڵەکە لە ماڵی باوکیدا لەلایەن براکەیەوە کوژراوە و هەر دوای روداوەکەش تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە کە تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و دەستیش گیراوە بەسەر چەکەکەیدا.
ڤانە باهیر باوەڕ ئاگری، نووسەرو مامۆستای زمانی کوردی، کەخەڵکی باکوری کوردستانە، ماوەی دوو ساڵە لەتورکیا هەڵهاتووە بەهۆی ئەوەی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە هەڕەشەی لێکراوە لەسەر ئەوەی وانەی کوردی وەکو زمانی دایک وتووەتەوە، بەڵام لەئێستادا لەهۆڵەندا درێژە بەکارەکەی دەدات و لەنێو خوێندکارەکانیشدا کەسانی تورکی و بیانی هەن کەدەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن. باوەڕ ئاگری لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هاوڵاتی باسی ئەو گرفتانە دەکات لەتورکیا هاتوونەتە بەردەمی و دەڵێت، حکومەتی تورکیا لەڕێگەی هەڕەشەوە دەیەوێت کوردانی «هۆشیارو پێشەنگ بترسێنن و بێدەنگیان بکەن»، تەنانەت ئەگەر مرۆڤی کورد سەربەخۆش بێت، بێ ئەوەی سەر بەڕێکخراوێکی کوردی بێت و رەخنە لەدەوڵەت بگرێت، تووشی هێرش دەکرێت. هاوڵاتی: چۆن بڕیارتدا دەست بەوتنەی زمانی کوردی بکەیت لەتورکیا؟ باوەڕ ئاگری: لەساڵی ٢٠١٤ چوومە خولی زمانی کوردی لەپەیمانگای کوردی لەئەستەنبوڵ، پاشان لەساڵی ٢٠١٩ بڕوانامەی مامۆستاییم بەسەرکەوتوویی وەرگرت و دەستم کرد بەو کارە. هاوڵاتی: ئەزموونی ئێوە وەک مامۆستایەکی کورد لەتورکیا چییە؟ باوەڕ ئاگری: نزیکەی ماوەیەک لەپەیمانگای کوردی ئەستەنبوڵ وانەی زمانی کوردیم وتەوە. لەو کاتەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا تازە دەرکەوتبوو. پێشتر رووبەڕوو وانەی کوردیمان دەوتەوە، دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە لەهەموو شوێنێک بڵاوبووەوە، ناچار بووین وەک هەموو کەسێک ئەو کارە بکەین و بەئۆنلاین وانەی کوردیمان دەوتەوە. بەم شێوەیە بۆ ماوەیەک لە ژێر چەتری پەیمانگای کوردی ئەستەنبوڵ وانەی کوردیم بەئۆنلاین دەوتەوە. پاشان بەتەنیا وانەی تایبەتم دەدا. ئەمە نزیکەی ساڵێک بوو. لەو نێوەندەدا ڤیدیۆی وانەکانی کوردیشم دروستکردو لەکەناڵی کوردی تایبەت بەخۆم بڵاوم کردەوە کەبینەرەکانی زیاد لە «دە هەزار» کەسی تێپەڕاندووە لەماوەیەکی کورتدا. هەندێک جار ڤیدیۆ دروستدەکەم و لەکەناڵەکەم دایدەنێم. ئەوانەی دەیانەوێت دەتوانن لە یوتیوب کەناڵەکەم بدۆزنەوەو بینەری وانەی کوردی بن. هاوڵاتی: ئایا خوێندکارەکان تەنها کوردن؟ باوەڕ ئاگری: لەم دواییانەدا بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زمانی کوردی سەرنجێکی زۆری بۆ دێت. هەردوو کورد و تورک دەیانەوێت فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی بن و بیانییەکان دەیانەوێت فێری زمانی کوردی بن. کاتێک بە شێوەی ئۆنلاین وانەم دەگوتەوە، لەنێو خوێندکارەکانمدا خوێندکاری تورک و ئەوروپیم هەبوو. هەندێک لەتورکەکان لەیوتیوب فۆڵۆی کەناڵەکەم دەکەن . هەندێک جار پرسیار دەکەن و منیش وەڵامیان دەدەمەوە. بەکورتی دەکرێ بڵێین جگە لەکورد، بێگانەکان دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن. هاوڵاتی: ئاستەنگەکانی حکومەتی تورکیا چین بۆ ئەوکەسانەی لەبواری زمان و کولتوری کوردی کاردەکەن؟ باوەڕ ئاگری: دەوڵەتی تورکیا هەرگیز نەیهێشتووە کورد بەئاسانی فێری زمانی کوردی ببێت و لەژیان یان بڵاوکراوەی خۆیدا بەکاری بهێنێت. پێشتر فشار لەسەر کورد هەبووەو ئێستاش فشار لەسەر کورد هەیە. زۆرێک لەو دامودەزگایە کوردیانەی کەپۆلی کوردییان دەوتەوە لەسەردەمی ئەم حکومەتەی ئێستادا داخران یان قەدەغە کران. بۆ نموونە دەوڵەتی تورک گۆرانی کوردی قەدەغە دەکات، رێگە نادات ئەکتەرە کوردەکان شانۆگەری کوردی پێشکەش بکەن، رێگە نادات کتێبی کوردی چاپ بکرێت، رێگە نادات فیلمی کوردی فیلم بگیرێت، رێگە نادات کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کوردی بکرێتەوە. رەنگە لەبیرتان بێت کە دەوڵەتی تورکیا چەند ساڵێک لەمەوبەر تەلەفزیۆنی زارۆکی قەدەغە کردو لەمانگی دەستکردی تورک-سات لایبرد. کەناڵی زارۆک، وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، تەنها کاریکاتێری بۆ منداڵان بەرهەم دەهێناو هیچ کارێکی سیاسی نەدەکرد بەڵام حکومەتی تورکیا قەدەغەی کرد. هاوڵاتی: چ ئەزموونێکی خۆتان هەیە کەحکومەتی تورکیا هێرشی کردبێتە سەر پەیمانگای کوردی لەئیستەنبوڵ بۆ خوێندنی کوردی؟! باوەڕ ئاگری: ساڵی ٢٠١٧ لەپەیمانگای کوردی لەئەستەنبوڵ کە لەوکاتەدا خەریکی وانە خوێندنی کوردی بووین، رۆژێک وەک هەمیشە چوومە پۆل سەیرم کرد مامۆستا سامی تان و هاوڕێکانی تر لە دەرگاکەدان. لەو کاتەدا پۆلیسی تورکیا دەرگای پەیمانگاکەیان شکاند و کاغەزەکانیان لێسەندەوە و دەرگاکەیان مۆر کرد. ئەمەم بەچاوی خۆم بینی ئەمەش بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک، بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بڵێت حکومەتی ئاکەپە لەوانی تر باشترە. هاوڵاتی: بەبەراورد لەگەڵ ٢٠ ساڵی رابردوو بەربەستەکان کەم بوونەتەوە یان گۆڕانکاریان بەسەرهاتووە؟! باوەڕ ئاگری: وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، دەوڵەتی تورک هەمیشە ئاستەنگی لەدژی کورد داناوە. بەڵام لەتۆڕه کۆمەڵایەتیەکاندا بەرپرسانی ئاکەپه دەڵێن ئێمه هیچ ئاستەنگێک له بەرامبەر کورد دروست ناکەین و کورد ئازاده بەڵام راست نیە. هاوڵاتی: لەئێستادا لەهۆڵەندا دەژیت، بۆچی تورکیات بەجێهێشت؟ باوەڕ ئاگری: دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی فاشیستە، جگە لەتورک و زمانی تورکی هیچ گەلێک و هیچ زمانێک ناناسێت. سەد ساڵە بەم شێوەیە بووە. بەتایبەت ئەگەر مرۆڤی کورد سەربەخۆ بێت، بێ ئەوەی سەر بەڕێکخراوێکی کوردی بێت و رەخنە لەدەوڵەت بگرێت، تووشی هێرش دەکرێت. لەئێستادا جگە لە کوردە سیاسییەکان، بەسەدان مامۆستا و ئەکادیمیست و پرۆفیسۆری کورد لەزیندانەکانی تورکیا زیندانی کراون، چونکە خەبات بۆ دۆزی کورد دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کەکورد ناتوانێت لەتورکیا بژی. من یەکێکم لەو کەسانەی کە هێرشم کراوەتەسەرو هەڕەشەم لێکراوە. بۆیە، ناچار بووم بڕۆم. هاوڵاتی: چەند جار هەڕەشەتان لێکراوە و لەسەر چی بووە؟! باوەڕ ئاگری: لەژێر ماڵەکەماندا چایخانەیەک هەبوو. پۆلیس هەمیشە لەوێ بوو. ئەوان تەنها بۆ من نەبوون، بەڵکو زۆرجار لەڕێگامدا وەستابوون. رۆژێک تەلەفۆنیان بۆ کردم و داوایان لێکردم بچمە بنکەی پۆلیس و پێیان نەگوتم بۆچی بانگم دەکەن، بەڵام چوومە بنکەی پۆلیسەکە، پێیان وتم گلەیی لەتۆ هەیە. پرسیم کێ گلەیی کردووەو هۆکارەکەی چییە؟ بەڵام وەڵامێکی روونیان نەدایەوە، دواتر پرسیارێکی هاوشێوەم لێکرا، پێت وایە لەتورکیا مافی کورد رێزی لێدەگیرێت یان نا؟ پێکەنیم و پێم وتن ئەگەر رێز لەمافی کورد نەگیرێت، کەواتە بۆ پەیوەندیتان پێوەکردم و منتان هێناوەتە بنکەکە؟ بۆ ئەم پرسیارەش بەپێی بۆچوونی خۆم چەند وەڵامێکم دایەوەو پێم وتن بۆچی ئەو کەسانە ناهێنن کە بەئینگلیزی و عەرەبی یان زمانێکی تر دەنووسن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکەن؟ دیسان وەڵامێکی روونیان نەدایەوە، زۆر روونە کە ئەوان دەیانەوێت کوردانی ئاگادار یان پێشەنگ بترسێنن و بێلایەنیان بکەن. هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەمەیە.
هاوڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا، رایگەیاند نایەوێت کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجام بدات تاوەکو هێزەکانی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی نەکشێنەوە، دەشڵێت، گروپە تیرۆرستییەکانی ناو سوریا دەستکردی ئەنقەرەن و هەوڵی ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵ سوریا بۆ ئەوەیە رەوایەتی بدات بەو "گروپە تیرۆرستیانە". لەدوای هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆککۆماری تورکیا لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان چەند جارێک ئاماژەی بەوە داوە کە ویستی کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سوریا هەیە، بەتایبەت لەگەڵ بەشار ئەسەد و رەنگە لوتکەیەکی ئاشتی ببەستن. لەسەر ئەم لوتکەی ئاشتییە بەشار ئەسەد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز رایگەیاند، کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجام نادات چونکە "هەوڵی ئەردۆغان بۆ بەستنی کۆبونەوەیەکی لەو جۆرە تەنها ئامانج لێی پێدانی رەوایەتییە بە بوونی هێزەکانی تورکیا لە سوریا." سەرۆکی سوریا ئەوەشی خستەڕوو بەشداری لە هیچ لوتکەیەک ناکات تاوەکو تورکیا هێزەکانی خۆی نەکشێنێتەوە لە سوریا و پاڵپشتی خۆی نەوەستینێت بۆ "گروپە تیرۆرستییەکانی وەک بەرەی نوسرە و ئەحرار شام و گروپەکانی تر کە ناوی تریان هەیە." ئەسەد دەشڵێت، "تیرۆرستان دەستکردی تورکیان و تورکیا هەتا ئێستاش هاوکارییان دەکات" بۆیە نابێت تورکیا بڵێت تیرۆرستان هەڕەشەن بۆ سەر خاکەکەی.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی ئاب لە وەڵامی رۆژنامەنووسەکان دەربارەی گۆڕینەوەی زیندانی لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند:" ماوەی چەند مانگە لە رێگای قەتەر و عومانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە و وتوێژدەکەین بۆ گۆڕینەوەی زیندانییەکان". وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەوەی کە دەوترێت چەند رۆژ لەوە پێش ژنێکی ئەمریکی- ئێرانی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا دەستگیرکراوە، خۆی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکە لاداو نە ئەوە بوو پشتڕاستی بکاتەوە یان رەتی بکاتەوە. دەربارەی ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی لە ئێران لە زیندانن وەزیری دەرەوەی ئێران وتی :" ژمارە گرینگ نییە، گرینگ نییە چەند کەسن کە لە زیندانن، گرینگ ئەوەیە بتوانین زیندانیەکان ئاڵوگۆڕ پێ بکەین." ئەوەشی ڕونکردەوە :" پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان پرسێکی ئینسانییە و ئێمە هیچ مەرجێکمان نییە بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنیان و بە قەتەر و عومانمان راگەیاندووە لە چوارچێوەی رێکەوتندا، ئامادەین زیندانییەکان ئاڵوگۆڕ پێ بکەین". ئێران پێشتر رایگەیاندووە چاوەڕوانی ئەوەیە ئەو سەرمایانەی ئێران کە بە هۆی گەمارۆکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەمریکا ناهێڵێت بگاتەوە دەستیان، ئازاد بکرێن. واتە دەیەوێت لە بەرامبەر ئاڵوگۆڕی زیندانییەکاندا دەستی بە سەرمایەکانی بگات. هاوکات ئەمریکا پێشتر رایگەیاندووە ئێران ئەو کەسانە وەک بارمتە بەکار دەهێنێت بە مەبەستی نەهێشتنی گەمارۆ ئابوورییەکان و ئەو مەرجە قبوڵ ناکەن جێگەیباسە بە گوێرەی زانیارییەکان پێنج هاوڵاتی ئەمریکی لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەرن و تۆمەتی سیخوڕیان دراوەتە پاڵ.
هاوڵاتی بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە ٧ی ئاب، لە دیدارێکدا لەگەڵ وەفدێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەمریکا، جارێکیتر داواکاری خۆی بۆ هەڕەشەی سەربازی لە ئێران بە مەبەستی ڕێگەگردن بە دەستپێڕاگەشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چەکی ناوکی دووبارە کردەوە. نێتانیاهوو رایگەیاند :" گرینگترین بابەت ئەوەیە هەڕەشەی سەربازی جیددی لە ئێران بکرێت. دەشڵێت، "ئێمە نامانەوێ جیهانێک ببینین کەتیایدا ئێران بتوانێت هەڕەشەی سڕینەوەی نیۆیۆرک، واشنگتۆن، یان لۆسانجلێس یان هەر شوێنێکی دیکە بکات بە چەکی ”ناوکی". سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی ڕونکردەوە کە ئەوان بەگری لە خۆیان دەکەن بە بوونی ڕەزامەندی ئەمریکا یان نەبونی . ئەم وتانەی لە کاتێکدایە کە بە پێی دوایین هەڵسەنگاندنەکانی ئەمریکا، ئێران لە ئێستادا چالاکییەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ڕاگرتووە ،لە کاتێکدا پەرەی بە چالاکییە ناوکییەکانی داوە. نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی زانیارییەکانی ئەمریکا رۆژی ٩ی تەمووز کۆمەڵێک زانیاری لە سەر چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بڵاو کردەوەو وتی :" ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠ هەوڵی داوە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی باشتر بکات، بەڵام دەستی نەکردووە بە دروستکردنی چەکی ناوکی".
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ئەمڕۆ سێ شەممە ٨ی ئاب، لە ماڵپەڕ و رۆژنامە ناوخۆییەکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەکانەوە تا ئێستا، زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون و بەشێکیان سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە. ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی ئاب ( ١٧ی گەلاوێژ) لە ئێران بە رۆژی رۆژنامەنووس ناسراوەو بەم بۆنەوەیە رۆژنامەکان باسیان لە دۆخی ئازادی و دۆخی رۆژنامەنووسەکان کردووە رایانگەیاندووە لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس و دەستبەسەر کراون و بەشێکیان سزای زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. رۆژنامەی (هم میهن)، لیستێکی دوور و درێژی بڵاو کردۆتەوە لە ناوی ئەو رۆژنامەنووسانەیی تێدایە کە لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا گیراون و ئاماژەی بە ناوی ٧٦ رۆژنامەنووس و پەیامنێر کردووە . هاوکات ئەکبەت مونتەجی، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی رۆژنامەنووسەکانی تاران بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی :" لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون"، وتشی :" بەم قۆڵبەستکردن و زیندانیکردنانە رەوتی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان ناوەستێت و وەک ئاو رێگای خۆی ئەدۆزێتەوە". هاوکات بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی رۆژنامەنووسەکانی تاران، ساڵی رابردووی وەک " سەردەمی رەشی رۆژنامەنووسی" ناوبردو وتی :" سەردەمی رەشی رۆژنامەنووسی کۆتایی نەهاتووەو یەکدەستکردنەوەی سیستەم مانای سڕینەوەو دوورخستنەوەی دەنگە جیاوازەکان و هەروەها زیندانی کردن و دوورخستنەوەی میدیاکار و رۆژنامەنووسەکانە." لە راپۆرتەکاندا یەکێک لەو رۆژنامەنووسانەی ئاماژەی پێدراوە، نازیلا مەعرووفیان، کچە رۆژنامەنووسی سەقزییە کە لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەرەو لە ئێستادا باری تەندروستی ناجێگیرەو چەن رۆژ لەوە پێش گەیەنرایە نەخۆشخانە. هەروەها ئاماژە دراوە بە ناوی "نیلووفەڕ حامیدی" پەیامنێری رۆژنامەی شەرق و ئیلاهە محەممەدی پەیامنێری رۆژنامەی (هم میهن) کە ٣٢٠ رۆژە لە زیندانن بە هۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی سەردەمی خۆپیشاندانەکانی ژن ژیان ئازادی. ئێران بە گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوەو یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئازادی راگەیاندن تێیدا زۆر سنووردارە. دوای چین ئێران وەک گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسەکان لە دونیا دەناسرێت.
هاوڵاتی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووری ئەمرۆ دوو شەممە ٧ی ئاب، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە ئیسرائیل جارێکیتر هێرشی کردۆتەوە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و لە ئەنجامدا ٦ کەس لە سەربازانی ئێران و ٤ سەربازی ئەرتەشی سووریا کوژراون. باسی لەوەشکردوە کۆگای چەک و تەقەمەنیەکانی ئێران لەم ناوچەیە تەقێنراوەتەوە. بە پێی ئاماری رێکخراوەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە ٢٥ ەمین هێرشی ئیسرائیلە بۆ خاكی سووریا کە ١٧ جار هێرشی ئاسمانی بووەو ٥ جار هێرشی زەمینی. دەشڵێت، لەم هێرشانەدا " ٥٩ کەس لەوانە ٢٢ سەربازی سەر بە ئێران سووری و نەتەوەکانیتر، ٦ سەربازی سوپای پاسداران و ٤ سەربازی سووری سەر بە ئێران و ٣ ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان کوژراون". کۆماری ئیسلامی بە گەورەترین پارێزەر و لایەنگری ئەسەد لە ناوچەکە دەزانرێت و ژمارەیەکی زۆر سەربازی (ئەفغانستانی و پاکستانی و ئێرانی) لە سووریا جێگیر کردووەو ئیسرائیل بوونی ئەو سەربازانە لە سووریا بە مەترسی ئەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی .
هاوڵاتی بە پێی ئاژانسەکانی هەواڵی ناوخۆی ئێران، شارەوانی تاران ٤٠٠ کەس وەک " پارێزەری حیجاب" بە مووچەی مانگانە ١٢ میلیۆن تمەن لە مێترۆکان دامەزراندووە. بە پێی ئەو زانیاریانەی لە میدیاکانی ناوخۆی ئیرانەوە بڵاو بوونەتەوە، ئەرکی ئەم هێزی " پارێزەری حیجاب"ە لە مێترۆی تاران، ئاگادار کردنەوەو پێشگرتن و هەروەها دەستگیرکردنی ئەو ژنانەیە کە ئامادە نین حیجابی زۆرەملێ بپۆشن. جێگەیباسە پێش ئەم بڕیارە کۆمەڵێک ڤیدیۆی جیاوازبڵاوکرایەوە کە تیایدا لە وێستگەکانی مێترۆ کۆمەڵێک هێزی جیاواز بۆ داسەپاندنی حیجاب بە سەر ژنان لە مێترۆکان هەڕەشەیان لە ژنان دەکرد. بە پێی ئەو ڤیدیۆیانە، سەرەتا کۆمەڵێک ژنی سەرداپۆشراو و حیجاب، ژنەکان ئاگادار دەکەنەوە ئەبێ حیجاب بکەن، لە هەنگاوی دووهەمدا کۆمەڵێک پیاو بە جل و بەرگی ئاساییەوە دێن و ژنان ئاگادار ئەکەنەوە ئەگەر حیجابیان نەبێت ئیزنیان پێ نادرێت بچنە مێترۆوە. لە هەنگاوی سێهەمدا هێزەەکانی " یەکەی پارێزەر"ی شارەوانی بە جلی تایبەتەوە پێش بەو ژنانە ئەگرن کە سواری مێترۆ ببن. رۆژنامەی " فەراز" دەربارەی یەکەی نوێی " پارێزەری حیجاب" لە شارەوانی تاران لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی :" ئەم هێزانە وەک (پارێزەری حیجاب) لە لایەن یەکەی پارێزەری شارەوانی تارانەوە هەڵبژێردراون و خولی تایبەتیان بینوەو بەم زوانە لە وێستگەکانی مێترۆ جێگیر دەکرێن.
