فهرید ئهسهسهرد: بهپێى رێککهوتنى 16 ساڵهمان لهگهڵ پارتى پۆستى سهرۆک کۆمار ههر بۆ یهكێتیه
هاوڵاتی سكرتێری ئهنجومهنی سهركردایهتی یهكێتی رایگهیاند:" پۆستی سهرۆك كۆماری عیراق ههردهبێت بۆ كورد بێت، بۆچوونی ئێمهش ئهوهیه كه ئهو پۆسته ههر دهبێت بۆ یهكێتی بێت، چونكه ئێمه رێككهوتنیشمان لهگهڵ پارتی ههیه نزیكهی 16 ساڵه لهسهری رۆیشتووین". فهرید ئهسهسهرد، سكرتێری ئهنجومهنی سهركردایهتی یهكێتی رایگهیاند: "پۆستی سهرۆك كۆماری عیراق ههردهبێت بۆ كورد بێت، بۆچوونی ئێمهش ئهوهیه كه ئهو پۆسته ههر دهبێت بۆ یهكێتی بێت، چونكه ئێمه رێككهوتنیشمان لهگهڵ پارتی ههیه نزیكهی 16 ساڵه لهسهری رۆیشتووین، بۆیه له ههلومهرجی وادا گۆڕینی رێككهوتنهكان كێشهی لێدهكهوێتهوه". وتیشی: "ئێمه به دوو شێوه گهیشتووین به پۆستی سهرۆك كۆمار، یهكێكیان به رێككهوتن بوو لهسهردهمی مام جهلال و یهكێكیشیان به ههڵبژاردن و كێبڕكێ، بۆیه ئێمه ئامادهین به ههڵبژاردن و كێبڕكێ بڕۆین بۆ وهرگرتنی پۆستهكه و دڵنیاشین پۆستی سهرۆك كۆمار ههر بۆ ئێمه دهبێت". ئهم لێدوانهی فهرید ئهسهسهر دوای ئهوه دێت كه له دوای راگهیاندنی ئهنجامه بهراییهكانی ههڵبژاردنهكانی ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراق، پارتی دیموكراتی كوردستان 33 كورسی پهرلهمانی به دهستهێنا، له بهرانبهردا یهكێتی 16 كورسی به دهستهێناوه، ئهمهش وایكردووه پارتی چاوی لهو پۆسته بێت كه زیاتر له 16 ساڵه به دهست یهكێتی نیشتمانی كوردستانهوهیه.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: " ئێران جیددییە لە گەڕانەوە بۆ پابەندبوونەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی. ئەگەر هەموو لایەک بەردەوامی بە پابەندبوونی خۆیان بدەن، بێگومان ئێمەش هەمان شت دەکەین". حوسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "لانیکەم بەڕێز بایدن بۆ پیشاندانی نیازپاکیی بچووکی خۆی، دەتوانێت 10 ملیار دۆلار بلۆک لەسەر سەرچاوە و پارەی ئێران هەڵبگرێت. ئێران جیددییە لە گەڕانەوە بۆ پابەندبوونەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی. ئەگەر هەموو لایەک بەردەوامی بە پابەندبوونی خۆیان بدەن، بێگومان ئێمەش هەمان شت دەکەین". لە هەمان کاتدا، دەکرێت مانگی داهاتوو "دەستەی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم" کۆببنەوە. ئەو دەستەیە لە 35 ئەندام پێکدێت و تاوەکو ئێستا سەرکۆنەی هەڵوێستی ئێرانی نەکردووە لە بەرامبەر رێگەنەدان بە چاودێرەکانی ئاژانسەکە بۆ سەردانکردنی چەند بنکەیەکی ئەتۆمی. لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا ئێران رێگەی نەدا پشکنەرانی ئاژانسەکە سەردانی بنکەی ئەتۆمیی کەرەج بکەن کە دەیانویست میمۆریی کامێراکانی چاودێریی ئەو بنکەیە بگۆڕن. وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، ئەوەی ئێران لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا کردوویەتی، یارمەتیدەر نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەگەر ئێران هەڵوێستێکی راستەقینەی هەیە، ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی پێمان وابێت دەتوانین بگەینە رێککەوتن لەسەر گەڕانەوە بۆ پابەندبوونی هەردوولامان. رێگەی بەردەممان تاوەکو دێت کورتتر دەبێتەوە. ئێمە زۆر بە وردی چاودێریی قسە و هەڵوێستی ئێرانیش دەکەین و ئەگەر بێتو ئێران هەڵسوکەوتی نەگۆڕێت، ئامادەین بژاردەی دیکە بگرینەبەر". راگەیاندنی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەلایەن ئێرانەوە لە کاتێکدایە، پێش چەند رۆژێک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران هۆشداریی دایە ئێران کە دەبێت هەنگاوەکانی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی پێچەوانە بکاتەوە، بەڵام گوتیشی ئیدارەی بایدن پێی باشترە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئەو پرسە چارەسەر بکات. حوزەیرانی ئەمساڵ، دوای شەش گەڕی دانوستاندن، کۆبوونەوەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤییەننا چەقیان بەست، ئەوەش دوای ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی وەکو سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا.
هاوڵاتی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "پەیامی ئێمە بۆ سوپای سودان تووند و روونە؛ پێویستە رێگە بدرێت خەڵکی سوودان بەشێوەیەکی ئاشتییانە خۆپیشاندان بکەن؛ پێویستە حکومەتی راگوزەر کە لە لایەن کەسانی سڤیلەوە بەڕێوەبردرێت، دەست بە کارەکانی بکاتەوە". جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی وەکو "نسکۆیەکی ترسناک" بۆ سوودان باسکردووە، کە وڵاتە هەژارنشینەکەی ئەفریقا تێیکەوتووە. بایدن رایدەگەیێنێت کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی خەڵکی سوودان و ئامانجەکانی شۆڕشی سوودان و دەشڵێت "ئازادی، یەکسانی، حکومەتێک لەژێر سەروەری یاسادا و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ" دەبێت ببنە کۆڵەکەی دامەزراندنی داهاتووی ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە سوودان. بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 25-10-2021 سوپای سوودان کودەتای بەسەر حکومەتی راگوزەردا کرد و لانیکەم 5 وەزیر و بەرپرسی باڵای وڵاتەکەی دەستگیرکرد، عەبدوڵڵا حەمدۆکی سەرۆکوەزیرانیشی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرکرد. عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی ئەنجوومەنی راگوزەریی سوودان و ئەندازیاری کودەتا سەربازییەکە له کۆنگرهیهکى رۆژنامهوانیدا باری نائاسایی راگەیاند، حکومەتی هەڵوەشاندەوە و گوتی، حکومەتێکی کاتی تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو پێکدەهێنن. رۆژی چوارشەممە 27-10-2021 لە راگەیێندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەبدوڵڵا حەمدۆک کردووە و داوای لە هێزە چەکدارەکانی سوودان کرد هەموو سەرکردە سڤیلەکان ئازادبکرێن.
هاوڵاتی سەرۆک کۆماری تورکیا سکاڵای دژی سەرۆکی جەهەپە تۆمارکرد لهسهر ئهوهى ئەردۆغانی بە "کوشتاری سیاسی و هاندان بۆ رق و کینە و نانەوەی پشێوی" ناوبرد. کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رۆژی 26-10-2021 وتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی بە "کوشتاری سیاسی و هاندان بۆ رق و کینە و نانەوەی پشێوی" ناوبرد. ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 لە بەرامبەردا، لەسەر داوای ئەردۆغان، سکاڵا دژی کڵچدارئۆغڵو تۆمارکرا و پارێزەرەکەی، سکاڵانامەکەی پێشکێشی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کۆماریی ئەنقەرە کرد، تێیدا داوای لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی وتە لە کڵچدارئۆغڵو دەکات. له سكاڵانامهكهی ئهردۆغاندا ئاماژه بهوه دراوه، به درێژایی ژیانی سیاسیی ئهردۆغان كه نزیك دهبێتهوه له 50 ساڵ، به هیچ جۆرێك لهگهڵ پهنابردنه بهر تووندوتیژی نهبووه و ههمیشه سیاسهتێكی ئاشتیخوازانه و دیموكراتییانهی گرتووهتهبهر. ئاماژه بهوهش دراوه، بە مەبەست چهند رستهیهك لهنێو گوتارهكانی ئهردۆغان دهرهێندراون و ئامانجەکەش چەواشەکارییە. رهجهب تهیب ئهردۆغان ساڵی 2014 به سهرۆككۆماری توركیا ههڵبژێردرا و دواتریش ماددەی 299 له یاسای ژماره 5237ی تایبهت به یاسای سزاكانی توركیا هەموارکرایەوە. بهگوێرهی بڕگهكانی ئهو ماددهیه، ههر كهسێك سووكایهتی به سهرۆككۆماری تورکیا بكات، له ساڵێك بۆ چوار ساڵ سزای زیندانیكردنی بهسهردا دهسهپێندرێت؛ سزای ئهو كهسانهش پارێزبهندییان ههیه بە قەرەبووی دارایی دەبێت. بهگوێرهی ئاماری وهزارهتی دادی توركیا، له ساڵی 2014دا 40 كهس، له ساڵی 2015دا 238 كهس، له ساڵی 2016دا 884 كهس، له ساڵی 2017دا دوو ههزار و 99 كهس، له ساڵی 2018دا دوو ههزار و 462 كهس و له ساڵی 2019یشدا سێ ههزار و 831 كهس به یهك بۆ چوار ساڵ بهندكردن سزادراون. بهمهش له سهردهمی سهرۆكایهتیی ئهردۆغاندا نۆ ههزار و 554 كهس تهنیا به تۆمهتی سووكایهتیكردن به سهرۆككۆمار خراونهته زیندانهوه.
هاوڵاتی سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی و بەربژێری سەرکەوتووی ئەو پارتە لە پارێزگای کەرکووک رایگەیاند:" "لەسەر بنەمای رێککەوتنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەولێر، من خۆم رێگەم نەداوە و نادەم پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی و بەربژێری سەرکەوتووی ئەو پارتە لە پارێزگای کەرکووک لە پۆستێکیدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، "لەسەر بنەمای رێککەوتنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەولێر، من خۆم رێگەم نەداوە و نادەم پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک". ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی دەشڵێت، "ئەوەی سەرساممان دەکات بێدەنگیی سیاسەتمەداران و حیزبە تورکمانییەکانە". رۆژی سێشەممە 26-10-2021 شاندی باڵای هاوئاهەنگی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکانی عێراقی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کۆبوونەوە و باسیان لە دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کرد. بەپێی راگەیێندراوێکی سەنتەری میدیا و زانیاریی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بەڕێوەچوو، باس لە دوایین هەنگاوەکانی دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کرا. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، ئەرکی ئەو دوو لیوایە تایبەت دەبێت بە پڕکردنەوە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان. هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەڕێوەچوونی کارەکانی بنکەکانی هاوئاهەنگیی هاوبەش لەنێوان هەردوولا کرا.
هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بەمەبەستی چارەسەری کێشەی کەمیی سووتەمەنی، بڕیار درا لەسەر بەخشینی مۆڵەت بەو کۆمپانیایانەی کە دەتوانن بەنزین هاوردەی ھەرێمی کوردستان بکەن "بە پێی مەرج و رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان." ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لەو کۆمپانیایانە دەکات کە خوازیاری ھاوردەکردنی بەنزینن، داواکاریی خۆیان پێشکەش بە وەزارەتەکە بکەن. بەخشینی مۆڵەتەکە وەکو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی پێکردووە، "لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان" بووە. ئێستا گرفتی سووتەمەنی لە بەشێکی وڵاتانی جیهان سەریهەڵداوە، بەشێکی زۆریشی پەیوەندی بە گرانبوونی نرخی نەوتەوە هەیە کە ئێستا هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە زیاتر لە 83 دۆلارە. حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ماوەی رابردوودا لە هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە یەک ملیۆن لیتر بەنزین لە بەغداوە دەگاتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەش دەکرێت و بە 690 دینار دەدرێتە شۆفێران. حکومەت ئاماژەی بەوە کردووە، درێخی نەکردووە و هاووڵاتییانی دڵنیا دەکاتەوە کە "هەموو هەوڵێکی داوە و بەردەوامە لە چارەسەرکردنی ئەم گرفتە." رۆژی یەکشەممە، 24-10-2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "هەموو دەزگاکانی راسپاردووە کە دەبێت نرخی بەنزین و سووتەمەنی دابەزێت." پارێزگاری هەولێر گوتیشی "نرخی بەنزین دادەبەزێت و هەوڵەکانی حکومەت بەردەوامن" بۆ ئەو مەبەستە.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند:" حکومەتەکانی ئەمریکا و روسیا بەڵێنیان دا شەڕڤانان لانیکەم 30 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دووربخەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو دوو وڵاتە بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردوون و وتیشی، "لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا، دەبێت ئەو کارە بکەین کە لەسەرمان پێویستە". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە کەناڵی "سی ئێن ئێن تورک"ی راگەیاند، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2019دا و دوای ئەوەی سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆسەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا، حکومەتەکانی ئەمریکا و رووسیا بەڵێنیان دا شەڕڤانان لانیکەم 30 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دووربخەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو دوو وڵاتە بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردوون و گوتیشی، "لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا، دەبێت ئەو کارە بکەین کە لەسەرمان پێویستە". وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوایین سەردانیدا بۆ سۆچی ئەو بابەتەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا باس کردووە و لە رۆژانی داهاتووشدا کە لەگەڵ جۆ بایدن کۆدەبێتەوە، هەمان بابەتی لەگەڵ تاووتوێ دەکات. بە وتەی مەولوود چاوشئۆغلو، ماوەیەکە شەڕڤانان هێرشەکانیان بۆسەر تورکیا و بەرژەوەندییەکانی زیادکردووە و "پەکەکە و یەپەگە مەترسین بۆ هەموولایەک"، ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا رێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگرێت. وتەکانی چاوشئۆغلو لە کاتێکدان، ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی دیکەی سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بووەتە بابەتێکی گەرمی تورکیا. سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە کانوونی دووەمی 2018دا هێرشیان کردە سەر عەفرین و دوای نزیکەی دوو مانگ لە شەڕ و پێکدادان، هەرێمەکەی رۆژئاوای کوردستانیان کۆنترۆڵ کرد. ئەو هێزانە لە تشرینی یەکەمی 2019شدا هێرشیان کردە سەر سەرێ کانی و گرێ سپی و کۆنترۆڵیان کردن.
هاوڵاتی مستەفا کازمی رایگەیاند:" 10 ملیۆن دینار بدرێتە کەسوکاری کوژراوەکان و ملیۆنێک دیناریش بدرێتە هەر خێزانێکی ئاوارە، لەگەڵ پێدانی بڕە پارەیەکی دیکە دوای ئەوەی دەگەڕێنەوە". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی و سەربازی کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی دۆخی ئەمنیی پارێزگای دیالە و قسەکردن لەبارەی کاری لیژنەی ئەمنیی پێکهێندراو لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە کە رەوانەی پارێزگاکە کراوە. سەرۆکوەزیران رایگەیاند، هێزەکانی عێراق وەڵامی خێرایان دەبێت و داوای لە سەرجەم لایەنەکانیش کرد ژیانی تاڵی هاووڵاتییان نەقۆزنەوە لەپێناو هەندێک دەستکەوتدا و گوتی، پێویستە لایەنەکان لەپێناو شکستپێهێنانی تیرۆر پێکەوەبن. هەر لە کۆبوونەوەکەدا کازمی ژمارەیەک راسپاردەی دایە فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکانی پارێزگای دیالە، ئەوەش بە مەبەستی بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری و لەنێوبردنی پاشماوەکانی داعش. هەروەها داوایکرد، بواری هەواڵگری چالاکتر بکرێت و گوتیشی، پێویستە رێگە نەدرێت کار بۆ قووڵکردنەوەی جیاوازییە تائیفییەکان بکرێت. هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانەی سەردانەکەیاندا بۆ پارێزگای دیالە و قەزای شارەبان، وەزیرانی ناوخۆ و کۆچ و کۆچبەران و راوێژکاری کاری ئاسایشی نیشتمانی، سەردانی کەسوکاری قوربانییەکانیان کرد، هەروەها لە نەخۆشخانە سەردانی بریندارەکانیان کرد و لە نزیکەوە لە دۆخی تەندروستییان پرسی. بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، دوێنێ 227 خێزان لە دوو گوندی میساق و نەهرل ئیمام لە سنووری شارەبان ئاوارە بوون و ئەوانیش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی کاتی دەگوازرێنەوە کامپی خانەقین تاوەکو ئاسایشی گوندەکان سەقامگیر دەبێت. ئیڤان فایەق راشیگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە 10 ملیۆن دینار بدرێتە کەسوکاری کوژراوەکان و ملیۆنێک دیناریش بدرێتە هەر خێزانێکی ئاوارە، لەگەڵ پێدانی بڕە پارەیەکی دیکە دوای ئەوەی دەگەڕێنەوە. شەوی سێشەممە 26-10-2021، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر گوندی رەشاد لە قەزای شارەبانی سەر بە پارێزگای دیالە، کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا بە دووریی 90 کیلۆمەتر. شەوی رابردوو، داعش لە رێگەی کەناڵەکانی تێلێگرامەوە، لەبارەی هێرشەکەی شارەبانەوە بڵاویکردەوە: دوای ئەوەی شەش کەسی "رافزی"یان لە نزیک زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی رەشاد لە ناوچەی میقدادیە بە دیل گرتوون، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، هەر شەشیان کوشتوون. داعش هەروەها دەڵێت، چەکدارەکانیان بۆسەیان بۆ ئەو هێزانە داناوە کە بە هانای ئەو شەش کەسەوە چوون و دوای گەیشتنی دوو ئۆتۆمبێل کە 10 کەسی تێدابووە، "موجاهیدان" بە چەک رووبەڕوویان بوونەوە و هەموویان کوشتن و ئۆتۆمبێلەکانیان تێکدان.
هاوڵاتی ئهنجوومهنی سهركردایهتی یهكگرتوو رایگەیاند:" خهبات و بهرگریكردن له مافه رهواكانی گهلهكهمان به ئهركی خۆمان دهزانین و نایبهستینهوه به بهشداربوون و وهرگرتنی شایستهی ههڵبژاردنی حزبی خۆی له حكومهتى ناوهند". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 ئهنجوومهنی سهركردایهتی یهكگرتوو كۆبوونهوهی ئاسایی کرد، لهبارهی پرسی پێكهێنانی كابینهی داهاتووی حكومهتی ناوهندی له بهغدا بڕیاریانداوە بە بەشدارینەکردن، هاوكات رایانگەیاندووە، "خهبات و بهرگریكردن له مافه رهواكانی گهلهكهمان به ئهركی خۆمان دهزانین و نایبهستینهوه به بهشداربوون و وهرگرتنی شایستهی ههڵبژاردنی حزبی خۆی له حكومهتى ناوهند". هەر لەو کۆبوونەوەیەدا لەبارەی گرانبوونی پێداویستییەکانی خەڵک قسە کراوە و "جەخت لهسهر ئهرك و بهرپرسیارێتیی حكومهتی ههرێمی کوردستان له بهرانبهر گرانبوونی بێ سنووری نرخی پێداویستییه بنهڕهتییهكانی هاووڵاتییان "، هەروەها یەکگرتوو پشتیوانیی خۆی بۆ مامۆستایانی وانهبێژ و فهرمانبهرانی گرێبهست دەربڕیوە و داوایكردووە "ههرچی زووتره حكومهتی ههرێم داوا رهواكانیان بۆ دامهزراندن جێبهجێ بكات". له تهوهرێكی دیکەی كۆبوونهوهکەدا ئهگهر و پێشهاتهكانی دوای ههڵبژاردنهكان تاووتوێ کراوە و جهخ لەسەر "سیاسهتی نهگۆڕ و مهبدهئی یهكگرتوو کراوەتەوە، كه داكۆكیكارێكی بههێزی پارێزگاریكردنه له پێگهی سیاسیی ههرێمی کوردستان و بهرژهوهندییه باڵاكانی گهلی كوردستان، ههروهك گهڕاندنهوهی كهركووک و ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمیش بۆسهر ههرێمی كوردستان به ئهركێكی نیشتمانی و نهتهوهیی دهزانێت، نوێنهرهكانیشی له بهغدا بهردهوام لهو بوارهدا پێشهنگ بوون و بهرگریكارێكی بوێر و دڵسۆزی مافه دهستوورییهكانی گهلهكهمان بوون، له ئێستا و ئاییندهشدا درێژهپێدهری ههمان رێباز و سیاسهتی نهگۆڕی یهكگرتوو دهبن". ئهنجوومهنی سهركردایهتیی یهكگرتوو لەبارەی ئەو دەنگدەرانەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، دەڵێت، "بەهۆی تووڕەیی و ناڕەزاییان بەرامبەر سیاسەتە نادروستەکانی لایەنەکانی دەسەڵات [بووە]". رۆژی 10-10-2021 لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەچوو، دەنگدەران دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی 329 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. چوار بەربژێری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان توانییان سەرکەوتن بۆ ئەنجوومەنەکە بەدەستبهێنن.
هاوڵاتی سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند:" خواستى هەرێمى کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەنگاریا دووپاتکردەوە". نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازیى لە ئاتیلا تۆس کۆنسوڵى گشتی هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان کرد و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد. لە دیدارێکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینى بۆ هەنگاریا دەربڕى بۆ پشتگیریکردنى لە هەرێمى کوردستان و عێراق لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعشدا، هەروەها بۆ هاوکاریی مرۆیى کە پێشکێش بە ئاوارە و پەنابەرانیان کردووە. نێچیرڤان بارزانی خواستى هەرێمى کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەنگاریا دووپاتکردەوە و کۆنسوڵی گشتیى هەنگاریاش خۆشحاڵیى خۆى بە دەستبەکاربوونى نیشاندا و جەختى لەوە کردەوە کە "وڵاتەکەى پابەندە بە برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان، بەتایبەتى لە بوارى ئابووریدا، بۆ ئەو مەبەستەش بەدواى دەرفەتى زیاترى هاریکارى و هاوبەشیدا دەگەڕێن". هەڵبژاردنەکانى عێراق، پێشبینییەکان بۆ داهاتووى پرۆسەى سیاسى و دامەزراندنى حکومەتى عێراق و شەڕى دژى تیرۆر تەوەری دیکەى دیدارەکە بوون.
هاوڵاتی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند:" رازینەبوونی وەفدی حکومەت بۆ پێداچوونەوە بە دەستوری سوریا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستهێنانی گفتوگۆکانی هەفتەی رابردوو". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند:"رازینەبوونی وەفدی حکومەت بۆ پێداچوونەوە بە دەستوری سوریا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستهێنانی گفتوگۆکانی هەفتەی رابردوو". پیدەرسن دەشڵێت:" وەفدی حکومەت 18ی ئەم مانگە دەقێکی دەستورییان پێشکێشکرد لەسەر سەروەری و سەربەخۆیی سوریا، هەروەها وەفدی ئۆپۆزسیۆن 19ی مانگ دەقێکیان لەسەر هێزە چەکدارەکان، دامەزراوەکانی ئاسایش و هەواڵگریی پێشکێشکرد، هەروەها گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەقێکیان لەسەر سەروەری یاسا لە 20ی مانگ پێشكێشکرد. رۆژی دواتر، وەفدی حکومەت دەقێکی دیکەیان لەسەر تیرۆر خستەڕوو. پیدەرسن ئاماژە بەوە دەکات سەرۆکی وەفدەکانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن لە کۆبوونەوەیەکدا لە 22ی مانگ، لەسەر چۆنیەتی بەردەوامیدان بە پڕۆسەی ئامادەکردنی دەستوور بۆ پێشەوە رێکنەکەوتن. نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا باس لەوە دەکات، شاندی حکومەت رایگەیاندووە ئەوان هیچ خاڵێکی هاوبەش لەو دەقانەدا نابینن کە ئۆپۆزیسیۆن و گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێشکێشیان کردبوون. بەڵام ئۆپۆزسیۆن و گرووپەکان ژمارەیەک گۆڕانکارییان لە دەقەکانیاندا کرد بۆ ئەوەی خاڵی هاوبەش لەگەڵ حکومەت دروست بکەن. لە کۆتاییدا، لیژنە 45 ئەندامییەکە نەیتوانی لەسەر ئەوە رێکبکەون، کە چۆن گفتوگۆی دیکە بکەن و دەست بە پڕۆسەی نووسینەوەی رەشنووسی دەستوور بکەن.
شاناز حەسەن ماوەی زیاتر لەمانگێكە نرخی شمەك و كاڵاكان بەتایبەت بەرهەمە خۆراكییەكان بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی هۆكارەكەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و هۆیەكانی گواستنەوە دەگەڕێننەوە. مەحمود خدر، پیاوێكی 46 ساڵانە خێزانێكی هەشت كەسی هەیە، باس لەوە دەكات نرخی هەموو پێداویستیەكان زۆر بەرزبووەتەوەو وتی:» بووەتە بارگرانییەكی زۆر بۆمان، بەشێوەیەك ناتوانین وەك پێویست بەرهەمە خۆراكییەكان بكڕین». ئەم پیاوە كاری كرێكاریەو لەكاتی سەردانی بۆ ماركێت لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» وامان لێهاتووە تەنیا دەبێت رۆژانە ئەو بەرهەم و پێویستیانە بكڕین كە زۆر پێویستن و ناچارین، تا بتوانین بژێویی ماڵ و منداڵمان دەربكەین». سامان بەكر، خاوەنی ماركێتی لاز لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نرخی هەموو شتومەك بەتایبەت وشكە زۆر گران بووە، بەشێوەیەك هەر كلیۆیەك لەبەرهەمە وشكەكان هەزار بۆ سێ هەزار دیناری چووەتەسەر». ئەم خاوەن ماركێتە باسی لەوەشكرد كە لەماوەی رابردوو فەردەیەك ئارد بە 32 هەزار بوو، ئێستا بووەتە 39 هەزار، یاخود برنج بەگشتی پێنج هەزار دیناری چووەتەسەر بۆ هەر 25 كیلۆیەك. سەربەست عوسمان، بازرگانی هاوردەكردنی بەرهەمە خۆراكییەكانە لەناو شاری سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەموو ئەو بەرهەمانەی كە ئێمە دەیانهێنینە هەرێمەوە بەڕێژەی لەسەدا 20 بۆ 30 نرخیان بەرزبووەتەوە». ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە:» بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارو نرخی نەوتی خاو دووبارە كاریگەریی لەسەر زیادبوونی نرخەكان هەبووە». ئەو بازرگانە پێشیوابوو كە بەرهەمە رۆژانەییەكان و خواردەمەنییەكان نرخیان زۆر بەرزبووەتەوە. بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات كەنرخی گواستنەوەو بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بەدینار نرخی كاڵاو شمەكی بەرزكردووەتەوە. سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەموو كاڵایەك بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە هەر لەو كاتەوە بەڕێژەی لەسەدا 18% بۆ لەسەدا 20% نرخی بەرزبووەوە». هەروەها ناوبراو وتیشی:» ئێستاش بەهۆی ئەوەی نرخی خۆراك لەجیهاندا بەڕێژەی لەسەدا 32% بەرزبووەتەوەو نرخی گواستنەوەش بەهۆی گرانی سووتەمەنیەوە زیادی كردووە، بۆیە بەكۆی گشتی نرخی هەموو خۆراكەكان بەرزبووەتەوە». سۆران عەبدولغەفور ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:»وشەكەساڵیش زۆر كاریگەری هەبووە و وایكردووە بەرهەمە وشكەكان بەتایبەت كەمببنەوەو نرخەكانیان گرانبێت». هاوكات، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان كەمی خۆراك و بەرهەمەكانیان نیە. بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی نموونەی هەندیك كاڵاو شمەكی هێنایەوە كەنرخەكانی زۆر بەرزبووەتەوەو كرێی گواستنەوەش لەگەڵیدا بەرزبووەوە بەڕێژەیەكی زۆر بەرچاو. * ئارد فەردەیەك لە 32 هەزار دینار بووەتە 39 هەزار * نۆكی مەكسیكی هەر تۆنێك 400 دۆلاری زیاد كردووە * زەیت و رۆن هەر تۆنێك 500 دۆلار زیادی كردووە واتە زەیتێك بەهەزارو 250 دینار بوو، ئێستا نرخەكەی دوو هەزار دینارە.
سازدانی: ئارا ئیبراهیم توێژەر و رۆژنامەنووسێك كە شارەزای كاروباری عێراقە دەڵێت:» لەشەڕی دوو باڵی سەربازی و لەشەڕی دوو باڵی شیعی كە كامیان نوێنەرایەتی شیعە دەكەن نە كورد نە سوننە ناتوانن شیعەیەك بكەن بەزۆرینە و نوێنەری شیعە». یاسین تەها، توێژەرو رۆژنامەنووس لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی، دەشڵێت:» كورد دەتوانێت لەسەر بەرنامەیەك رێكبكەوێت بۆ حكومەتی نوێی عێراق كەقابیلی جێبەجێ كردن بێت لەماوەی چوار ساڵی حكومڕانیدا ئەوە نەبێت دروشم و خەیاڵ بێت و نەتوانرێت جێبەجێ بكرێت». هەروەها ناوبراو ئەوەش دەخاتەڕوو كە مالكی خۆی دەزانێت كە ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام ئەوە وەك وەرەقەی زەخت و بەرزكردنەوەی سەقفی داواكاریەكانیەتی، كاتێك خەڵك دەڵێت سەرۆك وەزیران لەجەماعەتی سەدر بێت ئەویش دەڵێت دەبێت مالكی بێت. هاوڵاتی: ئەو لێكەوتانەی لەدوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دروست بووە، بەبڕوای بەڕێزتان هۆكارەكەی چییە؟ یاسین تەها: ئەو لێكەوتانەی دروست بووە دوای دەرئەنجامەكەی هۆكارەكەی چاوەڕوان كراوە لەبەرئەوەی كە خۆی ئەساسەن هەڵبژاردن كراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەیەك كە خەڵك داوای كردووە ئەم سیستم و حكومەتە بگۆڕێت، رۆشتوون بۆ هەڵبژاردن كۆمەڵێك هێز كە ناڕازین لەگەڵ كۆمەڵێك هێز كە سەر بەدەسەڵاتن بەشدارییان تێدا كردووە و خاوەنی چەكن. ئەو ناكۆكیانەی كە هەیە كۆنەو رەگەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زۆر شت، بەڵام لەماوەی رابردوو هەندێ گرفتی دیكە دروستبووە یەكێك لەوانە چەكێكی زۆری بەرەڵا دەست ئەم گروپە شیعیانە كەوتووە لەشەڕی داعش و لەسەرچاوەی جیاجیاوە كە باڵی چەكداری بەهێز هەیە. دووەم خاڵ ئەوەیە كە عێراق دەوڵەتێكی مەركەزی بەهێزی نییە كە كۆنترۆڵی ئیقاعی ناكۆكییەكان بكات، بۆیە كە دەوڵەت نەبوو گروپی بچووك بچووك هەریەكەی لە بەرژەوەندی خۆی پێ رادەكێشێت. سێیەم خاڵ ئەوەیە كە دابەشبوونێكی ئاسۆیی و ستونی لەناو كۆمەڵگا شیعییەكاندا هەیە چ لەناو خەڵك چ لەناو حزب و گروپە چەكداریی و هێزەكانیاندا، بێجگە لەمانە سیراعێكی دیكە لەناو شیعەكاندا هەیە كە هێزی دیكە هەیە كەهەندێكیان پێیان دەڵێن هێزی دەوڵەت و نادەوڵەت، هەندێك هێزی دیكەیان بڕوایان بە سنوری دەوڵەتی عێراق نییەو خۆیان بەبەرەی مقاوەمە ئەزانن و لەسوریا و یەمەن و تاران خۆیان بە تەرەف دەزانن لە هەموو كەیسێكدا و پێیانوایە كە دەبێت عێراق یەكێك بێت لەم جەمسەرە، هێزێكی دیكەش هەیە كە بە رواڵەت بێت یان بە رواڵەتیش نەبێت دروشمی ئەوەی هەڵگرتووە كە پابەندبین بە عێراقەوە. سیراعێكی دیكەی ژێر پەردەش هەیە كە سیراعی مەرجەعی ئاینی و پیاوە ئاینییەكانە، كۆی ئەمانە وادەكات كە ئەگەرەكانی پێكدادانان لە ئەگەرەكانی پێكهاتن زیاتر بێت بەتایبەت كە دەوڵەتێكی بەهێزمان نییە كە بتوانێت كۆنترۆڵی بكات. هاوڵاتی: واتا ئەو خۆپیشاندانانەی ئێستا كە لەبەغداو دەوروبەری لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان روودەدەن هەمان هۆكاری هەیە؟ یاسین تەها: ئەمە خۆپیشاندان نییەو گردبوونەوەی مووچەخۆرو چەكدارو مونتەسیبەكانی حەشدی شەعبییە بەكامێرا هەیەو رۆژنامەنووس لێیان دەپرسن دەڵێن ئێمە لەحەشداین و ئەرزاق لەوێوە دەهێنین و واجبەكانمان لەسەنگەرەكانەوە گواستۆتەوە بۆ ئێرە. ئەوە بەكۆبوونەوەو دروشم و خێمەكانیشیانەوە دیارە كە هێزێكی نیزامی باڵە چەكدارەكانن. هاوڵاتی: بەڵام لەگەڵ ئەو هۆكارانەی باست كرد، تێبینی گەورەش لەسەر دەرئەنجامەكان هەیە كە لەوڵاتێكی دیكەوە دەنگەكان كۆكراوەتەوە، واتا بەشێك لەوڵاتانی ئیقلیمی و وڵاتانی عەرەبی تەدەخولیان كردووە لەهەڵبژاردنەكاندا بەقازانجی چەند لایەنێك؟ یاسین تەها: كۆمیسیۆن هەڵەی زۆری هەبووە، لەبەرئەوەی ئەم كۆمیسیۆنە هی دادوەرەكان بووە و شارەزایی هونەری تەواویان نییەو لەدادوەران پێكهاتوون، ئەو كۆمسیۆنە یەكەم هەڵبژاردنە بەڕێوەی دەبات. قازی یاسا جێبەجێ دەكات و زۆر ئاگاداری تەقەنیات و بەرمەجەو قەمەر سناعی و رام و داتا بەیس نییە و بەیاسا كراوە كە بە ئەلیكترۆنی بێت. لە راگەیاندنی ئەنجامەكاندا، قانون فەرزی كردووە كە دەبێت لەماوەی 24 كاتژمێردا رابگەیەندرێت، ئەم یاسایە هیچ ژێرخانێكی عێراق یارمەتی ئەوە نادات تۆ لە 24 كاتژمێردا ئەنجامەكان رابگەیەنیت كە نە داتا بەیس و تۆڕێكی فراوانی ئینتەرنێت و كاری پێشكەوتووت هەیە، كۆمسیۆن هاتووە لەو 24 كاتژمێرەدا چی دەستكەوتووە رایگەیاندووە، بەڵام خەلەلێكی ئەوە بووە كە جەختی نەكردووەتەوە كە بڵێت ئەمە ئەنجامی بەراییە و لەسەدا ئەوەندەی دەنگەكانە و ئەمە ماویەتی و ئەوە دەرئەنجام نییە. دوای ئەوەی كە كۆمسیۆنی عێراق دەرئەنجامی دیكەی راگەیاندووە هێز نییە متمانە بكات بەوەی كە لەدەرئەنجامی یەكەم كە راگەیەندراوە بە براوە هەژمار كراوەو دواتر بووە بە كەسێكی دۆڕاو، ئەمە لەهەر وڵاتێكی دیكە بێت درزو كەلێنێك دەهێڵێتەوە بۆ گومان كردن، بەڵام ئەوانەی رەخنەیان هەیە هەتا ئێستا نەیانتوانیوە كە بەڵگە پێشكەش بكەن كە ساختەكاری كراوەو هاردەكە هاك كراوە، هەموو بەڵگەكەیان ئەوەیە كە شڵەژان هەبووە لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و لەمامەڵەكردن لەگەڵ دەرئەنجامەكاندا. ئەو كەسانەی كە یاساكەیان داناوە شارەزایی ئەوەیان نەبووە كە ناتوانن لەماوەی 24 كاتژمێردا دەرئەنجامی 25 یان 10 ملیۆن كەسی بەشداربووی هەڵبژاردنەكان رابگەیەنێت. هاوڵاتی: پێتانوایە ئەو هێزە شیعیانەی كە بەنزیكی ئێران ناودەبرێن دۆڕاوی هەڵبژاردنن و خەڵك نەیانویستووە و تۆڵەی لێكردوونەتەوە؟ یاسین تەها: ناتوانین بڵێن خەڵك تۆڵەی لێكردوونەتەوە، لە 2018 كە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق كرا تازە ئەوان لەشەڕی داعش هاتبوونە دەرەوەو ژمارەیەكی زۆر قوربانیان دابوو تەپ و تۆزی شەریان پێوە بوو و خەڵك وەكو موقەدەس سەیری دەكردن و وەك خەڵك پێان دەوتن كە ئەوانە ناموس پارێزن و خاك پارێزن. دوای ئەوەی لە 2019 خۆپیشاندانی گەورە لەعێراقدا روویداو 600 كەس كوژراو 20 بۆ 30 هەزار كەس برینداربوون حەشد، ناوی تێكەڵ بوو بەبكوژو خۆپیشاندەران كوژران، حەشد لەم سێ ساڵەی رابردوو دەستیان كردبوو بەبازگە دانان و سەرانە وەرگرتن و مقاوەلات، وەكو چەتەو رێگر ناویان رۆیشتووە ئەكید ئەمە وادەكات كە ناویان وەك ئەو حەشدەی 2018 نەبێت. هۆكارێكی دیكە بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستدان هەڵمەتێكی بانگەشەی زۆر خراپیان هەبووە و گوتاری روونیان نەبووە كە وتوویانە بەرەی مقاوەمەین ئەمە ناتوانی تەرجەمەی بكەیت بۆ شەقام و خەڵك تێبگەیەنیت، خراپ مامەڵەیان لەگەڵ سیستمی بازنەكانی هەڵبژاردندا كردووە كاندیدی زۆریان داناوە لەبازنەكاندا و دەنگیان بەفیڕۆ رۆیشتووە، بەپێی دیراسەیەكی بنكۆڵكاری بیست كورسیان بەفیڕۆ داوە بەهۆی ئەوەی كە فەتح لەسێ باڵ پێكهاتووە كە لەهەموو بازنەیەك ئیسراریان كردووە كە هەرسێ باڵەكەیان لەهەموو بازنەكان كاندیدیان هەبێت و رێكنەكەوتوون كە تەنها لەیەك بازنەدا یەك كاندیدیان هەبێت، نزیكەی بیست كورسی فەتح بە فیڕۆ رۆیشتووە، لە بازنەكاندا بە قەدەر یەك كورسی دەنگیان بەفیڕۆ رۆیشتووە بەهۆی زۆری دانانی كاندیدەكانیانەوە، چونكە فەتح لە بەدرو عەسایب و كەتایب و ئەمانە پێكهاتووە رێك نەكەوتوون كە كاندید بەش بكەن و یەك كاندید دابنێن لەیەك بازنەدا لەجیاتی ئەوەی هەرسێ باڵەكە كاندیدیان هەبێت. لەپەنجا بازنەی شیعیدا كە 150 كورسی تێدا بووە لەهەموو بازنەیەكدا هەموو گروپەكانی ناو فەتح كاندیدیان هەبووە وایانزانیوە ئەوەندە دەنگیان هەیە كە هەموو كاندیدی هەرسێ گروپەكە دەتوانن دەربچن، بەڵام نزیكەی 20 كورسیان بەهۆی زۆی دەنگەوە سووتاوە و دەرنەچووە هاوڵاتی: ئێستا باس لەئامادەكاری دەكرێت بۆ یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق، بۆ خۆت پێشبینیت چۆنە كە سەدر براوەی یەكەم و 73 كورسی هەیە، لەبەرانبەردا مالكی دەڵێت هاوپەیمانێتییەكی دروستكردووەو 75 كورسی كۆكردووەتەوە؟ پێتوایە كە دەبێت ئێران و ئەمریكا لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران رێكبكەون؟ یاسین تەها: ئەم قۆناغەی ئێستا قۆناغی ئینكاری دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنە، دەنگدان تەواو بوو كورسییەكان یەكلاكرانەوەو ئێستا دەیانەوێت بیسەلمێنن كە هێز یەكسان نییە بەكورسی و دەنگدەر، ئێمە دەتوانین شەقام بگرین و هەڕەشەش دەكەن كە دەبێت سەرۆك كۆمار ئەوە بكات كەسەرجەم دەنگەكان بەدەستی بژمێردرێنەوە، ئێستا دەروازەیەكی ناوچەی سەوزیان گرتووەو بڕیارە دەروازەیەكی دیكەش بگرن و وردە وردە دەروازەی دیكە دەگرن ئەمە تەنها بۆ سەلماندنی هێزەو لەئەنجامدا دەبێت چارەسەر بكرێت، چونكە هەڵبژاردن دووبارە ناكرێتەوە، پەرلەمان نییە تا كات بۆ هەڵبژاردنێكی دیكە دیاری بكرێت، پەرلەمانی كۆن هەڵوەشاوەتەوەو پەرلەمانی نوێ دەستبەكار نەبووە، مەحكەمەی ئیتحادی دەسەڵاتی ئەوەی نییە هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە یان دووبارەی بكاتەوە، ئیلان دەبێت ئەم پەرلەمانە كۆببێتەوەو بەكۆی دەنگ خۆی هەڵبوەشێنێتەوەو كاتێكی دیكە بۆ هەڵبژاردن دیاری بكەن، ئەوەش ئەگەرێكی قورس و دوورە و تەحسیل حاسڵە، بۆیە مەخرەجەكەو دەرچەكە ئەوەیە كە حكومەتێكی هاوپشتی دروست بكرێت كە ژمارەی كورسی لە پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا لەبەرچاو نەگیرێت بۆ هەندێك لەلایەنەكان وەكو فەتح، لەجیاتی دەنگ و كورسی سیلاحەكەیان بۆ حساب بكرێت، بەڵام موقتەدا سەدر باڵادەستی لەناو پەرلەمان هەر بۆ دەمێنێتەوە بەو ئیعتبارەی كە خاوەنی 73 كورسییە. هاوڵاتی: بەڵام هەوڵیش هەیە بەرەیەك بەرانبەر سەدر پێكبهێندرێت لەلایەن مالكی و ئەوانەی نزیكن لەئێرانەوە؟ یاسین تەها: هەندێك محاوەلاتیش هەیە كە بەرەیەكی فراوان كە لە 90 كورسی پێكبێت بەرانبەر سەدر دروست بكرێت، ئەوەش دیار نییە و بۆ ئەوەیە تەرازوو و باڵانسی ناو شیعەكان رێكببێتەوە. مالكی خۆیشی دەزانێت كە ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام ئەوە وەرەقەی زەختەو بەرزكردنەوەی سەقفی داواكاریەكانییەتی، كاتێك خەڵك دەڵێت سەرۆك وەزیران لە جەماعەتی سەدر بێت ئەویش دەڵێت دەبێت مالكی بێت. لەئەنجامدا سەدر، دەستبەرداری سەرۆك وەزیرانی سەدری ببێت و ئەمیش دەستبەرداری سەرۆك وەزیران ببێت بۆ مالكی. مالكی كاندیدی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق هەیە، دەوری مالكی بووە بەوەی كە ئەو لەپشت پەردەوە یارییەكە دەجوڵێنێت، چونكە مالكی ڤیتۆی زۆری لەسەرەو گەڕانەوەی یەكسانە بەكۆمەڵێك لەكێشە لەگەڵ سوننەكان و مەرجەعییەت و كە لەسەردەمی ئەودا موسڵ كەوتووەو لەسەردەمی ئەودا سپایكەر روویداوە و قسە لەسەرئەوە هەیە كە 300 ملیار دۆلار بەفیڕۆ چووە، زۆر قورسە مالكی ببێتەوە بەسەرۆك وەزیران. هاوڵاتی: وەكو ئەگەرێك باس لەدانانەوەی مستەفا كازمی دەكرێت بۆ سەرۆك وەزیران، وەكو چارەسەرێكی نێو ماڵی شیعەكان؟ یاسین تەها: ئەو كەسەی كە لەسەرۆك وەزیرانی ماوە تەواو بووە لەهەموو كەس زیاتر چانسی هەیە هەتا ئەو كاتەی بەدیلێكی دیكەی لە كازمی بەهێزتر دێتە پێشەوە. لەماوەی ئەو 15 مانگەی كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە باڵانسێكی زۆری راگرت لەنێوان وڵاتانی دەوروبەری عێراق، زۆر لەمەلەفی دەرەوە سەركەوتوو بووە، لەئاستی ناوخۆیی رەزامەندی نەجەفی هەیە، بەشداری نەكردووە لەهەڵبژاردن و نەبووەتە تەرەف، كۆمەڵێك دەستكەوتی هەیە كە هەڵبژاردنی رێكخستووەو بایەعی بۆ خەڵك چاككردووەو 12 ملیار دۆلاری وەكو پاشەكەوت بۆ عێراق گلداوەتەوە، لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە كە كازمی بەتەوافقی شیعی هاتووەو ئێستا ئەو تەوافوقە لەناو شیعەكاندا نییەو دروست نابێتەوە، ئەگەر ئەم تەوافوقە تێكبدرێت پەرتەوازەیی دروست دەكات. هاوڵاتی: بەرەیەك دەبینرێت كە بەرەی سەدرو حەلبوسی و مەسعود بارزانی، بەڵام دەوترێت كورد پێویستە پرسی سەرۆك وەزیران بەجێبهێڵێت بۆ ماڵی شیعی، بۆچوونتان چییە؟ یاسین تەها: لەناو ماڵی مالكی فوئاد حوسێن كە وەزیری دەرەوەیە لەپشكی پارتی بەشداریكردووە، ئەو خەتە بەو شێوەیە نییە، هیچ كەس لەكوردو سوننەكان ناتوانن بەشداربن لە شەڕی ناوخۆی شیعەكاندا، چونكە مەسەلەكە سیلاحەو سیاسەت نییە، سەدر 60 هەزار چەكداری سەرایە سەلامی هەیەو حەشدی شەعبی 200 هەزار میلاكی حەشدی هەیە بەمەدەنی و سەربازییەوە كە 160 هەزار كەس لەو ژمارەیەی حەشد چەكدارن. لەشەڕی دوو باڵی سەربازی و لەشەڕی دوو باڵی شیعی كە كامیان نوێنەرایەتی شیعە دەكەن هەر لایەنێك لەو لایەنانە بەدەنگی كوردو سوننە ببێت بەزۆرینەو سەربكەوێت بەبژاردەیەكی شیعی لەقەڵەم نادرێت، نە كورد نە سوننە ناتوانن شیعەیەك بكەن بەزۆرینە و نوێنەری شیعە، بۆیە لە دەرئەنجامدا پێویستە كوردو سوننە چاوەرێ بكەن كە ماڵی شیعە خۆیان دەگەنە دەرچەیەك و روئیایەك بۆ رێككردنەوەی ناكۆكییەكانیان ئەوكات رەنگە كوردو سوننە رۆڵیان هەبێت لەناو كۆمەڵێك كەسایەتی ناو شیعەدا رۆڵیان هەبێت، ئەم كاندیدەمان ئەوەی ئەوی دیكەمان ناوێت یان بەركەوتەی وەزارەتەكان ئەمەمان ئەوێ ئەوەمان ناوی، بەڵام چوارچێوەی گشتییەكە لەناو ماڵی شیعەدا ببڕێتەوە. هاوڵاتی: كورد چ وەزارەتێك وەربگرێت لەپێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا تا سوودو قازانجی زۆری هەبێت؟ یاسین تەها: ئەوە جەدوایەكی وردی ئەوێت، بەڵام هیچ یەكێك لەو وەزارەتانە ناتوانن ئەگەر بێت و فراكسیۆنێكی یەكدەنگی دەوێت كە پێویستە بەبەرنامەیەكی روون بەشداری حكومەت بكەن، ئێمە ئەزموونمان هەیە كە وشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق بووەو نەیتوانی مووچە بنێرێت، هەر وشیار زێباری وەزیری دەرەوە بوو لەسەردەمی مالكیدا، مالكی وتی هەولێر بووەتە پەناگەی تیرۆر نەیتوانی هیچ بڵێت، زۆر شتی دیكە بەسەر وەزیرە كوردەكاندا هاتووەو نەیانتوانیوە هیچ شتێك بكەن. هاوڵاتی: سەركردایەتی كورد چی بكات بۆ ئەوەی قازانج بەخەڵكی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت؟ وەرەقەیەك بداتە حكومەتی داهاتوو كە بەخاڵ داواكارییەكان بەسەقفێكی زەمەنی جێبەجێ بكرێت، یان چی دیكە؟ یاسین تەها: ئێستا شیعەكان ناكۆكن و هەوڵدەدەن رێككبكەون، سوننەكان كە دوو هاوپەیمانێتیان هەبووە بەبەرنامەیەك دەیانەوێت بەشداری داهاتووی حكومەتی عێراق بكەن كەچەند وەزارەتیان دەوێت و چیان دەوێت رێككەوتوون لەسەری یەك دوو سێ چوارو پێنج، مەسەلەی گەڕانەوەی ئاوارەكان و بەردانی ئەوانەی بێسەروشوێنن و تا دواتر... كوردیش دەتوانێت لەسەر بەرنامەیەك رێكبكەوێت كە قابیلی جێبەجێ كردن بێت لەماوەی چوار ساڵی حوكمڕانی حكومەتی نوێی عێراقدا، ئەوە نەبێت دروشم و خەیاڵ بێت. ئەو كاتە كورد بكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنەی ئۆكەی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، ئیتر سەدر بێت یان مالكی.
هاوڵاتی پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند:" لەگەڵ وەزیری دارایی گفتوگۆ كراوە بۆ رێكخستنەوەی داهاتی سنوری پارێزگای سلێمانی لە پێناو باشتركردن و خێراتركردنی سیستمی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی پارێزگاكە". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، پێشوازیکرد لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەفدێک هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لەفەیسبوكی تایبەتی خۆی ڕایگەیاند:" لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر پێداویستیی فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و میکانیزمەکانی باشترکردن و زیادکردنی داهات لەپێناوی دابینکردنی موچەو خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا، کران". ئەمە لەكاتێکدایە پێشتر وەزیری دارایی ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند:" بەشێكی زۆری دواكەوتنی دابەشكردنی موچە پەیوەندی بە نەگەڕاندنەوەی داهاتی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەوە هەیە". پێشتریش لە ڕۆژى 25/10/2021، لە دیوانی وەزارەت، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەكانی باجەكان و خانووبەری میری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین لەسەر نەبوونی سیولەی سنوورەكە كۆ بووەوە.
هاوڵاتی وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند:" پرۆسەی زانکۆلاین زۆر بەباشی سەرکەوتوو بووە بەپێی توانای زانكۆكان و بەشەكان خوێ،دكارانمان دابەش كردووە". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند:" پرۆسەی زانکۆلاین زۆر بەباشی سەرکەوتوو بووە سەبارەت بە ناڕەزایی بەشێک لەو قوتابییانەی نمرەی 99یان هێناوە و لە بەشی پزیشکیی گشتیی وەرنەگیراون وتی "راستە بەشێک لەوانەی نمرەکانیان 99ی رێکە کورسییان بۆ دابنین نەکراوە لە پزیشکی گشتیی، بەڵام 99.1 لە هەولێر، گەرمیان و کۆیە وەرگیراوە." دەشڵێت "بە دڵنیاییەوە چارەسەرێک بۆ ئەوانە دەدۆزینەوە کە 99یان هەیە و وەرنەگیروان." وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان وتیشی:"تەنیا ئەوانە وەرنەگیراون کە 99یان هەیە و ژمارەیان زۆر نییە و تەنیا 50 بۆ 60 کەسە، لە دهۆکیش هیچ کێشەمان نییە و لەوێ خوێندکار هەیە بە 98 وەرگیراوە." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، "ئەو گلەییەی بەشێک لە قوتابیان کردوویانە و 99یان هەیە و وەرنەگیراون رەوایەتی بە داواکانییان دەبینین و لەگەڵ برایانی وەزارەت پێشتر قسەمان کردووە کە پلانەکان زیاتر فراوان بکەین." ئارام محەممەد دڵنیایی دەداتە ئەو قوتابییانەی کە 99یان هەیە و لە پزیشکی گشتیی وەرنەگیراون، دەشڵێت، "ئەوانەی بێبەش بوون لە کورسی خوێندن دڵنیایان دەکەینەوە کە بە چاوی باوکانە سەیری داواکارییەکانیان دەکەین و ئەوانەی 99یان هەیە بتوانین چارەسەریان بکەین." وەزیری خوێندنی باڵا هۆشداریی دەدات لە سیستمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت "ئەگەر چارەسەر نەکرێت لەبەردەم کارەسات دایە. بۆیە لە ماوەی رابردوودا گوتم کە پێویستمان بە سەربەخۆیی زیاتری زانکۆکان هەیە." داواش دەکات کە هاوکاری وەزارەت بن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.
