هاوڵاتى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان رایگه‌یاند ساڵى 2020 له هه‌رێمى کوردستان 315 پێشێلکاریى به‌رامبه‌ر میدیاکاران ئه‌نجام دراون و 138 حاڵه‌تى توندوتیژى به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان تۆمارکراون. سکرتێرى لیژنه‌ى داکۆکى له مافى رۆژنامه‌نوسانیش ئاشکراى ده‌کات، بۆ یه‌که‌مجار به‌دواداچونێکى نوێینان بۆ کاره‌کانیان زیادکردووه، که ئه‌و پێشێلکارییانه‌ى به‌رامبه‌ر خانمانى رۆژنامه‌نووس ئه‌نجام ده‌درێت لاى خۆیان تۆمارى ده‌که‌ن. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 7ى کانونى دووه‌مى 2021 سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان له کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا ڕاپۆرتى ژماره (25-26) تایبه‌ت به‌پێشێلکارییه‌کانى ساڵى 2020ى به‌رامبه‌ر به رۆژنامه‌نووسان بڵاوکرده‌وه، که به‌پێى راپۆرته‌که پیشێلکارییه‌کان به به‌راورد به ساڵى 2019 زیادى کردووه. به پێى راپۆرته‌که‌ى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان، " له‌ساڵى 2020دا زیاتر له 315 رۆژنامه‌نووس پێشێلکاریان به‌رامبه‌ر کراوه، که 308یان نێر و حه‌وت ڕۆژنامه‌نووسیان مێ بوون"، هه‌روه‌ها "چوار سکاڵا به‌رامبه‌ر پێنج ڕۆژنامه‌نووس به‌رز کراوه‌ته‌وه و سێ ده‌زگاى میدیایى داخراون و یه‌ک ڕۆژنامه‌نووسیش به‌ڵێننامه‌ى کارنه‌کردنى لێوه‌رگیراوه". هاوکات ژماره‌ى پێشێلکارییه‌کان به‌پێى پارێزگاکان به‌م شێوه‌یه بووه، که له پارێزگاى هه‌ولێر 46 حاڵه‌ت، له پارێزگاى سلێمانى 36 حاڵه‌ت، 25 پێشێلکاریى له‌پارێزگاى که‌رکوک، 17 پێشێلکاریى له‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه و 14 پێشێلکاریش له پارێزگاى دهۆک تۆمارکراون. لاى خۆشیه‌وه، نه‌زاکه‌ت حسێن سکرتێرى لیژنه‌ى داکۆکى له مافى رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند "لیژنه‌ى به‌رگرى له ئازادییه‌کانى رۆژنامه‌نووسان له سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان بۆ یه‌که‌م جار به‌دواداچونێکى نوێینان بۆ کاره‌کانیان زیادکردووه، بۆ له‌مه‌ودوا ئه‌و پێشێلکارییانه‌ى به‌رامبه‌ر خانمانى رۆژنامه‌نووس تۆمارده‌کرێت لاى خۆیان تۆمارى ده‌که‌ن و دۆسیه‌ى بۆ ده‌که‌نه‌وه. باسى له‌وه‌شکرد که" بۆ ساڵى 2020یش له به‌دواداچوونێکى لیژنه‌که‌دا ده‌رکه‌وتووه که 50%ى ڕۆژنامه‌نووسانى مێیینه له ده‌زگاکانى میدیایى پێشێلکارییان به‌رامبه‌ر کراوه و گێچه‌ڵیان پێکراوه". لاى خۆیه‌وه ئازاد حه‌مه‌ده‌مین، نه‌قیبى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان، له کۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا رایگه‌یاند:"له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هیچ یاسایه‌کمان نییه بابه‌تى سۆشیال میدیا رێکبخات، ماوه‌یه‌کیشه په‌یجه‌کانى هه‌واڵ له سۆشیال میدیا له فراوانبووندان و به‌فتوایه‌کى ئه‌نجومه‌نى شوراش ئه‌و په‌یجانه تۆمار ده‌کرێن بۆیه لێره‌وه رایده‌گه‌یه‌نم داوا له‌هه‌موو ئه‌و په‌یجانه ده‌که‌م که زۆرینه‌یان لۆگۆیان هه‌یه و له بۆنه‌کان ئاماده‌ده‌بن بێن بۆ سه‌ندیکا و خۆیان تۆماربکه‌ن بۆئه‌وه‌ى بتوانین له‌کاتى کێشه‌یه‌کدا به‌رگریان لێبکه‌ین".
ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت:" حکومه‌تى هه‌رێم هه‌نگاوێکى باش ده‌نێت نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات"، ده‌شڵێت:" له‌هه‌موو حاڵه‌تێکدا مانگانه 950 ملیار دینار که‌متر ره‌وانه‌ى هه‌رێم ناکرێت". ئه‌مڕۆ وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند که ئاماده‌ن سه‌رجه‌م مه‌رجه‌کانى به‌غدا جێبه‌جێ بکه‌ن به راده‌ستکردنى نه‌وتیشه‌وه، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى کوردى په‌رله‌مانى عێراقه‌وه پێشوازى له‌م هه‌ڵوێسته‌ى حکومه‌تى هه‌رێم کرا. شیروان میرزا، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" حکومه‌تى هه‌رێم هه‌نگاوێکى باش ده‌نێت نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات که له پرۆژه‌ى بودجه‌دا باسى ته‌سلیمکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه به کۆمپانیاى سۆمۆ ده‌کرێت، ئه‌مه ئاسانکارییه‌و هه‌رێمى کوردستان به‌هێز ده‌کات و کێشه داراییه‌کانى چاره‌سه‌ر ده‌کات". ناوبراو وتیشى:" ده‌بوو حکومه‌تى هه‌رێم له 1ى 1ى 2021 ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌یه‌ى راده‌ستى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى بکردایه، چونکه که یه‌ک له‌سه‌ر دوانزه‌ى بودجه خه‌رج ده‌کرێت پشکى هه‌رێم ره‌وانه ده‌کرا". شیروان میرزا باسى له‌وه‌شکرد حکومه‌تى هه‌رێم پێویسته رێککه‌وتنى فه‌رمى له‌گه‌ڵ کۆمپانیاى سۆمۆ بکات پێش ده‌نگدان و په‌سه‌ندکردنى پرۆژه‌ى بودجه که رۆژانه نه‌وته‌که‌ى راده‌ست بکات. سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق بریاریدا رۆژى شه‌ممه 9ى کانونى دووه‌مى 2021 گقتوگۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌ى بودجه بکات و بانگێشتنامه‌ى ئاراسته‌ى په‌رله‌مانتاران کردووه. پرۆژه بودجه‌ى عێراق بڕه‌که‌ى 150 تریلۆن و 50 ملیار دیناره‌و 58 تریلۆن دینار کورتهێنانى تێدایه و یه‌ک به‌رمیل نه‌وت به 42 دۆلار خه‌مڵێندراوه. ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ژماره‌ى جیاواز له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه باس ده‌کرێت له‌حاڵه‌تى پابه‌ندییه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم به بودجه‌وه، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق وتى:" بۆخۆى پرۆژه‌ى بودجه موخه‌ته‌تێکه‌و مه‌رج ئینفاقى فعلیه، حکومه‌تى عێراق مانگانه نزیکه‌ى هه‌شت تریلۆن دینار خه‌رج ده‌کات له‌و بره پشکى له‌سه‌دا 12.67ى هه‌رێم ده‌گاته 950 ملیار دینارى مانگانه ئه‌مه‌ش کێشه داراییه‌کان به‌تایبه‌ت موچه چاره‌سه‌ر ده‌کات".
هاوڵاتى کۆمیته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى په‌که‌که له نۆهه‌مین ساڵى کۆمه‌ڵکوژیى پاریس رایگه‌یاند که" ئێمه تێکۆشانى خۆمان به هه‌ڵمه‌تى به‌رخۆدانى خۆمان ” کاتى ئازادییه” ده‌که‌ینه یه‌ک، له‌چوارپارچه‌ى کوردستان، ده‌شڵێن:" تاوانى کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ى پاریس له‌لایه‌ن (ئه‌که‌په) حزبه‌که‌ى ئه‌ردۆغان ئه‌نجامدراوه". کۆمیته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى په‌که‌که به بۆنه‌ى ساڵیادى کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ى 9ى کانوونى دوه‌مى 2013 که تێیدا ساکینه جانسز یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانى په‌که‌که، فیدان دۆغان نوێنه‌رى که‌نه‌که‌ى پاریس و له‌یلا شایله‌مز ئه‌ندامى ته‌ڤگه‌رى گه‌نجان کۆمه‌ڵکوژکران، ڕاگه‌یه‌نراوێکى بڵاوکرده‌وه که تێیدا هاتووه:”٩ى کانوونى دوه‌م له سه‌ر که‌سایه‌تیى هاوڕێ سارا، ڕۆژبوون و ڕوناهی، ده‌سڕێژى گوللـه له ئازادى ژن کراوه و به ئاسته‌نگکردنى ته‌ڤگه‌رى ئازادیى ژنان ده‌یانویست هزرى پیاوسالارى و ئه‌و سیاسه‌ته به‌رده‌وام بێت". هه‌روه‌ها له ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌ى په‌که‌که‌دا هاتوه: ” ئێمه ده‌ربازى هه‌شته‌مین ساڵى کۆمه‌ڵکوژکردنى یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانى په‌که‌که ساکینا جانسز(سارا) و ملیتانى هێژاى پارته‌که‌مان ڕۆژبین( فیدان دۆغان) و ڕۆناهی( له‌یلا شایله‌مز) بووین که له ڕۆژى 9ى کانوونى دوه‌مى 2013له پاریس له‌لایه‌ن رێکخراوه‌ى هه‌واڵگرى میتى تورک به شێوه‌یه‌کى دڕندانه کۆمه‌ڵکوژ کران". هاوکات ده‌ڵێت:”ئێمه له ٩هه‌مین ساڵى یه‌کێک له دڕندانه‌ترین هێرشه‌کانى سه‌ده‌ى 21داین، له سه‌رئه‌و بنگه‌یه، یادى شه‌هیدانى خۆمان سارا، ڕۆژبین و ڕۆناهى ده‌که‌ینه‌وه، له 9هه‌مین سالدا ته‌ڤگه‌رى ئازادى و گه‌ل ده‌ستنیشانى ده‌که‌ین که بکوژه فاشیسته‌کان به‌تووندى سزا ده‌ده‌ین و سه‌رکه‌وتنى گه‌وره مسۆگه‌ر ده‌که‌ین". په‌که‌که هه‌ر له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌یدا ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کات که “وه‌ک ده‌زانرێت کۆمه‌ڵکووژییه‌که‌ى پاریس، کۆمه‌ڵکووژییه‌کى ئاکه‌په بوو، ١٣مانگ دواى کۆمه‌ڵکووژییه‌که‌ى رۆبۆسکى ڕوویدا و بڕیارى کۆمه‌ڵکووژییه‌که له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه ده‌رکراوه و کۆمه‌ڵکووژییه‌که له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ى هه‌واڵگرسى میتى تورک به سه‌رۆکایه‌تسى ته‌یب ئه‌ردۆغان و هاکان فیدان جێبه‌جێ کراوه”. کۆمیته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى په‌که‌که ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کردوه: “له کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌دا که‌ڵکیان له عومه‌ر گوناى وه‌رگرتبوو، عومه‌ر گوناى که خۆى وه‌ک شۆرشگێڕێک نیشاندا و خۆى خزانده ناو ته‌ڤگه‌رى ئازادى له‌پاریس هه‌ر سێ ژنه شۆرشگێڕى به پیلانێک به ده‌مانچه کۆمه‌ڵکووژ کرد و دواى کۆمه‌ڵکووژییه‌که، عه‌مور گوناى گیرا ئینجا به‌ڕێوه‌به‌رانى ئاکه‌په ئه‌ردۆغان ، حسێن چه‌لئک و عه‌لى شاهین ئه‌و کاره‌یان له ئه‌ستۆ گرت و وتیان ئێمه بڕیارى ئه‌و کۆمه‌ڵکووژییه‌مانه داوه". په‌که‌که، ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه که" ئه‌مانه هه‌مووى له لایه‌ن ده‌زگه‌ى دادوه‌ریى فه‌ره‌نساوه ئاشکرا کراون و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى که له ئیدعانامه‌کاندا نووسراوه، پێش ئه‌وه‌ى که دادگا ده‌ست پێ‌بکات و دواى 20 رۆژ ئاشکرا کرا که کوژه‌ر(عومه‌ر گوناى) له به‌ندیخانه مردوه، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ دادگاى فه‌رانساى کۆمه‌ڵکوژیى 9ى کانوونى 2013 نه‌کراوه و دۆسیه‌که داخراوه و به‌م شێوه‌یه دادگاى فه‌ره‌نسا، هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌کى له حکومه‌تى ئه‌ردۆغانى کوژره‌ر ناکات و پێویستى دادگایی‌کردن جێبه‌جێ نه‌کراوه، بۆیه دادگاى فه‌رانسا به‌م شێوازه، خۆى کردوه‌ته شه‌ریکى ئه‌و تاوانه، ئه‌وه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى که عومه‌ر گۆناى مرد، یان کوژرا، که ئه‌مه وه‌ک پرسێکى ماوه‌ته‌وه".
هاوڵاتى وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند:"ده‌مانه‌وێت دادپه‌روه‌رى و شه‌فافیه‌ت له پرۆژه‌یاسایى بودجه‌دا هه‌بێت"، ده‌شڵێت:" به‌هه‌موو مه‌رجه‌کانى به‌غدا رازین به‌راده‌ستکردنى نه‌وتیشه‌وه". ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 7ى کانونى دووه‌مى 2021 وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم له کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا باسى له‌وه‌کرد، ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق له‌سه‌ر پرۆژه یاساى بودجه‌ى 2021، رێکبکه‌ون و، ده‌شڵێت: "وه‌کو حکومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ین هه‌موو مه‌رجه‌کانى ناو پرۆژه‌یاساى بودجه جیبه‌جێ بکه‌ین". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: "داوایان له حکومه‌تى عێراق کردووه که ئه‌و موچانه‌ى نه‌یانناردووه؛ ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى بکه‌ن". هاوکات جوتیار عادل جه‌ختى له‌وه‌شکردووه، "وه‌کو حکومه‌تى هه‌رێم به هه‌موو مه‌رجه‌کان رازین، چ به ڕاده‌ستکردنى نه‌وت و داهاته‌که‌شی". وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که ده‌یانه‌وێت داهاتى ده‌روازه سنوورییه‌کان رێکبخه‌نه‌وه و قاچاخچێتیش له خاڵه سنوورییه‌کان بنه‌بڕ بکه‌ن.
هاوڵاتى وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند، بڕیادراوه پاره‌ى سێ مانگى کۆتایى ساڵى 2020ى مامۆستایانى وانه‌بێژ وه‌ک شایسته‌ى دارایى خه‌رج بکرێت. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 7ى کانونى دووه‌مى 2021 ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌راگه‌یه‌نراوێکدا ئاماژه به‌وه ده‌دات که "له کۆبونه‌وه‌ى 1 ى 12 ى 2020ى لیژنه‌ى باڵاى روبه‌روبونه‌وه‌ى کۆرۆنا، به‌سه‌رپه‌رشتى به‌رێز وه‌زیرى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، به‌نده و به‌رێز وه‌زیرى دارایى راسپێردراین که له پشوه‌کانى ناوه‌نده‌کانى خوێندن به‌هۆى ڤایرۆسى کۆرۆنا، کۆنوسێک سه‌باره‌ت به شایسته داراییه‌کانى وانه‌بێژانى دانه‌مه‌زراو بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بنێرین، پاش کۆبونه‌وه‌ى هاوبه‌شى وه‌زاره‌تمان و وه‌زاره‌تى دارایى ، به‌سوپاسه‌وه له‌لایه‌ن جه‌نابى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه به‌رێز مه‌سرور بارزانی، پێشنیارى هه‌ردو وه‌زاره‌ت په‌سه‌ندکرا". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى خستۆته‌روو که "بریاردراوه بۆ مانگه‌کانى 10 و 11 و 12ى ساڵى 2020 بره‌پاره‌یه‌کى بڕاوه‌ى مانگانه ( مقتوع) وه‌ک شایسته‌ى دارایى مامۆستایانى وانه‌بێژى دانه‌مه‌زراو خه‌رج بکرێت". وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که پاره‌که به‌م شێوه‌یه خه‌رج ده‌کرێت "هه‌ڵگرى بروانامه‌ى به‌کالۆریۆس و سه‌روتر برى سێ سه‌د هه‌زار دینار و بۆ هه‌ڵگرى بروانامه‌ى دبلۆم دووسه‌دو په‌نجا هه‌زار دینار".
هاوڵاتى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند، رۆژى شه‌ممه په‌رله‌مان بۆ خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م و تاوتوێکردنى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى ساڵى 2021ى عێراق کۆده‌بێته‌وه و بانگهێشتى په‌رله‌مانتاران ده‌که‌ن بۆ کۆبونه‌وه. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 7ى کانونى دووه‌مى 2021 ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق له‌راگه‌یه‌نراوێکدا که‌وێنه‌یه‌کى بۆ "هاوڵاتى" نێردراوه باس له‌وه‌کراوه، کاتژمێر 5:00ـى ئێواره‌ى رۆژى شه‌ممه (9ـى کانونى دوه‌م) په‌رله‌مانى عێراق به‌مه‌به‌ستى خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى ساڵى 2021ى عێراق کۆده‌بێته‌وه. پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى ئه‌مساڵى عێراق به 150 ترلیۆن دینار دیاریکراوه (نزیکه‌ى 103.4 ملیار دۆلار)، له‌و رێژه‌یه‌ش 70 تریلیۆن دینار (48.2 ملیار دۆلار) کورتهێنانى هه‌یه که‌ده‌کاته 46.6% کۆى بودجه. په‌رله‌مانى عێراق ماوه‌ى مانگێک ماوه‌ى دانیشتنه‌کانى درێژکردوه‌ته‌وه له‌پێناوى په‌سه‌ندکردنى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى ساڵى 2021، بڕیاره په‌رله‌مان له‌ماوه‌ى مانگێکدا پڕۆژه‌ى بودجه په‌سه‌نده‌کات
هاوڵاتى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکى ئه‌مریکا رایگه‌یاند، 20ى ئه‌م مانگه ده‌سه‌ڵات به شێوازێکى ئاسایى ده‌گوازرێته‌وه. دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکى ئه‌مریکا دواى په‌سه‌ندکردنى بردنه‌وه‌ى جۆو بایدن، سه‌رۆکى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریکا، تره‌مپ رایگه‌یاند:" ده‌سه‌ڵات راده‌ست ده‌که‌م به شێوه‌یه‌کى ئاسایى له 20ى ئه‌م مانگه‌دا".
هاوڵاتى کاروانێکى دیکه‌ى هاوکاریى هێزه‌کانى هاوپه‌یمانانى دژى داعش، گه‌یشته وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و له بودجه‌ى ئه‌مساڵدا ئه‌مریکا 166 ملیۆن دۆلارى بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه دیاریکردووه. ئه‌مڕۆ 7ى کانونى دووه‌مى 2021 فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌میندارى گشتیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له‌لێدوانێکى رۆژنامه‌وانیدا راگه‌یاند:" کاروانێکى دیکه‌ى هاوکاریى هێزه‌کانى هاوپه‌یمانیى دژى داعش، گه‌یشتوه‌ته وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه که له چه‌ک، ئوتۆمبێل و که‌ره‌سته‌ى سه‌ربازى پێکهاتووه. ئه‌میندارى گشتیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له‌باره‌ى هاوکارییه‌کانى هاوپه‌یمانانه‌وه بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه راشیگه‌یاند:" له‌دواى یه‌کگرتنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه له 2010 ، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى ئه‌مریکا هه‌یه و له 2013وه هاوکاریکراون، به‌ڵام له‌دواى شه‌ڕى داعشه‌وه هاوکارییه‌کانى هاوپه‌یمانان زیادیکردووه". یارمه‌تییه‌کانى هاوپه‌یمانان بۆ پێشمه‌رگه جگه له دابینکردنى ئۆتۆمبێل و که‌ره‌سته‌ى سه‌ربازی، پێدانى به‌شێک له موچه‌ى پێشمه‌رگه بووه که به وته‌ى عه‌قید وه‌ین مارۆتۆ، وته‌بێژى هاوپه‌یمانانیش، هاوپه‌یمانان تائێستا 850 ملیۆن دۆلاریان وه‌ک موچه خستووه‌ته سه‌ر حیسابى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه. هه‌روه‌ها جه‌بار یاوه‌ر باسى له‌وه‌شکرد که یه‌که‌مجار له‌ساڵى 2016 ئه‌مریکا 430 ملیۆن دۆلارى بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه دابینکرد، تا ئێستا هاوکارییه‌کان به‌رده‌وامن، "ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ئێستا دو لیواى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه چه‌کدارکران، بڕیاروایه هه‌مو هێزه‌کانى پیشمه‌رگه پڕچه‌ک بکرێته‌وه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه." هاوکات، جه‌بار یاوه‌ر، باسى له‌وه‌شکرد له بودجه‌ى ساڵى 2021 دا ئه‌مریکا 166 ملیۆن دۆلارى بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه دیاریکردوه، ئه‌وه‌ش به‌شى هه‌مو موچه‌ى پێشمه‌رگه ناکات و به‌شێک له پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه موچه‌یان پێده‌درێت.
هاوڵاتى به‌هۆى خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تى لایه‌نگرانى تره‌مپ دانیشتنه‌کانى دوێنێى کۆنگرێسى ئه‌مریکا راگیران، دواى چه‌ند کاتژمێرێک دانیشتنه‌کان بۆ داننان به‌ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن و سه‌رکه‌وتنى بایدن به‌سه‌ر تره‌مپدا ده‌ستیانپێکرده‌وه. سه‌ره‌تا ده‌نگه‌کانى ده‌سته هه‌ڵبژاردن بۆ ویلایه‌تى په‌نسلڤانیا خوێنرایه‌وه، حه‌وت ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پیرانى کۆمارییه‌کان ئه‌نجامه‌کانیان ره‌تکرده‌وه، به‌ڵام به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ ئه‌نجومه‌نى پیران تانه‌ى سه‌رده‌نگه‌کانى ئه‌و ویلایه‌ته‌ى ره‌تکرده‌وه. له‌ئێستاشدا تاوتوێى ده‌نگه‌کانى ویلایه‌تى ئاریزۆنه ده‌کرێت و دانیشتنه‌کان به‌رده‌وامده‌بن تا یه‌کلایکردنه‌وه‌ى سه‌رکه‌وتنى بایدن له‌هه‌ڵبژاردنه‌کان. له‌باره‌ى هه‌ڵکوتانه سه‌ر بیناى کۆنگرێس، مایک پینس جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا رایگه‌یاند، لێخۆشبون بۆ ئه‌و که‌سانه نیه که هه‌ڵیانکوتاوه‌ته سه‌ر کۆنگرێس.
هاوڵاتى نرخى نه‌وتى خاو له‌بازاره‌کانى جیهاندا به‌هۆى گرژییه‌کانى کۆنگرێسى ئه‌مریکاو وته‌کانى تره‌مپ و جۆو بایدنه‌وه به‌رزبووه‌ته‌وه‌و یه‌ک به‌رمیل گه‌یشته 54 دۆلار‌و 23 سه‌نت. به‌هۆى گرژییه‌کانى کۆنگرێسى ئه‌مریکاوه نرخى نه‌وتى خاو له‌بازاره‌کانى جیهاندا 11 سه‌نت بۆ هه‌ر به‌رمیلێک به‌رزبووه‌ته‌وه. له‌ئێستادا یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى برێنت به 54 دۆلار‌و 23 سه‌نته، به‌ڵام پێش دوو کاتژمێر به 54 دۆلار‌و 12 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرا.
هاوڵاتى جۆو بایدن سه‌رۆکى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریکا له ویلایه‌تى دێلاور، رایگه‌یاند که دیموکراسى هێرشى کرایه سه‌ر و داواى له تره‌مپ و کۆمارییه‌کان کرد ئه‌و فه‌وزایه بوه‌ستێنێت. جۆو بایدن، سه‌رۆکى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریکا له حزبى دیموکراته‌کان رایگه‌یاند:"ئه‌وه‌ى رووده‌دات ده‌ستدرێژى بوو بۆ پیرۆزترین دامه‌زراوه که کۆنگرێسه‌و پێویسته پیاو ژنانى ئه‌ندامانى کۆنگرێس بپارێزرێن". ناوبراو راشیگه‌یاند:" پێویسته تره‌مپ ئه‌م فه‌وزایه رابگرێت، ئێمه‌و کۆمارییه‌کان و سه‌ربه‌خۆکانیش ده‌بێت گه‌لى ئه‌مریکا بپارێزین، هه‌موو جیهان و مناڵه‌کانمان سه‌یرمان ده‌که‌ن". هه‌روه‌ها بایدن داواى له تره‌مپ کرد که له ئاستى به‌رپرسیارێتیدا بێت. هاوکات ئه‌و روداوه‌ى کۆنگرێسى به رووداوێکى ناخۆش وه‌سف کرد‌و وتى:" ئه‌مریکا زۆر گه‌وره‌تره له‌م رووداوانه، ئه‌مه خۆپیشاندان نییه‌و جۆرێکه له فه‌وزا".
هاوڵاتى دواى ئه‌وه‌ى لایه‌نگرانى دۆناڵد تره‌مپ چوونه ناو کۆنگرێسى ئه‌مریکاوه، به فه‌رمانى تره‌مپ گاردى کۆمار ره‌وانه کرا بۆ پارێزگاریکردنى. کۆنگرێسى ئه‌مریکا به سه‌رۆکایه‌تى مایک پێنس بڕیاربوو ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان یه‌کلایی بکاته‌وه، به‌ڵام پێنس رایگه‌یاند:" به‌پێى ده‌ستور ناتوانم ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان ره‌تبکه‌مه‌وه، به‌ڵام ئه‌ندامانى کۆنگرێس ئازادن له‌وه‌ى چ بڕیارێک ده‌ده‌ن". کۆنگرێسى ئه‌مریکا له‌لایه‌ن ئه‌ندامه‌کانییه‌وه چۆڵ کراوه‌و خۆپیشانده‌ران ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌و له ویلایه‌تى واشنتن سه‌رۆکى شاره‌وانییه‌که‌ى 12 کاتژمێر قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى راگه‌یاند.
هاوڵاتى دواى ئه‌وه‌ى داواى له مایک پێنسى جێگرى کرد تا ئه‌نجامه‌کان ره‌تبکاته‌وه، دۆناڵد تره‌مپ هێرشیکرده سه‌رى و رایگه‌یاند، ئه‌و غیره‌تى نه‌بووه وڵاته‌که‌یان بپارێزێت و لایه‌نگرانى چوونه سه‌ر باڵه‌خانه‌ى کۆنگرێس و کۆبونه‌وه‌که به‌و هۆیه‌وه راگیراوه. دۆناڵد تره‌مپ له تویتێکدا رایگه‌یاند:"مایک پێنس غیره‌تى نه‌بوو تا وڵات و ده‌ستوره‌که‌مان بپارێزێت و ده‌رفه‌ت بدات به ویلایه‌ته‌کان بۆ راستکردنه‌وه‌ى چه‌ند حه‌قیقه‌تێک". له ئێستادا به‌هۆى پشێوى و ئاڵۆزى لایه‌نگرانى تره‌مپه‌وه، کۆبوونه‌وه‌ى کۆنگرێسى ئه‌مریکا به سه‌رۆکایه‌تى مایک پێنسى جێگرى راگیراوه. بڕیاره له چه‌ند کاتژمێرى داهاتوودا، کۆنگرێسى وڵاته‌که ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکایه‌تى مانگى 11ى 2020 به فه‌رمى په‌سه‌ند بکات. مایک پێنس، جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا سه‌رۆکایه‌تى کۆنگرێس ده‌کات بۆ داننان و یه‌کلاکردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌مریکا و تره‌مپیش داوا له‌پێنس ده‌کات ده‌ستور بپارێزێت. پێشتر جۆوبایدن سه‌رۆکى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریکا رایگه‌یاند ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان له قازانجى پارته‌که‌ى بووه‌و ئه‌و پرسه کۆتایى هاتووه، به‌ڵام به‌شێک له ئه‌ندامانى کۆمارییه‌کان ئه‌نجامه‌کان به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا ره‌تده‌که‌نه‌وه.
هاوڵاتى مایک پێنس، جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا سه‌رۆکایه‌تى کۆنگرێس ده‌کات بۆ داننان و یه‌کلاکردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌مریکا و تره‌مپیش داوا له‌پێنس ده‌کات ده‌ستور بپارێزێت. دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆکى ئه‌مریکا رایگه‌یاند:"ده‌بێت مایک پێنس ده‌ستور بپارێزێت و کاره راسته‌که ئه‌نجامبدات که ره‌تکردنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردنه‌که‌یه". به‌پێى ده‌ستورى ئه‌مریکا، جێگرى سه‌رۆکى وڵات له هه‌مان کاتدا، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پیرانى وڵاته‌که‌شه. ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و پیران له‌سه‌ر فراکسیۆنى کۆمارییه‌کان تێبینى و سه‌رنجى خۆیان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى ویلایه‌تى ئه‌ریزۆنا ده‌خه‌نه‌ڕوو. جۆوبایدن سه‌رۆکى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریکا رایگه‌یاند ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان له قازانجى پارته‌که‌ى بووه‌و ئه‌و پرسه کۆتایى هاتووه، به‌ڵام به‌شێک له ئه‌ندامانى کۆمارییه‌کان ئه‌نجامه‌کان به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا ره‌تده‌که‌نه‌وه.