هاوڵاتی دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا لە چواری شوبات "بالۆنی سیخوڕی" لە ئاسمانی وڵاتەکەی خستەخوارەوە، ئیدارەی واشنتۆن شەش کۆمپانیای چینی خستە لیستی رەشی هەناردەکردنەوە بە پاساوی ئەوەی کە پشتگیریان لە بەرنامەکانی باڵۆنە چاودێرییەکەی حکوومەتی پەکین کردووە. وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەو شەش کۆمپانیا چینییە بڕیاریان داوە بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی یان سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا مامەڵە بکەن. ئاماژە بەوەش کراوە لەو چوارچێوەیەدا، ئەو کۆمپانیا چینییانە زیادکراون بۆ لیستی رەشی هەناردەکردن، هەروەها باس لەوە کراوە ئەم کۆمپانیایانە پاڵپشتیی هەوڵەکانی بەرنامە ئاسمانییەکانی سوپای رزگاری گەل و بەتایبەت کەشتی ئاسمانی و باڵۆنەکانی چینیان کردووە. هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانیی نانجیانگ-ی پەکین، کۆمپانیای گرووپی تەکنەلۆجیای ئەلیکترۆنی پەیمانگای توێژینەوەی چین، ٤٨هەمین پەیمانگای توێژینەوەی چین، تەکنەلۆجیای دۆنگوان لینگکۆنگ، گرووپی زانست و تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانی Eagles Men، تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانی گوانگژۆ تیان-های-شیانگ و زانست و تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانی Shanxi Eagles Men خراونەتە لیستی رەشەوە.

سزادان و دەستگیرکردنی چالاکوانان و گەنجانی کورد بەردەوامە و لە یەک رۆژدا سێ کاسبار و کۆڵبەر کوژران و  ناڕەزایەتیی و کاردانەوەکان دژی کۆماری ئیسلامی لە پێنج مانگ نزیک دەبێتەوە و لە دەیان وڵاتی جیهان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچو و فەڕەنسا دوای ئازادکردنی هاوڵاتییەکی داوای ئازادکردنی ژمارەیەکی دیکە لە هاوڵاتییانی زیندانیکراوی لە ئێران دەکات. کوشتن و سزادان لە رۆژهەڵات بەردەوامە سەڵاح ئازادیی، مامۆستا لە شاری مەریوان بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن لقی یەکی دادگای ئەو شارەوە سزای یەک ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. لە شاری بۆکان گەنجێک بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان هەشت مانگ زیندانیی و لێدانی 30 قامچیی بەسەردا سەپێنرا. تەنها لە یەک رۆژدا کۆڵبەرێک و سێ کاسبکاری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. پێگەی کۆڵبەرنیوز و مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بڵاویان کردوەتەوە؛ رۆژی هەینی (10/2/2023) لە شاری کامیاران دو گەنجی کەسبکاری کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیان لێکراوە و گیانیان لەدەستداوە و هاوکات لە ناوچەی رەبەت سەر بە شاری سەردەشت بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە کۆڵبەرێک بەناوی حسێن محەمەدی کە باوکی دو منداڵ بوە، گیانی لەدەست داوە. لە دەیان شاری وڵاتانی جیهان خۆپیشاندان دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچو رۆژی شەممە لە پاریس، ئەڵمانیا، ئۆسترالیا، ئەمریکا، کۆریای باشور، سوید، بەریتانیا، نەرویج، ئیتاڵیا، قوربرس، دانیمارک، نەمسا، بولگاریا، نیوزلەندا، ئیسپانیا جگە لە پایتەختی ئەو وڵاتانە لە زۆربەی شارە گەوەرەکانی دیکەشدا گردبونەوە و خۆپیشاندان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچو. خۆپیشاندانەکانی چالاکوانانی کورد و ئێران لەو وڵاتانە هاوکات بو لەگەڵ یادی 44 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی. وتارەکی سەرۆک کۆماری ئێران هاککرا گروپێکی هاککەر بە ناوی (عەدالەتی عەلی) ئەمڕۆ و لە کاتی وتاردانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، پەخشی راستەوخۆی تەلەڤیزیۆنی ئەو وڵاتەیان هاک کرد و داوایان لە خەڵک کرد بەشێوەیەکی فراون بژێنەوە سەر شەقامەکان و کۆتایی بە نادادپەروەریی و گەندەڵیی کۆماری ئیسلامی بهێنن. هاککردنی پەخشی راستەوخۆی ئەو تەلەڤیزیۆنە هاوکات بو لەگەڵ بەڕێوچونی یادی 44 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران.   ئەڵمانیا 160 سیخوڕی ئێران دەستگیر دەکات رۆژنامەیەکی ئەڵمانی ئاشکرای دەکات دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە ژمارەیەک سیخوڕی کۆماری ئیسلامیی لە ئەڵمانیا دەستگیر کردوە کە زانیارییان لەسەر ئەو هاوڵاتییانە کۆکردوەتەوە کە بە رەگەزنامە خەڵکی ئێرانن. رۆژنامەی وێڵ ئەم سۆناتگ(Welt am Sonntag)ی ئەڵمانیا بڵاوی کردوەتەوە؛ بە پێی ئەو زانیارییانەی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی وڵاتەکە بە رۆژنامەکەی راگەیەنادوە، سیخوڕی و کاری هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئەڵمانیا زیادی کردوە. بە پێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیا؛ کۆماری ئیسلامی لە رێگەی دەیان کەسەوە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاریی داوە لەسەر ناسنامە و شوێن و پیشەی ئەو کەسانەی نەیاری دەسەڵاتی ئێرانن و بە دیاریکراوی زانیاریی لەسەر ئەو کەسانە کۆکردوەتەوە کە خەڵکی ئێران و نیشتەجێی ئەڵمانیان. مامۆستایەکی کورد و پزیشکێکی چالاکوان ئازاد کران مامۆستایەکی کورد و پزێشکێکی چالاکوانێکی ئێران دوای نزیکەی 300 رۆژ مانگرتن و پێنج ساڵ زیندانیی ئازاد کرا . زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و خەڵکی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندوە؛ دوای زیاتر لە ساڵێک زیندانیی بە بێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەرەکەی ئێوارەی هەینی ئازدا کراوە. محەمەدی کە سەرۆکی رێکخراوی (نۆژین)-ە بۆ چالاکی مەدەنی و کەلتورییەکان پێشتر بە تۆمەتی دروستکردنی رێکخراوی نایاسایی سزایی پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابو کە دوای تێپەڕێنی زیاتر لە ساڵێک لە سزاکەی. ئازادکراوە. لە لایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاویان کردەوە؛ فەرهاد مەیسەمی، پزیشک و چالاکوانی مەدەنی کە بەهۆی ناڕەزایەتیی سیاسی و مرۆیی زیاتر لە شەش ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابو، لە چواچێوەی لێبوردنێکی گشتیی لە ئێران ئازاد کرا. فەرهاد مەیسەمی تەمەن 53 ساڵ کە پزیشک بوە، بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی و دژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی پێنج ساڵ زیندانیی کراوە و زیاتر لە نۆ مانگ بو دژی لەسێدارەدان لەو وڵاتە مانی لە خواردن گرتبو. جەستەی پاڵەوانێک دوای زیندانیکردن لە ئێران رۆژی شەممە وێنەی خالید پیرزادە، خەڵکی شاری ئەهواز لە باشوری ئێران بڵاو کرایەوە کە دوای پێنج ساڵ زیندانیکردن ئازاد کراوە بەڵام وێنەی ئەو پاڵەوانە دەری دەخات دۆخی زیندان و ئەشکەنجەدانی تا چ ئاستێک کاریگەریی لەسەر جەستەی هەبوە. پیرزادە بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەندامێتی لە رێکخراوێکی نەیار بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە زیندانەکانی ئێراندا بوە و لەو ماوەیەدا بەهۆی ئەشکەنجەدان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی و مانگرتن روبەڕوی کێشەی تەندروستیی بوەتەوە.     فەڕەنسا داوای ئازدکردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە ئێران دەکات فەڕەنسا رایگەیاند؛ هاوڵاتییەکی زیندانیکراوی لە ئێران ئازاد کراوە و باڵیۆزەکەشی لە تاران داوای ئازدکردنی هاوڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی کردوە. ئاژانسی فڕانس پرێس بڵاوی کردوەتەوە؛شەوی شەممە فەریبا عادلخا ، خەڵکی ئێران  کە هەڵگری رەزگەزنامەی فەڕەنسایە دوای سێ ساڵ لە زیندان ئازادکراوە. سەرچاوەیەک لە کەسوکاری ئەو زیندانییە رایگەیاندوە؛ رون نییە ئەو عادلخا دەتوانێت گەشتی دەرەوە بکات یان نا.. چونکە پێشتر سزای پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە و سێ ساڵی لە زیندان ماوەتەوە فەریبا عەدالخا، توێژەری سیاسیی هاوڵاتیی فەڕەنسا ساڵی 2019 دوای گەشت بۆ ئێران دەستگیرکرا و تۆمەتی سیخوڕیی خرایە پاڵی و لە لایەن دادگایەی تاران سزای پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەرپێنرا. پێشتر وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاندبو، باڵیۆزی نوێ ئەو وڵاتە لە تاران داوای لە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران کردوە کە حەوت هاوڵاتی فەڕەنسی-ئێرانیی ئازاد بکات کە بە تۆمەتی ناڕاست دەستگیرکراون و لە زیندانەکانی ئێراندان.

هاوڵاتی پۆلیسی ناوخۆی مێرسیساید لە بەریتانیا  ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، خۆپیشاندانێکی دژە کۆچبەران لە دەرەوەی هۆتێلێکی پەناخواز لە باکوری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا بووە هۆی توندوتیژی و لە ئەنجامدا 15 کەس دەستگیر کراون. بەشی پۆلیسی مێرسێساید گوتی ئەفسەرێکی پۆلیس و دوو هاووڵاتی توشی برینی لاوەکی بوون لە کاتی خۆپیشاندانەکەی  شەوی هەینی لە شاری سێنسلی گوندێک کە دەکەوێتە 13.5 کیلۆمەتر (8.4 میل) لە شاری لیڤەرپوڵ. هێزەکانی پۆلیس گوتیان هەندێک لە خۆپیشاندەران ئۆتۆمبیلێکی پۆلیسیان سوتاندووە ئەو کەسانەی دەستگیرکراون،  تەمەنیان لەنێوان تەمەنی 13 بۆ 54 ساڵ بووە. سەرۆکی مێرسیساید کۆنستبڵ سیرینا کەنەدی وتی: "ژمارەیەک کەس کە شەوی ڕابردوو لە هۆتێلی سویتس دەستگیرکران بەنیازبوون خۆپیشاندانێکی پلان بۆ داڕێژراو بکەن و بەکاربێنن بۆ ئەنجامدانی ڕەفتاری توندوتیژ و قێزەون". "ئەوان بە چەکوش و کەلوپەلی ئاگرینەوە چەکدار بوون بۆ ئەوەی ئەوەندەی لەتوانایاندا بێت کێشە دروست بکەن و کردەوەکانیان دەبووە هۆی ئەوەی کە ئەندامانی پۆلیس وهاوڵاتی ئاسای  بە سەختی بریندار بن یان خراپتر". ئەوەشی ڕونکردەوە،" لەوانەیە هۆکاری دروستبونی خۆپیشاندانەکە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەفسەرەکان ئاگادار کراونەتەوە لە پڕوپاگەندەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێش ئەوەی ناڕەزاییەکان دەستپێبکەن  دەربارەی ڕوداوێک گوایە پێشتر لە هەفتەکە "پیاوێک هەڵسوکەوتی نەشیاوی کردوە بەرامبەر کچێکی هەرزەکار". ئەو وتی کە پیاوێک لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا لەسەر ئەو ڕوداوە "لە بەشێکی دیکەی وڵاتەکە" دەستگیر کراوە، بەڵام دواتر دوای ئامۆژگاریەکانی خزمەتگوزاری جێبەجێکاری تاج (سی پی ئێس) ئازاد کراوە. سیرینا ڕاشیگەیاند لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و کوتی"بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و زانیاری هەڵە کاریگەری تەواوی لەسەر هەڵسوکەوتی هاوڵاتییان هەیە و دەکرێت ڕوداوی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە وتیشی وتی هیچ پاساوێک نییە بۆ توندوتیژییەکانی ڕۆژی هەینی .

هاوڵاتی وتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێف-22ی ئەمریکی لە ڕۆژی هەینیدا تەنێکی نەناسراوی لە بەرزاییەکانی  ئالاسکا خستۆتە خوارەوە. ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرایەکی ڕۆژنامەوانیدا پاتریک ڕایدەر وتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی توانییان تەنێکی نەناسراو لە ئاسمانی ئالاسکا بخەنە خوارەوە کە قەبارەی سەیارەیەکی بچوکی هەبووە . وتیشی "نازانین کێ خاوەنی ئەو تەنەیە و بێگومان زانیاری زیاترمان دەستدەکەوێت دوای ئەوەی ئەو پاشماوەیەی لێیماوەتەوە دۆزیمانەوە بۆ لێکۆڵینەوە" سەبارەت بە هۆکاری خستنەخوارەوەی تەنەکە وتی،"ترسی ئەوەمان هەبووە مەترسی لەسەر گەشتە فڕۆکەوانییەکان دروست بکات هەر بۆیە بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا خستمانە خوارەوە". هەریەک لە پێنتاگۆن و کۆشکی سپی ڕەتیانکردەوە زانیاری زیاتر لەسەر ئەو تەنە بەن کە زۆر لەو باڵۆنە چینییە بچوکتربووە کە خرایە خوارەوە لە کەنار ئاوەکانی کالیفۆرنیا دوای ئەوەی ئەمریکا بە باڵۆنی سیخوڕی ناویبرد. هاوکات ڕایدەر ئەوەشی ڕونکردەوە ، ئەو فڕۆکەوانەی تەنەکەی خستۆتە خوارەوە وتویەتی، کە تەنەکە بچوکبووەو فڕۆکەوانی تێدا نەبووە ئەوەشی زیاد کرد کە تەنەکە توانای مانۆڕی نەبووەو و لە فڕۆکە نەچووە. لە ئێستادا بەرپرسانی ئەمریکا کەوتۆنەتە ژێر پرسیاری ئەوەی هۆکاری بڵاونەکردنەوەو ڕەتکردنەوەی پێدانی زانیاری زیاتر لەسەر ئەو تەنە و نەناسینەوەی لە لایەن فڕۆکەوانە بەئەزمون و هەواڵگری ئەو وڵاتەوە ئەبێت چیبێت. پێنتاگۆن گوتی بۆ یەکەم جار پێنجشەممە بە بەکارهێنانی ڕادارەکان دۆزرایەوە. پاشان فڕۆکەی ئێف-35 نێردراوە بۆ لێکۆڵینەوە و بۆیان دەرکەوتووە تەنەکە بە نزیکەیی ٤٠٠٠٠ پێ (١٢١٩٠ مەتر) فڕیوە لە ئاراستەیەکی باکووری رۆژهەلاتدا، هەربۆیە ئەمەش مەترسی بۆ هاتووچۆی ئاسمانی مەدەنی دروست کردوە. ئۆبجێکتەکە لە کەناری باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەلاسکا خرایە خوارەوە لەسەر ئاوی بەستووی خاکی ئەمریکا لە نزیک سنووری کەنەدا.

رۆژنامەیەکی ئەڵمانی ئاشکرای دەکات دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە ژمارەیەک سیخوڕی کۆماری ئیسلامیی لە ئەڵمانیا دەستگیر کردوە کە زانیارییان لەسەر ئەو هاوڵاتییانە کۆکردوەتەوە کە بە رەگەزنامە خەڵکی ئێرانن. رۆژنامەی وێڵ ئەم سۆناتگ(Welt am Sonntag)ی ئەڵمانیا بڵاوی کردوەتەوە؛ بە پێی ئەو زانیارییانەی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی وڵاتەکە بە رۆژنامەکەی راگەیەنادوە، سیخوڕی و کاری هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئەڵمانیا زیادی کردوە. بە پێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیا؛ کۆماری ئیسلامی لە رێگەی دەیان کەسەوە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاریی داوە لەسەر ناسنامە و شوێن و پیشەی ئەو کەسانەی نەیاری دەسەڵاتی ئێرانن و بە دیاریکراوی زانیاریی لەسەر ئەو کەسانە کۆکردوەتەوە کە خەڵکی ئێران و نیشتەجێی ئەڵمانیان. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا لە نزیکەی پێنج مانگی رابردودا 160 کەسی دیاریی کردوە کە سەرقاڵی کاری سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیارییەکان بون بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. وەزارەتی ناوخۆ لە ماوەی رابردودا ئاشکرای کرد کە لانیکەم 270 هەزارکەسی خەڵکی ئێران لە ئەڵمانیا نیشتەجێن و بە هاوڵاتیی وڵاتەکە ئەژمار دەکرێن کە زیاتر لە 90%یان نەیاری کۆماری ئیسلامین.    

هاوڵاتی سیڤانکا داناپالا کۆمیساری باڵای سوریای کۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە سوریا بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس بێ ماڵ و حاڵ بوون. سیڤانکا داناپالا ئاماژەی بە زیانەکانی بومەلەرزەکەی ٦ی ئەم مانگە کرد لە لە سوریا و تورکیا کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لێکەوتووەتەوە و وتی، " بومەلەرزە لە سوریا، قەیرانێکە لەنێو قەیراندا."  داناپالا دەشڵێت، لە سوریا دوای شەڕ، قەیرانی ئابوری، ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئیستاش بومەلەرزە و شەپۆلی سەرما مرڤی هەراسان کردوو. تاوەکو ئێستا ٢٠ ترێلە هاوکاری لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە بۆ لێقەوماوان نێردراوە، بەڵام ئەم ژمارەیە بەشی لێقەوماوان ناکات و ئاماژەی بەوەکرد لە پێنج ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لە ئێستادا بێ ماڵ و حاڵن و پێویستیان بە هاوکاری هەیە. بەگوێرەی دوایین ئامار، لە سوریا بە گشتی سێ هەزار و ٥٥٩ کەس بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و پێنج هەزار و ٣٣٣ کەسیش بریندار بوون. دەستەی تەندروستی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش ئاماژەی بەوەکردووە کە لە رۆژئاوای کوردستان تەنیا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٧ کەس بریندار بوون.

هاوڵاتی ئاژانسی فرانس پرێس ئەمڕۆ ڕایگەیاند، سوپای نەمسا ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی قوربانیانی لە تورکیا ڕاگرتووە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی " سەلامەتی" لە ناوچەکەدا. وتەبێژی سوپای نەمسا ڕۆژی شەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە سوپای نەمسا ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی لە تورکیای بوومەلەرزەلێدراو ڕاگرتووە بەهۆی "دۆخێکی ئەمنی سەخت".   مایکل باوەر، وتەبێژی وەزارەتەکە لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، یەکەی فریاگوزاری کارەساتەکانی هێزەکانی نەمسا ئامادەیە بۆ ئۆپەراسیۆنی زیاتری ڕزگارکردن کاتێک ژینگەی کارکردن سەلامەت بوو.  نزیکەی ٨٠ کارمەندی فریاگوزاری هێزە چەکدارەکانی نەمسا لە ٧ی شوباتەوە لە عەنتابی تورکیا بوون و پسپۆڕەکانیان ٩ کەسیان لە داروپەردووەکان ئازاد کردووە.  

هاوڵاتی سوپای ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئاشكرای كرد، له‌ به‌ره‌به‌یانه‌وه‌، رووبه‌ڕووی هێرشێكی چڕ و فراوانی سوپای رووسیا بوونه‌ته‌وه‌،بە پێی هەواڵێکی سکای نیوس "دوو مووشەکی ڕووسی ئاسمانی مۆلدۆڤان و ڕۆمانیا ی بەزاندووە". هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌، هێرشه‌كه‌ به‌ ئاراسته‌كردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مووشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان ده‌ستیپێكردووه‌ و دامه‌زراوه‌كانی وزه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج.  بە پێی هەواڵێکی سکای نیوس دوو مووشەکی ڕووسی ئاسمانی مۆلدۆڤان و ڕۆمانیا ی بەزاندووەو لەو ناوچانەوە تێپەڕیوە، هاوکات حکومەتی مۆڵدۆڤا وەڵامی ئەو پێشێلکارییەی دایەوە وەزارەتی بەرگری ماڵدۆڤا ڕایگەیاندووە، کە "بە توندی ئیدانەی پێشێلکاریی سنوری ئاسمانییەکەی دەکات پاش ئەوەی موشەکەکانی ڕووسیا ئەمڕۆ لەو هەرێمەکە پەڕینەوە". وتیشی کە یەکێک لە موشەکەکان لە کاتژمێر 10.18 بەیانی بە کاتی ناوخۆیی بە سەر شاری مۆکرا لە ناوچەی ترانسنستریان و دواتر، بەسەر شارۆچکەی کۆسۆتی لە ناوچەی سۆرۆکا،ڕۆشتووەو بەرەو ئۆکرانیا . وەزارەتی بەرگری ڕۆمانیاش ڕایگەیاند ئەو زانیاریانەی کە دوو مووشەکی ڕووسی بە ئاسمانی ڕۆمانیا پەڕیونەتەوە پێش ئەوەی ڕۆژی هەینی بچنە ناو ئۆکرانیاوە پشتڕاست نەکراونەتەوە. سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمڕۆی ڕوسیا سوپای ئۆكرانیا روونیكردووه‌ته‌وه‌، ته‌نیا ئه‌مڕۆ شه‌ش مووشه‌كی كرۆز له‌ جۆری كالیبه‌ر و نزیكه‌ی 35 مووشه‌كی جۆری ئێس300 له‌ سنووری ناوچه‌كانی خاركێڤ و زابۆریجا كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌ و 7 فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی جۆری شاهد، ئاراسته‌ی بنكه‌كانی سوپای ئۆكرانیا كراون. ئه‌م هێرشه‌ی رووسیا له‌ كاتێكدایه‌، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا به‌ سه‌ردانێك له‌ ئه‌وروپایه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی زیاتر و دابینكردنی كۆمه‌كی سه‌ربازی بۆ سوپای وڵاته‌كه‌ی.

هاوڵاتی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە دیدارەکەی دوێنێیدا بۆ فەڕەنسا لە لایەن ماکرۆنەوە بەرزترین مەدالیای شەرەفی فەرەنسای پێبەخشرا بەڵام سەرۆکی ڕووسیا  پوتینش هەمان مەدالیای هەیە. ئیمانوێل ماکرۆن ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا لەگەڵ ڤلادمیر زیلینسکی کۆبونەوەو لە ڕێوڕەسمەکەدا ماکرۆن بەرزترین مەدالیای شەرەفی بە سەرۆکی ئۆکرانیا بەخشی و گوتی کە ئەم مادالیایەی نیشانەی ئازایەتی ئۆکرانیایە لە بەرامبەر جەنگی داگیرکەری ڕوسیا. جێگەیباسە پوتین سەرۆکی ڕوسیا لە ساڵی 2006 دا هەمان مەدالیای لە لایەن سەرۆکی ئەو کاتەی فەڕەنساوە پێبەخشرا هەربۆیە  هەندێک لە یاسادانەر و چالاکوانانی فەڕەنسی داوایان لە ماکرۆن کردووە کە بەهۆی ئەو شەڕەوەی پوتین هەڵیگرساندووە  مەدالیاکەی پوتین پوچەڵکاتەوە. سەبارەت بەم بابەتە ئەمڕۆ هەینی ماکرۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" ئەو بڕیارە مانای زۆر مەترسیداری هەیە و پێویستە لە کاتی خۆیدا بدرێت". ئەمەشلەکاتێکدایە ماکرۆن لە ساڵی 2017دا هاریڤی واینستینی بەرهەمهێنەری هۆلیوودی لە خەڵاتی شەرەفی فەڕەنسی بێبەشکرد بەهۆی ئەو تۆمەتانەی خرایە سەری کە پەیوەندییان بە دەسترێژی سێکسییەوە هەبوو.

هاوڵاتی کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک ڕیگری دەکات لەوەی ئۆکرانیا بۆ مەبەستی جەنگی تەکنەلۆجیای ستارلینک بەکاربهێنێت، بەتایبەتی لە کۆنتڕۆڵکردنی درۆنەکاندا. لە ئاهەنگێکدا لە واشنتۆن دی سی ڕۆژی چوارشەممە، سەرۆکی کۆمپانیای سپەیس ئێکس گوین شۆتوێڵ ڕوونیکردەوە کە تەکنەلۆژیای ستارلینک "هەرگیز مەبەست لێی بەکارهێنانی جەنگی نەبووە" سەرۆکی کۆمپانیای سپەیس ئێکس ئاماژەی بەوەشدا  گوایە ئۆکرانیا سودی لە ستارلینک بینیوە  بۆ کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامێرەکان بۆ بەکارهێنانی "مرۆیی دابینکراون" بەماوەیەکی کەم دوای لەشکرکێشی سەر ئۆکرانیا، ئیلۆن مەسک هەزاران دیش سپەیس ئێکس ستارلینکی پێدرا، لەم دواییانەشدا بڵاوبونەوەی هەواڵی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاکە بووە هۆی ئەوەی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە هەوڵی سنودارکردنی ئۆکرانیا بدەن لە بەکارهێنانی " ستارلینک" بۆ مەبەستی جەنگی. لەبارەی سنوردارکردنی تواناکانی ئۆکرانیا بۆ بەکارهێنای تەکنەلۆژیای ستارلینک، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا لە کاردانەوەی ئەم هەنگاوەی کۆماپیاکەدا ڕایگەیاندووە، دەتوانن هەڵبژێرن لەپاڵ ئۆکرانیا بن بۆ مافی  " ئازادی" یاخود ڕوسیا بۆ مافی " کوشتن وداگیرکاری خاکەکان". لەگەڵ ئەوەشدا، شۆتوێڵ پشتڕاستیکردەوە کە قبوڵکراوە بۆ سوپای ئۆکرانیا ستارلینک بەکاربهێنێت "بۆ پەیوەندییەکان"، بەڵام وتی مەبەستی ئەو هەرگیز  ئەوە نییە کە بۆ مەبەستی هێرشبردن بەکاریبهێنن." ئاماژەی بەوەشکردووە، کە  کۆمپانیاکە هەنگاوی ناوە بۆ "سنووردارکردنی" تواناکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بۆ بەکارهێنانی ستارلینک بەمەبەستی هێرش کردن، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو. هەروەها ئیلۆن مەسک، هەفتەی ڕابردوو لە تویتێکدا نوسیبووی، "سپەیس ئێکس ستارلینک بووەتە بڕبڕەی پشتی پەیوەندییەکانی ئۆکرانیا تا دەگاتە هێڵەکانی پێشەوە، ئەمە نەفرەتییە ئەگەر بەشی بکەیت"" هەروەها دەڵێت، بەڵام ئێمە ڕێگە نادەین ستارلینک بۆ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوورمەودا بەکاربهێنرێت،  ئەمە نەفرەتییە ئەگەر جیانەکرێتەوە. تەکنەلۆژیای ستارلینک، پەیوەندی بە مانگە دەستکردەکانەوە هەیە و یارمەتی خەڵک دەدات کە پەیوەندییان بە ئینتەرنێتەوە هەبێت، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە جەنگی ئۆکرانیادا  کە کیێڤ بۆ گەڕان بەدوای سەربازانی ڕووسیا و فڕێدانی بۆمب و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی مۆسکۆ خۆی بەکاریان هێناوە.

هاوڵاتی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕایگەیاند، یەکەم کاروانی هاوکاری نەتەوەیەکگرتوەکان لەڕێگەی تورکیاوە گەێندرایە باکوری ڕۆژئاوای سوریا. سەنجەنا قوازی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئۆچا لە تورکیا ڕایگەیاندووە،  “ئەمڕۆ ئۆپراسیۆنی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە باکوری ڕۆژئاوای سوریا، هەروەها وتیشی " ئێمە دڵخۆشین کە توانیومان لەم کاتە سەختەدا بگەینە خەڵکی باکوری ڕۆژئاوای سوریا، هیوادارین ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام بێت".  بەپێی وتەی نوسینگەی هەماهەنگی نەتەوەیەکگرتوەکان، کاروانی هاوکاریەکان بریتی بوون لە شەش بارهەڵگر لە "کەلوپەلی پەناگە و بەتانی و کیتی پاکوخاوێنی" کە ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتنە باب ئەلهەوا، کەئەمەش تاکە دەروازەی سنوورییە کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان. هاوکات، ئیسماعیل عەبدوڵڵا، خۆبەخشی کڵاوە سپییەکان لە پارێزگای ئیدلب، ئەمڕۆ سێشەممە بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە،  تیمەکانی فریاگوزاری کەمن  و سەرچاوەکان بەس نین، ئاماژەی بەوەش کردووە" هێشتا سەدان کەس لەژێر داروپەردوودان، بەڵام ئێمە ئامێی پێویستمان نیە بۆ ئەوەی هاوکاریان بکەین".  ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسیشی لەوەکردووە، لانیکەم ٦٤٨ حاڵەتی پاش لەرزۆک تۆمارکراوە، ئەمەش ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن و گەیاندنی هاوکاری ئاڵۆزتر کردووە. هەروەها دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری تورکیاش دەڵێت، کۆی ژمارەی کارمەندان وتیمی فریاگوزاری لەناوچەکەد ٧٩ هەزار و ١١٠ کارمەندە،  بەڵام  ڕێکخراوی ئۆچا دەڵێت تەنها لەسەدا ٥ی ئەو شوێنانەی کە ڕاپۆرتکراون لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا لە ئێستادا لەلایەن ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردنەوە هاوکاری دەکرێن. لەبارەی کرانەوەی سنوری باب ئەلهەوا بۆماوەیەکی درێژتر، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی یەکدا بە کۆی دەنگ دەنگی دا بۆ ئەوەی دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە بە کراوەیی بمێنێتەوە بۆ گەیاندنی یارمەتییە گرنگەکان. ئەمەش لەکاتێکدایە لەچەند ڕۆژی سەرەتای ڕوودانی هەریەک لە بوومەلەرزە بەهێزەکانی تورکیا وسوریاوە، بەرپرسانی حوکمەت وڕێکخراوەکانی هاوکاری مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندبوو کە گەیاندنی هاوکاریەکان بە ناوچەکانی سوریا بەهۆی دابەشبوونی سیاسی و سزاکانی ئەمریکا لەسەر سوریا زۆر سەختە، سەرەڕای سەختی کەشوهەوا ونەبوونی سوتەمەنی وڕێگاوبانەکان.  

ئەمریکا سزادانی نۆ کۆمپانیای سەر بە کۆماری ئیسلامی و چەند وڵاتێکی دیکەی راگەیاند کە نەوتی ئێرانیان لە بازاڕەکانی جیهاندا ساخ کردوەتەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد؛ نۆ کۆمپانیای تایبەت بە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی سزا داوە کە بە بێ پابەندبون بە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، نەوتی ئێرانیان لە بازاڕەکانی جیهان فرۆشتوە. لە بەیاننامەکەدا ناوی شەش کۆمپانیای بەرهەمهێنی بەرهەمە پتڕۆکیمیاییەکانی ناوخۆی ئێران و سێ کۆمپانیای وڵاتانی سەنگاپورا و مالیزیا هاتوە کە بە هۆی ساخکردنەوەی نەوتی ئێران کەوتونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکا. نوسینگەی چاودێریی داهاتە بیانییەکان لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (OFAC) رونی کردوەتەوە؛ ئەو نۆ کۆمپانیایە ئاسانکارییان کردوە بۆ ئەوەی نەوت و بەرهەمە پتڕۆکیمیاییەکانی کۆمپانیای نیشتیمانی ئێران لە بازاڕەکانی جیهان ساخ کردوەتەوە لە کاتێکدا نەوتی ئەو وڵاتە گەمارۆی نێودەوڵەتیی لەسەرە. ئاماژە بەوە کراوە لە ماوەی رابردودا کۆماری ئیسلامی بۆ ساخکردنەوەی نەوت و بەرهەمە پتڕۆ کیمیاییەکانی، پەنای بۆ فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا هێناوە و بەشێوەیەکی بەرچاو فرۆشی نایاسایی بەرز کردوەتەوە. ئەمریکا پێشتریش هۆشداریی دابوە وڵاتی چین کە نابێت نەوت لە ئێران بکڕێت لە کاتێکدا تەنها چین رۆژانە 850 هەزار بەرمیل نەوت لە ئێران دەکڕێت. نزیکەی دو هەفتەیە بەرپرسانی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە فرۆشتنی نەوتی ئێران بۆ سفر کەم دەکەنەوە و رێگە نادەن ئەو وڵاتە نەوتەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا ساخ بکاتەوە.  

هاوڵاتی   فڕۆكەی بێفڕۆكەوان پەیوەندییەكانی نێوان تاران و كیێڤ ئاڵۆزتر دەكات و ئۆكرانیا ئامادەكاریی دەكات بۆ كۆتاییهێنان بەپەیوەندیی 31 ساڵەی نێوانیان. دیمیترۆ كۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا رایگەیاند؛ لەمێژووی وڵاتەكەماندا بۆ یەكجاریش هەڵەمان بەرامبەر ئێران نەكردووە، بەڵام كۆماری ئیسلامی بەفرۆشتنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە روسیا هەموو سنوورەكانیان تێپەڕاند. كۆلیبا حاشای لەوە نەكردووە كەپێشنیاری بۆ ڤۆلۆدیمیر زێلینێسكی سەرۆكی ئۆكرانیا  كردووە كەباڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لەئۆكرانیا دەربكات و كۆتایی بەپەیوەندییەكانی نێوان كێیڤ و تاران بێنێت، چونكە كۆتایی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەئان و ساتدایە. بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران كەپێشتر رەتیاندەكردەوە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان بە روسیا دابێت، بەڵام دواتر پاشگەزبوونەوەو رایانگەیاند هاوكارییەكانی مۆسكۆو تاران لەبواری فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا. میخائیل پۆدۆلیاك، راوێژكاری سەرۆكی ئۆكرانیا دوای هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر گارگەی چەك و تەقەمەنیی وەزارەتی بەرگریی ئێران لەشاری ئەسفەهان، لەئەژماری خۆی لەتویتەر هاوكات لەگەڵ هۆشداریی بەئێران، راشیگەیاند؛ پێشتر كۆماری ئیسلامی ئێران ئاگاداركرابووەوە كەدژایەتیی ئۆكرانیا و دابینكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ روسیا بەبێ باج و وەڵام نابێت، چونكە لۆژیكی شەڕ بەزەیی بەكەسدا نایەتەوە. ئەو پەیامەی پۆدۆلیاك بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی تووڕە كردو بووەهۆی ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەك ناڕەزایەتییەك ئەركداری باڵیۆزخانەی ئۆكرانیای لەتاران بانگهێشت كردو لەنامەیەكدا نیگەرانیی فەرمیی وڵاتەكەی رادەستی ئەو بەرپرسەی ئۆكرانیا كرد. رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، كە ئێران پلانی هەیە یەكێك لەكارگەكانی تایبەت بەدروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بباتە روسیاو بڕیارە ساڵانە لانیكەم شەش هەزار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جۆری (شاهید 136) كە بەفڕۆكەی خۆكوژ ناودەهێنرێت دروستبكات. بەپێی زانیارییەكانی ئەو رۆژنامەیە بەرپرسانی ئێران سەردانی ئەو شوێنەشیان كردووە كەبڕیارە كارگەكەی تێدا دروستبكرێت كەدەكەوێتە یەلابوگا لە رۆژهەڵاتی وڵاتی روسیا. تائێستا ئەمریكاو بەریتانیاو یەكێتی ئەوروپا دەیان سزایان بەسەر سوپای پاسداران و بەرپرسانی ئێراندا سەپاندووە، ئەویش بەهۆی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی كەدەیداتە روسیاو دژی ئۆكرانیا بەكاریاندەهێنێت. فەرماندە سەربازییەكانی ئۆكرانیا رایانگەیاندوە دەیان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانیان لە وڵاتەكەیان تێكشاندوە بەڵام ئەو فڕۆكانە ئاسانكاریی زۆریان كردوە بۆ سوپای روسیا بۆ كوشتنی هاوڵاتییانی مەدەنیی ئۆكرانیا.   سولەیمانی گرژیی دەخاتە نێوان ئێران و ئۆكرانیا پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ئۆكرانیا دەگەڕێتەوە بۆ 31 ساڵ پێش ئێستا، بۆ ئەو رۆژەی تاران بەفەرمی دانی بەسەربەخۆیی ئەو وڵاتەدا نا لەیەكێتی سوڤیەت. لەساڵی (1992) پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی نێوان ئەو دو وڵاتە دەستیپێكردو لەماوەی نزیكەی 30 ساڵیشدا لەبوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و نەوت و بازرگانیی دەیان رێككەوتن لەنێوان تاران و كیێڤ واژۆ كرا. لە رێككەوتی (8/1/2020) سوپای پاسداران بەئەنجامدانی هێرشی موشەكیی لەتۆڵەی كوشتنی قاسمی سولەیمانی دژی بنكەی عەیند ئەسەد لەعێراق ، فڕۆكەیەكی گەشتی ئۆكرانیای لەئاسمانی تاران تێكشاندو بووەهۆی كوشتنی 176 سەرنشینی ئەو فڕۆكە ئۆكرانییەو بەوەش بێمتمانەیی باڵی بەسەر پەیوەندییەكانی ئۆكرانیاو ئێراندا كێشاوە، وائێستاش خەریكە بەتەواوی كۆتایی بەپەیوەندیە دیبلۆماسیەكانی نێوانیان دەهێنن.

هاوڵاتی توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، لەگەڵ توانەوەی شاخە سەھۆڵییەکان ژیانی زیاتر لە ١٥ ملیۆن کەس لە جیھاندا دەکەوێتە بەردەم مەترسی لافاوی وێرانکەر. لە توێژینەوەکەدا کە لە گۆڤاری (پەیوەنییە سروشتییەکان) بڵاوکراوەتەوە ئەوەخراوەتەڕوو، نیوەی ئەو کەسانەی لەبەردەم مەترسی لافاوی تەقینی دەریاچە بەستوەکاندان لە وڵاتانی چین و ھندستان و پیرۆ و پاکستانن. بەپێی تویژینەوەیەکی تریش کە لەئێستادا زانایان پێداچوونەوەی بۆ دەکەن، لە مێژووی سەردەمی نوێدا ١٥٠ تەقینەوەی لافاوی سەھۆڵبەندانەکان روویانداوە. رونیشیکردووەتەوە، ئەو مەترسییە کە ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان بە دەگمەن بیری لێدەکەنەوە، بەڵام یەک ملیۆن کەس تەنھا لە دووری ١٠ کیلۆمەتر لە دەریاچە سەھۆڵبەندانەکان دەژین. لافاوی دەریاچە سەھۆڵبەندانەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ بووە ھۆی دروستبوونی تسۆنامی لە کۆڵۆمبیا و کەنەدا و بەریتانیا و ئاستی ئاوی ١٠٠ مەتر بەرزکردەوە.  

سودانی بەدابەزینی نرخی دۆلار دەیەوێت متمانە بۆ دینار بگەڕێنێتەوە عێراق كونێكی رەشە بۆ بردنە دەرەوەی دۆلار  هێمن مەحموود لەماوەی تەمەنی كابینەكەی محەممەد شیاع سودانی كە 100 رۆژی تەمەنی بەڕێكرد جگە لەو بەڵێنانەی كە دایبوون و جێبەجێی نەكردن، گرفتێكی گەورەش یەخەی كابینەكەی گرت كەئەویش بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بوو،  لەئێستاشدا بەبڕیارێك دەیەوێت ئەو گرفتە چارەسەربكات، كەئەویش بڕیاریدا نرخی فەرمی هەر دۆلارێك لەهەزارو 450 دینارەوە بكاتە هەزارو 300 دینار، ئەمە لەكاتێكدا نرخی هەر دۆلارێك تانزیكەی هەزارو 780دینار بەرزبووەوە، ئەم بڕیارە نوێیەی حكومەتیش شڵەژانێكی لەبازاڕدا درووستكردو دۆلار بۆ ئاستێك دابەزی كەپێشبینی نەكراوبوو، بەرپرسێكی ئەمریكیش بەبەڵگەوە رێگاكانی بەقاچاغبردنی دۆلار لەعێراق ئاشكرادەكات. لەسەرەتای دەستبەكاربوونیدا سوودانی وەك لەكارنامەی وەزارییەكەیدا هاتبوو بەڵێنی ئەوەیدابوو كەچەك تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت و بەرەنگاری گەندەڵی دارایی و ئیداری ببێتەوەو گرفتی هەژاری و بێكاری چارەسەربكات و بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلارو دراوەكانی دیكەدا بەرزبكاتەوەو سوپاو گرووپە چەكدارەكان لەشارەكان دووربخاتەوەو چاكسازی لەكەرتەكانی ئابووری و دارایی و خزمەتگوزاریدا بكات. بەڵێنەكانی سودانی نەك هەر جارێ هیچیان نەهاتووەتەدی، بەڵكو تاوەكو ئێستاش كەمانگێك لەساڵی نوێ تێپەڕیوە هێشتا بوودجەی ئەمساڵی نەناردووەتە پەرلەمان و دیناری عێراقیش تائاستێكی مەترسیدار بەرامبەر دۆلار بەهای لەدەستداو بۆ رێگەگرتن لەهەرەسی تەواوەتی دینار، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێكی بانكی ناوەندی پەسەندكرد كەبەهای هەر دۆلارێكی بەهەزارو 300 دینار حسێب كردووە، پارێزگای بانكی ناوەندیش رایدەگەیەنێت هەموو هەوڵێكی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ بەهێزكردنی دراوی نیشتیمانی، ئەم بڕیارەش بەشێوەیەكی كاتی نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزاند، بەڵام شڵەژانێكی لەبازاڕدا درووستكردووە كەهێشتا كەس نازانێت تاچەندێك دەخایەنێت و بازاڕ لەو نرخە فەرمییەدا جێگیر دەبێت كەحكومەت پێشنیاریكردووە. دابەزینی بەهای دینار بەهۆی ئەو رێوشوێنانەوە بوو كەوەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بەرامبەر بانكی ناوەندی عێراق گرتویەتەبەرو وەهایكرد رێوشوێنەكانی پێدانی دۆلاری زیاتری توندتركردەوەو چوار كۆمپانیای خستە لیستی رەشەوە كەبەشی زۆری مەزادی رۆژانەی بانكی ناوەندی عێراقیان بەدەستەوەبوو. (سەفوان قوسەی) شارەزای ئابووری رایگەیاندووە كەمبوونەوەی فرۆشی دۆلار لەمەزادی رۆژانەی بانكی ناوەندی و بەرزبوونەوەی نرخەكەی لەبازاڕدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو چوار كۆمپانیایەی خراونەتە لیستی رەشەوە لەسەدا 40ی فرۆشی رۆژانەی دۆلاریان لەبانكی ناوەندی عێراق بەركەوتووە، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات ئێستا پێویستە لەسەر بانكە تایبەتەكان بەدواداچوون بۆ ئەو پارەیە بكەن كەحەواڵەی دەكەن پێش ئەوەی دۆلار بكڕن لەبانكی ناوەندی بۆ ئەوەی بەر رێوشوێنە توندە تازەكانی بانكی ناوەندی نەكەون. بەپێی زانیارییە میدیاییەكانیش براین نیلسۆن یاریدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بۆ كاروباری تیرۆرو هەواڵگری دارایی لەكۆبوونەوەیەكدا چەندین بەڵگەی سەبارەت بەقاچاغبردنی دۆلار لەدەروازە نافەرمییەكانی دیالەو سلێمانییەوە بۆ ئێران لەڕێگای كەسانی باڵادەست و نزیك لەئێرانەوە بەبەرپرسانی عێراقی داوە كە بەئۆتۆمبیلی پڕ لەدۆلارەوە دەڕۆنە ئێرانەوەو لەو سەرەوە بەخاڵی دێنەوە، هاوكات ئەمریكا پێشنیاری دابینكردنی چەند ئامێرێكی كردووە لەدەروازەكاندا كە رێگە لەبەقاچاغبردنی دۆلار بۆ ئێران دەگرێت. ئەمە لەكاتێكدایە لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سودانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پرسی پڕۆژەیاسای بودجەو بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلاریان تاووتوێكردو محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران روونكردنەوەی لەبارەی ئەو میكانیزمانە داوە كە ئەو بودجەیەی لەسەر دانراوە، لەگەڵ ئاستی گونجاوی لەگەڵ كارنامەی حكومەتەكەی.  دەربارەی بەقاچاغبردنی دۆلاریش سەرۆك وەزیرانی عێراق لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا سەرسوڕمانی خۆی پیشاندا بەوەی كەڕۆژانە 300 ملیۆن دۆلار بۆ هاوردە حەواڵە كراوە، كەئەمەش ئاماژەبووە بۆ ئەوەی كە پارەكە بەقاچاغ دەبرێتە دەرەوە. لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە كەجێگیرنەبوونی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دینار، دوو هۆكاری سەرەكین بۆ نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی عێراق. لیژنەكە ئەوەی خستۆتەڕوو نرخی نەوت لەبودجەدا بە 75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك خەمڵێنراوەو كەنرخەكەی دابەزی كراوەتە 60 دۆلار. پەتای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار مەترسی راستەقینەی بۆ سەر كابینەكەی سوودانی درووستكردو ئەگەری ئەوە لەئارادابوو موقتەدا سەدر جارێكی دیكە بگەڕێتەوە گۆڕەپانەكەو لایەنگرانی بنێرێتەوە بۆ خۆپیشاندان، هەرچەندە چەند جارێكیش خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا، بەڵام هێشتا كاریگەرییەكانی بەدیارنەكەوتووە، بەڵام پریشكی بەر پەرلەمان كەوتووە. لەیەكەم كاردانەوەشدا بزووتنەوەی ئیمتیداد كەخاوەنی 11 كورسی پەرلەمانی عێراقەو بەیەكێك لەنوێنەرانی خۆپێشاندانی تشرینییەكان دادەنرێت كەساڵی 2019 دەستیپێكرد داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران دەكات دەست لەكاربكێشێتەوە.  بزووتنەوەكە لەڕاگەیێندراوێكدا 10 تێبینی لەسەر ئەدای حكومەتی عێراق بڵاوكردەوە لەماوەی 100 رۆژدا، تێیدا ئاماژەی بەوە داوە كە لەو ماوەیەدا بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار بۆ ژمارەی پێوانەیی دابەزیوەو رێژەی هەڵاوسان زیادیكردووە، پرۆسەی بەقاچاغبردنی دۆلار بۆ دەرەوە بەردەوامەو بەشێوەیەكی باش مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی "دزی سەدە" نەكراوە كە بەمەست لێی دزینی 3.7 ترلیۆن دینارە لەهەژماری سپاردەی دارایی دەستەی گشتیی باج لەبانكی رافیدەین. بەپێی زانیارییە ئابوورییەكانیش عێراق رۆژانە پێویستی بە 130 تا 170 ملیۆن دۆلار هەیە كەبانكی ناوەندی بیخاتە بازاڕاوە، ئەوەی پێشووتر كە 300 ملیۆن دۆلار دەخرایە بازاڕەوە بەشێكی زۆری بۆ دەرەوە دەڕۆیشت و هیچ بەرهەمێكی بۆ ناوخۆ نەبوو. هاوكاتی هەوڵە ئابوورییەكان بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، لەڕووی ئەمنیشەوە كابینەكەی سوودانی چەند رێوشوێنی گرتووەتەبەر، ئەویش بەدەستگیركردنی ژمارەیەك بازرگان بەتۆمەتی بەقاچاغبردن و یاریكردن بەنرخ و داخستنی نووسینگە نایاساییەكانی گۆڕینەوەی دراوو توندوتوڵكردنی بازگەو دەروازەكان، هەر لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی هەینی رابووردوو دەزگای هەواڵگریی عێراق رایگەیاند، توانیویانە لەپارێزگای دیالە دەست بەسەر یەك ملیۆن دۆلاردا بگرن، كە بۆ بەقاچاغبردن ئامادەكرابوو ببرێتە دەرەوە، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عێراقیش لەڕاگەیێندراوێكدا ئاشكرایكرد، ژمارەیەك لەخاوەنی "كۆمپانیا گەورەكان"یان دەستگیركردووە كە بەگوتەی ئەو، یارییان بەنرخی دراو كردووەو بەقاچاغ بردوویانەتە دەرەوە.  بەشێك لەچاودێرانی دۆخی سیاسیش بڕوایان وایە دوای 100 رۆژ كابینەكەی سوودانی لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختدایەو بەزوویی بەڵێنەكانی جێبەجێنەكات نەیارەكانی لەبۆسەدان و بەزوویی چارەنووسی هاوشێوەی كابینەكانی دیكە لێدەكەن.