هاوڵاتى پارێزگای دهۆک ڕایگه‌یاند ئاگره‌که‌ی که‌مپی شاریا کۆنتڕۆڵکراوه‌و له‌ئه‌نجامی ئاگره‌که، 25 که‌س برینداربون‌و 500 خێوه‌تیش سوتاوه، سه‌رۆکى حکومه‌تیش ده‌ڵێت:" قه‌ربووى زیانلێکه‌وتووه‌کان ده‌که‌ینه‌وه". پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ینی، ئاگرێکى گه‌وره له‌که‌مپێکى ئاواره‌کان له‌سنورى پارێزگاى دهۆک که‌وته‌وه‌و به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی پارێزگای دهۆک، له‌ئه‌نجامی ئاگره‌که، 25 که‌س برینداربون‌و 500 خێوه‌تیش سوتاوه. عه‌لى ته‌ته‌ر، پارێزگارى دهۆک سه‌ردانى که‌مپه‌که‌ى کرد‌و رایگه‌یاند که ئاگره‌که‌ی که‌مپی شاریا کۆنتڕۆڵکراوه‌و له‌ئه‌نجامی ئاگره‌که، 25 که‌س برینداربون‌و 500 خێوه‌تیش سوتاوه. هاوکات سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان جه‌ختى له‌سه‌ر پشتیوانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى زیانلێکه‌وتووانى ئه‌و رووداوه کرده‌وه. مه‌سرور بارزانى له په‌یامێکدا له هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له تۆڕى تویته‌ر نووسیویه‌تی: "خه‌مبارم به هه‌واڵى ئاگرکه‌وتنه‌وه له که‌مپى شاریا له دهۆک، له‌گه‌ڵ پارێزگار قسه‌م کرد و پشتیوانى ته‌واوى حکومه‌تى هه‌رێم بۆ دابینکردنى پێداویستى و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى زیانلێکه‌وتووان دووپات ده‌که‌ینه‌وه".
هاوڵاتى خانه‌ى راپه‌راندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆران کۆبووه‌ته‌وه به ئاماده‌بوونى تیمى بزوتنه‌وه‌که‌ى له کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم و پێیان راگه‌یاندوون که ئه‌وله‌ویه‌ت بده‌ن به دابینکردنى مووچه. به‌پێى راگه‌یه‌ندنى خانه‌ى راپه‌راندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌مڕۆ چوارى حوزه‌یرانى 2021، له‌گه‌ڵ سه‌رۆک و ئه‌ندامانى تیمى حکومه‌تى هه‌رێم کۆبووه‌ته‌وه تێیدا هاتووه که‌له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان جه‌خت ده‌کاته‌وه له‌سه‌ر سیاسه‌تى خۆى بۆ ئه‌نجامدانى چاکسازى له حکومڕانى هه‌رێمى کورستان"داوا له‌تیمى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان کرایه‌وه، که کارى له‌پێشینه‌یان ھه‌وڵدان بێت بۆ دابینکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌کاتى خۆیدا". هاوکات، هه‌ماهه‌نگى هه‌رسێ لایه‌نى سه‌ره‌کى حکومه‌تى هه‌رێم به پێویست زانرا بۆ باشکردنى ژیان و گوزه‌رانى هاوڵاتیان و چاکسازیکردنى پێویست له داھاته‌کان و که‌رتى نه‌وتدا
هاوڵاتى خۆپیشاندانى فراوان له‌دژى له‌شکرکێشى تورکیا‌و بڕینه‌وه‌ى دارستانى سنوره‌کانى هه‌رێم له سلێمانى به‌ڕێوه‌بچێت. ئه‌مرۆ هه‌ینى چوارى حوزه‌یرانى 2021 له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا ژماره‌یه‌ک له که‌سایه‌تى و چالاکوان و رۆژنامه‌نوس به ده‌ستپێشخه‌رى ناوه‌ندى کارى نیشتیمانى خۆپیشاندانێکى جه‌ماوه‌رى له‌شارى سلێمانى راده‌گه‌یه‌نن. ئاماژه‌یان به‌وه‌شکرد، له کاتژمێر 5ى ئێواره له شه‌قامى سالم له سه‌هۆڵه‌که کۆده‌بنه‌وه‌و خۆپیشاندانه‌که له‌دژى داگیرکارى سوپاى تورکیا‌و ده‌سترێژییه‌کانى ئه‌و وڵاته‌یه له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان. جه‌ختیش ده‌که‌نه‌وه ئه‌م خۆپیشاندانه بانگه‌وازێکه بۆ هه‌مووان تا به‌بێ جیاوازیییه‌کان که له‌م خۆپیشاندانه به‌شدار بن و له‌دژى ئه‌م داگیرکارییه‌ى تورکیا له‌دژى باشورى کوردستان ده‌یکات.
هاوڵاتى کۆمپانیای ئاسیاسێڵ پێشەنگ لە تیلیکۆمینیکەیشن لە عێراقدا، بردنەوەی دوو خەڵاتی دارایی نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنێت لە ساڵی ٢٠٢٠ بەغداد، ٣\٦\٢٠٢١: ئاسیاسێل، پێشەنگی مۆبایل تیلیکۆمینیکەیشن و دابینکەری خزمەتگوزاریە دیجیتاڵیەکان لە عێراق، بۆ دوو ساڵی دوابەدوای یەکتر بردنەوەی دوو خەڵات لە دیداری خەڵاتی دارایی نێودەوڵەتی (International Finance Awards) ڕادەگەیەنێت. ئەم دیدارە پلاتفۆڕمێکی جیهانییە کە هەوڵدەدات توانای پیشەیی و مرۆیی، توانای ڕابەرایەتی و بەهای پیشەیی لەسەر پێوەرێکی گەورە دەستنیشان بکات. ئەم دیدارە دیدارێکی ساڵانە و نێودەوڵەتییە کە گرنگی و توانا پەیوەندیەکان و دیجیتاڵیەکان لەناو کۆمەڵگایەکی ڕکابەر و زۆر پێشکەوتووی جیهانی بزنس دەربخات. بەهۆی پەتای کۆڤید-19، ئەم بۆنە جیهانییە بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامدرا لەپێناو ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکانی ڕێکخراوی جیهانی تەندروستی(WHO) کە لەپێناو سەلامەتی هەموو بەشداربوواندا بوو. گەرنا، خەڵاتەکان لەو بۆنەیەدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و چالاکانە ئەنجام دەدرا ،کە تیایدا ئاسیاسیڵ ئامادەکاری کردبوو بۆ بردنەوەی ئەو دوو خەڵاتە ناوازەیە بۆ 'باشترین کۆمپانیای پەیوەندی لە عێراق' کە باشترین دەرئەنجام، پەسەندترین پەیوەندی، خزمەتگوزاری تەکنیکی و "زۆرترین دەستپێشخەری داهێنانە CSR لە عێراق" کردبێت، ئەمەش بۆ دەستپێشخەرییە خۆبەخش و کارامەکانیان لە هەموو شارەکانی عێراق وەکو ئەوەی کە CSR تایبەتە بۆ بەرپرسیاریەتی هاوبەشی کۆمەڵایەتی یە. پێشتر، ئاسیاسێڵ چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی GLOMO، "کە بۆ بەشداری بەرچاو " ی ئاسیاسێڵ، کە لە خەڵاتی ساڵانەی نێودەوڵەتی لە کۆنگرێسی جیهانی مۆبایل (MWC) دەبەخشرێت لە بەرشەلۆنە. ئەو خەڵاتە ئاسیاسێڵ ی ناساند کە چالاکی و هاوکاری میلیۆنان پەنابەری کردبوو کە هەڵهاتبوون لە ناوچە ناجێگیرەکانی عێراق. ئاسیاسێل ڕۆڵ و بەشی گەورەی هەبووە لەو کارانەدا کە پەیوەست دەبنەوە بۆ خزمەتکردن بە کۆمەڵگا، هەمیشە زۆرترین هەوڵی داوە کە وەکو تاکێکی بەرپرس ڕۆڵی هەبێت، ئەوەش بە جێبەجێکردنی پرۆژەی دەستپیشخەر و داهێنانە کە پاڵپشتی کەسانی گۆڕانکار و پێ‌داگر دەکات بۆ یەکیەتی، سەربەستی و بەشداری چالاک. ئاسیاسێڵ ئامانجیەتی خزمەتی کۆمەڵگاکانی عێراق لە چەند ڕوویەکەوە بکات؛ ئەمەش لەپاڵ دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری و چارەسەری تەکنەلۆژی و دیجیتاڵی کە هەمیشە کڕۆکی بیروباوەڕەکانی ئاسیاسێڵ بووە. چرا حسێن، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بازرگانی ئاسیاسێڵ گووتی: "ئێمە شانازی دەکەین و ئۆخژنین کە هەڵبژێردراوین وەکو براوەکانی ئەو بەشە گەورانە لە خەڵاتی دارایی نێودەوڵەتی. دڵخۆشبووین بە هەڵبژاردنمان بۆ ئەو خەڵاتانە کە ئەمەش خەمخۆری ئاسیاسێڵ نیشان دەدات بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی و پیشکەوتنی وەکو پێشەنگی دابینکەری پەیوەندیەکان لە عێراق. ئەم ساتانە لە بەخشین و سەربەرزی هانمان دەدات هەمیشە بەردەوام بین و بمێنینەوە لە هێڵی پێشەوە بۆ هاوبەشی و دەستپیشخەری بەرپرسیاریەتیە کۆمەڵایەتیەکان، و بەردەوام بین لە پێشکەشکردنی ڕۆشنایی، جیاوازیەکان و کاری ئاستەنگ.". دەربارەی ئاسیاسێڵ ئاسیاسێل پێشەنگی مۆبایل تیلیکۆمینیکەیشن و دابینکەری خزمەتگوزاریە دیجیتاڵیەکان لە عێراق، تاکو بەرواری مانگی یەکی 2021، توانیویەتی 14.7 میلیۆن بەکارهێنەری سەرەکی و کڕیاری ڕەزامەند تێپەڕێنێت. ئاسیاسێڵ وەکو یەکەم کۆمپانیای خاوەنی پیشەی مۆبایل و تیلیکۆمینیکەیشن لە عێراق ناسراوە و یەکەم کۆمپانیایە کە توانیویەتی کە لەسەرتاسەری ناوچەکانی عێراق خزمەتگوزاری پەیوەندی و تیلیکۆمینیکەیشن پێشکەش بکات، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کوالیتی 4G لە هەموو ناوچەکانی عێراق. نێتۆرکی ئاسیاسێڵ لە سەدا 99.06ی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنێت، کە ئەمەش وایکردووە گەورەترین نێتۆرکی ناوخۆیی (هەرێمی) بێت لە هەموو عێراق لەناو دوو کۆمپانیای دیکەی مۆبایل. لە بەرواری مانگی یەکی 2015، ئاسیاسێڵ، شانازی بەووە دەکات، توانیویەتی باشترین دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بێت کە بەرزترین کوالیتی ئینتەرنێتی پیشکەشکردووە لە عێراق. بۆ زانیاری زیاتر، سەردانی ئەم لینکە بکەن: www.asiacell.com ئاسیاسێڵ تیلیکۆمینیکەیشن PJSC ، بەشی پەیوەندیە گشتیەکان: [email protected]
هاوڵاتى سه‌رۆکى کۆمه‌ڵى دادگه‌ریى له له‌نده‌نى پایته‌ختى به‌ریتانیا له‌میانى کۆبونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تیى حکومه‌تى هه‌رێم و نوێنه‌رى پارتى و یه‌کێتى و گۆران و یه‌کگرتوو رایگه‌یاند:" پێویسته نوێنه‌رایه‌تیى حکومه‌تى هه‌رێم له ململانێى حزبیی‌و سیاسیی به‌دوربێت". ئه‌مڕۆ هه‌ینى چوارى حوزه‌یرانى 2021، نوسینگه‌ى سه‌رۆکى کۆمه‌ڵى دادگه‌ریى کوردستان بڵاویکرده‌وه، له درێژه‌ى سه‌ردانه‌که‌یان له له‌نده‌نى پایته‌خت، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، عه‌لى باپیر، ئاماده‌ى کۆبونه‌وه‌یه‌ک بو که کاروان جه‌مال به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تیى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ نوێنه‌رى لایه‌نه کوردستانییه‌کان سازى کردبوو. عه‌لى باپیر له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا گرفتى ئازادیى ڕۆژنامه‌گه‌رییو که‌یسى ده‌ستگیرکراوانى بادینان‌و نادادگه‌ریى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵیان خرایه به‌ر باس‌و گفتوگۆ، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا عه‌لى باپیر جۆرى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌یسه به نادروست ناوبرد، به‌جۆرێک وه‌ک هه‌نگاو بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ى ئازادییه‌کان لێکدراوه‌ته‌وه. له‌راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئه‌وه‌ش هاتوه، له ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى کۆبونه‌وه‌که‌دا ته‌باییو هاوکاریى نێوخۆیى ڕه‌وه‌ندى کوردیى له به‌رتانیا به گرنگ بۆ هه‌مو کورد له ئه‌وروپا له‌قه‌ڵه‌مدرا و عه‌لى باپیر رایگه‌یاند:"ئه‌م هاوکارییو ده‌ستبارگرتنه له تاراوگه، کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌ک وێنا ده‌کات که تاکه‌کانى ده‌توانن کاراکته‌رێکى باش‌و گونجاوى کۆمه‌ڵگابن‌و نمونه‌یه‌کى به‌رزى پێکه‌وه‌ژیان پێشکه‌ش بکه‌ن". عه‌لى باپیر جه‌ختیشى له گرنگیی‌و زه‌روره‌تى خۆ به‌دورگرتنى نوێنه‌رایه‌تیى حکومه‌تى هه‌رێم له له ململانێى حیزبیی‌و سیاسیی‌و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وپه‌ڕى به‌ده‌مه‌وه چونى داخوازییه‌کانى ڕه‌وه‌ندى کوردیى له به‌ریتانیا کرده‌وه.
هاوڵاتى دادوه‌ر عیماد فارس ره‌شید، دادوه‌رى دادگاى لێکۆڵینه‌وه‌ى هه‌ولێرى ڕۆژى ١٧ى ئایارى ٢٠٢١ فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنى بۆ رۆژنامه‌نوس(رێبوار که‌ریم وه‌لى) ده‌رکردووه به‌تۆمه‌تى هاندانى خه‌ڵک بۆ شکاندنى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ. ئه‌و دادوه‌ره نوسراوه‌که‌ى ئاڕاسته‌ى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسانى کوردستان کردووه، تیایدا هاتووه" پێویسته زانیارى ته‌واومان بۆ ره‌وانه بکه‌ن ده‌رباره‌ى تۆمه‌تبار رێبوار که‌ریم وه‌لی، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامى سه‌ندیکاکه‌تانه وێنه‌یه‌ک له ناسنامه‌ى و به‌ڵگه‌نامه که‌سییه‌کانى تۆمه‌تبارى ناوبراومان بۆ ره‌وانه بکه‌ن". هه‌ر به‌پێى نوسراوێکى تر‌ى دادگاى هه‌ولێر که ڕۆژى ٢٣ى ٣ى ٢٠٢٠ ده‌رچووه تێیدا هاتووه، رێبوار که‌ریم وه‌لى بابه‌تێکى بڵاوکردوه‌ته‌وه له تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووک و هانى خه‌ڵکى ده‌دات بۆ شکاندنى قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ، تۆمه‌تبار ده‌ستگیربکرێت به‌پێى مادده‌ى دووى خراپ به‌کارهێنانى په‌یوه‌ندیکردن.
هاوڵاتى ئاگر لە کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە کۆمەڵگەی شاریا کەوتووەتەوە، کە زیاتر لە340 چادر سوتاون و تا ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە. بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆکلە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دارایگەیاند، "پێنج تیمان لە شوێنی ئاگرەکەیە و تا ئێستا نازانرێت کەس گیانی لەدەستداوە یاخود نا." وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، "تا ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە." هاوكات تا ئێستا هۆكاری ئاگر كەوتنەكە نەزانراوە.
هاوڵاتى وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکی وەزیرانی پێشوی ئیسرائیل بە هەمان شێوەی زەلیلانەی "هاودەستە دژە ئێرانیەکانی وەک بۆڵتن، ترەمپ و پۆمپیۆ چوەناو زبڵدانی مێژووەوە". محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە توێتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، "نەتەنیاهۆش بە هەمان شێوەی زەلیلانەی هاودەستە دژە ئێرانیەکانی وەک بۆڵتن، ترەمپ و پۆ‌مپێیۆ چوەناو زبڵدانی مێژوەوە، ئێران هێشتا بە سەرفرازی راوەستاوە". ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو چارەنوسەی نەتەنیاهۆ بە درێژایی چەندین هەزار ساڵ بەردەوام بەسەر کەسانێکدا هاتوە کە بیریان لە زیانگەیاندن بە ئێرانیەکان کردوەتەوە، ئێستا کاتی گۆڕانی ئاراستەیە. 2ی ئەم مانگە، لائیر لاپید، سەرۆکی پارتی ئایندەیەک هەیە، پارتی میانڕەو کە ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسرائیلی پێسپێردرابو، توانی لە وادەی خۆیدا هاوپەیمانێتیەک لەگەڵ هەشت پارتی دیکە پێکبهێنێت. پێدەچێت هەفتەی داهاتو پەرلەمانی ئیسرائیل کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر لائیر لاپید، سەرۆکی پارتی ئایندەیەک هەیە وەک سەرۆکی وڵاتەکە بدرێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی بنیامین نەتەنیاهۆ بهێنرێت کە ماوەی 12 ساڵە فەرمانڕەوایی دەکات.
هاوڵاتى داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکەی کازمییە راگەیاند، کە تیایدا دوو كەس گیانیان لەدەستدا و ١٥ى دیکەش برینداربوون. شەوی رابردوو بەهۆی تەقینەوەیەک لە چێشتخانەیەکی ناوچەى کازمیە لە بەغدا، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و ١٥ کەسی دیکەش برینداربوون، لای خۆشییەوە، داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند. داعش وتوویەتی، شانەیەکی رێکخراوەکەیان توانیویانە دزە بکەنە بەردەم مەزارێکی شیعەکان و تەقینەوەکەیان کردووە. میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، دوای رووداوەکە تیمەکانى بەرگری و فریاکەوتن و شارستانی، بە مەبەستى کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و گەیاندنی نەخۆشەکان بۆ نەخۆشخانە راستەوخۆ گەیشتوونەتە شوێنى رووداوەکە. ناوچەی کازمییە یەکێکە لەو شوێنانەی خەڵکیكی زۆری بیانی و ناوخۆیی سەردانی دەکەن و بازاڕێکی میللی گەورەی هەیە کە پێداویستی ناوچەکەی پڕکردووەتەوە.
هاوڵاتى راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، تا کۆتایی ئەم مانگە زیاتر لە 80 ملیۆن ڤاکسین دەداتە وڵاتە هەژارەکان. جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا لە رێگەی میکانیزمی کۆڤاکسی تایبەت بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاکسین دەداتە وڵاتانی دیکەی جیهان, کە پێویستیانە و ئەو کارەش بەبێ هیچ ئامانج و مەرجێكی پێشوەختە دەکات. رۆژی پێنجشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند لە 75٪ی بڕە ڤاکسینەکانی وڵاتەکەی کە لێیان زیادە دەداتە ئەو وڵاتانەی کە پێویستیان پێیەتی ئەوەش لە رێگەی میکانیزمی کۆڤاکسی تایبەت بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجامدەدات. بەگوێرەی پلانەکەی بایدن، ئەمریکا 18 ملیۆن دانە ڤاکسین دەداتە کۆڤاکس و کە 6 ملیۆنی بۆ وڵاتانی ناوەڕاست و باشووری ئەمریکا، 7 ملیۆن بۆ وڵاتانی ئاسیا و 5 ملیۆن بۆ ئەفریقیا. تاوەکو ئێستا کەمتر لە 76 ملیۆن ڤاکسین لەڕێگەی کۆڤاکسەوە دراوەتە وڵاتە هەژارەکان و رێکخراوی تەندرووستی جیهانی داوا لە وڵاتە ساماندارەکان دەکات هاوکاری زیاتری وڵاتە هەژارەکان بکەن. ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین هاووڵاتی خۆی بە ڤاکسینی کۆرۆنا کوتاوە، تاوەکو ئێستا 170 ملیۆن کەس لەو وڵاتە قورچکی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، 135 ملیۆن کەسیش هەردوو قورچکەکەیان وەرگرتووە.
هاوڵاتى ئه‌مڕۆ هه‌ینی عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانیی به‌سه‌ردانێك گه‌یشته شاری كه‌ركوك. بڕیاره له‌و سه‌ردانه‌یدا عه‌ممار حه‌كیم له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی ئیداری كه‌ركوك كۆده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌مان ڕۆژ چاوی به لایه‌نه سیاسیه‌كانی شاره‌كه‌ش بكه‌وێت و به‌جیا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری پێكهاته‌كانیش كۆده‌بێته‌وه.
هاوڵاتى لە سووریا فەرماندەیەکی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران کەوتنە بۆسەیەکی داعش و کوژرا. بەپێی میدیا فەرمییەکانی ئێران شەوی رابردوو دوو "راوێژکاری سەربازی"ی ئێران لە سووریا کاتێک لە شاری دێرەزۆرەوە گەڕاونەتەوە شاری تەلتەمەر، کەوتوونەتە بۆسەیەکی چەکدارانی داعش و هەردووکیان کوژراون. دوو فەرماندەکە ئەوانیش حەسەن عەبدوڵلازادە، کە فەرماندەیەکی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران بووە، هەروەها مەداحێکی سرووتە ئاینییەکان بووە. ئەوەی دیکەشیان ناوی موحسین عەباسی بووە و هاوکاری عەبدوڵلازادە بووە. هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە دوای شەڕی ناوخۆی سووریاوە بەناوی "راوێژکاری سەربازی" چوونەتە ئەو وڵاتە. ئەو هێزە هاوشان لەگەڵ رووسەکان رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە مانەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە دەسەڵات. تائێستا چەندین فەرماندە و چەکداری سوپای پاسداران لە سووریا کوژراون.
هاوڵاتى حكومەتی هەرێم لە وەڵامی نوسراوێكی پەرلەمانی كوردستاندا كە داوای ئامادەبونی دو لیژنەی چاكسازیی وەزارەتی كاروباری شەهیدانی كردوە، دەڵێت، ناتوانن ئامادەبن بۆیە پێشنیار دەكەن لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمان سەردانیان بكەن. پەرلەمانی كوردستان بە نوسراوی رەسمی داوای ئامادەبونی لیژنەی چاكسازی شەهیدان و ئەنفالكراوان و لیژنەی چاكسازی زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان كردوە، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پرسی چۆنیەتی بەڕێوەچونی كارەكانیان، بەڵام حكومەت لەوەڵامی پەرلەماندا وتویەتی، ناتوانن ئامادەبن. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنوسراوێكی رەسمیدا كە ئیمزای ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە، وەڵامی داواكەی پەرلەمانی كوردستانی داوەتەوەو وتویەتی، لیژنەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان "ناتوانن ئامادەبن، بۆیە پێشنیار دەكەن (لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید‌و زیندانیانی سیاسی) لە پەرلەمانە بەڕێزەكەتا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی كاروباری شەهیدان لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك و هەروەها لیژنەی چاكسازی زیندانیانی سیاسی لە دیوانی وەزارەت بكەن." یەکی ئەم مانگە، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کۆبونەوەی پەرلەمان و حکومەت پەیوەست بە موچە رایگەیاند، "بڕیاربو 2ی حوزەیران لەسەر دو بابەت کۆبونەوە بکەین، یەکەمیان تایبەت بە چارەنوسی خوێندن، حکومەت وەڵامی دابوەوە کە هەردو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا دەنێرێت، بەڵام پەرلەمانتاران داوای ئامادەبونی وەزیری دارایی و ئابوریان کرد بەهۆی ئەوەی لەو کۆبونەوەیە باسی دامەزراندنی وانەبێژان دەکەین، باسی هەندێک کێشە دەکەین کە پەیوەندی بە پەروەردە هەیە بە گشتی". سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکرد، "ماوەی هەفتەیەکمان داوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێمانباشە ئامادەی ئەو کۆبونەوەیە ببن و پێمان بڵێن هۆکارەکانی دواکەوتن و لێبڕینی موچە چین و لەسەر ئەو بنەمایە قسەی خۆمان بکەین، لە نێوان 2ی حوزەیران و 10ی حوزەیراندا کە ئەو بابەتە لە ساڵی 2014ەوە هەیە هیچ رونادات".
هاوڵاتى وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند " ئێران گەورەترین کێشەیە لە ناوچەکە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل. بێنی گانتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە کاتی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لۆید ئۆستن، هاوتا ئەمریکییەکەی رایگەیاند، ئێران هێشتا بەردەوامە لە پەرەدان بە چەکە ئەتۆمییەکانی و هەروەها پڕچەککردنی میلیشیاکان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. گانتز قسەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کرد و وتی: "ئیسرائیل لەڕێگەی ئەمریکاوە لە نزیکەوە ئاگاداری گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤییەننایە و پێکەوە لە ژورە داخراوەکاندا بە ئامانجی هاوبەشیان دەگەن کە بریتییە لە رێگریکردن لە ئێران لە گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی". وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئێران بە گەورەترین کێشە و هەڕەشە زانی و وتی: "ئێران گەورەترین کێشەیە لە ناوچەکە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل" وڵاتانی 4+1ی بەشدار لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ نێو رێککەوتننامەکە، کە لە ساڵی 2018 بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لێی کشایەوە. هەروەها دەیانەوێت ئێران رازی بکەن پابەندبێت بە رێککەوتنەکە. وڵاتانی 4+1 تاوەکو ئێستا پێنج جار بە جیا لەگەڵ ئەمریکا و ئێران لە ڤیەننا کۆبوونەتەوە. دوایین کۆبوونەوەش رۆژی چوارشەممەی رابردوو بوو.
هاوڵاتى به‌ڕێوه‌به‌رى کۆمپانیاى نیشتمانى به‌بازاڕکردنى نه‌وت(سۆمۆ) رۆژى پێنجشه‌ممه رایگه‌یاند، هه‌رێمى کوردستان تا ئێستا پابه‌ند نه‌بوه به هه‌نارده‌کردنى نه‌وت له ڕێگه‌ى کۆمپانیاکه‌یانه‌وه، پێشبینیشده‌کات، نرخى نه‌وتى زیاتر به‌رز ببێته‌وه. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه سێى حوزه‌یرانى 2021، عه‌لا یاسرى به‌ڕێوه‌به‌رى کۆمپانیاى سۆمۆ به‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى راگه‌یاند، هه‌نارده‌ى نه‌وتى عێراق له ئێستادا له دوو ملیۆن و 900 هه‌زار به‌رمیلى له رۆژێکدا تێپه‌ڕاندوه‌و له‌و بڕه سه‌د هه‌زار به‌رمیلیى که‌رکوکه له‌ڕێگه‌ى جه‌یهانى تورکیه‌وه هه‌نارده ده‌کرێت. ناوبراو راشیگه‌یاند:"نه‌وتى عێراق هه‌نارده‌ى هه‌مو بازاڕه‌کان ده‌کرێت و یه‌کێک له بازاڕه گرنگه‌کانیش بازاڕى ئاسیایه، پێشبینیده‌که‌ین له چه‌ند مانگى داهاتودا پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى بازرگانى و چالاکى ئابورى جیهانی، نرخى نه‌وت زیاتر به‌رز ببێته‌وه". له‌باره‌ى دۆسیه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستانیش، عه‌لا یاسرى ئاشکرایکرد:"یاساى بودجه‌ى فیدڕاڵى بۆ ساڵى دارایى 2021 مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان ده‌کات له‌سه‌ر نه‌وت، به‌ڵام هه‌رێمى کوردستان تا ئێستا پابه‌ند نه‌بووه به‌هه‌نارده‌کردن و راده‌ستکردنى نه‌وت له‌ڕێگه‌ى کۆمپانیاى سۆمۆوه". 31ى ئازارى 2021 پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى ئه‌مساڵ په‌سه‌ندکرا، پشکى هه‌رێمى کوردستان له‌بودجه‌که، بڕى 11 تریلیۆن و 482 ملیار دینار ده‌بێت، له‌به‌رانبه‌ر ته‌سلیمکردنى داهاتى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه به نرخى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى و نیوه‌ى داهاته فیدراڵییه‌کان. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، چه‌ندینجار و دواینیشیان له‌رێگه‌ى وه‌فدى باڵاى هه‌رێم له به‌غدا جه‌ختى له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنى رێکه‌وتنه‌که‌ى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدڕاڵ کردوه و ئاماده‌یى ته‌واویشى بۆ دانوستان و رێکه‌وتن له‌سه‌ر ورده‌کاریه‌کان ده‌ربڕیوه.