کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق وادەى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتییەکانى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى کۆتایی ئەمساڵى پەرلەمان درێژکردەوە. کۆمسیۆن وادەی تۆمارکردنی ناوی پارت و هاوپەیمانییەکانی بۆ ماوەی 10 رۆژی دیکە درێژکردەوەکۆمسیۆن لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، وادەى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتییەکان تا 14 ى ئەم مانگە درێژکراوەتەوە. تائێستا 64 هاوپەیمانێتی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکراوە، کە سەرجەمیان هاوپەیمانێتیەکانی پێشوون و کۆمسیۆن چاوەڕێیە داواکاریی بۆ دووبارە بەشداری کردن بە هەمان ناو و قەوارەوە پێشکەش بکەن. بەوتەى کۆمسیۆن، گۆڕانکاریی لە بەشێک لە هاوپەیمانێتییەکان رویداوە، لە روی بەشداریی کردنی حیزب و لایەنی نوێ، یان کشانەوەی حیزبەکان لەو هاوپەیمانێتییە، بۆ ئەوەش پێویستە داواکاریی پێشکەشی فەرمانگەی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ تۆمارکردنی ئەو گۆڕانکارییانە. بەپێی دوایین ئاماری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، 314 پارت و قەوارەی سیاسی رێگەی بەشداریی کردنی هەڵبژاردنیان پێدراوە و 70 پارت و حیزبی نوێیش داوای تۆمارکردنیان کردووە.

  لەئەنجامی هێرشە بەردەوامەكانی حوسییەكانی یەمەن بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمڕۆ موشەكێكی ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی تەلئەبیب كردوە و بەهۆیەوە چەند كەسێك برینداربون، وەزیری بەرگریش بەڵێن دەدات كە؛  وەڵامێكی بەهێزیان بدەنەوە. لە بڵاوكراوەیەكدا حوسییەكانی یەمەن (ئەنساروڵا) ئاشكرایانكرد، ئەمڕۆ یەكشەممە بەموشەكێكی دورهاوێژ لە جۆری بالستی فڕۆكەخانەی گۆریونیان لە ناوچەی یافا لە تەلئەبیب بەئامانج گرتوە. وتیشی: هێرشەكە لەلایەن تیمێكی شارەزای سەربازییەوە ئەنجام دراوە و بەوردی ئامانجەكەیان پێكاوە، بەهۆشیەوە زیانیان بە فڕۆكەخانەكە گەیاندوە. لای خۆشیەوە، حكومەتی ئیسرائیل هەواڵەكەی پشتڕاستكردوە و راشیگەیاند: لە ئەنجامی هێرش كردنە سەر فڕۆكەخانەی تەلئەبیب چەند هاوڵاتییەك بەسوكی برینداربون، بەهۆشیەوە سەرجەم كەشتەكانی فڕۆكەخانەكە بەشێوەیەكی كاتی راگیران. هاوكات، یسرائیل كاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند: هەركەسێك هێرش بكاتە سەر وڵاتەكەی بەدڵنیاییەوە وەڵامی بەهێزی دەدەنەوە. حوسییەكانی یەمەن لەڕێی مووشەكێكەوە فڕۆكەخانەی بن گۆریۆنیان لە ئیسرائیل کردە ئامانج و بەهۆیەوە هەشت کەس برینداربوون، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی تووند دەکات. بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی ئیسرائیل، بەیانیی ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان نەیتوانیووە رێگری بکات لە مووشەکێک کە لە یەمەنەوە ئاڕاستەکراوە و فڕۆكەخانەی بن گۆریونی کردووەتە ئامانج، فریاگوزاریی ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوەکردووە، هەشت برینداری هێرشی سەر فڕۆکەخانەى بن گۆریۆن چارەسەرکراون، بەڵام برینی یەکێکیان سەختە.

  هاوکات لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی دەسەڵات و ئامرازەکانی هەیە بۆ هێنانەدی "کۆتایییەکی لۆژیکی" بۆ ململانێکان. ڤلادیمێر پوتین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ڕووسیا زیادی کرد: پێویست بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئۆکرانیا ناکات و هیوای خۆی دەربڕی کە ئەمە ڕوونەدات. سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕایگەیاند کە “ئاشتەوایی نێوان هەردوو وڵات حەتمییە و تەنیا پرسی کاتییە”. هەروەها ئەو جەختى لەوەکردەوە که ڕوسیا توانای ئەوەى هەیە کە کۆتایی بەشەڕەکە بهێنێت، بەو ئەنجامەشى کەخۆى هیواى بۆ دەخوازێت و دەیەوێت، ئه نجامێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیدا بگونجێت. ئەمەش دوای ئەوە هات کە کرێملین ڕۆژی شەممە داوای وەڵامدانەوەی "یەکلاکەرەوە"ی لە ئۆکرانیا کرد بەرامبەر بە پێشنیاری سەرۆکی ڕووسیا بۆ ئاگربەستی سێ ڕۆژە و ڕەخنەی لە وەڵامی کیێڤ گرت تا ئێستا بە "ناڕوون". پوتین ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئاگربەستی سێ ڕۆژەی ڕاگەیاند بۆ یادی ٨٠ ساڵەی سەرکەوتنی یەکێتی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی دووەمدا.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کوژرانی سەربازێکی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و هەپەگەش دەڵێت، تورکیا لە سێ رۆژدا زیاتر لە هەزار جار هێرشی کردووەتە سەریان. وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، سەربازێکیان بەناوی چاوش ئۆندەر ئۆزەن، لە کاتی کێوماڵی ناوچەیەک لە خواکورک لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوەوە بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. هاوکات ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" رایگەیاند، سوپای تورکیا لە ماوەی سێ رۆژی کۆتایی مانگی رابردوودا، هەزار و 76 جار بە چەکی قورس، تۆپ و موشەک، پێنج جار بە فڕۆکەی جەنگی و سێ جاریش بە چەکی قەدەغەکراو، هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەستیان. سەرەڕای ئەو پرۆسەیەی ماوەی حەوت مانگە لە تورکیا دەستیپێکردووە و پەکەکەش ئاگربەستی تاکلایەنەی راگەیاندووە، شەڕ و پێکدادنەکانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە بەردەوامە، بەتایبەت لەناوچەکانى سنوورى ئامێدى.

  بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، لە ئەستەنبوڵ بەخاکبسپێردرێت. ئۆندەر کە زیاتر بە کەسایەتییەکی سیاسی ناسرابوو، لە هەمانکاتدا دەرهێنەر، سیناریست، بەرهەمهێنەر، ئەکتەر و رۆژنامەنووس بوو. لە ساڵی2013ـەوە یەکێک بووە لە کەسایەتییە دانوستانکارەکان لە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە باکووری کوردستان، یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندی ئیمراڵی و پەیوەندیی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان. دەم پارتی لە پەیامی سەرەخۆشیدا رایگەیاندووە، بە خەمێکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی ئۆندەریان پێگەیشتووە، درێژە بە رێگاکەی دەدەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی. ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانی تورکیا و کوردستان وەک عەبدوڵا ئۆجالان، رەجەب تەیب ئەردۆغان و مەزڵوم کۆبانێ و نێچیرڤان بارزانی پەیامی سەرەخۆشیان بڵاو کردەوە و رۆڵی ئۆندەریان لە پرۆسەی ئاشتیدا بەرزنرخاند.

هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی به سەرۆکایەتی ئەمریکا بەردەوامن له گواستنەوەی كەرەستە سەربازییەكانیان له ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سوریا، له چوارچێوەی پرۆسەی چۆڵکردن و سەرلەنوێ خۆ رێكخستنەوە، به ئامانجی کەمکردنەوەی بوونی خۆیان له هەندێک خاڵی سەربازی. بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییە ناوخۆییەکان، دوێنێ‌ هێزەکانی هاوپەیمانان کەرەستەی سەربازی و لۆجستییان لە بنکەی شەدادی لە گوندەواری باشوری حەسەکەوە گواستووەتەوە بۆ ناو خاکی عێراق و، لە رێگەی کاروانی بارهەڵگری گەورەوە بنکەکەیان بەجێهێشتووە. لە هەمان کاتدا فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، ژێرخانی دەوروبەری بنکەی کێڵگەی نەوتی "ئەلعومەر"یان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دەیرلزور کردووەتە ئامانج و خاپوریان كردووە، ئەوەش چەند رۆژێک دوای چۆڵکردنی بەشێک لە بنکەکە. ماڵپەری تەلەفزیۆنی سوریا بڵاویكردەوە، رۆژی هەینی زیاتر لە  (٢٠٠) ئۆتۆمبێلی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەکانی "کۆنیکۆ و ئەلعومەر" لە گوندەواری  رۆژهەڵاتی دەیرلزور بەرەو پارێزگای حەسەکە کشاونەتەوە. کشانەوەکە شوێنە گرنگەکانی وەک گوندی سەوز (کێڵگەی کۆنیکۆ) و فورات (کێڵگەی ئەلعومەر)ی لەخۆگرتبوو، جگە لە دامەزراوەیەکی بچووکتر کە وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکراون. سەرچاوەیەک لە ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەیاندووە، هێزەکانی ئەمریکا لەچەند بنكەیەكدا جێگردەبن كە ژمارەیان لە پێنج بنکەی سەرەکی زیاتر نەبێت لە ناوچەكانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، کە لانیکەم سێ بنکەیان لە پارێزگای حەسەکە جێگیرن. لە ئێستادا هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لە (١٧)بنکە و (١٥) خاڵی سەربازی جێگیرن، کە (١٧) شوێنیان لە پارێزگای حەسەکەیە،(٩) یان لە پارێزگای دەیرلزورو و (٣)یان لە پارێزگای رەقەیە.

  لە کاتێکدا تا ئێستا وادەی چوارەمین خولی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا نادیارە، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئایندەی خۆی بە ئەنجامی ئەو وتووێژانە نابەستێتەوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە تاران لە پێگەی لاوازییەوە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ناکات. لەلایەکی دیکەوە، مەسعود پزیشکیان ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تاران تایمز ڕایگەیاند، ئەگەر دانوستانەکان بگاتە بنبەست، وڵاتیش ناگاتە بنبەست. ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی ڕابردوودا هەندێک کەس دەیانگوت ئەگەر ڕێککەوتنێک نەکرێت کێشە دروستدەبێت، بەڵام ئێمە ئایندەی وڵاتەکەمان و خۆمان و هەرێمەکەمان بە هیچ شێوەیەک نەبەستووەتەوە بە دانوستانەوە و بەردەوامین لە کارەکانمان. ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە خولی چوارەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتۆن کە بڕیار بوو ڕۆژی شەممە (٣ی ئایار) لە ڕۆما بەڕێوە بچێت، بە هۆکارێک کە سوڵتانییەتی عومان کە سەرپەرشتی دانوستانەکانە ڕایگەیاندبوو تەکنیکی و لۆجستیکی دانوستانەکان ڕاگیرا. تاوەکو ئێستا ئێران و ئەمریکا سێ جار گفتوگۆیان کردووە، بە گوتەی هەر دوو لایەن ئەرێنی بوون.   وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل پێیانوایە، ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە؛ تاران ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.   دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە دەیەوێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەگەڵ ئەو وڵاتە گفتوگۆ بکات، لە هەمانکاتیشدا هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر گفتوگۆکان نەگەنە ئامانج، ئێران بۆردوومان دەکرێت.   وەزیری دەرەوەی ئێرانیش چەند جارێک باسی لەوە کردووە، ''ئەگەر خواستی ئەمریکا تەنیا ئەوەیە کە ئێران چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەمە خواستێکە کە دەکرێت بەدیبێت و دەتوانین بەو خواستە بگەین. بەڵام ئەگەر داواکاریی نالۆژیکییان هەبێت، سرووشتییە کە رووبەڕووی کێشە دەبینەوە".

  کەجەکە بەبۆنەی کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەر ڕایدەگەیەنێت، لە ژیانیدا بۆ دوو گەل تێکۆشانی کرد. لە ڕێگەی کەسایەتی و کارە هونەریەکانییەوە بەشدارییەکی گەورەی لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیدا کردووە.  سری سورەییا ئۆندەر شەوی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو، دواتر دەرکەوت کێشە لە شاخوێنبەری دڵی هەبووە، دوای ئەوەی 18 رۆژ لە بەشی چاودێریی چڕ مایەوە، ئێوارەی شەممە، 3-5-2025 لە نەخۆشخانەیەکی ئیستەنبووڵدا کۆچی دوایی کرد. هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبارەت بە کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمرالی پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە. کەجەکە لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند کە ڕاستترین ڕێگایە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئۆندەر، بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی تێکۆشانە بۆ دیموکراسی و ئاشتی لەسەر بنەمای ڕێزگرتنمان بۆ بەڕێزی و بەرزڕاگرتنی ئامانجەکانی، درێژە بە هەوڵەکانی دەدەین.  داوا لە هەموو لایەک دەکەین لەو شوێنەی کە وازی لێهێنابوو، بە وەفاداری بە یادی بەنرخی سری سورەیا ئۆندەر تێکۆشانی دیموکراسی و ئاشتی لە ئەستۆ بگرن و هەوڵ وتێکۆشانی زیاتر بدەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم تێکۆشانە." دەقی پەیامەکەی کەجەکە بەم شێوەیەیە "بەداخێکی زۆرەوە بیستمان کە بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر، پاش ئەوەی ماوەی ١٨ڕۆژ لە ژێر چاودێری چڕی نەخۆشخانەدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە چارەسەری بۆ دەکرا، گیانی لەدەستداوە. هەرچەندە پزیشکەکان بارودۆخیان زۆر ئاڵۆز و ناجێگیر ڕاگەیاند، بەڵام وەک هەموو کەسێک، ئێمەش لەو باوەڕەدا بووین و چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە سری سورەیا ئۆندەری هێژا بەسەرکەوتووی ئەم دۆخە تێپەڕێنێت. بەداخەوە، وا پێش نەهات. ڕۆلەی بەنرخی گەلەکەمان کە تورکیە چاوەڕوانییەکی زۆری لێ هەبوو و بە هەوڵەکانی بەشدارییەکی گرنگی لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی و ئاشتیدا کردبوو، بەداخەوە کۆچی دوایی کرد.  ڕایدەگەیەنین کە لەدەستدانی تێکۆشەرێکی وەها بەنرخ ئێمەی بەڕاستی خەمگین کرد. بەو بۆنەوە سەرەتا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هێژای، دۆستانی، هاوکارانی و کۆمەڵگەی هونەری، سینەما و دەم پارتی و گەلەکەمان دەکەین و بەڕێزدارییەوە یادی بەرزی دەکەینەوە. شەهیدی ئاشتی و دیموکراسییە سری سورەیا ئۆندەر لە کاتی تێکۆشانی بۆ ئاشتی و دیموکراسی نەخۆش کەوت و بەداخەوە ژیانی لەدەستدا. بۆیە شەهیدی ئاشتی و دیموکراسیە. هەروەها سری سورەیا ئۆندەر کەسایەتیەکی گەورەی تێکۆشەر بوو.  سۆسیالیست، شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز بوو. ژیانی خۆی بە تێکۆشان بۆ سۆسیالیزم، دیموکراسی و ئازادی تەرخان کرد. بەو بۆنەوەش رەنجێکی زۆریدا. گرنگترین تایبەتمەندی ئەو ئەوە بوو کە؛ لە کاتێک کە پێشەنگێکی گرنگی تێکۆشانی سۆسیالیزم و بزووتنەوەی سۆسیالیستی بوو لە تورکیا، لە لایەکی دیکەشەوە لە ڕێگەی پشتیوانیەکانی لەگەڵ گەلی کورد لە تێکۆشاندا بوو.  لە ژیانیدا بۆ دوو گەل تێکۆشانی کرد. لە ڕێگەی کەسایەتی و کارە هونەریەکانییەوە بەشدارییەکی گەورەی لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیدا کردووە. هەروەها بە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بوێرانە، کاریگەرانە و بەجوانی ڕاستی کۆمەڵایەتی نیشان دەدا و ئەو دۆخەی هەبوو دەیخستە ژێر پرسیار و سەرەنجی قووڵترەوە. ڕێبازی ما‌هێرەکان و یڵماز گونایەکانی بە شێوەیەکی شایستە نوێنەرایەتی دەکرد سری سورەیا ئۆندەری ‌هێژا کە تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی ناتوانرێت بە زمان باسی لەسەر بکرێت، لە ڕێگەی ژیان، هونەر و تێکۆشانی خۆی بۆ سۆسیالیزم و دیموکراسی بە شێوەیەکی شایستە نوێنەرایەتی لە ڕێبازی ماهێرەکان، دەنیز، ئیبراهیم و یڵماز گونایەکانی دەکرد و یەکێک بوو لەو تێکۆشەرە گرنگانەی کە ئەم سیاسەتەی گەیاندە ڕۆژی ئەمڕۆ. ئێمە بە ڕێزدارییەوە یادی بەرز ڕادەگرین و جارێکی تر سەری ڕێزی لەبەر دادەنوێنین. لە مانگی ئایار مانگی شەهیدان شەهید بوو. بەم بۆنەیەوە، لە کەسایەتی ئەودا بە ڕێزداری و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدانی مانگی ئایار و سەرجەم شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی بەبیر دێنینەوە.

  مەزهەر ساعیدی، سەرۆکی ڕوانگەی پەرلەمانیی، رەخنەی لە كاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەگرێت و دەڵێت، (200) پەرلەمانتار بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمانیان نەکردووە، ئەمە جگە لەوەی لەم خولەی ئێستادا تەنها (10) یاسا پێشنیاز کراون. ساعیدی ئاماژەی بەوەشكردووە، پەرلەمان لە کۆی (٣٢) دانیشتنی ئەم وەرزەی ئێستای تەنها شەش دانیشتنی ئەنجامداوە، بە تێکڕا رێژەی (١٧٣) پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەكان بوون. سەرۆکی روانگەی پەرلەمانیی، لە لێدوانێكدا بە كەناڵی "العهد"ی وتووە، سەرۆکایەتی پەرلەمان خۆی لە بڵاوكردنەوەی ناوى ئامادەنەبوون و ئامادەبوونی پەرلەمانتاران بەدوور گرتووە، ئەوەش پێشێلکردنی روونی رێکارەکانە. بەوتەی ناوبراو، لە خولی ئێستادا تەنها (10) پێشنیازی یاسایی تۆمارکراوە، (200) پەرلەمانتار بەشداری دانیشتنەکان نەکردووەو یەک کەسیشیان قسەی نەکردووە، ئەمەی بە "تاوان" وەسفکرد. وتيشى، تێگەیشتن لە ئەرکی پەرلەمان پاشەكشێی بەخۆیەوە بینیوە، بەو پێیەی زۆرێک لە پەرلەمانتاران گۆڕاون بۆ جێبەجێکردن نەک یاسادانان. ساعدی جەختی لەوە کردەوە،  کارکردن لە پەرلەمان بووەتە ململانێی سیاسی و، بەهۆی تێنەگەیشتن لە ئەرکەکانی پەرلەمان، وەزارەتەکان پاڵیان لێداوەتەوە.

پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، پێنج کەسیان بە تۆمەتی ویستی کاری تیرۆریستی لەو وڵاتە دەستگیر کردووە.  چواریان هاووڵاتی ئێرانین، بەڵام ناسنامەی پێنجەمیان ئاشکرا نەکردووە.    رۆژی شەممە، سێی نیسانی 2025، پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند کە پێنج گومانلێکراویان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا چوار هاووڵاتی ئێرانی هەن بە گومانی ئەوەی پیلانی هێرشی "تیرۆریستی"ـیان لە نێو بەریتانیا هەبووە.    بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، گومانلێکراوەکان لە شارەکانی لەندەن، سویندن و مانچستەر دەستگیر کراون و تۆمەرتبارکراون بەوەی "پیلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر شوێنێکی گشتیی دیاریکراو"    پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دەستگیرکراوەکان تەمەنیان لەنێوان 29 بۆ 46 ساڵیدایە، بە گومانی "ئامادەکاری بۆ کردەوەی تیرۆریستی" دەستگیرکراون و ئێستاش لەژێر لێکۆڵینەوەدان و لەگەڵ ئاشکرا کردنی ناسنامەی چواریان کە هاووڵاتی ئێرانین، ناسنامەی دەستگیرکراوی پێنجەمیان ئاشکرا نەکردووە.    دۆمینیک مۆرفی، سەرۆکی بەشی دژەتیرۆری پۆلیسی بەریتانیا لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ئەمە لێکۆڵینەوەیەکی خێرایە و ئێمە بە چڕی لەگەڵ لایەنەکانی پەیوەندیدار لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی لە نوێترین زانیارییەکان ئاگاداریان بکەینەوە".   ئەو بەرپرسەی پۆلیسی بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا، "لێکۆڵینەوەکان هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییدان و ئێمە بەدوای چەندین رێگەی دیکەدا دەگەڕێین بۆ دۆزینەوەی هەر هۆکارێک لەبارەی ئەو گرووپە، لەگەڵ ئەوەش بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی کە ئایا هیچ مەترسییەکی زیاتر لەسەر خەڵک هەیە کە پەیوەندی بەم بابەتەوە هەبێت".   مۆرفی ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە لە هاووڵاتییان تێدەگەین کە رەنگە نیگەران بن بەم پێشهاتە، بەڵام وەک هەمیشە داوایان لێدەکەین چاوکراوە بن و ئەگەر شتێکیان بینی یان گوێبیستی شتێکی گوماناوی بوون، راستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن." 

  رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا لە مایک واڵتز، راوێژکاری پێشوی ئاسایشی نیشتمانی توڕە بووە، دوای ئەوەی وا دەرکەوتووە پشتیوانی هەڵوێستی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی كردووە، کە پێی وایە کاتی ئەوە هاتووە گورزی سەربازی لە ئێران بوەشێنرێت. بەگوێرەی ئەو دوو سەرچاوەیە، واڵتز گفتوگۆیەكی چڕی لەگەڵ ناتانیاهۆ سەبارەت بە بژاردە سەربازییەکان لەدژی تاران ئەنجامداوە، ئەوەش پێش کۆبونەوەی نێوان ناتانیاهۆ و ترەمپ لە كۆشكی سپی. ئاماژەیان بەوەشكردووە، هەرچەندە واڵتز بۆ چەند هەفتەیەکیش لە پۆستەکەی مایەوە، سەرەڕای بڵاوبونەوەی "ئابڕوبەری سیگناڵ"، بەڵام بێزاری ترەمپ لە جۆش و خرۆشی بەردەواميی بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی ئێران، بڕیاری دوورخستنەوەی خێراتر کردووە. هەندێک لە ئیدارەی ئەمریکا پێیان وایە، واڵتز هەوڵیداوە پارسەنگەكە بەرەو کردەوەی سەربازی بگۆڕێت، بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ئیسرائیلییەکان هەڵسوكەوتی كردووە.

  فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: هەوڵەکانی ئۆندەر بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بۆ هەمیشە لە هزری گەلان دەمێنێتەوە. مەزڵوم عەبدی لەپەیامەکەیدا دەڵێت: هەواڵی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر خەمباری کردین، هەوڵەکانی ئۆندەر بۆ ئاشتی و چارەسەری و پێکەوەژیان جێگەی خۆی لە دڵ و یادەوەری خەڵکیدا گرتووە فەرماندەی گشتیی هەسەدە وتیشى: پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و دۆستان و دەم پارتی دەکەین. ئەمڕۆ شه‌ممه‌، 3ـی ئایاری 2025، مێدیاكانی توركیا بڵاویان كرده‌وه‌، سری سوره‌یا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵییشە، له‌ ته‌مه‌نی 63 ساڵی كۆچی دوایی كرد. هاوكات نه‌خۆشخانه‌ی فلۆرێنس لە ئیستانبوڵ، كه‌ لێی خه‌وێندرابوو، ڕایگەیاندراوێکی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووە، ئۆندەر، ئەمڕۆ کاتژمێر 16:10 بەهۆی لەکارکەوتنی چەندین ئەندامی جەستەی گیانی سپارد. ئۆندەر لە 15 نیسانی ئەمساڵدا، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بەپەلە گەیاندرایە نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بۆ کرا. بۆ ماوەی 18 ڕۆژ لەژێر چاودێری پزیشکیدا بوو.

بەبۆنەی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: لەدەستدانی ئۆندەر لەم کاتە هەستیارەدا، کە پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردووە، خەسارەتێکی گەورەیە لە خودی پرۆسەکە بەتایبەتی و لە خەباتی رەوای دۆزی گەلى کورد لە تورکیا و باکورى کوردستان لەپەیامەکەدا هاتووە بەخەم و پەژارەیەکی قوڵەوە، هەواڵی گیانلەدەستدانی سیاسەتمەدار و هونەرمەند و پەرلەمانتاری تێکۆشەر سری سورەیا ئۆندەرمان بیست. هەروەها دەشڵێت لەدەستدانی ئۆندەر لەم کاتە هەستیارەدا، کە پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردووە، خەسارەتێکی گەورەیە لە خودی پرۆسەکە بەتایبەتی و لە خەباتی رەوای دۆزی گەلى کورد لە تورکیا و باکورى کوردستان. دەقى پەیامەکە.. بەخەم و پەژارەیەکی قوڵەوە، هەواڵی گیانلەدەستدانی سیاسەتمەدار و هونەرمەند و پەرلەمانتاری تێکۆشەر سری سورەیا ئۆندەرمان بیست. لەدەستدانی ئۆندەر لەم کاتە هەستیارەدا، کە پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردووە، خەسارەتێکی گەورەیە لە خودی پرۆسەکە بەتایبەتی و لە خەباتی رەوای دۆزی گەلى کورد لە تورکیا و باکورى کوردستان. کۆچى دوایی ئۆندەر هەڵقوڵاوی ئەو حەقیقەتە مێژوویی و بەرجەستەکراوەیە کە بەرێزیان لەژیانیدا پێی دەناسرایەوە، بەوەی کە کەسایەتییەکی ئاشتیخواز، عەدالەتگەر و دڵسۆز بەگەلی کورد و تورکیش بوو. خەباتی ئەو لەسەر بنەمای دیموکراسی، چەسپاندنی مافی گەلان، رێزگرتن لە ئیرادە و شکۆی مرۆڤ بونیادنرابوو، هەر بۆیە لەژیانیدا دووچاری تەنگژە و چەرمەسەری و گرتن و زیندانیکردن بویەوە. لەم بۆنە ماتەمەدا، وێرای ناردنی پەیامی سەرخۆشی خۆم بۆ خێزان و خانەوادە و هاوڕێباز و تەواوی گەلەکەمان، لە هەمانکاتدا داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەم کە ئەم رووداوە نەک هەنگاوەکانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لاواز نەکات، بەڵکو مەرگی سری سورەیا ئۆندەر وەک پاڵەوانی ئاشتی بکاتە هەوێنی چەسپاندنی ئارامی و ئاشتییەکی سەرکەوتووی رەگداکووتاو بەئامانجی حەسانەوەی گەلانی کورد و تورک لەناوچەکە. لاهور شێخ جەنگی

عەبدوڵا ئ.ۆج.ەلان رایگەیاند، بە کۆچی دوایی سڕی سوورەیا ئۆندەر ئەنادۆڵ و تورکمانەکان رۆڵەیەکی مەزنیان لەدەستدا، ئەو کەسێکی زۆر بەنرخ بوو، ڕۆڵەیەکی ڕاستەقینەی گەل بوو. دەقی پەیامەکەی ئ.ۆج.ەلان کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەری ئازیزمان خەمێکی قوڵی لە دڵماندا چاند. ئەو کەسێکی زۆر بەنرخ بوو، ڕۆڵەیەکی ڕاستەقینەی گەل بوو.  نەریتی ئەنادۆڵ و تورکمان ڕۆڵەیەکی گەورەی لەدەستدا، هەموو پێکهاتەکان و گەلانی جوگرافیاکەمان هەڤاڵێکی گەورەیان لەدەستدا.  ڕێزێکی زۆرم بۆ یادەوەرییەکەی هەیە، کۆشش و ماندووبوونێکی لەبیرنەکراوی هەبوو بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە.  شارەزایییەکی وەستایانە هەبوو لە گۆڕینی هەموو نەرێنییەکان بۆ ئەرێنی. شوناسێکی ڕاستەقینەی ئاشتی و کولتووری ئاشتی بوو. ئەو زۆر باش دەیزانی کە ئاشتی و پرۆسەی ئاشتی سوودی بۆ هەموومان دەبێت و ئەمەش حەسرەتی گەورەی ئەو بوو.  ئەم هیوایە هەرگیز ناتوانرێت بە تەواونەکراوی بمێنێتەوە. ئەوەی بۆ هەموومان گرنگە، هەڵگرتنی ئەم ڕۆحە بەرەو ئاشتی و تاجی لە سەر ناوی سری سورەیە ئۆندەر. جارێکی تر پەرۆشی هەمیشەیی خۆم بۆ یادەوەری تۆ دەرئەبڕم. پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵە بەنرخەکەی و دۆستان و ئازیزان و هەموو گەلەکەمان دەکەم.  پرسە و سەرەخۆشیم بۆ هەموو لایەک. عەبدوڵڵا ئ.ۆج.ەلان  ٣ی ئایاری ٢٠٢٥

نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی سری سورەییا بڵاوکردەوە و دەڵێت، نموونه‌یه‌کی باڵای ئاشتیخوازی و مرۆڤپه‌روه‌ریی نیشان دا و‌ جێی رێز و پێزانینی هه‌مووان بوو. ئەمڕۆ شەممە، 03-05-2025، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی کە هاوکات شاندی دەم پارتی بوو بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی، کۆچی دواییکرد. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "سه‌ره‌خۆشیی قووڵ" لە خێزان، که‌سوکار، هاوڕێیانی سری سورەییا و ده‌م پارتی دەکات و دەڵێت، "هاوسۆز و هاوخه‌میانم". لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "خوالێخۆشبوو ئۆنده‌ر چ وه‌ک یاریده‌ده‌ری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی تورکیا و چ وه‌ک ئه‌ندامی شاندی ئیمرالی، به‌ رۆڵ و هه‌وڵ و تێکۆشانی له‌پێناو سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ئاشتیدا له‌ تورکیا، به‌ بیر و کرده‌وه‌ و کارکردنی دڵسۆزانه‌ی له‌پێناو ئاشتی و برایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌دا هەروەها دەشڵێت: نموونه‌یه‌کی باڵای ئاشتیخوازی و مرۆڤپه‌روه‌ریی نیشان دا که‌ جێی رێز و پێزانینی هه‌مووان بوو. دەقی پەیامی هاوخەمیی نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەر:   به‌ داخه‌وه‌ هه‌واڵی کۆچی دواییی سیاسه‌تمه‌داری ناوداری تورکیا خوالێخۆشبوو سڕی سوره‌ییا ئۆنده‌رم بیست. سه‌ره‌خۆشیی قووڵم پێشکه‌ش به‌ خێزان و که‌سوکار و هاوڕێیانی و ده‌م پارتی ده‌که‌م، هاوسۆز و هاوخه‌میانم. له‌ خوای مه‌زن داواکارم گیانی به‌ به‌زه‌یی و میهربانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنه‌وایی به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت.   خوالێخۆشبوو ئۆنده‌ر چ وه‌ک یاریده‌ده‌ری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی تورکیا و چ وه‌ک ئه‌ندامی شاندی ئیمرالی، به‌ رۆڵ و هه‌وڵ و تێکۆشانی له‌پێناو سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ئاشتیدا له‌ تورکیا، به‌ بیر و کرده‌وه‌ و کارکردنی دڵسۆزانه‌ی له‌پێناو ئاشتی و برایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌دا، نموونه‌یه‌کی باڵای ئاشتیخوازی و مرۆڤپه‌روه‌ریی نیشان دا که‌ جێی رێز و پێزانینی هه‌مووان بوو. بۆیه‌ هه‌میشه‌ یادی ئەو له‌ ویژدانی هه‌موو ئه‌وانه‌دا که‌ بڕوایان به‌ ئاشتییه‌، به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌.   نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ٢٠٢٥/٥/٣